چەمکی ئاکار لەنێوان ئەقڵ و ئایندا.. نووسینی: ئاراس سەعید

ئەوانەیی دەڵێن: (مۆڕاڵ)ی تاک لەنێو ئایینەکاندا تووشی لەرزۆک بوون دەبێت هیچکات لە مۆڕاڵ تێنەگەشتوون، بەڵکو ئایین بابەتێکی کۆمەڵایەتییە لەدەروونی مرۆڤدا مۆڕاڵ دەستەبەردەکات.

چەمکی مۆڕاڵ چەمکێکی زانستیەو، لەدونیایی فیکردا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە. یەکەمین فەیلەسوفیش لەمێژووی هزری مرۆڤایەتیدا، چەمکی مۆڕاڵ وەکو چەمکێکی زانستی و بابەتێکی ئیپستمۆلۆژیا خستۆتەڕوو (سوکراتە).
لەدیدی سوکراتەوە چەمکی مۆڕاڵ، دەرهاوێشتەیی ئەقڵەو، پەیوەندی بەئاستی زانینی مرۆڤەکانەوە هەیە.
تێڕوانینی سوقرات دەربارەی لۆگۆس، واتا دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بە مۆاڵی ڕاشیونالیست، یان ئەقڵگەرایی ناسراوە، لەدیدی سوقراتەوە تاکە مۆتیڤی کردە ئاکارییەکان ئەقڵە، چونکە لەدیدی سوقراتەوە، چاکە ( زانینیە ).
لەمێژووی فەلسەفەدا، دوو شێوە تڕوانین بەرامبەر عەقڵانییەت هەبووە، ئەویش ( میتۆدی دانپێنان و میتۆدی ڕەخنەگرانە ).
لە وتە بەناو بانگەکەی سوقرات، دەبینین کە شوێنکەوتەی میتۆدی ڕەخنەگرانە بووە، کە دەڵێت؛” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانای ژیان نییە”.
تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و تاقیکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لەبارەوە هەیە.
لەزاری ئەفڵاتوونەوە وتەیەکی بەناو بانگی سوقرات دەخوێنینەوە؛
۱”من دەزانم، کەنازانم، ئەوان نازانن، کەنازانن، وا دەزانن دەیزانن”.
سوقرات یەکەمین فەیلەسووفە، کە بەدوایی شەنوکەو کردنی پرسە چەق بەستوو و ئارێشەکاندا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی کەموو کورتی و هەنگاونان بە گەشەی مەعریفی. کاڕڵ پۆپەر دوای دووهەزار و چوارسەدساڵ سەدساڵ دواتر ئەو وتەیەی دوبارەکردەوە. پۆپەر دەڵیت؛ ئێمە کاتێک دەزانین هەڵە و کەموو کورتی تیۆرەکەمان لەکوێدا، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبێنەوە. گەشەی مەعریفی واتا، دۆزینەوەی یەکێک لەکەموکورتییەکانی بۆچوونەکانمان، نزیکبوونەوەیە لە زانین”.
پەیوەندی نێوان مۆڕاڵ و مەعریفە، لەدیدی سوقراتەوە: سوقرات یەکەمین کەس بوو چەمکی مۆڕاڵ ئاوێتەی ئیپستمۆلۆجیا دەکات. ت ز لاڤین دەربارەی مۆڕاڵی سوقرات دەڵێت؛” مۆڕاڵی سوقراتی واتا دۆزینەوەی ئەوەی ڕاست و چاکەیە لەڕێگەی ئەقڵەوە”.
لەدیدی ئەگەر بمانەوێ گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین.
مەبەستی سوقرات لەم وتەیە؛ “کەس تووشی هەڵەی ئاکاری نابێت، مەگەر زانیاری لەبارەوە نەبێ”. چونکە لەتێڕوانینی سوقراتەوە، چاکە زانینە.
هەرکەس زانیاری دەربارەی خراپەی گرفتە ئاکارییەکان هەبێت هەڵەناکات. ئێمە زۆر جار وتەی بریا باشترم بکردایە، بەکار دەهێنین. بەجۆرێکی تر لەدیدی سوقراتەوە هەر کەسێک تووشی هەڵەیەکی ئاکاری بێت ئەوکەسە، بێ ئەخلاق نییە، بەڵکو زانیاری تەواوی لەبارەی باشەوە نییە.

هەرچەندە مۆڕاڵ بابەتێکی مەعریفیە، بەڵام بەپێ ترادسیۆن و ژینگە و کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان جیاوازان. سۆفستاییەکانی یۆنان، زۆر زیتەڵانە لەم بابەتەدا ڕۆچووبوون، ئەویش بەهۆی گەشت و گاڕانەکانیان، کە شار و دەوڵەتەکانیان دەبڕی بۆ فێرکردنی زانیاری بەمرۆڤەکان. لەدیدی سۆفستایەکانەوە مۆڕاڵ بابەتێکی ڕەها و گشتگیر نیە، بەڵکو لە ژینگە و کۆمەڵگا و کلتورەجیاوازەکاندا گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەم تێڕوانینەش لەگەڵ زانستەمرۆییەکان و سۆسۆلۆژیایی مۆدێرندا گونجاوە.

بەڵام بەهۆی گونجاندن و کارلێکی شارستانیەتەکاندا، پێویستە، مرۆڤایەتی پابەندی جۆرێکی گشتگیر تر لە بنەما ئاکاریەکان بن، کە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بگونجێ. بۆیە ئاکار وەکو زانستێکی تایبەت خۆی لەفەلسەفە جیادەکاتەوە و بنەماکانی ئاکار زۆرن لێرەدا باسی چەد دانەیەکیان دەکەین وەکو:( باشە، خراپە، دروست، نادروست، ئەبێ، نابێ). فەلسەفە بەتیۆرەکانی خۆی لێکۆڵینەوە لەچەمکەکانی ئاکار دەکات. یان لەوە دەکۆڵێتەوە کام جۆر لەڕەفتار باشە، یان بۆچی پێویسە کاری باشە بکەم.
چەند تێڕوانینێکی فەلسەفیمان هەیە کە هەوڵیان داوە ببنە ئەلتنەرتایڤێک بۆ ئیتیکی دەستەجەمعی کۆمەڵگایەک تا ببنە چەن تیۆرێکی یۆنیڤیرسال و مرۆڤ پەیڕەوی بکەن، بەپێ لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکانیش هەموو کردەکانی مرۆڤ سەر بەیەکێک لەم قوتابخانانەن.

یەکەم: پراگماتیزمی ئەرکگەرایی
ئیمانیۆڵ کانت بەدامەزرێنەری ئەم تیڕوانینە دادەرێت.

چەمکی مۆڕاڵ، لەڕوانگەی فەلسەفەی (کانت)ەوە، مەرجی پێشینی هەیە. کانت گەورەترین فەیلەسوفە لەمێژووی فەلسەفەدا، کە ئاڵوگۆڕی بەشوێنی (شۆبژە و ئۆبژەکرد). زەین و عەین کرد. کە وەرچەخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. لەڕوانگەی کانتەوە. زەینی مرۆڤ، کۆمەڵێک یاسای و قاڵبی هەیە، کەپێشینین. مرۆڤ کاتێک لە ڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهان دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نیهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لەڕێگەی لۆگۆسەوە، سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنی. لەپێشووتردا. دەیان گوت: زەین ئاوێنەی عەینە. کە بەپێ توانایی تێگەشتنی خۆی زانیاری دەبارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لەڕوانگەی کانتەوە زەین چاولیکەیەکە، بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینین. بەشێوازێکی تر، لەڕوانگەی کانتەوە مرۆڤ بەر لەوەی لەشتێک بکۆڵێتەوە، دەبێ زانیاری دەربارەی ئەو ئامڕازانە هەبێ کە بەهۆیەوە، بەحس دەکات. مرۆڤ کاتێک گوزارەیەکی ئەرێ دەر دەبڕێ، هەمیشە زانیاری دەربارەی دژەکەی هەیە. بۆیە لەڕوانگەی کانتەوە ئەخلاق مەرجی پێشینی هەیە. مرۆڤ کاتێک دەربارەی چەمکی باش بوون زانیاری هەیە، لێکەوتەکانی خراپ بوونیش دەزانی. واتا، ئێمە کاتێک دەزانین، دەرئەنجامی درۆکردن خراپە، ئەوکات، نەفی دەکەینەوە. بۆئەوەی بابەتەکەڕونبێتەوە دەچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە:

٭ئەخلاق لەڕوانگەی کانتەوە، مەرجێکی هەیە، ئەویش سەربەست بوونە. ئێمە تا سەربەست،یان ئازاد نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لەکردەکانی خۆمان بکەین.
[] کانت میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، تا بزانین کامە چەمکی ئەخلاقی دروستە، یان نا دروستە.
کانت وتەیەکی بەناوبانگی هەیە، کەدەڵێت: “ئاسمانی پڕئەستێرەو یاساکانی سروشت لەسەر سەرمەو، یاساکانی ئاکاریش لەناوەومدایە”.
کانت لەفەلسەفەکەیدا زۆر گرنگی بە نەزم و ڕێکی و پێکی داوە. بۆیە لە بەشی دووەمی فەلسەفەکەشی ٭ڕەخنە لە ئاوەزی کردەکی٭ یاسا و نەزم وەکو مەرجێکی ئاکار دەسەپێنێ.
کانت دەڵێت: “هەرگیز ناتوانی مامەڵەیەک، وەکو مامەڵەیکی دروستی ئاکاری بناسێنی تا نەتوانی مامەڵەکە بکەیتە یاسایەکی جیهانی”.
واتا: کاتێک مامەڵەیەکی ئاکاری تەندروستە، کەبتوانی مامەڵەکەت بکەیتە، مامەڵەیەکی جیهانی.
بۆنمونە: کاتێک مرۆڤێکی قەرزار ئامەنەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی.

مامەڵەیەکی دروستە یان نادروست
لەڕوانگەی کانتەوە، ئەگەر توانیت نەگێڕانەوەی قەرز بکەیتە یاسایەکی جیهانی ئەوا دروستە. ئەگەر تۆ پێتخۆش بێ کەسێک قەرزاری تۆیەو قەرزەکەت بۆنەگەڕێنێتەوە، پێت خۆش بێ. ئەوا مامەڵەکەت دروستە. بەپێچەوانەوە نەخێر.
٭ فەلسەفەی ئەخلاقی کانت، پراگماتیزمی ئەرکگەراییە: ئەرکگەرایی: قوتابخانەیەکی ئاکارییە، کە ئیمانیۆل کانت بەدامەزرێنەری دادەنرێت. ئەم ڕوانینە فەلسەفەیە، لە ئامانج و سوودی کارەکە ناکۆڵێتەوە، بەڵکو ئەخلاق ئەرکێکی ڕەهایە.
ئەم ڕوانگەیەوە، چاکە ئامانجی بێ ئامانجە. چاکە ئەرکە لەپێناوی چاکەدا. بۆنمونە: باشبوون لەپێناوی دەستکەوتنی ناوبانگ. یان ئەنجامدانی کاری پاش لەپێناوی بەدەستهێنانی بەهەشت، یان ڕازی کردنی خودا لەخۆت، لەڕوانگەی کانتەوە نا دروستە.
ڕەنگە مۆڕاڵی ئایینەکان. جۆرێک بێت لە حوکمێکی تۆتالیتاریزم و قەدەغەکردنی ئازادیی مرۆڤ بێت، لە زیادەڕویی کردنی حەرام و حەڵاڵ و دەستوەردانە نیو هەموو ڕەهەندە تایبەتیەکانی مرۆڤەوە. یان ئەو لێکۆڵینەوانەی کەدەربارەی ئایینەکان کراون کە ئایین بڕوابوون بەخودا وابەستەی بڕوابوون بەخودا دەکات. ئەمە پەیوەندی بەلۆژێک و ئەقڵەوە نیە، چونکە خودا چەمکێکی ئەقڵانی نیە، بەڵکو پەیوەندی بەباوەڕو ڕوحی مرۆڤەوە هەیە. بەڵام وەکو لە بنەماکانی مۆڕاڵمان کۆڵیەوە، چەمکی باشە و خراپە، دروست و نادروست…هتد یەکێکە لەبنەماکانی مۆراڵ و فەلسەفەی ئاکاریش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. هەریەک لە بنەما ئاکارییەکان لەئایینەئاسمانیەکاندا بوونی هەیە. وەکو تابۆکانی ئایینەکە و باشەکردن و دوورکردنەوە لەخراپە، کە مرۆڤ لەپێناوی دەستکەوتنی بەهەشت و پاداشتدا ئەنجامی دەدات. ئەمەش تێڕوانینێکی ئامانج گەراییە. بوونی خودا وەکو هێزێکی تۆقێنەر و ڕەهایی ئایینەکان فاکتەر و کردە باشەکانی مرۆڤە، چونکە خودا وەکو هێزێکی سزادەر و پاداشتدەر لەدەروونی ئایندارەکاندا تۆوی ترس و دودڵی و قەلەقی لەڕوحیان چاندووە.
بابەتەکە لە سۆنگەیەکی ئایینیەوە ناخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو خودی خودا، وەکو باڵاترین هێز لەسەروی ئەقڵ و سروشتی کەسی ئاینیەوە. کاتێک کۆمەڵێک وابەستەیی مۆڕاڵێکی دەستەجەمعی ئایینی دەبن، بەناچاری ژیردەستەی کۆمەڵێک بکەو مەکەی ئەو یاسایانە دەبن. لەبەرامبەریشدا کەسێکی خاوەن ئیتک و ئەخلاقی ناوەکی و تاک، وابەستەیی ئەو تیۆرەی خۆیەتی. خودی پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات ئایا کەسانێک خودان هیچکام لەو ڕێسا و یاسا مۆڕاڵیانە نین، چ شتێک وایان لێ دەکات باشبن ؟

دۆستۆڤیسکی دەڵێت؛ ئەگەر خودا نەدەبوو، هەموو شتێک ڕێگە پێدراو دەبوو.

نەبونی خودایەک وەکو هێزێکی باڵاو، بکەر و سەپێنەری کۆمەڵێک یاسای سەپاوی ڕەها، وەکو چەمکی سزاو پاداشت، چ شتێک وا لەمرۆڤێکی بەڕبەڕی و ناهۆشیار پابەندنەبووی هیچ چەشنێک لە ئیتێکێک ویاسایەک دەکات کە تاوان نەکات لەکاتێکدا، خودی مۆڕاڵ پڕۆسەیی ئەقڵانیە، یان زانینە، کەسێک نەزان بێت بەرامبەر کۆمەڵێک کردە کە ئەنجامی ئەدات، تووشی زۆرترین نەزانی دەبێت. ئەوە بوونی خودایەکە، وەکو هێزێکی تۆقێنەر و پاداشت دەرەوە، فاکتەری باشبوونی مرۆڤە یەکتاپەرستەکانە. هەرچەندە باشبوون بەرهەمی بیرکردنەوە و ناسینی خودە، باشبوونی کەسێتی ئایینی، جۆرێکە لە بەزۆر باشکراو.
نیچە وتەنی؛ خودا مرد، ئێمە خۆمان کوشتمان. مەبەستی نیچە لەکوشتنی خودایەکی باڵا و کەماڵ نیە. بەڵکو خوێندنەوەیەکی فەلسەفیە بۆ پێشکەوتنەکانی مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ لەهەوڵی جوداکردنەوەی بکەرە لە بابەت، واتا دابڕانی مرۆڤ لە سروشت و دەستبەسەراگرتنی سروشت لەڕیگەی زانستی ئەزمونییەوە. شتێک بە ناوی خودا بوونی نامێنێت. نیچە وەکو بیرکەرەوەیەکی زیتەڵە هۆشداری ئەدات لەدوایی مردنی خوداوە، نیلهیزم و پوچیتی دروستدەبێت، بەم شێوە پوچیەی ئێستا بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە.




شه‌رمه‌زاری وڵاته‌كه‌مم كه‌ نه‌مردومه‌!.. د. فاخر عالی خان ئاوده‌لی

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌نگه‌كان پڕن له‌ ڕووداوی وێرانكه‌ر و كاره‌ساتبار، ڕووداوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌شیان تێدایه‌، ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌م ڕووداوه‌ سه‌یروسه‌مه‌رانه‌، ئه‌م ڕووداوه‌‌ به‌سه‌رهاتی پله‌دارێكی سه‌ربازی یابانییه‌، ئه‌م سه‌ربازه‌،‌ ناوی شۆیچی یۆكۆیه‌، ناوبراو له‌ ڕۆژی 31 ئاداری 1915 له‌ دایكبووه‌ و له‌ 22 ئه‌یلولی 1997دا مردووه‌، شۆیچی یۆكی‌، له‌ یه‌كه‌ی 29 بەشی پیادە لە مانچوکۆ له‌ كار دابووه‌، ساڵی 1943 بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بۆ دوورگەکانی ماریانا گواستراوه‌ته‌وه‌، لە مانگی شوباتی 1943 دا گه‌یشتۆته‌ دوورگه‌ی گوام.
دوای ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ و شه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، هێزەکانی ئەمریکا، دوورگه‌ی گوامیان له‌ ساڵی 1944 دا ده‌ست به‌سه‌ر داگرتووه‌، یۆکۆ لەگەڵ نۆ سەربازی دیکەی یابانی، خۆیان له‌ دوورگه‌كه‌ شاردۆته‌وه‌، له‌ نێو ئه‌م نۆ سه‌ربازه‌شدا ته‌نها سێ کەسیان لە دوورگه‌كه‌ دا ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ ڕزگاریان نه‌بووه و مردوونه‌‌، ئه‌م سێ سه‌ربازه‌ یابانییه له‌ دارستانه‌كانی دورگه‌ی گوام ماونه‌ته‌وه‌، له‌ پێناو ئاشكرا نه‌بوونیان‌ شوێنه‌كانی خۆیان له‌ یه‌كتر جیاكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداری و هه‌واڵپرسین، ماوه‌ ماوه‌ سەردانی یەکتریان كردووه‌، ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌یان هەتا نزیکەی ساڵی 1964 به‌رده‌وام بووه‌، له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 1963 دا، دوو سه‌ربازی دیكه‌یان به ‌هۆی لافاوی دوورگه‌كه‌ گیانیان لە دەستداوه‌، ئیتر له‌و كاته به‌ دواوه‌ یۆكۆ بۆ ماوه‌ی هەشت ساڵی دیكه‌، بە تاق و ته‌نهایی ماوه‌ته‌وه‌. ژیانی ڕۆژانه‌ی یۆكۆ له‌سه‌ر ڕاوکردن بووه، له‌ ترسی ئاشكرا بوون، ڕاوكردنه‌كه‌ی له‌ شه‌واندا كردووه‌، هەروەها ڕووەکی سروشتیشی بۆ هه‌مه‌ جۆركردنی خواردن بەکار هێناوە، جلوبەرگه‌كانیشی له‌ گه‌ڵای داره‌كان دروستكردووه‌، به ‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ و كه‌ش و هه‌وای دورگه‌كه‌ پێویستی به‌ جلوبه‌رگی زۆر نه‌بووه‌، جێگەی نووستنه‌كه‌شی له‌ قوڵایه‌كی ژێر زه‌ویدا بووه‌ كه‌ بۆ خۆی ڕێكیخستبوو، بە وریاییەوە ژیانی ڕۆژانه‌ی به‌سه‌ر بردووه‌ و خۆی له‌ مه‌ترسییه‌كانی گرتن و كوشتن پاراستووه‌.

لە ئێوارەی ڕۆژی 24 24 ی کانوونی دووەمی 1972 دا یۆکۆ، لە لایەن دوو كه‌س به‌ ناوه‌كانی: جیس دویناس و مانوێل دی گراسیا كه‌دوو پیاوی ڕاوچی دوورگه‌كه‌ بوونه‌ دۆزراوته‌وه‌‌، ئه‌م دوو ڕاوچییه‌، بۆ ڕاوكردنی ڕۆبیان چوونه‌ته‌ ڕووبارێكی ناوچه‌ی تالۆفۆی دوورگه‌ی گوام، له‌ كاتی گه‌ڕان و ڕاوكردنه‌كه‌یان یۆكۆیان بینیوه‌، له‌ سه‌ره‌تاداوایان زانیوه‌ كه ‌یۆکۆ خەڵکی خەڵکی تالۆفو بێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا یۆكۆ وا تێگه‌یشتووه‌ كه ده‌گیرێت و‌ ژیانی كه‌وتۆته‌ مه‌ترسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێرشی کردۆته‌ سه‌ر ڕاوچییه‌كان، ئه‌وه‌ بۆته‌ هۆی ده‌ستگیركردنی یۆكۆ، ئه‌وه‌بوو دوای گرتن و قۆڵبه‌ستكردنی، یۆكۆ بۆ نووسینگه‌ی كۆمیسه‌رانی دورگه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنینی شوێنی مانه‌وه‌ی، یۆكۆ دانی بە ناسنامەکەی داناوه‌، ئه‌وه‌ی پێڕاگه‌یاندوون كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ربازه‌ پله‌داره‌كانی وڵاتی یابان و له‌ كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه‌ له‌ دوورگه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌. به‌هۆی دابڕان و نه‌بوونی هیچ هه‌واڵێك، یۆكۆ لە ساڵی 1952دا زانیبووی کە جەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی پێهاتووە. دوای ده‌ستگیركردنی سۆیچی، پشكنینێكی گشتی ته‌ندروستی بۆ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌كه‌ی زۆر لاواز ببوو، به‌ڵام هیچ نه‌خۆشییه‌كی نه‌بووه‌ و ته‌ندروستی باشبووه‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یابان
یۆكۆ لە کاتی گەڕانەوەیدا، پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌شدا هه‌ستی به‌ شه‌رمه‌زاری كردووه‌، به‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی گوتوه‌: شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ من، هاوڕێكانم مردن و منیش به‌ زیندوویی گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌”، ئه‌م قسه‌یه‌ی یۆكۆ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌ ناو یابانییه‌كان دروستكردووه‌، كاریگه‌ریه‌كی زۆر له‌سه‌ر خه‌ڵك دروستكردووه‌، بووە بە وتەیەکی بەناوبانگ و سه‌رزاری یابانییه‌كان. ئه‌م وته‌یه‌ی سۆیچی بۆ وته‌ی فه‌رمانده‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌ڵێت: له‌ كاتی چوونمان بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ، فه‌رمانده‌كانی ئێمه‌ پێیان ده‌گوتین:ئێمەی یابانی، مردنمان پێ باشترە له‌ هه‌ڵاتن و بە دیل گیران و كه‌وتنه‌ ده‌ستی دوژمن.

یۆکۆ، دوای گەشتێکی فراوانی چاوپێكه‌وتنی میدیایی له‌ شارو شارۆچكه‌كانی یابان، له‌ ته‌مه‌نێكی نزیك شه‌ست ساڵی، ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌،لە ناوچەی ئایچی لادێیی نیشتەجێ بووه‌. به‌م شێوه‌یه‌ یۆکۆ بووه‌ بە هێمای به‌رخودان و کەسایەتییەکی بە ناوبانگی نیشتیمانی. ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی، بوونه‌ته‌ داستان و سیناریۆی فیلمی دۆكیۆمێنتاری، ساڵی 1977 له‌ فیلمێكی دۆكیومێنتاریبه ناوی یۆکۆ و ژیانی نهێنی بیست و هه شت ساڵهی خۆی له گوام به شداری كردووه‌، لە کۆتایدا بڕی 300 هه‌زاردۆلاری ئەمریکی وه‌رگرتووه‌. به‌هۆی ئه‌م خۆ ڕاگرییه‌ی یۆكۆ، حكومه‌ت وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی سه‌ربازی خانه‌نشینی كردووه‌. پێش چوونی بۆ به‌ره‌ی جه‌نگ و مانه‌وه‌ی له‌ دوورگه‌ی گوام، ده‌رفه‌تی چاوپێكه‌وتن و دیداری ئیمپڕاتۆری یابانی هیروهیتۆی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یابان، له‌ كاتی گه‌یشتن و بینینی ئیمپڕاتۆر، یۆكۆ وتی: خاوه‌نشكۆ من گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، زۆر په‌شیمانم له‌وه‌ی كه‌ ناتوانم باش خزمه‌تت بكه‌م. یۆكۆ له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ كۆچی دوای كردووه‌، له‌ هه‌مان ئه‌و گۆڕه‌ نێژراوه‌ كه‌ وه‌ك سه‌ربازی ونبووی جه‌نگ، له‌ ساڵی 1955 بۆی هه‌ڵكه‌نرابوو، ئه‌م گۆڕهه‌ڵكه‌ندنه‌ی ساڵی 1955 دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ مردنی یۆكۆی به‌ دایكی ڕاگه‌یاندرا بوو.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ئه‌م شوێنه‌ی كه‌ یۆكۆی تێدا ژیاوه‌، ئێستا بۆته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری گرنگی دورگه‌ی گوام، گه‌شتیاره‌كان وه‌كو مۆزه‌خانه‌یه‌ك سه‌ردانی ده‌كه‌ن و به‌ گوریس و په‌تێكی درێژ ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ی ماڵی سۆیچی یۆكۆی، ئه‌م شوێنه‌ به‌ ئەشکەوتی یۆکۆ” ” ناسراوه‌، شوێنێكی سەرنج راکێشی گەشتیارییە، مۆنۆمێنتێكی تایبه‌تیان بۆ یۆكۆ دروستكردووه‌.

د. فاخر عالی خان ئاوده‌لی / ماموستا له‌ زانكۆی سۆران

سه‌رچاوه‌:
https://www.bbc.com/news/magazine-16681636
https://www.guampedia.com/wwii-sgt-shoichi-yokoi-last-straggler-on-guam/

چه‌ند وێنه‌یه‌كی سۆیچی یۆكۆ و شوێنی مانه‌وه‌ و كه‌لوپه‌له‌كانی له‌ دوورگه‌ی گوام




وه‌رن بۆ پشتاشان چه‌ك وه‌ربگرن.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان :

هاورێ عه‌دنان عه‌باس ئه‌لكوردی(1) ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراق له‌ رؤژێكی ساردو به‌فراوی بانگهێشتی من و بابی تارای كرد بۆ نان خواردنی نیوه‌رۆو ئه‌وكات ماڵیان له‌ گوندی دولكان بوو نانمان خواردو له‌ گه‌رمه‌ی قسه‌وباس بووین و وتم قه‌ت ئه‌م رۆژه‌ له‌ یاد ناكه‌م ورێكه‌وتێكی جوانه‌و بروانه‌ 12/12/1982 وه‌و له‌و كاتانه‌دا هاورێیه‌ك له‌ باره‌گای حزب هات و نامه‌یه‌كی دا به‌ هاورێ بابی تاراو ونامه‌كه‌ی هه‌ڵیپچرێ وخوێندییه‌وه‌و سه‌ركردایه‌تی حزب له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌ڵێت به‌ زوترین كات وه‌رن بۆ پشتاشان چه‌ك وه‌ربگرن.
گه‌راینه‌وه‌و شه‌و له‌ گه‌ڵ بابی تارا باسی ئه‌وه‌مان كرد كێ بنێرین بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك و هاوكات ژماره‌مان زۆر كه‌م بوو زۆربه‌ی هاورێیان له‌ گه‌ڵ هاورێ به‌هاءالدین ( بابی سه‌لام) رۆیشتبوون بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گای حزب له‌ گوندی حاجی مامه‌ند و، له‌ نێوان قسه‌و باسدا وتم خۆم ئه‌رۆم و یه‌كسه‌ر ناردمان به‌ دووای به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌كان و وتمان كه‌سێك ئاماده‌ بكه‌ به‌یانی زوو ئه‌رۆێن به‌ره‌و پشتاشان و باشتروایه‌ هاورێ عه‌بدولكه‌ریم سه‌ید عه‌لی بێت و هه‌رئێستا گوریس و هێسترو كورتانه‌كانیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانی شپرزه‌ نه‌بین.
به‌یانی زوو خۆمان به‌ باشی پێچایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رما كارماتێنه‌كات به‌ سواری دوو هێستر من و عه‌بدولكه‌ریم باره‌گای حزبمان له‌ گوندی دولكان به‌جێهێشت و كه‌ له‌ شاخی زه‌ردگ سه‌ر كه‌وتین سه‌رماكه‌ وه‌ك گوێزان وابوو ترسی ره‌نوومان هه‌بوو چونكه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س ئه‌بنه‌ قوربانی و به‌ناو به‌فرو سه‌رما بۆ پاش نیوه‌رۆ گه‌یشتینه‌ باره‌گای حزب له‌ نۆكان و، یه‌كسه‌ر پێش ئه‌وه‌ی خۆمان نان بخۆێن توركه‌ پر له‌ ئاڵف كاوجۆ كرده ‌مل‌ هێستره‌كان.
شه‌و له‌ نۆكان ماینه‌وه‌و رۆژی دواتر به‌یانی زوو كه‌وتینه‌رێ وبه‌فر زۆر بوو ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ پشتاشان و له‌ پاش پشوودان هاورێیه‌ك هات و وتی : هاوری سلێمان یوسف ئیستیفان ( ئه‌بوعامل) ئه‌یه‌وێت بتبینێت و، منیش چووم و زۆر به‌ توره‌ییه‌وه‌ وتی تۆ مۆڵه‌تت وه‌رگرت بۆ یه‌ك مانگ به‌ڵام وا دوو مانگ زیاتره‌و، منیش بۆم روونكرده‌وه‌ و وتم هاورێ ئه‌بو سه‌لام منی گلدایه‌وه‌و وتی خۆم ئاگاداری هاورییانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌كه‌م وپیویستیمان به‌ تۆیه‌ و له‌ دولكان مامه‌وه‌و ئێستاش هاتووم چه‌ك بۆ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك وه‌ربگرم و، هاورێ ئه‌بو عامل به‌رپرسی گشتی هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانی حزب بوو تێكۆشه‌رێكی ناسراوبه‌ڵام زۆر وشك بوو به‌ منی وت برۆ بۆ لای هاورێیانی راگه‌یاندن و له‌وێ بمێنه‌وه‌و خۆمان چه‌ك ره‌وانه‌ی سلێمانی ئه‌كه‌ین و،منیش وتم حه‌ز ناكه‌م له‌ راگه‌یاندن بم و ئه‌گه‌رێمه‌وه‌ بۆ سلێمانی و ئێستا ئه‌مه‌وێت برۆم پشوو بده‌م و به‌یانی قسه‌ی ئه‌كه‌ین و ده‌رچووم و ، شه‌وێكی خۆشم له‌ گه‌ڵ هاورێیان به‌ سه‌ربردو به‌یانی پاش نانخواردن چووم بۆ لای هاورێ ئه‌بو عامل چه‌كمان بداتی و وتی ئیشی تۆ له‌ راگه‌یاندنه‌و باسی چه‌ك مه‌كه‌و، منیش چووم بۆ لای هاورێیانی سه‌ركردایه‌تی كه‌ریم ئه‌حمه‌د { ئه‌بو سلیم } ئه‌حمه‌د مه‌لا قادر بانیخێلانی { ئه‌بو سه‌رباز} و وتم خۆتان ئه‌زانن هاورێ ئه‌بو سه‌لام چۆنه‌و ئه‌و منی گلدایه‌وه‌ و خۆشم حه‌ز ئه‌كه‌م له‌ سلێمانی بم و نامه‌وێت لێره‌ بم و ئه‌بو عامل ئه‌یه‌وێت به‌ زۆر بمهێڵێته‌وه‌و ئه‌لێـت تۆ یاخی بوویت و داواكارم یارمه‌تیم بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی كێشه‌ نه‌بم و حه‌زناكه‌م چیتر ئه‌بو عامل بدوێنم.
هاورێیان قسه‌یان له‌ گه‌ڵ ئه‌بو عامل كردو وازی هێناو له‌ كاتی چه‌ك وه‌رگرتن كاتێك وتم سلێمانی له‌مه‌شیان به‌ختی نییه‌و كام چه‌ك خراپه‌ ئه‌یده‌ن به‌ ئێمه‌و ئه‌بو عامل هه‌ڵچوو وتی بۆت نییه‌ ئه‌وه‌ بڵێت ئه‌ی كامه‌ باشه‌و، منیش وتم به‌ هێمنی قشه‌ بكه‌ین باشتره‌ و ئه‌زانن چه‌ك یه‌كه‌م جار ئه‌گاته‌ بادینان و به‌شی خۆیان به‌ زیاده‌وه‌ وه‌ر ئه‌گرن و پاشان ئه‌گاته‌ پشتاشان و ئینجا به‌شی سلێمانی و كه‌ركوك جیائه‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ش‌ قسه‌ی من نییه‌و هه‌موو جارێك وتراوه‌و هه‌رچۆنێك بوو سێ بار چه‌كیان دا به‌ ئێمه‌و وتم ئێمه‌ دوو هێسترمان پێیه‌و، هاورێ ئه‌بو عامل نیازی وابوو دووبار ببێن و بۆ ئه‌وه‌ی تریان جاریكی تر بگه‌رێنه‌وه‌ بۆۆ پشتاشان و منیش وتم چه‌كه‌كانمان بده‌رێ خۆمان چاره‌سه‌ری ئه‌كه‌ێن ، به‌ هه‌ر حاڵ له‌ ئه‌بو عامل رزگارمان بوو.
به‌ یارمه‌تی هاورێیان { بابی سه‌لیم و بابی سه‌رباز} هێسترێكمان وه‌رگرت و خۆۆمان ئاماده‌ كردو شه‌و ئه‌بو عامل هات و وتی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ ‌ بۆ سلێمانی گوازراونه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌ بیانبه‌ن و، منیش وتم ئێمه‌ به‌یانی زوو ئه‌رۆێن و پێویسته‌ ئاماده‌ بن و هه‌ركه‌س زوو نه‌یه‌ت ئێمه‌ به‌جێئه‌هێڵین .
رۆژ بووه‌وه‌و نان و چامان خواردو چه‌كه‌كان باركران و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ هاتن و ژماره‌یان 16 كه‌س بوو منیش وتم زۆر سارده‌و رێگاوبان به‌فرو شه‌خته‌یه‌و دووره‌ ئه‌وه‌ی ناتوانێت لێره‌ بمێنێته‌وه‌و پاشان كه‌وتینه‌رێ و هه‌رچۆنێك بوو گه‌یشتینه‌ نۆكان و، رۆژی دواتریش له‌ نۆكان گه‌یشتینه‌ گوندی بێوران و به‌فر زۆر بوو له‌وێ خه‌ڵكی گوند وتیان به‌ شاخدا ناتوانن برۆن و رێگای ماشینیش ( ئۆتۆمبیڵ) له‌ به‌ر نزیك بوونی له‌ سه‌رده‌ست ئاسان نییه‌ و سوپای ئێران چاودیری رێگاكه‌ ئه‌كات.
بیوران نزیكه‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت و هه‌روا له‌ كێلێ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ ده‌روازه‌ له‌ نێوان كوۆدستان وئێرانه‌ و نزیكه‌ له‌ قه‌ڵادزێ و به‌ هؤی قاچاغچێتی حزبی به‌عس كه‌سانی خۆی به‌ ئاسانی خزاندووه‌ ناو ئه‌م گونده‌و مانه‌وه‌ لێره‌ ترسناكه‌و جگه‌ له‌ هاورێ عه‌بدولكه‌ریم هه‌موو هاورێیان عه‌ره‌بن بۆیه‌ سێ كه‌سم له‌ گونده‌كه ‌ دۆزێیه‌وه به‌ كرێ به‌یانی زوو له‌ گه‌ڵ هێسترو باره‌كانیان تا دێی ده‌رمان ئاوا هاوكارمان بن و هاورێ عه‌بدولكه‌ریم سه‌رپه‌رشتی هاورێیان بكات و له‌ سه‌رشاخ بگه‌نه‌ گوندی ده‌رمانئاواو، رۆژی داهاتوو شه‌فه‌ق عه‌بدولكه‌ریم و هاورێیان چوون و من و سێ كه‌سه‌كه‌و هێسترو باره‌كان به‌ رێگای ئۆتۆمبیل و له‌ رێگای مه‌ترسیدار ده‌رباز بووین و گه‌یشتینه‌ ده‌رمان ئاوا.
له‌ دانیشتوانی گوند زانیمان هێستر به‌ باره‌وه‌ ناتوانێت به‌ناو به‌فری شاخی زه‌ردگ بروات و رێگاكه‌ به‌ هۆی ره‌نوو كردن ( هه‌ره‌س) زۆر ترسناكه‌. شه‌و هه‌شت كه‌سمان به‌ كرێ گرت و بۆ به‌یانی هاورێیانم كۆكرده‌وه‌و وتم ئه‌م رێگایه‌ ترسناكه‌و ئه‌وه‌ی گورجوگۆڵ نه‌بێت ئه‌كه‌وێته‌ ژێر به‌فرو پێویسته‌ هه‌موو وریابن و یارمه‌تی یه‌كتر بده‌ن و پاشان شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌مان ( هاورێیان و كه‌سانی بارهه‌ڵگرو هێستره‌كان) به‌بێ بار كه‌وته‌رێ و زۆر به‌ سه‌ختی و ناخۆشی گه‌یشتینه‌ باره‌گای حزب له‌ گوندی دولكان و هاورێ بابی تارا بیرۆكه‌كه‌ی به‌دڵ بوو كه‌ چه‌كه‌كان به‌ كۆڵبه‌ر گه‌یانده‌ باره‌گای حزب.

3/3/2021




پێشـەکیی تێـزی دکتـۆرایەکەم “وامزانی ڕادیـۆیـە!”.. فازیل شـەوڕۆ

هەرچەندە دەزانم، ئێوە کە ئێستا لە هۆڵی گفتوگۆی تێزی دکتۆرایەکەم دانیشتوون، هەر وەک ئەو دە دوانزدە کوردەی دیکە، کە لە شارەکە ماون، بە زەحمەت لە زمانم حاڵی دەبن، من هەر بۆیەش بەو زمانە ، دکتۆرانامەکەم داڕشتووە، تا بزانن کە پێش (٤٠) ساڵ، زمانی کوردی چۆن بووە و کوردەکان چۆن مێژووی ئەو چاخەی خۆیان بەسەر یەکدییەوە کەڵەکەچن کردووە و بۆچی بەو ڕۆژگارە گەیشتن.

هەرچی ئەو ئامیر و ئامرازانەی کە ئێمڕۆ لەبەر دەستی ئێوەدایە و ئیش و کارەکانی خۆتانی پێ مەیسەر دەکەن، (٤٠) ساڵ پێش ئێستا، بە خەونیش، بە خەیاڵی کەس دا نەدەهات. لەو سەردەمدا، لە ڕێی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکان، بیربۆچوونیان دەردەبڕی و ڕووداوەکانیان دەگوازتەوە، (فێیسبووک و ڤابەر و وەتس ئەپ و ئینستگرام و توویتەر و توویج و تیکتۆک…تاد) لەبەر دەستی خەڵکەکە بوو ـ هەرچەندە ئەوانەش ، دوگمەی هەڵکردن و کوژاندنەوەیان لە ژووری تاریکیی پارتەکان دابوون و لە ژێرچاودێری ورد دابوون!

تێزی دکتۆرایەکەم، جگە لە پێشەکی، (٣) بەندە:
بەندی یەکەم: بوێری و جەرگسۆزیی کوردان پێش حوکمرانی خۆماڵی.
بەند دووەم: بیست دەقیقەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین.
بەندی سێیەم: چۆن جەهالەت هەڵگەڕایەوە و وڵات وێران بوو؟

دەمەو عەسرێک، لە سیلەی کۆڵانەیەکی تەنگەبەرێ شارێک، تازە گەنجێکی چاوڕەشی ڕوخسار کوردانە، بە دەستی خاڵی و بە هەناوی خاڵی و بە باخەڵی خاڵی، لە ماڵ دەرچوو بوو، ئەو نەیدەزانی بەرەو کوێ دەچێ، یان بۆچی لە ماڵ دەرچووە، چونکە قورسترین ئیشی ئەو (بیکاری) بوو. لەنکاوڕا، مایکی پەیامنێریکی گەڕۆکی تیڤییەکی ئەو سەردەم، ڕێی پێدەگرێ و پێدەڵێ:”ببیــژە!”

لەچاوترووکانێکدا، بەرچاوی ئەو گەنجە ڕەش دادەگەڕێ و سەری بۆ ئاسمان هەڵدەبڕێ و هەناسەیەکی قوول قوول هەڵدەکێشێ… خێرا خێرا، بە خێرای تیشکی خۆر، مێژووی نەتەوەکەی، لە شێخ سەعیدی پیرانەوە، تا دەگاتە بەردەم ماڵەکانی تووز و لەیلان وشەنگالی، دێتەوە پێش چاو… بە خێرای تیشکی خۆر، فەلسەفەکانی ئیبنولڕشد و فارابێ تێکەك یەکدی دەکات و تێۆرییەکانی ژانگ ژانگ ڕۆسۆ و ئین خەلکان لێکدەداتەوەو شیکارییەکانی ونستۆن جەرجل و دادە میتڕان ئاوێتەی یەک دەکات و لە دڵی خۆێدا دەڵێ:
“ئەمڕۆ، دەنگی من و سەدای هاواری ئەم کۆڵانەیە، دەبێ بگەێنمە بەر گوێی بەر پرسە هەرە گەورەکان و بەیەکەوە شۆڕشێک بەرپاکەین و سەرکەوتنی سەرکەوتن پێکەوە بۆ ئەم نەتەوە مەزڵۆمە وەدەست بێنین…”

ئەوجا، بە زمانێکی شیریین، کە تژبوو لە بۆنبەرامەی ئارەقەی پاڵە و جووتێر و زەبوونەکان، بە کوردییەکی ڕەوان، کە دەتگوت سوختەی بەردەستی مام هەژار و هێمن و خاڵ و گۆران بووە، دەستی کرد بە کێشانی نەخشەیەکی ئیستراتیژیی دوورخایەنی بێ نەزیر، بەو هیوایەی بە هاوکاریی و پشتیوانیی خودا و بەرپرسان و هاووڵاتیان، ئایندەیەکی گەش بخولقێنن و ئەو تەم و تارمای و تاریکاییەی ئاسمانی وڵات بڕەوێننەوە…. .

بە خەیاڵێ حاجی قادر و ، بە خەونی مام هێمن و بە تووڕەیی خالید دڵێر و بە سەدای خاڵە سێوە، پەیامەکەی خۆی گوتەوە. ئەو ساتە وەختە، مەرگ، لەبەر پێ کەتبوو، زیندان دیوارو پەنجەرەکانی خۆی داڕوخاندبوو، ئەر چوار ئیقلیمی وڵاتی خەیاڵی ئەو (ماف) بوو، ماف بۆ خۆی و ماف بۆ خەڵک و ماف بۆ تەروتوارو دارو بەردەکان… .

زوو، بووە ئاگری ناو پۆشێ، گرتەی ئەو گەنجە ڕوخسار کوردە… .

ئەو شەوە، ئەو گەنجە ڕوخسار کوردە، مۆبایلەکەی لە لای بالیفەکەی داناو نەخەوت… هەر چاوەڕی بوو، زەنگی سەرکردەیەک… بانگی بەرپرسێک… هاواری خەمخۆرێک گازی بکات و دوای ماچ کردن، بەڵینی هێنانە دی خەونەکانی پێبدەن..

لێ، هەر دوای دوو ڕۆژ… دیسان لەنکاوڕا، مایکێک بە زۆر خۆی ڕەپێشکردە بەردەمی و پێگوت:’ ببێــژە!”

ئەو گەنجە روخسار کوردە، بە بەرچاویەوە، مەرگ لە ئاسمان بەرەو هەوکی دەهات… چرنووکەکان دەهاتن پێستی داماڵن… شفرە و کەلبەکان، وەک ئەو وا بوو چووبنە نێو سینگ و پەراسووەکانی… دونیا لەبەر چاوی ڕەش بوو… بە زمانێک کە هەر خودا تێیدەگەیی و بە ئاوازی فریشتەو بە نەر و نیانی پەپوولە گوتی:

“وامزانی ڕادیۆیە.”

هەموو میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، پێش (٤٠) ساڵ، بەو گەنجە ڕوخسار کوردە پێکەین.. زۆریش پێکەنین…
من چەندان مانگە یەکە یەکە کۆمێنت و نووسراوەکانی ئەو ڕووداوە دەپشکنمەوە.. سۆمایی چاوانم داهات… تەنها یەک کۆمێنتم دۆزیەوە، کە بوێرانەی بابەتەکەی لە چوارچیوە گرتبوو، نووسی بووی.

“ئەم دەستە واژەیە، سێدارەی ئایندەی نەتەوەیەکە، گەر تێبگەن؟”

پەیامەکەی یەکەمی ئەم گەنجە ڕوخسار کوردە هەر (٥٠) وشەیەک بوو، من لێرە بۆ هەر (تاکە وشەیەکی) پتر لە (١٠) لاپەڕە لێکدانەوەم بۆ کردووە.

لە ئاکامدا گەیشتمە ئەو ئەنجامە… کە ئەگەر…
سەرکردەی کوردی، ژیرانەوە بوێرانە، پەیامەکەی ئەو گەنجە ڕوخسار کوردەیان وەگربایەو بە جددی کاریان لەسەر بکردبایە.. ئەوا ئێوەش، نەدەگەیشتنە ئەم ڕۆژە!

دەزانم دەپرسن… (بۆچی سەرکردە کوردەکان گوێیان لەو گەنجە ڕوخسار کوردە ڕانەگرت؟)

دوێنێ، خوێندمەوە، کە دوو گەنجی کورد، گەرچی کوردی نازانن، نیازیانە لە گۆڕەپانێکی (ئەربەئیلۆ) بۆ ئەو گەنجە پەیکەرێک دروستکەن لە ئاگر… ئەویش تا ئێستا نازانن، دەبێ ئاگرەکە چ رەنگێک بێ…

دەڵێن، لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سۆربۆنیش، ئێستا بابەتی” وامزانی ڕادیۆیە” دەخوێندڕیت و بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەکرێ.

تێبینی: تکایە ئەگەر لە داڕشتنەکەم، باش تێناگەن، دەتوانی ئەو فەرهەنگانە بەکار بێنن، کە (٤٠) ساڵ پێش ئێستا هەبوون ، تا ڕاڤەی وشەکانتان بۆ بکەن.




سەمای مەرگ.. ستیڤان شەمزینی

هەموو بێ ئومێدانە لە حەوشەی ژیان وەستاوین
راوەستاوین مەرگ بمانکاتە یادەوەرییەکی بزر بوو
ژیان داڵانێکی تەسکە، جێی ئازارەکانمانی تیا نابێتەوە
سەیرە! درەنگانێ مەرگ دەروازە بەرینەکانی ئەکاتەوە
مەرگ کاتێ دێ بە هانامانەوە لە خوێناوی ژیاندا گەوزاوین
بۆن و بەرامەی نەسیمئاسای مەرگ ساتێ هەڵدەکا،
سییەکانمان پڕ بووبن لە ژەهری بێهودەیی ژیان
وەرە، ئەی مەرگ، ئەسرینی رژاومان کۆ بکەرەوە
زوخاوی لە دایکبوونمان تنۆک تنۆک داچۆڕێنە
لە دۆزەخی ژیاندا، دەستی میهرەبانیت درێژ بکە
بزماری بێ ویژدانیی رۆژگار لە لاشەمان دەربێنە
تۆ ئەی مەرگی ئازیز، لاشەکەمان بدە دەست مێروو
لە دەمی قومارچییەکانی سیاسەت وەک قەندێ دەریکە
لە حەرامسەرا و کۆشکی پڕ ئەژدیهای زەمان دەرمانهێنە
بمانێرەوە بۆ کۆڵانەکانی ئەودیوی زەمەن و وجود
تۆ ئەی مەرگی شیرین، پێناسەی خۆت ببڕە بە باڵاماندا
جیاواز لەو پێناسەی دەڵاڵەکانی نیشتمان پێیان بەخشین
غەزەل و سروودێکمان لە خامۆشی و کپبوون فێر بکە
هیچ شتێ نەیگەێنێتەوە بە سروودی خودا و ئاینەکان
ببە بە بەرمۆدای گیانمان، وەک ئەختەبووت هەڵمانلووشە
تەخت و تاراجی شادییە درۆینەکانمان بەسەریەکا تێکدە
تۆ ئەی مەرگ، زووتر لە کاتی خۆی وەرە میوانیمان
سفرەی تژی جەنگ و کابووس و خوێنمان بدڕە
فریاکەوە سن و کوللەی ژیان گوڵەگەنمی جوانیی خواردین
خێراکە گەڵاڕێزانی مرۆڤایەتییە لەم جەنگەڵەی ناوی دنیایە
گیانمان هەمووی شوێنەواری زامی قووڵی پێکەنینە
پێکەنین بەو هەقیقەتە وەهمیانەی شالوری شەڕەکانن
سەنگەری بەرگرییمان تێکشکێنە کە تەنها هەناسەیەکە
ببینە چەند سارد وسڕ و مردووانە، سترانی ئەوین ئەڵێینەوە
تۆ وەرە ئەی مەرگی شیرین، گورز بوەشێنە لە رۆحمان
ئەو رۆحەی کرمەڕێزە، بە حەز و خەونی ئەهریمانەی ژیان
گەڵای داری هەموو خولیا شەڕەنگێزەکانمان بوەرێنە
تاکو زەوی و ئەستێرەکانیش پشوو بدەن لە دەستمان
چەشنی مڵە بەربووینەتە ئاسمان، بەربووینەتە پەلکەزێڕینە
هەموو رەنگەکانمان،ـ بە رەنگی دزێوی خۆمان سواخ داوە
فریا بکەوە، وەرە سەر رێگای بەختیارییە سەیرەکانمان
ئەو بەختیارییەی لە هەستێکی ماسۆشییانەوە لە هێلکە جوقاوە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، خەنەبەندانی چاوچنۆکیمان لێبکە شین
حەوت ملیار ئەمێبای زیانبەخشین، خۆرکەی گەردوونین
کۆمەڵێ شێرە بەفرینەن، بە هەتاوێک ئەبینەوە بە قوڕ و لیتە
فریاکەوە، ویژدانمان لە مەزادخانەی بێ ئابڕوویی فرۆشتووە
پۆلێ داڵە کەرخۆرەین، لەسەر کەلاکی تۆپیوی ژیان ئەژین
گروپێ قالۆنچەی رەشین، بۆنی زێرابی خیانەت لە هەناسەمان دێ
ئەی مەرگی شیرین، بێ بەزەییانە رەشماڵەکەمان بدە دەست رەشەبا
زەوی لە شوێن پێ پیسەکانمان، بە دیتۆڵی رەوشت بشۆرەوە
بێ بەزەییانە، رەچەڵەکی قێزەونی مرۆڤ قەلاچۆ بکە لەسەر زەمین
وەک دەرمانی مەلاریا، بارانی خوڕت بپرژێنە بەسەرماندا
لە رەشبەڵەکی درۆکانما، ملیارەها لوغم و مین بچێنە
دروێنەی رەوشتمان بکە، کە پاکیزەیی زەوی لەکەدار کردووە
کون و قوژبنی گەردوون نەماوە، پیسمان نەکردبێ
وەک شەپۆلێکی تووڕە تاکو لێواری عەدەم بمانبەرەوە
دڵی ئاسمانمان تا ئۆزۆن وەک بێژنگ کون کون کردووە
چەک و پارە تاکە زمانمانە بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ یەکتر
ئاکار و رەوشتمان، لە تەوالێتی بۆرسەیەکدا لێ بزر بوو
نیشتمان و پەرستگەشمان تەنها پێخەفی سۆزانییەک بوو
وەرە ئەی مەرگ، بزانە ژیان چەند زەبوونە بەدەستمانەوە؟
چی جوانی بوو، تێزابڕێژمان کرد و کردمان بە سووتماک
چی فەنتازیا بوو، هەموویمان کردە کورەی ئەتۆمییەوە
چی داهێنان بوو، هەموویمان بە دۆلاری لولکراو رووپۆش کرد
چی زانستە، کردمانە جەوەنەیەکی رەشەوە بۆ کۆیلەکردنی یەکتر
چی خودا بوو، هەموویمان کرد بە یەک خودا، ئەویش دراو بوو
چی عەشقیش هەبوو، بوو بە نوکتە و حکایەتی گوێ ئاگردان
چی کتێبی دنیا بووـ، هەموویمان کردە لوولەی گوڵەبەڕۆژە
تۆ وەرە مەرگ، گڵاوبوونی زەوی لە چڵکی رەشی شعورمان بشۆرەوە
نەهێڵی کەوڵەکانمان، لەزەوی بسرەوێ، فڕێیدە حاویەی گەردوون
نەهێڵی لە پەنا درەختێکەوە بمانێژن، نەکا فێری درۆی بکەین
نەهێڵی کۆتر لەسەر گۆڕەکانمان هێلانە بکا، نەبادا بە شەوارە بکەوێ
نەهێڵی خۆر هەڵبێ لەسەرمان، ئێمە بەندەی شەوە تاریکەکانین
رۆژی رووناکمان، ئەو کاتەیە دەستمان لە خوێنی یەکتردایە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، ئەم گاڵتەبازاڕییەی مرۆڤ بە کۆتا بهێنە
توتکە سەگی ناو هەستمان، بە پەتی دڵڕەقیت بخنکێنە
پێهەڵگرە، داهاتووی گەردوون لە مەترسیی لەناوچووندایە
مرۆڤ، مرۆڤ، دەستی ناوەتە بینە قاقای سروشت
هەنگاوەکانت خێرا بکە، بە کۆمەڵ ریشەکێشمان بکە
ئەوەتا، هەموو شت ئەبارێ، تەنیا جوانی و عەشق نەبێ
هەموو شت لێرە ئەبارێ، تەنیا مرۆڤایەتی و ماف نەبێ
ژمارەیەک قۆخی گەنیوین، باخچەمان پڕکردووە لە بۆنی ناخۆش
شووشەیەک کێم و جەراعەتی دەستی حەزرەتی ئیبلیسین
دڵی سەوزی گشت دەشتەکان ئەکەین بە بیابانی کاکی بە کاکی
خێرا وەرە ئەی مەرگ، کات زۆری بە بەرەوە نەماوە
لای مرۆڤ، کاتژمێری کۆتایی سۆز و بەهاکان و ژیرییە
کاتژمێری کۆتایی وڕک گرتنە لە حەزی وێرانخوازیی ناخمان
خێراکە، خێرا، لە مێژە کار لە کار ترازاوە، ئەدی تۆ لە کوێی؟
بۆ نایەیت شیرینی شیلکی خۆت بخەیتە ناو دەممانەوە؟
بۆ نایەیت کۆلارەی خەیاڵمان بدەی بەدەم گەردەلوولەوە؟
بۆ نایەیت، چەپەڵیمان بە ئاوی روونی خۆت بسمیل بکەی؟
خێرا وەرە، ئەی مەرگی شیرین، شاری خۆشیمان وێران بکە
ئەو خۆشییەی تەنیا لە درۆیەک زیاتر نییە و لەسەر پشتی
ملیۆنان ئادەمی تر، تەلاری یوتۆپی خۆی رۆناوە
وەرە، ئەی مەرگی شیرین، سەمای خۆت دەستپێبکە
ئێمە کۆتا جار چاوەڕێی تۆین بمانخەیتە سەما..

چاوەڕێین .. چاوەڕێین

ئەم شیعرە لە کۆمەڵە شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” بڵاوکراوەتەوە. کە لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە