فەلسەفەی سیاسی هانا ئارنێت.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەو قسەیە راست نییە کە دەگوترێت فەلسەفە تەنها کاری پیاوانە و ژنان لە بواری فەلسەفیدا دەستڕەنگینیان نییە، چونکە لەناو کتێبخانەی فەلسەفی جیهاندا، کۆمەڵێک ناوی جوانی فەیلەسووفی ژنانمان هەیە، یەکێکیش لەوانە ژنە فەیلەسووفی جوولەکەی ئەڵمانی هانا ئارنێتە.
ئارنێت لە ساڵی 1906 لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی ئەڵمانی لەدایک بووە، هەر لەوێش خوێندنی تەواوکردووە، بەڵام بەهاتنە سەرکاری نازییەکان لە ئەڵمانیا، ناچار وڵات بەجێدەهێڵێت بەرەو ئەمریکا دەڕوات و هەتا کۆتایی ژیانی لە ساڵی 1975 لەوێ دەژی. هانا ئارنێت یەکێکە لە کاریگەرترین فەیلەسووفە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی فەلسەفی زۆر گرنگە لەوانە « بنچینەکانی تۆتالیتاریزم» کە لە ساڵی 1951 نووسیویەتی، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی بوو لە بارەی رژێمە دیکتاتۆرەکانی ستالینی و نازیی ئەڵمانی، هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی جیهان دادەنرێت لەبارەی لێکۆڵینەوەو شرۆڤەکاری لەبارەی سیستەمی دیکتاتۆرییەوە. هەروەها کتێبی دۆخی مرۆیی کە لە ساڵی 1958 نووسیویەتی، کە ئەویش یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی بواری فەلسەفی سیاسی.
لەماوەی پێشوودا کتێبێکم بەناونیشانی«فەلسەفەی هانا ئارنێت» بەرچاو کەوت، ئەم کتێبە لە نووسینی «ماوریزیۆ پاسرین دێنترێڤێس» و لەلایەن کاک ئارام محەمەد کراوە بە کوردی و دەزگای ئایدیاش چاپی کردووە. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە باشەکان کە لە بارەی فەلسەفەی هانا ئارنێتەوە نووسراوە، نووسەر هەوڵیداوە، پوختەیەک لە فکری سیاسی و فەلسەفەی ئەم ژنە فەیلەسووفەمان بۆ دەربخات و زانیاری باش بدات بە خوێنەر.

مێژوو
هانا ئارنێت بۆچوونێکی تایبەتی بەرامبەر بە مێژوو هەیە و پێی وایە خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی مێژوو، سوودی زۆری دەبێت بۆمان. لەمبارەیەوە پێی وایە: دووبارە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ڕابردوو تاقیکردنەوەیەکی دێرینەناسییانە نییە، بە پێچەوانەوە بەبێ گەڕانەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ رابردوو، ئاسۆی زەمەنی ئێمە لەیەک هەڵدەوەشێت و تێکدەشکێت.ل22
هەروەها ئارنێت پێی وایە پێویستە ئەو ساتانەی رابردوو زیندوو بکەینەوە کە شایانی پاراستنن و ئەو بەشەی گەنجینەی رابردوو رزگار بکەین کە بۆ ئێمە گرنگە.

مۆدێرنە
بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری فەیلەسووفانی ئەڵمانیا و رۆژئاواوە، هانا ئارنێت بۆچوونێکی تاڕادەیەک نەرێنی بەرامبەر بە مۆدێرنە هەیە، ئەمەش بەتایبەتی لە کتێبی « دۆخی مرۆیی» دا بە جوانی دەردەکەوێت. بە بۆچوونی ئارنێت، مۆدێرنە بەلەدەستدانی جیهان وەسف دەکرێت، چونکە دەبێتە هۆی سنووردارکردن و نەهێشتنی فەزای گشتی کردار و جیهانی تایبەتی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان زاڵ دەبن. هەروەها پێی وایە کە مۆدێرنە سەردەمی بەرێوەبردنی بیرۆکراسی و رەنجی بێ ناونیشانە نەک سیاسەتی کردار، سەردەمی دەسەڵاتی نوخبەکان و دەستکاری رای گشتییە، سەردەمێکە تێیدا فۆڕمە تۆتالیتاریەکانی حکومەت وەکو نازیەت و ستالیزنیم، لە ئەنجامی جێکەوتنی تۆقاندن و توندوتیژییەوە دەرکەوتوون، ل19
پێشی وایە کە گۆشەگیریی و تەنیاییش، هاوپشتی مرۆیی و تێکڕای فۆڕمە خۆڕسکەکانی ژیانی بە کۆمەڵی داڕزاندووە و تاکەکان پێوەر و بەها نەریتییەکان لە دەست دەدەن،ل19

تۆتالیتاریزم
وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێدا هانا ئارنێت بە یەکێک لەو فەیلەسووفانە دەناسرێت، کە بە زانستیترین و باشترن شێوە، میتۆد و بنەماکانی تۆتالیتاریزمی شیکردۆتەوە. ئارنێت پێی وایە کە سیستەمی تۆتالیتاریزمی هاوشێوەی ستالینیزم و نازیەت و فاشیزم، بەرهەمێک یان منداڵی مۆدێرنەن، ئەمجۆرە سیستەمانە نامۆن بە مێژوویی مرۆڤایەتی. ئەو لە کتێبی « بنچینەکانی تۆتالیتاریزم» دا دەڵێت: دیاردەی تۆتالتالیزم بەردەوامێتی مێژووی رۆژئاوایی پچڕاندووەو زۆربەی کاتیگۆرییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی ئێمەی بێ واتا کردووەل20
پێشی وایە کە سیستەمی تۆتالیتاریزم توانای تاکەکان بۆ حوکمدان لەبارەی دەورووبەرو رووداوەکانەوە لەناوبردووەو پێوەرە پەسەندکراوەکانی ئێمەی بۆ حکومدان و کاتیگۆریە باوەکانی ئێمەی بۆ شیکاری و هەڵسەنگاندن و ئەخلاقی و سیاسی لەناوبردووەل67 جگە لەوەش پێی وایە کە سیستەمی تۆتالیتاریزم کاری سەرەکی ئەوەیە کە چەمکی « فەزای گشتی و دیالۆگ و هاوڵاتیی بوون لەناوبەرت».
بەگشتی هەرکەسێک بیەوێت لە سیستەمە تۆتالییەکانی جیهان تێبگات، ناچار دەبێت ئەو کتێبەی هانا ئارنێت بخوێنێتەوە کە لە بارەی تۆتالیتاریزمەوە نووسیویەتی.

سیاسەت
هانا ئارنێت تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەبووە بۆ سیاسەت و ژیانی سیاسی کە زیاتر دەتوانین ناوی هومانیزمی لێبنێین. بە بۆچوونی ئارنێت سیاسەت پەیوەندیی بە پشکداری هاوڵاتییان لە جیهان و فەزایەکی هاوبەشی دەرکەوتنەوە هەیە، بۆئەوەی نیگەرانییە گشتییەکان بتوانن لە روانگە جیاجیاکانەوە دەرببڕدرێن. پێشی وایە تەنها ئازادی رادەربڕین گرنگ نییە بەڵکە دەبێت تاکەکان بتوانن یەکتر ببینن و لەگەڵ یەکتر بدوێن، لە فەزای گشتی-سیاسیدا یەکتر ببینن بۆ ئەوەی جیاوازییەکانیان و خاڵە هاوبەشەکانیان دەرکەون و ببێتە جێی گفتوگۆی دیموکراتی.94
لەلایەکی ترەوە ئارنێت پێی وایە: چالاکی سیاسی ئامڕازێک نییە بۆ ئامانجێک، بەڵکو خۆی ئامانجە، تاک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی خۆی کاری سیاسی ناکات، بەڵکو ئەم کارە بۆ هێنانەدی ئەو بنەمایە ئەنجام دەدات کە خودی ژیانی سیاسین، لەو بنەمایانەش: ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی و هاوپشتی.ل96
واتە ئارنێت زیاتر باوەڕی بە ئازادی تاکەکان هەبووە بۆ دەربڕین رای خۆیان و لەهەمانکاتیشدا مافی گردبوونەوەو خۆپیشاندانیش بە مافێکی سروشتی هاوڵاتیان دادەنێت، کە ئەمەش رێگا خۆش دەکات بۆ تێگەیشتن لە دوو چەمکی گرنگی تر کە ئەو باسیان لێوە دەکات کە ئەوانیش رای گشتی و فەزای گشتی.

رای گشتی و فەزای گشتی

ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە کە هانا ئارنێت دژی چەمکی رای گشتییە، چونکە ئەو پێی وابوو کە «رای گشتی» کۆدەنگی کوێرانەی جەماوەرە. ل94. ئارنێت پێی وایە کە بیرورا سیاسییەکان هەرگیز ناتوانن بە شێوەیەکی تایبەتی دروست ببن، بەڵکو تەنیا لە زەمینەی گشتیدا باس و گفتوگۆ فۆڕم وەردەگرن و تاقی دەکرێنەوەو پەرە دەسێنن.
بە بۆچوونی ئارنێت سیاسەت مانای بەشداری چالاکانی خەڵکییە لە دیبەیتە گشتییە جۆراوجۆرەکاندا کە تێییاندا بڕیاری کاریگەر لەسەر کۆمەڵ دەدرێن. لەبەرئەوە سیاسەت شتێکە پێویستی بە شوێنێکە لە جیهاندا و تەنیا دەتوانرێت لە فەزای گشتیدا رووبدات، بۆیە ئەگەر تاک لەم فەزایەدا ئامادە نەبێت، لەبنچینەدا دەرگیری سیاسەت نییە.ل95

گرنگی دیالۆگی سیاسی

لەلایەکی ترەوە ئارنێت جەخت لەسەر چەمكێکی تر دەکاتەوە کە ئەویش دیالۆگ و گفتوگۆیە بەتایبەتی سیاسی. ئەو پێی وایە گفتوگۆ جەوهەری ژیانی سیاسی پێکدەهێنێت، پێشیوایە کە هێزی بیرکردنەوەی ئێمە تەنیا لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەتوانێت دەربکەوێت، ئەو پێی وایە ئێمە کاتێک لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگۆ دەکەین، لەرێگەی دەربڕینەوە بیرکردنەوەکانمان بۆ ئەوان دەگوازینەوە، بەهەمانشێوە ئەوانیش بیرکردنەوەکانیانمان بۆ ئێمە دەگوازنەوە. ل84
دواتر پشت بە وتەی مادیۆسن دەبەستێت کاتێک دەڵێت: عەقڵی مرۆڤ، هەروەک مرۆڤ خۆی، کاتێک بەتەنیایی دەمێنێتەوە، ترسنۆک و خۆپارێزە، بەڵام کاتێک لەگەڵ چەند کەسێکی تردا کۆدەبێتەوە، هەست بە دڵنیایی و باوەڕ بە خۆبوون دەکات. ل85

هاوڵاتییبوون
یەکێتی تر لەو چەمکانەی کە ئارنێت کاری زۆری لەسەر کردووە « هاوڵاتیی بوونە» ئەم مەسەلەیە مایەی گرنگی و بایەخێکی زۆری ئارنێت بووە. ئەو داوای جۆرە هاوڵاتییەکی « ئازاد و سەربەخۆ» دەکات، لەهەمانکاتیشدا هاوڵاتییەکی چالاک و بەشداری چالاکی سیاسی بکات. لەهەمووشی گرنگتر ئارنێت پێی وابوو کە شوناسی نەتەوەیی یان مەزهەبی یان نەژادی پەیوەندی بە شوناسی تاک وەکو هاوڵاتییەوە نییە و هەرگیز نابێت ببێتە بنەمای هاوڵاتیی بوون لە جڤاتی سیاسیدا. ل92
ئەم بۆچوونەی ئارنێتیش لە ئێستادا بۆتە بەردی بناغەی هەموو سیستەمێکی دیموکراسی و مەدەنی مۆدێرن، زۆرێکیش ئەم تێزە وەکو چارەسەرێک بۆ کێشەکانی کەمەنەتەوە و ئاینییەکانی جیهان دادەنێن و بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەرکەوتوو دادەنرێت، چونکە یەکێکە لە هۆکارەکانی دەوڵەتی فاشیل، نەبوونی ناسنامەیەکی دروستە بۆ هاوڵاتییان.
هاوڵاتیبوونیش بە بڕوای ئارنێت پەیوەستە بە دوو رەهەندی گرنگەوە کە ئەوانیش یەکەم: فەزای دەرکەوتن و فەزای ئازادی و یەکسانی. واتە کاتێک هاوڵاتیان بەشێوەیەکی هەماهەنگ و بە کۆمەڵ، لە رێگەی وتە و قایلبوونەوە کردە دەنوێنن و دەتوانن خۆیان بکەنەوەو دەربکەون.
دووەمیان: جیهانی هاوبەش و دامەزرا و رێکخراوە گشتییەکانە. ئەمەش زەمینەیەکی پایەدار دەرەخسێنێت کە فەزا گشتییەکانی کردە و راوێژ دەتوانن لێیەوە دروست ببن. لەمەشدا زیاتر مەبەستی لە پاراستنی هاوڵاتییانە لەرێگەی دەستوور و دامەرزاوە حکومییەکانەوە، ئەو پێی وایە دەبێت ئەم دامەزراوانە لە خزمەتی ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی هاوڵاتیاندا بن نەک بە پێچەوانەوە کە لە سیستەمە تۆتالیتارییەکان لە دژی خەڵکی بەکاردەهێنرێن.

دیموکراسی
ئارنێت لەهەموو فەیلەسووفەکانی تری سەدەی بیستەم، زیاتر جەختی لە سیستەمی دیموکراسیی و ئازادی دەکردەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئارنێت دژی سیستەمی دیموکراسی نوێنەرایەتی بووە، واتە خەڵكی نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. ئارنێت پێی وابوو: نوێنەرایەتی وەکو جێگرەوەیەکی دەستێوەردانی راستەوخۆی هاوڵاتییانە، کە وەکو ئامرازێکە لە رێگەیەوە جیاوازی نێوان دەسەڵاتداران و شوێنەکەوتووانیان سەرلەنوێ خۆی دەنوێنێتەوەو زیاتریش خۆی دەچەسپێنێت.ل99

دەسەڵاتی شورایی

ئارنێت لەبری دیموکراسی نوێنەرایەتی، ئەلتەرناتیڤی خۆی پێیە و شێواز یان فۆڕمی « فیدڕاڵی ڕاوێژکاری یان شورایی» پێشنیاز دەکات. ئەو پێی وایە لەو رێگەیەوەو هاوڵاتییان دەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر، کاروباری سیاسی خۆیان دیاری بکەن. پێشیوایە تەنیا لە رێگەی بەشداری سیاسی راستەوخۆوە» واتە لە رێگەی کردەی هاوبەش و راوێژی بەکۆمەڵەوە» دەتوانین سەرلەنوێ هاوڵاتییبوون کارا بکەینەوەو بکەری سیاسی کاریگەر بهێنینەوە سەر شانۆ. ل99
جێگەی ئاماژەیە ئەمجۆرە فۆرمەی دیموکراسی لە ئەدەبیاتی مارکسیدا بە « دیموکراسی شورایی، یان جەماوەری» ناودەبرێت و زیاتر «لیۆ ترۆتسکی» رابەری شۆڕشی روسیا جەختی لێدەکردەوەو پێی وابوو لە رێگەی دەسەڵاتی شواریییەوە سۆسیالیزم بەرقەرار دەبێت هەربۆیە دروشمی « هەموو دەسەڵاتێک بۆ شووراکان» ی بەرزکردەوە. هەرچەندە لەرووی ئامانجەوە لەگەڵ ئارنێت جیاوازن، چونکە ئارنێت داوای سیستەمێکی دیموکراسی دەکرد و ترۆتسکیش داوای سیستەمێکی سۆسیالیستی دەکرد.

دوا قسە

بەدڵنییایەوە هانا ئارنێت یەکێکە لە ژنە فەیلەسووفە ناودارەکانی سەدەی بیستەم و هەتاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری تێزەکانی، بە گرنگییەوە باس دەکرێت، بەتایبەتی لەسەردەمی نوێدا، بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە ئەو باسیکردوەو داوایکردووە، بۆتە بابەتی سەرەکی زۆربەی رێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە خراپی سیستەمی تۆتالیتاریزم و هاوڵاتی بوون و بەشداری سیاسیی و ئازادی سیاسییەوە هەیە.

————————————————–

سەرچاوە: ماوریزیۆ پاسرینو دێنترێڤێس. فەلسەفەی هانا ئارنێت. وەرگێڕانی: ئارام مەحمود. دەزگای ئایدیا. چاپی یەکەم. 2017




دانیشتن لەناو کتێب دا، داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

کاتێک ( تشارلی مارلۆ)ی پالەوانی ” دڵی تاریکی” ( جۆزیف کۆرنارد) لەسەر کەشتی هەڵمینی “یاوڵین”، بە ناو روباری کۆنگۆدا بەڕێوەیە بۆ ویستگای سەرەوەی کۆمپانیای کۆڵۆنیاڵی یەکێک لە کۆلۆنییە ئەوروپییەکان، ئەو مەبەستییەتی چاوی بکەوێ بە نوێنەری کۆمپانیاکە کە میستەر کۆرتزە و لەوێ نیشتەجێیە. بەلام وردە وردە هەستدەکات کە شتەکان لەشوێنی خۆیاندا نین. لەوێ چی دەگوزەرێت و چی دەکرێ، دەبیتە کرۆکی وەسفکردنی کۆرنارد بۆ ئەم سەفەرەی کە لە کتێبێکی بچووکدا، گۆشەیەکی کەمی ئەم کۆلۆنییالیزەکردنەی بەشێکی ئەفریقامان نیشاندەدات.
“دڵی تاریکی” بە یەکێک لە کلاسیکە گەورەکانی ئەدەب لە قەلەمدەدرێت بۆ نیشاندانی جومگەیەکی بچووکی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم لە کۆنگۆدا. پرۆژەیەک کە لەسەر دەستەمۆکردن و بنبڕکردنی “ئەوی دی” کێویە کە لەدەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپای سپی و شارستانیدا نیشتەجییە، تا بە پێی تێڕوانینەکانی پیاوی سپی، دەستەمۆ بکرێ و بکرێتە کەسێکی شارستانی.

میستەر کورتز:” پاڵنەرێکی سەرەکی هەیە کە ڕق و ئاروزووە لە بەرانبەر ئەوی دی کێویدا. ئەو نزیکی خۆی لەگەڵ دانیشتوانی خۆماڵی ناوچەکەدا وەک ئاکتێکی سێکسی سەیردەکات و تەنانەت سنوورەکانی ئارەزوویەکی رێپێدراوانە دەبەزێنێ. ئەو بەرلەوەی سەفەری کۆنگۆ بکات، لە وتارێکدا دەنووسێ کە چۆن پیاوی سپی دەتوانێ ژیانی ئەفریقا و هاولاتییەکانی بگۆریت. بەڵام لە دوا بەشەکانی رۆماندا، پێشنیارێک بۆ میتۆدێک دەخاتە بەردەم. میتۆدەکەش هیچ نییە جگە لە سێ وشە: Exterminate all the brutes. . بە کوردی: هەمو شەیتانەکان بنبڕبکە!” (1)
” سڤێن ڵیندکڤیست” لە کتیبە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە هەمان ناونیشانی پەیامەکە سێ وشەییەکەی میستەر کورتزی کۆرناردە لە دڵی تاریکیدا، جەختدەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی هۆلۆکۆست لە ئاوشویتزەوە دەستپیناکات و ئەم تێروانینە بۆ ئینسان کە لە کوورەکانی ئینسانسووتاندندا جێی بۆدەکرێتەوە، قووڵ بە مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە.
بە کورتی: “دڵی تاریکی” کۆرنارد، نیشاندانی دید و تێروانینێکی راسیستی کۆلۆنیالیستەکانە لە بەرامبەر ئەوی دیدا، ئەوی کیوی، ئەوی ناشارستانی کەمن لە خوێندنەوەمدا بۆ (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلیدا پیویستم دەبێت.
“بەختیار عەلی” لە (داگیرکردنی تاریکی)دا (2) وەک جۆزیف کۆرنارد، ئەم پرۆسەی سەرنجدانە “لەوی دی” لە شوێن و جوگرافیایەکی دیکەدا دەکاتە تەوەری یەکێک لەو رۆمانە گرنگانەی کە پرسی کەمایەتییەکی ئەتنی و کۆشس بۆ سڕینەوەی شووناسی ئەو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی نوێدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستی تورکیادا ، بە هەمان پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی میستەر کورتزەوە، دەخاتە بەردەستی خوێنەر. بە کورتییەکەی: ئامادەیی پرۆژەیەکی “راسیستی زانستی” بۆ مالیکردن و دانانی “ئەوی دی” یان ڕاستتر ” ئەوانی دی” لەو دیو سنوورەکانی پێکەوەبوونێکی کۆمەلایەتیدا کە دروستکردنی جمهورییەتی تورکیای نوێ دەیهێنێتە پیش. بە بڕوای من، ئەم گۆشەنیگایە بۆ سەرنجدان لە کەیسی کوردەکان لە تورکیادا وەک ئەوەی لە “داگیرکردنی تاریکی”دا نیشاندەدرێ، دیدێکی تازەیە و دەچیتە دەرەوەی ئەو تێروانینە باوەی کە لەسەر ناسیونالیزمی کوردە. ئەم خاڵە دەکرێ وەستانی زیاتری لەسەر بکرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتر بەشوێن خۆیدا بێنێ.
ئەمجارەیان “تاریق ئاکانسۆ” دەبێتە جێگرەوەی “میستەر کۆرتز” و خۆرهەلاتی تورکیاش دەبێتە رووباری کۆنگۆ. بەلام سەفەر هەر هەمان سەفەرە و دوا ئامانجیش هەر هەمان شت.

بورجی بابل
” هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ رۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزیەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: وەرن با خشت دروست بکەین و تەواو سووری بکەینەوە. ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان : وەرن با شارێک بۆ خۆمان دروست بکەین لە گەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین ، تاکو بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرت نەبین. بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لە لایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین. بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات. ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیاتنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناو نرا بابل. چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرتی کردن” (3)
ئەمەی سەرەوە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تەوراتە لە پەیوەند بە دروستکردنی بورجی بابلەوە. لەم چیرۆکەدا خوا پەیوەندییە زمانەوانیەکانی نێوان ئینسان دەشێوێنێت و “بەلبەلە” دەخاتە نێوان ئاخاوتنیانەوە تاکو لە یەکتری تێنەگەن. بە مەبەستی ، وەک لە تێکستەکەدا ئاماژەی پێدەکات، بڵاوەپێکرنیان و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی دیکەدا تا فرەزمانی و دروستکرنی تیرە و قەبیلەی جیاوازتر بێتە بەرهەم. بێگوومان ئەمە لەبەر ڕۆشنایی تێکستێکی مێژووی نووسراودا کە لە پیرۆزی ئاینەوە دەئاڵێنرێت.
بەڵام چەندەها سەدە لە دوای لافاو و نیشتنەوەی کەشتی نوح وەک دەڵێن لە کێوی “ئارارات” و بلاوەپێکردنی خواوەند بۆ ئینسانەکان کە لە ئێستادا بە زمانی جۆراوجۆر قسەدەکەن، لە رۆژگاریكی واهیدا، دەسەلاتێکی سیاسی دێت و ئەم ڕیسەی خواوەند دەکاتەوە بە خوری و بە نیازە دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ ئەو زەمەنەی یەکزمانی باڵی بەسەر زەویدا کێشابوو.
“داگیرکردنئ تاریکی”، چیرۆکی کۆششی دروستکردنی یەک زمانییە لە تورکیای کەمالییەکاندا لە ڕێگەی لێسەندنەوە و بیربردنەوەی زمانی کوردییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم وڵاتەدا.
ئەوەتانێ ڕێک لە مایسی ساڵی 1945دا، “تاریق ئاکانسو”، یەکێک لە پالەوانە سەرەکییەکانی (داگیرکردنی تاریکی) بە مەئمورییەتێکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵەوە ڕەوانەی باشووری خۆرهەلاتی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی، یەکزمانی بکاتەوە بە ئامرازی ئاخاوتنی تیرە و قەبیلە جیاوازەکانی مەملەکەت.
ئەو بەرلەوەی بێت: ” چاوی بەسەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆ کەوتبوو، دانیشتنێکی درێژ و داخراوی لەگەڵیدا سازکردبوو، فەرمان و هێزی لێوەرگرتبوو زمانی تورکی لە هەموو خۆرهەلات و باشووری خۆرهەلاتدا بچەسپێنێت. “
تاریق ئاکانسۆ بە وەرگرتنی ئەم مەئموریەتە تازەیەی، بەرپرسیارێتی وەک بەڕیوەبەری لیژنەی ئەمنیەتی زمانەوانی کۆتایی پێدەهێنێت. ئەو لە کارە کۆنەکەیدا وەک فەرمانبەری لیژنەکە، فەرمانی بوو لە ” ریگای پاککردنەوەی زمانی تورکییەوە لە هەموو وشەگەلێکی بیگانە، زەمینە بۆ دروستکردنی ولاتێک سازبکات، رەگەزێکی سافی تورک تێیدا نیشتەجی بێت ، بێ هیچ رەگەزێکی تێکدەر و خوێنی پیس و عەقڵێکی جوداخوازانە.”
ئەو کاتێک لە ئەستەنبوڵەوە بەرێکەوتبوو، بەو هەست و زانیاریانەوە هاتبوو کە : ” لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنەسەختەکانی خۆرهەڵاتی تورکیادا هێشتا ئەو خێلانە دەژین کە گەشەو ئیرتیقای تەواویان نەکردووە. “
فێرکردنی ئەم خێڵە نیشتەجێبووانەی خۆرهەڵاتی تورکیا بۆ شارستانی نوێ و ئیرتیقاپێدانیان، ئەو هێڵە سوورەیە کە بە جەستەی ئەم ڕۆمانەدا دەچێتەخوار و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکاندا، ئەم دیدە ڕاسیستییەی ئاکانسۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە و خوێنەر هەستیپێدەکات.
ئەوەتانێ، “عەدنان عاریف پاشا” لە دانیشنێکی هاوڕییانەدا لەگەل ئاکانسۆدا، پێیوایە هەر بەتەنها سڕینەوەی زمانی جانەوەرەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا کۆتایی بە گرفتەکە ناهێنێ و بەروونی ئەو پەیامەی بۆ دەردەخات:” گەر دەتەوێت خۆت و منداڵەکانت لەم مەملەکەتەدا گیان بە باشی دەربکەن ، ئەوەیان تێبگەێنە ، پیشانیان بدە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان ئێمە و ئەواندایە، دیوارێک دەبێ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. هاتووم پێت بڵێم متمانە بە کەسیان مەکە،….. یەک یاسای دیکەش ڕەچاو بکە ، یەک شتی دیکەش بزانە، ئەمانە خۆیان چین شتێکی ترە، خۆیان مارن، دووپشکن، پشیلەن، کەروێشکن، کۆترن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ دەبێ وەک جانەوەر تەماشاین بکەیت. تاریق ئاکانسۆ! فریونەخۆیت، ئاگاداربە، جانەوەر دەستەمۆناکرێت، جانەوەر ڕاودەکرێت. “

لەپاڵ ئەم ئامۆژگارییەی عەدنان پاشادا، ئیتر ئاکانسۆ دیدە فاشیستیەکەی خۆی بە ئاستێکی بالاتر دەگەێنێت و راسیزمێکی پەتی دێتە ناو دیدگاو هەڵسوکەوتی ئەوەوە. چیرۆکی ڕاوشکاری ئاکانسۆ و گرتنی پلنگی تینوو ورچی هەکاری بۆیە دێتە ناو داگیرکردنی تاریکییەوە و جیگایەکی تایبەتی لە هەڵسوکەوتی پاڵەواندا داگیردەکات، چونکە ڕاسیزمی ئاکانسۆ پێویستی بەسەرنجدان “لەوی دی” هەیە وەک کێویەک، وەک دڕندەیەک یان “ئەوی دی کێوێ” کە لە ئینسانییەت خراوە، تاکو سنوورەکانی نێوان ئەمی شارستانی و ئەوی کێوی هەمیشە بە تۆخی بهێڵرێتەوە. پەیامێک کە تا کۆتایی ڕۆمان ئاکانسۆ وەفاداری دەبێت.
لێرەوە ئیتر بە تەنها سیاسەتی تواندنەوەی کوردەکان لە ناو دەسەلاتی تورکیای ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکدا، قەدەغەکردنی زمانەکەیان و تورکاندنییان، ئەوان ناکاتە هاوڵاتییەکی توورک، بەڵکو هەمیشە ئەوانی کێوی کە دەکرێ بە زمانی توورکیش بپەیڤن، هەڕەشەیەک بن و دەبێ ڕاوبکرێن.

ئامادەیی ئەم ترسە گەورەیە کە بە ماڵیکردنی نێچیرەکەیشی ڕازی نییە ، بە ڕۆشنی ناونیشانی داگیرکردنی تاریکیمان بۆ ڕووندەکاتەوە. ئیدی دەبێ ئەو رووبەرەش لە تاریکی داگیربکرێت کە دڕندەکان تیایدا ئازادن. ئایا کارێکی وا دەکرێ ئەنجام بدرێت، پرسیارێکە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دووتووێی ڕۆمانەکەدا بەشوێنییەوە بێت.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا (2)، زەمەنی ئەم ڕۆمانە دابەشدەکاتە بەسەر دوو هێڵێ زەمەنی جیاوازدا کە لە 12ی تەمووزی ساڵی 1977وە دەستپێدەکات و خوێنەریش لە چوونەناوەوەی رووداوەکانی دوای ئەم مێژووەوە ئاشنای میژوویەکی دیکەی پالەوانە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆمان دەبێت کە سەروکارێکی گرنگی لەگەڵ ناوەراستی ساڵەکانی 1945دا هەیە . لەگەل چنینێکی وەستایانەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، ئەم دوو زەمەنە جیاوازە بەیکدەگەن و لە سالەکانی نێوان 1978 و 1994وە، ئەم دوو مێژووە تێکەڵدەبن.

12ی تەمووزی ساڵی 1977
“عیسمەت ئۆکتای”، بەیانییەک خەبەری دەبێتەوە و بە زمانێکی دیکە قسەدەکات کە زمانی دایکیی خۆیی نییە. ئەو لەمرۆوە تورکی بیردەچێتەوە و بە زمانی ئەو جڕوجانەوارانە قسەدەکات کە تاریق ئاکانسۆ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە تا لەبیریانبەرێتەوە.
بەڵام ئەو تەنیا نییە. لێرە و لەوێ، هەواڵی ئەم پەتایەی کە خەڵکانێک زمانی تورکییان بیرنامێنێت و بە زمانی کوردی دەپەیڤن، ئەو سیحرە ئەدەبییە جوانەیە کە بەختیار عەلی “ساراماگۆ” ئاسا لە خوێنەری دەکات. ئەگەر دروستکردنی جمهورییەتی تازە: یەک ولات، یەک زمان، یەک ئالا، پەیامی ئاکانسۆیە کە نوێنەرایەتی تیروانینی دەسەلاتی سیاسی جمهۆرییەتە، ئەوا لەبیرچوونەوەی زمان لای ئەو هاولاتیانەیشی کە خوێنی توورکی بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێ، کاردانەوەیەکی هیستیریکی لای دەوڵەت و دەسەلاتە نهێنییەکەی دەخوڵقێنێ کە تەواو شێتانەیە. شێتانە بەوەی کە هاولاتییانی تووشبوو بەم واگرەیە دەبێ لە کەرەنتینە بکرێن و وەک شیت مامەلەیان لەگەڵدا بکرێت. ئاخر دەرکەوتنی زمانی کێوییەکان لە سەرزمانی هاولاتییانی ئەم وڵاتە تەواوی پرۆژەی : یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئاڵا دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.
لێرەوە، عەلی ئیحسان کوڕی بچووکی ئاکانسۆ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان وەک وەرگێڕێک کە پێشووتر بە فەرمانی باوک فێری زمانی جانەوەرەکان کراوە، جێگایەکی گەورە لە رووداوەکانی ناو رۆماندا داگیردەکات.

زەبروزەنگ وەک برینێک لە ناخ دا
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا ، بە تەنها زەبرەزەنگی کردەی داگیرکردن لەسەر جەستەی قوربانییەکان جیناهێڵیت، بەلکو بارە سایکۆلۆژییەکەی ئەم بێزمانکردنەی ئینسانەکان لە ریگای بەشێک لە پالەوانەکانەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە نمایشدەکات.

زەکی ڕەزا باکلان، باشترین نموونەی خوێندنەوەی کاریگەری دەروونی ئەم پرۆسەی لەبیربردنەوەی زمانە کە خوێنەر کێشدەکاتە ئەو دیوو سنوورەکانی ئازاری جەستەوە و لە ناخەوە ڕایدەچڵەکێنێ. :” بەڵام من هیچ کەس نازانێت تورک نیم، هیچ کەس نازانێت. من هەموو توورکەکانم خەڵەتاند، هەموو وادەزان تورکی ڕەسەنم، تەنیا کەسێک ناتوانم بیخەڵەتێنم خۆمم. من هیچ کەس بە بچووکی سەیری نەکردووم، کەس پێی نەگوتووم تۆ مەخلوقێکی کەمتری لە ئێمە، چونکە لە منداڵییەوە باوکم فێریکردم چۆن وەک تورکێکی ڕەسەن خۆم دەربخەم، ئەو قسانە بکەم تورکەکان پێیان خۆشە. ڕۆژێک بووم بە میت بۆ ئەوە بوو خۆم لەخۆم ىشارمەوە، بۆ ئەوە بوو فێل لە خۆم بکەم و بڵێم زەکی ڕەزا تۆ تورکێکی ڕەسەنیت…..من کەس وەک شتێکی نزم سەیرمناکات خۆم نەبێت. بەڵام ڕاستی من بۆیە خۆم نزم سەیردەکەم چونکە خۆم بەشتێک سەیردەکەم ئەوە نیم، وەک شتێکی ڕاستەقینە لە مندا هەبێت و شاردبێتمەوە، وەک ئەوەی هەموو ژیانم دەمامکێکم لەسەردا بێت و نەتوانم دایبکەنم. عەلی ئیحسان گەر ئەو زمانە فێرنەبم، ناتوانم دەمامکەکە دابکەنم.”

پرسیاری شوناس
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێ، ئەوەیە کە بەشێک لە پرسیارە گرنگەکانی دەسەلاتدارانی دەولەت لە داگیرکردنی تاریکیدا لەسەر ئەوەیە کە کێ تورکی ڕەسەنە و کێ وا نییە، هەندێک لە پالەوانەکانیش لە نێوان پرسیارەکانی من کوردم یان تورکدا دێن و دەچن. بۆیەش دەکرێ پرسیاری شوناس بکرێت بە یەکێک لەو پرسیارانەی دی کە داگیرکردنی تاریکی لە دەووری دەسوڕێتەوە. بە بڕوای من، مەراقی عیسمەت ئۆکتایی و ڕەزا باکلان، بۆ ئەوەی یەکەمیان بێتەوە بە تورک و دووەمیشییان بە کورد لەسەر بناغەی فڕیدانی شوناشێک و بەدەستهێنانی شووناسێکی دیکە نییە وەک لە ڕووکەشدا خوێنەر دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگات. ئەگەرچی لە هەردوو دۆخەکەدا جەبرێک ئامادەیی هەیە کە بۆ ئەوەی یەکەمیان ( عیسمەت ئۆکتای) تورکی بە ناچاری بیردەچێتەوە و دووەمیشیان (ڕەزا باکلان) بە شوێن خەونی بەدەستهێانی ئەو زمانەوەیە کە لە ناخیدا چەپێنراوە و بیریان بردۆتەوە. بەلکو پرسیاری شووناس لەم ڕۆمانەدا لەسەر بەدەستهێنان و قبووڵکردنی گەرانەوەیە بۆ زەمەنێکی بەرلە شوناس، زەمەنی رووتبوونی ئینسان و بێبەرگی ئەو. دواتریش چ بەرگ و رەنگێکی دیکە بەسەر ئەم شوناسە ئینسانییەدا دەدرێت، جێگایەکی ئەوتۆی نیە چونکە لە بناغەوە ئینسان، ئینسانیبوونی خۆی دۆزیوەتەوە و دووچاری دووکەرتبوونێکی سایکۆلۆژی نابێت. ئەم تێروانینە بۆ پرسیاری شوناس، کردنەوەی پرسیاری شوناس و دانەخستنی وەک ئەوەی لە تێروانینی دەسەلات و بەشێک لە کاراکتەرەکانی رۆماندا بەرجەستەیە، خاڵێکی درەخشاوەی ڕۆمانە و وادەکات خوێنەرێکی کورد یان تورک کە ئەم دیدەی بۆ لەخۆڕوانین پێ قبوڵنەبێ، بەلام ئاگاهییەکی تازەی پێ دەگات کە دەتوانێت بگەرێتەوە سەری. دۆخێک کە خوێناویبوونی کۆمەلگا بەهۆی تەسکبوونی بەرگی شوناسەکانیانەوە، ئەم ڕووتبوونەوەی ئینسانی لە هەموو شتێکی دیکە بۆ پێویستردەکات.

ئەوەتانێ لەبەرابەر هات و هاواری ڕەزا باکلاندا بۆ ئەوەی مرۆڤە لەبیرکراوەکەی خۆی ببینێت و فێری زمانی کوردی ببێتەوە، عەلی ئیحسانی بەچکە میت و جەلادی زیندانەکانی دیاربەکر، لە ئاخاوتنێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشدا، گوومانی لە کردەوەیەکی وا هی هەیە کە ئەگەرچین دوای چینیش ئەو مەخلوقە بشکێنێت دەوڵەوت لە منداڵییەوە لە ناویدا دروستیکردووە، دەکرێ لە ژێر دوا چیندا چی هەبێت:” گەر وابێت خۆت وێران دەکەیت و ناگەیتە هیچ. من باوکم وا هەستیدەکرد لە ناخی مندا، لە قوڵایی قوڵایی مندا تورکێکی رەسەن هەیە، وادەکات من تورکێکی ئەبەدی بم، من خۆشم تا ماوەیەکی زۆر هەروام هەستدەکرد، بەڵام ڕاستی هیچ لە ناخمدا نییە، تۆش هیچ لە ناختا نییە، لە ناخی مرۆڤدا تەنیا مرۆڤ هەیە، تورک و کورد و ئەرمەنی بوونیان نییە”

گیاکەڵەکانی دیکە
لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەوە بە تەنها جروجانەوەرەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ نین کە دەبێ رامبکرێن و بکوژرێن، بەلکو گرێکییەکان، ئەرمەنییەکان، سۆشیالیستەکان و سەندیکالیستەکان… بەشێکی دیکەی ئەو گیاکەلانەن کە جمهورییەتی تازە ناتوانێت لە ناوخۆیدا جێیان بکاتەوە. ئاخر ترس لەوی دی و دەوڵەتێک کە یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت بە شوێنیەوەیەتی ، هەموو ئەوانە دەکاتە ئەو مەترسییە نەبینراوەی کە هەمیشە دەبێ دەولەت لە ئامادەباشیدا بێت لە بەرابەریاندا.
لاکردنەوە لەم گرفتە جۆراوجۆرانەی دی ناو هەناوی جمهورییەت کە قەوارەی ئەم ڕۆمانە هێندەی دی گەورەتردەکات، تابلۆیەکی گەورەتر پیشانی خوێنەردەدات تا ڕۆشنتر ئەو مۆزایکە ببینێت کە سیاسەتی رەسمی دەولەت دەیەوێ فرەرەنگی لێبسەنێتەوە. ئەم وێنەیە، دەموچاوی “ئەوانی دیکە”ی ناو تورکیا زیاتر دەردەخات و دیمەنێکی ڕۆشنتر بەدەسەلات و ناوەڕۆکی ئەو دەدات.

هێنانەناوەوەی خەون و مەراقی گروپە ئەتنی و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی ناو تورکیا بەو زانیاریانەی بەختیار عەلی لە رۆمانەکەدا پیشکەشی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە نووسەر چ ڕەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریدا بە خەرجداوە. بەختیار بەم کۆششە نوێیەی، کۆکردنەوەی کۆمەڵی بابەتی گرنگتر کە هەریەکەیان دەکرێ کەرەستەی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێت لە دوو توویی کتێبێکدا، تواناییە شەخسییەکانی خۆی هێندەی دی دەباتە سەر و نیشانی دەدات کە هیچ جوگرافیایەکی تایبەتی ناتوانێ ڕیگری ئەوەی بۆ پێکبێنێ تا بیکاتە سەرزەمینی رۆمانێکی نوێ. ئاخر خوێنەر لەم کتێبەدا هەر ڕووبەرووی زانیارییەکی هاکەزایی نییە لە بەرانبەر ناوی شوێن و گۆرانی و کەسایەتی سیاسی و هونەری کۆمەلگایەکی دیکەوە کە هی خۆی نییە، بەلکو بەشێکی شاراوەی مێژووی قەتل و عامی گرێکییەکان و سۆشیالیستەکانی ئەم ولاتە زیندوو دەکاتەوە و ئەم مێژوویە گرنگەی ناو تورکیا، لە ڕیگای پالەوانەکانی ناو داگیرکردنی تاریکییەوە، تیشکی دەچیێتە سەر.

کاتێک جەللاد دەدوێت
بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرانی کوردە کە زۆرترین پەڕەی لەسەر پەیوەندی نێوان سەردار و کۆیلە، جەللاد و قوربانی ڕەشکردۆتەوە. دووبارە جەختکردنەوە لەم بابەتە، دەکرێ هەستی خۆدووبارەکردنەوەی نووسەر لای خوێنەر بەجێبێڵێ. بەڵام لە رۆمانێکدا کە دەربارەی سەردەستیی و ژێردەستەییە، ڕاسیزم و کێویە و دەربارەی یەکێک لە خوێناویترین جومگەکانی مێژووی نوێی تورکیایە، ناکرێ ئەم بابەت و پەیوەندییانە نەبنە تەوەری ڕۆمانەکە، ئەگەر بڵێم، شاتەوەری ڕۆمانەکە. بەڵام بەوەی بەختیار هەژموونییەکی گەورەی لە پەیوەند بە کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە هەیە، هەموو تواناییەکانی خۆی لە ئاستێکی بالاتردا لەم ڕۆمانەدا تەرخاندەکات بۆ دووبارە سەرنجدانەوە لەم پرسیارە کە بە بڕوای من، دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لە بەرانبەر خوێندنەوەی داگیرکردنی تاریکیدا لە تورکیادا کە لە کۆمەلگای کوردستان زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیگایەکی دیکەوە سەرنج لە خۆی بدات.
نووسینی داگیرکرنی تاریکی بۆ بەختیار عەلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مافی زمانداری و نەبوونی ئەو مافە لە کۆمەلگای تورکیادا، وەک ڕۆیشتن وایە بە ناو کێڵگەیەکی میندا. نەبوونی دیدێکی هیومانیستانەی بەهێز لە کاتی تێپەڕین بە ناو ئەم کێڵگەی مینەدا، دەکرێ نوسەر بخاتە ناو بازنەکانی نەبوونی متمانەی خوێنەرەوە، کاتێک ئەگەری تاوانبارکردنی ئەو بۆ ئینتیما بۆ گروپی زمانلێزەوتکراوەکان وەک تارماییەک بەسەرییەوە، سێبەردەکات. بەڵام بەختیار عەلی لەم تاقیکردنەوەیەدا، بە بڕوای من زۆر سەرکەوتووانە دێتەدەر.

با سەرنجێک لەم ئاخاوتنە سەرنجڕاکێشەی نێوان دوکتۆر سینان و عەلی ئیحسان بدەین لە جێگایەکی رۆمانەکەدا:( ڕاستی زۆر دەترسم، بەشی ئەوە گوناهی گەورەم هەیە کوردەکان لێمنەبوورن. هەندێ جار هەستدەکەم رۆژێک تۆلەم لێدەکەنەوە، ترسێکی گەرەم لەوە هەیە. دەزانیت چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەفسەرێک چی پێگووتم؟ گووتی: ترسناکترین ساتی مێژوو ئەوەیە کە قوربانی جەللادەکەی دەکوژێت”. لێم پرسی بۆ وادەڵێت، وەلامەکەی ئەوە بوو:” چونکە ئەو ڕقەی لە مەچەکی قوربانی دایەکاتێک تەورەکەی دەکیشێت بەسەری جەللادا، زۆر لەو ڕقە گەورەتر کە لە دەستی جەللاددا بووە”
داگیرکردنی تاریکی ناکرێ وەک تۆلەی قوربانی لە جەللاد سەرنجی بدرێتێ، بە تایبەت لە بوونی ئەگەرێکی واهیدا کە گوایا رۆمان لە زمانی زمانلێزەوتکراوەکانەوە دێتەگێڕانەوە. بەلکو ئەم ڕۆمانە کۆششێکە بۆ ئەوەی جەللاد و قوربانی لە دوای میراتی ئاکانسۆ و جەنەرالەکانی دین و سوپاوە، پێکەوە لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا راوەستن و لە رووخساری یەکدی وردببنەوە.

تاقی ناو دیوارەکە (4)
ڕۆژگارێک لە مەیدانی سەرەکی گەورەی پایتەختی عوسمانییەکاندا، لەسەر دیوارێکی نزیکی مەیداندا، تاقێک لە ناو دیوارەکەدا دروستکرابوو. لەو تاقەدا، کەللەسەری ئەو یاخیی و شۆڕشگێرانەیان دادەنا تا خەلکی سەرنجی لێبدەن و بزانن دەرئەنجامی سەربەرزکردنەوەیان لەبەرانبەر دەسەلاتی خەلافەتدا ، سەریان بە کوێ دەگەێنێ. ئەم تاقە، هیچ کاتێک بێ کەللەیەکی سەربڕدراو نەبووە. ئەوەتانێ ” تونجی هەتا” لە دەشتایە تاریکەکانی ناو بالکانەوە، بە خۆیی و عەرەبانەی ئەسپەکان و سندوقی پڕلەسەهۆڵ و کەللەسەرێکەوە ، بەڕێوەیە تا سەری بڕدراوی “عەلی پاشا” کە نوێنەری سوڵتانی عوسمانی بووە لە ئەلبانیا بگەێنێتە پایتەخت.
“تونجی هەتا” بۆ گەیاندنی کەلەی عەلی پاشا بۆ پایتەخت، بەناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی ژێردەسەلاتی خەلافەتدا دەڕوات و ئەو تاریکی و بێدەنگییە دەبێنێت کە دەسەلاتی سوڵتان لە سڕینەوەو زمانلێسەندنەوەی هاولاتیانی ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی مەملەکەتدا، دروستی کردووە.
ئەمەی سەرەوە کورتەی رۆمانی” تاقی ناو دیوارەکە”ی (ئیسماعیل کادارە)ی نووسەری ئەلبانیایە بۆ دەرخستنی ئەو بەربەرییەتەی کە دەسەلاتی سوڵتانەکان لە بالکاندا خوڵقاندبوویان.
ئەو بە وردی ئەو سیستەمە نیشانی خوێنەردەدات کە چۆن سڕینەوەی زمانەکان و ئەو دەستگاو ئیدارانەی لە دەوری سازکرابوو کاردەکات.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەم نەخشەی سڕینەوەی زمانە لە مەملەکەتی بچووکبووەوەی دوای خەلافەت و دروستکردنەوەی جمهوریەتی تازەدا لەلایەن دەسەلاتدارانی تازەوە، بەشیوەیەکی فراوانتر و وەستایانە، لە بەرانبەر زمانێکی تایبەتیدا ، دەکێشێت و ئەو ترس و بێدەنگی و بێزمانییەی ناو کۆماری ترس، لە ئەفسانەیەکی مۆدێرندا پیشانی خوێنەر دەدات.
دەڵێن: نیگارکێشی چینی ” هو تاو تزو” ڕۆژێک لە زەمەنی دەسەلاتی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی “تانگ”ەکاندا ، سەرنج لە تابلۆیەکی تازەکێشراوی سەر دیوارەکەی بەردەم خۆی دەدات. لە پڕێکدا دەستی دەدات بە یەکدا و دەرگای پەرستگاکانی ناو نیگارەکە دەکرێنەوە، ئەویش دەچیتە ناو تابلۆکەی خۆیەوە و وندەبێت.
من کاتێک لە خوێندنەوەی “داگیرکردنی تاریکی” دەبمەوە، ئەو کاتانەی کتێبەکەی بەردەستم دادەخەم، هەستدەکەم ئەم کتێبە دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی بەردەمی من و بێ هیچ ئەرک و زەحمەتلەخۆکردنێک ، تەنانەت بێ هیچ چەپلەلێدانێک کە “هو تاو تزو” پێویستی بوو بۆ ئەوەی دەرگای ناو تابلۆکەی بۆ بکرێتەوە، دەچمە ناو تابلۆی ” داگیرکردنی تاریکی”یەوە. راستتان دەوێت، من خۆیشم نازانم، کەی تیایدا دێمەدەر.

2021-01-03

  1. http://www.litteraturmagazinet.se/joseph-conrad/morkrets-hjarta/recension/sebastian-lonnlov
  2. بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی ناوەندی ڕەهەند 2020
  3. کتیبی پیرۆز بیبلیکا لاپەرە 12 2017
  4. Nischen i muren Ismail Kadare Bonniers 1986
  5. Myten om Wu Tao-tzu Sven Lindqvist Norhaven Paperback A/S 200



له‌ مۆڵه‌تی مێژوودا كتێبێك بۆ ڕه‌خنه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                                         

بێگومان هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی نییه‌، له‌ سه‌ره‌تای دروست بوون و سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو ژیاریی و برێفێكت،دروست ببێت.ته‌نانه‌ت مرۆڤایه‌تی له‌ كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا كو سه‌رمایه‌داری، به‌چه‌ندین قۆناغی ژیاری و زانستیی تێپه‌ڕیوه‌، تا به‌ دنیای ئه‌مڕۆمان كه‌ به‌ دنیای گلۆبالیزم و ته‌كنه‌لۆژیا و مۆدێرنه‌بوونی ژیان ده‌ناسرێت ده‌گات. بۆیه‌ سرووشتی دینامیكییانه‌ی ژیانه‌، كه‌ گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتن و داهێنانه‌ ژیاریی و زانستییه‌كان، ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و ژیارییبوونه‌ی كۆمه‌لگه‌، ده‌ره‌نجامی چ دیدگایه‌ك و كامه‌ تێڕوانینه‌؟ ئایا ڕوانینی نا ئه‌قڵانی و سۆزدارییانه‌، ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌ و كرانه‌وه‌ و پێشكه‌وتن به‌رێت؟ئایا له‌ نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌قڵانیدا، ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ ده‌توانێت پێش بكه‌وێت و له‌ دۆگمابوون و نه‌ریت پارێزیی و سوونه‌تی ده‌ربچێت؟ بۆیه‌ هه‌موو پێشكه‌وتنێك له‌ هه‌ر ڕووێكی ژیانه‌وه‌ بێت، بزوێنه‌رێكی له‌ پشته‌، كه‌ ئه‌ویش دیدی ئه‌قڵانی و خوێندنه‌وه‌ی مه‌عریفی و ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بوون و ژیانه‌ به‌ ئاراسته‌ی جیاواز، به‌ ئامانجی ڕیفۆرمكردن و ڕه‌خنه‌ كردنی هه‌موو ئه‌و تێڕوانین و دید و ئه‌قڵه‌ دۆگما و ناڕۆشنانه‌ی كه‌ به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌دا.
مرۆڤایه‌تی، كه‌ زۆرجار ئه‌وروپا به‌ نموونه‌ی پێشكه‌وتن و ژیاریبوونی ژیان ده‌ناسێنێت، سه‌رده‌مانێك سه‌ری گالیلۆیان ده‌بڕی، سوقراتیان ژه‌هر خوارد كرد، وه‌لێ به‌ ڕێنسانس و شۆڕشی پیشه‌سازیی و ڕۆشنگه‌ریی و جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌، به‌ بوونی دیدێكی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ئه‌قڵگه‌را، توانیان پێشبكه‌ون و ئێستا وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌ دابڕانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و زانستی و ژیاری، له‌ گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات ده‌ناسرێت. له‌ كاتێكدا میراتی فه‌رهه‌نگییانه‌ی ڕۆژهه‌لات،له‌ ڕووی مێژوویی و بنه‌مای فیكرییه‌وه‌،له‌ مێژووی فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپا ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌. ته‌نانه‌ت خانی چوارد سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوو سه‌د ساڵ پێش ئه‌وروپییه‌كان،باسی بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و دیدگای ڕه‌خنه‌یی ده‌كات. وه‌لێ ئێستا ئێمه‌ له‌و په‌ڕی دواكه‌وتوویی و په‌راوێزی ئه‌و وڵاتانه‌ داینه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌قڵییه‌.له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كتێبی (له‌ مۆڵه‌تی مێژوودا) یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌ی كه‌ له‌ په‌راوێزی نه‌بوونی ئه‌و دیده‌ ئه‌قڵگه‌راییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، ڕه‌خنه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات و ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌ سه‌ر كۆی كایه‌كانی ژیان باس ده‌كات.ئه‌م كتێبه‌،له‌ كۆمه‌ڵه‌ وتارێكی جیاواز پێكهاتووه‌،كه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ دیارده‌ و خاسیه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و سایكۆلۆژییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، وه‌ك سۆسیۆلۆژستێك و به‌ دیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ئه‌قڵییه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ له‌و نه‌ریت و نۆڕم و شێوه‌ ژیانه‌ی ئێمه‌ ده‌گرێت، كه‌له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕووبه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ دایه‌، كه‌ پێی ده‌گوترێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. واتا په‌یوه‌ندی مرۆڤی كورد به‌ گشتی و به‌و ژینگه‌ و دوروبه‌ره‌ی تیایدا ده‌ژیت و ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تییانه‌ی خۆشی، له‌ په‌راوێزی هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌ر ده‌خات. یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م كتێبه‌داو له‌ كۆی وتاره‌كان نووسه‌ر به‌ وردی له‌ سه‌ری ده‌وه‌ستێت و شڕۆڤه‌ی ده‌كات(غیابی ئه‌قڵییه‌) لای تاكه‌كان. بێگومان ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ مرۆڤه‌كان هۆش و تێگه‌یشتنییان به‌ فۆڕمه‌ میللییه‌كه‌ نه‌بێت. به‌ڵكو به‌ومانایه‌ی نه‌بوونی هیچ دیدێكی ئه‌قڵگه‌رایانه‌یه‌، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژیان و ده‌وروبه‌رو ڕامان و تێهزرین.
به‌ بڕوای نووسه‌ر، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌گشتی، هێنده‌ی خه‌می (سك و به‌رسكیانه‌) وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی، هێنده‌ عه‌وداڵی مه‌عریفه‌ و زانین و تێگه‌یشتنی ئه‌قڵی و فیكرییانه‌ نین بۆ بوون و ژیان. له‌ هه‌ر شوێنێكیش جله‌وی مرۆڤ له‌ بری ئه‌قڵ كه‌وته‌ ده‌ست سۆز، ئیدی بزێنه‌ری ژیانی تاكه‌كان بێگومان ئه‌قڵ نییه‌، به‌ڵًكو جۆرێكه‌ له‌ خرۆشانی كاتی و هوتافی و سۆزاوی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، نووسه‌ر باس له‌ چه‌مكی (به‌هاری عه‌ره‌بی) ده‌كات و ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ بۆچی نه‌بوونه‌ زامنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شۆڕشانه‌ و له‌ بری گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی، هه‌مان شانۆی سیاسی پێشوو به‌رده‌وامی هه‌یه‌. نووسه‌ر نه‌بوونی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ نه‌بوونی، دیدگایه‌كی ئه‌قڵانی بۆشۆڕش وگۆڕانكاریی. چونكه‌ به‌هاری عه‌ره‌بی، ته‌نها خرۆشانێكی جه‌ماوه‌ریی میللییانه‌ و هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی كاتی بوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش به‌رمه‌بنای ئه‌قڵ نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانێت هیچ واقیعێكی تازه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ بێنێته‌ ئاراوه‌. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕدرێت كه‌تواره‌ سیاسییه‌كه‌یه‌ نه‌ك دیدگاو پاشخانه‌ هزرییه‌كه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ بۆ عێراقیش هه‌ر ڕاسته‌.لێره‌وه‌ش ده‌بینین كه‌ دوای ده‌ ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین و به‌هاری عه‌ره‌بی، دۆخی ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕاپه‌ڕینیان تیادا كرا نه‌ك هیچ گۆڕانكاریه‌كی به‌ سه‌ردا نه‌هات، بگره‌ خۆزگه‌ به‌ سه‌رده‌می پێشووش ده‌خوازن.

باسێكی دیكه‌ی نێو ئه‌و كتێبه‌، له‌ باره‌ی دیارده‌ی كۆچكردنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا. هه‌ڵبه‌ته‌ كۆچ به‌شێك بووه‌ له‌ سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاكی كورد كه‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ بووه‌، كه‌ به‌ درێژایی مێژوو كورد تیایدا ژیاوه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌، لێشاوی كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كۆچكردنه‌ چی له‌ ژیانی ئه‌وان گۆڕیوه‌؟ تاكی كورد كه‌ ده‌چێته‌ هه‌نده‌ران، به‌ گشتی چ گۆڕانكارییه‌كی به‌ سه‌ر هزرو دنیابینی دادێت؟ به‌ بڕوای نووسه‌ر، تاكی كورد ته‌نها جوگرافییا جێدێڵێت نه‌ك كولتوور و هزر و دنیابینی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی خۆی. به‌ركه‌وتنی ئه‌و به‌ خۆرئاوا، به‌ركه‌وتنێكی باسیڤه‌ و ناتوانێت، له‌ په‌راوێزی ئه‌و هه‌موو داهێنانه‌ زانستی و ژیارییانه‌، پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌ مێژوویه‌كانی خۆرئاوا سوود ببینێت و دواجاریش ببێته‌ كاره‌كته‌رێكی ئه‌كتیڤ و خه‌رمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی و زانستی و فه‌رهه‌نگی بونیاد بنێت و دواتریش ڕێنوێنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی پێ بكات. بۆیه‌ ده‌بینین لاوازترین و بێ هێزترین لۆبی جیهانی، لۆبی كوردییه‌ له‌ سه‌ر ئاستی دنیادا، وێرای هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسیه‌ی حكومه‌تیش له‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌یه‌تی. له‌ كاتێكدا ده‌كرێ ئه‌و كۆچكردنه‌ به‌ دیوێكی ئه‌رێنی و له‌ پێناو یه‌كخستنی توانا و داهێنانه‌ ئه‌قڵی و زانستی و ژیارییه‌كانی تاكی كورد، به‌ ئامانجی خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان سوودی لێ ببینرابایه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. باسێكی دیكه‌ی نێو ئه‌و كتێبه‌، كه‌ نووسه‌ربه‌ (ئایدزی كولتووری ) ناوی ده‌بێت، له‌ باره‌ی كولتووری كورد به‌گشتی و ماكه‌كانی نامۆبوونی تاكی كورده‌ به‌و كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌ی خۆی.

هه‌میشه‌ له‌ ڕابردوودا، نه‌یارانی كورد هه‌وڵیانداوه‌، ڕوحیه‌تێك له‌ ناخی مرۆڤی كورد دروست بكه‌ن، كه‌ كولتوورو فه‌رهه‌نگی خۆی به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بێت و له‌ په‌راوێزی فه‌رهه‌نگ و سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی تردابێت.ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ژیانی تایبه‌تی و كه‌سی مرۆڤی كورد هه‌بووه‌. به‌ گشتی كتێبه‌كه‌ چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگیشی تێدایه‌. به‌رله‌ كۆتایی ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ زمانی نووسینی ئه‌و كتێبه‌، زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ساده‌ و ساكاره‌. ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر به‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی میللی ده‌كه‌وێت وه‌ك:(سك و به‌رسك، له‌وه‌ڕاندن، گاڕان، بارگه‌ و بالیف) دیاره‌ لێره‌دا نووسه‌ر مه‌به‌ستی بووه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و زمانه‌ی تاكه‌كان خۆیان بیاندوێنێت. ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ڕوونكردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی زیاتر، یاخود به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بگونجێت له‌ گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی میللییانه‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. چونكه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ هه‌مان زمانی هزری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی بۆ تاكه‌كان بكرێت. ڕه‌هه‌ندییه‌كان كه‌ نه‌یانتوانی هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ كۆمه‌لگه‌ی كوردی بێننه‌ ئاراوه‌، له‌ ڕاستیدا زمانی دواندنی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یه‌یان نه‌ده‌زانی و به‌ زمانی فه‌یله‌سوفانی ئه‌وروپا ده‌دوان، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوان تاكی ساده‌ی كورد و زمانی هزر و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یه‌. بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، كۆمه‌كی خوێنه‌ر ده‌كات له‌ باره‌ی زۆر پرس و بابه‌ته‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ بیخوێننه‌وه‌ و بیزانن.

  • ناوی كتێب: له‌ مۆڵه‌تی مێژوودا، نووسینی: محمه‌د ته‌ها حوسێن، بڵاوكراوه‌ی: ده‌زگای ڕۆسا_2016 هه‌ولێر.



خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و ڕوودانی مەهزەلەش تێیدا، ئاساییە.. زاهیر باهیر

زاهیر باهیر
16/01/2021

هێڕشی ئەم دواییە بۆ سەر کۆنگریسی ئەمەریکا نە مایەی سەرسامبوونە و نە تێرامانیش. ئەوەی کە لە 6 ی ئەم مانگەدا لە کۆنگریسی ئەمەریکا ڕوویدا ڕووداوێکی تازە نەبوو و کۆتا رووداویش لەو جەشنە نابێت . هێڕشی خەڵکی ئیتر ڕاستڕەوەکان بووبێت یاخود چەپەکان بۆ سەر بینای پەڕلەمان لە زۆربەی وڵات ڕوویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، یۆنان ، بولغاریا ،ئیسرائیل ، ئۆکرانیا، بەلەڕوس، ئۆگەندە و ولاتانی دیکە.
لە وڵاتانێکیشدا کە ئەمە ڕووینەداوە وەکو بریتانیا لەبەر ئەوە بووە ئەمان پێشوەخت بە هەزارەها پۆلیس و ئەسپسوار و سەگیان هێناوە، لە ئاسمانیشەوە هەمیشە دوو کۆپتەرێك بەسەر پەڕلەمان و ماڵ و ئۆفیسی سەرەكوەزیرانەوە چاودێرییان کردووە، دەنا چەندەها جار لە لایەن خۆپیشادەرانەوە بۆ شکاندنی دەرگای پۆڵاینی بەردەم ماڵی سەرەکوەزیران ، هێڕشکراوە، بەڵام شکستیانهێناوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەشی کە لە چەندەها وڵاتا شەڕە بۆکس و شەرە کورسیی لە نێوانی پەڕلەمانتارەکانا ڕویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، ئیسرائیل، تورکیا، عێراق، کوردستان .. تد. خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و دەکرێت مەهزەلەش تێیدا رووبدات.
ئەوەی کە ئەم روداوەی کۆنگریسی ئەمەریکای گەورە کردووە و کردۆتە ویردی سەرزمانی میدیا بە تایبەت میدیاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەوەیە کە دەیانەوێت پیمان بلێن لە وڵاتێکی دیمۆکراتی وەکو ئەمەریکادا ناکرێت ئەوە ڕووبدات !!! ئەوە شکاندنی حورمەت و قودسییەتیی پەڕلەمانە، ئەوە سوکایەتیکردنە بە پیاوانی کۆنگریس کە نوێنەرانی گەلن، ئەوە تێپەڕاندنی هێڵی سوورە و کۆتای سنوری ئازادیی تاکە، ئەوە بڤەیە و گوناحی کەبیرەیە.
لە حەقەتدا ئەوەی کە لەوێ کرا مەترسی نەبوو بۆسەر دیمۆکراتییەت، چونکە خودی پرسی دیمۆکراتیی، لەوێ بزرە و بوونی نییە. هاوکاتیش هەڕەشەیەکیش نەبوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمەریکی و پەیامێكی جەرگبڕانەش نەبوو بۆ دونیا و حکومەت و دەوڵەتەکانی . هەرچی دەسەڵاتداران هەن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن خۆیان زۆر باش دەزانن دیمۆکراتی وجودیی نییە و باس لێوەکردنی بۆ گەمژاندنی دەنگداران و هاووڵاتیانیانە، ئەوان دەزنن کە دیمۆکراتییەت تەکسییەکە و کە گەیاندنییە مەنزڵ کاریان پێی نامێنێت و دەتوانن ئیزنی بدەن.

ئایا خودی دیمۆکراتی وجوودی هەیە؟
قسەی سیاسییەکان و بزنسمان و خاوەنسامان و میدیا شتێکە و واقیعیش شتێکی دیکەیە. دیمۆکراتیی و کۆمەڵی دیمۆکراتی و حکومەتی دیمۆکراتی لای ئەمان هەر لایەنی هەڵبژاردنی حوکمڕانان دەگریتەوە، کە لەو هەڵبژاردنەدا هەژاران و چەوساوان شتێك ناکەن و مافێکیان نییە جگە لە جێبەجێکردنی فرمانی فرماندەران، جگە لە مافی هەڵبژاردنی چەوسێنەران، زاڵمان و بکوژانی خۆیان.
ئەم جۆرە لە حوکمکردن لە پیلانی کودەتای سوپایی و دەسەڵاتی ڕەهایی پادشایی بۆ باڵادەستان و دەستەبژێران، چینی بورجوازیی، زۆر ئارامبەخشتر و بەرهەمهێنەر تر و کەم مەسرەفترە و توانای باشتریشی هەیە لە مێشكشۆردنەوەی هاووڵاتیانا. ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و دەگاتە مەنزڵی خۆی بی ئەوەی هاووڵاتیی چی تر ڕای وەرگیرێت تا خولی هەڵبژاردنی ئایندە مەگەر ڕاپرسییەکی [ ڕیفرۆندەمێك] گشتی بێتە پێشەوە. ئیتر هاووڵاتیان ، دەنگدەران بێ ئەرك و زانیاریی دەمێننەوە، ئەوەی کاندیدەکان و دەوڵەت دەیشارنەوە لێیان، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگدانی ئەوان و دەنگنەدانیان یاخود زۆربە بەشداری بکەن یا نەیکەن، گرفتێك نییە لەم درۆ گەورەیەدا، چونکە ئەوان ڕۆڵیان بەڕێکردنی پرۆسەکەیە و تاج لەسەرنانی ئەمانە. ئەوەی کە حوکم دەکات سوپایە ، دەستەبژێرەکانن، خاوەنسەرمایە و بزنسمانەکانن، کۆمپنایا گەوەرەکان و بەڕێوەبەرە گەورەکانن، پۆلیس و تۆرە سیخوڕییەکان و دەسگەدراوییەکانن، دداگا و دادوەرەکانن، نە پەڕلەمانتارەکان .

پەڕلەمانتارەکان، بەڵتەچییەکان یاخود چەواشەکەرەکان، هەرچییان ناودەنێیت، تەنها لەوێن بۆ پەسەنکردن و بەڕێکردنی ئەو بڕیارانەی کە ناونوسم کردن، تاکو شێوە و ناوەرۆكی یاساییان پێبدەن و ئەم نوێنەرانەی گەل پەسەند و مۆری بکەن.
لە سەراپای دونیادا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بڕیارە گرنگەکان، چارەنوسییەکان، تەنانەت زۆرێکیش لە بڕیارە بچوکەکان هەرگیز ناچنەوە بەردەمی دەنگدەران. بۆ نموونە بڕیاری هێڕشی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتانی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق. لەمەدا پرس بە کەس نەکرا. بڕان و کەمکردنەوەی بیمەکان و فرۆشتنی سامان و موڵککەکانی دەوڵەت کە بە موڵکی گەل ناوزەد دەکرێت، دەنگدەر و هاووڵاتیان بێ خەبەر دەبن لێی تاکو لە میدیاکانەوە دەیبیستن. دانانی سەرۆکی پۆلیس و دەسگەی سیخوڕی و سەرۆکی بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و سەرۆکی دادگا و بەڕیوەبەرە گەورەکان نەك ئەمانەش ناگەڕێننەوە بۆ پرسی خەڵکی بەڵكو ناشخرێنە بەردەم پەڕلەماناتارەکان، نوێنەرەکانمان.
بە کورتی ئەوەی کە پەیڕەو دەکرێت ناوی بێ ناوەرۆکە.

ئایا حکومەتێكی دیمۆکراتی بوونی هەبووە یاخود بوونی هەیە؟
دەتوانین پرسیارەکە بە جۆرێكی تر بکەین ئایا دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەت هەر یەك شت نین؟
ئەوەندەی من بەبیرم بیت و بزانم حکومەتێك نییە کە ئەگەر بۆ جارێكیش بووبێت توندوتیژی بەرانبەر بە هاووڵاتیانی، دەنگدەرانی، بەکارنەهێنابێت. حکومەتێك نییە و نەبووە کە هەر یەك دیوی هەبووبێت واتە هەر دیکتاتۆریی یا دیمۆکراتیی، حکومەتێك نەبووە و نییە کە سروشتەکەی دیمۆکراتیانە بووبێت یا خود پەنای بۆ یەك لایەنی حوکمڕانی لە دیمۆکراتی یا دیکتاتۆریی، بردبێت ، نەشکراوە کە یەك شێوازی حوکم بەکاربهینن .
زانینی هۆکاری لۆژکیانەی ئەمەش هەر زۆر ئاسانە. حوکمڕانیی دەبێت بەسەر کۆمەڵە خەڵكێكدا بکرێت، بۆ ئەوەشی کە حوکمکراون، فرمانپێکراون، لەهێڵ دەرنەچن، سنور نەبەزێنن، وەلایان بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی هەبێت. هەر لە خەت لایان دا و وەلایان نەبوو ئەوە دەکرێت کە حکومەت توندووتیژییان بەرانبەر بەکاربهێنیت ، بۆ ئەمەش حکومەت، دەوڵەت پێویستی بە جیهازی سەرکوتکردن لە پۆلیس و سوپا و سیخوڕ هەیە.

حکومەت، دەوڵەت، یا نییە یاخودی دیمۆکراتی نییە و نابێت ، دەوڵەتیش یا بەهێزە یا لە داڕمانایە زۆر جاریش بۆ بیناکردنەوەی خۆی بە هێزێکی دیکەوە. ئەوەی کە حکومەت، دەوڵەت هەیەتی سروشتی دیکتاتۆریانە، فاشستیانەی خۆیەتی کە گۆڕانیی بۆ نییە و بەسەریدا نایەت. هەرچیش دیمۆکراتییەکەی و دیکتاتۆرییەکەیەتی مەیلە، شێوازی حوکمە، کە جاری وا هەیە پێویستی بە نواندنی تۆزێك نەرم و نییانی و کردنی چەند چاكسازییەکی لاوەکیانە هەیە، ئا لەم بارەدا وامان پێدەناسێنن کە دەوڵەت دیمکراتییە. کاتێکیش کە مانەوەی خۆی پێویستدەکات، تووند و تیژی بەکاربهێنێت و سەرکوتی هاووڵاتییان بکات، حکومەت و دەوڵەتمان بە دیکتاتۆریی پیدەناسرێنرێت.

پەلاماری لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگریس، ئەمانە کێن و بۆچی؟
ئێستاش با لێرەوە سەرنجێکی حوکمی ترامپ لە ئەمەریکادا بدەین و دواتریش پێگە جەماوەرەییەکەی .
مێژوویەکە کە حوکمکردنی ئەمەریکا لە نێو پارتی کۆماریی و پارتی دیمۆکرات-دا دەستی دەستی دەکات. ئەم پارتانەش چ دیمۆکرات و چ کۆماری هیچیان دیمۆکراتی نین بەڵام هەر کامەیان شوناسنامەیەکیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و جەماوەری خۆیان گەرچی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەلام هەیانە. یەکێکیان حیزبی دەسڕۆیشتوان، بزنسمانان و سەرمایەدارانن. ئەوی تریان ئاوا ناوی ڕۆیشتووە و لە میدیای فەرمیشدا بە دیمۆکراتی دادەنرێت. میدیا و خۆیان وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە دیمۆکراتییەکان نەك هەر دۆست، بەڵکو حیزبی ڕەشپێستان و خەڵکانی بێگانە و کرێکاران و هەژارانە.
بەلام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر جەوهەری لە نێوانیاندا نییە. لە حوکمی هەر یەکەیانا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەمەریکا، چی لە ڕووی سیاسییەوە یاخود کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تا ڕادەیەك هەر نایە. دۆست و دوژمنەکان، دۆست ودوژمنی هەردوولان، زەرەر و قازانجی ئەمەریکا هەرچی بێت هی هەردوکیانە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لەوێ پارەیەکی هێکجار خەیاڵی تێ دەچێت، ڕەنگە باوەڕ نەکەیت کە کولفەی هەڵبژاردنی ڕابوردوی ئەمەریکا لە نێوانی هەر هەموویانا 14 ملیار دۆلاری تێچووە، چەند پارەیەکی خەیاڵییە دوو ئەوەندەی هڵبژاردنی 2016 بووە.

لە هەڵبژاردنیشدا هەموو شتێک بۆ هێنانی دەنگ، دەکرێت، هەموو درۆ و دەلەسەیەك ڕەوایە ، هەموو بوختان و لەکەدارکردنێك بۆ زڕاندی یەکدی ئاساییە، ئەوەی لەژێر بەڕەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جەنگی ئەمەریکادا بۆسەر ڤێتنام، هەیە، دەهێنرێتە سەر بەڕە . باشترین کاتە بۆ میدیای ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی کارە ئابڕووچوەکانی کاندیدەکان و گاڵتەجاڕیی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤییەکانیان.
دۆناڵد ترامپ لە هەردوو هەڵبژاردنەکەی 2016 و 2020 کەوتە مەعرەکەیەکی زۆر نابەرانبەر و مەترسیدارەوە لەگەڵ میدیا و نەیارەکانیا، بەڵام هێشتا لە 2016 دا هەر بردییەوە. لە 2020 دا وێڕای ئەوەی کە میدیای ئەوروپی و ناوخۆی ئەمەریکا زۆر دژایەتییان کرد، کە بەشی هەرە زۆری ئەوەبوو کە لە هەقەتدا ترامپ زۆر بە جوانی وەکو خۆی ڕواڵەت و جەوهەری سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی ئەمەریکای نیشاندەداین ، کە بووە هۆی خولقاندنی بزوتنەوەی جەماوەری گەورە، مانگرتن ، خۆپیشاندان کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو ئەمەریکا ئەوەی بە خۆیەوە نەدیبوو. هاوکاتیش پرسی کۆرۆناش زەربەیەکی زۆر گەورەی لێدا بەڵام هێشتا توانی 74،222،958 دەنگ لە بەرانبەر جۆی بایدن-دا 81،283،098 بهێنێت کە بە ڕێژەی سەدیش ترامپ لەسە 46.8 و بایدن 51.3 دەنگیانهێنا. لە ڕاستیدا جیاوازی نێوانی دەنگەکانیان 7 ملیۆن تۆزێك زیاتر بوو، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژارردنی 2016 ترمپ 11 ملیۆن زیاتر دەنگی هێنا.

ئەمە گەورەترین هەڵبژاردن بووە لە مێژوی 140 ساڵەی ئەمریکادا کە زیاتر 159 ملیۆن کەس دەنگیان داوە. ئەم ژمارە گەورەیەی کە دەنگییان بە ترامپ دا زۆربەیان کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا بوون تەنانەت بەشێك لە پێستڕەشەکانیش دەنگیان بۆدا. ڕاستە خەڵکی ڕاستڕەو و فاشستەکانیش دەنگیان بۆ دا بەڵام ئەمانە هەرگیز زۆرینە نەبوون، زۆرینەی دەنگدەرانی ترامپ وەکو وتم کرێکاران و خەڵکانی هەژار و ئاسایی ئەمەریکا بوون . ئەمەش بە گاڵتە نەبوو لەبەر ئەوەی لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا، ژیانی ئەمەریکییەکان بە بەراورد بە جۆرج بوش و هەتا ئۆباماش باشتر بوو. بۆ نموونە: ئابوری ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا 2.5 هەڵکشا، ژمارەی بەتاڵە لە دابەزیندا بوو تا گەیشتە ڕێژەی لە سەدا 3.5 ، داهاتی خەڵکی بە بڕی 6000 دۆلار ساڵانە سەرکەوت، لانی کەمی کرێی بۆ کرێکارانیێك کە سکیڵیان نەبوو یاسیکیڵێکی کەمیان هەبوو بەرزکردەوە، بەڵام ئەمانە هەر لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا پێش هاتنی کۆرۆنا. ئەمە جگە لەوەی ترامپ خۆی بە دوور گرت لە شەر لە تەك کۆریای باکور، ئێران، ڕوسیا ، کشانەوەی بەشێك سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان و لە عێراق و گەڕاندنەوەی سەربازان بۆ ناو کەسوکاریان و سازشکردن لەگەڵ تالیبان، هەروەها دوو سەرکردەی گەورەی تیرۆریستیشی ، بەغدادی و قاسمی سولێمانی ، لەناو برد کە سەراپای حوکمدارانی ئەوروپا و میدیا دژ بەمە وەستانەوە. ئەمانە هۆکار بوون بۆ جەماوەریبوونی ترامپ و هاتنی خەڵك بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن .

ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە دەبینین لە زۆر وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکادا بە گوێرەی داخوازی و پێویستی سەرمایە، کاپیتاڵیزم ، لە چەند ساڵێکدا چەپ و پارتە کرێکارییەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان دێنە سەر حوکم و لەو چەند ساڵەدا کە خەڵك بۆی دەردەکەوێت کە گۆڕانکاری گرنگ ڕوونادات جارێ تر حیزبە ڕاستڕەووەکان هەڵدەبژێرنەوە ، کە لە حوکمی ئەوانیشدا دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەردەچێت دووبارە دەگەڕێنەوە سەر هەڵبژارردنی چەپەکان. ئێستا دەینینین کە وەرزی هاتنی حیزبە ڕاستڕەو ڕایسستەکانە ، تەماشا بکەن هەر لە بریتانیاوە تاکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا و سوید و بەرازیل فلیپین، یۆنان و پؤڵۆنیا ڕاستڕەوەکان لە حوکمدان. دووریش نییە حوکمی چەند ساڵی ئایندە چەپەکان دووبارە وەکو دەیەی یەکەمی ئەم چەرخە، بێنەوە سەر حوکم .

ئیتر ئاوایە و ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە و ژیان لە سای سیستەمی پەڕلەمانتارییدا گۆرانکاری جددی ڕوونادات. هەر ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی کارایی لەسەر زۆربوونی شەپۆلی ڕایسستانە و ڕاستڕەویی و هەژموونیان ، دادەنێت.
لەسەردەمی فرمانداری چەپەکاندا ، سۆشیالدیمۆکراتەکانا ، حیزبە کرێکارییەکانا لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکاری سەرەکی ڕروونادات، گرانی و بەتاڵەیی و بێ خانووبەرەیی و قەرزاریی و هەژاری زیاتردەبێت لەپاڵ هاتنی زیاتری پەنابەران و کۆچبەرانا … ئەمانە هەمووی دەبنە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ڕایست و فاشت و مەیلی ڕایسیزمانە و فاشیزمانە . تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکاندا ئەمانە دەچنە ژێرزەمینەوە و خەباتی خۆیان دەکەن و جارو باریش بۆ نیشاندانی هێز و بازوویان دژ بە پەنابەران و کۆچبەران دێنە سەر شەقامەکان . لەسەردەمی حوکمی ڕاستڕەکانیشا ئەمان لەژێرزەمین دێنە دەرەوە و دەکەونە خەباتی ئاشکرایی و دەوڵەتیش بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرریان دەکات.

Zahebaher.com




نەهرۆی کەسنەزانی وسەرانی یەکێتی نیشتمانی!.. سەردارعەبدوڵا حەمە

دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کاتی قەیرانەکاندا کە رووبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەری دەبێتەوە بەهۆی شکاندنەوەی قەیرانەکانی بە سەر جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش وخەڵکی هەژاردا ، ناچار دەبێ بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی پەنا ببات بۆ هەموو سەرکوت و درۆوفێڵ وچەواشەکاریەک ، خەڵکی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵی ئەمدەسەڵاتەدا ئەم دیاردەیان بینیوە بە چاوی خۆیان ئێستائەم دەسەڵاتە متمانەی دۆڕاندووە و چیتر خەڵک باوەڕ ی پێ ناکا.
قەیرانی مووچە دیارترینی ئەو قەیرانانەیە کە ئەم دەسەڵاتە دزو تاڵاچیەی بە جێگایەک گەیاندووە پەنا بۆ شێخ و فریوکاریەکانی ببات. لەم کاتەدا شێخ نەهرۆی کەسنەزانیباشترین ئامرازە بۆ ئەم فریوکاریەی دەسەڵات . سەرانی دەسەڵاتەکەی یەکێتی بە تایبەت بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارو پاڤێڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و وەزیریگەشت و گوزار ، یەک لە دوای یەک سەردانی شێخ نەهرۆیان کرد بۆ کردنەوەی پڕۆژەی بە کەربەلا کردنی شاری سلێمانی و کردنەوەی مەزارگەیەک بۆ گۆڕی باوکی شیخنەهرۆ تا بەڵکو دەروێشەکانی سەردانی بکەن و لەم ڕێگاوە سەرمایەگوزاری بکەن ، گوایا لە بەرژوەندی خەڵکی نەداری کوردستان دەبێ وەک نەهرۆ خۆی ووتیچارەسەری کێشەی مووچەی پێ دەکات . ئەوەی نەهرۆ ووتی درۆیەکی تازە نیە . سەرانی دەسەڵاتی کوردی هەمیشە ئەم قسەیان دووبارەو چەند بارە کردوەتەوە ئەمجارەئەم دەسەڵاتە ئەم درۆیە بە شيخ نەهرۆ دەکا چونکە بۆ گەمژاندنی خەڵک ئامرازێکی گونجاوە بۆیان . بۆ ئەوەی بزانین شێخ نەهرۆ بۆچی ڕاست ناکا سەرەتا دەبێ بزانینشێخایەتی و سۆفی گەری و دەروێش کۆکردنەوە لە سەر بنەمای درۆ وە فڕوفێڵ و فریوکاری لە منداڵدانی کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوارو دواکەوتوو لە دایک بووە ، چونکەکۆمەڵگای بێ ئاگا و دەسەڵاتی زۆردار پیاوی فێڵبازوسەختەچی دروست دەکا بۆ ڕۆشنایی ئەمە با بگەڕێینەوە بۆ کتێبەکەی ئەحمەد کسرەوی کە پێش حەفتا ساڵ باسیهاتنی شێخ و سۆفی گەرایی دەکا:
(كسرەوی دەربارەی رەگ‌و ریشەی سۆفیگەری دەڵێت “سۆفیگەری هەروەك زۆر شتی دیكە لەفەلسەفەی یۆنانیەوە سەریهەڵداوە، دامەرێنەرەكەی پلوتینۆس-ی فەیلەسوفە كەپێیوایە سەرچاوەی جیهان‌و هەموی ئەوەی هەیە یەك شتە ئەویش خودایە‌، هەمو شتەكانی تر لەو جودا بونەتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ گیرۆدەی مادیگەری نەبێ‌‌و خۆیرادەستی چێژو خۆشییەكانی دنیا نەكات، ئەوەی گۆشەگیر‌و بێخود بێت دەتوانێت پەیوەست بێتەوە بەخوداو پەروەردگارەوە”.
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەدەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئەم جۆرە بیركردنەوە فەلسەفییە یۆنانیانە رویانكردە وڵاتی موسڵمانان‌و رۆژهەڵات‌وئەمانیش زیاتر بڕەویان پێداو زۆری نەخایاند سۆفیگەری گەشەی كردو تەكیەو خانەقا دامەزرا بۆ ئەوانەی تەركی دنیایان دەكردو جل‌و بەرگێكی زبریان دەپۆشی، ئەو دەڵێت”ئیتر شێخەكانی سۆفیگەریش پاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە نوێنەری پێغەمبەر‌و خودان، هەمو شتێكی ئەم دنیایە بەدەستی ئەوان دەسوڕێ‌‌و تەنانەت کار گەیشت بەوەی بڵێنئیزرائیلیش بەبێ‌ رەزامەندی شێخ عەبدولقادری گەیلانی گیانی كەسی پێناكێشرێت”)*
ئێستا وازانیمان بناخەی سەرهەڵدانی شێخ و سۆفی گەری چیە ئەنجا دەبێ بزانین شێخ نەهرۆی کەسنەزانی و دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز بە دوای چیەوەن ؟ لە وەڵامدائەمانە بەدوای ئەوەوەن سێکتەرێکی تری ئابوری زیاد بکەن بۆ کوردستان بەڵام ئایا سەرمایەکەی بۆ کێ دەبێ ؟ . دیارە چەندین سێکتەری ئابوری لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بۆکێ بووە ئەمەشیان هەر بۆ ئەوە.، نەوت ، گومرگ ، بازرگانی ، کۆمپانیەکان ، باجەکان ، پارەی ئاووکارەبا هتد … ئەو سێکتەرە ئابوریانەن کە لە لایەن سەرانیئەودەسەڵاتەوە قۆرخ کراون بۆ خۆیان خەڵکی کوردستانیش بێبەش کراوە لە داهاتی ئەمانە .
ئەمجارەیان ئەم سێکتەرە ئابوریەی شێخ نەهرۆش زیاد دەبێ بۆیان ، جیاوازیەکەی ئەوەیە شێخ نەهرۆش دەبێتە شەریکە دزی ئەم دەسەڵاتە لە مەودوا .ئەمانە هەموو پێکەوەخەریکی کەڵەکەی سەرمایە دەبن چونکە سیستەمی ئابوری ئەمانە سەرمایەداریە لە سیستەمێکی لەم جۆرەدا هەژاری هەر زیاد دەکا و دەوڵەمەندیش زیاتر دەوڵەمەندتر دەبێ بۆیە قازانجی کردنەوەی تەکیەو مەزارگە و مەرقەدی کەسنەزانی بۆ ئەو چینە دەوڵەمەندە دەبێ خەڵکیش بەدرۆ و بەفێڵ دەخەنە حاڵەتی چاوەڕوانیەوە. بۆ ڕاستیئەمەش دەکرێ ئاوڕێ لە خەڵکی کەربەلاونەجەف وکوفە و بەغدا بدەینەوە بزانین چەندە سوودمەند بوون لە شوێبە پیرۆزیە ئاینیەکان . هەموو دەزانین خەلکی برسی وبێکارو هەژاری ئەم شارانە بۆ ماوەی دە مانگ لە سەر جادە بوون دژی دەسەڵاتی دزوگەندەڵی میلیشیای عێراق . ئەگەر بە بووونی شوێنی پیرۆزیەکان بوایە و لەبەرژورندی خەڵکەکەیدا بوایە دەبوایە ئەو خرۆشانە گەورەیی جەماوەر هەرگیز ڕووی نەدابایەو چونکە خەڵکەکەی تێرو تەسەل دەبوو!!! .
لە لایەن دەسەڵاتەکەی یەکێتیەوە شێخ نەهرۆ بە کار دێت وەک بەشێک لە پرۆژە چاکسازیە درۆینەکەی بەڵام لە لایەن شێخ نەهرۆ خۆیەوە پرۆژەکەی بەکار دەهێنێ بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سیاسی خۆی وەک دەڵێن خۆی ئامادە دەکا بۆ پلەی سەرۆک کۆماری عێراق ، دیارە ئەمەش بە پشتیوانی ئەمەریکا یە ، چونکە ئەمریکا دەیەوێ هێزێک لەعێراقدا دەسەڵاتی هەبێ لە بەرژوەندی خۆیدا بێت بەدوای شکستی بەدیلەکەی دوای رووخاندنی سەدام کە بووە هۆی بەهێزکردنی پایەگای ئێران و لاوازی خۆی لەناوچەکەدا.بە چەندین بەڵگەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شێخ نەهرۆ پیاوی خودی ئەمریکایە .بۆیە ئەو پێشبینیە جێ ی خۆیەتی کە ئەمەریکا ئەمجارە دەیەوێ سەرۆکێکیسۆفی گەرا لە عێراق دا دابنێ لە بەرانبەر ئێران و شیعەو سوونەی سەلەفی و داعشیدا.
هەرجۆرە خۆشباوەڕیەک بە پروپاگەندەکانی یەکێتی و شێخ نەهرۆ وەک ئەو خۆشباوەریەیە کە دەروێشەکان هەیانە بە شێخ نەهرۆ . مووچەو مافەکان بە هێزو فشاری خەڵکبەدەست دێت نەک بە بەڵێنە هەنگوینیەکانی دەسەڵات و شێخ نەهرۆ ی کەسنەزانی.

سەردارعەبدوڵا حەمە
١٢/١/٢٠٢١
تێبینی :
• ئەو دوو پەرەگرافەم لە نویسنێک وەرگرتوە کە لە ماڵپەری ئاوێنە لە سەر کتێبەکەی ئەحمەد کسروی سەبارەت بە شیخ و سۆفی گەری چاپ کراوە زیاتر لە ٧٠ساڵ پێش ئێستا بۆ شارەازیی زیاتر ئەم لینکە بکەوە
https://www.awene.com/detail?article=41156




ئۆپەرێتی: لە پێناو پارێزگاری لە ژینگە.. نوسینی : عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

منداڵی یەکەم:
ھـــــەمیشە پارێزگــــاری…..لــە ژینگــــەی کوردستانم
بـــە ئـــــەرکێکی پیرۆزی …..ســـــەر شانی خۆم دەزانم
ھەموو:
ھەمیشە پارێزگـــــاری…..لە ژینگەی نیشتمانمان
ئـــــەرکێکی زۆر گرنگە…..دەکەوێتە سەرشــانمان
منداڵی دووەم:
حەزدەکەم ھەمــــوو کەسێک…..بـــــۆ ژینگە وەک من وابێ
وشیاربێت و زانیـــــــاریی…..دەربــــــارەی ژینگە لابێ
ھەموو:
زۆر حــەز دەکەین بۆ ژینگە…..گشت کەس وەک ئێمە وابێ
وشیاربێت و زانیـــــاریی…..دەربــــــارەی ژینگە لابێ
منداڵی سێیەم:
لـــەنێو شــــار و لادێدا…..لە کێڵگە و بــاخ و بێستان
سەرچــــاوەی ڕوبار و ئاو…..دەپارێزین بە ھەمـــووان
منداڵی چوارەم:
باڵندە و گیانلـــــەبەری…..کێوی لــــە دەشت ولە دەر
دەبێ ڕێی پــــارستنیان ……پێکــەوە بگرینە بــــــەر
منداڵی پێنجەم:
ئەوان ھاوسەنگیی ژینگە…..ڕادەگرن زۆر بە جـــوانی
بۆ ئەم سروشتەی ئــێمە…..بوون بەھۆی ئـــاوەدانی
منداڵی شەشەم
وەرزی زستان ئەو کـاتەی…..بـەفرێکی زۆر دەبــــارێ
زەوی داپـــــــۆشێت و …..سپی دەبێ بەجــــــارێ
ئاژەڵی ئـــــەو کێوانە……بــەدوای خـۆراکدا وێڵن
ناچــارن لە بــرساندا ……لانــە و شوێنیان جێبێڵن
منداڵی یەکەم:
ئێمـەی مرۆڤ دەتـــوانین……سەمون و گەنم و نــــان
لەگەڵ پاشماوەی خۆراک…….ببەین و داینێین بۆیــان

   ٢٧/١/٢٠٢٠