کەریم کابان،،،قوربانیی کۆمەڵگایی چینایەتیە!.. عبدالرحمن محمد

نرخ، بەها، لکاووە بە هەموو شتو مەکەکان و مرۆڤەکان و و نیشتمانەکان و جوگرافیا جیاوازەکان و بگرە کیشوەرەکان و تا دەگاتە ئایین و ئایدۆلۆجیاکان. هەموو کاڵایەک یا مەتریالێک کە بەرجەستەیە و دەبینرێت و لە ژیانماندا مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین، نرخ و بەهایەکی هەیە ،جا کەم بێت یا زیاد، ئایینەکانیش هەروەها، بەهایان بەرز و نزم دەکات لە گەڵ کات و شوێندا. بۆیە کە تەماشایی دەورووبەرت دەکەیت و هەست بە جیاوازی و ڕۆڵ و دەور و نەخشی شتە جیاوازەکان دەکەیت، سەرت سوووڕ نەمێنێت لەو جیاوازیانە لە نرخ و پایەی کۆمەڵایەتیان
نرخی شت و مەکەکان دەزانین تا ڕادەیەک ، کە جیاوازیەکانیان لە چیەوە سەرچاووەی گرتووە و بۆ یەکێکیان گرانە و ئەوی تر هەرزان! بۆ نموونە؛ نرخی پارچەیەک ئەڵماس بە بەراورد لە گەڵ پارچەیەک ئاسن، ئەڵماسەکە لە قوڵایەکی زیاتر دەردەهێنرێت و کات و تێچووەکەی زیاترە لە پارچەیەک ئاسن کە دەتوانیت لە چیاکانی پێنجوێن دەری بهێنیت بە ئاسانتر و تێچوویەکی کەمتر، هەروەها کۆمەڵیک فاکتەری تر هەیە لە داواکاری خەڵک و زەوقی کەسەکان. یا کڵاشێکی هەورامی، کە تێچووی ئەو کاتەی کە لە دروستکردنیدا زیاترە لە پێڵاویکی لاستیک کە لە کارگەیەکدا بەرهەم دەهێنرێت، خۆتان دەزانن، کاری زیاتر یەکسانە بە کرێ یا هەقدەستی زیاتر، ئەمەش دەچێتە سەر نرخی ئەو شت ومەکانە، کە لە کۆتاییدا دەبێت، بە کارهێنەرەکە بیدات. بۆ ئاینەکانیش هەروایە، دەبینین، هەزاران کەس لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانەووە دێن و دەبنەە مەسیحی بۆ وەرگرتنی وەڵام و خۆگونجاندن لە کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا، ئەمەش بەرامبەر زمانەتێک و ڕەفاهییەتێکی ماددی لە بیمەی تەندروستی و بێکاری و کاری گونجاو و دەیان دەستکەوتی تر، کەواتە هەموو شتەکان، لە هەواوە بگرە تا دانیشتنی سەر ڕووباریک نرخەکەی جیاوازە، کە دەچیت بۆ ئەحمەو ئاوا، هەواکەی جیاوازە لە گەڵ هەوا و کەشی کەرکوووکدا، کەواتە ئەو هەموو ماندووبوون و کرێی ئۆتۆمبێل و کرێی مانەوەیە لە هاوینەهەواریک، نرخێک بەهایەکی هەیە، کەواتە تۆ ئەگەر پارەت نەبوو، ناتوانی چێژ لە جوانی و دیمەن و هەوای سازگاری ئەو نیشتیمانەش ببینی کە ئامادەیی خوێن و گیانی خۆتی لە پێناودا ببەخشیت. بۆ نمووونە من خۆم تا لە عێراق بووم، نە توانیم گەلی عەلی بەگ ببینم ،نە ئەحمەو ئاوا نە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، کەواتە باشم کردووە کە کۆمۆنیستم و نەتەوەپەرست نیم!
نامەوێت بچینە سەر بابەتی ئابووری ، بابەتەکەمان لە سەر ئەو کێشمەکێش و هەرایەیە کە ماوەیەکە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرامبەر کچە میدیاکارێک کە گوایە بێڕێزی بە هونەرمەند کەریم کابان کردووە، ئایا ئەم کچە میدیاکارە داهێنەری ئەو ناوە یا ناتۆرەیەیە بە هونەرمەند؟ ئایا کەریم کابان یەکەم هونەرمەندە کە ناوی دەنێن بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتووچۆووە یا گواستنەوەووە؟ ئایا کۆمەڵگا کێشەی لەووە گەورەتری تیادا نیە، کە ئەوەندە خەڵکی لە دەوری ئەم کێشەیە کۆبوونەتەەوە؟ ئایا ناڕەزایەتی و کۆبونەووەی کۆمەڵێک هونەرمەند دژی ئەم میدیاکارە بۆ؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگا کێشەی کوشتنی ژنانی تیادایە! کێشەی مووچەی تێدایە! کێشەی ڕێگا و بانی تێدایە١ کێشەی هێرشی ووڵاتانی دراوسێی تێدایە بۆ سەر کوردستان! کێشەی منداڵان و کەرتی پەروەردە و خوێندنی تێدایە! کێشەی ئەمنیەتی تیادایە! ئەمانە بە جێی خۆی، با بزانین واقعیەتی کۆمەڵگا چی دەڵیت؛
لە سەرەووە، کەمێک باسی بەها و نرخمان کرد، جیاوازی نێوان کۆمەڵێکیمان باس کرد، بەڵام بەها ونرخی مرۆڤەکانمان هەڵگرت بۆ ئێستا، ئێمە کۆمۆنیستەکان، هەموو شتەکان وەک یەک نابینین، دەچینە قوڵایترەووە، تا بە ڕووکەش دیاردەکان نەببینین و هەڵیانسەنگێنین، بۆ نموونە، ئایا ئەگەر هونەرمەند کەریم کابان، بچوێنرایە یا بەروارد بکرایە یا ناوی لێبنرایە، مارسیدیس، لێگزی، بیئێم، لەمبەرگینی، کە تیایاندایە بە ملیۆنان دۆلارن، هەمان هەڵوێستیان دەبوو بنەماڵەکەیان؟ یاخود بۆ ناسری ڕەزازی لە سەر ناولێنانی مەرزیە بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهاووە، دەنگی لێووە نایات و ڕەخنە ناگرێت ؟ ئایا بۆچی وەنەوشەو خێزانی وەنەوشە تا ئێستا نەهاتونەتە دەنگ، یا مۆدێل و بەها ونرخی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کچەکەیان ناوی پێوەنراووە، گران بەها و دێنێتی؟ تەنها وەڵامی کچە هونەرمەندی میسری لەیلا عەلوی کە ئەوێش کورد ئۆتۆمبێلێکی خستبووە ناویەووە نەبێت، کە دەڵێن گوتبووی( میللەتێک تا ئێستا خاوەنی سەربەخۆیی نەبێت ، هیچیان لێ ناگیرێت) ناوناتۆرە لە کاڵچەری کوردیدا هەر هەبووە، بەڵام ئێستا لە گەڵ گۆڕانکاریە ئابووریانەدا و زەق بوونەووەی قڵشتە چینایەتیەکەدا، بەراورد بە شتە هەرزان بەها و گرانبەهاکان دەکەن، ئێمە نازانین، پێ دەچێت خەڵک هەبێت، نازناوی ئەڵماسی لێنرابێت و هەندێکیش تەنەکە! بۆیە زۆر جار دەبیستین و گوێمان لێ بووە، دەڵێن، فڵان نووسەر زێڕە زێڕ! فڵان هونەرمەند توحفەیە! کچی فڵان کەس بە کێشی خۆی زێڕ دێنێت! دەست ڕەنگینە، یا بازنی ئاڵتونینی لە دەستدایە!
هەر ئەو بەها و نرخەیە، هەزاران مەحمودی کردووە بە خولە! هەزاران ڕەحمانی کردووە بە ڕەحە! هەزاران فاتمی کردووە بە فاتە! هەزاران کارزانی کردووە بە کارە! هەر تەماشایی کۆمەڵیک بەرپرسی خۆمان بکە، پێشتر ناویان هەر ئەم ئەحە و خولە و حەمە و ڕەحە بوون، ئێستا پێشگر و پاشگری کاک و مام و مامۆستا و خان و شێخ و بەگیان لێنراووە، کەواتە، ئەووە وەستاوەتە سەر پێگە کۆمەڵایەتیەکت، کە لە سەرمایەداری وکۆمەڵگای چینایەتیدا بە دەسەڵاتی پارە و ماڵ وموڵکەکەت دەستنیشان دەکرێت و بانگدەکرێیت، بۆیە ئەو هەموو داهات و پارەیە شەڕی لە سەر دەکرێت، تا بە ناو و شەخسیەتی خۆتەووە بانگ بکرێیت و کەرامەتت نەڕوشێنرێت و لەو ئازارە ڕۆحیانە بە دوور بیت. بۆیە لە دنیایەکی بێ چیندا، کە پارە و سەروەت ڕۆڵی نەما، ئەو کاتە بەها و نرخی مرۆڤەکان بە توانا و لێهاتوویان دەخەمڵێنرێت نەوەکوو گیرفانیان!
جاری واش هەیە هەندێک شت لە ستاندارد یا قاعیدە دەردەچن، عەرەب قسەیەکی هەیە دەڵیت( تسقط الاداب بین الاحباب)، کۆمەڵێک ئاداب و ڕێز لە نێوان خۆشەویستەکاندا نامێنێت! لەم شارەی من لێی دەژێم، کە بانگی یەکتری دەکەن، دەڵێن( مراوی چۆنی) بەڵام ئەمە کاڵچەری ئەم شارەیە! بۆیە ڕاستە بەها و نرخی ئەو ماتۆڕە سێ ویلانە، کە ناوی هونەرمەند کەریم کابانی لێنراووە، من نازانم بناغەکەی چیە، بەڵام دەزانم، نرخ و بەهاکەی هەرزانە و بە مرۆڤی هەژاریش دەکڕدرێت و زیاتر هەژاران بە کاری دێنن، من خۆم بم، فەخری پێووە دەکەم، کە ناوم بە ئامێرێکەووە بنرێت کە هەژاران و دەستکورتەکانی کۆمەڵگا بە کاری بهێنن، چونکە ئەوان زیاتر لە دەوڵەمەندەکان ڕێز و قەدری بۆ دادەنێن و چاودێری دەکەن.
مامۆستا و هونەرمەند، کەریم کابان، موڵکو سەرووەتی هەژاران و عاشقانی کورد بوو، بۆیە ئەمان دەیانەوێت، ناوەکەی بزر نەبێت و هەموو ڕۆژێک لە سەر زمانی هەزاران زەحمەتکێش و ڕەنجەدەری بازاڕەکانی کوردستاندا بێت، خۆزگە منیش ئەو پێگەیەم هەبوایە، کۆلارەیەکیان بە ناومەووە بنایە و بیان گوتایە(ئەوە مەلا ڕەحمان فڕێ).

عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

azzady22@gmail.com 18/01/2021




هه‌ورێكی نه‌بان.. مارف عومه‌ر گوڵ

بۆ ئه‌وێ‌ چووم وامزانی
ئه‌ستێره‌ له‌ مانگه‌شه‌ویدا ده‌جریوێنێ‌
باران له‌ به‌هاریدا تاوتاو خه‌فه‌ت ده‌شواته‌وه‌
هه‌تاو له‌ زستانیدا
دڵی ساردوسڕی ده‌رمه‌نده‌ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌
شه‌ماڵ له‌ هاوینیدا ،
به‌سه‌ر گڕه‌و هه‌ڵقرچانا هه‌ڵده‌كات
ئه‌و شه‌وه‌ درێژه‌ كۆتایی نه‌هات
هه‌ندێ‌ جار به‌فر دایده‌پۆشێ و ئه‌وین ڕه‌ق ده‌بۆوه‌
هه‌ندێ‌ جار ده‌نگی گۆرانی ده‌هات
هه‌ندێ‌ جاریش گرمه‌ی شه‌ڕو وێرانكردن .
بۆ ئه‌وێ‌ چووم وامزانی سابات و باغاتێكه‌
ترش و شیرین و مێخۆش ،
به‌ پاڵا دره‌ختێكی ڕوتاوه‌وه‌ گیرسامه‌وه‌ ،
ئیتر سه‌رده‌مێكی تره‌ ده‌وران
هه‌ورازێكی تره‌ ڕێگه‌
پێچ و په‌نایه‌كی تره‌ ژیان .
هه‌ورێكی نه‌بان به‌سه‌رمدا ده‌ڕوا ،
بارانێكی ئاشنا دێته‌خوارێ‌
ته‌ونێكی هه‌ڵگرتوه‌ خه‌یاڵ
هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێتی ناچێته‌ ژێر ڕكێفه‌وه‌
كه‌وتۆته‌ هه‌رده‌و هه‌ڵه‌ت !
گلاره‌ی دیده‌م ئۆقره‌ی نه‌گرت
هه‌رداو هه‌ردو ده‌شتاو ده‌شت
به‌ دوای خوڕه‌می بارانه‌وه‌
له‌ ته‌پونمدا ون ده‌بێت !
ئه‌و هه‌وره‌ش جێم ده‌هێڵێت ،ئای چی بكه‌م
چه‌خماخه‌و شریخه‌ی ده‌مترسێنێت
له‌ ده‌شتێكا جێماوم ،
دڵم به‌و ڕێگه‌یه‌ خۆشه‌ ده‌مباته‌وه‌ ئاوایی ،
وا دیاره‌ به‌م پایزی ژینه‌وه‌
گڵه‌بانی لانه‌ی ئه‌وین هه‌ر به‌ من ناكرێ‌ .
تۆ پڕیت له‌ ده‌رد و كوڵ
ده‌فته‌رێكی سپیم به‌رێ‌ ،پڕی ده‌كه‌م
له‌ خه‌می دڵێكی سه‌ركز ، له‌ نۆته‌ی هه‌ور
به‌سه‌ر حیكایه‌تی ماته‌مینیدا ده‌یگێڕم
ده‌ری ماڵه‌كه‌می پێ گۆرانی پژێن ده‌كه‌م
پرچی په‌شۆكاوی تریفه‌ی پێده‌چنم
گه‌ڵایه‌كی پێده‌خوێنمه‌وه‌
ڕێحانه‌ی حه‌یرانێكی ژێر كه‌پری ئه‌م مه‌رزوبوومه‌
به‌ لاپاڵی ژیانه‌وه‌ ،
به‌یتێك بۆ جه‌سته‌ی نازداران ده‌خوێنێته‌وه‌ .

له‌وێ‌ ، له‌به‌ر شنه‌ی حه‌یران و
له‌به‌ر سه‌ڵای به‌یتی ،
شاخه‌ و شاخ و شاره‌ و شار و
هه‌ورا و هه‌ور و ده‌ورا و ده‌ور و
گوندا و گوند و ماڵه‌ و ماڵدا
چرپه‌ی دێڕی ، منی به‌یتان ، منی مه‌قامی گریان
منی ئاوازی له‌بیر نه‌كراوی ساڵان
منی لاوكی شه‌پۆڕی دوێنێ و ئه‌مڕۆ
چرپه‌ی دێڕی هه‌پرون به‌ هه‌پرونی جه‌سته‌ی دێ‌
بۆ هه‌ورێكی نه‌بان ده‌خوێنێت ،
ده‌ڕوا و ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌به‌ر ئاهونزوله‌ی نه‌نه‌ گه‌وره‌یه‌ك
له‌ به‌هاره‌ شیرینه‌كانی ئه‌م نیشتیمانه‌ ناشیرین كراوه‌دا
نێرگس له‌ ئینجانه‌ی دڵا سه‌وز ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌ڵێی ئاوی ڕه‌وانه‌ ، ئه‌وینه‌ شاراوه‌كه‌ی
ته‌می نه‌بانی ڕۆژگاری هه‌ور و هه‌تاو
ئه‌ڵێی هه‌ڵمه‌تی شه‌پۆلانه‌
له‌ سه‌رده‌می قه‌ڵاچۆكردنی ئینجانه‌ی گوڵ و ڕێحانه‌دا
ئه‌ڵێی گریانی خوێنه‌ ،
له‌ سه‌ده‌ی چه‌قۆ به‌ده‌سته‌كانی نه‌وتا
ئه‌ڵێی ( باخچه‌ی پاشا )ی شیعره‌كانی گۆرانه‌
له‌ سه‌رده‌می وێرانه‌ دا
ئه‌ڵێی ( دڵی كوڕان و كچان )ی مه‌دهۆشه‌
له‌ خۆر نشینی دڵشكانا .

زستان پاڵتۆی سه‌رمای له‌ به‌ركردوه‌ و
باران ده‌یشواته‌وه‌ ،
ئه‌ستێره‌ له‌ باوه‌شی ساماڵدا تریقه‌ی دێ و
مانگ به‌ سه‌ربانی ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌
حیكایه‌تی شه‌وه‌ سپیه‌كانی بۆ كچانی ده‌رو دراوسێ‌ گێڕایه‌وه‌
هه‌واڵی به‌فری له‌و شاخه‌ پرسی ، بارانیش له‌ بنار
هه‌ر هه‌ور بوو ، ده‌هات و نه‌ده‌هات
تووڕه‌ ده‌بوو ، هێور ده‌بۆوه‌
ئه‌و ده‌گریا و من ده‌گریام
هه‌ر هه‌ور بوو له‌ من ده‌چوو ، نیشتیمانی نه‌بوو
له‌ مه‌راقی چاوه‌ڕوانیدا ون ده‌بوو !
هه‌ر هه‌ور بوو له‌ گوڵ ده‌چوو
ڕۆژێك هه‌بوو ڕۆژێك نه‌بوو
هه‌ر هه‌ور بوو له‌ خۆشه‌ویستی ده‌چوو
له‌ هه‌ڕه‌تی گوڕوتینا ئاوا ده‌بوو
له‌م ده‌ور و به‌ره‌ هه‌ر هه‌ور ده‌ناسم
ئیتر هیچ بارانێك نه‌یده‌زانی
له‌ باوه‌شی پان و پۆڕی ئاسماندا چی به‌سه‌ر هات
له‌ چ په‌نایه‌كدا خۆی كۆده‌كاته‌وه‌
هیچ بارانێك نه‌یده‌زانی هه‌ور چی به‌سه‌ر هات
هه‌ور نه‌هات ! دڵم سووتا
بووم به‌ یه‌كێك له‌ قوربانیه‌كانی قه‌ده‌ر
ڕه‌شه‌با په‌لكێشی كردم ،
بۆ مه‌داری په‌ت په‌تێنی ئه‌مسه‌ر دونیا و ئه‌وسه‌ر دونیا
له‌ چاوه‌ڕوانیی هه‌وردا بووم ، پشتی له‌ زه‌وی كرد
له‌ چاوه‌ڕوانیی نێرگسه‌جاڕێكدا بووم ، ڕۆچوو
له‌ چاوه‌ڕوانیی ماچێكدا بووم ، هه‌ڵوه‌ری !
هه‌ور نه‌هات ،
به‌ دره‌ختێكی سووتاوه‌وه‌ خۆم گرته‌وه‌ !

سلێمانی / 3 – 4 / 2020
نه‌بان : نادیده‌ ، نه‌ناس ، كه‌سێك به‌ كه‌سێكی تر ده‌ڵێت : بۆ خۆتمان لێ‌ نه‌بان ده‌كه‌یت .




گەڕیدەیەک لە دۆزەخا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

من برینی سپی
گوڵە ژەهرینەکانی
عیشقم چنیوەتەوە
بەردی وشەم داتاشیوە
تا پەیکەری بارانی ئەو
لە کەرنەڤاڵی پەری
باڵسوتاوەکانی دۆزەخا
ببینمەوە
چی وەرزێکی شەختە بیابانە
خەزانی ڕوخساری
تەزیوی بەهاری
هەڵچنیوە
چما ئەم هەموو خوێنە
تینوە
لە جەستەی پڕ ئەندێشەی
دارستانێ لە خەو
بپژێ
چما ڕەگی هەڵقرچاوی
دارەکان
هاوار و
ناڵە ی
ئەڤینی پڕ دەردی
زەمینیانە
چ ترسناکە ڕۆژەکان
بێ بزەی
لێوی تۆ
لە سەرابا بە خۆم دەڵێم
شکۆفە سپیە ژەهرینەکان
لەوانەیە ببنە
لێوی شەڕانگێزی تۆ
تینوو
بە نمە شیعری من
شکۆفە ژەهرینەکانی عیشق
با لە بێستانی بوهەیمی ڕۆح
بوەرن
زەرد ، پەمەیی،
سوور،
وەک خوێنی تکاوی
دڵی ئاسمان،،
وەک گەڕیدەیەک
لە وونبونێکی قەشەنگا
بە قامیشەڵانی زەمەنا
ڕێئەکەم
تا چرۆیەک
لە ئەستێرەی نیگایەکت
بدوێنم
وونبونێکی خۆشە
گەڕیدەیی لە دۆزەخا
وونبونێکی خۆشە
دارستانی دڵی سامناک
مەست بە مەی ڕەشی
ئیبلیسەکانی
یاخیبوون بێ
گەڕیدە بە،
تۆ ووتت
لە ژێر مانگێکی شین
هێشتا ملوانکەی قەشەنگی
منداڵیەکی
لاسار و یاخی
نەپچرابێ
گەڕیدە بە
ڕۆحێکی نەسرەوت
یاداشتە ئاگرینەکانی
سەفەری نەفرەت
کەشتی نێو گڕکانی نەهات
نەیبردبێ
با لەم دۆزەخە قەشەنگەی ئێستا
بە ئافات
بۆیەک بنوسین
با بە فەنا
بەیەک بگەینەوە
ببە گەریدە وەک من
وەک ڕەهێڵەی تەزیو
لە چنگی زریانا
بۆ شەختە خۆشبەختی ڕەها
بتوێیتەوە
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی ئۆکرانی
Victor Zaretsky. باخچەی شکۆفەکان))




ئالیتا ئاندرا لە دوو ساڵییەوە بوو بە وێنەکێشێکی جیهانی.. رەزا شـوان

کچۆڵەی جوانکیلە و رووخۆش (ئالیـتا ئانـدرا) لە باوکێکی ئوسترالی (مایکل ئانـدرا) و لە دایکێکی رووسی (نیکا کڵاشینکـۆڤـا) لە (٩/ یونـایەر/٢٠٠٧) لە شاری (مێلـبۆرن) لە ئوسترالیا لەدایکبووە. بە باشی بە زمانی ئینگلیزی و رووسی قسەدەکا و دەنووسێ. دایک و باوکی دوو هـونەرمەنـدی شـێوەکـاری ناسراون لە ئـوسترالیادا.

ئالیتا ئاندرا، یەکێکە لە دە منـداڵی بلیمەت و پەرجـۆ (موجـیزە) لە جیهانـدا. لە تەمەنی دوو ساڵاندا یەکەمین پێشانگای تایبەتی خۆی کردەوە. بوو بە بچووکترین هونەرمەندی وێنـەکـێشی پیشـەیی لە جـیهانـدا. ئالیـتا وێنەکـێشێکی خـۆڕسکی داهـێنەرە. تابلـۆکـانی زۆر بـەرز و مەبەسـتار و نـاوەڕۆک قـووڵـن، جـێی سەرسوڕمانی بینەرانن. گوزارشت لە نـاخ پاکی و لە خەیـاڵ فـراوانی کچۆڵەیەکی بەهـرەمەنـدی بلیمەت و پەرجـۆ دەکەن.
بە هـەزار لە شێوەکاران و لە هەوادارانی هـونەری تازە، واقـیان وڕمـا لە شێواز و لە رێبـازی هـونـەریی ئالیتای سـاوا، لەو رەنگە گـەش و جوانـانەی بەکـاری هـێناون، لە قـووڵی واتـا و مەبەست و ناوەڕۆکی تـابلۆکـانی. زۆر بەگەرمی چەپڵەیـان بـۆی لێـدا و پیـرۆزبـایی و دەستخۆشی و ئافـەرینیان لـێکـردن.
تەمەنی ئالیتا تەنیا (٩) مانگ بـوو، هـێشتا فـێری قسەکـردن نەببوو، پێشی نەگـرتبوو، کۆرپەیـەکی شیرخـۆر بـوو. باوکی لە ژورێکی ماڵەکەیانـدا، پارچـەیەک قـۆماشی سپی گەورە و چەنـدین قوتووی بۆیەی رەنگاوڕەنگی سەر واڵای دانـا، بۆ ئەوەی تابلۆیەک بکـێشێت. ئالیتا بە گاگـۆڵـکێ رۆیشت و چـووە سەر قـوماشەکە و بە ئـارەزووی خـۆی کـام رەنگ بە لایەوە جـوان بـوون، دەستە قـنجەکانی تێدەنـان و بە پەنجە ناسکەکـانی لەسەر قوماشەکەدا، بە راست و بە چەپـدا هـێڵی دەکـێشا و پێـدەکـەنی. هەمـوو قـژی و دەموچـاوی و جلەکـانی و دەست و پێیەکـانی بە بۆیـەوە بـوون. بـاوکی لـێیگەڕا و لای نەدا. ئالیتای بچووک یەکەمـین تابلـۆی کێشا. دیمەنی لە بۆیەنـانی خۆی لە رەنگەکان، دانیشتنی لەسەر قوماشەکە و لە نێوان ئەو هەموو بۆیـە جـوانەدا، ببـوو بە تابلۆیەک. باوکی دەڵـێت:” ئەم کارەی ئالیتا تەنیا یاریکـردن بە بۆیـە نەبـوو، جاروبار دەوەستا و بیـری دەکـردەوە.. دووبـارە دەستەکـانی دەخستـنەوە نـاو بۆیـەکـان و بە قـومـاشەکەدا دەهێنان. لە دواییدا دەستی بە چەپڵەلێدان کرد. ئەمە یەکەمین تابلۆی ئالیتای نـۆ مانگ بـوو کە کـێشای. لە راستـیدا دیمەنـێکی زۆر جـوان و سەیـری هەبـوو. تابلـۆکەی زۆر سەرنجی راکێشام. گەلێک لێکدانەوەم دەربارەی تابلۆکەی هەبوون جێی سەرسوڕمانی مـن و دایکی بوو.. گەر دەروونناسێکی منداڵان، تابلۆکەی شیبکردایەتەوە. رەنگە زۆر راز و نیـاز و شـتی تـری لێ تێـدەگەیشت” ئەم تابلـۆیەی لە مـۆزەخـانەی هونـەری لە لەنـدەن پـارێـزراوە.
دایـک و بـاوکی بۆیـان دەرکەوت کە ئـالیـتای کچـیان منـداڵـێکی بلـیمەت و پەرجـۆیە.
ئالیـتا لە ئێـستادا تەـمەنی (١٣) ساڵانـە، دەڵـێت:” تەمـەنـم نـۆ مانـگ بـوو کە تابلـۆی یەکەمم کێشا. بیرم نایەتەوە کە چۆن ئەو کارەم کرد” لەوانەیە لەو تەمەنە منداڵییەدا بە بیـری نەیاتەوە کە چـۆن بۆ یەکەم جـار وێنەی کـێشا، بەڵام بە دڵنـیاییە دایک و بـاوکی دەزانـن و لە یادیـانە، کە چـون ئالـیتای کـۆرپـەیـان، هـۆگـری تێکـەڵکـردنی رەنگەکـان بـوو. لـەو رۆژەوە، دایـک و بـاوکی رۆژانـە لە ژوورەکـەی ئالیـتەدا کە نـاویان لێـناوە (ژوری جـادوویی ئالیتا)، کە پـڕە لە بۆیەی رەنگـاوڕەنـگ و لە قـوماش و لە فـرشە و لە شتی تـر و لە تابلۆکانی ئالیتا. لەو رۆژەوەدا، دایک و باوکی پـارچە قـوماشی سپی و بۆیەیان دەخستە بەردەستی، بە ئەوپـەڕی ئـازادی و هـەوسی خۆی بۆیەی دەکردە سەر قوماشەکانی بەردەستی و بە پەنجەکانی بۆیەی بە سەریادا بڵاودەکردنەوە. دوایش فێری بەکـارهـێنانی فـرشـە بـوو. بەو منداڵییە کاتێکی زۆری بە وێنەکـێشان بەسەردەبـرد.
تەمەنی ئالیتا ئانـدرا (٢٢) مانگ بوو، تا ئەم تەمەنەی کۆمەڵـێک تابلۆی رەنگاورەنگی هەمە بابـەتی کێشابـوون. بەڕێـوەبەری پێشانـگای شەقـامی (بـرۆنـزویک) لە مێلبـۆرن، (مـارک جامیسۆن) کردنـەوەی پێشانـگایـەکی تایبـەتی، بـۆ هـەردوو ژنـە هـۆنەرمەنـدی شـێوەکاری ناسـراو (نیکا کـڵاشینکـۆڤـا) ی دایـکی ئالیـتا و (جـولیـا بالینـۆف) راگەیـاند.
کڵاشینکۆڤـا، پێشنیاری بەشداریکردنی هونەرمەنـدێکی شێوەکاری تری بۆ بەڕێوەبەری پێشانـگاکە کـرد، کە ببـن بـە سـێ ژنـە هـونەرمەنـدی بەشـداربـوو. جامیـسـۆن یەکـسەر رازی بوو. نیکا کڵاشینکۆڤا (١٥) تابلۆی رەنگاوڕەنگی ئالیتای کچی خستینە پش چـاو بەڕێـوەبەر، بێ ئـەوەی ئاشکـرای بکات، کە ئـەم تابلۆیـانە ئالیـتای کـچی کـێشاویـانن.
بەڕێوەبەر زۆر سەسامی تابـلۆ جـوان و رەنگە ئەکریلیکە گەش و گونجاوەکانیان بـوو. یەکسەر بڕیاری دا کە بخرێنە پێشانگاکەوە. بەڵام لە دواییدا زانی ئەو تابلۆیانە، تابلۆی ئالیتای کچی نیکا کڵاشینکـۆڤـایە، کە تەمەنی (٢٢) مانگانە، هـێندەی تر سەرسام بـوو. تابلۆکـانی زیندووبـوون، گوزارشتیان لە ژیـان و جـووڵە و داهـاتوو دەکردن. بە رەنگی گەش و جـوان و پاک کێشابـوونی. مارکی بەڕێـوەبەر، تابلـۆکانی ئالیتای کرد بە ریـلام بـۆ پێشانگاکە. کە پێشانگاکە کرایەوە، بینەرانی زۆر سەرسام بوون و واقیان وڕما، کە منـداڵـێکی بیست و دوو مانگان ئەو تابـلۆیانەی کـێشاون. وێنـەی ئالیـتای سەر و قـژ و جلوبەرگي بە بۆیـە نەخـشاو و نموونە لە تابلۆکانی، لە رۆژنـامە و گۆڤارەکانـدا بڵاویان کردنەوە، بووش بە مانشێتی میدیاکان و بە یەکەمین هەواڵی راگەیانـدنەکانی ئوسترالیا. بە (بیـکاسۆی بچـووک) یش ناویـان بـرد. لـە کـۆی (١٥) تابلـۆی نمایشکـراوی (٧) یـان فـرۆشران. کە نـرخەکــانیان لە (٣٠٠ ) دۆلار بـۆ (٣٠،٠٠٠) دوڵار بـوون.

لە دوای مانگێک لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە و ناوبانگ دەرکردنی، ئالیتای بچکـۆلە لەگەڵ باوکـیدا، سەردانی (هۆنگ کۆنگ) یان کرد، لەوێـدا پێشانگایەکیان بۆ تابلۆکـانی کردەوە. یەکێک لە تابلۆکانی کە دەربارەی (وێستگەی مـیری ئاسمانی رووسی) یە، بە نـرخی (٢٤،٠٠٠) هـەزار دۆلار فـرۆشـرا. ئـەم نـرخـە بەرزەش نـەک بـۆ سـاوایـەکی شیرخۆری شێوەکار، بەڵکو بۆ وێنەکـێشێکی گەورەی پیشەییش پارەیەکی کەم نەبـوو.
ئالیـتا ئانـدرا، لـە تەمـەنی (٤) ساڵـیدا، لـە (٤ بـۆ ٢٥/ یـۆنیـۆ/٢٠١١) لـە پێـشانگـای (گەلەری ئاگورا) لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا، پێشانگایەکی کەسێتی کردەوە، لەژێـر ناوی (پەرجۆی رەنگەکان) کە (٢٤) لە تابلۆکانی نمایش کرد، هەموویان بۆ فرۆشتن بوون. نرخیان لە (٥ بـۆ١٠) هەزار دۆلار بـوون. (٩) لە تابلۆکانی بە زیـاتر لە (٥٠) هەزار دۆلار فرۆشران. چەندین دیمانەی تەلەفزیۆنی ورۆژنامەییان لەگەڵدا کردن، هـێندەی تر ناوبانگی دەرکرد. ئالیتا ئانـدرا، بوو بە مایەی شانازی بۆ ئوسترالیا و بۆ خـێزانەکەی. بووش بە بچـووکترین هونەرمەنـدی شێوەکاری جیهـانی. تا ئێستاش لەسەر داخـوازی چەندین لە شارە گەورەکانی وڵاتـانی ئەوروپـا و ئاسیا و ئەمریکادا و رووسیا و چـین، وەکو مێلـبۆرن، هـۆنگ کونگ، نیویـۆرک، مەیـامی، لەنـدەن، مۆسکـۆ، پترسبۆرگ و چەنـدین شاری تریش. پێشانگای نمایشکردنیان بۆ تابلۆکـانی کردۆنەتەوە. ژمارەیەک زۆر لە تابلۆکانی فرۆشران، تا ێستا گرانترین تابلـۆی بە (٥٠) هـەزار دۆلار فـرۆشـرا.
ئالیتا ئاندرا، هەر لە تەمـەنی (٤) سالانـدا. لە رۆژی (٦بـۆ ٩/ دێسەمبەر/ ٢٠١١) لە نیـویـۆرک و لە (میـامی بیتش) لە ئەمریـکا. لە پێشانگای (ئـارت بـازل) کە یەکـێکە لە باناوبانگترین پێشانگای ساڵانە لە جیهاندا، بۆ نمایشکردنی هونەری منداڵان، کە زیاتر لە (٤٥٠) هـونەرمەندی منداڵان و شێوەکارانی پسپۆری شێوەکاری منداڵان و چەندین لە رەخنەگران ئامادەبوون. ئالیتای ئوسترالی، گەشتریـن ئەستێرەی منداڵانی شێوەکاری ئـەو پێشانـگایە بـوو. لە لایـەن رەخنـەگـران و هـونەرمەندان و میدیاکانی ئەمریکا وە، نازنـاوی (منـداڵە بلـیمەتـەکە) کەیـان لـێـنا.
ئالیتا ئانـدرا، لە تەمەنی (٥) ساڵانـدا، لە رۆژی (١٢/ یـۆنیـۆ/٢٠١٢) دا. لە پێشانگای هـۆڵی (گەلەری ئاگورا ) لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا، لە ژێر ناوی (نهـێنی گەردوون) دا، پێشانگای دووەمی خـۆی کـردەوە.
ئالـیتا ئانـدرا، لە ئێستادا تەمەنی سـیانـزە سـاڵە. تا ئێستا لـە زیـاتر لـە (٢٥) پێشانـگای نێـودەوڵـەتی جیهـانیدا، بە تابلـۆ رەنگـینەکـانی بەشـداری کـردووە و باشـترین ئەنجـامی بەدەستهێناوە و خەڵاتی رێـزلێنانیان پێشکەش کردوون. زۆرترین تابلۆکانی فرۆشراون. گەرچی ئالیتا بە فـرۆشتن و دوورکەوتنەوەی تابلۆکـانی لێی، خەمگـین دەبـوو، چونـکە بە پارچەیەک لە رۆح و جەستەی دەزانین. هەروەکو گیانەلەبەریـك خۆشیانی دەویست.

ئالیتا ئاندرا لە تەمەنێکی زۆر بچـووک و لە ماوەیەکی زۆر کەمـدا، بەهـرەی هـونەریی گەشایەوە، توانی پێگەیەکی شایستەی جیهانی بەدەستبهێنێت و ببێت بە ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی هونەری نیگارکێشی جیهانی و ببێت بە یەکێک لە بلیمەتەکانی جیهان.
بەشـێکی زۆر لە تابلۆکـانی خـراونەتـە مۆزەخـانە هـونەرییەکانی شارەکـانی جـیهـان.
ئالیتا هـێشتاش منداڵە و لە سەرەتای ژیانی دایە. درێژە بە داهێنان دەدات. چاوەڕوانی ئـەوەی لێدەکـرێت، کە داهـاتـوویەکی گەشـتری ببێت.. ببێت بە کەڵـە هـونەرمەنـدێکی جیهـانی.. ببێت بە (پابـلۆ بیکاسۆ و لیۆنارد داڤـنشی و جاکـسون بولـۆک) ێکی تـر.
نیکا کڵاشینکـۆڤـا لە بـارەی ئالیـتای کچـیانەوە دەڵێت:”ئالیـتا لە میانەی رەنگەکـانەوە دەدوێ، ئەو بە وێنە گوزارشت لە قسەکانی دەکات، بە لای ئێمەشەوە بینینی تابلۆکانی گوێگرتنمانە. ئالیتا بە وێنەکێشان گوزارشت لە نـاخ و لە خەیاڵ و هـیوا و خەونەکانی دەکات. هەندێ جار دەنگی تێکەڵ بە تابلۆکانی دەکا و لەگەڵ وێنەکێشاندا گۆرانی دەڵی، و هەندێ لە تابلۆکانیشی رەخنەئامێزن. ئالیتا زۆر جار بە دیار تابلۆکانیەوە سەما دەکا، کەمانجە یا پیانۆ لێدەدات، بە دەوریانـدا دەسوڕێتەوە و چەپـڵە لێدەدا، هـەروەکو ئەوەی کە لەگەڵ خۆشەویسترین هـاوڕێی دابێ. لە کاتی کـێشانی تابلـۆکـانیشـیدا زۆر بە وردی سەرنج دەدات. تەمـەنی دوو سـاڵان بـوو، کە دادەنیشت بـۆ ماوەیـەک هـەردوو دەسـتی دەخستنە سەر زەوی، یا دەیخستنە بن گوێیەکانی و بیـری دەکردەوە. زوو هەسـتم بەوە کرد کە ئالیتا لە منـداڵانی هـاوتەمەنی خۆی جیـوازتـر و بیرتـیژتـر و خەیـاڵ فـراوانـتر و بەهـرەمەنـترە.. شـێوازیشی لە وێنەکـێشانـدا جـیاوازتـرە لە شـێوازی منـداڵانی تـر”
ئالیتا ئاندرا، هـونەرمەندێکی سوریـالی داهـێنەرە، تابلۆکـانی سیمبولین و گوزارشتن لە هونەری ئابستراکـتیفی، بە تەواویش بە ئاراستەیەکی تازەی دوور لە چاولـێکەری و لە دووبارەکردنەوەی کڵـێشەی باوی سەردەم تێپەڕیو. ئالیتا لە تەمەنی دوو ساڵییەوە، بوو بە خاوەنی شێواز و رێباز و ستایـلی خـۆی. میـدۆمێکی تری داهـێنا بۆ گوزارشتکـردن. گـۆڕانێکی نـوێی بە هـونەری شێوەکاری بەخـشی و ماتـریـاڵی تـری بـۆ زیـاد کـردووە. تاقیکردنەوەیەکی هەستی قـووڵی بە تابلـۆکانی بەخـشیون، هەر تابـلۆیەک لە تابلۆکانی چـیرۆکـێکن، یا رەخـنە، یا گوزارشتن لە خۆشی و لە داهاتوویەکی نموونەیی گـەشتر.
ئالیتا ئانـدرا، بە زۆری بۆیـەی ئەکـریـلیک (جـورە بۆیەیـەکە کە زوو وشک دەبێـتەوە) لەسەر قـوماشی سپی رووبەر گەورەدا دەکێشێت. لە زۆر لە تابلۆکانیدا، شتی سێ لایی بۆ زیاد کردوون، وەکو: دیناسۆر و بـۆق و پەپـوولە و پەنگینی پلاستیکی و مـوروو و گەڵا و توێکڵ و ریشاڵ و چیلکەی دار و کەوچک و کەمانجە و فرشە و پێڵاو و پـەڕی باڵـندە و گەلێ شتی تری تێکەڵ بە بۆیـەی سەر تابلۆکانی کردوون. ئەم شتانە رەهـەنـد و قووڵاییـەکی زیاتریـان بە تابلۆکـانی بەخـشیون و چـێژ و کاریـگەرییەکی زیاتـریشییان لەسەر خەڵکی هەیە. ئالیتا زۆر بە وردی و دیقـەت و بە بایـەخەوە تابلـۆکانی دەکێشێ. زیاتـریـش رەنـگە گەشەکـان بەکـاردەهـێنێ. هـونـەری شـێوەکـاری بـوونە بە گـرووپی خوێنی ئالیتا و بەبی وێنەکێشان هەڵناکا. تابلۆکانی وزەن بۆ گیانی و پەنجەرەیـەکـن بـۆ ئەقـڵ و هـزری داهـێنانی، مایـەی شـادی و کامـەرانین بـۆی. چـێـژ و خـۆشی و هـیوا و گەشبینیش بـە تەماشـاکەرانی دەبـەخـشـن.

رەخنەگـرانی شێوەکار، شێوازی هـونەری وێنەکێشانی ئالیتا ئاندرا، لە لیستی هـونەری ئابستراکتیفی (تەجریدی) ریزبەند دەکەن. لە تەکنیکی سوریالی خۆتەنی و رێکەوت دا. بە هـەریـەکە لـە کەڵـە هـونەرمەنـدە شێوەکـارە داهـێـنەر و بەنـاوبـانگەکـانی سـەدەی بیستەم، جـاکسـۆن بـولـۆک و سلڤـادۆر دالی و پابـلـۆ بیکاسـۆ بەراوردیـان کـردوون.
هەرچەنـدە کە ئالیتا، هونەرمەندێکی شێوەکاری سوریـالی نوێخـوازە، لەگەڵ ئەمـشدا، دەڵـێت:”مـن هـیچ دژایـەتیـیەکـم لەگـەڵ هـونـەری کلاسـیکیـدا نیـیە.. بـەڵام هـونەری ئابستراکـتیفـی سەربەسـترە.. شـێوازی مـن وەکـو گـەردوونی ئـازاد وایـە”
من تەنیا وەکو نووسەر و هەوادارێکی هونەری شێوەکاری، لە تابلۆکانی ئالیتا ئاندرام روانی و کەمێک تێگەیشتن و لێکـدانەوەم بۆیـان هـەیە. تەنیا ئەو کەسە هونەرمەنـد و رۆشنبیرییە هونەرییانە و رەخنەگرانە دەتوانن لە تابلۆ سوریالی و سیمبولییەکانی ئالیتا ئاندرا تێبگەن و تا رادەیەک ناخـی بخـوێنـنەوە و بە وردی رەنگەکـان و هـێڵکارییەکانی تابلۆکـانی لە هەمـوو روویـەکەوە لێـیان تێبگەن و بە جـوانی لێکـیان بدەنـەوە و واتـا و مەبەستەکانیان شیبکەنەوە، کە باکگـراوندێکی رۆشنبیریی هـونەرییان هـەیە و بەڵـەدن لە شـێواز و رێباز و لە قوتابخانە هـونەرییەکانی هونەری شـێوەکاری. چونکە تابلۆکانی سوریـالی و سیمبولـین و هەمـوو کەسێک بە ئـاسانی لێـیان تێناگـات. هـەر رەنگـێک لە رەنگەکـانی، هەر هـێڵـێک لەهـێڵەکـانی تابلـۆکـانی ئالیـتا واتـای سیمبولی خۆیـان هـەیە. دەربـڕینی هـزر و بـیر و زادەی خەیـاڵ و داهـێنانی ئالیـتای هـونەرمەنـدی نوێخـوازن.
شایەنی باسیشە، بێجگە لە وێنەکێشان، ئالیتا ئاندرا، چەند ئارەزوویەکی تریشی هـەیە، لەوانـەش: کەمانجـە و پیانـۆ لێـدەدا، گـۆرانی دەڵـێ، سەمـای بالیـا دەکـا و گـرنـگی بە فـیزیکی تیـۆری و زانیـارییە گەردوونییەکـان دەدا.
ئالیتا دەڵێت:” کەمانجـە تەنیا ئامـێرە کە دەکرێ، تـووڕەبێت، شـادبێت، خەمگـین بێت”

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوودم لە چەنـدین سـایتی ئینگـلیزییەوە وەرگرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٧/ یانـوار/٢٠٢١




شیعر/ گەڕان بە دوای دەرەوەی بازنەی کاربەدەستدا.. نەوزاد بەندی

ئەرێ له کوێ
ئاواییەک دەست ئەکەوێ ،
کاربەدەستەکانی ساڵ چوار فەسڵە ،
باسیان باسی موچە نەبێ ؟
( نامەوێ کاربەدەست ببینم
نامەوێ گوێم لە دەنگی کاربەدەست بێ ..
نامەوێ ڤێلا و کۆمپانیا و تاوەر و مۆڵ و
ئوتومبیلی زرێپۆشی کاربەدەست ببینم ..
نامەوێ هەواڵە جەرگبڕەکانی کاربەدەست ببیستم ..
نامەوێ ….
نامەوێ زەماوەندی دووەم و سێیەم و چوارەمی کاربەدەست ببینم ..
نامەوێ بوتڵێ ویسکی سکۆتلەندی کاربەدەست تەماشاکەم
نامەوێ چاوم بینەری
بڕوانامە بە چەقەنەیەک وەرگیراوەکانی ، کاربەدەست بێ ..
نامەوێ نەیارەکانی کاربەدەست ، ساڵ چوار فەسڵە ،
باسی ملیارەکانی کاربەدەستم بۆ بکەن )
لە کوێ دێیەک بدۆزینەوە ،
هەواڵی بە پەلەی کاربەدەستی تیا نەبێ ؟
لە کوێ ئەشکەوتێ دەست ئەکەوێ ،
شوێن پێ و
بەبەردبووی کاربەدەستی لێ نەبێ ؟
من ئەمەوێ هەڵفڕم ..
لەکام ئاسمان ،
شیناییەک هەیە ، مەقەستی کاربەدەستی لێ نەبێ ؟
( نامەوێ سەیری دەمی داپچڕاوی خەڵکانێک بکەم ،
لە جوانی کۆشکی کاربەدەست ، داپچڕا بێ ..
لە گەنجی و قۆزیی کاربەدەست ، داپچڕا بێ ..
لە زیرەکی وفەساحەت و بەلاغەتی کاربەدەست ، داپچڕا بێ ..
له دەسکەوتەکانی کاربەدەست لە هەر دەقیقەیەکدا ، داپچڕابێ …)
ئەرێ لە کوێ گۆڕێ شک ئەبەن ،
دروشم و سروودی کاربەدەستی تیا نەبێ ؟
چرایەک تۆ بڵێی شک نەبەن ،
کە نەوت و .. فتیلە و ..منەتی
کاربەدەستی تیا نەبێ ؟