گفتوگۆی د. هاوژین سڵیوە لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا

کاروان عومەر کاکەسوور، دەنگێکى دیارى دنیاى ئەدەبیاتى کوردییە، سەرەتا بە چیرۆک دەستى بە نووسین کرد، دواتر ڕووى کردە ڕۆمان نووسین، تا ئێستا هەشت ڕۆمانى بڵاوکراوەى هەیە، لەو ماوەیەدا دوو ڕۆمانى دیکەى بڵاو کردەوە، لە نووسینە بەراییەکانى هەست بە هونەر و جوانکارى و جۆرە ئەزموونێکی تایبەتی ئەو دەکرێ، ئەزموون بەو مانایەى لە ڕووى هونەریی و پێکهاتە و تەکنیکەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە بەردەوام ئەزموونەکەى هەڵبکشێت، ئەگەرچى لە ڕۆمانەکانى کاروان عومەر کاکەسوور ئیشیان لەسەر کراوە و چەندان نامە و تێزى ئەکادیمى لەبارەیانەوە نووسراون، بەاڵم دنیاى ئەو نووسەرە فراوانە، دەکرێ لە زۆر ڕووى دیکەوە قسەیان لە بارەوە بکرێ و وردتر بچینە نێو ناواخن و پێکهاتەى ڕۆمانەکانی، چونکە ڕەهەندى کۆمەڵایەتى و سیاسییان هەیە و بە دیدێکى ڕەخنەگرانە و بە شێوازێکى سەرنجڕاکێش نووسراون.
بێگومان سازدانی دیمانە لەگەڵی بە چوار پێنج پرسیار کۆتایى نایەت، بەڵکوو دەبێ بۆ چوونە نێو جیهانى ئەو ڕۆماننووسە کتێبى چەند سەد لاپەڕەیى بنووسرێ، بەڵام لێرە، لە گۆشەنیگایەکى دیاریکراوەوە تیشک دەخەینە سەر ڕۆمانێکى مێردمندااڵنەی و چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکەین، لەبەر ئەوەی ڕۆمانى مێردمنداڵان لە نێو ئەدەبى کوردیدا ئەوەندە بایەخى پێ نەدراوە، لەپاڵ ئەو ڕۆمانەى کاروان عومەر کاکەسوور)، (عەزیزى مەلاى ڕەش)یش ڕۆمانى )بۆرە)ى نووسیوە، ڕەنگە یەک دوو دانەى دیکەش هەبن کە من نەمبینیبن، بۆیە بە پێویستم زانى لەم ڕووەوە لە ڕێى چەند پرسیارێکەوە بیدوێنم، پرسیارەکانم ڕووبەڕوو لێ نەکردووە تا لەنێو پرسیارە وەڵامدراوەکان پرسیارى دیکە دەربهێنم و ئاراستەى بکەم، خۆشم بەو هەناسەیە پرسیارەکانم کردووە، کە وەڵامەکان بایی ئەوەندە بن لە گۆڤارێکدا بڵاویان بکەمەوە، بۆ بڵاوکردنەوەشى گۆڤارى (ڕامان)م بەشایستە زانى.

یەکەم: تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی مێردمنداڵان چییە؟

کاروان کاکەسوور: پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی باس له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی بکه‌ین، ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر چاو، که‌ ئه‌ده‌ب هه‌ر ئه‌ده‌به‌. ئێمه‌ کاتێ له‌ به‌رده‌م تێکستێکداین، ئه‌وه‌ی کارمان پێیه‌تی و لێی ده‌گه‌ڕێین، تەنیا مانایه‌. ئه‌و مانایانه‌ن وامان لێ ده‌که‌ن چۆنیان بخوێنینه‌وه و چ لێکدانەوەیەکیان بۆ بکەین‌. تێکست هه‌یه‌ ساده‌یه‌ و تێکستیش هه‌یه‌ قووڵه‌، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی کێ نووسیویه‌تی و نووسه‌ره‌که‌ی سه‌ر به‌ چ ڕه‌گه‌زێکه‌، یان ته‌مه‌نی چه‌نده‌. ئەوانەی ئێمە لە هەر تێکستێکدا بەریان دەکەوین، کۆمەڵێک ئاماژەن، کە ئەو ئاماژانە دەکرێت ببنە کلیلی کردنەوەی زۆر دەرگە، تا لێیانەوە بچینە ژوورەوە. لە پیشەنگەیەکدا (ئێدگار دیگا)ی نیگارکێش بە (ستیفان مالارمێ)ی شاعیر دەڵێت:
(هەوڵم دا شیعرێک بنووسم، بەڵام لە ئەنجامەکەی ڕازی نەبووم. لەگەڵ ئەوەیشدا ئایدیای مەزنی هەبوون، کەچی نەمزامی بۆچی ئەوەم لە دەست نەهات).
(مالارمێ) پێی دەڵێت: (دێگای ئازیزم، شیعر لە وشە پێک دێت، نەوەک لە ئایدیاکان). لێرەدا مەبەستی (مالارمێ) لە (وشە) ئاماژەیە. بێگومان جۆرەکانی ئەدەب (Literary Genres) هەن، بەڵام سنووری گەورەیان لەنێواندا نییە، کە هەر لە ڕۆژگاری فەلسەفەی یۆنانییەوە تا ئەمڕۆ جێگەی بایەخ بووە و ڕەخنەدۆزان ڕووبەڕووی بوونەتەوە. هەموویان لە یەک وەردەگرن و بە یەکەتری دەدەن، بە ڕادەیەک خاڵی هاوبەش لەنێوان هەر ژانرێک و یەکێکی تردا هەیە. ڕاستییەکەیشی ئەو چەمکە پشت بە بایۆلۆجیا دەبەستێت، کە بوونەوەر بۆ ڕەگەز، جۆر و شێوە پۆلێن دەکات.
گرنگە ئەوە بزانین، کە تیۆریستانی ئەدەب زۆر بە ترس و گومانەوە خۆیان لە قەرەی چەمکی (تیۆریی جۆرەکان) دەدەن، چونکە پێیان وایە دانانی سنوور لەنێوان جۆرێک و جۆرێکی تردا سەختە، بۆیە نەیشیانتوانیوە، یان نەیانویستووە پێناسەیەکی کۆنکریتی بۆ بکەن، تەنانەت (جیرار جینێت) دابەشکردنی جۆرەکانی ئەدەب بە کێشەیەکی سەخت دەزانێت. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو فەلسەفانەی بەگژ سێنتراڵیزمدا دەچنەوە، جۆرەکانی ئەدەب بایەخی گەورەتری پێ درا، بەوەی ئەوانە پێیان وایە هەر دابەشکردنێک لە لایەک سڕینەوەی کۆمەڵێک ڕەهەندە و لە لایەکی تریش دەرخستنی هەندێک ڕەگەزە لەسەر حیسابی شاردنەوەی هەندێکی تردا. بە مانایەکی تر سێنتراڵیزمی عەقڵ، کە بە کەلەپووری (دێکارت) دادەنرێت و لە (نیتشە)وە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند، هەمیشە دابەشکاریی هێناوەتە کایەوە، بۆیە ئەدەبیش شانبەشانی فەلسەفە هەوڵی تێکشکاندنی سێنتراڵیزمی داوە و بایەخی بۆ ئەو چەمکانە گەڕاندووەتەوە، کە ئەو سێنتراڵیزمە بە لاوەی ناون. بۆ نموونە (ڕۆڵان بارت) بە تایبەتی لە (ڕاڤەی بونیادگەرانەی گێڕانەوە)دا ڕەخنەی گەورە لەو دابەشکارییە دەگرێت و پێی وایە فرەدیدگەیی پرسیاری داهێنەرە. واتە هەمەڕەنگیی جۆرەکان وا دەکات جۆرەکانی گێڕانەوە بێژمار و بێسنوور بن. بەم شێوەیە هەمەڕەنگی مانای دابەشکاری نییە و نابێت سنوور لەنێوان چیرۆک و ڕۆمان، شیعر و دراما، یان هەر ژانرێکی تر دابنرێت، کە دامودەستگەکان هەمیشە دەیانەوێت ئەوانە لە یەک جودا بکەنەوە. کەواتە بایەخدان بە ئەدەبی مێردمنداڵان لەوەوە نایەت، کە سنوور لەنێوان ژانرەکان دادەنرێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە کردنەوەی کەناڵی تری ئەدەبییە. بێگومان ئه‌ده‌بی مێردمنداڵان هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندێتیی هەن‌، به‌وه‌ی مێردمنداڵ خاوه‌نی کۆمەڵێک خه‌سڵه‌تی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییه‌. کۆمەڵگەی کوردی پیاوی دەرخستووە و ژنی شاردووەتەوە، گەورەی هێناوەتە پێشەوە و منداڵ و لاوی بە لاوە ناون، بۆیە بەشێکی گەورەی ئەدەبی کوردی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو تێگەیشتنەوە. واتە ڕەگەزی نێر لە ڕەگەزی مێ و گەورە لە منداڵ و مێردمنداڵ پتر ئامادەییان هەیە. لێرەدا بایەخدان بە منداڵ و مێردمنداڵ مانای بەگژداچوونەوەی ئەو سێنتراڵیزمەیە، کە هاوکات کردنەوەی کەناڵی ترە لەناو ئەدەبدا.

دووەم: بۆچی لە ئەدەبی کوردیدا زۆر گرنگیی پێ نەدراوە؟

کاروان کاکەسوور: ئەدەبی کوردی زۆر کەم بە دوای نادیاردا گەڕاوە، بەڵکوو زیاتر خۆی لەو بابەتە دیارانە داوە، کە زۆرینە ناسیوینی. بەم شێوەیە چەمکە زەقەکانی وەک ئایین، نیشتمان، نەتەوە، چین و هیی دیکەی لەم بابەتە ئەدەبی ئێمەیان داپۆشیوە. نووسەری کورد لە تەنیایی ترساوە و هەمیشە دڵنیاییی لەو زۆرینەیە وەرگرتووە. بە مانایەکی تر، ئەو شتانەی نووسیون، کە خواستیان لەسەر بووە، بۆیە سەیر نییە ئەگەر ڕەنگی سپی، فریشتە و پاکیزە بووبێتنە ناونیشانی بەشێکی زۆری تێکستی ئەدەبی و هونەری، بەوەی ئەوانە لای زۆرینە خۆشەویست و پیرۆزن، تەنانەت نووسەری کورد لە جەستەیشدا ئەو ئەندامانەی هەڵبژاردوون، کە زەقن. لە حەفتاکاندا لە نووسەرێک دەپرسن لووتی ژن لای تۆ چ مانایەکی هەیە، ئەو دەڵێت کاتێ لووتی ژن دەبینم، لە چاوی دەڕوانم، تا بزانم ئاخۆ چاوی جوانە. بەوەدا لووت ئەندامێکی زەقی جەستە نییە و قسەی لێوە نەکراوە، ئەو ناتوانێت هیچی لەبارەیەوە بڵێت و ئەو ئەندامەی لە شوێن دادەنێت، کە زەقە و زۆرینە لای پەسەندە. شتێکی ئاساییە ئەگەر منداڵ و مێردمنداڵ لە ئەدەبی کوردیدا ئامادەییان کەم بێت، یان هەر نەیانبێت، بەوەی وەک پێشتر گوترا سێنتراڵیزمی گەورە و نێرینە وایان کردووە منداڵ و مێیینە بشاردرێنەوە.
نووسەر کاتێ لەبارەی دیارەوە دەنووسێت، ئەوانە دەڵێتەوە، کە زانراون و خوێنەریش لێیان تێدەگات، بەڵام ئەگەر لەبارەی نادیارەوە بنووسیت، ئەوا پێویستی بە قووڵبوونەوەیە، چونکە ئەو پرۆسەسە ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێت خۆی واقیعێکی تر دابمەزرێنێت، واقیعێکی گریمانی. بە مانایەکی دیکە پێویستی بە کەرەستەی ترە، کە ئەمە مانای وایە دەبێت زمانێکی تر و شێوازێکی تری دەربڕین دابهێنێت. لێرەدا بەربەستێک لەنێوان نووسەر و زۆرینەدا دێتە کایەوە، چونکە ئەوەی لێرەدا زۆرینە بەری دەکەوێت، شتێکی جیاوازە لەوەی هەتا ئێستا ناسیویەتی. دەگەمە ئەوەی بڵێم دەرنەکەوتنی منداڵ و مێردمنداڵ وەک کارەکتەری دانپێدانراو لە ئەدەبی ئێمەدا بۆ ئەو تێگەیشتنە میلـلییە دەگەڕێتەوە، کە بۆ چەمکی کات هەیە و زاڵە. ئەو تێگەیشتنە هیراکتیکەڵە و لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە مرۆڤی به‌ته‌مه‌ن دەخاتە سەرووی منداڵەوە، بگرە پێی وایە منداڵ تەنیا لە ڕێگەی گەورەوە دەتوانێت هەبێت. بەوەدا ئەدەبی کوردی بە گشتی پابەندی ئەو تێگەیشتنەیە، کارەکتەری منداڵ و مێردمنداڵ ڕووبەرێکی کەمیان بەر دەکەوێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەر لە سەرەتاوە ئەو تێگەیشتنەم تێک شکاندووە. منداڵ و مێردمنداڵ لە دنیای مندا زیاتر لە گەورە بایەخیان پێ دراوە.

سێیەم: ئایا حیکایەتی فۆلکلۆری کوردی تا چەند خزمەتی بواری مێردمنداڵی کردووە؟

کاروان کاکەسوور: من لێرەدا چەمکی فۆلکلۆر بە مانا فرەوانەکەی وەردەگرم، کە میتۆلۆجیا، سوپەرستەیشن، ئەفسانە، نوکتە، پەند و هیی تر دەگرێتەوە. هەندێکیان لە شێوەی شیعر و هەندێکیان لە شێوەی چیرۆکدان. هاوکاتی ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنیتی و دەرخستنی ئاکامەکانی، کە لانی کەم ئەو ڕەخنەیە لە (نیتشە)وە دەست پێ دەکات، بە (هایدیگەر)دا تێدەپەڕێت و دەگاتە (فۆکۆ)، (دۆڵۆز)، (دێریدا)، بگرە هەندێک ئەندامی قوتابخانەی فرانکفۆرتیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی (هۆرکاهایمەر) و (ئەدۆرنۆ)، بایەخدان بە فۆلکلۆر زیادی کرد. بەرهەمەکانی ئانترۆپۆلۆجیستانی وەک (جیمس فرەیزەر)، (برۆنسیلاڤ مالینۆڤسکی)، (کلود لیڤی شتراوس) و ئەوانەی تر لە لایەک و ئەوانەی سایکۆلۆجیستانی وەک (فرۆید)، (ئەدلەر)، (یۆنگ) و ئەوانەی دیکە لە لایەکی ترەوە دەرگەی گەورەیان بەسەر دنیای فۆلکلۆردا کردەوە، کە پێشتر لە ململانێی عەقڵ و ناعەقڵدا بە لاوە دەنرا و بایەخی کەم دەکرایەوە. دیارە ئەمە باسێکی چڕ و قووڵە، کە ئێمە لێرەدا بوارمان نییە بچینە ناویەوە، بەڵام هەر دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە ئەو هەوڵانە بوونە هۆی دەرکەوتنی ئاڕاستەی نوێ لە ئەدەب و هونەردا، بەوەی دەستەڵاتی عەقڵ تێک شکا و دنیای خەیاڵ فرەوانتر کرا. هەر لە سەرەتاوە ئەو ئاڕاستە نوێیە لە بەرهەمی نووسەرانی وەک (جۆیس)، (فۆکنەر)، (ئیلیەت)، (کامیۆ)، (سارتەر) و ئەوانەی تردا ڕەنگی دایەوە. ئەو نووسەرانە و زۆری تر بایەخیان بە میتۆلۆجیا دا و لە بەرهەمەکانیاندا ئیمپلۆیەینگیان کردن، بە ڕادەیەک ناونیشانی زۆر لەو کارانە و ناوی کارەکتەرەکانیشیانی گرتەوە، وەک بۆ نموونە لە سەرجەم بەرهەمەکانی (جۆیس)دا دەیبینین. ئەمە زمانێکی تری سەپاند، کە جیاواز بوو لەو زمانە ڕاستەوخۆییەی پێشتر لە ئەدەبدا بە کار دەهات، بەوەی دیوێکی تری مرۆڤ ئاشکرا بوو، کە هیی ناوەوەیەتی و بە نەست ناسراوە.
سۆمبۆل ئەو ڕەگەزەیە، کە بەشێکی گەورەی میتۆلۆجیا پێک دەهێنێت و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە کاری ئەدەبیدا دەهێنێتە دی، بەوەی بە شێوەی مێتافۆر بیرۆکەکان دەردەبڕێت، بۆیە ئەو ڕەگەزە بەشدارییەکی گەورەی لە نوێکردنەوەی ئەدەبدا کرد. هەر لێرەیشدا بایەخی زمان هاتە پێشێ، کە بووە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک ئاڕاستەی نوێ لە بواری لینگویستیگدا. بەوەدا میتۆلۆجیا پێوەندیی نێوان مرۆڤ و خواوەند لە خۆی دەگرێت، کۆمەڵێک کێشەی ئێکزێستێنشەڵ (وجودی) و ئیتیکەڵ (ڕەوشتی) دەردەهاوێژێت، بۆیە چەمکی وەک خەڵق، مەرگ، ژیان، نەمری، زیندووبوونەوە و هیی دیکە لە ئەدەبدا دەرکەوتن، کە نەدەکرا بەبێ گەڕانەوە بۆ بواری فەلسەفە و سایکۆلۆجیا لێیان نزیک ببێتەوە. لەو ڕێگەیەوە تێکستی ئەدەبی توانای پەیدا کرد پێوەندیی بە تێکستی سەردەمە زووەکانەوە بکات، بەو مەبەستەی لێیان وەربگرێت و بە شێوازی تر دەریانبخاتەوە، کە ئەوە بە دەقئاوێزان (ئێنتەرتێکستواڵیتی) ناسراوە. سەیر نییە، کە ئەدەب لە سەدەی بیستەمەوە لە فەلسەفە جودا ناکرێتەوە، وەک بۆ نموونە لە سەرجەم بەرهەمەکانی (کامیۆ)دا دەیبینین. با بۆ پرسیارەکەی تۆ بگەڕێینەوە و ئاوای لێ بکەین:
ئایا ئەدەبی کوردی سوودی لە فۆلکلۆر وەرگرتووە؟ من پێم وایە فیکری کوردی سادەیە و بەشێکی زۆری ئەدەبی کوردی هەر خۆی فۆلکلۆرە. پێشتریش لەم ڕووەوە نووسیومە و ئەوەم دەرخستووە، کە فیکری میلـلی چۆن دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە، کاتێ دەیەوێت بە ئاڕاستەی جیاوازدا بجووڵێت. ئەو نووسەرە داهێنەرانەی دەرەوەی ئێمە لە دیدێکی فەلسەفییەوە بۆ فۆلکلۆر گەڕانەوە، بەڵام بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە هێشتا نەیانتوانیوە لەژێر دەستەڵاتی فیکری میللی بێنە دەرێ، تا ببنە خاوەنی فیکری فەلسەفی و لەوێوە بۆ کەلەپووری کوردی و هیی دەرەوەی کوردی بڕوانن. ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دراون، هێشتا پێ نەگەیشتوون، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو هەوڵانە فەرامۆش دەکەم.

چوارەم: بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە چی بکرێت؟

کاروان کاکەسوور: کاتێ بایه‌خ به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان و مێردمنداڵان ده‌ده‌ین، ده‌رگە له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک به‌هره‌ی نوێ ده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ وا ده‌کات مرۆڤی ئێمه‌ له‌ تەمەنێکی زووه‌وه‌ خه‌ریکی خۆده‌ربڕین ببێت، که‌ لەمەوە‌ ئه‌زموونی گەورەتر بەرهەم دێت. بایه‌خدان به‌ ئه‌ده‌بی منداڵ و لاوان جۆریکه‌ له‌ تێکشکاندنی سێنتراڵ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ زاڵه‌یه‌، که‌ پێی وایه‌ ئه‌ده‌ب ته‌نیا هیی گه‌وره‌یه‌. بە مانایەکی دیکە، گەشەکردنی ئه‌ده‌بی لاوان واته‌ ده‌رکه‌وتنی که‌ناڵی دیکه‌ی ده‌ربڕین، که‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێکشکانی ئه‌و سێنتراڵیزمه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌ورانی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌. وەک پێشتر گوترا دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی تێپه‌ڕاندن ناسراون، ئه‌ده‌ب زیاتر ئازادیی به‌ ده‌ست هێنا و له‌ قاڵب و کڵێشه‌کان دوور که‌وته‌وه‌. وای لێ هات نووسه‌ری داهێنه‌ر و ئه‌زموونگه‌ر خۆی له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ بدات و به‌ شێوازی جۆراوجۆر باسیان بکات، که‌ پێشتر به‌ لایدا نه‌چووبوون. من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌ییدا گۆڤاری تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌بوونایه‌، ده‌مانتوانی ته‌عبیر له‌ خواسته‌کانمان بکه‌ین و ئارەزووەکانمان بستووێنین، تا هیی دیکەی گەورەتریان لێ بەرهەم بێت، نه‌وه‌ک بیانکه‌ینه‌ تۆپەڵی ڕق و بۆ ئایینده‌یان هه‌ڵبگرین.
ئەودەم هه‌ندێکمان تێر ده‌بووین و هه‌ندێکمان تینوویه‌تیمان نه‌ده‌شکا، بەڵکوو به‌ شێوه‌ی چاکتر به‌رده‌وام ده‌بووین. به‌شی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ به‌ گه‌وره‌یی دەردەکەون، بۆیه‌ ئه‌و شتە سادانه‌ ده‌ڵێن، که‌ ده‌کرا له‌ سه‌ره‌تایی و ئاماده‌ییدا بیانگوتنایه‌. زۆرجار به‌ هاوڕێکانمم گوتووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌بینن ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌جنێوه‌ له‌نێو نووسه‌رانی ئێمه‌دا هه‌ن‌، ئه‌وه‌ به‌شێکی پێوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ به‌ گه‌وره‌یی ڕێیان کەوتووەتە ناو دنیای نووسین. نه‌یانتوانیوه ئاره‌زووه‌ ساده‌کانیان لە کاتی خۆیدا دەرببڕن، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ ئەمڕۆ‌یان هێناون. خوێندنه‌وه‌ و نووسین کاتێ له‌ ته‌مه‌نی زووه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ن، پاڵ به‌ نووسه‌ره‌وه‌ ده‌نێن به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه‌ و خۆی ماندوو بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ گه‌وره‌یی که‌م فێر ده‌بێت، لە کاتێکدا ئاره‌زووی زۆریشی بۆ ده‌ربڕین هه‌یه‌، چونکە بەردەوام دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، قوتابخانە و ئەوانەی تر سەرکوتیان کردوون، بگرە بە چاوی نزم لێیان ڕوانین و وزەیان کوشتوون. هەتا چەند ساڵ لەمەوبەریش ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە لاپەڕەکانی کۆتاییان گاڵتەیان بە بەرهەمی لاوان دەکرد و هەوڵیان دەدا تێکیان بشکێنن. ئەمڕۆ ئەو کەلتوورە بە شێوەی تر درێژەی هەیە.
لێره‌دا خاڵێکی گرنگتر له‌وانه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت ئاماژه‌ی پێ بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، کاتێ له‌ ته‌مه‌نێکی زوودا ده‌ست به‌ نووسین ده‌که‌ین، ورده‌ورده‌ خۆمان له‌ بوارێکدا ده‌بینینه‌وه‌، که‌ بتوانین خۆمانی بۆ ته‌رخان بکه‌ین و تێیدا قووڵ ببینه‌وه‌، بێ ئەوەی لە بوارەکانی تریش دوور بکەوینەوە، بەوەی هەموویان پێوەندییان پێکەوە هەیە. به‌شی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ چونکه‌ به‌ گه‌وره‌یی ده‌ستیان پێ کردووه‌، بواری خۆیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو بوارێکدا کار ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ ڕۆماننووسه‌، سبه‌ی شاعیر و دووسبه‌ی چیرۆکنووس و دواتریش ڕه‌خنه‌گر، بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچیاندا قووڵ بووبێته‌وه‌، به‌ڵکوو به‌ شێوه‌ی کیریۆسیتی (فزوڵی) هه‌ندێک زانیاری په‌یدا ده‌کات و به‌ ساده‌یی به‌ کاریان ده‌هێنێت. لەو کەلتوورانەی لە ئێمە زیاتر هەنگاویان ناوە، خوێندنی گشتی ئاستێکی بەرزتری لەوەی ئێمەی هەیە.
هەر قوتابییەک تا دەگاتە کڵاسی هەشت و نۆ دەیان کتێبی گرنگ لە بواری جۆراوجۆردا دەخوێنێتەوە و کۆمەڵێک باسیش دەنووسێت، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە تەنانەت لە بوارەکەی خۆیشیاندا دوو کتێبی گرنگیان نەدیوە، بۆیە کاتێ لە گوتار و گفتوگۆکانیاندا دێنە دەنگ، بە زمانی خەڵک کۆمەڵێک ڕستەی سادە دەردەبڕن، کە هەندێجار دەتخەنە پێکەنین. واتە تا ئێستا قوتابخانە هیچ ڕۆڵێکی لەوەدا نەدیوە قوتابی بخوێنێتەوە و هەوڵی نووسین بدات. دواجار پێم وایە ئەدەبی مێردمنداڵ دەکرێت هەم خۆیان بینووسن و هەم نووسەری بەتەمەنیش.

دەتەوێت لەبارەی ڕۆمانی (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)ەوە چی بڵێیت. کە نموونەیەکی ئەدەبی لاوانە؟

کاروان کاکەسوور: کاتێ تەمەنم گەیشتە شانزدە، دروستتر کاتێ گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی، هەستم کرد منداڵیمم تەواو لە دەست داوە و وا خەریکە قۆناغی هەرزەکارییشم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر دەچێت، بۆیە ڕەشبینییەکی کوشندە گەمارۆی دام. بیری هەموو شتێکی منداڵیمم دەکرد. بە مانایەکی دیکە وام دەزانی منداڵێکم و ون بووم، بگرە خۆمم لە دەوروبەرێکدا دۆزیوەتەوە، کەسی تێدا ناناسم، تەنانەت ناتوانم لەگەڵیاندا بدوێم، بەوەی نە لێم تێ دەگەن و نە لێیان تێ دەگەم. لە خۆمم دەپرسی ئایا ڕابردووم بە جێ ماوە، یان پێشم کەوتووە؟ نەمدەزانی ئاخۆ دەبێت بۆ ئەو ڕابردووە بگەڕێمەوە، یان بەرەو پێشەوە ڕا بکەم، تا پێی بگەمەوە، یان هەوڵ بدەم لە بیر خۆمی ببەمەوە؟ ئەگەر پێی گەیشتمەوە، پێویستە بیکوژم، یا لەگەڵ خۆمی بهێنم، یان بیکەمە جلێکی ئاودامان و تا ماوم بیپۆشم؟ ڕاستییەکەی سەرم لەو هەستە سەیرە دەرنەدەچوو، بۆیە پەنام ناوەوەم دەبرد. وام دەزانی لە دەرەوە شتێک نەماوە دڵنەواییی خۆمی پێ بدەمەوە. دەتوانم بڵێم ئەدەبی بایۆگرافیا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە لای من سەری هەڵدا، بەوەی نەدەکرا ئەو هەستەم لە ڕێگەی نووسینەوە دەرنەبڕم. بەر لەوەی یەک دێڕی (شۆپێنهاوێر)، (نیتشە)، (هایدیگەر)، (کامیۆ) و ئەوانەی ترم خوێندبێتەوە، چەمکی ئازار ڕووبەڕووم بووەوە.
من لێرەدا هەمیشە دوو جۆر نووسەرم لە یەکتر جودا کردوونەتەوە، کە یەکەمیان، ئەوەی ئازاری خۆی دەنووسێتەوە و دووەمیان، بە شێوەی کیریۆسیتی لەبارەی ئازاری ئەوانەی ترەوە دەدوێت. یەکەمیان تەعبیر لە وجودی خۆی و دووەمیان تەعبیر لە شت دەکات، بۆیە ئەوەی دووەمیان شتێکی ڕووکەشە و ئاستی زمانی ڕۆژانە تێ ناپەڕێنێت، بەڵام یەکەمیان قووڵە. بۆچی قووڵە؟ چونکە تاکە. ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵ جودا دەکاتەوە و بۆ (تاک)مان دەگۆڕێت، ئازارە، بۆیە تاک مێژووی هەیە، کە ئەو مێژووەی لەناو ئازار دامەزراندووە. هەر ئەویشە خاوەنی ئەزموونە. بێگومان ئازار شێوازیش دەدۆزێتەوە. ئەو نووسەرەی بە شێوەی کیریۆسیتی ئازاری ئەوانەی تر هەست پێ دەکات و دەینووسێتەوە، نابێتە خاوەنی شێوازی خۆی، بەڵکوو هەر جارێ شێوازێک قەرز دەکات. لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم بە بیری هێنامەوە، کە لە پۆلی پێنجەمی ئامادەییدا گوتەی (ئازار مرۆڤ فێر دەکات)ی (ئیسکیلیۆس)ی شانۆنووسی یۆنانیم، لەسەر بەرگی یەکێک لە کتێبەکانمدا نووسیبوو، کە بە لووتکەی ترجیدیا ناسراوە.
لە سەدەی نۆزدەمەوە چ فەلسەفە و چ سایکۆلۆجیایش ئەوەی بایەخیان پێ داوە، ئازار بووە، نەوەک ئاسوودەیی، کە هەر لێرەدا ئاڕاستەی ئێکسێستێنشالیزم چاو هەڵدەهێنێت، تەنانەت (ئەدۆرنۆ) دەگاتە ئەوەی بڵێت: (با بهێڵین ئازار بدوێت). پێشتر (نیتشە) هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردووە قووڵاییی ئازار دەرببڕێت، بە تایبەتی لە کتێبی (جینالۆجیای مۆڕاڵ)دا. لەو سەردەمەدا کۆمەڵێک نووسەرم ناسین، کە (دۆستۆیەڤسکی) و (کافکا)م لە هەموویان جودا کردەوە. دواتر بە دنیای (جۆیس)، (بیکیت) و کۆمەڵێکی تر ئاشان بووم. بۆم دەرکەوت نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەن ڕێگەیان داوە ئازار لە جیاتیی خۆیان بدوێت.
وەک گوتم نەمدەزانی منداڵیم لە ڕابردوو جێ ماوە، یان پێشم کەوتووە و جێی هێشتم، کە ئەمە ڕووبەڕووی پرسیاری (کات چییە)ی کردمەوە و پاڵی پێوە نام ئەو چەمکە تەنیا لەناو فیزیادا نەبینم، بەڵکوو لە فەلسەفەیشدا بە دوایدا بگەڕێم. پێم وایە هەر خوێنەرێک بەرهەمەکانم بخوێنێتەوە، ئەو دوو خاڵە بە زەقی هەست پێ دەکات. واتە دەربڕینی قووڵاییی ئازار و تێکشکاندنی زەمەن. ئەگەر بە تایبەت باس لە ڕۆمانی (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش) بکەم، دەڵێم وەک سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەم لەناو ئەو ئازارەدا چاوی هەڵهێنا و ئەو تێگەیشتنەی بۆ کاتم هەبووە، تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕاستییەکەی وەک لە پێشەکییەکەیدا نووسیومە سەرەتا چیرۆکێکی تەواونەکراو بوو، بەڵام دواتر پێیدا چوومەوە و بۆ ڕۆمان گۆڕا. زۆرینەی کارەکتەرەکان منداڵ ومێردمنداڵن، بەڵام مانای ئەوە نییە بە لای گەورەییشدا نەچووە. هێندە هەیە گەورەکان بە ژیانی منداڵ و مێردمنداڵەکانەوە خەریک کراون. بە مانایەکی دی، پێچەوانەی زۆرینەی ئەدەبی کوردی، کە منداڵ و مێردمنداڵ لە پەراوێزی دنیای گەورەدا دەردەکەون، لێرەدا ئەو پەراوێزە هەڵگیراوە. هەندێک پێیان وایە زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە هیی گەورانن، کە من لەگەڵیاندا هاوڕام، بەڵام دەڵێم ئەمە بایەخە بە دنیای منداڵ و مێردمنداڵ. ئەگەر لەسەر بەرگی نووسراوە (ڕۆمانی لاوان)، مانای وا نییە بۆ تەمەنێکی دیاریکراو نووسراوە.

سەرنج:
کاتێ لە گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو کراوەتەوە، بە هەڵە وشەی (تێکستواڵیتی) نووسراوە، کە ڕاستییەکەی (ئینتەرتێکستواڵیتی)یە و لە بەرهەمەکانی پێشووشمدا هەر ئەوەیان نووسراوە. (کاروان)

د. هاوژین سڵیوە

د. هاوژین سڵیوە



ئیخوان و ستەمکاریی ئاینیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست بدەینەوە، بە حوکمی ئەوەی ئاین و فەرمانڕەوایی ئاوێتەی یەک ببوون، ستەمکارییەکی گەورەی ئاینیی سەرتاپای ئەوروپای داپۆشیبوو، ئەم ستەمکارییە گەیشتبووە راددەیەک نەک هەر بێباوەڕانی گرتبووەوە، بەڵکو پەیڕەوانی ئاینزا جوداکانی ناو یەک ئاینیشی نەبواردبوو. بۆ نموونە دادگاکانی پشکنین، جیا لەوەی سزای بێباوەڕانی دەدا، یان سزای هەموو دەنگێکی دەدا کە دژی دەسەڵاتی کڵێسا بەرز دەبووە، هاوزەمان ئەم دادگا کاسۆلیکیانە کەمیان بە مەسیحییە پرۆتستانەکان نەدەکرد. بە کورت و کرمانجی، ئەزموونی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوەی پێی نیشانداین، تێکەڵاوکردنی ئاین و سیستمی فەرمانڕەوایی جگە لە ستەمکاریی ئاینیی هیچی تری لێ شین نابێت.

ئیخوان موسلمین بە هەمان نەفەسی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاستەوە، لە ژێر دروشمی “ئیسلام چارەسەرە” ماوەی 85 ساڵە لە هەوڵی بێوچاندایە بۆئەوەی ئاین بکاتە بنەمای فەرمانڕەوایی سیاسیی. ئەگەرچی ماوەی 84 ساڵ لە ژێر پەستانی حکوومەتە نیمچە عەلمانییەکانی میسردا بوون، بەڵام ئەوەی رابەرانی ئیخوان لە هەموو ئەو ماوەیەدا تیۆریزەیان کرد، دروستکردنی بنەمایەکی فکریی بوو بۆ بەستنەوەی ئاین و دەسەڵاتی سیاسیی بە یەکترەوە. وەلێ ئیخوان تا شۆڕشی یەنایری 2011 زیاتر وەک قوربانی دەهاتە بەرچاو، بەڵام فکری ئیخوان ئەوەی لێ دەخوێنرایەوە لەگەڵ گەیشتنیان بە دەسەڵات، شێوەیان لە قوربانییەوە دەگۆڕێ بۆ جەلاد. ئەم شێمانەیەش لە ماوەی یەک ساڵی حکومی “مورسی”دا میسداقییەتی خۆی سەلماند.

رەنگە تا ئێستا وا زانرابێت، ستەمکاریی ئاینیی یان پشکنینی بیروباوەڕ تایبەتە بە ئاینی کریستیانیی، بەڵام لە واقیعدا ئەو تێزە کۆڵەوارە، چوونکە دەشێ لە هەموو حاڵەتێکدا ئەگەر ئاین بکرێتە بناغەی فەرمانڕەوایی هەمان ستەمکاریی بێتە ئاراوە. هەروەک “هاشم ساڵح” باسی دەکات: زیاد لە جارێک ویستیان باوەڕمان پێبێنن دادگاکانی پشکنین تەنیا تایبەتە بە مەسیحییەت و هەرگیز ناشێت و ناکرێت لای ئێمە رووبدات. ئەڵبەتە ئەوە قسەیەکی بێ بناغەیە، بەڵگە مێژووییەکان لە ئێستا و رابردوودا، ئەو بۆچوونە بەتاڵ دەکەنەوە، رەوتی مێژوویی هەردوو ئاینەکە دەیسەلمێنێ تێگەیشتنی هەڵە و دۆگما بۆ ئاین، خۆ بە خۆ دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی دادگاکانی پشکنین و زەبر و زۆرکردن لە ئایندا.

لە ماوەی یەک ساڵی حکوومی ئیخوان لە میسر، بەدەر لەوەی ژێرخانی ئابووری زیانی گەورەی بەرکەوت، کەرتی گەشتیاریی هەرەسی هێنا، هەڵئاوسان و بێکاریی گەیشتە لوتکە. لە هەمان کاتدا دەوڵەت بە شێوەیەکی چڕ کەوتە پەلاماردانی ئازادییەکان و سەرکوتی بیروڕای جیاواز و داپڵۆسینی مەعنەویی رۆشنبیران و دەمکوتکردن و دادگایکردنی هونەرمەندان. هەروەک “باسم یوسف” پێشکەشکاری کەناڵی CBC پێناسەی ئەو دۆخەی میسری بە چیرۆکی ئەلف لیلە و لیلە کردبوو. کە لەو چیرۆکەدا ئەندامانی ئیخوان، راگەیاندنکار و رۆژنامەوانان بە شەلاتی و بەڵتەچی “گێرەشێوێن” ناو دەبەن. ئیخوان شێوازی دایەلۆگ و لێکگەیشتنیان گۆڕی بە نەڕە نەڕ و خۆسەپاندن.

لەلایەکی تریشەوە، ستەمکارییەکی نوێ لە بەرامبەر قیبتییە مەسیحییەکان لە نەشونمادا بوو، کە مەترسی کڵپەسەندنی جەنگێکی مەزهەبی لێدەکرا. ئەو ستەمکارییەی لە ماوەی یەک ساڵی حکومی ئیخواندا دژی قیبتی و مەسیحییەکان بەڕێوەچوو نموونەی لە مێژووی میسردا نەبینرابوو. هەروەک “د.نەجیب جوبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتییەکان، ئاماژەی پێدابوو “لە سەردەمی موبارەکدا قیبتییەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵام لە سەردەمی مورسی خەڵتانی خوێن کران. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا رووبەڕووی کارەساتی وانەبوونەتەوە وەک ئەوەی هەنووکە رووبەڕووی دەبنەوە”. ئەمەش ئەو دۆخەمان بیر دەخاتەوە کە بیرمەندی سودانی “حاج وەراق” لە بارەیەوە دوا بوو، کاتێک وتبووی “ئیخوان لە ئەزموونە باشەکانی مرۆڤایەتی داماندەبڕن”.
خولاسە، ئیخوان نەک نەیتوانی لە ئاست داوا و خەونەکانی کۆمەڵگەی میسریدا بێت، بەڵکو دەیویست لە رێگەی ئیخوانیزە و ئیسلامیزەی کۆمەڵگە لەسەر شێوەی ئیسلامگەرایی ئیخوانیی، هەموو خەڵکی میسر لە قاڵب بدات، بۆ ئەمەش سڵی لەوە نەکردەوە حکوومەت لە دەزگایەکی ئیداریی و سیاسییەوە بکاتە دادگای پشکنینی بیروباوەڕ و دامەزراوەیەکی سەرکوتکاری ئاینیی. لەبەر ئەم هۆیە، شۆڕشگێڕان لێنەگەڕان ئیخوان موسلمین لە بری پێشخستنی کۆمەڵگە، چەندین هەنگاو میسر بباتەوە بۆ دواوە.

پێشتریش “خەلیل ئەلعەنانی” لە کتێبەکەیدا “ئیخوانەکانی میسر، ململانێی پەککەوتەیەک لەگەڵ رۆژگار” باسی لەوە کردبوو، ئیخوان ناتوانێت ببێتە هێزێک لەگەڵ دیموکراسی هەڵبکات، چوونکە هیچ بڕوایەکیان بە بەهاکانی دیموکراسی نییە. ئەلعەنانی ئاماژەی بەوە دابوو “لە هەمبەر دیموکراسی سپەیسێکی گەورە هەیە لە ناو ئیخواندا. چوون ئەوان ئەم چەمکە وەک مومارەسە سەیر دەکەن نەک بەها. لەو سۆنگەیەی ئامادەییان هەیە بەشداریی هەڵبژاردن و خۆپیشاندان بکەن، بەڵام قەت نەبووە بڕوایان بە دادپەروەریی و ئازادیی و یەکسانی هەبێ وەک بەهاگەلێگی گرنگی دیموکراسی”. هەر لەم روانگەیەشەوە بوو لە ماوەی یەک ساڵدا، مورسی و ئیخوان لە بری ئەوەی پایەکانی دیموکراسی لە میسر بەهێز بکەن، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە بوون کە ئەگەری ئەوەی لێدەکرا ئەو وڵاتە بەرەو دیموکراسیی بپەڕێننەوە، بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەش سەرقاڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتێک بوون کە جگە لە ستەمکاریی هیچی تری لێ چاوەڕوان نەدەکرا.

دوا پەردەی شانۆگەرییەکە یان کۆتایی ئیخوان؟

ئەگەرچی “ئیخوان” ماوەی 84 ساڵ، هەوڵی بێوچانی دا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی بگرێتە دەست، بەڵام لە یەکەم ئەزموونی خۆی لە دەسەڵاتدا، نەیتوانی لە یەک ساڵ زیاتر بەرگە بگرێت، چوونکە میسری ساتەوەختی دەسەڵاتی ئیخوان، بۆ یەک چرکەش پشووی بە خۆیەوە نەبینی، بەڵکو ئەجیندا مەترسیدارەکانی ئیخوان و مورسی، زیاتر تاوی بە ئاگری شۆڕشێک سەند کە دژ بە ستەمکاریی لەو وڵاتە بەرپاکرابوو. ئیخوان جیا لەوەی دەیویست بەرنامە وشکهەڵاتووە ئاینیی و ئایدۆلۆجییەکەی خۆی بسەپێنێت و کۆمەڵگەی میسریی لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئیخواندا لە قاڵب بدات، لە هەمان کاتدا لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاریی و بوژانەوەی بژێویی هاووڵاتیان و پەیوەندیی دیبلۆماسییەوە، میسری زۆر بەرەو دۆخێکی خراپتر لەو دۆخە برد کە دەسەڵاتی سیاسیی بە دەستی “موبارەک”ەوە بوو.

لە ماوەی یەک ساڵی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخواندا، رەسیدی جونەی میسریی بە رێژەیەکی باوەڕ پێنەکراو لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزینی بە خۆوە بینی، کەرتی گەشتوگوزار کە کۆڵەگەیەکی سەرەکیی ئابووری میسر بوو، زیانی چەند ملیار دۆلاریی بەرکەوت. عەجز لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا، گەیشتە دوو هێندەی ساڵانی پێشووتر، رێژەی بێکاریی گەیشتە سیانزە لە سەد، بواری بەرهەمهێنان گەیشتە بارێکی زۆر ترسناک، کە زیانەکانی لە چەندین ملیار دۆلار تێپەڕیان کردبوو. بەرنامەی ئیخوانەکان نەک نەیدەتوانی ئەم کێشە زۆر قووڵانە بە پێی پرۆسێسێک بەرەو چارەسەر ببات، بەڵکو خودی دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ قەیرانەکانی قووڵ و قووڵتر دەکردەوە.

لە سەر هەموو ئاستەکان، کۆمەڵگەی میسری پاش شۆڕش، وەزعی لە کۆمەڵگەی میسری پێش شۆڕش، خراپتر بوو، ئەم دۆخەش بۆ شۆڕشگێڕان و خاوەنە راستەقینەکانی راپەڕینی دژی ستەمکاریی کە گەنجان و رەوتە عەلمانییەکانن، قابیلی قبووڵکردن نەبوو. چوونکە مورسی و ئیخوان دەیانویست ئەو بڕ و پەڕاوێزە ئازادییەی پێشتر لەو وڵاتەدا هەبوو، لە رێگەی سەپاندنی بیر و باوەڕە سەلەفیی و وشکهەڵاتووەکانی خۆیانەوە لە بەینی ببەن. هەر بۆیە مەترسییەکی گەورە لەسەر بواری هونەریی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکە کەسی هەبوو، لەبەرئەوەی ئیخوان دەیویست هەموو ئەوانە لەسەر سترۆکتۆری کولتوورێکی کۆنی بیابانشینی تەمەن 1400 ساڵە وێنا بکاتەوە.

کۆمەڵگەی میسر، شارستانێتی گەلی میسر، کە قووڵاییەکی زۆر دێرینی هەیە، لە بەردەم هەڕەشەی ئیخوان و ئەو ئەجیندا ترسناکەدا بوو کە مورسی تەمای پیادەکردنی بوو. ئیخوان رێگاکانی توندوتیژیی مەعنەویی بە کاردەهێنا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی رادەست بکات، ئەم واقیعەش بۆ میسرێکی چاوگی فیکر و سیاسەت و رۆشنگەریی عەرەبی، نەک هەر مایەی قبوڵکردن نەبوو، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو رەوتە بوو کە شۆڕش لە پێناویدا لە دژی موبارەک بەرپاکرا.
لە میسری ژێر دەسەڵاتی ئیخوان، هاووڵاتیبوونی تاک بە تاکی میسرییەکان “ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ئاینیی خۆیان رێکنەخستبایە” لە بن هەڕەشەدا بوو. چوونکە ئیخوان هەرچەندە بانگەشەی میانڕەویی بکات، بەڵام سەرئەنجام نەیدەتوانی لە خەونە گەورەکە خۆی دەرباز بکات کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیۆکراتییە. لە مێژوودا رووینەداوە هیچ دەوڵەتێکی ئاینی، دیموکراسی بووبێت، بەڵکو دەوڵەتی ئاینی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن. هەروەک “ئەدۆنیس” شاعیر و بیرمەندی عەرەب ئاماژەی بۆ دەکات: مافی تاک لە باوەڕ و ئاینپەروەریی هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت، ئەوە مافێکە من رێزی لێدەگرم و داکۆکی لێدەکەم. بەڵام کۆمەڵگە بەو سیفەتەی گشتێکە، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی ئاینی ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو لەسەر هاووڵاتیبوونی مەدەنی دەبێت. تەنیا بەمەش مافەکانی مرۆڤ، دوور لە باوەڕ و ئینتیما و توخم و رەگەز و بنەچەیەکی کۆمەڵایەتی، مسۆگەر دەکرێت. هەر بەکارهێنانێکی سیاسییانەی ئاین، بۆ خۆی شێوازێکی توندوتیژییە نەک لە دژی جەستە، بەڵکو لە دژی رۆحیش.

کۆمەڵگەی میسر، پێشبینیان هەبوو بۆ ئەو رەوتەی ئیخوان گرتبوویە بەر، بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە، مورسی کە لە پشتییەوە رابەری گشتیی ئیخوان و بەرنامەیەکی جەهەنمی ئیسلامی سیاسیی ئامادەیی هەبوو، خواستی هەبوو، میسر بکاتە نموونەیەکی تاقیکراوەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخوان، ئەزموونێکی دەسەڵاتدارێتی لەسەر بنەمای ئاینێک یان خوێندنەوەیەکی دیاریکراو بۆ ئاینێک قاچی لەسەر عەرد دانابوو. بەڵام ژ بەرئەوەی ئەو بەرنامە و خەونەی مورسی و ئیخوان هەیانبوو، دژی هەموو بەها مەدەنیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی بوو، دژی سکۆلاریزم و دیموکراسیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایندەی پێکەوە ژیان بوو، نەیتوانی لە قۆناغی دەڵەمەیی تێپەڕێت و لەگەڵ لە دایکبوونیدا بوو بە جەستەیەکی ساردەوە بوو. هەر بۆیە بەم شێوەیە دوا پەردەی شانۆگەرییە لەسەر رۆڵی کارەکتەری ئیخوان دادرایەوە و بە لە سێدارەدانی مورسیش دوا بزمار لە روئیای ئیخوان درا بۆ جارێکی تر هاتنەوە سەر دەسەڵات.

گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش

خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکەوە لەو بڕوایەدا بووم، شۆڕش و راپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە تونسەوە تاوی سەند و تا نهۆش لە سوریا بەردەوامیی هەیە، شۆڕش نین لە پێناوی ئامانجی ئاینیی، بە دیوێکی تردا فاکتۆری سەرەکیی لە تاوسەندنی شۆڕشەکان، بەرەنگاریی سەرکوتی ئاینیی نەبوو، یان ئامانجی لێی هەوڵدان نەبوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینیی، یاخۆ ئیسلامی، بەڵکو لە سترۆکتۆرەوە ئەم شۆڕشانە شۆڕشی نان و ئازادیی بوون، شۆڕش بوون لە پێناوی باشترکردنی هەلومەرجی ژیان لە کۆمەڵگە عەرەبییەکان، شۆڕش بوون لە پێناوی بەرینکردنی مەوداکانی ئازادیی و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی، کە هەر یەک لەمانە بەشێکن لە کرۆکی دیموکراسی، کە لە دونیاشدا هیچ نموونەیەکی دیموکراسی بە بێ بوونی عەلمانییەت لە ئارادا نییە.
ئەگەرچی لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە رەشبینی و نائومێدیی لە هەمبەر ئەو شۆڕشانە تەنگی پێ هەڵچینبووین، بەو پێیەی لە بۆشایی دەسەڵاتدا و لە دوای رووخانی رژێمەکان لە میسر و تونس، کێرڤی رێکخراوە ئیسلامییەکان رووی لە هەڵکشان کرد و لە دوا وێستگەشدا “ئیخوان موسلیمین” لە رێگای هەڵبژاردنەوە توانی هەلەکە بە ئاسانی بقۆزێتەوە و دوای 84 ساڵ تەمەنی سیاسیی بگاتە سەر عەرشی دەسەڵات. بەڵام هەروەک بیرمەندی ناسراوی عەرەب “هاشم ساڵح” بۆی چوو بوو، “لە قۆناغی یەکەمدا لە باتی پێشەوە چوون، پاشەکشەیەک دێتە ئارا”. بێگوومان هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیخوان، فۆرمێک لە پاشەکشەی شۆڕش بوو، یاخۆ هەرەسی خەونی شۆڕشگێڕان بوو، بەڵام ئەم پاشەکشەیە لە ساڵێک زیاتری نەخایاند.

ئیخوان لە میسر تووشی مەستییەکی جادوویی ببوو، بەوەی پێیوابوو، ئەوەی تا ئێستا رێگربووە لە بەیەک گەیاندنی ئیخوان و دەسەڵات، تەنیا بوونی رژێمێکی پۆلیسی و میلتانتی وەک رژێمی موبارەک بووە، لەم سۆنگەوە سەرمەست بوون بەوەی میسرییەکان سەرسامن بە بەرنامەی ئاینیی ئیخوان، بۆیە لە ماوەی چەند مانگێکدا هەموو شتێکیان لە بیر کرد، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان خستە تەنەکەخۆڵی کۆشکی کۆمارییەوە، لە بری باشترکردنی هەلومەرجی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی میسر، دەستیان دایە پرۆسەی ئیخوانیزەی کۆمەڵگەی میسریی، ئەمەش ناکۆک بوو بەو رۆحە شارسانییەی گەلی میسر کە لە فیرعەونەکانەوە دەستپێدەکات تا هەنووکە. بۆیە کۆمەڵگەی میسریی زۆر زوو لە پەیام و پرۆتۆکۆلەکانی ئیخوان تێگەیشت، زۆر زوو دەرکیان بە مەترسییەکی گەورەتر کرد لە بەردەمیاندا کە چەند قاتی رژێمەکەی موبارەک مەترسیدارتر بوو.
هاشم ساڵح، بیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێ “دیکتاتۆریی ئاینیی گەلێک مەترسیدارترە لە دیکتاتۆرییەتی سەربازیی، چوونکە یەکەمیان راستەوخۆ و بێ جیاوازیی هەڕەشە لە ئازادیی بیر و را و بیرکردنەوە و دەربڕین دەکات”. گەلی میسریی بە هۆشیارییەوە و بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” سەرقاڵی ئیسلامیزە و ئیخوانیزەی کۆی دامەزراوە و کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانە لەو وڵاتە، بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” لە جێگەی دیکتاتۆریی پۆلیسی و سەربازیی پێشوو، سەرقاڵی رۆنانی دیکتاتۆریی ئاینییە، بەردەوامیان بە شۆڕش دا، یان بە مانایەکی دیکە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش، گەڕانەوە بۆ بەهاکانی شۆڕش. لەم نێوەندەدا “مەیدانی ئازادیی قاهیرە” بە دەنگێکی بڵند ئەوەی دووپاتکردەوە، شۆڕش کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو هێشتا شۆڕش درێژەی هەیە.

ئەوەشی لە چەند ساڵی رابردوودا لە میسر روویدا، “واتە پرۆسەی لادانی مورسی لە دەسەڵات” نەک ناچێتە چێوەی کودێتاوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک رەنگ و مۆدیلێکی تری شۆڕش بوو، چوونکە کودێتا لەلایەن کەمینەیەکی سوپاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی لە میسر روویدا، سوپا بە دیفاکتۆ کەوتبووە ژێر کارتێکردنی ئەو خرۆشانە گەورەییەی لە شەقامی میسرییدا دەبینرا. ئەگەرچی مورسی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو بوو، لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە گەیشتبووە دەسەڵات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، خەڵک ناتوانن لە رێگەی چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندان و شۆڕشی سپییەوە، سەرۆک لا بدەن. بە پێچەوانەوە ئەوەی لە ئەزموونی دەوڵەتانی دیموکراسی فێری بووین ئەوەیە، شەقام دەتوانێت بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی کە لانیکەم گوزارشت لە رای زۆرینەی هاونیشتمانیان بکات، سەرۆک لا بدات.
من پێموایە لادان و دواجاریش لە سێدارەدانی مورسی “بۆ خۆم دژی سزای لە سێدارەدانم” و هەرەسهێنان بە حکوومەتەکەی ئیخوان لە میسر، سەرەتایەکی نوێ بوو لە ئاستانەی گەڕانەوەی خەونی شۆڕش، ئەو شۆڕشەی سەرەتا گەنجەکان دەستیان پێکرد و دواتر ئیخوان لە کاتی زانینی سەرەو لێژبوونەوەی دەسەڵاتی موبارەک، خۆی بەسەردا سەپاند. ئەم دەلاقەیەی لە میسرەوە کراوەتەوە دەکرێ لە تونس و لیبیا فراوانتر بکرێ، هەرچی سوریاشە لەوە دەچێت ببێتە مەقبەرەی کۆی ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی ئەم ناوچەیە. ئەوەی من لەم چرکەساتە و لەگەڵ گەڕانەوەی خەونی شۆڕش وەبیرم دێتەوە، کۆپلەیەک لە گۆرانی “شۆڕش”ی “ڤیرۆنیکا ساسۆت”ە کە دەڵێت “هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ژیان پێویستە جۆرێکی تر بێت”. خاوەنەکانی شۆڕش لە میسر لەسەر هەمان ریتم بە دەنگێکی بەرز بە ئیخوان و دەسەڵاتی ئیخوانیان وت، گەرچی لە سایەی حوکمی ئێوە هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ ژیان بە جۆرێکی تر بێت. لەوەش گرنگتر بە کردەوە هەنگاویان نا بۆ جۆرێکی تری ژیان.

سوێد – ستۆکهۆلم
شارل هۆڵمن




ئه‌و مه‌رجانه‌ی کە پێویستن‌ بۆ كاریگه‌ربوونی كاریكاتێر به‌شی -4-.. هه‌ندرێن خۆشناو

له‌و نمونانه‌ش كه‌ ده‌توانین بیهێنینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گاڵته‌جاڕی ره‌شدا، ئاماژه‌ به‌ كاریكاتێره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (ناجی ئه‌لعه‌لی) ده‌كه‌ین، كه‌ باس له‌ نیشان به‌خشینه‌وه‌ ده‌كات، یان كاریكاتێره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (عه‌لی فه‌رزات) كه‌ باس له‌ خاڵی پشكنین له‌سه‌ر سنووره‌كان ده‌كات، یان ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ باس له‌ كورسی له‌ سێداره‌دان ده‌كات. له‌ كاریكاتێری یه‌كه‌مدا جیاوازی نێوان ترۆپكی تراجیدیا (مردن) و ترۆپكی ئاهه‌نگ گێڕان (نیشان به‌خشینه‌وه‌) به‌كاردێت، و هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ش ئاوه‌ژوو ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاریكاتێری كورسی له‌ سێداره‌داندا رووده‌دات، كه‌ كرداری له‌ سێداره‌دان ترۆپكی تراجیدیایه‌، و بڕینی قه‌یتانی ئاوریشمیش ترۆپكی ئاهه‌نگ گێڕانه‌.
ده‌توانین بڵێین كه‌ گاڵته‌جاڕی ره‌خنه‌گر چاره‌سه‌رێكی كۆمیدیانه‌ی تراجیدیا ده‌كات، كه‌چی گاڵته‌جاڕی ره‌ش چاره‌سه‌رێكی تراجیدیانه‌ی كۆمیدیا ده‌كات.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت كۆمیدیا توخمێكی سه‌ره‌كی بێت له‌ كاریكاتێردا، به‌بێ كۆمیدیاش كاریكاتێر زۆرێك له‌ خه‌سڵه‌ت و تواناكانی له‌ گه‌یشتن به‌ جه‌ماوه‌ر وون ده‌كات، و ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ له ‌كۆمیدیاوە، زۆرجار هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێری سیاسی ده‌كه‌ونه‌ ئه‌م ته‌ڵه‌وه‌، دروشمخوازی هانیانده‌دات بۆ جدیبوون و دڵكاری یان نزمكردنه‌وه‌ی ئاستی كۆمیدیا بۆ نزمترین ئاسته‌كانی له‌ كاره‌كانیاندا، زۆرجاریش كۆمیدیا ته‌نیا له‌ لایه‌نه‌ شێوه‌كارییه‌كه‌‌دا بوونی هه‌یه‌، كه‌ پێشتر له‌ خانه‌ی كاریكاتێر و پۆسته‌ردا باسمان لێوه‌كردووه‌، زۆریش باسیان له‌ كۆمیدیاوه‌ كردووه‌، هه‌مووشیان سووڕن له‌ نێویشیاندا (هێنری بێرگسۆن) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمیدیا ته‌نیا له‌ بابه‌ته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كاندا هەیە، ئه‌مه‌ش قسه‌ی ئه‌وه‌، دیمه‌نه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ جوان و په‌سه‌ند و ناوازه‌ بێت، له‌وانه‌شه‌ ناشیرین و كرچوكاڵ بێت، به‌ڵام قه‌ت كۆمیدیایی نابێت.
ئه‌گه‌ر به‌ ئاژه‌ڵێك پێبكه‌نین، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ حاڵه‌تێكی مرۆڤانه‌ یان ده‌ربڕینێكی مرۆڤانه‌مان لێبه‌دیكردووه‌، له‌وانه‌شه‌ به‌ شه‌پقه‌یه‌ك پێبكه‌نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ پێكه‌نینمان دێنێت پارچه‌ خورییه‌كه‌ یان پوشه‌كه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و شێوه‌یه‌تی كه‌ مرۆڤ بەبەریدا بڕیوە‌.
پێشینانیش هۆشه‌نگه‌كان دركیان به‌و راستییه‌ ساده‌یه‌ كردووه‌، زۆریان مرۆڤیان به‌وه‌ ناساندووه‌ كه‌ گیانله‌به‌رێكه‌ پێده‌كه‌نێت، له‌ تواناشیاندا هه‌بوو به‌ گیانله‌به‌رێكی بناسێنن كه‌ خه‌ڵكی به‌ پێكه‌نێن دێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر گیانله‌به‌رێكی تر توانی ئه‌مه‌ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوشێوه‌یه‌كی ‌مرۆڤانه‌ی هه‌یه‌، یان له‌ خه‌سڵه‌تێك كه‌ مرۆڤ ده‌یخاته‌سه‌ری، یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ مرۆڤ به‌كاریدێنێت، (بۆگۆمێڵ راینۆف)یش ده‌ڵێت: خه‌سڵه‌ته‌كانی ترس و دڵكاری و ئازار ئاژه‌ڵه‌كانیش هه‌یانه‌، به‌ڵام خه‌سڵه‌تی پێكه‌نین ته‌نیا مرۆڤ هه‌یه‌تی، له‌وانه‌یه‌ ده‌ربڕی به‌كه‌م ته‌ماشاكردن بێت، یان كاردانه‌وه‌یه‌كی ناخه‌ سه‌باره‌ت به‌ سۆزداری یان به‌ربه‌ره‌كانی، یان هه‌ستكردن به‌ به‌رزڕوانین بێت، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیشدا مرۆڤی ده‌م به‌پێكه‌نین كه‌متر تووشی برین و ئازارده‌بێت له‌ رووبه‌ڕووه‌كانی ژیاندا.




دەربارەی هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپە ونەریتی لەباربردنی منداڵی کچ.. شیرین عبداللـه

توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان زۆر لەپێش لەدایک بونیانەوە دەست پێ دەکات. کۆمەڵگای پیاوسالاری سەردەم، بایەخێکی زیاتر دەدات بە کۆرپەی نێر وەک لە مێ. لە یەکەم ڕۆژی دروست بونیانەوە مێیەکان دەرگیری جەنگی مان و نەمان دەبنەوە وهەندێک جار هەر لەسەرەتاوە لەبار دەبرێن، تەنها لەبەر ئەوەی مێن! کۆرپەی مێ دوای لەدایک بونیشی و لەگەڵ گەورەبونیدا، هەمو ڕۆژێکی ژیانی پلە دوویی خۆی دەبینێت و بە درێژایی تەمەنی ڕۆژانە دیاردەی توندوتیژی و هەڵاواردنی جنسی دەبینێت بەرامبەر خۆی و هاو ڕەگەزانی. توندوتیژی بەرامبەر ڕەگەزی مێ، ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشکراو زەقیش نەبێت، چەندین شێوازی شاراوەی هەیە بە جۆرێک ئەم کردەوانە وەک نۆرمی لێهاتوە، لەکاتێکدا پێشێل کردنی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤن.
(بەهۆی “نایەکسانی نادیارەوە” ساڵانە ٢٤٠ هەزار کچی خوار تەمەن ٥ ساڵ لە هیندستان دەمرێت) بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری لانسێتی بەریتانی لە ٢٠١٨دا. زۆربەی ئەم مردنانە بە هۆی پشت گوێ خستنی پێداویستیە سەرەکیەکانیانە وەک خواردنی باش و تەندروستی و خوێندن.. منداڵی کچ کەمتر خواردنی پێ دەدرێت و کەمتر دەبرێت بۆ لای پزیشک و هەلی خوێندن و گەشەپێدانی وەک منداڵێک کەمتر پێ دەدرێت وەک لە کوڕ.
فەزل دانی کوڕان بەسەر کچاندا لەلایەن دایک و باوکانەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و باشوری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین و باکوری ئەفریقادا زیاتر باوە. هۆکارەکانی ئەم جیاوازیە دەگەڕێتەوە بۆ توانایی داهاتی زیاتر (بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کشتو کاڵیدا)، لەو کۆمەڵگانەدا کوڕ “ناو”ی خانەوادە دەهێڵێتەوە و بەخێو کردنی دایک و باوک لە پیری و نەخۆشیاندا دەگرێتە ئەستۆ. منداڵی کچ “بارە” بەسەر خانەوادەکەوە چونکە هەلی کاری دەرامەت بەرزی کەمترە لە کوڕ و تێچوی مارەیی و دۆری و بەتایبەتی ئەوەی کە دوای هاوسەرگیری کچ دەگوێزرێتەوە بۆ لای خانەوادەی مێرد لەبەر ئەوە هیچ سودێکی ئابوری نابێت بۆ دایک و باوکی خۆی..
پێشوازی نەکردن لە منداڵی کچ و لەباربردنیان نەریتێکی کۆنی زۆربەی کۆمەڵانی دنیایە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پیاوسالاریەوە، نەک هەر منداڵی کچ بێ بەها سەیر دەکرێت بەڵکو دایکەکەش دەکەوێتە ژێر فشارێکی دەرونی یەکجار زۆرەوە بۆ ئەوەی کوڕی ببێت. ژن تاوانبار دەکرێت بەوەی کە کوڕی نابێت، لەکاتێکدا ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستی نیە چونکە ئەوە کرۆمۆسۆمەکانی پیاوە (ئێکس و وای) کە سێکسی مناڵەکە تحدید دەکات نەک هی ژن (ئێکس ئێکس). ئەمە دەبێتە هۆی توندوتیژی بە دژی و زۆر جار دەبێتە هۆی تێک چونی خانەوادەکە و ئەوەی پیاوەکە ژنی دوهەم و سێهەم دەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت! وەک ئەوەی ژنەکە تاوانێکی گەورەی کربێت وە یان “ژنێکی بێ سودە”.
تا ئیستا هیچ ڕێگەیەکی زانستی نیە لەسەر چۆنیەتی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە پێش دوو گیانی بوون. لەگەڵ ئەمەشدا و بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانیان (کە لە بنەڕەتدا خواست و فشاری کۆمەڵگایە) جوتەکان پەنا دەبەن بۆ هەندێک ڕێگای نازانستی و کولتوری بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت وەک پەیڕەو کردنی سیستمێکی خواردنی تایبەت، یان جوت بون لە کاتێکی دیاریکراوی مانگەکەدا، وەیان بەکار هێنانی خشتەی چینی.. هتد. هیچ کام لەم ڕێگانە بنەمای زانستی نیە و بە هیچ جۆرێک نەسەلمێنراوە.
لەمێژوشدا نەریتی سەیر و سەمەر هەبوە، بۆ نمونە یۆنانیەکان پییان وابوە کۆرپەی نێرینە لای ڕاستی پیاوەکە هەڵگیراوە و مێینە لای چەپ، و بەم پێیە پیاوی یۆنانی گونی لای چەپیان دەبەست بۆی ڕێگە بە دروست بونی کۆرپەی مێ بگرن. پیاوی هیندی بەتوندی گونی لای چەپیان دەگرت لە کاتی جوت بوندا بۆ هەمان مەبەست. پیاوانی فەڕەنسا هەر بە یەکجاری گونی چەپیان دەردەهێنا بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک فرسەتی دروست کردنی مێیان نەبێت. لە تایوان پێیان وابو هاوسەرگیری پیاوی قەڵەو و ژنی لاواز مێینەی لێ دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە. کەسانی تر پێیان وابوە پەیوەندی کردن لە ڕۆژانی تاکدا مێینە دروست دەکات و ڕۆژانی جوت نێرینە.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە، مەسەلەی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە بوە شوێنی لێکۆڵینەوەی زانستی و بەم پییەش، و بەتایبەتی لەو کۆمەڵگانەی کە پیاوسالاری تیا زاڵە وەک زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و چین و هیندستان.. هتد، بەکاڵا کردن و تیجارەت کردن بەم پرۆسەیەوە پەرەی سەند. سەدان کلینیک و خەستەخانەی تایبەتی پەیدا بون و دایک و باوکان هەلی “هەڵبژاردەی” دەست نیشان کردنی سێکسی کۆرپەیان پێش پیتاندن و دوای پیتاندن بۆ کرایەوە. زانست و تەکنۆلۆژیا خرانە خزمەت بەردەوام پێدانی ئەم نەریتە دواکەوتوە کۆمەڵایەتیە کە دژی مافی منداڵ و ژنە بە پلەی سەرەکی.
لەوکاتەوەی پشکنینی دیاریکردنی سێکس لە ساڵەکانی حەفتاکانەوە دەستی پێ کردوە، تەنها لە هیندستان ٦٣ ملیۆن کچ کەمتر لەدایک بوە.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵانە ١.٢ – ١.٥ ملیۆن کۆرپەی کچ لە جیهاندا لەبار دەبرێت و ٩٠٪ ی ئەمانە لە هیندستان و چینن.
لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا هیچ شتێک نەماوە کە نەبێتە کاڵا و سەرچاوەی قازانج تەنانەت خواست و ویستی کەسەکان ئیتر گرنگ نیە ئەم خواست و ویستانە چەند دژە ئینسان بێت، و لەبەر ئەوەی “پێویستیەکی” کۆمەڵایەتی و فشارێک هەبو بۆ ئەم هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپەیە، سەرمایەداران ئەم هەلەیان قۆستەوە و تەکنۆلۆژیای تازەی وەک (دی ئێن ئەی) خرایە خزمەتی ئەم مەسەلەیەوە.
لەمبارەیەوە بڕگەیەک دەهێنمەوە لەوتارێکی ڕۆژنامەی (الریاض)ی سعودی لە ماڵپەری ئەلکترۆنی لە (١٣-٣-٢٠١٣) بە ناونیشانی (ژنان لە ترسی ژن بەسەر هێنانیان “قەناعەت دەکەن”، و پیاوان “شەرم دەکەن”) کە دەڵێت: “دیاریکردنی سێکسی منداڵ چیتر زەحمەت نیە، ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن میوانەکەی داهاتویان کچ یان کوڕ بێت، بە دیاریکراوی ئەوانەی دەیانەوێت دوای چەند کچێک کوڕیان بێت.. ئەمە بەرژەوەندێکی فراوان لە گفتوگۆی نێوان هاوسەرەکان دەدۆزێتەوە، بە تایبەت ئەو هاوسەرەی کە مەترسی ئەوەی هەیە کە مێردەکەی ژنی بەسەر بهێنێت لە بەر کوڕ”.
نەک هەر بە ئاشکرا فەزڵی منداڵی کوڕ بەسەر کچدا وەک دیاردەیەکی نۆرماڵ و پێویستیەک دەردەخات، بەڵکو ئەوەی کە ژنەکە لەژێر مەترسی ژن بەسەر هێناندایە وەک دیاردەیەکی زۆر نۆرمال دەخرێتە ڕوو. وە چەند “چارەسەرێک” بۆ خانەوادەکان پێشکەش دەکات بۆی کوڕیان بێت وبەر بە کۆرپەی کچ بگرن!.
بۆ چارەسەرکردنی واقیعی ئەم کیشەیە وئەم نایەکسانیە هەندێک داوای باشتر کردنی چاودێری و ڕاپۆرتکردن و بەکارهێنانی یاساکان دەکات، کە ئەمانە هەموی زۆرگرنگە و دەبێت بکرێت، بەڵام وەڵام بە بنەما و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم کێشە قێزەوەنە نادەنەوە کە ئەویش پیاوسالاری و کۆمەلگای نایەکسانی و چینایەتیە کە بوەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژیان و چارەنوسی ڕەگەزی مێینە لە جیهاندا.

٢١-٣-٢٠٢١




مرۆڤی هەرزان و دەقی گران لەدیدی من.. دڵشاد کاوانی

مرۆڤی هەرزان لە نێوان ڕۆمانی زانستی و خەمی مرۆڤبووندا

ڕۆمانی زانستی یەکێکە لە ژانرە نوێ و تازەکانی نێو ئەدەبیاتی ڕۆماننووسی لە جیهاندا، کە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی لە شێوە و شیواز و تەکنیک و نووسیندا هەیە. جگە لەوەی کە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکاندا بەدەر لە مرۆڤ ئامێر و وزە و تەکنەلۆژیا و یاخود تەن و بارستایی و وزە دەبنە پاڵەوان و کارەکتەرانی نێو ڕۆمانە زانستییەکان.

شاراوە نییە کە ڕۆماننووسین لەنێو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە گروگاڵدایە و هێشتاکینێ لە دەستپێکی سەرەتاکانی پڕۆژەی ئەدەبیاتی ڕۆمانداین، هەر بۆیە ڕۆمانی زانستی نەبووەتە ڕێچکە و ڕێبازێکی نووسین لەنێو ڕۆماننووسی کوردیدا. بە ڕوانینی من گۆران سەباح وەک یەکەم ڕۆماننووسی کورد دیاری دەکرێت کە ڕۆمانی زانستی نووسیوە و دەستی داوەتە ئەم شێوازە نووسینە، لێ لە پانێڵی ناساندنی مرۆڤی هەرزاندا لە هەولێر لە لایەن دەزگای نووسیارەوە، وەک چۆن مرۆڤی هەرزان بە زمانی ئەدەبیی ڕوانینی زانستی نووسراوەتەوە، شێرزاد حەسەن لە ڕێگەی گوێزەرەوەی دەنگ و ڕەنگی زانستییەوە (داتاشۆ) لەسەر هێڵ، قسە و باسی لە سەر ڕۆمانەکە کرد و ئاماژی بەوە کرد، کە بەر لە گۆران سەباح هەوڵی تر هەبووە و پێشتر ڕۆمانی زانستی نووسراوەتەوە، لێ بێ ئەوەی زانیاری لەسەر نووسەر و ناوی ڕۆمانە زانستییەکانی پێشووتر ئاشکرا بکات.

گەرەکمە ئەمە بۆ خوێنەرانی ڕۆمانی کوردی ڕوون بکەمەوە، کە نووسینی ڕۆمانێک بۆ هەر نووسەرێک قورسایی و مەشەقەتی بەقەد نووسینی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی زێدەترە، چونکە لە نووسین و توێژینەوە زانستییەکاندا نووسەر پشت بە سەرچاوە دەبەستێت و دەستڕۆیی دەکرێت، لێ لە ڕۆماندا تاکە ژێدەر زهنی نووسەر خۆیەتی، چ جای ئەوەی ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی زانستی بێت و حساب بۆ هاوکێشە زانستییەکان بکەیت ئەوە ئەرکی ڕۆماننووس هێندەی تر بارگرانترە.

بۆیە گۆران سەباح دەستی بۆ ژانرێک بردووە و بە ڕێچکەیەک بە ڕێگە سەختەکانی نووسین هەڵدەزەنێ کە کەوتن و ڕاقەنانی ئازاربەخشترە لێ سەرکەوتنی ئاسوودە و بەرزترە، هەرچەندە شیمانە زۆرێک بپرسن ئەرێ بۆچی ڕۆمانی زانستی؟ مەگەر ئەدەبیات و کاری ڕۆح و ئایدیالیستی فەنتازی نییە و زانستیش ماتریاڵ و پێوستیی مرۆیی نییە. بۆچی ئەم دوو شێوە تێکەڵ بە ئەک بکرێن؟ من وەڵامم هەیە. دەمەوێت بەر لەوەی وەڵامەکە دەست بخەین، شتێک لەو بارەیەوە بڵێم کە من خۆم نیو ساڵێک بەر لە مرۆڤی هەرزان، ڕۆمانی ”بەڕێگاوە”م نووسی کە ڕۆمانێکی سادیستیی مازۆخیزمی بوو، کە بە یەکەم ڕۆمانی خوێنی سادیستیی کوردی دەناسرێت، تەنانەت هاوڕێیەکی ڕۆماننووسم هەزمی ئەم جۆرە نووسینەی نەدەکرد و دەیگوت: چۆن دەبێت ڕۆمانێک هەبێت بە ناوی سادیزم، دەشێت کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەت سادیستی بن لێ نابێت ڕۆمانێک بەو ناوە هەبێت. گەلێ جار دکتۆر گۆران سەباح ئەمەی پێ گوتووم کە من بەردەوام بم لەسەر ڕێبازی خوێنی و ئەویش لەسەر ڕێبازی خەیاڵی زانستی بەردەام دەبێت.

لە پانێڵی ناساندنەکەشدا. گۆران سەباح چەند سەرەداوێکی خستە ڕوو کە لە جیهاندا چەندین ڕێباز و جۆری نووسینی ڕۆمان هەن، لێ ئێمەی کورد تەنیا فێری نووسین و یەک جۆر و یەک شێوەی ڕۆماننووسین بووین، پێی ئاشنا نین. بۆیە شکاندی ئەم ڕێچکە و تۆق و بەندە کاری ئێمەی ڕۆماننووسانی گەنجە، گەر لە ئێستاکانێ خوێنەری ڕۆمانی کوردی پێی ئاشنا نین، دڵنیام وەک چۆن شیعری بێوەزن و پەروا و شیعری ئازاد ڕۆژانێک مایەی مشتومڕی سەردەمی خۆی بوو، کەچی نووکە شیعری ئازاد جێگەی کلاسیکی گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە ئەم جۆرە ڕۆمانانە ڕۆژانێک دێن دەبنە پێوستیی نووسین.

هەرچەندە ئەرک و بەرپرسیاریەتی مرۆڤی هەرزان بەرامبەر ئەدەب و ڕۆماننووسین سەنگینترە، ئەوەی کە زۆر دڵخۆشی کردم جوانی زمان و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و پاراویی زمانی گۆران بوو. کەچی سووڕانەوەی کۆی ڕووداوەکان بە دەوری ڕووداوێکی سەرەکی ئەوەیش کە خەمی مرۆڤبوونە زۆرتر گەشبینی کردم. بۆیە دەشێت بڵێن مرۆڤی هەرزان تەنیا نووسینەوەی ڕووداو و پێشهاتێکی زانستیی ڕووت نییە، بەڵکوو دەرخستەی کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگی مرۆیین، کە زۆر لێزانانە لە مرۆڤی هەرزان فەلسەفە و ئایین و سیاسەت و کێشەی کۆمەڵاییەتی و دەروونییەکانی مرۆڤ لە پاڵ گێڕانەوە و باس و خوازە زانستییەکاندا بە تەکنیک و گێڕەوە و بۆ گێڕەوەی گشتی لەسەر زاری کارەکتەرە بێڕۆحەکان و ڕۆحلەبەرەکان خراوەتە ڕوو.

فکر لە مرۆڤی هەرزاندا

من نامەوێت هەمان قسەی شێرزاد حەسەن بکەم و بڵێم یەکەم وشەی دەستپێکی ڕۆمانەکە سەرنجی ڕاکێشام و پێم جوان بوو. وەلێ ”مرۆڤ دەبارێت” کلیلی گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەکانە، گۆران سەباح وەستایانە یاریی بەم وشەیە کردووە لە دوو وشەدا بەیانی کردووە. لە بەشی یەکدا سامیسێل لە لاپەڕە پێنجدا دەنووسێت: هەر بیست خوولەک جارێک مرۆڤێک لە باڵەخانەیەکی هەوربڕ خۆی هەڵدەدات. ئەم خۆکوژییە دەبێتە دەستپێکی گێڕانەوەی ڕووداوێکی گەورە، کە دەبێتە پرسیارێکی گشتگیر لای خوێنەر کە بۆچی مرۆڤ خۆی دەکوژێی؟!

گۆران سەباح لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا کە لە ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکەشیدا هەست بەوە دەکرێت کە پێمان دەڵێت لە پاڵ بوونی هەموو پێویستییە ماددییەکان و گەشەسەندنی زانستی و دەسکەوتە مەزنەکان، لێ هێشتا ئەمە ساڕێژی خەمی مرۆڤی نەکردووە، مرۆڤ بە دوای خۆیدا دەسووڕیت کەچی بەختەوەریی خۆی ون کردووە و نایدۆزێتەوە، بۆیە دەستی داوەتە خۆکووشتن و لەناوبردنی ڕۆح و ئازادبوونی بەسەر زەوییەکی ناچاری، بەڵام لەگەڵ نیشاندانی دیمەنی تراژیدایایی لەناوچوون، ڕۆماننووس تۆوی بێئومێدی ناچێنێت و لە بەشی یەکەمدا بەندەری هەوایی باڵۆن، تۆپێکی ئامێری ڕۆبۆتی، بەسام کە بە مرۆڤ دەڵێت ”ژیانت خۆش بوێت” ئەمەش هەڵگێڕانەوەی سروشتە لە هەستی بێگیانەوە بۆ گیانێکی بێهەست، کە خۆشەویستی دەکاتە پڕەنسیپ و هەوڵی ئۆشۆیانەیە بۆ مانەوە، وەک ئۆشۆ دەڵێت: گەر لێم بپرسن لە نیوان خودا و خۆشەویستی کامیان هەڵدەبژێریت، بێ دوودڵی خۆشەویستی هەڵدەبژێرم، چونکە خۆشەوستی دەمگەیەنێتە خودا، لێ لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەی بوونی خودا، نامگەیەنێتە ئەنجام، بەڵکو لە خودا دوورم دەخاتەوە.

لە لاپەڕەی ١٢دا ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە ڕووداوی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕۆمانێکی تەواو سیاسی، دەنووسێت: ڕاپەڕین دژی تیرۆرستان، پەستانیان خستە سەر حوکومەتانی دنیا واز لە یاریی بێنن و چیتر تیرۆرستان بۆ کاری سیاسیی خۆیان بەکار نەهێنن. خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن. یان لە بەشی دووی چارەسەر، لاپەڕە ٢٣ دەست دەکات بە گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکان و پێشبینیی ئایندەی سیاسیی وڵاتانی جیهان دەکات، بۆ نموونە دەڵێت: تاکجەمسەری نەما. لە ٢٠٤٦دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور جەنگان. ئەنجام: کۆریای باکوور نیوەی کۆریای باشووری کووشت. یان ئەمەریکا لە هەموو جیهاندا کشایەوە، ڕووسیا و ئۆکرانیا و جۆرجیا یەکتریان نەهێشت. هەروەها هیندستان و پاکستان یەکدییان بە چەکی ئەتۆمی خەنی کرد. ئەمانە هەموویان ڕوانینێکی ڕووتی سیاسین نەوەک زانستی، لێرەدا نووسەر دەبێت بە گێڕەرەوەی گشتی و زاڵ دەبێت بەسەر دەقدا، من ئەمە بە باش نازانم چونکە ڕۆماننووس لێرە زۆر بە زەقی دەردەکەوێت لە چەقی بیرۆکەکەیدا و لە بازنەی زانستی دوور دەکەوێتەوە، هەرچەندە نووسەر نائاگایی دەرنەچووە لە دەقی بیرۆکە زانستییەکەی، بەڵکوو ئەم لادانەی بە گرنگ زانیوە کە پەیامێکی تایبەتی دەگەیەنێت، ئەویش مەبەستی نووسەر ئەمەیە کە تا زانست پیش بکەوێت لە پاڵ ژیان و خۆشەویستی و سوودبەخشی زانستدا دەبێتە ئامراز بۆ مەرگ و ڕق و کێنە و وێرانکاری. ئەمە ڕاستییەکی حەتمییە لێ نووسەر بەم جۆرە زهنی خوێنەر لە چەقی مەبەست دوور دەخاتەوە.

فرەتەوەری ڕۆمانەکە زەبرێکی کووشندەی لە ڕۆمانەکە داوە، لێ وریایی ڕۆماننووس بۆ دەرنەچوون لە بابەت یان لەدەستنەدانی جڵەوی ڕۆمانەکە وای کردووە، کە نووسەر هەرچەند سەرەداو بکاتەوە بەڵام لەدەستان دەرناچێت و لە لێواری مەرگدا خوێنەر دەگەڕێنێتەوە نێو بازنەی مەبەست. لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٧ی ڕۆمانەکە کە بۆ چارەسەری ئاریشەی خۆکوژیی مرۆڤ پەنا دەبات بۆ ئایین و ئایین و باوەڕ بە تاکە چارەسەر دەزانێت، ئێژێ: چارەسەری ئێمە ئەوەیە: مرۆڤ دەبێت نوێژ بکات و قسە لەگەڵ خاڵقدا بکات. بچۆ پەنایەک و نوێژ بکە. کەمێک لە تەکنەلۆژیا دوورکەوە. نوێژ تاکە چارەسەرە. یان لە لاپەڕە ٣٥دا دەڵێت: ئایین مرۆڤی هەرزان بەرهەم ناهێنێت.
یاخود لە بەشی سێی بیرۆکەی شووشە لاپەڕە ٤٧ لەم دەقەدا بە تەواوی دەبێتە ڕۆمانێکی عیرفانی، دەنووسێت:
”دەبێت یەکێک بنێرین بۆ جیهانی مردن و بیگەڕێنینەوە” یان لە لاپەڕە ٥١-٥٦ لەسەر زاری شووشە، بیرۆکەی زیندووبوونەوەی مرۆڤ دوای مەرگ لە ڕێگەی کێڵنجەی دواین بڕبڕەی پشتی مرۆڤەوە، کە بە ڕێگەیەکی زاستی دەخرێتە ڕوو، لەم چەند پەرەگرافە پێکدادانێکی توندی فکریی و ئایینی نێوان ئەوانەی کە ئایین ڕەت دەکەنەوە و لەگەڵ باوەڕدارانی نێو ڕۆمانەکە ڕوو دەدات، بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٥ دەنووسێت: باوکم دەیگوت خودا لە کلێنجەوە مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە، لەناو گۆڕ هەموو ئێسکێک دەڕزێت، کلێنجە نەبێت. بە هەمان شێوە لە لایەن نەیارانی بیرۆکەی شووشەوە ڕەت دەکرێتەوە. تەنانەت تا ئاستی ڕەتکردنەوەی ئایین خۆیشی. لە لاپەڕە ٥٦دا زانایان دەڵێن: ئایین مردووە، بیرۆکەی ئایین بۆگەنە. یاخود کووشتن و زیندووکردنەوەی ئیمام بۆ چەندین جار. لە لاپەڕە ١٠٥دا بە تەواوەتی بیرۆکەکەی ئایینییە لە چیڕۆکی کووشتنی سەعیدی کوڕی جوبەیر لە لایەن حەجاجی کوڕی یوسف، کە حەجاج لە ڕۆژی دوایی تەنیا لە بری سەعید حەفتا جار دەکوژرێت و زیندوو دەکرێتەوە. لە بەشی ١١ی ڕۆحبەردا بەتەواوەتی بیری ئایینی خۆی بەسەر ڕۆمانەکەدا دەسەپێنێت، کاتێک شووشە دەنێرن بۆ جیهانی دوای مەرگ، لێرەدا نووسەر زۆر ئایینیانە خەیاڵەکانی دەخاتە ڕوو، واتە لەبری خەیاڵی زانستی، دەبێتە فکر و دیدگای ئایینی وەک لە لاپەڕە ١٧٨دا شووشە لە کاتی ڕۆحکێشاندا چاوی بە ”ملک الموت” فریشتەی ڕۆحکێشان ئیزرائیل دەکەوێت. گۆران سەباح بە تەواوی وێنای فریشەکە، بە ناوی ڕۆحبەر وێنا دەکات و دەنووسێت: بوونەوەرێکی هەزار باڵی هەنکی مرۆڤێکی ئاسایی. ڕووی لێڵە، ڕوحەکە خێرا دەجوڵێت دەگاتە قورگ. لەم بەشە پڕۆسەی ڕۆحکێشانی شووشە دەخاتە ڕوو. لە لاپەڕە ١٨٠دا دەچێتە قۆناغی بەرزەخ و حەق و حیساب و وەک لێپرسینەوەی شووشە لەسەر تاوان و گوناح، بۆ نموونە ئێژێ: ٧٠٠ مێروو، ١٥ مارمێلک، ٢٠ قالۆنچە و ٣٨٧٦ مێشوولەت کووشتووە. لە بەشی گەردووندا لاپەڕە ١٨٥ بەدواوە، بە تەواوی ڕێژەی خۆکوژییەکان بە هۆی بینینی سکرینی ژیانی شووشەوە کەم دەکات. بەم جۆرە سێ بەشی کۆتایی ”گەردوونی یەکەم” لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییە، ”گەردوونی دووەم” پاکبوونەوەیە، ”گەردوونی سێیەم” چوون بۆ بەهەشتی هەمیشەییە.

دواتر لە سێی بیرۆکەی شووشەدا، لاپەڕە ٤٣ دەمانخاتە بەردەم گێژاوی فەلسەفە و باسی کۆمەڵێک فەیلەسووفی وەک سوقرات، ئەفلاتوون، ئەرستۆ، کانت، نیچە، فۆکۆ و مارکس و بیرۆکەکانی فرانکلی و فرۆید دەخاتە ڕوو، دەڵێێت: ئەم خۆکوژییە بەری ئەو فەیلەسووفانەیە چەندان سەتەیە مرۆڤ داژۆن، کە لا ٤٣-٤٤ لەسەر زاری شووشەدا بیرۆکە فەلسەفییەکان دەخاتە ڕوو.

پاشان نووسەر هەر خۆیشی زانست وەک پێوستییەکی ژیان و بۆ ئاسوودەیی مرۆڤایەتی ڕەت دەکاتەوە لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٥ دەڵێت: دەبێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ دایکە سروشت. بەمەش ڕۆماننووس لە بەهای زانست وەک بەهای ئەخڵاقی کەم دەکاتەوە.

بیرۆکەی مرۆڤی هەرزان

بیرۆکەی مرۆڤی هەرزان لە جوغزی خەیاڵی زانستیدا دەسووڕێتەوە، باس لە ئاریشە و گرفتەکانی مرۆڤبوون لە ئاست گەشەسەندنی زانست و تەنکەلۆژیا و داڕمانی ڕۆح و نەستەکانی مرۆڤە لە بەردەم تێربوون و گەیشتن بە باڵابوونی ماتریاڵە بە سەر ئایدایاڵ و دەستەوەستانی سۆبژەیە بە دەست ئۆبژەدا. بە جۆرێک بەها و ئەخلاق کاڵ بووەتەوە و مرۆڤ جگە لە کاڵایەک هیچی تر نییە، هەرزانترین کاڵا لەو ڕۆمانەدا مرۆڤە، هەروەک ڕۆماننووس خۆیشی ناوی ڕۆمانەکەی ناوە ”مرۆڤی هەرزان”

لێ فێکشن و سینەما زۆر بە ڕوونی کاریگەریی دیاریان لەسەر کەڵەکەبوونی بیرۆکەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا هەیە، پێ دەچێت گۆران سەباح زۆرتر خەیاڵە زانستییەکانی خۆی لەسەر فیلمە خەیاڵییە زانستییەکانی ڕۆژئاوایی بونیاد نابێت، تەنانەت هەندێک جار مرۆڤ هەست دەکات ئەم مەشهەد و دیمەنانەی لە یەکێک لە فیلمەکاندا بینیوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥دا ڕۆشتنی مرۆڤ بە ئاسماندا و بوونی ترافیک و ترام لە ئاسمانی شار و هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی بەیەکەوە، لە هەندێک فیلمی خەیاڵی زانستی و هەندێک جاریش لە فیلمی کارتۆنیشدا دەبینرێن. یان لە بەشی ٢ی چارەسەر و لاپەڕە ٢١ بە پانێڵێک دەست پێ دەکات، تا لە لاپەڕە ٤٧دا ڕۆماننووس کاریگەرییەکانی ناشارێتەوە و ڕاستەوخۆ باسی فیلمی خەیاڵی زانستی دەکات و ئێژێ: تەنیا ئەمە لە فیلمەکاندا ڕوو دەدات، یەکێک گەشت بەناو کاتدا دەکات، یان یەکێک ناسنامەی دەگۆڕێت، پاشان دەگەڕێتەوە و ژیانی خۆش دەوێت، یان وەک فیلمەکانی ئاڤاتار، کە هەر یەک لەو دیمەنانەی باسی دەکات هەریەکەیان مەشهەدی یەکێک لە فیلمەکانی خەیاڵی زانستین، یاخود بوونی مێشوولەیەک دەبێتە هۆی هەراسانکردنی مرۆڤایەتی کە لە لاپەڕە ٣٣دا باسی لێوە کراوە.

زمان لە مرۆڤی هەرزاندا

زمان دەوڵەمندترین بەشی ناو ڕۆمانەکەیە و زمانزانی و شارەزایی دکتۆر گۆران سەباح هەموو گیژاو و بیرە ئاڵۆز و بەشە وشک و سەختەکانی نێو ڕۆمانەکەی ڕازاندووەتەوە، چونکینێ ڕۆماننووس لێزانانە بن زمان و سەر زمانەکانی لە شوێنی خۆیدا بەکار بردووە. سەردەرییەکی بێوێنەی هەیە لەگەڵ زاراوەی سەر دەمان و لە پاڵ ڕێنووس و ڕێزمانییە چاکەکەی زۆرێک لە وشەی شیرینی وەک گەزۆ خزاندووەتە نێو دیواری ڕستەکانی و قەڵای ڕۆمانەکەی پێ هەڵچینیوە، هەروەک لە لاپەڕە ٧دا دەنووسێت: دەبخۆ دەی. لە لاپەڕە ٨دا دەڵێت: پێی لێ نێ. یان لە لاپەڕە ١٦دا لەبری هەردووکیان ”هەرتک” بە شێوەزاری پشدەر بەکار دەهێنێت. چەندین وشە و ئیدیۆمی کوردیی شیرین لەناو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا دەبینرێن. لێ لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی نییە لە وشەی سواو و ناپێویست بۆ نموونە لە لاپەڕە ٢٦دا دەنووسێت: بە کاردانەوەتڕا دیارە منت پێ گێلە. لێرە بە کاردانەوەتڕا هەڵەیە هەرچەندە ئەمە زاراوەی خۆجێییە وەلێ ڕاستییەکەی ئەوەیە بنووسێت: بە کاردناوەکەت دیارە. یان لە جیاتی ”بە” دەبوایە بنووسێت: لە کاردانەوەتڕا دیارە. ڕۆماننووس بۆ بەشێک لە وشەکان لە بەرامبەر کۆدا ”کان- لی” بەکار بردووە. جا نازانم ئەو ”لی”یەی لە کوێ هێناوە، بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٠١دا خراپەکان دەکاتە ”خراپەلی” یان لە لاپەڕە ١٣٦دا هەوەستلی، لە زۆر شوێنی تر وشەکانی وەک، تەرملی، چاوەیلی، گورزلی، سەرۆکلی و… تاد. لە پاڵ ئەوەشدا ڕۆمانەکە پڕە لە وشە و دەستەواژەی بیانی کە ڕەزای ڕۆمانەکەی لەسەر ملان قورس کردوە، هەرچی ئەمه تەنیا گرفتی گۆران سەباح نییە، لێ بە هۆی ئەوەی ڕۆمانەکەی زانستییە زۆرتر لە ڕۆمانی ئاسایی پێویستی بە خواستنی وشە و چەمکی وەرگیراو هەبووە، کە لانی کەم دەبوایە گۆران سەباح لە خەمی زمانی کوردی بوایە و هەندێک لە ئیدیۆمەکانی هاوتای کوردی کردبوایە.

هەرچەندە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بەشێک لە دەستەواژەکانی شیکردووەتەوە، بەڵام تینوویەتی خوێنەری بۆ زانین نەشکاندووە. ئەوەی کە من هەمیشە لێی ڕقئەستوورم، کۆمەڵێک وشەی خزێندراوی عەرەبین بۆ ناو زمانی شیرینی کوردی لای زۆربەی نووسەران ئەمە خۆی دووبارە دەکاتەوە، مرۆڤی هەرزانیش بەدەر نەبووە لەمە، کە دەبوایە گۆران سەباح خەمی زێدەتری لێ بخواردایە، وەک لە لاپەڕە ١٢دا وشەکانی ئاخیر نەفەر، لێزەر، سەقف، زەخت، شۆڕت، تیشێرت، سترێژ. کە لە کوردیدا وشەی زۆر نایابی وەک دواین کەس، تیشک، ساپیتە، فشار، سوخمە و دەرپێ و دەرپێی کورتمان هەیە. یان لە لاپەڕە ١٦دا تەداخول کە زۆر عەرەبییە دەکرا بنووسێت: ئاخنییە، چوونە ناوی، بەکار هێنابوایە. لە لاپەڕە ٦٩دا وشەی زەواجی لە جیاتی هاوسەرگیری بەکار هێناوە، لە لاپەڕە ٧٢دا نامورتاحی لەبری نائاسوودەیی. لە لاپەڕە ٧٨دا لە جیاتی دیقەت دەنووسێت تەرکیز. لە لاپەڕە ٩٩دا حەشەڕە و لاپەڕە ١٠٠ عەزابی قەبر، بۆ ئازاری ناو گۆڕ. صالح بۆ پیاوچاک و ئیختیساس، لێزانی پسپۆر، مەساج و ساونا و شێلان گەرماو لە ١٢٨دا.

ژمارە و ئامار لە مرۆڤی هەرزان

ناخۆشترین لایەنی ڕۆمانەکە کە خوێنەر قەڵس دەکات و ئەم هەموو ژمارە و داتا و کۆدە زانستیانەیە کە بە دیدگای من بەشێکی زۆریان زیادن، چونکە ئەمە دەقی ئەدەبییە نەوەک توێژینەوەی زانستی. شیمانە زۆربەی ژمارە و داتاکان ڕاستەقینەش بن، لێ لە چێژ و تامی ڕۆمانەکە دەکوژێت و هەندێک جار خوێنەر دردۆنگ دەکات، وەک ئەوەی بە تەواوی لە بەردەم توێژینەوەیەکی زانستیدا بێت، تا ڕادەیەک داتاکان ئاسان دەبوو، بۆ تێگەیشتن لێی بۆ هەر کۆدێک پەڕاوێزێک هەبوایە، چێتر دەبوو بە نەزانداروی نەدەمایەوە. هەر وەک لە لاپەڕە ٢٢دا هاتووە، ”د.پ.ن” و ”گ.ل.ز” و ”ف.و.ز” و ”د.ک.ز” لە لاپەڕە ١١٥دا ”ج.خ.چ” و لە لاپەڕە ١٤٢دا ئەی ئای. یان لە لاپەڕە ٣٦دا هەندێک ژمارەی لە سەدا هەیە، بۆ نموونە دەنووسێت: ٦٢ ٪ی ئافرەت و ٣٨٪ی پیاو. ٥٧٪ی تەمەنی نێوان ١٨-٢٥. ٢٠٪ی تەمەن ٢٦-٤٥؛ ٢٣٪ی لە سەرووی ٤٥ ساڵی. ئەمانە و چەند داتایەکی تر کە زۆرتر لە ماتماتیک دەچێت نەوەک ڕۆمان. بە هۆی زۆری ژمارەکان لە هەندێک شوێندا نووسەر بە تەڵەوە دەبێت، بۆ نموونە لە ژماری خۆکوژییەکاندا دەکەوێتە هەڵە سەرەتا ژمارەی مردوان لە لاپەڕە ٣٦دا لە ڕێژەی دانیشتوانی ”٨-١٢” ملیۆن چوار ملیۆن دەمرن. لە لاپەڕە ٤٩دا دەڵێت: ئەم بەیانییە سەتان هەزار لە پردی ٨٧٠ مەتر بەرز و ١٤٠٠ پێ- درێژیی ژانگیاجی لە چین خۆیان هەڵدەدەن. ئەمە تەنیا لە یەک ڕۆژدا و لە یەک وڵات. لە کاتێکدا خۆکوژی هەموو ڕۆژ و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، کەچی لە لاپەڕە ١٣٣دا دەنووسێت: تا ئێستا دووسەت هەزار خۆکوژ کەمی کردووە. دیسان لە هەمان بەش و لە لاپەڕە ١٣٧دا ئەم جارە دەڵێت: ڕێژەی خۆکوژان بەرز بووەتەوە بۆ دە ملیۆن لە ڕۆژێکدا. ژمارە و داتاکانی خۆکووشتنەکان بە هیچ جۆرێک تێک ناکەنەوە. جگە لەوەی لە لاپەڕە ١٤٥دا ناوی بوونەوەران بە ژمارەیە، وەک (١٥٥٥ -٩٩٩١- ٤٤٤٤١…تاد) ئەمە ڕۆمانەکەی ناخۆش کردووە.

مرۆڤی هەرزان و چەند سەرنجێک

سەرەڕای وردبینی و بە دیقەتی د.گۆران سەباح لە نووسین و بەتایبەتی لە مرۆڤی هەرزاندا ماندبوون و مکوڕی لە جواننووسیدا بە کۆی ڕۆمانەکەوە دیارە، لێ لە هەندێک شوێن نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکی و هەندێک هەڵە سیسرکەئاسا سرکبوون و لەدەستان دەرچوون. لەوانە لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت: ”واتە ئاڵوودەی تریاک” نەیتوانیوە مرۆڤ لەناو ببات، ئەوەتا مرۆڤ بە دەستی خۆی، خۆی دەفەوتێنێت. لێرە نووسەر بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەیی تریاکی لە ئەستۆی خودی مرۆڤ لابردووە و کەچی خۆکووشتن بە دەستی خۆی دەکاتە بەرپرسیاریەتی مرۆڤ خۆی. لەگەڵ ئەوەی ئاڵوودەبوون خۆی مرۆڤ نافەوتێنێت واتە هیچ مرۆڤێک گەر خۆی تریاک نەخوات ئەوە ئاڵوودە نابێت، هەر بۆیە ئاڵوودەبوون هەمان خۆکوژییە کە مرۆڤ لە ناچاریدا هەڵیدەبژێرێت، بۆیە دەبێ مرۆڤ هەر خۆیشی بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەبوون هەڵگرێت، نەوەک خودی ماددەکە. یان لە لاپەڕە ٢٦دا هاتووە: دواین توێژینەوە دەڵێت سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن. تەمەنی سەت و دە ساڵە. لێرەدا ڕوون نییە ئەمە ڕێک توێژینەوەیەکی زانستییە یاخود خەیاڵی زانیستییە، گریمان خەیاڵیش بێت ئەمە ڕستەیەکی ڕێزمانی هەڵەیە، سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن. تا ئێرە ڕستەکە باسی کۆی مرۆڤە کەچی دواتر کاریگەریی وەرزشەکە بۆ ئەوانەی وەرزش دەکەن دەبێتە تاک کە دەڵێت: تەمەنی سەت و دە ساڵە. دەبوایە بنووسێت: تەمەنیان سەت و دە ساڵە چونکە لە مرۆڤێک زیاترن. لە ڕووی ناوەرۆکیش هەر هەڵەیە، چونکە تەمەنی دیاریکراو پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە، ڕێک بە دیاریکراوی بنووسیت، سەت و دە ساڵی. هەر بۆیە دەبوایە وا بنووسرێ: سەتا دەی ئەو مرۆڤانەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن، تەمەنیان سەت و دە ساڵە. لە بەشی ٥ی دوورییەکی نەپێوراو، لاپەڕە ٧٩دا بە ڕستەیەک لەسەر زمانی دوو بوونەوەر دەنووسێت، دڵنیام جگە لە نووسەر خۆی کەسی تر لێی تێناگات، چونکە نە زمانی زانستییە و نە زمانی کوردی یان هەر زمانێکی تر دەبێژێت: ”با میتاڵ بەشدرا با ئارینا با لاسیت” من نازانم پێویستی ئەم تێکستە چییە لەناو دەقەکەدا، لە لاپەڕە ١٠٣ و ١٣١ و ١٧٩ و ١٩٩دا هەمان ڕستەی هاوشێوە هەیە. هەروەها لە بەشی وردبوونەوە لاپەڕە ٩١دا کاتێک تەرمی میتاڵی کچی سامی هەڵدەگرن، سامی نایەوێت چاوی لێ بکات، بۆیە ڕوو وەردەگێڕێت. بۆ ئەمەش ڕۆماننووس دەنووسێت: بەرگە ناگرێت کچەکەی لە بەرچاویەوە ببەن. لە باتیان، چاوی دەبڕێتە دەرەوە. لێرەش لە باتیان کۆیە و سامی تاکە، بۆیە ئەمەش هەر هەڵەیە دەبێ بنووسرێت: لەباتی، چاوی دەبڕێتە دەرەوە، چونکە ئەم لەباتییە بۆ سامی دەگەڕێتەوە کە تاکە نەوەک بۆ تەرمەکە و ئەوانەی دەیبەن. هەم دیسان لە لاپەڕە ١٧٢دا ڕام دەیەوێت لە لای شووشە دابنیشێت، کەچی شەوشاد دەکات دەنووسێ: ڕام چاوەڕێ دەکات پێی بڵێت بێ دابنیشێ، لەباتیان، شەوشادی لێ دەکات. کەچی شووشە تاکە کەسێکە، نەوەک ژمارەیەک کەس. یان لە لاپەڕە ١٠٤دا سەبارەت بە دایکی سامی دەنووسێت: کووڕ بووەتەوە و لەسەر کورسییە، سامی دایژوا. دایکی وا دەزانێت پیاسەی پێ دەکات. ئەم ڕسەتەیە گشتی ڕابردووی بەردەوامە، دایژوا وشەیەکی ناتەواوە دەبێ بنووسڕێت دایدەژوا، چونکە سامی لێرە بکەری بەردەوامە لە هاژووژتنەکەدا.

دەرەنجام

ڕاستە ئەم ڕۆمانە بە تەکنیک و شێواز و ناوەڕۆکی خەیاڵی زانستییەوە نووسراوە، لێ بیری ئایینی بە تەواوەتی زاڵە بەسەر ڕۆمانەکەدا و دەتوانین بڵێێن ئایین وەک دوا سەرچاوە و چارەسەر لە ڕۆمانی مرۆڤی هەزراندا لە بەرامبەر بێهیوابوون و بێئومێدبوونی مرۆڤ دیاری کراوە، هەر بۆیە بە باوەڕێکی ئایینی پتەوەوە مرۆڤی هەرزان نووسراوەتەوە.

دڵشاد کاوانی




برینە داگیرساوەکانی ئەستێرەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گوڵە لەیلەکەکان
لە شەونخونی خۆیانا..
با خوێنپژانی ..
جوانی تۆیان بێ،،
منیش لە باخە تەماویەکانی بیرەوەریت،،
چرای گەڕانەوەی تۆم هەڵکردوە،،
سەفەری تۆ چەند سەدەی خایەند،،
شوێنەکان سەریان هەڵگرت،،
شارەکان لە باڵیاندا،،
تۆ شەپۆلێکیشت نەنارد،،
بەڵام ئەی ڕۆحێ،
نوقم لە سەرابی غوربەت،،
تا کەی سۆراخی بوون،، و..
نەبوونی ئەو ئەکەی،،
غەمی نەگەیشتنی بەلەمێ،
هەورێ،،،
لە هەر شوێنێ…
سۆراخی بوون ،،و،،
نەبوونی تۆ کەم،،
پەنجەرە شینەکانی سەحەریش..
باهەر کراوەبن،،
تا وەکو شمشاڵی بیرەوەری..
لمی جەستەیەکی تەزیو…
وەک دوکەڵی مەرگ،،
بە بادا ئەکا،،
برینی داگیرساوی ئەستێرەکان..
بۆ تۆ بڵێسەیان گرتوە،،،
گە ر پێنازانی..
هەڵهاتن وەک مەلێک،،
لە نێو دو توێی کتێبی زەریادا،،
بۆ دۆزینەوەی خۆری خود،،
لە ئاسمانی نیگاتا،،
هەڵدێم لەو ساڵە مسینیانەی…
زەمین بوە خاچستان،،
ئاوێنەی بوون ڵێڵە ،،
چی ترڕوخساری مرۆڤە ..
وونبوەکان ناناسرێنەوە،،
ووتت، مەگەر بمرم و….
زەریام بیرچێ،،
مەگەر بمرم، تۆ ووتت..
نیگای چنگێ گوڵی ڕەشی سرک نەکەمەوە،،
مەگەر هەناسەیەکت،،
لەم جەنگەڵستانە،..
بەرائەتی لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە،،
دەرمانی ژەهری نامۆییم بە تۆیە..
ئیتر بورجی تەنیایی،،
بە شکۆفە چرپەیەکی مۆرت بنەخشێنە،،،،
لەم دەڤەری گڕە،،
تۆ بڵێی کەسێ هەبێ و ،،
شەو بە دارستانە سپیەکانی عیشقا ..
تێپەڕ بێ،،
و حەزی لە ڕۆحسوتانبێ؟
بەڵام لەساتەوەختی پشووی..
بەردەم ئاشی خەفەتا،،
ئۆمێدیک ،،
تاوە کلۆ بەفرێ..
لە ئەڤینی ئەوسا،
دەوازە ڕەنگاڵەیەک..
هەر نابینم،
داسی پەمەیی مانگ،،
ئاگری کات..و..
مەراقی نەگەیشتنی ..
پەپولە ئاڵتونیە کانی چاوت،،
شنەبای سەر ئەم نشینگە سەختە،،
دواهەناسەی شاعیرێکە..
لە شەڕی شیعرو..
تەمەنێ،،
ڕۆحی دەرچوو،،
بێئۆقرەکانی شارە سەرهەڵگرتوەکان….
نیوە مردوو ،،
نیوە زیندوو،
تابلۆی جەستەیان لە کەنارا،،
بە بێ ڕەنگ جێ هێشت…
بازە ئەرخەوانیەکانی ئێوارەیەکی مۆر..
لە ئاوێنە تەڵخەکانی چاوەڕوانی،،
زیندانی کران،،
درەختە کانی ووشەش..
بە ڕەگی زەمینێک لە ڕابردوو،،
بەستراونەتەوە،،
قەڵەمبازی ساتەوەختێ…
لە ئاسوودەیی،،
بەرەو فەنا،
گیتارژەنێکی نادیارە،،
بێ‌بڕیاری،،
لە ناوەڕاستی هێڵی شەمەندەفەرەکانی مێژوو..
ڕۆژگارێکی سپی بێ خەوشیشە،،
تەنیایی،،
ئای!باخچەی ژەهرینی عیشق،،
چەند لەخشتەبەرە،،
دڕکی زڕە داری خەم،،
هەموو فیردەوسی تەنیوە،،
بێ هەست و چرپە،،
لە وێرانە عیشقا…
لە وەرینە ڕۆحا..
تێئەپەڕم،،
تۆ زەردەپەڕی سووری زیندەگی من بە،،
تا کۆتای ئەو هەموو ڕێیانەی..
تا پنتی سفری مەرگ
بەلەمی کریستاڵی دڵ ئەبەن.

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Gerd Altmann)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری شەشەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

فێرم بکە عەشق تسۆنامی فرمێسکی روون و
لافاوی بێ ئۆقرەی ماچە
فێرت ئەکەم خۆشەویستی
گوڵەگەنمی سەوزی دەشتی بەپیتی هەستە


وتت لە بەیانییەکدا دێم
مشتێک هەتاو بۆ تاریکی شەوەکانت ئەهێنم
وتم لە شەوێکدا دێم، تریفەی مانگ و
مەشخەڵی ئاتەشگات بۆ دێنم


پەشیمانم لەو تەمەنەی لە بێ تۆیدا
کەوتبووە نێو گۆمی تەنهاییەوە
پەشیمانم لەو لە دایکبوونەی نەکەوتبووە
حەساری نیگا نەرمەکانتەوە


بە دەوەنی میهرەبانی و
بە گەڵا یاقووتییەکانی سۆزت گەرم دامبۆشە
بە بڵێسەی ئاگری چاوە مەستەکانت
دارستانی خەیاڵەکانم بسووتێنە


تۆ لە کانی میهرەبانیی هەڵئەقوڵێی
منیش لە هەورێکدا چڕ بوومەتەوە
تابلۆی بەیەک گەیشتنمان
دڵۆپ دڵۆپی بارانێکە بۆ باوەشی فێنکی کانی


زمانی فرمێسک ئەخوێنمەوە
چیرۆک بۆ ئەستێرەیەکی بێدار ئەگێڕمەوە
کۆلارەی خەیاڵم دوور ئەفڕێ
تا بگاتە ئاسمانی بێ بنی چاوەکانی تۆ


لەهەر شیعرێکما غەمێک خۆی شاردۆتەوە
لەهەر نیگایەکیشما ونبوونێک
لەیەکەم پلیکانەی نیگاکردنما
بەربوومەوە ناو بەهەشتی دڵڕفێنی جوانیت


کە مردم سوتووەکەم بدەن
بەدەم ئەو رەشەبایەی ئەمباتەوە بۆ لای یار
کە مردم بمخەنە تابووتی ماچەوە و
لە ئۆقیانووسی چاوەکانیا بمنێژن


تۆ کاپتنی ئەو پاپۆڕەی
لە دەریای هەڵچووی هەستی مندا نقووم ئەبێت
منیش سەرقافڵەی ئەو کاروانە تەنهایەم
بەرەو خۆری ئەوینت رێ ئەبڕێ


کتێبی خەوننامە ئەخوێنمەوە
گوێ لە پرتەوبۆڵەی جادووگەرەکان ئەگرم
ئەمەوێ بزانم لە کام خەون و
لە پێشبینی چ ساحیرێکایە
دەرکەوتنی تۆ؟


خۆزگە ئەو مەرگە تاڵە
وەستانی دڵی پێنووسی شیعرەکانی من بووایە
خۆزگە گەڵاڕێزانی گەڵاکانی عەشقت
وەرینی گشت خەونەکانم ئەبوو


سوێد – ستۆکهۆڵم




بروسكه‌ی ناسۆری .. ستار ئه‌حمه‌د

سه‌رت بووه‌ به‌ كوێستان‌و
دڵت گڕی ئه‌م گه‌رمیانه‌ی دانامركێ
له‌ باوه‌شی له‌تێك خاكی نه‌بوونیا راوه‌ستاوی
په‌نجه‌كانت به‌ ته‌پۆلكه‌ی زاما ده‌كه‌یت
چاو ده‌گێڕی بۆ قارچكێ
دڵت زه‌وییه‌كی ده‌یمه‌
له‌ باوه‌شی كانیاوی ساردا نه‌بێ
خه‌و ناچێته‌ چاوه‌كانی
وه‌ك نابینای گرده‌نشین
ده‌ستت له‌ گه‌ردنی گه‌واڵه‌ی ره‌ش ئاڵۆزكاوه‌
له‌ ژێر پرچی قه‌یره‌ كچی ئه‌م تاسه‌یه‌
دڵت مۆرانه‌ی عه‌شقێكی تێدازاوه‌
شه‌وانه‌ وه‌كو كه‌روێشكێكی كێوی چیا
به‌ دوای ئه‌شكه‌وتێكا سه‌رگه‌ردانی
بێچووه‌كانت له‌ ده‌رونیا ئارام بگرێ
به‌ ده‌ست ئه‌م سۆزه‌ شێته‌وه‌
هیچ دوور نییه‌
دڵت به‌ دوا ترپه‌ی ماڵاوایی
بۆ یه‌كه‌مجار بسره‌وێت‌و یاخود بمرێ
له‌سه‌ر رایه‌خی گڕنشین
چاوه‌كانت به‌ره‌و ده‌رگا
چوار چێوه‌ی ژوورێكی خه‌مگین ده‌تروكێنی
له‌ نێو هه‌ناسه‌ی مناڵی بێپۆشاكا
ده‌سته‌كانت به‌ نێو بسكی میهرو سۆزا
به‌ره‌و كۆشكی دڵنه‌وایی ده‌بزوێنێ
خه‌ونت ده‌بێته‌ داڵێك‌و
چۆله‌كه‌ی سه‌ر ئه‌م ره‌شماڵه‌ ده‌تۆرێنێ
زریانی ئاره‌زووی كۆنت
دڵت به‌ چه‌شنی كۆلاره‌ی
به‌رزه‌فڕی ساواكانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌دڕێنێ
تاڵی تاسه‌ی بابرده‌ڵه‌ت
وه‌ك په‌رچه‌می كیژێكی باڵا كه‌ڵه‌گه‌ت
له‌ ده‌ستی خه‌نجه‌ری رۆژگار
ده‌ئاڵێت‌و ناكرێته‌وه‌
تۆی ناسكیش
نه‌ك تاڵێك مووت بۆ ناپچڕێ
به‌ڵام ده‌زانی هه‌ناوی داگیرساوت دانامركێ
ناخی تینووت تێراو نابێ‌و
ده‌نگی بروسكه‌ی ناسۆریت نابڕێته‌وه‌

ستار ئه‌حمه‌د




بەرد.. پشکۆ ناکام

….کاتێ حیزبی سەقەت دەوڵەت ئەبا ئەبا بەڕێوە ، حکومەتێکی سەقەت دروست ئەکا کە سیستەمێکی حوکمڕانی سەقەت ئەهێنێتە کایەوە ، سیستەمی سەقەتیش کۆمەڵگایەکی سەقەت بەدوای خۆیا ئەهێنێ ، بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونە نموونەیەکی حازری بەرچاومانە کە ئەویش هەرێمی !! كوردستانە ، لە سیستەمە سەقەتەکەی ئەمڕۆ ناویان لێ ناوە ” قەوارە” زۆربەی شتەکان ئاوەژوو کراونەتەوە و ڕاست و چەپ کەوتوە بەسەر یەکا و کەم شت هەیە لە شوێنی سروشتیی خۆیا بێ ،کە بۆتە مایەی فەوزا و پشێوی و دڵەڕاوکێی خەڵک و باڵ کێشانی نا ئومێدی بەسەر بیرکردنەوە لە یایندە جگە لە هەڵکشانی بەکار هێنانی زەبر و زەنگ لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقیع بەسەر خەڵکا…و مەحکەم کردنی پێگەی خۆی لەڕێی دەزگا ئەمنی و چەکدارییەکانی خۆیەوە…..
لە سیستەمێکی سەقەتی وەک ئەوەی هەرێم زۆربەی دامەزراوەکان کارتۆنین ، قسە قسەی سەرۆکی حیزب یان بنەماڵەیە ، بۆیە کۆمەڵگا تووشی سڕ بوون ئەبێ و لەکار ئەخرێ بە شێوەی ئیفلیج بوون ، کە ئەمەش لە قازانجی دەسەڵاتە و کۆمەڵگا هەر کە شوێنی خۆی ئەبێ و تەراویح ئەکا بەرەوپێش چوون بەخۆیەوە نابینێ………
لە سیستەمی سەقەتی حکومەتی سەقەت دز ئەبێ بە حاکم . گورگ بە شوان و شوانیش بە دەرەبەگ ، ڕاوچی ئەبێ بە وەزیر ، حەیتە بە پێش نوێژ ، موهەڕیج ئەبێ بە ئەکتەر، خەباتگێڕی لات و لەواری دوێنێی شاخ ئەبێ بە ملیاردێر ، بسنسمان بە سیاسی ، ئیسلام بە پەپوولە ، درۆکردن ئەبێ بە خیسڵەتێکی ڕۆژانە بەتایبەتی لە مەجالیسی حیزبی و حکومی ، بیرەوەری ئەبێ بە سیناریۆی فیلمی کوڕە ئازاکە ، قاچاخچیش بە سینەماکار ، معاش ئەبێ بە مەتەڵی ساڵ ، داهات وەک جنۆکە ناوی هەیە و دیار نیە ، لەسەر پەند و حیکمەتەکانی سەرۆک !!دکتۆرا وەرئەگیرێت ، موستەشار و ئەنفالچی و فایلدار هەوییەی نیشتمان پەروەری دابەش ئەکەن..، چەک وەک تەسبیح بە زۆربەی خەڵکە ، ، ئاش بەتاڵ ئەبێ بە نسکۆ..!! ، دوای رەمەزان وقوربان ،سی و یەکی ئابیش بە جەژن ، نەخۆێنەوارەکانی حیزب توێژێکی تازەی کۆمەڵگا ئەهێننە کایەوە بەناوی” مشەخۆرەکانی پارلەمان”..حکومەت ئەبێ بە چاودێر و پارلەمانیش فەرمانگەیەکی کەڕ و لاڵی جێ بەجێکار ، موعارەزە دەوری پاشکۆ ئەبینێ و لەسەر نەزەرییەی” گوێم لە هیچ نەبوو..هیچم نەدی..هیچم نەووت..”بەشداری حکومەتە ، دراوسێ ی داگیرکەر میوانێکی هەمیشە لەسەر چاوانە و کوردیش لە جیاکانی خاکی خۆی ڕاو ئەنرێ ، مامۆستا لە نەبونیا ئەبێ بە سایەق تاکسی و ” ابو القطعتین” ی دوێنێ خاوەنی کۆمپانیای سەیارەیە ، میژوو لەدەستی دەسەڵاتدارەکانا ئەبێ بە کۆنکەن بە ئارەزووی خۆیان پێڕی لێ دروست ئەکەن و وەرەقەی رابردوی خیابەت ئەخەنە حەوزەوە ، ڕۆژنامە فرۆش تەرفیع ئەکا بۆ ڕۆژنامە نووس ، پارە ئەبێ بە کيلۆی کێشی ئەخلاقیات و ئینسانیەت ،بوغز جێ بە عەشق لێژ ئەکا و نزگەرە بە مۆسیقا و عەرزوحاڵ بە شیعر ، دزی و جەردەیی ئەبێ بە پەنجەرەیەکی بێ شووشە چاکسازیش بە بەرد..




چیرۆک بۆ منداڵان.. سەیرانێکی پایزی.. عەلی حەمەڕەشید

دەمێک بوو تامەزرۆی بینینی دیمەنە جوانەکانی وەرینی گەڵای دارەکان بووم لە وەرزی پایزدا ،بۆیە لەگەڵ باوکم و دایکم و خوشکەکەم ئێوارەیەکی پایز ڕێگەی یەکێک لە سەیرانگاکانمان گرتەبەر ،ھەر گەیشتینە ئەوێ باوکم لایدا و ئۆتۆمبێلەکەی لەو شوێنەدا وەستان کەلە وەرزی بەھار دا چەند جارێک بۆ سەیران ھاتبووین لەوێدا کاتێکی خۆشمان بەسەر بردبوو،ئەو کاتە سەوزایی وەکو فەرشێک زەوییەکەی داپۆشیبوو،گەڵای دارەکانیش سەوز بوون،کەچی ئێستا زۆر جیاوازە و زەوییەکە فەرشە سەوزەکەی گەڵای وەریوە و زەردە ،ئەو کاتە کە شنەی باکە دەھات خۆشی دەخستە دڵمانەوە و گەرماکەی کەم دەکردەوە، ئەمڕۆ ئەو کزە بایە ساردە و ئەگەر بەباشی خۆمان نەپێچایەوە ئەوا دوور نەبوو نەخۆشی نەخستینایە.لەناو گەڵا وەریوەکاندا کۆمەڵێک وێنەی جوانمان گرت،نازانم بۆچی ئەو گەڵایانە ھێندە سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوون ،لەگەڵ باوکم ئەو ناوە گەڕاین و یەک یەک سەرنجی دارەکانم دەداو دەستم لە گەڵاکانی سەر زەوییەکە دەدا.گەیشتینە لای دارێک زۆر جوان بوو گەڵاکانیشی سەوز بوون،وتم بابە ئەم دارەیان بۆچی گەڵاکانی نەوەریون و ھەر بەسەوزی ماون؟باوکم تەماشایەکی کردم وەکو بڵێ ئەی خۆت نایزانی؟منیش وتم بابە گیان ھاتەوە بیرم ،ھەندێک دار ھەن چوار وەرزە سەوزن .ئەمەش یەکێکە لەوانە و ئەوانی تریش ھەر پایز ھات گەڵاکانیان دەوەرن.چەندە خۆشە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سروشتدا روودەدەن ئاوا بەچاوی خۆمان بیان بینین. تا باشتر لێیان تێبگەین و لەبیریشمان نەچێتەوە.کە گەڕاینەوە بۆ لای دایکم و خوشکە بچکۆلانەکەم خواردنێکی خۆشی بۆ دانابووین .تێرمان لێخوارد بەڕاستی زۆر خۆشبوو بەلامەوە و سەیرانەکەی زیاتر لا خۆشکردم.. .