ناسینیە – زەبر و سەرپەرشتی کردن.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: خولیا حسێن

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن …..

لەم نووسینەدا جەند خاڵێکی سەرەکی لەسەر پێکهاتە و گەشەکردنی مێشک و کاریگەری زەبر( توندوتیژی) لەسەرگەشە کردنی مێشکی منداڵ و زانیاری سەبارەت بە چۆنیەتی سەرپەرشتی کردنی منداڵی زەبرخواردوو دەخەینە بەر چاوی خوێنەر. بەو هیوایەی سوودی هەبێت
دکتۆر گۆردین هۆداس لە ئۆفیسی پێنسیلڤێنیا بۆ تەندروستی دەروونی و شارەزا لە کاریگەریەکانی زەبر لە سەر ژیانی منداڵاندا بڕوای وایە “زەبر “توند وتیژی” هۆکاری سەرەکی کێشەکانە”
زۆرێکیش لە سەرپەرشتیاران پێیان وایە کە ئەزموونی توند و تیژی کێشەیەکی تری تاکە نەک خودی کێشە سەرەکیەکە. با لە و نووسینەدا خۆمان بڕیار بدەین و بزانین زەبرو زەنگ هۆکاری سەرەکی کێشەکانە یاخود توند و تیژی و زەبر کێشەیەکی تری تاکەکانە.
بنیاتی مێشک و کاریگەری “تراما” زەبر لەسەر گەشەکردنی مێشکی منداڵ.
سیفەتی بۆ ماوە”گین” تەنها بنەما سەرەکیەکانی مێشک دابین دەکات. زۆربەی خانەکانی مێشک لە دوای لەدایک بوونی منداڵ گەشە دەکەن.مێشکی منداڵ یەکجار لاستکیە و ڕێکخستنەوەی دەمارەکانی زۆر ئاسانە و بەراورد ناکری لە گەڵ مێشکی کەسی پێگەیشتوو”گەورە”. منداڵ لەتەمەنی دەساڵیدا بەهای سیستەمی مێشکی بەتەواوی پێگەشتووە .لەگەڵ گەورە بوونیدا مێشکی زیاتر جێگیر دەبێت و لاستیکی نامێنێتەوە و زۆر تۆکمە دەبێت. ئەگەر منداڵێک ئەزموونی توندو تیژی چەشتبێت و پشتگوێ خرابێت. ئەوڕووداوانە کاریگەریان دروست کردووە لەسەر بەهای سیستەمی ڕوانینی.

بەهای سیستەم چیە؟
ئەو منداڵەی لەگەڵ دایک و باوکێک ،یان لەژێر چاودێری سەرپەرشتیارێک گەورە بووە کە خۆشەویستی پێ بەخشراوەو بەرپرسانە ڕەفتاریان لەگەڵی کردووە. ئەوە ئەو منداڵە وافێر دەبێت کە خەڵک باشن و دنیا سەلامەتە و بێ ترس دەچێتە دەرەوە وتێکەڵی خەڵکیش دەبێت. چونکە مێشک لە ڕێگای ئەزموونەکانی فێر دەبیت. ئەدی ئەگەر ئەو ئەزموونانە پڕ بوون لە ئازار و کارەساتی وەکوو توندوتیژی ناو ماڵ، ئاڵوودە بوون بە کحوول و تلیاک، جیابوونەوە، توند و تیژی سیکسی، زیندانیکردنی دایک و باوکیان یاخود پشتگوی خستنی لەڕادەبەدەر؟.
زەبر دەتوانێ پێکهاتەی مێشک بگۆڕی لەکاتی گەشە کردنیدا. زانست پیشانی داوە کە ئەشکەنجەدانی منداڵ لە ساڵەکانی گەشەکرنی ژیانیدا، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دروستبوون و گەشەکردنی مێشکی. ڕوانینی ئەوکەسە دەگۆڕێت کە چۆن لە خۆی و لەژیان و لە کەسانی دوەرو بەری دەڕوانێت. کاتێک کە ئەزموونی منداڵ لەگەڵ دایک و باوک و سەرپەرشتیارەکانی توند و تیژی و پشتگوێ خستن وگرنگی پێ نەدان بێت لەکاتی تەنگانەدا. ئەوکاتە مێشکی ئەو منداڵە وا بینا دەبێت و باوەڕ دەکا کە” هەر خۆم و بەس خۆم دەتوانم خۆم بپارێزم”. لەکاتێکدا کە منداڵ لەناو خەم و پەژارە و گرفتەکانی ژیان چاوی بکاتەوە و گەورە ببێت. ئەوا مێشکی ئەو منداڵە پڕ دەبێت لە هۆرمۆنی خەم و دڵە ڕاوکێ و نیگەرانی. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەفتاری هەڵچوون و بزێویەکی زۆر کە منداڵەکە کۆنترۆڵی سەنتەری سیستەمی دەمارەکانی خۆی پێ ناکرێت.

ئەنجامی زەبر”تراوما
ئەو منداڵانەی ئەزموونی زەبر و گوشاری دەروونی بەردەوامیان چەشتووە لەوانەیە تووشی ئەو دیاردانەی خوارەوە ببن.
-ورووژانی زێدە: دەستنیشانی غەریزەی ڕزگاربوون دەکا: شەڕکردن، هەڵاتن، سڕبوون. لەوبارەدا مرۆڤ هەست بە هێز و نیگەرانی و ترسێکی یەکجار زۆر دەکات. بۆ نموونە؛ لەوانەیە ئەوبارە دەروونیە کاربکاتە سەر ئەوەی کە توانای ئەوەی نەبێت هەست بە ئارامی بکات، خواردنی پێ هەزم نەکرێت و دەسەڵاتی بەسەر جوولەی جەستە وهەڵس و کەوتی ئاسایی خۆیدا نەبێت.
-سستبوونی زێدە: دەستنیشانی حالەتی پەککەوتنی مێشك و جەستە دەکا. ئەم حالەتە زۆر جار لە دوای وروژانێکی زیدەی درێژخایەن ڕوودەدات. لێرەدا ئەوکەسە دادەبڕێت لەدەورو بەری و سڕ دەبێت و وەک تەختەی لێدێت. بینینی ڕووداوە نەرێنیەکانی ژیان سنووری بەرگەگرتنی مرۆڤ دەپچڕێنێت. بۆنموونە ؛ بیرلەوە بکەوە کە کاریگەری ئەزموونی سەرەتای ژیانی هەرزەکارێک کە دووچاری زەبرو ناخۆشی بووە وهەرڕۆژەی بردراوەتە ماڵێک و شوێنێک کە ئارامی تێدا هەست پێ نەکردووە. بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەک بیانبەستێتەوە لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانیان . ئەوبارە ناهەموارە بۆتە بەرتەسک بوونەوەی پەنجەرەی بەرگەگرتنیان. بۆیە ئەمە وادەخوازێت کە ئەو هەتیوخانەو ئەو ماڵانەی ئەم منداڵە زەبرلێکراونەی تێدا بەخێو دەکرێن بەگوێرەی پێداویستیەکانی ئەوان ڕێکخرابێت و کارمەند و سەرپەرشتیارەکانیش دەبێت هۆشیارانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
-زەبر بەزۆر شێوە کاریگەری دەخاتە سەر ڕەفتاری زەبرلێکراو

لەقۆناغی ورووژانی زێدەدا، مێشک و جەستە دەگەڕێنەوەکاتی کارامەیی بنچینەیی خۆ ڕزگارکردن کە ئەوانیش: شەڕکردن، هەڵاتن، سڕبوون. ئەو وەلامە بنچینەییانە ڕەفتاری منداڵەکە بەڕێوە دەبەن و زۆر جار وا بیندراوە کە ڕەفتارەکە زێدەڕۆیی بووە لە بەراورد لەگەڵ چوارچێوەی ئەوڕووداوەی بۆتە هۆی ڕەفتارە نەشیاوەکە.
نیشانەیەک کە زێدەهەستیاریە، هەتا بۆ مەترسیەکی بچووکیش بیر لەومنداڵە بکەوە کە کێشەی خوێندنەوەی هەیە و زوو نیگەران دەبێت “کە منداڵەکانی تر داوایان لێ دەکرێت بەدەنگی بەرز بخوێننەوە”ئەو منداڵە حەزناکات تەمبەڵ دەرکەوێت لەناو هاوپۆلەکانیدا. لێرەدا ورووژانی زێدە، لەوانەیە بەرەو وەلامدانەوەی زێدەڕۆیی ببات.”ئەومنداڵە کێشەی خوێندنەوەی هەیە”لەوانەیە سڕ بێت- “لەجوولەکەوتن” یان هەستێت و بڕوات “هەڵاتن” یاخود شەڕە دەم بکات و ئاژاوە بنێتەوە “شەڕکردن”
-لەکاتی زێدە ورووژاندا: مێشک فۆکەس دەخاتە سەر ئەوەی کە کەسەکە”خود” خۆی بپارێزێت و بەسەلامەتی بمێنێتەوە. ئەمەش لەوانەیە دەرئەنجامی ئەوەی لێبکەوێتەوە کە زانیاری گرنگ نەبینێت.
لەم سیناریۆیەدا: “منداڵەکە هەستی کرد سەلامەتی کۆمەڵایەتی لەژێر هەڕەشەدایە”کێشەی خوێندنەوەی بەدەنگ بووە هۆکاری وەڵامەکانی هەڵاتن، سڕبوون، شەڕکردن. ئەوڕەفتارانەی ئەو منداڵە لێرەدا کردی ئەوە زۆر لەوە زیاترە کە ئەو منداڵە هەرلەخۆیەوە بەد رەفتاربووبێت.
پوختەی ئەم باسە ئەوە دەسەلمێنێ کە زەبر و توند و تیژی لەسەرمندالان شێوەی کارکردنی مێشكیان دەگۆڕێ.
-کاریگەری دادەنێت لەسەر گەشەکردنی ئاسایی مەعریفی وهەست و سۆزی.

  • دۆخێکی عاتیفی وای بۆ دروست دەکا کە زۆر بەتینترە لەوەی بتوانێت ڕاگیری بکات.
    -بێدەسەڵاتی زیاد دەکات و ویستی کۆنترۆڵکرنیش بەهێز دەکات .

لاوازی ڕاگیر کردن و بەڕێوەبردنی هەست و سۆز
زەبر دەبێتە هۆی لاواز بوونی کۆنترل کردنی غەریزەی عاتیفی کە ئەمەش چەند رافتارێکی خراپی لێ دەکەوێتەوە کە ئەم خاڵانەی خوارەوەن:

  • بەکارهێنانی مادە هۆشبەراکان
  • خواردنەوەی کحوولی زۆر
  • توندوتیژی و ئازاردانی خود لە ڕێگای بڕینی جەستەی
  • خۆخستنە مەترسی
  • خراپبوونی ڕۆڵی دایک و باوکایەتی و نابەرپرسی بەرامبەر منداڵەکانی.
    ئەزموونەکانی ژیان نەخشەی مێشک بنیات دەنێن
    ئەزموونەکان و ژینگە ئەوە دیاری دەکەن کە کامە لە پەیوەندیەکان زیاتر بەکار دێن. ئەوپەیوەندیانەی زیاتر بەکار دێن ، بەهێزتر دەبن و بنچینەیەکی تۆکمە تر دادەمەزرێنن. بیر لەومنداڵانە و ئەزموونەکانیان بکەوە کە تۆ ئیشیان لەگەڵ دەکەی و دەیانناسی. لەوانەیە ببینی کە چۆن ئەزموونەکانیان بناخەی مێشکیانی دروست کردووە. وەک ئەو منداڵەی کە پەرچەکرداری شاڕانگێزی هەیە کە کەسێک خۆی پێدا دەکێشی لە خوێندنگا. زۆر ئاسانە کە ئەو منداڵە سزا بدەی لەسەر شاڕانگێزیەکەی. بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕی کە مێشکی ئەو مندالە چۆن وەڵام بە هەڕەشەی مەترسی دەداتەوە. چونکە ئەو مێشکانەی کە زەبری توند و تیژیان چەشتووە زۆر خێرا پەرچە کرداریان دەبێت لەهەر کاتێک کە هەست بە بوونی مەترسی دەکەن. هەتا لەوکاتانەشدا کە هیچ مەترسیەک لە گۆڕێدا نیە.
    بێنە پێش چاوت کەلەناو دارستانێکدابیت و ورچێکت لەبەرامبەر بێت. جەستەت وا گۆشکراوە کە دەبێت خۆی بپارێزێت. وەڵامی شەڕکردن، هەلاتن یان وشکبوون وەک کاردانەوەی بنچینەیی خۆپاراستن دەکەوێتە کار. هەستکردن بە هەر مەترسیەک دەتوانێت ئەو وەڵامە بخاتە کار. مێشک ڕاستەوخۆ ئەو کارە دەکات. مێشک توانای ئەوەی هەیە خۆی (لەکاربخات )داببڕێت لە کاتێکدا ئەزموونەکان یەکجار توند و جەرگبڕبن.
    چی ڕودەدات ئەگەر ئەو ورچە هەمیشە لەگەڵت بێت. بێنە پێشچاوت کە ئەزموونی ژیانی منداڵێک تەژی بووبێت لە توند و تیژی و زەبر. لەوانەیە ئەو منداڵە یەکێک بێت لەوانەی کە تۆ کاری لەگەڵدا دەکەیت. بیر لەوە بکەوە کە منداڵێک خاڵی ئەزموونی تاڵی ژیانی زۆر بەرزە و ئەو منداڵە یەکێک بێت لەو منداڵانەی تۆ کاری لەگەڵدا دەکەیت. لەوانەیە کاردانەوەی شەڕکردن، هەڵاتن یان وشک بوونیان هەمیشە لەکاردابێت. لەوانەیە ورچەکەیان مامۆستاکەیان بێت، سەرپەرشتیارەکەیان بێت، ماڵە نوێیەکەیان بێت، برادەرێکیان بێت، یان تۆ بیت. تۆ کە کاری لەگەڵدا دەکەیت و سەرپەشتی دەکەی. زۆر گرینگە بۆ ئێمە کە ئەوکاردانەوە و وەڵام بە مەترسیەکانیان وا ببینین کە گریانێکە بۆ یارمەتی نەک وای دابنێین کە منداڵێکی خراپە. هەر لێرەو لەوکاتەدا ئیمە دەتوانین دەست بەوە بکەین کە ئەزموونێکی جیاواز لەوەی پێشوویان پێ ببەخشین و پێیان نیشان بدەین کە ئێمە بەهەندیان هەڵدەگرین و لێان تێدەگەین و ئێمە ئەو شوێن و ماڵە سەلامەتەین بۆ ئەوان کە دەتوانن بێ ترس تێیدا ژیان بکەن.
  • -جا ئێمە چی دەکەین؟
    یەکەم هەنگاو لە کاتی پەیڕەو کردنی ناسینە- زەبر ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بکەی و دڵنیایی سەلامەتی دابین بکەی.
    -ڕێسا گرینگەکان: ئەو پرسیارە بگۆڕە کە دەڵی “کێشەت چیە؟ ” بۆ “چیت بەسەر هاتووە؟”
    -کەلتوورێکی هەستیار بەرامبەر بە زەبر دروست بکە کە نیشانەکان و هەڵس و کەوتەکانیان وەک کارامەییەکانی خۆڕزگارکردن چاولێ بکات.
    -ئەزموونێکی جیاوازیان پێ ببەخشە.
    -ژینگەیەک لە میهرەبانی ناسینە- زەبر دابین بکە.
    ” پرسینی کێشەت چیە ؟” ئەوە دەگەیەنێت کە کەسەکە وەک کەسێکی “نەخۆش و خراپ” دەبینی. لەجیاتی ئەوە بپرسی” چیت بەسەرهاتووە ؟ چونکە پرسیار کردنەکە بە و جۆرە نرخی ئەوە دەگرێت کە ئەزموونەکان کاردانەوەیان هەیە لەسەر هەڵس و کەوتی کەسەکە”
    ئەوە تازە نیە کە بە ڕاستیەکی سیاسیانە بیر لە ڕەفتار بکەینەوە. ئەوە گۆڕانکاریەکی فەیلەسووفیە. لە جیاتی وای دابنێین کە ئەو منداڵە بە ئەنقەست هەوڵدەدات “خراپ” بێت.دەبێت بزانین ئەوان لەسەر ئاستی زانیاری خۆیان هەڵس و کەوت دەکەن و خۆیان دەپارێزن تەنها بەو ڕێگایەی کە دەزانن چۆن. وشە و ناو ناتۆرە زۆر بەهێزن و کاردەکەنە سەر شێوەی چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەستکردنمان.

پیداچوونەوە:
١. لێکۆڵینەوە نیشانی دەدات کە زۆربەی خەلک دووچاری زەبر و زنگ و توند و تیژی زۆر بوونەتەوە لە ژیانی منداڵیاندا.
٢. بە پشت بەستن بە فاکتەرێکی زۆر سەلمێندراوە کە کاردانەوەی توند و تیژی زەبر تراما ی لێدەکەوێتەوە و کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر گەشەکردن و چالاکی مێشک.
٣. زەبر چەشتن کاردەکاتە سەرچۆنیەتی بیرکردنەوەمان بۆ نموونە: زۆر بیرکردنەوە، چۆنیەتی هەستکردنمان، نیگەرانی، خەمۆکی، ناڕێکی هەست و سۆز و چۆنیەتی هەڵس و کەوتمان.هەروەها زێدە هەستیاری بەرامبەر دەور وبەرو ژینگە و داڕشتنەوەی یاسا و کۆنترۆل کردن.
٤. وەڵامەکانی شەڕکردن، هەڵاتن و سڕبوون ئەو ڕێگایەن کە مشک دەیان گرێتە بەر بۆ بەکارخستنی کارامەیی خۆڕزگاردن لەوکاتەی کە لە دۆخی زێدە ورووژاندایە.
هەندێک لەو کاریگەریانەی کە زەبری چارەسەرناکراو لەسەر مرۆڤی زەبرچەشتووی بەجێ دێڵێ ئەمانەن :کێشە دەروونیەکان ،ئاڵوودەبوون، بێخانەولانە بوون، زیندانیبوون و بازرگانی کردن بە مرۆڤ. لەسەدا هەشتای ئەوکەسانەی زیندانی کراون مێژووی زەبرلێ کرنیان هەبووە.(مەبەست لەوکەسانەیە کەلەسەر کاری خراپ زیندانی کراون-وەرگێڕ)

هەڵوێستەیەک لەسەر زەبری ڕێکخراوەیی
زەبر و زانینی سەرپەرشتی کردن پیداویستیەکی سەرەکیە بۆ هەموو پەیوەندیەکان. پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان، کارمەندەکان، هاوڕێکان و کارخوازەکان. با بزانین ئەمە چ پەیوەندیەکی هەیە بە شوێنی کارمان. دکتۆر ساندرا بەلووم هاودامەزرێنەری مۆدێلی ئارامگە پێی وایە؛ هەوڵدان بۆجێبەجێکردنی تیۆری مەشقە پزیشکیە تایبەتەکانی تراوما بەبێ جێبەجێکردنی ناسینە-زەبری کەلتووری ڕێکخراوەیی ،وەک ئەوە وایە کە تۆو بە نیازی چاندن فڕێ بدەیە سەر زەویەکی وشکەڵان. ئەگەر ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببینە زەبر ناسی ڕاستەقینە دەبێت هەموومان لە ڕکخراوەوە دەست پێبکەین. ئەمەش بە ڕابەری دەست پێدەکات.

بنیاتنانی کەلتووری سەلامەتی
کە کە لتووری سەلامەتی بنیات بنرێت، دەبێت کەلتوورە سەلامەتی بێت بەیەکسانی، بۆ هەمووان. ئەمە گرینگە تا ببیتە ڕێکخراوێکی ناسینە زەبر و سەربەرشتی کار. بەدەستهێنانی ئەو کەلتوورەش بە رابەری و دەستپێشخەری دەست پێدەکات. با بزانین کەلتوور لە چ پێک دێت؟ کەلتوور ئەو شتانەیە کە هەموومان دەیزانین: ئەوبەهایانەیە کە هەموومان هاوبەشین لێیان، ئەو وشانەیە کە هەموومان ئاخافتنی پێدەکەین و لییان تێدەگەین، ئەو شتانەیە کە هەموومان دەیکەین.

بنیاتنانی کەلتوورێکی ناسینە- زەبر
ئەوشتانەی هەموو دەیزانین ئەمە تیۆری زەبرە. هاوبەشی کردنی زانیاری سەبارەت بە ناسینە زەبر و سەرپەرشتیکردن بە گەشەپێدانی بناخەی زانیاری بنچینەیی دەست پێدەکات.
ئەو بەهایانەی هەموومان هاوبەشین لییان: فەراهەم کردنی ئارامی و سەلامەتی بۆ هەمووان دەبێت ئەوا بێت –
” traumatize and retraumatize” کە نە زەبریان لێ بکەین و نە دووبارە تووشی زەبریشان بکەینەوە.
دەبێت بیر بکەینەوە لە هەڵس و کەوت و کاردنمان کە بەو ئاراستەیە بڕوات کە سەلامەتی و ئارامی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئاکار و جەستەیی فەراهەم دەکات.ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە هەموومان شتی جیاوازمان بەسەر هاتووە لە ژیان” باش یان خراپ” ئەمەش لەوانەیە کار بکاتە سەر هەڵس و کەوتمان. کە دوور نیە ئەو ئەزموونانەی خۆمان لەگەڵ خۆمان بهێنینە ناو شوێنی کارکردنمان.
ئەو وشانەی هەموومان ئاخافتنی پێدەکەین و لێیان تێدەگەین: بە خوێندنەوەی سێلف\ی پێدەڵێن و S.E.L.F ئەم بابەتە کە مۆدێڵی
ڕێگای گففتوگۆیەکی ڕوونە کە هەموومان دەتوانین بە ئاسانی لێی تێبگەین
( ئەم مۆدێڵە لە پیتەکانی زمانی ئینگلیزی دروستکراوە بەڵام وەرگێرانی بۆ کوردی پیتەکان دەگۆڕێت و مانای ئەم مۆدێلە لەدەست دەدات. بۆیە لێرەدا ماناکەی وەک خۆی دادەڕیژمەوە -وەرگێر-)
ئەو شتانەی هەموومان دەیکەین: لەکاتێکدا کارمەند و کارخواز” ستاف و کلایەنت” لە مێژووی زەبرخواردنی یەکتر تێبگەن، بپرسن چیت بەسەرهات ؟ لە جیاتی ئەوەی بڵێین کێشەت چیە؟ . فەراهەم کردنی سەلامەتی بۆ هەمووان و بنیاتنانی هێز لەسەر ئاستی توانای بنچینەیی. هەروەها هەلبژاردن و هاوکاری و پەیوەندی هەموو ئەوکارانەن ئێمە دەیکەین، کە ئەنجامەکەی پاڵپشتیە بۆ کردارەکانی ناسینە زەبر. پەیڕەوکرنی ناسینە زەبر و سەرپەرشتی کردن هەموو کەلتوورەکە دەگۆڕێت. تیۆری ناسینە-زەبر و سەرپەرشتیکردن پەیڕەوە نەریتیەکان دەبات و هەڵیاندەوەشێنێتەوە و سیستەمی بەڕێوەبردن ناچار دەکات کە دووبارە بیر بکاتەوەو بەرنامەو پەیڕەوەکانی سەر لە نوێ دابڕێژێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت لە زەبری ڕێکخراوەیی تێ بگەین دەبێت یەکەمین جار مۆدێلی سێلف فێر ببین. (س بۆ سەیفتی واتە سەلامەتی- ئی بۆ ئیمۆشنەل واتە هەست و سۆز- ل بۆ لۆس واتە لەدەستدان- ف بۆ فیوچەر واتە دواڕۆژ)دکتۆر ساندرا بەلووم مۆدێلی سێلفی وەکوو ڕووگای چاکبوونەوە پێناسە کردووە و پێیوایە ڕێگای بەرەو چاکبوونەوە لە زەبر ڕێگایەکی دوور و درێژە بۆ تاکەکان و بۆ ڕێکخراوەکانیش . هەروەها ساندرا دەڵێت: کە مرۆڤ ون بووبێت وا باشە کە ڕووگایەکی هەبێت و دەڵێت ئەو ڕووگایە مۆدێڵی سێلفە بەرەو چاک بوونەوە. هەرەوەها دەڵێت: ئەو مۆدێلە لە چوار(پیت) وشە پێک هاتووە کە هەموومان بە ئاسانی تێییان دەگەین. کاتێک کە ئەو مۆدێلە بەکار دێنین وەکوو ڕووگا، یارمەتیمان دەدات کە زەین بخەینە سەر هۆکاری کێشەکان. بگەینە سەر ڕەگی هۆکاری کێشەیەکان باشترە لەوەی ون بین و گیر بخۆین لە شوێنێکی وەکوو هەست و سۆز یان سەلامەتی.
هیچ کاتێک خۆت دۆزیوە تەوە لەناو گفتوگۆیەکی سۆزاوی و هەڵچوون ؟ کە گفتو گۆیەکە بەسەر دەچێت. لە خۆت دەپرسی. بۆچی وا سۆزیان هەڵچوو لەسەر ئەو شتە؟ ئەدی من بۆچی هیندە هەڵچووم و تووڕە بووم لەسەر ئەو شتە؟

ڕوونکردنەوەی خود: سێلفS.E.L.F

سەلامەتی: چوار لایەنی سەلامەتی دەگرێتەوە کە جەستەیی و دەروونی و ئاکاری و کۆمەڵایەتین. هەر کاتێک کە تاک هەست بە سەلامەتی ناکات لە یەکێک لەو چوار بوارەدا. ئەوا ناتوانێ بیرکردنەوەی مێشکی بەکار بێنێت. واتە ناتوانێت دروست بیر بکاتەوە بۆیە لایەنی سۆزی مێشکی بەکار دێنێت.
هەست و سۆز: پێناسەی ئەوە دەکات کە ئەوەی هەمووان لەبارودۆخێکدا بەشدارن کە هەستکردنە.
لەدەستدان: قسە لەسەر گرانکاریەک دەکات کە یان وەڵامەکانی سۆز دە وروژێنێ یان والە تاک دەکات هەست بەسەلامەتی نەکات لە یەکێک لەو چوار بوارەی سەلامەتیدا. ئەو لەدەسدانانە زۆر جار پەیوەستن بەو ئەزموونە تاڵانەی کاتی منداڵی یاخود هەر ئازارێکی تر کە تاک لە ژیانیدا چەشتوویەتی.
دواڕۆژ: باس لە هەبوونی توانای بیرکردنەوە لە هەنگاوی داهاتوو دەکات یان چارە کردنی گرفتەکان. ئەوکەسانەی ئەزموونی زەبریان چەشتووە، ئەوا ناتوانن بیرکردنەوەی دروستی مێشکیان بەکار بێنن. بۆیە تەنها خەیاڵکردن لە دواڕۆژێکی جیاواز بۆ ئەوان دەبێتە کارێکی زۆر ئەستەم.
سەلامەتی جەستەیی: ئایە جەستەم سەلامەتە لە ئازاردان؟ چیت دەکرد ئەگەر ئەو ورچە دایکت، هاوسەرت، بەڕێوەبەرت یاخود هاوکارت بوایە لەسەر کار؟ دەکرێ ئێمەش ورچمان هەبێت هەروەک ئەو منداڵانەی کە سەرپەرشتیان دەکەین و کاریان لەگەڵدا دەکەین. زۆر جار ئەمە یەکەمین شوێنە کە مێشکمان بۆی دەچێت کاتێک پرسیارمان لێدەکرێت کە ئایا هەست بەسەلامەتی دەکەین. سەلامەتی جەستەیی زۆرجار بەرجەستەترە. ئایە لێم دەدرێت؟ هێرشی جەستەیییم دەکرێتە سەر؟ هێرشی سێکسیم دەکرێتە سەر؟ ئەوەیە مەبەستمان کە زۆر جار نموونەی هێرش کردنی ورچ دێنینەوە. زۆربەشمان لەسەر ئەوە کۆکین کە هێرشکردنی ورچ کاریگەری لەسەر سەلامەتی جەستەییمان دەبێت.

سەلامەتی دەروونی، ئایە سەلامەتم لەگەڵ خۆمدا؟
سەلامەتی دەروونی بینینی ئاسان نیە و دەگەڕێتەوە بۆ توانای ئەرێنی تاک لە باوەڕ بە خود. لە کۆنترڵکردنی خود. لە دیسپلین کردنی خود و لە توانای خۆ پارێزی خود. سەلامەتی دەروونی دەکەوێتە بەر هەڕەشە لە کاتێکدا کە تاکێک بە کەم بزاندرێت و لە شوێنی خۆیان کەمتر لە کەسانی تر چاویان لێ بکرێت. یاخود نرخ بۆ ئەزموونەکانیان دانەندرێت. ئەمانە دەکرێت ڕوو بدەن لە بە نزم سەیرکردن و هەڵس و کەوتی ڕاستەوخۆ یان لە کاتی نیشاندانی شەڕانگێزی بچووک لە ڕێگای قسە و نیشاندانی هەڵس و کەوتی نەرێنی، کە هێڕش کردنن بۆ سەرخودی تاک.بە پێچەوانەوەش. نیشاندانی خۆشحاڵی لەبەرامبەر سەرکەوتنەکان. هەتا ئەگەر سەرکەوتنی بچووکیش بن. ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنی تاکەکان بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و سەلامەتی دەروونی. ئەو هەڵوێستە ئەرێنیە وا لە تاکەکان دەکات تێبگەن و هەست بکەن کە ئەوانیش دەتوانن هاوکا ر و بەشدار بن لەهەر شتێک کەلە ئارادایە و ئەوانیش بە نرخن و کۆنترۆڵییان هەیە.

سەلامەتی کۆمەڵایەتی: ئایە سەلامەتم لەگەڵ خەڵکدا؟
سەلامەت بوون لەناو خەڵکدا گرینگە. خەڵک بەشێکن لە کۆمەڵگا و زۆر بە راستی حەز دەکەن شوێنیان هەبێت لەگەڵ ئەوانیتردا. ئێمە دەبێت دڵنیا بین لە و پەوەندیە کۆمەڵایەتییانە و بزانین کە پەیوەندی سەلامەتن و دوورن لە خراپ بەکار هێنان و توند و تیژی و ئازاردان. کە بیر لە شێوەی بینابوونی مێشک دەکەینەوە، دەبینین ئەگەر هاوپیشەیەکمان لە شوێنی کارەکەماندا لە مێژووی ژیانیدا زەبری کۆمەڵایەتی چەشتبێت. ئەوە مومکینە کاریگەری دانابێت لەسەر ڕوانینی لە خەڵک و کاردانەوەی دەبێت بەرامبەرییان. لەوانەیە باوەڕ بە خەڵک نەکات و وەک هاوکارێک متمانەیان پێنەدات. ئەنجامی ئەمەش لەوانەیە ئەو هاوپیشەیەمان لە ئیش خۆی بە دوور بگرێت و بڵێت نەخۆشم و نەیەتە ئیش. یان گرفتی هەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانیدا. بنیاتنانی کەلتوورێکی ئەرێنی کە دابینی سەلامەتی کۆمەڵایەتی دەکات ئاسان نیە. بەڵام پێویستە. بنیاتنانی دەستە و تاقم لە بری تاکگەرایی و ئاهەنگگێڕان بۆ سەرکەوتنەکان ڕێگای دروستن بۆ یارمەتیدان.

سەلامەتی ئاکار: ئایە هەست بەسەلامەتی دەکەم کە کارێکی ڕاست دەکەم؟
کە کارێک دەکەین، مەرج نیە هەڵگری هەمان باوەڕ و بەها بین تاوەکوو ئەم کارە ئەنجام بدەین، یاخود هەمان تێگەیشتنمان هەبێت لەسەری. بەڵام هەرچۆنێک بێت هەوڵدەدەین کە هەمان ئامانج بەدەست بێنین. کاتێک کەسێک زۆری لێدەکرێت کە شتێک بکات و هەستدەکات کە کارەکە لەبنەڕەتەوە هەڵەیە. ئەوکاتە هەست دەکات کە ئاکاریان سەلامەت و پارێزراو نیە. لەم بارەیەوە دکتۆر ساندرا بەلووم دەڵێ: ژینگەیەکی سەلامەت لە ڕووی(ڕەوشت) ئاکارەوە ئەو جێگایەیە کە دەتوانی کاری تێدا بکەی و هەست بە شکۆی خۆت بکەی. چونکە هەست کردنت بەو شتەی کە دروستە دابینکراوە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەی کە تۆ کاری تێدا دەکەیت و لەلایەن ئەو کەسانەشەوە کە بەڕێوەبەرایەتیت دەکەن.

هەست و سۆز:ئێمەی مرۆڤ هەرگیز بێ هەست و سۆز نین. لەوانەیە هەست بە شادمانی بکەین کە خۆر دەبینین، دڵتەنگ دەبین کە کەسێکمان لەدەست دەدەین. یاخود دیق دەکەین کە شتەکان بەو ڕێڕەوەدا ناڕوات کە خۆمان ویستوومانە. هەست و سۆزمان زۆر جار هەڵسەنگاندنەکانمان لێڵ دەکەن. زیرەکانە بەکار هێنانی هەست و سۆزمان یارمەتیمان دەدات فێربین چۆن هەست و سۆزمان کاردەکاتە سەر خۆمان و ئەوکەسانەی دەوروبارمان. هەروەها چۆن هەست و سۆزی ئەوانیش کاردەکاتە سەر هەست و سۆزی ئێمە. مۆدێڵی ناسینە-زەبر ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەی کە وشە بدەینە هەستەکانمان: بۆ نموونە: تووڕە، دڵتەنگ، ترساو، دڵشاد، شەرمەزار، بۆئەوەی خەڵک بەهەڵە لێکدانەوە بۆ ڕەفتارەکانمان نەکەن.

( هەروەک ئەو منداڵانەی کە سەرپەرشتیان دەکەین) ڕەفتارەکانیان ڕەنگە ئەوەنەگەیەنێ کە مەبەستیانە.
لەدەستدان: دانپێدانان و دەرەقەتهاتنی لەدەستدانە هەمەجۆرەکان لە ژیاندا گرنگە. چونکە لەکاتی خۆیدا دان بەو لەدەستدانەدا نانێین و خەفەتبار نابین بۆیان، بۆیە دواڕۆژمان ئاسان نابێت.

  • ژیان و لەدەستدان بەیەکەوە دێن.
  • هەموو گۆڕانکاریەک لەدەستدانێکە.
  • مێژووی زەبر لەدەستدانی زیاتری لەگەڵدایە لەبەروارد لەگەڵ ژیانێکی ئاسایی.
    لەدەستدان هەندێک جار بەندە بە سەلامەتی. گرینگە کە دەستنیشانی لەدەستدانەکان بکەی و بزانی کە هەست و سۆزت بەستراوەتەوە بەو لەدەسدانانە.

    مۆدێڵی سێلف(S.E.L.F) ڕێگامان پێدەدات لەدەسدانەکانمان بناسین و هەست و سۆزمان پشتگوێ نەخەین. بێنە پێش چاوت کە بەرنامەیەک لە ژیانتدا دەگۆڕێ( ئەمە لەدەستدان دەنوێنێ) ئەوکەسەهەست دەکا کە لەڕووی ئاکارەوە هەڵەیە. ئەم گۆڕانکاریە دەکرێت کاریگەری لەسەر سەلامەتی هەبێت. لەوێوە کەسێک لەوانەیە بچێتە ناو دۆخی شەڕکردن، هەڵاتن، یان سڕبوون کە دەبێتە هۆی وەڵامدانەوە هەڵچوونیەکان. ئەگەر ئەو مۆدێڵە باکار نەهێنین، لەوانەیە وای دابێین کە ئەوان بەرهەڵستکاری گۆڕانکارین و نایانەوێت شتی تازە بێتە کایەوە.
    دواڕۆژ: کە گەورە بوویت دەتەوێت ببیت بە چی؟ دوای ئەوە دەتەوێت بگەیتە کوی؟ ئەمڕۆ چی دەکەیت؟ ئەوانە هەوویان شتی ئاسایین و پرسیاری سادەن. بەهەرحاڵ بۆ هەندێک کەس ئەم پرسیارانە تۆقێنەرن. لەبەر ئەوەی زۆریان لێکراوە کە بیر لە دواڕۆژێکی بەدەست نەهاتوو بکەنەوە.بۆ ئەوانەی کە زێدەهەڵچوون، پرسیارێکی سادەی ئاوا زەحمەتە. چونکە ناتوانن بیرکردنەوەی داهاتووی مێشکیان بەکار بێنن. لەم دۆخەدا دەچیتە باری شەڕکردن، هەڵاتن، یان سڕبوون. لەگەڵ پەیڕەوکردنی سەلامەتی، هەست و سۆز و لەدەستدان، دەرگای دەست گەیشتنت کراوەتەوە بەڕووی مێشکی بیرکردنەوەی چارەنووسساز. بۆ ئەوەی فۆکەس بخاتە سەر دواڕۆژ.

    بۆئەوەی ببیتە بیرکەرەوە لە دواڕۆژ. دەبێت ئەو توانایەت هەبێت ئەوبەشەی مێشکت بەکار بێنی کە بەرپرسە لە نەخشەدانان و بیرکرنەوەی گرینگ. ئەوکەسەی کە گیریخواردووە لە دۆخی شەڕکردن، هەڵاتن، یاخود سڕبوون.توانای ئەوەی نیە بیر لەو هەنگاوانەی داهاتووی بکاتەوە. لەکاتێکدا مرۆڤ سەلامەتە لەهەر چوار بواردا
    ( جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئاکاری) ئەوسا دەتوانێت بەشی مێشکە بیرکردنەوەی دروست بەکار بێنێت و دواڕۆژ بێنێتە بەرچاوی و نەخشەی بۆ دابڕێژێت.

    -چۆن مۆدێلی (S.E.L.F) سێلف پەیڕەوی بکەین ؟ : وەک پێشتر باسمان کرد. مۆدێلی سێلف ڕووگایەکە دەتواندرێت پەیڕەو بکرێت بۆ ئاسانکردن و ڕێ نیشاندان لە هەندێک ڕەوشی قورس و ئاڵۆزدا.
    بێنەوە یادی خۆت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ دەستەیەک لە هاو هاوپیشەکانت، یان کارخوازێکت، یان هەر بەتەنها لەگەڵ خۆتدا گریمان لەوێدا هەست کردنت بە دڵتەنگی و تووڕیی ئامادە بوو. ئێستا بیر لە ناوەڕۆکی مۆدێڵی سێڵف بکەوە. سەرەتا بە سەلامەتی، لەدەستدان، هەست و سۆز،یان هەر کامێک لەوانە کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی تۆ لە وکاتیدا. بۆ نموونە: با بڵێین یەکەم جار پێناسەی بکە و دەستنیشانی هەست و سۆزە کە (هەڵچوونەکە) بکە ¨هەستم بە دڵتەنگی دەکرد، دیقم کردبوو، بێزار بووم، تووڕە بووم.¨ دوایی بە بیر خۆتی بێنەوەو بزانە هۆکارەکە چی بوو، ئایە لەدەست دان بوو گۆڕانکاریێک بوو. ئایە لەدەستچوونەکە\ گۆڕانکاریەکە کاریگەری هەبوو لەسەر ئاکارت، لەسەر جەستەت، لەسەر دەروونت یاخود لەسەر سەلامەتیت؟ ئەگەر وابوو، ئایە هیچ ڕێگای بەدەستهێنانەوەی سەلامەتیت لەبەردەم دا هەبوو؟ ئەمەیان بیرکردنەوەیە لە دواڕۆژ.
    گوشاری بەردەوام کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دام و دەزگاکان وەک چۆن کاریگەری دەکاتە سەر مرۆڤ
    دام و دەزگاکانیش وەکوو مرۆڤەکان بێهێزن بەرامبەربە گوشار. بەتایبەتی گوشاری قووڵ و بەردەوام. زۆرێک لە دام و دەزگاکان دووچاری کارەساتی قووڵن. کارەساتێک چارە دەبێت و گرفتێکی تر بەدوای ئەودا سەردەردێنێ.هەروەها، دەرئەنجامی گوشاری دەروونی ڕێکخراوەیی قورسایی دەخاتە سەر هەست و سۆزی ئەوکەسانەی لەناو ئەو ڕکخراوەیەدا کار دەکەن و لە توانایان کەم دەکاتەوە. هەموو کەرمەندەکان ناتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی بڕیاردان و لەبەرەو ڕوو بوونەوەی کێشەکان، بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە و چارەسەر کردنی گرفتەکان بەیەکدەستەیی. بە بیرخۆتی بێنەوە کەلەسەرەتای ئەم باسەدا گوتمان کە زەبر کاریگەری دەخاتە سەر مێشک. گوشاری درێژخایەن لەناو رێکخراودا نزیکە لەوە. کاتێک کە مرۆڤ هەست بە سەلامەتی ناکات بەهۆی گوشاری بەردەوام. هەست و سۆزی خۆیان بە ڕێکی پێ ڕاگیر ناکرێت. ئەمەش باری دەروونی کەسەکان لەوە گرژتر دەکاتەوە کە بتوانن تەندروستانە ئاراستەی بکەن.لەو بارودۆخانەدا وای دەبینن کە دەسەڵاتیان بەسەر هیچ شتێکدا ناشکێت و هەموو شتەکان لەبار یەکتر هەڵدەوەشێنەوە.بەرەبەرە خەڵک و ڕێکخروەکە هەست بەوە دەکەن کە بێ پشتیوان و بێ چارەن. لە ودۆخەدا هەوڵ دەدەن تا بتوانن دەست بەسەر هەر هەموو شتەکاندا بگرن. چونکە وا هەست دەکەن هیچ کۆنترۆڵیان نیە.

    .دەرئەنجامی گوشاری بەردەوام کاردانەوەی شەڕکردن، هەڵاتن و سڕبوونی لێدەکەوێتەوە. چونکە لەکاتێکدا کە ڕێکخراو سەلامەت نەبێت. کرێکار و کارمەندەکانیش هەست بەسەلامەتی خۆیان ناکەن و کارخوازەکانیش لەوانەیە بەهەمان شێوە هەست بە سەلامەتی خۆیان نەکەن. ئەمەش بەو شێوەیەی خوارەوەی لێدت: شەڕکردن: کێشەکانی شەڕی دەسەڵات دەست پێدەکات، سیاسەتی بەڕێوەبردن دەگۆڕێت، سزادان بەربڵاو دەبێت، کێشەکانی سەندیکاش فراوانتر دەبێت .هەروەها ڕێژەی شەڕانگێزی کارخوازەکاان زیاتر دەبێت و پێوانەکانی خۆتێهەڵقورتاندن زیاد دەبێت.

    هەڵاتن: لە ودۆخەدا کاتی نەخۆشی و داوای پشوو زیاد دەکات ( واتە خەڵک خۆی لەچوونە سەرکار دەدزێتەوە) بێزاربوون و هیلاکی لەناو کارمەندەکان گەشەدەکات و دیکۆمێنتەکان بزر دەبن و ڕاپۆرتکردن دوادەکەوێت. کارخوازەکان نایەن بۆ سەردان ومەوعیدەکانیان. ئەگەر دەریشبکەون بەڕێکی سەرپەرشتی وخزمەت وەرناگرن.
    سڕبوون: پەیوەندی و گفتو گۆ ڕادەوەستێت. پرۆسەی دیمۆکراتی لە بەین دەچێت. خەڵک وا هەست دەکەن کە دۆخەکە هەرگیز باشتر نابێت و سەرلێشێواوی لە بەڕێوەبردن زیاد دەکات. کارمەندەکان ڕیپۆرتەکان ون دەکەن ولەیەک کاتدا دوو مەوعید دادەنێن یان بە پێچەوانەوە مەوعیدی کارخوازەاکانیان لە بیر دەکەن.

    پرۆسەی هاوتەریب
    پرۆسەی هاوتەریب ڕووداوێکە یان کارلێککردنە، کە دەگوزەرێت بەدەر لە دەسەڵاتی کارمەند و کرێکارەکان و و ڕاستەوخۆش کاردەکاتە سەر ئەوکارانەی ئەوان دەیکەن. ساندرا بەلووم لەباسی پرۆسەی هاوتەریب لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەڵێت: دەرهاوێشتەی ئەو کارلێککردنە ئاڵۆزیەی لە نێوان کارخوازە زەبر چەشتووەکان و کارمەندەکانی ژێر گوشاری دەروونی و ڕێکخراوە زەخت لێکراوەکان. هەروەها ژینگەی کۆمەڵایەتی وئابووریش زۆر جار دژی ڕێگا چارەی چاکسازین لە دەرهاوێشتەکان هەندێک جار پێچەوانەی مەبەستی ویستراو بووە. هەروەک لەو خشتەی خوارەوە دەبینن کە گوشاری هەر یەکێک لە ستوونەکان کاردەکاتە سەر دوو ستوونی تر.
    پرۆسەی هاوتەریب دەتوانێت لەهەر یەکێک لە کارخواز، کارمەند یاخود لە ڕێکخراوەوە دەست پێ بکات

هەموویان بەیەکەوە تاقی دەکەینەوە
ڕێبازی ناسینە زەبرکەلتوورێک لە سەلامەتی دروست دەکات کە بەرەنگاری گوشاری قووڵی ناو ڕێکخراوەکان دەبێتەوە. چونکە پەیڕەو کردنی تیۆری ناسینە زەبر هاندەرێکی ئەرێنیە و بەرەوە پێشەوەیان دەبات، لەکاتێکدا گیریان خواردووەو جەقیون لە شوێنی خۆیان. بۆیە دەبێت مۆدێڵی سێلف بەکار بێنن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان. دەبێت نەخشەیەک دابڕێژن کە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە مانای لەدەستدان و وشکبونەوەی هەست و سۆز و لەپرسی سەلامەتی تێبگات و کار بۆ بەدەست هێنانی بکات. تاکوو بە نەخشەیەکی تەندروست بەرەو دواڕۆژ هەنگاو بنێت.
ڕێکخراوەکانیش مۆدێڵی هزری و باوەڕی بنچینەییان هەیە. بۆیە وەک چۆن بیر لە کارخوازەکانمان دەکەینەوە. دەبێت بەهەمان شێوە بێین پرسیار لە ڕێکخرا وەکە و لە هاوپیشەکانمان و لە هاوڕێکانمان بکەین و بڵێین: چیت بەسەر هاتووە ؟لە بری ئەوەی پێیان بڵێین کێشەت چیە؟

پیاچوونەوە
١.کەلتوور- ژینگەیە، ڕەفتارەکانمانە، شێوەی ئیشکردمانە، بەهاکان و هەڵوێستەکانمانە. هەروەها گریمانە بنچینەییەکانی باوەرەکانمانە.
٢. ڕێکخراوەکانیش وەکوو تاکەکان بێهێزن بەرامبەر بە گۆشار. بەتایبەتی گوشاری قووڵ و بەردەوام.
٣.زۆر جار بێباوەڕی لە نێوان کرێکاران و بەڕێوەرەکان دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی بەرهەم و خراپ بەڕێوەچوونی ڕێکخراوەکە.
٤. بەیەکەوە دەبێت هەوڵبدەین لە پێناوی گۆڕینی مۆدێڵی هزر و باوەڕی بنچینەیی و دەبێت پرسیارەکە ئاوا بکەین: چیت بەسەر هاتووە؟ لە بری کێشەت چیە؟.
جەختکرنە سەر سەلامەتی بۆ هەمووان
خۆت بناسە: بەهاو باوەڕ و دەرککردنیش کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنیەتی کارکردنمان لەگەڵ گەنجاندا. باوڕی خود سەبارەت بە ڕەفتار و بەرەنگار بوونەوە دەتوانێت کاریگەری توند دابنێت لەسەر چۆنیەتی کردار و کاردانەوە. بۆیە گرینگە شێوازی پرسیارکردنەکەت بگۆڕی لە چ هەڵەیەکت کردووە ؟ بۆ چیت بەسەر هاتووە؟ ئاگاداربوونت لە مێژووی زەبری منداڵەکانی سەرپەرشتیان دەکەی، یارمەتیت دەدات لە تێگەیشتنت لە دۆخی ئێستای منداڵەکە. ناسینی خودی خۆت کلیلی ئامادە بوونتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەسات.

هەست بە چی دەکەم؟
هەموو مرۆڤێک کاردانەوەی دەبێت بە گوێرەی مێژووی ئەزموونی خودی خۆی. ئەو پرسیارە ( هەست بەچی دەکەم ؟)لەخۆدی خۆت بکەی گرینگە چونکە وەڵامەکانی شەڕ کردن، هەڵاتن یاخود سڕبوون کارمەندەکانیش لەجوولە دەخات هەر بەو شێوەیەی کە گەنجانی زەبر چەشتووی سەرپەرشتیکراو لە جوولە دەخات. هەروەها بۆ کارمەندەکانیش دەبێتە هۆی وەڵامدەرەوەی نەگونجاوی وەکوو: تووڕەیی و شەڕانگێزی و ورووژانی زێدە. تووڕەیش دەبێتە هۆی هەڵسەنگاندن و حوکمدانی نادروست . درک کردن بەوەی کە بیرۆکەکان تووەڕەیی دەتەقێنتەوە. هەروەها پێشبینی کردنی ئەو دۆخە گوشار ئامێزانە یارمەتی تاکی کارمەند دەدەن کە ئارامی خود بەدەست بهێنینەوە.

گرینگیدان بەخود\ ئاگا لە خود بوون

کارکردن لەگەڵ منداڵانی زەبر چەشتوو فیشاری زۆری لەگەڵە. لەوانەیە کاریگەری زۆر نەرێنی و درێژخایەن لەسەر کارمەندەکان بەجێ بێڵێت. کەرمەنەدەکان هەندێک جار هەست دەکەن زەختی زۆریان لەسەرەو بێ ئومێد دەبن و دەترسن. زەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت چاودێری ئاستی پەستانی دەروونی خۆیان بکەن و شێوازی ژیانێکی تەندروست بەدەست بهێنن و هەمیشە چاودێری پرۆفێشناڵانە بکرێن.( واتە دکتۆر و ڕاوێژکاری دەروونی ببینن-وەرگێڕ)

گەنجەکە\ منداڵەکەی سەرپەرشتی دەکەی بناسە
مێژووی ژیانی گەنجەکە بزانە و لە نموونەکانی ڕەفتاریان و شێوەی وەڵامدانەوەیان بە گوشارەکان ئگاداربە. بزانە ڕەفتاری چاوڕوانکراوی ئاسایی بۆ گەشەی ئەو تەمەنە چۆنە. زۆرجار ئەو ڕەفتارانەی لە منداڵەکە دەبیندرێت ئەوە ستراتیجی خۆپارێزی وهەوڵی مانەوەیەتی لە ژیان.
گەنجان راهێنان و و پشتگیریان پێویستە کە ڕووبەڕووی کارەساتەکان دەبنەوە. لەهەمان کاتیشدا ئەو ڕاهێنان و پشتگیریەی بۆیان دابین دەکرێت، نابێت ڕەخنەئامێز و بە زەخت بەسەریاندا بسەپێندرێت. بە زمانێکی تر بڵێین؛ دەبێت نەرم بین لەگەڵیان. بە و جۆرە یارمەتی ئەو منداڵانە بدەین بە باشترین شێوە کە لەگەڵ بنیاد و دۆخی ئەوان بگونجێت. تا سوودمەند بن لەو ڕاهێنانە پەروەردەییانەی بۆیان تەرخان کراوە. بە گشتی، شێوازی پیشاندانی هاوخەمی و ڕەواییپێدان و میهرەبانی دەتوانێت ببێتە ڕێگایەکی باشتر بۆ وەرگرتن و سوودمەند بوونیان لەو ڕاهێنانەی ڕاهێنەرەکان پێشکەشیان دەکەن.

(ماسلۆ لە١٩٦٩دەڵێت: ڕەفتار دەربڕینی داواکاریە)
بۆئەوەی وەڵامی دروستمان هەبێت. دەبێت لەوە تێبگەین کە چ شتێک بۆتە هۆکاری تەقینەوەی ڕەفتارە شەڕانگێزیەکە. بزانە کە گەورەبوون لەناو ژینگەیەکی گوشاراوی دەبێتە هۆکاری چەسپاندنی کاردانەوەی وەڵامەکانی شەڕکردن،هەڵاتن یاخود سڕبوون. کە لەوانەیە زۆر نەگونجاو بێت بەرامبەربە دۆخەکە. ئەوکەسە وافێر بووە کە تائەوپەڕی بڕوات تا داواکاریەکانی بەدەست هێناوە. ئەو ڕەفتارەی دەیبینین ئەوە چەکی خۆپارێزی ئەو منداڵەیە. تەنها بە بنیاتنان و فەراهەم کردنی ژینگەیەکی سەلامەت، ئەو منداڵە لەتوانایداهەیە چەکەکەی دابنێت و بتوانێت کارامەیی و شتی نوێ فێر بێت.
دامەزراندنی دۆخەکان( دامەزراندنی دۆخەکان هەمووئەو شتانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆکاری ڕوودانی زیاتر یان کەمتری ڕەفتاری شەڕانگێزی یان ڕەفتاری نەگونجاو. سەلمێندراوە کە شێوەی دامەزراندنی ژینگە منداڵان دەورووژێنێی. یاخود بە پێچەوانەوە ئارامیان دەکاتەوە.

دۆخیدەرەکی: ژوورێکی گەرم ، پیس ، ناڕێک.
دۆخی ناوەکی: مێژوویەکی زەبراوی\ تراماتیک\ نەخۆشی و دەردەداری، گۆڕانیکاری لە دەرماندا.
پرۆگرامی سەرنجدراو و پەیوندیدار بە کارخواز: سنوورداری و ورووژێنەری زۆر و ناڕێکی و کەمی کارمەند.
پەیوەندیەکان: گرووپی نەگونجاو، داینامیکی هێز و کۆنترۆڵ(کارمەندەکان لەدژی ئەوان)
دیاری کردن و ڕێکخستنی دۆخەکان بە پێی پێویست دەبێتە هۆی کەمردنەوەی ڕوودانی هەڵس و کەوتی خراپ. فۆکەس کردنە سەر ئامادەبوون و پێشەکی نەخشەدانان کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێکخسنی دۆخەکان. کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروست کردنی ژینگەیەکی ئەرینیتر.

تێگەیشتنی وەڵامە هەڵچوونیەکان\ ڕەفتاری ئاسای پێش قەیران
(مۆدێلی گوشاری قەیران ڕێگایەکە پێشبینی قۆناغەکانی تاک دەکات کە لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەی کاراساتتدا هەستی پێدەکات و پێیدا دەڕوات.) هێڵی بنچینەیی پێش قەیران چیە؟ هێڵی بنچینەیی پێش قەیران ئەو ڕەفتار و هەڵس و کەوتانەیە کە منداڵێک یان گەنجێک لەکاتی ئاسایی و ئارامیدا نیشانی دەدەن. لە کاتی سەرپەرشتی کردنی منداڵ یان گەنجانی زەبر خواردوو. دەبێت بزانین هێڵی بنچینەیی واتە ڕەفتاری ئاسایی منداڵەکە یان گەنجەکە چۆنە. تاوەکوو ڕەفتارە ئاساییەکانیان تێکەڵ نەکەین لەگەڵ ئەو رەفتارانەی لەکاتی قەیران کە بە شێوەی وەڵامە هەڵچوونیەکان نیشانی دەدەن. ناسینەوە و لەیەکتر جیاکردنەوەی ڕەفتاری ئاسایی و رەفتاری نائاسایی ڕێنماییمان دەکات کە باشتر ئەو زانیاریانەی کە فێری بووین لە ڕێبازی ناسینە- زەبر پەیڕەوی بکەین. کاتێک ئەو منداڵانە هەست بەسەلامەتی ناکەن لە ناو هەموو ئەو بوار و بارودۆخانەی کە تێیدا دەژین. دەچنە ناو مۆدێڵی \ شەڕکردن\هەڵاتن\ سڕبوون. مۆدێڵی قەیرانیش زەخت لەسەر گرینگی ئەوە دەکاتەوە کە بپرسین چیت بەسەرهاتبوو؟ لەبری ئەوەی بپرسینکێشەت چیە؟ دەبێت ئەو منداڵ و گەنجانە بناسین کە ئیشیان لەگەڵدا دەکەین تاوەکوو شارەزای هێڵی بنچینەییان ببین. نموویەک لە هێڵی سەرەکی هەڵس وکەت و ڕەفتاری منداڵێک
منداڵێک دەبینین کە بەردەوام دێت و دەچێت، دەست وپەنجەی خۆی دەگووشێ و دەقترێنتەوە و لەبەرە خۆی ورتە ورت دەکات. لەوانەیە ئەوڕەفتارانە لەزۆربەی کاتەکان بۆ ئەو جۆرە منداڵانە هێڵی بنچینەییان بێت. بۆ منداڵێکی تربە پێچەوانەوە لەوانەیە نیشانەی پەرێشانی و خەمباری بێت. بۆهەر کەسێک هێڵی بنچینەیی بە گوێرەی ئەزموونی ژیانیەتی و جیاوازە لەوی تر.

پێش ڕوودانی قەیران- لە کاتی هێڵی بنچینەیی- چی بکەین؟
دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ هەموو کارمەندەکان بکرێت و ئاگادار بکرێنەوە سەبارەت بە هێڵی بنچینەیی منداڵەکە. لەکاتی شیفت گۆڕین و لە کاتی کۆبوونەوەکانی پلانی سەرپەرشتی و بەخێو کردن و لەناو چوارچێوەی پلانی سەپەرشتی کردنیش دەبێت ئاماژەی پێبدرێت.دەبێت پێناسەی هێڵی بنچینەیی منداڵەکە بە ڕوونی نووسرابێت. هەروەها کارمەندەکان دەبێت هەمیشە وریارو ئامادە بن و لەسەر خەت بن لەگەڵ هەست و سۆز و ڕەفتاری منداڵەکان. لەوکاتانەدا کە لەژێر گوشاری دەروونی نین. سەرپەرشتیارەکان دەبێت ئاگاداری مەرجەکانی ڕێکی ژینگەکە بن کە بگونجێت و یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی یان نەهێشتنی ڕوودانی ڕەفتاری نەویستراو. گرینگە بۆ کارمەندەکان هەوڵبدەن پەیوەندی لەگەڵ کارخوازەکاندا دروست بکەن لە ڕێگای هاندان و ستایش کردنیان. هەروەها بەنەرمی ئەرکەکانیان بیربخەنەوە و ئەگەر پێویست بوو لە تەواوکردنی ئەرکەکانیاندا یارمەتیان بدەن.

ورووژێنەری ڕووداو
ورووژێنەری ڕووداو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووداوەی کە دەوری هاندەر\ورووژێنەر دەبینێت لەسەر ڕەفتار. ڕەفتاری هەر منداڵێک لەکاتی ورووژێنەری ڕووداو جیاوازە لەوی تر. هەر وەک ئەوەی کە هێڵی بنچینەیی هەر منداڵێک جیاوازە لەوی تر. بۆ نموونە، هەندێک منداڵ لەکاتی ورووژێنەری ڕووداو جێبەخۆی نەگرێت\ بێ ئۆقرە دە بێت و هەندێکی تریان لەوانەیە جنێو بدەن. هەندێک نموونەی ورووژێنەری ڕووداو ئەم هۆکارانەی خوارەوەن. گاڵتەپێکردن، زۆرلکردن، بیستنی هەواڵێکی ناخۆش، یان بێ ئومێد بوون لە شتێک. هەروەها ژینگەیەکی پڕخەڵک و سەرقاڵیش زۆر جار دەبێتە هۆکاری ورووژانی ڕووداو. لەوکاتانەدا هەبوونی شارەزایی لەسەر منداڵەکە گرینگە ودەبێت بزانیت ئەو منداڵە چۆن ڕەفتار دەکات لەهەموو قۆناغ و دۆخەکاندا.

چی بکەین لەکاتی ورووژانی ڕووداو؟
دەبێت درک بەوە بکەین کە رەفتاری منداڵ ستراتیجی خۆگونجاندنیانە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لەئارادایە. بەدەست هێنانی زانیاری گرینگە لەسەر ئەو شتانەی کە یارمەتی هێور بوونەوەی منداڵەکە دەدات لەکاتی کارلێکردنیدا.زۆرگرینگە کە هەتا دەکرێت زووتر پەیڕەوی ستراتیجیەکان بکرێت لەکاتی بەرزبوونەوەی دۆخی وروورژانی منداڵ یان گەنجەکە. بۆ نممونە، نیشانی بدات کە هەناسەی قووڵ هەلکێشێت یان گوێ لە مۆسیقا بگرێت هتد.دەبێت سەپەرشتیکارەکان ئەوە بزانن کە منداڵەکە لەکاتی هەڵچوونیدا، یان کە هەست دەکات سەلامەتی دەورو بەری لەژێر هەڕەشەدایە. لەوکاتەدا ئەو منداڵە ناتوانێت بیربکاتەوە و وەڵامی عاقلانی دروست بە ڕووداوکان بداتەوە.

قۆناعی هەڵچوون
لەقۆناغی هەڵچوونی گەنجەکەدا بە وریایی چاوبدە نیشانەکانی زیادبوونی نیگەرانی و شکست هێنانی لەوەی کە بتوانێت رەفتارەکانی کۆنترۆڵ بکات لەبەرامبەر ئەو دۆخە فیشارئامێزەدا. بۆیە لەوانەیە سەرقاڵ بێت و جنێو بدات.
لەگەڵ توندبوونەوە و دەمارگیری ڕەفتارەکاندا گوشاریش زیاد دەکات. ئەگەری ئەوە هەیە کە وەلامدانەوە و بیستنی ئەو قسانەی دەیکەی لەلایەن گەنجەکە کەمتر بێتەوە.

لەقۆناغی هەڵچوندا چی بکەین؟
گرینگە بەردەوام ئاگاداری خۆت و کردار و قسەکانت بیت بەرامبەر بە ڕووداوەکە و لەخۆت بپرسیت: ئایە دەتوانم لە هەستەوە هۆشیار بم و بتوانم بیرکردنەوەی عاقڵانی خۆم بەکار بێنم؟ خاڵێکی تریش کە گرینگە لەوکاتەدا کە ئاگاداری سەلامەتی ژینگە و دەورو بەر بیت و ئەو منداڵانە بگوازیتەوە کە لەوناوەن دووریان بخەیتەوە.هەروەها زیاتر گوێ بگرە لەوەی کە قسە دەکەیت. پەیڕەوی پرۆسەی گوێگرتنی چالاک بکە. ئامانجت ئەوەبێت ڕەوایی بە هەستەکانیان بدەیت و سۆزت وشک بکەیتەوە بەبێ ئەوەی وا نیشانبدەیت کە بێباکی لەو دۆخەی ئەوان.

قۆناغی تەقینەوە
لە قۆناغی تەقینەوە ڕەفتار بەرزبۆتەوە بۆ ئاستی هەڕەشە بۆسەر سەلامەتی. لەم کاتەدا پێویستە ناوبژی کردن و دەستێوەردان تەنها فۆکەس بێت لەسەر سەلامەتی. لەم ئاستەدا قسە لەگەڵ کردن دەبێت زۆر کەم یان هەر نەکرێت. چونکە گەنجەکە لە ئاستێکی زۆر تەنگانەدایە کە دژوارە بتوانێت پرۆسەی قسەکان بکات. دەبێت بزانین کە نابێت بەراوردی ئاستی هەڕەشەی جدی سەر سەلامەتی لەگەڵ هەڕەشەی کەمتری سەر سەلامەتی بکەین. دەبێت هەموو هەڕەشەکان بە هەند وەربگرین. چونکە ئەو بەراوردە کاریگەری دەبێت لەسەر دەست تێوەردان و ناوبژیمان. لەوکاتەدا کارمەندە سەرپەرشتیارەکان دەبێت کەمترین قسە لەسەر دۆخەکە بکەن و شوێنێکی دوور و سەلامەت بۆخۆیان پەیدا بکەن و ئاگاداری دەور و بەر و ژینگە بن. بۆ نموونە ، دەبێت هەموو ئەوکەل و پەلانە دوور بخرێنەوە کە لەوانەیە کەسەکە وەکوو چەک لە دژی کارمەندەکە بەکاری بهێنێت. یان دەستی بداتێ و خۆی پێ ئەزیەت بدات. لە بیرت بێت دەبێت پەیڕەوی پرۆتۆکۆلی خۆپارێزی و سەلامەتی ڕێکخراوەکەت بکەی کە پێشتر مەشقت لەسەری کردووە و خۆت لە ڕێگای بەکار هێنانی شارەزای . بارودۆخەکە هەڵسەنگێنە و ئەگەری هەڕەشەی هێرشی جەستەیی درک پێ بکە . دەست تێوەردان و ناوبژیکردنت ڕێکخەرەوە بە گوێرەی پێویست و خۆت بپارێزە لە بریندار بوونی جەستەیی.

قۆناغی چاکبوونەوە
لەدوای قەیران و تەقینەوە دەروونیەکە. گەنجەکە بەرە بەرە، بەرەو ئارام بوونەوە دەچێت و ئاستی گۆشاری دەروونی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. لەوانەیە هەست بە ماندووبوون بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان لەو ئاستەشدا دەکرێ هێشتان هەر نائارام وشێواو دەربکەون.
لەقۆناغی چاکبوونەوە چی بکەین؟
دەبێت چاوەڕوان بکەین تا منداڵەکە دەگەڕێتەوە دۆخی هێڵی بنچینەیی و باری ئاسایی دەروونی. ئنجا بیرۆکەی تازەی بخەینە بەردەست و فێری کار و کارامەیی تری بکەین کە چۆن بتوانێت بەکارامەیی هەڵس و کەوت لەگەڵ کێشەکانی بکات لە بری هەڵچوون و تەقینەوە. قسە کردن لەگەڵ کەسەکە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە سەر هێڵی بنچینەیی خۆی. لەوانەیە دووبارە بیباتەوە دۆخی هەڵچوون و بیتەقێنێتەوە. لەوکاتەی کە منداڵەکە ئارام دەبێتەوە. زۆر گرینگ و پێویستە کە کارمەندەکە دووبارە پەیوەندی تەندروست لەگەڵ منداڵەکە یاخود گەنجەکە بنیات بنێتەوە.

منداڵەکە بناسە
نەخشە دانانی پێشوەخت لەسەر ئاستی تێگەیشتن لە هەڵس و کەوتی ئاسایی منداڵەکان و دۆزینەوەی چارەسەری دروست بۆ کێشەکان و وەڵامدانەوە بە ویست و نائومێدیەکانی منداڵەکان. دەتوانێت هەمووان باشتر ئامادە بکات بۆ بەرەو ڕوو بوونەوەی قەیران.
نەخشەی سەرپەرشتی قەیرانی تاک
ئەم کلێشەیەی دەبینن لە خوارەوە نموونەیەکە، کە دەبێت ئامادە بکرێت بۆ ئەو منداڵ و گەنجانەی تازە دێنە ناو ڕێکخراو بۆ سەرپەرشتی کردن و بەخێو کردن. ئەم ئامرازە دەبێت دەستکاری بکرێت لە هەر کاتێک ستراتیجی سەرپەرشتی تاکەکان گۆڕانکاریان بەسەر دادێت بە پێی گۆڕانی هەلس و کەوت و ڕەفتار و گەشە کردنی تاکەکان. ئەم ئامرازە دەبێت وەکوو ئامرازی گفتۆگۆ لە نێوان سەرپەرشتیاران و کارمەندەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کاری پێ بکرێت. دەبێت سەرپەرشتیار و کارمەندەکان لەسەر ئاستی ئەم زانیاریانەی لەو نەخشەیەدا دەستنیشان کراوەو داڕێژراوە سەرپەرشتی مندالەکان و گەنجەکان بکەن.

نەخشەی سەلامەتی :
نەخشەی سەلامەتی ئامرازی ئامادە باشیە بۆ کارخوازو بۆ خێزانەکانیان و بۆ کارمەندەکان.
بۆچی بۆ کارمەندەکان پێویستە؟ کارمەندەکانیش هەروەکوو گەنجەکان لاوازن لە بەرامبەر گوشار و هەڵچوونەکانی سۆز لە ژینگەیەکی گوشاراویدا. بەشێک لە کارەکانی دروستکردنی کەلتووری ناسینە-زەبر ئەوەیە کە ببیتە ڕابەری ڕێکخستنی هەست و سۆزی کەسانی تر.

نەخشەی سەلامەتی چیە؟
نەخشەی سەلامەتی لیستێکە لە چالاکی. ئەو چالاکیانە ڕێگامان نیشان دەدەن کە هەست و سۆزی خۆمان ڕێک بخەین. تاکووبەخۆمان نەبینە هۆکاری ناسەلامەت. مرۆڤ دەتوانێت کەڵک وەربگرێت لە ستراتیجەیەکانی لیستی سەلامەتی لە کاتێکدا ڕووبەڕووی گوشار و کارەسات دەبێتەوە. دروستکردن و بەکارهێنانی نەخشەی سەلامەتی بە یارمەتی کەسانی تر هەستی پەیوەست بوون بە کۆمەڵگا بەهێز دەکات و پەیوەندی تەندوست بنیات دەنێت. نەخشەی سەلامەتی دەبێت ئەو ستراتیجییانە لەخۆ بگرێت کە دەتوانی لە ئێستادا بەکاریان بێنی و ئاسانکاری بکات لە نێوان چاودێری خود و هاوسەنگی بەرپرسیارێتی کار و چاوەڕوانیەکان.

پێنج هانگاوی نەخشەی سەلاماتی
پێنج شت ڕیز بکە لە لیستێکدا کە دەتوانی بیانکەی لەکاتی هەستکردن بە نائارامی. ئەو لیستە دەبێت هەموو کات ڕەچاوی ئەگەری سەرنەکەوتنی تەکنیکەکانی سەلامەتی تێدا بێت. بۆیە دێت ژمارەی بنکەی فریاکەوتن. ژمارەی ڕاوێژکاری دەروونی ( تێرەپیست)یان ئەندامێکی خێزان بۆ پەیوەندی کردن لەبەردەستدا بێت. ئەو شتانە لیست بکە کە زۆر بە ئاسانی دەکرێن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەی زۆری بوێت. چونکە لەکاتی ناهەمواردا مرۆڤ توانای زۆر بیرکردنەوەی نیە. بۆیە دەبێت لیستەکە زۆر ساد ەو لەهەمان کات پەیڕەو کردنی ئاسان بێت. ئەو لیستە لە ناو جانتات یان گیرفانتدا هەڵبگرە. لەسەر سەلاجە یان لەسەر ئاوێنە بیچەسپێنە. لەکاتی ڕاوێژکردنت لەگەڵ دکتۆر و ڕاوێژکارەکاندا لیستەکەیان نیشان بدە. تائاگاداری نەخشەکە بن و لەگەڵتدا پەیڕەوەی بکەن لەکاتی پێویست.
نموونەیەک لە لیستی نەخشەی سەلامەتی کارخواز
١.گوی گرتن لە مۆسیقا
٢. ڕۆیشتن بۆ پیاسە
٣.هەناسە هەڵمژین و دەردانەوەی
٤.تەلەفۆن \پەیوەندی کردن بە هاوڕێیەک
٥.تەلەفۆن \پەیوەندیکردن بە ئەندامێکی خێزان هتد

پیاچوونەوە:
١.بەها و باوەڕەکانمان، تێڕوانین و هەستەکانمان کاریگەری هەیە لەسەر شێوەی کارکردنمان لەگەڵ گەنجەکاندا. بیر و باوەڕی خۆت لەسەر هەڵس و کەوتی بەرەنگاری دەتوانێت کاریگەری بەهێز دابنێت لەسەر کردار و کاردانەوەکانت. بۆیە گۆڕینی ڕوانگەکە لە کێشەت چیە ؟ بۆ چیت بەسەرهاتووە؟ زۆر گرینگە.
٢. پلاندانانی پێشوەخت بە تێگەیشتن لە ڕادەی ئاسایی چالاکی مندالەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە هۆشیاری و وەڵامدانەوە بە ناخۆشی و نائومێدیەکانیان دەتوانێت هەمووان باشتر ئامادە بکات بۆ بەرەنگار بوونەوەی کارەساتەکان.
٣. چوار جۆری سەلامەتی

  • جەستەیی
  • دەروونی
  • کۆمەڵایەتی
  • ڕەوشتی
    ٤. مۆدێڵی سێلف S.E.L.Fمرۆڤەکان ئاراستە دەکات تا هەست و سۆزی خۆیان بناسن ولەکاتی پێویست وشکیان بکەن. تا بزانن چۆن هەست و سۆزیان کاریگەر دەبێت بە لەدەستدان. یان هەستیان چۆن دەبێت کە هەست بە سەلامەتی ناکەن. لە کۆتایشدا بیان هێننە ئەو شوێنەی کە بتوانن بیر لە دۆواڕۆژ بکەنەوە.

    —————————————————
    سەرچاو: CPRI Child & Parent Resource Institute




پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی.. گۆران هەڵەبجەیی

پێدەچێت لەکن هەندێک خوێندەر ئەم مانشێتەی بەلاوە سەیربێت، یاخود لەوانەیە بڕێک بڵێن گۆران زایادەڕۆیی دەکات.
گرنگە بزانین فاشیزم چیەو ڕەفتارەکانی دەسەڵاتێکی فاشی چین ؟ئەوجا بەراوردیان بکەین لەگەڵ ئەم جۆر دەسەڵاتەی پارتیدا ، ئیدی دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە پارتی بە ئیمتیاز دەسەڵاتێکی فاشیە.
هەوڵەدەم خاڵە جەوهەریەکانی فاشیەت بخەمە ڕوو بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە لە پارتیدا بوونیان هەیە.
خەسڵەتەکانی فاشیەت:
١- فاشیەت ڕەوتێکی فکری ئەوپەڕی ڕاستڕەوە، کە تێیدا سەرۆک تائاستی پەرستن پیرۆزدەکرێت.
٢- ڕەتی هەمووجۆرە دەوڵەتێک یا کیانێکی دیموکراتی دەکاتەوە.
٣- هەوڵی یەکگرتنی نەتەوە[خێڵ]دەدات و دەوڵەتی شمولی پێک دەهێنێت.
٤- چەسپاندنی هەیبەتی [دەوڵەت]،خۆشەویسکردنی بێسنووری سەرکردەکان.
٥- تووندوتیژی سیاسی یەکێکە لە میتۆدەکانی دەسەڵاتی فاشی.
٦- چەوساندنەوەی بەرهەڵستکاران.
٧- حیزب و دەسەڵاتی فاشی بەهێز ،مافی کۆنترۆڵی لایەنە لاوازەکان و لەناوبردنیانی هەیە.
٨- ئەندامەکانیان پۆستە سەرەکی و گرنگەکان دەگرنە دەست.
٩- سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی ڕەها وەردەگرێت کە کەسێکی چەوسێنەرە و دیکتاتۆرە و کەس بۆی نیە ڕێگری لە بڕیارەکانی بکات.
١٠- ئەندامانی حیزبەکە دەسەڵات و پێگە گرنگەکان بۆخۆیان قۆرخ دەکەن ،ڕێگەنادەن حیزبی دیکە مونافەسەیان بکات ،یا ڕەخنە لەسیاسەتیان بگرێت.
١١- کۆنترۆڵکردنی زۆربەی کایە ئابوریەکان ،هاندانی درووستکردنی کەرتی گشتی بەقازانجی خۆیان واتە ئەندامانی حیزب .
١٢- بەخشینی پارەو ئیمتیازات و دیاری بۆ کڕینی ئەندام و لایەنگر.
١٣- نەمانی ئازادی تاکەکەس و نەبوونی دەرفەت بۆ دەربڕینی ڕای جیاواز.
١٤- چاودێری خستنە سەر تاکەکانی کۆمەڵگاو بڵاوکردنەوەی ترس لە وڵاتدا.
١٥-گومان خستنە سەر هەندێک کتێب و بڵاوکراوە وسانسۆری تووند بۆ سەر چاپکراوەکان.
١٦- هەیمەنەکردن بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی کۆمۆنیکاشیۆندا .
١٧- قەدەغەی سەفەر لە سەر هەرکەسێک گومانیان لێی هەبێت.
١٨- داخستن و مسادەرەکردنی میدیای ئۆپۆزسیۆن ،تەنها بەوەهمی مەترسیان بۆ سەر حیزب یا دەوڵەتی فاشی.
١٩- زیدەڕۆیکردن لە بەرزکردنەوەی درووشمی نەتەوەیی ونیشتمانیدا.
٢٠-سەرکوت کردنی بێڕەحمانەی نەیارەکان.
٢١- پەیوەست کردنی گەنجان و مێردمنداڵانەوە بە ڕێکخراوە شوبهە سەربازیەکانەوە کە سەر بە حیزبن وحیزب بەرنامەیان بۆدادەنێت وەک دیدەوانی و مالیشای گەنجان وهاوشێوەکانی.
٢٢- سەرکووتکردنی بێبەزەییانەی هەر بەرەنگاربوونەوەیەک و لەناوبردنیان لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە.
٢٣-بڕوانەبوون بە یەکسانی لەنیوان خەڵکدا ،هەم وەک چین هەم وەک ڕەگەز.
٢٤-بڕوابوون بەوەی کە چینە باشەکەی کۆمەڵگا بۆی هەیە بەرپرسیاریەت وەربگرێت ،کە لەبەرژەوەندی خەڵک کاردەکەن، بۆیە پێویستە تاکەکان ببنە قوربانی بۆ ئەو نوخبەیە.
٢٥- بەناوی حکومەتەوە بۆیان هەیە مداخەلەی ژیانی تایبەتی تاک بکەن.
٢٦- ئیلغاکردنی مافی تاک ، ژیان ، کەرامەت وە تایبەتمەندیەکانی دیکە.
٢٧- هەوڵدان بۆ بەهێزبوون لەسەر حسابی ئەوانی دیکە.
٢٨-کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراوی [نایاب]دا.
٢٩- ئامێتەکردنی حیزب و دەوڵەت بەجۆرێک حیزب ڕۆڵی دامەزراوە فەرمیەکان دەبینێت و بە پێچەوانەشەوە.
٣٠- پروپاگەندەی بەردەوام بۆ سەرکردە و حیزب وەک باشترین سەرکردەو دڵسۆزترین حیزب.
لەبەر ئەوەی زانیاریەکانم لە دوو سەرچاوەوە وەرگرتوە،جا پێدەچێت هەندێک لە خاڵەکان دووبارە یا هاومەبەستبن،بەڵام ئەوە کەماسی نیە و لەوانەیە بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن..
جا خوێنەری هێژا تکایە وەک بێلایەنێک ئەو خاڵانەی سەرەوە بەراورد بکە لەگەڵ سیاسەت و ڕەفتارەکانی ڕۆژانەی پارتی و سەرۆک و سەرکردەکانی بزانە زیادەڕۆیم کردوە یا نا؟ گەر پارتی تەنها لە دووخاڵیشدا لەگەڵ بەرنامەو خەسڵەتەکانی فاشیەتدا یەکبگرنەوە ئەوە بەدڵنییەوە شوورەی و نەنگیە بۆ حیزبێک درووشمی{دیموکراتیەت}ی بەرزکردبێتەوە بەڵام لەواقیعدا بەرنامەی فاشیەت جێ بەجێبکات.
بە ئومێدی زیاتر بەرچاوڕوونی و بۆ ئاسانکاری تیشک دەخەمە سەر چەند خاڵێکی گرنگ لە ئایدۆلۆجیای فاشیەت و لەگەڵ هەندێک بەرنامەی هاوشێوەی پارتیدا بەراوردیان دەکەم.
خاڵەکانی [٥-٦] زۆر بەڕوونی لەبەرنامەی پارتیدا هەستی پێدەکرێت.

خاڵەکانی[٨-٩-١٠] بەجوانی لای پارتی بەرجەستە بووەو بەردەوامیش کۆڵەکەکانی بەهێزتر دەبن.

خاڵەکانی [١٣-١٤-١٦] ئەو دۆخە پۆلیسیەی پارتی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بەرهەمی هێناوە ،ڕێک لە خاڵی [١٣] ی بەرنامەی فاشیەت وەریگرتووە.

بڵاوابوونەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو ئەندامانی خۆی و کۆمەڵگادا لە خاڵی [١٤]دا دەیبینین وهەستی پێدەکەین.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دەزگای ڕاگەیاندن و هەیمەنەکردنی پارتی بەسەریاندا لە خاڵی[١٦]بەدی دەکرێت.

خاڵەکانی [١٨-١٩-٢٠] لە کارەکانی ڕۆژانەی پارتین و بەردەوام لەلایەن ئەندامانی پارتیەوە مومارەسە دەکرێن .
بڕوانەبون بەیەکسانی نێوان نێرو مێ و بەکەم سەیرکردنی مێینە ،هاوکات تێڕوانینیان بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ،تێڕواینێکی عەشایەریانە و ڕەفتارکردن لەتەکیاندا وەک خەڵکانی خوارتر لەخۆیان ،هاوتایە بە خاڵی[٢٣].

باشترین و نایابترین توێژ یا چین کە خاڵی [٢٨] ئاماژەی پێداوە بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستیدا ،ئەوە پارتی لەسەر خۆی جێبەجێی کردەوە ئەو مافەی بۆخۆی دەستەبەرکردوە.

خاڵی [٢٩] خاڵێکی زۆر زۆر گرنگە،بەوەی پارتی یاهەر ئەندامێکی پارتی گەر پۆستێکی ئیداریشی نەبێت ئەوە وەک بەرپرسێکی ئیداری هەڵسوکەوت دەکات و کەسیش ڕێگری لێناکات.ئەم حاڵەتە هێندە دووبارە بووەتەوە وەک شتێکی ئاسایی لێ هاتوە.لەم ڕوەوە تەنها دوو نمونە دەهێنمەوە،[کۆبوونەوەی بەرپرسی پارتی لەهەولێر لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەیەک.یاخود کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبایی لە لایەن {بابۆ} کوڕە بچوکی مەسعود بارزانیەو.]

دواخاڵ کە خاڵی {٣٠} کە پەیوەستە بە پیرۆزکردنی سەرکردە،ئەمە بوەتە بنێشتە خۆشەو هاوکات بوەتە کاری بەردەوامی کادێران و میدیاکانی پارتی ،بەتایبەت نیشاندانی مەسعود بەرزانی وەک فریادڕەس و عەبقەری و سیاستمەداری بلیمەت و کەم وێنە لە ڕەوانبێژیدا .گاڵتەجاری گەشتە ئەوەی دکتۆرا لەسەر ڕەوانبێژی لەقسەکانی مەسعوددا بدەن.هەموومان {شیشەی شیرو باربیمان} لەیادماوە ههه.

لەکۆتایدا دەڵێم هیچ حیزبێک یا سەرۆکێک لە خۆڕا نابێتە فاشی و دیکتاتۆر و چەوسێنەر ،گەر زەمینە و بارودۆخ هاوکارو لەبار نەبن. کەواتە گەشتنی پارتی بە حیزبێکی ڕەفتار فاشی و سەرکووتکەر کەبچوکترین حساب بۆ خەڵک وحیزب و لایەنەکان ناکات ،ئەوە هۆکاری خۆیان هەن. بە پلەی سەرەکی و یەکەم بێدەنگی،بێ هەڵوێستی، ترسنۆکی یەکێتی و گۆڕانە،ئەوجا حیزب و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات هۆکاری دووەم بێدەنگی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی هەرێمە کە ئەمە تەنها یا بەترسنۆکی یا بەخەمساردی لێکدەدرێتەوە.
جا تا گۆڕانکاری بەسەر ئەم هەڵوێستانەدا نەیەت ،ئەوە دەبێ چاوەڕێی خراپتر لەپارتی بکەین. گەر گۆڕانکاری ڕوونەدات بەدووری نازانم پارتی کارەسات بەسەر خەڵکی کوردستاندا بهێنێت.

سەرچاوەکان/
{ حول الفاشیە } کتێبێکی زۆر کۆنی [دار التقدم]ە .
[ویکی پەدیا ]wikipedia بە دانمارکی

—————————————————-

  • وێنەکە لە فەیسبوکی کاک ئاسۆ دیلان وەرگیراوە.. دەنگەکان



ڕۆمان: ئاشوبی سین و کۆڕی شین.. نووسینی: عومەر سەید

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….

https://dengekan.info/wp-content/uploads/2021/02/OmarSaid_AshubiSin.pdf



لە هەمبەر شیعر و شاعیریی.. ستیڤان شەمزینی

1
من لە ژیانمدا هێندەی بە شیعر سەرسامم زانست ئەوەندە سەرنجم راناکێشێت. ئەوەندەی لە شیعر تێدەگەم لە زانست تێناگەم!. رەنگبێ ئەمە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت من هێشتا لەناو دنیای بێ خەوشی منداڵیدا هەناسە دەدەم، چوونکە ماقووڵ نییە لە چەرخی زانست و زانیارییدا هۆشت لای جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا بێت و نقوومی ئەندێشە مەحاڵەکانی خۆت بیت!. ئەمە رێک نەریتی هەر کەسێکی تریشە ئولفەتی بە شیعرەوە گرتبێت.
2
هەر کات شیعر قسەی کرد، واتە خەیاڵ قسە دەکات، هەموو شتێک لە خەیاڵدا کراوەیە و هیچ شتێکیش قەدەغە و تابۆ نییە. ئەوەش دەزانم زانست زۆر لە دوای شیعرەوەیە، هەرچەند هەردووکیان دواجار بەرهەمی خەیاڵن، بەڵام ئەوەی لە شیعردا دەستمان پێی را دەگات هێشتا چارەگ بگرە یەک دەر سەدی ئەوە زانست بۆی دەستەبەر نەکردووین، لێ زانست چەکێکی دوو سەرە و پێکهاتەیەکە لە هەردوو جەمسەری خێر و شەڕ “پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ” بەڵام هەرچی شیعرە خاڵییە لە رەهەندی نێگەتیڤ، ژبەرئەوەی شیعر مامەڵەیەکی راستەوخۆیە لە تەک جوانی.
3
یەکێک لەو کەسانەم هەستەکیم نەک ئەقڵانی، دیارە دوو فاکتۆر ناهێڵن ئەقڵانی بم ئەوانیش ئەشق و شیعرن!. زۆرجار هێندە تاڵە موویەکیش جیاوازیی لەنێوان ئەشق و شیعردا نابینم، چوون هەردووکیان مرۆڤ لە ژیانی ریالیتە دادەبڕن و سەوداسەری دەکەن بە کۆمەڵە خەونێک کە رەنگە هیچ کات و زەمانێک مومکین نەبێت بێنەدی، بەڵام هیچ کاتێکیش ناتوانین دەستبەرداریان بین!. ئەزموونی خۆم وابووە بێ ئەو خەونانە ناتوانم یەک هەناسەی زیاتری ژیان بدەم.
4
شتێک کە هەمیشە ئازارم بدات ئەوەیە شیعر قەڵایەکی بێ پاسەوانە و زۆر بە ئاسانیی فس فس پاڵەوانەکانیش دەتوانن ئاڵای خۆیانی لەسەر هەڵبکەن، بەڵام ئەوەی لە هەمان کاتدا دڵخۆشم دەکات ئەوەیە دواجار ئەم قەڵایە بۆ کێ دەمێنێتەوە.؟. رەنگە من کە خاوەنی ئەم رستانەم نەتوانم ئەوەندە رووقایم بم ئاڵاش هەڵبکەم لەسەر قەڵای شیعر چجای ئەوەی ببمە یەکێک لە میراتگرەکانی ئەو قەڵا فەنتازیکە.
5
شیعرم خۆشدەوێ، هیچ شتێک لەم جیهانەدا بۆ من هێندەی شیعر مایەی دڵخۆشیی نییە. تەنیا کاتێک بێزار دەبم لێی کە کاڵفامەکان سواری پشتی ئەم ئەسپە شێیە دەبن. ئاخر سوارچاکی لە شیعردا کارێک نییە بە هەموو کەس بکرێ. زۆرجاریش تریش بەوە بێزار دەبم بە پاساوی ئیرۆتیک، شیعر بکرێتە مارکێتین و پۆرنۆسازیی، ئاخر ئیرۆسییەت لە شیعردا پۆرنۆگرافی نییە، بەپێچەوانەوە پۆرنۆ زۆر لەوە زبرترە بخرێتە چێوەی شیعرەوە.
شیعر تەرجەمەی هەستە لە رێی وشە نووسراوەکانەوە. ئەو شیعرە کوردییانەی بەناوی شیعری ئیرۆتیکەوە دەیانبینم چیدی نین جگە لە نیشانەکانی گرێی دەروونی و چەپاندنی سێکسیی کە ئەمە شوورەیی نییە بۆ تاکەکەس بەڵکو شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانمان کە مرۆی کورد ناچار دەکات تەنیا لە رەهەندی سێکسوالێتییەوە لە ئەویتری ژن بڕوانێت و تاوانێکی گەورەتریشی پێ ئەنجام بدا بەوەی پۆرنۆ بخاتە بازنەی تێکستێکەوە کە ناچارن بە شیعری ئیرۆتیکی پێناسەی بکەن.
6
هیچ کات هەوڵم نەداوە وێنایەکی جوانی خودی خۆم پێشکەش بکەم، ئەمە دواجار کارێکە رێگەت لێ دەگرێ جوانی دەرەوەی خۆت ببینیت. هەموو هەوڵێکم لەوەدا چڕ کردۆتەوە لە گۆشەیەکەوە لە مرۆڤ و دنیا بڕوانم کە لایەنی جوانی ببینم هەر بەو جۆرەش جوانیم لە شیعرەکانمدا تەوزیف کردووە. من شیعر دەنووسم و پێویستە بە دوای جوانیدا بگەڕێم وەک چۆن ئارکیۆلۆجیستەکان بەدوای پاشماوەی شارستانییەتە دێرینەکاندا دەگەڕێن. پێویستە بە چاویلکەی ئیستاتیکاوە لەهەموو شت بڕوانم، کارم ئەوەیە کۆلاجی پارچە ناشرینەکانیش بکەم لە پێناوی بەرهەمهێنانی جوانییەکی تازەدا. لە پێناوی لە دایکبوونی مانا و فۆرمی نوێ لە شیعرەکانمدا.

تێبینی: ئەم نووسینە پێشەکییەکی کورت بوو بۆ کتێبی شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” کە لە بەهاری 2017 لە چاپ هاتە دەرەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.




دوو جار ژنێک یا دوو جار دەسەڵاتێک دەبێت لە سێدارە بدرێت!؟.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

فوئادی پورزام، یادی بە خێر، تەنهاچەند جارێک بینیبووم، لە بەغداد دەژیا، کابرایەکی سیاسی و قسە خۆش بوو، زۆر لە من بە تەمەنتر بوو، بەڵام ئەو چەند جارەی کە دەمبینی، سەرگوزەشتەی زۆری پێبووو، بە تایبەتی زمان زان بوو، وەرگێڕانی بۆ زۆر کەسانی بیانی کردبوو لە ساڵانی حەفتاکاندا، ئیتر بیرووبۆچونی ئەوان و کۆمەڵگای خۆمانی بەراوەرد دەکرد، جیاوازی نێوان زەوی و ئاسمانی هەبوو، لە یەکێک لە باسەکانیدا کە خۆی وەرگێڕی دانیشتنەکە بوو گوتی:
شارەزایەکی بیانی لە بوارێکدا( لە بیرم نیە بوارەکە چی بوو، ببورن) هاتبووە عێراق و کۆڕێکی بۆ کارمەندان و شارەزایانی ئەو بوارە ڕێکخستبوو، بۆ تاوتووێی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو زانستەی کە دەیانەوێت پێشی بخەن و پەرەی پێ بدەن، دیارە هەزارەها ئەگەر ملیۆنەها نەبێت ،خەرجی هێنانی ئەو بیانیانەیە بۆ وڵات!
دەڵێت؛ لە درێژەی کۆڕەکەدا، کابرایەکی عەگاڵ(مەبەستم گاڵتە کردن نیە بە عەگاڵ بە سەر، بەڵکوو گاڵتە کردنە بە شۆڤینێستێکی-مەزهەبی دەسەڵاتداری عێراقی) بە سەری، دشداشە لە بەر، کێشی لە سەرووی سەد کیلۆووە دەبوو، لە سەر کورسیەکە، جێگای نەدەبووەووە دانیشێت، لە قسەکانیدا دیار بوو، کەلە بەتاڵێکی قەومی، مەزهەبی بەعسی بوو، دەستی هەڵبڕی و پرسیاری هەبوو، گوتی:
پێی بڵێ، ئێمەی عێراقی، پێویستمان بە مامۆستا و تەمێ و زانیاری ئەو نیە!، ئێمە پارەمان هەیە، دەتوانین، سەدان و هەزارانی وەک ئەو بکڕین، تا بێن خزمەتمان بکەن!
فوئاد دەڵێت: سەرم هێنا و سەرم برد، حەپەساوم، چۆن ئەم قسەیەی ئەم کابرایە وەرگێڕم! بەڵام هیچ چارە نەبوو بە دەست ئەو مرۆڤە لە خۆبایی و ناڕؤشنبیرانەووە! ئیتر وەرمگێڕا بۆ شارەزا بیانیەکە و ئەویش وەڵامی دایەوەە:
شارەزا بیانیەکە: پێی بڵێ(بە کابرای عێراقی)؛ من بەڵێنی دەدەمێ، زۆر بە دڵنیایەووە، خاوەن قسەی خۆمم، کە ڕۆژێک دێت، دەگەڕێنەووە ناو ئەشکەوتەکان بۆ ژیان، هیچ سیمایەکی شارستانی بەم ووڵاتەووە نامێنێت! دەزانم ئەمڕۆ دەتوانن من بکڕن، بەڵام من هەموو ڕۆژێک دەست ناکەوم بۆ فرۆشتن!
فوئاد گیان، تۆ نەماویت، بەڵام من شایەتی قسەکانت دەدەم؛ هەرچی کۆمپانیای مایەپووچکراوی جیهانیە، لەو عێراقەدا پشکیان هەیەوو بوژاونەتەووە، ئێستا کۆنتراکت و گرێبەستی ٥ پێنج ساڵە نیە؛ بووە بە ٥٠ پەنجا ساڵە! ئێستا خۆمان جێگەمان نابێتەووە، لە هەندەرانین، جێگەکانیشمان هەموو کڕدراون! ئێستا منداڵ بە خێو ناکرێت؛ ژنان دەیخەنە نێوو ڕووباری دیجلەووە لە بەر نەبوونی کار و پارە! ئێستا ئەفەنی و پانتۆڵ لە پێ دەسەڵات ناکەن؛ هەمووی بووە بووە بە جبە و عەمامە لە سەر! ئێستا خەڵکی لە ناوخۆ چارەسەر ناکەن، دەڕۆن بۆ وڵاتانی بیانی بۆ چارەسەر، چونکە دکتۆر و شارەزاکان باریان کردووە بۆ هەندەران! ئێستا لای خۆمان، تەنها قەبرسانەکان ئاوەدانن، باخ و گوڵو گوڵزاریان تێدا دەچێنن هەر حەز دەکەی بمریت و لەوێ بژێیت، هەستی پێ ناکەیت لە قەبرستانەکەی لای تۆ!؟ جادەیی بێ تاسە نەماووە، ئێستا بە ڕێگای کەلار-دەربەندیخان-سلێمانی دەڵێن، ڕێگای مەرگ لە بەر تاسە و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل! ئێستا ژنانی سەر ڕووت و تەنوورە لە پێ، بە دەگمەن دەست دەکەوون، هەمووی مانتۆ و پەچەی ئێرانی و سعودیەیە!
فوئاد گیان؛ ئێستا دادگا سەرو خوار بووەتەووە، تاوانبار دادگایی بێتاوانان دەکەن! لە م چەند ڕۆژە دا لە بەغداد، ئافرەتێک دوو منداڵی خۆی خستە دیجلەووە، لە بەر هۆکاری خێزانی، خۆت دەزانی هۆکاری خێزانی، یا بێ ئیمکاناتی و هەژاریە، یا کێشەی نایەکسانی ژن و پیاووە لە ماڵەووە!؟ ئەویش لە کۆتاییدا، دەسەڵات بەرپرسیارە لەو کێشەیە، ئەگەر بێکاری بێت، یا نایەکسانی ڕەگەزی نێر و مێ بێت! دەستوری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری، بینا قاقای ژنانی گرتووە، بە ڕادەیەک ناهێڵێت بە ئازادیش هەناسە بدەن! بەڵام لە بری یا جیاتی ئەوەی دەسەڵات و دادگا لە سێدارە بدرێن ،ژنەکە دوو جار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، هەرچەندێک ئێمە دژی یاسایی لە سێدارەدانین. ئەو دەسەڵاتەی کە ژنان تەنها وەک کاڵایەک تەماشا دەکەن، تەماشایی ئامارەکانی ژن کوشتن و بە زۆر بە شوودان و چەند ژنەیی و لەشفرۆشی بکەیی ، دەڵێیت: شارەزا بیانیەکە لە سەر حەق بوو !؟ هیچ لە جێگەی خۆی نەماووە!
لە هەولێر و بادینان، لە سەر ئیمۆجیەک، یا کۆمێنتێک، لە فەیسبووک، شەش ساڵ زیندانی بڕایەووە بۆ پێنج کەس! فوئاد گیان ،دەزانم کاتی تۆ ئیمۆجی و کۆمێنت و فەیسبووک نەبوو، بەڵام ئەم ئیمۆجی و کۆمێنتانە نە چەکن و نە فڕۆکەی جەنگی و نە ناپاڵم و نە ئەتۆم، تەنها کۆمەڵێک دەربڕینی ئەلکترۆنیە بۆ شتەکانی بەرامبەر بە نەخێر یا بەڵێ!، بەڵام دەسەڵاتەکان ئەمڕۆ ئەوەندە دڵیان ناسک بووەتەووە و جیقڵدانەیان تەسک بووەتەووە، بەرگەی پێکەنینێک ناگرن، لە هەموو شتێک سڵ دەکەنەووە و باری نائاسایی ڕادەگەیەنن، وامان لێهاتووە ،خەریکە دەگەڕێینەووە کاری ژێرزەمینی جاران! ، بەڵام دەڵێن: ئێوەی مردوو ئاگاتان لە ئێمەیە، بۆیە من دەزانم، تۆ ئەم نووسینەی من دەخوێنیتەووە، هەرچەندێک پێی دڵتەنگ و ئیزعاج دەبیت، بەڵام دەمانەوێت خۆمان شارەزایی خۆمان بین، خۆمان زانایی خۆمان بین، خۆمان ڕابەر و خاوەن خۆمان بین، لە سەر قسەکانی تۆ، با زیاتر ماندووت نەکەم، چونکە ئێمەی زیندوو، ئەوەندە کێشەمان هەیە، پەنا بۆ کردار و گوتەیی مردوەکانیش دەبەین، ئەگەر هەر بۆچونێکتان هەیە یارمەتیمان دەدات، بۆمان فاکس بکەن، بەڵکوو لای ئێووە، لەم جەهەنمەی ئێمە باشتر بێت، بە دەست ئەم دەسەڵاتانەووە.
کەواتە، کابرا بیانیەکە، داهاتووی ئێمەی لە پێش چاو بووە، دیارە چوەتە نێوو لەوح مەحفوزەکەی(لوح المحفوظ: ئەو شوێنەیە کە دەڵێن، خودا هەموو کارەکان و پێشهاتەکانی مرۆڤی تیادا نووسیووە تا ڕۆژی مردن) عێراقەوە و زانیاریەکانی زانیووە، یاخود زانستیش لە پێشهاتەکان ئاگادارت دەکەنەووە، بۆیە با ئێمەش هەوڵدەین، خۆمان ببینە خاوەن زانست، نەک زانا و خاوەن زانستەکان بە کرێ بگرین تا زانستمان بۆ بسەپێنن.

azzady22@gmail.com 18/02/2021




دادی بێداد، داد وبێداد!.. عەبدوڵا ساڵح

داواکاری گشتی، لەو ووڵاتانەی یاسا تیایاندا سەروەرە ، پەناگایەکە دەکرێ لە تەنگانەدا هانای بۆ بەری بۆ سەندنەوەی مافێک کە پێتوابێ لێت زەوتکراوە، یا بۆ سکاڵا لەدەست نادادپەروەریەک کە پێتوابێ بەرامبەرت کراوە. یا خود بەرگری لە مافێکی گشتی کە پێتوابێ لە ناو کۆمەڵگادا زەوت کراوە .
سەربەخۆیی سیستمی دادوەری پێوەرێکە ، ووڵاتانی پێ هەلدەسەنگێردرێن لەمەڕ پاراستن یا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دادوەر لەوێدا نمونەی عەدالەت پارێزیە . لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە هەندێک ووڵات شایستەی گوڵباران بن و هەندێکیش …… باران ، چونکە پێم وانیە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئەو مافە سروشتیانەی ڕەوایە هەموو زیندەوەرکی سەر ئەم گۆی زەویە لێی بەهرەمەند بێ، لە هیچ کونجێکی ئەم جیهانە سەد لەسەد پەیڕەو کرابێ ، بەڵام کاتێک بێدادی و پێشێلی، تەنانەت سەرەتایترین مافی مرۆڤ، دەبێتە بڕیار ویاسای بۆ دادەتاشرێ و دادوەریش دەکرێتە ئامرازی جێبەجێکار، ئیتر هیچ نامێنێتەوە ، ئەگەرچی دڵنیام بەشێکی بەرچاو لە دادوەران ماون کە ویژدانی خۆیان کردۆتە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە ، بەڵام یا لە مەوقعیەتی دەسەڵات وبڕیاردانا نین یا لە ژێرفشاردان . لە ڕاستیدا چەتری داد لە کوردستاندا بەو شێوەیە نیە کە ئەگەر من ، وەک هاوڵاتیەک، کاتێک ببینم زوڵمم لێدەکرێ پەنای بۆ بەرم تاکو مافەکەم بۆ وەرگرێتەوە، ئەوەش نیشانەو زەنگێکی ترسناکە بەداخەوە لە کوردستان لێدەدرێ . بارو دۆخەکە ناچارمان دەکا ئەو پەندە کوردیە بێنینەوە کە دەڵێ: خۆراک بۆ ئەوەی نەگەنێ خوێ دەکرێ ، ئەی کە خوێ خۆی گەنی !!؟
لەم شانۆگەریەی دوێنێ ڕویدا، من لۆمەی دەسەڵات ناکەم ، چونکە کار لە لۆمە دەرچوە ، بەڵام دڵم بۆ ئەو دادوەرانە دەسوتێ کە بەزۆر یا بە خواهیشت ئەوکارەیان پێکرا ، نەک تەنیا ئەو کارە، بگرە ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا پاساویشی بۆ هێنایەوەو سەرزەنشتی ئەم پشتگیریەی کرد کە لەو پێنج چالاکوانە بێتاوانانە کرا لەلایەن خەڵک و هەندێ ڕێکخراوی سیاسی و کەسانی مرۆڤدۆست و ئازادی خوازەوە کاتێک دەڵێ : (( ئەم هەڵوێستە دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە کارو باری دەسەڵاتی دادوەری )) !!
لەکاتێکدا ، لە ووڵاتێک باڵاترین دەزگای یاسادانان کە گوایە “ هەڵبژێردراوی “ خەڵکە و ناوی پەرلەمانە، سێکتەرێکی حزبی بێ ، لەهەمان کاتیشدا کەی حزب فەرمانی دا هەموو دەسەڵاتەکان بێدەنگ، قڕوقپ، تەنیا جێبەجێکردنیان لەسەر بێ ، ئاستی بەرەنگاری زوڵمیش لەلایەن جەماوەرە بەم شێوەی ئێستا لە خوارەوە بێ ، ناچار دەبێ بڵێین ( ئەی داد وبێداد ).

17 – 2 – 2021




دوور لە خوا.. پشکۆ ناکام

( ئەو ڕۆژە قوڕ کرا بەسەر مریشکا کە ڕێوی کرا بە حاکم….
” پەندێکی چینی” )

….. دوا بە دوای گاڵتەجاڕییەکەی دادگایی. كردنی چەن کەسێک گوایە ئەمانە ویستویانە ئارامیی پشێوێنن وسەقام گیری هەرێم!! بخە ژێر مەترسییەوە کە مەترسییەکانی لەوەی ریفراندۆم وو ئابووری سەربەخۆ گەورە تر بوون ، ئەو راستییەی سەلمانەوە کە دەزگای قەزایی هەروەک پارلەمان و حکومەتیش جگە لە دەزگایەکی کارتۆنی دابڕاو لە بڕیاری سەربەخۆ هیچی تر نیە ، حکومەتەکەی سەر بە والی هەولێری تورکیا بەو هەموو هێز و میلیشیانەیەوە : هێزەکانی هەشتا ، زێرەڤانی ،پولیس ، پاراستن، هێزی شەو…ببورن ڕۆژ ،، هێزی تایبەتی سەرانی بنەماڵە ، سیخوڕە خۆ بەخشەکان ، چەکدارەکانی ماڵەوە و لە سەروو هەموویانەوە میت و سوپای تورکی لە ناوچەکە بێخەبەر بووو لەو پیلانە گەورەیە و والی هەولێیری تورکیا کە زۆر شانازی بەوەوە ئەکات کە لە سایەی سەری بنەماڵەکەیەوە هەرێم مێش بەلایا بڕوا ئەوان ئاگادارن و چۆن شەنگالیان پاراست ئاواش هەرێم ئەپارێزن ! دەرکەوت کە چۆن بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان هەرچی سیناریۆ و کەڵەکەبازی هەیە ئەنوێنن و لە بیریان چۆوە ئەمجارەش وەک ئەوانی پێشوو لای خەڵک بوە نوکتە و گاڵتە پێکردن ، ……..
لەسەر ئەم کەونە گەورەیە و بە هەموو عورف و عاداتێکی یاسایی هەر کەسێک تۆمەتێکی خرایە پاڵ بێ تاوانە تا ئەو کاتە دادگا بە پێی یاسا کەتنەکەی ئەسەلمێنێ یان گومانەکە بەتاڵ ئەکرێتەوە یان حوکم ی تاوانەکەی وەرئەگرێ ، ئەوەیڤکە دیمان ڕێک پێچەوانەی ئەوەوە بوو ، پێشتر والی خۆی بە زاری خۆی ووتی ئەوانە تاوانبارن !! واتا پێش دادگایی کردنیان بڕیار هەیە کە ئەوانە تاوانبارن و دادگایی کردنیشیان دوای بڕیارەکەی والی هەولێر بۆ ئەوە بوو ئایا ئەوان گومانیان هەیە لە فەرمانی والی ؟ ڕێک پێچەوانەی پرۆسەی یاسایی باو: یەکەم جار حوکم ، دووەم گومان کردن لەتاوانەکە ، ئەمەش خۆی لە خۆیا داهێنانێکی تری دیمکراتیەکەی سوکرات و ئیفلاتۆنە لە هەرێمی کوردستانی نیمچە ئینتدابی تورکیا،،،،،،
گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل. ، میسینجەر گۆڕینەوە ، رەسم گرتنی مەطار ، ئەندام نەبوون لە نەقابەی ڕۆژنامە نووسان ، ئەم تاونانە ئەچنە خانەی تاوانی نەتەوییەوە وەک
31/ی ئاب بۆیە نابێ بە ئاسانی تێپەڕێ ، ئەو تاوانبارانە ویستبویان بێ حورمەتی بکە ن بە کوردستانی هەر لە زاخۆوە تا حەمرین وبە خوێنی شەهیدان و بە ڕووبارێک لە خوێن ، جگە لەوەی کە ئەوانە دیوارێک..ببورن دەستێکیان لە پشتەوە بوە کە تا ئێستا نازانرێت بە دەستکێشەوە بوە یان بێ دەستکێش !!
كۆمیدیای دادگاکەی ویلایەتی هەولێری تورکیا ئەوەی دووپات کردەوە کە بە ناو دادپەروەر و دادگاکانی سەر بە بنەماڵە لە باشترین حاڵەتا کادیری حیزبی یان فەرمانبەرێکی گوێ ڕایەڵن ، چۆن کادیرێک ئەبێ بە ئەندامی لق بۆ تەقە کردن لە خەڵک ، چۆن کادیرێكی تر ئەکرێ بە بەرپرسی” ناوچە” بۆ رفانی نەیارێکی بنەماڵە چۆن کەسێک ئەبێ بە وەزیر هەر بۆ درۆ کردن، ئاواش چەن نەفەرێک ئەخرێنە دەزگای باڵا و لە باڵاش کورت تری قەزائی بۆ جێ بە جێ کردنی بریارەکانی دەسەڵات لە تەسفیە کردنی دەنگە ناڕازی و بە جورئەت و سەربەخۆکان لە رێگەی دادگایەک بە سپۆنسەری خودی دەسەڵات… ئەمەش ” محکمة الثورة” ی بەعسمان بیر ئەخاتەوە ، بەڵام بەعس بە ئاشکرا تۆمەەتەکی پێ ئەووتیت کە تۆ دژی سەددام و حیزبی بەعس و سیخوڕی ئیسرائیلیت ، لە لقی هەولێری هەمان دادگا جورئەتیان نیە بڵێن تۆ دژی سەرۆک ! و بنەماڵە و دیکتاتۆرییەتی ، سیناريۆی میسینجەر و ئۆتۆمبیل و سیخوڕی بۆ لایەنێکی ئیقلیمی ئەهێننەوە ، هەقی خۆیەتی بپرسین میسینجەرێک حوکمەکەی شەش ساڵ بێ ، ئاخۆ دزینی 27/ملیار دۆلار لە قوتی خەڵک حوکمەکەی چەن بێ..؟

لاتین ئەمريکێکان ووتەیەکیان هەیە کە ئەڵێ ” موسیبەتی ئێمە ئەوەیە کە لە ئەمریکا نزیک و لە خواش دوورین..” جێ ی خۆیەتی ئێمەش بڵێین ” موسیبەتی ئێمە ئەوەیە کە لە بنەماڵە نزیک و. لە خواش دوورین..”




ڤـاڵنتینا تریشکۆڤـا یەکەم ئاسمانگەڕی ژن لە جیهان.. رەزا شـوان

ڤاڵنتینا تریشکۆڤای رووسی، یەکەم ژن و بچووکترین ژن لە تەمەندا، بۆ یەکەم جـار لە مێژووی جیهاندا. لە تەمەنی (٢٦) ساڵیدا، لە رۆژی (١٦/ یۆنیۆ/١٩٦٣) دا، لە بنکەی ئاسمانی (بایکـۆنـور) لە (کازاخستان ) بە کەشتی ئاسمانی سۆڤیەتی (فۆستۆک ـ ٦) بە تەنیا چـووە خولگەی زەوی لە ئاسمانـدا. لە ماوەی (٣) رۆژ مانەوە لە ئاسمانـدا (٤٨) جـار بـە دەوری زەویـدا سووڕایـەوە. تا ئێـستا یەکـەم ژن و تەنیـا ژنـە لـە مـێژوو و لە جیهانـدا، کە گرنگـییەکی وای ئەنجـام دابێت. ئەو چـوار ئەمریکییکەی کە پێش ڤـاڵـنتینا تریشکـۆڤـا بە دەوری زەویـدا سووڕانەوە، تەنیا (٣٦) جار سووڕانەوە. ڤاڵنتینا لە پێش گەشتەکەی بۆ ئاسمان چاوی بە (نیکیتا خـرۆشۆف)ی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت کەوت. خـرۆشـۆف زۆر دڵشاد بوو، بە هەڵبژاردنی ڤاڵنتـینا تریشکۆڤا بۆ ئەو گەشتە مێژووییە زۆر گـرنگە. کە کچـێکی ئـازا و دلـێر و گەشبینی رووسی دەچـێتە بۆشـایی ئاسمان و بە دەوری زەویـدا دەسـووڕێتـەوە. شـایـەنی باسیـشە، ڤـاڵـنتینا زۆر بـە نهـێـنی راهـێـنان و مـەشـقی دەکـرد. تەنـانەەت ماڵـەوەشـیان نەیـانـدەزانی. دایـکی و خـوشک و بـراکەی لە رادیـۆدا گـوێـیان لە هـەواڵی گەشـتەکەی بـۆ بـۆشـایی ئاسـمان بـوو.
ڤـاڵنتـینا دوای تەوابـوونی گەشـتەکەی لە ئاسمانـدا، لە رۆژی (١٩/ یـۆنیـۆ/١٩٦٣) لە بەرزی (٢٠٠٠٠) هەزار پـێ، بە پەڕەشوت خـۆی هەڵـدایە ئاسمان و هـێواش هـێواش هـاتـەخـوارەوە بـۆ سەر زەوی. لـە ناوچـەیەکی نـزیکی سـنووری نێـوان کـازاخـستان و مەنگـۆلیا و چین لە باشووری سیبێریا، بە بێوەیی لەسەر زەویدا نیشتەوە. کە لادێیەکان بینیـان یارمەتیـان دا و بـۆ نانخـواردنی ئێـوارە بانگـیان کـرد. نـانی لەگەڵـیانـدا خـوارد. دوایی لیـژنەی پـزیشکی لـۆمـەیان کـرد، کە پێشـێلی یاسـای کـردووە، کە پێـویست بـوو لە پێــشا پشکـنـینی پـزیشکـیان بـۆ بکـردایـە. وەکو خـۆی دەیگـێڕێتەوە، کە گەیشتبۆوە سەر زەوی. کەچی روانگەی چاودێری لەسەر زەویـدا، وایانـدەزانی کە هـێشـتا هـەر لە خولگەی زەویـم و بە دەوری زەویـدا دەسووڕێمەوە و نەگەڕەوامەتەوە بۆ سەر زەوی.

لـەو رۆژەوە (ڤـاڵنتـینا تـریشکـۆڤـا) بـە (پـاڵـەوانی یەکـیەتی سـۆڤـیەت) نـاوی دەبـەن.
(ڤاڵنتینا فلادیمیرۆفنا تریشکۆڤا) لە رۆژی (٦/ ئـادار/ ١٩٣٧) دا، لە گوندێکی بچـووک کـە نـاوی (بـۆلشـویا ماسلینیکـۆڤـا) یـە، دەکەوێتـە سەر رووبـاری (ڤـۆڵـگا)، ســەر بـە هـەرێـمی (یـارۆسلاڤـل) ە، کە (٢٧٠) کیلۆمەتر لە باکـووری رۆژهـەڵاتی (مـۆسکـۆ) ی پایتـەخـتی رووسـیایە، لە خـێزانـێکی جـووتیـار لەدایکـبووە. ڤـاڵـنتینا دووەمـین منـداڵی خـێزانەکەیەتی، دوو خوشک و برایـەکـن. بـاوکی نـاوی (فـلادیمـێر تـریشکـۆڤـا) یە. لە پێشا جووتیار بوو، تراکتۆری کشتوکاڵی لێـدەخوڕی. لە کاتی جەنگی جیهـانی دووەمـدا، بـۆ بەرگـری لە وڵاتـەکـەی، بـوو بـە شوفـێری زرێپـۆشی جەنـگی، لـە سوپـای یەکـێتی سۆڤیەت. لـە شـەڕدا لە لایەن نازییەکانەوە کوژرا. بە پاڵـەوانێکی سۆڤیەت هەژمارکرا. ئەو کاتە تەمەنی ڤـاڵـنتینا دوو سـاڵان بـوو. بەخـێـوکـردن و دابینکـردنی بـژێـوی ژیـانی خـێزانەکەیـان، کـەوتـە ئەسـتۆی دایـکی کە نـاوی (ئـیلیـنا فـیودورۆفـنا تریشکـۆڤـا) یە. بۆ دۆزینـەوەی کارێـک باریـان کـرد بۆ شاری (یـارۆسـلاڤــل).
دایکی لە کارگەی چـنینی قۆماشدا کاری دەستکەوت. ڤـاڵنتینا لە تەمەنی (٨) یان (٩) ساڵیـدا، لە ساڵی (١٩٤٥) دا، چـووە قـوتابخانە. قـوتابییەکی زۆر زیـرەک و لێهـاتوو بـوو. لە سـاڵی (١٩٥٤) دا، لە تەمـەنی (١٧) ساڵیـدا، خوێنـدنی تەواوکـرد.
ماوەیـک شۆفـێری تراکتـۆر بـوو. بۆ ماوەیـەکیـش لە کارگـەیەکی دروستکـردنی تایەی ئـۆتـۆمبێل کاری کرد. دوایی لەگـەڵ دایکـیدا، لە هەمـان کارگـەی چـنیندا کـاری دەکـرد.

ڤـاڵنتینا ئارەزوومەنـدی خۆهەڵـدان بە پەڕەشـوت بوو. بۆیە چـووە یانەیەکی راهـێنانی ئاسمانی لە شارەکەیـدا، بۆ خۆهـەڵـدان بە پەڕەشـوت. لەو یانـەیەدا مەشق و راهـێنانی دەکـرد. لە رۆژی (٢١/ مایـۆ/ ١٩٥٩) دا، کە تەمەنی (٢٢) ساڵ بـوو، بۆ یەکـەم جـار لـە فـڕۆکەیـەکی پەڕەشـوت هەڵـدانـدا، بـە پـەڕەشـوت خـۆی هـەڵـدایـە ئـاسـمان و بـە سەرکەوتوویی لەسەر زەویدا نیشتەوە. لەوە رۆژەوە ترسی شکا لە ساڵی (١٩٥٥) تا ساڵی (١٩٦٠)، (٩٠) جـار بە پەڕەشوت لەناو فـڕۆکەوە خۆی هەڵـدایە ئاسمان. وەکو پاڵەوانێکی پەڕەشـوت ناوبانگی دەرکرد. بەڵام هـێشتا لە کارگـەی چـنینـدا کاری دەکرد. بە ئێـواران دەوامی کۆلـیژی دەکـرد، تا لە ساڵی (١٩٦٠) دا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلـێژی پیشەسـازییە سووکەکانـدا وەرگـرت. لە سـاڵی (١٩٦٠ـ ١٩٦١) سکرتێری یەکـێتی لاوانی شـیوعی بوو لە (یـارۆسلاڤـل). لە ساڵی (١٩٦٢) دا، بـوو بە ئەنـدامی حـیزبی شـیوعی.
بەهۆی ناوبانگ دەرکردنی لە خۆهەڵـدان بە پەڕەشـوت، لە ئەکادیمیای (زۆکۆڤسکی) ی هـێزی ئاسمانی جەنگی سۆڤـیەتدا وەرگیرا، بۆ خوێندن و مەشقکرن لە بەشی راهـێنانی کەشتـیوانانی ئاسمانی سـۆڤـیەتی. ڤـاڵنتـینا لە (١٩٦٩) دا بە سەرکەوتـووی و بە پلـەی (نایاب) تەواوی کرد. وەکو ئەنـدازیارێکی بۆشـایی ئاسمان، پلـەی ئەفـسەری (مـولازم) یـان پێـیـدا. دواییـش لە ساڵی (١٩٧٧) دا، لە دوای پێـشکەشکـردنی زیـاتر لـە پـەنـجـا لێکـۆڵـیـنەوە و بـاسی زانیـاری، بـڕوانـامـەی (دکـتـۆرا) ی، لـە زانیـاری ئەنـدازیـاری تەکـنەلـۆژیـادا وەرگـرت.
رکەبەریەتییەکی توند لە نێوان ئەمريکا و سۆڤیەتدا، لە بواری باڵادەستی ئاسمانگەڕیدا هەبـوو. بە تایبەتیـش دوای گەشتەکەی (یـوری گاگـارین) لە ساڵی (١٩٦١) دا، کە بـۆ یەکـەم جـار بـە دەوری زەویـدا سـووڕیـایەوە. ئەمریکا تـووشی و شـۆک و ترس بوو.
(نیکۆڵای کامانین) کە بەڕێوەبەری راهـێنانی کەشتیوانە ئاسمانییەکانی یەکێتی سۆڤیەت بوو. لە میـدیاکانی ئەمریکاوە، ئەوەی زانی کە فـڕۆکەوانی ئەمڕیکی مەشق و راهـێنان بە ژنـان دەکـەن، بـۆ ئـەوەی ببـن بە کەشـتـیوانی ئاسـمانی.
نیکـۆڵای لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیوێتی و دەڵێت:” ناکرێت رێ بەوە بـدەین، کە یەکەم کەشتـیوانی ئاسمانی ژن ئەمریـکی بێـت، ئەمە دەبێتە لـۆمەکـردن بە هەسـتی نیشـتمانی ژنـانی سۆڤـیەت” لە دوای چەنـدین تاقـیکردنەوەی قـورس و پشکنینی وردی جەستەیی و دەروونی بۆ چوار ژنی رووسی بۆ گەشتێکی ئاسمانی کە ژنێک بنێرن، لەم چوار ژنە پاڵـیوراوە، لەبەر چەندین خەسڵەت و مەرجی پێویست، ڤاڵنتینا تریشکۆڤایان هەڵبژارد.
ڤـاڵنتیا تـریشکۆڤـا کە لە ساڵی (١٩٦٣) دا، کە چـووە نـاو کەشتی (فـۆستـۆک ـ ٦) بـۆ هـەڵـدانی بەرەو ئاسـمان، دەیـزانی کە گەشـتەکەی زۆر ئاسـان نییە و چـارەنـووسسازە. بەڵام گەشبـین و متـمانـەبەخـۆ بـوو، وتی:”ئـەی ئاسـمان شەبقـەکەت لەسـەر داکەنـە.. وا مـن بـۆ لات دێـم” گـەرچی لە سـووڕانـەوەی بە دەوری زەویـدا، تووشی ئێـڵجـدان و رشانەوە بوو، بەڵام خۆڕاگربوو. دوای سەرکەوتن و گەڕانەوەی بۆ سەر زەوی، چێژ و خـۆشی و خۆشەویستی گەشـتەکەی زیـاتر لا شـیرین بـوو، وتی:” هەرکەسێک کاتـێک لە بۆشایی دەرەوەدا بەسەرببـات، بە درێـژایی ژیـانی خـۆشی دەوێـت. خـەونی منـداڵـیم لە ئاسمانـدا هـێنایـەدی” ئەم سەرکەوتنـە مەزنـەی تریشکـۆڤـا، بوو بە مایـەی شانازی بۆ رووسیا و بۆ سەرجـەم مرۆڤـایەتی، بە تایبـەتیش بۆ ژنـان. ڤـاڵـنتینا تریشکـۆڤـا بە کـرداری سەلـمانـدی، کـە لە هەمـوو بوارەکانـدا، تـواناکـانی ژنـان لە تـواناکـانی پیاوان کەمـتر نیـن. ئـەو کـارانەی بـە پیـاوان دەکـرێن، بـە ژنـانیـش دەکـرێن. پیـاوان و ژنـان تـەواوکـەری یەکـترین.
ڤاڵنتینا دەڵێت:” ئەستەمە کە باڵندە بە یەک باڵ بفـڕی.. گەشتە ئاسمانییەکانی مرۆڤیش بەبێ بەشداری چالاکی ژنـان، پێـشناکەون” ڤـاڵنتینا دەشڵێت:” ئێمە لە بەردەم گەڕانەوە بـۆ سـەر مانـگ و دۆزینـەوەی هەسارەکـان داین، ئێمە رووبـەڕووی مەریـخ دەبیـنەوە، لەو بڕوایەدام، کە مەریـخ لە پیـاوان نابـوورێـت، گەر ژنـان لەنـاو تیمەکـانیانـدا نەبـن” ئەمە داوایەکی روون و ئاشکـرای تریشکۆڤـایە، کە پێـویستە ژنـان پەراوێـز نەکـرێن و لە گەشـتە ئاسمانیـیەکـان و دۆزینـەوەئ هـەسـارەکـانـدا بەشـداربـن.
ڤـاڵنتینا تریشکۆڤا خەون بە هەسارەی (مەریـخ) ەوە دەبینێت و بە جوانترین هەسارەی دەزانـێت. لە ساڵی (٢٠٠٧) دا، لە یـادی جـەژنی لەدایکـبوونیـدا، کە فـلادیمـێر پـۆتـین سـەرۆکی رووسـیا، ئامـادەی بـوو، وتی:” گـەر پـارەم ببـوایە، حـەزدەکەم گەشتـێک بۆ سەر مەریـخ بکەم.. گەرچی لەو بڕوایەشـدام کە چـوونە سەر مەریـخ گەڕانەوەی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەم گەر بمنـێرن بۆ سەر مەریـخ” وتیـشی:”مەریـخ هـەسارە جـوانەکەمە، بـەڵام سـنووری ئـادەمـیزادیـش دەزانـم.. بـەلای ئێـمەوە هـێشـتا خـەونـە”
لە ساڵی (٢٠١٥) دا، کە کەشـتی (فـۆستۆک ـ ٦) ئەو کەشتیـیەی ڤاڵـنتینا پێی چـوو بۆ بۆشـایی ئاسمان و بـە دەوری زەویـدا پـێی سـووڕایەوە، لەگەڵ چەنـد کەشـتییەکی تری ئاسمانی و چەند دەزگایەکی تری ئاسمانی رووسی بۆ نمایش کردن خرانە (مۆزەخانەی زانیاری لەنـدەن) ی پایتەختی بریتانیا. ڤاڵنتینا تریشکۆڤا بۆ کردنەوەی ئەو مۆزخانەیە بانگ کرابـوو، لە وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە، بە خۆشەویستییەوە باسی لە کەشتیـیەکەی (سـپۆتیـنگ ـ ٦) کـرد و بـە خۆشـەویستەکەی نـاوی بـرد و وتی:” خۆشەویستەکـەم، جـوانـترین و باشـترین هـاوڕێـم، جـوانـترین و بـاشـترین هـاوسـەرم”
ڤـاڵـنتینا تـریشکـۆڤـا لە رۆژی (٣/ نۆڤـەمبەر/١٩٦٣) دا، لەگـەڵ کەشتـیوانی ئاسـمانی (ئەندریان نیکـۆلایـڤ) دا، هـاوسەرگـیری کرد. (نیکـیتا خـرۆشـۆف) سـەرۆکی یەکـێتی سۆڤـیەت و سـەرۆکی حـیزبی شیـوعـی و سەرکـردە باڵاکـانی حکـوومەتی سـۆڤـیەت لە (مۆسکۆ) دا، ئامادەی ئاهەنگەکەیـان بـوون. لە (٨ / یۆنیـۆ/ ١٩٦٤) کچێکیان بوو، بە ناوی دایکییەوە ناوی ناوە (ئیلیـنا). تەنیا کچە لە جیهانـدا کە دایک و باوکی کەشتیوانی ئاسـمانی بـن. لە ساڵی (١٩٨٢) دا، ڤـاڵنتینا و ئەندریان نیکۆلایڤ لەیـەک جـیابوونەوە.
ڤـاڵنتـینا بـۆ جـاری دووەم لەگـەڵ لیـوای پـزیشکی، دکتـۆر (یـولی شابـۆشنـیکـۆڤ ) کە بەڕێـوەبەری پەیمانـگای نەشتەرگەری بـوو، هـاوسەرگـیری کـرد. پێـکەوە ژیـان تـا لە ساڵی (١٩٩٩) دا، یـولی هـاوسەری کـۆچی دوایی کـرد.
ڤـاڵنتیا لە ساڵی (١٩٦٩) دا وەک راهـێنەر و مەشقپێکەر لە بەرنامەی ئاسمانی یەکێتی سـۆڤـیەتـدا مایـەوە. راهـێنانی بە کەشتـیوانە ئاسمانییەکان دەکـرد. وەکو ئەنـدازیـارێکی تەکنـەلـۆژی ئـاسـمانی لـە سـوپـای یـەکـێتی سـۆڤـیەتـدا، درێـژەی بـە خـزمـەتکـردنی وڵاتـەکەی دا. لە سـاڵی (١٩٩٧) دا پلـەی (لیـوا) ی سەربـازی لە سـوپـای سـۆڤـیەتـدا وەرگـرت. بـەڵام جـارێکی کە نەچـووە بـۆ ئاسـمان.
ڤـاڵنتینا تـریشکـۆڤـا، ئەنـدامێکی چـالاک و بـاڵای حـیزبی شیـوعی سـۆڤـیەتی بـوو، لـە ساڵانی ( ١٩٦٩ـ ١٩٩١) ئەندامی ناوەنـدیی حـیزبی شـیوعی رووسیا بوو. گەلی پلە و پایـەی سـیاسی جـیـاوازی وەرگـرت، لـەوانـەش لـە سـاڵی (١٩٧٤ـ ١٩٨٩) ئـەنـدامی ئەنجـوومەنی بـاڵای یەکـێتی ســۆڤـیەت بـوو، کە دوایـی (هـەڵـوەشـێنرایەوە). ئەنـدامێ ئەنجـوومـەنی ئـاشـتی جـیهـانیـشە.
لـە (١٩٨٧ـ ١٩٩٢) ســەرۆکی فـیـدراسـیـۆنی کـۆمەڵـەکـانی هـاوڕێـتی و پـەیـوەنـدی رۆشـنبیری بـوو لەگـەڵ وڵاتـانی بیـانی لە جـیهانـدا.
ڤـاڵنتـینا تا ئەمـڕۆش، وەکو چـالاکـوانێکی بـاڵای سیاسی ماوەتەوە. کەسایەتی و رێـز و پـێگەیـەکی تایبـەتی خـۆجـێی و نیـودەوڵـەتی هـەیە.
ساڵی (١٩٨٩) بوو بە نوێنـەری هەرێمی (یاروسلاڤـل ئۆبلاست). لە ساڵی (٢٠١١) دا، وەکو نوێنەری پارتی رووسیای یەگرتوو بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی دۆمای نیشتمانی.
لە سـاڵی (٢٠١٦) دا، دووبـارە هەڵـیان بـژاردەوە.
لە سـاڵی ( ١٩٦٨ـ ١٩٨٧) سـەرۆکی لـیژنـەی ژنـانی سـۆڤـیەت بـوو، لە ئەنجوومـەنی بـاڵای یەکـێتی سۆڤـیەتـدا.
لە گەلێ کۆنگرە و بۆنەی جیهـانیدا وەک نوێنەری رووسیا بەشداری کـردووە. گەلێ لە وڵاتانی جیهانیش گەڕا بۆ ریکلام کردن بۆ باڵادەستی و تەکنۆلۆژیای ئاسمانی رووسیا.
لە دوای (٢٠) ساڵ لە گەشتەکەی ڤـاڵنتینا. لە ساڵی (١٩٨٣) دا، یەکەم ژنی ئەمـریکی کەشتـیوانی ئاسـمانی (سـالی کـریستـین رایـد) لـە تەمـەنی (٣٣) ی ساڵـیدا بە کەشـتی ئاسمانی (چـالـینجـەر) ئەمریـکی، چـوو بـۆ بـۆشـایی ئاسـمان و خـولگەی زەوی.
بە رێکەوتیش لە دوای (٤٩) ساڵ لە گەشتەکەی ڤـاڵنتینا، ژنـە کەشتیوانێکی چـینی لە رۆژی (١٦/ یۆنیۆ/٢٠١٢) دا بە کەشتی ئاسمانی (شنتشو ـ ٨) چووە بۆشایی ئاسمان.
(ڤـاڵـنتینا تریشکۆڤـا) لـە رۆژی (٣٠/ ئەپـریـل/١٩٩٧) دا، کە تەمـەنی بـوو بە (٦٠) سـاڵ، بە بـڕیـاری سـەرۆکی ئـەو کاتـەی رووسیا (بـۆریـس یڵـتـسن) خانەنـشین کـرا.
ئەمساڵ تەمـەنی (٨٤) سـاڵە، تەنـدروستی باشـە.
زۆرن ئەو خـەڵات و رێـزلـێـنانەی کە لە رووسیا و لە ڵاتانی تری جیهانـدا، پێشکەشیان بە (ڤـاڵـنتـینا تـریشکـۆڤـا) کـروون:
١ـ لە لایـەن (نیکـیتا خـرۆشـۆف)ی سـەرۆکی یەکـێتی سـۆڤـیەت و سکـرتێری حـیزبی شـیوعی سـۆڤـیەتی، لە رۆژی (٢٢/ یـۆنیـۆ/ ١٩٦٣) دا، نازنـاوی ( پاڵەوانی یەکیەتی سـۆڤـیەت) ی پێـبەخـشی.
٢ـ لە لایەن یەکێتی سۆڤـیەت و چەنـد وڵاتێکی تری جیهانەوە، چەندین نیشانەی ئازایی و ئافەرین و رێزلێنانی سەربازی و مەدەنییان، لە یەخەی ڤاڵـنتینا تریشکۆڤـا هەڵواسی.
٣ـ لە لایـەن نەتـەوە یەکگـرتـووەکـانەوە، (میـدالـیای ئـاشـتی) یـان پێـبەخـشی.
٤ـ دوو جـار (میـدالـیای لـینـین) ی زێـڕینـیان پێبـەخـشی.
٥ـ بـزافـی ژنـانی جـیهـانی (سـمـبا) خـەڵاتـێکی زێـڕینی بەنـرخـیان پێـشکـەش کـرد.
٦ـ لە مانگی (ئوکتۆبەر/٢٠٠٠) دا، لە لەنـدەن خەڵات و نازناوی (باشترین ژنی سەدە) یـان پێـبەخـشی.
٧ـ کەشتییەکی ئاسمانی سۆڤـیەتی کە بەرەو مانگ ناردیـان، وەکو رێـزلێنانێک بە نـاوی (ڤـاڵنتینا تـریشکـۆڤـا) ەوە بـوو.
٨ـ نـاوی ئـەو گـونـدەش کە لـێی لەدایکـبوو، لە گونـدی (بـۆلشـویا ماسلـینیکـۆڤـا) ەوە گۆڕیـان، نـاوی بـووە بە گـونـدی (ڤـاڵـنتـینا تـریشکـۆڤـا).
٩ـ ناوی یەکـێک لە چاڵەکانی سەر مانگ بە ناوی (ڤـاڵـنتینا تـریشکـۆڤـا) ەوە ناونراوە.
١٠ـ لە سـاڵی (١٩٦٧) دا، ئەستـێرۆکەیەکـیان بە نـاوی (ڤـاڵـنـتینا) وە نـاو نـاوە.
١١ـ ئەم وڵاتـانەش وەکو رێـزلێنانـێک. میـدالـیای زێـڕیان پێبەخـشی (چیکـۆسلۆڤـاکیا، ڤـێتنام، مەنگۆلیا) چەندین وڵاتی کەش. سەرجەم (١٢) میدالیای زێڕیان پێشکەش کرد.
١٢ـ لـە رووسـیادا، وێنـەی ڤـاڵـنتینا تریشکـۆڤـایان لەسـەر پـوولی پـۆسـتـدا دانـاون.
١٣ـ لە یادی (٥٠) ساڵەی گەشتەکەیـدا، سەرۆکی رووسیا، فـلادیمێر پـۆتـین، خەڵاتی (ئەلـیکـسەنـدەر نیـڤـسکی) ی پێـشکـەش کـرد.
١٤ـ چەنـدین شەقـام و قـوتـابخـانە و کـۆگـا و لە مۆسکـۆ و لە شارەکـانی تری رووسـیا بە نـاوی (ڤـاڵـنتینا تـریشکـۆڤـا) وە ناونـراون.
١٥ـ میـدالـیای زێـڕینی (جـۆلـیۆ کـۆری) یان پێـبەخـشی.
١٦ـ تیـپی موزیکی بەریتانی (کۆمپـیوتەر) لە ساڵی (١٩٩٨) دا، گۆرانییەکیان بە ناوی (ڤـاڵـنتـینا) وە تـۆمـارکـرد. ئەلـبوومی گـۆرانییەکـانیـشیان هـەر بـەم نـاوەوە دەرکـرد.
١٧ـ فـلمـێکی دیکـۆمێنـتارییان لەسەر ژیـاننامەی و گەشـتە ئاسمانییەکەی دەرکردووە.
١٨ـ بـوو بـە ئەنـدامی شـانـازی شـارەوانییەکـانی (١٠) لە شـارە گەورەکـانی جیـهـان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ فـێـبروەر/ ٢٠٢١




عـەیشــەگروکـە.. فازیل شــەوڕۆ

دیسـان دەرێم،
ئەوڕۆکر بەرێ سـبیانێ، وا زەینی خۆتانی بدەنێ
وەک بە پێش دەرکی مارێ هاوڕێ حەیرانێ دادەهات
بەرێ سـبیانێ،
دەرێم ڕاوەستابوو
لە دەرکی خۆشـناوان گەلەک گەلەک بە سەربڵندی
دەرێم بە پۆتینەکی چەکمە کۆییانی
بە چارۆگەکی پەنجەی عیفەتێ
هەڵڵا هەڵڵا گەرەک شیریینە لەبەر عایشەگورێ
خودا دەیزانێ.

  • + +
    دەوجا گوتم عەیشـەگورێ
    گۆبەندی کۆییان گەلەک خۆشـە
    ئەوەلی مانگی دەرێ بوهاران
    لە دەشـتی کاولە هاموونێ
    لە ناو مێرگ و ڕەشمار و حاجیلە و بەیبوونێ
    زاڵـم، تۆ چاوێ گوڕێ، با غائینی دەست ڕەش پێ نەزانێ.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران،
    گازدەکەم، دەرێم لەسیلەی دروێش خدری
    ئەمن لۆیە گەلەک سەردارێ وا گورج و گۆر و چاو بە کلی گەردن کۆییمە
    دەریم لە سیلەی دەروێش خدری
    ئەمن دەچمە سەر گردی میرسەیدی حاجی تۆفیقی
    دەڕۆمەوە ئەشکەوتی ئاوەگردی خۆمان
    ئەوا لە گێی منی خانەوێرانێ
    گەلەک گەلەک خۆش دێ
    دەنگی قازو قورینگان
    لەگەڵ لاوکی هاوڕێیان
    بۆیە عەیشـەگور دەرێ
    بریا من باجگر و خەنجەرچینەی سەنگەران بوومایە
    هەموو فەسلێ دەری بوهاران
    برام لە دەرکی قیسەری
    لە پانکی سەر سەرایە
    لە کلکەی چنارۆکی بڵباسان
    لە جووتە مەرقەدی
    باپیر فەقێ ئەحمەدی و
    شێخی جامی
    برا ئەمن دەرێم لە پیرە هەولێرێم.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران
    چەندی گازدەکەم و گازدەکەم
    دەرێم گورێ، شـۆڕەگورێ
    دەتۆ سەری خۆتم لۆ برندکە گەردەنێ
    خەریتە و فیشەکدان دێنەدەرێ
    ئەمن سوندەکم خواردیە
    لەپاش بەژنی گەڵەگەت و
    قەدو دەمانچەی کاکە محەمەدی
    لەدنیایە چیدی ناکەم سەفەرێ.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران
    سەرێ من چەند دێشـی
    دری منی بەخانەوێرانێ بە لێوەلێوە
    ئەمن هەموو فەسڵی بوهاران
    بۆخۆم دێمە دەوری تۆپزاوا و هەرمۆتەی خارە سـێوە
    چیبکەم گروکە و حاجیلە و بەیبوون
    هەمووی هەستاینە پێوە
    جانگۆ نازانن سـەبارەت بە چاوێ بەژنی بڵند و
    قەد ودەمانچەی محەمەدی
    در منی خانەوێرانێ گەلەک گەلەک پەشـێوە.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران
    دەوڕۆکە بەری ئێوارێ عایشەگور دەرێتە
    هاوڕێ حەمەلاوە
    ئەتو سەرێ چەند سارانە شاری قۆچە شامێت
    کووتاوە
    مارت وێران بی
    خەناوکەی بە مۆری و مەرجانت لەمن چاوە
    حەمەلاو دەڵێ
    توخوا دایە
    سەبرم لێبگرە تا جارێ دەچمە وراتی قۆچە شامێ
    دەمانچەی لە قەدان دەفرۆشم لۆت
    دەدەم بە سوورە مەرجانێ
    قیرسی خەنجەری دەبانیم دەفرۆشم
    لۆت دەدەم بە قەنەفرێ
    عەیشەگور دەرێ
    وەی چاوی دایکت کۆربی، ئەمن نامەوێ
    ڕەبی لێم بەمیرات بی مۆری و مەرجان
    قەنەفر بە کفنم داکرێ.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران
    حەمەلاو دەرێ
    گەر سەر سەفینی بەسەر مارە دیاناندا دەڕوانێ
    دەمگۆتە بەژنێ شینبۆوەی بەدارو شوولکی جەلادانی
    دائیرەی ئەمنی هەولێرێ
    دەبێ قەفی زنجیران بپچڕینم
    لە زیندانێ بەعسیان وەدەرێنم دایە عەیشـەگورێ
    دەتۆ وەرە ئەوجا هاوین گەلەک گەلەک گەرمایە
    لەبۆ خۆمان ئەمن کەپرەکی
    لۆتو دەکەم لەسەری کۆسارێ.
  • + +
    حـەیـران دەرێـم … بابـە، دەرێـم حـەیـران
    حەمەلاو دەرێ
    بناغەی کەپرێ دادەنێم لە سۆتکەی
    دیواری دەکەم بە قەنەفرێ
    کاریتەی داوێمی لە باسکی خۆم و ڕۆستەم و بەشدارێ
    سەری دەگرم بە چەکووشی خۆم و داسی سەپانێ
    خۆرەئاوی دەکەم بە سوورمەی بن پێی کاوێسی
    مارنجی دەکەم بەخاسە ڕەنگی سۆڕاوێ
    دەیرشێنم بە گوروای بن بسکی فریشتە نازدارێ
    ئەوجا شەوێ
    لە سێ بارێ نیوەشەوێ
    دەستی بەژنی ئەوی شـۆڕە شەهیدی دەگرم
    دەیبەمە ناو کەپرە سوورێ، شەوبای شەوانی لێدا
    چاوەکەم بۆنی بڕوا
    بەسەر وراتی کۆیە و هەولێرێ
    حەیران،
    لە خۆم در کزێ
    بەژن برینداری سەرە نێزێ
    ئەمن هەموو فەسڵی بوهاران
    لەبۆخۆم ببام ئێشکچی
    مارەکەی عەێشەگرۆکێ
    لە پێش و پشتی سەر تەمتومانێ
    لە زارکی باواجی
    نەوەڵڵا لە سەر هەیبە سوڵتانێ
    حەیران دەرێم
    لە لوانی کانی سۆرکێ
    لە سپیلکی گردە سپیانێ
    هەروا دێنە خوار
    بسکشۆری کۆییان و
    چاوبەڵەکی کافرۆشیان
    فەسلەکی دەرێم هاوینە لەسەری کۆساری
    لەسەر کانی کانیە قەرە و ئۆمەرخوچانی
    بە دەستەکی تارای سوور هەڵدەدەن و
    بە دەستەکی ئاڵای کوردستانێ
    لەسەر گڵکۆلەی عەیشەگروکەی
    شـێرەژنێ
    شـۆڕەژنێ
    کۆییەژنێ
    خانزادی شەڵال خوێنی زیندانێ.

٦ / ٢ / ٢٠٢١ دوبلن