کورد چیە؟.. ئاراس سەعید

ئەم پرسیارە پرسێکی فەلسەفیە، لە ئایدیایەکی پێشینیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەربارەی خودی بابەت هەمانە. ئەم پرسە، بۆ ئەوەی لەسیاقی لۆگۆسدا بمێنێتەوە، پێویستی بە میتۆدێک هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە، کە بە (چی) دەست پێ دەکات. پرسی چیەتی، پرسە لەجەوهەری (کورد). ئێمە دەبێت بۆ وەڵامی ئەمپرسە بچێنەوە بۆناو زمان چونکە پرسی (بوون) پرسێکی پێشینیەو بەر لەجەوهەرە و لەڕێگەی زمانەوە شوناس ئاشکرا دەبێت. شوناس وەکو ناسنامە و جەوهەری من، کە لەکوردبووندا فۆڕمۆڵ دەبێتەوە.

ئێمە بەر لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسە، دەبێت پرسەکە بگۆڕین بۆ ( کورد کێیە)؟
لەڕێگەی ناسینی کوردەوە بەمیتۆدی مێژووی و زانستی و چنینەوەی ئەو ئارگۆمێنتانەوە بگەڕێنەوە بۆ (ڕەچەڵەک، ڕەگەز، زمان) و تەواوی ئەو داتاو لێکۆڵینەوانە کۆ بکەینەوە، تاوەکو کورد لەناو مێژوودا بناسینەوە.
ئەم تایپە نوێیەی کورد کە کۆمەڵێک مێژوو نووس و ڕۆژهەڵات ناس، بوونی کورد لە جەوهەر و ماهیەتی خۆیدا، وابەستە دەکەن بەوانی ترەوە. وەکو؛ ئەوەی کورد بەرهەمهێنراوی ئەوانی ترە، کە لەشکستهێنانیان بەرانبەر مۆدێرنیتە خولقاونەتەوە. لەدیدی ئەوانەوە بوونی (کورد) لەدیالیکتیکی عەرەب و فارس و تورکدا، دەخولقێت. ئێمە لەبەر ئەوەی نەبین بەوانی تر و لەناو ئەوانی تردا نەتوێنەوە کوردبوونمان وەکو (شوناس) ناسنامە بەئێمە دەبەخشێ. کوردبوون جەوهەر و ماهیەتی ئێمەیە لە بەرانبەر ئەوانی تردا، پارێزگاری لێ دەکەین.

کورد وەکو جەوهەری بوون:

کوردبوون پرسێکی <ئۆنتۆلۆژی>یە، کە پەیوەستە بە جەوهەر و ڕەگەزەکانی ناو مۆنادە ڕوحیەکەمان. لەڕوانگەی هێگڵەوە دەوڵەت نەتەوە. گەورەترین ئۆرگانی ڕوحی و ئەخلاقیە. کە مرۆڤ پێویستە لەناویدا بتوێتەوە. لەبەر ئەوەی <بوون> لەخودئاگایدا، پێشینیەو جەوهەری من لەکوردبووندا فۆڕمۆڵ دەبێتەوە. بەڵام بەدیالێکتیکە هیگڵیەکەی بوونی ئێمە ناکامڵەو بۆ گەشەکردن و گەیشتن بە ڕوحی ڕەها دەبێت بگەینە قۆناغی دەوڵەت نەتەوە. وەکو بەریەک کەوتنی دژەکان، کە لە ئاغا و نۆکەری هیگڵدا دەخوێنینەوە. (بوونی هەرەیەک ئاغاو نۆکەر لەدانپێنانی یەکێکیان بەوی تریان کۆتایی دێت). بۆیە ئێمەی کورد لەهەوڵ خەبات داین تا ئەوانی تر دان بەخودی ئێمەدا دەنێن وەکو دەوڵەت. قۆناغە مێژوویەکانی ژیانی مرۆڤ بەدیالێکتی مێژووی هەر قۆناغێک لە هەناوی خۆیدا دژەکەی هەڵگرتووە و لەقۆناغێکی باڵاتردا کە تێکهەڵکێشە دەگاتە قۆناغی باڵا. (ناسیۆنالیزم) سەنتێزی ئینتمایە بۆ خێڵ و گروپ و کۆکردنەوەی دژەکانە.

خێڵەکان لە قۆناغێکی مێژوویدا لە پێکدادانی بەردەوام دابوون، بەڵام دەوڵەت نەتەوە کۆکەرەوەی دژەکانە. ئێستا پرسێکی تر دێتە پێشەوە، کە (ئەنتەرناسیۆناڵە) بەجیهانی بوونی نەتەوە. ئایا ئێمە چۆن دەتوانین هەنگاو بۆ ئەو قۆناغە بنێن لەکاتێکدا نەگەشتووینە قۆناغی باڵاو دەوڵەت نەتەوە. بەشێوەیەکی تر، ئەوان دان بەبوونی تۆدا نانێن و تۆیان قبوڵ نیە، وەکو بوونی خۆت. بۆیە کوردیش ژێر دەستەیی قبوڵناکات و بەردەوامە لەشۆڕش و بەرگری کردن، تا دەگاتە قۆناغی ڕوحی ڕەها، کە دەوڵەت نەتەوەیە. کاتێک پێچەوانەی ئەم پرسە کردە دەنوێنێت، وەکو پشتگوێ خستنی ئەمپرسە، یان ڕەتکردنەوە وجوێندان بەکورد، تۆ ناخودئاگا بوونی خۆت ڕەت دەکەیتەوە.

ئاراس سەعید




ئیستیتیکیی هونەری باڵابوون لە سترانەکانی هۆزان کاوەدا.. بەرەڤان

هۆزان کاوە، یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و شۆڕشگێرەکانی باکووری کوردستان، کە ئێستاش لە کاری هونەریدا بەردەوامە. بە گوتەی خۆی لە چاوپیکەوتنێکی لەگەڵ میدیای دهۆکدا، ئەو پێی وایە، ڕوژی لە دایکبوونیی شتێکی زۆر نهێنی و تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە، بە نادیاریی هێشتویەتەوە. لە هەموو کوردستاندا، گوێگری هەیە. لە نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوودا، هاتووەتە ناو کاری هونەری و بە تایبەتیش لە دوای دووهەزارەکانەوە، بە گوێگرەکانی هونەری کوردی ئاشنابووە. کە خاوەنی چەندین گۆرانی قوڵ، سۆزداری و شۆڕشگێڕییە. ئەم جۆرە نووسینە لەسەر کاوە، بۆ حەزی خۆم بۆ دەنگ و ئاوازی ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە، سترانە بێتام و بێڕۆحەکانی ئێستای کورد، بەتایبەت باشوور، مرۆ ناچاردەکات بەدوای جوانییدا بگەڕێت.
ئەوتشتەی ئەو گوتارەی خوڵقاند، پەیوەستە بە چەند پرسێکەوە سەبارەت بە هونەری سترانبێژی کاوە. باڵابوونی هونەری سترانبێژی کاوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ هونەر لەلای کاوە لە لە ڕۆحدا سەرچاوە دەگرێت؟ یان لە سروشت و دەرەوەی خۆی؟ بلیمەتبوونی کاوە پەیوەستە بە بلیمەتی هونەری ستراندنی باکوور؟ کاوە چەوا داهێنانی کردووە؟ ئاگامەندی هەیە سەبارەت بەو داهێنانەی دەیکات؟ چۆن هزر دەفوڕمێنێت؟.
ئەم نووسینە، لە ڕوانگەی ئێستاتیکای هیگڵ(١٧٧٠- ١٨٣١)، کە فەیلەسووفێکی ئاڵوزە، لەرووی تێگەیشتن لە هزرەکانی، ئەم پرسانە شلۆڤە دەکات. هیگڵ چونکە لە بنەماڵەیەکی پرۆتستانتی بوو، بەڕەچەڵەک سەر بە هەرێمی (کرنتیای) سەر بە نەمسایە، فردیناندی دووەم کە سەرۆکی ئەو هەرێمەبوو، کاسولیکییەکی توندڕەوبوو، بۆیە هیگڵ بۆ باشووری ئەڵمانیا، کۆچی کرد. هیگڵ بە فەلسەفەی یۆنانی، سەرسامبوو. هەرهوساژی، لە ڕوانگەی هیگڵەوە، بابەتی داهێنان و ڕۆحی ڕەها لە هونەری سترانبێژیدا، هەڤپەیڤین دەکەین. کاتێک باسی هیگڵ دەکەین، پێویستە چەند چەمکێک لەلای هیگڵ، ڕوونبکەینەوە. ئەمەش وادەکات پەیڤەکان لەسەر فەلسەفەی جوانیی و هونەر، چڕ و ڕوونبکاتەوە.
باڵابوونی هونەری داهێنان لەلای هیگڵ
ڕێبازی تێفکرینەکەی هیگڵ پەیوستە بە دیالێکتیکەوە، دیالێکتیکی هیگڵ پێکڤە هاوئاهەنگکردنی دژەکانە، تێز و ئەنتی تێز، واتە ئەم دژانە لە قوناغێکی نوێدا یەکدەگرن بە ناوی (کۆتێز)، دواتر ئەم کۆتێزەش دژی بۆ پەیدادەبێت. بە مانایەکی تر، هەست و بەرهەست یەکدەگرن لە بەرهەمی هونەریدا وەک: مۆسیقا، شیعر، نیگارکێشی ..هتد. بەڵام دواتر، ئەم بەرهەمانەش هەڵگری دژن.
کەچی باڵایی لەلای هیگڵ لەوکاتەدا دێتەبوون، کە دونیای هزر و هەست لەگەڵ دونیای دەرەوە و ماددە/بەرهەست لە فۆرمێکدا خۆیان بخەمڵێنن. ئەم خەمڵاندنە، دەبێتە خولقاندن و ئافڕاندن، ئەم ئافڕاندنە دەبێتە باڵابوون. بەجۆرێک لە جۆرەکان باڵابوون لەناو هەموو شتێکدا بوونی خۆی هەیە، ئەم باڵابوونە، لەناو هەموو چەمک و تێزەکان و هزری هیگڵیشدا هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە و دیالێکتیکیش بۆ ئەو دەگەڕێتەوە و لە کوراهی هەموو بزاڤێکی جیهان، ڕۆڵی خۆی هەیە، باڵایی مەبەستێکی شاراوەیە . مەبەست لە شاراوەی باڵابوون، ئەوەیە کە وزەیەکی بەرهەست نییە، بڵێین ئەوە باڵابوونە، بەڵکو پەیوەندی بە بلیمەتبوونی هونەرمەند و ڕوحی ڕەهاوە هەیە. چونکە، کاتێک بلیمەتێک ڕوح دەفوڕمێنێت، ئافراندن دێتەبوون. باڵابوونیش، لەناو بلیمەتی تاکەکەس، نەتەوە، ڕوح و ئافراندن، بوونی هەیە. بۆیەش هونەر لە ڕوحی ڕەهادا، بە باڵابوونی خۆی، دەگات.

هونەر لەلای هیگڵ

هیگڵ تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ هونەر و مێژووی هونەریش، هەیە. هونەر لە ئاستی فەلسەفە و دیندایە، بەڵام لە ناو ڕۆمانتیکیەتدا، مەرگی هونەر ڕادەگەیەنێت. ئەوەی دەخوازرێ ڕوونبکەینەوە هونەر چییە لەلای هیگڵ. کەواتە، پرسیارێک دێتەبوون، جوانی هونەر باڵاتر و بەشکۆترە یان جوانی سروشت؟
هیگڵ پێی وایە، ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، لە شێوەوەرگرتن، یان بە ڕووخساربوون و بە خەمڵاندن دێتەبوون، چونکە هیگڵ بەدوای ڕوحی ڕەهاوەیە، هونەر دەتوانێ بگاتە حەقیقەتێکی ڕەهایی. هاوکات، لە مەسەلەی هونەردا ئەوە دێنێتە سەرزمان، کە ئەرکی هونەر ئەوە نییە شتێک دەرببڕێ کە پێشتر هەبووە، بە مانایەکی تر، هونەری ڕیالیستی کە لە ناو واقیعدا چ هەیە بیگوێزییەوە داهێنان نییە، چونکە پێشتر هەبووە. کەوایە ”هونەر لەدیدی هێگڵەوە لەلایەکەوە سروشتی نێواخندۆزیانەی هەیە و ئەمەش بۆ چرکەساتی پەیدابوون و ئافراندنی دەگەڕێتەوە و هەم بۆ چرکەساتی وەرگرتن و درکپێکردنی لەلایەن بەرامبەر (خوێنەر- گوێگر)ەوە” ، ئەمە ئەو دۆخە دژییەکەی هیگڵە، کە لە دوای داهێنانیش، واتە لە دوای (کۆتێز)یش، لێکدژی بوونی هەیە.

لە سروشتدا جوانیی هەیە، بەڵام ئەم جوانییە ناگاتە ڕەهایی و باڵاییبوون. چونکە ”زادەی ئۆرڤەن (رۆح) نییە، نایەتە زانین” ، ئافراندن لە ڕۆحەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوە ڕۆحە، جوانیی و هونەریش دەخوڵقێنێت، سرووشت ڕۆحی نییە، کەوایە داهێنان و خوڵقاندنی نییە، تەنها جوانییەکی سروشتی و بێڕۆحی هەیە، بۆیە مادەم سروشت ڕۆحی نییە، داهێنانیشی نییە، ئەمەش وادەکات ڕۆحی ڕەها تەنها لە هونەردا بێتەبوون. ڕۆح مەحکوومە، بە دۆزینەوە و داهێنان و گەیشتن بە حەقیقەتی ڕەهایی و باڵابوون.

لەگەڵ ئەمەشدا، جوانیی لەلای هیگڵ ئەو ئایدیایەیە، کە لە شێوەی هەستەکیدا خۆی دەنوێنێ، لەهەمانکاتدا، هونەر ئەو ڕۆحەیە، بە پەیوەستییەوە خۆی دەنوینێ ، جوانیی لەخۆیەوە نایەتە بوون و بوونێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خود(سوبێکت)ەوە، پەیوەستە بە ڕۆح و هزرەوە. هونەر، دین و فەلسەفە یەک ناوەڕۆکیان هەیە، ئەویش ڕۆحی ڕەهایە، حەقیقەتی ڕەهایە، بەڵام لە فۆرمدا جیاوازن، بەتایبەت ئەو فۆرمەی، کە ناوەڕۆکەکە بەرجەستە دەکاتەوە.

مێژووی هونەر

دیالێکتیکی نێوان (ناوەڕۆك و فۆڕم) لە هونەرسازیدا، هیگڵ دەگەیەنێتە پۆلێنبەندییەک لە ڕەوتی مێژوودا. ئەمەش وادەکات هونەر بەسەر سێ قوناغدا دابەشبکات، سەرەتای هونەر و گەشەی هونەر و مردنی هونەر. کە ئەم قوناغانە، بە بڕوای هیگڵ بە ڕیزبەندی دێن. بەڵام لێرەدا پێویست دەکات ڕوونکردنەوەیەکی کورت لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بدەین، کە لە سێ بەش پێکدێت. یەکەمیان: هزر(ئایدیا)ە، ئەو هەقیقەتەی لە خودی خۆیدایە، بە مانایەکی تر لایەنی تیۆری فەلسەفەکەیە. دووەمیان: فەلسەفەی سرووشتە، کە هزر لە خودی خۆیەوە بۆ دەرەوەی خۆی واتە سرووشت، دەڕوات. سێیەمیان: بریتییە لە هۆش، کە ئەمەش لە سروشتەوە بۆ خودی خۆی، دەگەڕێتەوە. واتە بۆ هزر دەگەڕێتەوە. بەشێکی زۆری فەلسەفەی هیگڵ بەم سێکوچکەیەوە بەندە.
هیگڵ قۆناغی سەرەتایەی هونەر، بە هونەری سیمبول، ناوی دەبات.

  • هونەری سیمبولی: ئەم هونەرە لە سێکوچکەی هیگڵدا، وا دەردەکەوێت کە هزر، ڕۆح، ڕەهایی و حەقیقەت لەم هونەرەدا، نەیتوانیوە خۆی بە جوانی لە فۆرمدا، دەربخات. بۆیە پەنای بۆ ڕەمز بردووە. بە مانایەکی تر، لێرەدا هزر ڕووی لە دەرەوی خۆی کردووە، ڕووی لە سرووشت کردووە، بەڵام نەیتوانیوە ئاوێتەیی ببێت و دواتر وەکو هۆش یان زانین بگەڕێتەوە ناوخۆی. سیمبول وەکو ئاماژەیەکی ئاڵۆز تەعبیر لە هۆش و هزرەکان دەکات. بەمەش هیگڵ هونەری میسری کۆن(فیرعەونەکان) دەخاتە ئەم خانەیەوە.

    لە گەڵ ئەوەشدا، چۆن هونەر سیمبولی هەیە، زمانیش سیمبولی خۆی هەیە. چونکە ”دەنگەکانی زمان سیمبولێکن کە ئاماژە بۆ شتەکانی جیهان دەکەن، بەڵام ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەنگەکانی زمان و ”ئاماژەبۆکراو”دا (شتەکانی جیهان) نییە، چونکە تێگەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازن” ، ئەمەش وادەکات سیمبولی هونەری و زمانی لێک جیاواز بن، لەبەرئەوەی لە کاری هونەریدا ئاماژەیەکی بێ پێچ و پەنا بۆ (ئاماژەبۆکراو) هەیە، بەڵام ئەمە لە سیمبولی زماندا بوونی نییە.

  • هونەری کلاسیکی: هیگڵ گەشەی هونەری بە هونەری کلاسیک، ناویبردووە. کە ئەمەش بە پێچەوانەی هونەری سیمبولە، هونەری کلاسیکی هاڕمۆنییەتی و هاوئاهەنگی لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا، درووست دەکات. ئەم یەکانگیرییەش بە دیدگای هیگڵ لە پەیکەرسازی یۆنانیدا، دەگاتە لوتکە. هەروەها، هونەری سیمبولی لە خواوە سەرچاوەی دەگرت، بەڵام، هونەری کلاسیکی لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە. هونەر لە کلاسیکدا، بە باڵایی خۆی، دەگات. چونکە ڕەهایی یان حەقیقەت، کە لە خودەوە هاتە دەر، دواتر دەبێتەوە بابەت(ئوبێکت)ی خۆی. بە مانایەکی تر، خود(سوبێکت) کە لەگەڵ سروشت یان فۆرم یەکدەگرێت، بەخۆی دەبێتەوە بابەت(ئوبێکت)ی خۆی. بەمپێیە دا‌هێنان دەگاتە حەقیقەتی ڕەهایی لە هونەردا. چونکە، ڕوحی ڕەها لە هونەردا، لە بەشێوەییبووندا، دەردەکەوێت. خودا خۆی لە فۆڕمدا، لە شێوەی جوانیی پیشاندەدات، ئەم خودایەش کە هیگڵ باسی دەکات ڕوحی ڕەهایە.
  • هونەری ڕۆمانتیکی: هیگڵ قوناغی کۆتایی هونەری بە ڕۆمانتیک، ناساندووە. ئەو یەکگرتنەی فۆرم و ناوەڕۆک لە کلاسیکدا هەبوو، لە ڕۆمانتیکدا نامێنێت. ئەمەش بۆ خودخوازیی دەگەڕێتەوە، کە ڕۆمانتیکییەت ناوەڕۆک بە شتێکی باڵا دەزانێت و فۆڕم ئەو باڵاییەی ناوەڕۆک هەڵناگرێت، بە دەربڕینێکی تر، ڕۆمانتیکییەت زیاتر خودخوازییە، واتە لەگەڵ دەرەوەی خۆی ناسازێ. ئەمەش وادەکات هونەری ڕۆمانتیکی لەگەڵ فۆرم نەسازێ، بەمەش داهێنان ڕوونادات، چونکە هیگڵ پێی وانییە بەبێ یەکگرتنی ناوەڕۆک و فۆرم، داهێنان درووست ببێت. بۆیە، هیگڵ (مەرگی هونەر)ی ڕاگەیاندووە.
    هەرچەندە هونەری ڕۆمانتیکی بەرجەستەکەرەوەی ڕۆحی هونەرمەندە، بەڵام زمانی ڕۆمانتیک، زمانی نەسازان و نەگونجانە کە هیگڵ بە (هەپروون بوون) ناودێری دەکات ، ئەم زمانەش ناتوانێ هاڕمۆنییەت درووست بکات. لەهەمانکاتدا، مەرگی هونەر لە هونەری ڕۆمانتیکیدا، پەیوەستە بە تێڕوانینی هیگڵ سەبارەت بە کۆمەڵگای مۆدێرن، پێی وایە مرۆڤی مودێرن ناتوانێت لە ڕێگای هونەرەوە خۆی بدۆزێتەوە. چونکە هونەر لە ژینگەیەکی دوورلە جوانیناسی ناتوانێ بەیانگەر بێت. هونەر لە ڕۆمانتیکییەت و کومەڵگای مودێرندا، دەبێتە بابەتێک کە ئەکادیمیا قسەی لەسەربکات، نەک داهێنان بکات. ئەکادیمیا ناتوانێت هونەرمەندی بلیمەت درووستبکات، بەڵکو تەنها ئیش لەسەر بابەتی هونەر دەکات. ئەم تێگەیشتنەی هیگڵ سەبارەت بە نەمانی هونەر، پەیوەستە بەوەی کە ئەوروپا دەگاتە کۆتایی مێژوو. بۆیەش، لە سەردەمی مودێرندا(ڕۆمانتیکییەتدا)، چیتر داهێنان نامێنێ.
    کەواتە، هونەری کلاسیکی بە هۆی یەکگرتنی هزر و فۆرم، کامڵترین دەربڕینی هونەرە. بەڵام لە ڕۆمانتیکییەتیشدا، ڕۆح زیاتر خۆیدەنوێنێ. هەروەها، هیگڵ بۆ ئەم ڕۆحە چەند هونەرێک دەهێنێتەوە، کە تاڕادەیەک ڕۆحیان ئاشکرا کرد، لەوانەش: بیناکاری، پەیکەرسازی، شێوەکاری، مۆسیقا و شیعر. کە بیناکاری دەچیتە هونەری سیمبولەوە، پەیکەرسازیش دەچێتەوە خانەی هونەری کلاسیکەوە، شێوەکاری و مۆسیقا و شیعریش دەچنە خانەی هونەری ڕۆمانتیکییەوە.

    مۆسیقا و شیعر

    مۆسیقا زیاتر هونەرێکی هەستی و خودییە. چونکە بابەت لە مۆسیقادا، بە تەواوی پەراوێزخراوە، ئەمەش وادەکات زەینیترین و سۆزدارترین هونەر بێت. شیعریش بەهەمانشێوە، زیاتر هەستییە تا بەرهەستیی بێت. لێرەدا، فۆرم بە تەواوی بەلاوە خرا، چونکە زیاتر ڕۆحانین، مۆسیقا و شیعر؛ ناتوانن لەگەڵ فۆرم هاوئاهەنگ بن.

    هونەرمەند لەلای هیگڵ
    هونەرمەندە لەلای هیگڵ، ڕۆحی موتڵەق دەدۆزێتەوە و داهێنان دەکات. بەڵام ئەم داهێنان و دۆزینەوەیە لە کوێ سەرچاوە دەگرێت؟ ئەمە وادەکات هیگڵ باس لە بلیمەتیی هونەرمەند بکات. ئایا هونەرمەند لە بنەڕەتدا بلیمەتە؟ ئەو بلیمەتییە تەنها لە خودی خۆیدایە یان پەیوەندی بە جڤاک و ژینگەی دەورووبەر و مێژووی هونەرمەندەوە هەیە؟ هیگڵ پێیوایە بلیمەتی تەنها پەیوەندی بە کەسێک و داهێنەرێکەوە نییە. بەڵکو پەیوەستە بە هەموو داهێنەرەکان. واتە مانایەکی گشتیی هەیە. ئەم بلیمەتییەش لە سێ دیدگاوە دیاری دەکات. کە وێناکردن، بەهرەمەندی و سرووشن. وێناکردن لەلای هیگڵ، زیاتر پەیوەستە بە خەیاڵکردنەوە، واتە هونەرمەند چۆن خەیاڵدەکات و خەیاڵەکانی چی بەرهەمدەهێنن، جیاوازی چییە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی. بە مانایەکی تر، دیدگایە. بۆیە ”وێڕای یادەوەرییەکی بەهێز بۆ گلدانەوەی وێنە جۆراوجۆرەکانی جیهانی سێنسی. ڕۆڵی هونەرمەندیش ڕێکخستنەوەی ئەو وێنانەیە بە پێی ئاگامەندیەکەی سەبارەت بە (ئیدێ)ی خوایەتی” ، هونەرمەند لەگەڵ خودی خۆی دەژی، بۆیە ئەم یادەوەرییەی خۆی دەیکات بە بەرهەمی هونەری. هەروەها، هونەری ڕەسەن یان زەینی ڕەسەن، ئەوەیە کە توانای گلدانەوەی زۆری هەبێت، هونەرمەند دەبێ هەستێکی وەها ناسکی هەبێت هەموو شت ببینێت و هەموو شت ببیستێت، لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە هەست و قوڵایی دەروونی خۆی، لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، گوزارشت بکات.

    لەسەروبەندی ئەمەشدا، هونەرمەند بە شێوەیەکی نائاگایی ئەم ڕۆحە دەفوڕمێنێت، واتە هوشیارییەکی ئاوەزمەندانەی نییە سەبارەت بەوەی کە دایهێناوە. بە تێڕوانینی هیگڵ، ئەمە ئیشی فەلسەفەیە، کە ئەوە ڕوونبکاتەوە هونەرمەند چی کردووە، یان چۆن دایهێناوە. چونکە خورپەی هونەرمەند وەکو وزەیەکە و هونەرمەند ئاگای لێنییە وەکو زانین، بۆیە ناتوانێ ئەوە ڕوونبکاتەوە کە کوسای خوڵقاندووە
    هەروەها، هەرچەندە مرۆڤ بلیمەت بێت، پێویستی بە فێربوون و لێزانین و خۆ درووستکردن هەیە. سنووری بلیمەتیش لەلای هیگڵ تەنها لە تاکەکەسیدا نامێنێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە بلیمەتی نەتەوەیی .
    هەرچی سرووشە لەلای هیگڵ، پەیوەندی بە ئامادەیی ناوەڕۆکی هونەرمەند خۆیەوە هەیە، سروشتی جوان و دیمەنی دڵڕفێن نابنە هۆی سرووش بەخش بۆ هونەرمەند، هەروەها ویستی هونەرمەندیش بۆ داهێنان نابێتە هۆی سرووش، بەڵکو وێنەیەک لە زەینی هونەرمەنددا هەیە، بە ئاوەزمەندی دەیفۆڕمێنێت، یاخود خودی هونەرمەند بخزێتە قوڵایی ئەو شتەی کە دەیەوێت بیفوڕمێنێت . ئەو هەستەی هونەرمەند هەیەتی، توانایەکی بەهێزی یادەوەری هەیە، ئەمەش گەورەترین کۆگای سرووشی هونەرمەندە. چونکە، هیگل سرووشی هونەرمەند، بە هەست و ئاوەزی هونەرمەند، پەیوەستدەکات.
    کەواتە، بەهرەمەندی، ئامادەیی سروشتی، بلیمەتی هونەرمەند، بلیمەتیی نەتەوەیی، ناوەڕۆک و فۆڕمە دەرەکییەکان هەموویان پێکەوە، ڕوحی ڕەها لە هونەردا، دەخەمڵێنن.

جوانیناسی لە سترانەکانی هۆزان کاوەدا

ئەگەر، سەرنج بخەینە سەر پاشخانی بلیمەتیی، لە هونەری سترانبێژی باکووردا، ئەوا، بۆ بارودۆخی سیاسی و سرووشتی چیای و دەنگبێژیی، پەلکێشمان دەکات. کە ئەمەش تایبەتمەندی هونەری باکوورە. هاوکات، قەدەغەکردنی زمان لە ئاخافتن، ستراندن و خوێندنیش، لەبەرئەمەیە، کە لە موسیقادا هزری خۆیان دەفۆڕمێنن. بە مانایەکی تر، قەدەغەکردنی زمان، بەرەنگاری و کولتووری بیرکردنەوە لە هونەردا، دەخەنە ڕوو. هەر لەو ماوەیەدا، بە پاساوی ئەوەی گەنجێک، گوێی لە گورانی کوردی ڕاگرتووە، کوشتیان. بە تێڕوانینی هیگڵ، هۆزان کاوە یەکێکە لەو هونەرمەندانەی، کە لەسەر ئەو یاداوەرییە ئیشی کردووە. بارودۆخی سیاسیش، سەرچاوەی هزری گۆرانییە شۆڕشگێرییەکانی باکوورە، بەتایبەت لە ١٩٩٩ەوە، تا ئێستا گرتنی ئاپۆ، بەرەنگاری گەریلایەکان دژی ڕژێمی فاشیستی تورک، ئەمەش وادەکات کاوە، هزر و ڕۆح لە ستراندا، بفوڕمێنێت. هەروەها، دەنگە تایبەتیی و چیاییەکەی هونەرمەندانی باکوور، پەیوەندی بە سروشتی چیا و ژینگەوە هەیە. کە چیا لەوێ ڕەمز و وێنەی تایبەتی هەیە، لەلای هونەرمەندان، کە هەر یەکێکیان، لە فۆڕمێکی جیاوازدا، بەرجەستە دەکەنەوە. نەک هەر کاوە، بەڵکو چەندین هونەرمەندی دیکەی باکوور، بە ستایلی تایبەتی خۆیان، ئەو ڕۆحە دەفوڕمێنن. لەوانەش: ڕۆژدا، شەهریبانا کوردی، هۆزان سەرحەد، ئارام تیگران، ئاینوور دۆغان، دیاردێرسیم، خەلیل خەمگین، کەماڵێ ئامەد، هۆزان دینو، بەیتوجان، سەیدا پەرینچەک ….هتد. ئەمە بێجگە لەوەی چەند کۆم(گروپ)یان هەنە، کە سترانیان لەسەر شۆڕش و زمان، خوێندووە.

لە کولتووری سترانبێژی کوردیدا، زەمینەیەک هەیە، کە هونەرمەند بتوانێت لێیەوە بخوێنێت. ڕۆحی کوردی بکاتە دەنگ و ئاواز، بە موزیک و هەست، خۆی نەمر بکات. کام هونەرمەند نەمر دەبێت و دەبێتە بەشێک لە کولتوور، ئەمەیان پێویستی بە ڕۆحییەتێکی داهێنەرانەی سترانبێژ و زمانی کوردی هەیە، هەموو ئەمانەش یەکایەتییەکی پێویستە کە بتوانێت جوانیی بخوڵقێنێت لە جەستەی ستراندا، نمایشیان بکات.
ستایلی سترانخوێندنی کاوە، دەتوانین بە کورتەئاواز، ناویان بنێین. چونکە زۆربەی گۆرانییەکانی لەکاتی ستراندنیدا، هەر لە سەرەتایەکەیدا بە دوو وشە تا چوار وشە، تایپی ئاوازی یەکەم تەواودەبێت. بۆ ڕۆشنایی قسەکانمان یەکەمین گۆرانی کاوە وەردەگرین. ئەویش سترانی (کانی کانی)ییە.

ئەم سترانە، کەم تا زۆڕ لە یادەوەری زۆربەی کورددا زیندووە، هەرچەندە کاوە بە سترانی (حەلیام) کە بە سەرۆک ئاپۆی گوتووە، ناوبانگبووە. بەڵام هونەری کاوە لە گۆرانی (کانی کانی)دا گەیشتە ڕوحی ڕەها. ئەمەش بۆ تایبەتمەندییەکی زۆر ورد دەگەڕێتەوە، ئەویش ” کولتووری کۆمەڵایەتی و خۆشەویستیی، لە هونەری مودێرندا، بەرجەستە دەکاتەوە” ە، لە هەمانکاتدا، ئاوازی ئەم گۆرانییە زۆر پڕ و تێرە بە دەنگی کاوە، پڕکردنی ئاواز بە دەنگی خۆی ئەمە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکانی هونەرەکەی. موزیکەکەی خودی و ڕۆحییە. بەزۆڕی بەشوودانی کچی کورد بەشێک بووە لە کولتووری کورد، گۆرانی کۆنی کوردیش کاتێک باسی ئەم کێشەیەیان دەکرد، هەر بە ستایلی کۆن و هونەری کلاسیکی کوردی کە (دەنگبێژ)ی باکووریە، دەیانلاوەندەوە. وەکو: شاکرۆ، کاویس ئاغا، محمد عارف، کاراپاتێ خاچۆ و هتد… بەڵام، کاوە ئەو ڕۆحە غەمگینییەی لە ئاواز و موزیکی مودێرندا، بەرجەستەکردەوە. واتە یادەوەری ئەم بەسەرهاتە لە بوونمان ئامادە دەکات. هەروەک هیگڵ دەیگووت ئەو بلیمەتییەی کاوە پەیوەندی بە هونەری سترانگووتنی باکوورەوە هەیە، کە ڕەگەکەی لە ناو دەنگبێژیی دایە و پەیوەندی بە کولتووری چیاوە هەیە. ئەو حەسرەت و کولتوورە، لە ناو هونەردا، جورێک لە تایبەتمەندی بە هونەری سترانگوتنی باکووردەدات، بەرجەستە کردنەوەی ئەو بلیمەتییەیە. چونکە کورد لە وتەی مێژووی دیارە، سترانبێژیی هەبووە. خاوەنی چەندین جۆر ستایلی تایبەت بە خۆیە. بۆیە، کاوەش بە ئاواز، موزیک، هەست و دەنگێکی تایبەتیی، خوڵقاندووە. بە مانایەکی تر، موسیقا و نواندنەکەی لە بەرگێکی مۆدێرندا، کە تایبەتە بە خۆی و ستایلی خۆی، ڕۆحێکی دیکەی بە هونەر، بەخشی.
کاوە ئەو بلیمەتییەی کە وەرگرتووە، لە جەستەیەکی نوێدا، دەخاتەڕوو. کە مرۆڤ هەستناکات ئەمە سترانێکی کۆنە، یان دەنگبێژییە، بەڵکو لە فۆرم و ئاوازێکی تردا، دەیاننەخشێنێت.

ڕوحی ڕەها لەم گۆرانییەدا، بە یەکایەتی بوونی ڕۆح و ئاواز و دەنگ و موزیک، دێتەبوون. ئەو هەستەی کاوە هەیبووە، بە عەقڵ و لێزانینی نەخشاندوویەتی. سرووشی کاوە لەم گۆرانییەدا، بە وتەی هیگڵ، لە ناو خودیدایە و پەرەیپێداوە، چۆن بیکاتە تشتێک و بباتە دەرەوی خۆی. واتە کاوە وەک هزر ئەم ئاواز و پەیڤانەی لە هەستیدا بووە، دەریبڕیوە و دواتر وەکو هۆش بۆ خۆی و گوێگرەکانی، خەمڵاندووە. دەنگی ڕۆحی لە گەڵ ئاوازدا یەکانگیر دەبێت و دواتر خۆیان لە ناو ژێیەکانی ئامێرێکی ژەنین دەبیننەوە، بەم شێوەیە سەمای ڕوحی دەکەن بە یەکەوە و هاوکات خۆیان لە ناو هۆش و ڕۆحی بیسەر، دەبیننەوە. چونکە بەرهەمێک لە ڕۆحەوە سەرچاوە بگرێت، لە ڕۆحیش دادەنیشێت.

ئەم گۆرانییە، بە وتەی هیگڵ دەچێتە خانەی هونەری کلاسیکییەوە، چونکە ناوەڕۆک و فۆڕم یەکدەگرن. خود و بابەت تێکدەئاڵێن و لە جەستەی گۆرانیدا، دەزرینگێنەوە. ئەمەش وادەکات ئەو واقیعەی هەیە بە گوتەی هیگڵ، تێکەڵ بە خەیاڵ و هەست دەکرێت و شێوە وەردەگرێت و جوانی نمایشدەکات. مرۆ کاتێک خەم و ئازار و یادەوەریی لە ڕوحیدا، دەتوێنەوە، تەنها ڕێگای ئافراندن و جوانینواندنی لێ دەبێتە ئازادبوون. ئەمەش خۆی باڵابوونە. هەروەها، ئارتور رامبۆ دەڵێت: ”شاعیر {هونەرمەند} پێویستە ئەو نادیارییە گەمارۆ بدات کە لە سەردەمی ئەودا خەرمانەیەکی لە ناخی جیهانیدا فەراهەم کردووە، بەلام داهێنەری ”ڕوانینوان” بۆ دۆزینەوەی ئەو نادیارییە، شێوەی تازەی پێویستە” ، ئەمە یەکانگیرییەکی جوانی هەیە لەگەڵ تێڕوانینی هیگڵ. لەم ڕوانگەیەوە، گۆرانییەکانی کاوە، بەدوای ئەو باڵابوونە ڕۆحییەی، کە لە پەیڤ و ئاوازەکاندا، خۆیان مەڵاسداوە، دەگەڕێن. دووبارە ژیان و کولتووری کوردیی لە هونەردا، دەخوڵقێنێت.

بەهۆی ئەو دۆخە سەرگەردانییەی کورد تێیکەوتووە، هەم لە ڕووی ژیان و هونەر و ستران و هتد… ئەمە وایکردووە مرۆڤی کورد، یاخود داهێنەری کورد، لە هونەرەکەیدا، بەدوای ژیاندا بگەڕێت. واتە؛ ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، بەرجەستە بکاتەوە. کاوە لەم سۆنگەیەوە، لە گۆرانییە ناوازەکەی بە ناوی (ڕاستی)، دەگاتە قوڵایی ڕۆح. چونکە پرسیارێکی زۆر گرنگ دەورووژێنێ، لە جەستەی سترانەکەدا. ئەویش ئەوەیە دەڵێت: ”ڕاستی ل کویە؟ ڕاستیێ ژ من بێژن. هۆ گەلێمنۆ ئێدی ژێ وەرە”، ئەو دۆخە سەگڕەفتارییەی کورد تێیدایە، نە حەقیقەتێک مانای ماوە، نە سترانبێژێکی بلیمەت ماوە، ئەکادیمیای کوردیش، توانای ئەوەی نییە، لەسەر بابەتی هونەریش قسەبکات، چ جای هونەرمەندی بلیمەت بەرهەمبهێنێ. بە دەیان پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەشی هونەری هەیە، کەچی هونەر، هەر لە پاشەکشێدایە. بۆیە ئێمەش لەگەڵ دەنگی هونەریانەی کاوە دەپرسین، حەقیقەت لە کوێیە هەڤاڵنۆ؟ لە هەمان گۆرانیدا کاوە بە تۆزێک هۆشیارییەوە لە کۆپلەی دووەمی گۆرانییەکە، کە بە دەنگ و ئاوازێکی دۆپاتکردنەوە و جەختکردنەوەدا، واتە لە جەوابەکەیدا دەبێژێ: ”ئەزێ بیژم ئەزێ بێژم، سەر ڤێ ڕەوشێ دەنگبێژم، ئەزێ بێژم ببێژم، کا وەلاتێ مە کانی”، ئاواز خۆی قسە دەکات. بۆیە، ئاوازی ئەم سترانە، بە نەرمی و پرسیارکردن دەستپێدەکات. بەڵام، لە دوایدا بە دەنگێکی خورت و بۆ ناو خودی خۆی دەگەڕێتەوە، جەخت لەسەر خودی خۆیدەکاتەوە و دەڵێت: دەنگبێژم و بۆ ئەم پرسانە دەسترێنم. چونکە لەلای مرۆ، یەکەمجار پرسیار دەورووژێ، دواتر شۆڕش، یاخیبوون و بەرەنگاریی، سەرهەڵدەدەن. کاوەش، لەم سترانەدا، درێژە بە بەرەنگارییەکەی خۆی دەداتەوە.
هەروەها، یەکێکی تر لە گۆرانییەکانی کاوە، کە لەلای من زۆر تایبەتە بە ناوی (حوجرا تاری)یە، لەم گۆرانییەدا لە وێنەکردنیشیدا دیارە ئەگەر سەرنجی لێبدرێ. کاوە لە ناودۆخێکی پڕ ناعەدالەتی و نەخوازراودا، ئەو هەموو مەینەتی و ئازارەی لە دڵی مرۆڤدا، پەنگی خواردووە، بە ئاواز و ستراندن، دێنێتە سەرزمان. دواتر، ئەم دیمەنانە کاری تێدەکەن و ئەوجار دەست بۆ مایکی ستراندن، دەبات. بەڵام لێرە لە باشوور ناهونەرمەند کەی دەست بۆ سترانگوتن دەبات، ئەوکاتەی کچێک ڕەفزی پێدا، یان بەهۆی بازاڕ و پارەپەیداکردن و ناوبانگ پەیداکردن، کە بە وشەی کومێدی و پەیڤی داماڵڕاو لە جوانی و بەها، هەروەها، بە کچ و سەیارە و ماددە، وێنەی سترانەکەیان دەگرن. کەچی توزقاڵە ڕوحیبوون و تایبەتمەندییەکی تێدا نییە. تایبەتمەندییەکی تری ئەم گۆرانییە ئەوەیە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە ئەم گازەندەییە. چونکە موزیک ”هونەری بەیانکردنی هەستەکانی مرۆڤە لە بۆتە [[form ی دەنگدا و وابەستەی هەستە خودییە دەروونییەکانێتی. گوزارشتی ئەم هونەرە بە (ئاواز، هارمۆنی، بەرزی و نزمی دەنگ، ڕیتم، تیمبەر، ئارتیکولەیشن) وابەستەیە” ، ئاوازی ئەم گۆرانییە لە دەنگێکی بەرز و توڕەیی ڕۆحەوە دەستپێدەکات.

ئەمەش، وەکو ئەوەی دەنگی بەرز و ئاوازەکە، ڕۆح و ئەندێشەکانی کاوە لە یەکایەتی ستراندا، بنەخشێنن. بەلام لە ئاوازی دواتردا، بەرزی دەنگ کەمێک نزم دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیەش چەندجار دووبارە دەبێتەوە. وەکو ئەوەی وێنای میژووی مرۆڤایەتی بکات. کەچەندین جار مرۆڤایەتی توشی تاڵانکاری هاتووە و هەر بێهیواشبووین. لە کۆپلەیەکدا، دەڵێت: ”چاخام خوەدی ل ڤێ دنێ، هەرتم ل من بەلایە، چ دنیاکی درەوینە چما داوی لێ نایێ”، ئەمە دەرخەری ئەو بلیمەتییەیە، کە بەم شێوە لە هونەردا ڕەنگدەداتەوە. زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحە لە بۆتەکانی ستران و ڕیتمی گۆرانی بالایی. هاوکات، ئەم سترانە بە دوو دەنگ دەگووترێ کە تێکەڵ بە یەکن، دەنگێکیان ئاوازەکەی نزم و خاوە، دەنگەکەی تر، بەرز و توندە، کە هەردووکیشیان دەنگی کاوەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ بە گوتەی هیگڵ کە دەیگوت (کۆتێز)یش لێکدژی هەڵدەگرێ. بۆیە، لێرەشدا بەرهەمی هونەری دیالێکتیکە، بە دوو دەنگی دژیەک ئەوها لە (کۆتێز)دا، دلەرنەڤە. بە دەنگێکی پڕ حەسرەتەوە، لە کۆپلەی کۆتایدا، مەرگی ڕوحی هاوکاری و مرۆڤایەتی ڕادەگەیەنێت.
وەک چۆن هیگڵ لە ڕۆمانتیکییەتدا مەرگی هونەری راگەیاند، چونکە زۆر خودییە و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ناسازێ. کاوەش لێرەدا، دەڵێ” دکم قێڕین دبێم گازی کەس هاوارا من نایێ، ئەوێ کەتی کەس لێ تونە، توکەسی دەست نەدایێ، تەنێ مامە ل ڤێ دونێ من نە دوست و برایە”، کاوەش لێرەدا تەنها هونەرەکەی خۆی و سترانەکەی خۆمان بۆ بەجێ دەهێڵێ، بە مانایەکی تر، ڕوحی زیندوو تەنها لە گۆرانیدا بۆمان وێنا دەکات و ڕوو لە خودی خۆی دەکاتەوە. واتە؛ هزری کاوە ڕوو لەدەرەوەی خۆیدەکات، لەگەڵ سروشتی نادادیدا، ناسازێ، بۆیە ڕوو لەناو خۆیدەکاتەوە و من نە دوست و برایە. گیانی هاوکاری مرۆڤایەتی، لەلای کەس نەمایە، کەس یارمەتی دەرەوەی خۆی نادات. کاوەش، ئەو جیهانە هزری و هەستییەی خۆی لە ستراندا، بەیاندەکات. بەمپێیەش هونەر (بەیانگەر)ە.
ئەگەر مرۆڤ، بیەوێت یان حەزبکات یان هوشیاری هەبێت. بە ئاسانی دەتوانێت هونەرمەندی بلیمەت و لاسایکەرەوە و سوک، لەیەکدی جودا بکاتەوە. بەڵام، ئەمەش بۆ تێڕوانینی جوانیناسی گوێگر دەگەڕێتەوە. هاوکات، گوێگر جوانیناسییەکی تایبەتی هەیە؟ یان گشتی؟ چونکە گوێگرتن لە گۆرانی تەعبیر لە جوانی و چێژبینی گوێگرەکەش، دەکات. ئەمەش، هێربێرت مارکوزە لە هونەردا، جەختی لەسەر ئەم جوانیناسییەی، کردووەتەوە. کە پێی وایە هونەر مەحکوومە بە ئاوەڵاکردنی هەست و عەقڵ و هزر و ئەندێشە لە ڕێگرییەکانی دەروونخوازی و دەرەکیخوازیی ، ئەمە بۆ گوێگریش هەر ڕاستە، چونکە بەرهەمێک کە لە ئەندێشە و ئاوەزدا بێتە بوون و بەربەستەکان دەشکێنێت. گوێگریش، دەبێ ئەم زانیارییەی هەبێت، کە کام هونەرمەند ئەو توانایەی هەیە و دەتوانێت بەرهەمێک بەم پرۆسەیەدا، بخوڵقێنێت.

هونەر زۆرجار بەرهەمی خەیاڵ و خەونبینی هونەرمەندەوە هەیە. بۆ نمونە کاوە یەکێک لە گۆرانییەکانی خۆی بە ناوی (ئاڤا ئەڤینێ)ی لە خەونی خۆیدا دیتبوو، پێش ئەوەی ئەو بەرهەمە بێتەبوون، ئەم خەونە ئەو بەرهەمە جوانەی خوڵقاند ، بەڵام لێرەدا ئەو دەرفەتەمان نییە ئەم سترانەش شیبکەینەوە. ڕاستە دەتوانین ئەم خەونە وەک سرووش سەیری بکەین، بەڵا ئەم هونەرە بەرهەمی خودی هوزان کاوەیە. چونکەر بەرهەمەکە پێویستی بە لێزانی و خۆ پەروەردە کردن هەیە، لەسەر ئاواز و دەنگ. چونکە هونەرمەند ئەوە دەزانێ کام هونراوە بە کام ئاواز و دەنگ دەرببڕێ. خۆ ناکرێت بابەتی تراژیدی لە موزیکی شاد دەرببڕی.

کاوە لە گۆرانییەکی تردا، بە ناوی (بێ تە)، ڕیتمی یادەوەری لەسەر موزیک و تێلەکانی ساز، دەنەخشێنێت. هاوکات موزیکی ئەم سترانە، بەو بەرزی و نزمییەی خۆی ئەوە دەردەبڕێ، کە مرۆڤ لە ژیاندا، تەنها بەهۆی یادەوەرییەکانی دەژیت. خولقی مرۆڤی کوردیش بە شیوەیەکی گشتی وەک ئەو موزیکەیە، زوو هەڵدەچێ و زوو ئارامدەبێ. بەم شێوەیە موزیک لەناو کولتووردا، خۆی دەناسێت. هەروەکو مێژووی بزاڤی سیاسی کورد، کە لەسەرەتادا ڕادەپەڕن و زۆر گەرم و گوڕن، بەڵام لە دوایدا شینیی و لاواندنەوە دەستپێدەکەنەوە. ئەم سترانەش بەهەمانشێوە، لە سەرەتادا بە گەرم و گوڕی و ئارامی دەستپێدەکات، بەڵام لەدوایدا، دەنگی پڕ حەسرەتی کاوە و خۆبەستنەوەی بە کەسی بەرامبەر ئاواز و گوێی مرۆڤ پڕ دەکات، هەر وەک هاوارێکی پڕ لە جودایی و جەختکردنەوە لەسەر یەکایەتی بوون.

جەختکردنەوە لەسەر یەکایەتی هەستی و بەرهەست، لە یەکاتی بوونی کاوە و خۆشەویستەکەیدا، دەردەبڕدرێ. چونکە ڕوحی ڕەها لە هونەردا، لە شێوەی هەستەکیدا خۆی دەنوێنێت. کاوە لەم سترانەدا، بوونی خۆی بە بوونی ئەو دەبەستێتەوە، واتە بوونی خۆی لە دەرەوەی خۆیدا دەفوڕمێنێت. هەر وەک دەڵێت ”شەڤێن بێتە ڕوژێن بێتە، مەهێن بێتە ئەز بێتە نابم”، بەو مانایەی ئەگەر تۆ نەبیت، منیش بوونم نییە. ئەو هزرەی کاوە هەیتی، لەگەڵ دەرەوەی خۆی دەسازێنێ، دواتر وەک هۆش بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە. وێناکردن/خەیاڵکردن ی کاوە لەم سترانەدا زیاتر لە بوون، دەئاخڤێت. هەروەها، ئەم خەیاڵەی لە ڕێگەی بەهرەمەندی خۆی، بەفۆڕمکرد. بە مانایەکی تر، ئەندێشەی خۆی، کردییە شتێکی زیندوو و لە هونەردا، ڕۆحی بەبەرداکرد. لە ڕێگەی ئاوەزەوە، سرووش وەرگرتنی خۆی، جەخت دەکاتەوە. چونکە بە وتەی هیگڵ بۆ داهێنانی هونەر و بەرهەمێکی هونەری، پێویستە لەسەر داهێنەر سرووش لە عەقڵی خۆی وەربگرێت. بۆ ئەوەی زیاتر بەرهەمی عەقڵ و خودی بێت. ئەم سترانەش زۆر دیالێکتانەیە، چونکە ئەگەر تەنها گوێ لە موزیکەکەی بگرین، هەست بەوە دەکەین کە چەندجار هەڵچوون و لێکدابڕان و توڕەیی تێدایە، بەڵام ئەگەر سەیری شیعرەکە بکەین، دەبینین هەمووی جەختکردنەوە و توانەوەیە، لەناویەک جەستەدا.
ئەو هزرە خودیەی کاوە لەم سترانەدا، بە بلیمەتییەکی تەواوەوە هاتووەتە بوون. چونکە شێوەی گوتنی ئەم سترانە قوڵە. هاوکات ئەم قوڵایەتییەش، بۆ قوڵای ڕۆحی داهێنەر دەگەڕێتەوە. هاوکات ئەم قوڵاییە لە ستران و شیعردا، خۆی بینییەوە. واتە ئەم هەستە لە یەکایەتی بوون لەگەڵ بەشەکانی ستراندا، یەکانگیردەبێت. ئەو ڕۆحە لەگەڵ ماددەدا، هاوئاهەنگبوو. ئەم جۆرە جوانییە، تەنها مرۆڤە دەتوانێت بیانخوڵقێنێت و ئەو جوانی و ڕوحی ڕەهایەی لەم سترانەدایە، هەرگیز لە سروشتدا بوونی نییە. واتە تەنها مرۆڤ داهێنەرە. سروشت مادەم ڕۆحی نییە، کە ڕۆحیش مەحکوومە بە دا‌هێنان، بۆیە ناتوانێت دۆزەرەوە یان خوڵقێنەر بێت.

کۆتا ستران کە شیبکەینەوە، سترانە بەناوبانگەکەی کاوە (حەلیام)ە. کاوە بەخۆیشی لەم گۆرانییەدا بە دوای بڵند فڕین و باڵابوونەوەیە، کە لە سەرەتای سترانەکەدا دەڵێت: ”پەر و باسکێ من هەبیا ئەزێ بڵند فڕیام ل سەر دەشت و زوزانا خوەزیا ئەس بگەڕیام” لیرەدا، کاوە بە هەستە هونەرمەندییەکەی و لە ناو هونەرەکەیدا بە دوای فڕین و گەیشتنە بە هێزێکی ناسروشتی بۆ ئەوەی بگاتە ئەوپەڕی باڵابوون. ئاواز و ریتمی سترانەکە زۆر تراژیدیانە دەردەکەوێت، چونکە لە کۆپلەی دووەمدا دەڵێت: ”پەر و باسکێ من تونە، ئەس نکارمە بێمە، چەند ساڵا ل غەریبیێ، ژ وەڵات ئەس دوور مامە، دکشینم ئەڤینیێ، بێ جی وبێ وار مامە” ئەو ئالانگارییەی کاوە لە پەیڤەکاندا، کە لە سەرەتای سترانەکەدا دەستی پیکرد، لە کۆپلەی دووەمی سترانەکەدا، پوکایەوە. بەڵام، ئەو بەرەنگارییەی کە لە ئاوەزەکەدا هەیە، هەر وەک خۆیەتی. چونکە ئاوازەکە نەگوڕایە. هەموو ژیانی خۆی لە دەرەوەی نیشتیمانەکەی بردە سەر، بە هۆی عەشقی وی بۆ ئاپۆ، کە وەکو گڕ و تینێک لە ڕۆحیدا چەکەرە دەکات. هاوکات، ئەو ڕۆحە لە غەریبی و یادەوەریی، لە ستراندا جیهانەکەی خۆی درووست دەکاتەوە، جیهانی ڕۆحی و عەشقی خۆی لەگەڵ سروشتدا لێکدژ دەبن، بۆیە لە ستراندا، ئەو ڕۆحە ئەڤینییە تراژیدییە بەرجەستە دەکاتەوە. ئاپۆ کە خۆی بیرمەند و سەرکردەیەکی باڵایە، ئەو هونەرەیشی کە لە عەشقی وی دێتەبوون، هەرخۆی دەبێتە باڵابوون. ئەم غوربەتی و عەشقە قوڵەی کاوە تێدایە، تەنها بە ئافڕاندن کەمێک سەبووری وەردەگرێت.
ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانی جوانیناسیی. کە مرۆڤی بلیمەت مەحکوومە بە داهێنان. بەڵام ئەو هەستە غەریبییە وا لە کاوە دەکات، بە دەنگێک کە پڕ بێت لە غەریبی و حەسرەت و تاراوگەیی، هاوار بکات و بڵێت: ”حەلیام حەلیام ژ بوونا تە ئەی سەرۆک، ناڤێ تە گوتنێ تە هەبوونا تە بو دیروک” هونەر ئەو ڕۆحەیە کە بە ناچارییەوە لە دایکدەبێت. خوداش لە هونەردا لە شیوەی جوانیدا دەردەکەوێت. هزری سیاسی خۆی، لەناو ئاپۆدا، جەختدەکاتەوە و لەناو هونەریشدا، نمایشدەکات. باڵابوون لە ناو هەریەکێک لەو وشانە و لەو ئاوازانەدا، خۆی پەنهان کردووە. کاوە کە دەسترێ مێژوویەک پڕ لە یادەوەری دەسترێ. کاوە بە تەنها ناسترێ، بەڵکو مرۆڤایەتی دەسترێ. کاوە کە وشەکان بەیاندەکات هونەر دەکاتە بەیانگەر، کاتێک ئاوازیان لەبەردا دەکات باڵابوون خۆی نمایش دەکات. کاتێک یەکایەتیان لەناودا دروست دەکات، خوڵقاندن دەلەرێتەوە، بەمەش ڕوحی ڕەها لە هونەردا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی.

کەواتە، کاوە بە کاوەیی خۆی لە ناو ستراندا دەناسرێتەوە. چونکە کاوە بە دەنگ و ئاوازی خۆی مێژووی کورد و کولتوور و بزاڤی سیاسی لە جەستەیەکی نەمردا، زیندوو دەکاتەوە. وەک چۆن دیۆژین، بە فانوسێک بەدوای مرۆڤدا دەگەڕا، ئێمەش بە فانوس(ئێستاتیکا)ی هیگڵ، بە دوای هونەری باڵا و هونەرمەندی بلیمەتدا دەگەڕێین. چونکە لەو دۆخە سەرمایەدارییە و ماددەخوازییەدا، هونەر ڕوڵی شمەکێکی بازرگانی دەگێڕێت، هاوکات بەبێ بوونی هونەرمەندێکی خاوەن تایبەتمەندی و خاوەن هەست و عەقڵێکی ئێستاتیکی، داهێنان مەحاڵە. ئەمە جگە لەوەی، کورد زۆر زەوق مردووە و هیچ بەهایەکی جوانیناسی و مرۆڤانەی لە کن نییە. تەنانەت هۆشیارییەکی واشی نییە بزانێت چ شتێک جوانە. ئەگەر بڵێتیش ئەم شتە جوانە، نازانێ بۆ جوانە، یان خودی جوانی چییە. هیگلیش بۆیە گوتی هونەر لە ڕۆمانتیکییەتدا و لە ناو کۆمەڵگای مۆدێرندا، ناتوانێت بەردەوام بیت. چونکە پیویستی بە ژینگەیەکی جوانیناسانەی هەیە. بە گوتەی هیگڵ، ئەم ژینگەیە لە کودستانی باکووردا، هیشتاش لەبارە. چونکە مادەم ڕۆحی بزواو و هزری ئازادی هەیە، هونەریش دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، ئەو ڕۆحەیە لە باکوور وادەکا هونەر پێگەی خۆی لەدەست نەدات.

ئەنجام
• کەواتە لە ڕوانگەی هیگڵەوە، ئەوەمان روون کردەوە، کاوە توانیوییەتی ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، بەرجەستە بکات. هاوکات هونەری سترانگوتن بگەیەنێتە باڵابوونەکەی خۆی.
• لە ڕوانگەی هیگڵەوە، بلیمەتی کاوە پەیوەستە بە بلیمەتی هونەری دەنگبێژی و کولتووری چیایی لە باکوور. بۆیەش لەوێ ستران ڕۆحی ڕەها و هزر، دەفوڕمێنێت.
• کاوە ئەو هۆشیارییەی نییە، سەبارەت بە چۆنییەتی داهێنان و باڵابوون لە هونەردا. بەڵکو بە واتای هیگڵ، ئیشی ئیستیتیکایە، ئەوە ڕوونبکاتەوە. کە کاوەش، وەک هونەرمەندی بلیمەت دەتوانێ ئەوە بکات.
• ئەگەرچی موزیک و شیعر، لە ڕوانگەی هیگڵەوە، دەچنە خانەی ڕۆمانتیکییەتەوە، چونکە زیاتر خودینە، تا بابەتی بن. بەڵام، لە ڕووی خوڵقاندنی واتاو و بلیمەتییەوە، کە هۆکاری ئەو پاشخانە دەنگبێژیەی لە باکوور هەیە، توانیوییەتی فۆرم و ناوەڕۆک لە فۆرمێکی باڵادا، بەرجسەتە بکاتەوە.
• ژینگەی جوانیناسی و دوور لە کۆمەڵگای مودێرن، یەکێکە لە مەرجەکانی هیگڵ بۆ مانەوەی هونەر. ئەم ژینگەیە جوانیناسییەش، تا ڕادایەکی زۆر لە باکووردا، بوونی هەیە ولەبارە.

——————————————-

ژێدەرەکان

  • هێربێرت مارکوزە، ڕەهەندی جوانیناسی، و. رامیار حسەینی، چاپخانەی گەنج، ساڵی چاپ ٢٠١٧.
  • توانا حەمە، موزیک و سیاسەت، چاپخانەی چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵی چاپ ٢٠١٧.
  • بابەک ئەحمەدی، هەقیەت و جوانی، و. مەسعوود بابای، چاپخانەی خانی(دهوک)، چاپی یەکەم ٢٠٠٨.
  • مقداد حمەساڵح، ئێستاتیکا، چاپەمەنی گەنج(سلێمانی)، لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی رێنما، چاپی یەکەم ٢٠١٣.
  • هیمدام مەحمود حەمەساڵح، بونیادی بناغەیی ئیستیتیکی هیگڵ، چاپخانەی موکریانی(هەولێر)، چاپی یەکەم ٢٠١٠.
  • هەندرێن ، مەدحەت کاکەیی؛ لە نەوای هێڵکارییەوە بۆ خەڵوەتگەی ڕۆشنایی ڕەنگەکان، لە کتێبی نامەکانی ڕامۆدا، هەیە.

    پەراوێزەکاان:

: هیمداد مەحمود حەمەساڵح، بونیادی بناغەیی ئیستێتیکی، ل٤٧-٤٨
: هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٤٩
: بابەک ئەحمەدی، هەقیقەت و جوانی، مەسعود بابایی، ل١٢٤
: هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل١٢٥
: مقداد حمە صالح، سەرنجێک لەسەر ئێستاتیکا، ل٤٤
: هیمداد محمود حمەصاڵح، بونیادی بناغەیی ئیستێتیکی هیگڵ، ل٧٢
: بابەک ئەحمەدی، هەقیقەت و جوانی، و. مەسعوود بابایی، ل١٣٢-١٣٣
: هیمداد مەحمود حمەصاڵح، بونیادی بناغەیی ئیستێکتیکی هیگڵ، ل٦٥
: بابەک ئەحمەدی، هەقیقەت و جوانی، و. مەسعوود بابایی، ل١٢٢-١٢٣
: هیمداد مەحمود حمەصاڵح، بونیادی بناغەیی ئیستێکتیکی هیگڵ، ل٦٧
: هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٦٧
: نووسەر و شاعیر: هەندرێن، لە گفتوگویەکماندا سەبارەت بەم بابەتە، ئەم گوتەیەی دەربڕی. کاوە و ئەم گۆرانییە،
: هەندرێن، مەدحەت کاکەیی؛ لە نەوای هێڵکارییەوە بۆ خەڵوەتگەی ڕۆشنایی ڕەنگەکان، ل٥، گوتارێکە وەکو سەرچاوە، لە دەرسی جوانیناسی. .
: توانا حەمە، موزیک و سیاسەت، ل١٩
: هێربێرت مارکوزە، ڕەهەندی جوانیناسی، و. رامیار حسەینی، ل٢٤
: لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی دهۆکدا، ئەمە دەخاتەڕوو. بە ناوی (کاوە ئارت).




پۆتێنشیاڵی زمان لە شیعری( نان و ئاگر)ی حەمەی شانۆدا.. عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

دەق و خوێندنەوە

نان و ئاگر

پێش
ڕۆژ هەڵاتن
پێش توانەوەی
زوقمی نێو جۆگەلەکان
پێش ئەوەی شەیتانەکان هەڵسن
پێش ئەوەی بارانەکە خۆشی بکاتەوە
من بەخەبەرم دەچمە دەرێ لەماڵ

مەیدانی کرێکاران قەرەباڵغە
لەو پیاوانەی بە هێزی شانەکانیان
دەژین کەسانێکیش
چەک لەسەرشانن لەتەوێڵەی
ئاغاکانیان

عەشق بەتامی کرێکاری سوێر سوێرە
دەستە زامدارەکانم
بۆنی ئارەقی کراسەکەم
ڕوومەتی هەڵقڕچاوم
پشتەکۆمەوەکەم
ڕووی ڕاوەستانیان نییە
بەرامبەرکچێک
کچان زمانێکی شیرینیان دەوێت
حەزیان بەقسەی شاعیرانەیە.

شاعیرە تەسکەکانم خۆشناوێت
ئەوانەی مناڵی بەردەم سپلیتن
بەسپۆنسەر
بەمیدیا
بەمیدالی زێڕین
بوونەتە شاعیر

کرێکارەکان شاعیری ڕاسەقینەن
ئاخی ئێمە و ئەوان مەودای ئەرز و ئاسمانە
ئاخی ئێمە لەدەست
ماندووێتی وچەکوش وەشانە
هی ئەوانیش لەعانی گان و و
ڕەحتبوون و تەکانە

خودا گەر لەو دنیا پێم بڵێ تۆ کێی ؟
ناو لەپی دەستەکانمی پێشان ئەدەم
پسوڵەی بەهەشت ، چەکوشەکەمە
کە سیمبولی ڕەنجدەرانە

تەنها بەشی تێرکردنی سکێک و
دەفتەر و پێنوسێک و
کرینی کتێب و فیلمێک دەکات
پارەکەم
ئا ئەمەیە ژیانم ناشتوانم ناوی بنێم خەون
ئەژدادی ئەوخەونانەش بسوتێنم
کە بەپارەی کرێکاری دێنەدی.

هەندێ شەو هێندە هیلاکم
گەر فریشتەی مەرگیش بێت
پێی دەڵێم تخوا بڕۆ سبەی وەرەوە
باهەرنەبێ ئارەقەکەم وشک بێتەوە.

نیوەڕۆیەکی کرێکارانە بژێ
بەخواردنی نان وئاگر.
بەکارکردن لەژێرپلەی گەرمی پەنجا

ژیان هەموومانی گا
هێشتا پێمان دەڵێن تەحەمولت هەبێ
هەرنەبێ تۆزێ کەمتر
ئازار بچێژین
هەرنەبێ چەقۆکانتان توندتر بوەشێنن
وەک وەشیانی چەکوشەکانمان

جغارەیەکم داگیرساندوە و
قەترە قەترە دەبمەئاو
قەترە قەترە لەبری فرمێسک
ئارەقە دەکەوێتەسەر
وێنەکەت کە خەریکە کاڵ دەبێتەوە
خەریکە وەستا بانگم بکا

پێش ئەوەی ئارەقەی سینگ
وپشتم وشک بێتەوە ،
ئەم دێڕانەم نووسی
ببورە ڕەنگە کەمێ تامی سوێربێت
ڕەنگە کەمێ سەرت بێتە ئێش
چونکە دەنگی تاق وتریقی چەکوش کاست ئەکا.

   خوێندنەوەیەک بۆ دەقی (نان و ئاگر)

شیعری (نان و ئاگر) دەقی شاعیری لاو حەمەی شانۆیە(١)، ئەم دەقە مۆنۆلۆجێکی ناوەوەیی شاعیر یان کارەکتەری ناو دەقەکەیە کە کرێکارە و لەڕێگەی بەراوردکارییەکەوە، بەراوردکارییەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ، لەڕێگەی زمانێکی سفت و سادەوە خوێنەر کەمەندکێش دەکاتە نێو هەستیارترین بابەتی ڕۆژ و ژیان، ئەویش فەلاکەتباریی و مەینەتباری ژیانە. شاعیر زۆر بە وردکارییەوە ئیشی لەسەر ئەو بەراودرکارییە، لەڕێگەی وشە و دێر و وێنە چێکراوەکانی نێو دەقەکەوە کردووە، ئاشنامان دەکات بە دۆخێکی ناخوازراو و نالەباری کۆمەڵایەتی. پرۆسەی بەراودرکارییەکە ئەبستراکت نییە و شاعیر چینێکی کۆمەڵایەتی تاسەر شۆڕشگێڕ و نوخبەیەکی وردەبۆرژوازی ڕاڕامان نیشان دەدات و بەرپرسیارێتی هەردوولا سەبارەت بە ژیان و کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو. ئەو زمانەی شاعیر بەکاری بردووە، زمانێکە ئاسایی و سادە و تەنانەت مرۆڤە سادە و بەشمەینەتەکان بەکاری دەهێنن و دوورە لە زمانی نوخبە، دوورە لە زمانی بۆینباخ لەبەرەکانی نێو ئۆفیسی پشت مێزە زەبەلاحەکان، ئەوانەی وشەی نامۆ نامۆ و دەقی نامۆ نامۆ دەنووسن. حەمەی شانۆ هێزی وشە زۆر سادەکان دەناسێت و زیرەکانە دەستی بردووە بۆیان و ئەو ‌هێزەش بووە بە پۆتێنشیاڵی نووسینەکەی.

پێش
ڕۆژ هەڵاتن
پێش توانەوەی
زوقمی نێو جۆگەلەکان
پێش ئەوەی شەیتانەکان هەڵسن
پێش ئەوەی بارانەکە خۆشی بکاتەوە
من بەخەبەرم دەچمە دەرێ لەماڵ
بەڵێ ئەوە کرێکارەکانن، ئەو ئینسانانەن کە نانی ڕۆژیان نییە و ئامادەن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن و لەکازیوەی بەیانییەوە لەماڵ دەردەپەڕن و ئێوارە بە شەکەتی و ماندوویی دەگەڕێنەوە ناو ماڵ، ئەوان ئەو چینێکی تاسەر شۆڕشگێڕن.جیهانی کرێکاران، لێوڕێژە لەعەشق و تووڕەیی و ئومێد و خەون و شەڕەقسە و ململانێ و خەبات. لەم جیهانە سادەیەدا ئاخاوتن و گفتوگۆشیان سادەیە وەک دڵە پاکەکانیان. جنێوەکانیشیان خاکییە و پڕە لە ئیدیۆم ومیتافۆر. شاعیر هاتووە لەم جیهانەوە باس لە عەشق و شیعر و شاعیر دەکات تا دەگات بە سکاڵا لە دەست نەهامەتییەکانی ژیان.

عەشق بەتامی کرێکاری سوێر سوێرە
دەستە زامدارەکانم
بۆنی ئارەقی کراسەکەم
ڕوومەتی هەڵقڕچاوم
پشتەکۆمەکەم
ڕووی ڕاوەستانیان نییە
بەرامبەر کچێک
کچان زمانێکی شیرینیان دەوێت
حەزیان بەقسەی شاعیرانەیە.
بەشێکی بەرچاوی کچانی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی وابەستەی کۆمەڵی نەریتی کۆمەڵایەتین و هێشتا هەناسەی دەرەوەی قەفەسەکانی کلتووری ڕۆژهەڵاتیان هەڵنەمژیوە، وا بار هاتوون کە دەبێت کوڕ ئەرکی لاوانەی ئەوینی کچان لە ئەستۆ بگرن. بەڵام کارەکتەری نێو دەقەکە ( کە هەر خودی شاعیرە و ڕاناوی کەسی یەکەمە) کە بۆنی ئارەقەی لێدێت و بە پشتی کۆم و دەستی زامداری ڕووی ئەو لاوانەوەی ئەوینەی نییە. هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەدەقەکە گشتیگیر نیشاندراوە، بەڵام لایەنە نێگەتیڤەکەی بریتییە لەوەی کە کرێکار و جیهانی کرێکار ڕووی ئەوین و عەشقی نییە. بەڵام لە ڕاستیدا و لە دونیای واقیعدا جیهانی کرێکار پڕە لە خۆشەویستی و دەیەها چیرۆک و حیکایەتی ئەڤینداری لەهەناودایە، یانیش ڕێی تێدەچێت کەپڵەکەی ئەم کرێکارە هەڵگری ڕوحییەتێکی بۆرژوازییانە بێت و بەم جیهانە مەینەتبارەی عاشقە کرێکارەکەی نامۆ بێت. هەرچۆنێک بێت شاعیر بێئەوەی باس لە سیاسەت بکات و دروشم بەرز بکاتەوە، هاتووە بە دیوەکەی تر بە دیدگایەکی چینایەتییەوە بابەتەکەی خستۆتە ڕوو. ئەوەش ڕوونە کە(ئەو ئەدەبەی گوزارشت لە دیدگای چینایەتی دەکات، ئەدەبێکی سیاسییە.)(٢) و بەم پێیە ئێمە لەم دەقەدا ڕووبەڕووی شیعرێکی چینایەتی – سیاسیی بووینەتەوە و سیحری زمانەکەی ئێمەی هێناوەتە سەر کەڵکەڵەی خوێندنەوەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە وشەکانی دەقەکە لەنێو هەناوی ڕەخنەی چینایەتی کڕیکارەوە نەهاتوون.

شاعیرە تەسکەکانم خۆشناوێت
ئەوانەی مناڵی بەردەم سپلیتن
بەسپۆنسەر
بەمیدیا
بەمیدالی زێڕین
بوونەتە شاعیر.

کرێکارەکان شاعیری ڕاسەقینەن
ئاخی ئێمە و ئەوان مەودای ئەرز و ئاسمانە
ئاخی ئێمە لەدەست
ماندووێتی وچەکوش وەشانە
هی ئەوانیش لەعانی گان و
ڕەحتبوون و تەکانە

ئەگەر شاعیربوون لێرە مەجازیش بێت،هێشتا لەبەردەم پرسیارێکی جیدیی دایە. ڕۆڵی شاعیر لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چییە؟ چونکە منداڵانی بەردەم سپلیتەکان شاعیر نین و تەنها چەکووش بەدەستەکەی نێو ئەم دەقە شاعیری ڕاستەقینە و نووسەری ئازارەکانی ئینسانە. ئەوەی نیشاندراوە، وێنای جیاوازی ئابووری دوو چینی جیایە. یەکێکیان گوزارشتی درۆیینە لەگەڵ شیعر و واقیع دەکات و هەموو خەمی ئارەزوو و حەزەکانییەتی و ئەو حەزانەش لە کاتی هەناسەبڕکێی تەکانەکانیدا وێنا کراوە. ئەویتریان کرێکارەکەیە کە بێ دوودڵی و بێ ڕتووش گوزارشت لە واقیعی ژیانی خۆی دەکات کە حەمەی شانۆ سەر بە جیهانی کرێکارەکەیە، (کە جغارەیەکی داگیرساندووە و قەترە قەترە دەبێت بە ئاو). بەکاربردنی جغارە لەبری جگەرە، لانەدانە لەو ئینتمایەی کە زمان دەقەکە هەیەتی بۆ سادەیی جیهانی ئاخاوتنی شاعیر. دوا دیمەنی ئەم کۆپڵەیە وشەگەلی ( گان و ڕەحەتبوون و تەکان) گەر بەشێوەی ئەبستراکت وەریان بگرین دەبنە هۆی ناحاڵیبوون لە دەقەکە و دواجاریش ڕێکە خۆش دەکات بۆ لێکدانەوەی نادروستی وەک بێحورمەتی بە ژن. بەڵام لە سیاقی دەقەکەوە لێی بڕوانیت، دەبینیت کە ئەو وشانە گوزارشتێکی ئابووییان هەیە و دەلالەتن لەسەر مەدلوولێکی تر کەئەویش دۆخی ئابووری چینێکی تر(بۆرژوازی)ی خاوەن بەرژەوەندی جیاوازە لە بەرژەوەندی چینایەتی شاعیر .خوێندنەوەی هەڵە بۆ زمانی شیعریی و لێکدانەوەی موجەرەدانەی وشە لەدەرەوەی هەیکەلەی دەق، جگە لە ناحاڵیبوون لە دەق و زمان و شیعر، بەرهەمێکی تری نابێت.

تەنها بەشی تێرکردنی سکێک و
دەفتەر و پێنوسێک و
کرینی کتێب و فیلمێک دەکات
پارەکەم
ئا ئەمەیە ژیانم ناشتوانم ناوی بنێم خەون
ئەژدادی ئەو خەونانەش بسوتێنم
کە بەپارەی کرێکاری دێنەدی

ئەم تووڕە بوونە توورەبوونێکی ڕەوای کرێکارە لە دونیای بۆرژوازی. ئاخر لە دنیایەک کە هێزی پارە بڕیاردەر بێت، کرێکارێک مەمرەو مەژی بژێت، چۆن دەتوانێت دەستی بگات بە خەونەکانی. چۆن هەقی نییە بڵێت ئەژدادی ئەو خەونانە دەسووتێنم. ئەو کە خەمی پەیداکردنی نانی سبەێنی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت ماڵۆچکەیەک یان کونجی قەناعەتێک لەگەڵ دولبەرەکەی بنیاد بنێت؟ نیزامی سەرمایەداری بێڕەحمانە ساڵانە بەهەزاران بێکار فڕێ دەداتە لێواری ژیانی مەمرەومەژییەوە، مافەکانی کرێکاران زەوت دەکات، بیمەکانیان کەم دەکاتەوە، بە کورتی کرێکار بەردەم لەهێرش دڕندانەی بۆرژوازی دایە، لەهەمان کاتیشدا هەڵەیەکی کوشندەیە گەر پێمان وابێت، کرێکار لەبەردەم چەقۆی ئەم جەللادە بێڕەحمەی سەرمایە، لەم جەنگە چینایەتییە، دەبێت دان بە خۆیدا بگرێت و هەمیشە نەرم ونیان بێت. غەدرێکی گەورە لە کرێکارەکەمان(شاعیرەکە)ش دەکەین ئەگەر بڵێین ئەو ئیدیۆمەی کە بۆتە چوارچێوەی تووڕەبوونەکە لەجێی خۆیدا نییە. نەخێر بە بڕوای من پەنابردن بۆ پراگماتیک زۆر لە جێی خۆیدایە، چونکە پراگماتیک بەوپێیەی پابەندی یاسا و واتای فەرهەنگی نییە پەیوندی راستەوخۆی بە وتنەوە هەیە، توانای ئەوەمان دەداتێ، کە بە چەند وشەیەکی کەم بیرێکی فراوان دەرببڕین.(٣)

نیوەڕۆیەکی کرێکارانە بژێ
بەخواردنی نان وئاگر.
بەکارکردن لەژێرپلەی گەرمی پەنجا

ژیان هەموومانی گا
هێشتا پێمان دەڵێن تەحەمولت هەبێ
هەرنەبێ تۆزێ کەمتر
ئازار بچێژین
هەرنەبێ چەقۆکانتان توندتر بوەشێنن
. وەک وەشیانی چەکوشەکانمان

لەدۆخێکی ئاوا فەلاکەتبار و کارکردن لەژێر پلەی گەرمی پەنجا، وەختێک بەفریش فریای قوورگی وشک و ناخی سووتاو ناکەوێت، ئیتر گوزارشتکردن لەم جەهەنمە بە ئیدیۆمی (ژیان هەموومانی گا) جوانییەک دەبەخشێت بە کۆپڵەکە، بێئەوە بچووکترین هەست بە ئازار ببەخشێت. ژیان هەموومانی گا یانی ژیانی ئێمەی کرێکار لەناو دۆزەخی سەرمایەداری تواندنەوەی هەموو خەونەکانمانە، لەدەستدانی عاشقەکانمانە، نەبینینی خێر و خۆشییە، تەمەن کورتییە. ئەمە هێزی ئەو زمانەیە کە حەمەی شانۆ بێئەوەی بهێلێت دیوە نێگەتیڤەکەی ئەو ئیدیۆمە دەربکەوێت، بەدیوە پۆزەتیڤەکەیەوە دیمەنێکی جوانمان نیشان دەدات لە نایەکسانی ژیانی ئینسانەکانی کۆمەڵگە.تەجرید کردنی وشەی (گان) لە ئیدیۆمەکەی ناو ئەم دەقە، تەفسیرکردنی هەڵە و لێکدانەوەی بە دیوە نێگەتیڤەکەی وەک پرۆسەی جنس و سووکایەتی بە ژن، ناحاڵیبوونە لە ئیدیۆم و کاری ئیدیۆم لە زماندا. چونکە ئیدیۆم خۆشی ( ناسکترین و وردترین هۆی ڕەوانبێژییە.گەلێک لەوە کاریگەرترە کە تۆ راستەوڕاست ڕاستییەک ئاشکرا بکەیت و بیڵێیت.)(٤) ئیدیۆمی ( ژیان هەموومانی گا) کە لەم دەقەدا بەکار هاتووە، پەیوەندی بە سەرجەم ئینسانەکانی کۆمەڵگەوە هەیە بە ژن و پیاوەوە.

جغارەیەکم داگیرساندوە و
قەترە قەترە دەبمە ئاو
قەترە قەترە لەبری فرمێسک
ئارەقە دەکەوێتە سەر
وێنەکەت کە خەریکە کاڵ دەبێتەوە
خەریکە وەستا بانگم بکە

پێش ئەوەی ئارەقەی سینگ
وپشتم وشک بێتەوە ،
ئەم دێڕانەم نووسی
ببورە ڕەنگە کەمێ تامی سوێربێت
ڕەنگە کەمێ سەرت بێتە ئێش
چونکە دەنگی تاق وتریقی چەکوش کاست ئەکا.

لێرە خەیاڵەکەی شاعیر ڕوونتر دەردەکەوێت و کرێکارەکە کە هەر خودی شاعیرەکەیە و لە خەیاڵگەی خۆیدا و لەژێر پلەی گەرمی پەنجا وا خەریکە سکاڵا لەدەست نا عەدالەتییەکانی ژیان دەکات و نەفرەت لە نایەکسانی دەکات، دوایین دێرەکانی خۆی یان دوایین مۆنۆلۆجی خۆی بەزمانە سفتەکەی نیشان دەدات و دەچێتەوە نێو دۆزەخە نێشاندراوەکەی نێو شیعرەکە تا ئەو بڕە پارەیەی کە هەقدەستەکەیەتی و بەشی ژیانێکی ئاسایی ناکات، وەربگرێت و بتوانێت دەفتەرێک و کتێبێک و ژەمەخواردنیک و پاکەتە جگەرەیەکی پێبکڕێت. نابێت بیرمان بچێت کە بەدرێژایی مێژووی زمان و ئەدەب،جگە لە ڕەگەزی خەیاڵ،زمان توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ئاخاوتن. زمانێک لەنێوان هونەر بوون و پێوەرە زمانەوانییەکان مۆری خۆی بدات لەو دەقانەی کە لەدووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا بە دەقی داهێنەرانە یان زیندوو یان نەمر ناوزەد دەکرێن. زمانێک نە دەکەوێتە دەرەوەی ململانێی کۆمەڵایەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نە دەستەوەستانیشە لە گوزارشتکردن لە خەونەکانی ئینسان. شاعیر لێرەدا گەرچی نایەوێت ببێتە دیلی کۆتوبەندی پێوەرە ئەدەبییەکان، بەڵکو ئازادانە لەگەڵ وشەکانی، وێنای ئەو ئازارانە دەکات، کە خۆی و ئێمە و مرۆڤایەتیش پێوەی دەرگیرین.زمانی دەقەکەش سەرباری سادەیی و سفتییەکەی، دوورە لە ڕاستەوخۆیی و وابەستەیی دەقەکە بە سیاسەتەوە .ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٨٥ لە نامەیەکدا بۆ کاوتسکی دەنووسێت( لە هیچ ڕوویەکەوە پێم خراپ نییە چیرۆکێک بە ئاراستەی سیاسیدا بڕوات، بەڵام لایەنگری زەق و ئاشکرا بە باش نازانم.)(٥)
دواجار حەمەی شانۆ، ئەو شاعیرە لاوە پڕ لە وزەیەی کە خاوەن پۆتێنشیاڵی زمان و دەربڕینی هونەرییانەی سادە و جوانە لەم دەقەدا و بەڕوئیای ڕوونەوە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی چینە کۆمەڵایەتییەکان، نیگای بڕیوەتە داڕشتنی دەقێکی ئەدەبی(نان و ئاگر) کە ژیرانە لەڕێگەی کۆمەڵێ وێنەی شیعریی و دەربڕینی هونەرییەوە سەرنجی ڕەخنەی ئەدەبی بۆلای خۆی ڕاکێشا و بە زمانێکی سادە و پڕ لە وزەوە توانی شیعرێکی کرێکاریی جوان بهۆنێتەوە، کە ئەگەر لەسەر ئەم ڕێڕەوە و بەم ناوەڕۆکە چینایەتییە کرێکارییەوە درێژە بە شیعرەکانی بدات، دوور نییە لەداهاتوودا ببێت بە شاعیرێکی کرێکاریی خاوەن سەبک و ستایڵی تایبەت بە خۆی.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)
یانزەی ئەیلوولی ٢٠٢٠

———————————————-

ژێدەرەکان :
(١)محمد بەرزان، ناسراو بەحەمەی شانۆ ساڵ١٩٩٨ لەشاری کەرکووک لە دایکبووە. خوێندکاری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کەرکووکە و خاوەنی گروپی شانۆی دیالۆگە و چوار ئەزموونی شانۆیی کردووە کە لە نووسین و دەرهێنانی خۆی بووە ،لەبواری شیعریشدا ساڵێک زیاترە دەنووسێت، هەوڵیداوە لەنووسینەکانیدا سرووشتیانە بێت وەک تریشقە ئاسا بێ هیچ کۆت و بەندێک ئازارەکانی ئینسان بگەێنێ..
(٢)الفن و التصور المادي للتآریخ تآلیف جورج بیلخانوف ترجمة جورج طرابیشي من منشورات دار الطلیعة للطباعة و النشر بیروت لبنان الطبعة الآولی ١٩٧٧ ص٤٩.
(٣)ئیدیۆم چەشن و پێکهاتنی لە زمانی کوردیدا نووسینی شیلان عومەر حوسێن مەڵبەندی کوردۆلۆجی چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم سلێمانی ٢٠٠٩ لاپەڕە ٧٥
(٤)ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا نووسینی جەلال مەحمود عەلی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی چاپخانەی حیسام بەغداد ١٩٨٢ لاپەڕە ٧.
(٥)مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی نووسینی تێری ئیگڵتن وەرگێرانی هاوڕێ یوسفی لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما چاپخانەی گەنچ چاپی یەکەم سلێمانی ٢٠١٧ لاپەڕە ١٦٠-١٦١.




پڕۆژەیەک لەبارەی یاسای سەلامەتی شوێنی کارەوە.. کاوە کەریم

دەستپێک:
ڕۆژانە بەهەزارەها کرێکار لە جیهاندا دەبنە قوربانی خراپی شوێنی کارو ڕۆژ نییە هەواڵی دڵتەزێنی ڕووداوی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی کاریاندا نەبیستین. تەنانەت ڕۆژ نەبووە کرێکاران تووشی
ڕووداوی دڵتەزێن نەبن و ئەندامێکی جەستەیان لەدەسنەدا..

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامان

  • وەک رووداوێکی گرنگ بۆ ژیانی رێکخراوەکەمان –
    .
    لە چەند مانگی رابردوو لە رێگەی جموجۆڵەکانی رایەڵە رێکخراوەییەکانمان بڕیارماندابوو ”کۆبوونەوە گشتییەکانی ئەندامان” وەک پێکهاتە و ئامرازێکی گونجاو ببێتە سەکۆیەکی ئازاد بۆ ئەوەی لە لایەک بتوانێ هاوشانی ”کۆبوونەوەکانی دەستەی سەرپەرشتی” پەیوەندییەکانی ئەندامان رێکبخا و بەشداریی لە ساغکردنەوە و ئەنجامگیریی لە کار و چالاکییەکان بکا.. لە لایەکی دیکەش بتوانێ لە رێگەی بڕیاردان لەسەر گۆڕانکارییە چارەنووسسازەکانی نێوەندەکەمان ئەو بۆشاییانە پڕبکاتەوە کە لە نێوان دوو کۆنفراس پەیدادەبن.

    هەر لەسەر ئەو بنچینەیە لە ٢٤ی مانگی رابردوو رێکخراوەکەمان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بە ناوی ”یەکەم کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامان” بە بەشداربوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجامدا، هەڵبەتە وەک ئەوەی بڕیاربوو لەبەر هەبوونی پەتای کۆرۆنا و بە هۆی لە یەک دووریی ئەندامە بەشداربووەکان کە لە وڵاتانی جۆراوجۆر دەژین سوودمان لە ژوورێکی سەرهێڵ وەرگرت بۆ بەستنی کۆبوونەوەکە.. دیارە ئەوەش بۆ خۆی کۆمەڵێک گیروگرفت بە هۆی جیاوازیی کات و شوێنی ئەندامان و کێشەی تەکنیکیی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندییەکان دروستدەکا.. بەڵام بە هۆی دڵسۆزیی هاوڕێیان بۆ پرسی ئازادیی و خودی رێکخراوەکەشمان بەسەر ئەو ئاستەنگییانەشدا زاڵ بووین و کۆبوونەوەکەمان بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک و سەرکەوتووانە و بە گرنگییپێدانێکی زۆرەوە لە لایەن سەرجەم بەشداربووانەوە بەڕێوەچوو.

    سەرئەنجام کۆبوونەوەکە بێجگە لەوەی وەک خودی ئەنجامدانەکەی کە یەکەمین ئەزموونی کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامان بوو سەرکەوتنێکی باشی وەدەستهێنا.. لە برگەی یەکەمیدا رەشنووسیێک خرایەڕوو کە پێشتر دەستەی سەرپەرشتیی بە بەشداریی و هەماهەنگیی زۆربەی ئەندامان بۆ هەموراکردنی ”کارنامە و پەیڕەو”ی نێوەندەکەمان ئامادیکردەبوو.. پاش گفوگۆیەکی تێروپڕ لەسەری و جێگیرکردنی هەندێک لایەنی لە رێگەی دەنگدان و دەرکردنی هەندێک راسپاردە بۆ کۆنفرانسی یەکەم هەروا گۆڕینی ناوی رێکخراوەکەمان بۆ ”ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین”.. خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری ئەندامان پەسندکرا.. ئەوەش بۆ خۆی کە ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان بوو وەک رووداوێکی گرنگ لە مێژووی ژیانی رێکخراوەکەمان خۆی نواند.
    هەر لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا لە بڕگەی دووەمدا بە کۆی دەنگ متمانە بە ”دەستەی سەرپەرشتیی” درایەوە بۆ ئەوەی درێژە بە کار و چالاکییەکانیان بدەن تا کۆنفراس، لە بڕگەی سێیەمیش بێجگە لەوەی بڕیار لەسەر چۆنیەتی کاری ژوورەکە درا ئەرک و دەسەڵاتەکانی کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامانیش کە دوو مانگ جارێک دەبەسترێ دەستنیشانکران، لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەش دەرگەی (لێدوانی ئازاد) خرایە سەرپشت و پاش بەشدرارییکردنی هەندێک لە هاوڕێیان کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.

    هەر لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین پەیامی خۆمان بە سەرجەم ئازداییخوازان و هەموو ئەو کەسەسانە رابگەیەنین کە دەخوازن لە پێناو بەرجەستەکردن و پایەدارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین بەردێک بخەنە سەر بەردێک؛ ئێمە لەو سەدان رێکخراوە مشەخۆرەی کوردستان نین کە دەرهاویشتەی هزر و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران و پارتی و پارتیایەتین و تەنیا خەریکی دەسەڵاتخوازیی و خۆدەرخستن و پەیداکردنی بژێوی ژیانن لە رێی گەندەڵکاریی لە سامانی میللەت.. هاوکاتیش هەروەک دەسەڵاتداران بە پلەیەک کەمتر دژ بە هەر ماف و ئازادییەکی خەڵکن.. بەڵکە ئێمە لە خۆتانین و شێلگیرانە لە پێناو ئازادیی هەمووان تێدەکۆشین، هەر بۆیە بانگەوازی یەکە بە یەکەی ئەو ئازادییخوازنە دەکەین کە رێباز و کارنامەکەمان بە پەسند دەزانن بۆ ئەوەی هاوکار و بەشدار بن لە کار و چالاکییەکانی نێوەندەکەمان و هەموومان پێکەوە بە ئامانجەکانی بگەیەنین.. ئاخر ئەو سەرکەوتنەی کۆبوونەوەکەمان و هەر کار و چالاکییەکی داهاتوومان لە پێناو گەیشتن بە ئازداییەکانی دەربڕین بەندە بە ئامادەیی و هاوکاریی ئێوە و یەکگرتووییمان لە رێکخراوێک کە لەوەی ئێستامان زۆر فراوانتر و تۆکمەتر بێ.





پێنج بروسکەی شیعریی.. دەق: ستیڤان شەمزینی

“یەک”

رۆژ و وەرزەکانم
بەیانیان لە پیاڵەی قەسیدەدا دەتخۆمەوە
نیوەڕوان لەسەر زنەی شیعر پێکدەگەین
ئێواران لە ئاسمانی عەشقدا دەفڕین
شەوانیش دەتگرمە چوارچێوەی شیعر و
لە ژوور سەری خۆما هەڵتدەواسم


هاوینان لە گەرمی لەشتا دەتوێمەوە
پایزان وەگ گەڵایەکی زەردهەڵگەڕاو
رەشەبای عەشقت دەمبا
زستانان لە بەفری جەستەتا
سەمایەکی جادوویی دەکەم
بەهاران لە رۆحی تۆدا
سەرلەنوێ چرۆ دەکەمەوە


“دوو”

سەدای عەشق
کە لێت دووربم هێندەی ئاوی دەریاکان فرمێسک دەڕژم
کە ناتبینم ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێ
وا هەست ئەکەم کەوتوومەتە ژێر هەرەسی چیایەکەوە
ئازیزم، بیر لە عەشقی من بکەرەوە چەند گەورەیە
کاتێ کردیانە سەر باڵی هەور شی بووەوە بۆ باران
ساتێ کردیانە سەر زەوی بێروون سەرتاپا بووە باخ
بیر لەو سۆزە بکەرەوە لە دەنگ و پێکەنینەکانما هەیە
چی مۆسیقارەکانی دنیایە ئەیانەوێ بیکەنە ستران
رازی دڵم بۆ تۆ و خودا ئەکەمەوە ئەی شازادەترین یار
با سەدا و ناڵینی دڵم بگاتە دوورترین شوێنی ئاسمان


“سێ”

تۆ نیگارێکی جادوویت
تۆ نیگارێکی هیچ وێنەکێشێک ناتوانێت تەفسیرت بکات
تۆ حکایەتێکی هیچ حکایەتخوانێک ناتوانێت بتگێڕێتەوە
تۆ سنەوبەرێکی هیچ باخچەیەک لە زمانت حاڵی نابێت
تۆ شەپۆلێکی لە دڵی هیچ دەریایەکدا ئۆقرە ناگری
تۆ فرمێسکێکی هیچ چاوێک ناتگرێتە خۆی
تۆ خەندەیەکی هیچ نیشتمان و زێدێکت نەماوە
تۆ نەوڕەسێکی هیچ کەناراوێکی هێمن شک نابەی
تۆ پەروانەیەکی هیچ رووناکییەک بانگهێشتت ناکات
تۆ بەیتێکی لە چوارچێوەی هیچ قەسیدەیەکدا جێت نابێتەوە
تۆ وشەیەکی ناسکی لە هیچ زارێکدا کپ ناکرێی
تۆ بەیانییەکی لەگەڵ هیچ غروبێکدا یەکناگریتەوە
تۆ خەیاڵێکی لە هیچ خەونێکدا نادۆزرێیتەوە
تۆ ئەفسانەیەکی لە هیچ واقیعێکدا نابینرێی
کەچی ئەوە منم
کە تۆ خۆتم تێدا دەبینیتەوە


“چوار”

مەمکی تۆ و شیعری من
ئەگەر هەستت بە گەرمییەک کرد لە سینگی خۆتدا
شیعری منە زمان لە گۆی مەمکەکانت دەخشێنێ
ئەگەر رۆژێک جووتە مەمکەکانت وەک کۆتر هەڵفڕین
دوودڵ مەبە بەرەو قووڵایی شیعرەکانی من دێن
هەر ساتێ گوێت لە ئاوازێکی ناوازە بوو لە دەروونتا
دەست و پەنجەی شیعرەکانمە شمشاڵی مەمکت دەژەنێ
گەر مەلێکی سەرکەش لەسەر بەرزایی سینگت نیشتەوە
ئەوە بولبوولی شیعرمە هاتووە بۆ مەمکەکانت بخوێنێ
ئەگەر رۆژێک ئازادیت بۆ مەمکەکانت ویست
شمشێری شیعرەکانم ئامادەیە ستیانەکەت بدڕێنێ


“پێنج”

یەکەمین ئاشق
من یەکەم راهیبی ئاینی عەشقم
یەکەم وەحی عەشق بۆ من هاتە خوارەوە
یەکەم ئایەتی عەشق من نووسیوومە
یەکەم قوربانی عەشق هەر من بووم
یەکەم دۆڕانی عەشق لە چارەی من نووسرا
یەکەمجار من عاشق بووم
ئەوانیدی هەریەک گاڵتەجاڕانە شوێن هەنگاوەکانم کەوتن
یەکەم ئاوی ئەم عەشقە نەفرەتییە من رشتم
یەکەمین وانەکانی عەشق لە قوتابخانەکەی مندا وترایەوە
یەکەمین ئاوازی عەشق بە پیانۆی رۆحی من لێدرا
یەکەمین ئاگری عەشق لەسەر دڵی من کرایەوە
یەکەمین عاشق خۆم بووم و
کەس ئەم سەروەرییەم لێ زەوت نەکات
یەکەمین عاشق خۆم بووم


بەلجیکا – ئەڵمانیا – سوێد
2014- 2015




رۆژنامەگەریی لە باشووری کوردستان.. ن: سەردەم سەلـۆ.. و: رەزا شـوان

رۆژنامەگەریی لە باشووری کوردستان.. یا میدیای دەسەڵاتـە یا کاری رۆژنامەیی نییە.
لـەم سەردەمـەدا، میـدیـا بـووە بـە دەسـەڵاتی یەکـەم و خـاوەنی رۆڵـێکی سەرەکـییە لە هەڵماڵینی راستییەکاندا. بەڵام دەسەڵاتدارانی حوکمڕان هەمیشە ئامانجی سەرەکی میدیا چەواشـە دەکەن. دەیخـەنە خـزمەتی بەرژەوەنـدییە کەسایەتییەکـانی خۆیـانەوە.
میدیـای کوردیـش تـووشی ئـەم رۆڵـە نـەرێنییەی دەسەڵات بـووە. باشووری کوردستان باشـترین نموونـەی ئەم راستیـیەیە. دەسەڵاتی سەرمایەداری، میدیـای تایبەتی بە خۆی دروست دەکات. بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی و فایلەکانی لەبەردەم رای گـشتیدا، بۆ پاراستـنی دەسەڵاتـەکـانی. گەلیـش بەو ئاقـارەدا ئاراسـتە دەکـات کـە خـۆی دەیـەوێ. نەک بۆ ئـەو دۆخـەی سیاسییەی لە ئەنجـامی گەنـدەڵـیی دەسەڵاتیـدا. پێـوەی دەناڵێنن. دەبینین دەسەڵاتدارانی هەر دەوڵەتێک میدیای تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن. بودجـەیەکی زەبەلاحیشی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام نـەک لە پێـناوی جێبەجێکـردنی ئەو پێـوەرانەی کـە پێویستە لە میـدیادا هـەبن. بەڵکـو لەسـەر بنەمـای بەرژەوەنـدییەکـانی دەسەڵات بە ئامانجی هەڵکێشان و پڕوپاگەندە بۆی. بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی و ریکـلامکـردن و درۆهـەڵبـەسـتن بـۆ سـیاسەتـەکـانی. بەپـێی ئـەم بنەمـایە هەمـوو دەسەڵاتـدارە حوکـمڕانەکـان، دەزگـای میـدیـایی تایبـەت بە خۆیـان هـەیە.
شەو و رۆژلە پێـناوی پاراستـنی ئەم دەسەڵاتـەیـانـدا کاردەکـەن. لە ئەنـجـامی سیاسەتەکـانی ئەم دەسەڵاتدارە حوکمڕانانەدا. رۆژانە دەزگاکانی ئەو میدیایانەی کە لەژێر چەتری میدیای ئـازاد و دیمـوکـراتیـدان، رووبـەڕووی فـشار و گـرتـن دەبنـەوە، بـواریـان نـادەن کـە بەدواداچوون بـۆ رووداوەکـان بکەن، بە شـێوەیـەکی گشتیش بـگەن بە زانیارییەکان. رێگاشـیان پێـنادەن کە لێکـۆڵیینەوەکـانیان دەربـارەی گەنـدەڵییەکـانیان بڵاوبکـەنەوە.

کە دێینە سەر باسکردنی رۆڵی میدیـای ئـازاد و د دیموکراتی لە باشووری کوردستان، پێویستە باس لە دەسەڵات و پارتی حوکمڕان لەوێدا بکەین، لە چوارچێوەی ئەوەی کە پێشتر ناومان برد. لەوێدا دەسەڵاتێکی حوکمڕان هەیە، کە دەسەڵاتێکی قورخکردووی حیزبییە. تەنگ بە میدیـای ئازاد هەڵدەچنن. میدیا و راگەیاندنەکان کە لە هەریمدا هەن راستەوخۆ بە حیزبەکانەوە بەستراون. بە تایبەتیش بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئەوانەیان بە پارە کڕیون و دەمیان چەورکردوون کە لەم بـوارەدا بە پارە کاردەکەن. بۆیە هەر لایەنێکی میدیایی، گەر بیەوێـت لە باشووری کوردسـتاندا کاربکات، پێویستە بەپێی سیاسـەتی پـارتێکی دیاریکراو کاربکات، لـەم دۆخەشدا پێویستە ئەو لایـەنە میدیاییە، بەپـێی یاساکانی لە سـنوورێکی دیاریکـراودا کاربکات. گـەر ئەو میدیـاکارە ویسـتی لێکـۆڵیـنەوەیـەک یا راپۆرتێک ئامادە بکات، رووبەڕووی ئەو پرسیارەی خەڵکی دەبێتەوە:”سەر بە کـام لایەنە؟” ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو راستییەی کە لە باشووری کوردستاندا، میدیای ئازاد نین، ئەو میدیایانەی کە هەن پەیوەندییان بە حیزبە دەسەڵاتـدارەکانەوە هـەیە و میدیای حیزبین. لەبەر ئەم هـۆیە ناتوانین بڵێین لە هەرێمدا، هـوی میدیـا و راگەیانـدنی ئـازاد هـەن. یا لەژێـر چەتـری میدیـای ئـازادا کاردەکەن.
بۆیـە میدیاکـان لە باشووری کوردستانـدا، لە چوارچـێوەی بەرژەوەنـدییەکانی حـیزبە دەسەلاتـدارەکانـدا کاردەکـەن. ناتـوانن ئـەم ســنـوورە بـۆ دیـاریکـراوەیـان ببـەزینـن.
تا میدیاکانی کوردستان ستایشی دەسەڵات یا پارتێکی دیاریکـراو بکەن و تەشـیان بۆ بـڕێـسن، ئـەم میدیایـانە بەلای دەسەڵاتـدارن و پارتی فەرمانـڕەواوە، میدیـای ئازادن. ئەمەیە چەمکی میدیـای ئـازاد لە باشووری کوردستانـدا. جگە لەم ملکەچـییە میدیا و راگەیاندنەکان ناتوانن کارێکی تر بکەن، کە بە دڵی دەسەڵاتداران و پارتەکانیان نەبن.
ئەگـینا رێگایـەکەی پـڕ لەمەتـرسی دێتـە پێـشـیان.

لە باشـووری کوردستانـدا، میدیـای ئـازاد، رووبـەڕووی هەمـوو تەنگـپێهەڵچـنیـنێک بوونەتەوە، وەکو تونـدوتیژی و گرتن و رێگرتن لێیان لە رووماڵکردنی رووداوەکان، لەوانەشـە هەنـدێ جـار ئەشکەنجەیـان بدەن و بشیان کـوژن. چەنـدین نموونە هـەن، دەربارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کوشتیانیان لە ئەنجامی ئەوەی کە پەردەیان لەسەر هەنـدێ لە فـایلەکـانی پەیـوەنـدی بە گەنـدەڵی و بە دزی لە دەسـەلاتـدا لادان. تا ئێستا دەسەڵاتـداران و دەسەڵاتی دادگایی و یاسایی، هـیچ بە دواداچـوون و لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانەیان، لە چۆنییەتی شەهیدکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە نەکردوون. بەڵکو لە ماوەیـەکی زۆر کورتـدا کۆتاییان بە لێکۆڵیینەوەیەکی بێ لیکـۆڵینەوە هـێنا. چونکە لای هەموو خەڵکی روونە کە بکوژەکانیان چ لایەنێکن. لەوانەش:” سـۆرانی مامە حەمە، زەردەشـت عـوسمان، کـاوە گەرمیانی، ویـدات حوسـین، عەبـدولستار تاهـیر شەریف”
تا ئێستاش چارەنووسی چەندین رۆژنامەنووس و میدیاکار لە زۆنگـی پارتی دیموکراتی کوردستان دیارنین. لە نێوانیادا رۆژنامەنووس (شیروان شیروانی) و (ئومێد بروشکی). لەپـاڵ ئەمەشـدا، ئەسـتەمە کە میدیـای ئـازاد رێی پێبـدرێت و بتـوانێت لە دانیشتنەکـانی پەرلەماندا ئامادەبێت. یا بتوانێـت لە بەڕێـوەبەرێتییە فەرمییەکـانـدا، بە دواداچـوون بۆ هەنـدێ گەندەڵی و رووداو و رۆتینییەکانی حکومەت بکات. ئەم میدیایـانە رووبەڕووی هەمـوو سـزایـەک نایـاسـایی دەبنـەوە، بەپـێی یاسـاکـانی رۆژنامـەگـەریی لـە باشووری کوردستاندا، بە بەنـدکردن و بـڕە پارەیەکی زۆر سزا دەدرێن، ناچاریشیان دەکەن کە بە نووسین بەڵـێنی ئەوە بـدەن، کە دووبـارە باسی گەنـدەڵی نەکـەن و نـاوی دەسەڵاتـداران نەهـێنن. ئەگـینا دەبن بە هەواڵی هـەبـوون، گۆڕون دەکـرێن. زۆر لە دەزگا میدیاییەکان بە زۆر و بە یەکجاری نووسینگاکانیان و هـۆیەکانی راگەیاندنەکانیان پێیان داخستوون.

لە راپـۆرتێکی سەنتـەری میـترۆ بۆ بەرگـری لە مافەکـانی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەم سەنتەرە جەختی لەسەر زیاتربـوونی دۆخی پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان لە هەرێـمی کوردسـتان کـردۆتـەوە، کە لە مـاوەی ساڵی رابـردوودا (٢٠٢٠)، سەرجـەم (٣٨٥) پێشـێـلکاری و لێـدان و تونـدوتیـژی بەرانبەر رۆژنامەنـووسان کـراون. باسـیان لـەوەش کـردووه‌ كـه‌ (١٦٣) رۆژنـامەنـووس و پەیـامـنێران، قـەدەغـەی رووماڵکـردنی رووداوەکـانیان لێکـردن. (٧٤) دۆخی گـرتنی رۆژنامەنـووسانیش بەبـێ بـڕیاری دادگـا بەنـدکران. (٤٠) دۆخی هـەڕەشە لە رۆژنـامەنـووسان کـراون. (٤٢) دۆخی دەستگـرتن بەسەر کامیرا و کەرەستەکانی رۆژنامەنووسان و وێنەگرانـدا گیران. بڕیـاڕی داخستنی (٤) دەزگـای رۆژنامـەگـەری درا.

نەبوونی جێبەجێکـردنی یاسای پارێـزبەندی کە رۆژنامەنووسان بپارێـزێت. بووتە هۆی زیـاتر بـوونی پێشێلکارییەکـان لە دژی رۆژنامەنووسـان. سەرەڕای کێشەی ئابووری و پەتای کۆرۆنا و ناکۆکی و ململانێی و بەربرەکاـنی لە نێـوان حـیزبە دەسەڵاتـدارەکان و هـێزە سیاسیەکـان و بـاڵ باڵـێنەدا، کە رەنگـدانەوەیەکی نەرێنیـیان لە باردۆخ و کـاری رۆژنـامەییـدا هــەیە. بـاجی ئـەم هەمـوو کێشانەش گـەلە چەوساوەکەمـان دەیـداتـەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر (رێـواز فایـق) لە کۆنفـراسی ساڵانەی سەنتەری میـترۆ بۆ خستنەڕووی، ئامارو رووداوە تونـدوتیژی و گـرتن و پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنـووسـانی کوردسـتان، لە کۆنگـرەیەکی رۆژنامەوانیـدا کە سەنتەری میـترۆ لە رۆژی ( ١٦/ یانـوار/ ٢٠٢١) لـە شـاری سلـێمانی بـۆ ئـازادی رۆژنـامـەیی سازیکـرد، رێـواز فایـق راگەیانـد و وتی:”حـیزبەکان میدیـای تایبـەتی خۆیان هـەیە، گـەل هەستی پێکردووە و ئەم شـتە دەزانێت، لایـەکی کەشەوە، ئەو میدیـایەش کە ناوی خـۆی نـاوە میدیـای ئـازاد، لە لایـەن حـیزبەکـانەوە پاڵپـشتـیان لێـدەکـەن، تا کـارە نایاساییـەکـان و بڵاوکردنەوەی گەندەڵییەکانیان بشارنەوە” وتیشی:”کە میدای حیزبی سێبەر و کڕدراو و زاڵـە، میدیـای ئازادیـش لە پاشەکشە دایە” رێـواز فایـق پێـیوایە:”زۆر لە میدیـاکان بە پـارەی دزراو و بـە پـارەی سیاسییەکـان دامـەزراون. هـەر لەبـەر ئەوەشـە کـە دۆخـی رۆژنامەنووسی لە پاشەکشە دایە” ئەوەشی وت:”لە رووی میدیاییەوە دەبێت، ئێـمە لە هەرێـمی کوردستان، هەمـوو ساڵێک بڵـێین خۆزگـەمان بە پـار” دکـتۆر رێـواز ئاماژەی بەوەش دا و وتی:”لە بەرامبەر ئەمـەدا میدیـای ئازاد هـەیە، ئەویش چاو و گوێی گەلە، بەڵام لە ئێستادا لە لاوازتـرین بارودۆخـدا دەژی.. دەتوانین بڵێین لاواز کراوە، بەرانبەر بەمەش ئەوانـەی لە لایەن حـیزبەکـانەوە پاڵپـشتیان لێـدەکەن بەهـێزبـوونە” راسـتە کە میدیـای ئـازاد چـاو و گـوێی گەلـن.. بەڵام ریواز خان باش ئەوەش دەزانێت، کە لەلایەن هـەردوو حـیزبی دەسەڵاتـدارەوە چـاو و گـوێی میدیـای ئازادیان گـرتوون، کە یەکێکیان یەکـیتی نیشتمانی کوردستانە، کە خـۆی ئەنـدامێکی باڵای سەرکـرداییەتی. ئەی بـۆ ئەم راستییانە لە دانیشتنەکان و لە کۆنفـرانسەکانی حـیزبەکەی و لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا باس ناکات؟ گەر هـیچیشی پێنەکرێت و زۆرینەش لەگەڵیدا نەبن. دەبێتە هەڵـوێستێک بۆی.

تا ئێستا ئەو میدیایانەی کە لە باشووری کوردستاندا کاردەکەن، هـیچـیان نەیانتوانیوە و ناتـوانن گە دەڵـییەکانی دەسەڵاتی هەرێـم ئاشکرابکەن. بە تایبەتیش فـایلەکانی دارایی و نەوت، سەرەڕای خەرجنەکـردنی مووچەی فەرمانبەران. هەچ میدیایەک گەربێتو تەنیا ئامەژەپێکردنێکیش باسیان لێبکەن، رووبەڕووی تەنگپـێهـەڵچـنينێکی زۆر دەبنـەوە یا پەیامنێر و راپـۆرتنێرەکەی بە توومەتێکی بۆ هەڵبەستراو بەنـد دەکرێت. کەسیش بۆی نییە کە دەربارەی چارەنووسی بپـرسـێت، کە چـییان لێکـردوون و لە کـوێیە؟ هەروەکو دۆخی چەندین رۆژنامەنووسی بەندـراو لە گـرتـووخـانەکـانی هـەرێـمدا. بـە تایبەتیـش لە ناوچەکـانی ژێـر دەسـەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
وەکو لە مـاوەی ئـەم دواییەشدا روویـدا، ئەو کـاتەی کە لە هەڵـەبجە و لە سلـێـمانی خۆپێشاندانی ناڕەزاییان کرد. سزادانێکی گەورەی دارایی بەسەر هەنـدێ لە میدیاکاندا سەپێنران، بۆ ماوەیەکیش کە لە دە رۆژ کەمتر نەبوو، نووسینگاکانیشیان پێـداخستن.
لە مـاوەی سی سـاڵـدا، گەنـدەڵـییەکی زۆر لە باشـووری کوردستانـدا بڵاوبـۆتـەوە، لە لووتـکەی دەسەڵاتـەوە بۆ خـوارەوە شـۆڕبۆتـەوە. هەمووانش ئەم گەنـدەڵیـیانە بـەدی دەکەن. لە چەندین فایلی گەندەڵیدا، وەکو گەندەڵی لە خزمەتگوزاییەکان، بە تایبەتیش لە کەرتی کارەبا و ئاودا لە پاڵ دۆسییەی گەندەڵی نەوتـدا، کە بە تورکیا دەفـرۆشرێـت. ئەم ئەم رێکەوتنە نهـێنییەش تەنـیا لە نێـوان بنەمـاڵەی دەسەڵاتـدار و تورکیا دایە. تەنانەت پەرلەمـانی کوردستانیش بـۆی نییە کە باس لـەم رێکەوتنـە نەوتییەی نێـوان بنەمـاڵە و تـورکیا بکـات و لێی بکـۆڵـێـتەوە. هـیچ لـە میدیـاکـانی کوردستانیـش ناوێـرن بـاس لە نهێنییەکانی ئەم رێکەوتنە بکەن، یا باسی پارەی ئەو نەوتە بکەن کە چەند ساڵە پارتی فـرۆشتوونی و دەیفـرۆشێت. پارەکـەی چەنـدە و لە کـوێیە و چـیلـێکـراوە؟

لەبەر ئەم هۆیانە دەپرسین بۆچی دەسەڵات لە باشووری کوردستاندا، کاری رۆژنامەیی ئازادی قەدەغـە کردووە؟ وەڵامەکەی ئاسان و روونـە، چونکە میدیـای ئـازاد دەتوانێت، چەنـدین دۆسییەی پەیـوەست بە گەنـدەڵییەوە ئاشکرا بکات. کە لە لایـەن حکـومەتەوە، لەبـەردەم رای گـشتـیدا، کـراون و دەکـرێن. بـە تایبـەتیـش لـە لایـەن هـەردوو حـیزبی دەسـەڵاتـدارەوە. ئەمـەش ئـەوەیـە کـە دەسـەڵاتـدارانی هـەرێـم نایـانـەوێـت. چـونکە ئاشکـرابـوونی ئـەم گەنـدەڵی و دزییانەیـان، سەرەتـای کۆتـایی دەسـەڵاتی حـیزبیـیانە.
ئەمە گرنگترین هۆیە لە هـۆیەکانی رێگریکـردن و قەدەغـەکردنی کاری میدیـای ئازاد لە باشـووری کوردسـتان.
بـۆ ئـەوەی زیـاتر راسـتگـۆ و راشکـاوبین لـەم فـایلـەدا، خوێنـەران دەخـەینە بـەردەم راستیـیەکی روون، پێویسـتە کەمـێک بـاس لە میـدیاکـانی تر بکـەین. کە لە هـەرێـمـدا کاردەکەن. بۆ نموونە میدیـاكان و راگەیانـدنەکانی تورکیا کە لە باشووری کوردستانـدا کاردەکـەن. ئەم میدیـایانەی تورکیا، بە دوو کەنـاڵی سەتـەلایـتی تەلـەفـزیـۆنی کوردیی بەکرێگیراویشەوە کە نۆکەری و پڕۆپاگەنـدە بۆ تورکیای داگیرکەری کوردستان دەکەن. بێگومان ئەم میدیـا و کەناڵانە باس لە گەنـدەڵییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەن. بەڵکو دەیانـەوێت کەنـدەڵییەکانی پـارتی دیموکـراتی کوردستانی هـاوپەیمانیان بپـۆشن. چونکە دەسەڵاتـدارانی رژێـمی تورکیاش دووچـاری گەلێ گەنـدەڵی بوونـەتەوە. بە تایبەتش لە کێشەی نەوتدا. سەرەڕای چەندفایلێکی تر.
بۆیە دەبینین میدیاکانی تورکیا، بە تایبەتیش ئەوانـەی سەر بە پـارتی داد و گەشەکـردنی دەسەڵاتـدارن. بە ئەوپـەڕی ئـازادییەوە لە باشووری کوردستان کاردەن، سێ بەشیشیان میتن و سیخوڕی لەسەر گەریلاکانی پارتی کریکارانی کوردستان دەکەن، بە رەزامەنـدی و چاوساغیی پارتی دیموکراتی کوردستان. دەتوانن لە هەر دەرگایەک بـدەن کە بیانـەوێت. هـیچ رێگـرییەک لە کارەکانیان ناکـرێن.
بە هوی ئەوەی کە تورکیا چەندین ناوچەی لە باشووری کوردستان داگیرکردووە، زیاتر لە پەنجـا مۆڵگەی سەربـازیی نـزیک دهـۆک و زاخـۆ هـەیە. تورکیای دەسـتی بەسەر کۆمپانییە نەوتییەکان و ئابووری هەرێمی کوردستاندا گـرتووە. سەرەڕای ئەوەی کە کە هەریمی کوردستان بە تەواوی پشتی بە هـاوردنی کەلوپەل و بەرهـەمە خۆراکییەکان و پيشەسازییەکانی تورکیا بەستووو. بۆیـە میدیـاکانی تورکیا لە باشـووری کوردستانـدا، رۆژانە ستاییـشی پەیـوەندییەکـانیان لەگەڵ دەسەڵاتی هـەریـم دەکـەن.
لە کوردستانـدا، گەلێ میدیـای عـەرەبی و بیانی تـر هـەن کە کاری میدیـایی لە هەرێـمدا دەکەن. بەڵام بە راشکاوی و شەفافـیەت باس لە گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێم ناکەن. چونکە لەژێـڕ فـشاری یاسایەکی تـوندی میدیـای هەرێمدان. لەم دۆخەشدا میدیای ئازاد ناتوانێت کاربکات و راستییەکـان و گەنـدەڵییەکـان و پێشێلکارییەکانی میدیـا، لە کەنـاڵە تەلەفـزیۆنییەکـان و رۆژنامەکانـدا باس بکات. چـونکە زۆربەیـان کەنـاڵ و رۆژنـامەی حـیزبین و رێ بە باسکـردن و بـڵاوکـردنـەوەی را و بیـری ئـازاد نـادەن. چـونکە هـەر میـدیـایەک لـە باشووری کوردسـتانـدا کـاربکات. پێـویسـتە بەرژەوەنـدییەکـانی حـیزبە دەسەڵاتـدارەکـان لەبەرچـاوبگـرن. باسکـردن لە گەنـدەڵـییەکـانی دەسـەڵاتـداران هـێڵی سـوورە. پێویستیشە بە ملکەچی جێبەجێکـردنی مەرج و بەنـدەکانی یاساکانی میدیـای هەرێـمی کوردستان بێت. بە تایبـەتیش لە ناوچـەکـانی ژێـر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. هەر میدیایەکی کوردی، هەر رۆژنامەنووس و پەیامنێر و راپۆرتنووسيک رووماڵی گەندەڵی و ستەم و سەرکوتییەکانی حکومەتی دەسەڵاتدار و حیزبەکان بکەن و رەخـنەیـان لـێبگـرن و نـاوی دزییەکـانیـان بهـێـنن و پێـیان بڵـێن پێـتان خـوار دانـاون. رووبەڕووی لێکۆڵینەوە و لێدان و ئەشکەنجەدان و گرتن و سزدان و کوشتن دەبنەوە. بە یەکجـاریش نووسینگاکانیان و هـۆیەکـانی راگەیانـدنـەکـانیان دادەخـەن.
باشـووری کوردسـتان، لە سـایـەی دەسـەڵاتـێکی شکستخـواردوودا، بە دەست کـێـشەی داراییەوە دەناڵێنێ، لە پـاڵ کێشەی خەرجنەکـردنی مووچەی فەرمانبەراندا کە حکومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات، بە بیانووی قەیـرانی داراییەوە.. کەچی ساڵانە بە ملیونـان دۆلار لە میدیـاکـانی سـەر بە دەسـەڵاتیان و بۆ حیزبەکـانیـان و بۆ بانـگەشـە و پـڕوپـاگـەنـدەی هـەڵـبژاردنـەکـانیـان و کـڕیـنی دەنگـەکـانی دەنـگـدەران خـەرج دەکـەن. بۆیـە ئـەم پـرسـیارە خـۆی دێنـێتە پێـشەوە: ئەم حـیزبانە ئەم هەموو پـارە زەبەلاحەیـان لە کـوێ بـوو؟! خۆ شاخـەکـانیـش هـیچ میـراتیـیەکیان بـۆ بەجـێـنەهـێشـتوون!
(*) ئەم بابەتە، لەلایەن نووسەر (سەردەم سەلـۆ) وە، بە زمانی عـەرەبی لە ژیـر نـاوی (الصحـافـة في باشـور کوردسـتان.. إمـا إعـلام السلطـة أو لاعـمل صحـفي ) کە لە رۆژی (٤/ یانـوار/ ٢٠٢١) دا، لە سـایـتی (انبـاء ـ وکالـة انباء هـاوار) دا بـڵاوی کـردۆتـەوە. بە دەستکارییـەکی زۆرەوە لە عـەرەبیـیەوە وەرمگـێڕاوە بـۆ سـەر زمـانی کـوردی.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٦/ یانـوار/٢٠٢١




مەودا یا خاڵی جەنگ.. کەنعان مدحەت

دوو لێوار چەندیان نیوانە
هەر ئەوەندە لە یەک دوورن
کەچی رووباری نیوانیان توڕە و
فێ گر و
لا
پەڕە ..
ڕێژنەش لە چار بە دەر !
ئیتر هەر مەلەوان و نامەلەوانە
نەش خنکابێ ،
پێش وەخت تەلقینی خوێنراوە

گەر پەراسووی ڕاست بەربەرەکانی
پەراسووی چەپ بکا و
چەپ بەربەرەکانی پەراسووی ڕاست
دەبێ لە کوێی ئەم جەستەیە
سۆز بچێنین ؟

کەس گوڵی نییە پێیان ببەخشێ
یا پەلکەڕەنگینەی دڵفڕێنیان لە مل بکا
بەڵام تف لێکردن و پێڵاو بە روو هەڵگرتن
لە ملیۆنەها بگرە بۆ ملیار
مێژووش ،
لە گشت سوورتر
وای لەو دێڕانەی کە هیچ بابەتی
ناپەڕێنن !

بێشک حەز بە فڕین دەکەن
جگە لە فریشتە و
باڵندە
بە کێ هەوا دەستەمۆ کراوە
تا ئەم بێ باڵانە
ئەمەش بکەن ؟

لە ترس داڕمانی ،
پێکنانە تراویلکەیییەکان
ئامادەی سوجدە و ئاسۆیی خۆ خزانی
ژێر پێڵاوی دوژمنیشن

پشتیان بە لێشاوی بندیوار و خێڵ و
دار و دەستەیا بەستووە
هەر لەبەر ئەوەی گەردەلوول نەیانپێچێ و
سەرنوقم بن

ئەو ڕۆژانە تەواو
لاسایی لەنجەی بەفر پیامانا داکەن
تۆپەڵە گرتنمان لەیەک
بە یاری پێ بفرۆشنەوە
یا هاوشێوەی باران
دزە بە کێڵگەی مێشکمانا بکەن
هاوتای کلک و کویلە ..
سەرلەنوێ سەرهەڵدەینەوە




شێعری: نەمنیی بۆ جاری دووەم.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

نەمنیی بۆ جاری دووەم (*)

دەستەکانی خۆم ناناسمەوە
دۆستەکانم
هێندەیان دەست بڕیوم


هه ست بە دڵێ خۆم ناکەم
خۆشەویستەکانم
هێندەیان دڵ شکاندووم


پێ یەکانی خۆم لێ ون بووە
ڕێبەرەکانم
هێندەیان ڕی پێ گۆڕیوم


هاتم ..
بەهه شتم لەدڵ دابوو
دەڕۆمەوە..
دۆزەخم لەسەر شان و ملە


چیمان دەس کەوت
چێتر خۆم ناناسمەوە
(ئەوەی دەیبینن من نیم )
….
٦/٢/٢٠٢١ – هه ولێر
(*) نەمنیی – شێعریکی ترە و ساڵانێکی زۆرە نووسراوە.


دەچمە ساڵێکی تر..
شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن
**
کارم زۆرە
دەستی ئەو منداڵە پێخواسەم گرتووە
قسەم داوەتێ..
جوتێ پێڵاوی بۆ بکڕم؛
پێناچێ ڕاست بکەم !
**
بەو پیرەمێردەم گوتووە
چاوەڕێم بکات..
دەیبەم بۆ سەرگۆڕی کوڕەکەی
ئەگەر پێم بکرێ !
**
ئەو پیرە ژنە سەرمایەتی
بە هیوای منە،
دەببەیێ نەوتی بۆ بەرم ..
ئەگەر بتوانم !
**
ئەو کچە برسییەتی
دەخوازێ ..
جەمێک نانی گەرمی دەرخوارد دەم
لەوە نیە بگونجێ !
**
نەخۆشێک داوای لێکردووم
دەرمانی بۆ بکڕم..
(گرانە بۆم لە کڕین نایێ !) (*)
**
منداڵێک چاوەڕێمە
فێری ئەلف و بێی بکەم ؛
ئەو نازانێ ..
لە بیرم چووەتەوە،
کە من مامۆستام !
**
درەنگە ساڵ خەریکە تەواو دەبێ
کارم زۆرە
با بچم ئەو (گوڵ) ئاوبدەم ،
کە پێی دەڵێن: )هیوا !(
**
(*) ئەم دێرە فۆلکڵۆرە.

شیعری: مەولود ئیبراهیم حەسەن