ڕۆمانی “بووكی جوولەكە” وەك ڕۆمانێكی مێژویی .. یوسف محەمەد بەرزنجی

رۆمان لەم ساڵانەی دوایدا لەنێو ئەدەبیی كوردیدا بەتایبەت برەوێكی زۆری پەیدا كردووەو خوێنەری زۆری لە ئامێزی گەرم و گوڕیی خۆیدا كۆكردۆتەوە، لە ئێستا خوێنەری زۆری هەیە، دەڵاقەكانی نێو ڕۆمان بەرفراوانە خوێنەرزۆرجار لەنێوكایە جۆربەجۆرەكانیدا وون و سەرسام دەبێت و زۆرئازارو خەمی خۆیی تێدا دەدۆزێتەوە، بە خوێنەوەی ڕۆمان زۆرێك لە ئازارو خەمەكانی كەم دەبنەوە، لەمڕۆدا ڕۆمانی كوردی قامك لە سەرزۆرێك لە ئازارو شتە شارەوەكانی نێو گەلی كوردو كەمەنەتەوە هاوبەشەكان لەمێژوو كەلتوورو دابوو نەریتە مێژووییەكاندا دادەنێت، ڕەنگە زۆرجار ڕۆمان بتوانێت وەك ژانەرێكی ئەدەبیی بچێتە نێو مێژوویی گەل و میللەتانەوەو بەجوانی و كاریگەر كارلە سەر ئەومێژووە هاوبەشە بكات و تەوەرە شاراوەو گومناوەكانی لەدوو توێی خۆیدا بنووسێتەوەو زنجیرە وونبووەكانی پێكەوە ببەستێتەوەو بە نەوەكانی ئاشنا بكات.. بۆیە ڕۆمان لەمڕۆدا ژانەرێكی گرنگ و بەكەڵك و پێویستە كە لە ئازارو خەم و مێژوویی هاوبەش و پێكەوەژیانی گەلە هاوبەشەكانی ئەم دەڤەرە بدوێت و لایەنە شارەوەكان بێنێتە پێشەوەو وەك مێژوویی ڕاستەقینە لەنێو خۆیدا جێگایان بۆبكاتەوە، دوور لە هەر ڕق و قینەو شێواندنێكی ئەتنی وتایەفی و ڕەگەزی… ڕۆمانی بووكی جوولەكە… مێژوویی ونبووی عێراق، نووسینیی یودیت نیورینگ، وەرگێڕانی بۆ كوردی، میران ئەبراهام، 528 لاپەڕەیەی نیو ئەی فۆڕە، بەسەر چواردە ناونیشانی سەرەكی و چەنین بەشی لاوەكیدا دابەشكراوە، ساڵی 2020 لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشەوە بڵاوكراوەتەوە، ڕۆمانەكە باس لە ئازارو خەم و مێژوویی جولەكەكان لە عێراق و زۆرێك لە كارەكتەری نێو ڕووداو كارەساتەكانی عێراق و جووەكان وەك مێژوو دەكات، ڕووداوی نێو ڕۆمانەكە لە پێنجوێن و سلێمانی و موسڵ و قوش و بەغداو … بەگشتی ڕوویی داوەو دەدوێت، ڕەخنەو وردەكاری و بەشێك لەمێژوویی جولەكەو پەیوەندییەكانیان بە كوردو توركمان و عەرەب و.. باری ئابووری و دابوو نەریت و كەلتوورو… وەك مێژوویی” جوو” ی لەكوردستان و عێراق بەگشتیی لە ڕۆمانەكەو پووختەو كاكڵەَی ڕۆمانەكەدا باس كردووە.

مێژوویەكی پەرتەوازە:
مێژوویی جوو لەجیهاندا بەگشتیی مێژوویەكی پەرتەوازەیە، هەریەك بەجۆرێك بە سەر دەوڵەتاندا دابەش بوون، جووەكان وەك گەلێكی پەرتەوازە وێنا كراون و هەن،ئەوان بۆنەو یادو كەلتوورو دابوو نەریت و گەلێك شتی شاراوەو نادیاری تایبەت بەخۆیانیان هەیە، مەزهەبەكەیان زۆركاریگەری و گرنگی لە سەرئەوان داناوە، دەتوانین وێنای ئەوان لەنێو مێژوودا بە مێژووییەكی هاوبەش لەناو گەلاندا بكەین، تەنانەت لە خۆرهەڵات و كوردستان “جووە”كان بە هاوبەشیی لە گەڵ كوردو عەرەب و فارس و… ژیاون و مێژوویەكی دوورو درێژوو كاریگەریان هەیە، لە ڕووكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و… هاوبەشن لەگەڵ گەلانی ناوچەكەو جیهان، لە ڕۆمانی بووكی جوولەكەدا، ئەومێژووە كاریگەرو هاوبەشە بەجوانی لەدەڤەرەكەو عێراقدا پیشان دراوە، لە كاتی خوێنەوەدا لەنێو مێژوویەكی شاراو كاریگەردا خوێنەر وون دەبێت و حەزدەكەین شوێن، ڕووداو كارەسات و مێژووی گەلی “جوو”ە كان بزانین و لە ڕەگوڕیشەو مێژووەكە ئاگاداربین، لەم ڕۆمانەدا وەك مێژوو ئازارو خەم و ستەمی گەلانی ناوچەكە لە سەر جووەكان و كەسایەتیان كەمەزهەب كاریگەری لەسەر خەلكی دەڤەرەكە داناوە وێنا كراوە، ئەوانی وەك ستەم لێكراو مەزلوم پیشان دراوە، لە كاتی خوێنەوەی ڕۆمانەكەو پێشتر چەندین كتێبم دەربارەی هۆڵۆكۆستی جووەكان لە لایەن نازییەكانی ئەڵمان و چەندین بابەتیی دیكەم لە سەر گەلی”جوو” بۆ شارازا بوون لەكەلتوورو دابوونەریت و مێژووە ئاشكراو شارەوەكانیان خوێندەوە، ئەم ڕۆمانە زیاتر بەرچاو ڕوونی لە سەر جووەكانی كوردستان و عێراق و كێشەو مەسەلەكانیان خستە بەردیدەمان، كۆچی جووەكان و هۆكاری كۆچیان بۆ سەرخاكی فەلەستین و گروپە جووە پارتی زانەكان و دامەزراندنی دەوڵەتی جووەكانی بە جوانی وەك مێژوو باسكردووەو كارەسات و ڕووداو گروپ و كوشت و كوشتارەكانی لەعێراق و كوردستانی بەجوانی پێكەوە چنیەوەو گرێداوە، بەمەش بزانین یا نەزانین بەجوانی مێژوویی جووی لە عێراقدا وێنا كردووەو ئەوانی بەهاوبەوەش و جوان پیشان داوە ناشیرینی ولاوازی وكێشەو كاریگەری و خراپییەكانی خۆشیان لەو مێژووەدا فەرامۆش كردووە، ئایا لەبەرئەوەی نووسەر جووەو بەرگری لەگەلی خۆیی وەك جووە دەكات… یاخوود ئەگەر بێلایەن و كەسێكی نووسەر لە گەلێكی تر نووسەری بووایە هەربەم چەشنە دەستی بۆ ئەو مێژووە دەبرد..؟

كوردەكان و جووەكان:
گەرسەیری گەلی كورد بكەین بەدرێژایی مێژوویی خۆیی لە ناوچەكەو دەڤەرەكەدا، لەگەڵ چەندین گەل ونەتەوەی جیاواز لە مەزهەب و كەلتوورو داب ونەریت و زمانی هەمەجۆر ژیاوەو مێژووییەكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوەو خۆشەویستی وڕێز وتەبایی و ئاشتیی لەنێوێندا هەبووە، كوردەكان خۆیان لە دەڤەرەكەدا زوڵم و ستەمیان زۆرلێكراوە هەرچەند خاوەنی خاك و زمان و جوگرافیای تایبەت بەخۆشیانن، بەڵام پێكەوژیان و ڕێزو تەبایی زۆرتربووە لەنێوكوردو گەل و نەتەوەكانی سەرخاكەكەیی و هەمیشە بەچاوی ڕێزو دیدی ئاشتیانەوە بۆگەلی”جوو”ی ڕوانیوەو وەك دۆستیی هەمیشەی سەیری كردووەو ئاشتیی وبرایەتی لەنێوانیاندا لەپلەیەكی بەرزدابووە، مەگەر زۆرجار سیاسەت و بەرژەوەندی بەهۆی پلانی دوژمنكارییەكان درزو شەبەقی خستبێتە نێوگەلی جولەكەو كوردەوە، ئەگینا كوردەكان لەشارو شارۆچكەو گوندەكاندا بەچاوی ڕێزو ئاشتیی وبرایەتییەوە بۆ براجووەكانیان ڕوانیوەو بەرستەم و زوڵمیی كورد بەكەمی كەوتوون، مێژوویش شایەتی ئەوڕاستییەو بەڵگەو دیكۆمێنت و ئەرشیفەكان ئەوەساخ دەكەنەوە.

حاجی مەحەمەدی مەلا ڕەسوڵ و جووەكان:

ماڵی باپیرم لە كۆندا لە گەڕەكی سابوونكەران هاوسێی ماڵە جووەكان بوون، تەنانەت حاجی محەمەدی باوكم زۆر دۆست و هاوڕێی “جوو”ی هەبوو، منیش لە منداڵی و كاتیی چوونە قوتابخانە زۆر حەزم بەگێڕانەوە سەرگوزشتەو چبرۆك لەلایەن باوكمەوە دەكرد، باوكیشم زۆر چیرۆك و بەسەرهات وداستان و سەرگوزشتەیی مێژوویی لە بەربوو یاخوود شارەزایی لەمێژوویی گێڕانەوەدا هەبوو، ئێمەی منداڵیش زۆر عاشق و گوێگرتنی ئەو بابەتانە بووین لەو چیرۆك و سەرگوزشتە مێژووییانەی باوكم بۆیی دەگێڕاینەوە، یەكێك لەو سەرگوزشتانەی لێی دەدوا باسیی مێژوویی جووەكانی ناوشاری سلێمانیی و گەڕەكی جوولەكان بوو لەسلێمانی و ئەومێژووەیی باوكم تێیدا بەشێك بوو لەومێژووەو شایەتیی بەشێك لەمێژووەكەی بوو لەو كات و سات و هەلوومەرجەدا.

بۆیە ئەم چەند دێڕو دەستەواژانەم نووسیی، ڕۆمانی”بووكی جوولەكە” منی پەلكێشكرد بۆ ئەم بیرەوەرییانە، چونكە بابەتەكان لەنێوەرۆكی ڕۆمانەكەوە نزیك بوون، ڕۆمانەكەش گەشتێكە چیرۆكێكی درێژە بەنێو مێژوویی دوێنێدا، “حاجی” دەیگوت: كاتێك منداڵ بووم لە ساڵی چالەكانی سەدەیی ڕابردوو ماڵمان لە یەكێك لەكۆڵانەكانی نزیك كەنیسەكە بوو، باوكم خوێندەوارو خەیات و قورئان خوێنێكی باش بوو، بە مەلا ڕەسوڵی خەیات ناسرابوو، ئێمە لەگەڵ جووەكان و مەسیحی و خۆشمان وەك موسڵمان دراوسێ بووین، هیچ كێشەیەكمان نەبوو پێكەوە، بەڵكو زۆر تەباو پێكەوە دەژیان، جووەكان دەستڕەنگین و كاسب بوون پیشەی چنین وڕستنیان دەكرد، دوكاندارو خەزنەدارو كارمەندی حكومەت بوون، دەورێكی كاریگەریان هەبوو لە ئابووری و پیشەگەریدا، زەڕەنگەرو بازرگانە گەورەكانی عێراق و كوردستان لەوان بوون زیانیان بۆ دراوسێو خەڵكی شارنەبوو، بەڵام حیزابەتی و پارتایەتی و پڕوپاگەندە درزو شەبەقی خستە نێوان جووەكان و موسوڵمان و دراوسێكان و بە ناپاك و دژە دین و جاسوس و سوخۆرو…. تاوانباریان دەكردن و هەنێك خەڵكی ساویلكەو سادە ئەو تەبایی وپێكەوەژیان وئاشتییەیان تێكدەداو بەناوی مەزهەب و گەلێ‌ وردەشتی جۆراو جۆرەوە بەگژ جوەكاندا دەچوون و ئازاریان پێدەگەیاندن.. دەوڵەتیش بۆ ئاژاوەو دژیایەتیكردنەكە ئاگری بەپووشەوە دناو خەڵكی بۆ ئەومەبەستە لەبۆسەو داونابوو.. تەنانەت كەجووەكان بەرەو فەلەستین چوونەوە من ئاگادرابووم كە گەردن ئازایی و بەخشینیان لەخەڵكی شارو دراوسێ و هاوماڵەكانیان دەكردوو فرمێسكی بەخوڕیان دەڕشت و خۆیان بەخەڵكی شارو نیشتمان دەزانی و زۆر هاوكاری شۆڕش و بزووتنەوەی كوردیش بوون، شۆڕشی ئەیلولیش قەرزارباری بەشداری و هاوكاری جووەكانە بەگشتیی، تەنانەت باوكم دەیگوت كاتێك بەهۆیی هەلومەرج و بارودۆخەكەوە “مەلا ڕوسوڵی “خەیاتی باوكم خانوەكەمانی فرۆشت بە پێنج دیناری ئەو وەختەو چوینەوە شارباژێڕ ونزیك بەرزنجە، ئێمە لەگەڵ ئەوجوانەی سابوونكەران و شوێنەكانی تر كە مابوونەوە پەیوەندیمان هەرهەبوو، سەردانمان دەكردن گەربارە دارم ببردایە بۆشار بە جووەكانم دەفرۆشت و ئەوان پارەی زیاتریان دەدامێ‌، زۆرجار بەرچنە ترێ‌ و دانەوێڵەو ماست و گەلێك شتم بۆ ناسیاو هاوەڵە جووەكانمان لەسەر ڕاسپاردەی “مەلا ڕەسوڵ” بۆ دەبردن، زۆرجار خەڵكی توندڕەو پێیان دەگوتم كە سەردانیان نەكەم، چونكە جووەكان پیسن ڕقیان لە”حەمە” ناوەو لەوانەیە لەژوورەوە بتخنكێنن.. ئەمەش لەلایەن ئەوكەسانەوە ڕووبەڕوو پێم دەگووترا بۆ ئەوەی دڵ و دەرونی ئێمەو مانان لە ئاست برا جووەكان كرمێ‌ بكەن و لێیان دووركەومەوەو سەردانیان نەكەم و شتیان پێنەفرۆشم، یاخود ئەم جۆرە كەسانە دوور لە بەها مرۆڤایەتی و ڕەفتارو خوڕەوشتی كوردانە لە شاقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانیدا ئازاری جووەكانیان بەناوی دینەوە دەدا و خۆم بینیومە تەماتەو بەردو گەلێك شتیان دەگرتە برا جووەكانمان و ئازاریان پێدەگەیاندن و تەنانەت براجووەكان ئاوڕیشیان لەم جۆرەكەسانە نەدەدایەوە كەكەمینەیەكی زۆركەم و دەستەبژێر بوون، كە لەو دۆخەدا دەگوزەرا. ڕۆحی حاجی “محەمەدی مەلا ڕەسوڵ” شادبێت، كەبەهۆی ئەم ڕۆمانە جوانەوە وەك پیاوێكی ئاشتیخوازو تەباو گونجان بیرەوەرییەكانی و زانیارییەكانی تێكەڵ بوو بەڕۆمانی”بووكی جوولەك”ە خۆزگە ئەو زانیاریانەی كەهەیبوو لەومێژوودا تۆمارم بكردایەو دەبووە كەرەسەیەكی گرنگی مێژوویی و بەسوود.

كەرەسەو زمان لە بووكی جوولەكەدا:

نووسەری ڕۆمانەكە”یودیت نیۆرینك” زۆر بەزمانێكی نەرم و جوان ڕۆمانەكەی چنیوە، دیارە خۆیی كوردستان و ناوچەكەی بینیوەو كەڵكی لە مێژوو چاوپێكەوتن و بیرەوریی و ڕاپۆرت و هاوكاری كوردەكان و پاڵپشتیی و هاوكارییەكانیان بینوەو بەهۆیی ئەو سەرچاوانەوە، ئەم ڕۆمانە جوانەی لە ئەداو مێژووییەكی جواندا بەرهەم هێناوە، ئەم ڕۆمانە چەند پەیوەندی بە مێژوویی “جوو”ە وە هەیە لە دەڤەرەكەدا، ئەوەندە پەیوەندی بەكوردو نیشتمانەكەیەوە هەیەو زۆر بە هاوسەنگانە وێنا جوانەكانی لە پێنجوێنی ئازیزەوە چنیوەو پێكەوەی گرێداوە، مێژووییەكی نادیارو شاراوەی خستۆتە بەر دیدەی خوێنەری كورد و دەڤەرەكەو دەستخۆشیی و پیرۆزبایی گەرمی پێشكەش دەكەم كە بەدیدو بۆچونێكی هاوسەنگ و جوان و تەباو ئاشتیانە ڕۆمانەكەی پێشكەش كردووەو بەنێوەرۆكە دەوڵەمەندەكەی ئێمەی خوێنەر دڵخۆش و سەرسام دەكات.

میران ئەبراهام نووسەرو وەرگێڕێكی بەوەفا:

من زۆر سەرسامم بەبرامان وەرگێڕو نووسەر”میران” كە من لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆیی ڕۆمان و وەرگێڕانە جوان بەپێزەكانیی زیاتر ناسیم و لێیی تێگەیشتم، ئەو جووەیەكی ڕەسەن ونیشتمان پەروەرە، بەرهەمە بەپێزو دەوڵەمەندو جوانەكانیی نیشانەی وەفاو نیشتمانپەروەری و دەوڵەمەند كردنی كتێبخانەی كوردیمانە”میران” بەوكوردییە جوان و نەرم وبێگرێ وگۆڵە شیرینەكەی سەلماندی پێشمەرگەیەكی نیشتمان پەروەرو دۆستێكی ئازیزی كوردە.. بەهۆیی پێشكەش كردنی بەرهەمە ناوازەو نایابەكانی بەخوێنەری كوردو كتێبخانەی كوردی وەك،”شەوگەڕەكان”ڕۆمان ساڵی 2015 ” نیشتمانیی سارا” 2019، ڕۆمان، ساڵی خەمی مەستوورە” ڕۆمان ساڵی 2020جگە لەوەرگێڕانی “بووكی جوولەكە” نووسینی یودیت نیۆرینك” ساڵی2020، ئەم بەرهەم و كۆششانەی برامان كاك میران، زۆربە سوودوو گرنگە، ئەو دڵنیایی ومتمانەیەمان پێ‌ دەبەخشێت كەبرا جووەكانمان لە خەمی ئەدەب و نووسین و وەرگێڕان و نێوەندی ئەدەبی و هونەریدا پاڵپشتیی نیشتمانیی یەكەمییان كوردستان دەكەن و خوازیارن جێ دەستیان لەو پێشكەوتن و گەشە ئەدەبییەدا هەبێت و زیاتر ئاشتیی و برایەتیی بۆ براكوردەكانیان قوڵبكەنەوە، بەهیوام برام “میران ئەبراهام” سەركەوتوبێت و پیرۆزبایی گەرمی ئەو بەرهەمە سەنگینانەی پێشكەش دەكەم.

یوسف محەمەد بەرزنجی/ سلێمانی
5/ 12/ 2020




نیشتمان و ئه‌فسانه‌ و گه‌مه‌ی هاودژه‌كان له‌ شیعری ״ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ״ی ته‌یب جه‌باردا .. عه‌لی شێخ عومه‌ر

شیعرلای»ته‌یب جه‌بار»تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵێ ره‌گه‌ز و كه‌ره‌سته‌، له‌نێو كۆمه‌ڵێ رسته‌ و وێنه‌دا، به‌جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك رێكده‌خرێن كه‌ له‌شیعردا نه‌بێت له‌دنیای واقیعدا نییه‌، شێوازی نووسین و ده‌ربڕین، له‌جیاوازی ره‌گه‌زه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، له‌ رێچكه‌ی چه‌مكی هاودژه‌كانه‌وه‌ كێشمه‌كێشی هه‌سته‌كان پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، ره‌گه‌زه‌كانی بنیاتی شیعری، له‌به‌رجه‌سته‌كردنی هاودژه‌كاندا، پاڵنه‌ربن، ئه‌وا گۆشه‌نیگایه‌كی نوێ به‌ده‌قی به‌رهه‌مهاتوو ده‌به‌خشێت، چۆن به‌تیۆری ئه‌ندازه‌، به‌ له‌یه‌كدانی دووهێڵی ئاڕاسته‌جیاواز، هاودژ، گۆشه‌یه‌ك دیاری ده‌كات، به‌هه‌مان تێڕوانین، به‌له‌یه‌كدانی دوو بیرۆكه‌، یان دوو وێنه‌ گۆشه‌نیگایه‌كی شیعری نوێ ده‌خوڵقێنێ، وه‌ك ده‌روو، له‌یه‌كدانی دوو ئه‌له‌مێنت ده‌بێته‌ ده‌رچه‌یه‌كی پێشه‌نگ، تێزی خورپه‌ و كه‌سه‌ر، دوالیزمی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك ده‌گۆڕێت، له‌ڕێگای زمانی شیعرییه‌وه‌، به‌ئامرازكانی گه‌یاندن، بیرۆكه‌ له‌سه‌ر ده‌ق بنیات ده‌نێت، مه‌به‌ستی خوازراو، هه‌ر له‌هێما و ده‌لاله‌ته‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات، له‌ئاسته‌ جیاوازه‌كاندا رایه‌ڵه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ ده‌رخات، به‌دیاریكردنی جیاوازییه‌ك، جیاوازییه‌كی دیكه‌مان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ، چه‌ند زیاتر بزانین، ئه‌وه‌نده‌ نه‌زانراوه‌، لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌شیعری»ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ»1 بكه‌ین، ئه‌م شیعره‌ په‌نجاودوو دێڕه‌ شیعره‌، به‌یه‌ك نه‌فه‌س نووسراوه‌، بێناوبڕه‌، له‌په‌یوه‌ندییه‌كی زنجیره‌ییدا چوونه‌ته‌ نێویه‌ك، به‌پۆلێنكردنی ده‌رگای زاراوه‌یه‌ك له‌نێو كه‌وانه‌دا، ده‌رگای زاراویه‌كی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌، چۆن و به‌چی ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، چ خه‌سڵه‌تێ هه‌ڵده‌گرن؟، په‌لهاویشتنی پانۆرامای بنیاتی ده‌ق له‌تیشكدانه‌وه‌ی زۆربابه‌تدا، رۆڵێكی كارا ده‌گێڕێت، له‌كرده‌ی كولاژكردنی به‌شوێن و شوێنكات، له‌گونجاندنێكی ئه‌كتیڤدا نه‌خشه‌ی داڕشتنی ده‌رهاویشته‌كانی ده‌ق به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ، باركردنی ده‌ق به‌هێما كرده‌یه‌كی پڕاكتیكی ناچارییه‌، نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ ده‌ق، به‌ڵكو له‌پڕۆسه‌ی چڕبووه‌نه‌وه‌یه‌كدا خۆی له‌ساپیته‌ی ده‌قدا، له‌ناونیشانه‌كه‌یدا ده‌بینێته‌وه‌.

پاشینه‌ی خه‌یاڵ به‌جێده‌هێڵێت
«ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ» به‌ به‌رته‌قای شیعره‌كه‌، مانا و كاره‌سات و ئاڵۆزی هه‌ڵگرتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌م سێ وشه‌یه‌، ته‌نیا له‌ته‌ك یه‌كدا له‌په‌یوه‌ندیدا نین، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ گشت ده‌قه‌كه‌دا له‌په‌یوه‌ندیدان، ناونیشانه‌كه‌ ناسنامه‌ی ده‌قه‌، ده‌رئه‌نجام به‌درۆیه‌ك، له‌درێژبوونه‌وه‌دا خه‌سڵه‌تی ره‌هابوونی هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ راستینه‌ هه‌بێ درۆ هه‌ر ده‌مێنێ، دوالیزمی درۆیه‌كی درێژو نادیار، راستینه‌ی كورت و دیار، دروشم و گوتاری ئه‌فسانه‌كانی سیاسه‌تمان بۆ له‌ق ده‌كات، له‌بێباكیدا، له‌مردنی دڵ له‌سیاسه‌تدا، پرسێك له‌ئاوه‌ز ده‌ورژێنێ، به‌چه‌مكی وه‌ڵام هه‌ڵواسراوه‌، یان له‌بیره‌وه‌ری تاكدا داخراوه‌، له‌دووڕیانی پێشینه‌ی داكه‌وته‌كان، پاشینه‌ی خه‌یاڵ به‌جێده‌هێڵێت، تاك له‌سۆنگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی میتافیزیكی گشتیدا، ناتوانێ خۆی بدۆزێته‌وه‌، راڤه‌ی دروستی بۆ بكات، كه‌ به‌نه‌زانراوێكه‌وه‌ گرێی ده‌دات، به‌ركه‌وتنێك له‌ته‌ك ئه‌فسانه‌دا ده‌كات، خاتوو لنگه‌ر و كاسیر ده‌رباره‌ی ئه‌فسانه‌ له‌شوێنێكدا ده‌ڵێت»قۆناغێكی سه‌ره‌تاییه‌ له‌قۆناغه‌كانی بیرۆكه‌ی میتافیزیكی، یه‌كه‌م به‌رجه‌سته‌بوونی هزری گشتییه‌«2، ده‌رخه‌ری درۆ و شاردنه‌وه‌ی راستی، كرده‌ی لێده‌ركردن هه‌ڵناگرێ، نه‌به‌شكردن، نه‌ویستگه‌ قبووڵ ناكات.
كۆكردنه‌وه‌ی ماناكانی ده‌ق له‌ژێر یه‌ك تایتڵدا
ئه‌گه‌ر له‌رووی فۆرمه‌وه‌ سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین، رسته‌ی»ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ» له‌سێ وشه‌ پێكهاتووه‌، هیچ كردارێكی تێدانییه‌، تا رووداو و گۆڕانكاری لێبكه‌وێته‌وه‌، ریزبه‌ندییه‌كه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی راست شوناسی درۆده‌كات، له‌بنبه‌ستێكدا ده‌وه‌ستێت، چه‌ق ده‌گرێ، له‌دوای خۆی له‌جه‌سته‌ی ده‌قدا بۆشایی پرسیارێ به‌جێده‌هێڵێت، بۆ ئاساواری وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت. چه‌قی ئه‌و پرسیاره‌ شاراوه‌یه‌ی‌ كه‌ ناونیشان به‌ بازنه‌كانی ده‌قه‌وه‌ گرێ ده‌دات، كه‌ به‌ده‌سپێكی ئامرازه‌كانی پرسیاركردنی «چییه‌ و چۆن، بۆ» له‌ په‌یوه‌ندی نێوانیاندا، به‌ركه‌وتنی له‌ته‌ك ئه‌م راستییه‌دا ئاشكرا ده‌كات، واته‌ «ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ» چییه‌، چۆنه‌، بۆ وایه‌، په‌یوه‌ندیان چییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م پرسانه‌دا، ده‌ق له‌وه‌ ده‌رده‌چێت یه‌ك چه‌قی هه‌بێت، باس له‌یه‌ك مانا بكات، كۆكردنه‌وه‌ی ماناكانی ده‌ق له‌ژێر یه‌ك تایتڵدا، كرده‌یه‌كی ئاسان نییه‌، تا له‌په‌یوه‌ندی بازنه‌یه‌كدا ئاشنای مانای ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ی بێت، كه‌ به‌ده‌رئه‌نجامی لێكجیاكردنه‌وه‌ یان پۆلین كردنه‌وه‌ سه‌رقاڵكراوه‌، لێره‌وه‌ گه‌یاندنی مه‌به‌ست بۆ ماناكانی ده‌ق دژوار نییه‌.
نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د له‌نووسینێكدا ده‌ڵێت»هه‌موو نووسینێك له‌جیهاندا له‌دوو ئامانج و دوو شێوه‌دا كۆده‌كرێته‌وه‌، شێوه‌یه‌كی به‌رچاوخراو و شێوه‌یه‌كی شاراوه‌« 3، ده‌بێ ره‌نگدانه‌وه‌ی شێوه‌ی به‌رچاوخراو، ده‌قی «ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ» چ گه‌مه‌یه‌كی تۆكمه‌ له‌شاردنه‌وه‌ی شێوه‌نهێنی و شاراوه‌كه‌ی ناوه‌خندا بكات، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رچاوخراوه‌.
ساڵه‌هایه‌
له‌چاوه‌ڕوانی (ئازادی) دام،
خه‌ریكه‌ شێت ده‌بم.
په‌كم ده‌كه‌وێ.
نازانم چۆن؟ له‌كوێوه‌ دێ؟
پێلێنانێكی ئه‌رێنی جوانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌هابوونی بیروڕای ئازاد بنیادنراوه‌، له‌م ده‌رچه‌یه‌وه‌، به‌جێناوی منی قسه‌كه‌ره‌وه‌ ئاوێته‌ی رۆحی شاعیر ده‌بین، به‌جێناوی منی قسه‌كه‌ر له‌ناخی دڵه‌وه‌، له‌گرته‌یه‌كی جووڵاودا په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌هاوێت، به‌چه‌مكی مۆنۆلۆگ گوزارشت له‌ساڵانێكی بێكۆتا ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ خه‌سڵه‌تی تاك ده‌نگی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام ده‌كرێ له‌ساڵانێكدا یه‌قدانه‌وه‌ی له‌نێو كه‌سانێكدا هه‌بێت، كه‌ به‌ره‌هه‌نده‌كانی چاوه‌ڕوانییه‌ك ته‌قه‌ڵڕێژكراوه‌، ناتوانێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، ناتوانێ چه‌مكی یاخیبوون بكاته‌ پێشه‌نگی ئازادی بوون، سسته‌ له‌ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنی نێوان دوو ئه‌گه‌ر، ئه‌گه‌ری راده‌ستبوون له‌گه‌ڵ شته‌ رێپێدراوه‌كان و ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌ رێپێدراونین.
درزێك له‌گه‌ڵ كاتدا تادێت له‌هه‌ستی»ته‌یب جه‌بار»دا گه‌وره‌ده‌بێت، بۆشاییه‌ك فه‌راهه‌م ده‌كات، ده‌یه‌وێت له‌ رێگای شیعره‌وه‌ پڕیكاته‌وه‌، خۆی له‌رۆحی نیرۆسی قوتاربكات، وه‌ك كه‌سێكی داهێنه‌ری شیعری، خه‌یاڵه‌ به‌یاخیبوونی ئه‌و پێدراوه‌ باوانه‌ی به‌ناوی ئه‌قڵه‌وه‌ سیسته‌م راده‌گرن، خه‌ون و خه‌یاڵ و ئازادی تاك زه‌وت ده‌كه‌ن، هاوكات ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ئاوێنه‌ی شاعیر، ترسێكه‌ چاوه‌ڕوانكراو نییه‌ له‌كاتی جیابوونه‌وه‌ی شاعیر له‌خانه‌ی ئه‌وانه‌ی بێ خه‌یاڵن، خۆیان به‌عاقڵ ده‌زانن، جیرار دونێر ڤاڵی به‌هاوڕێكانی گوت»ده‌ترسم بمخه‌نه‌ خانه‌ی ئاقڵانه‌وه‌(مه‌به‌ستی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌قڵیبوو)له‌كاتێكدا خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ هه‌موو شێتن»4، ته‌یب جه‌بار ته‌نیایه‌، شێتی په‌ی نه‌بردنی ئه‌وانه‌، له‌هه‌ڵبژاردنێكی نادروست له‌نێوان رێزگرتن له‌خه‌م و ئازار، ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ له‌مینبه‌ری رابردوو وه‌ك پشتێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئێستا ره‌نگی وای رشتووه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و نامۆبوونه‌ی چه‌مكی چاوه‌ڕوانی به‌رانبه‌ر به‌چه‌مكی ئازادی خه‌ریكه‌ شاعیریش ده‌خاته‌ نێو بازنه‌ی شێتبوونه‌وه‌، ره‌چه‌ڵه‌كی كێشه‌كان له‌جیاوازی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودا فكرییه‌ په‌یدابووه‌ كه‌ له‌نێوان شاعیر و زۆرینه‌داهه‌یه‌. زۆرینه‌ له‌پاشاگه‌ردانی چاوه‌ڕوانیدا شته‌كان په‌رشو بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌نییه‌ وه‌ك شاعیر شته‌كان كۆكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ په‌كی ده‌كه‌وێت، له‌ترۆپكی بێئومێدیدا، به‌هزر و به‌زمانی زۆرینه‌ له‌چاوه‌ڕوانیدا، له‌بری ئه‌وان پرسیارێكی نه‌زۆك ده‌كات، نازانێ كاروانی رزگاربوون یان گه‌ڕان بۆ رزگاركه‌رچۆن و كه‌ی و له‌كوێوه‌ دێت.
زمانی شیعری لێره‌دا مانایه‌ك زیاتر هه‌ڵده‌گرێ له‌زمانی ساده‌وه‌ روانینێك زیاتر به‌خوڵقاندنی شیعری كۆنكریتی ده‌به‌خشێت، شاعیر له‌رێگای ده‌ربڕینی هه‌ستێكه‌وه‌، به‌دیوێكی شاراوه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ ئاماژه‌ به‌چوار ئاڕاسته‌ی جوگرافی ده‌كات، وه‌ك شوێنێكی جێگیر، باكوور، رۆژئاوا، باشوور و رۆژهه‌ڵات، له‌كاتێكدا هه‌ور، باران، هاوین و زستان پێگه‌یه‌كی ناجێگیرن، خه‌سڵه‌تی دینامیكیان هه‌یه‌، باركردنی ده‌ق به‌ئاڕاسته‌كانی جوگرافییه‌وه‌، كولاژكردنیان به‌وه‌رزه‌كانی ساڵه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ده‌قه‌ به‌رووی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، فراوانكردنی ماناكانی ده‌قه‌.
خستنه‌ڕووی چه‌مكی دژه‌كانه‌، چه‌مكی دژه‌كان باكوور/ باشوور، رۆژئاوا/ رۆژهه‌ڵات، به‌رامبه‌ر به‌چه‌مكی هه‌ور و هاوین، باران و زستان، گه‌ر باكوور و باشوور، له‌سه‌ر دیدی شاعیر، وه‌ك كۆدێكی بێزاركه‌ربن، وێنه‌یه‌كی خه‌مباربێ یه‌كێكیان به‌ساردو سڕی ئه‌وی تریان به‌گه‌رمی. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌رهاویشته‌ی باكووری هه‌ور/ باشووری هاوین، سارد/گه‌رم به‌هه‌وێنی دژه‌وار بوونێكی تردا ده‌تلێته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌، رۆژئاوا/ رۆژهه‌ڵات، به‌رامبه‌ر به‌چه‌مكی هاوڕێكی باران و زستان له‌هاوكێشه‌ی ده‌قدا هاوسه‌نگییه‌كی ده‌روونی بۆ»ته‌یب جه‌بار»ده‌گێڕێته‌وه‌، ئومێدێكی پێده‌بخشێت، گه‌ر به‌دیوێكدا رۆژهه‌ڵات به‌ئاڕاسته‌ی شوێنی شوناس بێت، وه‌ك گشت له‌زستاندا چه‌قیبێ، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌دا ئاڕاسته‌ی رۆژئاوا، وه‌ك به‌شێك له‌باراندا هه‌میشه‌ خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌. له‌نێو دوالیزمه‌ی چه‌قین و نوێبوونه‌وه‌دا، ره‌شبینی و گه‌شبینیدا، بۆشایی و پڕبووندا ته‌یب جه‌بار به‌ به‌كارهێنانی وشه‌ی یاخود و نازانم، دووجار ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌خاته‌ڕوو، به‌ئامڕازه‌كانی پرسیاری(چۆن؟ له‌كوێه‌وه‌؟ كه‌ی؟)یه‌وه‌ گرێیان ده‌دات، له‌ته‌ك داكشانی سروشتی ده‌ق له‌نێو پێكهاته‌ی ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژدا، له‌ره‌نگدانه‌وه‌ی چه‌مكی چاوه‌ڕوانی وه‌ك ئاڕاسته‌یه‌كی ئیستاتیكی، به‌رانبه‌ر به‌دینامیكی چه‌مكی ئازادی كه‌ له‌هه‌وردا خۆی ده‌بینێ.
(یه‌كسانی) خه‌مسارده‌، ناجوڵێ،
نه‌ ده‌گه‌ڕێ تا ده‌رفه‌تێك…
بۆ ژنان بدۆزێته‌وه‌
تۆزێ خۆیان توندو تۆڵ بكه‌ن
نه‌ئێشك ده‌گرێ، تا هه‌لێك
بۆ پیاوان بڕه‌خسێنێ
نه‌ختێ خۆیان نه‌رم و نۆڵ بكه‌ن
كاتێ ئاوڕده‌ده‌مه‌وه‌،
(دادپه‌روه‌ری) مانی گرتووه‌
هه‌موو رۆژێ ده‌یدوێنم
تا ئاشت بێته‌وه‌و..
بگه‌ڕێته‌وه‌ ناومان
تا وازبێنێ
له‌ ده‌ردو په‌تای هه‌راسان.
وێناكردنی یه‌كسانی وه‌ك كاره‌كته‌رێ ئیراده‌ی كاركردنی نییه‌، كۆگیره‌ به‌شوناسی بێباكی، داڕشتنی خه‌سڵه‌تی یه‌كسانی، دیاریكردنی له‌كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌رێنیدا، تخوبێكی ئه‌گه‌ربینییه‌ له‌زیندووكردنه‌وه‌ی داكه‌وته‌كانی ده‌رخستنی جیاوازیی و جیاكردنه‌وه‌ی ره‌ش له‌سپی، نێر له‌مێ، ژن له‌پیاو، ژن و پیاو له‌ئه‌ركی مرۆڤبووندا، زاده‌ی یه‌ك وه‌چه‌ن، ته‌واوكه‌ری یه‌كن، به‌ده‌ركردنی لایه‌كیان له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ردا، ته‌شه‌ره‌یه‌ك له‌سه‌قامگیری ده‌ده‌ن. دۆزینه‌وه‌ی لایه‌كیان، به‌بزركردنی لایه‌كه‌ی تردا كۆتایی نایه‌ت، یه‌كانگیربوونی هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێرومێ، ژن و پیاو، له‌نێو یه‌كسانیدا چه‌ند ده‌توانێ ماف و خودی له‌ده‌ستچوو زیندووكاته‌وه‌، چه‌ند ده‌توانن داگه‌ڕان له‌نێو خودی مرۆڤبوونی خۆیاندا بكه‌ن، تا چ سنوورێك ده‌توانن خه‌بات بكه‌ن به‌دوای یه‌كسانیدا بگه‌ڕێن.
ئه‌وه‌ یه‌كسانی نییه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تدا بگه‌ڕێت تا داكۆكی له‌مافی ژناندا بكات، له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی رزگاریان بكات، ئه‌وه‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی ئافره‌ته‌ رێگا بۆ پیاو خۆشده‌كات، سنووری مرۆڤبوونی خۆی تێكدات، نامرۆڤانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات، بێ ده‌سه‌ڵاتی ژن قۆرخ بكات، نمایشی ده‌سه‌ڵاتی خۆی تێدا ببینێ، له‌ڕووی تاوانكاری و سته‌م، پیاو به‌ئاشكرا چه‌ند تاوانباره‌.

یه‌كسانی له‌په‌یوه‌ندییه‌كی هاودژدایه‌
ده‌بێ له‌نایه‌كسانیدا، هه‌وێنی چ كاره‌ساتێكی ترسناك بگرێته‌وه‌، كاره‌ساتێك له‌پێناسه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاری بێحاكمدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی نایه‌كسانی ده‌كاته‌ ئه‌گه‌رێكی ترسناك، یه‌كسانی نییه‌، تێكه‌ڵبوونی نییه‌ به‌نه‌زانین، به‌هه‌ستنه‌كردن، به‌ڵكو توانه‌وه‌یه‌تی له‌نێو چه‌مكی گه‌مژه‌یی، گه‌مژه‌یی یه‌كسانی وه‌ك كاره‌كته‌رێك بێكردار متمانه‌ی پێبكرێ، چاوه‌ڕیی كردار و گۆڕانی رووداوی لێبكرێ. له‌چاوه‌ڕوانی تۆوی درۆیه‌ك ده‌یه‌وێت به‌ری راستییه‌ك بدورێته‌وه‌، یه‌كسانی له‌قوژبنێكدا نییه‌ به‌ره‌ڵاكرابێ، به‌ڵكو له‌په‌یوه‌ندییه‌كی هاودژدایه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌نایه‌كسانییه‌وه‌. ده‌ركه‌وتنی لایه‌كیان به‌نده‌ به‌كه‌م كردنه‌وه‌ی لایه‌كه‌ی تریان، چه‌ند یه‌كسانی توخنی زانین بكه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ له‌نه‌زانین دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، لێره‌وه‌ ژنان له‌وه‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنن، یه‌كسانی مافیان بۆ بێنی، له‌بێ ده‌سه‌ڵاتی دووریان بخاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ده‌ست و بازووی زانین و هۆشمه‌ندی ماناو ماف بۆ یه‌كسانی ده‌هێنن. پشكێ دروست له‌هاوكێشه‌ی مرۆڤبوونی خۆیاندا ده‌سه‌به‌رده‌كه‌ن، وه‌ك بوون ژنێتی خۆیان ده‌سه‌لمێنن، ئه‌م ژنبوونه‌ ته‌نیا باڵ نییه‌، خۆڕسكانه‌ په‌یوه‌ندی به‌پیاوه‌وه‌ هه‌یه‌، پیاو به‌و مانایه‌نا دیارده‌یه‌كی ده‌ره‌كی وه‌ك یه‌كسانی چاودێری بكات تا تۆزێ له‌توندی بێته‌ خوارێ، نه‌رم و نیانی بنوێنێ، به‌ڵكو ده‌بێ له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتردا، ژن و پیاو وه‌ك ته‌واوكه‌ری یه‌ك له‌یه‌كتر بگه‌ن نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ژن به‌و چه‌مكه‌ باوه‌ی نێرسالاری ئێستا، جارێكی تر ژن خۆی دووباره‌ بكاته‌وه‌.

دۆلۆز ده‌ڵێت «جۆرێك بوون له‌ژندا هه‌یه‌، كه‌ له‌ژندا كۆتایی نایه‌ت» 5، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ یه‌كسانی له‌زانینه‌وه‌ دێت و گه‌وره‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ چه‌مكی گه‌مژه‌ییدا یه‌كنایته‌وه‌، به‌وه‌ی چه‌مكی گه‌مژه‌یی به‌ شوناسی نه‌زانین وا ده‌زانێ زانین په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌رده‌وام نایه‌كسانی به‌رهه‌م ده‌هێنێ، تا ناكۆتا له‌سه‌ری ده‌روات، ڤۆڵتێر ده‌ڵێت «ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌مانای وشه‌ی ناكۆتا تێبگه‌یت سه‌یری گه‌مژه‌یی بكه‌«6 ته‌یب جه‌بار چۆن غافڵبوونی كاره‌كته‌ری یه‌كسانی ده‌خاته‌ڕوو، له‌ئاست ئایۆلۆژیادا، یه‌كسانی چۆن ماسكێك ده‌پۆشێ، خۆی ده‌شارێته‌وه‌، خۆی له‌ناكۆكییه‌ك لاده‌دات، یه‌قینێك ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌دوو ئاڕاسته‌ ده‌یخاته‌ڕوو به‌ئاڕاسته‌یه‌ك داوی توندو تۆڵكردنی ژن ده‌كات، به‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر داوی نه‌رمی له‌پیاو ده‌كات، هه‌ردووكیان یه‌ك شتن، له‌زیادكردن و كه‌مكردنی یه‌كدا كۆك ده‌بن، له‌ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كدا له‌داكه‌وته‌كانی به‌رده‌ستدا له‌نێو ده‌قدا، ته‌یب جه‌بار درك به‌و گه‌مه‌یه‌ ده‌كات، چۆن گه‌مژه‌یی به‌شێواندنی مافه‌كانی یه‌كسانی بوونی ژن و پیاو پوشاكی یه‌كسانی كردووه‌ته‌به‌ر نایه‌كسانی، چۆن تانه‌و ته‌شه‌ره‌ له‌ خودی دادپه‌روه‌ری ده‌دات، له‌كه‌داركردنی دادپه‌روه‌ری له‌نێو یه‌كسانیدا، پارادۆكس له‌ته‌ك نایه‌كسانیدا فه‌راهه‌م ده‌كات، هه‌ر له‌سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه‌ دادپه‌روه‌ری مانده‌گرێت.

نایه‌كسانی‌ و ماڵوێرانی
دواندنی شاعیر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری، جۆرێكه‌ له‌ ئاشتبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ته‌ك قوربانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كه‌ ژن و پیاوی كرده‌ دووبه‌ره‌وه‌، بانگه‌شه‌كه‌ له‌ته‌ك نایه‌كسانیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ته‌ك گه‌وهه‌ری یه‌كسانیدایه‌ كه‌ له‌نێو هه‌ریه‌كێ له‌ئێمه‌دا هه‌یه‌، هه‌ستی پێده‌كه‌ین. هه‌ر چاوپۆشییه‌ك و به‌ده‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنێ خزمه‌تێ خۆڕایی به‌ نایه‌كسانی ده‌كات، كه‌ ماڵوێرانی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، ماڵوێرانی له‌تێكچوونی په‌یوه‌ندی ژن و پیاوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، له‌شێواندنی شیرازه‌ی خێزانه‌وه‌ ده‌كشێ تا ده‌گاته‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، دادپه‌ره‌وه‌ی هه‌وێنێكه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌راسان له‌جێگای دروستی خۆیدا له‌نێو یه‌كسانیدا راده‌گرێت.
(برایه‌تی) مڕومۆچ.
هه‌میشه‌ توندو تووڕه‌یه‌
نه‌شاری به‌دڵه‌ نه‌ لادێ
نه‌خۆی ده‌زانێ چی ده‌كا،
نه‌ ئێمه‌ ده‌زانین چی ده‌وێ
هه‌واڵی (نیشتمان) ده‌پرسم
ده‌ڵێن له‌ ماڵه‌ دراوسێ ده‌ستی به‌سه‌ره‌،
شه‌و و رۆژ ناسره‌وێ
ساڵه‌هایه‌… كه‌سێك نییه‌،
رێگایه‌كی ته‌خت بدۆزێته‌وه‌
فریای بكه‌وێ
ئه‌وه‌ی دابه‌ش بوونی خه‌ڵك له‌ژێر سایه‌یه‌كدا كۆده‌كاته‌وه‌، یان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شه‌، یان، چه‌مكی نه‌ته‌وایه‌تی و چاره‌نووسی هاوبه‌شه‌، كه‌ له‌برایه‌تی و یه‌كبووندا له‌شوێنێكدا یه‌كده‌گرێت، به‌نیشتمان شوناس ده‌كرێت، ئه‌وه‌ندی نیشتمان شوێنێكی جوگرافی و میژووییه‌ به‌هه‌مان راده‌ش شوێنێكه‌ له‌ده‌رووندا، یه‌قدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت، په‌یوه‌ندی نیشتمان به‌تاكه‌وه‌، خۆی له‌ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوان تاكه‌كانه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كات، به‌م پێیه‌ بێت، شیمانه‌ له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات، به‌رپرسی یه‌كه‌م بێت، له‌كرده‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی تاك به‌نیشتمانه‌وه‌، تاك به‌برای تاكه‌وه‌، هاوكات چه‌مكی برایه‌تی له‌كایه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كایه‌یه‌ك، له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێت، نه‌ده‌سه‌ڵات نه‌برایه‌تی، له‌ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كاتدا نییه‌، واتا ناكرێت ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگای سۆشیال میدیا و ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌ هه‌یه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ شوێن سه‌قامگیر بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا دنیایه‌كی بێ شوێن به‌رهه‌مبهێنێ، له‌بری ئاشته‌وایی ئه‌جێندای تووڕه‌بوون و یاخیبوونی تاكه‌كانی جیگیر بكات، ئه‌وه‌ی زانراوه‌ و بینراوه‌ له‌چه‌مكی برایه‌تی چۆن گۆڕاوه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای چ ره‌وشێك، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ پێشتر له‌سایكۆلۆژییه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌ له‌نێو تاكه‌كاندا و بووه‌ به‌داكه‌وتێك له‌ڕووداوێكدا، به‌ناره‌زایی گوزارشتی لێده‌كرێ، برایه‌تی به‌مڕومۆچی بارگاوی ده‌بێت، گه‌ر مڕومۆچی وه‌ك قۆناغێكی سه‌ره‌تایی، دالێك بێت به‌ناڕه‌زاییه‌وه‌ گرێ درابێت، ئه‌وا له‌دوا قۆناغه‌كانیدا، ئاماژه‌یه‌كه‌ مه‌دلولی تووڕه‌بوون هه‌ڵده‌گرێت، گه‌ر مڕومۆچی خۆی له‌مه‌نگی و بێده‌نگییدا حه‌شار دابێت، تووڕه‌بوون ده‌رهاویشته‌یه‌كه‌، خۆی له‌به‌ربوون و ده‌رخستن و به‌گژاچوونه‌دا ده‌بینێت، تووڕه‌بوون ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كه‌ نیشتمان كرده‌یه‌كی نه‌خواستراوی له‌به‌رامبه‌ریدا كردووه‌، له‌ته‌ك جومه‌گه‌كانی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌دا یه‌كنایته‌وه‌، له‌چه‌مكی نامۆبووندا، هه‌وێنی لێكترازان و دژایه‌تییه‌ك له‌نۆستالژیادا تۆخ ده‌كاته‌وه‌، ئاوێنه‌ی نامۆبوون، ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌شێوێنی كه‌ نیشتمان به‌شوێنه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، نامۆبوون هه‌ڵهاتن نییه‌ له‌شوێن و له‌نۆستالژیا، به‌ڵكو گۆڕینی شوێنه‌ به‌ناشوێن، كه‌ له‌یه‌ك شوێن و ئامانجدا، نه‌ له‌برایه‌تی، نه‌ له‌په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت له‌یاده‌وه‌ریشدا به‌یه‌كه‌وه‌ كۆنابنه‌وه‌، لێره‌دا نیشتمان ئه‌وه‌نده‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ دابڕان و جیابوونه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاماژه‌ نییه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیان، ئه‌زموونی دابڕانی نیشتمان گوێنه‌گرتنی له‌داواكانی خه‌ڵك، جێكه‌وتی تووڕه‌بوونێكی پیرۆز، له‌دنیا و شوناسی برایه‌تیدا به‌جێده‌هێلێت.

مارك ئاوگه‌ ده‌نووسێت» شوێن په‌یوه‌ندییه‌كی پۆزیتیڤ و شوناسی له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ر و هۆشیاریدا هه‌یه‌، شوێن ئه‌و جێگایه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا گه‌شه‌ ده‌كات، ناشوێن جێگه‌یه‌كه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیا ونه‌«7 كورتكردنه‌وه‌ی نیشتمان له‌ فاكته‌رێكدا، ناتوانێ سه‌رزه‌نشتی غه‌ریبوونی هاووڵاتی بكات، ناكرێ تووڕه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌نێوی نیشتمانه‌وه‌، له‌ سه‌رێكه‌وه‌ هه‌ستی خۆشه‌ویستی و مرۆڤبوونی لێت زه‌وت كردووه‌، له‌سه‌رێكی تروه‌ خیانه‌ت ده‌كات، چووه‌ته‌ باوه‌شی دراوسێیه‌وه‌، له‌ دۆزه‌خی راده‌ستبوونی ئیراده‌دا خۆی دۆڕاندوه‌، ئیتر چۆن برایه‌تی خۆی له‌ به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی و ته‌بابووندا ببینێت، له‌بری خزمه‌تی ناوماڵ و برایه‌تی، بووه‌ته‌ نۆكه‌ری ماڵه‌ دراوسێ.
ته‌یب جه‌بار، جێناوی ئێمه‌ی له‌بری ده‌سه‌ڵات به‌كاربردووه‌، ده‌سه‌ڵات به‌ ماسكی نیشتمانه‌وه‌، وه‌ك له‌ پێشتر باسمان لێوه‌كرد، نه‌ گوێ ده‌گرێت، نه‌ ده‌بینێت میلله‌ت چی ده‌كات، له‌ چ بارودۆخێكدایه‌، تێناگه‌ن له‌وه‌ی چییان ده‌وێت، له‌ كۆپله‌یه‌كی دیكه‌دا كه‌ ده‌ڵێت هه‌واڵی نیشتمان ده‌پرسم، هه‌واڵ ئاماژه‌یه‌ به‌غیابی نیشتمان له‌ ناشوێندا، گێڕانه‌وه‌ی نۆستالژیایه‌، گه‌ڕانه‌ بۆ شوێن، به‌نهێنی و ئاشكرا، به‌نه‌رێنی و ئه‌رێنی، به‌شه‌و و رۆژ ئۆقره‌ ناگرێ، به‌درێژایی شوێنكات، ئه‌فسانه‌ به‌ درۆوه‌، رابردوو به‌ ئێستاوه‌، چه‌مكی نه‌ته‌وه‌ ده‌توانێ رێگایه‌ك بدۆزێته‌وه‌، هاووڵاتی له‌كه‌سی پێشه‌وا نه‌توێنێته‌وه‌، ده‌كرێ كه‌سی تاك له‌بری هه‌موومان بێت، ئه‌و برا گه‌وره‌ و ئێمه‌ نۆكه‌ر، ئه‌و گاوان و ئێمه‌ مێگه‌ل، مێگه‌ل چۆن و به‌ چ رێسا و یاسایه‌ك، ده‌توانێت ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ هه‌ڵگرێت، كه‌ كۆی ئیراده‌ و هه‌بوونی خۆی له‌ نێو تاقه‌ كه‌سێكدا ببینێ، كه‌ به‌ چاوی خۆی نه‌بینێت، ئیتر چۆن ده‌توانێت رێگای ته‌خت بدۆزێته‌وه‌؟
تۆ كه‌ خۆت له‌نێو دووڕیانی درۆ و ئه‌فسانه‌یه‌كدا، نه‌ له‌ رێگای نه‌ته‌وه‌، نه‌ له‌ چاره‌نووسی هاوبه‌شدا. له‌ ده‌رئه‌نجامی كاری نه‌كرده‌ی كه‌سێكدا ونبوویت، نازانیت تۆ ده‌بێت فریایی خۆت بكه‌ویت و ئه‌و بدۆزیته‌وه‌، یان ئه‌و ده‌بێت فریای تۆ بكه‌وێت و رزگارت بكات، ئایا تۆ وه‌ك نوێنه‌ری وڵات، پێویستیت به‌ پاڵه‌وان و سه‌ركرده‌یه‌ تا رزگارت بكات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وڵات ده‌بێ خۆی له‌سه‌ركرده‌ و پاڵه‌وان رزگار بكات، جارێكیان ئه‌ندریا له‌ ژێر باری فه‌رمانی كه‌نیسه‌دا هاوار ده‌كات ده‌ڵێت»به‌دبه‌خت و كڵۆڵ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ پاڵه‌وانی نییه‌« گالیلۆ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ڵێت» به‌دبه‌خت و كڵۆڵ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌پاڵه‌وانه‌«8
(ناپاكی) بێ منه‌ته‌
به‌رده‌وام له‌ بۆسه‌دایه‌
هه‌ر دره‌ختێ گوڵ بگرێ
پاییزی تێ به‌رده‌دا…
هه‌ر كانیاوێك چاوبكاته‌وه‌
تاریكه‌ بای بۆ هه‌ڵده‌كا
زمانی شیعری له‌كرده‌ی سوڕانه‌وه‌یه‌كی كرۆنۆلۆژیدا چۆن توانی سه‌رجه‌م ئه‌و وێستگانه‌ به‌سه‌ركاته‌وه‌، كه‌ ده‌ق یه‌ك به‌ دوای یه‌ك پێیدا تێپه‌ڕی كرد، له‌هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا، ئاماژه‌ی به‌چه‌مكێك و لادانێك ده‌كرد، چه‌مك وه‌ك شوناس و پێدراو چی ده‌ڵێت؟ به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌گوزرێت؟ له‌ كوێی ئه‌فسانه‌دا ده‌وه‌ستێت؟ سه‌رجه‌م لادانی ئه‌و وێستگانه‌، یه‌ك بازنه‌ به‌ یه‌كیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێ، له‌ ژێر سایه‌ی یه‌ك بازنه‌ هێڵدا، بێ منه‌ته‌، درێژه‌ به‌ به‌رده‌وامی خۆی ده‌دات و ناوه‌ستێت، رێچكه‌ی بازنه‌ی ناپاكی به‌رنادات، بازنه‌ی ناپاكی، ئه‌گه‌ری رزگاربوونی هیچ وێستگه‌یه‌كی تێدا ره‌چاو ناكرێ، له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌ربازبوون نییه‌ تا سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی «ئازادی، یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری، برایه‌تی، نیشتمان» خۆیان له‌ناپاكی پاك نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ ڤایرۆسی ناپاكییه‌ به‌گشت وێستگه‌كاندا ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێ.
ناپاكی خنكاندنی سه‌دای ده‌نگێكی ره‌سه‌نه
به‌چاره‌سه‌ركردنی ناپاكی و ته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌ودای كه‌ناڵه‌كانی، ڤایرۆسی ناپاكی ساڵه‌هایه‌ به‌خه‌ون و به‌چاوه‌ڕوانی، ئه‌گه‌ر و داڵغه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وێستگه‌كان په‌ك ده‌خات، به‌دۆگمابوونی ناپاكی له‌بازنه‌یه‌كدا، میكانیزمی لادان و په‌ڕینه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م وێستگه‌كاندا راده‌گرێت، له‌كار ده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ی كاری پێده‌كرێت كاریزمای درۆیه‌كه‌، دروشمێكی چاوخه‌ڵه‌تێنه‌، چاو و دیده‌ی هه‌قیقه‌تی پێ كوێرده‌كرێت. ناپاكی نه‌كردن و فه‌رامۆشكردنی كردارێكه‌، یان ئه‌ركێكی سه‌رشانه‌، پێویسته‌ بیكه‌یت، به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت نایكه‌یت، ناپاكی خنكاندنی سه‌دای ده‌نگێكی ره‌سه‌نه‌، له‌ ته‌هی دڵه‌وه‌ سه‌رده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئاڕاسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌ك، دیاری بكات، له‌ناوه‌وه‌، پێشوه‌خته‌ خۆی له‌نێو دۆزه‌خێكدا مردووه‌، ناتوانێ كاریزمای به‌هه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بنێرێت، دۆزه‌خ سزایه‌كه‌ له‌ رێگای به‌هه‌شته‌وه‌ پاداشت ناكرێت. ناپاكی هه‌ستی گوناه كردنی تێدا نه‌ماوه‌، گرێیه‌كی نییه‌ به‌نێو گرێی گوناه وئازاری ویژدان، تا له‌سزا بترسێت، بێ منه‌ته‌.
دیارده‌ی سزانه‌دانی ناپاكی له‌ناوه‌ڕۆكدا ته‌نراوه‌ به‌گومانێك، هه‌وڵ ده‌دات ترسی راستییه‌ك بڕه‌وێنێته‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی دڵنه‌واییدا، له‌ترسی كه‌ناركه‌وتن، هه‌میشه‌ داكۆكی له‌مانه‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ پاكیدا، به‌رده‌وام له‌شه‌ڕێكی ئه‌به‌دیدایه‌، به‌ئاشكرا و نهێنی، له‌نێوان دۆزه‌خ و به‌هه‌شت، سزاو پاكبوونه‌وه‌، ناشیرینی و جوانی، هه‌میشه‌ له‌ بۆسه‌دایه‌، له‌هه‌ر ناشوێنێك، شوێنكاتێ هه‌بێ بۆنی كرانه‌وه‌ی جوانی لێبێت، دنیا به‌گوڵ وگوڵزار بكاته‌ به‌هه‌شت. وه‌ك بنیادت شوێن، گه‌ر ئاماژه‌ی بنه‌مایه‌ك بێت، خونچه‌كردنی گوڵ، پابه‌ندبوونی به‌دره‌خته‌وه‌ ساغبكاته‌وه‌، له‌ داگه‌ڕانێكدا ناشوێن بكاته‌ شوێن، به‌دیوێكی تر، به‌كۆپی كردنێكی تر، گه‌ر له‌قاڵبێكی تردا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین، ده‌بینین به‌هه‌مان شێوه‌، به‌سه‌لیقه‌ی پابه‌ندبوون، و وریابوونه‌وه‌ی تاك و بووژانه‌وه‌ی پاكی، ده‌ركه‌وتنی جوانی، پێگه‌ی تاك له‌ ناشوێنه‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ شوێن، له‌ ئاهه‌وه‌ بۆ ژووان، له‌ چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ بۆ دیده‌نی، ئه‌مه‌ش له‌ ته‌ك ره‌هه‌نده‌كانی ناپاكی چاوه‌ڕوانیدا یه‌كنایه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانیدا، ناپاكی دیده‌نی گوڵ به‌دره‌خت، پابه‌ندبوونی مرۆڤ به‌شوێنه‌وه‌، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌زانێ، تێبه‌ربوونی پاییز دالێكه‌ مه‌دلوولی نه‌هامه‌تی و داماڵینی دار و دره‌خت له‌گه‌ڵا و گوڵ هه‌ڵده‌گرێت.
لێكترازانی په‌یوه‌ندی گه‌ڵا و گوڵ وه‌ك پابه‌ندبوون، دابڕانی شوێنه‌ له‌گه‌ڵ دره‌خت، گۆڕینی شوێنه‌ بۆ ناشوێن، هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا و گوڵ له‌ هێرشی پاییزدا، هه‌ڵوه‌رینی شوناسێكه‌، ناسنامه‌ی دره‌خته‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ هه‌مانكاتدا، هێمایه‌كه‌ بۆ هه‌ڵوه‌رینی ئه‌و به‌هایانه‌ی، كه‌ له‌ ناسنامه‌ی شوێندا كۆڵه‌كه‌ی مانای مرۆڤبوون هه‌ڵده‌گرێ، رووی راسته‌قینه‌ی ئازادی، یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری و برایه‌تی، تێدا ده‌بینێ، گومانی ناپاكی به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێت، له‌ نێو گه‌مژه‌ییدا درێژده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڕوات، له‌ هه‌ر شوێنێ ژیان و ئاوه‌دانی هه‌بێت، كه‌ شاعیر به‌ كانیاو ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، ئه‌م له‌ زه‌وی به‌رده‌ست، ناپاكی وه‌ك بایه‌كی دووره‌ ده‌ست، ناگیرێت و هه‌ستی پێده‌كرێت، چاو كوێرده‌كات، ناهێڵێت راستی چاو بكاته‌وه‌، ئاسمانی ئه‌فسانه‌ و زه‌وی راستیه‌قینه‌، گه‌ر له‌ شوێنێكدا بای ناپاكی وێرانی نه‌كات، نه‌یكاته‌ ناشوێن، ناهێڵێت به‌ ئارامی له‌ شوێنێكدا كۆبنه‌وه‌، دارگوڵ بگرێ، نیشتمان یان شوێن نازی هاووڵاتی هه‌ڵبگرێت.
(گه‌نده‌ڵی) پۆشته‌ و قیت
به‌پێوه‌ وه‌ستاوه‌
چه‌پڵه‌ لێده‌دا
قاقا به‌ هه‌موویان پێده‌كه‌نێ
ده‌كرێ وێنه‌ی ئه‌و جومگانه‌ی درۆ به‌قیتی له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، پۆلین بكه‌ین به‌سێ قۆناغ، قۆناغی یه‌كه‌م، بنه‌ماكانی ره‌گه‌ كه‌ له‌ زه‌مینه‌یه‌كی گونجاودا نه‌شونما ده‌كات، په‌ل ده‌هاوێته‌ قۆناغی دووه‌م، له‌م قۆناغه‌دا درۆ دیداته‌ باڵا قه‌دی ناپاكی جێگیرده‌كات، له‌ قۆناغی سێهه‌مدا، رووه‌كی گه‌نده‌ڵی له‌ جۆره‌ها به‌ره‌وه‌ له‌ چه‌ندین لقه‌وه‌، به‌ر ده‌گرێت، ئه‌ویش كاتی تۆ توانیت، خودی خۆت وه‌ك قه‌دی ئه‌و داره‌، به‌سه‌رجه‌م خه‌سڵه‌ته‌كانی خراپه‌كاری متوربه‌ بكه‌یت، هه‌موویان یه‌ك به‌یه‌ك له‌ ناپاكیدا كۆكه‌یته‌وه‌، به‌پله‌ی ئیمتیاز پسپۆری له‌ هه‌موویاندا بهێنێت، ئه‌وسا وه‌ك گه‌نده‌ڵێك، ده‌توانی قیت له‌سه‌ر پێی خۆت بوه‌ستیت، یان چ كاتێ تیشكه‌ به‌هێزه‌كانی درۆ، توانی ئاوێزه‌ی دڵت ببڕی، ئه‌وسا ده‌توانێ تیشك شكانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ره‌نگه‌كانی تاوان له‌ دژوابوونێكدا، به‌چاوێك جوانی ببینێ، به‌ چاوه‌كه‌ی دیكه‌ گه‌وهه‌ری هه‌قیقه‌ت بشارێته‌وه‌، به‌چاوێك خۆت ببینێ، به‌چاوێك خه‌ڵكانی تر بسڕیته‌وه‌.

گه‌نده‌ڵی له‌نێو گه‌مه‌ی هاودژه‌كاندا خه‌سڵه‌تی دوو رووی هه‌ڵگرتووه‌، گه‌ر له‌ رووكه‌شدا باسی ئابڕوو بكات، ژێراوژێر له‌بێ ئابڕوویدا نغرۆبووه‌، گه‌ر به‌رۆژی نیوه‌ڕۆ له‌نێو ئایندا بانگه‌شه‌ی ئیمان بكات، له‌نیوه‌شه‌ودا كوفر ده‌كات، گه‌ر له‌ شوێندا به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك خۆی به‌ڕووی راسته‌قینه‌ی نیشتمانه‌وه‌ هه‌ڵواسێت، به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌ نیشتمان ده‌فرۆشێت، شوێن ده‌كاته‌ ناشوێن، دیده‌نی ده‌كاته‌ چاوه‌ڕوانی، راستینه‌ ده‌بێته‌ ئه‌فسانه‌. كه‌ باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵ ده‌كات، به‌ زمانی كۆمه‌ڵه‌وه‌، به‌منی قسه‌كه‌ری تاك، باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌كات، له‌ فه‌رمان و ئه‌ركی سه‌رشانیدا، هیچ كارێك ناكات، گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی تێدا نه‌بێت، پێشێلی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر نه‌كات، جیاوازی گه‌نده‌ڵ و تاوانكار یاخود ناله‌بار یان نه‌گونجاو له‌وه‌دایه‌، ره‌نگه‌ تاوانكار ته‌نیا له‌ئاستێكدا خه‌تاباربێت، به‌ڵام گه‌نده‌ڵكار له‌ گشت ئاسته‌كاندا تاوانكاره‌. ده‌كرێ كه‌سێك، له‌ رووی یاساوه‌ تاوانباربێت، دزبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دزییه‌كه‌، ئامانجی مرۆیی به‌دواوه‌ بێت، په‌یامی گێڕانه‌وه‌ی ماف و قووتی دزراوی هه‌ژاران بێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ نابێته‌ گه‌نده‌ڵ. نموونه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فیلمی «بۆنی كلاید»دا به‌دی ده‌كه‌ین، كلاید داهاتی دزییه‌كه‌ی بۆ خۆی نه‌برد، به‌سه‌ر هه‌ژاراندا، دابه‌شی كرد، له‌ مێژووی كلاسیكیشدا «رۆبن هود»مان هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێ بكوژ بێت، گه‌نده‌ڵ نه‌بیت وه‌ك «راسكۆلینكۆف» پاڵه‌وانی رۆمانی «تاوان و سزا»* ی دۆسۆیڤسكی له‌تاوانكار رۆحی قوربانیدان هه‌یه‌، ئه‌م له‌ پێناو مافی ئه‌واندا، خۆی به‌خت ده‌كات. گه‌نده‌ڵ، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی، گشت ده‌كاته‌ قوربانی خۆی، ئه‌م له‌تێریدا، گاڵته‌ی به‌برسێتی دێ، له‌ ماته‌مینیدا، چه‌پڵه‌ی خۆشی لێده‌دات، له‌گه‌ڵ پێكه‌نین گه‌مه‌ ده‌كات، به‌چه‌پڵه‌لێدان متمانه‌ بۆ خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ خۆشیدا، بڕواناكات خولی سه‌رجه‌م ره‌نگه‌كانی ناپاكی بڕیبێت، چه‌پڵه‌، چه‌پڵه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌، تۆ له‌ دۆزه‌خێكدا، برۆا به‌ درۆزن و گه‌نده‌ڵێك ده‌كه‌یت.
له‌ كۆتاییدا ته‌یب جه‌بار شاعیرێكه‌، ده‌زانێ چیی ده‌نووسێت، بۆ ده‌نووسیت، چ بارودۆخێك هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌دنیای شیعردا، ئاساواری چ داكه‌وتێك به‌جێده‌هڵێت، به‌ چ گۆشه‌نیگایه‌ك، پێدراوه‌كانی رووداو وه‌ك خه‌ونێكی مێردمنداڵی، ئاوێته‌ی راستینه‌ و خه‌و و خه‌یاڵ ده‌كات، له‌نێوان خه‌ون و زینده‌خه‌وندا په‌نا بۆ ئه‌فسانه‌ ده‌بات تا دووباره‌ ته‌نگه‌ژه‌ی مرۆڤ و ئه‌زموونه‌كانی، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بخاته‌روو كه‌ ته‌ژیه‌ به‌ كۆسپی شارستانی، به‌نامۆبوون له‌شوێندا.

عه‌لی شێخ عومه‌ر

—————————————-

ژێده‌ره‌كان:
1 ـ ته‌یب جه‌بار ـ مروارییه‌كانی سێبه‌ر و سایه‌ ـ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ـ ژماره‌ 8138 سێشه‌ممه‌ 14/7/2020 ـ لاپه‌ره‌ 5
2 ـ عبدالرضا علی ـ الاسطوره‌ فی شعر السیاب ـ جمهوریه‌ العراقیه‌ وزاره‌ الثقافه‌ والفنون ـ السنه‌ 1978 ـ ص15
3 ـ نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د ـ تیۆری بونیادی شاراوه‌ ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، شه‌قامی گوڵان، هه‌ولێر ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵ 2008 ـ لاپه‌ره‌ 19
4 ـ هاشم صالح ـ له‌نێوان «بلیمه‌تی» و «شێتی» دا ـ وه‌رگێرانی نوزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ـ زنجیره‌ی كتێبی گیرفان ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م «23»ـ ساڵ 2002 ـ لاپه‌ره‌ 35
5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ دوا خه‌نده‌ی دیكتاتۆرـ چاپخانه‌ی كارۆـ ساڵ 2020 ـ لاپه‌ره‌ 238
6 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووـ لاپه‌ره‌ 222
7 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ناشوێن ـ چاپخانه‌ی كارۆـ ساڵ 2019 ـ لاپه‌ره‌ 155
8 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ئایدۆلۆژیست ـ چاپخانه‌ی كارۆـ ساڵ 2019 ـ لاپه‌ره‌ 61
*بۆ زیاتر زانین سه‌یری ماڵپه‌ری ئه‌نترنێت بكه‌، فلمی سینه‌مای بۆنی كلاید، له‌ساڵی 1967 دا به‌رهمهێنراوه‌، ده‌رهێنان ئه‌رسه‌ربین، نواندن مارن بێتی، رۆلی كلاید ده‌گێرێ. فای دۆناوی رۆڵی بۆنی ده‌گێرێت، براوه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاتی ئۆسكاره‌، له‌نێو باشترین سه‌د فلمی ئه‌مریكی دا، پله‌ی بیست و حه‌وته‌مین فلمی به‌ده‌ستهێناوه‌.
** بۆ زیاتر زانین سه‌یری ماڵپه‌ری ئه‌نترنێت بكه‌، فیودۆر دۆستۆیه‌ڤسیكی، ڕۆمانی سزاو تاوان، له‌ ساڵی 1866 دا نوسراوه‌، له‌ سه‌ره‌تادا، مانگانه‌ له‌ دوانزه‌ به‌شدا بڵاوبوه‌وه‌، دواجار بوو به‌كتێب، پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه‌ رۆدیۆن رۆمافیتش راسكۆلینكۆف ه‌، ته‌مه‌نی بیست و سێ ساڵه‌، قوتابی زانكۆبوو، ئه‌م كه‌سه‌ دوولایه‌ن بوو، به‌لایه‌ك دووره‌ په‌رێزو ساردوسرو دژ به‌كۆمه‌ڵ بوو، به‌لایه‌كه‌ی تر گه‌رم وگوڕو پڕ له‌ به‌زه‌یی بوو.