كاری كات به‌سه‌ربردنی هونه‌ری كاریكاتێر.. هه‌ندرێن خۆشناو

كاری كات به‌سه‌ربردنی كاریكاتێر جیاوازه‌ له‌ كاری خه‌م لابه‌ری، خه‌م لابه‌ری كارێكی سه‌ربه‌خۆی كاریكاتێره‌، كه‌ دواتر باسی ده‌كه‌ین، كاریكاتێر به‌ مه‌به‌ستی دڵكاریی هه‌ڵده‌ستێت به‌ كاری كات به‌سه‌ربردن، زۆرجاریش مه‌به‌ست لێیوه‌ ماوه‌دانه‌ به‌ خوێنه‌ر بۆ تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی زیاتر، كاتێك خوێنه‌ر به‌شێكی گرنگی بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانیه‌ دڵكاره‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌، واباوه‌ كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ وشكانه‌ خوێنه‌ر توانای تێگه‌یشتنی به‌ پله‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ كۆتایی بابه‌ته‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی بێزار ده‌بێت و چیدیكه‌ توانای تێگه‌یشتنی نامێنیت، لێره‌دا ڕۆڵی چالاككاری كاریكاتێر دێته‌ پێشێ، كه‌ خوێنه‌ر له‌ كاتی دیتنی كاریكاتێره‌كه‌ خۆڕسكانه‌ حه‌وانه‌وه‌ و ئاسوده‌یی ده‌ستده‌كه‌وێت، كه ‌وای لێده‌كات چالاكانه‌تر بتوانی له‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش به‌رده‌وام بێت، ئه‌و نیگاره‌ كاریكاتێریانه‌ش به‌ قه‌باره‌یه‌كی مام ناوه‌ندی له‌نێو ستونه‌كانی بابه‌ته‌ نووسراوه‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ كاریكاتێره‌كانیش ده‌بینێت، نه‌ك له‌ پێش یان له‌ دواوه‌ی بابه‌ته‌كانه‌وه‌، له‌ بابه‌ته‌ درێژه‌كانیشدا ده‌توانرێت چه‌ند كاریكاتێرێك بڵاوبكرێته‌وه، كه‌ ده‌بنه‌ چه‌ندین وێستگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ره‌كانه‌وه‌، حه‌وانه‌وه‌ش لێره‌دا ته‌نیا حه‌وانه‌وه‌ی ده‌روونی نیه‌، به‌ڵكو حه‌وانه‌وه‌ی بینینیشه‌، چونكه‌ چاوی خوێنه‌ریش ماندوو ده‌بێت، شان به‌شانی بارگرانی ده‌روونیه‌وه‌، كه‌ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ نووسراوه‌كان تووشی ده‌بێت، كه‌ ناوه‌ڕۆكێكی وشك و سه‌ختیان هه‌یه‌، بۆیه‌ توانای خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ بوونی كاریكاتێره‌وه‌ زیاتر ده‌بێت، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی توانا و به‌رده‌وامبوونی له‌ خوێندنه‌وه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كانیش ئامانجی پێویست به‌ده‌ست بێنن، ده‌بێت ئه‌وانیش جێی حه‌وانه‌وه‌ی چاوی خوێنه‌ر و رۆشن بن، هه‌تا واز له‌ بابه‌ته‌ نووسراوه‌كه‌ نه‌هێنێت، و خه‌ریكی لێكدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی كاریكاتێره‌كان بێت، له‌وانه‌یه‌ باشتریش بێت كه‌ كاریكاتێره‌كان له‌ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵێنجرابێت یان نزیكی بابه‌ته‌كانه‌وه‌ بن، هه‌تا رێڕه‌وی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر نه‌گۆڕن، له‌و هێڵه‌ی كه‌ بابه‌ته‌ نووسراوه‌كان له‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌ڕۆن.
ده‌توانرێت وێنای كاریگه‌ری كاریكاتێر له‌سه‌ر تواناكانی تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی خوێنه‌ران، به‌م هێلكارییه‌ی خواره‌وه‌ بكرێت:
به‌م شێوه‌یه‌ش توانای تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر له‌وپه‌ڕی ده‌بێت كاتێك ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌كات، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ خوێندنه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌م ده‌بێته‌وه، دوای ماوه‌یه‌كی درێژتر كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌، كاتێك چاوی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كاریكاتێرێك ئه‌م توانایه‌ی سه‌رله‌نوێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، دوای خوێندنه‌وه‌ش سه‌برسه‌بر نزم ده‌بێته‌وه‌، كاتی دیتنی كاریكاتێرێكی دیكه‌ سه‌رله‌نوێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، بێ گومان كاریكاتێر توانای تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئاستی سه‌ره‌تای ده‌ستكردن به‌ خوێندنه‌وه‌، به‌ڵام به‌رزتری ده‌كاته‌وه‌ له‌و ئاسته‌ی كه‌ تێیدابوو پێش دیتنی كاریكاتێره‌كه‌، له‌خراپترین حاڵه‌تیشدا كاریكاتێر ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ئاستی تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر به‌رزتر بكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌یپارێزێت له‌ دابه‌زین بۆ ئاستێكی نزمتر.
‌گرنگ پاراستنی هاوسه‌نگیه‌، كه‌وا كاریكاتێر له‌ ژێره‌وه‌ی بابه‌ته‌كان دانه‌نرێت، یان زۆریی نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان زاڵ بن به‌سه‌ر بابه‌ته‌ نووسراوه‌كاندا، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی وا كاریكاتێر و وێنه‌كان دابه‌ش بكرێن، كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ نووسراوه‌كان یه‌كه‌یه‌كی ته‌واوكار پێكبهێنن.




بیرەوەریەکی نێوان من و عبدالمهیمن بارزانی لە سەر برسێتی وهێرشەکانی سەر هەولێر.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

تەمەنم لە بیستەکاندا بوو، هێشتا هەر کەسانی لە خۆم گەورەترم، بە باوک و خاڵ و مام و مامۆستا دادەنا! شەرمم لە ڕیشی سپی دەکرد! وامدەزانی هەموویان دڵسۆزن بۆ من و خاک و خەڵکەکەم! لاڵ دەبووم ئەگەر کەسێکی بە تەمەنتر قسەی لە گەڵمدا بکردایە! ئەکادیمستێکی بواری ئابووری بووم، وامدەزانی بەقاڵەکەی سەر کۆڵانەکەمان، لە ئابوووری لە من شارەزاترە! باوکم و باپیرەکانمان، هێندە بێدەنگی و سەرکزی و شەرم و کەمدوویان بە پیرۆز و ڕێز دادەنا، بەرەنگاری و ڕووبەڕڕوبوونەوەیان بە شەرمهێنەر و بێ ئەدەبی لە قەڵەم دەدا! بەڵام کاتێک برسی و ڕووت و ڕەجاڵ و بێ خانەو لانەکانم بینی، جیهانی بێ شەرمیم هەڵبژارد و چوومە گژی هەموو ناڕەواییەکدا، ئەگەر باوکم و مامۆستاکەشم بێت، با درێژەی پێ نەدەین و بەرەوو لای دەسەڵاتەکی هەولێر بچین و پێش ٢٩ بیست و نۆ ساڵ!
کۆتایی ساڵی ١٩٩٢ ە، سەردانێکی هەولێرم کرد بۆ بینینی کەس و کارم، بینیم لە بارودۆخێکی زۆر نەگونجاودان، نان و خواردن نیە، سووتەمەنی نیە، کار نیە، پەنجەرەکان بە نایلۆن داپۆشراون ،لە جیاتی شووشە ! کۆڵان و بان هەمووی قوڕە لیتەیە، تا ئەژنۆت دەچێت بە قوڕدا! خەڵکی کۆمەڵگای بنەسڵاوە( بنەسڵاوە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێ بوو، زۆرێک لە کەرکوکیەکانیان لە کەرکوووکەوە بە زۆر لە زەمانی بەعسدا گواستبووەوە بۆ ئەوێ) داوایان لە من کرد کە سبەی بێم لە گەڵیاندا و لای پارێزگار هەندێک قسەیان بۆ بکەم، ئەوە بوو منیش دڵیانم نەشکاند و سبەی بە نزیکەی هەزار ١٠٠٠ نەفەرێکەوە کەوتینە ڕێ بۆ لای پارێزگار کە ئەو کاتە ئەو بەڕێزە بوو عبدالمهیمن بارزانی( دیارە نامیلکەیەم بە دەستەوەیە لە سەر ئەو ڕۆژە بە درێژی) بەڵام ئێستا تەنها باسی ئەو جەدەل و ووتوووێژەی نێوان من و کاک عبدالمهیمن بارزانی دەکەم.

بە هەزار کەسەووە گەیشتمە بەردەم پارێزگای هەولێر، میدیا و ڕادیۆم لێ کۆ بووەووە، پۆلیس و ئاسایش وەک کاری هەمە ڕۆژەیان بە دەورماندا کەوتنە ئامادەباشیەووە، گوتیان چیتان دەوێت:
منیش گوتم: جەنابی پارێزگار
دوایی ماوەیەک جەنابی پارێزگار، بە خۆی و دارو دەستەیەووە هاتە خوارەووە و هاتە لامان، بارانیش بووو، کەسێک چەترەکەی بۆی هەڵگرتبوو، دابووی بە سەریدا تا تەڕ نەبێت
پارێزگار گووتی: بڵی، چیتان دەوێت؟
منیش گوتم: بەڕێز، ئێمە لە کۆمەڵگای بنەسڵاوە، نە نانمان هەیە، نە سووتەمەنی، نە کار، هاتووینە بەڵکو، چارەسەرێکان بکەن؟ (زۆر بە بەزەیانە و پاڕاندنەوەوە قسەم دەکرد)
پارێزگار گوتی: ئێووە تابووری پێنجن!( تابووری پێنج لە کاتی فرانکۆ، لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا هاتە کایەووە، فرانکۆی دیکتاتۆر چوار لەشکری هەبوو، دەیگووت، لەشکری پێنجەمم هەیە، بەڵام نهێنیە لە ناوخەڵکانی ناڕازیدایە، پێی دەگوترێت تابووری پێنج)
منیش گوتم: جەناب، ئەو تابووری پێنجە لە ئەنجامی برسێتی و بێ سووتەمەنی و بێکاری خەڵکەووە دروست دەبێت!
جەنابی پارێزگار، لە قسەکان تووڕە بوو ڕۆیشت، لەو ڕۆژەووە ئیتر نە گەورە ، نە ڕیش سپی، نە مامۆستا، کوێرانە لای من قەدریان نەما!
قسەیەکی کرد، من تێنەگەیشتم، بەڵام دارو دەستەکەی گوتیان دەڵیت؛ با نوێنەر بنێرنە سەرەووە
نوێنەرم هەڵبژارد لە سێ ژنی شێر هەڵکەوتوو، لە گەڵ پیاوێکی گەرمیانی قاڵ لە شۆڕشدا ، لە ماڵەووە نامەیەکم نووسیبوو، داواکارییەکانم تیادا بەیان کردبوو، گوتم قسە نەکەن، تەنها ئەم کاغەزەی بدەنێ!
نامەکەم بە تایتڵێک یا ناونیشانێک دەست پێ کردبوو، کاتی خۆی تایتڵی نامەیەکی لینین بوو بۆ قەیسەری ڕوسیا! کە دەڵێت: ئەی باوکی میللەت!(نازانم سەرچاوەکەی کامەیە ببورن)
نوێنەرەکان کاتێکی زۆریان پێچوو، لە بەر باس و خواستی نامەکە نەبوو، بەڵکوو لە سەر ئەووە بوو ، کە کێ نامەکەی نووسیووە!؟ ئەوان خاوەنی نامەکەیان دەویست!
دوایی گەڕانەوەی نوێنەرەکان، کە بەڵێنی دابوو، سووتەمەنی و خواردنیان بۆ بنێرێت، جارێکی تر نوێنەرم ناردەووە، تا هەفتەیەکی تر بە دەستمان نەگات دێینەووە! ئەوە بوو هات و ئیتر خەڵکی بە بەرنامە خواردنی پێ دەگەیشت.
با جارێکی تر بیری دەسەڵاتی کوردستانی بخەمەووە، ئەگەر دڵسۆزن و بە ڕاستی کێشەی ئەمن و ئاسایش و ژیانی خەڵکی کوردستانیان هەیە، دەبێت خەڵکی مووجە و جێگەی نیشتەجێبوون و کاری بۆ دابین بکرێت، بە ڕێک و پێکی و مانگانە لە کاتی خۆیدا، نابێت هیچ منداڵێک بێ شیر بێت، هیچ دایک و باوکێکی پیر لە سەر جادە خەوتبێت و سواڵ بکات، نابێت هیچ بێوەژنێک بێ دەرەتان و بێ مووچە بێت، نابێت هیچ نەخۆشێک بێ داو دەرمان و ئۆکسجین بێت. هەر ئەو چینی کرێکارو زەحمەتکێشەیە کە ئێوە و دواڕۆژی نەتەوەیەکیان گەیاندە ئەم ڕۆژە، بەڵام خەریکە لە بیر دەکرێن! بەڵام هەموو کاتێک ئەوان سەنگی مەحەکن و بڕیاردەرن لە سەر گوزەران و ئاسایش و دواڕۆژی هەموو کۆمەڵگا، با لە بیریان نەکەین.
ئەگەر ئەمانە چارەسەر کران و خەڵکی خۆشگوزەران بوون، ئەووە، هەموو تاکێکی کورد لە، دورترین خاڵی باشوور کە دەکاتە حەمرین، لە ڕۆژهەڵاتەووە کە دەکاتە گۆخڵان و بیارە و پێنجوێن، ، لە ڕۆژئاواوە دەکاتە شەنگال،لە باکورەووە کە دەکاتە زاخۆ دەبێتە چاوساغی ئەو نیشتمانە،دەبێتە قەڵغانی، ئامادەیە شەو ڕۆژ بە دووربینێکەووە وەک پۆلیسی نهێنی، جاسووس و بەدکاران ئاشکرا بکەن، دزو قاچاخچیەکان بگرن، پیاو کوژان داڵدە نەدەن!
بۆردومانکردنی پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین جار، ئاماژەیە بۆ بوونی، کەسانی دژ بەم هەرێمە و دەستی ناپاکی گرێدراو بە دوژمنانەووە، بوونی تابووری پێنج، بۆ مستێک پارە، یا خەڵاتێک! چونکە چاویان بە ئازادیەکدا هەڵنایات کە خەریکە تاکی کوردی دەگەیەنێتە سەر ڕۆخی ژیانێکی ئازاد و بەختەووەر. با هەموومان کار و موڵکو پارەکانمان لە گەڵ یەکتردا بەش بکەین، تا ڕق و کینە لە نێوانماندا، بوونی نەمێنێت، تاکە چارەسەری ڕزگار بوون و بەرگریە.
لەم ئەوروپایە، لە کاتی ئەم کەرەنتینەدا، دراوسێکان هەواڵ بە پۆلیس دەدەن، ئەگەر کەسێک میوانی بێت و پێشێلی یاساکانی خۆپارێزی بکات، هەر کارێکی نەشیاو خەڵکی ئەم ووڵاتە خۆیان پۆلیسن، دەزگای نهێنین، بۆیە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگا مەرجە سەرەکیەکەی تێرییە، دەنا، کەس بەرژەوەندی دەسەڵاتێک، نیشتمانێکی ناوێت، ئەگەر برسی و بێکار و بێ خانەولانەی بکات، هیوادارم دەسەڵاتی کوردی لە گەڵ هاونیشتمانیەکانیدا ئاشت ببێتەووە و بتوانرێت ڕێگا لە کەسانێک بگیرێت مووشەک و کاتیۆشا ئاڕاستەی فڕۆکەخانە و جێگەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بکەن.

azzady22@gmail.com 16/02/2021




ناوی كتێب: گەمەی شەیتان.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ناوی كتێب: گەمەی شەیتان، خوێندنەوەیەكی گەمە سیاسییەكان لە رۆژهەاڵتی نێویندا
بابەت: وتار و شرۆڤە
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 5000 دینار
ساڵی چاپ: 2018
شوێنی چاپ: سلێمانی – هەرێمی كوردستان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




ئێمە بۆچی عاجزین لە گەیاندنی پەیام و فکرمانا؟.. زاهیر باهیر

دیارە لێرەدا زۆر هۆکار هەیە، من هەر پەنجە بۆ 3 دانەیان ڕادەکێشم:
یەکەم : کولتورە ، کە کولتوری کۆمەڵایەتییە: ئیسلامی بێت ، خێڵەکی بێت یاخود بازاڕ-ئازاد، بمانەوێت و نەمانەوێت بەربەستن . هەر ئەمەشە کە کردنی شۆڕش لە بواری کولتورییدا بە قەدەر شۆڕشی ئابووریی گرنگە . هەر شتك کرا بە کولتوور زۆر زەحمەتە کە دڕی پێبدەیت، کولتور بەربەستێکی گەورەیە . گەلێك لە ئێمە ئەوەندە میکانیکیانە پەیوەندی نیوانی ژێرخانی کۆمەڵ [ ئابووریی] و سەرخانی کۆمەڵ [ کولتور، فەرهەنگ ، سیاسەت ، ڕؤشبیریی …. تد ] دەبینین، ئیتر وا دەزانین کردنی شۆڕشی ئابووری کافییە و سەرخانەکەش ئۆتۆماتیکی دەگۆڕێت .
بەڵام ئەوە وا نییە ئەو سەرخانە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەگو ڕیشەکەی لە ناخی نەوەکانی ئەو سەردەمەدا دەمێنێتەوە، دەبێت کاری بۆ بکەین و کاری لەسەر بکەین. ئەگەر کار لەسەر ئەوە نەکرێت ئەو عەقڵیەتەی کە هەیە لە مەدایەکی کەمدا ناگۆڕێت و وردە وردە دەچێتەوە سەر هەمان ڕێچکەی پێشوو و بەڕۆڵی خۆشی کار لەسەر ژێرخانەکە دەکاتەوە و هەوڵی گۆڕینی دەداتەوە.
دووهەم: سەرەڕای ئەوەی کە کولتوور تا ڕادەیەك ڕێگرە لێمان، هاوکاتیش ئێمە فکرمان بە حیزبیانە کردووە کردوومانە بە سیاسەتێکی تەواو ، نەك جەماوەریکردنەوەی. کەی توانیمان فکرمان جەماوەریانە بکەین ئیتر ئێمە پێویستمان نە بە حیزب و نە بە هیچ جۆرە ڕێکخراوێکی قووچکەیی نامنێنت ، بەڵکو کارکردنە لەسەر جەماوەر و جەماوەریش بە دەوری خۆی کاردانەوەی لەسەر ئێمە کە بەشێکین لێی، دەبێت، ئەو کاتەش ئێمە بە گوێرەی ئەوەی کە بارودۆخەکە یارمەتی دەدات هەڵدەسوڕێین ئاوێتەی جەماوەر دەبین.
سێیەم: لاوازی گەیاندنی پەیامەکانمانە: ئێمە لاوازین لە گەیاندنی پەیامەکانماندا، ئێمە نازانین چۆن گفتووگۆ لەگەڵ خەڵکیدا بکەین و پەیوەندییان لە تەكدا ببەستین، واتە کۆمینەکەیشنمان ، لاوازە. ئێمە شێوازی بەخوردی موسڵمانان و خەڵکانی ئاسایمان ، نادرووستە: هێڕش دەکەینە سەر موسڵمانانی ئاسایی، جەدەل لەسەر بوونی خودا دەکەین ، جەدەل لەگەڵ ئەواندا لەسەر ئاسمان و ئەو دونیا دەکەین ، ئێمە لەبری ئەوەی کە بەرەو یەککەوتن لەگەڵ ئەواندا بڕۆین و داوایان لێبکەین و جەدەلی ئەوەیان لەگەڵدا بکەین کە کێشەکانی ئێمە لەسەر زەوین، هەروەها حەلەکەشی ، کەچی دێین دووریان دەخەینەوە دەیانخەینە بەرەی نەیارەوە، دێین قسە لەسەر شتێك دەکەین و دەمانەوێت ئەوەی پێبسەلمێنین کە خودا نییە ، بەهەشت و دۆزەخ نییە ، ئەگەر هەبێت 72 تان، تەنها کارتان دانی لەزەتی جنسیە بە پیاوێك. ئێمە نەفی ئەوان دەکەینەوە کە کاریان لەگەڵدا بکەین سەبارەت بە پرسە بناخەییە هەمە چەشنەکانی ڕۆژانە کە کارایی لەسەر ژیانی ئەوان زۆر زیاترە تاکو هەندێکمان.
لە ڕاستیدا ئێمە ناکۆکی سەرەکیمان لەگەڵ ئەوان و دینەکەیانا هەیە نەك لەگەڵ سیستەمەکە، دین بە ئەسڵی نەخۆشیەکە دەزانین، نەك ئەعرازەکانی. ئێمە دەبێت کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە بکەین کە دین و هەموو پووچگەراییەکی دیکە لە ئیفرازاتی سیستەمەکەیە.
ئێمە دەبێت دژ بە دەوڵەت و هەموو جۆرێکی دەسەڵات بین ، چونکە هەمیشە دەسەڵات و دەوڵەتن لایەنگری دین و پوچگەرایین وێڕای ئەوەی کە گوایە دینیان لە دەوڵەت جیاکردۆتەوە. بریتانیا زیاتر لە 30 دادگای شەریعەی ئیسلامی هەیە ، بڕێکی زۆر لە ئەندمانی خانەی لۆردان کە بڕیارەکان دەکەنە یاسا ، ئیمتیازی لۆردایەتی بەوان بەخشراوە و ڕۆڵیان هەیە لە چەسپاندنی یاساکانا ، دەیاها قوتابخانەی دینی هەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دامەزراوەی پەروەردە و ڕؤشنبیریئ ئەم ولاتەوە نییە ، ڕۆژانە هەر بە تەنها بی بی سی زیاتر 10 خولەك پەیامی دینی بڵاودەکاتەوە بۆ نموونە بی بی سی ڕادیۆ 4 لە پێش 6 ی بەیانییەوە پەیامێکی دینی ئیدی ئیسلامی یا مەسیحی یا دینی جووەکان بڵاودەکاتەوە.
ئەمەیە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانی ئێمە ، دەەبێت کاریان لەسەر بکەین ، ئەگەر نەیەکەین، شکست بە دوای شکستدا دەچنیننەوە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
15/02/2021




خەرمانێک لە عەشق “شیعری لیریک”.. ستیڤان شەمزینی

دەمم لە نێو شیرینی دەمی تۆدا بۆ ئەبەد ئەتوێتەوە
رۆحم چرۆیەکی وشکە لە باخی مەمکتا ئەڕوێتەوە
کاتێک دێیتە باوەشم گیانی مردووم زیندوو ئەبێتەوە
هەستی خامۆشم وەک ژیلەمۆ سەرلەنوێ ئەگەشێتەوە
دەستی لەرزۆکم لەناو دەستی تۆدا هێزی بۆ ئەگەڕێتەوە
چرای کوژاوەی دڵم بە خوێنی عەشقت هەڵئەکرێتەوە


چاو ببڕە چاوی تارم بە تیشکی گلێنەت رۆشن دەبێتەوە
وەرە جەستەی گەرمت با لە لەشی ساردم نەبێتەوە
رێژنەی ماچت بەسەر لێوی وشکما بە لێزمە ببارێنە
ئازیزم، رۆحی شەیدام لە نێو مێرگی سینگتا بڕوێنە
بە یەک نیگای جادوویت خەیاڵی شیعرم ببزوێنە
جوانیت ئەبێ بە قەسیدە، خەیاڵیشت ئەکەم بە وێنە


خەونەکانت بخە واقیعی منەوە، ئەتگەیەنمە بەهەشت
خەیاڵت بهێنە بۆ ناو دڵی منی ئیمپراتۆری هەست
بە خوێنی قەسیدە، درێژترین داستانت بۆ ئەنووسمەوە
هەستت بڕژە ناو هەستم، بۆ ئەبەد بمێنە لە تەنیشتمەوە
پەیمانێکت پێ ئەدەم ژیانم بۆ تۆ، مەرگم بۆ خۆم
تۆش پەیمانێک بدە و بڵێ بۆ هەمیشە من بۆ تۆم


لە رۆحما تۆ ئەژیت و منیش تنۆکێکم لە باران
تۆ فریشتەی زەویت و منیش ئەستێرەی ئاسمان
جوانیت هێندە ناوازەیە دەستەوەستانە زمان
وەک تابلۆیەک پڕت کردووم لە خەیاڵ و رامان
هیچ ناوێک بۆ تۆ شک نابەم، فریشتەی جوان!
خۆت ون مەکە، تۆ بۆ من بووی بە هەموو ژیان


ئۆکتۆبەری 2016
ئەڵمانیا – کۆڵن

شیعری: ستیڤان شەمزینی




عـەدۆ.. فازیل شــەوڕۆ

حەفتا و دوو فریشتەی چاو ڕەشی
بسک ڕەشی گەنم ڕەنگ
سەریان لە دەرگای بەهەشت دەرهێناوە و
یەک کۆڕاڵ
بە هاژەی بولبول و
چەهچەهەی سۆلاڤ و
بە زایەڵەی خودا
بانگ دەکەن:
عــەدۆۆۆۆۆۆ … عــەدۆۆۆۆۆۆ … عــەدۆۆۆۆۆۆ …
عـەدۆ، هەر خەریکی پاککردنەوەی
بەر دەرگای بەهەشتە
بە برژانگان گەسکی دەدا
بە فرمێسکان دەیڕشینی
بە ئاهی سەردی گولاوپژێنی دەکا
حەفتا و دوو فریشتە
یەک کۆڕاڵ
بە ڕێژنەی شەماڵ و
بە شنەی باران و
نەغمەی خودا
بانگ دەکەن:
عــەدۆۆۆۆۆۆ … عــەدۆۆۆۆۆۆ … عــەدۆۆۆۆۆۆ …
عـەدۆ دەستێکی لەسەر دەرگای بەهەشتە و
دەستێکی لە سەر شۆستەکەی ئاکرێ
عـەدۆ دەڵێ
من بچمە بەهەشتێ
ئەدی کێ
گەسکان لە ئاکرێ دەدا؟

عەدۆ ئەو کەناسەی شاری (ئاکرێ)یە کە لە کاتی پاککردنەوەی شەقامی ئەو شارە، ئۆتۆمبیل لێیداو کوشتی. (١٩/١١/٢٠٢٠)

فازیل شــەوڕۆ