بۆچی دەبێت مەسرور بارزانی دەست لە بەڕێوەبردنی کوردستانی ئێراق بکێشێتەوە؟.. نووسینی: مایکڵ ڕۆبین

ناوچەکە بەرگەی حکومەتێکی ناکارامە ناگرێت!

نووسینی: مایکڵ ڕۆبین/
ڕێبوار ڕەشید کردویە بە کوردیی

ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردەکان خۆیان بە “ئێراقێکی دیکە” دەبینی، ناوچەیەک کە دیموکراسیی و ئاساییشی تیادا پەیدا دەبوو، بەڵام ئەوڕۆ کوردستانی ئێراق لە سەر ئاورە. هێزەکانی ئاساییش دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران دەکەن، خەڵک وەڵام دەدەنەوە و ناڕەزاییدەربڕان پەرچەمی حیزبەکان دەسووتێنن و تەنانەت وێنەی دامەزرێنەری پ د ک مەلامەستەفا بارزانیش.

کوردستانی ئێراق کە “ئێراقێکی دیکە” بێت هەمیشە درۆیەک بوو. ناوچەکە ماڵی بابی دوو خانەوادەی دەسەڵاتدارن – بارزانی و تاڵەبانی، کە لە پراکتیکدا لە سەروو یاساوەن. هاوکات کە ئێراقیەکان لە بەغداد لە پشت فەرمانەوە بوون، مەسعود بارزانی پ د ک کە هەتا 18 مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمەکە بوو، زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ماوەی دەست لە سەرکاربوونی خۆی درێژ بکاتەوە. دۆخی ئاسایشیش هەروەها گرژ بوو، کەمتر بە هۆی کارامەیی پاراستن، دەزگای ئاسایشی پارتی کە لە مێژە لەلایەن مەسروری کوڕە گەورەی مەسعودەوە بەڕێوە دەبردرێت، وەکوو لە توانای پارتی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە سامانییەکان، بەتایبەتیی سامانی نەوتی هەرێم، بوو و کردنی بە هەرەمێکی گەندەڵیی، بە کوردییەکەی، خانەوادەی بارزانی لەو دۆستانەیان زۆر کەم هەبوو کە بە پارە نەیان کریبن.

کوردەکان ئێستا تەواو یاخیبوون. مەسعود ڕەشمەی دەسەڵاتی دا بە مەسروری کوڕی خۆی، زۆر کەم لەبەرئەوەی کە کارامە بێت بەڵکو لەبەرئەوە بوو کە کوڕە گەورەیەتی. هاوکات کە ڕاپۆرتی دەستدرێژییکردن زیاتر لە سلێمانییەوە دێت، زۆر کەمتر لەبەرئەوەیە کە بەخشندەیی لە دەڤەری یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە زیاتر بێت – هەردوو لایان زۆروکەم وەکوو یەکن – بەڵکو لەبەرئەوەیە کە سلێمانی خاوەنی نەریتی بەرەنگاربوونەوەیە و ڕێبەراتیەکەیش کەمێک زیاتر تۆلەرانسی هەیە. لە هەولێر و ئەو بەشانەی کوردستانی ئێراق کە بارزانی دیکتاتۆرانە کۆنترۆڵیان دەکات، شتومەک و ئازووخەی سەربازیی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دژ بە شەڕی داعش پێیان بەخشیون و تا ئێستا بۆ شەڕی دژ بە داعش بەکاریان نەهێناون، ئێستا بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل هەڵیان بەستوون.

بە هەرحاڵ، کێشە سەرکییەکە بڕیاردانی مەسرورە. هاوکات کە مەسرور تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوانی پێش خۆی، ئامۆزایەکەی، واتە نێچیروان بارزانی کە ئێستا سەرۆکی هەرێمە، بۆ ئەو دۆخە ناهەموارەی هەولێر، کەچی حکومەتی نێچیروان هەمیشە کارامەتر بووە، تەنانەت لە بارودۆخی دژواری ئابوورییشدا. کاتێک کە مەسرور حوکمی لە بابی خۆی وەرگرت، بە دوای کارامەییدا نەدەگەڕا، بەڵکو بە دوای وەفاداریی کوێرانەوە بوو. بەو شێوەیە مەسرور حکومەتێکی پاراستنی دامەزراندووە، کارمەندە درێژماوەکانی پاراستنی هێناون و خستوونیە پلەی سیاسییەوە. لەوێدا، ئەرکی سەرەکیی ئەمانە ئەوەیە کە وەفاداری مەسرور و بازرگانییەکەی بن، وەکوو لە پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

بیهێنە بەرچاوی خۆت، بۆ نموونە، وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد. رێبەر 7 دانە ساڵ ئەندامێکی چالاکی پاراستن بووە و پێش ئەوەیش چەندین ساڵ هاوکاری پاراستن بووە. لە ڕۆڵی ئێستایدا، چاوەدێری هێزی پۆلیس دەکات و بە پلەی یەکەم دژ بەو کەسانە بەکاریان دەهێنێت کە دژ- بارزانین، لە جیاتی ئەوەی بۆ پاراستنی یاسا و ڕێگاگرتن لە خراپەکاریی بەکاریان بهێنێت.

پاشان وەزیری تەندروستیی سامان حوسەین محەمەد (سامان بەرزنجی). سامان کۆنترۆڵی هەموو نەخۆشخانەکان دەکات، بە ئەهلیی و حکومەییەوە و هەروەها کۆنترۆڵی تەواوی خەزێنەی دەرمانیی دەکات. من لەوە بەر راپۆرتێکم لە سەر کارەکەی هەیە (دیارە ئەو کارەی بە هاوکاریی ئیدریسی کوڕی نێچیروان دەکرد) ئەویش ئەوەبوو کە نەخۆشخانەیەکی بەخشندەکاریان کرد بە کلینیکێکی شەخسیی قازانجبگیر. لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا، کوردەکان باسی دەکەن کە سامان بەتایبەتیی کۆنتراکتی دەرمانفرۆشیی، ئەویش بە نرخی زۆر گران، بەو بازرگانانە داوە کە سەر بە پاراستنن. سەرئەنجامی ئەم کارە لێزمە قازانجێک بووە بۆ تاقمی ناوەوەی بازنەی پاراستن، دیارە لە سەر حیسابی تەندروستیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کورد.

لە مێژە پاراستن ئالان حەمەسەعید ساڵح بە لایەنگرێکی جێمتمانەی پاراستن دەزانێت کە مەسرور کردی بە وەزیری خوێندن. کاتێک کە ئالان لە سلێمانی نیشتەجێ بوو وەکوو پارتییەک دەست بە کار بوو، دروست لەو کاتانەدا کە لقەکانی پارتی بەوە ناوبانگیان دەرکردبوو کە گولـلەی زیندوو بە خۆپیشاندەرانەوە دەنا. کاتیک کە جەنابی وەزیر نەبوو بوو بە ئەکادیمیک، مەسرور چاوەڕێی ئەوەی لێی هەبوو کە ئالان مەلزەمەیەک بۆ مێشک شۆردنەوەی جەوانان و لاوان ئامادە بکات وا کە ببن بە وەفاداری پارتی و چیرۆکەکەی. دیارە، بێگومان ئەمە نا واقیعییە – لە سەردەمی سۆشیالمیدیادا و لە کاتێکدا کە چەندین خەڵکی کورد لە تەواوی خانەوادەکاندا لە دەرەوەی وڵات دەژین و لەو دوورەوە باسی دۆخی راستەقینە دەکەن و نیشانی دەدەن، نەشیاوە بتوانرێت نەوەی نوێ بەو شێوەیە گۆش بکرێت. بەڵام هەر ئەو راستییەی کە مەسرور و ئالان هەوڵ دەدەن ئەو کارە بکەن ئاستی فەنتازی و چاولەدووییان نیشان دەدات کە مەسرور وا تێی کەوتووە.

مەسرور بە هەمان شێوە پشتیوان سەدیق عەبدوڵا، وەزیری کاروباری ئەوقاف، ـی بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی تا ئاستی گەندەڵیی پێ کۆنترۆڵ بکات. پشتیوان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیە و بە پێی هاوشارییەکانی لە هەولێر، پاراستنێکی پایەدارە.

وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار، ساسان عوسمان عەونی، لە هەمان شانەیە. لە نێوان ساڵانی 2005 و 2009 دا بەڕێوەبەری پاراستن بوو، ئەگەرچی لە راستییدا هەر مەسرور بڕیاردەر بوو. ساسان یەکێکە لە هەرە متمانەپێکراوەکانی ڕێکخراوە ئاژانییەکەی مەسرور و ئەمڕۆش کارەکەی ئەوەیە کە سەرپەرشتی ئەوە بکات کە خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە دەستی مەسرور و نوێنەرە بازرگانیەکانی و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی کە مەسرور و پاراستن بتوانن قازانج لە گەشەپێدانیان بکەن و بیانفرۆشن لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی مەسرور مووچەی مانگانەی کارمەندان نادات.

کوردەکان هەروەها باسی دەکەن کە ئەرکی سەرەکیی ئومێد سەباح عوسمان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران (فەرماندە گشتییەکەی مەسرور) ئەوەیە کە مامەڵە سیاسیەکان و بازرگانییەکانی مەسرور پەنهان بکات لە کاتێکدا کە نەهامەتییەکان زۆر زیاتر پێویستیان بە شەفافیەت و ڕوونییە. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنا، کار و پرۆژەکان، ئەمیش لە ناوبازنەی پاراستنی مەسروردا ڕۆچووە، کە کارەکەی ئەوەیە هێڵ و سنووری نێوان سامان و داهاتی حکومەت، حیزب و کەسەکان بسڕێتەوە و ئەگەریش زۆربەی سەرمایەگوزرارییەکان بە ئاراستەی مەسرور نەبات ئەوا بیانگەیەنێتە دەست پاراستن و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان.

مەسرور دەتوانێت پاراستن بە هەند وەربگرێت، بەڵام جێی خۆی نییە وەفاداریی ئەوانەی نێزیکین لەگەڵ کارزانیی و کارامەیی تێکەڵ بکات. کێشەی سەرەکی حکومەتەکی مەسرور ئەوە نییە کە پێش خۆی چی تر هەبووە، بەڵکو گەندەڵیی و نەزانییە. گومرگ و باج زیادیان کردووە، لە هەندێک دۆخدا بە ڕێژەی سێ سەد لە سەددا. کوردەکان دەبینن کە لە هاوولاتیانی سویسرا پارە زیاتر دەدەن، ئەمە لە کاتێکدا کە مەسرور خزمەتگوزاریی سۆماڵیایان پێ رەوا دەبینێت. بە شێوەیەکی دیکە بڵێین، هەولێر لە دونیادا شاری یەکەمینی ڕێستەورانەکانە و لە نەخۆشخانەشدا جیهانی سێیە.

نابێت مەسرور سەرسوڕماو بێت کە کوردستان لە سەر ئاورە. ڕەنگە پێی وابێت کە دڕندەیی بڵێسەکان دەشکێنێتەوە، بەڵام نابێت لەو خەیاڵپڵاوەدا بێت کە دەتوانێت پشکۆکان بکوژێنێتەوە چون پشکۆکان لەبەر ئازادیی داخ نیین بەڵکو لە سەرئەنجامی گەندەڵیی و تووڕەبوون لە زڕبەڕێوەبردنێکی هەڵئاوساودا داگیرساون. خەڵکی کورد شایستەی دیموکراسیین، سەرمایەی مرۆڤیی لە هەرێمەکەدا بە ڕاستیی مەزنە و تەنیاش مۆتۆڕی پارتی ڕێگریەتی، بەڵام لە راستییدا خانەوداەی بارزانیی هیچ ئارەزوومەندیەکیان بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسیی نییە چون دیموکراسیی بە مانای کۆتاییهتان بە دەسەڵاتیان دێت. زووش یان درەنگ هەر کۆتایی بە دەسەڵاتیان دێت ئەگەر پێیان وا بێت کە ئەم دۆخەی ئێستا هەر وا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. ئەگەر مەسعود، سەرۆکی پێشوو و سەرۆک عەشیرەت، بە ڕاستیی دەیەوێت پارتەکەی و ئەزموونەکە لە سەر ژیان بەردەوام بن ئەوا جێی خۆیەتی حاڵیی ببێت کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆی خانەنشین بکات و پلەی مەسروری کوڕەگەورەی بهێنێتە  خوارەوە و ڕیشمەی حکومدارییەکە، لانی کەم بە کاتیی، بداتەوە بە نێچیری برازای.

نێچیروان، شایەد، هەروەکوو مەسروری ئامۆزای، گەندەڵیی هەڵگرتبێت و بە کاری شەخسی خۆگەورەکردنەوە خەریک بێت، بەڵام بە پێچەوانەی مەسرورەوە، نێچیروان تێ دەگات کە رێز لە ڕێگای ترسەوە دەستەبەر ناکرێت و تا خزمەتگوزارییش بەرکەماڵ نەبێت ئاشتیی ناچەسپێت. لە بەر خاتری هەموو کوردێک و ئابڕووی خانەوادەی بارزانی، ئیتر کاتی هاتووە مەسرور دەست لە کار بکێشێتەوە.

نووسینی: مایکڵ ڕۆبین
ڕێبوار ڕەشید کردویە بە کوردیی

—————————————————————

مایکڵ ڕۆبین توێژەرەوەیەکی هەمیشەیی ئەمریکان ئینتەرۆرایز ئینستیتیوتە (American Enterprise Institute ) و نووسەرێکی بەردەوامی ڕۆژنامەی ناشنال ئینتەرێستە (National Interest).

https://nationalinterest.org/feature/why%C2%A0masrour-barzani-should-resign-leading-iraqi-kurdistan-174181

تێبینییەکانی وەرگێڕ:

  • مایکل ڕۆبین یەکێک لە دۆستە ستراتیژیەکانی کوردە کە عەوداڵی پارەوەرگرتن نییە، بە پێچەوانەی ئەو جەند زڕدۆستەی بنەماڵەی بارزانی کە بە سەدان ملوێن دۆلاریان تیادا خەرج کردوون.
  • ئەگەر هەر کوردێک ئەم وشانەی بنووسیایە ئەوا بە هەزاران شێوە لە لای بنەماڵەی مەسعودەوە تاوانبار دەکرا.
  • بنەماڵەی بارزانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میت و ئیتلاعات کار دەکەن و تەواوی ستافی حکومەتی کوردستانیان، بەوانەوە کە هێشتا لە ناو یەکیەتیی و گۆڕاندا ماون بەڵام گومانی جیددیان لە سەرە، کردووە بە خزمەتکاری پاراستن و پاراستنیشیان کردووە بە ئینتەرپرایزێک/ بنکەیەکی بازرگانیی سیخوڕیی لەگەل وڵاتانی دەراوسێ کە داگیرکەری کوردستانن.
  • سەەرنج بدەن مەسعود کە لە 2005 ـەوە مۆری سەرۆکی هەرێمی لە خۆی داوە و لە پاش ڕیفەراندۆمی فرۆشتنی باشوورەوە مۆری “سەرۆکی سەرۆکان” ـی لە خۆی داوە، لەم ڕۆژانەدا لە جیاتیی ئەوەی، هەر لە سەر بناخەی خۆ بە سەرۆک دانان، وەکوو کەسایەتیەکی ئاشتیخواز لە پشت خەڵکی هەژار و تاڵانکراوەوە بووەستێت و قسەی بەرپرسیارانە بکات، دێت خەڵاتی دز و جەردەکان دەکات و وەکوو شەڕلاتیەکیی بێئابڕوو دەڵێت “پارتی غەدر لە کەس ناکات و ناشهێێت کەس غەدری لێ بکات”. مەسعود لە تەمەنی ٧٤ ساڵییدا و پاش دزینی ملیاردەها دۆلار بەو زمانە زۆر بازاڕییە پیسە دەدوێت. دیارە ئەمە تەنیا وەبیرهێنانەوەیەکە لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم وتارەی مایکل رۆبین دا وەبیری دەهینمەوە، دەنا خیانەتی مەسعود و بنەماڵەکەی توێژینەوەی تایبەتیی هەڵ دەگرێت.



ئایا خەباتی زەبرمەند ڕەوایە؟.. کاوە جەلال

لە هەموو قەوارە دەوڵەتییەکاندا، جا دێمۆکراتی یان دیکتاتۆری بن، زەبری دەوڵەتی بە ڕەوا دادەنرێت. ئاخر دەوڵەت گەرەکە لە ڕووخاندن بپارێزرێت. گومانی تێدا نییە کە شێوازەکانی زەبری دەوڵەتی لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی دیکەی دەسەڵاتداری جیاوازن. لە دێمۆکراتییەکاندا بەزۆریی لێدان بە کێبل، ئاوڕشتن یان گازڕشتن، دیلکردن بە فەرمانی دادوەر، دەستوێژە سەرەکییەکانی زەبری دەوڵەتین، لە دەسەڵاتدارییە دیکتاتۆرییەکاندا بەتایبەتی فڕاندن، گرتن و ئەشکەنجەدان، یان لەناوبردن بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، سەر بە دەستوێژە سەرەکییەکانی زەبرن.

لێ باشترە لە پرسی خەباتی زەبرمەنددا کۆنکرێتتر ڕوو لە شێوەیەکی دەسەڵاتی نادەوڵەتی بکەین کە زۆرتر لە دەسەلاتە دەوڵەتییە دیکتاتۆرەکان دەمانخاتە بەردەم خەباتی زەبرمەند. ئەم ڕەوشە کە ئێمە هەڵیدەبژێرین، بریتییە لە گەڕەلاوژێیەکی دەسەڵاتەکان، ڕوونتر ببێژین، لەو دەڤەرەدا بەناو پارتی سیاسی هەن کە وەک کۆمپانیای بازرگانی بە دەستوێژی ڕەوا (لێگیتیم) و هەروەها ناڕەوا کە تەنانەت دەشێت کریمینێل (جەریمەیی) بێت، کاروبار و قازانجیان مسۆگەر دەکەن، ئەوجا لەپاڵ ئەو کۆمپانیا زۆردارانەدا بەناو حکومەت و سەرۆکایەتی و پەرلەمان هەن کە هیچیان ڕاستینە نین، بەڵکو کەسانی تاوانبار و هەڕاجکەری سامانی وڵات پۆستەکانیان بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاو-ڕێیانیان پڕکردۆتەوە. پاشان پۆلیس و ئاسایش و بەناو سوپا دێن کە داردەستی خۆیانن، و گەلێکی دی.

ئایا لەم ڕەوشەدا خەباتی زەبرمەندی جەماوەری ڕەوایە؟ لێ ئێمە سەرەتا گەرەکە دوو پرسیاری دی ئاڕاستەی ئەو پرسیارە بکەین تا لە وەڵامەکەی نزیکبکەوینەوە: ئایا تا چەند لەو قەوارە بەدناو و ناڕەوایەدا دەرفەتی خەباتی مەدەنی و گۆڕینی ژیانی خەڵک بە ئاڕاستەی ماف بۆ هەمووان، دادوەری بۆ هەمووان، دابینکردنی کار و کەسابەت بۆ هەموو خەڵک بەبێ جیاوازی و هتد لەگۆڕێیە؟ ئێمە هاوکات گەرەکە بپرسین: ئایا تا چەند دەسەڵاتدارەکان بە ناڕەوا دەسەڵاتیان سەندووە و بە زەبری چەک و مرۆڤکوژان ڕایانگرتووە؟ یان ئایا تا چەند دەسەڵاتداران مرۆڤکوژانی خۆیان لەدژی خەڵک چالاک دەکەن، ئەوە تەنانەت بە فەرمانی دەستڕێژکردنەوە لە ناڕەزاییدەربڕان؟

لێرەدا لایەنێک ئاشکرایە: ئەوە کە وەک هێزی سیاسەتکەر هەیە، هێزێکی خۆسەپێنە، کەواتە ناڕەوایە. ئەو جۆرە هێزانە ڕەوایەتیی دەسەڵاتیان نییە، بەڵکو ئەوان وەک دوژمنی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤدۆست، تەنانەت وەک مرۆڤکوژ، خۆیان بە هێزی چەک دەسەپێنن. لێ گەر لە پەیوەندیی سیاسیی ناڕەوادا هێزی چەک دەستوێژی سەرەکیی پاراستنی دەسەڵات بێت، ئەوا ناڕەواییەکە ڕەوایەتی بە بەرانبەرەکەشی دەدات بۆ هەڵبژاردنی چەک وەک دەستوێژی گەیشتن بە مافی یەکسانی هەمووان. ئاخر گەر تەنانەت دەوڵەت، ئەوە بێگومان چە دەوڵەتی دیکتاتۆریی ناڕەوا و چە دەوڵەتی دێمۆکراتیی ڕەوایەتیپێدراو بە یاسا، مافی زەبری توندوتیژیان بەرانبەر هاوڵاتیان نەبێت و بەرەنگاربوونەوەی زەبروزەنگەکانیان ڕەوا بێت، ئەوا ئیدی هیچ گومانێک لەوە نامێنێتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی زەبرمەندی گەڕەلاوژێ سیاسییە مافیاییەکان هەردەم ڕەوایە. لە بنەڕەتدا بە بەرەنگاربوونەوەی زەبرمەندی ناڕەوایی کە بەرەنگارییەکی بەئاگایە لە ڕەوایەتیدانی یاسایی بە دەسەڵاتداریی سیاسی، بۆ یەکەم جار دەرفەت بۆ سەروەربوونی مافی یەکسانی هەمووان دەڕەخسێنرێت.




كوردەكانى خۆراسان و بیرەوەرییەکانى شازادەى حەمام.. یوسف محەمەد بەرزنجى

بیرەوەرى:
بیرەوەرى نوسینەوە لە دنیادا برەوێکى زۆرى پەیدا کردووەو خوێنەرى زۆرى لە دەورى خۆى کۆکردۆتەوە، نوسەران و هونەرمەندان و سیاسییەکان و کەسایەتییەکانى دیکەش بەگشتى دەستیان بۆ بیرەوەریى نوسینەوەو تۆمارکردنى ڕووداوقەوماوە جۆربەجۆرو هەمەچەشنەکان بردووەو تۆماریان کردووەو لێرەو لەوێ چاپ دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، هەندێک لە بیرەوەرییەکان بەزمانى گشتى خەڵک دەنوسرێن و بەشێکیشیان بەزمانى ئەدەبى و فەنتازیاو شێوە نووسینى پەخشان ئامێز سەرنج ڕاگێش بڵاودەکرێنەوە، بەڵام گرنگ لە بیرەوەریى نوسینەوەو بڵاو کردنەوەى گێرانەوەو ڕاستگۆیی و متمانەیە لای خوێنەر، بیرەوەریش بەشێکە لەمیژووى زارەکى و کە دیکۆمێنت دەکرێ بە ڕاستگۆیى و دوور لە هەر شێواندنێک بنوسرێتەوەو ڕاستییە مێژووییەکان وەک خۆى تۆمار بکرین و بڵاو بکرێنەوەو خوێنەر بەلا ڕێدا نەبرێت؟ ناکرێ نوسەر پشت بە بەرژەوەندى خۆیى و چواردەورى ببەستێ و راستیەکان فەرامۆش بکات و بە ئارەزویى خۆیى ڕاستى کارەسات و ڕووداو قەوماوەکان بهۆنێتەوە و خوێنەرو خەڵکى سەرگەردان بکات و مێژوو سەرەو بن بکات.. کەواتە مێژووى ڕاستەقینە و نەمر لە ڕاستگۆیى و پاکژى پەرێزدایە، نەک بەرژەوەند خوازى تاکگەرایى و گۆڕینى ڕاستییەکان و چنگە کڕێکردن بە لاپاڵى سەخت و تاشەبەردى گەوردا.

محەمەدحسێن پاپولى یەزدى:
مامۆستایى زانکۆو پرۆفیسۆرە،ساڵى ١٩٤٨ لە شارى یەزدى وڵاتى ئێران هاتۆتە دنیاوە،ئەو دەڵێت:کاتیک هاتۆتە دنیاوە، لەو سەردەمەداکە کارەبا، بەفرگر، تەلەفیزیۆن،ڕیکۆردەر، ڤیدیۆ، بۆرى ئاو، حەمام، تەوالێت ورێگاوبان قیرتاوکراونەبوون، یادەوەرى مناڵییان لە ڕووى میژووییەوە بێسەروبەرەیە، ئەم یادەوەرییانەش بەهەمان شێوەیە، بەڵام دەتوانیت دەستنیشانى بکەیت کە کام یادەوەریی پەیوەندى بەپێش چوونەقوتابخانە و کام یادەوەریى پەیوەندى بە سەردەمى قوتابخانەو دوا قوتابخانەوەیە.ل٩ خاوەنى بڕواوانامەى دکتۆرایە لە بەشى جوگرافیناسى زانکۆى سۆربۆنى فەرەنساو ئەندامى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى لە فەرەنسایە، بروانامەکەى لە سەر هۆز و ئـێلە کوردەکانى خۆراسانە، لە ناو ئێمەى خوێنەري کوردا بەگشتى نە ناسراوەو بەرهەمەکانى بە ئێمە ئاشنا نین، بەڵام کردنە کوردى ئەم بەرهەمەى(پاپولى)زیاتر خوێنەربەرچاو ڕوونى دەبێت کە لە ووڵاتى ئێرانى دراوسێماندا یەکێک لە نوسەرو ڕوناکبیرە جوان و مەزنەکان و دۆستى گرنگ و بەکەڵکى گەلى ئێمەو مەسەلە ڕەواکەیەتى، کە ئیمە زۆر بەگرنگى و پێویستەوە لەم پیاوە ڕوناکبیرە دەڕوانین و بەرهەم و کارە باشەکانى بە کەڵک و سوودو پێویست بۆ دۆزى کورد سەیر دەکەین و هەڵیدەسەنگێنین؟ پاپولى بەدرێژایى مێژووى تەمەنى خۆى هەمیشە بە تایبەتى دۆستى کوردو کوردەکان بووەو بە یەکێک لە دۆستە بەوەفاو ڕاستگۆکانى وێنا دەکرێت، ئەویش لە ڕاستگۆیى و نوسینە جوان و میانە ڕەوییەکانیەتى كە بە وێناو تێروانینى جوان بەرجەستە دەبێت و دەردەکەوێت، بیرەوەرییەکانیشى شایەتى ڕاستگۆیى و دڵسۆزى ئەم کەسایەتییە کە کێشەو مەسەلەى کورد لە بیرەوەرییەکانیدا ڕنگدانەوەى زۆرى هەیەو پانتاییەکى زۆر بەرفراوانى بۆخۆیى داگیرکردووە، هەرکاتێک بیرەوەرییەکانى بەڕێز.. پاپولى دەخوێنیتەوە کە بەزمانێکى قەشەنگ و ڕازاوەو هەست بزوێن تۆمار کراون و ڕاستی مێژوویەکى فەرامۆشکراوپەراوێزخراوى بەشێک لە کوردمان لە خۆراسان بۆ ڕوون و ئاشکرا دەبێت و ئازارو خەمەکانیان بە هۆى ئەم نوسینەوە وەک دراماو فلیمێکى سینەمایى هەمە جۆر بە پێش چاوو زهنماندا گوزەر دەکەن، وەک خۆشى دەڵێت: ئەگەر مێژووتان دەوێت ئەوە مێژووى ڕاستەقینەیەو وەرن سەدان زنجیرەى دراماو فلیمى سینەمایى لێ دروست بکەن و بەرهەمی بهێنن ئەمە مێژووە دروست و ڕاستەقینەکەیە پێشتر گەر کەسێک لە هەر وڵات و لایەکى ئەم زەوییەدا ڕۆژنامەنووس میدیاکار نووسەر سیاسیى… گەر ستونێک یان چەند وشەو وێنەیەکى بێ سەروبنى لە سەر دۆز و کێشەى گەلەکەمان بنوسییایە و بڵاوبکردایەتەوە زور بەلاماناوە گرنگ و پڕبایەخ بوو، بەڵام نەمان دەزانى کێ دۆستى ڕاستەقینەو کێ دوژمنمانە؟! بەڵام لە سەردەمى گڵۆباڵ و بە جیهانى بووندا دەتوانین بە تەواوى دۆست و دوژمنەکانمان لەیەکدى هەڵاوێرد بکەین و دۆستە ڕاستەقینەکانى دۆزى کورد بناسین پاپولى یەزیدى بە یەکێک لە باشترین دۆستە نزیکەکانى گەلەکەمان دەردەکەوێت و شایانى ڕێزو پێزانێنێکى زۆرە، ئەویش لە بەرئەو ماندوبوون و وێناکردنە جوانیەتى کە لە نوسینەکانیدا لە سەر کوردو مەسەلەکەى خستویەتیە پێش چاوى گەل و وڵاتى ئێران و جیهان.

وەرگێڕ…تەها سێکانیانى:
وەرگێڕى زمانى فارسیى و بەکوردى کردن، پێشمەرگەوپارتیزان وتێکۆشەر، کەسێکى ماندووە، زۆرجار لە کەنارى مەرگ گەڕاوەتەوە خاوەنى بخششى زۆرە بۆ گەل و ووڵاتەکەى لەو پێناوەدا زۆردەمێکە بەشدارى خەبات و تێکۆشانى کردووە، تەها.. جگە لە خەباتى پێشمەرگانەو پارتیزانى ئازیزترین بەشى جەستەى لە دەسدا وەکە یەکێک لە قاچەکانێتى.. چەندین جار بەسوتفە لە ئامێزى مەرگ گەڕاوەتەوە بریندار بووە، بەر چەکى قەدەغەکراوى کیمیاوى کەوتووەو چەندین کەس لە خانەوادەو کەسوکارى شەهید بوون! جگە لەو ماندووبوون وئەو خزمەتەى پێشکەشى کردووە مایەى ڕێزو پێزانینە دەستى بۆ وەها کارێکى جوان و بەپێز بردووە و بە کوردییەکى پڕ بە تام و چێژ بەرهەمى بیرەوەرییەکانى ئاغاى محەمەد حسێن پاپولى یەزدى(شازادەى حەمام) ى کردۆتە کوردى کە خۆیى لە چوار بەرگى گەورەى ١٢٧٠لاپەرەى قەبارە گەورەدا دەبینێتەوە. کە پێم وایە هەوڵ و ماندوبوونى لە خەبات و تێکۆشاندا سەروەریى و مێژوویەکى جوان و پڕبەهاى مەزنە و بەم وەرگێڕانەشى مێژووەکەى دەوڵەمەند و پڕبایەخ کردوو مەڵۆیەکى جوانترى خستە سەر مەڵۆکانى ترى .. شایانى ڕێزو پێزانینێکى زۆرى کتێبخانەى کوردیەو کتێبخانەى کوردى بە سەخاوەتەوە ئەم بەرهەمەى سێکانیانى لە ئامێزی دا جێدەکاتەوە.

شازادەى حەمام:

هەڵبژاردەیەک لە بەرگى یەکەم ودووەمى بیرە وەرییەکان، ٤٧٢ لاپەڕەى قەبارە گەورەى هەیە، لە یەک کتێبدا خۆیى دەبینێتەوەو لەنێوەرۆک ناونیشانى هەردوو بەرگەکە بەپێى قۆناخ بەندى جیانەکراوەتەوە، بەڵام بەپێشەکى وەرگێڕو نوسەرەوە بەسەر ٧٨ ناونیشانى لاوەکى دا داباش کراوە.
بیرەوەرییەکانیش دەسپێکى بۆدەوروبەرى ساڵى ١٩٥٣دەگەرێتەوە بیرەوەرییەکانیش وەک هەر بیرەوەرییەکى دیکەى نوسراو باس لەزێدو ژینگەى شارو سەردەمى منداڵى و گەشەکردنى کۆمەڵگەو گەڕەک و کوچەکانى شارى یەزد جێگەى باو بپیرانى دەکات و ژینگەیەکە زۆر دوور لە ژینگەى کوردو دابوونەریت و کەلتوورى ئێمەیە.
لەم کتێبەدا نوسەر زۆر بەجوانى بیرەوەرییەکانى پێکەوە چینەوەو یەک بەدووى یەکدا ڕووداو بەسەرهات و چیرۆکە جۆراو جۆرەکانى ژیانى بینراوى خۆیى پێکەوە تۆمار کردووە، لەم یاداشتەدا بەزمانێکى شیرین و سیحر ئامێزو سادە نووسیویەتییەوە، خوێنەر کاتێک لە دەسپێکدا دەست بە خوێنەوەى دەکات هەست بەچێژو لەزەتى خوێنەوەى دەکات و حەزى بەوەیە بە دووى خوێنەوەو شوێنکەوتنى ڕوداو بە سەرهاتەکانى (یەزد)ى بکەوێت و وەختێک دەزانێت لەنێو ڕوداو بەسەرهات و گێڕانەوەى سەرگوزشتەوەو بیرەوەرییەکاندا نەغرۆ دەبێت و حەزى بەوەیە زیاتر بکەوێتە نێو ئۆقیانوسێکى بەرفراوان و بەرینەوە کە خوێنەر هەست بە ئاسوودەیى و لەزەتى بەسەرهاتەکان دەکات… چونکە تاڕادەیەکى زۆر بە سەرهات و ڕوداوەکان لەنێوڕۆحى هەریەکێکمانەوە نزیکەو زۆر لێمانەوە دوورنیە بۆیە خوێنەر چێژ لە بەسەرهات و گێڕانەوەو نوسین و تەنانەت وەرگێڕانەکەش دەبینێت، چونکە ڕۆحێکى کوردانەى بەبەردا بڕاوەو هەست دەکەیت هەرچەند بەسەرهاتەکان و ڕووداوەکان لە ژینگەو جوگرافیایەکى وڵات و دەوڵەت وکلتوورى زمانێکى فارس دا ڕویان داوە و جیاواز بەژینگەى کوردییە، بەڵام لەزۆر کونج و کە لەبەردا لێمانەوە نزیکەو تام و چێژ بەخش و سوود دارە.

شارى یەزد:
شارى یەزد جێگەى لە دایک بوون و گەشەى دکتۆر پاپولى، پاپولى لە شارو ژینگەیەکى فرە ئاینى جیاوازو تێکەڵ لە داب و نەریتى ئاینى فرە لە موسوڵمانى سونەو شیعە و زەردەشتى و یەهودى… هەریەک بەجۆرێ لەکەش و تقوسى دینى و مەزهەبى جیاواز ژیان بگوزەرێنێ و هەست بە ئارامى و تەبایى فرە مەزهب بکات لەم شارەداو تەبایى و دوور لە توند و تیژى وکەشى ئارامى بکات و ئەمەش سەرنج ڕاکێشان و پرسیارى جۆراو جۆر لاى پاپولى دەخوڵقێنێ و خۆشى بە تەواوەتى لەم بیرەوەرییانەدا بە ڕاستگۆیى توانیوێتى وەڵامى دروستیان بۆ هەڵبژێرێ، نوسەرخۆى موسوڵمانێکى شیعە مەزهەب و مێشک فراوانانە ئارامى و تەبایى و ئاشتى کاریگەرى لە سەر داناوەو دەتوانین پاپولى وەک کەسێکى لە سەرخۆو مەیانە ڕەوى تەبا وگونجاو خواستى بۆ ئاشتى ببینین و خۆشیى بڕواى تەواوى بەماف و ئازادى کەسانى بەرانبەر هەیە، ئەمەش بۆ دێڕوئەو دەستەواژانەى نێو بیرەوەرییەکانى دەگەڕێتەوەکە بەکارى هێناوە، لەبەرئەوەى ئەو لە هەلومەرجێکى پڕ ئارام و تەبایى نێو مەزهەب و بیرە جیاوازەکان پەروەردەو ئاشنا بووەو ئەوەش لە ڕەفتارو کردەوە و خوڕەوشتى پاپولیدا ڕەنگدانەوەى دروست کردوەو خواستى نەک بۆ مەزهەب بەڵکو بۆ مافى گەلان و هاوسێکانى بە تایبەت برا کوردەکانى پێک هێناوەو بڕواى بەگەیشتن بەماف و خواستەکانى کورد هەیەو لەم بیرەوەریانەش وەک مافى مرۆڤبوون بڕواى پێیەتى من ئەم کاریگەریە بۆ نزیکى و دۆستاییەتى و تێکەڵاوى لەگەڵ کوردەکان لە سەردەمى منداڵى و هەرزەکارى بەگشتى دەگێڕمەوەو خۆشى بە خۆشویستن و میهرەبانى دۆستەکانى سەرسامەو ناچارە داکۆکى لە ئاشتى و برایەتى نەتەوەو گەلى کوردى براى بکات.

کوچەو شەقامەکان:
لەم بیرەوەریانەدا کۆڵان و شەقام وکوچەکانى شارى یەزد و مەشهەد گەنجینەو سەرچاوەى سەرەکى ئەم کتێبەوبیرەوەرییەکانن، دوکان و حەمام و کارى پیشەگەرى بچوک پۆلیس و شتەکانى دیکە بەگشتى سەرچاوەى ڕوداو بەسەرهاتەکانن، نوسەرو گێڕەرەوەش بەمۆڵەتى ئەوانەى پاڵەوان و خوڵقێنەرى بەسەرهاتەکانن لەم شارەدا تۆمارکراون و لە دوتوێى لاپەڕەکاندا بوونیان هەیە، ئەو خۆى لە کەش و هەواى شارو کوچەو گەڕەک وشەقامەکاندا منداڵى گوزەراندوەو هەمووى تۆمارکردووە بۆتە سەرچاوەى نوسینەکانى، ئەو بە میهرەبانى کەسانى نزیک و هاوڕێ و کەس وکارو خانەوادەو دراوسێکانى لە ڕوداوەکان و سەرگوزشتەکان دواو تۆمارى کردوون، ئەو وەک مێژوونووس و جوگرافیازان کارەکانى بە ووردى تۆمارکردووەو ڕیتمى مێژووى بە جوانى و خراپى وباشییەکانى گێڕاوەتەوەو وەک خۆى دەڵێت: خۆى بە دوورگرتووە بەپێدا هەڵدان و زیادە ڕۆیى و شێواندن، بەڵکو بە ئەمانەتەوە بابەت و چیرۆک و سەرگوزشتەکانى تۆمارکردووە، وەک گوترا مۆڵەتى تەواى لە زیندووەکان و خاوەن بەسەرهاتەکان وەرگرتووە، ئەمەش زیاتر چێژى بەزمانى ئەدەبی و جوانکارى زمانەوانى و ڕاستگۆیى بەخشیوەتە بابەتەکان و بەزمانى گشتى خەڵک تۆمارى کردن و خۆیى بە جوانى وێنەکانى پێکەوە مۆنتاژ کردووە بۆ ئەوەى وێنە درامییەکان پێکەوە پەیوەست بکات و ئەنجامى جوان وەدى بهێنێت.

کێشەکان:
ئەو لە هەر چواربەرگى بیرەوەرییەکانى شازادەى حەمام، زۆر ڕۆچوتە نێو ڕووداوو کارەسات و کێشە کۆمەڵاتى و تەنانەت سیاسییەکانیشەوەو لە بیرەوەرییەکانیدا پانتایى گەورەى بۆ تەرخان کردووەو وێنەى کامێراى نووسینەکەى جوان بەفلاشەوە بەکارهێناوەوجوان وێنەکانى گرتووەو باش مۆنتاژى کردووە، لەنێوکتێبەکانیدا لێیان دواوەو سەرنج ڕاکێشانە خوێنەر لەناو ڕوداو کێشە جۆراو جۆرەکاندا نقوم دەکات وبەزمانە خۆشەکەى خوێنەر تام وچێژى لێوەردەگرێت و حەز بەخوێنەوەى کێشەکان دەکات و ڕەنگە خوێنەر لەزۆر کیشەوە نزیک بیت و زیاتر حەزى لە خوێنەوەیان بێت و تەنانەت ڕەنگە خوێنەر چۆن پاپولى بیرەوەرى لەگەڵ کێشەکان هەیە؟ ڕەنگە خوێنەریش بە هەمان شێوە لەزۆر کێشەى کۆمەڵاتى و سیاسیى و ئابوورى.. بیرەوەرى لەگەڵ کێشەکان هەبێت و سەرنجى ڕابکێشێت بۆ خوێنەوەو وەدووکەوتنى کێشەکان و دووبارە بیرەوەرییەکانى نێوکتێبەکە ببنە بیرەوەرى خوێنەر.

چیرۆکى سەرکەوتن و تێکشان:
لە چوار بەرگى شازەدى حەمام دەیان چیرۆک و سەرگوزشتەىڕۆمانیسى پڕ لە ئەوین و خۆشەویستى ناکام و بەیەک کەیشتن و پڕلە ئەوین و عەشقى ڕاستەقینەو .. تێدایە، دەیان چیرۆکى سەرکەوتن بەخەون و بەدەستهێنانى بڕوانامەو بازرگانى و سەرکەوتن لەم بیرەوەریانەدا تۆمارکراون، تەنانەت زۆرێک لە خەونى نێوچیرۆک و سەرگوزشتەکان لە ئێران چونە دەرەو لە ئەوروپاو ووڵاتانى دیکە تەواو کراون، خاوەنەکانیان وەک پاڵەوانى ڕاستەقینە بە ئامانج و خولیاو خەونى مەزنى خۆیان گەیشتوون، پاپولى خۆیشى بەخەونى بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەرزوو بەدەستهێنانى گەیشتووە، بەڵام لەچیرۆکى خۆشەویستى کچە کوردو کچانى نێو کوچەى گەڕەک و شار بەناکامى گەیشتووەو خەونى زیندەبەچاڵ و تووشى داڕامان و شکست هاتووە! پاپولى دەیان بەسەرهات وچیرۆکى کۆمەڵاتى و سیاسیى ڕاستەقینەى ئاوێتەى بیروەرییەکانى کردووەو بەتەواوە تى خوێنەر سەرسام دەکات و لەناو چیرۆک و بەسەرهاتەکاندا وونى دەکات یاخوود دەیکاتە پالەوان وبەشیک لە چیرۆک و ڕووداوەکانى و دەیکاتە بیرەوەرى خوێنەرەکانى؟

مادەهۆشبەرەکان:
کۆمەڵگەو گەلانى ئێران بەگشتى بە دەست ماددە هۆشبەرەکانەوە گرفتارن، وەک دەردێکى کوشندە پێوەى دەناڵێنن، ئەم دەردە کوشندەییە لەو ووڵاتەدا مێژووییەکى دوورو درێژى هەیەو چەندین ملیۆن کەس بە نێرو مێوە، لەدواین ئامارو داتاکاندا لەم ساڵانه دا ئاشکرا کراون، ئاغاى پاپولى لەم بیرەوەرییانەدا زۆر بە شێوەیەکى تراژیدى و خەمناک باس لە بەکارهێنان و قاچاخچیانى ماددە هۆشبەرەکان دەکات و لە بیرەوەرییە چواربەرگییەکەیدا لە زۆر شوێن ئاماژەو قامکى لەسەر چیرۆک و ڕوداو کێشەى ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگەى ئێرانییدا داناوەو ئەم دەردە کوشندەو تەونە جاڵجاڵۆکییە کە گەمارۆى گەلانى ئێرانى داوەو گۆمەڵگەى لەنێو ئامێزیدا بەتەواى خنکاندووە لەم بیرەوەرییانەدا ڕەنگدانەوەى بەرچاوى هەیەوبەجەنگێکى بەردەوامى دەچوێنێ کە بەرۆکى گەلانى ئیرانى گرتووەو لەنێو قەیرانى سامناک و سەختدا کۆمەڵەگەى تووشى ئیفلیجى کردووەو بە ئەرکى سەرشانى دەوڵەتى دادەنێت کە بەتووندى به ڕووى ئەم دەردو نەخۆشییە سامانکە ببێتەوه و هەوڵى تەواو بۆ لاوازکردن و کەم کردنەوەى لەنێو کۆمەڵگەى ئێرانیدا بنێت و دەستى قاچاخچیان و بەکاربەرەکانى ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگەدا دووربخاتەوەو بەچڕى دژى ئەم دەردە ببنەوە و بەسەریدا زاڵ بن و ڕێگا چارەى تەندروستى بۆ بدۆزنەوە.

پەروەردەو فێرکردن:
لە ساڵى پەنجاکانى سەدەى ڕابردووە لە دەوڵەتى ئێراندا زۆر گرنگى بە پەروەردەو فێرکردن دراوە، ساڵ بە ساڵ قوتابخانەو زانکۆکان پەرەیان پێدراوەو لەڕووى ژمارەو دۆخى خوێندنەوە گەشەى پێدراوە، خوێندنى باڵاو بە دەستهێنانى بڕوانامەى بەرز لەدەرەوەوناوەوە زۆر بەدەست هاتووەو کەڵک و سوودى زۆرى لەنێوەندى پێشکەوتن و ڕەنگدانەوەى گەورەى هەیە، پاپولى جگە لە قوتابخانەو حەوزەیى دینى و قوتابخانە مەزهەبیەکان زۆر پێداگرى لە سەر پێشکەوتن و گەشەى پەروەردەو فێرکردن لە زانکۆکانى ئێران بەگشتى لە شارە جۆراو جۆرەکان و بەتایبەت لەشارى تاران وشارى مەشهەد دەکات و بەرهەمهێنانى خاوەن بڕوانامەى بەرزو کادرى زانستى لە هەموو بوارەکان دەکات و هەڵسەنگاندن و بەرزنرخاندنى لە ئاستى ئێران و ناوچەکەو تەنات لەجیهاندا بۆ بوارەکە دەکات و دەڵێت: ئێران لەکاروانى پێشکەوتنى جیهاندا ڕێدەکات و بەرو هەنگاوى گەورە دەچێتە پێشەوەو ئەم نەخشێکى باشى لەنێو کۆمەڵگەى ئێرانیدا بۆ خۆى مسۆگەر کردووە، تەنانەت لە هەلومەرجى خوێندن و گرنگى پێدان و گەشەى قوتابیان بەگشتى و ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگەى ئێرانى بۆ ئاستى بەرزو پێشکەوتنى دەکات و دەیان چیرۆکیش لەو سەرکەوتنانەدا دەگێڕێتەوە.

بازرگانى، پیشەسازى، کشتوکاڵ و تەندروستى:
یەکەم: لە شازادەى حەمام و بیرەوەرییەکاندا بەگشتى، بوارى بازرگانى و پیشەسازى و گەشەى ئابوورى کۆمەڵگەى ئێرانى باس دەکات و لێى دوواوە، گەشەى کارخانە بچوکەکان بۆ کارگەى گەورەو تێکەڵاو بوونى بە پێشبڕکێ جیهانیى و ناوچەییەکان لە بیرەوەرییەکاندا ڕەنگانەوەیی هەیەو هەر لەچنینى دەستى و گەشەى بۆ کارگەى گەورەو پیشەسازى ماشێن و پۆڵاو ئاسن…. و بازرگانى گەورە لە ڕووى ئابوورى و پیشە سازى و گەشەى کشتوکاڵەوە بە شێوەیەکى مۆدرێن لێى دواوەو باسى لە هەنگاوە هەڵگرتووەکانى ئەو پێشکەوتنە ئابوورییە دەکات کە دەوڵەتى ئێران لەهەموو نێوەندەکانى کشتووکاڵ و بازرگانى و پیشەسازى و سەرکەوتنەکانى کۆمەڵگەو دەوڵەت پێدا گوزەر دەکات و تا ئێستا گەیشتۆتە قۆناخى بەرز، دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت بە هۆیى پیشەسازى پترۆڵەوە، کۆمەڵگەو دەوڵەتى ئێران گەشەى زۆرى بەخۆیەوە بینەوەو لە قۆناخى بەرزى پێشکەوتن دایەوبەهۆی پیشەسازییە جۆراو جۆرەکانى پترۆڵەوە کە باش لەلایەن دەوڵەتەوە کەڵک و سوودى گەورەى لێوەرگیراوە. ئیران قۆناخى باشى سەرکەوتنى بڕیوەو لە ئاستێکى بەرزى بازرگانى و پیشەسازییە جۆربەجۆرو بوارى کشتوکاڵى لە گەشە کردن دایەو بە هەموو شێوەیەک سود لە تاقیکردنەوەو ئەزمؤنى ووڵاتان و گەشەو سەرکەوتنیان لەبوارى تەکنەلۆجیاو ئامێرسازیدا وەرگیراوە.

دووەم: تەندروستى و بوارەکەى لە ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو تا ئێستا ساڵ بە ساڵ وەک یەک نەبووە، بەپێى بیرەوەرییەکان، سیستەمى تەندروستى لە ساڵى پەنجا بۆ حەفتا و هەشتاو نەوەدەکان وتادوایى سەرەتا سیستەمێکى لاواز بووە لە ڕوى دکتۆرو خەستەخانە و نۆرینگەو و کەوادیرى تەندروستى و ئامێرە تەندروستییەکان، بەڵام بە هۆى گەشەى زانکۆو زیادبوونى کەوادیرو فەرمانبەرو پێداویستییە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەو و نۆرینگەکان لە سەرتاسەرى ئیراندا، ئێران قۆناخى بەرزى لە بوارەکاندا بڕیوەو وەک باس دەکریت شتێکى ئەوتۆى لە ووڵاتانى پێشکەوتوو لەڕووى بوارى تەندروستى کەمتر نیە لە ووڵاتان و لە پلەى گەشه کردوو بەرزدایەو تەنانەت لەزۆر شوێنەوە بۆ بوارەکان، نەخۆش سەردانى ئێران دەکەن و لە ئاستیکى بەرزى تەندروستى دان لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى ئاستى بەرزى بڕیوە، ئاغاى پاپولى باسى هەژارى و بڵاو بوونەوەى چەندین نەخۆشى لە سەرتا سەرى ئیران دەکات و باس لە بنەبرى ئەو نەخۆشیانەش دەکات و کەم بوونەتەوەو نەخۆشییەکانیش و ئاستى هۆشیارى و تەندروستى هاووڵاتى ئـێرانى بە دۆخێکى باش و زیادبوونى نەخۆشخانەو دکتۆرەکان، کاریگەرى زۆرى لە سەر سیستەمى تەندروستى داناوە، تەنانەت وەک لە بیرەوەرییەکاندا لە ساڵانى پێشووتردا بەهۆى زۆرێک لە نەخۆشییەکانى وەک سورێژەو وگرانەتاو کۆلێرەوڕشانەوەو نەخۆشییە وەرزییەکانەوە.. دەیان کەس دەمردن، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە جیاوازەو بە هۆى پێشکەوتنى سیستەمى تەندروستى و بەرزى ئاستى ڕۆشنبیرى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگەى ئێرانى سەرکەوتن و پێشکەوتنى باشى بە دەست هێناوەو دەکرێ گەلان و دەوڵەتانى دەڤەرەکە سوودى لێوەربگرن.

کوردەکانى خۆراسان
ئەگەرگەڕیدەیەک یانووسەریێک یامیسۆنێرێک و ڕۆژنامە نووسێک، سیاسییەک سەردانێک، یاخو ڕیپۆرتاژێکى ڕۆژنامەوانى تەنانەت لە ڕادیۆ و تیفی یەکانەوە شتێکى لە بارەى کوردو کێشەو مەسەلەکەى یان هەواڵێکى بڵاو کردبایەوە، ئێمەى کورد زۆر گوێقوڵاخ و سەرسام دەبووین بەنوسین و هەواڵەکان کە لەلایەن بێگانانەوە باسمان دەکەن یاخود فلیمان لە بەرەوە پیشان شەقام و ڕەئى جیهانى دەدرێت، زۆرێکیش لەو نوسین و فلیم و هەواڵانەى له بارەى کوردانەوە بەگشتى بڵاوکراونەتەوە بێویژدانى و نادروستى و هەڵەى زەق و کوشندەیان لەبارەى کێشە ڕەواکەمان و سەرکردەو ڕاپەڕین وبزووتنەوەو شۆڕشەکانى کوردەوە بڵاوکردۆتەوە و دۆزى کورد جوگرافیاو مێژووەکەیشان شێواندوە، جگە لەوەش دابەشکردنە جوگرافیەکەش دۆخ و هەلەمەرجێکى نا لەبارى بە سەر دۆزو کێشەى کوردا سەپاندوەو پەرتەوازەیی بزووتنەوەى کوردیش لەهەرپارچەیەکدا، کێشەکە و دۆزەکەى بەلا ڕێدا بردووەو سەنگ وبەهاى لەبەردیدەى سیاسەتى جیهانیدا کەم کردۆتەوە وئامانجەکانى کوردى لاسەنگ کردووەو ڕێگەى لە سەربەخۆیى و دامەزمەزراندنى دەوڵەت گرتووە بۆیە کوردەکان لە هەرپارچەیەکى دابەشکراودا بە سەر زۆر جێگە بەکەمى یان زۆرى دابەش بوون لە ڕووى ژمارەوە یان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکراوەو لەنیشتمان و خاکى خۆیان دوور خراونەتەوە. پرۆفیسۆر دکتۆرمحەمەد حسێن پاپولى یەزدى، یەکێک لە مامۆستاکانى زانکۆو خاوەن بڕوانامەى بەرزە لە زانکۆى سۆربۆنى فەرەنساو لە سەر کوردەکانى خۆراسان، ئەو دۆستێکى گرنگ و پێویستى کوردە، زۆر بە جوانى جگە لە بڕوانامەکەى لە سەر کورد لە بیرەوەرییەکانى شازادەى حەمام دا لە دۆخ و هەلومەرج و هۆزوو تیرەکانى کورد دواواوە کە شایانى خوێنەوەو ڕێزە، پاپۆلى لە باشترین دۆستەکانى گەلەکەمان و کورد ئەژمار دەکرێت کە بە جوانى لەسەر کورد دوواوە.؟

لە بارەى کوردەکانى خۆراسانەوە:
نوسین و لێکۆڵینەوەو توێژینەوە لە بارەى بەشێک لە کوردەکانى خۆراسان لە ئێران، زۆر کەمە ئەویش بەهۆى پەراوێزخستن و دورى و کەنارگیرى کوردەکانى ئەو دەڤەرە لە خاکى کوردستانى گەورە. جگە لە فەرامۆشییان لە لایەن دەوڵەتى ئێران و سیستەمى سیاسى ئێران و شاردنەوەى کێشەو دۆزەکەیان، ئەمەش هۆکارێکى ترى پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنیانە. وەک گوترا سەرچاوە لە بارەیانەوە کەمە، بەڵام لەم ساڵانەى پێشتردا یەک دوو سەرچاوە لە بارەى کوردانى خۆراسانەوە لە کوردستانى باشور دەرکەوتن یەکێک لەو بەرهەمە باشانەى کە نووسراون و لە شێوەى چوار بەرگ کتێب چاپ و بلاو کراوەتەوە،کۆچى مێژوویى کورد بۆ خۆراسان، نوسینى کەلیموڵڵاى تەوەحودى، وەرگێڕانى عەدنان بەرزنجى کە هەرچوار بەرگەکەش لە لایەن دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمەوە، لە قەبارەى گەورەدا لە ساڵى ٢٠٠٥ تا ساڵى ٢٠٠٩چاپ و بلاوکراونەتەوە، بەرگى یەکەم: ٣٩٧ لاپەڕەیە، بەرگى دووەم:٣٤٦ لاپەڕەیە، بەرگى سێیەم:٦١١ لاپەڕەیە، بەرگى چوارەم:٤٢٣ لاپەڕەیە، ئەوى ڕاستى بیت ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبە بەنرخ و باشانەى لە بارەى مێژووییەکى نادیارى کوردەکانەوە نووسراوەو نووسەرەکەى هەوڵێکى زۆرى داوەو بە سەرچاوەیەکى باش و متمانە پێکراو شایانى ئاماژە پێدانە لە بارەى کوردەکانى خۆراسانەوەو شایانى خوێندنەوەیەو تەنانەت وەک سەرچاوەش زۆر بەسودە. چونکە نووسەرەکەى مامۆستاى زانکۆو یەکێکە لە کوردەکانى خۆراسانە و زۆر بە باشى ئەو مێژووە تاریکەى ڕووناک کردۆتەوەو لێی دوواوە. بەرهەمێکى تریش کە لە لایەن دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە ڕۆمانى بەناوبانگى (کەلیدەر)ە کە لەلایەن نووسەرى گەورەى ئێرانیى(مەحموود دەوڵەت ئاباد)ییەوە، لە دە بەرگدا نووسراوەو سیامەند شاسوارى لە زمانى فارسییەوە بە کوردییەکى ڕەوان و جوان کردوییەتیە کوردى و ساڵى ٢٠١٢ لە ٣٤٨١لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەم ڕۆمانە بەرزەش باس لەئێل و هۆزە دەوارنیشینەکانى دەڤەرى خۆراسان دەکات و لە زوڵم و ستەم و گیانى بەرنگارى و قارەمانێتى کوردەکانى خۆراسان دواوەو داستانى خۆشەویستى خاک و عەشقى کوردەکانى خۆراسان و ئازارو مەینەتى و خەون و خولیاو ئاوات و ئامانجەکانیان لەم ڕۆمانە ناوازەو قەشەنگەدا دەکات، کەبەرد بە بەرد دەهێنێتە سەرزاران. کە دەتوانین بڵێین: ئەم ڕۆمانە بەیەکێک لە ڕۆمانە جوان و ناوازەو بە هەیبەتەکانى نێو کتێبخانەى کوردى و کتێبخانەى جیهان ئەژمار دەکرێت و بە جوانترین ڕۆمانەکانى خۆرهەڵاتیش دەردەکەوێت، شایانى خوێنەوەو هەڵوێستەکردنە لە سەرى و ڕۆمانێکى زۆر بەتام و چێژبەخش و ناوازەیە وەک گوترا لە ئازارو ستەم و زوڵم و ئەوین و عەشقى کوردەکان لە خۆراسان دەدوێت و بەتەواتى وەک ڕۆمانێکى زیندوو لەیاد نەچوو دەمێنێتەوە.

شازادەى حەمام و کوردەکانى خۆراسان:
(کاتێک محەمەد حسێن پاپولى یەزد)ى قوتابی بووە لە سەرەتایى لاویى و قوتابخانەى سەرە تایى و ناوەندى، ئامادەیى و پاشان زانکۆ، چ بەهۆى کارو پیشەوە یاخود بەهۆیى گەشتى زانکۆ و یاخوود دراوسێیەتیەوە تێکەلاوى لەگەڵ کوردەکاندا، لە شارەکانى یەزدو مەشهەد و سەرسنوورەکانى کوردستاندا بە تایبەت شارى مەهاباد و سەردەشت، بەهۆى چوونى خێزانە هەژارەکانى یەزدو مەشهەد بۆ کەتیرە کردن، بۆ دروست بووە، ئەو گەشتانەى لە ساڵى ١٩٦٨وە دەست پێدەکات، چەندین گەشتى تاک و بە کۆمەڵى ئەنجام داوە، پەیوەنییەکە زیاتر کۆمەڵایەتى و بۆ کۆکردنەوەى زانیارى بووە بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەو تێزى زانکۆیش بووە، ئەوەش لە نێوەندى خوێندنى لە زانکۆدا لە دەرەوەى ئێران بە تایبەتى لە فەرەنسا بە سوود بووەو توانیوێتى بە هۆى ئەو تێکەڵاویى وگەشتانەوە ئامانجى زانکۆ کە بڕوانامەى بەرزو دکتۆرایە ساڵى ١٩٨٢وە چنگ بخات لە سەر هۆزە کوردەکان لە زانکۆى سۆربۆنى فەرەنسا،وەک خۆیى لە بیرەوەرییەکانید دەڵیێت:من ئەوەندە عاشقى ئەو خەڵکە خێڵەکییانە بووم، کاتێک چووم بۆ پاریس تێزى دکتۆراکەم لە سەرهۆزە کۆچەرییەکان نووسى، وا هەست دەکەم لە هەر شوێنیک عیشق خۆشەویستى، میوان دۆستى، هاوژینى، بوونیان هەبێت و پەیوەندى بە پارەوە نەبێت ئەو شوێنەبە هەشتە. کەواتە بەرژەوەندى و ئامانجى پاپولى پارەو سەروەت بە دەستهێنان نەبووە، بەڵکو ئەوینى بە دەستهێنانى بڕوانامەو وەدەست خستنى زانیاریى بووە، ئەوەش خوڕەوشتێکى بەرزى زانستییە کە لە دەروونى پاپولی دا چەکەرەى کردوەو، هۆزەکانى کوردیش هەمیشە لە جوڵەو گەشتى گەرمێن و کوێستاندا بوون و میوان دۆست بوون و سەرچاوەى خۆشەویستى بوون، بۆیە پاپوولى چۆن هۆزەکان باوەشى گەرمى میواندارى و خۆشەویستیان بۆکردۆتەوە، ئەویش بە ئەمەک و بەوەفا بەرانبەر هۆزو ئێلەکان دەرکەوتووەو بۆتە دۆست و بەشێک لەوان و دۆستى هەمیشەیى کوردەکانى خۆراسان و کوردستان بەگشتى، هۆزەکان زیاتر لە دەڤەرى خۆراساندا کۆچەرى و بژێوى ژیانیان لە سەر ئاژەڵدارى و بەروبوومى ئاژەڵ بووەو پەیوەست نەبوون بە پیشەى کشتوکاڵ و بازرگانى و نشتەجێیى هەمیشەییەوە، کاواتە ئاژڵدارى و پیشەى سەرەکى هۆزو ئێلەکان بووەو پاپوولیش لە گەشتەکانیدا میوانیان بووەو بەکەسێک لە هۆزەکان دانراوەو توانیوێتى لە ڕێگەى میواندارییەوە پەیوەندییەکى باش دروست بکات و بیکاتە پەیوەنییەکى تەندروست تا زانیارییەکانى ڕۆژانە وە دەست بخات و کۆیان بکاتەوەو سودى باشى لێوەرگرێت و لە بڕوانامەکەیدا بۆى بەسود بێت. ئەو ساتى گەڕانەوەى مێگەل و سەرلە ئێوارە و ئاوابوونى خۆرو دۆشینى مەڕەکان لەلایەن کچانى قەشەنگى خێزان و هۆزەکانەوە زۆر بەجوانى لە تابلۆى نووسینەکانى و دیمەنەکانى تۆمار کردووە بەنووسین و بەوێنەى فۆتۆگراف لە بیرەوەریی و کتێبەکانیدا ڕەنگدانەوەى جوانى هەیە. یان یارى و قسەى خۆش و سەرگوزشتە و گاڵتەو گەپى ژێر دەوارى بەر تریفەى مانگە شەو، کەزۆر چێژ بەخش و بەتام بوون بەلاى پاپولییەوەو بەساتە دووبارە نەبووەکان لێى دواو تۆمارى کردوون.

ژێر ڕەشماڵ و دەوارەکان:

ژێر ڕەشماڵ و دەوارەکان تەنیا بۆ پشوودان و خەو خۆراک نەبوون، وەک پاپولى بۆمان دەگێڕیتەوەو دەڵێت: شەوێک میوانى ماڵێک بووین لە نێو هۆزە قەشقاییەکاندا، ئەوماڵە هەموویان فارسییان بە باشى دەزانى شەو پیاوى خاوەن ماڵ شانامەى بۆ خوێندینەوە، ئەو پیاوە کەسێکى زیرەک و وریا بوو، شارەزاییەکى باشى لە مێژوودا هەبوو، شتى زۆرى دەزانى، من بۆ یەکەم جار ناوى ناسرخان و خەسرەوخانى قەشقایم لێرە بەرگوێ کەوت. ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە پاپۆلى لێرەوە سەرچاوە مێژوییەکانى بەرگوێ کەوتووەو هانیى دراوە تا لەمێژوو ئاگاداربێت، ڕەشمالەکان سەرچاوەى زانیارى و مەعریفەو بە سەرهاتە مێژووییەکان بوون وتەنانەت بۆ قوتابیەکى زانکۆش سەرچاوەى بەکەڵک بوون. ئەو نرخی ئەم سەرچاوەى باش زانیوەو کەڵکى لێوەرگرتوون. هەرچەند قەشقاییەکان تورک زمان بوون، بەڵام بۆى بەسوود بوون، قشقاییەکان خاوەنى هەواروڕەشماڵ بوون جێگەى ساخکردنەوەى مەنجەڵ وکەلوپەل و پێداویستیەکان بوون، لەنێو هۆزەکاندا پاپولى ماوەیەک خەریکى ساخ کردنەوەى مس و مەنجەڵ بووە لەنێو هۆزە کوردو توورکەکاندا، ئەمەش زیاتر سوودى بە پاپولى و بوارى بیرکردنەوەى گەیاندووە. تەنانەت لەبارى جل و بەرگ و شیوەو ئیش و خواردن و بارى تەندروستى و ئیشوکارى هۆزە تورکەکان و کوردەکانەوە زانیارى زۆر باشى تۆمارکردووە و بۆ بڕوانامەو بیرەوەرییەکانى کەڵکى لێوەرگرتوون و بەسوود بوون بۆى. تەنانەت زۆر خوڕەوشتى باش و خراپ و بەدڕەوشتى نێو هۆزەکان و ناپاکى و خراپەکانى ئەو کاتەى تۆمارکردووەو بیرو ڕاو بۆچونى خۆشى خستۆتە ڕوولە سەریان، تەنانەت داودەرمان دروستکرن لە گژوو گیاو بەرهەمى ئاژەڵ وگژوگیا سروشتییەکان لە لایەن تاکى هۆزەکانەوە، لەلایەن پاپوولییەوە تۆمار کروان و لە بیرەوەرییەکاندا لە بارەیانەوە دواوەو چیرۆکە جۆراو جۆرەکانى دەگێڕێتەوە.

ژن لە نێو هۆزەکاندا:
دەربارەى ڕۆحى زیندووى نێو کۆمەڵگەو نیوەى مرۆڤایەتى کە ژنە، لەنێو هۆزو ئێلە کانى خۆراساندا، لەنێو بیرەوەرییەکاندا پایە و مەزنى و ئازادى و تێکۆشانى ژن و ئازارو سەروەرییەکانى ئەم توێژە بە سەخاوەت و جوانى نەخشێنراوەو خەبات و گەوریى و ماندوو بوونەکانى ژنى کوردى ناو هۆزەکان لەلایەن ئاغاى پاپۆلییەوە تۆمار کراوون و لە بەخێوکردن و کاروبارى نێو هۆزەکانى خۆراسان ژنان پێشەنگى ڕاو بۆچون وەرگرتن و بەڕێوەبەرى نێو هۆزەکانن و پەروەردەو بەخێوکردن و منداڵدارى و ئامادەکردنیان جگە لەکارى ئاژەڵدارى و ماڵدارى بەشى شێرى لە بیرەوەرییەکاندا بۆ تەرخان کراوەو پاپولى بە بەرزى و جوانى باس و خواسى لەبارەى ژنەوە تۆمارکردوە و قارەمانێتى و ئازایەتى ژنی کوردى بەویژدان و واقیع بینى ئەو ڕۆژگارو سەردەمەى باس کردووە.
هەژارى و نەبوونى تەندروستى خۆراک و نەبوونى پێداویستى سەردەمیانە بۆ ژنان و بەتایبەت هۆزەکان کاریى گەرى گەورەى کۆمەڵایەتى لەسەر ژنان دروست کردووە، ڕێگرى دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکوتکردن بەهۆى دابوونەریتەکانەوەو نەبوونى نەخوێندەوارى وکرانەوەى نێوکۆمەڵگە ڕێگرن لەپێشکەوتن و دواکەتنى ژننان لەناو هۆزو تیرەکانى خۆراسانداو ژنان ناتوانن لە پلەو پۆست و شوێنە گشتییەکاندا بەشدارى پێشکەوتنى کۆمەڵگە ببن، لەبیرەوەرییەکاندا ئەم لایەنە جۆراوجۆرانە ئاماژەى پێدراوەو ڕوون کرواتەوە.

دووبارە شارى یەزدو ژن:
شوێنى لە دایک بوون و گەشەى منداڵى و گەنجى ئاغاى پاپولى یە، جێگەى پێکەوە ژیان و لێبوردەییە، لە کۆڵان و کوچەکاندا دەیان ماڵى موسلمانى شیعەو سونەو زەردەشتى و یەهودى و کوردو فارس پێکەوە ژیاون و دووربوون لە کێشەو گیرو گرفت، شوێنە فەرهەنگییەکانیش بە پارەى یەهودى و موسوڵمان وزەردەشتییەکان دروست کراون، وەک دەڵین: بەم شار دەگوترێت شارى خێرخوازان. کەژنانى یەزدیش بەشداریەکى چالاکى پێشکەوتن و خیرخوازى ئەم شارە میژووییەن و لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنى نەوەکاندا دەورى کاریگەرو گرنگیان بەدرێژایى مێژووى ئەم شارە لە بەرچاوە.

هۆزەکەى حاجى عەلى خان:
ئەم هۆزە یەکێک لە گەورە هۆزەکانى دەڤەرى خۆراسانە، زۆرینەیان کەسوکارى یەکترن، گەورە و سەرۆک هۆزیان حاجى عەلى خانە سەرۆک هۆزى (زەعفەرانلۆم) کە پیاوێکى قسەڕۆیشتوو سەنگین و نانبدەو میوان دۆست و سەخى تەبیعەتە و خاوەنى خێزانێکى گەورەیە، دەستڕۆیشتوو بەدەسەڵات و خاوەن فەرمان و بڕیارى هۆزەکەیە، ئەوەى حاجى عەلى دەیڵیت: فەرمان و بڕیارە ئەوکاتە تەمەنى ٦٥ ساڵ بووە، کە ئاغاى پاپۆلى ناسیویەتى و میوانى خۆیى و هۆزەکەیى بووەو سەرچاوەى زانیارى و نووسینى تێزو بڕوانامەکەیى و سەرچاوەیەکى گرنگى بیرەوەرییەکانى شازادەى حەمامە، وەک حاجى ئەوکاتە گوتوویەتى: پشتى دوانزەهەممان لە کوردستان بووە ناوى ئەردەشێر خان بووە، بنەماڵەکەى لەلایەن شا عەباسى گەورەوە هێنراون بۆ خۆراسان، ئەرکەکەیشیان ئێشکگرتن بووە لە سنوورەکانى خۆراسان. لە سەردەمى شا سوڵتان حسێن دا بەشێک لە لەوەڕگەکانى نێوان قوچان و شێروانى ئەمڕۆدراوە بە باپیرەگەورەى ئێمە لەو کاتەوەتاکو داخستنى سنوورەکان لە لایەن ڕووسیاوە، ئێمەلە نێوان کێوەکانى قوچان و لەوەڕگەکانى دەشتى تورکمانستان، گەرمیان و کوێستانمان کردووە،کاتێک سنوورەکان داخران گەرمیانمان گۆڕى بەرەو دەشتى تورکمان سەحرا.
حاجى خێزانکەى خاوەنى١٧ مناڵە وخاوەنى٣٩٠٠ سەرمەڕى هەمەجۆرە. لە تەمەنى ٦ــ ٧ ساڵییەوە مەڕناس و شوانکارەى کردووە، پیاوێکى بە هێزبووە، ئەو خوێن و ماندوبوون و ئارەقەى لە چیاو دۆڵەکان و توولە ڕێگاکان ڕشتووە پیاوێکى چاپوک و ڕەشیدو لێزانە و قسەزانە، کەلەم بیرەوەرییانەدا جێگەى تایبەتى بۆ دانراوەو لە مێژوو جوگرافیاو ئاو هەواوى ناوچەکە زۆر شارەزاو قاڵە، سەرچاوەى زانیارى گرنگ بووە بۆ قوتابیانى زانکۆو ئاغاى پاپولى و تەنانەت مامۆستایانى زانکۆش، لە هۆزەکەى حاجى عەلى خاندا بێکارى بۆ پیاوان و گەنجان و ژنان نەبووە، هەموو بەکۆمەڵ کارى لە وەڕگەو مەڕو دۆشین ومەشکەژەنین ئاوهێنان، تەنانەت ڕەشماڵ چنین و تەشى ڕستن و تەونیان لە داردەخست و بەڕەیان دروست دەکرد،کە زۆرێک لەم ئیشوکارانەى ئاماژەیان پێدرا لەلایەن ژنانى هۆزو کرێکارانى هۆزەکەى حاجى عەلى خانەوە ئەنجام دەدران و هەموو ئارەقەیان بۆ پارووەنانێک لە کێول نێو لێڕەوارەکانى خۆراساندا دەڕشت، ئەم بیرەوەریانەى دکتۆرمحەمەد حسێن پاپولى یەزدى شایانى خوێنەوەو هەڵوێستە لە سەرکردن و تێڕامانە، زمانێکى سیحر ئامیزو سەرنج ڕاکێش و بەتام و چیژە، ڕووداو بە سەرهات و چیرۆکى سەرنج ڕاکیش و پڕپەندو تاقیکردنەو ئەزمۆنى تێدایە، وەک دەڵین لەم چواربەرگەدا چى؟ تیانیە فەرهەنگە زمانە مێژووە جوگرافیاو دابوونەریت و دەیان شتى جۆراوجۆرى لە دوتوێى خۆیدا بەڕاستگۆى کۆکردۆتەوەو لە زۆر دەرگاو دەروازەى داوە، دەستى بۆزۆر کونوو کەلەبەرى شاراوەى نێوکلتوورە جیاوازەکانى ئێران بردووەو ئاشکراى کردوون، هیواخوازم دکتۆر محەمەد و وەرگیر تەها سێکانیانى سەرکەوتوبن و ماندوو نەبن بۆ ئەم بەرهەمە جوانەى پیشکەش بە خوینەرى کوردزمانیان کردووە، دەتوانم بڵیم: دکتۆر محەمەدحسێن پاپولى یەزدى بە نزیک ترین و بەوەفاترین دۆستى ڕاستەقینە کورد لەم ڕۆدا ئەژمار دەکرێت و شایانى ڕیزو پێزانینە بۆ ئەم پیاوە نمونەییە و ئەو شارەزاییە بێوێنەیەى کەلە سەر کوردوکوردستان بەگشتى هەیەتى، ئەم بەرهەمەى بەیەکێک لە بەرهەمە جوان و سەنگینەکان ئەژمار دەکرێت و ئیمەى خوینەریش بەرز دەینرخێنین.

سەرچاوەکان:
١ ــ شازادەى حەمام، محەمەد حسێن پاپولى یەزدى، وەرگێڕانى تەها سێکانیانى ــ چواربەرگ چاپخانەى کارۆ ساڵى چاپ ٢٠١٨ ــ ٢٠١٩
٢ــ کوردەکانى خۆراسان، کەلیموڵڵاى تەوەحودى، وەرگێڕانى، عەدنان بەرزنجى، چواربەرگ ساڵى چاپ ٢٠٠٥ ــ ٢٠٠٩ لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم.
٣ ــ کەلیدەر، ڕۆمان، مەحموود دەوڵەت ئابادى، وەرگێڕانى، سیامەند شاسوارى، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم ساڵى ٢٠١٢

٥، ٦ ــ٩ ــ ٢٠٢٠



ئەوانە كێن خۆپیشاندان دەكەن؟ .. شوشان مستەفا

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر قورس نییە، تەنها كەمێك بچۆ ناویانەوە تێدەگەین ئەوانە كێن. ئەوانە موچەخۆرە كڕوزاوەكانی بەردەم مایكەكان نین، ئەوانە گەنجانێكی بێ‌ پارە، بێ‌ ژیانن، ناشكڕوزێنەوە، تەنها دەیانەوێت لەم نیشتیمانەدا بەشی ئەوان ژیان بدرێت، بڕوایان بە خۆیانە، بەشكۆ و بەهێزن، براو خزم و هاوڕێ و دۆستەكانی هەریەك لە ئێمەن.
ئەوانە ڕۆشنبیرەكانی سەر شاشەكان نین هاژەهاژ بكەن و لەژێریشەوە دۆستی دەسەڵاتدارەكان بن، ئەوانە گەنجە بێ‌ كارەكانن، ئەو گەنجانەی لە بێكاریدا بەیانیان تا ئێوارە دەخەون و ئێوارە بە گیرفانی بەتاڵەوە دێنە دەرەوە، ئێوەش كوڕ و منداڵەكانتان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، دەنێرنە خوێندنگە نمونەیەكان و بەتەماشان تا كۆتایی ژیان ئەم گەنجانە تەماشاتان بكەن و، جیاوازی نێوان ژیانی خۆیان و ئێوە و ماڵ و منداڵتان ببین و هیچش نەكەن؟! تۆزێك چاوتان بخورێنن با باشتر دیمەنەكە ببینن.
ئەمانە ئەو واعیزە دەنگە دەنگ كەرانەی سەر مینبەرەكان نین، باسی حەق بكەن و كاتێكیش حەق دێتە ئاراوە سەری خۆیان كزدەكەن و دەچنەوە ماڵ، ئەمانە ئەو پەڕلەمانتارە مشەخۆرانەی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نین بە باوەش پارە لە ئێوە وەردەگرن و لەسەریشەوە خۆیان شین و مۆر دەكەنەوە، نمایشكارەكانیش نین بە شەو ڕۆژێك لەڕێگەی ئێوەی دەسەڵاتدارەوە ببنە خاوەنی هەموو شتێك، گەر دەوێرن وەرنە ناویان، فەرموون وەرن بیان بینن، ئەوانە ئەو گەنجانەن دەكەسیان كۆبكەرەوە دوو هەزار دیناریان پێنییە، دوای بەرد وەشاندنەكانیان دەوەتێكیچایان بكە، دەجار پێتدەڵێن: خاڵە زۆر مەمنون.
ئەمانە پیاوە حیزبییەكانی ناو هۆڵی كۆبوونەوەكان نین، ئەو ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست و رێكخراوی كۆمەڵگەی حیزبییەش نین، لەلایەك لە كانیاوەكەی ئێوە بخۆن و لەلایەكیش خۆیان بكەن بە نوێنەری ئازادی خەڵك، ئەمانە گەنجانێكی دەركراون لە ژیان. (تاقمێكیان تێدایە زۆر زۆر گەنجن، شارەزان لە پۆپجی، بە بۆمبی فرمێسك ڕێژ دەڵێت: سمۆكی، تفەنگیان بكەوێتە دەست هێز نییە پێیان بوێرێت، تۆش بۆخۆت هەر گاڵتە بە پۆپجی بكە، گەر دەتوانیت وەرە ناویان جەسارەتی خۆت بەرامبەر ئەوانە تاقی بكەوە.) تێیاندایە هەر نازانێت حیزب چییە، تەنها دەزانێت هاواربكات: من ژیانم نییە، ئێوە بۆ هەتانبێت، بیسوتێنن… دەریانكەن… وێرانیكەن…هتد.
تۆ كە خەونی ئەو هەموو گەنجە دەسوتێنیت، تۆ كە ناتوانیت ژیانیان بۆ دابینكەیت، ئەو وزە گەورەیەت وێرانكردوە بۆ خاتری دەوربەرەكەت، بەتەمایت ئەو بەو هەموو ئازار و دەردەی خۆیەوە بێتە سەر شەقام و هیچ نەكات؟ بیریشت نەچێت لەو نووسەرۆكە تۆسنۆكانە ناچن، لە هێزە چەكدارەكان بپاڕێنەوە تەقە نەكەن، رێك بەرامبەریان دەوەستن هەڕەشەیان لێدەكەن، پڕجنێویان دەكەن، هێندە بڕوایان بە خۆیانە بەبەردێكی دەستیانەوە لەبەردەم چەندین چەكدار دەوەستن! كێ‌ وایكرد ئەو وزە گەورەی ناو كۆمەڵگە بەو جۆرە توڕە بێت و لە مەرگی خۆی نەترسێت؟ بۆ كەمێك مێشكتان ناخەنە گەڕ تا تێبگەن لەو چینە هەژارە؟
تۆ ئەگەر دەتەوێت شوناسی ئەوانەت بۆ دەركەوێت، لە دورەوە تەحلیلچی و ڕاپۆرتی سیخوری و لێكدانەوەی پوچی شاشەیی بەكەڵكت نایەن، ساتێك بچۆ ناویان و گوێ‌ لە داخوازی و توڕەبوونەكەیان بگرە. تەماشای ئەو بێ‌ ژیانییە بكە تێیدا دەژین، ئەوكات تێدەگەیت ئەوانە كێن؟ بۆ توڕەن، بۆ ناوەستن؟ جیاوازی چینایەتی دروستدەكەیت و دەشتەوێت توندوتیژی ڕوونەدات؟ هەموو شەو لە بیست شاشەی میدیای پڕوپوچەوە ئایدۆلۆژیای توندوتیژی پەخش دەكەیت و بەتەمای نەوەیەكی ئەیوبیت هەبێت؟ بەدبەخت بۆ ئەوەی لە دورەوە لە رێگەی شاشەو حەشاماتی ملكەچەوە سەیری كۆمەڵگە و گەنج دەكات و، لەو دۆخە تێناگات جیاوازی چینایەتی دروستیدەكات. ئەم یاخی بوونە پێویستی بە شیكردنەوەی ڕۆشبنیرانەی بۆینباخ لە ملی قسەی باقوبریق نییە، وەك خۆیان زۆر ئاسایی: ژیانیان دەوێت، كاریان دەوێت. ئەمجارەش بەزەبری هێز بیانوەستێنی لە وێستگەیەكی ترەوە دەست پێدەكەنەوە، بڕوادەكەی بیكە، ناكەی بڕۆ ناویان ئایندە ببینە.

ئازادی بۆھەمووان

شوشان مستەفا




ڕژێمی سەدام لە دیدی نووسەرێکی مەسیحییەوە .. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی کوشتن لەبەغدادی سینان ئەنتۆن

زۆرجار بەناڕەوا مەسیحییەکانی عیراق بەوە تاوانبار دەکرێن، کە زۆرینەیان هەڵوێستی سیاسییان نییە و لەگەڵ رژێم بوون، ئەم دیمەنە خراپەش لای زۆرێک لەلای ئێمە بەرامبەر بەمەسیحییەکانی عیراق هەیە، بەڵام لە راستیدا بەوشێوەیە نییە، چونکە رژێمی بەعس هێندە ترسناک و تۆقێنەربوو، نەک تەنها کەمینەکان بگرە تەواوی گەلانی عیراقی ناچاری ملکەچی کردبوو.
لەماوەی پێشوودا رۆمانی کوشتن لە بەغداد، خاڵڕێژیم خوێندەوە کە نووسینی سینان ئەنتۆنە، ئەویش مەسیحییەکی شاری بەغدایە لە ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایکبووەو ئێستا لەئەمریکا دەژی، مامۆستایە لەزانکۆی نیویۆرک. لە راستیدا ماوەیەکە خەریکی خوێندنەوەی نووسەرە عیراقییەکانم، بەڕاستی نووسەری زۆرباشی تێدایە، یەکێکیش لەم نەوە نوێیەی نووسەرانی عیراق سینان ئەنتۆنە.
ئەم نووسەرە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، ئەم رۆمانەشی یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی و بۆ زمانی ئیتالی و ئەڵمانی و نەرویژی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە. خۆشبەختانە لەلایەن کاک رەنجدەر جەباریشەوە کراوەتە کوردی.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
لەساڵی 1989 لەدائیرەی ئەمنی بەغداد، دەستنووسێک دەدۆزرێتەوە، کە لەلایەن یەکێک لەزیندانەکانەوە بە خەتێکی سەیرو سەمەرە نووسراوە، هەربۆیە «هاوڕێ تەلال» کارمەندی دائیرەی ئەمن، دەکەنە بەرپرسی ئەم دۆسێیە، تاوەکو لەزمان و ناوەڕۆکی ئەم دەستنووسانە بکۆڵێتەوە، ئەمەش سەرەتای رۆمانەکەیە و لەکۆتاییشدا بۆیان دەردەکەوێت کە لەلایەن زیندانی فوراتەوە نووسراوە.
فورات کوڕێکی گەنجی مەسیحییە لەزانکۆی موستەنسەرییە لەبەشی کۆلیژی زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت. فورات هەر بەمنداڵی دایک و باوکی دەمرن و نەنکی بەخێوی دەکات. نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی فوراتەوە، باسی ژیانی خەڵکی عیراق لەسایەی رژێمی سەدام بکات بەتایبەتی ساڵانی هەشتاکان. لە هەمووشی گرنگتر نووسەر تیشکی خستۆتە سەر ژیانی خوێندکاران و سیستەمی خوێندن لە عیراق. بەداخەوە خەڵکانێک دەڵێن لەسایەی رژێمی بەعسدا خوێندن باشتر بووە، بەڵام ئەم رۆمانە وێنەیەکی ترمان پیشاندەدات و هەموو ئەو قسانەش رەت دەکاتەوە کە ستایشی ئەو رژێمە تۆقێنەر و دژە مرۆڤە دەکەن.
فورات کەسێکی قسەخۆش و ژیان دۆستبووە، دژی رژێمی سەدامە و زۆرجاریش بە نوکتە و شێوازی گاڵتەجاری، رەخنە لە دروشم و سیاسەتی سەدام دەگرێت بۆ نموونە بە وانەی «الثقافه‌، دەڵێت سەخافەت» یان وەزارەتی الثقافه‌ دەڵێت وەزارەتی سەخافەت. جگە لەوەش لەرێگەی کۆمەڵێک دیالۆگەوە، گاڵتە بەسیاسەتەکانی رژێمی سەدام دەکات بەتایبەتی لەرووی میدیاییەوە. ئەمەش ترس دەخاتە دڵی نەنکییەوە، چونکە هەمیشە داوا لەفورات دەکات، لەدەرەوە هیچ قسەیەک دژی رژێم نەکات. فورات زۆر حەزی بە ئەدەبیاتی ئینگلیزیی و شیعری عەرەبییە. بەتایبەتی شیعرەکانی جەواهیری و رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆریل. ئەم رۆمانەش لە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکاندایە، بەڵام لەلای فورات دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی و دەچێت لەکتێبخانەی زانکۆ داوای ئەو کتێبە دەکات، ئەمەش دەبێتە مایەی گومان لای دەزگا ئەمنییەکان و پاشان دەیخەنە ژێر چاودێرییەوە، دواتر لەناو زانکۆدا دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە زیندانەوە.
لەناو زینداندا بەوپەڕی دڕندەیییەوە ئەشکەنجە دەدرێت و پاشانیش دەستدرێژی سێکیشی دەکرێتەسەری، ئەمەش جۆرێک یان یەکێک بوو لەمیتۆدە ناشیرین و نامرۆییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سەدام. نووسەر لەم رۆمانەدا تیشک دەخاتە سەر جیهانێکی تاریک و ترسێنەر کە ئەویش زیندانەکانی دەزگای ئەمنی سەدامن، چۆن بەوپەڕی دڕندانە و دڵڕەقانەوە، زیندانیان ئەشكەنجە دەدران.
نووسەر لەناو زینداندا لەرێگای نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆیەوە، هەوڵدەدات کەمێک لەڕووی دەروونییەوە ئارام بێتەوە، باسی رۆژە خۆشەکانی ژیانی خۆی دەکات لەسەردەمی لاوێتیی و خوێندکاریی، لە هەمووشی گرنگتر باسی چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ»ئەریجی» دڵداریدا دەکات. بەڵام بیرەوەرییەکانی بەخەتێکی تایبەت دەنووسێت، کە زۆرکەس ناتوانن لەشێوازی نووسینەکەی بگەن. دواتر ئەم دەستنووسانە دەست دەزگا ئەمنییەکان دەکەون، هەر ئەم دەستنووسەش دەبێتە هەوێنی ئەم رۆمانە جوانە.

شێوازی نووسین
یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینیەتی، نووسەر هەوڵیداوە باسی دوو جیهانی دژ بەیەک بکات، ئەوەش جیهانی ناو زیندان کە ناخۆشیی و مەرگدۆستی بەسەریدا زاڵە و جیهانی دەرەوەی زیندان کە کەمێک خۆشیی و ژیاندۆستی پێوەدیارە. نووسەر لە رێگەی بەکارهێنانی فلاش باگەوە، هەوڵدەدات لە دیواری ترس و تۆقێنەری ناو زیندان دەربچێت، ئەوەش لە رێگەی دزەکردن بۆ خەیاڵی و گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی خۆی. ئەمەش وادەکات کە تراژیدیا و ناخۆشی بەسەر رۆمانەکەدا زاڵ نەبێت، چونکە گەر تەنها باسی ناخۆشیی ژیان بکرێت، ئەوا خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی نامێنێت.
جگە لەوەش نووسەر جەختی لەزەمەنێکی تایبەت کردۆتەوە، کە ئەویش ساڵانی هەشتاکانە. لە رووی شوێنیشەوە دووشوێن دەبنە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکە، یەکەم زیندان، دووەم دەرەوەی زیندان بەتایبەتی زانکۆی موستەنسەرییە.

رژێمی سەدام
رژێمی سەدام دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی ئەم رۆمانە. سیاسەتەکانی، میتۆدەکانی لەبواری سیستەمی خویندن، پروپاگەندە، دەزگا ئەمنییەکانی، نووسەر رەخنە لە تەواوی سیاسەت و دامودەزگاکانی ئەم رژێمە دەگرێت. لە هەمانکاتیشدا رووی راستەقینەی رژێمەکە دەردەخات کە رژێمێکی تۆقێنەرو نامرۆییە.
– « چۆن لە بیرم کرد، ئێمە لە فێستیڤاڵی بێسوودی هەمیشەییدا دەژین کە حزبی بەعس خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئەگەرەکان لەبەرامبەر هەموو شتێک کراوەن. ل23
لە زۆر شوێندا رەخنەی توند لەسیاسەت و مامەڵەی رژێمی بەعس دەگرێت و زۆرجاریش بەشێوازێکی گاڵتەجارییانە رەخنە لەسەدام و رژێمەکەی دەگرێت. خاڵێکی گرنگی ئەم رۆمانە ئەوەیە، نووسەر تیشكی خستۆتە سەر لایەنی ئیعلامی بەعسییەکان کە زیاتر لەپڕوپاگەندەی نازییەکان وفاشیستەکانەوە نزیکە. لەهەمووشی گرنگتر، داگیرکردنی تەلەفزیۆنە لەلایەن سەدامەوە، هەموو تاکێکی عیراقی زیاتر ئەم لایەنە بێزاری کردبوو، چونکە تەلەفزیۆن لەسایەی رژێمی سەدام، ببووە دەزگایەکی تایبەت بەسەدام و دارودەستەکانی و کەسی تر بۆی نەبوو لە تەلەفزیۆن دەربکەوێت. زۆرجاریش خەڵکی لەم دووبارەبوونەوەی وێنەی سەدام بێزاربوون، بۆیە زۆرکەس لە رقی سەدام سەیری تەلەفزیۆنی نەدەکرد.

کۆماری ترس
کۆڵەکەی سەرەکی رژێمی بەعس بریتی بوو لەسەپاندنی ترس بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا، هەموو کەسێک دەترسا رۆژێک لە رۆژان، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بگیرێت، چونکە یان دەکوژرا، یان بەوپەڕی دڕندەیدەوە ئەشکەنجە دەدرا. هەربۆیە هەمووکەس دەترسا و بێدەنگییان لەئاست تاوانەکانی سەدام و رژێمەکەی هەڵبژاردبوو.
داپیرەی فورات هەمیشە پێی دەڵێت:
– رۆڵە لەدەرەوە قسەمەکە، ئەگەر لێم بڕۆی من چی بکەم؟ خۆ لە داخا ئەمرم، زمان درێژی مەکە دوایی زمانت دەبڕن، ئەمانە لەخوا ناترسن. ل.19
ئەم دیالۆگە لەناو هەموو ماڵێکدا هەبووە، هەمیشە دایکان دەترسان جگەر گۆشەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بگیرێت و ئەشكەنجەبدرێن.
لەشوێنێکی تردا دەڵێت:
–وشەی قەدەغە زۆرترین بەکاربردنی هەبوو لەوڵاتدا، بەتایبەت لای ئەوانەی جۆرێک لەدەسەڵاتییان هەبوو یان پێیانوابوو کە دەسەڵاتداران، ل 95

سیستەمی خوێندن
ئەم رۆمانە تیشکێکی زۆری خستۆتە سەر سیستەمی خوێندن و پەروەردە لەسایەی رژێمی بەعسدا، هەرچەندە خەڵکانێک پێیان وایە لەسەردەمی بەعسدا سیستەمی خوێندن باشتر بووەو حزبی نەبووە، بەڵام ئەمە دوورە لە راستییەوە، نووسەر بەحوکمی ئەوەی خۆی لەو کاتەدا خوێندکاربووە، زۆر بەباشی شارەزایانە باسی ئەو کاتە دەکات، بەتایبەتی تیشکی خستۆتە سەر دوو مەسەلەی گرنگ، یەکەمیان پرۆسەی بە بەعسیکردن واتە دەبوایە هەموو خوێندکارێک ببێتە ئەندامی حزبی بەعس، خاڵێکی تریش مەسەلەی مەسیرە، یان خۆپیشاندان کە رژێمی بەعس بە زۆر خوێندکارانی دەبرد بۆ خۆپیشاندان ئەمەش لەبۆنە تایبەتیی و جیاوازەکانی حزبی بەعسدا. بەڵام لەهەمووی گرنگتر مەسەلەی بە بەعسیکردنی خوێندکارانە، بابەتێکی گرنگبوو، کە بەتەواوەتی ژیانی خوێندکاران و مامۆستایانی تێکدابوو، زۆرکەس لەبەرئەوەی نەبن بە بەعسی وازیان لە خوێندن هێنا.
– هاوڕێ نۆفل فۆرمی بوون بە ئەندامی دابەشكرد بەسەرماندا بۆ ئەوەی پڕیبکەینەوە، لەهەمووی ترسناکترئەوەبوو سەرەڕای ئەوەی هێشتا تەمەنمان نەگەیشتبووە سێزدە ساڵ دەبوایە ئەو بەڵگەنامەیەمان ئیمزا بکردایە کەسەر بەهیچکام لە حزبە دژبەرەکانی وەک: حزبی دەعوە و شیوعی نین، بەپێچەوانە تووشی سزای لەسێدارەدان دەبینەوە،ل74

خۆشەویستی
نووسەر هەوڵیداوە لەناو کۆماری ترسی بەعسدا، چیرۆکێکی خۆشەویستی ئێجگار جوان بخوڵقێنێت، کاتێک فورات عاشقی ئەریج، کچە دەوڵەمەند دەبێت، نووسەر هەوڵیداوە بەشێوازێکی فەنتازی، ئەم چیرۆکە بنووسێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، نووسەر پێمان دەڵێت کە خۆشەویستی دەتوانێت هەموو سنوورە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ببەزێنێت. لە هەمانکاتیشدا هێزو توانای گەورەی بە خۆشەویستی بەخشیوە، لەکاتێکدا فورات کوڕێکی مەسیحیییە و سەر بە چینی ناوەندی عیراقە، کەچی ئەریج، کچە دەوڵەمەندێكی مسوڵمانە، هەردووکیان خۆشەویستی کۆیان دەکاتەوە. ئەم چیرۆکەش، هێز و توانای گەورەی بەم رۆمانە بەخشیوە، چونکە خوێنەر تووشی بێزاریی و نائومێدی نابێت و تەنها باسی مەرگدۆستی و ناخۆشی ژیان ناکات، بگرە نووسەر توانیویەتی چرایەکی ژیاندۆستی لەناو تاریکی کۆمارە ترسناکەکەی سەدام هەڵبکات.

مەسیحییەکان
خاڵێکی گرنگی تر بەلای منەوە نووسەر تیشکی خسۆتە سەر ژیانی مەسیحییەکانی عیراق، کە یەکێکن لەپێکهاتە گرنگەکانی کۆمەڵگەی عیراقی. بەداخەوە لەناو ئەدەبیاتی عیراقیدا، کەم تیشك خراوەتە سەر پێکهاتەکانی عیراق، بەتایبەتی مەسیحییەکان.
نووسەر لەزۆر شوێندا تیشکی خستۆتە سەر ژیانی مەسیحییەکانی عیراق، ئەمەش خاڵێکی جوانی تری ئەم رۆمانەیە.
نەنکم شانازی بە بنەچە و نەژادی کلدانییەوە دەکرد، کاتێک هەوڵمدەدا قایلی بکەم کە ئێمە لە رووی کلتوورییەوە عەرەبین یان لانیکەم وەکو ئەرمەن و ئاشوورییەکان کراوین بە عەرەب و نەتەوەیەکی جودانین تووڕە دەبوو. ئەوەی لەکلدانی بۆمان ماوەتەوە تەنها زمانەکەیە لەکاتی نوێژدا بەکاردێت و نەنکم لەگەڵ خزمانی هاوتەمەنی خۆی پێی دەدوێ ،،ل 90 نەنکم مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی وێنەیەکی گەورەی مریەمی پاکیزە لەژووری میوان هەڵواسێت، هەروەها موکڕ بوو کە وێنەکەی سەرۆک لەژێر ئەوەی مریەم لەسەر مێزەکە دابنێت.

جەنگی عیراق ئێران و زاڵبوونی مەرگدۆستی
تەوەرێکی تر کە نووسەر جەختی لێکردۆتە باسکردنی رۆژانی جەنگی عیراق و ئێرانە، نووسەر هەوڵیداوە لەچەند دیمەنێکی جیاوازدا ئەو تراژیدیا و مەرگەساتە پیشان بدات، کە رژێمی بەعس بەسەر گەلانی عیراقدا هێناویەتی، لەهەمانکاتیشدا رەخنە لەسیاسەتی ئیعلامی رژێمی بەعس دەگرێت، کە هەمیشە هەوڵیانداوە خۆیان بەسەرکەوتوویی پیشانی خەڵكی بدەن و راستییەکان بشارنەوە، لەهەمانکاتیشدا باس لەسیاسەتی مەرگدۆستی بەعسییەکانیش دەکات.
کاتێک فورات دەیەوێت وتارێک لە رۆژنامەی جمهوریە بڵاوبکاتەوەو لەبارەی شیوەنی دایکێک بۆ کوڕە شەهیدەکەی، سەرنووسەری رۆژنامەکە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە دایکی شەهید بەهاتنەوەی تەرمی کوڕەکەی دڵخۆش بێت و هەلهەلە لێبدات و نابێت شێوەن بکات و بگری. ل41

حزبی شیوعی و جەواهیری
نووسەر گرنگی زۆر بەحزبی شیوعی دەدات و لەهەمووشی گرنگتر لەچەند شوێنێکدا باسی خەبات و تێکۆشانی ئەم حزبە دەکات، هەروەها پانتایی باشی بۆ جەواهیری شاعیر داناوەو پارچە شیعرێکیشی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ یادی حزبی شیوعی نووسیویەتی. لەمەشدا گرنگی جەواهیریی و حزبی شیوعی لای نووسەر دەردەکەوێت.
لەهەمانکاتشدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم حزبە دەخاتە روو و دەڵێت:
-حزبی شیوعی چەندین ساڵ بوو سەربڕدرابوو، لووتی بڕدرابوو، چاوەکانی دەرهێنرابوو، پارچە پارچە کرابوو لە بەندینخانە و ئاوەرەییدا دەپووکایەوە،،،ل107

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم رۆمانە چ لە رووی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەوە، جوانی و داهێنانی گەورەی پێوە دیارە، هیوادارم کارەکانی تری ئەم نووسەرە بکرێتە کوردی. لە کۆتاییشدا دەستخۆشی لە کاک رەنجدەر جەبار دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

————————————

سەرچاوە:
سینان ئەنتۆن. کوشتن لە بەغداد، خاڵڕێژی. وەرگێرانی. رەنجدەر جەبار. چاپی یەکەم. خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا. 2018.




شۆڕشی مردوەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

یاساوڵی دەسەڵات،
تیرباران کە،
نیشانبشکێنە،
چەکی ئۆتۆماتیک،
ڕێژنە فیشەکێ،
جەستەی یەکێک ..
دوان و سیان ….
جوان بپێکێنە !
دەی یاساوڵی دەسەڵات،
تیرباران کە..
منداڵە لاوازو برسیەکانی شار،
خەڵتانی خوێن کە،
بتەقێنە فیشەکەکان،
چەکی ژەنگهاتووی..
جەنگە دۆڕاوەکان،
بتەقێنە فیشەکی زۆر..
میرە تێرەکان،،
ئاسوودە کە،،
دەی یاساوڵی دەسەڵات،،
نیشانگرە، تیربارانکە،،
بۆمبی فرمێسک ،،
شەقام و کۆڵان ،،
فرمێسکڕێژکە..
بوەشێنە تێڵای ئاسن،
میرە تێرەکانت،
بۆ شەوێکی تر،
ئاسوودە کە،
ئەومیرانە،
لە کۆشک و تەلار،
ئەمشەوتۆقان،،
لە نەعرەتەی برسی و هەژار،
بێ ئۆقرە مان،
پرسیار ئەکەن،
کوا ڕویداوە،
کوژراوەکان،
وەک مردوەکان،
چاو لێک نەنێن،
بزەی لێویان هەر زیندوبێ!
باڵای بەرزیان ..
هێندەی خۆرێ
لەو نێو شەقام،
کڵپە بگرێ!
دەی پاسەوانی دەسەڵات
بتەقێنە فیشەکەکەت،
ئاراستە کە،،
نیشناشکێنەکەت
بوەشینە تێڵای ئاسن،
داری کارەبا،،
بهاوێژە بۆمپە ژەهرینەکەت..
ئاسوودەی کە..
دڵی تۆقیوی میرە تێرەکەت،،
ئەوان ئێستا تیاڕاماون،
لەم سەمەرەیە ،
سەر شێواون،
کواڕویداوە،
لاوانی کوژراو،
لەسەر شەقام،،
دوای مەرگیشیان،
بۆ ئازادی،
بۆ یەکسانی و نان،
بۆ شکانی کۆت و زنجیر
گوێ نەدەنە پێکانی فیشەک،
هەڕەشە و تۆقانی..
کوڕانی میر،
کوا ڕویداوە،
لاوانی کوژراو،،..
دوای مەرگیشیان،
هەستنە سەرپێ ،،
قاقا لێبەن،
سەما بکەن!




تیرەکان هەڵە ئاڕاستە ئەکرێن .. سامانی وەستا بەکر

ناڕەزایی، توڕەیی، خۆپیشاندان، یاخیبوون و سەرهەڵدان دەرەنجام و پەرچەکردارە.
حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە، ئاسایش و دژە تیرۆر و هەموو ئەوانەیتر حیزبین.
دامودەزگاکانی حکومەت موڵکی گشتییە، بارەگای حیزب موڵکی داگیرکراوی حکومییە، خانوو موڵکی بەرپرسەکان ماڵ و موڵکی دزراوی داهاتی نەتەوەی مووچە دزراو ی خەڵکییە.

پۆلیس:
لە کۆی سیستەمی حکومڕانی مۆدێرن و دیموکراسییەکانی جیهانا حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە کە چاودێر و خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسان لەلایەن دەسەڵاتدارو هاوڵاتیانەوە، هەر پۆلیسیش سەروماڵی هاوڵاتیان ئەپارێزێ، تەنانەت لەکاتی پشێووی و توڕەی هاوڵاتیانا دیسانەوە هەر پۆلیس داودەزگا و شوێنە گشتییەکان ئەپارێزن.
کاتێک کە کەسێک بەجل و بەرگی کوردییەوە فەرمان ئەکا و ئەبینی تەقە لەخۆپیشاندەرانیش ئەکا، ئیتر ئەگەر هەموو ئەوانەی لەگەڵین دەرچووی ئەکادیمیای پۆلیسیشبن هەر بە میلیشیا و هیزی حیزبی و خێزان و بنەماڵە ئەژمارەکرێن.
کاری پۆلیس پاراستنی داودەزگا و سەرماڵی گشتی و دابینکردنی ئاسایشە، بەڵام کاتێک کە گەشتە ئەوەی لەنێوان داروبەرد و پەنجەرە و تەختەو خوێنی هاوڵاتیانا کامیان بپارێزن، ئەوا بێگومان خوێنی هاوڵاتیان بەلاوە گرنگترە، هەڵبەتە ئەگەر هێزێکی نیشتمانی بن.
خەڵکی هەر شارێک شیوە زارێکی تایبەت بەخۆی هەیە کەزۆرینەی خەڵکی ئەو شارە بەکاریئەهێنن، واباویشە پۆلیس خەڵکی ناوخۆی شارەکەبن چونکە بەهۆی نزیکی و ئاشناییان بە کلتور و میزاجی شارەکەی خۆیان و خەمخۆری و خۆشەویستییان بۆ هاوشاری و هاوڵاتیانی خۆیان، سود و پێزی زۆربەی ئەو کارانەی ئەمجامی ئەیەن ئەچیتە سەبەتەی شارەکەوە بە پلەی یەک. بەڵام کاتێک تەقەکەرو شەق وەشێنەکان بەزمان و شێوازی دەرەوەی ئەو شارە سوکایەتی بە خەڵك بکەن ئەوا گومان دروست ئەبێ کە ئەو هێزە هێزێکی ناوچەیەکیترە کە هیچ سۆز و بەزەییەکی بۆ خەڵک و بەرژەوەندی ئەو شارە نیە بەڵکو لە هەندێ جاریشا بە نەفەس و ڕقی شارچێتییەوە هەرچی قین و کینەیەک لە دڵیانایە ئەیڕێژن و ئەگەر فەرمانیشیان پێنەکرابێ بەڵام ئەوان هەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ کاری ناپەسەند و نابەجێێ خۆیان ئەکەن.

سوتاندن:
زۆرینەی هەرە زۆری خۆپیشاندەرانی ئەو دوو ڕۆژە، گەنجی بێکار و بەدبەختن، مووچەخۆر نین، کەچی پەیامی بەرپرسان هەر ئاراستەی مووچەخۆرانە، بەوەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چەرەسەر دەکەین، کێشەی ئێستای کوردستان سەرباری کێشەی فەرمانبەران، لەشکرێک بێکار و گەنجانێکە کە جگە لە تاریکی، هیچ ڕووناکیەک لەئێستا و ئاییندەی خۆیان نابینن، بۆیە ناکرێ بە پاساوی کێشەی بێ مووچەیی، کێشە گەورەکەی تر نادیدە بگیرێ.

لە سوتانی بارەگای حیزبەکان ئەکرێ پەیامێکی گرنگ بخوێنینەوە، ئەویش کاڵبوونەوەی نەفەسی حیزبایەتی تەسک و نابەرپرسانەیە لای تاکی کورد، ئەمەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی کوردە کە جێگەی تێڕامانو دڵخۆشییە.

سوتاندنی بارەگای حیزبەکان بێ جیاوازی تێگەشتنی خەڵکە لەو ڕاستییە تاڵەی کە هیچ حیزبێک جا لەناو دەسەڵاتابێت یا ئۆپۆزسیۆن تەنها کاریان شینی هەریسەکەیە، و هیچ حێزبێک نابینن کە کار لەبەرژەوەندی شەقاما بکات، خۆ ئەگەر هەوڵێکیش هەبێ بۆ کارکردنی حیزبێکی دیاری کراو لەبەرژەوەندی گشتیا، ئەوا ئامادەییان تیایە لەپێناو چەند پۆستێک و دەسکەوتی حیزبی و تایبەتی خۆیانا چاوی لێبپۆشن، ئەمەش وایکرد کە پەیامی ئەمجارەی خۆپیشاندەران ئەوەبێ کە بڵێن (نە داربێ و نە پەردوو، نەعلەتبێ لە هەردوو).

خەڵکی توڕەیە و داودەزگاکانی وڵات کە موڵکی خەڵک خۆیەتی ئەسوتێنێ، چونکە ڕۆژانە ئەبینێ لەڕێی مێدیا و تێڤێکانیانەوەخەڵکانێک هێندە تێرن هاوتای شا و شاژن دەرەکەون و ئەمانیش ناتوانن پۆشاکێک کە شایەن و پۆشتەبێت دابینی بکەن و بۆ خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان.
خەڵکی داودەزگاکانی وڵات ئەسوتێنێ چونکە ئەوان گروپێکیان لە گەنجێ بیست بۆ سی ساڵ دروست کردووە کە مۆڵتی ملیاردێرن، کۆمەڵێک شاجوان و شاپۆزیان دروست کردووە کە خۆیان نەبێ کەس نازانێ بەچی وا دەوڵەمەن بوون، لەکاتێکا خەڵکی ئاسایی مووچەیەک کە لەپای ئەو ئەرکەی بەجێێیان گەیاندووە پێیان نادرێ و گەنجەکانیش ئامادەن لە کۆمپانیاکانی ئەو دزە دەوڵەمەندانەیا وەک کارگوزا و پاسەوانیش کاربکەن پێیان نادرێ ئیتر چۆن سۆز و خۆشەویستی لەدڵی شکاوی ئەو گەنجەیا بوونی ئەمێنێ؟

لە مێدیای حیزبی و سێبەرەوە وا پیشانئەیرێ کە خۆپیشاندەران هەڵەیان کردووە لە سوتاندنی بارەگای حیزبەکان، بەڵام هیچ لایەکیان دانیان بەوەیا نەنا کە خەڵکی توڕەیە لەوەی ماف و مووچەی ئەوان چەند کەسێک ئەیدزن، بەڵام ئەوە بەرپرس و کادێر و پاسەوانی ناو ئەو بارەگا حیزبیانەن کە بوونەتە قەڵغان و سوپەر بۆ ئەو چەن کەسەی کە لە پەنجەی دەست و قاچی مرۆڤێک تێپەڕناکەن.

دەسەڵات “حکومەت”ی هەرێم:

حکومەتی ھەرێم ساوا نەبوو وە نیشە بەڵکو ھەر لەدایک نەبووە، چونکە کاتێ حکومەت دروست ئەبێت کە دەزگای موئەسەساتی ھەبێ، بەڵام حکومەتی ھەرێم ھیچ موئەسەساتێکی دروست نەکردووە بۆ نمونە تا ئێستاس میلیشیای حیزبی ھەیە لەبری سوپایەکی نیشتمانی، تا ئێستاش خاڵە سنورییەکان لەژێر دەستی حیزب و لەلایەن حیزبەوە بەڕێوەئەبرێن، تا ئێستاش ماف بەرامبەر ئەرک نادرێت، هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و هیزی ٧٠ و ٨٠ لەهێزی دوو وڵاتی دژە ئەیەک ئەچن لەوکاتانەی ناکۆکی ئەکەوێتە نێوانیان…..هتد.
سەرۆکی دەسەڵات “حکومەت”ی هەرێم لە دوایین گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیا زیاتر لە سەرۆکی بەشی ژمێریاری دەزگایەک ئەچوو کە کاری ئەو تەنها دابەشکردنی ئەو مووچەیەیە کە لەلایەن سەروی خۆیەوە ئەگاتە دەستی نەک سەرۆکی حکومەت، جونکە تەنانەت سەرۆکی شارەوانییەکیش نابێ بەوجۆرە قسە بکات کاتێک لایەنی کەم بەشێکی داهاتی جوگرافیای سنورەکەی خۆی ئەگاتە دەستی چەندی خزمەتگوزاریی پێئەنجام ئەیا، بەڵام ئەم زۆر خەم ساردانە لە هەیبەتی ئەو دەزگا گەورەیەی کەم کردەوە کە پێی ئەوترێ حکومەت، لە کاتێکا ئەبوو ئەو شانی بایەتەبەر و بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی بایە و ڕێگەی چارە و کلیلی دەرگا داخراوەکانی لە گیرفانی دەرهێنایە نەک دەستخاتەوە ناو گیرفانی و بڵێ چاوەڕیی حکومەتی ناوەندیین، کە مەبەستی بوو بارگرانی سەرشانی حکومەتەکەی کەمبکات و بڵێ ئێمەش وەک خەڵکەکە هەرچاومان لە قاپی بەغایە.

ئەوەی لە وتار و گۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆکی دەسەڵات “حکومەت”ی ھەرێما جێی تێڕامان بوو ئەوەبوو کە ووتی (ئەبێ خەڵک داوای مافی خۆی لەوانە بکا کە مافیان خواردووە “کە مەبەستی حکومەتی عێراق بوو” ) کە ئەمە بەڕاستی جێگەی ھەڵوێستەیەکی جدییە، چونکە ئەو جۆرە دەربڕینە لە سەرۆکی دەسەڵاتی یەکەمی ھەرێمەوە دانپیانانێکی بێ چەن و چوونە کە ئەمان خۆیان بە بەرپرس و حکومەت نازانن، بەڵکو کاریان تەنھا دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەیە کە بەشێوەی گرێبەست بەغا ئەینێرێ بۆ ھەرێم، خۆ ئەگەر نەشی نارد ئەوا ئەمان ھیچیان بۆ ناکرێ و تاوانبار حکومەتەکەی بەغایە، بەمەش بە مەبەستبێ یان بێ مەبەست سەرۆکی دەسەڵاتەکەی ھەرێم دانی بەوەیا نا کە حکومەتەکەی بەغا حکومەتی کۆی عێراقە بە ھەرێمیشەوە و کاری ئەمانیش دابەشکردنی ئەو مووچەیە کە بۆیان ئەنێرێ، ئەگەرنا ئەمان ناتوانن مووچە دابینبکەن، بێئاگا لەوەی حکومەتێک توانای دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزاتییەکانی نەبێ و تەنھا کاری دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەبێ کە لە ناوەندەوە ئەگاتە دەستی ئەوا ئەو جۆرە لە حکومەت ڕۆڵی بانکێک یان ژمێریارێک یان ئامێری پارەی سەرشەقامەکان cash machine ئەبینێ.

دەسەڵاتی حیزب:

تۆ کاتێ ئامادەبی زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێم چۆڵکەیت و ڕادەستی وڵاتی داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستانی بکەی، ئەی بۆ ناتوانی بارەگاکان کە تەنھا داروبەرد و بینای داگیرکراوی شارەوانیەکانن ڕادەستی گەنجانی توڕەو ماف و خوراو بێ ھەلی کارو ڕۆڵەی خاک و نیشتمانکەی خۆتی بکەی؟

بۆ لە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بەبێ تەقە چۆڵتان کرد و بەرگریتان نەکرد ترسان لەوەی خۆینتان بڕژێ، بەڵام چونکە لە ھەرێمی کوردستان دڵنیان کە خوێنتان ناڕژێنرێ کەچی ئامادەن خوێنی گەنجان بڕێژن!

بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانتان بەڕێکەوتنی ژێربەژێر ڕادەستی ئەوەی خۆتان پێی ئەڵێن دوژمن کرد تەنھا بۆ پاراستنی ئەوەی ھەتانە لە سامان و سەروەت، ئەی بۆ ئامادنین بەڕێکەوتنێی ڕوون و ئاشکرا دەسەڵات ڕادەستی شەقامی توڕە و ماف خوراوبکەن، بڕۆن بزنس بکەن بەوەی لەم ٢٩ ساڵەیا بردووتانە خەریک بازرگانیبن و سیاسەت بەجێھێڵن بۆ ڕامیاریوانێک کە تەنھا کاری سیاسەتبێ نەک بازرگانی.
بۆ ئامادەن هەموو تەپۆلکە و شاخ و بەرزاییەکان ڕادەستی داگیرکارە مێژوویەکانی کوردستان بکەن تا لەوێوە نیشانە لە کوردانی پەنابەری پارچەکانیتر بگرنەوە، بەڵام ئامادەنین چەن پۆستێک لە پلە باڵاکانتان چۆڵکەن و ڕادەستی خەڵکانی شایستە و پڕ ئەزمون و مەدەنی بکەن.
بۆ ئامادەن دوای ڕادەستکردنی نیوەی خاکی هەرێم بە هێزی میلیشیای حەشدی “ئێران”ی شەعبی و نیوەکەیتریشی کە ماوە ڕادەستی مۆڵگەو بنکە سەربازییەکانی تورکی مەنگۆلی بکەن و هیچ سەروەرییەک بۆ خۆتان و بۆ خەڵکە نەهێڵنەوە، ئەی بۆ ناتوانن لایەنی کەمی سەروەریی بۆ خەڵکی ستەمدیدەو بێبەشی هەرێمی کوردستان بگێڕنەوە؟

حیزبەکانی دەسەڵات تا نەگەشتە مریشکە ڕەشە ئامادەنەبوون نەک تەنازول بۆیەک بکەن بەڵکو ئامادە نەبوون کۆش ببنەوە، لەکاتێکا ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێکی غەیرە کوردییا کۆببنەوە، هەموو تەنازولێک بۆ وڵاتانی درواسێ و داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستان ئەکەن، هەر سوکایەتیەکیش پێیان بکرێ چاوپۆشی لێئەکەن و لە کۆبوونەوەکانیشیانا لەگەڵ لایەنی دەرەکی هەمیشە ئەوە ئەمانن کە ئەبێ بچنە خزمەت ئاغا و سوڵتانەکان بەڵام لەناوخۆیا تا نەگاتە خوێنڕژان ئامادەنین هەنگاو هەڵگرن و لەبارەگاکانی یەکترا کۆببنەوەوانێ.

لە مۆدێلی حیزبایەتی مۆدێرن و بگرە زۆرێک لە وڵاتانی تازە پێگەشتووش حیزب تەنها یەک بیرۆی هەیە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆی حیزبەکان وەڵامی ئەو پرسیارەبەنەوە، یایا حیزب بارەگای بۆچیە؟ کاری ئەو بارەگایانە چیە و چ سودێکی گشتی و تەنانەت حیزبیشی نیە جگە لە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە کە ئەکرێ ئەو پارە زۆرەی لەکۆی بارەگا حیزبیەکانا کونێکیتری پێبگیرێ لە جەستەی بێژنئاسای خەڵکیا.
هیچ هێزێکی چەکدار و پاسەوانی نیە، حکومەت پۆلیسی هەیەکە پارێزگاری لە هەموو لایەک وەک یەک ئەکا، بەڵام کاتێ حیزب چەکدارو پاسەوان و هێزی تایبەت بەخۆی ئەبێ، واتە خودی ئەو حیزبە خۆی باوەڕی بەدامەزراوە و داودەزگاکانی خۆی نیە.

سەرنج:
بەو خەڵکە یان بەو گەنجەی کە کەلوپەلی یەکێک لە دوادەزگاکانی یابوو بە کۆڵیا و ئەیبرد ئەڵێن فەرھوودچی “لێرەیا ئێمە کاری ھەڵەی ئەو گەنجە ڕاست ناکەینەوەو بە باشیشی نازانین بــــــــەڵام” ئەی ئێوە ٢٩ ساڵە ھەرچی ماف و مووچە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پرۆژە سەرەتای و ستراتژیەکانی ئەوان ھەیە ھەموویتان بە تاڵان و فەرھود بردووە، کەچی بۆیەکجاریش بەخۆتان نەووت فەرھودچی، بۆیە ئەویش ھەوڵ ئەیا ئەوەی لێی دزراوە بیگێڕێتەوە بۆ شوێنێ خۆی ئەگەرچی زۆر کەمیشبێت، ئاخر ھەرچییەک ئێوە ھەتانە ھی خۆتان نیە و سەروەت و سامانی خەڵکە، ئەگەر بە ئاگابن یان بێ ئاگا، بەڵام ھەموو ھاوڵاتییەکی ئەو ھەرێمە خانوو ئۆتۆمبێل و پارەی بانق و کۆمپانیا و تەنانەت جلەکانی بەریشتان بەھینی خۆیان ئەزانن بۆیە ھەر شتێک لای ئێوەبێ ئەوان ھەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ ئەیگێڕنەوە بۆ شوێنێ خۆی و بۆ خۆیان، بۆیە کاری ئاقڵانە ئەوەیە ماف بگێرنەوە بۆ خاوەنەکەی پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی کە خۆیان لێتان وەرگرنەوە چونکە ئەو کات درەنگە و دوورنیە بشتانکەنە ئەودیووی سنوری زیندووەکانەوە.

سامانی وەستا بەکر
١١-١٢-٢٠٢٠
سوید ستۆکهۆڵم




کتێبی (ئایا روسیا دەبێتەوە بە زلهێزەکەی جاران) لە نووسینی «ئەردەڵان عەبدوڵڵا» بڵاوکرایەوە.

نووسەر لەم کتێبەدا باسی لایەنی جوگرافیی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەرهەنگی و سیستەمی پەروەردە و سیستەمی سیاسی و ئابووریی و پیشەشازی کردووە. لە بەشێکی تایبەتیشدا باسی مێژووی ئەدەبی روسی کردووە. هەروەها باسی مێژووی 5 سەدەی روسیا، شۆڕشی روسیا، دروستبوونی یەکێتی سۆڤێت و روخانی، سەردەمی یەلتسن و پوتین کردووە.لە بەشێکی تری کتێبەکەدا باسی پەیوەندی نێوان روسیا و جیهان دەکات بەتایبەتی لەگەڵ « ئەوروپا، ئەمریکا،چین، رۆژهەڵاتی ناڤین» دەکات. لە بەشێکی تایبەتیشدا باسی مێژووی پەیوەندی نێوان روسیا و کوردی کردووە. لە دوا بەشی کتێبەکەدا نووسەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، ئایا روسیا دەبێتەوە بە زلهێزەکەی جاران؟ باسی خاڵە لاوازو بەهێزەکانی روسیای کردووە. لە کۆتایی کتێبەکەشدا کۆمەڵێک وتاری سیاسی و ئەدەبی نووسەر لەبارەی روسیاوە بڵاوکراوەتەوە کە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاویکردۆتەوە.
ئەم کتێبە لە ٣٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووەو لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوکراوەتەوە.




نوسەری سه‌ركه‌وتوی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شوان

لە کۆندا، نوسەران بە شەرم و ترسەوە رویان لە بواری ئەدەب و نوسین بۆ منداڵان دەکرد. لە ترسی ئەوەی کە ناوبانگیان نەزڕێ و بە چاوێکی کەمتر لێیان نەڕوانن و پێگەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیان نەیاتە خوارەوە. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەو ترس و روانینە گۆڕاوە. نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، پێگەیەکی بەرزی ئەدەبی و کۆمەڵایەتییان هەیە. خەڵکی رێز و پێزانینیان بۆ خزمەتی پیرۆزیان هەیە، بە دراوێکی دەگمەن دایان دەنێن. چونکە نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، رۆڵێکی زۆر بەرز و کارتێکردنێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکردن و هۆشیاریکردن و لە پەروەردەکردن و لە ئاراسەکردنی دروستی منداڵان هەیە، بۆ هێنادی داهاتویەکی شیاوتر و گەشتر و جیهانێکی ئارامتر.
نوسەری فەرەنسی (فه‌ره‌نسیس فیداڵ) ده‌ڵێت:”نوسەرانی منداڵان دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن.. بەڵکو دەتوانن خودی جیهانیش بگۆڕن”
گەر تۆی نوسەر، خەون و خولیای نوسینت بۆ بابەتی منداڵان هەیە و دەتەوێ ببیت بە نوسەرێکی ناسراو و سەرکەوتوی بواری ئەدەبی منداڵان و نوسینه‌كانت بەدڵی منداڵان بـن. گەر دەتەوێ ئەم خەون و خولیایەت بێنیتەدی. پێویستە ئەوە بزانیت، کە تەنیا حەز و ئارەزو و هـیواخوازی بەس نین، بۆ دەستەبەرکردنی هێنانەدی ئەم حەز و ویستنەت. ئەدەبی منداڵان، پێویستی بە زانین لە (بنەما و خەسڵەتە تایبەتییەکانی ئەدەبی منداڵان) و بە شارەزاییەکی لە قۆناغەکانی گەشەکردن و هەراشبون و سایکۆلۆژیای منداڵان و پەروەردەی نوێ و زمانی منداڵان هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە چۆن دەتوانیت لە جیهانی پاک و بێگەردی منداڵان نزیک بیتەوە لە زمان و لە خواستەکانیان تێبگەیت.
نوسین بۆ منداڵان کارێکی زۆر پیرۆزە. بەڵام کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە. یا وا بیربکەیتەوە، کە ئەوان منداڵن و زۆر تێناگەن. نوسین بۆ منداڵان خۆشە، بەڵام خوشە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بە هەمو نوسین قایلـدەبن. بەڵکو نوسین بۆ منداڵان قورسترین نوسینە. چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی دیاریکراو و کەمدا دەکەیت. پێویستە بە وردی بیر لە هەر وشەیەک لە وشەکانت بکەیتەوە، ئایا لە هـۆش و لە خەیاڵ و لە دەرونی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە یا نا؟ چونکە نوسین بۆ منداڵان ئەوە نییە کە تۆ چۆن دەوێت وا بنوسیت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانیت، کە منـداڵان خۆیان چیان دەوێت، ئەوەیان بۆ بنوسیت. مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە ترس بخەینە بەردەم ئەو نوسەرە تازانەی، کە دەیانەوێت لەم بوارەدا تێهەڵبچن و بەهـرە و توانا و شارەزاییان بخەنە خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کوردمانەوە. بێگومان کەسیش بە نوسەری لەدایک نەبـوە. نوسین بۆ منداڵان خۆشەویستی و بەهـرە و زانین و شارەزایی و فێربون و هەوڵـدانە.
بە کورتی و بە چڕی باس لە هەندێ لە بنەما تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان دەکەین، کە پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان بە گشتی و نوسەرانی تازە ئەدەبخوازی منداڵان بە تایبەتی بیانـزانن و پەیـڕەوییان بکەن:
١ـ پێویستە ئەوە بزانێت، کە تۆ بۆ منداڵان دەنوسیت و پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکەیت. نابێت لە تایبەتمەندیەکانی جیهانی پاک و بێگەردی و بێتاوانی ئەوان لابدەیت.
٢ـ پێویستە لە بواری دەرونناسی و پەروەردەی نوێی منداڵان نابەڵەد نەبێ و بایەخێکی زۆر بە لایەنی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی منداڵان بدەیت. چونکە گرنگترین ئامانج لە ئەدەبی منداڵاندا، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە، بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتویەکی باشتر.
٣ـ پێویستە شارەزاییەکی باشت لە خەسڵەت و لە نیشانەکانی قۆناغەکانی گەورەبون و گەشەکردنی منداڵان هەبێت. تێکستەکانی بابەتەکانت، لە هەمو رویەکەوە لەگەڵ ئەو قۆناغە منداڵییەدا بگونجێت. بۆ نمونە: بابەتێکی نوسراو بۆ منداڵانی تەمەن حەوت و هەشت ساڵان. حەز و سەرنجی منداڵانی تەمەن یانـزە و دوانـزە ساڵان راناکێـشێت.
٤ـ ناوەڕۆک و فـۆرم، دو چەمکی ئەدەبی منداڵانن و تەواکەری یەکترین، هەردو باڵی ئەدەبی منداڵانـن، پێویستە نوسەری منداڵان هاوسەنگییەک، لە نێوان ناوەڕۆک و فـۆرمدا دروست بکات، هـیچ لایەکیان نەکات بە قـوربانی لایەکەی تریان.
٥ـ نوسەری منداڵان نابێت، خۆی رابدات و باڵادەستی و فانتازی خۆی لە نوسینەکانی بۆ منداڵان دەربخات. خۆی چـۆنی دەوێت وا بیربکاتەوە و بنوسێت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانێت کە منداڵان ە چـۆن و چـیان دەوێت.
٦ـ زمان گرنگترین کەرەستەی نوسین و گوزارشتکردنە. منداڵانیش خاوەنی زمان و فەرهەنگی وشەی تایبەت بە خۆیانن، زمانی ئەوان ئاسان و شیرین و رەوان و سادەیە. پێویستە نوسەری منداڵان ئەم راستییە بزانێت. بە زمانێکی شیرین و پەتی و ساکاری بێ ئاڵۆز و بێ گـرێوگۆڵ تێکستەکانی دابـڕێژی تا منداڵان بە ئاسانی لێیان تێبگەن، پێویستە رستەکانی کورت و ناسک و باوبـن. لە رەوانبێژی و لە قسەی بە توێکڵ و مەبەست قوڵ و شاراوە و پێچ و پەنا دوربن. هەر قـۆناغـێکی منداڵێش ئاستی زمانی تایبەت و خەیاڵی بڕکراوی و توانای تێگەیشتنی ئەو قۆناغە منداڵییەیان هەیە. زمانی نوسین بۆ منداڵان، زانیاری و شارەزایی و هونەر و بەهـرەیە، کە هیچـیان لەوانەی تریان جیانابنەوە. مەبەستیش لە ئاسانی نوسین ئەوە نیە، کە منداڵان بە ساوێلکە و هـیچ نەزان بزانیت و هەمو شتێکیان بۆ راڤـە و شەنوکەوبکەیت، هـیچ بوارێک بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن، لە مەرام و مەبەستی بابەتەکەت بۆ بیرکردنەوەی و بۆچـون و هەڵـهێنجانـدنی منداڵان نەهـێڵیتەوە.
(جاکـلین ساندەرز) دەڵێت:” با ئەدەبی منداڵان، هـێندەش ئاسان نەکرێتەوە، کە وا بزانن منداڵان هـیچ نازانـن”
٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵان داهێنەر و نوێخوازبن، لە چوارچێوەی قوناغی ئەدەبی کلاسیکی و شێواز و کلیشەی باونەماو و نەگونجاو بۆ ئەم سەردەمە، دوربکەونەوە، بە شێواز و بە ستایلێکی تازە بنوسن. ئەوەش بزانن کە منداڵانی ئەمڕۆ، نەوەی منداڵانی سەدەی رابردو نین. منداڵانی ئەمڕۆ، زۆرزانتر و بلیمەتر و هۆشیارتر و چاوکراوەترن، نەوەی ئایفـۆن و ئایپاد و ئینتەرنێت و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی منداڵان و چەندین ئامێر و دەزگای سەیر و سەمەرەن. نەوەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیـان. خـەون و خواست و هـیوا و ئـەدەب و هـونەر و پێداویستییەکانیشیان، هەمان هـیوا و خواست و پێداویستییەکانی نەوەکانی رابردو نین. پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرێت. وەکو (کۆنفۆشیۆس) دەڵێت:”منـداڵانمان، منـداڵانی سـەردەمی ئێـمە نیـن.. منـداڵانی سەردەمی خۆیـانن”.
٨ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیدا بێلایەن بێت و لەژێـر کاریگەری هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و ئاینی مەبەستداردار نەبێت، بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی. نابێت دڵپاکی منداڵان بقۆزێتەوە و بە لارێیاندا بەرێت و بیانخاتە ژێر کاریگەری ئەو ئایـدۆلـۆژیـایەی کە خـۆی بـڕوای پێی هـەیە.
٩ـ نوسەری ئەدەبی منداڵان، گەر خـۆی لە جیهـانی بێتاون و جوان و وەنەوشیی پـڕ لە خەونی سەوز و هـیوای شیرین و راز و نیازی پاکی منـداڵان، نزیک نەکاتەوە، لەسەر ئەژنۆکانی لایان دانەنیشێت و گـوێی لە زمانی ساکار و لە قسە قوت و شیرینەکانیان نەگرێت و سەیری یاری و هەڵسوکەوتیەکانیان نەکات و تێکەڵـیان نەبێت. ناتوانێت بە زمانی راستیی منداڵانەوە بابەتەکانی بنوسێت.
وەکو دەشڵێن، لە نـاخی هەر نوسەرێکی بواری منداڵاندا، منداڵێک هەیە، منداڵیی خۆی دێتەوە یاد و بەرچاو. ئەو منداڵەی کە لە ناخیدایە، داوای لێدەکات بچێتە ناو منداڵان و ببێت بە هاوڕێیان. داوای لێدەکا کە وێڵی دوای دۆزینەوە و نوێخوازی و داهـێنان بێت.
١٠ـ بێگومان خوێندنەوە بۆ هەمو نوسەرێک زۆر پێویستە. پێویستییەکی پێویستیشە بۆ نوسەری ئەدەبی منداڵان، تا ببێت بە خاوەنی باکگـراوندێکی رۆشنبیری و ئەدەبی باش. پێویستە خوێنەرێکی هەمیشەیی باش بێت، بە تایبەتیش خوێندنەوەی ئەو پەرتوکانەی کە بۆ منداڵان نوسراون یا دەربارەی منداڵانن، لەگەڵ خوێندنەوەی گۆڤارەکانی منداڵان. تا لە شێوازی نوسینی نوسەرانی بە ئەزمونی ئەم بوارەدا، ئیلهـام و سود وەربگـرێت.
(سیـلـڤـیا لـۆبیـز) دەڵێـت:”یەکەم.. گرنگ ئەوەیە کە: بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە” سی جار جەخت لەسەر “بخوێنیتەوە” دەکا. نوسەر تا زیاتر بخوێنێتەوە، زیاتر فێردەبێت و وەردەگرێت. باشتر و جوانتریش بابەتی نوسینەکانی دادەڕێـژێت.
هەر لە بارەی گرنگی خوێندنەوەوە (ئاسەر گـۆردن) یش دەڵێت:”تا زیاتر بخوێنیتەوە.. بۆت دەردەکەوێت کە چەنـد زانیاریت کەمە”
١١ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان هەمیشە گەشبین و هیواخوازبێت. کۆتایی بابەتی نوسینەکانی بۆ منـداڵان، بە خۆشی و شادی و سەرکەوتن و دڵنیایی و بە هـیوابەخشین کۆتاییان پبهێنێت. ناشبێت کـۆتایی چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و هـۆنـراوە و رۆمـان بۆ منـداڵان، بە کارەساتی خوێنڕشتن و کوشتن و تراژیـدیـا کۆتاییان پێبێت. چونکە لە ئەمڕۆ و داهاتوشدا، کارتێکردن و رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤیان لەسەر منداڵان دەبێت.
١٢ـ پێویستە نوسەری منداڵان، بە دڵێکی فراوانە، ئەو رەخنە و تێبینییانە وەربگرێت، کە رەخنەگـران لە نوسینەکانی دەگـرن. بە هەلێکی باشی بزانێت، بۆ راستکردنەوەی هـەڵە و خاڵە لاواز و نەرێنییەکانی و درێـژەدان بە خـاڵە بەهـێز و ئەرێنییەکانی.
١٣ـ پێویستە نوسەری منداڵان، ئەوە بزانێت، کە جوانسازی فاکتەر و پێویستییەکی زۆر گرنگە، نەک تەنیا لە ئەدەبی منداڵانـدا، بەڵکو لە سەرجەم هـونەرەکان و لە هەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤـدا. داڕشتنی بابەتی نوسینەکانت بە جوانی، گاریگەرییان لەسەر هـۆگربون و ئارەزو و حەزی خوێندنەوەی نوسینەکانت لە لایەن منداڵانەوە دەبێت. ئەدەبـدۆستێک دەڵێت:”تا ئەمرۆش نازانـم، چـۆن ئـەدەب دەتـوانێت لە خەمەکان شتی جـوان دروست بکات؟”
١٤ـ نوسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی زۆر گـرنگـیان لە ئەستۆدایە. ئەویش ئەوەیە کە لە نوسینەکانیاندا لایەنی نیشتمان پەروەری فەرامۆش نەکەن. پێویستە بە ئەپەڕی دڵسۆزییەوە، منداڵەکانمان، بە هەست و رۆحی کوردایـەتی گـۆش و پەروەردەیان بکەن. سـۆز و خۆشەویستی و هـاوبەستەبونیان بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان، لە لایان خۆشەویستر و شیرینتر بکەن. لە میانەی ئـەو سـرود و هۆنـراوە و چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و پەخـشان و رۆمانانەی کە بۆیان دەنـوسن.
١٥ـ نوسەری منداڵان پێویستە، لە میانەی نوسینەکانییەوە، ئەوە بخـاتە دڵی منداڵانی کوردمانەوە، کە پاراستنی ژینگەی جـوان و سروشتی کوردستان، ئەرکێکی پێویستی نیشتمانی و رەوشتییە و گوزارشتە لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزییان بۆ کوردسـتان.
١٦ـ نابێت نوسەرانی منداڵان، جییاوازی لە نێوان کچان و کوڕانـدا بکەن. پێویستە بە چاوێکی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی لە هەردو لایان بڕوانن، ئەم بڕوابونەشیان، لە میانەی نوسینەکانیان بۆ منداڵان رەنگ بداتەوە. بە تایبەتیش لە کاتی هەڵـبژاردی پاڵەوان و کاراکتەر و کەسایەتییەکانی چـیرۆک و هـۆنراوە و شانـۆ و ئۆپەرێت رۆمانەکانیادا. پێویستە هەستی خـوشک و بـرای و هـاوڕێتی و دڵسۆزی و رێـز لە یەکتری گرتن، لە هـۆش و دەرونیاندا بـڕوێنن. بە تەواکـەری یەکتریان بـزانن.
١٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە میانەی نوسینەکانیاندا، بە هـیچ کلۆجێک، سوکایەتی و بێڕێزی بە دایکان و باوکان و داپیران و باپیران و مامۆستاکان و بە مێژو و بە شەهـیدانی کوردسـتان و بە پـێشمەرگە و بە سەرکـردە نەمرەکانمان و بە هـەمو کەسایەتییە تێکـۆشەرە ناسراو و ناودارەکـانی گەلەمان نەکەن. پیـاوان بن یا ژنـان بن. سوکایەتیش بە داب و نەریت و کەلەپور و کولتور و بە بەهـا پیرۆزە رەسەنەکانی گەل و نیشتمانەکەمان و بە زمـانی شیرینی کوردیمان نەکـەن. هەمـو ئەمـانە بەشـێکـن لە ناسنامەی نەتـەوەییمان.
١٨ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیاندا، لایەنی كۆمیدی و جەڤەنگی فەرامـۆش نەکەن. چـونکە ئەو بابەتانەی کە خەنـدە دەخـنە سەر لێوەکانی منـداڵان و دایانهێننە پێکەن و قـاقـا، خۆشی و شادیش دەخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، پشوش بە بیر و هـۆشیان دەدەن. دەبنە هـۆی نەهـێشتنی گـرژی دەرونی و جەستەیی و رەوانـدنەوەی خـەم و پەستی و دڵتەنگی و نائـارامی منـداڵان.
١٩ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منـداڵان، لە نوسینی ئەو بابەتـانە دوربکـەونەوە، کە ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ و گومان دەخەنە دڵی منداڵانەوە، یا بابەتی شەڕ و کوشتن و گـزی و دزی درۆ و فـێڵ و لەخشتەبردن و بێ ئومێدی و رەشبینی و.. هـتد. هەردەمیش گەشبینی و هـیوای سەرکـەوتن و باشتریـان پێببەخـشن.
٢٠ـ پێوستە نوسینەکانی بواری منداڵان، هۆنراوە و چیرۆک و شانۆ و ئۆپەرێت، کورت و بەچـێژبن، نەک، درێـژ و بێـزارکەربن، کەم و پوخـتبن، نەک زۆر و بـۆربن. سوک و ئاسانبن، نەگ گـران و ئاڵـۆزبن. لەگەڵ چـۆنێتـیدابـن، نەک چەنـدێتـیدابـن.
٢١ـ شەرم و نەنگی نییە، گەر نوسەرانی بواری منداڵان، بە تایبەتیش نوسەرانی تازە دەستپێکـردو. تێکستی نوسینەکانیان، پێشانی نوسەرانی ناسراو و بە ئەزمـونی بـواری ئەدەبی منداڵان بـدەن، کە شارەزای بـواری ئەدەبی منداڵانن. سود لە راو و تێبینی و لە پێشنیارەکانیان وەربگـرن. پـێش ئەوەی کە نـوسینەکانیان بڵاوبکـەنەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ دێسەمبەر/٢٠٢٠

(*) نوسەرێکی کوردە، لە (١٩٤٦) لە کەرکوک لە باشوری کوردستان لەدایک بوە، لە ساڵی (١٩٦٥) وە دەنـوسێت، بە تایبەتیش لە بواری ئـەدەب و پەروەردەی منـداڵان. لە ساڵی (١٩٩٩) وە، لە شاری (بێـرگـن) لە وڵاتی نەرویج دەژی. مامۆسـتای خانەنشیـنە.
r.shwan@hotmail.com




گرنگرتین مۆزه‌خانه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی.. نووسین و ئاماده‌كردنی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ..




ڕاگەیاندنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان

ئێمە کۆمەڵیک لە هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدەرەوەو ناوەوەین کە پەیامی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازی کوردستان بە ڕای گشتی و جیهان و سکاڵاکانیان بە نێوەندە جیھانیەکان دەگەیەنین.
ئەوەی بڕیار دەدا سەبارەت بەم خواست و مافانە ئەوە خەڵکی ناڕازی شەقام و خۆپیشاندەران خۆیانن و هیچ کەس و لایەنێک سەرکردە و فەرماندەری خەڵکی ناڕازی و بزاڤە خۆرسكیەكەی نیە.
ئەم خواست و دروشمانەش دەنگ و خواستی ٢٩ ساڵەی خەڵکی کرێکار و جوتیار و فەرمانبەر و دەستفرۆشان و خانەنشین و لاوان و ژنانی کوردستانە کە لێرەدا هاتوە:
دروشمی خەڵکی ناڕازی کوردستان بریتیە لە ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە”.
بەدیل و جێگرەوەی خەڵک بۆ( سیستمی سیاسی و ئابووری و شێوەی حوکمڕانی ) هەرێمی کوردستان بریتیە لە:

  1. هەڵوەشانەوەی حکومەتی بۆرۆکراتی و بنەماڵەیی ئێستا و دامەزراندنی حکومەت بە بەشداری ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵک ، وەک دەسەڵاتی داهاتوو.
  2. لابردنی هەموو بارەگا و بنکە چەکدارەکان لە ناو شارەکان و بڕینی بودجەی حزبەکان هەڵوەشانەوەی هێزەکانی هەفتا و هەشتا و زیرەڤانی و زانیاری و پاراستن.
  3. ئازادی سیاسی وخۆپیشاندان و مانگرتن بێ مەرج و مۆڵەتە و نابێ هیچ هێزێک بەرامبەریان بەکاربهێنرێ. دەبێ خۆپیشاندەران ، کە هەتا ئیستا ٣٠٠ کەسیان لە زیندان دان، دەستبەجێ ئازاد بکرێن و دەبێت زیندانی سیاسیی نەمێنیت.
  4. داهاتی نەوت وگازو گومرگ و باجی ناوخۆیی لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک چاودێری بكرێت و داهاتی هەرێم بەگشتی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنە.هەروەها لیژنەیەکی سەربەخۆ دروست بکرێت بۆ بەسەرچونەوەی هەموو گرێبەستەکانی نەوتیەکان و لەوانەش گرێبەستی نەوتی هەرێم و تورکیا.
  5. موچە بە تەواوەتی دەدرێ و بەپێی بەرز بوونەوەی گرانی زیاد دەکا و لانی کەمی کرێی سەعاتی کارکردن دیاری دەکرێت. سەپاندنی باج بەسەر سەرمایەداران، بە پێی بەرزبونەوەی داهاتیان زیاد بكرێت.
  6. هەموو هاوڵاتییەک دەبێ شوێنی نیشتەجێ بوونی بۆ دابین بکرێت.
  7. کار و دامەزراندن بۆ هەموو کەسێکی ئامادە بەکار دابین بكرێ.
  8. سیستەمی دادوەری و داواكاری گشتی سەربەخۆ بێت دور لە دەستتێوەردان. دادگایی بکوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانان و رۆژنامەنوسان و بکوژانی ژنان و سزادانیان .
  9. دابینكردنی موچەی بنەڕەتی بۆ هەموو تاكێكی بێكار لە كۆمەڵگا، بە پێی هێڵی مامناوەندی ژیان بڕەكەی دیاری دەكرێت.
  10. دەستە و بۆرد و ڕێکخراوی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و کرێکاران و کارمەندان بە فەرمی دەناسرێن وەک دەزگای لێپرسینەوەی جەماوەری لەدەسەڵات و دامودەزگاکانی و یاساکان و مەلەفی گەندەڵی و پێشێلکاری مافەکانی خەڵکی کوردستان. لێپرسینەوە لە سەروەت و سامانی بەرپرسان و كەسانی نزیكیان . گەڕاندنەوەی ئەو موڵك و ماڵانەی دەسەڵاتداران داگیریان كردووە و لێپرسینەوە و دادگایی کردن و سزادانی گەندەڵکاران.

لە كۆتاییدا داوا لە جەماوەری ناڕازی كوردستان دەكەین با ڕیزەكانمان ڕێك بخەین،با لە هەموو شارو شارۆچكەیەك ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەكان لە كەسانی هەڵبژێردراو لە لایەن خۆیانەوە پێك بێنن ، وە تەواوی ئەنجومەنەكانی ناوخۆو دەرەوە ، لە ئەنجومەنی باڵای ناڕەزایەتییەكانی كوردستان كۆببنەوە ، ئەو ئەنجومەنە مافی بڕیادانی هەیە.

کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەكانی كورستان و دەرەوە




ڕاپەرینی گەنجان و کریکاران و زەحمەتکێشان، بارودۆخێکی سیاسی نوێ ئەخوڵقێنێ لە کوردستان

گڕی ڕاپەرینی بەرهەق و شۆرشگیرانەی گەنجانی ماف زەوتکراو ، بێکار و هەژار کراو، وە جەماوەری کریکار و کارمەندان و مامۆستایان و ستەمدیدەی کوردستان، لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی هەردوو پارێزگای سلیمانی و هەڵەبجە، کڵپەی سەندووە و ڕوو لە هەڵکشان و بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاترە.
مێژووی نەپچڕاوی خەباتی جەماوەری کریکار و کارمەندان و مامۆستایان و زەحمەتکێشان و گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز، کە بۆ دەیەیەکە بە دوای ئەنجامدانی ئاڵۆگۆری ریشەییەوەن، لە ئیستادا و بەم ڕاپەرینە چۆتە دۆخیکی تازەوە. ڕاپەرینێک کە پڕە لە ئەزموون و گیانی شۆڕشگێڕانە و هیوا بە داهاتوویکی پرشنگداری دروستکراوی ڕاستەوخۆی دەستی ئینسانی زەحمەکێش و ئازادیخوازی کوردستان.
جیگەورێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ڕاپەرینە، بەدەر لەهەر ئایندەیەک کە ڕووبەرووی ئەبێتەوە، هەر ئیستا پڕ بایەخ و کاریگەرە، چونکە نەک هەر دەسەڵاتی خستە بەردەم شاڵاوی هێرشی خۆی، بەڵکو کۆسپی هیزە ئۆپۆزسیونە ئیسلامی و قەومیەکانی بەردەم خۆی و بەردەم سەرجەم پرۆسەی ئاڵوگۆری شۆرشگێرانەی کۆمەڵگەی کوردستانی وەلانا، و بارەگاکانی سوتاندن.
ئەم شەپۆلە تازەیەی ڕاپەرین، کە بە خۆپێشاندانی ڕۆژی چوار شەمەی ڕابردوو (٢-١٢-٢٠٢٠) لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، وەستانەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵكی ئەم دووپاریزگایەیە بە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشیای بورژوازی کورد و ڕەوت و حزبە سیاسیەکانی، بە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنیەوە، بە ناسیونالیست و ئیسلامیەوە، و بە نیوو -لیبرالە مشەخۆر و گەندەڵەکانیەوە.
ڕیسوابوونی هەموو هێزەکانی بورژوازی قەومی و ئیسلامی، بەرجەسەتە بوونەوەی ڕادیکالیەتی خەڵکی ڕاپەڕیو و بەرچاو ڕوونیان بە ڕادەیەک گەیشتووە کە ئەزانن هیچ شتیک دادیان نادا جگە لە خەباتی یەکگرتووی خۆیان و دەستپێشکاری شۆرشگێرانەیان، وە ئەمەش قۆناغێکی تازەی هێناوەتە پێشەوە لە پرۆسەی خەباتی شۆرشگیرانە لە کوردستاندا.
‌‌هەڵچوونی جەماوەری لەم دوو پاریزگایەدا سەنگەری بەرەوپێشچوونی ڕاپەرینن لە سەرتاسەری کوردستاندا؛ لە هەولێر و دهوک و شارەکانی تر، کە تا ئیستا بە زۆری زەبروزەنگ و سەرکوت ڕاگیراون. هەروەها، جەماوەری ئازادیخواز هاوبەرژەوەندن لەگەڵ هاو چینەکانیان لە سەرتاسەری عیراق و لەگەڵ ڕاپەرینی ئوکتۆبەر لە شارەکانی ناوەراست و خواروو.
جەماوەر ڕاپەریوە بەڕووی هەردوو ڕژێمی ئیسلامی – قەومی فەرمانڕەوای ئێستا لە بەغدا و ڕژێمی ناسیونالیستی کورد لە کوردستان، و چیتر نابێ دەسەڵاتیان لە چنگدا بێت وساتوسەودا بکەن بە چارەنوسمانەوە.
خەڵکی ڕاپەریو لە هەردوو ئەم پاریزگایەدا لە هەڵمەت و ووزەی شۆرشگیرانەیان کەم نیە، ئەوەی کە ئەرکی هەر ئیستایانە یەکخستنی ڕیزەکانی خۆیان و دروستکردنی تۆڕی هاوئاهانگی نێوان هێزەکانی ڕاپەڕینە لە هەموو شارەکاندا و خۆڕێکخستن و هاوکاریانە بەهەر شێوەیەک کە گونجاو بێت بۆیان.
ئەرکێکی دەستبەجێی چالاکاوانانی ڕاپەڕین ئەوەیە کە کۆمیتە و شورا هەڵبژیردراوەکانی جەماوەری دروست بکرێت لە ڕێگەی کۆبونەوەی گشتی لە گەرەک و گورەپانەکان و لە کارگە و شۆینەکانی کاردا، تا بتوانرێ سەرپەرشتی بەرێوە چوونی ڕاپەڕین لە هەر شارێک ئەنجامبدات و پەیوەند و هاوکاری بە شارەکانی ترەوە دابین بکات.
لەگەڵ بەردەوامی ڕاپەڕیندا کریکاران و گەنجان و ژنان و قوتابیان و مامۆستایان و کارمەندان پێویستیان بەوەیە کە نەقابە و ڕێکخراوە کانی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن تا ببنە هێزێکی سیاسی ڕێکخراوی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا.

جەماوەری ڕاپەریو، گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز، کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان
 ڕاپەرینی ئەمڕۆتان کارێکی شۆرشگێرانە و بەرهەقە و پیویستە ئامرازەکانی خەباتی یەکگرتووتان و بەرگریتان لە ڕاپەرین بە شیوەیکی راستەوخۆ و دەستبەجێ دروست بکەن، و بە کردەوە ئیرادەی شۆرشگیرانەی خۆتان پیادە بکەن و دەسەڵات و ئیدارەی شارەکان بگرنە دەست.
 دەسەلاتی میلیشیای و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی تا هەناسەیان تیا بێت درێغی ناکەن لە کوشتن و بڕین و گرتنی خەڵکی ڕاپەڕیو و ئەشکەنجەدانیان. هەربۆیە تاکە زەمانەتی ئارامی و ئاسودەیی، پێشڕەویی ڕیزی یەکگرتووتان و بەرینبوونەوەی ڕاپەڕین و خەباتی شۆڕشگێرانەیە لە سەرتاسەری کوردستاندا، و هاتنەناوەوەی هەرچی زیاتری جەماوەرە بۆ ڕیزەکانی ڕاپەڕین و بەدەستەوەگرتنی هەرچی زیاتری ئامرازەکانی دەسەڵاتدارەیەتیانە.
 با پێکەوە بانگەوازی هیزەکانی پۆلیس و پێشمەرگە و هیزە چەکدرەکان بکەین کە ڕیزەکانیان بەجێبهێڵن و پەیوەست ببن بە ڕیزی ڕاپەڕینەوە.
 خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و زۆربەی هاووڵاتیان بە دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی و هاوپەیمانکانیانەوەن بەخۆیان و میلیشیاکانیان و دوو ئیدارەییی و پەرلەمان و دەزگاکانی داپڵۆسێنەریانەوە، و بۆ ئەم ئامانجە ڕاپەریون. رێگەی بە ئەنجامگەیاندنی ئەم ئامانجەش ڕێکخستنی هێزی جەماوەری شۆڕشگێرە لە کوردستاندا. بەڵام تا دەسەڵات هیشتا نەڕوخابێت پیویستە ئەم داواکاریە دەستبەجێیانە بسەپێنری بەسەریاندا.
 بەردانی هەموو زیندانیانی سیاسی لە هەموو کوردستاندا.
 دانی موچە بەبی هێچ لێبڕینێک، و چاودێری نوینەرانی هەڵبژێراوی کریکاران و کارمەندان و مامۆستایان بە سەر بودجە و مووچە و دابەشکردنی.
 چونەدەرەوەی هێزەکانی دەسەڵات لە هەموو شارەکانی کوردستاندا و بواردان بە خەڵک کە خۆپێشاندان بکەن و بەشداری ڕاپەڕین بن.
 هیزە میلیشیایی وسیخوڕیەکان و هەر ‌‌هێزێکی چەکدرای تری حزبی نابی بمێنێت و ئەبێ هەڵبوەشێنرێنەوە.
 لە هەر شوێنێک دەسەڵات بەدەست ئورگانەکانی هەڵبژێراوی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاران و کارمەندان و گەنجانی ئازادیخواز و ڕێکخراوە خەباتکاراکانیانەوە بێت، نابێ هێچ هیرشیکی سەربازی بکرێتە سەر لەلایەن دەسەڵات یا هەر هێزێکی ترەوە.
 ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق لە هەمان کاتدا کە سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو کەسو کار و دۆستانی گیان بەختکردووانی نێو ئەم ڕاپەڕینە ئەکات، لە هەمان کاتیشدا بەتوندی ئەم تاوانانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات سەرکۆنە ئەکات و بەرپرسیاریەتی گیان لە دەستدانیان ئەخاتە ئەستۆیان. وە دەبێ دەستبەجێ بکوژانیان و ئەوانەش کە لەپشتی تاوانەکانن دەستنیشان بکرێن و بدرێن بە دادگا.
 هەروەها ڕێکخراوی بەدیل کۆمۆنیستی لە عێراق بانگەوازی جەماوەر ئەکات هێرش نەکرێتە سەر هیچ شۆین و بینایەکی خزمەتگوزاری و ئیداری و خۆیندن و تەندروستی و هەر جێگایەکی تری بەرژەوەندی گشتی، وە بانگەوازی پاراستنیان ئەکات لەهەر دەستدرێژیەک. وە بانگەوازیش ئەکات کە بارەگاکانی حزبەکانی دەسەڵات بکرێنە بنکەی دەسەڵاتداریەتی ڕاپەڕین و ئیدارەی شارەکان.
 ئێمە شان بە شانی جەماوەری ڕاپەڕیو لە کوردستاندا خەبات ئەکەین بۆ بە سەر کەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق
٩ -١٢-٢٠٢٠




ئازادى .. ستار ئه‌حمه‌د

ئازادی نانێكه‌ به‌خوێن سوور
له‌دڵی نیشتماندا
به‌پاژنه‌ی چه‌ته‌كان پان ده‌كرێته‌وه‌
شۆڕش دزینی ئاڵایه‌
سه‌ركرده‌ قاچی دوو كورسی
له‌كوێی ده‌روونا
ته‌رمی په‌پووله‌كان بشارمه‌وه‌
رۆحی شه‌هیده‌كان
له‌جه‌سته‌م دادڕم
باره‌گا ـ بڵێسه‌ی ئاگره‌و
دۆزه‌خی بێتاوان
په‌رستگا ـ ده‌رگای به‌خوێن ڕه‌نگاوی
چی له‌خاكێك بكه‌م
پێخاوس له‌نێویا بازبده‌م
به‌سه‌ر گۆڕی دایك و
كۆرپه‌ی سووتاوو
هاوده‌می خنكاوما
زمانێكم بۆچییه‌
له‌ئاستی مافمدا
به‌ره‌و داد نه‌بزوێ‌
چۆن نیشتمانێكم خۆش بوێ‌
ده‌رپێی ئازادی
له‌ژێریدا داكه‌نن
به‌دوای چییدا بكۆشم
كوشتارو راوو ڕووت
بكه‌نه‌ دروشمم
كام ئاڵا
له‌جه‌سته‌ی خاكه‌كه‌م بپێچم
له‌كاتێكدا لانه‌واز
هاوشارم
بۆ پاره‌و
دیوارو
ده‌رگاو
په‌نجه‌ره‌
له‌پاڵیا سه‌ربڕن
مێژووی چی
كام داستان
ئه‌فسانه‌
رۆمانی خیانه‌ت
بۆ مانگ و هه‌تاوو
ئاسمانی دزراوم به‌رزكه‌مه‌وه‌
به‌چیوه‌ بنازم
به‌نه‌غمه‌ی سه‌رشۆڕی و
به‌سته‌ی تاوان و
هه‌ڵپه‌ڕكێی ته‌فره‌وه‌
یان به‌نۆكه‌ریی چوار جه‌لاد
تیغی ژه‌هراوی
ده‌خه‌نه‌ زامی
كوردستانی گه‌وره‌وه.

ستار ئه‌حمه‌د




ڕاگەیاندن سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان

بۆ ئەوەی کۆپییەکی تری گەندەڵ و فاشیلی گۆڕان، خۆپێشاندانەکان، ئیستیغلال نەکات!

خۆپێشاندان و ناڕەزاییەتییەکانی گەنجانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراق، گەرای سەرەتای راپەڕیینێکی نوێیە دژ بە حکومەتی چەتەگەریی کوردیی و دزە گەورەکانی کوردایەتیی. ئەو گەنجە ئازایانە بە (دەست و گیرفان)ی خاڵییەوە بە گژ چەکدارە بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی پارتیی و یەکێتیی و تەواوی ئەو حیزبانەی تردا دەچنەوە کە هەموویان لە فەلەکی ئەم کوردایەتییە چەتەگەرییەدا، دەسوڕێنەوە.

راستە گەنجانی کوردستان، بەو تەمەنە کەمەوە(لە چواردە ساڵییەوە بۆ ناوەڕاستی بیستەکان)، تەجروبە و خیبرەی ئیدارەدانیان، نییە، پێویستیان بە رابەڕایەتییکردن هەیە، بەڵام کام رابەڕایەتیی؟ ئایا بۆ دەبێت، ئەو مافە بەم نەوە ئازا و جەسوورە نەدرێ کە خۆیان رابەرایەتیی خۆیان بکەن و خەڵکی پۆپیولیست و بێ فیکری کۆنە گۆڕانەکان، سەرپەرشتییان بکەن؟ لای کەم داواکاریی و عەقڵییەتی ئەمان، لەگەڵ نەوە کۆن و کامڵەکانی جیلی ئاڵتونیی! کوردایەتییدا، جیاوازە.

چواردە ساڵ لەمەوبەر، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، وردە وردە گەشەی دەکرد، گۆڕان بۆ ئەجێندای شەخصێکی تۆراو لە یەکێتیی، بە هاوکاریی دەیان سیاسیی، ئەکادیمیست و نوخبەی جۆراوجۆر، تەواوی ئەو ناڕەزایەتییانەی هەڵمژی و نییو میلیۆن دەنگیان برد بۆ هۆڵی پارلمانی دزە گەورەکان و بەناوی حیزبی بێ ئایدیۆلۆژیا و چاکسازییەوە، حیزبەکە بوو بە تەوریثی بنەماڵە و لەولایشەوە، صەدان پۆست و پلە و شۆهرەتیان بۆ سیاسیی پۆپیولیست و ئەکادیمیی هەلپەرست و دز، پەیدا کرد، پشتیان کردە ئەو هەموو رۆحییەتە ئۆپۆزیسیۆنەی کوردستان و کەوتنەوە ناو خەلانۆچکەی دەوڵەتە قوبرصییە-بارزانییە-ئەردۆغانییەکەوە و پرۆژەی تاڵانیی و چەتەگەریی (سەربەخۆیی ئابووریی) و تەنانەت لە جینۆسایدی شەنگالدا نە گۆڕان و نە وەزیری پێشمەرگەکەیان، تا ئێستایش متەقیان لێوە نەهاتووە و بەو بێدەنگییەش، شەرعییەتییان بەو تاوانە دا.

ئێستا، کۆمەڵێ خەڵک کە زۆربەیان گۆڕانە تۆراوەکانن، بییرکردنەوەیان بە میللیمەتریش لەو عەقڵییەتە نەتەوەپەرستییەی کوردایەتیی، جیاوازیی نییە کە ئەم وەزعەی ئێستای لێ بەرهەم هاتووە، بە تایبەت ئەوانەی خۆیان بە مەغدور دەزانن و پۆستی غەزوبەزیان بەرنەکەوتووە، بانگەوازی ئەوە دەکەن کە کۆنگرەیەکیان دامەزراندووە بۆ رابەرایەتییکردنی خۆپێشاندانەکان! ئەوەی جێگەی پرسیاری فرە رەهەندە، ئەوەیە کە چۆن کەسانێک هەر دوێنی بوو لە ئەهلی ریفراندۆم بوون، لە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکاندا، بۆچوونەکانیان لەگەڵ رووداو و کەی٢٤ دا، هیچ جیاوازییەکیان نەبوو،

هەر دوێنێ بوو عێراقیان بە لەعنەت دەکرد و سوێندی ئەکادیمیی کوردایەتییان دەخوارد کە عەرەب و کورد، ناتوانن لە یەک وڵاتدا پێکەوە بژیەن، راسیزمیان بەرامبەر ئاوارە عەرەبەکانی سلێمانیی و هەولێر، تەخشان دەکرد، تەنانەت لەم دوا دواییەشدا، تێیاندا هەبوو، داوای بەکارهێنانی تاپۆکەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردییان دەکرد، چۆن ئەهلی میصداقییەت و سیاسەت و ئەخلاق و فیکری سیاسیی دەبن؟ چۆن دەکرێ متمانەیان پێ بکرێ کە ئەمانیش، هەمان رێچکەی باوکی هەژاران و حیزبە نوخبە بێ ئایدیۆلۆژییەکەی ئەو، ناگرن؟

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، دەرئەنجامی ئەو زووخاوەیە کە ئەم موئەسەسەی کوردایەتییە ٧٥ ساڵییە دەیکاتە دڵی خەڵکەوە و مرۆڤی کورد بە کۆیلە و ڕەعییەتی خۆی دەزانێت. لە ئێستایشدا، خۆپێشاندانی گەنجان، راستەوخۆ پێوەندیی بە نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، پێوەندیی بەو هەموو دزیی و چەتەگەرییەی نەوت و قاچاغچییەتییەوە هەیە کە ژیانی نوخبەیەکی کەم، لەوپەڕی خۆشگوزەرانییدایە، بەڵام بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لەوپەڕی زەلالەتی ئابووریی و داراییدا، گوزەران دەکەن.

دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێت، بەهەر نرخێک بێت، لەم چەتەگەرییەی کوردایەتیی رزگاریان بێت. ئەمە لە کاتێکدایە، زۆرێک لەوانەی کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان، مێنتاڵیتیی و بییرکردنەوەیان، لەو ئەندێشەیەدا دەسوڕێتەوە کە پارادایمێکی تری کوردایەتیی جیاواز لەوەی پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان…تاد، دروست بکەن و لەم رێگەیەشەوە، نەخۆشییە ئایدیۆلۆژیی و عوقدە نەژادییەکان و طموحە شەخصیی و ئیفرازاتە سیاسییەکانی خۆیان، بە چاکسازیی، خاڵیی بکەنەوە.

وێڕای ئەمانە، لە لۆگۆیەکدا، ئاڵای هەرێم و ئاڵای کۆمۆنیستیی چین و سیمبوڵی مشتەکۆڵەیەکی ستالینیستییانیان، وەکو هەموو چێشتە مجێورییەکانی کوردایەتیی، تێکەڵوپێکەڵ کردووە. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە گەنجانی کوردستانی عێڕاق، دوور لەو جیلە کۆنەی کوردایەتیی و ئەفکارەکانیان و بەدەر لە و کەسانەی کە بەردەوام هەموو جۆگەلەکان دەبنەوە سەر رووباری ئەو چەتەگەرییەی کە هەیە، خۆیان رابەرایەتیی و پێشەنگیی خۆیان بکەن و پڕۆژەو بەرنامەی سیاسیی و فیکریی خۆیان پێشنیار بکەن. پێویستە کەسانی دڵسۆزیش کە غەمیان تەنیا داواکارییەکانی ئەو گەنجانەیە بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، ئازادیی، کار، خۆشگوزەرانیی و ژیانێکی شەرافەتمەندانە، پشتیوانییان بکەن و بەرچاوڕۆشنییان بدەنێ، ئەوانیش وەری بگرن یان نا، ئازادن.

ئەم خۆپێشاندان و ئەم فشارانە بەوان نەبێت، بە سیاسیی و نوخبە بە تەمەنەکان و بەرژەوەندییخوازەکان ناکرێ. هەرکەسێکیش حیزب دروست دەکات، ئازادە، بەڵام دەبێ هەموو ئەوانە فەضح بکرێن کە خۆپێشاندانەکان بۆ عەرضی غوبنە سیاسییەکانیان بەکار دەهێنن. چارەسەری بنەڕەتیی و هەمیشەییش ئەوەیە، بە گەنجانی کوردستان و عێراق(ئەو دەیان هەزار گەنجە عێراقییەی پشتیوانیی بۆ خۆپێشاندەرانی هەرێم دەردەبڕن)، فشار بۆ دز و گەندەڵ و مافیاکانی عێراق(بەوانەی هەرێمیشەوە) بهێنن کە پرۆژەی تاڵانکردنی نەوت و غازی کوردستان بۆ تورکیا رابگیرێ و تەسلیم بە دەوڵەتی عێراق بکرێتەوە و بودجەی حەقیقیی و مەعاشی حەقیقیی بۆ موچەخۆرانی موستەحەقی کوردستان بێت، نەک عەقید و لیوا خانەنشیینکراوەکانی ناو ئەم کۆنگرەیە و صەدان هەزار بندییوارەکانی پارتیی و یەکێتیی و تەواوی حیزبەکانی تر.

لە هەمووی گرنگتر، هەرکەسێ لە دەرەوەی وڵات(هەندەران) بێت، بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نەبێ، قیادەی وەهمیی ئەم خۆپێشاندانە بکات. ئەمە دەبێت کەسانێک بن، بە واقیعیی لە کوردستان بژیەن و لە گەندەڵیی و خورافاتە پەهڵەوانییەکانی کوردایەتییەوە، نەگلابن.

هەرکەسێکیش پێی خۆشە و لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم باسەدایە، دەتوانێ ناوی خۆی دابنێت.

  1. ئاراز رەسوڵ
  2. ئازاد مەلا نەبیی
  3. ئازاد عەلیی
  4. ئاسۆ جەوهەر
  5. ئامانج عەلیی
  6. ئیسماعیل حەسەن ئیسماعیل
  7. ئەردەڵان ئەمیین
  8. ئەویین ئەحمەد
  9. بەدرخان مەحمود
  10. بەهار جەبار عەلیی
  11. بەهرۆز حاجیی
  12. د. پشتییوان سابیر
  13. جەبار ئەحمەد
  14. خەلیل حەمەد
  15. خەرامان سابیر
  16. دانیار حەسەن
  17. رۆستەم عەزیز سلێمان
  18. رێباز حەسەن
  19. رەگەز کەمال
  20. رەهەند محەمەد
  21. ساماڵ عەبدوڵا
  22. د.سیڤان سەعید
  23. سەردار حەسەن
  24. سەردار ئەمیین
  25. د. شامیر مەولان
  26. شنیار ئەنوەر حەسەن
  27. د. شوان عەبدوڵا
  28. شەیما عەزیز
  29. کامیار سابیر
  30. کاوە ئەحمەد
  31. کوردستان عەلیی
  32. کۆردۆ عەبدولخالیق
  33. کۆمار یۆنا
  34. گۆران عەبدوڵا
  35. لاوان ع عەلیی
  36. مصطفی شیخ محمد
  37. د. موراد حەسەن
  38. مەجید غەفور
  39. مەحمود عەبدوڵا
  40. مەروان عەلیی
  41. نەجمەدیین عەلیی
  42. هادیی حەمەعزیز
  43. هۆگر برایم
  44. هێمن رەئوف
  45. هێمن ع شێخ رەئوف
  46. هێمن ئەحمەد رەضا
  47. هیوا خۆشناو
  48. هەرێز جەمال
  49. سۆران ئیبراهیم
  50. صەدرەدیین عەلیی
  51. مەهدیی ئەبوبەکر
  52. هەڤاڵ عەبدوڵا
  53. توانا عەلیی