مەسعود بارزانییەکان و نهێنیی پرسی مووچە.. رێبوار ڕەشید

لەو وڵاتانەدا کە سیستەمی دیموکراسیی بۆ بەڕێوەبردنی ناوخۆ پیادە دەکرێت ئەوا خەزێنەی نەتەوەیی، پرسی داهات، پرسی بەرهەمهێنان و فرۆشتن و پرسی خۆشگوزارەانیی ئابووریی و پرسی مووچە لە هەرە خاڵە سەرەکیەکانن. هەموو جۆرە مافێکی دیکە لەم خاڵانەوە پێ هەڵ دەگرن.
ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە دڵسۆزانی باشوور لە 30 ساڵی ڕابردوودا ئاماژەیان بەو هەموو جۆرە قەیرانە داوە کە دەسەڵاتدارانی باشوور خەڵکی باشووریان دووچار کردووە. لێرەدا من دەمەوێت تەنیا پرسی مووچە بخەمە بەر باس.
مایک مۆنتێریۆ (MIKE MONTEIRO) لە ڕاپۆرتاژێکی زانستییدا باس لەوە دەکات کە چۆن گۆڤاری واڵ ستریت لە ڕۆژی 24 مانگی حەوتی ئەم ساڵدا (2020) هاتووە و بیست (20) مووچەی لە بەرزترین موووچەی سەرۆکەکانی دونیای پێشکەوتووی بڵاو کردووەتەوە. ئەو بیست 20 وڵاتە ئەو وڵاتانەن کە لە بە پێی زانستی سیاسیی و کریتیریای دیموکراسیی، دیموکراسیین، واتا بە پێی سیستەم و یاسا و ڕێسای دیموکراسیی بەڕێوە دەچن. یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراسیی ئەوەیە کە لە خەزێنەی نەتەوەییەوە هەتا بچووکترین سەودا هاتنوچوونی پارە بە حیساب و دەفتەرە، و تۆمار کراوە. ئەم دەوڵەتانە هەروەها گەورەترین لە پیشەسازییەکانی جیهانن، دەوڵەمەندترین و بە بەرهەمترینشن.
زۆر گرینگە خوێنەر پێشوەخت تێبینیی بکات کە لە ڕاستییدا گۆڤاری واڵ ستریت گۆڤارێکە سەرنووسەرەکانی رووانگەی کۆنسێرڤاتیزمیان هەیە و ناوەڕۆکەکەیشی بەتایبەتیی باسە سیاسییەکان لیبراڵیین، واتە بە هیج شێوەیەک گۆڤارێک نییە بۆ توێژینەوە و ڕۆشنکردنەوەی خەباتی چینایەتیی و هاوژیانیی بەرابەرییانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر رەخنەگرانە لەو گۆڕانکارییە نوێیە دەڕووانێت کە لە دەوڵەتانی دیموکراسییدا ڕوو دەدات و کە لە بەری چەپەوە هەتا سۆسیاللیبراڵەکان دەیانەوێت بەری پێ بگرن تا نەبێت بە دیاردە. ئەو گۆڕانکارییە پرسی ڕێژەی مووچەیە. روونتر بدوێین، زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئەوەدان کە مووچەی بەرپرسانی سیاسیی لە ئاستی هەرە سەرەوەدا بە ڕێژەیەکی دیار و بە حیساب لەگەڵ مووچەی تێکڕای گشتیی وڵاتدا بێتەوە.
لە وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووە پیشەسازییە بەرهەمهێنەرەکاندا ڕێژەی مووچەی سەرۆککۆماریی و سەرۆکوەزیرانی لە سێ و نیو کەڕەتەوە/ بەرابەرەوە هەڵکشاوە بۆ چوار جار و هەندیک جار بۆ پێنج جار لە مووچەی تێکڕای گشتیی. واتە ئەگەر مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی یەک دۆلار بێت ئەوان چوار/ چوارونیو یان پێنج دۆلار وەردەگرن.
زۆرینەی خەڵکانی ئەم وڵاتانە ئەمە بە کێشەیەک دادەنێن و زۆرینەی پارتەکانی ناو بازنەی چەپ و ژینگەدۆستەکان ئەمە بە گۆڕانکارییەکی ترسناک دەبینن.ئەوە بە دروست دەزانرێت کە لەو پەڕیدا چوار بەرابەر/ جار زیاتر بێت.
مایک مۆنتێرۆ دەڵێت زانیارییەکان بۆ ئەو توێژینەوەیە بە شێوەی جیاواز دەستکەوتوون، وەکوو پەیجە ڕەسمییەکانی دەوڵەتەکان و فۆندی نێونەتەوەیی دراو (International Monetary Fund) و کتێبی فاکتی جیهانیی سی ئای ئەی (CIA World Factbook).
من لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لەو مەترسییە گەورەیە تێ بگات کە مەسعود بارزانی و دارودەستەکەی بۆ باشووری ساز کردووە.
سەرۆکی ئیرلەند لیۆ ڤارەدکار 234.447 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 19.537 هەزار دۆلار . ئەمە دەکاتە چوار و نیو جار لە مووچەی تێکڕایی گشتیی لە ئیرلەند کە نێزیکەی 4000 دۆلارە.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئیرلەند زیاتر لە 78 هەزار دۆلارە (بەرزترین لە ئوروپا!).

کاترین جاکۆسدۆتەر سەرۆکوەزیرانی ئایسلەند ساڵانە 242.692 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 20 هەزار دۆلارێک. ئەم مووچەیە لە سەر هەر هاووڵاتیەکی ئایسلەند 73 سێنت، واتە سێچارەکە دۆلارێک، دەکەوێت. مووچەی تێکڕایی گشتیی لە ئایسلەند نێزیکەی 3.200 دۆلارە.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئایسلاند نزیاتر لە 49 هەزار دۆلارە
ستێفان لۆڤێن سەرۆکوەزیرانی سوێد ساڵانە 244.615 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 20.300 هەزار دۆلار. مووچەی تێکڕایی گشتیی لە سوید نێزیکەی 3,900 دۆلارە. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە سوێد نێزیکەی 56 هەزار دۆلارە.
لارس لۆکە راسموسن سەرۆکوەزیرانی دانمارک ساڵانە 249.774 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نیزیکەی 21 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە دانمارک 46.239 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 7,500 دۆلارێکە. لارس شەش بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
چارلس میشێل سەرۆکوەزیرانی بەلژیک ساڵانە 264.964 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نێزیکەی 21 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە بەلژیک 42.497 هەزار دۆلارە. مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 5 هەزار دۆلارێکە. واتە چارلس چوار بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
مووچەی مانگانەی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، ئێدوارد فیلیپ، نزیکەی 18 هەزار دۆلار و ساڵانە ($220,505.00) کەمتر لە 221 هەزار دۆلار. سەرۆککۆمار، ئیمانۆئێل ماکرۆن، نزیکەی هەر 18 هەزار دۆلار وەردەگرێت ئەگەرچی بەرپرسیاریەتییەکەی زیاتر لە سەرۆکوەزیرانە.
تێبینی بکەن کە ڕێژەی ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە فەڕەنسا لە 40 هەزار دۆلار زیاتر و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە نێزیکەی 2800 هەزار دۆلارە.
جەستن ترودو سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ساڵانە 267.041 دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 22 هەزار دۆلار.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لەکەنەدا 44.134 و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 4.500 دۆلارێکە. جەستن نیزیکەی پێنج بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
خاڤیار بێتێل سەرۆکوەزیرانی لوکسمبەرگ ساڵانە 278 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 23 هەزار دۆلار کە نزیکەی 48 سێنت لە سەر هەر تاکێکی هاووڵاتیی دەکەوێت.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە لوکسەمبەرگ نزیکەی 94 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە هەزار 6 دۆلارێکە. خاڤیار نێزیکەی 4 بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
سەبەستیان کروز، سەرۆکی ئوتریش ساڵانە 328.584 دۆلار وەردەگرێت کە دەکاتە 27 هەزار دۆلارێک. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئوتریش نزیکەی ٤٦ هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 4.500 دۆلارێکە. سەبەستیان شەش کەڕەت لە هاووڵاتیی زیاتر وەردەگرێت.
ئەنجێلا مێرکل ساڵانە 369.727 هەزار دۆلار مووچە وەردەگرێت کە مانگانە 30 هەزار دۆلار دەکات. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئەڵمان 46.719 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە لە ئەڵمان نزیکەی 4500 دۆلارە. ئەنجێلا نێزیکەی پێنج جار زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
سکۆت مۆریسۆن سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ساڵانە 378.415 دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 31 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئوسترالیا 46.554 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 7.400 دۆلارێکە. سکۆت نزیکەی چوار بار زیاتر لە مووجەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
ئوەلی ماورەر سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سویسرا ساڵانە 482.958 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 40 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە سویس نزیکەی 56.473 هەزار دۆلارە. ئەڵبەت لە کۆنفیدەراسیۆنی سویسرا مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی نزیکەی 62 هەزار دۆلارە لە بەراووردا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئوروپا کە 43 هەزار دۆلارە.
دۆلاند ترامپ ساڵانە 400 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە مانگی 33 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئەمریکا 54.440 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە لە ئەمەریکا نزیکەی 4.800 دۆلارە. دۆڵاندیش هەر شەش جار زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
ANNONS

ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسییدا کە مافی مرۆڤ تا رادەیەکی باڵا بەرقەرارە سسیتەمێک بۆ مووچە هەیە کە بەگشتیی نەزمێکی لیبرالیی چەسپاندوویەتیی، ئەویش بە بەردەوامیی لە ژێر ڕەخنەدایە چون بە نادادوەریی و نایەکسانیی و نابەرابەریی دادەنرێت و داوا دەکرێت باشتر بکرێت، واتە کەمتر بکرێتەوە.
ئەم سیستەمی مووچەیە لە سەرەوە دیار ناکرێت بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەچنرێت. باسەکە دووبارە دەکەمەوە کە مووچەی سەرۆککۆمارێک/ سەرۆکوەزیرانێک عادەتەن چوار/ چوارونیو کەڕەت مووچەی تێکڕای گشتییە، واتە ئەگەر مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی سەد دۆلار بێت ئەوا مووچەی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت، چوارسەد/ چوارسەد و پەنجا دۆلارێک دێتەوە. لە دۆخی نائاساییدا شەش بەرابەر، واتە 600 دۆلار.
بەو هەموو مووچە ساختەیەوە کە لە باشوور هەیە مەحاڵە بزانرێت مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتییەکی کارمەند چەندە، بەڵام مرۆڤ بە گشتیی دەتوانێت بڵێت کە دەسەڵاتدارانی باشوور خۆوەکیلیی، دوور لە هەر نەزم و حیسابێکی هاوچەرخ، مووچە بە خۆیان دەبەخشنەوە و هاوکات “بڕێک” بە سەر خەڵکی ئاساییدا دەسەپێنن.
لە باشوور دەتوانین مووچەی تێکڕای گشتیی مانگانە بە 800 دۆلار بقەبڵێنین، واتە مووچەی کارمەند/ فەرمانبەرێک کە خزمەتێکی چەندین ساڵە و کارزانییەکی تۆمار کراوی هەبێت. ئایا مووچەی مەسعود بارزانی و کوڕان و برزاکان و خوشکەزاکان و وەزیرەکانی و پارلەمێنتارەکانی لە سەر بناخەی مووچەی تێکرایی گشتیی مانگانەی باشوور دیاری کراون؟
ئایا سەروەت و سامانی بگویز و نەگوێزیان بە پاشەکەوتی ئەو مووچەیەیە؟
بێگومان نا.
نەک پارەی مووچەی یەک ساڵی خەڵک، بەڵکو مووچەی سەد ساڵیان بە زیادەوە لە باخەڵی مەسعود بارزانی و خانەوادەکەیی و باقی دەسەڵاتداراندایە کە لە بازنەیەکی بێ نەزم و بێ حیساب و لە پێوەندیەکی عەشیرەتیی کۆیلایەتییدا سەپێندراوە.
ئەوانەی دەیانەوێت باسی باشووریک بکەن کە لە سەر نەزم و حیسابێک بگەڕێت، دەبێت پێش هەر شتێک لە مووچە و سامانی مەسعود بارزانی و بازنەکەیەوە دەست پێ بکەن، دەنا مەحاڵە بتوانرێت لە سەر نەزمێک قسە بکردرێت.
دەبێت خوێنەر بە سەرنج بێت کە مووچەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو دەوڵەتانە کە چوار و پێنج بەرابەر وەردەگرن وڵاتگەلێکن کە تەواو پیشەسازیین، پێشکەوتوون، خزمەزتگوزاریین و هەر کەسێک لە بەرپرسانی سیاسیی لە نێوان 10 تا 14 سەعات کار بۆ وڵاتەکەیان دەکەن و کە بەڕاستیش بەرپرسیارن. واتە لە حاڵەتی بچووکترین هەڵەدا دەردەکرێن و وەزیفەکەیان لێ دەسەندرێتەوە و لە زۆر حاڵەتدا هەرگیزاوهەرگیز بە لای سیاسەتدا ناچنەوە. هەروەها تێبینی بکەن کە ئەمانە کاتێک مووچەیەکی وا وەردەگرن کە ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک، واتە مەسرەفی بەرهەمیی بەرجەستە و خزمەتگوزاریی بۆ هەر تاکە کەسێک لە نێوان 45 هەزار دۆلار بۆ 60 هەزار دۆلار دایە.
لە باشووری ئێمەدا مەحاڵە بۆ خەڵکی ئاسایی دەر لە بازنەی دەسەڵاتداریی بگات بە یەک هەزار دۆلار. واتە سەرۆکانی ئەوان کاتێک چوار و پێنج بەرابەر وەردەگرن کە هیزی کڕین و مەسرەفی خەڵکی گشتیی 45 تا 60 کەڕەت زیاتر لە هی خەڵکی باشوورن.
چۆن خەڵکی ئازادیخوازی غەدرلێکراوی باشوور لەو فەوزا بێسەروبنە تاڵانگەرییەدا کە مەسعود بارزانی بە ناوی “حکومەتی هەرێمی کوردستان” بە سەریاندا دەیفرۆشێتەوە دەتوانێت بەرامبەر بە بەغداد ڕابووەستن، چۆن دەتوانن لە دانوستاندن و لە ڕێککەوتننامە و گرێبەستیی نێودەوڵەتییدا سەرکەوتوو بن؟
مەحاڵە!
هەر کاتێک مووچەی ڕەسمیی سەرۆکی هەرێم (کە دیارە هەرێمی کوردستان هەر نابێت سەرۆکی هەبێت، بەڵام ئەمە باسێکی دیکەیە) لەو پەڕیدا سێ یان جوار جار هێندەی مووچەی تێکڕای گشتیی بوو، واتە 3.200 بۆ ئەوپەڕی 4.000 دۆلار، و هەروەها سامانی بگوێز و نەگوێزیشی بە پێی داهاتی کاری بێت، ئەو کاتە دەبینین کە هەر ئێستا بەشی سەد ساڵ مووچەی خەلکی باشوور هەیە، بە مووچەی سۆشیالبگیریی و مووچەی بێکاریی و مووچەی ژنانی سکپڕ و منداڵدار و هتدەوە.
خۆ پێچەوانەکەیشی ئەگەرچی نازانستییە هەر دروست دەبێت، واتە ئەگەر داهاتی مانگانەی سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و هتدەکان سەدان هەزار دۆلار بێت، ئەوا دەبێت مووچەی تێکڕای گشتیی مانگانە بۆ خەڵک هەر چوار پێنج جار کەمتر بێت، واتە بیستها هەزار دۆلار بێت!
خوێنەر دەبێت زرنگ و بە سەرنج بێت کە کاتێک لە دونیای سیموکراسییدا دەڵێین “سەرۆک” و “بەرپرسیاری سیاسیی” ئەوا باسی کەسانێک دەکەین کە ڕۆژانە دڵخوازانە و هەروەها ناچارانە لە نێوان 10 بۆ 14 سەعات خزمەت بە وڵات بکەن، کە کارزان و لێهاتوو و کارامە بن، کە بە ئارەقدان و رەنجی شانیان و دڵسۆزییان گەیشتبنە ئەو پلەیە، کە هەمیشە سپاسەمەند بن بۆ ئەو متمانەیەی پێیان دراوە و لە ئاست خەڵک قەرزاربار بن و هتد، نەک دەستەیەکی بێسەوادی دز و چڵکن و بێئەدەب و پیسخۆری بێهونەری وەکوو ئەوانەی باشوورێکی گوڵستانیان کردوە بە گاڵتەجاڕی دەرودەراوسێ و دونیا.
تا ئەم چرکەیە پرسی مووچە لە باشوور هیچ پێوەندیەکی بە بەغدادەوە نییە و ئەم باسە گرینگ و بە سوودە، بەڵام جێی ئێرە نییە. ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا و یەکیەتیی ئوروپایش بخرێتە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی باشوور ئەوا هەر نایانەوێت مووچەی خەڵک بدەن چون ئەوەن کە هەن!

رێبوار ڕەشید
28/12/2020

https://eu.usatoday.com/story/money/2019/04/21/20-highest-paid-world-leaders-president-trump/39352195/

تێبینیی:

  1. بەپێی ماددەی یەکەم برگەی (1) لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2005) سەرۆکی هەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە. (7/6/2005 یاسای ژمارە 1)
    لە مافەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە کە “سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا، پێوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و دەسەڵاتەکانی فیدراڵی عیراق لە ژێر سەرپەرشتیدایە. نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیی ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق و لە راوێژکردن و دانووستاندن لەگەل حکومەتی عیراق”. هەروەها کە خۆی “جێگرەکانی هەڵ دەبژیرێت” و “بەرپرسە لە پەسەندکردنی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی تایبەت کە پێشنیار دەکرێت لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن. سەرۆک دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆ یەک جار، بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر و هەموار کردنەوە”.
  2. مووچەی تێکڕایی گشتیی بۆ بەراووردی مووچەکانی دیکە، خوارەوە و سەرەوە، بەکار دەبردرێت. وشەی “مووچە” لە پێوەندیی کارکردنی مانگانەدایە، دەنا داهاتی دیکە بۆ ئەوانەی کە بە تەواویی لە دەرەوەی کاردان، یان کە نەخۆشن و ناتوانن کار بکەن، یان بێکارن بە شێوەی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاوازدا هەن و کە لە دەوڵەتانی خاوەن سیستەمی خۆشگوزەرانییدا لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و مافی کار و مافی ژیاندا فەراهەم دەکرێن. هەروەها کەم نیین ئەوانەیش کە لە جوارچێوەی کاری تایبەتیی وەکوو سەرکاری کارگا و کۆمپانیا و بانکەکاندا زۆر لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیش وەردەگرن و دیارە ئەمانە باسی دیکەن.



نامەیەکی کراوە بۆ ئەحمەدی مەلا.. سەباح ڕەنجدەر

کاکە مەلا سڵاو: کۆی بەرهەمە شیعرییەکانتم خوێنده‌وه‌، واتە: (خۆڵەمێش و بەرد)، کۆکراوەی هەشت کتێبی شیعریتە، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئه‌ندێشه‌ هه‌فته‌ی پێشوو و چاپ و بڵاوی كرده‌وه‌، ئەگەر چیتر شیعریش نەنووسیت، مێژووی داهێنانی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، ئه‌زموونێكی ته‌واو هه‌ستی و مه‌زنی شیعر ده‌پارێزی. بێ هیچ گومان و دڵ لە دڵدانێک دەڵێم: بەشی زۆری شیعری ئێستای کوردی درێژبووەوەیە، گۆڕانکار نین، یان شیعری میللین. ئەگەر وەک شێوازیش میللی نەبن، وەک هەست میللین، له‌م جۆرانه‌مان وه‌ك به‌ردی ده‌م جۆگان زۆرن.
وا ده‌مه‌وبه‌یانه‌. به‌ره‌به‌ره‌ تاریكی ته‌نك ده‌بێ. له‌خوێندنه‌وه‌ی دیوانه‌كه‌ت ته‌واوبوویمه‌ و خۆم بۆ پێشوازی باڵنده‌ چاوه‌ڕوانه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌م. به‌جریوه‌ و جووكه‌وه‌ باڵیان به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌م لارده‌كه‌نه‌وه‌ و دێنه‌ حه‌وشه‌كه‌مه‌وه‌. ئاویان بۆ داده‌نێم و دانیان بۆ ڕۆده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر زستان بێت ئاویان بۆ گه‌رم ده‌كه‌م، هاوینیش سارد. جارجار ده‌نگیان تێكه‌ڵ به‌شمشاڵی قاله‌مه‌ڕه‌ ده‌بن. نه‌وای شمشاڵیش وه‌ك شیعری پڕ ڕووناكی نهێنی، خاڵی به‌هایه‌ و له‌گه‌ڵم دێت و ده‌چێت و مووم لێ ده‌بزوێنێ.
وا باڵنده‌كان تێرده‌بن و له‌دان ده‌كشێنه‌وه‌. باڵیان ڕاده‌وه‌شێنن، ده‌نگی شمشاڵه‌كه‌ كپ ده‌كه‌م، له‌نامه‌یه‌كدا ڕامانی سه‌ره‌كیم ده‌نووسم.
گرینگترین نەخش لە ئەزموونی تۆدا، زمانە. زمان بوونی مرۆڤی تێدا دروست بووه‌ و دروست دەبێت. نوێبەخشییش لەو وێنانەدا نییە، کە لە ئەندازەیی و بنیادی وشەدا پێکیان دەهێنی و پێکت هێناون. لە تەکنیکە زمانییەکانتدایه‌، کە بە گوڕوتین بۆ ئایندە ڕوانین بەکارت هێناون و بەکاریان دەهێنیت و كاراترده‌بن.
دیوانەکەت ڕووبەرێکی مەحاڵ نییە، پانتاییەکی هەستەوەر، وەک تەکنیک ناسیم. بەها و توانایی زمان لە ئێستێتیکای تەکنیکدا ئاسۆ و دوورییەکان وەردەگرێ و پێوانەی بۆ دەکرێت. بە قووڵاییەکان تێدەپەڕێ و پشت بە پێکهاتە زمانەوانییەکان دەبەستێت، تۆڕی زمانێکی دووربینانە دەچنێت، لەگەڵ ژیان دەگۆڕێ و بەرەو پێش دەچێت و تۆڕەکە زیاتر دەکرێتەوە.
زمان شەیتانی شیعرییەتی تێدا بەرجەستەیە و بێ ناوبڕ بەدوای هەموو تازە و جوانییەک دەگەڕێت و کرانەوەیەکی زۆری هەیە بۆ ئەوانی دی، واتە: بیندراو و بیستراو و نووسراو.
گۆڕینی پانتایی و بینا لە ڕۆحی گەرم و ته‌واو پارێزراوی داهێنەردا نەخش و نیشتەجێیە. لە دۆخی هۆشیاریی تەندروستی گۆڕانکارییەکاندا تەلیسمی نووسینی داهێنەرانە دەکاتەوە.
زمان بۆ داهێنەر وەک قۆناغی منداڵیی وایە. زمان و منداڵیی دوو قۆناغی بوون و دروستبوونن، بۆ نووسینیش بابەتن. ئەو شتانەی لەم قۆناغەدا دەیانبینی و هەستیان پێ دەکەیت، لە ناخدا لەنێوان زمان و ئاماژە و شێوازی بینینی ڕووناکییەکی تازەدا دەبێتە هێزی ده‌روونی و شێوە زۆرانبازییەک، هەندێک جار بە تووڕەییەکی توند، هەندێک جاریش بە نەرمونیانی لە (گونجانە هەستییەکان) و شوێنی جیاجیادا لەدایک دەبن. پەیوەندییەکان ڕایەڵ دەکەن و به‌كارایی ئاسۆ و دوورییەکان دەبڕن، ئاسۆ و دووری تر ده‌كه‌نه‌وه‌. پرسیارێکە تەواو لەگەڵ خۆماندایە و لە بیرماندا ون نییە. بە ڕۆح کارلێکی لەگەڵ ئەزموونمان کردووە و لێمان دەپرسێتەوە. من چی بووم و ڕۆڵم چییە لە کردەی نووسینتدا، کە کردەی پەیوەندی بەردەوام بوویمە لە گەشەی خودیتدا. ناتوانی واز لەو دنیابینییە بهێنیت، كه‌ لە منداڵییدا وه‌رتگرتووه‌ و وەریدەگریت.
کاکە ئەحمەد هەموو داهێنەرێک ناوەندێکی باڵا و خۆبوونی داهێنانی هەیە، کارەکانی لەو ناوەندەدا دەردەچن و دێنەوه‌ ناویشیه‌وه‌. ناوەندی باڵا و خۆبوونی داهێنانی تۆش (کتێبی شیعر)ە. بە دڵنیاییەوە هەرچ شیعرێك لەمەودوا بنووسی، ئاماژه‌یه‌كی كتێبی شیعری تێدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
سڵاو و خۆشەویستی زۆرم بۆ دیوانەکەت، كه‌ ئه‌زموونێكی ته‌واو هه‌ستییه‌. هه‌ست كتێبێكی یه‌كجار فراوان و پڕ ڕووناكی نهێنییه‌. دۆخی داهێنان ده‌كه‌وێته‌ ناو جه‌رگه‌ی هه‌سته‌وه‌.

كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ هەولێر




زمانی قورئانەکەی کاک مەسعود.. مەحمود عەبدوڵڵا

درۆکردن لاسایی سۆزی دەرونە. افلاتون 

مەسعود عبدالخالق یەکێکە لەنمونە دیارەکانی چەواشەکاری لەبواری فەلسەفەو مێژودا، ئەو پیاوە پێوایە دەبێت بڕوانامە پاکانەی بۆبکات، بۆیە بە گوێرەی سۆزی دەرون لێکۆڵینەوە دەکات و قسەدەکات، لەپێناو سۆزی دەرون اخلاقی زانستی دەخاتە ژێر پێ. بەهۆی پاشەکشەی ڕۆشنبیران و جدی نەبونیان لە مەسەلەی فیکردا، زەمینەی چەواشەکاری بیرمەندانی ئیسلامی فراوانە. ئەمەش خیانەتی ڕۆشنبیرانە.
ڕۆشنبیرانێک کە پێیان وایە نابێ دەمەقاڵە لەگەڵ کەس بکەین”هەتا گەدەمان تێک نەچێت”،یاخود تەساموحمان هەبێت لەپلەی سفردا. بە جۆرێک لەجۆرە کان کولتوری پۆست مۆدێرنە زاڵبوە، ئیتر بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین لەدنیایەکی خاڵی لەئەقڵ دەژین. ئەمڕۆ بەهۆی ئەم پاشەکشەوە تارمایی خوڕافیات گەڕاوەتەوە. وەک چۆن بۆشایی سیاسی مەترسیدارە، بۆشایی فیکریش مەترسیدارە، لە ئێستادا بۆشایی فیکری هەیە و نەزانی پەرەیسەندوە عەوام پەرەست سەریان دەرهێناوە بەڕاست و چەپدا خوڕافیات بڵاو دەکەنەوە. زۆریش دڵخۆشن کە نەقیزەی ئەقڵانیەتیان لەسەر نییە و لە مێرگی خورافەدا هاتو چۆ دەکەن.

 کاک مسعود توێژەرێکی خراپە، بەجۆرێک کە ئابڕوی فەلسەفەشی بردووە. ئەم پیاوە لە فەلسەفە و مێژودا بەدوای سۆزەکانی خۆی دەگەڕێت نەک بەدوای ڕاستیدا شتانێک دەڵێت کە خۆیشی باوەڕی پێنین،خۆئەگەر باوەڕی پێبن ئەوا جێگەی بەزەییە. ئەم پیاوە زۆر بۆچونی نازانستی و خوڕافی بەناوی زانست و ئەکادیمیبونەوە بڵاودەکاتەوە. بەڵام کاک مەسعود لای موریدەکانی کەسێکی خۆشەویستە و هەر ئەوخۆشەویستیی و پێ سەرسامبونە وایان لێدەکات بەهەموو دوعایەکی بڵێن ئامین! قسەکردن بۆ عەوام ، ئاسانە لەوانەیە ئەوە بۆسیاسیەک ئەوەندە کێشە نەبێت،بەڵام بۆ ئەکادیمییەک کارەساتە . لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک مەسعود بەڵام”درۆیی زانستیش”هەر درۆیە . ئەگەر درۆیەکی ڕاستیش بێت ،لای ئەفلاتون درۆی ڕاست ئەوەیە کەسەکە نازانێت ئەوشتەی دەیڵێت ڕاست نییە ،ڕاستیش نزیکترین شتە لەزانستەوە .لەوانەیە کەسێک شتێک بڵێت و پێی وابێت ڕاستە ،بەڵام لای کەسێکیتر ئەوشتە درۆیە. بۆنمونە یەکێک دەڵێت:”خودا لەقورئاندا دەفەرموێت …”هەرشتێکی فەرموبێت گرنگ نیە،بەڵام هەر ئەوەی دەڵێت خودا فەرمویەتی ئەوەدرۆیەکی ڕاستە.هیچ پایەکی زانستی و لۆجیکی نییە تەنیا باوەڕە. ئەوە بۆ کاک مەسعودو کەسێکی ئاسایش هەروایە .کاتێک دەڵێین هەرکەس ئازادە چ بیروباوەڕێکی هەیە لە پێناو تەساموحە لەگەڵ مرۆڤ ،بەڵام کارەساتە تەساموح لەسەر حیسابی حەقیقەتو ئەقڵ  بێت .ئێمە لەوەدا ئازاد نین بیروباوەڕو سۆزی دەرونمان تێکەڵ بە زانست و فەلسەفە و مێژوو بکەین . هەڵەکانی ئەم پیاوە زۆرن،هەرکەس خوێندەواربێت دەزانێت کاک مەسعود لەتوێژینەوە کانیدا بێلایەن نییە و بەدوای ئارەزوەکانی خۆی دەگەڕێت. ئاشکرایە ئێمە چیمان دەوێت ئەوەمان دەستدەکەوێت ،بەڵام حەقیقەت تەنها لەناوکتێبەکانیش دانییە،لۆجیکی نوێ تەنها لەناو کتێبەکان بۆحەقیقەت ناگەڕێت.  لەم ڕۆژانەدا کاک مەسعود بابەتێکی بڵاوکردەوە لەوبابەتەدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە زمانی قورئان عەربی نییە،بەڵام من پێی دەڵێم زمانی قورئان عەرەبییە و قوڕەیشیشە! هەندێ بەڵگە دێنیتەوە بە بەپێی مەنتیقی فۆڕمی یان ئەرستۆیی،کە ئەم مەنتیقەش مەنتیقی جەدەلە و بەکەڵکی ئەمڕۆ نایەت . چونکە ئەم لۆژیکە ئەمڕۆ بەس لای باوەڕداران کاری پێدەکرێت و سەرچاوەی دۆگمابونە. پاساوی ئەوەیە عەرەب خۆیان لەقورئان تێناگەن و قاموس بەکاردێنن بۆ تێگەیشتن وەک خەڵکێکی کەم قسەی پێدەکات . بەڵام کاک مسعود بێ ئاگایە لەوەی کە زمانی دەق و زمانی ڕۆژانە جیاوازە . ئێمە زۆرجار بۆخوێندنەوەی کتێبێکی کوردی پێویستمان بە هەمبانە بۆرینە دەبێت و لەهەندێ وشە تێناگەین بەڵام ئەوە واتای ئەوەنییە ئەم وشانە کوردی نەبن . هەندێ وشە هەن دەمرن، تەنانەت لەنوسینیش دا بەکارنایەت بەڵام ئەوە واتای ئەوەنیە ئەم وشانە لەبونەوەری فەزایی داکەوتبن . ئاشکراشە لەهەموو زمانێکدا وشەی بیانی هەیە،لەقورئانیشدا هەروایە وشەی کوردی و سریانی و ….هەیە،بەڵام ئەوە بەم واتایە نیە کە ئەم زمانە زمانی میللەتێک نەبێت. زمان بەرهەمی  بیری مرۆڤە ،یان وەک مەسعود مەحەمەد دەڵێت “زمان تەرجومانی هۆشە”.

من نامەوێ بیسەلمێنم کە کاک مەسعود هەڵەیە.چونکە هەربەپێی قورئانەکەی خۆی هەڵەیە. لەقورئاندا هاتوە کە زمانی قورئان عەرەبییە!پاشان هەرلەقورئاندا هاتوە کە بۆهەموو قەومێک پێغەمبارمان ناردووە بەزمانی خۆی!پاشان بەشێکی زۆری قورئان مشتومڕە لەگەڵ عەرەب بەگشتی و قوڕەیش بەتایبەت کەواتا چۆن لە مشتومڕەکەی تێگەیشتن ئەگەر عەرەبی نییە .تەنانەت ئایەت هەیە ڕێک زمانی ئەبو جەهلە کاتێک عەرەبەکان شتێکیان وتوە بۆتە ئایەت و لەقورئاندا جێیکراوەتەوە.ئەوە عەرەب بو بەزمانی عەرەبی وتیان ئەوەی محمد دەیڵێت ئەفسانەی پێشینانە !پاشان وەک وتمان زمانی  قورئان تەرجومانی هۆشی عەرەبە . کاک مەسعود دەیەوێت ئەوڕاستیە بشارێتەوە”کە خودا قەرزاری زمانی عەرەبیە”ئەم هەڵەیەی بۆ ئەوەەیە. بەڵێ خودا قەرزاری زمانی عەرەبە،قەرزاری خودی عەرەبە ،عەرەب نەبوایە قورئان نەدەبوو!  ئێمە کوردین بەڵام ئەگەر “ماد”ێک زیندوبێتەوە لێمان تێناگات.ئەوەمانای ئەوە نییە کە زمانی ئێمە هیچ پەیوەندی بە مادەکانەوە نییە،بەڵکو مەسەلە ئەوەیە زمان گەشە دەکات ،هەندێ وشە دەمرن و وشەی نوێ دێنەکایەوە. دەکرێ بڵێین زمانی قورئان زمانێکی مردووە،بەو واتایە کە لە گفتوگۆی ڕۆژانە بەکارنایەت .پاشان قورئانی بەزمانێکی شیعری نوسراوە.جا ئەگەر بەقسەی کاک مەسعود بێت ،شیعری سەردەمی جاهیلیش عەرەبی نین.

 زمان ناتوانێت سەردەمەکان ببڕێت چونکە بەرهەمی هۆشی گەلێکە لەکات و شوێنێکدا. بۆچی لەقورئاندا وشەی کۆمپیوتەر نییە،چونکە عەرەب لەکات و شوێنێک دا ژیاوە لەسەردەمی قورئاندا، کە ئەوکاتە بە بیری ئەواندا نەهاتوە.ئەوکات تەنها ئەوشتانەیان زانیوە کەبەررهەستن وەک حوشتر و ئەسپ و شمشێر ،یان ئەوشتانەی کە نابەرهەست و باوبون وەک جنۆکە .  بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو هەڵەیەی کاک مسعود بەڕاست دەرخواردی خەڵک بدەین،دەبێ بڵێین قورئان درۆیە و دەستکاری کراوە. بەڵام موریدەکانی شێخ قەت بیرناکەنەوە ، ژیانی ئه وان بەگوێرەی بیرکردنەوەی شێخ بەڕێوەدەچێت،و بەعەینەکی شێخ دەبینن.

ئەم پیاوە لەبابەتەکانیتریشدا هەروایە،بەتایبەت لەمێژودا،مێژو بە پێی ئارەزو و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە! کاک مەسعود کارەساتێکی گەورەیە بەسەر بیرکردنەوەی انسانی کوردەوە . لە کۆتایدا دەبێت بڵێم خودی شەریعەتی ئیسلامی  لەعەرەب وەرگیراوە . ئەوە عەرەب بو حەجی داهێنا و بەردە ڕەشکەی پیرۆز کرد،چوارمانگ جەنگی حەرامکرد ،بەڵام محمد هات هەندێ چاکسازی تێداکرد. خودی محمد تەواوی عەرەب لەخۆدەگرێت .سایکۆلۆژیای محمد سایکۆلۆژیای قەومێکە بەچاکەو خراپەکانیەوە . جاران دەیانگوت محمد نەخێندەواربوە عەرەبی نەزانیوە،ئێستا ئەڵێن نەخێر قورئان عەرەبی نییە . کاک مسعود دەیەوێت قورئان ڕزگاربکات لە لۆژیکی سەردەم،بەڵام ناتوانێت .

مەحمود عەبدوڵڵا




حاجی قادری کۆیی’ هێشتا لەناومانە.. هەڵمەت عوسمان

لە هەموو وڵاتێک، کاتێ تەنگەژەیەک دروست دەبێ، کە ئەگەری ئەوەی لێدەکرێ ببێتە هۆی لێکترازانی چینەکانی کۆمەڵگا و بەجۆرێک هەریەک بکەونە دۆڵێک و ئەو ئەم ناخوێنێتەوە و ئەم گوێ لە ئەو ڕاناگرێت… لەم کاتانە وتەزا و ئامۆژگاری ئەو کەسانە دێنەوە گۆڕێ و کە سەردەمێک لەمەوپێش، لە ڕێگای جۆری نووسینەکانیانەوە بۆیان جێهێشتووین. ئێستا و لەم حاڵی ناحەڵەی ئەمڕۆ وتە و شیعرەکانی(حاجی قادری کۆیی، پیرەمێرد، بێکەس، پەشێو، موفتی پێنجوێنی…هتد) زۆرترینی ئەوانەن کە دەڵێی لەناومانن و ئاگاداری ورد و درشتی ڕووداوەکانی ئەمڕۆن، ئەوەش هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کوردناس بوون و ڕۆچووبوونە مۆخی تاکی کورد، ئەوان زۆرباش کەسایەتی و مۆڕاڵی کوردیان ئەزمونکردبوو! ئەو بەرباس خستەنەش بۆ ئەوەیە بیری ئێمە بهێننەوە،کە دووبەرەکی و حیساب بۆ یەک نەکرد، هەوێنی ئاژاوە و خۆشکردنی دڵی بێگانە و ئەغیارە… بەڵام کاتێ بەوە دەزانین کە هەموو شتێکمان لەدەستچووە و ئیتر دەرگا و ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە نەماوە! ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە چەند ڕستەیەک شەنوکەوی شیعرە ئامۆژگارییەکانی بکەین؛(حاجی قادری کۆیی)یه… ئەو لە هەر کەس زیاتر ئەزمونی لە تەک نادادی و دووره وڵاتی و بێ کەسی و نەبوونی و برسییەتی و گشت چەرمەسەرییەکانی ڕۆژگار هەبوو، هەموو ئەمانە کردبوویان بە مامۆستا و دەروونناسێکی بلیمەت، هەر لایەکی ژیان بگرە، ئەو قسەی لەسەر هەبووە. ئەو دەرکراوی دەستی (شێخ نەبی) و شێخ نەبییەکانی دیکە بوو، ئاخر تەنها لەبەرئەوەی ئەوەی نەدەوت کە ئەوان دەیان ویست بیڵێ، هەرچی مەلا و شێخ و ئاغاکانی ئەو سەردەم، مودمینی عەقڵییەتێکی پاتەکەرانە و بێ بنەمابوون، لە ڕوانگەی ئەو سەردەم خوێندنەوەی بۆ سەردەمی دوای خۆشی دەکرد و ڕێگای ڕزگاری دادەنا، بەڵێ تەواو ئەوە دەرچوو کە ئەو وتی…

”هەتا وەک ئاگری بن کابن لەگەڵ یەک
ئەگەر تۆفانبێ لەشکرتان بە پوشەک“

ئەو باش شارەزای مێژووی نەتەوەکەی بوو، دەیزانی کورد لەوەتەی هەیە، کوشتەی پیلانی ناوخۆیی و گای بنەی خۆییە، دەیزانی گەر مۆرانەی ناوخۆ لێگەڕێ، کورد دەبێت بە خاوەنی هەموو شتێک، بەڵام کورد کوشتەی دەستی خۆیەتی، بۆیە چۆن لە ڕابردوو نەیتوانیوە بگات بەهیچ، لە داهاتووش حاڵی لەوە باشتر نابێ، چونکە هەرچەند کورد خاوەنی شەڕکەری بەجەربەزەبووە و ڕۆڵەکانی تا ئەوپەڕی نەرمییان نواندووە بەرانبەر دوژمن، بەڵام کە تینیان گەیشتبێتی، وەڵامێکی دەمکوتکەری دوژمنیان داوەتەوە.
لە هەموو مێژووی کورد، ڕستەیەک نابینی نووسرابێ، کورد خاکی فڵان وڵاتی داگیرکرد، کەچی هەمیشە خۆی لەبەردەم لەتکردن و پارچەپارچەکردنبووە، سەرباری ئەمەش ئاڵای ئاشتی و پێکەوەژیانی هەڵگرتووە، بەڵام هۆکاری هەموو ئەم لەت لەت بوونەش، (قەواعید)نەبووە، بەڵکو(قاعید)ە بێ سەروپا و نەزانەکانن؛ کاڵفامانە سیاسەتیان کردووە و هەمیشە خۆ بچوکردنەوەیان بۆ لاوازترین ئەغیار کردووە، لەبەرانبەر دەستکەوەتێکی بچوکی کەسیی…

”ئەو سەگانەی کە لەلای ئێمە وەزیر و کەلان
بێنە لای تۆ بەخودا نایکەیتە گاوان و شوان

ئەمە کەرمیزە دەڵێین وارسی شەرعی نەبەوین
هەموو عەبدی صەنەمن، باسی مەکە گەورەکەیان“

بەڵێ، کەم ئاغا و میر و دەرەبەگ و ڕابەری بزوتنەوە سیاسییەکان هەیە، خۆیان لە بەرانبەر خەڵات و بەرات ڕاگرتبێ و ڕازی نەبووبێتن کوردفرۆشی نەکەن! هەمیشە لاوان خوێنیان ڕشتووە لە پێناو زیاتر مانەوەی پیرە کاڵ عەقڵەکان! ئەوانەی چەندین ساڵ ئامادەن خوێنی گەنجان بڕێژن، بەڵام لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا، نیوە و هەموو خاکە خوێن لەسەرژڕاوە بدۆڕێنن، بۆ؟ و سەد پرسیاری بۆ ئاسا بکە، وەڵامێکت دەسگیرنابێ! ئەمە لەلایەک؛ لەلایەکی دیکە، دەبێ میللەتیش هۆشێکی هەبێ، تا ئێستا ئەو بیرکردنەوەمان لا دروست نەبووە، لە ئەگەری دۆڕانی سەرکردە و سیاسییەکان، ڕووبەڕووی پرسیاری جددیان بکەینەوە و هەڵگەڕانەوەیەکی سەرتاسەرییان لە دژ بکەین… چەندین سەرکردەی جیهان، لەپای دۆڕانیان لە شەڕ و بە دەستەوەدانی خاک، بە دەستی میللەتەکەی خۆیان لەناوبراون. باشە تا ئێستا کام سەرکردەی کورد، چ لە مێژوو چ لە ئێستا، لەبەرانبەر ئەو دۆڕانە گەورانەی کە دەیکەن و کردوویانە، لە گوڵ کاڵتریان پێ وتراوە؟! کێشەکە ئەوەیه سەرباری هەموو شکستێک وەک ڕزگارکەر و داینەمۆی بیری نەتەوایەتی مامەڵەمان لەتەک کردوون!

”دەفعەیەک ئیمتیحانیان ناکەن
تێبگەن زەهــرە یــا تــریـاکن“

کام تاقیکردنەوە؟ ئەگەر دەزگایەکی لێپرسینەوەی کارا و بوێر هەبووایە، ئەمڕۆمان بەسەر نەدەهات، سەدان کەسیان لەناو یەک کوشت، هەزارانیان لە شەڕی بێگانە بە کوشتدا، لە هەر دوو بارەکە بە دۆڕاویی گەڕانەوە! ئێستا لە کوێن؟ چی دەکەن؟ بەداخەوە میللەتیش (صم بکم) خۆیان کردووە بە (کەڕەی شەربە)!

”ئەو کەسەی دەوڵەمەندی چاکە
بەندەیی ڕۆمی؛ یانی ناپـاکـــە“

ڕەحمەتت لێبێ حاجی بۆخۆت و ڕاستگۆییت، ئەبێ حاجی چ سەروکارێکی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوسا هەبوو بێت؟! باشە گەر نەیبووە، چۆن زانیویەتی دەوڵەمەند هەمیشە پارێزگاری لە دەوڵەمەندی خۆی کردووەتەوە و لای گرنگ نەبووە، میللەت و ڕەعەیەت چی لێدێ؟ ئاخر ئەوکات دەوڵەمەند تەنها چینی دەسەڵاتدارەکان بوویتن، حاجی ئەگەر نەچووبێتە دەرباری میرنشینەکانی ئەو ساش و ئاگاداری ورد و درشتی ڕووداوەکانی ناو کۆشک نەبوووبێت، بەڵام لە(ئەنجام)ی کار، ئەوەی درککردووە! ئەو کە لەسەرەتاوە نەیزانیوە، بەڵام خۆ ئەنجامی کار هەموو دەیزانن و ئەویش زانیویەتی، بەڵام زانینی حاجی فەهمانەتربووە لە کەسە سادەکان، ئەو بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە ڕووداو و پێشهاتەکانی ڕوانیوە، تەنانەت پێی وابووە تەنها بە قەڵەم هیچ ناکرێ بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو دەبێ چەکیش هەماهەنگبێت لەگەڵیان، واتا چەک و قەڵەم پێکەوە شانبەشان بەرەوڕووی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ببنەوە، ئەوەتە دەڵێت:

”بە شیر و خامه دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە و شیر نادیارە“

ئەم خوێندنەوەیەی حاجی بۆ تاکی کوردی کردووە و تیایدا سەرکەوتووبووە، بە هەمان شێوەش (محمد ماغوت) بۆ تاکی عێراقی کردووە، واتا هەردووکیان زانیویانە کاتێ نووسینەکانیان پارە دەکا و نرخی دەبێ، کە خۆیان مردن و داهاتوو ڕاستەقینەی قسەی ئەوانی سەلماند. ئەوەتا حاجی بەڕووی ئەوە دەخاتە ڕوو:

”ئەو قسەیەی ئێستا عەیبی لێدەگرن
ئەو دەمەش دێ کە ئێوە بۆی دەمرن

هەر چلــۆنێ ئــیــشـــاڕەتی فـــەرمـــوو
وەک کەڕامەت هەمووی وەها دەرچوو“

کورد لە چاوی حاجییەوە( هەتا نەینێ لە تەبقەق، ناڵێ ئەڵڵاهو سەدەق)، ئەوەی ئەو وتی، ئێستا دێڕ بە دێڕی دەبینین چۆن دێتە دی. لەم ساتە ناسکەی ئێستا، ل ەهەموو کات، تاکی کورد لێک دوورن و دوژمنی خوێندنەوەی یەکن، ئەوەندەی بە خوێنی سەری یەک تینوون، ئەوەندە تامەزرۆی خوێنی بێگانە نین، بۆیە کاتێ؛ لەسەفەری خوێندنەوەی دیوانی حاجی دێینەوە، تێدەگەین (نەبی ماوەیلەی)یەکان چ کەسێکیان دەرکردووە! قەدری چ گەوهەرێکیان نەزانیوە! دەسەڵاتدارانی ئەوسای کۆیە، چۆن پشتیان لەحاجی کردووە و ڕوویان بۆ (شێخ نەبی) خۆشبووە! بەهەمان شێوەش ئێستاش ڕۆڵی (شێخ نەبی) کارایە، بەڵام لە بەرگ و دەم و چاوی نوێ، ئێستاش ئەو ڕۆحە دژ بە جوانییە لە کۆیە هەیە و دەیبینین.

سەرچاوە// سەردار حەمید میران و کەریم شارەزا، دیوانی حاجی قادری کۆیی،1986

هەڵمەت عوسمان




مڕۆڤە ئامانجدارەکان کێن؟، مڕۆڤە بێ ئامانجەکان کێن؟.. ئەحمەد کامەران

زۆر بەکورتی دەمەوێت باس لەم دووجۆرە مڕۆڤانە بکەم کە لەسەر ئەم گۆی زەویە بوونیان هەیە…

مڕۆڤە بێ ئامانجەکان کێن؟ راستیەکەی نابێت بگوترێت، کە ئەم جۆرە مرۆڤانە کەسانێکی خراپن یان هەرشتێکی دیکە. چوونکە لە کۆتاییدا ئەمانیش مڕۆڤن و خاوەن پێگەی خۆیانن لەنێو کۆمەڵگاکاندا، بەڵام ئەوەی جێگای داخە کە ئەم جۆرە مرۆڤانە تەنها لە شتە لاوەکیەکانی ژیان تێگەیشتوون، واتە خاوەنی هیچ پڕۆژەو سیستەمێکی ئەکادیمیانە نین بۆ ژیانیان، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین کاتەکانیان بە شتە بێکەڵک و لاوەکیەکان بەسەر دەبن، تەنها وا دەزانن کە ژیان بریتیە لە رابواردن و سێکس و خواردن و خواردنەوە و …هتد

مڕۆڤە ئامانجدارەکان کێن؟زۆرجار دەگوترێت کە گوایە مۆڤە ئامانجدارەکان ،هەموو رابواردنێک لەخۆیان قەدەغەکردوەو سەرقاڵی کۆمەڵێک بابەتی دیکەن ، راستیەکەی نەخێر ، مڕۆڤە ئامانجدارەکانیش هاوشێوەی مڕۆڤە بێ ئامانجەکان ئەوانیش رادەبوێرن و چێژ لە ژیان وەردەگرن بەڵام چۆن؟ مڕۆڤە ئامانجدارەکان خاوەنی ئەتەکێت و پڕەنسیبی تایبەت بەخۆیانن بۆ ژیان ، واتە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانیان لە رێگای کاتەکانیانەوە رێکخستوەو ، گرنگی بەهەموو شتێک دەدەن کە لە فەلسەفەی ژیان دا هەیە، واتە تەنیا خۆیان بە شتە لاوەکی و کرچ و کاڵەکان نابەستنەوە، بەڵکو بەدوای شتە نوێیەکان و سەرسورهێنەرەکانی ژیان دەکەون.

ئیتر خۆت بڕیار بدە کە لەکامیانی؟

ئەحمەد کامەران




هایکو.. ڕێبوار غەریب

لوتکەیەکی بەرز،
هه ڵۆیەکی پیر؛
چاوەکانم کز دەبینن!

تەم ومژه،
نابینێت کێوی حاڵم؛
چاوی دڵت!

لێزمەی باران،
لەژورەوە سەرینەکەی تەڕ؛
دایکی شەهید!

گەشتێکی دوور،
سێبەری پیرە دارێک؛
ماندو بەپێوە!

لەدامێنی چیادا،
کەوێک دەگری؛
قاقای ڕاوچیەک!

باران دەیشوا،
با دەی نێژێ؛
جەستەی گەڵا!

بەدزی ئەستێرەکانەوە،
جارجار لەکانی دەڕوانێ؛
مانگ !

ڕای دەژەنێ یاده وەریت،
دڵی مردووم؛
بێشکەی خەیاڵ!

دڵۆپێ فرمێسکی سوێر،
یادەوەریەکی شیرین؛
لەڕۆژگارێکی تاڵ!

بۆ هه ناسەیەکی گەرم،
ملیان ناوە بە هه ناسە ساردیەوە؛
کۆچبەر!

بەوتاڵیەوە،
یادێکی شیرینی بیرخستمەوە؛
گوڵە ژاڵە!

چاودێرە ،
بەسەرماڵی دەوەنەکانەوە؛
دارچنار!

خۆشترین ئاوازی هه یە،
شۆڕەبی حەیران دەکا؛
خوڕەی چەمێک!

بەشەوقەوە چاوەڕوانە،
بۆنی یەکەم باران بکات،
زەوی وشک وتینو!

بەژێر پیرەدارێکدا،
شوانێک تێ دەپەڕێ؛
بۆنی چاو سەدای شمشاڵ!

تینوی پرژە ماچە،
خاک لێوی وشک بووە،
نازدەکات سێبەر!




ڕیشۆڵە یان ڕەشەباڵندە؟ کاکە زاموا.. پەری عەبدوڵڵا نامق

رەخنە:

واڵاس ستیڤنس ی شاعیری ئەمریکی لە شیعرێکی جواندا بابەتی شیعر دەخاتە خزمەت رەفتارە ناوازەکانی باڵندەیەیکی زۆر زیرەکەوە کە ناوی (رەشەباڵندەیە)، کە بە ئینگلیزی (بلاك بێرد)ە و تێهەڵکێشی دنیای مرۆڤ و پەیامەکانی شاعیرو ساتی دەروونی تایبەتی خۆی دەکات ، ئەم باڵندەیە وێڕای ئەوەی دەنگێکی سیحراوی نەغمەخوانی هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا نزیکە لە ژینگەی مرۆڤەوەو (بە تایبەتی بۆ ئەوانەی لە سەروو دەریای ناوەڕاستەوە دەژین) کە لە جوانی سروشت رادەمێنن چەندان وانەی بەسوود و رەفاری سەرنجڕاکێشی لێ دیقەت دەدەن، ئەم باڵندەیە زیاتر لە ئەوورپا و باکوری ئەفریقاو ئەمریکا، نیوزلندا و ئوسترالیاو بەشێکی ئاسیاو ئەفریقا دەبینرێت و جۆرەکانیشی هاوشێوەو نزیکی یەکن، بە تایبەتی ئەوانەی لەو ولاتانەدا دەژین و نزیکییان لە دنیای باڵندەکانەوە هەبێت دەزانن کە ئەم باڵندەیە خاوەنی سیفاتی تایبەتەو جیای دەکاتەوە لە باڵندە ئاست نزم و کەم بەهرەکانی تری وەك چۆلەکەو ریشۆڵە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ئەسەفە ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەم شیعرە جوانە و ئەم باڵندە ناوازەیە کە لەم شیعرەدا هاتووە لە لایەن کاك زاموا محەمەدەوە بەهەڵە وەرگێڕدراوەو کراوە بە ریشۆڵەو لە ماڵپەڕی گەلاوێژی رۆژی ٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا لە بەشی هۆنراوەدا بڵاوکراوەتەوە..
ناونیشانی شیعرەکە ئاوهایە:
Thirteen Ways of Looking at a Blackbird
لێرەشدا زۆر ئاشکرا دیارە کە ناوی باڵندەی بلاك بێردی بەکارهێناوە کە بە کوردی دەکاتە رەشەباڵندە، بەڵام کاک زاموا کردوویەتی بە ریشۆڵە، لە کاتێکدا ریشۆڵە لە ئینگلیزیدا بە گشتی پێی دەگوترێت:
ستارلینگ Starling
لێرەدا ئێمەی خوێنەران بۆ ئەوەی زیاتر چەواشە نەبین و بتوانین چێژ لە بەرهەمە جیهانییەکان ببینین، باشتر وایە ئەوانەی دەیانەوێت کاری وەرگێڕان بکەن وردەکار بن و لێکۆڵینەوە بۆ بەرهەمەکان بکەن و لە ئاستی زانستی وەرگێڕانەکانیان دڵنیا بن: بە پێداچوونەوەی چەندان جارەو نیشاندانی کەسانی تری شارەزا بۆ دڵنیابوونەوە، ئەنجا گەر ویستیان لێبێت بیخەنە بەر چاو و چەشەی خوێنەران و لێکدانەوەیان، ئەگەر نا ئەوا فەوزا دوای فەوزا لە بناغەوە بوون و ناسنامەو مەعریفە هەڵدەتەکێنێت و سەرە داوی رەسەنایەتی و راستییەکانمان لێ بزر دەبێت و هیچمان نابێت بە هیچ، خۆ لە راستیدا بەخشین و ئەدەبیات و داهێنان و جوانکاری هەر پۆزلێدان نییە بە دابەزاندنی وێنەیەکی شەخسی کەشخە بە جگەرەوە لەگەڵ بابەتەکاندا یان بەکارهێنانی بۆ سەرنجدانی خوێنەران و وەك ڕیکلامکردنی هزرمەندبوون بەکاربێت!
بە هیوای سەرکەوتن بۆ کاک زاموا، بۆ دڵنیابوونەوەش وا لێرەدا ئەمە بەستەری هەردوو بابەتە وەرگێڕدراوەکەی کاک زامواو شیعرە ئینگلیزیەکەی خودی شاعیرە:

پەری عەبدوڵڵا نامق

————————
یەکەم/ وەرگێڕانی زاموا محەمەد
galawej.com/2020/12/2020-12-07165041.html
دووەم/ شیعرەکە لە سەرچاوە ئەسڵیەکەیەوە:
www.poetryfoundation.org/poems/45236/thirteen-ways-of-looking-at-a-blackbird




لەقینی بەردەكان” و شكانی دڵەكان.. نووسینی: دلێر كەریم

خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانی “لەقینی بەردەكان”ی سەلام عومەر

ئەدەب بەشێوەیەكی گشتی و ڕۆمان بەتایبەتی ئەركێتی دەستمان بگرێت و بمانخاتە بەردەم دەیان تێفكرین و بەدواداچوون و ڕامان، ئەگەر وانەبێت واتا نەیتوانیوە جێگەی خۆی بكاتەوە و نووسەری بەرهەمەكە تەنها نووسیویەتی و وەك ئەو سەدان بەرهەمەی تر كە پێشتر هەبوون، تەنها كاتییان پێوە بەهەدەردراوە و بوونەتە بەرهەم نەك زادەی بیركردنەوەی قووڵبن. دواجاریش كە دەبنە بەرهەم و ناودەنرێن بە كتێب تەنها قەبارەیەكیان هەیە و لە ڕووی فیزیكییەوە شوێنێك دەگرن لەسەر كتێبخانەكان و نابنە بەرهەمێك كە شوێن لە دڵ و دەروون و زاكیرەمان بگرن. لەڕاستیدا بەرهەمە باشەكان شوێنیان دڵ و دەروونی خوێنەرانە نەك ڕەفەی كتێبخانەكان، بەرهەمی ئەدەبی گرنگ وەرگرتنی ژمارەی سپاردنەكەی نییە هێندە گرنگە ڕزامەندی خوێنەرانی بەرهەمان وەرگرێت.

“لەقینی بەردەكان” بەرهەمێكی ئەدەبی ساڵی 2020 كە لەگەڵ خوێندنەوەیدا دەستی گرتم و بردمییەوە بۆ ڕۆژانی خوێندنی زانكۆ، هەموو یادەوەرییە تاڵ و شیرینیەكانی بۆم گەڕاندەوە، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە نەبایە زاتی ئەوەی نەكردایە یادەوەرییەكانم وەك پەڕەی ڕۆمانەكە یەك یەك هەڵدەمەوە.
جوگرافیایی ڕۆمانەكە هەندێك دیمەنی هەولێر و هەندێكی قەڵادزێیە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە ساڵانی پێشتر كە هێشتا مۆبایل نەبوو، خۆشەویستی ڕاستەقینە خۆی لە چرپە و نامەی دەستنووس دەبینیەوە. ناونیشانی ڕۆمانەكە ” لەقینی بەردەكان”، بۆ منی گەرمیانی لەسەرەتاوە واتێگەشتم لە قین واتا لە ڕقی بەردەكانە، تا وردە وردەلەگەڵ ڕۆچوونم بە نێویدا تێگەشم جووڵە و لەقین یان لە رینەوەی بەردەكانە.
سەرەتای ڕۆمانەكە وەسفێكی چیایی سەفینە و كورتە مێژوویەكی لە خەباتی كوردایەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێت :

“سەفین بەقەت ژمارەی تاشە بەردەكانی تۆپ و گوللەی بەسەردا باریوە كەچی هەر لەجێی خۆی وەستاوە و نەلەقیوە”، چیرۆكەكە باس لە خۆشەویستی ڕاستەقینەی نێوان مرۆڤەكان دەكات كە نوسەر لەناوەڕاستی چیرۆكەكەوە بە شێوەی “فیدباك” دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای ڕووداوەكان و دواتر لەو شوێنەی ناوەڕاست دەستپێدەكاتەوە تا كۆتایی دیمەنی ڕووداوەكە دەمانبات، بەگشتی دیمەنەكانی خەمناكن و ڕەنگە نووسەر بە مەبەست ویستبێتی پێمان بڵێت : قەدەری سیاسی و خۆشەویستی و هەموو كارێك لەم نیشتیمانەدا هەر خەمناكە.
قوتابیانی بەشی زانستی جیلۆجی ” زەویناسی” هه‌ولێر لە چیایی سەفین دەبن بۆ توێژینەوە، دواتر “بەردێك” دەلەقێت و دەخزێت و ئەویش دەبێتە هۆكاری تەقینەوەی كانییەك و بەردەكان هەڵدەتەكێنێ. چیرۆكی ئەو تەقینەوەییە هەموو كوردستان دەگرێتەوە.لەكاتی كەوتنی یەكێك لەتاوێرەكان بەسەر قوتابییەكی جیلۆجی بەناوی “ڕزگار ” گیان لەدەستدەدات.
لەم نێوەندەوە نوسەر دەمانباتەوە سەرەتایی ڕووداوەكان، ڕزگار لە زێدی خۆی قەڵادزێ، بەچەند ساڵێك پێش هاتنە زانكۆی لە هەولێر عاشقی كچێك دەبێت بە نێوی “نازدار”، بەڵام مردنی ڕزگار بە بەردی چیایی سەفین دەبێتە زیندووكەرەوەی چیرۆكی مردنی نازداری خۆشەویستی لەكاتی یاریدا بەردی دەستی منداڵێك بەریدەكەوێت و دەیكوژێت، ئەوە وادەكات هەمووان وەك شەیتانێك لەبەر بڕوانن و پێناسە و چیرۆكی سەیر سەیر بەناوی شوومی بەردەوە بگێڕنەوە، نوسەر بەناوی بەردتاشێكەوە پێمان دەڵێت:

باشە قوڕمساغێك بەكەریەتی بەرد بەكاردێنێ و خەڵكی پێدەكوژێ بەرد خەتای چییە و چیبكا؟
هاوڕێیەكی ڕزگار بەناوی قەندیل كە ئاگاداری چیرۆكی خۆشەویستیەكەی ڕزگار و نازدارە زیاتر لەهەمووان نیگەرانی مردنی ڕزگارە و دەبێتە بكەرێكی كارای ڕووداوەكانی دوای لەقینی بەردەكان.
قەندیل دوای مردنی ڕزگار ڕاپۆرتێكی دەخوێنێتەوە كە لە چیایی سەری ڕەش ئامادەی كردووە، دەبینێ لە كۆتایدا نوسراوە :
ئێمە نامێنین بەڵام بەرد هەر دەمێنێ .

لێرەوە قەندیل كە هاوڕێی گیانی بە گیانی ڕزگار دەبێت و خەڵكی هەمان زێدن كە قەڵادزێیە، لەگەڵ وەلی كە كوڕێكی هەولێریە و پێكەوە سیانەیەكی گونجاون و تێكەڵاوی خێزانیان دەبێت، دوای مردنی ڕزگار بەبەرد و زانینی چیرۆكی مردنی نازداریش بە بەرد، بیر لەوە دەكاتەوە چیرۆكێك بنووسێت بەناوی لەقینی بەردەكان.
چیرۆكی مردنی نازدار بە بەرد هێندە بۆ ڕزگار كاریگەر دەبێت كە زۆرجاران دەچێتە سەر گۆڕەكەی و دەگرێت، دایكی كچەكە و دولبەری خوشكی دەیبینن و تێدەگەن كە ئەم كوڕە خۆشەویستی كچەكەیان بووە، دواتر كە تاریك دادێت و هەردوو خێزانەكە بە شوێن ئەندامانی خێزانەكەی خۆیاندا دەچن و دەبینن لە سەر گۆڕی نازدار بووراونەتەوە.
ئەم ڕووداوە خێزانەكان دەخاتە بەردەم لێكدانەوە و تێڕامانێكی زۆر، نوسەر دەیەوێت بڵێ كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكە بەوردی دەچنە بنچینەی ڕووداوەكان و هەموو هەنگاوێك باجێكی قورسی هەیە.
شەوێك ڕزگار خەون دەبینێت بە نازدارەوە، كورتەی خەونەكەش ئەوەیە نازدار گۆڕەكەی و چواردەوری گۆڕەكەی ئاودەدات و خەریكی چاندنی گوڵە. دواتر ڕوون دەبێتەوە كە چارەنووسی مردنی هەردووكیان بەردە و زۆری پێناچێت لەتەنیش گۆڕی نازدار گۆرێك دەكەن و ڕزگاری تێدا دەنێژن.

دوای مردنی نازدار، ڕزگار و قەندیل زیاتر هۆگری یەكدەبن و بەبێ یەك هەڵناكەن. هەردووكیان لای باوكی ڕزگار كە ناوی ئەخەی بۆیاغچییە دەستدەكەنە كار و ئاشنای ئیشەكەیان دەبن.
دواتر گۆڕی نازدار لەسەر داوای باوكی نازدار هەڵدەگرن، باوكی ڕزگاریش ئامۆژگارییان دەكات بۆ ئەوەی پارەی ئەوكارە وەرنەگرن، دیارە لە كوردستاندا ئەو تێكەڵاوی هۆگرییەی لەنێوان گوندەكاندا هەیە وەك شارەكان كاڵ نەبووەتەوە و هاوخەمی بوون گەشتووەتە دوا پلەی خۆی.
نوری ددانسازی باوكی نازدار پێدانی ڕۆڵێكی تێگەیشتووانەیە بە مرۆڤێك كە ڕێز لە دوو گەنج دەگرێت و بە كوڕی خۆیان ئەژماردەكات لە كاتێكدا دەزانێت یەكێكیان شەیدای كچە جوانەمەرگەكەی بووە، بەڵام ئەوەی لای منی خوێنەر سەرنج بوو چۆن دەبێت دێیەك هەبێت بە قەبارەی شارۆچكەیەك كە دوكانی بۆیاغچی و ددانسازیشی تێدابێت؟ ئەمە لە زێدی منی خوێنەر كە گەرمیانە ئەستەمە، بەڵام بۆ زێدی نوسەر ئەوە یان هەڵەیەك هەیە لە بابەتەكەدا یان ئاساییە و لەوێ بوونی هەیە.

یەكێك لە دیمەنە نایابەكانی ئەم ڕۆمانە باسكردنە لە لالی گەنجە جوان و تەسجیل بەدەستە مەستەكەی ئێوارانی دێ، كە گۆرانی هونەرمەند حەمەجەزا و شیعرەكانی پەشێو لێدەدات و دەڵێ :
نامەكانت یەكیەك ماون …
ڕزگار و قەندیل ئێوارەیەكی خۆش لەگەڵ لالی بەسەر دەبەن، لێرەدا نوسەر پێماندەڵێت ئەوە مەست و عاشقەكانن قەدری مرۆڤەكانی هاوتای خۆیان دەگرن و لە برینەكانیان دەكۆڵننەوە تێدەگەن، كاتێك ڕزگار دەستدەكات بە گریان لالی پێی دەڵێت ئەوگەنجە عاشقە ئەگینا مرۆڤەكان بە ئاسانی دەستناكەن بەگریان.
لە دانیشتەنەكانی مەستەكاندا زۆرترین ڕاستی دەوترێن، بۆیە دەزانن لالی بەم هۆگربوونەی بە حەمەجەزا و عارەق خواردنەوە بێهۆكار نییە بۆیە پرسیاری لێدەكەن ئەتۆ بۆ ژیانت وا بەسەر دەبەیت؟
لالی دەستدەكات بەگێڕانەوەی ئەوەی یەك ساڵان بووە باوكی مردووە و دایكی بەخێوی كردووە، دواتر خاڵ و مامەكانی هاوكارییان دەكەن، لە پۆلی سێی ناوەندی عاشقی كچێك دەبێت كە باوكی كچەكە بەعسی دەبێت.
بەعسی بوون دەبێتە هۆكاری نەهامەتییەكانی لالی و دایكی لەنەخۆشخانە دەمرێت و خاڵ و مامەكانی ڕازی نابن لالی كچە بەعسییەك بهێنێت. جارێكیتر جەنگی نێوان خۆشەویستی و نەیارەكانی دەستپێدەكات و لالی دەڵێ ئەو كچە و خانەوادەكەی ڕێگری لێدەكەن، بەهۆی مردنی دایكی و دابڕان لە خوێندن و پشتكردنە خاڵۆ و مامەكانی پەیمانگای لەكیسدەچێت و دەبێتە مەستێكی نمرە یەك و خۆشەویست و ڕەمزی عاشقانی ناوچەكە، باوكی كچەش كچەكەی دەداتە برازایەكی و خاڵی لالیش دەبێتە پێشمەرگە و ڕوودەكاتە شاخ. بەڵام جارێكیتر نوسەر لێرەدا ناوی لالی دەگۆڕێتەوە بە وەلی كە كەسایەتیەكی ترە و جارێك ڕۆڵی پێنەدراوە لەم حیكایەتەدا.
دولبەری خوشكی نازدار كە ئاگاداری خۆشەویستی نێوان ڕزگار و نازدارە و هەموو نامەتایبەتەكانی خوشكەكەی لایەتی، لەگەڵ نامەیەكی خۆیدا ئەیداتەوە دەستی ڕزگار، باسی ورد و درشتی پەیوەندییەكەیان و ئەو هەستانەی تێدایە كە دوای مردنی نازدار لە كەللەی ئەمیشی داون. دواتر ڕزگار چاوی دەچێتە سەر یەكەم نامەی خۆشەویستی خۆی كە بۆ نازدار نوسیبووی.
نوسەر دەیەوێت بڵێت هەموو فەلسەفەكان كە باس لەیەك تیری عەشق دەكەن و دەڵێن ئەوانەی یەكەم كەسن دەچنەوە دڵەوە لەخۆڕا نەهاتوون. دەكرێ مرۆڤێك چەندجارێك عاشق بێت بەڵام هەرگیز ناتوانێت سەرەتاكانی لەبیربچێت، برینەكانی هەموو عەشقەكان وەك یەك نین، هەندێكیان بە زەردەخەنەیەك ساڕێژ دەبن و هەندێكیان قەت ساڕێژ نابێت.
ناوی هەردوو قوتابی ڕزگار و قەندیل لە هەولێر دەردەچێت و دەبنە دوو قوتابی ژیر و زیرەكی بەشی جیلۆجی، نوسەر زۆر شارەزاییانە وەسفێكی گۆران ئاسایی هەولێر و قەڵای هەولێرمان بۆ دەكات، نەك بۆ منی قوتابی زانكۆی سەڵاحەدین، بگرە بۆ كەسێكی نەشارەزای ئەو جوگرافیاش گەنجینەیەكی پڕ زانیاری و لەزەت بەخشە. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەكەدا، ساتێك بۆ ڕووداوەكان دڵتەنگ دەبووم و ساتێ دیمەنەكانی هەولێر لەكاتی یەكەم ساڵی زانكۆم دەهاتە پێشچاو كە خۆم و هاوڕێكانم لێدەبوونە ڕزگار و قەندیل.
لەهەولێر ڕزگار و قەندیل چیدی بەتەنیا نامێننەوە و هاوڕێیەكی تریان بۆ پەیدا دەبێت بەناوی وەلی، وەلی لەهەمان بەشە لەگەڵیان بەڵام لەبەشی ناوخۆیی نییە و دانیشتووی هەولێرە، جارێكیتر چیرۆكەكان بچۆیەك بەیان دەكرێن و دەگێڕرێنەوە، لە مەستبووندا ڕاستیەكان باسدەكرێن و لە خەم و ئازارەكانی خۆیاندا وێنای یەكتر دەكرێن، وەك هێمنی شاعیر دەفەرمووێت : لێی حەرام بێت ئەو كەسەی دەردی كەمە.
تائێرە ڕووداوەكان دێن، دواتر سەرداوی ڕووداوەكان دەبێتە حیكایەتی دوای ڕێكەوتی ڕووداوەكان، چونكە نوسەر ئەم ڕووداوانەی لەدوای كەوتنی بەردەكان گێڕایەوە، لێرەوە جارێكیتر دوای چنینی بەشی یەكەمی تابلۆكە دێتە سەر چنین و نەخشگردنی بەشی دوای لەقینی بەردەكان و مردنی ڕزگار.

دیمەنەكان وەها دەستپێدەكەن:
دوای مردنی ڕزگار گۆڕستانەكە زیاتر قەرەباڵەخ بوو، جاران یەك خێزان بچووبایەنە سەر گۆڕی نازدار ئێستا خێزانی ڕزگاریش بە ڕێگای گۆڕستانەوە بوون، چیرۆكی دوو عاشق كە تەنها شەش مانگ یەكیان خۆشویست و نێوان مردنیان تەنها ساڵێك بوو، هۆكاری هەردوو مردنیش بەرد بوو، بووبوونە وێردی سەر زمان و باسدەكران.

ئەم چیرۆكە نزیكە لە چیرۆكی فاتیلەی مەهاباد قەرەداغییەوە كە باس لە خۆشەویستی نێوان پێشمەرگەی قارەمان دكتۆر ئاتیلە و فاتیمەی كچە شێخ دەكات، دەڵێت لە دوای لە دەساڵ دكتۆر ئاتیلە لە پاڵ هەمان ئەو تاوێرە بەردەدا شەهید دەبێت كە براكەی پێش دە ساڵ لەوێدا شەهید دەبێت، ئەوەی فاتیلە ڕاستیە و ڕوویداوە و نوسەر نووسیەتیەوە، بەڵام ڕووداوەكانی نێو لەقینی بەردەكان چیرۆكن و زادەی خەیاڵی نووسەرن.
دوای مردنی ڕزگار قەندیل تەنها دەبێت و تەنها وەلی هاوڕێی دەبێتە خەمڕەوێنی، لەولاشەوە دولبەر كە خوشكەكەی و ڕزگاری دەزگیرانی خوشكی بڕستیان لێ بڕیبوو، تەنها مابووەوە.
قەندیل جارێك لە سینەما فیلمی هیندی بینیبوو بەناوی “شوعلە”كە باس لەدوو هاوڕێی زۆر نزیك دەكات، بڕیار دەدەن بۆ هەموو ڕووداوێكی نەخوازراو یەكێكیان بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش شێر و خەت دەكەن و یەكێك لەكەسەكان بەردەوام مل بەمەترسییەكانەوە دەنێت و خۆی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لەیەكێك لەشەڕەكاندا دەكوژرێت، كاتێك هاوڕێكەی بەمردووی لەباوەشی دەنێت و دەستی دەكرێتەوە دەبینێ پارەی دەستی هاوڕێكەی كە هەمیشە شێر و خەتی پێدەكرد هەردوو دیووی شێر دەبێت، لەوێ تێدەگات بۆ هەمیشە برادەرەكەی شێری هەڵبژاردووە. تێدەگات ئەو چی برادەرێكی دڵسۆزی لەدەستداوە، قەندیلیش بە مردنی ڕزگار بیر لەو دیمەنانە دەكاتەوە و دەچێتە دەرەوەی سینەما و وەلیش بەدوایدا، ئیتر جارێكیتر ناچنەوە سینەما و كۆتایی هەفتەكان دەگەڕێنەوە قەڵادزێ و سەر لە گۆڕێ هاوڕێكەیان و عاشقەكەی دەدەن.

لە چەند دیمەنێكی نێوان دولبەر و وەلی و قەندیل و سەرنج خستنە سەر كراسە خوێناوییەكەی ڕزگار چەند جارێك بەهەڵە ناوی ڕزگار دێتە بەرباسان، كە نەدەبوو ڕومانێكی بەو شێوەیە ئەوەی تێدابووایە.
هەردوو هاوڕێ دەیانەوێ كۆی یادەوەرییەكانی ڕزگار ببەنەوە بۆ زێدی خۆی و دەست بەژیان بكەنەوە، نوسەر جاریكیتر لە گێڕانەوەكانیدا ڕۆڵدەداتە هونەرمەندەكان و پارچەیەك لە نەغمەكانی حەسەن سیساوەیی دەكاتە هەوێنی گەڕانەوەیان.
دوای تەواوكردنی خوێندن قەندیل داوای دولبەر دەكات و دەبێتە هاوسەری، شایی و ڕەشبەڵەك دەگڕێتەوە ئەو زێدەی دەمێك ساڵە لێی تۆراوە، گەرچی كۆی ڕۆمانەكە تراژیدییە و لەم نێوەندەدا هەندێك خۆی ڕادەپسكێنێ تا خەمەكان بڕەوێنێتەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا وەك ئەوەی قەدەری مرۆڤەكان هەمووی وا بێت بە بەرد بمرن، بەردێك بەردەبێتەوە و مێرد منداڵێك دەكوژێت، ئەویش هەمان ئەو منداڵە دەبێت كە چەند ساڵێك بەردی هاوێشت و نازداری جوانەمرگ كرد.
لەكۆتایدا وێڕای هەموو سەرنجەكانم، دەستخۆشی لە سەلام عومەری نوسەری ڕۆمانی لەقینی بەردەكان دەكەم، كە لە زۆر وێستگەی ڕۆمانەكەدا خۆمم تێدا بینییەوە، لە زۆر دیمەنی گەڕانەوەی وەلی و قەندیل بە كێوی هەیبەسوڵتاندا ئەو ڕۆژانەم هاتنەوە یاد ئێمەش لە زانكۆ دەگەڕاینەوە، بەڵام بۆ قەڵادزە نا، بۆ گەرمیان.
بۆم دەرکەوت هەڵەین تەنها چەند کەسێک بەڕۆمان نووس بزانین، دەکرێ بەرهەمەکان بخوێندرێنەوە تا بزانین چی نوسراوە، لەقینی بەردەکان لە سەرەتاوە تا کۆتای بۆمن گرنگ بوو، دڵم لەگەڵ لەقینی بەردەکاندا دەلەقی و لەسەر گۆڕەکان فرمێسکم دەڕشت،
بیرم دێتەوە بە گەڕەكەكانی هەولێردا گوزەرمان دەكرد و لە دیمەن و دارو درەختەكانی ڕادەماین، بیری زێدی خۆمانمان دەكرد و بە فرمێسكەكانمان نامەمان بۆ ماڵەوە دەنووسییەوە، ئەوەی هەبوو هەمان ئەوەی نێو ڕۆمانەكە بوو، بەهیوای بەرهەمی جوانتر.




کریستین هـێڵگە رابەری چیرۆکنوسانی منداڵانی ئیسلەندایە.. رەزا شوان

خاتو (کـریستین هـێڵگە گـۆنـاسدوتـێر) بەناوبانگـترین و خۆشەویسترین چـیرۆکـنوسی منـداڵانە لە ئیسلەنـدا. بە رابـەری چـیرۆکنوسانی چـیرۆکی منـداڵان ناسراوە. کـریستین هێڵگە لە (٢٤/ نۆڤـەمبەر/١٩٦٣) لە شاری (ریكیافـیك) ی پایتەختی ئیسلەنـدا لەدایک بـوە. لە منـداڵـییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە و نوسین بـوە.
کریستین هێڵگە، لە ساڵی (١٩٨٣) قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە داقوتابخانەی ئامادەیی ریکیافـیک تەواو کرد. لە سـاڵی (١٩٨٤) دا لە (زانکـۆی به‌رشـلونه‌)ی ئیسپانی و لە (١٩٨٥) دا لە (زانكۆی ئیسلەنـدا) زمانی ئیسپانی خوێنـد. دواییش لە ساڵی (١٩٨٧) دا لە (زانکۆی یۆتا) لە (سۆڵت لیک ستی) لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بڕوانامەی بەکالـۆریـۆسی لە (راگەیـانـدن و لە زمـان و ئـەدەبی ئیسـپانی) دا وەرگـرت. لە سـاڵی (١٩٩٤) یشدا، له ‌قـوتابخـانه‌ی ئیسلەنـدا، بـڕوانـامەی (رابـەر) یی وەرگـرت.
کریستین هێڵگە بێجگە لە نوسین وەکو نووسەرێک، گەلێ کاری تریشی کرد، لەوانەش:
ماوەیەک وەکو رابەرێکی گەشت و گوزار کاری رابەری ئەو تـۆریستانەی دەکرد کە بۆ گەشتکرن دەهاتن بۆ ئیسلەندا. بۆ ماوەیەکیش کاری میوانداری لە ناو فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیسلەنـدادا کرد. ماوەیەکیش پەیـامنێری هەواڵی تەلەفـزیـۆنی ئیسلەنـدا بـو. لە ساڵی (١٩٨٧-١٩٨٨) وەکو پێشکەشکارێکی هەواڵ و بەرنامە، لە ئێـزگەی رادیـۆ و تەلەفـزیۆنی ئیسلەندا کاری کرد. بۆ مـاوەی (١٢) ساڵیش وەکو رۆژنامەنوسێک، بەبێ دابڕان کاری رۆژنامەگەری کرد. بە شێوەیەکی سەرەکی و تایبەتیش لە بەشی نوسینی هەواڵەکـانی رۆژانـەی دەرەوە، لە کەنـاڵی دوی تەلەفـزیۆنی ئیسلەنـدا کـاری دەکـرد.
ماوەیەکیش لە ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی ژینگە پارێـزی ئیسلەنـدادا کاری کـرد. لە ساڵی (٢٠١٤ ـ ٢٠١٨) سـەرۆکی یەکـێتی نوسـەرانی ئیسلەنـدا بـو.
کـریستین لە ساڵی (١٩٩٧) ەوە تا ئەمـڕو، چـیرۆک و رۆمـان بـۆ منـداڵان دەنـوسێت. یەکەمین چیرۆکی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( بیـنای من زۆر خـۆشـتم دەوێ) لێرەوە و لە میانەی ئەم چیرۆکەوە ناوبانگی دەرکرد. تا ئێستا زیاتر لە چل رۆمان و کورتە چیرۆکی بـۆ منـداڵان نوسـیون و چاپیکـردون و بڵاویکـردونەتەوە. گـەلێ بابـەتی خوێنـدنەوە و پەروەردەیی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی ئیسلەنـدا نوسیوە. گەلێ بابەت و سیناریـۆشی بۆ تەلەفـزیۆنەکـان و کورتە فـیلمە سینەماییەکان نوسـیوە.
کریستـین هـێڵگە نوسـەرێکی نـوێخـوازە و هـەردەم هـەوڵی نـوێخـوازی و داهـێنان و ریچکەشکـێنی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بـۆی ناشـارێتەوە، کە سـودێکی زۆری لە فۆلکلۆر و لە کەلەپوری میللی ئیسلەندا وەرگرتوە و کاریتێکردون و لە چیرۆکەکانی بۆ منـداڵان رەنگـیان داونەتـەوە. زیرەکانە سـودی لە هەقـایەتە میللییەکان وەرگرتـون، کە دەربارەی خێو و دێو و جادو و پاڵەوانی ملهـوڕ و سەرکـێشی و دەعـبای ئەفسانەیین.
کریستین لەم بارەیـەوە دەڵێـت:”ئـەوە رابـردوە کە ئێـستا فـێردەکات کە بـەرەو داهـاتـو هەنـگاو بنێـت. بۆیـە پێـویستە هەمـو چـیرۆکە کۆنەکـان بەسەربکەینەوە و لە ژیـانـدا بیانپارێـزین. بە شێوە و شـێوازێکی نوێ بیانگـێڕینەوە و بیانگەیەنینە نەوە تازەکان”
کریستین هـێڵگە، وەکو چیرۆکنوسێکی بەتوانـا و سەرکەوتـو، وەکو رابەرێـکی بـواری چـیرۆکی منـداڵان، خـۆی سەلمانـد و ناسانـد. کەسایەتی و کارەکتەرەکانی چـیرۆکەکانی هەمیـشە خەیـاڵکەری باشـن. نـاوەڕۆکی بابەتەکـانیشی بە شـێوازێکی زیـرەکـانە و بە زمـانێکی تـەڕ و پـاراو و ناسک و شـیرین داڕشـتون. لایەنی چەڤـەنگیـشی پشتگـوێ نەخستوە. منداڵان و گەورەکان لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی چێژێکی زۆر وەردەگرن.
کریستین دەڵێت:” پەرتـوکی ئەوتۆ دەنوسم، کە بۆ هەمـو کەسانی خـێزان بگونجـێن”
کریستین هێڵگە، لە نوسینێکیدا، کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت:” بازدان لە رۆژنـامەوە بـۆ خەیـاڵ، لە گـێڕانەوەی چـیرۆکی راستیـیەوە بۆ داهـێنانی، قـورس نیـن. چونکە چـیرۆک لە هەمو شوێنێکـدا بە دورمانەوەیە. چـیرۆکەکان بە درێـژایی شـەو و رۆژ بەناو خەڵکیدا گوزەردەکەن. خەڵکی بە بەردەوامی چیرۆک دەگێڕنەوە. ئەم کارەش لە دو کەس زیـاتـری نـاوێـت. چـیرۆکخـوان و گوێگـری دەوێـت”
کریستین هێڵگە هەست بە پێوەرە باڵاکانی چیرۆکی سەرکەوتـو دەکات. کە خوێنـەرانی بە ئامانجکـراو پێویسـتیان پێی هەیە، تا پەیام و رستەکانی سەر لاپەڕەکان سەرنجـیان رابکـێشن. بە پێویستیشی دەزانێت کە دەبێت نـاوەڕۆکی چـیرۆک زینـدو و نایـاب بێـت.
پەرتوکەکانی کریستین، ئامـانجی پـڕکردنەوەی بۆشایی نێـوان نەوەکـانی لەخـۆگـرتـون.
کریستین هـێڵگە هاوسەرگیری کـردوە، سێ کچی هەیە و لە ریکیافیک دەژین. شایەنی باسە، ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان دەیاننوسێت، لە پێشا بـۆ کچەکانی دەیانخوێنێتەوە و دەیەوێـت سەرنـج و را و تێبینییەکـانی کچەکـانی دەربـارەی چـیرۆکەکـانی بـزانێـت.
کریستین هێڵگە، تا ئەمڕۆش، نوسینی هەمە بابەتە بۆ گۆڤـار و رۆژنامەکان دەنـوسێت.
ئەمـانە نـاوی هەنـدێ لە پەرتوکە چاپکـراوەکانین بۆ منـداڵان: بیـنای مـن زۆر خۆشـتم دەوێ، گازێگ لە چەناگەکانی بینا، کیکـۆی نەهـەنگ لە گەشتێکـدا بە دەوری جیهانـدا، ملیونێک بەرد و ترسێک لە دۆڵەکـەدا، مۆی دیدەوان، لەبەر روناکی مانگ، ئیسماعیل.
کریستین هێڵگە لە ساڵی (٢٠١١)ەوە تا ئەمڕۆ، ئاگاداری شەڕی ناوخۆی سوریا هەیە، کە بە هـەزاران کەسی بێـتاوان و بێـدەرتـانی سوریا، لە کورد و لە عـەرەب، بـونـە بە قـوربـانی و بـاجی ئەم شـەڕە خوێناوییە دەدەن. بە هەزاران خـێزان، بە تایبەتیش کورد، بە زۆر لە زێـدی خۆیان دەرکران، یا لە ترسان سەری خۆیان هەڵگرتن و ئاوارەبونە و بـونە بە پەنـابەر لە وڵاتـانی ئەوروپا و وڵاتـانی تری جیهـان. بۆ ئەوەی بە ئاسودەیی و بێترس بـژین. تەنانەت چەنـد خـێزانێکی سـوری گەیشتونـەتە ئیسلەنـداش.
کریستین هێڵگە، لە چـیرۆکی “ئیسماعـیل” دا، کە لە ساڵی (٢٠١٧) دا نوسیـوێتی، کە ئیسماعـیل کارەکتەرێکی مێردمنـداڵی خەیـاڵی هەڵهاتـوی شاری “حەڵـەب”ی سوریایە. بوە بە پەنابەر لە ئیسلەنـدا، کریستین لە میانەی ئیسماعـیلەوە، باس لە کوێـرەوەری و نەهـامەتییەکانی پەنـابەرانی سوریا دەکات. باسیش لە خـێزانێکی پەنـابەری سـوریا لە ئیسلەندا دەکات، کە چـۆن تێکەڵ بە کۆمەڵگایەکی تـازە بوە و چـۆن هەڵدەکات و خۆیان دەگونجێنن و خۆیـان پێکـدەهـێن.
کریستین هـێڵگە دەڵێت:” خۆم نەچومەتە ناو کەمپی پەنابەران، بەڵام ئیسماعیل و کەس و کاری ئیسماعیل لە هەمو گۆشەکانی شەقامەکانی ئەوروپادا دەبیـنم” دەشڵیت:”هـێشتا چـیرۆکی ئیسماعـیل تـەواو نەبـوە و ماوێـتی کە زیـاتری لەسـەر بنـوسـم”
کریستین هـێڵگە، لە ماوەی کارکردن و نوسین بۆ منداڵان، چەنـدین رێزلێنان و خەڵاتیان لە ئیسلەنـدا و لە وڵاتـانی باکوری ئەوروپـادا پێشکەشیان کردون، بـۆ ئەو پەرتـوکـانەی کە بۆ منـداڵان نوسیویـن و چاپیکـردون، لەو خەڵاتـانـەش:
چەنـد جـارێک خـەڵاتی پەرتـوکی ساڵ بـۆ منـداڵانی تەمەن (٦-١٢) سـاڵان، لە لایـەن ئەنجومەنی فـێرکاری ریکیافـیکی لە ئیسلەنـدا پێشکەشیان کرد. هەر لە ئیسلەندا چەند جارێکیش خەڵاتی باشترین پەرتوکی ساڵ بۆ منداڵان پێشکەشیان کرد. خەڵاتی وڵاتـانی رۆژئـاوای باکوری ئەوروپـا بۆ ئـەدەبی منـداڵان پێشکەشکیان کـرد. خـەڵاتی نوسـینی باشترین سیناریۆی بۆ کورتە فیلمێک وەرگرت. لە لایەن پەرتوکخانەکانی قوتابخانەکانی وڵاتانی باکوری ئەوروپـاشەوە خـەڵاتی باشـترین پەرتـوکیان پێبەخـشی.
() بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویـجی وەرگرتـوە. () ئیـسلەنـدا یەکـێکە لە دەوڵەتـانی باکـوری ئەوروپـا. روبـەرەکەی (١٠٣) هـەزار کیلۆمەتـری دوجـایە. ژمارەی دانیشـتوانی (٣١٠) هـەزار کەسن. خـاوەنی کـۆنتـرین پەڕلـەمـانە لە جـیهـانـدا. بە گـڕکـان بەناوبانگە و کانیاوی کانـزایی ئـاوگەرمی زۆرە.

(*) پایتـەخـتی ئیسلەنـدا (ریکـیافـیک) ە. پـارەکەشی نـاوی (کـرۆنە).

رەزا شـوان
نەرویـج: ١/ ١/ ٢٠٢١




مۆبایل.. سەلام عومەر

کۆترێکی سپی نامەبەرم هەبوو
مۆبایل سەری بڕی
٭ ٭ ٭
ئیدی مۆبایل ناهێڵێ
شقارتە
بکەوێتە حەوشەو بانی ماڵان
٭ ٭ ٭
لەزەتی میوانی کتوپڕو
نزیک بوونەوەی خۆشەویستان
مۆبایل بردی
٭ ٭ ٭
ئەلبومەکانم هێندە پیر بوون
خەریکە دەمرن
ئەویش
مۆبایل رزاندی
٭ ٭ ٭
مۆبایل
قەڵەمی پارکەرو
کاغەزی نوسین و
زەرفی نامەی
هاویشتە مۆزەخانەوە
٭ ٭ ٭
پولێکی بەریدم ماوە
دەڵێم
لە مۆبایلەکەمی دەم.




بودجەی ٢٠٢١ – .. نەوزاد بەندی

باڵندەکان ئیتر کۆچ ناکەن
ئاخر باڵیان پاشەکەوت کردن ..
بەفر
پەنجەمان
له گۆ ناخا
ئاخر لە گۆخستنیان پاشەکەوت کردن ..
باران
سەرشان و
قژمان تەڕ ناکا ..
شەماڵ فێنکایی
ناگوێزێتەوە
لە ئەلفەوە بۆ با ..
شەو ناتوانێ
بلوسە ڕەشەکەی
بدا بەسەڕ ئاواییدا ..
خەو لە توانایدا نەماوە
پێڵووی چاوەکان گرێدا ..
ڕووبار قوڕگی نووساوە و
خوڕەی نەماوە ..
چا ناتوانێ لەگەڵ شەکر
تێکەڵاو بێ ..
خۆر کە هەڵدێ ،
تیشکەکانی ناگەن بە کەس ..
قژی نیگرۆی هەور
خاو بۆتەوە و ..
یەک دڵۆپ باران هەڵناگرێ ..
هەمیشە سەوزبوون
لە سنەوبەر زەوت کراوە ..
هەمووی پاشەکەوت کراوە

ن . بەندی
٣١ / ١٢/٢٠٢٠