مەسعود بارزانی بەرپرسی سەرەکیی ئەم داڕمانەیە! .. ڕێبوار ڕەشید

هەر وەکوو دڵسۆزان پێشبینییان دەکرد دۆخی باشوور تا دێت خراپتر دەبێت.
باسەکان لە سەر ئاوەدانکردنەوەی باشوور و پێشخستنی خوێندنگا و نەخۆشخانە و بەنداو و ڕێگاوبان نیین. هەروەها لە سەر باشکردنی دۆخی ژنان و لاوان نیین، بەڵکو لە سەر مووچەی مانگانەیە کە بە هەزار قات لای دەسەڵاتداران هەیە بەڵام بێگومان بە ئێنقەست بە خەڵک نادرێت.
با بۆ چاوترووکاندنێک واز لە نەوت و گاز و گومرگ بهێنین ئەگەرچی داهاتی ملیارد دۆلاریین.
با باس لەوە بکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ژێر دەستی کۆمەڵێک تاڵانچی بێئەدەب و بێڕەووشتدا نەبووایە ئەوا هەر کوردی باشووری دانیشتووی دەرەوەی وڵات دەیتوانی دەیان جار هەموو باشوور بژیەنن.
تێبینیی بکەن کاتی خۆی ئیسرائیل سەحرایەکی کاکی بە کاکیی بوو. جوولەکەی نیشتیمانپەروەر دەستیان خستە نێو دەستی یەک و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئیسرائیلیان کرد بە خاوەنی ملیاران دۆلار و ئەوڕۆ ئیسرائیل ئەو وڵاتەیە کە دەیبینین. شانازیی کەسایەتیی جووەکان بە دروستییەوە ئەوەندە بەرزە کە شای هیچ کەسێک بە گاوان را ناگرن.
بەڵام بڕووانن، باشوور کە فیردەوسی بەرین بوو بە دەستی ئەم تاقمە سەرسەریە شەڕلاتانەوە چۆن وێران بوووە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم لە دۆخی سرووشتییدا بووایە و کۆمەڵێک سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر کە مووچەی دروستیان هەبووایە و کاری خۆیان وەکوو کارمەندی خزمەتگوزاریی بەجێبگەیەندایە ئەوا لە رووی ئابوورییەوە کوردانی دانیشتووی باشوور لە دەرەوەی وڵات بۆ بەڕێوەبردنی بەس بوون.
ئێستا لە دەرەوەی کوردستان سەدان هەزار مرۆڤی کوردستانیی هەر چوار پارچەی کوردستان هەن. هەرە زۆرینەی ئەم سەدان هەزار کوردە لە باشووریی و ڕۆژهەڵاتیی و باکووریی و ڕۆژئاوایی و شوێنی دیکە خەڵکی دڵسۆزن و کوردستانیان خۆش دەوێت و تینووی ئازادین. هەموو باشووریان بە قیبلەی خۆیان دادەنا و سوێندیان پێی دەخوارد و شانازییان پێوە دەکرد.
ئەگەر دۆخی باشوور ئازادیی و سەقامگیریی و ئاشتیی بووایە کە کوردانی دەرەوەی وڵات بیانەوێت دڵخوازانە بە ئازادیی هاتوچوو بکەن، خانووبەرە دروست بکەن و بە ئازادیی بازرگانیی بکەن، ئەوا بازاڕێک لە باشوور دروست دەبوو کە ئێستا باشوور یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەکە بوو. هەر سەردانی ئەم ژمارەیە دەبوو بە کار و بە هەلی خۆبژێوی بۆ دەیان هەزار لە کارمەندی ڕێگاوبان و فڕۆکەخانە و هاتنوچوون. ڕۆژانە بە دەیان ملیارد دۆلار لە بازاڕەکاندا لە ناو خەڵکدا دەستاودەستیان دەکرد. جووڵەیەکی لەو شێوە دەبوو بە مۆتۆڕێکی بەهێز کە کەرتی گەشتوگوزاری بە تەواویی دادەمەزراند و باشوور دەیتوانی هەروەها بە دەیان هەزار کرێکاری ڕۆژهەڵاتیی و باکووریی لە خۆ بگرێت و ببێت بە پشتوپەنای پارچەکانی دیکە. ئەم جۆرە لە بازاڕ هەروەها کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریی پێشدەخست، پێوەندیی لە ناو خەڵکدا بەهێزتر دەکرد و دەبوو بە هۆی تێکشکاندنی پێوەندییە عەشیرەیەتیەکان و دروستکردنی پرینسیپی مامەڵەی بازرگانیی سرووشتیی.
ئەم جۆرە زەمینەسازییەی ژێرخانی ئابووریی کاریگەریی زۆر گەورەی پۆزەتیڤی لە سەر باشکردنی کەرتی خوێندن و تەندروستیی هەیە، چون خوێندن پێشمەرجی بازرگانیی و ئاڵوگۆڕی سەرکەوتووە و کەرتێکی تەندروستیی خۆڕایی/ هەرزان زامنی هەبوونی خەڵکێکی تەندروستە کە دەتوانن بیر بکەنەوە، کار بکەن و بەرهەمبهێنن و باوەڕیان بە ئاییندە هەبێت.
بەڵام ئەم بیرە تا بڵێی خراپە و بێگومان چارەسەر نییە.
چارەسەر نییە، چونکە ئەو کاتە مەسعود بارزانی و خانەوادەکەی نەیاندەتوانی بە سەدان ملیارد دۆلار بدزن و سامانی خەڵک تاڵان بکەن، نەیاندەتوانی نیوەی هەولێر و دهۆک داگیر بکەن، نەیاندەتوانی هەموو بازاڕەکان لە مەسینەی پلاستیکی تورکیی و ئێرانییەوە تا ماشێنە گەورەوگرانەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیان، چونکە مەسعود نەیدەتوانی سەری ڕەش داگیر بکات، نەیدەتوانی بە دەیان چەناڵی تەلەڤیزیۆن بۆ ریکلامی خانەوادەکەی بکاتەوە کە هەر یەکەی بە ملیارد دۆلار خەرجی هەیە، ئەو کاتە نەیاندەتوانی مووچەی چەند هەزار دۆلاری بە هەر یەک لە کارمەندانی تەلەڤیزیۆنەکانی بدات و چاکەت و پانتۆڵی تورکییان لە بەر بکات کە بێن و وەکوو ئەکتەری سینەمایی خۆیان نمایش بکەن بۆ ئەوەی باسی پیرۆزیی عەرشی خانەوادەکەی بکەن.
تێبینیی بکەن و سەرنجی جلوبەرگی کارمەندی تەلەڤیزیۆنەکانیان بدەن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و مووچەی خەیاڵیی کارمەندی تەلەڤیزیۆنەکانیان ببینن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و بپرسن مووچەی ئەم هەموو قونبادان و خۆتەسککردنەوە و خۆڕەنگکردن و خۆنوواندنەی سەحنەی تەلەڤیزیۆنەکان بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و لە مووچە و دەرماڵەی جێگری سەرۆکەکان و وەزیرەکان و پارلەمانەکان بڕووانن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و لە مووچە و دەرماڵەی قایمقام و پارێزگا و کوێخا و نۆکەرەکانی دیکەیان بپرسن، لە ئوتومبێلی ژێریان و لە خانووبەرە و لە زێر و خشڵیان، لە سەفەری گەرمیان و کوێستانیان بڕووانن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینی بکەن و لە هەموو ئەو کۆشک و تەلارانە، لە گردە داگیرکراوەکان و لە کێڵگا نەوتە داگیرکراوەکان و لە باخە داگیرکراوەکان بڕووانن و بپرسن لە سەر حیسابی کێ؟
تێبینی بکەن و بپرسن ئایا لە مەسعود بارزانییەوە تا بچووکترین کادێری ئەوی پێی دەگوترێت “پارتی” یەک دانە هەیە کە دزی لە سامانی گشتیی نەکردبێت، پارەی خەڵکی نەخواردبێت، لە رێگای جاسووسیی و سیخوڕیی و خۆفرۆشییەوە ئەو مەقام و پلەوپایەی دەست نەکەوتبێت؟
ئایا ئێوە سەرنجی چاکەتوپانتۆڵ پۆشە بەکرێگیراوەکان و خەڵکی گشتیی باشوورتان داوە و کۆنتراستی نێوانیان دەبینن؟
ئایا کێ پرسیار ناکات ستراکچەری سەیروسەمەنەی ئەم حیزبانە کە لە سەرەوە تا خوارەوە مانگانە بە ملوێن دۆلار لە سەر سامانی گشتیی دەکەون، بە ئەقڵی کام گەڵوگیپاڵێک دارێژراوە؟ ئایا لە کوێی دونیای شارستانییدا سەرۆکی حیزبەکان تا ئەندامەکانیان لە سەر حیسابی سامانی گشتیی دەخۆن و دەخۆنەوە و دەلەوەڕێن؟
هەموو ئەم ئوتومبێلە گەورەوگرانانە، هەموو ئەم پاسەوان و نۆکەر و کڵفەتانە، هەموو ئەم سپا بندیوارە و ئەم خوان و سەفەر و خۆلێسانەوەیەی سەرۆکەکان تا بە کادێرە بچووکەکانیان دەگات، بە پارەی کێ دەکرێت؟
ئایا یەک کەس لە ناو ئەوانەدا هەیە کە بتوانێت بە پشت و سەری ڕێکەوە ڕابووەستێت و ئامادەی دادگا بێت کە پارەی نەدزیبێت، لە سەر پارەی دزراو نەژیابێت، کە خانووبەرە و زەویوزاری لە سەر خوێنی خەڵک دەستنەکەوتبێت، کە بە خۆسووککردن و نۆکەریی ئیمتیازی بۆ خۆی و دەوروبەری وەرنەگرتبێت، کە بە درۆودەلەسە و بە بەڵگەنامەی درۆ و لە سەر خوێنی خەڵکی بە توانا پلەوپایەی خۆی وەرنەگرتبێت؟
باشوور ئەوڕۆ کراوە بە زیندان بۆ باشوورییە سەربەرزەکان، باشوور ئەوڕۆ گەورەترین زیندانی ئاکرێ یە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وەکوو مرۆڤ لە دۆخی دەستپاکیی و سەرڕاستییدا بە ئازادیی بژین.
کێشەکە زۆر زیاتر لە نەبوونی مووچە گەورەترە. هۆی برسیکردنی ئەم گەلە بۆ ئەوەیە کە مەشغوڵی بکەن کاتێک کە بەهدینان تەسلیم بە سپای تورک دەکرێت، کاتێک کە کەرکووک بە ترکمانیی دەکرێت، کاتێک کە کاپمی مەخموور و شەنگال تەسلیم بە سپای ئێراقیی دەکرێن.
پیلانەکە هەر بە تەنیا بۆ شکاندنی شانازیی ئازادیخوازیی خەڵکی باشوور نییە ، بەڵکو بۆ شکاندنی تەواوی کوردستانە.
بێ ئابڕوویی ئەوانە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە خەڵکی نیشتیمانفرۆشراو و سامان تاڵانکراو دەڵێن “ئێوە بێ مۆڵەت خۆپیشاندان دەکەن”. لە راستییدا پێیان دەڵێن بڕۆن بە سەما و هەڵپەڕکێوە باسی زگی برسی و رەنجی بەبادچووتان بکەن.
تاڵانچییەکان بە خەڵکی ئابڕوومەند دەڵێن برۆن بە هەڵپەڕکێیوە باسی ئازاری ددانتان بکەن، بە سەماوە باسی ورگی برسی منداڵانتان بکەن، بە گۆرانیی چڕین و هەلهەلەوە باسی وڵاتێکی سووتاو و فرۆشراو و تاڵانکراو بکەن. بەڵێ، پێیان دەڵێن “کوا مۆڵەتان؟’ ” بۆ بە شارستانیی ڕێ ناپێون؟”
دروست لە هەمان کاتدا ئەم تاقمە تاڵانچیەیە بە بەرچاوی هەموو کوردەوە، هەموو ئێراقەوە، هەموو ناوچەکە و جیهانەوە شەنگالێکی خوێناویی و قوڕاوی بچکۆلە و کامپی مەخموور، تەنەکەئاواییەکی مەلۆتکە و حەفتاساڵە، تەسلیم بە سپای ئێراق دەکات و لە بژاردەی نێوان عەسکەری ئێراقی لەگەڵ کچ و کوڕانی ئێزیدی و مەخموورییدا، ئەم عەسکەری ئێراقی هەڵدەبژێرێت.
دروست لە هەمان کاتدا کە خەڵکی دهۆک و زاخۆ و هەولێر وەکوو باڵندەی باڵشکاوی ژێر لێزمەبارانێک، وەکوو دوا هەناسەکانی چرای بەر رەشەبایەک و وەکوو دوا چاوترووکاندنی دایکێک لە سێبەری مەرگی خۆیدا و تەنیا باڵێک دوور لە کۆرپەکەی، لە ئومێدی ئەوەدان هێزێکیان بێتە بەر کە عەرشی ئەم تاقمە تاڵانچییە بێئابرووە لە بنوبێخ دەربهێنن و سەدان جار بیبەن بە ئاسماندا و بیدەنەوە بە ئەرزدا.
ئاخ خەڵکی ئازادیخوازی باشوور کەی بە ناخێری گیانتان فێر دەبن کە بە قونبادان و ورگ هەڵتەکاندن و هەییهەی و چەهچەهەی ‌بولبولئاسا و هەڵپەڕکێ و قاقای پێکەنین و دەست بادانەوە مۆڵەتی خۆپیشاندان وەربگرن و بە قاقای پێکەنینەوە داوا بکەن دەریایەک خوێن و سامانی خاکتان بدەنەوە؟

ڕێبوار ڕەشید
9/12-2020

تێبینیی:

  • بۆ باش تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای باشوور و تێگەیشتن لە پێوەندیەکانی دەسەڵات و لە بەرپرسیاریەتیی پێویستە دەسەڵاتەکانی “سەرۆکی هەرێم” و “سەرۆکی حکومەت” بخوێندرێتەوە.
  • ئەگەر تا ئێستا نووزەیەکی مامەڵەی کرین و فرۆشتن لە باشوور هەیە بە هۆی ئەو پارەیەوەیە کە زۆینەی کوردانی باشوور لە نزیکەی 30 ساڵی ڕابردوودا بە پێی توانای خۆیان بە مەبەستی هاوکاریکردنی خانەوادە و کەسوکاریان بۆ باشووری دەنێرن. ئەوە تەنیا پارەیەکە کە وەکوو دراوی قورس دەچێتە کوردستان، بە پێچەوانەوە، تالانچییەکان هەموو پارەیەکی باشوور لە شێوەی دراوی قورسدا ڕەوانەی ئوروپا و ئەمریکا دەکەن.



ستەمکاریی و گەمژەیی .. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییە ستەمکارەکان، وەک ئەوەی لە هەمان منداڵدانەوە هاتبن و بە هەمان شیر گەورە بووبن،
هەموویان هەمان حەماقەت و هەمان غروری بۆش داگیریان دەکات.
هەموویان تا دواهەمین خولەکەکانی دەسەڵاتیان، پێیان وایە:
تەنها ئەوان دڵسۆزی ڕاستەقینەی گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوان خۆشەویست و سیمبولی پیرۆزی تێکڕا یان زۆرینەی خەڵکن،
تەنها ئەوان فریادڕەسی ژیانی کۆمەڵگا یان ڕاگری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
تەنها ئەوان پارێزەری گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوانن خاوەن دانایی و بلیمەتییەکی بێوێنە،
تەنها ئەوانن قارەمان و ئازا و چاونەترس،
تەنها ئەوانن خاوەن هێز و قودرەت، هێز و قودرەتێکی لەشکان نەهاتوو.

ئەوەی سەرەوە هەست و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و خۆسەپێنە سەبارەت بە خۆیان و کۆمەڵگاش.

لە کاتێکدا ئەوان ناپاکی ڕاستەقینەن بە گەل و نیشتمان،
ئەوان بێزراو و مایەی نەفرەتی زۆرینەی خەڵکن،
ئەوان وێرانکەری ژیانی کۆمەڵگا و ڕوخێنەری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
ئەوان سەرچاوەی هەڕەشەی داڕمانی هەمەلایەنەی گەل و نیشتمانن،
ئەوان لە نێو نادانیی و گەمژەییەکی بێوێنەدا گیریان خواردووە،
ئەوانن ترسنۆک و خۆحەشاردەر،
ئەوانن خاوەن هێزێکی فشۆڵ و ساختە، هێزێک کە هەرسات لە ئەگەریی شکان و هەڵاتندایە.

واتا لە وەهمێکدا دەژین کە ڕێک پێچەوانەی ژیانی واقعیی و ڕاستەقینەی خۆیان و کۆمەڵگایە.

بازنە هەرە بچووکەکەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتی بە چەند بازنەیەکی کەمێک فروانتر دەورەدراوە و ئیشی ئەو بازنانە لەو جۆرە سیستم و حوکمڕانێتییانەدا ئەوەیە کە هەم بەرهەمهێنەری ئەو هەست و تێگەیشتنە وەهمییەی دەسەڵاتدارانن لە هەمبەر خۆیان و جڤات، هەم تیۆریزەکەری ئەو وەهمەن ڕووە و دەسەڵاتداران و جڤات بەو ئامانجەی بەرگی حەقیقەتی بەباڵادا ببڕن. ئەو بازنانە لە پلەدارە بەرزە سەربازییەکانەوە بیگرە بۆ شیکەرەوە و نووسەرە سیاسیی و ئابوورییەکان کە تەواوی لۆژیکی نێو کایە مۆنۆپۆڵکراوەکانی ئابووریی، سیاسیی و دەزگاکانی پڕوپاگەندە “لەم جۆرە سیستمانەدا دەزگا مێدیاییەکانی سێبەر و خزمەتکاری دەسەڵاتداران لەوە دەکەون پێیان بگوترێ مێدیا، بەڵکو دەبنە دەزگای پڕوپاگەندە” دەگرێتەوە. کە هەڵبەت لە خوار ئەو چەند بازنەیەشەوە چەند بازنەیەکی دیکە دێن کە کاریان ووردکردنەوەی ئەو حیکایەت و وەهمانەیە کە خۆیان لە کادێرە ناوەندییە سیاسیی و ئابووریەکان لەگەڵ بەرپرسە مێدیایی، هەواڵگریی و چەکدارییەکاندا دەبینێتەوە.
ئەمانە هەموو پێکڕا بەشداریدەکەن لە هەڵچنینی ئەو کۆشکی وەهمەی کە هەست و دەروونی دەسەڵاتداران لە ئارامییدا ڕادەگرێت. واتا ئارامیی و ئاسوودەییەک کە لە خۆگێلکردن لە ژیانی واقعیی جڤاتەوە و لە وەهمی بینین و تێگەیشتنەوە لە خواستی ڕاستەقینەی هاونیشتمانییانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە لەم جۆرە سیستمانەدا ئەوەی دەسەڵاتداران و ئەو چەند بازنەیەی دەوریان داگیردەکات، گێلێتیی و وەهمێکە کە تا ئاستی حەماقەت و گەمژەیی دەیانبات.
لێرەوەیە لە نێو سیستمە سیاسییە ستەمگەرەکاندا، هەر جۆرێکی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لەوێشەوە سەربازیی، ئیداریی و تەنانەت ئابوورییش، جۆرێک لە حەماقەت یان گەمژەیی بۆ کەسی دەسەڵاتدار دەهێنێت. درێژەکێشانی هەرچی زیاتری زەمەنی هەر کەسێک لە نێو ئەتمۆسفیری دەسەڵاتدارێتییدا، دواجار دەبێتە هەرچی زیاتر گەورەتر بوونی بڕی ئەو حەماقەت و گەمژەییە. زەقترین نموونەی ئەم جۆرە لە حەماقەت و گەمژەییش ڕستە بەنیوبانگەکەی ماری ئەنتۆینێت “١٧٥٥-١٧٩٣” شاژنی فەڕەنسایە، کاتێک لە وەڵام بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاونیشتمانییانی برسییدا، دەڵێت: با کێک بخۆن”Let them eat cake”.

جۆرج ئۆروێل “١٩٠٣-١٩٥٠” لە ڕۆمانە بەنێوبانگەکەیدا “١٩٨٤” وورد و جوان تابلۆی ئەو سیستمە ستەمگەرەمان بۆ دەکێشێت کە دەزگاکانی و بەرپرسەکانییان “هەڵبەت بە کاری کارمەند و کادێرانییان” لە هەڵگێڕانەوەی حەقیقەت و ئاوەژووکردنەوەی هەموو شتێکدا لە نێوکۆیی گوتارە سیاسیی و مێذیاییەکەی سیستم، حزب و بیگ برەزەدا چۆن “ئاشتی، ئازادیی و هێز دەبنە جەنگ، کۆیلایەتیی و نەزانیی”*.

چیرۆکی کەوتنی بن عەلی لە تونس، موبارەک لە میسر، قەزافی لە لیبیا لەم چەرخەدا و مۆسۆلۆلینی لە ئیتالیا، چاوسیسکۆ لە ڕۆمانیا، حەمەڕەزا شا لە ئێران، پینۆشێ لە چیللی و پۆڵپۆت لە کەمبۆدیا، لە سەدەی بیستدا چەند نموونەیەکی کەمن لە مێژووی دەسەڵتدارێتییە سیاسییە ستەمکارەکاندا کە چیرۆکی کەوتنی هەموویان وەک ئەوەی هەمان چیرۆک بن و هەمان کەس نوسیبێتی چونکە هەمان حەماقەت و گەمژەیی بەرهەمهاتووی وەهمی دەسەڵاتدارێتیەکەیان تانوپۆی تەنیون.

دەسەڵاتدارانی ستەمکار، نەوەکو تا دواهەمین ساتی داڕمانی ئیمپراتۆرێتییەکەیان، هێشتا بە قووڵی لەنێو ئەو وەهمەدا چەقیون کە سەرلەبەری تێگەیشتنییان ئاوەژووەدەکاتەوە، بەڵکو لە ساتی کەوتنیشیاندا و دواتریش لە ساتی دادگاییکردن و تیربارانکردنیشیاندا هەموو ئەو ماجەرایە وەکو خەو دەبینن و باوەڕ بە چاو و گوێی خۆیان ناکەن.

………………………………………………

*”ئاشتیی جەنگە – کۆیلایەتی ئازادییە – نەزانیی هێزە war is peace – freedom is slavery – ignorance is strength ” سێ دروشمە سەرەکییەکەی نێو سیستمە سیاسییەکەی بیگ برەزە “برا گەورە” ن.




مودێله‌كان وه‌ك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی .. دكتۆر حیكمت نامیق

مۆدێلی جل و به‌رگ ،نمایشی جه‌سته‌ ، جوانی روخسارو باڵا ،یا هه‌ر جۆرێكی تر ،بۆته‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێكی زۆری مرۆڤ موماره‌سه‌ی ده‌كات به‌تایبه‌تی ڕه‌گه‌زی مێ ،له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ یا ڕاستر له‌ كه‌لتوری ئه‌وروپادا به‌ شێوه‌یه‌كی ترمۆدێله‌ ژنه‌كان كارده‌كه‌ن كه‌ڕه‌نگه‌هیچ په‌یوه‌ندی به‌مۆدێله‌كانی كورده‌وه‌ نه‌بێت . ئامانجی مۆدێله‌كان به‌گشتی په‌یداكردنی سامان و ناوبانگیه‌ ،كه‌ڕه‌نگه‌ ئه‌و ناوبانگیه‌ له‌داهاتودا بیكاته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی سینه‌مایی یا ڕاگه‌یاندكارێك یا ئه‌وه‌تا سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی.تیایدا كۆمه‌ڵێك ئامرازو میكانیزم به‌كاردێنن بۆ گه‌یشتن به‌و پێگه‌ مادی و سه‌رمایه‌ ڕه‌مزیه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا.له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ سۆشیاڵ میدیا ،كه‌به‌ درێژایی ئه‌وچه‌ندین ساڵه‌ ی ڕابردوو له‌كوردستان ڕۆڵی ئێجگار نێگه‌تیفی گێڕاوه‌ به‌جۆرێك هیچ سانسۆرێك نیه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ .

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌بكه‌ین هه‌موو ئه‌و مۆدێلانه‌ یا فاشنانه‌ به‌هه‌موو لق و جۆره‌كانیه‌وه‌ به‌رهه‌می دونیا ی مۆدێرنه‌و گلۆباڵ و سه‌رمایه‌داریه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ سه‌رمایه‌داری ئیش له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ تایپانه‌ ده‌كات بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دوباره‌ كه‌لتوری كۆمه‌ڵگا به‌شێوازێك كه‌یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ خواستی ئایدۆلۆژیای ئه‌و ، كه‌ دواجار ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان جێبیڵێ له‌نێو كایه‌كانی كه‌له‌توردا .ئه‌و جۆره‌ دیارده‌یه‌ بۆیه‌كه‌م جار له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا سه‌ریانهه‌ڵدا له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له‌شێوه‌ی كاركردنی ئافره‌تان له‌بواری دیزاین دواتر بۆ فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی بازرگانی و ڕیكلام و كاری بازرگانی و ڕیكلام كردن له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ئابور ی و ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان .مۆدێلی فاشن لای كۆمه‌ڵناسان زیاتر خۆی له‌ پۆشینی ستایلی تازه‌ ده‌بینیه‌وه‌ لای چینی باڵا دواتر ئه‌و جل و به‌گ پۆشینه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌ له‌ نێو چینه‌كانی تریش چونكه‌ جۆرێك له‌ دژایه‌تی دروستكرد له‌سه‌ره‌تاوه‌ .تا شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو مۆدێل و فاشنی پۆشینی جل وبه‌رگ له‌ چینی باڵاوه‌ هاته‌نیۆ چینی خوارو به‌تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌نجان له‌وباره‌یه‌وه‌ .ئه‌و جۆره‌ فۆرمه‌ی پۆشین بوه‌ نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هاته‌ نێو كۆمه‌ڵگا ،بوه‌ ورده‌ كه‌لتور له‌لایه‌ن توێژی گه‌نجانه‌وه‌ موماره‌سه‌ ده‌كرێ به‌شێوه‌ی جیاجیا به‌به‌كارهێنانی سۆشیاڵ میدیاو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان .

مۆدێله‌كان و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی : یه‌كێ له‌و میكانیزمانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بریتیه‌ له‌ خۆنمایشكردنی جه‌سته‌ له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌پۆشینی جۆره‌ها فاشۆنی جلوبه‌رگ بۆئه‌وه‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان په‌یدا بكات .كه‌ دواجاده‌بێته‌ سه‌رنجڕاكێشانی هه‌وادارانی و په‌یداكردنی كڕیار ،ئه‌وه‌ی كه‌جێگای سه‌رنجه‌ خوێندنه‌وه‌ی پشتی په‌رده‌ی كاری مۆدێله‌كانه‌ تیایدا كۆمه‌ڵێك گه‌مه‌كه‌ر ڕۆڵی تیادا ده‌گێرن كه‌ هه‌میشه‌ به‌شێوه‌ی نهێنی كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن ،به‌شێكی ده‌سه‌ڵات ئه‌وگه‌مه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌بینێت ئامانج لێی كه‌به‌تێگه‌یشتنی خۆی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕوی دونیادا به‌ڵام له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ ئازادی وكرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، پڕۆسه‌یه‌كی مێژوو كردی دورو درێژه‌ په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری خودی و بابه‌تی هه‌یه‌،ئه‌و جۆره‌ كرانه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌ میراتگری پرۆسه‌ی نێگه‌تیفی حیهانگیرو سه‌رمایه‌داریه‌ له‌ ئێستادا ئه‌زمونێكی ترسناكه‌ بۆ خه‌ڵك كه‌ گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی ئابوری وسایكۆلۆژی وكه‌لتوریه‌وه‌ بوه‌. به‌گشتی ئه‌و جۆره‌ له‌ نمایشكردنه‌ ناچێته‌ نێو, كۆنتێكستی گۆڕانكاریه‌وه‌ ، هه‌روه‌هائامرازێك نیه‌ بۆكاری جوانی و ئیستاتیكا ،گۆڕانكاری به‌كارهێنانی مۆدێل نیه‌ بۆله‌شفرۆشی وبزنس ، هه‌روه‌ك ئامانجێكی تریان ئه‌وه‌یه‌ گه‌نجان سه‌رقاڵ بكه‌ن ،كه‌ئه‌وه‌ش لای خۆیه‌وه‌ جۆرێك له‌دژبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو گه‌نجان دروستده‌كات ، تووشی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ده‌رونی وكۆمه‌ڵایه‌تی دۆخی نا ئارمی و ناهه‌موار ده‌كات ،به‌جۆرێك خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی به‌ره‌و ئاقارێك ده‌بات كه‌ كار له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری ده‌كات . دۆخێك دروستده‌كات لای گه‌نج كه‌ بیر له‌ تێركردنی حه‌زه‌ سێكسیه‌كانی بكاته‌وه‌ ،پركردنه‌وه‌ی كاتی به‌تاڵیان تیا به‌سه‌رده‌به‌ن كه‌ له‌ئێستادا بێكاری گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ بیر له‌رێگایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌، ڕوو له‌و شۆینانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیایدا ئه‌ومۆدێلانه‌ كارده‌كه‌ن یا ڕۆژانه‌ سه‌ردانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن دواجار ده‌بنه‌ ماشێنێك به‌ده‌ستی ئه‌و مۆدێلانه‌ ، به‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی توێژی گه‌نجان به‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته‌هۆی تێك چونی به‌رزه‌فتی كۆمه‌ڵایه‌تی و شله‌ژانی هاوسه‌نگی خێزان وچه‌ندین كێشه‌و گرفتی تر .

ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵانه‌،كچه‌مۆدێله‌كان ده‌كه‌نه‌ كاڵایه‌ك بۆ بازرگانی سێكسیی، كه‌ بێگومان خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ به‌شدارن له‌وپڕۆسه‌یه‌ ،به‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كاری بازرگانی وبزنس دواتر به‌كاری دێنێت تا ئه‌و كاته‌ ئاره‌زوه‌ مادی وشه‌هوانیه‌كانی تێرده‌كات. سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ومۆدێلانه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستده‌هێنن له‌كه‌سێكی شكستخواردوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ كه‌ڕه‌نگه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌شكستی ئه‌زمونی ژیانی كه‌سی ئه‌و مۆدێلانه‌ بێت قه‌ره‌بوی به‌مه‌ده‌كاته‌وه‌ ، ده‌یكاته‌ كه‌سێكی ئه‌كتیڤ له‌نێوداوده‌زگابیرۆكراسه‌كان حكومه‌ت ،هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌به‌خشێ ، له‌نێو كۆمه‌ڵگا ناوبانگ و پرستیژ ده‌بێت ده‌بنه‌ خاوه‌نی پێگه‌ و سه‌رمایه‌ی مادی و ڕه‌مزی ، ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستده‌هێنن .بۆنمونه‌ زۆرجار هه‌رپڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و ئابوری و ته‌نانه‌ت سێكته‌ره‌كانی تر به‌خانمه‌ مۆدێله‌كان ده‌سپێرن هه‌م بۆ په‌یداكردنی كلێنت و كڕیار هه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان .ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت سنوری هه‌موو ڕه‌وشت و به‌هایه‌كی تێپه‌ڕاندوه‌ . ئه‌گه‌رچی خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری كه‌لتوری و خه‌فه‌كردنی تاكی كوردیشه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ناكرێ نادیده‌ بگیرێت چونكه‌ ئه‌و كه‌لتوره‌ هه‌میشه‌ ئه‌و دیاردانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌ . مۆدێل له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ كه‌ رێساو سیسته‌م هه‌یه‌ به‌كارناهێنرێت له‌ژێر په‌رده‌ بۆ كاری له‌شفرۆشی به‌ڵكوئه‌وپاره‌یه‌ی كه‌ په‌یدای ده‌كات ،به‌ره‌نجامی كاره‌كانی خۆیه‌تی دواتر به‌شێكی ده‌كاته‌ پڕۆژه‌ بۆ كاری خێر خوازی و هاریكاری بۆ ئه‌وكێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌بێته‌وه‌ دواتر خه‌ونه‌كانی تری ده‌هێنێته‌دی به‌رێگایه‌كی ماقوڵ .له‌شفرۆشی و مۆدێل و فاشن دوو كاری زۆر جیاوازن ،به‌ درێژایی مێژوو له‌شفرۆشی هه‌بوه‌ وه‌ك كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی چونكه‌ دواجار ئه‌و دیارده‌یه‌ لاده‌ره‌، پێگه‌یه‌كی نزمی هه‌یه‌ له‌نێوستره‌كتوری كۆمه‌ڵایه‌تیدا لێره‌ هه‌ردوو پیشه‌كه‌ ئاوێته‌ی یه‌ك بوون ، به‌ڵام كاری مۆدێل ته‌واو پیشه‌یه‌كی جیاوازتره‌ .




چاوپێکەوتنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ کامل احمد …

چاوپێکەوتنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ کامل احمد لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان

ئاڕاستە: لە چەندین شاری کوردستان دووبارە خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردۆتەوە، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

کامل احمد: وەکو هەموومان دەیبینین، لەم ڕۆژانەی دواییدا جارێکی تر جەماوەری بێبەش و ناڕازی کوردستان لە زۆنی سەوزدا لە بەرامبەر نەبوونی مووچە دا هاتنە مەیدان و بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕی. ناڕەزایەتیەکان بە گردبوونەوە و بانگەوازی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و تەشەنەی کرد بۆ بەشێکی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان. لە بەشێک لەو شوێنانە ئاگربەردرایە بارەگای حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، بە تایبەتی هەرسێ حزبی بەشداری “حکومەت”. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و چەکدارانی بارەگاکانی حزبەکانیش دەستیان لە خۆپیشاندەران نەپاراستووە و تەقەیان لێکردوون چەندین خۆپیشاندەر گیانیان لە دەستداوە و چەندینی تریش برینداربوون. هاوکات هێزەکانی دەسەڵاتداری شاری سلێمانی کەناڵی ئێن ئار تی یان بە زەبری چەکەکانیان داخست. لە هەولێر و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و زۆنی زەردیش دەسەڵات، لەژێر پیادەکردنی ئەوپەڕی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی موتڵەقدا، تا ئێستا توانیویەتی بەر بە هاتنەمەیدانی خەڵکی بێبەش بگرێت، تۆقادنێک کە خەڵک لە بەرامبەر کامێرای تەلەفزیۆنەکانیشدا ئامادەنەبوون یەک قسە بکەن و هەموویان خۆپارێزیاندەکرد لەوەی گوزارشت لە باری ژیان و گوزەرانیان بکەن. ئەمە دەکرێت ڕووی دەرەکی و ڕواڵەتی مەسەلەکە و ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بێت، بەڵام با بزانین مەسەلەی سەرەکی چیە.

بە جیا لەوەی کە خواستی مووچە، خواستی بەرحەق و حاشاهەڵنگری هەموو کرێکاران و مووچەخۆرانی کوردستانە و لەبەرامبەر کارێک دا کە دەیکەن، و بە قەولی بورژوازیش خۆیان بێت واجبێک کە جێبەجێی دەکەن، دەبێت کرێیەکیش وەربگرن، واتە مافیان هەبێت. بەڵام دەبینین کە لەژێر ڕەحمەتی پڕۆژە “چاکسازیەکانی” ئەم بە ناو حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەرک و بەرنامەکانی بانک و سندوقی نەختی نێودەوڵەتیدا، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ کرێکاران و بێبەشانی کوردستان مافەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەکەونە ژێر ڕەحمەتی بێکاری و سەعاتکاری زۆر و کرێی کەم و لەژێر ڕادەی هەژاری یەوە ڕادەگیرێن. هەموو داهات و سامانی کۆمەڵگاش لە دەستی کۆمپانیا حزبیەکانی سەر بەم حزبانەدا کۆبۆتەوە و لەسەر حسابی سفرەی خاڵی کرێکاران سەرمایەکانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. مەسەلەی سەرەکی و بابەتی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و بەشمەینەتانی کوردستان بۆ مووچە و باشبوونی باری گوزەرانیانە، بەڵام هەر زوو لە لایەن ئەحزابی بورژوازییەوە لە کۆمەڵگادا ئاڕاستەکانی یاری پێدەکرێت و دەبزوێنرێت و لە ڕێڕەوی خۆی لادەبرێت و ئەوەی لە دواجاردا باسی نامێنێت ئەو داوا سەرەکیەیە کە خەڵک بۆی هاتۆتە مەیدان.

ئاڕاستە: ئەتەوێت بڵێیت کە خۆپیشاندانەکان ئاڕاستەکراون؟

کامل احمد: بزووتنەوە چینایەتیە جیاوازەکان لە کۆمەڵگادا، بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە. هەر بزووتنەوەیەکیش بە دوای بەرژوەندیە چیانیەتیەکەی خۆیەوەیەتی و دەیەوێت پایەکانی خۆی جێگیربکات. بۆیە ئاڕاستەکردنیش لە چوارچێوەی ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیەدا مانا پەیدادەکات. ئێمە ئەگەر لەوە گەیشتین، ئەوا بە ساناییش ئەوە قبوڵدەکەین کە بورژوازی هەمیشە خەریکی ئاڕاستەکردنی ناڕەزایەتیەکان و جووڵانەوەی فراوانی بێبەشانی کۆمەڵگایە و بە قازانجی خۆی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنیەتی. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ئاڕاستەکردنە ئەو تەرحەی بورژوازی کوردە، بە بەشێک لە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، کە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان تەسلیم بە دەسەڵاتی بورژوازی کۆنەپەرستی ئیسلامی و قەومی لە بەغدا بکەنەوە و تەپڵی ئەوە لێبدەن کە ئەمە تەنها ڕێگاچارەیە.
ئەم تەرحە تەرحێکی بورژوازی کوردە و ئاڕاستەیەکی فراوانیشە. لەهەلومەرجی ئێستادا بە ئاشکرا ئەم تەرحە دەبینرێت و تەنانەت بۆ بردنە پێشەوەی خەریکی سەروگوێلاک شکاندنی یەکترن چ لە ناو حزبەکانیاندا و چ لە ناو پەرلەمانە کارتۆنیەکەیاندا. بۆیە لە غیابی هێزی یەکگرتووی پڕۆلیتاریا و ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و لە نەبوونی ڕێگاچارەیەکی تر و هیوایەکی تردا خەڵک بە ناچاری شوێن ڕێگاچارەی گەڕانەوە بۆ باوەشی دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی بەغدا دەکەون و کازمی دەست سوور بە خوێنی سەدان گەنجی ناڕازی عێراق وەک فریادڕەس و “گۆدۆ” چاولێدەکرێت. ئەگەر پڕۆلیتاریا هۆشیار بێت بە بەرژەوەندی چینایەتی خۆی، هەر زوو هۆشمەندی ئەوە پەیدا دەکات کە ئەم قەیرانە بینەقاقای سەرمایەی گرتووە لە هەموو جیهاندا و ئەمڕۆ لێرەیە و سبەی لە بەغدایە و ئەم ئەڵقەیە دووبارە دەبێتەوە، ئەو کاتە ڕۆشن دەبێت کە ئەمە ڕێگا چارە نیە و لە کۆتاییدا بە هەمان شوێن دەگات و هەمیشە دووبارە دەبێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئاشکرایە ئەگەر پرۆلیتاریا وەکو چینێک یەکگرتوو نەبێت، ئەوا ناڕەزایەتیەکانی ئێستا و تەنانەت شۆڕشیش، لەلایەن هێز و ووڵاتە بورژوازیەکانەوە، بەلاڕێدا دەبرێت و ناوەرۆکەکەی بەتاڵدەکرێتەوە. هەروەک دەبینین ئێستا ئاڕاستەی سیاسی ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاستێکی زۆر باڵاتر لەخۆی براوە، بەرەو تەقینەوە و سوتاندن و پەلاماردان، بەبێ ئامادەیی ‌هێزی چینایەتی یەکگرتوو. ئاڕاستەیەک کە ڕووی لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەلەڕەقی پارتی لەبەرانبەر بەغدادا تەسلیم بە کازمی بکاتەوە، بەڵام بە هێزی ناڕازی و بەرحەقی خەڵک.
هاوکات بە ئاشکرا ئێمە یاریکردنی سێ هیزە سەرکیەکەی بە ناو حکومەت و پەرلەمان دەبینین کە چۆن لە بەرامبەر یەکدا و بۆ شکاندنی یەکتری و بۆ بەدەستهێنانی سەهمی زیاتر دەیانەوێت ئەم ناڕەزایەتیە بەرحەقانە ئاڕاستەبکەن و بەلاڕێیدا بەرن. یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت بەم شێوازە فشار بۆ پارتی بهێنن و بەشی زیاتری لێبپچڕنن و لە بەشی خۆیان ناڕازین. تۆ تەماشا کە ئەوەی کە پارتی و یەکێتی بە زەبری چەک ناتوانن بیکەن، پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و نەوەی نوێ و هەندێک لە یەکێتیەکان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا دژ بە خەڵک و خواستەکانیان دەیکەن و دەیانەوێت بە تەوەهوم بە پەرلەمان و “چاکسازی” و ئومێد بە ناسیونالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی خۆڵبکەنە چاویان و لە برسێتیدا ڕایانبگرن، لە کاتێکدا خۆیان لە ژیانی شاهانە بەهرەمەندن و پارێزەری هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتە تۆلیتارێتیەن. ئەم تەپڵ و زوڕنا لێدانەی ناو پەرلەمان گوزارشتە تەنها لە یەک ڕاستی ئەویش ئەوەیە کە ئەم پەرلەمانتارانە هیچ نین جگە لە فەرمانبەرانی ئەحزابی سیاسی کوردستان و بەم جۆرە ئاکتانەیان دەیانەوێت ڕووی دزێو و پووچی ئەم دامەزراوە درۆینەیە لای خەڵک جوانبکەنەوە. ئەم تەپڵ لێدەرانە کەمتر لە مووچەخۆرەکانی تری ناو “پەرلەمان” تاوانبارنین بەرامبەر بە بێ مووچەیی و خراپی بار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان. تەنانەت بەم هەوڵدانەیان بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە دەبنە سەرڕیزەی تاوانباران لە زەوتکردنی ماف و قووتی خەڵک دا.


ئاڕاستە: کەوابوو مەسەلەی سەرەکی چیە؟ جەماوەری ناڕازی چی بکات؟

کامل احمد: جەماوەری ناڕازی کوردستان دەبێت لە یەک خاڵی جەوهەری تێبگات و بیکات بە بنەمای هەموو داخوازی و ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدان و نەبەردێکی چینایەتی خۆی. ئەگەر لەو ڕاستیە گەیشت کە مەسەلەی سەرەکی نە کازمی و نە لاهور و نە پافڵ و نە مەسرور ….هتد نین. تەنانەت باسەکە گەندەڵیش نیە کە کراوە بە وێردی سەرزمانی هەموو زوڕنا ژەنانی بورژوازی و قەڵەم بەدەستەکانیان، بەڵکو باسی سەرەکی ئەوەیە کە پڕۆلیتاریای کوردستان پەی بەو ڕاستیە چینایەتیە بەرێت کە ئەو نە بەشێکە لەو پڕۆژانەی بورژوازی کە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی تەرحیان دەکات و نە هیچ کات دەتوانێت لێیان سوودمەند بێت. مەسەلەی ئەسڵی ئەو قەیرانە ئابووریە قوولەیە کە بورژوازی تێکەوتووە و حەتمەن بەسەر پڕۆلیتاریادا دەیشکێنێتەوە. بورژوازی لە کاتی ئەم ئەزمانە و قووڵبوونەوەیاندا بە دەیان جۆر خۆی دەردەخات و ڕێکدەخاتەوە بۆئەوەی لەدەست پڕۆلیتاریا قووتاری بێت. دەیان ئەحزابی جۆراوجۆری تازە دروستدەکەن، ئەحزاب دەچنە پاڵ یەکدی، ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی پاڵ بە دەسەڵاتەوە دەدات و سەرەنجام هەموو هێزە بورژوازیەکان لە هەوڵی ئەوەدا دەبن کە بەرژەوەندی چینایەتی چینەکەیان بپارێزن و هەمووشیان هەوڵدەدەن لەمەدا بەرامبەر بە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە یەکدەسەت و یەکدەنگ و یەک کرداربن. وە ئەم جێگۆڕکێیانە لە کاتی ئەزمەدا قووڵتر دەبێتەوە و کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکان و تەنانەت تەرحی چوونەوە بۆ بەغداش لە هەمان چوارچێوەی خۆڕێکخستنەوەی بورژوازیدا دێت.

بۆ وەڵامدانەوە بەم قەیرانە و بۆ ئەوەی کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بۆ خواستی مووچە و هەموو داوا ڕەواکانی تر و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی بیڕوڕا و ئازادی بێقەید و شەرتی سیاسی و بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئینسانی بتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات، پێش هەموو شتێک پێویستە کە پڕۆلیتاریا ڕیزی چینایەتی خۆی جیابکاتەوە. بەرژەوەندیەکانیشی وەکو چینێک لە بەرژوەندی چینە داراکان و بورژوازی جیابکاتەوە. ئەوکات تا ئەو ڕادەیە هۆشیار و بە ئاگادەبێت کە پرۆلیتاریا و بورژوازی دوو چینی دژ بەیەکن و دوو ئەلگۆ و دوو جیهانبینی جیاوزیان هەیە بۆ دەسەڵاتکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. هەرکاتێک ئەم ئاگاییە ببێت بە ئاگایی هەموو چینەکە، ئەوکات بورژوازی نەک ناتوانێت سوار شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ببێت، بەڵکو ملکەچ دەبێت لە بەرانبەر هێزی شۆڕشگێرانەی ئەواندا.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک دەگاتە ئەنجام و پڕۆلیتاریا لە بەرهەمەکەی بەهرەمەند دەبێت کە هەڵقووڵاوی جۆرێک لە ئاگایی و یەکگرتن و خۆڕێکخراوکردنبێت. بە داخەوە ئەم خۆپیشاندانانە و هەڵچوون و زوو گۆڕینی ڕێڕەوەکەی بۆ پەلاماردانی پێشوەخت بە بێ ئامادەیی بۆ ئەم کارە لە بێئومێدی و بێ چارەیی و نەبینینی ئاسؤی ئایندەوەیە. هەموو جۆرە پەلاماردانێک مافێکی بێ ئەملاولای خۆپیشاندەرانە، بەڵام کاتی دەستبردن بۆ ئەم کارە پەیوەستە بە یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوون و ئاستی ئامادەیی بۆ پەلاماردانەکە. بەر لە پەلاماردان دەبێت حسابی ئەوەمان کردبێت کە ناگەڕێینەوە هەمان دۆخی پێشوو وە ئەوەی پەلامارمان داوە بووەتە دەستکەوتی چینایەتیمان. ئێمە گەواهی ڕقێکی ئەستووری جەماوەرین، بەڵام ئەم ڕقە بونیادەکەی دیار نیە و ئاسۆی ڕۆشنی نیە و نەبوونی ئاسۆش بێ ئۆمێدی یە. تەنانەت قسەکەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانیش ئەم بێ ئومێدیەیان پێوە دیارە. بێ ئومێدیش تازە لە چی؟ لەوەی کە پێیان وایە نابێت بورژوازی کورد ئاوها بێدەربەستبیت لە بەرامبەر پڕۆلیتاریای کورد دا و دەبوا چاوێکی لێی بوایە بۆ ئەوەی بە حساب دوژمنەکانی کورد بە کورد خۆش نەبن. ئەگەر خەڵک ئاگاهیی چینایەتیان هەبێت ئەوا بە هەر ڕادەیەک خەڵک دڵ پڕ لە قین بێت، خۆپیشاندان نابێتە جنێودان و ئیهانەکردن و قسەی ناشرین ووتن و خۆخاڵیکردنەوە لە بەرامبەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا. خۆپیشاندان نابێتە بەردەفڕکێ و هێرشی بێ بەرنامە بۆ سەر دەسەڵات و بواردان بە لە خوێنهەڵکێشانی و ئاسان پاشەکشەپێکردنی ئەگەر ئاسۆیەکی ڕۆشنی هەبێت. ناکرێت خەڵکی وە تەنگ هاتوو هیچ جۆرە ئەڵتەرناتیڤێکیان نەبێت کە بیخەنە جێگای ئەم ئەحزابانە و بانگەشەی ڕووخانی بکەن. گریمان وا ڕووخانت، خۆ ئەگەر ئامادەنەبیت و نەزانیت چی لە جێگای دادەنێیت ئەوا بۆی هەیە دەستەوتاقم و جڕوجانەوەری لەمانە خراپتر و ئینسانکوژتر و خوێنمژتر دەسەڵاتبگرنە دەست. هەر هانگاوێک کە دەینێین دەبێت چەند جار بیرمان لێکردبێتەوە و خۆمان بۆ ئامادەکردبێت. تەنها ڕێگا یەکگرتن و خۆڕێکخستنە بە ئاگاییەکی چینایەتیەوە لە ئاستی کارگا و گەڕەک و هەموو ناوەندە خزمەتگوزاریەکاندا.

ئاڕاستە: لە کۆتاییدا قسەیەکی ترت هەیە کە بتەوێت بیکەیت؟

کامل احمد: ئەم جوڵانەوەیە و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا، پرۆڤەی بزووتنەوەیەکی گەورەترە، ئەڵقەیەکە لە ئەڵقەکانی بەشۆڕشگێرکردنی هەلومەرجەکە ئەگەر پرۆلیتاریای کوردستان بە هۆشمەندی چینایەتیەوە بڕوانێتە ئەم تەجروبە خوێناویە. هەروەها دەمەوێت بڵێم کە خواستی مووچە خواستێکی بەرحەق و مافێکی بێ ئەملاولای خەڵکە و دەبێت بە بێ دواکەوتن و مانگانە و بە تەواوی لە کاتی خۆیدا بدرێت. بۆ ئەمە پێویستە هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوبوون بگرینە بەر و ئەم خواستە سەرتاسەری و گشتی بکەینەوە و هەموو ناوەندەکان لەیکگرێبدەینەوە لەسەر ئەم خواستە و نوێنەرانی سەراسەریان ڕابەری ئەم جۆرە لە خۆپیشاندنان و ناڕەزایەتی بکەن و بیگرنە دەست. نوێنەران یان قسەکەران و پێشڕەوانی ئەم ناڕەزایەتیانە، بەبێ گرێدانەوەی خەباتیان بە ناوەندەکانی کارەوە، ناوەندەکانی کەرتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، خواستەکانیان دەستەبەر نابێت. مەسەلەی سەرەکی ئەوکارەیە لەمڕۆدا. ئەگەر نا، تەجروبەی شکستخواردوو لە کوردستاندا زۆرن و هەتا ئێستا تەنها گەواهی بووە لەسەر ئەوەی کە بورژوازی توانیویەتی ئیحتیوای بکات و بەلاڕێیدابەرێت و تەنانەت خواستەکانیشی بگۆڕێت.

09.12.2020
Kamil.ahmed.f@gmail.com




كاره‌كانی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا كاری سیاسی -3- هه‌ندرێن خۆشناو

به‌شی -3-
هه‌ندرێن خۆشناو

له‌وانه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسكران له‌سه‌ر بواری ململانێیه‌ سیاسیه‌ ناوه‌خۆییه‌كاندا جێبه‌جێ بكرێن، بۆیه‌ به‌س نیه‌، چونكه‌ چه‌ندین شێوه‌ی زۆر گرنگ هه‌ن له‌ شێوه‌كانی ململانێی سیاسی، ئه‌ویش شێوه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی ململانێیه‌ سیاسیه‌كانن، له‌وانه‌یه‌ چاكترین نمونه‌ش بارودۆخی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان بێت بۆ ئه‌و ململانێیانه‌، عه‌ره‌به‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوودا له‌ ململانێیه‌كی سیاسی راسته‌وخۆدان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و ململانێیه‌شدا چه‌كی گاڵته‌جاڕیی به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان تێیدا به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئیسرائیلیه‌كان و زایۆنیزمی جیهانی زۆر كاریگه‌رانه‌تر به‌كارهاتووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ دیدگایه‌كی بابه‌تیانه‌ ته‌ماشای ئه‌م ململانێیه‌ بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆڕه‌پانی ئه‌م ململانێیه‌ ته‌نیا له‌ ناوچه‌ عه‌ربیه‌كه‌دا قه‌تیس نیه‌، به‌ڵكو تێیپه‌ڕاندووه‌ بۆ هه‌موو جیهان، و شێوازێكی ته‌وه‌ریی وه‌رگرتووه‌ له‌ ململانێیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، له‌وانه‌شه‌ له‌ هه‌موویان گرنگتر بێت.

به‌مجۆره‌ش پروپاگه‌نده‌ی به‌هێزی زایۆنیزم له‌ جیهاندا سه‌ركه‌وتووبوو له‌ گۆڕینی وشه‌ی عه‌ره‌بی بۆ سیمبولی دواكه‌وتن و ریسوابوون، ئه‌گه‌ر نكۆڵیش له‌وه‌ نه‌كرێت كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ته‌ختی شارستانیه‌ت چوارمه‌شقی لێی دانه‌نیشتوون، به‌ڵام له‌ كۆتایی پێبلیكانه‌كه‌ی شارستانیه‌تیش نین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێكی دوور و درێژ ئاڵای شارستانیه‌تیان به‌رزكرده‌وه‌ (به‌سایه‌ی ئیسلامه‌وه‌)، چه‌ندین خشتی گرنگیشیان خسته‌ سه‌ر شارستانیه‌تی جیهانی و مرۆڤایه‌تی، ئه‌وانیش شارستانیه‌تی یۆنانیان گواسته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ به‌سه‌ كه‌ بڵێین ئه‌ورپاییه‌كان له‌ چه‌رخه‌ ناوه‌ڕاسته‌كاندا له‌ ئاستی پێشكه‌وتنی عه‌ره‌به‌كاندا نه‌بوون، له‌ میانه‌ی شه‌ڕی خاچ په‌رسته‌كاندا ئه‌وروپاییه‌كان زۆرێكیان له‌ عه‌ره‌به‌كان وه‌رگرت، شتێكی كه‌میش له‌م زۆره‌ بۆ نمونه‌ پیشه‌سازی دروستكردنی سابون بوو، كه‌ ئه‌وروپاییه‌كان پێی ئاشنا نه‌بوون، هه‌تا دوای هه‌ڵمه‌ته‌كانی خاچ په‌ره‌سته‌كاندا، كاتێك كه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا چه‌ندین پارچه‌ سابونیان بۆ خۆشه‌ویستانیان ده‌برده‌وه‌، وه‌ك سیمبولێكی پاكوخاوێنی و داوێن پاكی، هه‌روه‌ها دیارده‌ی سه‌رپۆشی كه‌ زۆرجار رۆژئاواییه‌كان دژی عه‌ره‌ب (موسڵمان) به‌كاریدێنن، به‌راورد ناكرێت به‌ پشتێنه‌ی داوێن پاكی ئه‌وروپاییه‌كان، كه‌ له‌ چاخه‌ ناوه‌ڕاسته‌كاندا باوبوو، كاتێك جه‌نگاوه‌رێك ده‌چووه‌ شه‌ڕ له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا، ناوه‌قه‌دی ژنه‌كه‌ی به‌ پشتێنه‌یه‌كی دار و پێست ده‌به‌ست، هه‌تا له‌ ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌كه‌‌ی داوێن پیسی و ناپاكی لێ نه‌كات، ئه‌و پشتێنه‌ش به‌ كلیلێك قفڵ ده‌درا، و كلیله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد، هه‌تا ده‌هاته‌وه‌ ئنجا ئه‌و پشتێنه‌یه‌ ده‌كرایه‌وه‌، بێننه‌ پێش چاوتان! كاتێك باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین، ته‌نیا بۆ به‌راوردكردنه‌ له‌ نێو گه‌لاندا له‌ سه‌رده‌مێكی مێژووی دیاركراودا، بۆ زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌، ئاماژه‌ بۆ یۆنانییه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ سه‌رده‌مانێك هه‌ڵگری ئاڵای شارستانیه‌ت بوون، له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشماندا حاڵیان له‌ حاڵی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان زۆر باشتر نیه‌، ئه‌دی بۆ به‌ ڕێزه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرێت، كاتێك وێنه‌ی‌ عه‌ره‌بیش ده‌شێوێنرێت؟.




دروشم و بەدیلی جەماوەری ڕاپەڕیو چیە؟ .. ئاسۆکمال

هەموو بەدوای دروشم و بەدیلی جەماوەری ڕاپەڕیودا دەگەڕێن، بەڵام ئەم دروشم و بەدیلە خۆی لەو هاوار و کردەوە شۆڕشگێڕانەیەدا نیشان داوە کە ئەمڕۆ گەنجان و کرێکار و فەرمانبەر و خانە نشین و خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەدا کوردستانی داگرتوە. ئەویش دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە”یە.
دروشمی نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار
خەڵک لە بێ موچەیی و هەڕەشەی مەرگ و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ هێڵراوە و هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ. کەواتە دروشمی ئێمە لاچونی ئەم حکومەتەی حزبەکانە.
سوتاندنی بارەگای ئەم حزبانە ئەو پەیامەی گەیاندوە کە دوای ٣٠ ساڵ خەڵک بڕیاری داوە کە ئەم حکومەتەمان ناوێت و دەبێ لە دەسەڵاتدا لابچێ.
بەدیلی جەماوەری ڕاپەڕیو دژ بە دامودەزگاکانی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی ئێستای کوردستان و دروستبونی هێزیکی تر لە دەرەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی ئێستا و دامودەزگا سیاسیەکانی و حزب و پەرلەمانەکەی. ئەو بەدیلەی ئەو بەدوایدا دەگەڕێین کە داواکاریەکانمان بۆ بەدی بێنێ ئەوە تەنیا هێزی جەماوەری خۆمانە، نەک هێزێکی سیاسی دەرەوەی ئێمە. هەربۆیە ئەم چینە کەم دەرامەتانە لە کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و لاوان و خانەنشینان و هتد .. لە تەجروبەی خۆمانەوە دەزانین کە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و ئازادی سیاسی لە ڕێگای ئەم حزب و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنانەوە دابین نابێ، کەواتە بە ناچاری ئەبێ هێزی ڕیکخراوی خۆمان بێتە مەیدان و فشار بهێنێ بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستیە سەرەتاییانەی ژیانمان.
ئێمە دەبێ حکومەتێکی سێبەری خۆمان دروست بکەین و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵاتی حزبەکان بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتیان بەسەر داهات و ژیان و گوزەرانماندا. ئێمە وەک ئەم دەستە ناڕازیانەی خەڵک لەم سیستمە ناڕازین. بەدیلی ئێمە بۆ ئەم حکومەت و بەڕیوەبەرەبردنە ئەوەیە کە داوای هەڵبژاردنی هەموو بەڕیوەبەر و بەرپرسانی شار و دامودەزگاکان و وەزیرەکان و سەرۆکی حکومەت بکەن و لەم ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان بخەنە جێگای نوێنەرانی دەسەڵات.

دروشمی نا بۆ پەرلەمانی کارتۆنی
ئەم دروشمە ئاکامی تەجروبەی شکت خواردوی١٠ ساڵی ڕابردووی خەڵکە لە کوردستان بە ئومێد بەستن بەوەی ئەم پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆن ئەم سیستمەی بۆ بگۆڕێ. بەڵام دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنیا ڕیژەی کورسیەکانی یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو دەورێکە کە پەرلەمان لەم سیستمە سیاسی وئابووریەی یەکێتی و پارتیدا هەیەتی.ئەم پەرلەمانە خەریکی سازکردنی ئەو یاسایانەیە کە سیاسەتی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم دوو حزبە پێویستیەتی و هەر حزبێکی تری وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ تەنها دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سیاسەت و یاسایانەدا داوای بەشێ خۆیان بکەن.
بەدیلی ئێمە بۆ پەرلەمان لێپرسینەوەی جەماوەریە لەم دەسەڵاتە و دامودەزگاکانی. ئەم هەنگاوانە دەتوانێ بەرەو چاودێری جەماوەری بچێ تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لەم دامودەزگایانە بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە. چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ هێزی ناڕازی ئێستا لە هەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە هەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.

دروشمی نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە
ئێمە بە تەجروبە بۆمان دەرکەوتوە کە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستا بەشێکن لەو سیستمە سیاسی و ئابوریەی زاڵە. ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن هیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ و هەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی هەژارترکردنی هەژارەکان کۆکن و بە کردەوە پیادەیان کردوە لە کاتێکدا بەشێک بوون لە دەسەڵات یان ئەگەر ببنە بەشێک لەو دەسەڵاتە. هەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە.
هەربۆیە خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و پەرلەمان. ئەمە هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ئێستا.
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی ئەم ‌هەنگاوەیە کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە هەموو شوێنێکدا چاودێربن بەسەر حکومەتی هەرێمەوە و لە هەر دزیەک لە نەوتدا دەیکا، لەهەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا دەیکا، لەهەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەیدزێ، لەهەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، لە هەر دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەیەکی جەماوەری بۆ تەنگ هەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا،دەتوانێ خۆی وەک حکومەتی سێبەر خۆی نیشان بدا واتە وەک ئەو دەسەڵاتەی بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەت وەستاوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر تا کاتێک کە دەتوانێ و ئامادەیە کە ئەم دەسەڵات وسیستمە بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.
ئەمانە هەرکامیان ڕێگای جێبەجێکردنی ئەو دروشمی “نا” یەیە کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە و نیشاندانی بونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازیە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم هەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە هەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات دەوەستنەوە و ڕێگای پێ نادەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە. ئەمە ڕێگای گۆڕینی هاوسەنگی هێزە لە نیوان خەڵک و دەسەڵاتدا و دابینکردنی ئەو داواکاریانەمانە کە ٣٠ ساڵە بەڕووی دەسەڵاتدا بۆ کار و موچە و ئازادی بەرزمان کردۆتەوە و لەم شەڕانەی سەر شەقامەکاندا کار بۆ سەپاندنی دەکەین بەسەر دەسەڵاتدا.

ئاسۆکمال
٩ دیسەمبەری ٢٠٢٠




شیعر و ( دایک و میهرەبانی ) .. ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی ( خولیا حسێن )

                                             

دایک / قەسیدەیەکی درێژی بەردەوامە ، هەمیشە جوانی و سۆز و خۆشەویستی لێدەڕژێ ، قەسیدەیەکی کراوەیە بە بوون و ناوەڕۆکێکی فراوانی گەردوونییەوە ، میهرەبانیش بەهەمان شێوە ، بوونێکی کراوەو ، مانایەک جگە لە جوانی و خۆشەویستی هەڵگری هیچ هێما و کۆدێکی تر نییە ، تەنها دایک بە خۆیی و بوونە گەردوونییەکەیەوە ، بەخۆیی و دڵە پڕ لە خۆشەویستی و پڕ سۆزەکەیەوە ، دەتوانێ لە گەڵ وشەی میهرەبانی هاوتەریب بێتەوە ، بە بڕوانی من چەمکی میهرەبانی جگە لەدایک ناتوانێ ببێتە هێما بۆ هیچ وشە و کاراکتەرێکی تر . دایک جگە لە زمانی خۆشەویستی هیچ زمانێکی تر نازانێت ، گریان و تووڕەبونەکان و گۆرانی و خەمەکانیش هەر بە زمانی خۆشەویستی دەردەبڕیت ، دایک ئەو دەقە شیعرییەیە کە ژیان لەنێویدا بە سەوز و رەنگاوڕەنگی دەبیندرێ ، هێمن و ئارام ، دوور لە هەموو توندوتیژی و مردنێک ، دڵێکی گەردوونی وەک ماڵیکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی .. بۆیە ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) دەبن بە هاوکێشەیەک و یان دەستەواژەیەک کە / هەموو جوانییەکانی دنیا لەنێویاندا کۆدەبێتەوە ، میهرەبانی لەگەڵ دایک بەو هێزە موگناتیسییەوە بەیەکەوە دەنووسێن وەک ئەوەی / لەبنەڕەتەوە بۆ یەکتری دروستبووبن . وەک ئەوەی میهرەبانی لەبنەڕەتەوە بوونێکی مێینەی هەبێت و جگە لەدایک لە هیچ چەمک و ناوێکیتر نزیک نەبێتەوە ، یان هیچ ناو و چەمکێکی تر بە نیوەکەی تری خۆی نەزانێت …! بەم دەستپێکە کورتەمان دەمانەوێت خوێندنەوە بۆ شیعرێکی ( خولیا حسێن ) بکەین بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) . لەسەرەتا دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر ناونیشانەکە بکەین و لەهەمانکات / قسەش لەسەر پەیوەندی نێوان ( دایک و دەریا ..! ) بکەین . ناونیشانێک پڕ لە ئیستاتیکای شیعری و ناوەڕۆکێکی بەهێز .. یەکێک لەو ناونیشانە شیعرییانەیە کە ، ئەگەر هەموو دەقەکە بە تەنیا دێری ناونیشانەکەبووا ، هەرهەمان ئەوقسانەی لەسەرەوە کردوومە دیسان دەمکردنەوە …! ، ناونیشانێک کە ئەو هێزەی لەگەڵدایە کە هەموو دەقەکە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە ، یان جوانییەکانی خۆی پەخش بکات بەسەر تەواوی ڕووبەری دەقەکەوە ، بەمانایەک لەسەرەتای دەستپێکردنەوە تاکۆتایی دەقەکە تەواو بیرکردنەوەی شاعیری داگیرکردووە ، یان شاعیر نەیتوانیوە تا کۆتایی دەقەکەی لە پەرێزی ئەم ناونیشانە دوورکەوێتەوە .. هێزی ئەم دەستەواژە شیعرییە لەوەدایە / لێکچوواندنی ( دایک و دەریا ) ..! خولیا بە تەواوی ئاگاییەوە ئەم کارەی کردووە ، وە لەم هەڵبژاردنەی واتە هاوتەریبکردنی ( دەریا و دایک ) سەرکەوتوو بووە . دەریا وەک دایک / بوونێکی فراوان و کراوە و گەردوونی هەیە ، دەریا وەک دایک پڕاوپرە لە ( جوانی و ئارامی ) کە چێژ بە ڕۆحی مرۆڤەکان دەبەخشێت ، دەریا یانی ئاو ، ئاو توخمێکی سەرەکییە بۆ ژیان و بوون .. یەکێکە لەو چوار توخمە سەرەکییەی کە فەیلەسوفی یۆنانی کۆن ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی خۆی لەسەریان بنیاد ناوە ئەوانیش ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) وەکچۆن ئاو توخمێکی پێویست و سەرەکییە بۆ بەردەوامی ژیان دایکیش بەهەمانشیوە ، کەواتە هاوکێشەکەی سەرەوە ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ) ئێستا دەبێتە / ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ، دەریا ) کە هەرچوار چەمکەکە بوونێکی کراوەی گەردوونییان هەیە و هەرچوار چەمکەکە بە هێزێکی پتەو بە ژیانەوە پەیوەستن ، ئەو هێزەی کە ( فرێدریک نێتچە ) بانگەشەی بۆ دەکات و دەیکات بە بنەڕەتی ژیان و بوون . خولیا لەسەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،
دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم
دایکم و دەریا لەیەک دەچن / ئەوە ناونیشانی شیعرەکەیە ، دەبینین چۆن پرشنگی خۆی پەخش کردووە بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، ( خولیا حسێن ) لێرە هەندێک لە سیما و سیفاتە سەرەکییە هاوبەشەکانی نێوان ( دایک و دەریا ) دەخاتە ڕوو، ( جوانی ، فراوانی ، هێمنی ) ، لای ئەو دەریا وەک دایک / جوان و فراوان و هێمنە ، بۆیە هەرکاتێک غەریبی دایکی دەکات دەچێتە کەنار دەریایەک ، لەسەر رووی ئاوەکە ڕوخساری دایکی دەبینێت ، دڵگەورەیی دایکی و جوانی و هێمنی و هەمووشتێکی دایکی چونکە ، لای ئەو ( دایک و دەریا لەیەک دەچن ) . لەگەڵ جووڵەی شەپۆلەکانی دەنگی ئاوەکە گۆرانییەکان و قسەکانی دایکی بیر دەکەوێتەوە ، هەمان نەغمە و هەمان ئاوازی پڕ سۆز و ڕۆحێکی گەردوونی پڕ لە میهر و خۆشەویستی . دوای ئەوە دەڵێت /
بیرکردنەوە لە نهێنیەکانی دەریا
بیرکردنەوەیە لە نهێنیی
عەشقە ئەبەدییەکەی دایکم
بێگومان کە دەچێتە کەنار دەریا ، جوانی و فراوانی هێمنی دەریا دەبینێ ، لەو کاتەیە دایکی بیردەکەوێتەوە و بەنێو قووڵایی خەیاڵەکانی ڕۆدەچێت ، هەرچەند بەنێو خەیاڵەکانی قووڵتر دەبێتەوە و لە نهێنی و سیحری جوانییەکان و سەراسیمەیی دەریا ورد دەبێتەوە ، عەشقە ئەبەدییەکەی دایکی لەلا فراوانتر و سیحراویتر دەبێتەوە ، چونکە نهێنییە ئەفسوونییەکانی دەریا لە نهێنییە عەشقە ئەفسوونییەکەی دایک دەچێت . خولیا لە کەنار دەریا لە وێناکردنی لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆیی و دایکی زێتر بەنێو خەیاڵەکانیدا ڕۆدەچێ و زێتر نهێنی و خاڵە هاوبەشەکانی نێوان دایک و دەریا وێنا دەکات و دەڵیت .
دەریا و دایکم
وەکوو یەکن
هەردووکیان
گوێ لەگمەی کوکوختی گلەییەکانم دەگرن
کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە
خەمەکانم لە دڵی خۆیاندا هەڵدەگرن و
گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە
کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم
وادەزانم گوێم لە ( هۆدای ) خۆم گرتووە
لە گەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا
قاقای پێکەنینە خۆشەکان
لایلایە بە سۆزەکان
نەغمەی مەقامە حەزینەکان
سۆزی سەردوولکە دڵ سووتێنەرەکانی دایکمم بیر دێتەوە
خۆشەویستی دایک و بیرکردنەوە لەدایک وایلێدەکات ، بیر لەهەموو شتێکی دەریا بکاتەوە ، لە شتە وردەکانیش بڕوانێت ، هێندە بە هەستیارییەوە لە ئاوەکە دەڕوانێ و هەموو جووڵەیەک واتادار دەبێ و یادێک یان شتێکی دایکی بیردەهێنێتەوە ، لەنێو قووڵایی ئەم بیرکردنەوەدا بە بەرینایی دەریا لەسەر ڕووی ئاوەکە سیمای دایکی دەبینێت ، هەموو ئەو شتە جوانانەی دایکی بیردێتەوە ، کە ئەوشتانە لە دەریاش بەدیدەکات ، بۆیە هیچ بوارێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە بە یەقینێکی گەورەوە دەڵێت ، ( دایکم و دەریا وەکو یەکن ..! ) ئەمجارە ناڵێت لەیەکدەچن ، دەڵێت وەکو یەکن . دەڵێت / هەردووکیان گوێ لە گمەی کوکوختییەکانی خەمەکانم دەگرن ، کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە ، گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە ..! بۆ هەموولایەکمان ڕوونە کە دایک میهرەبانترین و دڵسۆزترین کەسە بۆ منداڵەکانی ، دڵی دایک شوێنی هەموو خەمێک و نهێنییەکی تیا دەبێتەوە ، دەریاش بەهەمان شێوە ، پڕاوپڕە لەنهێنی ، هەزاران مرۆڤی دڵشکاو بەدەم وڕینەوە خەمەکانی بۆ دەریا باس دەکەن ، هازاران عاشق لە کەنار دەریاکان نهێنی و ڕازی دڵی خۆیان باسدەکەن و هەمووشتێک هەرچییەک لە قووڵایی دڵیاندایە باسیدەکەن ، دڵی دەریاش وەک دڵی دایک جێگای هەموو نهێنییەک و زام و ئازارێک دەگرێت ، ئارامترین کەنارە بۆ مرۆڤە غەمبارەکان و نائومێدەکان و دڵشکاوەکان و تەنانەت بۆ کەسە کەیفساز و دڵخۆشەکانیش ، ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێت / کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم ، وادەزانم گوێ لە هۆدای خۆم رادەگرم ، لەگەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا ، قاقای پێکەنینە خۆشەکان ، لایلایە بەسۆزەکان ، نەغمە حەزینەکان ، سۆزی سەردوولکە سووتێنەرەکانی دایکمم بیردێتەوە ..! بە هێناوەوەی ئەم هەموو فاکتە لەیەکچووانە ئیتر بوارێک بۆ گومان نامێنیتەوە دەڵێت ( دایکم و دەریا ) تەواو وەکو یەکن ، ( هۆدا ) بە دیالێکتی هەولێری یانی ( دایە ) ، دیارە ئەو بیرۆکەیەش کە دایکم و دەریا وەکویەکن ، رەهەندێکی مەعریفی و زانستی لە پشتە ، چونکە بە پێی (تیۆری پەرەسەندن ) ئاو یان دەریا دایکی هەموو بوونەکانە ، ژیان لە ئاوەوە هاتووە . ئەم دەقە لێرەدا جگە لەلایەنی جوانکاری قووڵاییەکی مەعریفیشی هەیە . ئیتر لەسەر ئەم وەکویەکبوونە بەردەوام دەبێت ، تا بە وشیارییەوە بتوانێ ئەو یەقینە لای خوێنەریش دروستبکات بۆیە فاکتی گەورەتر و باسدەکات دەڵێت ،
دەریا وەکوو دایکمە
نە پیس دەبێت نە پیر دەبێت
تائەبەد
هەر بە جوانی
دەمێنێتەوە
باس لە بەرائەت و پاکی دایک دەکات ، کێ هەیە گومان لە پاکی دایک بکات ، یان مانەوەی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی ، لێرە کە دەڵێت نەپیر دەبێت ، مەبەستی تەمەن و شێوەی جەستە نییە ، مەبەستی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی و وەک بوونێکی گەردوونی تا ئەبەد لەنێو بوون و یادەوەرییەکان دەمێنێتەوە ، کەس هەیە دوای مردنیش خۆشەویستی بۆ دایکی یەک زەڕە کەمبکاتەوە ؟ یان بتوانێ کاریگەری دایکی لەنێو ژیان و یادەوەرییەکانی بسڕیتەوە ، ئێ کەوایە دایک بوونێکی ئەبەدی هەیە و پیرنابێت ، دەریاش وەک دایک وایە نەپیس دەبێت نە پیر دەبێت . من پێموایە خولیا لە باسکردنی سیما و ڕەفتار و ئەدگارەکانی دایک هاوکات بینینی ئەم سیما و ئەدگارانە لە دەریاشدا زۆر سەرکەوتوو بووە و قووڵایی و جوانکاری بێوێنەی بە شیعرەکەی بەخشیوە . لە خەیاڵەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت
دایکم و دەریا
هەردووکیان بینای چاو و
هەناسەی سییەکانممن
عەرشی دڵیان داگیر کردووم
بە ئارامی لە سەر فەرشی ڕۆحم نوستوون
هۆ دایە گیان
لە دووری تۆ
لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە
ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم
ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتمانەکەی خۆمان ناچێ
دەریا نەبێ ، وەک عەشقی تۆ و وەک جوانی تۆ قەت نامرێ !
ئیتر تا ئێرە هەوڵیداوە کتومت ئەوە پێشان بدات کە دایک و دەریا لەیەکدەچن یان وەکو یەکن .. ئینجا لێرەبەدوا لەنێو هەستی غەریبیدا و لە کەنار دەریایەک بەنێو قووڵایی خەیاڵە خەمناکەکانی خۆیدا ڕۆ دەچیت ، لە قووڵایی ناخییەوە هەستەکانی خۆی دێنێتە قسە و دەڵێ ( دایکم و دەریا هەردووکیان ، بینای چاو و هەناسەی سییەکانمن .. ) هاوکات وەک خۆشەویستی بۆ دایکی ئەو خۆشەویستییەش بۆ دەریا دەردەبڕێت ، تا ئەندازەی بینای چاو و هەناسەی سییەکان ، چونکە ( دەریا و دایک ) لای ئەو وەکویەکن ، بۆیە هەردووک عەرشی دڵیان داگیرکردووە و بە ئارامی لەسەر فەرشی ڕۆحی نووستوون ، شیعرێکی ناسک و دەستەواژە و وشەی شیعری چێژبەخش ، ناسک و جوان وەک ناسکی و جوانییەکانی دایک و دەریا .. یان لەنێو خەیاڵەکان و هەستەکانی قسە لەگەڵ دایکی دەکات و دەڵێت / هۆ دایە گیان ، لە دووری تۆ ، لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە ، ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم ، ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆمان ناچێ دەریا نەبێ / وەک عەشقی تۆ وەک جوانی تۆ قەت نامرێ ..! هەرچەندە شاعیر لە وڵاتێکی جوان و ڕەنگین دەژی و وڵاتێک کە هەموو شتەکانی جیاوازە لە نیشتیمانەکەی خۆی کە ، هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆی ناچێت ، سروشتێکی جیا و کلتوورێکی جیا و هەموو شتێکی جیا تەنها دەریا نەبێ ، چونکە دەریا و دایکی لەیەکدەچن یان وەکو یەکن ، دەریا وەکو عەشقی دایک هەمیشە جوانە و هەرگیزیش پیرنابێ . دوای ئەوە هەندێ وەسف و دیمەنی شیعری ناوازە و نایابمان بۆ وێنەدەکات و دەڵێت ..
کە تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ
ئەوە تیشکی خەندەکانی دایکمە
لەنێو ڕۆحی ئەو و
لە نێو چاوەکانی مندا
دەشنێتەوە
لەو ساتەدا
دڵم هێشووی خەندە دەگرێ
ڕۆحم قاقا پێدەکەنێ
چاوەکانم هەرچی تیشکی دەریا هەیە دەیان مژێ
کە لە شینی ڕوخسارە ڕوونەکەی دەریا قووڵ دەبمەوە
بە هەستێکی شاعیرانە و بە چاوێکی وردبینەوە لە دەریا دەڕوانێ ، لەو دەمەی تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ ، ئەو دیمەنە بەراورد دەکات بە درەوشانەوەی خەندەکانی دایکی کە لەنیو چاوەکانی دەردەکەون یان / تیشکی خۆرەتاوی خەندەکانی دایکی لەنێو چاوەکانی دەشنێنەوە ، لەوساتەدا هێندە دڵخۆش و کەیفساز دەبێ تا ئەندازەی ئەوەی ، دڵی هێشووی خەندە دەگرێت و ڕۆحی قاقا پێدەکەنێت ..! دیمەنێک جوان و هەستێکی پاکوبێگەرد ، ئیتر لەودەمەدا لەتاو درەوشانەوەی خۆری خەندەکانی دایکی ، چاوەکانی هەرچی تیشکی دەریا هەیە هەڵدەمژن و ئاوێزانی قووڵایی شینێتی ڕوخساری دەریا دەبن . لەکۆتایی ئەم شیعرە و لەگەڵ هەموو تەنگژەکانی غوربەت و دووری و تەنیایی و بیرکردنی دایک ، هەست بەئارامییەک دەکات وەک ئەوەی گەیشتبێتە کەناری ئارامی و بە دڵخۆشییەوە دەڵێت ،
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!
دوای ئەوەی تێر لە بەرینایی دەریا و جوانییەکان و نهێنیەکان و دیمەنە دڵگەشەکان دەڕوانێ و هاوکات تێر لە ڕوخساری دایکی و بەسەرکردنەوەی یادەوەرییە شیرینەکان ، ئیتر دڵخۆشییەک جەستە و ڕۆح و خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دادەپۆشی دەڵێت / هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و منداڵ دەبمەوە ، ( وا دەزانم لەژێر ئاسمانی چارۆگە شینە ، ئەفسووناوییەکەی دایکم . خۆم شاردۆتەوە ..! ) ، بە بڕوای من ئەو دێرە شیعرە یەکێکە لە هەرە دەستەواژە جوانەکان و قووڵەکانی ئەو دەقە شیعرییە ، کە جوانییەکی بێوێنەی بەرجەستە کردووە لە هێماکردنی ئاسمان بە چارۆگە شینەکەی دایکی ، تا بڵێی لێکچوواندنێکی شیعری و نایابە ، لە کەنار دەریا دانیشتووە لەژێر ئاسمانێکی شینی بێگەرد ، وا هەستدەکات لەژێر چارۆکە شینە ئەفسووناوییەکەی دایکییەتی ، بۆیە دڵخۆشە و وادەزاێت گەیشتۆتە کەناری ئارامی ، چونکە باوەشی دایک و خۆشاردنەوە لەژێر چارۆگەی دایک ئارامترین شوێن و پەناگەیە ، هەربۆیە لەو شوێنە ئارامە ( نە عەشق دەیسووتێنێ ، نە خۆشەویستی ئازاری دەدا ، نە خەم زەفەری پێدەبا ، نە شەکەتی پێیدەزانێ ، نە تەمەن لەگەڵ خۆیدا دەیبا ، نە دۆڕان تێکی دەشکێنێ ، وە نە غوربەتیش دەیگریێنێ ..! ) ، کۆتاییەک و نەخشادنی دیمەنێکی ئارام و پڕ ئیستاتیکا و چێژ . کە لەسەرەتای شیعرەکەوە تا کۆتایی / لە ئەنجامی بەرجەستەکردنی جوانی ، چێژ و ئارامی بە ڕۆحی خوێنەر دەبەخشێت . ئەوەی زۆرگرینگ و جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە لەم دەقەدا کە ، هاوکیشەیەک بەرجەستە دەکات لە نێوان چەمکەکانی ( شیعر / دایک / میهرەبانی / دەریا ) ، ئەم چوار چەمکە بە بوونێکی کراوەو گەردوونی تێکەڵاوبوون و ئاوێزانییەکی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا دەنەخشێنێ ، وەک چوار توخمە سەرەکییەکەی ( ئیپمادۆکلیس )ی فەیلەسوف ، ئەوانیش ( زەوی / هەوا / ئاو / ئاگر ) . گرینگ و پێویستن بۆ ژیان و گەردوون . ( شیعر و دایک و میهرەبانی و دەریا ) دەبێتە هاوکێشەیەک کە لەو توخمە سەرەکییانە پێکهاتوون کە / ژیان و مرۆڤایەتی بەبێ ئەم چەمک و توخمانە تەنانەت گەردوونیش مانایەکی نابێت ، ئەمەش کاکڵە و ناوەڕۆکی ئەم شیعرەیە ، من دەستخۆشانەی گەرم لە خولیا دەکەم ، بە دڵنیاییەوە دەڵێم شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) ، یەکێکە لەو شیعرە ناسک و نایابانەی کە بۆ ( گەورەیی و میهرەبانی و جوانی دایک ) نووسرابێت ، هێندە بڵێم کە ( خولیا حسێن ) شاعیرێکە خاوەن ئەزموونێکی دوور ودرێژە لەگەڵ شیعر بەڵام ، ئەزموونێکی ( پەرشوبڵاو ) ، وا پێویست دەکات ، خۆی کۆکاتەوە و گرینگی زێتر بە تواناکانی خۆی بدات بەرامبەر بە شیعر ، چونکە داهێنان پڕۆسەیەکی لەخۆڕا و عەفەوی نییە بەڵکو ، ئاگایی و وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵی دەوێت .. لەکۆتایی دەڵێم / سڵاو لە میهرەبانی دایک ، سڵاو لە جوانی دەریا ، سڵاو لە شیعر و داهێنان …!

                                                                 دیسەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوە :
شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی / ( خولیا حسێن )




يەکەمین ديداری شاعیرێکی مەزن .. سەردار جاف

لێرەوە دوای چل رؤژ بە سەر ئۆغرکردنی يەکجارەکی شاعيری پايە بەرز و هەميشە لە ياد و هزرمان جەلالی مەلەکشا چەپکە گوڵی رێز و وەفا و خۆشەويستيم بۆ رۆح و قەڵەمی پاک و جوان و بوێری، و سەری رێزيشم لە ئاست گڵکۆی بە قەدر دادەنەوێنم. پێم وابێ هاوینی ١٩٩٩ بوو ئێوارانێک بەڕێز د. عومەر نورەدێنی لە يانەی مامۆستايان لە هەولێری پايتەخت داوەتێکی بۆ چەند برادەرێک ساز کرد بوو، بەندەيش يەکێک بووم لەو سێ و چوار کەسەی داوەتی کرد بوون، تازە بە تازە دانیشتبووين حەمە جافی شاعیر……
بە دکتۆر نورەدینی گوت: ئەوەيش کاک جەلالی مەلەکشايە بە تەنیایە، شاعیرێکی هەست ناسک خاوەن قەڵەمێکی ناوازە لەم غوربەتە بە تەنێیە پێتان چۆنە بانگێشتی لای خۆمانی بکەین .
بە ڕاستی هەم دکتۆر هەمیش ئێمە زۆرمان پێخۆش بوو، کاک حەمە جاف چوو بۆ لای و لە گەڵ خۆی و پێکەوە هاتن و لە گەڵ يەکدی ناسینی هەموو برادەران و گەیشتە ئاستی بەندە هەڵوێستەیەکی کرد و……
وتی : ئێوە سەردار جافی شاعیر و نوسەر ..
گوتم : ئەرێ .
گوتی : خۆشحاڵم پێشتر هەم نوسینتانم خوێندۆتەوە، هەمیش سووکە شەڕێکم لە سەر کردوون.
گوتم : زۆر خۆشحاڵم کەسێکی وەک جەنابتان نوسينم بخوێننەوە جا چ جای بگاتە بەرگری کردن، بە ڕاستی قەرزار بارتان کردم ، دەکرێ بزانم بەرگری کردن و سووکە شەڕەکە چۆن بووە.
گوتی : ماوەیەک بەر لە ئێستا نوسینێکی جوانتان لە لاپەڕەی یەکەمی ئەدەب و هونەری برایەتی بڵاوببۆوە، رۆژێ لای کاک حوسەینی یەزدان پەنا بووم، ئەو گوتی :{ تەماشا فڵان کەس چی نوسيووە و بڵاو کراوەتەوە}، منیش گوتم ئەو کەسەی باسی دەکەی هەرگیزاو هەرگیز ناتوانێت شتی وا بنوسێ، ئیدی لە من قسەیەک و لەو قسەیەک مشت و مڕێکمان بۆ دروست بوو، بەو جۆرە بوو بەرگریم لە ڕاستی کرد نەک تۆ، جونکی نە ناسيوتم نە زانیوم کێی، ئێستا وا بە خزمەتتان دەگەم.
زۆر زۆر کەیف خۆش بووم کەسێکی وەک جەلالی مەلەکشا بەرگریم لێ بکات، رێک هەستامە سەر پێ و سوپاسم کرد و دەستم بە سينگەوە بۆ گرت . ئەوە یەکەمین ناسین و ديداری من و رەوانشاد جولالی مەلەکشا بوو ، دروود و سڵاو لە رۆهی پاک و پەپوولەیی ئەم شاعيرە قەدر گرانە ….. حەيف و جەغار زوو جێی هێشتین ……. لەم يادەدا ئەو دەقە شیعرە جارێکی دی پێشکەشی رۆهی نەسیم ئاسای دەکەم ……
جەلالی مەلەکشا
لە بروسکەی هەورێکەوە،
چەخماخەی شین بارانت دێ
دەنک دەنک وشەی شيعرت
هەناسەی پڕ، رۆژانێ ختوکە دەدا
لە پریاسکەی ئەندێشەوە
لە هەولێرە ئێوارانێک
بە دەم پێکی درەختەوە ،
گەڵاڕێزانی پاییزی لە بەر دەکا
تۆ هەر نها لەو ديو باخچەکانی سڕینەوەی ‌غوربەت
مژ لە جگەرەی خەم دەدەی
ئەمێستاکە گولە بەرۆژەی بە دەم مانگەشەوەوە
قەف قەف دووکەڵی نێرگەلەت
بە هەناسەی خەیاڵدانی خاوما دەدەی
بيرە هاروهاجەکانم
لە ڕەقتاڵەیی و قوڵایی دييەکانتا
چەپکە شەونم بە سەر سپێدەی پەڕە گوڵی شيعرتا
دەبارێنێ
ئەمشەو بووی بە
خەونی خۆشخۆش، لە دەرگای پێکەنینمت دا
کەصی هێشتا هەروەک جاران
بە ئاسپایی دەنگت تێکەڵ هارمۆنی لاساریم دەبوو
ديسان پێکڕا ڕۆژی تاران، لێرە و تەواو سەنگەرەکەت
ئیدی شەوم بۆ نامرێنێ
٩- ٥ – ٢٠١٧

                                                                     ئەڵمانیا 
                                                             ٠٩ _ ١٢_ ٢٠٢٠



ئازادی له‌ ژێر پۆستاڵی سه‌ربازی و چاكسازیدا .. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ئازادی وشه‌یه‌كی جوانه‌و له‌پێناو وه‌ده‌ستهێنانی گه‌لان له‌ سه‌رانسه‌ری دنیا هه‌وڵ ئه‌ده‌ن پێی بگه‌ن و له‌ پێناویدا خۆیان به‌كوشت ئه‌ده‌ن و هێزه‌ چه‌په‌كان و شیوعییه‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ن و به‌بێ وچان تیئه‌كۆشن بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و ئه‌و تێكۆشانه‌ له‌ گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی گرێ ئه‌ده‌ن له‌ پێناو به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ و ژیانێكی باشترو هه‌روا ئازادكردنی مرۆڤایه‌تی له‌ سته‌می چینایه‌تی و كۆت و به‌ندو نه‌ریته‌ دوواكه‌وتوه‌كان.
ئازادی بیرورا مافێكی سرۆشتی مرۆڤه‌ به‌ڵام زۆرجار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ئه‌و مافه‌ پێشێل ئه‌كرێت بۆ نمونه‌ حكومه‌تی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی به‌ناو چاكسازی دا به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خاڵه‌كانی له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی په‌رله‌مانتاران بوو هه‌ر زوو په‌سه‌ند كرا ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌ لایه‌كی تره‌وه‌و له‌ ژێر سێبه‌ری هه‌مان چاكسازیدا ئه‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه‌و داوای مافی ره‌وای خۆی بكات ده‌می دائه‌خه‌ن و ره‌وانه‌ی زیندان ئه‌كرێت و گرتن و زیندانیكردنی مامۆستاو فه‌رمانبه‌رو چالاكه‌وانانی مه‌دنی له‌ دهۆك و هه‌ولێرو سلێمانی نموونه‌ی زه‌ق و له‌ به‌رچاون.
له‌ سیبه‌ری ئازادی و چاكسازیدا پۆستاڵی پێشمه‌ركه‌و ئاسایش به‌كارهێنرا بۆ شه‌ق له‌ ناوچاوانی خۆپیشانده‌ران و كپكردنی ده‌نگیان و،باشترین نموونه‌ش لێدانی په‌رله‌مانتاران و یه‌كێكیان ( شیرین ئه‌مین) بوو، ئه‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ش كۆپی رژێمه‌ خوێنرێژه‌كه‌ی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بییه‌و بۆ تۆقاندنی ئه‌وانه‌ی داوای موچه‌و مافی ره‌وای خۆیان ئه‌كه‌ن.
ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت و سه‌رانسه‌ری زوربه‌ی شاره‌كانی عێراق راپه‌رین ده‌ستیپێكردووه‌و حكومه‌ت و حزبه ‌شیعه‌كانی تایفه‌گه‌ری و پشكپشكێنه‌ی ده‌سه‌ڵات وحكومه‌تی عێراق سه‌ریان لێشێواوه‌و له‌ گرتن و تێهه‌ڵدان و كوشتن نه‌بێت هیچیان پێناكرێت و ناتوانن له‌و دۆخه‌ قوتاریان بێت.
ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ ره‌فتارو شێوه‌ی به‌ریوه‌چوونی كاروباری حكومه‌ت رق و كینه‌یان په‌نگ ئه‌خوانه‌وه‌و زۆر وه‌ستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چا‌ره‌سه‌ری گیروگرفت وكێشه‌كانیان به‌ڵام حكومه‌ت هیچی پێنه‌كرا بۆیه‌ خه‌ڵك له‌ شاره‌كان ده‌ستیانكردبه‌ خۆپیشاندان و، هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش ده‌ستیان كرد به‌ لێدان و گرتن وتێهه‌ڵدان ئه‌وه‌ش ئه‌بێته‌ هۆی بوێری و چاوقایمی و خۆراگری خۆپیشانده‌ران و له‌مرۆ به‌ دوواوه‌ قه‌ت ناترسن و ناپرینگێنه‌وه‌و ئاماده‌ن خوێنی خۆیان ببه‌خشن.
‌ به‌ ناوی ئازادی و چاكسازی به‌رپرسه‌ باڵاكانی حكومه‌ت ئاره‌زوومه‌ندانه‌ تومه‌ت بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌و به‌ خۆپیشنده‌ران ئه‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ی پلان و ئاژاوه بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێم دروسئه‌كه‌ن و هه‌روا ئه‌ڵێن یاسا سه‌روه‌ره‌و رێگه‌ به‌ كه‌سیان نادات به‌پێ فه‌رمانی دادگا ئه‌گێرێت و مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵدا ئه‌كرێت و، قه‌وانه‌ی یاسا سه‌روه‌ره‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ بۆ جارێكیش به‌رپرسێكی باڵا له‌ دزو گه‌ندلكاران سزا بدات.
كۆشتن و خوێنرشتن له‌ هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌و به‌ پێی میدیاو و ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایه‌ته‌كانی خودی ده‌سه‌ڵات ئاماژه‌ به‌ گیراو و كۆژران ئه‌كرێت ودیاره‌ حكومه‌ت سوره‌ له‌ سه‌ر كوشتنی خۆپیشانده‌ران به‌ بیانووی هیچ و پوچ و بێ بنه‌ماو بۆ تۆقاندنی خه‌ڵكی راپه‌ریوی شاره‌كانی هه‌رێم لێژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ راشكاوی ئه‌ڵێت : هێزه‌ ئه‌منیه‌كان (ده‌ستكراوه‌ ئه‌بن كه‌ ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن) ، واتا بۆیان هه‌یه‌ خه‌ڵك بكوژن.
به‌ناوی ئازادی و چاكسازی حكومه‌ت نانی خه‌ڵكی بریوه‌و موچه‌ نێیه‌، خزمه‌تگوزاری وژیانی شایسته‌ نێیه‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌ تێپه‌راندنی ئه‌و دۆخه‌ داراییه‌ سه‌خته‌ ئه‌كات به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌و، به‌ بۆچوونی چاودێران حكومه‌تی هه‌رێم تا بینه‌قاقه‌ی تێیچه‌قیوه‌و ناتوانێت خوێ رزگار بكات و، حكومه‌ت به‌ هۆی رێككه‌وتنی به‌خشینی نه‌وتی كوردستان بۆ ماوه‌ی ــ 50 ــ به‌ توركیا كڵۆڵه‌و ئیفلیج بووه‌و ناتوانێت له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند ( فیدراڵ) هیچ بكات چونكه‌ ناتوانێت رۆژانه‌ ـ 250 ـ هه‌زار به‌رمیل بدانه‌ كۆمپانیای سۆمۆ.
به‌ پێی ئازادییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی داوای موچه‌و مافی خۆی بكات بۆ زێندان، چالاكه‌وانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌وانانی داكۆكێكه‌ر له‌و مافه‌ ره‌وایانه‌ بۆ زیندان و، هه‌ر كه‌ناڵ و ته‌له‌فزیۆنێك باسی نان و قوتی خه‌ڵك بكات ده‌نگی كپ بكه‌ن و ده‌رگاكانی دابخه‌ن و ، خۆپیشانده‌ران بچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان و دابنیشن تا حكومه‌ت بیریان لێ ئه‌كاته‌وه‌و، ئه‌وبیكردنه‌وه‌ش له‌ به‌ر بێ پاره‌ی مه‌حاڵه‌.
عه‌نتریات و توندوتیژی و ئه‌قلییه‌تی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه ‌بێسووده‌و ئه‌نجامه‌كانی له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگاو هاوڵاتیان خراپ و نێگه‌تیڤ ئه‌بێت و به‌ پێچه‌وانه‌ش‌ ملكه‌چی بۆ داخوازییه‌كانی خۆپیشاندران كاردانه‌وه‌ی پاش و پۆزه‌تیڤی ئه‌بێت و، لێردا پیویسته‌ داوا بكه‌ین بۆ به‌ربوون و ئازادكردنی ده‌ستبه‌جێی هه‌موو گێراوه‌گان و بیركردنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی پر له‌ شه‌رمه‌زاری نه‌وت له‌ گه‌ڵ توركیاداو دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بوونه‌ته‌ باسی نانبرینی هاوڵاتیان. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت گوێ له‌ خه‌ڵك نه‌گرێت دۆخه‌كه‌ دژوارو ئاڵۆزتر ئه‌بێت.

8/12/2020




با پسکیت بخۆن ! .. عەبدوڵا ساڵح

لەدەور وبەری ساڵەکانی 1789 کاتێک بە ( ماری ئەنتوانێت ) هاوسەری لویسی شانزە پاشای فەرەنسا دەڵێن خەڵک برسیە و نان نیە بیخۆا ، دەلێ دەی با پسکیت بخۆن ! (Qu’ils mangent de la brioche) ئەم دەستەواژەیە تا ئەمڕۆش بەکار دەهێنرێ بۆ جۆرێک لە حوکمڕانی کە لە ئاقار بێدەرەتانی وهەژاری خەڵک دا شانخاڵی بکاتەوە و بێدەربەست بێ .
ئەم ووتەیەم کاتێک هاتەوە بیر، کە گوێم لە قسەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان دەگرت ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاتێک دەیگوت : (( کێشەی ئێمە کێشەی خاکە !! ))
فریودان وبەلاڕێدابردنیش ئەندازە و بواری خۆی هەیە، ئەم قسەیە ئەگەر لە ٢٠١٣ و ٢٠١٤ بگوترایە رەنگبا بچوبایە بەگوێ بەشێک لە گوێگرانی ، بەڵام پاش نزیک بە ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانی شکستخواردو ، پاش ٣٠ ساڵ لە تاڵان وبڕۆ، پاش ٣٠ ساڵ لە برسیکردنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و لەبەرامبەریشدا هەڵتۆقینی سەدان ملیاردێر وهەزاران ملیۆنێری شەریک لەگەڵ حزب وبنەماڵە، پاش دەمکوتکردنی بائاشکرای دەنگی ئازاد و ڕاپێچەکدانی هەزاران ئازادیخواز بۆ زیندانە ئاشکرا و نهێنیەکان ، بەجۆرێک کە تەنانەت عەلی تەتەری پارێزگاری دهۆک بەئاشکرا ولە سەر تەلەفزێۆنەکەی خۆیان ( ڕوداو ) لەم شەوانە بە ناچاری دانی نا بە گرتنی ٥٠ کەس لەخۆپیشاندەرانی چەند مانگ لەمەو پێشی شاری دهۆک، کە پێشتر بێسەر وشوێن کرابوون، بەتۆمەتی داوای موچەکانیان .
ئێوە باسی خاکێک دەکەن کەدەستان پێی ڕاناگا، دەی فەرمون باسی ئەوخاکەمان بۆ بکەن کە لەژێردەستاندایە، ئەو خاکەی هەرچی لەسەریەتی و لەژێریەتی چی لێهاتوە ؟ ئاخۆ خەڵکی کوردستان چ خێر وخۆشیەکیان لە خاکی ژێردەسەڵاتی ئێوە دیوە تا روویان بکەنە ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتتاندا نیە ؟! تازە دەتانەوێ یاری بە ئیحساساتی خەڵک بکەن بەوەی کێشەی | ئێمە| کێشەی خاکە!؟ مەبەستی ئەو جۆرە لە پەیام ئەوەیە: واز لە سکی برسی بێنن جارێ خاکمان داگیر کراوە !! خاک بخۆن لەبری نان !!
ئەمجا نۆرەی بالۆرەی | دەستی دەرەکی دێت | !! و دەلێ: لەناو خۆپیشاندەراندا دەستی دەرەکی هەیە ومەبەستیەتی ئەم قەوارەیە تێکدا !! ئەم بالۆرە سواوە هەموو دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن کاتێک شاڵاوی پەلاماری خەڵک توشی دڵەڕاوکێ وڕەنگ زەردیان دەکا، قەوانێکە هیچ گرامافۆنێک نایخوێنێتەوە .
ئەمجا هەموتان ، سەران وسەرکردەکانی دەسەڵات باسی توندوو تیژی دەکەن ! سەیرە ، ئێوە کە تەنانەت نای ووشکی سەر سفرەی هەژارانیشتان بەڕەوا نەبیبنی و ئەویشتان دزی! باسی توندوو تیژی دەکەن ، توندو تیژی تەنیا پەلاماری مقەڕە حزبیەکان نیە کە بەرنامەی برسیکردنی خەڵکیان تێدا دادەڕێژرێ ، مەگەر سکهەڵگوشین لەسایەی دەسەڵاتەکەی ئێوەدا توندوو تیژی نیە؟، مەگەر گیرفانی بەتاڵی سەدان هەزار گەنج و بێکار کردنیان و ناچارکردنیان بە گرتنەبەری ڕێگای مەرگ ونەمان توندو تیژی نیە ؟ مەگەر گیانسپاردن لە چاوەڕوانی چارەسەریدا لە نەخۆشخانەکان توندو تیژی نیە ؟ مەگەر دەستگرتن بەسەر موچەی شایستەی فەرمانبەرێکی خانەنشین کە هەموو تەمەنی خۆی لە خزمەتکردندا بەسەر بردوە وئێستا نان نیە بیخوا توندوتیژی نیە ؟ ئەمە مشتێک بوو لە خەروارێک .
ئەم دەسەڵاتەی ئێوە دەمێکە سەلماندویەتی کە تەنانەت لەڕیزبەندی فاشیلترین دەسەڵاتەکانی دنیاش جێگەی نابێتەوە ، هەر بۆیە دەبێ بڕوا و خەڵکی کوردستان لەو ئەزمونە شکستخواردوەی ئێوە ئەوەندە دەرسیان وەرگرتوە کە بتوانن دەسەڵاتێکی شایستە بەخۆیان دامەزرێنن کە ئازادی ویەکسانی وژیانێکی بەختەوەریان بۆ دەستەبەر بکا .

٩ – ١٢ – ٢٠٢٠