كاری رۆشنكاریی هونه‌ری كاریكاتێر.. هه‌ندرێن خۆشناو

زۆرجار ده‌سته‌ی نووسه‌ران داوا له‌ هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریستی رۆژنامه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، كاریكاتێرێكی تایبه‌ت به‌ بابه‌تێكی دیاركراو بكێشێت، واباوه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز بێت، ئاڕاسته‌ی به‌شێكی فراوانی خوێنه‌ران بكرێت، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئاڕاسته‌كراو بوایه‌ بۆ به‌شێكی پسپۆر له‌ بابه‌ته‌كه‌، له‌وانه‌یه‌ پێویستی به‌ نیگارێكی رۆشنكار نه‌بوایه‌، به‌ڵام به‌شه‌ فراوانه‌كه‌ی خوێنه‌رانی تر توانای كردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ئاماژه‌كانی بابه‌ته‌كه‌یان نیه‌، به‌بێ هاوكاری و یارمه‌تی رۆشنكاریی، بۆیه‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران بڕیاری پشتگیریكردنی بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ ده‌ده‌ن، به‌ نیگارێكی كاریكاتێریی، یان گرافیكی یان هێلكاری یان هاوشێوه‌كانی تری رۆشنكاریی، زۆرجاریش كاریكاتێریسته‌كه‌ هه‌مان ئه‌و زانیاریانه‌ی بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ نێو كاریكاتێره‌كه‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆرجار هێلكارییه‌ به‌یانیه‌كانیشی ده‌خاته‌ناو، كاریكاتێره‌كه‌ش فاكته‌رێكی هاوكار ده‌بێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هێلكاری و نیگارانه‌ی بابه‌ته‌كه‌.
هه‌ندێك جار كاریكاتێره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ جێبه‌جێكراوه‌، و به‌ رێكه‌وت بابه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه نووسراوه‌كه‌ له‌یه‌ك ده‌چن، له‌ ئاكامی ئه‌و له‌یه‌كچوونه‌ش ده‌سته‌ی نووسه‌ران بڕیارده‌ده‌ن كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا بڵاوبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و كاریكاتێره‌ رۆشنكارانه‌ له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌ دروست ده‌كرێن، بۆیه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ش باش خوێندنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ بابه‌ته‌كه ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش كاریكاتێره‌كه‌ی خۆی ده‌كێشێت.

نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌ رۆشنكاره‌كان به‌ته‌نیا په‌یوه‌ست نین به‌ رۆشنكاریی بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان، زۆرجار شتێكی دیكه‌ش روون و رۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌كو رێكارییه‌كانی خۆپاراستن له‌ په‌تایه‌ك یان نه‌خۆشیه‌ك، یان چۆنیه‌تی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنێكی دیاركراودا و چه‌ندین شتی تریش، له‌م حاڵه‌ته‌دا زۆرجار كاریكاتێر به‌ شێوه‌ی پۆسته‌ر بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌ مه‌به‌ست لێیدا بانگكردنه‌ بۆ شتێكی دیاركراو، بۆیه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی پۆسته‌ری كاریكاتێریی، بۆ نمونه‌ ئه‌و پۆسته‌ره كاریكاتێرییه‌ی كه‌ له‌ باشووری ئه‌فریقیا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ رۆشنكاریی بۆ رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له‌ كۆماری باشووری ئه‌فریقیا.

ئه‌وه‌ی جێی باسه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ دیارده‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاونیه‌ له‌ رۆژنامه‌كاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ توانای بڵاوبونه‌وه‌ و پێشكه‌وتنی نیه‌، چونكه‌ داتا سه‌رژمێرییه‌كان زیاتر توانای تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هاوپێچ بكرێن له‌گه‌ڵ چه‌ند كاریكاتێرێكدا، بۆیه‌ زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان هانا بۆ ئه‌م شێوازه‌ ده‌به‌ن، پێمانوایه‌ كه‌ له‌ دواڕۆژدا ئه‌م دیارده‌یه‌ پله‌وپایه‌كی گرنگی ده‌بێت له‌ كاری رۆژنامه‌وانیدا.




بەفرەچاڵ لە “سنەی کۆن”دا.. نووسینی: جەمیل نەوەڕە

بەفرەچاڵ لە«سنەی کۆن»دا
خوێنەری هێژا، ئەم دەقەی لەبەردەستت‌دایە ، نووسینی کاک “جەمیل نەوەڕە”یە. کاک جەمێل لەم نووسیندا دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە “نیوسەدە” پێش و باسی سەردەمێک دەکات کە هێشتا “سەهۆڵی دەسکرد” و زۆر ئیمکانی ئاسان کردنەوەی ژیان سەریانهەڵنەدابوو، یا لانیکەم بەو ناوچەی ژیانی ئەو نەگەیشتبوو. بۆیە ژیانیش بەم ئاسانیەی ئیمڕۆ نەبوو. کاک جەمیل باسی هاوینی گەرم و هێنانی بەفر لە بەفرەچالەکانی کێوی بەناوبانگی “ئاویەر”( لە تەنیشت شاری سنە) بۆ ناو ئەو شارە دەکات کە خەڵک بۆ خۆ فێنک کردنەوە و فێنک ڕاگرتنی خوردەمەنی و… پێویستیان بوو. هەروەها بەگوێرەی پێوەندیی بە باسەکەیەوە، تا ڕادەیەک باسی چۆنیەتی ژیانی ئەو سەردەمەی شاری “سنە”مان بە تام و چێژێکی تایبەتەوە بۆ دەکات. کاک جەمیل ئەم دەقەی بە “بن‌زاراوە”ی ئەردەلان (سنە)یی نووسیوە، کە ئەوەش تام چێژێکی خۆشی داوە بە دەقەکە، بۆئەو کەسانەی کە بەو زاراوە دەدوێن.
من کە دەقەکەم خوێندەوە، بەپێی ئەوە خۆم زادەی ئەو دەڤەرەم، چوومەوە بۆ ڕابردوو، و هاوکات چۆنیەتی ڕاگرتن و هێنانی بەفر بەهاویندا سەرنجی ڕاکێشام. ئەوەبوو پێم باش بوو، جیا لەو کەسانەی کە بە بن زاراوەی ئەردەڵانی دەدوێن و دەخوێننەوە، هاونیشتمانانی زاراوەکانی دیکەش لەگەل ئەو مێژووە و ئەو بیرەوەورییە ئاشنا بن.بۆیە بە ڕاوێژ لەگەل کاک جەمیل هێنامە سەر رێنووس و شیوەنووسینی باوی کرمانجی خواروو(سۆرانی).
خەلیلی غەزەڵی

بەفرەچاڵ لە “سنەی کۆن”دا
نووسینی: جەمیل نەوەڕە

لەکاتەوە لە دەرەوەی وڵات دەژیم، یەک لەو شتانەی بەرچاوم کەوتوون و حەزم لێکردوە، بایەخدان بەڕابردوو،فەرهەنگ و سەربەردەی خەڵکی ئەم وڵاتانەوە بوە لە هەموو بوارەکاندا. لەو سەردەمانەدا کە فیلم‌و وێنە باویان نەبوە، بە رۆمان ، نەقاشی ، نووسینی بیرەوەریی و هەروەها بە هاتنی وێنە و فیلم هەوڵیان داوە باش و خراپ، گەورە و بچووکی جموجووڵەکانی نێو کۆمەڵگەی خۆیان تۆمار بکەن؛ تاکوونەوە ، نەتیجە ، نەبیرە و هەروەها نەسلی پاش نەسڵیان بزانن باب و باوەگەورەکانیان چۆن توانێویانە‌لەگەڵ سەخڵەتەکانیاندا ڕووبەڕوو بنەوە. یا چۆن ئەو کەلوپەلەی کە بۆ بەڕێوچوونی ژیان‌ پێویستیان بوە، بەدەست هێناوە.هەروەها چۆن ڕەسم و یاسا کۆنەکانیان تۆمار کردوە و هەموو ئەمانە‌لەکتێبخانەکان، قوتابخانە و زانکۆ و موزەخانەکان و لەم دوایانەدا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەبەردەس هەمواندان. بە هاتنی ئینتێرنێت و کەڵکوەرگرتن لەم ئیمکانە، تا بڵێی کەرەسەی مێژوویی سیاسی، کۆمەیەتی،فەرهەنگی بەشێوەی نووسراوە، بە دەنگ و رەنگ ئامادەکراوە و بۆ کەڵکوەرگرتن لەبەردەست هەمواندایە.
بەداخەوە ئێمەی کورد لەمبارەوە کارێکی وامان نکردوە و دەتوانم بڵێم زۆر هەژارین. ئەگەرێش کارێک لەلایەن خوێندەوارە کۆنەکانەوە کە زۆربەیان مەلا بوون کراوە سەبارەت بە دێن و ئیسلام بوە.
باسی مێژووی هەزاران ساڵە ناکەم. ئێمە تەنانەت مێژووی ٦٠، ٧٠ ساڵی رابردووشمان نەکردوەتە فیلم و رۆمان و بەداکیومنت نەکراون. بەختەوەرانە بە چوونە سەری ئاستی وریایی کەسانی لێزان و ئەودەرەتانەی ئیمڕۆ رەخساوە، زۆرکەس لەم بوارەدا چالاکن کە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم وهیوادارم نموونەیان زۆرتر بێت.

من بەهۆی ئەوەی کە نووسراوە یا فیلمێکم لە پێوەند لەگەل “بەفرە چاڵ” دا نەدێتوە و نەبێستوە، بەئەرکی سەرشانی خۆم زانی، ئەو شتانەی کە لەم بوارەدا دێتوومە بنووسمەوە. بۆ ئەوەی کە نەسڵی ئەمڕۆلە گەل ئەو هەلومەرجەی کە دانیشتوانی شارەکەمان (سنە)تێدا ژیاون ئاشنا بن.

بەیانی زوو، پێش خۆرهەڵاتن، بەرهەمی ئەو زەحمەتە لە شاردا دەردەکەوت و زۆرکەس هەر ئەو کاتیش نەیاندەزانی ئەو بەفرەی کە لەو هاوێنە گەرمانەدا دێتە بەردەستیان چۆن و لە کوێڕا هاتوە. دڵنیام گەنجانێک هەن بپرسن: ئەرێ بەڕاست پێش ئەوەی یەخەچاڵ و بەفرگر(فرەیزر) بێت، باو باپێرانمان لەگەرمای هاوێن بۆ ئاوێکی سارد، بەستەنی،سارد ڕاگرتن و پێشگرتن لە خراپ بوونی خواردەمەنیەکانیانچییان دەکرد؟ ئاخۆ هەر “بەستەنی”یان هەبوو؟

لە پێشدا پێویستە باسی ئەوە بکەم کە شاری “سنە” لەو کاتانەدا ئاوی لوولەکێشیی نەبوە.ئاوێک کە بە”حەفت ئاسیاو” دەناسرا، بەشێک بوو لە ئاوی شار کە لەگەڵ ئاوی کانیاوەکانی وەک: کانی دووشەم ،کانی شێخ هەتێم، کانی هانەکلی، کانیە پیرە، کانی مەڵا وەیسی، کارێز جەنەرباخی، کارێز پشت‌عومارەت خەسراوا، کانی مزگەوتی ئەمێن لە جەوراوا ، کانی مزگەوت رەشی قەڵابەگی، کانی دەواخانەلە گەڕەکی ئاغە زەمان و…و هەروەها “گونج فاتمە خانم” کە ئاوەکەی لە ئاویەرەوە سەرچاوەی گرتبو وبە لولەی گڵی(سوفاڵی)دەڕوێشت بۆ ماڵە دەوڵە مەنەکان، ئاوی شاریان دابێن دەکرد.
بەفرەچاڵ: واتا ئەو ئەرک و زەحمەتەی کە لە دەرەوەی شار دەچوە پێش، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک بتوانن لەم ئیمکانە بۆ ئاسانتر کردنی ژیانی خۆیان بەکاری بێنن. ئەم شێوە دروسترکردنی بەفرە چاڵ ،تایبەت بە شاری سنە و دەور و بەری بوو؟ گەر سەرچاوەی شوێنی دیکە بێ؟!من ئاگادارنیم و نەشم بێستوە لە شوێنی دیکە ، بەو شێوەی کە پاشتر باسی دەکەم جێبەجێ کرابێت.هەرچی بوو،هەر وەکوو سەرەتا باسمکرد، لە گەرمای هاوێن دا هێنانی “فێنکایی”(ئیمکانی سارد کردنەوە)بۆ ناوشار کاریکی گەوره و پڕ زەحمەت بوو و ئەمەیش جێگەی پێزانینه بو ئەوانەی وا زەحمەتەکە لە سەرشانیان بوو.دەکرێ بڵێم ڕیگەێکێش بوو کە جەماعەتێک (لە کرێگار، وڵاخدار و ئەوکەسانەی کەئێجارەیان دەکرد )بۆ بژیوی ژیان، ئەم کەسپ وکارە هەڵبژێرن.

یادی بەخەێر بابم دوای ئەوەی دیهات بە جی دێڵی ودێت بۆ شاری سنە (کورسان )پاش ماوەیەک،بەفرەچاڵ و یەخەچاڵی ئیجارە دەکرد و ئەم کەسپە و کارە ڕێگایک تر بۆ دابین کردنی ژیان بوو ، بەوبۆنەوه منێش هەرچەند منداڵ بووم، له زۆر لایەنی ئەوکارانەی پێوەندیی بە بەفرەچاڵەوە هەبوو سەرم‌دەردەهێنا. ڕاستیەکەشتان دەوێ، رەنگە ئەم شتانە وا من دەینووسم کامڵ و پوخت نەبن.
دەڵێن بێری منداڵی تێژه . هێوادارم بتوانم ئەوچتانەی کە دێومە بە جوانی بۆتان بگێڕمەوە.لە کەیەوە ئەم‌چالانە هەڵکندرابوون چەند نەسڵ پێش ئیمە لەم شێوە کارە کەڵکیان وەردەگرت، من نە بێستوومە و نە لەشوێنێک خوێندوومەتەوە.
له شاری سنەدا چەند بنەماڵە هەبوون که زۆربەی ئەرکی ئەم زەحمەتانەیان لە ئەستۆ گرتوە. پێش ئەوەی بابم
ئیجارەکردنی بەفرەچاڵ دسپێبکات، بنەماڵەی “بەرفی” که ماڵیان نزیک مزگەوتی داروغە، بەرەو مەیدانی”حه ێوانفروشەکان” بوو، خەریکی ئەم کەسپ و کاره بوون. هەر بەم بۆنەوە شۆرەتیان” بەرفی” بوو. (ئەوانەی یا لە یەخەچاڵ دا شارەزاییان هەبو بە بنەماڵەی یەخەچاڵی دەناسران) من ناوی چەن کەسیک‌‌لەم بنەماڵانەم لەبیره: ئا سەعی، ئا رەشی و ئا عەباس بەرفی کە سێ برا بوون و باوکیان ناوی”ئەسکەر”بوو (سەرچاوە کتێبی “شارەکەم سنە” مەحیەدێن حەقشناس).. دواجار بابم لە گەل ئا رەشی‌ وئا سەعی بوون به شەریک.
بنەماڵەی گەلەداری له گەڕەکی “قەتارچیان”دا یەکێکتر لەوانه بوون. کەسێک بەناوی “تاتەی گەلەداری” هەم بە فره چاڵی دەگرته ئێجاره و هەم هێنانی بەفر بۆ ناو شاریش لەسەر شانی بوو
باوکی منێش شەريک بۆ لە ئێجارەی بەفرە چاڵەکان دا و هەم ئیمکانی بۆ هێنانی بەفر و سەهۆڵ بۆناوشار فەراهەم دەکرد. واتا جێگە و ئیمکاناتی بۆ وڵاخەکان و گرتنی کرێکار بۆ بەڕێوە بردنی ئەمکارەشی لە ئەستۆ بوو.
بەفرەچاڵ و یەخەچاڵ سروشتی له بنەڕەت دا خاوەنی ماڵە دەوڵەمەنەکان ( بنەماڵەی وەکێڵ و سادق وەزێری) بوون که به ئیجارەیان دەدا.
تا ئەوجێگه من له بێرم مابێ، ٣ (سێ) بەفرەچاڵ لە دەوروبەری شاری سنە دا هەبوو. کە هەرسێکیان له کێوی “ئاویەرگەورە” دا بوون. رەنگە ئیستەجێگەکانیان بەهۆی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر تێپەڕێوە، کوێرەوە بووبن.ناوی هەرسێ بەفرەچالەکان ئەمانەن:
١ – “بەفرەچاڵ بانتا” چکۆلەتر لە ئەوانیتر بوو.
٢ – “بەفره چاڵ ناوڕاس”(نێوەڕاست)کە لەگەڵ بەفرەچاڵ بانتا له “دەشتی بانتا” بوون. خاوەنی دەشتەکە و هەردوو
بەفرەچاڵەکە “عەبدوڵا داناییان” ناسراو بە “عەبدۆڵادرێژ” بوو، کە شەش کۆڕی هەبوو) ناسر، شوکروڵا، فاتێح، مەنسوور، یەدوڵا، ماشەڵا(شوکروڵایان کە لە بان پردموسایە کانی سنە قاوەخانەی هەبوو). لەگەڵ بابم دا لە دابەش کردنی بەفر و سەهۆڵ شەرێک بوو. دیارە ” بەفره چاڵ ناوراس” چکۆلەتر لە”بەفرەچاڵ گەورە” و، گەورەتر لە “بەفرەچاڵ بانتا” بوو، کە‌دەکەوتە نێوان ئاویەرگەوره و دەشتی بانتا.
٣ “بەفرەچاڵ گەوره”. له نزیک لووتکەی ئاوێەرگەورە دا بوو، خاوەنی ئەم بەفرەچاڵە بنەماڵەی وەکێڵ‌بوون و ئەوان .دەیاندا بەئیجارە.
بەفرەچاڵ: چاڵێکی گەوره بە درێژایی ٢٠ تا ٣٠میتر وپانتایی١٠ تا ١٥ میتر و قووڵایی چەند میتریک بوو. بۆ چوونه
خۆارەوەی نێو چاڵەکه لە کاتی پاییزدا کە بەفر لە کەمی دەدا، دەبۆا بە چەند پلێکاندا بچوایتەخوارەوە.ئەم چاڵانە لەو شوێنانەی پێی دەگوترا “کەناو” (کەنداو)لێدەدران. بەڵام “كەناو” چی بوو. کەناو بە جیگەهایەکی چاڵ کە بەفرێکی زۆر تێدا کۆ دەبوەوە دەگوترا، کەبەفرەکەی دێرتر کەمی دەکرد و دەتوایەوە.
به نزێک بونەوەی بەهار و گەرم بوونی زەوی، بەفرەکە تۆزێک دەتوایەوە ودەنێشت. بەمجوره سفت دەبوو ودەتوانرا وەک قاڵب دەریبێنی. کە دەگەێشتە نێوڕاست مانگی بەهار، به جواڵ و ڕه شکه (جواڵ وەک‌تەلیس دەچوو، بەڵام ڕەشکه تۆڕی بوو)هەردووکیان له مووی بزن دروست دەکران.لەم دوو ئامرازە بۆ گواستنەوەی هێندێک بار وەک: سوخاڵ(خەڵووز) ، ئاڵف، کا، شووتی و کاڵەک و …هێندێک شيتی دیکە کەڵکوەردەگیرا. بۆئەوەی بەفرەکەی نێوبەفرەچاڵ زوو نەتوێتەوە، “کا”یان بار وڵاخ دەکرد و دەیانهێنا بۆ بەفرەچاڵەکان بۆ داپۆشانی بەفرەکه . تا گەرما کاری لێ نەکات و نەیتاوێنێتەوە. هەر بەفرەچالێک بە نزیک ١٠سانت کا دادەپۆشرا. ئەگەربارانێک ببارای لە “کا”کە تێدەپەڕی، ئەمە دەبوە هۆی ئەوەی کە بەفرەکە زیاتر بڕواتەیەک، ئەوەش‌یارمەتی دەدا کە لە کاتی بڕێن و دەرهێنانی بەفرەکە له بەفره چاڵ دا باشتر به قاڵب بێتەدەر ،هەر بەمبۆنەوە بارکردنێشی ئاسانتر دەبوو.

با ئەوەش بڵێم کە ئەم شێوە کارە بەوتەی ئیمڕۆ، بێهداشتی نەبوو ولە کاتی “بەفراو” خواردنەوەدا پووشی‌بەستووی ناو بەفرەکە ئەکەوتە ناو ئاوەکە و دەبوو بە فوو لێکردن یا بەقامک لە ناو ئاوەکە دەرت دەهێنا،پاشان ئاوەکە ئاوەکەت دەخۆرایەوە . زۆرجار بوو کە شارەداری (بەلەدیە)پێشی بە هێنانی بەفری‌بۆنێو شاری دەگرت. بیانووشی بێهداشتی نەبوون ڕادەگەیاند. هەر بەم بۆنەوە (بێهداشتی نەبوون)زۆرکەس بەفریان بوفێنک هێشتنەوەی ئاو و پێشگرتن لە خراپ بوون و گەنیویی گۆشت ومیوە ،هەروەهابۆدروسکردنی “بەستەنی” بە کاریان دەهێنا.
کە وەرزی هاوێن دەستی پێدەکرد و گەرما سەری هەڵدەدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو کە بەفرە کە ببڕن ودەربێنن و باری بکەن بۆ شار.سەرەتا “بەرکان”ێک یان لە بەفرەچاڵەکە ڕادەخست (بەرکان =ڵای‌پێشەوە)، جا بەفره کەیان به “مشار”ێک که تایبەت بە بەفربڕێن بوو به شیوەی قاڵبی گەورە دەردەهێنا وقاڵبەکانێشایان لە یەک مەزەندە و ئەندازەدا دەبڕی به هەر قاڵبێک دەگوترا “تا” و به نێوەکەیان دەوت”نێمە تا”(نێوە تا). چونکه بەعزه مشتەریەک نێوە تایان دەوێست.(سفارشیان دەدا). مشاری بەفربڕێنەکە لە ئاسنێک سەخت پێکهاتبوو، بە شێوەیەک که تەنیا بۆ ئەوکاره (بەفر بڕین)بە کار یان دەهێنا. دریژیی مشارەکه جگه له دەسکەکەی، نزیک ٥٠ تا ٧٠ سانت دەبوو و دەندەی(ددانەکانی)مشارەکەش درێژتر له مشاری داربڕێن بوو.

له هەر بەفرەچاڵێکا چەن کرێکارێک کاری دەکرد، بەڵام بڕێنی بەفرەکە کارێکی قورس بوو و کرێکارێک یپێوێست بوو که حێسابی به خوەیانەوە بن و هێزو قودرەتێکی زۆرتریان هەبێت. دیاره ئەو کرێکارانە کەبەفریان ئەبڕی هەقدەستی زۆرتریان وەردەگرت. کرێکارەکان بۆ ئەوە هەم تەڕ نەبن و هەم لە سەرمای نێوبەفرەچاڵ دا لە نەتەزێن ، “موشەما”یەکیان کە لەسەر سنگەوە تا سەرپەنجەی پێ درێژ بوو ( وەک بەروانکە)لەخۆیان دەئاڵاند. پاش بڕێن و حازر بوونی قاڵبه بەفرەکان، لە بەفرەچاڵ دەریان دەهێنا دەری و دایاندەنا. تا ئەوکاتەی پێویستیی ئەوروژە ئامادە دەکرا ، بەفرەکە ئێتر لە بەفرەچاڵ هاتۆە دەرەو کەم کەم‌دەتوایەوە وئاوی لێ دەتکا.

پێش بارکردنی قاڵبە بەفرەکان، بۆ ئەوەی کۆپانی وڵاخەکان تەڕ نەبن ، موشەمایکی ئەستوور ئەدرا بەسەر کوپانی کەر ، هێستر و یابوەکاندا .پاشان ئەو کەسانە کە خاوەنی وڵاخەکان بوون بەفریان باری‌وڵاخ دەکرد بەرەو ناوشار لێدەخوڕێن. جيا لە شەونخوونی ئەو شەوە، لە ڕێگای پێچاو پێچی “ئاویەر” تانێو شار چەندە باری وڵاخ بەلادا دەکەوت یا شل دەبوەوە و وڵاخدارەکان چۆن کارەکانیان بەدروستی‌جێبەجی دەکردبابمێنی بۆکاتی خۆی.
بەیانی زوو، پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت، “تا” و “نێم تا” بەفرەکان یەکه یەکه له بەردەرکەی ئەو دووکانانەدا کە زووتر داوای بەفریان کردبوو، لە سەر وڵاخەکان دادەگێران و لە پێش دوکانەکاندا دادەنران.خاوەن‌دوکانەکان دەبوو زووتر بهاتبان و لەوجێگە سێبەردارە کە پێشتر ئامادەیان کردبوو بەفرەکانیان دا دەنا وبۆ بەرگری لە گەرما و توانەوەی بەفرەکە، بە تەلێس (کەنەف) چەند لۆ .دایان دەپۆشی.

وڵاخدارەکان پاش دابەشکردنی بەفرەکان، بۆ ئەوەی دوبارە هێز بگرنەوە، دەبوو لە ماڵ دا وچانێکیانبدایە. تا شەو بتوانن دێسان بەرەو بەفرەچاڵ بکەونەوە ڕێگە، تا رۆژێکتر وەک روژی پێشوو دەسپێبکەنەوە. ئەم شێوەکارە چەن مانگی دەخایاند .تا بەفرەچاڵ خاڵی دەبوو.
پاش نیوەڕۆ ئەوکەسە کە بەیانی لە گەل وڵاخدارەکاندا بۆ دابەشکردنی بەفرەکان بە سەر دووکانەکاندابەشدار و بۆ مشتەریەکان ناسراو بوو، دووکان بە دووکان دەگەڕا و پووڵ بەفرەکەی کۆ دەکردەوە. لە زۆرجێگا ئەم کەسە بە بەستەنێەکی ناندار، یا لێوانێک دۆ میوان دەکرا.

کەسانیک له شار سنەدا شارەزا و وەستای به ستەنی بوون (بەستەنی فروشە کۆنەکانی شار ئەمانەبۆن: شەرێفیان دووکانەکەی لە پاساژ موشرفی بوو، وەحدەت لە شەقامی شاپوور ،عەباس مەولوو لای‌دووخانیات شەقامی پەهلەوی، بورهان بەرانبەر بەر مزگەوتی والی لە شەقامی فێردەوسی، ئەولەلیی لەتەنیشت مزگەوتی جامێعە و ئەورەحمان بەرباغ ملی
و…(کەسانێکیش هەبوون کە بێ ئەوەی دوکانێان هەبێت، لە سووچێکی شەقامەکانەوە بەستەنێان‌دروست دەکرد و بە قەندان دەیان فروشت، بۆ ئەوە خەڵک ئاگادار بکەنەوە بە دنگی بەرز هاواریان دەکرد:”قەندانی قەرانی بەستەنی. قاپێ مەنێکە”.هەروەها« یەخدەربەهەشت »(چلوورە)لەبەر ئەوە بەرهەم هێنانی ئاسانتر بوو، لە شەقامە شلۆقەکان دابۆبەدەست هێنانی بژیوی ژیان دەفرۆشرا، لە زۆر شوێن دا بەرهەم دەهێنرا.
لە زۆرێک لە بەستەنی فروشیەکاندا، “فالودە”ش هەر بەو ئامرازانەی کە بەستەنی پی دروست دەکرا،بەرهەم دەهات. خاونانی ئەم پیشەیە (واتا بەستەنی و فالوودە و یەخدەربەهەشت)له مشتەریەهەمێشەییەکانی بەفر بوون لە هاوێنان.

بەستەنی فروشەکان لە زستاندا و کاتێک هەوا ساردی دەکرد، کارەکەیان دەگۆڕی و دووکانەکەیان‌دەکردە قاوەخانە و ژمارێکیان “باقلاوا”شیان دە فروشت. به راستی تام و لەزەتی ئەو بەستەنییانەهیچکات لەبێر نەسڵی ئەو سەردەمە ناچێتەوە.
له هاوینان دا منداڵی بنەماڵە دەست کورتەکان، ڕوویان دەکردە بەفراو یا سەهۆڵ ئاو فروشتن ولەم‌دوایانەدا بە تەپەتەورە (جێ سەهۆڵێک بوو کە لە “یونولیت” دروست دەکرا و سەهۆڵ یا هەر شتێکی‌ساردی بۆ ماوەیەک رادەگرت)یکەوە کە پڕیان دەکرد لە “یەخدربەهەشت” کاسپی یان دەکرد.
ئەم کارە سەرەتاکان زیاتر له دەوروبەری “بەرحەوزەکە”(مەیدانی شا)دواتر، له سەێرانگاکان دا وەک‌خەسراوا، مۆارەکاوا، ،ساق ئاوا(٣ سەێرانگەی بەناوبانگی شاری سنە لە داوێنێ کێوی ئاویەر )و بەرگاراجەکان وبەگشتی شوێنە شلۆقەکاندا ڕەواج و بڕەوی هەبوو. دیارە ئەم کارەش بۆ مندڵان شوغڵیکی‌ئاسان نەبو. ئەم مندڵانە دەبۆو تونگێک یا گۆزەێک ئاو ووکاسەیەکی پڕ لە بەفر یا سەهۆڵ یان بە دەستەوە،یا تەپەتەورەیەک پرلە چلوورە، کە قورسیش بوون، لەسەرشان دابنایە و به نێوشار و سەیرانگاکاندا بیانگەڕاندایە. پۆڵێکێش کە لەم زەحمەتە دەست دەکەوت بۆخەرجی بنه ماڵەکانیان بوو.

بەفراو یا سەهۆڵ ئاو له ئەسڵ دا کاسەیکی داشای یا “پەناباد”ێک بوو(نێم قەران)به عزه منداڵێک کەزیرەک بوون ، بەمشتەریەکەیان دەگوت:”بێلەقێنی قەرانێک، نەێلەقێنی داشای”. ئاخر ئەگەر کاسەکەت‌بلەقاندای(لەراندنەوە) بەفره که یا سەهۆڵەکە زووتر دەتوایەوە و ئاوەکەی زۆرتر ساردەوە دەکرد کەئەوە بەزەرەری منداڵەکە بو. ئەبوا دوبارە پۆڵی بدایە و بەفر یا سەهۆڵی بکڕێبای. ئەم بەزمەی لەقاندن ونەلەقاندن دەمبەدەم لەنێو شارا دەگەرا و دەبوە هۆی پێکەنینی خەڵک.
لەمانە گەڕێین، خه ڵکی شار و دیهاتەکان به شێوەی دیکە دەبوو ئاوی ساردیان دەست خستایە. لەوشوێنانەی کە کانی
ئاوێک، یا بێریک کە ئاوەکەی خاوێن بوایە و له نزیکیانەوە بووایە، لەوکاتەدا کاریان ئاسان بوو. لە‌زۆرێک لە ماڵاندا بە دۆڵچە (سەتڵی لاستیکی) ئاویان لەبێرهەڵدەکێشا و دانانی جەڕجەڕە وترومپا لەسەر بێرەکانەو رێگەی دیکە بوو بۆ بەدەس هێنانی ئاوی ژێرزەوی کە سارد بوو. لە زۆرجێگەدا ئاوی بێرپاک نە بوو و بۆ خواردنەوە نەدەبوو، هۆکار نزیک بوون لە ئاودەست یا سەنگێن و قورس بوونی ئاوەکەی‌بوو. ئەم شیوە ئاوە تەنیا بۆ جل شووردن و ڕژاندن کەڵکی لێوەردەگیرا.

با ئیشارە بەوەش بکەم کە لە زۆربەی گەڕەکەکاندا، ژنگەلێک هەبوون کە پێان دەگوترا “ئاوکێش”کە ئاوی خواردنەوەیان لە کانیاوەکانەوە بۆ ماڵان دەبرد. ولە بڕی کارەکەیان مانگانە پوولێکیان لە خاوەنماڵەکان دەستاند.ئەمکارە بە زستاندا زۆر ئەستەم بوو. چوونکە دەبوو بە نێو بەفر و باران قوڕ و لیتاودا دائەم ژنه زەحمەتکێشانە ئەو ئەرکەیان بەجێگە‌گەیاندبای. هاوتەمەنەکانی من و هەروەها زۆر کەسیتر حەتمەن ئەو ژنە زەحمەتکێشانە لە گەڕەکەکانی خویاندا دەناسن و رەنگە ناوێشیان لەبیر مابێ.
بۆ ئەو دووکانانەی (وەک قاوەخانە و بەستەنی فروشی )کە ئاوی زۆرتریان پێویست بوو، پیاوێک کە بەویش هەردەگوترا “ئاو کێش”، ئەم کارەی دەکرد. کە دەورێشیک بە ناوی “مەشکە ڕەش” وە کەسێکتربەناوی “دەوریش کەریم” دوو نموونەی ئاوکێشی پیاو بوون کە من ناویانم لە بیر ماوە. دەروێش کەریم‌قرۆشکەێکی( جۆرە پەرداخێک )پی بۆ هەر کەسی تێنو داوای ئاوی لیدەکرد زوو ئاوەکەی لە سەر شانیداەنا و بە روێکی خۆشەوە قروشکەی ئاوی پی دەدا.

خەڵک ئاوی خواردنەوەیان به شێوەی دیکەش سارد یا فێنێک دەکردەوە. بۆ ئەم کاره له “تونگ” و”گۆزە”ی سوور
کەڵکوەردەگیرا. لە زۆر جێگا تەلیسێکیان بە ئەندازەی تونگەکە دروست دەکرد و تونگ یا گۆزەکەیان دەخستە نێوی و ئاویان پێدا دەکرد ودەیان خووساند بۆ ئەوە تەڕ بمێنێتەوە و ئاوی نێو تونگەکە گەرم نەبێت. بەوشێوە هەم تامی ئاوەکەی خۆەش دەکرد هەم ساردێش ڕایدەگرت .
شارەداری (بەلەدیە)بە تانکر ئاویان دەهێنا بۆ گەڕەکە هەژارنشێنەکان کە ئاوی کانێاوەکان بەشینەدەکردن. لە کاتی دابەشێنەوەی ئاوەکەدا دەبوە تێکە و لێکە کە زۆرجار لەسەر ئەوەی نۆرەی کێ بووە،شەڕ و هەڵای لێدەکەوتەوە.

هیندێک ماڵە دەوڵەمەندێش یەخەچاڵ نەوتییان هەبوو، هەروها ژێرخانیان ( ژێرنهومی)هەبوو بۆ ڕاگرتنیمیوه و باقی ئەو خواردە مەنیانە زوو خراپ دەبوون. بەو ژێرخانانە دەگوترا “حەوزخانە”.
له نێو شاردا زۆرێک لە ماڵە ئەعیانەکان وەک بنەماڵەکانی سەردار، وەکێڵ، بابان ، غەیاسی و حەبێبی ئاوی “جاری” یان هەبوو. بۆ هێنانی ئاو لە ریگەی قەنات و لوولەی سوفاڵی ئاویان بۆ خویان کێشابوو.ماڵی سەردار دەرگای حەسارەکەیان دانەدەخست. حەوزخانەیەکیان هەبوو کە دانیشتوانی شار بوبردنی ئاو بۆ ماڵەکانی خۆیان، یا ئاو خواردنه وه، یا خو فینک کردنەوە روویان تێدەکرد.
من هەوڵمدا بەزمان دایکیم، واتا بە زاراوەی سنەی ئەم دەقە بنووسم کە لە زۆر جێگا بۆ وشەی گونجاوگێرم دە کرد.
ئەمە ئەو شتانە بوو کە من لە بەفرەچاڵ و ژیان لەو سەردەمەدا وەبیرم دێنەوە. دڵنیام کەسانی دیکە هەن لەمبارەوە بیرەوەریی باشتریان لەوەی من هەیە. هەروەک لە سەرەتاشدا باسمکرد، دڵخۆش دەبم ئەوکەسانەی کە ئەم نووسراوە دەخوێننەوە، تا ئەو جێگەی پێیان دەکرێ بە زانیارییەکانی خۆیان ئەم دەقەدەولەمەند بکەن و کەم و کووڕیەکانی بخەنە ڕوو.

ئەم نووسراوەیە لە جیهانی ئیمڕۆدا و بەم هەموو پێشکەوتنەی زانست و تێکنیکەوە، ئیمکانی هەیە لای هێندێک کەس بەهۆی ئەوەی ئاوڕدانەوە لە ڕابردویە، جێگەی رخنە بێت. من پێمخۆشە هەموو نەزەر وروانگەی خۆیان دەربڕن. من بەدڵ ئاوڵاییەوە ئامادەی بێستنم و پێی خۆشحال دەبم. ئەگەر کەسیش هەبێ پرسیاری هەبێ، تا ئەو جێگەی زانیاریم هەبێ وەڵامدەر دەبم.
ئیتر ئاواتی تەندروستی بۆ هەمووان دەخوازم
ئەگەر بەخت یار بێت، لەسەر “یەخەچاڵی سروشتی” کە هاوکات بوو لەگەل ئەم سەردەمەدا و لەسەر ژیانی خەڵک چ دەورێکی هەبووە، دەنووسم.

ئاویار



دەردە کوردبوون و جلی کوردی.. هۆمەر نۆریاوی

1 – ئەو جوگرافیایەی کە هەنووکە لە قامووسی سیاسیی جیهاندا بە “ئێران”،ناودێرە،وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە هەر کامە لە نەتەوەکانی نێو ئەم جوگرافیا بەرینە،خاوەنی زمان و فەرهەنگ و مێژوویەکی جیاواز و دەوڵەمەندن. بە درێژایی 40 ساڵی ڕابردوو ،مخابن زمان و فەرهەنگی هەر کامە لەم نەتەوانە خاسما کورد، بەردەوام وەبەر شاڵاوی چەوتی ئەقڵییەتێکی نەزۆک و گەمژانەی باڵادەست کەوتووە. جارێک،سووکایەتی بە زمان دەکرێت،جارێکی دی،فەرهەنگ و کولتوور وەبەر هێرش دەدرێت و جاری وایشە خۆڵ لە چاوی مێژووی ئەم نەتەوانە دەکرێت؛یان بە واتایەکی ڕاستتر،هەوڵی شێواندن و ئاوەژووکردنی مێژووەکەیان دەدرێت. چونکە دەستەڵات و فەرهەنگی باڵادەست هەر لە دێر زەمانەوە هەتا هەنووکەیش بەردەوام بە چاوێکی نەوی و نزم دەڕوانێتە نەتەوەکانی دی نێو ئەم جوگرافیایە و لە ڕاستیدا ئەم فەرهەنگەیشی بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێرانی گوێزێتەوە و زۆرینە،هەڵگری هەمان بۆچوون و ڕوانگە لە هەمبەر نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێراندایە.

2 – ئەم پەلامارە دژە مرۆیی و کرێتە،هەندێک جار لە کەناڵە بە ناو “میللی”یەکانەوە و لە لایەن ژمارەیەک میدیاکار(پێشکەشکار و بێژەر)ی نەخوێندەوار و کاڵفامی خاوەن ئەزموونەوە ئەنجام دەگرێت کەچی بڕێک جار،ناوەند و سیما زانستیی و هونەریی و ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئەم هێرشە ناسەردەمییانە دەکار دەگیردرێن. ڕووی ئەم چەند پەیڤە لە نوێترین هێرشی کاڵفامانە و ناسەردەمییانەی پێشکەشکارێکی نەخوێندەواری کەناڵێکی فەرمیی حوکوومەتە کە “جلی نەتەوەیەک” نیشانە دەگرێت و وێڕای ڕێزی فرەوانم بۆ چینی “شڤان”،بە جلی شوانان، ناودێری دەکات. ئەم پێشکەشکارە قسەزل و گەمژەیە کە بە پارەی حوکوومەت،لە کەناڵی ڕەسمیی وڵاتێکەوە، فەرهەنگی نەتەوەیەک وەبەر هێرش دەدات، ئەوەندە نەخوێندەوارە کە سەرەڕای ئەوەی لەسەر گیرفانی حوکوومەت بە هەر هەموو ئێران و بگرە دنیادا گەشت و سەفەری فرە و فرەوان دەکات،کەچی هێشتاکە تۆسقاڵە شارەزایەتییەکی لەسەر خۆیان گوتەنی”ئەتنە ئێرانییەکان”نییە و سووک و هاسان ،بە بێ ئەوەی وەبەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بکەوێت،تا دێت تریبۆنی گەورەتری دەخرێتە بەردەم. تاڵتریش ئەوەیە کە دواتر خۆی بە کورد لە قەڵەم دەدات کە برین و دەردەکە سەد هێندە کاریتر و پڕزامتر دەکات. ئەم چەشنە بێڕێزیکردنە بە جلی نەتەوەی کورد ڕاست دەمباتەوە بۆ نێوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی(نێوەڕاستی هەشتاکانی زایینی).

3 – ئەو کات،خوێندکاری کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانستگەی تاران بووم. جارێکیان مامۆستای وانەی “خەسارناسیی کۆمەڵایەتی”،دوکتۆر “ڕەحمەتوڵڵا سدیق”، تەوەری باسەکەی لەسەر چەشنەکانی گزیکاریی و لادانی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا بوو کە “لەبەرکردنی جلی کوردی” بە نموونەیەکی ئاشکرای لادان لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە تێکدانی فەرهەنگی بەناو ئێرانی ناوزەد کرد. ئەم مامۆستای زانستگەیە کە بڕوانامەی دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە زانستگەی “سۆربۆن”ی پاریس وەرگرتبوو،سووک و هاسان بەو چەشنە کەوتە سووکایەتیکردن بە فەرهەنگی نەتەوەیەک و یەک کەسی بە ویژدانیشت بەردیدە نەکەوت،بەرەنگاری ببێتەوە،یان بە واتایەکی ڕاستتر،کەسی متەقی لێوە نەهات. کاتێک ئاخاوتنەکەی کۆتایی پێ هات،ڕووم تێ کرد و وتم: “مامۆستا دەمەوێت بۆ کۆڕ و دانیشتنی داهاتوو لەسەر جلوبەرگی کوردی قسە بکەم”. پێشوازی لە پێشنیازەکەم کرد. بۆ حەوتەی داهاتوو دەستێک جلی کوردیم لەبەر کرد و ڕووم لە کۆلیژ نا. هێشتا نەگەییشتبوومە نێو حەوشە و باخچەی کۆلیژ،کە هەر یەکە و بە ناو و ناتۆرەیەک، بانگی دەکردم. کاتێک کۆڕەکە دەستی پێکرد،مامۆستا ڕەحمەتوڵڵا سدیق،ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “وا دیارە ئاغەی… دەیهەوێت دیفاع و بەرگری لە خۆی بکات،ئاغەی … فەرموو”.

سەرەتا کەوتمە ئاخاوتن لەسەر فەلسەفەی دامەزرانی کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکی فرەی وانەکانی تەرخانە بۆ خۆیان گوتەنی؛چاند و فەرهەنگی ئەتنە ئێرانییەکان. وتم:”جێی داخ و کەسەری زۆرە لە کۆلیژێکدا ناوەکەی بۆ خۆی هاوار دەکات کە پێویستە ڕێز لە زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی نێو وڵاتێک بگیردرێت،هەر لێرە و لە تریبۆنی زانستگەوە سووکایەتیی و بێڕێزی بە فەرهەنگی کورد دەکرێت. خوێندکاری نێو زانستگەکانی ئێران ئەوەندە شارەزایەتی لەسەر هۆز و خێڵە سوورپێستەکانی ئەمریکا هەیە، هەزار یەکی لەسەر خۆتان گوتەنی؛فەرهەنگ و چاندی ئەتنە ئێرانییەکان شارەزایەتی نییە و بگرە هەر هیچیش نازانێت”. دواتر،کەوتمە باسکردن لەسەر تایبەتمەندییەکانی هەر کامە لە بەش و پارەکانی جلی کوردی و دەسکەوتیان لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا. کە کۆتاییم بە قسەکانم هێنا،کاکی مامۆستا ئەوجار ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “بەڕێزینە،بەڕاستی من ئەم شتانەم نەدەزانی و شارەزایەتیم لەسەر ئەم پرسانە نەبوو. هەر لێرە و لەبەرچاوی هەمووان داوای لێبوردن لە ئاغەی … دەکەم”. من عەرزم کرد،دوکتۆری هێژا،داوای لێبوردن لە نەتەوەیەک بکە کە من ئەندامێکی هەرە گچکەی دێمە ئەژمار.

4 – هەنووکە پاش گەلێک ساڵان،ئەمجارە “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”،پێشکەشکاری کەناڵی دووی ئێرانی، لە سەردەمێکدا کە بە چاخی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و زانیاری ناودێرە،بە لەونێکی بێشەرمانە،لە شاشەی کەناڵێکی فەرمییەوە، سووکایەتی بە جلی نەتەوەیەک دەکات. پێشکەشکاری کەناڵی بە ناو میللی،مەیلەکییانە دەئاخفێت و بە بەرچاو بە میلیۆنان کەسەوە،سووکایەتی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەیەکی دێرین دەکات.
ئەمە قسەی “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”یە کە،ڕێزنان لە کەسی بەرانبەرت،سەرەتاییترین ئەرک و ڕەوتاری کۆمەڵایەتییە و پێشکەشکار پێویستە ڕێز لە میوان و بەردەنگی بەرنامەکەی بگرێت کەچی بۆ خۆی،ڕاست بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و فەرهەنگی نەتەوەیەکی خودان ژیار نیشانە دەگرێت. میوانی بەرنامەکەی گەنجێکی کورد دەبێت بە ناوی دوکتۆر “فەریبورز عەزیزی” کە خەڵکی گوندێکی دەڤەری هەورامان بە ناوی “زەردۆیی”یە و لە کرماشاندا مەزن دەبێت. کاتێک پێشکەشکار پێی دەڵێت؛ئەم جلی شوانییە چییە لەبەرت کردووە،وەرامی دەداتەوە:”ئەم جلە، یادگاری کاوەی ئاسنگەر و هێمای ڕزگاربوون لە ژێر چنگی ملهوڕیەتییە”. جێی ئاماژەپێدانە کە فەریبورز عەزیزی دواتر کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر ئەم پرسە بڵاو دەکاتەوە کە ڕاستیت گەرەکە هیچ لە واقیعە هەژێنەرەکە کەم ناکاتەوە.

5 – لە نێو وڵات و سیستەمێکدا زۆرینە بە ئەقڵییەتی نەتەوەی باڵادەستەوە بار دێت و گۆش دەکرێت،مرۆ و کەسایەتی نەتەوەکانی دی، با بلیمەت و زانستوەر و مامۆستای زانستگەیش بن،هەمیشە بە چاوێکی نزم و نەوی سەیر دەکرێن هەر بۆیە پێشکەشکارێکی ناسراو بەو چەشنە بێڕێزی بە نەتەوەیەک دەکات و هەرگیزیش گوشارێکی بۆ سەر دروست نابێت. پێویستە هەموومان لە هەمبەر ئەم بێڕێزیکردنەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و هەڵوێستمان هەبێت و بە دژی سەرچاوەی سەرەکی سووکایەتیکردنەکە بوەستینەوە ئەگینا سبەی شاڵاوی دیکەی بە دوادا دێت. کورد و کوردبوون،بۆ هەمیشەی دیرۆک بە چقڵی چاوی ناحەزان دەمێنێتەوە بەڵام مرۆی کورد تا کەنگێ دەبێت بەدەست ئەم دەردە گرانەوە بتلێتەوە کەچی ویژدانە تۆپیوەکانی ناوخۆ و دەرەوە(بە ناو ڕۆشنبیرانی ئێرانی)، متەقیان لێوە نایە و بگرە بەرانبەر بەم بێڕیزیکردنەیش،خەنین و لە دوور و نزیکەوە،ڕمووزنانە و بەدرۆ،جاڕی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لێ دەدەن!




ناوی كتێب: پشیلەکەی بریژێت!.. نووسینی: جەلال قادر

ناوی كتێب: پشیلەکەی بریژێت!
بابەت: چیرۆك
نووسینی: جەلال قادر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 500 دانە
نرخ: 3000 دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم
ساڵی چاپ: 2017

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) بڵاوده‌کرێتەوە

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) لە نووسینی (گۆران سەباح) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانە گۆران سەباح ده‌ڵێت: مرۆڤی هەرزان ئەزموونێکی نوێیە لە ڕووی ژانری ڕۆمان، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە، کات، شوێن، تێما و کارەکتەر. ژانرەکە خەیاڵی زانستییە (خەز). لە ماوەی ڕابردوودا، دە باسی تێروتەسەلم لەبارەی خەز نووسی، بە درێژی باسی چۆنێتیی نووسینی خەزم کردووە. زمانی (مرۆڤی هەرزان) ورد و پاراوە، تایبەتە بە خەز. زمانی خەز ئاسان نییە چونکە دەبێ ڕەچاوی لایەنی زانستی و تەکنیکی بکرێت، ئەمەش پێویستی بە زاراوەی تایبەت هەیە. مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی زمانێکی تایبەت بە خەیاڵ و زانست کە جیای بکاتەوە لە ژانرەیلی تری ڕۆمان. تەکنیکی گێڕانەوەکە کەسی سێییەمی سنووردارە کە ئاستەمترین تەکنیکە، لە دەرفەتی تر بە وردی باسی دەکەم. تێمای (مرۆڤی هەرزان) ڕۆمانەکە جیا دەکاتەوە لە ڕۆمانەیلی تر. باسی خۆکوشتن دەکات، پێمان دەڵێت بۆچی فەلسەفە و هزری رۆئاوا مرۆڤیان بەرەو ئاقاری خۆکوشتن برد. پێشمان دەڵێت فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ئایین و زانست دەتوانن چی بکەن بۆ چارەسەری خۆکوشتن. کاتەکە لە داهاتووە، باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات. (مرۆڤی هەرزان) فرە شوێنە: بۆشایی ئاسمان، هەولێر، نیویۆرک، پاریس، تاران، چەندان شوێنی تر. کارەکتەرەیلی سەرەکیی (مرۆڤی هەرزان) گەنجن، لە نێوان ١٤-٢٠ ساڵی دان، ئەمەش ڕۆمانەکە دەکاتە جۆری (گەنجی تازە پێگەوییو، واتە Young Adult).
پەرەگرافیک لە ڕۆمانەکە:
” شووشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەڵێت ئەو باسی خەون ناکات. مردوو خەون نابینێت، شتەکان بە واقیعی دەبینێ و هەستیان پێ دەکات، ئەزموونی مردن دەکات و دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی ئەزموونەکەوە مرۆڤ دەزانێ لە دنیای مردن چی دەگوزەرێ، دەزانن بەرەو کوێ دەچن، بەمەش نرخ و مانای ژیان دەدۆزنەوە.”

وەک هەوڵێکی نوێ، نووسیار داوای لە دوو نووسەر و کەسایەتی دیاری بوارەکە کردەووە کە پێشوەخت و پێش لە چاپدانی ڕۆمانەکە، خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بنووسن و دواتر لە بەرگی پشتەوەی ڕۆمانەکە دادەنرێت. ئەد دوو نووسەرش: خانمە نووسەری کورد ”ئاڤە هوما” کە بە ئینگلیزی ڕۆمان دەنووسێت. لەگەڵ نووسەری بە ئەزموون بەدران ئەحمەد حەبیب.

”مرۆڤی هەرزان” لێوانلێوە لە داهێنان، هەجوی سیاسی و هۆشیاریی ئیکۆلۆژی. ڕۆمانەکە ئاستێکی نێودەوڵەتی هەیە و چێژ و ڕۆشنایی بە خوێنەر دەبەخشێت، لەسەر بنیاتی فەلسەفە، ئایین و کولتور هەوڵ دەدات گەورەترین پرسیارەکانی ژیان وەڵام بداتەوە.

  • ئاڤە هوما، نووسەری ڕۆمانی بەناوبانگی ”کچانی دووکەڵ و ئاگر”
    خەونی ”گۆران سەباح” دوو جار پیرۆزە، جارێکیان وەدۆزینی چارەسەر بۆ دەردێکی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە داهاتووە خەیاڵکردە و جاری دووەمیش کە زوانی کوردی و مرۆڤی کوردستان و وڵاتەکەیان دەباتە رێزی هەموو دنیا.
  • بەدران ئەحمەد حەبیب
    گۆران سەباح: لە دایکبووی شاری هەولێر لە ساڵی ١٩٨٢. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ڕۆژنامەوانی و بڕوانامەی دکتۆرا لە ڕۆژنامەوانی (مەیجەر) و نووسینی ڕۆمان (ماینەر) لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (شاخوێنبەری سەرکردە) لە ٢٠٠٥ دا بڵاو کردەوە، ڕۆمانی دووەم (ترس و ڕق) لە ٢٠١١، ڕۆمانی سێیەم (دووی سوور) لە ٢٠١٣. ڕۆمانی دووەم و سێیەمی بە ئینگلیزیش بڵاو بوونەتەوە لە ئەمریکا. (مرۆڤی هەرزان) چوارەم ڕۆمانیەتی. نووسەر سێ ڕۆمانی چاپ نەکراویشی هەیە. وەک وەرگێڕیش تا ئێستە بیست و پێنج کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی لەوانەش: هاملێت، بانەکانی وێزەرینگ، تیۆری سیاسی، حکوومەت و گەندەڵی، بەهاری عەرەبی، جووەکانی کوردستان، داهێنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، هتد. هەڵگری خەڵاتی کاڵدەر پیکێت و باب سیگمانە لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی.



تاوێک لە پروشەت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)
ئاسمان
جارێکی تر
گریمانەی
تاوێک لە لە پروشە
بەفری تۆی هەیە،
مەستیشم
بە خەونی گەڕانەوەت،
بۆیە وەک گوڵی قەرانی ئازار
سووتماک
ئەبمەوە
(٢)
خۆرئاوابوون
تابلۆیەکە لە ڕۆح
(٣)
تاوەکو چرا شینەکانت
لە سەرشەپۆلە
هێمنەکانی کات
دەرئەکەوێتەوە
لە کەنارا،
بەرگی خۆرت بۆ ئەپۆشم
مەنزڵگەیەک
لە وڵاتی شەختە و گڕ،
با لە دڵا باڵا کا
تا ئەو سنورە تەلبەندەی
پێش لە خاچدانمان
ئەبینەوە
بە هەناسەی
ڕابردووی یەکتر،
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەرەنسی
Paul Gauguin- Garden under Snow




کاکەلەیەکی کوردی (٨) ساڵان بوو بە یەکەمی جیهان لە بیرکاری.. رەزا شوان

منـداڵێکی کوردمـان کە ناوی (یـوسف ئـۆرهـان ڤـالـینجا ئـۆغـڵو) ه، تەمەنی (٨) ساڵە. خـەڵکی پارێـزگای (هـاکاری) یە، لـە باکـووری کوردسـتان. پـۆلی سێی سـەرەتـاییە لـە قوتابخانەی (شەهـید سەڵاحەدین) لە هاکاری. زۆر لە بـیرکاری”ماتماتیک” دا زیرەکە.
داوای لە باوکی کرد، کە رێی پێبدەن بۆ ئەوەی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پێشبڕکێی
(کاریـبۆ) بۆ بیرکاری لە (کەنـەدا) بکات. باوکی بە ئەوپەڕی پێخۆشحاڵـییەوە رازیبوو.
لەم پێشبڕکێیەدا، بە کاکەلە (یوسف) ەوە (٢٥٥٥) قوتابی زیرەکی قوتابخانەی بنەڕەتی لە هەمـوو شوێنێکی جیهـانەوە هـاتن و بەشـدارییـان، لـەم پێشبڕکێیەدا کـرد.
تاقـیکردنەوەکان دەستی پێکـرد. کاکەلە یوسـف زۆر بە دڵـنیایی و خـێرایی و هـێمنییەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایـەوە. لە ئەنجـامدا یوسـف پلەیەکی بـاڵای بەدەستهـێنا و بـوو بە یەکەمی ئەو هەمـوو قـوتـابیە بەشداربـووانەی جیهـان، لە پشبڕکێی کاریبـۆی.
باوکی یوسف (ئۆرهـان ڤـالـینجـا ئـۆغـڵو) وتی:”یوسف لە بیرکـاریدا زۆر زۆر زیرەکە، کە پشتگـیریمان لـێیکرد، ئـەم سەرکەوتنـە مەزنـەی بەدەستهـێـنا. ئێمـە زۆر شـادیـن و شانـازیی پێـوە دەکـەیـن”
مامۆستاکەی یوسـف (رەجـەب ساڤـاش) دەربارەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی یوسـف، وتـی:”یوسـف لـە بیرکـاریـدا زۆر زیـرەک و سەرکەوتووە و کوڕێـکی جیاوازە. کاتێک کە بۆ تاقـیکردنەوەکان چـووە پێشەوە. ئێمە دڵنیابووین کە یوسف سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهـێنێت. بە راستی سەرکەوتنەکەی زۆر گەورەیە. هـیوادارم هەموو منـداڵان، وەک ئـەم سەرکەوتنـەی یوسـف بەدەستبهـێنن”
ئێمەش پـڕ بەدڵ، جـوانترین پیرۆزبـایی لە کاکـەلە یـوسف و لە خانـەوادەکەی دەکـەین. وەکو منداڵـێکی کوردیشمان زۆر شانـازایی پێـوەدەکـەین و ئـەم سەرکەوتنـەی یـوسف، سەرکەوتنە بـۆ هەمـو منـداڵانی کورد. هـیوای تەمەنـدرێـژبێت و داهـاتوویەکی گـەش و بەرز و باڵاشی بـۆ دەخـوازیـن.
رەزا شـوان
٢٢/ یانـوار/٢٠٢١




لە یادی 43 ساڵەی گیانبەختكردنی رابەری رەنجدەرانی كوردستان كاكە ئارامی نەمردا

43 ساڵ لەمەوپێش لە رێكەوتی 31-1-1978 كاكە ئارام, لە جەرگەی خەباتی چینایەتی و نیشتمانی , لە پێناوی ئازادی و یەكسانیدا, لە قوڵایی شۆڕشی چەكداریدا لە قۆناغی روبەڕو بونەوەی دەسەڵاتی بەعسی فاشیستدا وەك مۆمێك بۆ بەرگری و بڵاو كردنەوەی بیری یەكسانیخوازی و پێشكەوتنخوازی گیانی خۆی بەخت كرد.
ئەو سڵی لە هێزی دوژمنان نەكردەوە, وەك سەركردەیەك ترسناكترین بەرەی روبەرووبونەوەی هەڵبژارد, نەك لە ناو كوردستان بگرە لە مەترسیدارترین جوگرافیای بەرەو روبونەوەی فاشیزم بە تەنیاو سادەیی گیانی بەخت كرد, ئەو ئەركە قورەسەكەو جوگرافیا ترسناكەكەی لە شۆڕشدا بۆ خۆی هەڵبژارد, ئەو شەو و رۆژ كاری بۆ رێكخستن و رێكخراوبوونی هەژاران و هوشیاركردنەوەیان بە بیری سۆسیالستی دەكرد.
دوای كاك ئارام, كاكە فوئادی مستەفا سوڵتانی و حەمە حوسێن كەرێمی و ئازاد هەورامی و دەیان و هەزاران شەهیدی بیری سەربەخۆیی وڵات و یەكسانی گەل و بەختیاری كرێكاران و زەحمەتكێشان هەمان رێگایان گرتە بەر.
بارودۆخی ئێستای كوردستان شایەدە لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە بیرو كردارەكان و رابەری كاكە ئارام و سەرجەم قوربانیان رێگای سۆسیالزمە , بە تاكە چرای روناكی دەزانین بۆ سەركەوتن بەسەر تاریكییەكانی ئەمڕۆ.
بیروباوەڕی ئارام و فوئاد لە پێناو یەكسانی مرۆڤەكان, قوربانیدانیان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگری لە زەحمەتكێشان و نیشتمان, ژیانی سادەو ساكاریان, چرای رێنیشاندەری رزگاربوونە لە نەهامەتیەكانی ئەمڕۆی گەلەكەمان.
لەیادی 43 ساڵەی شەهید ئارامدا دەڵێین , تۆ نەمریت و رێگای تێكۆشانت بۆ دادپەروەری بەردەوامە , بیروباوەڕی یەكسانیخوازانەت تاكە رێگای رزگاری هەژارانە.
دەبا رۆژی شەهیدكردنی كاكە ئارامی رابەر بكرێتە رۆژی بەرەو روبونەوەی نا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و خەبات بۆ یەكسانی

وەزیرە جەلال خوشكی شەهید ئارام
رەشاد مستەفا سوڵتانی برای شەهید فوئاد مستەفا سوڵتانی
عەلی مەحمود محەمەد چالاكوانی چەپ

25-1-2021