لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە).. کاروان عومەر کاکەسوور

لانی کەم لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، هەر جارێ پرسیار لەبارەی چەمکی ڕەخنەوە دەکرێت، چەند گوتەیەک هەن، خێرا لە دەمی هەندێک نووسەرەوە دەردەچن، کە گەلێجار بەپێی ژمارەیش ڕیزبەند دەکرێن. دەتوانم بڵێم ئەمانەن: نەبوونی هۆشیارییەکی گەورە، هەبوونی هەستی شارچێتی و ناوچەگەری، دابەشبوونی نووسەران بەسەر ئایدیۆلۆجیای جیاوازدا، زاڵبوونی فیکری دۆگمایییانەی نووسەر و هیی دیکەی لەم بابەتە. گوتنەوەی ئەو گوتانە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە هەر لە سەرەتاوە بە سادەیی سەری هەڵداوە و بەردەوام درێژەی پێ دراوە. بە مانایەکی تر، ئەو پێناسەیەی بۆ چەمکی ڕەخنە کراوە، لە وەسفەوە هاتووە، نەوەک لە قووڵبوونەوەوە. بەوەدا لای ئێمە تا ئەم ساتەیش وەسف شوێنی ڕەخنەی گرتووەتەوە، ئەوە بە ناچاری دەبێت هەردوو چەمکەکە پێکەوە باس بکرێن، بگرە دەڵێم کاتێ چەمکی وەسف بە لاوە دەنێین و وردی ناکەینەوە، دیسان درێژە بە هەمان تێگەیشتن دەدەینەوە. پێشتریش لە بەرهەمەکانمدا کەموزۆر خۆم لە قەرەی ئەو باسە داوە، بەڵام ئێستا پرسیارەکانی ئێوە هەلی ترم بۆ دەڕەخسێنن، تا لە گۆشەی دیکەیشەوە لێی بڕوانم. گرنگە هەر لە سەرەتایشەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان دەداتەوە، نووسەری ئەدەبی گێڕانەوەیە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕەخنەی نەکردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆی.
هەر جارێ وشەی (ڕەخنەگر)یش بە کار دەهێنم، مەبەستم لەو ڕەخنەگرە میلـلییەیە، بە پێوەری (چاکە و خراپە) کار دەکات و بەپێی ڕوانینی خۆی نووسەران دەخاتە یەکێ لەو دوو خانەیەوە، کە لای من لە (ڕەخنەدۆز) جودایە، بەوەی ئەوەی دوایییان هەوڵی لێکدانەوەی تێکست دەدات. لە ڕێی دایەڵۆگ لەگەڵ فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیدا بووەتە خاوەنی دیدگەی ڕەخنەیی و ئەو هۆشیارییەی بەردەوام بە دەستی دەهێنێت، لە ڕێگەی خوێندنەوەی تێکستەکانەوە دەیسووتێنێت، بەو مەبەستەی شتی نوێیان لێ بەرهەم بهێنێت. ماوەتەوە بڵێم مەبەستم لە چەمکی وەسف ئەوە نییە، کە لە ئەدەب، بە تایبەتی لە ئەدەبی گێڕانەوە لە پاڵ چەمکی (گێڕانەوە)دا بە کار دێت، بەڵکوو مەبەستم ئەو وەسفەیە، کە سەرچاوەکەی پێوەری (چاکە و خراپە)یە. واتە ئەو ڕەخنەگرە هەموو شتێک بەو پێوەرە دەخوێنێتەوە و وەسفی دەکات، چ کاتێک بەرهەمی ئەدەبی دەنووسێت و چ کاتێ لەبارەی بەرهەمی ئەدەبییەوە دەدوێت، تەنانەت لە ئەدەبی نوێدا وەسف ئەو هێزەی جارانی نەماوە، بەوەی وەسف نەجووڵانە و جووڵەی گێڕانەوە ڕادەگرێت. بۆ نموونە وەسف لای (ئالان ڕۆب گرێ) تەواو لە وەسفی (بەلزاک) و (فلۆبێر) جیاوازە.
هەر خودی ئەو دابەشکارییە، واتە ئەوەی کێ خاوەنی هۆشیاریی گەورەیە و کێ لێی بێبەشە؟ کێ شارچێتی دەکات و کێ نایکات؟ کێ دۆگماتیستە و کێ دۆگماتیست نییە؟ پێوەندیی بەو سیستەمی وەسفییەوە هەیە، کە هەمیشە چەمکەکان ئاسان دەکاتەوە و دەیانخاتە ئاستی زمانی میلـلییەوە، تا ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنێت.
لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، (ڕەخنە) کراوەتە هاوواتای (هەڵسەنگاندن). هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدات، ڕەخنەگرە. ئەو ڕەخنەگرە ڕەوایەتیی خۆی لە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، دامودەستگەی کەلتووری و شتی هاوشێوەی ئەمانە وەردەگرێت. هەتا پایەی کۆمەڵایەتیی ئەو ڕەخنەگرە بەرزتر بێت، زیاتر مافی ئەوە بە خۆی دەدات، بگرە مافی پێ دەدرێت وەک هەڵسەنگێنەر نەک هەر تێکست، بەڵکوو نووسەریش لە شوێنی تێکستەکەی هەڵبسەنگێنێت. بە مانایەکی دیکە، دادگاییی بکات. ئەمە بە دەربڕینی (پیر بۆردیۆ) بووەتە (هەبیتووس) و بەشێکی زۆری نووسەران، لە شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووس وا لایان چەسپیوە، کە ڕەخنە بریتییە لەوەی ئەوان بنووسن و وەک دەفتەری تاقیکردنەوەی قوتابخانە بیاندەنە ڕەخنەگر، تا هەڵیانبسەنگێنێت، ئاخۆ چەندیان پێ دەدات! کاتێ لای ئەو ڕەخنەگرە نمرەی بەرز دەهێنن، خۆیان لێ دەبێتە داهێنەر و پەلاماری هەر نووسەرێکی تر دەدەن، کە هەمان ڕەخنەگر نمرەی نزمی بۆ داناوە. فیلۆسۆفانی ئێکزێستەنشالیزم شەڕی گەورەیان لە دژی ئەو تێگەیشتنەدا کردووە، کە مرۆڤ بۆ بابەت دەگۆڕێت، چونکە هەر کاتێ دەکرێتە بابەت، ئەوە وەک شت، نەک وەک بوون حیسابی لەگەڵدا دەکرێت.

لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا کۆمەڵێک ڕێبازی ڕەخنەیی هاتوون و بە شێوازی خۆیان چەمکی ڕەخنەیان لێک داوەتەوە، کەچی ئەو تێگەیشتنەی لەگەڵ بەیانی یانزدەی ئاداری حەفتادا لەلایەن هەندێک ڕەخنەگری سادەوە سەری هەڵداوە، گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بگرە لە ڕێگەی وەسفەوە تۆختر کراوەتەوە، کە لە میانەی وەڵامەکەمدا لەسەری دەوەستم. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم بە گشتی جووڵەی ڕەخنەی حەفتاکان و هەشتاکان لە ڕەخنەی نەوەدەکانەوە بۆ ئەمڕۆ گەورەتر بوو، کە نووسەرانی ئەودەم بە هەموو سادەییی خۆیان نەک دڵی زۆرینەیان ڕازی نەدەکرد، بەڵکوو ئەو زۆرینەیەیان دەتۆراند، پێچەوانەی ڕەخنەی ئەو سی ساڵەی ڕابردوو، کە تا هاتووە زیاتر سیمای کۆمپرۆمایەسانەی بە خۆیەوە گرتووە، بەو مانایەی ڕەخنەگران ویستوویانە بە هەموو ڕێگەیەک سۆزی ئەو زۆرینەیە بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، بۆیە خزاونەتە ناو ئەو دوو بوارەی زۆرینەی تێدان، بواری ئایینیی فەرمی و سیاسەت.
هەر کاتێ مایکرۆفۆنی ئۆپۆزیسۆن هێزی لە دەست داوە، بۆ ناو مێدیای حیزبەکانی دەستەڵات گەڕاونەتەوە. من ئەو ڕەخنەگرەم بە جاگلەر چوواندووە، کە جاگلەر کەسێکە لە هونەری هەڵدان و گرتنەوەی شتدا شارەزایە. دەتوانێت بە جارێ چەند شتێک هەڵبدات و بیانگرێتەوە. واتە ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵدانی شتە، نەوەک خودی شتەکە، بۆیە گۆڕینی سێوێک بە بەردێک، یان دانانی کەروێشکێک لە شوێنی تۆپێکدا، هیچ لە پرۆسەسی هەڵدانەکە ناگۆڕێت، تەنانەت بایەخی شوێنیش لەوەدایە، چەند جەماوەری تەماشاکەر لە خۆی دەگرێت. لای جاگلەر گرنگە لە ڕێی جاگلینگەوە خۆی پێشانی زۆرترین کەس بدات. ڕێک دەکەوێت ڕەخنەگرێک لە ماوەی ساڵێکدا مێدیای چوار پێنج حیزب بگۆڕێت و بەپێی دۆخەکە قسەکانی بکات. هەر لێرەدا پێویستە بزانیت مەبەستم لە ڕەخنە، فیکری ڕەخنەیییە. واتە چ ئەوەی لە شێوەی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هیی ترەوە دەردەبڕرێت، چ ئەوەی لە شێوەی خوێندنەوەی تێکستەوە دەنووسرێت. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستم، کە ڕەخنەی ئەدەبی لە فیکری ڕەخنەیییەوە دەست پێ دەکات، بۆیە شاعیر، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و ئەوانەی تریش وەک ڕەخنەدۆز کاری ڕەخنەیی دەکەن.

بەوەدا ڕەخنە بووەتە هاوواتای هەڵسەنگاندن، پرۆسەسی نووسین ئاسان کراوەتەوە، کە هەر یەکێ لەو ڕەخنەگرانە دەتوانێت هەر بابەتێکی بێتە بەر دەم، وەسفی بکات. چاکە، یان خراپ؟ ڕەخنەگر (مەبەستم هەم نووسەری ئەدەبی و هەم هەڵسەنگێنەری تێکستی ئەدەبییە)، بە زیادبوونی ژمارەی بەرهەمەکانی، پایەی کۆمەڵایەتیی بۆ سەرەوە هەڵدەکشێت، کە بە گشتی دامودەستگە چاپەمەنییەکان، چ هیی حیزبی و چ هیی ناحیزبی بایەخی پتری پێ دەدەن. ژۆرنالیستی حیزبی و ناحیزبی بە گشتی لە کەناڵەکاندا دەکەونە پێداهەڵگوتنی، کە ئەو ڕەواجپێدانە بە (بەڵگەی کۆمەڵایەتی: Social Proof) ناسراوە. واتە فیکری ئەو نووسەرە جەماوەرییە دەبرێتە ئاستی مارکێتینگەوە و خەڵک زیاتر ناچار دەکرێت بەرهەمەکانی بکڕن، بگرە گۆرانیی بەسەردا هەڵبڵێن. واتە دەیانەوێت هێزێکی کۆمەڵایەتیی بۆ مسۆگەر بکەن، تا زیاتر ڕەوایەتی پەیدا بکات و بڵێن جەماوەر گەواهیی داوە ئەو بەرهەمە چاکە. لێرەدا مەرجە فیکری ئەو نووسەرەی ڕەواجی پێ دەدرێت، لە هیی جەماوەرەوە نزیک بێت، بگرە هەر هەمان شت بێت، دەنا ئەو پرۆسەسە سەر ناگرێت. بۆ نموونە ناکرێت ڕۆمانێکی (گوینتەر گراس)، یان یەکێکی (هێرتا میولەر)، یان کتێبێكی تیۆریی (پۆول ڕیکۆر) بخەیتە ناو ئەو پرۆسەسەوە، چونکە ئاستی زمانیان لە ئاستی زمانی جەماوەردا نییە. پێشتر لە بابەتی زۆرینە و کەمینەوە دواین، کە بووەتە پێوەری داهێنان. پێت دەڵێن ئەگەر ئەو نووسەرەی ئێمە گەلێ گەورە نییە، چۆن ئەو هەموو خەڵکە دەیناسن؟
ئایا هەر ئەو هەموو خەڵکە بۆ نموونە نەک هەر فیلۆسۆفێکی وەک (جۆرج باتای) دەناسن، بەڵکوو ناویشیان بیستووە؟ ئایا ئەوە هەڵەیەکی لۆژیکی نییە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: Confirmation Bias) ناسراوە؟ واتە هەڵبژاردنی ئەو نووسەرە گەورەیە لەلایەن جەماوەرەوە، پێوەندیی بەوەوە نییە، کە هاوزمان، هاوشار، هاوخوێن، هاوبیر و هاودەردیانە، بگرە لە ئاستی تێگەیشتنی ئەواندا دەنووسێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی ئەوانە بە دوای نووسەری داهێنەردا دەگەڕێن؟ هەر ئەوانە نین سیاسەتمەدارەکانیشیان بە هەمان پێوەر وەک ڕزگارکەر هەڵبژاردووە؟ (هایدیگەر) لە شیعرێکیدا، کە ناوی (لە ڕێگە)یە، دەڵێت: (ئامانجەکان ناناسین و تەنیا کاروانین. پێویستمان بە جەماوەر نییە، کە تای پیشەسازییەکان لە زووەوە هێزی لێ بڕیون). ئەو جەماوەرە لای ئێمە داهێنەری زۆر گەورەی پێ ناساندووین و دڵنەواییی نووسەرە دیارەکانمانی داوەتەوە.
ئەو تێگەیشتنە باوە وای کردووە بەشێکی زۆری نووسەرانمان وا بزانن، بگرە باوەڕیان وا بێت، ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە بەرهەمەکەیان بڵاو دەکەنەوە و دەکەوێتە بەر دەستی ڕەخنەگرەوە. ئێمە پێویستە بەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە ببینەوە، کە پەنجا مۆمی تەمەنی کوژاندووەتەوە: (ڕەخنە کەی دەست پێ دەکات؟). ئەم پرسیارە لانی کەم پرسیارێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت: (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟). ئەو دوو پرسیارە بەسەرماندا دەسەپێنن پشت لەو تێگەیشتنە بکەین، هەتا ئەگەر ئێستا نەتوانین هیچ شتێکی نوێیش بڵێین. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم هەوڵ دەدەم لەو بارەیەوە هەندێک شت بۆ تۆ هەر دەرببڕم. لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا هەوڵی وەڵامدانەوەی، دروستتر بڵێم هەوڵی قووڵکردنەوەی ئەو پرسیارانەم داوە، بە تایبەتی لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا، بەڵام وەک گوتم ئەمەیش دەرفەتێکی ترە بۆ قووڵکردنەوەی بۆچوونەکانم.
پێم وایە ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە جیاواز بیر دەکەینەوە، نەوەک کاتێ دەنووسین، بەوەی ڕەخنە لەناو زماندایە، نەوەک لە دەرەوەیدا. نووسین کاتێ دەتوانێت جیاوازی لە خۆی بگرێت، کە بیرۆکەی جیاوازی بەر دەکەوێت. (ڕۆلان بارت) لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)دا وا پێناسەی ئەو نووسینە دەکات، کە لە کۆت و (پێوەند)ی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە. بە مانایەکی تر، بووەتە تاک. مرۆڤی تاک بە سروشتی خۆی ڕەخنەدۆزە، ئینجا بنووسێت، یان نەنووسێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ڕەخنەوە تاک دروست دەبێت، بەوەی لەو ڕێگەیەوە خۆی لە فیکری کۆمەڵگە جودا دەکاتەوە. مرۆڤ کاتێ وەک تاک خۆی دادەمەزرێنێت، لە پرۆسەسێکی ڕەخنەییدایە. ئەو تاکە دەبێتە سەرچاوەیەکی، یان جیهانێکی سەربەخۆ بۆ زمان، کە نووسین یەکێکە لە کەناڵەکانی زمان. گرنگیی نووسین لەوەدایە، کە زمان هەیە و شتی بۆ گوتن پێیە. (هایدیگەر) لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا دەڵێت (بوون بە هۆی زمانەوە لە ڕێگەی مرۆڤەوە دەدوێت. مرۆڤ بە زمان نادوێت، بەڵکوو ئەوە زمانە دەیدوێنێت). ئەو تاکە زمانی خۆی هەیە بەر لەوەی یەک دێڕی نووسیبێت، بەڵام کاتێ ڕوو لە بواری هونەر، یان ئەدەب، یان لە هەر بوارێکی تر دەکات، وەک ڕەخنەدۆز دێتە ناوی، نەوەک بە پێچەوانەوە. زۆرن ئەوانەی دوای نووسینی کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەیی، هێشتا نەبوونەتە ڕەخنەدۆز. لەبەر ئەوەیشە پرسیاری (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟) وامان لێ دەکات گومان لە هەموو ئەو ڕەخنەگرانەی پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەین، بگرە خودی چەمکەکە، واتە چەمکی (ڕەخنەگر) بخەینە ژێر گومانی گەورەوە.
هەروەها بۆ چەمکی (ڕەخنە) بگەڕێینەوە و بە شێوەی جیاواز لە پێشوو لێکی بدەینەوە. تا ئێستا (ڕەخنەگر) لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووە و بەو گوتانەی چ بە شێوەی زارەکی و چ بە نووسین دەریبڕیون، گوتراوە (ڕەخنە). واتە ئەو (ڕەخنەگر)ـە بە پاڵپشتی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی شار و هیی دیکە بووەتە ناوێک و گوتەکانی وەک (ڕەخنە) وەرگیراون، بەڵام کاتێ ئاڕاستەکە پێچەوانەوە دەکەینەوە و ئەمجارە لە (ڕەخنە)وە هەنگاو دەنێین، ئەوە دەبینین زمانی مرۆڤی تاکە و ئەوەی پێوەی خەریکە، (ڕەخنەدۆز)ـە، کە نەک هەر پشتیوانیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە دەست ناهێنێت، بەڵکوو دەکەوێتە بەر شاڵاویشیان، بەوەی ئاڕاستەیە بۆ تێگەیشتنی ئەوان، تا پایەکانیان تێک بشکێنێت و کەناڵی دیکەی جیاواز لەو تێکشکاندنەدا بکاتەوە. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستین، کە ڕەخنە دەنگی (تاک)ـە بۆ ڕووبەڕووبوونەی (کۆ)، پێچەوانەی (ڕەخنەگر)، کە مەبەست (ڕەخنەگری میلـلییە) دەنگی (کۆ)یە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکوتکردنی ئارەزووی (تاک). (ڕەخنەگر) هەمیشە زۆرینە پەسەندی کردووە. نووسەرە دیارەکانمان ڕەخنەگری ناسراون و ژمارەیەکی زۆر خوێنەریان هەن، کتێبەکانیان بەر لەوەی چاپ بکرێن، دەبنە مایەی خۆشحاڵیی بۆ زۆرینە، لە کاتێکدا (ڕەخنەدۆز) هەتا ئەگەر بیشناسرێت، خاوەنی خوێنەری کەمە. (مێشێل فۆکۆ) و (ژیل دولووز: Gilles Deleuze) لەناو فرەنسادا هێندەی نووسەرێکی سادەنووس خوێنەریان نەبووە. خوێنەری ئێمە بە گشتی (پاولۆ کۆیلۆ)ی ناسیوە، بەڵام ئایا شتێکی ئەوتۆ لەبارەی (ئومبێرتۆ ئیکۆ)وە دەزانێت؟ لە کاتێکدا هەم ڕۆماننووسێکی داهێنەر و هەم ڕەخنەدۆزێکی قووڵیشە. ئێستا ئەم پرسیارە خۆی دەسەپێنێت: ئایا ڕەخنەگرمان دەوێت، یان ڕەخنە؟ ئێمە فۆکەسمان لەسەر ڕەخنەیە، کە گوترا ڕەخنە دەنگی تاکە.
ئەو تاکە وەک ڕەخنەدۆز هاتووەتە ناو بواری نووسینەوە، چونکە تینووی دەربڕینی خۆیەتی، نەوەک بیەوێت لاساییی بەرهەمی ئەوانەی تر بکاتەوە. تاک هەر بە سروشتی خۆی لاساییکەرەوە نییە، چونکە ئازارەکانی خۆی دەردەبڕێت، نەوەک هیی ئەوانەی تر. بە دەربڕینی (نیتشە) دروستبوونی ئەو تاکە پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە وەک چۆن منداڵ خۆی لە شیری دایک دەبڕێتەوە، ئاوا خۆی لە شیری مژدەدەرەکان بڕیوەتەوە و متمانەی بە هیچ هێزێکی دەرەوەی نییە. هیچ دامودەستگەیەکی کۆمەڵایەتی لە چەشنی خێزان، قوتابخانە، حیزب، پەرستگە و هیی تر هەڵیناسووڕێنن. دەگەینە ئەوەی بڵێین ڕەخنە ئەو ڕەگەزەیە، کە جوداکردنەوەی لە تاک مەحاڵە، بەوەی ئەو تاکە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدایە، کە وەک (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف ئەو دڵەڕاوکێیە بە جەوهەری ئازادیی تاک دەزانێت. بۆچی دڵەڕاوکێی هەیە؟ چونکە لە بەردەم هەڵبژاردەکاندا حەپەساوە. بۆچی حەپەساوە؟ چونکە توانای هەڵبژاردنی هەیە. دڵەڕاوکێ ئەوی خستووەتە بەردەم ئەوەی چی هەڵببژێرێت. هەر بۆیە (کیەرکەگۆرد) پێی وایە مرۆڤی تاک خۆیی هەڵبژاردووە. ئەو مرۆڤەی لە ڕووی بیرکردنەوەوە خۆی لە کۆمەڵ جودا نەکردووەتەوە، لە پرۆسەسی هەڵبژاردن، واتە لەوەی چی هەڵببژێرێت و چی نا، دوورە، مادام پێشتر بۆی هەڵبژێردراوە. ڕەخنەگر (بێگومان ڕەخنەگری میلـلیم مەبەستە) لە ڕێگەی وەسفەوە بەرگری لەو بەهایانە دەکات، کە بۆی ماونەتەوە. مرۆڤی پابەندی کۆمەڵ دەستی بە حەقیقەتی چەسپاوەوە گرتووە، لە کاتێکدا مرۆڤی تاک بە دوای حەقیقەتی تردا دەگەڕێت.

لانی کەم لە (نیتشە)وە، کە پێی وایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە، گەڕان بە دوای حەقیقەتی نوێ بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ و خۆی خزاندووەتە ناو دنیای فیکری فەلسەفییەوە، بە ڕادەیەک ئەمە بووەتە جەوهەری فەلسەفەکانی پۆستمۆدێنیزم، کە ڕەخنەدۆزان بە پلەی یەکەم ڕەخنەیان لە سێنترالیزم گرت، بەوەی هەموو ئەو شتانەی بە لاوە ناوە، گوایە لەگەڵ حەقیقەتی زانست و ڕۆشنگەریدا ناگونجێن. (ژین هێرش: Jeanne Hersch)ی فیلۆسۆف لە کتێبی (سەرسامیی فەلسەفی)دا پێی وایە بایەخدان بە حەقیقەت پاڵی بە (نیتشە)وە نا بپرسێت حەقیقەت چۆن پێک دێت؟ چۆن پێی دەگەین؟ کاتێ ڕەوتەکەی دەگرین، بۆمان دەردەکەوێت مەحاڵە بە تەواوی بە دەستی بهێنین. ئەودەم بۆ بابەتی تێپەڕاندن خۆمان ئامادە دەکەین، کە حەقیقەت هەر خۆی لە کرداری تێپەڕاندندا دەژی، تێپەڕاندنی هەموو حەقیقەتێکی بانگەشەکراو.
مەبەستی ئەو ژنە فیلۆسۆفە، ئەوەیە، کاتێ خۆمان لە حەقیقەت دەدەین، وا پێویست دەکات هەمیشە لە ئاستیدا هەست بە تینووێتی بکەین و لێی تێر نەبین، تا ئەو برسێتییەمان بەردەوام ببێت و لە خاڵێکدا نەوەستین، بەڵکوو هیی تر و هیی تر بدۆزینەوە. (نیتشە) بە تایبەت لە کتێبی (لەودیو چاکە و خراپەوە)دا حەقیقەت بە بت دەچووێنێت، کە دەبێت بە کوتەک لێی بدرێت. پێی وایە ژیان لە پێش حەقیقەتەوەیە، بۆیە پێویستە ژیان فەرمانڕەوای حەقیقەت بێت، بڕیاری هەموو کردار و فیکرێک بدات، نەوەک بە پێچەوانەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. بەم شێوەیە هەر شتێک، چ مەتێریاڵی و چ مۆراڵی، بکەوێتە بەر چاو و بە زمان بگوترێت، دەبێتە حەقیقەت، بەڵام حەقیقەتی تەواو نا. کاتێ چاو کۆمەڵێک بەرد دەبینێت، زمان دەڵێت ئەو هەموو بەردە جوانە! ئایا بەردەکان هەموویان یەک قەبارە، یەک کێش، یەک ڕەنگ و یەک پێکهاتەیان هەیە؟ ئەو بیرۆکانە چەند وردن! ئایا هەموو بیرۆکەکان وەک یەک وان؟ ئایا هەر لەبارەی بەردەکان و بیرۆکەکانەوە پێویستمان بە بینینی تر و گوتنی تریش نییە؟ ئایا ئەو وەسفانە دروستن؟ ئەرێ کاتێ (پرسیار) شوێنی ئەو (وەسف)ـانە دەگرێتەوە، چی ڕوو دەدات؟ حەقیقەتی دوو گوتەکە وەک خۆیان دەمێننەوە؟ ئەو تێگەیشتنە لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە خاڵی هاوبەشی ڕێبازە ڕەخنەیییەکان دۆزینەوەی حەقیقەتی تری مرۆڤ و شتەکانیشە.
لێرەوە فرەشێواز، فرەدەنگ، فرەڕەهەند، فرەلۆژیک شوێنی تاکشێواز، تاکدەنگ، تاکڕەهەند، تاکلۆژیکیان گرتەوە. (ژیل دولووز) وەک یەکێ لە ڕەخنەدۆزانی مۆدێرنیزم لە کتێبی (جیاوازی و دووبارە: Difference and Repetition)دا دەنووسێت ئەمڕۆ مەحاڵە بتوانین کتێبێکی فەلسەفی بەو شێوەیە بنووسین، کە کتێبی فەلسەفیی پێشووی پێ دەنووسرا، بۆیە هەوڵ دەدات فەلسەفەیەک دابمەزرێنێت، دوور لە کۆت و پێوەندی دەستەڵاتی ئۆفیشەڵ. (مارکیز) لە ڕۆمانی (پاییزی پەیتریارک)دا دەڵێت (هەر حەقیقەتێک حەقیقەتێکی تر دەشارێتەوە). لە دنیای فرەڕەنگدا هیچ حەقیقەتێک نە تەواوە و نە دەشتوانێت خۆی بگرێت. پرسیار ئەوەیە شێوازی نوێ، یان شێوازی تر لە کوێوە دێن؟ دیسان بۆ ڕەخنە دەگەڕێینەوە، کە زمانی تاکە، نەوەک هیی کۆ. دیسان پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە، کە هیچ حەقیقەتێک ناتوانێت بمێنێتەوە، تا فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. هەر شێوازێک بەرهەمی قووڵبوونەوەیە لە پرسیاردا. کەواتە هێشتا لە دڵەڕاوکێ دوور نەکەوتووینەتەوە، کە وەک گوترا جەوهەری ئازادیی تاکە. تەنیا تاک مێژوو و زمانی هەن، بۆیە هەر ئەویش خاوەنی بەرهەمی جیاوازە، کە لێرەدا شێواز لە دایک دەبێت. ڕەخنەگر ناوەناوە دەنووسێت فڵان توانیویەتی شێوازێکی نوێ بهێنێت، بەڵام پێمان ناڵێت ئەو شێوازە نوێیە لە کوێوە هات، لە کاتێکدا ئەو نووسەرەی، گوایە شێوازی نوێی هێناوە، هەمان بیرکردنەوە و زمانی ئەوانەی تری هەن.
لە گوتار و گفتوگۆکانیدا هەمان ئەو گوتانە دەڵێتەوە، کە لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا بەردەوام گوتراون. خەمی یەکەمی ئەوەیە بەرهەمەکانی بگەنە جەماوەر و زۆرترین کەس بیانخوێننەوە، بگرە نەیانخوێننەوە، بەڵکوو بگەنە ماڵەکانیان. دەستی بەو حەقیقەتەوە گرتووە و لە دژی هەر دەنگێکی دیکەدا دەوەستێتەوە، کە دەیەوێت تێکی بشکێنێت. ئەو ڕەخنەگرە لە ژیان و حەقیقەت، دووەمیانی هەڵبژاردووە و پەلاماری هەر جوانییەک دەدات، کە یەکەمیان لە خۆی دەگرێت. شتێکی سەیر نییە ئەو ڕەخنەگرە نەبێتە خاوەنی مێتۆدێکی سەربەخۆ و تۆکمە، تا تێکستی پێ بخوێنێتەوە و ڕاڤەی بکات، بەڵکوو هەر جارێ شتێک دەڵێت، لەوەی پێشووی جودایە، تەنیا لەوەدا وەک یەک وان، کە وەسفن و چەند بڵێی سادەن. لە هەشتاکاندا لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە دەمانگوت ڕەخنەگر لە چەرچی دەچێت. کاتێ شتێک لە کەسێک دەکڕێت، دەیشکێنێت، بەڵام کاتێ بە کەسێکی تری دەفرۆشێتەوە، پێیدا هەڵدەدات. ئەگەر ئەمڕۆ جووتێ پێڵاوی وەرزش بفرۆشێتەوە، باسی سوودی ڕۆیشتن دەکات. سبەی کاتێ کورسی دەفرۆشێت، سوودەکانی دانیشتن و زیانەکانی ڕۆیشتن دەژمێرێت، بە مەرجێ ئەودەمەی جووتە پێڵاوەکەی کڕیوەتەوە، بە دانیشتنیدا هەڵداوە و ساتێ کورسییەکەی لە ژێر دەستی کڕیار دەرهێناوە، باسی چاکییەکانی ڕۆیشتنی کردووە. وەسف لەو ڕەخنەگرە بستێنیتەوە، شتێکی وای بۆ گوتن پێ نامێنێت.
لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، چەمکی (ڕاستگۆیی) بە چەمکی (حەقیقەت)ـەوە گرێ دراوە. هەر جارێ ڕەخنەگر شتێکی نەبووە بۆ گوتن، خێرا پەلاماری ئەو گوتە بەستەزمانەی داوە: (ئەدەب دەبێت ڕاستگۆ بێت). لە نووسینی ساڵی حەفتاوە تا نووسینی ساڵی (2016) ئەو ڕستەیەم دەقاودەق خوێندووەتەوە. هەمان شتە، کاتێ قوتابی ناچار دەکرێت داڕشتن بۆ مامۆستا بنووسێت، کۆمەڵێک گوتەی سواوی وەک (هەموو لە پێناوی نیشتماندا گیانمان فیدا دەکەین)، (ئەگەر گوڵ نییت، دڕکیش مەبە!)، (داری ئازادی بە خوێن ئاو دەدرێت) و هیی دیکە بە دوای یەکدا ڕیز دەکات، تا ژمارەی وشەکان بگاتە ئەو ئاستەی، مامۆستا دەیەوێت. لانی کەم من جارێک لە ساڵی (2017)دا داوام لە نووسەرێک کردووە لەبارەی ئەو گوتەیەوە چەند دێڕێکم بۆ بنووسێت، بەڵام نەیتوانیوە، ئەگەرچی خۆم پێشەکی لەو بارەیەوە بۆچوونمم دەربڕیوە. ناتوانێت، چونکوو کۆنسێپتەکە خۆی هەر لەو ڕستە سادەیە پێک هاتووە، کە بەردەوام گوتراوەتەوە و گوتراوەتەوە. وەسفێکە، لە فۆلکلۆر وەرگیراوە و لانی کەم پەنجا ساڵە نووسراوەتەوە، بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە. دارەبازەیە و لە مزگەوت دانراوە. لە کاتی ناشتنی مردوودا، دەیهێنن و دوایی بۆ شوێنی خۆیی دەگەڕێننەوە، چونکە کەسانی تریش پێویستیان پێی دەبێت. دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم بۆ ئەوەی بە چەمکی ڕەخنەدا بچینەوە، هاوکات بەسەرماندا دەسەپێت چاو بە چەمکی (حەقیقەت)دا بخشێنینەوە.
(فۆکۆ) له‌ (سیسته‌می چه‌مک)دا پێی وایه‌ چه‌مکه‌کان به‌ ده‌سته‌ڵا‌ته‌وه‌ پێوه‌ستن، بگره‌ هه‌ر خۆیان ده‌سته‌ڵاتن‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر چه‌مکێک ملکه‌چی یاساکانی چاودێری، هه‌ڵبژاردن (Selection) و ڕێکخستنه‌. که‌واته‌ پێوه‌سته‌ به‌ سه‌رچاوه‌کانی ئایین، سیاسه‌ت، که‌لتوور، دابونه‌ریت و شتی له‌م بابه‌ته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر چه‌مکێک ده‌یه‌وێت ببێته‌ حه‌قیقه‌ت و بمێنێته‌وه‌. (فۆکۆ) هه‌ر له‌و نووسراوه‌دا ده‌ڵێت چاک ده‌ز‌انین بۆمان نییه‌ هه‌موو شتێک بڵێین و له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ و له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌کدا قسه‌ی خۆمان بکه‌ین، به‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پیرۆزن. واته‌ ده‌بێت گوێ بدرێته‌ ئه‌وه‌ی، ئاخۆ ڕیچوه‌ڵی بۆ ساز کراوه‌. هه‌روه‌ها مافی گوتن له‌ به‌ر چاو گیراوه‌، که‌ به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌که‌ر مافێکی تایبه‌تی گوتنی هه‌یه‌. هه‌موو بۆیان نییه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ئه‌و مافه‌.
لەمەوە‌ گوتن قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت، به‌وه‌ی ده‌چێته‌ ناو سیسته‌مەوە‌ و ده‌سته‌ڵات به‌ هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت. بۆ نموونه‌ بۆمان نییه‌ له‌باره‌ی سێکسواڵیتییه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین. ڕێگه‌مان نادرێت له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ بدوێین. پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، کاتێ خۆمان له‌ناو چه‌مکێکی دیاریکراودا قه‌تیس ده‌که‌ین، ئه‌و میراته‌ دابه‌شکراوه‌مان له‌ به‌رده‌مدا قوت ده‌بێته‌وه‌، که‌ له‌نێوان ڕاستگۆیی و درۆدایه‌.‌ له‌ ڕوواڵه‌تدا وا خۆی ده‌نوێنێت نه‌ سته‌مگه‌رانه‌یه‌ و نه‌ به‌ شێوه‌ی یاساییشه‌، به‌ڵام کاتێ له‌باره‌ی ویستی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ ده‌پرسین، یان به‌ مانایه‌کی تر، کاتێ له‌ ڕێگه‌ی چه‌مکی خۆمانه‌وه‌ ده‌پرسین نموونه‌ی ئه‌و میراته‌ شاراوه‌یه‌ی ڕاستگۆیی و درۆ له‌ شێوه‌ گشتییه‌که‌یدا چییه‌، ئه‌وده‌م ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م سیسته‌می به‌لاوه‌نان. مه‌به‌ستی (فۆکۆ) ئه‌وه‌یه چه‌مکی‌ ڕاستگۆیی و درۆ به‌و که‌لتووره‌وه‌ پێوه‌ست کراون، که‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و دووانه‌ی لێک جودا کردوونه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت، یان ڕێ بدات قسه‌ی تریان لێوه‌ بکرێت.
ئینجا به‌ وردی باس له‌وه‌ ده‌کات بۆ نموونه‌ لای یۆنانییه‌کان ڕاستگۆیی چۆن بۆ حه‌قیقه‌ت گۆڕاوه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە لە حەفتاوە تا ئەمڕۆ ده‌ڵێت نووسین ده‌بێت ڕاستگۆ بێت. ئایا ئەگەر نووسین بیه‌وێت ڕاستگۆ بێت، ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ ناگوێزێته‌وه‌، که‌ هه‌ن؟ ئایا مانای وا نییە ئەرکی نووسەر لەناو وەسفدا قەتیس دەکرێت؟ ئەوە جەختکردنەوە نییە لەسەر حەقیقەتی ڕەهای ئەو شتانە؟ کاتێ ده‌رەبه‌گێک ده‌ڵێت (پێویسته و کارێکی باشە‌ زه‌وی بکێڵرێت)، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیییه‌ و زۆر پێویسته‌ زه‌وی بکێڵرێت. کارێکی چاکیشە، به‌ڵام بێگومان ئه‌و ده‌ره‌به‌گه‌ ده‌یه‌وێت زه‌وی بۆ خۆی بکێڵرێت و به‌و شێوه‌یه‌ش بکێڵرێت، که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت. لێره‌دایه‌ وه‌ک (فۆکۆ) ده‌ڵێت و پێشتریش (نیتشه‌) گوتوویه‌تی نابێت به‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕازی ببین. ئه‌گه‌ر (نیتشه‌) پێی وایه‌ پێویستە به‌رده‌وام حه‌قیقه‌تی نوێ به‌رهه‌م بهێنین، ئه‌وه‌ (فۆکۆ) پێ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی چه‌مک داده‌گرێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ (دولووز) لە کتێبی (فەلسەفە چییە؟)دا وا پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ده‌کات، که‌ بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌مکی تازه، بەو مانایەی فەلسەفە هونەری داهێنانی چەمکی نوێیە‌. مامۆستا کاتێ داوا له‌ قوتابییه‌کانی ده‌کات داڕشتن له‌باره‌ی (دڵسۆزی)یه‌وه‌ بنووسن، ئه‌وه‌ مه‌به‌ستیه‌تی ده‌وڵه‌ت، حیزب، ئایین، دابونه‌ریت و ‌هیی دیکە له‌ به‌ر چاو بگیرێن. واته‌ دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئه‌وانه‌ دووپات بکه‌نه‌وه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە ده‌یه‌وێت بڵێت پێویستە ئه‌ده‌ب وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، ڕاستگۆ بێت. واته‌ خۆی له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ی فڕێ داوه‌ و کردوویه‌تیه‌ حه‌قیقه‌ت. به‌ مانا‌یەکی تر، بووه‌ته‌ ده‌سته‌ڵات. ئه‌و نووسه‌ره‌ی وه‌ک ئه‌و نانووسێت، ناڕاستگۆیه‌ و به‌ لاوه‌ ده‌نرێت.

ڕەخنەدۆز، کە ڕەخنەگر نییە و جودایە به ‌گژ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌دا ده‌چێته‌وه‌. واته‌ له‌ هه‌مان کۆنتێکستدا، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دژی ڕاستگۆیییە. ئینجا په‌نا بۆ پرسیار دەبات‌، تا هه‌مان حه‌قیقه‌ت به‌رهه‌م نه‌هێنێتەوە‌. کاتێ دەپرسیت چۆن دەبێت ئەدەب ڕاستگۆ بێت، بەوە تۆمەتبار دەکرێیت، گوایە دەتەوێت ئەدەب درۆ، نەوەک ڕاستی لە خۆی بگرێت، لە کاتێکدا شتەکە پێوەندیی بە ڕاستی و درۆوە نییە، بەڵکوو پرسیار، پێچەوانەی وەسف ڕێ نادات هیچ چەمکێک وەک حەقیقەتی ئەزەلی خۆی دەربخات و ئەدەبیش تەنیا بە لۆژیکی ناوەوەی، نەک هیی دەرەوەی، دەخوێنرێتەوە. ئەدەب نە درۆزنە و نە ڕاستگۆیشە، بەڵکوو ئەدەبە. ئەدەب خۆیەتی و هیچ بوونێکی تر نییە. ئەدەب ئەو ڕووبەرە سیحرییەیە، کە هەر شتێکی بخرێتە سەر، ماناکەی لێ دەستێنێت و بێژمار مانای تری دەداتێ. لەوێدا نە درۆ دەناسیتەوە و نە ڕاستییش. ئەدەب شتی دەخرێتە سەر، بەڵام ناخرێتە سەر شت، چونکە دنیایەکی دامەزراوی تەواو و بێسنوورە. وەک پێشتر گوترا تێکست زەوییە. دیارە مەبەستم لەو ئەدەبە نییە، کە لەسەر داخوازیی جەماوەر نووسراوە. لەو ئەدەبەدا دەتوانیت ئاسان شتەکان بناسیتەوە، مادام بە پرۆسەسی گۆڕاندا تێ ناپەڕن.
مێژووی فەلسەفە مێژووی ڕەخنەیە، چونکە پرسیار هەر لە سەرەتاوە بزووێنەری فەلسەفە بووە، لە کاتێکدا وەسف بەلاوەنانی خودی پرسیارە. بە مانایەکی تر، ڕەخنە لەگەڵ فەلسەفەدا سەری هەڵداوە. هەر لە ڕێی ڕەخنەوە ئاڕاستە فیکرییە جیاوازەکان دروست بوون. (پلاتۆن) لە ڕێگەی ڕەخنەوە پێوەندیی لەنێوان فەلسەفە و هونەردا دۆزییەوە. (ئەریستۆ) لە ڕێگەی ڕەخنەوە (پلاتۆن) تێ دەپەڕێنێت. ڕەخنەدۆزان بەرهەمەکانی (ئەریستۆ) بە قۆناغی دامەزراندنی ڕەخنە دادەنێن، کە لە کۆمەڵێک چەمکی وەک هونەری شیعر، ڕێتۆریک، مێتافۆر و هیی دیکەی کۆڵیوەتەوە. (دێکارت) لە سەدەی حەڤدەدا ڕەخنە لە میراتی (ئەریستۆ) و تێکڕای ڕێبازە فەلسەفییەکانی پێشوو دەگرێت، تا مێتۆدێکی دیکەی جیاواز لەسەر گومان دادەمەزرێنێت و هەموو شتێک لە خەونەوە بۆ هەست، لە یادەوەرییەوە بۆ خەیاڵ، بگرە سەرتاپێی جیهانی دەرەوە دەخاتە ناو ئەو گومانەوە. لە سەدەی هەژدەدا (کانت) بە شێوەیەک بایەخ بە ڕەخنە دەدات، دەگاتە ئەوەی سەردەمەکەی بە سەردەمی ڕەخنە بناسرێتەوە و کتێبە گرنگەکەی ناو بنێت (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی)، لە کاتێکدا ئەو ڕەخنەیە بۆ ناوەوە ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ڕووبەڕووی خودی عەقڵی فەلسەفی دەبێتەوە. (هیگڵ) شێوازێکی تری ڕەخنە دەهێنێت و بە گژ میراتی (کانت)دا دەچێتەوە، بەڵام لەگەڵ (نیتشە)دا ڕەخنە دەچێتە ئاستێکی تری تەواو جیاوازەوە. سەدەی نۆزدەم، کە بە (هیگڵ) دەست پێ دەکات، سەدەی ڕەخنەیە. بە خۆڕایی نییە (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی لە ژێر ناونیشانی (نیتشە، فرۆید و مارکس)دا بۆ کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای گریکیدا)ی (نیتشە)ی نووسیوە، ئەو سێ ڕەخنەدۆزەی کردووەتە ناونیشان، کە هەتا ئەمڕۆیش بە هێزەوە لەناو فیکری ڕەخنەییدا ئامادەن.
قوتابخانەی فرانکفۆرت وەک قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی لە کۆتاییی دەیەکانی سەدەی بیستەم دادەمەزرێت. (تیۆریی ڕەخنەیی) دەبێتە هاوواتای ئەو قوتابخانەیە، کە لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هاتووە ڕەخنە لە میراتی (کانت)، ئایدیالیزمی (هیگڵ)، دیالەکتیکی (مارکس) بگرێت، بەو ئامانجەی تیۆرییەکی کۆمەڵایەتیی فرەسەرچاوە لە خۆیدا بەرجەستە بکات، کە لەم ڕووەوە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە پەنایان بۆ مارکسیزم، تیۆریی دەروونشیکاری و لێکۆڵینەوەی ئیمپریکەڵ بردووە. (هۆرکایمەر)، وەک قوتابییەکی ئەم قوتابخانەیە بەر لە شەڕی دووەمی گێتی کتێبی (تیۆریی ترادیشناڵ و تیۆریی ڕەخنەیی) دەنووسێت، کە دەیەوێت دوو جۆر ڕەخنە لە یەک جودا بکاتەوە: ئەو ڕەخنەیەی بە مێتۆدی پۆزیتیڤیزمەوە پێوەستە، لە ژێر کاریگەریی مێتۆدی زانستیی سروشتیدایە، لە کاتێکدا تیۆریی ڕەخنەیی پێ لەسەر ڕەخنە دادەگرێت، بە مەبەستی ڕزگارکردنی لە کۆت و پێوەندەکان. لەبەر ئەوەیە فۆکەس لەسەر مارکسیزم و فرۆیدیزم دەکات، تا بە شێوەی تر بیانخوێنێتەوە و لە ژێر دەستەڵاتی ئایدیۆلۆجیایان ڕزگار بکات.

کاتێ ئەم چەند نموونەیە بە شێوەی کرۆنۆلۆجی دەهێنمەوە، مەبەستم نییە باس لە مێژووی گەشەکردنی ڕەخنە بکەم، لە کاتێکدا خودی مێژووەکە لەوە قووڵتر و هەمەلایەنەترە، کە هەر بۆ نموونە لەناو جیهانی ئیسلامیدا مێژوویەکی تری ڕەخنەمان هەیە، بە ڕادەیەک کۆمەڵێک ڕەخنەدۆز بە هۆی ڕەخنەوە گیانیان لە دەست داوە و کتێبەکانیان سووتێنراون. بۆ نموونە بەرهەمە ڕەخنەیییەکانی (ئیبن خەلدوون) لە بواری مێژوو و سۆسیۆلۆجیادا تا ئەمڕۆیش هێزی خۆیان پاراستووە. ئەوەی مەبەستمە لەم شوێنەوە پێی بگەم، ئەوەیە، ئایا ئێمە ڕەخنەمان هەیە؟ پێم وایە ئەو پرسیارە ئەگەر بە ڕوواڵەت ئاسان بێتە بەر چاو، ئەوە لە جەوهەردا پرۆبلەماتیکەڵ و ئاڵۆزە، بەوەی دەبێت بپرسم ئایا تەنیا ئەوانە بە ڕەخنەی من دادەنرێن، کە بە زمانەکەم دەنووسرێن؟ ئایا بەرهەمەکانی (بارت) بۆ نموونە هیی منیش نین؟ ئایا ئەوانەی (عەلی حەرب) پێوەندییان بە منەوە نییە؟ هەتا ئەگەر مەبەست لەو تێکستە ڕەخنەیییانە بن، کە بە کوردی دەنووسرێن، دیسان وەڵامدانەوەی سەختە، بەوەی ناکرێت بە شێوەی ڕەها بڵێم ڕەخنەمان نییە، وەک چۆن ناتوانم بە شێوەی ڕەها بڵێم هەمانە. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئەگەر هەندێک هەوڵی کەمی لێ دەربکەین، کە ئەو هەوڵانە هەندێکیان لەناو زانکۆ و هەندێکیان لە دەرەوەیدان، ئەوە ئێمە تا ئەم ساتەیش نەک هەر لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیکری ڕەخنەییدا نیین، بەڵکوو نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بمانەوێت لە فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیشمان بگەین، بۆیە پێم وایە قسەکردن لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە (ئەو ڕەخنەیەی کوردزمان نووسیویەتی) بۆ ئێستا سەختە، بەڵام وەک گوتم دەکرێت ئەو ڕوانینە دەربخەین، کە بە گشتی نووسەرانی ئێمە بۆ چەمکی ڕەخنەیان هەیە، کە ئەمە بۆ ئەوەمان دەباتەوە چۆن لە چەمکی وەسف بدوێین، بەوەی وەک گوترا وەسف دەستەڵاتی گەورەی بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا هەیە.

ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕەخنەی فەلسەفی جودا ناکرێتەوە، بەوەی هەمیشە فەلسەفە چوارچێوەی ئەدەب بووە، وەک چۆن ئەدەب بەردەوام پەناگەی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانە. بەگشتی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو هەوڵی زۆریان داوە دیواری نێوان ژانرەکان بڕووخێنن، کە مۆدێرنیتی هەڵیچنیبوون، بەو مەبەستەی دوای ڕووخانیان، ئەو کرانەوەیییە بێتە دی و ڕەگەزەکان بتوانن کۆمەکی یەکتر بکەن. ڕۆمان لە شێوەی شیعر، شیعر لە شێوەی چیرۆک، چیرۆک لە شێوەی فەلسەفە، فەلسەفە لە شێوەی ئەدەبی گێڕانەوە و هیی دیکە پەرەیان پێ درا. ئەمە باسێکی سەربەخۆیە و پێشتریش لەسەری وەستاوم، کە ئێستا لەوە زیاتری پێویست نییە. ئەگەر تەنیا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە دەست پێ بکەین، کە چۆن ڕەخنەی ئەدەبی گەشەی کردووە و چەند قوتابخانەی ڕەخنەییی لێ کەوتووەتەوە، لە ئێمپرێشینیزمەوە هەنگاو دەنێین تا دەگەینە سترەکچرالیزم، پۆستسترەکچرالیزم، گێنەتیکسترەکچرالیزم، تیۆریی خوێنەر، یان وەرگر (Reader Response Theory) و کۆمەڵێکی دیکە. هاوکات چەند ناوی وەک (ئەناتۆل فرانس)، (ئەندرێ جید)، (جۆرج لۆکاچ)، (لۆسیان گۆڵدمان)، (باختین)، (جاکۆبسۆن)، (ڕۆلان بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ئۆمبیرتۆ ئیکۆ)، (ولفگانگ ئایزەر) و زۆری ترمان دەکەونە بەر چاو. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە ڕەخنەیە لەوەی تا ئێستا بەرهەم هاتووە. واتە پرسیار، نەوەک وەسف، بۆیە کۆمەڵێک چەمکی وەک ڕاڤە، هەڵوەشاندنەوە، ئیستاتیکای وەرگر، کۆنتێکست، شیعریەت، سێمیۆتیکا، خوێندنەوە، خوێنەری ناواخن (The Implied Reader) و هیی دیکە لە دایک بوون. وەسف تەنیا لە نەبوونی پرسیاردا دەتوانێت دەربکەوێت. هەر کاتێ وەسف هەیە، خوێندنەوە و وردبوونەوە گومن. کاتێ سەرنج لە تیۆرییە ڕەخنەیییەکانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو دەدەین، دەبینین چەمکی تێکست خاڵی هاوبەشی هەموویانە. (نیتشە) لەسەر زمانی (زەردەشت)دا مرۆڤی باڵا بە (زەوی) دەچووێنێت، بەو مانایەی‌ پێوەندیی بەتین لەنێوان مرۆڤی باڵا و ژیاندا هەیە، کە ژیان شتێکی واقیعییە. من پێوەندییەک لەنێوان ئەو تێگەیشتنەی (نیتشە) و سەرجەم تیۆریی ئەو ڕەخنەدۆزانەدا دەبینم، کە بایەخی گەورە بە تێکست دەدەن، وەک بڵێی تێکست زەوی بێت، بە مانایەکی تر ژیان بێت، تەنانەت ئەو ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لەوە گرتووە، کە تێکست مافی زۆری پێ دراوە و فۆکەسیان لەسەر چەمکی خوێنەر کردووە، وەک تیۆریی وەرگری (ئایزەر) و ئەوانەی تر، هێشتا مانای وا نییە تێکستیان بە لاوە ناوە، بگرە لای ئەوانیش هەمان قورساییی هەیە. ئەگەر لە دیدی (نیتشە)دا ژیان هێزێکە، بە شێوەی ڕەمەکی (ڕاندەملی) ڕێ دەکات، بێ ئەوەی هیچ ئامانج و مەبەستێکی دەرەکی هەڵیبسووڕێنێت، ئەوە تێکستیش وایە.

ڕەخنەدۆزانی سترەکچرالیزم پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی تێکستەوە، بەڵکوو تێکست دنیایەکی سەربەخۆیە و بە کەرەستەکانی خۆیشی دەخوێنرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لای ئەو ڕەخنەدۆزانەیشدا ماوە، کە هێندەی تێکست بایەخ بە چەمکی خوێنەریش دەدەن. ئایا لای (ئیکۆ) لە پاڵ چەمکی خوێنەردا، چەمکی تێکست بایەخی گەورەی نییە؟ تۆخکردنەوەی ڕۆڵی خوێنەر بەو مانایەیە، ئەرکی ڕاڤە لە ئەستۆ بگرێت و مانا شاراوەکانی تێکست بدۆزێتەوە، بەوەی ئەو مانایانە فرەڕەهەندن. ئەمە پێچەوانەی وەسفە، کە لە دوورەوە شتە زانراوەکان دەڵێتەوە، بە ڕادەیەک ئەو شتانە دەکرێت لەبارەی هەر تێکستێکی ترەوە بگوترێن. دیارە ئێمە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە باس لەوە بکەین هەر یەک لەو تیۆرییانە چۆن لەو چەمکە دەڕوانێت، بەڵام دەڵێین ئەوە تێکستە بووەتە جێگەی ڕامان. هەر بە ڕاستی تێکست زەوییە، بەوەی هەم دەکرێت بە کەرەستەکانی خۆی خانوو و تەلاری لەسەر هەڵبچنیت، هەمیش دەکرێت هەڵیبکۆڵیت و بە دوای نهێنییەکانیدا بگەڕێیت. بۆ ئەوەی لە تێکست بگەین، بەسەرماندا دەسەپێت پێی بگەین، کە ئەوەی پێمانی دەگەیەنێت، پرسیارە، بەوەی تەنیا لە ڕێگەی پرسیارەوە دەتوانین بنەماکانی تێک بشکێنین و بە دەربڕینی (دێریدا) دایبمەزرێنینەوە، بەو مەبەستەی هەم پرۆسەسی تێکشکاندن و هەم پرۆسەسی دامەزراندنەوەیش بەردەوام ببن، لە کاتێکدا وەسف نەک ناگاتە قووڵاییی تێکست، بەڵکوو ناگاتە سەر ڕوویشی. ناگات و هەر لە دووریەوە دەوەستێت.
ڕەخنەگر بەو زمانە میلـلییەی چۆن لە خەڵکی وەرگرتووە، ئاوا هێناویەتی و دەستکاریی نەکردووە؛ لە بارەیەوە دەدوێت، ئینجا یان پێیدا هەڵدەڵێت، یانیش دەیشکێنێت. لە هەردوو بارەکەیشدا پشتی بەو تێگەیشتنە باوە بەستووە، کە لە نەوەکانی ترەوە بۆی ماوەتەوە. بۆ نموونە ئەو دەزانێت لە ڕوانینی خەڵکدا ڕەنگی سپی و فریشتە جوانن. چینێکی تر دەخاتە سەر ئەو ڕوانینە و دەڵێت (لە سپی سپیترە)، (لە فریشتەی تێ پەڕاندووە)، (گیانێکی فریشتەیییانەی سپیی هەیە)، (دڵی وەک شووشە وایە) و هیی دیکەی لەم چەشنە. بە لاکەی تریشدا ڕەنگی ڕەش و ئیبلیس بەپێی هەمان ڕوانین، ناشیرین و قێزەونن. هەردووکیان بە نەفرەت دەکات. واتە کاری ئەو ڕەخنەیە، چ لە شێوەی نووسینی ئەدەبدا و چ لە شێوەی قسەکردن لەبارەی ئەو ئەدەبەوە، تۆخکردنەوەی ئەو ڕوانینە میلـلییەیە. لای ڕەخنەگر ئەو تێکستانەی هەمان تێگەیشتنی ئەویان هەیە و لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیدان، گرنگن و ئەوانەی تر بێبایەخن. (ئومبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (خوێنەر لە ئەفسانەدا)دا چوار ئاستی بۆ بەریەککەوتنی خوێنەر و تێکست دەستنیشان کردوون، کە لە ڕووی فۆرمەوە (گرەوی پاسکال: Pascal’s Wager)م بە بیر دەهێنێتەوە. ئاستەکان ئەمانەن:
یەکەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە و بە وردی دەخوێنرێتەوە. دووەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە، بەڵام بە سادەیی دەخوێنرێتەوە. سێیەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵ نییە و خوێندنەوەکەیشی سادەیە. چوارەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵ نییە، بەڵام لە ئاستیدا خوێندنەوەی ورد ئامادەیە. ئامادەیە، ئەگەرچی هیچی شاراوەی لێ دەست ناکەوێت، تا لێکیان بداتەوە. ڕەخنەگری ئێمە (ڕەخنەگری میلـلی) پێوەندیی بە دووەم و سێیەمەوە هەیە. هەر کاتێ خۆی لە ئاستی تێکستی کراوەدا دەبینێتەوە، بەو خوێندنەوە ساکارەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەڵێت هیچ نییە، بەڵام کاتێ تێکستی سادە دەخوێنێتەوە، کە هەمان ئەو شتانەی گوتوون، خۆیشی دەیانزانێت و لەگەڵیاندا گەورە بووە؛ گەشکە دەیگرێت و بەو زمانە وەسفییەی دەڵێت داهێنانە. ئەگەر بۆ ئەو تێگەیشتنە بگەڕێینەوە، وا لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)ی (بارت)ـەوە هەڵمانهێنجاوە، کە پێی وایە نووسینی پلەسفر لە کۆت و پێوەندی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە و بووەتە تاک، مانای وایە شتی نوێ و نەزانراو لەو نووسینەدا هەن، بۆیە کردوویانەتە تاک. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ڕەخنەگر بە زمانی کۆ، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی بە ئامڕازی وەسف، جۆرێکە لە شێروخەت. باشە، یان خراپە؟
بە ڕوونی هەر نووسینێکی تاک بە تێگەیشتنی کۆ جۆرێکە لە لادان، بۆیە لەو شێروخەتەدا، دووەمیان دەهێنێت، پێچەوانەوەی ئەو نووسینەی هەمان تێگەیشتنی کۆی دووپات کردووەتەوە، کە ئۆڵرەدی یەکەمیانی بەر کەوتووە. بێبایەخکردنی تێکست و ڕاڤەنەکردنی، بێبایەخکردنی ژیانە. ئەو چێژەیە بۆ ژیان وامان لێ دەکات، پێوەی بلکێین و قووڵاییی ئەو ژیانە ببینین. (پۆول ڕیکۆر) لە کتێبی (لە تێکستەوە بۆ کردار)دا پێی وایە تێکست دیسکۆرسێکە، نووسین سەپاندوویەتی، بەو مانایەی چەمکێکە، دەکرا بە دڵنیایییەوە بیڵێین، بەڵام دەینووسین، چونکە نایڵێین. بەم شێوەیە نووسین شوێنی قسە دەگرێتەوە. لە دیدی (ڕیکۆر)دا بەهای نووسین لەوەدایە بخوێنرێتەوە و لێک بدرێتەوە. هەر ئەو پێی وایە کۆنتێکستی زمان شاراوەیە و لە دەرەوەی کاتدایە. ئەوەی ئامادەیە، نووسینە. وەک گوترا وەسف دوورمان دەخاتەوە ئێمە بەو نووسینە بگەین، تا لێکی بدەینەوە و مانا شاراوەکانی دەربخەین. تێکستی سادە، یان بە دەربڕینی (ئیکۆ) تێکستی داخراو ماناکانی ئاشکران و بۆ دەرەوەن، بەوەی ئاڕاستەن بۆ شتێکی زانراو، کە کراوەتە ئامانج، بەڵام تێکستی قووڵ، واتە تێکستی کراوە ماناکانی هەم بۆ ناوەوە و هەم بۆ دەرەوەن، چونکە ناوەوە دنیایەکی دامەزراوە و لە ڕێی زمانەوە هاتووەتە بوون، بۆیە توانای ئەوەی هەیە دایەڵۆگ لەگەڵ دەرەوەیدا بکات، بەو مانایەی بگاتە خوێنەر، کە (ڕیکۆر) لە کتێبی (ململانێی ڕاڤەکان)دا بە تەقاندنەوەی زمانی دەچووێنێت، بەو مانایەی دەکرێتەوە و ڕوو لە دەرەوەی خۆی دەکات.
وەسف ڕێگەیەکە بۆ کوشتنی ئارەزوو (Desire)، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئاڕاستەکە بۆ خودی تێکست بێت، بۆ دەرەوەیەتی و لەوێوە هەموو ئەو شتە سواوانە دووبارە دەکرێنەوە، کە لە زووەوە لەسەر ئاستی میلـلیدا ناسراون و گوتراون. بە مانایەکی تر، بوونەتە دەستەڵات. (دولووز) و (گاتاری) بە تایبەتی لە کتێبی (سکیزۆفرینا و کاپیتالیزم)، بە هەردوو بەشی (ئەنتی ئۆدیپ) و (هەزار بان)دا بایەخی گەورە بە چەمکی (ئارەزوو) دەدەن، بەوەی ئارەزوو ئەوە نییە (فرۆید) لە چوارچێوەی خێزان و لەناو سێگۆشەی (کوڕ، دایک و باوک)دا قەتیسی کردووە، بەڵکوو زۆر لەوە گەورەترە، بە ڕادەیەک پەل بۆ بوارەکانی کۆمەڵایەتی، پۆلیتیکس، ئابووری و هیی دیکەیش دەهاوێت. (ئارەزوو) بوونێکی تەواوە، بۆیە لە خاڵێکدا ناوەستێت، بگرە دەبێتە ئامڕازی بەرهەمهێنان، مادام نەست پێچەوانەی بۆچوونی (فرۆید) شانۆی بەرهەمهێنانە و سنووری نییە. ئارەزوو هێزی هەیە بە گژ هەموو سەرکوتکردن و پەلاماردانێکی دەرەوەدا بچێتەوە، بۆیە ئارەزوو بە پلەی یەکەم دژی دەستەڵاتە. بە مانایەکی دیکە، دەستەڵات بە هەموو فۆرمەکانیەوە بەردەوام ویستوویەتی (ئارەزوو) کپ بکات و سنووری بۆ دابنێت. ئەو تێگەیەشتنە، کە (دولووز) لە ئەنجامی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەی (سپینۆزا)، (مارکس)، (نیتشە)، (بێرگسۆن)ـەوە هەڵیهێنجاوە، هەمیشە لەناو ئەدەبدا هەبووە و گەشەی کردووە. ڕاستییەکەی چەمکی (ئارەزوو) لە (پلاتۆن)ـەوە بۆ (سپینۆزا)، بۆ (کانت) و بۆ (هیگڵ) بۆ (سارتەر) و تا (لاکان) و دواتریش بەردەوام بە بزووێنەری داهێنان دانراوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری ئێمە لە ڕێگەی وەسفەوە هەوڵی سەرکوتکردنی دەدات. بەگشتی ڕەخنەی کوردی لە ڕوانگەوە بۆ ئەمڕۆ، لە دژی (ئارەزوو) وەستاوەتەوە و ویستوویەتی ملکەچی هەندێ حوکم و بڕیاری دەستەڵاتدارانەی بکات. بەسەریەوە بووەتە چاودێر و مەبەستیەتی دووری بخاتەوە. سەرجەم ئەو نووسەرانەی لە دنیای ئێمەدا بایەخیان بە (ئارەزوو) داوە و دەیدەن، بە لاوە نراون و خراونەتە پەراوێزەوە، بگرە گوم کراون.
ئەمڕۆ بەشێکی ڕۆماننووسە دیارەکانمان لەسەر داواکاریی خوێنەر بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن. ئەگەر وەسف لەو ڕۆمانە قەبانە بستێنیتەوە، چەند لاپەڕەیەکی کەمیان لێ دەمێنێتەوە. وەسف هەر بە سروشتی خۆی درێژدادڕە، کە (نیتشە) لە دژی وەستاوەتەوە، بۆیە لە زۆرینەی بەرهەمەکانیدا پەنای بۆ شێوازی ئەفۆریسم (Aphorism) بردووە، بگرە گاڵتەی بەو نووسەرانە کردووە، کە قەبارەی فیکریان بچووکە، بەڵام وا تێ گەیشتوون قووڵاییی شت لە درێژی و مەزنییەکەی لە فرەوانیدایە. پێی وایە ئەو شتەی بە کورتی دەگوترێت، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی درێژە. ئەمڕۆ هۆکاری بەشێکی درێژبوونەوەی هەندێک لەو کتێبانەی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نووسەرەکانیان زمانی نووسین نازانن و لە یارییەکانی گراماتیک بێئاگان. لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە قووڵ نەبوونەتەوە، بەوەی وەسف هەمیشە پێویستی بە دەربڕینی ڕاستەوخۆیانە هەیە. ئەوان بایەخ بە ڕازاندنەوەی مانای ناسراوی ئەو چەمکانە دەدەن، کە زۆرینە پەسەندی کردوون. فریشتەیەکی بدەرێ و دوای ماوەیەکی کورت لەگەڵ کتێبێکی قەبەدا بۆتی دەگەڕێنێتەوە. ئینجا نۆرەی ڕەخنەگر دێت، تا بە زمانی میلـلی وەسفی بکات. ئەرکی هەندێک مێدیای حیزبی و ناحیزبییش، ئەوەیە، پێیدا هەڵبڵێن و مژدە بە جەماوەر بدەن، کە هەزاران دانەی لێ فرۆشراوە. (نیتشە) بەشی یەکەمی کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)ی لە ماوەی دە ساڵدا نووسی. هەندێک لەو نووسەرانە ساڵانە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆ و کۆڕدا، لە پاڵ چەند گوتارێکی وەسفاویدا، کتێبێک دووانیش هەر دەنووسن، چونکە وەسف ئاسانکارییان بۆ دەکات لە ماوەیەکی کورتدا سەدان لاپەڕە ڕەش بکەنەوە. هەیە بە سواری وەسف دەگاتە ئەوروپا و دەیان کەس کۆ دەکاتەوە، تا ئەو گوتانەیان بۆ بڵێتەوە، کە سی ساڵە دەیانجووێتەوە و لێیان بێزار نابێت. وەک (نیتشە) دەڵێت ئەوانە نەک تەنیا شتەکانی خۆیان، بەڵکوو هیی ئەوانەی تریش دەگوێزنەوە.
ئەو نووسەرانە لەسەر بەرهەمی ئەوانەی تر دەژین، بەوەی بیرۆکەکانیان وەردەگرن و دەیانخەنە ئاستی میلـلییەوە، تا جەماوەر ئاسان لێیان تێ بگات. شتێکی سەیر نییە، کە ئەو خوێنەرانەی هەمان ڕوانینیان هەیە، لەو ڕۆمانانەدا بە دوای گوتەی نەستەقدا دەگەڕێن، تا لە سۆشیالمێدیادا بڵاویان بکەنەوە. هاوڕێکانم جاروبار هەندێک لەو گوتانەم بۆ دەنێرن، کە هەمان قسەی ناو دڵی جەماوەرن. (مۆریس بلانشۆ) لە کتێبی (پرسیاری نووسین)دا نووسیویەتی پرسیار توێژینەوەیە، توێژینەوەیش توێژینەوەی ڕەگەکانە، لێکۆڵینەوە و ڕۆچوونە بۆ قووڵایی، هەڵکۆڵینی بناغە و دۆزینەوەی بنەماکانە. هەر ئەو لە هەمان کتێبدا دەڵێت پرسیار ئارەزووی فیکرە. دوو ڕستە بە نموونە دەهێنێتەوە. یەکەمیان، (ئاسمان شینە) و دووەمیان، (ئایا ئاسمان شینە؟)یە. دەڵێت پرسیار وا دەکات (شیناییی ئاسمان) شوێنی چۆڵ ببێت، بە مەرجێ (شیناییی ئاسمان) لە ناو نەچووە و نەسڕاوەتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەڵکشاوە، تا ئەوەی تواناکەی پێ گەیشتووە، کە پێشتر (شینایی) ئەو توانایەی نەبوو. ئێستا پێوەندییەکەی لەگەڵ ئاسمان بەهێزترە. ئەو ڕەخنەگرەی ئێمە دەزانێت لای خەڵک ئاسمانی شین جوانە، بۆیە چینێکی تری دەخاتە سەر و دەنووسێت (ئاسمان زۆر شینە، لەوە شینترە، کە تۆ دەیهێنیتە بەر چاو. شینایییەکەی لەڕادەبەدەرە. وای ئەو شینایییە چەند جوانە! ئەو شینایییە مەگەر… هەر ئەو شینایییەیە، کە وا دەکات… ئای شینایی، بتخۆم…). ئەمە لە تێکستی ئەدەبیدا، بەڵام بە هەمان شێوە لە ڕەخنەدا ڕەخنەگر دەنووسێت: (بە ڕاستی جوان باسی شیناییی ئاسمانی کردووە. نووسەر یان ئاوا باسی شیناییی ئاسمان بکات، یان ئەگەر بۆی ناکرێت، با دەمی دابخات.
داخستنی دەم لە ئاستی شیناییی ئاسماندا، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئاخر شیناییی لەم شێوەیە هەر بۆ ئەوە باشە… ئەوانەی نازانن باسی شیناییی ئاسمان بکەن، پێویستە خۆیان و…). بەم شێوەیە وەسف مانا زانراوەکانی تێکست نەک هەر دەپارێزێت، بەڵکوو تۆختریان دەکاتەوە، لە کاتێکدا پرسیار ئەو مانا زانراوانە تێک دەشکێنێت و هیی دیکە دەدۆزێتەوە. چەمکی (ترس) لە ئاستی میلـلیدا بە نەگەتیڤ سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا لە فەلسەفەی (کیەرکەگۆرد)دا دەبێتە بزووێنەری ئازادی. (خەم) لای (شۆپێنهاوێر) و (نیتشە) ئەو مانایەی نامێنێت، کە پێشتر هەیبووە. نووسەری شەیدای وەسف هەمیشە لای (چاکە)یە، چونکە زۆرینە (چاکە)ی پەسەند کردووە و ماناکانی دەرکەوتوون، پێچەوانەی (خراپە)، کە بە لاوە نراوە و ماناکانی شاراوەن. ئەوەتە (جۆرج باتای)ی فیلۆسۆفی فرانسی لە کتێبی (ئەدەب و خراپە)دا بۆ ئەو نووسەرانە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕێگەی (خراپە)وە داهێنانیان کردووە. (ئیمیلی برۆنتێ)، (بۆدلێر)، (ولیام بلێک)، (کافکا)، (پرۆست) و هیی دیکەی بە نموونە هێناونەتەوە و لە بەرهەمەکانیاندا بە دوای ئەو چەمکەدا گەڕاوە. واتە (خراپە) لە ئەدەبدا ئەو مانایەی لە دەست دەدات، کە جەماوەر ناسیویەتی. (باتای) پێی وایە ئەدەب بێوەی نییە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە کردوویانەتە ڕێگەی لاواندنەوەی ئەو جەماوەرە.
بەگشتی ڕەخنەدۆزان لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێی پرسیارەوە مانای تر لە هەر شتێکدا بدۆزنەوە، چونکە ئەو مانایە بووەتە دەستەڵات، تەنانەت دەستەڵاتی سیاسی لە مانەوەی ئەو مانایەدا ڕەوایەتی وەردەگرێت و لەوێوە هەر مانایەکی تر سەرکوت دەکات، کە جیاوازە. دیکتاتۆرەکان ڕۆڵەی ڕاستەقینەی تاکمانان و پارێزگاریی لێ دەکەن. نووسەرانی وەک (دۆیستۆیڤسکی)، (نیتشە)، (فرۆید) و زۆری تر نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان کردووەتە سەرچاوەی داهێنانی گەورە، کەچی ئەمڕۆ ڕەخنەگر هێرش دەکاتە سەر نووسەرانی خۆمان، گوایە نەخۆشن و بە دەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەتلێنەوە. هەر بەو زمانە وەسفییەیشی ناوی دەیان لەو داهێنەرە نەخۆشانەی هێناون و پێیدا هەڵگوتوون.
شتێکی سەیر نییە هەموو ئەوانەی بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن، هەر ئەوانیش بن بڵێین زمان گرنگ نییە، لە کاتێکدا زمان پرسیاری فەلسەفە بووە لە (پلاتۆن)ـەوە تا ئەمڕۆ، کە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا هەوڵم داوە لەسەر ئەو بابەتە بوەستم.
وەک دەبینین ڕەخنە لەناو فەلسەفەدا چاوی هەڵهێناوە، لە کاتێکدا ڕەخنەی ئێمە لەناو حوجرەدا لە دایک بووە و لەوێوە چووەتە قوتابخانە، کە ئەو سەرەتایە بایەخی هەیە، بەڵام بەوەدا پرسیار نەبووەتە بەشێکی گرنگی ئەو ڕەخنەیە، لە گەشە کەوتووە و تا ئەمڕۆ درێژە بە وەسف دەدات. لە کەلتووری ئایینیدا پرسیار قەدەغەیە، بەوەی شتەکان و حوکمەکان چەسپاون، کە ئەمە هاتووەتە ناو قوتابخانەی فەرمییشەوە. قوتابی بۆی نییە بە پرسیار ڕووبەڕووی مامۆستای ببێتەوە، مادام بابەتەکان بۆ ئەوەن لە بەر بکرێن. لە ڕەخنەی کوردیدا ئەو تێگەیشتنە هەمیشە زاڵ بووە. سەرجەم ئەو شەڕەجنێوەی لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کراون، پێوەندییان بەو وەسفەوە هەبووە. بە مانایەکی تر، وەسف یارمەتیدەری ڕەخنەگرە، تا لە جیاتیی ئەوەی لەسەر چەمکەکاندا بوەستێت و لێکیان بداتەوە، وەک چەکێکی فیزیکی لە دژی نەیارەکانیدا بە کاریان بهێنێت. چەند ساڵ لەمەوبەر ڕەخنەگرێک لە ڕێگەی وەسفەوە پەلاماری نووسەرێکی دیاری ئێمەی دا. ئەو نووسەرە دیارەمان بە هەمان زمان ڕووبەڕووی بووەوەوە، کە لە نووسینەکەیدا گوتەیەک سەرنجی خوێنەری ڕاکێشا: (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر مەعریفە تێدایە). ڕەنگە گوتەکەم دەقاودەق، بە هەمان ڕێنووسی خۆی دانەڕشتبێتەوە، بەڵام دڵنیام وای پێ گوت. ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی (مەعریفە)، کە لانی کەم لە (نیتشە)وە تا ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە تێرمە ئاڵۆزەکان و کۆمەڵێک شەڕی گەورەی فیکریی لێ کەوتووەتەوە. هەردوو ئاڕاستەی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمی بە دوای خۆیدا هێناون. هەر بۆ نموونە لای (فۆکۆ) پێوەست دەکرێت بە دەستەڵاتەوە، بەوەی دەستەڵات هاوشێوەی حەقیقەت، مەعریفەیش بەرهەم دەهێنێت. ئەو چەمکە شەڕانگێزەی سەرجەم فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، لای ئەو نووسەرە ناسراوەی ئێمەدا دەبێتە چەمکێکی پاسیڤ، بە ڕادەیەک وەسفەکە (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر… تێدایە) لە خودی چەمکەکە گەورەترە.
کاتێ ئەوە لە بەر چاو دەگرین، کە هەر چەمکێک لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دامەزراوە و ڕەخنە ئەو پایانەی تێک دەشکێنێت، تا هیچی دیکە وەک حەقیقەت نەمێنێتەوە، بەو مانایەی دەستەڵاتی نەهێڵێت، ئەوە وەسف بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئەو حەقیقەتە بمێنێت و دەستەڵاتی لێ نەسەنرێتەوە. ئایا ئەگەر ئەو نووسەرە دیارە بۆ ساتێک دەستی لە وەسف هەڵبگرتایە و لەسەر پرسیار بوەستایە، بەو شێوازە ئەو شەڕەی دەکرد و پەنای بۆ ئەو زمانە میلـلییە دەبرد؟ نەخێر، بەڵام بەشێکی زۆری خوێنەرەکانی لە دەست دەدا، چونکە هەتا ئاستی زمان پتر بۆ سەرەوە هەڵبکشێت، ژمارەی خوێنەر کەمتر دەبێتەوە. من خۆم چەند جارێک بە هەمان شێوە، بگرە توندتر پەلامار دراوم. چەمکەکانم هەڵگرتوونەتەوە و لەسەریان وەستاوم. کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی)م بۆ ئەو شەڕە فیکرییە تەرخانە. ئەو نووسەرە دیارە بە پێوەری (چاکە و خراپە) چەمکی مەعریفەی هەڵسەنگاندووە. بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا (مەعریفە) دژی (نەزانی)یە و شتێکی باشە، لای بووەتە حەقیقەت و بەبێ هیچ دوودڵییەک بە کاری هێناوە، بگرە وەک جەنگاوەرێک شەڕی لە پێناودا کردووە. ئەوە زمانی بەشێکی زۆری نووسەرە دیارەکانمانە، کە هەمیشە لە نووسیندا پەنایان بۆ کەلتووری میلـلی بردووە. سەیر نییە وشەی (زبڵ) و هاوشێوەکانی، کە لە زمانی خەڵکەوە بیستوومانن؛ ڕووبەری فرەوانیان لە نووسینی ئەوانە داگیر کردبێت. ئەو وەسفە بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنن. ئایا (زبڵ) تەنیا ئەو مانایەی هەیە، کە جەماوەر وەک شتی خراپ دیویانە و لە شێوەی جوێندا بە کاریان هێناوە؟ ئەرێ ئەو چەمکە داخراوە و هیچ مانایەکی تری تێدا نادۆزرێتەوە؟ ئایا (خراپ) تاکە خەسڵەتی زبڵە؟ ئایا حەقیقەت بنەمای هەیە، یان وەک (نیتشە) پێی وایە بێبنەمایە؟ ئەو گوتانەی، کە لە دەمی ئەو نووسەرانەوە دەرچوون و سەرنجی جەماوەریان ڕاکێشاوە، کاتێ لەسەریان دەوەستیت، لایەکی تری تەواو جیاوازیان دەبینیت.
چەند ساڵ لەمەوبەر گوتاری نووسەرێکی دیکەی دیاری خۆمانم لەبارەی (فاشیزم)ـەوە خوێندەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لە سەرەتای هەشتاکاندا ئەگەر داوات لە هەر لاوێک لەو لاوە خوێنگەرمانە بکردایە لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسن، وردتر دەیاننووسی. چۆن خوێندنەوەی (فۆکۆ) و ئەوانەی دیکە، کە ئەو نووسەرە دیارە بەردەوام ناوی هێناون، نەیانتوانیوە زمانی لەو ئاستە میلـلییە ڕزگار بکەن؟ ئایا ئەو زمانە لە هیی (ئەدۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (هانا ئەرنێت)، (دولووز) و ئەوانەی ترەوە (نزیک!)ـە، کە باسیان لە فاشیزم کردووە، یان لە هیی ئەو سەرکردانەی ئیسلامی سیاسی، کە نەیشاردووەتەوە پێیان سەرسامە؟ (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی بۆ چاپی ئینگلیزیی کتێبی (ئەنتی ئۆدیپ)ی نووسیوە، دەڵێت (ئەنتی ئۆدیپ) ڕاگەیاندنێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە، بەرەنگاری سەرجەم شێوازەکانی فاشیزم دەبێتەوە، بەوەی ئەوەیان دوژمنی سەرەکی و دژێکی سترەیتیجیکی ئارەزووە. شتەکە پێوەندیی بە فاشیزمی مێژوویییەوە نییە، وەک ئەوەی ناسیومانە، کە لە (هێتلەر)، (مۆسۆلینی) و ئەوانەی تردا بەرجەستەیە، بەڵکوو بەو فاشیزمەی ناوەوەی خۆمانەوە پێوەستە، کە لە عەقڵ و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندایە.
ئەو فاشیزمەیە، کە وامان لێ دەکات دەستەڵاتمان خۆش بوێت، ئارەزوو دەکەین دەستمان بەسەردا بگرێت و بمانچەوسێنێتەوە… نووسەرە دیارەکەی ئێمە بە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی سەرسامە و بە زمانی میلـلییش باس لە فاشیزم دەکات.
نەبوونی پرسیار وای کردووە هۆشیاریی ڕەخنەییی ئێمە دروست نەبێت و نەچێتە ئاستی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ هەم لەگەڵ خۆی و هەم لەگەڵ دەرەوەیدا. پرسیار بزووێنەری ململانێیە، کە تەنیا لە ململانێدا هۆشیاری دەسووتێت، تا هۆشیاریی گەورەتری لێ بێتە دی. بەشێکی زۆری نووسەری کورد، تەنانەت لەبارەی ژانرەکەی خۆیانەوە ناتوانن چوار دێڕی تۆکمە بنووسن. کاتێکیش نووسییان، دەبنە مایەی پێکەنین. ئەگەر گوتار و گفتوگۆی هەندێک لەو نووسەرانە بۆ قوتابییانی قوتابخانەیەکی سەرەتاییی یەکێ لەو وڵاتانەی، تێیاندا ڕەخنە بایەخی هەیە، بخوێنیتەوە و بڵێی ئەوانە نووسەر نووسیونی، وا دەزانن گاڵتە دەکەیت. ئەدی ئەگەر بڵێیت هەر یەکەیان خاوەنی چەند کتێبێکی قەبەیە؟
ڕەخنەی کوردی بە گشتی سادە بووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغی تەمەنیدا ویستوویەتی بەگژ ئەو بەها سواوانەدا بچێتەوە. وەک گوترا لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر پارێزگاریی لەو بەهایانە کراوە. (ژیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا دەڵێت (نیتشە) ڕۆژێک نەترسا بڵێت فەلسەفەی (مانا و بەها) دەبێت ڕەخنەیی بێت، لە کاتێکدا (کانت) بە ڕاستی ڕەخنەی نەگرت، چونکە نەیدەزانی کێشەکەی لە شێوەی بەهادا دەرببڕێت. (دولووز) پێی وایە فەلسەفەی بەها، کە (نیتشە) دایمەزراندووە و هێناویەتیە بەر چاو، دەستکەوتی ڕاستەقینەی ڕەخنەیە. تاکە ڕێگەی ڕەخنەی هەمەلایەنەیە. واتە دروستکردنی فەلسەفە بە کوتەکوەشاندن. بەگشتی ڕەخنەی کوردی نەک هەر بە کوتەک لە بەهاکانی نەداوە، بەڵکوو دەستی پێوە گرتوون و لە پێناوی بەدەستهێنانی سۆزی زۆرینەدا پێیدا هەڵداون.
لە پێشەوە گوترا ڕەخنە زمانی تاکە و لە دژی کۆ دەوەستێتەوە.
نموونەی ڕەخنەدۆزانمان هێنایەوە، کە خوێنەریان کەمە و لە بەرانبەردا نووسەری سادەنووس خاوەنی جەماوەری فرەوانە. ئەگەر وایە، کاریگەریی ڕەخنە چۆن دەردەکەوێت؟ کاتێ لە (نیتشە)وە بۆ ئەمڕۆ دەگرین، دەبینین ڕەخنەدۆزان لە ڕۆژگاری خۆیاندا لە ئاستی فرەواندا نەناسراون، ئەوە نووسەری ئەدەبییش دەگرێتەوە، کە لە (سێرڤانتس)ـەوە بۆ (جۆیس)، لەوێوە بۆ (ئالان ڕۆب گرێ) و دواتریش، جەماوەر ئەگەر ناسیبێتیشنی، چارەی نەویستوون، بگرە دامودەستگە چاپەمەنییەکان بە لاوەیان ناون، بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوەندێکەوە بۆ یەکێکی تر هەیە. بۆ نموونە لە دنیای کوردیدا ڕەخنەدۆز کەمتر لە دنیایەکی وەک هیی پاریس، یان هیی ئەسکەندەرییە دەناسرێت و بەرهەمەکانی دەخوێنرێتەوە.
دواجار ئەوەی کاریگەریی هەیە، فیکری ڕەخنەدۆزە، نەوەک هیی ڕەخنەگر، چونکە وەک گوترا فیکری تاک، فیکرێکی دامەزراوە، دروست بووە و خاوەنی هێز (Power).ـە، پێچەوانەی کەلتووری کۆ، کە بەوەدا لە ڕێی وەسفەوە هاتووە و ئەوانەی پێش خۆی دووپات کردووەتەوە، ئەوە لەگەڵ نەمانی فاکتەرە دەرەکییەکان، دەپووکێتەوە. ئەگەر لە ساڵانی پێش سەدەی بیستەم، لەو ڕۆژگارەی (نیتشە) دەژیا، لە دەوروبەرەکەیدا بتپرسیایە ئێوە ڕەخنەدۆزێک بەو ناوە دەناسن، بێگومان دەیانگوت نەخێر، بەڵام ئەوە فیکری ئەو ڕەخنەدۆزەیە دنیای ئەمڕۆمانی هەژاندووە. هەمان شت بۆ (کافکا) و زۆری تر دروستە. هەموو ئەوانەی لە یەک دەچن، وەک یەکیش لە ناو دەچن، بگرە هاوکاتی یەکتریش گوم دەبن. کەم نین ئەو شیعرانەی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا زۆرترین چەپڵەیان بۆ لێ دراوە و دەیان ملیان گەیاندووەتە پەتی سێدارە، کە ئەمڕۆ لای خودی ئەو جەماوەرە دەنگدانەوەی ناخۆشیان هەیە. ئێمە لە هەشتاکاندا دەیان کتێب و نامیلکەی شاخمان بە دەست دەنووسینەوە، کە ئەمڕۆ ئەگەر بە جوانترین شێوە چاپ بکرێنەوە و بۆمانیان بهێننەوە، زۆرینەیان ناخوێنینەوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا بەشێکم بۆ ئەوە تەرخان کردووە.
جەماوەر خاوەنی یادەوەرییەکی زۆر کورتە، چونکە ئەوانەی لەو یادەوەرییەیدا شوێنی کردوونەتەوە، شتی کاتی و ڕووکەشن. ئەوەی دەتوانێت یادەوەریی تاک بپارێزێت، ئازارە. ئەو شتانەی لە ڕێگەی ئازارەوە پێمان گەیشتوون، هێزی مانەوەیان هەیە. دیسان بۆ پرسیار دەگەڕێینەوە، کە پێچەوانەی وەسف، ئازاراوییە.
پێشتریش گوتوومە ڕەخنە بەرهەمی نووسینە، بۆیە پرۆسەسێکی هێمنە و بەو هێمنییەی نهێنییەکانی تێکست دەدۆزێتەوە، تاکوو لێکدانەوەی جیاواز لەوەی نووسەر مەبەستی بووە، بکات. لەبەر ئەوەیە ڕەخنە هەمیشە سەرسامی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دیارە سەرسامی لە شتی نوێوە دێت، کە هیچ نوێیەک بەبێ ئازار نایەتە کایەوە، بۆیە هێزێکی گەورەی هەیە. چەند ڕۆژێ لەمەوبەر هاوڕێیەکم ئەو بۆچوونەی منی بە مەبەستی گفتوگۆ لە فەیسبوکدا ورووژاند. هاوکات پێی خۆش بوو چەند وشەیەکی تری لەو بارەیەوە پێ بڵێم. ڕاستییەکەی هەر کاتێ ئێمە بەو تێگەیشتنە ڕازی نین، کە هەتا ئێستا بۆ هەر بابەتێک کراوە و دەمانەوێت لێکدانەوەی تری بۆ بکەین، ئەوە مەبەستمانە ئەو بابەتە تێک بشکێنین، کە لە هەر تێکشکاندنێکدا شتی نوێ دێتە کایەوە. ڕەخنەی کوردی هێشتا بیرۆکەی (ڕووخاندن)ی نەناسیوە، یان لانی کەم چاکی نەناسیوە.
ڕووخاندن پێچەوانەی دامەزراندن پرۆسەسێکی تاکانەیە، واتە ئێمە کاتێ دەڕووخێنین، پێویستمان بە هیچ پلان و نەخشەیەک نییە، ڕەچاویان بکەین، بەڵکوو بە ناچاری شێوازی خۆمان دەگرین، لە کاتێکدا (دامەزراندن) پێویستی بە نەخشەیە. بە مانایەکی تر ڕووخاندنی هیچ تاکێک لە هیی ئەوەی دیکە ناچێت. من بە شێوازی خۆم و تۆیش بە شێوازی خۆت دەڕووخێنیت، بەڵام دەکرێت دامەرزاندنەکانمان ئەگەر کتومتیش لە یەک نەچن، لە زۆر ڕووەوە پێک بگەنەوە. (دێریدا) کاتێ پێ لەسەر چەمکی (تێکشکاندن) دادەگرێت، وەک ئەوە وایە خودی (دامەزراندن)یش لەگەڵ (ڕووخاندن)دا یەکسان بکات، بۆیە وەک پێشتر گوترا لەگەڵ بەردەوامیی ئەو پرۆسەسەدایە. تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و…

پرسیاری من ئەوەیە، ئایا کاتێ ئاستی ڕەخنەی خۆمان بەو شێوەیە دەبینین، ناکرێت گومان لە تێکڕای مێژووی ئەو پەنجا ساڵە بکەین؟ ئایا ئەو ڕەخنەیەی هەندێک ناوی زەق کردوونەتەوە و هەندێکی بە لاوە ناون، حوکمەکانی لە شوێنی خۆیاندان؟ ئایا نووسینی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هەر ژانرەیەکی تر بەرهەمی ئەو تێگەیشتنەی نووسەر نین؟ ئایا ڕاستە ئەو نووسەرەی بایەخی یەکەمی بە وەسف داوە، داهێنەری گەورەیە؟ ئایا بەبێ بواری فەلسەفە لە تواناماندا هەیە بەرهەمی گەورە بنووسین؟ ئایا ئەو نووسەرانەی جەماوەر بە ڕووناکبیر، بگرە بە فیلۆسۆفی داناون، کاتێ بە چاوی ڕەخنەگرانە دەیانخوێنینەوە، بە هەمان ئەنجامی ئەو جەماوەرە دەگەینەوە؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری تر بە کراوەیی جێ دەهێڵم. ئەوەیش دەڵێم، کە هەر کاتێ نموونەم لە نووسەرە دیارەکانی خۆمان هێناوەتەوە، ناویم نەهێناون، لەبەر ئەوەیە وەک دیاردە باسم کردوون. هەست دەکەم ناوهێنان لە شوێنێکی ئاوادا جۆرێک چوارچێوە دروست دەکات، کە پێم وا نییە نووسینی ئەو نووسەرانە تەنیا هێندەن. لە گوتارەکانمدا ناوی نووسەرانم هێناون، کاتێ دەستم خستووەتە سەر بەرهەمیان و بۆچوونی خۆمم لەبارەیانەوە دەربڕیوە. ئەوەی من هەوڵم داوە لەو نووسەرانەی تێک بشكێنم، ئەو وێنانەن، کە جەماوەر بۆی دروست کردوون، تا بە شێوازی خۆم ئەو وێنانەیان بکێشمەوە. بەوەدا ڕەخنە هیی تاکە، ئەو وێنەیەی، کە بە دەستیشی دەهێنێت، تاکە و تایبەتە بە خۆی. هیچ وێنەیەک ناخرێتە ناو چوارچێوەوە، چونکە هیچ وێنەیەک تەواو نەبووە. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە دایەڵۆگم بە ڕێی خۆم زانیوە و دەیزانم. لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشەوە بۆم دەرکەوتووە، کاتێ هاوار دەکەیت: ئێوە زۆر گەورەن، داهێنەری مەزنن، داوات لێ ناکرێت یەک بەڵگە بۆ گوتەکانت بهێنیتەوە، بگرە پێویست نییە چوار دێڕت لە کتێبێکی گرنگ خوێندبێتەوە، بەڵام کاتێ بە پرسیار ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەر پێش نووسەرە دیارەکان، لایەنگرانیان بەوە تۆمەتبارت دەکەن، گوایە کەسێکی بێئاگایت. واتە لەسەرتە دەیان کتێبی گەورەت لە کۆمەڵێک بواردا خوێندبێتەوە، ئینجا لەبارەی نووسینەکانیانەوە بپرسیت. ئایا لایەنگرانی ئەو نووسەرە دیارانە هەمان پێوەریان بۆ ئەو نووسەرانەیان هەیە؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگرانی میلـلی بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک لە بارەیانەوە دەنووسن و پێیاندا هەڵدەدەن، بەوە تۆمەتباریان دەکەن، گوایە کەسانی بێئاگان؟

ئەوەی من قسەم لێوە کردووە، ڕەخنەی زاڵی ئێمەیە، دەنا وەک گوتم لێرە و لەوێ هەوڵی گرنگمان هەن، کە بە گشتی هیی ئەو نووسەرانە نین، ناوی ناسراون و خاوەنی جەماوەرن. نەخێر، نووسەرانی ترن. ئەو لاوانەیشن، خەریکی وەرگێڕانی کتێبی فیکریی ڕەخنەییی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەکانن. ئەوانەن، گوتاری تۆکمە لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە دەنووسن. بە داخەوە هەندێکیان هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە ژێر دەستەڵاتی ئەو نووسەرانە ڕزگار بکەن، کە لە ڕێی وەسف و بە پاڵپشتی جەماوەر گەورە کراون، بەڵام هەندێکیان ئەو هەنگاوەیشیان ناوە. چەند ساڵ لەمەوبەر نووسەرێکی لاو نامەیەکی ئاڕاستەی نووسەرێکی دیار کرد، کە بۆ من ئەو نامەیە زەنگێک بوو، پێی گوتم بە مێژووی نووسینی ئەم پەنجا ساڵەدا بچووەرەوە! هەڵوێستی نووسەرە دیارەکە هێندەی تر دەنگدانەوەی ئەو زەنگەی لە ناو سەرمدا گەورە کرد.

  • ئەم باسە بۆ تەوەرەی ڕەخنە نووسراوە، کە (دلاوەر ڕەحیمی) لە (ژنەفتن)دا ئامادەی کردبوو.



دزەکەی ڕۆژانی شەمە.. نووسینی / گابریل گارسیا مارکیز.. وەرگێڕانی / ڕزگار عومەر

هۆگۆ دزێکە تەنیا ڕۆژانی پشووی کۆتایی هەفتە دزی دەکات، شەوی شەمە بەخشکەیی خۆی خزاندە نێو ماڵێك، خانمی ماڵەکە “ئانا”ی قەشەنگی تەمەن سی ساڵە، کە هەمیشە شەوان بێدارە، بەسەر دزەکە هات لە کاتی ئەنجام دانی ماڵبڕینەکە.
پاش ئەوەی دزەکە بە دەمانچەکەی هەڕەشەی لێکرد، ئانا خشڵ و هەموو شتە گرانبەهاکانی خۆی ڕادەست کردو پاڕایەوە کە لە “پاولی” مناڵە سێ ساڵانەکەی نزیك نەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مناڵەکە سەرسامی هەندێك لە فێڵە سیحراویەکانی دزەکە بوو.
“هۆگۆ” ی دز بیری کردەوە ” بۆچی بە پەلە لێرە بڕۆم، خۆ بارودۆخ لێرە باشە؟ “
خۆ دەتوانێ تەواوی ئەم پشووە لێرە بمێنێتەوەو چێژ لەم ئاوهەواو دۆخە ببینێت، چونکە مێردی ئانا تا شەوی یەکشەمە نایەتەوە- دزەکە ئەم زانیاریە دەزانی چونکە پێشووتر چاودێری کردبوون گوێ ی لێیان ببوو-
دزەکە زۆر درێژەی بە بیرکردنەوە نەدا؛ کراس و بیجامەی خاوەن ماڵی لەبەرکرد، داوای لە ئانا کرد چێشتی بۆ لێبنێ، مەی لە ژێر زەمینەکە بێنێ، کاسێتی مۆسیقاش بخاتە سەر،چونکە بەلای دزەکە بەبێ مۆسیقا ژیانێك نیە.
ئانا بیری لای کچەکەی خۆی پاولی بوو، کاتێك خەریکی ئامادەکردنی ژەمی ئێوارە بوو، بیرۆکەیەکی بۆ هات بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم دزە. بەڵام دەشزانێ زۆر شتی لە دەست نایەت، چۆنکە هۆگۆ تەلی تەلەفۆنی ماڵەکەی بڕیبوو، ماڵەکەش کەوتۆتە شوێنێکی تەریكی گەڕەك، کاتیش شەوەو بە دڵنیایی کەس نایەت.
ئانا بڕیاری دا حەبێكی خەو بخاتە نێو پەرداخەکەی هۆگۆ.
هۆگۆ بێجگە لە کۆتایی هەفتەکاندا کە دزی دەکات، پیشەکەی بە درێژایی رۆژانی هەفتە بریتیە لە پاسەوانی کردنی بانکێك! لەسەر نان خواردنیش زانی کە ” ئانا” پێشکەشکاری ئەو بەرنامە تایبەتەیە بە مۆسیقای میلی کە هەموو شەوان بێ پچڕان لە ڕادیۆ گوێ لەبەرنامەکە دەگرێ و زۆریش سەرسامە بە ئانا، کاتێکیش کە بەیەکەوە گوێیان لە گۆرانیەکی گۆرانیبێژی مەزن ” بێنیی ” دەگرت لەسەر مۆسیقاو مۆسیقاژەنەکان گفتوگۆیان کرد.
ئانا لەسەر خەواندنی دزەکە پەشیمان بویەوە، چونکە بینی ئەو دزە بەهێمنی هەڵس وکەوت دەکات و نیازی زیان پێگەیاندن و هێرش کردنی سەر ئەوی نیە. بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، حەبی خەوەکە لە نێو پەرداخەکە بوو دزەکەش لە لوتکەی خۆشحاڵیەوە پەرداخێكی نۆشکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەیەك هەبوو، چونکە ئەو پەرداخەی حەبەکەی تیابوو ئانا نۆشی کرد نەك دزەکە.
لە بەیانی ڕۆژی دووەمدا ئانا لە ژوورەکەی خۆی بە ئاگاهات، بینیی نەك هەمان جلی لەبەرە بەڵکوبە جاجمێك هەموو گیانی بە تەواوی داپۆشراوە تا سەرمای نەبێت. بینی لە باخچەکە وا پاولی کچی لەگەڵ هۆگۆ خەریکی یاری کردنن پاش ئەوەی نانی بەیانیشیان ئامادە کردبوو، ئانا لە دیمەنی گونجانی تەواوی ئەم دووانە سەری سوڕما، هەروەها سەرسامی شێوازی ئەم دزە بوو لە ئامادەکردنی خواردندا، هەروەها هۆگۆسەرنج ڕاکێشیش بوو.ئانا هەستی بە خۆشیەکی نائاسایی کرد.
لەم کاتەدا یەکێك لەدەستەخوشکەکانی ئانا لەدەرگای دا، هات و داوەتی ئانای کرد بۆ ئەوەی بە یەکەوە بڕۆن نانی نیوەڕۆ بخۆن، هۆگۆ تۆزێك شڵەژا، بەڵام ئانا بە بیانووی نەخۆش کەوتنی کچەکەی داوەتەکەی ڕەتکردەوەو بەڕێ ی کرد. هەرسێکیان بەیەکەوە مانەوە تا چێژ لە پشووی ڕۆژی یەکشەمە ببینن.
هۆگۆ بە دەم فیکەلێدانەوە خەریکی چاککردنەوەی تەلی تەلەفۆنەکەو، دەسکی ئەو پەنجەرەیە بوو کە دوێنێ شەو بۆ هاتنە ژوورەوە شکاندبووی. ئانا سەرنجی ئەوەی دا کە هۆگۆ ئەم جۆرە لەسەما زۆر باش دەزانێ کە ئەو حەزی لێیەتی و قەت نەیتوانیوە لە گەڵ هیچ پیاوێك ئەو سەمایە بکات. هۆگۆ پێشنیاری بۆ ئانا کرد کە ئەم سەمایە بە یەکەوە بکەن، هەردووکیان لە یەك ئاڵان و تا تاریك داهات خەریکی سەما کردن بوون. مناڵەکە سەیری دەکردن چەپڵەی لێدەدا تا خەو بردیەوەو خەوی لێکەوت، ئاناو هۆگۆ شەکەت بوون لەسەما کردن و لەسەر سەکۆیەکی هەیوانەکە ڕاکشان.
لەم کاتەدا هیچیان ووتەیەکیان نەبوو بۆ ووتن، لە بیریان چوو کاتی هاتنەوەی مێردەکەی ئانایە، هۆگۆ سەرەڕای پێگیری ئانا لەوەی وەریان ناگرێتەوە، بەڵام هەموو خشڵ وشتە دزراوەکانی دایەوە دەستی ئانا، هەروەها هۆگۆ هەندێ رێنمایی دا بە ئانا کە لەمەودوا چۆن خۆی لە دزان بپارێزێ! بە خەمباریەوە ماڵئاوایی لە ئاناو لە کچەکەی کرد.
ئانا چاوی لەسەری بوو کە هێواش هێواش دووردەکەوتەوەو وون دەبوو لە چاوان، ئانا بەهەموو هێزی خۆی بانگی کردەوە،هۆگۆ گەڕایەوە، ئانا چاوی بڕیە ناو چاوانی هۆگۆ و پێیووت کەوا مێردەکەی کۆتایی هەفتەی داهاتوو دیسان سەفەر دەکات.
هۆگۆ بە خۆشیەکی زۆرەوە، بەسەما کردنەوە کۆڵانەکانی گەڕەکەکەی بەجێهێشت و تاریکی بە تەواوی ئەم ناوەی داپۆشی.




قەیرانی ئەتۆمی شەمەندەفەری مەرگی کۆماری ئیسلامی ئێران.. شرۆڤە و نووسینی: ستیڤان شەمزینی

یەکێک لەو پرسە هەستیار و گەرمانەی چەند ساڵێکە لەسەر مستەوای سیاسەتی دەولی لە ریزی پێشەوەی دۆزە ئاڵۆزکاو و پڕ هەراوهوریا و کێشەکاندایە، فایلی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بواری بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆژیای چەکسازییدا، ئەمەریکا وەک جەمسەری سەرەکی هێزی دنیا بێ چەند و چون دژایەتی هەر هەنگاوێکی ئێرانییەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بە دوایدا هاوپەیمانە ستراتیژیی و نێزیکەکانی وەک بەریتانیا و ئیسرائیل و ئەڵمانیا و هتد.. تەئکید دەکەنەوە لەسەر هەمان هەڵوێستی ئەمەریکا و پێیانوایە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بەدەر لە هەڕەشە جیددییەکانی بۆ سەر دەوڵەتە خۆرئاواییەکان و ئیسرائیل، سەرەتای رسکانی دەوڵەتگەلێکی ئیسلامی و سەلەفیی مەترسیدار و بەهێزە لەخۆرهەڵاتی نێویندا کە لە ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو لوبنان و فەلەستین و هتد..
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵ و کاردان تا ململانێ دەگەڵ ئێرانی ئیسلامی بە هۆکاری پەرەپێدانی چەکی ناوکی، بچووک نەکرێتەوە بۆ کێشەی نێوان دوو دەوڵەت (ئەمەریکا– ئێران) یان زیاتر، لە کۆششدابوونە تا لە رێی بردنی فایلی ئەتۆمییەوە بۆ نێو چەقی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بیکەنە دۆزێکی یونیڤرساڵ و لەو بارەوە هاوڕاییەکی جیهانی یان خۆرئاوایی بەدژی ئێران وەگەڕ بخەن. هەرچی لایەنی ئێرانییە بێجگە لەوەی بە مافی خۆی دەزانێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لە بواری تەکنۆلۆژیای نوێ و ئەتۆمیدا تاقیکردنەوە و داهێنان بکات (دوای پاکستان دووەم دەوڵەتی ئیسلامییە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی) لە هەمان کاتدا نیازپاکیی خۆیان دەخەنە روو لەوەی ئەو وەبەرهێنانانە لە بواری پیشەسازیی چەکسازییدا ئەنجام نادرێت، بە پێچەوانەوە بەڵکو سنووردارە تەنێ لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی مەدەنیدا.
ئەم قەیرانە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە، هەندێکجار هەست بە بارگرژیی و مەترسی زۆر دەکەین لە پەیوەندیی ئێران و نەیارەکانیدا (بە تایبەت ئەمەریکا) ناو بە ناویش وا دێتە پێش چاو تەنگژەکە وا خەریکە لە رێگەی دانوستان و ملکەچیی ئێرانەوە بۆ لیژنەی تایبەتی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم بەرەو چاەسەر دەڕوات، بەڵام لەهەموو بارەکاندا تاکوو ئەم چرکەساتە کێشەکە بەردەوامە و هیچ رێگەچارەیەکی گونجاو نەهاتووتە ئاراوە هەردوولا پێی قایل بن تاکوو هەل بڕەخسێنێت بۆ بچووکبوونەوە و کۆتایی پێهاتنی قەیرانەکە بە رێگای ئاشتی، رەنگبێ ئیسرائیل یەکێک بێت لەو بەربەستانە، چوونکە ئیسرائیل دەیەوێت گوڕ بدات بە پێشنیاری لێدانی سەربازیی ئێران.

فایلی ئەتۆمی ئێران و کاردانەوەی نێودەوڵەتی
پاساوی سەرەکی ئەمەریکا لە گووشار خستنە سەر ئێران و زەمینەسازیی بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی لە دژی ئەو وڵاتە بە پلەی یەکەم پابەندی هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە. هەرچەندە نێزیک بە بیست (20) ساڵ دەبێت ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنان و بەرهەمهێنانی موشەکی ئەتۆمیدایە، ئێستاشی لەسەر بێت نەیتوانیوە هیچ موشەکێک دروست بکات هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی بێت. زانیارییە هەواڵگرییە ئیسرائیلییەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی ئێران لە ساڵی 2009دا دەبێتە خاوەنی موشەکی ئەتۆمی، لە بەرپەچی ئەو زانیارییەدا پسپۆرانی بواری چەکی ئەتۆمی و زۆرینەی وڵاتانی دنیا پێیانوایە چەندان ساڵی تر پێویستە لە بەردەم ئێراندا بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. زانیارییە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمەریکی لە تازەترین ئاشکراکارییدا بۆیان دەرکەوتووە: رژێمی ئێران لە سەرەتای ساڵی (2003)ەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە (بەپێی راپۆرتێکی پیشەیی تەکنیکی دەزگای ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا کە 17 دەزگای هەواڵگریی سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکان دانیان بەو راستییەدا ناوە لەساڵی 2003ەوە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم بەرنامە چەکسازییە ئەتۆمییەکەی خۆی راگرتووە!!).

هەر بۆ زیاتر پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە (جۆناسان مارکۆس) دەنووسێت: (دەزگای CIA چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند حکوومەتی ئێران بەرنامەی ئەتۆمی خۆی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا لە ساڵی 2003ەوە راگرتووە). نووسەر پێیوایە ئەم راپۆرتە نوێیە گومان دەخاتە سەر کۆی زانیارییەکانی پێشووی CIA بە تایبەتی لە ساڵی 2005یشدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لەو باوەڕەدا بوون ئێران سەرگەرمی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە بواری چەکسازییدا، ئەو وای دەبینێت (ناکرێت دیپلۆماسییەت لەسەر زانیاریی بێ بەڵگە و گومان دابڕێژرێت). نووسەر بەو هۆیەوە وا بڕوا دەکات ئومێدەکانی ئیدارەی ئەمەریکا بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی و کۆبۆچوونی دژی ئێران کەم دەبنەوە و ناتوانن وەک پێویست بن. ئەم زانیارییە نوێیەی CIA کە تەئکید دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە، سەرانی کۆشکی سپی تووشی شۆک کرد، چۆن دەبێت چەند وەختە پێیان نەزانیبێت؟ یان بۆچی CIA ئەم راپۆرتە دژ بە زانیارییەکانی پێشووی بڵاو دەکاتەوە؟ هەتا ئەو راددەیەی (جۆن بۆڵتۆن) نوێنەری پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند (راپۆرتەکەی CIA گوایە ئێران لە ساڵی 2003ەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە، جۆرێکە لە کۆدێتا لە دژی بوش) وتیشی (CIA دەمێکە لە هەڵسوکەوتەکانی جۆرج بوش رازی نین).

وێڕای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە و دەنگۆی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا ئەمەریکا سوورە لەسەر هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بەو دەوڵەتە، ئەمە بەپلەی یەکەم پابەندە بە بەدگومانی ئەمەریکا دەربارەی راستیی ئەو زانیارییە نوێیانە و بە پلەیەکی تر پەیوەندیی هەیە بە جۆر و فۆرمی سیاسەتی هەژموونخوازانەی ئێرانەوە. لە دیمەنەکەدا وەها دەردەکەوێت، بوش و کاستەکەی راپۆرتە نوێیەکەی “سی. ئای. ئەی” بە هەند وەرنەگرن و سووربوونی خۆیان نیشان دەدەن لە کۆکردنەوەی هاوپشتیوانی نێودەوڵەتی بە دژی ئێران و قورسکردنی سزا و ئابڵووقەکانی سەری، تاکوو وەشاندنی گورزی سەربازیش کە من پێموایە لەم دۆخە زۆر زەحمەتە. (رۆبەرت گیتس) وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کەناڵی (الجزیرە) ئامانجەکانی لێدانی ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێ: سەرەڕای بوونی مەترسیی چەکی ناوکی، چەند هۆکارێکی تر هەیە بۆ لێدانی وەک:
*گووتاری توندوتیژیی ئێرانییەکان کە لە سەرەتای شۆڕشەوە سەریهەڵداوە و لە سەردەمی نەژاددا بوژاوەتەوە.
*هەوڵە هەژموونخوازییەکانی ئێران و ئەو هەستەی لای بەرپرسانی تاران دروست بووە سەبارەت بەوەی گوایە هەرچییەکیان بووێت لە ناوچەکەدا بە ئاسانیی جێبەجێی دەکەن. گیتس لەو بارەوە وتی: دەمانەوێت بەرپەچی ئەو هەستە بدەینەوە لای ئێرانییەکان دروستبووە.

لە باری واقیعییشەوە ئێران بە بێ چەکی ئەتۆمیش هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر ئەمنییەتی ناوچەکە، جگە لەمەش سیاسەتی ئێران لە لوبنان و فەلەستین و عێراق و هەندێک لە وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سیاسەت و ئەجیندا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نایاتەوە و ناتەبایە، بە تایبەت ئێران لە رێگەی هەردوو رێکخراوی (حەماس و حزب اللە)ەوە کێشەی زۆر بۆ ئیسرائیل دروست دەکات، هەروەک بینیمان لە هاوینی ساڵی 2006دا (حزب اللە) بە موشەکی دوورهاوێژی ئێرانی توانی زیانێکی ماددیی و گیانی زۆر بە ئیسرائیل بگەیەنێت!. لەبەرئەمە بەدەر لە پرۆگرامە ئەتۆمی و ناوکییەکەی هەوڵە هەژموونخوازییەکانی ئێران جێی مەترسییە. لەمانەش بترازێت ژمارەی مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران شایەنی نادیدە گرتن نین! چوونکە زۆرێک لەو مووشەکانە بە ئاسانی دەگەنە ناو ئیسرائیل وەک مووشەکی (شەهاب 3). رۆژنامەنووسی جیهانی (لیۆنیڵ بیهنار) لەو باوەڕەدایە: پرۆسە ئەتۆمییەکەی ئێران جێی مەترسی نییە، ئەوەی جێگەی مەترسییە ئێران نزیکەی 3000 مووشەکی دوورهاوێژی هەیە. هێشتاش ئێران بەردەوامە لەسەر دروستکردنی موشەکی نوێ، بە وتەی (مستەفا محەمەد نەجار) وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی موشەکی عاشورا کە تازەترین بەرهەمی وەزارەتی بەرگریی ئێرانە 2000 کیلۆمەتر دەڕوات.

لەلایەکی ترەوە بە گوێرەی هەواڵی ژێدەرەکانی دەنگوباس، ئاژانسی وزەی ئەتۆم پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن لایەنی ئێرانی بۆ چارەسەری قەیرانی ئەتۆمی وڵاتەکەی هاتووەتە پێشەوە و لەو بوارەدا هاوکاریی جیددی ئەو لیژنەیەی کردووە لێکۆڵینەوە لەسەر فایلی ئەتۆمی ئێران دەکەن. دکتۆر محەمەد بەرادعی لە ماوەی رابردوودا گەشبینی نیشاندا و رایگەیاند: ئێرانییەکان بە دەنگەوە دێن و راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئاژانسەکەیان دەکەن. لێ ئەمەریکییەکان بەم لێدوانەی بەرادعی قەڵس بوون، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر رای خۆی و وتی: ئەوەی لە بارەی ئێرانەوە رایگەیاندووە راستییەکی کۆنکرێت و حاشاهەڵنەگرە. سەرباری ئەو بەدەنگەوە هاتنانە لەلایەن ئێرانییەکانەوە و پاشان بڵاوبوونەوەی دەنگۆی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، حکوومەتی ئەمەریکا بە هاوڕایی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سوورە لەسەر بۆچوونەکانی لەمەڕ ئێران و پێیانوایە ئێران مەترسییەکی جیددییە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و بەدەستهێنانی ئەو چەکەش لەلایەن ئێرانەوە (وەک بوش بۆی چووە) دەبێتە دەسپێکی جەنگی جیهانی سێیەم و ئاڵۆزبوونی رەوشی ناوچەکە، بەتایبەتی لە دیدی ئەمەریکادا ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بەم تەکنۆلۆژیایە هاوکاریی گروپە توندڕەوەکان بکات!، ئەمەش کارێکی نامومکین نییە لە راستیدا.

شتێکی تر گرنگە پەنجەی بۆ رابکێشین ئەوەیە ئەمەریکا وەک عێراقی سەدام و ئەفغانستانی ژێر رکێفی کوڕی لادن و مەلا عومەری تاڵیبان سەیری ئێران دەکات، لێ هیچ کام لەم وڵاتانە خودانی چەکی ئەتۆمی نەبوون، بەڵام چونکێ مەترسی بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئاسایشی ناوچەکە ئەمەریکا زەبری کاریگەری لێوەشاندن و بە تەواوەتی لەناوی بردن. بە کورتی دیار نییە ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت و بەبێ هیچ مەرجێکیش تەسلیمی داخوازییەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بێت، ئایا ئەمەریکا ئەوکات هەر سوورە لەسەر سیاسەتی گورز وەشاندن لە ئێران یان جەولەیەکی تر لە دایەلۆگ دەست پێدەکاتەوە بە مەبەستی نێزیک خستنەوەی بیروڕاکان و پێشگیریی لە ئەگەری روودانی جەنگ؟. وەها بڕوا دەکەم، لەم قۆناغەشدا وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران کارێکی ئەستەمە، چوونکە هەر کاتێک واشنتۆن سیاسەتەکانی خۆی توند بکاتەوە، تاران نەرمی زۆرتر دەنوێنێت و هەندێک سازشی لابەلا دەکات بە مەبەستی کات کوشتن.

ئەحمەدی نەژاد باڵیۆزی جەنگ
بە هاتنە سەرکاری مەحمودی ئەحمەدی نەژاد سەردەمێکی سامناک لە بارگرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا لەلایەک و لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی خۆرئاوایی و ئەوروپیدا لەلاکەی تر سەریانهەڵدایەوە، سیاسەتە توند و زبرەکانی ئەحمەدی نەژاد لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بووەتە هۆی زێدەتر ئاڵۆزبوونی رەوشەکە و پچڕاندنی پەیوەندییەکان و ساردیی گفتوگۆ و گەرمیی ئەگەرەکانی جەنگ و پێکدادان. ئەحمەدی نەژاد بە هەڕەشە بەردەوامەکانی لە ئیسرائیل گوایە لەسەر نەخشەی جیهان دەیسڕێتەوە، کە ئەمە هەمان زمان و میتۆدی بیرکردنەوەی سەدامیش بوو، خزمەتێکی زۆری ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکەی کردووە و بە هەموو جۆرێک بۆی کرابێت و دەستی دابێت ساردیی خستووەتە پەیوەندیی و رێگاچارە دیپلۆماسییەکانەوە، لە رەهەندێکی ترەوە لێدوانەکانی نەژاد لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاد لەهەر شتێک بۆنی نەیاریی و دوژمنایەتیکردنی خۆرئاوا بە گشتیی و ئەمەریکا و ئیسرائیل بە تایبەتی لێدێت، بۆیەکا سیاسەتەکانی ئەحمەدی نەژاد کێشەکانی زۆرتر قووڵ کردووەتەوە. تاکوو ئەو ئەندازەیەی ملنەدان و سەرەڕۆییەکانی نەژاد هاوشێوەی سەرەڕۆییەکانی سەدام حسێنە، چون جیا لەوەی وڵاتەکەی پێشێلی زۆرینەی میساقە نێودەوڵەتییەکان دەکات لەهەمان کاتدا رایدەگەیەنێت ئێران رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرێتە بەر لەدژی هەر وڵاتێکی ئەوروپی و خۆرئاوایی کە شوێن پێی هەنگاوەکانی ئەمەریکا هەڵبگرێ بۆ سەپاندنی هەر جۆرە سزایەک بەسەر کۆمارە ئیسلامییەکەیدا.

ئەم کەفوکوڵ و زیادەڕۆییانەی نەژاد جگە لە ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ناوخۆش نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە، هەندێک لە ئێرانییەکان پێیانوایە حەماسەتی رووت و توندئاژۆیی چیتری لێ دروێنە ناکرێت جگە لە چارەنووسێکی بەد و رەشی وەک چارەنووسی تاڵیبانەکان لە ئەفغانستان و چارەنووسی سەدام لە عێراق. ریفۆرمخوازە بە حیساب میانڕەوەکانی وەک (محەمەدی خاتەمی، هاشمی رەفسنجانی، موحسین میرداماری) تووڕەن لە لە سیاسەتەکانی نەژاد و لایانوایە تاکڕەویی و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی خراپ و گێلانە بە هەڵوێستەکانی نەژادەوە دیارە. هەر لەو رووەوە (حەسەنی روحانی) بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران رەخنە لە هەڵوێست و لێدوانەکانی ئەحمەدی نەژاد دەگرێت و بە ناواقیعی وەسفیان دەکات، دواتر بە کەمتوانا لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و نێوخۆییەکان و تێکدانی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە تۆمەتباری کرد و رایگەیاند: ئەحمەدی نەژاد لە هونەری دیپلۆماتی و گەمەی رامیاریی و دانوستاندا کۆڵەوارە و ئێران دەخاتە تالوکەوە. ئاماژەکان دەریدەخەن ئەحمەدی نەژاد رسی 28 ساڵی دەستکەوتەکان و رێوشوێنەکانی خۆ قایمکردنی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە بە خوری و پێدەچێت لەبری ئەوەی ئێران بکاتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و گەشەسەندوو وڵاتەکەی بکاتە کاولاش و وێرانە هەروەک سەدامی هاوبیری ئەو چارەنووسەی بە تووشی عێراقییەکانەوە کرد، یان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئێرانییەکان فریای خۆیان و کۆمارەکەیان دەکەون بە پێنەدانەوەی شانسی خولێکی تری سەرۆکایەتی بە ئەحمەدی نەژاد.

مەترسی ئێران لەسەر ئیسرائیل و کاردانەوەکانی حکوومەتی تەلئەبیب
لەوانەیە هەنووکە ئێران سەرسەختترین نەیاری دەوڵەتی ئیسرائیل بێت چ لە ناوچەکە و چ لەجیهاندا، سیاسەتی گشتیی و فەرمی ئێران لەهەمبەر ئیسرائیل سیاسەتی نەفیکردن و سڕینەوەی ئەو دەوڵەتەیە لەسەر ئەتڵەس. بە چاو نوقاندن لە تەنگژە و فشارە قورسەکانی سەری، ئێران بێ پشوودان و ماندووبوون هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات بە وەشاندنی گورزی سەربازیی لە گرنگترین پێگە سەربازیی و دەوڵەتییەکان، لە باری کردەییدا تاران بە هەموو رێگە و توانایەک هاوکاریی (حزب اللە) لە لوبنان و حەماس لەفەلەستین دەکات وەک دوو نەیاری توندوتیژ و چەکداریی ئیسرائیل لەو دوو وڵاتەدا. ئیسرائیل هەموو کات دەرک بە مەترسی بەهێزبوون و فراوانبوونی ئۆتۆرێتی ئێران دەکات. هەروەک پرۆفیسۆر (ناتان ئی بوش) لە زانکۆی نیوپۆرت لە ئەمەریکا وتی: ئیسرائیل ئەم مەسەلەیە بە جیددی وەردەگرێت و دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و رێگە بە ئێران نادات چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێت. ئاشکراشە ئیسرائیل رۆڵی هەیە لە دروستکردنی نەیارێتییەکی بنکە فراوان و گەورە لە دژی ئێران بە تایبەت لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، چوونکە دڵنیایە یەکەمین بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی ئەو چەکە لەلایەن ئێرانەوە لە دژی دەوڵەتەکەی ئەو دەبێت، لەبەرئەوەی دژایەتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن حکوومەتی تارانەوە لەوە دەرچووە تاکتیکێکی سیاسیی بێت بەڵکو بووە بە جوزئێک لە ستراتیژ و عەقیدەیەکی چەسپیوی سەرانی کۆمارەکە. ئایەتوڵڵا (داود فەریحی) مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی تاران دەڵێت (ئەو لێدوانانەی سەرۆک ئەحمەدی نەژاد لە دژی ئیسرائیل زۆر تایبەتن بە ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی ئیسلامییەوە) بەم هۆیەوە پێیوایە دژایەتییەکانی نەژاد بۆ جولەکە رەواییان لە تێکستەکانی قورئانەوە وەرگرتووە.

بەڵگە نەویستە ئیسرائیل لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران لە دژی جولەکە بێدەنگ نابێت (بێدەنگیش نەبووە) لە ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئێرانی، پێدەچێت ئیسرائیل زووتر دەست بوەشێنێت لە ئێران. ئەم ئەگەرەش لەسەر زاری سەرچاوەیەکی هەرە باڵای سەربازیی ئیسرائیلییەوە پشتڕاستکراوەتەوە وەختێک ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی (مەعاریف)ی ئیسرائیلی راگەیاندووە: ئیسرائیل پێیوایە سەپاندنی هەر سزایەکی تر بەسەر ئێراندا هیچ کاریگەریی نابێت و دەبێت گورزێکی سەربازیی لە ئێران بدرێت تاوەکو لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پاشگەز ببێتەوە. نیکۆڵای سارکۆزی سەرۆکی فەڕەنساش کە لەگەڵ ئەمەریکا هاوڕایە لە بەرامبەر ئێران بەدووری نەگرت پێشکات ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بکاتە سەر ئێران وەک ئەوەی ساڵی 1981 کردیە سەر عێراق. ئەوەی لەم هاوکێشە سیاسییەدا روون و ئاشکرایە ئیسرائیل لە پریشکی ئاگری ئەو جەنگە گەرمە بە دوور نابێت کە ئەگەری روودانی هەیە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، ناچار ئیسرائیلییەکان چوونکە دەزانن بەشێک دەبن لە جەنگ لە خۆ ئامادەکردندان بۆ هەر ئەگەرێکی جەنگ بەتایبەتی ئیسرائیل پشت بەو دوو هەزار موشەکەکەی خۆی دەبەستێت کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمین.

هەوڵەکانی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا
یەکێک لەو سیناریۆیانەی لە رۆژەڤی سیاسەتی ئەمەریکیدایە سەپاندنی سزای توندە بەسەر ئێراندا بۆ ملدان بە ویستەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و راگرتنی چالاکییەکانی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیدا، بەدەر لەوەی پیادەکردنی ئەم سیناریۆیانە بە ئەزموون لەگەڵ کۆریای باکوور و عێراقی رابردوو بەدەرکەوت زۆر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەمەریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی خوازیارن لەو رێگەیەوە لایەنی ئێرانی ناچار بە داخوازییەکانیان بکەن. لێ (د.محەمەد بەرادعی) سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە سەرەتای ساڵی 2006 رایگەیاند: ئێران مەترسیی گەورە پەیدا ناکات لەسەر هێمنی جیهان و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا کارێکی خراپە. ئیدارەی ئەمەریکا چوست و چالاک و لە خۆبوردوانە لە کاردایە تاوەکو زۆرترین دەوڵەت قایل بکات بۆ بەشدارییکردن لەگەڵیدا بەمەبەستی توندکردنەوە و قورسترکردنی سزاکانی سەر ئێران لە چەشنی سزا و ئابڵوقەی چڕتری ئابووری و بایکۆتی بازرگانی.

لەو بارەوە (دیڤید سەنگر– هێلین پۆکەر) لە رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) بەهاوبەشیی نوسیوویانە: برێنز و هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئەمەریکا هەوڵدەدەن لە رێگەی پێشنیاری کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمەریکا لەمەڕ هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ئەوروپا و روسیا بەمەبەستی فراوانکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران. هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بە دەنگ ئەم داخوازییەی ئەمەریکاوە هاتوون و رایانگەیاندووە پێویستە سزاکانی سەر ئێران توندتر بکرێت و بوار بە ئێران نەدرێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەواو بکات. سارکۆزی رایگەیاند: ناماقوڵە رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بە بیانووی ئەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی نائارامیی لە ناوچەکەدا (وەک ئەوەی ئێستا زۆر ئارام بێت) داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد نێزیک ببنەوە لە یەکتر بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. لەم نێوەندەدا گۆردۆن براونی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هاوپشتیی وڵاتەکەی نیشاندا و خوازیاری سزای توندە بەسەر ئێراندا ئەگەر هاتوو ئاسانکاریی بۆ کارەکانی لیژنەی تایبەتی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم نەکرد. هەرچی (ئەنگێلا مێرکڵ) راوێژکاری ئەڵمانیایە لایەنگری بیرۆکەی سەپاندنی سزای تاکلایەنەیە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە دەرەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی ئەو دەوڵەتە پرۆگرامەی ناوکییەکەی رادەگرێت.

جگە لەوەی ئێران تاراددەیەک ملکەچیی نیشانداوە بۆ بەشێک لە داخوازییەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، هێشتا ئەمەریکا زیاتر پێداگریی دەکات و لایوایە هەنگاوەکانی ئێران وەک پێویست نین و ناتوانن جێگەی دڵنیایی واشنتۆن بن. کۆندالیزا رایس وەک لایەنگرێکی بیرۆکەی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، رایدەگەیەنێت: پێویستە وڵاتانی جیهانی زیاتر هاریکاریی بکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. رایس رەخنەی توندیشی لە سیاسەتی حکوومەتی پەکین گرت کە هاوڕا نییە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بە مەبەستی سەپاندنی سزای زۆرتر بەسەر حکوومەتی تاراندا. لە بەرامبەردا ئەحمەدی نەژاد دوای وەبیرهێنانەوەی ئەوەی گەلانی ئێران خۆڕاگربوونە و لە ئایندەشدا هەر بە خۆڕاگریی دەمێننەوە، رایگەیاند: وڵاتەکەی نەرمیی دیکە نانوێنێ پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت. بەڵگە نەویستە تا دێت سزاکانی سەر ئێران گرانتر دەبن، حکوومەتی تارانیش ناتوانێت زیاتر لەمە نەرمیی و ملکەچی بنوێنێت چوونکە سەروەریی و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەستدەدات، بۆیە سیاسەتی سەپاندنی سزا بە هیچ جۆرێک ئێران ناچار ناکات بۆ دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەویش لەبەر یەک هۆی سادە، چوونکە لەگەڵ جڵەوشلکردنی زیاتر داواکاریی و داخوازیی نەیارەکانی زۆرتر دەبن تا بە تەواوی ئێران چەک دەکەن و ئێرانێکی بێ چەکی پێشکەوتوو و ئەتۆمیش لەسەر لێواری داڕووخان و فەوتاندا دەبێت. کەواتە نەرمی نواندنی زیاتری ئێران جۆرێکە لە خۆکوشتنی سیاسیی.

ئەگەرەکانی لێدانی گورزی سەربازیی

رەوتی رووداوەکان بە ئاقارێکدا دەڕۆن هەوڵی دیپلۆماتەکان لە بەرامبەر هەوڵی چڕوپڕی ئەندازیارانی جەنگدا شکستخواردوو خۆ دەنوێنن، تەنانەت رێگەی دیپلۆماسی ناتوانێت لە یەک کاتدا لە راژەی هەردوولا بڕواتە پێشەوە. زانیارییەکانی دەرچوو لە کۆشکی سپی و ئیدارەی ئەمەریکییەوە بە ئاشکرا و نهێنی تەئکید دەکەنەوە لەسەر لێدانی گورزێکی سەربازیی لە ئێران، بەڵام کات و ساتی هێرشەکە و ئەو ئامانجانەی دیاریکراون تاریکی و لێڵی زۆریان لەسەرە و بۆ هیچ لایەک روون نین، تاکە شتێک ئاشکرا بێت بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەبنە ئامانجی پلە یەک. رۆژنامەنووسی ئەمەریکی (سیمۆر هیرش) بە کەناڵی (الجزیرە) راگەیاند: بەدڵنیاییەوە.. بەدڵنیاییەوە پەلاماری هەندێ لەبنکە سەربازییەکانی ئێران دەدرێ. بەپێی هەندێ زانیاریی دیکە کاربەدەستانی سەربازیی ئەمەریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک شارەزای سەربازیی ئیسرائیلی پێکەوە نەخشەی (کش مەلیک یان ئێران)یان داڕشتووە وەک نەخشەیەک بۆ لێدانی ئێران، ئەم نەخشەیە لەسەر شێوەی یاری شەترەنج وێنا کراوە و لەلایەن سەرۆکی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە و بە جێگریی ئەفسەرێکی پایە بەرزی ئیسرائیل سەرپەرشتی دەکرێت، ئەوەش ئاشکرا بووە نەخشەکە بە تەواوەتی داڕژێراوە و تەنیا ماوەتەوە بخرێتە بواری جێببەجێکردنەوە. کەناڵی (العربیە) وردەکارییەکانی ئەم نەخشەیەی زیاتر ئاشکرا کرد بەوەی بڵاویکردەوە: لە یەک کاتدا لە رێی هێرشی ئاسمانیی و دەریاییەوە زیاتر لە 1000 ئامانجی ستراتیژیی و ئابووری و سەربازیی ئێرانی دەپێکرێن. بە بڕوای (برژینسکی) راوێژکاری سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمەریکا (جیمی کارتەر) ئامانجەکان لێدانە سەربازییەکانی ئەمەریکا تەنیا هێرش دەبێت بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران. کەواتە هەموو پێشهاتەکان بەرە ئەو رێگەیە دەڕۆن (سعود فەیسەڵ) وەزیری دەرەوەی سعودیە پێشبینی کردبوو: ئێران و ئەمەریکا بەرەو جەنگ دەڕۆن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کەی و چۆن؟ هێشتا هیچ شتێک روون نییە.

چاودێرانی سیاسیی ئاگادار لە قەیران و تەنگژەی نێوان ئێران و ئەمەریکا هێما دەکەن بۆ ئەوەی جەنگی ئێران جیاوازیی دەبێت لە جەنگی ئەمەریکا لە دژی ئەفغانستان (2001) و رژێمی عێراق (2003) چوونکە لەم هێرشانەدا تەنیا هێزەکانی ئاسمانی بەشداریی دەکەن نەک هێزە پیادەکانی سوپای ئەمەریکا. (شۆن هانیتی) لێکۆڵەرەوە لە کەناڵی فۆکس نیوز وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەوەی ئەمەریکا لە ئێران دەدات، رایدەگەیەنێت: لە رێگای وشکانی و دەریاییەوە هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام نادرێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە هێرشەکان تەنیا هێرشگەلێکی ئاسمانیی دەبن. ئەو هۆکارەی ئەگەری هێرشی ئاسمانیی نەک زەمینی بەهێز دەکات ئەوەیە بەشێکی زۆری سوپای ئەمەریکا هێشتا سەرقاڵی جەنگی عێراق و ئەفغانستانن و رەنگبێ نەیپەرژێتە سەر هێرشێکی زەمینی تر بۆ سەر وڵاتێکی تر، ئەم هەنگاوە لەوانەیە پێچەوانەی رای گشتیی ئەمەریکاش بێت، بۆیە وەک (کاڵ رۆستیچێلا) مامۆستای زانکۆی هارڤارد باسی دەکات ئەمەریکا دەتوانێت تەنیا هێرش و پەلامارێکی بچووک و سنووردار ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەش من خۆم پێشبینی ئەوە دەکەم ئێران لە رێی زیاتر تێکدانی رەوشی ناوخۆی عێراقەوە، ئەگەری هێرشی سەربازیی و هەوایی لە خۆی دوور بخاتەوە.

سەنتەری لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی راپۆرتێکی هەشتا لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە (هێرش بۆ سەر ئێران لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە روو دەدات، بەڵام هێرشی زەمینی لە ئارادا نابێت، فڕۆکە و موشەکە ئەمەریکییەکان توانای پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا 000 10 ئامانج لەناو ببەن). لەگەڵ ئەمەشدا تاریکیی زۆر هەیە لەسەر ئامانجە راستەقینەکانی ئەمەریکا کە لە پلان و پڕۆژەیدایە بۆ لەناوبردنیان، ئەمەریکییەکان تاوەکو نهۆ سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی و تاوتوێکردنی ئەو ئامانجانەیە دەبێت لێیان بدرێت، هەندێک بۆچوونیان وەهایە نابێت تەنێ لە بنکە سەربازییەکانی ئێران بدرێت بەڵکو دەبێت سوپای پاسداران لە نێو ئامانجدا بن. لەمبارەوە (دیڤید هێرزنیهۆرن) لە مانگی ئۆکتۆبەری 2007 راپۆرتێکی پێشکەش بە (نیۆیۆرک تایمز) کردووە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەش کردووە، داوا لە بوش دەکات گاردی شۆڕشگێڕی ئێران بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم بدات، ئاشکراشی کردووە ماوەی چەند مانگێکە ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت رێبژارییەک بکات لە نێوان ئەوەی سەرجەم رێکخراوی ناوبراو بە تیرۆریست دابنێت یاخۆ بە تەنیا سەرانی هێزی قودس بگرێتەوە؟ دواتر ناوبراو لەو باوەڕەدایە بڕیارەکە هەرچییەک بێت گوزارە لە پتربوونی بارگرژیی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات لەم دواییەدا.

لەلایەکی ترەوە هەندێک لە پسپۆران و چاودێرانی سیاسیی وێڕای هەستکردنیان بە تەڵەی ئەمەریکا بۆ ئێران، لەو بڕوایەدان ئەو بارودۆخە سەختەی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان تێیکەوتووە و ئەو تەنگژانەی وەپێش کابینەکەی بوش هاتوون یارمەتی ئێران دەدەن و چانسی لێدانی کەم دەکەنەوە، بەڵام هەندێک لەو چاودێرانە بە هۆی باشتربوونی باری عێراق لەم چەند مانگەی دوایدا رای پێچەوانەوانەیان وەرگرتووە و پێیانوایە ئەم پێشکەوتنانە یارمەتی باشی ئەمەریکا دەدەن بۆ ئەوەی ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ جەنگی ئێران، کەوابوو هەر پێشکەوتنێکی بواری ئاسایش لە عێراق وەک (د.عەبدوڵڵا حیجاب) بۆی چووە سەبارەت بە چارەنووسی ئێرانیش یەکلاکەرەوە دەبێت. لەم رووەوە ئێرانییەکان زیاتر دەستوەردان دەکەن لە باری ئاسایشی عێراقدا، رەنگە لە فەلەستین و لوبنانیش قەیران و ئاریشە دروستبکەن، تاوەکوو ڤوکۆسی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لەسەر ئێران کەمتر بێتەوە یان ئەگەری پەلاماری سەربازیی سەر ئێران بۆ کاتێکی دوورتر لە هەنووکە دوابخەن یان هەر نەیهێڵن.

لە ئاستی ناوخۆش، هەرچی لایەنی ئێرانییە دەستەوەستان نییە و لە رێگەی بەهێزکردنی یەکەکانی سوپا و تەکنۆلۆژیای چەک و کڕینی چەکوچۆڵ بە تایبەت لە روسیا لە ئامادەکاریدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی سەر وڵاتەکەی. بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران پێدادەگرن دەتوانن بەرگەی هێرشەکان بگرن و لە توانایاندایە گورزی کاریگەر لە ئیسرائیل و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بوەشێنن. ئەحمەدی میتاقی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند (ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان ئەوە بە یارمەتی خوا دەتوانین وەڵامی بدەینەوە). سوپای پاسدارانیش لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی پەلاماردان. بۆیە (محەمەد عەلی جەعفەری) سەرکردەی سوپای پاسداران بە متمانەوە وتی: لە تواناماندا هەیە بەرپەچی هەر هێرشێک بدەینەوە و باس لە تواناکانی مووشەکی و ئاسمانی ناکەم، مافی خۆمانە تواناکانمان بەکاربهێین لە ناوچەکە و جیهان، هاوپەیمانانیشمان ئامادەن خۆیان بەخت بکەن لە کاتی هەر هێرشێکی ئەمەریکی ئەگەر بکرێتە سەر ئێران.
خولاسە بارودۆخەکە سەخت و دژوارە، رێگە دیپلۆماسییەکان بە بنبەست گەیشتوون، ئەمەریکا بێ چەند و چوون خوازیاری ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمییە و ئێرانییەکانیش سوورن لەسەر ئەوەی مافی سروشتی خۆیانە ببنە خاوەنی ئەو تەکنۆلۆژیایە، ئەم بارگرژیی و قەیرانە بەرەو یەک رێگە دەڕوات: رێگەی جەنگ نەک رێگەیەکی تر. ئەم جەنگە ئەگەر تەنیا لە بواری هێرشی ئاسمانیشدا بمێنێتەوە ئاڵۆزییەکی گەورە لە خۆرهەڵات و تەواوی دنیادا دروست دەکات لە پێشەوە بۆ گەلانی ئێران. وەک (بیل ریچاردسۆن)ی دیموکراتخواز باوەڕی وایە: بڕیاری وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران ئاکامێکی تراژیدیی دەبێت بۆ ئەمەریکا. هەندێکی تر لە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی کابینەکەی بوش لەسەر ئەو رایەن ئەمەریکا تا ئێستا لە زەلکاوی عێراق رزگاری نەبووە تا پەردە لەسەر شانۆیەکی کارەساتباری دیکە هەڵبداتەوە، تەنانەت خودی ناوچەکە بەرگەی ئەم هەموو قەیران و کارەساتە یەک لە دوای یەکە ناگرێت. ئەمە جیا لەوەی مانەوەی ئێران، بەڵام بەو هەژموونە بەهێزەوە نا، لە بەرژەوەندیی خودی ئەمەریکایە و لەسەر تیۆریی گیسکەکەی هەیاس، وەک گورگێک نیشانی وڵاتانی کەنداو و عەرەبی دەدات بەمەبەستی ملکەچپێکردن و دادۆشینی نەوت.

لە واقیعدا زیان و ئاکامە سلبییەکانی جەنگ بە تەنیا شوێنەوار لەسەر ئەمەریکا و ئێران جێناهێڵێت، بەڵکو سنوور و مەودای دەرئەنجامەکانی زۆر لەوە مەزنترن ئێستا پێشبینی و مەزندەی دەکەین. (ستیڤن بیدل) پسپۆڕی ستراتیژیی سەربازیی رایدەگەیەنێت (شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ هەموو ئەوانەی تێوە دەگلێن دەبێتە کارەسات، ئەمە بە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە). هەندێکی تر لە سیاسەتوانان و چاودێران وا تەماشای جەنگی ئێران- ئەمەریکا دەکەن هیچی تر نییە جگە لە دەسپێکی جەنگێکی خوێناویی کە دەکرێت بە جەنگی جیهانی سێیەم ناوزەدی بکەین. (وۆڵفگانگ گرگە) پەرلەمانتار و وتەبێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونەیە و بیروڕای خۆی لەو بارەوە بۆ سایتی (ئینتخاب) دەربڕیوە و دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرمیلێکی تەقەمەنی دەچێت ئەگەر تەقینەوەیەک یان شەڕێکی ئەوتۆ لە ناوچەکەدا دروست ببێت هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. من لەوە دەترسم نەتوانین لە داگیرسانی ئەو شەڕە نەگریسە رێگە بگرین و بەو هۆیەوە شەڕێکی جیهانگیر کە دەکرێت بە جەنگی سێیەمی جیهانی ناوی بەرین سەرهەڵبدات.
کەوابوو بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە سەختی و دژوارییدا تێدەپەڕێت و ئەگەری جەنگێکی سەرتاپاگیر و پابەند بە چارەنووسی رۆژهەڵاتی نێوینەوە چاوەڕێ دەکرێت، چوونکە کاربەدەستانی سیاسیی ئەمەریکی بە کۆماریی و دیموکراتخوازەوە سوورن لەسەر لێدان و گورز وەشاندن لە ئێران، بەم هۆیەوە شکستی بوشی کوڕ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا هیچ ئومێدێکی خێری بۆ ئێران تیا نەماوە، چون ئەگەر دیموکراتەکان تێڕوانینیان سەبارەت بە ئێران لە تێڕوانینی کۆمارییەکان شێلگیر و توندتر نەبێت بێگومان نەرم و نیانتر نییە!. هێلاری کلینتۆن وەک کاندیدای حزبی دیموکراتی ئەمەریکا هەر لە هەنووکەوە رایدەگەیەنێت تاکە رێگە بۆ چارەسەری دۆزی ئەتۆمی ئێران وەشاندنی گورزی سەربازییە. لە ژێر رۆشنایی ئەم راستییانەدا دەگەینە ئەو راستییەی ئەگەری لێدانی سەربازیی و گورز وەشاندن لە ئێران نزیک و بەهێزترین ئەگەرە، خۆ ئەگەر یەکەم ئەگەر نەبێت بێگومان دوا ئەگەر نییە. ئەوەی چەند زەمینەکە پێچەوانە دەبێتەوە دەکەوێتەوە سەر زیرەکیی ئێرانییەکان.

ئایندەی قەیرانی ئەتۆمی ئێران

سیناتۆر هێلاری کلینتۆن پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (یدیعوت ئاحرانۆت) ئیسرائیلی رایگەیاند: بۆ هەر چاوپێکەوتن و پەیوەندییەک لەگەڵ سەرانی حکوومەتێکی وەک ئێران مەرجی قورسیان بۆ دادەنێین چون ئێران حکوومەتێکی سەرەڕۆ و پێست ئەستوورە، ئەمە بە لای ئێمە و کۆمارییەکانەوە یەک پێناسە و هەڵوێستی هاوبەشمانەوە. ئاشکرایە مەرجە قورسەکانی هێلاری هێمای بۆ کردوون مەرجگەلێکن ئێران قبووڵیان ناکات، بەمەش رێگە دیپلۆماسییەکان رووبەڕووی شکست و نسکۆ دەبنەوە. لە کاتێکدا دەزانرێت کاروانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتدا بەبێ وجود و بەشداریی ئێران ناتوانێت بگاتە جێ، چوونکە رۆڵی ئێران لەسەر رەوتی رووداوەکان و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە هێندە بەهێزە ناتوانرێت بەئاسانی بەلاوە بنرێ.
نووسەری تورک (ئیلنور چەڤیک) زیاتر رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا روون دەکاتەوە و دەنووسێت: لە رابردوودا بیروباوەڕێکی باو هەبوو کە ناتوانین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگێک بەرپا بکەین بێ میسر و ناتوانین ئاشتی بەرقەرار بکەین بێ سوریا، زۆربەی زۆری ئەمە راستە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ناتوانرێت هیچ ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناویندا دروست بکەین بێ پشکداریی ئێران. نووسەر لەدرێژەدا دەنووسێت:
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت واقیعبین بێت و بزانێت بێ ئێران ناتوانرێت لە ئایندە بڕوانرێت و چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا مسۆگەر بکرێت. بێ دوودڵی لە بەرچاو نەگرتنی رۆڵی کارای ئێران و بەهێزیی پێگە و گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەو کۆمارە و کارتێکردنی لەسەر ناوچەکە، مایەی فەرامۆشکردن نین کە وا ئەمەریکا دەیەوێت ئەو پێگەیە لاواز بکات، ئەمەش لە رێی داپچڕینی پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی لە سەرەتادا و دواتر دابڕینی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی تا ئێران لەبازنەیەکی داخراودا گەمارۆ بدات، هەروەک پێشتر لە ساڵی 1990 لە دژی سەدام لە کاتی داگیرکردنی کوەیتدا پێی هەستا. وەک لە پێشتردا وتمان لایەنی ئێرانی بەدەر لەوەی مکوڕن لەسەر هەوڵ و هەڵوێستەکانیان لەمەڕ پیتاندنی یۆرانیۆم لایەنگریی لە رێگەچارەی دایەلۆگ و ئاشتییانە دەکەن و ئەم هەستەی خۆشیان نەشاردۆتەوە و لە چەندین بۆنە و جێگەی جیاجیادا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکە بەرێگەی دانوستان، بەڵام ئەمەریکییەکان باس لەوە دەکەن تا ئەو شوێنە ئامادەی دایەلۆگن ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت.

تەنانەت ئێرانییەکان ساڵی 2001 لە کاتی داڕووخانی رژێمی تاڵیبان خوازیاری دایەلۆگ و ئاشتی بوون لەگەڵ ئەمەریکا!. وەکوو (جەیمز دابینز) لە کاتی کۆبوونەوەی “بۆن” کە بۆ رێکخستنی تازەی سیاسیی ئەفغانستان گرێدرابوو لە نزیکەوە دەرکی بە کارایی و شارەزایی ئێرانییەکان کرد بە تایبەتی لەوەدا ئێرانییەکان هانی ئەندامانی بەشداربوویان دەدا بە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەمەریکی. (دابینز) وتی: ئێرانییەکان تەنانەت پێشنیاری پەیوەندیی باشتریشیان هێنایە ئاراوە و خوازیاری ئەوەبوون لە رێگەی من و کەسانی ترەوە قسەی لەسەر بکرێ، بەڵام هەرگیز وەڵامیان وەرنەگرتەوە. زۆر بە کورتی ئایندەی قەیرانەکە تەنیا چاوەڕێی روودانی جەنگی لێدەکرێت، سیاسەتی ئەمەریکی لەمەڕ ئێران سیاسەتێکی دیارە کە دژایەتی و لاوازکردنی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکەدا وەک رێگرییەک لە هەوڵە پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و تموحاتیان لە رۆژهەڵاتی نێویندا، چوونکە ئێران رێگرە لە بەردەم خەونەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەگەر کۆنگرەی (ئەناپۆلیس) دیوێکی کورتکردنەوەی دەستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بێت بەتایبەت لەفەلەستین، ئەوە شکستپێهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و لێدانی سەربازیی لەڕەگەوە دەرکێشانی دەستی ئێرانە لە سیاسەتی نێوخۆی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێویندا. دواجار پێویستە بڵێین ئایندەی قەیرانەکە ئاوسە بە چەندان قەیرانی تری کارەساتبار و مەزنتر.

تەنگژەی ئێران و ناکارایی ئۆپۆزیسیۆن
سەڕەرای ئەوەی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووی لە ئاڵۆزیی و گرژیی زۆرتر کردووە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە فارس و عەرەب و کورد و بەلوجەوە ناکارا و بێ دەور و تەئسیرن لە هەڵکشان و داکشانە نێوخۆییەکانی ئێران، هیوای ئەمەریکا بە ئۆپۆزیسیۆن زۆر کاڵ و لاوازە، بەڵام هێشتا ناو بەناو یارمەتی بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنە دەدات. ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی لە رێخراوی (مجاهیدینی خەلق) دەکات بەوەی هەم ناوی لە لیستی رەشی گروپە تیرۆریستییەکان “بلاک لیست” دەرهێناوە، هەم پارێزگاریی لێکردوون لەبەرامبەر هەر هێرشێکی تۆڵەسێنەرانەی شیعەکانی عێراق، چوونکە دەیەوێت لە پاشتردا بۆ دژایەتیکردنی ئێران سوودی لێ وەربگرێت، لەوانەشە ئەمەریکا بەهەڵەدا چووبێت چوونکە ناچێتە ئەقڵەوە مجاهیدینی خەلق ئەو نفوز و هێزەی هەبێت شتێکی لە واقیعی ئێراندا پێبکرێت، تەنانەت ئەمە نموونەی (ئەحمەد چەلەبی)مان لەعێراق بیر دەخاتەوە کە پاڵەوانی نزیکی کۆشکی سپی بوو پێش رووخانی بەعس، کەچی دوای ساڵی 2003 سیما راستەقینەکەی دەرکەوت وەک بێ نفوزترین کەسایەتی سیاسیی و بە هەموو شێوەیەک رۆڵی لەسەر شانۆی رووداوەکانی عێراق سڕایەوە. هەرچی لایەنە چەپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە بە چاوی ئیمپریالیزم و دیدگا کلاسیکییەکەوە لە ئەمەریکا دەڕوانن وەلێ خوازیاری هەر جۆرە گورزوەشاندنێکن لەئێران کەچی خۆیان لەنزیکبوونەوە لەئەمەریکا دەپارێزن، لەسەرێکی ترەوە جەماوەری چەپەکان بەردەوام رووی لە کەمی و دابەزینە و کەمترین کارتێکردنیان بەسەر ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە ماوە.
لایەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی کورد سەرباری هەر نەزەر و تێبینییەکیان لەمەڕ نیەتی ئەمەریکا و مەبەست و جۆری گورزوەشاندن لە ئێران پێشوازیی لەهەر لێدانێکی سیاسیی و سەربازیی دەکەن، بەڵام لەباری واقیعییەوە بێ توانان لە جۆشدان و خرۆشاندنی جەماوەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو هیوایەکیان بە هەنگاوەکانی ئەمەریکاوە گرێداوە تا ئەو راددەیەی (عەبدولڕەحمانی حاجی ئەحمەدی) سەرۆکی پژاک لە واشنتۆن وتی: ئەمەریکا بۆ ئێمە محەمەدی مەهدییە. لەلایەکی ترەوە پارتەکانی کورد لە رۆژهەڵات پەرش و بڵاو و نارێکخراون بە تایبەت دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی ناکام مانەوە بەڵکو سەد پلە بەپێچەوانەوە جیابوونەوە و پەرتبوونی پارتەکان لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا بووەتە سیمای ئەم قۆناغەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات، لە حزبی دیموکراتەوە بیگرە تاکوو هەردوو کۆمەڵەکە و پارتی ئازادیی کوردستان. (عەبدوڵڵای حەسەن زادە) وێڕای ئەوەی بەدووری دەگرێت هەمان سیناریۆی عێراق لە ئێران دووبارە بێتەوە، لە بارەی پەرش و بڵاویی هێزە کوردییەکانەوە دەڵێت (ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئێران وەک ئەوە نییە لە عێراق هەبوو، لێرە لە عێراق وێڕای کەمێک ناکۆکی نێوان هێزە کوردییەکان، بەڵام لە بەرەی کوردستانیدا یەکڕیز و بەهێز خۆی رێکخستبوو). زۆر بە کۆنکرێتی و راشکاویی پێی لێدەنێین ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ئۆپۆزیسیۆنی هەموو پێکهاتە ئیتنیی و جۆراوجۆرەکانەوە لە هەر پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بە ئایندەی وڵاتەکەی نەک پێشەنگ و پێشڕەو نییە، بەڵکو لە دوای رووداوەکانەوەیە و چاوەڕێی مشتەکۆڵەی هێزی دەرەکی دەکات بەو کارە هەستێت کە لە بنەڕەتدا ئەرکی سەرەکی خۆیەتی. خولاسە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دۆڵێکدایە و ئاڕاستەی سیاسەت و رووداوەکان لە دۆڵێکی تردا و هەرگیز بە یەک ناگەن.

ئەنجامگیریی
(جەنگیز کاتماز) سەرنووسەری (ئۆزگوور گوندەم) لە ئیستانبۆڵ لە دیمانەیەکیدا وتی: ئێران سێ رێگەی لە بەردەمدایە. یەکەم:هەر لە ئێستاوە ملکەچی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێت و بێ مەرج رادەست بێت، کە تا ئێستا بە هیچ کلۆجێک رەزامەندیی بۆ ئەم خاڵە نیشان نەداوە. دووەم: زمانی هەڕەشە و هزری کۆنەپەرستی و ئۆلیگاریشی خۆی بگۆڕێت و لە سەرەتادا گۆڕانکاریی لە رەوتی نەژاد و رەگەزپەرستی و بونیادگەرایی ئاینی بکات و بڕوای خۆی بە دیموکراسییەت پتەوتر بکات، کە لە سەرەتادا پێویستە ئازادییە گشتییەکان و مافی گەلی کورد و کەمایەتییەکانی دیکە بخاتە بن گرەنتییەوە، ئەمەش باشترین ئەڵتەرناتیڤە بەڵام تاکوو ئێستا هیچ نیشانەیەکی قبووڵکردنی ئەم خاڵە دیار نییە. سێیەم: چارەنووسی سەدام، کە نیشانە و هۆکارەکانی ئەم خاڵە زۆرترن و جیاوازییەکی لەگەڵ ئەحمەدی نەژاددا نییە، ئەگەر بیەوێ بەشێوەیەک گەلانی ئایندار فریو بدات و لە دەوروبەری خۆی کۆیان بکاتەوە بەڵام بەم رێگایەش دەتوانێ هێندێک لە تەمەنی سەدام درێژتر بێت.

بارودۆخی ئێران بە کەمێک جیاوازییەوە هەمان بارودۆخی عێراقی سەدامی دوای گەردەلوولی بیابانمان بیر دەخاتەوە، کە رادەستبوون بە ویستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رادەستنەبوونی یەک ئەنجامی هەبوو: ئەویش مەرگی تاهەتایی رژێمی سەدام. ئەمجارە مێژوو کتومت دووبارە دەبێتەوە و هەمان ئەزموونی عێراق بە هەندێ جیاوازییەوە بەرۆکی دەستەڵاتی فەرمانڕەوایی ئێرانیشی گرتووەتەوە. لەراستیدا ڤوکۆسی دوژمنایەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکی لەسەر رژێمی ئێرانە، ئەگەر ئەم فشار و لێدان و کەنارگیرکردنەی ئێران رووخانی رژێمەکەشی بەدەمەوە نەبێت بێگومان ئەو ئەفسانە و جادووە هەڵدەوەشێنێتەوە کە ناوی کۆمارێکی ئیسلامی بەهێز و هەژموونخوازە، ئەم گوشارانە ئیدی نەک ئەوەی نایەڵێت هەنگاوەکانی هەژموونخوازیی تەفعیل بکات بەڵکو لە رێی زەبروزەنگێکی سەربازییەوە دەیباتەوە قاوغەکەی خۆی و سەرانی کۆماریش بەوە رازین هەر هیچ نەبێت دەستەڵاتیان لەنێو جوگرافیای ئێراندا بە سەقامگیریی بمێنێتەوە. دوای نەمانی سەدام و تاڵیبان، چاوی گۆڕانکاریی ئەمەریکیی لەسەر ئێران و رژێمەکەیەتی، چوونکە هەم تەمەنێکی کردووە و هەم پەلی هاویشتووە بۆ سنوورێکی بەربڵاوی ناوچەکە، کاری ئەولەویی سەبارەت بە کارنامەی سیاسیی کابینەکانی داهاتووی ئەمەریکا لە قۆزاخەنانی ئێران و بڕینی پەلوپۆکانێتی لە هەنگاوی یەکەمدا و لەناوبردنی رژێمی مەلاکانی تارانە لە دوا هەنگاوی ئەو پرۆسەیەدا، ئەمەش رەنگە کات لەوە زۆرتر ببات لەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین. ماوەتەوە بڵێین قەیرانی ئەتۆمی زیاتر لە شەمەندەفەرێکی خێرا دەچێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە وێستگەی مەرگی سەرمەدیی دادەنێت، لەوانەیە پێچەوانەکەشی بهێنێتە دی!! چوون هیچ شتێک لە سیاسەتدا موستەحیل نییە.

شرۆڤە و نووسینی: ستیڤان شەمزینی

27-12-2007
*ئەم وتارە شیکارییە پێش سێزدە ساڵ، لە ژمارە (47) گۆڤاری (نێوەند) لەجێنیوەری ساڵی 2008 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی هەشتەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 249-273 چاپ و بڵاوبووەتەوە، ئەو کتێبەش بەچاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.