یوسف عزەدین لەهەڤپەیڤینێکی تایبەت بە یەشار کەمال.. سازدانی: وریا باقر

{ یەشار کەمال؛ یەکێکە لەو نووسەرە جیهانییانەی خوێنەری کورد وەک زۆربەی خوێنەرانی دنیا، بەخوێندنەوەی کتێبەکانی سەرسامەو لەبەر ئەوەی کەکوردیشە هێندەی تر لای ئێمە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە، هەر بۆیە دەبوو لەڕێی شارەزایەکی زمانی تورکی و کەسێکی ئەدیبەوە، هەوڵی دۆزینەوەی کۆمەڵێک وەڵام و زانینی کۆمەڵێک نهێنی ئەو نووسەرە بدەین، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ ڕۆماننووس و لێکۆڵەر؛ یوسف عزەدین سازکرد}

سازدانی: وریا باقر

  • چۆن دەڕواننە ئەو نووسەرانەی توانیویانە بەزمانێکی تری بێجگە لەزمانی دایک، بنووسن و لەوڕێیەشەوە خێراتر لەدنیادا بناسرێن؛ وەک یەشار کەمال ؟

یوسف عزەدین: وتەیەکی ئەمیل سیۆران هەیە کەدەڵێت: (مرۆڤ لەوڵاتدا نیشتەجێ نییە؛ بەڵکو لەزماندا نیشتەجێیەو هەر ئەویشە وڵاتمان و بێجگە لەوەش هیچ شتێکی ترمان نییە!) بەڵام هەر خودی ئەم نووسەرەی زمان دەکاتە جوگرافیایەک بۆ نیشتەجێ بوونمان! هەر خۆشیەتی کەتوانیویەتی دەستبەرداری زمانی زگماکی خۆی، لەنووسیندا ببێت و بەزمانی فەڕەنسی، واتە بەزمانی دووەم زۆر شارەزایانە باشترین و کاریگەرترین کتێبەکانی خۆی بنووسێتەوە!؟ لێرەشەوە ئەو ئیشکالە دروست دەبێت، ئاخۆ ئەوەی نووسیویەتی لەبەر ئەوەی خۆی بەڕەگەز خەڵکی ڕۆمانیایە، دەستکەوتێکە بۆ کلتوور و ئەدەبیاتی ڕۆمانی، یان وەک هەر نووسەرێکی فەڕەنسی ئەوەی نووسیویەتی لەخزمەت کلتوور و ئەدەبیاتی فەڕەنسیدایە؟ یاخود هیچیان نییەو زمان تەنها هۆکارێکە و مەبەستی سەرەکی لەنووسین، تەنها گەیاندنی نووسراوە بەخوێنەرانی زمانی نووسراو و لێرەشەوە وەرگێڕان دەبێتە ئەو پردەی کەپێوەندی لەنێوان سەرجەم مەعریفەو کلتوور و تێفکرین و ئاڵوگۆڕە فەلسەفییە جیاوازەکاندا دروست دەکات!

  • ئەی سەبارەت بەیەشار کەمال ڕاتان چۆنە؟

یوسف عزەدین: ئەو کێشمانکێشە کرتیکییەی ئەمیل سیۆران و هاوشێوەکانی دەگرێتەوە، سەلیم بەرەکات و جان دۆست و یەشار کەمال-یش دەگرێتەوە، چونکە هەم کوردن و هەم بەزمانی دووەمیش نووسیویانە!؟ بەشی هەرە زۆری ناوبانگ و ناسینیشیان، دەگەڕێتەوە بۆ خوێنەرانی زمانی دووەم کەوەک غەوارە تێی نەڕوانیوون و بەڵکو باوەشیشی بۆ کردوونەتەوە! هەروەها زمانی دووەم وەک پردی پەڕینەوەی تێکستەکانیان، لەمیانی وەرگێڕانەوە بەرەو خوێنەرانی زمانەکانی دیکە ڕۆڵێکی سەرەکی بینیووە ؟!

  • ئێوە پێتان وایە؛ نەدەبوو یەشار کەمال بەزمانی دووەم بنووسێت؟

یوسف عزەدین: کاتێک لەپەنجاکانی سەدەی پێشوودا بەزنجیرە چەند بەشێکی ڕۆمانی “ئینجە مەمەد – حەمەدۆک” لەڕۆژنامەی جمهورییەتدا بڵاودەبێتەوە، لەسەروو تایتڵی ڕۆمانەکە و ناوی یەشار کەمال-ەوە نووسراوە؛ (حیکایەتی تورکی) و یەشار-یش، هیچ کاتێک نەیوتووە ئەوەی نووسیوویەتی کەم تا زۆر لەبەسەرهات و داستان و گێڕانەوە کوردییەکانەوە هەڵیهێنجاوە.. لەکاتێکدا نکووڵی لەکاریگەری زمان و ئەدەبیات و داستان و ئەفسانەی تورکی و میللەتان و گروپە ئیتنیکییەکانی تری ناوچەکەی نەکردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی باڵابوونێک بەئەدەبیاتی کرمانجیی دەڤەرەکەی خۆی بدات!؟ دەشێت بۆ ئیستیهلاکی مەحەلی و لەپێش وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لەئەڵمانیا، یان پێش بڵاوکردنەوەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانی و چوونی بەپیر بانگهێشت و مەحفەل و کۆڕ و سیمینارە کاریگەرە جیهانییە تایبەتەکان؛ بەبارودۆخی دیموکراسی تورکیا، باس و خواسێکی سەبارەت بەدۆزی کورد وروژاندبێت؟! بەڵام بەئاشکرا لەپرۆگرامی (Aklın Yolu) کەپێشکەشکارەکەی ئاشناو هاوڕێی نزیکی یەشار کەمال بووەو دیارە لەدنیای میدیاتیکی تورکیدا( زولفو لیوانلو) هونەرمەند و نووسەرو پێشکەشکاری سەنگینی پرۆگرامەو کەسێکی ناسراوەو ماوەیەک لەپارتی جەهەبەو لەگەڵ “دەنیز بایكاڵ” کاری کردووە!؟ جا یەشار کەمال لەیەکێک لەپرۆگرامەکانی ئەو پرۆگرامە کلتوورییەدا بەئاشکرا دەڵێت: ( وڵاتێک حەزرەتی مستەفا کەمال پاشا” ئەتاتوورک”ی هەبێت، بەئاسانی ناڕووخێت…!؟) و هەر لەهەمان پرۆگرامدا ئەسڵی باوانی لەباوکەوە دەباتەوە بۆ تورکمەنی “تەرەکەمە” و گوایە لەقەفقاسیاوە هاتوونەتە بوڕسا و پاشان هاتوونەتە ڤان و لەوێش لەڕێی ژنخواستنەوە تێکەڵ بەکورد بوون و ئیتر ئەو سولالەیەی لێ دروست بووە کەدواجار باوکی و خانەوادەکەی پێش لەدایک بوونی یەشار، پاش هێرشەکانی سپای تزاری ڕوسیا بۆ سەر ناوچەکەو بەتایبەتیش ڤان، لەگەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەمانیش هەڵدێن و یەکێک لەدیمەنە کاریگەرەکانیش کەدواتر دوای لەدایک بوونی یەشار کەمال و گەورەبوونی تا ڕادەی فامکردن بۆی دەگێڕنەوە، بەسەرهاتی تراژیدیانەی باوکی بووە کەبەدرێژایی سەفەرە دوورو درێژەکەیان، تا گوندی حەمیدی ناوچەی چقورئۆوا زۆربەی کات دایکی بەکۆڵهەڵگرتووە.. هەر ئەمەشە دواتر لای یەشار کەمال ئەو دیمەنە کاریگەرەی نێو ڕۆمانی کاریتەی لێ دروست دەبێت.

  • ئەم وەڵامەتان خوێنەر تووشی شۆک دەکات!؟ بەتایبەت ئەوەی لەو پرۆگرامەدا وتوویەتی، چونکە لای خوێنەری خۆمان بەجۆرێکی تر ناسراوە؟

یوسف عزەدین: ڕاستییەکەی دەبێت لەوە بگەین، چۆن یەشار کەمال توانی ئەو هاوکێشە جێگیرەی نێو دنیای نووسینی پێشووتری تورکی هەڵگێڕێتەوە، بەتایبەتیش لەبواری نێرێتیڤ و ڕۆمانووسیندا! چونکە پێشتر زۆربەی ئەو نووسەرانەی هەبوون لەئەسڵ و فەسڵێکی ئۆرۆستۆکراتی و خوێنەواری زمانزانی نێو ئیستانبووڵ و شارە سەرەکییەکان دەهاتنە نێو دنیای نووسینەوەو هەر ئەوانیش بوون جارێکی تر لەنووسینەکانیاندا ڕووداو و بەسەرهات و واقیعی ژیانی گوندنشینەکانیان دەکردە بابەتی گێڕانەوەکانیان؛ بۆ نمونە ڕۆماننووس کەمال تاهیر لەئیستانبووڵ لەدایک بووەو هەر لەوێشدا وەفاتی کردووە، بەڵام زۆربەی بابەتەکانی باسی ڕووداو و بەسەرهاتی گوند و گوندنشینەکان دەکات!؟ یەشار کەمال ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوەو لەقووڵایی داستان و ئەفسانەو گێڕانەوە و حیکایەتەکانی گوندەکانی ئەنادۆڵەوە دێتەدەرو بۆ یەکەمجار کەسێکی گوندی لەزاری خۆیەوە کارەسات و بەسەرهاتی بنیادەمانی گوندو گوندنشینان دەگێڕێتەوەو بەپێی هەلومەرجی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا لەو کاتەدا ئەو دەرکەوتنەی یەشار کەمال لەپەنجاکانەوەو بەتایبەتیش کاتێک ڕۆمانی (حەمە دۆک) لەنێوەڕاستی دەیەی شەشەمی سەدەی پێشوودا وەک کتێب بڵاودەکاتەوەو پاشان لەلایەن (Yarlık dergisi) بەکۆی دەنگی حەوت کەسی لیژنەکە لەکۆی نۆ دەنگ خەڵات دەکرێت. جێگەی باسیشە لەئەندامانی لیژنەکە لەوانەی دەنگ بەخەڵاتکردنی دەدەن؛ ڕووناکبیران و نووسەرانی وەک یاقوب قەدری و سەلاحەددین باتۆ و یەشار گولتەکین-یان تێدا بووە!؟
یەشار کەمال هەر بەمنداڵی دوو کارەسات، شوێنجێگەیەکی قووڵ لەدەروونیدا جێ دەهێڵن، یەکێکیان کاتێک تەمەنی سێ ساڵ و نیو بووە؛ وەختایەک ڕوانیوویەتە سەربڕینی ئاژەڵێک و دوور و نزیک، ویستویەتی لەبابەتەکە بگات و بەجۆرێک لەجۆرەکان تێیدا بەشدار ببێت. بەپێی جیاوازیی گێڕانەوەکان، هەن دەڵێن چەقۆکە، لەدەستی باوکی.. یاخود دەوترێت لەدەستی مێردی پوورێکی، چاوی ڕاستی دەکاتە نیشان.. ئیدی هەن دەڵێن تێی دەچەقێت و هەن دەڵێن بەری دەکەوێت!؟
بەڵام بەهەر جۆرو شێوازێک بووبێت، لەو ساتەوەختە زۆر هەستیارەی تەمەنییەوە چاوی ڕاستی کوێر دەبێت.
بەسەرهاتی دووەمیش پاش ساڵێک یان ساڵ و نیوێک لەڕووداوی یەکەم بەبەرچاوی خۆیەوە لەمزگەفتدا؛ هەر دوا بەدوای ئەوەی باوکی نوێژ تەواو دەکات.. بکوژ بروسکەئاسا لەناکاو بەخەنجەر سادق-ی باوکی یەشار دەکوژێت و هەڵدێت.. دوا دەنگێک کەلەباوکییەوە دەیبیستێت، هاواری کوژراوێکە دەڵێت؛ کوڕینە منیان کوشت…!؟ تا بەیانی بەکۆڵی دایکییەوە هاواری کردووەو گریاوەو کاتێکیش ڕۆژ بۆتەوە، زانیویەتی کەئیتر لاڵ بووەو ئەم لاڵ بوونەشی حەوت هەشت ساڵ دەخایەنێت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراویش، بەستران وتن و بەستەبێژی دێتەوە نێو دنیای ئاخافتن!

  • بۆ ئەوەی لای خوێنەر ڕوون بێت، مەبەستتان چییە کەدەڵێن بەبەستەبێژی دێتەوە نێو دنیای ئاخافتن؟

یوسف عزەدین: ناوچەی ئەنادۆڵ بەگشتی و بەبێ جیاوازی جۆری ڕەگەز و مەزهەب و درەنگ و زووی ئەو خەڵکانەی تێیدا نیشتەجێبوون، هەر هەموویان وەک خۆیان خاوەن چەندین داستان و سەرگوزشتەو بەسەرهات و گێڕانەوەو هۆزان و بەستەو سترانن.. تا دەگاتە ئەو میللەتانەی لەڕێی جینۆسایدو ڕاگوازتنەوە خاکی لەمێژینەی خۆیانیان پێ چۆڵکرا وەک ئەرمەنەکان؟! ئەمە جگە لەو هەموو قەومانەی بەدرێژایی شەڕو شۆڕەکان هەر لەسەردەمی مەغۆلەکانەوە، لەتاو گیانی خۆیان لەشوێنانی ترەوە بەرەو ئەنادۆڵ هاتوون، خانەوادەی مەولانای ڕۆمی، یەکێکن لەو نمونە دیارانەی کەلەترسی هێرشەکانی مەغۆل؛ گەیشتوونەتە ئەو ناوچەیە. هەروەها بەدرێژایی مێژوو، بەپێی بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان؛ چەندین نەتەوەو ئایین و مەزهەبی جودای تێدا جێ بۆتەوە.. وەک ئەبخازیی و چەرکەس و لاز و گورجی و یەهودییە هەڵهاتووەکان لەئیسپانیاو دەیان و سەدان چیچانی و ئۆزبەکی و داغستانی و قرغزی و تەنانەت ئۆروپایی هەڵهاتووش، یان بەدیل گیراو لەجەنگەکاندا، لەجوگرافیای ئەنادۆڵدا جێی خۆیان کردەوەو ئەمەش جۆرە مۆزایکێکی بێ وێنەی لەتێکەڵە کلتوور و داب و نەریت و ئەدەبیاتی ئۆرێنتاڵ و گێڕانەوەو داستان و ئەفسانەکانی ئەو پانتاییە جوگرافیەدا دروستکردووە.. هاوکات ناشبێت شارستانییەتی گریکی و ڕۆمانی و میدیی و میتانی و زیلانی و هەخامەنشی و پاشان بێزەنتییە ئەرسەزۆکس مەزهەبەکانی ناوچەکەش لەبیربکەین! ناکرێت هۆمیرۆس- ی نابینا و ئەلیادەو ئۆدیسەکەشی بەفەرامۆشی بسپێرین؛ بۆیە بەخۆڕا بە یەشار کەمال-یان نەدەوت هۆمیرۆسی سەدەی بیستەم!
هەر لەسەرەتاوە ساڵانی بێدەنگی و لاڵێتیەکەی لەکۆکردنەوەو سەیڤکردنی چەندین داستان و بەندو بەستەی دێرینی ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت و کاتێکیش دەنگی لێوە دێت، بەشیعری ئیرتیجالی و سازژەنین و ستران بێژی دەست پێدەکات. یەکێک لەو سترانبێژە بەناوبانگانەی ئەو سەردەمەی.. یەشار تێیدا پانزە شانزە ساڵان بووە، کەسێک بووە لەناوچەی یاپۆزی مەراشەوە، بەناوی عاشق ڕەحمی هاتۆتە ناوچەی چقورئۆواوو شەوێک تا بەیانی لەگەڵ یەشار کەمال بەوتنەوەی داستانە شیعرییە کۆنەکان و گۆرانییە میللییەکان دەباتەسەر.. کاتێکیش ڕۆژ دەبێتەوە، عاشق ڕەحمی سازەکەی خۆی پێشکەش بەیەشار دەکات و داوای لێدەکات پێکەوە گوند بەگوند بگەڕێن و کەسایەتی داستان بێژ و شاعیری میللی، قەرەجەئۆغڵانی نیمچە ئەفسانەیی پێکەوە زیندوو بکەنەوە. پێش ئەوەی ئەم زاتەش بناسێت، لەگەڵ بەستەبێژی میللی، ئاشق کەمال ناو، گوند بەگوندی چقورئۆوا دەگەڕێت و بەدیداری داستان بێژی وەک “مورتەزا ئەمە” و ” کوچک مەمەد” و “گویلەمەن ئەحمەد” دەگات و لەسەر دەستی “گویلەمەن ئەحمەد”ی داستان بێژی گوندی قەزمەجا، داستانی کوێر ئۆغڵی بەتەواویی فێر دەبێت و تەنانەت لەتەمەنی حەڤدەساڵیدا توانیویەتی بەستایلێکی جیاوازتر سەرلەبەری بڵێتەوە.

  • ئەی چۆن لەم ستران بێژییەوە دەچێتە ناو دنیای نووسینەوە؟

یوسف عزەدین: لێرەوە ڕۆڵی عابیدین دینۆ، گەورە ئەنتەلەکتوێل و سیناریست و دەرهێنەری سینەمایی و هونەرمەندی شێوەکاری؛ هاوڕێی نازم حیکمەت و تریستان تزاراو پاپلۆ بیکاسۆ و سێرگی ئایزنشتاین و ئەندرێ مارلۆ،…. دەست پێدەکات. ئەم و نازم حیکمەت بەگەنجی و لەگەرمەی شەڕەکانی ئەتاتورکدا لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی سەر خاکی ئەنادۆڵ، ئەتاتوورک دەبینین و ئەویش پێیان دەڵێت، دەبێت بۆ میللەت بنووسن و کاتێکێش نازم حیکمەت پێی دەڵێت؛ پاشام مەبەستتان چییە؟ ئەتاتوورک دەڵێت وەک مایکۆفسکی بن!؟ ئیتر هەر ئەمەیە ئەو سەرەتایەی ئەو دوانە دەگەیەنێتە سۆڤێتی جاران و هەردووکیشیان بەپێی ناونانی سەردەمەکەیان دەبنە دوو کەسی چەپخواز و ڕادیکاڵ، ئیتر نازم حیکمەت بەساڵانێکی دوور و درێژی زیندان باجەکەی دەدات و لەمابەینی چل و پەنجاکانی سەدەی پێشووشدا، ئابیدین دینۆ و عاریفی برا گەورەی و گوزین دینۆی هاوسەریشی بەدوور خستنەوەیان بۆ شاری ئەدەنە لەزیندانکردن ڕزگاریان دەبێت و لەوێ کەمال سادق کەدواتر لەنووسیندا بۆ چەواشەکردنی پۆلیس ناوی خۆی دەنێت یەشار کەمال، دەناسن و خودی یەشار کەمال-یش لەبارەی هەردوو برا؛ عابیدین دینۆ و عاریف دینۆ-وە وتویەتی:
( دوو مرۆڤی ڕۆح مەزن؛ سەبارەت بەفیکرو دنیابینیشیان پێشەنگی پێشکەوتنخوازەکانی ئەو سەردەمە بوون.. من یەکێک بووم لەکەسە ڕەش و ڕووتەکانی گەل، بەڵکو لەخراپترین بارودۆخی کۆمەڵگەدا، بەمیراوی و کشتکارییەوە خەریک بووم.. لەکاتێکدا ئەوان باڵاترین ڕۆشنفکر و بیرمەند بوون.. منیان گرتەخۆ و گۆشیان کردم، بەرەو فیکر و ئەدەبی جیهانی ڕەهبەرییان کردم و دۆن کیخۆتەو مارکس و ئەنگڵز و لینین و گۆرکی-یان پێناساندم…).
دواتریش هەر خودی عابیدین دینۆ، وا لە یەشار کەمال دەکات بەیەکجارەکی ئیستانبووڵ بکاتە شوێنی نیشتەجێ بوونی و لەهەمووشی گرنگتر دەبێتە هۆکاری وەرگرتنی وەک ڕۆژنامەنووس لەڕۆژنامەی جمهورییەتی تورکی و ئیتر سەرەتای کارە جدییەکانی یەشار کەمال، لەو ڕیپۆرتاژانەدا ڕەنگ دەداتەوە کەسەبارەت بەکێشەی خەڵکانی زەحمەتکێش و لانەوازانی ناوچەی چقورۆئوواو قاچاخچییەکانی سنوور و زۆر بابەتی کاریگەر؛ بەو زمانە سەرنج ڕاکێشەی خۆی دەنووسێتەوە.

  • وەک هەر خوێنەرێکی کورد ئاگاداری ئەوەین یەشار کەمال، دەرفەتێکی وای لەقۆناغەکانی خوێندنی فەرمیدا بۆ نەڕەخساوەو مەگەر هەر قۆناغەکانی سەرەتایی تەواو کردبێت؟ بەڵام ئاشکرایە ئەو ڕۆشنبیرانەی ناوتان هێنان، توانیویانە دڵسۆزانە گۆشی بکەن!

یوسف عزەدین: بەڵێ خۆی مایەی ئیعجابە، کاتێک زانکۆی ئەدەنە، بەو پەڕی شانازییەوە دکتۆرای فەخری دا بەیەشار کەمال و بەحەقیقەتیش شایانیەتی. ئەم جۆرە کەسە بللیمەتانەی وەک یەشار کەمال، هیچ کات پێویستیان بەتەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی فەرمی و تەقلیدی نییە! لەدەرەوەی ئەو دنیا داخراوەوە دەتوانن شتانێک بکەن، بەهەموو خاوەن بڕوانامەکانی بەشە جیاجیاکانی ئەدەبیات نەکرێت!؟ بێجگە لەوەی بەدڵنیاییەوە ئەو چەند ساڵ خوێندنە فەرمییەی یەشار کەمال لەو زەمەنە ڕابردووەی گوندێکدا، بەشی ئەوە فێری خوێندنەوەو نووسینی کردووە، کەبتوانێت لەبەردەم مزگەوتێکی ئەدەنەدا ببێتە عەرزوحاڵچی و تەنانەت یەکێک لەو حاڵەتە دەگمەنانەی کەبەتووشییەوە دەبێت، هاتنی کەسێکە بۆ لای بەناوی ئەحمەد دۆغان تا عەریزەیەکی بۆ بنووسێت. بەڵام هێندە بەسەرهاتی کەسەکە کاریگەر و سەرنج ڕاکیش دەبێت، کابرا لەگەڵ خۆی دەباتە ماڵەوەو لەوێ بەدوورودرێژی بەسەرهاتی ئەحمەد دۆغان دەنووسێتەوەو لەماوەی پانزە ڕۆژیشدا دەستنووسەکەی دەبێتە پێنج سەد لاپەڕەو بەتاسەوە پیشانی عابیدین دینۆی دەدات و پێی دەڵێت؛ دەمەوێت ئەم بابەتە بکەمە ڕۆمان.. بەڵام کاتێک عابیدین دینۆ دەیخوێنێتەوە، بەسەرسامییەوە پێی دەڵێت؛ چی دەکەیتە ڕۆمان، خودی ئەوەی نووسیوتە ڕۆمانە!؟

  • پێمان باشە زیاتر خوێنەران بەسەرەتاکانی ئەو گۆشکردن و ئاڕاستەکردنە فیکری و ئەدەبیانەی یەشار کەمال ئاشنا بکەیت؟

یوسف عزەدین: حەتمەن هەموو شتێک لەبارەی جۆر و شێوەی ئەو گۆشکردنەوەوە نەزانراوەو بەشە هەرە زۆرەکەی شاراوەو پەنهانە.. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە هەر لەسەرەتای ئەو ناسینەی نێوانیانەوە، عاریف دینۆی برای عابیدین دینۆ گوێنییەک کتێب دەداتە یەشار کەمال و پێی دەڵێت؛ بیبەو بیخوێنەرەوە، ئەویش کاتێک دەگاتە ماڵەوەو گوێنییەکە هەڵدەڕژێت، دەبینێت پێنج نووسخە لەڕۆمانی دۆن کیخۆتە-ی تێدایەو پێدەچێت وای زانیبێت، بەهەڵە پێنج نوسخەیان داوەتێ، یان لەوانەیە تاقی بکەنەوە!؟ ئیتر هەرچۆنێک بێت، چوار نوسخەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ عاریف دینۆو پێی دەڵێت؛ بەهەڵە پێنج نوسخەتان لەم ڕۆمانە بۆ دانابووم!؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی دەڵێت؛ نەخێر بەهەڵە دامنەناوە، چونکە ئەگەر لەداهاتوودا مەبەستتان بێت، ببنە نووسەر، بەردەوام پێویستان بەخوێندنەوەی دۆن کیخۆتە دەبێت! تۆ بڕوانە ئەو کاتەی ئەوان یەشار کەمال لەئەدەنە دەدۆزنەوە، دەبینین گەنجێکی شاعیرو بەستە بێژە، وەک هەر شاعیرێکی میللی ئیریتجالی، توانای شەڕەشیعری درێژخایەنی لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا هەبووە، هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا لەگەڵ یەکێک لەناسراوەکانی ناوچەی یاپوزی شاری مەراش توانیویەتی تا بەیانی بێ وەستان پێکەوە ببنە تەواوکەری یەکتر، واتە ئەو جۆرە کەسە میللیانەی کەناچارن ڕاستەوخۆ بەبەرچاو خەڵکەوە بەستەو داستان و ڕووداوەکان لەچوارچێوەیەکی شیعریی و بەگۆرانی بڵێنەوە، ئەو جۆرە کەسانە توانایەکی بێ سنووری ئیمەیجنەیشین و داهێنانی گێڕانەوەی نوێیان هەیە.. هەر ئەمەشە وا لەنووسینەکانی داهاتووی یەشار کەمال دەکات، هاوشێوەی کەم بێت لەتوانای وەسفی و ئیرتیجالییەتی بەدواداچوونی ڕووداوەکاندا.

  • باشە ئەو شیعرە ئیرتیجالی و گۆرانییە میللیانەی کەلەگەنجیدا وتوونی، بەچ زمانێک بووە؟

یوسف عزەدین: دەتوانین لەم پرسیارەوە، بچینە نێو زۆر وردەکاری دنیای یەشار کەمال-ەوە، لەئەسڵدا ناوی کەمال سادق گۆێکچەلی-یەو دایکیشی نێوی نیگار-ەو یەشار لەگوندی حەمیدی تورکمەن نشین، هەر لەمنداڵییەوە لەدەرەوەی ماڵەوە بەتورکی قسەی کردووەو لەماڵیشەوە بەکوردی و وەک خۆشی دەیگێڕێتەوە، کاتێک لەقسەکردنی نێو ماڵەوەیاندا یەک وشەی تورکی لەدەم دەرچووە، دایکی بەشەپازلەیەک تەختی عەرزی کردووەو هەر ئەمەشە وا لەیەشار کەمال دەکات، هەرگیز کوردی لەبیر نەچێتەوەو پاش ساڵانێکی دوور و درێژ لەئاخافتن و بیرکردنەوەو نووسین بەزمانی تورکی، کەچی هەر زمانی دایکی لەبیر بمێنێت!؟
ئەوەندەی ئاگاداریشین یەکێک لەشیعرە کۆنەکانی یەشار کەمال، کاتێک هەڤدەساڵان بووە، بەزمانی تورکی نووسیویەتی و شیعرێکی ئەنتۆلۆژیی جوانیشە؛ باس لەبوونی تەنهایانەی خۆی دەکات.. دیمەنی کاریگەری تێدایە، چۆن بەچیایەکدا هەڵدەزنێ و ئارەق دەکاتەوە.. ماندوو شەکەت دەگاتە ئەو بەرزییەی هەورەکانی لێ وەدیاردەکەوێت و لەکۆتایی شیعرەکەشیدا داوا لەخوا دەکات؛ تەنهایی لەو چەشنەی ئەو بەکەس نەدەدات!؟ ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە زمانی تورکی لەنووسیندا بەکارهێناوەو جا مەسەلەیەکی تریش هەیە، هەر خودی یەشار کەمال لەزۆر شوێندا ئاماژەی بەوەداوە؛ ئەمان تاکە ماڵیکی کورد بوون، لەو گوندە تورکمەن نشینەی ناوچەی چقوورئۆوای سەر بەئەدەنەی پێنجەم شاری گەورەی تورکیا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە جێی خۆیان کردۆتەوەو تەنانەت لەهەموو ئاخافتن و ئاماژەپێدانەکانیشدا، بەڕێزەوە باسی خەڵکی گوندەکەی بەتایبەتی و ناوچەی چقورئۆواشی بەگشتی کردووەو بەدرێژایی تەمەنیشی هێندەی دەرفەتی هەبایە ساڵانە سەردانی دەکردن و ئەوانیش وەک کەسێکی ئەزیزو بگرە وەک پاڵەوانێک پێشوازییان لێدەکرد؟! ناشێت ئەو دەمەی دەستی داوەتە بەستەوتن، بەکوردی گۆرانی بۆ خەڵکە تورکمەنەکەی ئەو ناوچەیەو دەوروبەری وتبێت.. بۆیە دەبێت بەدوور لەو نەخشە پۆلەتیکەی دەخرێتە پێش چاومان؛ لەقووڵایی قسەو باسەکانی خودی نووسەر و هاوڕێکانییەوە، شتگەلێکی نوێ هەڵبهێنجین!؟ لەزاری نووسەرەوە بەسەرهاتی داستان ئامێزانەی کوێرئۆغڵو داستانێکی تورکییەو هەروەها بەسەرهاتی حەمەدۆک و زۆر بابەتی تریشی؟! بەڵام جێگەی باسە کاتێک لەمەراسیمی مەرگی، مەمەد ئوزون-دا دەڵێت؛ بەتەما بووین پێکەوە داستانی کۆنی کوردی، مەمۆئالان بنووسینەوە، بەڵام مردنی ڕێی نەدا ئەم پرۆژەیەمان سەربگرێت؟! ئەم یەکێکە لەئاماژەئیجابییەکانی یەشار کەمال بەبوونی کولتوورییانەی کورد لەئەنادۆڵدا، بەڵام نەنووسینەوەی دواتری ئەو داستانە لەلایەن خودی ئەو نووسەرەوە، جێگەی پرسیارەو لەوەش گرنگتر ئەو پرسیارەیە کەلام دروست دەبێت؛ ئاخۆ ئەگەر مەمەد ئوزون نەمردایە، یەشار کەمال ناوی خۆی دەخستەپاڵ ئەو و وەک بەشدارێک لەنووسینەوەی هەمان داستاندا، کتێبێکی هاوبەشیان بڵاودەکردەوە؟! پێناچێت و بەڕای من هەر بۆ ئیستیهلاکی محەلی و ڕاکێشانی خوێنەرانی کورد، قسەوباسێکی لەو جۆرەی وروژاندووە.. چونکە هێندەی کەسێکی کارێزمایی شارەزاو قاڵبوو لەدنیای سیاسەتدا، شارەزاو بەڵەد بوو، لەڕێی عابیدین دینۆ-ەوە نەک هەر تێکەڵ بەدنیای ئەدەبیات و کەڵچەڕی جیهانی بووە، بەڵکو تێکەڵ بەفیکر و ئایدیۆلۆژیای چەپخوازانەی سەردەمەکەشی بووەو هەر لەسەرەتای دەستپێکیشییەوە، بەگەنجی لەئەدەنە دەگیرێت… لەڕووی ڕێکخستن و پێشڕەوێتی جەماوەری زەحمەتکێشەوە، کەسێکی کردەو بەتوانا بووە لەجووڵاندنی شەقامدا. هەمیشە خاوەن جموجۆڵ و چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووەو ئیتر کاروکردەوەکانی چەندی هەڵقووڵاووی ڕاستەقینانەی ناخی خۆی بوون و چەندیشی گەمەو نمایشێک بوون کردوونی، ئەوە مەسەلەیەکی ترەو ڕەنگە لێرەدا ساغکردنەوەی ئاسان نەبێت!؟

  • باشە نووسەران بەگشتی، جۆرێک لەتەکتیک و سیاسەتیان نییە بۆ ڕاکێشانی خوێنەران!؟

یوسف عزەدین: دروستە، بەڵام دەبێت بپرسین.. چ جۆرە تەکتیک و سیاسەتێکە؛ دۆستۆیڤسکی بۆ ڕاکێشانی خوێنەر دەیکات، کەسێکە دەبرێتە بەردەم لیژنەی گوللەبارانکردن و پاشان لەپڕ بەلێبووردنێک لەمەرگ دەگەڕێتەوە! کەسێکە کاتێک قەرزدار دەبوو، پێشوەخت بڕە پارەیەکی لەخانەی چاپکردنێک وەردەگرت و بەڵێنی دەدا لەماوەیەکی کەمدا ڕۆمانێکی ئەوەندە لاپەڕەییان بخاتەبەردەست و بەحەقیقەتیش بەچەشنێک کەجێگەی سەرسامییە، لەو ماوە دیاریکراوەدا، بۆ نمونە توانی لەماوەی پانزە ڕۆژدا یەکێک لەڕۆمانە باشەکانی خۆی تەواو بکات؟! یان چ جۆرە سیاسەتێکە؛ کافکا بۆ ڕاکێشانی خوێنەر دەیکات، پیاوێکە بەبێدەنگی دەژی و بەگەنجی دەمرێت! گەورەترین داهێنان لەبواری نووسینی نۆڤێللا و ڕۆماندا دەکات. چ جۆرە سیاسەتێکە؛ وا لەنابیانەیەکی وەک بۆرخیس دەکات، لەپێناو بەردەوامی لەداهێنان و جدیەتی نووسیندا، ناچار بێت لەتەمەنێکی هەڵکشاوی ژیانیدا بەوتنەوەی موحازەرەو داهاتی کتێبەکانی بژی؟!
لەکاتێکدا گابریل گارسیا مارکیز، دەبێتە هاوڕێی چەند دیکاتۆرێکی وەک عومەر تۆریخۆس و فیدڵ کاسترۆ و هەروەها لەبەردانی کۆمەڵێک بارمتەی ئەمریکی لەلوبنان، لەهەشتاکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت؟!
حەتمەن نووسەران دابڕاو نین، لەهەموو ئەو جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کەشەقام دەورووژێنێت، بەڵام جۆری بەشداربوون و ئامانجی سەرەکی بەشداربوونەکە گرنگە. بۆ نمونە لەئان و ساتێکی مێژوویدا گۆنتەر گراس، ددان بەوەدا دەنێت بەگەنجی و لەساڵانی جەنگی جیهانی دووەمدا، سەر بەهێزەکانی بروسکەیSSی نازییەکان بووە. هەرچەند سەرپێی وادێتەپێشچاو وەک کەسێکی ئاشق بەشوهرەت و بەمەبەستی ڕاکێشانی زیاتری خوێنەران، ئەمەی وتبێت!؟ بەڵام بەوپێیەی ئەم ئیعتیرافەی پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ و لەتەمەنێکی هەڵکشاویدا بوو، پێناچێت بەمەبەستی ڕاکێشانی زیاتری خوێنەران بووبێت؟!
زۆربەی ئەم بگرەو بەردەیەش کەژمارەیەکی زۆری نووسەرانی دنیای ناشرین کردووە، دەرئەنجامی ئەو کردەی بەبازاڕکردنی کتێبەیە.. تۆ نووسەرێکت هەیە نووسین بۆتە پیشەیی و ناچارە بنووسێت تا بژی!؟ کەواتە ناچارە ئەوە بنووسێت کەبازاڕی کتێب لێی داوا دەکات؟! ناکرێت شتێکی موخالیف بنووسێت، بەوەی تەوژمەکە دەیخوازێت، چونکە بۆی بڵاوناکرێتەوە.. یان بەدەگمەن شوێنێکی دەستدەکەوێت، بۆی بڵاوبکاتەوە.. بۆیە سەردەمانی پێش داهێنانی چاپکردن! کاتێک نووسین دەستخەت بوو، نەساخەکان دەیاننووسییەوەو وەک گەوهەرێکی گرانبەها نرخ و بەها بۆ نووسین دادەنرا، ئەو دەمە نووسین خۆی بوو، وەک خۆی، دەربڕی ئەوە بوو، دانەرەکەی دەیویست!؟

  • کێن ئەو نووسەرە جیهانی و تورکانەی کاریان کردۆتە سەر نووسینەکانی یەشار کەمال؟

یوسف عزەدین: ئەم پرسیارەتان ئەو پرسیارەی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی گالیمار-ی فەڕەنسیم بیر دەخاتەوە! بەڕێوەبەری گالیمار لەڕێ و ڕەسمی خەڵاتکردنی یەشار کەمال-دا، ڕووی تێدەکات و پێی دەڵێت: دەبێت منەتباری ئەو دوو خانمە بیت؟
ئەو خانمانە یەکێکیان خاتوو منەوەر، هاوسەری پێشووی نازم حیکمەت بووەو وەرگێڕی نزیکەی بیست ڕۆمانی یەشار کەمال-ە بۆ فەڕەنسی. دووەمیشیان یەکەمین هاوسەری یەشار کەمال-ە خاتوو تیڵدا-ی بەڕەگەز جولەکەی زمانزان و ئەنتەلکتوێل و نەوەی یەکێکە لەپزیشکە تایبەتەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدو ناوبراو نزیکەی هەڤدە ڕۆمانی یەشاری کردۆتە ئینگلیزی و جگە لەوەی هەر ئەویش بووە یەشار کەمالی لەنوسەرێکی لۆکاڵییەوە کردە جیهانی!؟ جێگەی باسە کاتێک تیڵدا، پێش مردنی بۆ ماوەی حەوت ساڵێک نەخۆش و دەردەدار دەبێت، یەشار کەمال بەپارەش کەسی دەست ناکەوێت، ڕۆمانەکانی بگاتە ئینگلیزی! ؟ چونکە ئەو هێندە بەتورکییەکی تایبەت و تاڕاددەیەک کۆن و جار جارەش، داهێنراو و جیاواز دەنووسێت، لەگەڵ ئەو هەموو ناوە نەبیستراوە دەگمەنانەی سەبارەت بەناوهێنانی گوڵ و گوڵزار و ڕووەکە کێویلییەکان بەکاریان دەهێنێت، وایکردووە نووسەرێکی وەک عەلی پسکولئۆغڵو، فەرهەنگێکی تایبەتی، تورکی تورکی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی یەشار دابنێت، تا خوێنەری تورک لەکاتی خوێندنەوەیاندا لەتێنەگەیشتنی هەندێک وشەو دەستەواژەو زاراوەدا دۆش دانەمێنن. بابچینەوە بچینەوە سەر باسەکەمان، کاتێک بەڕێوەبەری گالیمار، بەیەشار کەمال دەڵێت:
(دەبێت منەتباری ئەو دوو خانمە بیت؟!) بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، لەگەڵ ئەوەی هەردوو خانمەکە بەرانبەری دانیشتوون، یەشار کەمال لەوەڵامدا دەڵێت: ( من مەمنوونی هیچ کامێکیان نیم و نابێت مەمنوونیان بم؟! چونکە من مەمنونی یونس ئیمرەو قەرەجەئۆغڵان و چیخەف و چاڕڵی چاپڵنم…) دیارە بەمەش وەفاداری خۆی بەرانبەر بەو هەموو ماندووبوونەی ئەو دوو خانمە دەردەبڕێت و چاکەی ماندوبوون و شەونخوونی و شەکەتبوونی ساڵانێکیان دەداتەوە!؟

  • کەواتە یەشار کەمال، وەفای بۆ ئەو دوو خانمە وەرگێڕە نەبووە، باشە هەر هیچ نەبێت هاوسەرەکەی بێ هیچ بەرانبەرێک و لەخۆشەویستییەوە بەدرێژایی تەمەنی ڕۆمانەکانی وەرگێڕاوە؟

یوسف عزەدین: جا شتێکی تریش هەیە، خۆ دەکرا هەرهیچ نەبێت. لەپاڵ ناوی یونس ئیمرەو قەرەجە ئۆغڵاندا، ناوی ئەحمەدی خانی-یشی لەڕیزی ئەو ناوانەدا هێنابا.. لەکاتێکدا شایانی ناو بردنەو مەم و زین-یش تێکستێکی ناسراو و وەرگێڕدراوە بۆ زمانە ئۆروپاییەکان.. هەرچەند ئینکاری توانای یونس ئیمرە ناکرێت، وەک شاعیرێکی قووڵ لەدنیای تێڕامان و تەسەووفدا؛ ئێمە وەک خۆمان، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە کاریگەریی و جدییەتی دەقە، ئیتر هەر کەسێکی سەر بەکامە ڕەگەز نووسیبێتی، مەسەلەیەک نییە.. بەڵام ئەمەی یەشار مەسەلەیەکی ترەو کۆمەڵێکی مەحروم لەبەکارهێنانی زمانی خۆی، چاوەڕێی دەمی نووسەرێکە کەقەولە کورد بێت، ئەمە جگە لەخودی ئاماژەدانەکەی بەدوو ناسراوی دنیای ئەدەبیاتی ئۆرێنتاڵی تورکی، لەکاتێکدا کەسێکی خاوەن تێکستێکی نووسراوی وەک مەم و زین، پشتگوێ دەخات.. هەروەها مەلای جزیری-ش یەکێکە لەناوە دیارەکانی دنیای نووسین. لەهەمووشی سەیرتر دواتر لەکەناڵە ناوخۆییەکانی تورکیادا لەپاڵ ئەدەبیاتی ڕەنگاوڕەنگی جوگرافیای دەوڵەتی تورکیادا، لەژێر لێوەوە ناوی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیریش دەهێنێت، بەڵام حەتمەن وتنی ئەو ناوانە لەشوێنێکی کلتووری و هەستیاری وەک گالیماردا شتێکی تر بوو، دەیتوانی لەمیانی کەمترین ئاماژەپێدانییەوە، دنیایەک پرسیار و مەراقی ئامادەبووانی ئەو مەراسیمە بەلای کلتووری کوردیدا ڕابکێشێت!؟

  • بەڵام لەمیدیای کوردیدا، بەجۆرێکی تر یەشار کەمال-مان پێ ناسێنراوەو زیاتریش وەک داکۆکیکار لەکلتووری میللەتێک ناسیومانە؟

یوسف عزەدین: لەپرۆگرامی32günی پێشکەشکاری ناوداری تورک؛ مەمەد عەلی بیراند-دا، کاتێک بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لەئەڵمانیا، لەیەشار کەمال دەپرسێت؛ ئەوەی ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە، یەشار کەمال-ی کوردە یان یەشار کەمال-ی تورک؟ لەوەڵامدا یەشار کەمال پێدەکەنێت و دەڵێت کوردی چی؟ من لەهەموو ژیانمدا یەک ڕستە کوردیم نەنووسیوە؟ من هەموو نووسینەکانم بەتورکییەو چەند مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی نووسەرێکی تورکە، منیش ئەوەندە کوردم.. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵیت، مەولانا لەلوتکەی ئەدەبیاتی فارسیدایەو نووسەرێکی فارسە.. مەبەستی ئەوەیە مادام بەفارسی نووسیوویەتی کەواتە فارسە، بەو پێیەش ئەم بەتورکی نووسیوویەتی، کەواتە تورکەو ڕاستە لەدرێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کەدەبێت شەڕ لەگەڵ کورد ڕابگیرێت و درێژەی پێ نەدرێت و هۆکارەکەشی دەباتەوە بۆ ئەوەی نایەوێت بەهیچ شێوەیەک تورکیا دابەش بکرێت و هەوڵەکانی ئەو بۆ مانەوەی سانتڕالیزمی دەوڵەتی تورکییە؟ خۆی لەڕاستیدا یەکێک لەنووسەرو ڕۆماننووسەکانی تورک کەناوی سەعید فایەقەو یەشار بەئوستادی خۆی لەڕۆمانووسیندا وەسفی دەکات، هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی یەشار کەمالەوە، لەبارەیەوە وتوویەتی: ( یەشار کەمال؛ تورکترین کوردو کوردترین تورکە!؟)

لەکتێبە چاپکراوەکانی نووسەر:
١- ئەودیوی حیکایەتە نەنووسراوەکان/نۆڤێللا/شڤان-سلێمانی ٢٠٠٦
٢- پێخەفێک لەخوێن/ نێرێتیڤ /ئاراس٢٠٠٨
٣- تەنها ڕۆژێکی سارد/نۆڤێللا/موکریان ٢٠٠٩
٤- ماجەراکانی سەلمانی فارسی/نۆڤێللا/یاد-سلێمانی٢٠٠٩
٥- وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/نۆڤێللا/ شڤان-سلێمانی٢٠٠٩
٦- وەهم و شوناس/ دیالۆگ و وتار/ یاد-سلێمانی ٢٠١٢
٧- ئەنفارار-کۆتایی/ نێرێتیڤ / خانەی کەبەدانی/مەغریب٢٠١٥
٨- هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی/دیالۆگ و وتار و وەرگێڕان/ کارۆ-سلێمانی٢٠٢٠
٩- نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا/ نۆڤێللاو نێرێتیڤ/ کارۆ- سلێمانی٢٠٢٠




پاڵەوانەکانی پشتی کۆمپیتەر.. عومەر محەمەد

پاڵەوانەکانی پشتی کۆمپیتەرو ئەو ترسنۆكانەی پلار بۆ ئەم پاڵەوانانە دەهاون، کێن ؟

بریا لەبری پاڵەوانەکانی پشتی تفەنگەکان هەزار ئەوەندە پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەرمان دەبوو، لە مێژە گوێ لە حیکایەتی جەنگاوەرەکان دەگرین و هیچیشمان دیارنییە. لەوەش تراژیدی ترو بە ئازارتر پاڵەوانی پشتی تفەنگەکان هێندەی بۆ خەڵک و دەوڵەتانی ئیقلیمی لە دژی خۆمان جەنگاون، نیوهێندەیان بۆخۆمان بکردایە ئێستا تابلۆیەکمان بۆ شانازی دەبوو هەڵیبواسین. بەڵام کە گۆڕستانەکان دەبینین پڕن لە کوژراوی شەڕی ناوخۆ، لە(جاش و باش) لە جەلادو قوربانی و هەموویان پێکەوە نێژراون ئیدی کەڵکی شانازی ونیشاندانی نامێنێ.
ناڕەوایە گوێ لە کەسانێک بگرین کە کارەکتەرەکانی پشتی کۆمپیتەر نادیدەو بە سوک دەگرن، ئاخر ئەم ستەمە بۆ؟ ئەم ناو زڕاندنە خزمەت بەکێ دەکات ؟ ئەمە چ عەقڵ و زمانێکی هەژارو دواکەوتووە؟ بێگومان پاڵەوانی پشتی کۆمیتەریشمان زۆرن، وەلێ ئەفسوس لەژێر هەژمونی ئەو زمانە خێلەکیە جوان نایان بینرێن. وەک خۆیان ناناسرێن، کۆچەر بیرکارتان بیرچوو هەی سەلامەت بن ؟ مەگەر ئێوە شانازی بەم پاڵەوانەی پشتی کۆمیتەرەوە ناکەن؟ ئەو کیژو کوڕە پیتچنانەی دەیان کتێبی باشیان نوسیوەتەوە، ئەوانەی هەڵەچنی دەکەن، ئەوانەی دیزاین دەکەن، ئەو نوسەرانەی مێژوو قەرزداریانەو لە پشت کۆمپیتەرەکانەوە شەڕی شوناسی کلتوری دەکەن، ئەو دیزاینەرانەی لە پشت کۆمپیتەرەکانیانەوە کاری مۆنتاژ و دەنگ و ڕەنگی فیلمەکانمان بۆ دەکەن، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەنوسە بوێرانەی خۆیان دەخەنە نێونێڵەی ئاگری جەنگ و کێشە ئاڵۆزەکانەوە هەردەبێت بگەڕێنەوە پشتی کۆمیتەرەکانیان. ئیدی بۆ دەبێت کارەکانیان ئاوا سوک وێنابکرێن؟
کێن ئەوانەی کاری پشت کۆمپیتەر بەکەم دەگرن ؟ بێگومان ئەوانەن ئێرەیی و تەمبەڵی و تەماحی پۆست و پوڵ کوشتوونی، مرۆڤ کە لەکاردا هیچی لەباردا نەبوو، لەقسەشدا هەروایە بۆیە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە قسە فڕێ دەدات. ئەوانەی کارێکی گرانیان لە دەست نایات بەچنگ و نینۆک هەوڵدەدەن کاری قورسی ئەوانیدی سوک تەماشا بکەن.

ڕوونە بەشێکی ئەم ڕەفتارو گوفتارە هەرزانە، ئێرەیی و دڵپیسی و توندڕەفتارییە، نەرجسیەتی کەسانێکە، کە وەهمی خۆبەپاڵەوان زانین هۆشی لێسەندون بۆیە بێ سڵکردنەوە بەم زمانە قسە بکەن، ڕوی ڕۆژگار ڕەش بێت کە بەبێ حیکمەتیش بەڕێوە دەچێت، بەبێ فیکرو مەعریفە مرۆڤ دەکات بەنوسەر بەهونەرمەند بەپاڵەوانی شاشەو مەیدان ! ئەوانەی خەونی ئەوەیان هەیە هەموو کەس لە پشت خۆیان بێت لەهەموو شتێکدا و لەهەموو کارێکدا هەر خۆیان بن و کەسی دی نا، زمانیان لە دژی هەرکەسێک دەگەڕێ کە بەهەموو دوعایەکیان ناڵێن ئامین.

بەزۆر کەس وتراوە پاڵەوانی پشت کۆمپیتەر و منیش بەر ئەو پلارە کەوتووم، بەڵام هەمیشە فەرامۆشم کردون و ئاوڕم لێنەداونەتەوە، لەوەتای من خەریکی دۆسێی ئەنفالم هەندێک مرۆڤی کارنەکەرو تەوەزەل بەڵام کاسەی ناو هەموو ئەسکوێکان و زۆربڵێی ناو ماڵپەڕو پەیجە بێ فلتەرەکان، ئەم قسە سوکەیان پێگوتووم (پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەر) هەر لەم ڕۆژانەشدا دۆستێک لە هەڵچونێکدا کەهەرگیز نەیدەهێنا هەمان ئەو قسەی پێگوتمەوە (کاکە من پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەرنیم) کورە هەی سەلامەت بیت من شانازی دەکەم پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەربم، چونکە ئەگەر سەدان چیرۆکی ئەنفالم لە پشتی کۆمپیتەرەوە نەنوسیبێتەوە دەیانم نوسیوەتەوە. سەیرە ! ئەوانەی وایان پێگوتووم بەبێ ئەوەی خۆیان نە وشەیەکیان بۆ “ئەنفالستان” نوسیبێ و نە دینارێکیان پێ بەخشیبێ و نە ئۆفێکیان بۆ ئەنفال دیدەیەک کردبێ ! لەوەش ئەستەمترو ناخۆشترو بەئازارتر، ئەو کەسانە بە چالاکوانی مافی مرۆڤ و نوسەرو رۆژنامەنوسی بوێرو دژە دەسەڵات، خۆیان دەناسێنن کەچی هەر کەدەم هەڵدەهێننەوە رێزومافی مرۆڤ لە بیردەکەن و سوکایەتیەک بەمرۆڤ دەکەن ! لەوەش سەیرو ئەنتیکە تر خۆشیان هەر لەپشتی کۆمپیتەرێکەوە ئەم قسانە دەکەن .

عومەر محەمەد
٩/١/٢٠٢١ سلێمانی




ڕۆمانی كتێبفرۆش و چه‌ند سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌یی.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

گێڕانه‌وه‌، ڕه‌گه‌زێكی سه‌ركییه‌ له‌ ڕۆمانداو به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی بینای هونه‌ری ده‌ق،هاوشێوه‌ی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆمانداجیاده‌كاته‌وه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، ئه‌و به‌ ئه‌ده‌بیكردنه‌یه‌ كه‌ فۆڕمی گێڕانه‌وه‌، له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعی و ساده‌، ده‌كاته‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری جوان و سه‌رنج ڕاكێش، كه‌ دواجار به‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆماندا، ناو ده‌برێت.له‌ ڕۆماندا، چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ چێژی گێڕانه‌وه‌. ئێمه‌ كاتێ یاداشتێك، یاخود بیره‌وه‌رییه‌ك ده‌خوێنینه‌وه‌، چییه‌تی گێڕانه‌وه‌مان لامه‌به‌سته‌ له‌وه‌ی چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. چونكه‌لێره‌دا گه‌یشتن به‌ كۆتایی ڕووداوه‌كان و چییه‌تی ڕوودانییان ده‌بێته‌ جێی سه‌رنج، به‌ڵام له‌ ڕۆماندا، گێڕانه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ چێژ و ئستایكا و هونه‌ركاریی زمان كه‌ دواجار ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی باڵا، له‌ بیره‌وه‌ری جیا ده‌كاته‌وه‌.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمان،هونه‌رێكی جوانی گێڕانه‌وه‌ و ده‌رخستنی ڕووداوی تێدا نه‌بوو،بێگومان زمانی گێڕانه‌وه‌ی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاسایی. ڕۆمانی (كتێبفرۆش) باس له‌ گه‌نجێكی كتێبفرۆش ده‌كات به‌ ناوی ئومێد ڕه‌شپۆش، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ هه‌ولێر كاری كتێبفرۆشی ده‌كات، به‌ڵام كه‌سێكه‌ به‌ نهێنی كتێبه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كان و ئه‌ده‌بیاتی شاخ، دێنێته‌ شارو بڵاویده‌كاته‌وه‌. له‌ پای ئه‌م كاره‌وه‌، ئاشكرا ده‌بێت و دوای زیندانیكردنی، به‌ هۆی ئازارێكی زۆری جه‌سته‌ییه‌وه‌، له‌كرداریی جووتبوون وسێكسكردن ده‌كه‌وێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خاتوونی خۆشه‌ویستی لێ جیا ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م ڕووداوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئومێد ده‌ڕووخێنێت، كه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر خۆكوشتن و له‌و كاتانه‌شدا، بیره‌وه‌ری ده‌گه‌رێته‌وه‌ ڕۆژانی ڕابردوو و باس له‌ ژیانی خۆی و هاوڕێكانی و واقیعی سیاسی و كۆ مه‌ڵایه‌تی ئه‌وكات ده‌كات. ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆمانه‌ بوو به‌ كورتی. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ند لایه‌نێكی هونه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ و چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كیش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ سه‌ر ڕۆماننووسدا تێپه‌ڕیون.

گێڕانه‌وه‌._
گێڕانه‌وه‌ له‌و ڕۆمانه‌دا، له‌ فۆڕمێكی واقیعی ساده‌ دایه‌، كه‌ پتر له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێكی ئاسایی نێو بازنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێت، له‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان بێت، بۆیه‌ كه‌ ڕووداوه‌كان ده‌خوێنینه‌وه‌،خوێنه‌ر هه‌ست به‌ هیچ جۆره‌ چێژو جوانكارییه‌كی زمان ناكات . ئه‌م شێوازه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ وایكردووه‌ ڕۆمانه‌كه‌، هیچ شیعریه‌تێكی گێڕانه‌وه‌ و هیچ هونه‌ركارییه‌كی زمانی له‌ ئاستی ده‌ربڕین و گوزارشتكردندا تێدا نه‌بێت. ئه‌م جوره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، زۆرتر له‌ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری كه‌سێك ده‌چێت، به‌ زمانێك كه‌ زمانی گێڕانه‌وه‌ و گه‌یاندن بێت، نه‌ك زمانی ڕۆمان كه‌ هونه‌رێكی باڵایه‌ و هونه‌ركارییه‌كی زۆری تێدایه‌. چونكه‌ له‌م جۆره‌ گێڕانه‌وه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌ گرنگه‌، گه‌یشتنه‌ به‌ كۆتایی ڕووداوه‌كان، وه‌ك هه‌ر ڕووداوێكی دیكه‌ی ئاسایی كه‌ گوێبیستی ده‌بیت. نه‌ك شێوزای گێڕانه‌وه‌. واقیعیه‌تی گێڕانه‌وه‌ له‌و ڕۆمانه‌دا، له‌ فۆڕمێكدایه‌، كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ نزیك ده‌كاته‌وه‌ له‌ بیره‌وه‌ری كه‌سێك. واتا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه‌، سه‌ربورده‌ی ژیانی كه‌سێكی كتێبفرۆشه‌، كه‌ چی له‌ ژیانیدا ڕوویداوه‌. بۆیه‌ كتێبه‌كه‌ به‌ بڕوای من، جۆرێكه‌ له‌ بیره‌وه‌ری نه‌ك ڕۆمان. ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری وه‌ك تیمه‌یه‌ك له‌ ڕۆماندا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌یان له‌و به‌ ئه‌ده‌بیكردنه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆماندا هه‌یه‌.بۆنموونه‌: كه‌ ئه‌زموون و یاد ده‌خوێنیته‌وه‌، یاخود ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هه‌ی هه‌مووان بوو، هه‌ست ناكه‌یت ئه‌مانه‌ بیره‌وه‌رین، به‌ڵكو واهه‌ست ده‌كه‌ین ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه‌، كه‌ زمانێكی باڵای هونه‌ری و ئستاتیكییان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ كتێبفرۆشدا، ئه‌و ئستاتیكایه‌ی زمان ونه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تریش زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ناهونه‌ریتر كردووه‌،به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕێنووس و ڕێزمانه‌ نامۆیه‌ و سه‌قه‌ته‌یه‌، كه‌ بۆ ڕۆمانه‌كه‌ كراوه‌ و بڕوام وایه‌ سێ به‌شی هه‌ڵه‌كان په‌یوه‌ندی به‌و پێداچوونه‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بۆ ڕۆمانه‌كه‌ كراوه‌. كه‌ له‌ زۆر كاتدا، مانای وشه‌ی شێواندوه‌وه‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی باوی نووسینی ڕۆمانه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا. بۆنموونه‌: ئێمه‌ ده‌ڵێین(ئێستا)ئیدی(وێسته‌) چ مانایه‌كی هه‌یه‌ و چ جوانییه‌ك به‌ زمانه‌كه‌ ده‌دات؟!.یاخود له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، هه‌موو وشه‌یه‌كی(ڕق) كراوه‌ به‌(ڕك). له‌ كاتێكدا ئه‌م دوو وشه‌یه‌، دوو وشه‌ی جیاوازن له‌ ڕووی واتاوه‌. ڕق به‌ مانای ڕق لێ بوونه‌وه‌، به‌ڵام ڕك به‌ مانای سه‌خت، هه‌روازێكی سه‌خت، بۆیه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا(ڕق و كینه‌یه‌) نه‌ك(رك و كینه‌). یاخود به‌ درێژایی ڕۆمانه‌كه‌ وشه‌ی(ڤاڵا)به‌گه‌لێك ده‌ربڕین ده‌بینین، له‌ كاتێكدا زمانه‌وانی كتێبه‌كه‌ نازانێت ڤاڵا یانی چی.چونكه‌ هه‌ر جاره‌ و بۆ مه‌به‌ستێك به‌ كاری هێناوه‌.

هه‌ڵه‌ له‌ گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:_
له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ندین هه‌ڵه‌، له‌ ڕووی گوزارشتكردن و ده‌ربڕینه‌وه‌ ده‌بینرێت، كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_

  • لا16نووسراوه‌:_(خۆشه‌ویستی منت فڕێ نه‌داوه‌).خۆشه‌ویستی فرێ نادرێت، به‌ڵكو كاڵ ده‌بێته‌وه‌، یاخود نامێنێت.
  • لا16 نووسراوه‌:(من له‌ نێوان چواردیوارو ژوورو بنمێچی ئه‌م خانووه‌دا). ته‌نها چوار دیوار، هێمایه‌ بۆ هه‌موو ئاماژه‌كانی تر، ئیدی ئه‌و درێكردنه‌وه‌یه‌ پێویست نییه‌. *لا18 نووسراوه‌:(چووك و ئه‌ندامی نێرینه‌). هه‌ردووكییان هاوواتان.
    *لا28 نووسراوه‌:_(به‌ سه‌ر رك و تووڕه‌یی خۆیدا زاڵ بێت). ڕقه‌، نه‌ك رك.
  • لا29 نووسراوه‌:(هه‌موو ئافره‌تێك پێویستی به‌ دامڕكاندنه‌وه‌ی حه‌زه‌كانی ده‌كات و ده‌بێ پیاوێكیش هه‌بێت بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌). ڕسته‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تێدایه‌، هاوكات له‌ ڕووی بابه‌تیشه‌وه‌. هه‌موو ئافره‌تێك دروست نییه‌، به‌ڵكو ژن گونجاوتره‌. گریمان ئافره‌تێك شووی نه‌كردبوو، ئه‌و تێزه‌ی ڕۆماننووس ده‌یگرێته‌وه‌؟.پاشان سێكس غه‌ریزه‌یه‌، شه‌رمه‌ پیاو وایببینێت كه‌ ده‌بێ ئه‌و ئاگره‌ بكوژێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا سووكایه‌تییه‌ به‌ ژن، كه‌ ڕاسته‌ و خۆ له‌ ڕێی ئه‌و غه‌ریزه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تییان ده‌دات. *لا30 نووسراوه‌:( ڕۆژی موبایه‌عه‌ی سه‌دام). له‌ مێژووی عێراقدا، نه‌مزانیوه‌ موبایه‌عه‌ی سه‌دام كرابێت له‌ 16/11/1982.چونكه‌ چوار ساڵ به‌رله‌و به‌رواره‌، له‌ 17/7/1979 سه‌دام ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست.
  • لا46 نووسراوه‌:_( مرۆڤ ده‌توانێت جارێكی دیكه‌ گیانی خۆی زیندوو بكاته‌وه‌).ئایا مرۆڤ ده‌توانێت، ڕوح بێنێته‌وه‌ به‌ری خۆی؟!.بۆیه‌ هیوا گونجاوتر بوو.
  • 47 نووسراوه‌:_(جارێكی تریش لێكدانه‌وه‌كانی دڵی پێی ده‌گوت). ئایا مرۆڤ به‌ ئه‌قڵ یان به‌دڵ، لێكدانه‌وه‌ بۆ شته‌كان ده‌كات؟!.
  • لا 47 نووسراوه‌:_(سنوور تخووب).هه‌ردووكییان هاوواتان.
  • 49 نووسراوه‌:_(براكه‌ی به‌ دیاریی و به‌خشش ده‌مكوتی كردبوو). به‌ دیاری، ده‌م شیرین ده‌كرێ و بێده‌نگ ده‌كرێ نه‌ك ده‌مكوت، كه‌ گوزارشتێكی زۆری لێكردنه‌، به‌ده‌ر له‌ خواستی كه‌سه‌كه‌.
  • لا 52 نووسراوه‌:(تۆ جه‌سته‌ و ئه‌ندامی مێیینه‌ت بۆ خه‌ڵكی بووه‌). ئه‌ندامی مێیینه‌ش به‌شێكه‌ له‌ جه‌سته‌. *لا 59 نووسراوه‌:(مێرده‌كه‌م پیاوه‌تی نه‌ماوه‌). پیاوه‌تی ئاوه‌ڵناوه‌، بۆیه‌ توانای جووتبوونی نه‌ماوه‌ دروسته‌.چونكه‌ ڕسته‌ی یه‌كه‌م به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ كه‌سێك هیچ خاسییه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی پیاوه‌تی تێدا نه‌مابێت. بۆنموونه‌: وه‌ك به‌خشنده‌یی و سۆزو به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتن وئازایه‌تی و زۆر خاسیه‌تی دیكه‌ش.
  • لا60 نووسراوه‌:_( ده‌بووایه‌ ئومێد خانووه‌كه‌ بۆ ڕێدار ڤاڵا بكات). ڤاڵا لێره‌ به‌ مه‌به‌ستی چۆڵكردن به‌كارهاتووه‌.
  • 61 نووسراوه‌ :_(هاوڕێ به‌ نیوه‌ مرۆڤ ئه‌ژمار ده‌كرا، چونكه‌ ئیفلیح بوو). ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، ئه‌وانیش مرۆڤن. بۆیه‌ نابێت له‌ دنیابینی نووسه‌رێكی دیاری وه‌ك سابیرڕه‌شید، نیوه‌ مرۆڤ بوونی هه‌بێت!.
  • لا 64 نووسراوه‌ :_( وه‌ك مردووێك له‌ ئاوزینگدانێ دابێت). كه‌ مرۆڤ مرد ئاوزینگدان نامێنێت، بۆیه‌ سه‌ره‌ مه‌رگ دروسته‌.
  • لا74 نووسراوه‌:(یه‌كه‌م تیشكی ڕالێبوون) تیشكی ڕالێبوون چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟!. *لا 85 نووسراوه‌:( له‌ هێڕشێكی سوپای عێراق بۆ قه‌سری شیرین، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو ئاواره‌ بوو ته‌نها سه‌دا ده‌ی خه‌ڵك مایه‌وه‌). خه‌مڵاندنی سه‌دا ده‌، گوزراشتێكی بابه‌تی نییه‌ له‌ ڕۆماندا، چونكه‌ ڕۆمان ئامارو سه‌رژمێریی نییه‌، تاكو به‌ وردی ڕێژه‌ی دانیشتووان دیاری بكات.
  • لا91 نووسراوه‌:_(ئه‌و كچێكی باڵابه‌رزو به‌ژن زراڤ بوو). چ جیاوازییه‌كییان هه‌یه‌ هه‌ر كامێكییان بێت.
  • لا94 نووسراوه‌:_(ئومێد چیتر نه‌یتوانی له‌ هه‌ریر بمێنێته‌وه‌). ئه‌وه‌ كاروان و كاوه‌ن، له‌كارگه‌ی شه‌رابی هه‌ریر بوونه‌ نه‌ك ئومێد .
  • 96 نووسراوه‌:_(وه‌ك زارۆكێك و كۆرپه‌یه‌كی خۆی). هه‌ردووكییان هاوواتان.
  • لا125 نووسراوه‌:_(برنج و نیسكی له‌ ژێر ده‌رگاوه‌، بۆ ئاودیوا ده‌كرا). كه‌ ئاودیو كراوه‌، نازانم چۆن خواردنه‌كه‌ نه‌ڕژاوه‌؟!.
  • لا125 نووسراوه‌:_( بۆ ئاو ده‌ستیش له‌ بیست و چوار كاتژمێردا ، ته‌نها پێنچ چركه‌ بۆیان هه‌بوو داوای خۆڤالاكردن بكه‌ن). ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كتێبه‌كه‌ كردووه‌، نازانێ ڤالا یانی چی، ده‌نا كه‌س له‌ ئاوده‌ست خۆی ڤاڵا ده‌كات؟!دواتر پێنچ چڕكه‌ به‌شی هیچ ده‌كات؟!!.
  • 127 نووسراوه‌:_(ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب بوو). نه‌ته‌وه‌ دروسته‌، نه‌ك ڕه‌گه‌ز.
  • لا132 نووسراوه‌:( هه‌ردوولایان، واتا ئومێد و ئه‌نوه‌ر سه‌عید، به‌ نهێنی كاره‌كه‌یان ده‌كردوو كه‌س به‌ ئه‌ویتری نازانی و كاره‌كه‌یان له‌ یه‌كتری ده‌شارده‌وه‌، چونكه‌ ده‌بوو زۆر به‌ نهێنی بێت له‌ به‌ر به‌عس، هه‌ردوولایان پێیان وابوو ته‌نها خۆیانن لای سه‌ید عومه‌ر ئه‌و كاره‌ نهێنییه‌ ده‌كه‌ن). به‌ڵام پێشتر ڕۆماننووس له‌ لاپه‌ڕه‌ 114 دا ئه‌مه‌ی نووسیوه‌:(ئه‌و كاره‌ نهێنییه‌ی ئومێد كردی بۆ شۆڕش(مه‌به‌ستی پێش ڕاپه‌ڕینه‌) ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌یزانیبێت، به‌ڵام خۆ ئه‌نوه‌ری سه‌عید عه‌وڵا ده‌یزانی؟). ئه‌مه‌ش پارادۆكس و هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا.گریمان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ڕۆماننووس به‌ زانینی كاره‌كه‌ی ئومێد، ئه‌و كاته‌ بێت كه‌ ئه‌نوه‌ر ده‌چێته‌ شاخ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌شییان هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌وان پێشتر هیچ یه‌كتر ناسینێكییان نه‌بووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاسان نه‌بوو متمانه‌ به‌ كه‌سێك بكه‌یت له‌ كارێكی ڕێكخستنی و نهێنی ناو شاردا، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ نه‌ناسیت وجێگه‌ی بڕوادارییه‌كی قووڵ و پته‌و و هاوڕێیانه‌ و مرۆییانه‌ نه‌با.
  • لا 137 نووسراوه‌:_( هه‌سته‌ شاراوه‌كانی خۆی ڤه‌شارێت). كه‌ شاردراوه‌ بووه‌، چ پێویستی به‌ ڤه‌شاردنه‌؟!.
  • لا142 نووسراوه‌:(چیاد به‌ هۆی ئومێده‌وه‌ له‌ ڕۆشنبیرییه‌كی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ فێری ڕۆشنبیرییه‌كی زۆر بوو). كه‌چی پێشتر له‌لا 139 دا ده‌ڵێت:( ده‌بووایه‌ دائیره‌ی ئه‌من بیكاته‌ ڕۆشنبیرو پێشتریش هه‌ر خۆی له‌ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت كه‌ ده‌یان خول له‌لایه‌ن ئه‌منه‌وه‌ بۆ چیاد كرابووه‌وه‌). ئیدی خوێنه‌ر نازانێت، كامه‌یان سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیریی چیاد بوونه‌، ئومێد یان دائیره‌ی ئه‌من؟!.
    *لا143 نووسراوه‌:_( هه‌موو گیانی تێك قژقژا). ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ تێكده‌قژێت، نه‌ك گیانی مرۆڤ.
  • لا143 نووسراوه‌:(ئومێد داوای له‌ چیاد كرد ده‌ستی نه‌گێڕێته‌وه‌ دواوه‌ و بیكوژێت و له‌ كۆڵ خه‌مه‌كانی دنیای بكاته‌وه‌). كه‌چی له‌ لا 145دا ئه‌مجاره‌یان ئومێد ده‌ڵێت:(سه‌خته‌ تۆ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌یت هه‌ر ده‌بێت بكوژرێیت، سه‌خته‌ به‌ جێهێشتنی ژیان وئه‌م ڕوحه‌ شیرینه‌ی كه‌ هه‌موومرۆڤێك حه‌ز به‌ مانه‌وه‌ی ده‌كات). ئایا ئه‌م دوو هه‌ڵوێست و تێگه‌یشتنه‌ی ئومێد له‌گه‌ڵ یه‌كتری یه‌كده‌گرنه‌وه‌ ؟.
  • 146 نووسراوه‌:_( ڕووی ده‌مانجه‌ی ئاراسته‌ی سینگی كرد). ڕوو به‌ مانای لایه‌كی ده‌مانجه‌كه‌، بۆیه‌ لووله‌ گونجاوتره‌.
  • لا160 نووسراوه‌:_(هه‌ر ده‌ڕۆیشت و ده‌یویست خۆی له‌م ناوچه‌ ترسناكه‌ دوور بخاته‌وه‌، هه‌موو گیانی شه‌لالی ئاره‌قه‌ بوو. دڵی به‌ سستی لێی ده‌دا و هه‌ناسه‌ بڕكێی بوو). ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕابكات و هه‌ناسه‌ بڕكێی بێت، دڵی به‌ سستی لێ ده‌دات یان به‌ خێرایی؟!!.
  • لا163 نووسراوه‌:_( ئه‌مجاره‌یان له‌ ژوورێكی تاكه‌كه‌سی ئه‌من خۆی دۆزییه‌وه‌، ژووره‌كه‌ شوێنی ئاوده‌ست بوو سیخناخ بوو،كردبوویانه‌ شوێنی ئازاردانی زیندانییان). كه‌ تاكه‌ كه‌سی بووه‌، چۆن سیخناخ بووه‌؟.كه‌ كراوه‌ته‌ ژووری زیندانیش، واتا وه‌كو تواڵیت نه‌ماوه‌ته‌وه‌. له‌ هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه‌ سیخناخ هه‌ڵه‌یه‌.
  • لا 167 نووسراوه‌:_(باران و سه‌رما جه‌سته‌یان خاپوور كرد). سه‌رما جه‌سته‌ خاپوور ناكات، به‌ڵكو ڕه‌قی ده‌كاته‌وه‌. كه‌س ناڵێت له‌ سه‌رما خاپوور بووم، به‌ڵكو ده‌ڵێن: ڕه‌ق بووم.
  • لا181 نووسیویه‌تی:( ئومێدو دوو زیندانییه‌كه‌ی تر، چاویان له‌ هه‌موو شتێك ده‌كرد كاتێ بردرانه‌ به‌غدا له‌لایه‌ن دائیره‌ی ئه‌منه‌وه‌). ده‌بوو ڕۆماننووس بزانێت، كه‌ به‌عس هیچ زیندانییه‌كی بێ چاو به‌ستن نه‌ده‌برده‌ هیچ شوێنێك. به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و زیندانییه‌ به‌ تۆمه‌تی سیاسی گیرابا و ئه‌حكام خاسه‌ بیگربایه‌ته‌وه‌. *لا 182نووسراوه‌:( ڕه‌وه‌ چۆڵه‌كه‌ و مه‌ل و ڕیشۆڵه‌ و كۆترو تیترواسك و ته‌یرو تواڵ). ته‌نها مه‌ل، یاخود ته‌یرو تواڵ به‌س بوو.
    *لا 217 نووسراوه‌:_( تێنوه‌تی خۆی شكاند و خۆی ڤاڵا كرد). ڤالا لێره‌دا بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ به‌كار دێت..
  • لا 209 و 212 نووسراوه‌:( جار جاره‌ خاتوون و نه‌سرین و دلاوه‌ر ده‌هاته‌ دیده‌نی ئومێد له‌ زیندانی ئه‌بو غڕێب).واتا ته‌نها ئه‌مانه‌ چوونه‌ بۆ دیده‌نی .كه‌چی له‌لاپه‌ڕه‌ 221 ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(چیتر خاتوون و نه‌سرین و دلاوه‌رو كاوه‌ و خزم و كه‌س و كارو براده‌ره‌كانی ڕێی دووری به‌غدا نابڕن و ناچنه‌ دیده‌نی ئومێد). ئه‌مه‌ مانای وایه‌، هه‌ر ته‌نها ئه‌و سێ كه‌سه‌ دیده‌نی ئه‌ویان نه‌كردووه‌ له‌ زیندان، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ و پارادۆكسی گێڕانه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بڕی كتێبه‌كه‌ش تێپه‌ڕیوه‌.
    *لا 220 نووسراوه‌:(ئومێد دوای سێ ساڵ له‌ زیندانیكردن له‌ 6/9/1988 ئازاد كرا) واتا له‌ ساڵی 1985 بردراوه‌ته‌ ئه‌بو غرێب و زیندانیكراوه‌. به‌ڵام ڕۆماننووس له‌ لا 185 دا، له‌ سه‌رده‌می ئومێد ئه‌و كاته‌ی ده‌یبه‌ن بۆ زیندان باسی ئه‌نفال و كیمیاباران و ڕاگواستن ده‌كات، كه‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ دوای ئه‌و ساڵه‌ به‌ سه‌ر ئێمه‌ داهاتن، جگه‌ له‌ جینۆساییدی بارزانییه‌كان. *لا 232 نووسراوه‌:( به‌ گه‌له‌كۆمه‌كێی خه‌ڵكی گوند خانووی بۆ چێكرا). لێره‌دا گه‌له‌كۆمه‌كێ به‌ مانای هه‌ره‌وه‌زی به‌كار هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌م دوو وشه‌یه‌ ئاسمان و ڕێسمان جیان له‌ یه‌كتری، چونكه‌ گه‌له‌ كۆمه‌كێ، ئه‌قڵێكی پیلانگێڕیی و نه‌یاری له‌ پشته‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ره‌وه‌زی، كه‌ مانای دۆستایه‌تی و گیانی هاوكاری ده‌گه‌یه‌نێت.
    *لا 251 نووسراوه‌:( 13/2/1989ئه‌مه‌ دوا لاپه‌ڕه‌ی یاداشته‌كه‌مه‌، چونكه‌ كاتژمێر دوانزه‌ ده‌بێ بچمه‌ لای ئومێد به‌ مه‌به‌ستی كوشتنی). به‌ڵام پێشتر ڕۆماننووس له‌لاپه‌ڕه‌(137)دا نووسیویه‌تی:( كاته‌كه‌ نزیك نیوه‌ڕۆبوو) واتا نه‌بۆته‌ نیوه‌ڕۆ، جگه‌ له‌مه‌ش ڕۆمانووس ده‌ڵێت:( چه‌ند قوتابییه‌ك بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌ كه‌لۆریای شه‌شه‌می ئاماده‌یی، له‌ غاباتی كوران سه‌عییان ده‌كرد و كه‌سی تری لێ نه‌بوو). به‌ڵام به‌ پێی بیره‌وه‌رییه‌كانی چیاد بێت، ئه‌و له‌ 13/2/1989 چووه‌ بۆ كوشتنی ئومێد، كه‌ ئه‌مه‌ش هاوكاتی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌ كه‌لۆریای پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی نییه‌ .چونكه‌ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ وه‌رزی هاوین و له‌ سێی شه‌ش ده‌ستی پێ ده‌كردوو مانگی دوو پشووی قوتابخانه‌كان بوو. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌یه‌.
    دووباره‌كردنه‌وه‌:_
    بێگومان دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕووداوێك، ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستی پێشهات و ڕووداوی تازه‌ بێت و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر به‌ ڕۆمانه‌كه‌ بدات، ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاوێژكردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕووداوو ده‌ربڕینه‌كانی پێشووتر بێت، پێویست ناكات هێنده‌ پاته‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هیچ سه‌رنجێكی خوێنه‌ر ڕاناكێشیت.له‌ ڕۆمانی كتێب فرۆشیشدا، له‌ چه‌ندین شوێن هه‌ست به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌مان بابه‌ت و ڕووداو ده‌كه‌ین: وه‌ك:_
    *له‌ لاپه‌ڕه‌كانی 136 و 141باسی عه‌باس سوڵتانی ده‌كات، كه‌ ڕاسپێردراوه‌ بۆ كوشتنی ئومێد.
    *له‌ ڵاپه‌رشه‌كانی 127 و 139باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چه‌ندین خولیان بۆ چیاد كردۆته‌وه‌، تاكو شاره‌زای ئیشه‌كه‌ی بێت.
    *له‌ لاپه‌ڕه‌كانی 132 و115 باسی ئومێدو دلاوه‌ر ده‌كات كه‌ ده‌چوونه‌ به‌سته‌ستێن وبه‌ نهێنی كتێبییان ده‌هێنا.
    *له‌لاپه‌ڕه‌كانی 134 و 135 باسی مه‌ترسی ئومێد بۆ سه‌ر شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموز ده‌كات.
  • له‌لاپه‌ڕه‌كانی 111و 124 باسی كارگه‌ی شیره‌مه‌نی و ماستی كانوون ده‌كات.
    له‌گه‌لێك شوێنی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كشدا، دووباره‌ كردنه‌وه‌ ده‌بینین. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئومێد كتێبفرۆش بووه‌.

چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ ڕێنووسی هه‌ڵه‌له‌ كتێبه‌كه‌دا:_
ئه‌م ڕۆمانه‌، گه‌رچی پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ كراوه‌، به‌ڵام به‌گشتی ڕێنووس و زمانی نووسینی كتێبه‌كه‌، چه‌ندین هه‌ڵه‌ی له‌ ڕووی داڕشتن و ڕسته‌سازیی وكرداره‌كانی ڕێزمان تێدایه‌، كه‌ مانای ده‌ربڕینه‌كانی شێواندووه‌. وه‌ك:_
*لا 16 نووسراوه‌:_(ئومێد كه‌ یه‌كه‌مین جار به‌ نه‌مانی مه‌یلی خۆشه‌ویستی خاتوونی زانی بۆ ئه‌و) لێره‌دا، مه‌به‌ست له‌ ئومێده‌، كه‌ خاتوون خۆشه‌ویستی بۆ نه‌ماوه‌.كه‌چی ته‌نها به‌ دانانی جێناوی كه‌سی سێیه‌می تاك له‌ ڕسته‌كه‌دا، چۆن سه‌رتاپای مانای ڕسته‌كه‌ی گۆڕیوه‌.

  • لا 17نووسراوه‌:(ددان به‌وه‌دا بنێت).دان به‌وه‌ دابنێت دروسته‌. *لا 33 نووسراوه‌:(هاواری ئاوی كرد ئاوم ده‌نێ خنكام). سه‌رنج له‌م جۆره‌ داڕشتنه‌ بده‌ن؟ مرۆڤ كه‌ تێنووی بوو هاواری ئاو ده‌كات، یان داوای ئاو ده‌كات؟.
  • لا124 نووسراوه‌:_(قووتویه‌ك ماستی بچووك). ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م داڕشتنه‌ بێت، ده‌بێ ماستی گه‌وره‌ش هه‌بێت!!.
  • لا138 نووسراوه‌:(نه‌یده‌توانی یه‌ك په‌یڤانیش بنووسێت). یه‌ك تاكه‌، په‌یڤان كۆیه‌. *لا 149 نووسراوه‌:( ده‌ستم ناچێته‌ مامۆستاكه‌ی خۆم بكوژم). سه‌رنج له‌و داڕشتنه‌ بده‌ن.
  • لا169 نووسراوه‌:_(ورده‌ ته‌كانی دایه‌ هزرو مێشكی خۆی). ئایا ته‌كان ده‌درێته‌ به‌ر هزرو مێشك؟.
  • 171 نووسراوه‌:_(كوڕی گو دانی پێدا بنێ).كوڕی گوو،چ جوانییه‌كی زمانه‌وانی تێدایه‌؟.
  • لا186 نووسراوه‌:_(هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی چ تامێكی خۆشی هه‌یه‌). زۆر له‌ نووسه‌رانی ئێمه‌، جیاوازی له‌ نێوان تام و چێژ ناكه‌ن و پێیان وایه‌ وه‌ك یه‌كن. تام به‌رجه‌سته‌یه‌ و كردارێكه‌ هه‌ستی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام چێژ نابه‌رجه‌سته‌یه‌. كه‌س ده‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه‌ ئه‌و هه‌وایه‌ كه‌ نه‌ده‌بینرێت و نه‌هه‌ستیشی پێ ده‌كرێت زۆر به‌تام بوو؟.
    *لا 199 نووسراوه‌:-( له‌وێنده‌ر چه‌ند كه‌سێك زۆر سه‌رنجی ئومێدی ڕاكێشا). سه‌رنج له‌ كرداری تاك و كۆ بده‌ن له‌ ڕسته‌كه‌.
  • لا217 نووسراوه‌:_( چۆن چاوه‌كانی تێر له‌ بینینی تێر بكات).
  • لا 218 نووسراوه‌:_( جگه‌ له‌ خه‌م و خه‌فه‌ت و ئاخ ڕشتن هیچی دیكه‌ی پێوه‌ نه‌مابوو). بۆ نه‌مابووه‌وه‌ دروسته‌!.
  • لا232 نووسراوه‌:(كاتی خۆی، بابی ژنی له‌م گونده‌ بۆی هێناوه‌). كورد وته‌نی، زمانه‌كه‌ی دووكه‌ڵ ده‌كات.! بێگومان دوای ئه‌وه‌ی چیاد بۆ كوشتنی ئومێد ده‌چێته‌ غاباتی كوران، به‌ڵام ده‌ستی ناگرێت ئه‌و بكوژێت، ئیدی خۆی ده‌كوژێت. ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ بێت، ساڵی 1985 ده‌كات.چونكه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌، ئومێد ده‌گیرێت و سێ ساڵ زیندانی ده‌كرێت و دواتریش له‌ 6/9/ 1988 ئازاد ده‌كرێت. دوای خۆكوشتنی چیاد، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست ئومێد و ئه‌ویش ده‌یپارێزێت تا ئه‌و ساته‌ی له‌ زیندان ئازاد ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چیاد چوار ساڵی دوای نه‌مانی، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵی 1989.كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی زه‌قه‌. چونكه‌ كه‌سێك كه‌ له‌ ژیان نه‌ما،چۆن بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌نووسێته‌وه‌؟! ڕه‌نگه‌ ڕۆماننووس لێره‌دا مه‌به‌ستی جۆرێك له‌ فه‌نتازییا و خه‌یاڵ سازیی بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ لۆژیكی نییه‌. چونكه‌ دواجار ئه‌و مێژوو ده‌گێڕێته‌وه‌، باسی سه‌رده‌مێكی سیاسی و تێكۆشانی چه‌ند كه‌سێك ده‌كات. بۆیه‌ ده‌بێت زه‌مه‌ن و مێژووی ڕووداوه‌كان، یه‌كبگرنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. هاوكات هه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ند وشه‌یه‌كم كه‌وتنه‌ به‌رچاوكه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ دێنه‌ ناو فه‌رهه‌نگی كوردیی و به‌ بڕوای من به‌رله‌ ڕاپه‌ڕین بوونییان نه‌بووه‌. وه‌ك(دانوستاندن لا77/كواڵیت لا110/ كۆنتڕۆل لا131/تواناسازیی لا200/ تایفه‌گه‌ریی لا 200).دواجار به‌ڵامه‌وه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردن بوو، كه‌ چۆن ئه‌و هه‌ڵانه‌ به‌ سه‌ر نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ تێپه‌ڕیون، كه‌ نووسه‌رێكی دیارو ئه‌زموونێكی زۆری نووسینی له‌و بواره‌ هه‌یه‌. ڕه‌خنه‌ی یه‌كه‌میش له‌م ڕووه‌وه‌ ئاراسته‌ی زمانه‌وانی كتێبه‌كه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ دواجار ئه‌و وه‌ك فلته‌رێك ده‌بووایه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ ڕاست بكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێنووس و زمانه‌وه‌ هه‌یه‌. كه‌ پێ ده‌چێت به‌رله‌ چاپكردنی ڕۆمانه‌كه‌ی بینیبێت و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردبێت چونكه‌ من پێشتر وه‌ك خوێنه‌رێك، هیچ كتێبێكی ئه‌م نووسه‌ره‌م به‌و ڕێنووس و زمانه‌ سه‌قه‌ته‌ نه‌خوێندۆته‌وه‌!!.

    —————————————————————————-

*په‌راوێز:_كتێبفرۆش، ڕۆمان، نووسینی:سابیر ڕه‌شید، ساڵی چاپ 2020.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌كانی(1157-1158)ی ڕۆژانی 24و31/12/2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




چاڵی هـەژاری لاوانی ئێران لوشـدەکا.. و. رەزا شـوان

بێ هـەژمارکردنێکی زانـراو.. چـاڵی هـەژاری.. لاوانی ئێران هەڵـدەلـوشێ!

“هـیچ هـیوایەکم نییە، تا ئێـوارەش لەسەر کارەکـەم بـوم، کـاتم نییە تا بیـر لە هـیواکان بکەمەوە” ئەم وشانە کریکارێکی منـداڵ دەریـبڕی، کە تەمەنی لە سیانزە ساڵ کەمترە،
هەموانی تـوش شۆک کرد. کەس کار ناکات. گەر ئەم قسەیە پێشتر ئامـادە کرابێت، یان لە راستیدا، لە خەیاڵ و مێشکی منداڵێک دایە. تا ئەم ساتـەش رون نییە کە بـۆچی ئەو مردنی هەڵبژارد؟ چونکە هیـچ هـیوایەکی نییە. یا هۆکارێکی تری لەپشت مردنەکەیەوە هـەیە؟ خۆکوژی ئەم منداڵە، بەپێی رۆژنامەی (جیهان سەنعەت) لە هۆیەکانی گەیاندنە کۆمەڵایەتییەکانـدا، دەنگـدانەوەیەکی گەورەی دایەوە.
“رەزا” بە خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خـۆی هـێنا. لە دوای تێپەڕبونی پـێنج ساڵ، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفـزیۆنیـدا دەرکەوت، بە هەموانی راگەیانـد، کە شەو و رۆژ کاردەکات بۆ ئەوەی خۆراک بۆ خێزانەکەیـان دابین بکات.
کە پێشکەشکاری بەرنامـەکە پرسـیاری هـیواکانی لێکـرد، لە وەڵامـدا وتی:” مـن هـیچ هـیوایەکم نییە، کاتـم نییە تا بیـر لە هـیواکانـم بکەمـەوە”
راپۆرتەکـانیش باسیان لە هـۆی خۆکوژی ئەم منداڵە نەکردوە. بەڵام هـاوڕێکانی هـۆی خۆکـوژی رەزا، بە کێـشە ئابـوری و بـاری بژێـوییەوە دەبەستـنەوە.
لە هەر ” ٦٠ ” چرکەدا، منداڵـێک لە جیهانـدا خۆی دەکـوژێ.
بەپـێی هەژمـارکـردنی “رێکخـراوی تەنـدروستی جـیهانی”ساڵانـە مـلیـۆنێک منـداڵ بە کارەساتی خۆکـوژی سەردەنێـنەوە. واتـە لە هـەر ” ٦٠ ” چـرکەیـەکـدا، منـداڵـێک بە خۆکوژی کۆتایی بە ژیـانی خۆی دەهـێنێ. بەپـێی پوختەی راپۆرتی دروستی پـزیشکی، تەنیا لە ساڵی (٢٠١٩) دا (٥١٤٣) کەس لە جیهاندا، بە خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هـێناون. لە نێـوانیانـدا (٣٦٢٦) یان پیـاون و (١٥١٧) شیان ژنـن.
زۆربونی خۆکوژی لە نێوان لاوانی ئـێراندا:

لە “ئێران” دا، هەژمارکردنی خۆکوژی لاوان و منـداڵان زۆر نهـێنییە. هەژمارکردنێکی فـەرمی راگەیانـدراو نییە. بـەڵام پێـش چەنـد رۆژێـک لەمەوە بـەر، قـسەکـانی وەزیـری پێشوی پەروەردە و فـێرکردن لە ئـێران ” سەیـد محەمـەد بەتحـایی” لە بـارەی کـنکور (تاقـیکردنەوەی بەرینی بۆ زانکۆکـان) لە هەمو فـەزا ئەلیکترۆنییەکاندا دەنگی دایەوە.
کە تێیدا وتی:” لە ساڵانی رابردودا، لەسەر سایتە هەواڵییە قەدەغـەکراوەکاندا، هەواڵی خۆکوژی بە دەیان ئەو خوێندکارانە بڵاوبـوتەوە، کە لە تاقـیکردنەوەکانی کـنکوردا، بە هۆی دەرنەچون و سەرکوتکردن و سوکایەتی پێکردنی خـێزانەکانیان خۆیان کوشتون”
دەنگوباسەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەژماری خۆکوژی لەنێوان لاوانی ئێراندا، لە هەڵکشان و زۆربـون دایە. بە تایبەتیش لە پارێزگـاکاندا، لەوانەیە هـۆکارەکەی بۆ کـەم درامەتی و هـۆی کومەڵایەتی لەم ناوچانەدا بگـەڕێتەوە. هـیچ رێگایەک بەدی ناکەن بۆ دابینکردنی پێـداویستییەکانی ژیانی نوێ، کە لەسەر تـۆڕە کۆمەڵایەتییەکانـدا دەیانبینن. ئەم تۆڕانەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ریکلام بۆ شێوازێکی دیاریکراو دەکەن. لەگـەڵ دەستکـورتی و نەبـونی توانـاکان و دابەشکـردنێکی نـادادپەروەرانە بۆ لاوانـی ئـەو ناوچـە هـەژارنـشینانەی بێبەشکـراون. رەنگە ئـەم هـۆکـارانە ببـنە هـۆی بڕیارێکی کوتـوپـڕ لە لایـەن لاوانی ئەم ناوچـانـە و زیـان بە خۆیـان بگەیـەنن.
هـەژاری و “کـۆرۆنا” بونە بە مەقـاشی خۆکوژی!

وا هەستدەکەم هەژمـاری مـردنی خۆکـوژی، لە شارە بچـوکەکانـدا لە هـەڵـكشان دایـە. لایەکی کەشەوە بڵاوبونەوەی ڤـایـرۆسی “کـۆرۆنـا” لاوانی ناچارکردون کە لە ماڵەوە بمێننەوە، قەدەغـەکـردنی سەیـران و گـەڕان و سەردانی نەکـردنی خـزمان و دۆستان، فشارێکی جەستەیی و دەرونی زیاتری خستۆتە سەر لاوان. پەتـای کۆرۆنـا و کـێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و بێکاری و مانەوە لە ماڵەوە و دابڕین لە پەیوەندی و سەردان و بەسەرکردنەوە، وایان کردون، کە بە شێوەیەکی زیـاتر و گەورەتر، هەستی نەرێـنی و کـاری خۆکـوژی و خۆئـازاردان و خەمـۆکی لەنـاو لاوانـدا زیـاتربـن.
(*) ئەم بابەتە، دکتۆر محەمەد بینایە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی (ئاماژەی بە ناوی نوسەرە رەسەنەکەی و ئەو زمانەش نەداوە کە لـێوەی وەریگـێڕاوە) لە رۆژی پێنج شەممە ( ٧/ یانـوار/ ٢٠٢١) لە سایتی (کتابات) دا بڵاوی کردۆتـەوە. منیش لە عەرەبییەوە، وەرم گێراوە بۆ کوردی.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٧/یانوار/ ٢٠٢١




کتێب/ کاژە بەژن بڵندەکانی ڕۆژهەڵات.. نەژاد عەزیز سورمێ

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..

https://dengekan.info/wp-content/uploads/2021/01/NazhadAzizSurme_Kazha.pdf



دڵزاری شاعیر سەد و یەک ساڵی تەمەنی تەواودەکا.. دابین کامەڕان کەریم شارەزا

دڵزاری شاعیر سەد و یەک ساڵی تەمەنی تەواودەکا و لێرە بەدواوە پێدەنێتە تەمەنی سەد و دوو ساڵییەوە.

(دان بەوە دادەنێم کە ژیاوم)
زۆرن ئەو کەسانەی بە قەڵەم و بەخەبات خزمەتی گەورەیان بە کوردستان گەیاندوە (دڵزار) شاعیرو سیاسی و ئەدیبێکی دڵسۆز و چالاک لە خزمەتکردنی هەم وێژە و هەم خەباتی سیاسی کوردستاندا بووە

دڵزار نازناوی شیعری ئەحمەد مستەفا ئاغا محمد ئاغای حەوێزیە لە ئێوارەی ٨ی کانونی دووەم ی ساڵی ١٩٢٠ لە ئێوارەیەکی سارد و بەفراوی لە شاری کۆیە چاوی بەدونیا هەڵهێناوە برای شاعیرانی کۆچکردوو کەریم شارەزا و خوشکە فریشتە یە .لە ناو خێزانێکی شعر دۆست و خوێندەواردا پەروەردە بووە و لە ساڵی ١٩٤٠ یەکەم شعری بڵاوکردۆتەوە،هەر لەو کاتەوە نازناوی دڵزار ی بۆخۆی هەڵبژاردووە.

مامۆستا دڵزاری شاعیر و تێکۆشەری گەورەی کورد ژیانێک ژیاوە لێوان لێو لەخەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و سەربەستی تاک و کۆمەڵگا .

بەدرێژایی هەشتا ساڵی رابردوو، هەلومەرج‌و دۆخی بەرجەستەی میللەتەكەمان، چۆن گوزەرابێ‌‌و سەنگەری راستەقینەی شیعر چی خواستبێ‌، دڵزار، كەمتەرخەمی نەكردووە.. هەروەك چۆن، لەقۆناغی گەتجێتی خۆیدا، بەراورد بەقۆناغ‌و سەردەمەكە، هەنگاوێكی مێژوویی بوو لەراپەڕاندنی ئەركی ئەدەبی سەرەڕای جیاوازییەكانی فكرو ئایدۆلۆژیا،

مامۆستا دڵزار بەئەرك‌و ئاكاریی شاعیرێکی راستگۆ، بەكێشەی نەتەوەیی، سیاسەتی نێونەتەوەیی، سیاسەتی ناوچەیی، دەربەست بەچۆنیەتی بنیاتنانی دیموكراسی‌و كۆمەڵی مەدەنی‌و پێشكەوتن، دەربەست بەبنەماكانی ئابوریی‌و بەدیهێنانی مافە پیشەییەكان، گەشەپێدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، مافی تاك‌و كۆی كۆمەڵگا، هەموو ئەو پرسە نیشتمانییانەی پەیوەندییان بەچارەنووسی نەتەوەكەمانەوە هەبووە‌و لەسەرەنجامیشدا، هەر كاتێك پێویست بووبێ‌، دڵزار روانگەی رەخنەگرانە بووەو رەخنەی بونیادنەرانەشی گرتووە

ئەوینداری بۆ کوردستان و گوند و شاخ و دۆڵە جوانەکانی، ئەوینداری بۆ جوانی ئافرەت و کلتووری خۆشەویستی کوردەواری لە هۆنراوەکانی ڕەنگیان داوەتەوە.
ماوەتەوە بڵێین ئەو عیشقەی لەنێوان دڵزار و کتێب هێشتا خاپوور نەبوە و تا ئێستاش ئەویندارانە سەرقاڵی خوێندنەوەیە ،لەشساغی و تەندروست چاکی بۆ دڵزاری مەزن تکا دەکەین و هیوادارین ئەو مۆمە درەوشاوەیە لەنێو ئەدەبی کوردیدا بمێنێ.

دابین کامەڕان کەریم شارەزا
٩ ی کانونی دووەمی ٢٠٢١




ماددەی هۆشبەر ژەهری جەستەودەروون.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر
کاریگەریی وێرانکار و سەخت دروست دەکات لەسەر لایەنی جەستەیی و دەرونی بەکارهێنەرانی.
ناوەندەکانی تەندروستی جیهانی تایبەت بۆ هۆشیارکردنەوەی ئالودەبوان بە ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان هۆشداری توند دەدەن لەسەر کایگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، و ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەرییەکان هەندێکیان کورت خایەنە و هەندێکیشیان دەبن بە نەخۆشییەکی درێژخایەن تا کۆتای تەمەنی بەکارهێنەر ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، ڕۆژ بە رۆژ رێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا روو لە زیاد بوون دەکات و بۆتە مەترسییەکی جیهانی کە هەڕەشە لە گەنج و لاوەکانمن دەکات.
_ لێرەدا ئەماژە بە ۱٠ لە دیارترین ئەو مەترسییانە دەکەین کە روبەڕووی کەسانی ئالودەبوو دەبێتەوە:

  1. ناڕێکی جەستەیی: بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان وا لە جەستەی مرۆڤەکە دەکات بە شێوەیەکی هەمیشەی بەرەو تێکچونی گەشەی خانەکان بڕوات، بە جۆرێک هەندێکیان لاواز دەبن و بە رێژەیەکی بەرچاو کێشیان دادەبەزێت، و هەندێکیشیان کێشیان بەرەو زیادبوون دەڕوات و توشی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی قەڵەوی دەبن.
  2. کەسیفی و سەرلێشێوان: یەکێک لە نیشانە باوەکانی کەسانی ئالوودەبوو داڕوخانی کەسێتییەتی، بەجۆرێک تەواوی ژیانی دەشێوێت و تەنانەت نتوانێت گرنگی بە پاک ڕاگرتنی خۆشی بدات، هەستەوەرەکانی بە جۆرێک لاواز دەبن و دەپوکێنەوە کە توانای رێکخستنی ژیانی خۆی نابێت کە بەم جۆرە حاڵەتە دەوترێت (کەسفی).
  3. نەخۆشییەکانی ددان و پوک: کەسانی ئالودەبوو بەردەوام کێشەی نەخۆشییەکانی ناو دەمیان هەیە، ددانەکانیان زەرد هەڵدەگەڕێت و دەپوکێتەوە، پەکەکانیان توشی هەوکردن دەبێت و سەردەکێشێت بۆ شێرپەنجەی پەکەکان.
  4. هەوکردنی سییەکان و تەنگەنەفەسی: کەسانی ئالوودە بوو سییەکانیان توشی هەکردنی توند دەبن کە ئەمەش دەبێتە هۆی گیرانی بۆرییەکانی هەوا و کۆکەیەکی زۆر دروست دەکات، کاری سییەکان پەک دەخات و دەبێتە هۆی توش بوون بە شێرپەنجەی سییەکان.
  5. نەخۆشییەکانی پێست : رەنگی پێستی ئالودەبوو زەرد هەڵدەگەڕێت، نەخۆشیەکانی پێست بە بڵاوترین نەخۆشی دادەنرێ لە جیهاندا وە بەردەوامیان هەیە، بەڵام ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە دروست دەبن نەخۆشی مەترسی دار کە داخوران و پیس بونی پێست دەگرێتەوە، هەندێک لە بەکارهێنەران کە لە رێگەی دەرزی ماددە بەکار دەهێنن شوێنی دەرزییەکە دەبێتە دەرەچەیەکی بەهێز بۆ بەکتریا، و هاوکات بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکان مەترسی دارە.
  6. ناڕێکی لە کۆئەندامی دەمار و کێشەکانی مێشک : ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر کۆئەندامی دەمار، و دەبێتە هۆی سست بونی بە جۆرێک توانای هەڵسوڕانی کارەکانی خۆی نابێت، وەک (قسەکردن، بیرکردنەوە، بڕیاردان ….) وا لە کەسی ئالودەبوو دەکات توشی تاوانی دەکات و رێژەی توند و تیژی زیاد دەکات.
  7. خەوزڕاند وڕێنەکردن: یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی ماددەی هۆشبەر تێکچونی کاتەکانی خەوە بە پێی جۆری ئەو ماددەیەی کە بەکاری دەهێنێت، کە هەندێک لە بەکارهێنەران بە مەبەستی هێورکردنەوە و خەوتنێکی باش بەکاری دەهێنن بەڵام پاش نەمانی کاریگەری ماددەکە سیستەمی خەوی تێک دەچێت،ئەمەش وا لە کەسەکە دەکات بەردەوام وڕێنە بکات.
  8. هێڵنج دان: کەسی بەکارهێنەر بەهۆی هەوکردنی گەدە و ڕێڕەوی خۆراک بەردەوام هێڵنج دەدات، وای لێ دێت هەستیاری بۆ هەموو جۆرە بۆنێک و تامێک دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات کەسی بەکارهێنەر ئارەزووی خواردنی نامێنێت.
  9. قەبزی: کەسانی ئالودەبوو بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەهۆی وشک بونی جەستەیانەوە بەردەوام کێشەی قەبزییان هەیە، جیا لەوە وەک ئاشکرایە کە وشک بونەوەی لەش و کەم بونەوەی ئاو لە خانەکانی لەش چەندەها مەترسی لە جەستەی مرۆڤدا دروست دەکات وەک ( نەخۆشی گەرچیلە، وشک بونەوەی پێست، سستی لە چالاکییەکانی مێشک…..).
  10. پەنابردن بۆ بەکارهێنانی دەرمانی پزیشکی: کەسانی ئالودەبوو لە کاتی دەست نەکەوتنی ماددەی هۆشبەردا ناچارە پەنە بۆ دەرمانی پزیشکی ببات، کە ئەم دەرمانانە گەر لە ژێر چاودێری پزیشکیدا نەبێت دەبێتە هۆی زەرەر گەیاندن بە ئەندامە جیاوازەکانی جەستە و ژەهراوی بوون.
    بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆماندا گرفتار بوون بە (ماددەی هۆشبەر)ی وەک (تلیاک، هیرۆین، کۆکاین، حەشیش، کریستاڵ و …هتد) بە تایبەتی لە ناو گەنجاندا بەرەوام لە هەڵکشاندایە، و باندەکانی ماددەی هۆشبەریش بێ بەزەیانەو بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و مرڤدۆستان و تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی سودی ماددی خۆیان بەردەوام لە هەوڵی هاوردەکردنی ئەو ماددانە و بڵاو کردنەوەین.
    هەرچەندە هەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا خوازیاری بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی ئەو ماددە زیانبەخشانەن، بەڵام خۆشبەختانە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا روبەروی ئەم دیاردەیە دەبنەوە و نایانەوێ کۆمەڵگا بەم جۆرە ژەهرە پیس ببێت و بەرەو سەرلێشێوان بڕۆن، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە هەڵگری ئەو گوتارەبن و لەسۆنگەی دڵەوە هەر کەس لەڕاستخۆیەوە بڵێ من ڕووبەڕووی ماددەی هۆشبەر دەوەستمەوە بەکردارەوە وە لەکۆتایدا ئەوەی ماوە بڵێم پێویستە هەموومان روبەروی هەر کەسێکیش بوەستینەوە کە بە نیازی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بێت و یاخود بازرگانی پێوەبکات.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر




لە چ بەروارێکدا ؟.. نەوزاد بەندی

درەخت وبەفر
لە کەیەوە لێک تۆراون ؟
شەقامەکان ،
لە کەیەوە بە ڕۆژوون و ..
چاوەڕوانی ڕنووە بەفرێ ..
چەند دڵۆپێ باراناون ؟

ناوەکان هەموویان مردن..
یان کۆچیان کرد
ئەوانەی ماون ڕاناون ..

پیاوەکان زۆربەیان ڕۆیشتن
توانەوە ..
ئەوەی هەیە
توێکڵە پیاون ..

بەفر لە چ وێستگەیەکا
سەر و ڕیشی ڕەشکردەوە ؟
لە چ دەبەیەکا باران
زیندان کرا ..
وەک گاز و نەوت ..
کە بێ تاوان
لە مێژه زیندانکراون ؟

بەفر بارینی لە یاد چوو ..
لە ئاسمان بێتە خوارەوە ،
ڕۆحی ئەچێ ..
باران زراوی ئەتەقێ ..
چاوەڕێی پەڕەشوت ئەکەن ،
هەموو بە سەرە وەستاون ..!

نـــــــــــ . بەندیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ