خەونی موزیکژەنێکی عیراقی لە رۆمانێکی عەلی بەدردا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

عەلی بەدر یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبی عیراقی، ئەم نووسەرە خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە و ناوەڕۆکی رۆمانەکانیشی گوزارشت لە کۆمەڵگە و کەسایەتی عیراقی دەکات. یەکێک لە رۆمانە جوانەکانی « هەورژەن»ە کە لە لایەن کاک رەگەز رەشیدەوە کراوە بەکوردی و دەزگای سەردەم چاپیکردووە. ئەم رۆمانە هەرچەندە کورتە، بەڵام نووسەر توانیویەتی لە نۆڤلێتێکی 130 لاپەڕەییدا، باسی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بکات، کە رووبەرووی کۆمەڵگەی عیراقی دەبێتەوە، لەپێش هەموویانەوە «بەهێزبوونی رەوتی ئیسلامی توندڕەو، پاشەکشێی مۆدێرنە و عەقڵی کراوە، خۆشەویستی، غەریبی، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، فاشیزمی ئەوروپی» لەهەمووشی گرنگتر « موزیک» کە دەبێتە بەردی بناغەی ئەم کۆشکە نوێیەی عەلی بەدر و پانتایی گەورە لەم نۆڤڵێتە داگیردەکات.

ناوەڕۆک

نەبیل کوڕێکی گەنجی عیراقییە لە بەغداد دەژی، ژەنیاری چەلۆیە، لەقوتابخانەی بالێی مەنسوور، خوێندنی موزیکی تەواوکردووە و پاشانیش دەبێتە ئەندامی تیپی سەمفۆنیای نیشتمانیی و ئامێری چەلۆ دەژنێت.
لەپاش داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکاوە و بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە بەغدا، موزیکژەنان و هونەردۆستان رووبەرووی رەوشێکی خراپ بوونەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە کە موزیک، کاری شەیتانە و حەرامە. وەکو نووسەر لە زاری نەبیلەوە دەڵێت: ژەنیاری موزیکی کلاسیک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرگیز پیشەیەکی ئاسان نییە، ئەمە تەنها کارێکی گران نییە و بەس، بەڵکو تراژیدیی و کۆمیدیی و ترسناکیشە، رێک وەک ئەوە وایە ئاژەڵێک بێنی، کە هەموو ژیانی لە بەستەڵەکدا بەسەربردبێ، بیگوازیتەوە بۆ ناوچەیەک کە پلەی گەرمای لە هاویندا دەگاتە چل پلە. ل 24
پاش ئەوەی دراوسێکانی لە بیستنی موزیک بێزار دەبن، شەڕ بە نەبیل دەفرۆشن، بەڵام ئەو هێندە گوێیان پێ نادات و لەموزیکژەنین بەردەوام دەبێت. تا رۆژێکیان کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەلایەن گرووپێکی ئیسلامی توندڕەوەوە، لێی دەدەن و سووکایەتی پێدەکرێت و لە هەمووشی ناخۆشتر، چەلۆکەی دەشکنێنن. هەموو ئەم کارە قێزەونانەش بەناوی پارێزگاریکردن لە ئایین ناودەبرێت. پاشانیش هەر ئەو گرووپە دەیانەوێت بە زۆر پارەی لێبستێنن بۆ دروستکردنی مزگەوتێک لە گەڕەکەکەیان. لێرەوە نەبیل بە تەواوەتی بێزار دەبێت و بڕیار دەدات، وڵات بەجێ بهێڵێت و بەرەو هەندەران کۆچ بکات.
نووسەر پانتایی باش بۆ کۆچ و هەندەران تەرخان دەکات و مەسەلەی غەریبیش دەکاتە تەوەرێکی تری رۆمانە جوانەکەی، کاتێک نەبیل لە بەلجیکا دەگیرسێتەوە، لەوێ قاچاخچییەکە لە گەڕەکێکی مسوڵماننشینی بروکسێل فڕێی دەدات و پاشانیش هەر لەوێندەر دەژی. گەڕەکەکە پڕیەتی لە تورک و مەغریبی. لێرەش دووبارە نەبیل رووبەروی ئیسلامی توندڕەو عەقڵی دواکەوتووی رۆژهەڵاتی دەبێتەوە. کاتێک لەم گەڕەکەدا دەژی، دراوسێکەی کە ئاسنگەرێکی تورکی شەڕەنگێز دەبێت، دژایەتی دەکات. ئەم جارە هۆکارەکەی ئەوەیە، کاتێک نەبیل لەگەڵ « ڤانی « خۆشەوستیدا سێکس دەکەن، ڤانی دەنگ بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی بێزاری دراوسێ تورکە ئاسنگەرەکەی، رۆژێکیان کاتێک دەگەڕێتەوە، کۆمەڵێک تورک وەکو گورگ پەلاماری دەدەن و سووکایەتی پێدەکەن و دووبارە چەلۆکەی دەشکنێنن، ئەمەش دەبێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ نەبیل و بە ناچاری ئەو گەڕەکە بەجێدەهێڵێت دەچێت لەگەڵ خۆشەوسیتەکەی دەژی.

ماوەیەک لای ئەم کچە بەلجیکییە دەژی، بەڵام لێرەش رووبەرووی کێشە دەبێتەوە بەتایبەتی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا، لەوکاتەدا هەستی رۆژهەڵاتیی و رۆژئاوایی دروست دەبێت. ئەمەش بابەتێکی ترە کە نووسەر هەوڵیداوە لەم رۆمانەیدا جێگای بۆ بکاتەوە. هەتا کۆتایی رۆمانەکەش نەبیل لەناو گێژاوێکی گەورەی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا مەلە دەکات، لە رۆژهەڵات و رۆژئاواشدا ئیسلامی توندڕەو تەنگی پێهەڵدەچنێت، لە هەمان کاتیشدا بیری توندڕەویی و راسیزمی ئەوروپیش بێزاری دەکات. لەکۆتاییشدا لەم زەلکاوەی توندڕەوییەدا نوقم دەبێت، کاتک رۆژێکیان بەخۆی نازانێت چووتە ناو خۆپیشاندانی گرووپە سەلەفییە توندڕەوەکان و دواتریش لەو خۆپیشاندانەدا بریندار دەبێت، لەکاتێکیشدا ئەو لە رۆژهەڵات لە دەست ئەوان رایکردووە، ئەمەش کۆتایی رۆمانەکەیە.

موزیک
لەم کارەیدا عەلی بەدر پانتایی باشی بۆ موزیک داناوە، کاریگەری بەسەر تاک و کۆمەڵگەدا دەرخستووە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵیداوە، تیشک بخاتەسەر توێژێکی گرنگ و داهێنەری ناو کۆمەڵگە، کە ئەوانیش موزیکژەنەکانن. بەتایبەتی موزیکژەکانی عیراق کە چۆن رووبەرووی ئاستەنگ و کێشەی گەورە دەبنەوە لەناو کۆمەڵگەدا. لەناو رۆمانەکەدا، بە کۆمەڵێک وشە و رستەی جوان گوزارشت لە مەزنی موزیک دەکات.

(موزیک ئامڕازێکی جادووییە و نزیکە لە نواندنی موگناتیسی، ئاخ ئەگەر خەڵکی لەبری دەم، بە موزیک، واتا بە زمانێکی بێ دەم قسەیان بکردایە. ل 30)

ژیان لای نەبیل دەبێتە موزیک، لە رێگەی موزیکەوە بۆ جیهان و دەورووبەر و کۆمەڵگە دەڕوانێت.
-کۆمەڵگە وەکو ئۆرکێسترای لی دێت، ژێدارەکان رۆژئاوایییە قژکاڵەکانن، بڕبڕەی پشتی ئۆرکێستران. وەکو کەمان، ڤیۆلا، کۆنتراباس و چەلۆ، ئینجا لاتینییەکان کە ئامێرە فوودارەکانن، وەک ئۆبوا، فلووت، کلارنێت و باسۆن، دواتر رۆژهەڵاتییەکان، عەرەب، فارس، کورد، ئەمانە بە ئامێرە مسییەکان دەچن وەک، ترۆمپیت تیوبا، هۆڕن، دواتر ئەفریقییەکان دێن بەشێوەی دەهۆڵ و درازن، هەرچی ئاساییاییەکانە، ئەوا بەشێک لەجۆرەکانی سیمبالات دەگرنە ئەستۆ. ل 88

بیری توندڕەویی ئیسلامی

دژایەتیکردنی فکری توندڕەویی ئیسلامی، خاڵێکی سەرەکی ئەم نۆڤڵێتەیە، نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی کۆمەڵێک ڤیگۆر و رووداوەوە، رەخنەی توند لە ئەم رەوتە سیاسییە بگرێت، کە هەژموونی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتییەوە هەیە. لە زۆر شوێنی رۆمانەکەیدا رەخنەی توندیان تیدەگرێت بەوەی کە توندڕەون، شەڕەنگێزن، مێشك پووتن، دژی موزیکن. لەهەمووشی سەیرتر لە لاپەڕە 17 شدا دەڵێت: ئیسلامییەکان لە هەموو کەس زیاتر سەیری کەناڵەکانی پۆرنۆ دەکەن، لەم دواییەشدا فەتوایەکیان دەرکردووە کە سەیرکردنی ئافرەتی نامسوڵمان حەڵاڵە.
لە هەمانکاتیشدا نەک تەنها لە رۆژهەڵات، بگرە لە رۆژئاواشدا نووسەر دژایەتیی ئەم فکرەیە دەکات، لە راستیشدا کەم نووسەر هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر ئەم لایەنە، چونکە بەشێک لە رەوەندی موسڵمانان لە رۆژئاوادا، لەژێر هەژموونی فکری ئیسلامی توندڕەودان، نووسەریش لەرێگەی باس کردنی کۆمەڵێک رووداو ڤیگۆرەوە، هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر ئەم مەسەلەیە.

شاری خەونەکانی فارابی و ئەفلاتوون

لە سەرەتای نۆڤڵێتەکەوە هەتا کۆتایی، تارمایی شارە خەیاڵاوییەکەی ئەفلاتوون و فارابی بەسەر نووسەردا دیارە، بەتایبەتی بۆچوونەکانی فارابی. لە زاری نەبیلەوە دەڵێت:
(فارابی پێی وابوو موزیک رەگەزێکی گرنگە لەشاری خەونەکاندا، چونکە سەرچاوەی بیرۆکەی دادپەروەری، بیرۆکەی هارمۆنییە لە موزیکدا. ل 72 . فارابی موزیکی وەکو بەشێک لەچارەسەر دادەنا بۆ نەخۆشییە دەرروونییەکان هەتا کۆتایی نۆڤڵێتەکەی نەبیل خەون بەو شارەوە دەبینێت، کەتێیدا موزیک و موزیکژەنان هەژموونی گەورەیان هەبێت، لەمەدا تەنها خەونی موزیکژەنێک نییە، بگرە نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی ئەم موزیکژەنەوە خەون بە کۆمەڵگەیەکی مرۆیانە ببینێت، کە دووربێت لە جەنگ و بیری توندڕەویی و فاشیزم، جوانترین داهێنانی مرۆڤیش موزیکە. کۆمەڵگەیەکیش موزیک تێیدا زاڵبێت، کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانەیە، بەپێچەوانەشەوە کۆمەڵگەیەک دژی موزیک بێت، دژی مرۆڤیشە، ئەمەش پەیامی سەرەکی و گرنگی نووسەرە لەم نۆڤڵێتەیدا.

خۆشەویستی و سێکس

وەکو هەموو کارەکانی تری خۆشەویستی و سێکس پانتایی باش لەم نۆڤڵێتەشدا داگیر دەکەن، خاڵێکی سەرنجڕاکێشیش کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەری مەسەلەی سەیرکردنی کەناڵەکانی پۆرنۆیە» رووت» لە عیراق، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعس، بڵاوبوونەوەی سەتەلایەت و ئینتەرنێت، وایکرد کە بینەری کەناڵەکانی پۆرنۆ لە عیراق زیاد بکەن، بەپێی هەندێک راپۆرتی جیهانیش بێت، عیراق لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهان دادەنرێت لەم بوارەدا. ئەمەش گوزارشت لە زاڵبوونی چەپاندن و مەحرومکردنی خەڵکییە لە بواری سێکسدا. لە هەمان کاتیشدا گوزارشت لەبێزاریی و نائومیدی تاکی عیراقیش دەکات، لە هەمانکاتیشدا فراوانبوونی سنووری «حەرام و قەدەغەکردن»یش رۆڵی لەمەدا هەیە. وەکو لەزاری نەبیلەوە دەڵێت: کەناڵەکانی پۆرنۆ تاکە شتێکن لەم وڵاتەدا بە ئاسانی دەستدەکەون. ل 17
چیرۆکی خۆشەویستی نەبیل بۆ ڤانی، کچە شۆخی بەلجیکیش، جوانییەکی گەورەی بەم نۆڤڵێتە بەخشیوەوە و نووسەر زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی ئەم پرسە تەوزیف بکات.
( ڤانی بووبووە گڵۆپێکی کارەبایی بۆ کەسێکی بیابانشین کە لە بیابانێکی تاریکدا دەژیا. ل108)
لەزۆر شوێندا رستە و دەستەواژەی ئێجگار جوانی تێدایە کە گوزارشت لە چیرۆکێکی جوانی خۆشەویستی دەکات.

رەخنە لە فاشیزم و عەقڵیەتی رۆژئاوایی

نووسەر لەم نۆڤلێتەدا تەنها دژی توندڕەویی ئیسلامی ناوەستێتەوە بگرە دژی فکری ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی ئەوروپاش دەوەستێتەوە، لە هەمانکاتیشدا رەخنەی توندیش ئاڕاستەی کۆمەڵگە و عەقڵیەتی رۆژئاوایی دەگرێت.
(نەبیل هەستی کرد لەو وڵاتەدا بۆی هەیە تەنها لەسەر دووشت قسە بکات:
یەکەم: کارەسات و تراژیدیای وڵاتی خۆی. دووەم: ئەو خۆشگوزارەانییەی لێرە دەستیکەوتووە. ل 122)
پاشانیش دەڵێت:

(شۆڤێرێکی تەکسی بەلجیکی جنێو بە بەلجیکا دەدات، جنێو بەمێژوو، سیاسییەکان، خاکەکەی، تەنانەت خواردەمەنی و بیرەو شۆکۆلاتەکەی، بەڵام لە پەنابەری چاوەڕوان ناکات، بەڵکە چاوەڕێییە بڵێت: بەلجیکا مەزنترین وڵاتە لەسەر زەوی، ئای بەلجیکا، چیم بەسەر دەهات ئەگەر باوەشت بۆم نەکردایەتەوە، ل 124
ئەمەش تاڕادەیەک بەسەر بیری کۆمەڵگەی رۆژئاواییدا زاڵە، من خۆم لە ئەڵمانیا بووم، کاتێک لەناو چەپەکانیشدا رەخنەمان لە حکومەت دەگرت، هەستم دەکرد هەندێکیان پێیان ناخۆشە رەخنە لە حکومەتەکەیان بگریت، جارێکیان رەخنەم لە سیاسەتی گێرهارد شرۆدەر راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا گرت، یەکێکیان وتی: خەلکی کوێیت، وتم کوردستان. وتی ئەی بۆ هاتوویت بۆ ئێرە؟ ئەوێ باشترە یان ئێرە.
هەستم بەبێزاری دەکرد لە سیمایدا و دەویست بڵێت، تۆ کەسێکی بێگانەیت بەم وڵاتە، بەڵام نەیدەویست راستەوخۆ وا بڵێ، بەمشێوەیە تێیگەیاندم کە من بێگانەم و مافی قسەکردنم لەبارەی بارودۆخۆی ئەم وڵاتەوە نییە.
لەهەمووی گرنگتر نووسەر رەخنە لەمێژووویی خوێناوی بەلجیکا دەگرێت بەتایبەتی قۆناغی داگیرکاری لەکۆنگۆ، کە یەکێکە لەقۆناغە ناشیرین و قێزەوەنەکانی بەلجیکا.
جگە لەمانە، نووسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی لەم نۆڤڵێتەدا وروژاندووە، کە مایەی سەرنجی خوێنەرن.

دوا قسە

بەڕاستی کاروبەرهەمەکانی ئەم نووسەرە عیراقییە مایەی گرنگیپێدانە، ئەم نۆڤڵێتەشی وەکو کارەکانی تری مایەی گرنگی پێدان و خوێندنەوەن، لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک رەگەز رەشید بکەم، بۆ وەرگێرانی ئەم نۆڤڵێتە و هیوای کاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازم.

سەرچاوە: عەلی بەدر. هەورژەن. وەرگێرانی: رەگەز رەشید. چاپی یەکەم. دەزگا و چاپی پەخشی سەردەم. 2018. سلێمانی.




سەرەگێژەی لێشاوی شیعرەکانی ئەمڕۆ.. لەتیف حامید

وەكو چۆن مەحمود دەروێش لە وتەیەکدا دەڵێت قەسیدەی سیاسی بۆ من زیاتر لە وتارێك ناگەیەنێت ، یاخود لام جوانە یان نا.. هەرواش کاتێك شیعری رۆمانسی و ئیرۆتیك دەخوێنینەوە یەکسەر دەمانباتەوە بۆ قۆناغی هەرزەکاریی لای ئەو کەسانەی کە نێو واقیعێکی خەفەکراودا دەیانەوێت دەربڕین لە حەزە شەخسییەکانیان بکەن، ئەمەش گەورەترین پانتایی لە شیعری کوردی داگیرکردووە، بە کۆن و نوێوە، جا ئەم تیمایە کۆنەی شیعر هێندە سواوە کە هیچ مەودای نوێبوونەوەو داهێنانی تیا نەماوە، لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمێکی تازەو ئاڵۆزدا دەژین و هێندەی فراوانبوونی جیهان بابەتی زیندوو و کاریگەرو گرنگ هەیە بۆ کردنی بە هەوێنی پارچە شیعرێك گەر شاعیرەکە لە هونەری هۆنینەوەدا سەلیقەکارو کارامەو ئەفرێنەر بێت و لە هەمووی گرنگتر لەگەڵ پینووسەکەیدا راستگۆ بێت و ڕێزی شیعر بگرێت، کە دەڵێین ڕێزی شیعر بگرێت مەبەستمان ئەوەیە بەهەدەرنەدانی وشەو هەست و بیرۆکە لای شاعیر لە خاڵە گرنگەکانی نووسین بێت، وەك چۆن ئەمانە گرنگن هەرواش (هونەرەکانی زمان) و (ئەندێشەکردنی ئەفرێنەرو نوێ) ئیستاتیکیای زیاتر دەدەن بە تێکستەکان، لێرەدا مەبەستمانە قسە لەسەر شیعری دلاوەر رەحیمی بکەین، ئەو وێڕای ئەوەی وەك زۆر لە نووسەرەکانی تر لە زۆربەی بوارە ئەدەبی و هونەری و کلتووریەکان و تەنانەت رۆژنامەوانییەکان دەربڕین دەکات و من دەتوانم ئەم شێوازەی نووسینەوە ناوبنێم (جۆکەرنووس) مەبەستیشمان ئەوەیە لەیەك کاتدا ئەوانەی ئەم ناوەیان بەسەردا دەبڕدرێت هەم چیرۆك و هەم رۆمان و هەم پەخشان دەنووسن، لەولاشەوە رۆژنامەنووسن و لێکۆڵەری سیاسیین، جگە لەوەش خۆیان ناپارێزن لە بابەتی فیکری و فەلسەفی وەك بەختیار عەلی، تەنانەت هەندێکیان گۆرانیش دەڵێن و تابلۆش دەکێشن وەك فەرهاد پیرباڵ، بە ڕاستی ئەم گەڕەلاوژەیە بەس لە فەزاگەلێکی بێ بەرنامەو بێ روئیا و بێ بنەمادا سەرهەڵدەدات، کە هیچ چینێكی بناغەیی تیا نەبێت بۆ هەڵچنینی ئەو کۆشکە قەشەنگەی ناونراوە وێژەو هونەری ئەفرێنەرو رەسەن، کە لەراستیدا رۆشنبیریی حەقیقی و دروست لەوێدا لەدایك دەبێت، زۆرجار خوێنەران و نووسەران لای ئێمە فاکتەرێك دەیانجوڵێنێت کە ئەویش حەماسەت و عاتیفەو سادەبینییە، ئەگینا ئێمە کە لە سەردەمی تایبەتمەندییەکاندا دەژین، تەنانەت لە یەك ڕشتەی ئەدەبیشدا لقی تری لێ جیادەبێتەوەو لە ناو میللەتەکانی تردا کەسانی پسپۆڕ هەن کە بەس تایبەتمەندی یەك بوارن و گەر پرسیاری لایەنێکی تریان لێ بکرێت دەڵێن ببورە تایبەتمەندی من نییە، کەواتە کێشەی ئێمە ئەوەیە کە نەك بەس زۆربەی خوێنەرانمان خوێنەرانی تەنزی فەیسبووکن، بەڵکو زۆرینەی زۆری نووسەرەکانیشمان نووسەرانی فەیسبووکن، ئیتر هەردووکیان تەواوکاری یەکن، نووسەرەکە کە پێگەیەکی بەربڵاو لە دەستخۆشکەران دەبینێتەوە؛ بۆیان دەنووسێت، ئەوانیش زیاتر بە گوڵ و دەستخۆشی لە خشتەی دەبەن و لە گێژاوی پاشکەفتندا جێیدەهێڵن، ئەمە لە کاتێکدایە هەمیشە نووسەری سەرکەوتوو قەزییەی هەیە کە شایستەی لەسەروەستان بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی دیدو تێڕوانینی شەخسی جیاوازی هەیە بۆ ئەو بابەتگەلە کە پاشخانێکی مەعریفی و رۆشنبیریی قووڵی هەیە، لە لایەکی تریشەوە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆیەتی کە جیای دەکاتەوە لە زۆرینەی قەڵەم بەدەستان، هەر لەبەر ئەمەشە سەروەختێك قسە لەسەر ئەو جۆرە نووسەرانە دەکرا پێیان دەگوترا راگوزەرو سادەنووس، واتا رەسەنایەتی و هەناسەی راستەقینەی داهێنان لە جەسەدی نووسینەکانیان دابڕاوە.
گەر بگەڕێینەوە سەر خاڵی مەبەست و تەوەری ئەم شرۆڤەیە دەتوانین بڵێین کە بێگومان دلاوەر رەحیمیش یەکێکە لەو دەیان و سەدان نووسەرانەی کورد کە هەموو دیدو هەوڵ و دەربڕینی خۆی وەك ئیپیوکریزمەکان لە چێژی لاشەییدا کۆکردووەتەوە، ئەو چێژەی کە زۆرجاران وەك تابوو تەماشاکراوەو داب و کولتوور بەربەست بووە لە فەراهەم هێنانیدا، ئەویش لە ژێر رۆشنایی پاراستنی بەهاکاندا بووە، ئیتر دەیانگەڕێنێتەوە سەر ئەو خەیاڵە پێشوەختەی کە تینوویەتی چێژی لا دروستکردووە، بەڵام ئەمە لە راستیدا Epicureanism, نییە، چونکە فەلسەفەی ئیبیکۆریسم لەسەر بنەمای بەختەوەری دادەمەزرێ کە دوو کۆڵەکەی دڵنیایی و ئاشتی تێدا هەیە، بەڵام لە پانتایی بەرهەمەکانی دلاوەردا ئەو دوو خاڵە بزرن، ئەو جۆرە نووسینانە زیاتر لا دەکەنەوە بەلای ئەفرۆديتی ( Aphrodite ) وا پۆلێن دەکرێن، لەم بارەدا نووسەر بێ ئەوەی بیر لە پاشخانی ئایدیاو بونیادی چەمکە شیعریەکان بکاتەوە، بە زمانێکی فەیسبووكئاسا رۆژانە خۆی دووبارە دەکاتەوە، بێ ئەوەی شتێکی نوێ ببیستین و هەرواش لە بەهای بابەتی رۆمانسییەتی شیعر هێندەی تر کاڵ دەکرێتەوە، لەم جۆرە هەولانەشدا داهێنان و جیاوزنووسین هیچ مەبەستێك نییە جگە لە دەربڕین لە دیوە خەفەبووەکانی ناخ، ئەمەش بۆ گەشتنە ترۆپکی چێژ، تەنانەت لەم حاڵەتانەدا هێندە زمان سادە دەبێتەوە کە هیچ جیاوازییەك ناکەین لە نێوان زمانی قسەکردن و زمانی شیعردا وەك ئەو لە (بەقەرە)دادەنووسێت:

25 لە زوو خەوتن و زوو لە خەو ڕابوون
بگرە تا
وەرزشکردنی بەربەیانیان و
هەواڵپرسین و دەست بەرزکردنەوە بۆ
هاتووچۆکەرانی کۆڵانان و سەر شەقامان.
لە کتێب نەخوێندنەوە و
گوێ نەگرتن لە حەسەن زیرەک و گلێن گۆلد،
تا تەرککردنی جگەرە و مەشروب.
ڕۆژی دووجار دووش گرتن و
سێ ژەمە فرشەلێدان لە دەم و ددانەکانم،
وازهێنانی یەکجارەکی لە دەستپەڕلێدان
تا
لەبەرکردنی چاکت و پانتۆڵێکی ڕەساسی و
بۆینباخێکی سوور.

ئەمەیە وا لە بەشێك لە خوێنەران دەکات گومان لە زۆربەی شیعری ئەمڕۆ بکەن و بایکۆتی تەنانەت بکەن، چونکە خوێنەر نەك هیچ چەشەی وێژەو ئیستاتیك لەم نووسینە بە ناو شیعرە ناکات، بەڵکو ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت کە ئایا بۆچی شیعر هێندە سادە و بێ ئەرزش بووە، خۆ لە ڕاستیدا هەموو جۆرە وشە ڕیزکردنێك ناکرێت ناوی شیعری لێ بنرێت و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەو نەمانی خوێنەرانی راستەقینەو داپسانی ئەو چوارچێوەی لە پێشدا بوونی هەبوو، بەم هەوڵانە تەواو داروپەردووی ئەو ماڵۆچکەیەی شاعیرە ناودارەکان بنیاتیان نابوو درز دەبات و لە شوێنیشیدا کەلاوە جێدەمێنێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئیتر هەر ئەمەندە بەس نییە، بەڵکو گەر کەمێك ورد بینەوە لە ماناو وشەسازیی نێو رستەکان بۆمان دەردەکەوێت تەنانەت ورد بیرییان لێ نەکراوەتەوە، پێش ئەوەی بخرێنە سەر کاغەز، لیرەدا نموونەیەك دێنێنەوەو هەر لە کۆتایی هەمان تێکسدا دەنووسێت:
دڵنەوایی بەشینەوە بەسەر خاوەن مردووەکاندا و
شەستوشەش جاریش لەبەرکردنی
سوورەتی بەقەرە.
بەڵام لە ڕاستیدا دەرخکردن و لەبەرکردن هەر یەك جارەو بەمشێوەیەش سوورەتێك یەكجار لەبەر دەکرێت نەك شەستوشەشجار، بەڵکو گونجاوتر دەبوو گەر بینووسیایە:
شەستوشەشجاریش گوێگرتن یان خەتمکردنی سوورەتی بەقەرە، ئەم نموونەیە و دەیان نموونەی تر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە دوماهیدا پەیام و پاشخانی شیعریی ئەم تێکستانە یەکسان دەبێتەوە بە هیچ، باشتریش وایە خوێنەر پێش ئەوەی بڕیاری زویربوونی لە شیعر رابگەیەنێت، جیاوازی بکات لە نێوان ئەو هەموو دەقە کاڵوکرچەی رۆژانە بە ناوی شیعرەوە دەنووسرێن و دوورن لە بنەماو بەهاو تەکنیکەکانی شیعرەوە ، بە بەراورد بەو هێندە کەمەی جاروبار لێرەو لەوێ شیعری نایاب دەنووسرێت و دەریدەخات کە نووسینی شیعری جیددی هێشتا تەواو نەمردووە.
هەرواش لە دواترین هەوڵی نوێخوازی ئەم شاعیرەدا چاومان دەکەوێت بە کۆپلەیەکی تر کە رەنگە سەدان دەستخۆشی و لایکی بۆ بکرێت و کاتێکیش کەمێك لێی ورد دەبینەوە، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەوە بەس لێکدانی وشە سادەکانی رۆژانەی قسەکردنە، بەڵکو بە دەربڕینێکی کۆنی سەردەمی هەرزەکاریی زۆرێك لە مرۆڤەکان دەکات کە هێشتاچێژی ئۆرگازم لای بەرجەستە نەبووە، خوێنەر لە کۆتایی ئەم کۆپلەیەدا رەنگە بڵێت هیچ رەهەندێکی شاراوە لەم تێکستەدا نیە، و هیچ زاراوەو ئاماژەو سیمبوڵ و گووتارو پەیامێکی جیاوازی لە خۆدا گلنەداوەتەوە، ئیترە بە چ پێودانگیك بە شیعری دابنێت و لانی کەم بە شعرەکانی شارل بۆدلێر بەراورد بکرێت، لە کاتێکدا بەو دەگوترێت و شیعر بەمیش شیعر! وەك تیایدا دەڵێت:
هەموو ڕۆژێ
بەیانی
نیوەڕۆ
ئێوارە
لەگەڵ ئەوەی بانگت دەکەم
بە دەنگی بەرزیش
دەڵێم
خۆشمدەوێی کە




دەستێوەردانى هەرێمیى لە کاروبارى عێراق و رەنگدانەوەى لەسەر کورد.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لەو ساتەوەختەوەى دەوڵەتێک بە ناوى عێراق لەسەر ئەتڵەس جێگەیەکى گرتووە، وڵاتانى ناوچەیى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبووە لەسەر کۆى ئەو رووداوە سیاسییانەى لەم وڵاتەدا سەریانهەڵداوە، ئەم کاریگەرییە لە سادەترین هاندانەوە دەستیپێکردووە تا پشتیوانیکردنى بزووتنەوە چەکدارە یاخیبووەکان لە چەندین قۆناغى جیاجیادا. هەموو ئەو رووداوانەى لە عێراقدا قەوماون و ئاڕاستەى سیاسیى و دەوڵەتدارییان گۆڕیوە بێ پاڵپشى دەرەکى و ناوچەیى نەبوون، هەر لە کۆدێتاى چواردەى گەلاوێژى ساڵى (1958)ەوە بیگرە تا هاتنە سەرکاری بەعسییەکان و کۆتایى هاتنیان لە بەهارى ساڵى 2003دا. وردتر تەشخیسى حاڵەتەکە بکەین، بەدەر لە وڵاتانى زلهێزى رۆژئاوایى و جیهانى، دەوڵەتانى نزیک و دراوسێش لە چەشنى تورکیا و ئێران و سوریا بەردەوام کارتێکردنیان لەسەر دۆخى هەڵکشاو و داکشاوى ناوخۆى عێراق هەبووە و لە هەندێک ماوەشدا بە فۆرمى راستەوخۆ دەستێوەردانیان کردووە لە کاروبارەکانیدا، بۆ وێنە ئێران لە ساڵانى 1961-1991 (جگە لە یەک دوو ساڵى دواى نسکۆى ساڵى 1975) یارمەتى راستەوخۆى جووڵانەوەى چەکداریى کوردى داوە لە دژى رژێمى عێراق، سوریاش هەر بە هەمان شێوە تا ئەو ئەندازەیەى پارتێکى بەهێزى وەک (ى.ن.ک) لەو وڵاتەوە یەکەمین مانیفێستۆى دروستبوونى خۆى بڵاودەکاتەوە و هەر بە چەکى ئەو وڵاتە مەفرەزە سەرەتاییەکانى چەکدار دەکات بۆ جەنگێکى نەبڕاوەى پارتیزانیى. دەستێوەردانى هەرێمى لە ماوەى 85 ساڵى تەمەنى دەوڵەتى عێراقدا رووخسارێکى سیاسیى نامۆ نییە، تەنێ هەر ئەوەیە بە پێى لاوازیى و بەهێزیى دەوڵەتى لەسەر کارى عێراق گۆڕان بەسەر رێژە و قەبارەى دەستێوەردان و کارتێکردنى وڵاتانى دراوسێدا هاتووە.

حکایەتەکانى پارت دروستکردن لە عێراقدا لەلایەن دەزگاى ساواکى پێشوو و ئیتلاعاتى هەنووکە و میتى تورکى و هەواڵگریى سوریاوە حکایەتێکى دوور و دێژە و لە چیرۆکى هەزار و یەک شەوە دەچێت و هێندەش وتراوەتەوە زانیارییەکە گەیشتۆتە لاى منداڵان یان نەوەى تازە پێگەشتووش. بەڵام دەستێوەردان لە دواى ساڵى (2003)ەوە هەموو سنوورێکى عەقڵانى و هەموو لۆژیکێکى سیاسیى تێپەڕاندووە، ئەمەش بەهۆى ئەوەى عێراق سیادەى خۆى لە دەستداوە و دەسەڵاتێکى داگیرکەرى نامۆ بە فەرهەنگى عێراق سەرکردایەتى وڵاتى وەئەستۆوە گرت. ئەم دەرفەتە زیاتر دەرگاى خستە سەر پشت بۆ دەزگاکانى هەواڵگریى وڵاتانى هەرێمیى تا رۆڵیان هەبێت لە عێراقدا و لە رێگەى باند و پارت و دەستە و تاقمى جۆربەجۆرەوە مەرامە سیاسییەکانیان لەڕێى ململانێکردن لە بەستێنى عێراقدا مسۆگەر بکەن. هەر لە سەرەتاوە و بە پلەى یەکەم ئێران و سوریا هەوڵى دەستێوەردانیاندا، تورکیا و سعودیەش بە پلەیەکى دواتر کەوتنە خۆ ئامادەکردن بۆ خۆ هەڵقورتاندنە کاروبارى ناوخۆى عێراق و راگرتنى باڵانسى سیاسیى و هێز لە رێگەى ئەو هاوکێشانەى لە ناو عێراقدا دەبێت هاوسەنگ بکرێنەوە.

رەنگبێ دەستێوەردانى ئەو وڵاتانە و یارمەتیدانى یاخیبووە چەکدارەکان لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە فاکتۆرى هەرە سەرەکى ئەو خوێنبەربوونە سامناکە بێت لە لاشەى عێراق و فاکتۆرى بنەڕەتیش بێت لە زیاتر بەهێزبوون و هورژمهێنانى ئەو بزووتنەوە رەگەزپەرست و تیرۆریستەى لە ژێر ناوى مقاوەمەدا خۆى بەیان دەکات، رووەکەى ترى ئەم پرسەش ئەوەیە شەقام و ئاڕاستەى سیاسیى عێراق دابەشبووە بەسەر ئەجینداى وڵاتانى دراوسێ و هەر لایەنێکى سیاسیى کارێکتەرێکە ئەداى بەرژەوەندیی و سیاسەتى دەوڵەتێکى ناوچەیى دەکات وەک لەوەى خۆى جووڵانەوەیەکى سیاسیى سەربەخۆ و خاوەن بڕیارى خۆی بێت. بە گشتیى لەوەتى عێراق هەیە هیچ کات هێندەى ئەمڕۆ جادەى عێراقى نەبووەتە مەیدانى تەراتێنى دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان و هێندەش دەستى دەرەکى ئاوەڵا نەبووە لە وێرانکردنى وڵاتەکەیدا، چوون بەدەر لەو قەیرانە مرۆییەى لە رێى کوشت و بڕەوە دروست بووە، کۆچ لە عێراقدا گەیشتۆتە راددەى سیحر و کولتوورى وڵات وێران کراوە و ژێرخانى ئابوورى هەڵتەکێنراوە، کتێبخانەکان سووتێنران، زانکۆکان پەکیان کەوتووە، فەرمانگە دەوڵەتییەکان و مۆزەخانەکان تاڵان کراون، هەرچى شوێنەوارى عێراق هەیە هەر لە سۆمەرییەکانەوە تا دەگاتە چاخە تازەکان هەموو دزراون، بەم هۆکارەش گەڕاندنەوەى عێراق بۆ دۆخى پێش جەنگ دەکاتە ئەرکێکى قورس، قورستر و سەرکێشانەتر لە دۆزینەوى ئەمەریکا لەلایەن دەریاوانى چەلەنگ (کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس).

ئێران
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئێران هیچ کات بە تایبەتى لە دەیەى شەستەکانى سەدەى رابردوو بە دواوە بێ رۆڵ نەبووە لەسەر بارودۆخى سیاسیى و ئابوورى لە عێراقدا. لەگەڵ هاتنە سەرکارى کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەڵگیرسانى جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران (1980-1988)، ئێران پەرۆشانەتر لە جاران بیرى لە رۆڵى خۆی کردەوە لە عێراقدا بە تایبەتى کاتێک عێراق وەک نەیارێکى سەر سەخت بەرەو رووى دەوەستێتەوە، یارمەتیدانى بزووتنەوەى چەکداریى کورد بە درێژایى دەیەى هەشتا و نەوەدەکان و دروستکردن و بەهێزکردنى ئۆپۆزیسیۆنى شیعە مەزهەب لە خوارووى عێراق دەچنە ناو چێوەى هەمان ئەو ئەجیندایەى ئێران لەمەڕ عێراق هەیبوو. لە قۆناغەکانى دواتریشدا کاراتر لە قەبارەى دەستێوەردانى عێراقى لە کاروبارى ناوخۆى ئێراندا، ئێران بەردەوام چەندان کارتى بەدەستەوە بووە بۆ دەستێوەردان لە عێراقدا یان هەر هیچ نەبێت بۆ کێشە خوڵقاندن بۆ رژێمى بەعس و سەدام حسێن. لەگەڵ ئەوەى ئەو شانۆییەى لە 9/4/2003دا لە ناوجەرگەى بەغدادى پایتەختى عێراقدا نمایشکرا، مەرگى دوژمنێکى لە مێژینە و ترسناکى ئێران بوو، بەڵام ئێران جیا لەوەش ویستى رۆڵى هەبێت لەسەر لەنوآ داڕشتنەوەى عێراق تا دەسەڵاتێک لەم وڵاتەدا بێتەسەر شانۆى سیاسیى لانیکەم دۆستى ئێران بێت و تاران لە پەنایدا هەست بەدڵنیایى و ئارامیى بکات، لە هەمان کاتدا رۆڵى ئەمەریکا لە عێراق و دروستکردنەوەى دەوڵەت و دامەزراوە عێراقییەکاندا لاواز بکات. ئێران جگە لەوەى دۆستە دێرینەکانى (جەعفەرى- مالیکى) یەک لە دواى سەرۆکایەتى عێراق بەدەستەوە دەگرن، هێشتا بەشێوەى جیاواز بەردەوامە لە هاریکارییکردنى بزووتنەوە توندڕەوە شیعەکان بە تایبەتى باڵى سەدر بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر، کە دەکرێت بڵێین ئەم بزووتنەوەیە نوێنەر و پارێزگارى شێلگیرى بەرژەوەندییەکانى ئێرانە لە عێراقدا.

پێش چوار مانگ سەرچاوەیەکى ئاگادار کە نەیویستووە ناوى خۆى ئاشکرا بکات لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات چەندین کەسایەتى ئاینیی غەیرە عێراقى دەستیان هەیە لە پێکهێنان و دروستکردنى چەندین گروپى ئاینیى توندڕەو لە باشوورى عێراق و هاوکاریى داراییان دەکەن و چەک و تەقەمەنیان بۆ رەوانە دەکەن و بیرى نەخوازراویان لەنێواندا بڵاو دەکەنەوە. سەرچاوەکە دەڵێت: گروپە ئاینییە توندڕەوە شیعە مەزهەبەکان لەلایەن کەسایەتییە ئاینییەکانى دەرەوەى عێراقەوە هاندەدرێن، بەمەبەستى نانەوەى پشێویى لەناو عێراقدا بۆ ئەوەى پرۆسەى سیاسیى هەرەس بهێنێت و شەڕى مەزهەبى و تائیفى لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانى عێراقدا بەرپابێت. چەندان بەڵگەى دروست لە بەردەستى (CIA) و هێزەکانى هاوپەیماناندان دەربارەى قەبارەى یارمەتیدانى یاخیبووە چەکدارەکانى ناو عێراق لەلایەن ئێرانەوە، تا ئەوەى لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا (2007) رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی راپۆرتێکى گرنگی بڵاوکردەوە لە ژێر تایتڵى (یارمەتییەکانى ئێران بۆ چالاکییە کوشندەکانى ناو عێراق)، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئێران ئامێرى تەقینەوەى TNT و رۆکێت و جۆرەها چەکى تر دەداتە عێراقییە یاخیبووەکان بۆ کوشتن و بریندارکردنى سەربازەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانانەکانی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.

هەر لەو راپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەى: رۆکێتى (میساق 1)ى ئێرانى کە لەسەر شان دژ بە فڕۆکە دەتەقێنرێت، دواى هەوڵێکى سەرنەگرتوو بۆ خستنە خوارەوەى فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەى بەغداد لە ساڵى 2004دا دۆزرایەوە، هەروەها خستنى شەش هلیکۆپتەرى ئەمەریکیى لە ماوەى سێ هەفتەى رابردوودا دەریدەخەن ئێران چەند رۆکێتى دژە ئاسمانى سەرشانى داوەتە یاخیبووە عێراقییەکان و لەم هێرشانەدا بەکارهاتوون. ئامانجى ئێران جیا لە خەونى فراوانخوازیى و سەپاندنى هەژموونى شیعەگەریى بەسەر عێراقدا، لێدانیشە لە پێگەى ئەمەریکا، چوونکە ئەمڕۆ ئێران لەبەردەم گەلەکۆمەکییەکى نێودەوڵەتیدایە بە رێبەریى ئەمەریکا ئەویش بەهۆى سووربوون لەسەر سیاسەتى پیتاندنى یۆرانیۆم. ئەم دۆزەش وەهاى لە ئەمەریکا کردووە بە پێى پلانێکى دوورماوە بیر لە گۆڕینى رژێم لە ئێران بکاتەوە هەروەک پێشتر لە عێراقدا دەستى بۆ برد. نووسەر و پسپۆڕ لە کاروبارى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست (تەڵاڵ عتریشى) دەنووسێت “سیاسەتى ئێرانى لە عێراق بەو مەبەستەیە نەیەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەست بە ئارامى و ئاسایش بکات”. نووسەر درێژەى دەداتێ و دەنووسێت “ئێران هەوڵ دەدات حکوومەتێکى عێراقى سەر بە ئەمەریکا نەیەتە ئاراوە و پشتگیریى لە حکوومەتێکى عێراقى دەکات کە دژایەتى تاران نەکات”. بگرە زیاتر لەوەش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدات لە عێراق لە تارانەوە رێنوێنی بکرێت. وەک خۆیشم پێموایە هەموو ئاڕاستەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن تاران دەیەوێت، نەک ئەوەی واشنتۆن نەخشەی بۆ داڕشتووە!.

ئێران لە رێى بەهێزکردنى پێگەى خۆى لە عێراقدا و هاوکات بە قورمیشکردنى چەند هێزێکى وەک سەدر و مالیکی و هەندێ لایەنى ترى شیعەى توندئاژۆ، ئەو سەرچاوەیە وشک دەکات کە کانى ئومێدى ئەمەریکایە تا عێراق بکاتە بنکەیەکى سەربازیى بۆ لەشکرکێشییەکانى داهاتووی یان هەر هیچ نەبێ بۆ لەباربردنى خەونى ئەمەریکا لەمەڕ دامەزراندنى دەوڵەتێکى عێراقى کە بەئیحاى ئەو نەیاریى لەگەڵ ئێران بکات. لە رەهەندێکى تریشەوە، ئێران وەرەقەى ئەمنى عێراقى کردۆتە مەرجێک بەسەر ئەمەریکاوە بەو پێیەى دەتوانێت ئەرکى سەرشانى ئەمەریکا سووک بکات لە هێورکردنەوەى بارگرژیى و ناجێگیریى ئاسایشى عێراق، بۆیە هێرشکردنە سەر ئێران بە هەموو مانایەک زیاتر شێواندنى دۆخى عێراقە و بەنزینێکە لە هەموو لایەکەوە ئاگری جەنگى تیرۆری تیرۆریستە دەمامکدار و دیار و نادیارەکان جۆش دەدات. لەم رووەوە رۆژنامەى (رسالت)ى ئێرانى لە رۆژى 14/3/2007 لەسەر وەختى کۆنگرەى ئەمنیى بەغداددا دەنووسێت “جۆرج بوش چەند پەیامێکى لە رێى زاڵماى خەلیلزاد و دایڤید ساتەرفێڵدى گەورە راوێژکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکاوە هەواڵە کرد، بەو مانایەى ئەمەریکا پێویستى بە ئێران هەیە، لە دەمە دەمى دەستپێکردنى کۆنگرەى بەغدادیشدا زاڵماى خەلیلزاد ئەوەى ئاشکرا کرد ئەمەریکا خوازیارى دەستپێکردنى دایەلۆگێکى راستەوخۆیە لەگەڵ ئێراندا”. ئەمەش ئەو ئەڵماسە گرانبەهایە ئێران دەیخواست، لە بری پلانی ئەمەریکا بۆ دەستگرتن بەسەر ئێراندا، کار بەوە گەشتووە ئەمەریکاییەکان بیر لە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بکەنەوە هیچ نەبێت لە عێراقدا.

هەر لەو پێویستییەى ئەمەریکا و تەنگژەى سوپاکەیەوە بوو، ئێران زیاتر پێداگریى کرد و بە روونی داوای کرد بیر لە کشانەوەى هێزە بیانییەکان بکرێتەوە و بەپێى جەدۆلێکى ئاشکرا شێوازى پاشەکشەیان دیارى بکرێت. ئەم ورە بەرزییە (عەباس ئەرکەشى) جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێرانى گەیاندە متمانەیەک لە رۆژى 10/3/2007 لە بارەگاى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە بەغداد و بە ئامادەبوونى باڵیۆزى 61 وڵاتى دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، لە میانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا بڵێت: ئێستا پێویستمان بە داڕشتنى خشتەیەکى زەمەنییە بۆ کشانەوەى هێزە بیانییەکان، چوونکە مانەوەى هێزە بیانییەکان یارمەتیدەر نییە بۆ چەسپاندنى ئارامیى و ئاسایش لە عێراقدا!. لەگەڵ ئەوەشدا بە توندیى ئەوەشى رەت کردەوە ئێران دەست لە کاروبارى ناوخۆى عێراق وەربدات لە ژێر هەر پاساوێکدا. ئیدى دەستێوەردانى ئێران لە عێراقدا بە ئەندازە و قەبارەیەکە کە وڵاتانى عەرەبى سووننە ترسیان لێنیشتووە، هەر بۆیە لە کاتى دیمانەیەکى هاوبەشى تەلەفزیۆنى جەزیرەدا لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلى ئەکبەر رەفسەنجانى و دکتۆر یوسف قەرەزاوى، سەرۆکى زانایانى ئاینى سووننە. (قەرەزاوى) رووى دەمى کردە رەفسەنجانى و وتى “مەرجەعەکانى شیعە لە ئێران کلیلى چارەسەرى بارودۆخى عێراقیان لە دەستە”. ئێران بە سیاسەتێکى وردبینانە و نەرمەبڕانە توانى لە عێراقدا ببێتە دیفاکتۆ تا لە قۆڵێکى ترەوە ئەمەریکا ناچار بکات لەگەڵیدا بێتە سەرمێزى گفتوگۆ. عێراق ئەو یانسیبە بوو ئێران توانى بیباتەوە و دەستێکى تر ئامادە بکات بۆ یارییەکانى داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا و کۆى رۆژئاواییەکان، بەو پێیەی ئەوەی روودەدات پێماندەڵێت رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا زیاد دەکات.

سوریا
لێ سوریا سەرسەختترین دوژمنى ستراتیژیى سەدام حسێن و هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئێران بوو، وڵاتەکەشى لانەى بەرهەڵستکارانى کورد و عەرەبى ئەو رژێمە بوو بۆ ماوەیەکى ئێجگار دوور و درێژ، بەڵام روخانى رژێمی بەعس نەک خۆشحاڵى نەکرد، بەڵکو زەنگێکى مەترسی بۆ لێدا کە ئەویش لەسەر لێوارى تیاچوونە و ئەمەریکا خستوویەتییە رۆژڤەوە بۆ ئاڵوگۆڕى سیستمى دەسەڵات تیایدا. دەوڵەتى عەرەبى سوریا بە باشى لە نیەتى ئەمەریکا گەیشت، لەوەی عێراق خاڵى سەرەتا و کۆتایى لەشکرکێشى و لێدانە سەربازییەکانى نابێت، بەڵکو لیستێکى دوور و درێژ لە دەوڵەت و رێکخراو لە پلاتفۆرمدا دانراون بۆ تەفروتوناکردنیان، لەوانەش دەوڵەتى سوریا. سوریاش دوو خاڵى لاوازى داوەتە دەستى نەیارەکانى، یەکەمیان بریتییە لە سەرکوتى سیاسیی و پەیڕەوکردنى حکومى دیکتاتۆریى و تۆتالیتاریى و گوشینى ماف و ئازادییەکانى جەماوەر و ستەمکاریى لە بەرامبەر کورد و سووننە و قۆرخکردنى دەسەڵاتى سیاسیى بەشێوەی بۆماوەیی. دووەمیان تێوەگلانى دەوڵەت و دەزگاى هەواڵگریى سوریایە لە دۆزى تیرۆرکردنى رەفیق حەریرى سەرۆکى پێشووى لوبنان، کە بەشێکى زۆرى دیکۆمێنتەکان دەریدەخەن سوریا لەو کردەوەیدا بێ رۆڵ نەبووە، بەڵکو پلاندانەرى سەرەکى بووە یان هاوکارێکی باشی ئێران و حزبوڵا بووە لە پرۆسەی کوشتنی حەریریدا.

لە بەرامبەردا سوریا بە دەستوەردانە کاروبارى عێراق و خوڵقاندنى کێشە و گرفت بۆ هێزەکانى ئەمەریکا دەیەوێت ئاگرە سوورە لە خۆى دوور بخاتەوە و ئەگەرى دەستبردن بۆ گۆڕینى سیستم و دەسەڵاتى سیاسیى لە وڵاتەکەیدا بکاتە موستەحیل و کارى نەکردە. وێڕاى ئازادکردنى سنوورەکانى لەگەڵ عێراق کە لەوێوە شانە تیرۆریستییەکان و خۆ تەقێنەرەوە ناعێراقییەکان دێنە ژوورەوە، بەڵگەى سەلمێنراو لە بەردەستدان نیشانى دەدەن هەواڵگریى سوریا بەشدارە لە مەشقپێکردنى دەیان تۆڕ و یەکەى تیرۆریستى لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق بە تایبەتى لە دەوروبەرى شارەکانى موسڵ و رومادى. هەر ئەو بەڵگانە هێما دەکەن بۆ هەبوونى چەندان حەشارگەى تیرۆریستان لە نێو خاکى سوریادا، لە هەموو ئەمانەش بترازێ ئەو دەوڵەتە لە رێى هەندآ دامودەزگاى تایبەتەوە لە هەوڵى دروستکردنى چەندان حزبى کۆپى و کارتۆنیدایە تا لە کردەى سیاسیى عێراقدا رۆڵ بگێڕن بە ئاڕاستەى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى. لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت بڵێین سەرنجى سەرەکى هەواڵگریى سوریا لەسەر خۆتەقێنەرەوە و گروپە چەکدارە یاخیبووەکانە ئەویش لە رێى پەیداکردنى چەک و تەقەمەنى و شێوازەکانى مەشق و پەلاماردان و دەستیشانکردنى ئامانجە گرنگ و بایەخدارەکان بۆیان. بەمە بە پلەی یەکەم تەرکیزی ئەمەریکا لەسەر سووریا کەم دەکاتەوە، بە پلەی دووەمیش یارمەتی ئێران دەدات بۆ هێنانەدی ئەجیندای دەستبەراگرتنی عێراق و دەرپەڕاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان.

نووسەرى ئەمەریکى (کیت کرین) لە راپۆرتێکدا بە ناوى (پێنج هەنگاو بۆ کۆتایى هێنان بە یاخیبوون لە عێراق) ئاماژە دەکات بۆ (ئەو میلیشیا و گروپە یاخیبووانەى عێراقیان گۆڕى بۆ شانۆیەکى نائارام و پڕ ئاژاوە، ناتوانن هەروا بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان بە بێ دەستەبەرکردنى تەمویلێکى بەردەوام بۆ خۆیان، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر جۆرج بوش سەرۆکى ئەمەریکا کە دەیەوێت ستراتیژێکى نوێی پتەوتر لە عێراقدا پیادە بکات مەسەلەى سنووردانان بۆ هەڵقووڵانى دارایى بۆ ئەو گروپانە بکاتە یەکێک لە ئەولەویاتى پلانەکەى). دواتر نووسەر راپۆرتەکەى بەم پەرەگرافە قفڵ دەکات “ئەگەر بێتو ئامڕازەکانى فیشەک و بۆمب شکستیان هێنا لە پرۆسەى لە ناوبردنى یاخیبووەکان و ئەندامانى میلیشیا چەکدارەکاندا، بەڵام لانیکەم وەستاندن و وشککردنى دارایى و پارەکان لە گیرفانیاندا باشترین ئامڕازە بۆ لەناوبردنیان”. شتێکى شاراوەش نییە سوریا یەکێک لەو دەوڵەتانەیە سەرچاوەیەکى نایابی دارایى و لۆجیستى ئەو گروپانەیە، بەبێ هەبوونى ئەم دەوڵەتە لە تەنیشتى عێراقدا دەکرا تیرۆر و کاری تێکدەرانە لە نیواونیو زیاتر لەوەى ئێستا هەیە کەمتر بوایە. بێ لەوەش وڵاتانى دەوروبەر لە رێى بازرگانیکردن و ئاڵوگۆڕى کاڵاوە لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان یارمەتییەکى باشى مانەوەیان دەدەن، بە تایبەت ئەو میلیشیایانەى نزیک بە دەسەڵاتى سیاسیی عێراقن و لە هەمان کاتدا بەشێکن لە پرۆسەى توندوتیژیى سیاسیى و مەزهەبیى.

کیت کرین دەنووسێت (بەدەر لە یارمەتى حکوومەت بۆ میلیشیاکان لە رێگەى کار و پۆستەکانەوە، سەرچاوەى دووەمى یارمەتیدانیان لە رێگەى ئاودیوکرن و فرۆشتنى سووتەمەنییەوە دەست دەکەوێت. کاتێک لە دەرەوەى عێراق دەیفرۆشن و ملیۆنان دۆلار بۆ میلیشیاکان دەستەبەر دەکات). ئەوەى لەم بازرگانییەدا لەگەڵ میلیشیاکان بە پلەى یەکەم دێت کۆمارى ئیسلامى ئێرانە، پاشانیش سوریا و تورکیا. قەبارە و بارستایى دەستێوەردانەکە هەرچى چۆنێک بێت هێندەى ئەوە گرنگ نییە، ئەمڕۆ سوریا ژێدەرێکى ترسناکى خوڵقاندنى پشێویى و نائارامییەکانى ناو عێراقە و لە چەندان کەناڵ و دەروازەى جیاجیاوە داخڵى عێراق بووە و لەسەر ساحەى ئەو جەنگێکى دۆڕاوى ناپیرۆز کە تەنێ هاووڵاتیان و عێراقییەکان تیایدا زیانبارن بەڕێوە دەبات. تا نهۆش لە میحوەرى عێراقەوە گوشارێکى جیددى لەسەر سوریا نەبووە بۆ ئەوەى ناچار بکرێت سنوورەکانى توند و تۆڵ بکات و مقەست بدات لە داوى پەیوەندییەکانى بە گروپە نەخوازراوە چەکدارەکانى ناو عێراقەوە، بە پێچەوانەوە ئەمەریکا لە قۆڵێکى ترەوە مەیدانى بەربەرەکانى لەگەڵ کردۆتەوە، ئەویش قۆڵى لوبنانە کە دواى ناچارکردنى سوپاکەى بە کشانەوە لەو وڵاتە، تاوانباریشى کردووە بە تیرۆرکردنى رەفیق حەریرى و هاندانى گروپە یاخیبووەکانى ناو لوبنان و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئەو وڵاتە. راستە سوریا لەلاى لوبنانەوە قۆڵى بڕاوە و رەگوڕیشەى دەرهێنراوە، بەڵام قۆڵەکەى ترى لە عێراقدایە و خەریکە رەگ دادەکوتێت.

تورکیا
بە هۆى پشکداریى نەکردن لە پرۆسەى روخانى رژێمى بەعس و رێگریى دروستکردن لە بەردەم بەکارهێنانى ئاسمانى وڵاتەکەیان لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانانەوە لە جەنگى دژە عێراق، تورکیا کەنارگیر کراوە لە بڕیاردان لەمەڕ چارەنووسى عێراق و هیچ کاریگەرییەکى جیددى و بەرچاویشى نەبووە لە عەمەلیەى سیاسیى سەرلەنوێ داڕشتنەوەى عێراقدا. تا وەختێک ئاوڕی دایەوە دوژمنە لە مێژینەکەى (کورد) لە چڵەپۆپەى دەسەڵاتدایە و ئەکتیڤانە لە گێرمە و کێشە و ململانێکانى عێراقى هەنووکەدا دەرکەوتووە. تورکیا چەندان جار هەوڵیدا لە رێى بەکارهێنانى کارتى (PKK)ەوە بەشێوەى راستەوخۆ لەشکرکێشى بکاتە سەر خاکى باشوور، ئەم کارتە تا ئەم چرکەساتەش بەدەستییەوەیەتى و دەیەوێت لەلایەن ئەمەریکاوە گڵۆپى سەوزى ئۆکەى بۆ هەڵبکرێت و مێژوو خۆى دووبارە بکاتەوە چۆن لە شەوێکدا (قوبرس)ى داگیرکرد کوردستانیش داگیر بکات!!. بەڵام تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەمەریکا ئەو مافەى بە تورکیا نەداوە بۆ ئەنجامدانى کارێکى لەو بابەتە، چون ئەو لەشکرکێشییە لەلایەک هەڵکوتانە سەر ئەمەریکایە بە دەلیلى ئەوەى دەسەڵاتى داگیرکەرە و وڵات لە دەستى ئەودایە، لەلایەکى ترەوە تێکدانى ئەو بڕە ئاسایشەیە لە باشوورى کوردستان هەیە کە وەک دورگەیەکى ئارامى لێهاتووە بۆ ئەرتەش و هێزەکانى هاوپەیمانان و جێبەجێکردنى هەندێ ئەجینداى خۆیان تیایدا.

پاشتر تورکیا لە رێى پاساوى ستەمکردن لە تورکمانەکان لە کەرکوک و بە بیانووى لەمپەردانان بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردیى لە باکوورى عێراقدا، چەندان هەوڵى سەرنەکەوتووی دا، بۆ قایلکردنى کۆشکى سپى تا لەشکرکێشى بکات، خۆشبەختانە هەموو هەوڵەکان ناکام مانەوە و هیچ هیوایەکیان بۆ تورکیا لێ سەوز نەبوو. تاکە میکانیزمێک بەدەستییەوە مابێتەوە هەندآ لایەنى وەک بەرەى تورکمانییە، ئەویش بە هاندانیان بۆ کۆسپ و تەگەرە دروستکردن لە بەردەم جێبەجێکردنى بڕگەکانى ماددەى سەد و چل، بە تایبەتیی لە قووڵایى شارى کەرکوکدا. نووسەرى تورک (سەمیح ئیدیز) دەنووسێت (بەهۆى یەدەگە نەوتییە زۆر و زەوەندەکەیەوە کەرکوک هەمیشە خاڵى ململانێى نێودەوڵەتى بووە، هەروەک رابردوو دووبارە کەرکوک لە سایەى ترس و توندوتیژیدا دەژى). یەکێک لە نزیکترین ئەو وڵاتانەى چاوى لە نەوتى کەرکوک بڕیوە تورکیایە، هەر بۆیە لە رێى وروژاندنى هەستى تورکمان و شێواندنى زیاترى بارى دیمۆگرافى کەرکوک و چەواشەکردنى راى گشتیى جیهانیى، باری گۆڕاوی شارەکە وەک خۆى دەهێڵێتەوە و رێگریى دروست دەکات بۆ گەڕانەوەى بۆ ناو جوگرافیا رەسەنەکەى کە کوردستانە، ئەمەش ئەو ستراتیژەیە تورکیا چەندان پلانى بۆى هەیە و دەیان کۆنگرەى لە وڵاتەکەیدا بۆ بەستووە و دەیەوێت زۆرترین عێراقى لە دەور کۆبکاتەوە. هەرچەند هەوڵەکانی تورکیا هێندەی ئێران کاریگەر نەبووە، بە حوکمی ئەوەی کارتی دەستی تورکیا کە تورکمانە کەمینەیە لە عێراقدا، هەرچی کارتی ئێرانیشە کە شیعەیە زۆرینەی رەهان و لە نیوەی زیاتر دانیشتووانی وڵاتەکەی تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتاش ناکرێت حیساب لەسەر دەستێوەردانەکانی تورکیا نەکرێت یان بەهەند وەرنەگیرێت.

رەهەندێکى ترى دەستێوەردانى تورکیا، هاریکارییکردنە لەگەڵ هەندێ لە جاشە کوردەکانى باشوور و بڕێک لایەنى سووننە و شیعەى رەگەزپەرست بە مەبەستى پێکهێنانى بەرەیەکى هاوبەش لە دژى دەوڵەتى نوێى عێراق و خواستى فیدراڵیزمى کوردەکان و ماددەى سەد و چل. هەر لە خۆڕا نییە دواى متبوون و چوونە قاوغەکەى خۆیەوە جارێکى تر جاشى مێژوویى (ئەرشەد زێبارى) سەر دەردەهێنێتەوە!!، ئەمجارە وەک سەرۆکى پارتێکى بەکرێگیراو کە ئامانجى دژایەتیکردنى ماددەى سەد و چل و فیدراڵیزمە. دووبارە ئەمە بەڵگەیەکى ئاشکرا و شەفافە بۆ سەلماندنى دەستێوەردانى وڵاتانى هەرێمیى لە کاروبارى عێراق و کوردستاندا بە دیاریکراویى لە پرسەکانى گرێدراو بە چارەنووسى شارى کەرکوکەوە. تورکیا بە هەموو جۆر و لە هەر رێگەیەکەوە دەستبدات بۆى دەستوەردەداتە کاروبارى عێراقەوە، ئامانجى ئەو جیایە لە ئامانجى ئێران و سوریا چون لەبەردەم تەهدیدى گۆڕان و رووخاندا نییە، بە قەدەر ئەوەى خەونى لەباربردنى هەر نیمچە دەسەڵاتێکى کوردیى هەیە چوونکە هەر رێنیسانس و سەرهەڵدانەوەیەکى کورد لە باشوور بە سەرەتایەکى مەترسیدار دەزانێت لەسەر خۆى بەو پێیەى هانى کوردەکانى باکووریش دەدات لە دژى دەوڵەت، لە هەمان کاتدا پاڵپشتێکى ماددیى و مەعنەویى دەبێت بۆیان لە خەباتەکەیاندا بۆ رزگاریى کوردستان و دەرهێنانى لە ژێر چەپۆکى کەمالیزم و تۆرانیزم.

وڵاتانى عەرەبى (سووننە)
لە بەرامبەر دەستێوەردانى سوریا و ئێران وەک دوو دەوڵەتى شیعە، دەوڵەتانى عەرەبى سووننە کاردانەوەیان هەبووە و هەوڵیانداوە رەنگدانەوەیان لەسەر دۆزى سیاسیی و واقیعى ئەمڕۆى عێراق هەبێت. لە ریزى پێشەوەى ئەم وڵاتانە هەریەک لە عەرەبستانی سعودی و میسر و ئوردون و قەتەر هەن. ئەم دەوڵەتانە ترسیان لێنیشتووە لەوەى یەک پارچەیى خاکى عێراق لەبەردەم هەڕەشە و ترازاندایە و ئەگەرى پارچە پارچەبوونى لە هەر ئەگەرێکى تر بەهێزتر و نزیکترە، ئەوان لە رێى دەستگیرۆییکردن و یارمەتیدانى عەرەبى سووننەى لەسەر کار لابراوەوە خوازیارن زامنى یەکپارچەیى خاکەکەى و ناسنامەى عەرەبێتى عێراق بکەن!!. (بۆبى غوش) دەنووسێت: وڵاتە عەرەبییەکان ترسى ئەوەیان هەیە کۆمارى ئیسلامى ئێران ببێتە سەرەکیترین دەسەڵاتدارى ناوچەکە، سەبارەت بەمەش چەندین جار بەرپرسانى عەرەبستانی سعودیە و میسر و قەتەر و ئوردون رەخنەیان لە بەرپرسانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا گرتووە لە بەرامبەر بێدەنگی و هەڵوێست وەرنەگرتن سەبارەت بە فراوانبوونى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ناوچەکەدا.

لە ساڵى 2004 شا عەبدوڵڵاى پادشاى ئوردون هۆشداریى توندی دا بە بەرپرسانى کۆشکى سپى لە مەترسى پەیدابوونى ئیمپراتۆریەتێکى شیعە کە ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان بگرێتەوە. ئەمە یەکەمین لێدانی زەنگی مەترسیی دروستبوونی هیلالە شیعییەکە بوو لەلایەن سەرۆکێکی عەرەبی سووننەوە. حوسنى موبارەکى سەرۆکى میسریش ساڵى 2006 رایگەیاند (شیعەکانى عێراق ئەوەندەى خۆشەویستیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران هەیە، ئەوەندە خۆشەویستیان بۆ وڵاتى خۆیان نییە کە عێراقە). بەم جۆرە وڵاتانى عەرەبى سووننە لە ترسى دروستبوونى هەژموونێکى بەهێزى شیعیى و هاتنە کایەى ئەوەى پێى دەوترێ (نیوە مانگی شیعیی) لە ناوچەکەدا بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە پشتگیریى عەرەبە سووننەکانى عێراق دەکەن وەک رێگر لەبەردەم دروستبوونى ئیمپراتۆریاى شیعە و پارێزگار لە دیدى عروبە و شوناسى عەرەبێتى دەوڵەتى عێراق. تەنانەت سعودیە کە خەون بە سەرکردایەتیکردنى دنیاى عەرەبیى و سیاسەتى جیهانى عەرەبەوە دەبینێت لە هەوڵى زیاتردایە و دەیەوێت لە ناوخۆى خودی ئێراندا مەدى سووننى بجوڵێنێت (وەک جوڵاندیشى)، بەڵام ترسى لە پەرچەکردارى ئێرانە لە هەژاندنى ناوخۆى سعودیە لەڕێى ئەو ژمارەگەلە زۆرەى شیعەى وڵاتەکەیەوە، ئەمەش سەرئێشەیەکی نەبڕاوە و ژانێکی ئەبەدیی بۆ عەرەبستانی سعودیە دەهێنێتە ئارا.

هەر بۆیە تا ئێستا عێراق مێزى دەست شکاندنەوە و قوماریان بووە و مەیدانى ناکۆکیى و کێشمەکێشەکانیان نەگواستۆتەوە بۆ ناوخۆى وڵاتەکانیان. هەر لەو میانەیەدا ئەم وڵاتانە بەردەوام سەرقاڵى سازدانى کۆنگرە و کۆنفرانسى جۆر بەجۆرن سەبارەت بە عێراق و چارەسەرکردنى دۆخى ناهەموارى ئاسایش، بەڵام لە واقیعدا ئامانجى هیچکامیان وەستاندنى نەزیفى خوێنى عێراق نییە، بەڵکو ئەو کۆنفرانسانە تەنێ دەرفەتێک بوونە بۆ دۆزینەوەى سەرەداوى بەرژەوەندییەکانیان لە عێراقدا و ئامادەکردنى رێوشوێن بۆ پارێزگاریلێکردنى. هەروەک نووسەرى عەرەب (غەسسان ئیمام) دەنووسێت (تراژیدیاى عێراق هیچ چارەسەرێکى نییە لە ناوخۆى عێراق خۆیدا نەبێت، هەرچییەکى تر بکرێت دواخستنى چارەسەر و درێژەدانە بە ململانێکان و درۆ گۆڕینەوەیە لە ناوەوە و دەرەوەى کۆنگرەکاندا). گۆڕەپانی عێراق بووە بە مەیدانی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جێگەی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە قووڵەکانی هەریەک لەو دەوڵەتە هەرێمییانە، ترسناکترین دیمەنیش ئەوەیە شەترەنجی عێراق شەترەنجێکە بۆ شەڕی مەزهەبیی و مێژوویی نێوان وڵاتانی شیعە و سووننە.

هەڵوێستى ئەمەریکا
ئەندریۆ باسیڤیچ لە (The Nation)دا دەنووسێت: هەموو سیاسەتمەدارێکى ئەمەریکى بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆى دەکات (ئایا نەخشەى ئێمە لە عێراقدا چییە؟)! هۆکارى ئەم پرسیارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستانەى لە نێو عێراقدا بەدى دەکرێن، لەو ساتەوەى عێراق ئازاد کراوە سەقامگیریى بەخۆوە نەدیوە، رۆژانە بەردەوام تەقینەوە روودەدات، هەر پلان و نەخشەیەک پەیڕەو دەکرێت دەرئەنجامێکى نێگەتیڤترى دەبێت. ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان و قەڵاچۆکردنیان و جێگیرکردنى ئەمنییەت بە بنبەست گەیشتووە و هەموو پلانەکانى یەک لە دواى یەک شکستیان هێنا و نەیتوانى کەمترین سەرکەوتن مسۆگەر بکات، تەنانەت جەنگى عێراق و ئەو بارە نەخوازراوەى لە بەغداد و شارەکانى تردا بوونى هەیە، ناڕەزایەتییەکى توندى لە ئاستى جیهانیدا لە دژى ئەمەریکا دروستکردووە تا ئەو سنوورەى بزووتنەوەى ئەنتى ئەمەریکایى لە بەهێزترین وەرزى تەمەنیدایە. ئاژانسى هەواڵی (فرانس پرێس) لەو بوارەدا و لە بارەیِ نیگەرانییەکانى وڵاتانى دنیا لەمەڕ رۆڵى پۆلیسى جیهانیى ئەمەریکا راپۆرتێکى ئامادە کردووە، راپۆرتەکە هێما دەکات بۆ وتەى (کریستۆفەر وتینى) بەڕێوەبەرى توێژینەوەکان لە ئەنجوومەنى شیکاگۆ بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى، لەمەڕ راپرسییەک کە 18 وڵاتى گرتۆتەوە (ئارەزوویەکى ئاشکرا و روون هەیە سەبارەت بە هەڵوێستى زۆر نێگەتیڤ و بەرجەستە بوو بەرامبەر بە ئەمەریکا بە هۆى شێوازى جێبەجێکردنى سیاسەتى دەرەوەى). لە بارودۆخێکى لەو جۆرەدا ئەمەریکا کام رێگا دەگرێتە بەر؟ ئایا پلانى نوێی چییە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى عێرق؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستێوەردانى هەرێمیى دەکات؟ ئایا سیاسەتى توندوتیژ و زەبروزەنگ ئامێز دەگرێتە بەر یان گفتوگۆ و فۆرمى ئاشتیانە؟.

ئەوەى لە رەوشى عێراقدا بەدی دەکرێت پێچەوانەى روانینەکەى کۆڵۆنێل (سام گاردینێر)ى کۆنە ئەفسەرى هێزى ئاسمانى ئەمەریکا نیشان دەدات، کە پێیوایە عێراق و تەنگژە قورسەکانى رێگر نین لەبەردەم هێرشکردنە سەر ئێران، سەرقاڵبوونى ئەمەریکا بە ماناى وازهێنان لە ئێران نایەت. هەموو ئاماژە و سەرەداوەکان دەڵێن ئەمەریکا خوازیارە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتى ئێران و سوریا گفتوگۆ بکات بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێکى چارەسەر بۆ دۆخى عێراق و ناجێگیریى ئارامیی و ئاسایش بە دیاریکراویى لە بەغدادى پایتەختدا. دانیاڵ سیرۆیەر لە رۆژنامەى لیبراسیۆنى فەڕەنسیدا دەنووسێت “وێڕاى نکۆڵیکردنى کۆشکى سپى لەگرتنەبەرى هیچ سیاسەتێکى نوآ بەرامبەر سوریا و ئێران، بەڵام لەڕاستیدا سیاسەتى پێشووى خۆى دەستکاریى کردووە و دانوستانێکى چەند قۆڵەى لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دەستپێکردووە، دەیەوآ چیدى ئێران و سوریا کۆسپ نەخەنە بەردەم کارەکەى لە عێراقدا..”.

لەلایەکى تریشەوە (ئانى ڤیلادمێرتى) لە رۆژنامەى واشنتۆن پۆستدا ئاماژە دەکات بە وتەى کۆندالیزا رایسى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە بارەى سازشکردن لەگەڵ ئێران و سوریا و لە زارى ئەوەوە دەنووسێت (ئیدارەى سەرۆک بوش خوازیارە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی ئێران و سوریا بکات سەبارەت بە سەقامگیرکردنى بارودۆخى ئاسایش لە عێراق). ڤیلادمێرتى جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە پسپۆڕانى ئەمەریکیى پێداگریى لە بارەى پێویستى دانوستان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دەکەن لەمەڕ فایلى ئەمنیى لە عێراقدا. لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەى ئەمەریکا ئامادەیە سازش لەگەڵ ئێران و سوریا بکات، بەڵام لە بەرامبەر چى و ئەو دوو دەوڵەتە بە چ مەرجێک هاوکاریى دەکەن؟ هەڵبەتە لاى خۆیانەوە هەر لایەکیان مەرجیان هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەو مەرجانە لەسەر حیسابى کآ بن؟ ئایا گۆزەکە لەسەرى کام لایەن و کام پێکهاتەى عێراقیدا دەشکێت؟. کارەساتەکەش لێرەوە دەست پێدەکات، ئەمەریکا نەک هەر ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بکات، بەڵکو ئامادەیە نەرمى بنوێنێت لەگەڵیان بۆ ئەوەى یارمەتى سەرکەوتنى بدەن لە تەنگژەى عێراقدا، ئەو تەنگژە قورسەى لە دواى ڤێتنامەوە نە بەخۆیەوە دیوە و نە لەوانەشە قەت جارێکى تر بەخۆیەوە ببینێت.

دۆزى کورد
دەستێوەردانى هەرێمیى و کارتێکردنى وڵاتانى ناوچەکە لە دۆخى عێراق، زۆرترین رەنگدانەوەى هەبووە لە فۆرمۆڵەکردنى عێراق بە شێوەیەکى تر، جیاوازتر لەو شێوەیەى ئەمەریکا بە تاکلایەنە بڕیارى لەسەر دابوو. بەکارهێنانى کارتى ئاسایش لەلایەن سوریا و ئێرانەوە و دوورخستنەوەى تەوەرى شەڕ لە دەوڵەتەکانیان نەک پاراستنى لە هەڕەشە و مەترسى داڕووخان بگرە ئەمەریکاشى ناچار بە دانوستان و گفتوگۆ کردووە لەگەڵیان. بێگومان لە حاڵەتێکى لەو شێوەیەدا ئەمەریکا لە هەندێ داواکاریى خۆى دێتە خوارەوە و بەدیفاکتۆ هەندێ سازش دەکات کە رەنگە لە دژى پێکهاتەیەک یان چەند پێکهاتەیەکى ناو عێراق بێت. لێ دەستێوەردانى هەرێمى نەیتوانى بارى جێگیرى ئاسایش لە کوردستان بشڵەقێنێت “چوونکە ئامانجى نەبوو” بەڵام لە رووى سیاسییەوە کورد یەکێک لەو پێکهاتانەیە باجى ئەو دەستێوەردانانە دەدات. رەنگە گرنگترین باج دواکەوتنى جێبەجێکردنى ماددەى 140 بێت، تەنانەت دەنگۆى ئەوە هەیە ئەمەریکییەکان داوایان لە (جەلال تاڵەبانى) سەرۆک کۆمارى عێراق کردبێت بۆ دواخستنى ئەو ماددەیە بە تایبەت لە شارى کەرکوک، ئەمە دیسان بەڵگەیەکە لە مەڕ رۆڵى دەوڵەتانى هەرێمیى لەسەر بڕیارە نوێیەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان. کورد کە بەهرەمەند نییە لە هاوکاریى هیچ دەوڵەتێکى دراوسێ و بنە و بارگەى لە هیچ کام لە وڵاتانى هەرێمیی نەخستووە، قوربانى سەرەکى ئەو دەستێوەردانانە بووە و دەبێت. لەلایەکى ترەوە پێداچوونەوە بە بڕگەکانى دەستوورى عێراق و هەموارکردنى چەند بڕگەیەکى نوآ کە مافەکانى کوردى پێدەگۆڕێت بۆ بآ مافیى، بەڵگەیەکى تر و ئاوێنەیەکە پێمان نیشان دەدات ئەگەر بە دەستێک ماف بدرێت بە کورد لە عێراقدا سەدان دەست ئامادە کراوە بۆ لێسەندنەوەى.

کورد زەرەرمەندترین پێکهاتەى عێراقە و دواجار سەنگەرەکەی بەسەردا دەڕوخێت، شیعەکان بە پاڵپشتى ئێران و بە هۆکاری زۆرینەى دانیشتوان حاکمى جاویدانى عێراقن، سووننەکان بە هاوکاریى وڵاتانى عەرەبى و هێزى خۆتەقێنەرەوەکان بوونەتە ئەمرى واقیع و ئەمەریکییەکانیشیان ناچار بە دانوستان و سازش کردووە. لەو نێوەندەدا کورد بە تەنیا و بێ هیچ دۆست و پاڵپشتێک، بە دواى عەشقێکى وەهمى و تاکلایەنەى ئەمەریکادا را دەکات!!، ئەو ئەمەریکایەى لە راسپاردەکانى بیکەر- هاملتۆنەوە یەکەم زەنگى پشتێکردنى بۆ لێدا و ئەمڕۆش خەریکە بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەوەى دوێنێ بە خوێن و رەنج بە دەستى هێناوە لە بەرداشى سازشەکانیدا دەیهاڕێت و لەناوی دەبات. کورد تاکە پێکهاتەیە بە قورسیی باجی ئەم دەستێوەردانانە دەدات لە ئایندەدا. هەر لێرەوە جێى خۆیەتى ئاماژە بکەم، بۆ ئەوەى جگە لە کورد کەمینەکان بە هۆى بارودۆخى ناجێگیریى عێراق و نەبوونى پشت و پەناى دەرەکییەوە لە توانەوەدان و خەریکە لە هەموولایەکەوە تیا دەچن.
بە پێى راپۆرتى رێکخراوى مافى کەمینە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵى 2007دا، کەمینەکانى نێو عێراق بەرەو لە ناوچوون دەچن، وەک مەندائییەکان کە پێش ساڵى 2003، ژمارەیان (30000) کەس بووە، بەڵام ئێستا لە (13000) کەس کەمترن، جولەکەکان پێش ساڵى (2003) سەدان کەس بوون، بەڵام ئێستا تەنها پێنج کەسیان لە عێراق ماونەتەوە، پەنابەرە فەلەستینییەکان ئەوانیش پێش ساڵى 2003 ژمارەیان (35000) کەس بوو، ئێستا لە (15000) کەس کەمترن. بەشار ئەلسەبتى وتەبێژى ئەنجوومەنى کەمینەکانى عێراق دەڵێت “گەورەترین مەترسى مەندائییەکان ئەوەیە رووبەڕووى نەمان دەبنەوە”. ئەمڕۆ لە دواى کوشتنى دوعای کچە ئێزدییەوە پەلاماردانى ئێزدییەکانیشی وەک بەشێک لە نەتەوەى کوردى هاتۆتە سەر، بۆیە عێراقى نوێ، عێراقى زلهێز و خاوەن دەسەڵاتە لە بن نەهاتووەکانە، ئەوانەى دەسەڵاتەکانیان پشت ئەستوورە بەهێزى دەرەکى و ناوچەیى. کورد هیچ کەسى لە پشت نییە!، وا بزانم ئەوەندە تاوان و رەفتارى نەشیاومان ئەنجامداوە چیاکانیش پشتیان تێکردووین و چیتر دۆستمان نەماون.

چارەسەر چییە؟
ئەرکى ئەم نووسینە نییە وەڵام بە پرسیاری چارەسەر چییە بداتەوە؟ بەڵام هیچکات دیوارى ئەعزەمییەى چەقى شارى بەغداد کە شارەکەى دوولەت کردووە چارەسەر نییە، بەڵکو هەڵچنینى شورەیەک (مەبەستم دیوارێکى مەعنەوییە نەک دیوارى چین) پێویستە بە چوار دەورى عێراقدا، بۆئەوەی لە پێش هەر کارێکەوە بەرەنگاریى سنوور بەزاندن ببێتەوە و پارێزگاریى لە سەروەریى خاکى عێراق بکات. لەگەڵ ئەوەشدا تا عێراق بەم جۆرە و بەم جوگرافیا دەستکرد و داسەپاوەوە بمێنێتەوە، کورد وتەنى (تا ئەم بایە لەو کونەوە بێت) دەستێوەردانى هەرێمیى و نێودەوڵەتى لە عێراقدا هەر دەمێنێت. شیعەیەکى عێراقى ئەوەندەى ئینتیماى بۆ شیعەگەریى و ئێران هەیە چارەگى ئەوە عێراقى نییە، کورد دواى هەشتا ساڵ بە عێراقیکردن و کۆمەڵکوژیى تا نهۆ بۆ چرکە ساتێکیش لە قەناعەتەوە خۆى بە عێراقى نەزانیوە و نازانێت. دابەشکردنى عێراق بۆ سەر سێ دەوڵەت، کێشەکان لە بناغەوە چارەسەر دەکات و دەبێتە فاکتۆرێک بۆ بەرقەراربوونى ئاشتى لە سەرجەم ناوچەکەدا.

ماکس ج. بووت نووسەر و توێژەرى سیاسیى ئەمەریکى لە رۆژنامەى (لۆس ئەنجلۆس تایمز)دا دەنووسێت “زۆر کەس ئێستا دژى دووبارەکردنەوەى ئەزموونى یۆگسلاڤیایە لە عێراق، واتە عێراق دابەشبکرێت بۆ سێ دەوڵەتى سەربەخۆى سنوور جیاواز و سەروەرێتى سەربەخۆ و هاوبەش لە کۆمەڵێک مەسەلە کە تایبەتمەندێتى جێوپۆلۆتیکى عێراق دەیسەپێنێت، بیرمان نەچێت لە نەوەدەکانى سەدەى رابردووش هەمان بەرهەڵستکاریى بۆ بیرۆکەى دابەشکردنى یۆگسلاڤیا دەکرا و دەبینرا، بەڵام دواجار هەموو لایەک بەو قەناعەتە گەیشتن لە وڵاتێکى پێکهاتە جیاواز کە بنەماى پێکەوە لکاندنیان بە یەکەوە ئارەزوومەندانە نەبووە، دابەشکردن و سەربەخۆبوونى هەر نەتەوەیەک لە پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە باشترین چارەسەرە بۆ سەقامگیربوون و پێشکەوتن، ئەم چارەسەرە بە راى من لەگەڵ چارتى نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا دێتەوە، بەو پێیەى سەرەکیترین ئامانجى بریتییە لە دەستەبەرکردن و پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى جیهان”.

کورد بە زۆرى زۆرداریى کراوە بە عێراقى بۆچى باجى عێراق بدات؟ بۆچى بە ئاگرى شەڕى سووننە و شیعە بسووتێت؟ بۆچى باجى هەڵەکانى سەدام و جەعفەری و مالیکى و کێ و کێ بدات؟. شیعەیەکى خوارووى عێراق و زۆنگاوەکان چى دەیبەستێتەوە بە شاخەکانى کوردستانەوە؟ کوردێکى کۆچەریى کوێستانشین چى بە بیابانە کاکى بەکاکییەکانى عەرەبستانەوە گرێى دەدات؟ جامانە و عەگال، شاڵ و دشداشە، خورما و گوێز، کەوى کوردستان و هوشترى بیابان چى بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە؟ جگە لە درۆ و وەهمى عێراقى داسەپاو نەبێت !! باشترین چارەسەر و کارسازترین هەنگاو بۆ دەرچوون لەم قەیرانەى ئەمڕۆى عێراق دابەشکردنێتى بۆ سەر سێ وڵات، ئاخر دەزانن ئەزموونی تاڵی یۆگسلاڤیا وامان پێدەڵێت؟!.

*ئەم وتارە شیکارییە پێش یانزە ساڵ بە دوو بەش لە ژمارەکانی (228-229)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژەکانی 17-18 یونی 2007 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی سێهەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 109-130 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




مەیەڵن بمرم،من بناغەی سەرمایەکانتانم،بێ ڤاکسینم مەکەن!.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

ئێمەی خەڵکانی ووڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەگەر لە بەرەوو پێشچوونی زانستدا بەشدار نەبووینە، نموونەی ؛زانستی ئابووری و کشتووکاڵ و کارەبا و ئەستێرەناسی(ئەمەش دەتوانین بە وەرنەگرتنی هیچ یەک لە خەڵاتە جیهانیەکان بسەلمێنین،وەک خەڵاتی نۆبڵ) ، بەڵام لە دروست کردن و گەرم کردنی بازاڕدا بۆ شت و مەکی دروستکراوی وڵاتە پێشکەوتوو و پیشەسازیەکان سەرقافڵەین! بە تایبەتی ووڵاتە بە ناو ئیسلامیەکان، کە تایبەتمەندن لە عیبادەت و خواناسیندا، ئەم ژیانەیان بە لاووە شتێکی کاتی و بە سەرچووە، بۆیە خۆیان بە زانست و پیشەسازیەووە خەریک ناکەن! لە بەرامبەر ئەمەدا، سروشت کۆمەڵێک کانزا و سەروەتی ژێرزەمینی پێیان بەخشیووە، کە بریتین لە چەند چاڵە بیرێک لە نەوت و گاز، کە تا ئێستاش رەواج وبازاڕی گەرمە وڕەوڕەوەی پەرەپێدانی گەشەی پیشەسازی ڕۆژئاوایی پێ دەچێتە پێشەووە، بەڵام وا کۆمەڵێک شێوازی تر لە ووزە، لە چەشنی ووزەیی خۆر و ووزەیی با و ووزەیی ئەتۆم خەریکە جێگەی دەگرێتەووە.
بۆ ئێمەی ئابووریناس جێگەی پرسیارە دواڕۆژی ئەو کۆمەڵگا بێ زانستانە، کە تەنها وەک گیاندارێکی کێوووی لە سەر سروشت دەلەوەڕێن، دەبێت دواڕۆژی نەوەکانی داهاتوویان چۆن بێت!؟ بەڵام کۆمەڵگا خۆیان دەڵێن(خودا دەلیل و پشتیوانی خەڵکی داماوە و بە برسێتی نامانهێڵێتەووە!؟) ، کەواتە دەتوانم بڵێم ٪١٠٠ بازاڕین بۆ ساغ کردنەووەی کاڵاکان، وە تا ئێستاش هیچ تروسکاییەک نیە، کە ڤاکسینێکی یا پێکووتەیەکی دژە ڤایرۆس لە دواڕۆژدا، لە بەغدا و ڕیاز و تاران و مەقادیشۆ و کابولەوە دروست بکرێت بۆ مرۆڤایەتی.
ڤاکسین یا پێکووتە، بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە کار دەهێنرێت و هەندێکیشیان بۆ دووەم جار و سێهەم جار وەری دەگرن! تا ئێستا دەنگێک نیە لە کوتانی خەڵکانی کۆمەڵگا تازەپێگەیشتووەکان !؟ ئایا ئەم هاوکێشە، لە کۆتاییدا کارەساتبار نابێت؟ ئایا جیهانی بوون ناکەوێتە مەترسیەووە؟ ئایا ڕاوەستانی ژیان لە کۆمەڵگا دواکەووتووەکان یا تازە پێگەیشتووەکان، چ کاریگەریەک لە سەر ڕەوڕەووەی ئابووری و پیشەسازی، وڵاتە پێشکەوتووەکان دادەنێت؟ ئایا کەڵەکەی سەرمایە لە جەمسەرێکی زەوی، نەبەستراوەتەوە بە جەمسەرە هەژارەکەی تر؟ ئایا لۆجیکە، نیووەمان بمرین لە بێ ڤاکسینی، نیووەکەی تر خۆیان بتوانن ، نان و جلو بەرگ بۆ خۆیان دابین بکەن؟ سەدان پرسیاری تری وورووژێنەر!؟
با ئێمە، خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا، بە تەزبیحەکەی دەستمان بێت، یا بە کۆمەڵێک بەرد و زیخ و چەو بێت، چونکە نەخوێندەوارین! با بزانین بە نەمانی ئێمە جیهان چی بەسەر دێت، یا وڵاتە پێشکەوتووەکان؛ ڕۆژانە لە سایت و پەیجە کوردیەکاندا، دەیبینین و دەیبیستین، سەدان ئۆتۆمبێل وەردەگەڕێن ، سەدان کەسی بریندار دەبرێن بۆ نەخۆشخانەکان، ئەمە تەنها لە کوردستان! کە وڵاتێکی پڕ نەوت و قیر و دەوڵەمەندە، جا دەبێت لە بەنگلادیش و فلیپین و تەنزانیا چی کارەساتێک بێت!؟ با بێینەووە سەر جادە و بانەکەی کەلار و کفری و دەربەندیخان و سلێمانی، ئەم ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوانە، چەند پارچەی یەدەکی دەوێت بۆ چاککردنەوە، ئەگەر بە تەواوی تێکشکابێت، ئەووە ئۆتۆمبێلێکی نوێ دێتە جێگەی! بریندارەکان، چەند خەرجیان دەبێت!؟ سندوقەکەکەی دایکم، لە لوقوم وبسکیت و شیرینیەکانی ترەووە، ئەگەر دروست کراووی دەرەوەی کوردستان نەبێت، بە دڵنیایی، پێکهاتەکەی لە شەکر و ڕۆن و ئەو تام و بۆنانەی تێیان دەکرێت لە دەرەووە هێنراون! تەقینەووەی ئەو بۆمب و مووشەکانە، کە بێجگە لە خەرجی خۆیان، ئەو وێرانکاریانە لە ژێرخانی کۆمەڵگا لە جادە و کارەبا و تەلەفۆن و ئاو و ئاوەڕۆ، لە کاتێکدا کە خۆمان ناتوانین وایەرێکی کارەبا دروست بکەین!؟ کەش و هەوای ژینگەی تاسلوجە و بازیان و لەیلان، کە هەزاران تووشبووی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی هەناسەی لێ دەبێتەووە، کەواتە فرۆشتنی هەزاران بگرە ملیۆنان تەن لە داودەرمان! خۆمان نووکی دەرزیەکمان بۆ ناکرێت کە شریقەت لێ دەدات! مانگاکان، کە دەسوڕێنەووە بە گەڕەکەکاندا لە سەر زبڵ و خۆڵ و خاشاک، بۆ پارویەک دەگەڕێن، تا بیخۆن! کە سەدان جۆر میکرۆب و نەخۆشی دەگوازنەووە! من کەمم باس کرد، تۆ خۆت، لای خۆتەووە، ئەووەی دەیزانیت، بیخە سەر بەڵگەکانی من. ئێمەیی کرێکار و زەحمەتکێش بە لەش ساغی و بە برینداری و بە مردوویش ژمارەین وکێرڤی قازانجەکان بەرز دەکەینەووە لە بۆرسەکانی جیهاندا!
با بێینە سەر ژمارە رەسمیەکانی ووڵاتە پێشکەوتووەکان، لەکاتێکدا ئەگەر ڤاکسین نەدرێتە ئەو ووڵاتانەی تازە پێگەیشتوو، خەڵکی چالاکی ئابووری و کۆمەڵایەتی کەم بکەنەووە و لە ماڵەووە دانیشن، بزانین ، چەند زەرەرمەند دەبن؟ لە لێکۆڵینەوەیەکدا هاتووە؛ ئابووری جیهانی زیاتر لە ٩ تریلیۆن دۆلار(١یەک تریلیۆن= ملیۆن* ملیۆن) زەرەرمەند دەبێت بە هۆی کۆرۆناووە، کە دەکاتە داهاتی یابان و ئەڵمانیا بە یەکەووە لە ساڵێکدا! ئەگەر نیوووەی وڵاتە دواکەوتوووەکان ڤاکسینەکەش بە کار بهێنن و ژیان و کەرتی ئابووری بگەڕێتەووە دۆخی جارانی، هێشتا ئابووری جیهانی، بڕی ١.٨ تریلیۆن بۆ ٣.٨ تریلیۆن زەرەرمەند دەبن، کە زۆربەی ئازارەکەی بەر ووڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەوێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە ئابووریەکان هەموویان پێکەووە بەستراونەتەووە”، بۆیە، لە دواڕۆژدا هیچ ئابووریەک ناتوانێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر ئابوریەکانی تر چارەسەر نەکرێن. چونکە کۆڤید١٩ نە سنور دەناسێت نە ڕەگەز و نە جیاوازی چینایەتی، وەک دەبینین تا ئێستا کاری خۆی کردووە لە هەموو جێگەیەک، لە داڕوخانی ئابووریەکانەووە بگرە تا مەرگی ملیونان کەس لە هەموو جیهاندا، هەرچەندێک زۆربەی نێچیرەکانی خەڵکانی کرێکار و زەحمەتکێش بوونە، کە کاری دەستییان لە کارگەکاندا ئەنجامداووە، بە کۆمەڵ، دەنا دەوڵەمەند و خاوەن پلە بەرزەکان، لە زۆر شوێن توانیویانە لە ماڵەوووە، لە ڕێگەی ئەنتەرنەیت و کۆمپیوتەرەووە کارەکانیان ڕاپەڕێنن و تێکەڵاوی کەسانی تر نەبن، ئەگەر زۆریش دەوڵەمەند بێت، یا لە ناو بەلەمەکەیدا ژیان دەکات، یا لە دوورگەیەکی دوورە دەست، کە کەسی تووش بوو ناتوانێت بچیتە ژوورەووە بۆ لایان.
لە ئەنجامدا، ئەگەر خەڵکانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، لە ماڵەوەە بمێننەووە تا ڤایرۆسەکە بڵاو نەبێتەووە، بێکاری بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی تووشی بێ پارەیی دەبن و لە کۆتاییدا، ناتوانن شتو مەک بکڕن، کە ئەم هاوکێشەیە، سەرچاوەی بەرهەم هێنانەکەی ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆمەڵێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیایە وەک چین و تایوان و یابان، کەواتە ئابووری ووڵاتە پێشکەوتووەکانیش تووشی داڕوخان دەبن. تەنها ئەو پارچە یەدەکانەی کە ساڵی پار مامەلەی پێووە کراووە لە نێوان وڵاتاندا بایی ١٨ هەژدە تریلیۆن دۆلار بووە.
دەبینین، زاناکان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانیان بڕێکی تەواو لە ڤاکسین دروست بکەن ، مەزەندە دەکرێت سێ جار لە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکانی خۆیان زیاتر بێت، بەڵام تا ئێستا ڕێگەی ناردنە دەرەووەی پێ نەدراووە بۆ ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، ئەگەر وا بڕوات هەندێک وڵات تاساڵی ٢٠٢٤ ڤاکسینی پێ ناگات!
وڵاتەپێشکەوتووەکان، بە ملیۆنەها دۆلاریان خەرج کردووە لە پێناو ڕاگرتنی چوارچێووە ئابووریەکانیان، تا تووشی مایەپووچی نەبن، بەڵام ووڵاتانێک کە تەنها داهاتیان ئەو کانزا ومەتریالە سروشتیانەیە لە چەشنی نەوت و مس و ئاسن، بە هۆی وەستانی چالاکی کارە ناوخۆیەکانیان بە هۆی مانەوووەیان لە ماڵەووە بە هۆکاری وەستانی بڵاووبوونەووەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمی داوا لە سەر کانزاکانیان بە هۆکاری وەستانی زۆر کارگە و ڕشتەی هەمەجۆر کە پشتیان بە نەوت و گازی هاوردەی وڵاتانی تازە پێگەیشتووو بەستبوو لە لایەن کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانەووە، تووشی حاڵەتێک بوونە، خەریکە شیرازەی بە تەواوی لە دەست دەدات و مایەپووچ دەبێت، نموونە عێراقە، کە خەریکی بەند و بەستە لە گەڵ بانقی نێوودەوڵەتی بۆ قەرز، کە ئەم قەرزەش دەزانین چ داوێکە ووڵاتە تازەپێگەیشتووەکانی تێی دەکەون و لە کۆتاییدا بە سک هەڵگوشینی میللەتەکانیان تەواو دەبێت.

azzady22@gmail.com

25/01/2021




مه‌نگوڕی یه‌كه‌م نووسه‌ری كورده‌ له‌سه‌ر بیروڕا زیندانی كرابێت.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

جیهان پڕیه‌تی له‌مێژووی ژیاننامه‌‌ی كه‌سانی ده‌گمه‌ن، گوڵ و بۆندار و به‌سوود له‌ گوڵزار و چه‌مه‌ن، مێژووی نیشتمانی ئێمه‌ش هه‌زارانی لێده‌ركه‌وتووه‌، سه‌دان به‌هره‌مه‌ند و داهێنه‌ر و هونه‌ر و بوێژی لێهه‌ڵكه‌وتووه‌، دڕك ده‌مێنێ و گوڵ هه‌ڵده‌وڕێ، تارمایی خۆڵ ون ناكا دره‌وشانه‌وی گه‌وهه‌رێ، ئه‌وان گه‌رچی له‌ناو به‌هه‌شتی بیری خۆشنمادان، یه‌كێك له‌وان كه‌وتۆته‌ به‌ریادان، مێژووی نووسیووه‌، خه‌یاڵی چنیوه‌، شیعری هۆندۆته‌وه‌، مێژووی ژیانی بیر خه‌ڵك و نه‌وه‌ی نوێ دێنینه‌وه‌ تانه‌ڵێن له‌یادان چۆته‌وه‌، میرزا محه‌مه‌دئه‌مین مه‌نگوڕی ناسراو بە (میرزا مەنگوڕی)، دانا و به‌هره‌مه‌ندێكی گه‌له‌كه‌مان، له‌مردن بێ باك، كه‌وته‌به‌ر قه‌ڵبه‌زه‌ی تاوگه‌ی په‌راوێزخستنی بیرێكی گه‌ش و ڕووناك، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو، له‌ڕۆژگارێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌چاودا، كۆنه‌په‌ستی و خێڵایه‌تی عه‌قڵی دواكه‌وتوو له‌ باودا، له‌ڕوویاندا ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و به‌گژیانداده‌چێته‌وه‌، وشەكانی وه‌ك چرا داگیرسان ‌و كوردستانیان رۆشن كردەوە. خاوەن بیروباوەڕی زانستی ‌و پێشكەوتنخوازی و تێڕوانینەكانی هێندە تازە‌و مودێرن بوون، دەسەڵات ‌و به‌شێك له‌كۆمەڵگا پێشوازیان لێنەكرد.

له‌ خوێندنی حوجره‌ و ده‌رسی مه‌لا نائومێد ده‌بێ
میرزا مه‌نگوڕی له‌ ساڵی 1910 له‌دایك بووه‌، هه‌ر به‌منداڵی له‌خوێندنی حوجره‌ و ده‌رسی مه‌لا نائومێد ده‌بێ‌ و ئاكامێكی لێ‌ ده‌ستگیرنابێ‌، له‌ژیان تووشی چه‌ندین كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام نائومێد نابێ‌، نه‌خشه‌ی ژیان داده‌ڕێژێ‌، هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن داوێژێ‌، له‌ سه‌ره‌تای لاوێتی دا، كه‌ باوكی له‌گه‌شتێكی بازرگانیدا له‌به‌غدا زۆر ده‌مێنێته‌وه‌، مه‌نگوڕی بۆ پرسینی هه‌واڵی باوكی له‌به‌غدا، بڕیارێكی قورس و چاره‌نووس ساز ده‌دات، به‌ڕه‌زامه‌ندی دایكی و به‌نه‌شاره‌زایی به‌ره‌و نادیار مل پێوه‌ده‌نێ‌، له‌ساڵی 1924 له‌ قه‌ڵادزێوه‌ به‌ره‌و شاری كۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ڕێ‌، ئه‌گه‌رچی كۆیه‌ شارۆچكه‌یه‌كی بچوك بوو، به‌ڵام بۆ مه‌نگوڕی جێگای حه‌په‌سان و سه‌رسوڕمان بوو، دواتر ده‌چێته‌ به‌غدا وبه‌بینینی به‌غدای فراوان و پێشكه‌وتوو له‌چاو قه‌ڵادزێی دوور و لاچه‌په‌ك توشی شۆك ده‌بێت و ئه‌و ڕووداوه‌ی له‌لا وه‌ك خه‌وێك بووه‌، له‌و ده‌مه‌دا به‌غدای پایته‌خت له‌چاو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌شێكی جیاواز بوو، له‌و بارودۆخه‌دا كه‌ به‌غدا ببووه‌ ناوه‌ندێكی گرنگی گه‌شه‌كردنی بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی و سه‌رسام بوون به‌ ڕۆژئاوا و هه‌نگاونان به‌ره‌و مۆدێرن له‌هه‌موو ئاسته‌كانی ژیاندا ڕه‌نگی دابووه‌ وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مه‌نگوڕی تازه‌ لاوێك بوو، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كان سه‌رنجیان ڕاكێشا بوو، ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی عیراقی دژی ئینگلیز به‌چاوی خۆی بینی بوو، له‌هه‌مان كاتدا ئاگاداری كپ كردنی شۆڕشی شێخ مه‌حمود بوو، به‌ زه‌بری هێز و ئاگر و ئاسن سه‌ركوت كرابوو، له‌لایه‌ن ئینگلیز هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ده‌دا، له‌ناو ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروست كراوی عیراقدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ بڕوایه‌كیان له‌ هه‌ستی مه‌نگوڕی دا چاند، له‌جیاتی ته‌سلیم بوون به‌واقیعێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتووی ئه‌و سه‌رده‌مه،‌ وای لێهات خه‌ون به‌ داهاتوویه‌كی گه‌شه‌وه‌ ببینێت، له‌ساڵی 1933 هاته‌وه‌ بۆ سلێمانی، كه‌ له‌و كاته‌دا گوتارێكی نوێخوازی و ناسیۆنالیستی كورد له‌ناو ڕۆشنبیرو كه‌سایه‌تیه‌ گه‌وره‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدابوو، مه‌نگوڕی یه‌كێك بوو له‌و ڕۆشبیره‌ دیارانه‌ی ئه‌و كاروانه‌دا كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی سلێمانی بوو، به‌و هۆیه‌وه‌ مه‌نگوڕی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی نا له‌بواری سیاسی و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌كه‌مان دا.

قه‌ڵه‌مێكی ئازا و بوێر
مەنگوڕی وەك ئەدیب‌ و نوسەر و مێژوونوس خزمەتی زۆری كرد‌، خاوەنی قەڵەمێكی ئازا‌ و بوێر‌و بیرو تێڕوانینێكی پێشكەتنخواز بووە، له ‌ساڵی 1938 كتێبی “هه‌نگاوێك به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن”ی چاپ كردووه‌، ئەم كتێبە كەچەمك ‌و تێروانینی نوێی سەبارەت بەدەوڵەت ‌و ماف ‌وئازادییەكان لەخۆگرتبوو، ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ كابه‌ده‌ستانی ئینگلیزی توڕه‌ كرد و (ئیدمۆندس) كه‌ ئه‌و كات نوێنه‌ری ئینگلیز بوو، له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ڕاسته‌وخۆ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بڕیاری داداگا بڕیاری ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی كتێبه‌كه‌ی دا، ئه‌و كتێبه‌ سەرئێشەی زۆری بۆ مەنگوڕی دروست كرد، كتێبەكە قەدەغە كرا‌و هەموو نوسخەكانی كۆكرانەوە ‌و لەناو بران‌ و لەسزای ئەو كتێبەش مه‌نگوڕی شه‌ش مانگ زیندانی ده‌كرێت، له‌كاره‌كه‌شی ده‌رده‌كرێت، به‌مه‌ش مه‌نگوڕی یه‌كه‌م نووسه‌ری كورده‌ له‌سه‌ر بیروڕا زیندانی كرابێت. مەنگوڕی خاوەنی دەیان كتێبی دیكەی چاپكرا و چاپ نەكراوه‌، لە كتێبه‌ چاپ كراوەكانی وەك (هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن، گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ، زێڕینای ئامێدی، دوو بەرگی بەسەرهاتی سیاسیی كورد، حەقائقی بەسەرهاتی شێخ مەحمود لە پەنای ئیستیقلالدا، بەهەشتی دڵداری، جیهانی ئازاد، بوكێكی ناكام) ‌و چەندانی تر.

دوا وێستگه‌ی ته‌مه‌نی
مه‌نگوڕی به‌شێكی ته‌مه‌نی لاوی خۆی بۆ خه‌بات و تێكۆشانی كوردایه‌تی له‌ژێر ئاڵای حكومه‌تی كوردستان له‌ مه‌هاباد پێشكه‌ش كرد و تا دوا وێستگه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، دواتر له‌گه‌ڵ قه‌تاری كێشه‌ و مه‌ینه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دووباره‌ له‌ ڕانیه‌ گیرسایه‌وه‌ و درێژه‌ی به‌ژیانی ئاسایی خۆی دا، لەسەر هەڵوێست ‌و بیروباوەڕی خۆی بەردەوام بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا بۆ تێگه‌یاندن و هوشیاركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ له‌ واقیعی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گرێت، ئیتر جڵه‌وی عه‌قڵ شل ده‌كات بۆ خه‌یاڵ و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر شێعر و له‌ خه‌ودا “گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ” ده‌كات، چونكه‌ وادیاره‌ به‌دیهاتنی گه‌شتێك له‌خه‌ودا بۆ ئاسمان و سه‌ر ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ، له‌لای مه‌نگوڕی ئاسانتر بووه،‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، له‌و گه‌شته‌یدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش به‌سه‌رهاتی پێشكه‌وتنی ژیانی مه‌ریخ ده‌گێڕێته‌وه‌، مایه‌ی سه‌رسام بوونه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ شدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی بڵاوی كردۆته‌وه‌ به‌شێكه‌ و هه‌موو ئه‌وه‌ نیه‌ له و خه‌وه‌دا به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی، هیچ دوور نیه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی مه‌نگوڕی به‌په‌نهانی هێشتۆته‌وه‌ هۆكاری ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، گه‌شته‌كه‌ی هه‌نگاوێك بووه‌ به‌سه‌ر وایعی سه‌رده‌می خۆیدا.

نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتویی
مەنگوڕی له‌ ساڵی 1971 كتێبی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ)ی بڵاوكرده‌وه‌، كە چیرۆكێكی خەیاڵی زانستی بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی، كه‌ بیركردنه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ قبوڵ نه‌كرا و ره‌ت كرایه‌وه‌، نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ جه‌ڵه‌وی خه‌ڵه‌‌تاندن و فریودانی پیاوانی ئاینی و سیاسی به‌سه‌ر هه‌ستی خه‌ڵكدا زاڵ بوو، بۆ خراپ به‌كارهێنانی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، له‌ هه‌لچونێكی نه‌زانی و كوێرانه‌دا مه‌نگوڕی فتوای كوشتنی درا‌و كه‌وته‌ به‌ر په‌لامار و بەردباران‌ و شار به‌ده‌ركردن و گواستنه‌وه‌ی بۆ شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه‌، مه‌نگوڕی بۆ هوشیاركردنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی په‌نای برده‌به‌ر شێعر، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هه‌مان پرسیار دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م واقعه‌ ناله‌باره‌ تاكه‌ی ده‌بێ به‌رده‌وام بێت، مه‌نگوڕی رۆیشت و لەدوای خۆی ناوبانگ و شانازی و نەمریی بەجێهێشت .پەلاماردەرانیشی لە مێژووی ئەو شارەدا بەدناوی و نەنگیان بۆ مایه‌وه‌، گیانی به‌رزه‌فڕی به‌ره‌و نه‌مری ڕێگای گرتبه‌ر، خۆی ڕۆیشت و هزری ڕووناكی ئه‌و ئێمه‌ی له‌ناو پرسیاردا هێشته‌وه‌، درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك ‌و پیرۆزی مەنگوڕی ئەدیب ‌و رووناكبیر و پێشكه‌وتنخواز.
بەداخەوە ئەم رووناكبیرە گەورە و هەڵكەوتووەی گه‌له‌كه‌مان لە رۆژی 12ی كانونی دووەمی 1988 لەشاری سلێمانی بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد، ئه‌گه‌رچی وه‌سێتی كردبوو له‌سه‌ر چیای كێوه‌ڕه‌ش بنێژرێ، به‌ڵام له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌وكاته‌ له‌سلێمانی لەگردی سەیوان بەخاك سپێردرا. دوای راپەرینی ئازادی خه‌ڵكی كوردستان وەسێتەكەی جێبەجێ‌ كرا‌و رۆژی 16ی ئەیلولی1992 تەرمە پیرۆزەكەی برایەوە بۆ شاری رانیە ‌و لەئامێزی كێوەڕەشی سەركەشدا بەخاك سپێردرایەوە. هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی میرزا محه‌مه‌ده‌مین مه‌نگوڕی و بیری ئازادی و پێشكه‌وتنخوازی ئه‌و بێت.

وێنە: میرزا مه‌نگوڕێ




رۆمان/ خەونەکانی کەژاڵ.. جەلال قادر

کتێب: خەونەکانی کەژاڵ
بابەت: رۆمان
نووسینی جەلال قادر
لەبڵاوکراوەکانی خانەی کەلتور

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ناونیشانی یادێكی كۆچكردوو.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

گیانه‌! كاتێ تۆم جێ هێڵا
دارمێوه‌كان
هێشووه‌به‌رسیله‌ی فرمێسكیان
زه‌رد نه‌بووبوو.
سه‌وڵی برژانگی چاوه‌كان
له‌ گێژاوی ون و لێڵا
كلی زه‌ماوه‌ندی نوێیان
نه‌ڕشتبوو.
هێشتا جریوه‌ی مه‌له‌كان
له‌ سێبه‌ری گه‌ڵا و چڵا
هێلانه‌ی بێشكه‌ی نه‌ورۆزیان
نه‌چنیبوو.
كاروانچییان
له‌ ڕێگای به‌ره‌و ته‌وێڵا
جۆگای ئاره‌قه‌ی ته‌مه‌نیان
نه‌سڕیبوو.


تۆم جێ هێڵا..
مه‌گه‌ر تۆ خۆت جێ نه‌هێڵا؟
ئاوێنه‌ی ڕووی
داستانی په‌ریزاده‌ی دڵت نه‌شێلا؟
مه‌گه‌ر بۆ خۆت
ئازیزه‌ خه‌وبینییه‌كه‌م!
هه‌ر خۆت لاشه‌ی ئه‌م ئه‌وینه‌ت
به‌ گاسنی تاجی په‌هله‌وی نه‌كێڵا؟
تۆم جێ هێڵا و گیانه‌ ئه‌وسا
گولله‌ به‌سه‌ر چه‌كا گریا
چه‌ك به‌ بنكه‌دا، هه‌ڵشاخا.
هاوار! ئه‌وسا
پاسه‌پۆرتی تۆ جێهێشتن
گه‌رچی بۆ سنوورێ بوو: ون
به‌ڵام هێشتا
هاڵاوی خۆشه‌ویستی تۆی لێ هه‌ڵئه‌سا.


تۆم جێ هێڵا و تازه‌ زامی
تارای بووكی خه‌ونه‌كانمان،
هه‌ناسه‌ی گوڵه‌پایزه‌ی..
لێ ئه‌تكا
تازه‌ گۆنای سوێی ناكامی
كێوی هیوای (فه‌رهاد)ی دڵ،
شینی مه‌رگی..
(شیرین) به‌هاره‌ی لێ ئه‌ڕژا.


تۆم جێ هێڵا و
نه‌مئه‌زانی ڕوو له‌ كوێ كه‌م؟
ئازارێك بووم به‌ر به‌ره‌ڵا و
نه‌مئه‌توانی پشتت تێ كه‌م.
خۆزگه‌م ئه‌خواست؛ بمتوانیایه‌
وه‌ك مه‌لۆتكه‌یه‌ك بوومایه‌
له‌ باوه‌شتا بمردمایه‌
نه‌ك شێتانه‌
بازم به‌سه‌ر
سێبه‌ری خۆما بدایه‌.


كاتێ ڕۆییم.. گوڵه‌شه‌وبۆ
لێوی تینووی ته‌ڕ نه‌كردم.
په‌ڵه‌ی خه‌ستی.. چاوی ئاسۆ
بۆ لا نیگای خۆی نه‌بردم.
بۆم نه‌كرا سه‌ر له‌ ئارامگای
نه‌ء.. په‌رستگای
تاكه‌ دڵداره‌كه‌م بده‌م
تا.. له‌ به‌رده‌م كۆتی پێیا
له‌به‌ر ڕێچكه‌ی خوێنی ڕێیا
سه‌رم كه‌چ كه‌م.


جێت ئه‌هێڵم! ناچار.. ناچار
… چونكه‌ به‌هار
له‌ وه‌رزی شاری ژیانا،
بۆته‌ چه‌پكێ ژاڵه‌ی پرسیار.
پرسیار له‌: ناو
له‌: هه‌ڵسانی ڕێژنه‌ی به‌تاو
له‌: گیانی ئۆقره‌ نه‌گرتووی
هه‌نگاوی ڕێی به‌ره‌و هه‌تاو.


ڕۆییم.. چڵێ بزه‌ی ڕێگا
وه‌ك په‌پووله‌
به‌ ڕوومه‌تی خه‌مناكیما
پژا و سووتا
سووتا و پریشكێكی پشكۆ
له‌ناو دڵما بووه‌؛ چرۆ
په‌ڕه‌ی ڕازی هه‌ڵوه‌ریوی به‌ر سێداره‌
بووه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئه‌ژنۆ.
: – بۆ كوێ ئه‌ڕۆی؟
خه‌می كام خۆڵه‌مێش ئه‌خۆی
كام سه‌نگه‌ری جێماو ئه‌گری و
ته‌رمی كام شه‌هیدان ئه‌شۆی؟.

  • ئه‌ڕۆمه‌ ئه‌و ئاسمانانه‌ی
    بۆ سه‌رچاوه‌ی
    حه‌وته‌وانه‌ی
    پشتاوپشتم ئه‌به‌نه‌وه‌.
  • ئه‌ڕۆمه‌ ئه‌و دۆزه‌خانه‌ی
    ژیانه‌وه‌ی
    لاوانه‌وه‌ی
    گوڵم به‌ گڕ ئه‌شۆنه‌وه‌.
  • ئه‌ڕۆمه‌ ئه‌و شه‌قامانه‌ی
    چاوی حه‌زم
    ڕێبوارێكی سه‌رگه‌ردانه‌.
    ئه‌ڕۆمه‌ لای ئه‌و دڵانه‌ی
    تاسه‌ی ڕه‌زم
    تاڵ تاڵ ئه‌گریجه‌ی بارانه‌.

تۆم جێ هێشت و
ئاخ! كه‌ تاڵاوی ئه‌م كۆچه‌ ڕه‌شه‌م چێشت و
ئۆخه‌ی! په‌لی مناڵه‌ وردیله‌كانم
نه‌ء! كه‌ژاوه‌ی بێهه‌وارگه‌ی شیعره‌كانم
بۆ لێبووردن.. پڕی گیرفان
نه‌برده‌ به‌ر كۆشكی سوڵتان.
تۆم جێ هێشت و
ئه‌م هه‌نسكه‌م
ئه‌م پریاسكه‌ پڕ له‌ زامه‌م
ئه‌تك نه‌كرد..
بۆ پڵپڵه‌ی لووته‌وانه‌ی
جه‌ژنه‌زۆڵی حه‌وتی نیسان.


تۆم جێ هێشت و
سه‌ره‌تای ئه‌م جێهێڵانه‌
لای من گیانه‌
پڕ گریانه‌
پڕ سووتانه‌
پڕ هه‌ڵسانه‌
پڕ له‌ ته‌وری خوێن وه‌شانه‌
پڕ له‌ هه‌ڵۆی ئه‌شكه‌وت زانه‌
پڕ هۆنراوه‌ی سه‌رگه‌ردانه‌
پڕ عیشقی تۆی كوردستانه‌.

1991




سێ دیوی ژیان.. مارف عومەر گوڵ

دیوی یەکەم :
پڕە لە خۆشی ، پڕە لە پێکەنین و چەپڵەڕێزان،
پڕە لە دیمەنی جوان ، ئاهەنگی بووک گواستنەوە،
چێژو چەشە ، بەهرەو داهێنان،
خۆشەویستی و بە هاناوەچوون، چیمەن و بەهارستان.
لەوێ ، بەیانیان زوو گوڵ دەپشکوێ ،
مۆسیقایەکی دڵگیر لە خەومان هەڵدەستێنێ
نیشتمان ئەوەندە نازدارە ، بە تین و تاو خۆشمان دەوێ
کە خەم روخسار دادەپۆشێت ، بە ماچ دەیسڕینەوە
کە گوڵ ماتەمینی دایدەگرێت ، هەراسان دەبێت،
بە هەناسەی ئەوین شنەبای بۆ هەڵدەکەین .
لەوێ، ئای لەوێ چی دەگوزەرێت ؟!
چوارچێوەیەک نیە ئازادیی گەمارۆ بدات ،
قوروچڵپاوێک نیە لە قولەپێی مرۆڤ بئاڵێت،
کتێب لە بەرگێکی جواندا دەخوێندرێتەوە ،
گۆرانی لە دەنگێکی ناسکدا شەپۆل دەدات
لە تینویتی خاکدا ، رەوی باران ئەوەندە جوانە
لەماڵەوە خۆمان بۆ ناگیرێ و دێینە دەرێ ،
دەسەڵاتێک نیە توانای هەبێت ،
زەوی و باران لە یەک بکات، ڕێڕەوی ئاو بگۆڕێت ،
دەسەڵاتێک نیە تریقەی کوڕوکاڵ بێدەنگ بکات
ئای لەوێ ژیان چەند خۆشە ؟!
مرۆڤ بە بێ ، دەنگی تەقە و هاڕەو وێرانکردن دەسووڕێتەوە
ئای لەوێ کەس ڕێگەی زیندان و
کۆشک و تەلاری فیرعەونەکان نازانێت.
ئای لەوێ پشیلە لە مرۆڤ ناترسێت ،
ئاژەڵی کێوی بەبێ جەنگ و هەرا زاووزێ دەکات
ئای لەوێ ، شار و گوند شارستانیەتێک دروست دەکەن
ڕمووزن شەرمەزارە لە ئاستیدا،
ڕمووزن ریسوایە لە بێ حورمەتیدا
ئای لەوێ ، لەو نیشتیمانە جوانەی ژیان
تریقەی خۆشیی دەگاتە کەشکەلانی فەلەک
بەربەندێک ڕێ لە ئەوین ناگرێت
بەڵێ ، بەربەندێک ڕێ لە ئەوین ناگرێت !

دیوی دووەم:
پڕە لە دیوار ، پڕە لە کۆت و بەند و سنوور
پڕە لە دەسەڵاتی جۆراو جۆر ، تێر نەخۆر و چاوبرسی
لێرە هەموو باخچەیەک تەلبەندی هەیە ،
هەموو ئاوێک پاسەوان ، هەموو نانێک جەردەوان
لێرە چاو هەڵکۆڵین ، وەکو گوڵ هەڵکۆڵین وایە
خۆرهەڵات لە تاریکیی دەچێت ، قۆناغێکی تاڵە تەمەن
مین ڕێژە ژوانگە ، قسە لە ماچێکیش نیە !
حوکمدارێک نامەی هیچ گوڵجاڕێک ناخوێنێتەوە،
بەری باران و هەتاو دەگرێت،
دونیا پەپولەیەکی تێدانیە بە دەوری گوڵێکەوە ،
گوڵێکی تێدانیە لە چاوەڕوانی پەپولەیەکدا !
بۆ دیداری گوڵێکی ئەودیو کێوان دوو دارشەق دەدەنە باخەوەن
ئێرە مەیدانی زۆرانبازیەکە
لەنێوانی خۆشی و ناخۆشیدا ، لە نێوانی مەرگ و ژیاندا
لە نێوانی بوومەلەرزە و زەمیندا ،
کەنار و لافاودا ، جەنگ و ئاشتیدا
لە نێوانی دڵنەوایی و بێدادیدا ،
دڵ بە ئەوینی ژیانەوە لە بەختانێتی
لە دەمەو بەیاندا بای باران هەڵدەکات
لە خۆرئاوابونیشدا شەوی یەڵدا کۆماندەکاتەوە.

دیوی سێیەم:
ئاوابونێکە ، هەندێ جار لێڵ ، هەندێ جار گەش
لە ئایەتەکانی ئاسماندا هەم خۆشیەو هەم ناخۆشێش
لەو ئاوابوونەدا ،
نە دوعاخوازیی هەیە و نە پێکەنین
لەو ئاوابوونەدا ،
پشت لە ئاوەدانی دەکەیت و تەنیایی دەتکوژێت
لەو ئاوابوونەدا ،
دەستبەرداری هەورو هەناسەو هەتاو دەبیت
لەو دیو ئاوابووندا ،
دەست لەملانی تەنیایی و تەشقەڵەی ئەوێ دەبیت
دەتەوێت هەموو ئێرە لە بوخچەیەکدا بەریت، ئەویش نابەیت
لێرە بە نیاز و مرازەوە بە ڕێگاوەیت ، لەوێ بێ ناسنامە تێکەڵ دەبیت
دیوی کۆتایی هەناسەیە ئەوێ ،
قۆناغی ونبونێکی هەمیشەیی ، بێ گەڕانەوە
لەنێوانی ئێرەو ئەوێدا ، مرۆڤ بەردێکی کەڕە
ئاسەوارێک لە ڕێڕەوی سەفەری ئاوابوون نیە .
ژیان تارماییەکە لە نێوانی ئێرەو ئەوێدا ،
نە قەڵەمێک دەنوسێت ، نە نامەیەک دەخوێندرێتەوە .
لە ئایەتەکانی ئاسماندا ،
دڵی ئەوینداران دوای دڵبەر دەکەوێت و ناگەڕێتەوە
ماڵ بێ پەنجەرەیە ،
مرۆڤ لە پۆشتەو پەرداخیدا کۆرپەیەکی ئان و ساتی لە دایکبونە
کورسی و تەلاری بە هەوا سپاردووە
لە نێوانی ئێرە و ئەوێدا ، بەراوردێک نیە
یا لە دونیادا قەلەمڕەوی ئاوا دەبێت ،
یا بە ژێر ئاودا ئاوا دەبێت ،
لە نێوانی ئێرە و ئەوێدا ،
یەک سنوور هەیە هەموو شتێک دەسڕێتەوە.

سلێمانی
مانگی ١١ و١٢ /٢٠٢٠




هەڵهاتن.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

شارەکان ژەهراوی بوون
فریادڕەس

کاتێ
پشوویەک ئەدەی
لە ژێر سێبەری داربیە جەهەنەمیەکان!
کاتێ
کتێبەکانی ئەفسوون ئەخوێنیتەوە،
وەک خاڵخالۆکەیەک
سەرخۆش
بە جوانی گوڵە لەیلەکێکی خەوتوو
پاشان لە بارانیش
هەر ناپرسی
کێبێ ووردە لمە مرواریەکانی
خۆشبەختی کۆبکاتەوە
یان لە چنگی هەورێکی گڕینا
چی نهێنیەکی ئەفسونی هەڵگیرابێ
شارەکان ژەهراوی بوون
تەنها ژێر سێبەری
داربیە ئەرخەوانیە
جەهەنەمیەکانە
فریادڕەس
جەنگاوەرن چیاکان
بە گژ بای زەمەنی پۆلاو ئاسنا
لە ژێر داربیە جەهەنەمیەکان
تەرتیلەکانی خۆشبەختی
نزرگەیەکن بێ خواوەند
گیاکان خوێنی شیعر
شەپۆل ئەدەن
لە پرچی خەیاڵیش
هۆنراوەی بوونێکی ڕەها
ئەهۆننەوە
مێرگی هەڵواسراوی گزنگیش
میحرابی
ناو سۆمای ئەون
ژانی دەرچوون
لەدەردە مەرگی مرۆڤ
تەنها هەڵهاتنە
بۆ ژێر داربیە ئەرخەوانیە
جەهەنەمیەکان
چی ستەمە
ژانی ڕزگاربوون
لەو تۆڕەی
دڵی پێ گیرۆدەیە
بە ناوی عیشق
با ڕەنگپرژانی ژیان
لە هەتاوەوە فێر بین
با وشە وشە زەنگیانەی
ئەستێرە بوهەیمەیەکان
بە پەردەی هەورەکانا بدورینەوە!
هەرچی باڵەفڕێی کوکو ختیەکان
لە ڕۆژهەڵاتەوە هات
لە گڕپرژەی ماشینەکانی
ڕۆژئاوا هەڵپڕوکا
تەنها دڵۆپە بارانێ
هەزاران کتێبی فەلسەفە دێنێ
تەنها کلۆیەک
بەفری لێوی تۆ
بەس بوو
جەنگەکان ڕاگرێ
تەنها
وشەیەک
کانیەک درکانی
کۆمپیوتەرە
دێوەزمەکانی
لەکار خست
ئەو تەنها
لە بوونی خۆیدا،
لە بەردەم پەنجەرەیەک
لە سەراب
جوانی
ئێوارەیەکی پرتەقاڵی
وونکرد
بروسکەیەک
بە شەرمەوە چەخماخەی
بە ڕوخساری چیا
بڵندکان
پڕخەیاڵ کرد
تۆفانی ماشین
چارۆکەی کەشتی ئەفسوون
ئەدڕێنێ
ئەیهێنێ و
ئەیبا
تەنها ژێر داربیە ئەرخەوانیە
جەهەنەمیەکان
باهۆزی دڕندەی ماشین
هێور ئەکاتەوە
پاشان دوای کۆچی من
مرواریە وەریوەکانی
چاوی تۆ
کێ کۆیکاتەوە ؟
ئەو ڕێژنە حەزەی
ڕۆحمان لێ پڕکرد
چی لێهات؟
گورگە ماشین ..و…
ماشینە گورگ
پەڕو باڵی
تاوسەکانی خۆشبەختیشی هەڵپڕوکان
ئەوسا،
منداڵە ئاویەکانی ڕابردوو
یاریان بە پرچی ئەستێرە کرد و
بە بەرسیلە شینەکانی خۆشبەختیش
زەردەخەنەیان هەڵچنی
ئەوسا شاعیریش هەبوو
بە پەڕی
ڕەنگاڵەی ئەندێشە
سوێندیان ئەخوارد
کە گەردوون
لە سەمەرەیەکی
چرکە ساتی
هیچی تر نیە
تازە تۆوی بیرەوەری
هیچ ژوانێ
لە ژێر قەڵای ڕەهای ماشینا
سەوز نابێ
فریادڕەس
تەنها ژێر داربیە سەرخۆشەکانە !
درەخت وشەیە
لەسەر پەڕەی دارستانێ
ڕۆماننوسی تەم
نوسی
درەختی زمانیش
بۆشاییەکە
لەنێوان
خەوی تەنیایەک
و حەزی مەلێک
بۆ فڕین
بەڵام ئەو جوانیەی
لە تەنیاییدا
لە نامۆییدا
لە بێدەنگیدا
لە ژێر دارئەرخەوانیە
جەهەنەمیەکان
گزنگی دێ
لە عیشقیشا
بۆی مەگەڕێ
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی ڕوسی
Aleksey Savrasov/ Evening
.




تاوانەکانی تورکیا لە دژی کورد لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان کەمتر نییە.. رەزا شـوان

تورکیا رەگـەزپـەرسترین و تیـرۆریسـترین دەوڵـەتە لـە هەمـوو جـیهـانـدا. لە دەسـەڵاتی عوسمانییە داگیرکەر و خوێنڕێژ و تاڵانکەر و کاولکەرەکانەوە، لە ئەتاتورکی ناڕەسەنی گـۆڕبەگـۆڕەوە، تا دەگـاتە ئەردۆگـانی دیکتاتـۆری سیکـۆپاتی. تاسەر ئێسقـان دژایـەتی ئێمـەی کوردیـان کـردووە و دەکـەن، کوردسـتانی نیشـتمانمانیـان داگـیرکـردوون چـەنـد جارێک کاولیان کردووە. تا ئێستا چەندین کۆمەڵکوژیـان لە گەلی کوردمان کردوون. تا ئەمڕۆش ئەم تاوانـە رەگەزپەرستی و قـێزەوەنـانەیان رانەگرتـوون، رۆژ لە دوای رۆژ تـاوانی گەورەتـر و قـێزەوەنـتر لە دژی گەلی کوردمان، مـۆدێـرتـرین چـەکی کوشـندەی قەدەغـەکراوی نێودەوڵـەتی لە کوشتنی خـەڵکی سـڤـیلی کورد بەکـاردەهـێـنن. خـاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی بۆگەنن و هەڵگری ڤـایرۆسی رەگـەزپـەرستین. لە تورک زیـاتر هـیچی نەتەوەیەکی تـریان نـاوێت و بە شایـەنی ژیـانی نازانـن . رەگەزپەرستی بووە بە گروپی خوێنیان. نەوەکانیشیان هـەر بەم ئایدۆلـۆژیـا رەگەزپەرستییە گۆش و پەروەردە دەکەن. هەر لە منداڵییەوە فـێریان دەکـەن، کە ببن بە دوژمنی کورد و رقـیان لە کـورد ببێتەوە. رقیان لە هەر کەسێکە کە بە کوردی قسە بکا، بە کوردی گۆرانی بڵێ، بە کوردی فیکە بکا، یا بە کوردیش پێبکەنێ، ناوهێنانی کورد و کوردستان بە جوداخوازی و بە تاوان و بە ناپـکی گەورە دەزانن. کورد کوشتن گەر منداڵی ناو لانکیش بێ بە لایەنەوە رەوایە.
لە ئەمڕۆدا ئەردۆگانی رەگەزپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ کە دڕندەترین دیکتاتۆرە، زۆر بێویژدانە و بەزەیی بە منداڵانی کۆرپەی کوردی ناو لانکیشدا نایەتەوە و بە پەکەکەیان دەزانێ. دەستە قێزەوەنەکانی بە خوێنی بێتاوانانی کورد سوورن. پارتەکەی پارتی ناداد و ناگەشەکـردن، لەگـەڵ بزووتنـەوەی نەتـەوەپـەرست و رەگـەزپەرستی گـورەگە بـۆرە تۆرانییە مافـییەکان کە جرجە قـێزەوەنەکە (دەولەت باهـچەلی) سەرۆکیانە. هاوپەیمان و هـاوپیلانن، لە دژایەتیکـردنی گەلی کوردمان، مـەرجی سـەرەکی هـاوپەیمانی و پێکەوە کارکردنیانە. بە هەمـوو رێـگـا و شـێـوازێـک، بە کۆمـەڵکـوژی و گـرتـن و کـوشـتن و راگواستنەوە و وێرانکردنی کوردستانە، دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەیی کورد بسڕنەوە. تا ئەمڕۆش دان بە بوونی (٢٥) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستان و زیاتر لە (٥٠) ملیـۆن کورد لە هەمـوو کوردستاندا نانێـن. لە دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عـوسمانییەوە، تا ئەمڕۆ نزیکەی یەک ملیـۆن سەربـاز و جـاشی بەکرێگـیراوی تورکیا، بە قـورسترین و کوشندەترین چەکی مۆدێرزمی زەمینی و ئاسمانی بە گـژی شۆڕشگـێڕانی کورد دەچـن. کەچی چەنـد جـارێک ئەردۆگـانی گیلەپیـاو و سەد روو، دەڵـێت: لە تـورکیـادا کێشەیەک نییە، بـە نـاوی کێشـەی کوردەوە. دەک شەرمەزار و رووڕەش بیت.
تورکیا تووشی کوردفـۆبیـا بـووە، دار و و دەوەن بـەرد و دیـوار و تەنانەت سێبەرەکانی خۆشیان لێبوونە بە کورد و رقـیان لێیانە. ئەوەش درۆیـەکی شاخـداری چەواشەکـارییە، گوایە کورد مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. ئەمە بۆختانێکی هەڵبەستراوەی دوور لە راستییە، پاسـاوێکە بۆ دژایەتیکـردن و کوشتـنی کورد لە هـەر شـوێنێکی کوردستانـدا بێت. بوخـتانـێکی بـێ بنەمـایە بـۆ پـەردەپـۆشکـردنی تـاوانە قێزەوەنەکانیان، کە بەرانبەر بە کـورد کردوویـانە و دەیکـەن. تا ئێسـتا کـورد پەلاماری خـاکی هـیچ وڵاتێـکی نەداوە. بە چەکـێکی ساکـارەوە لە خاکی کوردستانـی نیشتمانیدا، لە دژی هـێڕشەکانی داگیرکەران، تەنیا بەرگری لە مانەوەی خۆی و لە خاکی کوردستان کردووە و دەکات. ئەمەش مافـێکی رەوای هەر گەلـێکی ستەملێکـرا و ماف زەوتکـرا و نیشـتمان داگـیرکـراوە.
ئەردۆگانی قورخکردووی دەسەڵات و بڕیارەکانی تورکیا، نەک هـەر کورد، بەڵکو هەر تـورکێش لەگەڵیدا نەبێت، بە تیرۆریست و بە لایەنگـری پەکەکە یا لایەنگری فەتحوڵڵا گویلەنی دەزانێت، دەیگـرن و ئیتر بێ سەروشـوێنی دەکەن و دەبێت هـەواڵی رابـردوو.
پێویستە جـۆ بایـدنی سەرۆکی ئەمریکـاش ئاگـای لەخـۆی بێت. چونکە لەگـەڵ تـاوانە قـێزەوەنەکانی ئەردۆگـاندا نییە. پێـتان سەیـر نەبێت کە تورکیا، رەسـەنی بایـدنیان بـۆ کورد گەڕانـدۆتەوە. لە کاتێکـدا کە ئـەوان دان بە بـوونی گـەلی کـورد دا نانـێن؟!
سیاسەتمەدار تورکی (ئۆرهان میر ئۆغـڵو) کە ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا بـوو، سەر بە پـارتی نـاداد و نـاگەشەکـردنی دەسەڵاتــدا، لە لاپـەڕەی توێتـەری خـۆیدا نووسیوێتی و دەڵێت:”هـەنـدێک وا دەڵـێن کە ناوی راستی جـۆ بایـدن “جـیمۆی بەهـادین ئاغا” یە، بەڕەسەن کوردە و لە خێزانێکی کوردی سەر بە هـۆزی “بیرۆکی” کـوردییە. خـێزانەکەیان لە (یـریڤـان)ی پایتەخـتی (ئەرمینـیا) وە، کۆچـیان بۆ ولایـەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە” مەبـەستی تورکیا لە رەسەنی جـۆ بایـدن کە کـوردە. روونە کە چییە؟ دەیانەوێت لە ئێستاوە جۆ بایـدن بەوە تاوانبار بکەن، کە پشتی کـورد دەگـرێت. ئەمەش بەلای سوڵتان ئەردۆگانی خوێنڕێـژی سەرۆکی ئیخوانـولشەیاتینەوە تاوان و ناپاکییە. چونکە هەرکەسێک نەک پشتگیری بەڵکو ناوی کورد و کوردستانیش بهێنێت بە لای ئەرۆگانەوە تیرۆریست و ناپاکە. گەر دەستیان پێی بگات تیرۆری دەکەن.

نووسەری کوردمان کاک (پێشڕەو ئیسماعیل عـارف) پشتراستی رەسەنایەتی جۆ بایدنی کردووتەوە، بە راست دەزانێت، کە بە راستی جـۆ بایـدن کوردە و لە هـۆزی (جاف)ە لە باشـووری کوردسـتان و مـاوەیـەکی زۆر بنەماڵـەکەیـان لـە دێـی (هـەڵـەدن) ی سـەر بە شارباژێر ژیاون و لێرەوە لە سـەردەمی عـوسمانییەکاندا کۆچیان بـۆ ئەمریکا کردوون. نـاوی “بایـدن” یـش، هەر لـە ناوی دێـێ”هـەڵـەدن”ەوە هـاتووە. تا ئێـرە و ناچـینە ناو درێـژی ئـەم باسەوە.
جۆ بایـدن لە وتارێکیدا، لە کـاتی بانگەشەکـردنی هەڵـبژاردنەکـان بۆ پـۆستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هـێڕشی کردە سەر ئەردۆگـان و بەڵـێنی ئەوەی دا، کە پشتگـیری لە ئۆپـۆسزیـۆنی تورکیا دەکـات بۆ رووخانـدنی ئەردۆگان. شایـەنی باسیشە کە جۆ بایـدن پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کوردا هەیە. خـاوەنی بیـرۆکەی دابەشکـردنی عـێراقە بـۆ سێ هـەرێـمی فـیدرالی.
باڵیـۆزی پێشـووی ئەمـریکا (جـێمـس جـێڤـری) لە تـورکیا، وتی:”گـەشـبین نیـم بە پەیـوەندییەکانی نێـوان واشنتۆن و ئەنکـەرا”
ئەمەو دانـانی (بـریـت ماکگـورک) بە رێکخـەری کاروبـاری ئەمریـکا لە رۆژهـەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، لە لایەن جۆ بایدنەوە، بوو بە دڕکـێکی تر لە جەستەی تورکیا.
بریت ماکگورک لە کاتی ئۆباما و ترامپدا کاربەدەستێک بـاڵای ئەمریکابـوو. بـەڵام لە ساڵی (٢٠١٨) دا دەست لە کارکێشانەوەی راگەیاند، لەسەر ئەو بڕیارەی کە ترامپ دای بە کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا بۆ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان داگیربکات. بریت دژی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستانە.

بێگومان جۆ بایـدن، ئاگای لەهەمـوو ئەو تاوانانە هـەیە کە تا ئێستا تورکیا لە کوردی کـردوون. بایـدن کەسێکی ئازادی و دیموکراتیخـوازە و بـڕوای بە مافەکانی مـرۆڤ و سەروەریی یاسا هـەیە. دوور نیـیە کە داکـۆکی لە ئـازادی و مافـەکـانی کـورد بکات. لەوانەشە کە تورکیا ناچاربکات، کە گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کورد دا دەست پێبکاتەوە و شەڕ لە دژی کورد رابگـیرێت.
لە یەکەمین راگەیانـدنی بەڕێوەبـەرێتی سەرۆکی تـازەی ئەمریکا جـۆ بایـدن، دەربـارەی تورکیا، داوای ئـازادکـردنی سیاسەتمـەدار و خۆپـاڵـێوی پێشووی کـورد بـۆ سـەرۆکی کۆماری تورکیا سەلاحەدین دێمیرتاش” و چالاکوانی مەدەنی”عـوسمان کافالا”یان کرد.
ئەردۆگانی دیکتاتۆر، کە لەلیبیادا شکستیهێنا، دەیەوێت هـێڕشێکی بەربڵاو بکاتە سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە. وەزیری بەرگری تورکیا ” خەلـوسی ئاکار” بە ئاشکـرا وتی کە لەگـەڵ حکـومەتی عـێراق و دەسەڵاتی باکـووری عـێراقـدا ـ بە لاشێوە کفـربوو کە ناوی کوردستان بهێنێت ـ لەسەر پەلاماردانی پەکەکە رێکەوتووین. ئەردۆگـانی خوێنڕێـژ وتی ئێمە لە ناکاوێکـدا هـێڕش دەکـەین.
هەر پارت و لایەنێکی کوردی هـاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و عـێراقـدا و ئێرانـدا، لە دژی پەکـەکـە و شۆڕشگـێڕانی رۆژهـەڵاتی کوردستان و شەڕڤـانانی رۆژئـاوای کوردسـتان بکات، لەپێناوی مانەوەیان لە دەسەڵاتـدا و قـورخکـردنی دەسەڵات لە بنەمـاڵەکانیانـدا، سیخوڕی نۆکەری بۆ تورکیا و عـێراق و ئێران بکەن و دەربـارەی هـێز و بارەگاکان و شوێنەکانی پەکـەکـە و شەرڤـانـان و پێشمەرگەکـانی رۆژهـەڵاتی کوردستان زانیـاری و نهـێـنی بە تـورکیا و عـێراق و ئێـرانی داگـیرکەرانی کوردستان بـدەن، ئەوانـە جـاش و خـۆفـرۆشن، ناپاک و تاوانبـارن. مۆرکی ناپاکی بە خۆیانەوە دەنێن و شایانی ئەوە نین کە لە کوردستانـدا بژیـن. ئەوەی تنۆکێک رەوشت و ئابڕووی هەبێت هـاوکاری دوژمن ناکات لە دژی برایانی کوردی. کوردستان بە باکـوور و باشوورییەوە، بە رۆژهـەڵات و رۆژئـاوایەوە، نیشـتمانی پیـرۆزی هەمـوو کوردیـکی دڵسـۆز و کوردستان پـەروەرە. بوونی پەکەکە و شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات لە باشووری کوردستاندا، ناشەرعی نیـیە و نیشتـمانی خۆیـانە.
سوپا و جاشە بەکرێگیراوە ئیسلامییەکان و داعشەکانی تورکیـای رەگـەزپەرست، دوای ئـەوەی کە لە لیبیادا شکستیهـێنا و نەیانتـوانی پێگە و بنکەیەکی ئیخـوانولشەیـاتین لە لیبیادا بکەنەوە و دەست بەسەر سامـانی لیبیادا بگـرن.
ئەردۆگان بۆ مەبـەستی سیاسی و بۆ دووبـارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی داهاتـووی تورکیا، پیـلانی هـێڕشکـردنە سـەر رۆژئـاوا و باشـووری کوردسـتانی داڕشـتووە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ عـێراق و پـارتیـدا، نیـازی گڵاویـان وایە کە لە بەهـاری داهـاتـوودا هێڕش بکەنە سەر کورستان و بەشێکی تری لێداگیربکەن. هـاتنی وەزیـری بەرگـری تورکـیا ” خەلوسی ئاکار” کە دەستەکـانی بە کوشتنی خوێنی سڤـیلی کورد سوورە، بۆ بەغـدا و بۆ هەولێر، بۆ جێبەجێکردنی پیلانە چەپەڵەکەیان هات. کە بەرەیەکی شەڕی سێقۆڵی لە دژی پەکەکە دروستبکەن و پەلاماری شەنگار و قەندیل و دیرۆکی رۆژئاوای کوردستان بـدەن. هەفـتەیەک بەر لە ئێستا، ئەردۆگانی گیلەپیـاو، رایگەیانـد و وتی ئیمە لە ناکاویکدا هـێڕش دەکەینە سەر پەکـەکە. گەر وا تێـبگـات کە بە زەبری هێز دەتوانێت کورد ملکەچ بکات، زۆر نەزان و گەمژەیە و باجێکی زۆری ئەم رقە رەشە و گەمژەیی و کەرایەتییەی دەداتـەوە.
هەرگیز بەرپـرسان و وەزیـرانی تورکیا و ئێـران بۆ کـاری بـاش روویـان لە کوردسـتان نەکـردوون و ناکەن، تەنیا بۆ پیلانگـێڕی لە دژی کورد روویـان لە کوردستان کردوون. دەبوایە خەڵکی شاری هەولێر بە تایبەتی و شارەکانی تری باشووری کوردستان لە دژی سەردانی خەلوسی ئاکار بۆ شاری هەولـێر، خۆپێشانـدانێکی ناڕەزایی گەورەیان لە رێی فرۆکەخـانەی هەولـێر و بارەگای حکومەتی باشـووری کوردستانـدا سازیـان بکردایە و سەرکۆنەی تاوانەکانی تورکیایان لە دژی کورد بکردایە. بە داخەوە لە ترسی ئاسایش و میتی تورکیا، کە بە پانی و درێژی هەولـیردا تەراتـین دەکـەن، نەیانـوێـرا خۆپێـشانـدان بکەن، دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی کوردی دەسـت بە سیـنگەوە پـێشوازییـان لە خەلوسی خوێنـڕێـژ کرد و بەڵـێنیان پێیدا کە هاوکـاری سوپـای تورکیای داگیرکەری کوردستان لە دژی برایـانی کوردیـان دەکـەن. ئامـادەن کە ببن بە کـڵاوسـووری پێش لەشکریـان.
ناپلیۆن دەڵێت:” نەمتوانی ئیسپانیا بگرم، چونکە جاشیان نەبوو” بە داخەوە کە جاش و نۆکەر و خۆفـرۆش و ناپـک و نیشـتمان فـرۆش لەناو کورد دا، رەگهەڵکـێش نەکـراون. ئەگیـنا نەدەگەیشتن بەم تانگانـەیـەوە و بە رۆژە چارەنـووس نادیـارە. لەگەڵ ئەوەشـدا گەشبینم کە رۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، دەست لە خەبات و قورباندان و بەرگریکردن لە کوردستان هەڵناگرن و درێژە بە خەباتی سیاسی و رۆشنبیری و دیپلۆماسی چەکداری دەدەن، زووبێت یا درەنگ داگیرکەرانی کوردستان ناچـاردەکەین کە چـۆکیان دادەدەن و دان بە مافـە ڕەواکانی گەلەکەمانـدا بنێن. هـیچ مافێکیش ون نابێت، گەر خاوەن ماف دوای بکەوێت.
رەزا شـوان
٢٦/ یانـوار/ ٢.٢١