ڕانانێک دەربارەی میتافۆری ئەشکەوت: لە پلاتۆنەوە تا بەیکۆن.. نوسینی: ئاراس سەعید

لەناو ئەم پڕۆسیسی بەناکەس بوونەدا، لەکار خانەکانی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگاوە، مرۆڤ وەکو؛ ئۆبێکتیڤی بەرهەمهێنان، بەر لە قاڵبدان و دروستبوونەوە دەکەوێتەوە بۆ تاپێک لەمرۆڤی ڕامکراو و لێکچوو. یان بەتەفسیرە مارکسیەکەی؛ سەردەمی نامۆبوونی ئینسان لەهێزەخودیەکانی خۆی و ئالودەبوونی بەدونیایەکی فانتازیا و نەبینراو. هەرچی زانستی مۆدێرنیتەشە، دووبارە ئەو نابوونە دەخولقێنێتەوە. ئێمە لەناو ئەم چرکەساتەدا، کەبەر خولقاندن و لەقاڵبدانەوە دەکەوین، کە کارخانەکانی سیستەم ڕۆژانە دەمان هاڕن و بەئارەزووی خۆیان دەمان کەن بەتاپێک لە مرۆڤی لێکچوو. بەشێویەکی تر، دروستکردنی گاڕان و مێگەلێک، کە هەموو ئۆرگانەکانی بەیەک شێواز دەهزرین و بیردەکەنەوە. سەردەمی ئێستا، سەردەمی نامۆبونی مرۆڤ و تواندنەوەی منەکانە لەناو ئەوانی تردا، ئەو منەی کە ناتوانم ببم بەخۆم. خودشوناسێکی ساختە، یان خودێک کە بەرهەم هێنراوی ئەوانی ترە. سۆسۆلۆجیستەکان پیان وایە؛ “مرۆڤ لەچرکەساتی لەدایک بونیەوە، تاکێکی بێ زمان و شوناس و ناسنامەو ئایینە، بەڵکو شوناس و کەسایەتی و ڕەفتاری مرۆڤ، بریتیە، لەڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا و کلتور و ژینگەی نیشتەجێ بوونی”. واتا؛ هیچ کام لەمرۆڤەکان ئایین، زمان، شوناسیان، هەڵبژێردراوی خۆیان نیەو، بەشێوەیی بۆماوەیی یان میراتی کلتوری بۆی دەمێنێتەوە.
ئێمە لەم پڕۆسەی (ناکەس) بوونەدا، چۆن ببین (بەکەس). لەم پڕۆسەی خۆنەبوونەدا چۆن ببین بەخۆمان. ڕەنگە زۆرجار ڕوبەڕووی پرسیاری تۆکێت؟ ببینەوە، کە قوڵترین پرسیاری ئۆنتۆلۆژیە، کە زۆرینەمان دەڵێن؛ “من خۆمم”.
بەڵام ئایا ئێمە بەڕاستی خۆمانین. ئەگەر تەماشایەکی ڕەفتارەکانی مرۆڤ بکەین، لەخۆگۆڕین و هەڵسوکەوتەکانمانەوە، تا وتن و کردنەکانمان، لەژێر کاریگەری ئەوانی تردایە، ئێمە بۆ کۆمەڵگە خۆمان دەگۆرین و لەترسی بەهاباوەکاندا، بوونی خۆمان وەکو خۆد دەشارینەوە. زۆرینەمان مرۆڤی کاڵاگەراو پاسیڤین و لەژێرکاریگەری ئەوانی تردا دەژین. یان تاپێکین، لەمرۆڤی ماسک پۆش و کارەکتەرێکی شانۆگەرین.لەکۆمەڵگادا ترادسیۆنی باو، بووە بەبەشێک لە مۆڕاڵ و بەهاکانی مرۆڤی پێ هەڵدەسەنگێندرێ.

ئایا زانینەکانمان، زانینی ڕاستەقینە، یان ئەوەی دەیزانین، لە میدیاو ئایین و قوتابخانەوە فێری دەبین. ئایا ئەو سێکتەرە پەروەردەیانە، وەڵامی پرسیار و تێڕامانە قوڵەکانمان دەدەنەوە، یان ئاماددەمان دەکەن بۆ لەبەرکردنی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەکراو.
ئێمە چۆن ببین بەخۆمان، خۆبوون، بەو مانەیەی ببینە خاوەنی ڕوئیاو تیڕوانینی خۆمان، تا هیچ هێزێک لەسەروی ئەقڵی ئێمەوە بڕیاڕ نەدا.
با بگەڕێنەوە بۆ دووهەزار و پێنج ساڵ بەر لەئێستا، ڕەنگە میتافۆری ئەشکەوتی فەیلەسوفی یۆنانی پلاتۆ، یارمەتی دەرێکی باشمان بێت، لەم فەوزا لێکچوو دووبارەیەدا، لەو دونیایەی کە هەموومان گیرۆدەی کۆمەڵێک بەربەستی کۆنکرێتین، کە توانانی تێکشکاندینمان نیە، وەکو بەیکۆن، دەڵێت بۆ ڕاچەڵەکین و دەربازبوون لەو شتانەی فریومان دەدەن، دەبێت پەیکەرەکان بشکێنین.
ئێمە چۆن بتوانین ئەو بەربەستانە بشکێنین و ببین بە خۆمان. ئایا ئێمە لەهەمان چرکەساتی میتافۆرەکەی پلاتۆن دەژین، یان هەنگاوی گەورەمان ناوەو تەواوی بەربەستەکانمان تێکشکاندووە، خوێنەر دوای خوێندنەوەو وردکردنەوەی ئەم دەقە دەتوانی بڕیاڕ بدات، تاچەند لەو چرکەساتەداین، کە پلاتۆی تێدا ژیاوە.

میتافۆر، یان داستانی ئەشکەوت:

پلاتۆن فەیلسوفێکی یۆنانیە، بەباوکی مێژووی فەلسەفە ناسراوە. لێرەدا، باس لەفەلسەفەی پلاتۆن یان شیکردنەوەی فەلسەفەکەی ناکەم، بەڵکو دەربارەی داستانی ئەشکەوت دەدوێن و وەکو دەستپێکیک بۆ چونە ناو بابەتەکەمانەوە، پلاتۆ لەکتێبی حەوتەمی کۆماردا، میتافۆرێکی هەیە کە گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەڵێت: ” گریمانەی ئەشکەوتێک بکەن، کەدەروازە بەرفروانەکەی ڕووەو ، ئاگرێک، کە خۆری حەقیقەتە، کراوەتەوە، لەناو ئەم ئەشکەوتەدا کۆمەڵێک مرۆڤ بەندکراون، کە لەمنداڵیەوە گەردن و پێکانیان بەزنجیر بەستراوەتەوە، تەنها دەتوانن لەدیواری ئەشکەوتەکە بڕوانن، کە بەرانبەریانەو هەرگیز ڕۆشنایی دەرەوەی ئەشکەوتەکەیان نەبینیوە. لەپشتی سەریانەوە واتا دەرەوەی ئەشکەوتەکە ئاگرێک کراوەتەوەو لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێک لەسەر دیواری بەرانبەریان دروستکراوە، ( وەکو؛ شوێنی نمایشی سینەما). لەدەرەوەی ئەشکەوتەکەدا، مرۆڤ و گیانلەبەران و دارودرەختەکان دەجوڵێنەوەو دیواری ڕاڕەوەکەش سێبەری ئەوانی هەڵگرتووە، بەشێوەیەک کەسێبەری شتەکان نمایش دەکات. بەندیەکان ناتوانن ئاوڕبدەنەوەو ئەوشتانەی کە وەکو سێبەر دەردەکەون ببینن، بەم شێوەیە، بەندیەکان بەدرێژایی ژیانیان سێبەری ڕاستەقینەکان دەبینن و ئەو دەنگانەی دەیبیستن دەنگدانەوەی دیوارەکەیە. پلاتۆن گریمانەی ئەوەدەکات کەسێک لەمانە ئازاد بێت و لەبەر ڕۆشنایی ئاگرەکە زیندانیەکانی تری ببینایەو خۆری حەقیەتی دەرەوەو چاوی کوێر نەکردایە، ئەوا جیهانی ڕاستەقینەو ئایدیاکانی دەرەوەی دەبینی. وە دەیتوانی جیاکاری لەنێوان جیهانی ڕاستەقینەو جیهانی سێبەرەکان دەکرد”.
ئایا بگەڕایەتەوە ناو ئەشکەوتەکە ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی خوگرتن بەتاریکیەوە نەدەبوو، بەشێوەیەک نەیدەتوانی ڕووبەڕووی ئەوانی تربێتەوە کە هەرگیز ئەشکەوتەکەیان جێ نەهێشتووە؟
پلاتۆ لەم میتافۆرەدا، جیهانی ئێمە بە ئەشکەوت گریمانەدەکات، کە ئەو بابەتانەیی زانینمان لەبارەیانەوە هەیە، لەخود ناسینەوە، تا زانینی ڕاستەقینەی شتەکان، لەڕێگەی هەستەکانەوە، سێبەرن. بەڵام یەکێک لە ئێمە، بیەوێت، لە ئەشکەوتەکە بێتە دەرەوە، خۆری حەقیقەت، بەرچاوی لێڵ دەکات و تووشی سەرسامبوون دەبێ، کە جیهانی ناو ئەشکەوتەکە، جیهانی ساخەتەو سێبەرەکانن. بەڵام ئەوکەسە کێیە دەردەچێ، یان دەگەڕێتەوە و ئەوانی تر، بڕوایی پێ دەکەن یان نەفی دەکەنەوە. یان دەیکوژن. یان بەناچاری خۆبوونی خۆی پەردەپۆش دەکات و لەگەڵ ئەوان دەست دەکاتەوە بەژیان؟

ئێمەی لە ئەشکەوتەکەداین یان لەدەرەوەی ئەشکەوت:

لەسەردەمی یۆنانی کۆندا، سۆفستایەکان کۆمەڵێک کەس بوون، کە خەڵکیان فێری هونەری وتاردان دەکرد بەڕێک پارە، خەڵکیان فێری پیشەو، تەکنیکی زمانەوانی دەکرد وەکو؛ هونەری قەناعەتپێکردن. چۆن لەدادگا خۆت ڕزگار دەکەیت، کەتاوانێکت کردووە. کە ئەو زانینە سێبەرەیە پلاتۆ لەبارەیەوە دواوە. بەڵام ئایا لەسەردەمی ئێمەدا، سەرچاوەکانی زانینی ئێمە متمانە پێکراون، یان لە وتاربێژ و میدیا و هەستەکانەوە وەری دەگرین. ئایا ئاکاری دەستەجەمعی و نۆڕم و ترادسیۆنەباوەکان، بەهایی ڕاستەقینەن، یان دەق گرتن و خوپێوەگرتنە. ئایا مۆڕاڵ و ئاکار، بەهایەکی ڕاستەقینەن، یان بریتین لە حەرام و حەڵالی ئایین و عەیب و عاری خێڵ. ڕوونە کە بەهایی ڕاستەقینە نین. ئێمە سەرچاوەکانی زانینمان، لە ئەنجامی پڕۆسێسێکی ئەقڵانی و ڕامانێکی قوڵەوە نەهاتووتە بەرهەم. بەڵکو ئەو زانینەیە، لەوتار بێژ و میدیا و ئایین و خیزانەوە وەری دەگرێن. ئێمەش لەو چرکەساتەدا دەژین، کە پلاتۆ گریمانەی دەکات. ئەوچرکەساتەی کە خۆمان نین و توانای دۆزینەوەی خۆمان نیە، توانایی تاقیکردنەوە ژیان و بوێریمان نیە. بەڵکو تاپێکین لەمرۆڤی تواوە لەناو ئەوانی تردا، کە بەدوای قەرەباڵغیەوەین. مرۆڤی ترسنۆک و پاسیڤین. هەرگیز لەو چرکەساتەی هەمووان دەڵێن بەڵێ، جورئەتی خۆبوونمان نیە، بڵێن نەخێر.

لەدیدی پلاتۆنەوە، ئەوەی لە ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، فەیلەسوفە، لەڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەی قوڵەوەوە، لەم فەوزایە دێتە دەرەوە و حەقیقەت بەچاوەکانی دەبینی. یان نیچە وتەنی، مرۆڤەباڵاکان دێنە دەرەوە. وەلێ من جودا لە نوخبەگەرایی و بێ بەهاکردنی تواناکانی مرۆڤ، پێم وایە هەموو مرۆڤێک دەتوانی بێتە دەرەوە، هاتنەدەرەوە واتا؛ هەنگاونان بەرەو خۆبوون، کاتێک سوکرات دێتە دەرەوەو دەڵێت؛” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانایی ژیان نیە”. ئەمە ئەو چرکەساتەیە، کە سوکرات ئەو ژیانە نەفی دەکاتەوە، کە دەیداتە بەر نەشتەری ڕەخنەکاری. تا ئاستێک کە ئەو ژیانە ساختەیەی ئەوان خۆیان لەسەری گرتووە، قبوڵی ناکات و بەرەو ژیانێکی شایستە هەنگاو دەنێت. دەرچوون لەئەشکەوت، واتا، تاقیکردنەوەو ڕەخنەکردنی هەموو ئەو سێبەرانەی وەکو؛ ڕاستیەک فریوی داوین. واتا نەبوون بەوانی تر و هەنگاونان بەرەوە ناسینی خود.

گەڕانەوە بەرەو ئەشکەوت:

وەکو لە بەشەکانی پێشوودا، ئاماژەم پێکرد، کە دەرچوون لەئەشکەوت، واتا هاتنەدەرەوە لەوبازنە چەقبەستوو دۆگمانەی، کە کۆمەڵگا و ئەوانی تر دەقیان پێوەگرتووەو زاینینی ڕاستەقینەنین، بۆ هەنگاونان بەرەو دۆزینەوەی خود و سەلماندنی بوونی خۆت لەناو ئەوانی تردا، مرۆڤ لەڕێگەی بیرکردنەوەو تێڕامانەوە دێتە دەرەوە، وەکو؛ دیکارت فەیلەسوفی نوێ، هزری ئینسان دەکاتە سەنتەر و دەڵێت؛ من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.
بەڵام ئەوکەسەی بەو پڕۆسەیەدا دەڕوات و جیهانی ڕاستەقینەو خۆری حەقیقەت دەبینی، لەمیانەی هەستکردن بەبەر پرسیاریەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە، تا ئەوانی تر، لە ڕاستی ئاگادار بکاتەوەو بانگیان بکات بۆ حەقیقەت. بەڵام ئەوانی تر، چاویان ڕاستی نابینی و توانایی ئاوڕدانەو گەڕانیان نیە، بەدوای ڕاستیدا، وەکو ئەوەی دەقیان گرتووە بەسێبەرەکانەوە، ئامادەنین بەرەو بانگی حەقیەقەت بێن و بوونی تۆش نەفی دەکەنەوە. سەلماندنی خۆت و دەرچوون لەئەشکەوت، گەورەترین هەڕەشەیە، بۆ لەقکردنی پیرۆزیە ڕوکەشەکانی ئەوان.

لەدیدی (بەیکۆن)نەوە، کۆمەڵێک بەربەستی کۆنکرێتی هەن، کە <<بەپەیکەر>> ناوی بردوون، ڕێگە لەخۆبوون و بیرکردنەوەی تەندروست دەگرن، پێویستە بیان شکێنن. ئەوانیش ئەمانەن:
(بتی بازاڕ، بتی خێڵ، بتی شانۆ، بتی ئەشکەوت)

بتی بازاڕ، لەدیدی بەیکۆنەوە، ئەو زمانەیە، کە پەیوەندیەکان پێکەوە دەبەستێت و گروپێک لەبازنەیەکی زمانەوانی بازاڕیدا دروست دەکات، کە بەبێ ڕیساو لۆژیکی تەندروست، ڕستە دەردەبڕن و ڕاستی ناپێکن و دوورن لەزمانی ڕامان و بیرکردنەوە. هەریەک (لەبتی خێڵ و شانۆ) خێڵ؛ کە میکانیزمێکی کۆمەڵایەتیەو ڕێگرە لەوەی مرۆڤ، لەسەروی ئینتما بۆ گروپەکەی یان خێڵەکەی بڕیاڕی ئاکاری و تەندرووست بدات. شانۆ ئەو سێبەر و نواندانەن، کە وەکو ماسک و شاردنەوە، یان بەخاتری ئەوانی تر، یان لەژێر کاریگەری کۆمەڵگا دەینوێنن.
بتی ئەشکەوت: جودا لەمیتافۆری ئەشکەوت، بەبڕوایی بەیکۆن هەریەک لەئیمە، خاوەنی ئەشکەوتێکی شارەوەین، کە دوونیا بینی خۆمانی تێدا دەبینین. بەواتایەکی ڕونتر، ئێمە گروپی ئێگۆ سەنتەرین، لە سۆنگەی ئینتما بۆگروپ و ئایین و ئایدۆلۆژیا و نەتەوەوە، ئەوانی تر نەفی دەکەینەوەو بڕیاڕ لەسەر ڕوداوەکان دەدەین. یان دونیابینی و خوێندنەوەمان، بەشێکە لە سۆز و عەتف. وەکو هیراکلیتۆس دەڵێت:” ئەوانە لەجیهانە بچوکەکەیاندا، سەرگەرمی گەڕانن بەدوای زانین، نەک لەجیهانی گەورەو فراوان”.

سەرچاوەکان:
گریت تامسۆن، فەلسەفەی دیکارت:
وەرگێڕانی پێشڕەو محمد
ت.ز. لاڤین فەلسەفە بۆ هەمووان
وەرگێڕانی: ئارام مەحمود.
فەلسەفەی نوێی ئەوروپا، د حمید عەزیز
francis bacon : neues organon.teil band.i.(hrsg)von wolfgang krohn. felix meiner verl . hamburg 1990,s .99.ar.38.




خەم لە (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلی ..گۆران سەباح

با ڕۆمانەکە بۆ یەک ڕستە کورت بکەمەوە.
تورکیە هەوڵ دەدات زمانی کوردی بنبڕ بکات، کەچی لە ١٩٧٧ پەتایەک بڵاو دەبێتەوە، تورکی کوردکوژ زمانی خۆیان بیر دەچێتەوە و تەنێ بە کوردی قسە دەکەن.
دەتوانم ئەم ڕستەیەی سەرەوە کورتتر بکەمەوە: تورکیە کوردی بنبڕ دەکات بەڵام تورکەکان زمانی خۆیان لەبیر دەچێت و بە کوردی قسە دەکەن. لەوەش کورتتر دەتوانم: تورکیە کوردی دەسڕێتەوە و فریای (تورکی)ش ناکەوێت.
ئاخۆ ناتوانم بە کەیفی خۆم بڕێسم و بە سەت ڕستە باسی ڕۆمانەکە بکەم؟ دەتوانم. خوێندکارێکی پۆلی هەشتیش دەتوانێت. درێژدادڕی هونەر نییە، کورتبڕی هەوە.
ئەگەر دەتوانی بە شەش وشە پەیامەکەت بگەیەنی، بۆ پازدان ڕیز دەکەی. خۆ نووسین گەمەی منداڵان نییە، هی خەڵەفاوانیش نییە. کاکە ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە (باسی پێشووم بخوێنەوە). دەربڕین بە کورتترین ڕێگە وەستای دەوێ، تەنێ نووسەری بە ئەزموون دەرەقەتی دێ. ئێ خۆ بەختیار ئەزموونی هەیە لە نووسین. عەجەبە دێ ڕۆمانێکی ٧٠٠ لاپەڕەیی بە قەبارەی گەورە دەنووسێت؟

کێشەم لەگەڵ ڕۆمانی درێژدا نییە، لەگەڵ بێ سەروبەری و ناماقووڵییە لە نووسین.

گوتومە و دەیڵێمەوە: کێشەی بەختیار فیکر نییە، نووسینە. بیرمەندێکی مەزنە و شانازی پێوە دەکەم، بەس کۆلەوارە لە هونەری نووسین. ناتوانێت کورت و جوان و ڕەوان بنووسێت، ناشیەوێت فێر بێت. بڕیاری داوە تەنێ بە گوێی خۆی بکات و هەر خۆیشی پێ ڕاست بێت.
کێشەی ئەو هەر درێژدادڕی نییە، جوینەوەی وشە و ڕستە و پەرەگرافە. زۆر چت هەن ئەلف و بێی ڕێنووس و نووسینن، نایانزانێت. (دەزانم) جیایە لەگەڵ (دەزانم بەکاری ببەم). نەزانین عەیب نییە، وێرانکردنی زمانی کوردی عەیبە. کاکە داکەسێ، وا مەکە.

لە خوارەوە بە وردی هەڵە و پەڵەی ڕۆمانەکە دەخەمە ڕوو، هی نووسەرێکن تازە دەستی دابێتە نووسین و یەکەم ڕۆمانی بێت. خەفەتەکە ئەوەیە هەڵەکانی بۆتە ڕاستی و باو. ناکرێ ڕێ بە هیچ کەس بدەین زمانی کوردی ڕەزیل بکات. چەند عەیبە ڕۆمانێکی ئەستوور لەسەر زمان بنووسی و هێندەش کۆلەوار بیت لە زمانی نووسین. ئاخر ئەم هەڵانە کار لە نەوەی نوێی نووسەران دەکەن. کردیتیشیان. دەیان گەنجی نووسەر لاسایی بەختیار دەکەنەوە، لەبەر ناوەکەی، وا دەزانن ئەوە ڕاستەکەیە. کاکە وا نییە. تکاتان لێ دەکەم وا نییە.
پێش ئەوەی باسی کەموکوڕییەکان بکەم، دەبێ ڕاستییەکی تریش بڵێم: بیرۆکەی ڕۆمانەکە نایابە. دەبێ هەموو دنیا ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، ئەوجە لە دڕندایەتیی تورکیە بەرانبەر بە کورد تێدەگەن. هێندەی ئەم ڕۆمانە خزمەتی پرسی کورد دەکات لە تورکیە، پەکەکە لە هەشتاکانەوە تا هەنووکە پێی نەکراوە. پێشی ناکرێت. بەڵام بەو کەموکوڕییانەی ئێستەی، هیچ چاپخانەیەکی پڕۆفێشناڵی بیانی چاپی ناکات.
ئەوانەی لە خوارەوە باسیان دەکەم سەتا پەنجای کێماسییەکانن و هەڵەی چاپیش نین. سەتا پەنجاکەی تر جێدەهێڵم بۆ ڕەخنەگرانی تر.

درێژدادڕی

هێندە داوی داوەتێ بێتامی کردووە. تەنیا ئەوە دەڵێم، ڕۆمانەکە پێویستی بە ئێدیتێکی باشە. من ئێدیتی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەیکەمە ٣٠٠ لاپەڕە، بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی کەم بکەمەوە. بەڵێ ٤٠٠ لاپەڕەی قسەی قۆڕ و زیادەیە. جوینەوەیە. کورد دەڵێ: هێندەی مەڕێسە.
لاپەڕە ١٠٣ و ١٠٤ دیالۆگی وەزیرەکانە، لە لاپەڕە ١٠٥ دێ قسەی ئەوان دەجوێتەوە. لە لاپەڕە ١٩٢دا دەنووسێ، “دکتۆر سینان سوپاسی کرد و گوتی “نا، سوپاس”. ئەمە بێ لەوەی ڕێستن و کۆلەوارییە لە نووسین و دەربڕین، حسێبنەکردنە بۆ ئاستی خوێنەریش. کاکە ئەتو خوێنەرت پێ چییە؟
ناوهێنانی کارەکتەر
(عیسمەت ئۆکتای) یەک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانە. چیرۆکخوان (کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان) دەمێک بە عیسمەت ناوی دەبات و دەمێکیش بە ئۆکتای. خۆ لەگۆترە و خۆڕایی نییە. بۆ سەر لە خوێنەر دەشێوێنی؟ هەمان شت ڕاستە بۆ تاریق ئاکانسو و عەبدولڕەحمان کەسابئۆغلو و هتد. ئەمە واتە نووسەر لە بیری چووە پیشتر چی نووسیوە.

کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان

دیارە چیرۆکخوان (نەرێیتەر) نووسەرەکەیە. هەندێ جار نووسەر بیری دەچێت و دەیکاتە کەسی یەکەمی تاکی هەموو شتزان. لە لاپەڕە ١٧: “ئەحمەد ئۆکتای لەبەردەم مەولوددا ترسەکانی خۆی دەرنەخست، بەڵام هەستێکی ناوەکی پێی گووت گەر هۆی نەخۆشییەکەی عیسمەت پەیوەندی بە کارێکی ئابڕووبەرانەوە هەبێت، چاکترە بێدەنگەی لێ بکەم، چاکترە ئەو ڕیگایە نەگرم و شتێکی تر بدۆزمەوە زیانی بۆ ناوبانگی خانەوادەکەمان نەبێت.”
پاشان هە لەر لە لاپەڕە ١٧، پەرەگرافی سێیەم، دەیکاتە کەسی یەکەمی کۆ: “ناتوانین بڵێین دکتۆر سەبری ئەیوبی هەبوو . . . “
لە لاپەڕە ٦٨١، بەشی ٨٢، لە کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان دەبێتە کەسی یەکەمی کۆ. “چوار ڕۆژ بەر لەوەی بگەینە کۆتایی ساڵ . . .”

ڕێزمان

جیاکردنەوەی زەمەنی ڕابردوو و ڕانەبردوو ئەلف و بێی ڕێزمانە. لە زۆر شوێن نووسەر هۆردووکی تێکەڵ کردووە. گێڕانەوەکە بە زەمەنی ڕابردووە، بەڵام لە لاپەڕە، ١٣٩، ١٤١، ٢٢٧ ٣٩١، ٥٤٣ و چەندان شوێنی تر لەهیکڕا دەبێتە ڕانەبردوو. بۆ نموونە، لاپەڕە ٢٢٧، ” ژمارەی قوربانیانی دەستی گورگە بۆرەکان لەم ساڵانەدا هەزاران هەزار کەسە، سەد هەزار ئەندمی مەشقدیدەهان هەیە . . .”
لە لاپەڕە ٣١٤ زەمەنەکە ڕابردووی دوورە: “جەوهەر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشابوو، بە غەمەوە پێکێکی هەڵدابوو، بەڵام بە پێکەنینەوە گووتبووی . . .” هەروەها لە لاپەڕە ٥١، “دکتۆرەکان هەوڵیاندابوو لە ڕێگای چارەسەری ئەلیکتڕۆنییەوە کە بۆ نەخۆشانی کێشە دەرونییەکان دەکرا، ئەو زمانە لە یادچووەوەی سەری عیسمەت زیندووبکەنەوە.” هەڵەیە. دەبێ بە ڕابردووی سادە بێت، “جەوهەر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا . . .”

لە لاپەڕە ٣٠٧، سەرەتای بەشی ٤٣، ڕابردووی بەردەوام بەهەڵە بەکار براوە: “ئارسین لەسەر دەستی . . . لە ماوەی ساڵێکدا زمانێکی ڕەوانی کوردی قسەیدەکرد.” دەبێ ڕابردووی سادە بێت، “. . . کوردییەکی ڕەوان فێر بوو.”
کێشەی تێکەڵکردنی تاک و کۆ هەیە. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ٤٨، “هیچ مەخلوقێک . . . ناژین”. دەبێ وا بێت، “هیچ مەخلوقێک . . . ناژیت.”
لە لاپەڕە ٥٥، تاریق ئاکانسو بە ناڕاستەوخۆ قسە دەکات. “لە هەموو جێگایەک دەیگووت، من بە تەنیا هیچم پێ ناکرێت، پێویستم بە مامۆستای تورک هەیە، پێویستم بە سەربازی تورک هەیە.” ئەوە قسەی ڕاستەوخۆ نییە، دەبێ وا بێت: “لە هەموو جێگایەکدا دەیگووت، ئەو بە تەنیا هیچی پێ ناکرێت . . .” سەیرە دوای نووسینی دوازدە ڕۆمان قسەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێک نەکەیەوە.
لە لاپەڕە ١٧٥دا دەڵێ، “عەلی ئیحسان لەسەر لێواری تەختەخەوەکەی دادەنیشت . . .” ئەمە ڕابردووی بەردەوامە کە دەبێ ڕابردووی سادە بێت، “دانیشت”. لە لاپەڕە ٢٨٩ و ٢٩٠ هەمان هەڵە هەیە.

ڕێنووس

خۆزگە کورد لەسەر یەک ڕێنووس ڕێک دەکەوت. پیاو ڕاست بڵێ، لەسەر ئەوە کۆکین کە چاوگ بە یەک وشە دێتە نووسین. بۆ نموونە: دروستکردن، بڕیاردان. لە حاڵەتی کار لێک جیا دەکرێنەوە: دروست دەکات، بڕیار دەدات. نابێ و ناکرێ و تاوانیشە بەختیار بەکەیفی خۆی بەناو بکەوێت و زمانی نووسینی کوردی تێک بدات. ئەو پێکوەیان دەنووسێنێت. بۆ؟ تکایە چی تر وا مەکە، لەبەر خاتری من نا، لەبەر خاتری زمانی نووسینی کوردی، ئەگەر خەمتە.
زاراوەسازی و دەربڕین
ویلیەم زینسە (William Zinsser) لە کتێبە نایاب و پڕفرۆشەکەیدا (On Writing Well) دەڵێ: دەبێ نووسەر ڕێز لە وشە بگرێت و ڕەگیان بزانێت، ئەگینا بە نووسەرێکی سەرەڕۆ دەچێت. بەختیار، تکایە، ڕێز لە وشە بگرە.
لە لاپەڕە نۆ، دە و یازدە وشەیلی بیمارستان، خەستەخانە و نەخۆشخانە هەن. لە لاپەڕە ١٣، لە پەرەگرافی سێیەمدا دەڵێ، “بەڕێوەبەری نەخۆشخانە . . .”، لە لاپەڕە ١٤دا دەڵێ، “بەڕێوەبەری بیمارستان . . . “. یەکیان بەکار ببە، پێشانمان مەدە چەند موڕادیف دەزانی.
لە لاپەڕە ١٨دا دەڵێ، “دکتۆری بەڕێوەبەری خەستەخانەی نوشەهیر . . .”، مەبەستی بەڕێوەبەری خەستەخانەکەیە، بەڵام لەم ڕستەیە وا دەردەکەوێت کە بەڕێوەبەری خەستەخانەکە دکتۆری خۆی هەبێت. لە لاپەڕە ٤١، بەشی حەفتەم، دەنووسێ، ” ماشێنی فریاگوزاری پزیشکی”، دواتر دەڵێت ئەمبولانس، دواتر ئومبولانس. کامیانە؟ بێ سەروبەری وای زۆر تێدایە.
لە کوردی دەنووسین، “بیری کردەوە، بیر دەکاتەوە؛ ویستی بڵێ، ویستم بڵێم”، قەت نانووسین، “ویستی بیر بکاتەوە”. لە لاپەڕەی یەکەم و ٤٥دا دەنووسێ، “ویستی بیر بکاتەوە . . .” کاکە بە چ هەقێک ڕێ بەخۆت دەدەی زمانی کوردی وا ڕەزیل بکەی؟

لە لاپەڕە ٥٠دا دەنووسێ، “بە خێراییەک لە خێرایی مردن دەچوو، بێهۆش بوو، بەڵام لەگەڵ بێهۆشیشدا هێشتا تروسکەیەک لە هۆشیاریی هەبوو بلێ بێهۆشم.” تو شەرەفت ئەوە چییە؟ ها؟ سەتان ڕستەی وات ڕیز کردووە، خۆشت نازانی چیت نووسیوە.
لە لاپەڕە ١٠١دا دەڵێ، “زرمەی تەلەفۆن . . . “، زرمە بۆ تەلەفۆن بەکار نایەت. لە لاپەڕە ٢٩٠دا دەڵێ، “موحافەزەکارتر”. لە لاپەڕە ١٤٣دا دەڵێ، “دەمێک لەخۆشتن تەواو بوو و هاتە دەرێ”، هەڵەیە. لە لاپەڕە ١٤٣دا دەنووسێ، “تەوقەیەکی کورت” و لە ١١١ش دەنووسێ، “تەوقەیەکی دۆستانە”، دیارە تەوقەی درێژ و دوژمنانەش هەن.
ئەمانەش هەڵەن، تکایە ڕێز لە وشە بگرە: ئاژۆ بدەن، ڕێسازیبوون، ئەوەتەی، جێگای خەوەکەی، خانووی بە بناغە، کابڵ، هەوای کراوە، دەشت، بۆچووندان، قوشقی، ڕوقی، بوغرد، پرسچی، پرسیاری دوور، ئەمانە و دەیانی تر. کەس ناڵێت پرسیارێکی دوور یان پرسیارێکی نێزیکت لێ دەکەم. کەس ناڵێت خانووی بە بناغە، هەموو خانووێک بناغەی هەیە. بۆچوون نادرێت، دێتە دەربڕین. بابەتەکە زۆر درێژ دەبێتەوە بە هەموویاندا بچم و ڕاستیان بکەمەوە.
چاکی کردووە هەندێ وشەی هەولێری بەکار بردووە، بەڵام زۆربەیان هەڵەن. بۆ نموونە، وشەی (لەمێژە) چەند جارێک هاتووەتە دووبارەکردنەوە، بەم شێوەیە هاتووەتە نووسین (لە مێژە).

خاڵبەندی

نیشانەی پرسیار (؟) خاڵی لە پاش دانانرێت، هەڵەیە بەم شێوەیە بینووسین (؟.). خاڵ و نیشانەی پرسیار دوو شتی جیاوازن و کاریشیان جیاوازە. ئەم هەڵەیە، زۆر تووڕەی کردم، لەم لاپەڕانەدا هەیە: ١٩، ٢١، ٣٤، ٤٤، ٤٥، ٤٦، ٥٤، ٧٢، ٧٣، ٧٥، ٧٨، ٥٢٤، ٦٠١، ٦١٢، ٧١٧.

دیالۆگ یان وتار

دیالۆگ لە ڕۆماندا ئیشی خۆی هەیە. سەتا نەوەتی دیالۆگەکان لە (داگیرکردنی تاریکی) وتارن، ئەمەش گێڕانەوەکەی سەقەت کردووە. چۆن دەبێ دیالۆگ هێندە درێژ بێت؟ سەیری لاپەڕە ٢٠ بکە. لاپەڕەیلی ٣٦، ٣٧ و ٣٨، وتارێکی تەواون لەمەڕ دڕندایەتیی تورک. بەشی ١٧ وتارێکی درێژە، ئەو دەمەی تاریق ئاکانسو باسی ورچەکە دەکات. دیالۆگەکانی نێوان وەزیری تەندروستی و ناوخۆ، سەرئێشەن. لاپەڕە ١٧٩ و ١٨٠ وتارێکە لەبارەی هێربەرت سپێنسەر لەسەر زاری تاریق ئاکانسو. پێویست ناکات نووسەر پێمان بڵێت چەند لە هێربەرت تێگەییوە.
ئیمران قسە لەگەڵ پڵنگەکە دەکات لە ئەنکەرە، درێژ و بێزارکەرە (لاپەڕە ٢٨٨)، لاپەڕە ١١٥ وتارێکی درێژە لەسەر زاری تاریق ئاکانسو. لاپەڕە ١١٦ زۆروەڕییەکی بێ مانایە لە نێوان ڕەمەزان و تاریق لە کاتی ڕاوەماسیدا. هەر یەک لەمانە بە یەک پەرەگرافی چوار ڕستەیی دێتە چارەسەرکردن.
دیالۆگەکانی دکتۆر سینان و عەلی ئیحسان، ئەوانە هەر نایەنە باس. دیارە نووسەر تام لەو بێ سەروبەرییە دەکات. نووسەرم نەبینیوە هێندە فشەی بە نووسین بێت.
چۆنێتیی نووسینی دیالۆگ لە توانستە هەرە سەرەتاییەکانی نووسینە. شێوازی نووسینی دیالۆگەکانی ئەم ڕۆمانە هەڵەیە. بۆ خاتری زمانی کوردی لەنێو پاش وای بنووسە: ئەو گوتی، ” . . . . . “

تۆن (Tone)

تۆنی نووسین وەک تۆنی قسەکردنە. بە ڕووخۆشی، بە مۆنی یان بە تووڕەیی قسە دەکەی؟ نووسینیش هەمان شتە. تۆنی نووسەر بەرانبەر سەلما، زەینەب، فاتیح، مەهدی، عیسمەت، عەلی ئیحسان، ئارسین، هتد یەک تۆنە. تۆنێکە حوکم بەسەر کارەکتەرەکاندا دەدات. بۆ نموونە لە لاپەڕە ٤٥دا دەنووسێ، “کچە قەحپەکەی پەکشان.” تۆنێکی ڕقەستوورە بەرانبەر بە کورد و تورک و ئەرمەن و یۆنانییەکانیش. ئەم تۆنە گێڕانەوەکەی خنکاندووە.
دەنگ و ستایل (Voice and Style)
جیاوازی چییە لە نێوان دەنگ و ستایل؟ جێیمس سکۆت بێڵ (James Scott Bell) دەڵێ، “دەنگ تۆنی وشە، ڕستە، پەرەگراف و لاپەڕەکانە. ستایل ئەو هەستەیە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هەستی پێ دەکات. دەنگ و ستایل و تۆنی بەختیار لەم ڕۆمانە بێتامن. هەناسەی خوێنەر تووند دەکەن. خوێنەر پێیان قەڵس و قەبز دەبێت. دەنگ و ستایل و تۆن ئاستی هونەری پێشان دەدەن، بەم پێیە، ئاستی هونەریی ڕۆمانەکە زۆر نزمە. باوەڕت بە من نییە؟ بڕۆ ڕۆمانەکە بخوێنەوە، ئەوجە دەزانی باسی چی دەکەم.

پەرەگراف

پەرەگراف برێتییە لە ڕستەیەک یان کۆمەڵە ڕستەیەک بۆ باسکردنی خاڵێک یان بیرۆکەیەک. ئەرکی پەرەگراف ڕێکخستنی بیرۆکەکان و ڕوونکردنەوەیانە بۆ خوێنەر. پەرەگرافی ئاسایی لە سێ تا پێنج ڕستە پێک دێت. پەرەگرافیش هەیە یەک ڕستەیە. کاکە ئەوە پازدە ڕستە بۆ تۆ. بەس هیچ مانای نییە پەرەگرافێک دوو یان سێ لاپەڕ بێت. ئەوە ڕەزیلکردنی زمانی کوردییە. گاڵتەکردنە بە خوێنەر و هونەری نووسین. دیزاینی پەرەگراف لە ڕۆمان هونەرە. تەکنیکێکە بۆ کیشکردنی سەرنجی خوێنەر. ڕۆمانەکە پڕە لە پەرەگرافی درێژ درێژ، ئابڕووی پەرەگراف و ڕۆمانی بردووە. نموونەت دەوێ؟ تەماشای ئەم لاپەڕانە بکە: ١٧٥، ١٧٦، ١٧٧. یان، هەر چۆنی کتێبەکە بکەیەوە، دەیبینی.

پڵۆت

جوانیی پڵۆت لە بێخەوشییەکەیدایە. پڵۆت نابێ کەلێن و چاڵی تێدا بێت. خۆ هەموو کارێک بای خۆی کێماسی هەس، بەڵام (داگیرکردنی تاریکی) تژییە لە خەوش، کەلێن و چاڵ. بۆیە دەڵێم نابێ بەو حاڵەی ئێستەی بچێتە بەردەمی هیچ چاپخانەیەکی پڕۆفێشناڵ. ئەمە جگە لەوەی پڵۆتەکە کڕۆنۆلۆژی و سواو و دووبارەیە. کاکە قەیناکە با وا بێت، بەس تۆزێک بە وردی کارت لەسەر کردبا.
ڕۆمانەکە لە ١٢/٧/١٩٧٧دا دەست پێ دەکات. عەلی ئیحسان درەنگ دێتە ناو بابەتەکە، لە لاپەڕە ٥٦٦دا دەڵێ، “ئەوە دە مانگ زیاترە لەگەڵ نەخۆشییەکەیە . . .” کەچی بۆ عەلی ئیحسان تەنیا شەش مانگە. جیاوازیی چوار مانگ چاڵێکی گەورەیە لە پڵۆت.
نووسەر هێندە ماندوو بووە بە درێژکردنەوە و ڕێستن، دیسان دەیڵێمەوە لە زۆر شوێن ئاگای لەوە نەماوە پیشتر چی نووسیوە. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ١٠دا دەڵێ عیسمەت هەستی بە گۆڕان و ترس نەکرد، پاشان لە لاپەڕە ١٢، کاتێ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دێتە لای، دەڵێ عیسمەت ئەو ترسەی نەماو بوو. دیسان لە لاپەڕە ١٩دا دەڵێ عیسمەت ترسی دوێنێی نەمابوو، پێشتر دەڵێ ترسی نەبووە. بێ لەوە، کابرایەک بەیانی لەخەو هەستێت و زمانی خۆی بیر بچێتەوە، چۆن دەستی دەچێتە تراشینی ڕدێن و بەرچایی.
نووسەر عیسمەت بە تورکێکی ئەسڵی و توندڕەو دەناسێنێت، بەڵام لە کۆتاییەکەی تێدەگەین، هێندە ئەسڵ نییە، چونکە دایکی کوردە. سەر و بنی یەک ناکاتەوە.
سەرەتا ژن و کەسوکاری عیسمەت زۆر خەمیانە، پاشان لە لاپەڕە ٢١دا لیژنەکە بڕیار دەدات بیگوازنەوە بۆ ئەنکەرە، هیچ ڕای ژن و کەسوکاری وەرناگیرێت. ئەمە کەلێنێکی گەورەیە.
کاتە سەرەکییەکان ئەمانەن: ١٩٧٧، ١٩٧٨، ١٩٤٥، ١٩٤٦، بەڵام هیچ شتێکمان پێشان نادات کە بەو ساڵانە بچێت. وەسفێکی دەرەوە، جلوبەرگ، یان هەر شتێک.

وەرە تۆ لە ٧٠٠ لاپەڕەدا بیرت بۆ ئەوە نەچێت ڕستەیەکی کرمانجی بنووسی. نەزانین عەیب نییە، نەپرسین عەیبە.
لە لاپەڕە ٢٥، لە سەرەتای بەشەکەدا مێژووی نووسیوە، کەچی دواتر دەڵێت بەیانییەک، بیری چووە لە سەرەوە کاتەکەی نووسیوە.
لە بەشی ٣٠، ئەفسەری چاودێر بە تاریق دەڵێ کەوا کوردەکان ئیش ناکەن، دواتر دەڵێ، “کارەکە بە باشی دەکەن”.
لە لاپەڕە ٢٠٣، کرێکارە کوردەکە بە تاریق دەڵێ، “تەنیا کرێکارە و شتێکی کەم دەزانێت لە زمانی تورکی . . . ” پاشان لە لاپەڕە ٢٠٤ دەڵێ لە سامسون فێری تورکی بووە و زۆر باشیش دەانێت.
لە لاپەڕە ٢١١، باکلان و عەلی ئیحسان سەر و بیرەیەک داوا دەکەن، واتە دوو بیرە، کەچی گارسۆنەکە چوار بیرەیان بۆ دێنێت.
لە لاپەڕە ٤٧ و ٧٧ باسی تیرباران دەکات، پاشان لە لاپەڕە ٢٣٧ کارەکتەرەکە گوللەباران دەکرێت.
لە لاپەڕە ٢٣٢، (مەتین)یان هێنایە بەردەمی تاریق، لە لاپەڕە ٢٣٣ دەڵێ تاریق چووە لای مەتین. کاکە کەنگین نووسینی ڕۆمان ئەوها بووە؟

ناولێنان لە کارەکتەر

پێویست ناکات هەموو کارەکتەرێک ناوی هەبێت. ڕۆمان هەیە کارەکتەرەکانی بێ ناون، ئەوە بابەتێکی ترە. بەس بە گشتی لە ڕۆماندا، ئەوانەی ڕۆڵیان هێندە نییە، پێویستیان بە ناو نییە. بۆ نموونە، یوسفی باوکی عیسمەت، ئەبروی دایکی، مەولودی برادەری، عەبدولڕەحمانی سەرۆک لق لە نوشهیر، ئەحمەدی برای و جەلال ئەرتوغ، ئەیوب خانی وێنەگر، ئێهەم و ئیزەت و دەیانی تریش. هەشە ڕۆڵی گرینگە و ناوی نەداوەتێ، بۆ نموونە، ئەو پیرەمێردە کوردەی بە کوردی قسە لەگەڵ عیسمەت دەکات (لاپەڕە ٥٢). ئەو گەنجە تورکمانەی یارمەتی عیسمەت دەدات (لاپەڕە ٧٠٧).

ئەمانەی خوارەوە بۆ من جوان بوون و تامم لێیان کرد:

• تێکهەڵکێشی دوو مێژوو (١٢/٧/١٩٧٧-١٩٧٩) و (١٩٤٥-١٩٧٧ لەوێشەوە بۆ١٩٩٤). گێڕانەوەکە کڕۆنۆلۆژییە، سواوە، کۆنە، بێتامە، زێتر بۆ کتێبی مێژوویی دەشێت، بەڵام تێکهەڵکێشی هۆردوو کات جوانە.
• بوونی کارەکتەری جۆری داینامیکی (dynamic character)، واتە کارەکتەر گۆڕانی بەسەردا دێت. ئارسین تاریق دەبێتە یەنار سیزار؛ عیسمەت ئۆکتای دەبێتە یوسف عیرفان؛ زەکی ڕەزا باکلان دەبێتە هونەرمەند و بە کوردی گۆرانی دەڵێت. هەر لۆ سوندێ، دوا ڕستەی ڕۆمانەکە کە گۆرانییەکی زەکییە بە کرمانجی هاتووەتە نووسین.
• لە لاپەڕە ٢٢٩دا دەڵێ، “تاکە شوێن ئازادانە بە کوردی تێیدا قسە بکەی شێتخانەیە.”
• کوردێک لە ئەستەنبۆلەوە دێت کوردەکان فێری زمانی جەستە دەکات بۆ ئەوەی بە تورکی قسە نەکەن.
• جەوهەر سیزار و ماڵباتەکەی سەعات دووی شەوێ هەڵدەستن بە کوردی قسە دەکەن بۆ ئەوەی زمانەکەیان بیر نەچێتەوە.
• کارەکتەری ئارسین و دژایەتیکردنی باوکی. ململانەی کوڕ و باوک. ڕاستە بابەتەکە کۆنە، بەس زیندووە.
• خۆکوشتنی تاریق ئاکانسو زۆر سەرنج ڕاکێشە. لە دارێک دێتە بەستانەوە و دڕندەکان تەواوی دەکەن.

بۆ ئەوەی بەختیار هونەری نووسین و دەربڕینی خۆی دەوڵەمەند بکات، پێشنیاری بۆ دەکەم ڕۆمانەکانی ئارام محمد، گۆران سەباح، عومەر سەعید، کیاکسار ئەحمەد، میران ئەبڕاهام و هۆشەنگ شێخ محمد بخوێنێتەوە. ئەگەر بەوانەش قایل نییە، با ڕۆمانەکانی ماکسێنس فێرمن بخوێنێتەوە، زۆر کەیفی بە ڕۆژئاوا دێ. بێو لە ڕۆمانی نوێی ئەو هەڵانەی سەرەوە دووبارە بکاتەوە، ئەوا ناچارم بڵێم تووشی (دەنینگ-کروگەر ئیفێکت) بووە.




كاری رێكلامی هونه‌ری كاریكاتێر.. هه‌ندرێن خۆشناو

كاریكاتێر له‌ رێكلامدا و به‌تایبه‌تی له‌ رێكلامی بازرگانیدا به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان به‌كاردێت، له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی رێكلامه‌كان له‌ رۆژنامه‌كاندا كاریكاتێریان له‌گه‌ڵدا بێت، كاری رێكلامكردن و ئه‌ركی به‌كاربردن له‌یه‌ك جیاوازن، به‌وه‌ی كه‌ كاریكاتێر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌ركێكی به‌كاربردن جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ كاری رێكلامكردن ده‌كات، كاریكاتێرێكه‌ تایبه‌ت بۆ رێكلامه‌كه‌ دروستكراوه‌، كاریكاتێریش له‌ رێكلامی بازرگانیدا هه‌روه‌ك كاریكاتێری فێركاری وایه‌، ناتوانین به‌ كاریكاتێری دابنێین به‌مانای وشه‌، چونكه‌ بێبه‌شه‌ له‌ زۆرێك له‌ بنه‌ماكانی كاریكاتێره‌وه‌، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌سته‌ به‌ ناوی ئه‌و كاڵا بازرگانیه‌ی كه‌ رێكلامه‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت.
هۆیه‌كانی به‌كارهێنانی كاریكاتێر له‌ رێكلامدا زۆرن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێكلام هه‌وڵی ناوبانگ ده‌ركردنی ناوی كاڵایه‌ك ده‌دات، بۆیه‌ به‌كارهێنانی گاڵته‌جاڕی و هێنانه‌كایه‌ی كه‌سایه‌تی و چیرۆكه‌‌ گاڵته‌جاڕییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ناوی كاڵایه‌كی بازرگانی، ده‌بنه‌ هۆی پاراستنی ناوی كاڵاكه‌ له‌ یاده‌وه‌ری خوێنه‌راندا، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ناوبانگ ده‌ركردنی ئه‌و كاڵایه‌، له‌ هۆیه‌كانی تریش سوودی كاریكاتێره‌ له‌ فێركردنی خوێنه‌ر له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كاڵایه‌، واتا كاریكاتێر له‌ رێكلامی بازرگانیدا هه‌ندێك جار كاری فێركاریش ده‌كات، له‌ هۆیه‌كانی تریش سانایی گه‌یاندنی زانیارییه‌ ده‌رباره‌ی كاڵایه‌ك به‌ به‌كارهێنانی كاریكاتێره‌وه‌، و ئاسانی قبوڵكردنی رێكلام له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه‌ به‌هۆی كاریكاتێره‌وه‌، و چه‌ندین هۆی تریش.
خولی رێكلام له‌ بازاڕدا به‌ سێ قۆناغ دیاریده‌كرێت:
1- قۆناغی فێركردنی جه‌ماوه‌ر
2- قۆناغی كێبڕكێ
3- قۆناغی پاراستنی ناوبانگی، هه‌ر قۆناغێك له‌م قۆناغانه‌ شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ تایبه‌تمه‌ندی ده‌به‌خشێته‌ كاریكاتێر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌ر سێ قۆناغ گونجاو و شیاوه‌، ده‌توانرێت به‌ كاریگه‌رییه‌وه‌ له‌ هه‌ر سێ قۆناغه‌كاندا به‌كاربێت، له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریه‌كه‌شی له‌ قۆناغی فێركردنی جه‌ماوه‌ر به‌رزتربێت، كه‌ باس له‌ دابه‌زینی كاڵایه‌ك ده‌كرێت له‌ بازاڕه‌كاندا، ئاماژه‌ به‌ جیاكاریی و باشیه‌كانی ئه‌و كاڵایه‌ ده‌كرێت، و باس له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانیشی ده‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ كاریكاتێر لێره‌دا رۆڵێكی دیكه‌ش ب‌گێڕێت، ئه‌ویش راكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌رانه‌ بۆ رێكلامه‌كه‌، بێجگه‌ له‌ رێنیشانده‌ری بۆ سیفه‌ته‌كان و رێگاكانی به‌كارهێنانیشی، كاریكاتێر سروشتیانه‌ سه‌رنج بۆ لای خۆی راده‌كێشێت، و ئه‌گه‌ر رێكلام ته‌نیا به‌ ده‌قی نووسراو قایل بێت، له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌ر هه‌ر سه‌رنجی نه‌داتێ، به‌ڵام له‌ كاتی بوونی كاریكاتێر، ئه‌وا جیاوازی لاپه‌ڕه‌كه‌ خۆڕه‌سانه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێت، و ته‌ماشای رێكلامه‌كه‌ ده‌كات، له‌ قۆناغی كێبڕكێشدا رێكلام پێویستی به‌ چه‌ندین شت ده‌بێت، بێجگه‌ له‌ كاریكاتێر، نه‌خشه‌سازه‌كه‌ ده‌بێت ره‌چاوی چه‌ندین شت بكات، بۆ قایلكردنی خوێنه‌ر به‌ به‌رزی ئه‌و كاڵایه‌ی كه‌ رێكلامی بۆ ده‌كرێت، كاریكاتێر یه‌كێك له‌و ئامرازه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا، به‌ڵام به‌ته‌نیا له‌وانه‌یه‌ ئامانجه‌كه‌ نه‌پێكێت، له‌ قۆناغی پاراستنی ناوبانگیش، پشت به‌ستن به‌ كاریكاتێر و هێنانه‌كایه‌ی كاره‌كته‌ره‌ كاریكاتێرییه‌كان، ئامرازێكی سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی ویستراو، له‌وانه‌یه‌ به‌كارهێنانی كاریكاتێر له‌م قۆناغه‌دا، چاكترین شێوازه‌كانی به‌كارهێنانی كاریكاتێر بێت‌ له‌ رێكلامدا، چونكه‌ هێنانه‌كایه‌ی كاره‌كته‌ری كاریكاتێریی كه‌ دووباره‌ دێته‌به‌رچاوی خوێنه‌ر، رۆژبه‌ڕۆژ ناوی كاڵاكه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كاره‌كته‌ره‌ كاریكاتێرییه‌كه‌، زۆرێك له‌ خه‌رجی رێكلامكردن كه‌م ده‌كاته‌وه‌، چاكتریش وایه‌ كه‌ كاره‌كته‌ره‌ كاریكاتێرییه‌كه‌ به‌بێ هیچ ده‌قێكی نووسراو بڵاوبكرێته‌وه‌، یان ده‌قێكی بچوك ته‌نیا كاڵاكه‌ به‌بیر خوێنه‌ر بێنێته‌وه‌، به‌مه‌ش رووبه‌رێكی فراوان ناگرێت له‌ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كاندا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی، و هه‌روا بواردان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی رێكلامی‌ هاوشێوه‌ له‌ رۆژنامه‌ جیاوازه‌كانی تریشدا، به‌مه‌ش رێكلامه‌كه‌ ده‌گاته‌ زۆرترین جه‌ماوه‌ر، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئاستی كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌رزتر ده‌بێت.