خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا (ڕۆی باسکار) و قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی.. سۆران ئازاد

تەوەرەکانی ئەم باسە:
یەکەم: قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی زانست بە گشتی
دووەم: قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی (ڕۆی باسکار)
سێیەم: نموونەی پرس و جیاوازیی سیاسیی کێشەی کورد لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستان

کێشەی فەلسەفەی زانست جارێکی تر بەرۆکی فەلسەفە دەگرێتەوە. ئەو بەرۆکگرتنەوەیە ئاماژەیە بە هێزی فەلسەفە لە ئاڕاستەکردنەوەی زانست کاتێک خۆی لەناو قەیرانە بێ چارەسەرەکانی خۆی دەبینێتەوە. زانستخوازان بە دۆزینەوەی هەندێک لە ڕێچکە سرووشتییەکان و بنەمای چەندبارەبوونەوەی دیاردە سرووشتییەکان گوتاری مردنی فەلسەفە بەرز دەکەنەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن، کە نازانستبوونی فەلسەفە بنەمای لەدایکبوونی زانستە. پرسی ئەوەی زانست چۆن دەبوو ئەگەر فەلسەفە لە بنەڕەتدا نازانستی نەبووایە ڕوونکردنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی دۆزینەوە زانستییەکان و ئەو بنەمایانەی بۆیان گریاونەتەبەر دابین دەکەن. (مارتین هایدیگەر) لە گوتاری (نامەیەک لەسەر مرۆڤایەتی) سەرچاوەی ئەو جۆرە تێڕامانە لە فەلسەفە دەخاتە ڕوو، کە ڕەگەکەی بۆ (ئەفلاتوون) و (ئەریستۆ) دەگەڕێتەوە بەوەی لەو کاتەوە ڕۆڵی بیرکردنەوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ‘تەکنیکی’ سنووردار کراوە. زیاتر لەوە، وەک خۆی دەنووسێت: ” لەو کاتەوە فەلسەفە بەردەوام لە پێگەیەکی سەخت بووە بۆ ڕەوایەتدان بە بوونی پێش بوونی زانست.”1 هەر لەو ڕوانگەیەوە، خودی بابەتی بیرکردنەوە وەک بنەما بۆ ‘تیۆر’، بە دیدی (هایدیگەر)، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی تەکنیکایەنە، وەک دەنووسێت: ”خەسڵەتی بیرکردنەوە وەکو (تیۆر – theoria) و داکۆکیکردن لە ناسینی وەکو هەڵسوکەوتی تیۆری هەر خۆی لە ڕاڤەی تەکنیکیانە بۆ بیرکردنەوە ڕوو دەدات. ئەو خەسڵەتە کاردانەوەیە بۆ ڕزگارکردنی بیرکردنەوە و پاراستنی سەربەستییەکەی دژ بە کردار و کردن.”2

بەڵام ئایا تیۆر چۆن دەتوانێت بوارێکی ناکرداری بێت، کاتێک خاوەن هێزی ڕوونکردنەوە و پێشخستنی چارەسەرە بەرانبەر بە کردار و کردن؟ ئێمە دەبینین، کە ئەوەی لە چوارچێوەی ‘لۆجیک’دا دەسەلمێنرێت، دووبارە لە بەردەم هەڕەشەی ڕەتکردنەوە دایە هەر بە خودی ‘لۆجیک’ خۆی. هەوڵدان بۆ بە گشتگیریکردنی دیاردە و ڕووداوەکان لەسەر بنەمای ‘لۆجیک’ وا ڕەچاوی ڕاستەقینە یان واقیع دەکات، کە خاوەن یاسای هۆکردی چەسپاو بێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پێویستە ئاماژە بە دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانست بدەین. یەکەمیان، سرووشتناسی (Naturalism)، یان پۆزەتیڤیزمە، کە (دەیڤد هیوم) بناغە بنەڕەتییەکانی جێگیر دەکات. دووەمیان، بوونیادگەری (Constructivism)، کە یەکەم لە ڕێگەی تێپەڕاندنی سرووشتناسی بە ئایدیاڵیزمی باڵای (ئیمانوێڵ کانت) دەست پێ دەکات و دووەم بۆ هەوڵی بوونیادگەراکان بناغە زانستییەکانی خۆی دادەمەزرێنێت. بۆ سرووشتناسەکان، ئامانج دۆزینەوەی یاسا هۆکردەکان (casual laws)ە. ئەوەیش وا پێشنیار دەکات، کە ڕاستەقینەی دەرەکی و یاسا هۆکردەکانی بڕیار لەسەر ڕووداو و دیاردەکان دەدەن، چ سرووشتی بن، چ کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەیەوە، دۆزینەوەی ڕێچکە سرووشتییەکان و هێڵە چەندبارەبووەکان ئامانجی زانستە. (کانت) ئەو نەریتەی بیرکردنەوە ڕەت دەکاتەوە و لە جێگەی بە چەقزانینی ڕاستەقینەی دەرەکی، هۆش بە چەقی زانین و دۆزینەوەکان دادەنێت. ئەگەرچی ئەو جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکی ڕەت ناکاتەوە، کە بە (نۆمینە)ی دادەنێت، هۆش لە تێگەیشتن لێی کەمتوانایە و سنووری تێگەیشتنەکانی هۆش تەنیا دیاردەکانە. لەو ڕوانگەیەوە، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ تێگەیشتن لەوەی لە دەرەوەی سنووری تێگەیشتنی هۆشە لای (کانت) بانگەشەیەکە لە دەرەوەی دروستێتی. تەنانەت (کانت) بۆ بەرزکردنەوەی ڕەخنە لە ئاست سرووشتناسیی (هیوم)، یاسای هۆکردی بە ناپەتی دادەنێت ئەگەرچی لەپێشتریش بن، وەک پێی وایە دەربڕینی (هەر گۆڕانێک هۆکردی خۆی هەیە) ئەو دەربڕینەیە، کە ئەگەرچی لەپێشترە، بەڵام ناپەتییە بەو هۆکارەی خودی چەمکی گۆڕان ‘چەمکێکە لە ئەزموونەوە دەرهێندراوە.’3 بەڵام ئایا خودی چەمک خۆی چۆن لە هۆشی مرۆڤدا دادەهێندرێت؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، کە ‘بە کەرەستەکانی هەستکردن، لە ئاکامدا، بابەتەکانمان دەست دەکەون و هەر ئەوە گەشە بە دەرککردنی ئێمە دەدات؛ بە تێگەیشتن دەبن بە بیر و لەوەوە چەمکەکان سەرهەڵدەدەن.’4 بۆیە دەبینین بۆ لەدایکبوونی چەمکەکان کۆمەڵێک پێشمەرج هەن، کە دەبێت ئامادەییان هەبێت. سەرەتا دەبێت مرۆڤ خاوەن کەرەستەکانی هەستیاری یان هەستکردن بێت و ئەو هەستکردنەش خاوەن بابەت یان ئۆبجێکتێک بێت بۆ هەستکردن. لە ڕێگەی پەیبردن یان درککردن تێگەیشتن بۆ بابەتەکان دروست دەبێت و خودی تێگەیشتنەکە بیرە و لە ئاکامدا زنجیرەی بیرەکان لە یەکێتیی چەمکدا یەک دەگرنەوە. بەڵام خودی ڕەسەنێتیی هەستکردن، بە دیدی ئەو، لەپێشترە و ڕەگەکانی لە هۆش دان؛ لەو هۆشەی ‘ناوەڕۆکی تەواوی فرەلایەنییەکانی جیهانی دیاردە ڕێکخراون و لەژێر پێوەندیی دیاریکراو دەبینرێن.’5 خودی شوێن و کاتیش دووبارە لە هۆشدا ڕێکخراون لەژێر ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی بۆ پێوەندییە دیاریکراوەکانی هەیە. ئەگەر هەر چەمکی ‘گۆڕان’ جارێکی تر بە نموونە بهێنینەوە، ئەوا بۆ (کانت)، گۆڕان لەناو کات دایە. بۆ ئەوەی گۆڕان شتێکی ڕاستەقینە بێت، پێشمەرجە سەرەتا کات شتێکی ڕاستەقینە بێت. ئەو نکۆڵی لە ڕاستەقینەیی کات ناکاتەوە، بەڵام بۆ ئەو ‘کات هیچ نییە جگە لە فۆڕمێکی دەرککردنی ناوەکیمان.’6 (کانت) زیاتر لەوە دەڕوات و دەنووسێت: “ئەگەر مەرجی تایبەتی هەستککردنمان لە [کات] جیا بکەینەوە، چەمکی کاتیش لەناو دەچێت؛ هەبوونی لە بابەتەکان لە-خۆیان-دا نییە، بەڵکو بە تەنیا لە سەبجێکتەکەدا (یان لە هۆش)دا، کە درککیان پێ دەکات.”7

لەو ڕوانگەیەوە، مادام زەمینەی هەموو زانینەکان لەناو شوێن و کاتدان و ئەو دووانەیش وابەستەن بە هەبوونی هۆش، دەگەینەوە بەو ئاکامەی، کە هەموو زانینەکان سەبجێکتیڤ یان خۆیین. لە هەمان کاتدا، بە دیدی ئەو، دوو ڕێگە هەیە بۆ زانین، یەکەمیان لە ڕێگەی پەیپێبردنی هەستەکی و دووەمیان لە ڕێگەی تێگەیشتن بە هۆی چەمکەکان، وەک خۆی دەنووسێت: “لە دەرەوەی هەستکردن، ئێمە ناتوانین درککردنمان هەبێت؛ لە ئاکامدا، تێگەیشتن فاکەڵتی درککردن نییە. بەڵام بەبێ درککردن هیچ ڕێگەیەکی تری زانین نییە، جگە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە نەبێت؛ لە ئاکامدا، هەر تێگەیشتنێکی زانین، لانی کەم هیی مرۆڤ، زانینە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە – نەک ئەوەی درککردن بێت، بەڵکو گوتارییە.”8
خودی دروستبوونی چەمک لە ئاکامی، لە ئاستە پەتییەکەیدا، پڕۆسێسی ناڕێکخراو نین، بەڵکو لە ئاکامی پڕۆسێسێکن، کە (کانت) ناوی دەنێت ‘سینتێسیس – synthesis..’ بۆ ئەوەی سینتێسیس پەتی بێت، بە دیدی (کانت)، فرەلایەنیی توانستی زانین (cognition) لەسەر ئەزموون دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای لەپێشتر، وەک خۆی دەنووسێت: “مەبەستم لە وشەی سینتێسیس لە دەربڕینە گشتییەکەیدا پڕۆسێسی یەکگرتنی ڕوونکردنەوە جیاوازەکانە بە یەکەوە و پەیبردنە بە فرەلایەنییان لە یەک توانستی زانیندا. سینتێسیسەکە پەتییە ئەگەر فرەلایەنییەکە لەسەر بنەمای ئەزموون نەبێت، بەڵکو هیی لەپێشتر بێت (وەک ئەوەی لە شوێن و کات بێت).”10

سەبارەت بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، (ماکس ڤیبەر) لەسەر هەمان ڕێباز ڕاڤە بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. بە دیدی (ڤیبەر)، بۆ دیاردە سرووشتییەکان مێتۆدۆلۆجیای سرووشتناسی دەشێت گونجاو بێت، بەڵام چونکە مرۆڤ بریکارێکی کۆمەڵایەتییە، ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی دیاردە سرووشتییەکان تەنانەت سرووشتی مرۆڤ خۆیشی، لە کردارە کۆمەڵایەتییەکانی تێبگەین. ئەوەیش پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بوونەوەرێکی واتا-بەخشە و واتا-ئافرێنەرە. (ڤیبەر) چەمکی (Verstehen)، کە بە واتای تێگەیشتنی ڕاڤەیی دێت، بۆ ئەو لایەنە بە کار دەهێنێت. مرۆڤ وەک بریکارێکی کۆمەڵایەتی و لەناو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە لە ناو پێوەندیی هێزەکاندا، ڕاڤەی سەبجێکتڤیانەی بۆ کرداری خۆی و ئەوانی تر هەیە. مادام تێگەیشتنەکانیشی سەبجێکتیڤانەن، هەرگیز لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا تەواو نین. مرۆڤ بەو توانستەی هەیەتی هەرگیز ناتوانێت تێگەیشتنی تەواوی بۆ ڕاستەقینە هەبێت و هەمیشە تێگەیشتنەکانی بابەتن بۆ سنووردارێتیی هۆش لە ئاست ڕاستەقینەدا. نیۆ-کانتییەکان لە ئاست ئەو کێشەیەدا هۆشـمەند بوون، بەڵام چارەسەریان بۆ ئەوە دابەشکردنی پارچەکانی ڕاستەقینە بوو بۆ دۆزینەوەی بەرانبەرەکانیان لە هۆشدا، ئەویش لە ڕێگەی پێکهێنانی چەمک (concept formation) بە هۆکاری ئەوەی هەرسکردنی تەواوی ڕاستەقینە بە یەکجار ئەرکێکی نەکردەیە بۆ هۆش. (ڤیبەر)، بە پێچەوانەوە، پەنا بۆ پێکهێنانی جۆری نموونەیی (ideal formation) دەبات وەک کەرەستەیەکی مێتۆدۆلۆجی لەپێناو تێگەیشتن لە هەر کەیسێک، کە توێژەر مامەڵەی لەگەڵ دەکات. جۆری نموونەیی واتە باڵاترین ئامانج و ئاکامی کرداری کۆمەڵایەتی بۆ گرووپێکی دیاریکراو لە شوێن و کاتی دیاریکراودا. ئەگەرچی جۆری نموونەیی دەشێت هەرگیز لە ڕاستەقینەدا نەبێت، بەڵام بونیادنانی یارمەتی ئەوەمان دەدات، کە تێبگەین ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو چیدا کردارەکانیان ئاڕاستە دەکەن و چ لایەنێکە وا دەکات لە هێنانە دی ئەو ئامانجەیان سەرکەوتوو نەبن.

ئەگەر نموونەییەکی پێوەندیدار بهێنینەوە و وای دابنێین ئامانجی گرووپێک ‘سەربەخۆیی’ە، ئەوا لێرەدا سەربەخۆیی ئامانجە نموونەییەکەیە، واتە جۆری نموونەیی. هەر بزووتنەوەیەک بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشێت، کردارەکانی لە جۆری نموونەییەدا لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە ئایدۆلۆجییە ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. دوژمن و دۆست هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، چەمکەکان بۆ ئەو ئامانجە بونیاد دەنرێن و تێگەیشتن و پاڵنەری ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو جۆرە نموونەییەدا ڕاڤە دەکرێن. بەڵام ئەوە جۆری نموونەییە، واتە ئەو ئاستەیە، کە ئێمە وای دادەنێین هەموو کردارە کۆمەڵایەتییەکان لەو پەڕی هۆشمەندیدا بۆ ئەو ئامانجە ئەنجام دەدرێن، کە لە ڕاستەقینەدا ئەوە دۆخەکە نییە، بەڵکو هەلومەرج و بەرژەوەندیی تر لە کایەکەدان، کە وا دەکات گەیشتن بەو جۆرە نموونەییە لەژێر باری ئەو دۆخانەدا نەکردە بێت. لەو ڕووەوە، بونیادنانی ئامانجی نموونەیی یارمەتی ئەوەمان دەدات هەم لە پاڵنەری کردارەکان تێبگەین، هەم بە دوای ئەو هۆکار و هەلومەرجانەدا بگەڕێین، کە بەربەست بۆ بەدیهێنانی جۆرە نموونەییەکە لە گۆی ڕاستەقینەدا دروست دەکەن. خودی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ بونیادنراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لێرەدا مرۆڤی واتا-بەخش واتا بە کردار و ئامانجەکانی دەبەخشێت، کە لەو کۆنتێکستەدا لەپێناو ‘سەربەخۆیی’یە. مادام ئێمە باسی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ دەکەین، کە چەمکێکە ئێمە لە ڕێگەی سرووشتناسییەوە ناتوانین لێی تێبگەین بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا بونیاد نراوە، بۆچوونی (ڤیبەر) سەبارەت بەوەی، کە هەر دیاردەیەک لە خۆیدا دەگمەنە و پێویستە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک ئەوەی لە ڕێگەی دۆزینەوەی یاسای گشتگیری گەردوونی کەم بکرێتەوە، بە تەواوەتی دروستە. هەر جۆرە ئایدۆلۆجیایەکیش دووبارە جۆری نموونەییە و لە ڕێگەی چەمکەکانەوە وەک بونیادێکی کۆمەڵایەتی نوێ بونیاد نراوە. کرداری تاکەکەسە چالاکەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو واتا و مەبەستەی هاوپێچی کردارەکانیان دەکەن ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. لە دواتردا بە وردی بۆ ئەو باسە لە پێوەندییدا بە کێشەی کورد دەگەڕێینەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە دابینکردنی باکگراوندێکە بۆ ئەو باسە.

تێگەیشتن لە پاڵنەر و مەبەستەکانی مرۆڤ لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا ڕوونکردنەوەی ڕێژەیی دابین دەکات. بەڵام، بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداو و ئاکامانەی لە گۆڕەپانی ڕاستەقینە ڕوو دەدەن، کەمتوانایە، چونکە لە ئاست دەستەکەوت و ڕووداوەکاندا، بە ڕەهایی گرنگ نییە پاڵنەرەکان چین و چۆن تاکەکەسەکان واتا بە کردارەکانیان دەبەخشن ئەگەر ئەو پاڵنەرانە ئامانجی خۆیان لە ڕاستەقینەدا نەپێکن. بە واتایەکی تر، نەک هەر ئەوەی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا چ واتایەک دەئافرێنین و چۆن لە ڕێگەی واتا چوارچێوەی بە ڕاستەقینە دەبەخشین، وەک ئەوەی لای (ڤیبەر) پێداگری لەسەر دەکرێت، بەڵکو خودی ڕاستەقینە چییە و چۆن دەتوانین پەی بە میکانیزم و بونیادە شاراوەکانی ببەین دەبێت بە پرسێکی گرنگ و جێی بایەخ بۆ ئەوانەی نە لە چوارچێوەی سرووشتناسی و نە لە هیی بوونیادگەریی کۆمەڵایەتی تینیووێتیی دۆزینەوە و دامەزراندنی زانینان ناشکێت. لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا، کاتێک جیهانبینیی مرۆڤ دەبێت بە پێوەر، دۆزینەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە خودی باوەڕ و جیهانبینی مرۆڤ دەبن تا ئەوەی ڕاستەقینە خۆی چییە. ئەوەش ڕێگە بۆ دیاردەیەک خۆش دەکات، کە پێی دەڵێن ‘دروستێتیی یەکسان – equal validity’. مەبەست لەو چەمکە ئەوەیە، کە هەموو شتەکان بە ڕەچاوکردنی جیهانبینی و پاڵنەری تاکەکەسەکان بۆ ڕاستەقینە دروستە.
بۆ نموونە، ئەگەرچی باوەڕ و بۆچوونەکانیان هەر چەند لە بنەڕەتدا جیاواز بن، بۆ موسڵمانێک ئیسلام، بۆ مەسیحییەک مەسیحی و بۆ بێ-باوەڕێک بێباوەڕی بنەمای دروستێتی و ڕاستین، بەڵام بە گوێرەی پێوەری ‘دروستێتیی یەکسان’ هەر سێ باوەڕ بە هاوتای بنەماکانیان بۆ خۆیان دروستن. دەبینین لە ئاست ڕاستەقینەدا، بونیادگەریی کۆمەڵایەتی لە قەیران دایە. تەنانەت لەو بۆچوونەیشی، کە وا دەڕوانێت جیهان لە ڕێگەی ئایدیاکانمان دەگۆڕێت. نە دیدگای موسڵمان، نە مەسیحی و نە بێ باوەڕی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا یەکسان نین. نەک هەر لە بواری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە هیی سرووشتیش ئێمە ڕووبەڕووی بەربەستەکانی زانست دەبینەوە. چارەسەرێکی گشتگیر بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە نییە. ئەوەی بۆ نەخۆشێک چارەسەرە، دەشێت بۆ نەخۆشێکی تر کاریگەرییە خراپەکانی زیاتر بن تا باشەکانی، چونکە بونیاد و میکانیزمی نەخۆشیی نەخۆشەکان جیاوازە.

فەلسەفەی زانست پێویستی بە ڕێبازی تۆکمە و بەهێز هەیە لە هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی زانست، چ کۆمەڵایەتی بن، چ سرووشتی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست دیاردەکان خاوەن هێزی ڕوونکردنەوەیی زیاتر بێت.

لێرەدا، قوتابخانەی سێیەم، کە (ڕیاڵیزمی ڕەخنەیی)یە، کە دەکرێت بە (ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی – Critical Realism) بۆ کوردی وەربگێڕدرێت، بۆ فەلسەفەی زانست لە لایەن (ڕۆی ڕام باسکار، 1944-2014) دادەمەزرێت. جگە لەو دەستەواژەیە، ڕیالیزمی باڵا یان ڕاستەقینەیی باڵا (Transcendental Realism)یش بۆ هەمان فێرگە بە کار دێت. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، کە چۆن (هایدیگەر) لە پەرتووکی (بوون و کات) ئاماژە بە قەیرانی زانستەکان دەکات بەو پێیەی توژینەوەن لە هەبووەکان تا ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە ڕووەو بوونناسی و لەوێدا دەنووسێت: “ئەمڕۆ جۆرە ئارەزووکردنێک بۆ دانانی توێژینەوە لەسەر زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا سەری هەڵداوە”11 ، بەو شێوەیە (باسکار) شوێن داوای هاوشێوە دەکەوێت بۆ دامەزراندنی ‘زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا.’ بێ هۆکار نییە، کە لە دامەزراندنی قوتابخانەکەیدا، پەنا بۆ دامەزراندنی ئۆنتۆلۆجیایەکی هاوشێوە دەبات، ئەویش ئۆنتۆلۆجیایەک، کە لەسەر بنەمای ئۆنتۆلۆجیای بوون دامەزراوە و پشتگیری لە بە بنەڕەت-دانانی بوون لە توێژینەوە و بیرکردنەوە سەربەخۆ لە سیستەمەکانی زانین دەکات. ئێمە دەزانین لە ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت)، چەقی تێگەیشتن تێگەیشتنە لە هۆش، سەرەتا لە ئاستە پەتییەکەی و دواتر ئەو دەرکەوتانەی لێ دەکەونەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینەیەک لە دەرەوەی هۆشدا هەیە. بەبێ بوونی مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، بێشوومار دیاردەی گەردوونی ڕوو دەدەن؛ شەپۆلی دەنگەکان لە گەشت بەردەوام دەبن، باران هەر دەبارێت، بوونەوەرانی تر دەشێت بژین و زۆر نموونەی تر، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە، کە مرۆڤی تێبینیکار لەوێدا نابێت. خەسڵەتی تێبینیکردن، کە سەرچاوەکەی هۆشە بڕیار لەسەر بوونی ڕاستەقینە نادات، بەڵکو تەنیا دەتوانێت لە ئاستیدا ئاگامەند بێت. بە دیدی (ڕۆی باسکار) ڕاستەقینە لە سێ ڕێگاوە خۆی مانیفێست دەکات. سەرەتا بە سادە دەردەکەوێت، بەڵام دواتر ئاڵۆز و تا دەگات بە سرووشتی خۆی، کە گرێیەکە و ئەگەری کردنەوەی تەواوەتی نییە. ڕووداوەکان ئاکامی سەرسوڕهێنەر نین، بەڵکو دەرئەنجامی میکانیزم، هێز و بونیادی شاراوەن. ئەوەی لە کات و شوێنێکدا ڕوو دەدات، هیچ مەرج نییە لە کات و شوێنێکی تردا ڕوو بداتەوە، ئەگەر هەمان میکانیزم، بونیاد و هەلومەرجەکان ئامادەییان نەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، (باسکار) ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی لە ڕاستەقینەیی ئەزموونی (Empirical Realism ) جیا دەکاتەوە بەوەی، کە هیی دووەمیان هەمیشە لە ڕێگەی ئەزموونەوە خوێندنەوە و ڕاڤەی خۆی بۆ ڕاستەقینە بونیاد دەنێت، لە کاتێکدا ڕاستەقینە مەودایەکی کراوەیە و لە ڕێگەی ئەوەی ڕووی داوە سنووردار ناکرێت، چونکە خۆی گۆڕەپان و بەرهەمهێنەری ڕووداو و ئەزموونەکانە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا پێویست دەکات خشتەی بناغەی سیستەمەکەی ئەو وەک خۆ، کە لە پەرتووکی (تیۆری ڕاستەقینەی زانست) کێشاویەتی، بخەینە ڕوو:12

پانتایی ڕاستەقینە پانتایی ڕاستی پانتایی ئەزموونی
میکانیزم
ڕووداوەکان
ئەزموونەکان

وەک دەبینین و وەک خۆیشی ئاماژەی پێ دەدات، میکانیزمەکان تەنیا لە پانتایی یان کڕۆکی مەودای ڕاستەقینەدا هەن و سەربەخۆن لە ئەزموون و ڕووداوەکان. نەک هەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و ئەزموونەکان ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ خودی میکانیزمەکان بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕووداو و ئەزموونەکان بدۆزینەوە، کە میکانیزمەکانن، بەڵام هەرگیز بە تەنیا ناتوانین لە ڕێگەی ڕووداو و ئەزموونەکان لە تەواوی میکانیزمەکان تێبگەین. بە هەمان شێوە، وەک خشتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ڕوودانی ڕووداوەکان سەربەخۆن و بوونیان لەسەر ئەزموونەکان نەوەستاوە، هەر وەک چۆن ئەزموونەکانیش وابەستە نین بە ڕووداوەکان. هەم ڕووداوەکان، هەم ئەزموونەکان، لەو ڕوانگەیەوە دەرکەوتەن، وەک خۆی دەنووسێت: “جیهان لە شتەکان پێکهاتووە نەک لە ڕووداوەکان. زۆربەی شتەکان بابەتی گرێدارن (complex objects)، کە بەهۆیەوە خاوەن یەکێتییەکن لە ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکان. بە گەڕانەوە بۆ پەیڕەوکردنی ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکانیان، کە دیاردەکانی جیهان ڕوون دەکرێنەوە.”13

پێچەوانەی چەمکی یاسا هۆکردەکانی سرووشتناسەکان (naturalists)، (باسکار) چەمکی میکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان (generative mechanisms) بە کار دەهێنێت. بە پێناسەی ئەو، میکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان ‘هیچ نین، جگە لە شێوەی کرداری شتەکان.’14 کێشەی سیستەمی زانینی (هیوم)، بە دیدی (باسکار) ئەوەیە، کە (هیوم) یاسا هۆکردەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی داخراو ڕەچاو دەکات، یان بە واتایەکی تر، بۆچوونی وایە، کە ڕاستەقینە سیستەمێکی داخراوە و ڕێچکەدار یان خاوەن یاسای هۆکردی بڕیار لەسەر دراوە، کە تێیدا ڕووداوەکان بەردەوام چەندبارە دەبنەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینە تۆڕێکی کراوەیە و لەو سێ ئاستەی ئاماژەمان پێی دا خۆی مانیفێست دەکات. جگە لە ڕەتکردنەوەی قوتابخانە ئەزموونگەرایی (هیوم)، (باسکار) قوتابخانەی ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت) ڕەت دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە ئایدیاڵیزمی باڵا وا لە جیهانی سرووشتی دەڕوانێت، کە بونیادێکی هۆشەکی بێت تا بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی هۆشدا.15

(باسکار) ئاماژە بە قەیرانێکی تری ئەو دوو ڕێبازە دەدات، کە ناوی دەنێت ئیپستیمیی چەوت (epistemic fallacy). مەبەست لەو چەمکە کەمکردنەوەی بوونە بۆ زانین، یان ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجی، وەک بەرانبەر ئەو دیاردەیەی ڕاستەقینەیی ئەزموونی دەنووسێت: “… کە پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکان هەمیشە دەتوانرێت جێگۆڕکێیان لەگەڵ تێرمە ئیپیسیمۆلۆجییەکان پێ بکرێت.”16
ئەو کێشەیە لەوە بەرفراوانترە بەو پێیەی، کە زانین گوتاری ڕەهای خۆی، کە بە دیدی ئەو لەسەر بنەمای ئیپستیمیی چەوت دامەزراوە، بەرانبەر بە بوون بەرز دەکاتەوە و هەر چەند لە بنەڕەتیشدا لاواز بێت، لەسەر بنەمای دروستێتی لە چوارچێوەی ئەو فێرگەیەی زانین ڕەوایەت و هێزی پێ دەبەخشرێت. خودی (کانت)، بە بۆچوونی ئەو، لە ڕێگەی ئەو بۆچوونەی، کە پێی وایە کاتیگۆرییەکان ئەگەر لەسەر بنەمای هەست یان ئەگەری بوونیان بە ئەزموون بونیاد نەنرێن، هیچ واتایەکیان نییە، تووشی دامەزراندنی ئیپستیمیی چەوت دەبێتەوە کاتێک بوون بۆ بابەتی زانین کەم دەکاتەوە.17
بەڵام ئەنجامدانی ئیپستیمیی چەوت لە دامەزراندنی هەر سیستەمێکی زانین تەنیا پێوەندیی بەو دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانستەوە نییە، بەڵکو بە دیدی ئەو، بوارەکانی گرتووەتەوە. بەڵام بۆ (باسکار)، زانین دەبێت وا ڕەچاو بکرێت، کە کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنان و زانستیش وەک چالاکییەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی، کە لە پرۆسێسی گواستنەوەی بەردەوام دایە.18
زانین بۆ ئەو دوو جۆر زانینە. یەکەمیان زانینی پراکتیکی یان زانینی چالاکییەکانی مرۆڤ، واتە زانینێک کە پێوەندی بە وەبەرهێنان و پیشەوە هەیە، بۆ نموونە چۆنیەتی دروستکردنی فڕۆکە. دووەمیان زانینە سەبارەت بە بوون و دیاردەکانی. مرۆڤ دەتوانێت دەستکاری و گەشە بە زانینی یەکەم بدات، بەڵام لە ئاست زانینی دووەمیان کەمتوانایە و توانای گۆڕینی نییە، بەڵکو تەنیا دەتوانێت بوونەوەرێکی تێبینیکار و دۆزەرەوە بێت لە ئاستیدا. ئێمە زانینمان سەبارەت بە بوون هەبێت یان نا هیچ لە باڵادەستیی بوون کەم ناکاتەوە.
ڕاستەقینە چییە و ئێمە چۆن دەتوانین هێزی تێگەیشتنمان بەسەر ڕاستەقینەدا هەبێت؟ لەو ڕاڤانەدا هیچمان بۆ دەرنەکەوتبێت، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە چەندبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە تەنیا ڕێکەوتن بە گوێرەی بونیاد و میکانیزمەکان، نەک حەتمی. ئەوەی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو ڕوو دەدات پێوەندیی بە کۆنتێکستی ئەو شوێن و کاتەوە هەیە، نەک هیی کات و شوێنی تر بە گوێرەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکان. پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، کە ئەویش ڕۆڵی هەلومەرجەکانە، کە دواتر لە نموونەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر دابین دەکەم. میکانیزمەکان پێویستیمان بە هەلومەرجی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی ئاکامی دیاریکراو بدەن بە دەستەوە. بەڵام ئەو هەلومەرجانە ئاکامی کراوەیی ڕاستەقینەن. لەو ڕووەوە، ڕاستەقینە وەک تۆڕێکی کراوە خاوەن فرەڕێچکەیە. (باسکار) چەمکی (demi-regular) بۆ ئەو دۆخە بە کار دەهێنێت، کە چەمکێکی بیرکارییە بۆ ئەندازە و شێوەکان بە کار دێت؛ ئەوەی لە ئاستێکدا چوارگۆشەیە و ڕێچگەی چەندبارەبوونەوەی چوارگۆشەیی هەیە لە ئاستێکی تردا دەشێت بازنەیی و سێ-گۆشەیی بێت یان ئاستی تر بن بە تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاستەقینە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەمیشەیی نییە و بەردەوام لە گۆڕانە پێشبینینەکراوەکانی خۆی دایە.

نموونەی کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان

ئەگەر ئێمە سەیری کێشەی سیاسی کورد بکەین و بمانەوێت تێگەیشتنێک لەسەر بنەمای فەلسەفەی زانین دابمەزرێنین، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبینەوە. ئامانجی سیاسی کورد بۆ چەندین دەیە بریتی بووە و بریتییە لە سەربەخۆیی (کورستان)، بەڵام تەنیا لە (کوردستان)ی باشوور ئەو ئامانجە تا ڕادەیەکی سنووردار بەدەست هاتووە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی (کورستان)ی باشوور زۆر کەمترە لە هیی باکوور و ڕۆژهەڵات. ئێمە چۆن دەتوانین وەها کەیسێک ڕاڤە بکەین؟ بە بۆچوونی من، ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی دوو فێرگەی بنەڕەتی فەلسەفەی زانست لەو کێشەیە تێبگەین، ئەوانیش بونیادگەریی کۆمەڵایەتی و ڕاستەقینەیی ڕەخنەییە. بوونیادگەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوە گرنگە، کە ئێمە جۆری نموونەی بۆ ئەو کێشەیەی کورد بونیاد بنێین، کە پێشتر ئاماژەمان پێی داوە. جۆری نموونەیی بۆ کێشەی سیاسی کورد دەوڵەتە، واتە کورد لە بنەڕەتدا و لە ئاستە ئایدیاڵەکەیدا بۆ دەوڵەتبوون تێدەکۆشێت. چەمکی دەوڵەت لێرەدا چەمکێکی بونیادگەریی کۆمەڵایەتییە، واتە کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەو چەمکەیان داهێناوە و ڕێکخراوێکی سیاسیان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، کە دەوڵەتە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، ‘دەوڵەت ڕێکخراوێکی سیاسییە، کە سەرکەوتووانە گوتاری قۆڕغکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرز دەکاتەوە.’19
ئەو پێناسەیە فرەدیوە. بۆ ئەوەی دەوڵەت هەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتە توانای قۆڕغکردنی گوتاری توندوتیژی بەسەر خاک و کۆمەڵدا هەبێت، واتە لە ئاستە نموونەیەکەیدا، دەوڵەت دەبێت سوپای هەبێت و ئەو سوپایە سەرکەوتووانە هێزی خۆی بەسەر خاکدا بسەپێنێت. لە هەمان کاتدا، سوپا خۆی دەبێت تاکە ڕێکخراوی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بێت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. ئەو پێناسەیە، کە جۆری نموونەییە، یەکێکە لە پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی شکست و سەرکەوتووی دەوڵەت بەسەر خاکدا. ئەو دەوڵاتانەی توانای سەپاندنی هێزی سوپایان بەسەر خاکدا نییە، بۆ نموونە (سۆماڵیا)، (سوریا) و تەنانەت (عێراق)یش، بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار دەکرێن و هێزی دەرەکی ڕەوایەتی هەیە لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو دەوڵەتانە.

بەڵام چەمکی دەوڵەت وابەستەیە بە چەمکی سەروەری. لە ڕاستیدا، سەروەریی واتە دەوڵەت. بۆ ئەوەی دەوڵەتێکیش سەروەر بێت، دەبێت سەربەخۆ بێت. سەربەخۆیی لێرەدا دواین هەنگاوە بۆ دروستبوونی دەوڵەت تا یەکەم هەنگاو، چونکە سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری لەسەر دەدرێت تا لە ئاستی ناوەخۆ. کاتێک (داعش) سەرکەوتووانە خاکی (سوریا) و (عێراق)ی داگیر کرد، لە ئاستی ناوەخۆ خاوەن هەرە زۆری خەسڵەتەکانی دەوڵەت بوو، بەڵام ددانپێدانەنانی نێودەوڵەتی بەس بوو بۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە پێکبهێندرێت. لە هەمان کاتدا، کاتێک (بەریتانیا) و (فڕەنسا) و دەوڵەتانی تری داگیرکار دەستیان بە داگیرکاریی خاکەکانی خۆرهەڵات کرد، ئەوان هیچ دەوڵەتێکیان داگیر نەکرد، بەڵکو خاکی بێ سەروەرییان داگیر کرد، چونکە هیچ یەکێک لەو خاکانە خاوەن دەوڵەت نەبوون. واتە خاکی کراوە بوون بۆ داگیرکاری، بەکارهێنان و تەراتێن. لەو ڕووەوە، کاتێک دەوڵەت بوونی نییە، هیچ گرووپێک سەروەریی بەسەر خاکدا نییە، لانی کەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دیاردەی دەوڵەت لە سەدەی هەژدە لە (ئەوروپا) شێوە دەگرێت و بە پڕۆسێسکی درێژخایەن بەسەر تەواوی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، پشتگیری و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگترین هەنگاوە بۆ تەواوکردنی دامەزراندنی دەوڵەت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، (هەرێمی کورستان) نموونەیەکی جیاوازمان پێ دەڵێت، چونکە سەرەڕای هەبوونی دەوڵەتێکی ڕەوایەتپێدراوی وەکو (عێراق)، هێشتا ئەو دەوڵەتە توانای سەپاندنی هێزی بەسەر تەواوی خاکی خۆیدا نییە. بۆ کورد لە (عێراق) خاوەن وەها دەستەڵاتێکە، بەڵام لە (تورکیا) بنەڕەترین مافەکانی شوناسی لێ داگیر کراوە؟ بونیادگەریی کۆمەڵایەتی لێرەدا توانای ئەوەی نییە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، چونکە ئەگەر باسەکە سەربەخۆیی بێت، کوردەکان لە هەر چوار پارچە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشن. لەو ڕووەوە، ئێمە پێویستە پەنا بۆ قوتابخانەکەی (ڕۆی باسکار) ببەین لەپێناو دۆزینەوەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکان، کە وا دەکەن هەرێمێک بە نزیکەی شەش ملیۆن کورد دەستەڵاتی نەتەوەیی زۆر زیاتر بێت لە بەشێکی (کوردستان)، کە دانیشتووانی زیاتر لە بیست ملیۆنە. ئایا باسەکە ئەوەیە، کە کوردەکانی باشوور شۆڕشگێڕانەترن لە کوردەکانی بەشەکانی تر؟ بە دۆزینەوەی بونیاد و میکانیزمەکان، دواتر هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکان، دەتوانین وەڵامێکی شایستە بۆ ئەو پرسیارە بدەینەوە.
یەکەمیان سەبارە بە میکانیزمەکان، کوردەکان لە هەر چوار پارچە خاوەن کۆمەڵێک میکانیزمی هاوبەشن، بۆ نموونە هەبوونی خەونی سەربەخۆیی نەتەوەیی، پارتی سیاسی، هێزی بەرگریکار و شەڕ، کە توانای چالاکی سەربازی هەبێت، زمان و کەلتوور. لە ڕووی ڕووداوەکانیشەوە، ڕووداوی سیاسی کورد لە هەر چوار پارچە ئامادەیی هەیە بۆ خەونی سەربەخۆیی، چ بە ڕاستەوخۆی بێت، چ بە نا ڕاستەوخۆیی. کەواتە لێرەدا میکانیزم و بونیادەکان هاوبەشن. ئەگەر لە باشوور هێزی سەربازیی (یەکێتی) و (پارتی) هەیە، ئەوا لە باکوور (پەکەکە) هەیە، لە خۆرهەڵات (دیموکرات) و (کۆمەڵ) و (پژاک) هەن و لە ڕۆژئاواش (هێزەکانی سوریای دیموکرات). لەو ڕووەوە، (یەکێتی) و (پارتی) تەنیا میکانیزمی بەرهەمهێندراوی کۆمەڵگەی کوردین تا ئەوەی خۆیان داینەمۆ و چەرخی خستنەگەڕی سەربەخۆیی (کوردستان) بن. بە هەمان شێوەیش، کێشەکانی ئەو میکانیزمە بەرهەمهێندراوە، وەکو قەیرانانەی بەرهەمی ئەو حیزبەن، بەلەناوچوونی هیچ یەکێک لەوان کۆتایی نایەن، ئەگەر هەر جۆرە بزوتنەوەیەک دووبارە بەرهەمی هەمان میکانیزم بێت. ئێمە بینیمان، کە بزووتنەوەیەکی وەکو (گۆڕان) وێنەیەکی تۆقێنەرتر و فێڵبازانەتری ئەو میکانیزمە بەرهەمهێندراوەی پێشان داین. لێرەدا ئێمە دەبێت لە هەلومەرجەکان تێبگەین، کە وای کردووە (کوردستان)ی باشوور نیمچە-سەربەخۆ بێت، بە مافی بەشداری سیاسی بەهێزی کوردەکان لە کاروباری دەوڵەتی (عێراق)، لە کاتێکدا هەمان دۆخ بۆ کوردەکانی باکوور جیاواز بێت. سێ هەلومەرجی سەرەکی هەن، کە وایکردووە ئەو دۆخە بەو شێوەیە بێت، کە ئەوانەن:

یەکەم، سیستەم و لاوازیی دەوڵەت:
بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە دەوڵەتێکی دیاریکراودا بەرەو پێشەوە بڕوات، پێشمەرجە، کە ئەو دەوڵەتە لە ئاستی ناوەخۆدا یان سیستەمێکی دیموکراتی بەهێزی هەبێت، یان دەوڵەتێکی لاواز بێت. لە ساڵی 1991، کورد لە باشوور لاوازیی دەوڵەتی (عێراق)ی قۆستەوە و هێزەکانیان بە ڕاپەڕین دەرکرد. بەڵام هێزەکانی (عێراق) گەڕانەوە و کوردەکان ئاوارەی شاخ بوونەوە. نە هێزی (یەکێتی)، نە هیی (پارتی) و نە هیچ هێزێکی تر نەیانتوانی ڕووبەڕووی سوپا ببنەوە. ئەوەی وایکرد ناوچەکانی (کوردستان) حوکمی چارەی خۆ-نووسینان هەبێت، دەستێوەردانی (نەتەوە یەکگرتووەکان) بوو. لە هەمان کاتدا، لە لاوازیی دەوڵەتی (سوریا)، هێزەکانی (سوریای دیموکرات) هەلیان قۆستەوە و هێزی خۆیان بەسەر خاکدا سەپاند. هەمان هەلومەرج لە (تورکیا) و (ئێران) تێبینی ناکرێت، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە هێزی بەهێزی سوپایان بەسەر خاکدا هەیە و هیچ کات بە شێوەی (عێراق) و (سوریا) لاواز نەبوون، جگە لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ی (ئێران)، کە سەردەمی زێڕینی (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بوو.

دووەم، پشتگیریی نێودەوڵەتی:
سەرەڕای دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ لە ساڵی 1976ەوە، لەگەڵ هەبوونی پارتی تری چەکدار، بە هێزەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان)یشەوە، (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)، هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی گرنگی لە ئاستی دەوڵەتداری بەدەست نەهێنا. (هەڵەبجە) کیمیاباران کرا و سەدان هەزار گوندنیشین و شارنشین زیندەبەچاڵ کران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ یەکێک لەوانەی بە شایستەی ئەوە نەزانی ئاوڕ لە کێشەی کورد بداتەوە. تەنیا ڕووداوێکی نێودەوڵەتی، کە داگیرکردنی (کوەیت) بوو، واتە تەحداکردنی سیستەمی نێو-دەوڵەتی بەس بوو بۆ ئەوەی زلهێزێکی وەکو (ئەمەریکا) و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تر وا لێ بکەن سیاسەت و بەرنامەڕێژییەکانی خۆیان بەرانبەر بە (عێراق) بگۆڕن. لەو ڕووداوەوە، کێشەی کورد سەرنجی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. ئەوە پێوەندیی بە ڕووداوێکی سادەوە نییە، بەڵکو پێوەندیی بە گۆڕانی بونیاد و میکانیزمەکانی سیاسەتەکانی (عێراق) و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە بلۆکی (ئەمەریکا)دا هەیە.

کێشە و ناکۆکی (عێراق) لەگەڵ (ئەمەریکا) و (خۆرئاوا) کێشەی کورد بەرەو پێشەوە دەبات تا دەگات بە ڕووخاندنی ڕژێمی (سەدام حسێن) لە ساڵی 2003، کە کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی و پشتگیریکارێکی بێ مەرج بوو بۆ (ئەمەریکا)، هەنگاوێک، کە ڕەوایەتی باشی بە سیاسەتی (ئەمەریکا)دا. پشتگریی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتی، بە تایبەت هیی (ئەمەریکا) بۆ (هەرێمی کوردستان) ئەو هێزەیە، کە وای کردووە کورد بتوانێت حوکمڕانیی ناوچەیی خۆی هەبێت، نەک هێزە کوردییەکان بە تەنیا. ئەو پشتگیرییە تا سەر ئێسقان مەرجدارە، واتە وابەستەیە بە بەرژەوەندیی و سرووشتی پێوەندییەکانی (ئەمەریکا) لەگەڵ لایەنەکانی تر، خراپتر بۆ ئەوان، باشتر بۆ کورد و بە پێچەوانەشەوە. هەمان هەلومەرج بەسەر کێشەی کورد لە (سوریا) ڕوونکردنەوە دابین دەکات. کشاندنەوەی پشتگریی (ئەمەریکا) بەسە بۆ ئەوەی خوێنی دەیان هەزار شەڕڤانی کورد ببێت بە بیرەوەرییەکی ڕێزلێنەگیراوی مێژوو، وەک ئەو مەترسییەی لە هێرشەکانی (تورکیا) بۆ سەر هێزەکانی کورد لە (سوریا) بینیمان. هەمان هەلومەرج لە (تورکیا) بۆ کێشەی کورد ئامادەیی نییە، چونکە کێشەی کورد لە (تورکیا) خاوەن پشتگیریی نێودەوڵەتی نییە وەک ئەوەی لە (عێراق) و (سوریا) هەیە، بەڵام چونکە کێشەی کورد لە باکووردا خاوەن هەمان بونیاد و میکانیزمی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانە، ئێمە لە (تورکیا) کێشەیەکمان هەیە بە ناوی کێشەی کورد. بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ (ئێران) ئەوەیە، کە ئەگەرچی پشتگیریی (ئەمەریکا) بۆ ‌هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام چونکە هەلومەرجی یەکەم، کە لاوازیی دەوڵەتە، ئامادەیی نییە، ئەو پشتگیرییە بە تەنیا کارتێکی گوشارە و بە کارهێنانی وابەستەیە بە لاوازیی دەوڵەتی (ئێران) و سیاسەتەکانی لەگەڵ (ئەمەریکا) ئەگەرچی بونیاد و میکانیزمە سیاسییەکان لە چالاکی بەردەوام و ڕێژەیی خۆیان دان.

سێیەم، سەرچاوە سرووشتییەکان:
نەوت لەو کۆنتێکستەدا لە گرنگترینیانە. خاکی ناوچەکانی (هەرێمی کوردستان) لە ڕووی جیۆپۆلۆتیک و سەرچاوە سرووشتییەکانی پێگەی (حکومەتی هەرێمی کوردستان)ی بەهێز کردووە. جگە لە دەستەڵات و بەرژوەندیی زلهێزەکان، بەرژەوەندیی گرووپە دیاریکراوەکان، کە خاوەن هێزی ڕێژەیی خۆیانن لە دروستکردنی کارتی گوشار و کارێگەرێتیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان، پاڵنەرێکی گرنگە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی (حکومەتی هەرێم) و کەیسی کورد لە (عێراق)دا. بە هەمان شێوە، (حکومەتی هەرێم) بە تەنیا ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بە سەرچاوە سرووشتییەکانییەوە بکات ئەگەر لەگەڵ هەرە دوژمنترین دەوڵەتی کورد، کە (تورکیا)یە، نەچێتە ڕێککەوتنەوە (لەسەر خەرجی لەدەستدانی هەستیارترین بەرژەوەندییە باڵاکان، کە زۆر لەپێشتر و گرنگترن لە دەستکەوتی کورت-مەودای هاوشێوە)، بەو پێیەی خاکی (باشووری کوردستان) داخراوە بۆ دەست گەیشتن بە بازاڕی نێودەوڵەتی. بە پێچەوانەوە، (کورستانی باکوور) ئەو سەرچاوە ستراتیجییانەی نییە، جگە لە ڕووباری (دیجلە) و (فوڕات). هەر سەرچاوەیەکی سرووشتیشی هەبێت، دووبارە لەبەر بەهێزیی دەوڵەتی (تورکیا) ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکیان پێوە بکات. تەنانەت ئەگەر بتوانێت ئەو سەرچاوانەیش کۆنتڕۆڵ بکات، پێویستی دەوڵەتانی وەکو (عێراق)، (ئێران) و (سوریا) دەبێت بۆ دەست گەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

بە خستنەڕووی ئەو سێ هەلومەرجە بنەڕەتییە (بەڵام نەک ڕەها)، دەبینین، کە پێشکەوتنی پرسی سیاسی و کەلتووریی کورد لە باشوور ئاکامی بە تەنیا مێژوو و بەرهەڵستییە سیاسی و سەربازییەکانی کورد نییە، بەڵکو هەلومەرجی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی وەها کیانێکی لەسەر قاچەکانی خۆی هێشتووەتەوە. ئێمە بینیمان، کە پڕۆژەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بە ئاسانی شکستی هێنا، چونکە هەلومەرجەکان بە ئاشکرا بۆ وەها بازدانێک گونجاو نەبوون. لە ڕووی بوونیادگەریی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو لایەنەکان دەتوانن بۆچوونی جیاوازی خۆیان دەرببڕن و لۆمە و بیانوو بخەنە پاڵ یەکتر لە وەها شکستێکدا، بەڵام ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی فێرمان دەکات، کە ئەو کێشەیە تەنیا لە چوارچێوەی هۆشێ سنووردار و بچووکی خۆمان نەبینین، بەڵکو سەیری هەلومەرج، میکانزم و بونیادەکانی وەها شکستێک بخەینە بەر ڕۆشنایی باس. سەربەخۆیی لە ڕێفراندۆمێکەوە دەست پێ ناکات.
لە ڕاستیدا، ڕێفراندۆم یەکێکە لە دواین هەنگاوەکان. بۆ زانینی خواستی نەتەوەیەک، سەرکێشی سیاسی لەسەر خەرجی لەدەستدانی بەرژەوەندییە گەورەکان هەڵبژاردەیەکی هەژارە، چونکە بە تەنیا سەیری پاڵنەرە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە بکەین بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئامانجی نموونەیی ئەو نەتەوەیە لە ئاستە نموونەییەکەیدا چییە. بێگومان ئەوە بە واتای ئەو نایەت، کە تەنیا هەلومەرجەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵکو بۆ ئەوەی هەلومەرجەکان بقۆزرێنەوە، بونیاد و میکانیزمەکان دەبێت ئامادەیەیان هەبێت.
ئەگەر هەموو جیهان بیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو، ئەگەر بونیاد و میکانیزمە ناوەخۆییەکان ئامادەییان نەبێت، یان ڕووخێنەر بن، وەک میکانیزمی خۆ-خۆری لەناو بزوتنەوە سیاسییە کوردییەکان، ئەوا ئەستەمە هەلومەرجەکان بە تەنیا هیچ ڕۆڵیکیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە، بوونی میکانیزمەکان، بۆ نموونە، لە (کوردستان)ی باکوور، ژێرباری هەلومەرجی سەخت، کێشەی کوردی بە زیندووی هێشتووەتەوە. بۆیە تێگەیشتنی زانستیی فەلسەفی یارمەتی ئەوەمان دەدات میکانیزم و بونیادەکان قووڵتر بناسین تا ئەوەی خۆمان لە بازنەی دژایەتی و بەرهەڵستکاری، لەگەڵ حوکمی هۆشە کەمتواناکان، زیندان و سەرگەردان بکەین. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی دەروازەی گەورەی تێگەیشتمان لە کێشەکانی گۆی ڕاستەقینە بۆ دەکاتەوە و لە جیاتی حوکمی کەمتوانای هۆشە بەرتەسکەکان، ناچارمان دەکات ئاسۆی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان بەرفراوان بکات و لە ئاست ڕاستەقینەدا خاوەن گوتاری ڕەخنەیی بین تا گوتاری شۆڤێنی و سەرگەرمیی هۆشەکی، کە لە ڕاستیدا لە ئاست ڕاستەقینەدا هەژار و کەمتوانان.
بەڵام لە دەرەوەی ئەو جۆرە نموونە پراکتیکییانەدا، کە تەنیا بۆ دابینکردنی زیاتری توانای ڕوونکردنەوەیی ئەو قوتابخانەیەیە، هێزی ڕاستەقینە هەمیشە باڵاترە لە هێزی تێگەیشتنی مرۆڤ بەو پێیەی ڕاستەقینە مانیفێستی خستنەگەڕە شاراوەکانی بوونە، کە خشکۆکانە لە دەرەوەی بریکاری هۆشەکی لە کردار و ناکردارەکانی خۆی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە پەیپێبردنە گوتاری ئازادبوونی مرۆڤ لە ئاست زیندانە هۆشەکییەکانی خۆی بەرز دەکاتەوە و وا دەکات بەرەو ئاسۆیەکی کراوەتر تیشکەکانی بیرکردنەوەی خۆی ئاڕاستە بکات بۆ دۆزینەوەی ئاقاری باڵاتری بوون بۆ تێگەیشتن.

سۆران ئازاد

————————————————–

1 (Heidegger, 1998, p.240)
2 هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)
3 (Kant, 2010, p.28)
4 Ibid: p,43
5 Ibid
6 Ibid: p, 53
7 Ibid: p, 53-4
8 Ibid: p, 74-5
9 Ibid: p, 80
10 Ibid
11 (هایدیگەر، 2013، ل. 47)
12 (Bhaskar, 2008, p. 56)
13 (Bhaskar, 2008, p. 51)
Ibid: p, 14
15 Ibid: p, 25
16 Ibid: p, 36
17 Ibid: p, 37
18 Ibid: p, 17
19 (Weber, 1978, p. 54) & (Kaspersen & Strandsbjerg, 2017, p. 6).

سەرچاوەکان بۆ پەراوێزە بەکارهاتووەکان:
Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.
Heidegger, M. (1998). Letter on Humanism (F. A. Capuzzi, Trans.). United States of America: University of Cambridge. http://timothyquigley.net/cont/heidegger-loh.pdf

هایدیگەر، م. (2013). بوون و کات (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم.
Kant, M. (2010). The Critique of Pure Reason (J. M. Meiklejohn, Trans.). The Electronic Classics Series. http://www.metaphysicspirit.com/books/The%20Critique%20of%20Pure%20Reason.pdf

Kaspersen, Lars Bo, & Strandsbjerg, Jeppe. (2017). Does war make states? Investigations of Charles Tilly’s historical sociology. Cambridge: Cambridge University Press.

Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press.

سەرچاوەکانی تر:

Archer, M., Bhaskar, R., Collier, A., Lawson, T., & Norrie, A. (Eds.). (1998). Critical realism : Essential readings. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.esc-web.lib.cbs.dk:8443

Bhaskar, R. (2000). From East to West: Odyssey of a soul (Critical realism: interventions). London: Routledge.

Clark, Alex. (2015). Critical realism and realist evaluation: An overview for everyone [Video]. Retrieved April 27, 2020, from https://www.youtube.com/watch?v=8Y3oVV5KxeU





تێگەی دەسەڵات و “دێوەزمەی دەسەڵات” لە تێڕوانینی مێژووناسی ئەڵمان “گێرهارد ڕیتەر”دا 1.. مەحمود چاوەش

کاتێک باس لە تێگەی دەسەڵات دەکەین، گەلێک پڕۆسە و ڕووداوی مێژوو لەبەر دەمماندا زیندوو دەبنەوە، ئاخر بوونی دەسەڵات دووجمکەییە، کە تەواو دژەجەمسەر و ناکۆکی لەخۆگرن، ئەم دوو جمکە لە هەموو سەردەمەکانی مێژودا بەرانبەریەک وەستاونەتەوە، دووانەیەکی پەڕەدۆکس، کە تاکو ئەم ڕۆژگارەش لە ئاستی سیاسەتی جیهاندا سەقامگیرە. لێحاڵیبوونی ئەم تێگەیەش بەستراوە بەو ناکۆکیە دووفاقیلەخۆگرەوە کە لە هەناویدا جێگیرە. دەسەڵات تواناکانی گرووپێکە، کە دەتوانن کاریگەری لەسەر هزر و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگەیەک بنوێنن، ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕوانگە و داخوازییەکانی خۆیان بە داخوازییەکانی ئەوان (دەسەڵاتداران) بگونجێنن. کاتێک باس لە واژەی دەسەڵات دەکرێت، هەمیشە بیرو ئەندێشەمان بەلای پێکهاتەی دەوڵەت، مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات لەلایەن گروپێک یان دەوڵەتێک، وێرانکاری، کوشتار و جەنگەکان، تٶڵەسەندنەوە، بەکارهێنانی زەبورزەنگ، بەزاندن و گەلێک پێکهاتەی تردا ڕادەکێشرێت. واژەی دەسەڵات پڕ کێشەو دژجەمسەرە، دووفاقییە و هەندێجار چەندڕوویەکی لە خۆگرتووە. گێرهارد ڕیتەر بەشێکی ئەم دووفاقییەتیەی دەسەڵات بە “دێوەزمەی دەسەڵات” ناوزەد دەکات. دێوەزمەیەتیەکەی لەوەدا نیە، کە تەواوی لایەنە باشەکانی دەسەڵات بە نێگەتیڤ بنرخێندرێت، بەڵکو گرفتی ئەم دووفاقێتییە لەوەدایە کە فرەمانا، نادیار و تەواو ترسێنەرە. ئەم خەسڵەتانە هەمویان لە ناوەڕۆکی دەسەڵاتدا بوونیادیان هەیە. دەسەڵات بەواتای مەفتونی و خولیای خواستێک، کە گەر نەبێت، ئەوسا ناکرێت هێزێکی گەورە ڕێکبخرێت یان ئەنجام بدرێت، هەمانکات ترسناکئامێز و هێزگەلێکی وێرانکار (کاولکار) لەخۆدەگرێت.2
گێرهارد ڕیتەر ئەم دووفاقێتییە بەم شێوەیە باس دەکات. دەسەڵاتداران لە پێکهاتەکانی بوونی دەوڵەتدا بەرانبەر دوو ستوون دەوەستنەوە، کە تەواو دژەجەمسەرن، لەکاتێکدا جەمسەرێکیان دەخوازێت دەسەڵاتەکەی مافلەخۆگر، دادپەروەر، دابینکەری یاسا و ئاسایش، بەردەوامی لە نیزامدا سەقامگیربکات، جەمسەرەکەی تریان پێویستی بە وزەی جەنگاوەرانە هەیە، بە توندوتیژی، ئەوجا گەر سەرکەوتوانە دەسەڵاتەکەی بەئەنجامبگەیەنێت، پێویستی بە پەلهاویشتن و برووزەسەندن هەیە. ئەم دووجەمسەرە بە دوو ستوونی لێکدانەبڕاو دەنرخێندرێت. ڕیتەر ئەم خەسڵەتە بە دێوەزمەی دەسەڵات دادەنێت، چونکە لە مناڵدانی دەسەڵاتدا دوو کۆرپە هەن، بە دوو مۆرکی لێکترجیا و بەرانبەریەک. ڕیتەر ئەم خەسڵەتە درنجئاسایەی دەسەڵات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە مەرجی ئەوە دەستنیشان ناکات، کە دەسەڵات هەر بە مانای بەدخواز/شەڕخواز بێت، یان درنجێکی ناو تاریکستان بێت و بەرانبەر ڕۆشنایی وەستابێتەوە، بەڵکو دووفاقە و فرەمانالەخۆگرە، نادیار و ئەوپەڕی ترسناکە، کە مەرج نیە ڕوو لە دامەزراوەیەکی دەسەڵاتدارێتی بکات. درنج بەو مانایە دێت، کە ئەو هزر و خولیای مرۆڤەکان دەتەنێتەوە، رەنگە هاوکات هێزێکی ترسناک و وێرانکەر لەخۆبگرێت.3
بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە بەندبووە بە وێرانکاری و شێواندنی مۆڕاڵی مرۆڤایەتییەوە، ئاخر زۆر جار ئارەزوو بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتی سیاسی هەر بە خۆبەخشانە و لە پێناوی ئایدیای مرۆڤدا نەبووە، گەر دەسەڵاتێک سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت، زۆرترین پێداویستی بە خۆویستییەوە هەبووە و پێکەوەگرێدراو بوون. لە تیۆریەکەی ڕیتەردا ئەمە بە دێوەزمەی دەسەڵات پێناسە دەکرێت.
ڕیتەر باس لە ماکیاڤیلی4 و تیۆری ماکیاڤیلیزم دەکات و بە نموونەی ستوونی شەڕانخوازانی دادەنێت. هاوکات ڕیتەر دەڵێت ماکیاڤیلی هەر زۆر پێشوەخت دەرکی بە دێوەزمەی دەسەڵات کردووە و دۆزینەوەی نوێی بەرامبەر تیۆریەکانی سەدەی ناوەڕاست دەربارەی دەسەڵات خوڵقاندووە، ئاخر تاکو سەردەمی ئەنتیکەش دەرک بەو دووفاقییەی دەسەڵاتی نەکرابوو. تەنانەت یۆنانی کۆنیش دەسەڵاتیان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ نەدەنرخاند. (ڕەنگە تیۆریە هومانیستەکانی “پلاتۆن” دەربارەی دەسەڵات و دەوڵەت جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ تیۆریەکانی یۆنانی کۆندا هەبێت، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەردەچێت).

لە ڕاستیدا دووستونێتی، کە پێکهاتەی دووفاقیێتیی دەسەڵاتە، ترسناکێتی لە ناوەڕۆکی ئەم واژەیەدا پێکدەهێنێت و ئەم تێگەیەش بەرەو کۆمپلێکسێکی (گرێیەکی) مێژووییمان دەبات. دەوڵەت، کە خاوەنی دەسەڵاتە، دەبێت لە ستونێکەوە پارێزەری یاسا و مافی تاکەکانی کۆمەڵگە دابینبکات، وەک مافی دینداری، پارێزەری سوونەتگەرایی کەلتور، دابینکردنی ئابووری و بژێوی و هاوئاهەنگی هاووڵاتیانی بێت، بەڵام ستوونی دووەمی دەسەڵات، کە ڕیتەر بە دێوەزمەی دەسەڵاتی ناوزەد دەکات، مەهیشە ماسکی نێوچاوانی تووڕداوە و لە بری ئەقڵانیەت/ئاوەزمەندی شەڕانگیز و بەزەبروزەنگ بووە و بە ئاڕاستەی شەڕخوازیدا پەلی هاویشتووە. دەوڵەت گەر لە ناوەڕۆکدا پارێزەری بەها کۆمەڵایەتی و سوونەتگەرایی و یاسا و ماف بێت، دەبێت لە پەروەردەی هاووڵاتیاندا مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکەی دابینبکات.
کاتێک ڕیتەر باس لە دێوەزمەی دەسەڵات دەکات، بەتایبەتی ڕەخنە لە دەڤەری ئەوروپا و ئەوروپییەکان دەگرێت، بە بەرزترین ئاستی خۆپەرستی و کیشوەرپەرستی دەیانچوێنێت. “مرۆڤایەتی ئەوروپا لە هەموو سات و سەردەمەکاندا خولیا و مەفتونی دەسەڵات بووە، کە ئەویش بەشێک بووە لەو هۆشدارییە ترسنهێنەرلەخۆگر و دووفاقەئاساو چەتوونیەی دەسەڵات “5
ڕیتەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەوەی دەوڵەت لە بارودۆخی ئاساییدا دەیکات، توندوتیژی نیە، بەڵکو مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی خۆشهاوەڵی (ئاسانکاری) بۆ ئەو پەروەردەیە دەکات، بۆ ئەوەی مەبەستەکانی بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤ بەئەنجام بگەیەنێت. ڕیتەر وێڵی چارەسەرێکە بۆ ئەو ”دێوەزمە سیاسییە” کە لە تەواوی هۆشداری مرۆڤی ئەوروپیدا کنەی کردووە. ئەو دەڵێت: ئێمە پێویستیمان بە تیۆرییەکی دەسەڵاتە، کە لە بەرانبەرییەکی ناکۆکدا بە ڕووی بنەڕەتە سەرەکییەکانی هزری میکاڤیلیزم، ئێڕاسیزم (ئێڕاسمی نۆترەدام، هومانستی سەدەکانی ڕێنیسانس)، کیشوەرگەری و دوورگەگەریدا بوەستێتەوە و لێیان تێپەڕبکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەردوو ستونەکەی دەسەڵات (یان دەسەڵاتی سیاسی) بەشێوەیەکی تەریب و هاوماف هاوسەنگ (بالانس) بدەین، واتە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە درێژەپێدانی سیستەمێکی نیزاملەخۆگر و مافپارێزراو، هاوکات پێداویستەکانی دەوڵەت لە گەشەی خۆیدا بۆ هێنانەدی “وزەی جەنگاوەرانەی لە دیسپلینکردنی هێزەکاندا” پەرەپێبدات و لەبەرچاوبگیرێت، ئاخر بەبێ بوونی ئەم فاکتەرانە دەوڵەت ناتوانێت خۆی لە بوارەکانی دەستڕۆیی (ئاوتۆریتی) فەرمیدا بسەلمێنێت. ڕیتەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە مرۆڤایەتی نابێت بڕیار بۆ ستونێکی ئەم دووفاقەیە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بدات، بەڵکو لەو ڕوانگەی چاودێرییە مێژووییەوە تێبڕوانین، کە دەسەڵات تەنیا بە هاڕمۆنی و دادپەروەرانە جێگیر (سەقامگیر) ناکرێت، چونکە هاوتا تەنگژەی نیزامی/سیستەمی جیهانێک لەئارادایە، کە ئیدی دێوەزمەی دەسەڵات پرنسیپەکانی مۆڕاڵ و هاوکات لاوازکردنی سووننەتگەرایی چاکخوازی پێشێل دەکات و مرۆڤایەتی دەهاوێتە تەنگژەیەکی ترەوە. هونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات ئەم هاوسەنگییەیە، کە ڕیتەر وەک مێژووناسێکی هۆشدار بە زەنگێکی بەرز ئاڕاستەی گەلانی ئەوروپا و جیهانی دەکات. ئەو زۆر بە سەلیقەت (بەووردی) لە کاولکاریەکانی جەنگە جیهانیەکانی ڕوانیوە، ڕەخنەگر و دژبەری سەرسەختی ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی وەک ڕژێمی هیتلەر بووە. ئەو هۆشداری دەداتە فەرمانبەرانی دەسەڵاتی جیهان لەمەر ئەم کێشەیە.

ڕیتەر لە شیکاری ستوونی یەکەمدا (دادپەروەری لە دەسەڵات و سیستەمدا Ordnung) ناوی هەندێک لە هومانیستەکانی سەردەمی ڕێنیسانس لە ئەوروپادا دەهێنێت وەک (تۆماس مۆڕۆس) 6. ئایدیای مۆڕۆس لە دوورگەیەکی بەختەوەر و پڕئاشتیانەدا بەناوی ئۆتۆپیا دەنیشێتەوە. لەم ستونەدا ڕیتەر باس لە سەرچاوەیەکی مێژوویی دی دەکات، واتا ئێڕاسمۆس (ئێڕاسمۆسی نۆترادام)، کە یەکێکە لە هومانیستەکانی تری سەردەمی ڕێنیسانس. ئەم دوو کەسایەتیە مێژووییە بۆ سەردەمەکەیان ئارامتر، هومانتر و مرۆڤدۆستانەتر لە فاکتەرەکانی دەسەڵاتیان ڕوانیوە. لە ستوونی دووەمدا تاوانبارانی جەنگەکانی جیهانی وەک ڕژێمەکەی هیتلەر وەك دێوەزمەیەکی دەسەڵات بە نموونە دێنێتەوە. ئەمەش ڕیتەر بەرەو بیر لە چارەسەرێک بۆ ئەم دووفاقێتییەی دەسەڵات ڕادەکێشێت، کە بە ئەرکێکی مێژوویی، فەلسەفی و هاوکات بە ئەرکی زانستی پێکهاتەی دەوڵەت/دەوڵەتناسیی (Staatswissenschaft) دەزانێت، کە هەوڵی سەقامگیرکردنی سیستەمێکی سیاسی لە ناوەڕۆکدا بە هاوڵاتیان گونجاو، ئەخلاقمەند بسەلمێنێت. دەسەڵاتێکی دەوڵەتی ناتوانێت بروز/شکۆفە بە دەسەڵاتەکەی بدات و لەسەریشی بەردەوامبێت، گەر باوەڕی مرۆڤایەتی بەلای مافی هەبوونی خۆی نەهێنێ، ئاخر دەسەڵات ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕووکەشی بەردەوام متمانەی هاوڵاتیانی بەدەستبهێنێت. ئەوەی چەند کەسانێک لە مێژووناسان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن دەتوانن کاری تێدابکەن ئەوەیە، کە هەوڵێکی سانا بدەن بۆ تێدا قووڵبوونەوە و بەردەوامیدان و بەرەو کۆتاییبردنی هزرین لە ترادیسیۆنی مێژوویی، ئەمانەش دەبنە سەرچاوەیەک بۆ لێکچواندنی تیۆرییە سیاسییەکان بە ڕیالیتیی. ڕیتەر مێژووناسان ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان بەرانبەر مێژوو دەکاتەوە. ئەو مێژووی بەرانبەری و ناکۆکیەکانی بە نەخۆشێک دەچوێنێت، کە چارەسەرکردنی بە دیدی ئەو پڕۆسەیەکی مێژوویی و هاوکات ئەرکی مێژوونووسانە. ئاخر گرفتەکانی دەسەڵات لە کۆتاییدا چەواشەدارە و پشتگیری ئەو ئامانجانە ناکات 7.

ئەو پێیوایە، کە هیچ پێکهاتەیەکی سیاسی ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، گەر بەها مرۆڤی و سوونەتگەراییەکان بەلاوە نەنێت 8. ئەو کەسەی ئەوداڵی ئاشتی، یاسا و داخوازی سیستەمێکی نیزامیە، گەرەکە لە پێش هەموو چشتێکدا پێکدادان و کێشەکانی ئەم سەر زەوییە بەلاوەبنێت. ئەو کەسەی بە زەبری چەک بۆ دەسەڵات بەرەنگار دەبێتەوە، بێباک و کاولکار و لەناوبەرە 9. هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕیتەر پێیوایە، کە دەسەڵاتێکی نیزامی مافپەروەر ناتوانێت پنتێکی هاوبەش (کۆلێکتیڤ) لەنێوان مرۆڤەکاندا سەقامگیر بکات، گەر شەڕخوازی و هێرشکاری بەلاوە نەنێت و مۆڕاڵێتیی هاووڵاتیبوون سەرپشک نەکات. هەر ئەمەشە ئاراملێبڕ و هەژێندەرە، هاوکات فریودەر و جەوهەری پڕئاڵۆزی و نهێنیلەخۆگرەکانی سیاسەتمان بۆ ڕووندەکاتەوە، لێ ئەو دەسەڵاتەی لە سیاسەتدا جێگیرە، دوو-واتا لەخۆگر و ناڕاستەوخۆیە. لەم ڕوانگەیەوە ناکرێت مەرجەکانی سەقامگیرکردنی سیاسەت بە ستوونە جەنگاوەرییەکەی دەسەڵاتەوە ببەستین، بەڵکو ئەرکی دەوڵەتە، وەک پێکهاتەیەکی دەسەڵاتدار، داخوازیی و دەربڕینە بنچینەیی و بونییەکانی هاووڵاتیانی بهێنێتەدی، زۆرترین توانا و خۆئامادەبوون دەرببڕێت. بەلای ڕیتەرەوە زۆر گرنگە هاوسەنگی ئەو دوو ستونە بپارێزرێت، دەسەڵات هەبوون و خواستی خۆی بەرانبەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تر دەرببڕێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت. تاکو هەردوو ستوونی دەسەڵات هاوسەنگتر بێت، کەمتر پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی جەنگاوەرانە دەبێت، دەتوانرێت ئەمە بە “هاوسەنگی لەسەر دووستوونی دەسەڵات” ناوزەدبکەین. ئەرکەکانی دەوڵەتە، کە لە هۆشیاری خۆیدا کلتورێکی مرۆڤدۆستانە دابینبکات، زەبر نەبێتە مێتۆدێک بۆ سیستەمی-بەکارهێنان لە دەسەڵاتدا، پێچەوانەی ئەمەش ڕیتەر ناوی دەنێت “زەبرێک، کە ڕێکخراوی پڕئاسایشی کۆمەڵایەتی مسۆگەربکات”10. ئەم پڕاکتیکە هەر لە ناوەخنی فەلسەفەی دەوڵەت لە ئەنتیکەی کۆندا لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵکو بەشێکە لە ڕەگەما (Erbgut) هۆشدارییەکانی مرۆڤایەتی. تەنانەت پلاتۆنیش خوازیاری دەوڵەتێکی بەرگریلەخۆگر بووە، بە مەرجی ئەوەی دەسەڵاتدارانی لە فەیلەسوفەکان پێکهاتبێت.

کتێبی “دێوەزمەی دەسەڵات” لە ساڵی 1940دا لەلایەن گێرهارد ڕیتەرەوە بەناوی “دەوڵەتی دەسەڵات و ئوتۆپیا”وە (Machtstaat und Utopie) وەک پێشنووسێک و لە پاشاندا بەم ناوەی ئێستایەوە لە ساڵی 1947 دا جارێکیتر لەچاپدراوەتەوە. ئوتۆپی لێرەدا وەکو خواستێکی وێنەئاسا بۆ پاشەڕۆژێک، کە هاوکات پڕفەنتازیا و فۆڕمێکە لە ژیانی بەختەوەری. ئەم بەرهەمە ڕەخنەیەکی پێشبینا و ئاڵۆز بووە لە هزری تیۆری دەوڵەتی ڕژێمی ناسیۆنال-سۆسیالستی هێتلەر. ڕیتەر تیۆری دامەزراوەی دەوڵەت لە نێوان ماکیاڤیلی و تۆماس مۆرۆسدا دەنێتە سەر هاوکێشەی مێژوو، دوو تیۆری و دوو سیستەمی بیرکردنەوە، کە وەک دوو پەڕەدۆکسی مێژوویی بەرانبەر یەکتر وەستاونەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕیتەر تیۆریەکەی خۆی دادەڕژێتەوە و لە فۆڕمێکی زانستی مێژووییدا پەیوەندیەکانی نێوان دەسەڵات و مۆڕاڵ دەستنیشاندەکات، بە ئاڕاستەی ئەو ستوونە شەڕخوازانەی دەسەڵات، کە ئەو ناویان دەنێت ستوونەکانی ماکیاڤیلی و کیشوەری و دوورگەگەرایی.

گەر بە ووردی سەرنجێکی تیۆرییەکانی ڕیتەر دەربارەی دەسەڵات بدەین، باشتر لەوە تێدەگەین، کە دەسەڵاتە سیاسیەکانی جیهانی ئەمڕۆش پتر خولیای ستونی یەکەمی دەسەڵاتیان هەیە و بەردەوام ڕێچکەی تیۆرییەکانی ماکاڤیلیزم و بێمۆرالێتی (نامۆرالێتی) لە دەسەڵاتی سیاسیدا گرتۆتەبەر. لە کوردستانی ئێمەشدا شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆش بێبەر نین لەم بێمۆڕالێتییە لە دەسەڵاتدا، واتە ستونێکی شەڕخواز، داڕووتاو لە ماف و پڕ لە بێدادی کۆمەڵایەتی، داڕووتانی ئابووری، هەژاری و بێدەرامەتی. ستونێک دێوەزمەتر لە درنجەکانی مێژوو. ڕیتەر گەلێک پێشتر لەو ڕاستییە گەیشتبوو، کە مەخابن ستوونی یەکەمی دەسەڵات هەمیشە باڵادەست و خولیاکانی مرۆڤ لە هێنانەدی دەسەڵاتدا هەموو سنورەکانی مۆڕاڵ و مرۆڤدۆستانەیان تێپەڕاندووە. دیارە جیناتی مرۆڤ هەمیشە ئەو خولیایەی لە هزرو مێمۆری/یادەوەرەکانی خانەی مێشکیدا پاراستووە.

مەحمود چاوەش

………………………………………………………………………………………………..

  1. گێرهارد گیۆرگ ڕیتەر لە 06.04.1888 دا لە زۆدن لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، لە 01.07.1967 دا لە فڕایبۆرگ کۆچیدوایی کردووە. لەکێکە لە مێژوونووس و مێژووناسە ڕەخنەگرەکانی ئەڵمانیا. لە ساڵی 1925 بۆ 1956 مامۆستای زانکۆ بووە لە زانکۆی ئەلبێرت لودڤیک لە شاری فڕایبۆرگ. کاریگەریەکی گەلەک زۆری هەبووە لەسەر زانستەکانی مێژووی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی (مەبەست هەردوو جەنگی جیهانیە). لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک ئەفسەرێک کاری کردووە و بەسەختی بریندارکراوە. لەپاش بوونی بەمامۆستای زانکۆ لە 12.10.1948 دا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی مێژوونووسانی ئەڵمانیا.
  2. Gerhard Ritter: Die Dämonie der Macht. Beitrag über Geschichte und Wesen des Machtproblems im politischen Denken, Heinrich F.C. Hansmann Verlag Stuttgart, 1947, S.19
  3. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 20، گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانین بە مێژوو و چیییەتی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا.
  4. نیکۆل دی بێرناردۆ دای ماکیاڤیلی لە 03.05.1469 دا لە فلۆرێنس/ئیتاڵیا لەدایکبووە و لە 21.06.1527 دا هەر لەوێ کۆچی دووایی کردووە. فەیلەسوف و سیاسی و دیپلۆمات و نووسەر و شاعیر بوو. ناوبانگی ماکیاڤیلی بە نووسینی کتێبی “میر” بووە، کە یەکێکە لە بایەخدارترین و گرنگترین کتێبی فەلسەفەی دەوڵەت لە سەردەمی نوێدا. تێگەی ماکیاڤیلیزم زۆرجار بەکاردەهێنرێت لەبری هەڵسوکەوتێکی ناپەسەند، ئاخر تێزەکانی ئەو لەمەر دەسەڵات و دەوڵەت دابڕاون لە مۆڕاڵ و سوونەتگەرایی، لێ ئەو دەسەڵات و ئاسودەیی دەسەڵاتداران بە دوامەبەست دەنرخێنێت. لای ماکیاڤیلی سیاسەت و مۆڕاڵ لەیەکتر جیادەبنەوە و نابێ پێکیانەوە ببەستین. هەر لەبەر ئەوەشە ناوی ماکیاڤیلی گەلێجار پەیوەند کراوە بە دەسەڵاتی سیاسی بێدەربەست، کە هەموو جۆرە مێتۆدێک/ڕێگایەک بۆ ڕووتاندنەوە و چەوساندنەوە بەکاردێنێت. ئەو هەر پێشوەخت لە کرۆکی دەسەڵاتی سیاسی تێگەیشتبوو، کە ململانێیەکە لە نێوان بەرژەوەندی (ئینترێسە) و چینە کۆمەڵایەتیەکاندا. بە بڕوای فۆکە ڕانهارد ماکیاڤیلی یەکەم کەس بووە، کە بنچینە سەرەکیەکانی دەوڵەت و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی دەرککردووە. بۆ خۆسەلماندن و خاوەندەسەڵاتداری، کە تێیدا بنچینە سەرەکییەکانی دەوڵەت دێتە ئەنجام، دەکرێت مۆڕاڵە سووننەتگەرییەکان پشتگوێ بخرێت، واتە دەوڵەت یان سیاسەت لە مۆڕاڵ جیابکرێتەوە، گەرنا دەوڵەت سەرەونگووم دەبێت. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197.
  5. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197.
  6. تۆماس مۆڕۆس لە 07.02.1478 دا لە شاری لەندەن لەدایکبووە و هەر لەوێ لە 06.07.1535 سزای لەسێدارەدانی دراوە، کە ئەو کاتە تەمەنی 57 ساڵ بووە. لە سەردەمی حوکمڕانی هاینریشی هەشتدا فەرمانبەری دەوڵەت بووە و نووسەری هومانیستی سەردەمی ڕێنیسانس بووە. لە کەنیسەدا بە کەسێکی نوورانی و موقەدەس ناوزەدکراوە. سەرنج و تێبینیەکانی دژی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە توشی گەلەک گیروگرفتی کردووە. لە ساڵی 1516 دا کتێبی “یۆتۆپی” نووسیوە. بەهۆی ناکۆکیەکانی لەگەڵ فەرمانڕەوایی هانریشی هەشتدا، دادگای ئەو کاتە سزای لەسێدارەدانی ئەوی داوە.
  7. گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانینێک لەمەڕ مێژوو و چییەتیی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا، لاپەڕە 198.
  8. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 19.
  9. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 198 بەدوواوە.
  10. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 201.



خوێندنه‌وه‌كه‌ی (جومعه‌ كانی له‌له‌یی) بۆ زۆربای ئێرانی و سه‌رنجێكی كورت.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان نووسین ، به‌ تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بێت له‌ باره‌ی ده‌قێك، پێویستی به‌ پاشخانێكی ڕۆشنبیری گه‌وره‌ هه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌ركی نووسه‌ر لێره‌دا، وێرای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كردن و شڕۆڤه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌یه‌، هاوكات وردبینیشه‌. بۆ ئه‌وه‌ی خودی نووسه‌ره‌كه‌ خۆی نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌. بۆیه‌ بڕوام وایه‌، هیچ ژانرێك هێنده‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی، به‌رپرسیاریه‌تی نییه‌. چونكه‌ بچووكترین هه‌ڵه‌ و كه‌مترین زانیاریی، ده‌بێته‌ هۆی به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یاندنی خوێنه‌ر. ئاساییه‌ نووسه‌رێك له‌ نووسینێكی خۆیدا، چه‌ندین هه‌ڵه‌ی بابه‌تی و مێژوویی و زمانه‌وانی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسایی نییه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ بۆ نووسه‌ر ڕاست ده‌كاته‌وه‌، خۆی بكه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌. هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ده‌شێ زۆرتر له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبگرێت و هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كیش جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ یه‌كتری. بۆیه‌ ئاسایه‌ دنیابینی خوێنه‌رێك له‌ باره‌ی ده‌قێكه‌وه‌، له‌ دنیابینی و خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌رێكی تر نه‌چێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌، چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ وردبوونه‌وه‌ و ڕامان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له‌ شوێنێك هه‌ڵه‌یه‌كی كردبێت، خوێنه‌رو ڕه‌خنه‌گر ده‌ست نیشانی بكات. زۆر جار له‌ په‌راوێزی ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌، خوێنه‌ر خۆی ده‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌ڵه‌ و به‌ دیدگایه‌كی هه‌ڵه‌، له‌ مانای ده‌ق و وشه‌كان ده‌گات. واتا له‌ بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی نووسه‌ر ڕاست بكاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ینووسێت هه‌ڵه‌یه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، كاتێ وتاری (خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ ڕۆمانی زۆربای ئێرانیم)خوێنده‌وه‌ كه‌(جومعه‌ كانی له‌له‌یی) نووسیویه‌تی و له‌ والی تایبه‌تی برای وه‌رگێڕ(شه‌فیقی حاجی خدر) و هه‌روه‌ها (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ)ش بڵاو بۆته‌وه‌، به‌ پێویستم زانی وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌ ئه‌و ڕۆمانه‌م به‌ وردی خوێندۆته‌وه‌، چه‌ند سه‌رنجێك بنووسم و به‌ مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاترو ده‌رخستنی ئه‌و هه‌ڵانه‌ش كه‌ نووسه‌ر تێی كه‌وتووه‌. به‌ تایبه‌تیش له‌ باره‌ی وه‌رگێڕان و زمان، كه‌ ورده‌كاریه‌كی زۆری ده‌وێت. ئه‌وانیش:_

  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( سه‌گه‌ تۆڕییه‌كان وشه‌یه‌كی نوێیه‌ و داهێنانی وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌یه‌). به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌م وشه‌یه‌ نه‌ نوێیه‌ نه‌ داهێنان، به‌ڵكو زۆر باویشه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر گوێبیستی نه‌بووبێت ئه‌مه‌ شتێكی تره‌. ئێستاش له‌ ڕواندزو ده‌روبه‌ری و ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تیش، سه‌گی تۆڕی به‌كار دێت بۆ سه‌گی بێ خاوه‌ن. ته‌نانه‌ت زۆر جار ده‌ڵێن: (وه‌ك سه‌گ تۆڕی بووه‌ و به‌ ماڵ ناكه‌وێته‌وه‌).
    *نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_ (ده‌لینگی شه‌ڕواڵ له‌ دوو لینگ پێكهاتووه‌).به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌لینگ به‌ شێكه‌ له‌ شه‌رواڵ و شه‌رواڵ له‌ دوو لینگ پێكهاتووه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌لینگ له‌ دوو لینگ پێكهاتبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_(داپیره‌ پیره‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ یه‌ك پیر به‌سه‌). مه‌رج نییه‌ هه‌ركه‌سێك داپیره‌ بێت ئیدی زۆر پیر بێت. چونكه‌ ئێستا به‌ هۆی هاوسه‌رگیریی له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه‌، داپیره‌ هه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ په‌نجا ساڵیش، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕ نووسیویه‌تی دروسته‌ و بابه‌تیتیره‌. چونكه‌ جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی داپیره‌، كه‌ كه‌سێكی زۆر پیربووه‌.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( هه‌نگاو هاوێشتن له‌ بری قه‌ده‌م لێدان بنووسێت). قه‌ده‌م لێدانیش ئاساییه‌ و هیچ له‌ مانای ڕسته‌كه‌ ناگۆڕێت.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( خوێنه‌ر ده‌زانێت مار چییه‌، به‌ڵام نازانێت مر چییه‌ و ئه‌مه‌ له‌ سه‌ر وه‌زنی خانوو مانووه‌). مارو مر، ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ئێمه‌ به‌كاردێت و ئاساییه‌. به‌ تایبه‌تیش كه‌ وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌، خۆی كوڕی باڵه‌كایه‌تییه‌ و زمانزان و وه‌رگێڕێكی وردوو به‌ توانا و به‌ ئاگاشه‌. هاوكات(مر) مانای هه‌یه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ به‌ بێ مانا له‌و وشه‌یه‌ گه‌یشتووه‌. مر به‌ مانای(مه‌ل) بۆ نموونه‌:(مر+یشك) واتا(مه‌لی وشكایی).(مراوی) واتا( مه‌لی ئاوی).
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(له‌ هیچ شێوه‌زارێكی كوردیدا، زه‌وه‌ند بۆ نه‌وه‌ به‌ كار نایه‌ت). نازانم نووسه‌ری وتاره‌كه‌، له‌ باره‌ی شێوه‌زاری ڕواندزییان زانیاریی هه‌یه‌ یان نا؟ چونكه‌ له‌ ڕواندز و ده‌وروبه‌ری ده‌گوترێت:( عه‌ شیره‌تێكی زۆرو زه‌وه‌ندن، بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆرو زه‌وه‌ندن).
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(وشه‌ی برده‌ برد هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بوو پرته‌ پرت بایه‌). به‌ڵام به‌كار هێنانی ئه‌م وشه‌یه‌، هیچ هه‌ڵه‌ نییه‌ و برده‌ بردیش هه‌مان مانای هه‌یه‌. پرته‌ پرت، له‌ لای ئێمه‌ هه‌ر ته‌نها به‌ بۆَله‌ بۆڵ نایه‌ت، به‌ڵكو به‌و چرایه‌ كزه‌ ده‌گوترێت، كه‌ هی لامپاو فانۆسه‌ و جارجاره‌ ده‌جوولێته‌وه‌ و له‌ سه‌رو به‌ندی كوژانه‌وه‌ی دایه‌ و ده‌ڵێین: (پرته‌ پرتیه‌تی).
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( پاشگری بوونی بۆ ڕسته‌ی، وه‌ك نیشانه‌ی باشبوونی خۆی سه‌ری له‌ قاند پێویست نه‌بوو). لێره‌دا، ئه‌و پاشگره‌ وه‌ك جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ زۆرباشبوون به‌كار هاتووه‌. چونكه‌(باشباشتر_باشترین) هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كه‌شیان ئاماژه‌ن بۆ دۆخێكی دیاریكراو، بۆیه‌ هیچ هه‌ڵه‌ نییه‌ له‌ ڕسته‌كه‌دا.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وشه‌ی ده‌نازی به‌ بێ هۆ كراوه‌ته‌ ده‌زانی) به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌زانییه‌ نه‌ك ده‌نازی. چونكه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه‌ (ئه‌و ئافره‌تێك بوو به‌خۆی شاناز بوو، به‌ خۆیشی ده‌زانی كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دانه‌) سه‌رنج له‌ ڕسته‌كه‌ بده‌ن، وشه‌كه‌ له‌ سیاقی ڕسته‌كه‌دا به‌كارهاتووه‌ و ماناش ده‌گه‌یه‌نێت.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( له‌ لاپه‌ڕه‌ 236دا وشه‌ی مه‌حكه‌می به‌كار هێناوه‌، كه‌ نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ مانای ڕسته‌كه‌). بڕوام وایه‌، نووسه‌ری وتاره‌كه‌ ورد نه‌بووه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌كه‌. چونكه‌ ڕسته‌كه‌ ده‌ڵێت:( ئاخر له‌ نێو دیواره‌ مه‌حكه‌م و درێژه‌كانیدا هه‌میشه‌ هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد پارێزراوترم). مه‌حكه‌م له‌م ڕسته‌یه‌دا زۆر گونجاوه‌. چونكه‌ به‌ مانای دیواری پته‌و دێت. نووسه‌ر واتێگه‌یشتووه‌، له‌ ڕسته‌كه‌دا به‌ مانای ترس دێت. لاپه‌ڕه‌كه‌ش235 نه‌ك 236 وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی.
  • نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وشه‌ی ئه‌كره‌م له‌ زمانی كوردی بۆ ژن به‌كار نایه‌ت بۆیه‌ ده‌بوو بیكوردێنی). كاره‌كته‌ره‌كه‌ ئه‌كره‌مه‌ جونه‌، نه‌ك ئه‌كره‌م به‌ ته‌نیا، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌كره‌م بوایه‌، ڕه‌نگه‌ وابوایه‌.
  • نووسه‌رنووسیویه‌تی:_( مه‌بادا هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بوو بنووسێت نه‌بادا). به‌ڵام زۆرجاریش مه‌بادا به‌كاردێت.
  • نووسه‌رنووسیویه‌تی:(لاپه‌ڕه‌ 258 مه‌حكه‌می بۆ دۆستایه‌تی به‌كار هێناوه‌). ئه‌مه‌شیان هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدانییه‌. چونكه‌ له‌ ڕسته‌كه‌دا هاتووه‌:(من ڕایه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تییه‌كی مه‌حكه‌مم ڕاچاندبوو) واتا نه‌ وشه‌كه‌ و نه‌ ڕسته‌كه‌ش، ناڕوونییه‌كییان نییه‌ له‌ گه‌یاندنی واتادا.
    دواجار ده‌ڵێم، گرنگه‌ نووسه‌ران له‌ به‌راوردكردنی ده‌قێكی وه‌رگێڕدراودا، كۆپی ده‌قه‌كه‌شیان لابێت ئه‌و كات سه‌رنج و تێبینی بنووسن. نووسه‌ری وتاره‌كه‌ خۆی ده‌ڵێت ده‌قه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی نه‌بینیوه‌، ئیدی نازانم چۆن له‌ خۆیه‌وه‌ ماناو ناوه‌ڕۆك ده‌داته‌ پاڵ وشه‌ و واتاكان.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ڕواندز
تشرینی دووه‌می 2020




ئارسەر رامبۆی شۆڕشگێڕ.. سۆران محەمەد

‘ ساتی لەناوچوونم بانگم لە جەللادەکان کرد.. و داوام لە بەڵا کرد هەناسەکانم بە خۆڵ و خوێن داپۆشێ’
وەرزێك لە دۆژە/ ئارسەر رامبۆ

……………………………………………………

  • ئارسەر رامبۆ: خاوەنی رووخساری جیاواز، بەرەنگاری شیکاریی دەکات:

    جگە لەوەی رامبۆ وەك شاعیرێکی پێشەنگ ناسراوە، بەڵام جارانێك ژیانی بە نەیزەك و جارانێك بە ئەستێرە ناوزەد دەکرێت ، چونکە ئەو هەمیشە لە گەڕانی بەردەوامدا بوو لە نێوان رۆڵە جیاوازەکاندا، ئەو لە تەمەنی چواردە ساڵیدا فەرهەنگی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و روسی دەخوێندەوە و زۆربەی کتێبەکانی بەردەستی ئەو کاتی خوێندبوونەوە، لە لایەکەوە هۆکاری بۆماوەیی و لە لایەکی ترەوە دایکێکی شێلگیرو توڕە زیاتر ئاگری ناخی رامبۆیان بەرەو یاخیبوون جۆش دا، ئەو دواجار کە باوکی خۆی تیا بینی تەمەنی ٦ ساڵان بوو و ئیتر نەیبینیەوە، کە باوکیشی لەدەست دایکی سەری خۆی هەڵگرت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ سۆراخێکی نەبوو… ئەو هەرزەکارێکی خاوەن هیمەت و سەرشێت بوو، هەڵهاتوو لە ماڵێکی پڕ ئاشوب، گەڕیدەیەکی بێ نەوا، جەنگاورێکی فەلسەفی لە پێناوی ئازادیدا و جادوگەرێکی مەعریفی و کەشتیەوانێکی ناوخوازراو، و دۆزەرەوەیەکی حەبەشی و بەڕێوبەری سێرك و پاشان زاهیدێکی عاریف کە ناوی خۆی نابوو (عەبد ڕەبە).. تا ئیتنۆگرافێکی ئەفریقی و سەرمایەدارێکی موجازەفەکارو پاشان بازرگانی چەك و وێنەگرێکی ئارەزوومەندو دواتریش هەڵهاتوو لە پۆلیس و خزمەتی سەربازیی.

    لەم ساڵانەی دواییدا وێنەیەکی ناوازەی رامبۆ دۆزرایەوە کە وێنەگر (برونو براكيهيس)(١) چرکاندبووی، و زۆرێک لە ئێمە تا ئێستا پێی ئاشنا نەبووین، لەو وێنەیەدا وەك دیارە بەڵگەیەکی تەواو دەدات بەدەستەوە کە رامبۆ بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە کۆمۆنەی پاریسی ساڵی ١٨٧١دا کردبوو، لەو وێنەیەدا رامبۆ لەسەر پانتاییەکی هەستەوەر دەبینرێت و لە تەنیشتیشیەوە پەیکەری ناپلیۆنی سێهەم تێکشكێنراوە (وەکو سیمبوڵی دەسەڵات) و بە چەندان سەربازی میللی دەورە دراوە، ئاوها رامبۆ بە نیگایەکی تیژو توڕەوە دەردەکەوێت و راستەخۆ تەماشای کامێرەکە دەکات (پاش هاتنەوەسەرخۆمان لە کاریگەریی ئەو نیگایە) دەبینین هەموو ئامادەبووان لە وێنەکەدا زەردەخەنە دەکەن جگە لە رامبۆ، کە خاوەنی دوو لێوی تایبەت و کاریگەرەو دەمی بەشێوەیەکی مۆن و لە هەمان کاتدا داهێنەرانە داخستووە، بە راستی ئەمە یەکەم ساتە کە گرژیی رووی رامبۆ دەردەکەوێت و سەداکەی هەر دەزرنگێتەوە.

    ئەم گەنجەی لەسەر بناغەی پەیکەری شکێنراوی ناپلیۆنی سێیەم وەستاوە تەژی لە چالاکی و کاریزمایە، بە شێوەیەك لە لایەن هەموو ئامادەبووانەوە ڕێزی لێنراوەو خراوەتە ئەو جێگایە، هەرچەندە ئەوانی دی زۆر لە تەمەندا لەو گەورەتریش بن، هۆی ئەمەش ئەوەیە کە ئەو کەسەی ئاوها ڕاماوە کەسێکی دەگمەنەو راهیبێکی پیرۆزە و لە واقیعدا ئارسەر رامبۆی بلیمەتە، تێکۆشەر لە پێناوی سەربەستیدا، پاشتریش و پێش سەرهەڵدانی ئەم وێنەیە ئەلبێرت کامۆ وەسفی کردبوو بە “شاعیری شۆڕشگێڕ”.

  • رامبۆو کۆمۆنەی پاریسی ساڵی ١٨٧١:

    لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨٧١داو لە کاتی بەرپابوونی کۆمۆنەدا رامبۆ دوو نامەی بەناوبانگ دەنووسێت تیایاندا بەرنامەی شیعریی خۆی دەردەبڕێت و هەروەها هەڵوێستی مانەوەی لە پاریسداو پشگیریکردنی و هاوسۆزی خۆی بۆ کۆمۆنە دەردەبڕێت، رامبۆ دوو بانگەوازی گرنگی پێشکەش بە ئەندێشەی شیعر کرد کاتێك گوتی “دەبێت شاعیر خۆی تەسلیمی تەشویشێکی درێژو بەرنامەداڕێژراو بۆ هەموو هەستەکانی بکات” ئەمەش کردارێکە دەبێت هۆی لەناوبردنی خودی بۆرژواو سەرهەڵدانی منێکی تر، یان منێکی نوێ.
    حوکمەتی کۆمۆنە؛ رژێمێکی رادیکاڵی شۆڕشگێڕ بوو کە لە ١٨/٣/١٨٧١ تاکو ٢٨/٥/١٨٧١ حوکمی پاریسی کرد.

    ئەوەی بووە سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەبوو کە لە ٢/١٢/١٨٧٠دا سوپای وڵاتی بڕوسیا لە جەنگی (سیدان)دا شکستی بە فەرەنسا هێناو ئیمپراتۆڕ ناپلیۆنی سێیەم لەو جەنگەدا بە دیل گیرا، کاتێك بۆ رۆژی دواتر ئەم هەواڵە گەیشتە پاریس خەڵکێکی زۆر رژانە سەر شەقامەکان و (ئۆجینی) هاوسەری ئیمپراتۆر کە کاروباری بەڕێدەکرد لە شار هەڵهات، زۆر زوو دوای بیستنی ئەم هەواڵە شکۆی دەوڵەت و جومگەکانی بەڕێوەبردن تێكچوون و لێك هەڵوەشان، بەتایبەتی کە پاریس ئەو کات بۆ ماوەی ٤ مانگ لە ژێر گەمارۆدا بوو، ئیتر پاریس بووە مۆڵگەی رادیکالیی چینی کرێکاران، پاسەوانانی نیشتیمانی لە جیاتی سوپای دەوڵەت بەرگیرییان لێدەکرد، جگە لە پاریس تەواوی فەرەنسا لە ٢٨/١/١٨٧١دا کەوتە دەستی بروسییەکان و لە شوباتی ١٨٧١دا سەرۆکی جێبەجێکاری حوکمەتی تازەی ئەوکاتی فەرەنسا ‘ئەدۆڵف تییر’ رێکەوتنێکی لەگەڵ بروسیا مۆرکرد بڕیاری داماڵینی چەکی سوپای فەرەنسا درا.

    بەڵام دەسەڵاتی یاخی کۆمۆنە رەفزی ئەم رێکەوتنە شەرمهێنەی کرد، تا ئەو کاتەی لە ٢١/٥/١٨٧١دا سوپا بە زەبری هێز کەوتنە سەرکوتکردنی کۆمۆنەی پاریس.
    دوای ئەم رووداوە رامبۆ و زۆرێك لە بەشداربووان کەوتنە ژێر چاودێری پۆلیسی نهێنی، چونکە ئەندام بوون لەو جولانەوەیەدا بە سەرپێچی دادەنرا، ئیدی رامبۆ و زۆرێك لە هاوەڵانی هەڵهاتن بۆ لەندەن، لەوێ بە ئەندریۆو فیرمیرش و زۆرێك لە چالاکوانی تر گەیشن، هەر لەوێش بوو کە رامبۆ لە سنووری بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا چاوی بە ڤیرلینی هاوەڵی کەوتەوە، لەوێ کارل مارکس ئامادەبوونی هەبوو لە زۆر لەو کۆڕو کۆبوونەوانەی دەربارەی کۆمۆنە دەبەستران و وتوێژو ئەنجامەکانی کۆمۆنە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر بیروڕاکانی کارل مارکس، کە لە دواییدا و ناوی برد بە دیکتاتۆرییەتی چینی پرۆلیتاریا.
    ……………..

پەراویز:
(١) وێنەگری فۆتۆگرافی (برونو براكيهيس) لە شاری دييب ساڵی ١٨٢٣ هاتووەتە دنیاوە، لە منداڵییەوە (کەڕ- نابیست) بوو، لە ساڵانی بیستەکانی تەمەنیەوە کاری لەلای وێنەگرێکی بەناوبانگی پاریسی دەکرد، کاتێك تەمەنی گەیشتە ٤٨ ساڵ رووداوی کۆمۆنە روویدا، پێشتر ئەو وێنەگرێکی پیشەگەری ناو ستۆدیۆ بوو کە زۆر لە وێنەکانی لە پەیمانگاو پێشانگا بەناوبانگەکانی پاریسدا هەڵدەواسران و پیشاندەدران، هەر زوو لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمۆنەدا شێوازی کاری خۆی گۆڕی و بووە وێنەگرێکی رۆژنامەوان، بەو واتایەی کامێرا سێ کووچکەییە گەورەکەی بردە دەرەوەی ستۆدیۆو لەسەر شەقامەکانی پاریس وێنەکانی دەچرکاند، ئەو کامێرایەی لە سندوقێکی رەش پێکهاتبوو- بە جاڵجاڵۆکەیەکی گەورەی سێکوچکەی دەکرد – و بۆ ماوەیەکی زۆر دەبوو بوەستایەو رووی بکردایەتە ئەو ئاراسەی دەبوو وێنەی بگرێت و ئەمەش ببوە هۆی ئەوەی کرێکارانی سەرشەقام و ڕێبوارانی سەرەڕێ دووچاری دڵەڕاوکێ و ترس بکات، چونکە پێشتر رانەهاتبوون لەسەر بینینی ئەو دیمەنە ، ئەوەتا ئێستا ئەو ئامێرە سێ قاچە نامۆیە شارەکەیانی داگیر کردووە (لەهەمان کاتیشدا مەترسی ئەوە هەبوو بە هۆی زۆر مانەوەی کامێراکە لە دۆخێکدا ببێتە هۆی ئەوەی نیتراتەکەی ناوی بتەقێتەوەو کامێراکە بسووتێنێت).
ئەم وێنەگرە لێهاتووە لە کاتی ئەو رووداوانەدا کۆی ١٠٩ وێنەی لە دەرەوەی ستۆدیۆ چرکاند، بەڵام لە هەموویان بەناوبانگترو کاریگەرترو جێی سەرنجتر؛ ئەو وێنەیەیە کە رامبۆی شاعیری تێدا دەردەکەوێت.
…………………………..
سەرچاوەکانی نووسین:
١- thecommune.wordpress.com/2010/11/19/rimbaud-and-the-paris-commune/
٢- aidanandrewdun.com/arthur-rimbaud-the-secret-police-file
٣- aidanandrewdun.com/arthur-rimbaud-the-discovery-of-two-new-portraits/
٤- en.wikipedia.org/wiki/Paris_Commune




كاره‌كانی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا- به‌شی 4 و كۆتایی.. هه‌ندرێن خۆشناو

كاری سیاسی

هۆی سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ زایۆنیزمی جیهانی بایه‌خی خسته‌ سه‌ر عه‌ره‌ب له‌ رۆژنامه‌ جیهانیه‌كاندا، و سیمبولێكیان بۆ دروستكردن، ئه‌ویش حوشتر و عه‌گال بوو، كه‌ چوارده‌وره‌ی چه‌فیه‌ سه‌رپۆشه‌كه‌یان ده‌دات، ئه‌و دوو سیمبوله‌یان كرده‌ دروشمی دواكه‌وتن، وه‌ڵامی عه‌ربه‌كانیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هێرشه‌كردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل بوو له‌ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، واته‌ ته‌یاركردنی رای گشتی عه‌ره‌بی بوو دژی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش هۆی هاوكوف نه‌بوونی یه‌ك بوو، چونكه‌ رای گشتی عه‌ره‌بی هه‌ر پێشوه‌خته‌ ته‌یاربوو دژی ئیسرائیل، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بی نابێت ته‌ماشای ئه‌م كاریكاتێرانه‌ بكات، به‌ڵكو نابێت ته‌نیا بۆ خوێنه‌ری عه‌ره‌بی بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زایۆنیست و لایه‌نگرانیان سیمبولێكیان بۆ عه‌ره‌ب، له‌ مێشكی ڕای گشتی جیهانی دروستكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ حوشتر سیمبولێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌كاریان ده‌هێنا، به‌ڵكو سیمبولی هێز و دانبه‌خۆداگرتن و سه‌ربه‌رزییه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا شه‌رمه‌زارییه‌ك نیه‌ وه‌كو سیمبولێك، كاتێك كه‌ زۆربه‌ی گه‌لان سیمبولی ئاژه‌ڵیان بۆخۆیان داناوه‌، وه‌كو ورچ سیمبولی روسه‌كان، شێر سیمبولی ئینگلیزه‌كان، كه‌ر و فیل سیمبولی هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ڵه‌شێر سیمبولی فه‌ره‌نساییه‌كان، چه‌ندینی تر، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی حوشتر بۆ عه‌ره‌ب، مه‌به‌سته‌كه‌ی ئاماژه‌ بوو بۆ گۆشه‌گیربوون له‌ بیابان و دواكه‌وتن، هه‌روا عه‌گالیش به‌كارهات وه‌ك سیمبولێك بۆ مانه‌وه‌ له‌ جلوبه‌رگی چه‌رخه‌كانی ناوه‌ڕاستدا، كه ‌مانای دواكه‌وتوویی ده‌به‌خشێت، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌نده‌ عه‌ره‌به‌كان به‌هه‌مان شێوه‌ی چه‌ك وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، قایلبوون به‌ به‌كارهێنانی بابه‌ته‌كانی شه‌ڕ و ئاشتی، كه‌ ئیسرائیل نكۆڵی لێده‌كات، و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئاشتی داده‌په‌روه‌رانه‌، به‌ به‌‌هێزی ده‌ژمێرێت، كه‌ ئه‌مه‌ روون و ئاشكرایه‌ بۆ ڕای گشتی جیهانی، له‌ شوێنی ئه‌مه‌دا ده‌بوا كاریكاتێریسته‌ عه‌ره‌به‌كان سیمبولێك بۆ ئیسرائیل و زایۆنیزم دروست بكه‌ن، و ئاژه‌ڵێكیان وه‌كو سیمبول بۆ دابنێن كه‌ ببێته‌ هۆی رق لێبوونه‌وه‌ و گاڵته‌جاڕی جیهان، وه‌كو به‌راز بۆ نمونه‌، و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ته‌ ناشیرنه‌كانیان به‌كاربێنن، وه‌كو ره‌زیلی و مه‌رایی و سووخواردن و خۆویستی، و بۆ نمونه‌ فۆكه‌س بخه‌نه‌ سه‌ر له‌خاچدانی پێغه‌مبه‌ر عیسا له‌لایه‌ن جوله‌كه‌كانه‌وه‌، و شته‌ شه‌رمه‌زاره‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌‌، كاریكاتێر له‌م بواره‌دا ده‌بێت بێبه‌زه‌ییانه‌ بێت، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دوژمندا ده‌كات، نه‌ك له‌گه‌ڵ نه‌یارێكی سیاسیدا، كاریكاتێر ده‌بێت له‌م بواره‌دا بابه‌تیانه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت وێنه‌كه‌ بشێوێنێت، نه‌ك ره‌خنه‌ی لێبگرێت، چونكه‌ ره‌خنه‌ لێره‌دا شوێنی نابێته‌وه‌ له‌ چاكسازیدا، ئامانجیش لێره‌دا چاكسازی نیه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ له‌م ململانێیه‌دا، كه‌ شێوه‌ی شه‌ڕی كراوه‌ ده‌بینێت، ئه‌و كاریكاتێرانه‌ش كه‌ ئاڕاسته‌ی رای گشتی عه‌ره‌بی ده‌كرێن، ده‌بێت هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی كه‌ پشتگیری ئیسرائیل ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ پشتگیریانه‌یان بۆ ئیسرائیل رۆشن نیه‌ بۆ رای گشتی عه‌ره‌بی، لێره‌دا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ ئه‌زموونی كاریكاتێریستی تیرۆركراو (ناجی ئه‌لعه‌لی) بده‌ین، كه‌ ناسراوبوو به‌ توندی ره‌خنه‌ و گاڵته‌جاڕییه‌كانی، كه‌ بوونه‌ هۆی به‌خشینی سروشتێكی میللیانه‌ به‌ كاره‌كانی، له‌ كۆتاییشدا بوونه‌ هۆی تیرۆركردنی، ناجی ئه‌لعه‌لی له‌ كاره‌كانیدا پێده‌كه‌نی و گاڵته‌جاڕیی و شه‌رمه‌زاریی ده‌كرد، خوێنه‌ری به‌ پێكه‌نین ده‌هێنا، و كاره‌كته‌ره‌ پاڵه‌وانه‌كانی كاریكاتێره‌كانیشی شه‌رمه‌زار و ریسوا ده‌كرد، ئه‌مه‌ش داواكراو و ویستراوه‌ له‌ كاریكاتێری سیاسیدا.




ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی چاپ و بڵاو بۆوەوە

کتێبی (ئەنتۆڵۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی) لە نووسین و ئامادەکردنی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)ە، کە لەلایەن ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
ئەم کتێبە زیاتر لە هەژدە مانگ لە ئیشی چڕ و پڕ و پشکنینی ژمارەیەکی زۆر کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتە ئەلەکترۆنییەکان و پەیوەندیکردن بە دەیەها شاعیر، ئامادەکراوە. ئەنتۆڵۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی پوختەی کۆی بزووتنەوەی شیعری کرێکارییە لە ١٩٢٤ وە تا ٢٠١٨. ئەمە جگە لە پێشەکی و سوپاسنامە و سەرچاوەکان و پێشەکییەکی هاوڕێ سلێمانی قاسمیانی(کاکە)، و هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی مێژوویی تێروتەسەلیش لەسەر بزووتنەوەی شیعری کرێکاریی کوردی لەلایەن خودی عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)ەوە نووسراوە و تێدایە.شایانی وتنە ئەم کتێبە ٥٩٤ لاپەڕەیە، ماوەیەکی زۆرە لەچاوەڕوانی چاپکردندا بوو و لە دەرگای گەلێ کتێبخانە و چاپخانە و ناوەند دراوە و بەبیانووی بێ ئیمکاناتی چاپ نەکراوە، تا سەرەنجام ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و ئەم کتێبەی بەچاپ گەیاند. ئێستا ئەم کتێبە لە زۆربەی کتێبخانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە نرخێکی گونجار دەست دەکەوێت.




چۆن لیبڕاڵەکان بونە لایەنگیری تیۆری پیلانگێڕی؟-2- .. ن. جۆن گرەی- و. لەفارسیەوە مەحمود عەبدوڵڵا

بەشی دووەم

ئەو بێمتمانەییە بە زانیاری و هەواڵی گومڕاکەر،لە جەنگ عیراق dدەستی پێکردو، بەقەیرانی دارایی جیهانی زیادیکرد، وبە دوبارەبونەوەی بەرودوا “پڕۆژەی ترس”لەجەنگی زانیاری سەبارەت بە ڕاپرسی دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا گەیشتە لوتکە .
لە ئەوروپا پێشڕەوی بەردەوامی حیزبی پۆپۆلیستی ، لەوڵاتانی ئیتالیا و هەنگاریا ، کاردانەوەی بێ متمانەییە بە نوخبەی لیبڕاڵ .لەهەموو ئەم مەسەلانەدا ئەو نوخبەیە پشتگوێخران ،چونکە لە کۆتایهێنان بە قەیرانێک کەبە بۆچونی خەڵک دەستی خۆیانی تێدا بو ،بێ توانابون. گەیشتنی نیزامی مالی بەسنوری پاشەکشە کردنی تەواو ،کێشەی بەردەوامی کۆچ ،هەموو ئەمانە پێکەوە ،بونە هۆی نەمانی متمانە لەناو ڕەوتی لیبڕاڵەکاندا. هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی هێندەی ئەوڕوداوانە کاریگەری نەبو لەسەر بێمتمانەیی بە لیبڕاڵەکان و بەهێزبونی پۆپۆلیستەکان. وەلێ دەتوانین بڵێین زۆرینەی لیبڕاڵەکان پێیان وایە پاشەکشەو لاوازی ئەوسیستەمەسیاسیە دەستی دەرەکی لەپشت بو،کە بەباوەڕی خۆیان سیستەمێکی ئەبەدی بو.هیچ کەس ناتوانێ قەناعەتیان پێبکات، کە بەدەستی خۆیان مۆری پوچەڵیان لە
ناسنامەی خۆیاندا .. دیڤید کامیڕۆن بەجۆرە نیگەرانیەکی گەمژانە کە لەنا و ئەوجەماعەتە دەبیندرێت وتی:کە برکسیت بەرەنجامی پۆپۆلیزم بو. نیک کلیک شەریکی ئەو لەحکومەتی( ۱۰ ۲۰۱٥-۲۰ ) هاو دیدی ئەوبو، هیچ یەکێکیان گریمانی ئەوەی نەکرد ،کە کاردانەوەی پۆپۆلیستی ،کاردانەوە بو بەرامبەر سیاسەتەکانی خۆیان .
لەبەر هەمان هۆکارە،کە تییۆری پیلانگێڕی بۆ لیبڕاڵەکان سەرنج ڕاکێشە، تیۆری پیلانگێڕی ئەوان لە بەرپرسیارێتی ئەو کێشانەی دروستبوون ڕزگاردەکات.
یەک دەیە سیاسەتی ریازەتی، بەپشتیوانی تەواوی لیبراڵەکان، بوەهۆی دابەزینی ئاستی خزمەت گوزاری گشتی و ژێرخانەکان .کە زیانی لەبەشێکی سەرەکی کۆمەڵگەی بەریتانیادا. هەروەها لیبڕاڵەکان لەهەموو باڵەکان برەوپێدەری کۆچ بون، لەئاستێکی بەرزدا،هەرکەسێکیش بیگوتبایە ئەم پڕۆسەیە زیانی هەیە بەتایبەت بۆکرێکارانی فەقیر ،ئەوا یەکسەر سەرزەنشت دەکران و تۆمەتی نەژادپەرستییان پێوەدەلکا. گەورەبونی حیزبی استقلالی بەریتانیاو پاشان حیزبی برکزیت ئەنجامی چاوەڕوانکراوی ئەو مەسەلەیەبوو. پۆپۆلیزم دروستکراو و پێکهاتەی ئەو گروپە سیاسیە لیبڕاڵەیە ،کە کەمتەرخەمی و فەشەلی خۆیان دەخەنەگەردنی حەماقەتی دەنگدەران .ئەگەر بە پێی پروپاگەندەی پۆتین ئایدیای لیبڕاڵی مردوە ،ئەوە تەنیا بەهۆی لیبڕاڵەکانەوە بو کە لە پێگەی بەردەستە بێ فیکرەکانی ئەودابون. بەدڵنیایەوە لیبڕاڵەکان هەربیرۆکەیەک ڕەتدەکەنەوە کە بانگەشەی ئەوەبکات خۆیان بونە هۆی شکستەکانی خۆیان .بە خەیاڵی خۆیان ئەگەر کەموکوڕیەکیان هەبێت، ئەوەیە بە ئەندازەی پێویست لیبڕاڵ نەبوون. بەدیدی ئەوان ئەوشتەی ناکامی لیبڕاڵیزم چارەسەردەکات لیبڕاڵیزمی زیاترە، یان زیاتر لیبڕاڵبوونە.ئەگەر بیانەوێت پێچەوانەی ئەوە ببیستن ،دەبێت قبوڵیبکەن کە دیدی سیاسیان لەبنج و بنەوانەوە خەوشدارو خراپ بووە.مەگەردەکرێت ژیرترین نوخبەی حاکم لە تەواوی مێژودا”ئەوە وەسفێکە کە لیبڕاڵەکان هەیانە سەبارەت بەخۆیان”دنیای دەوروبەریان درک نەکەن؟لیبڕاڵەکان بە هەمان شێوەی وڵات پەرستان کە بونە ئامانجی لیبڕاڵەکان بەو باوەڕە دڵنەوایی خۆیاندەکەن کە هێزی دەرەکی بونە هۆی وێرانکردنی وڵاتەکانیان .
هاودەمانی زەمانی” لیونز “باوەڕیان وابو هەرچی و پەرچی وخراپەکارانی دژە سۆڤیەت بون ،کە دەستکەوتە بەرچاوەکانی سۆڤیەتیان لەناودەبرد. بەهەمان شێوە لیبڕاڵەکانی ئەمڕۆ ئارەزودەکەن وابیربکەنەوە کە هێزە دەرەکیە موداخەلەکەرەکان و کەسانێکی لوتبەرزی وەک “استیون بنون “ڕاوێژکاری پێشوی ترەمپ” لە ڕەوتی پێشکەوتنی خۆرئاوادا بونە بەربەست.ئەوان چاودەنوقێنن،لەبەرامبەر کێشە قوڵەکانی سەرمایەداری بازاڕ سەنتەر،و ناڕەزایەتی خەڵک بە نەتیجەی ساختەچێتی و فڕوفێڵ دەزانن. نەک پەیامی چاوەڕوانکراوی سیستەمێکی ئابوری بێکەڵک
ئێستاکە بەشێکی زۆری خەڵک گومان لە نوخبەی لیبڕاڵدەکە ن ، خودی لیبڕاڵەکان دیسان عەوداڵی بیرکردنەوەن لەپیلانێکی ڕەش.ئێمە گەیشتوینە سەردەمێکی نوێی بیرکردنەوەی تیۆری پیلانگێڕی. زهنییەتی بەدبین تەنها بەکاری سیاسیی سنوردارنیە، جوڵانەوەی دژە ڤاکسین، نکۆڵیکەرانی گۆڕانی کەش وهەوا ، نکۆڵیکردنی نەزەریە زانستیە بناغەدارو مەحکەمەکان بە فریودانی گروپێکی خاوەن بەرژەوەندی فێڵباز دەزانن. لەو جێگایەی کە پیلانگێڕیەک لەئارادانییە بیریان بۆ پیلانگێڕی دەچێت. ئەوەی کە سیاسەتمەدارانی بەرجەستە و هێزەکانی پۆلیس پڕوپاگەندەیەکی خەیاڵی، بونی حەڵقەیەک لە سەرتڵانی بەچەباز لە “ویست منستر”بە بڕوا پێکراو دانا ، ڕوداوێکی واتادار و موهیمی دەرخست ئەو ئیتیهامکردنە نەک ژیانی کەسانێکی وێرانکرد کە بەهەڵە تۆمەتبارکرابون ،بەڵکو لە بڵاوبونەوەی زیهنیەتێک دەدوێت کە وەک ڕۆژانی سەدەکانی ناوەڕاست بەدوای دۆزینەوە و گرتنی ساحیرەکان دەگەڕان.
.ئەوئەکادیمیانەی کە لەهێڵی فیکری زۆرینە لادەدەن،بۆنمونە لەبوارەکانی جنسیەت و نەژاد و ئیمپریالیزم ،یەکسەر بە تۆمەتی ئەوەی دژی ئازادی دەربڕینن سەرزەنشت دەکرێن ،ئەزیەت وئازاردەدرێن. بەڵام لە ڕوانگەیەکی گشتگیرترەوە ئەو ئەزیەت وئازاردانە، وەک هەوڵێکە بۆ ریشەکێشکردنی شەڕی: ئاگایی، بێداربونەوەو، نەفرەتی ئەو تاوانانە لەپانتایی ئەندێشە ،کە گوماندەکرێت ببنە هۆی پێکهاتنی دامەزراوەی سەرکوتکەر. بەشێکی ئەو گالتە جاڕیە ئەوەیە کە بەزۆری لیبڕاڵە توندڕەوەکان ڕێبەرایەتی ئەو جۆرە لە پشکنینی بیروباوەڕە دەکەن.
سەختە بتوانین پێشبینی کۆتایهاتنی ئەو قۆناغەبکەین. بەدبینی و خانەگومانی و پەشێوی دەرونی ئەوانە نییە کە ئەقڵیان لەدەستداوە؛ بەڵکو ئەوبارودۆخە زیهنیە یەخەی ئەوانەیگرتوە کە جگەلە ئەقڵ هیچیان بۆنەماوەتەوە. زۆرجار خانەگومانی “سٶظن” ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە بێ ئەهمیەتی خود،ئەگەر هەستبکەیت ئازارو ئەزیەت ئەدرێیت،باشترەلەوەی کە هەست بکەی نادیدەت دەگرن .خانەگومانی یەکێکە لەمیکانیزمەکانی بەرگری دەرونی ، زیهنیەت کڵۆڵیمان نیشاندەدات ،کە وادەکات خەیاڵاتی خواروخێچی خۆ بدەینە پاڵ دونیایەکی شاراوە کە نهێنیەکانی نازاندرێن.لەکاتی گۆڕانکاریە سیاسیە گەورەکاندا گومانی بەدبینانە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ نەخۆشی درم .باشترین ڕاستی ئەوەش، پەرەسەندنی ئەدەبیاتی پڕۆتۆکۆڵەکانە لای یەکێ لە حیزبە مێژویەکانی بریتانیا.لەوانەیە بکرێت بڵێین کە “پڕۆژەی کوربین”ئێستا شکستی هێناوە، بەڵام ئەو حەقیقەتەی کە ئەو لە پێگەی هەڵکشان بەرەو بڵندترین لوتکەی سیاسی حزبی کرێکاران بو.نیشانەی ئەوەیەکە کۆمەڵگەی لیبڕاڵ دەتوانێت بە چ گوڕێک لە مەیدانی کاری سیاسی پشتئەستوربە نەفرەت و تەوەهوم هەرەس بێنێت.
مەترسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە تەکنەلۆژیای نوێ دەتوانێت گومانی بەردەوام وەک شێوەیەکی عەقڵانی لەژیاندا دەربخات . ڤیدیۆکانی( دیپ فەیک )کە بەسودوەرگرتن لە هۆشی دەستکرد وێنەگەلی کەسانی واقیعی لە بارودۆخ و جێگەی ساختەدا دروستدەکات .ژینگەی میدیایی لەوەی کەهەیە خیانەتبارتر دەکات .سود وەرگرتنی بەربڵاو لە تەکنەلۆژیا سنوری نێوان دونیای واقیعی و مەجازی وا ئاڵۆزدەکات کە ئیتر سنورێک لەنێوانیاندا نامێنێت.یەکێکیتر لە پارادۆکسەکانی سەردەمی ئێمە ئەوەیە: پێشکەوتنی خێرا لە زانست وتەکنەلۆژیادابو کە فەرهەنگی پۆست حەقیقەتی هێنایە کایەوە.
ئەگەریش چارەسەرێک هەبێت بۆ ئەو گرفتاریە،لیبڕالەکان لەو بوارەدا بێ توانان.ئەو جەماعەتە کە شوێنپێی پیلانگێڕان لە ئاڵۆزی کۆمەڵگاکەیاندا دەبینن، موبتەلای هەمان نەخۆشین کە لەدژیان دە وروژێندرێت.لیبڕاڵەکان کە ئارەزوناکەن قبوڵی بکەن کە بۆچی پێی پێشکەوتن دەشەلێت، بیر لەخراپترین جۆری سحروجادو دەکەنەوە. ئەو هێزە نادیارانەی کە بەگومانی لیبڕاڵەکان خەریکی پیلانگێڕی و دەسیسەن لە دەوروبەری ئەوان، سێبەری یەکشتن: بەرگری لەبەرامبەر واقیعیەتێک کە لەوجودی خودی ئەولیبڕاڵانەدایە.

ن. جۆن گرەی
و.لەفارسیەوە مەحمود عەبدوڵڵا




نوێترین پرۆژەی کەیوان کەریمی لە پەنجاهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆتێڕدامی هۆڵەندا

مەنسوور جیهانی ـ

نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری سەربەخۆی کورد “کەیوان کەریمی” لە نێوان 17 پرۆژەی هەڵبژاردەی دنیا لە بەشی “سینەماڕت” لە پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” لە وڵاتی هۆڵەندا هەڵبژێردرا.

“ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” Do you know anything about Omid? نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی “کەیوان کەریمی”، لە نوێترین و دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو تەنیا پڕۆژەی سینەمای ئێران، لە نێوان 17 پرۆژەی هەڵبژاردەی سینەمای جیهان لە بەشی “سینەماڕت” CineMart لە سی و هەشتەمین خولی “بازاڕی بەرهەمهێنانی هاوبەشی فیلم” لە میانەی پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” Rotterdam لە وڵاتی هۆڵەندا و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەڕەنسا لە تەنیشت کۆمەڵێک بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها پڕۆژەی “کابل جان” (کابول گیان) Kabul Jan لە خاتوو “شەهربانوو سادات” سینەماکاری ئەفغانی و بەرهەمی وڵاتی ئەڵمانیا؛ تەنیا پڕۆژە سینەماییەکان لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە هەڵبژێردران.

“سینەماڕت” کە یەکەمین، گرینگترین و گەورەترین بازاڕیی بەرهەمی هاوبەش لە جیهان دێتەئەژمار؛ ئەمساڵ سی و هەشتەمین خولی بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕۆژانی 1 تا 5ی فێبریوەری 2021 لە تەنیشت پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی بڕی پارەی 30 هەزار یۆرۆییش بۆ براوەکان لەبەرچاو گیراوە.

پڕۆژە وەرگیراوەکان لە بەشی “سینەماڕت” لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام”؛ دەرفەتی ئاشنابوون و هاوکاریی فیلمسازان لەگەڵ بەرهەمهێنەران، سەرمایەداران، نوێنەرانی فرۆش، بڵاوکەرەوکانی فیلم، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانیان بۆ پێکدێت و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەتەمان سەرمایەکانی خۆیان بۆ گەشەسەندنی سینەما تەرخانبکەن دەتوانن یارمەتی ئەم پڕۆژانە بدەن.

پڕۆژە سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە بەرنامەی “دە پڕۆژە لە سینەمای جیهان بۆ داهاتووی سینەما” لە پاڤیۆنی “ئەنستیتۆی فەڕەنسا” لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا لە ساڵی 2020 بە بەشداریی “کەیوان کەریمی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە و بە ڕێنوێنی “ڕەشید بووشارب” Rachid Bouchareb دەرهێنەر، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ناوداریی ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەبوو.

سیناریۆی پڕۆژە سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” لە دووهەمین هەنگاویی نێودەوڵەتی خۆیدا، دوای بەشداریی لە بەشی “سینەماڕت”ی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” بە شێوەیەکی ڕێکووپێک کۆتایی پێدێت و ئەم بەرهەمە لە هەوڵدایە تاکوو بە پێکهێنانی تۆڕێک لە ئاستی جیهاندا بتوانێت لە داهاتوودا بە باشی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوبێتەوە و لە وڵاتانی جۆراوجۆر نمایش بکرێت؛ تا ئەو کەسانەی کە لە بواریی پیشەگەڕیی سینەمادا چالاکی دەکەن، ئاگادارییان لەم بەرهەمە سینەماییە هەبێت؛ تا دوای تەواوبوونی لە لایەن بڵاوکەرەوەکانی فیلمەوە، بە باشترین شێوە بچێتە سەر پەردەی سینەماکانی جیهان.

ئەمساڵ 17 پڕۆژە لە بەشی “سینەماڕت” هەڵبژێردراون کە چەندین دەرهێنەری ئەم بەرهەمانە، ئەزموونی بەشداریی و وەرگرتنی خەڵاتیان لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی سینەمای جیهان لە کارنامەی هونەریی خۆیاندا هەیە، لەوانە: “یۆهانس نێیلۆم” Johannes Nyholm کاندیدی خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ساندەنس”ی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 و براوەی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سەن سباستییەن”ی ئیسپانیا لە ساڵی 2016، “ئێڤێ کالوگیروپۆلۆ” Evi Kalogiropoulou کاندیدی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی 2017، “کارلا سیمۆن” Carla Simón براوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “بەڕڵینالە”ی ئەڵمانیا لە ساڵی 2017 و “نێلێ ووهلێتز” Nele Wohlatz و “ئێل فۆتۆرۆ پێڕفێکتۆ” El futuro perfecto هەر دووکیان براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و کاندیدی خەڵاتی پڵینگی زێڕینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “لۆکاڕنۆ”ی سویسڕا لە ساڵی 2016.

“ماریت ڤەن دێن ئەلشووت” Marit van den Elshout بەرپرسی بەشی “سینەماڕت” لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” سەبارەت بە 17 پڕۆژەی هەڵبژاردەی ئەمساڵی ئەم ڕووداوە سینەماییە گوتی: ئەمساڵ یەکێک لە سەختترین ساڵەکانی هەڵبژاردنی بەرهەمەکان بوو؛ چونکە باشترین پڕۆژەکان توانیویانە بگەنە قۆناغی کۆتایی بەشی “سینەماڕت”ەوە. ئێمە بە تایبەت، کەوتینە ژێر کاریگەریی ئەو فیلمسازانەی کە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و کاریی بێوێنە و درەوشاوەیان خوڵقاندووە. ئێمە لەوبڕوایەداین و هەوڵدەدەین بە هەر یەک لەم پڕۆژە هەڵبژاردانە، دەرفەتی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئەنجام ئاراستە بکەین.

هەر ساڵە، فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان، پڕۆژە سینەماییەکانی خۆیان بۆ پێشکەش کردن، دۆزینەوەی سەرمایەدار و دابینکردنی مەسرەفی فیلمەکانیان بۆ بەشی “سینەماڕت” لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” ڕەوانە دەکەن کە هەندێکیان بریتین لە: “کۆپی وەکوو خۆی” Certified Copy لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی” لە ساڵی 2008، “گەڕانەوە” (بازگشت) Recursion لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی “جەعفەر پەناهی” لە ساڵی 2008 و فیلمی سینەمایی “جۆجۆ رێبیت” (جۆجۆ کەروێشکە) Jojo Rabbit لە دەرهێنانی “تایکا وایتیتی” Taika Waititi و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان خاتوو “سکاڕلێت جۆهانسۆن” Scarlett Johansson لە ساڵی 2012 لەم بەشەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” ئاراستە کرا و لە کۆتاییدا، لە ساڵی 2020 خەڵاتی ئۆسکاری باشترین سیناریۆی وەرگیراویی بەدەستهێنا.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://iffr.com/en/full-selection-38th-cinemart

https://www.screendaily.com/news/rotterdam-co-production-market-cinemart-reveals-2021-projects/5155782.article

https://www.hollywoodreporter.com/news/rotterdam-unveils-2021-cinemart-projects

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟”.