کێشەکانی مرۆڤایەتی لە دیدی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یووڤاڵ نوح هەراری – یەوە

…..ئەردەڵان عەبدوڵڵا……

لە وتاری پێشوومدا لەبارەی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یووڤال نوح هەراری،باسم لە کتێبی «هۆشمەندەکان» کرد، لەم وتارەشدا باس لە کتێبێکی گرنگی تری ئەم فەیلەسووفە دەکەم کە ئەویش» 21 وانە بۆ سەدەی 21». ئەم کتێبەشی بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دەژمێرێت و وەکو کتێبەکانی تری، لێوانلێوە لە زانیاریی و شیکاری جوان، لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە تیشك بخاتە سەر ئەو کێشە گەورانەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. هەروەها رەخنەکانی خۆی لە سیستمە سیاسییەکانی جیهان دەگرێت، لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەمەش بۆ من مایەی سەرنج و گرنگی پێدان بوو، چونکە ئەم فەیلەسووفە بە عەقڵیەتێکی ناسیۆنالیستی و تەسکەوە سەیری وڵاتەکەیی و جیهان ناکات، هەر ئەمەش وایکردووە کە خاوەنی دونیابینییەکی فراوان بێت و لەناو جیهانیشدا کاروبەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدان بن.

وەڵامدانەوەی پرسیارەکان

هەراری لەم کتێبەیدا هەوڵیداوە باس لە کۆمەڵێک کێشەی گەورە بکات لەوانە» پیسبوونی ژینگە، زاڵبوونی تەکنۆلۆژیا بەسەر مرۆڤدا، تیرۆر، جەنگ و پشێویی، بەهێزبوونی بزووتنەوەی توندڕەوی ئایینی و نەتەوەیی، حکومەتی گەندەڵی.» لەهەمانکاتیشدا وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیار کە لە کتێبەکانی پێشوویدا لەلایەن خەڵکییەوە لێیکراوە.

سێ هەڕەشەی گەورە

بە بڕوای هەراری ئەمڕۆ مرۆڤایەتی رووبەڕوی سێ کێشەی گەورە دەبێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە « جەنگی ناوکی،تێکچوونی ژینگە و دابڕانی تەکنۆلۆژی.» هەراری دەڵێت: ئەم سییانە هەڕەشەن بۆ سەر داهاتووی شارستانی مرۆیی، بەڵام هەرسێکیشیان پێکەوە قەیرانێکی بێوێنەی و وجودی دروست دەکەن، بەتایبەتی لەو سۆنگەیەوە کە دەتوانن یەکتر بەهێزتر بکەن و ئاوێتەی یەکتر ببن. ل212

چیرۆکی سەدەیەکی نوێ

هەراری پێی وایە هەر قۆناغە و خاوەنی چیرۆکێکی خۆیەتی لە داهێنان و گەشەکردن، لەوانە چیرۆکی شۆڕشی کشتوکاڵی، شۆڕشی پیشەشازی. هەراری دەڵێت: ئێمە لەبەردەم ئەرکی داهێنانی چیرۆكێکی نوێداین بۆ جیهان،رێک بەهەمان شێوە کە شۆڕشی پیشەشازی بووە هۆکاری دەرکەوتنی ئایدۆلۆژیاکانی سەدەی بیستەم، شۆڕشی داهاتووش لە زیندە – تەکنۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیای زانیاریدا پێویستی بە جیهانبینینی نوێتر هەیە.ل43

پێکهێنانی مۆدێلێکی سیاسی نوێ

هەراری پێی وایە هەر قۆناغە بیچمێکی فکری تایبەت بە خۆی هەڵدەگرێت، بۆ قۆناغی داهاتووش، داوای مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ دەکات. لەمبارەیەوە دەڵێت: پێویستە یەکەمین کاری دەیەکانی داهاتوو بریتی بێت لە گەڕانێکی ورد بە دەرووندا و پێکهێنانی مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ، بەجۆرێک ئەو دەیەیە بەوە بناسرێتەوە. ل 43

هەراری پێی وایە لە ئێستادا مۆدێلی لیبڕاڵی کە لە بەشێکی زۆری جیهاندا بڵاوبۆتەوە، کێشەی گەورەی هەیە.

لیبڕالیزم
نووسەر پانتایی باش بۆ قسەکردن لەبارەی لیبڕاڵیزم و کێشەکانی ئێستای داناوە. هەراری دەڵێت: چیرۆکی لیبڕاڵ، ئازادی مرۆڤ وەکو بەهای ژمارەیەک دەناسێنێت، باوەڕی وایە لە کۆتاییدا هەموو دەسەڵاتەکان لە ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن و ئەو « ئازادییە» لە هەست و حەز و هەڵبژاردنەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. لیبڕاڵیزم بڕوای وایە دەنگدەران لە هەموو کەسێک زیاتر تێدەگەن و هەرلەبەرئەمەشە کە هەڵبژاردنی ئازاد بەرز دەنرخێنێت.ل91

خاڵی نوێ بەلای منەوە، بۆچوونی هەرارییە لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئەو پێی وایە: هەڵبژاردن و گشتپرسییەکان پێوەندییان بەوەوە نییە کە ئێمە چۆن بیردەکەینەوە، بەڵکو پێوەندیییان بەوەوە هەیە کە ئێمە چۆن هەست دەکەین و هەستمان چۆنە؟ل93

کێشەکانی لیبرالیزم

نووسەر پێی وایە سیستمی لیبڕاڵیزم لە کێشەی قووڵدایە و لەمبارەیەوە دەڵێت: مێژوو وەکو هەمیشە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وەرگەڕا و ئێستا لیبڕالیزم پاش دارووخانی فاشیزم و کۆمۆنیزم، لەبارودۆخێکی دژوار دایە ل13

دواتریش دەڵێت: لیبڕالیزم رەوایی خۆی لە دەست دەدات و شۆڕشە دوانییەکانی « تەکنۆلۆژیای زانیاریی و بایۆتەکنۆلۆژی» دەستوپەنچە لەگەڵ گەورەترین ئاڵنگارییدا کە جۆرەکەمان تا ئێستا بەخۆیەوە بینێبێت،نەرم دەکەن.ل14

کێشە گەورەکانی کە رووبەروی لیبرالیزم و مرۆڤایەتی دەبێتەوە

دواتر نووسەر باس لەو کێشە گەورانە دەکات کە سیستمی لیبڕاڵی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەمڕۆماندا رووبەروی دەبنەوەو دەڵێت:

تێکەڵبوون و یەکگرتنی ئەم دوو تەکنۆلۆژیایە بە زوویی دەتوانێت ملیۆنان مرۆڤ لە بازاڕی کاردا بکاتە دەرەوەو شوێن بە بونیادی ئازادی و یەکسانی لێژ بکات. داتا ئۆلگۆریتمە گەورەکان دەتوانن دیکتاتۆریەتی ژمارەکان دروست بکەن و هەموو دەسەڵات و هێزەکان لە دەستی ژمارەیەکی کەمی بژاردەدا کۆببنەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی نەک تەنها ئازار لەبەکارهێنان دەبینن، بەڵکو ئازار لە شتێکی خراپتر لەبەکارهێنانیان دەبینن، ئەویش ئازارە لە نا پێویستی.ل 14

دواتریش دەڵێت: سیستمی لیبڕاڵیزم لەسەردەمی پیشەشازیدا شکلی گرت بۆ ئەوەی جیهانێک لە مەکینە هەڵمینەکان و پاڵاوگە نەوتییەکان و تەلەڤزیۆنەکان ببات بەرێوە، بۆیە زۆر گرانە بتوانێت رووبەروی شۆڕشەکانی تەکنۆلۆژیا زانیاریی و زیندە تەکنۆلۆژیا ببێتەوە، چونکە راستییەکەی لیبڕاڵیزم بۆ وەها دونیاییەک دروست نەبووە، ل26

دواتریش بە درێژی باسی ئەو کێشانە دەکات کە رووبەروی سیستمی لیبڕالیزم دەبنەوە لە پێش هەموویانەوە بێکاریی و نایەکسانی.

کار
بابەتێکی گرنگی تر کە پانتایی باشی لەم کتێبەدا داگیرکردووە، مەسەلەی لەدەستدانی « کار»ە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە. نووسەر پێی وایە ئەگەری زۆری هەیە گەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، مرۆڤایەتی رووربەروی قەیرانی گەورە بێتەوە. پێشی وایە، مرۆڤی نوێ بەشێوەیەکی ترسناک پشت بە تەکنۆلۆژیا دەبەستێت لە هەموو بوارەکانی ژیان» کارکردن، تەندروستی، هاتوچۆ، خواردن، هەڵبژاردن، شتکڕین،» هەر ئەمەش وادەکات کە هەراری « مرۆڤی نوێ، بە « مرۆڤێکی هاندیکەپ، کەم ئەندام» ناوبەرێت، چونکە لە ئێستادا مرۆڤ بەشێوەیەکی زۆر پشت بە تەکنۆلۆژیا دەبەستێت و کەمتر پشت بەخۆی دەبەستێت»
لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەگەری هەیە شۆڕشی تەکنۆلۆژیا بە زوویی ملیاران کەس لە بازاڕەکانی کاردا بکاتە دەرەوە، چینێکی گەورەی بێ بەرهەم بهێنێتە ئاراوە و ببێتە هۆی سەرچاوەی وەها هەڵچوونکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، کە هیچ ئایدۆلۆژیاییەک نەتوانێت رایبگرێت. ل 45
هەراری دەڵێت: رەنگە داهاتووی زۆرێک لە خەڵكی هاوشێوەی داهاتووی شۆفێرانی گالیسکەکانی سەدەی نۆزدەیەم نەبێت، کە دواتر بوون بە شۆفێری تەکسی، بەڵکو هاوشێوەی ئەسپەکانی سەدەی نۆزدەیەم بێت، کە بە شێوەیەکی هەڵکشاو هەرهەموویان لە بازاڕی کار کرانە دەرەوە. ل67

ترس لە تەکنۆلۆژیا

بابەتێکی تر کە پانتایی گەورە لەم کتێبەدا داگیر دەکات ترسە لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا، دیارە ئەم ترسەش پێشتر مایەی سەرنج و شرۆڤەی زۆر بیرمەندی تر بووە، بەڵام هەراری خاوەنی تێروانینی خۆیەتی. لە هەمووی گرنگتر نووسەر باس لەو پشتبەستنە زۆرە دەکات، کە مرۆڤی ئەمڕۆ بە تەکەنۆلۆژیا دەیبەستێت. ئەو ئەمەی ناوناوە « ژیری دەستکرد» . لەمبارەیەوە دەڵێت:
کاتێک ژیری دەستکرد بتوانێت لە بارەی پیشە، یان تەنانەت پەیوەندییەکانەوە لە ئێمە باشتر بڕیار بدات، ئەوا پێویستە تێگەیشتمان لەبارەی مرۆڤ و ژیانەوە بگۆڕێت.ل109

دواتریش زیاتر دەڕوات و دەڵێت:

کاتێک دەسەڵات لە مرۆڤەکانەوە بۆ ئۆلگۆریتمەکان دەگوازرێتەوە، ئەوا چیدی ناتوانین دونیا وەکو شوێنێک بۆ بڕیاردانی دروست لەلایەن مرۆڤە سەربەخۆکانەوە تەماشا بکەین، لەبری ئەوە پێویستە وەکو شەپۆلێک لە داتا و زانیاری تەماشای کۆی گەردوون بکەین. ل111
ئەم پشت بەستنە بەتەکنۆلۆژیا بەرەو ترسێکی ترمان دەبات، کە ئەویش سەپاندنی سیستمی دیکتاتۆریەتە.

دیکتاتۆری و تەکنۆلۆژیا

هیچ کاتێک نەمدەزانی هێندە پەیوەندی نێوان سیستمی دیکتاتۆریی و تەکنۆلۆژیا بەهێزە، نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەهێزبوونی تەکنۆلۆژیا، تەمەنی سیستمە دیکتاتۆرییەکان زیاتر و زیاتر دەکات.
نووسەر دەڵێت: کاتێک ئۆلگۆریتمەکان زۆر بە باشی هەموو شتێکمان لەبارەوە بزانن، ئەوا دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان دەتوانن کۆنتڕۆڵی ڕەهایان بەسەر هاوڵاتییەکانی خۆیاندا هەبێت، تەنانەت زیاتر لە ئەڵمانیای نازی و بەرگریکردن لە بەرانبەر وەها سیستمێکدا کارکی نەکردەیە. ڕژێمی دەسەڵاتدار نەک تەنها بە وردی دەزانێت چ هەستێکت هەیە، بەڵكو وا دەکات بەو شێوەیە هەست بکەیت کە ئەو دەیەوێت.ل 129

جگە لە سیستمە دیکتاتۆرەکان، نووسەر باسی هەژموونی بەهێزی کۆمپانیا گەورەکانیش دەکات و پێی وایە هەژموونی ئەوانیش بەهۆی پشت بەستنی زۆرمان بە تەکنۆلۆژیاوە دەمێنێتەوە، بگرە بەهێزتریش دەبێت.

هەتا زانیاری زیاتر و زیاتر لە جەستە و مێشکتانەوە لە لایەن وەرگرەکانی بایۆمەترییەوە بۆ ئامێرە ژیرەکان بگوازرێتەوە، ئەوا کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکان ئاسانتر دەتوانن بتانناسن و بەکارتان بهێنن و لەبری خۆتان بڕیارتان بۆ بددەن. ل 148

ترس لە گۆگڵ و ئینتەرنێت

لە ئێستادا کەم کەس هەیە رۆژانە یان هەفتانە ئینتەرنێت یان سایتی گۆگڵ نەکاتەوەو بە دوای زانیارییەک یان بابەتێک نەگەڕێت. لە هیچ سەردەمێکیشدا شتی وا نەبووو، کە مرۆڤایەتی بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریی، پشت بە ئامێرێکی تەکنۆلۆژی ببەستێت. ئەم مەسەلەیە دەبێتە ترسێکی گەورە لای نووسەر و قسەی زۆری لەبارەوە دەکات و دەڵێت:

گۆگڵ دەیەوێت بگاتە خاڵێک کە بتوانین هەموو پرسیارێکی لێبکەین و ئەویش باشترین وەڵامی دونیامان دەست بخات. ل146

دواتریش دەڵێت: رەنگە مرۆڤ و ئامێرەکان بەشێوەیەک تێهەڵکێشی یەکتر بن، کە ئەگەر مرۆڤەکان پەیوەندییان لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێتدا بچرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک نەتوانن بمێننەوە،ل148

جەنگی زانیاریی

دواتر نووسەر باس لە یەکێک لە جەنگە شاراوەو گەرمەکانی نێوان کۆمپانیا و زلهێزە جیهانییەکان دەکات، کە ئەویش جەنگی کۆکردنەوەی زانیارییە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

پێشبرکێ بۆ خاوەندارێتی زانیاری هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووەو لەلایەن ناوەندە زەبەلاحە زانیارییەکانی وەکو « گۆگڵ، فەیسبووک، بایدو « بەڕێوە دەبرێت. ئەوان بە دابینکردنی زانیاری خۆڕایی، خزمەتگوزاری و بابەتگەلی سەرگەرمی، سەرنجمان رادەکێشن و پاشان بە ناوەندەکانی پەخش و ڕیکلام دەیفرۆشنەوە. ل 145

هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی تر کە ئەویش نایەکسانییە.

نایەکسانی
بابەتی « نایەکسانی» مایەی گرنگی پێدانەی تەواوی فەیلەسووفان و بیرمەندانی جیهان بووە، هەراریش پانتایی باش بەم بابەتەی داوە، قسەو باسی زۆرەوە لە بارەوە کردووە، لەهەمانکاتیشدا نووسەر گەڕاوەتەوە بۆ مێژووی نایەکسانی و دواتریش باسی رەوشی ئێستای نایەکسانی دەکات.
هەراری دەڵێت: نایەکسانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین، سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا گرووپی راوچی « خۆراکخۆرەکان» هەندێک لە ئەندامەکانیان لە گۆڕی رازاوەو گرانبەها دفن دەکرد و پڕیان دەکرد لە مووری عاج، بازن.، خشڵ و بابەتی هونەری، لەکاتێکدا ئەندامانی دیکە دەبوو لە چاڵێکی رووتی زەویدا دفن بکرێن.
دواتریش دەڵێت: سامان پێشمەرجی نایەکسانی درێژماوەیە. لەپاش شۆڕشی کشتوکاڵی، سامان چەند هێندە زیادیکرد، ئەوەندەش هاوڕێ بوو لەگەڵ نایەکسانیدا. کاتێک مرۆڤەکان خاوەندارێتی زەوی و ئاژەڵ و درەخت و ئامڕازەکانیان بەدەستهێنا، هیرارکیەتێکی کۆمەڵایەتی بەهێز دروستبوو، کە تێیدا بژاردەیەکی بچووک نەوە لە دوای نەوە، زۆرینەی سامان و دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد. ل139

دواتریش دەڵیت:

بەدڵنیاییەوە جیهانگیری سوودی بە بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەڵام نیشانەکانی گەورەبوونی نایەکسانی لە نێوان کۆمەڵگە و کۆمەڵگەکانیشدا دەبینرێت. لە ئێستادا لە سەدا یەکی دەوڵەمەندترینەکان، خاوەنی نیوەی سامانی جیهانن. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە سامانی سەد کەس لە دەوڵەمەندترین کەسەکان، لەسامانی زیاتر لە چوار ملیارد هەژارترین کەسەکان زیاترە. ل140
دواتر پێشبینی خراپبوونی رەوشەکە دەکات و دەڵێت:

رەنگە لە سەدا یەکی دەوڵەمەنترینەکان لە ساڵی 2100 دا ، نەک تەنها خاوەنی زۆرینەی سامانی جیهان بن، بەڵکو زۆرینەی جوانییەکانی جیهان و داهێنان و تەندروستیش بن. ل141

ناسیۆنالیزم
هەراری لەم کتێبەیدا زۆر دژی بیری تەسکی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوە دەوەستێتەوەو پێی وایە، کە ئەمانە نەک ناتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵکە خۆشیان لە ئاکامدا دەبنە کێشەی گەورە بۆ مرۆڤایەتی.

دژی ناسیۆنالیستەکان دەوەستێتەوەو دەڵێت:

شەپۆلی ناسیۆنالیستی لە سەرەتاسەری دونیادا ناتوانێت کات بۆ ساڵی 1939یان 1914 بگەرێنێتەوە.تەکنۆلۆژیا بە دروستکردنی کۆمەڵە هەڕەشەیەکی جددی جیهانی، هەموو شتێکی گۆڕیوە، بەشێوەیەک کە هیچ نەتەوەیەک بە تەنیایی ناتوانێت رووبەرویان بێتەوە، ل214
دواتر دەڵێت: هیچ یەکێک لەو هەزاران چیرۆکەی کە کولتوورە جیاوازەکان و ئایین و خێڵەکان بە درێژایی مێژوو دایانهێناوە، ڕاستەقینە نین و هەموویان تەنها کۆمەڵە داهێنراوێکی مرۆییین. ل442
دەشڵێت:
گەڕانی زۆرینەی مرۆڤەکان بە دوای شوناسدا هاوشێوەی گەڕانی منداڵەکانە بە دوای گەنجینەدا، ئەوان تەنها ئەو شتە دەدۆزنەوە کە دایکوباوکیان پێشتر لەبەرچاویاندا شاردوویانەتەوە. ل443

تێڕوانینی گەردوونیانە

هەراری دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، کە هیچ کاتێک ناتوانین لەناو بۆتەی نەتەوەیەکدا، چارەسەری کێشە گەردوونیەکان بکەین. «

ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێکی عاقڵانە لەبارەی داهاتووی ژیانەوە بکەین، ئەوا پێویستە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی تێپەڕێنین و لە دیدگایەکی جیهانی و تەنانەت گەردوونییەوە سەیری شتەکان بکەین.ل212

رۆڵی ئایین
دواتر نووسەر دێتە سەر باسی رۆڵی ئایین لەمڕۆماندا و، پێی وایە کە زەحمەتە ئایینەکان بتوانن وەڵامی تەواوی کێشەکانی مرۆڤایەتی بددەنەوە. لەسەرەتادا نووسەر دەڵێت: بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئایینە نەریتییەکان لە دونیای سەدەی بیستویەکدا پێویستە سێ جۆری گرفت لەیەک جیا بکەینەوە: 1/ گرفتە تەکنیکییەکان. بۆ نموونە چۆن ئایینەکان مامەڵە لەگەڵ وشکەساڵیدا دەکەن، کە بەهۆی گەرمبوونی زەویییەوە رووبەروی جیهان بۆتەوە. 2/ گرفتە سیاسیییەکان. بۆ نموونە کێشەی ژینگە چۆن دەبێت چارەسەر بکرێت. 3/ گرفتە شوناسییەکان. چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچبەر و هاوڵاتی بوون دەکەن. ل219

ئەمانە ئەو پرسیارە گرنگانەن کە نووسەر لەبارەی رۆڵی ئایینەوە دەیکات و هەوڵیش دەدات وەڵامێکیان بۆ بدۆزێتەوە.
هەراری پێی وایە سەرکەوتنە زانستییەکان هێندە تێروتەسەل بوون، کە تێڕوانیمانی بۆ ئایین گۆڕیوە، چیدی ئایین بە کشتوکاڵ و پزیشکییەوە نابەستینەوە. ئایینە نەریتییەکان ڕەوایەتییەکی زۆریان لە دەستداوە، چونکە لە بواری کشتوکاڵ و تەندروستیدا بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبووە.ل221

رۆڵی خراپی ئایین و ناسیۆنالیزم
هەراری پێی وایە لە ئێستادا هێزە ناسیۆنالیزم و ئایینەکان نەک ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکە بوونەتە کێشەش بۆ مرۆڤایەتی. لەمبارەیەوە دەڵێت: ناسیۆنالیزم و ئایین هێشتاش شارستانیەتی مرۆڤایەتی بۆ ئوردوگای جیاواز و زۆرجاریش دژ بەیەک دابەش دەکەن، ئەم بەرکەوتنەی نێوان کێشە جیهانییەکان و شوناسە ناوچەییەکان خۆی لە کۆمەڵە قەیرانێکدا دەردەخات کە لە ئێستادا یەخەی گەورەترین کۆمەڵەی فرە کولتووری یەکێتی ئەوروپای گرتووە. ل 235

یەکێتیی ئەوروپا و کێشەکانی
یەکێتی ئەوروپا وەکو مۆدێلێکی سیاسی و ئیداری و کەلتووری، مایەی گرنگی پێدان و زۆرجاریش هەست دەکەم کە مایەی سەرسامیی نووسەرە. لەپەنائەوەشدا نووسەر نایشارێتەوە کە ئەم ئەزموونە سیاسییەش کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە.
لەمبارەیەوە دەڵێت: یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەڵێنی تێپەڕاندنی جیاوازییە کەلتوورییەکانی نێوان فەڕەنسایی، ئەڵمانی، ئیسپانی، یۆنانی دروست بوو، بەڵام ئەگەری هەیە نەتوانێت جیاوازیییە کەلتورییەکانی نێوان ئەوروپاییەکان و کۆچبەرە ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتییەکان لە خۆ بگرێت و هەرەس بهێنێت. ل 236
دواتر باس لە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەوروپا دەکات کە ئەویش «کۆچ» ە کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی رەوتە فاشیست و ناسیۆنالیستەکان.

مەسەلەی کۆچ
پرسێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر مەسەلەی « کۆچ» ە کە لە ئێستادا ئەوروپا پێوەی دەناڵینێت. نووسەر هەوڵیداوە لە گۆشەنیگای جیاوە سەیری ئەم کێشە گەورەیە بکات.
ئەگەر ئەوروپا کۆچبەرانێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین وەربگرێت، لە ئاکامدا هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێ دێت.ل242
دیارە لە ئێستادا دوو بۆچوونی دژ بەیەک لە ئەوروپادا لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە هەیە ، هەندێک لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکان و هەندێکێش دژی ئەوەن دەرگا بەرووی کۆچبەراندا بکرێتەوە. وەکو نووسەریش دەڵێت: ئەمە باسێکە لە نێوان دوو تێڕوانینی سیاسی مەشروعدا کە پێویستە لە رێگەی روانگە ستانداردە دیموکراسییەکانەوە بە ئەنجام بگات. ل 259
دواتریش نووسەر بەگرنگییەکی زۆرەوە سەیری چۆنێتی پرسی کۆچ لە ئەوروپادا دەکات و بە پێوەرێکی گرنگی دادەنێت بۆ سەرکەوتنی مۆدێلی لیبڕاڵی و دیوکراسی لە جیهاندا.
نووسەر دەڵێت: لە ئێستادا دیار نییە ئەوروپا بتوانێت ڕیگەیەکی نێوانبڕ بدۆزێتەوە کە بتوانێت سنوورەکانی بە کراوەیی بە ڕووی بێگانەکاندا بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەو کەسانەوەی کە لە بەهاکاندا هاوبەش نین، رووبەروی ناسەقامگیری نابێتەوە، ئەگەر ئەوروپا لە دۆزینەوەی وەها رێگەیەکدا سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە بکرێت لە ئاستێکی جیهانیشدا سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆژەیە شكست بهێنێت، دەکرێت نیشاندەری ئەو راستییە بێت کە باوەڕبوون بە بەها لیبڕاڵییەکانی ئازادی و لێبوردەیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێ کەلتوورییەکانی جیهان و یەکخستنی مرۆڤایەتی بۆ رووبەروبوونەوەی کێشەکانی جەنگی ناوکی و تێکچوونی ژینگەیی و دابڕانی تەکنەلۆژی، ئەوا شانسی مرۆڤەکان لە زاڵبوونی بەسەر ململانێ زۆر قووڵترەکانی دیکەدا کە شارستانیەتە جیهانییەکانی گرتووەتەوە، دەبێت چەندە بێت؟!. ل260

مەسەلەی جەنگ و دژایەتیی تیرۆر
ئەم نووسەرە خاوەنی بۆچوونی تایبەت بەخۆیەتی لە بارەی تیرۆرەوە، کە تەواو جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی زۆربەی بیرمەندانی تری جیهان، ئەو بە شێوەیەکی زانستیی و بە پشت بەستن بە زانستی دەروونشیکاریی و ئاماری کوژارو بریندارەکان لە جیهاندا، شرۆڤەی خۆی لەمبارەیەوە دەخاتە ڕوو. کە تاڕادەیەک جیاوازە لە هی بیرمەندانی تر.
نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ، پێی وایە کە لە ئەمڕۆماندا، توندوتیژی هێندە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی نییە، هێندەی مرۆڤەکان بە نەخۆشی دەمرن، کەمتر بە جەنگ و توندتیژی دەمرن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەم چەند دەیەی دوایی ئاشتیانەترین قۆناغی مێژووی مرۆڤایەتی بووە. لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکاندا توندوتیژی مرۆیی لە 15% ی خەڵکی کوشتووە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە سەدەی بیستدا 5% بووە، ئەمڕۆ تەنها لە1% خەلكی بەهۆی توندوتیژی مرۆییەوە گیان لە دەستدەدەن. ل 282
دەشڵێت:
1.25 ملیۆن کەس بەهۆی رووداوی هاتۆچوو مردوون، 3.5 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی شەکرە. بەهۆی پیسبوونی ژینگە 7 ملیۆن کەس مردوون . 364
دواتریش قسەی زیاتر لەبارەی تیرۆرەوە دەکات و دەڵێت:
تیرۆر چەکی پەراوێزخراو بەشە لاوازەکەی مرۆڤایەتییە، ل260
ئەگەرچی تەحەداکان بێپێشینەن و ئەگەرچی ناکۆکییەکان بەهێزن، بەڵام ئەگەر بەسەر ترسەکانماندا زاڵ بین و کەمێک لەبارەی بیروڕاکانمانەوە خاکەڕا بین، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بەسەر ئەواندا زاڵ بێت و بارودۆخی خۆی باشتر بکات. ل261
لەهەمووشی گرنگتر بۆمن، بۆچوونیەتی لەبارەی تیرۆریستانەوە:
تیرۆریستەکان مامۆستای کۆنتڕۆڵکردنی مێشکن، ژمارەیەکی کەم دەکوژن، بەڵام ترس دەخەنە دڵی ملیۆنان کەسەوەو بونیادەیڵێکی هاوشێوەی پەیمانی ئەوروپا بەزاڵە دێنن. ل 263
تیرۆریستەکان وەکو جەنەڕاڵی سووپاکان نا، بەڵکو هاوشێوەی شانۆنووسەکان بیردەکەنەوە. ئەوانەشی رووبەروی تیرۆریزم دەبنەوە، پێویستە زیاتر وەکو شانۆنووسەکان بیربکەنەوە، نەک جەنەڕاڵێکی سووپا.
مانای دەقیقی وشەی تیرۆریزم، بریتییە لە ستراتیژییەکی سەربازی کە هیواخوازە لە بری ژیانی ماددی لە رێگەی دروتسکردنی ترسەوە بارودۆخی سیاسی بگۆڕێت. ل 364

بۆچی زلهێزەکان جەنگ ناکەن؟
نووسەر شارەزایییەکی زۆرباشی لە مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، ئەمەش سوودێکی ڤرە خاسی بە نووسەر بەخشیوە، تاوەکو باشتر لە دونیای ئەمڕۆمان بگات. نووسەر پێی وایە لە ئەمڕۆاندا جەنگ لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکان کارێکی ئەستەمە ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، گرنگترینیان ئابوورییە. لە ئێستادا ژێرخانی ئابووری جیهان بەو شێوەیەی جاران نییە، کە هێزێکی داگیرکەر بێتو دەست بەسەر خیروبێری وڵاتان بگرێت. هەراری دەڵێت:
ئەمریکییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا بەداگیرکردنی کانە زێڕەکانی کالیفۆرنیا و کێڵگە کشتووکالییەکانی تەکساس، برەویان بە خۆیان دا. بەڵام ئەو رێگەیە لەسەدەی بیستویەکدا تەنها دەستکەوتێکی زۆر کەمی هەیە، ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی ئابووری، زانستی و تەکنۆلۆژی و دامەزراوەییەیە نەک گەنم و تەنانەت کێڵگەی نەوتیش، تۆ ناتوانیت لەرێگەی جەنگەوە زانست بەدەستبهێنێت. ل294
دوو هۆکاری تریش ئەگەری جەنگ لە نێوان زلهێزەکان کەم دەکەنەوە ئەوانیش پەیوەندییان بە بوونی چەکی ئەتۆمی و بوونی جەنگی سایبیرییەوە هەیە.

پرسیار لەبارەی ژیان و مەرگەوە
مەسەلەی ژیان ، بابەتێکی گرنگی تری ئەم کتێبە پێکدەهێنێت و قسەی زۆر جوان لەبارەی ژیان و مەرگەوە دەکات.
کاتێک خەڵكی پرسیار لەمانای ژیان دەکەن، چاوەڕێی ئەوەن کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، مرۆڤی ژیر ئاژەڵێکی چیرۆکخوانە، کە لە چوارچێوەی چیرۆکدا بیردەکاتەوە، نەک لە ژمارە و هێڵکاریدا و بڕوای وایە کە بوون، هاوشێوەی چیرۆکێک دەجووڵێتەوە کە لێوانلێوە لە پاڵەوان و خراپەکار و ململانێێی چکاسازی، خاڵی لووتکە و کۆتاییەکی خۆش. ل 424
ئەگەر دەتانەوێت لەمردن تێبگەن، پێویستە لە ژیان تێبگەن ل486

سیستمی پەروەردەو فێربوون
نووسەر پانتایی باش بۆ سیستمی فێربوون دادەنێت و بە یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان و دەڵێت:
زۆرێک لە شارەزایانی پەروەردەو فێرکردن بڕوایان وایە پێویستە قووتابخانەکان چوار مەرجیان تێدابێت کە بریتین لە: بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، پێوەندی، هاوکاری و داهێنان. پێویستە قووتابخانەکان ئاستی هونەرە تەکنیکییەکان کەم بکەنەوەو جەختێکی زیاتر لەسەر ئامانجە گشتییەکانی هونەرەکانی ژیان بکەنەوە، ل 412

سەردەمی مێتا حەقیقەت
چەمێکی نوێی تر کە هەراری دایهێناوە» مێتا حەقیقەت»ە. لەمەشدا تەکنەلۆژیا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، بۆ سەرلێشواندنی مرۆڤ و زاڵبوونی درۆ بەسەر راستیدا
ئەم سەردەمە نوێیەی تێیدا دەژین، سەردەمێکی ترسناکی « مێتا حەقیقەت»ە، کە تێیدا چواردەورمان بە تەواوەتی بە درۆ و ئەفسانە گیراوە. ل370
ئەگەر کوشتن لەبەر خاتری دادپەروەری کارێکی دروست بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە درۆکردنیش کارێکی دروستە، ل370
ئەگەر هەزاران کەس بۆ ماوەی مانگێک بڕوا بە چیرۆکێکی دروستکراو بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکە دەبێت بە هەواڵێکی درۆینە، کاتێک ملیاردێک کەس بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بروا بەو هەواڵە بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکەکە دەبێت بە ئایین، دواتریش ئامۆژگاری دەکرێین کە بە « هەواڵی درۆینە « ناوی ئایین نەبەین، بۆ ئەوەی هەستی ئیماندارەکان بریندار نەبێت یان تووڕە نەبن ل 375
دواتر باس لە قسەیەکی جۆزێف گۆبڵزی وەزیری پروپاگەندەی نازییەکان دەکات و دەڵێت:
ئەگەر درۆیەک یەکجار بگووترێت، وەکو درۆیەک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر درۆیەک هەزارجار بگوترێتەوە، دەبێتە حەقیقەت. 379
ئامانجی هێز گۆڕینی واقیعە ، نەک بینینی حەقیقەت بەو شێوەیەی کە هەیە، کاتێك چەکوشتان بە دەستەوەیە، هەموو شتێکتان وەکو بزمار دێتە بەرچاو، کاتێک خاوەنی هێزیکی زۆرن، هەموو شتێکتان وەکو بانگهێشتکردن بۆ دەستێوەردان دەبینن. ل 355
هێزێکی مەزن وەکو چاڵێک رەش کار دەکات، کە فەزای دەوروبەری خوار دەکات. ل355

سیاسەتمەدار
زۆر بیرمەند قسەی لەبارەی کەسایەتی سیاسەتمەدارەوە کردووە، لێ هەراری لەمەشدا خاوەنی بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی و دەڵێت:
هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکان لەناو کۆمەڵێک دەستەواژەی نهێنیئامێزدا قسەیان کرد، ئاگاداربن، ڕەنگە لە هەوڵی ئەوەدابن ئازاری راستەقینە بە لەفافی دەستەواژەی ناڕوون بشارنەوە. ئاگاداری وشەکانی خوارەوە بن: قووربانی، نەمری، پاکی،ڕزگاری،، بیستنی هەریەک لە مانە حوکمی زەنگی مەترسی هەیە. ل 483

پێشبینیکردن بۆ داهاتوو زەحمەتە
خاڵێکی سەرنجراکێشی تر مەسەلەی پێشبینیکردنە بۆ ژیانی داهاتوو یان ژیانی پەنچا ساڵی تر. لەمەدا نووسەر خاوەنی بۆچوونێکی تایبەتە. هەراری دەڵێت: ئەگەر کەسێک لە ساڵی 1018 دا لە چین بژیبایە دەیزانی رێی تێدەچێت ئیمپراتۆریەتی سۆنگ لە ساڵی 1050 دا برووخێت و ئەگەری هەیە کە تاعون ملیۆنان کەس بکوژێت، لەهەمانکاتیشدا چینییەکان لە ساڵی 1050 هەر خەریکی کاری کشتوکاڵ و چینین بن، بەڵام لە بەرانبەردا ئەمڕۆ هیچ نازانین کە چین و سەرباقی دونیا ساڵی 2050 دا بە چ شێوەیەک دەبێت؟ نازانین خەڵکی چۆن دەژین؟ سوپا و دیوەخانەکان چۆن دەجووڵێنەوە.ل 410
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگڕێنێتەوە: ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا رووبەروی حەجمێکی زەبەلاحی زانیاری دەبینەوەو تەنانەت سانسۆرکارانیش هەوڵ نادەن رێگەیان لێ بگرن، بەڵکو لە بری ئەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەن، یان بە بابەتی بێ پێوەندییەوە سەرقاڵمان دەکەن. ل411

یۆگا وەکو رزگارکەر
لە هەمووی سەیرتر بەلامەوە دەرئەنجامی بیرکردنەوەی هەرارییە، کە پێی وایە مرۆڤ لە رێگای « یۆگاوە» دەتوانێت بەسەر کێشەکانی ناخیدا زاڵ بێت. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی «میدیتەیشن» ماوەیەکی زۆرە لەناو جیهاندا برەویی هەیە، جاران تەنها لە هیندوستان خەڵکی گرنگی پێدەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە تەواوی جیهاندا گرنگی بەم وەزرشە عیرفانییە دەدرێت.
هەراری دەڵێت: وێڕای هەموو ئەو کتێبانەی خوێندبوومەوەو ئەو هەموو بەشدارییەی وانەکانی زانکۆ، بە نزیکەیی هیچ شتێكم لەبارەی هزری خۆمەوە نەدەزانی و کۆنتڕۆڵێکی زۆر کەمم بەسەریدا هەبوو. ل487
دواتریش دەڵێت:
میدیتەیشن بۆ من، هەرگیز دژی لێکۆڵینەوەی زانستی نەبووە، بەڵکو هاوشێوەی ئامڕازێکی بایەخداری دیکە لە کۆمەڵەی ئامڕازە زانستییەکاندا کاریکردووە، بەتایبەتی کاتێک هەوڵ دەدەین لە هزری مرۆیی تێبگەین. زانست لە ڕاڤەکردنی نهێنییەکانی مێشكدا کێشەی گەورەی لە پێشدایە،چونکە ئامڕازی پێویستمان لە بەردەستدا نییە. ل 490
میدیتەیشن لە بنەڕەتدا میتۆدێکە بۆ تێبینیکردنی ڕاستەوخۆی هزری خۆت.ل493

دوا قسە
دامنابوو قسەی زیاتر لەبارەی ئەم کتێبەوە بکەم، بەڵام پێمباش نییە باسی بەشێکی زۆری ئەم کتێبە بۆ خوێنەران بکەم، باشترە خۆیان بچن کتێبکە بخوێننەوە، زانیاریی و جێژی زیاتری لێوەردەگرن.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، هەراری لە ئێستادا خاوەنی تێڕوانینێکی زۆر جوانە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، هیوادارم لە جیهاندا برەوی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی بدرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک ئاری رەشید بکەین، بەراستی کارێکی باشیکردووە ئەم کتێبە جوانەی پێشكەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، چاوەڕوانی کاری جوانتری لێدەکەین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
یووڤاڵ نووح هەراری. 21 وانە بۆ سەدەی 21 . وەرگێڕانی: ئاری رەشید. دەزگای جەمال عیرفان. سلێمانی. 2020




دۆخى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان.. موحەممەد گەڵاڵەیی

لەپەڕاوێزى نوێترین ریزبەندى وێبۆمەترێکسى ئیسپانى دا

لە مانگەکانى کانوونى دووەم و تەمموزى هەمو ساڵێکدا ناوەندى وێبۆمەترێکسی ئیسپانى ریزبەندى زانکۆکانى جیهان بڵاودەکاتەوە, کە کۆمەڵێک پێوەرى زانستى هەمە لایەنەى هەیە, بەهەرحاڵ لە پاڵ ئەمەشدا؛ پۆلینکردنى ترى جیهانى بەناوبانگتر وەک: تایم و شەنگەهاى بۆ زانکۆکانى جیهان هەیە.

قەصدى ئێمە لەم بابەتەدا؛ تیشک خستنە سەر ئاستى زانکۆکانى کوردستان نییە لە ئاستى نیشتمانى و هەرێمى و نێودەوڵەتیدا, کە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ ئاستى زانکۆکان کارى دامەزراوەى زانستى قازانج نەویستى بێ لایەنە, لەهەمانکاتیشدا پرۆسەیەکى ئاڵۆز و وردە کە بۆ هەموو ئەو پێوەرانەى دادەنرێن بۆ ریزبەندى زانکۆکان. کە بۆ تاکە کەسێک زۆر زەحمەتە حوکم لەسەر ئاستى زانکۆیەک یان هەموویان بەتێکڕایی بدات, کە ئەمە پێویستى بەداتایەکى زۆر هەیە و لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت, کە ئەمە لەبارتەقاى هیچ کەسێک دا نییە پێی ئەنجامبدرێت, بەڵام هەندێک وردە سەرنج هەن, گرنگە لەبارەیانەوە گفتوگۆیەکى زانستى, ڕاست و ڕەوان لەبارەیانە ئەنجامبدرێت, بەبێ هەڵچون و داچونى میزاجى هەر یەکێکمان..

بەڵێ؛ هەر چەندە تێڕوانینى بەندە لۆکاڵى نییە, بەڵام زانکۆ یەکێ لە کارەکانى قووڵکردنەوەى کار و بەرهەمەکانیەتى لە نیشتیمانێکى دیاریکراودا, جا هەر لەکوێیەکى ئەم جیهانەدا بێت, کە بەگشتى ئێمە لە دەیەى دووەمى سەدەى بیست و یەک دا, بەتەواوى چووینەتە ناو گوندە بچووکەکەى جیهان, بەتایبەتى لە ئاستى پێشکەوتنى زانستى و داهێنانە بێکۆتاکانى زانستى سەردەم کە هەمو شتێک بە پێوەرى زیرەک(سمارت) هەژمار دەکرێت..واتە دەبێت پێیەکانمان لەناو نیشتمان دابێت و دەستەکانمان لەناو ئەو گوندە جیهانیە زانستییەدا بێت بەبەردەوامى کار بکەن, کە خەریکە هەمو شتێک لەگەڵ خۆى ڕاپێچ دەکات, کە سەرئەنجام بە قازانجى دەوڵەتە زلهێز و پێشکەوتوەکان دەکەوێتەوە..بەتایبەتى لە دەسکەوتن و بردنى سەرمایەى مرۆیی(توێژەرە ئاست بەرزەکان) و سەرمایەى ماددى(پارە) کە هەردووکیان بۆ زانکۆکانى کوردستان وەک لیرەى زێڕ وان..کە پێویستە وەک گلێنەى چاوەکان ئەم دوو سەرمایەى خەڵک و خاکەکەمان بپارێزرێن..!

زانکۆکان لەجیهاندا سێ کاری سەرەکى دەکەن؛ یەکەم: کردنەوەى خوێندنى زانکۆیی(بەکالۆریۆس و هاوشێوەکانى), دووەم: ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى, سێیەم: بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى, لە وڵاتانى جیهانى پێشکەوتودا کارى یەکەم و دووەمى زانکۆکان بەسەرکەوتوویی تەواو بوە, کە کارى سێیەم بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستییە ماوەتەوە و زۆر بە چڕى لەلایەن زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان کارى لەسەر دەکرێت..بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى وەک پەرەدانە بەسەرمایەى زانستى و مرۆیی زانکۆکان, لەهەمانکاتیشدا دەسکەوتنى داهاتێکى گەورەى مادییە کە دەبێتە بانقێکى پارە پەیداکردن بۆ پێشخستنى زانکۆکان, بەتایبەتى لەڕووى دابینکردنى سەربەخۆیی کارى زانستى, کارگێڕى و دارایی, کە سێ بنەماى سەرەکیین بۆ ئەوەى زانکۆ لە رەحمەت و بەرەکەتى حکومەتەکان دەربازى بێت, بەتایبەتى ئەم کارە لە جیهانى سێیەمدا بۆ زانکۆکان ئەگەر کارى لەسەر بکرێت ئەوا بە شۆڕشێکى زانستى, کارگێرى و رزگار بون لەو شێوە کارکردنە دواکەتوەى حکومەتەکان هەژمار دەکرێت, چونکە ئەو حکومەتانەى جیهانى سێیەم لەڕووى عەقڵیەتى سیاسی و روئیاى سیاسی دواکەوتون, چ جاى ئەوەى لەڕووى پێشکەوتنى حکومەتدارى, سیاسەتى خوێندن و توێژینەوەى زانستى پێشکەوتو بن, کە لە حاڵى ئێستادا ئەو حکومەتانە وەک منداڵێکى سەرپێ کەوتو بۆ هەمیشە دەبێت لەلایەن دامەزراوە جیهانییەکان بەتایبەتى لەڕووى داراییەوە دەستگیرۆیی بکرێن و یارمەتى بدرێن, جا دەبێ ئەو حکومەتانەش چ جۆرە بەخشندەییەکى ماددى بەرانبەر زانکۆکان بنوێنن..!

بەکورتى؛ توێژینەوەى زانستى لە کوردستان لە بارودۆخێکى زۆر خراپ دایە, لەبەرئەوەى توێژینەوە وەک کارى دووەمى زانکۆکان نەبۆتە کولتوور لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ, ئەو مامۆستایانەى لە بەشە زانستیەکان توێژینەوەى زانستى ئەنجامدەدەن لە هەر بەشێکى زانستى دا لە پەنجەکانى یەک دەست تێپەڕ ناکەن, ئەمە ئۆباڵەکەى بەتەواوى ناکەوێتە ئەستۆى کارگێڕى و ستافى بەڕێوەبردنى زانکۆکانى کوردستان, بەڵکو ئۆباڵى ئەمە دەکەوێتە ئەستۆى ئەو سیستەمەى زانکۆکانى لەڕووى دارایی, کارگێڕى و زانستى بەناوەندى وەزارەتێکى دیاریکراو بەستۆتەوە..کە لە زۆر وڵاتى پێشکەوتو و گەشەسەندودا ئەو جۆرە سیستەمە نەماوە..!

ئەمە بێجگەلەوەى بابەتى بە بازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى لە ئاستى ناوخۆیی نیشتمانى و هەرێمى و جیهانى دا زۆر بەکەمى بەرەو پێشچوە, بۆیە پێویستى بە پاڵپشتى دارایی و هاندانى بەردەوامە بۆ ناردنى توێژەرانى سەرکەوتو بۆ ناوەندەکانى توێژینەوەى زانستى لەجیهاندا, کە ئەمە دەبێتە دەرفەتێکى گەورە بۆ بەستنەوەى تەواوى زانکۆکانى کوردستان بە ناوەندەکانى پێشکەوتوى زانستى, کە لەم بەرنامەیەدا گرنگە زانکۆکان زۆر بەوردى کار بکەن, بەجیاواز لەگەڵ بەرنامەى تواناسازى کە هەڵەکانى ئەو بەرنامەیە دووبارە نەبێتەوە و نەگەڕێینەوە چوار گۆشەى یەکەمى ئەمرۆ.

بۆیە پێشنیازى من ئەوەیە بۆ زانکۆکانى کوردستان؛ قۆڵى زانستى لێهەڵماڵن کە ئەو مامۆستایانەى کە تەنها کار بۆ توێژینەوەى زانستى دەکەن و لەگەڵ ئەو مامۆستایانەى کە تەنها کار بۆ گوتنەوەى وانە لە بەکالۆریۆس دەکەن, هیچ قورسییەکى تێدانیە لەیەکتریان جیا بکەنەوە, ئەو توێژەرە سەرکەوتوانە لەسەنتەرەکانى لێکۆڵینەوەى ناو زانکۆکان دابنرێن و لەڕووى پاڵپشتى هەمەلایەنەوە یارمەتى بدرێن, هەروەها ئەو مامۆستایانەى تەنها وانە گوتنەوەیان هەڵبژاردوە لە بەشە زانستییەکان بهێڵدرێنەوە و ساڵانەش یەک تا دوو توێژینەوە ئەنجامبدەن, ئەم پرۆسەیە ساڵانە پێداچوونەوەى پێدا بکرێت, کە دەبێتە سەرەتایەکى ڕێگە خۆشکەر بۆ دامەزراندنى سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى بەهێز کە پشت ئەستوور دەبن بە توێژەرى سەرکەوتو, لەهەمانکاتیشدا پرۆسەى بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى ئاست بەرز بۆ ناوەندە جۆراجۆرەکانى جیهان سەرپێدەکەوێ, بەتایبەتى کە داواکاری لەسەرتوێژینەوەکانى زانکۆکانى کوردستان زیاد دەبێت بەرەو پێشچوونێکى گەورە بەخۆیەوە دەبینێت..

زانکۆکان دەتوانن ببنە خاوەنى سەرمایەکى نەبڕاوە, بۆ ئەنجامدانى چەندین پرۆژە و داهێنانى زانستى, کە ئەنجامدانى ئەو کارە تەنها هەنگاوى یەکەمى پێویستە کە گەڕانەوە بۆ دواوەى تێدا نەبێت..گرنگ ئەوەیە ناوى خواى لێبهێندرێت و دواخستنى پرۆسەکە لە قازانجى ئەم دامەزراوە زانستیەکانى نیشتمانى ئێمەدا نییە..چونکە خێرایی پێشکەوتنەکانى جیهان لە دەستى ئیمەدا نییە, خەریکە بەجێمان دەهێڵێ..بەڵام ئەو دەرفەتە زێڕینە بۆ زانکۆ نوێیەکان کە لەماوەى ١٠ ساڵى ڕابردوو دامەزراون, کارەکانیان سەلمێندراوە کە ئەو جورئەتە لەزانکۆ نوێیەکان دەبیندرێت و سەرکەوتووتر دەبن, چونکە ئارەزو و ویستێکى بەرزیان بۆ توێژینەوەى زانستى هەیە, بەتایبەتى لەلایەن توێژەر و مامۆستا ئاست بەرزەکانیانەوە.

موحەممەد گەڵاڵەیی




تکایە ئەم تەوقە لە گەردنی شیعر دابماڵن.. لەتیف حامد

نازانم پەتای گەندەڵیی سیاسەتمەدارە شکستخواردووەکانە بەر لایەنەکانی تری ژیان کەوتووەو تام و رەسەنایەتی لە هیچ شتیكدا نەهێشتووە؟ یاخود کاڵبوونەوەی رەنگی ژیانە وا لەسەر ئادەمیزادەکان نیشتووە (ئەمەش بێگومان هەر بە هۆی کردارو قەناعە چەوتەکانی خودی مرۆڤ خۆیەوە)  وەکو خواردنی ئێکسپایەورو ژەهراویی و دەرخواردی ئێمەی بێهەڵوێست دەدرێت وەکو کاڵایەکی ڕزیوو تەقەلوبی دەکرێتە بەرمان، ئێمەش هەر دومەڵ و پەتاو قینچکەی پێ دەگرین، میللەتێك کە گەندەڵی بگاتە جومکە کولتووریی و فەرهەنگیەکانیان ئەوا سەردەمی فاتیحا دادان دێتە پێشەوە… لە راستیدا بێ چاودێری بازاڕ سەراپا کاڵا ماوە بەسەرچووەکان بەسەرماندا ساغ دەکرێنەوە و دەبێت پارەشی پێبدەین؟ ئایا لە ناو چ میللەتێکی جیهاندا بە ناوی چارەسەرەوە پەنجا مرۆڤ کوێر دەکرێن و کەس ورتەی لێوە نایەت؟ سەد حەیف بۆ ئەدەبی کوردی کە بەدەست کاڵوکرچی بەرهەمی ئەدەبییەوە بناڵێنێت و خاوەنەکانیشیان خۆیان لێ ببێتە سوارەی بەر لەشکرو بگرە بانگەوازی دەستەبژێری و خاوەندارێتی پرۆژەی کولتوریش بکەن! ئەوە دەبێت چ نەهامەتی و مەهزەلەیەك بێت؟  لە هەمانکاتیشدا عەقڵییەتی نکۆڵییکاریی و کەلـلەڕەقیی ڕێگر دەبێت لەوەی دان بە راستیدا بنرێت و هەر  هیچ نەبێت شکۆیەك بۆ پێنووس و وشە دابنرێت و ئەو حازر بەدەستانە بابچن مەیدانەکانی تری ژیان تاقیبکەنەوە تا جێ دەست و بەرهەمی خۆیان ببیننەوە، بە جۆرێك هەم خەڵك لێیان سوودمەندبێت و هەم دانی قەبوڵ و ئەرێنی بە کارەکانیاندا بنرێت، کەچی بە پێچەوانەوە زۆرجار پێداگیریی دەکرێت لە سووک کردنی بەهای ئەدەب و هونەرو زۆرجاریش ئەو جۆرە لە قەڵەمبەدەستان زەوقی خوێنەران و ئەدەب دۆستان دەشکێنن  و بگرە دەیانتۆرێنن تەنانەت لە خوێندنەوەش، یەکەم هەنگاوی ئەم دەستپێکردنی سوکایەتیەش لە شیعرەوە دەست پێدەکات، بۆیە هەندێكجار نەیارانی شیعر بە تەوسەوە دەڵێن: کورد هەمووی شاعیرە، بۆچ نا؟ خۆ هەرچی هەڵدەستێت خۆی بەشاعیر دەزانێت بە نووسینی دوو سێ پارچە نووسراوی فەلەج  کە هەموو شتێکە جگە لە شیعر، ئەوانەش کە هیچ شارەزاییان لە شیعردا نییە سەری بۆ دەلەقێنن، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی یەکەمجار لەسەر نووسەرەکەی دەبێت پێش ئەوەی شیعری پێ سووك ببێت و ئیفلاسیی فەرهەنگیی خاوەنەکەی دەردەخات.

 لەم دواییەدا نووسینێکم بەناو شیعرەوە خوێندەوە بە ناونیشانی (هیوایەت) و لە ئاکامدا بەزەییم بە خۆمدا هاتەوە کە من کاتم بە چیەوە دەکوژم؟ بە راستی تەریقبوومەوە کە  لە خوێندنەوەی تەواو بووم، ئواتم دەخواست کارەبا ببڕایەو نەمبینیایە… وێڕای بێ توانایی نووسەرەکەی ئەو پرسیارەم لا دروست بوو کە ئایا بە چ ڕوویەکەوە ناوی شیعری لێنراوە؟ هەر لە ناونیشانەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (هیوایەت) وشەیەکی کوردی نییەو هەروەها هیچ پەیوەندی بە شیعرەوە نییە، بە زمانی کوردی (ئارەزوو)ه، ئیتر ئەو کۆلکە شاعیرە خۆی هێندە ماندوونەکردووە بە دوای وشەیەکی شیعرییدا بگەڕێت بۆ ناونیشانەکە کە دەرگای چوونە ناو شیعرەکەیە، دواتر لە خۆم پرسی منی خوێنەر چم داوە بەسەر ئارەزووی تاکەکەسی خەڵکانی تر؟ ئەگەر خاوەنەکەی ئەوە بە ڕیکلام  دادەنێت بۆ خۆی  ئەوا لای من ئەوە ژیانی تایبەتی خۆیەتی و هیچ هونەرو ئەدەبی تێدا نابینمەوە، راستە شێوەکەی وەکو شیعر داڕێژراوە، بەڵام ئەگەر رستەکان بدرێنە دەم یەك هەر تەواوەو دەبێتە وتارێکی شەخسی لاوازو ناگرنگ، دواتر  دەبێ چ فێر ببین لە نووسینێکی ئاوها کە چەندان جار باسی بیرەی تێدا هاتووە وەکو ئەوەی نووسەرەکەی تازە لە کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەڵهاتبێت و قەد تامی بیرەی نەکردبێت، دواتر باسکردنی کەسانێك بە ناوی خۆیان لە ناو شیعرەکەدا لێدانە لە تایبەتمەندیی ئەو هاوڕێیانەش وەکو (رەواو بەرهەم) ، بەو واتایەی پەلکێشکردنیان بۆ دنیا کاولەکەی خۆی و هەڵماڵینی نهێنییەکانی ژیانیان، ئیتر نازانم ئەوانیش گەشکە دەکەن بە ناوهێنانیان لەو دەقە نەزۆکەدا یان قەڵس دەبن و کەمێك فیش دەخۆنەوە؟ چیدی نەمویست زیاتر سەری ئێوەو خۆم بیەشێنم و لای خۆمەوە لە ئاکامدا گەشتمە ئەو بەرەنجامەی بۆ تێکنەدانی چەشەو میزاجی خوێندنەوەم بڕیارمدا ئیتر لەمەودا بایکۆتی ئەو جۆرە نووسینە فەلەجانە بکەم و والێرەدا هەندێك دێڕی ئەو بەناو شیعرەتان بۆ دەنووسینەوە تا خۆتان سەرپشك بن و بڕیار بەسەر ئەو جۆرە نووسینانەدا بدەن:

بە هاوڕێیەکمم وت:

هیوایەتم بیرەخواردنەیە لەناو سەیارە،

وتی: دەزانم،

**  

هیوایەتم ئەوەیە هەموو کچە ڕەفیقەکانم جگەرەکێش بن

کاتێ قوومی لێدەدەن مڵچەیەک بکەن

**

جارێکی تریش وتبووم کە

حەزم لێیە ئەو ژنانە عاشقم بن

کە مێردەکانیان دڵیان پیسە   

**

هیوایەتمە هەموو ئەو هاوڕێیانەم سەیارەیان هەیە

وەک (ڕەوا) و (بەرهەم) بن

هەمیشە ئامادە بن بۆ بیرە هەڵدان،

لە سەیارە بێت یان لە باڕ

لە دەشت بێت یان لە ماڵ

……………….

تێبینی/

ناوی تابلۆ (هەگاثا)  لەلایەن هونەرمەند ڤۆکۆبانەوە کێشراوە..




کورد و ئەمەریکا.. گۆڕانکارییە سیاسییەکان.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رووخانى رژێمى بەعس لە 9ى نیسانى ساڵى 2003دا ناتوانرێ وەک ئاڵوگۆڕێکى رامیاریى گرنگ لە عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەماشا نەکرێت، چوونکە رووخانى بەعس و سیستمى دەسەڵاتى تۆتالیتاریى و ئەو پارتە (بەعس) تەنیا هەرەسهێنانى ئەو دەسەڵاتە نییە بە تەنیا بەڵکو ئەوە سەرەتاى زەنگێکى وریاکەرەوە بوو کە دەبێت ئەو شێوە دەسەڵات و سیستمى بەڕێوەبردنى دەوڵەتە لە تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆتایى پێ بێت، لەبەرئەوەى چیتر ناتوانرێت لە دونیاى هاوچەرخى ئەمڕۆدا قبوڵى ئەو شێوە کلاسیکى و کۆنەپەرستییەى دەسەڵات و حکومڕانى بکرێت. هەر بۆیە دژایەتیکردنى دەوڵەتە ئیستیبدادیى و دیکتاتۆرییە هەرێمییەکان و شاکانى کەنداو دیاردەیەکى عەفەوى نییە، بەڵکو لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتووە کە ئەمەریکا لە پڕۆژەکەیدا هەیەتى بۆ گۆڕینى ئەو جۆرە شێوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە رەهایە لە تەواوى دنیادا بە گشتیی و لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا بە تایبەتى.

ئەمەریکا ئەوڕۆ وەکو بەهێزترین جەمسەرى جیهانى کە لە رووى ئابووری و سەربازیى و ئامادەیى تەکنۆلۆژییەوە خاوەنى بەهێزترین دەسەڵات و هەژموونە راستەوخۆ سەرکردایەتى پرۆسێسى ئەو گۆڕانە رادیکاڵیانە دەکات لە رۆژهەڵاتى نێویندا. ئاشکراشە کە مەحاڵە هیچ هێزێک بتوانێت لەمپەر لەبەردەم هەژموونى ئەمەریکا دابنێت و رووخانى سەدام و رژێمەکەشى دوا وێستگەى شەمەندەفەرى گۆڕانکارییەکانى ئەمەریکا نابێت. تا ئێرە ئاشکرایە گۆڕان لە ناوچەکەدا حەتمییە و مانەوەى ئەم جۆرە دەسەڵاتانەش بە راددەیەک مەحاڵە وەکو تێپەڕینی حوشتر وایە بە کونى دەرزیدا. بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە کورد دەبێت لەم بارودۆخەدا چى بکات و خاوەنى چ گووتارێکى سیاسیى بێت؟ چۆن دەتوانێ زۆرترین کەڵک لەم هەلومەرج و وەزعیەتە سیاسییە پڕ لە ئاڵوگۆڕە وەربگرێت؟ دیارە وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانە بەو شێوەیەیە دەبێت کورد ئەم فرسەتە لەبار نەبات و بەوپەڕى ئاگایى سیاسییەوە مامەڵەى لە تەکدا بکات. ئەمەش بەوەى سەرکردایەتى سیاسیى کورد بەشێوەیەکى راشکاوتر و شەفافتر و وەک تەرەفێکى خاوەن کێشەیەکى گرنگ و مێژوویى داخوازیى و ویستى نەتەوەیى گەلى کورد بگەیەنێتە ناوەندەکانى بڕیار چ لەسەر ئاستى عێراق و چ لەسەر ئاستى جیهان.

قۆناغى ئێستا چیتر قۆناغى شەرمنى سیاسیی و دیپلۆماتیى نییە و ئاشکراشە سیاسەت لەسەر بنەماى سۆز و دڵدانەوە ناکرێت بەڵکو سیاسەت لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە، خۆرئاوا بەشێوەیەکى گشتیى لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت دەکات و کاتێکیش بیرمەندى ناسراوى ئیتاڵى (نیکۆلۆ مەکیاڤیلى) دێت و تێزەکانى خۆى لەسەر سیاسەت فۆرمەڵە دەکات ئیدى بە هەموو شێوەیەک سیاسەت خۆى لە هەر جۆرە ئیلتیزام و مۆراڵێک جیا دەکاتەوە، ئەوەی لە ئەوروپا و ئەمەریکا لە دێرینەوە تا ئەوڕۆ لە بواری سیاسییدا پەیڕەو دەکرێت بریتییە لە مەکیاڤیلییەت و دەکرێت بە سیاسەتێکی براگماتیکیی بەرژەوەندخوازانە لێکبدرێتەوە. ناپلیۆن پۆناپارت یەکێک بوو لەو کەسانەى زۆر مەکیاڤیلیانە سیاسەتى دەکرد و خەونى جیهانگیریی خۆى پەرەپێدەدا لە یەکێک لە وتەکانى خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات کاتێک رووى کردۆتە هەر وڵاتێک بە مەبەستى داگیرکردنى خۆى خستۆتە سەر ئاینى خەڵکی ئەو شوێنە و کاتێکیش رووى کردۆتە میسر وەک مسوڵمانێکى خواناس خۆى نیشانداوە، تاکوو لەو خاڵە لاوازەوە دەرگای چوونە ژوورەوە بکاتەوە. بە مانایەکی تر گەڕاوە بە دوای پاژنەی ئەخیلی هەر کۆمەڵگەیەک کە بە مەبەستی داگیرکاریی رووی تێکردووە، لەم سۆنگەوە سەرکەوتنەکانی ناپلیۆن قەرزاری ئەو مەکیاڤیلیستییە بوو پیادەی دەکرد.

ئەو ساتانەشى وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى عێراق ئەنجام دەدات و جەنگێکى جیهانى دژى جەمسەرى تیرۆرى نێودەوڵەتى بەرپا دەکات راستەوخۆ ئەمە بەو مانایە نییە ئەمەریکا لە روانگەى پابەندبوونى بە مۆراڵەوە ناچاربووە بۆ ئەو جەنگە و دەستپێکردنى ئەو پرۆسێسە نوێیە هەنووکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە گەرمەیدایە. ئەمەریکا وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی بۆ پارێزگاریی لە ئاسایشی جیهان ئەو جەنگەی هەڵنەگیرساندووە کە لە ئەدەبیاتی خۆیدا بە “جەنگی دژە تیرۆر” دەیناسێنێت، بە پێچەوانەوە خودى ئەمەریکا خاوەنى تۆمارێکى رەشە لە پاڵپشتیکردنى ماددیى و مەعنەویى و لۆجیستى دەوڵەتە تۆتالیتاریى و گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دەبینین لە قۆناغێکدا دەسەڵاتى سیاسیى ئەمەریکا (کۆشکى سپى- کۆنگرێس) راستەوخۆ سەرپەرشتى پرۆسەى پڕ چەککردنى رژێمى بەعس دەکەن بە نوێترین چەکى کۆمەڵکوژ و نێوترۆنى و کیمیایى!! چەندان بەڵگە و دیکۆمێنت لە بەردەستدان گەواهیى لەسەر ئەو راستییە دەدەن، بۆ نموونە نووسەرى ناسراو (دەیڤید مۆبێرگ) لە یەکێک لەوتارەکانى خۆیدا بەم جۆرە دەنووسێت: راپۆرتێکى نوێى پەیمانگاى لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لە رێى بەکارهێنانى دیکۆمێنتى چاپنەکراوى دەوڵەتەوە ئەوە دەردەخات چۆن دۆناڵد رامسفیڵد و یارمەتیدەرانى ترى رۆناڵد رێگان لە نزیکەوە لەنێوان ساڵانى 1983-1987 لەگەڵ سەدام حسێن کاریان کردووە (پاش ئاشکرابوونى بەکارهێنانى گازى ژەهراویى لە جەنگى نێوان عێراق- ئێران) لە دوا هەوڵى سەرنەکەوتوودا بۆ یارمەتیدانى کۆمپانیاى فرە رەگەزى بێکتێل بۆ بنیاتنانى بۆرییەکى نوێى نەوت لە وڵاتی عێراق.

تەنانەت رەوتە ئیسلامییە چەکدارەکان لە جیهانی ئیسلامییدا لە دەیەی شەستەکانەوە تا کۆتایی نەوەدەکان، بە پلان و دەستگیرۆیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا بەهێزکران. واشنتۆن رۆڵى کاریگەرى بینى لە پەرەپێدانى تواناى ماددیی و سەربازیى ئەو گروپانەدا و هەروەها راهێنانیان بە باشترین تاکتیکى سەربازیى و پارتیزانیى و بەکارهێنانى هەموو جۆرە چەکێکى تەکنۆلۆژیى و هاوچەرخ. (جۆن فۆستەر داڵاس)ى گەورە ژەنەراڵى ئەمەریکا لە ساڵى 1951دا ئەو پێشنیارە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات لە بەرامبەر ئیلحاد و ماتریالیزمى کۆمۆنیزمی روسیی پەرە و گرنگى بدرێ بە رەوتە ئاینییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت و دەوروبەریدا بەتایبەتى لە نێویاندا رەوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانى ترى رۆژهەڵاتى ناوین و نزیکى روسیا یارمەتی بدرێن و بەهێز بکرێن. لەم قۆناغەدا ئەمەریکا بۆ لەمپەردانان لەبەرامبەر گەشە و هەژموون و شەپۆلى سۆشیالیستى و دەسەڵاتى دەوڵەتى شورەوی و بلۆکى کۆمۆنیزم پەرە دەدات بە کۆنەپەرسترین رەوتى سیاسیى. لەم پێڤاژۆیەدا ئیدارەی ئەمەریکا و کۆشکی سپی درێغی ناکات لەیارمەتیدانی رێکخراوە کۆنەپەرست و وێرانخوازەکان لە هەردوو میحوەری دوژمنی باوەکوژدا “واتە یەکێتی سۆڤێت و ئەمەریکا لاتین”.

لەم زەمەنەشدا ئوسامە بن لادن و سافیمبى وەک دوو پیاوى بەڕێزى هاوپەیمانى ئەمەریکا و سیا (دەزگاى هەواڵگریى ئەمەریکا) دەردەکەون و ئەستێرەی بەختیان دەست بە درەوشانەوە دەکات!! هەر ئەمەریکا وەکو دوو تیرۆریستى دوو دنیاى جیاواز پڕ چەکیان دەکات، کاتێکیش ئوسامە بن لادن لە سعودیەوە بەڕێدەکەوێت بەرەو ئەفغانستان هیچى تر نییە جگە لە کاراکتەرى سیناریۆیەک و داشى دامەى پرۆتۆکۆلەکانى سیا و کۆنگریس بۆ رووبەڕووبوونەوەى دەسەڵاتى کۆمۆنیزم و یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو، تەنانەت جێگەى سەرسوڕمانە کاتێک دەبینین سەرکردەیەکى سیاسیی و سەربازیى عەرەبى- ئیسلامى وەک (عەبدوڵڵا عەزام) لە قودسى (موحتەلە) و لە رووبەڕووبوونەوە و (جیهادى) جولەکەوە مەیدانى جموجوڵى چالاکییەکانى خۆى دەگوازێتەوە بۆ ئەفغانستان تا ئەو ساتەى لەوێ دەکوژرێت!! کە لە هەمان کاتدا فەلەستینییەکان پێویستییان زۆر بە توانا و لێهاتوویى سەرکردەیەکى وەک عەزام هەبوو. دواتر گواستنەوەی کردەی “جیهاد” لە بەرامبەر ئیسرائیلەوە بۆ ئەفغانستان دیاردەیەکی شایانی قسە لەسەرکردنە، بەو پێیەی هەزاران عەرەبی موسڵمان کارئاسانییان بۆ کرا بۆ “جیهاد” روو لە ئەفغانستان بکەن بە مەبەستی جەنگان لە دژی سۆڤێت. ئەوەی پێی دەوترێ “عەرەب ئەفغانەکان” لە چوارچێوەی گەمەیەکی ناپیرۆزی کۆشکی سپی و سی ئای ئەی و دەوڵەتی ئینگلیزدا هەڵتۆقین.
پاشتر هەر بەستەڵەکى جەنگى سارد توایەوە و کامپى کاپیتالیستى خۆرئاوا بە رێبەریى ئەمەریکا و کۆشکى سپى و ناتۆ سەردەکەوێت بەسەر بلۆکى رۆژهەڵات و کرملین و وارشۆدا، ئەمەریکا رزگارى دەبێت لە ئەگەرى هەر هێرشێکى ئەتۆمى و لە روودانى جەنگى ئەتۆمى، ئیتر سەردەمى عەمالەتى ئەم رەوتانە بەسەر دەچێت و لە قۆناغێکى دواتریشدا هەر ئەم هێزانە دەیانەوێ ببنە لەمپەر لەبەردەم هەیمەنەى ئەمەریکیى و مەترسى گەورە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانى ئەمەریکا و کۆمپانیا فرە رەگەز و مۆنۆپۆلەکان دروست دەکەن و دەبنە مەترسیى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکیى، ئیدى ئەمەریکا بانگەشەى قەلاچۆکردن و لەناوبردنى ئەم تەیارە تیرۆریستییانە دەکات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات لە رێگەى ماسمیدیاوە واى نیشان بدات ئەوان ئەرکێکى ئەخلاقى گەورە لەسەر شانى خۆیان دەبینن لە بەرامبەر پارێزگاریکردنى ئاسایشى گشتیى جیهان و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى تیرۆر و تۆقاندن و کوشتنى هاووڵاتیانى سڤیل و بەکارهێنانى چەکى کۆمەڵکوژ و ئەتۆمى و ڤایرۆسى، ئەمەریکا لەو چرکەساتەى ئامادەکاریى دەکات بۆ پەلاماردانى عێراق ئەو پاساوە بەکار دەهێنێت سەدام حسێن و رژێمەکەى هۆى یەکەمى نەهامەتییەکانى کۆمەڵانى خەڵکى عێراقن، تائێرە ئەمە راستە سەدام هۆى تراژیدیاکانى سەرجەم گەلانى عێراق بوو، بەڵام هەر خودى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى بوون چاوپۆشیان لە کوشتنى دەستەجەمعی کورد و گۆڕى بە کۆمەڵ و ئەنفال و هەڵەبجە کرد!،ـ بەپێچەوانە بەردەوام هاوکارییان دەکرد لە شەڕی هەشت ساڵە لە دژی ئێران و بە کۆمەڵکوشتنی هاووڵاتیانی عێراقیدا. جیهان و ئەمەریکا بە ئەنفال و هەڵەبجە ئابڕوویان چوو، بەڵام ئەوان نەک گوێیان بەو سکەنداڵە نەدا، بەڵکو بەرژەوەندیی ئابووری هەموو ئابڕوویەکی لێسەندبوونەوە.
ئەمەریکا بۆ رزگارکردنى گەلانى عێراق نەهاتووەتە ناوچەکە و عێراق، هەروەک چۆنیش تاڵیبان و بەعسی بۆ بەرژەوەندیی گەلانی ئەو وڵاتانە نەڕووخاندووە، چوونکە ئەمەریکا ئامادە نییە سەدان سەربازى خۆى لە کابوڵ و قەندەهار و بەغدا و فەلوجە بکاتە قوربانى و ملیارەها دۆلار بەکاربهێنێ بۆ سەرخستنى پڕۆژەى دیموکراسیی لە عێراقدا، چوونکە هەر هەمان ئەو ئەمەریکایەیە ساڵانە هەزاران تۆن خۆراک و دانەوێڵە نوقمى ئۆقیانوسەکان دەکات لە ئەفریقاش ملیۆنەها مرۆڤ برسى و هەژارن. بودجەی ساڵێکی پینتاگۆن بەسە بۆ ررزگارکردنی کیشوەری رەش لە دەست برسێتی. بودجەی هاوکاریی و یارمەتیدانی گروپە وێرانخوازەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە بەسە بۆ دابینکردنی دەرمانی تەواو بۆ گشت نەخۆشییە کوشندەکانی جیهان، کە هەر ئێستا ئایدز جۆرێکی تاڵترە لە جینۆساید و ئاپارتایدی ئەفەریکا. ئەو بەهای ترلیۆن دۆلارییەی بۆ گەمە مخابەراتییەکان کە لە رێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە خەرج دەکرێت، بەسە بۆ ئەوەی دادی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە سەرجەم جیهاندا پێ باشتر بکرێت. لەبەرئەوە ئەو گووتارە عاتیفییەی وێنای ئەمەریکا وەک فریشتەی ئازادیی سکێج دەکات، ئەو گووتارەی دڵداریی لەگەڵ دروشمە درۆینەکانی ئەمەریکا دەکات، هەم گووتارێکی ساختەیە هەم درۆزنانە و فریودەرانەش. چوونکە ئەو فاکتە لە بیر دەباتەوە سترۆکتۆری سیاسەتی ئەمەریکیی لە ئێستا و لە رابردووشدا بریتیی بووە لە خوڵقاندنی ئاریشە و قەیران لە هەموو لایەکی دنیادا بەمەبەستی زاڵکردنی هەژموونگەرایی خۆی.
بۆیە بێگومان هاتنى ئەمڕٍۆى ئەمەریکا بۆ عێراق پلان و ئەجینداى تایبەتى بەرژەوەندییەکانی خۆی لە پشتەوەیە و خەلیلزاد و مارێنزیش تەنیا جێبەجێکارى ئەو پلانانەن ئەمەریکا نەخشەى بۆ کێشاوە. ئەى کەواتە ئەمەریکا چى پاڵنەرى بووە لەم جەنگە و ئەو جەنگانەى ترى کە کابینەکەى بوش و پلاندانەرانى ستراتیژیى ئەمەریکا پلانیان بۆ داناوە؟ وەڵامەکە زۆر روون و ئاشکرایە ئەویش فراوانکردن و بەرینکردنى سنوورى دەسەڵات و هەژموونى سیاسیی و کولتووریى و فەرهەنگیى ئەمەریکایە. کۆتایى هاتنى دنیاى دوو جەمسەریى هەلێکى زێڕینى دایە دەست ئەمەریکا وەک تاکە جەمسەر رەفتار بکات و نەخشەى سیاسیى جیهان دابڕێژێتەوە بەبێ گوێدان بە راى گشتیی و کۆدەنگى نێودەوڵەتى. هەروەک نووسەرى ناسراو (دەیڤید مۆبێرگ) ئاماژەى پێدەدات کاتێک دەڵێت: نەمانى یەکێتى سۆڤیەت ئازادییەکى جوڵانەوەى ترى بە ئەمەریکا بەخشى، هەردوو بەڕێوەبەرێتى بوشى یەکەم و بیل کلینتۆن لە رێگەى جیاوازەوە بەردەوامبوون لە هاوسەنگکردنى کۆدەنگى نێودەوڵەتى و کۆلایەنى (مەڵتى لاترالیزم) لەگەڵ تاکڕەوێتى ئەمەریکادا، بەڵام بەڕێوەبەرێتى ئێستاى بوش بە ئەندازەیەکى مەترسیدار رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان، کۆدەنگیى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى وەلا ناوە، لە کاتێکدا پێداگریى دەکات لەسەر مافى خۆى لە هەڵگیرساندنى جەنگى خۆپارێزیى و بەمەش بنەما سەرەکییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەکاتەوە، گۆڕانکاریى لە ستراتیژی نیشتمانیدا بەشێوەیەکى نادیپلۆماتیکى و هەڕەشەئامێزانەى نوێ هەر لە بەرپرسانى وەک رامسفیڵد تادەگاتە خودى جۆرج بوش جەختى لێکراوەتەوە.
ئەمەریکا لە رێگەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە کە تاکتیکێکى نوێى ستراتیژیەتێکى کۆنە راستەوخۆ گەشە و برەو دەدات بە خولیاى تاکڕەویى و جیهانگیریى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و سەپاندنی ویستەکانی خۆی لە رێی جەنگ و هێزەوە، بەڵام لە راستیشدا زۆر هۆ هەن وا دەکەن ئەمەریکا بتوانێت بە ئاسانى ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنێت کە دەتوانین بڵێین ئەوەیە ئەمەریکا خاوەنى ژێرخانێکى ئابوورى بەهێزە و دراوەکەشى خاوەنى بەها و ئیعتبارێکى بەرزە و ئاستى بەرهەمهێنان بە راددەیەکى سەرسوڕهێنەر گەشەى کردووە، تەنانەت لە وڵاتێکى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیی وەک ژاپۆندا کە یەکێکە لە حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەى جیهان بەرهەمەکانى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیاى ئەمەریکیى و ئۆتۆمبێلى کۆمپانیاکانى ئەمەریکا رێژەی داواکارییان زیاتر لەسەرە لە بەرهەمهێنراوە لۆکاڵییەکانى ژاپۆن خۆى!، ئەمە لە کاتێکدایە ژاپۆن خاوەنى گەورەترین کارگە و پیشەسازیى دروستکردنى نوێترین جۆرەکانى ئۆتۆمبێلە. رەنگە ئەمە زۆرتر لە فاکتۆری سەرسامیی بە ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتبێت، چوونکە ئەمەریکا لە رێی سینەمای هۆلیۆد و غەزووی فەرهەنگییەوە وەک نموونەیەکی باڵا خۆی نیشان دەدات، یان دەیەوێ ئەوە لە خەیاڵدانی زۆرینەدا دروست بکات هاووڵاتی ئەمەریکایی سوپەر هاووڵاتییە و نموونەیەکی باڵایە لە ئازادیی و ئازایەتی و خۆشگوزەرانی و داهێناندا.

دۆلاریش وەک دراوى ئەمەریکى تا راددەیەکى کاریگەر رۆڵى خۆى هەیە لەم پرۆسەیەدا، تەنانەت کە ئیرۆ نرخى لە بەرامبەر دۆلاردا بەرز دەبێتەوە دیسان ئەمەشیان لە بەرژەوەندیى ئابووری ئەمەریکایە، هەر بۆ نموونە (گیرهارد شرۆیدەر)ى راوێژکارى پێشووى ئەڵمانیا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانى خۆیدا مەترسى خۆى نیشان داوە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەى نرخى ئیرۆ لە بەرامبەر دۆلار، چوونکە ئەمە وا دەکات تەنانەت لە پایتەخت و جەرگەى وڵاتە ئەوروپییەکاندا زۆرترین داوا و کڕین لەسەر بەرهەمهێنراوەکانى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیاى ئەمەریکى بێت ئەمەش بەهۆى هەرزانیى نرخەکەیەوە، دواجار ئەمەش هۆکاری دروستبوونى بازاڕێکى گەرمە بۆ کاڵاکانى ئەمەریکا لەو ئەوروپایەى دەیەوێت وەکوو جەمسەرێک لەبەردەم ئەمەریکا خۆى قووت بکاتەوە. لە رووی فەرهەنگیشەوە کولتووری ئەمەریکیی و فۆرمی ئەمەریکیی لە ژیان و بیرکردنەوە و هونەر و تەنانەت خواردنیشدا هەژموون بکەن بەسەر هەموو تاکێکی جیهانییەوە. بۆ وێنە لەگەڵ کردنەوەی یەکەمین خواردنگەی ئەمەریکیی “ماکدۆناڵس” لە روسیا، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیامی هەرەسی تەواوەتی کۆمۆنیزمی رووسی گەیاندە چاو و هۆشی هەموو دنیا و “فۆکۆیاما”شی وا لێکرد لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ” جاڕی کۆتایی مێژوو بدات. بە کورتییەکەی فەرهەنگیی ئەمەریکایی فەرهەنگێکە زیاتر کاریگەریی لەسەر هەموو دنیا داناوە و هەژموونی کردووە بەسەر لاشعوری زۆربەی دانیشتووانی سەر زەویدا.
ئەم بابەتەش بۆ خۆی سەرنجی زۆرێک لە نووسەر و بیریاران و ناوەندەکانی توێژینەوەی راکێشاوە، ئەم زاڵبوونەی ئەمەریکا و فەرهەنگەکەی بەسەر جیهاندا مایەی پرسیاری جیددی بووە لەلای بەشێکی زۆر لە نوخبەی دنیاوە بە لایەنگرانی ئەمەریکا و ئەنتی ئەمەریکاییەکانیشەوە. لەم بارەیەوە نووسەرى ناودار (ئەمانوئیل وەلرشتاین) دەڵێ: وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا وەک وڵاتێک بە ئەندازەیەک لە وڵاتەکانى تر بە تواناتر و بەهێز بوو، تواناییە ئابوورییەکەى لە ساڵى 1945دا لە پێش وڵاتەکانى ترەوە بوو کە دەیتوانى کاڵاکانى لەهەر وڵاتێکدا هەرزانتر بفرۆشێت و توانایى سەربازیى ئەمەریکا نەدەکرا بە هیچ جۆرێک لەگەڵ هیچ وڵاتێکى تردا بەراوورد بکرێت، ئەنجامەکەشى ئەوە بوو توانى هاوپەیمانییەکى دوولایەنە و چەند لایەنى ترسناکى وەک پەیمانى باکوورى ئەتڵەسى (ناتۆ) و رێکەوتنامەى سەربازیى ئەمەریکا- ژاپۆن و هتد. بهێنێتە دى و بە گوێرەى ئەوانە ئەمەریکا وەک دەسەڵاتێکى زاڵ لە رووى فەرهەنگییەوە ناوەندێتییەکى جیهانى بەدەست هێنا، نیۆیۆرک بووە ناوەندى فەرهەنگى لە ئاستێکى بەرزدا و فەرهەنگى گشتیى ئەمەریکا بە هەنگاوى گەورە بە سەرانسەرى جیهاندا بڵاوبووەوە.

بێجگە لەمانە گڵۆباڵیزەیشن (العولمە- بە جیهانییکردن) فاکتۆرێکى ترە یارمەتییەکى گەورە پێشکەش دەکات لەسەر رێگاى هەژموونى ئەمەریکیی و بە جیهانییکردنەوەى کولتوور و فەرهەنگى ئەمەریکا، بەشێکى زۆریش لە بیرمەندان و نووسەران و چاودێرانى سیاسیى وەها شرۆڤەى بە جیهانییکردن دەکەن، پرۆسەی بە جیهانییکردن رووەکەى ترى بە ئەمەریکاییکردنە، بۆ نموونە (د.عەبدوڵڵا عوسمان ئەلتوم و د.عەبدلرەئوف محەمەد ئادەم) وەکو دوو نووسەرى عەرەب لە کتێبەکەى خۆیاندا بە ناوى (العولمە) پێناسەى بە جیهانییکردن بەوە دەکەن (ئیمپریالیەتێکى نوێیە) یان (چوارچێوەیەکە و دروستکراوى دەستى ئەمەریکایە)!. لە هەمان کاتدا نووسەرانى ترى عەرەب وەک ئیدوارد سەعید و د.محەمەد عابد ئەلجابرى و د.خەلدون حەسەن و مەتاع سەفەدى هەریەکەیان پێناسەیەکى هاوشێوەیان بۆ بە جیهانییکردن هەیە. هەرچەند دەکرێ و دەشێ ئەم بیروڕایانە وەها لێکبدرێتەوە دەرهاویشتەى بیرى پان ناسیۆنالیزمى عەرەبین کە دوژمنایەتییەکى باوەکوژى لەگەڵ ئەمەریکا و کولتوورى خۆرئاوادا هەیە، بەڵام بە دیوەکەى تریدا هەڵگرى ئەو راستییەیە ئەمەریکا بەجیهانییکردن دەکاتە میکانێزمێکى کاریگەرى هەژموون و دەسەڵاتى پانخوازیى خۆى بەسەر جیهاندا.
تێزی جیهانگیریی تێزێکە لەدوا ئاکامدا سەردارێتێ ئەمەریکا بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت، بەو پێیەی نموونەی ئەمەریکیی لە سیاسەتەوە بیگرە تاکوو پەروەردە و هونەر، نموونەیەکی بێ هاوتان و دوا پەرەسەندنی ژیاری مرۆڤایەتین، لەم سۆنگەوە دەبێت ئەم نموونەیە بگاتە هەموو لایەکی گێتی و لە هەموو جوگرافییە جیاوازەکانی جیهان پیادە بکرێت. وەک لە ئەرزی واقیعشدا دەبینین بە کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، بەشی دووەمی شانۆگەرییەکە بە گلوبالیزەی کولتوور و دەسەڵاتی ئەمەریکیی دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ ئەمەریکا بە زاڵکردنى هەیمەنەى خۆى بەسەر جیهاندا، دەیەوێت دنیا بەو شێوەیە لە قاڵب بدات خۆى ویستى لێیەتى، بێگوومانیش لەم هاوکێشەیەدا ئەمەریکا سەنتەرە و هەموو ئەوانى تریش پەڕاوێزن، بۆیە: “سەرلەنوێ جیهان بەسەر دوو بەرەى ناوەند و کەنار، یان ناوەند و پەڕاوێز، باکوور و باشوور، دابەش بووە، باکوور سیمبولی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى و سەرچاوەى شارستانییەت و مافى مرۆڤ و دیموکراتییە لەم نێوەشدا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا (ئیمپراتۆریاى ئازادى) خاوەنى بیروباوەڕ و بونیادێکى کۆمەڵایەتى دەگمەنە و تاکییەتى هاونیشتمانییەکانى بەشێوەیەکى داهێنەرانە بەکارهێناوە لە جیاتى ئەوەى سەرکوتیان بکات بەهرە و هێزى لێ وەرگرتوون، لە بەرامبەردا باشوور کە مەڵبەندى دواکەوتوویى و هەژاریى و نەخۆشیى و توندوتیژیى و تیرۆر و نائارامى و پشێوییە، هەر بۆیە باشوور شایستەى ئەوە نییە سەرکردایەتى جیهان بکات و دەبێ ببێتە پاشکۆى جیهانى باکوور، کە خاوەنى شارستانییەت و بەها و نموونەى باڵا و ئەوتۆیە لەگەڵ سروشتى هەموو کۆمەڵگاکان دەگونجێت وەک رۆشنبیرانى ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و پێیانوایە ئەو بەهایانەى کە بە بەهاى ئەمەریکى ناسراون تەنیا موڵک و سامانى ئەمەریکى نین بەتەنێ بەڵکو میراتى هاوبەشى هەموو مرۆڤایەتین”!.

ئەمەریکا هەمیشە دەیەوێت سەروەریى جیهان بەدەست بهێنێت و ساز و ئامادەیە بۆ دۆزینەوەى هەموو میکانیزمە یارمەتیدەرەکانى هێنانەدى ئاواتی سەرکردایەتیکردنى جیهان کە چەند دەیەیەکە خەونى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە، هاوکاتیش داڕێژەرانى سیاسەتى ستراتیژیى ئەمەریکا بەردەوام بە دواى نەخشە و پلانى نوێ دەگەڕێن، تەنانەت ئەوەى ئەمڕۆ ناوى بە جیهانییکردنە لە دەیەکانى رابردوودا ناوى (گەشەکردن) بوو، گەشەکردنیش دەیەى حەفتاکانى سەدەى رابردوو بوو کە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان (un) ئەو دەیەى بەو ناوە ناوزەد کرد، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتاى دەیەى هەشتاکانى هەمان سەدەوە تووشى شکستێکى گەورە بووە و بەو پێیەش هەموویان رەزامەندییان نیشاندا بۆ وازلێهێنانى، ئەوەى جێگەى گرتەوە چەمکێک بوو ناوى گلوبالیزم (بە جیهانییکردن)ى لێنرا کە لە راستیدا بە واتاى کرانەوەى سەرجەم زەوییەکان و لابردنى هەر جۆرە رێگرییەکە لە بەردەم (1- بزووتنەوەى کاڵاکان .2-بزووتنەوەى سەرمایە. 3-بزووتنەوەى ئازادانەى هێزى کار). واتە گلوبالیزەیشن لەسەر ئەم سێ رەهەندە کار دەکات و ئەو سێکوچکەیە پایە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە نیو کۆلۆنیالیستییەن، وەک دەردەکەوێت ئەمەریکا پێشانگایەتی و رابەرایەتی دەکات لەسەر هەموو ئاستەکان.

دیسان دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت داڕوخاندنى دیوارى بەرلین و لێک هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت قۆناغێکى نوێترى هێنایە ئاراوە، ئەمەش وایکرد دەروازەیەکى تر و نوێ بە رووى سیاسەت و هەژموونی ئەمەریکاییدا بکرێتەوە و ئەوەشى کە دنیاى دوو جەمسەریى رەنگڕێژى کردبوو جارێکى تر چاوى پێدا بخشێنرێتەوە و هەموو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانیش بەپێى رەچاوکردنى بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانى ئەمەریکا دابڕێژرێتەوە. ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەمەریکا بخاتە بەردەم دنیایەکى جیاوازتر لەدنیاى پێشووتر و رایبکێشێتە قۆناغێکەوە هەموو ئەگەرەکانى داهاتوو لە بەرژەوەندیى ئەو بشکێنەوە، ئەمەریکاش ئەم قۆناغە ناو دەنێت قۆناغى سیستمى نوێى جیهانى کە دەتوانین بڵێین راستەوخۆ ئەم سیستمە یەکسانە بە باڵادەستى و دەسەڵاتى پانخوازیى وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەم سیستمە جۆرج بوشى باوک لە 11ى ئەیلولى 1991 بەم شێوەیە لە بارەیەوە دوا “ئەم سیستمە سەردەمێکى نوێیە کە تیایدا جیهان لە هەڕەشەى تیرۆر ئازاد دەبێت و بە تواناتر و بەهێزتر لە جاران بەدواى دادپەروەریدا دەگەڕێ و لە بڵاوکردنەوەى ئاشتیدا زیاتر باوەڕى بە خۆیەتى، سەردەمێکە کە نەتەوەکانى دنیا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لە باکوور و باشوور، لە خۆشگوزەرانى و پێکەوە گونجاندا ژیان دەبەنە سەر”. کەچی بەپێچەوانەی بانگەشەکەی بوشەوە، سیستمی نوێی جیهان، هەموو دنیای لە ئاشووبێکی نوێ هەڵکێشاوە، ئەو ئازادیی و خۆشگوزەرانییە کەمەشی پێشتر هەبوو، وردە وردە هەمووی لەناو دەبات.

بێجگە لە هەموو ئەمانەش رێکخراوە تیرۆریستییەکان باشترین کارتیان دایە دەستى ئەمەریکا، ئوسامە بن لادن و ئەلقاعیدە بیانەوێ یان نەیانەوێ بە ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستییەکەى یانزەى ئەیلولى 2001 باشترین هەلیان بۆ ئەمەریکا رەخسان تاوەکو بتوانێت بۆ هەموو جێگەیەک لە هەر چوار لاى جیهاندا لەشکرکێشى بکات بەناوى جەنگى دژە تیرۆریزم و پاکتاوکردنى گروپ و شانە و رێکخستنە تیرۆریستییەکان، هەر بۆیە ئەمەریکا لە یەکەمین کاردانەوە و پەرچەکردارى رووداوەکەى یانزەى سێپتامبەردا هێرشى سەربازیى کردە سەر ئەفغانستان و کۆتایى بە دەسەڵاتى سیاسیی و دەوڵەتى تیۆکراتى تاڵیبان هێنا لەو وڵاتە، سەربارى ئەوەى رووخاندنى تاڵیبان و پەرتەواوزەکردنى ئەلقاعیدە جێگەى دڵخۆشى و پێشوازیى زۆربەى خەڵکى ئەفغانستان و دنیا بوو، بەڵام دیسان ئەم پرۆسەیە لەناو هەمان چوارچێوەى هەژموونى باڵادەستى ئەمەریکادا بوو. بۆیە راددەی گەشبینیی زۆر لەو ئاستە بەرینەدا نەبوو، ئەگەرچی دوو ساڵێکە تاڵیبان کۆتایی هات وەک دەسەڵات و فەرمانڕەواییکردن، بەڵام کۆمەڵگەی ئەفغانی لە هەموو روویەکەوە رزگاریان نەبووە، بەڵکو مەترسیی تیرۆر ئێستا لەناو ئەفغانستان خۆیدایە، ئەگەر پێشتر حکوومەتی تاڵیبان تیرۆری هەناردە کردبێت بۆ دەرەوەی وڵات، هەنووکە ئەو تیرۆرە هەناردەی ناو شارەکانی وەک جەلالئاباد و قەندەهار و کابوڵی پایتەخت دەکات.

دواتریش عێراق بووە سەرەکیترین ئامانجى ئەمەریکا! بێگومان رووخانى سەدام و کۆتایى عێراق سەرەتایەکى تر بوو بۆ جەنگێکى درێژخایەنترى ئەمەریکا بۆ لەناوبردنى دوژمنە سەرەکییەکانى ترى لەناوچەکەدا لە رێگەى بە کارهێنانى گرنگى جیۆپۆلەتیکى عێراق و سوود وەرگرتن لە پەترۆڵ و سامانى سروشتیى عێراق. هەر لەم بارەیەوە (دەیڤید مۆبێرگ) دەنووسێ: عێراق ئامانجێکى نزیک و دەسپێک بوو، بەڵام زۆر کەسى ئەم دەستەیە ئاشکرایان کردووە ئەوان لیستێکى دوور و درێژى تریان لە بەردەستدایە هەر لە ئێرانەوە تا کۆریاى باکوور (چینییەکان بە تایبەت هەست دەکەن لە ژێر هەڕەشەدان) وێڕاى بیانوى تیرۆریستان، عێراق بەهۆى نەوتەکەیەوە پڕ بایەخە.

لێرەوە بەو قەناعەتە دەگەین ئەوى ئێستا هەیە ئیمپریالیزمێکى ئارایشتکراوە و هیچى تر. ئەو کۆلۆنیالیزمەى لە سەرەتاى سەدەى رابردوو بە ئاشکرا و بە دڕندانەترین شێوە هەڵمەتى دەبرد بۆ داگیرکردنى ڤێتنام و نیکاراگوا و ئەمەریکاى لاتین، ئەمجارەیان لە بەرگێکى تردا و بە بیانووى مرۆڤدۆستى و رزگارکردنى جیهان لە تیرۆر و پاراستنى ئاسایشى جیهان درێژە بە سیاسەتى داگیرکاریی و کۆلۆنیالیستى خۆى دەدات، هەروەک کاک (فاروق رەفیق) لە پاکس ئەمەریکانا بۆى چووە و دەڵێ “ئەوەى ئەمڕۆ هەیە ریالیزمە بە رووتى، ئەوەى ئەمەریکا وەک هێزێکى جیهانى دەیەوێت ئەمڕۆ هەیمەنەى خۆى بەسەر جیهاندا بسەپێنێ هیچى تر نییە جگە لە ئیمپریالیزمێکى رووت”. لە باری کرداریشەوە شتێکی زیاترمان لە ئیمپریالیزم لە سیاسەتی ئەمەریکا بەدی نەکردووە. خولاسەی کەلام ئەوەیە ئەمەریکا هەرچەند ماکیاژ بۆ هەنگاوەکان و سیاسەتی خۆی بکات، ناتوانێت ئەو رووخسارە ئیمپریالیستییەی خۆی بشارێتەوە، هەرچەند لافی پارێزەری ئاسایشی جیهان لێ بدات هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت هەر خۆی سەر چاوەی سەرەکیی هەموو نائارامییەکانی دنیایە، هەر خۆی جیهانی تووشی تیرۆر و رێکخراو و دەوڵەتە تۆقێنەرەکان کردووە بەتایبەت ئەو رێکخراو و دەوڵەتگەلە سەرکوتگەرەی لە رۆژهەڵاتی نێویندا بوونیان هەبووە و هەیە.

لەبەر رۆشنایى هەموو ئەو راستییانەى سەرەوەدا دەگەینە ئەو بڕوایەى هاتنى ئەمەریکا بۆ عێراق بەشێکە لە پرۆسەى فراوانکردنى سنوورى هەیمەنەى خۆی. بەڵام ئەرکى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کوردستان ئەوەیە بتوانێت بەشێوەیەکى سیاسیی و ژیرانە و دوور لە عاتیفەگەرایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزەدا بکات و لە روانگەى بەرژەوەندیى نەتەوەیى و مێژوویى خۆیەوە پەیوەندیی و هاوپەیمانییەکى سیاسیى لەگەڵی دابمەزرێنێت. مادام ئەمەریکا ئەو هێزە گەورە باڵادەستەیە بەرەنگاربوونەوە و مامەڵەکردنێکى ناعەقڵانى لەگەڵیدا کارێکى دۆنکیشۆتانەیە و مەلەکردنە بە پێچەوانەى شەپۆلەکانەوە کە بەبێ شک سەرئێشەیەکى زۆرى لێ دەکەوێـتەوە، کەواتە بمانەوێ یان نا وەزعیەتێکى دیفاکتۆ تەواجودى ئەمەریکاى لە عێراق و ناوچەکەدا سەپاندووە، لەم نێوەندەشدا دیسان دەبێت کورد لەم گەمەى بەرژەوەندییانەدا بەرژەوەندیى نیشتمانیی خۆى لە بەرزترین ئاستدا بچەسپێنێت.
ناکرێ بەو شێوە سۆزدارییە سەیرى ئەمەریکییەکان بکەین هەروەک چۆن ناکرێت وەکو تیرۆریستەکانى فەلوجە بیانسوتێنین، بەڵکو دەبێت لە حاڵەتى پەیوەندییەکى مامناوەندیى و دانوستاندا بین لە گەڵیاندا، بە راشکاویى کێشەکانى کوردیان بۆ تەرح بکەین و هەوڵبدەین لێک تێگەیشتن لەگەڵیاندا دروست بکەین، چوونکە ئەمەریکا بۆى گرنگ نییە کە کێ و چ ئایدۆلۆژی و نەتەوەیەک لە عێراقى داهاتوودا دەدۆڕێ و کێ دەیباتەوە!! بەڵکو ئەوەى بۆ ئەو گرنگە دەسەڵاتێک بخاتە سەر کار بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت و دەروازەى عێراقى لێبکاتەوە تا لەو چوارچێوە جوگرافییەوە ئامادەکاریى بکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانى ترى فراوانکردنى هەژمونى خۆى. کورد دەبێت بەهێزیی خۆی نیشان بدات، نەک لەسەر هەمان گووتاری خۆ بە قوربانی نیشاندان بەردەوام بێت، ئەمەریکا دۆستی هەژاران نییە بەڵکو دۆستی هەر لایەنێکە هێزی هەبێت لە پاراستنی بەرژوەندییەکانیدا.

هەر بۆ نموونە خومەینى زۆر بە باشى لە نیاز و سیاسەتەکانى ئەمەریکا لە ناوچەکە تێگەیشتبوو بۆیە لە یەکێک لە وتارەکانى خۆیدا لەبەردەم هەزاران لە خوێندکارانى زانکۆکان ئاماژە بۆ بەوە دەدات ئەمەریکا پەیوەندیى نییە بە ئیسلامەوە بۆیە چەند دەتوانن نوێژ و دوعاکانتان بکەن! بەڵکو ئەوەى ئەمەریکا دەیەوێت کردنى ئێرانە بە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانى خۆى. جارێکى تر دەبێـت ئەوە دووبارە بکەینەوە دەبێ سەرکردایەتى سیاسیى کورد وەک تەرەفێکى خاوەن کێشە و دۆزێکی رەوا لەگەڵ ئەمەریکییەکان مامەڵە بکات، هەروەک چۆن پێویستە هەڵەی پێشووتر دووبارە نەکاتەوە و رێگە نەدرێت بە دووبارەبوونەوەی گەمە کیسنگەرییەکەی ساڵی 1975 لەگەڵ شۆڕشی کورددا، دەبێت ئەو هاوپەیمانییە لەسەر لاپەڕە بنووسرێتەوە و کوردیش وەک کاراکتەرێکی بەهێز و ئەکتیڤ لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا رۆڵ بگێڕێت تاکوو ئەمەریکاییەکان لە هەموو چرکەساتەکاندا پێویستیان بە وزەی سیاسیی و عەسکەریی کورد هەبێت، هەروەک پێویستیشە کورد لوتکەى داخوازییەکانى خۆى داوا بکات نەک لانیکەمى کە فیدراڵیەتە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم

  • ئەم وتارە شیکارییە پێش پانزە ساڵ و لە کۆتایى 2003دا نووسراوە، بەداخەوە ناوى سەرچاوەکان فەوتاوە، بەڵام ئەوەى لە بیرم ماوە سوودم لە پەڕاوى (کورد و سیستمى نوێى جیهانى) کاک عومەر نورەدینى وەرگرتووە. پوختەی ئەم وتارە لە ژمارە (43)ی رۆژنامەی (ئەمڕۆ) لە رۆژی 2-6-2004 و سەرجەمی لە ژمارە (126)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لەرۆژی 26-12-2006 بڵاوبووەتەوە.
    تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی حەوتەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 232-249 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە



وونبونێکی جوان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١ )
لە وونبونێکی..
جوانی خۆتا بە
کاتێک دێ
تەمەن
وەک پیشاندانی شکۆ
کڵاوەکەی لە تەم
بۆت بەرزدەکاتەوە
کاتێک دێ
چیتر
خەمت نیە
لەوەی هەڵۆی
مۆری مەرگ
ڕۆحی تۆش
بۆ نێو هەورە
قورمزیەکانی
بیرچوون
هەڵگرێ
کاتێک دێ
بە و نهێنیە کۆمیدیانە
پێبکەنی
لە کتێبەکانانی بوونا
هەبوون
کاتێک دێ
گاڵتەت بە برینی
سەر دڵی خۆت بێ
کاتێک دێ
گرنگ نەبێ لات
گەر دوا شەمەندەفەری
شەوێ
لە تۆفانی تەنیایی
هەڵتگرێ
کاتێ دێ
گوێ بە ژاوەژاوی
مرۆڤە ڕۆح
بۆشەکان نادەی
دەریا بۆ خۆتەو
سپێدەیەک لە زیو
دوا شیعری
ڕەها
بۆ
مێرگی خەوتوو
لە ئامێزی
خۆرێ
جەستە مرواری ڕژاو
ئەچڕی
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێی فەڕەنسی
Claude Monet
Waterloo Bridge, Sunlight in the Fog




پەروەردەی منـداڵان بە جوانیخـوازی.. رەزا شـوان

دەشێ پێناسەکردنی جوانی زۆر ئاسان نەبێ، چونکە ئەم زاراوەیە پێویستی بە پێناسەی جـیاواز هەیە. بۆ روونکردنەوە بە شێوەیەکی ساکار، جـوانی بریتییە لە خۆشەویستی و لە کۆششکردن بە دوای جوانیدا. هەروەکو لە هونەر و جووڵە و موزیک وژیاندا هەیە.
جـوانی هەستکـردن و پێزانینی تاقـیکردنەوە هەستییە خۆشـەکانە. دەشوتـرێت جـوانی توانـای تێگەیـشتنی کـارە هـونەرییـەکـانە لە شـێوەی رەخـنەدا، بەپـێی پێـوەرەکـانی کە رۆشنبیری دیاریی دەکات. جـوانی چەمکـێکە کە لە کولتوورە جـیاوازەکانی جیهاندا، لە زانیارییە رەوشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکـن و دەروونناسی کۆمەڵایـەتیـدا، لیکـۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. چەندین زانـا و پەروەردەکاری شارەزا سەرقـاڵی لێکۆڵینەوەی جوانین.
هەمـوو مرۆڤـێک ناتوانێت ببێت بە هونەرمەندێکی ئاوازدانەری موزیکی و گـۆرانی یا ببێت بە شاعـیر و نووسەرێکی بلیمەت، یا شێوەکارێکی بیرفـراوان، یا وەرزشکارێکی هەڵکەوتـوو. بەڵام دەتـوانن لە جـوانی تێبگەن و چـێژ و خـۆشی لـێوەربگـرن. تـوانـای
هەستکردن بە جوانی، رۆحی مرۆڤ دەوڵەمەنتر و دڵی پاکتر و دەروونی باشتر دەکات.
کێ هەیە لە ئێمە کە رۆژی چەنـد ـارێک نەـێتە بەردەم ئاوێنـە و سەیـری خـۆی نەکات و سەری بە شانە نەکات و سەیـری جلوبەرگە جوانەکانی نەکات. یا بەبێ ئوتـووکـردنی جلەکانی بچێتە دەرەوە. ئەمەیان جـوانی دەرەوەمـانە و بە چـاو دەیبینین. بەڵام پێویستە بایەخ بە جوانی ناخی ناوەوەمان بدەین، کە هـەستـێکی دەروونیـیە و بە چـاو نابینرێت. پێویستە بە رەواڵەـت و رووکەشـش نەخەڵەتێـین. زۆر کـەس هـەن، لە دەرەوە جـوانن، بەڵام لە نـاوەوە ناشـیرینن. هـەر شتـێک ببریسکـێتەوە ئـەوە ناگەیـەنێـت کە زێـڕ بێـت. یا تەنیا بـڕیار لەسەر بەرگی پەرتـووک بدەین، بەبێ ئەوەی کە نـاوەڕۆکی پەرتووکەکە بیخـوێنینەوە کە چـی بابـەتـێک جـوانی لەخـۆی گـرتـووە.

(کۆنفـۆشیۆس) دەڵێت:”هەمـوو شتـێک بـڕێک جـوانی هـەیە، بـەڵام هەمـوو کەسـێک ناتـوانێت بیبیـنێت”
(سیگمۆند فـرۆید) دەڵێت:”جـوانی بە گەلێک شێوە لەدایک دەبێت.. تەنیا سووچەکەت بگـۆڕە، لە هەمـوو شـوێنێکـدا دەیبیـنیت”
(شکـسپـیر) یش دەڵێت:”جـوانی و ناشـیرینی نیـیە، بەڵکـو بیرکـردنەوەی مـرۆڤـە، کە جـوانی و ناشـیرینی لێکـدەداتـەوە”
(مستەفا سوباعی) دەڵێت:”جـوانی کـراسـێک نییە کە بمانـڕازێنێـتەوە، جـوانی، جـوانی زانسـت و ئـەدەبـە”
هەر یەکە لە ئێمەش بۆچـوون و هەڵسەنگاندنی جیاوازمان. لە بارەی جـوانییەوە هەیە.
ئەوەی بە لای منەوە جوانە، دەشێ بە لای تۆ یا ئێوەوە جوان نەبێت، یا بە پێچەوانەوە، چونکە لە هەسـت و روانین و خـۆشی و چـێژوەرگـرتن لە جـوانی وەکـو یـەک نین. گەر وانەبوایە هەمەڕەنگەیی و و هەمەچەشنەیی نەدەهاتنە ئاراوە. گەر من حەزم لە رەنگی وەنەوشەیی بێت، دەشێ تۆ حەزت لە رەنگی قـاوەیی بێت، ئەو حەزی لە رەنگی سـەوز بێـت،… هـتد. گەر بە چـاوی گەشبینییەوە لە بـوون بـڕوانین، دەبینین جـوانی لە هەموو گەردیـلەیەکـدا هـەیە. تەنانـەت لە ناشـیرینیـشدا، جـوانی دەبینین.
ژیان بەبێ جوانی و هونەر، وەکو زەوییەکی قـاقـڕ وایە. دەبینین کەسانی دارا پارەیەکی زۆر لە دیکـۆری دەرەوەی ماڵـەکانیان و باخچەکـانیان خەرجـدەکـەن. بۆ ئـەوی چـێژی جـوانی و خـۆشی بە خۆیـان و بە بینەرانیان ببەخـشن. گوزایـشتیشە لە جوانیخوازیان.
پەروەردەی منداڵ بە جوانیخوازی، لە ماڵەوە و لە خێزانەوە دەست پێدەکات، گەر دایک و باوکێک جوانیخـوازبن. هەست و چـێژی جـوانییـان هـەبێت، لە دیکـۆر و رازانـەوە و سـتایـل و رێکخستنی ناومـاڵ و شتومەکەکانیانةدا دەردەکەوێت، شوێـنی پاک و جـوان و گونجاوی شتەکان پێکەوە، گوزارشتە بۆ کەسانی جوانیخواز. ئەم جـوانسازییە هـەر لە منـداڵییەوە کاریگەرییـان لەسەر منـداڵانی بچـووک هـەیە. دایـکان و بـاوکانی هـۆشـیار، هەر لە کۆرپەییەوە منـداڵەکانییان هـۆگری جـوانی دەکەن و بە خۆشی و چـێژی جـوانی پەروەردەیـان دەکـەن و رایـان دەهـێنـن. دەبیـنین دایکانی جـوانـیخواز بـە کەمەرەکـانی لانکەکـانی کورپەکانیانـدا، موورووی جـوان و رەنگـاوڕەنگ هەڵـدەواسن، یا بازنـگ و ملوانکەی رەنگاوڕەگیان لە دەست و ملیان دەکـەن. یا ژووری منـداڵەکانیان بە جۆرەها شتی رەنگ گەش و جـوان دەڕازێننەوە. ئەمانە کارێکی ئەرێنین بۆ روواندنی هەست و چـێژی جـوانی لە دەروونی منداڵە کـۆرپـەکـانیان.
کۆمپانییەکانی دروستکردنی بابەتەکانی یاریی منـداڵان، بۆ سەرنجڕاکێشانی منداڵان بە لای بابەتە دروستکراوەکـانیان، بە رەنگی گـەش و جـوان بابەتەکـان دروست دەکـەن.
لە دوای ماڵـیش، باخچـەی منـداڵان رۆڵێکی گـرنگی هـەیە، لە گەشەکـردنی هـەست و چـێژی منـداڵان بۆ جـوانی. لە میانـەی پـرۆگـرام و بەرنامەی داڕێـژراوی فـێرکـردنـدا.
بەداخـەوە، لە بەشـێکی زۆری باخچـەکانی ساوایـان و لە قـوتابخـانە سەرەتـاییەکـانی کوردستانـدا، هـێـندەی خـەریکی پەسـتانـدنی زانـست و زانیـارین لە مێـشکی منـداڵانی کوردمانەوە، لایەنی گرنگی و پێویستی جـوانیان پشتگوێخستوون. بەڵام زۆر پێویستە کە سروشت و جوانی تێکەڵی فـێرکردن و زانست بکـرێن و بە وانەکانەوە گرێ بدرێن. تێکـەڵی خـۆشی و گـۆرانی و مـوزیـک و یـاری و جـووڵـە و زەردەخـەنـە و پێـکەنـین بکـرێن. زۆر جـاریش فـێربوون و داهـێنانی منـداڵان، لـە رێی ئەنـدامە هەستییەکـانەوە دێنەدی و گەشەدەکـەن، نـەک تەنیـا لە رێی بیـرکـردنەوەوە.
توێژەران و پەروەردەکاران، زۆر باسیان لە سوود و گرنگییەکانی پەروەردی جوانی بۆ فـێرکردن و پەروەردەکردن بۆ ژیـانی ئەمـڕۆ و داهاتووی منـداڵان کردوون. بە تایبەتی لە تەمەنی بەرایی منـداڵـیدا. کاتێکیش منـداڵان هەست بە جـوانی دەکەن و لایـان گەشە دەکـات. کە بە ژینگەیـەکی جـوانی دەوردرابـن.
کەواتا شێوازی فێرکردن و راهێنان لە ساڵە بەراییەکانی تەمەنی منداڵاندا، زۆر گرنگە. بە شـێوەیەکی راستەوخـۆ کارتێکـردنی لە گەشـەکـردن و پێـشکەوتـن و فـێربـوونیـاندا هەیە. بەڵکو فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی داهـاتووی منداڵان.
هەر منداڵێکیش رێگای جیاوازی بۆ فـێربوون هەیە. پێویستە لە بوارەکانی فـێربوونی جیاواز و بواری جـوانیدا، هەلی دۆزینەوە و داهـێنان و تاقیکردنەوەیان بۆ بڕەخسێنین.
دەکرێت لە شێوەی هـونەری شـێوەکـاری و موزیـک و سەما و هەڵـپەڕکێ و گـۆرانی و درامـاوە، هەستی جـوانی لە منـداڵانـدا بورووژێـنرێـت. لەوێـشـەوە هەسـتی جـوانی لای منـداڵان سەرهەڵـدەدات، کە شوێنە ناڕێکەکان، ماڵ و شەقام و سەیرانگاکان و ژینگەی سروشتی و قوتابخـانەکان و پۆلەکـان پیسکـرابن، خـراپە و ناشـیرینی دەدەنـە پـاڵ ئـەو کەسانەی کە پسیان کـردوون بە پیـس و چەپەڵـیان دەزانـن. جـوانیش لە جـوانی مـاڵ و باخچەی منـداڵان و قـوتابخـانەکـان و پـۆلەکـان و سەیـرانگـاکان و ژینگەی سروشـتیدا بەدی دەکەن. شانازی و پێزانینیش ئەمەش بۆ کەسانی دڵسۆز و پاکـیخواز و جوانیخواز و خۆشەویست و نیشتمان پـەروەر و ژینگەپـارێـز دەگەڕێنـنەوە.
هەموو خەڵکی هونەرمەندن، منداڵان بە سروشتی و رەمەکی جوانیخـوازن و حەزیـان لە هـونەر هەیە. بەڵام مەترسی لەوەدایە کە پەروەردەکاران لە پەروەردەکردنی منداڵان و قوتابییەکانیاندا، شێوازێکی لـۆژیکی وشک و بێتام بگـرنەبەر، ئەوە پشتگوی نەخەن کە خۆشی و جوانی کە بە رەمەکی لە گەڵ منداڵانـدا هاتووە. زۆر لە مامۆستایان هـەن، لە رووی زانست و زانیاری و شارەزایی بابەتەکانی وانەکانیان باگکـراونـدێکی باشیان هەیە. بەڵام لە رووی هـونەری و شێوازی وتنەوەی وانەکانیانـدا نابەڵـەدن. وانەکانیان وشـک و بێ چـێژن و قـوتابییەکـانیان، لە وانەکـانیان بێـزارن و چـێژیان لێـوەرناگـرن.
جـوانیـش مـەرجی زۆرە، گـرنگـترینیان زەردەخـەنەیە.
ئامانجی پەروەردەکردنی منداڵان بە جوانیخوازی، گەشەکردنی هەست و سۆزدارییەکی تەوای جوانییە لە دەروونیاندا. لە میانەی زانینی بایەخی جوانی و رێزگرتن لە جوانی.
هانـی منـداڵان دەدات بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان، گـەربێـت ئـەم ئامادەییەیـان تێـدابێـت.
پەروەردەی جوانی، ململانێ لەگەڵ جۆرەکانی تری پەروەردەکردندا دەکـات، لە رووی هۆشی و رەوشتی و جەستەییەوە. کە کاردانەوەیەکی ئەرێنییان لە ژیانی منداڵان هەیە. پـەروەردەی نوێـش، بە چـاوێکی گـرنگی و رێـزەوە لە پـەروەردەی جـوانی دەڕوانێـت.
بە لای (تـۆڵستۆی) یەوە:”هـونەر هـۆیەکە بۆ گواستنەوەی هەستەکـان بۆ کەسانی تـر. هۆیەکە بۆ کۆکردنەوەی یەکهەستی، کە لە ژیاندا وەکو تاک و کۆمەڵ یارمەتییان دەدات بۆ پێشکەوتنێکی باڵاتر و لەبارتر. کارێکی جوان و ئەرێنییە کە دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکـانیان بچـن بۆ بینـینی نمایـشێک یا شانـۆیـەکی تایبـەت بـۆ منـداڵان. یا سەردانی پێشانگا هونەرییەکان بکـەن. یا گوێگـرتن لە چەنـد پارچە موزیکـێک و گـفتوگـۆکـردن دەربـارەی مـوزیـک. لەمـانەش جـوانـتر ئامـادەکـردنی منـداڵانە بـۆ وەرگـرتـنی جـوانی. بۆ شیرینکردنی خۆشەویستیان بۆ قـوتابخانە کە بۆیان بووە بە تەواکەر و ئەڵتەرناتیڤی ماڵـەوەیان. گـرنگـترین ئەرکەکـانی قـوتابخـانەش هـەل رەخسانـدنە بۆ قـوتـابییەکـانیان، بە هەمـوو هـۆیـەک و رێگـایەک، گـەر بکـرێـت، جـوانی دروسـت بکەن، رێـزگرتـن لە هـێزی جـوانی بزانـن و گەشە بکات لای قوتابیان.
(بـستالـۆزی) دەڵێت:”سروشت پـڕە لە دیمەنی ئەفسووناوی، بەڵام قوتابخانەکان هـیچ شتێکـیان نەکـردوون تا ئـەم سـۆزدارییە لە منـداڵان راچـەنـێنن”
کەواتا گرنگی پەروەردەی منداڵان لەوەدا قەتیس نەبووە، تەنیا ئەوەبێت کە منداڵان، بە زانست و زانیاری و داب و نەریتی باش و پەسەنـد پابەنـدبن. بەڵکو گـرنگی پەروەردە ئەوەشـە کە بایـەخ بە گەشەکـردنی پـێزانین و چـێژ و خۆشـیش لە هەمـوو جـوانیـیەک وەربگرن. لەئەدەب یا موزیک یا وێنەگرتن بێت. بۆ مرۆڤ تەنیا ئەوەش بەس نییە، کە پارووی بژێـوی هەبێت. بەڵکو پێویستە خۆشی و چێژیش لە جـوانی ژیـان وەربگرێت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٣/ فـێبروار/٢٠٢١




لە لێوارێکی هەزار بە هەزاردا.. نەوزاد بەندی

ئێوارەیەک
دێینەوە بۆ ماڵ و ..
خۆمان
لە پارکێکا جێهێشتووە ..
لەسەر کورسیەکی داری
شێداری
ڕەق و تەزیوی ،
مارکێتێکا لە بیر چووە ..
ئەگەڕێین و دڵنیایش نین ،
خۆمانین یان کەسێکی تر ..
پێش زەنگی مۆبایلی خۆمان ،
کورتە نامەیەک ئەنێرین
بۆ کۆمەڵێ ئەدرەسی تر ..!

٭ ٭ ٭
بە دەر لەوەی بیرت ئەکەم ،
بینینیشت پەستم ئەکا ..!
نزیکیت ڕاوم ئەنێت و ..
دووریت لەگەڵ
گەڕان بۆت ،
پەیوەستم ئەکا ..!

٭ ٭ ٭

بە دەر لەوەی
من بە بێ تۆ ، کەمئەندامم ،
بە تۆیشەوە ئینجانەیەک
خەم و زامم …