دەستپێکێکی ڕەخنەیی بۆ داڕشتنی مێژووى “کۆمەڵەی ڕەنجدەران”.. کاوە جەلال

کاوە جەلال
2015

١
بۆ ئێمەومانان کە لە دوورەوە کەممان بینیوە و لە نزیکەوە زۆرمان بیستووە، بە تایبەتی بۆ نەوەکانی دوای “ڕاپەڕین” کە نزیکەی تەنیا حیکایەتیان بیستووە، تێگەیشتن لە “ئەودیو” پێویستە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر ڕەفتار و پەیوەندییە نێوکەسییەکانمان هەبووە، بەڵێ تەنانەت کاریگەریی لەسەر ژیان و چێژمان یان لەسەر هەڵوێستمان بەرانبەر ئەدەب و هونەرەکان هەبووە. جگە لەوە لە “ئەودیو” کەس و برادەرمان کوژراون، یان کەسان بەهۆى چالاکبوونیانەوە بۆ خەباتی چەکداریی نێو “ئەودیو” گیراون، حوکمدراون یان لەداردراون. بەمەش تێکچوونى دەیان هەزار ڕێچکەى ژیانى خۆیى!
مێژوو هاوشێوەى زانستەکانى وەک سۆسیۆلۆگی، ماتماتیک و پسیکۆلۆگى و هتد، زانستێکى تایبەتییە کە ئەرکەکەى توێژینەوەیە لە هۆکار و سەرەنجامى ڕووداوە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى نێو جیهان، یان لە پاڵهێزى کردارە سیاسى-جیهانییەکان و هتد. بەم توێژینەوانە مێژوو دروست دەبێت – لەسەر کاغەز. مێژوو تەنیا وەک نووسراو هەیە، بە واتایەکى دى، ڕووداوە کاتەکییەکانى نێو کردەکێتی (ئەکتوالیتاس) جارێ مێژوو نین؛ گەر ئێمە واژەى “مێژوویى” بۆ ئەو ڕووداوانە بەکاربهێنین، ئەوا مەبەستمان لە کاتەکیبوونى هەر ڕووداو و ڕەوتێکى سیاسى یان کۆمەڵایەتییە.
مێژووناسى لە هەرێم، وەک هەموو بوارە زانستییەکانى دى، زۆر هەژارە. بەڵام لەنێو زانستی مێژوو خۆیشیدا توێژینەوەى مێژوویى لە یاخیبوونە کوردییەکان، یان لە بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانى کورد، هەژارترینە – بە تایبەتى لە بزووتنەوەکانى دواى 1961 و مێژووى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان. لە بنەڕەتدا هەتا ئەمڕۆ پ.د.ک. و ى.ن.ک. بێمێژوون. هۆیەکی ئەمە لەوەدایە کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هیچ گرنگییەک بە مەئریفە نادەن، چونکە ئەکادیمییەکانیان دەرکیان بەوە نەکردووە کە زانست بەبێ زەمینەی مەئریفی بنیات نانرێت، بە پێچەوانەوە ئەوان لە زانکۆکاندا زانیاری (ئینفۆرماسیۆن) کۆدەکەنەوە و وەک کاری ئەکادیمی بەچاپیان دەگەیەنن، بۆیە زانکۆکان ناتوانن ببن بە ڕێبەری هزرین و کردارى ئێستێتیکى، سیاسى، ئابوورى و تەکنۆلۆژى و هتد. بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە ئەکادیمیى بەتوانا کەم بن، بەڵکو ڕەوشەکە لەبەر چەند هۆیەک بەو چەشنەیە:

یەکەم، ئەقڵییەتی زانستکردنی ئیسلامی-سوننی زانستە مۆدێرنە خۆرئاواییەکان تەنیا وەک ئینفۆرماسیۆن دادەنێت و بەگوێرەی هەر بەشێکی زانستی و کایەیەک لە یەکیان دەدات (ئەمە ئەو بەرواڵەت نوێگەرایانەش دەگرێتەوە کە بەناو کەڵە گۆڤاریان دەردەکرد و هەناویان هیچ جیاوازییەکی نییە لە هەناوی بەرپرسێکی حیزبی)، هەروەها، دووەم، ئازادیى توێژینەوە نییە، بۆ نموونە پەیوەند بەمەوە دەتوانین بپرسین، کە داخۆ چی بەسەر توێژەرێکدا لە هەولێر یان لە سلێمانی بێت گەر هاتوو توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی لەسەر “پ.د.ک” و بەمەش لەسەر بارزانی بنووسێت، یان لەسەر “ی.ن.ک” و بەمەش لەسەر تاڵەبانی! لێ هاوکات پێویستە پەیوەند بە توێژینەوەی ڕەخنەییەوە ڕەچاوی تەوەری “سەبژێکتی/بکەری” توێژینەوە بکەین، چونکە لە یەکتری جیانابنەوە. لەم پەیوەندیەدا دەبینین کە توێژەری ئازاد یەکجار کەمن، لێ پێدەچێت ئەمان خۆیان بۆ هەندێک بواری دی تەرخان کردبێت. بە کورتی: ئێمە دەتوانین زانکۆکان وەک پلەیەک لە سەرووى خوێندنگەی ئامادەییەوە دابنێین و ناویان بنێین “خوێندنگەى باڵا”.

لەنێو کاری مێژووناسیدا یادوەرى و نووسینى کەسانى کاراى سیاسى رۆڵێکى بەواتایان هەیە. ئەمە لە دوو ڕووەوە: ڕوویەکى لاوەکى و ڕوویەکى سەرەکى. ئەو نووسینانە لە ڕووى لاوەکییەوە کەم یان زۆر پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبەن و بەمەش دەرفەت بۆ ڕوانین لە ڕەوشەکان دەڕەخسێنن، بەڵام نووسینەکان لە ڕووى سەرەکییەوە “کەرەسە”یەکى لەبارن کە دەشێت ئیشیان تێدا بکرێت: بە کەرتکردنیان، هەڵوەشاندنەوەیان، بەرواردکردنیان لەتەک یەکتریدا، کە ئیدی دەشێت لەم کارەوە دات و هۆکاری بڕیارە (قەرارە) سیاسییەکان، یان هۆکانی ناکۆکیى سیاسى و رۆڵى کەسانى نێو ناکۆکییەکان و هتد وەک سەرەنجام دەربکێشرێن، لێرەشدا بێگومان پێویستە بە توێژینەوەى مەیدانى پاڵپشت بۆ ڕاستاندنیان یان پوچەڵکردنەوەیان بدۆزرێتەوە.
٢
ئەو کەرەسانە کە ئەمڕۆ بۆ توێژینەوە لە “کۆمەڵەى مارکسى-لێنینى کوردستانى” (پاشان ناونراو بە “کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان”) لە بەردەستدان، زۆر کەمن، هەروەها لە بوارى توێژینەوەى مەیدانیشدا زۆر کەم کار بۆ ئەم بابەتە گرنگە کراوە. بەڵام یادوەرییەکانى نەوشیروان مستەفا، نووسینەکانی پشکۆ نەجمەدین، یادوەرییەکانی ئاشتی برایمە فەندی، نووسینەکانى ئیبراهیم جەلال، نووسین و دژەوەڵامەکانى مەلا بەختیار و فازیل کەریم، یان یادوەرییەکانى ئاوات قارەمانى و هتد، کەرەسەى یەکجار پڕواتان بۆ توێژینەوە لەم بزووتنەوە بەناو مارکسى-لێنینی-ماوییە، بەمەش کەرەسەى لەبڕنەهاتوون بۆ ڕەواندنەوەى داستانەکان، چونکە کاتێک ئەو بەڕێزانە ڕووداوەکانمان لە ڕوانگەى خۆیانەوە بۆ دەنووسنەوە، ئیدی پەردەیەک لەسەر ناوێکى مەزن لادەبەن کە “کۆمەڵە”یە – “کۆمەڵە” وەک بەواتاترین بزووتنەوەى سیاسى و سیاسى-چەکدارى کە لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە تا ساڵی 1992 خەباتگێڕی سەرەکی بوو لە کوردستانی باشور. لێ ئەم ڕێکخراوە سیاسییە زۆر کەم ناسراوە، بە پێچەوانەوە بە چەندین چیرۆک و داستان تەنراوە کە دەشێت فریومان بدەن. بەڵام گێڕانەوەکانى ئەو بەڕێزانە، داڕشتنى ڕوانگەى خۆییان و دژە وەڵامە توندەکانیان، بە تایبەتی ئەو کەسانەیان کە لە ئاستی باڵای بەرپرسیاریدا بوون، وا دەکەن کە سەرجەمى حیکایەت و داستانەکان لەکاربکەون، بەڵێ ئەوان تەنانەت ئەفسانەیێتى خۆیان لەکاردەخەن – ئەوان کە بۆ ئێمەومانان هەمیشە “ناو” بوون و پێیان هۆشسام بووین: بە بزێوییەکانیان، بە خەبات و ئازایەتییان، کە دەماودەم بۆمان دەگێڕرانەوە. ئێمە ئەوانمان وەک کەسانى ئەفسانەیى، وەک دیپلۆمات و سیاسیى بەواتا پێشبینی دەکرد. بەڵام کاتێک ئەوان خۆیان بوێرانە دێنە گۆ، ئیدی گەر تەنانەت هەوڵ بدەن چییەتیان و کردارەکانیان بشارنەوە، هێشتا هەر پەردەیەکى ئەستوور هەڵدەدەنەوە و لەتەک خۆیاندا دەمانبەن بۆ نێو خەباتى ژێرزەمینییان لە شار و خەباتى چەکدارییان لە “ئەودیو” – “ئەودیو”ى پڕمەترسى کە لە شار ڕۆمانتیکیانە پێشبینیى دەکرا و لە بنەڕەتدا تا ڕادەیەک هەر ئەم ڕۆمانتیکەی “ئەودیو” بوو کە لاوانى لەژمارەنەهاتووی بەرەو نەمان برد.
بەگشتى خوێندنەوەى نووسینەکانى ئەو بەڕێزانە، ئەوجا ڕەچاوکردنی ڕوانگەکانی خەباتگێڕانی بەئەزموون، دەمانگەیەنن بە هەندێک تێڕوانینى کرۆکى سەبارەت بە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیى کوردى بەگشتى و “کۆمەڵە” بەتایبەتی. تێڕوانینەکان بریتین لە:2015

١) بزووتنەوە “ڕزگاریخوازى”-چەکدارییەکەى 1961 هەنگاوى بەئاگاى ڕێکخراوێک نەبوو کە لە کات و شوێنى گونجاودا خەباتى چەکدارى بەربخات، بەڵکو کێشەکە بەهۆى “یاخیبوونى ئاغاکانەوە” تەقییەوە: یاخیبوون لە یاساى ڕیفۆرمى کشتیارى کە حکومەتى ئێراق دەریکرد، پاشان سەرۆکى پ.د.ک.، مەلا مستەفای بەرزان، چوو بە هانای ئاغا یاخیبووەکانەوە و پێکەوە کەوتنە شەڕکردن لەدژى حکومەتى ئێراق. ئەم هەڵوێستەى سەرۆکى پ.د.ک. خودى پارتەکەى سەغڵەت کرد کە پاشان سەرکردایەتییەکەى بە ناچارى داواى لە ئەندامانى خۆى کرد بدەنە شاخ و لەدژى حکومەتى ئێراق بجەنگن. لێ ئێمە لەم ڕەوشەدا دوو شێوەی هەڵوێستی سیاسی دەبینین کە لەکاتی مەلا مستەفای بەرزانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە: یەکێکیان بێباکانە لە دەمارگیریی خێڵەکێتییەوە دەکەوێتەوە و باقییەکەی دیکەی کۆمەڵ لە هەر سەرەنجامێکەوە دەگلێنێت، ئەویدیکەیان تێوەگلێنراوە.
مۆرکێکی کرۆکیی ئەم تێوەگلێنراوە ئەوەیە کە لە زۆر ڕووەوە بەرانبەر کەسانی شارنشین توندڕەوە، لێ بەرانبەر گوند و خێڵەکێتی حەزەرمەند و سڵەمیوەیە: بۆ نموونە هەرگیز بوێریی نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دژبەرییانە کە خۆی لەژێر دروشمەکانی پێشکەوتنخوازی و شۆڕشدا زەقیکردوونەتەوە یان بەردەوام جەختی لێکردوون. ڕوونتر ببێژین: چۆن کاتی خۆی مەلا مستەفای بەرزان بێباکانە بڕیاری بۆ بەهاناچوونی ئاغاکان دا و بێ چەند و چوون کەوتە شەڕکردن لەدژی حکومەتی ئێراق، ئەوجا سەرکردایەتی پ.د.ک چۆکی لە بەردەم ویستی ئەودا دادا، ئەمڕۆش مەسعودی مەلا مستەفای بەرزان بێباکانە سیاسەت دەکات، لێرەشدا “یەکێتی” و “گۆڕان” سووک و ئاسان دەبن بە پاشکۆی هەر هەنگاوێکی ئەو.
بە هەر حاڵ، بە دەستپێکردنی بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1961 شار بەتەواوى کەوتە ژێر ڕکێفى خێڵەکێتى و ڕەفتارە گوندى-ترادیسیۆنییەکانەوە – شار کە بەهۆی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و جووڵەی ئابوورییەوە، نێوەندێکى بزێوتر و گەشبینترى ژیان بوو لە نێوەندی گوندی. ئێمە لەم پرسەی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریدا هاوکات ژێرکەوتنی ئاگایی سیاسیی دەبینین: ئاخر گەر پەیوەندییەکانی پارتێک لەتەک دەسەڵاتی ناوەندیدا گرژییان تێکەوت، پاشان پارتەکە بییەوێت بە هەر شێوەیەک بێت درێژە بە خەباتی سیاسی بدات، ئەوا ئەم هەڵوێستە نیشانەی ئاگایی سیاسییە، بەڵام گەر مەکتەبی سیاسیی پارتەکە تەسلیمی ویستی سەرۆکە شەڕکەرەکەی بوو، ئەوا ئاگاییە سیاسییەکەی لەکاردەکەوێت، ئەمەش بە سەرەنجامێکی ستەمەوە: ئێستا لای خەڵکیش هەست و سۆز سەروەریی بەسەر ئاگایی سیاسیدا وەردەگرن، کە ئیدی هەزاران کەس بە دروشم دەچن بە پیر مەرگەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئاگایی دانیشتوان لە شار هێندە کەم و تایبەت شکۆفەى کرد کە چیدی نەیدەتوانی کاریگەرى لەسەر گوند بنوێنێت، بە پێچەوانەوە کوردەکانى ئێراق بەگشتى لە ساڵی 1961 بەدواوە بەردەوام “پتر” خێڵەکییزە بوون (ئەوە سەربارى تەنینەوەى خانوو و پۆشاکى مۆدێرن، یان ئامرازە تەکنۆلۆژییەکان و ئەدەبیاتی بیانی). گرنگترینی ئەو فاکتەرانە کە کاریگەریی ستەمیان نواند، بریتی بوون لە: ئەقڵییەتی ئیسلامی-سوننی کە لە سەرکردایەتیی پ.د.ک.دا باڵادەست بوو، مارکسیزم-لێنینیزمی وەک ئەتەکێت بە بەرۆکی پارتەکەیدا هەڵواسی، واتا تەنیا کاری بە ئیفۆرماسیۆنی کۆکراوە دەکرد، بۆیە نەیدەتوانی میراتێکی گونجاو لە ڕووی ئەدەبیات و پراکسیسی ئاگامەندانەی سیاسییەوە بۆ هەر نەوەیەکی دیکەی سیاسی بخاتەوە، بە پێچەوانەوە مێنتالێتیی ئاستگەریی (“پێگەیەک بۆ خۆم مسۆگەر دەکەم و توند دەیگرم”) درێژەی پێدرا. فاکتەرێکی دی ئەوە بوو کە شارنشینان و شارییەکان بە زۆرینەی هۆشمەندانى ئەدەبیشەوە چۆکیان لە بەردەم سەروەرانى خێڵەکیدا دادا، بەمەش خێڵەکێتی لەنێو بزووتنەوەی (بەناو) ڕزگاریخوازییەوە پتر دەسەڵاتی خۆی بەسەر شارنشیناندا بەهێز کرد.
ئاخر سومعەی گەورەتر بوو بوو. ئەوجا ئەم ڕەوشە پێکەوە لەتەک خۆزگەى قووڵى کوردەکاندا بۆ سەرکردەیەکى بەهێز بوون بە هۆیەک کە سەرۆک خێڵان یان ئاغایان وەک بەرپرسی عەسکەری، ببن بە مایەی شانازیی خزمانی دوور یان نزیکیان لە شار، بەڵی خزمان خۆیانیان پێوە بابدەن (ئەمە بۆ نموونە لە شارێکى وەک سلێمانى تەنانەت لە گەڕەکى “عەقاری” یان درەنگتر لە گەڕەکى “تویمەلیک” دەبینین. خوێنەر دەتوانێت خۆی لە شار و قەزا و ناحییەکانی دی نموونە وەربگرێت). سەرەنجامی ئەو بەدڕەوتە ئەوەیە کە ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر ئاگایی ناوەرۆکبینی ترادیسیۆنی لەکارکەوتووە و “رواڵەتگەرایی”یەک جێی گرتۆتەوە کە سواڵکردن یان تەنانەت دزینی بەلاوە ئاساییە، بەڵی تەنانەت وەک “فەزیلە” دەیانبینێت.

بێگومان دیاردەی سواڵکەری، واتا دەستپانکردنەوە، مۆرکی سەرجەم گەلانی موسڵمانە، بە تایبەتی مۆرکی موسڵمانانی سوننەمەزەبە، کە دەستیان بۆ بەرهەمە هۆشەکی و ماتەرییەکانی خۆرئاوا گرتۆتەوە، بێشەرمانە وەریاندەگرن و بابەتی بە خۆ تایبەتیان لێ چێدەکەن. لێ ئەمڕۆ ڕەوشەکە لای کوردەکانی هەرێم لەوە تێپەڕدەکات، ئەمڕۆ مرۆ سووک و ئاسان، دووپاتی دەکەینەوە، مرۆ هەروا سووک و ئاسان “کتێب” دەنووسێت و ڕایدەگەیەنێت گۆیا بە مێتۆدێکی نوێ نووسیوێتی، بەبێ ئەوەی بزانێت کە دەبێت بەدووی ئەوەدا یەکسەر ڕوونی بکاتەوە، ئەو مێتۆدە چییە و چۆن بووە بە ڕێبڕینی هزریی ئەو؛ کەس هەر لە خۆیەوە “گۆڤار” یان “ڕۆژنامە” دەردەکات، “خانوو” دروست دەکات، “خۆراک” لێدەنێت، “کەناڵی تەلەڤیزیۆن”ی دادەمەزرێنێت یان دەبێت بە “میدیاکار”، بە “پەرلەمانتار” و هتد.، بەبێ ئەوەی پرسیاری کردبێت: گۆڤار چییە؟ خانوو چییە؟ میدیا چییە؟ خۆراک چییە؟ و هتد. نەخێر، مرۆ بۆ ئەو مەبەستانە هەموو بەرهەمێکی خۆئاوایی بە تایبەتی لە ئینتەرنێتەوە دادەگرێت، ئەوجا دوای تەواوکردنی ئەو کارەی ڕەحەتبوونە سۆسیالەکەی (سۆسیال-ئۆرجازمەکەی) خۆی پێشانی هەمووان دەدات. لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە بۆچی ئەمڕۆ “پرسى فۆرم” یەکێکە لە قووڵترین تەنگژەکانى کوردانی هەرێم: لە توێژینەوەى زانستیدا کە توێژینەوەکان بەزۆریی ڕێکخستنی پاڵیەکیین نەک فۆرمێنراو و تێیدا توێژەر دەربکەوێت، لە تەلارسازیدا کە خانوو و تەلارەکان دەردراوى هۆشێکى ئێستێتیکیى ئازاد نین، بەڵکو کۆلاژ و کۆپیی ڕاستەوخۆن، بە تایبەتیی کۆپیی تەلارسازیی دوبەیین کە ئەو خۆیشی بەرهەمی خۆرئاوایە، لێرەشدا دەشێت هەست و سۆزی چڵێس بەرهەمی قێزەوەن بخەنەوە (بۆ نموونە بینا نوێکەی شارەوانی لە سلێمانی).

2) بڕێک لە نەوەی نوێی “کوڕان”ى شار لە میانەى خواستی ڕزگاریخوازی و بزووتنەوەى چەکداریى کوردیدا پتر بە هزرى چەپ بارگاوی بووبوون، ئەوجا ژمارەیەکیان هەوڵیان بۆ کردارى سەربەخۆى سیاسى دا و خۆیان لە “کۆمەڵە”دا بینییەوە – بێگومان نەک “دامەزراند”، چونکە کەسەکان کە بە هزری چەپ بارگاوی بوون، پتر تاقم تاقم خڕبووبوونەوە: زۆرینەیان دەستە دەستە لە کاتی ناکۆکیی جەلالی-مەلاییەوە دۆست و برادەر بوون یان لانی کەم یەکدییان دەناسی. لەم ڕوانگەیەوە “کۆمەڵە” وەک ڕێکخراو تا دوای ئاشبەتاڵ وجودی نەبوو. بە هەر حاڵ: کاتێک خەباتگێڕانی بارگایبوو بە هزری چەپ خۆیان لەنێو “کۆمەڵە”دا بینییەوە، ئەوان ئەوپەڕى ترادیسیۆنى بوون، واتا ئەوان هێشتا کوڕانى باوانیان بوون کە وەک “خەمخۆر” و “لەخۆبوردوو” دژى چەوساندنەوەى نەتەوەیى “و” چینایەتى (!) هاتنە مەیدانەوە، یان هێشتا ئەوەندە باوکسالار بوون کە بە گۆرانیی وەک “شیرین شیرین، ئەی کچە کوردی نازەنین!” هەوڵیان دەدا ڕەگەزی مێینە بۆ خەباتەکەیان ببنەوە.
ئەوان نەیاندەزانی کە کەسانى ترادیسیۆنى ناتوانن چەپ بن، چونکە وەرگرتنى ڕوانگەى چەپ هەڵوێستێکى سەبژێکتییە (بکەرییە)، کە بەدووى هەڵوەشاندنەوەى کەسێتیى سۆسیۆکولتووریى خۆدا دێتەئاراوە و ئاگامەندانە ڕەوشەکان دەسەنگێنێت و ئەوجا بەرانبەریان هەڵوێست وەردەگرێت. بەڵێ، ئەوان لە ناخدا لە “کاژیکەکان” کاژیکتر بوون، هێندە نەبێت کە بوێریی ئەوانیان نەبوو بە ئاشکرا پرسی نەتەوەیی بخەنە نێوەندی خەباتیانەوە. ئێمە لێرەدا دوو شێوازى جیاى هەڵوێستمان هەیە: یەکێکیان خزانە بۆ ژێر کارگەریى بزووتنەوە چەپەکانى وڵاتانی دی کە تەنیا دەنگدانەوەیان بە خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” دەگات، لێرەشدا ترادیسیۆنیبوونی خەباتگێڕان وا دەکات، کە ئەوان هەندێک تێڕوانینی هزرمەندانى یاخیى خۆرئاوایی یان “ماو تسی تۆنگ” پتر بۆ مەبەستی سیاسی وەربگرن و بە شێوەی جیا بییاندەنەوە، بۆ نموونە لە گۆڤار یان ڕۆژنامەدا. بەڵام هەڵوێستەکەی دی سەبژێکتبوونى خۆیە کە وەک چەپ سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کولتوورییەکان دەبینێت و دیارییان دەکات، ئەوجا دەشێت (واتا مەرج نیە) ببپەڕێتەوە بۆ کرداری سیاسی. بۆ نموونە “ئوێجئالانیزم”. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانە کە بۆچی خەباتگێڕانی خۆبینییەوە لەنێو “کۆمەڵە”دا پێش ١٩٧٠ و ئەوجا لەم کاتە بەدواوە تا ١٩٧٦ پێیان نەکرا هیچ بەرهەمێکى تیۆری بخەنەوە، یان سۆسیۆلۆگییەکی خەبات ئاوەڵا و پیادە بکەن، بەمەش مۆدێلێکى نوێ بۆ خەباتی گەنجان بهێننە پێشەوە. ئاخر دەبێت سەرەتا هزرین هەبێت کە لە دەڤەری خەبات جیانابێتەوە، واتا لە توێژینەوەی مارکسیستیانەی خەڵکی کوردەواری لە شار و گوند.

هاوکات خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” خزابوونە نێو گێژاوێکی ستەمتری سیاسییەوە کە لوولی دان و نەیهێشت هیچ نەبێت وەک کەسە ترادیسیۆنییە هەمواربۆوەکە رێگەی خۆیان لە سیاسەتدا بگرنە بەر: شێخایەتی. لە بنەڕەتدا شێخایەتی ڕووی لە دەروون دەکرد و خۆی لە پەیوەندیی شێخ-موریددا دەبینییەوە، لێ وەک میراتێکی ئاشنا بە تایبەتی لە لایەن بەچکە شێخەکانی نێو کوردایەتییەوە کرا بە مۆدێلی سیاسەتکردنی کوردی لە ئێراق و پاشان لێوەی مافیای سیاسیی نێو کوردایەتی هێنرایەگۆڕێ کە تا ئەمڕۆ باڵادەستە. ئەم مۆدێلەی شێخ-مورید بە تایبەتی لە لایەن شێخزادەکەی تاڵەبانەوە، واتا لە لایەن جەلال تاڵابانییەوە، سووک و ئاسان درێژەی پێژەی پدرا، بەمەش هێدی هێدی لەنیو “کۆمەڵە”دا بەرهەمهێنرایەوە. بەبێ هیچ گومانێک گەر سەرەتا کۆمەڵەییەکان خەباتگێڕی بەپەرۆش و لەخۆبوردووی شارنشین بووبن، هەروەها ڕێزی نەریتی هەمواربۆوە و بزاوتووی نێو شاریان گرتبێت، ئەوا تێوەگلانیان بە شێوازی سیاسەتکردنی شێخانەوە کاریگەریی ستەمی لەسەر ڕەفتار و بیرکردنەوەیان بەجێهێشت.

3) ئاشبەتاڵ بوو بەهۆى نەهامەتییەکى گەورە بۆ کورد، بەڵام لەتەک ئاشبەتاڵدا تەمێک ڕەوییەوە:
دەسەڵاتى بنەماڵە. بۆ نموونە لە شارێکى وەک سلێمانى (خوێنەر دەتوانێت خۆی نموونەی قەزا و ناحیە و شارەکانی دی وەربگرێت) ژمارەیەکى کەم گەنج (ئەمە مایەى تەوسە) بزێوتر بوون و جار جار دواى کۆڕێکى ئەدەبى بە سپۆنتان (عەفەویانە) خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. هێندەى نەخایاند بۆمبێک بە گوێیاندا تەقییەوە: ناوی “کۆمەڵە”، کە زۆر کەسى ڕاچڵەکاند و کەمینەیەکى زۆر بچووکى بزێوتر کرد. بەڵام ئەوە بەتایبەتى گەنجانى زانکۆیى و ئامادەییەکان بوون کە بۆ نێو باوەشی “کۆمەڵە” خزان نەک کاسبکاران و “ڕەنجدەران” و هتد. ئەمان زۆر کەم بەپیر بزووتنەوەکەوە چوون. هەر چۆنێک بێت، “مارکسییەت” دوای ئاشبەتاڵی 1975 بوو بە مۆدە، لێرەشدا لاوازیی هۆشی کۆمەڵەییەکان نەیدەتوانی بەهای نوێ بە خەباتگێرە لاوەکان بدات، بەڵکو هەر ئەوەندەی پێدەکرا کە جرپنانە هەوڵ بدات گەنجان بۆ خەبات ڕابکێشێت. بەڵێ، دوای ئەوە کە مارکسییەت بوو بە مۆدە، ئیدی لە شارەکاندا نەک “مۆرالی خەباتگێڕ”، بەڵکو ڕەفتاری سایکۆلۆژییانە بوو بە باو، بۆ نموونە بەدڕەفتارێکی وەک “لێدان” بوو بە فەزیلەیەک و لەبریی دانوستاندن دانرا: “فڵان زۆر زیرەکە، بینیت لە کۆڕەکەدا چۆنی لێ دا؟”، واتا مرۆڤ نەریتی دانوستانی نەدەناسی، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە، بۆ نموونە لە چایخانەکە یان لەنێو کۆڕە ئەدەبییەکەدا، خۆی بۆ لێدانێک لە کەسی ئاخڤەر یان کۆڕگر مەڵاس دەدا. بەم شێوەیە جرپنی و دەمەوەری و سەرەڕۆیی بوون بە مۆرکی خەباتگێڕانی نوێ و بەوەش کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر نەوەکانی دی نواند. بەڵێ “کۆمەڵە” کە دوای ئاشبەتاڵ بوو بە بزووتنەوەیەکى سیاسى، لەبەر ئەوەی ژمارەیەک چالاکوانى ترادیسیۆنى لە ئاستى سەرەوەیدا بوون و کەمترین توانستی پەروەردەی خەباتگێڕییان نەبوو، ئەوا بوو بە حیزبى شەهیدان، بوو بە حیزبى ئەو گەنجانە کە زۆر جار بەهۆى هەڵپەى دەرکەوتنەوە دەگیران و حوکم دەدران یان لە داردەدران، یان لە نەزانییەوە لە شەڕدا دەکوژران.

ئەوجا خەباتگێڕانیش کە لەنێو “کۆمەڵە”دا بوون، یان لە دەوری کۆبوونەوە، یان هیچ نەبێت هاوسۆزییان بۆی هەبوو، زۆر ناتەبا و بە یەک نەساز بوون. کەسانی کۆمەڵەیی هەبوون کە بەناو ئاتێئیست (مولحید) بوون، یان لەنێویاندا ئەوانەش هەبوون کە بەردەوام خۆیان بە وشەی نەگونجاو یان تەنانەت بە جنێو بەرانبەر خودا و پەیامبەری ئیسلام دەردەبڕی (ئەمە بەڕاستی یەکێکە لە فاکتەرەکانی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی)، هەروەها کۆمەڵەیی هەبوو کە سەری بچووایە نوێژی نەدەچوو. کۆمەڵەیی هەبوو کەشخە و فیزدار بوو، هینی دیکەش هەبوو ڕەنجدەرانە هەڵکەوتبوو. کۆمەڵەیی هەبوو فێڵبازی خۆپارێز بوو لە هەر گێچەڵێک، کەسانی دیکەشی تێدا بوو کە لە ساویلکەیی و نیازباشییانەوە زوو ئاشکرا دەبوون و تێدادەچوون. هەروەها کۆمەڵەیی هەبوون کە کوڕی دەوڵەمەند نەبوون، کەواتە خاوەنی سامان و ئۆتۆمۆبیل نەبوون و بەمەش دەسوێژێکی خوازراویان بۆ مێبازی نەبوو، بەڵکو ئێستا مارکسیزم و خەمخۆریی بۆ هەژاران دەسوێژی نزیککەوتنەوەیان بوو لە کیژان. ئەوجا هەر لە دەوری ئەم بزووتنەوە پشکوتووە کەسان هەبوون کە لە شار خۆیان وەک چەپی شۆڕشگێر دەردەخست، لێ ڕووی دەدا کە هەڵپەی دەسەڵات بییان بات بۆ گوند و لەوێ بە شێخایەتی بکەونە چەوساندنەوەی جوتیاری کورد. هەرچۆنێک بێت، ئەمانە سەرباری هەموو مۆرک و تایبەتمەندییە مرۆڤییەکان بریتی بوون لە پێکهاتەی بزووتنەوەیەک کە ڕێگەی خەباتی لەنێو خۆی و هاوکات لەنێو پەیوەندییەکی سیاسیانەی گەورەتردا (ی.ن.ک.دا) بەرخست و دوای ئاشبەتاڵ بوو بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە سەرەکییەکەی کوردستانی باشوور: ڕێکخراوێک کە داستانی تۆمارکرد و شکستی هێنا، زۆرینەی گەلی بۆ خۆی بردەوە، لێ پاشان سووک و ئاسان لەنێو جەلاییەتدا توایەوە- توێنرایەوە.

4) خەباتگێڕى چەکدارى “کۆمەڵە” بە ڕۆمانتیکى پێشمەرگە دەژیا، واتا ڕۆمانتیکی ئەو قارەمانەى گەل کە پێش بە مەرگ دەگرێت تاکو گەلەکەى لە ستەمى بێگانە رزگار بکات. بەڵام ئەم قارەمانە بەدەر بوو لە ڕاهێنان و دیسپلینى سەربازى، لە بنەڕەتدا وشەى سەربازى بەلاوە شورەیی بوو، چونکە تەنیا سۆزمەندانە وشەکەى وەرگرتبوو – لە کیینەوە بەرانبەر دەوڵەتی مەرکەزی. تەنانەت ئەو گەنجانەیان کە نێرران بۆ لوبنان یان لیبیا تاکو ڕاهێنانی سەربازی بکەن و فێری شەڕکردن ببن، لە تەمەڵیی خۆیانەوە شکستیان هێنا (“کاکە، خۆ من عەسکەر نیم بەیانی زوو لە خەو هەستم!”). ئاخر کۆمەڵەییەکانى سەرەوە هەرگیز دیدێکى گشتگیریان نەبوو کە لە هەر هەنگاوێکى سیاسیدا کارا ببێت و بتوانێت بە ئەرگومێنت هەر ئەندامێک بە گوێرەى توانست و پەروەردەى هونەرى و تەکنیکى، یان پیشەى دەستى، چالاک بکات، ئەمە بێگومان تەنانەت بۆ چەکەمەنى (ڕەنگە هەندێک بەڕێزى “کۆمەڵە” پێکەنینى بەم تێڕوانینە بێت). لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو بەڕێزانە کە بەرپرسى باڵاى بزووتنەوەکە بوون، ئیشیان چى بوو لە سەرکردایەتیدا؟ لە بنەڕەتدا “لە سەرەوە” ئەقڵییەتی “ئاستگەرا”ی کوردی وروژابوو، بەمەش هەموو پەیوەندییەکان شێوا بوون، خودى کەسەکان پەشۆکابوون و لە ناکۆکیى کەسیى و پۆستەوە گلابوون. ئەمەش شۆڕدەبۆوە بۆ خوارەوە بۆ لاى پێشمەرگەکان – ئەو بێچارانە!

هەڵە دەبێت گەر تەنیا لەم ڕووەوە پێشمەرگایەتى بنرخێنین. ئاخر ئێمە لێرەدا خۆمان لە بەردەم پرسیارى دەسەڵاتدا دەبینینەوە، کە تێگەیەکى فراوانە. لە بنەڕەتدا هەموو هەڵچوونێکى مرۆڤیى بەنێو دراوە کولتوورى و سیاسی و ئابوورییەکاندا بەدەستهێنانى دەسەڵاتە. مرۆڤ لە هەموو ساتێکى ژیانیدا دەیەوێت دەسەڵاتدار بێت: وەک کاسب لە کردارى فرۆشتندا، وەک مێرد، وەک ژن، وەک ئەکادیمى و هتد. وەرگرتنى بڕوانامە گەیشتنە بە شێوەیەکى دەسەڵات. کەواتە بزووتنەوەى رزگاریخوازیش لەم پرنسیپە مرۆڤییە بەدەر نییە. خەباتگێڕان کە بە نهێنى خۆیان رێکدەخەن، ئەوا بەم ڕێیەوە بە شێوەیەکى دەسەڵاتى ڕەوانى (مەعنەوی) و تەنانەت ماددی (بۆ نموونە چەکهەڵگرتن یان توانستى ئیختیال) دەگەن کە جیایان دەکاتەوە لە باقییەکەى کۆمەڵ.
لە ناخى هەموو خەباتگێڕێکدا شانازییەکى یان تەنانەت فیزێکى لەڕادەبەدەر سەرهەڵدەدات و گەر بۆى بلوێت بەئاشکرا پێشانى هەمووانى دەدات، لەم پەیوەندییەشدا “پێشمەرگە” دەسەڵاتدارێکى زۆر تایبەتە، چونکە خۆى وەک بەرجەستەى ئەو پێشبینییە ئەندێشەییە دەبینێت کە لە ناخى هەموو تاکێکى ئەو گەلە چەوساوەیەدا هەیە: ئەم ئێستا تەنانەت بە “لەش” پێشمەرگەیە، بەمەش ئەم ئێستا جیاوازە لە هەڤاڵانى گەڕەک و فێرگە، لە فەرمانبەران، لە پزیشکان و بەڵێندەران و هتد. ئەو سەربەستە! ئەو بەربووە لە پابەندیی خێزانی! ئەو بەنێو چیاکاندا لە گوندەوە بۆ گوند جەولە دەکات، بە چەک دەست لە دوژمن دەوەشێنێت. بەڵام هەڤاڵان لە شار بەترسەوە دەژین، خەریکى دابینکردنى گوزەرانیانن، هەندێک جار گۆڵمز ساز دەکەن یان رەنگە هەندێک شەو بە ترسەوە بڕۆن بۆ مەیخانەیەک تاکو مەى بنۆشن و کەمێک سەریان گەرم بکەن. لە بنەڕەتدا ئەوی پێشمەرگە دەخوازێت هەڤاڵان و خزمانى پێى هۆشسام بن، ئەو پێشبینى دەکات کە هەڤاڵانى لەکاتى پیاسەکانیاندا باسى دەکەن، یادیدەکەنەوە، تەنانەت رەنگە ئیرەیى پێبەرن. ئاخر ئەم توانیویەتى کەس و کارى جێبهێڵێت و تەنانەت بۆ خاترى گەل بییانخاتە مەترسییەوە. ئەوجا کاتێک هەڤاڵانى شار تەنیا ناوى “مامە” و “کاکە نەوە”، “جەبار فەرمان” و “مەلا بەختیار”یان بیستووە، ئەو بە پێچەوانەوە دەرفەتى هەیە لەگەڵیان دابنیشێت، یان لایەنى کەم لە نزیکەوە بییان بینێت!

5) مرۆڤی کورد بەگشتی خۆی هەمیشە لە بەرهەڵستیدا دەبینێتەوە: ئەو هەرچییەک بکات، سنوورێک بە دەوری ئەو شتەیدا دەکێشێت و ئامادەیە هەموو شێوەیەکی بەرهەڵستی بۆ پاراستنی ئەو سنورەی بەگەڕبخات: لە چەکەوە تا وشە و ڕەفتارە ساختەچییەکانی ماچ و پاشقول. ئەو دەشێت خەریکی نووسین یان شێوەسازی یان تەلارسازی بێت، یان دکتۆرایەک لەسەر هۆزانڤانێک بنووسێت، یان لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا “چاکی”ی خۆی پێشانی هەمووان بدات و هتد. لێ گرنگ ئەوەیە کە هەر یەکەی ئەو چالاکییانە یان داواکارییانە سنووری ئەون و نابێت هیچ کەس بییانبەزێنێت، کەواتە نابێت ساغبکرێتەوە کە داخۆ ئەو نووسەر بێت یان نەبێت، هونەرمەند بێت یان نەبێت، تەلارساز بێت یان نەبێت، ئەو کەسە چاکە دڵسۆزە بێت کە پێشانی هەمووانی دەدات یان لە بنەڕەتدا ئەوە نەبێت. هیچ بە گوێیدا ناچێت. ئەمە هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ کێشە نێوخۆییەکانی کۆمەڵەییەکان کە وای دەکرد کەس “ئەویدی نەخوێنێتەوە”. لێرەشدا “مامجەلال” وەک چارەسەری ئەو دۆخە زیتبۆوە(بێگومان دوای کوژرانی عەلی عەسکەری، ئاخر حەددی چی بوو لە بەردەمی ئەودا دەنگ بەرزبکاتەوە و گۆچان بووەشێنێت!).

جەلال تاڵەبانی لە بنەڕەتدا زیتکرایەوە و هەموو پێی ڕازی بوون. کەواتە سەرلەنوێ گوندییەکی خێڵخواز وەک چارەسەر وەرگیرا و زۆرینەی شارنشینان خۆیان خستە ژێر ڕکێفییەوە. بێگومان ڕاستە کە تاڵەبانی هۆزەکی نەبوو، بەڵکو کوڕێکی تەکیەی تاڵەبان بوو! لێ ئەمیش لەنێو پەیوەندیی خێڵەکییانەی گوندییەوە پێگەیشتبوو، هێندە نەبێت کە مۆرکە کەسییەکانی خۆی پێکەوە لەتەک نەریتی گوندییانە و شێخگەرییدا هێنابووە نێو سیاسەتەوە: گەنجێک کە تەنیا لەبەر ئەوەی بەچکە شێخ بوو، ئەوا زوو لە “قوتابیان”دا پێگەی سیاسیی پێدرا (کەواتە نەک لەبەر بلیمەتی!)؛ هەروەها گەنجێکی چەقاوەسوو بوو کە بەشی یاسای لە زانکۆ تەواوکردوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەروونەوە هێشتا هەر گوندی بوو و تا سەر ئەوها مایەوە؛ پیاوێکی گەنج کە پێشتر خۆسەپێنانە هاتبوو بۆ نێو سلێمانی، ئەوجا بۆڕی سەرجەم کەڵە پیاوانی ئەو باڵە سیاسییەی دایەوە کە تەوەرێکی ناکۆکییەکەی شەستەکان بوون: باڵەکەیان ناو نرا “جەلالی!” نەک “ئیبراهیمی!”. بە هەر حاڵ، مام جەلالی گوندی، کوڕە شێخێکی ناودار و خاوەن پشت و پەنا، بەسەر کۆمەڵییەکانەوە زیت بۆوە و لەسەر ڕێسای شێخایەتی هێندەی دی بچووکی کردنەوە و کردنی بە پاشکۆی خۆی، ئەوەش بە چەشنێک کە ئیدی لەتەک پەککەوتنی جەستەیی و سیاسیی خۆیدا هەموویانی سەرگەردان کرد.

6) بەبێ دانوستاندنى “ئاسۆى ئەزموون” و “دەسەڵات” توخمێکى کرۆکى لەم پەزلەى خەباتى “کۆمەڵە”دا نوقسان دەبێت. “تەسکى یان فراوانیى ئاسۆى ئەزموونە کەسییەکان” دەشێت بڕى دەسەڵاتى کەسیی دیاری بکەن. ئەو خەباتگێڕانە کە لە ئەوروپا یان ئەمەریکاوە بۆ نێو بزووتنەوەکە دەگەڕێنەوە، بە حوکمى ئەزموونەکانیان “تەنیا بە ناو لەتەک خەباتگێڕانى نێو وڵاتدا یەکدەگرنەوە، وەکو دى لە گشت ڕوویەکەوە لە ئەوان جیاوازن”. ئەزموونى هەمەلایەنى، شارەزایى لە زمانێکى خۆرئاواییدا و بەمەش لە کولتوورەکەیدا، ئەوجا بەرینبوونى ئاسۆى بیرکردنەوە، ئەمانە پێکڕا بڕێک دەسەڵاتى زۆرتر دەدەن بە خەباتگێڕانی گەڕاوە بۆ نێو بزووتنەوەکە. بەبێ هیچ گومانێک، بەدەر لە ڕابوردووى سیاسییان کە جێیان بۆ مسۆگەر دەکات، بە “موهیمتر” دادەنرێن. هەموو ئەو کەسانە، تەنانەت خوێندکارانی وڵاتێکی وەک ڕۆمانیا، کە لە ئەوروپاوە سەردانی کەس و کاریان لە وڵات دەکرد، لە لایەن دانیشتوانەوە وەک “موهیم” دەبینران.
بەڵام گەرەکە لەم پەیوەندییەدا هەندێک پرسیار بوروژێنین: ئایا ناشێت خەباتگێڕانى بۆ وڵات گەڕاوە کە دیدێکى ئۆبژێکتییانەى فراوانتریان بۆ کێشە سیاسییەکانى وڵات هەبوو، ستراتیژییەکیان هەبووبێت بۆ رابەرایەتیکردنى بزووتنەوەکە؟ ئایا ناشێت بەهۆی “لە-ئەوروپا-بوونیان”ەوە، واتا گریمانەکردنیانەوە وەک “موهیمتر”، دەرفەتیان لای گەنجانی “کۆمەڵە” بۆ ڕەخسابێت پتر هێز پەیدا بکەن، ئەوجا هەوڵیان دابێت تێڕوانینە سیاسییەکانیان بەدیبهێنن و لە روانگەى خۆیانەوە سنوورێک بۆ سەرجەم ناکۆکییەکان دابنێن یان لایەنى کەم لە سەرەوە کپیان بکەن؟
سەرەڕای ئەوە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا خۆمان بە هەندێک پرسیاری دیکەوە خەریک بکەین: ئایا خودی کەسەکان کە لە ئەوروپاوە گەڕابوونەوە، کێ بوون؟ ئایا ئەوان هەرگیز بە ڕاستی لە ئەوروپا ژیابوون؟ ئایا توانیبوویان بە ڕەخنەی هزر و ڕەفتاریان گۆڕان بە جیهاندیدی و ڕەفتاری دیکە بدەن؟ یان ئایا ئەوان تەنیا پیاوانی خەمخۆر و کۆکەرەوانی زانست بوون؟ ئاخر ئاشکرایە خۆبینینەوە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا واتای ژیاندنی ژیان نییە لە ئەوروپا. بەبێ بوێری بۆ خەریکبوونی ڕەخنەیی بەخۆوە هەرگیز دەرفەت بۆ کرانەوەی خۆیی بۆ کولتوورانی دی ناڕەخسێت.

7) کۆمەڵە خاوەنى دیپلۆماتى نەبوو. دیپلۆماتى توانستى هۆشێکە کە پەیوەند بە پراکسیسەوە گۆڕراوە، ئەوەش بە: توێژینەوەى قووڵى لۆگیک و فەلسەفەى زمان، هونەرى ئەرگومێنتهێنانەوە و دانوستاندن، سایکۆلۆژى و پراکتیکى سیاسی. لێ “کوڕى باشەکانى کۆمەڵە” هەر فڕیان بەسەر ئەم توخمە کرۆکییەى سیاسەتەوە نەبوو. بۆ ئەوان زمانى شیرین و فێڵبازى، قسەى ڕەق و تەریقکردنەوە، تەنانەت شکاندنى ئەنقەستی کەسان لەنێو کۆڕ و کۆمەڵدا، بریتى بوون لە خووى سیاسی. ئەوان “لە سەرکردایەتى” کەمترین ڕاهێنانیان نەکرد کە چۆن بە زمانێکى ورد بنیاتراوى دیپلۆماتى بچنە سەر مێزى موفاوەزات. تەنانەت کاتێک دەچن بۆ موفاوەزاتێک لە بەغدا، بەبێ خۆئامادەکردن و دیاریکردنى داواکارى دەچن! پێدەچێت ئەوان زمانى دیپلۆماتییان پێ شوورەیى بووبێت، چونکە زمانێکە کە ورد بنیاتنراوە و ڕەچاوی رێژەییبوونى دەربڕین دەکات، ئەمەش پێدەچێت لە سەرەتاوە، پێش چوونیان بۆ شاخ، لەتەک کارەکتەرى ئەواندا نەگونجابێت، هەروەها پێدەچێت ئەو کاریگەرییانە کە رواڵەت (پۆشاکی میللی و جامەدانی) لەسەر ناوەرۆک دەیاننوێنێت، ئەوانیان پتر “فیزدار” کردبێت و ڕووەو ئاکاری “خولە-چەخماخەیی”ان بردبن. هەر چۆنێک بێت، کوردى هۆشهەژار کە زمانێکى دواکەوتووی هەیە، پاشان ئەو هۆشەی لەکاتى موفاوەزاتدا چالاک دەبێت و گوێ دەگرێت و دەیەوێت لە شێوازەکانی “قەنائەت-پێ-هێنان” تێبگات، هەروەها ئارەبى خاوەن ئەزموونى دیپلۆماتى بە زمانێکى دەوڵەمەندەوە، بەرانبەر یەک دادەنیشن و موفاوەزات دەکەن! بۆیە ئەو بڕیارە بێبنەما نییە کە دەبێژێت: “کورد دەستکەوتەکانی کە بە خوێن چنگی خستوون، لە موفاوەزاتدا دەدۆڕێنێت”.

8) پێدەچێت لە شاخ “زۆرینە”ى، لایەنى کەم “بڕێکى زۆرى” بەرپرسان خزابنە نێو دازنانى کەسێتییەوە. ئەمە بێگومان چواندنی بۆ پێشمەرگەش هەیە.
ئێمە پتر لە سەرەنجامەکانەوە لەم کێشەیە دەڕوانین، واتا دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتدارانى شاخ بۆ نێو شار و دەستگرتن بەسەریدا. برسێتى و هەڵپەى ئەوان بۆ کچ و ژن و خانووى غەربى، بۆ سەفتە دیناری نێو باخەڵ، بۆ ئاوتۆمۆبیلى گرانبەها و حەرەسی بەردەرگە، گەواهى دەدەن کە لاى ئەوان نەک تەنیا کەمترین ئیدیالى ئازادى و پێکەوەژیانى سۆسیال نەبووە، بەڵکو تەنانەت کەسێتییان لە شاخ بەدجۆر بووە، ئەوەش پارەیە کە بەدجۆربوونی ئەوان ئاشکرا دەکات و پێشانی دەدات کە لە کارەکتەرەوە چەند چڵێسن یان لە شاخ چەند چڵێسیان لێدەرچووە. ئاخر پارە مرۆڤ تێکنادات، بەڵکو دەسوێژێکە کە هەقیقەتی مرۆڤ ئاشکرا دەکات.

بۆ نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە پێویستە لە ژیانى شاخ و خەباتەکەى نێوی بڕوانین. لە شاخ، لە ڕەوتى خەبات و مەترسییەکانى ژیاندا، هەروەها لەنێو هەژارى و یادوەریى ژیانى شاردا، “پنتێتى و تەمەڵى و بێسەلیقەیى” سەرهەڵدەدەن، لێ ئەوان هاوکات خەون بە خۆشگوزەرانییەوە دەبینن – ئەوە بێگومان چە لاى خەباتگێڕى چەکدار کە شێوازە بوونێکی لە نێوان ژیان و مەرگدا هەیە، و چە لاى بەرپرسەکان. سەرەڕای ئەوە خەباتگێڕان لەنێو ئەم جۆرەى ژیاندا ڕادێن و لەنێو ئەم ڕاهاتووییەوە گۆڕان بە ڕەفتار و تێڕوانینى دیکە دەدەن، کە پێشتر بە زۆریان نامۆ بوون. جگە لەوە لە شاخ کە تێیدا “مافی سروشتی” (Right of Nature) باڵادەستە، زۆر جار کێشەکان بە زەبر چارەسەر دەکرێن و ئەمەش کەسەکان بەزەبرتر دەکات. زەبر و ئازارى ویژدان، چەپاندنى کوشتن و ئیئدامکردن، ئەوجا لەپاڵیاندا چەپاندنى جەستەى خوێناویى هەڤاڵانى خۆ کە لە شەڕدا کوژراون، بەڵام هەروەها نشوستییەکان، بەناو تاکتیکەکانی ماچ و پاشقول، دۆڕاندنیان بەرانبەر سوپاى ئێراقى کە فڕێى دانە دەرەوەى سنوورەکانى ئێراق، بە کورتی ئەم ڕەوشانە سەرجەم کەسێتیى خەباتگێڕان دەتەنن و بە بزێویی یان بە چەپێنراوى لە ناخیاندا کارا دەمێننەوە. لەم پرسانەوە دەبینین، کە بۆچى خەباتگێڕانی بزووتنەوەى چەکداری تواناى بەڕێوبەرایەتیى سیاسیان نییە. ئاخر ئاکارى سیاسیى گۆڕدراو لە شاخ و ئەرکى دامەزراوەیى دژبەرن. ئەمە هاوکات پێشانی دەدات کە بۆچى مەزنەکانى شاخ بەتایبەتى حەز دەکەن لەنێو بارەگای پارتەکانیانەوە یان لە ماڵ-دیوەخانی خۆیانەوە دەسەڵات بنوێنن. مەسەلەکە لێرەدا هەڵوێستێکى خۆڕەخنەیى نییە و کەس بیدرکێنێت کە “ئەو بە سیاسەتى دامەزراوەیى نامۆیە”، بە پێچەوانەوە مەسەلەکە کایەیەکى دەسەڵاتە کە ئەو وەک نزم دەینرخێنێت و بۆ کەسانى دیکەى جێدەهێڵێت: ئەمان گەرەکە ئیشى بۆ بکەن و خواستەکانى ئەو بەجێبگەیەنن. لای ئەوی “مەزن”(!) لە ڕەوتی خەبات و ژیانی شاخدا تێگەیشتنێکی دیکەی دەسەڵات هاتۆتەئاراوە و لە سەرەتاشەوە مۆدێلەکەی لە دیوەخانی ئاغایانەوە ناسیوە، کە ئیدی گەر نەبێژین هەموویان، ئەوا بەبێ گومان زۆرینەیان نزیک دەکاتەوە لە کارەکتەری “خولە چەخماخە” (بێگومان گەر کەس خۆی سەرەتا خولە چەخماخەیەک نەبووبێت).
بەم شێوەیە خەباتگێڕانى بەرپرس کە ئێستا دیلى کەشخەیەتین، درێژە بە ڕەفتارى یان بە شێوەی سیاسەتکردنی نێو شاخ دەدەن؛ ئەوان هاوکات دەبن بە خۆشەویستى زۆر گەنجی شار و لاساییان دەکەنەوە، هەروەها دەبن بە خۆشەویستى ئەو خوازیارە جەبانانەى دەسەڵات کە بەدووى هەر سەرکەوتنێکى کوردیدا دێنە نێو کایەى سیاسەتەوە و خۆیان بە مەرایى و ملنەوێنى بە مەزنە سەروەرەکانى شاخەوە دەلکێنن، سەروەرانیش پایەگایان پێدەدەن، چونکە ئەو جۆرە کەسانە دەسەڵاتەکەیان بۆ مسۆگەر دەکەن. کاریگەریى ستەمى ئەم بەدپەیوەندییانە بە تایبەتى ئەو مرۆڤە لاوانە دەگرێتەوە، کە حەز و ژیانى سەردەمییان دەهێننە نێوەندى ژیانى کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام ئێستا ڕێیان لێدەگیرێت ئەم ژیانە خوازراوەیان بەدیبهێنن، ئەوجا لە ڕەوشە توندەکاندا، بۆ نموونە لەتەک هەڵگرتنى چەکدا، سەختترین رێگرەسیۆن (پاشڤەچوون) لە ژیانیاندا دێتە گۆڕێ، چونکە هێزە هەرزەکارە نوێکەیان بۆ ژیان ناخەنە گەڕ، بەڵکو بۆ شەڕ.

بەڵام یەکلایەنی دەبین گەر خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” تەنیا لە ڕووی ژیانی سیاسییانەوە بنرخێنین. کێشەیەکی کەسێتیی لای خەڵکی کورد هەیە و بریتییە لە “ئاستگەریی” کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا و گەرەکە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا وردتر ڕووی تێبکەینەوە. سەرەتا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە “هەوڵی ئاستگرتن” جیهانبینیەکی زۆر تایبەتیی ئیسلامییە و ئاشکرایە وەک ئەوە مۆرکی کوردەکانیشە، واتا: مرۆ ناتوانێت پێشبینی بکات کە ئەو “بەردەوام بەڕێوە بێت”، بۆ نموونە لە پرۆژەوە بۆ پرۆژە بڕوات، بەڵکو ئەوەندەی بەسە کۆشش بۆ ئاستێک بکات و توند بیگرێت:

“ببێت بە فەرمانبەر و بحەسێتەوە”، “ببێت بە مامۆستا و پاڵی لێ بداتەوە”، “وەک نووسەر بناسرێت و تا مردن چێژی ناسراوییەکەی بکات”. بێگومان پێگەی بەرپرسی سیاسیش لەم هەقیقەتە بەدەر نییە. خەباتگێڕ پێگەیەکی بۆ خۆی دابینکردووە و گەرەکە ژیانی ئەو لە ئایندەشدا مسۆگەر بکات. ئاخر ئەو تازە دەرکەوتووە، کەواتە ئاستەکەی خۆی دابین کردووە و دوورکەوتنەوە لە سیاسەت نیشانەی دابەزینە لەو ئاستە، ئەوەش کارێکی ستەمە کە نابێت ئەنجام بدرێت! لەم ڕوانگەیەوە هەر هەوڵێك بۆ ئەوە کە یەک تاکە کەس (جەلال تاڵەبانی یان مەسعودی مەلا مستەفای بەرزان) لە دۆخەکە بەرپرسیار بکرێن، یەکلایەنییە و بەمەش هەڵەیە. بەرپرسیارکردنی بەم چەشنە لەنێو شیڕەشیڕی کوردیدایە کە هەر تاکێک بۆ خاتری دەرخستنی چاکێتیی و دڵسۆزییەکەی خۆی تێیدا قاڵ بووە و هەر تاکێک بەردەوام هۆشی هەر بەرانبەرێکی خۆی پێ وڕدەکات. چۆن هیچ تاکێک توانای وازهێنانی لە پێگەکەی یان پۆستەکەی خۆی نییە، بەرپرسانیش ناتوانن دەستبەرداری ئەو دەرکەوتووییە ببن کە پێی گەیشتوون. لەم جۆرە پەیوەندییانەدا شتێک کە ناوی بەرژەوەندیی گەشتی بێت، لەگۆڕێ نییە. لێ ئەمە هاوکات بەڵگەیەکە بۆ ئەوە کە قەومگەلەکەی باکوری ئێراق کە لە ڕووی ئێتنیکییەوە کوردن، جارێ گەل نین، بە واتایەکی دی، ئەوان دامەزراندنی دەوڵەتیان لێ ناوەشێتەوە و سیاسەتکارانیشیان لەنێو دەوڵەتدا جێیان نابێتەوە. بێگومان پێدەچێت شێوەیەکی میرۆچکەگەری لەگۆڕێ بێت، لێ ئەمیش بەدەگمەن مۆرکی دەوڵەت لە خۆ دەگرێت:
دەوڵەت وەک دامەزراوە کە هەر کردارنوێنێکی نێوی بە تایبەتی دامەزراوەییانە و بەبێ لایەنگیریی کەسی چالاک ببێت. دەوڵەتی کوردی لای ئەوان هیچی دیکە نییە جگە لە خەونی شاعیران. بەڵێ، کوردستان تەنیا خاکێکە کە مرۆ لەسەری دەژی.
کوردستان تێگەیەکی ئاگایی نییە کە بەمە هەرگیز لە ڕەهەندی ئاییندە جیانەبێتەوە؛ کوردستان ناوێکی سواوە و مرۆ ڕاهاتووە بەردەوام بەکاری بهێنێت. لەسەر ئەم خاکە عەوام تاقم تاقم دەژین، وەک خێڵ، وەک تایەفە، وەک خێزان و دەستەی هاوبەرژەوەندییان و هتد، لێ ئەوان ئەمڕۆیی ناژین، چونکە ئەمڕۆ لە دوێنێ و ئایندە جیانابێتەوە. ئەوان تەنیا دەتوانن “بیدەنە بەر”. هەموویان کەسی چاکن، هیچ کام لەوان پێی قبووڵ ناکرێت پێی بگۆترێت “بەری چاوی کلی پێوەیە”، ئەوە گەر تەنانەت بە کل سواغی دابێت. خائین لەنێو قەومگەلی بێپێوردا هەرگیز خائین نییە، جا خیانەتەکەی چەند ئاشکرا بێت، دەمەوەری هیستریایی هەرگیز نەخۆشیی دەروونیی نییە، جا کەس چەند ئاشکرا بەلەسە ببێت.

لێرەوە پتر ڕوون دەبێتەوە، کە بۆچی مەسئولەکانی “کۆمەڵە” تا ئەمڕۆ ناتوانن واز لە سیاسەت بهێنن. لێ نەک ئەوە بە تەنیا، بەڵکو لە نێویاندا کەسان دەرکەوتوون کە لە پێناوی خۆهێشتنەوەیاندا خێڵەکیەکان وەک مۆدێل وەردەگرن. بەڵێ، ئەمان خۆیان پاساوێکیان بۆ خۆهێشتنەوەی خێلەکییە ترادیسیۆنییەکان بەدەستەوە داوە، چونکە زۆرینەی ئەمانیش شەڕ بۆ ئەوە دەکەن، کە تا لە ژیاندا ماون پێگەیەک بە تایبەتی بۆ کوڕ و کچەکانیان مسۆگەر بکەن. مەسئولیش وەک هەموو ئەوانی دی پیاوێکی چاکە، کەواتە ئەویش گەرەکە وەک سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژ، وەک بەڕێوەبەری فەرمانگە و هتد، باوکێکی چاک بێت. جگە لەوە هەموو مەسئولێک بەردەوام دەوری بە خەڵک تەنراوە، کەسان دەچن بۆ لای و داوای خزمەتێکی لێ دەکەن، ئەویش “دەبێت” بۆیان بکات: پارچەیەک زەوییان بۆ مسۆگەر بکات، دەرفەتی بەشدارییان لە “عەلوەیەک”دا یان وەرگرتنی “بەڵێندەرایەتییەک”یان بۆ بڕخسێنێت، لێرەشدا بێگومان گەر ئەو هێندە بێئابڕوو نەبێت و داوای “شەراکەت”یان لێ بکات، ئەوا هێشتا هەر بڕێکی گونجاو پارە دەچێتە گیرفانییەوە. تەنانەت گەر ئەوەی نەوێت، هێشتا هەر پارەی بۆ دەچێت، بەڵێ “هەنگوینی کێوی”، “بەرخ” و “قاز” و “مراوی”ی بۆ دەهێننە ماڵەوە و پاساوانەکانی دەیانبەن بۆ جێی تەرخانکراو. کەواتە گەر ئەو هێندە “پیاوی چاک” بێت، ئیدی بۆچی پێگەی باش بۆ کوڕ و کچی خۆی دابین نەکات؟ لێ ئەم “پیاوی چاک”انە تاقم تاقم لە ناکۆکیدان، بۆیە ناچارن دەسوێژێکی هەرە دێرینی سیاسی بەگەڕبخەن کە بریتییە لە چێکردنی خزمایەتی بەڕێی هاوسەرگیرییەوە: کچی مەسئول بۆ کوڕی مەسئول، یان بە پێچەوانەوە.
هەر چۆنێک بێت، کۆمەڵەییەکانی سەرەتا کە وەک گیرخواردوو دەستیان پێکرد، تا ئەمڕۆ هەر گیرخواردوو ماونەتەوە. هەموو نەخۆشن. نازانن چێژی خواردن یان سێکس چییە. نازانن مرۆڤ لە چە جۆرە خانوویەکی گوزاراندا دەحەوێتەوە. کەمترین دیدیان بۆ سروشتی وڵاتەکەیان نییە کە ئیدی هەناسەیەکی ڕەحەتیی تێدا بدەن. شاناز و مەزن دیدێکی قووڵ ئاڕاستەی دەوروبەریان بکەن. ئای کە “ڕووتن”؟ لە چە “فوگر”ێکدا دەژین؟

10.10.2016




كتێبی (ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری) چه‌ند سه‌رنجێك.. یاسین برایم

كۆكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆر، كارێكی پیرۆزه‌ و جێگای بایه‌خه‌. به‌داخه‌وه‌، هێشتا ئێمه‌ی كورد، وه‌كوو پێویست ئاوڕمان له‌و گه‌نجینه‌ زه‌نگینه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، له‌ لایێكی تریش، كه‌سانی دڵسۆز و خه‌مخۆریش به‌م كاره‌ هه‌ستاون و باوه‌شیان بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ كردۆته‌وه‌. هه‌ر ده‌ڤه‌رێكیش، ڕه‌نگه‌ خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆی بێت و جیا بێت له‌ ده‌ڤه‌رێكی تر، له‌م ڕووه‌ كورد ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ زاره‌كییه‌. ده‌ڤه‌ری ڕواندزیش، وه‌ك ده‌ڤه‌رێك، هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ لانكه‌ی شارستانیه‌ت و مرۆڤایه‌تیی بووه‌، ڕه‌نگه‌ بوونی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ریش، ڕاستییێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر بێت. به‌ده‌ر له‌وه‌ش شاری ڕواندز، شارێكی كۆن و خاوه‌ن و مێژووه‌. له‌ ڕووی ئه‌ده‌بیی زاره‌كیش، هه‌ندێك داستان و حكایه‌ت و شیعر و په‌ند و گۆرانی و حه‌یران و لاوك و مه‌ته‌ڵ و په‌ند و ئیدیۆمی خۆی هه‌یه‌. لێ تا نهۆش، ده‌ست بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ نه‌بردراوه‌. ڕه‌نگه‌ یه‌كه‌م كه‌س له‌م ده‌ڤه‌ره‌، ده‌ستی بۆ برد بێت (مه‌عرووف جیاوۆك) بێت. ئه‌و كۆمه‌ڵێك په‌ندی پێشینانی به‌ چاپ گه‌یاند، ئه‌گه‌ر چی په‌نده‌كان گشتی بوون، نه‌ك تایبه‌ت به‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌. له‌ حه‌فتاییه‌كانیش، (عومه‌ر شێخه‌ڵڵا ده‌شته‌كی)، كۆمه‌ڵێك مه‌ته‌ڵ و شیعر و چیرۆكی و په‌ندی پێشینانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كۆكرده‌وه‌ و جێگای ده‌ستخۆشییه‌. مه‌غدیش ڕواندزیش، ده‌ستی بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ برد و ئه‌فسانه‌ی (شێتۆكه‌ و به‌ئاقڵۆكه‌)ی به‌ چاپ گه‌یاند، كه‌ بۆن و به‌رامه‌ی شاره‌كه‌ی لێ ده‌هات، به‌ڵام مه‌رگ خه‌ونه‌ جوانه‌كه‌ی ئه‌و فۆڵكلۆردۆسته‌ی نه‌هێشت.
كتێبی (ئیدیۆم له‌ ڕواندزی و ده‌وروبه‌ری)، له‌ لایه‌ن سه‌نته‌ری هه‌ندرێن بۆ زمان و توێژینه‌وه‌ی كه‌لتووری له‌ زانكۆی سۆران. هه‌ولێكی تری خه‌مخۆرانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه‌. له‌ یه‌كه‌م نۆبه‌ره‌یان له‌ پڕۆژه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌رزاری و فۆلكلۆرناسیدا، كتێبێكی جوان و نایابیان پێشكێش كردووه‌. وه‌ك ده‌زانیین، كتێبێك له‌و بواره‌، كاری شه‌ونخوونی و گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ی ده‌وێت. بۆ ئه‌مه‌ش، هه‌ر سێ مامۆستای به‌ڕێز، دڵسۆزانه‌ و خه‌مخۆرانه‌، بۆ ماوه‌یێكی زۆر كاركرن له‌م كاره‌ جوانه‌، خۆشبه‌ختانه‌، به‌رگی یه‌كه‌میان پێشكێش به‌ كتێبخانه‌ی كوردیی كردووه‌. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌، كه‌ پێمان ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ بۆ به‌رگی دووه‌میش، گه‌ڕان و ماندووبوونی زێده‌تر ده‌كه‌ین تا ئه‌وانه‌ی ماون، كۆبكرێنه‌وه‌ و له‌ فه‌وتان ڕزگار بكرێن. لێره‌شدا، ئه‌وانه‌ی خه‌مخۆری كاره‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز به‌ خزمه‌تكردنی فۆلكلۆر و خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌كه‌ن، ئێوه‌ش قۆڵی لێهه‌ڵبماڵن و هاوكاری ئه‌و سێ مامۆستا دڵسۆزه‌ بكه‌ن و كتێبه‌كه‌ زه‌نگینتر بكه‌ن. هه‌ر كه‌س له‌لای خۆی ده‌ستی خێر بۆ ئه‌م پڕۆژه‌ جوانه‌ درێژ بكات، كه‌ خزمه‌تی هه‌موومان ده‌كات.

د. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، له‌سه‌ر ئیدیۆم، ده‌بێژێت: ((ئیدیۆم ده‌ربره‌ و پێكهاته‌یێكی تایبه‌ت و ئاڵۆزه‌ له‌ به‌یكگرتنی هه‌ندێك وشه‌ و واتایێكی تایبه‌ت په‌یدا ده‌بێت كه‌ له‌ مانا له‌ وشه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌. (1))) جا ئیدیۆمه‌كان، ئه‌گه‌ر په‌یڤێك بێ، گرێیێك، یان ڕسته‌یه‌كی جوان و بچووك و كورت و پوخت بێ. زۆر جار ئه‌و وته‌یه‌، له‌ شێوه‌یی ئیدیۆم خۆی ده‌رده‌خات، وه‌ك ڕسته‌یێكی ئیدیۆمی. جا ئه‌م ده‌ربرینه‌ كه‌سێك ئاڕاسته‌ی كه‌سێكی دیكه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستێكی تر به‌ به‌رانبه‌ر بگه‌ینێت. هه‌ر له‌ پێناسه‌ی ئیدیۆمدا، (د. نه‌سرین)، ده‌ڵێت: ((ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌ و ڕاست ناوی شتێك نه‌به‌یت، به‌ڵكوو ناوی شتێكی تر ببه‌یت كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مانای یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پیاو له‌ مانا باسكراوه‌كه‌ بۆ مانا مه‌به‌سته‌ هێما بۆ كراوه‌كه‌ بچێ… (2)))
له‌ پێناسه‌یێكی ئاسان، زیاتر تێگه‌یشتن و زانیین، (عه‌بدولوه‌هاب كانه‌بی شه‌ریف)، له‌م باره‌یه‌وه‌، ده‌ڵێت: ((له‌ ئیدیۆمدا وشه‌یه‌ك چه‌ند وشه‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌ك، دوو مانا ده‌به‌خشێ، یه‌كه‌میان مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، دووه‌میان مانای (مه‌جازی) كه‌ پێی ده‌ڵێن ئیدیۆم. بۆ نموونه‌ (كه‌ر)، واته‌: 1. ئاژه‌ڵێكه‌. 2. واتای بێ عه‌قڵی به‌كاردێت. ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ئیدیۆم. مه‌به‌ستمان مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌لماندنی قسه‌یێك و كار و كرده‌ویێك به‌ مانای مه‌جازی به‌كاری ده‌هێنین…(3))) مه‌رج نییه‌، هه‌موو په‌ندێكیش بخه‌ینه‌ خانه‌ی ئیدیۆم، هه‌موو ئیدیۆمێكیش به‌ په‌ند له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین. له‌سه‌ر ڕسته‌ی ئیدیۆمی و په‌ند، ڕا و بۆچوونی زۆر له‌ خۆ هه‌ڵده‌گرێت و لێكۆڵه‌ران قسه‌یان بۆ ئه‌م جۆره‌ ڕسته‌یه‌ هه‌یه‌. ((هه‌نده‌ك قسه‌ هه‌نه‌ له‌ ناو كورده‌واری هه‌ر چه‌نده‌ په‌ند نیینه‌، به‌ڵام له‌ په‌ند كه‌متر نینه‌. هه‌ر قسه‌ و له‌ كات و ساتی خۆی ده‌كرێت هه‌ر قسه‌یێك جێگا و ڕێگای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، هه‌نده‌ك هه‌نه‌ بۆ پێكه‌نین هه‌یه‌ بۆ تووڕه‌بوون هه‌یه‌، ئامۆژگاریی ئه‌و قسه‌ خۆشانه‌ی له‌ ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵ ده‌كرێن، هه‌ریه‌كه‌ی ئامانجی خۆیان هه‌نه‌ … (4))) ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نه‌بێت ئیدیۆمه‌كان له‌ ڕووی پێكهاته‌ و دروستبوون و ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی، كه‌ ئیدیۆم له‌ خۆی ده‌گرێت، باسبكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك، ئاوڕ له‌و كتێبه‌ بده‌ینه‌وه‌، (ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری(5))، كه‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌یه‌. دوای خوێندنه‌وه‌ و دڵخۆشبوون به‌ هه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ كتێبه‌. لێره‌دا چه‌ند سه‌رنج و تێبیینی خۆم، ده‌خه‌مه‌ ڕوو، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی سوودبه‌خش بێت و جێگای خۆی بگرێت.
یه‌كه‌م: ده‌بوایه‌ ناونیشانه‌كه‌ی، په‌ند و ئیدیۆم له‌ ڕواندز و ده‌وروبه‌ری بوایه‌، چونكه‌ به‌شی زۆری ئه‌م كتێبه‌ په‌نده‌ یان ئیدیۆمی ڕسته‌یین، به‌ نووسینی ئه‌م وشه‌یه‌، ده‌بووه‌ ناونیشانێكی دروست بۆ كتێبه‌كه‌. ناونیشانی سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی (ئیدیۆم له‌ رواندزێ و ده‌وروبه‌ری) نوسراوه‌.

وه‌كوو لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م و پێناسه‌ی كتێبه‌كه‌ به‌ دروستی نووسراوه‌. ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری به‌یه‌كه‌و بنووسرێت, له‌ به‌رگه‌كه‌ ( و ده‌وربه‌ری). پێویست ناكات به‌و شێوه‌یه‌ بنووسرێت.
دووه‌م: ده‌بوایه‌ سه‌رجه‌م په‌نده‌كان به‌ ڕێزبه‌ندی ئه‌بجه‌دی، به‌ پێی پیته‌كان ڕیزكرابانه‌، وه‌كوو وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ئیدیۆمی (ئاهیان نییه‌)، ده‌بوایه‌ له‌ پیتی(ئ) بنووسرابایه‌، ئێستا ده‌بێ هه‌موو په‌رتووكه‌كه‌ بگه‌ڕیێت تا ده‌یدۆزیه‌وه‌، ئه‌م شێوازه‌ ئاسانكاری بۆ خوێنه‌ر دروست ده‌كات و یاسایێكی فه‌رهه‌نگیشه‌، ده‌كرا له‌م كتێبه‌ش په‌نده‌كان و ئیدیۆمه‌كان له‌ یه‌كتر جیا بكرابانه‌وه‌. چونكه‌ هه‌موو په‌ندێك، ئیدیۆم نییه‌ و هه‌موو ئیدیۆمێكیش په‌ند نییه‌. نموونه‌: (كه‌ری دێزه‌، چاوله‌ده‌ر، كونه‌سه‌، چڕدۆ، حیزی حیله‌ی، … هتد،) ئه‌مانه‌ ئیدیۆمن، زۆر به‌ ئاسانی ده‌تواندرێت له‌ په‌نده‌كان جیابكرێنه‌وه‌، په‌نده‌كانیش دیارن.
سێیه‌م: هه‌ندێك ئیدیۆم و په‌ند، شێوه‌ی شیعریان هه‌یه‌، وه‌زن و قافیه‌یه‌، ده‌بێت وه‌كوو خۆی بنووسرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌، به‌ ئاسانی له‌به‌ر بكرێت. بۆ نموونه‌:
په‌ندی104. ده‌ڵێت: (هه‌تا سه‌ر بژی، قون عاجباتیا ئه‌بینی)، ڕاسته‌یه‌كه‌ی: (تا سه‌ر بمینێ، قوون عاجباتیا ئه‌بینێ).
په‌ندی170. ده‌ڵێت: (در مێشه‌ له‌ گوش هه‌ره‌نیشی) ڕاستییه‌كه‌ی: (در وه‌كی مێشێ، له‌ گوش هه‌ره‌نیشێ). له‌ ڕووی واتاوه‌ وه‌كوو یه‌كه‌، ته‌نها ئاوازه‌كه‌ی جیایه‌.
په‌ندی203. ده‌ڵێت: (مه‌یمون به‌خۆ له‌ خۆ نه‌بوو، خوریكه‌شی لێ هاتن)، ڕاستیه‌كه‌ی: (مه‌یمون به‌ خۆ نه‌بوو، خۆریكه‌شی لێ هاتبوو).
په‌ندی229. ده‌ڵێت: (فه‌قیر لۆ فه‌قیره‌، با هه‌ر برنج به‌شیری بخوات)، ڕاستیه‌كه‌ی (فه‌قیر لۆ چی فه‌قیره‌، با بخوات برنج به‌شیرا). هه‌ریر و باتاس برنجیان لێ ده‌چاند و خه‌ڵكی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریش هه‌ژاربوون. كاتێ هاتنه‌ لای خانزادی میری سۆران، ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی وتووه‌، وایزانیووه‌، وه‌كوو خه‌ڵكی هه‌ریر و باتاس، برنجیان زۆره‌ و شیری حه‌یوانیشان هه‌یه‌، با هه‌ر برنج به‌شیری بخۆن. برنج به‌شیر: خواردنێكی فۆلكلۆرییه‌.
په‌ندی282. ده‌ڵێت: (قالب مێشی ده‌نگ گامێش)، ڕاستیه‌كه‌ی (له‌ قالبی مێشه‌، له‌ ده‌نگێ گامێشه‌).
په‌ندی 371. ده‌ڵێت: (مه‌گه‌ڕێن له‌ كه‌كاڤارا، هه‌ون له‌ چه‌قه‌را)، ڕاستیه‌كه‌ی (ڕامه‌مینێن له‌ڕه‌قه‌را، یان (كه‌فه‌ڕا_ كه‌فه‌ڵ)، . وز هه‌وه‌ له‌ چه‌قه‌ڕا).
زۆر په‌ندی تری تێدایه‌، ئه‌وه‌ له‌ مانا و ناوه‌رۆكی په‌نده‌كه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌، به‌ڵام ئاوازی شیعری و كێش و سه‌روا به‌ په‌نده‌كه‌ ده‌به‌خشێت، ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كه‌یه‌.
چواره‌م: به‌ڕای خۆم هه‌ندێكیان نووسراون، ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا نه‌ په‌ندن و نه‌ ئیدیۆمن، به‌ڵكو قسه‌ی ئاسایین و كه‌سێك له‌ گوندێك یان دانیشتنێك وای وتووه‌، یان مێژوویان زۆر دوور نییه‌، بۆ نموونه‌:
په‌ندی213. ده‌ڵێت: (ئه‌رێی میسریه‌). ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ هه‌شتایه‌كان په‌یدابوو له‌ ڕواندزێ، كرێكاره‌ میسریه‌كان زۆر كاسب بوون و ده‌هاتنه‌ ڕواندز و هه‌موو كارێكیان ده‌كرد. ئه‌مه‌ له‌ نێو گونده‌كان به‌ گاڵته‌ به‌ خه‌ڵكی گوندی (سه‌ران)یان ده‌وت: میسری! واته‌ كاسب و خاوه‌ن كاری جوان و ڕێك و پێك.
په‌ندی: 319. ده‌ڵێت: (هه‌ی په‌كت خۆن). پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌ دوای ڕاپه‌ڕین له‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌ هه‌بوون و له‌شه‌ڕی براكوژیش له‌ ده‌وروبه‌ری ڕواندزی له‌ 1993 به‌سه‌ره‌وه‌، له‌ گونده‌كانی ڕواندزی جموجۆلیان په‌یدابوو. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌و قسه‌یه‌ هی مام قادۆی فه‌قیانه‌ییه‌! كه‌ پیاوێكی قسه‌ خۆش بوو، به‌ گاڵته‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌.
په‌ندی517. ده‌ڵێت: (ئه‌ڵێی نه‌وه‌ی پیره‌خانێیه‌). پیره‌خان: نه‌نكی منه‌ و ناوی خانم جبرائیل (1927_2003) بووه‌ و له‌و ساڵانه‌ ئه‌مری خوای كردووه‌، ڕاسته‌ ئه‌و مامانێكی چالاك و ژنێكی ئازا و ده‌ستوبرد و به‌كاره‌ بووه‌. منیش شانازی به‌و ئافره‌ته‌ ده‌كه‌م و خه‌ڵك باسی سیفه‌ته‌ جوانه‌كانی ده‌كه‌ن. منداڵه‌كانیشی ناسراون، به‌ تایبه‌تی كوڕی گه‌وره‌ی، وه‌ستا جبرائیل. به‌ڵام ئه‌مه‌ش نابێته‌ ئیدیۆم، ڕه‌نگه‌ ته‌نها له‌ ئاكۆیان به‌كارهاتبێت، ئه‌ویش زیاتر وه‌ك و توانج تێگرتن و گاڵته‌ پێكردن به‌كاردێت بۆ نه‌وه‌كانی ئه‌و!
په‌ندی 307. ده‌ڵێت: (سه‌رم به‌خۆ سوڕاوه‌)، ڕووداوه‌كه‌تان نووسیوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئیدیۆم نییه‌، كه‌سێك له‌ ترسان ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه‌، به‌ڵام كێ ئه‌و قسه‌یه‌ به‌كارده‌هێنێت. ڕه‌نگه‌ ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ زۆر بن، كه‌س ناڵێت.
په‌ندی 939. ده‌ڵێت: (به‌رمیلی هێنا سره‌ی)، هه‌ر له‌ قسه‌یه‌كی ته‌نز ده‌چێت. نه‌وت دابه‌شكردن و به‌رمیل ڕیز كردنیش هه‌ر ئه‌م ساڵانه‌ په‌یدابووه‌.
په‌ندی 955. ده‌ڵێت: (هه‌ر كه‌س له‌ جێی خۆی)، دیاره‌ ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ پێی نووسینی ئێوه‌، له‌ گوندی ئاكۆیان ڕوویداوه‌، پێش ساڵی 1974. ئه‌مه‌ نابێته‌ ئیدیۆم، ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی خۆشه‌ یه‌ك له‌ شاییكه‌ره‌كه‌ وای وتووه‌ و ژنی له‌ ده‌ست بووه‌. خۆتان ده‌زانن له‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌ خه‌ڵكی ڕواندز و گونده‌كانی حه‌زیان له‌ گاڵته‌ و قسه‌ی خۆشه‌. وشه‌ و ڕسته‌ی ته‌نز و ناو و ناتۆره‌ی سه‌یر به‌ یه‌كتر ده‌ڵێن، ته‌نانه‌ت جنێودانیش كه‌لتوورێكی باوه‌. وه‌كوو قسه‌ی (ڕواندزی كفته‌ دزی)، (هه‌ولێری به‌ مریشكه‌ كوركێ نه‌ویری). ئه‌مانه‌ ناچێنه‌ خانه‌ی ئیدیۆم. به‌ڵام ئیدیۆمیش هه‌یه‌ ته‌نز و پێكه‌نیناوییه‌.
پێنجه‌م: ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌ند ئیدیۆم و په‌ندێك:
له‌ په‌ندی 54. ده‌ڵێت: (مار له‌ خۆنه‌بوو، میوانیش هاتن)، ڕاستیه‌كه‌ی (مار له‌ خۆ نه‌بوو، میوانیش سه‌ربار).
له‌ په‌ندی 216. ده‌ڵێت: (چێردۆشین و قه‌سكوان خواردن نه‌گۆترایه‌)، ڕاستیه‌كه‌ی (چیردۆشین و قه‌سكوان كرۆشتن نه‌گۆترایه‌). قه‌سكوان ده‌كرۆشترێت ئه‌وجا ده‌خورێت.
له‌ په‌ندی 101ده‌ڵێت: (ژن هه‌ندووه‌، مێرد له‌ دووه‌)، ڕاستیه‌كه‌ی (مێرد هه‌ندووه‌، ژن له‌ دووه‌).
له‌ په‌ندی94. ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی گه‌ڕا درا) ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ كیژه‌كی گه‌ڕۆك به‌كاردێت، نه‌ك منداڵ و ئافره‌ت. زیاتر بۆ ئه‌وانه‌ی په‌رده‌ی كچینیان هه‌یه‌ و هێشتا هه‌ر كچن و شوویان نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر زۆر بگه‌رێن ڕه‌نگه‌ تووشی ڕووداوی ده‌ستدرێژی و شتی وا بن.
په‌ندی 129 ده‌ڵێت: (خوا تا سه‌را نه‌بینێ به‌فرێ ناوێتی)، په‌نده‌كه‌ دروسته‌، به‌ڵام له‌ خواره‌وه‌ وشه‌ی سه‌ران هاتووه‌، گوندێكه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای ڕواندزه‌، لێره‌ مه‌به‌ستی گوندی سه‌ران نییه‌، ئه‌م وته‌یه‌ له‌ بادینانیش هه‌یه‌، واته‌ خوا تا سه‌ری مرۆڤ و بارودۆخی كه‌سه‌كه‌ی نه‌بینێت، تووشی ئه‌و بارودۆحه‌ نه‌خوازراوه‌ نایێت. خوا هیچ كارێك بێ هۆكار ناكات وه‌ك خۆتان نووسیوه‌.
په‌ندی 417. ده‌ڵێت: (ئه‌رێی عرووسه‌)، مه‌به‌ست كه‌سانی سوور و سپی و جوانه‌، به‌ تایبه‌تی ئافره‌ت، من به‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ ناڵێم هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی، بۆ كه‌سی بێدین و زۆردار و بێویژدان به‌كاردێت، چونكه‌ له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی یه‌كه‌م، له‌ ساڵی 1916 عرووسه‌كان (ڕووسه‌كان)، كوشتار و خوێنڕشتنێكی زۆریان له‌ ڕواندز كردووه‌، ئه‌و په‌نده‌ له‌و كوشتن و كۆشتارییه‌ هاتووه‌!
په‌ندی 537. ده‌ڵێت: (خۆ مارێ ئه‌حمه‌د قه‌دۆی نییه‌)، ئه‌م په‌نده‌ ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وهایه‌: (خۆ ئه‌حمه‌د قه‌دۆی موسڵێ نیم).
له‌ په‌ڕاوێز نوسراوه‌: ئه‌حمه‌د قه‌دۆ ده‌وڵه‌مه‌ندێكی خه‌ڵكی ڕواندز بووه‌. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ڕاستی په‌نده‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كورده‌ وخه‌ڵكی موسڵه‌ و كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتی موسڵ بوو. ناوی محه‌مه‌د عه‌بدولقادر بووه‌، خانه‌ی ئه‌حمه‌د قه‌دۆی له‌ موسڵ به‌ناوبانگ بووه‌ و مزگه‌وتێكیشان بنیات ناوه‌ و له‌شه‌ڕی داعش، به‌داخه‌وه‌ ته‌قێندراوه‌. گویه‌ یه‌كه‌م ترومبێلیش ئه‌وان هێناویانه‌ته‌ موسڵ!(6)
خاڵێكی تر، وشه‌ی قه‌دۆ له‌نێو ڕواندزییه‌كان نییه‌، له‌ سلێمانی، كورتكراوه‌ی قادر (قاڵه‌)یه‌ و له‌ ڕواندزێ (قادۆ)یه‌، له‌ لای موسڵ و برا شه‌به‌كه‌كان (قه‌دۆ)یه‌.
له‌ په‌ندی 540. ده‌ڵێت: (شێتیان كرد و به‌ شێتیشیان باكردێ)، په‌ندێكیش هه‌یه‌، له‌ ڕاستیه‌كه‌ی، ئه‌و زیاتر به‌كاردێت، ده‌ڵێت: (كه‌ریان پێگا و بانگیشان لێ ڕاهاوێشت).
په‌ندی685. ده‌ڵێت: (ئه‌رێی له‌ هه‌ندوات ڕه‌با دایه‌)، ئێوه‌ نووسیوتانه‌: (ئه‌نجامی كارێكی جوانه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سێك، ده‌بێته‌ هۆی سه‌رنجڕاكێشانی ئه‌وانی تر، كه‌ لایان چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه‌، بۆیه‌ باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن و بۆ كه‌سی تر ده‌گێڕنه‌وه‌). ڕاستیی ئه‌م په‌نده‌، به‌ كه‌سێك ده‌وترێت: چه‌قۆ یان داسولكه‌ و داسی تیژ بێت، له‌ تیژیان موو بكات، ئه‌مه‌ی پێده‌ڵێن!
له‌ په‌ندی143. ده‌ڵێت: (ماری له‌ بنه‌ی هه‌ریره‌، جه‌م جه‌مه‌ی نان و شیره‌، ئه‌وی قامكانی…ه‌.)
ئه‌مه‌ ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه‌ له‌ نێوان كوڕه‌ شوانێك و بێریێك له‌ كاتی كوێستان و گه‌رمیان له‌ شوێنێك به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن، مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌یان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و تێكه‌ڵاو ده‌بن. به‌ قسه‌ی (حاجی ساڵح حه‌سه‌ن ئاكۆیی) بێت كه‌ به‌شی زۆری ته‌مه‌نی خۆی به‌ شوانی بردۆته‌ سه‌ر، ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ له‌ گه‌رده‌گه‌ردێ ڕواندزێ بووه‌.
كوڕه‌ شوانه‌كه‌، كیژێك ده‌بینێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ڵێت:
مارم له‌ بنه‌ی هه‌ریره‌
جه‌م جه‌مه‌م نان و شیره‌
ئه‌وه‌م قاتۆری . یره‌
كوره‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ده‌ستی ڕاست ده‌كات و نیشانه‌ی كیژه‌كه‌ ده‌دات. كیژه‌كه‌ش یه‌كسه‌ر به‌ ته‌نز، وه‌ڵامی كوڕه‌ شوانه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌:
مارم له‌ بنه‌ی ڕواندزه‌
جه‌م جه‌مه‌م نان و گۆرمزه‌
ئه‌وه‌م قاتۆری . وزه‌
ئه‌ویش په‌نجه‌كانی هه‌ردوو ده‌ستی به‌ شێوه‌ی بازنه‌ی پێشیانی شوانه‌كه‌ ده‌دات.
ئه‌و كوڕو كیژه‌، هی ڕه‌وه‌نده‌كانی هه‌ریر و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بووینه‌، كه‌ كۆچیان ده‌كرد، هه‌واریان له‌ گه‌رده‌گه‌رد و بێرۆ و ڕووباری كاولۆكان هه‌ڵده‌دا، وه‌كوو پشووێك دوای سه‌رده‌كه‌وتن. ساڵانه‌ ڕه‌وه‌نده‌كان كوێستان و گه‌رمیانیان ده‌كردن، ئه‌مه‌ ئه‌و به‌لۆره‌یه‌ بووه‌ هیچ له‌گه‌ڵ ئیدیۆمه‌كه‌ و شرۆڤه‌كردنی ئێوه‌ ناهێته‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ ده‌مه‌ته‌قێیانه‌ له‌ نێوان، كوڕ و كچ له‌ شیعری فۆلكلۆری كوردی زۆره‌ و جنێو و ته‌نزیشی تێدایه‌.
په‌ندی66. ده‌ڵێت: (خۆ زه‌ویێ له‌علی خانێ نییه‌). ڕاستییه‌كه‌ی: (خۆ میراتێ له‌ علی خانێ نییه‌). چونكه‌ (عه‌بدوڵڵا پاشا)، هه‌موو میرات و سامان و زه‌وییه‌كانی ده‌شتی دیانا و هه‌ریری، بۆ (سه‌عید به‌گی) به‌جێ هێشتن، كه‌ ئه‌ویش كوژرا، هه‌مووی بۆ ئیسماعیل به‌گی تاقانه‌ مایه‌وه‌، كاتێ ئه‌ویش تیرۆر كرا، بۆ له‌علی خانێ و مسته‌فا ئاغا و ئه‌وانه‌ به‌جێ ماوه‌. حكوومه‌تیش ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌ندێكی داگرت و زوو زووش هه‌ندێك كه‌س په‌یدا ده‌بن و داوای ئه‌و به‌شه‌ میراته‌ ده‌كه‌ن.
په‌ندی492. ده‌ڵێت: (كلی له‌ چاوێ مرۆیا كاتۆ) ڕاستییه‌كه‌ی: (كلی له‌ چاوێ مردیا ئه‌كاتۆ).
له‌ په‌ندی124. ده‌ڵێت: (صه‌ی خۆ لێ بدات، ئاوه‌گره‌ بیت)، له‌ په‌ندی 523. ده‌ڵێت: (صه‌ی هار)، له‌ په‌ندی 737. ده‌ڵێت: (سه‌گ ساحێبی خۆ نه‌ناسیتۆ)، له‌ په‌ندی 793. (كونه‌ صه‌)، له‌ په‌ندی 659. ده‌ڵێت: (هێسكا بشكێنن گو كسۆكی تێدانه‌). من ته‌نها قسه‌ له‌ سه‌ر وشه‌ی (صه‌، سه‌گ، كسۆك) ده‌كه‌م. ڕواندزی وشه‌ی (سه‌گ) به‌كار ناهێنن، وشه‌ی (كسۆك) یان (سه‌) نه‌ك (صه‌)، نازانم بۆچی به‌ (ص) عه‌ربییتان نووسیوه‌، ((له‌ كوردیدا پێویست به‌ به‌كارهێنانی (ص) نییه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌ندێ وشه‌ی كوردیش وه‌ك ئاخاوتن هه‌بێت، وه‌كوو: صباح و صوبحی و صاڵح و پاص و چۆنده‌… له‌ ده‌ربڕیندا له‌ هه‌ندێك وشه‌دا ده‌نگی (س) بووه‌ (ص)، وه‌كوو: صۆده‌ و صه‌گ و صه‌ڵته‌نه‌ت و صه‌ڵه‌ته‌ و صوڵتان و صاڵ… پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌، وه‌كوو(س) بنووسرێن و وه‌كوو ئه‌له‌فۆنی ده‌نگی (س) مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.(7))) خو ئه‌گه‌ر بڵێین (سه‌) كێشه‌ نییه‌. له‌ ساغكردنه‌وه‌ی وشه‌كان زۆر جار ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ڵێت وشه‌كان ده‌گۆرن، یان به‌ شێوه‌ی زمانی نووسین ده‌ڵێن.
له‌ په‌ندی 312. ده‌ڵێت: (ژنێ ئه‌گه‌ مێرد به‌درێ نه‌بی، قونێ له‌ به‌ نانی دینی و ئه‌با) و له‌ په‌ندی دواتر ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر پیاو هه‌نجه‌تی به‌ ژنێ گرت، ئه‌رێ له‌ به‌ر نانی قونا داوێی). ئه‌و دوو په‌نده‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كن و جارێك بۆ هه‌نجه‌تی پیاو، جارێك بۆ هه‌نجه‌تی ژن، من ناڵێم، ئه‌وی هی ئێوه‌ هه‌ڵه‌یه‌، له‌ په‌ندی دووه‌م (له‌ به‌ر نانی قونا داوێی). بۆ زانییاری قوون ناهاویشترێت، به‌ڵكوو باده‌درێت, زیاتر ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ و ئه‌وه‌یه‌: (خه‌سوێ كه‌یف به‌ بووكێ نه‌ده‌هات، ده‌یگۆ قوونا له‌به‌ر نانی باده‌دا). ئه‌م په‌نده‌ ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ردووكی سه‌ره‌ووه‌ گونجاوتر بێت.
زۆر په‌ندی تر هه‌یه‌ له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ یان له‌ ڕووی لێكدانه‌وه‌ی ماناكانیان كه‌موكورتی تێدایه‌.
شه‌شه‌م: له‌ دوا لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌ نوسراوه‌: (جه‌واد محه‌مه‌د نه‌ورۆز، له‌ دایكبووی ساڵی 1963) ڕاستیه‌كه‌ی: (جه‌واد ساڵح نه‌ورۆزه‌، باوكی ناوی محه‌مه‌د نییه‌، ساڵی له‌ دایكبوونی بریتییه‌ له‌ 1957)(8).
حه‌وته‌م: ئه‌و وشانه‌ ده‌بێت لێكدراو بن، نه‌ك به‌ جیا بنووسرێن، یان بۆشایی له‌ نێوانیاندا هه‌بێت:
شیر پیس : شیرپیس
ده‌ست دۆ: ده‌ستدۆ
لاق تیرۆك: لاقتیرۆك
چاومه‌له‌ بۆق: چاو به‌له‌ بۆق، نه‌ك مه‌له‌ بۆق!
پشیله‌ی حه‌فت ڕۆح: پشیله‌ی حه‌فتڕۆح
ڕدێن جوو: ڕدێنجوو
بنه‌ پیتۆر: بنه‌پیتۆر
كه‌پ زورنا: كه‌پزوڕنا
پێ ڕه‌ش: پێڕه‌ش
وه‌جاغ كۆر: وه‌جاغكۆر
بابان كۆر: بابانكۆر
قوون فره‌: قوونفره‌
كدو شامی : كدوشامی
قوونكه‌ جێسك: قوونكه‌جێسك
بێ ودم: بێودم
پێ حه‌به‌ش: پێحه‌به‌ش
پێ پان: پێپان
داوێن پیس: داوێنپیس
زۆر وشه‌ی تریش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رچاو ده‌كه‌ون و له‌ ئیدیۆمه‌كانیش زۆر وشه‌ پێكه‌وه‌ نووساون.
هه‌شته‌م: په‌ندی 295 و 396 دووباره‌یه‌ (بووه‌ گێره‌ی ئۆمه‌ره‌ كۆری).
نۆیه‌م: هه‌ندێك وشه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕووی نووسین و هه‌ڵه‌ی تایپ و هه‌تا خاڵبه‌ندیش زۆر كه‌موكورتی تێدایه‌، واته‌ هه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌چن و رێزمانی وخاڵبه‌ندی. له‌ كاتێكدا، له‌ به‌رگی كتێبه‌كه‌ نووسراوه‌، سێ كه‌س هه‌ڵه‌چنی بۆ كردووه‌، یه‌كێكیان خۆی خاوه‌نی كتێبی خاڵبه‌ندییه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌زموونی هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ده‌كرا ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ ڕووبدات. له‌ خواره‌وه‌ ئه‌و وشانه‌م ده‌ستنیشان كردوون، به‌ڵكو بۆ كتێبیی (pdf)، یان بۆ چاپی داهاتوو هه‌ڵه‌كان ڕاستبكه‌نه‌وه‌.
پ10. هه‌ڵه‌ و نه‌نگی و ناته‌وایی: لێره‌دا وشه‌ی(نه‌نگی) واته‌ شه‌رم، ده‌بوایه‌ (له‌نگی) نووسرابوایه‌ واته‌ ناته‌واویی.
پ 29. ده‌خه‌نه‌ ده‌خه‌ڕوو: ده‌خه‌نه‌ڕوو.
پ 35. كه‌ له‌ كوردیدا، ئه‌و (كه‌)یه‌، زیاده‌.
پ 5. سروستی: سروشتی.
پ65. سوپاسگوزران: سوپاسگوزارن.
پ 65. په‌شمانی: په‌شیمانی.
پ66. مراتگری: میراتگری.
پ70. قه‌سه‌: قسه‌.
پ91. له‌ گه‌ڵی ده‌ڕۆن: له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆن. به‌ هۆی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ( له‌، گه‌ڵی) ئه‌م ڕسته‌یه‌ وه‌ك جنێو لێهاتووه‌.
پ92. به‌ڕسته‌وخۆ: به‌ڕاسته‌وخۆ.
پ97. به‌ هیچ شتێك ڕازی نین، له‌ نێوان دوو بژارده‌شدا به‌ هیچیان ڕازی نین. كه‌ وتت به‌ هیچ ڕازی نین، كه‌واته‌ ڕسته‌ی ( له‌نێوان دوو بژارده‌ به‌ هیچیان ڕازی نین)زیاده‌.
پ 116. ڕحه‌ته‌: ڕه‌حه‌ته‌.
پ120. سه‌ركه‌و توو: سه‌ركه‌وتوو.
پ126. گفتگۆی: گفتوگۆی.
پ146. پێوه‌ر پێوه‌ر نییه‌. پێوه‌رێك زیاده‌.
پ150. به‌غداێش: به‌غدایێش.
پ154. نا ڕحه‌تن : ناڕه‌حه‌تن.
پ158. هه‌ڵسوكه‌تیان: هه‌ڵسوكه‌وتیان.
پ170. پێیوانه‌یه‌كی: پێوانه‌یه‌كی.
پ176. هاته‌ووه‌: هاتووه‌.
پ177. بارامبه‌ر: به‌رامبه‌ر، به‌رانبه‌ر.
پ191. قازانیان: قازانجیان.
پ192. ناگونێن: ناگونجێن.
پ205. هه‌ڵسووكه‌وت: هه‌ڵسوكه‌وت.
پ220. بزنی گڕ و: بزنی گڕوو.
پ221. پێی ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت: وشه‌ی (پێی)ی یه‌كه‌م زیاده‌.
پ227. كاركردن زۆر كه‌سێك: كاركردنی زۆری كه‌سێك.
پ228. دوایان: داوایان.
پ249. خواردێك: خواردنێك.
پ252. له‌ ده‌نیشتن و كوڕ: له‌ دانیشتن و كۆڕ.
پ255. هه‌ڵدژبێرێت: هه‌ڵده‌بژێرێت.
پ262. ناهێڵنێنه‌وه‌: ناهێڵنه‌وه‌.
پ285. ئامۆژژگارییه‌: ئامۆژگارییه‌.
پ293. ده‌وسڕێن: ده‌سوڕێن.
پ300. سوژن: سووژن. له‌ په‌ندی 590. سووژن: سوژن. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كێشه‌یه‌، هی دوو (وو) ڕووبه‌ڕووی زۆربه‌مان ده‌بێته‌و. به‌ ڕای خۆم بۆ هه‌ندێك وشه‌ له‌ ڕووی واتاوه‌ كێشه‌ دروست ناكات، وه‌كوو(سوژن و سووژن)، به‌ڵام بۆ هه‌ندێكی تر هه‌ڵه‌ی مانای لێده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌م كتێبه‌، ئه‌م وشانه‌ش به‌رچاو ده‌كه‌ون. وه‌كوو: (شو: شوو، قوت: قووت، توڕه‌، تووڕه‌، قون: قوون … هتد.) ماناكه‌یان ده‌گۆڕێت به‌ هۆی زیاد و كه‌می پیتێك.
پ312. نزیی یه‌كترن: نزیكی یه‌كترن.
پ318. زیاده‌ڕوه‌ییه‌: زیاده‌ڕه‌وییه‌.
پ341. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆی، (كه‌) زیاده‌.
پ343. تفتی ناو ده‌میان: تفی ناو ده‌میان. بڕوانه‌ (تفت و تف)، چه‌ن مانای وشه‌كه‌ی گۆڕیووه‌.
پ351. ڕووحگه‌وره‌یی: ڕۆحگه‌وره‌یی، ڕوحگه‌وره‌یی.
هاته‌ هاتێ به‌رازی: هاته‌ هاتێ به‌زاری.
پ361. به‌رژه‌وندی: به‌رژه‌وه‌ندی.
پ365. برینج: برنج.
پ365. كه‌رێ یان: كه‌رێیان.
پ377. زانروه‌: زانراوه‌.
پ400. ئه‌كسانه‌: ئه‌و كه‌سانه‌.
پ419. كه‌ كه‌تونه‌ته‌: كه‌وتونه‌ته‌.
ڕیبواران: ڕێبواران.
پ431. هه‌لۆسكه‌وت: هه‌ڵسوكه‌وت.
مامه‌ڵ: مامه‌ڵه‌.
پ436. بۆ ئاوو: بۆ ئاو.
پ442. ساحبه‌: ساحێبه‌.
پ447. ده‌یبنی: ده‌یبینی.
پ452. دوست: دۆست.
پ462. داچروو: دارچروو.
پ468. ئاڕه‌سته‌: ئاڕاسته‌.
پ472. ده‌وڵمه‌ند: ده‌وڵه‌مه‌ند.
پ475. پیاوتیان: پیاوه‌تیان.
هێله‌: هێلكه‌.
پ574. كونه‌ فره‌: قوون فره‌.
پ583. كه‌سێكه‌كه‌دا: كه‌سێكدا.
پ585. ده‌ربڕنی: ده‌ربڕینی.
پ602. به‌ ئاڕاسته‌: به‌و ئاڕاسته‌.
كه‌ كه‌سه‌كه‌: (كه‌) زیاده‌.
كاریگه‌ریگه‌ر تره‌: كاریگه‌رتره‌.
پ605. تووش: تووشی.
پ607. ئامه‌ژه‌یه‌: ئاماژه‌یه‌.
پ608. گونهات ده‌گات: گوناهت ده‌گاتێ.
پ617. هه‌ل و ده‌رفته‌ێك: هه‌ڵ و ده‌رفه‌تێك.
پ621. نه‌ بارن: نه‌ باران.
پ624. به‌رنبه‌ر: به‌رامبه‌ر. وشه‌ی (به‌رانبه‌ر) دروستره‌!
پ640. قه‌ڵه‌ و : قه‌ڵه‌و.
پ642. كه‌تۆته‌: كه‌وتۆته‌.
پ667. توانانی: توانای.
پ677. شه‌یان: شه‌یتان.
پ677. سستت: سست.
پ686. ئه‌ستمه‌: ئه‌سته‌مه‌.
پ699. ده‌سكه‌تێكیان: ده‌ستكه‌وتێكیان.
پ724. به‌ڵنیان: به‌ڵێنیان.
پ735. بزمان: ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستی بزمار بێ، له‌گه‌ڵ قافیه‌ په‌نده‌كه‌ش دێته‌وه‌!
پ790. چاو مه‌له‌ بۆق: چاو به‌له‌بۆق. به‌ل: مانای فره‌ و گه‌وره‌. مه‌به‌ستی مه‌له‌بۆق نییه‌، كه‌ جۆرێكه‌ له‌ مه‌له‌وانی!
پ807. بێسه‌رووبه‌ر: بێسه‌روبه‌ر.
پ809. قۆڵ: مانای قۆڵی كراس دێت، باسك. نه‌وه‌ك كه‌ ئێوه‌ نووسیوتانه‌ بۆ قۆڵایی. قووڵ: واته‌ قۆڵایی.
پ819. زه‌یا: زه‌لیل.
پ845. قزه‌ون: قیزه‌وه‌ن.
پ857. نانی ئیلله‌لڵایێی، نانی ئیلاهییێ. ئیلایێ.
پ869. له‌ناو خه‌ڵیدا: له‌ناو خه‌ڵكی دا.
پ879. له‌و قورشیه‌ی: له‌و قوڕه‌ی.
پ921. سه‌ به‌ به‌ڵا: سه‌ر به‌به‌ڵا.
پ955. قازانێكیان: قازانجێكیان.
پ972. گفته‌: كفته‌.
پ976. هوڵده‌قورتێنن: هه‌ڵده‌قورتێنن.
پ992. نا ڕكییه‌: ناڕێكییه‌.

ده‌یه‌م: هه‌ڵه‌ی په‌ڕاوێزوكان
سماسل: سمایل ل17.
ئه‌سعد حدۆ: ئه‌سعه‌د عه‌دۆ.
(له‌علی خان له‌ دوای مردنی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی خۆشی بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م، كۆچی دوایی كرد.) له‌علیخان له‌ ساڵی 1968 كۆچی دوایی كردووه‌، ماوه‌یێكی زۆره‌، (35)ساڵ ده‌كات. ئه‌م ماوه‌یه‌ش كه‌م نییه‌ به‌قه‌د ته‌مه‌نی كوڕه‌كه‌یه‌تی.
پێی ه‌ وه‌ی: بێئه‌وه‌ی، ل21.
گوزه‌: گۆزه‌، ل27.
ته‌ڵاْ قێ: ته‌ڵاقی، ل70.
كه‌رترینی: كه‌رتڕینێ.
هه‌وارزی كه‌رترٍینێ: هه‌روازی كه‌رترینێ. ل135.
ئ ا كۆیان: ئاكۆیان. ل151.
ناحیه‌ی وه‌تێی: ناحیه‌ی وه‌رتێی. ل156
ڕه‌نگه‌ زۆر وشه‌ و گڕێ و شتی تر هه‌بێت، هه‌ڵه‌ی تێكه‌وتووه‌، من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌ستنیانكردووه‌.

—————————————-

سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئیدیۆم له‌ زمانی كوردیدا، جه‌لال مه‌حمود عه‌لی، به‌غدا، 1982، ل16.
  2. هه‌مان سه‌رچاوه‌ پێشوو. ل16
  3. فه‌رهه‌نگی ئیدیۆم له‌ زمانی كوردیدا، عه‌بدولوه‌هاب كانه‌بی شه‌ریف، سلێمانی، 2005، ل5.
  4. په‌ندی كوردی، حه‌مید ڕه‌شاش، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2020، ل7.
  5. ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری، هه‌ڵمه‌ت بایز، ڕێبوار عه‌بدوڵڵا، هێمن ڕه‌قیب، به‌رگی یه‌كه‌م، سه‌نته‌ری هه‌ندرێن بۆ زمان و توێژینه‌وه‌ی كه‌لتووری، چاپی یه‌كه‌م، 2020.
  6. حه‌مه‌د قه‌دۆی موسڵ، داناز عه‌بولڕه‌حمان، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زێن، 12/1/ 2019.
  7. ڕێنووسی خاڵبه‌ندی، د. هه‌ڵمه‌ت بایز، سه‌نته‌ری هه‌ندرێن بۆ زمان و توێژینه‌وه‌ی كه‌لتووری/ زانكۆی سۆران، 2020، ل21_22.
  8. وه‌ستا ڕه‌جه‌ب چه‌كسازی بلیمه‌ت. جه‌واد ساڵح نه‌ورۆز، ساڵی یه‌كه‌م، 2018، ل 263.



لە بارەی کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوورەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی دۆزی گەلی کلدۆ ئاشووری هەروا تێمایەکی ئاسان نییە و هەموو کەسیش ناتوانێت دەرەقەتی بێت، بەو پێیەی خۆی لە خۆیدا دۆزێکی مێژوویی و سیاسیی فرە رەهەندە. ئاگایی مێژوویی و سیاسیی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت بابەتییانە لەمەڕ ئەو پرسە بدوێیت. ئێمە لێرەدا لە رێگەی دوو وتاری رۆژنامەوانییەوە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە پرۆسەی قسەکردن لەمەڕ کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوور. لێرەدا دەبێت خوێنەر سەرنجی ئەوە بدات هەردوو وتارەکە بە زمانێکی رۆژنامەوانی بەحت نوسراون و هەر لە رۆژنامەکانیشدا بڵاوکراونەتەوە. ئەگەرچی کلدۆ ئاشوورییەکان لەچێوەی عێراقدا دوو ئاڕاستەی سەرەکین لە رووی سیاسییەوە، یەکەمیان گووتارێکی کوردستانیی هەیە، هەرچی دووەمیشیانە ئەنتی کورد و خاوەنی نەزعەیەکی عێراقچێتییە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەک یەک مەسەلە لە پرسی ئاڵۆزی گەلی کلدۆ ئاشوور دەڕوانین و شیکاریی بۆ دەکەین. هەڵبەتە دابەشبوونی جوگرافیی پێکهاتەکە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لەوەی دۆزەکە بەهەند وەرنەگیرێت، چوونکە لە هەموو شوێنەکانی عێراق بوونی پێکهاتەی کلدۆ ئاشووری هەروەک کەمینەیەک دەرکەوتووە.

لە ساتەوەختی پێشووی فەرمانڕەوایی بەعس و سەدامدا تێکڕای ئەو پێکهاتەیە وەک عەرەبی مەسیحیی لێیان دەڕوانرا، واتە سیمای ئاینیی زاڵکرابوو بەسەر ئەو گەلە دێرینەی میسۆپۆتامیادا، ئەگەرچی حزبی سیاسیی و رێکخراوی جۆراوجۆری کولتووریی لە ئارادابوون کە پارێزگارییان لە مانەوەی ئەو گەلە دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەپێی یاساکانی بەعس یاساغ بوون و هیچ کۆمەڵە و حزبێکی کلدانی سریانی ئاشووری مۆڵەت پێدراوی تەنانەت کارتۆنیش رێگەپێدراو نەبووە، هەروەک چۆن لە ماوەی فەرمانڕەوایی بەعسدا ئۆتۆنۆمی کارتۆنی و پارتی دیموکراتی کارتۆنی بۆ کورد چێکرابوو کە لە واقیعدا بەعسیزمی کوردێنراو بوو، بەڵام ئەو رێکخراوانە بۆ هیچ پێکهاتەیەکی تر بە دیاریکراویی کلدۆ ئاشوورییەکان لە ئارادا نەبووە، چوونکە لە کولتووری بەعسیزمدا حاشا لە گەلێک بەو ناوەوە دەکرا، هەروەک ئاماژەم پێدا وەک کەمینەیەکی ئاینیی بە رەگەز عەرەب شوناس دەکران.

لە پاش رووخانی سەدام، بارودۆخی سیاسیی لە عێراقدا لە سەرەتادا و لە کاتی هەبوونی سوپای هاوپەیمانان دەرفەتێکی باشی بۆ هەموو لایەک رەخساند تاکوو خۆیان تەرح بکەن، لەوانەش گەلی کلدۆ ئاشووری دەرفەتی بۆ رەخسا کە گوزارشت لە خۆی بکات. هەرچەند لە ساڵی 1992ەوە لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدۆ ئاشوورییەکان جێگیرکرا و مافی دامەزراندنی حزب و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیی و فەرهەنگییەکانی ئەو گەلە بە یاسایی کرا و چەندان خوێندنگەش بە زمانی سریانی دامەزران و دواجاریش عەینکاوە وەک ناوەندی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی نافەرمیی رۆڵی دەگێڕا، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق ئەمە لە ئارادا نەبوو، تا هەنووکەش بەو ئاستە نییە لە کوردستان هەیە، بەپێچەوانەوە حکوومەتی عێراقی نەیتوانیوە پارێزگاریی لە ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی کلدۆ ئاشووری بکات، لە ئەنجامیشدا زۆرتر لە نیوەی ئاشوورییەکانی بەغداد و موسڵ ئاوارەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا بوون.

رێگەچارەی هەرە دروست بۆ چارەسەری کێشەی ئەم گەلە کە پێکهاتەیەکی رەسەنی کوردستان و عێراقن، بە دیتنی من پێدانی مافی ئۆتۆنۆمییە لە چوارچێوەی کوردستان یان عێراق، لەو شوێنانەشی زۆرینە پێکدەهێنن مافی دامەزراندنی ئیدارەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێتی رێکبخرێت و لە هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق بە دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت. هەروەک پێویستە ئەم مافە بە دەستووریش گرانتی بکرێت. بۆ تورکمانەکانیش هەمان بیردۆز چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە. پێموایە لە کوردستان لە ئێستادا کە هەرێمێکی فیدراڵییە و رەنگە لە دواڕٍۆژیشدا ببێتە دەوڵەت هیچ ئاستەنگ و کۆسپێک نابینم لەسەر رێی پیادەکردنی ئەو بیرۆکەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە عێراقە، عێراقیش تاکوو ئێستا بەهەمان لۆژیکی دیکتاتۆرییەتی زۆرینەیەکی شیعەمەزهەب بەسەر ئەوانیتردا بە کورد و سووننە و ئاشوورییەکانەوە بیر دەکاتەوە و هەنگاو هەڵدەگرێت.

چاپتەری یەکەم
تەنگژەى عێراق و چارەنووسى ئاشوورییەکان

گەلی ئاشوور یان کلدۆ ئاشووری بە یەکێک لە دێرینترین گەلانى میزۆپۆتامیا دەژمێردرێت، ئەم گەلە بە رەسەن سامییە سەرەتا وەک چەند هۆزێک لە نیوە دورگەى عەرەبى ژیاون، بەڵام بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان لە چوار هەزار ساڵ بەر لە زایینەوە بەرەو وڵاتى میزۆپۆتامیا کۆچیان کردووە. لەگەڵ ئەو کۆچکردنەشدا دەوڵەتێکیان لە ناوچەکە دروستکردووە کە دواتر بووەتە ئیمپراتۆریایەکی مەزن و شارى نەینەوا (موسڵی ئێستا)یان کردووە بە پایتەخت، هاوکات رۆژ لە دوای رۆژ سنوورى قەڵەمڕەوى ئەم دەوڵەتە رووى لە زیادبوون کردووە، تا دواجار بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکە. هەرواش ئیمپراتۆریاى ئاشوور بەردەوام لە جەنگدا بووە تا بتوانێت دەسەڵاتى خۆى بەسەر تەواوى ئەو ناوچەیەى کە ئێستا پێى دەڵێن رۆژهەڵاتى ناڤین بسەپێنێ، بۆ نموونە لە ساڵانى 884-860 (پ.ز) چەندین هەڵمەتیان بردۆتە سەر (لۆلۆ)کان، لە ئەنجامدا لە ناوچەکانى زاموا (سلێمانى) و مەریوان و پێنجوێن دەریان پەڕاندوون، کە دواى سەرکەوتنەکانى پادشاى ئاشووریی (ئاشوور ناسرپاڵ) بەسەر (ئامینخا)ى پادشاى لۆلۆ (ئەستونى سەرکەوتنى) لە سەراى نەینەوا نیشانداوە، بەڵام لە دواهەمین جاردا بە هاوپەیمانێتى مادەکان و بابلییەکان لە سەردەمى پادشا (سەنحاریب)دا ئیمپراتۆریەتی ئاشوور تووشى شکستى گەورە هات و لە ئاکامدا ئیمپراتۆریەتەکە لە بەریەک هەڵوەشایەوە، ئیتر لەو کاتەوە گەلى ئاشوور بووەتە گەلێکى پەڕاگەندە و وڵاتەکەى لەسەر ئەتڵەسى جیهان سڕاوەتەوە و مێژوو بە درێژایى زیاتر لەم دوو هەزار ساڵە رووبەرێک بووە بۆ پاکتاو و لەناوبردنى گەلى ئاشووری، هەر لەو رێکەوتەوە مێژووییەوە، کێشەیەک خۆى خزاندۆتە ئەم دەڤەرەوە کە ناوى کێشەى ئاشوورییەکانە و تا بە ئەمڕۆش دەگات بێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵکو لەنێو کورەی ئاگری رۆژهەڵاتی ناویندا بوونی ئەو گەلە خەریکە دەتوێتەوە.

کێشەیەکى مێژوویى و پەڕاوێزکراو

کێشەى گەلی ئاشوور یەکێکە لە گرنگترین کێشە نەتەوەییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام دابەشبوونی ئاشوورییەکان بەسەر چەند دەوڵەتێکدا کارێکى وایکردووە کێشەکە ئاڵۆزتر بێت، لەوەش گرنگتر ئەوەى کارەکەى کردووەتە کارێکى ئەستەم و زەحمەت نەبوونى نیشتمانە، راستە ئاشوور لەسەردەمى ئیمپراتۆیەکەیدا خاوەنى جوگرافیایەکى پان و پۆڕ و فراوان بووە، بەڵام لەگەڵ کەوتنى ئاشووردا و لە پرۆسەیەکى مێژوویى و داگیرکارییدا بەتایبەت دواى زاڵبوونى دەسەڵاتى فارسە ئەخمینییەکان و دواتریش فتوحاتى ئیسلامى سنوورى جوگرافیاى پێشووی ئیمپراتۆریای ئاشوور و نیشتمانی ئاشوورییەکان رۆژ بە رۆژ رووى لە کەمى کردووە، تا کار گەیشتووە بەوەى گەلى ئاشوور لە ناوچەیەکى بەرتەسکى نێوان دەوڵەتى عوسمانلى و سەفەویدا لە چەند جێگەیەکى وەک شەمزینان و هەکارى و دەوروبەرى قەتیس بکرێت. گەرچی دەشتی نەینەوا مەڵبەندی سەرەکیی نیشتەجێبوونی ئاشوورییەکان بووە، کەچی لەگەڵ پرۆسەی غەزاوەتی ئیسلامیدا ناسنامەی ناوچەکە دەگۆڕێت و تەعریب دەکرێت و دەبێتە خاکی عەرەب.

پاشانیش هاوکێشە سیاسییەکانى دواى جەنگى جیهانى یەکەم و دروستبوونى چەند دەوڵەتێکى نوێ لەسەر جەستەى ئیمپراتۆریاى عوسمانلى “پیاوە نەخۆشەکە” بە تایبەتى دەوڵەتى تورکیاى عەلمانى رادیکاڵ لەسەر دەستى مستەفا کەمال ئەتاتورک و قەلاچۆکردنى ئاشوورییەکان لەسەر دەستى ئەو دەوڵەتە بووە فاکتۆرى توانەوەى تەواوەتى جوگرافیا و نیشتمانى گەلى ئاشوور، چوونکە ئاشوورییەکان ناچار بوون لەژێر کاریگەریى پرۆسێسى پاکتاو و جینۆسایددا بەشێوەیەکى بەرفراوان کۆچ بکەن، بۆ نموونە کۆچ بەرەو ئەوروپا و دەوڵەتانى ترى دراوسێ. لە پایتەختی مێژوویی ئەو گەلەشدا “دەشتی نەینەوا” ئاشوورییەکان کەمینەیەکیان پێکدەهێنا لەسەر ئەو زەوییەی لە پرۆسەی غەزەواتدا بەر لە سیانزە سەدە تەعریبکرابوو، بۆیە لەو زێدە رەسەنەدا وەک هاووڵاتی پلە دوو بگرە پلە سێش دەبینران بەهۆی جیاوازیی ئیتنیکی و ئاینییەوە. بەمجۆرە کێشەى ئاشوورى لە کێشەیەکى نەتەوەیى و میللییەوە گۆڕا بۆ کێشەى کەمایەتى و ئیتنى کە ئەمەش دیسان بووە هۆى ئاڵۆزکانى فایلى قەزیەى گەلى ئاشوور.

لەلایەکى ترەوە کێشەى ئاشوورییەکان (وەک کێشەی کورد) لە بەرژەوەندیى زلهێزەکان نەبووە تا داکۆکى لێبکەن، بۆیە تەرکیزى رۆژئاواییەکانى هەتا هەنووکەش رانەکێشاوە، ئەمەش دۆزەکەی کردووە بە کێشەیەکى پەڕاوێزخراو، هەرچەندە لە سەرەتاى سەدەى رابردوودا روسیا و دواتر بەریتانیا هەریەک لە دوو قۆناغى جیادا پشتگیریى خۆیان بۆ کێشەى ئاشوورییەکان دەربڕی، بەڵام ئەمانە تەنیا بەکارهێنان بوون چونکێ هاوکێشەکانى دواى یەکەم جەنگى جیهانى و هاتنە سەرکارى دەسەڵاتى بەڵشەفیکی لە روسیا، هەردوو دەوڵەتەکە پشتیان لەم گەلە کرد و دواتریش چاوپۆشیان لە کوشتار و بە کۆمەڵ کوشتن و قڕکردنى ئاشوورییەکان کرد!، بۆ نموونە ئەو کوشتارگایەى حکوومەتى پادشایی کۆڵۆنیکراوی ئینگلیز لە عێراق لە ساڵى 1933 لە شارۆچکەى سیمێڵ لە سنوورى پاێزگای دهۆکی ئێستا بەرپایکرد.

ونبوون لە بۆتەى مەسیحییەتدا

دواى بڵاوبوونەوەى ئاینى کریستیانى، گەلى ئاشوور لە یەکەمین ئەو گەلانە بوو کە باوەڕیان بە ئاینەکە هێنا و لە پەرستنى خودا رەسەنەکانى ئاشوورەوە بەرەو ئاینى یەکتاپەرستیى عیسایی وەرچەرخان، بەڵام مەسیحییەت بووە مایەى ئیشکالیەتێکى گەورە بۆ ئەم گەلە، لەبەرئەوەى هێدى هێدى نەتەوەکە لە چوارچێوە و بۆتەى ئاینى مەسیحییەتدا توایەوە و زەمینەى بۆ ئەوە خۆشکرد کە ئاشوور لە گەلێکەوە بۆ کەمینەیەکى ئاینى وەرچەرخێت، چونکێ قبوڵکردنی ئاینى نوێ (مەسیحییەت) لاى ئاشوورییەکان بە جۆرێک بوو کە هەستى ئاینى زاڵتر بوو یان زاڵترە بەسەر هەستى نەتەوەییدا، دروست بەپێچەوانەى جولەکەوە کە هەمیشە ئاینیان بۆ خزمەتى خەونە نەتەوەییەکانیان بەکارهێناوە بەڵکو ئاین پڕۆژە و میکانیزمێکی دەستى بزووتنەوەی ناسیۆنالیستى گەلى جولەکە بووە!.
زیاتر پابەندبوون و توانەوەى ئاشوورییەکان لە بۆتەی مەسیحییەتدا وەک پابەندبوونى کورد وایە بە ئاینى ئیسلامەوە. هەمیشە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش کورد وزە و هێز و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى خۆى خستۆتە خزمەتى ئیسلامەوە، ئەوەتا سەرکردەیەکى وەک سەلاحەدینى ئەیوبى بە رەگەز کورد خۆى و سوپاکەى دەخاتە خزمەتى ئاینى ئیسلامەوە و لە ئاکامیشدا ئاینپەروەریى کوێرانە دەیخاتە نێو گێژاوێکی مەزهەبی و بارودۆخێکی نەخوازراوی نێگەتیڤ و دەبێتە سوارچاکى کوشت و بڕى کریستیانەکان و گەلی جولەکە “بنی اسرائیل” لەسەر زەمینى رەسەنى خۆیاندا! ئەمە لە میانەی ئەو جەنگەی بە جەنگی خاچپەرستان ناودێر کراوە لە مێژوودا، کە بۆ دووەم جار پاش غەزوی قودس لە سەروەختی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتابدا، موسڵمانەکان دەستیان گرت بەسەر رووگە و ناوچەی پیرۆزی هاوبەشی جولەکە و کریستیانەکاندا.

بەو شێوەیەش هەستى ئاینپەروەریى ئاشوورییەکان و زاڵبوونى شوناسى ئاینیى ئەوەى خستەوە کە کێشەى ئاشوورى بچووک بێتەوە بۆ کێشەیەکى مەزهەبى، بۆ وێنە لە عێراقدا دەسەڵاتى بەعس هەوڵیدەدا کە ئاشوورییەکان تەعریب بکات و بە عەرەب حیسابیان بکات. هەر بۆیە هەموو ئاشوورییەکیان بەوە ناچار دەکرد کە خۆیان بە عەرەبى مەسیحى ئەژمار بکەن!. ئێستاش بە تایبەتى لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە، کێشەى ئاشوورى یەکێک لەو کێشانەیە کە باس و خواسى زۆرى لەسەرە و هاتۆتەوە ناو هاوکێشە سیاسییەکانى عێراقەوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش لە عێراقدا کێشەى ئاشووری وەک کێشەى کەمایەتییەکى ئاینیی سەیر دەکرێ نەک کێشەیەکى نەتەوەیى.
ئاشوورییەکان چى هەڵدەبژێرن؟
وەک ئاماژەمان پێدا لە بارودۆخى نوێى عێراقدا چانسێکى کەم لە بەردەم دۆسێى کێشەى ئاشوورییەکاندا کراوەتەوە، ئاشوورییەکان تا راددەیەک بەشدارن لە گێڕانەوەى دەسەڵاتى حکوومەتى نوێی عێراقدا، بەڵام هیچ کاریگەریەکیان نییە‍ بە ئاقاری بە رۆژەڤکردنی دۆزەکەیاندا، بەڵکو کێشەکەیان وەک کێشەى نەتەوەیى هێشتا بەردەوامى هەیە، دانانى وەزیرێک وەک نوێنەرى گەلى ئاشوور بە هیچ جۆرێک بەڵگەى سەلماندنى مافى تەواوەتى ئاشوورییەکان نییە، ئەگەر وابێت خۆ لە سەردەمى دیکتاتۆرەکەى پێشوودا (تاریق عەزیز) وەک کەسێتییەکی ئاشووری تەعریبکراو لە بەرزترین ئۆرگانى حزبى بەعس و حکوومەتەکەى سەدامدا بوو‍‍! یان چەندان وەزیرى کورد هەبوون لە حکوومەتى بەعسدا کەچى لە هەمان کاتدا کورد بە کیمیایى قەسف دەکرا و قڕ و ئەنفال دەکرا!. کەوابوو ئاشوورییەکان دەبێ چى بکەن؟، چى سەر پشک بکەن؟، چۆن بەرەو رووى واقیعەکان ببنەوە؟.

سەرپشکردنى عێراق

دەشێ بەو پرسیارە دەست پێبکەین: ئایا ئاشوورییەکان عێراق سەرپشک دەکەن یان نا؟ واتە هەڵبژاردنى هەرێمى عەرەبیی عێراق کە هەردوو پێکهاتەی سووننە و شیعە قەڵەمڕەوی دەکەن، بەڵام تابلۆ سیاسییەکە دەریدەخات حکومی رەها دەکەوێتە دەستی شیعە، ئەوانیش بەپێی رێساکانی مەرجعیەت و ویلایەتی فەقیەی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوڵەت تیۆکراتیزە دەکەن، وەڵامى پرسیارەکە گەلەک قورس و زەحمەتە و دەشێ هەر تاکێکى ئاشووریى وەڵامێکى تایبەتى خۆى بۆى هەبێت، بە باوەڕى من ئاشوورییەکان نابێت هەرێمى عەرەبیى عێراق سەرپشک بکەن، ئەمیش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: لەبەرئەوەى هەموو ئەو ئاشوورییانەى لە عێراقدا دەژین لە رووى دابەشبوونى سوکانییەوە نەکەوتوونەتە هەرێمى عەرەبییەوە بەڵکو ژمارەیەکى زۆر لەوە زیاتر لە کوردستان، لە شارەکانى کەرکوک و هەولێر و سلێمانى و دهۆک و شەقلاوە و ئامێدى و زاخۆ تاد.. دەژین، لە حاڵەتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا کارێکى قورسە کە هەموو ئاشوورییەکان بەرەو هەرێمى عەرەبى کۆچ بکەن، لە ئاوها حاڵەتێکدا دەبێتە هۆى دابڕانێکى گەورەترى نەتەوەیى لە نێوان تاکەکانى گەلى ئاشووردا.

دووەم: چونکێ دەسەڵاتى عەرەب هەمیشە خەڵکانى جیاواز لە خۆى بە هەڕەشە دەزانێ لەسەر خۆی. ئەمەش دەبێتە بناغەى کێشەیەکى قەبەتر لە ئایندەدا، ئاشوورییەکان هەم عەرەب نین، هەم موسڵمان نین، ئەم خاڵەش کەلێنەکە فراوانتر دەکات، جگە لەوەش ئەزموونى دەسەڵاتى عەرەبیمان دیوە لەبەرامبەر کەمایەتى و نەتەوەکانى ژێر دەستیان، ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانین بۆ مامەڵەى عەرەب لەگەڵ قیبتییەکانى میسر و ئەمازیخ و بەربەر و گەلى دارفۆر و کورد و تورکمان و چەندان نموونەى تریش، ئەو راستییەمان لەلا ئاشکرا دەبێت کارێکى ئەستەمە عەرەب بتوانێت لەگەڵت هەڵبکا بێ نەفیکردن و پلە نزمیی تۆ، بە تایبەتى لەکاتێکدا ئەگەر تۆ بتەوێ شوناس و کولتوور و هەبوونى نەتەوایەتى خۆت بپارێزی و هاوکات مومارەسەى دینێک بکەیت جیاواز لە دینى عەرەبەکان کە ئیسلامە. کەوابوو زۆر زەحمەتە ئاشوورییەکان بتوانن لە چوارچێوەى دەسەڵاتى عێراقى عەرەبی و مەزهەبیدا بگەنە مافەکانى خۆیان، ئەم نوقتەیەش سەرپشکردنى عێراقى کردۆتە کارێکى دوور و نەکردە. خۆ ئەگەر پلاتفۆرمی هێزە ئاشوورییەکان رووەو بەغداد بێت، ئەوە قووڕەکە خەستتر دەکاتەوە.

سەرپشکردنى کوردستان

ئەگەر بە پێچەوانەوە گەلی ئاشوور کوردستان سەرپشک بکا، دیسان تووشى هەمان ئیشکالیەت دەبێ کە لە کاتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا دێتە بەردەمى، لەبەر ئەوەى چۆن هەموو ئاشوورییەکان لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق چڕ نەبوونەتەوە بە هەمان شێوەش هەموو لە هەرێمى کوردستان چڕ نەبوونەتەوە، بەڵام دەبێ هێما بۆ ئەوە بکرێ بارودۆخى کوردستان جیاوازیگەلی زۆرى هەیە لە زەمینە و فەزاى هەرێمى عەرەبیى، هەموو ئەوەى لە ماوەی (13) ساڵى رابردوودا لە سایەى دەسەڵاتى کوردستان بەڕێوە چووە “سەرباری هەر کەموکوڕییەک” ئەوەبووە بە هیچ جۆر و شێوەیەک ئاشوورییەکان نەکەوتوونەتە بەر هەڕەشە و پەلاماردان لەبەرئەوەى لە رووى نەتەوەیى و ئاینییەوە لە کورد جیاوازن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم جیاوازییە بۆتە مایەى رێزگرتن و خۆشەویستى بۆیان لەلاى کوردەکان!. هەرواش بەشداریى چالاکانەیان هەبووە لە دەسەڵات و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا چ وەک ئەوەى لیستێکى تایبەت بە ئاشوورییەکان هەیە لە پەرلەمانى کوردستان چ وەک بەشداریى لە کابینەکانى حکوومەتى هەرێمدا.
ئەوەشى بووەتە هۆى ئەوەى ئاشوورییەکان بە شێوەیەکى گشتیى ئینتمایەکى کوردستانییان نەبێ، لەوانەیە لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتبێت ئەگەر کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە دەبێتە شۆکێکى مەزن بۆ ئاشوورییەکان چوونکە ئەو یەکبوونەى ئاشوورییەکان کە ئێستا لە عێراقدا هەیانە (هەرچەندە پەرش و بڵاویشە) نامێنێ و دەبێتە هۆى دوولەتبوونى ئەو یەکبوونە. کەواتە ئاشوورییەکانی کوردستان پێویستە ئەجیندای خۆیان لە کوردستان لەوەدا چڕ بکەنەوە، مافی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکەن، بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیی ببێتە بەشدارییەکی کردەیی، ئەمە جگە لەوەی پێداگریی زۆرتر بکەن لە راستای بەدیهێنانی مافە کولتووریی و فەرهەنگیی و نەتەوەییەکانیان. ئەمە رێگەیەکی دروستە بۆ گەلێکی بێ نیشتمان.

قەیرانى ئەڵتەرناتیڤ

ئەگەر ئاشوورییەکان لە چوارچێوەى عێراق و کوردستان تووشى ئیشکالیەت دەبن، ئەى رێگا چارەسەر چییە؟ ئایا دەتوانن مافى چارەنووس بڕیار بدەن؟ ئایا دەتوانن داواى دەوڵەتێکى ئاشووریى سەربەخۆ بکەن؟ بێگومان نەخێر! چونکێ گرنگترین رەگەزى دەوڵەتی نەتەوەیی هەبوونى نیشتمانە کە لە ئێستا ئەو پێشمەرجە گەلى ئاشوور نییەتی، ئەمەش وا دەکات کە بە درێژایى ساڵان و قۆناغەکانى ئایندەش ئەم خواستە دەستەبەر نەکرێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە پلاتفۆرم و ئەجینداى گەلى ئاشوور و پارتەکان لە دەورى ستراتیژیەتێک کۆبکرێتەوە کە بریتییە لە داننان بە هەبوونى نەتەوەیى گەلی ئاشووریی لە دەستووری هەمیشەیى دەوڵەتى عێراقدا و حسابکردنى هاووڵاتیانى ئاشووریى وەک هاووڵاتى پلە یەک و بە دەستهێنانى مافى نەتەوەیى و ئیتنییەکان کە وەک وتم لە رێگەى ئۆتۆنۆمییەکەوە لە چوارچێوەى دەوڵەتێکى فراواندا کە ناوى عێراقە. لە دواجاریشدا پێویستە پڕۆژەى سیاسیى گەلی ئاشوور لە دەورى ئەو تەرحە کۆببێتەوە کە لایەنگرى دەکات لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى عەلمانى و فیدراڵی و دیموکراتیک لە عێراق، چوونکێ بەبێ مسۆگەرکردنى عەلمانیەت و دیموکراسییەت لە عێراق و لە کاتی هەبوونی دەوڵەتێکی سەنتراڵی نەتەوەیی یان مەزهەبی لە هەر چرکەیەکدا مافى گەلى ئاشوور موعەرەزە بۆ پێشێلکردن.

چاپتەری دووەم
دەستوورى هەرێمى کوردستان و مافى گەلى کلدۆ ئاشووری

من پسپۆرى بوارى دەستوور و دیزاینی دەستووریی نیم، بەڵکو رەنگە کەمترین زانیاریم لەو بارەوە هەبێت، بۆیە ناتوانم بەشێوەیەکى ئەکادیمیی شەنوکەوى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکەم، بەڵام لە دواى چەند جارێک لە خوێندنەوەى دەستوور هەر لە دیباجەکەیەوە تا دوا رستەى دەروازەى حەوتەم کە دوا دەروازەى دەستوورەکەیە چەند سەرنج و تێبینییەکم لەلا دروست بوو. هەروەک پێشتر وتم چوونکە کەسێکى شارەزای دەستوور نیم نەمویست لە بارەیەوە هیچ بنووسم، بەڵام بە وردبوونەوەى زیاترم لە دەستوورەکە بۆم دەرکەوت پێگەى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى لەم دەستوورەدا جێگەى قسەوباس لەسەرکردنە، بۆیە هەوڵدەدەم کەمێک لە دەرگاى ئەو مەسەلەیە بدەم و چەند تیشکیش بخەمە سەر هەندێ خاڵى ناکۆک و پێچەوانەى ناو دەستوورەکە. بە کورت و کرمانجی لە رەهەندە سیاسییەکەوە زیاتر لەم بابەتە دەدێم تا رەهەندە یاسایی و دەستوورییەکە.

گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى یەکێک لەو گەلانەیە لە پاڵ گەلى کورد و تورکماندا نیشتەجێى سەر خاکى کوردستانە و بەشداربووە لە هەموو ساتێکى خۆش و ناخۆشى ئەم وڵاتەدا. دیرۆک و مێژووى ئەم گەلە لە پێشخستنى ژیار و شارستانێتى ئەم وڵاتە دیرۆکێکى دیار و پڕ لە گرنگییە، چوونکە هەبوونى هەزاران ساڵی ئەم گەلە لەم دەڤەرەدا کاریگەریى و کارتێکردنى زۆرى هەبووە لەسەر هەموو دۆخ و بارە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا، بە تایبەتى لەو کاتەوەى ئیمپراتۆریاى ئاشوورى لە بەهێزترین حاڵى خۆیدا بوو. هەرچەندە ئێستا بوارى ئەوەمان نییە رووناکى بخەینە سەر مێژووى تژ لە هەڵبەز و دابەزەى ئەم گەلە و لە کاریگەرییان بکۆڵینەوە لەسەر کولتوور و رۆشنبیریى ناوچەکە و ناتوانین خەبات و قوربانیدان و چەوساندنەوەى ئەم گەلە وەبیر بخەینەوە، بەڵام هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە هاووڵاتیانى گەلى کلدۆ ئاشوورى هاووڵاتییەکى پلە یەک و رەسەنى کوردستانن، بۆیە دەکرێت لە ماف و ئەرکدا لەگەڵ هاووڵاتیانى کورد یەکسان بن.

لێ هەست بەوە دەکەین تێنەگەیشتن هەیە لەمبارەوە، ناوهێنان و بە پلە یەک دانانى هاووڵاتیانى ئەم گەلە لە ریاکاریى و مجامەلەى رووکەشى تێنەپەڕیووە. بۆ نموونە ئەگەر سەیرى خاڵى یەکەم لە ماددەى (6)ى دەروازەى یەکەمى دەستوور بکەین نووسراوە: گەلى کوردستان- عێراق پێکهاتووە، لە کورد و نەتەوەکانى دى (تورکمان – کلدان– ئاشوورى– ئەرمەن- عەرەب) لەوانەى بە پێى یاسا هاووڵاتی هەرێمن!!. ئەگەر کەمێک لەم پەرەگرافە وردبینەوە تێدەگەین چەندە کاڵفامى هەیە لە تێگەیشتنى گەلى کلدۆ ئاشوورى، چون لە راستیدا دوو گەل نییە یەکێکیان بە ناوى گەلى ئاشوورى و ئەویتریان بە ناوى کلدانى، بەڵکو تەنیا یەک گەل هەیە ئەویش بەناوى (گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى) نەک ئەوەى هەریەک لە کلدان و ئاشوورى دوو نەتەوە و گەلی جیابن، ئەمە هەروەک ئەوە وایە بڵێى گەلى هەورامى و گەلى سۆرانى و گەلى لوڕیى لە کاتێکدا ئەمانە گەل نین و لقى بچووکن لە میللەتی کورد. قسە لەسەر ئەوەیە: ئاخۆ دەسەڵاتێک یان حکوومەتێک هێشتا تێنەگەیشتبێت لەوەى کلدانى و ئاشوورى یەک گەلن!، ئیتر چۆن لە مافەکانى تێدەگات و بە کام میکانیزم دەیپارێزێت لە دەستدرێژیى و پەلاماردان؟!.

ئەم لێک جیاکردنەوەیەى کلدان و ئاشوورى بووە مایەى ناڕەزایەتییەکى زۆر لەنێو هاووڵاتیانى ئەم گەلە و لە ئاستى نێوەندى سیاسیشدا قسە و باسى زۆرى بەدوى خۆیدا هێناوە. تەنانەت گەیشتۆتە راددەیەک، کادرى پێشکەوتووى پارتى و وەزیرى دارایى و ئابوورى حکوومەتى هەرێم (سەرکیس ئاغاجان) ناڕەزایەتى دەرببڕێ و وەک ئاشوورییەک بەرگریى لە گەلەکەى بکات و کەموکورتییەکانى رەشنووسی دەستووری هەرێم باس بکا. ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕى (عەینکاوە) ناڕەزایەتییەکانى خۆى دەربڕى و لە بەشێکى قسەکانیدا وتى (دەستوور ئێمەى جیا کردۆتەوە بە شێوەیەک هاتووە وەک ئەوەی ئێمە دوو گەل بین ئەوەش جێگەى قبوڵ نییە، ئێمە لەگەڵ دەستەواژەیەکى لێکدراوین بەمشێوەیە: الشعب الکلدانى الاسورى السریانى). هەروەها ئاغاجان لە وتەکانیدا داواى ئۆتۆنۆمى و مافى خۆجێى بۆ ئەم گەلە کرد کە لە دەستوور و ئەجینداى حکوومەتى هەرێمدا تەواو فەرامۆشکراوە. لەگەڵ ئەمیشدا پارت و رێکخراوەکانى ئاشوورى کلدانى سریانى داواى مافى ئۆتۆنۆمى دەکەن لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستاندا، چوونکە بارودۆخى کوردستان بە دەورانێکدا تێدەپەڕێ هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون دەنێ، ئەمەش مافێکى سروشتى و ئاسایى ئەم گەلەیە، بەڵام لایەنى کوردیى ناچنە ژێر بارى ئەم داواکارییانە، ئەوەش دیسان ئەزموونى عەرەبى عێراقمان وەبیر دەخاتەوە لە پێنەدانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد، کەچى هەنووکە کورد لە دۆخێکدایە بەرزترین پۆستى بەڕێوەبردنى عێراقى لە دەستدایە و وەک دەڵێن ئەمێستا قەندیل حوکمى بەغداد دەکات.

بە درێژایى هەموو ماددە و بڕگە و دەروازەکانى دەستوور هیچ بەندێکى ئەوتۆ نابینین مرۆ هەست بکات وەک گەلێکى سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە لە گەلی کلدانى ئاشوورى سریانى روانرا بێت، بەڵکو بە شاراوەیى و لە بۆتەى دەستووردا مافەکانى ئەم گەلە سنووردار کراون و بچووک کراونەتەوە. دەستوورى هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو دەستوورانەى لافى پێشکەوتنخوازیى و دیموکراسییەت لێدەدات و بە ئاشکراش مافى گەلێکى هاوپەیمان رەش دەکاتەوە. خۆ جارانیش سەدام حسێن لە چوارچێوەى یاساى ئۆتۆنۆمى کە بە ئۆتۆنۆمى کارتۆنى نێودەبرا هەندێ مافى کولتووریى و رۆشنبیریى و تەنانەت نەتەوەیشى بە کورد بەخشى بوو،ـ بەڵام سەرئەنجام کورد وەک نەتەوەیەک کۆت و بەند بوو لە زیندانى رەگەزپەرستى عەرەبیدا. هەروا سنوور و ئەوپەڕى مافەکانى کورد تەنیا لەو چوارچێوەیەدا بوون کە بەعس دیارى کردبوون، ئەمڕۆش دەسەڵاتى کوردیی هەندێک مافى کارتۆنى دەدات بەم گەلە، خۆ ئەگەر پارتەکانى کلدانى ئاشوورى سریانى پێى رازی بن بوونیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناتوانن لە پارتى شۆرشگێڕى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانى ئەوساى سەردەمى بەعس شتێکى زیاتر بن.

بەداخیشەوە لایەنى کوردیى لە روانگەى پارسەنگى هێز و بەهێزیى پێگەى سیاسیى خۆى و پاڵپشتیى و هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەمەریکا بە پارادایمێکى ئۆپۆرتۆنیستانە مامەڵە لەگەڵ گەلى کلدۆ ئاشوورى دەکات، لە کاتێکدا ئەمە کتومت دووبارەکردنەوەى هەمان ئەزموونى فاشیلى رژێمى بەعسى عێراقە. ڤۆڵتێر وتى (خەڵکانى وڵاتێک لە هێزدا یەکسان نین، بەڵام دەکرێت لە ئازادیدا یەکسان بن) دەکرێت هێزى گەلى کلدۆ ئاشوورى سریانى و پاڵپشتى و هاوپەیمانییەکانى لە بازنەیەکى تەسک و لاوازتردا بن لە چاو کورد، ئەوەش ماناى ئەوە دەرنابڕێت کورد گەمە بەم حزورە لاوازەى ئەم گەلە بکات و ویست و ئەجینداکانى خۆى بەسەردا بسەپێنێت. با هێز و تواناییەکان جیاواز بن و یەکێک لەوى دیکە کەمترى هەبێت، بەڵام دەبێت لە ئازادیدا وەک یەک بن، ئەوەش کلیلى دەرگاى دیموکراسى و سیحرى سەرکەوتنى ئەزموونى کوردستان دەبێت. نابێت دیموکراسی لە ئاکامدا ببێتە ئەو نەریت و دیاردە دزێوەی بۆ نموونە لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت کە بریتییە لە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەسەر کەمینەدا.

کورد بەوە سەرکەوتوو نابێت هێڵى سوور بە دەورى مافەکانى گەلى کلدۆ ئاشووریدا بکێشێت، هەروەک ئەوەى هیچ سوودمەند نابێت لە سەپاندنى دەستوورێکى تژ لە کەموکوڕیى بەسەر ئەم گەلەدا، چوونکە دواجار کێشەیەکى زۆر بەرۆکى دەگرێت و دەبێتە مایەى سەرئێشەیەکى گەورە بۆى، مارکس وتەنیش (نەتەوەیەک نەتەوەیەکى دى بچەوسێنێتەوە مەحاڵە ئازاد بێت). جگە لە هەموو ئەمانەش ئەم دەستوورە دەستوورێکى عەلمانى نییە و ئاین ئامادەگى هەیە لە داڕشتن و تەبەنیکردنیدا، مەبەستیش لە ئاین بێگومان ئیسلامە. بڕوانن لە مادەى حەوت لە دەروازەى یەکەم چى هاتووە؟!! (ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ناسنامەى موسڵمانێتى زۆرینەى گەلى کوردستان دەکاتەوە و بنەماکانى شەریعەتى ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانى یاسادانان). لێرەدا جگە لەوەى بە زۆرى زۆرداریى ناسنامەى ئیسلامیبوون و موسڵمانبوون بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە و نووسێنراوە بە تەوێڵیانەوە، شەریعەتى ئیسلامیشى کردۆتە چاوگێکى گرنگى تەشریع لە کوردستاندا، ئەمەش راستەوخۆ پێچەوانەى سروشتى عەلمانیەتە.

ئەم دەستوورە هەزار جار لەوە زیاتریش هاوارى عەلمانیبوون و دیموکراسیبوون بکات مادام دین بۆتە رەگەزێکى تەشریعى و بنەمایەکى دەستووریى هەرگیزاو هەرگیز نابێتە عەلمانى. لەبەرئەوەشى دەستوور عەلمانى نییە پەیڕەوکارانى ئاین و ئاینزاکانى ترى غەیرە ئیسلام دەکەونە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، گەلی کلدۆ ئاشوورى وەک پەیڕەوانى ئاینى کریستیانى بە دوور نابن لە هیچ یەکێک لەو هەڕەشە و مەترسییانە. عەلمانییەت رەگەز و بنەمایەکى پتەوى دیموکراسییەتە، مادام باڵ مەرجى فڕین و زمان مەرجى قسە و چاو مەرجى بینینە، ئاوهاش عەلمانیەت مەرجى دیموکراسییە. (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بەبێ بوونى دەوڵەتێکى عەلمانى راستەقینە دیموکراسى بەرجەستە ناکرێت). حکوومەتى کوردستان لەلایەک خوازیارى دیموکراسییە و لەلایەکى تریشەوە ئاین بەشدار دەکات لە داڕشتن و فۆرمۆڵەبەندیى دەستووردا!!!، دیارە بەشداریى پێکردنى ئیسلام لە دەسەڵات و دەستووردا ئەوەندەى تر بوار بۆ ئیسلامگەراکان و مەلا فەتواچییەکان دەڕەخسێنێ بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا و گڵۆپى سەوزیان بۆ هەڵدەکات تا لاشەى دیموکراسى هەلا هەلا بکەن.

دووبارە (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بە سەرچاوەکردنى ئاین بۆ دەسەڵات و یاسا و حوکمکردن و تەشریع لە کۆمەڵگەدا وا دەکات پیرە پیاوانى ئاینى بێنە سەر دەسەڵات، ئەمەش حوکمێکى نادیموکراتیکە). ئامادەبوونى ئاین لە دەستووردا لە قازانجى کەس نییە جگە لە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان، ئەوانەى دەیانەوێ رەوڕەوەى مێژوو بۆ هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر و سەردەمى محەمەد بگەڕێننەوە. ئەوانەى دەیانەوێ ژن لە حیجابدا تەلبەند بکەن و وەزارەتى حەڵاڵ و حەرام و قانوونى سەنگەسار و چەقۆکێشى و شووڵ لێدان بهێننەوە سەر شانۆى کۆمەڵگە. هەتا ئیسلامییە منەوەرەکان و موسڵمانە رۆشنگەر و موحایدەکان لەگەڵ دەوڵەتى ئاینیدا نین و بانگەشەى بۆ ناکەن!، بەڵکو دەیانەوێت ئیسلام وەک دیاردە و پارادایمێکى رۆحیى لە بووندا بێت. بۆ وێنە نووسەر و موسڵمانی رۆشنگەرى عەرەب (جەمال بەننا) لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت (ئەگەر پیاوێکى ناموسڵمان دادپەروەرانە حوکمى نەتەوەى موسڵمان بکات، ئەوا زۆر باشترە لەوەى شێخێک یان ئیمامێک بەشێوەیەکى ناڕەوا و درۆزنانە حوکم بکات!!).
لێرەدا مەبەست لەوەیە رۆحى ئیسلام بریتییە لە دابینکردنى ئازادیى و دادپەروەریى لەسەر زەوى جا ئەم شتانە کافرێکیش بیهێنێتەدى مەسەلەیەک نییە، کەوابوو دادپەروەریى ئەولەویى و گرنگە نەک دەوڵەتى ئاینیى، خۆ پیاوێکى ناموسڵمان “وەک جەمال بەننا باسى دەکات” هەڵبەتە بەپێى قورئان و رێساى ئیسلام کار ناکات بەڵکو بەپێى میتۆد و رێڕەوێکى دنیایی و مرۆڤکرد دەسەڵات بەڕێوە دەبات. ئەم نموونەیەم بۆیە بە یاد هێنانەوەیە تا بە بەڵگەوە بیسەلمێنم موسڵمانە میانڕەو و رۆشنگەرەکان موهتەم نین بە دەوڵەتى ئاینیی- ئیسلامى و نایانەوێ بۆ گێڕانەوەى خەلافەت خوێنى چوار ملیار مرۆڤى سەر گۆى زەوى حەڵاڵ بکەن، تەنیا و تەنیا ئەوانەى لەم رووەوە سوودمەند دەبن گروپە ئیسلامییەکانن کە دەستوور وەک چەکێکى دووسەر و مەتاتى دەخەنە خزمەتى خۆیانەوە.
هەر لێرەشەوە ئەرکى ریفۆرمکردن و تەئویلى هاوچەرخ بۆ ئیسلام دەست پێدەکات بەوەى ئیسلام بگەڕێنرێتەوە بۆ نێو مزگەوت و بکرێتە پەیوەندییەکى رووتى رۆحیى بەندە لەگەڵ هێزە میتافیزیکییەکەى سەرو خۆى و دوور بخرێتەوە لە کارى سیاسیى و دروستکردنى بڕیارى سیاسیى و یاسا و حوکم و کایەی پەروەردە. تەنانەت زۆرێک لە رۆشنبیرانى عەرەب بە دیقەت گرتنیان لەم مەسەلەیە گەیشتنە ئەو بڕوایەى لەکردەى بە عەلمانیکردندا رێفۆرمکردنى ئیسلام ئەرکێکى پێویست و یارمەتیدەرە. بۆ نموونە (عەفیف ئەخزەر) لە بارەى عەلمانیەتەوە دەنووسێت: هەنگاوى یەکەم و سەرەکى بۆ بە ئەنجام گەیاندنى پرۆسەیەکى لەم جۆرە (عەلمانیەت) ئەوەیە چاکسازیى لە ئیسلامدا بکەین، ئەویش لە رێگەى ریفۆرمکردن لە بوارى خوێندنى ئاینیى و گووتارى ئاینییدا، ئەرکى دووەممان بە تاڵکردنەوەى ئەو خودئەڤینییە ئاینییەیە کە ئیسلام بە تەنیا ئاینى سەر زەوى دادەنێت، هەرچى یەهودیەت و مەسیحییەتیشە وەک دوو شەریعەتى بەر لە ئیسلام سەیر دەکات و پێیوایە بەهاتنى ئیسلام هەردووکیان نەسخ بوونەتەوە، یان پێیوایە سەرجەمى پێغەمبەران هەر لە ئیبراهیمەوە تاوەکوو عیسا موسڵمان بوون.

یەکێکیش لە نهێنییە ئاینییەکانى تیرۆرى ئیسلامى لێرەدایە، بەمجۆرە دەتوانین لەوە تێبگەین بۆچى سەرۆکى پێشووى لیژنەى فەتوا لە ئەزهەر ساڵى 2001 رایگەیاند (دیالۆگى ئاینەکان هیچ مانایەکى نییە، تەنیا بەوە نەبێ پاپاى ڤاتیکان بانگەشەى هاتنە نێو ئیسلام بکات). پێموایە عەلمانى نەبوونى دەستوورى هەرێم و بە سەرچاوەکردنى ئیسلام بۆ یاسادانان هەڕەشە لە چارەنووسى کلدۆ ئاشوورییەکان دەکات وەک مەسیحییەک، لەبەرئەوەى هیچ گرەنتى و زامنێک نییە بۆ پاراستنى ئەم هاووڵاتیانە لە دەستى ئەو ئیسلامگەرانەى پێیانوایە دەبێت پاپاش ببێتە موسڵمان. بۆیە تا ئەو (با) یە لە کونەوە بێت پەیڕەوانى ئاینەکانى ترى غەیرە ئیسلام هەست بەدڵنیایى و ئاسایش ناکەن. هەنووکەش پڕۆژەی عەلمانیەت کۆمەکێکى باشى دەسەڵاتەکان دەکات بۆ رێکخستنەوەى کۆمەڵگاکان و هاووڵاتیان، ئەزموونى عەلمانییەت بەشێوەیەکى گشتیى ئەزموونێکى سەرکەوتوو بووە لە دنیادا، هەرچەند ئیسلامییەکان و کۆنەپارێزەکان پێیانوایە عەلمانیەت تەنیا شەقڵێکى رۆژئاوایى یان مەسیحیى هەیە، بەڵام لە راستیدا عەلمانیەت ئەزموونێکى یونیڤرساڵە و دەکرێت لەهەر سوچێکى ئەم جیهانەدا پەیڕەو بکرێت. هەروەک بیرمەندى ئەمەریکى (فرانسیس فۆکۆیاما) دەڵێت (سکۆلاریزم دیاردەیەکى رۆژئاواییە لە کاتێکدا ئەم ئەزموونە ئەزموونێکى مرۆڤایەتییە و دەکرێت بەسەر هەموو شوێنێکدا گشتگیر بکرێتەوە).

ئەگەر دواتریش سەیرى تەواوى دەستوورى هەرێم بکەین دەبینین زۆر بڕگە و ماددەى باش هاتووە لێ ئەوەى لە زۆر لایەنەوە پڕ لە کەموکورتى و ناتەواوییە لە راستاى دابینکردنى مافەکانى تاک و مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئایا یاسا رێگە دەدات موسڵمانێک ئاینى خۆى بگۆڕێت بۆ مەسیحى و ناسنامەى موسڵمانبوون لەسەر پسووڵەى ناسنامەى بارى کەسێتى ئەو بسڕدرێتەوە و بکرێتە مەسیحى هەروەها بە پێچەوانەوەشەوە؟ یان یاسا رێگە دەدات بە زەواجى دوو کەسى ئاین جیاواز؟ یان… بەدەر لەمەش خۆ ئەگەر سەیرى دەستوورەکانى وڵاتانى چواردەور و دەوڵەتانى عەرەبى و رۆژهەڵات بکەین زۆر بڕگە و بەندى باش و دیموکراسى و راقییان تێدایە!، بەڵام ئەوەش واقیعى حاڵیانە و تا بینەقاقایان کێشە و قەیرانە و گیرۆدەى چەند سەرکردەیەکى دیکتاتۆر و زەمینەیەکى پڕ لە سانسۆر و بەربەست بوون، مرۆڤ لە وڵاتەکانیاندا کراوەتە رۆبۆتێک و دەسەڵات بە ویستى خۆى وەک بووکەڵەیەک دەیجوڵێنێ و نمایشى پێ دەکات.
رەنگە دەستوورى هەرێمى کوردستانیش هەرەوەکو دەستوورى ئەو دەوڵەتانە بێت، ئەوى خراپە لەسەر ژیانى خەڵک بەردەوام زەق بکرێتەوە و بخرێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە، ئەویشى لە بەرژەوەندیى گشتیى خەڵکە ببێتە قسەى ناو داستان و حکایەت و مرەکەبى وشکەوەبووى سەر کاغەز. بۆ ئەوەى زیاتر لەمە دوور نەکەومەوە لە تایتڵى نووسین و ناوەڕۆکى باسەکەم، دەڵێم دەستوورى هەرێم دەستوورێکە جێگەى دڵخۆشیى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى نییە بگرە و لەوانەیە نهۆ پیرە پیاوێکى دنیادیدەى ئاشوورى دەست بخاتە ژێر چەنگەیەوە و بە قووڵى لە بیرکردنەوەدا بێت و بە دەنگێکى مات و مەلوول و لەبەرخۆوە بڵێت: ئایا تراژیدیاى سیمێڵ کۆتایى پێهاتووە؟ ئایا سمکۆى شکاک هێشتا لە کەمیندا نییە بۆ مار شەمعون؟ ها…ها.. نا.. نازانم… نازانم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

————————————————————–

پەڕاوێز:
*چاپتەری یەکەم وتارێکی شیکارییە و پێش چواردە ساڵ، لە ژمارە (81)ی رۆژنامەی (باسەڕە) لە شاری کەرکوک، لە زستانی ساڵی 2004 بڵاوبووەتەوە.

*چاپتەری دووەم وتارێکی رۆژنامەوانییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (88)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە 15-10-2006 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی:
کۆی ئەم وتارە وەک بەشی شەشەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 212-232 بڵاوکراوەتەوە کە ئەو کتێبەش سەرەتای ساڵی 2018 بەشێوەی کاغەز چاپ و بلاوکراوەتەوە.




زمانی سارد.. شیعری: كه‌ویار محمد

زمانی سارد

فه‌رمووی گه‌ر من، له‌م كوچه‌یه‌

وێڵی خاك و خۆڵ و ئاسمانی تاڵ بم

هه‌ر بێده‌نگ به‌!

ئه‌سڵه‌ن، زمان له‌ شێوه‌ی وتنی خۆی وه‌ك پارچه‌ به‌ردێك

له‌ كه‌لێنی شه‌قامه‌ شكاوه‌كان ئه‌چه‌قێ

خۆ من له‌ نێو كاڵبوویەكی وه‌كوو تۆ گه‌وره‌ بووم

ئیدی ناوی گه‌وره‌یی مه‌هێنه‌!

ئه‌م وشانه‌ ،چه‌نده‌ بێتام له‌ تۆ ئه‌بیستم،  ئه‌ی دڵ!

مه‌گه‌ر شایه‌نیم؟

كه‌ ئه‌وه‌نده‌ سارد و سڕ ئه‌مخه‌وێنی !

مه‌گه‌ر من چیم،

تا له‌نێو ئه‌م به‌فره‌ ڕه‌شه‌ بملاوێنی         ئه‌ی دڵ!

زمان چاره‌ی سه‌ری خۆی نیه‌،           ئیتر خۆش به‌ حاڵم

بێ چاره‌یی له‌چكه‌ سووتاوه‌كه‌م           خۆش به‌ مه‌رگم

تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی

ته‌نها مێشووله‌ باڵ شكاوه‌كه‌ی نێو ژووری قوتابخانه‌

دێته‌ نێو تاڵه‌ قژه‌كانم

خودی ئاسمانیش له‌ دنیای سارد و عه‌تری گۆره‌وی تۆ

بێده‌نگه‌!

هه‌ناسه‌م له‌ ده‌ریای سه‌وزی عومرم و له‌ ئیشقی دووراوی په‌تی باریكی درۆ    ئازاده‌

نه ده‌نكه‌ هه‌ناری نێو كه‌لێنی په‌نجه‌كانت

خوێنیان لێ ئه‌چۆڕێ، نا

خۆش به‌ حاڵی هه‌نار

داشكاندنی ئه‌م مه‌رگه‌

بخەرە سه‌ر زمانی ساردت

نووسین: كه‌ویار محمد
Kawyar Muhamad