هەڵوەستەیەک لە بەردەم ئەو تەرمەی شاعیر (غەمگین خدر) لەسەر زمانی ناشتوویەتی.. سۆما مەلا

وەک ئاشکرایە زمان و فۆڕمی شیعری جیاوازە لە فۆڕم و زمانی چیرۆک و ڕۆمان، چونکە پانتایی شیعر تەسکترە لە پانتایی چیرۆک و ڕۆمان تاوەکوو شاعیر بتوانێت، بە فراوانی و بە دڵی خۆی باسی ڕووداوێک یاخود بەسەرهاتێک بکات، لێرەدا شاعیر دەبێت زمان و تەکنیکی تایبەت بەخۆی هەبێت تاوەکو بتوانێت ئەوەی لە خەیاڵیەتی وەک شیعرێکی جوان و پڕ چێژ پێشکەشی خوێنەر بکات.
ئەمەش زۆربەی کات، کاتێک ڕوودەدات کە شاعیر بۆ خودی خۆی بنووسێت، کاتێک شاعیر بۆ خودی خۆی نووسی. ئیتر ئەوانی تریش دەتوانن خۆیان لە ناو فەزای پەیڤەکان و هزری ناو دەقەکانیدا بدۆزنەوە بێ ئەوەی هەست بە نامۆ بوون بکەن.
وەک لەم چەند دێڕەدا شاعیر باس لە ئازار و ماندووبوونی خۆی دەکات بەدەست ژیانەوە، کە دەشێت ماندووبوونی مرۆڤی مۆدێڕن بێت. دەشێت من بم، دەشێت هەموومان بێت.

( ڕۆژەکان هەرچییەکیان بۆ تاریکی پێ بێت
بەناو شەودی خۆیاندا،
هەر تێدەپەڕن
ئەستێرەکی دیکەیش
هەر دەڕژێت
گزنگێکی دیکەش،
هەر هۆگر دەبێتەوە
نهێنییەکان لە دڵی کەسدا ناشاردرێنەوە
ئازارەکانیشم
هی ئەوەنین گوێچکەکانتان بۆی شل بکەی
ناهێڵم خوێنی هیچ کەسێک بڕژێتە دەمارمەوە. )

یاخود دەڵێت:
( ئەوەتە دەستەکانی تۆش
ئیمزای غەمگینی بۆ ڕێزمانی ژیانم دەکات
ئەو ئێوارە تاریک و نەفرەتییە هات
دواجار ئەو ڕۆژەی کە ڕۆژی من نییە هات
دەروونم لە پێڵاوەکانم ماندووتر. )

شیعری باش و باڵا ئەوە نییە، پڕ بێت لە وشەی قەبە و ڕەمز و شاراوە، کە تەنیا شاعیر خۆی تێی بگات، بەڵکوو شیعری باش ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە، بەڵام بە کۆدێکی تاڕادەیەک ون خوێنەر بیخوێنێتەوە و تێی بگات. واتە بە وشەی سادە دونیایەکی گەورە دروست بکات، چونکە دواجار دەقەکە تەنیا هی خۆی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خوێنەر، واتا بەشێک لە خۆی پێشکەش بە خوێنەر دەکات کە بەرهەمەکەیەتی،
وەک لەم دێڕەدا شاعیر بە زمانێکی سادە و بێ گرێ باس لە خۆشەویستییەکی ڕابردوو دەکات بێ ئەوەی بیەوێت ئەو خۆشەویستییە پیس بکات بەهیچ وشەیەکی زبر و ڕەق

*( ئێستا کە لەناو ئەو پەیڤانەدا دەژیم
ئێستا کە بیر لە لێوەکانی دەکەمەوە
خەریکە وەک هەنجیر دەبمە موڕەبا؟ )

ستایلی شیعری غەمگین خدر وەک هەمیشە تایبەت نییە بەیەک جۆری شێوازی شیعر و هەروەها بابەتێکی دیاریکراویش، بەڵکوو دەتوانی لە دێڕەکانیدا (خۆشەویستی و عەشق و یاخی بوون و نیشاندانی ناشیرنییەکانی کۆمەڵگا و یاخی لە سیاسەت و تەنانەت پیسبوونی ژینگە و جوانی شارمان نیشان بدات…هتد.) نیشان بدات و هەر یەکێکیش بە شێوازێک.
ئەوەتا لە چەند دێڕێکی تردا دەڵێت:

( بەڕاکردنێکی سپی
تڕەمبێلێک جادەکان قووت دەدات
دانیشتووین و لە ناو ئەو غارە غارە
دووکەڵ لە قوونی دەکۆخێت
هەولێر لە پاشمان بۆتە ستۆکە جغارە
لە پاشەملە،
دەست و دەمی ڕەش دەچێتەوە )

لە کۆتاییدا دەڵێم شیعری باش ئەوەیە هەڵگری هەر دوو جۆری فۆڕمی تایبەتی دەرەکی و ئەندێشەی تایبەتی ناوەکی بێت، بۆ ئەوەی هەم خوێنەری ئاستبەرز و هەم خوێنەری سەرەتا و سادەش بتوانن بیخوێنەوە و لێی تێبگەن، بەڵام هەمیشە شیعری چاک ئەوەیە فۆڕمی ناوەکی باڵادەستی زیاتر بێت بەسەر فۆڕمی دەرەکیدا، بەڵام بە ئاستێکی هاوسەنگانە و وەستایانە، کە پێموایە ئەوەش مۆڕکی شاعیریەتی بە خودی شاعیر دەبەخشێت.
ئەگەر وەک دەگوترێ و باوە، هیچ کتێبێک بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەم هەوڵە جوانانەی لەلاین شاعیر و نووسەرە گەنجەکانەوە دەدرێن، پێویستە بەرز بنرخێنین. هەروەها پێویستیشن بۆ کتێبخانە و فەرهەنگی ڕۆشنبیریی کوردی. بەهیوای کاری باشتر و جوانتر لە داهاتوودا کە هەر ئەوەش لەم شاعیرە بەدی دەکەم و بەرهەم لەدوای بەرهەم وەبەر جیهانبینی شیعری تازە دەکەوین.

—————————————————-

سەرچاوە: تەرمێک لەسەر زمان دەنێژم. شیعر . غەمگین خدر. چاپی یەکەم 2021.
چاپکراوەکانی خانەی کولتوور




ڕێگا دووره‌كانی چاومان.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

                                      

گیانه‌! دوورم،
خه‌ونه‌كانی دوێنێ گۆپكه‌
به‌ دره‌ختی زامه‌كانی ئه‌مڕۆم ئه‌گرن.
په‌پووله‌ ئاواره‌كانی
دووره‌ باخی ماچه‌كانمان،
باڵه‌كانیان خوێنی تارای
بزه‌كانی لێوم ئه‌سڕن.
وشه‌كانی شیعری ئێستام،
به‌ ئاسمانێكا هه‌ڵئه‌فڕن..
له‌ من و تۆ..
له‌ گیانبازانی ڕێی عیشق،
چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوه‌رینی هێشووی هه‌ورن.
دوورم.. هه‌ر نیگایه‌ك لێره‌،
دێڕه‌كانی ناو ده‌فته‌ری منداڵیمان
له‌ت له‌ت ئه‌كا.
((بۆ لای په‌ریزاده‌یه‌كی ترم ئه‌با))
دوورم.. هه‌ر چرپه‌یه‌ك لێره‌،
یاده‌كانی سه‌ر كۆڵانی هه‌رزه‌ییمان
په‌رت په‌رت ئه‌كا.
(( بۆ سه‌ر ڕۆخی ده‌ریایه‌كی ترم ئه‌با ))
دوورم.. هه‌ر چرایه‌ك لێره‌،
هه‌موو شه‌وێ سنووری دڵ به‌جێ دێڵێ و
خه‌ونه‌كانی وشیاریمان ئه‌سڕێته‌وه‌.
((بۆ لای داستانی تۆم ئه‌با))
دوورم.. هه‌ر بڕوایه‌ك لێره‌،
سه‌رووی هیواكانی دووكه‌ڵ.. به‌ ته‌ورێكی
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی دڵداریمان ئه‌بڕێته‌وه‌.
((بۆ لای هه‌ڵسانی خۆم ئه‌با))


گیانه‌.. چه‌قۆی تۆڵه‌ی مه‌رگی دڵداریمان
سه‌رله‌نوێ خۆی له‌ هه‌سانی زبری سنگی
نوشستیمان.. ئه‌سوێته‌وه‌.
ئه‌وا ڕێگا دووره‌كانی دووتوێی نه‌خشه‌ی
ڕازه‌كانی ئه‌مجاره‌مان
باوه‌شی بۆ هه‌نگاونانمان.. كردۆته‌وه‌.
بانگمان ئه‌كه‌ن..
تا سه‌ره‌تای داستانێكی تر ده‌ست پێكه‌ین.
بانگمان ئه‌كه‌ن..
تا كاروانی دڵدارانی هه‌تاو ڕێك خه‌ین.
بانگمان ئه‌كه‌ن..
باخی سنگی گۆرانییه‌كانمان ئاو بده‌ین.
بانگمان ئه‌كه‌ن..
جوانووی ده‌نگی برووسكه‌كانمان تاو بده‌ین.


خۆشه‌ویستی..
شۆڕه‌سواری خۆی له‌ هه‌موو هه‌ورازێك و
نشێوێكی شاره‌كانی شه‌وا هه‌یه‌.
خۆشه‌ویستی..
ڕووباری خۆی له‌ كیشوه‌ری
تینووی چڵه‌ بزه‌كانی خه‌وا هه‌یه‌.
گیانه‌.. شه‌وه‌!
خه‌رمانه‌ی مانگ وشه‌كانی ئێواره‌مان
بۆ ملوانكه‌ی گه‌ردنی خۆر،
به‌ تاڵه‌ ده‌زووی فرمێسكی
دووریمان ئه‌هۆنێته‌وه‌.
گیانه‌.. خه‌وه‌!
هه‌ناسه‌ی بانگ،
نامه‌كانی دڵداریمان..
بۆ تێشووی سه‌فه‌ری دووری
ئه‌مجاره‌ ئه‌پێچێته‌وه‌.


ئه‌مجاره‌.. دڵ
گه‌ڵاڕێزانی ئه‌ستێره‌ی گه‌رداوی ژیل،
له‌ ئاوێنه‌ی شڵپه‌ی خوێنا..
ئه‌كاته‌ ئاڵای بارانی
گه‌رووی په‌ڕه‌سێلكه‌ی تینوو.
ئه‌مجاره‌.. باڵی هه‌نسك و هاواری چڵ
هه‌واڵه‌كانی به‌ر ده‌رگای
پۆسته‌خانه‌ی هه‌ناسه‌ی دیل،
له‌ ناو پۆلی دڵدارانی
ئاواره‌ و بێ سه‌ر و شوێنا..
ئه‌كاته‌ وانه‌ی یه‌كه‌می
عیشقی پڕ له‌ هه‌ڵۆی ئومێد
هه‌ڵۆی باڵ نه‌خشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ.
1977




بەردەڵان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

وەک پەرداخێ مەی
شەوێ لە نیگایەکیدا ڕژا
هەورێ لە فرمێسکی کات
لە خوێنی کاتژمێری تەنیایی ئەتکا
قاچەکان لە نشێوی بەردا
جێمان
وشەکانیشیان
بە لێوی گیا گۆشتینەکانەوە دوریەوە
جیابونەوەی ساڵە تەرمەکانە
لە چاوەڕوانی سێبەری مرۆڤە دڵ کونەکان
بێئەوەی پێبزانن
ڕەهێڵە لمە وەرزەکان
وەزە لمە ڕەهێڵەکان
پڕبوون لەپروشە بەفری خۆشبەختی مردن
تاشە بەردێ نابینی
بتگەیەنێتە
بەردی حەقیقەت
هیچ تاشە بەردێ نابینی
کۆتامانای شتەکانی
لەسەر هەڵکەنرابێ
مرۆڤە بەردەکان
دیلن لە نێو دڵێ
موتربە بە ڤایرۆسی مەرگ
بەردەڵانی مرۆڤەکان
لە خوڕەی جۆگەلەی مەرگەوە ترازان
ئاشوفتە بون
لە نێوان کەژی وونبوون و
پردی مەرگ و سەما
واهەستی کرد لە ئاوێنەیەکی ترا
لە نوری بەردەم تونێلی خەونێکی ترا
بوەتەوە بە کڵپە ووشە
تا بنوسێ
برینێ لە عیشقی ڕەق
وەک بەرد
بڕیاری دا
فەرامۆشی کا
شیرێ لە چەقینی نێو برینی ڕۆح
لەسەر پەڕەی ڕەشی چارەنوسیش
ڕێبوارێ پرسی
کام توانەوە لە ڕۆژە سەرابیەکان
کام هاتنی پۆلە کۆتری ڕەشی بێهودەیی
کام حەزی مانەوە
لە مێرگی شینی چاوانی ئەو
کام چیرۆکی بریندارێ
خێڵە وونەکانی شەوی شیعر بیانهێنێ
هێڵکاری خەیاڵە
تەماشاکردنی پەیکەری تەمەن
هەر کە گەڕیدەیەک
دوا نامەی لە پشت ئۆقیانوسی وونەوە نوسی
میوەی فیردەوسی ئێستای پێنیە
بەتاڵبونەوەی تەلیسمی دوێنێ
لە تیاڕامانی سەحەرئامێزی ئەو
دەستپێکردنەوە بەگەڕانی
نێو بەردەڵانی بیرەوەریەکان
وەک خەو بوو
ئەفسانەی هاتنیان
وەک تای سەرەمەرگ بوو
ئاشووبی بوونیان
بە نائارەزوو ترازندیانە
ئەشکەنجەی گەڕانی خودی خۆی
بە ئارەزوو
لە ئامێزیان گرت
جەستەی پڕ تەم و خۆڵ و مەرگی یەکتر
بەردەڵانە ژیان
لە سەرەتادا
زەوی هەڵکێشراوی نشێوی بەستەڵەکی نەبوون
ڕۆح لە هەسارەی تەنیایی خۆیدا
مانگ کێڵراوی نیشتیمانی زەڕ خاکی وشە بوو
خوێنیش ڕۆمانی نەنوسراوی ئاوی مانەوە
گەرچی ڕەگی پرسیارێ
لەسەر مێرگی دڵ ڕوا
گەرچی لێوەکانی ئەو کچانەی
لە چاوەڕوانی هەڵۆ ئاڵتونیەکانا
بوونە بەرد
پشکۆی چاوانی
ئەفسانەنوسیش
زۆر دەمێکە کوژانەوە
لە زەمەنی ڕۆژە بەردەڵان
خواوەندی بەرد دروستی کردن
ئەچنەوە ژێر نمە لمی بێهودەیی و گومرایی
لەبەهارێکی بەژموردەدا
ئاسمانیش هیچ دەرگایەکی تری نیە
جگە لە جادوو
هەموان لە دێوەجامەی گەردوونا دیل
زمانیش، لە تەڵەی
بێدەنگی ڕزگاری نابێ
بەردەڵانی وشە ڕۆژەکانە
قفڵ ئەکاتە پێکان
وەک کەلە سەری ساڵەکان
بەردەکان خلۆر ئەبنەوە
هەر وەک دەرزی
تیشکی چاوی ئەستێرەکانیش
بەیداخی ڕەشی شەوەزەنگێ ئەبڕێ
بەڵام ئێوارەیەکی زیوین
چی پێ ماوە
تاوەکودەرگای ئاڵتونینی قەفەزی دڵی تۆ بکاتەوە
دار خەونەکانی ڕابردو
پێش گەیشتنی ئەوان کلۆر بوون
تەم ڕوخسارێ بویت
زەریاپۆشێ بووم
ڕاماین
لە نێو بەردەڵانی ساڵانێ لە تەم
چی سەمەرەیەکە چرکە بوونەکان
چی سەمەرەیە
بوونە چرکەکان
لەشریتی پجڕاوی فلیمێکی پچڕاو
زیاتر هیچیتر نیە
نمایشی ئەوان
بەسەرهاتەکانی نێو گەردوونی بەردەڵان
ڕۆمانی نوسراوی دەستی خۆمانە
بەردەڵانە
حەزەکان
بەردەڵانە
مێژووی پەروانە مرۆڤ باڵسوتاوەکان

……………………………………………………………………………

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری بەریتانی
( Tim Hill)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




نیو تابلۆی تەواو نەکراو.. نەوزاد بەندی

خۆر ئاوا بوو ،
خۆ بە دوو کوپ قاوە
ئەوێرین
بڕوا ناکەم پێمان بوێرن ..
عەسرێ
خۆمان هەڵیئەبژێرین ..
نەک خۆی هەڵمانبژێرێ ..
کورسی و مێزێ ،
لە کەناری ڕووبارێکی
زور دێرین ..
خۆمان چرکەکان ئەژمێرین
ناهێڵین
چرکە بمانژمێرێ..

ـــــن . بەندی …….دەسپێکی2021ـــــ




گوڵێ.. کەنعان مدحەت

ئەو شنەیە پێوەی دیارە
بۆن و بەرامەی بەهاری ، تاقە بارە
بە دڵم بنوسێ و خەنیم کاتەوە
کەی تۆش جوانی و ئارەزووت وەک ئەو تیا
کۆبووەوە
بێشک ئەودەم ،
لێوم بۆ تۆش دەکەوێتە سەما و
ماچم بە سەرەتا داڕێژ
رەزامەندیتش ،
بە ئەنجامگەیاندنی روکعەتەکانی نوێژ …

ئەو شمشاڵە ئاشقەی پەخشی هەناسەت
بە تەنها و تەنها پەنجەکانتی نوقسانە
دە شانە بە شانە بیلاوێنە
با تێر بمخرۆشێنێ و
دڵی زووخاوم لەت لەت کات
خۆ من لە یەکەم تڵفی تەڕمەوە
سەرمەستی تۆ و
شەیدای بۆنی گوڵەکانی سنگتم
ئەو گوڵانەی کە بە درێژیی تەمەن
ئاوێزانی خۆ پێناسەکردنی پەنجەنم بوون
بۆنیان بکات ..
با بە هەڵا نەڕۆین ، گوڵێ !
هەمو گوڵێ شایستەی شانازی و
بۆنکردنە ..
ئەگەر جاری وا لووت نەفرەتی لێ دەکا و
جاری واش خودی گوڵ بە خۆی
بۆنی لێ دەوەرێتەوە
بەڵام بۆنی تۆ هەرگیزاو هەرگیز
نە سەرەتا و
نەش کۆتا دەیگرێتەوە




پێکەنینی ناو گریان.. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

منی بچکۆلە ھەر کە ھاتمە ژین
بە گریانی من کەوتنە پێکەنین
فرمێسکی شادی لە ڕووتان باری
بۆ ئێوە بووم بە مایەی بەختیاری
ھەریەک بەجۆرێک وەسفی دەکردم
چی جوانیم ھەبوو بۆ خۆی دەبردم
یاخود ھەرکەس کێی خۆشبوویستایە
دەیوت بەبە گیان وەکو ئەو وایە
ھەر ڕۆژەی جۆرێک خۆم نیشان دەدا
ھەتا دڵخۆشی بە ھەمووان بگا
ڕۆژێک وەک بابە ڕۆژێک دایە گیان
ڕۆژێکیش تەواو وەکو ھەردووکیان
بەڵام ئێستاکە ھەروەکو خۆم وام
نازدار و شیرین جوان و بێ ھاوتام
ھەر سەرنج دەدەن لە دەست و قاچم
بۆ تەنھا ساتێک لەبیرتان ناچم

٢٠٢١/١/١