”چۆن ناگوێڕایەڵی شارستانی، ئازادی دەپارێزێت و ڕێگری لە ستەمکاری دەکات”.. وەرگیڕانی: سیڤەر محەمەد، کامۆ ئاراز

”دێوەکان بوونیان هەیە بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە هەتا ترسناکبن ، ترسناکترین دێوەکان ئەو پیاو و ژنانەن کە ئامادەن باوەڕ بکەن وگوێڕایەڵبن بەبێ ئەوەی هەرگیز لە هۆکاری باوەڕ و گوێڕایەڵیان بپرسن.”
_پریمۆ لێڤی، ئاگربەستەکە.

ئایا کۆمەڵگەیەکی گەشاوە و پڕ ئاشتی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی تەواوەتی یاساکان و فەرمانەکانی دەوڵەت دامەزراوە؟ ئایا دەنگدان تاکە ڕێگەیە بۆ پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتمەداران و فەرمانڕەوایان؟ لە کاتێکدا سیستەمی قوتابخانەکان و میدیا مێشکمان دەشۆنەوە تاوەکو ئەقڵیەتێکی گوێڕایەڵیانەمان بۆ بکەنە خەڵات، ئەمەش لە کاتێکدا سیاسەتڤانان ئارەزووی گوێڕایەڵیەکی تەواو کوێرانە دەکەن لە هاوڵاتیەکان، بەڵام مێژوو چیرۆکێکی تەواو جیاوازمان پێ دەڵێت سەبارەت بە بەهای گوێڕایەڵبوونی هەموو ئەو شتانەی پێمان دەگوترێت بیکەین. لەم وتارەدا ڕوونی دەکەینەوە ئەوە گوێڕایەڵیکردنە، نەک گوێڕایەڵینەکردن، کە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتیشدا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە چۆن ناگوێڕایەڵی شارستانیانە کۆمەڵگا بە ئازادی دەهێڵێتەوە.

هۆوارد زێن لە پەڕتووکی ‘گوێڕایەڵی شارستانی کێشەکەیە’ دەڵێت:
”کێشەکە ناگوێڕایەڵیکردن نییە بەڵکو گوێڕایەكیکردنە.”

ویلهێڵم ڕایچیش دەڵێت:
”پرسیارە بنچینەییەکە ئەوە نییە کە بۆچی خەڵک یاخی دەبن، بەڵکو پرسیارەکە دەبێت ئەوە بێت کە بۆ کۆمەڵگا یاخی نابێت؟”

خوشکانی گریمک، کە ناسراون بۆ چالاکییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەکانی دژە کۆیلایەتی و دژایەتی ئازارچەشتنی ژنان لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەم شێوەیە باسەکە دەخەنە ڕوو:

“باوەڕگەی [دۆکترین] گوێرایەڵی کوێرانە و شوێنکەتنی نابەجێی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی مرۆڤ ، بە کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ، ئەوە دۆکترینێکی زۆرداریگەریانەیە [دیسپۆتیزم.]”
_سارا گریمک، ئەنجێلینا گریمک. پەڕتووکی: ”دەربارەی کۆیلایەتی و ئەبۆلۆسیۆنیزم: وتار و نامەکان.”

سەدەی بیستەم هەڵچنرانی ملیۆنان لاشە لەسەر یەکتری بەخۆوە بینی لە وڵاتە فاشیست و سۆسیالستەکاندا، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببینن کە گوێڕایەڵی دەتوانێت کوشتاری بکات. لە یەکێتی سۆڤیەت، کەمبۆدیا، ئەڵمانیای نازی، کۆریای باکوور، چین، ئەوە ڕاپەڕین و بەرهەڵستی نەبوو کە ملیۆنان کەسی پێشکەش بە مەرگ کرد، بەڵکو گوێڕایەڵی زیاد لە پێویستی خەڵک بوو بۆ دەسەڵات. گوێڕایەڵی ئەو یاسایانەیان دەکرد کە نائاکاریانەبوون و ئەو فەرمانانەی سیاسەتمەدارانیان جێبەجێ دەکرد کە کۆمەڵگای لەناو دەبرد. ئەم ئەزموونە تۆقێنەرەی ئەو وڵاتانە وانەیەکی گرنگی فێرکردین، بەڵام سەد ئەفسووس زوو لە یادمان کرد: ئەوە گوێڕایەڵییە نەک گوێڕایەڵینەکردن کە تاوانە ڕاستەقینەکەیە. هەروەکو پیتەر یوستینۆڤ لە ڕۆژنامەی نیویۆرکەردا لە ساڵی ١٩٦٧ ئەم وتەیە بە پێنووسەکەی دەنەخشێنێت:
”بۆ چەندین سەدە،مرۆڤەکان سزا دەداران بۆ گوێڕایەڵینەکردن. لە [دادگایکردنی نازییەکانی] نۆرمبێرگ، بۆ یەکەمینجار، مرۆڤەکان لە پای گوێڕایەڵیکردن سزا دران، دەرئەنجامەکانی ئەم دۆسیە کۆنە ئێستا وا هەستیان پێدەکرێت.”
_پیتەر یوستینۆج، ڕۆژنامەی نویۆڕکەر.

سەرەڕای ئەوەی دەبێت ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی ئیش و ئازار بۆ مرۆڤە بێتاوانەکان وکۆمەڵگا ڕەتبکرێنەوە و گوێڕایەڵیان نەکرێت، بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم خاڵە گەلێک ئەستەم دەبێت بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە تۆتالیتاریزم [دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر] ڕۆچوو بێتە ناو قوڵایی کۆمەڵگاوە. لەگەڵ حوکمی زۆرداریشدا دانیشتوانی وڵاتەکە بەکۆیلە دەکرێن. سەرەتا لە ریگەی پڕوپاگەندەی بەردەوام مێشکی خەڵکی بەکۆیلە دەکرێت، دواتریش کۆیلەکردنی فیزیکی لە رێی چاودێریکردنێکی بێوچان، هێزەکانی پۆلیس و سیستەمی دادوەری کاری سەرەکیان دەبێتە هیشتنەوەی خەڵک لەژێر ڕکیفی دەسەڵات. لەژێر ئەم ڕەوشە سەرکوتکاریانەی حوکمەتێکی سەنتڕاڵی دەسەڵاتی ڕەهاخوازدا، ناگوێڕایەڵبوون وەکو کردارێکی پاڵەوانیانە دەبێت کە دەکرێت پاڵەوانەکە ڕاستەوخۆ بە ژیانی باجەکەی بدات. ئەویە وا دەکات گوێڕایەڵینەکردن سەختتر بێت لە ژیر دەسەڵاتێکی زۆرداردا بریتییە لەو کاتەی کە هەموو بوارەکانی دارایی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.، هەر بۆیەشە ئابووری دێتە نزمترین ئاست. لەمەشەوە پێداویستییە گرنگەکانی بەڕێکردنی ژیان کورت دەهێنن، وە کاتێک کەسێک برسییە دۆزینەوەی خواردنە نەک یاخیبوون لە ستەمکار کە لە پێشەوەی مێشکیدا هاتوچۆ دەکات. تیۆدۆر داڵریمپڵ ڕوونی دەکاتەوە:

”لە دەسەلاتی زۆرداریدا [تۆتالیتاریانیزم] کورتهێنانی کاڵاکان، بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە، نەک شکست بگرە خاڵێکی باش بووە بۆ باڵادەستەکان. ئەم کەمایەسیانە بریتی نەبوون لە ڕێکەوتێکی ئەو تۆقاندنەی ئەوان، بەلکو یەکێکە لە کەرەستە هەرە باشەکانیان. نەک تەنها کەمی ئەم پێداویستیانە سنووری میشکی خەڵک لەسەر گۆشت و نان دەهێڵنەوە، بەڵکو وزە و ئاگاهیان ئاڕاستە دەکات بەشێوەیەک کە کات نەمێنێت بۆ یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە. هەر ئەم نەبوونییە وا دەکای کە خەڵکی زۆر بە ئاسانی و هەرزانی سیخوڕی بەسەر یەکدیدا بکەن و بەرامبەر بەیەکیش سڵ لە ناپاکی نەکەنەوە…”
_تیۆدۆر داڵرمپڵ، کەنارە بەرینەکانی ماڕکس: گەشتەکانی وڵاتێک کە بزر دەبێت.

سا کەواتە گوێڕایەڵینەکردن بریتی نییە لە دەرمانی پڕەپێستی زۆردارێکی تەواو گەشەکردوو. بەڵکو ناگوێڕایەڵی بریتییە لە ڕێگری و خۆپارێزی لە بەرەو پیری ستەمکاری و دیکتاتۆری ڕۆیشتن. بەڵام بۆ ئەوەی بە سەرکەوتووانە ئازادی بگەڕێندرێتەو بۆ کۆمەڵگایەک کە مەترسی لە دەستدانیان هەیە، ناگوێڕایەڵی پێویستی بە پشتگیرییەکی تەواو بەرفراوان هەیە. بە واتایەکی تر گوێڕایەڵینەکردن دەبێت فۆڕمێکی شارستانیانە وەربگرێت. کاتێک تاکێک ناگوێڕایەڵە بە تەنیا، ئەمە وەکوو ڕەتکردنەوە، سەرپێچی و ناکۆکیەکی کەسییە. هەرچی ناگوێڕایەڵبوونی شارستانیانەیە، لە سەرێکی ترەوە، بریتییە لەوەی کاتێک خەڵکی بەشیوەیەکی ئاشکرا و گشتی گوێڕایەڵنابن. ئەم گردبوونەوە ناگوێڕایەڵیانە ناردنی پەیامێکە بۆ دەسەڵاتداران کە هیچ دەسەڵاتدارێک نییە بیەوێ بیبیستێت: خەڵکی چیدیتر لێیان ناترسێت، چیتر ڕێزیان لێناگرێت، و چیدیکە ئامادەنین گوێڕایەڵیان بن. پەیامێکە بەوەی چیدیکە ئەم شیوازە لە حوکمرانی مایەی پەسەندکردن نییە. گەر خۆپیشاندنا بریتی بێت لە داواکردنی ئازادی، گوێڕایەڵنەبوون بریتییە لە بەدەستهێنانەوەی ئازادی، هەروەکو جۆن مورای ڕۆتبارت دەڵێت:
”بەرگری جەماوەری ناتوندوتیژیانە وەک ئامرازێک بۆ لابردنی ستەمکار، ڕاستەوخۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەوایەتی هەر هێز و دەسەڵاتێک بەندە بە پەسەندی خەڵکەوە، هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵاتێکی ستەمکار لەسەر پەسەندی جەماوەر بینا کرابێت، ئەوا لێسەندنەوەی ئەو متمانە و پەسەندییە دەبێتە لادانی ستەمکارییەکە. هێز و کێشی دەسەڵاتی ستەمکار لە رێگەی ئەم جۆرە شۆڕشە ناتوندوتیژانەیەوە دادەڕووخێت.”
_جۆن مورای ڕۆتبارت، سەرەتایەک بۆ ڕامیاری ناگوێڕایەڵی.

بەڵام چۆن کەسانی پێویست بەخەبەر بهێنرێنەوە بۆ ئەوەی گرنگی گوێڕایەڵینەکردنی ئەو یاسایانەی کۆمەڵگا تەفروتونا دەکەن ببینن؟ بە واتایەکی دیکە، چی دەبێتە هۆی ئەوەی ناگوێڕایەڵیکردنێکی شارستانیانە درووست ببێت تاوەکو ستەمکارێک لەناو ببات؟ یەکێک لە تاکتیکەکان دەشێت بەکار‌هێنانی ئەقڵ، لۆژیک و ئاڕگیومێنتاسیۆنە تاوەکو خەڵکی گشتی هۆشیار بن دژی فریوخواردن، هەڵخەڵەتاندن و درۆ کە بەکار دەبردرێن تاوەکو بیانکەنە مێگەل بۆ دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکەیان. ئەم ڕێگایە دامەزراوە لەسەر ئەو بیرۆکەیەی ئەگەر ڕاستیەکان بخرێنە ڕوو و پڕوپاگەندەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەوا خەڵکی زیاتر بەرهەڵستی دەکەن و زنجیرەکانیان تێکدەشکێنن.

وەلێ پشتبەستن بە ئەقڵ و بەڵگە خستنەڕوو تەنها کار لە میشکە کراو و وەرگرەکان دەکات، و کاتێک ستەمکاری لە ەگشەسەندندایە مێشکانێکی لەم شێوەیە زۆر کەم دەبنەوە. لەبری ئەوە ترس، توڕەیی، نادڵنیایی، سەرلێشێوان وئەم سۆزانە بە توندی پەرەدەستێنن و هێزی هزر سنووردار دەکەن.

”زۆرینە ئەو تێگەیشتن و ڕەگنگدانەوانەی ناخی تاک تێکدەشکێنن کە هێشتا ئەگەری بوونیان هەیە، ئاڕگیومێنت و بەڵگەهێنانەوەی ئەقڵی و لۆژیکی تەنها کاتێک چاوەڕێی سەرکەوتنی لیدەکرێت. گەر ئاستی هەست و سۆزی کەسەکان پلەیەکی بەرزتریان تێنەپەڕاندبێت. ئەگەر پلەی گەرمی سۆز و هەستی کەسەکان بەرزتر بێتەوە، ئەوا ئەگەری بیرکردنەوەی لۆژیکی ژاریگەری نامێنێت و لەبری ئەو دروشم و ویستی فانتازیای ناڕاست شوێنیان دەگرێتەوە. وەکو بڵێیت دەسەربەسەرداگرتنێکی کۆمەڵێ دەروونی جەماوەری دێتە کایەوە کە دەکرێت زۆر بەخێرایی بگۆڕێت بۆ پەتایەکی دەروونی جەماوەی.”
_کاڕڵ یونگ، شارستانیەت لە گۆڕاندا.

ئەم تێڕامانەی کە خەڵک بۆیان هەیە ببنە بەرهەڵستکاری لۆژیک و بیرکردنەوە لەلایەن نووسەر ‘ئێلی ویزڵەوە’ ئاماژەی پێدراوە کاتێک سەردانی سۆڤیتی یەکگرتوو دەکات ئەمە دەنووسێت:
”لۆژیک لێرە هیچ کۆمەکێکت ناکات. تۆ لۆژیکی خاوەنی لۆژیکی خۆتیت و ئەوانیش هی خۆیان، و ئەو مەودایەی لە نێوانتاندا هەیە پردی وشە نایانگەیەنێت بە یەکتری.”
_ئێلی ویزڵ

ئەوەی لە وشە و ئاڕگیومێنت پێویستترە بریتییە لەو تاکە جوداخوازانەی کە چالاکییەکانیان دەبێتە نموونەی پاڵپێوەنەر بۆ دامەزراندنی بزوتنەوەی گەورەتری گوێڕایەڵینەکردنی شارستانیانە. هێزی هەبوونی نموونەیەک کە چاوی لێبکرێت هەمیشە باڵادەستە لەوەی لە توانایدایە کاریگەری درووست بکات. کاتێک خەڵکی دەبینن کەسێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە لە پێناو پارێزگاریکردن لە بیروباوەڕی، و وشە و کردارەکانیان بە یەک دژوێژ نین، ئەوا متمانە و ڕەوایەتی زیاتر دەدەن بە پێگەکەیان. هەرچەندە بۆی هەیە نموونەی جوداخواز و بەرهەڵستکار نەبێتە بە خەبەرهێنانەوەی ئەو کەسانەی کە خراپ کوێراییان داهاتووە بەهۆی ئەو کۆت و بەندانەی زیندانیان کردوون، وەلێ کاریگەریەکی بەهێز دەخاتە سەر زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لەسەر قەراغی بەرژینەکەن و بیردەکەنەوە لەوەی چی بکەن. بەڵام بە نەبوونی ژمارەیەکی کەم لەو چاونەترسانەی کە ئامادەن ببنە نموونە بۆ ئەوانی تر، ئەم دیلێمای زیندانییە هەر لە بووندا دەبێت: کەس ئامادە نابێت کە ببێتە یەکەمین کەس بۆ ئەوەی گویڕایەڵ نەبێت، هەر بۆیەشە هەمووان بێ هیچ جوڵە و ئامانجێک دادەنیشن و هیوای ئەوە دەخوازن کە ئەوانی دیکە کۆمەڵگایان بۆ ڕزگار دەکات:

”زۆرێک لەوانی تر لە من باشترن، بە توانا و کاریگەرترن وەک لە من. ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ڕۆح-بەرز هەڵدەبەزنە سەر ئاستی ئاسۆ،. ئامادەن بۆ شۆڕش، تاوەکو بتوانم بە ئاسانی پشەکشە بکەم: کەسێکی دیکە هەیە کە لە باتی من چالاکی بکات،. بگرە لە من باشتر.”
_ فرێدریک گرۆس. گوێڕایەڵینەکردن.

بەڵام ئەو پرسیارەی کە یەکەمین بزوێنەری بوون بە نموونە بەرکەوتنی لەگەڵی دەبێت بریتییە لەمە: چ کاتێک گونجاوە بۆ گوێڕایەڵینەکردن؟ خۆی ئاسانە بۆ گوێڕایەڵینەکرد کاتێک بزووتنەوەیەکی گوێڕایەڵنەبووی شارستانی هاتۆتە کایەوە و ڕێڕەوی خۆی وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەرهەڵستکارانەی لە دەستپێکدا بوونیان هەبوو توشی ئاستەنگی سەخت دەبن. ئایە گوێڕایەڵنەبوون شایەنی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی مەترسی ببیتەوە؟ ئایە کرداری گوێڕایەڵنەبوون گەیشتۆتە ئەو ئەندازە نامۆڕاڵیەی کە ڕازیبوونت پێی بریتی بێت لە تێوەگلان لە کاولکردنی کۆمەلگا و ئازاردانی ژیانی بێتاوانەکان؟ هەر کەسێک دەبێت بۆ خۆی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، وەلێ زۆرجار وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ناخمانەوە هەڵدەقوڵێن، وەک فەرمانێک لە ویژدانەوە:
” ڕیشەی وشەی ”ویژدان” پێمان دەڵێت کە وشەکە بریتییە لە فۆڕمێکی ”زانین”… خەسڵەتی ”ویژدان” بریتییە لە زانینی ئەو، یان دڵنیابوون لەو، بەهای سۆزی ئەو ئایدیانەی هەمانن سەبارەت بە هۆکاری ئەو کردارانەی کە دەیکەین.”
_کاڕڵ یونگ، کۆمەڵگا لە گۆڕاندا.

ویژدان دۆخێکی هەستییە، فۆڕمێکی زانینی غەریزیانەیە بۆ پەیبردن بە دروستی و نادروستی کردارێک. یەکێک لە بەناوبانگترین نموونەکان کە تێیدا کەسێک پشت ببەستێت بە ویژدانی تاوەکو کرداری گوێڕایەڵنەبوون بەجێبگەهێنێت، سۆکراتە. سۆکرات لەلایەن ٣٠ ستەمکارەوە فەرمانی پێکرا کە پیاوێکی بێتاوان دەستگیر بکەن و پەلکێشی مەرگی بکەن. وەلێ سۆکرات بە کوێرانە بە گوێی ئەو ستەمکارانەی نەکرد، لە کاتێکدا کە ئەوان دەسەڵاتی ژین و مەرگی ئەویان لە ژێر دەستتدا بوو. لە باتی سەر بۆ ئەوان بلەقێنێت، سۆکرات گوێی لە ویژدانی گرت:
”سۆکرات گوتی ‘ئەو سی دەسەڵاتدارە پێیان ڕاگەیاندم و فەرمانیان پێکردم کە لیۆنی سەلەمانیا دەستگیر بکەم و ڕاپێچی مەرگی بکەم …. کەچی من دووپاتمکردەوە لە ڕێگەی کردارەوە نەک تەنها وشە کە مەرگم لەلا گرنگ نییە … بەڵکو تا سەر ئێسقان ئەوەم لەلا گرنگە کە هیچ شتێکی نادادپەروەرانە و ناپیرۆز بە ئەنجام نەگەیەنم… ئەو حوکمەتە بەو هەموو هێزەیەوە من ناترسێنێت تا وەکو شتێکی نادادپەرەوەرانە بکەم… بەسادەیی ڕێی ماڵەوەم گرت.”
_ئەفڵاتوون، پۆزش.

دەسپێکی هەر ڕۆژ-بە-ڕۆژێکی ژیانمان، ویژدانمان وا ئارەزوو دەکات کە بەهێمنی بدوێت و زۆربەی جارەکانیش ئەو پەیامانەی دەینێرێت ناڕونن. بەڵام ئەمە بە سوودی ئەو کەسەدا دەشکێتەوە کە دەیەوێت بڕیار بدات لەوەی ئایە گوێڕایەڵنەبوون بووەتە هەڵبژاردە درووستەکە. هەروەکو ئەوەی یونگ ئاماژەی پێدەدات، لە کاتێکدا زۆرێک لە دیلێما مۆڕاڵییەکانی ژیان تەنها چرپەیەک لە ویژدانەوە بەدەست دەهێنن، لێ هەندێک کاتیش هەن کە ویژدان بەڕوونی و بە بڵندی دێتە گۆ، تەنانەت وا دەردەکەوێت کە دەنگی خودا بێت یان هەروەکو یونگ لە ‘شارستانیەت لە گۆڕاندا’ نووسیویەتی:
”لە سەردەمانێکی لەمێژینە خەڵکی ویژدان بە پڕۆسەیەکی دەروونی تێنەگەیشتبوون، بەڵکو ئەوان بە دەستتێوەردانێکی خودایانە دەیانبینی؛ هەر بەڕاستی پەیڤەکانی ویژدانیان… بە دەنگی خودا دادەنا. ئەم بۆچوونەش ئەوەمان پێشان دەدات کە بەها و مانا لە ڕابردوو و ئێستاشدا وابەستەی ویژدانن… ویژدان… فەرمان بە مرۆڤ دەکات کە گوێڕایەڵی ئەو دەنگی ناخی بێت تەنانەت ئەگەر زیانیشی پێبگەیەنێت.”
_کاڕڵ یونگ، شارستانیەت لە گۆڕاندا.

گەر ویژدان فەرمانمان پێبکات لە گوێڕایەڵیکردنی یاسا نادادپەروەرەکان بوەستین و گەر هەر کاتێک گوێڕایەڵبووین کەچی توشی هەستکردن بە قێز و تاوان هاتین، ئەوا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی قورس دەبینەوە: یان گوێڕایەڵی ویژدانمان دەبین و یاخی دەبین، یان گوێڕایەڵی ستەمکاران دەبین و ناپاکی بەرامبەر بە خۆمان دەکەین. ئەو ژن و پیاوانەی کە ناخیان بڵند دێتە گۆ دژ بە پەیدابوونی ستەم، ئەگەری زۆرە وەکو یاخی و بەرهەڵستکار هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن و ئەمە ئەو کاتەیە کە لەرەی هاوبەشی ویژدان پەرش و بڵاو دەبێتەوە بەناو کۆمەڵگادا و ئەگەری هاتنە کایەی گوێڕایەڵنەبوونی سڤیلانە بەرز دەبێتەوە. سەرەتا بانگی ویژدان لەلایەن ژمارەیەکی کەمەوە وەڵام دەدرێتەوە، وەلی ئەم کەمینەیە دەبنە نموونە بۆ ئەوانی دیکە. ئەگەری ئەوەی ژمارەیەکی پێویست لە خەڵکی دوای ئەمانە بکەون و بەردی بناغەی بزووتنەوەیەکی گوێڕایەڵنەبوونی شارستانیانە دابنێن دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند خەڵکی تامەزرۆی ئازادین بەراورد بەوەی تا چەند سایکۆلۆژیانە لە ڕێگەی ترس، ڕق و شڵەژانەوە کە چنراوی دەستی ستەمکارانن دەستەمۆکراون. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر لەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، ستەم بێت و لە دەرگا بدات، ئینجا ویژدانمان فەرمان دەربکات لەوەی بوەستین لەوەی سەر بلەقێنین بۆ تاوانی گوێڕایەڵبوون ئەوا پێویستە ئەم وتەیەی ‘هێنری دەیڤد تۆرۆ’ لەبەر چاو بگرین:
”گوێڕایەڵنەبوون بناغە درووستەکەی ئازادییە. گوێڕایەڵەکان کۆیلەن.”
_هێنری دەیڤد تۆرۆ، گوێڕایەڵنەبوونی شارستانیانە.

وەرگیڕانی: سیڤەر محەمەد، کامۆ ئاراز

https://academyofideas.com/2020/12/how-civil-disobedience-safeguards-freedom-and-prevents-tyranny

سەرچاوە:




کازمیش باجەکەی دەدات.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

سیاسەتی ئەمڕۆی دراوی وڵاتان کارکردنە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دراوی نیشتمانی لەبەرامبەر نرخی دراوە بیانیەکان، ئەگەر لەحاڵێکدا سیاسەتی داشکاندنی نرخی دراوی نیشتمانیش لای هەندێ لە وڵاتان پەیڕەوبکرێت ئامانجی پشتەوەی سیاسەتێکی ئابوریە، بەڵام لەعێڕاقی نوێ سیاسەتی دراوی تەواو پێچەوانەیە، حکومەت لەبودجەی (٢٠٢١) دا سیاسەتی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاری لەبەرامبەر دینار داڕشتوە، بەڵام ئەم سیاسەتە گرفتەکەی ئەوەیە کەهەڵگری ئاقارێکی دارایی ڕووتە، بەجۆرێک ئامانج لەداڕشتنی تەنیا پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییە و دورە لەهەموو ئاقارێکی ئابوری چونکە:

١- وڵاتان کاتێک ڕووبەڕوی کورتهێنانی دارایی دەبنەوە لەبودجەدا هەندێ جار پەنا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دراوی بیانی دەبەن بەئامانجێکی ئابوری، چونکە کاتێک نرخی دۆلار لەبەرامبەر دراوی نیشتمانی بەرزدەبێتەوە ئەوکات نرخی هاوردەکان بەرزدەبێتەوە، حکومەت بەپلانێکی عەقڵانی ئابوری کاردەکات لەڕێگەی هاندان بۆ بەرزکردنەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆ بەدیل بۆ هاوردەکردنی کاڵای بیانی دروست بکات و وڵات لەوڵاتێکی بەکاربەرەوە بکات بەوڵاتێکی بەرهەمهێن، ئەم سیاسەتەش ئەمڕۆ لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێران پەیڕەو دەکرێت بەئامانجی بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکانیان و وەک دەرچەیەکیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە نەرێکانی سیاسەتی ئابڵوقەدانی ئەمریکی و ئەوروپی لەسەریان.

٢- لەوانەیە هەندێ جار داڕشتنی ئەم سیاسەتە عەقڵی گەمارۆدانی کڕین و حەواڵەکردنی دۆلاری لەلایەن ژمارەیەک لەوڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمی لەپشت بێت، چونکە هەمیشە ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕوی گەمارۆی ئابوری ئەمریکا دەبنەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییان و ڕێگری کردن لەزیاتر بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دراوی نیشتمانیان لەوڵاتەکانیان پەنا بۆ کڕینی دۆلار لەو وڵاتانە دەبەن کەنرخی دۆلاری تیادا هەرزانە، بەنمونە ئێران بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەپێداویستیەکانی لەدۆلار ساڵانێکە پەنا بۆ کڕین و حەواڵەکردنی دۆلار دەبات لەبازاڕەکانی عێڕاق بەوپێیەی نرخی دۆلار لەبازارەکانی عێڕاق هەرزان بووە.

مادامەکی سیاسەتی بەرزکردنەوەی دۆلار هیچ پلانێکی ئابوری عەقڵانی نیە و سیاسەتێکی دارایی ڕوتی ڕۆژە، بۆیە ئەم سیاسەتە جێکەوتە سلبیەکانی زیاتر دەبن لە ئاقارە ئەرێکانی لەسە کۆمەڵگەی عێڕاقی، لەجێگەی ئەوەی هۆکار بێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ هۆکارێک دەبێ بۆ بەرزکردنەوەی کاڵا هاوردەکراوە بیانیەکان لەسەر هاوڵاتیان، بەڵام بیرمان نەچێت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو نرخی کاڵاکان بێ جێکەوتەی سیاسی نیە و لەکۆتایدا شەقامێکی توڕەتری عێڕاقی دروست دەکات و سەرئەنجام کازمی و لیستەکەی وەک داڕێژەری ئەم سیاسەتە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەقورسی باجەکەی دەدەن و لەبەرامبەریشدا سەدریەکان بەرهەمی ئەم توڕەییە دەچننەوە.




(پیاوێك لە شەختە) ی سۆران محەمەد چاپکرا

لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا پەڕتووکە شیعری (پیاوێك لە شەختە) ی شاعیر سۆران محەمەد بڵاوبووەوە، بە قەوارەی مامناوەندیی و لە دووتوێی ٢٠٦ لاپەڕەدا کۆمەڵە شیعرێکی نوێ و فرە ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، ئەم کۆمەڵە شیعرە لە دوو بەشی کوردی و ئینگلیزی پێکهاتووە، رەخنەگرو شاعیر ئەمریکی بەناوبانگ (دانیاڵ بریك) لە پێشەکی بەشە ئینگلیزیەکەدا نووسیویەتی:
” کاریگەربووم بەم قەسیدانە، لێیانەوە فێربووم، خوێندنەوەو دیراسەکردنیان گەشەیان پێ بەخشیم، ئەم قەسیدانە دەبێت بخوێنرێنەوە، چونکە ژیانمان بەرەو پێش دەبەن”.




له‌ كوێم.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

وڵاته‌كه‌م.. ئافره‌تێكه‌،
مه‌مكه‌كانی.. دوو ده‌ریاچه‌ی پڕ زووخاوه‌
((منیش هێشتا، شیره‌ خۆره‌م))

  • دایه‌! له‌ كوێیت؟
    دڵداره‌كه‌م.. سنوورێكه‌،
    بست به‌ بستی به‌ ته‌لبه‌ندی په‌شیمانی داچێنراوه‌
    ((منیش تازه‌ هه‌رزه‌یه‌كی ئه‌و ڕێ كوێره‌م كه‌ نامه‌ی دڵداریی تری تیا سووتێنرا
    پێغه‌مبه‌ری تیا فرۆشرا))
  • خوایه‌! له‌ كوێیت؟
    دایه‌! پێیان وتم: ئه‌مریت!
    وتم: له‌ كوێیت؟
    كاتێ.. مردم؛ پێیان وتم:
    له‌ نێوانی ڕێگای دۆزه‌خ و به‌هه‌شتا
    كامیان ئه‌گریت؟
    وتم: هیچیان..
    چونكه‌ له‌ناو زامه‌كانی نه‌خشه‌ی له‌شتا
    به‌غدا و تاران..
    ئه‌سته‌مووڵ و شامیش گه‌ڕام،
    هه‌ر نه‌مزانی ئاخۆ له‌ كوێیت؟

خوایه‌! پێیان وتم: ئه‌ژیت!
وتم: له‌ كوێیت؟
كاتێ فه‌رمان درا بژیم.. پێیان وتم:
له‌ نێوانی باخی خه‌م و بیابانی پێكه‌نینا؛
چ لایه‌كیان هه‌ڵئه‌بژێریت؟
وتم: هیچیان..
چونكه‌ له‌ناو تابلۆكانی خه‌وبینینا
بۆ تۆ گه‌ڕام
ڕێی مه‌رگ و ژینم لێ ون بوو،
ده‌ پێم بڵێ.. ئاخۆ له‌ كوێیت؟
له‌ شوێنێكم..
جێی هه‌ناسه‌م نابێته‌وه‌.
له‌ شوێنێكم..
په‌نجه‌ره‌ بۆ پاساری دڵ ناكرێته‌وه‌.
له‌ شوێنێكم.. بێ ناونیشان
نازانم ژیانه‌.. یاخود ڕێگای نه‌مان؟


ته‌نیا خۆمم،
نازانم.. كام ڕێگا ئه‌مبا؟
كام ڕه‌شه‌بای ئاگراوی هه‌ڵمئه‌گرێ؟
كام شمشێری ژه‌نگ هه‌ڵگرتوو هه‌ڵمئه‌دڕێ؟
ڕاسته‌.. مۆمم،
به‌ڵام.. كام ژیله‌مۆی فرمێسك هه‌ڵمئه‌كا.


ده‌نگم.. له‌گه‌ڵ شڵپه‌ی خوێنی
چوارده‌ ساڵه‌ی چرۆی ئاواته‌كانمانا..
له‌ كاروانی خه‌می گوڵی
نه‌ورۆزا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌.
ڕه‌نگم.. له‌گه‌ڵ ڕوخساری ڕێی
دوانه‌هاتووی ماندووانا..
له‌ كه‌روێشكه‌ی كه‌ژاوه‌ی مه‌رگی نیگارا،
ده‌رگای به‌ستی ته‌وژمی خۆر ئه‌كاته‌وه‌.
ژانم.. له‌ توێی بزه‌ی لێوا،
سوێی داهاتووم ئه‌خواته‌وه‌.


ئه‌مجاره‌ش تووله‌ڕێی كێوی هیوا ئه‌گرم،
گیانم.. له‌ناو گۆڕی خۆیدا،
چه‌كی مردووم ئه‌شواته‌وه‌؛
هه‌وراز ئه‌بڕم.

1975




دۆزینه‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا له‌ دیدی موسڵمانه‌كانه‌وه‌.. ئارام حەمەساڵح

هه‌روه‌كوو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان موسلمانه‌كان هه‌رده‌م عه‌وداڵی گه‌ردیله‌یه‌ك له‌ زانست و داهێنان و پێشكه‌وتنن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو له‌زگه‌ بینوسێنن به‌ دینی ئیسلام و قورئان و شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌،له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و داهێنان و زانستانه‌ له‌ ولاتانی ئیسلامیدا بێت یان له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا بێت لایان گرنگ نییه‌ ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌په‌له‌ ئایه‌تێكی قورئانی بۆ بدۆزنه‌وه‌ ووه‌كوو سه‌رچاوه‌ی زانسته‌كه‌ یان داهێنانكه‌ له‌به‌رچاوی عه‌وام وێنای بكه‌ن و بیكه‌ن به‌ بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌رزمانیان لێره‌وه‌ هه‌وڵو تێكۆشانی سه‌دان پرۆفیسۆر و زانا و پزیشك كه‌ره‌تی سفر بكه‌ن و هه‌مووچاكه‌و لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی زانسته‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئیسلام !
هه‌ڵبه‌ته‌ گێڕانه‌وه‌ی زانست و ته‌كنه‌لۆژی بۆ تێكسته‌ ئاینییه‌كان كارێكی نوێ نییه و جوله‌كه‌ له‌ مێژه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌و موسڵمانه‌كانیش ده‌قاو ده‌ق كۆپیان له‌به‌ر گرتۆته‌وه‌ ، واڵته‌ر ئیسحاقسۆن كه‌ نووسه‌رێكی ئه‌مریكی جوله‌كه‌یه‌ هه‌وڵێكی زۆریدا كه‌ وا له‌ خه‌ڵك بگه‌ێنێ كه‌ ئاینشتاین باوه‌ڕی به‌ خوداو دینی جوله‌كه‌ هه‌بووه‌ ، خۆشبه‌ختانه‌ كاتێك كه‌ دوا نامه‌ی ده‌ستخه‌تی ئاینشتاین دۆزرایه‌وه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچوو له‌و نامه‌یه‌دا ئاینشتاین هه‌موو كتێبه‌ دینیه‌كان به‌ چیرۆكی مندالانه‌ ده‌چوێنێ !

كۆمپانای فایزه‌ر PFizer
كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكیه‌و ٤٨ ساله‌ دامه‌زراوه‌و نزیكه‌ی ١٥٠ سه‌نته‌ری هه‌یه‌و له‌ شه‌ش ولاتدا لقیان هه‌یه‌ ، ته‌نها له‌ ئه‌مریكادا ٣٩ سه‌نته‌ریان هه‌یه‌ وسه‌نته‌ری سه‌ره‌كیان له‌ شاری نیۆركه‌ ، نزیكه‌ی ٨٨٠٠٠ فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه‌، قازانجی سالانه‌یان ده‌گاته‌ ٥٤ بلیارد دۆلار .

كۆمپانیای بایۆنتێك BioNtech
كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانیه‌و ١٢ سال له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن دوكتۆر ئۆگه‌ر ساهێن و دوكتۆر ئوزلێم تورێجی هاوسه‌ریه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دوكتۆر كریستۆف هوبه‌ره‌وه‌ دامه‌زاروه‌ ، له‌ ئێستادا نزیكه‌ی ١٣٠٠ كارمه‌ندیان هه‌یه‌، دوكتۆر ساهێن به‌ره‌گه‌ز توركه‌و له‌ته‌مه‌نی ٤ ساڵیه‌وه‌ له‌گه‌ل خێزانه‌كه‌یدا چۆته‌ ئه‌ڵمانیا ، دوكتۆر تورچیش له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه‌ .

كۆمپاناو مۆدێرنا Moderna
كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكیه‌و ده‌سال له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه‌ له‌ ئێستادا ٨٣٠ كارمه‌ندیان هه‌یه‌ و بنكه‌ی سه‌ره‌كیان له‌ هه‌رێمی ماساچوسته‌ له‌ ئه‌مریكا، له‌م كۆپمانیایه‌دا یه‌ك كه‌سی به‌ ره‌گه‌ز لوبنانی و یه‌ك كه‌سیشی به‌ره‌گه‌ز ئه‌رمه‌نی تێدایه‌ .
پوخته‌ی باسه‌كه‌
هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكانی فایزه‌رو بایۆن تێك و مۆدێرنا ده‌یان هه‌زار كه‌س كاریان تێدا ده‌كه‌ن له‌ناو ئه‌مانه‌دا زیاتر له‌هه‌زار دوكتۆر له هه‌موو بواره‌ جیاوازه‌كانی زانستی پزیشیكی بایۆلۆژی و مایكرۆبایۆلۆژی وكیمیای ئۆرگانی و….هتد سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ن زۆربه‌شیان هه‌ڵگری شه‌هاده‌ی دوكتۆراو به‌رزتریشن له‌و بوارانه‌دا، پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌وتۆیان تێدایه‌ خاوه‌نی نیو سه‌ده‌ ئه‌زموونه‌ ‌ له‌و بابه‌تانه‌دا ،به‌ هه‌ول و هیمه‌تی ئه‌و هه‌موو پرۆفیسۆرو زانستوانانه‌ له‌پاش ماندووبوونێكی زۆر كه‌ نزیكه‌ی ١٠ مانگی خایاند توانیان پێكوته‌ی كۆرۆنا به‌رهه‌م بهێنن ، مه‌خابن موسڵمانه‌كان هه‌ول و ته‌قه‌لای ئه‌و هه‌موو زاناو دۆكتۆره‌ به‌ڕێزانه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوو چاویان ته‌نها دوكتۆر ساهێن ودوكتۆر تورچی و بینی ، به‌په‌له‌ ماكینه‌ی پروپاگه‌نده‌ی ئیسلامیان خسته‌ گه‌ڕو به‌هه‌موو دونیادا بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ دۆزه ره‌‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا موسڵمانه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هێشتاش نازانن ئایا ئه‌و دوو كه‌سه‌ ته‌نها به‌پێی ناسنامه‌ و شوێنی جیۆگرافییان موسڵمانن یان نا ! نازانرێ‌ كه‌ ئایا ئیسلامه‌تی ده‌كه‌ن و دیندارن یان نا ! ‌دوكتۆر ساهێن به‌ ٤ ساڵی چۆته‌ ئه‌ڵمانیاو دوكتۆر تورجیش له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه‌ ، له‌موسڵمانان ده‌پرسم ئایا ده‌بێ ئیسلام چ ڕۆڵێكی له‌مه‌دا هه‌بێت ؟ ئایا ئه‌گه‌ر له‌ توركیا ژیان و گوزه‌رانیان به‌سه‌ر بردبا هه‌ر هه‌مان زانستوان ده‌بوون ، یان له‌وپه‌ڕی و هه‌ژاری و بێده‌رامه‌تیا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد هه‌روه‌كوو داك و بابیان !گریمان له‌سه‌دا سه‌د موسڵمانن ، هێشتاش كاره‌كه‌یان له‌ دووروو نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دینه‌كه‌یانه‌وه‌‌ نییه و ئیسلام نه‌بۆته‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی پێكوته‌كه‌ و هیچ كه‌ڵكیان له‌ ئیسلام وه‌رنه‌گرتووه‌ . ‌
لێره‌دا سوپاس و ستایش و پێزانین ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سیسته‌می سێكولاری ئه‌ڵمانی و ئه‌مریكی و سیسه‌تمی خوێندنی ئاكادیمی به‌رزو زانكۆكانی ئه‌ڵمانی و ئه‌مریكی كه‌ زانست و په‌روه‌رده‌یان كردووه‌ به‌ پێوه‌ر بۆ مرۆڤ و هه‌لی خوێندن و پێشكه‌وتنیان بۆ هه‌موان ڕه‌خساندووه‌ به‌بێ جیاوازی دین و ڕه‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگی پێست نه‌ك بۆ ئیسلام !

سه‌رنج : زانیاریه‌كانم له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی هه‌رسێ كۆمپانیای ناوبراوه‌و وه‌رگرتووه‌ .

ئارام حەمەساڵح