کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە.. نووسینی : گابریل گارسیا مارکیز- وەرگێڕانی: ڕزگار عومەر

گوندێکی زۆر بچووك بێننە پێشچاوی خۆتان، ماڵێك لە دانیشتوانی ئەم گوندە پێكدێت لە؛ ژنێکی بە تەمەن لە گەڵ کوڕە حەڤدە ساڵیەکەی و کچە چواردە ساڵیەکەی. ئەم بەیانیە مناڵەکان دڵتەنگی و ترسێکی قوڵیان لە دەم و چاوی دایکیان بەدی کرد کاتێ خەریکی ئامادە کردنی نانی بەیانی بوو، ئەوان لە دایکیان پرسی ئەم ترسە چیە دایپۆشیوی؟
دایکەکە ووتی :
-نازانم، بەڵام لەبەیانیەوە کە لەخەو هەڵساوم دڵم پێم دەڵێ کارەساتێکی ترسناك بەسەر ئەم گوندە دێ.
مناڵەکانی بە دایکیان پێدەکەنن و دەڵێن “وڕێنەی پیرەژن”. کوڕەکە دەچێ بۆ یاری بلیارد، لەوێ لەسەروبەندی نیشانگرتنێکی زۆر ئاساندا ئەوەی یاری لە گەڵ دەکا پێ ی دەڵێ ” گرەوت لە گەڵ دەکەم ناتوانی بیپێکیی”
ئەوانەی لەوێ بوون هەموو دایان لە قاقای پێکەنین، مناڵی ژنەکەش پێکەنی، نیشانەکەی ناو دەستی دەوەشێنیێ و بە تۆپەکە ناکەوێت، ئەوانەی لەوێن پێ ی دەڵێن ” ئەوە چیبوو! خۆ ئەوە زۆر ئاسان بوو بۆ نەتپێکا ؟
ئەویش لە وەڵامدا ووتی :

  • ڕاست دەکەن، بەڵام من هێشتا شڵەژان بەری نەداوم لە قسەیەك کە ئەم بەیانیە دایکم درکاندی، دایکم ووتی کارەساتێکی زۆر ترسناك لەم گوندە ڕوودەدات.
    دیسان هەموویان دایان لە قاقای پێکەنین، ئەوەی پارەی گرەوەکەی بردەوە بە خۆشحاڵیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەوێ دایکی لە گەڵ کۆمەڵێك میوان دانیشتوون وەکو نەنکی، کچە مام و چەند خزمێکیتری نزیكی خۆیان، بە پێکەنینەوە ڕووی لە هەموویان کردو ووتی :
  • ئەم پارەیەم لە “داماسۆ” بردەوە بە ڕێگایەکی زۆر ئاسان، چونکە گەمژەیە.
  • پرسیان ؛ بۆ گەمژەیە؟
  • لەبەرئەوەی لە یاری بلیارد دەرفەتێکی زۆر ئاسانی بۆ ڕێککەوت کەچی نەیپێکا، لە بەرئەوەی شڵەژابوو بە هۆی ترسێكەوە کە ئەم بەیانیە لە گەڵ لە خەو هەڵساندا لە دایکی نیشتبوو ، گوایە کارەساتێکی ترسناك لەم گوندە ڕوودەدات.
    دایکی پێ ی ووت:
  • گاڵتە بە وەسوەسەی پیرەکان مەکە، چونکە زۆر جار ترسەکانیان دێتە دی.
    دوای ماوەیەکی کەم لەم گفتوگۆیە خانمێك لە میوانەکان مالئاوایی دەکات و دەڕوا بۆ لای قەساب بۆ گۆشت کڕین، بە قەسابەکە دەڵێت :
    -کیلۆیەك گۆشتم بدەرێ. کاتێ قەسابەکە خەریکی ئامادەکردنی گۆشتەکەیە، خانمەکە دەست بە قسە دەکاتەوەو دەڵێ :
  • واباشتر بیکەی بە دوو کیلۆ، چونکە دەڵێن ” کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە” وا باشترە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.
    قەسابەکە دوو کیلۆی پێدەفرۆشێت، دوای ئەو خانمێکیتر دێت و داوای کیلۆیەك گۆشت دەکات، قەسابەکە دەڵێت:
  • دوو کیلۆ ببە، چونکە خەڵك دێنە ئێرەو دەڵێن ڕووداوێکی ترسناك بەڕێوەیەو خەریکی کڕینی خواردمەنین.
    خانمەکە لە وەڵامدا دەڵێت:
  • من مناڵم زۆرە، باشترە چوار کیلۆ ببەم.
    کابرای قەساب چوار کیلۆی پێدەدا، هەرم بەم شێوەیە تەنیا لە نیو کاتژمێردا هەموو گۆشتی نێو دوکانەکەی دەفرۆشێت، دواتر مانگایەکیتریش سەر دەبڕێ ئەوەس هەر هەمووی تەواو دەبێ. قسەکە بە خێرایی بڵاودەبیتەوە، تا هەموو خەڵکی دێ دەگەنە حاڵەتێك هەر هەمووی چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتێکی ترسناکن. هەموو جموجۆڵێك وچالاکیەك بزێویەك لە گوندەکە دەوەستێت.
    لە پڕدا لە کاتژمێری ١٢ ی نیوەڕۆ، کە هەروەکو هەموو ڕۆژانێکیتر ئاوهەوا لەم کاتەدا زۆر گەرم دەبێت ، یەکێك لە خەڵکی گوندەکە بە یەکێکیتر دەڵێ :
  • ئاگات لێیە چەند گەرمی کردووە؟
  • ڕاستە، بەڵام ئاو و هەوای ئەم گوندە هەمیشە هەروا گەرم بووە.
    ئەم گوندە بە جۆرێك گەرمە کە سازو عود ژەنەکان تەل و بەشەکانی ئامێرەکانیان بە چەسپی قەتران دەبەستن و هەرگیزیش لەبەردەم هەتاوا مۆسیقا ناژەنن چونکە ئامێرەکانیان ڕەنگە بە گەرما تەواو پارچەکانی بترازێ. سەرەڕای ئەم ڕاستیە زانراوەش هێشتا یەکێك لە خەڵکی دێ ووتی؛
  • هەرگیز ڕووی نەداوە گەرما بەو تینە بێت لەم کاتانەدا
  • بەڵام لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ هەروا گەرم دەبێت
  • گەرم دەبوو بەڵام بەو ئاستە نا!
    لە نێو ئەم گوندە تەریکەدا، گۆڕەپانێکی چۆڵ هەیە، کە لە ناکاو چۆلەکەیەك لەم گۆڕەپانەدا دەنیشێ، ئەمە دەبێتە هەواڵێکی بە پەلەی بروسك ئاسا ” باڵندیەك لە گۆڕەپانەکە نیشتەوە” دانیشتوانی گوندەکە هەر هەموو بە ترس و تۆقینێکی زۆرەوە ڕادەکەن بۆ بینینی چۆلەکەکە. یەکێك بەرامبەر حەشامەتەکە هاواری کرد:
  • ئێ خۆ باڵندە پێشووترو ڕۆژانیتریش هەر لێرە دەنیشنەوە
    وەڵام درایەوە ووتیان:
  • ڕاستە؛ بەڵام هەرگیز لەم کاتانە لێرە نانیشنەوە!
    ئەم پەشۆکاویە قوڵە دەگاتە چرکەساتێك کەهەرهەموو پەرۆشی ڕاکردن و بەجیهێشتنی گوندەکەن بێ ئەوەی کەسیان جورئەتی دەستپێشخەری هەبێ. لەم دۆخەدا یەکێك هاوار دەکا:
  • من پیاوێکی خاوەن پیاوەتیم، من دەڕۆم.
    شتومەکی ماڵەکەی هەمووی لە عارەبانەیەك دەپێچێتەوە، مناڵەکانی، ئاژەڵەکانی هەرهەمووی بە پێش خۆی دەداو لە ڕێگای سەرەکی بەڕێدەکەوی بەبەرچاوی شڵەژاوی هەمووان گوندەکە بە جێدەهێڵێ!
    دۆخەکە گەرمتر دەبێت دەگاتە ئاستێك کە هەندێك هاوار دەکەن” مادام ئەم پیاوە جورئەتی بەجێهێشتنی هەبوو، ئێمەش هەموو دەڕۆین” هەرهەموو دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی مەڕوماڵاتیان و ماڵەکانیان و دەست دەکەن بە کۆچی بە کۆمەڵ.
    یەکێك لەوانەی گوندەکە چۆڵ دەکا هاوار دەکا ” نەوەك ئەم لەعنەتە بدات لەو شتانەی کە لە خانوەکەم بەجێماوە ماڵەکەی خۆم دەسوتێنم ” ئەو ماڵەکەی خۆی دەسوتێنێ ، لە دوای ئەوە چەندین کەسیتر دەست دەکەن بە ماڵ سوتاندن. هەرهەمووی بە ترس ولەرزو تۆقینێکی زۆرەوە ڕادەکەن گوندەکە چۆڵ دەکەن، وەك بڵێت لە ترسی جەنگێکی ڕاستەقینە ڕادەکەن، لە نێو ئەوانەی ڕایان دەکرد ئەو ژنەش بوو کە ئەم بەیانیە هەستی خۆی بۆ دوومناڵەکەی خۆی باس کردبوو، لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد و دیووت :
  • ئەم بەیانیە کە ووتم کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە، پێیان ووتم تۆ شێتی!

    نووسینی : گابریل گارسیا مارکیز
    وەرگێڕانی : ڕزگار عومەر




خوێندنەوە و وێرانکردنی خود.. ئاراس سەعید

خوێندنەوە جۆرێکە لە ئەزموونکردنی جیهان، کە مرۆڤ بە هۆی کورتی تەمەنەوە توانای ئەزموونکردن و فراوانکردنی بارگراوندی زانیاری خۆی نیە، بۆیە خوێندنەوە فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەزموونکردنی جیهان لەڕێگەی ئەو میراتە کلتوریەی بۆ ئێمە ماوەتەوە. خوێندنەوە پڕۆسەیەکە ڕاستەوخۆ مرۆڤ دەبەستێتەوە بە <دەق> ەوە. لەنێوان بکەر و نووسیندا، دەلاقەیەکی گەورەتر دەکاتەوە بۆ مرۆڤ، کە ڕامان و بیکردنەوەیە. واتا <دەق> لەگرنگایەتی خۆیدا وەکو بابەت فەزایەکی تر ئاوەڵا دەکات بۆ خوێنەر ئەویش تێڕامان بیرکردنەوەی بکەرە بۆ خولقاندنەوەی بابەت. تۆماس هۆبز لەکتێبی لیڤیسیان دەربارەی نوسین بەم جۆرە دواوە:” ئەو کاتەی پیت و نووسین، دۆزرایەوە وەرچەرخانێکی گەورە لەمێژووی مرۆڤایەتی ڕویدا”. نووسین پردێکە، کە ئادیا وئایدیاڵەکانی مرۆەڤەکانی پێشوو دەگەینێت بەنەوەی نوێ. لەخۆڕا نیە فەیلەسوفێکی وەکو ئارێنت دەیەوێت کلتور لە گەشەسەندنی مۆدێرنیتە ببپارێزێ. خوێندنەوە گفتووگۆ کردنە، لەگەڵ ئەقڵەگەورەکانی پێش خۆمان کە لەو میراتە کلتورییەوە بۆمان ماوەتە. یەکێک لە بنەماکانی بەرەو پێشبردنی ئاستی هۆشیاری نەتەوەکان بەیەک گەیشتنی نەوەکانە لەفەزایەکی ئازاد دا، بەڵام کۆمەڵگایەکی داخراو تەنگ چنراو بەتابۆ وترادسیۆن هەرگیز دەرفەتی گفتووگۆ کردنی تێداناڕەخسێ، بۆیە لە فەراغی ئەم فەزا داخراوەوە خوێندنەوە تاکە فاکتەرە بۆ گفتووگۆکردن لە گەڵ ئەقڵەگەورەکان و نواندی کردەو بەهێزبوونی توانای ڕامان و بیرکردنەوە. فرۆید دەڵێت؛” شارستانیەت لەو ڕۆژەوە گەشەیکرد، کەمرۆڤەکان لەجیاتی بەرد وشەیان ڕیزکرد”.
گۆتە شاعیری ئەڵمانی دەڵێت:” هەرکەسێک مێژووی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی نەزانێ تەنها بۆ ورگی دەژێت”. وەکو پێشووتر ئاماژەم پێکرد مرۆڤ توانایی ئەزموونکردنی جیهانی نیە، بەهۆی کەمی تەمەنەوە، بەڵام لەڕێگەی خوێندنەوەو زانینی مێژووەوە دەتوانین تەمەنی ئەوانی تریش بهێنینە سەر تەمەنی خۆمان و دوونیابینی و بارگراوندی مەعریفی خۆمان دەربارەیی جیهان و سروشت زیادبکەین.

یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی خوێندنەوە گەشتکردنە، سەفەرێک جیاواز لەسەفەری فیزیکی، گەشتی خوێندنەوە گەشتێکە لەناو کاتدا، مرۆڤ هەمیشە لەناو شوێندا سەفەردەکات. بەڵام خوێنەر لەناو کاتدا سەفەر دەکا. گابرێل گارسیا مارکیز دەڵێت:” ئەگەر پارەت پێ نیە گەشتێک بکەیت، هەرکوچەو کۆڵانی وڵاتێک لەلاپەڕەی کتێبێکدا بخوێنەوە”. ئەم گەشتە لەناو کاتدایە، گەڕانەوەی کاتە بۆ زەمەنێکی مێژوویی، من لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی دۆستڤیسێکەوە، تەواوی کوچەو کۆڵانەکانی پترسبۆرگ گەڕاوم، لەڕێگەی کتێبێک دەربارەی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی ئەسیناوە گەڕاومەتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی هەرگیز مرۆڤ بەپارە ناتوانێت هەنگاویان بۆ بنێت. زۆرجار خوێندنەوە ئاوێنەیەکە دەمان داتەوە بەناوەی خۆماندا، (دەق) هەیە، ئەوکاتە گریان ودەقیش هەیە، گوزەرێک بەمرۆڤ دەکات بەناو دۆزەخانی دونیای واقیعدا.

خوێندنەوە ئامڕازێکە بۆ هاوکاری کردنی مرۆڤ لەبەگەڕخستنی توانا خودیەکانی لەتێڕامان و بیرکردنەوەوە بەرەو کردە نواندن. مرۆڤ لەڕێگەی بیرکردنەوەو تاقیکردنەوەی شتەکانەوە ترادسیۆن و بەها باوەکان تێک دەشکێنێت و دەرگیردەبێت بەخودی خۆی. دەرگیربوون (بەخود) واتا؛ خاوەنی ڕوئیاو تێڕوانینی خۆت، کە هیچ هێزێکی دەرەکی توانایی بڕیاڕ دانی نیە، لەسەروی ئەقڵی تۆوە. خوێندنەوە فاکتەرێکە بۆ ختوکەدانی هزر. لەکۆتایشدا خوێندنەوە هۆکارێکە بۆ وێرانکردنی خود، مرۆڤ کاتێک دەرگیر دەبێ بەخودی خۆی چیتر، بەرەو نامۆبوون هەنگاو دەنێ و کۆمەڵگا لەخۆی فڕێی ئەداتە دەرەوە، کاتێک خوێنەر بۆی دەردەکەوێت هەموو بەهاکان بەها گەلێکی پووچ و ساختەن، چیتر شۆکی سەردەمی بێ بەهابوونی بەهاکان، زیهنی دەلەرزێنی و لەمینانەی هەستکردنی بەبەرپرسیارییەوە هەوڵەدات بۆ خولقاندنەوەی بەهای نوێ. بەڵام دووبارە لەلایەن ئەوانی ترەوە بێ بەها دەکرێ، نەبوون بەوانی تر، هۆکارێکە بۆ ڕەتکردنەوە و نەفی کردنەوەی تۆ لەلایەن کۆمەڵگاوە. خوێندنەوە چێژ نابەخشێ، بەڵکو زۆرجار دەقەکان ڕوحت دەکەن بەسوتماک، زۆرجار پوچی و بێبەهایی ژیان وەکو ڕەخنە خۆی لەدەرونی مرۆڤدا دەچێنی. من چەندین شەو لەگەڵ ئازارەکانی ڕاسکۆلینکۆف دەرونم هەڵقرچاوە، لەگەڵ خوێندنەوەی لۆلیتادا هەوری چاوەکانم ڕێژنەبارانی خوێنیان ڕشتووە، چەندین شەو ژیانی خۆم بەکوڕەکانی بارزانی و تاڵەبانی بەراورد کردووە و بیرم لەناڕەوایەتی کردۆتەوە، لەگەڵ هیگڵدا بیرم لەناتەواوی خودا کردۆتەوە و فۆبیایی خودا، چەندین شەو چاوانی زڕەخەوکردووم، لەگەڵ مارکس بیرم لەشۆڕش و هەڵواسینی سەرکردە و بنکردە دیکتاتۆرەکان کردۆتەوە، چەندین شەو لەگەڵ ژەهرخواردکردنی سوکرات و کوشتنی حەلاج و مەسیح مەرگم ئەزموون کردووە، چەندین شەو بەخەیاڵی کەنیزەکەکانی حەرەم سەراکانی خەلیفەکانی ئیسلامەوە شەیتانی بووم، کۆتا جاریش لەگەڵ سێوران و کافکا بیرم لەخۆکوشتن دەکردەوە.

ئاراس سەعید




پاڵ مەنێن خۆم دەڕۆم، بەرەو تۆڕی سەرمایەداری جیهانی!.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

کاتێک، کێشمەکێش و بەربەرەکانیەکان ڕوو لە هەڵکێشان دەبن، کاتێک ناتوانین پێناسەی شوێنی خۆمان لە کۆمەڵگادا بکەین، کاتێک کەسمان لە کەسمان تێناگەین، هەریەکەمان، تۆپەکە فڕێ دەدەینە مەیدانی ئەوی ترەووە و تاوانباری دەکەین، دەیان دابەشبوون و هێڵ و گرایش و گروپمان لێ دروست دەبێت!، لە کاتێکدا، هەموومان هەمان دەرد و نەخۆشی و کێشەمان هەیە، هەمان ئامانج و هیوامان هەیە، با بزانین ئەو داوی جاڵجاڵۆکەیە کە بۆمان چنراووە و خەریکن زیاتر داووەکانی بە هێز دەکەن لە لایەن خاوەن بانق و سندوقی سندوقی دراویی جیهانی و سەرمایەدارە ناوخۆیەکان، چونکە پێووەی بووینە، بەڵام جار جارێک، خەریکە خۆمانی لێ ڕزگار دەکەین و هەر لە هەوڵداین، نموونەش ئەو ڕێپێوان و مانگرتنانەیی کە سەرتاپایی عێراقی گرتۆتەووە بە کوردستانیشەووە. زۆر جار لە سەر جادەین، دەزانین شتێک، کارێک، ئێمەی هێناووەتە سەر شەقامەکان، بەڵام زۆر شارەزایی سەرچاوەی کێشەکە نین و نازانین کێیە و چۆنە و دەبێت چی بکرێت؟
نامەوێت زۆر پێشەکی دوور و درێژ دانێم، چونکە مرۆڤی ئەم سەردەمە، حەزی لە کورت و پوختە! بۆیە پێویستیشە لە هەمان کاتدا، بزانین چی دەگوزەرێت لە دەوروو بەرمان، کەمێک بە داتا و ژمارە ، چونکە ئەو کاتە بەرچاو ڕۆشنییەکی زیاترمان پێ دەبەخشێت و پرۆژە و کارەکانی داهاتوومان بە بەرنامەتر دەبێت، هیوادارم هاوڕێ و ئازیزانم کەڵکی لێ وەربگرن
تا ئێستاش، لە عێراقدا کۆمەڵێک یاسا و پشتگیری لە چەشنی پسوولەی خۆراک و دیاریکردنی نرخی شتومەک لە بازاڕدا بووونی هەیە، کە ئەمەش تا ڕادەیەک شیرازەی کۆمەڵگای ڕاگرتووە، بە تایبەتی چین و تووێژە دەست کوورت و هەژارەکانی خوارەووەی کۆمەڵگا، کە لایەنی کەمی فرسەتی مانەووەیانی بە زیندوێتی لە ژیاندا پاراستووە، سەرباری بەدخۆراکی و کۆمەڵێک نەخۆشی بە هۆی جێگەی نیشتەجێبوونی نەگونجاوەووە، بۆیە ئەم پشتگیری و یارمەتییانە، بۆ تایکۆنەکانی یا ملیاردێر و خاوەن بانقەکان نامۆیە بە ناوچەکە و دەبێت، ئەوانیش بێنە ژێر بار و یاسای نیولیبریالیزمی یا بازاڕی ئازادی ئابووری جیهانەووە.
بە پێی ئامارەکان کە لایەن کۆمەڵیک ئابووریناسی عێراقیەووە ئامادەکراون، پێمان دەڵین، چی دەگوزەرێت! قەرزەکانی سەر عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ،١٠٠ سەد تریلیۆن دینار بووە(١ یەک تریلیۆن=ملیۆن*ملیۆن)، ئەم قەرزانەش ٦٦ شەستو شەش تریلیۆن قەرزی ناوخۆ و ٣٤ سی و چوار تریلیۆن قەرزی دەرەکی بووە، وە هەروەها پێشبینی دەکرێت کە ئەم قەرزانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بگاتە ١٤٠ سەد و چل تریلیۆن دینار، کە ئەمە بە شێوەیەکی تر ئەم قەرزانە دەکاتە، ٪٦٥ کۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆ!( مانای ئەوەیە، کە ٪٦٥ داهاتەکەت دەچێت بۆ ئەو قەرزانە، تۆ ٪٣٥ لەم داهەتەی ناوخۆت بۆ مایەووە) کە ئەم ڕێژەیە زۆر مەترسیدارە لە ئابووریدا، بۆیە سەدان کێشە بە دوایی خۆیدا دێنێت.
ئەو ڕێژەی سەرەووە، کە ٪٦٥ بوو، مانای ئەوەیە کە لە بووجەی گشتی یا نیشتمانی، ئابووری عێراق کورتی هێناوە و دەبێت پڕ بکرێتەوە بە قەرز، کەواتە کەوتیووینەتە نێوو ئۆقیانووسێک لە قەرز، وەک لە سەرەووە باسمان کرد قەرزەکان ، ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، لە کاتێکدا، ٥ پێنج تریلیۆن دیناری قەرزی سندوقی دراوی جیهانیە.
لە سەروووی ئەمانەشەووە نەوەستاووە، وەزارەتی دارایی عێراقی، لە پەیوەندیدان لە گەڵ سندوقی دراووی نێودەوڵەتی بۆ قەرزێکی خێرای ٦ شەش ملیار دۆلاری(قەرزی خێرا، ئەو نرخەی یا ئەو سووەیی کە لە سەری دەدرێت لە قەرزی درێژخایەن زیاترە!)، بە پێی یاسا، وەزارەتی دارایی ڕێگەپێدراو نیە لە قەرزکردن، دەبێت لە پێویستیەکانی بووجەی نیشتمانیدا داوابکرێت، بۆیە دەبێت لە پەرلەمانی عێراقی پەسەند بکرێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەووە؛ هۆکارەکانی پشت پلانەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەست بردن بۆ قەرز کردن؟ زۆر جار بە کارێکی بە ئەنقەست دەردەکەوێت لە پێناو ئەوەی عێراق پەلکێشکا یا بە زۆر پەیوەستی بکات بە سندوقی دراویی جیهانیەووە، بۆ ئازادکردنی بازاڕ و بە تایبەتی کردنی ئەو پرۆژانەی کە تا ئێستاس گشتین و لە ژێر دەستی دەوڵەتدایە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان کە سەرمایەکانیان لە عێراقدا وەگەڕ بخەن و شتێک نەمێنێت بە ناوی پسولەی خۆراک و دیاری کردنی نرخ، ئەمەش بە مانایەکی تر دەکاتە، بەستنەوەی عێراق بە تۆڕی سەرمایەداری جیهانیەووە
ڕوون و ئاشکرایە، کە ئەم قەرزانە، لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە، بانقە ئەوروپیەکان، بانقی نێودەوڵەتییەووە، کۆمەڵێک سەرمایەداری ناوخۆووە وەرگیراوون، ئەم خاوەن قەرزانە، گروپ و کۆمەڵەی زۆر بە هێزن، بگرە خاوەن چەکی قورس و فڕۆکەن تا دەگاتە چەکی ئەتۆم، بۆیە، دەبێت لە کاتی خۆیدا و بڕیی داواکراوی پێ بدرێتەووە، بۆیە پەیوەندی نێوان ئەم دەزگا داراییە زەبەلاحانە و دەسەڵاتە ئەقلیمی و ناوچەیەکان هاوسەنگ نین، بەڵکوو زۆر جار ئەم دەسەڵاتانە لەم ناوەندە دارایی و ئابووریە نێودەوڵەتیانەووە ئاڕاستە دەکرێن و ڕەوتی کار و چالاکیەکانیان و بگرە ئایدۆلۆجی دەسەڵاتەکانیشیان دیاری دەکرێن.
دڕک وچڕنوووکی ئەم دەزگایانە، لە گیانی خەڵکی بەشمەینەت گیر بووە، بۆیە دەنگە ناڕازیەکان و هاوارە تاساوەکان، ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدان، ئێمەی عێراقی ئێستا بە کردەووە، لە نێو ئەو جەهەنەمەدا دەژێین، کە بەرئەنجامی قەرز و گەندەڵیە، بۆ ئەو هەموو جەنگەی کە کراوە لە جەنگی عێراق_ئێران و جەنگی کوەیت و جەنگە ناوخۆیەکان، جەنگی سەدەیەک دژ بە کورد و شەڕی داعش! جەنگی کورد بە کورد.

azzady22@gmail.com 10/02/2021




شیعر/ نیشتمانی زیخ.. جەلال وەستا عەبدوڵا


ڕۆژگارێک
برای چەو و
پورزای لم بووم
نەنکم شەپۆل
باپیرەشم وردە بەردی کەناری چەم
خۆم زیخێکی چوارگۆشە بووم
بە زمانی ئاو ئەدوام
دەستم کورت و
سەرم دۆستی خۆرەتاو بوو
هاوڕێ
هاوشاری و
خزمیشم هاژەی ئاو بوون
بە ڕۆژ دەچوومە سەرپشتی گابەردێک و
یاریم بە پرچی خۆر دەکرد
شەویش تاریکیم دەپێوا و
هەتا باوێشک گازی دەگرت
پەنجەرەی مانگم دەژمارد

نیشتمانم قوڕی ڕەشی بێ خاوەن بوو
هەرکەس دەهات
شتێکی لێ درووست دەکرد
قوڕ وەک هەویر
یەکێک دەیکرد بە شەیتان و
یەکێکی کە بە حوشتری ماڵی حوسەین
لای چەپ دەکرد بە جنۆکە و
ڕاست بە ڕێوی ناو دۆڵ و شیو

ئێوارەیەک
شەپۆلێک هات پەلی گرتم
خستمییە ژێر سنگی پیری تاشەبەردێک
وونی کردم
لەوڕۆژەوە گوێم لە هەنگاوی
پێی هەورە و
چاوەڕێی ماچی بارانی گوندەکەمم
بیر لە ماسی دەکەمەوە و کانی کورە دەلاوێنم
بە خۆم دەڵێم:
ئاخۆ کەی بێت دەست بکەمە ملی لم و
تێر لەگەڵ چەو پێبکەنم
ئەوەی
لە قوڕ
دروستتیان کرد
بیڕووخێنم




من گەردە سەرەتاییەکانی گەردوونم.. ناڵە حەسەن

من شیعرم
بنەچەم دەچێتەوە سەر باران و
لەگەڵ گەردانە گەوهەرییەکان و
گەردە سەرەتاییەکانی گەردوون لەدایک بووم
لەوەتەی هەم / جیلوەی جوانی و
ژێ بە ژێ ژیڵەمۆ و ژانەکانی ژیان دەنووسمەوە
من شیعرم / عاشقی درەخت و سەوزاییم
گیا لەسەر سینگم دەڕوێ و
گوڵ لەسەر شان و ملم
خۆرەتاو لەناو لەپێکی دەستم هەڵدێ و
لەپی دەستەکەیترم مانگ
گیرفانێکم پڕییەتی لە وردە کتێبی ئاسمانی
گیرفانەکەیترم پڕ لە وشەی شینی مەعریفە
من جەستەیەکم لە هەور و
چاوەکانیشم پڕ لە ئەستێرەی ڕووناک
پەنجەکانم لە ئاگر و نینۆکەکانم لە ئەلماس
ڕۆحم پڕە لە تریفە و هەناسەم لە با

من شیعرم
لە شەوە تاریکە دۆزەخییەکان
دێم و خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی خەونەکانتان
دێم و لە سووچێکی ماڵەکانتان دەمێنمەوە
تۆز لەسەر کتێبی نێو دەلاقەکانتان لادەدەم
شووشەی فانۆسەکانتان پاکدەکەمەوە
من لە هەموو شوێنێکم
لەگەڵ خۆر ئاوادەبم و
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
لەگەل بەفر دەتوێمەوە
لەگەڵ کوڵیکە سوورەکان سەردەردێنمەوە
من ڕۆژێک بە زمانی ئاو قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ئاگر
ڕۆژێک بەزمانی با قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی باڵندە
ڕۆژێک بە زمانی مۆم قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ماسی
من ئاوازێکی ئەبەدیم /
لەنێو چاوی تاڤگەکان و ڕووبارەکان و ڕەشەباکانم
من کاتژمێرێکم /
لەنێو دڵی ساڵەکان و وەرزەکان و سەدەکانم
من شیعرم
لە دوورترین دوورییەکانی دووری
خەونەکانی خودا و زەردەخەنەکانی میشوولەیەک دەخوێنمەوە
هەموو شەوێک
گوێ لە گۆرانییە ئیرۆسییەکانی وردە ئەستێرەکان ڕادەگرم
لە نێو قووڵایی تاریکی ڕوخساری خۆرەتاوە بێئۆقرەکان ڕەسم دەکەم
لەسەر پشتی مردن
قەسیدەی دڵنشینە شادومانییەکانی ژیان دەنووسمەوە
لەنێو ئەبەدییەتی باخچە کەپرێک بۆخۆم دروست دەکەم
لەکاتی ماندووبووندا / لەنیو باوەشی شەپۆلەکان پشوو دەدەم
لەکاتی بیرکردنەوەش / بە بزنەڕێیەک بەرەو هەورازەکان سەردەکەوم
دەتوانم لەهەر چرکەیەک شێوەی جەستە و نیگا و ڕوخسارم بگۆڕم
دەمێک لەنێو ماڵی تەمە سپییەکان و دەمێک لەنێو قووڵایی دەریا
دەمێک لەنێو خەیاڵی فریشتەکانی دۆزەخ
دەمێکیتر لەسەر زاری ئەشقیایەکی یاخی
من لەهەموو شوێنێک و لەنێو هەموو زەمەنێکم
من شیعرم
مرۆڤ و ژیان و شەقام و کچۆڵە نامرادەکان
باخچە و ئاگر و ئەستێرە و گوڵ و گەڵا و درەخت و ماسی
پەپوولە و سنەوبەر و سەوزایی و عەشق و ئازادی و یاخیبوون
لەکوێبن من لەوێم
بەڵام /
جەڵاد و ستەمکار / بیابان و مردن / مرۆڤکوژ و ئازادیکوژ
کۆیلە و نامۆبوون … لەکوێبن من لەوێنیم
من / میلۆدییە پڕسۆزەکەی لەدایکبوونەوەم
بوونم / فۆڕمێکی بێدەنگ نییە
من کەمانجەیەکی پڕ قسە و گەردەلوولێکی پڕ جووڵەم
لەنێو مندا
بەرد و باران و بەفر / باڵندە و بلوور و بێژینگ
بەرسیلە و بۆق و بەرماڵ / بەندەر و بەیداغ و بڵێسە
هەر هەموویان قسە دەکەن
من دەمارەکانم پڕن لە شەونم
سییەکانم پڕ لە هاوار
من پەیکەرێکم لەجوانی و کەڕنەڤاڵێکم پڕ لە ڕەنگ
من شەمەندەفەرێکم لە ئاگر
فارغۆنێکی درێژ بەدوایخۆمەوە ڕادەکێشم
بەنێو سەدەکان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان ڕەت دەبم
ژوورێکی فارغۆنەکەم / پڕاوپرە لە جوانییە ئەبەدییەکان
ژوورێکیتر / پڕاوپڕ لە لەچێژ و ختووکە ڕۆحییەکان
دواژووریش / پڕاوپڕە لە ئارامبوونەوەی دەمارە سترێسییەکان
من شیعرم / ڕۆمانێکی بێکۆتاییم
هاتووم دڵی گەردوون پڕ بکەم لە خۆشەویستی و
لەنێو جەستەی خۆمدا
وێنەی ئەو درەختە بکێشم
کە لقی ئەڤینداری و شکۆمەندی و
گەڵای / ئامانج و حەز و خەونە گەورەکانتان دەردەکات
هاتووم / بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە بڵندترین شوێن ڕابگرم
چونکە دواجار / من پەرچەمە شەکاوەکەی ژیاندۆستیم

                                                              بەفرانباری ٢٠٢١



خەزانی ساتەوەختێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( )

چیتر دەست و پەنجە
وەریوەکانی دارستان
نایژاکێنێ
پرچی زەردو
هەڵبزرکاوی
بروسکەیەک
کام گڕکانی
چارەنوسە
نایسوتێنێ
ڕۆحی پەپولەیەک
کام پەڕی
گوڵە نێرگزی ژوانە
هەوری شەڕانگێز
نایوەرێنێ
مەرگی هەر لقە
دارێ
مەرگەساتی
یادەوەری
درەختێکە
چاوەڕێیە
سەمفۆنیای نمە
بیلاوێنێ
بۆچی چراکانی..
ساتی پڕڕەنگینی
کێڵگە فیردەوسیەکان
لە ئاوێنەی
جوانی نیگایەکا
تا هەتا هەتا
نادرەوشێنەوە؟
کێیە خەونی
ئەستێرەکان
لە پریاسکەی
گەردونێکی
تێکەڵ لە خەون
و تەم
و خەم
و خۆشی و
ئازار
کۆئەکاتەوە؟
ئای ! چی نوسراوێکی..
پەرش و بڵاون
تارماییەکان
لە پەرتوکێکی
هەڵوەشاوو
بێ ناونیشانی..
بوون
هەر تارماییەک
لە قەفەزی
دڵێک لە ئاسن و
خەڵووز و
خەیاڵا،،
دیل
هەر تارماییەک
جیهانێک
لە ئاوێنەی شکاو
مۆمی کوژاو
خەونی کوژراو
دڵی هەڵواسراو
هەڵگرتوە
هەر تارماییەک
بۆ هەڵهاتن
لەتەزینی
نێو شەختەی گەردوون
هانای بۆ باوەشی
بەستووی
نێو ئامێزێ
لە شەختە
بردوە
پارچەیەک
لە ئەوی نامۆ
لە دورخەی چاوی
ئەوی ترا
وون
پارچەیەک
لە ئەمی سەراب
لە وڵاتی بێ نەخشەی
ڕۆحی ئەوا
وون
هەموو تارماییەکان
نیگاکانیان
بە قولاپی کاتی..
لەدەستچوو
هەڵواسرا
هەموو تارماییەکان
لەسەر شانۆی
چاوەڕوانی ئەوانی ترا..
خەیاڵبردوو
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Monet
Red Water Lilies




بە تیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

“یەک”

تارژەنێکی شێتم

تارژەنێکی شێتم
نۆتەی عەشق بەسەر شاردا دەبەشمەوە
جادووگەرێکی بێ ناونیشانم
جادووی ئەوین لە خەڵکی شار دەکەم
ئەستێرەناسێکی بێ ئۆقرەم
رووناکی لە دڵی ئاسمان دەدزم
دێوانەیەکی دێرینم
دەردەدڵ بۆ دەریایەکی بەساڵاچوو ئەکەم
راهیبێکی بێ پەرستگام
رازەکانم ئەدەم بە دەمی توندترین رەشەباوە
قاوەگرەوەیەکی خوێن ساردم
ناو لەپی شوومی رۆژگار ئەخوێنمەوە
مۆمێکی شەوق کزم
تاریکی شەوەکان تەفسیر ئەکەم
کۆچەرێکی بێ هیوام
لە کڵاورۆژنەی خەمەکانەوە لە ژیان ئەڕوانم
باخەوانێکی ماندووم
تەرمی خۆم لەودیو باخچەکەوە ئەنێژم
سەربازێکی تێکشکاوم
داستانی دۆڕانەکانم بە شیعر ئەهۆنمەوە
درەختێکی لق و پۆ شکاوم
ژانی شکانی پەلوپۆم ئەگێڕمەوە
منداڵێکی زۆر لاسارم
تەنها لە باوەشی ئەشقدا ژیر دەبمەوە
پیاوێکی ئاوریشمیم
لە ئەوینی تۆدا لە دایک ئەبمەوەط

“دوو”

بە تیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە

عەشقت
رۆحی سرک و پەڕەسێلکەیمی کەوی کرد
پەنجەرەی ژەنگگرتووی دڵی کردمەوە
لە خاچی بێزاریی و تەنهایی دایگرمەتە خوارێ
شاڕێی روونی ژیان و فڕینی بۆ کردمەوە
شیعرەکانی پڕ کردووم لە هیوا و گۆرانی
خەونەکانی لە ئاوی چێژدا تەعمید کردووم
جیای کردمەوە لەو پۆلە پاسارییەی
بێ هیوا رێی تاریکی ئاسمانیان تەی دەکرد
ئەوینت
بەرائەتی لە پەڕەی گوڵ بۆ خواستووم
جوانیش لە درەوشانەوەی مانگی چواردە
شەرابی لە گۆزەی خۆشبەختی بۆ دەرهێناوم
ئومێدیش لە باخچە رەنگاورەنگەکانی فیردەوس
وردە ئەستێرەی لە ئاسمانی دڵما دۆزیەوە
دەنکە مرواریش لە قووڵایی دەریای رۆحما
ئەوینت
زایەڵەیەک بوو عەرشی تەنهایی هەژاندم
تیرۆژێک بوو وێرانەی رۆحی پڕکردم لە تیشک
ئەوینت جادوو بوو
جادوو

“سێ”

چاوەڕوانی

لە گۆشەیەکی تاریکی ژوورەکەم دانیشتووم
سەرم خستۆتە باوەشی مەراقێکەوە
بەردەبارانی رابردوو دەکەم
قومێک لە ژەهری ژیان دەخۆمەوە
لافاوی بێهوودەیی رایماڵیووم
خەیاڵەکانم لە ئەزەلەوە ورد و خاش بوون
حنجەی ئازارە نەبڕاوەکانم دەکەم
دەلاقەیەک بۆ هەناسەدان شک نابەم
هەنووکە چاوەڕێت دەکەم
وەک وەرزێکی نوێی عەشق بێی
تەپوتۆزی ئەو غوربەتە لە رۆحم بتەکێنی
کانیاوی فرمێسکەکانم کوێر بکەیتەوە
لە رەنگی پەلکەزێڕینەم هەڵکێشی
گۆرانییەکی تازەم فێر بکەیت
ئاوازێکی نوێ لەسەر دڵم بژەنی
بە رەیحانەی رۆحت سواغم بدەی
چاوەڕێم بێی
ئاخر دڵم مینا فوارە عەشقی تۆی لێ دەڕژێ

دەزانی، زۆر دەمێکە چاوەڕێم؟

11-11-2015
ئەڵمانیا – شتاینهاگن
شیعری: ستیڤان شەمزینی




تینووی باران .. ستار ئه‌حمه‌د

ئه‌ی وه‌نه‌وشه‌
تۆ به‌ ئاو چاوه‌كانت ده‌تروكێنی
ژووری نووته‌كم
شاڵاوی ده‌ڵێی سیروانه‌
حه‌وشه‌كه‌مان دیجله‌یه‌كه‌و
سێلاوی گه‌رووی زستانه‌
به‌ڵام نابینم
ووشه‌ی لێوانت
له‌سه‌ر چێواری ماڵه‌كه‌م
بزه‌یه‌كی نابه‌دڵیش بلاوێنێ
گوڵ.. ئای له‌ گوڵ
له‌ ژێر پێدا تۆزاوی روو دایده‌پۆشێ‌و
زستان.. خه‌زان.. سه‌هوڵبه‌ندان
مه‌رگی خۆزگه‌ی كه‌ساسانه‌و
هیوا له‌ ژێر تۆوی خه‌ما
شیله‌ی به‌هار ده‌گرێنێ‌
مه‌پرسن كه‌ یادی مناڵیم له‌ دڵا سه‌رده‌كا
بۆ زریان به‌ ناخی هه‌ڵچووما گێژاوه‌ی ناكاوه‌
كه‌ سۆزێك په‌نجه‌ره‌ی ده‌روونم داده‌خا
نه‌شته‌ری بیماران
ساویلكه‌ی بێنازم ده‌مرێنێ
شیعر.. ئاواز.. گۆرانی
خۆزگه‌.. تاسه‌.. چاوه‌ڕوانی
ده‌مێكه‌ هاوده‌من به‌ مێشكی جه‌نجاڵم
داماوی.. شیوه‌ن‌و تێڕامان
خه‌زان.. جوانڕۆیی‌و بێئامان
هاوسه‌ری شه‌وانه‌ن میوانن له‌ ماڵم
بۆیه‌ گڕ له‌ چوارچێوه‌ی ته‌مه‌نم به‌رده‌ده‌م
ورشه‌یه‌ك ده‌خه‌مه‌ شه‌قامی نه‌داران
له‌ نێو هۆبه‌ی پڕ له‌ ئاوا تینووم بۆ باران

ستار ئه‌حمه‌د




مردنی مەلا عوزێر زیانێكی گەورە بوو لە گەلەكەمان كەوت.. دەستەی سەرپەرشتی كارەكان

بنەماڵەی خۆشەویستانی قوربانیانی ئەنفال و شەهیدان

عەزیز حەمەد ناسراو بە مەلا عوزێر” عوزێر كۆی لە هۆڵەندا” , 5ی ئەم مانگە لە هۆڵەندا مرد, لە گەڵ خۆیدا نهێنی كۆمەڵێك تاوانی بردە گۆڕەوە, زیانێكی گەورەی لە پرسی بە دۆسیەی بە جیهان ناساندن و بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئەنفال و پرۆسەی دادوەری و رزگارنەبوونی تاوانباران لە سزا گەیاند, ئێمە 14 ساڵە كارمان لەسەر ئەو دۆسیەیە كرد, سێجار پۆلیسی تاوانەكانی جەنگ لە ساڵی 2007 ەوە بە نهێنی لێكۆڵینەوەی لەسەر ناوبراو ئەنجامداوە, لە كۆتا لێكۆڵینەوە زۆر بە جدی هاتنە پێشەوە, بازنەی لێكۆڵینەوەو سكاڵاكانیان زیاد كرد, كەسانێكی زۆری بەرپرس بۆ دۆزەكە لە قوربانیان و شایەدحاڵەكان هاتنە ناو دۆسیەكەوە, بەڵام مخابن لە زیاتر 55 ئەنفالكراو تەنها كوڕی ئەنفالكراوێك لەو توێژە ئازایانەو لێبوردوانە هاتە پێشەوە و سكاڵای خۆی تۆماركرد.
ئەو تاوانانەی ناوبراو ئەنجامیانی دابوو لە بەشداریكردن لە ئەنفالەكانی 4 و 5 و 6 و 7 و 8 , كە لە كۆتا ئەنفالی 8دا بە خۆی و 425 چەكدار بەشداری لە تاوانی ئەنفالی 8 كردبوو, ئێمە هەموو ئەو نووسینانەی لەسەر ناوبراو نووسرابوون لە لایەن نووسەران و كەسوكاری قوربانیان و دیدارەكانی رۆژنامەی ئاوێنە و ئەوەی لە بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی هەبوو تایبەت بە ناوبراو پێشكەشمان كرد, بە وردی و سەلیقەوە كارمان لەسەر دۆسیەكە كرد, لە چەند مانگی رابردوو پەیوەندی بە زۆر لە قوربانیەكانەوە كرا لە لایەن لایەنی پەیوەندیداری هۆڵەندی, ئەوان ساغ ببونەوە ناوبراو تاوانبارە بە ” بەشداری لە ئەنفال, بەشداری لە كوشتنی دیلی جەنگ, بەگرتن دانی رێكخستنی نهێنی, ژن و منداڵ, بۆسە دانانەوە بۆ پێشمەرگە, دەستگرتن بەسەر پارەو سەیارەی قوربانیان…..” لە دواین دۆسیەدا بۆمان دەركەوت تۆمەتبارە بە چەكداركردنی منداڵانیش, بە داخەوە لێكۆڵینەوەكان نزیك ببونەوە لە پرۆسەی دەستپێكی دادگاییكردنەكە, زۆر بە جدی دەچووە پێشەوە, تیمی لێكۆڵینەوە دایان نابوو لە زووترین كات قوربانیان ببینن لە كوردستان بێت یان جێگەیەكی دیكە.
دادگاییكردنی ناوبراو سەرەتایەكی گرنگ بوو بۆ بەرز كردنەوەی تاوانی ئەنفال بۆ ئاستی تاوانە گەورەكانی مێژووی مرۆڤایەتی, بە مردنی ناوبراو زیانێكی گەورە لە پرسی ئەنفال و جینۆساید و دادپەروەری لە كوردستان كەوت.
ئەوەی شایانی ئاماژەیە چەندین جار لەو پرۆسەیە داوامان لە هەندێك دەستگای حكوومی لە كوردستان كرد, یەكێك لەوانە ئەنجومەنی دادوەرییە كە وەڵام رێكخراوێكی هۆڵەندی بدەنەوە بە نووسینی چەند وشەیەك كە ناوبراو داواكاریی دادگایە, بەڵام نەیان كرد, تەنانەت بۆ دەستخستنی هەندێك بەڵگەنامە خۆمان سەردانی دەرەوەی هەرێممان كرد, لە كوردستان پێمان نەدرا, وە ئەركی گرتنی پارێزەریش دۆستێكی هۆڵەندی گرتییە ئەستۆ, وەرگێڕیش وەرگێڕێكی دڵسۆز خۆبەخشانە ئەنجامی دا.
ئێمە لە كۆتادا سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین بەشداری پرۆسەكە بوون, روحی شەهیدان و ئەنفالكراوانیان ئارام كردەوە, وەسوپاسی ئەوانە دەكەین هاوكارمان بوون, بێ سڵمەینەوە لە ترس تا دوا چركە وەفادار بووین بە گۆڕی شەهیدان و ئێسك وپروسكی ئەنفالكراوان، بە داخەوە بە مردنی هەلی دادگاییکردنی ئەم تاوانبارەمان لە دەست چوو.

دەستەی سەرپەرشتی كارەكان
11-2-2021




(کورتیلە چیرۆک)/ پیاوە دڵخۆشەکەنوسینی.. ئەحمەد کامەران

رۆژێکیان پیاوێک هەبوو، کە تەندرووستیەکی زۆر باشی هەبوو کە زۆرێک لە هاوڕێکانی ئارەزووییان دەکرد وەکو ئەو پیاوەی هاوڕێیان تەندرووستیەکی باشیان هەبێت،لەهەمان کاتیشدا پیاوە تەندرووست باشەکە دڵیشی زۆ خۆش بووبەهۆی تەندرووسن باشیەکەیەوە. بەڵام ئەو تەندرووست باشیەی وای لێکرد کە لەخۆی دا بگۆڕدرێت، واتە ئیتر بەخۆی گوت:من کەسێکی تەندرووست باشم وهیچ نەخۆشیەکم لێ نیە زۆریش دڵم خۆشە، ئیتر بەم شێوەیە پیاوە دڵخۆشەکە تەندرووستی خۆی پشتگوێ خست ،پزیشکەکان هەمیشە ئامۆژگاری پیاوە دڵخۆشەکەیان دەکرد کە ئاگای لە تەندرووستی خۆی بێتن ،بەڵام ئەو هیچ گوێی نەدەدا بە ئامۆژگاری پزیشکەکان…

رۆژان هات و تێپەری پیاوە دڵخۆشەکە بووە غەمبارترین پیاوی جیهان ،چوونکە ئەو تەندرووست باشیەی هەیبوو لەدەستی خۆی دا بەهۆی پشت گوێ خستنی ئامۆژگاریەکانی پزیشک، هەروەهاهەموو خۆشیەکانی ژیانیشی لەپێش چاودا کەوت و تەنیا بیری لای ئازاری جەستەی بووهیچی دیکە.

ئیتر پیاوە دڵخۆشەکە ئێستا زانی کە هیچ شتێک وەک تەندرووست باشی بەنرخ نییە لە ژیان دا…