بیرەوەریی و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا.. شاخەوان شۆڕش

نووسینەوەی بیرەوەریی لە سێ دەیەی ڕابردوودا شوێنێکی تایبەتی لە کتێبخانەی کوردیدا لە کوردستاندا بۆخۆی گڕداوە، وە بیرەوەریی پێشمەرگە دێرینەکان و کەسایەتییە سیاسیەکان بەتایبەتی توانیوویانە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن، وەکو ڕابردووی گەلی کورد تەژییە لە تراژیدیا و بەسەرهاتی جەرگبڕ، کە بەجۆری جیاواز و بەنیوەچڵی بیستراون یا بەشارەاوەیی ماونەتەوە و خەڵک تامەزرۆی زانینیانن. لەبەر گرنگی ئەم لقەی ئەدەبی سیاسی بەپێویستم زانی هەروەستیەک لەسەر ئەم چەمکەی “بیرەوەریی” و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا بکەم.
بیرکەوتنەوە پێویستی بە ژیاندنەوە هەیە تاکو ببێت بە بیرەوەریی، دەکرێ کەسێک ڕابردووی لەبیر بێت و بەوردی لەبیری بێت ڕووداوێک چۆن بووە، فڵان چی گوتووە و چی کراوە، ئەگەر ڕووداوەکە زیندوونەکرێتەوە ئەوجا چ لەڕێگەی نووسینەوە یا گێڕانەوەی زارەکیەوە بێت، ئەوا ئەم بیرکەوتنەوەیە زیندووناکرێتەوە و نابێتە بیرەوەریی. لەمبارەدا بیرەوەریی لەخودی کەسدا بەزگماکی سەردەنێتەوە و هەرگیز نادرکێندرێت. وەکو کۆمەڵناسی ناودار سۆوەن کیەکەگۆ Søren Kierkegaard پێیوایە دەکرێ ڕووداوێک زۆر بەوردی لەبیرمان بێت بێئەوەی بیگێڕینەوە. بۆیە ئەو “بیرکەوتنەوە” و “بیرەوەیی” بەڕوونی لەیەکتر جیادەکاتەوە.

بیرەوەریی خود Biography یا مێژووی ژیان؟ لە بەرایی مێژووی سەرهەڵدانی بیروهزری ئایینییدا گێرانەوە بیستراون و پشتاوپشتیان پێکراوە، هەندێ نووسراویش هەن کە گوزارشت لە ژیانی پێغەمبەرەکان دەکەن، بۆنمونە وەکو گوزارشتی ژیانی عیسا لە ئینجیلدا. بیرەوەریی خود دواتر هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پاش زایین کە ئەویش وەکو دەگوترێت کتێبی دانپێنانەکەی ئۆگستینە. دیارە جیاوازی هەیە لەنێوان بیرەوەریی و مێژووی ژیاندا، چون بیرەوەریی پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و بابەتدا، هەرچی مێژووی ژیانە پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و نووسەردا. نووسینی مێژووی ژیانی کەسێک لەزۆربەی بارەکاندا لەلایەن نووسەرێکەوە یاداشت دەکرێت. مێژووی ژیانی کەسێک لە دیدێکی کۆکەرەوەی هاوبەشی تەواودا دەنووسرێتەوە. بەڵام دەکرێ بیرەوەری خود تەنها جەخت لەسەر چەند قۆناغێکی ژیانی کەس بکاتەوە و لێی بدوێت. هەردوو جۆر بێگومان گرنگیان هەیە، بەڵام بیرەوەری خود کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسەکە خۆی دەنووسرێتەوە زانیاری و بەسەرهاتەکان ڕاستەوخۆ دەگەیەنێت. باش یا خراپ کەسەکە خۆی لێی بەرپرسیارە. ئەگەر نووسەرێک مێژووی ژیانی کەسێک بنووسێتەوە، ئەگەری بارگاویبوونی مێژووی ژیانی کەسەکە بەبیروهزری نووسەرەوە هەیە. دیارە دەکرێ هەوڵی شێواندنی بەسەرهاتەکان لەهەردوو جۆردا بەئاگایانە یا بێئاگایانە هەبن. وەکو کتێبە ئایینی و مێژوویەکان مشتوومڕ و دیباتی زۆریان لەمبارەیەوە دروستکردووە.

بیرەوەریی خود دەکرێ بە جۆری جیاواز بخرێتەڕوو یا سوودی لێوەربگیرێت، بەجۆرێک لەنێوان نووسین لەشێوازی ڕۆمانەوە تاکو ئامۆژگاری، ڕێپیشاندانی ڕێچکەی ژیان یا بەدەکومێنتکردنی ڕووداودا جووڵە بکات. لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەقەکە گرنگیی بەچ لایەنێکی ژیان یا بە چ بوارێک دەدات. لایەنە ئەدەبی و کەلتوریەکان، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، ئایینیەکان یا مێژوویی و سیاسیەکان، هەر بوارێک لەم بوارانە دەکرێ گرنگی تایبەتیان پێبدرێت. هەروەها نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، ئایا نیازی ئەوەیە ڕۆڵی خۆی لە ڕووداوەکاندا بخاتەڕوو، یا ئەزموونی ژیانی خۆی لە بۆتەی گێڕانەوەیەکی ئامۆژگاریئامێزدا بخاتەڕوو، یا ڕاستییەکان لە سەردەمێکی دیاریکراودا بخاتەڕوو، یا گوزارشتێکی ئەدەبیانەی بەسەرهاتەکانە بێئەوەی هێندە جەخت لەسەر خاڵە ورووژێنەرەکان و دیباتئامێزەکان بکاتەوە، وەکو نووسینی بیرەوەریی بەگوزارشتی پەخشاناویی و زمانی پاراوەوە بێگومان سەرنجڕاکێشە و خوێندنەوەی بۆ گەلێ لە خوێنەران بەچێژە. دەکرێ لای نووسەر گرنگبێت لە خود و تێپەرینی کەسایەتی خود وەکو پرۆسەیەک بەقۆناغە جیاجیاکاندا لەدیدێکی دەرونی تایبەتەوە قووڵبێتەوە و بدوێت، لەلایەنی ئەزموون و تاقیکردنەوە ئینتیم (تایبەت و کەسیی) intimate و کەسییەکانەوە قووڵبێتەوە، کە تیایدا دانپێنان و پەشیمانی، خۆشەویستی و کردارە تایبەتە ئینتیمەکان، کێشە دەروونیەکان دەکرێ گرنگیان پێبدرێت، وەکو بۆنمونە قووڵبوونەوەی فەیلەسوف و کۆمەڵناس ڕۆسۆ Rousseau کە بەجۆرێکی بێهاوتا لەسەردەمی خۆی لە بابەت و کێشە دەروونی و کەسییەکان لەبەرڕۆشنایی ئازادیی سروشتی مرۆڤ لەسایەی مەرج و سنورەکانی ئایین و کۆمەڵگەدا قووڵدەبێتەوە، بەجۆرێک کەوا تا ئەمڕۆ جێگەی سەرنجی شارەزایانە.

ئەگەر نووسینەوەی بیرەوەریی جەخت لەسەر ژیانی تایبەتی کەس و بابەتە ئینتیم و دەروونی و کەسییەکان بکاتەوە، لەمبارەدا بیرەوەریی گێرانەیەکی کەسیی تایبەتە لە جیهانی تایبەتی خوددا، گرنگی بە ئەزموونی خود لەژیاندا دەدات کە تەنها ئەو کەسە خۆی لێیان ئاگادارە و بۆ خوێنەریان یاداشت دەکات. نووسەر خۆی سەرپشکە لەوەی تاچەند لە نهێنی ژیانی تایبەتی خۆی قووڵدەبێتەوە و یاداشتیان دەکات. بەڵام ئەگەر مەبەست لە نووسینی بیرەوەریی خستنەڕووی ڕاستیەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە بێت، ئەوا مەرج و داواکارییەکان زیاترن. لەمبارەدا دەکرێ نووسەر هەوڵی جۆرێک لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوەکان بدات، ئەوەش مەرجەکانی بێلایەنی لە گوزارشتدا لەدیدی جیاوازەوە دەخوازێ کە کاریکی ئاسان نییە. بۆنمونە خوێندنەوەی بیرەوەریەک یا چەند بیرەوەریەک یەکسان نییە بە زانینی ڕاستیەکانی ڕابردوو وەکو خۆی. تێگەیشتن لە ڕاستییەکان کارێکی سەختە، چونکە لەناکۆکیەکاندا مرۆڤەکان دەکرێ تێگەیشتنی جیاوازیان لەسەر ڕووداوێک کە خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداریان تێدا کردووە، هەبێت.

بوونی بیرەوەریی یا مێژووی ژیان بێگومان گرنگە چونکە بەردەوامی ژیان پێویستی بەگەڕانەوە بۆ دواوە هەیە، گرێکوێرە کۆمەڵایەتیەکان لە گەلێ باردا دەگەڕێنەوە دواوە بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئارێشەکان. زانینی ڕاستییەکان هەمیشە بە جۆرێک لە دەستکەوتنی وەڵامی هەندێ پرسیاری بێوەڵام دەبیندرێن، دەکرێ وەکو هەنگاوی بەرەوپێشەوەچوون ببیندرێن و وەکو داینەمۆی بەردەوامیی خۆیان بنوێنن. بەڵام ئەگەر بەچاوی ڕەخنە سەیری بیرەوەری و مێژووی ژیان بکەین دەکرێ بیرەوەری یا مێژووی ژیانی کەسایەتییەکی ناودار شێواندنی ڕاستیەکان بن و لەبارێکدا گەیاندنی گێرانەوەکان نادروست بن. پەیدابوونی گرنگیی و واتاداریی ئارەزوو و بەرژەوەندییەکان گرنگبوونی گێڕانەوەیان وەپێشخستووە، وە لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەوەی بیرەوەریەکانەوە دیاردەی بەکارهێنانی گێڕانەوە بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندیەکان کەم یا زۆر هەبووە. لەکۆندا لەزۆربەی بارەکاندا گێرانەوەکان لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات یا دەسەڵاتی سەرکەتوو و براوەوە بووە، بۆیە گێرانەوەکان بەپێی ئارەزووکانی دەسەڵاتدار یا لەبەرژەوەندیی لایەنی باڵادەستدا نووسراونەتەوە یا هەڵبەستراون. بێگومان زاڵیی ئەم جۆرە نووسینەوە و گێرانەوەیە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگەدا هەبووە، بەهەمانشێوە کاریگەریی لەسەر جۆری تێگەیشتنمان بۆ مێژوو و ڕووداوەکان نواندووە. ڕەوتی دژ بە گێڕانەوە زاڵ و باوەکان لەشێوی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە بۆنمونە دامەزارندنی لێکسیکۆنی ئەلتەرناتیڤ لەلایەن گروپێکی چەپەوە لەبەرئەوەیە کەوا ئەوان پێیانوایە دەبێ کۆمەڵگە لەم گێرانەوە ساختە و نادروستە دوورکەوێتەوە کە لەبەرژەوەندی لایەنی براوە، یا دەسەڵاتداران و سەرمایەداری نووسراونەتەوە، بۆیە پێویستە گێڕانەوە دروست و ڕەخنەگرەکان لەشوێنیاندا دابندرێن. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەگەر شێواندنی ڕاستیی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە بیرەوەرییدا یەکسەرە بن، لە مێژووی ژیاندا دووسەرەن، وەکو لە بیرەوەریی خوددا نووسەر ڕاستەوخۆ گێڕانەوەکە دەگەیەنێت، ئەگەر هەڵبەستن و شێواندن لە گێڕانەوەکەدا هەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن نووسەرەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە مێژووی ژیانی کەسێکدا کە ڕووداو و بەسەرهاتەکان بۆ نووسەرێک دەگێڕێتەوە، ئەگەر کەسەکە بەمەبەست یا بێ مەبەست بەسەرهاتێک بشێوێنێ، ئەوا دەکرێ لەلایەن نووسەریشەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان شێواندن و هەڵبەستن ڕووبدات. هەروەها ئەگەر لە نووسینەوەی مێژووی ژیاندا پشت بەسەرچاوەی لایەنگر و سۆزدارانە ببەسترێت، بەهەمانشێوە ئەگەری شێواندن و هەڵبەستن زۆرن.

لەلایەکیتر پێویستە ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کەوا ڕووداوەکان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بیرکەوتنەوەیان سەختتر دەبێت، وردەکارییەکان گرنگیان کەمتر دەبێت، وە زیاتر چەقی بابەت بەگرنگیی دەمێننەوە کە تەمەنی ئەویش پەیوەستداردەبێ بە توانای ئەوانەی دەیگێڕنەوە یا دەکرێ بیگێڕنەوە. بیرەوەری لەمبارەدا وەکو بەردێکی گڵسپی وایە کە لەگەڵ بارانی ساڵاندا دادەڕووشێت، وردە وردە توانا و ڕەنگ و ڕوخساری دەگۆرێت. بۆیە گێڕانەوە جگەلە شێواندنی بەمەبەست، سروشتیانە بەرەوڕووی کێشەی بیرچوونەوەش دەبێتەوە.

لەڕووی مێژووییەوە بیرەوەریی کە وەکو لقێکی ئەدەبی سەیری دەکرێت بە دینی کریستیانی دەبەسترێتەوە و دەگوترێت یەکەم بیرەوەری کتێبی دانپێنانە، کە لەلایەن قەشەی کرستیان ئۆگوستین Augustin(یا ئۆغستینۆس کە بەزمانی عەرەبیش هەیە) لەنێوان ساڵانی ٣٩٧-٣٩٨ پاش زایین نووسراوەتەوە. دوای ئەوە گێڕانەوە ئایینییەکان نووسراونەتەوە و نووسینیان لەسەرکراوە. لەهاتنی سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەگەڵ گەشەسەندنی بیروهزری سیکولاریدا لەبارێکدا توێژێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە گرنگی بە هۆشمەندیی مرۆڤ دەدەن و ڕەخنە لە تێگەیشتنە دۆگمی و ئایینییەکان دەگرن، لە قاوغی کۆنەپارێزیی و ناهۆشمەندی چەقگرتوو دەردەچن، کەلەلایەن خۆیەوە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی کەسەکان لە گێڕانەوەی ڕابردوودا دەنوێنێت. بەمشێوەیە بیرەوەریی دەچێتە ئاستێکی دیکە، مرۆڤ لە قاوغە داخراوە دینییەکە دەردەچێت و سەبارەت بە خۆی دەدوێت، ئەوەش لە بیرەوەریی هونەرمەندی پەیکەرتاش بینڤینوتۆ سیلینی Benvenuto Cellini لە نێوان ساڵانی ١٥٥٨ – ١٥٦٦ دا دەبیندرێت. بەمشێوەیە هۆریزۆنتی گێڕانەوە وردە وردە فراوانتر دەبێت. فەیلەسوفی سویسری- فەرەنسی ناسراو جان جاک ڕۆسۆ Rousseau لە کتێبی دانپێناندا کە لەساڵی ١٧٦٤-١٧٧٠ دا نووسراوەتەوە، لەوێدا مرۆڤ وەکو پرۆسە دەبیندرێت، لەهەستی کەسی قووڵ دەبێتەوە، ڕەخنەدەگرێت و سنورەکان دەبەزینێت، بەمشێوەیە لقی ئەدەبیی بیرەوەریی خود دەباتە ئاستێکی بەرفراوانتر. بیرەوەیی گرنگیی لە کۆمەڵگەدا هەبووە لەگەڵ ئەوەی تووشی پاشەکشەش بووە. بیرەوەریی کەسەکان لەگەلێ باردا وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوویی سەیریان کراوە، چونکە وەڵامی هەندێ پرسیاریان لابووە، هەروەها وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ڕابردوو خۆیان نواندووە. هەروەها بیرەوەریی لە سەدەی ١٩دا بەتایبەتی بەرەورووی ڕەخنەی تاوتوێکراو بۆتەوە، بۆنمونە لەلایەن فەیلەسوفی دەرونناس فرۆید Freudو دیدی دەرونناسیی فرۆیدیانەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە. لەدیدی فرۆیدەوە مرۆڤ توانای ناسینی خۆی نییە و گومانی لەمبارەیەوە لەتوانای مرۆڤ هەیە. هەروەها لەدیدی مارکسیانەوە بیرەوەریی خود ڕەخنەی لێگیراوە، کەپێیوایە جۆرێک لە ئاگایی ساختە دەگرێتەخۆی، واتە ئەوەی دەگێڕدرێتەوە بەئاگایانە ساختەی تێدا دەکرێت. بێگومان ئەوە سەبارەت بە گێڕانەوە مێژووییەکان ڕەخنەیەکی دروستە، چونکە شێواندن هەبووە و گێڕانەوەش بەهاهەڵگرە. دیارە گێرانەوە بە گێڕانەوە دەگۆڕێ و کێشەی ئاگایی ساختەش ڕێژەییە. هەروەها ستروکتورالیستەکان Structuralism ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بیرەوەریی خود وەکو دروستکراو (فیکشن fiction) سەیر دەکەن. وەکو لای ئەوان لەپشتی هەر دەربڕینێک کۆمەڵێک سیستەمی سنوردار هەیە یا دەربڕینی شاراوە هەن، کە لەوێوە و لە ناوەوە لە کرانەوەی گوتنە نادەربڕاوەکاندا دانپێنانی دروست هەن. سەرەڕای ئەم ڕەخنانە و دروستییان سەبارەت بە بیرەوەریی خود و مێژووی ژیان، بەهۆی پێشکەوتن لە میتۆدەکانی بیرەوەریی و گێرانەوەدا، لەوانە باشتربوونی رەتمی زمان و پێشکەشکردنی زارەکی، وە گرنگیی ئەو لقە گرنگە بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە، بیرەوەریی خود توانیویەتی گرنگی خۆی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت.

لەدیدی دۆرتە بێرنتسنەوە Dorthe Berntsen کە پرۆفیسۆر و دەرونناسە بیرەوەریی تەنها بیرکەوتنەوە نییە، بەڵکو بیرکەوتنەوە و ژیاندنەوەی بەسەرهاتی کەسییە لە بۆتەی کۆنتێکستێکی مێژووی ژیاندا. ئەو پێیوایە تایبەتمەندیی گرنگی بیرەوەیی ژیاندنەوەیە، کە ڕووداوێک دەگێڕینەوە، رووداوەکە لە هۆشماندا دەژیێنینەوە. بەبەراورد لەگەڵ جۆرەکانی بیرکەوتنەوە، بیرەوەیی تێوەگڵانی هەستە کە گەشت لە کاتدا دەگرێتە خۆی. هەروەها لەڕوانگەیەکی دیکەدا بیرەوەری توانایەکی تایبەتە کەوا دەکات بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و لەڕابردوو بڕوانین. ئێمە لە کاتێکدا بەرەو پێش دەڕۆین و ڕووداوەکان لەدوای خۆماندا جێدەهێلێن و دەبنە ڕابردوو، بیرەوەری لەمبارەدا بەپێی توێژەری کەنەدی ئیندەل تەلڤینگ Endel Tulving وەکو بارێکی تایبەتی هۆشداریی مەنتالی مرۆڤ وایە کە بەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچووی نەگۆڕی کاتدا زاڵ دەبێت.

گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ دواوە و هەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمانی زوو، دەخوازێ مرۆڤ لە ژینگەی بارگاوی و بەهاهەڵگری ئێستایدا لە باری پێگەیووییدا کۆچێکی پێچەوانەیی خێرا بەرەودواوە بکات و لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بەپێی توانای بیرکەوتنەوەی بڕوانێت. ئەو کەسە دەمێکە لە سەردەمی زوودا بەرەو سەرووی تەمەنی ژیان ڕۆیشتووە، ئەو مرۆڤە چیتر نە ئەو کەسایەتیەیە و نە خاوەنی هەمان بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیە یا دەکرێ بڵێین زۆر لە بیرکردنەوەکان و لێکدانەوەکانی سەردەمی پێشووی جێهێشتووە. بەڵام ئایا مرۆڤ توانای هەیە هەموو تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ئێستا وەکو جلێک دابکەنێت و فڕێیاندا، بگەڕێتەوە دواوە و هەمان جلی ئەوسا بکاتەوەبەر و بەهەمان بیرکردنەوەی بێئاگا و سنورداری ئەوسا بدوێ و سەیرکات؟ بیروهزری گەشەسەندوو و پێگەیشتووی مرۆڤ دەتوانێ هەوڵدات لەژینگەی ئێستای دەرچێت، بچێتەنێو چوارچێوەی ژینگەی بەسەرچووی ڕابردوو و هەوڵدات بەدیدی ئەوساوە سەیرکات و بگێڕێتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەو خودەی ئێستا ئەو خودەی ئەوسا نییە، بەڵکو خودێکە بەئەزموونەکاندا تێپەڕیووە و ئامانجەکان دەناسێت. لەلایەکیتر تاچەند دڵنیایی لە جۆری تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەوسا هەیە؟ دڵنیایی تەواو سەختە بەدڵنیاییەوە هەبێت. وەکو بیرکەوتنەوەی تەواو بەهەمانشێوە سەختە. جگەلەوە بەناچاری دەبێ دەست بەهۆنینەوەی لایەنە ناڕوونەکان بکات کە هەرگیز ناتوانێ دڵنیایی بێخەوش لەبارەیانەوە بداتەدەست. چونکە سەختە بتوانین ڕووداوەکانمان بەتەواوی لەبیر بێت و بەتەواویی لەبیرمان بێت ئەوسا کتومت چۆنمان بیرکردۆتەوە. دۆرتە بێنتسن پێیوایە ژیاندنەوەی ڕووداوێک واتای ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمە ڕووداوەکانی ڕابردوومان وەکو خۆی تەواو لەبیرە. لەگەڵ بار و ئاستی چۆنایەتی ژیاندنەوەشدا بیرەوەریی تاڕادەیەکی زۆر بەیەکەوەنان و دروستکردنەوەیە rekonstruktion کە بارگاوییە بە باری ئێستامان و لێکدانەوەکانمان کە ئێمە ئەمڕۆ دەیخەینەسەر ڕابردوو.

وەکو بەپێی ئەزموونەکانی ژیان دەردەکەوێت، هەندێک ڕووداو هەن بەئاگایانە یا بێئاگایانە لەبیرناکرێن، دەکرێ تامکردنی یەکەمجاری خواردنێک بێت، یا کڕینی شتێک بێت، مردنی کەسێک بێت وە هتد. لەنێو ئەو ڕووداوانەی لەیاددەمێننەوە ئەو ڕووداوانەن کە چارەنووسسازن و لەبیرکردنیان سەختە، بەتایبەتی ڕووداوێک کە واتای گرنگی بۆ ژیانی کەس و کۆمەڵگە هەیە، بۆنمونە تاوانی کوشتنی کەس یا کۆمەڵکوژی. لەو جۆرە ڕووداوانەدا لایەنە گرنگەکان واتە چەقی بابەتەکە کە واتای گرنگیان هەیە لەبیرکردنیان بۆ دیتەران یا کەسانی بەشدار یا تێوەگڵاوان سەختە کە بەئەگەری زۆر لەبیروهزری کەسەکاندا بەزیندوویی دەمێننەوە، بەڵام وردەکاریەکان یا ئەو لایەنانەی کە کەمتر گرنگن دەکرێ لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا لەبیربکرێن.

لەلایەک بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکان بە کەس بۆ کەس دەگۆڕێت، لەلایەکیتر تا ڕووداو کۆنتر بێت بیرکەوتنەوەی سەختتر دەبێت. بەڵام لەهەر بارێکدابێت بیرکەوتنەوەی ڕووداوێک وەکو کۆکردنەوەی پەزڵەکان puzzle یا پارچەکانی کۆی ڕووداوێک وایە بەپێی توانای بیرکەوتنەوە و گێڕانەوەی کەس بەندە. هەروەها چوارچێوە و تخوبەکانی ڕووداو، بزێو و ناجێگیرن بەجۆرێك کە نووسەر دیاریان دەکات. کۆکردنەوەی پەزڵەکانی ڕووداوی کۆن سەختن. بێگومان مرۆڤ هەیە بیری تیژە و ڕووداوەکانی ڕابردووی باش لەبیرە، بەڵام هەیە بەپێچەوانەوە توانای بیرکەوتنەوەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تووشی زیان بووە و توانای بیرکەوتنەوەی لاواز بووە. لەباشترین باری بیرکەوتنەوەدا هەندێ لەپەزڵەکان تەواو ڕوون نین، کە دەکرێ واتایەکی زۆریان بۆ چەقی خودی ڕووداوەکە نەبێت، بەڵام دەشکرێ گرنگیی دیاریان هەبێت. گرنگە بزانین کە بزریی زانیاریی گرنگ دەتوانن ئەنجامی ڕووداوێک و تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەوەش دەکرێ بەمەبەست و لەڕێگەی شێواندنی گێڕانەوە بێت یا لەبێئاگایی و نەبوونی زانیارییەوە بێت. هۆکارەکە هەرچی بێت گێڕانەوە لەمبارەدا ناتەواوە. لەلایەکیتر هەرچەندە ناڕوونی لە بیرکەوتنەوەدا هەبێت، ئەگەرەکانی لێککشانی سنور و تخوبی ڕووداو هەروەها شێواندن و هەڵبەستن زیاترن. بەیەکەوەنانی چیرۆکی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، وەستایی و شارەزایی گەرەکە، لەهەمان کاتدا توانای گێڕانەوە لە چوارچێوەیەکدا کە لە واقیعی ڕووداوەکە بچێت کە بە مۆڕالی بەرز و هۆشیارییەوە بەندە، گرنگیی یەکلاکەرەوەی لەسەرکەوتوویی بیرەوەرییدا هەیە. ڕەوانبێژیی و پاراوی زمان لەگێڕانەوەدا گرنگە بەڵام واتای دروستیی و دەستپاکیی لە گێڕانەوەی ڕووداودا ناگەیەنن، چونکە دەکرێ لەپەنای ڕەوانبێژییەکەدا کۆمەڵێ پەزڵی دروستکراو و هەڵبەستراو هەبن، دەکرێ لادان و شێواندن هەبن. گێڕانەوەیەکی ئاسایی بێ دەربڕینی پاراو و و چەمکی ڕازاوە بەڵام دروست، لە گێڕانەوەیەکی ڕازاوە و ڕەوانی شێوێندراو زۆر باشتر و گرنگترە. چونکە گێرانەوە دروستەکە دەتوانێ ڕاستیی ڕووداوەکە بە بەمۆڕالێکی بەرزەوە بە خوێنەر و کۆمەڵگە بگەیەنێت، چون گێڕانەوەی دروست ڕووداوەکانی ڕابردوو بەدروستی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە.

لەم ڕوونکردەوەی سەرەوەدا باشتر بۆمان درەدەکەوێ کەوا بیرەوەریی گێرانەوەیەکە سەپگێگتیڤە subjective واتە هەڵگری بەها و تێگەیشتنە کەسییەکانە، چونکە ئەو کەسە خۆی لەناو ڕووداوەکاندایە و ئەو بەسەرهاتەکان بەپێی هەست، دیتن، زانین و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەو کەسە بەشێکە لە ڕووداوەکان واتە جیا و بێلایەن نییە لە ڕووداوەکان و دیدێک نییە جیا لە جیهانی ڕووداوەکە. بۆیە ئۆپژێکتیڤی objective بەواتای “ئازادبوون لە بەهاکان” واتە ئازادبوون لەبیروهزری خود ئەستەمە و ناکرێ. واتە هەوڵدان بەگەیشتن بە ئۆپژێکتیڤی بەمجۆرە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی خود لەهەست و بەهاکان واتە ئازادکردن لە هەست، هزر و لێکدانەوە بەپێی دید و بۆچوونەکان، کە لانیکەم دەخوازێ خود لەچوارچێوەی بوونی خۆیدا دەربچێت و خۆی خاڵیکات لە هەست، ئارەزوو، هزر و تێگەشتنەکان، وەکو کەسێک لەدەرەوەی ڕووداودا کە وەکو کەرستە یا ئۆپژێکت سەیری یەکەکان، مرۆڤ و بوون و دەوروبەر بکات، ناکرێ و ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە. دیارە هەست، حەز و ئارەزوو، زانین، لێکدانەوە و خوێندنەوەکان، پەروەردە و پێگەیشتنی مرۆڤ بنچینەلەسەر ڕاوبۆچوون و بیر و هزری بەهاهەڵگر لەدیدی جیاجیاوە دەگرن، کە تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خود بۆ ژیان و دەوروبەر پێکدەهێنن. کەمرۆڤ گوێ دەگرێت گوێ لە دیدوبۆچوون لە گێڕانەوەیەکی بەهاهەڵگر دەگرێت، کە سەیر دەکات، سەیری مرۆڤەکان لە دید و گۆشەنیگایەکدا دەکات کە لانیکەم بە بەلایەنێکی تێگەیشتنێکەوە بەندە، کە دەخوێنێتەوە لەزۆربەی بارەکاندا گوزارشت، یا ڕوونکردنەوە یا گێڕانەوەیەک دەخوێنێتەوە کە هەڵگری لانیکەم بەهای تێگەیشتنێکی زاڵ یا کۆی کۆمەڵێک تێگەیشتنە. وەکو لەزۆربەی نووسینەوەی بیرەوەریەکاندا نووسەر لای گرنگە ئەوە گوزارشتکات کەخۆی دیویەتی و تێیگەیشتووە، چونکە لای گرنگە پەیامی ئەزموونی ژیانی لەڕووانگەی خۆیەوە بە خوێنەر بگەیەنێت.

لەدیدێکی دیکەوە ئۆپژێکتیڤی لە گوتن یا دەربڕیندا بەواتای “بێلایەنیی و گوزارشتی بێلایەنانە”، لەمبارەدا گوتن و دەربڕین لەبارێکدا بێلایەنە ئەگەر وابەستەی بار، مۆرک، ئارەزوو و ئامانجی ئەو کەسە نەبێت کە خاوەنی گوتنە. بێلایەنی دەخوازێ کە کەسەکە و گوتنەکەی لەگەڵ ڕاستییدا تەبابێت و سەربەخۆ بێت لە بارە لایەنگیرەکانی خود. دەربڕینی بێلایەن دانپێنانێکە کە تاڕادەیەکی زۆر تەبایە لەگەڵ بارە ڕاستییەکە، بەپێچەوانەوە گوتن و دەربڕینی لایەنگیر لە بارێک دەدوێ کەوا چۆن ئەم کەسە خۆی دەیەوێ بارەکە ببینێت و وە خوێنەریش بۆ ئەم لایە دەبات کە خۆی گەرەکیەتی. بەڵام لەبارێکدا کە گێڕانەوەی بیرەوەریی پەیوەندی بە کەسەکە خۆی هەیە، ڕاگرتنی زمانی تەرازووی ئەم بێلایەنییە سەختە. بێگومان بیرەوەریی دەتوانێ سەبارەت بە ڕاستییەکانی ڕابردوو بدوێت، بەڵام سەختە بتوانێ ڕووداوەکە بە هەموو زانیارییەکانیەوە کتومت بگێڕێتەوە، بۆنمونە لەبەر کۆنبوون و سەختی بیرکەوتنەوە و نەبوونی زانیاری تەواو. چونکە گێرانەوە لە بیرەوەرییدا تەنها دیدێکە و زۆر دیدی دیکە هەن بزرن یا لانیکەم لەم بیرەوەرییەدا دەستناکەون بۆنمونە لەبیرکراون. بۆنمونە ئەگەر تەنها یەک بیرەوەریی یا مێژووی ژیانی کەسێک سەبارەت بە سەردەمێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراودا هەبن، دەکرێ گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئێمە نازانین ئەم گێڕانەوەیە چەند لە حەقیقەت یا ڕاستیی ڕووداوەکان نزیکە و تاچەند زانیاریی گرنگ لە گێڕانەوەکەدا بزرن. جگەلەوەی ئەگەرەکانی شێواندن و هەڵبەستنیش کراوەن. ئەگەر لەدیدی ڕاشیونالیزمی ڕەخنەگرانەی critical rationalism فەیلەسوفی نەماساوی کارل پۆپەرەوە Karl Popper سەیری چەمکی بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بکەین (بەئاگادراییمان لەوەی ئێمە گوتن لە بابەتێکی سەپگێکتیڤ واتە بەهاهەڵگر هەروەها نۆرماتیڤ دەکەین)، دەکرێ بێلایەنی لەگێڕانەوەدا لەڕێگەی گێڕانەوەی دیکەدا لە دیدی جیاوازەوە کە پشتڕاستکردنەوە دەگرێتەخۆی گوازرشتێکی هۆشمەندانە و دروست بسەڵمێندرێت. ئەگەر لەگێڕانەوەی ڕووداوێکدا، چەند گوزارشتێک لە دیدی جیاوازدا ئاماژە بە هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام بکەن، دەکرێ بڵێین گێڕانەوەکە دروستە و جێگەی پشت پێبەستنە. ئەوەی لەم دیدەوە دەکەوێتە ئەستۆی نووسەر سەبارەت بە گێڕانەوەی ڕووداوێک ئەوەیە، ئەو لەلایەن خۆیەوە ئەوە بگێڕێتەوە کە خۆی دیویەتی، شتێ نەڵێت نەیدیتبێ یا ڕووینەدابێت. بۆیە بێگومان نووسەر دەتوانێ هەوڵدات ڕابردوو وەکو خۆی بنووسێتەوە لەبارێکدا کە خۆی وابەستەی مەرجەکانی بێلایەنی بکات. واتە نووسەر لەبارێکدا بێت کە سەربەخۆبێت لە هەست و ئارەزووی خود، سەربەخۆبێت لە باوەڕ و بەرژەوەندیەکان، جگەلە گێڕانەوەی ڕاستیەکان وەکوخۆی هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی نەبێت. هەوڵدان بۆگەیشتن بە تەواوەتی وەکوخۆیی نووسەر دەخاتەسەر ڕێچکەیەکی دروست کە وادەکات گێرانەوە پابەندی دەزووی سووری مەرجەکانی بێلایەنی بێت و لێی دوورنەکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە سەبارەت بە بیرەوەریی یا بیرەوەریی سیاسی و کەی بیرەوەریی ئامانجی گونجاو لە بابەتیبوون و بێلایەنی دەپێکێ، دەکرێ نووسینەوەی بیرەوەریی ئەوکاتە تەواو لوتکەی تەواوەتی بپێکێ، ئەگەر ڕووداوەکان وەکو خۆی و بەپەرێزێکی خاوێن، بە مۆڕالێکی ڕاستگۆیانە و ڕشکاوانە بنووسرێنەوە. لەدیدێکدا کە ئایدیالی بێلایەنی ئامانجە، نووسەر لەمبارەدا گرنگیی بەڕاستیی یا حەقیقەتی ڕووداوەکان دەدات و هەوڵی خۆئازادکردن دەدات لە بیروباوەڕ و ئارەزوو و ئامانج، بەمشێوەیە هەڵە و کەتن و چەوتییەکانی خۆی بە کراوەیی بەپێی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە ئەگەرچی لەکۆمەڵگەدا یا لە گرووپی خۆیدا ناپەسند بن یا جۆرێک لە گەمارۆ و سزا بگرنەخۆیان، هەروەها نووسەر لەهەمان دیدەوە هەوڵدەدات بڕوانێتە دەوروبەری، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر دەڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نادات، چۆنی دیتییە وا دەگێڕێتەوە. بەڵام گێڕانەوە لە بەسەرهاتی خود لەباشترین باری بێلایەنیشدا بێبەری نییە لەبەهاکانی خود، چونکە لەبیرەوەرییدا ڕابردوو کەم یا زۆر بەپێی دیدی بەهاهەڵگری یاداشتکەرەوە زیندوودەکرێتەوە و ژیانی دەخرێتەوەبەر.

دەکرێ لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییدا ڕووداوی مێژوویی واهەبن گەڕانەوەی نووسەر بۆ دواوە پێویست بکەن، نووسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکە یا بەسەرهاتەکە لەزاری کەسانی دیکەوە یا لە مێژووی چاپکراودا بگێڕێتەوە. ئەگەر دەرخستنی ڕاستیی ڕووداو مەبەست بێت لەمبارەدا نووسەر ناچارە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری دروست و باوەڕپێکراو بدات. ئەگەر مێژووی چاپکراو بێت، دەبێ گرنگی بەبێلایەنی سەرچاوە بدات و بەچاوی ڕەخنەوە سەیری سەرچاوەکان بکات. نووسین لە جۆری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەگەر تەواو بن باشترین سەرچاوەن. هەرچی بیرەوەریی و ژیانی کەسە، بەهاهەڵگرن، بۆیە دەبێ بەچاوی ڕەخنەوە سەیریان بکرێت. ئەگەر گێڕانەوەی ڕووداوێک بێت کە نووسەر خۆی لە ناو ڕووداوەکەدا نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم واتە ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە خۆیان بەشدار بووین. پێویستە گرنگی بە دروستی و ڕاستگۆیی و گەیشتن بە ڕاستیی بدات. گێرانەوەی کەسی دووەم، کەسێک کە خۆی لە کەسی یەکەمەوە ڕاستەوخۆ بیستوویەتی گرنگی دووبارە هەیە، بەڵام دەبێ بەچاوی ڕەخنە وەربگیرێت. پێویستە نووسەر پەنا بۆ گوتن و دیدە جیاوازەکان لەسەر ڕووداوەکاندا ببات تاکو بتوانێت وێنەیەکی گونجاو لەسەر ڕووداوەکاندا بداتە دەست وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆیکرد. چونکە دەکرێ گێڕانەوەکان بەهۆی بەرژەوەندییە جیاوازەکان جودا و دژبەیەک بن. بەئەگەری زۆر دەکرێ باشترین گێڕانەوە لەلایەن ئەو کەسە بەشدارانەی کە هیچ بەرژەوەندیەکیان نییە و ڕاستگۆییان لاگرنگە بەدەست بهێندرێت. لەمبارەدا لەکاتیکدا نووسەر هەوڵی گەیشتن بەڕاستیی ڕووداوەکان لە دیدی جیاوازەوە دەدات، جۆرێکە لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوێک کە ئەویش گێڕانەوەی بێلایەنە لە دیدی جیاوازەوە سەبارەت بە ڕووداوێک. لەم بەشانەدا بیرەوەریی وەکو دەقێکی دەکومێنتاریی وایە، کە بێلایەنی لە نووسەر دەخوازن و نووسەر هەوڵدەدات بێلایەنانە تیشک بخاتەسەر ڕووداوێک. وەکو دەقی دەکومێنتاریی ئەوە دەخاتەڕوو کە کەسانی بەشداربوو دیویانە یا دەیگێڕنەوە لە دیدی جیاوازەوە، وە نووسراو و دەکومێنتەکان دەخاتەڕوو، کە مەرج نییە کردنەوەی هەموو گرێکوێرەکان بن.

هەندێ لایەنی دیکە کە لەبیرەوەرییدا گرنگیان هەیە و گێڕانەوە بەهێزدەکەن، وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن هەوڵدانە بۆ کۆنکریتیبوون لە گێڕانەوەی بابەت یا ڕووداوی تایبەتدا، گرنگە دوورکەوتنەوە لەڕووداو بەوریاییەوە ئەنجام بدرێت و گەڕانەوە بۆ گێڕانەوە ئاسان و بێگرێ بێت. واتە لەمبارانەی نووسەر ناچارە لە بابەتێکی پەیوەستدار بدوێت و بگەڕێتەوە دواوە یا پێش ڕووداو بکەوێت، گەڕانەوەی بۆ چەقی بابەتەکە ڕێکخراوانە و بێگرێ بێت، بەجۆرێک خوێنەر تووشی سەرلێشێوان و بەلاڕێدابردن نەکات.
لەگێڕانەوەی ڕووداودا کە پەیوەندی بە مێژووی سیاسیەوە یا کۆمەڵگەوە هەیە، نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان گرنگن، کە گێڕانەوە بەهێز دەکەن، وە خوێنەر دەتوانێ وێنەیەکی گونجاوتر سەبارەت بە ڕووداوەکە لەلایەنی قەوارە و کات و شوێنەوە بێنێتەبەرچاو. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە، لەبارێکدا ناوهێنانی کەسەکان دەکرێ کێشە بهێننەئاراوە. لەبارێکدا نووسەر لەبەر هەر هۆکارێک لەسەر ناوەکان بازدات، ئەوا بێگومان خوێنەر لەلایەنێکی گرنگ بێبەش دەکات، جگەلەوەی وەکو پەنادانی ڕاستییەکان دەکرێ سەیری بکرێت. ئەوەش بیرەوەریی لاواز دەکات.

وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆدەکەن لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا گرنگە هەڵبژاردنی چۆنایەتی هەبن و درێژدادڕی بێ ناوەڕۆک و کردار بەلاوە بندرێت. لە بیرەوەری خوددا دروستە گرنگی بەو لایەنانە بدرێت کە لە ژیانی کەسدا واتای گرنگیان هەیە، دەکرێ خۆشی و ناخۆشی بن، دانپێنانی تاڵ بن یا شانازی بن. لە نووسینەوەی بیرەوەریدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، نووسەر بە پێی دەزووێکی سوور هەنگاو بەرەو سەروو دەنێت و رەحەت دەچێتەپێش، بەمجۆرە وەکو نووسینەوەی ڕۆمان وایە، بەڵام ڕۆمان نییە و وەکو گوترا دەکرێ لەمیانەی گێڕانەوەکاندا هەوڵی بەدەکومێنتکردنیش هەبێت. ڕۆیشتنی پێبەپێ و گرتنی ڕێچکەی دیار پێویستن کەوادەکەن خوێنەر بزانێ لە کوێیە و سەری لێ نەشێوێت. دیارە نووسەر هەیە پابەندی ئەو بارە نابێ یاری لەگەڵ کات و گێرانەوەکان دەکات، ناڕوونی لە تێکستدا درووست دەکات دیارە بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان و دروستکردنی کتوپڕیی، لەمبارەدا بیرەوەریی تاڕادەیەک هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی ڕۆمان دەگرێتەخۆی. هەروەها وەکو سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا گرنگە نووسەر هەوڵ بدات شێوازی تایبەت بەخۆی بەدەستبهێنێ و هەیبێ، خۆی جیاکاتەوە لە شێوازی نووسەرانی دیکە، هەوڵدات لەڕێگەی گوزارشتی هەست، ڕەنگ و دەنگ گیان بەبەر وشەکاندا بکات و سەرنجی خوێنەر رابکێشێ. لەکوردەوارییدا بەکارهێنانی وشە و چەمکی تایبەت، دەستەواژە و گۆتە و دەربڕینی ناوچەیی، پەند و قسەی نەستەق لە شوێنی پێویستدا هتد، هەمووی دەکرێ شێوازی تایبەت دروستکەن و گێڕانەوە بەچێژ و سەرنجڕاکێش بکەن.
بەکورتی نووسینەوەی بیرەوەریی بۆ سەدەکانی دوای زایین دەگەڕێتەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئیپۆکەکاندا گەشەیکردووە و هۆریزۆنتی بەرفراوانتر بووە. لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا گەشەی چۆنایەتی بەخۆیەوەی بینی، بەڵام کەوتەبەر ڕەخنەی بابەتیانەی تاوتوێکراو، چون بیرەوەریی بەهاهەڵگرە و دیدی کەسێک بڵاودەکاتەوە کە دەکرێ لەگەڵ ڕاستیی و دروستیی ڕووداودا تەبا نەبێت، هەروەها توانای لەگەیاندنی واقیعی ڕووداوەکاندا سنوردارە. بەڵام بیرەوەریی واتای خۆی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە هەرچۆنیبێ پاراست. لەدیدی سەردەمیانەی ئێستاماندا نووسەر خۆی بڕیاردەرەلەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، هەروەها گرنگیی تایبەت بە چ بوارێکی ژیان دەدات. بێگومان بیرەوەریی خود یا مێژووی ژیان بۆ ئاشناکردنمان بەڕابردوو گرنگن، وەکو وەڵامی گەلێ پرسیاری بێوەڵاممان دەکرێ دەستکەوێت و جۆرێک لە بەیەکگەیشتنەوە لەنێوان ئێستا و ڕابردوو لە هەست و هزرماندا بەدەستبهێنین. دەکرێ تەبایی یا ناتەبایی لەگەڵ گێڕانەوەکانی بیرەوەرییدا هەبن، هەروەها ئاساییە گێرانەوە هەموو زانیاریەکان نەگرێتەخۆی. لەگەڵ ئەوەی نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چۆن دەیەوێ ڕووداوەکان بۆ خوێنەر یاداشت بکات، مەرج و داواکاریی تەواوەتی لە گێڕانەوەی بێلایەندا هەن، چونکە لەلایەن خوێنەرەوە چاوەڕوانی ڕاستگۆیی و دروستیی لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لە نووسەر دەکرێت. گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، زیندکردنەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردووە، وە بەپێی دید و تێگەیشتنی ئێستامان ژیانی دەخەینەوە بەر. بۆیە بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بەواتای هەوڵدان لە خۆدەربازکردن لە هەست، بار و مۆرک و بەرژەوەندییەکان لە گەیاندنی گێڕانەوەدا سەختە.

بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو هەمیشە بەرەوڕووی چەند بەربەستێک دەبنەوە وەکو تەمەنی بەسەرچووی ڕووداو، لەبیرکردنی هەندێ یا کۆمەڵێ لە پەزڵەکانی ڕووداو، بێئاگایی لەبەشێک یا هەندێک لە لایەنەکانی ڕووداو، نەبوونی زانیاریی تەواو، هەروەها ئەگەرەکانی شێواندنی بەئاگا یا بێئاگا کراوەن. ئەگەر گێڕانەوە نەتواندرێت بسەڵمێندرێت، واتە گوزارشتی ڕووداو لەلایەن کەسانی دیکەوە پەنجە نەخەنەسەر هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام، ئەوا ئێمە نازانین گێڕانەوەکە تاچەند لە حەقیقەت و ڕاستیی ڕووداوەکانەوە نزیکە یا دوورە. وەکو گێڕانەوە مێژووییەکان کە لەسەردەمێکی تایبەت دەدوێن و تاکوتەنهان دەچنە ئەم چوارچێوەیە. لەمێژووی نوێدا سەڵماندنی بوون و ئەنجامی ڕووداوەکان پێویستیان بەجۆرێک لەپشتڕاستکردنەوە هەیە، تاکو بتواندرێ پشتیان پێبەسترێت. دیارە بەهۆی زۆربوونی گێرانەوە لەبۆتەی بیرەوەریی یا مێژووی ژیاندا، بەیەکچواندن و بەراوردکردنی دەقەکان سەبارەت بە ئەگەری بوون و ڕاستیی ڕووداوەکان ئاسانترە وەک لە پێشوو.

شاخەوان شۆڕش
١١/٣/٢٠٢١

——————————————————–

پەڕاوێزەکان:
Bøger_Kunst (artsentertainment.cc)
selvbiografi | lex.dk – Den Store Danske
Erindring – Betydning og hvordan man skriver en erindring (dagens.dk)
objektivitet | lex.dk – Den Store Danske
En guide til erindringen (videnskab.dk)
Leksikon for det 21. århundrede
Hvad er kritisk rationalisme? (videnskab.dk)
Dokumentar | Grundbog til medier i dansk (systime.dk)
Dokumentarfilm – Wikipedia, den frie encyklopædi




لە بارەی ئەزموونی شیعرییەوە.. ستیڤان شەمزینی

شاعیرەکان لە دایک دەبن، بەڵام هەرگیز نامرن

هەرچەند بە پێویستی نازانم، کەچی ئەنگێزەیەک لە ناوەوە پاڵم پێوە دەنێت شتێک لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە بخەمە بەر دیدی خوێنەران. لێ راگەیاندنەکان کەمترین گرنگیان بە بەرهەمەکانم داوە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردۆتە سەرم، بایەخ پێنەدان و ئاوڕنەدانەوە لە دەق و کتێبەکانم بەڵگەی بێ کەڵکی بەرهەمەکانم نین بە قەدەر ئەوەی نیشانەیە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی کایەی رەخنەیی و میدیایی لەلایەن پێڕە رۆشنبیریی و حزبییەکانەوە، بەو هۆیەی نە حزبیم، نە حەواسی ئەوەم هەیە بچمە تەکەتولە رۆشنبیرییەکانەوە، هەمیشە لە پەڕاوێزێکەوە ئاوازی خۆم دەژەنم. بیرمە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گووتم “من رۆژنامەوانێکی جیدیم لە زەمەنێکی ناجیدیدا”. رەنگە پاش ساڵانێک، ئەو مافە بەخۆم بدەم، بڵێم لە رۆژنامەوانێک زیاترم، جا بۆ ئەوەی بزانم چیم، دەبێت سەرلەبەر لە ئەزموونی خۆم بڕوانم، هەرچەند جارێ ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە.

ئەوەی ئامانجمە لێرەدا، باسی شیعر نییە بە ئەبستراکتی، یان پێشکەشکردنی چەند تیۆرییەک نییە لە هەمبەر شیعر، ناشخوازم بچمە ناو پێناسە خودییەکانم بۆ چەمکی شیعر و شیعرییەت. ئەوە هەڵدەگرم بۆ کاتێکی تر. دەمەوێت لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە هەڵوەستە بکەم. دەربارەی ئەزموونی خۆم بدوێم بەشێوەیەکی کورت و خێرا. ئەگەرچی لە سەرەتای لاوییەوە ئەکتیڤستێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی و کادری حزبێکی چەپ بووم، بەڵام هەمیشە و زیاتر لە هەر شتێک بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بووم، پاشتر و دوای ئەزموونێکی زۆری خوێندنەوە و تێڕامان لە دنیا بڕیارمدا بنووسم. یەکەمین نووسینەکانی من بە وتار و ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی دەستیان پێکرد، بێ ئەوەی نکۆڵی لەوە بکەم لە تەمەنی دە ساڵاندا شیعری کێش و سەرواداری سادەم دەنووسی، ئەوانە هیچ کات بڵاونەکرانەوە و بە ساوایی ژیانیان لە دەستدا. لە بواری کاری رۆژنامەوانیدا ساڵانێکی زۆرم بەسەر برد و ماوەی یانزە ساڵیش وەک سەرنووسەری چەندین گۆڤار و رۆژنامە کارم کرد، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی خستە نێوان من و کاری ئەدەبییەوە.

گەڕانەوەم بۆ لای ئەدەب، یان جیهانە راستەقینەکەی خۆم، زیاتر لەو کاتەوە دەستپێدەکات تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، لەگەڵ ئەوەی بە پرۆسەیەکی سەختی چارەسەرکردندا تێپەڕیم “بە ئێستاشەوە هەر بەردەوامم لە چارەسەرکردن”، بەڵام دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی ئەو دەرفەتەی خستە بەردەستم، بتوانم لە کایەی ئەدەبییدا بە نووسینی شیعر قۆناغێکی تر یان سەردەمێکی تازە لە ژیانی رۆشنبیریی و نووسین دەستپێبکەم. نووسین بۆ من لە هەر شتێکی تر زیاتر بایەخی هەبووە، هەڵبەتە خوێندنەوە لە نووسین زیاتر گرنگی و حزوری هەبووە لام. جارێکیان لێیان پرسیم بۆچی دەژیت؟!. ئەوەی چاوەڕێ نەبوون ئەم بەرسڤە بوو: “دایکم بۆ ئەوە پەروەردەی نەکردم لە غەریبیدا ون بم، باوکیشم بۆ ئەوە گەورەی نەکردم لە دەرەوەی نیشتمان ببمە کرێکارێکی بێدەنگی دەستی کاپیتالیزم. من بۆ ئەوە پەروەردە و گەورە بووم بنووسم”.

زۆجار ئەو هەستەم بۆ دروست دەبێت، وەک “ژاک درێدا” پێداگریی لەسەر دەکرد بەوەی هەموو شتێک گووتراوە. لەبەر خۆمەوە دەمگووت شتێکی تازە نەماوە بینووسم!!. زۆرجاریش دڵنەواییم لە “بلانشۆ”ەوە وەردەگرت بە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی دەبێت شتە گووتراوەکان بە فۆرمی جیا جیا بڵێینەوە. لەم سۆنگەوە وێڵی فۆرم و سەبکێکی شیعریی بووم تایبەت بێت بەخۆم، نازانم چەند سەرکەوتوو بووم لەمەدا، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم لەمەدا چڕ کردەوە. هیچ نەبێت بە فۆرمێکی کوردانەی تایبەت بنووسم. بەشێوەیەک پۆڵێنکردنم لەسەر رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەرکێکی قورس بێت. لەمەدا دەبوو ئەدەبی کلاسیکی کوردیی تا ئەندازەیەکی باش وەلانێم، نەک لەبەرئەوەی کۆن بووە، بەپێچەوانەوە لەو بڕوایەدام نوێگەریی هەمیشە قاچێکی لەناو کۆندایە، بەڵکو بەو هۆیەی شیعری کلاسیکی ئێمە سەر بە کولتووری عەرەبییە، زۆرینەی شاعیرانی کلاسیک جگە لە موفرەدات، تەنانەت کێشی عەرەوزی عەرەبیان بەکارهێناوە. لێ پاشخانی رۆشنبیریی ئێمە تەنێ شیعرە، داخەکەم بۆ ئەوەی شیعرێکی تەواو کوردیی بنووسیت، جگە لە باباتاهیری عوریان و خانی ناتوانیت کەڵک لە هیچ شاعیرێکی تر وەربگریت تا دەگاتە سەردەمی “گۆران”.

تۆزێکی تر دەگەڕێمەوە دواوە بۆ ئەوەی لە باسی ئەزموونی تایبەتی خۆم دوور نەکەومەوە، هەرچەند لە گەنجیدا چالاکوانێکی مارکسیست بووم، چەپڕەوێکی مەکتەبی بووم، ئەمەش هیچ کات نەبووە هۆکاری ئەوەی پاسیڤ بم لە بواری کاری مەیدانی و جەماوەرییدا، لەگەڵ ئەوەی مارکسیزم، فەلسەفە و رێبازێکی هیوابەخشە، ئێمە بە حوکمی ئەو فەزا و هەلومەرجە کەوتبووینە ژێر رەشبینییەکی سەیرەوە، کە لە گروپی “رەهەند”ەوە هەژموونی کردبوو بەسەر ئێمەی چەپڕەویشدا. کەم نەبوون ئەو گەنجانەی خۆیان کوشت یان بیریان لەخۆکوشتن دەکردەوە، لە باشترین حاڵدا نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە و بەرەو هەندەران ملی کۆچێکی نادیاریان گرتە بەر. وەک شەخسی خۆم، چەندان جار ختوورەی خۆکوشتن بەناو مێشکمدا گوزەری دەکرد، بەتایبەت دوای ئەو تێکشکانە مەزنەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ساڵی 2000دا، کە بەهۆی پەلاماردانی میلیشیاکانی یەکێتییەوە روویدا، ئەوەی پەشیمانی دەکردمەوە نووسین بوو، لێ لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووم، بەڵام ئەوە هیوای دەدامێ، ئەگەر ئەو تێکشکانە ئێستاکە بوایە کە خاوەنی چەندان کتێبی چاپکراوم، بێ دوودڵی خۆکوژیم دەکرد، چون ئیدی نووسینیش وەک هیوایەک خۆی نیشان نەدەدا، لەبەرئەوەی ئەودەم لە سەرەتادا بووم، دەبوو بگەمە ئەمڕۆ، ئەو هیوایە زیندوو رایگرتم.

لەم ساتەدا وتەیەکی “سلاڤۆی ژیژەک” وەک بروسکە بە مێشکمدا تێدەپەڕێت: “نووسین ژیانی رزگار کردم، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بەهۆی کێشەی تایبەتی عەشقەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دۆخی خۆکوشتندا بووم، بە خۆم دەگووت: دەتوانم خۆم بکوژم، بەڵام دەقێکم هەیە دەبێت تەواوی بکەم، سەرەتا تەواوی دەکەم دواتر خۆم دەکوژم!، پاشتر دەقێکی تریش دروستبوو، ئیتر بەو جۆرە بەردەوام بووم، ئەوەتا هێشتا هەم”. هەر لە راستیدا خۆکوشتن زیاتر پیشەی نووسەرانە، ئەوسا بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە!!، هەندێ هاوڕێ پێیان دەگووتم تۆ رۆشنبیریت چۆن ئەو کارە دەکەیت؟ لێ کەمترین بڕوام بەو قسەیان هەبوو سەبارەت بە رۆشنبیربوونم، هاوکات دەیترساندم، چون خۆکوشتن لە ناو رۆشنبیراندا بەرچاوترە وەک لە رەشۆکەکان، بەو پێیەی راددەی هۆشیاریی و هەستیارییان بەرزترە. ئەی کەواتە چۆن خۆم نەکوشت؟. وەک وتم لەبەرئەوەی چەند پڕۆژەیەکی نووسینم لە ئەجیندا دانابوو. نووسینە رۆژنامەوانییەکانم لە خۆکوشتن رزگاریان کردم. ئەی شیعر چی کرد؟. شیعر دنیای لا شیرینتر کردم، بە تایبەت لە هەنووکەدا بەدەم ناڵین و ئازاری شێرپەنجەوە تێکستە شیعرییەکانم بۆ ژن و ژیان دەنووسم.

لە دیتنی مندا، وەزیفەی شیعر گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ رەسەنێتی خۆی، ئەگەرچی شیعرەکانم پەیوەندیی بەهێزیان بە نیشتمانەوە هەیە “بێ ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی”، لەگەڵ ئەمەشدا خۆشەویستی پانتاییەکی فراوانی لە دەقەکانمدا داگیرکردووە. لە رۆژی ڤالانتاینی 2002دا لە دیدارێکدا “رەسوڵ هەمزاتۆڤ”ی شاعیری داغستانی، پێداگریی لەوە دەکات خۆشەویستی ئیلهامدەر و ژێدەری لە دایکبوونی شیعرە. زیاتر لەمەش دەڕوات و دەڵێت “شیعر بەبێ خۆشەویستی هیچ واتایەک ناگەیەنێت”. ئەمەش دووپاتکردنەوەی هەمان وتەکەی بوو لە یادی سەد ساڵەی فەرمانگەی تەلەفۆناتی وڵاتەکەیدا “شاعیرەکان یەکەمین پسپۆر بوون، ئەوان دڵی مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستن”. خۆشەویستی بەشێوەی گشتیی، خۆشەویستی نێوان هەردوو رەگەز بە تایبەت، بۆ من ماتریاڵێکی شیعریی بووە، وەک خولگەیەک کۆی بەرهەمەکانم بە دەوری ئەو پرسەدا دەسوڕێنەوە.

بەدەر لەمە شیعر لە قووڵایی رۆح و هەستمدا وەک وزەیەکی نادیار هەبووە، لەو کاتانەشی خۆم تەرخانکردبوو بۆ کاری رۆژنامەوانی لە هەندێک وتاردا شاعیرانە قسەم کردووە، تەنانەت جارێک وتارێکی سیاسییم بە زمانێکی شیعریی نووسی، پاشتر زانیم ئەمە شیعرە نەک وتاری رۆژنامەوانی، نە توانیم وەک شیعر، نە وەک وتار بڵاوی بکەمەوە. ئێستاش ساڵی 1998م بیرە، منداڵێکی هەشت نۆ ساڵەی لاوازی چاو بە قوڵدا چوو، دەنگی گریاناویی رژایە ناو گوێیەکانم، لەبەردەم پیاوگەلێکی زۆردا بە کوڵ دەگریا، بە سینیەکەی لا کەمەرییەوە واقی وڕمابوو لە تاڵێتی ئەو هەموو ترۆزییەی دەبوو بیانفرۆشێت، تاکو بتوانێت مشتێ پارەی ئاسن دەست بخات بۆ کڕینی نیو کیلۆ ئارد و بیباتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو دیمەنە هەستی بزواندم، ئاگری لە هەناوم بەردا. لێی چوومە پێش، پێم وت ترۆزییەکم بۆ قاش بکە ئەگەر تاڵ نەبوو، هەموو ترۆزییە تاڵەکانی تریش کە فڕێتداون بە هەمان نرخ لێت دەکڕمەوە، ترۆزییەکی بۆ قاش کردم، تۆزێک ترش و خوێی کرد بەسەردا، شانسی هێنا ئەمەیان تاڵ نەبوو، نەمدەویست فێری سواڵکردنی بکەم، بەڵام بەو فێڵە هەموو ترۆزییە تاڵەکانم بە نرخێکی شیرین و گەشانەوەی دەموچاوی مناڵەکە کڕی، دەستم کرد بە گیرفانمدا چوار پێنج دینار ئاسنم پێدا. ئەو سوپاسی کردم و رۆشت، نەیزانی ئەویش شتێکی زۆر گرانبەهای بە من بەخشی کە شیعر بوو، ئەوە یەکەمجار بوو دوای ئەو شیعرە وەزن و قافیەدارانەی لە منداڵیدا نوسیبوومن، خولیای شیعرنووسینم بۆ بگەڕێتەوە، لێ شیعرێک لە دایک بوو، هەروەک وتم بە هۆی ونبوونم لە کاری جەماوەریی و رۆژنامەوانیدا نەبووە هۆی بەردەوامی زیاتر. ئەمەش ئەزموونی دووەمی شیعرنووسینم بوو.

ئەزموونی سێهەمم لە رۆژی 18ی شوباتی 2011ەوە دەست پێدەکات. رووداوەکانی رۆژی حەڤدەی شوباتی سلێمانی زۆر کاریگەریی گەورەی لەسەر هەست و دەروونم جێهێشت، بۆیە لەو رۆژەدا شیعرێکم نووسی “لە کۆمەڵەی شیعری سۆناتای خۆشەویسیتیدا چاپ بووە”. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وردە وردە بگەڕێمەوە ناو جیهانە راستەقینەکەی خۆم، وەلێ ئەو شیعرە بڵاوکرایەوە، بەڵام چەند بارە بەهۆی خۆ تەرخانکردنم بۆ کاری رۆژنامەوانی بوارم نەبوو بە تەواوەتی خۆم بۆ شیعرنووسین یەکلایی بکەمەوە. جیاوازیی ئەم قۆناغە لەگەڵ ئەوانی پێشوو لەوەدابوو شیعرەکانم پاراست و زۆریان لە چوار کۆمەڵە شیعرییەکەی پێشوومدا چاپ بوون، “بەم نزیکانە لە نیسانی 2021 کۆمەڵەی پێنجەمی شیعرەکانم دەکەونە بەر دیدی خوێنەر” هەندێکیشیان هەر ماون، لە دیدی خۆمدا لەوە لاوازترن بخرێنە بەر چاوی خوێنەر. لەگەڵ تووشبوونم بە نەخۆشی شێرپەنجە، وردە وردەش دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی بواری ئەوەم بۆ رەخسا زۆرتر لەگەڵ شیعر بژیم. هەروەک هاوڕێیەک تێبینی کردووە، من تاکە شاعیرم لە منداڵدانی رۆژنامەوانییەوە هاتبێتمە دەرەوە، هەمیشە کردەکە پێچەوانە بووە، رەنگە ئەو تایبەتمەندییە زمانییەی منیش سەری لەو نهێنییەوە دەربچێت.

هەر بە دەستی ئەنقەستیش ناچمە سەر شەقامی هیچ رێبازێکی ئەدەبی، هەرچەند زۆرتر بە زمانی بێگانە دەخوێنمەوە، کەم تا زۆر ئاگاداری قوتابخانەکانی شیعرنووسینی خۆرئاوایی هەم، نامەوێت بکەومە حاڵەتی کۆپیکردن، بەڵکو گەرەکمە سەبکی شیعریم تەواو کوردیی بێ، مەگەر هەموو داهێنانی “گۆران” لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا گەڕانەوە نەبوو بۆ کێشی پەنجەی کوردیی لە بری ئەو عەرەوزە بەرەگەز عەرەبییەی فەراهیدی دایهێنابوو؟. دێتەوە بیرم جارێکیان خانمە نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری ئەوەی لێکردم ئاگاداری دنیای ئەدەبی دەرەوەی کورد هەم؟. چون بە قسەی ئەو، شیعرەکانم بە ئەندازەیەک کوردین وەک ئەوەی هیچ بەرهەمێکی بیانیی کاریگەریی بەسەرمەوە نەبێت!!. ئەم پرسیارە ئەگەرچی بە زمانێکی رووشێنەر بوو، کەچی خۆشحاڵیی پێبەخشیم، بەوەی خوێندنەوە و کاریگەربوونم بە ئەدەبی خۆرئاوایی و غەیرە کوردی، نەیتوانیوە وا بکەن شیعرەکانم مۆرکی کوردەواری خۆیان لە دەستبدەن و وەک لاسایکەرەوە دەربکەوم. ئاخر تۆ ئەگەر کاریگەر بوونت بە “فروغ” ئەوە بێت، کۆپی خەیاڵ و فۆرمی ئەو بکەیت، منی خوێنەر خودی “فروغ”م لەبەردەستە بۆ خوێندنەوە. ناچارنیم کۆپی بخوێنمەوە، مادام ئۆرگیناڵەکەی بە ئاسانی پەیدا دەبێت.

بابەتێکی تر دەمەوێت روونکردنەوەی لە بارەوە بدەم، تایبەت بە کتێبی شیعریی “سۆناتای خۆشەویستی” و کۆی کتێبە شیعرییەکانی پێشووشم. ئەویش دووبارەبوونەوەی چەند وشەیەکە، ئەم دووپاتبوونەوەیە هەژاریی زمان و فەرهەنگی وشە نییە، هێندەی ئەوەی مەغزای تری لە پشتە، یەکێک لەوانە جەختکردنەوەیە لەسەر بایەخی ئەو وشانە!. لێرەدا دەتوانین نموونەی هەردوو وشەی “دڵ و رۆح” وەربگرین وەک لە زۆرێک لە تێکستەکاندا چەندبارە بوونەتەوە. رۆح لێرەدا هەمان ئەو رۆحە نییە لە دیدی ئاینییەوە ئەنالیز کراوە، بەڵکو مەجازە و هەمان ئەو مێشکەیە سەرکردایەتی جەستە دەکات ئەمەش لە ژێر کاریگەریی ئەفلاتۆنیزمدا شکڵی گرتووە. دڵ لە دەقەکاندا دڵێکی سیمبولییە، نەک ئەو ئەندامەی لەش کە دەکەوێتە بەشی چەپی ژێر قەفەزەی سینگ. بەڵکو ئەو وزە چالاکەیە بەرپرسە لە هەستە مرۆییەکانمان، دەتوانم بڵێم هەمان ئەو ئێنرژییە پۆزەتیڤەیە زانستی نوێ زۆرترین جەختی لێ دەکاتەوە.

لە کۆتایشدا دەخوازم ئەوە بڵێم، زۆرترین دەقە شیعرییەکانی ناو هەر چوار بەرهەمە چاپکراوەکەم “1000 لاپەڕەن” لە نەخۆشخانە نووسراون، پشووە ئازاراوییەکانم خۆمم بۆ خوێندنەوە و نووسین قۆستۆتەوە. نیتچە هەمیشە دەیووت “کاتێک پشوو دەدەم دەست بۆ کتێبێک دەبەم”. منیش بەهەمان شێوە لە پشووی نێوان چارەسەرەکاندا دەخوێنمەوە، کاتی خەوتنم قاڕس دەکەم بۆ شیعرنووسین، شیعرگەلێک ئەگەرچی پۆڵێنکردنیان دژوارە بەڵام لە کن خۆم نازناوی شیعریان پێدراوە. جیاواز لەمەش هەموو زۆرینەی ئەو دەقانەی گەیشتوونەتە خوێنەر لەناو نۆتی هاندییەکەم یان لەسەر کاغەز نووسراون، تەنانەت ئەم نووسینە ناپێویستەش هەر لەناو نۆتی مۆبایلەکەمدا تایپ دەکەم، شاعیرێک نیم لەو فەزایەدا بژیم بە فەزای شاعیرانە ناسراوە، بیرکردنەوەکانم ئەگەر تاڵ و کورت نەفەسیش بن، نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت مرۆڤ لەم کاتانەدا هێندەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی بایۆلۆژیی دەگەڕێت، کەمتر بیری بە لای ئارامییە رۆحییەکانی خۆیدا دەچێت. جگە لەوەش هیچ کات پێداچوونەوە و پاکنووسێک بۆ دەقەکانم ناکەم، چونکە خۆم مەبەستم بووە چۆن لە دایک بوون، بەهەمان شێوەی سروشتی خۆیان بگەنە خوێنەر. تەنیا هەندێ هەڵەی رێزمانی و ئیملایی چاک دەکەم ئەویش هەر خۆم ئەم کارەم دەگرمە ئەستۆ، بۆیە لە بارەی هەڵەی چاپەوە داوای لێبوردن دەکەم، نەدەکرا لەبەر نەبوونی هەڵەبڕێک تا یارمەتیمان بدات، بەرهەمەکانم بۆ چاپ دوابخەم. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، ئەمە توانای راستەقینەی ئەدەبی من نییە، بەڵام کێ دەڵێت ئەم نەخۆشییە یەخەمان بەر دەدات تاوەکو توانا شاراوەکانم بخەمە گەڕ؟ گرەنتی نییە، هەر لەم روانگەوە کتێبەکانم دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

ئازارى 2021




کام بەرهەم هەیە دەستی کرێکارو جوتیاری پێوە دیار نەبێت؟.. تاهیری حاجی حەسەن

زۆرجار وادێتە پێش دیدەمان،کە ئەوەی ژیان هەڵدەسوڕێنێت و ڕێکی دەخات،حکومەت و دەوڵەتەکانن،نەک ئەوانەی ڕۆژانە بەشدارن و کاردەکەن لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی کۆمەڵگەکاندا. هەر ساتەی مرۆڤ بڕێک ورد ببێتەوە لەهەر بستێکی چواردەوری خۆی،هەرساتەی دەست دەبات بۆ پارویەک نان خواردن،هەر ساتەی دەست دەبەیت بۆ پۆشاکێک بیپۆشیت،هەرساتەی دەست دەبەیت بۆ شامپۆیەک بۆ فڵچەیەکی دان شتن بۆ هەویری دان شتن بۆ ئەو پلاکەی گڵۆپەکەی پێ ڕوناک دەکەینەوە،بۆ ئەو دوش و سەرئاوەی بەکاری دەهێنین،بۆ،،،،،هەهەرساتەی بەسەر ڕێگەکاندا هەنگاو هەڵدەگرین،هەرساتەی ماشێن و فڕۆکەو کەشتی و شەمەندەفەر بەکار دەهێنین،هەرساتەی،خۆڵوخاشاکی پاشماوەکانمان دەبەین تافڕێی بدەینە شوێنی تایبەتەوە،لەو ساتەدا،ڕێی تێدەچێت،شوێن دەستی کرێکاران و جوتیاران نەبینین؟ کەوایە،بەڕاستی ژیان هەڵسوڕێنەرانی واقعی کێن؟ ئاخۆ تەنها ئەو چینە بەرهەمهێنەرە نین؟ ئاخۆ گەر ئەوان تەنها بۆڕۆژێک لەکارەکانیان ڕاوەستن،ژیان و هەڵسوڕان توشی نوشستی نابێت؟ کەوایە ئەوەی زیندوێتی و جوانی و مانا بەژیان دەبەخشێت،چینە بەرهەمهێنەرەکانن یان ئەوانەی دەسەڵاتدارو فەرمانکارن؟ ئاخۆ کرێکاران و جوتیاران زۆرینە نین لەهەر کۆمەڵگەیەکدا؟ ئاخۆ،توێژی دەسەڵاتداران و توێژی ڕابەرانی ئاینەکان و توێژی سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و بیرمەندان و فەیلەسوفان ، هونەرمەندان و ئەدیبان،گەر هەمویشیان کۆبکرێتەوە،ئەوانە دەتوانن ژیان هەڵسوڕێنن گەر کرێکاران و جوتیاران نەبن؟ کەوایە،کام بەش لەکۆمەڵگەدا زیادەیە،چینی بەرهەمهێنەران،یان ئەو چینە مشەخۆرەی کەمایەتیەک پێک دێنن!؟

دەسەڵات،گەر بۆخۆی پێکهاتەکەی لەسەر دزینی بەری ڕەنج و ماندوبونی چینەچەوساوەکان و برەودان بەچەوساندنەوەی چینایەتی نەبوایە،ئەوکات،شەڕکردن لەسەری پێویستیەک نەدەبو،گەر مانای دەسەڵات،ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیە نەبێت،چۆن ڕێی تێدەچێت خیانەت و گەندەڵی و کۆمەڵگە فرۆشی و دەست بەسەر سامانی گشتیدا برەوی پێ بدرێت!،گەر دزین بەمانای خۆی بەرهەمی بونی ئەو چینوتوێژە کەمایەتیە نەبوایە،ئەوکات شتێک نەدەبو بەمانای وشەی دزی،شتێک نەدەبو بەمانای چەوساندنەوەی ژن و چەوساندنەوەی هەژار کراوانەوە. چونکە،کاتێک بەری ڕەنجی کرێکاران لەلایەن خاوەنانی سەرمایەو ئەوانەی ئامرازەکانی بژێویان لەژێر هەژمونی تاک و تاک ڕەوێتی خۆیان ناوە،نەدزرایە،ئەوکات،شتێک بونی نەدەبو بەناوی دەوڵەمەندی و هەژاریەوە!

ئاخر با بڕێک ورد ببینەوە،لەوساتەوەی کاری جەستەی و کاری فیکری لەیەکتر دابڕێنران،ئیتر لەو ساتەیشەوە،خاوەندارێتی تایبەت و خوداو پەیامهێنەرو چینی ئەریستۆکرات و چینی خاوەن کۆیلەو سەردارو ئاغاو شێخ و دەرەبەگ و سەرمایەدارو پاپاو حاخام و مەلاو فیرعەونیش کرانە پێویستی و شوێنێکی تایبەت بەخۆیان بۆ دیاری کرا،یانی ئەو شوێنەی ناویان لێنا، دیوەخان و پەرستگاو حکومەت و دەوڵەت،ئەوان بونە سەردارو زۆرینەکەیشیان کرد بەکۆیلەی ژێر دەستی خۆیان. بۆ؟ ڕەوایەتیەکەی لەکوێدایە،گەر بەڕاستی ئەوانە داگیرکارو دزی گەورەی بەری ڕەنجی بەرهەمهێنەران نەبوایەو دەسەڵاتیان ئاوا پیرۆز نەکردایە،ئەوکات دەیانتوانی ببن بەخاوەنی هەموشتێک،ببنە خاوەنی سەرزەوی و ئاسمان!؟

ژیان و بەهاو پێگەی مرۆڤ بونی لەنێو شوێنێک کار دابەشکردن تێیدا سەپێنرا،ئیتر،ئەوەی تەنها ناوی بەهایەک بێت و شایان بەپێگەی مرۆڤ بێت،تەنها لەنێو خاوەندارێتی تایبەت و بڕی سامانێک لای هەرکەسە،خۆی پێناسە کردوە،یانی تاڵانچی و دزو ڕێگرەکان،بونە خاوەن بەهاو جێگەوڕێگەی لەسەرو کۆمەڵگەوەو ئەوانەیشی هەڵسوڕێنەری ژیانن،بون بەمرۆڤی چەوساوەو جێی بەزەی! ئاوایە ڕێکخستنی ژیان لەنێو کۆمەڵگە چینایەتیەکاندا.

گەر کرێ و کڕین و فرۆشتن بەهێزی کاری کرێکار وەک کاڵایەک نەبوایە،ئەوکات زێدەبای و کەڵەکەی سەرمایە و دەوڵەت و یاساو دادگاو زیندان و پەرلەمان و حکومەت چ پێویستیەکی دەبو؟ ئاخۆ گەر دنیای جیاوازیە چینایەتیەکە نەبێت،بۆ دەبێت ژن وەک مرۆڤێک نەبێت و هەمیشە خوارتر لەبونی پیاو ببینرێت و وەک کاڵایەک ساتوسەودای پێوە بکرێت؟ ئەوەی نهێنیە لەم نێوەدا،قازانج و بەرژەوەندی ئەو چینە چەوسێنەرەیە کە دەسەڵاتی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتی هەم پیرۆز کردوەو هەمیش بەکۆی توانای بەرگری لەمانەوەی دەکات،هەربۆیەشە،تا ئەم جیاوازیە چینایەتیانە بونیان هەبێت و تائەوساتەیش بەکاڵا کردنی ژن و هێزی کاری کرێکار برەوی پێدەدرێت،یانی درێژەدان بەدزی کردنێکی یاسای و شەرعیانە!؟ ئیتر ئاوایە،مانای دەسەڵاتی چینایەتی!

مانەوەی دنیای چینایەتی،نەک لەبەرژەوەندی هەڵسوڕێنەرانی ژیان نیە،بەڵکو تادێت،لەو قۆرخکاریەی خاوەنکارو دەوڵەتمەداران و حکومەتەکان دەیسەپێنن و کۆی هۆکارەکانی ژیان لەژێر خاوەندارێتی ئەواندایە،بونێک و مانایەک بۆژیان هیچ نیە بێجگە لەملکەچی و بێ بەها کردنی ژیانی گشتی. چینی کرێکارو جوتیارو کۆی بەرهەمهێنەران لەبوارەکانی زانست و داهێنان و تەندروستی و پەروەردەیدا،تەنها چینێکن کە هەڵسوڕاندنی ژیان شایستە بەوانە. چونکە بەبێ کۆتایهێنان بەو هەژموندارێتیەی دەسەڵاتی چینەچەوسێنەرە کەمایەتیەکە ناتوانرێت ژیانێک ڕێک بخرێت هەموان پێکەوە وەک مرۆڤ تێیدا بەهرەمەند بین.

ژیانی بێ ئەو چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارە،ئەو ژیانەیە مرۆڤ تێیدا ئازادو تەندروست و خاوەن پەروەردەی مەزن و خاوەن خۆی و چ جۆرە چەوساندنەوەیەکی ڕەگەزی و چینایەتی لەوێدا بونی نامێنێت،یانی کۆتایهێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی تایبەت کراو بەچینێکی مشەخۆری پوچی کەمایەتی. ئاخۆ گەر کۆی دەسەڵاتداران و بەرپرسان و پلە دارەکان و ڕابەرانی ئاینەکان،ڕۆژانە ببرێن بۆ پاک کردنەوەی شەقام و حاویەکان و کار کردن لە کارگەو بازاڕو مەزراکان،چی لەدنیا دەگۆڕێت؟ ئاخۆ کۆتای ژیان دەبێت،یان لەوێدا ژیان مانای خۆی پەیدا دەکات،بەبێ لێڵی. تەنها ڕێکخستنی واقعیانەی ژیان،لە ڕێکخستنێکی هەرەوەزیانەی یەکسانیخوازانەدایە، نەک ئەم ڕێکخستنە قێزەون و پیسە جەنگەڵستانیەی هەزاران ساڵە درێژەی پێدەدرێت.

تاهیری حاجی حەسەن
09/03/2021




جامی جیهانی تۆپی پێی قەتەر ٢٠٢٢ خوێنی لێ دەچۆڕێت!.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

سەرمایەداری خۆی لە سەر خوێن و هێزوو و بازووی کرێکاران دروست بووە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جوان و گرانبەها دەبینیت، تەنها سەرسام مەبە بە دیزاین و دیکۆر و خێرایەکەی، بەڵکو کەمێک؛ بیر لەو کرێکارە بکەرەووە کە دروستی کردووە، بەڵام پارەی ڕۆژانەکەی بەشی گەشتێک، ژیانێکی شایستە ناکات! تەماشایی تەنها چیمەنتۆی سەربان و دیوارەکەت مەکە کە جوان و توندوتؤڵی کردووە، تەماشای ئەو بوونەوەرانەش بکە کە ئامادەیان کردووە، لە تۆز و خۆڵدا تووشی هەزاران نەخۆشی بوونە و مووچەیەک وەرناگرن کە بە پێی کارەکانیان بێت!
با کەمێک مێژوو بگەڕێنینە دواووە، چەند دەیەیەک پێشتر، دەنگۆیەک بڵاوبووەووە، کە ڕووسیا و قەتەر بەرتیلیان داووە بە سەرپەرشتیارانی فیفا(فیفا؛ ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانیە) کەلە تیروپشکەکەدا میوانداری خولی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ بکەن! ئەووە بوو، چەند بەرپرسێکی باڵای فیفا ئاشکرابوون بەرتیلیان وەرگرتووە لە بەرژەووەندی ڕووسیا و قەتەر کاریان کردووە، هەموویان لە سەر کارەکانیان لابران! دواتر قەتەر بۆ مۆندیاڵی ٢٠٢٢ ناوی دەرچوو، تا ئێستاش مشت و مڕی لە سەرە کە بگوازرێتەووە بۆ جێگەیەکی تر.
ڕوون و ئاشکرایە ، وڵاتانی کەنداوو، بە هۆی زۆری داهاتی نەوتەکانیانەووە، بوونەتە ژمارە لە سەر سیاسەت و یاسا جیهانیەکان! وەک دەبینین، ڕۆڵی قەتەر لە پشتگیری داعشدا!، ڕۆڵی سعودیە و ئیمارات لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا! کڕینی زۆربەی یانەکانی فۆتباڵی جیهانی لە چەشنی پاریس سان جیرمان و ڕیاڵ و بەرشلۆنە ، لە لایەن شێخ و ئەمیر و پادشاکانی کەنداوەوە! کەواتە سەرمایە کار دەکات، ئیتر عەگاڵت لە سەردایە، یا جامەدانەی کوردی، یا شەبقەی ئەوروپی، گرنگ گیرفانە!!

بە گوێرەی ئامارەکان، وڵاتی قەتەر، تەنها ٪١٠ دانیشتوانی ناوخۆیین، دەنا ٩٠٪ خەڵکانی بیانین کە کار دەکەن لەو وڵاتە. زۆربەی خەڵکانی کرێکار و زەحمەتکێشی وڵاتانی سریلانکا و هیندستان و بەنگلادش و پاکستانن. وەک زۆربەمان دەزانین، ئەم ووڵاتانە بە هۆکاری جیا جیا، لە بارێکی ئابووری زۆر ناتەندروستدا دەژێن، کە لە بنەڕەتدا سیستەمی سەرمایەداریە، ئیتر گەندەڵی و ژمارەی دانیشتوان و شەڕی نەتەوەکان و مەزهەبەکان و دەست تێوەردانی وڵاتانی زلهێز و ناوچەیەکان. بۆیە ئەم هۆکارانە وای کردووە، کە شێخ و ئەمیرەکانی کەنداو، بە دڵی خۆیان بیانچەوسێننەووە ، بەرامبەر کرێی هەرزان و بگرە جاری واش هەیە بە خۆڕایی لە خراپترین هەلو مەرجی ژیان و کارکردندا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی؛ لە ساڵی ٢٠١١ وە ، کاتێک وڵاتی قەتەر مافی میوانداری جامی جیهانی ٢٠٢٢ پێ درا، تا ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٦٥٠٠ کرێکار بە هۆکاری جیا جیاوە؛ لە نەبوونی هەل و مەرجی پێداویستیەکانی خۆپارێزیەووە تا دەگاتە کاری دژە پەناهەندەییەووە گیانیان لە دەست داووە! بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان بێت، ١٢ دوازدە کەس لە هەفتەیەکدا لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کرێکاریان هەیە لە قەتەر گیانیان لە دەست داووە، لە کاتی دروست کردنی یاریگاکاندا. تەنها ٥٩٢٧ کەسی خەڵکی هیندستان و نیپاڵ و سریلانکان، هەروەها ٨٢٤ کرێکاری پاکستانین، بێجگە لە کرێکارانی فلیپینی و ئەثیوبی کە تا ئێستا نەژمێردراون!؟
هەموو لێکۆڵینەووەکان باس لە بێ توانایی ولاتی قەتەر دەکەن؛ لەووەی کە نەیتوانیووە، ئەو ژمارە گەورەیەیی کرێکاران کە ژمارەکەی لە ٢ ملیۆن، دوو ملیۆن کرێکار زیاترە بپارێزێت، تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانێت لێکۆڵینەووە بکات لە هۆکاری مردنەکانیان، کە زۆربەی مردووەکان لاو و کەسانی گەنجن.

لێرەدا دەیان ئاماری ئەو خێزانانە هەیە ، کە سەرپەرشتکارەکانیان لە دەست داوە و هیچ کەسێک نیە کە ژیانیان دابین بکات، کە داوایی قەرەبوو کردنەووە (تەعویز) و دەستنیشانکردنی هۆکاری مەرگی ئازیزەکانیان دەکەن. لێرەدا کۆمەڵیک هۆکار دیاریکراوون، لە چەشنی کەوتنە خوارەووە لە سەر دیوار و باڵەخانەکان، هەڵواسینی کۆمەڵێک کرێکار، خنکاندن بە گاز و ماتریالی ژەهراوی.
وەک ڕاپۆرتە تەزویرکراوەکانی تری سەرمایەداری، دەڵیت: زۆرێک لە مردووان بە سروشتی مردوون، کە دڵیان ڕاوەستاوە یا تووشی هەناسە تەنگی بوونە،بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان ٪٦٩ ئەم کەسانە لە وڵاتانی هیندستان و نیپاڵ و بەنگلادیش بوونە، کە لەمانەش لە ٪٨٠ خەڵکی هیندستانن. هەروەها ڕاپۆرتەکان دەڵین؛ زۆربەی هۆکاری ئەم مردنانە، شیکاری نەخۆشخانەی بۆ نەکراووە تا بزانرێت، هۆکارە ڕاستیەکەی چیە!

ڕێکخراوی کاری جیهانی سەر بە نەتەووە یەکگرتوەکان، دەڵێت، زۆرێک لەو مردوانە بە هۆی پلەی گەرمایەکی زۆر بەرزەوە بووە، کە چوار مانگی خایاندووە، کاتێک ئەو کرێکارانە لە دەرەووە کاریان کردووە! کۆمەڵێک هۆکاری تر؛ گوایە ژمارەی ئەو کەسانە زۆرن ، یاخود کۆمەڵیک فەرمانبەر کە کاریان بەڕێوەبردنەو لە بەر خۆر نەبوونە و لە سەر دیواری بەرز نەبوونە ، مردوون! لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتوو و خاوەن یاسا و ڕێسایەکی کاری پێشکەوتوو، مافی کرێکاران و کرێکارانی بیانی بە تایبەتی پێشێل دەکرێت، جا لە وڵاتێک، کە تا ئێستا دیوەخان و ئەمیر و شێخ بەڕێوەی دەبەن! هەر بەگوێرەی ڕێکخراوە نێوودەوڵەتیەکان، ژمارەکان ئامارەکان، ڕوون نین، لە هۆکاری گیان لە دەستدانەووە بگرە تا دەگاتە ژمارەیان و ئەو مافانەی کە خێزانی ئەو کرێکارانە هەیانە لە قەرەبووکردنەووەی گیان لە دەستدانی ئازیزەکانیان و نان پەیداکەرەکانیان.

بۆیە، خوێن دەچۆڕێت لە سەرتاپای ئەو دام و دەزگا و یاریگا و هۆتێل و ڕێگا و بانانەی کە بۆ ئامادەکاری ئەو مۆندیالە دروست کراووە، دەیان ژن و منداڵ و باوک و دایک بێ سەرپەرشتو بێ کەسێک کە پاروویەکیان بۆ پەیدا بکات! ڕاستە چێژ لە وەرزش دەبینین، بەڵام وەک دەڵێن: وەرزش مۆراڵە، بۆیە دەبێت هەڵوێستی مرۆڤایەتیمان هەبێت و ئەو مۆراڵە لە دەست نەدەین! بە دەنگی بەر بڵێین: نا، بۆ مەرگی ئێمە و قازانجی ئێووەی سەرمایەدار!

azzady22@gmail.com
10/03/2021




بۆچی ئامانجەکانی ڕاپەڕین دەستە بەرنەوون؟.. ن. محمد باپیر

دەسپێک:
زۆربەی شۆرش و ڕاپەڕینەکان سەرەتا زۆر جوانن و بە هەژاری دەست پێ ئەکەن وەڵی دوای ئەوەی سەر ئەگرێت و دەستیان لە پۆست و پارە گیر ئەبیت ئیدی زۆربەی سەروەریەکان لەبیرئەکەن و بەرەو لادان لە مبادئی و دیسپلینەکان دەڕۆن ،هیواو ئاواتەکان کاڵ دەبنەوە نمونە شۆرشی افغانستان و لیبیاو‌فەلەستین و و ڕاپەڕینەمەزنەکەی کوردستان 1991 ئیستاش کورد خەون بەوە دەبینێت ئامانجەکانی ڕاپەڕین جێبەجێ بکرێن کەخۆی ئەبێنێتەوە لە ئازادی، دادگەری کۆمەلات ،یەکسانی‌و مەدەنیەت و شەفافیەت وسەربەخۆی و دامەزراوەی …هتد
ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتون چونکە
یەکەم /هەرلەسەرەتای نەوەدەکان پلانی تۆکمەو و دەولەتداریان نەبووە زیاتر هەڕەمەکی و کەس بەکەسی نەبوو.
دووەم /شەڕی نەگریسی چوارساڵەی نێۆخۆ گەورەترین پاشەکشەی بە قەزیەی کورد کرد…
سێەم/بوونی دوو ئیدارەیی
چوارەم /یەک نەخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو و ئاسایش
پێنجەم/اهمال کردنی گەنج و لاو لەڕووی وەکارخستن بوونی بێ کاری زۆر هەروەها بێ هیوای وڕەش بینی لەکوردستان
شەشەم /حیزبەکان و‌کەسەکان دەوڵەمەند و حکومەت قەرداروو هەژار
حەوتەم /پاشەکشەوئیهمال کردنی سێکتەری پەروەردەی و لەهەمان کاتدا گرنگی دان بەلایەنی چەکداری
هتشتەم /بەهەدەردانی سامانی گشتی ونەبونی شەفافیەت لە هەموو کەرتەکان و بونی ڕۆتینی و واستەو واستەکاری..
نۆیەم /گرنگی نەدان بە زراعەو کارگەو پیشەسازی و گەشت و گوزاری
دەیەم /نەمانی ئینتمای نیشتمانی و کورداتی لەنێو چینی گەنج و لاو ئەمەش لەبەر نادادی و‌نایەکسانی
ئەمەو10یان خالی تربەبیرتان دێنینەوە لەیادی ڕێکەوتننامەی 11ئازاروو ڕزگارکردنی شاری هەولێر….

محمد باپیر
چاودێری سیاسی
11/3/2021