منداڵ لە چەقی کۆمەڵگەدا.. مەحمود چاوش

مرۆڤایەتی گەلەک دیمەنی غەمگین و پڕشەرمی لە میدیاکانی جیهانی ئەم سەردەمەدا لەمەڕ بارودۆخی منداڵان و مافەکانیان لە چەقی کۆمەڵگەکاندا بینیوە، ئەمەش بەبێ هیچ جیاوازییەکی جێندەری. منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە تاکو تەمەنی هەرزەکارییان ئەو جیاوازییە جێندەریانە، کە لە کۆمەڵگەکاندا بەسەریاندا دەسەپێنرێن، بە شێوەیەکی ناهۆشەکی وەردەگرن و توانای بەرهەڵستی ڕاستەوخۆیان دژی ئەم دیاردانەیان نییە. ئەوان بەپێی سروشتی ساکار و بێگەردی خۆیان مامەڵە لەتەک دەوروبەریاندا دەکەن، ئەوان هەستیارن، دەوروبەر و سروشتی خۆیان بەسادەیی و بێگەردی وێنادەکەن و بێمەبەست دەڕواننە دەوروبەرەکەیان. کۆمپلێکسی (گرێی) گەورەکان لە هزر و ناخیاندا چەکەرەی نەکردووە، هەندێجار غەمگین و جارجار سینەیان پڕە لە حەز و ئارەزوی جوڵان و یاریکردن. ئەوان جیهانیان پاکژە و دوورن لە بیرۆکەی قێزەونئاسا و شەڕخواز.

بەکارهێنانی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە، هەر لە درۆکردنەوە تا سنوری بەکارهێنانی ئەو منداڵانەی دەکرێنە سەرباز و مەشقی مرۆڤکوژییان پێدەکەن، سەرتاپای مێژووی تەنیوە. منداڵان کە لە بوونیانەوە پاک و ڕاستبێژن، دەکرێنە دەروێش بۆ مەبەستە دینی و عەقیدەییەکان، بەکاردەهێنرێن و دەبنە مرۆڤکوژەکانی پاشەڕۆژ، لە حوجرە و مەدرەسەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکرێنە شاگرد و فەقێی مەلاکان و ڕەوانەی بەرەی جەنگیان دەکەن، یان وەک لە جەنگی ئێران-ئێراقدا دەبنە خۆکوژو و خۆتەقێنەری بەرەکانی جەنگ.
ڕادیکالە سەلەفی و وەهابییەکان شەرح و تەفسیری قورئان و ئایەتەکانیان بە جیهانبینی ئیسلامی سیاسی خۆیانەوە دەهاوێژنە هزریانەوە، کلیلی بەهەشت دەکەنە ملیان، بۆ ئەوەی خوداوەندی ئەودیوی سروشت لە گوناهەکانیان خۆشبێت، هەروەک ئەوان لەسەر بێشکەوە تاوانباربن. منداڵان لەسەر شەقامەکانی تایلاند و وڵاتە هەژارەکاندا دەخرێنە بەر بێڕەحمی لەشفرۆشی و بۆ چەند دۆلارێک کۆرپە ناسک و پڕئازارەکەیان لەسەر خوانی بێویژدانی گەورەکاندا نمایش دەکەن، لە دارکنێت (Darknet)1 دا وەکو کاڵاکان بۆ هێورکردنەوە و رەحەتبوونی ئارەزووە سێکسوالییەکانی گەورە نەخۆشە پێدۆفیلی (Pädophilie)2 یەکان بەکاریاندەهێنن و فیلمی پۆڕنۆگرافییان پێ بەرهەمدەهێنن. لەو تەمەنەدا منداڵەکان لە مەبەستە قێزەونەکانی گەورەکان تێناگەن، ئەوجا کاتێک خۆیان گەورە دەبن، گرفتاری چەندین نەخۆشی دەروونی دەبن و تەواوی ژیانیان لە ئازارێکی بەردەوامدا دەسوڕێت، وەک نەخۆشیە دەروونییەکانی تراوما و غەمۆکی.

منداڵان لەلایەن گەورەکانەوە مانیپولاسیون دەکرێن (هەڵدەخڵەتێنرێن)، تەنانەت لەلایەن باوانیشیانەوە دووچاری گەلەک تەنگەژەی ژیان دەکرێن. ساڵانە چەندین ملوێن منداڵ لەبەر بژێوی خێزانەکانیان و بارودۆخی سەختی ئابوری وڵاتەکەیانەوە بەرەنگاری برسێتی و بەم هۆیەوە ڕوبەڕوی مردنێکی لەسەرخۆ دەبنەوە. زۆربەی بەشە دەوڵەمەندەکەی تری جیهان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانیاوە ئەزموونی دەکەن کە چۆن ئەم منداڵانە گیانیان لەدەست دەدەن، لێ ئەوان هاوکات خۆشیان بەشدارن لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتەدا. کڕیارانی بەرهەمەکانی کاری منداڵان لەتەواوی جیهاندا بەزۆری هاوردەی وڵاتە پیشەسازی و دەوڵەمەندەکان دەکرێن، کارگە و فیرما گەورەکانی جیهان زۆرترین سوود لە بەرهەمی ئەم کارانە وەردەگرن.

منداڵان لە تەواوی جیهاندا دەخرێنە بەر کاری سەخت و بە بڕێک پارەی کەم لەشە بچوکەکەیان دەخەنە ژێر توندترین پەستانی کارەوە، کە مرۆڤە گەورەکانیش هەندێجار ناتوانن ئەنجامی بدەن. 170 ملیۆن منداڵ لە تەواوی جیهاندا ڕۆژانە دەخرێنە ژێر کاری سەختەوە.3
لە هیندستان ڕۆژانە زیاد لە ملیۆنێک منداڵ دەخزێنە کارگەکانی بەرهەمهێنانی بەردی بەنرخ و فەرش، بازنی دەست و مور و ملوانکە، زۆرجار 16 سەئات لە ڕۆژێکدا کاریانپێدەکەن، هەندێجار بەبێ پشودان. سەیر لەوەدایە لە وڵاتێکی وەک هیندستان، بەتایبەتی لای هیندوسییەکان، ئەو دیاردەیە بەئاسایی و وەک بەشێک لە کولتوری هیندوئیزم دەنرخێندرێت، چونکە ئەو منداڵانە لە خێزانە هەژار و بێکاستەکانەوە (kastenlos)* هاتونەتە دنیاوە و هیچ مافێکی ئەندامبوونیان لە کاستەکانی ئەو وڵاتەدا نییە. دیاردەی کارکردن بە منداڵان لەو کارگانەدا تاکو ئەم ساتەوەختە بەردەوامە، چونکە خاوەن کارگەکان لەگەڵ سیستەمێکی گەندەڵ و فەرمانبەرانی ملهوڕدا دەستیان تێکەڵە. ئەو کارانە کە بە منداڵان ئەنجام دەدرێن، کاری چەوسێنەر و لەشپڕوکێنن، ناتەندروست و دژی هەموو مۆراڵەکانی مرۆڤایەتین. بێنیامین پیوتەر، نووسەری کتێبی “دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە”، کە 35 ساڵی ژیانی لە پێناوی بەلاوەنان و نەهێشتنی کاری منداڵاندا بێپشوودان بەسەربرد و بەردەوام سەردانی هیندستان و پاکستان و تبتی کردووە، بەشێکی ژیانی لەدژی کاری منداڵان لەو وڵاتانەدا بەسەربردووە و باس لەم سیستەمە نابەرانبەرییە دەکات. ئەو بەهۆی کولتوری گەندەڵ و سیستەمی غەمساردی ئەو وڵاتانەوە لەمەر کاری منداڵان، زۆرجار ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە، بەتایبەتی لەلایەن خاوەن کارگە و دەسەڵاتداران و فەرمانبەرانیانەوە. بێنیامین پیوتەر لە کتێبەکەیدا پەنجە دەهاوێژێتە سەر برینێکی گەلەک قوڵ و شەرملەخۆگری بێوێنە لە چەوساندنەوەی منداڵان لە تەواوی جیهاندا. پیوتەر دەبێژێت: “50 ملیۆن منداڵ لە ساڵی 2016 دا لە هیندستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابوریدا کاریان کردوە. گەرچی ئێمە هەندێجار باوەڕ بەو ژمارەیە ناکەین و جێگای بڕوامان نییە، لێ 10 ساڵ پێش ئەو بەروارە ژمارەی ئەو منداڵانە لە 100 ملیۆندا بووە، واتە دوو هێندە.”4
پیوتەر ڕەخنە لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت لە ئاڵمانیا دەگرێت، چونکە زۆرینەی بەرهەمهێنانی دەستی منداڵان لەم وڵاتانە بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

منداڵ وەک قوربانیی جەنگ
لە گەلەک وڵاتانی جیهاندا تاکو ئەم سەردەمەش منداڵان دەکرێنە سوتەمەنی ئەو گڕدانەی، کە ئاگری جەنگەکانیان پێ گەرم دەکەن، بۆ نموونە لە هەندێک وڵاتی ئەفریقیدا ئەم منداڵانە هەڵدەخڵەتێنرێن و بەتایبەتی لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەرەکاندا چەکداریان دەکەن. بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان لەم ساتەوەختەدا 250 بۆ 300 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لە بەرەکانی جەنگ و ناکۆکیەکاندا چەکدارکراون و دەجەنگێن. تەمەنی هەندێک لەم منداڵانە لە 10 ساڵ تێناپەڕن. گەورەکان ئەم منداڵانە دەکەنە دێوەزمە و تەنانەت هاوڕێ و باوانیشیان پێدەکوژن. تەمەنی کامڵبوون لە هەندێک لەم وڵاتانەدا لە خوار 18 ساڵەوەیە، هەر ئەمەش دەکرێتە ئەرگومێنتی ئەوەی کە لە سەرو 10 ساڵەوە بەگەورە دەنرخێندرێن. لە جەنگی وێرانکاری ئێراق و ئێراندا گەلەک منداڵ و مێردمنداڵ ڕەوانەی بەرەی هەرەپێشەوەی جەنگەکانیان دەکران و ڕژێمی ئیسلامی ئێران تەنانەی کلیلی بەهەشتی دەکردە ملیان، بۆ ئەوەی پاش مردنیان بە بەهەشتی بەرین شادمان بن. ساکاری و کاڵفامێتی ئەم مێردمنداڵانەیان دەقواستەوە بۆ مەبەستە قێزەونەکانیان و مرۆڤیان پێدەکوشتن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کارانە دژی مافی مرۆڤ و هەمانکات مافی منداڵانە و بە بەشێکی سەرەکی تاوانەکانی جەنگ دەنرخێندرێن.

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان
لە ساڵی 1989 دا ئەم ڕێککەوتننامەیە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لەمەر مافی منداڵانەوە و لە لایەن 193 دەوڵەتەوە واژوکراوە. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە پەیماننامەیەکی بەندکارە و ئەو وڵاتانە لەسەری پێکهاتوون (ڕێککەوتون). چاوگی (بنەمای) ئەم پەیماننامەیە لە ڕاڤەکردنی گشتیی مافی مرۆڤەوە لە 10.12.1948 ەوە هەڵهێنجراوە (بنچینەڕێژکراوە) 5. تایبەتمەندیی ئەم پەیماننامەیە لەوەدایە، کە منداڵان نەکرێنە ئۆبژەکتی (Objekt) یان مەرام و مەبەستی بازرگانیکردن پێیانەوە. گەورەکان تەنها بڕیاردەری ئەوان نەبن، گەورەکان دەبێت ڕێز لە داواکاریەکانی منداڵان بگرن، تێگەیشتنیان بۆ منداڵێتییان هەبێت، هاوتەک و هاودەمی ڕێگەی گەشەبوون و گەورەبوونیان بن، بەتایبەتی لە بواری تەنساغی و گەشەی هزری و بزواندنیانەوە / جووڵەی لەشەکییانەوە (Motorik). ئەم مەرجانە دەبنە هۆکاری ئەوەی، کە منداڵان جیهانی خۆیان بەلێهاتویی خۆیان وێنابکێشن و گەورەکانیش ئازادییەکی ئەوتۆیان بدەنێ، کە ئەو جیهانەی تێدا بدۆزنەوە، کە بە جیهانی منداڵان ناسراوە. منداڵان گەلەک ئارەزو و خواستی پڕڕەنگیان (ڕەنگلەخۆگریان) هەیە، گەورەکان دەبێت لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئارەزوانەدا هاوکاریان بن نەک ڕێگر. کاتێک باس لە مافەکانی منداڵان دەکرێت، زۆر گرنگە بزانین، کە منداڵان نابێت کاڵافرۆش بکرێن، نەخرێنە بەر لەشفرۆشی، لاقە نەکرێن و فیلمی پۆڕنۆگرافیان پێئەنجام نەدرێت، کاری سەخت و درێژخایەنیان پێنەکرێت. دەبێت مرۆڤایەتی لەو ڕاستیە تێبگات، کە منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆ و چوست و چالاکە، پڕئەندێشە و هەستناسکە، پڕحەز و ئارەزوور، نەترس و ڕاستگۆیە، بێغیرە و دڵپاکە. منداڵان لەو زبڵخانەیە کە مرۆڤایەتی بۆ ئەوانی جێهێشتوە، بێئاگان تا ئەو کاتە کە لووتیان بەر نەهامەتی ڕۆژگار دەکەوێت.

دیاردەی کاری منداڵان لە کوردستانیش زۆر بڵاوە، کاری منداڵان زۆر بەئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، لە عەلاگە فرۆشەوە بۆ بۆیاخچییەکان، لە چێشتخانەکانەوە بۆ کاری سەربەخۆی ناوبازاڕەکانەوە، لە سواڵکردنەوە بۆ کاری دزی و ناهەمواری تر، لە هەموو بوارەکاندا منداڵان کاریان پێدەکرێت. لەبەر نەبوونی سەرچاوە لەمەر کاری منداڵان لە کوردستان، زانیاری گەلەک کەمە، بەتایبەتی لەسەر ڕێژەی ئەو منداڵانە و جۆری کارەکانیان، کە شیکارێکی/لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی زۆری پێویستە. لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر کاری ناهەموار بەرانبەر منداڵان دەکرێت، کە لە نێوان خێزانەکاندا دەشاردرێتەوە و ناخرێتە دەرەوەی ئەم بازنەیە خێزانییە، ڕەنگە هۆکارەکانی ئەم شاردنەوەیەش نووسینی تایبەتی و زانستیانەی پێویستبێت، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەردەچێت.
بێنیامین پیوتەر دەبێژێت: “مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە بێنرخ و بێفەڕکراوە، کەسێکی ترە لەو مرۆڤانەی سەردەمانی ڕابردوو. لەم ڕۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن و کۆیلایەتی منداڵان دەکەین، بیروڕاکانی کۆمەڵناسی ئەڵمانی زیگمونت باومانم دێتەوە یاد، کە ئەم دیاردەیە بەڕوونی باس دەکات.”6 زیگمونت باومان لەمبارەوە دەبێژێت: “لەم رۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن بە منداڵ دەکەین، هەمانکات باس لە مرۆڤی بەپاشەڕۆ و زبڵکراو دەکەین. منداڵان وەکو کاڵا دەکڕدرێن و دەکرێنە بەندی خاوەن کارگەکانی فەرش و بەردی بەنرخ، لاقە دەکرێن، توڕدەدرێنە ژووری تاریک و کاری سەختیان پێدەکرێت، هەندێجار دەیانکوژن و فڕێدەدرێنە ژێر خاکەوە. مرۆڤ بۆتە کاڵایەکی هەرزانکراوی گەمەی ملیاردە دۆلارەکان، بازرگانانی منداڵکڕینیش منداڵانی تر دەکڕنەوە و دەیانهاوێژنە هەمان بازنەی شەیتانییەوە.7

سەرچاوەکان

  1. Darknet داڕکنێت ئەو ملپەڕە نهێنیانەیە، کە لە ناویاندا کەسانی پێدۆفیل پەیوەندی ئینتەرنێتی بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ یەکتی دەگۆڕنەوە، بۆ نمایشی فیلمی پۆڕنۆگرافی لەگەڵ منداڵاندا. ئینتەرپۆڵ هەموو ساڵیک لە تەواوی جیهاندا بە شوێن ئەم کەسە تاوانبارانەدا دەگەڕێت و نهێنیەکانیان ئاشکرا دەکات و تاوانبارانیش دەدرێنە بەر دادگاکان.
  2. Pädophilie پێدۆفیلی بەواتای ئارەزوی جوتبوون لەگەڵ منداڵ و مێردمنداڵدا
  3. Benjamin Pütter: Kleine Hände – Große Profit, Kinderarbeit welches ungeahnte Leid sich in unserer Warenwelt verbirgt, Wilhelm Heyne Verlag München, 06/2017, S. 9
    (بێنیامین پیوتەر، دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە: کارکردن بە منداڵان، چ ناڵاندنێکی نەزانراو لەژێر پەردەی کاڵا جیهانیەکاندا خۆیان حەشارداوە).
  • کاست بە مانای ڕەچەڵەکگەرا یان گروپێکی سنووردارکراو لە لایەن هەمان هاوبیر یان هاوڕەچەڵەکەکانیانەوە. ڕەچەڵەک لە کاستەوە (Kaste) وەرگیراوە، کە واژەیەکی پۆرتوگالیە و بۆ گروپێکی سنووردارکراو لەنێو کۆمەڵدا بەکاردەهێنرێت. کاستەکانی هیندوسەکان لە هیندوستان و پاکستان، ئێزیدیاکانیش بەهەمان سیستەمی کاست مامەڵەی کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەم سیستەمە بە کۆمەڵەی ڕەچەڵەکگەرا ناودەبرێن. بۆ نمونە لە دینی ئێزیدی کاستەکان بە مورید، شێخ، میر بە شێوەیەکی هەڕەمی دابشکراون.
    4 هەمان سەرچاوە لاپەرە 88
    5 هەمان سەرچاوە لا 120
    6 هەمان سەرچاوە لا 121
  1. هەمان سەرچاوە لا 121، پیوتەر ئەم چەند ڕستەیەی لە کتێبی کۆمەڵناسی ئەڵمانی باومانەوە وەرگرتووە بەناونیشانی
    Zygmunt Bauman: Verworfenes Leben. Die Ausgegrenzten der Moderne, Hamburg (Hamburger Edition),2005.



شیعر و ژیاندۆستیی-1- ناڵە حەسەن

( خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) ی شێرکۆ بێکەس )

                                                              

بەشی یەکەم /

( شێرکۆ بێکەس ) لەنێو ڕووبەری شیعر خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە ، ئەزموونێک زێتر لەنیو سەدە بە بەردەوام لە داهێنان و نوێبوونەوەدا بووە . ئەزموونێکی فرەڕەهەند لە فۆڕم و ناوەڕۆک ، هەر لە پۆستەرە شیعر و چیڕۆکە شیعر و شانۆنامە شیعر و ڕۆمانە شیعر و تا دەگات بە فۆڕمێکی تایبەت بەخۆی کە ناویناوە ( دەقی ئاوەڵا ) ، لەم پێناوەدا بە هەزاران لاپەڕە شیعری پێشکەش کردووین ، دەتوانین ( شێرکۆ بێکەس ) بە شاعیری ( هەموو سەردەمەکان ) ناوبەرین ، بەو مانایەی / لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئەوکاتەی ژیان جێدەهێڵێت ، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکان ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ، لە هەمانکات شاعیرمان هەیە ، تەنها لەسەردەمێکی دیاریکراو داهێنانی بەرچاویکردووە و دواتر توانا و ئاراستەی داهێنانەکانی هاتۆتە خوارەوە ، بەمانایەک نەیتوانیوە بە یەک هەناسە لەنێو ڕووبەری داهێنان بەردەوام بێت . ( شێرکۆ بێکەس ) لە ڕووی زمانی شیعرییەوەش داهێنانی گەورەی کردووە ، خاوەن زمان و وشە و دەستەواژەی شیعری تایبەت بەخۆی بووە .. توانای ئەوەی هەبووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر هەموو شتێک بە قسەبهێنێ . دار و بەرد و چیا و ئاسمان و مرۆڤ و ژیان و مردن و تەنانەت دۆزەخیش . ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) بکەین ، لە ڕاستیدا ئەم دەقە ( چیڕۆکە شیعرێکە ) ، باسی چیڕۆک و مێژوویەکی دیاریکراومان بۆ دەکات . ڕاستگۆیانە پەنجە لەسەربرینەکان دادەنێ و جوانی و ناشیرنییەکان دەنووسێتەوە . ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لەم دەقە شیعرییە ، شاعیر بە ڕوئیا و بیرکردنەوەیەکی مرۆیی ئەم دەقەی نووسیوە و ( بیرتیژیی و دووربین )یەکی گەورە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دەبیندرێ .. لەنێو دەقەکەیدا ئەمڕۆی ئێمەی بینیوە و خوێندنەوەی بۆ کردووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەقە نزیکەی ( سی ساڵ ) بەر لە ئێستا نووسراوە .. بۆیە ئێمە لەم دەقەدا زێتر قسە و ئیش لە بارەی ناوەڕۆکی دەقەکە دەکەین ، لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ دەقەکە پەردە لەسەر هەموو دیمەنەکان هەڵدەدەینەوە و بە هەناسەیەکی درێژەوە وەک دەقەکە / هەڵوێستە لەسەر ورد و درشتی دیمەنەکان دەکەین و مەبەست و ئامانج و ناوەڕۆکی دەقەکە بە ئەمانەتەوە دەگەیەنین . ئەوەی لەم دەقە بۆ من زۆر گرینگ و جێگای دڵخۆشیم بوو کە / ( شێرکۆ بێکەس ) زۆر بە ئاشکرا لەم دەقە پێمان دەڵێ کە / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە و دەتوانین بە زمانی شیعری قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە بکەین کە ، ژیان ناشیرین دەکەن و ئاستی شکۆ و بەها مرۆییەکان دادەبەزێنن بۆ ئاستە نزمەکان . بۆ منی شاعیر ئەمە پڕەنسیپ و مانیفێستێکە ساڵەهایە لەنێو ڕووبەری شیعر و نووسینەکانم ئیشی لەسەر دەکەم . ( شێرکۆ بێکەس ) لەسەرەتای دەقی ( یاداشنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) دا دەڵێت :

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار
ئێستا ئاسمان مشتێ ڕەنگە و ئەویش خەمێکی مێیینەی
قەترانی وەک کراسەکەی
ئاڵۆز وەکوو کەزییەکانی
سیسیش وەکوو هەردوو گۆنای
ساردیش وەکوو دەستەکانی
تارماییەکی مێینەی لە مەراقدا نووقم بووە
پەنا و پاسێری گرتووە
شەپۆلێکی لەسەرخۆیە و هەنگاو ئەنێ
ئەستێرەیەکی نەخۆشە و
فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و
بەم بوولێلە تەنیا ئەڕوا و ڕوویکردۆتە باشووری شار

وەکو گوتمان / ئەم دەقە شیعرییە چیڕۆکە شیعرێکە و بوونێکی درامی هەیە ، ( شێرکۆ بێکەس ) یەکێک لە دیمەنە کۆتاییەکانی چیڕۆکەکەی کردۆتە دەسپێکی قەسیدەکەی بە زمانێکی شیعری ناسک و بە دەستەواژەی شیعری سەرنجڕاکێش بەنێو دیمەن و ڕووداوەکان دەچێتە خوارەوە ، ( بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو و ڕووی کردۆتە دامێنی شار .. ) ، چیڕۆکی ژنێکمان بۆ دەگێڕیتەوە کە هاوسەرەکەی پێشمەرگە بووە ، پێشمەرگەیەکی ئازا و نەبەرد ، تا سەرئێسقان عاشق بە خاک و نیشتیمان و ئازادی .. پێشمەرگەیەک کە بەسەر پشتی مەرگ بازبازێن دەکات و لە هیچ شتێک سڵناکاتەوە ، سەرەنجام گیانی دەبەخشێ بە ڕزگاری کوردستان و دەچێتە ڕیزی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی ، لەوکاتەی ئەم واتە ( ژنەکە ) بەم بوولێڵە تەنیا دەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار ، لەو زەمەنەدا باشووری کوردستان ڕزگار بووە و شۆڕشگێڕانی سەردەمی شاخ ، هاوسەنگەری مێردەکەی گەیشتوونەتە دەسەڵات و لە هەوڵی بە دەستهێنانی کورسی و گەیشتن بە شوێنە بڵندەکانی دەسەڵات و خەریکی ژیانی شاهانەی خۆیانن .. ئەوەی بیری لێنەکەنەوە منداڵ و خێزانی شەهید و مرۆڤە گیانبەختکردووەکانە .. بۆیە ئێستا تەنیایی بۆتە ماڵی ئەبەدی ئەو ، برسییەتی و قوڕسایی ژیان ، خەمەکانی سەرشانی کردۆتە کێوێکی سەخت ، ئێستا لای ئەو ، ( ئاسمان مشتێ ڕەنگەو ئەویش خەمێکی مێینەی قەترانی وەک کراسەکەی سارد وەکو دەستەکانی .. ) ، گیان و دڵی دەتەزێنێ و هیواکانی دەکاتە گەڵا وەریوەکانی بەردەم ڕەشەبایەکی بێڕەحم .. ئێستا ئەو ( ئەستێرەیەکی نەخۆشە و فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕوویکردۆتە باشووری شار ..) . ئەو ئێستا لەنێو خەم و هەناسە ساردەکانی جگە لە چەند دیمەنێکی یادەوەری هیچیتری بۆ نەماوەتەوە ژیان بۆ ئەو بۆتە زیندانێکی گەورەی تاریک و پڕ ئێش و ژان . بۆ ئەو تازە شیرینییەکان قاوەیەکی تاڵە و هەڵمی نائومێدی لێ هەڵدەستێ ..!

ئەو زامێکی قژدرێژە ، چاوەکانی بڕیوەتە ئەشکەنجەی خۆی
چاوەکانی بڕیوەتە ، مانگی خوێنی ئاوانەبووی ناو خەیاڵی
( سەری مێردە کوژراوەکەی ، ئەوێنی خۆی )
لە چراخانی ئازادی .. دابڕاوە
لە دارستانی تریقە و پێکەنینی
دەوروبەری دابڕاوە
بێ ئاگایە … لە هاواری ئاپۆڕەی خەڵک
بێ ئاگایە … لە زەماوەندی ڕووناکی
لە شایی گوڵ
لە لەنجە و لاری گۆرانی
تەنیا ئەڕوا و لەگەڵ ڕابردوو ئەدوێ ، لەگەڵ خۆیدا
لەگەڵ بازێکی شەهیدا لەگەڵ ( ئەو) دا ..

ئەم بەشەش قووڵبوونەوەیە بەنێو خەم و ئازار و زامە قووڵەکانی ، شەوە درێژە پڕ تەنیای و حەسرەتەکانی ، ئێستا ئەو زامێکی قژدرێژە و چاوەکانی بڕیوەتە ئەژکەنجەی خۆی ، چاوەکانی بڕیوەتە نائومێدی بەختی ڕەش و ژیان و ئایندە رەشەکەی خۆی ، مەمکەکانی بەسەر جەستەی خەمێکی گەورە شۆڕبوونەتەوە ، هەر خۆی و هەرخۆی و هەرخۆی ، لە دەوروبەر و لە ئاوەدانی تەنانەت لەژیانیش دابڕاوە ، کەسێکە فڕێدراوەتە کەنار ژیانەوە ، لە دەرەوەی ژیان لەسەر ئەستێرەی نائومێدەیدا دەژیت ، بێئاگایە لەهەموو شتێک ، ( لە هاواری خەڵک و لە زەماوەندی ڕووناکی ، لە لەنجە و لاری گۆرانی و لە سەمای ئاڵای سەوز و زەرد ..! ) . ئەو تەنیایە ، لەگەڵ ڕابردوو دەژی ، لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانی دوێنێ و لەگەڵ ئەودا ، لەگەڵ بازە شەهیدەکەی خۆی ، ئێستا ژیان بۆ ئەو جگە لەزیدانێکی گەورە هیچیتر نییە ، دۆزەخێکی ڕەش و تاریک ، دوور لەهەموو ئومێد و خۆشیەکان و شتە جوانەکان و ڕۆژگارە گەرمەکانی ژیان . ئێستا تەنیایی بۆ ئەو ماڵی ئەبەدی بوونە ..!

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕووی کردۆتە دامێنی شار
” هەبوو .. نەبوو ، ڕۆژانێ بوو
بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی
لەبەر گۆپاڵەباران و تەرزەی شووم و چەخماخەی شەقژنی بوو
وەک فریشتە باڵدارەکان
بە دارستانی نێزەدا تێئەپەڕی
ڕۆژگارێ بوو ، بازەکەی من ، لەو بەرزەوە
ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی
یەکبەیەکی ئەم هەردانە ، ئەم لووتکانە
جێ ڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ
لە دۆزەخی کڵاوسوور و کڵاوڕەشدا
یەکبەیەکی ئەم کۆڵان و شەقامانە
( ئا ئەم سووچە و ، ئەم سیلەیە ، ئەم بن دارە
ئەو ژێر چەترە ، ئەو پەنا پایەی بازاڕە )
جێ نزرگەی ترسناکی کوت و پڕ بوون
بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی
کێڵان و کیفی ئامادە کراوەبوون
بۆ دەرهێنانی دەمانچە و .. ڕیزی گوللە و
تەقینەوەی نارنجۆکی خێرای دەستی
وەک کزەبایش ، لەناکاودا ، ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە
بەبێ خشپە ، تریفە بوو دەر ئەکەوت و
یان خەوێکی ئێجگار خۆش بوو ، لە پڕێکدا پەیدا ئەبوو

ژنە پێشمەرگەیەکی شەهید تەنیا و داماو جگە لە کۆمەڵێک یادەوەری خاوەنی هیچ شتێکی تر نییە ، لەم دیمەنەدا وێنەی قارەمانێتی و چاپووکی و زرینگی بازەکەی خۆیمان بۆ باسدەکات و دەڵێت ، ( بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی ) ئەو دێرە شیعرە ، وێنەیەکی شیعری جوانمان بۆ دەکێشێ ، هەرچەندە من وشەی ( باز ) زۆر بە گونجاو نابینم ، ڕاستە باز باڵندەیەکی چاپووک و بەهێز و هێرشبەرە هەر بۆیەش وەکو هێمایەک بۆ پێشمەرگە بەکارهاتووە بەڵام ، باز باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و بۆ پەیدا کردنی پارچەیەک گۆشت بەناهەق ژیانی باڵندەی تری بێگوناه کۆتایی پێدەهێنێت ، کە ئەم دیوەی لەگەڵ پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان لەپێناو ژیان و ئازادیدا تەبا و هاوتەریب نایەتەوە ، ئەوەتا دەڵێت ، ڕۆژگارێ بوو بازەکەی من ، لەوبەرزەوە ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی ، یەکبەیەکی ئەم هەردانە ئەم لووتکانە ، جێڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ .. هەڵمەتبردنی باز و پێشمەرگە ، لە ڕووی ئینسانییەوە لە یەکتری جیاوازن و بۆ ئامانج و مەبەستی جیاوازیشن .. بۆیە لەم دەقە شیعرییە وشەی پێشمەرگە گونجاو و شیاوتر بوو ، چونکە باز باڵندەیەکە لایەنی نێگەتیڤی هەیە ، زێتر لە جەڵادەوە نزیکە نەک قوربانی ، بەڵام پێشمەرگە مرۆڤێکی قوربانی ستەمدیدەیە .. لە چوارچێوەی شۆڕبوونەوە بۆ نێو یادەوەرییەکان وەسف و دێمەنێکی جوانی پێشمەرگەمان بۆ دەکات ، لە ڕووی ( ئازایەتی و قارەمانێتی و گیانفیدایی و هەموو سیفاتە جوانەکانیتر ..) . ئا ئەو سووچە ، ئەو سیلەیە ، ئەو بندارە ، ئەو ژێرچەترە ئەو پەنا پایەی بازاڕە ، جێنزرگەی ترسناکی کوت و پڕبوون بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی کێلان و کیفی ئامادە و کراوەبوون ..! لەناو ئەم بازبازێنە بەسەر پشتی مردنە و لەنێو ئەم دۆزەخی هەڵمەت و ئاگربارانەدا ، جارجارە / وەک کزەبا ، لەناکاو ئەهاتەوە ماڵ ، بەبێ خشپە وەک ڕووناک و تریفە بوو دەرئەکەوت .. چەند دیمەنێکی جوان و پڕ شیعرییەتە ، هێزی عەشق و خۆشەویستیمان بۆ ڕەسم دەکات ، ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی مردن و گەڕانەوە بۆ ماڵ بۆلای دوڵبەر .. ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی ئاگر و گەڕانەوە بۆ نێو ماڵی عەشق . بۆ تەڕکردنەوەی زەوییە وشهەڵاتووەکەی ناخ و خۆدانە بەر ڕێژنە بارانی خۆشەویستی و توانەوە لەنیو چرکەسات و کاتژمێرە ئیرۆسییەکانی عەشق ..!

منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم
هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و
هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو
بە هێواشی لە کەمەرەوە ئەیگرتم
( چەکیش هێشتا بەشانەوە )
باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم
گەرمییانی ئارەزوومان
وەک بەردی بەر سوورە هەتاو
ئەوسا ئیتر چۆن لاولاوی
سەرپەنجەرەی ژوورەکەمان
تەواو پێمەوە ئەنووسا … تەواو … تەواو
مەمکەکانم لەناو چنگیا سپی سپی
وەک دوو تیترواسکی بچووک
شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا

ڕاستە پێشمەرگە مرۆڤێگە لە جەنگدایە ، لەگەڵ کوشتن و مەرگ و خوێن ڕووبەڕووە ، لەگەڵ فیشەک و چەک هاودەمە ، بەڵام بێبەری نییە لە خەیاڵ و هەستە ئیرۆسییەکان ، لە عەشق و خەونە ڕۆمانسییەکان ، لەشەوانی پڕ ترس و مەرگاوی دوور لە چاوی شار و مرۆڤەکان بە نهێنی دەگەڕێنەوە ماڵەوە یان بۆ باوەشی دوڵبەرەکانیان ، ( منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم ، هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو ..! ) کاتێک دڵەکان وەک بورکان گڕ ئەگرن ، هەستەکان وەک ئاگر کڵپە ئەکەن ، ئیدی ترس مانایەکی نامێنێ ، عەشق ڕێیەکی دەچێتەوە سەر شێتی .. ( چەکیش هێشتا بەشانەوە …! ) .. هێندە تامەزرۆ و دڵسووتاو بوو ، دووری و تامەزرۆیی ئاگرێکی وەهای لە جەستە و هەناوی بەردابوو ، بەرلەوەی چەکەکەی لەشانبکاتەوە ، ( باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم ، وەک بەردی بەر سوورە هەتاو تاوی ئەسەند ..! ) وێنە و دەستەواژەی شیعری جوان ، شیعرییەت لە وشەکان دەڕژێ ، بەردی بەر سوورە هەتاو ، وێنەیەکی جوان و لە شوێنێکی گونجاو بەکار هاتووە و بڕشتێکی جوانی بە دێمەنە شیعرییەکە بەخشیوە ، ( تەواو پێمەوە ئەنووسا .. تەواو .. تەواو ، مەمکەکانم لەنێو چنگیا سپی سپی ، وەک دوو تیترواسکی بچووک ، شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا ..! ) ، هەستێکی ئیرۆسی و عەشقێکی باڵای مرۆیی ، دیمەنێکی ڕۆمانتیک .. ئاوێزانبوونێکی شێتانە . دوور لەچاوی ترس و مردن .

وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ، ماچێکی قووڵ
بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و
بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا
لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا
بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت
بۆنی کووزەڵەی گوێ چەم و مۆردم ئەکرد
بۆنی گوڵە ئازادەکان
بۆنی مەقەڕێکی شێدار
بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان
لەناو تووکی سەرسینگیشیا
بۆنی تیژی ئازایەتی و
بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد
لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی
تەمی نزمی گەوەکان و ڕاکردنی گوڵ ئەستێرە و تروسکایی
ئاگری شوانی سەر ڕەوەز و بریسکەی جۆگەی
بەرکاوی ئێواران و هەڵبەزینەوەی قەڵبەزە و
ماچی ئاڵی نێوان ئاسۆ و خۆرنشین و … هەر لە چاویا
ڕەنگی پەڕیوەی ژنانی ناو ئۆردوگام ئەبینیەوە
ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر
سەروو سیمای دوا شەهیدمان
دارتەلی سەر ئیزگەکەمان

لەم دیمەنە شیعریەش بەنێو قووڵایی هەستە ڕۆمانسی و ئیرۆسییەکان شۆڕدەبێتەوە ، جووڵە و ئاوێزانبوون و توانەوە لەنیو هەستێکی کوشندەی لەزەتی و ڕۆحیدا ، ( وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ..) دوو جەستەی تامەزرۆ .. دوو جەستەی شەکەت لەنێو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی .. وێنەی چرکەکانی بەیەکگەیشتن و کردنەوەی لغاوی ئەسپی تامەزرۆیی و ئارەزووە چەپێندراوەکانی ڕۆح .. ( بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا …) لەسەرەتا بە مژینی جەستە و دەست و پەنجەکان و مەمکەکان دەستی پێئەکرد و تەزووی ئەم هەستە شێتانەییە هەموو جەستەی دادەگرت ، ئاگری ئارەزووە تینووەکان کڵپەیان دەدا و گڕیان دەگرت . ئیتر لەپاڵ ئەم چرکە ساتە ڕاموسانییە ، ( شێرکۆ بێکەس ) دەیەوێت وێنە و ژیانی پێشمەرگایەتیمان بۆ بکێشی و پێشانی بدات ، بەو دێرە دەست پێدەکات ( لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا .. بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت …) زۆر شاعیرانە دوو دیمەنی جیاوازی تێکەڵ بەیەک کردووە ، لەنێو چرکەساتی ڕامووسانییەکی گەرم ، لەڕێگەی هەستکردن بە بۆنەکان دیمەنێکیتر کە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگەمان بۆ ڕەسم دەکات . ئەم چیڕۆکە شیعرە سەرەتاکەی بە خەباتی شاخ دەست پێدەکات ، زەمەن زەمەنی دوای شۆڕشی ئەیلوولە ، ئەوەی لە مێژوودا بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ناوبراوە ، سەرکەوتنی ئەم شیعرە و جوانی و وێنەکان و دیمەنەکان لەوەدایە کە / شاعیر خۆی بەشداری لەو شۆڕشەدا کردووە و شارەزاییەکی باشی لە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگە و کەلەپووری شۆڕشدا هەبووە ، ڕاستی ئەم گوتنەمان لە دێرە شیعر و دەستەواژە شیعرییەکان بە ڕۆشنی بۆ دەردەکەوێت ، ( بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت .. بۆنی کووزەڵەی گوێی چەم و .. بۆنی گوڵە ئازادەکان ..) لەکاتی ماچ و ئاوێزانبوون و یەکتر بۆنکردن ، لە ڕیش و جەستەی دڵدارەکەی بۆنی هەموو ئەو شتانەی دەکردن کە لەسەرەوە نووسیومانە . بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت ، بۆنی کووزەلەی گوێی چەم .. لەبۆنکردنی کەلوپەلی ژیانی سادەی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و دەڵێت ( بۆنی مەقەڕێکی شێدار ، بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان .. ! ) ، مەقەڕێکی شێدار و بۆنی نایلۆن و بەتانییە سەوزەکان ، ڕێک وێنەی مەقەڕی پێشمەرگەمان دێتە بەرچاو ، دیمەنێکی ڕۆشن .. وێنەیەکی شیعری جوان ، من پێموایە ئەگەر ( شێرکۆ بێکەس ) خۆی پێشمەرگە نەبا و لە نزیکەوە بەشێک نەبا لەو ژیانە ، ئاوا سەرکەوتووانە نەیدەتوانی ئەم دیمەن و وێنانەمان بۆ بکێشی .. ئیتر زێتر بەنێو وەسفکردنی کەسەکان و ئەم شێوە ژیانە شۆڕدەبێتەوە و درێژەی پێدەدات ( لەناو تووکی سەرسینگیشیا ، بۆنی تیژی ئازایەتی و بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ..! ) ، لێرەشدا ، باسی ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگە و دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ خاک و نیشتیمان و ئازادی .. هەروەها بیروباوەڕ بە ئومێدێکی گەورە بە خەبات و تێکۆشان و سەرکەوتن ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ، بێگومان لەبەردەم میللەتێکی ستەمدیدە ڕێگاکانی سەرکەوتن و ئازادی دەکرێ دوور و مەودا فراوان بن ، مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنی و ئازادییەکان لە چنگی دیکتاتۆر و مرۆڤە دڕندەکان وا بەسانایی نایەتە دەرێ ..! ئیتر لەم چیڕۆکە شیعرە وێنەی هەموو زەمەنەکان و شوێنەکانمان بۆ دەکێشێ ، ( ڕەنگی پەڕیوی ژنانی ناو ئۆردوگا و ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر ..! ) دوای ئەنفال و تێکدان و خاپوورکردنی گوندەکان ، پێشمەرگە دەڕۆنە سەرسنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان و لە ئۆردووگاکان نیشتەجێ دەبن ، ئەم وێنانەمان یەکبەدوای یەک وەک فیلمێک بە زمانی شیعری و وێنەی شیعری پێشان دەدات ، تا دەگاتە ( سەروو سیمای دوا شەهیدمان ، دارتەلی سەر ئیزگەکەمان …! ) شاعیر زۆر وردبینانە دیمەن و وێنەکانی کێشاوە ، تەنانەت دارتەلی سەر ئیزگەکەیانی بیر نەچووە ، ئەو ئیزگەیەی پێشمەرگە و هەموو خەڵکی دەهێنایە جۆش و خرۆش .
لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکوو گەڵا لەرەی ئەهات
لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە
خەمی باڵگرتووم ئەبینی
خوێنی ئەستێرەم ئەبینی
لە چاوانیا خۆرنشینی خۆم ئەبینی .. خەوم ئەدی
لەناو گەمیەی هەورێکدام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە
خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەم تەنیا تەنیا ماومەتەوە
هەمووجارێ لە چاوانیا
چارەنووسێکم ئەبینی و لێی ئەترسام
لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین
هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە
لە دوو گوڵدانی پڕ لەگوڵ ، پڕ لە خەم و پڕ لە خەون و
پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین
لەم دیمەنەش / پارادۆکسێکی شیعری ناوازەمان بۆ دەنەخشێنێ ، لە چرکەساتی ئاوێزانبوون و تێکەڵاوبوون .. لەنێو قووڵایی خۆشییە ڕۆح بزوێنەکان لە هەستێکی دەروونی نادیارەوە مەسیجێکی خەمناکی دێتە گوێ ، وێنەیەکی تاریک دێتە پێشچاوی ، ئایندەیەکی خەفەتبار دەخوێنێتەوە ، ئەم هەموو پێشبینییە ترسناکەش لەنێو چاوەکانی بازەکەی خۆی دەبینێت ، ( لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکو گەڵا لەرەی ئەهات ، لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە ، خەمی باڵگرتووم ئەبینی ، خوێنی ئەستێرەم ئەبینی …! ) وەک ئەوەی چاوەکانی قسەی بۆ بکەن و باسی ئایندەی بۆ بکەن ، چارەنووسێکی پایزە ، چ دەربڕینێکی شیعری و جوان و ناوازەیە ، خەمێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری ، پڕ لە ئاوازێکی حەزین ، یان / خوێنی ئەستێرەم ئەبینی ، وێنەیەکی شیعری و دەستەواژەیەکی شیعری جوان و ناسک ، هەستە نادیارەکانی درێژە بە خوێندنەوەی پێشبینییەکان دەدەن تا ئەو ڕادەیەی بڵێت ، ( لەناو گەمیەی هەورێک دام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە ، خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەی تەنیا تەنیا ماومەتەوە ..! ) ، لێرەدا ئەوە دەبینین کە شیعر و شاعیر هێزی ئەوەیان پێیە کە ئایندە بخوێننەوە ، ئیدی دوای هەستکردن بەم خەیاڵ و پێشبینیە خەمناک و ترسناکانە ، لەوساتەدا ماچ و مژین و تێکئاڵان دەبوو بە وردبوونەوە لەچاوانی یەکتری و داماو و حەپەساو ( لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین ، هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە ، لە دوو گوڵدانی پڕ لە گوڵ ، پڕ لە خەون و پڕ لە خەون و پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین ..! ) ئیتر لێرەدا خۆشەویستی بە وردە گەڵای ترس و خەم و ئازار دادەپۆشرا ، بارێکی دەروونی ناجێگیر ، خەونەکان پڕ لە تریفەی شێواو و بەهارێک پڕ لە سەوزاییەکی خەفەتبار ، تێڕامانە قووڵەکان لە چاوانی یەکتری ، ئاکامەکان دەبوون بە گوڵدانێک بەڵام گوڵدانێکی خەماوی و پڕ لە خوێنی ئەستێرەکان و پڕ لە گوڵ و پڕ لە خەون و خەفەت و خەمی سووری پاییزی ..!
قسەی ئەکرد
تۆ و کانی .. تۆو درەخت ..
تۆ و بەردم ، بە قەد یەک خۆش ئەوێ !
ئەمپرسی :
کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟!
ڕائەما ، ئەیڕوانییە دارەڕای ژوورەکە
لەو ساتەدا دەم و چاوی
لە کوختێکی ناو تەم ئەچوو
-زیز مەبە ، بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ؟!

  • ئۆه ، گیانە .. کە بەردمان لە دەست چوو .. ئێمە چین ؟!
    کە ئاومان فەوتی کرد .. ئێمە چین ؟!
    ئەوینێ بێ بەرد و بێ ئاو بێ درەخت کوا هەیە ؟!
    یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە بابمرم !
    لێڵ مەبە ! .. ئەوینی من و تۆیش
    لە ڕوونی ئاودایە !
    لە خورە و هاژەی سەربەستی ئاودایە
    تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ
    تێر سەیری یەک بکەین !
    ژێردەستی ناهێڵێ .. لە ماڵی خۆیشمان
    بۆ تاوێک بسرەوین !
    ئازادیی ئاسمانە .. بارانە و هەتاوە
    بێ ئاسمان .. کام خۆر و کام تیشک و کام باران ؟
    ئازادی خاکیشە
    ئازادی خەڵکیشە … مێژوویشە
    کە نەبوو چی هەیە ؟! ئەمە نانە ؟!
    یان ژەهر ؟
    ئیتر / دوای هێوربوونەوە لەنێو تێکەڵاوبوون و ڕاموسانی و ماچ و دەستبازی و ئارامبوونەوەی هەستە ئیرۆسییە گەرمەکان ، کاتی لەچاوانی یەکتر ڕوانین و نوێکرددنەوەی بەڵێنەکانە بۆ ئایندە و بەردەوامبوون ، گەیشتن بە وەرزێکی نوێی عەشق و ژیانێک لەژێر ساباتی ئازادیدا ، بێگومان گەیشتن بە کاروان سەرای ئازادی ، ڕێگاکان تەخت و نزیک و بێ قوربانی نین ..! بۆیە هەمیشە لەساتی ڕوانین و بیرکردنەوەکان ترس و گومان و پێشبینییە خەمناکەکان پشکۆکانییان دەردەکەون ، بەڵام ئەمان هەمیشە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ عەشق و ژیان و بوون و بەهای مرۆڤ دەکەن . ( تۆو کانی .. تۆو درەخت .. تۆو بەردم ، بەقەد یەک خۆش دەوێ ..! ) بێگومان بۆ پێشمەرگەیەکی عاشق ، راستگۆ و مرۆڤپەروەر و ئازادیپەروەر ، خۆشەویستی لەخاک و نیشتیمان و جیاناکرێتەوە ، خاک و نیشتیمان و مرۆڤیش بەبێ ئازادی بەهاکانی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە لێرەدا عەشقێک دەبینین ، پڕ لە پیرۆزی بەها مرۆییەکان ، بەڵام ئەم بە نازێکی کچانەوە دەڵێ ( کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟! ) ، پێشمەرگەیەکی وشیار ، دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان ، تا سەرئێسقان عاشق بە چاوەکانی دوڵبەر ، بەڵام لای ئەو عەشق بەبێ ئازادبوونی بەرد و درەخت و ڕووباری نیشتیمان بوونی نییە ، عەشق بەبێ ئازادی بوونی نییە ، چونکە ئەو لەوە بە ئاگایە کە بوونی مرۆڤ بەبێ ئازادی بوونێکی نامۆ و ناکاملە ، بۆیە بەم وشیارییە قووڵەوە بە ڕاستگۆیانە پێی دەڵێت ( زیز مەبە ! بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ..! ئۆه گیانە کە بەردمان لە دەستچوو ئێمە چین ! ، ئەوینی بێ بەرد و بێ ئاو و بێ درەخت کوا هەیە ..!؟ ) ، مرۆڤ کە ئازاد نەبوو نە بوونی نە ژیانی نە عەشق و خۆشەویستییەکەی تەنانەت هەموو پەیوەندییەکانی خاڵی دەبنەوە لە سەروەری بەهای مرۆیی ، بۆیە بە ڕاشکاوانە ئەم ناخەی خۆی لە قووڵایی مەعریفەوە بۆ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ، ( یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە با بمردم ..! ) ، لەم دێرەدا تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ بوون و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان دەبینین تەنانەت بۆ عەشقیش ..! چونکە وەکو گوتمان هیچکام لەوانە / نەبوون نە مرۆڤبوون نە بەهای مرۆیی نە عەشق بەبێ ئازادی ناگەنە ئاستی سەروەری و ڕەسەنبوون ، ئیتر بۆیە دەڵێت ( لێڵ مەبە ، ئەوینی من و تۆیش لە ڕوونی ئاودایە ، لە هاژەی سەربەستی ئاودایە ، تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ ، تێر سەیری یەک بکەین ، ژێر دەستی ناهێڵێ بۆ تاوێک بسرەوین ، ئازادی ئاسمانە بارانە و هەتاوە …! ) ، ئیتر لەکۆتایی ئەوە دەردەخات کە هیچ شتێک بەبێ ئازادی بەهایەکی ئەوتۆی نییە ، دیلێتی ژێردەستەیی پەت دەخاتە گەردنی هەموو شتێک ، تەنانەت ناهێڵێ مرۆڤەکان بە ئارامی سەیری یەکتریش بکەن .. هەموو شتەکان مانا ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە ژیانێکی لەم شێوەیە بە هەڵدانی پیاڵە ژەهر دەزانێت ..!
    ( بازەکەی من شاعیریش بوو …
    هەموو جارێ دوا شیعری خۆی
    لەگەڵ دوا دووکەڵی مەزرا و
    لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و
    لەگەڵ دوا گریانی باخدا بۆ ئەهێنام )
    بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی
    قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان
    سادەیش بوون وەکو گوڵە کێوی
    بازەکەی من لە نوێخوازەکانی ژیان بوو
    ئەو نەئەچوە بەر ئاوێنە کۆنەکانی زمان
    لای ئەو وشە زیندەوەر بوو
    لای ئەو ڕستە مەرجدانەوەی مەراق و
    زەنگی مێشک و وەکو گڕکان
    ساتە وەختێکی خەتەر بوو
    دوو عاشقی سەرکێش ، پڕ لە ئەوین و مرڤبوون ، پڕ لە وشیاری بۆ ژیان و بوون ، بە ئازادی بەهاکانی جوانی ، بەشێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دڵدار واتە پێشمەرگەکە ، بازەکەی نێو دەقەکە ، کەسایەتییەکی شاعیر بوو ، کەسایەتییەک کە لەپاڵ چەکەکەی شانی هەمیشە قەڵەمێک و دەفتەرێکی بچکۆڵەی لە گیرفانەکانی بوو ، بۆ نووسینەوەی هەستەکانی خۆی ، بە کردنی بیرکردنەوەو خەیاڵەگەرمەکانی و تامەزرۆیی و ماراقەکانی بە شیعر ، یان تێکەڵکردنی خەیاڵ و هەستەکانی بە تەوژموو جووڵەکانی جوانی .. بازەکەی ئەو شاعیر بوو ، بۆیە پڕ بوو لە هەستی مرۆیی و عەشقی مرۆیی و خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆیی ، بە مانایەک / زێتر ڕۆچوون لەگەڵ خەیاڵەکان و بینینی هەستە شاراوەکان و گەرد و پێکهاتە وردەکانی خەون و بەهاکان ، چۆن شاعیرێک / شاعیرێکی نوێخواز و مۆدێرن .. نوێخواز بۆ دنیابینی شیعر و نووسین و زمان ، هەروەها مۆدێرن بۆ تێگەیشتن لە بوون و ژیان و مرۆڤ ، بۆ مێژوو و هەموو چەمکە گرینگەکان ( بازەکەی ئەو شاعیریش بوو ، هەموو جارێ دوا شیعری خۆی ، لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و دواگریانی باخدا بۆ ئەهێنا ..! ) ، شاعیرێکی مرۆڤدۆس و ژیاندۆست ، هەمیشە لەپاڵ جوانییەکانی ژیان خەم و ئازار و ژانە قووڵەکانیش دەنووسێتەوە ، بەتایبەت شاعیرێک لەنێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا ، ئیتر دەبێ گڕوتینی وشەکانی ئەم شاعیرە عاشق و هەست ناسک و ژیاندۆستە چ ئاگرێکی پڕ کڵپە و هەڵجوون و شەپۆل ئاسابێت ..؟ ( بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی ، قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان ، سادەیش بوون وەک گوڵە کێوی … ، لای ئەو وشە زیندەوەر بوو ، لای ئەو ڕستە مەوجدانەوەی مەراق و زەنگی مێشک و ساتە وەختێکی خەتەر بوو …! ) ، لای بازەکەی ئەو ، عەشق ژیان بوو ژیانیش عەشقێکی گەورە ، شیعریش نووسینەوەی جوانییەکانی عەشق و ژیان بوو ..!

    ( نموونەیەکی بچووک لە شیعرەکانی بازەکەی من )
    سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە
    ڕازی نابێ
    سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە
    یان نارنجۆکێکی ناو دەستەکانی ئازادیی
    ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە .. ئەم بەهەشتە ڕەشانە
    لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین
    بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین
    ئینجا بگەیتە …
    ( بازەکەی من ئەم شیعرەی
    بە ناتەواوی بۆ بەجێهێشتووم )
    لێرەدا نموونەیەک لە شیعری بازەکەی خۆیمان بۆ دەنووسێتەوە ، نموونە لە شیعرێکی تەواو نەکراو یان ناتەواو ، بەرلەوەی خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ئەم کۆپلە شیعرەی شاعیرە عاشقەکە بکەین کە پێشمەرگەیە و لەسەنگەری خەبات و تێکۆشاندایە لەپێناو ڕزگاری نیشتیمان و بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد .. ( بازەکەی من ئەم شیعرەی بە ناتەواوی بۆ بە جێهێشتووم ) ، وشەی ( ناتەواو ) ، وشەیەکە هێمای جوراو جۆر و خوێندنەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت ، ئایا بۆ ئەو شیعرە بە ناتەواوی بۆی جێهێشتووە ، ئایا هەرخۆی شیعرەکەی تەواو نەکردووە ، یان شاعیرەکە لە کاتی نووسینی ئەو شیعرەدا ، کۆتایی بە ژیانی هاتووە و گەیشتۆتە لای هاوڕی گیانبەختکردووەکانی و ماڵئاوایی لە دوڵبەر و شیعر و ژیانکردووە ، لە سیاقی خوێندنەوەمان لە بەشەکانی کۆتایی وەڵامی ئەم پرسیارانەمان وەردەگرینەوە .. شاعیرێکی نوێخواز و مرۆڤدۆست ، نیشتیمانپەروەر و ژیاندۆست ، عاشق و ئازادیدۆست ، بێگومان شاعیرێکی لەمجۆرە هیچ گومانێکی تیانییە ، کەسێکی یاخی و سەرکەش دەبێ ، چونکە نوێخوازی ڕەگێکی دەچێتەوە سەر یاخیبوون ، یاخیبوونیش لە وشیارییەوە گەراکانی سەردەردێنن ، بەمانای بازەکەی ئەو ( شاعیرێکی نوێخواز و یاخی و وشیار بوو ..! ) ، بۆیە شیعرەکانی پڕبوون لە عەشق و شەیدابوون بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتیمان و مرۆڤ هاوکات هەستە گەرمەکانی یاخیبوون ، ئەوەتا بە ڕوونی دەڵیت ( سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە ڕازی نابێ ..! ) ، ژیانی ژێردەستەیی و ستەمدیدەیی ژیانێکە لە ئاستێکی نزم ، خاڵییە لە ئازادی و جوانی و بەها مرۆییەکان ، شاعیر ژیان لەئاستێکی نەوی و نزمی لەمجۆرە رەتدەکاتەوە ، هەمیشە بەرامبەر ستەم و زۆرداری دەڵێت ( نا ) ..! چونکە ئەو کەسێکی یاخی و بە جەربەزە و دلێر و ناڕازییە ، شاعیرێکی جوانبین و هەست ناسکە ، ناتوانێ عەشق و ژیانی بەبێ ئازادی قەبووڵ بکات ، ئەوەتا دەڵێت ( سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە …! ) ، ئەو پێیوایە لە ئاکامی هەوڵدان و کۆشش و خەبات دەبێ شەوە تاریکەکان ڕووناکبکرێنەوە ، شوێن و کونجە تاریکەکان ڕووناکییان پێبگات ، ( ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە ، ئەم بەهەشتە ڕەشانە لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین …! ) ، دەکرێ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزانە نەگەینە کۆتایی ڕێگا و سەرکەوتنەکان بەچاوی خۆمان نەبینین و خەونەکانمان لەگەڵ خۆمان ببەینە ژێرخاک واتە گیان و بوونمان بە ژیان ببەخشین..!( بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین …! ) .

  • بازەکەی من ، وەک کزەبا چۆن لەناکاو پەیدا ئەبوو
    هەروایش لەپڕ : بەبێ خشپە ، وەک کشانەوەی تریفە
    وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو ، دیار نەئەما
    لە پڕێکدا ئاوا ئەبوو ، ئەچۆوە ناو ڕۆحی چیا
    ئەبۆوە بە ، گوڵی چوالە ، بەدار هەنار ، ئەبوو بە
    زنەو بە ڕەگ و بە سروودی دەم دار بەڕوو
    ئەچۆوە ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان
    ئەچۆوە ناو جریوەی دوور ، ئەچۆوە ناو خەونی
    گوند و لە خۆڵەمێشدا ون ئەبوو
    ون ئەبۆوە .. ئەهاتەوە .. ون ئەبۆوە
    پێشمەرگە و ژیانی پێشمەرگایەتی / ژیانێکی نائارام و ناجێگیر بوو ، ژیانێکی کۆچەری ، وەک ڕەشەبا و زریان ، ژیانێک بوو لەنێو دیار و نادیار ، هەڵاتن و ئاوابوون ، یان ئاوابوونی ئەبەدی ..! ( بازەکەی من وەک کزەبا لەناکاو پەیدا ئەبوو ، هەروایش لە پڕ ، وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو دیار نەئەما ..! ) ، عەشقێک لەنێوان دوو مرۆڤی عاشق و شەیدا بۆ ژیان و ئازادی ، دڵی خۆیان و عەشقەکەیان هەمیشە لە چنگی مەرگ دابوو ، هەمیشە هەناسواری و نائارام ، ترس و نیگەران و خەمی دابران ، چاوەڕوانییەکی کوشندە ، گەمەیەک لەنێو بازنەی دەرکەوتن و ونبوونەوە ، هاتن و ڕۆیشتن ، گەڕانەوە بۆ ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان ، چوونەوە ناو جریوە دوورەکان ، ونبوون لەناو خۆڵەمێشی مەرگ . مانەوە لەنیو بازنە هەمیشەییەکانی هەڵاتن و ئاوابوون ..!
    بازەکەی من بوومەلەرزەی ، لەبن دەستی
    دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا
    ئەچاند ئینجا ون ئەبۆوە
    لە سەفەری گردی ڕەشدا هەموو جارێ
    کەمەندی ئەو بێچووە درنجێکی ئەگرت
    هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا
    بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە
    بۆ ئەرژەنێ
    بۆ عەزیایەک
    دۆزەخێکی نوێی دائەخست
    بازەکەی من لە دوا ئێوارەی فڕیندا
    لە دوا ساتەوەختی نیوان گەشانەوە و هەڵوەریندا
    وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای
    جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە
    بەرەو بنار دائەگەڕا و
    شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار
    ئەو چرکانەی
    تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی
    سیمای ئاونگاوی منی
    دوور و نزیک پێشان ئەدا
    مردن لە شێوەی داوێکدا
    ئەگاتە بەر هەردوو قاچی و
    دێتەوە یەک !
    باز ئەگیرێ و
    باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و
    ئەخرێتە ناو زیندانێکی گەڕۆکەوە و
    دوور دوور ئەبرێ

    لەم بەشەدا / دەست و بازوو و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕەسم دەکات ، ئەو ترس و تۆقان و سام و لەرزینەی لە دڵی ئەژدیها و دوژمنە دڕندەکان دروست کردبوو ، وا پێدەچێت ، پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە شیعرە بازەکەی ئەو ، یەکێک لەو پێشمەرگە چاپووک و قارەمانانەی یان یەکێک بێت لە شانە و دەستەی پارتیزانەکان .. هەردەمێک لە شوێنێک زەبر وەشاندن لە دێو و ئەژدیهاکانی سەر بە ڕژێم و دەسەڵات ، لە گوند و لادێ و ڕێگاکان و جادە و ناو شارەکانیش .. بە تاکتیکی شۆڕشگێرانەی سەردەم و دەستڕاگەیشتن بە هەموو کەلێن و قوژبن و شوێنێک ، ( بازەکەی من بوومە لەرزەی لەبن دەستی دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا ئەچاند …! ) یان ( هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە ، بۆ ئەرژەنێ ، بۆ عەزیایێ ، دۆزەخێکی نوێی دادەخست ..! ) ، هێزی پێشمەرگە بە تایبەت دەستەی پارتیزانە دلێر و قارەمان و گیان لەسەردەستەکان ، وەک دەڵێن ( قەیسەرییان لە دێو و دژدیهاکانی دەسەڵات کرد بوو بە کونە مشک ) ، تا ئاستی ئەژنۆ لەرزین لەنێو ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقین دابوون ، لە هەرکاتێک لەهەر شوێنێک ئاسایی بوو بکەونە ژێر هێرشی نەبەردانی پێشمەرگە و دۆزەخێکی واقیعی بە چاوی خۆیان ببینن .. بەڵام دواجار بازەکەی ئەو وەک بازە چاونەترس و گیان لەسەر دەستەکانی هاوڕێگای خۆی ، لە ئێوارەیەکی فڕیندا ( لەدوا ساتەوەختی گەشانەوە و هەڵوەریندا ..! ) ، دەکەوێتە نێو بۆسە و باڵەکانی دەبەسترێ و دەیخەنە نێو قەفەزی زیندانەوە ..! ( بازەکەی من ، وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە ، بەرەو بنار دا ئەگەڕاو شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار ..! ) ئیتر ئەو چرکە ساتەی کە دڵی گەورەی ڕائەچڵەکێ و دەمارەکانی هەست بەلەرزین دەکەن ، پێشهاتێکی خەمناک ، دڵتەنگیی و خەمۆکییەک جەستەی دائەگرێ و ( لەو چرکانەی تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی ، سیمای ئاونگی منی ، دوور و نزیک نیشان ئەدا ، مردن لەشێوەی داوێکدا ئەگاتە بەر هەردوو قاچی ..! ) ، چەند سەخت و ئەستەمە وەسفکردنی ئەم دیمەنە ، کێشانی وێنەی مەعشوقەکەت لەنێو بازنەی مەرگدا ، ئەو چرکەساتە دەروونە ڕەهیبەی کە ئەژنۆ ناتوانێ خۆی لەبەرامبەردا ڕابگرێ ، کوژانەوەی ڕووناکییەکانی خەونە گەورەکان ، ئاوابوونی خۆرەتاو و ئەستێرەکانی ئومێد ، چەند سەختە ئەوکاتانەی مردن لە شێوەی داوێکدا لە قاچەکانی دوڵبەرە مرۆڤدۆست و ژیاندۆستەکەت دەئاڵێ ، شانسی بینینەوەی بۆ تەنها جارێکیش نامێنێ و ئیدی دەگاتە نێو ڕووبەری ونبوون و وەکو ئەستێرەکی عاشقی ناموراد بۆ تاهەتایە ئاوادەبێت و دەرناکەوێتەوە ..! ( باز ئەگیرێ و باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و ئەخرێتە نێو زیندانێکی گەڕۆکەوە و دوور دوور ئەبرێ ..! ) .

    ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو )
    بەم ئێوارە درەنگ وەختە
    بەو ئێوارە بەژن ڕەشە
    بەو ئێوارە نەفرەتییە
    بۆ کوێ ئەچوی ؟
    ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟!
    ئەتویست لە کام هەوار لادەی ؟!
    پەلەت چی بوو ؟!
    هەور لەسەرت ئەوەستا !
    زریان لەسەرت ئەوەستا !
    منیش لەسەرت ئەوەستام …!
    شۆڕش و گیانبازی لەپێناو خەبات و ئازادیدا ، لەوپەڕی شەپۆلدانیەتی ، ئاگر و گڕ و بڵێسەکان لەوپەڕی کڵپەکردنن ، ورە و باوەڕ و هەست و سۆزەکان لەوپەڕی بڵنداییەکان و بەرەو لوتکەدەڕۆن ، گیانی نیشتیمانبەروەری ئامادەیی بۆ شۆڕش گیانێکی پۆڵایین و لەوپەڕی هێزدایە ، بازە شاعیر و ئازاکە لەوکاتە دەکەوێتە نێو بۆسەی دوژمن و دەخرێتە نێو قەفەزی دیلییەتی و دواتر لەسێدارە دەدرێ و شەهید دەکرێت ، لەوکاتە دەگاتە کاروانی سەروەران و بەرە و رووبەری گیانبازان و هەمیشە زیندووان دەڕوات .. چاوەکانی لەسەریەک دادەنێ و بە جەستە سەنگەرەکانی خەبات و شۆڕش بەجێدەهێڵی بەڵام ، بە گیان و ڕۆح و بیرکردنەوە هەر لەنێو شۆڕش و لەگەڵ هاوڕێکانییەتی ، هەر لەنێو خەیاڵ و لە باوەشی دوڵبەرەکەیەتی ، بۆیە لێرەدا ماکەوە ڕەشپۆشەکە دوڵبەری بازە شەهیدەکە ، لەنێو قووڵایی هەستە خەمناکەکانی ، بە جەستەیەکی تەواو شەکەت و ئەژنۆیەکی شکاوەوە ، پرسیارێکی جەوهەری دەکات ، وشە وشەی پرسیارەکە ناخ هەژێن و دڵ بزوێن و کاریگەرە کە دەڵێت ، ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو ؟ ) .. ئەم پرسیارە هێندە کاریگەرە وەک ئەوەی دەیەها چیڕۆک و پێشهادی تراژیدیای لە پشتەوە بێت .. پرسیارێکە دەکرێت هەڵگری ناوەڕۆک و کۆتاییەکانی ئەم چیڕۆکە شیعرەی لەخۆگرتبێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە قووڵایی وشیارییەوە ئەو پرسیارەی وڕوژاندووە ، وەک زۆرجاریتر گتومانە / پرسیاری قووڵ مەعریفە و گومانی قووڵی لە پشتە . شێرکۆ شاعیرێکی ڕاستگۆ و وریا و بیرتیژە ، دەزانێت ئاراستەکان بەرەو کوێ دەڕۆن ، بۆیە لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، گەورەترین گومان و نائومێدی پەرجەستە کردووە ، هەربۆیە لەناخێکی کوژاوەی تاریکی ژنێکی ئومێدکوژرا و ناخ هەڵا هەڵای پڕ لەبرین ، بەدەم وڕینەیەکی پڕ لەژانەوە دەڵێت ، ( بەو ئێوارە درەنگ وەختە ….. بۆ کوێ دەچووی ، ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟! … پەلەت چی بوو ؟! هەور لەسەرت ئەوەستا ، منیش لەسەرت ئەوەستام ، پەلەت چی بوو …؟! ) . خۆ گوتمان شۆڕش لەوپەڕی شەپۆلدانی بوو ، سەنگەرەکان پڕبوون لە گەنج و لاوی تێکۆشەر و گیان لەسەردەست ، بەڵام ، لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، ئەوە هەگبەی نائومێدییەکان و بوخچەی خەونە سەربڕاوەکانن قسە دەکەن ، سەرەتای ڕێگایەکی ئازار و ژان و تەنیاییەکی کوشندە دەست پێدەکات .

سەرچاوە :
دیوانی ( شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی سێیەم




هێڵن ئادەمز کێللەر ژنە نووسەری نابینای سۆشیالیستیی ئەمریکی

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

هەستەکانی بینین و بیستن وەک دوو هەستی ئینسانیی، هۆکارێکن بۆ تێگەیشتن و کۆمیونیکەشن. یانی هۆکارێکن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و مەعریفەی چواردەوری ئینسان. سەختە مرۆڤ بە بێ ئەو هەستانە بتوانێت گۆ بکات و ناوی شتەکان فێر ببێت، بەڵام ئەم سەختی و زەحمەتییەی دووچاری ئەم ژنە نووسەرە سۆشالیستە بۆتەوە، مایەی ڕامان و دواجاریش مایەی دەستگرتن و ئافەرینێکی گەورەیە کە نەک هەر توانی بەسەر ئەو گرفتە گەورەییەدا زاڵ ببێت، بەڵکو توانی ببێتە ڕێنیشاندەری هەزاران کەسی تر کە بەهرەمەندن لەو هەستانە. هێڵن بێ بیستن، توانای بیستنی چرپە و نەخشەکانی ستەمکارانی هەبوو و شیدەکردنەوەو هەروەها بەبێ بینین و بێ چاو، توانی ئەو شتە هەرە ورد و دیتەڵانە ببینێت کە چوار دەوری مرۆڤیان داوە و ئینسانیان کردۆتە کۆیلە. ئەو ژنە ئەمریکییەی کە توانی بیسەلمێنێت کە مرۆڤی خاوەن پێداویستی تایبەت نەک هەر مرۆڤێکی ئاساییە، بەڵکو گەر هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەروەها ژینگەی تەندروستی بۆ بڕەخسێنرێت، دەتوانێت وەک هەر ئینسانێکی تر بەهرەکانی خۆی پەرە پێبدات و داهێنان بکات.

هێڵن ئادەمز کێللەری نووسەر و هەڵسوڕاوی سیاسی لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٠ لە ویلایەتی ئالاباما لەدایکبووە. لەتەمەنی نۆزدە مانگیدا بەهۆی نەخۆشییەوە هەستەکانی بینین و بیستن لەدەست دەدات. پاشان تا تەمەنی حەوت ساڵی هەر بە ئاماژە و زمانی جەستە وتوبێژی کردووە. لەتەمەنی حەوت ساڵیدا ئاشنا دەبێت بە ئانا سولێڤان کە فێری خوێندن و نووسینی دەکات. دوای چەند ساڵ لە خوێندن و بڕینی قۆناغەکان بە سەرکەوتوویی، دەچێتە کۆلێژی ڕادکلیف لە زانکۆی هارڤەرد. هێڵن لانی کەم تا ئەو کات یەکەمین کەسی نابینا بووە لەمێژوودا کە بەکالۆریۆس لە کۆلیژی هونەر بەدەست هێنابێت. ساڵی ١٩٢٨ تا ١٩٦٨ لە ڕێکخراوی نابینایانی ئەمریکا کاری کرد. هێڵینی نووسەر چواردە کتێبی نووسی، لەگەڵ سەدان وتار و بابەت لەسەر گەلێ کێشە و ئاریشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گرنگ. ناوی هەندێک لە کتێبەکانی هێڵن:
یەک : بەسەرهاتی ژیانم ١٩٠٣
دوو : گەشبینی ١٩٠٣
سێ : ئەو جیهانەی تێیدا دەژیم ١٩٠٨
چوار : ئاینەکەم ١٩٢٧
پێنج : یاداشتەکانی هێڵن کێڵلەر ١٩٣٨
شەش : دەرگای کراوە ١٩٥٧
حەوت : مامۆستا خاتوو ئانا سولڤیان
هەشت : هێڵن کێللەر لە سکۆتڵاند
نۆ : با باوەڕدار بین
هێڵن کێللەر نزیک بە ٥٠٠ وتار و بابەت و کۆڕی سازداوە و پشتیوانی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و مافەکانی کرێکاران و ئاشتی بۆ جیهان بوو. هەروەها ئەم نووسەرە کەڕ و نابینایە سەپۆرتی سۆشیالیستەکانی دەکرد و لە ساڵی ١٩٠٩ بوو بە ئەندامی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا. هێڵن داکۆکی لە مافەکانی ڕەشپێستەکان دەکرد و ساڵی ١٩٢٠ بوو بە دامەزرێنەر و ئەندامی یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ١٩٣٣ کتێبێکی بەناوی(چۆن بووم بە سۆشیالیست) لەلایەن گەنجە نازییەکانەوە قەدەغە کرا. هێڵنیش نامەی پرۆتیستۆی نارد بۆ ئەڵمانیا سەبارەت بەم قەدەغەکردنە. چیرۆکی ژیانی ئەم ژنە کەڕ و نابینا نوووسەرە کەبریتییە لە ژیاننامەی خۆی و مامۆستاکەی ئانا، لەژێر ناوی( بەسەرهاتی ژیانم) کەدواتر کرا بە فیلم . ئێستا شوێنی لەدایکبوونی هێڵن کراوەتە مۆزەخانە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بەهۆی ڕادیکاڵبوون و سۆشیالیستبوونەکەی، جموجۆڵەکانی ئەم خانمە هەڵسوڕاوە بەردەوام لەژێر چاودێری (ئێف بی ئای) بووە.

هێڵن کێللەر لەبوارەکانی دەستەبەرکردنی مافی دەنگدان بۆ ژانانی ئەمریکیی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەر ئاکسیۆێک بۆ ئاشتی، کۆنترۆڵی سکپڕیی و منداڵبوون و ئاکسیۆنە سۆشیالیستییەکاندا هەڵسوڕاو بوو. لە ساڵی ١٩١٥ لەگەڵ جۆرج کێسڵەر ڕێکخراوی خێرخوازی نێونەتەوەیی هێڵن کێللەر دادەمەزرێنن، کە کار بۆ کۆمەکیکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبوارەکانی بینین و تەندروستی و چارەسەرە سروشتییەکان دەکرد. هێڵن یارمەتی دارایی گەلێ ڕێکخراوی ئینسانیی کردووە و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا هەبووە. جگەلەمەش هێڵن پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکانی جیهانەوە هەبوو وەکو ئەلکسەندەر گراهام بیڵ و شارلی شاپڵن و مارک توەین. هێڵن و مارک توەین هەردووکیان هەڵسوڕاوی ڕادیکاڵ و چەپ بوون. هێڵن ئەندامی حیزبی سۆشیالیست بوو و لەنێوان ساڵانی ١٩٠٩ تا ١٩٢١ بەنووسین گەلێ وتاری پشتیوانی بۆ چینی کرێکاری ئەمریکا نووسیوە. کێڵلەر ساڵی ١٩١٢ پەیوەست دەبێت بە ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهانییەوە(IWW)(١) و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ١٩١٦ ەوە تا ١٩١٨ وتاری بۆ نووسین. هێڵن لە ساڵی ١٩١٢ کرێکارانی نەسیجی لۆرانس مان دەگرن و هێڵن پاڵپشت و پشتیوان و هاندەریان دەبێت. (٢)لە ساڵی ١٩١٦دا لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا هێڵن دەکەوێتە پەیوەندی سۆزدارییەوە لەگەڵ سکرتێرەکەی کەناوی (پیتەر فەیگن) بوو. پیتەر ڕۆژنامەنووس بوو لە کۆتایی دەیەی بیستەکان، ئەو ماوەیەی ئانا سولڤیان نەخۆش بوو ، بەشێوەیەکی کاتیی دەبێتە سکرتێری هێڵن. ئەم دوو عاشقە بەدزی خانەوادەکەی هێڵن کێڵلەرەوە ئەڵقە دەگۆڕنەوە و ئیتر بە نیاز دەبن هاوسەرگیری بکەن، دوواتر خانەوادەکەی ئاگادار دەبێتەوە و ڕێگری لەو هاوسەرگیرییە دەکەن. ئەمەش هێڵن نائومێد دەکات کە کاریگەری بەسەر تەواوی ژیانییەوە دەدانێت. پاشان لە درێژەی ژیان و چالاکییەکانیدا گەشت بە ٣٩ وڵاتی جیهاندا دەکات لەپێناو پشتیوانی ئینسانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. لەو وڵاتانەش ئیسرائیل، میسر، سوریە، یابان، بەریتانیا، لوبنان، ئوردن. ساڵی ٢٠٠٥ بۆڵیوود فیلمێکی لەسەر کچێک کە ناوی میشاڵ بوو، بەرهەمهێنا. ئیلهامی ئەو فیلمە لە ژیانی هێڵنەوە وەرگیرابوو. ساڵی ٢٠٠٣ وێنەی ئەم ژنە سۆشیالیستە چووە سەر ٢٥ سێنتی ئەمریکا. هێڵن کێڵلەر لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا چاوی لێکنا و ماڵئاوایی لە خەبات و هەڵسوڕان و نووسین کرد.

هەندێک لە وتەکانی هێڵن کێللەر
*هەر شتێکمان بوێت دەتوانین بیکەین ئەگەر بەجیددی لەسەری بوەستین و دەستبەرداری نەبین.
*پیاسەکردن لەگەڵ هاوڕێدا لە تاریکیی باشترە لەپیاسەکردن بە تەنها لەڕۆژی ڕووناکدا.
*ڕوو لەتیشکی خۆر بکە و ئیتر سێبەرەکان نابینیت.
*بە تەنها کاری زۆر کەم دەتوانین بکەین، بەڵام بە کۆمەڵ دەتوانین زۆر کار ئەنجام بدەین.
*تاکە شتێک لە کوێریی خراپتر بێت ئەوەیە دیمەنت لەبەرچاو بێت، بەڵام نەتوانیت بیبینیت.

هێڵن کێللەر زۆرجار لەلایەن گوێگرانی کۆڕەکانییەوە پرسیاری لێکرووە و ئەویش بەوپەڕی سادەییەوە وەلامی داونەتەوە. ئەمەش نموونەی چەند پرسیار و وەڵامێکە:
پ/قارەمانی دڵخوازی تۆ کێیە؟
و/یوجین دێبس ئەو کەسەی ئازایەتی ئەوەی هەبووە کارگەلێک ئەنجام بدات کە کەسانی تر نەیان وێراوە ئەنجامی بدەن.(٣)
پ/بەلای تۆوە سێ پیاوە مەزنەکەی ئەم سەردەمەی ئێمە کێن؟
و/ ڤلادمیر لینین و تۆماس ئەدیسۆن و شارلی شاپڵن
پ/ڕات چییە بەرامبەر بە سەرمایەداری؟
و/تەمەنی سووبەخشی خۆی تێپەڕاندووە.
پ/ئەی رات چییە بەرامبەر سۆڤیەتی رووسیا؟
و/یەکەمین هەوڵێ ڕێکخراوی کرێکارانە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە ژیانی مرۆڤ و ئاسوودەیی جێی بایەخ بن. نەک موڵکایەتی چینی خانەدانەکان بپارێزێت.

پەراوێزەکان :
(١)ئەم ڕێکخراوە ساڵی ١٩٠٥ لە شیکاگۆ دامەزرا. نزیک بە ٩٣٥١ ئەندامی هەبوو. ڕۆڵێکی مەزنی گێرا لەنێو بزووتنەوەی کرێکاریی ئەمریکا.زۆربەی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ئەم یەکێتییە سۆشیالیستی ڕادیکاڵ بوون.
(٢)ئەم مانگرتنە لە یانزەی کانوونی دووەم تا چواردەی ئازار بەردەوام بوو کە ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی ڕابەری دەکرد سێ گیانبەختکردوو و ژمارەیەکی زۆر بریندار و ٢٩٦ کەسیش دەستبەسەر کران. لەئەنجامدا کرێکاران سەرکەوتن.
کرێ بەڕێژەی سەدا ١٥ زیادی کرد
ئۆڤەرتایم بوو بە دەبڵ کرێ
هیچ لێپرسینەوەیەک لەگەڵ مانگرتوواندا نەکرێت.
(٣)یوجین ڤیگتۆر دێبس هەڵسوڕاوی سۆشیالیستیی و نەقابیی ئەمریکا (١٨٥٥-١٩٢٦) ئەندامی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی و کاندیدی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی وڵات.

بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە :
١-https://en.wikipedia.org/wiki/Helen_Keller#/media/File:Helen_Keller13.jpg
٢-https://www.britannica.com/biography/Helen-Keller
٣- https://www.brainyquote.com/lists/authors/top-10-helen-keller-quotes
٤- https://isreview.org/issue/96/politics-helen-keller

تێبینی : ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕێچار ژمارە ١٤ ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.




داستانی قزله‌رو تێكۆشانی شیوعییه‌كان.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

41 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و رێك له‌ رژی 24/3/1980 مه‌فره‌زه‌یه‌كی دلێری پێكهاتوو له‌ (16) هاورێ و دؤستانی حزبی شیوعی عێراق به‌رنگاری هێزێكی گه‌وره‌ی دوژمنی رژێمی خوێنرێژی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ دێی قزله‌ری مێرگه‌پان بوونه‌وه‌و هێزه‌كه‌ی دوژمن بریتی بوون له‌ 19 هه‌لێكۆپته‌رو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ربازو جاش و، شیوعییه‌كان توانیان له‌و رۆژه‌ سه‌ختانه‌دا داستانێكی پر له‌ قاره‌مانێتی و خۆبه‌ختكردن تۆمار بكه‌ن.
به‌ڵێ، مه‌فره‌زه‌یه‌كی قاره‌مانی حزب كه له‌ (16) پێشمه‌رگه‌ پێك هاتبوو، به‌یانی زوو دێی زێوێی بناری شاخی سه‌ركه‌شی پیره‌مه‌گروونی به‌جێهێشت و به‌و سه‌رماو سۆڵه‌یه‌و، له‌ پاش به‌فرشكاندن و چوونه‌ سه‌رشاخ و دابه‌زین بۆ دامێنی شاخه‌كه، كه‌‌ بوونه‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌كی هیلاك و ماندوو بوونی پێشمه‌رگه‌كان ، مه‌فره‌زه‌كه‌ له‌ كاتژمێری (11) دا چووه‌ ناو دێی قزله‌ری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رچنار بۆ حه‌سانه‌وه‌و نانخواردن من و هاورێی تێكۆشه‌ر ره‌ووف ره‌شید – بێكه‌س} نانمانخواردو هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌و ئه‌و رۆژه‌ خۆره‌تاوێكی خۆش بوو بووین به‌ پاسه‌وان و، له‌و كاتانه‌دا هه‌ڵیكۆپته‌رێك له‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌ ئه‌سورایه‌وه‌و پاشان چه‌ند هه‌لیكۆپته‌رێكی تر هاتن و یه‌كسه‌ر سه‌ربازو جاشیان له‌ ده‌وروپشتی دێكه‌ هه‌ڵرشت و زوو به‌ زوو له‌ هه‌ردوولا ده‌ست كرا به‌ ته‌قه‌كردن و، دوژمن په‌یتا په‌یتا سه‌ربازو جاشی ئه‌هێناو ژماره‌ی هه‌لێكۆپته‌ره‌كانی گه‌یانده‌ 19 دانه‌.
شایانی باسه‌ ساڵی (1980) به‌ هۆی باران و ته‌روتووشییه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز خرابوونه‌ رۆژی (24) ی مانگ و هێزه‌كانی دوژمن ئاماده‌و له‌ سه‌رپێ بوون بۆ سه‌ركوتكردنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و به‌رهه‌ڵستكار.
دوژمنی ترسنۆك به‌ شێوه‌یه‌ك هاتبوو، ئه‌یزانی مه‌فره‌زه‌كه‌ (16) كه‌سه‌و چه‌كه‌كانیان زۆر خراپه‌، به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆی هاتبوو مه‌فره‌زه‌كه‌ ده‌ستگیر بكات، له‌ راستیدا چه‌كی پێشمه‌رگه‌كان چه‌كی شه‌ر كردن نه‌بوو، بریتی بوون له‌ (2) كلاشنكۆف و بۆ نموونه‌ فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی كلاشینكۆڤی پێبوو به‌ڵام به‌ یه‌ك مخزه‌ن و (8) ژێسێ كۆنی ئه‌مریكی له‌ دوای 3 یان 4 فیشه‌ك ته‌قاندن ئه‌وه‌ستان و (5) ماوو* یه‌ك برنه‌و، لێره‌دا جه‌خت ئه‌كه‌مه‌وه‌ و ئه‌ڵێم هه‌موو چه‌كه‌كانمان كۆن بوون و، له‌ كاتی ته‌قه‌ كردندا ئه‌وه‌ستان، به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ وره‌ی پێشمه‌رگه‌و هاورێیان به‌رز بوو.
پاش (4) كاتژمێر شه‌ر كردن مه‌فره‌زه‌یه‌كی دلێری پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسماعیل گه‌وره‌دێی له‌ قۆڵی چۆخماخه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌كه‌و هاتن به‌ هانای برا پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه‌و، شه‌هاب پێشمه‌رگه‌ی دلێری یه‌كێتی كوردستان له‌ شه‌ره‌كه‌دا بریندار بوو، له‌ كاتژمێری (6) ی ئێواره‌ دوژمن كه‌وته‌ پاشه‌كشێ و كۆكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی و به‌رووره‌شی بۆ مۆڵگاو ته‌ویله‌كانی خۆی گه‌رایه‌‌وه‌.
ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌و داستانه‌دا به‌شدار بوون ئه‌مانه‌ن :
1- حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی (حه‌مه‌ساله‌ح) فه‌رمانده‌و به‌رپرسی عه‌سكه‌ری، 2- حه‌سه‌ن ره‌شید{ فه‌لاح} 3- كه‌مال مام هه‌مزه‌ { هه‌ژار} 4- عمر حه‌مه‌ بچكۆل { ملا حوسه‌ێن } 5 ـ معتصم عبدالكریم {أبو زه‌هره‌} 6- مامۆستا شه‌فیق كه‌ریم { شاهۆ} 7- صلاح الدین حه‌سه‌ن {مامۆستا خالید} 8- سه‌رباز مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی 9- عمر عه‌لی { عمری پوره‌ سه‌لما} 10- جه‌مال ئه‌مین { مامۆستا جه‌مال} 11- حه‌مه‌ساله‌ح سورداشی { مامۆستا سه‌ردار} 12- ره‌ووف ره‌شید { بێكه‌س برای شه‌هید حه‌سه‌ن ره‌شید} 13- محه‌مه‌د مه‌زلوم { ئه‌بو محه‌مه‌د} 14 ـ بورهان ئه‌حمه‌د { عه‌تا} 15 ـ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب { سیروان} 16 ـ ع. ط ( ابو هێمن) گومانی زۆری له‌ سه‌ر بوو و پاشان ده‌ركه‌وت سیخوری زژێمه.‌
له‌ داستانی قزله‌ری شكۆدار ئه‌م هاورێیان شه‌هید بوون :
1- عومه‌ر حه‌مه‌ بچكۆل { مه‌لا حوسه‌ێن} ، كرێكاری كارگه‌ی ته‌نقیحی سلێمانی.
2- شه‌فیق كریم{ شاهۆ} مامۆستای زمانی ئینگلیزی له‌ سانه‌وی رۆشنبیر – سلێمانی.
3- موعته‌سه‌م عه‌بدولكه‌ریم { ئه‌بو زه‌هره‌} هونه‌رمه‌ندو وێنه‌كێش {شێوه‌كار} به‌غدا.
4- حه‌سه‌ن ره‌شید { فه‌لاح} كرێكارو لێپرسراوی هێزی پاراستنی باره‌گای كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا.
5- كه‌مال مام هه‌مزه‌ { هه‌ژار)} ، كرێكار، سلێمانی.
3 هاورێی به‌شداربووی داستانی قزله‌رله‌ شوێنی تردا شه‌هید بوون و ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌ :
1 – سه‌رباز مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی له‌ داستانه‌كه‌ی به‌كربایفدا به‌ ده‌ستی جاشه‌كانی رووره‌ش و تاونباری خوێنرێژ ته‌حسین شاوه‌یس شه‌هید كرا.
2- عومه‌ر عه‌لی (عومه‌ری پوره‌ سه‌لما) له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی حزب و پێشمه‌رگایه‌تی‌ له‌ رووباری چه‌می سووره‌بان له‌ نزیك دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌ خنكاوو شه‌هید بوو.
3- سه‌لاحه‌دین حه‌سه‌ن (مامۆستا خالید) له‌ كاتی ئه‌نفاله به‌دناو چه‌په‌ڵه‌كه‌ی رژێمی به‌عسی ترسنۆكدا 1988 كه‌وته‌ داوی چه‌ته‌و چڵكاوخۆره‌كانی رژێم و شه‌هید كرا.
له‌ كۆتاییدا ئه‌ڵێم هه‌ندی كه‌س ته‌نانه‌ت هاورێیانی خۆۆشمان حه‌ز ئه‌كه‌ن بیره‌وه‌ری بنووسنه‌وه‌و ئه‌وه‌ش كارێكی باشه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ سنگده‌رپه‌راندنه‌ كارێكێ زۆر خراپه‌ بۆ نموونه‌ هاورێیه‌ك كتێبێكی نووسیوه‌ و هه‌رچی له‌ سه‌ر شیوعییه‌كانی سلێمانی نووسیوه‌ هه‌ڵه‌یه‌ دوره‌ له‌ راستی بۆ نموونه‌ ئه‌لێت: مه‌لا حوسه‌ێن فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ی قزله‌ر بوووه‌و به‌ هاوكاری هاورێ فارس ره‌حیم موسته‌شاری سیاسی بوه‌و بۆ وبیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و هاورێیه‌ ئه‌ڵێم شتێك مه‌نووسه‌و مێژوو تیكمه‌ده‌و مه‌یشێوێنه‌ و، حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ بوو و هاوری دوكتۆر فارس ره‌حیم له‌و شه‌ره‌ نه‌بووه‌و قه‌ت به‌رپرسی سیاسیش نه‌بووه و هیچ بریارێك نه‌بووه‌ نه‌چینه‌ ناودێ و قه‌ت نان نه‌هێنراو بۆۆ مزگه‌وت به‌ڵكو پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ر ماڵان دابه‌ش ئه‌كران.‌
22/3/2021




نەورۆزی بەرازەکە یان بەرازی نەورۆزەکە.. شــەوڕۆ

()

هەرچی پێغەمبەر و فەیلەسۆف و بیرمەند و زانا و ئەدیب و مامۆستایانی کە بە سەر ئەم زەوییەدا گوزەریان کردووە، یەک تاکە پەیام و یەک تاکە گوتار و یەک تاکە هیوایان هەبووە و ڕەنجیان بۆ کێشاوە، ئەویش (بەختەوەریی مرۆڤە). تەنانەت خودا بەهەشت و دۆزەخی داناوە، هەر بە ئامانجی گەیشتن بەو (بەختەوەرییە).

ئەم جەژنە نەورۆزە، تاقانەی بۆنەی نەتەوەیی کوردان، ڕۆژانی بەرجەستەکردنی ئەو بەختەورییەیە، بە شێوەیەکی جیاواز: پشتر خۆی بۆ ئامادە دەکرێ، جوانترین پۆشاکی بۆ دەکڕێ، بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لێدەکرێ، بە کرداریش، بە شایی و گۆرانی و سروود و ئاگرکردنەوە و سەیران و خواردن و خواردنەوە، پیرۆزبای کردن، ئەوم هەستە بە کردار دەردەبڕین.

هەمووتان کۆکن، کە نەورۆز، سەرەتای نوێ بوونەوەی ژیانە، لە سرووشت و ژینگە و هەموو بوونەوەرکاندا. کەواتە نەورۆز جەژنی سرووشت و دارودرەخت و هەموو بوونەوەرەکانە. دەبێ ئەوەش بزانین، کە ئێمە نەک هیچ بەهاییەکمان بەبێ بوونی ئەو سرووشتە نییە، بەلکو بوون و بەردەوامبوونیشمان مەحاڵە. هەر بۆ نموونە، بە لەناو بردنی مێروولە، کۆی ژیان لەسەر زەوی کۆتایی دێ!

ڕەخنەکەتم قبووڵ نییە، کە دەڵێی: لەم وڵاتەدا منداڵ و گەنج و ژن و پیر، لەسەر بێ بایەخترین شت، دەدرێنە بەر دەستەڕێژی گولـلە، تۆیش هاتوویت، بەرگری لە مافی بەرازێک دەکەی! ئەوە گەر ئەمە بۆچوونی تۆ بێ، بەداخەوە، ناهۆشیارییمان زۆر لە تەلەزگەدایە. بۆچێ؟

یەک: کە بەرازەکە بەدیار کەوت، چەندان چەکدار، بە چەکی جیاواز کەوتنە تەقەکردن لە بەرازەکە. کەواتە، ژمارەیەک لەو سەیرانکەرانە چەکیان بۆ سەیران هێناوە – لە کاتێکدا کوردستان ئاسایش و هێمنیی لە زۆر وڵاتی ئەوروپا باشترە. ئەو ئەوە دەگەێنی، کە گیانی تۆ لەم نەورۆزەدا لە خەتەردایە، دوور نییە لەسەر بچووکترین شت، دەست بۆ ئەو چەکە بەرن. واتا لە هەموو چرکەیەکدا، چارەنووسێکی وەک چارەنووسی بەرازەکە چاوەڕێتە.

دوو: گریمان لە جیاتی بەرازەکە، ئاسکێک، یان پلینگێک، لەو ناوە بەدیار کەوتبایە. بە دڵناییەوە، چارەنووسی ئەوانیش هەر وەک بەرازەکە دەبوو، چونکە ناوچەکە بێ خاوەنە. کەواتە هۆی کوشتنی بەرازەکە لەبەر ئەوەی نییە کە بەرازەو گۆشتی حەرامەوە بەزەڕە.

سێ: ئایا ئەگەر ئەو بەرازە تەقەی لێنەکرابایە، پەلاماری کەسی دەدا؟ ئەوانەی لە سرووشتی ئەو گیاندارە شارەزابن، دەڵێن، نەخێر. کەواتە چەند جوان بوو چەندە بە سوود بوو، ئەگەر منداڵ و خوێندکارو خەڵکەکە هەر تەماشایان کردبایەوە، چیژێکیشیان لە بینینی گیاندارێکی کێوی وەرگرتبایە لەم سرووشتە. ئەوەشمان لەبیر نەچی، ئەوا سەیرانکەرانن چوونەتە سەر خاکی بەرازەکە، ئەو نەهاتووەتە بەر ماڵی کەس.

چوار: جگە لەو کەسانەی کە بەچاوی خۆیان کوشتنی بەرازەکەیان بینی، لە هەموو جیهان، لە ڕێی میدیاکانەوە، کوردانێکی زۆر بینیان و – لە چەند ڕۆژنامەیەکی غەیری کوردیش هەواڵەکەم خوێندەوە. ئاخۆ بە هەزاران لەو بینەرانە، دڵیان بۆ بەرازەکە نەسووتا؟ منداڵەکان شەو کوشتنەکەیان نەهاتەوە بەرچاوی؟ ئایا لەبەر چاوی زۆرکەسان، ئەو چەکدار و ئەو بەرازکوژانە سەرکۆنە نەکراون؟ ئەدی تێکدانی ئاووهەوای سەیرانکەران و دروستکردنی ئەو پەشێوویە. هیچ کاردانەوەی نەبووە؟

پێنج: ئەمە یەکەم بەراز و دوایین بەراز نییە، کە ئێمە هەر بە زەوق دەیانکوژین. جاران لەسەر دیواری دیوەخانەکانی شیخ و ئاغایەکانی کوردستان هەڵواسینی پێستەی پڵینگ، شانازی بوو. تا گەیشتینە ئەم ڕۆژەی کە یەک تاکمان لێ نەهێشتن. ئەگەر هەشتا ساڵ پێش ئیمڕۆ، هۆشیاریمان هەبووایا، بۆ پارستنی ژینگەو بوونەوەرەکانمان، ئیمڕۆ، لەم نەورۆزەدا ئەو بەرازەمان نەدەکوشت. لە کێوی زاگرۆس (١٢٠٠) جۆرە گیانداری کێوی لێ بوو، ئیمرۆ، بە داتای وردی زانستی، هەر (٤٠٠) جۆری لێ ماوە. هەموو بەدەستی ئێمە لەناوچوون.

شەش: ئایا، ئەگەر ئەو بەرازە، کارمامزی، ماڵی سەرکردەیەکی پلە بڵندی ناوچەکە بوویا، کەس حەددی هەبوو تەقەی لێ بکات؟ ئەدی، کە ئەو بەرازە، هی ئەو کوردستانەیە، بۆچی پۆلیس و ژینگەپارێزانی کورستان، نەچوون، لێپرسینەوە لەو چەکدارانە بکەن کە ئەو تاوانەیان کرد؟ کێ بەرپرسی ئەم ژینگەیە؟ کوا داواکاری گشتی؟ کێ گیانی بوونەوەرکانمان دەپارێزێ؟

حەوت: بۆچی میدیا کوردی، ئەم بابەتەی بۆ خۆشیی و نوکتەکردن گێڕایەوە، ئایا ئەوە ئاستی ناهۆشیاریی باڵاترین دەزگای ئەم هەرێمە نیشان نادات؟ دەبوو، ئەوان هۆشیار بڵاوبکەنەوەو دژی کوشتنی ئەو گیاندارە قسە بکەن و ڕێگری بکەن لە دووبارە بوونەوەی.

هەشت: من لە کتێبی (کەو لە کوردروریدا) ٣٤ شێوەی ڕاوکردنی ئەو باڵندە جوان و دەنگ خۆشەم باسکردووە. ئێوە، باوەڕم پێدەکەن، کە بۆ یەک تاقە باڕەکەو، یەک گولـلەی ئارپێچیان پیوە ناوە؟ کەواتە کەلتووری کوشتن، کوشتنی هەموو شتێک، بە هە موو شێوەیەک، باوەو باو بووە، لەم کوردستانەدا. دەبێ چارە بکرێ و ئەو کەلتوور کۆتایی پێ بێ.

نۆ: چاوەڕوان مەبن، بتوانن، رۆژێکی خۆشی نەورۆز لەم هەرێمەدا بەسەر بەرن، تا ڕێز لە هەموو پنچە گیایەک و بوونەوەرێک نەگرن.

کوشتنی ئەم بەرازەی ئەم نەورۆزە، تاوان بووکرا.




چیرۆک بۆ منداڵان.. ملوانکەکەی دایەگەورەم.. نووسینی: رەزا شـوان

ماڵی دایەگـەورەم لە گەڕەکـێکی شاری (مەهـابـاد) ە، لە رۆژهەڵاتی کوردسـتان. لەگەڵ کوڕە بچووکەکەیدا، خاڵە (دڵشـاد) م، لە خـانوویەکی گەورەدا دەژین، کە شەش ژووری تێـدایە. ئـەم خانـووەش لە بـاب و باپیـرانیـانەوە بـۆیـان مـاوەتـەوە.
مـاڵی ئێمـەش لـە گەڕەکـێکی تـری شاری مەهـابـاد دایـە، زۆر لە مـاڵی دایەگـەورەمەوە دوورنین، زوو سەردانی یەکـتری دەکـەین. بە تایبەتیش دایەگـەورەم زوو زوو سەرمان ڵێدەدات. زۆر ئێمەی خۆشدەوێت.. هەر بە (کچە جوانەکەم ) ناوم دەبـات. من و دایکم و باوکـم و کـاکە (خەبـات) یشـم زۆر ئـەومـان خـۆشـدەوێـت و زۆریـش رێـزی لێـدەگـرین.
ئەمساڵ مـن لـە پـۆلی پێنجـەمی قـوتابخـانەی بنـەڕەتی دام. هـەر لە سەرەتـای سـاڵەوە، دایـەگەورەم پـێی وتـم: خەنـدە گـیان، کچـە جـوانـەکەم. ئەمساڵ بۆ جـەژنی نەورۆز مـن دەستێ جـلی تـازەی کوردیـت بە دیـاری بـۆ دەكـڕم.
دوو رۆژ لە پێش جەژنی نەورۆز دا، دایە گـەورەم هـات بۆ ماڵمان، دەستێ جـلی تازەی کوردی رەنگاوڕەنگی زۆر جوانی بۆ کڕیبـووم و بـۆی هـێنام. لەبەرم کـرد.. زور جـوان و پڕ بە بەربرم بوون زۆر سوپاسی دایەگەورەم کرد. هەر لە منداڵیمەوە زۆر لە شەوان دایەگەورە چـیرۆکی فـۆلکلۆری کوردی زۆر خۆشی بۆ دەگـێڕامەوە. زۆربەیانـم لەبیرە.
داوام لێکـرد کە بـۆ ئەمشەویش چـیرۆکـێکی کـوردی تـرم بـۆ بگـێڕێتـەوە.
دایەگەورە: خەنـدە گیـان، ئێستا چـیرۆکێکی بەسەرهاتی راستی خۆمـت بۆ دەگـێڕمەوە.
پـرسـیم: بەسەرهـاتـێکی خـۆشـە یا نـاخـۆشـە؟
دایـەگـەورە: ناخۆشە و خۆشیـشە. منـداڵ بـووم، لە تەمەنی تـۆدا بـووم، واتە دە ساڵان بـووم. لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا بـووم. کچۆڵەیەکی جوانکیلە و خۆشەویست بـووم. تەنیا خوشکی سێ بـرا بـووم. هەموویان منیان زۆر خۆشـدەویست، بە تایبەتیش دایکم. وەکو ئێـستا بەر لە جـەژنی نـەورۆز، دایکـم دەستی جـلی تازەی کوردی رەنگـاوڕەنگی بـۆ دووریـم. ملـوانکـەیـەکی زۆر جـوانیـشی کـردە ملـم. کـاتی خـۆی بـاوکـم پـێشکەشی کردبـوو. ملوانکەکە زۆر جـوان و موورووەکـانی هەریەکە لە رەنگـێک بـوون. زۆر لە دڵمـدا جـوان و شیرین بـوو، بێجگە لە جوانییەکەی، دیـاری و یادگـاری دایـکم بـوو. کە دەچووم بۆ قوتابخانە، لە ترسی ئەوەی کە نەبچڕێتەوە یا ون نەبێت. لە ملم دامدەکەن و لەنـاو شـتـێکـدا لـە شـوێنـێکی ماڵـەکەمـان دامـدەنـا.. کـە دەهـاتـمەوە لـە ملـم دەکـرد.
رۆژێـک کە لە قوتابخـانە گەڕامەوە. هەرچـەنـدم کرد نەهـاتەوە بیـرم کە ملوانـکەکەم لە کوێ دانـاوە. لەگەڵ دایکمدا زۆر گەڕاین، بەڵام نەمانـدۆزییەوە. گریـام و خەمێکی زۆرم خوارد. دایکم دڵمی دایەوە و وتی:”خەم مەخۆ ملوانکەیەکی ترت بۆ دەكڕم” بەڵام رازی نەبـووم، هـیچ ملوانکەیەک وەک ئـەو ملـوانکەیەم دڵخۆشی نەدەکـردم. نـەدۆزرایـەوە.
سـاڵ رۆیی و سـاڵ هـات، گەورە بـووم و بـووم بە کـچـێکی تەواو. شووم بە (دیاکـۆ) ی باوە گـەورەت کـرد. سێ کـوڕ و دوو کچـمان هـەیە، کە یەکـێکـیان (دڵسـۆز) ی دایکـتە، ئـەوی تریـان پـوورە (میـدیـا) تە. دایکیـشـت شـووی کـرد، تـۆ و کاکە (خەبات)ی براتی هەیـە. دوای ئەو هەمـوو رۆژگـار و تەمـەنە.. ملـوانـکە بـزربـووەکـەم لەبیـرنەچـۆوە و جـاروبـار کە دەهـاتەوە بـەرچـاوم، هـەنـاسەیـەکی قـووڵـم بـۆی هـەڵـدەکـێـشا.
پـرسـیم: هـەر نـەدۆزرایــەوە؟
دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، وەکـو دەزانـی و بینـیـوتـە، کـە ژوورێـکی گـەورەمـان لـە خانـووەکەمانـدا هـەیە و کـلیـلـمان کـردووە. لـە کـاتی دایـک و باوکمـدا، هـەر شتـێکی زیادەمـان ببـوایە، یا پێویستیمان پێی نەمـایە، یا شتێکی تازەمان بکڕیایە، کۆنەکەمان دەخستە ئەو ژوورەوە. شتی هەمەڕەنگەی جوان و کۆن وکەلەپووری بەنرخی تێدایە.
پێری لەگەڵ خـاڵ و خاڵـۆژنتدا بڕیامان دا، کە هەموومان شتەکانی ناو ئەو ژوورە پاک بشۆرین یا بیـان سـڕینەوە و سەرلەنـوێ بـە رێـکی دایـان بنـێین. ژوورەکـە پـڕبـوو لە جاڵجـاڵـۆکە. قـۆرییـەکی گـەورەی چـینی جـوان لەسەر رەفـتی قـەد دیـواری ژوورەکە دانـرابـوو. دامگـرت بۆ ئـەوەی کە لەگـەڵ ئەو شـتانەدا دایبنـێم کە بـۆ شـۆریـن دامـان نابوون. خڕە خڕێک لە قـۆرییەکەوە هات.. قەباغی قۆرییەکەم لادا.. بینیم ملوانکەکەم لەنـاو قـۆرییەکە دایە. خەریکـبوو لە خۆشییا گەشەگەداربـم و ببـوورێمەوە. قـسەم بـۆ ناکـرا. هـاتەوە بیـرم کە ئـەو رۆژەی نەمانـدۆزییـەوە، خـۆم پیـش ئـەوەی کە بچـم بـۆ قوتابخـانە خستمە نـاو ئـەم قـۆرییەوە. پاک شۆریم و کردمە ملم. وا هەستم دەکرد، کە کـیژۆڵـە جوانکـیـلەکەی ئـەو رۆژەم، کە بـۆ یەکـەمـین جـار دایـکـم لـە مـلی کـردم.
پـرسـیم: ئەی کـۆا ملـوانکەکـەت.. لە ملـت نییە.. بۆ نەتهـێنا تـا پێـشـانی منی بـدەیت؟
دایـەگـەورە: کچـە جـوانـەکـەم.. وەرە پێـشـەوە.. چـاوەکـانـت بنـووقـێـنە.
چـوومـە پێشەوە و چاوەکـانم نووقـانـد.. ملوانکەکەی کردە ملم و وتی: پێشکەشـت بێ. کە چاوەکانم کردەوە و ملـوانکەکەم بینی.. خەریکـبوو لە خۆشیا باڵبگـرم و هەڵـبـفـڕم. باوەشم لە دایە گەورە دا. تێر تێر روومەتەکـانیم ماچکـرد.. زۆر زۆریش سوپاسم کـرد.
دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، کچـە جـوانـەکەم.. ئـاگـات لـە ملـوانـکـەکەت بێـت، بـزری نەکـەیت، تـا وەکـو مـن خەفـەتی بـۆ نەخـۆیـت.
وتـم: دڵـنیابـە زۆر ئاگـام لـێی دەبێـت.. چـونکە ئەمـە جـوانتـریـن دیـاری و یـادگـاریی تـۆی دایـەگـەورەی خـۆشـەویسـتمانـە.
نەرویـج: ٢٠٢٠