بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک: دوان لە مێژووێکی سانسۆرکراودا.. شاخەوان شۆڕش

کتێبی “بیرەوەری رۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” کە لەلایەن برای بەڕێز ئازاد کاکل نووسراوە، گێرانەوەی مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ـە، کە بەچڕی ئاماژە بە ململانێ و شەڕی نێوان پارتە سیاسیەکان لە دەشتی هەولێر و خۆشناوتیدا دەکات و هەندێ گێرانەوەی کورتی شەڕ و ململانێکانی پێشتر و ڕوونکردنەوەی مێژوویش دەگرێتەخۆی. کتێبەکان لە ساڵی ٢٠١٥ لەشاری هەولێردا چاپکراون. پێموایە هەر نووسینێکی بەویژدانانە لەم مێژووە لەم دیدە جیاوازەوە جۆرێک “سانسۆری” لەسەرە، بۆیە لای من گرنگی تایبەتی هەیە و پێموایە بەبێ زانینی ئەم مێژووە تێگەیشتنمان لە تێکۆشان و ململانێکانی خەباتی چەکدرای دوای هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلول ناتەواوە.
پێویستە بگوترێت کەوا بیرەوەری گێرانەوەی مێژووێکی دیاریکراوە سەبارەت بە بەسەرهاتەکانی کەسێک لەم ماوەیەدا لەدیدی ئەم کەسەدا، بۆیە گێرانەوەکە بەهاهەڵگرە و لایەنگیرە. چونکە ئەو کەسە خۆی کە لەناو ڕووداوەکاندایە، بەسەرهاتەکان بەپێی دیتن و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. سەبارەت بە گێرانەوەی مێژووێکی سیاسی کاتێکی دیارکراو، لەبەرئەوەی مێژووەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگەیەک هەیە، نووسینەوەی بیرەوەری ئەرکی نووسەر زۆر سەخت دەکات. دیارە نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەیەوێ چۆن مێژووەکە بگێڕێتەوە و چ ڕۆڵێک بەخۆی بدات، چونکە وەکو گوتم بیرەوەری گێڕانەوەیەکە لەدیدی تایبەتی کەسێکەوە. ئەگەر گێڕانەوە بیەوێ خۆی لە قەرەی بێلایەنی بدات، پێویست دەکات بەچاوی ڕەخنەوە بنووسێت، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر بڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نەدات. ئەگەر خۆی لە ناو ڕووداوێک نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم لەچەند دیدێکی جیاوازی ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە ڕاستەوخۆ بەشداری ڕووداوەکە بووین. هەروەها نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان بیرەوەری بەهێز دەکەن و گرنگن. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە. دیارە دەکرێ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنوسرێت.
هەرکە کتێبەکان گەیشتنە دەستم خۆم پێ نەگیرا و بەخێرایی لاپەرەکانی کتێبەکەم هەڵدایەوە و سەیرێکی خێرای ناورەۆکی کتێبەکانم کرد. سەردێڕەکان زوو بردمیانەوە سەرەتای هەشتاکان و برینەکانمیان کوڵاندەوە. لەدیدی منەوە سەردێرەکان گریانی خەباتێک بوو لە ئاقاری رامیارە هەرزەکاندا، تێئالانی هەست و سۆز بوو لە تەونی ئاڵۆزی مێژووی ئیپۆکێک کە تیایدا مرۆڤە جوانەکان وەکو گەڵا هەڵوەرین و خەونەکان بۆ ئارەزووەکانی سەرۆک و پارتی پێشڕەو لەخاچدران، ئەو ئیپۆکەی بۆ تاهەتایە برینداری کردم، بەڵام نەیتوانی پاکی و بوێری مرۆڤە جوانەکان لە ئەندێشە و هزرمدا بسڕنەوە.
کورد دەڵێ “گوریس لە ئەستووریدا دەپسێت”، لەم دووبەرگی ئەم کتێبەدا خوێنەر ئاشنایەتی لەگەڵ بەهێزیی حزبی سۆسیالیست لە دەشتی هەولێر و خۆشناوەتیدا پەیدا دەکات، نووسەر خوێنەر هەڵدەگرێ و بە دڕیی هەڵدێری شەڕی سەپێندراوی براکوژیدا تێیاندەپەڕێنێت و گوزارشتی ڕیالیستانەی پەرتەوازەیی و لاوازبوونی ئەم هێزە گەورەیە لە سنوری پارێزگای هەولێردا دەکات. بۆیە کتێبی “بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” گێرانەوەیەکە گوزارشتی لاوازبوونی پارتێکی گرنگی گۆڕەپانی خەباتە بەهۆی شەڕی براکوژیەوە. ئەو شەڕەی کە هەمیشە لەنزیکەوە بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکە ئاساییە شۆڕشگێرەکە داویانە و بۆ خەباتی ڕزگاری گەلیش باجێکی یەکجار قوڕس بووە و دەرهاویشتە نەگەتیڤەکانیشی لەسەر کۆمەڵگەدا درێژخایەنن.
لە ڕاستیدا بۆ کەسێکی ئاسایی دانیشتووی کوردستان ئاسان نییە لە ڕاستیە تاڵەکانی ئەو سەردمە سانسۆرکراوە بدوێت، دان بە هەڵە و کەموکوریەکانی حزبەکەدا بنێت و لەهەمان کاتدا بوێرانەش پەنجە بخاتە سەر تاوان و پێشێلکاریەکانی ئەو حزبانەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتداران. هەمیشە ئاسانە رەخنە لە حزبێک بگری کە دەسەڵاتی نییە و لاوازە یا لەناو چووە، بەڵام لە سەیری ڕەخنەگرانە لە مێژووی ڕابردووی حزبێک کە دەسەڵاتی هەیە بوێری و قوربانیدانی گەرەکە.
ئەم کتێبە خۆی جیادەکاتەوە لە گێڕانەی مێژووێک لەدیدی بەرپرسێکی سەردەمی شاخدا لەسەرووەوە بڕوانێتە ڕووداوەکانی خوارووی خۆی، بەڵکو ئەم کتێبە قاچەکانی خوێنەر دەباتە بنی لێژایی کەنداری ڕاستییە تاڵەکان. هەروەها گوزارشتەکانی ئەم کتێبە پەخشان نووسین و گوتن و گێڕانەوەی رۆمانسیانە نین، تاکو رووداو و بەسەرهاتەکان بە وشە و ڕستەی درێژدادڕی پڕلە ئاوەڵناو بنووسێرێنەوە، بەڵکو گێڕانەوەی پیشمەرگەیەکی ماندووە کە خوێنەر بە کۆڵدا دەدا و بێ ئەملاوئەولا دڕک و قامیشلانی ناو زەندۆر و هەرەتان دەبڕێ و دەچێتە پێش. گێڕانەوەکان لەدیدێکی بێ پێچ و پەناوە گوزارشت دەکرێن. ئەوانەی ئاگاداری رووداوەکان بوون و وابەستەی خەباتی ئەو سەردەمە بوون لە دەشتی هەولێر و کۆیە و خۆشناوەتیدا، زوو تێکەڵی هەناسەی نووسەر لە گێڕانەوەکاندا دەبن و هەنگاوەکان بەیەکەوە هەڵدێننەوە. دیارە پێموایە ئەوانەی کە بەم مێژووە و رووداوانە نامۆن ئەوانیش دەکەونە ژێر تەوژم و کاریگەری گێڕانەوەکان، چونکە گێڕانەوەی مانەوە لە دەشتوپەناو پەسیوان، ڕۆیشتنی شەوورۆژان، شەڕوپێکدادانی جەرگبڕی نێوخۆیی و گۆڕانی درامایانە لە ڕووداوەکاندا وادەکەن خوێنەر حەز بە تێگەیشتنی ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگایەتی لەنزیکەوە بکەن.
ئەوەی کاک ئازاد لەم کتێبەدا دەیانگێڕێتەوە، کەمترن لەوەی کە ڕوویانداوە، وە ڕووداوەکان زیاتر هەڵدەگرن، هەروەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵام ئەوە گێڕانەوەی ساڵانێکی خەباتە کە زۆر کەم لەسەری نووسراوە. زۆرن ئەوانەی بەشداریان لەو ڕووداوانەدا کردووە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی لەم دیدە جیاوازەوە لەسەریان نووسیوە. هۆکەشی ئەوەیە بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەوە ناخوازن دەست بۆ ئەم مێژووە بەرن. دیارە هیچ گومان لەوەدا نییە، کە دەکرێ ئەوانەی لە ڕووداوەکانی ئەم مێژووەدا بەشداریان هەبووە لەگەڵ هەندێ لە وردەکاری گێڕانەوەکان ناتەبابن یا زانیاری دیکەیان هەبێت، ئەوەش تایبەتمەندیەکی سروشتی گێرانەوەی بیرەوەرییە، کە لە دیدی تایبەتی کەسێکەوەیە. لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان”دا هەوڵمدا لەڕێگەی دیدار و چاوپێکەوتندا بەشێکی ئەو مێژووە بنووسرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە. ئەوسا زۆر کەم لەسەر ئەم مێژووە نووسین هەبوو و ئەو نووسینانەی هەشبوون لاواز بوون. بێگومان ئەو نوسینەی کاک ئازاد کە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە بەشداریەکی زۆر گرنگە لە تیشک خستنەسەر ئەو لایەنە پەڕاوێزخراوەی خەباتی چەکداری ئەو سەردەمە.
ئازاد وەکو لاوێکی بێ بەش لە ژیانێکی ئاسایی بێ ئەزموون و تاقیکردنەوەی لاوێتی، وەکو خۆی دەنووسێت “لە هەڕەتی لاویدا بووم، زۆر ئاشقی تفەنگ و ڕەخت بووم. ئەوەندەی ئاشقی بەژن و باڵای تفەنگێکی بڕنۆ بووم، نیو ئەوەندەش ئاشقی بەژن و باڵای بەرزی کچە کوردێکی ئەسمەری چاو ڕەش نەبووم” . ئەو هێندە لەژێرکاریگەری هەواڵی پێشمەرگە گیانبازەکاندا بووە، یەکسەر ئەشقی تەفەنگ و یاخیبوون دەبێت. بێئاگایانە تووڕە لە ئارەزووە سەرکوتکراوەکانی گەنجێتی، تووڕە لە ترسولەرز و ژێردەستەیی دەسەڵاتی داگیرگەر، تامەزرۆ بەگەیشتن بە پێشمەرگایەتی و نەوزادی برا و هاورێ، یاخی دەبێت و بەپەلە ڕوو لە دەشت دەکات بۆ ئەوەی تازووە فریای کاروانی خەبات بکەوێت. ئازاد بێئاگا لە کیشە و ناکۆکیەکانی خەباتی چەکداری دەچێتە ناو باوەشی جەنجاڵی پیشمەرگایەتی.
نووسەر سەرەتای بیرەوەریەکانی بە چوونی خۆی بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی دەشتی هەولێردا لەژێر فەرماندەیی قادر مستەفادا دەست پێدەکات، بۆیە یەکسەر دێتەسەر ڕۆژە بەراییەکانی خەباتی چەکداری لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ دا، ئەوسا هێشتا لە دەشتی هەولێر پێشمەرگە بەڕۆژ نەیاندەتوانی لە گوند و ئاوەدانییەکاندا بە ئاشکرا بمێننەوە. ناوچەی دەشتی هەولێر و وراتی کۆیێ دەشت و گردۆڵکەی ڕووتی زۆرە، مانەوە لەم ناوچەیەدا شارەزایی دەویست لەکاتێکدا ڕژێمی بەعس لەبەهێزیدابوو و بۆسەی هێزەکانی جاش و ئەمن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زۆربوون، وە هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێم ڕۆژانە لەسەر ناوچەکەدا گڕەگڕەیان بوو. نووسەر بەکورتی لەسەر ئەم شێوەیەی خەباتی پارتیزانی لەژێر سێبەری هەلیکۆپتەری بەعسدا دەوەستێت. دوای ئەوە بەکورتی دێتەسەر گوزارشتی هێزەکان و ناوەکانیان لە ناوچەکەدا، لێرەدا نووسەر باسی هەموو هێزەکانی پارتە سیاسیەکانی دەڤەرەکە دەکات کە حزبی سۆسیالست، یەکێتی، حزبی شیوعی و پاسۆک بوون. ئەمەش وێنەیەکی گونجاو بۆ خوێنەر لە قەوارەی هێزەکانی ئەو سەردەمە دروست دەکات. نووسەر دێتەوە سەر هێزەکانی حزبی سۆسیالیست و کێشە و کەموکوڕیەکانی ئەو هێزانە دەخاتەڕوو. پاشان گوزارشت لەهەندێ چاڵاکی هێزەکانی پیشمەرگە لە دەشتی هەولێردا لە نزیکەوە دەکات، چۆنیەتی شەڕی پارتیزانی ئەوێ لەنزیکەوە و لەناو ڕووداوەکەوە بەخوێنەر دەگەیەنێت. نووسەر لە گوزارشتی ناوچەکە و هێزەکانی ئەوێوە دێتەسەر بابەتی ململانێی پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و یەکێتی و پەرتەوازەیی هێزەکان، پارەکۆکردنەوە و سەرانە وەرگرتن، چاڵاکی و نەبەردی و گیانبەختکردنی پێشمەرگە و دەستی ڕژێم لەڕێزەکانی پێشمەرگەدا، پاشان دێتەسەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان هێزەکانی سۆسیالیست و یەکێتیدا وە ئەوەش دەبێتە بابەتی سەرەکی بیرەوەریەکان. بەمجۆرە بوون بە بەشێک لە هێزە گیانلەسەردەستەکانی پێشمەرگە دژ بە هێزەکانی ڕژێم کە ئەو خەونی پێیانەوە دەبینی، هێندە درێژەناکێشن کە ناکۆکی نێوان هێزەکان دەستپێدەکەن و لە پایزی ساڵی ١٩٨٢دا کێشەکان ئاراستەیەکی تەواو نەخوازراو وەردەگرن.

بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناکۆكی نێوان ئەو دوو پارتە، نووسەر دەگەڕێتەوە دواوە و گوزارشت لە درووستبوونی بزوتنەوە و جیابوونەوەی لە یەکێتی و دواتر هەندێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و کوشتنە ناڕەواکان، پاشان دەگەڕێتەوە سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی و ناکۆکی و پێکدادانەکان لەوێوە. ڕووداوەکان خوێنەر دەتاسێنن و لە یەکێکەوە دەیانگوازێتەوە بۆ یەکیتر. ئەگەر مەبەست لە گێرانەوی ڕابردوو دەرخستنی ڕاستیەکان بەشێوەیەکی گونجاو بێت، بێگومان گێرانەوە لەلایەن کەسی سێیەمەوە پێویستیان بە وردکردنەوەی زیاتر و دیدی جیاوازی زیاتر هەیە، دیارە نووسەر ئاگاداری ئەم لایەنەیە بۆیە هەوڵیداوە لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژە بە ڕووداوەکان بکات، ئەوەش گێرانەوەی ڕووداوەکانی دەوڵەمەند کردووە. وەکو بۆ نمونە لە ڕووداوی کوشتنی فەرامندەی هەرێمی ١٤ی سۆسیالیست عەوڵا سوور، دوای خۆدانەدەستی لەلایەن نەوشێروان مستەفاوە یا کوشتنی دیلەکانی شەڕی قەراسنج لەلایەن یەکێتیەوە ئەم هەوڵە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان تاڕادەیەکی باش دراوە، بەڵام بێگومان دەکرێ باشتریش بێت.
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئاماژە بە چ سەرچاوەیەک دەکرێت. گێرانەوەی کەسی یەکەم لە دیدی دژ بەیەکەوە یا بەتایبەتی کەسانێک کە هیچ بەرژەوەندیەکی سیاسیان نییە زۆر گرنگە بەپێی توانا بۆ ڕووداوەکان هەبێت، کە لە ڕووداوی کوشتی شێرکۆی شێخ عەلیدا یا شەماڵ و سەربازدا وەکو پێویست نییە. بەڵام ئەم بابەتە کە لاکردنەوەیەکە لە ڕابردوو کە هەوڵێکی نووسەر بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەڕووداوەکانی ڕابردوو لێرەدا کۆتاییان نایەت، چونکە ئەوەی نووسراوە هەموو زانیاریەکان نییە. کتێبەکە لەساڵی ٢٠١٥دا چاپ کراوە، ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر زۆر لە ڕووداوەکاندا بڵاوکراونەتەوە و چاوەڕوانی زانیاری زیاتریش دەکرێت. بێگومان خوێنەر دەتوانێ لەلایەن خۆیەوە ئەرکی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر بکێشێت. پێموایە ئەوەی قوڕسایی زۆر بە کتێبی “بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” دەبەخشن و ناوەڕۆکەکەی دەوڵەمەند دەکەن، گێرانەوەی ئەو ڕووداوانەیە کە کاک ئازاد خۆی بەشداری ڕاستەوخۆی تیایاندا کردووە، لە نزیکەوە بە ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان ئاشنامان دەکەن.
وەکو گوترا دوای تەمەنێکی کورت لە خەبات دژ بە هێزەکانی ڕژێم، لەجیاتی دوژمن پارتەکانی گۆڕەپانی خەبات لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی سینگی یەکتردەکەن. لە کۆتایی پایزی ١٩٨٢ دا گرتنی فەرماندەیەکی حزبی سۆسیالیست کاکەسوور قۆریتانی لە دەشتی کۆیە لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هاتنەکایەی کارەساتە جەرگبڕەکان بوو. کاکەسوور لەکاتی گەڕانەوەیدا لە چاڵاکیەکدا لەلایەن دۆست و برادەرانی کە یەکێتی بوون دەستگیر دەکرێت. زۆربەی پێشمەرگەکانی یەکێتی و سۆسیالیست لە ناوچەکەدا خەڵکی ناوچەکە بوون و دۆست و هاوڕێی یەکتر بوون، بەڵام وەکو ڕوویدا بەرژەوەندی حزب و بڕیارەکانی سەروو بە ئاسانی توانی سنووری تەبایی و ئاشنایەتی ببەزێنێت و براکان بەگژیەکدا بکەن. دیارە ئەوسا خەون و خولیای بوون بە پارتی پێشڕەو و بوون بە پاڵەوانی گۆڕەپان وەکو تایبەتمەندیی پێویستی پارتی شۆڕشگێر دەناسران. بەداخەوە کاکەسوور چۆن گیرا و بردرا، هەر ئەو بردنە دەبێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە.

لەناوەڕاستی مانگی یەکی ١٩٨٣دا شەڕی گوندی نێرەگین و بۆسە و شکستی پلانەکەی هێزەکانی یەکێتی لە تیکشکاندنی هێزەکانی سۆسیالیست لە بەستی شەرغەدا، وە تاوانەکانی شەڕەکە ڕووداوێکە کە بە بەشداری نزیکەی ١٠٠٠ پێشمەرگەی هەردوو بەرە دەبێ، دەیان کوژراو و بریندار و دیل دەرئەنجامی ئەم شەڕە خۆکوژییە دەبن. بەداخەوە لەم شەڕەدا پێشمەرگەی دیل بەدەستی پێشمەرگە گولەباران دەکرێت. تائێستا زۆر کەم لەسەر ئەم شەڕە نووسراوە و لێرەدا خوێنەر دەتوانێ تاڕادەیەکی باش لە ڕووداوەکە بگات.

نووسەر لە زۆرداریی هەندێ لە پێشمەرگەکان سەبارەت بە کەسانی بەندکراو دەدوێ و ئاماژە بە بێویژدانی و نامرۆڤبوونی ئەندامانی پیشمەرگە لەبەرامبەر کەسانی بەندکراودا دەکات، وە ئاماژە بە بارودۆخی هێنانەدی ئەم پێشێلکارییە ناڕێکخراوەییە دەکات، ئەویش نەبوونی دادگایی و سزادانە لەبەر هێشتنەوەی کەس و هێزەکانە لە ڕیزی هەر لایەنەێک خۆیدا بەهەر نرخێک بێت. لەوێوە نووسەر دەمانبات بۆ شەڕی کەلی قەشقە و بۆسەی جاشەکانی سەر بە ڕژێم. لەم بۆسەیەدا شەڕی دەستەویەخە ڕوودەدەن، خەڵک و پێشمەرگە بەیەکەوە هێزی جاشەکان تێکدەشکێنن و هەڵیاندەبڕن. خۆزگە ناوی سەرۆکجاشەکان دەنووسران و تۆمار دەکران. وەکو ئەوە مێژووە و پێویستە بنووسرێنەوە. لە شەڕەکانی دیکەشدا ئەم بزرییە بەرچاو دەکەون، نووسینی ناوی سەرۆک جاشەکان لە شەڕەکاندا بۆ مێژوو گرنگن.

بەداخەوە شەڕی خۆبەخۆیی درێژەی هەبوو و ناوە ناوە دەست لەیەکتر وەشاندن بەردەوام دەبێ، نووسەر بە زنیجیرە دێتەسەریان، لە بۆسەدانانەوە بۆ شەماڵ و سەرباز کە دوو فەرماندەی یەکێتی بوون، بۆ شەڕی دۆڵی بالیسان و تێکشکاندنی هێزەکانی یەکێتی لەوێدا، وە بۆ شەڕی گرتنی ئاشقوڵقە و قڕاناقە و پشتائاشان و کۆمەڵکوژیەکەی ئەوێ دڵمان دەتەزێنن، ڕووداوەکان بەخێرایی گوزەردەکەن و هێشتا زامێک ساڕێژنەبووە، برینی دیکەی دێنەسەر.
دوای گرتنی سەرکردایەتی سۆسیالیست و شیوعی لە بناری قەندیلدا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە، هێزەکانی سۆسیالیست تووشی پاشەکشە و پەرەتەوازەیی دەبن، شەڕی ناوخۆش لە خۆشناوەتی و دەشتی هەولێردا بەردەوام دەبێت، نووسەر لەلاپەڕە ١٣٥ دەنووسێت لەشەڕی جلبەسەردا زۆر تینووی بووە بۆ ئاو خواردنەوە دەچێتە ناو گوند و لە ماڵێکدا داوای ئاوی کردووە، ژنێک پێشوازی کردووە و ئاوی داوەتێ و گالۆنێکی پێنج لیتریش دۆی بۆ هێناوە تاکو بۆ هاوڕێکانی بیبات، ژنەکە لێی دەپرسێ “ئەرێ کاکە ئەو شەڕە لەگەڵ کێیە؟” ئازادی تینوو بەپەلە دەڵێ:

“ئێمە سۆسیالیستین و لەگەڵ جەلالیەکانە!” ژنەکە پێی دەڵێ: “ئەوە کوردستان بەش دەکەن!؟ بەخوای کوڕم قەت نابینە هیچ!” شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام دەبن، کۆمەڵێ لە چەمی قەرەسالم، فەرماندەیەک لە گوندی گرتک، هەندێ لە پۆڕیجە، هەندێ لە پیرداود و هتد. بە گولەی پێشمەرگەکانی ئەو بەر دەپێکرێن یا بەدیل دەکوژرێن. لە زۆربەی بارەکاندا دیلەکان بێئەملاوئەولا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە کوژراون. هەرەسی وردە وردەی ورەی پێشمەرگە، بێزاری لە شەڕی یەکدی، کوژرانی دەیان پیشمەرگە و سەرکردەی قارەمان وەکو سووتەمەنی شەڕی خۆبەخۆیی و ئارەزووی پێشڕەوخوازیی، ئازاد بێهیوا دەکەن و ئەوپەڕی نائومێدی دایدەگرێت و وەڵامێکی دروستی لەم هەموو یەکترکوشتنە دەست ناکەوێت.
دوای چۆڵکردنی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر لەلایەن هێزەکانی حزبی سۆسیالیستەوە کە لەساڵی ١٩٧٨ـەوە پێشمەرگەی سۆسیالیستی لێ هەبووە، یەکێتی بۆ یەکەمجار پێیان چۆڵ دەکات و لەناوچەکەدا خۆی دەبێتە هێزی بێڕکابەر، یەکێتی شێخ جەعفەر بۆ ناوچەکە دەنێرن، لەلاپەڕە ١٦٧دا نووسەر دەنوسێت “شێخ جەعفەر خەڵکی سنووری دەشتی هەولێر نەبوو کەسی لەو سنوورە نەدەناسی، دار و بەردی ئەو ناوچەی لێ ببووە پارتی و سۆسیالیست و شیوعی، تووشی هەر کەسێک دەبوو لەناوچەکەدا شێخ با، ڕیش سپی با، پیاوماقول و جوتیاربایە، چ شوان چ گاوان بایە دەیگوت “سەگ باوک تۆ قایدەی؟ سەگ باوک تۆ حسکی؟ سەگ باوک تۆ حشعی؟ دەتکوژم! ڕەمیت دەکەم!” … دوای ئەوە دارکاری لایەنگرانی پارتەکان و خەڵک و سوتاندنی ماڵە پێشمەرگە لە گوندەکاندا دەستپێدەکەن.

نووسەر لەدرێژەی بیرەوەریەکانیدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی شەڕی پشتئاشانی دووەم دەکات، کە دووبارە هێزەکانی بەرەی جود و یەکێتی دەکەونەوە گیانی یەکتر، ئەمجارەیان هێزەکانی پارتی بەشداری لە شەرەکەدا دەکەن و هاوکارییش لە ئێران وەردەگیرێت. بەهەمانشیوە لەبەرەی یەکێتیدا دەگوترێت هاوکاری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەبووە. هێرشی هێزەکەی جود بەبێ ئاگای زۆر لە پێشمەرگە بەشدارەکان، بەستراوە دەبێت بە جەنگی عێراق و ئێران، بەتایبەتی شەڕی حاجی ئۆمەران کە پارتی ڕاستەوخۆ بەشداری تیدا کرد و وەکو دەگوترێت ئیدریس بارزانی بەرپرسی بووە. لە بەرگی دووەمی کتێبەکەدا درێژە بەم بابەتە دەدرێت و نووسەر دێتەوە سەر باسی شەڕی قەندیلی دووەم و چۆنیەتی کاردانەوەی سەرانی پارتی لە شکانی هێزەکەی حەسۆ میرخان، کە بووەتەهۆی شکانی ئەوانیتر. گومان لەوەدا نییە کە نووسەر زانیاری گرنگ لەسەر شەڕەکە بەخوێنەر دەگەیەنێت، بەڵام خۆزگە لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەنووسرا و زانیاری زیاتر کۆدەکرایەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی گرنگە و کۆمەڵێ بەرژەوەندی ئاڵۆز لێرەدا پەیوەندیان بە شەڕەکەوە هەیە. دیارە لەهەردوولای جەنگەوە هەوڵدراوە سوود لە هێزکانی پێشمەرگە وەرگیرێت و بۆ مەرام و ئامانجی جەنگی هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ بەکاربهێندرێن. بەتایبەتی لەبەرەی ئێراندا کە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پارتی هاوکاری ڕژێمی ئێرانیان لە بەرەی گردەمەند و حاجی ئۆمەراندا کردووە. لە شەڕی حاجی ئۆمەراندا لە مانگی ئۆگستدا ڕژێمی بەعس ژاری کیمیایی دژ بە هێزەکانی ئێران بۆ یەکەمجار لە جەنگدا بەکارهێنا. بۆیەکەمجار بەم بەرفراوانییە هێزێکی کوردی هاوکاری سوپای ئێران لە جەنگی ئێران- عێراقدا بکات. ڕژێمی ئێران هێرشەکەی لەژێر ناوی فەجری دوو ئەنجامدا (بۆ زانیاری زیاتر بۆنمونە سەیری وتاری فەجری حاجی ئۆمەران و جینۆسایدی بارزانیەکان، نووسینی عەلی مەحمود بکە). کاردانەوەی ڕژێمی بەعس گرتنی بەهەزاران مێرمنداڵ و پیاوی سەربە خێلی بارزانی لە ئۆردوگاکانی هەریر و دیانا و قوشتەپەدا دەبێت، کە دواتر هەموویان بەکۆمەڵ دەکوژرێن.
وەکو خوێنەر هەرزوو لەمیانەی خوێندنەوەی بیرەوەریەکاندا بەم ڕاستییە ئاشنا دەبێت کەوا کەسی خۆشەویستی یەکەمی نووسەر لە بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکاندا نەوزادی براو برادەرە، کە لەشەڕی کەلی قەشقە بە سەختی بریندار دەبێت، زامەکەی زوو چاکنابێتەوە و درێژەی دەبێت. هەرچۆنی بێت ماوەیەک لە سەرکردایەتی لە گوندی سێلوێ و زێوکە دەمێننەوە و دەرئەنجام دووبارە لەبەر سووڕبوونی نەوزاد کە فەرماندەی کەرت بووە و ویستی چوونەخوارەوەی بەهێز بووە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو بەرەکانی پێشمەرگە دەدەنەوە. لەگەڵ ئەوەی هێشتا باری تەندروستی نەوزاد تەواو جێگیرنابێت. هەردووکیان بەناو سروشتی جوانی دۆڵ و شاخەکانی برادۆستدا تێدەپەڕن و لە گوندی بارزانی چۆڵکراودا دەگیرسێنەوە. نووسەر گوزارشت لە جوانی سروشتی ئەو دەڤەرە دەکات و پێیەوە سەرسام بووە، هەروەها لە هەڕەشەکانی شێخەکانی بارزان دەدوێ و کەدەبێتەهۆی ئەوەی هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعی گوندەکەی ئەوان چۆڵکەن و بچنە گوندەکانی دەوروبەر.
زۆرناخایەنێ کە بڕیاری گەڕانەوەی هێزەکان بۆ خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی کۆیە و هەولێر دەدرێتەوە. هێزەکانی شیوعی و سۆسیالیست ٢٠٠ کەسێک دەبن بەفەرماندەیی قادر مستەفا و مەلا بەکر و عەلی حاجی و محەمەد حەلاق و هەندێکیتر ڕوو لە خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی هەولێر و کۆیە دەکەنەوە، گەڕانەوە بۆ ناوچەکان زۆر سەخت دەبێت و لە جۆرێک لە خۆکوژی دەچێت، چونکە یەکێتی لە گفتوگۆدابوو و ژمارەی هێزەکانی زۆر ببوو، چەک و تەقەمەنیان زۆر بوو، شارەزای هەموو ناوچەکە بوون و کون بە کونیش لەدوو پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و شیوعی دەگەڕان. جگەلەوە ڕژێمی بەعسیش لەلایەن خۆیەوە هەوڵی لێدانیانی دەدا، یا هاوکاری یەکێتی لە لەنێوبردنیان و شەڕی کوردکوژیدا دەکرد. لە ٢٠ی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی زێبارۆک لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی تووشی شەڕ دەبنەوە، دوای شەڕێکی سەخت چەند پێشمەرگەیەک لەهەردووبەرەدا دەکوژرێن و بریندار دەبن. دوای ئەو شەڕە و شەکەت و ماندوو لە زێبارۆکەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کۆیە بەڕێدەکەون و کۆمەڵێک دۆل و شاخ و شیو و دەشت دەبڕن دەچنە گوندی قۆریتان و سەردانی ماڵی کاکەسوور دەکەن کە یەکێتی بەدیلیانگرت و دواتر بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی گولەبارانیانکرد.
تەنها شەوێک لەوێ دەمێننەوە و لەبەر گەیشتنی هێزەکانی یەکێتی بەناچاری دەڕۆن. لەبەرەبەیاندا بەهەرەت و شاخان دەکەون و دوای دوو شەو ڕۆیشتن و شەکەتی لە گوندی قەراسنج دەگیرسێنەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ڕووبەڕوونەوەی هێزەکانی یەکێتیان لەوێدا کردووە. لە گوندی قەراسنجدا هێزەکانی یەکێتی پێیان دەزانن، بەهێزی زۆرەوە، بە جادەکانی دەربەند و کۆڕێ و حوجراندا بەبەرچاوی هێزەکانی ڕژێم دەوریان دەگرن. لە ٢١ مانگی شەشی ١٩٨٤دا شەڕی کوردکوژی بەگەرمی لە گوندی قەراسنجی بناری چیای سەفین دەستپێدەکاتەوە… ئەم شەڕەی قەراسنج ڕووداوێکی پڕ لە تاوان و کارەساتە، کە کاک ئازاد زۆر بە ووردی لەدیدی خۆیەوە لەناو شەڕەکەوە بەجوانی گوزارشتی دەکات.

لەڕاستیدا نابەرابەریەکی گەورە لەنێوان ئەم دووبەرەی شەڕدا هەبوو، هێزەکانی سۆسیالیست و شیوعی ماندو و شەکەت بوون و کێشەی شوێنی حەسانەوە و کەمی تەقەمەنی و خۆراکیان هەبوو، هەرچی هێزەکانی یەکێتی بوون بەچەکی باش و تەقەمەنی زۆر و لەژێر چەتری ڕژێمدا بە ترومبێل و پیکاپ ئازادانە دەسوڕانەوە، هێزەکانیان کۆکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا دەوری ئەو هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعیان بەتەواوی گرت… لەکاتی ئەم شەڕەدا بەڕێککەوت بەهۆی سەردانی خزمێکمان لە گوندی کۆڕێ بووم، وەکو شایەدحاڵێک لە جادەی کۆڕێ و حوجراندا هێزەکانی یەکێتیم لەسەر جادە بینی، لەنێویاندا بۆنمونە هێزێکی دەشتی کۆیەی یەکێتیم بینی ترومبێلەکانیان ڕاگرت و هاتنەخاوەرەوە، پاشان بەپەلە سواربوونەوە و ڕۆیشتن، لەنێویاندا فەرماندەی کەرت شمدیل و دووانی دیکەم ناسیەوە کە ناوەکانیانم لەیاد نەماوە. بەڕاستی دیمەنیکی ئازاربەخش بوو، کە دەمبینی کورد دژی کورد شەڕ دەکا و ڕژێمیش هاوکاری پاسیڤ دەکات و سەیردەکات. نامەوێ چیتر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم، چونکە پێویستە ئەم کارەساتە لە کتیبەکەی کاک ئازاد خۆیدا بخوێننەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێ بپرسین ئەم شەڕی ناوخۆیە لەپای چی؟ دەکرێ خوێنەر جۆرێک لە وەڵامی ئەم پرسیارەی لەم کتێبەدا دەستکەوێت. بێگومان لە هەردوو بەرگی بیرەوەریەکاندا زانیاری زۆر هەن کە لەم ماوە کورتەی ژیانی پێشمەرگایەتی گەنجێکی خێرلەخۆنەدیودا هەن. بیرەوەریەکان گێڕانەوەیەکی چڕی ڕووداوەکانی نێوان ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ ـە. گێرانەوەکان سەدان پرسیار دروست دەکەن و جەرگبڕن و کارەسات ئامێزن، ڕووداوەکانی مێژووێکی گرنگ گوزارشت دەکرێن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە شایانی خوێندنەوەیە.
دەستخۆشی لە کاک ئازاد کاکل دەکەم و هیوادارم کاک ئازاد بەرگەکانی دیکەی بیرەوەریەکانی وەکو ئەو دوو بەرگە بەهەمان هەناسە و بە زانیاری زیاترەوە بنووسێتەوە و بەچاپی بگەیەنێت، کە بێگومانم کۆمەڵی ڕاستی گرنگی مێژوویی لەخۆیان دەگرن.

شاخەوان شۆڕش
٣/١/٢٠٢١




قاسم سلێمانی جیڤارا بوو، یانی عه‌لی كیمیاوی؟.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

ده‌مه‌وێت جیا بم و جیاش قسه‌ بكه‌م, نه‌ وه‌ك گه‌شتیارانی باشووری بۆ شیمالی ئیران بدوێم, وه‌ نه‌ وه‌ك سیاسیه‌ پڕۆ ئیرانیه‌كان له‌مه‌ڕ كوردایه‌تی به‌ فایله‌وه‌ دروشم بده‌م, وه‌ نه‌ وه‌ك ئه‌و ته‌رزه‌ نووسه‌رانه‌ش له‌ مانای ئازادی و ئه‌خلاق په‌یوه‌ندی نێوانیان له‌ فكرو نووسیندا تێنه‌گه‌یشتوون بیربكه‌مه‌وه‌, وه‌ نه‌ وه‌ك هه‌نسكه‌ی گریانی پرسه‌كه‌رانی سیخوڕخانه‌كان هه‌ڵوێست بنوێنم, نه‌ وه‌ك ئه‌و پرسه‌و شه‌یپوره‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بۆ حاجی قاسمی سلێمانیان به‌رپا كرد بجوڵێمه‌وه‌, جیاش له‌و چه‌په‌ی ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیل عه‌قڵیانی كوێر كردۆته‌وه‌, ئه‌وه‌ی دژی ئه‌وان بێت ده‌یكه‌نه‌ شۆڕشگێڕ, ده‌بێت مێژوو له‌ دوارۆژدا چی له‌سه‌ر ئه‌و نووسین و راپۆرتانه‌ بڵێت؟, كاتێك نه‌وه‌كانی داهاتوو خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی بۆ وێنه‌ی ریزی پرسه‌گه‌رانی سیخوڕ خانه‌كان و ره‌فتارو نووسینه‌كان ده‌كه‌ن؟, چی ده‌ڵێن كه‌ ده‌بینن گه‌لێكی قه‌سابی كراو چۆن ستایشی جه‌لاده‌كه‌ی خۆی ده‌كات و چه‌قۆی ملی خۆی ده‌لێسَته‌وه‌؟, چۆن ژماره‌ی فایلدارانی جاسوسخانه‌كان زیاترن له‌ فایلداره‌كان به‌عس.

سلێمانی كێ بوو؟, چۆن پێشكه‌وت ؟
له‌ 11ی ئازاری 1957 له‌ گوندی ” كه‌ناڵ مالك” قه‌نات ملك ” ی ژماره‌ی دانیشتوانی 441 كه‌س,119 خێزان ” سه‌ر به‌ ناوچه‌ی رابور ” ژماره‌ی دانیشتوانی 35341 كه‌س,7664 خێزان ” له‌ پارێزگای كرمان له‌ خێزانیكی جوتیاری زۆر هه‌ژار, كه‌ به‌هۆی چاكسازییه‌كانی زه‌وی ساڵی 1341ی شاوه‌, پارچه‌یه‌ك زه‌ویان به‌كه‌وت, منداڵێك چاوی به‌ ژیان هه‌ڵهێنا ناویان نا قاسم, ناوی باوكی حه‌سه‌ن و ناوی دایكی فاتمه‌ سلێمانی, ده‌ڵێن سلێمانیه‌كان به‌ بنه‌چه‌ لوڕن و له‌ ناوچه‌ی لورستان و به‌ختیارییه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1750 زاینی كۆچیان كردووه‌ بۆ پارێزگای كرمان, ئه‌و به‌ ناوی قاسمی كوڕی حه‌سه‌نی كوڕی ئیمام عه‌لیه‌وه‌ ناوی موباره‌كی نراوه‌, ئه‌ویش كه‌ گه‌وره‌ بوو وه‌ك هه‌مان قاسم پێیی وابوو مردن وه‌ك هه‌نگوینه‌ له‌ پێناو عاشوراو حوسێندا, 40 ساڵ پۆستاڵی سه‌ربازی دانه‌كه‌ند, تا له‌ كۆتادا هه‌نگوینه‌كه‌ی به‌ نسیب بوو, ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌نگوینه‌كه‌ وا توایه‌وه‌, ئه‌نگوستیله‌كه‌ی په‌نجه‌ی و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی پشكنینی دی ئێن ئه‌ی نه‌بوایا, ده‌وترا وه‌ك عیساو ئه‌بو زه‌ڕ هه‌ڵكێشراوه‌ بۆ ته‌به‌قه‌ ناناسروه‌كانی ئاسمان, ده‌بوایه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی بونایه‌ به‌ مه‌هدی بوون بگه‌ڕابایه‌ته‌وه‌, ئه‌و 5 براو 5 خوشكی هه‌بوو, یه‌كێك له‌ براكانی به‌ناوی سوهراب سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری زیندانی تارانه‌, به‌ دڵڕه‌قی به‌رامبه‌ر به‌ زیندانیان و پێشێلكه‌ری مافی مرۆڤ وه‌ك جه‌لادێك لای ئازادیخوازانی ئێران ناسێنراوه‌, بۆ خۆشی زوو خێزان پێكه‌وه‌ ده‌نێت, دو كوڕو دوو كچی ده‌بێت, حوسێن و محه‌مه‌د ره‌زاو زه‌ینه‌ب, كچه‌كه‌ی دی ناوی نه‌زانراوه‌ “, ناوی هه‌موو منداڵه‌كانی عه‌شقی قوڵی شیعه‌گه‌رایی پێوه‌ دیاره‌.
ئه‌و له‌ به‌ر هه‌ژاری تا پۆلی 5ی سه‌ره‌تایی خویندو ساڵی 1969 واتا له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵی, له‌ لادێكه‌یانه‌وه‌ ڕو له‌ شاری كرمان ده‌كات بۆ كرێكاری بیناسازی, بۆ هاوكاریكردنی خێزانه‌كه‌ی, تا قه‌رزه‌ نۆ هه‌زار ریاڵییه‌كه‌ی سه‌ر باوكی بداته‌وه‌, دواتر له‌ ساڵی 1974 له‌ فه‌رمانگه‌ی ئاو ئاوه‌ڕۆی شاری كرمان ده‌بێته‌ كارمه‌ند.
له‌و كاته‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئێران كڵپه‌ی سه‌ندبوو له‌ لایه‌ن گه‌نجه‌ چه‌پگه‌راكانی ئێرانه‌وه‌, ساڵێك به‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران, له‌ رێگای حوجه‌توالئیسلام سه‌ید ره‌زا كامیابه‌وه‌, كه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زان له‌ شاری مه‌شهه‌ده‌وه‌ هاتبووه‌ كرمان, په‌یوه‌ندی به‌ خه‌تی روحوالله‌ خومه‌ینیه‌وه‌ ده‌كات, هه‌ر كامیاب دواتر سولێمانی به‌ ئایه‌توڵا خامنه‌ئی ده‌ناسێنێت و ده‌رگای چوونه‌ پێشه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێته‌ سه‌ر پشت, كه‌ پاشتر ناوبراو یه‌كێك ده‌بێت له‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن رێكخراوی مجاهدینی خه‌لقی ئێرانه‌وه‌ ده‌كوژرێت له‌ 7 موردادی 1360″ 28-8-1981 “, ئه‌وان شه‌رمنانه‌ به‌شداری راپه‌ڕینیان ده‌كرد, په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی ته‌نها زاره‌كی بوو وه‌ هیچ چالاكیه‌كی هه‌ستپێكراوی نه‌بووه‌ دژ به‌ رژێمی پاشایه‌تی, ده‌نا ئێستا به‌ شانازیه‌وه‌ له‌ سیڤیه‌كی گه‌وره‌تر له‌ خۆی نیشان ده‌درا, له‌ كاتێك وڵات كڵپه‌ی ده‌داو لاوانی چه‌پی هاوته‌مه‌نی ئه‌و پۆل پۆل به‌ره‌و مه‌رگ ده‌چوون بۆ روخاندنی رژێمی پاشایه‌تی, بێ باكانه‌ و به‌وپه‌ڕی عه‌شقه‌وه‌ دوا هه‌ناسه‌یان تێكه‌ل له‌ گه‌ڵ گازی سیانید ده‌دا, ئه‌مان له‌ كونجی مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ به‌ دوعاكانیان ده‌كڕوزانه‌وه‌.
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆرش بۆ سه‌ركوتكردنی به‌ره‌ی شۆرش و سه‌پاندنی حوكمی ئیسلامی, سوپای پاسداران راده‌گه‌یه‌نرێت له‌ لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه‌ له‌ یه‌ك شه‌ممه‌ ره‌شه‌كه‌ی رێكه‌وتی 22ی نیسانی 1979, قاسم سلێمانی له‌ كرمان زوو په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌كات,45 رۆژ خولی سه‌ربازی خێرا ده‌بینێت له‌ لای رێكخراوی فه‌تحی فه‌ڵه‌ستینی, به‌دوای راگه‌یاندنی جیهاد دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان, كه‌ خومه‌ینی له‌ رێكه‌وتی(١٩-٨-١٩٨٠) به‌شێوه‌ی فه‌رمی رایگه‌یاند, داوای له‌ لایه‌نگرانی سسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیه‌ كرد ئه‌ركی شه‌رعی خۆیان له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان و له‌ ڕه‌گ ده‌رهێنانی“ كفرو ئیلحاد” به‌جێ بهێنن, به‌وه‌ش شه‌ڕێكی نه‌خوازراو به‌سه‌ر گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا سه‌پێنێنرا, زۆر تاوانی قێزه‌ون به‌رامبه‌ر به‌م خه‌ڵكه‌ ئه‌نجامدران ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ مه‌زنه‌كانه‌وه‌.
قاسم سلێمانی و ئیسماعیل قائانی یه‌كێك بوونه‌ له‌وانه‌ی له‌ یه‌كه‌م چركه‌ ساته‌كانی دوای فتواكه‌ رویان له‌كوردستان كردووه‌و به‌شداری كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكیان كردووه‌، زۆر به‌باشی ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ كردووه‌, وه‌ك سایتی تابناكی پاسداران ئاماژه‌ی پێ داوه‌.
به‌ دوای فتواكه‌ی خومه‌ینی, سلێمانی به‌ دوری زیاتر له‌ 1500 كیلۆمه‌تر خۆبه‌خشانه‌ بێ وه‌رگرتنی موچه‌, له‌ كرمانه‌وه‌ ده‌چێت بۆ شاری مهابادو ئازه‌رباینجانی رۆژئاوا بۆ به‌شداریكردن له‌ غه‌زه‌واتی سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی كوردستان, یه‌كه‌م به‌شداریكرنی سلێمانی, له‌ شه‌ڕی خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌ت شاری مهاباد بووه‌, كه‌ له‌وكاته‌ رۆڵی گرنگی له‌ جوڵانه‌وه‌ی كوردستاندا ده‌گێڕا, گوایه‌ له‌و كاته‌ هه‌وڵی جیابوونه‌وه‌یان له‌ ئێران ده‌داو خواستاری وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی كۆمۆنستی بوونه‌ ” http://www.alshiraa.com/topics/1568-kasm-slymany-aaaml-bna-drbth-hrk-fth-lykod-alhrs-althory-bklm-alsyd-sadk-almosoy” .
ناوبراو له‌ شاری مهاباد و ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا به‌شداری شه‌ڕه‌كان ده‌كات له‌ هاوینی ساڵی 1979 دا, كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌و ناوچه‌یه‌ تاوانه‌كانی ئیعدامی مه‌یدانی ده‌ره‌وه‌ی دادگا و تاوانی كۆمه‌ڵكی كوژی قاڕناو قه‌ڵاتان و ئیندرقاش ئه‌نجامدران, لێ ئه‌وكات به‌هۆی به‌شداری چالاكانه‌ی له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی كوردستان, هه‌رچه‌نده‌ پله‌ی به‌رز كرایه‌وه‌ لێ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئاغای ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی ئێستای سوپای قودس ناو ناوبانگی نه‌بوو له‌ سه‌ركوتكردنه‌كه‌, وه‌لێ به‌شداری دڵڕه‌قانه‌یان له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌رگای بۆ ئه‌م جوته‌ كرده‌وه‌ له‌ناو حوكمڕانی ئیسلامی ئێراندا, هه‌ردوكیان به‌ ده‌رگای كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی كوردستاندا هاتنه‌ ژوره‌وه‌.

به‌شداریكردن له‌ شه‌ڕه‌كان
قاسمی سلێمانی یه‌كه‌م كاری به‌شداریكردن بوو له‌ سه‌ركوتكردنی جوڵانه‌وه‌ی گه‌لی كورد كه‌ بۆ خودموختاری تێده‌كۆشا له‌و رۆژگاره‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌شت خاڵی ساده‌و ساكاردا خۆی به‌رجه‌سته‌ كردبوو, ئه‌ویش یه‌كێك بوو له‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی به‌ فتوای خومه‌ینی پۆستاڵی له‌ پێ كرد و به‌شداری كرد له‌ سه‌ركوتكردنی جوڵانه‌وه‌ی گه‌لی كورددا, ته‌نانه‌ت دوای به‌نی سه‌دریش پۆستاڵه‌كه‌ی دانه‌كه‌ند” ده‌ڵێن 40 ساڵ پۆستاڵی له‌پێدا بوه‌و سه‌رقاڵی جه‌نگ بوه‌و بێ‌ پسانه‌وه‌ له‌جه‌نگێكه‌وه‌ بۆ جه‌نگێكی تر چوه‌‌ له‌پێناوی ئێرانداو له‌كاتێكدا كه‌ زۆربه‌ی پاسدارانی سه‌رده‌می جه‌نگی ئێران‌و عێراق وازیان هێنا، ئه‌م تا مردن به‌رده‌وام بووه‌”, ئه‌مه‌ش له‌ دوو هه‌نگاوی دواتریدا بووه‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سه‌ربازی, به‌ زوویی دوای به‌شداریه‌كه‌ كرایه‌ فه‌رمانده‌ی پاسداره‌ كرمانیه‌كان, به‌رزترین پله‌ بوو له‌ناو پاسدارانی هاوشارییدا, دوای 3 ساڵ بووه‌ فه‌رمانده‌ی تیپ, دواتر ده‌بێته‌ سه‌ر فه‌رمانده‌ی له‌شكری 41 ی ساروڵا,كه‌ چه‌كدارانی سیستان و بلوجستان و هرمزگان و كرمانی له‌ خۆ ده‌گرت.
له‌ ساڵی 1998 له‌ كاتی هاتنه‌ سه‌ر كاری تاڵبان له‌ ئه‌فغانستان, كه‌ سوپای قودس دامه‌زرا, ئه‌و وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی مه‌زهه‌بگه‌رای توندڕه‌و و خاوه‌ند ئه‌زموون له‌ سه‌ركوتكردنی گه‌لی كورد كرایه‌ فه‌رمانده‌ی سوپاكه‌, چونكه‌ كاره‌كانی هاوشێوه‌ی كاره‌كه‌ی كوردستانی بوو, به‌هۆی جیایی مه‌زهه‌به‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ رقی له‌ تاڵیبان بوو تا ئاستێك, شه‌یتانی گه‌وره‌ی له‌بیر بردبوه‌وه‌.
سوپای قودس كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی سوپای پاسداران, ئه‌وه‌ش كردوویه‌تیه‌ هێزێكی سه‌ره‌كی له‌ عێراق و لوبنان و سوریاو یه‌مه‌ن , وه‌ كاریگه‌ر له‌ ئه‌فغانستان و به‌حرێن و كوه‌یت و سعودیه‌ و ….تاد .
قاسمی سلێمانی له‌ماوه‌ی 21 ساڵدا كه‌ فه‌رمانده‌ی هێزی قودسی سوپای پاسداران بو، توانی ئه‌م هێزه‌ له‌گوردانێكه‌وه‌ بكات به‌تیپێك‌و پاشان به‌ له‌شكرێكی گه‌وره‌ كه‌ زیاتر له‌ 22 هه‌زار پاسداری له‌خۆ ده‌گرت‌، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی پۆسته‌ دیبلۆماسییه‌كانی ئێران بۆ نموونه‌ باڵوێزه‌كانی ئێران له‌عێراق‌و ئه‌فغانستان‌و لوبنان‌و سوریا سه‌ر به‌ هێزی قودس بون‌, ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی پۆسته‌ گرنگه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش ئه‌و كه‌سانه‌ بون كه‌ سه‌ر به‌هێزی قودسی سوپای پاسداران بوون.
قاسم سلێمانی كه‌سێكی تا سه‌ر ئێسك مه‌زهه‌ب گه‌رای دژ سونه‌ بوو, رقی له‌ عومه‌ر زیاتر ده‌بوه‌وه‌ له‌ شه‌یتان, له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئێرانی به‌ ئاشكرا داوایكرد هاوكاری شه‌یتانی گه‌وره‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن بۆ روخاندنی حكومه‌تی ئیسلامی سونه‌ گه‌رای تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان, كه‌ له‌وكاته‌ توندڕه‌وه‌كانی جیهانی ئیسلامی له‌ خۆی كۆكردبوه‌وه‌ به‌ بن لادنیشه‌وه‌.
دوای 11ی سه‌پته‌مبه‌ر, ریان كرۆكه‌ر له‌ جنێف چاوی به‌و دیپلۆماتكارانه‌ كه‌وت كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی سلێمانی كاریان ده‌كرد, به‌ مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی بۆ روخاندنی تاڵیبان, ئه‌م هاوكاریانه‌ش گرنگ بوونه‌ بۆ دیاریكردنی جێگا هه‌ستیاره‌كان بۆ لێدانیان و ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانی قاعیده‌, ئه‌وه‌ جۆرج بۆش بوو له‌ سه‌ره‌تای 2002 ئێرانی خسته‌ میحوه‌ری شه‌ڕه‌وه‌و كۆتایی به‌و مانگه‌ هه‌نگوینیه‌ هێنا, نه‌ك كۆماری ئیسلامی ئێران ره‌تی ده‌ست له‌ملانێی شه‌یتانی گه‌وره‌ی كردبێت.

ئه‌و جه‌نگانه‌ی به‌شداری تێدا كرد

قاسم سلێمانی وه‌ك باسی ده‌كه‌ن و خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامی فه‌رمانده‌یی شه‌ڕه‌كانی ده‌كرێت, فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌, ئه‌و له‌ كۆمه‌ڵێك جه‌نگی گه‌وره‌ له‌ ماوه‌ی 8 ساڵه‌ی شه‌ڕی عێراق – ئێران به‌شداری كردووه‌, وه‌لێ به‌هۆی هه‌ڵه‌ سه‌ربازیه‌كانیه‌وه‌ هۆكار بووه‌ بۆ به‌كوشت دانی ده‌یان هه‌زار كه‌س, كه‌ خۆی له‌ نزیك سه‌ت هه‌زار كه‌س ده‌دات, وه‌ شكستی جه‌نگی كه‌مه‌ر شكێن, له‌ شه‌ڕه‌كانی” فاوی 4, نه‌سری 5 و كه‌ربه‌لای 5 ” دا, وه‌ك موحسین ره‌زائی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران ده‌ڵێت : ئه‌و سێ جه‌نگه‌ سێ كاره‌ساتی گه‌وره‌ بوو بۆ سوپای ئێران له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی عێراق ئێراندا, هه‌رسێكیشی سلێمانی هۆكاری شكسته‌كانی بووه‌, نه‌یارانی چونه‌ پێشه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی پله‌ به‌ندی سلێمانی ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ نزیكایه‌تی ئه‌و له‌ خامنه‌ئی به‌ ” جانتا هه‌ڵگری مه‌ڵا” ناوی ده‌به‌ن نه‌ك ئه‌و سێڵڤیانه‌ی دوای جه‌نگه‌كان ده‌یگرێت وه‌ك ژه‌نه‌راڵی سه‌ركه‌وتوو خۆی نمایش ده‌كات, وا باسی ده‌كه‌ن هه‌میشه‌ له‌ دوای نیشتنه‌وه‌ی شه‌پۆڵه‌كان ئاماده‌یه‌, وه‌لێ له‌كاتی شه‌پۆڵه‌كان له‌ به‌نده‌ره‌ ئارامه‌كان له‌نگه‌ری گرتووه‌ دوور له‌ تۆفان و تسۆنامیه‌كان.
قاسم سلێمانی دوای به‌شداری كردنی كه‌می له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كرمان” دیاره‌ ورده‌ كاری چالاكیه‌كانی له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ نهێنی ماوه‌ته‌وه‌, به‌ڵام به‌هۆی به‌رز بونه‌وه‌ی پله‌ به‌ندی رۆڵی هه‌بوه‌و پاداشت كراوه‌”, به‌ وته‌ی خۆی سه‌ره‌تای شه‌ڕی عێراق-ئێران پاسه‌وانی فرۆكه‌ خانه‌ی كرمان بووه‌, دواتر وه‌ك به‌رپرسی ده‌سته‌یه‌كی 300 كه‌سی به‌شداری به‌ره‌ی سوسنگه‌ردی كردووه‌ له‌ شه‌ڕی عێراق – ئێران, به‌ڵام كه‌سانی دی ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ دوو هه‌فته‌ نێردرا بۆ به‌ره‌ی شه‌ڕی ئێران -عێراق بۆ دابه‌شكردنی ئاو, دوایی مایه‌وه‌و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌.
له‌ شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كانی “كه‌ربه‌لاكانی 1 و 4 و 7, نه‌سری 4 , فه‌تح مبین, فه‌جری 1 و 3 و 4 , ره‌مه‌زان, بیه‌ت الموقه‌ده‌س 1 و 7 و رێگای قودس… له‌ سه‌رتاسه‌ری به‌ره‌كانی شه‌ڕی عێراق – ئێران به‌شداری كردووه‌” .
قاسم سلێمانی له‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی جینۆساید و ماڵوێرانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و وڵاتیان كرده‌ به‌شێك له‌و كاره‌ساته‌, له‌ پاڵ به‌شێك له‌ هێزه‌ كوردیه‌كانی باشوور به‌شداری كردوه‌, له‌ شه‌ڕی فه‌جری چوار له‌ ساڵی 1984 له‌ ناوچه‌ی پێنجوێن, شلێر تا سورێن, ئه‌و شه‌ڕه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ وێرانبێت, هاوكات بووه‌ هۆكارێك كه‌ شاری مه‌ریوان به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژی بكرێت , هه‌روه‌ها له‌ شه‌ڕی نه‌سری پێنج له‌ ناوچه‌ی ماوه‌ت به‌شداری كرد له‌ رێكه‌وتی 21-6-1987, تیایدا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ سوپای ئێرانی كوژران, وه‌ بووه‌ هۆكارێك كه‌ به‌عس شاری سه‌رده‌شت كیمیاباران بكات له‌ یه‌ك شه‌ممه‌ی رێكه‌وتی 28ی هه‌مان مانگدا, كه‌ یه‌كه‌م شار بوو له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی كیمیابارانكرا.
ئه‌مه‌و به‌شداری و سه‌ركردایه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌شه‌ڕه‌كانی قه‌رارگای ره‌مه‌زانی كردووه‌, له‌ گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌ڕی به‌یتوالمقه‌ده‌سی 4 له‌ چیای شه‌مێران به‌شداری كردووه‌ كه‌ تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدا ئه‌نجامدرا, ئیتر تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 5000 قوربانی شاره‌كه‌و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك تا ده‌گاته‌ لێدانی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات قوربانیه‌كانی گوردانی شوانی كۆمه‌ڵه‌و سوپای رزگاری و حیزبی دیموكرات و گرتن و ئیعدامی سه‌دان كه‌سی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی پێویست به‌ ته‌فسیر و شڕۆڤه‌ ناكات, هه‌موو ئه‌و شه‌ڕو نه‌سرو شته‌ عاجباتیانه‌شی به‌ هاوكاری یه‌كێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌نجامدا, واتا شیوه‌ن گێڕانی سیخوڕ خانه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر بۆ قاسمی سلێمانی.
له‌ باشوری كوردستانیش له‌ رێگای پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ زۆر تێڕوانین بۆ شه‌ڕی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌كانی یه‌كێتی و پارتی و حسك و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و له‌شكری موسڵمانی كورد له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان وه‌ك قه‌رارگای ره‌مه‌زان ئاماده‌یی هه‌بووه‌, كه‌ دواتر به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ هاوبه‌شانه‌وه‌ گه‌له‌كه‌مان تووشی كۆمه‌ڵكوژی گه‌وره‌ هات له‌ شاڵاوه‌كانی جینۆسایدی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌, ده‌بینین دواتر ئێران به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌ به‌ په‌ناهه‌نده‌ وه‌ر ده‌گرێت, ئێستا به‌ فه‌زیله‌ت پێمانی ده‌فرۆشنه‌وه‌, كه‌ خۆی هۆكاری تراژیدیاكه‌ بووه‌ نه‌ك هاوكاریكه‌ر, هۆكاری ده‌ردو مه‌ینه‌ته‌كان بووه‌ نه‌ك برینپێچی برینه‌كان.
سلێمانی له‌ هێرشی رێگای قودس له‌ ناوچه‌ی زۆنكاوه‌كانی حه‌وێزییه‌ی عێراق برینداره‌ بیت له‌ 29-11 بۆ 7-12-1981, به‌ڵام شانازی ده‌كرد به‌ به‌شداریكردنی له‌ شه‌ڕی فه‌تح مبین له‌ 22 بۆ 28ی ئازاری 1982, كه‌ به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئاگرپه‌رستانه‌وه‌ به‌ ئیستڵاحی ئیسلامی سیاسی, سوپای ئیسلام ئه‌نجامی دا, دوای 30 هه‌زار كوژراو توانی 2500 كیلۆمه‌تر دوجار له‌ ناوچه‌ی خوزستان بگرێته‌وه‌.
له‌ هیچ یه‌كێك له‌و دوو جه‌نگه‌ كه‌ تیایدا ئێران سه‌ركه‌وتوو بوو, وه‌ حسێن خرازی سه‌ركردایه‌تیانی ده‌كرد, قاسمی سلێمانی له‌ ریزی فه‌رمانده‌كانی نه‌بووه‌, كه‌ مایه‌ی شانازین بۆی.
سلێمانی له‌دوا دیداریدا له‌گه‌ڵ خامنه‌ئی, سێ رێزلێنانی ئازایه‌تی به‌ یه‌كجار پێ به‌خشرا, كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی به‌وه‌ بوو, ئه‌و وه‌ك هێمایه‌كی ئازایه‌تی بناسێنێت, تا هژمۆنیای خۆی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ بپارێزێت, واتا كۆماری ئیسلامی پێویستی پێ بوو, نه‌ك حه‌قیقه‌ت وا بوبێت.

قاسم سلێمانی و قودس
قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی 21 ساڵه‌ی فه‌یله‌قی قودس, به‌هۆی نزیكایه‌تی له‌ ئایه‌توڵا خامنه‌ئیه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرت, بڕیار بوو كاری سه‌ره‌كی ئازادكردنی قودس بێت, وه‌لێ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی چۆڵ كردو خه‌ریكی گه‌رمكردنی شه‌ڕی عه‌لی و عوسمان و عومه‌ره‌كان بوو له‌ كۆمه‌ڵێك وڵات, ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقه‌ فیشه‌كیشی له‌پێناو ئازادكردنی قودس وه‌ك خاك له‌ سنوره‌كه‌ی نه‌ته‌قاند, ئه‌و ریمۆن كۆنترۆڵی حه‌شدی شه‌عبی و حیزبولڵای لوبنان و حوسیه‌كان و هه‌زاره‌كان و ته‌واوی گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ گیرفانی بوو به‌ حه‌ماس و جیهادو ئه‌نسار ئیسلام و كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌وه‌, وه‌لێ نه‌یتوانی یه‌ك كار دژی جوله‌كه‌ له‌ناو زه‌مینی خۆیان بكات, بگره‌ ته‌قه‌یه‌ك خۆشیشی به‌سه‌ریاندا نه‌ته‌قاند, ته‌نانه‌ت ئه‌و كاره‌ سه‌ربازیانه‌ی له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی ئێران عێراق به‌ناوی قودس و به‌یتوالمقه‌ده‌سیش ئه‌نجامیدا تیایدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو, ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌وه‌ گه‌یشت خومه‌ینی پێش مه‌رگی بایه‌لۆجی پیاڵه‌ ژه‌هره‌كه‌ی خوارده‌وه‌ بووه‌ هۆی مه‌رگی ئایدۆلۆجی ئازادكردنی قودس.
لێ له‌ سه‌ركوتكردنی گه‌لی كورد و سیستان و بلوجستان راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران رۆڵی هه‌بووه‌, پاڵه‌په‌ستۆی خسته‌ سه‌ر خاته‌می دژ به‌ چاكسازی له‌ ساڵی 1998 كه‌ زیاده‌ ره‌وی نه‌كات, هه‌روه‌ها ساڵی دواتر راپه‌ڕینی قوتابیان له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 1999 سه‌ركوت بكات ” له‌ گه‌ڵ 23 له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان داوای له‌ خاته‌میكرد راپه‌ڕینه‌كه‌ به‌ زویی سه‌ركوت بكات, وته‌یه‌ك به‌ناو بانگی هه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی: ئه‌مڕۆ سه‌ركوتیان بكه‌ سبه‌ی دره‌نگه‌ ناتوانین بیگه‌ڕێنینه‌وه‌”, ئه‌وو قائانی دوان له‌و (24) فه‌رماندانه‌ی سوپای پاسداران بوون كه‌نامه‌یان بۆ سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئێران محه‌مه‌د خاته‌می نووسی, له‌ نامه‌كه‌دا وتیان: ئه‌گه‌ر خاته‌می یاخیبوونی خوێندكاره‌كان تێك نه‌شكێنێت، ئه‌وا ئه‌وان به‌هێزی سه‌ربازی ده‌یكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی كوده‌تایان كرد له‌دژی.
محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران ده‌ڵێت: سلێمانی له‌ ساڵانی 1999 و 2009 دابه‌زیه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ داكۆكیكردن له‌ شۆرشی ئیسلامی دژ به‌ دوژمنانی شۆرش و هه‌نگاوی گرنگی نا بۆ سركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان, ئه‌و له‌ باره‌گای یه‌كه‌ی سارو الله‌ تایبه‌ت به‌ پاسداران , كه‌ ئه‌ركی پاراستنی پایته‌خت بوو له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا , له‌ ته‌موزی 1999 په‌لاماری گه‌ڕه‌كی قوتابیانی زانكۆی تارانی دا, له‌ ئه‌نجامدا 3 قوتابی كوژرا, زیاتر له‌ 200 یش بریندار بوون وه‌ 1400 یش ده‌ستگیر كران” قه‌سابخانه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر بوو ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه‌”.
ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌و كاته‌دا دژ به‌و هه‌ڵمه‌تی تیرۆركردنه‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆركردنی ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند و سیاسییه‌ ناسراوه‌كانی ئێران ئه‌نجامدران, به‌ناوی ده‌ستی نادیاره‌وه‌, وه‌لێ رژێم له‌ پشتییه‌وه‌ بوو.
ساڵی 2009 ش یه‌كه‌ی ساروالله‌ دژ به‌ خۆپیشاندانه‌كانی بزاڤی سه‌وزه‌كان دژ به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ چوو تاوانی ئه‌نجامدا, كه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان چه‌ندین مانگ درێژه‌ی كێشا , 80 كه‌سیان كوشت” ئه‌میش زۆر زیاتره‌”, به‌ وته‌ی جه‌عفه‌ری, سلێمانی زۆر جار له‌ كاره‌كانی ساروالڵه‌ ده‌ره‌دكه‌وت له‌وكاته‌ی پێویست بوایه‌ ئاماده‌ ده‌بوو, وه‌ خۆی داده‌به‌زییه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.
له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌دان و هه‌زاران كه‌س خه‌ڵتانی خوێن كران و گوله‌بارانكران, دڵڕه‌قانه‌ترین شێوازی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان بوون له‌ جیهاندا, به‌هه‌موو به‌هاری عه‌ره‌بی 10% هێنده‌ خه‌ڵك نه‌بوونه‌ قوربانی, به‌ راپه‌ڕینی وڵاتانی خه‌لیجیشه‌وه‌.
به‌ گشتی له‌ كوێوه‌ هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ رزگاربوون له‌ چنگ كۆماری ئیسلامی هه‌بوبێت ئه‌و بۆ سه‌ركوتكردن ئاماده‌ بووه‌, ته‌نانه‌ت به‌ عه‌مامه‌ له‌ سه‌ره‌ به‌ رواڵه‌ت نه‌رمه‌كانی وه‌ك خاته‌می و روحانیش رازی نه‌بووه‌, له‌ سوریاو عێراق و لوبنان و یه‌مه‌ن هۆكاری كوشتنی سه‌دان هه‌زار كه‌س بووه‌, ته‌نانه‌ت له‌ باشووری كوردستانیش ئه‌ندازیاری تیرۆركردنی سه‌دان تێكۆشه‌ری رۆژهه‌ڵات بووه‌, جگه‌ له‌و فه‌زا ره‌شه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌و هاوكاری كردوون دایان سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا, بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان و سه‌دان ملیار دۆلاری خه‌رج كردووه‌, به‌ گشتی ئه‌و تارمایی كوشت و بڕو سه‌ركوت و فاشیه‌ت بوو, پێگه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی پێگه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌گه‌رایه‌ و تواناكه‌ی توانا مادیه‌یه‌ كه‌ ئه‌ژماری بێسنوور بوو له‌ لایه‌ن خامنه‌ئیه‌وه‌ , ده‌یان كارگاو كۆمپانا و به‌نده‌ر … له‌ خزمه‌ت پڕۆژه‌كانیدا بوون, ئه‌و هه‌ڵگری په‌یامی سه‌پاندنی ره‌شترین ده‌سه‌ڵات بوو له‌ ناوچه‌كه‌, هه‌موو ئه‌م سه‌ركوت و پاره‌و هژمۆنیای سه‌دن ساڵه‌ی شیعه‌گه‌را هێزیان پێ به‌خشی بوو, كه‌ گۆڤاری تایمی ساڵی 2017 , قاسم سلێمانی به‌ یه‌كێك له‌ 100 كه‌سایه‌تیه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی جیهان بناسێنێت, لێ كاریگه‌ر كاریگه‌ره‌, مه‌رج نییه‌ دادپه‌روه‌ر بێت و شایانی نازناوی جیگوارا بێت, هه‌موو كاسكێت له‌سه‌ر و پۆستاڵ له‌ پێیه‌ك و دێوانه‌ی چه‌ك هه‌لگرتنێك جیگوارا نییه‌.

قاسم سلێمانی و نه‌كه‌وتنی هه‌ولێر
له‌ به‌ر چاومه‌ ئه‌و دوا نیوه‌ڕۆیه‌ی ته‌نها 40 داعش مه‌خموریان گرت, هێزێكی بچكۆله‌ی گه‌ریلاو پێشمه‌رگه‌و خۆبه‌خشی مه‌ده‌نی له‌ باخچه‌ی دیار مه‌خمور مابونه‌وه‌, به‌ چاو داعشه‌كانی له‌ خواره‌وه‌ ده‌بینران, كه‌وتبوونه‌ تاڵانی گه‌نمی سایلۆكه‌ی مه‌خمور, ورده‌ ورده‌ ئه‌و هێزه‌ بچوكه‌ گه‌وره‌وه‌ بوو, هه‌ڵاتووه‌كان مه‌خمور غیره‌تیان به‌ به‌ردا هاته‌وه‌و له‌و دیو مه‌فره‌قی گوێر- دیبه‌گه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باخچه‌, باخچه‌ مایه‌وه‌ نه‌كه‌وت, دواتر له‌وێوه‌ هێرشی به‌رپه‌رچ ئه‌نجامدرا و مه‌خمور ئازاد كرایه‌وه‌, كورد نه‌گبه‌ته‌ باسی ئه‌و هێزه‌ ناكات كه‌ له‌وێ له‌و چركه‌ ساته‌ هه‌ستیاره‌ چه‌ند كاتژمێرییه‌ چه‌قی, كه‌ كورده‌و یه‌كێك له‌وان ناوی پكك ه‌یه‌, كه‌ دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی كرد, یان ئه‌و هێزه‌ی له‌ سلێمانیه‌وه‌ هات, یان ئه‌و كۆنه‌ پێشمه‌رگانه‌ی بوونه‌ فیدایی و قه‌ره‌چوغیان گرت و چه‌قین به‌دیار شاره‌وه‌, خۆ سه‌نگه‌ر عه‌وڵا حاجی نه‌گبه‌ت یه‌كه‌م كه‌س بوو لێدوانی دا له‌ به‌رده‌م قایمقامیه‌تی مه‌خمور له‌ پاش ئازادكردنه‌وه‌ی, له‌ چركه‌ ساته‌كانی یه‌كه‌می گرتنی مه‌خمور كه‌ به‌رپرسانی ئێستای هه‌ولێر زۆریان هه‌ڵاتبوون به‌ كاكه‌ “ئ ه ” شه‌وه‌, جیڤاراكه‌ی كوردایه‌تی, یان ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی شه‌وه‌كه‌ی له‌ شاشه‌كانه‌وه‌ فشه‌یان لێ ده‌دا, هه‌قی وایه‌ به‌ ئه‌رشیفدا بچنه‌وه‌و ده‌ریان بهێننه‌وه‌, چ له‌كاتی پاراستنی, یان ئازادكردنه‌وه‌ی مه‌خمور شتێك, ده‌عبایه‌ك به‌ناوی قاسمی سلێمانی و 70 پاسدار بوونیان نه‌بووه‌, كه‌ ئێستا فلیمه‌كه‌یان گۆڕیووه‌ گوایا له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی مه‌خمور به‌شدارییان كردووه‌, وه‌ رێگر بوونه‌ له‌ كه‌وتنی هه‌ولێر, دیاره‌ له‌ ترسا كه‌س نه‌یوێرا به‌ فه‌رمی وه‌ك حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی بداته‌وه‌, پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی گرتنه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك و دوزو ناچه‌كانی دی بوو له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا, واتا نه‌ك شوێنی بۆ كوردان ئازاد نه‌كردووه‌ و نه‌پاراستووه‌و فه‌زیله‌تی نییه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ بگره‌ پانتاییه‌ك زۆری لێ داگیر كرده‌وه‌, ته‌نانه‌ت فه‌رمانی ئه‌و بوو شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پێش ئه‌وه‌ی مه‌كگۆرك له‌ پشووی كۆتایی هه‌فته‌ ده‌ست به‌ دانوساندنه‌كانی بكاته‌وه‌, بۆ رێگری له‌ به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ركردن, فه‌رمانی هێرشی خێرای دا, بۆ رێگا گرتن له‌ چاره‌سه‌ری سیاسی كێشه‌كان, بۆیه‌ كوردستان به‌ هیچ جۆرێك قه‌رزاری نییه‌, بگره‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌, ئه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ مه‌كه‌ن پێی به‌ كورد كوشتنه‌وه‌ گرتووه‌, بگره‌ به‌رپرسه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ پاش ئه‌و مێژووه‌ ره‌شه‌وه‌ هات به‌ دوای فتوای جیهادی خومه‌ینی, ئه‌و له‌ رابردوو ئێستا مایه‌ی نه‌هامه‌تیمان بێت ئه‌م هه‌موو ستایش و شیوه‌نه‌ له‌ پای چی؟, ئه‌و ده‌یزانی باشوری كوردستان پاروه‌ چه‌وره‌كه‌ی ساڵی 1979 ی رۆژهه‌ڵات نییه‌, به‌هۆی بوونی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی رۆژئاوا له‌ عێراق ده‌نا بێ یه‌ك و دوو هه‌مووی قوته‌ دا, نه‌ك خاڵخاڵی و حه‌سه‌نیه‌ك, بگره‌ ده‌یانی بۆ ئاماده‌ ده‌كرد.

رۆسته‌می زاڵ و ئه‌بو موسلمی خوراسانی یان عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌

لای شیعه‌كان یان ئێرانیه‌كان, جگه‌ له‌ ناوه‌ ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان كه‌ لیسته‌كه‌یان زۆره‌, چ ئه‌وانه‌ی كوژراون یان قه‌ول وایه‌ زیندوبنه‌وه‌ دوای مردن بۆ درێژه‌دان به‌ ئه‌رك و په‌یامه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌, دوو كه‌سایه‌تی وه‌ك پاڵه‌وانی دانسقه‌ نمایش ده‌كرێن كه‌ ئه‌وانیش ئه‌بو عه‌باس موسلم خوراسانی ” 718-754 ز”, كه‌ ئه‌مه‌وییه‌ كافره‌ بكوژه‌كانی عه‌لی و حه‌سه‌ن و حوسێنی و قاسمیان له‌ ده‌سه‌ڵات روخاند, له‌ گه‌ڵ رۆسته‌م و زۆرابی شانامه‌ی فیرده‌وسی كه‌ ئه‌بو قاسم فیرده‌وسی ” 935-1020 ” نووسیویه‌تی, هه‌ردووك ئه‌فسانه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی ئێرانیه‌كانن و لای ئه‌وان له‌ هیزو پاڵه‌وانێتیدا نموونه‌یان له‌ جیهاندا نییه‌و نابێت, له‌ هه‌ردوو بوادا ناوی قاسمیش ئاماده‌یه‌, ئێستا هه‌ندێك قاسمی سلێمانی له‌ زیندوكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی شیعه‌ به‌ناوی مانگی شیعه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ سه‌ر موسلم خوراسانی, له‌ پاڵه‌وانێتی و هێزیشدا ده‌یبه‌نه‌وه‌ سه‌ر رۆسته‌م و زۆراب, لێ له‌ راستیدا هیچكام له‌و دوانه‌ نه‌بوو, به‌ڵكه‌ بۆ خۆی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید” 1944-2010″ێكی شیعه‌گه‌رای ئێرانی بووه‌, عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید چۆن پێشتر نایب عه‌ریفێكی فاشیل له‌ سوپای عێراق بوو, به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ی له‌دوای 30-6-1987 ه‌وه‌ پێی درا, به‌ وه‌حشیه‌ت و دڕنده‌یی توانی ژیان له‌ لادێكانی كوردستان بسڕێته‌وه‌ و زیاتر له‌ 200000 كورد بكوژێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ باشوری كوردستان ده‌ربكات, وه‌ك لایه‌نی سه‌ربازی ئه‌مه‌ بۆ ناسیۆنالستی عه‌ره‌بی سه‌ركه‌وتنه‌, هه‌نووكه‌ش ناسیۆنالسته‌كانیان به‌ شانازییه‌وه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌, لێ بۆخۆی دڕنده‌یی و وه‌حشیه‌تێكه‌, لای كورد عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ته‌نها نایب عه‌ریفێكی فاشیلی وه‌حشی بوو, بۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌ عه‌ره‌بیه‌كانیش ناوبراو فه‌رمانده‌یه‌كی مێژووی به‌ به‌های سه‌ربازی بووه‌, به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئیسلامییه‌ شیعه‌ گه‌راكان سلێمانی خه‌ونی دزراوی بۆیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌, فه‌رمانده‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌ربازی تا مردن بووه‌, چل ساڵ ته‌واو پۆستاڵی پاسداری له‌ پێ نه‌كردۆته‌وه‌, ئه‌وان له‌ له‌ فرده‌وسدا له‌ باوه‌شی حوسێندا ده‌یبیننه‌وه‌, كه‌ به‌رزترین خه‌ونی ئه‌فسانه‌یی ئه‌وانه‌, وه‌لێ بۆ ئێمه‌ ده‌بێت هه‌ر پاڵه‌وانه‌كه‌ی شه‌ڕی سێ مانگه‌ی رۆژهه‌ڵات و گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك ماڵوێرانی شاری دوز بێت, ئازادی و ئه‌خلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایه‌تی بكه‌ین, بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هه‌ر له‌ جه‌لادێك زیاتر نییه‌.

ستایش بۆ قاسم سلێمانی
قاسم سلێمانی دوای 45 رۆژ ڕاهێنانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی , یه‌كه‌م گوله‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی پراتیكی خۆی به‌ خه‌ڵكی كوردستان تاقیكرده‌وه‌, یه‌كه‌م ته‌قه‌ی به‌ كورده‌وه‌ نا له‌ سه‌ركوتكردنی گه‌له‌كه‌مان له‌ شاری مهاباد و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گرتنه‌وه‌ی شارو شارۆچكه‌كانی و كۆمه‌ڵكوژیكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی, هاوكات شوێن ده‌ستی به‌ ته‌واوی تراژیدیاكانی سه‌ر گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ له‌ دوو پارچه‌ی كوردستان باشورو رۆژهه‌ڵات له‌ ماوه‌ی 8 ساڵی شه‌ڕی عێراق و ئێران دیاره‌, هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رده‌شت دوو شاری كیمیابارانكراو به‌رهه‌می چالاكی سه‌ربازی ئه‌ون, سه‌رباری كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و جینۆسایدی ئه‌نفال.
ئه‌وێك سه‌ری نێزه‌ی سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینه‌كانی خه‌ڵكی ئێرانه‌, سه‌رباری وڵاتانی دیكه‌, ئیتر ئه‌مه‌ نه‌ جیڤارایه‌و نه‌ تارماییه‌و نه‌ رۆسته‌می زاڵه‌و نه‌ خوراسانیشه‌, به‌ڵكه‌ تاوانكارێكه‌ و پیاهه‌ڵدان به‌سه‌ریدا چ وه‌ك كوردێك كه‌ كورد كوژ بووه‌ تاوانه‌, چ وه‌ك كه‌سێك به‌شدار له‌ تاوانی گه‌وره‌ به‌ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان كردووه‌, پیاهه‌ڵدان به‌سه‌ریدا كارێكی نا ئه‌خلاقییه‌ ویڕای نكۆڵیكردنه‌ له‌ تاوانه‌كانی, هاوكات سڕینه‌وه‌و جوانكردنی تاوانه‌كانیشێتی, هه‌قی سزا دانی هه‌یه‌, وه‌ك لۆمۆندی فه‌ره‌نسی به‌ جیڤارایان ناساند, تێله‌سوری فه‌نزوێلی به‌ شۆڕشگێڕی بنه‌ڕه‌تیان دایه‌ قه‌ڵه‌م, ئاخ شه‌رمه‌ كه‌م ده‌بینم ئیدعاكه‌رانی چه‌پ ده‌كه‌ونه‌ زه‌لكاوی كوێربوونی چه‌په‌ڵه‌وه‌, خۆ هه‌ڵواسینی جارێك بن لادن و جارێك سلێمانی به‌ ناوی جیڤاراوه‌, ناشرینكردنی رێگاكه‌ی جیڤارایه‌ به‌ چه‌په‌ڵی كاره‌كانی ئه‌وان, وێڕای داتاشینی ئازایه‌تی درۆینه‌یه‌ بۆیان, كه‌سێك هیچ یه‌كێك له‌و دووه‌ی نه‌بینی له‌ پێشه‌وه‌ی هیچ نه‌به‌ردییه‌كدا, هه‌ر خه‌ڵكیان بۆ مه‌رگ نارد, وێڕای په‌یامه‌ نامرۆڤانه‌كانیان, ئه‌رێ گه‌لۆ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی شه‌ڕی داعشدا, له‌ كاتی شه‌ڕدا كێ سلێمانی له‌ شه‌ڕگه‌یه‌كدا بینی؟؟؟؟.
قاسمی سلێمانی ئه‌گه‌ر له‌ تاران دائه‌به‌زییه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ سه‌ركوتكردنی قوتابیانی سڤیلی گه‌نجی بێ چه‌ك, كه‌س له‌به‌ره‌ی جه‌نگی داعش نه‌یبینی, هه‌ر دوای سه‌ركه‌وتنه‌كان بۆ سێڵڤی گرتن ئاماده‌ بوو.
راسته‌ سیاسیه‌كان كورد رزگاریان بوو, به‌ مردنی سلێمانی هه‌مووو نهێنیه‌كانیشیانی له‌ گه‌ڵ خۆیدا برده‌ گۆڕه‌وه‌ ,ئه‌و له‌ نه‌خشه‌ دانان بۆ له‌ناو بردنی نه‌یارانی نزیكی خۆی سڵی نه‌كردبێته‌وه‌ ده‌بێت چی له‌م وڵاتانه‌ و له‌م عێراق و كوردستانه‌ كردبێت, چه‌ند تاوانی نهێنی تێدا ئه‌نجام دابێت, له‌گه‌ڵ خۆیدا چ خه‌زێنه‌ زانیارییه‌كی پڕ به‌های بردبێته‌ گۆڕه‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا به‌ قسه‌یه‌كی هادی عامری كه‌ له‌ یه‌نایه‌ری 2015 كردی كۆتایی پێ دێنم كه‌ وتی قاسم سلێمانی نه‌بوایه‌ عه‌بادی نابووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران, پێشتریش سلێمانی مالكی و تاڵبانی له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان دانابوو, له‌ پڕۆفایله‌كه‌ی وه‌ك سه‌ركه‌وتن بۆی نووسراوه‌, ئه‌مه‌ وێنایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق له‌سه‌ر كورسی داندران نه‌ك هه‌ڵبژێردران راسته‌, هه‌موو داشی شه‌تره‌نجی سلێمانی بوون, به‌ چرای سه‌وزی ئه‌ودا تێپه‌ڕیون,بۆیه‌ بۆ ئه‌وان شیوه‌ن و قوڕ پێوان هێشتا كه‌مه‌ بۆ مه‌رگی ئه‌م دڕنده‌یه‌.