تان و پۆی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی.. نووسین و ئامادەکردنی: ئاکۆمارانی

پرۆژەیەک بۆ گێڕانەوەی ( ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی)
پرۆژەیەک بۆ ( ئاشناکردنەوەی خەڵک بە ژییان) و ( خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ بەبێ کڵێشەی ئایدیۆلۆجیی و سیستەمی ڕامیاری).

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ..




ده‌ستنووسێكی تازه‌ دۆزاوه‌ی چوارینه‌كانی بابا تاهیر هه‌مه‌دانی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

پێشكێشه‌ به‌: ئه‌حمه‌د تاقانه

گله‌یی گۆزه‌

ئاو لە جۆگەلەکانەوە دەچێتەوە ژێر زەوی
پاراوتر دەبم تا گۆزە گلەییم لێ نەکات
کاتێک ڕێڕه‌وی ده‌گۆڕێ و به‌ خێرایی هه‌وره‌برووسكه خۆیمان لێ ون ده‌كات
ئێمە لە چۆڵەوانییەکی ترساودا بیری نیگای تێکەڵاوی دەکەین و هەڵاتوویەکین له‌ بریسكه‌ی قه‌ڵغان و شمشێر خۆمان سڕیوه‌ته‌وه‌

جه‌للادی ناقۆڵا

بەیان لێرەوە تێپەڕی ڕووناکی کۆ کردەوە و لەگەڵ خۆی بردی
نەیهێشت باڵندە چاو به‌ دەنکەگەنم گه‌رم بكه‌ن و دەنووک خۆشكه‌ن
نۆبەتدارێک تازە لەسەر گردێکی دەوردراو بە شۆڕەبی هاتبووە خوارێ و تفەنگی لە قوڵغ جێ هێشتبوو
ته‌می هه‌ست له‌سه‌ر حیكمه‌تێك لاده‌دا و ده‌ڵێت جیهان لە بۆشایی قۆچی كه‌ڵه‌كێویدا جه‌للادی ناقۆڵا‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كات و تفه‌نگ ده‌لاوێنێته‌وه‌

دوا هێڵی ڕۆژی شه‌شه‌م

تابلۆی زەوی هێشتان هەموو هێڵەکانی نەکێشراون
باڵندە لەسەر لکە پڕەکان تووشی حەپەسان هاتوون
لە ڕێگادام چەند جارێک ویستوومه‌ پێی ڕابگەیەنم هێڵەکان تەواو دەکەم
لە زەردەی ئێوارەیەکدا لوورەی ئاگر دەترسێنم و فرمێسکی نابەجێ ناڕژێ

به‌ده‌م ڕێوه‌ی پرسه‌ی نان

لە دڵی بە خورپەوە نزیکی و لە چوونە پرسەی ناندا بە تەنیشت یەکەوە بەڕێگاوەین
پەرچەمت لەسەر چاو لا دەدەم و شان بە زینی ئەسپەکانمان دەدەین
ڕێگا شه‌رمن و کەمڕووە دڕکوداڵی دنیا ده‌ستی زاڵی له‌سه‌ری ڕاگرتووه‌
نان پاداشتی زەردەخەنەی ساز و سۆزی دامەوە و زرینگانه‌وه‌ی گیانیش دەزانێ خوێن له ‌شه‌قام زمانی پڕ ده‌بێ له‌ خواست

بوونی زیندوو

کۆتەرەدارێک لە حەوشەمان هێندەی کێوێک به‌ ده‌ستوپێیه‌ و درەخت لە دەوری ڕواوە
ماڵیش پەنجەرەی گەورەتر و کۆڵان نامۆ نەبوو
چاودێرێكی خه‌واڵوونیم و لەبەر ئاگردانی کوژاوەش دانەنیشتووم
گه‌نجینه‌ی پێی مرۆڤ بۆ تاهەتایە له‌ شوێنێك له‌ نێوان دوو شوێندا ده‌مێنێته‌وه‌ و بارانی په‌ڵه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌

بزربوونی ناونیشانی حه‌وا

ئادەم بۆنی ددانی ڕزیو لە دەمی دێ
حەوا خۆی لە تەنیایی مارە کرد و ناونیشانی بزر کرد
کەس تەماشای ئاشنای خۆی نەکرد و ناسین تەفرەی داین
ئەو درەختانە ئاشنامان‌ بوون ڕەگیان گەیشتبووە ناو ڕووبارە نزیکەکان

وا ناوی گوڵی باخچه‌ی گه‌ڕه‌ك ده‌زانین

ده‌ست باڵه‌ بۆ فڕین و خستمه‌ ناو ده‌ستێك تازه‌ سڵاوی له‌ زه‌وی كردبوو بە زمانی سێبووری توانی پێم بڵێ ئەستێرەی مایەوەی دوای شەوم و بۆ تاهه‌تایه‌ ڕاسته‌قینه‌م
جامێكی فافۆن پڕ بوو لە ئاو
تای منداڵانی گەڕەکی هێنا خوارەوە
گوڵ ناوی گوڵی تەنیشتی زانی و ناونیشانی باخچەکانیان گوت و ستایشیانكردن گه‌شه‌ تێیدا كۆتایی نایه‌

سه‌رابی كوێر

لە پەڕینەوەی هێڵێکی ئاسن دەموچاوم پڕ خوێنی گەشە بوو
دەستم بۆ درێژکردی نێوانمان بووە تراویلکەیەکی کوێر یان گوڵی یاده‌وه‌ری
له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی پله‌به‌رزدا به دەوری سووڕامەوە و له‌ترم دا
وەرزی دروێنەم بزر کرد گوڵەگەنمێکی لێکراوە بووم

له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێكدا

لەو کاتەیدا شادی هەبوو
باڵندەیەک لەسەر پشتی ئەسپێک چاوی سووڕاند بەپەلە کەوت و باڵی خۆشكرد
لکە گیایەکی کەوی بانگی کردبوو
هەمیشە بیر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بکەرەوە تیژپەڕ بەلاماندا تێدەپەڕێ و فیشه‌كڕشێنمان ده‌كه‌ن

سۆمای شار

زەریا مەند نییە لە کەناری خۆی ورد بووه‌تەوە و دارەبازە دەمەونخوون داندراوە
منیش بەدیار مۆمی ڕووداوێك دەمارەکانم دەپشکوێن و ددانم ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر یه‌ك
ڕووبارێک بەرەو کانی باسکی داوێ و تاو دەدا
گڕێک سۆمای شاره‌ لەناوی یاری دەکا و شاد و شادمان لە حەوت ئاسمان ئەستێرەی هەیە.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ولێر




گوڵە لۆتسی نیگات.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

کات ئەتکوژێ، بەڵام..
عەشق ناهێڵێ بمری، لە کاتێکا..
هەموو شتەکانی چواردەورت
ئەوەرن، ئەمرن، لە ناو ئەچن
فەنا ئەبن،
خونچەی لێوی مانگیش نامێنێ،
کە دیارنامێنی..
لە تەمی کاتژمێرەکانا،،
پەنجەرەیەی تەنیایی ئێوارانەتە
سکاڵایەک..
لای گەڵاوەریوەکانی ڕۆح ئەکا ،
گەرچی ئەتیشکێنێ دارستانی چاوت..
بەرامبەر ئاوێنەستانی بوونم،
ئەتیشکێنێ هاتنت..
بۆ نێو ژوری تاریکی..
پشت خۆری وشەم،،
نمەیەک بنێرە،،
تا ڕوخساری بارانی پێ ببینم ،
تۆپە شوشەی شەو تەماشا ئەکەم،
تا سۆراخی مانگی وەنەوشەییت کەم،
تا هیچ نەبێ لە نێوان تاڤگەی هاتن و نەهاتنا..
وێڵ و سەرگەردانی سەحرای بوون نەبم،،
هەرکاتێکیش پەی بەرم،،
لە چی شارێکی باران..
خۆت حەشار داوە.
نزائەکەم بۆ خواوەندی مەزنی شیعر
تەنها دەنکە ئاورینگێکت بوەرێ،
ئەبێ چی بکرێ،،
تا خۆرێک بۆ تۆ ئەبریسکێتەوە،
مەگەر نازانی…
مەلی ڕۆشتووی ئێوارە،
دیاری شنەبای تۆن لە منەوە..
تێکستی شەپۆلەکان ئەخوێنمەوە،،
تا ئەو دیو سنوری چیای فرمێسک..
بە ئاستەم لە کۆدی بێدەنگیت هۆشمەند ئەبم،
کە درەختەکان پیانۆی وونبوونتن،
هەر پیاسەیەکی پایزانە،،
لە شەوی پارچە پارچەبوونی ڕۆحیشما ،،
دروست بوونەوەیەکی ترە،،
ڕواندنی شەتڵی گوڵە لۆتسی شیعریش…
دوای چەندین مردن و وەرین،،
چنینی ئەستێرەیە لەسەر فەڕشی چاوەڕوانیت،،
با پەپولە فیردەوسیەکان،،
لە جیاتی شیعرەکان ،
سەرێکت لێ دەن،،
با سروتی خۆسوتانی خونچەیەک لە حەسرەت…
داستانی عیشقم بێ بۆت،
با دێڕی کتێبەکانی با..
نەخشەدڵت بێ لە کوێم، ..و..
بۆ کوێ ئەڕۆم،
لە چی کەنارێ وون ئەبم،،
بەڵام هەر کە تابلۆی دەریا ئەبینم ،،
غەمگینیەکی جوان ئەمگرێ،،
تا گوڵە لۆستی نیگات..
ئەپشکوتێ‌،
تا نوورت دێ،،
ئاسمان و زەمین،،،
لە کوپێ شیعرا ئاوێتە ئەبن.

وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێش
Claude Monet ) Water Lilies (