21ى شوبات ڕۆژى جيهانى زمانى دايك.. ژوان باقی

(بەخێربێن بۆ ئەو سەردەمەی، كە هەمووان ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕین، لە لەناوبردنی زمانی دایك)
دروشمی یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە، بۆ ساڵی (2021)، “پتەوکردنی فرەزمانی لە پێناو فێرکردنی گشتگیر و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە”یە. زمان قورساييه‌كى ستراتيجى گرنگى هه‌يه‌، له‌ ژيانى مرۆڤدا، چونكه‌ يه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كييه‌كانى ناسنامه‌ و پردێكی بنه‌ڕه‌تی (په‌يوه‌نديكردن و تێكگه‌يشتن و تێكه‌ڵبوونى كۆمه‌ڵايه‌تی و فێربوون و گه‌شه‌سه‌ندنه‌).
فێربوونی هەر زمانێكی نوێ، ئاشنا بوونە بە كلتور و فەرهەنگێكی نوێ، بە گرنگی دەزانم لەگەڵ فێربوونی هەر زمانێكی نوێ زمانی دایك لەیاد نەكرێت، و گفتوگۆی پێ بكرێت، لە نێوان خێزانەكاندا گەشەی پێبدرێت. وەك دەزانین (زمان هەمیشە لە گەشەسەند و نوێ بوونەوە و ونبووندایە)، زمانێكی نوێ دروست دەبێت و زمانێكی دی لەناودەچێت، زمانی كوردیش بێ بەش نییە لەو مەترسییە، لەبەردەم لە لەناوچوونی، دایكان و باوكان، بەرپرسانی بواری پەروەردە، هۆكاری سەرەكین لەم مەترسییە . جیلی نوێ یاخود (نەوەی نوێ) لە كوردستان ئەو (جیلەیە كە كوردە، بەڵام كوردی نازانێ).
لەماوەی ڕابردوو بینەری ڕاپۆرتێك بووم لە سۆشیال مێدیا، چەند منداڵێك باسیان لەوە دەكرد كە زمانی دایك بەباشی نازانن، ناتوانن گفتوگۆی پێ بكەن.
منداڵانی كورد لەبەردەم ئەم مەترسیەگەورەدایە، ڕەنگە نەوەیەك بەرهەم بێت، بێ ئاگابێت لە كلتوری نەتەوەیی، زمانی كوردی دایك، مێژووی كوردی، فەرهەنگی كوردی)، دایكان و باوكان خەریكن منداڵەكانیان دەكەنە قوربانی، دووریان دەخەنەوە لە دنیای ڕاستی، لە پێناو ئەوەی منداڵەكەی زمانێكی جیهانی فێرببێت، پەیوەندیان بە (زمانی دایك، كلتور و فەرهەنگی دایك) دەپچڕێنن.
ئاشنایان دەكەن بە جۆرە سیستم و پەروەردەیەك منداڵ لە زمانی دایك هەڵدێ بەرەو ئەو جیهانە نوێیەی خاڵییە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ زمانی دایك.
ئەگەر بێت و ڕێگە چارە و سنورێك بۆ ئەم دیاردەیە دانەنرێت لە داهاتوودا زمانی كوردیش وەك هەر زمانێكی زیندو كە ئێستا لەناوچووە، بۆ هەمیشە لەناودەچێت.

يونێسكۆ له‌ ساڵى (2000)ه‌وه‌ به‌فه‌رمى ڕۆژى (21ى شوبات)ى وه‌ك “ڕۆژى جيهانى زمانى دايك” ناساندووه‌، له‌ هه‌وڵى بێوچانى پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ژيانی(7 هەزار) زمانى زيندووه‌، كه‌ خه‌ڵكى سه‌ر زه‌مين پێى دەدوێن، له‌ كاتێكدا هه‌ر (دوو هه‌فتە) جارێك زمانێكى زيندوو له‌ناو ده‌چێت.
نزیکەی (%43)ى ئەو زمانانەی، کە ئێستادا لە جیهاندا، قسەيان پێدەکرێت، لەژێر هەڕەشەی له‌ناوچووندان.
ئەو زمانانەی بە کرداريى بایەخيان پێدەدرێت، لە سیستەمی خوێندن و په‌يوه‌ندييه‌ گشتييه‌كاندا ژمارەیان، لە چەند سەد زمانێك تيپه‌ڕناكات، ئەو زمانانه‌ش كه‌ لە جیهانی ژماره‌ييدا بەکاردێن ژمارەیان لە سەد زمان کەمترە.

ژوان باقی




لەقاڵبدانی دەسەڵاتی چوارەم لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

هەموومان ئەو حەقیقەتە تاڵە دازانین کە میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەژێر سایەی یەکێتی و پارتیدا لە چ دۆخێکی دژواردا کاردەکەن.
لێرەدا مەبەستم دەزگاکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەیە،نەک ئەوانەی سەر بە دەسەڵاتن وکاروپیشەیان تەنها جوانکردنی دەسەڵاتدارانە.
لەژێر هەژمونی ئەم ئیدارە سەرکووتکەرەدا ،میدیاکاران ڕووبەڕووی جۆرەها کاری ناڕەواو نائینسانی بوونەتەوەو دەبنەوە ،لەوانە هەڕەشەی کووشتن،هەڕەشەی ئەخلاقی ،سکاڵاو دادگایی،گرتن،لێدان،سوکایەتی تادەگاتە ئاستی کووشتن،بە نمونەی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی،ویداد ،سۆرانی مامە حەمەو چەندین میدیاکاری دیکە.
ئەم دوو حیزبە دۆخێکی وا مەترسیداریان بۆ میدیاکاران درووست کردوە کە کارکردن زۆر زۆر ئەستەم بووە.وای لێهاتوە ڕۆژنامەنووسێک بەر لە نووسینی بابەتێک،ئامادەکردنی ڕیپۆرتاجێک،دیدارێک و هەر کارێکی میدیایی ،گەرە سەدجار بیربکاتەوە لە ئەنجامدانی ،بەوەی نەکا لەدێڕێکدا ،لە بڕگەیەکدا ،لە قسەیەکدا ،لە شوێنێکدا جووت حیزب بە سوکایەتی یا هێرشی بزانن بۆسەرخۆیان و بەهۆیەوە گێچەڵی پێبگرن و کێشمەکێشی سکاڵاو دادگای بۆ درووست بکەن.
ئەوەی تووشی شۆکی کردم و پاڵنەرم بوو بۆ نووسینی ئەم بابەتە ،ئەوەبوو کە دووسێ ڕۆژ لەمەوبەر نوێترین بابەتی خۆم بەنێوی{پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی} نارد بۆ چەند ماڵپەڕێک، کە لە هەرێم بەڕێوە دەبرێن،بەداخەوە هیچیان بڵاویان نەکردەوە، لەبەرامبەردا ئەو ماڵپەڕانەی لە هەندەران دەردەچن بڵاویان کردەوە.
تا ڕادەیەک دەمزانی هۆکار چیە ،بەڵام بەباشم زانی لە زاری هەندێک لە سەرنووسەری ئەو ماڵپەڕوو ڕۆژنامانەوە هۆکار بزانم،بۆیە تەلەفۆنم بۆ سەرنووسەری دوو لە ماڵپەرە خاوەن سەنگەکان کرد کە پەیوەندیم باشە لەگەڵیاندا. ئەوەی کەباسیان کرد حەقیقەتی زۆر زۆر ناخۆش و سەختە،بەجۆرێک مرۆڤ لەناخەوە ئازار دەچێژێ.
یەکێکیان گووتی {بابەتەکەت جوانە لەوە جوانتر ئەو خاڵە بەراوردکارانەن کە بابەتەکەت پێ بەهێزکردوە کە جێگەی گومانی نەهێشتوەتەوە و کەس ناتوانێت نکولیان لیبکات، بەڵام ئێمە ناتوانین بڵاوی بکەینەوە ،لەبەر ئەوەی دڵنیام پارتی سکاڵامان لەسەر تۆمار دەکات و ڕاپێچی دادگام دەکات.خۆت باش دەزانیت کە پارتی چی بوێت دەیکات ،تەنانەت هەر خۆیشیان جۆری سزاکە و مەبلەغەکە دیاری دەکەن ،نەک دادوەر.من تا ئێستا چەندین دۆسیەم بەسەردا ساغ بووەتەوە ،وێرای ئەمە بەردەوام مانگانە مەبلەغێک پارەدەدەم لەسەر سکاڵایەکی کۆنی پارتی و تا ئێستاش چەند دۆسیەیەکم لەدادگا کۆتاییان نەهاتوە،جا گەر ئەم بابەتەتم بڵاوبکردایەتەوە جگە لە سکاڵا بەدووری نازانم هەڕەشەی کووشتنیشم لێ بکەن} .
جا با بێمە سەر قسەکانی سەرنووسەری دووەم کە گووتی{دۆخی کارکردنمان زۆر ناهەموارە ،بەردەوام لەژێر فشارداین سکاڵای دووحیزب زۆربوون لەسەرمان، هەربابەتێک بەدڵیان نەبێت خێرا سکاڵا تۆمار دەکەن،بەهۆی ئەوەی دەزگای دادوەریش بێ دەسەڵاتە ئیدی چۆنیان بوێت وادەکەن،چەند جارێک ڕاپێچی دادگای هەوڵێر و دهۆک کراوم ،بەغەرامەی چەندین ملیۆن سزادراوم ،جا بەڕاستی ماندووبووم و نامەوێت چیتر بەڕێگەی هەولێر و دهۆکەوە بم} .پرسیم کارێکی جوانە کە ئێوەی میدیاکار ڕێز لە یاسادەگرن و ئامادەی بەردەم دادگا دەبن،ئەی گەر نەچن یا دوابکەون چی ڕوودەدات؟ گووتی{ پۆلیس دەنێرن و قۆڵبەستمان دەکەن و پاشان ئابڕوومان دەبەن بەوەی ڕێزی یاسامان نەگرتوە} .ئەی گەر کەسێک میدیاکارێک سکاڵا لە پارتیەک بکات یا لەکەسێکی میدیاکاریان ،ئەوە چۆنە ؟گووتی ئەوەش ڕوویداوە بەڵام پارتی ڕێگەنادات کەسێک لەزۆنی سەوز سکاڵای لەسەر بێت ئامادەی دادگابێت، بەتایبەت گەر ڕاگەیانکار یا بەرپرس یا ئەندامیان بێت،دیارە مەبەست لەمەش بێنرخ کردنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزە .پرسیم ئەی یەکێتیش بۆ [المعاملە بالمثل] ناکات و ڕێگەنەدات سکاڵالەسەرکراوەکان بەتایبەتی میدیاکاران بچنە بەردادگاکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی؟ لەوە ڵامدا گووتی [یەکێتی ئەوکارە ناکات چونکە نایەوێت بەشەکەی خۆی لەداهاتی نەوت کە پارتی دەیداتێ لەبەرخاتری ڕۆژنامەنووسێک ببڕێت،جگە لەوە هەردووکیان هاهەڵوێستن لەدژایەتی کردنی میدیاکانی دەرەوەی خۆیان].
جا خوێنەری بەڕێز گەر ئەمە حاڵی دەسەڵاتی چوارەم بێت بەڕاستی کارەساتە.لەجیهانی پێشکەوتوودا بەو ئازدیەی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دراوه ،کاری مەزن و کاریگەر ئەنجام دەدەن، چەندین حکومەتیان ڕووخاندوە ،چەندین گەندەڵیان ئاشکرا کردوە،چەندین وەزیریان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کردوە ،چەندین کەیسی هەستیاریان جوڵاندوە.بەکوورتی میدیا سەنگ و قورسایی خۆی هەیەو دەسەڵاتداران ڕێزیان لێدەگرن و هەندێک جار لێشیان دەترسن،
کەچی لەهەرێمی وێرانەدا و پاش ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵی دۆخی میدیای کوردی لە ئەوپەڕی پاشەکشەدایە و کارکردنی ڕۆژنامەنووسان هێندە مەترسیدارە وەک چوونیان بۆ بەرەی جەنگ وایە.ئاخر لە کوێی جیهاندا بووە میدیاکار لەسیاسی گەندەڵ بترسێت و بەردەوام دەستی لەسەردڵی بێت؟
بەشێکی زۆری ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ سەندیکای ڕۆژنەمانووسان کە بووەتە گەمەیەی دەستی چووت حیزب بەتایبەتی پارتی،وە تا ئێستا مشەخۆرانی ئەم سەندیکایە کارێکیان نەکردوە جێگەی دەستخۆشی و ڕەزامەندی میدیاکاران بێت،بۆیە هەڵوەشاندنەوەی باشترە لەبوونێکی بێ جوڵە.
گەر کار وا بڕوات ئەوە پێدەچێت لە ئایندەدا پانتاییەک بۆ کاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆ یا لە دەرەوەی حیزبەکان نەمێنێت.یا لەوانەیە شتێک نەمێنێت بەنێوی دەسەڵاتی چوارەم،خۆ گەر بشمێنێت ئەوە بێ کاریگەرو بێ پەڕوباڵ دەبێت.ئەوەی دەمێنێتەوە ڕاگەیاندنە بێ ڕۆح و بێ ناوەڕۆکەکانی دەسەڵاتدارانە ،کە لە پروپاگەندەی نەشازو بێتام بۆ دەسەڵاتداران بەولاوە هیچی کەی تێدا بەدی ناکرێت.




قوتوو..: شیعر نارین ڕۆستەم

قوتوویەکی بێسەرە ماڵەكەمان
ھەندێک جار شەکری تێ دەکرێت و
زۆر جاریش خوێ.

کە خوشکم چووە ناو جلی بووکێنییەوە،
ماڵمان شەکردان بوو.
«ناگەینە کۆتایی، شەکردانەکە بەشی خواردنەوەی پیاڵە چاییەکیشی تێدا نامێنێ».

ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لە دەست پەڕی و
خوێن بە دەماری تانکییدا ھاتە خوارێ
قوتووەکە پڕ ببوو لە خوێ
دەرمانخانەکان لە جیاتی دەرمان، بلیتی یانەسیبیان دەفرۆشت.
بانگدەر (أکبر)ـەکەی (الله)ی قووت دایەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم قوتووەدا،
ئاسمان پارچە ڕایەخێکی موتفەڕكە، ھەڵواسراوە
ھەر پەڵەھەورێکی چڵکنی بکەوێتە سەر،
دایکم بە گەسك لایدەبات.
«ئەوە دەشارمەوە کە دایکم بە قەرەوێلەیەکەوە نووساوە و پەڵەھەورە چڵکنەکان دەژمێرێ».

بە سواری گەسکەکە بەسەر قوتووەکەدا دەفڕم،
باوکم…
پێکێك عەرەق ھەڵدەدا و
فوو بە فانۆسەکەدا دەکات
من لە گەسکەکە بەردەبمەوە و
بەناو قاپی جاجیکدا دەکەوم،
تەباغەکە کوژاوەتەوە
بەشی ساڵێکی دیکە نەگبەتی کوڵاوە.




درەوشانەوەی (ئەدەب) لە چاخی (زانست)دا.. فازیل شــەوڕۆ

هەنگاوە گەورە و خێراو چاوەڕوان نەکراوەکانی زانست و تەکنەلۆژیا، لەو سێ چوار دەیەیی دوایدا، وەهمێکی لە دیدی هێندێ کەسدا دروست کردبوو، کەوا چەرخ و ڕۆژگارو سەردەمی ئیمپراتوریەتی (ئەدب) لە ئاوەبوونە، لە ئایندی نزیکدا دوایین (فاتحە)ی بۆ دەخوێندرێ. ئەم سەردەمە سەردەمی تەکەلۆژیای نانۆ و مایکڕۆچیپس و هابڵەکانە. سەردەمی خەیاڵ و خورافات و خەون دەبێ زیندە بەچال بکرێ!
لێ، چونکە (ئەدەب ڕۆحی، رۆحی بوون و بەردەوام بوونە)، ئاوابوونی لەگەڵ ئاوابوونی یەکجارەکی مرۆڤە لەسەر ئەم زەمینەدا، زۆر بوێرانە و سەرکەوتوانە، توانیویەتی ڕێگەی سەخت و دژوار، شان بە شانی زانست و تەکەلۆژیا ببڕی و ببنە دوو دەستەخوشکی نازدار و نەشمیل و دڵارام.
لە ڕۆژی 18 ی شوباتی 2021، گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس Perseverance ی بێ مرۆڤ، بە سەرکەوتووی لەسەر رووی مەریخ، نیشتەوە و لە هۆڵی چاودێری پەیمانگای تەکنەلۆژی لە کالیفۆرنیا، تێکڕای زاناکان لە خۆشیان کەوتنە چەپڵە لێدان و پیرۆزبایی کردن لە یەکدی.
ئەگەر جوان دیقەت لە شتەکانی نێو ئەو هۆڵە بدەن، دەبینن، لەسەر ڕووی لادیوارێکی بە خەتێکی گەورە نووسراوە
(Dare Might Things).
ئەم نووسراوە چییە و بۆچی لەوێ زەقکراوەتەوە؟
ئەمە ناونیشانی ڕۆمانێکی زانستییانەیە کە خاتوو (Heather Kaczynski) لە ساڵی ٢٠١٧ چاپی کردووە. ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە کیژۆڵەیەکی نەبەرد و بوێر و سەرکێش، دەیەوەێ ڕووبەڕووی گەورەترین بەڕەنگاربوونەوە و مەترسی ببێتەوە، بەو هیوایەی بگاتە شوێنێک لەم گەردوونە کە پێشتر کەس جورئەتری نەکردووە پێ بنێتە سەر خاکەکەی. ئەو چەند مەرجێکی بۆ ئەو قارەمانە داناوە، کە دەیەوێ ئەو کارە مەزنە بگرێتە ئەستۆ و ناوی خوای لێ بێنێ و بەرەو ئەو جێگەیە بفڕێ یان بچێ!
ناونیشانی ڕۆمانەکە بە کوردی دەبێتە ( بڕۆ بەرەنگاری شتە مەزنەکان ببەوە!)
جا ئەو تیمە گەورەی زانایانی بۆشای ئاسمان کە نەخشەدانەرو داهێنەر و جێبەجێکاری ناردنی (گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس)، ئەو ناونیشانەیان کردە (دروشمی کارەکانیان) و بە خەتێکی گەورە، لەسەر دیواری نێو تاقیگەکەیان نووسی. دواترکە گالیسکەکە بە سەرکەوتووی لەسەر ڕووی مەریخ نیشتەوە، لە ناو هۆڵە هاوریان کرد؛
(Dare Mightier Things)
واتا (بڕۆن بەرەنگاری شتە مەزنترەکان ببنەوە!)
ئەمە نموونەیەکی سادە بوو، بۆ دڵنەوای ئەو کەسانەی کە تارمای لە نێوچوونی (ئەدەب)یان لەبەرچاو ئارایشتکراوە. با نەترسێن و دڵنیا بن، کە هەمیشە (ئەدب) زیندووە. لێرە مەبەستمان لە (ئەدەبی ڕەسەنە)
نموونەیەکی. دیکەی، کە زیندوویی(ئەدەب) لەم سەردەمە ئاوسە بە تەکنەلۆژیایە دەسەلمێنێ، لە نێو هۆڵی سەرەکی فڕۆکەخانەی (دوبەی)، لە شێوەی بازنە، لە دەوری بنمیچیەکەیدا، لەو ئاسمانە، شریتی نووسراوی ئەلیکترۆنی دەخوڵێتەوە، کە جوانترین دێرە شیعری عەرەبی و جیهانیین، بە چەندان زمانی زیندوو. ئەمەش تێهەڵکێشەکردنێکی دیکەی ئەدەب و تەکەلۆژیای زانستیی سەردەمە.
بۆ زانیاریتان:
خاتوو (Heather Kaczynski)، دەرچووی بەشی زیندەزانییە لە زانکۆی ئەڵەبامە، لە ئەمەریکا. (٧) ساڵ لە کتێبخانەیەکی سەربازی کاری کردووە، ئەو کتێبخانەیە تایبەتە بە ئاسمان و گەشتی ئاسمانی بۆ دەرەوەی فەزا و و گەردوون و هەسارەکان. ڕۆمانەکەشی هەر بۆ هەرزەکاران نووسیوە. یەک ڕۆمانی زانستی دیکەشی چاپ کردووە. ئێستا ئەو ژنە لە گەڵ هاوژین و دوو منداڵەکەی هەر لەو شارەدا دەژین.

فازیل شــەوڕۆ – دوبلن




تەمبردوو.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تەمبردوومی
ئازیز
چیتر لە ژێر پرچی
زیوی مانگ نەبێ..
ڕوخسارم ،
ناپریشکێ..
تەمبروومی
ئازیز..
لە گزنگێک
خوێنی ئەرخەوانی
ئێوارەیەکی خۆکوژی
لێئەتکێ،،
ساتەوەختێکە،
لە سیحری هاتنت..
هاکا
ڕۆح پڕبوو
لەتنۆکە فرمێسکی
ژەهرینی باران،،
بگەرە
دەریاچەی دڵ، ئازیز..
بڵێسەیەک بە
لە نیگای بریقەداری
مانگێک پچڕاو
لە ملوانکەی گەردونێک
لە ئەستێرە شەیداکان..
بگەرە کەنار، ئازیز
لەوانەیە بە دوا
پروشەی زستانێکی قەترانی
ڕانەگەین..
بگەرە کەنار،،
ببینەجوانی خۆسوتانێ
لە ژێر پرچی..
زیوی مانگێکا
زەریای بوونتە،..
ئازیز..
لە شەوەزەنگی ..
وڵاتێ ڕەنگ و..
نۆتای خنکاو..
ئەندێشەم ئەبا..
بۆ ئەو زەمەنە
ئەفسونیەی
گوڵە سپیەکانی
عیشقمانی تیا نە ژاکا
جەستەم لە تەمە ئازیز
چرپەکانی لێوت
ئەمجارە
لەوانەیە
فریادڕەسی
وەرینم نەبێ
تەمبردوومی ئازیز
ببینە بڵێسەی
خۆرەکانی چاوم
لە کزیدان
گەر نەگەیتە کەنار..
ئامێزی ساردی
ڕەهێڵەی زەریا
ئەمشەو ئەمبات
وون ئەبم
تەمتومان ئەمبا




منم ژەنەراڵی عەشق.. ستیڤان شەمزینی

منم ژەنەراڵی عەشق
ئەوە منم هەموو رۆژێ بە کلیلی عەشق
دەرگای ژەنگگرتووی دڵەکان ئەکەمەوە،
ئەوە منم بە تێشوویەک شیعری رۆمانسییەوە
بێ پشوودان بێستوونی عەشق هەڵدەکۆڵم
ئەوە منم هەموو رۆژێ وەک دەریا فێ دەمگرێ
کەفوکوڵم بە یەک نیگا هێور هێور ئەبێتەوە
ئەوە منم خوێن لە زامەکانمەوە دەچۆڕێ
“نای” هەناسەم بە پەنجەی “با” ئەژەنرێ
ئەوە منم وەک زریان بەسەر شارەکاندا ئەدەم
کوخە کۆنەکانی کولتوور لەگەڵ خۆما ئەبەم
ئەوە منم بە پۆشاکی خەمەوە بە تەنیا رێ ئەکەم
سروودی فیغان لەسەر جەستەی دێوانەیەک ئەنووسمەوە
ئەوە منم دەستی گەڵاکان ئەگرم بەرەو بەهار
شمشاڵی غەریبیم ئەگاتە گوێی فریشتەکان
ئەوە منم وەک ژەنەراڵی عەشقێکی ناکام و نامراد
سترانی فیراق لەسەر تەرمی خۆم ئەچڕم
ئەوە منم بە کوچە تاریکەکانی سۆزا گوزەر ئەکەم
لە ئەشکەوتی دابڕاندا چرای دەستم بەرئەبێتەوە
ئەوە منم لە کۆتا خاڵی گەردوونەوە دەنگی گریانم دێ
کاسە شەرابی بوون و خۆشبەختیم لێ ئەڕژێ
ئەوە منم حکایەتی وەرینی سەوزترین گەڵا بۆ پایز ئەگێڕمەوە
نە پایز تێدەگات و نە بەهار گەڵاکەم پێ ئەبەخشێتەوە
ئەوە منم ژەنەراڵی عەشقێکی بێ پایان و بێ بن
نەرگسیترین رۆح و هەستێکی لە شەونم نەرمترم هەیە
ئەوە منم ژیانم بە کۆڵێ دەردیسەریی گەمارۆ دراوە
لە باکووری زەوییەوە تەمبور بۆ ئازارەکانم لێ ئەدەم
ئەوە منم بە فڕینی پۆلە ریشۆڵەکان تا شێتی شاگەشکە ئەبم
لەگەڵ رنوە بەفردا تا ئەودیوی سنووری خەیاڵیش چووم
ئەوە منم بە لاشەیەکی سستەوە جەنگی عەشقم هەڵگیرساند
بۆ یەکەمجار من بووم مۆرفینم خستە قاوەی تاڵی ئەوینەوە
ئەوە منم تاکە ژەنەراڵی ئیمپراتۆریای خاپووری دڵ
سەدان سەربردەی نەبیستراو و مەحاڵ ئەبەمە ژێر گڵەوە
ئەوە منم هەزاران شیعرم لە ستایشی خۆشەویستیا هۆنیوەتەوە
ئەوە منم چاکەتێکی شڕ و سەرێکی پڕ ئێش و ژانم هەیە
هەموو سامانم دڵێکی گەش و دیوانێک و پێنج ئیرۆیە
ئەوە منم سبەینان سڵاو بۆ فریشتەکان ئەسەنمەوە و
ئەمەوێ رۆژێ لە ناو ئەو پۆلە فریشتەدا بتدۆزمەوە
ئەوە منم ئەندێشەکانم زۆر ئاڵۆزن و لە تالووکەدان
ئاوێنەی شکاوی دڵم وێنای رووخسارمی شێواندووە
ئەوە منم یەک جار دێم و هیچ کات دووبارە نابمەوە
هەر منم تا هەتایە لە ژووری خەونەکانت نایەمە دەرەوە
ئەوە منم خاوەنی ژوورێکی سارد و بێ جۆش و شەوق
وەک پەڕاگەندەیەکی تۆقیو خۆم لەپشتی سێبەرەکەمەوە شاردۆتەوە
ئەوە منم پێ بە پێ، هەنگاو بە هەنگاو، لە ماراسۆندام بەرەو مەرگ
پێش مەرگم ئەمەوێ لە وەنەوزێکی کورتتدا لە دایک بمەوە
ئەوە منم پێک لە دوای پێک ڤۆدگای خەستی عەشق ئەخۆمەوە
بە مەستی شانامەی جوانیت بۆ هەموو جیهان ئەخوێنمەوە
ئەوە منم خۆم داوەتە بەر خۆرەتاوی وەرزی ئەڤینداری
لە جیاتی ئامێزی گەرم، سەرقاڵم بە چنینەوەی دووریت
ئەوە منم تەماشای دەریاکانم ئەکرد کە پێکەوە وشکیان کرد
بینیم ئەستێرەکان بە کۆمەڵ بەرەو فەلەکێکی تر کۆچیان کرد
ئەوە منم شایەتم لەسەر خۆکوشتنی مانگ لە نیوە شەودا
نە توانیم ئەم چیرۆکە بۆ زەوی و نە بۆ خودا بگێڕممەوە
ئەوە منم سەیری هەرەسی گاشەبەردی دڵڕەقیم ئەکرد
لە تاودا سەرم خستە باوەشی دڵی نەرمی خۆمەوە
ئەوە منم لەودیو قەفەزەکانەوە بۆ بولبولەکان شین و زاریم بوو
نە توانیم دەرگای قەفەز بکەمەوە و نە گۆرانییەکەیان بسەنمەوە
ئەوە منم دەرگای هەموو ئاڵۆزیی و سەختییەکانم کوتیوە
جگە لە پەنجەرەی عەشقێکی سەرابئاسا هیچی ترم بەروودا نەکراوە
منم ژەنەراڵی عەشقێکی قووڵی بێکۆتایی و سەرکەشانە
ژیان هەمووی تۆوی مەرگە، تەنێ عەشق هەموو ژیانە
من ژەنەراڵی عەشق




دادگای مەدەنی، یان دادگای خێڵ وجەنگەڵ!؟.. تاهیر عیسا

لەدرێژایی مێژووی ململانێ چینایەتیەکانی کۆمەڵگای ئینسانیدا، هەمیشە ڕێساو یاساو دادگاکان، لەپاڵ پۆلیس و سوپاو زیندان و دام و دەزگای سەرکوتگەری دیکەی دەوڵەتی چینی فەرمانڕەوادا، پایەو کۆڵەکەکانی زوڵم و زۆرو چەوساندنەوەی سەر چین وتوێژی خوارەوەی کۆمەڵگایان ڕاگرتووەو زۆرینەی کۆمەڵگایان، ملکەچی یاسا دۆگماو بەرژەوەند پارێزەکانی خۆیان کردووەو هەر ئاڵ وگۆڕێکیش لەیاساو ڕێساو دادگاکان بەقازانجی چینی ژێر دەست ومەزڵوم، بەرەنجامی کەم وزۆری خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بەرەنجامی ئاڵ وگۆڕێک لە پارسەنگی هێزی ناو ئەو هاوکێشە پڕ لەململانێیەی کۆمەڵگادا بووە کە لەهەندێ بڕگەی مێژووییدا، بەقازانجی خوارەوە پێچەوانەش بۆتەوە!
کوردستانیش، وەک بەشێک لەو مێژووە و لەناو ئەم ململانێ پڕ لەهەوراز و نشێوەی خۆیدا، دادگا و یاسا و پۆلیس و دام ودەزگا داپڵۆسێنەرو پارێزەرەکانی دیکەی ئەم سیستەمە، کە خۆی لەباڵادەستی بنەماڵە “ئۆلیگارش”ییە ملیاردلێرەکاندا دەبینێتەوە.
(٭ئۆلیگارشی؛ ترۆپکی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە، کە لە کەمینەیەکی خاوەن پول و سامان وسروەتی بێشوومار پێکهاتوون و قۆرخی تەواوی جومگەسەرەکیە ئابووریی و سیاسی وکۆمەڵایەتی و میدیایی و سەربازیەکانی کۆمەڵگایان کردووە)
کە لە ژێر هەیمەنەو هەژموونی زاڵمانەی ئەم هێزە خێڵگەرایانەدا، سیستەمی دادوەرییش شتێک واوەتر لەیاسای غابات و حوکمەکانی، کەلەسەر بنەمای بێهێزو بەهێزدا سەرچاوەدەگرێت، واوەتر ناچێت، کە لەدژی هەر دەنگێکی ناڕازی کۆمەڵگا و خواست و داواکاریە بەرحەقەکانی چین وتوێژی مەحڕومی کۆمەڵگادا، بۆ بێدەگکردن و سەرکوتکردنیان دەستی داوەتێ، لەنموونەی چالاک و هەڵسوڕاوانیی وەدەنگهاتوو لەزوڵم و زۆرە بێپەردەکانی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرددا، کە بەتاوان وتۆمەتی بێبنەمای هەڵبەستراو، بۆ شەش ساڵ بڕیاریی زیندانییان بەسەردا درا، ئینسان دەتوانێت لەوەها هەل ومەرجێکدا، بەو حوکمە”قەرەقووش” یە پێشوەختەی بەسەریاندا دراوە تۆزقاڵێک سەرسام وشۆکگرتوو نەبێت !
(٭قەرەقووش،؛ دادوەرو کاربەدەستێکی دەستڕۆیشتووی بەڕەگەز تورکزمانی دەوڵەتی ئەیوبیەکان بووە لەمیسر، لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیدا. دەگێڕنەوە جارێک جووتیارێکی میسر، لەلای قەرەقووش، شکایەتی لەسەربازێک کردووە کە زلەیەکی لەژنەکەی داوەو منداڵێکی حەوت مانگی لەبارچووە، قەرەقووشیش، فەرمانی دەرکردووە کە سەربازەکە ژنی جووتیارەکە بۆماوەی حەوت مانگ بباتە لای خۆی و هەموو خەرجیەکانی بکات ، جووتیارەکە نەیهێشتووە، حاکم قسەکانی تەواو بکات دەستی ژنەکەی گرتووەو ڕایکردووە)

بەچاوگێڕانەوەیەکی خێراو گێڕانەوەی بڕگەیەکی کورتی مێژووی مشتێک لەخەروارێکی وەحشیگەریەکانی حیزبی خێڵ و بنەماڵەی خێڵ، لەنزیکەی نیو سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەیەکی خێڵەکیانە وکۆنەپەرەستانە لەکوردستاندا، کە تائەمڕۆش بەهەمان ڕۆحی ڕابردوویان نەوەکانی ئەم خێڵگەراییە، بۆ پارێزگاری لەپێگەی زاڵمانەی خۆیان کە تۆزقاڵێک لەسەر ڕێچکەی باوک و باپیرانیان لایان نەداوە و وەفادار ماونەتەوە!؟ ئەگەر لەلایەک نیشانەی تێکچنراویی و لێکهەڵپێکراویی بەرژەوەندیی سەرمایەو هەرچی دواکەوتوویی و پۆخڵەواتیی خێڵچێتی و عەشیرەتگەرایی لەکوردستاندا بگەیەنێت، لەلایەکەی تریشەوە بەڵگەی نەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە لەکوردستاندا نیشان دەدات، کە لەهەموو مێژووی ململانێکانی خۆیدا، نەیتوانیوە هێزێکی شێلگیر و هاودەنگ و هاوڕەنگ بێت، کە بتوانێت لە بۆتەی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی‌ چینایەتیانەی خۆیدا توابێتەوەو لەبەرامبەر چینی فەرمانڕەواو حیزب وبنەماڵەکانیاندا وەستابێتەوەو مۆری خۆی لە تابلۆی ژیان و تابلۆی مافە سەرەتاییە بێچەندو چوونەکانی کۆمەڵگا دا بێت .
لەوەها دۆخێکیشدا، دادگا و ڕێسا و یاساکانیش، هەر لە خزمەت سیستەم وسەرمایەو پارێزگاریی لە خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێدا دادەڕێژرێن و هەر داوەریەتێکیش، لەسەر تاوانبارو بێتاوان، لەچوارچێوەی یاسای جەنگەڵ و یاسای دڕندە و نێچیر دا یەکلادەکرێتەوە.
پارتێک، واتە پارتی دیموکڕاتی کوردستان، کە لە ناو خێڵچێتی و بەپیرۆزڕاگرتنی بنەماکانی خێڵگەراییدا، لەلایەن بنەماڵەیەکی تایبەتی کە بەرژەوەندیەکانیان، لە لێکدان و ئاوێتە بوونی دین وخێڵ وبەپیرۆزکردنیاندا دەدۆزیەوە و دواتریش خێڵ لەسەرووی هەڕەمی قەومی ونەتەوەییدا بۆ پارێزگاری لەهەمان پێگەو جێگاو ڕێگای بنەماڵە و نوێنەرایەتی کردنی پاشماوەی قوناغی دەرەبەگایەتی کەخۆی لەئاغاو دەرەبەگەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەدا، دەدۆزیەوە و لەبزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی وقەومگەراییدا توانی درێژە بەمانەوەی تەمەنی خۆیدا بدات.
کە هەتا ئەمڕۆش، هەیمەنەی خێڵ لەناو پارتیدا بەهەموو کاریزماییەکانی خۆی بەسەر ئەو پارتەدا لەوپەڕی بەهێزی خۆیدا ماوەتەوە!
لۆژیکی خێڵ، شەڕی خێڵ وعەشیرەتەکانی دیکەیە لە سەر پارێزگاری لە نفوزی خێڵ و شێخچێتی و مەڕعاو ئاوو پاوان و …هتد.
لەو پێناوەشدا، دەرکەوتن و گەشەو سەرهەڵدانی هەر خێڵ وعەشیرەتێکی دەورو بەریان، بەهەڕەشە لەسەر زەمینەی مانەوەی خۆی دەزانێت.
حەمەد ئاغای مێرگەسۆری کە خاڵی مەلامستەفای بارزانی بوو، یەکێ لە کەسایەتیە ناودارەکانی تیرەی شێروانی بوو.
وە کوڕەکانیشی لە ڕۆشنبیرە هەڵکەوتووەکانی ئەوسای ناوچەکەبوون، بەتایبەت “فاخیر” کەسێکی ڕۆشنبیرو خوێندەواربووە و بیرو بۆچوونی هاوچەرخ و پێشکەوتوو خوازانەی هەبوو، وەک دەڵێن زۆر گەلدۆست و نیشتمان پەروەربووە، ئەمە وای لە فاخیر کردووە خۆی لەناو حیزبی شیوعیدا بدۆزێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبی شوعی لەمەڕ مەسەلەی میللی خەڵکی کوردستاندا بێهەڵوێست بووە، وای لە فاخیر کردووە دووچاری دڕدۆنگی بێت و لەنێوان پارتی و شیوعیدا ئەمبەرو ئەوبەربکات.
وە هەروەها بەهۆی ئەوەی لە نزیکیشەوە پارتی و تواناو بیرکردنەوە و پێکهاتەی خێڵەکیانەی ڕێبەرەکەی لەخەڵکانی تر باشتر ناسیوە، نەیتوانیوە لەناو ئەو پارتەشدا دڵی ئاو بخواتەوەو لەنێوان پارتی و حیزبی شوعیدا پەتپەتێنی کردووە.
بەتایبەت لەناو خێڵی بارزاندا چوونە ناو حیزبی شیوعی وەک هەڵگەڕانەوەو یاخی بوون لەخێڵی بارزان حیسابی لەسەرکراوە، ئەمە ڕقی مەلا مستەفای لەفاخیر هەڵساندووە. وەهەروەها بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیریەکەی مەترسی ئەوەی لێدەکرا لەناو بارزانیەکاندا ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێ و بکەوێتە ڕکێبەڕکێی مەلامستەفاوە، ئەوەش مەترسی مەلا مستەفای لێزیادتر دەکرد.
فاخیر، هەتا لەناو حیزبی شیوعیدا بوو، نەیانتوانی دەستی بۆ بەرن، وەزۆریشیان هەوڵ لەگەڵدا هەتا بیهێننەوە ناو پارتی، دواجار لەڕێگای کۆمەڵێک ئیمتیازیی حیزبیەوە هێنایانەوە‌ ناو پارتی، هەر بۆیە باوکی فاخیر، بەم هەنگاوەی کوڕەکەی نیگەران دەبێت و بەکوڕەکەی گوتبوو هەتا لێیان دوور بووی پێمان نەدەوێران، بەڵام لەمەو دوا نامانهێڵن.
ڕەفعەت ناوێک، کە لەتورکمانەکانی هەولێر بووە، بەلۆری لەنێوان هەولێرو گەڵاڵەدا باری گواستۆتەوە، لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە پارەی پێدراوە بۆ کوشتنی “جەوهەر” ی برای “فاخیر” . دوای ئەوە لەهاوینی ۱۹۷۱ ڕەفعەت جەوهەر تیرۆر دەکات.
دوای ئەم کارەی، ئیدریس بارزانی، ڕەفعەت بانگهێشت دەکات و بەناوی باوکیەوە مەبلەغێکی دیکەی پارەی لەپاداشتی کارە تیرۆریەکەیدا پێدەدات.
لەپرسەی جەوهەردا بووە، کە حوسێن برای جەوهەر لەپرسەکەیدا گوتوویەتی ئەگەر دەستی مەلا مستەفای تێدا نەبێت، ئێمە دەزانین، چۆن تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە.
زۆری پێناچێت، لەڕێگای یەکێ لەکوڕە شێخەکانی بارزان، بنەماڵەی حەمەد ئاغا چیرۆکی کوژرانی کوڕەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی بکوژەکە، ڕۆژێک حوسێنی برای جەوهەر، خەبەری ئەوەیان پێدا کە ڕەفعەت بکوژی جەوهەر لەگەڵ کوڕەپورێکیدا لە گەڵەڵاڵەوە بەرەو هەولێر دەچێت، ئەویش لەگەڵ چەکدارێکی تری نەناسراودا لەنزیک کۆسپی سپی، ناوچەی پردی حافیزیان، جادەی لێدەگرێت و ڕایدەگرێت، ڕەفعەت هەر زوو دەزانێت مەسەلەکە چییەو بەکوڕە پوورەکەی بەتورکمانی دەڵێت: (سەنگێت مانن ئۆڵدەرەر) واتە؛ “تۆ بڕۆرەوە منیان کوشت
” حوسێن وچەکدارەکەی تر ڕەفعەت دادەبەزێنن و کەمێک دوور لەو جادەیە دەیکوژن.
دوای ئەوە کەس و کاری سەرەتا تەرمەکەی دەبەنە گەڵاڵە، کە بارەگای بارزانی لێبوو، پێش ئەوەی تەرمەکەی ببەنەوە هەولێر چوونەتە لای مەلاو ئەویش پێی گووتبون ئەو گولەیەی بەڕەفعەت کەوتووە بەمن کەوتووە.
حوسێن کە هەڕەشەی مەلا مستەفا دەبیستێتەوە پەنا دەباتە بەر شێخ عوسمان لەبارزان، چونکە لەناو بارزانیەکاندا واباو بوو هەرکەسێکی تاوانبار پەنای بردبا بەر ماڵی شێخی لەتاوانەکەی دەبووران و عەفویان دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەی داب ونەریتی خۆیان، دوای ئەوەی ئیدریس بارزانی دەچێت و هەڕەشە لەشێخ دەکات، حوسێن ڕادەستی ئیدریس دەکەن و لەشوێنێکی نادیار دەیکوژن.
هەر لەهەمان کاتیشدا، “فاخیر” دەگرن ، دوای ئەویش حەمەد ئاغای باوکی، هەرچەندە زۆریش بەتەمەندا چووبوو زیندانی دەکەن.
فاخیر، لەزیندانی ڕایات زیندانی کرا، چەند جارێک هەوڵیان دابوو بیکوژن بەڵام سەرکەوتوو نەبووبوون.
زیندوو مانەوەی فاخیر، ئۆقرە لەمەلا دەبڕێت وترسی ئەوەی دەبێت لەزینداندا ڕابکات، هەتا ڕۆژێک لەسەرەتای هاوینی ۱۹۷۲ ئاگاداری مەسعودی کوڕی دەکاتەوە کە دەبێ فاخیر بکوژن.
ئەویش ئاگاداری کەریم سنجاری دەکات، هەتا کەسێکی گونجاو بۆئەم کارە تەرخان بکەن، “حەمەدەمین ڕەشکە” کە دانیشتووی ناوپردان دەبێت و سەرلقی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی بووە و بۆ ئەم کارە ڕادەسپێرن، ئەویش شەوێک دوای ئەوەی خەوی لێدەکەوێت لەزینداندا تیرۆری دەکەن!
باوکیشی واتە حەمەد ئاغا، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لەزینداندا ئازاد دەکرێت و هەر ئەو ڕۆژە لەلایەن کەسێکی بارزانیەوە ئەویش تیرۆر دەکرێت… پوختەی ئەم ڕوداوەم بە کەمێک دەستکاریەوە لە نامیلکەی مێژوویی” بارزان وڕەچەڵەکی بارزانیان” وەرگرتووە، کە لەنوسینی “مامخان شێروان”یە.
ئەمە دیوێکی سیناریۆکانی بارزانی باپیر بوو، هەر بۆیەش کوڕانی بارزانی و نەوەکانی، لەپێناوی پارێزگاریی لە هەیمەنەی خۆیان سڵیان لەدەستبردن بۆ هیچ کارێکی وەحشیگەریانەی هاوشێوەی مەلای باوکیان، کە تەنها لەکارەساتی هەکاریدا، حەوت سەد پێشمەرگەی یەکیەتی بە جارێک ئەوەی دەکوژرێت دەکوژرێت، ئەوەیشی دەگیرێت لەسەر بڕیاریی مەلا بە گولەی ئارپێجی گولەباران دەکرێت.
لە دوای ڕاپەڕین وخڕۆشانی خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەشیان لە کەرەج وتارانەوە بەرەوکوردستان، هەر لە دەستپێکی ئەزموونەکەیاندا، قێزەونی و ناشیرینی خۆیان لەتیرۆری دەیان وسەدان کەسایەتی چە پ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕی بادینادا نیشان داو بەو پەڕی بێ بەزەییانە هەر دەنگێکی ناڕازییان لە ناوچەی جێ نفووزی خۆیاندا سەرکوت وبێدەنگ و خەڵتانی خوێن دەکرد.
شەڕی بێپاساوی ساڵی ۱۹۹٦ ی عەشیرەتی سورچی و پارتی پارێزگاران، لەکەڵەکین و کوژرانی حوسێن ئاغای سورچی و چەندین کەس لەخەڵکی مەدەنی کە مناڵیشی تێدا بووە، بەشێکی دیکەیە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی ئەو حیزبە ، کە کورتەی چیرۆکەکە بەو شێوەیەیە،:- لەگەرمەی شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەکیەتیدا، پارتی پارێزگاران دەوری نێوبژیوانی لەنێوانیاندا دەگێڕاو کۆبوونەوەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکیەتیدا لەبارەگای پارتی پارێزگاران ئەنجامدەدرا، کەڵەکین، سنووری سۆران وبادینانی لەیەکتر جیا دەکردەوە، لەگەرمەی سەرکەوتنەکانی یەکیەتیدا، پارتی لەو خاڵە بەگومان بوو، ترسی ئەوەی هەبوو، یەکیەتی لەڕێگای کەڵەکینەوە بەرەو بادیان بپەڕێتەوە، بۆیە کەوتە بیانوو هەڵبەستن، بۆ پارتی پارێزگاران، ڕۆژێک لەگەڕانەوەی حوسێن ئاغادا، بۆ کەڵەکین، بازگەی پارتی وەک بێڕێزی دەیهێننە خوارەوە، دواتر، مەسعود بارزانی پەیامیان بۆ دەنێرێت و دەڵێت ئێمە لەگەڵ حوسێن ئاغادا براین و بەیانی لای ئێوە دەعوەتم، دەعوەتی مەسعود بارزانی بۆ ماڵی حوسێن ئاغا، پەلامارو وەحشەت و کوشتن و بڕین و تاڵانی بوو.
چیرۆکە تڕاژیدیا ئامێزەکانی دیکەی مێژووی ئەم ئاخیرەشیان کەلە تیرۆری وەک سۆرانی مامەحەمەو تاهیر عەبدول ستار شەریف و سەردەشت عوسمان و ویداد حوسێن و چەندان چالاک هەڵسوڕاوی دیکەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی ئەم دەسەڵاتە بۆ بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگە ڕەخنە ئامێزەکانی دژی ئەم دەسەڵاتە.. دیارە زۆنی سەوزو دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە بنەماڵەییەکانی ماڵی تاڵەبانیش لەم دەسەڵاتەی زۆنی زەرد کەمتر بەناڕازیی و نەیارانی خۆیان نەکردووە، بەڵام لێرەدا بابەت بڕیارەکەی دادگای هەولێرو ئیدانەو شەرمەزارکردنی حوکمی شەش ساڵ زیندانیە بۆ شەش کەس لەهەڵسوڕاوانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی ژێر حوکمڕانی دەسەڵاتی زەرد.

تاهیر عیسا
22.02.2021




له‌ دولكانه‌وه‌ بۆ پشتاشان.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان :
له‌ كۆتایی مانگی نیسانی 1982 باره‌گای حزبمان { حزبی شیوعی عێراق} له‌ دێی دولكان بوو من هاورێ نه‌سره‌دین عابید هه‌ورامی پێكه‌وه‌ بووین و رۆژێكیان نامه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی هات و نه‌سره‌دین نامه‌كه‌ی كرده‌وه‌و وتی له‌ سه‌ركردایه‌تی داوات ئه‌كه‌ن به‌ زووترین كات بگه‌ێته‌ پشتاشان و، له‌ پاش یه‌ك دوو رۆژ كه‌وتمه‌رێ به‌ره‌و نۆكان و، له‌وێ له‌ گه‌ڵ هاورێ ابراهیمی سۆفی ( بابی تارا) یه‌كمانگرته‌وه‌و ئه‌ویش داواكرابوو، شه‌و له‌ نۆكان نووستم كه‌ رۆژ بووه‌وه‌ كه‌وتینه‌رێ ، من و سێ چوار هاورێ و دیلێك به‌ پیاده‌و بابی تارا به‌ سواری هێستر له‌ به‌ر ئازاره‌كانی قاچی كه‌ له‌ شه‌ری سنه‌ تووشی بوو، بۆ ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ پشتاشان و، له‌وێ هاورێ بابی تارا بوو به‌ لێپرسراوی جوله‌ پێكردنی سه‌ربازی ( حركات عسكریه‌) و، منیش بۆ راگه‌یاندنی ناوه‌ندی ـ به‌ شی سه‌ربازی { پێشمه‌ركاتی} له‌ گه‌ڵ هاورێیان شاعیری گه‌وره‌ گه‌له‌كه‌مان ئه‌حمه‌د دڵزارو ئه‌فراسیاو سدیق شاوه‌ێس { حه‌مه‌ ره‌شید} و هاوری سه‌لیم ئیسماعیل ( ابو عوطف) ئه‌ندامی كۆمیته‌ ناوه‌ندی بوو به‌ به‌رپرس.
له‌ گه‌رمه‌ی هاویندا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاب 1982 كۆمه‌ڵێك لاوی هه‌ولێرو ده‌ورو به‌ری هاتن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و، ئه‌و كات هاوری بابی سه‌لام { به‌هادین نوری} به‌رپرسی سیاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو هات بۆ ‌لام و وتی : خه‌لكێكی زۆر په‌یوه‌ندییان كردووه‌و پێویسته‌ ببیت به‌ لێپرسراوی سیاسی و، وتم ئه‌ی ئیشه‌كه‌ی راگه‌یاندن یه‌كسه‌ر به‌بێ وه‌ستان وتی ئه‌بێ هه‌ردووكیان ئه‌نجام بده‌ێت و حاریكی تر وتم ئه‌ی هاورێ ابو عواطف به‌رپرسم رازی ئه‌بێت ؟ وتی خۆم قسه‌ی له‌ گه‌ڵدا ئه‌كه‌م.
سكرتێرو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ناوه‌ندی و به‌شی سه‌ربازی و راگه‌یاندن پێكه‌وه‌ بووین و، خێوه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوون زۆر نزیك بوون و ئێمه‌ 3 هاورێ بووین بۆ یارمه‌تیدانیان : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب { سیروان} به‌رپرسی سیاسی، مولازم حامد به‌رپرسی عه‌سكه‌ری و عبوده‌ ره‌ش به‌رپرسی ئیداری.
له‌ مانگی ئاب ( ئۆگۆستی) كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كادری حزبیی ( سیاسی و سه‌ربازی) كراو، له‌ كۆتاییدا هاورێیان گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاروباری خۆیان و منیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م قۆسته‌وه‌و داوام له‌ هاوری به‌هاءالدین كردو وتم : گه‌ر بكرێت بۆ یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت وه‌ربگرم و برۆم بۆ شارباژێرو هه‌وڵبده‌م هه‌واڵی خێزانه‌كه‌م و كه‌سو‌كارم بزانم ، هاورێ وتی برۆ به‌ڵام هه‌وڵبده‌ زوو به‌ زوو بگه‌رێته‌وه‌.
له‌ پشتاشان هاورێ سلیمان یوسف ئیستیفان {ئه‌بو عامل} به‌رپرسی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌كانی حزب وتی ئه‌م دوو هاورێیه‌ له‌ گه‌ڵ خۆت ببه‌ بۆ شارباژێرو له‌وێ بیانده‌ به‌ ده‌ست هاورێیانی به‌رپرسی رێكخراوه‌كانی شاره‌كان ( مه‌ده‌نی) له‌ ناوچه‌كه‌داو، به‌یانی زوو دوو هاورێكه‌ ئاماده‌ بوون : عه‌لی عۆده ئه‌لعه‌قابی { ئه‌بو پراڤدا} 1 و، سامی عه‌بدولره‌زاق ئه‌لجبوری { ئه‌بو عادل}2 و، كه‌وتینه‌رێ به‌ره‌و نۆكان و شه‌و له‌وێ لای هاورێیان ماینه‌وه‌و، له‌ رۆژی دواتر به‌ره‌و دولكان رێگامان گرته‌به‌رو ئێواره‌گه‌یشتین و له‌وێ دوو شه‌و ماینه‌وه‌.
هاوری ئه‌بو پراڤدا بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌و رێگا سه‌ختانه‌ ببێنێت و، زۆر هیلاك بوو ، له‌ پاش دوو رۆژ ئێواره‌یه‌كی درنگ گه‌یشتینه‌ دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌و، خۆشبه‌ختانه‌ ته‌راكتۆرێك شتومه‌ك و كاڵای ئێرانی باركردبوو به‌ره‌و سنووری چوارتا ئه‌رۆیشت و ئێمه‌ش به‌ سواری ته‌راكتۆر گه‌یشتینه‌ شوێنێك و تراكتۆر په‌كیكه‌وت و، هه‌واڵی هاورێیاانمان پرسی یه‌كێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ وتی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاورێیانتان به‌ره‌و چنگیان ئه‌رۆیشتن و، ئێمه‌ش نزێك بووین هه‌ر چۆنێك بوو له‌ نیوه‌ شه‌ودا گه‌یشتینه‌ چنگیان و روومان كرده‌ مزگه‌وت و هاورێی پاسه‌وان به‌ده‌نگێكی به‌رز وتی: كێی زه‌لام ؟ منیش وتم هاورێ خۆمانین و ده‌نگی یه‌كترمان ناسی و هه‌ندێ هاورێ هاتن به‌ پیرمانه‌وه‌و، چوون به‌تانیان له‌ ماڵێك بۆ هاورێیان ئه‌بو پراڤداو ئه‌بو عادل هێناو منێش له‌ گه‌ڵ هاوری { مامۆستا خالد) 3 پشتمان نا به‌ پشتی یه‌كتره‌وه‌و نووستین و كه‌ رۆژ بووه‌وه‌ نان و چای په‌یانیمان خواردو هه‌ردوو كادریره‌كه‌ی حزب ته‌سلیم به‌ هاورێ خالد كردو وتم نامه‌یان پێیه‌و، منیش هه‌واڵی ماڵی هاورێ نه‌سره‌دینم پرسی وتیان له‌ باراوه‌و پاشان من به‌ره‌و باراو كه‌وتمه‌رێ و هاورێیانم به‌حێهێشت و گه‌یشتمه‌ باراوو له‌وێ به‌ یارمه‌تی هاورێیان له‌ پاش دوو رۆژ دایكم هات.
دوای دوو رۆژ من و هاورێ شیخ ره‌سول له‌ باراو به‌ره‌و دێی به‌زێنان كه‌وتینه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی فریای ئۆتۆمبیل بكه‌وین و دایكم بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سلێمانی ، له‌ نزیك دێی شوكێ دوو هه‌لیكۆپته‌ر ده‌ركه‌وتن زوو من و شیخ ره‌سوڵ چووینه‌ بن دارێكی بچوك و به‌ دایكم وت تۆ به‌رده‌وام به‌و برۆ‌ ناو دێ و خۆت بكه‌ به‌ ماڵێكداو به‌ڵی دایكی پێشمه‌رگه‌م و،هه‌لیكۆپته‌ره‌كان دوو سێ ده‌سترێژی له‌ ده‌وروبه‌ری دێی وه‌ندرێنه‌ كردو ناوچه‌كه‌یان به‌ جێهێشت و ئێمه‌ش { من و دایكم و شێخ} به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتینه‌ دێی بزه‌ینان و له‌وێ ناچار بووم و به‌ پیكاپێكی پر له‌ بار دایكم نارده‌وه‌ بۆ سلێمانی و خۆشم له‌ گه‌ل شیخ ره‌سوڵ به‌ره‌و ‌ دێی گورگه‌یه‌ر رۆیشتین و له‌وێ مامه‌وه‌ و كاكه‌ شیخ ژورێكی له‌ مالێك به‌ كرێ گرتبوو، له‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك چوومه‌ دێی سیته‌ك به‌ یارمه‌تی و چاوساغی هاورێیان ئارام عه‌لی و شه‌هید ئاسو نایب و مه‌فره‌زه‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی حزب به‌ سه‌لامه‌تی له‌ جاده‌ی سلێمانی ـ چوارتا په‌رینه‌وه‌و شه‌و له‌ دێی خه‌مزه‌ نووستین و دوای خواردنی نان وچای به‌یانی كوتینه‌ری به‌ره‌و گاپیڵون و دۆڵی جافایه‌تی و شه‌و له‌ مالومه‌ ماینه‌وه‌و له‌ پاش نیوه‌رۆ له‌ دێ ده‌رچووین و بۆ ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ ولاغ لوو شه‌و له‌وێ ماینه‌وه‌و له‌ پاش خواردنی قاوه‌ڵتی به‌ چه‌می سه‌فره‌و زه‌رون شۆربووینه‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ سه‌ر ئاوی زێی بچوك و په‌رینه‌وه‌ بۆ دێی هه‌رزنه‌و چووینه‌ دێی ئه‌شكان وله‌ پاشان دێی بێتۆش و من له‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ جیابوومه‌وه‌ چووم بۆ باره‌گای حزب له‌ دێی دولكان.
له‌ دولكان بیستم هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزب دابه‌ش كراوه‌ به‌ سه‌ر سێ مه‌ڵبه‌ند { بادینان ، هه‌ولێر ، سلێمانی و كه‌ركوك و هاورێ به‌هاءالدین نورێ بووه‌ته‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك و، هاورێ به‌ها وتی لێره‌به‌و مه‌رۆ بۆ پشتاشان و وتم حه‌ز ئه‌كه‌م لیره‌ بمێنمه‌وه‌ به‌ڵام ئایا هاورێیان له‌وێ رازی ئه‌بن و، هاورێ وتی خۆم چاره‌سه‌ری ئه‌كه‌م. { ماویه‌تی}.
تیبینی :
1 ــ عه‌لی عۆده ئه‌لعه‌قابی { ئه‌بو پراڤدا} كادرێكی لێهاتوو ، بوو به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی حزبی شیوعی عێراق. هاورێیه‌كی ئازاو پێشمه‌رگه‌یه‌كی چاونه‌ترس جوامێرو له‌خۆبوردو هه‌میشه‌ ئاماده‌ بوو خزمه‌تی خه‌ڵك بكات و له‌ رووی ئه‌كادیمییه‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی دكتۆرای هه‌بوو مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان بوو له‌ كۆلیجی زانست له‌ زانكۆی موسته‌نسرییه‌ و، له‌ پاش نه‌خشییه‌كی سه‌خت كۆچی دوایی كرد.
2 ـ سامی عه‌بدولره‌زاق ئه‌لجبوری { ئه‌بو عادل} كادرێكی پێشكه‌وتوو لێهاتوو قسه‌خۆش و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو یه‌ ساڵی 1978 چه‌كی مه‌ردایه‌تی دژ به‌ رژێمی دیكتاتری سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی هه‌ڵگرت و له‌ سوید كۆچی دوایی كرد.
3 ـ مامۆستا خالد { سلاح الدین حه‌سه‌ن} ئه‌ندامی مه‌كتبی محه‌لی پاریزگای سلێمانی و كادری به‌ تواناو پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو چالاك و یه‌كێك بوو له‌ قاره‌مانه‌كانی داستانی قزله‌رو، له‌ پاش پرۆسه‌كانی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ و بۆ راپه‌رندنی ئه‌ركه‌كانی حزب له‌ ناو شاری سلێمانی گیراو شه‌هید كرا.




بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکەوە.. دادیار ئازاد

ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، پێشینەی ستەمی نەتەوەی سەردەستە بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا. بۆیە ئەم ڕۆژە و یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە، پتر بە کەڵکی ئەو زمان و نەتەوانە دێت، کە تارمایی و هەژموونی زمان و نەتەوەی باڵـادەستیان بەسەرەوەیە.
زمانی کوردی هەر لە باشووری کوردستاندا، لە دەستوری دەوڵەتدا وەک مافێک بۆ کوردی ئەو بەشەی عێراق جێگیرکراوە، دەنا هێشتا لە بەشەکانی دیکەدا، ئەم زمانە، چوارچێوەیەکی یاسایی لە سنوری دەوڵەتدا نییە.
کەواتە ئەم بۆنەیە بۆ کورد، پێویستە هەڵگری واتا و گوزارشتێکی جدی بێت، بۆ دەستگرتن بە زمانەکەی.
لە پەنای ئەم ڕۆژەدا، چەند سەرنجێک دەخەمەڕوو:
١- هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە، باشتر و پێشکەوتووتر نییە.
ئەمە ڕاستییەکی زمانناسییە. سۆسێر هەر زوو درکی بەو ڕاستییە کردووە، چەمکی پێشکەوتن و دواکەوتنی داوەتە پاڵ نەتەوە، نەک زمان. گوتوویەتی:
ئەرکی سەرەکیی بابەتی زمانەوانی ئەوەیە، لە هەموو ڕواڵەتەکانی ئاخاوتن بکۆڵێتەوە؛ جا ئەو زمانە لەلـایەن نەتەوەیێکی پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت، یان لەلـایەن نەتەوەیێکی دواکەوتووەوە.
لێ ئەوە هەیە: کە زمان پێویستە خزمەتی بکرێت، تا گەشە بکات و پێویستییەکانی خۆمانی لێ وەدەستبخەین، دەنا سیس و بێبەر دەبێت.
٢- ڕەخنەی زمانی، بۆشایی و کەلێنێکی گەورەی دونیای نووسینی ئێمەیە.
کتێب و توێژینەوەکانمان، هەڵەیان تێدان، هەڵەکان پاتەدەبنەوە، نەقشیان گرتووە، ناشکێرێن؛ کە پێویستە بشکێنرێن.
زانیارییەکانی نێویان، سنوردارن، نۆژەننەکراونەتەوە، پێویستە پڕشنگی دراوە زمانناسییە تازەکانیان بەربکەوێت.
لە غیابی ڕەخنەی زمانیدا، نووسینی باش و بێکەڵک تێکەڵبوونە و، خراپ نووسین نەبووەتە عەیبە؛ کە پێویستە ببێتە عەیبە و تاوان.
٣- برەودان بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی داتای ئەلکترۆنیی بۆ نووسین و وشەی کوردی، تا ببنە کەرەسە و سەرچاوەی توێژینەوە، بەتایبەت لە ناوەندە جیهانییەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندن و چاودێریی زمانان.
هاوکات برەودان بە هۆکاری دیگیتاڵی بۆ زمانی کوردی، تا بە شێوەیەکی ئاسان و ڕاست بخرێتە بەردەستی بەکارهێنەران و، داتاکانی زمانەکەشمان لە هەڵەی زۆر و زەوەند بپارێزین.
٤- بوونی ئەکادیمیای کوردی ئاماژەیێکی باشە، کە ئەو زمانە مشورخۆرێکی هەیە. بەڵـام پێویستە باشتر بە کار و ئامانجەکانی خۆیڕا بگات و ئەندامەکانی کۆشش بکەن، ئەکادیمیا مافی بەکارهێنانی دەستەڵـاتەکانی هەبێت. سەرباری ئەوەی پێویستیی بە پێداچوونەوە و نوێبوونەوە هەیە.
٥- باشە دەستەواژەی “زمانی دایک”، بۆ جێی بە “زمانی زگماک” لەقکرد! تێناگەم ئەمە لە بێئاگاییەوەیە، یان سۆزدارانە لەبەر خاتری ناوی “دایک” ئەمە وای لێ کراوە؛ یانیش باندۆری وەرگێڕانە! پێم وایە، دەستەواژەی “زمانی زگماک” لەڕووی بەکارهێنانەوە، لەمەوپێش لە “زمانی دایک” بە هەرمێنتر بووە و، من بۆ خۆم لە نووسینی “هەژار و عەلی حەسەنیانی و دیلـان”ـدا گەلێک جار بینیومە.

دادیار ئازاد




گۆڕان.. شیعری: فەتاح حەسەن

ئەوسا
خەمەکانت کەم
شادیەکانت زۆر،
ئێستا
شادییەکانت کەم
خەمەکانت زۆر.

ئەوسا
گەشبینییەکەت
چرای ڕۆشنکەرەوی
بەستەڵەکی بیری تاریکی
هاودەمانت بوو،
ئێستا
تروسکەیەك بەدی ناکەی
بەدوی چرای ئەم و ئەودا
ڕێگە دەکەی.

ئەوسا
چرپەت ئاوازێك بوو
بەبیستنی.. هاودەمانت
دڵیان ئاوی دەخواردەوە و
دەکەوتنە جۆش و خرۆش،
ئێستا..
نوزەی ئەستەمە.
دڵی خۆشت ببزوێنێ.

ئەوسا
چاوەکانت
لەڕۆژگاری بێ ڕەنگیدا
پەلکەزێڕینەی پاش بارانی خۆر بوو،
ئێستا
چەشنی پیرێك
ڕێشکەوپێشکە دەکا.

ئەوسا
بریقەی بسکت
ڕەونەقی چاوی دەبردو
ئاوێزانی ئاوی دەکرد،
ئێستا
زبر و ئاڵۆزە
لەگەڵ پەتکدا، شەڕ دەکا.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




پیس کردنی ژینگەی دڵ.. شیعری : نەوزاد بەندی

ئەسڵی دڵ ،
ئینجانەیەکە و ..
لەلای خواوە ،
هەندێ گوڵی
خۆڕسکی تیا ڕوێنراوە ..
ئەوە خۆمانین گوڵەکان
ووشک ئەکەین و
دڕک ئەڕوێنین لەملا و لاوە ..
دڵ ،
شوشەیەک عەتری
ناو کانی و گوڵزارە ..
ئەوە خۆمانین
کردوومانە بە دەخیلە و
هەوڵ ئەدەین
پڕ بێ له پارە ..

نــــــــ . بەندیــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ