فەلسەفەی ڕەمەزان و بەڕۆژبوون.. ئاراس سەعید

فەلسەفەی “بەڕۆژوو بوون”
ڕێگە چارەیەکی ئایینیە بۆ هەستکردن بەئازارەکانی ئەوانیتر. لێکۆڵینەوەی دەروونیەکان ئەوەیان سەلماندووە کەمرۆڤ بەسروشت (empathy) سروشتکردی تێدایە. واتا: هەستکردن بەئازارەکانی ئەوانی تر، ئەویش لەڕێگەی ڕووداوەوە مرۆڤ ئیمپایتیەکانی کارادەبن. ڕوداو ئاڕاستەی شتەکان دەگۆڕێت، مرۆڤ کاتێک ڕووبەرووی ئازارێک دەبێتەوە درک بەئازاری ئەوانی تر دەکات.
زۆربەی ڕوانگە ئاکارییەکان لەسەر ئەو وتەیەی مەسیح کۆکن کە دەڵێت: “چیت پێخۆشە بۆخۆت بۆ براکەشت پێتخۆش بێت”. ئەمە لای (ئیمانیۆل کانت) دەگاتە لووتکەو دەڵێت:” کاتێک مامەڵەیەکی دروست ئەنجام دەدەیت، بتوانی مامەڵەکەت بکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی”. واتا: کاتێک مامەڵەکەت دروستە، ئەگەر ئەوانی تریش هەمان کردە بەرانبەر تۆ ئەنجام بدەن ئازار نەچێژیت. ڕونتر چیت بۆ خۆت پێخۆشە بۆ ئەوانی تریش پێتخۆش بێت.
“ئایین” بەرزکردنەوەی نەقڵە بەسەر ئەقڵدا و بەڵام ڕێگەچارەی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی دەکات، بەجۆرێک پەیڕەوکارانی ئایینەکە دەبێت تەسلیمی بن.
بەڕۆژوو بوون ڕێگە چارەیەکی ئایینیە بۆ پەیڕەوکارانی تا لەڕێگەیەوە هەست بەبرسێتی و ئازارەکانی ئەوانی تر بکەن.
ئایین نەریتێکی کۆمەڵایەتیە لەدەرونی تاکدا مۆڕاڵ دەستەبەر دەکات. بەڵام( ماکس ڤێبەر) بەڕوونی جەختی لەسەر ئایینی ئیسلام کردۆتەوە و دەڵێت؛ “ئایینی ئیسلام جگە لەجەختکردنەوە لەسەر جیهانی دوای مەرگ، هیچ ڕێگە چارەیەکی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا پێ نیە”.
لێرەدا ڕوانگەی ڤێبەر و لە کانتەوە نزیکە، جەختکردنەوە لەسەر دونیای دوای مەرگ، واتا ئەوە ڕەسەنێتی مرۆڤ نیە، لەخۆیدا چاکەکارە بەڵکو وەکو کەسێکی سودگەراو ئامانجگەرا، لەپێناوی پاداشتا چاکە ئەنجام دەدات، (کانت) دەربارەی مرۆڤی ئایینی بەم جۆرە دواوە و دەڵێت؛ ئێمە دەبێت خۆشەویستیمان بۆ خودا لە پێناوی خۆش ویستنی خودا بێت، نەک لەپێناوی پاداشتدا.
بەقەولی (مارکسیش):”ئایین ئەفوینی گەلانە” چونکە ئایین هاوتایی تریاک خۆشی و چێژێک بەمرۆڤ دەبەخشی، بەڵام لەخۆی نامۆی دەکات.
مرۆڤی ڕەسەن پێویستە بەسروشت چاکەکاربێت، نەک لەپێناوی قازانجکردندا، مرۆڤ پێویستە هەست بە بەرپرسیاری بەرانبەر ئەوانی تربکات، چونکە هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی هەڵهانە لەخود، نەک لەڕێگەی ئایین و بەڕۆژووبونەوە بۆ ماوەیەکی کاتی هەست بەئازاری ئەوانی تربکات.
پەیڕەوکارانی ئایین لە جەوهەردا چاکەکارنین و بەرپرسیارێتی سوبێکتی مرۆڤی باوەڕدار نیە، بەڵکو کردیەکی پاسیڤی سەپێنراوە، لەلایەن خودایەکی دەسەڵاتی ڕەهاوە، مرۆڤی باوەڕدار ناتوانێت بەرپرسیاربێت بەرانبەر ئەویتر تر، بەڵکو لەسیاقی ئاینداراندا بەرپرسیار دەبێت، ئەگەر لەتوراس و شەرعیەتی ئایین قوڵبینەوە چاکەکردنی ئەرک نیە، بەڵکو خێرە، مرۆڤ مەرجە خێرەکەی بدات بەو کەسانەی پێ ی دەشێت، پێشیان لەمیانەی باردۆخی کۆمەڵایەتیەوە نا، بەڵکو لەئاستی ئایینیدا سنوردار دەبێت، ئەوکەسی خێری پێ دەشێت، دەبێ مسوڵمان بێت، نوێژبکات…هتد. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای مارکس: ” تریاکە” بەقەولی “سپینوزا” چرکەساتێکێ شادە، نەک غەمگین. بە ڕۆژبوون ساتێکی شادە. ڕۆژووان شادە بەوەی کە لەپەیوەندیەکی ڕوحی دایە لەگەڵ هێزێکی ئەوپەڕ سروشتی و ئەوی لەخۆی ڕازیکردووە. بەڵام ئەم شادبوونە سەردەکێشێت بۆ نامۆبوونی مرۆڤ لەجیهانی ماتڕیاڵەوە بۆ ئایدیاڵ.
مرۆڤ کاتێک لە پەیوەندییەکی ئایینیدایە، نامۆ دەبێت لەسروشت و جیهان و جەوهەری خۆی، ئایین دابڕانی بیرکردنەوەی مرۆڤە لەجیهانەوە بۆ جیهانی پاش مەرگ.

ئایین لەڕێگەی یۆتۆپیاکانیەوە پاداشتی بۆ ژینی زەلیلی و ڕیسوای مرۆڤ داناوە، کە پەیامبەر دەڵێت: “زۆرینەی بەهەشتنشین هەژارانن”. کەواتە بەهەژاری بژێ و لەچەندین دەقیشدا هاتووە خودا سزای بۆ ستەمکاران دانەوە، ئەمە دابڕانی مرۆڤە لە دوونیا و درکردنی بەهێزەخودیەکانی خۆی، کە مرۆڤ بزوێنەری مێژووە و توانایی نواندنی کردەو گۆڕانکاری هەیە، بەڵام لەدیدی ئەوەوە، واتا بیرکردنەوەی (تیۆلۆژی و ئایینی)دا خودا بزوێنەری مێژوو و جیهانە، خودایەک هەیە، سزای ئەوانی تر دەدات و هەرگۆڕانکارییەکیش کە ڕونادات حیکەمەتی تێدایە، بۆیە پێویستە ناشکور نەبێت و بیر لەژیانی دوونیای نەکاتەوە، چونکە ژیانێکی زوو تێپەڕە.

ئاراس سەعید




شۆڕشەکانی کوردستان لەدیدی دکتۆر فایەق گوڵپییەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دکتۆر فایەق گوڵپی یەکێکە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداری خەباتی ناوشارو شاخی کردووەو دواتریش ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووەو پاشانیش بەشداری خەباتی مەدەنی کردووەو ماوەی چەند ساڵێکیشەوە وەکو چالاکوانێک بەشداری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەکات. جگە لەوەش لە خێزانێکی تێکۆشەر بووە ” حەمە گوڵپی” باوکی، نموونەی ئازایەتی و گیانفیدایی بووە. کاروانی خەباتی دکتۆر فایەق جیاوازیی و تایبەتەمەندی خۆی هەیە، زۆر سوپاسی دەکەم، بیرەوەرییەکانی خۆی پێشکەشکردم، کە لە زۆر رووەوە جیاوازە لەتەواوی ئەو بیرەوەریییانەی تر کە پێشتر خوێندوومەتەوە.
نووسەر لە کتێبەکەیدا رەخنەی توند لەسەرانی شۆڕشی کۆن دەگرێت، لەهەمانکاتیشدا رەخنە لە سەرانی شۆڕشە نوێکە دەگرێت. هەروەها باسی کارەساتە گەورەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، ئەو پێی وایە رژێمی بەعس تاونباری سەرەکییە، بەڵام چەند بەرپرسێکی شۆرشەکەش هەڵەی گەورەیان کردووە. نووسەر دەڵێت: قادری حاجی عەلی ئەوکاتە بەرپرسی مەڵبەندی 1 بووە، رێگەی نەداوە خەڵكی گوندەکانی گەرمیان خۆیان لە هێرشی سووپای بەعس رزگار بکەن و فەرمانیشی دەرکردووە هەرکەسێک هەوڵی خۆرزگارکردن ماڵ و منداڵی بدات، تەقەی لێبکرێت و بکوژرێت. نەوشیروان مستەفاش ئامادە نەبووە سەردانی بریندارەکانی هەڵەبجە بکات، چونکەی پێی وابووە خەڵكی هەڵەبجە یان جاشن یان ئاشن. هەروەها لەم کتێبەدا باسی فاشیزمی ناوچەیی دەکات بەتایبەتی بەرامبەر بەخەڵكی هەورامان و ناوچەکانی تر. دەشڵێت هیچ سیستمێکی دادوەریی بوونی نەبووەو دادگا و سزاو پەروەردەی ینک، بەرامبەر بەو کەسانەی لەناو هێزی پێشمەرگەدا سەرپێچیان دەکرد، تەنها گۆچانەکەی مامجەلال و قسە سوێرەکانی نەوشیروان مستەفا بووە. هەروەها باسی رەوشی خراپی تەندروستی و پزیشكی پێشمەرگە و گوندنشینەکانی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکاندا، جگە لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی.
لێرەدا هەوڵ دەدەم، تیشکێک بخەمە سەر ئەم کتێبە و پاشانیش چەند سەرنجێک لەبارەی بۆچوونەکانی نووسەرەوە بخەمەڕوو.

بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر
من لە زاری رەحمەتی باوکمەوە ناوبانگی حەمە گوڵپیم بیستبوو، لەناو خەڵکیشدا هەتاوەکو ئێستاش باسی قارەمانێتی ئەم پیاوە دەکرێت، بەڵام بەو ووردەکارییە ئاگاداری خەباتی ئەو پیاوە نەبووم، دکتۆر فایەق لەم کتێبەیدا بە ووردی باسی ژیان و خەباتی سیاسی باوکی دەکات. حکایەتی حەمە گوڵپیش، وەکو هەموو شۆڕشگێرەکانی جیهان، سەرەتا بە دەنگی ” نا” دەستپێدەکات و دواتریش هەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدان پەیامەکەی. لە هەمووی ناخۆشتر بۆ من، شێوازی شەهیدبوونی حەمە گوڵپییەوە، کاتێک شەهید دەکرێت، لە پردی زەڵمەوە تاوەکو سەیدسادق، تەرمەکەی بەدوای دەبابەوە بەسەر جادەکاندا رادەکێشن و ماوەی چەند رۆژیش بە عەمودێکەوە دەیبەستنەوەو ناهێڵن کەس نزیکی بێتەوە، تا دوایی پیاوماقوڵان و ریش سپی سەیدسادق تکا دەکەن، کە رێگەیان پێبدرێت تەرمەکەی بنێژن، لەکاتێکدا رێگەشیان نەداوە خێزانەکەی بەشداری ناشتنەکەی بن. ل22
ئەم دیمەنە جەرگبڕانە، دڕندەیی و دڵڕەقی ئەو رژێمانە پیشان دەدات کە حوکمی عیراقیان کردووە.

ژیانی بنەماڵەی شەهید
خاڵێکی گرنگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، نووسەر وەکو کوڕە شەهید، زۆر بە وردی باسی ژیانی بنەماڵەی شەهیدان دەکات، کە گوزارشت لە بەشێکی زۆری بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان دەکات، لەکاتێکدا باوکی بەوپەڕی ئازایەتییەوە خزمەتی نیشتمانی کردووەوە وازیشی لە ژیانی خۆشی خۆی هێناوە، هەروەها حکومەتیش بەوپەڕی دڕندەییەوە سزای دەدات، بەڵام چ شۆرشەکە و چ دەورووبەریش، زۆر بێ وەفا بوون بەرامبەریان، بگرە کەمێک رژێمی بەعس باشتربووە کە شەهیدانەی بۆ بنەماڵەکەی بڕیوەتەوەو لە رێگەی هاوکاری حکومییشەوە بۆ خوێندکاران، نووسەر توانیویەتی زانکۆ تەواو بکات، دەنا کەس یارمەتی نەداوە. کاتێک باوکی شەهید دەکرێت، ئیتر ژیانیان دەکەوێتە ناخۆشیی و هەژاریی و نەدارییەوە، نووسەر لەچەند شوێنێکدا باسی ژیانی پڕ ئازاری خۆیان دەکات لەپاش شەهیدبوونی باوکیان، گەر جاروبار کەسێکی خزمیان خێرێکی پێکردبێت، یان مەسئوولێکی باش روویکردبێتە ناوچەکە کەمێک هاوکارییکردوون، دەنا شۆڕشەکە هیچ وەفاییەکی بۆیان نەبووە، هەرئەمەش وادەکات کە هەڵوێستێکی رەخنەگرانە لە ناخی نووسەردا چەکەرە بکات. تاڕادەیەکی زۆریش ئەمە رەوشی بەشێکی زۆری بنەماڵە شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان بووە.

منداڵێکی یاخیی لە شۆڕشی ئەیلول
نووسەر کوڕە شەهیدێک بووە کە باوکی بەهۆی کوردایەتییەوە گیانی خۆی بە گەل و نیشتمان دەبەخشێت. لەوکاتەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بازران رابەرێتی ئەم بزووتنەوە چەکدارییەی دەکرد، راستە باوکی نووسەر نموونەی گیانفیدایی و قارەمانییەکی گەورە بووە لە دژی رژێم، بەڵام کاتێک کە شەهید دەبێت، ژن و منداڵەکەی رووبەروی ژیانێکی سەخت و دژاور دەبنەوە، ئەمەش وادەکات کە نووسەر هەر لەمنداڵییەوە بۆچوونێکی رەخنەگرانە و ناڕازیی لەبەرامبەر بەرپرس و سەرانی ئەو بزووتنەوەیە هەبێت، کە ژیانی خۆیی و خێزانەکەی تێکداوە.
نووسەر بەوپەڕی راستۆگییەوە، پەنچە دەخاتە سەر خاڵە ناشیرین و خراپەکانی ئەو بزووتنەوەیە و هەروەها راستگۆیانە باسی هەڵسووکەوتی کۆمەڵێک بەرپرسی حزبی دەکات بەتایبەتی لەناوچەی هەورامان، یەکێکیش لەوانە ” عەبدولوەهاب ئەتروشی ” بوو، کە بەچکە سەدامێک بوو بۆ خۆیی، تەواوی ناوچەی هەورامان لەوکاتدا، گیریان بەدەست زوڵمو ستەمی ئەم پیاوەوە خواردووە. کاتێکیش ئاشبەتاڵ بە شۆڕشەکە دەکرێت، ئەم عەبدولوەهاب ئەتروشییە، یەکەم کەس دەبێت کە چەکەکەی فڕێدەدات و رادەستی هێزەکانی رژێم دەبێتەوەو دەبێتە جاشێكی خۆفرۆشی رژێمی بەعس.

گەنجی ئەو کاتە
نووسەر جگە لە سەردەمی منداڵی خۆیی، زۆر بەووردی باسی قۆناغی لاوێتیی خۆی دەکات، لە رێگەی ئەمیشەوە ئێمە دەتوانین وێنەیەکی گشتی گەنجانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان بزانین، لە بیرکردنەوەو هەڵسووکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ خۆیان و دەوروبەر بۆ دەردەخات. دیارە لەو سەردەمەدا سیاسەت بە تەواوەی باڵی بەسەر زۆربەی گەنجانی ئەوکاتدا گرتووەو بەشداربوون لە خەباتی سیاسی، بەشێکی گەورەی گەنجانی بەخۆوە خەریککردووە. لەهەمانکاتیشدا بزووتنەوەی کوردایەتیی و شكست و سەرکەوتنەکانی، خەمی گەورەی گەنجان بووە، ئەمەش وایکردووە کە بۆچوونیان بەرامبەر بە زۆر شتی تر رادیکاڵانە بێت، بەتایبەتی هونەر و موزیک. بۆ نموونە دکتۆر فایەق باسی گۆرانییەکی هونەرمەند” عوسمان عەلی” دەکات، کە گۆرانییەکی جوانی خۆشەویستی بووە، ئەمان وەکو کۆمەڵێک گەنج دژی گۆرانی دڵداریی و خۆشەویستی بوون، پێیان وابووە، کاتێک گەلی کورد رووبەروی شکست و هەرەسێکی گەورە بووە، چۆن دەبێت ئێمە باسی دڵداریی و خۆشەویستی بکەین، تاکە شت کە ئێمە دەبێت خۆشمـان بوێت، تەنهاو تەنها کوردستانە. هەر ئەم بۆچوونە رادیکاڵەش وایکردووە کە تێکستی گۆرانییە بگۆڕێت و بیکاتە شیعرێکی سیاسی.

سیستمی خوێندن و پەروەردە
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشكی خستۆرە سەر، سیستمی خوێندن و پەروەردەی ئەوکاتە بووە. لەوکاتەدا تەنها لە شارە گەورەکاندا، دوا ناوەندی هەبووە لە زۆر شوێنیش هەر قووتابخانەی تێدا نەبووە بەتایبەتی لەگوندەکاندا، هەربۆیە خوێندن بۆ خەڵكی گوند و شارۆچکە بچووکەکان تەواو سەخت و دژوار بووە. نووسەر چیرۆکی خۆی لە بواری فێرکردن باس دەکات، کە چۆن لە گوڵپەوە ناچاربووە ساڵانێک بۆ دواناوەندی بچێتە هەڵەبجە و پاشانیش بۆ سلێمانی. ئەمەش بەراستی خۆی لەخۆیدا خەباتێکی گەورە بووە. خۆشبەختانە ئێستا لەزۆربەی گوند و شارۆچەکەکان هەموو بەشەکانی قۆناغی خوێندنی تێدایە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا گەنجەکان کەمتر حەزیان بە خوێندنە، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشوودا، خوێندن زۆر زەحمەت بووەو خەباتێکی قوورس بووە زۆرکەم کەس توانییوویەتی خوێندن تەواو بکات بەتایبەتی لەگوندەکاندا، بەتایبەتی تریش منداڵی هەژارو کەمدرامەت، نووسەر وەکو کوڕە شەهیدێک و منداڵێکی هەژار زۆر ئازاری چەشتووە تاوەکو خوێندن تەواو بکات، دەورووبەریش لەجیاتی هاوکاری بکات، دژی وەستاوەتەوە، زۆربەی خزم و کەسوکاریش لەجیاتی هاوکاریکردنی، هانیان داوە کە واز لە خوێندن بهێنێت و هەوڵی کارکردن بددات بۆ ئەوەی بژێویی خۆیی و دایک و براکانی دابین بکات.

فاشیزمی ناوچەیی دژی هەورامیی و ناوچەکانی تر
خاڵێکی زۆر گرنگ کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەری، مەسەلەی دژایەتییکردن و تاڕادەیەکیش فاشیزمی ناوچەیی بەتایبەتی لەسلێمانی لە دژی خەڵكی ناوچەی هەورامانە. ئەمەش کەم نووسەر باسیکردووە. دیارە ئێمە وەکو نەتەوەیەک راستە لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە دژایەتییمان کراوەو هەڵسووکەوتی فاشیزمانەمان بەرامبەر کراوە، بەلام لەناوخۆشماندا فاشیزم رەگی داکووتیوە. لەدەڤەری سلێمانی سووکایەتی پێکردن و هەڵسوکەوتی ناشیرین و فاشیزمانە بەرامبەر بەخەڵكی دەرەوەی سلێمانی و بەتایبەتی ناوچەی هەورامان مێژوویەکی قێزەونی هەیە. ئێمە کاتێک منداڵ بووین لە قووتابخانە و کۆڵانیش، زۆرجار گاڵتە و سووکایەتییان پێدەکردین کە دەمانووت هەورامین، زۆرجاریش رووبەروی شەڕفرۆشتن دەبوینەوە. دکتۆر فایەقیش ئەمەی بە جوانی باسکردووە کە چۆن لە قووتابخانە و کۆڵان و تەنانەت هەتاوەکو لەکاتی پێشمـەرگایەتیشدا، رووبەروی ئەم فاشیزمە بوونەتەوە. بۆ نموونە بۆ یەکەمجار کاتێک نەوشیروان موستەفا دەبینێت کە ئەو کاتە سکرتێری کۆمەڵەی مارکسی لینینی بوو، سووکایەتی پێدەکات و دەڵێت: باشە گوڵپ دکتۆرێکی لێهەڵکەوتووە. ل. . 153وەکو بڵێیت چۆن دەبێت خەڵکی گوڵپ دکتۆریان هەبێت، ئەم سووکایەتیی و بەکەم سەیرکردنەی خەڵکی ناوچەکە دەچێتە قاڵبی فاشیزمەوە. ئێمە زۆر حکایەتی لەمجۆرەمان گوێ لێدەبێت بۆ نموونە لە باکووری کوردستاندا، زۆر لە دکتۆرە کوردەکانیش نەیاندەوێرا بڵێن کوردین، چونکە تورکە فاشیستەکان پێیان قبووڵ نەدەکرا کە کوردێک ببێتە دکتۆرێک.
لەلایەکی ترەوە کاتێک مەلا بەختیار لە یەکێتی جیادەبێتەوە، دووبارە هەرچی خانەقینییە بە دوژمن و خائین وەسفکراوەو ” بە شەیتانیکردنی خەڵکی خانەقین” دەستیپێکردووە. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: بەهۆی مەلا بەختیارەوە، هەڵمەتی رەشکردن و تاوانبارکردنی خانەقینییەکان لەناو ینکدا دەستی پێکرد، جەبار فەرمان هەوڵی زۆریدا گومان لەسەر خانەقینییەکان نەهێڵێت، بەڵام دەرەقەت نەدەهات، هەڵمەتی رەشکردنی خانەقینییەکان تەنها لەناو ریزی پێشمەرگەدا نەبوو، بگرە لەناو جەماوەری ناوچە رزگارکراوەکانیشدا دەنگی دابوەوە، ل 325
ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆئەوەی خەڵکی ئاگاداری ئەو فاشیزمە ناوچەییە بێت کە لە دەڤەری سلێمانی هەبوو، بەداخەوە تائێستاش بەردەوامە.

دکتۆرێکی کورد خەون بەگیفاراوە دەبینی
کاتێک نووسەر لە قۆناغی ناوەندی دەبێت، ئەوکاتە ئاشتبەتاڵ بووەو زۆر کاری تێکردووە، بەهۆی ئەو کارەساتە گەورەیەوە، رۆژێکیان لە پۆلدا دەست بەگریان دەکات، بەڵام مامۆستایەکی ئامۆژگارییەکی گەورەی دەکات و پێیدەڵێت: واز لەم لوشکە لوشكە بێتە، بخوێنە و ببە بە گیڤارا. ل 80
هەرچەندە ئەوکاتە هیچ زانیاریی لەبارەی گیڤاراوە نەبووە، بەڵام دواتر واز لە کاژیک دەهێنێت و دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی مارکسی لینینیی و لە رێگەی ئەوانە کەمێک زانیاری لەبارەی گیڤاراوە دەستدەکەوێت. دواتریش بەو خەونەوە تێکەڵی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دەبێت، بەڵام لەمەشدا دووبارە مێژووی بنەماڵەکەی دژی دەوەستێتەوە.

براکوژی
نووسەر زۆر بە جوانی باسی کاریگەری جەنگی قێزەون و ماڵوێرانی ” براکوژی” دەکات. چۆن ئەم جەنگە چ کاریگەری گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەیە. نووسەر بەهەموو شێوەیەک خەبات و تێکۆشانی لەناو ریزەکانی پارتیدا رەتکردۆتەوە، خۆشی چۆتە ناو رێکخستنەکانی حزبێکی نەیاری بارزانییە، ئەمەش لە رووی کۆمەڵایەتییەوە رووبەروی هەڵوێستێکی دژواری دەکاتەوە.
لەمبارەیەوە نووسەر بە وردی باسی ئەو حاڵەتە دەکات و دەڵێت:
خەریکە کوڕە گەورەکەی دایکم، دەبێتە پێشمەرگەی ئەو حزبەی، کە پێش کەمتر لە ساڵێک کوڕەکەی شەهید کردووە، ئەمە تەنیا کێشەی دایکم نەبوو، بەڵکو کێشەی تەواوی خزمەکانیشم بوو،،،، دایکم سیاسی نەبوو، بۆ شەهیدبوونی نامقی کوڕی، کزەی جەرگی دەهات، بەقەدەر دنیا رقی لە بکوژانی کوڕەکەی دەبوەوە، منیش دەچمە لای ئەوانەی ئەو رقی لێیانە، ئامادەکاری دەکەم بۆ ئەوەی ببمە پزیشكی ئەوانەی کوڕەکەی دایکمیان شەهید کردووە، دڵی خۆم بەوە دەدایەوە، بکوژانی کوڕەکەی دایکم، لەهەموو هێزەکانی تر، باشتر داکۆکی لە گەلەکەیان دەکەن .ل122
بەراستی کاتێک ئەو دێڕانەم دەخوێندەوە بە تەواوی نیگەرانی ئەو رەوشە ناخۆشە کۆمەڵایەتییە بووم، کەبەهۆی جەنگی براکوژییەوە توشی کۆمەڵگەی کوردەواری بۆتەوە.

رەوشی پزیشكی و تەندروستی خەباتی پێشمەرگە
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بیرەوەرییە ئەوەیە، نووسەر تیشکی خستۆتە سەر لایەنێک کەتاوەکو ئێستا کەم باسکراوە، ئەویش لایەنی پزیشکیی و تەندروستی پێشـمەرگە و خەڵكی گوندەکانی کوردستانە لە ساڵانی هەشتاکاندا. ئەم بیرەوەرییە بەرچاوڕوونییەکی ئێجگار باشی تێدایە لەبارەی رەوشی گشتی نەخۆش و نەخۆشخانە و دکتۆرەکانی شۆڕش. هەرچەندە لەهەموو شۆرشەکاندا، لەپاڵ خەباتی چەکدارییدا هەمیشە خەباتی پێشمەرگە بەرگ سپییەکانیش ئامادەگی هەبووە. بەداخەوە کاتێک بیرەوەرییەکانی دکتۆر فایەقم خوێندەوە، زۆر نیگەرانی ئەو رەوشە ناخۆشە بووم کە نەخۆش و بریندارەکان لەسەردەمی خەباتی شاخدا هەیانبووە.
دیارە راستە بەشێکی ئەم خەوشە پەیوەندی بە سەختی خەباتی پێشمەرگایەتیی و دڕندەیی رژێمی بەعس هەبووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بەرپرسانی شۆڕشیش کارێکی وایان نەکردووە کە ئەم کەرتە پێشبخەن، بەشێکی زۆری کارەکان کەوتۆتە سەرشانی چەند دکتۆرێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر، کە دکتۆر فایەق یەکێک بووە لەوانە. جێگەی ئاماژەیە هەتاوەکو ئێستاش ئێمە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنین.
نووسەر دەڵێت: سەرچاوەی دەستکەوتنی دەرمان لەچوار رێگەوە بوون: بە پلەی یەکەم رێکخستنەکانی ناوشار، کە رۆڵێکی زۆر گەورەیان گێڕاوە. دووەم: خزمو کەسوکار، زۆرجار لە رێگەی شەخسییەوە هەندێک دەرمانیان دەستکەوتوە.سێهەمیان لە رێگەی دەستگرتن بەسەر هەندێک نەخۆشخانەی حکومیدا. چوارەمیشیان لە رێگەی وڵاتانی ترەوە بەتایبەتی ئێران.
ئەوەی مایەی سەرنجە لەکاتێکدا کە حکومەتێکی بەعس لەجەنگەکەکاندا چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە، کەچی سەرکردایەتی هیچ هەوڵی نەداوە دەرمان و پێداویستی بۆ رووبەروبوونەوەی ئەو چەکە لەناوچەکانی ژێردەستیدا دەستبکەوێت، تەنانەت لەرووی شێوازی مامەڵەکردن لەبارەی بریندارانی چەکی کیمیاوییەوە، هیچ زانیارییەکیان نەبووە، تاوەکو بەرێکەوت کەسێکیان دەستدەکەوێت کە بەشداری لە خوولێکی سەربازی کردووە لەبارەی چەکی کیمیاویی، لەدەفتەرێکدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی نووسیوە، ئەو دەفتەری بیرەوەرییانە وەکو نووسەر ناویلێناوە” دەفتەرەکەی مەحمود” سەرچاوەی سەرەکییان بووە لەبارەی چەکی کیمیاویی و چۆنێتی خۆپاراستن لێی ل 360. هەرچەندە ئەو کەسەش ئامادە نەبووە دەفتەرەکەیان بداتێ، ئەوەش پاش چەندین تکا و رجا، ئینجا دەفتەرەکەی پێداون.
من کاتێک ئەو دێرانەم دەخوێندەوە زۆر نیگەران بووم، چۆن دەبێت تۆ رووبەروی رژێمێکی دڕندەی وەکو بەعس بیتەوە، کە چەکی کیمیاوییی لەدژت بەکاردەهێنێت، تۆش هیچ زانیارییت لەبارەی ئەو چەکە و چۆنێتی خۆپاراستن لێی نەبێت؟ کاتێک بڕیاری جەنگ لە دژی دوژمنەکەت دەدەیت، دەبێت زانیارییت لەبارەی جۆری چەکەکانی و خۆپاراستن لێی هەبێت، بەتایبەتی چەکی کۆمەڵکوژی، کەباشترین چەکی رژێمی بەعس بووە لەدژی پێشمەرگە و گوندنشینەکان.

خاڵێکی تر کە نووسەر باسی لێوەدەکات، دکتۆری ساختەیە، کەلەوکاتەدا زۆر کەسی ساختەچی بەدرۆ خۆیان کردووە بە دکتۆر، لەکاتێکدا دکتۆریش نەبوون. جگە لەوەش بە درێژی باسی ئازارو مەینەتییەکانی نەخۆش و بریندارەکان دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ من نوێ بوون و گرنگیشە ئێمە قسە لەسەر ئەم لایەنە بکەین.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
یەکێك لە قۆناغە ترسناکەکانی هێرشەکانی رژێمی بەعس کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، دیارە زۆرکەس قسەی لەبارەی ئەم کارەساتە گەورەیەوە کردووە، دکتۆر فایەقیش بە حوکمی ئەوەی خەڵكی ئەو دەڤەرە بووەو لەهەمانکاتیشدا پێشمەرگە و دکتۆریش بووە، قسەی خۆی لەبارەی ئەم کارەساتەوە دەکات و لەپەنا تاوانبارکردنی رژێمی بەعس، رەخنەی توندیش لە سەرانی بزووتنەوەی چەکداری کوردستان دەگرێت. نووسەر کۆمەڵێک رەخنەی توندی گرتووەو دەڵێت:
1/ پێش هێرشی هەڵەبجە هەموو بەرپرسەکانی دەڤەرەکە، ژن و منداڵی خۆیان لە شارەکە گواستبوویەوە.
2/ لەبەرامبەردا نەیانهێشتووە خەڵكی هەڵەبجە لە شارەکە دەربچن و خۆیان لەچنگی ئەو شەرە خوێناوییە رزگاربکەن.
3/ پێشمەرگە بەهاوکارتی پاسدار ئەم کارەی کردووە، ئەمەش دەرفەتی بە رژێمی بەعس داوە، هەڵەبجە وەکو ناوچەیەکی داگیرکراو دەستی دوژمن حسابی بۆ بکات.
4/ پێشمەرگە و پاسدارەکان، جلوبەگی دژە چەکی کیمیاوییان لەبەربووە، لەکاتێکدا هیچ مشووریان بۆ خەڵكی ئاسایی نەخورادووە، باشترین بەڵگەش لەو هەموو قووربانیانەد،ا هیچ پێشمەرگە و پاسداری تێدا نەبووە.
5/ هەندێک بەرپرسی یەکێتی رۆڵی خراپیان گێڕاوە لەم کارەساتەدا بۆ نموونە شەوکەتی حاجی موشیر، بەڵام لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێت، کەچی رێزی زۆری لێگیراوە.
6/ هەڵمەتی دزین و تاڵانی دەستیپێکردووەو بانقی هەڵەبجەش لەلایەن کۆمەڵێک بەپرسەوە دزراوە، ئەوانەشی ئەم کارەیان کردووە سزا نەدراون.
.7/ نەوشیروان موستەفا کە لەوکاتەدا سەرکردایەتی یەکێتی کردووە، کاتێک مامۆستا شاهۆ داوای لێکردووە سەردانی نەخۆش و بریندارەکانی کیمیابارنی هەڵبجە بکات، ناڕازی بووەو وتویەتی: خەڵكی هەڵەبجە یان ئاشن یان جاشن، ئیتر بۆ بچم سەردانیان بکەم. ل 435

ئەنفال
زۆرکەس قسەیان لەبارەی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال کردووە ، دکتۆر فایەقیش بەحوکمی ئەوەی لەوکاتەدا لە دەڤەری گەرمیان بووە، زۆر بە وردی باسی ئەو پرۆسەیە دەکات. بەراستی من بیرەوەری زۆری پێشمەرگە و سەرکردەکانم خویندۆتەوە، بەڵام کەسیان بەو ووردەکارییە باسی پرۆسەی ئەنفال و ئەو کارەسات و تراژیدییا گەورەیەیان نەکردووە کە خەڵكی بێ تاوانی ئەو ناوچەیە رووبەروی بوونەتەوە.
نووسەر رژێمی بەعس بە تاوانباری سەرەکی دادەنێت لەم پرۆسیەدا، بەڵام لەهەمانکاتیشدا رەخنەی توند لەهەندێک بەرپرس دەگرێت، کە تاڕادەیەک دەتوانین ئەوانیش تاونبار بکەین. نووسەر پێی وایە ئەو هێرشە دڕندەیەی بەعس دوای هێنانی سووپای پاسداران بووە بۆ ناوچەکە و لێدانی چاڵە نەوتییەکانی کەرکوک بووە، ئەم کارەش بە سەرپەرشتی نەوشیروان موستەفا کراوە، هەرئەمەش هەلی ئەوەی داوەتە دەستی رژێمی بەعس کە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە خائین وەسفبکات و بەوپەڕی دڕندەییەوە پەلاماری ناوچەکە بدات. لەهەمانکاتیشدا رەخنە لەهەڵسووکەوتی هەندێک بەرپرسی ناوچەکە دەگرێت بۆ نموونە نووسەر باسی قادری حاجی عەلی دەکات، کە لەکاتی ئەنفالدا بەرپرسی مەڵبەندی یەک بووە، لەجیاتی ئەوەی هەوڵی رزگارکردنی خەڵکی گوندەکان بددات، کەچی فەرمانی دەرکردووە پێشمەرگە رێگری لە خەڵکی بکات و نەهێڵێت گوندەکان چۆڵ بکەن و خۆیان رزگار بکەن، گەر خەڵکی گوندەکانیش سەرپێچیان کرد، ئەوا سێ تا چوار کەسیان بکوژن و تەقەیان لێبکەن بۆ ئەوەی خۆیان رزگار نەکەن.ل 388

دادوەری
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی خەباتی کوردایەتی، کارکردنە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و سەپاندنی سیستمێکی دادپەروەری، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە باشووری کوردستان پاش چەندین ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و دواتریش پاش سێ دەیە لە ئەزمونی خۆماڵی و حوکمداری، نەمانتوانییوە سیستمێکی دادپەروەری باش دابنێین، ئەمەش وایکردووە کە رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بینەوە لەپێش هەموویانەوە ” گەندەڵێ و ناعەدالەتیی و ستەم” هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە کار بۆ ئەم پرسە گرنگە نەکراوە، بەتایبەتی لەخەباتی چەکداریی و سەردەمی شاخ. لەمباریەوە نووسەر هەندێک سەرە داوی بۆ باسکردووین. بۆ نموونە دەڵێت: ئەو کاتانە دادگا و سزاو پەروەردەی ینک، بەرامبەر بەو کەسانەی لەناو هێزی پێشمەرگەدا سەرپێچیان دەکرد، تەنها گۆچانەکەی مامجەلال و قسە سوێرەکانی نەوشیروان مستەفا بوون.ل 177
ئیتر گەر لێرەو لەوێ خەڵکانێک باس لەوە بکەن کە لە شاخ دا حاکمی شۆرش بوون، هیچ راست نییە و تەنها نازناوێکی ئاساییی بووە دەنا لە راستیدا بەوشێوەیە نەبووە.

چەند سەرنجێک
دیارە نووسەر لەم کتێبەیدا باسی کۆمەڵێک خاڵی جوان و ناشیرینی شۆڕشی کوردی بەتازەو کۆنەوە کردووە ، لەهەمانکاتیشدا بۆچونی خۆی بەوپەڕی راستگۆییەوە باسکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبە و نووسەرەکەشی سەروو رەخنە نین، بەدەردی شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی بە شۆخییەوە پێی وتوە : تۆ کوڕی باشی بەڵام وردە واڵەت هەیە.
نووسەر لەسەرەتای کتێبەکەیە و تاکۆتایی رەخنەی توند لە رەوانشاد مام جەلال و نەوشیروان موستەفا دەگرێت، لەزۆر شوێندا رەخنەی زۆر توند و سوێریان لێدەگرێت، بەڵام سەیر ئەوەیە تۆ ماوەی چەندین ساڵ ئامادەبیت لەناو حزبێکدا کار بکەیت، لەکاتێدا دژی سەرکردەکانی ئەم حزبەش بیت و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیان نەگونجێیت. پاشان قسەی گرنگ ئەوەیە، من باوەڕم بە حزبێک نەبێت بۆ هەر لەسەرتاوە وازی لێناهێنم؟. دواتریش نووسەر کاتێک واز لەیەکێتی دەهێنێت، کە چیتر ئەم حزبە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا نامێنێت و روبەرووی شکستی گەورە بۆتەوە. دواجار کاتێکیش واز لەم حزبە دەهێنێت دەچێتە پارتی گەلەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو پارتە چ لەرووی فکریی و رێکخستن و سیاسییشەوە، لەیەکێتی زۆر خراپتر بووە نەک باشتر، دواتریش ئەم حزبە دەچێتەوە ژێر دەواری بنەماڵەی بارزانی.

لە شوێنێکی تریشدا بەراستی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو بۆ من، نووسەر باس لە رووداوێک دەکات لە ئێران، کاتێک تیپێکی تۆپی پێیان هەبووە، هاتووە “دەرزی تیستستورون” بۆ یاریزانەکان بەکارهێناوە، کە ئەمەش دەرزییەکی ” وزەبەخشە” و لەرووی یاسای وەرزشییەوە تاوانە. نووسەر ئەم دەرزییەی داوە بە تیپەکەیان تاوەکو بەهێزتربن و یارەکە ببەنەوە، ئەم چ لەرووی یاسای پزیشکیی و چ یاسای ئاسیی و مۆڕاڵیشەوە دەچێتە قاڵپی تاوانەوەو ناشبێت کەسێک دکتۆر بێت ئەمجۆرە هەڵانە بکات. ل 342.
هەرچەندە نووسەر زۆر هەواداری گیفارا بووەو بەڵام هەست دەکەم چ لەسەردەمی لاوێتیی و چ لە ئێستاشدا هێندە زانیاری لەبارەی ئەم سەرکردە چەپەوە نەبووە، چونکە نووسەر لە ل81 دا دەڵێت گیفارا لە کاتی خەباتی چەکداریدا لە فەنزوێللا بەدیل گیراوەو شەهیدکراوە، راستییەکەی گیفارا لە پۆلیڤیا کوژراوە نەک فەنزوێللا هەتاوەکو ئێستاش ئارامگەکەی لەوێیە.
خاڵێکی تریش کە مایەی سەرنجم بوو، نووسەر لەکاتی باسکردنی ژیانی خۆی لەسەردەمی خوێندکاریی لە زانکۆی موسڵ، بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە چۆن دژایەتیی ئەو کچانەیان کردووە کە شوویان بە کوڕی عەرەب کردووە، تاکە کچێکیش کە بڕیار دەدات شوو بە کوڕێکی عەرەب بکات، ئەمان دژی دەوەستنەوەو قسەی ناشیرینی پێدەڵێن: ئەو کچە هیچ نرخێکی بۆ بەها نەتەوەیییەکانی گەلی کورد دانەدەنا. ل 101. راستییەکەی خۆشەویستی هیچ پەیوەندی بە فکر و سیاسەتەوە نییە و دەچێتە قاڵبی ژیان و ئازادی شەخسی، نابێت کەس خۆی بکات بە ” پۆلیسی ئاداب” ئەوی تر.

دوا قسە
بەگشتی ئەم دەفتەری بیرەوەرییانەی دکتۆر فایەق وەکو هەموو بیرەوەرییەکانی تر، کۆمەڵێک زانیاری گرنگی تیدایە لەبارەی شۆڕش و خەبات تێکۆشانی گەلەکەمان لەدژی رژێمی بەعس و لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک رەخنەی تێدایە لەبارەی مێژووی خەباتی چەکداری، کە دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە زەقانەی کەهەندێكیان تاوەکو ئێستا پێوەی دەناڵێنین.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە دکتۆر فایەق دەکەم و پێی دەڵێم : دەستا وەشبوونە” هیوای سلامەتی و لەشساخی بۆ دەخوازم.

سەرچاوە:
دکتۆر فایەق گوڵپی. کەلێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم. چاپی یەکەم. چاپخانە تاران. ساڵی 2018




پارلەمانی کوردستان: زانست و ئاوەز یا کوێرەڕێ.. فەرهاد شاکەلی

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە پارلەمانی کوردستان پێشنیازێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ڕۆژێک بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی دیاری بکرێت. ڕۆژەکەیش، وەک لە هەواڵەکەدا خوێندمەوە، گوایە ٢٢ی نیسان دەبێت. ڕاستییەکەی من ئاشنایەتییەکی ئەوتۆم لەگەڵ شێوەی کارکردنی پارلەمانی کوردستاندا نییە، بەڵام وای بۆ دەچم ئەویش، کەم تا زۆرێک، هەر هاوشێوەی پارلەمانەکانی دیکەی جیهان بێت.
لەم نووسینەدا، هەر بە کورتی، چیرۆکێک دەگێڕمەوە، کە شانزدە، حەڤدە ساڵ لەمەوپێش، لێکۆڵینەوەم لەبارەیەوە کردووە و گەیشتوومەتە ئەنجامی بنجبڕی وەها، کە هەر کەسێکی زانستخواز بیخوێنێتەوە، لەوە دەگات کە باسەکە بڕاوەتەوە و ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا پێی گەیشتووم، ئیدی ناشێ و ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
بەندە، ساڵانی دوورودرێژ، لە کۆنترین و گرنگترین زانستگە (زانکۆ)ی وڵاتی سوێددا، کە زانستگەی ئوپسالایە، مامۆستایەتیی زمان و ئەدەبی کوردیم کردووە و هاوکاتیش، هێندەی بۆم لوابێت، لێکۆڵینەوەی زانستیم ئەنجام داوە. لە پاڵ زمان و ئەدەبی کوردیدا، چەند ساڵێک وانەی مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانیشم کردبووە بەشێک لە بەرنامەی خوێندن، مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییش بابەتێک بوو لە بەرنامەکە.

هەر لە سەرەتاوە، لەبارەی ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی بەدرخانییەکانەوە گومانێکی وام لا پەیدا بوو، کە ئەو مێژووە هەڵەیە، بەڵام خۆمم ناچار کرد، کە ناکرێ بابەتێکی لەم جۆرە بە ئاسانی وەربگردرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت. دەبێ بخرێتە ژێر ڕووناکیی لێکۆڵینەوەی زانستی و لۆگیکییەوە و بە بەڵگەی زانستیی ئاوەزکارانە پشتگری بکرێت. هەر وایشم کرد. لە ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکدا، دەستم کرد بە خوێندنەوەی، یا سەرلەنوێ خوێندنەوەی، ئەو سەرچاوە گرنگانەی دەمتوانی سوودیان لێ وەربگرم (١٤ سەرچاوە بە کوردی، ٢ بە عەرەبی و ٨ بە ئینگلیزی). ئەنجامەکەیش ئەوە بوو، کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، واتە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە مێژوودا، ڕۆژی ٢١ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە. هەرچییەکی دیکە لەو ڕووەوە بگوترێ، هەڵەیە و نابێ پشتی پێ ببەسترێت.

ئەنجامی کارەکەمم لە لێکۆڵینەوەیەکدا داڕێشت، بەڵام دوودڵ بووم هەر یەکسەر بڵاوی بکەمەوە یا نە؟ بڕیارم دا پەلە نەکەم و هەڵیبگرم بۆ بەهاری ٢٠٠٧ و لە ڕۆژی ٢٢ی نیساندا بڵاوی بکەمەوە. ئەو دواخستنەیشم بۆ ئەوە بوو کە بە وردی بە هەموو زانیاری و سەرچاوە و ئەنجامگرییەکاندا بچمەوە، چاویان پێدا بگێڕمەوە و نووسینەکە کاتێک بڵاو بکەمەوە کە ١٠٠٪ دڵنیا بم و ئامادە بم بۆ وەڵامدانەوەی کەسانێک کە هێشتا گومانێکیان لا مابێت. لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٠٧دا پێوەندیم کرد بە ڕۆژنامەی (ئاسۆ)وە و داوام کرد هەواڵەکە ڕۆژی ٢١ی نیسان و نووسینەکەیش ڕۆژی ٢٢ی نیسان بڵاو بکەنەوە. وتاری (ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی چلساڵە)، لەو ڕۆژەدا، لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژنامەی ئاسۆدا بلاو کرایەوە. هەر دوا بە دوای ئەوەیش ناردم بۆ حەفتەنامەی (هەولێرپۆست) و لەوێیش بڵاو کرایەوە.

لەناو هاوڕێکانمدا، ئەوانەی شارەزای لێکۆڵینەوەی زانستین، هەبوون کە بۆچوونەکەمیان پێ ڕاست نەبوو. یەکێکیان، کە زیاتر ئاشنای کاری ئەکادێمی بوو، لە سەرەتادا دژی ئەنجامگرییەکەی من بوو. هەر ئەو برایە، چونکە باوەڕی بە کاری زانستی هەیە و لێی دەزانێت، یەک دوو مانگێک دواتر، ئاگاداری کردم، کە ئەویش لێی کۆڵیوەتەوە و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە من باشی بۆ چووم. لەم دوو سێ ساڵەی ڕابوردوودا، خۆشبەختانە گەلێک ڕووناکبیر و مامۆستای دیکەی کوردەواریی خۆمان پشتگریی بۆچوونەکەیان کرد و دڵنیا بوون کە ئەنجامگرییەکەی من ڕاستە.

من نازانم لەناو ئەندامانی پارلەمانی کوردستاندا، یا لە لێژنەی ڕۆشنبیریدا، چەند کەسیان ئاگاداری ئەو بوارەن یا لێکۆڵینەوەیان تێدا کردووە، بەڵام پارلەمان بۆ بڕیارێکی وا کە جێگەی متمانە و باوەڕی خەڵک بێت، دەبێ پشت بە بەڵگەی زانستی و ئاوەزکارانە ببەستێت، دەبێ سوود لە کار و بەرهەمی کەسانی شارەزا وەربگرێت و ناکرێ هەر لەبەر ئەوەی لە سەرچاوەکانی مێژووی کورددا نووسراوە یەکەمین ژمارەی کوردستان ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە، ئیتر ئەم زانیارییە وەک تێکستێکی پیرۆز وەربگرن. بناغەیەکی یەکجار گرنگی کاری زانستی گومانکردنە، نەک وەرگرتنی زانیارییەکان بێ ئەوەی بخرێنە ژێر پرسیارەوە. لە مێژووی کوردستاندا هەندێک بابەت هەن، کە زۆربەی خەڵک، خوێندەوار و لێکۆڵەر و ڕووناکبیران، وەک ڕاستی وەریانگرتوون، یا لەبەر هەر هۆیەک بێت، نایانەوێ گومانی لێ بکەن.

لەم یەک دوو ساڵەی ڕابوردوودا لە بواری مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستاندا خەریکی لێکۆڵینەوە بووم. لە هەندێ بابەتدا گەیشتوومەتە ئەنجامی وەها، کە بە تەواوی دژی ئەو زانیارییە باوەیە کە لەناو زۆربەی خوێنەرانی کورددا جێی گرتووە. ئێستا پەلەی ئەوەم نییە هیچ شتێک لەو ڕووەوە بدرکێنم، خوا یار بێت، کە کاتی هات، وەک ئەم هەڵەیەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئەوانەیش ڕاست دەکەمەوە. ڕەنگە هەندێک جار جیاوازی و ناکۆکیی زانستی و مێژوویی لەسەر یەک ڕۆژ بێت، وەک ئەم بابەتە. ڕەنگە هەبن بڵێن جا یەک ڕۆژ چییە؟ با ٢١ نەبێت، ٢٢ بێت، بەڵام زانست و ئاوەز وا ناڵێن. بۆ زانست و ئاوەز یا ٢١ ڕاستە یا ٢٢، ناکرێ هەردوویان ڕاست بن.
ئەم نووسینە بە هەل دەزانم لە چەند ڕستەی کورتدا، کرۆکی ئەنجامگریی ئەو لێکۆڵینەوەیەم دووبارە بکەمەوە: [یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممەی ٢٩ی زولقەعدەی ساڵی ١٣١٥ی کۆچی، ٩ی نیسانی ساڵی ١٣١٤ی ڕوومی و ٢١ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی دەرچووە. ئەو باوەڕەی کە تا ئێستا لەو بوارەدا لە ئارادا بوو، لەگەڵ بنەماکانی لێکۆڵینەوەی زانستیدا ناکۆک و نەگونجاوە. ئەگەر تا ئێستا ڕۆژی ٢٢ی نیسان بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەزانرا، دەبێ لە ئەمڕۆ بە دواوە ٢١ی نیسان، بە شێوەیەکی ڕەسمی، ببێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی].

من هێندەم پێ دەکرێ ئەم پەیامەی خۆم بگەیێنمە بەرچاوی خوێنەر و توێژەر و ڕووناکبیری کورد، بەڵام پارلەمانی کوردستان دەکەوێتە بەردەم دووڕێیانێک: ڕێگەی ڕاستی زانست و ئاوەز دەگرێت یا کوێرەڕێ؟ هیوادارم بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست هەرگیز دوودڵ نەبن.
ئوپسالا، سوێد ١٢-٤-٢٠٢١




بۆچی سه‌رجه‌م موسته‌شاره‌كان به‌شدارن له‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال؟.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌ه‌د

له‌ رێكه‌وتی 20-6-1987دا, بیرۆی باكووری پارتی به‌عس, كۆبونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات, له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیارێك ده‌دات تیایدا ژیانی گه‌لێك به‌ ته‌واوی ده‌گۆرێت, ئه‌ویش بڕیاری شوومی ژماره‌ 4008 بوو, ئه‌م بڕیاره‌ به‌ مانفیستۆی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان دێته‌ ژماردن, سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكی جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌ی سسته‌ماتیك و نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو, له‌م كات و رۆژه‌وه‌ كوشت و بڕو ده‌ركردن خرایه‌ چوارچێوه‌ی بڕیاری فه‌رمییه‌وه‌, به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی تاكو رێكه‌وتی 22-6-1987 ده‌ستیان لێنه‌درابوو ده‌بێت بڕوخێنرێن, هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بكرێنه‌ ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو, گوندی قه‌ده‌غه‌كراو هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیدا بوو له‌و كاته‌دا, كه‌ رژێم ته‌نها سه‌نته‌ری شاره‌كان و به‌شێك له‌ رێگاكانی به‌ده‌سته‌وه‌ مابوو, له‌ روی ئاسایشه‌وه‌ نابێت ئه‌و ناوچانه‌ هیچ مرۆڤ و ئاژه‌ڵێكی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ كرا, هاتو چۆو كشتوكاڵی تێدا قه‌ده‌غه‌ كرا, هێزی ئاسمانی چاودێری زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان و رێگاكانی به‌ چڕی ده‌كرد, ئه‌وه‌ی به‌ربكه‌وتایه‌ ژیانی لێ ده‌سه‌نده‌وه‌, سیاسه‌تی زه‌وی سوتاندن په‌یڕه‌و كرا, هێزه‌كان ده‌ستكراوه‌ كران بۆ كوشتنی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌, بڕیاره‌كه‌ هه‌وڵدانێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌یان لێ بكوژرێت, به‌ تفه‌نگ یان تۆپ یان رۆكێت وه‌ یاخود له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌ جۆره‌ها كۆپته‌رو فڕۆكه‌ی جه‌نگی پیراتۆز, به‌ چه‌كی ئاسایی یان هیشۆیی و كیمیاوی, یان له‌ كاتی ده‌ستگیركردندا له‌سه‌ر رێگاو بانه‌كان یان له‌ هێرشه‌كاندا بۆ ناوچه‌كانیان گوله‌ باران بكرێن, ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ بوو, بڕیاردرا له‌ سێداره‌ بدرێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا, ده‌ستنیشان كران بۆ له‌ناو بردن, بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌سیان لێ دادگایی بكرێت, به‌مه‌ش دۆسیه‌كانیان نه‌چووه‌ خانه‌ی یاسای تاوانه‌وه‌, ماف و توانای هیچ داكۆكیكردنێكی یاساییان له‌ خۆیان نه‌بوو.
لێره‌وه‌ زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان كه‌ تاڵانی لادێنشینانی كوردستان بوو, كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنران له‌ سه‌روه‌ت و سامان بۆ فه‌وجی جاشه‌كان و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بوون به‌ پێی بڕیاره‌كه‌, هێزه‌كان عێراق به‌ ته‌واوی ده‌ستكراوه‌ كران بۆ فه‌رهودو تاڵانی, به‌ تایبه‌ت فه‌وجه‌كانی جاشه‌كان, كه‌ ئه‌وان دواتر ناوی ئه‌نفالیان لێ نا, به‌ پێی بڕیاری 4008 ته‌قه‌كردن ئازاد بوو بۆ به‌ئه‌نقه‌ست كوشتنی هاووڵاتیان, به‌ تایبه‌تیش خاڵی 5ی بڕیاری 4008, گفتوگۆی زۆر له‌سه‌ر بوو, به‌رده‌وام ته‌ئكیدی لێكراوه‌ته‌وه‌, ئه‌و خاڵه‌ بریتی بوو له‌ ئیعدامكردنی گشتی ” هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و گوندانه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن, ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵدا بكرێت له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌, ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 15 بۆ 70 ساڵه‌ پێویسته‌ ئیعدام بكرێن پاش ئه‌وه‌ی زانیاری به‌ كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرترێت و له‌ كاتی خۆیدا ئاگادار بكرێینه‌وه‌”.
هه‌رچی خاڵی حه‌وت له‌ بڕیاری 4008 بوو, جاشه‌كانی سه‌رپشك كرد له‌ تاڵانكردن” هه‌موو ئه‌و شتومه‌كانه‌ی كه‌وا فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بۆ خۆیان ده‌بێت ته‌نها چه‌كه‌ قورسه‌كان و چه‌كی ئه‌سناد و چه‌كی مام ناوه‌ندی نه‌بێت, چه‌كه‌ سوكه‌كان بۆ خۆیان ده‌بێت, ئێمه‌ی لێ ئاگادار كه‌نه‌وه‌و ته‌نها ژماره‌كانیان تۆمار بكه‌ن. پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ی جحافله‌كان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌موو موسته‌شاره‌كان و فه‌رمانده‌ی سرییه‌كان و مه‌فره‌زه‌كانیان, وه‌ به‌ وردی ئێمه‌ ئاگادار بكرێینه‌وه‌ له‌ چالاكیه‌كانی فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی.”.

له‌ رێكه‌وتی 8-9-1987 به‌ نووسراوی ژماره‌ 5731ی بیرۆی باكوور, بڕیار درا ته‌نها 50%ی پێكهاته‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان له‌ باره‌گا جێگیره‌كانیان و ره‌بایه‌كان بمێننه‌وه‌, ئه‌وی دی به‌كار بهێنرێن بۆ په‌لاماری گونده‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان, بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری پێشمه‌رگه‌و دانیشتووانه‌ سڤیله‌كه‌ی بده‌ن, له‌ هێرشه‌كاندا جاشه‌كان پێش سوپا كه‌وتن, به‌شداریان كرد له‌ په‌لاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی هاووڵاتیانیان روخاند, مزگه‌وت و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌یان وێران كرد, له‌ تاڵانیش ده‌ستیان نه‌پاراست, بڕیاری 4008یش له‌و باره‌وه‌ ئازادیانی كرد له‌ تاڵانكردن, واتا به‌رده‌وام چاره‌كی كۆی ژماره‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌و 364 رۆژه‌دا له‌ ئه‌ركدا بوون له‌ پانتایی جوگرافیای كوردستان, وێڕای چاره‌كێكی دیكه‌ زیاتریان به‌رده‌وام له‌ باره‌گاو ره‌بایه‌كاندا پارێزگاری حكومه‌تیان ده‌كرد و بۆسه‌یان داده‌نایه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاكان بۆ پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتیان, ده‌یان و سه‌دان تاوانی جه‌رگبڕیان له‌و بۆسانه‌ ئه‌نجامدا” چونكه‌ ئه‌وان له‌ مانگدا 15 رۆژ ده‌وامیان ده‌كرد”, بۆیه‌ هه‌موو له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كان و قۆڵه‌كانیه‌وه‌ به‌شدار بوونه‌, سه‌ره‌تا جاشه‌كان وه‌ك چاو ساغ و شاره‌زا چونه‌ته‌ گونده‌كان و هه‌ڵه‌ت و شیو دۆڵ و ناو ئه‌شكه‌وته‌كان و سه‌ر چیاكانیان كۆنترۆڵ كردوه‌, دواتر سوپا, به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت ته‌واوی فه‌وجه‌ جاشه‌كان له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا لانی كه‌م چه‌ندین جار به‌شدارییان كردووه‌ له‌ تاوانه‌كه‌و تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی جینۆساید, ناویان له‌ لیستی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال نووسرابێت یان نا, ئه‌وانه‌ی نووسراون ئه‌وانه‌ن یان مه‌دالیای ئازایه‌تیان وه‌رگرتووه‌, یاخود سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌, یاخود نویان له‌و تاك و ته‌را به‌ڵگه‌ نامانه‌دا هاتووه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ته‌واوی شایه‌دحاڵه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌ره‌خه‌ن, كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك یان له‌لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌ستگیر كراون له‌ كاتی خۆ شاردنه‌وه‌, یاخود له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ته‌سلیم كراونه‌ته‌وه‌, یاخود پڕۆپاگه‌نده‌ی درۆیان كردووه‌ بۆ خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دان , له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ئه‌نفال, ئه‌منی پارێزگاكان پێشتر ئاگادارایانیان كردۆته‌وه‌ كه‌ لێبوردن هاووڵاتیانی ناوچه‌ی ناو پرۆسه‌ی ئه‌نفال ناگرێته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر له‌ناو ئه‌و 423 كه‌سه‌ی وه‌ك تۆمه‌تباری ئه‌نفال ناویان هاتووه‌,ته‌نها 258یان كورد بن, كه‌ زیاتره‌, ئه‌وا له‌وانه‌ی ناویان تۆماركراوه‌ 60,9%ی كوردن.
سه‌یر كه‌ن ته‌نها له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی 8, به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ,لانی كه‌م 163 فه‌وجی جاشی خه‌فیفه‌, به‌ 65,375جاشه‌وه‌ به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان كردووه‌.

دادگاییكردنی تاوانبارانی ئه‌نفال

هێما بیركارییه‌كان بۆ ژماردنی تاوانه‌كانی ئه‌نفال كڵۆڵه‌, هێنده‌ تاوانه‌كان زه‌ق و گه‌وره‌و زۆرن, یاساكانیش له‌ ئاستیدا زه‌بوونن بۆ پێناسی یاساییان, به‌ڵگه‌نامه‌و فلیم و دیدنامه‌كان لاوازن, كۆمه‌ڵكوژی, كوشتنی مه‌یدانی, دورخستنه‌وه‌ی به‌ زۆری دانیشتووان, زیندانیكردن و كوشتنی ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ پاش گرتنیان و گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی تۆپزاوه‌و شوێنه‌كان دی, دواتر كوشتنیان له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان, ته‌رمی به‌شێكیان له‌ موسڵ و سه‌ماوه‌ دۆزرایه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن پسپۆری نێوده‌وڵه‌تی مایكل تربیل و ئه‌وانی دییه‌وه‌ ده‌رهێنرا, زۆرینه‌یان تا ئێستا گۆڕه‌كانیشیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌, بێبه‌ریكردن له‌ پێداویستییه‌كان ژیان, ئه‌شكه‌نجه‌دان, ده‌ستدرێژی سێكسی و په‌لاماردان و لاقه‌كردن, سزادانی گروپ به‌ هۆی جیاوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌, په‌لاماردانی ناوچه‌ی سڤیل به‌ چه‌كی كۆكوژی كیمیاوی و هیشۆیی و چه‌كی كلاسیك, په‌لاماردانی گونده‌كان و بێهۆكار روخاندنی نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌و مزگه‌وت, به‌زۆر گواستنه‌وه‌و سه‌پاندنی نیشته‌جێبوونی زۆره‌ ملێ له‌ ئۆردوگاكان و بێبه‌ریكردن له‌ هه‌لی كار و پێداویستی ژیان, توندوتیژ جوڵانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ هاووڵاتیانی سڤیل تا ئاستی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ستی به‌ كۆمه‌ڵیان, بێرێزیكردن به‌ ته‌رمی مردووه‌كانیان, مردن به‌هۆی برسێتی و تێنوێتی و گه‌رما و بێ ده‌رمانی و پیسییه‌وه‌, نه‌بوونی بێبایه‌خترین كه‌ره‌سته‌ی ژیان له‌ناو زیندانه‌كان, هێرش بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی سڤیل كه‌ هیچ به‌شداریه‌كیان له‌ چالاكی سه‌ربازی نه‌بووه‌, وێرانكردنی ماڵیان و تاڵانكردنیان, جیاكردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان و رێگا گرتن له‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنیان, بۆ ئه‌وه‌ی منداڵیان نه‌بێت, توندوتیژی به‌ نه‌خشه‌, زیانی جه‌سته‌یی و عه‌قڵی, وێرای مردن زۆرێك له‌ ئه‌نفالكراوان تووشی كه‌مئه‌ندامی بوون له‌ زیندان, بێهۆكار په‌لاماردانی خه‌ڵكی سڤیل, كوشتنی به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست, كوشتنی نابه‌جێ, بێبه‌شكردنی توند له‌ هه‌موو پێداویستییه‌كی ته‌ندروستی و ژیان, ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان له‌ناویاندا به‌روبوومی كشتوكاڵی هه‌ڵگیراو, نه‌هێشتنی سه‌ره‌وه‌ت و سامانی ئاژه‌ڵداری, كوێركردنه‌وه‌ی كانیاو پڕ كردنه‌وه‌ی بیره‌كان, په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی زه‌وی سوتاندن, بۆردومان كردنی گوند به‌ خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌, له‌ زیندانه‌كان و شوێنه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی پیس, كه‌می خۆراك و برسیكردن, نه‌بوونی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پزیشكی, سه‌پاندنی ژیان له‌ گه‌رمای به‌تیندا, ته‌عریبكردن…….ئه‌مانه‌ نموونه‌یه‌ك كه‌م بوون, تا شوێنپێی هه‌موو قوربانییه‌كان هه‌ڵنه‌گرترێت ناتوانرێت هه‌موی بنوسرێته‌وه‌, بۆیه‌ به‌ڵگه‌نامه‌و فلیم و دیدنامه‌و نووسراوه‌كان ناتوانن ده‌ربڕی گه‌وره‌یی تاوانه‌كه‌ بن, كاتێك ئاماده‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان ده‌بیت ده‌زانیت چ تاوانێك ئه‌نجامدراوه‌, ده‌زانیت چ جه‌هه‌نه‌مێك له‌ ژێر بیابانه‌كان شاردراوه‌ته‌وه‌.
دادگای دۆسیه‌ی ئه‌نفال له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كان له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 21-8-2006 ده‌ستی پێكرد,له‌ 61 دانیشتندا, كۆی گشتی 1193 سكڵاكه‌رو دیده‌ر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی, سكاڵاو شایه‌دییان پێشكه‌ش كرد, له‌وانه‌ 52 سكاڵاكه‌ر, 10 رزگاربووی گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ, 8 دیده‌ر, 4 پسپرۆی بیانی ” كلایكۆلون سنۆ
1928 ئۆكلاهۆما وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا……زانای بواری زانستی بایۆلۆژی,پسپۆر له‌سه‌ر ئاستی جیهان, گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی كرۆمی هه‌ڵدابوه‌وه‌و كاری له‌سه‌ر قوربانیانی كیمیابارانكردنی گوندی فرجینی كردبوو كه‌ چه‌كی كیمیاوی تێدا به‌كار هاتبوو, ئه‌سفه‌ندیار ئه‌حمه‌د شكری توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ئاوارانه‌ی دیار به‌كر و ماردین كردبوو, كه‌ كیمیاوی لێیانی دابوو, مایكل كۆمفر تره‌مبیل پسپۆر له‌ بواری پزیشكی رێوشوێنی دیارده‌ سزاییه‌كان له‌ موسڵ و موسه‌نا گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌نفالكراوانی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌, به‌ هاوكاری پسپۆڕانی ئه‌مه‌ریكی و كۆستاریكی و ئوسترالی و كه‌نه‌دی, دۆگلاس سكوتی- ئه‌مه‌ریكی پسپۆر له‌ بواری چه‌ك و زانستی سزایی”, راسته‌وخۆ به‌شدارییان له‌ دادگاییه‌كه‌ كرد و وته‌یان پێشكه‌شكرد له‌ به‌رده‌م دادوه‌ره‌كان, له‌ رێكه‌وتی 24-6-2007 بڕیاری دادگا ده‌رچوو, له‌ رێكه‌وتی 4-9-2007 بڕیاری كۆتا درا, تاوانكاران به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی سزا دران.
له‌ پرۆسه‌ی دادگاییه‌كه‌ حه‌وت تۆمه‌تبار دادگاییكران, وه‌ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئاماده‌ نه‌بوون وه‌ك له‌ دوو نامه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كاندا ناویان هاتووه‌ ” به‌ پێی نووسراوی ف2 1445 رێكه‌وتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانه‌كان, بڕیاری گرتن بۆ 24 كه‌س ده‌رچوو, كه‌ بریتی بوون له‌” نزار خه‌زره‌جی, یونس ئه‌لدرب, ئه‌یاد خه‌لیل زه‌كی, ره‌مزی مه‌حمود, سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, قاسم دڕه‌یی, معته‌سه‌م به‌رزنجی, یاسین ره‌ئوف, ته‌حسین شاوه‌یس, قاسم ئاغای كۆیه‌, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, نیعمه‌ فارس, حه‌مید شه‌عبان, نه‌جم عه‌بدوڵا دوری, عیسمه‌ت سابیر, عه‌دنان جه‌باری, جیهان موسا, ره‌فعه‌ت گلی, عوسمان شێخ سه‌عید, شێرزاد ساڵه‌ح, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان, حوسێن شێخ سه‌عید, حه‌سیب حه‌مه‌ ئینجه‌”.
هه‌روه‌ها “له‌ رێكه‌وتی 21-12-2005, به‌ پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانه‌كان ژماره‌ ف2 1474, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار ده‌كات كه‌ بریتین له‌” سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, عه‌دنان جه‌باری, شێخ ره‌ئوف, شێخ جه‌عفه‌ر, شێخ ره‌مه‌زان, قاسم دڕه‌یی, جیهان موسا, معته‌سه‌م به‌رزنجی, ره‌فعه‌ت گلی, یاسین ره‌ئوف, غه‌سان شێخ سه‌عید, ته‌حسین شاوه‌یس, شێرزاد ساڵه‌ح, قاسم ئاغای كۆیه‌, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, حوسێن شێخ سه‌عید, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, حوسێن حه‌مه‌ ئینجه‌”.

حه‌وت كه‌سه‌كه‌ی دادگایی كران, پێشتر زیندانیبوون, بریتی بوون له‌: سه‌دام حسێن ئه‌لمه‌جید ئه‌لحه‌سه‌ن عه‌بدالغه‌فور عه‌بدالقادر ئه‌لناسری ئه‌لتكریتی سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 30-12-2006 له‌سه‌ر تاوانی دوجه‌یل له‌ سێداره‌ درا بۆیه‌ تۆمه‌تی ئه‌نفالی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا, عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید ئه‌لحه‌سه‌ن عه‌بدالغه‌فور عه‌بدالقادر ئه‌لناسری ئه‌لتكریتی به‌رپرسی بیرۆی باكوری پارتی به‌عس, لیوا روكن سابیر عه‌بدالعه‌زیز حوسێن عه‌لی دوری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری گشتی سه‌ربازی, فه‌ریق روكن حوسێن ره‌شید محه‌مه‌د عه‌ره‌ب ئه‌لتكریتی یاریده‌ده‌ری ئه‌ركانی سوپا بۆ كاروباره‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان, لیوا روكن سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د حه‌مه‌د ئه‌لحه‌مه‌د ئه‌لتانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌كه‌م, تاهیر تۆفیق ئه‌لحاج یوسف ئه‌لعانی سكرتێری لیژنه‌ی كاروباری بكوور و پارێزگاری موسڵ , عه‌قیدی روكن فه‌رحان موتڵه‌گ ساڵه‌ح خه‌ڵه‌ف ئه‌لجبوری به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی هه‌واڵگری رۆژهه‌ڵات.
تۆمه‌تباران به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌, پاش ساغبونه‌وه‌ی تاوان له‌سه‌ریان سزا دران: عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید 5 سزای له‌ سێداره‌دان, یه‌ك زیندانی به‌ند بوون تا پاشماوه‌ی ژیانی, یه‌ك سزای 15ساڵ زیندانی,2 سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7 ساڵی.
لیوا روكن سوڵتان هاشم 4 سزای له‌سێداره‌دان, 2 سزای زیندانی به‌ند بوون تا پاشماوه‌ی ژیانی, 1 سزای زیندانی 15 ساڵی, یه‌ك سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7ساڵی.
فه‌ریق روكن حوسێن ره‌شید 4 سزای له‌سێداره‌دان و سزایه‌كی 7 ساڵی زیندانی.
سابیر عه‌بدالعه‌زیز حوسێن 3 سزای زیندانی به‌ند بوون تا پاشماوه‌ی ژیانی و سزایه‌كی زیندانی 10 ساڵی.
عه‌قیدی روكن فه‌رحان موتڵه‌گ 2 سزای زیندانی به‌ند بوون تا پاشماوه‌ی ژیانی و سزایه‌كی زیندانی 10 ساڵی.
تۆمه‌تبار تاهیر تۆفیق ئه‌لحاج یوسف ئه‌لعانی بڕیاری بێتاوانی له‌ تۆمه‌تی به‌شداری له‌ تاوانی ئه‌نفالی بۆ ده‌رچوو.
ناوبراوان به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ پرۆسه‌ی تاوانی ئه‌نفال تاوانبار كران.
تاوانباران عه‌قیدی روكن فه‌رحان موتڵه‌گ له‌ رێكه‌وتی 30-3-2013 له‌ گرتوخانه‌ی موسڵ و سوڵتان هاشم یش له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری ناسریه‌ له‌ رێكه‌وتی 19-7-2020 مردن و بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانیان له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرا.
هه‌روه‌ها له‌ رێكه‌وتی 20-5-2007 دادگای باڵای تاوانه‌كان به‌ فه‌رمی لیستێكی به‌ 423 ناوی راگه‌یاند وه‌ك تۆمه‌تبارانی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال, كه‌ تاكو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ چ له‌ عێراق یاخود كوردستان, كه‌ 258 كه‌سیان هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستانن, چ به‌ لیست, وه‌ چ به‌ كه‌سی بڕیاری گرتنیان بۆ ده‌رچووه‌, تاكو هه‌نووكه‌ هیچ یه‌كێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ بانگ نه‌كراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌, دووجار رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید له‌ رێگای داواكاری گشتییه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر سكاڵای له‌سه‌ریان تۆماركردووه‌, وه‌لێ له‌ ژێر فشاری كه‌سانی ده‌سترۆیشتووی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ داوكاری گشتی بێ ئیراده‌ كراوه‌و له‌ سكاڵاكه‌ نه‌ پرسراوه‌ته‌وه‌.
به‌هانه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌تباران, لێبوردنه‌ گشتیه‌كه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی ساڵی 1991 ه‌, به‌ڵام لێبوردنه‌كه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی ساڵی 1991 به‌ پێی بڕگه‌ی شه‌شی یاسای دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقی هیچ شه‌رعیه‌تێكی نییه‌, هه‌ر لێبوردنێك پێش جێبه‌جێردنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوبێت بۆ تۆمه‌تبارانی دوو توێی تاوانه‌كانی بڕگه‌كانی 11 و 12 و 13 و 14 دادگای باڵای تاوانه‌كان, كه‌ بریتین له‌ تاوانه‌كانی جینۆساید و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ و تاوانی پێشێلكردنی یاسا عێراقیه‌كان, به‌ پێی بریاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقی له‌سه‌ر تاوانباران عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و سوڵتان هاشم و …. تاوانی ئه‌نفال تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ به‌ جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌, ئه‌م تاوانانه‌ش به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات كۆن نابن و به‌سه‌ر ناچن و بنه‌مای نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌, زمكان” زه‌مان و مه‌كان” تۆمه‌ت له‌سه‌ر تۆمه‌تبار هه‌ڵناگرن, وه‌ تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یشن, له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌و ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌تی, تۆمه‌تبار بۆ كوێ هه‌ڵبێت ده‌ربازی نابێت له‌ سزا, ته‌نانه‌ت ناكرێت په‌نابه‌ریشی پێبدرێت , تۆمه‌تباری ئه‌نفال مافی په‌نابه‌ری سیاسیان پیچ نادرێت, به‌ پێی رێكه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی جینۆسایدی ساڵی 1948, چونكه‌ به‌شدارن له‌ تاوانی جینۆساید, وه‌ سزا ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی پاكتاوی به‌ كۆمه‌ڵ, نابێت رزگاریان بێت لێی, به‌و پێیه‌ی ئه‌مانیش كه‌سانێكن به‌شداربوونه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌, بۆیه‌ وه‌ك به‌شداركه‌رێك له‌ پرۆسه‌ی كۆكوژی ده‌بێت دادگایی بكرێن و تاوانباران له‌ سزا ده‌ربازیان نه‌بێت.
بۆیه‌ ئه‌مانه‌لێبوردن نایانگرێته‌وه‌, به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ره‌ی كوردستانی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و هێزێكی نییه‌, به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌ عێراقیش بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌, هاتووانی ناو لیسته‌كه‌ له‌ به‌غدا پۆستی سه‌ربازی و ته‌شریعیان وه‌رگرتووه‌ و چونه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و فه‌رمانده‌یی گرنگیان له‌ سوپا وه‌رگرتووه‌, یاسای بنه‌بڕكردنی پارتی به‌عس ئه‌مانی لێ ده‌ركراوه‌و بڕیاره‌كانی نه‌یانی گرتۆته‌وه‌.




جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لەنێو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا.. ستیڤان شەمزینی

چەوساندنەوەى رەگەزى مێینە لە پێش هەر شتێکدا و لە پێش ئەوەى وێنەیەکى یاسایى و سیاسیى وەربگرێت چەوساندنەوەیەکى کۆمەڵایەتییە کە لە دامەزراوەى خێزانەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە سەرەکیترین کایە کۆمەڵایەتییەکان و لەوێشەوە ئەم کێشەیە رەنگێکى یاسایى و سیاسیی وەرگرتووە، هەڵە نییە هۆکارى بنەڕەتى جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لە کایەکانى تردا گرێ بدەینەوە بە کایە کۆمەڵایەتییەکەوە کە ژنى وەک مەخلوق و کائینێکى کەمتر لە پیاو سەیر کردووە و ناچارى کردووە نوچ بدات لە بەردەم ویستى رەگەزى نێرینەدا کە ویستێکە بۆ چەوساندنەوە و کۆنترۆڵکردنى ئەویدى ژن. تۆ سەیر بکە هەر لە سەرەتاى لە دایکبوونى منداڵێکی کچەوە ئەو جیاوازییە رەگەزییە دەستپێدەکات لەوەى پێشوازیکردنى کۆمەڵ و خێزان لە لە دایکبوونى کچێک زۆر سارد و سڕترە لە لە دایکبوونى منداڵێکی کوڕ، بەڵکو زۆرجار هەر مایەى پێشوازیکردن و خۆشحاڵیش نییە.

دوا بە دواى ئەوەش لە پرۆسێسى ناولێنانى هەر یەک لە کچ و کوڕدا بەر حاڵەتێکى لەم چەشنە دەکەوین ئەمیش بەوەى ناوى کچان دەنێن (ناسک- تریفە- خونچە- پەپولە- سروە..هتد) لە بەرامبەریشدا ناوى کوڕان دەنێن (پۆڵا- تۆڵە- سەرباز- بەهێز- سەرچڵ- سەرکەش.. هتد) خۆى لە خۆیدا ئەم ناولێنانە هەنگاوێکى سەرەتایى و گرنگى سایکۆلۆژیی و عەقڵێتیى سیستمى پاتریاکییە بۆ جیاکردنەوەى دوو رەگەزەکە لە یەکتر، رەگەزێکیان کە مێینەیە ناسکتر و لاوازتر و سۆزدارترە لە رەگەزەکەى تر کە نێرینەیە، بەم پێیەش هەریەکەیان دەبێت هەڵگرى ناو و نازناوێک بن لەگەڵ خەسڵەت و تایبەتمەندییە فسیۆلۆژیى و بایۆلۆژییەکانیاندا هاوتەریب بێت. لە روانگەى عەقڵێتى باوکسالارییشەوە جیاوازییە فسیۆلۆژیی و بایۆلۆژییەکانى ئافرەت مایەى نەگبەتییە و فاکتۆرێکیشە بۆ ژێردەستەکردن و رەوایى بەخشین بۆ ملکەچپێکردنى رەگەزى مێینە. ئەمە تەنیا دەتوانێت ئەوەمان وەبیرخاتەوە چۆن رەگەزى سپى (سپى پێست) شەرعیەتى دەدا بە خۆى، بە بیانووى جیاوازیى رەنگى پێستەوە پاکتاوى زنجى و (قولە) رەشەکان بکات، هەمیشە رەگەزى ئەنگلۆسەکسۆنى بە بەهانەى رەگەزى باڵا و شانازییکردن بە چاوى شین و پێستى ناسکى سورباوى خۆیانەوە ژیانیان لە ئەفریکاییەکان کردە دۆزەخێکى زەمینى، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە خۆی لە خۆیدا رێژەیییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە چاویلکەى رەشەکانەوە (سپى)بوون ئەوپەڕى ناشیرینبوون و بێزراویى بووە، هەروەک کۆمەڵناسى ناسراوى عێراقى (د.عەلی ئەلوەردى) نموونەیەک لەم بارەیەوە دەهێنێتەوە چۆن کۆمەڵە رەشپێستێک گاڵتە بە سپى پێستەکان دەکەن چوونکە زۆریان لەلا ناشیرین بوون.

ئەم هەڵاواردن و جیاکارییەى نێوان دوو رەگەزەکە بە بیانووى جیاوازیى فەسڵەجییەوە، دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و تێڕامان: ئەى بۆچى جیاوازییەکیانى پیاو نەبۆتە فاکتۆرى نەگبەتى و چەوساندنەوەى نێرینە؟ تەنانەت لە قۆناغى دەسەڵاتى رەهاى دایکدا (ماتریارکى) رۆژێک لە رۆژان پیاو نەچەوساتەوە، بەڵکو شتێک نەبووە ناوى چەوساندنەوە بێت!!، ئاخر چ هێز و کارکردێک وا دەکات کۆمەڵە جیاوازییەک ببێتە هۆى چەوساندنەوە؟ یان گریمان ژن لە هەموو روویەکەوە لە پیاو کەم هێزتر و کەمتواناترە ئەى چى لۆژیکێک رێگە دەدا بە پیاو لەسەر سترۆکتۆرى ماسى گەورە ماسى بچووک دەخوات ژن بچەوسێنێتەوە و ئازارى بدات و بیکات بە پاشکۆى خۆى؟. دواتر بڕوانن چۆن لە چوارچێوەى خێزاندا جیاوازیى دروست دەکرێت لەنێوان منداڵانى کچ و کوڕ، هەر لە سەرەتاوە کچ رادەهێنرێت و فێر دەکرێت پابەندى چوار دیوارى ماڵ و چوارچێوەى خێزان بێت و هێدى هێدى دەبێت خۆى بگونجێنێت لەگەڵ ژیانى چێشتخانە و دواجاریش ببێتە باشترین کابان و لە هەمان کاتدا پارێزگاریى لە شەرەفى بنەماڵە بکات کە راستەوخۆ بە جەستەى ئەوى مێینەوە نوساوە و لە هەر خروقاتێک لە دەرەوەى ترادیسیۆنى خێڵ و کولتوورى بنەماڵە، شەرەفى بنەماڵە و خێڵ روشاوە و ئەو کەسەشى لاساریى و سەرپێچییەکى لەم چەشنە بکات ژیانى مەحکومە بە مەرگ!!، چوونکە لە دیدى پیاوسالاریى خێڵگەراییدا بەهاى شەرەف لەسەروو هەموو بەهاکانى ترەوەیە تەنانەت لە سەرووى ژیانى مرۆڤیشەوەیە!.

لە بەرامبەریشدا کوڕ بزێوە و بەشداریى چالاکى وەبەرهێنان دەکات و ئەکتیڤانە رۆڵ لە ژیانى ئابووریدا دەگێڕێ و دەبێت هەر لە سەرەتاوە وێنەیەکى بچوککراوە و فۆتۆکۆپیکراوى باوکى خۆى بێت و جێگەى وى بگرێتەوە، ئەم کائینەى ناوی کوڕە پێویستە شەرم نەکات و قسەى لەسەر هەموو شتەکان هەبێت و رۆڵى کاراکتەرى باوک نمایش بکات لە غیابى باوکدا چ غیابى کاتى بێت یان بەردەوام. لێرەوە دەبینى کۆمەڵگەیەکت هەیە لە سەرەتاى ژیانى ئەو دوو مرۆڤەوە بە نێر و مێ ناونراون، بەشێوەیەکى سیستماتیک و توندوتیژ کار لەسەر جیاکردنەوە و دوورەپەرێزییان لە یەکتر دەکات و دەیەوێ بە هەر یەکێکیان بڵێت تۆ خاوەنى تایبەتمەندیى خۆتیت و پێویستە سوننەت و یاساى ژیان و خەسڵەتى رەگەزیى خۆت بپارێزیت، تۆى ژن دەبێت کەم قسە بکەیت و لە کاروبارى پیاواندا بێدەنگى هەڵبژێریت و جوانترین ئەدگارى کۆمەڵایەتیت بە (شەرەف)ى و شەرمنییە، هەروەک ئەو پەندە کوردییەى دەڵێت (پیاوى شەرمن شانەیەک ناهێنێت، بەڵام ئافرەتى شەرمن شارێک دەهێنێت) کەچی دەبێت ئەوى پیاو بێ چاو و روو بێت و بەردەوام ئامادەیى لە کۆڕ و کۆمەڵى پیاوماقووڵاندا هەبێت و هەموو چالاکییەکانى ژیانى خێزان بگرێتە ئەستۆى خۆى، بەم شێوەیە کار لەسەر هەردوو رەگەزەکە دەکرێ بە تایبەتى لە تەمەنى هەرزەکاریدا کە بەتەواوەتى لێکدى جوێ دەکرێنەوە و تا راددەیەکى زۆریش دوورەپەرێز دەبن لە یەکتر و تەنانەت نامۆ دەبن بە یەکتر و کەمترین زانیارییان لەسەر تایبەتمەندییەکانی یەکدى دەبێت.

هاوکاتیش لە هەناوى خێزاندا کوڕ وەک شازادەیەک مامەڵە دەکات و قسەى زیاتر دەخوات و زیاتر گوێى لێدەگیرێت و بایەخى پێدەدرێت، تەنانەت لە زۆرترینى ئەو شتانەى پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسى کچ یان خوشکەوە هەیە ئەوەندەى گوێ لە باوک و برا دەگیرێت نیو هێندە حیساب بۆ بۆچوونى کچەکە خۆی ناکرێت!!، ئەمە بە تایبەتى لە مەسەلەى زەواجدا، هەربۆیە دەبینین لێشاوێک لە زەواجى زۆرەملـێ دروست دەبن لە هەناوی ئەمەشدا خێزانى ناتەندروست سەر دەردەهێنێت، دواجاریش نەوەیەکى سەقەت و نەخۆش بەرهەم دەهێنێت. لەلایەکى ترەوە ئەو پۆلێنبەندیی و جیاکارییە دەستدرێژیى دەکاتە سەر کۆى لایەنەکانى ژیانى مێینە بەتایبەتى لە ممارەسەکردنى رەمەکى سێکسدا، چوونکە ئامێرى زاوزێکردن و کۆى جەستەى ئافرەت (عەورەت)ە و سنوورێکى قەدەغەکراو و مینڕێژکراوە کە خواوەند لە قووڵایى ئاسمانەوە نەهى کردووە لە بەریەککەوتنى لەگەڵ جەستەى نێرینەدا، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەک لە یەکترى بریتى دەبێت لە شکاندن و بەزاندنى سنوورى خواوەند!! ئەوەش گەورەترین تاوانە لە ژیانى هەر مرۆڤێکدا و دەبێتە مایەى نەفرەتى ئاسمان، هاوکات لێسەندنەوەى ژیان لەسەر زەوى!. هەرئەمەشە بۆتە هۆى بەرپاکردنى کوشتارێکى بێشومار لە ژنانى ئەم وڵاتە بە ناوى پاراستنى شەرەف و کڕینەوە و شوشتنەوەى ناموسی تکاو!.

ناموسپەرستى کە رەگەزێکى کوشندەى کولتوورى کوردەوارییە یەکێکە لەو نەریتە قێزەونانەى تیرۆر و کوشتنى ژنانى کردۆتە کردەیەکى ئاسایى بگرە پڕ شانازیى و بەختەوەریى، دەبینین ئەو (قارەمانانەى) دەستیان چۆتە گیانى خوشک و دایک و کەسوکارییان بە ناوى پارێزگارییکردنى شەرەفەوە، مایەى خۆشحاڵى خەڵکن و هەروەک ئەوەى سەروەریى و (بطولە)یان نواندبێت بەسەر زەویدا دەڕۆن و لە کۆڕى پیاواندا شانازیى بە کردەوەکەیانەوە دەکەن و کۆمەڵگەش پەنجەى شەرەف و خاوەن ناموسییان بۆ درێژ دەکات، ئەم کولتوورى کوشتن و بڕینە کە رەگى لە مێژووى کورددا داکوتاوە و یەکێکە لە نەریتە پریمتیڤ و هەرە نێگەتیڤەکانى کۆمەڵگەى ئێمە هێشتا وەک تابۆیەک و وەک هەڕەشەیەک بەسەر سەرى هەر ژنێکى کوردەوە ئامادەیى هەیە، کاتێکیش دەڵێین ئەم نەریتە، نەریتێکى کوردییە بەو مانا نییە ژن کوشتن لەنێو گەلانى ترى دنیادا بوونى نییە، بەڵام ژن کوشتن و بەهانەى کوشتن لە وڵاتانى تر رەهەند و مانا و هۆکارى ترى هەیە، کاتێک لە سوێد ئافرەتێکى بە رەسەن سوێدیى دەکوژرێت بە ماناى پارێزگارییکردن نییە لە شەرەف بەقەدەر ئەوەى مانا و ناولێنانى ترى هەیە! چوونکە لەوێندەر ممارەسەى سێکس پرۆسیسێکى ئاساییە و هیچ تابۆیەکى لەسەر نییە و وشەى (شەرەف)یش لە قامووسى ئەواندا نەناسراوە، تەنانەت نووسەرێکى سوێدیى “نینا برۆک” لە کتێبێکدا بە ناوى (لە ژێر لێفە پەمەییەکەوە) شانازیى بە کۆمەڵگەکەیەوە دەکات بەوەی منداڵانى بێژى ناوناوە (منداڵانى عەشق)، بەڵام کوشتنى (فادیمە شاهینداڵ) لەلایەن باوکییەوە راستەوخۆ کوشتنێکى شەرەفى بوو کە باکگراوەندەکەى کولتوورى کوردییە و بەشێک بوو لە پرۆسەى گێڕانەوەى ئابڕووى بە حیساب تکاوى بنەماڵە.
هەرچەندە خەڵکانێکى زۆر بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى (ئەنتجلینسیا)ى کوردیدا هەوڵدەدەن ریشەى ئەم نەریتە ببنەوە بۆ قورئان و ئیسلام و دین تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە گەلێک سیاق و رووى جیاوازەوە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوا و ئاکامەى ئەم کولتوورە پەیوەندییەکى زۆر لاوازى بە ئیسلامەوە هەیە کە دەکرآ بڵێین بە تاڵە دەزوویەکى زۆر باریک پێوەى بەستراوەتەوە، ئێمە ناڵێین هیچ پەیوەندییەکى بە کاریگەریی ئیسلامەوە نییە و ئاینى ئیسلام ژنى وەک پلە دوو سەیر نەکردووە، تەواو بەپێچەوانەوە پێمانوایە ئیسلام کەمترین رۆڵ و سەنگ و حورمەتی بە ژن رەوا بینیوە، بەڵام پرۆسەی کوشتنی ژن لە ئیسلامدا لەو کوشتنانە جیاوازترە لە کۆمەڵی کوردەواریی پیادە دەکرێت، ئەویش بە بەڵگەى ئەوەى لە قورئاندا ئاماژە بەوە دراوە هەر (زانى- زانیە)یەک کە هێشتا کوڕ و کچن و نەچونەتە ناو بازنەى هاوسەرییەوە بە گەواهیدانى چوار کەسى هۆشمەند دارکاریى دەکرێن بە بێ لەبەرچاوگرتنى جۆری رەگەز، ئەگەریش چووبونە ناو بازنەی هاوسەرییەوە و پەیوەندیى غەیرە شەرعیان دروست کرد دیسان بە گەواهیدانى چوار کەس هەردووکیان پێکەوە سەنگەسار دەکرێن!!.
کەچی کولتوورى کوردیی و نەریتى کڕینەوەى شەرەف بەبێ ئەوەى پێویستى بە گەواهیدان هەبێت بە تەنیا ئافرەتى تێدا تاوانبار دەکرێت و هەر بە تەنیا ئەویش دەبێتە قوربانى ئەم نەریتە، بە پێچەوانەشەوە پیاو شانازیى بە کارەکەیەوە دەکات و وەک بەسەرهات و پاڵەوانێتى لە کۆڕ و کۆمەڵدا دەیگێڕێتەوە. ئا لێرەوەیە دەگەینە ئەو قەناعەتەى چەوساندنەوەى ژن بەر لە هەموو شتێک چەوساندنەوەیە لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەر لە ژێر رۆشنایى ئەم راستییەشدا بەو ئەنجامە دەگەین گۆڕینى یاسا بە دیاریکراویى یاساى بارى کەسێتى عێراق کە ئیلهامى لە سیستمى پیاوسالاریى و ئیسلامەوە وەرگرتووە و جەخت لەسەر چەوساندنەوەى ژنان دەکاتەوە بە بێ کارکردن بۆ گۆڕین و وەرچەرخاندنى کولتوورى کۆمەڵگە هەوڵێکى ئیفلیج و ناتەواوە، کەواتە لە پاڵ گۆڕینى یاسا پێویستمان بە پرۆسێسێکى مێژوویى هەیە بۆ گۆڕینى ترادیسیۆن و بنیادە کولتوورییەکانى کۆمەڵگەى کوردەواریى کە کۆمەڵگەیەکە یەکێک لەپایە کولتوورییەکانى خۆى لەسەر چەوساندنەوەى ژنان و جیاکاریى نێوان دوو رەگەزەکە راگرتووە.

ستیڤان شەمزینی

—————————-

تێبینی: ئەم وتارە لە بنەڕەتەوە بەشێوەی ئیرتیجالی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی تیرۆری “فادیمە شاهینداڵ” لە سوێد لە ساڵی 2002 خوێنراوەتەوە، پاشتر نوسراوەتەوە.




وەڵامێک بۆ سدیق سەعید ڕواندزی.. گۆران سەباح

سدیق سەعید ڕواندزی لە وارگەی دەنگەکان لە (١٠/٤/٢٠٢١) بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە لەسەر دوو وتاری من. ئەم وەڵامە لەبەر سێ هۆ دەنووسم: یەک، دەستخۆشیکردن. دوو، دروستبوونی دیالۆگ گرنگە لە نێوان نووسەران و ڕەخنەدۆزان. وەک بەختیار عەلی ناکەم کە دێ ناڕاستەوخۆ قسەی ناشرین دەکات لەسەر ڕەخنەدۆز و خوێنەرانی. نا. من دێم ڕاستەوخۆ دیالۆگ دەکەم، دیالۆگێکی ئەدەبی. سێ، سدیق هەڵەی کردووە لە بابەتەکەی و بە هەڵەش لە بابەتەکانی من تێگەییوە. ئەگەر بۆی ڕاست نەکەمەوە، هەڵەکانی بە ڕاست دەڕۆن، لە ئەنجامدا، لێیان فێر نابێت. ئاساییە هەڵەکردن، پێویستیشە بۆ فێربوون. هەڵەکردن باشترین بەڵگەیە لەسەر هەوڵدان و فێربوون. یەکێ هەوڵ نەدات هەڵە ناکات، هەڵەش نەکات، فێر نابێت. هەموومان واین، لە پڕۆسەی هەوڵدان و فێربووندا هەڵە دەکەین.
هەڵەکان گەلێک زۆرن، هەوڵ دەدەم بە کورتی ڕاستیان بکەمەوە.
دەستپێکی وتارەکەی (پەرەگرافی یەک و دوو و سێ) پێویست نین. حوکمدان کارێکی باش نییە. درێژدادڕیش هەروا.
ئەو نازانێت قسەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چییە. نەزانین ئاساییە و نەنگی نییە. هەر نەزانینە بەرەو فێربوونمان دەبات. من خۆم بە نەزانترین کەس دادەنێم، واتە بێژمار شت هەیە نایزانم، بەردەوام لە پڕۆسەی فێربووندام. بە داخەوە چەمکی (نەزان) دیوێکی نەرێنی هەیە، من مەبەستم ئەوە نییە. کە دەڵێم من نەزانم، واتە دەزانم کە نازانم، واتە دەبێ هەر لە فێربووندا بم.
ئازاد گوتی، “تۆ دەبێ هەر ئێستە بچییە بازاڕ.” (ڕاستەوخۆ)
ئازاد پێمی گوت دەبێ هەر ئێستە بچمە بازاڕ. (ناڕاستەوخۆ).
ئەم نەزانینە بووەتە هۆی بەهەڵەتێگەیین لە هۆردوو وتارەکەی من و ڕۆمانەکەی بەختیار، ئەمەش بابەتەکەی بەلاڕێدا بردووە. هەندێک پێمیان گوت لە کاتی خوێندنەوەی بابەتەکەی سدیق بەمە و زۆر شتی تریش پێکەنیون. پێم ناخۆش بوو، چونکە ئاساییە یەکێ لە نەزانینەوە هەڵە بکات.
سدیق نازانێت هاوڕێکی (consistency) چییە. ئاساییە. زاراوەکە واتە لە پڕۆسەی نووسین و وەرگێڕاندا کاتێک ناوێک بەکار دێنی دەبێ تا کۆتایی وا بڕوات، ئەگینا خوێنەر سەری لێ دەشێوێ. کارەکتەرەکەت ناوی (عیسمەت ئۆکتای) بێت، ناتوانی هەر جارە و بە کەیفی خۆت یەکێکیان بەکار ببەی. تێبینی ئەم وتارەی من بکە، دەکرێ جارێک بڵێم سدیق و جارێک سەعید؟ نابێ. نەک لە تورکیە، لە زۆر وڵاتی دنیا، خەڵک بە ناوی لەقەبەکەیەوە دێتە بانگکردن. هەر کامەت بەکار برد، با هەر ئەوە بێت تا کۆتایی.
سدیق نازانێت (سێ خاڵ، Ellipses) چییە. ئاساییە و نەنگی نییە. (سێ خاڵ) خاڵبەندییە، بۆ قوتکردن یان لادانی وشە، دەستەواژە، ڕستە یان پەرەگراف دێتە بەکاربردن لە نێو دەق. ئەمەش وای کردووە تۆمەتبارم بکات بە مۆنتاژکردن. درێژدادڕییەک شەش لاپەڕە بێت لە بەینی دوو وەزیر، ناتوانی هەر هەمووی باس بکەی، ئاماژەی بۆ دەکەی. بێو بیزانیبا (سێ خاڵ) چییە ئەو حوکمەی بەسەر مندا نەدەکرد. ئاساییە، هەر هەموومان لە پڕۆسەی فێربوونین، بەس دەبێ ئاگەدار بین، نەزانینمان نەبێتە هۆی حوکمدان بەسەر ئەوانی تردا.
(ویستی بیر بکاتەوە) هەڵەیە، چونکە ناڵێین (ویستم بیر بکەمەوە)، لێرەدا ویستەکە بۆ کرداری بیرکرنەوەیە، ویستت بیر لە چی بکەیەوە، بۆیە هەڵەیە، دەڵێین (ویستم بیر لە پڕۆژەیەک بکەمەوە)، ئەوە ڕاستەکەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ لە ڕێزماندا. ڕەنگە یەکێک بڵێ چۆن دیالۆگ لەگەڵ ڕەخنەدۆزێک دەکەی کە ئەم شتانە نازانێت. من دەڵێم ئاساییە، بۆ نا. نابێ لووتبەرز بین (وەک بەختیار عەلی)، بە پێچەوانەوە، ئێمە دەبێ دیالۆگ لەگەڵ ئەوانە بکەین کە نازانن، ئەوە ئیشی ئێمەیە، چونکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە هۆردووکمان فێر دەبین.
سدیق ئەرک و واتەی دەمەکانی ڕێزمانی تێکەڵ کردووە. ئەمەش ئاساییە چونکە لە نەزانینەوە دێ، لە بەهەڵەتێگەیشتنەوە دێ. ڕابردووی سادە واتە کارێک لە ڕابردوودا کراوە و هیچ پێوەندی بە ئێستەوە نییە. ڕابردووی دوور، واتە کارێک لە ڕابردوو پێش کارێکی تر کراوە (کە ئەوان هاتن، من کارەکەم تەواو کردبوو)، واتە پێش ئەوەی ئەوان بێن، من کارەکەم تەواو کرد. ڕابردووی بەردەوام کارێکە لە زەمەنێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات لە ڕابردوو (کە دوێنێ تەلەفۆنت بۆ کردم، نانم دەخوارد)، واتە کارەکە بەردەوام بوو لەو دەمەی تەلەفۆنەکە کراوە. بێو سدیق ئەمانەی بزانیبا، بابەتەکەی بەلاڕێدا نەدەبرد.
سدیق لە پرسی کات و گێڕانەوە و تۆن و تەکنیکی ڕۆماننووسین بە هەڵەدا چووە. نازانم چۆن و لە کوێ بۆی دەست پێ بکەم. هەڵیدەگرم بۆ ئەو دەمەی سەردانی دەکەم. چایەک دەخۆینەوە و بە تێری باسی گێڕانەوە و تۆنی بۆ دەکەم، بۆ ئەوەی لێکتر فێر بین.
سەبارەت بە بەشی دووەمی بابەتەکەی، لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەهەڵەدا چووە. بابەتەکەی من (ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە) سنووردارە. زۆریش. تەنێ باسی ڕستەی یەکەمە، ئەویش لە چوارچێوەی چوار پێوەر.
سدیق وا تێگەییوە من نووسەرانی خۆمان ڕەت دەکەمەوە. نەخێر، من بە هیچ شێوەیەک نووسەر و ڕۆماننووسانی خۆماڵی ڕەت ناکەمەوە، بەڵام دێم ڕەخنەیان لێ دەگرم لە پێناو بەرهەمی باشتر. زنجیرەیەک وتاری ترم بەڕێوەیە لەسەر بەهەندوەرگرتنی بەرهەمی ئەدەبیی خۆماڵی.
بەکورتی، تێنەگەیین و نەزانین، ئەگەر دەرکیان پێ بکەین، نیعمەتن چونکە بەهۆیانەوە فێر دەبین، ئەگەریش دەرکیان پێ نەکەین، بەڵان. پێشنیاز دەکەم بۆ سدیق لە بابەتەیلی دادێ، ئەگەر هەر هیچ نەکات، خۆی لە حوکمدان بپارێزێت. بۆی پێشنیاز دەکەم هەندێ بابەتی ڕەخنەییی پڕۆفێشناڵ بخوێنێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لۆیس تایسۆن، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ ئاگەداری ئەلف و بێی ڕەخنەدۆزی بێت. هیوادارم و زۆریشم پێ خۆشە ببێتە ڕەخنەدۆزێکی زۆر باشی کوردستان.




ئەفسـانە لە دەقی شیعری گەردوونیدا.. فازیل شــەوڕۆ

(سیزیف)ی کەریم دەشـتی و (سیزیف)ی فێیی جۆڕج بە نموونە

فازیل شــەوڕۆ ــ دوبلن

یەکێک لە خەسڵەتە سیحراوییەکانی ئەفسانە، ڕۆچوونە بەناو قوڵایی زەمەن، لەوەتەی لە چاخی برونزییەوە، پێش (٣٠٠٠) ساڵ، ئەم ڕشتە ئەدەبییە سەری هەڵداوە، بەردەوام، لەگەڵ ڕشتە ئەدەبییەکانی دیکەدا نەک هەر هەنگاوی بۆ پێشەوە ناوە، بەڵکو بووەتە ڕۆح و مەتنی زۆر شاکاری ئەدەبی زیندووش. بە ئاوەڕدانەوەیەک لە ئەفسانەی گریکی کۆن، بە نموونە، هەزاران کتێبمان دێتە بەردەست کە خوداوەند و پاڵەوان و بوونەوەر و سەرکێشییەکان بوونەتە کڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکان. چەمکێک لە پرسیاری منداڵانە، لە چوارچێوەی حیکایەتی فۆلکلۆریدا، توانیویانە بە جوانترین شێوە، ڕووی حەقیقی ژیان و بوونمان بۆ بنەخشێنن. بەڵگەشمان ئەوەیە کە مێژووی زانستەکانی گریک و ڕۆمانە کۆنەکان شەنوکەو دەکەین ، کە دەمێکە بووەتە سەرچاو و کانگای، هەموو ڕشتەی ئەدەبی و فەلسەفیەکانی کۆن و نوێ. دەبینین ئەوان جگە لە ئەفسانە، هیچ شتێکی دیکەیان بۆ نەکردووین بە میرات. بایەخی، ئەفسانە لەوەدایە، بە سادەترین پرسیار، پرسیارە قورسەکانی گەردوون و بوون و نەبوون دەورووژێنی و دەست بۆ ئەو نهێنییە ئەزەلییانە دەبات، کە مرۆڤ بە ترسەوە سەریان بەسەردادەگرێ. ڕۆح کە بۆخۆی ماهییەتی بوونە، بەدەر لە هێزی ئەفسووناوی ئەفسانە، ڕۆحێکی وشک و برینگە. ئەفسانە، حیکایەتۆکەی خەیاڵی نییە، بەڵکو ڕاستگۆترین گوزارشتە لە نهێنییەکانی ژیان، بۆ ئەوانەی تێیدەگەن.
ئەفسانەناسی، درۆودەڵەسە نییە، زانستێکە تێکەڵەیە لە میتافزیک و میتافۆر و خەونی حەقیقی مرۆڤ. جا چونکە حەقیقەت بە وشە گوزارشت ناکرێ، لەبەرئەوەی شتگەلێکە لەودیوی وشەکانەوە خۆی مەڵاس داوە، ناچار، هونەری ئەفەسانە، حەقیقەتەکانمان بۆ وێنا بکات و پێمان بناسێنێ. واتا ئەفسانە ئامرازێکی کاریگەر بووە و کاریگەرە، بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت. گوتراوە، ئەفسانە، مێژووی پیرۆزیی بوونی مرۆڤە. لە مێژیشە، ئەرستۆ گوتویەتی :”ئەوانەی ئاشق و سەرگەرمی ئەفسانەن، ئەوانەن، کە هەڵگرەی خەسڵەتی حەکیمەکانن.(١) مەزنایەتی و نەمریی ئەدەبی زیندوو و ئەدەبی گەردوونی هەر لەو شاکاراندا دەبینرێن، کە ئەفسانە پۆشن و نغرۆی نێو جیهانی ئەفسانەن.

دەتوانم بڵێم، تەنها لە جیهانی ئەفسانەدا، (زەمەن) ڕادەوەستێ.  بۆیە بۆهەموو سەردەمێک، ئەفسانە، کتێبێکی تازە چاپکراوە و هی ئەوەیە بخوێندرێتەوە. مەحاڵە، مەزنەکان،  نەمرەکان، لە شاعیر و ئەدیب و  نووسەران  بتوانن  بگەنە مەقامی  مەزنایەتی و نەمریی، بەبێ نغرۆ بوون لە جیهانی ئەفسانەوە.  تووانەوە لە نێو ئەو جیهانەدا،  کلیلی داهێنانیان  بەسەردا دەبارێ.
هاسان نەبوو شەیکسپیر و دانتی و پابلۆ نیڕۆدا و عەبدولوەهاب بەیاتی ــ وەک نموونە، بگەنە ئەو مەقامە گەردوونییە لە ئەدەبدا، بەبێ پاڵپشتی ئەفسانە. نەک هەر ئەوەندە، زۆر داهێنانی زانستیش، لە فڕین و گواستنەوە و تەییکردنی دەریا و داهێنانی ئامرازە تەکنەلۆژیا سەدرەمییەکان، بەبێ خەیاڵی ئەفسانەیی، مرۆڤ بۆی نەدەکرا بیانکات بەو ئامێرانەی کە ئیمڕۆ پێیان ئاشناین.(٢)

ئینسایکلۆپیدیایی (Britannica)، بەم چەند ڕستەیە پێناسەی ئەفسانەی کردووە:” گێڕانەوەیەکی چەفەنگ ئامێزی سەرچاوە نادیارە، وەک پاژێک لە ڕابردووی دوور خۆی دەنوێنی کە بەڕواڵەت ڕووداوی ڕاستەقینە لەخۆ دەگرێ، تەواو پەیوەستە بە بیروباوەڕی ئایینی. گێڕانەوەیەک خۆی بەدوور دەگرێ لە ڕەفتاری ڕەمزهەڵگری وەک (خوداپەرستی، نەریت) و جێگەو پێگەی ڕەمزئامێزی وەک (پەرستگاو، بت و سەنەم). ئەفسانە سەربوردەی تایبەتمەندی ئەو خوداوەند و سوپەرمانانەیە کە تۆمارگەی ڕووداو و بەسەرهاتی ڕۆژگارێکی دێرینی نادیارن، تژن لە ئەزموونی ئاسایی مرۆڤەکان. زاراوەی ئەفسانەناسیش (Mythology) هەم سەرقاڵی لێکۆلێنەوەیە لە ئەفسانە و هەم لە مەتنی ئەو بیروبۆچوونە ئەفسانەیانەی لە ئایینێکی کۆنی دیاریکراودا دینەبەرچاو.”(٣) هەر ئەم سەرچاوەیە نووسیویەتی:” داستان، چیڕۆکێک یان کۆمەڵە چێڕۆکێکی دێرینە تایبەت بە کەسان و جێگەی دیار. بۆخۆی جاران تایبەت بوو بە پیاوانی ئایینی. لە ناوەڕوکدا زۆر لە چیڕۆکی فوڵکلۆری دەچێت: بوونەوەری بەدەر لە خەیاڵ و ئەدگاری ئەفسانە و ڕاڤەکردنی دیاردە سرووشتییەکان ناوئاخنی ئەو چیڕۆکانەنە کە وەک مێژوو باس لە کەسانێک و جێگەی دیار دەکەن.”(٤)
عەیامێکی کۆنە ئەدیب و شاعیران، ئەفسانە و داستانیان کردووەتە سەرچاوە و مەتنی زۆر لە بابەتە ئەدەبییەکانیان، ئەوەتا لە داستانی ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمرۆس دا (The Iliad and the Odyssey) هەشت و نۆ سەدە پێش زایین، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ. جا چونکێ زیندوویی وە خەفەکردنی زەمەن، خەسڵەتی ئەفسانەن، بەدرێژای میژوو، ئەوان خۆیان لە گەڵ چاخ و قۆناغ و قوتابخانە ئەدەبییەکاندا نوێ کردووەتەوە و لە بەرهەمی نوێ و تازەدا دووبارە بەرهەمهێنراونەتەوە.
لەم سەردەمەدا، ئەدیبانانی هزرمەند و بلیمەت و بەهرەمەند، کووشتەی داهێنانی بەرهەمی نوێن و هەمیشە فکرو خەیاڵیان ئەوەیە چۆن کلیلی دەرگای داهێنانە دانەهێنراوەکان وەدست بێنن. ئەم پێشکەوتنە لەخەیاڵبەدەرەی تەکنەلۆژیای سەردەمیش، تەواو ڕێخۆشکەرە و یاریدەدەرە بۆ دۆزینەوە و دەستهێنانی ئەو کلیلانە. جیهان گوندێکی بچووکە و مرۆڤەکان هەمووی درواسێی یەک کوچە وکۆڵانن، شتێک نەماوە نهێنی و پەنهان بێ لە نێوانمان. بۆیە ئیمـڕۆ بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی، لە هەموو چەشە ئەدەبییەکاندا ــ بەتایبەتی لە جیهانیی شیعردا، جوان و بەرچاو خۆی دەنوێنی.
(Timothy Brennan)، پڕۆفیسۆری ئەدەبیی بەراوردکاری لە زانکۆی (Minnesota)، بە وردی زاراوەی ئەدەبی گەردوونی (Cosmopolitanism) پێناسەدەکات و لە ئەدەبی جیهانی (Literature World) جیایی دەکاتەوە. لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی زۆر لە نووسەرو ڕەخنەکارانی کورد، زاراوەی ئەدەبی جیهانی بە شێواوی پڕاکتیزە دەکرێ. وەک ئاماژەکردن بە بەرهەمی شاعێرێک و پێناسەکردنی وەک دەقێکی جیهانی. لە کاتێکدا ئەدەبی جیهانی “گوزارشت لەو ئەدەبە لۆکاڵە خۆجێیە دەکات، کە بەبێ ڕەچاوکردنی بوونی بەهامەزنەکان و ئەزموون و جوانناسی و مرۆڤدۆستی لە بەرهەمێکدا، بۆ دەرەوەی سنووری جوگرافیی خۆی هەناردە دەکرێت و بڵاودەبێتەوە. بە واتایەکی وردتر، وەک ماڕکەیەکی بازرگانی، ئەو بەرهەمە دەخرێتە کتێبخانەکانی جیهان، ئەمەیش لەگەڵ کۆلۆنیزمی ئەوروپی سەریهەڵدا کە لە دەوری سەدەی حەڤدەمەوە ئینگلیز و ئیسپان و پورتگال و فەرەنسا، دواتریش ئیتالیا و ئەڵمانیا، پەلکێشیان کردە سەر وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و بەشێکی ئاسیا. جا کە ئەم وڵاتانە زمانی خۆیان کردە زمانی فەرمی زۆر لە کۆلۆنێلەکانی خۆیان، لە سەدەی هەژدەمدا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی خۆیان وەک بەرهەمێکی ئەدەبی جیهانی. هەرچی ئەدەبی گەردوونییە، گوزارشت لەو بەرهەمە ئەدەبییە دەکات کە هەڵگری قامتێک خەسڵەتی تایبەتە، بە بێ ئەوەی بپرسی خاوەنەکەکەی کێیە و سەر بە چ نەتەوەیەکە و لە کوێ نووسراوە. بەواتایە، ئەدیب و شاعیر، هەڵگری ناسنامەی جیهانین، ئەوان تۆمارکەی ژان و خەم و نەهامەتی و کۆست و برسییەتی و خۆشی و جوانی و خۆشەویستیی هەموو خەڵکی سەر ئەم زەمینەن، بەبێ فەرق و جودایی لە زمان و ئایین و ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە…تاد. کە دەقە ئەدەبییەکە تەرجەمەیەکی جوان دەکرێ، خوێنەر، ئەگەر بەڕازیلی، ژاپۆنی، فەرەنسی، فارس، یان قۆقازی بێ، وا هەست دەکات، ئەو دەقە ڕێک بۆ ئەو نووسراوە.” (٤)
ئیمڕۆ، ئەدەبی کوردی، تۆمارگەی پەخشان و شیعرەکانی، بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی تێدایە، لێ لەبەر خاوی و لاوازی و بەهەندوەرنەگرتنی وەڕگێرانیان بۆ سەر زمانەکانی غەیرە، تا ڕادەیەک وەلاوە نراون و شاردراونەتەوە. نەبوونی لێکۆڵینە وە و ڕەخنەی ئەکادیمیانەی تۆکمە و هاوچەرخ و داهێنەرانە، کۆسپێکی دیکەیە لەبەرم ناساندن و سنوورشکاندنی ئەو بەرهەمە کوردیە گەردوونیانە.
لەم لێکۆلینەوەدا، بابەتێکی ئەفسانەئامێز، لە دوو دەقەشیعری کوردی و ئینگلیزیدا، لە ڕۆشنایی بازنەی ئەدەبی گەردوونیدا، شەنوکەو دەکەین. بابەتە ئەفسانییەکە (سیزیفSisyphus )ە و شاعیرەکانیش ئەمانەن: کەریم دەشتی (١٩٥٥ ــ ) کە لە هەولێر لە دایک بووە، (٢١) کۆمەڵە شیعری چاپکردوە و جگە لە (١٩) بەرهەمی ئەدەبی لە ڕۆمان و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان. وە خاتوو (فێی جۆڕج Faye George ١٩٣٣ ــ ٢٠٢٠)، کە ئەویش (٨) کۆمەڵە شیعری چاپ کردووە. چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتی چنیوەتەوە، وەک خەڵاتی (Perugia Press) کە لە پاریس بۆ کۆبەرهەمی (زامێک لەسەر گەڤر)، لە ساڵی (٢٠٠١) پێی بەخشرا. ئەم ژنە ژینگەدۆست و سرووشتپارێزە کە بە ڕەچەڵەک (گرییک)ە لە شاری (Weymouth) لە ئەمریکا لە دایک بوو و لەوێدا گەورەبوو.(٥)
دەقی هەردوو قەسیدەکەی کەریم دەشتی و خاتوو فێی جۆڕج لە پاشکۆی ئەم لێکۆڵینەوە بخوێنەوە.

ئەفسانەی (سیزیف) چییە؟ یام (سیزیف) کێیە؟
سیزیف (یان سیزیفیۆس)، لە میتیۆلۆژیای گریکیدا، بە یەکێک لەمەکربازترین و فێلبازترین کەسەکانی دادەنرێت، کە بە فرتوفێڵی خۆی توانی دووجاران (تاناتۆس)ی خوداوەندی مردن، هەڵخەڵەتێنێ. ئەم ڕەفتارانەی وایکرد (زیۆس)ی گەورەی خوداوەندەکان لێی پەست و توڕە بێ و بریار بدات بەسزادانی، بەوەی کە خڕە بەردێکی گەورە لە پێدەشتی دۆڵێکەوە بە پاڵدان بەرزبکاتەوە بۆ سەرەوەی چیایەک، جا هەر کاتێک بەردەکە دەگەیشتە لووتکە، لێی غلۆر دەبۆوە دۆڵەکە و دەبوویا جارێکی دیکە سەر لەنوێ دەست بکاتەوە بە بەرزکردنەوەی بەردەکە و دووبارەبوونەوەی هەمان شانۆگەری. ئەمەش بووە ڕەمزی ئەشکەنجەدان و عەزابی ئەبەدی.
سیزیف کوڕی مەلیک ئەیۆلۆس بوو، دامەزرێنەری یەکەمین مەملەکەتی ئیفیرا. ئەو برای سالمۆنیۆس و باوکی گلاوکۆس بوو. پیشەی ئەو بازرگانی و دەریاوانی بوو، لێ زۆر چاوچنۆک و فڵێبازبوو، هەمیشە یاساشکێن بوو، دەستی لە کوشتنی میوان و موسافیرەکانی نەدەپاراست. هۆمیرۆس، لە ئلیادە دا بە شەیتانترین کەس پەسنیکردووە. ئەو کچە خوارزای خۆی هەڵخەڵەتاندوە و تەختوتاراجی برای خۆی داگیرکردوە و نهێنییەکانی زیۆسی خوداوەندی ئاشکراکردوە ، کە گۆیا، لاقەی لاجینای کچی خوداوەندی ڕووباری کردوە. جا لە تۆڵەی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی، زیۆس فرمانی بە هادسی خودای جیهانی ژێرزەوی دا کە سیزیف کۆت و زنجیر بکات و فڕێیداتە نێو دۆزەخ. بەڵام سیزیفی زۆرزان، خوداوەندی تانتۆسی ڕازیکرد کە کۆت و زنجیرەکەی بکاتەوە، جا هەرکە ئەو پیاوەتییەی لەگەڵ کرد، سیزیف ئەوەی لە جێی خۆی دا بەهامان کۆت و زنجیر بەندکرد. ئەمەش سەرپێچی کردن بوو لە مردن، بۆیە ئاریسی خوداوەند، تانتوسی ڕزگارکردو جارێکی دی سیزیفی ڕەوانەی دۆزەخ کردەوە. بەڵام ئەمجارەش خۆی لە دۆزەخ ڕزگارکرد، بەو فێڵەی کە گۆیا دەبێ بچێ بە ژنەکەی بڵی قوربانی سەرمەرگی بۆ بکات، چونکە ئەو گومانی هەبوو کە ژنەکەی دوای مردنیشی هیچ ڕیزێکی لێ بگرێ.

شیتەڵکاریی دوو دەقەشیعرەکە لەڕؤشنایی ئەفسانەکە و شیعری گەردوونیدا:
هەردوو دەقە شیعرەکە نەک هەر سیزیف پۆشن، بەڵکو لە ناونیشان و سەرەتاو و ناوئاخن وکۆتایدا بەشێکن لە سیزیف، بە جەستە و بە ڕۆح: جەستەی هیلاکی شپرزە، ڕۆحی نغرۆبووی گۆناح و بەرائەتی. (٣) ڕۆح، لە سێ زەمەن و سێ جێگەی جیاوازدا، بەردێک هەڵدەگرن و دادەگرن، کە سەنگی هەموو ژیان و بوون و مەرگی لە هەناوی خویدا هەڵگرتووە و بەقەد کێشی ئەو چیایە قورس و سەنگینە کە دەبێ بکرێتە تاجی سەر سەری لوتکەکەی. کەریم دەشتی، شاعیرێکی کوردی زمان، بەردێکی ئەفسانەی دەکاتە ڕەمزی عەزابی مرۆڤایەتی. فێی جۆرجی، زمان ئینگلیزی، قەدەری خۆی ڕادەستی بەردێک دەکات وەک ڕەمزی چارەنووسی مرۆڤایەتی، سیزیفیش، دەیەوێ بە بەردێک گۆناحی ئەزەلی و ئەبەدی خۆی بشوواتەوە و بۆ سێیەمین جار چاوی بە دۆزەخ نەکەوێتەوە. لەو دیوی هەر سێ پاڵەوانەکە و بەردەکە، خودایەکیش نەخشەکێش و تەراوزوو بەدەست، تەماشایان دەکات و چاوەڕوانی ئاکامیانە!

ناونیشانی دەقەکان:
ناونیشان، لە سەنگ و بایەخدا، ئیمڕۆ پێگە و دەلالەتی هەمە چەشن لەخۆدەگرێ وشاعیرە بەئاگاکان زۆر بە هەستیارییەوە وێنەی دەکێشن. جار هەیە بە حەفتە و بە مانگ، لە چاوەڕوانی ناونیشانێکی شیاو و داهێنەرانەدا، شەو سپی دەکەنەوە. ناونیشان قوفڵ و کلیلی دەقەشیعری هاوچەرخە: قوفڵە، خوێنەران هاندەدا بەدوای کلیل و نهێنییەکانیدا بگەڕێن، کلیلیشە، دەرگای ژوور و کۆشک و تەلاری سیحراوی هونەر و جوانناسی و چیژت بۆ دەکاتەوە.
(سیزیف براکەم سیزیف). کەریم دەشتی، بە ئەنقەست لە کۆی بەرهەمەکانیدا خۆی لە خاڵبەندیدا لادەدا. ئەمەش وەک هۆنەرێک، بۆ واڵاکردنی دەرگای بۆچوونەکانی خوێنەر، چونکە هەر هێمایەکی خاڵبەندی دەلالەتی خۆی هەیە، ئەو خوێنەر سەرپشک دەکات، لە هەڵبژاردنی ئەو دەلالەتانە. دەنا دەبێ ناونیشانەکە بەم شێوەیە تۆماربکرێ:(سیزیف! براکەم سیزیف!)، هەر دەڵێی دەقنووس لەدیو شیشەی دەرگای زیندانێک دانیشتووە و سیزیفی برای بەندکراوی دەدوێنێ. یان دەڵێی، نغرۆی بووی گۆمێکە و هاواری فریادڕەسێک دەکات. دووبارە بوونەوەی ناوی سیزیف، لە گوێی پەیامگر زایەڵەیەک دروست دەکات، کە هەم وا هەست بکات سیزیف ڕۆحێکی پاک و جوان و پیرۆزە، هەم هاندەرە، تا زوو بەناخی دەقەشیعرەکەدا شۆربیتەوە و لە نهێنیی ئەم هاوارە تێبگەی. وشەی (براکەم)، ئەو ئیحایەمان پێدەدات کە شاعیر دەڵێ(سیزیفی برای خڕ مرۆڤەکان)، ئەم (برا)یەیی کە مرۆڤە و پەیامی مرۆڤایەتی پێیە و ڕۆحێک دەدوێنێ. (دەشـتی ـــ برا ـــ سـیزیف).
هەرچی خاتوو فێی جۆڕجە، هەر بە ناوی (سیزیف)ی ئەفسانە، دەقەشیعرەکەی دەناسێنێ. ئەم فۆڕمە کۆنە، ناوی کەسێک، قارەمانێک، ناودارێک، دەکرێتە ناونیشان، وەک:( هەمڵێت، زۆربا، بریوتس، خەیام، فەرهاد، ئۆفیلیا، خاتوو زین…تاد). جا بۆ ئەوەی پێشوەخت پێناسەیەکی دەقەکەمان بۆ چڕکاتەوە، دەقنووس گوتەیەکی (ئەلبێرت کامۆ)ی لە نووسینێکیدا بە ناوی (ئەفسانەی سیزیف)، خواستۆتەوە کە دەڵێ:
“داهێنان هەر لەوەدەچێ، قەدەری کەسێک لە چوارچێوەی سیمایەک بگریت.”
ئەم وەرگیراوە، ئیحایە، کە دەقنووس، خەونی داهێنانی ئەدەبی لەو دەقەشیعرەدا هەیە، داهێنانیش، وەک ئەو مروارییەیە کە نوقمی دەریایە و مەلەوانی شارەزای خۆی دەوێ. واتا ناڕاستەوخۆ، بە خوێنەر دەڵێ، تکایە سەرپێیانە چاوم پێدا مەخشێنە، نەختێ بە ڕازی وشە و هونەرو دەنگەکانمدا شۆربەوە. ڕەنگ بێ لە دیدی دەقنووسدا، تەنها ناوهێنانی ئەو (قارەمانە)، خۆی لە خۆیدا پەیامێک بێ، جا ئەوانەی تێیدەگەن، بۆ ناو شیعرەکە دەچن و ئەوانەی تێشیناگەن، دەبێ بچن پەڕەکانی فەرهەنگی ئەفسانە هەڵدەنەوە. کەواتە لێرەدا، دەقنووس، خوێنەر دەکاتە توێژەر.

بیرۆکەی دەقەکان(The Theme of the poems):
کەریم دەشتی بە زمانی شیعر، هەردوو هاوکێشەی (بوون و چارەنووسی مرۆڤ)، بە پشتبەستن بە لۆژیکی ئەزموون و هزر، بەم شێوەیە لە چوارچێوە دەگرێ:”بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆمان دێینە سەرسەکۆی شانۆی ژیان، پەردە دوای پەردە، هەڵدەدەینەوە و بەدوای ئاکامێکیدا وێل دەبین، لێ هەر هەموو پەردەکان بە ژان و حەسرەت و هیلاکی و مەشەقەتی نەبڕاوە، عەزابمان دەدەن و دەمانکەن بە ئەزموون و عیبرەت بۆ ئەوانی دیکە، کە ئەوانیش لەمە باشتر نابن. ئێمە نە دەستمان لە ئەفراندنی ئەم بوونە هەیە و نە دەستنیشانکردنی چارەنووس لە توانا و دەسەڵاتی ئێمە دایە. بە کوردی و کرمانجی: بوون و چارەنووس، دوو خەیاڵی جیهانی سەڕابی هیچن!”
خاتوو فێی جۆڕج، لەودیوی جیهانێکی میتافیزیکییەوە، بەخۆخستنە نێو باوەشی فەلسەفەیەکی کلاسیک، دەیەوێ خۆی لەهێز و جەور و زوڵم و نادادپەروەری ژیان دەرباز بکات و گۆشەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە، بە ئارامی تێیدا سەر بنێتەوە. ئەوەی لە توانای داهەیە دەیکات، نازانێ چەندە لە سەرکەوتن و لووتکە نزیکە، لێ ڕازیشە بەوەی ئەنجامی داوە، بگرە شانازیشی پێ دەکات. (Cody Gilmore)، پڕۆفیسۆر لە ڕشتەی فەلسەفە لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، ئەو فەلسەفە کلاسیکە لەوەدا چڕدەکاتەوە کە:”ژیان بە مردنی دەوەستێ و کۆتایی دێ، لێ دەکرێ لە ژیانیشدا، بە بەبێ وەستانی ژیان، مرۆڤ بمرێت.”(٦)
دەشتی مەراقەکانی زۆرە و وەک ڕۆنی قرچاو تێیاندا توواوەتەوە:

بونیات و هونەرەکانی دوو دەقە شیعرەکە (جیاوازی و وێکچوون):
هەردوو شاعیرەکە، دەقەکانیان، لە بازنەی شیعری ئازاددا داڕشتوە و هەردووکیشیان خۆیان بەسەرواوە سەرقاڵ نەکردووە، ڕتم و ئاواز و ئاوازە و لەرەی شاراوەی نێو پیت و بڕگەکان، موزیکی شیعریی لە گوێی پەیامگردا دەزرێنگێننەوە. هەردووکیشیان لە سنعەتی داڕشتن و شیعرسازیدا خاوەن ئەزموون و پاشخانی تۆکمە و دەوڵەمەندن.
(سیزیف براکەم سیزیف)، (٥٨) دێڕە شیعرە وەک یەکەیەکی شیعریی یەکگرتووی بەیەکەوە گرێدراو داڕشتراوە، لێ لە (٣) قۆناغدا، بەبێ ئەوەی لێکترازابن، خوێنەری هەست بە پشوودانێکی کورتی شاعیر دەکات. لە (١٩) مین دێڕدا:(سیزیف براکەم سیزیف)، لە (٣١)مین دێڕدا :(سیزیف) وە لە (٤٥) مین دێڕدا:(سیزیف سیزیف هاوڕێی هەمیشەی بەردەكە). شاعیر لە تەکنیکێکی شیعریدا، وەستایانە، (سیزیف براکەم سیزیف)ی هەم کردووەتە ناونیشانی دەقەکە، هەم وەک یەکەم دێڕی دەقەکە دەخوێندرێتەوە. واتە بە سڕینەوەی ناونیشانەکە، یەکەم دێڕی دەقەکە ناقس دێتە بەرچاو.
شاعیر، لە مۆنۆلۆگۆیەکی بێ وەڵامدا، ڕاستەوخۆ سیزیف دەدوێنێ و دەردە دڵی خۆی بۆدەکات. هەرچەند شیکایەتەکانی لە (خودا)یە، بەڵام دەستەوەستانی خۆشی وەک مرۆڤ نیشان دەدا.
بەڵام دەقەشیعرەکەی خاتوو فێی جۆڕج، کە (٣٩) دێڕە، بەسەر (٧) کۆپڵەدا دابەش بووە، لە نێوان (٣ بۆ ٧ ) دێڕیدا. لە هونەرێکی شیعریدا، کۆپڵەکانی بە (گیرەی هونەری Enjambment)(٧)، بە یەکەوە گڕێداوە، ئەم تەکنیکە شیعرییە، دواین دێڕی کۆپڵە بە یەکەم دێڕی کۆپڵەی دوای خۆی دەبەستێتەوە، بە کەلک وەرگرتن لە بیرۆکە و ئاواز و هونەرەکانی دیکەی شیعریی. ئەم خاتوونەش هۆنەری بازدانی مۆزیکی، لە دێڕیکەوە بۆ دێڕێکی دیکە پەیڕەو کردوە (Run on the Lines).
هەردوو شاعیرەکە (وەک خودی سیزیف)، بەردەکەی ئەفسانەکەیان، کردووەتە کەرەستەی سەرەکی بیرۆکەکەیان. وەک لەم خشتەی خوارەوە دەبینین، دەشتی (٥) جاران و (فێی) (٤) جاران ڕاستەوخۆ ئاماژە بەبەردەکە دەکەن و (١٦ و ١٧) جارانیش یەک لە دوای یەک، ئاماژە بە مەتنی ئەفسانەکە دەکەن.
دەشتی، بە دڵێکی پڕ پشکۆ و حەسرەتەوە، سکاڵای ئەو هەموو عەزابە دەکات کە (خودا) بەسەریدا باراندوون. فێی جۆڕجیش، ئاخ بۆ ئەو هەموو جوانەی سرووشت هەڵدەکێشی، کە عەزابی ئەو بەردە لەبەرچاوی ناشیریین کردوون.
دەقەکان سیخناخن، بەو وێنە هونەریانەی کزەمان لە جەرگەوە دێنن و خەفەکراون لە ڕەشبینی و تاریکی و زەبوونیدا.

(خودا ئێمەی خۆشناوێ‌ / ڕقی لێمان ئەبێتەوە / لە هەموو یارییەكان لێمان ئەباتەوە لە خاچی ئەبەدیمان ئەدا / ئاوی دەریامان پێ‌ ئەگوازێتەوە/ تیشكە ڕژاوەكانی خۆیمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە/ قەڵامان پێ‌ دروست ئەكاو / خۆڵمان پێ‌ ئەكێشێتەوە / شیعرەكانمان ڕەشئەكاتەوە / مەحاڵمان پێ‌ ئەنووسێتەوە / گۆڕمان پێ‌ هەڵئەكەنێ‌ و ئێمەی تیائەشارێتەوە / میخكۆبی ئازاری كردووین / دیلی دەستی هەرماسی كردووین / ئاردی ناو درك و داڵمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە / تۆپی زەویمان پێ‌ هەڵئەگرێ / ئاسمانمان پێ‌ ئەشواتەوە / چیرۆكی ئازارمان پێ‌ ئەگێڕێتەوە / بەردەكەمان پێ‌ ئەباتە سەر لوتكە / ئێمەیش لە دوای تۆ هەمان بەردمان پێ‌ ئەبڕێ‌ / بەردەكە، كەی لە لوتكەدا قەرار ئەگری…)

هەرچی فێی جۆڕجي، چونکێ سرووشتدۆست و ژینگەپارێزە، جوانییە سیحراوییەکانی وانی لەبەرچاوە، دەڵێ:
(سۆلاڤی سازگار، بەرد بە بەرد دەرشێنێ / چەشنی هزر، قوول قوولن گۆمەکان / لەودیوی زەریا گەورەکانەوە تەختێک لە لمی گەرم / ئەشقی خۆرەتای سوور بووم / ئەشقی تەمی شینی سەر زەوی بووم / دارستانی سەوزیی پەرش و بڵاو/ گیانداری سرک و ڕەوەک / خێڵ و ئێڵات لە ژێر دەوارەکانیاندا / شێت و شەیدای ڕووناکی و ژین و زەوی بووم…)
لە جەنگی ئەبەدیشیدا لەگەڵ ئەم بەردە، زۆر داخ لەدڵانە دەڵێ:( ڕوخسارێ نغرۆ لە دڵەڕاوکێ / ئەویش پێیدام جەستەیەکی ڕەقهەڵاتوو / هێمای پیاوێکن هیلاک هیلاک / بەتەنیا شانی خۆم داوەتە بەر / نەفرەتیی خۆم دادەتاشم / تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم/ وامدەزانی زەمەن هی خۆمە / ئەم ڕۆژەم هەرگیز بەخەیاڵیش بەبیردانەدەهات / بەردێک، ئا بەردێک، لێ من کردمە هی خۆم / مەشەقەتێک، بێ سەرەتاو بی کۆتا…)
لە دوو هێڵی تەریبدا، ئەو دوو شاعیرە، هێندە لێک نزیکن، هەر دەڵی یەک زمان و هزر و روئیایان لە یەک چەمکی فەلسەفیدا هەیە:
چەمکی یەکەم: عەزاب و مەشەقەت، بەشێک نیین لە ژیان، بەڵکو خودی ژیانن:
کەریم دەشتی:
(شانمان ئەدەینە بەر هەمان ئەو بەردە
بە هەمان عەزابی ئەبەدی
بەرەو هەمان لوتكەی ئەبەینەوە)
فێی جۆڕج:
(ڕۆژ دوای ڕۆژ، تۆزوخۆڵی سەر ڕێگا زارت دەگرن،
تا تفی نێو دەمت لە ئەوکتدا دەبێتە تۆپەڵە قوڕ)
چەمکی دووەم: لە ژیاندا مردن هەیە، هەروەک مردن لە ژیاندا هەیە:
کەریم دەشتی:
(تۆیش بێ‌ ئەوەی زمانت هەبێ‌
گۆرانی مەرگمان بۆ ئەڵێی
بێ‌ ئەوەی كە دەستت هەبێ‌
وەك ژەهر ئەمانپاچی)
فێیی جۆڕج:
(تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم)

هەردوو دەقەشیعرەکە لە لەبەر ڕۆشنایی ئەدەبی گەردوونیدا:
لەدەوروبەری ساڵی (٥٣٠) پێش زایینییەوە، لە نێو هونەرمەندانی ئەسینا، نیگارکێشانی سیزیف لەسەر ڕووی گۆزە و کوپەڵە بووە بووە نەریتێکی باوی هونەری گریکی کۆن. لەوە دەمەوە تا ئەم ساتەوەختە، هونەرمەندانی جیهان، بە درێژایی مێژوو، خەریکی دووبارەکردنەوەی وێنە و نیگاری قارەمانی ئەم ئەفسانەیەن. بەدەگمەن، مۆزەخانەی ناوداری جیهانی هەیە، کە دیوارەکانی بە تابلۆی ئەو ئەفسانەیە ئارایشت نەکرابێ. هەرچی قۆتابخانە و ڕێباز و تیۆریی هونەری هەیە، بە ڕەنگ و ستایل و مۆدێل و شێوازو داهێنانی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بیرۆکەی ئەفسانەکە کردووە. هەموویان هەر خەریکی بەرزکردنەوەی ئەو (بەردەن).لەو سەدان تابلۆی گەورە هونەرمەندانەدا، دەبین سیزیف بەردەکە پاڵدەدا، بە کۆڵی خۆی دادەدا، لەسەر شانی ڕاستەی داناوە، لەسەر شانی چەپەی هەڵیگرتووە، لە سەر دوو دەستەکانی ڕایگرتووە، بە گوریس بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشێ، تەکان تەکان بەرزی دەکاتەوە… . لەم هەموو نیگارانە، هەر هونەرمەندەی مەبەست و پەیام و گوزارشتی خۆی پێیە. ئەوەتا ئێستا سیزیف لە هونەری تەنز و کاریکاتێر زۆر باوە، بووەتە ڕەمزی سەرنەگرتن و داروخانی بەرنامەوە نەخشە و کاری سیاسیی سیاسەتمەداران.
هەر بۆ نموونە:
لەساڵی (١٥٤٨) خاتوو مارییەی هەنگاری، خوشکی ئیمپراتوری ڕۆمانی موقەدەس ـ جاڵسی پێنجەم، داوای لە هۆنەرمەندی ئیتاڵی (تیزیانۆ ڤێسیلی)، ناسراوە بە (تیتیان)، کرد، کە تابلۆی چوار لە گۆناهکارەکانی یۆنانی لە کۆشکەکەیدا لە شاری (بنج)، بۆ بکێشێ، هەر تابلۆیەی دوو مەتر چوارگۆشەبوو، جا سیزیف یەکێک لەو چوار گوناهبارانە بوو و سێ یەکەی دیکەش هەر یەک لە (تیتیۆس، تانتالۆس، ئیکسیۆن) بوون. ــ ئەم چوارە لە ئیلیادەی هۆمۆرس ناویان هاتووە.
ئەو هونەرمەندە شارەزاییەکی باشی لەسەر ئەفسانەکان هەبوو، لە تابلۆکانیدا هێندێ هونەری نوێ داهێنا بوو، سیزیفی شەکەت و هیلاک بارەکەی لەسەر شانی خۆی داناوە، لە جیاتی ئەوەی پاڵی بداو بەرەو سەرەوەی ببات، لە پشتیڕا، ڕووبەرێکی ئاگرینی پڕ بڵێسە و دوکەڵی جەهەنەمی تەواو ناوچەکەی داگرتووە، دوو سەگی دڕ، کەلبەکانیان گڕکردۆتەوە، لە پەلاماردانن، لە نزیک قاچەکانی سیزیفیش، شینە مارێکی گەورە دێتە خوارێ.
دوو لەو تابلۆیانەیان لە نێوان دوو پەنجەری گەورەی ڕێڕەوێکی ئەم کۆشکەدا کێشرابوون و بەرانباریشیان چەند فەرشێکی نەخشێنراوە بە دیمەنی (حەوت گۆناهە گەورەکە) ڕاخرابوون. هەر میوانێک پێی خستبایە ئەو کۆشکە، هەر لەسەرتاوە، دیمەن و وێنەی ئەو تابلۆ ترسناکانە پێشوازی لێدەکردن. خاتوو ماریا، لەو نمایشەدا، مەبەستی بوو، پەیامێک بە هەموو یاوەرو ئەو کەسانەی لە دەوری ئەون بدات، کە هەر کەسێ بیر لە خیانەت و فێل و دەسیسە بکاتەوە، ئەو ئاکامەکەی دەبێ. هەموو پاڵەوانی ئەو ئەفسانانە سەرپێچی فرمانی خوداوەندیان کردوە، سزا و عەزابی ئەبەدیان بۆ بڕاوەتەوە، (منیش سیبەری خودام لەسەر زەوی، فرمان و سزای منیش لە هی ئەوان سووکتر نابێ!)
بڕوانە تابڵۆکەی سیزیف. (٨)
وەک چۆن لە هونەردا، لە دێرینەوە، ئەفسانەی سیزیف، بەردەوام حزووری گەرمی هەبووە، بەهەمان شێوە، لە ئەدەبیشدا، بە تایبەتی لە ڕشتەی شیعردا، لە نێو دیوان وتۆمارگەی ئەدیب و شاعیراندا ، بە شێوازی هەمە چەشن ،بۆ مەبەستی جیاواز جیاواز بەرجەستە کراوە.
کەریم دەشتی و فێیی جۆڕج، بەو پەڕی شارەزایی و کارامەیی، ئەوانیش جێ پەنجەی خۆیان، لەم ئەزموونە گەردوونییەدا، بە زیندووی بەجێهێشتووە. دەکرێ، لەم سەرە قەڵەمانە، گەردوونیەتی دوو دەقە شیعرە چڕکەینەوە:
یەک: هەردوو شاعیر پاشخانییەکی باشیان لە مییتۆلۆژیادا هەیە. کەریم دەشتی، یەکێکە لەو شاعیرە هاوچەرخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەند، کە زۆرتین ئەفسانە و بیرۆکەی ئەفسانەیی لە دەقەشێعرەکانیدا تەوزیف کردووە، لە زۆربەی ناوئاخنەکانیشیدا، ئەفسانە، کە سامانێکی گەردوونییە، هەر بە گەردوونی لە دەقەکانێشدا پاراستوونی. (سیزیف) سێ قەسیدەی جوانی بەو شاعیرە بەخشیوە. خاتوو فێیی جۆڕجیش، کە وڵاتی گریک و یۆنان، بە زێدی خۆی دەزانێ، بەو پەڕی شانازییەوە، ئەفسانەی کردووەتە دیوێکی ناسنامەی شاعیریەتی خۆی، تەنانەت خەڵاتەکەی پاریسیشی هەر لە سایەی (بەردێکی زامدار) چنییەوە.
دوو: لە تەواوی دەقەکاندا، هەردوو شاعیر، قاوغەی نەتەوایەتی و لۆکاڵیەتی خۆیان شکاندەوە، ناسنامەی جیهانییەیان بە خۆیان داوە. بە یەک تاکە وشە ئاماژە بە زمان و خاک و نەتەوە و ئایین و ڕەنگ و ڕەگەز خۆیان ناکەن.
سێ: هەردووکیان یەک ئەفسانەیان کردووەتە کەرەستەی دەقەشیعرەکەیان، بۆ یەک مەبەستی زۆر دیاریکرای هاوتەریب و گونجاو تەوزیفیان کردووە.
چوار: تەواوی دەقەکان، بە پەیام و فەلسەفە و چەمکەوە، ئاراستەی کۆی مرۆڤایەتی کراون. واتا دەقەکان بۆ حەشیمەتە حەوت ملیارو نیوەکەی سەر ئەم زەمینە نووسراون.
پێنج: کە خاڵیکی بایەخدارە ــ کۆی عەزاب و ئەشکەنجە و جەور و ناداپەوەری و سەختی و دژواری ژیان، زۆر بە ئێش و ئازار و حەسرەتەوە، بەرجەستەکراوە، وەک ئەوەی بڵێن، با کەس سکی بە خۆی نەسووتێ و خۆی بە بەخترەش نەزانێ.
شەش: لەودیوی، ئەو هەموو عەزابە ئەبەدییە، ترووسکەی ڕۆناکی و ئومێد وگەشبینی هەر دەبینڕێ. ئەوەتا کەریم دەشتی دەڵێ:(ئومێدی خەڵاس بوونت هەبوو / ئومیدی پاك بوونەوەت هەبوو)، فێی جۆڕجیش هاواردەکات:(سا تێگەیشتم من تا ئەو دیو سنوور، تخوبی خۆم بەزاندووە: ئەمەش بەس بوو.).
کۆتا ڕسـتە:
تیۆری و تەئیویل و ڕاڤەکانی ئەفسانەی سیزیف، زۆر و فر بیرۆکەنە: وەک تۆپەڵەی خۆری ئاگرین سەیرکراوە کە ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ و بە ئاسماندا سەفەر دەکات، تا لە ڕۆژاوادا غلۆردەبێتەوە. کراوەتە شەپۆڵی بەرز و نزمی تەوژمهێنەری دەریای بێئامانی غەدار. ڕەمزێکە بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەشقی کورسی دەسەڵاتن و هەمیشە غلۆر دەبنەوە و ناگەنە ئامانج. خەبات و زۆرانبازی و بەرەنگاربوونەوەی ژیانێکی هیچە. ڕەمزی عەزابی ئەبەدی کەسانی گوناهبارە. ئەلبەرت کامۆش وای دەبینێ کە ئەفسانەی سیزیف بەرجەستەی هیچ و پووچی و بێ مانایی ژیان دەکات، ژیانێک خاڵییە لە هەموو لۆژیک و ئەقڵانییەتێک، بەڵام دەبێ وێنای سیزیف هەر وەک مرۆڤێکی بەختەوەر بکێشرێت، ئەو دەڵێ:” قەت هیچ سزایەک نییە لەوە پیستر بێ، کارێک بکەی هیچ بەرهەمێکی لێ نەچنیتەوە.”.(٩)
کەریم دەشتی وای دەبێنێ کە ئێستا لە گەڵ ئەودا حەوت ملیارو نیو سیزیف لەسەر ئەم زەویەدا دەژین. فێی جۆڕجیش، ئەو بیرۆکەی هەیە، کە چارەنووسمان هەرچییەک بێ، نابی کۆڵ بدەین، ئەوەی بۆمان بکرێ دەیکەین.


پاشکۆ:
یەک:
سیزیف براكەم سیزیف
(کەریم دەشتی)

خوا ئێمەی خۆشناوێ‌ و ڕقی لێمان ئەبێتەوە
ئەوەی ناكرێ‌ پێمان ئەكا
لە هەموو یارییەكان لێمان ئەباتەوە
لە خاچی ئەبەدیمان ئەدا
ئاوی دەریامان پێ‌ ئەگوازێتەوە
تیشكە ڕژاوەكانی خۆیمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە
قەڵامان پێ‌ دروست ئەكاو
خۆڵمان پێ‌ ئەكێشێتەوە
شیعرەكانمان ڕەشئەكاتەوە و
مەحاڵمان پێ‌ ئەنووسێتەوە
ئەوە نییە هەمیشە تۆ
بەردەكە بۆ سەرەوە ئەبەیتەوە
بەڵام هەمیشە بۆ خوارەوەی گلۆر ئەكاتەوە
سارد نەبیتەوە، تیر لە كەمان ترازاوە ناگەڕێتەوە
ئێمەیش دوای تۆ
شانمان ئەدەینە بەر هەمان ئەو بەردە
بە هەمان عەزابی ئەبەدی
بەرەو هەمان لوتكەی ئەبەینەوە
بەڵام هەمدیس گلۆری بنار ئەبێتەوە
سیزیف براكەم سیزیف
خوا ئێمەی خۆشناوێ‌ ڕقی لێمان ئەبێتەوە
گۆڕمان پێ‌ هەڵئەكەنێ‌ و ئێمەی تیائەشارێتەوە
میخكۆبی ئازاری كردووین
دیلی دەستی هەرماسی كردووین
ئاردی ناو درك و داڵمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە
تۆپی زەویمان پێ‌ هەڵئەگرێ‌
ئاسمانمان پێ‌ ئەشواتەوە
چیرۆكی ئازارمان پێ‌ ئەگێڕێتەوە
بەردەكەمان پێ‌ ئەباتە سەر لوتكە و
هەمدیس گلۆر ئەبێتەوە
سیزیف
چا نەبوو تۆ مۆنادی خۆت هەبوو بۆنت ئەكرد
بەو مۆنادە چەند بەختەوەر بوویت
هاوڕێی ئەبەدیت بوو
ئەنیست بوو، جەلیست بوو
كتێب و قەڵەم و لیست بوو
هەموو ڕۆژێ‌ وەك كۆرپەی خۆت
ئەتخستە سەر شان و ملت
بەرەو ترۆپك هەڵئەكشایت
ئومێدی خەڵاس بوونت هەبوو
ئومیدی پاك بوونەوەت هەبوو
بەڵام بەردەكە لاسار بوو
گوێی بە ئازاری باوكی نەئەداو رایئەكرئەوە ژێر بنار
لە قووڵایی بەیەك ئەگەیشتنەوە
سیزیف سیزیف هاوڕێی هەمیشەی بەردەكە
واز مەهێنە
بەڵكو تۆزێ‌ شل بێتەوە دڵی بەردەكە نەرم بێ‌
ئاخر ئێمەیش لە دوای تۆ هەمان بەردمان پێ‌ ئەبڕێ‌
ئەوە قەدەری مرۆڤە تەواو نابێ‌
چەند بۆ سەر لوتكەكەی ببەی
دیسان گلۆر ئەبێتەوە و بۆ بنار ئەگەڕێتەوە
بەردەكە بەردەكە، كەی لە لوتكەدا قەرار ئەگری
تۆیش بێ‌ ئەوەی زمانت هەبێ‌
گۆرانی مەرگمان بۆ ئەڵێی
بێ‌ ئەوەی كە دەستت هەبێ‌
وەك ژەهر ئەمانپاچی
بێ‌ ئەوەی كە دڵت هەبێ‌ ڕقت لێمان ئەبێتەوە؟
وەك دەمی تیغ ئەمانبڕی

(١٠)*مۆناد : گەوهەری تاقانە

دوو:
سیزیف
(فێیی جۆرج)
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: ف. شــەوڕۆ
“داهێنان هەر لەوەدەچێ، قەدەری کەسێک لە چوارچێوەی سیمایەک بگریت.”( ئەلبێرت کامو ـ ئەفسانەی سیزیف)
سۆلاڤی سازگار، بەرد بە بەرد دەرشێنێ،
چەشنی هزر، قوول قوولن گۆمەکان،
لەودیوی زەریا گەورەکانەوە،
تەختێک لە لمی گەرم…
گشت ئەمانە ڕوخساری دونیایەکی گەشن،
ڕوخسارێ نغرۆ لە دڵەڕاوکێ.

ئەو کەڤرە ژنەکەمە،
دەستەکانی من، پێیان بەخشی کەمەرێک،
ئەویش پێیدام جەستەیەکی ڕەقهەڵاتوو،
ئەم قۆچە گەچاویانەی لە ناو لەپی منن،
هێمای پیاوێکن هیلاک هیلاک.

بەتەنیا شانی خۆم داوەتە بەر،
نەفرەتیی خۆم دادەتاشم،
توند دەیگرم، دەیکەمە ئامرازی بەرزکردنەوەی گابەردێ،
تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم،
وامدەزانی زەمەن هی خۆمە،
ئەم ڕۆژەم هەرگیز بەخەیاڵیش بەبیردانەدەهات.

ئەشقی خۆرەتای سوور بووم، ئەشقی تەمی شینی سەرزەوی بووم،
دارستانی سەوزیی پەرش و بڵاو،
گیانداری سرک و ڕەوەک،
خێڵ و ئێڵات لە ژێر دەوارەکانیاندا،
شێت و شەیدای ڕووناکی و ژین و زەوی بووم،
ئەم هەست و سۆزە، پێبەخشێم:
دیارییەک، گابەردێک.

بەردێک، ئا بەردێک، لێ من کردمە هی خۆم،
ئەوان وایان دەزانی. دەمهاڕێ، ئەو بەردە،
ماوەیەک، وام هەست دەکرد، بەردێکە بە هۆش و جەستە،
ئاوێتەبوون بۆ غڵۆربوونەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئەو سەنگە تا لووتکە و پۆپە،
ڕۆژ دوای ڕۆژ، تۆزوخۆڵی سەر ڕێگا زارت دەگرن،
تا تفی نێو دەمت لە ئەوکتدا دەبێتە تۆپەڵە قوڕ.
مەشەقەتێک، بێ سەرەتاو بی کۆتا ــ ئەرکێک، شێتانە.

لەگەڵ هەر گڵدانەوەیەکی سەختدا، گابەرد گەورەتر بوو.
بە تێشووی حەز و پەشیمانی، زەبەلاحتر دەبوو.
لە ئاسمانی ئەو شەوەی، تریفەی تێیدا نغرۆ ببوو
من مانگی ساردوسوڕم لە نێو دەستەکانمدا گرتبوو،
ویستیی خۆم هێنادی، گشت ئەوانەم لە ئامێز گرت ــ
ویستیی خۆم هێنادی و گوتم، ئێستا خراپتر چیت لەدەست دێ بیکە!

سا تێگەیشتم من تا ئەو دیو سنوور، تخوبی خۆم بەزاندووە:
ئەمەش بەس بوو.
سێ: دەقکە بە ئینگلیزی:
“Sisyphus” by Faye George
“To create is likewise to give a shape to one’s fate – Albert Camus, The Myth of Sisyphus”

Cool freshets spilling from stone to stone,
Pools deep as thought,
The immense beyond of ocean,
A warm couch of sand . . .
All that the bright world holds,
Holds back.

This stone is my wife.
My hands have given it a waist.
It has given me this calloused flesh,
This chalky horn upon my palm,
Mark of a working man.

I work alone,
Shaping my curse,
Honing it: a tool for raising stone.
Fitting it for what lets me live this death
With purpose; there was a time
I would not have thought it could be so.

I loved the red suns, the blue mists of Earth,
The long green reach of trees,
Her creatures feral and quick,
The tribes in their camps.
I wanted light and life and Earth.
That passion earned me this,
This gift, a stone.

A stone, yes, but I have made it mine.
They thought that it would crush me.
For a time I thought it had: mind and body
Wed to rock, pushing that weight to the summit
Day after day, eating the dust of the path
Till the spit of your mouth is clay in your throat.
And never an end to it – the mindless task.

With every lumbering turn, the stone grew.
Fed on desire and regret, the stone grew.
In that night’s sky with no light above
The cold moon of my grasp,
I set my will, embracing all of this –
I set my will and said, Now do your worst!

And knew I’d gone beyond myself:
It was enough.(11)

سەرچاوەکان:
http://www.mythologymatters.com/quotes-about-myth.html(1234567890)
)2(https://www.bartleby.com/essay/The-Importance-of-Greek-Mythology- P3MPQ293RYZA
)3(https://www.britannica.com/topic/myth
)4(Cosmopolitanism and World Literature, Ben Etherington and Ben Etherington, Cambridge University Press, 2018(book)
(5)https://core.ac.uk/download/pdf/48838117.pdf
(6)https://www.oxfordhandbooks.com/view/10.1093/oxfordhb/9780195388923.001.0001/oxfordhb-9780195388923-e-1
(7) https://www.litcharts.com/literary-devices-and-terms/enjambment
(8) https://blogs.getty.edu/iris/thinking-about-sisyphus-or-the-afterlife-with-some-rock-n-roll/
(9)The Myth of Sisyphus: And Other Essays (Vintage International), Albert Camus May 1991(book)
https://www.facebook.com/karim.dashti.376 (10)
(11)https://endicottstudio.typepad.com/poetrylist/sisyphus-by-faye- george.html




دیمانە لەگەڵ هونه‌رمه‌ند كاوه‌ ژاژڵه‌یی.. ئامادەکردنی: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هونه‌رمه‌ند كاوه‌ ژاژڵه‌یی: ئه‌و بێ سانسۆریه‌ وای كردوه‌ ئه‌وه‌ی حه‌ز بكات و پولدار بێت ببێته‌ شازی هونه‌رمه‌ند
هونه‌رمه‌ند كاوه‌ ژاژڵه‌یی: سه‌رسامی ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند بلیمه‌ت قادر كابان و كه‌ریم كابانم

دیمانه‌- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌رهه‌میان به‌ژماره‌،زۆر نیه‌ به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان شاكار و نه‌مرن ،له‌ هه‌موو كات و سه‌رده‌مێك دا له‌ هزر و زایه‌ڵه‌ی وه‌رگر ده‌مێنێته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند كاوه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ناسراو به‌ (كاوه‌ ژاژڵه‌یی) ، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌،كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ،ئاواز و گۆرانی كه‌مه‌ به‌ڵام هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی نه‌مر و به‌پێزن ژاژڵه‌یی،له‌ ساڵانی حه‌فتایه‌كان، چۆته‌ نێو جیهانی ئاواز و گۆرانی ، ئێمه‌ وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كردۆته‌وه‌:

*سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر بۆ خوێنه‌رانمان به‌كورتی باس له‌ كاروانی هونه‌ری خۆت بكه‌یت .

-ده‌ستپێكی هونه‌ریم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1977 ئه‌و كاته‌ كه‌ هاوكاربووم له‌گه‌ڵ تیپی شانۆی لادێ كه‌سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵ بوو له‌ گه‌ڵ ئه‌م تیپه‌ و هاوكار له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خوا لێخۆشبوو (حه‌مه‌ جه‌زا علی و قادر زیره‌ك )به‌شداری بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كانمان ده‌كرد، دواتر له‌ ساڵی 1978 له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ری هه‌ولێر چه‌ندین چالاكیم ئه‌نجام دا.

  • گۆرانی (په‌شیمانی) یه‌كێك بوو له‌و گۆرانیه‌كانی به‌رێزتان كه‌ ده‌نگ وزایه‌ڵه‌ی زرۆی هه‌بوو ئه‌گه‌ر بكرێت باس له‌ چیرۆكی ئه‌م گۆرانییه‌ بكه‌یت؟

-له‌ مانگی 3ی ساڵی 1978 كاتێك سه‌رقاڵی پڕۆڤه‌ی بابه‌ته‌ هونه‌ریه‌كانی فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانه‌كان بووین، مامۆستای خوا لێخۆشبوو “سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی “كه‌ سه‌رپه‌ریشتی چالاكیه‌كانی فیستیڤاڵی ده‌كرد، له‌ كاتی پڕۆڤه‌كردن دا هه‌ستی كرد ده‌نگی من شیاوه‌ بۆ ئه‌و ئاوازه‌ی كه‌ داینابوو، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ دوای ته‌واو بوونی پرۆڤه‌، هه‌ر له‌ باخچه‌كه‌ دا چه‌ند جارێك ئاوازه‌كه‌ی بۆ ووتمه‌وه‌، دواجار ووتی ده‌توانی وه‌ك من بیڵێیته‌وه‌، منیش به‌ هه‌ست و سۆزی خۆم ئاوازه‌كه‌م بۆ ووته‌وه‌، زۆری پێ خۆش بوو ،ووتی ئه‌وه‌ ئاوازی خۆمه‌ و پێشكه‌شت بێ، ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گۆرانی تری ناوازه‌ی تیپ له‌ هاوینی ئه‌م ساڵه‌دا تۆماركرا، گۆرانیه‌كه‌ ناوی په‌شیمانیه‌ و ئاوازی مامۆستای خوالێخۆشبووه‌ هۆنراوه‌كه‌شی هی شاعیر كاك نازم دڵبه‌نده‌.

*كامه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ند وكه‌سانه‌ ، كه‌هاوكارو هاندانی به‌رێزت بوون؟

ئه‌ڵبه‌ت له‌ هه‌ر كارێكی هونه‌ری كه‌سانێك هاوكار و دڵسۆزت ده‌بن، وه‌ ئه‌وانه‌ی هاوكاری منیان كردووه‌ مامۆستا (سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی) و مامۆستا (وریا ئه‌حمه‌د)و كاك (حه‌میدی بزق) وه‌ هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی گروپی نالی و كاك (سید ئه‌حمه‌د ڕواندزی)،له‌گه‌ڵ هه‌ردوو خۆشه‌ویستانم كاك سه‌باحی سه‌نتوور و كاك فه‌رهاد محمد ساڵح رێز و حورمه‌تم هه‌یه‌ بۆ هه‌موویان، خوای گه‌وره‌ له‌ مامۆستا سید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی خۆش بێت.

*ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ كامه‌ن كه‌كاریگه‌ریان له‌سه‌ر تۆدا هه‌بووه‌؟

  • هه‌ر له‌ مناڵیمه‌وه‌ سه‌رسامی ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو بلیمه‌ته‌كانی ئاواز و گۆرانی كوردی، قادر كابان و كه‌ریم كابان بووم، زۆر جار حه‌زم كردووه‌ یه‌كێك له‌ گۆرانیه‌كانیان بڵێمه‌وه‌، یادیان به‌ خێر و گۆڕیان پڕ نور بێ.

*بۆچی به‌رهه‌می نوێت نیه‌؟

من له‌ ساڵی ٢٠٠٢وه‌ وه‌ وازم هێناوه‌ هه‌ستم كرد ئیدی جێگای من نابێته‌وه‌ له‌و بازاڕه‌ی ئه‌مڕۆی به‌ ناو هونه‌ر و ته‌مه‌نیش هۆیه‌كی تری وازهێنانمه‌ هه‌ر بۆیه‌ش له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ هیچ به‌رهه‌مێكم نیه‌.

  • ئاستی هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی له‌ ئێستادا له‌ چ ئاستێك دایه‌؟
  • ئه‌گه‌ر اغرا‌وات و ئیمتیازات لێبگه‌ڕێت ئێستاش شتی جوان و چاك ده‌كرێت.
  • چۆن ده‌ڕوانیته‌ گۆرانیبێژه‌ گه‌نجه‌كان؟ -ماشاڵڵا ئه‌مڕۆ بێ سانسۆر ئه‌وه‌ی حه‌ز بكات و پولدار بێت ده‌بێته‌ شازی هونه‌رمه‌ند له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ده‌یان چاوپێكه‌وتن و ده‌یان كۆنسێرت ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

*رۆڵی میدیا (تیڤییه‌كان) له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانی كوردی به‌ ئه‌رێنی ده‌بینی؟

-خوا خێریان بنوسێ هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵه‌كان جار جاره‌ وه‌ك یادێك گۆرانیه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان په‌خش ده‌كه‌ن.

*ئه‌و په‌نده‌ی له‌ ژیانتا بڕوات پێی هه‌یه‌؟

  • هه‌ر چه‌ندێكم زانیبێ ، ئێستا زانیم كه‌ هێشتا هیچ نازانم.
  • به‌كورتی چی ده‌ڵیت بۆ (خۆشه‌ویستی ، هیوا ، ژیان )
    -ده‌كرێ ئه‌م سێ ووشه‌ جوانه‌ ئاوێته‌ی یه‌كتر بن، ئێمه‌ هه‌ر هه‌موومان وه‌كو مرۆڤ ئه‌گه‌ر ناخمان پڕاوپڕ نه‌بێ له‌ سۆز و خۆشه‌ ویستی بۆ ده‌وروبه‌ر و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان ده‌ژین به‌ هیواو ئاواته‌وه‌ نه‌ژین هیچ جیاوازیه‌كمان نابێ له‌ گه‌ڵ بونه‌وه‌رانی تر.



تێکۆشان لە پێناوى وشە.. ئەحمەد رەجەب

وانەکانى ژیان :
پاش ئەوەى رژێمى دیکتاتۆرى هەموو دەرگاکانى بەرووى چالاکى ئەدیبان و نووسەرانى پێشکەوتنخواز لە کوردستان داخست و بە هەموو شێوەیەک کەوتە هەوڵدانى سرینەوەى ئەدەبى پێشکوتخوازى کوردى لەلایەک و, لەلایەکى تره‌وه‌ پشتگیرکردن لە بیرى شۆڤەنیستى ودواکەوتن و, دوژمنیاتیکردنى گەلى کوردو زمانى کوردى و نەمانى یەکێتی نووسەرانى کوردو، لە کۆتایى ساڵى 1980 ئەو یەکێتییە چالاکانە پەرەى بە ئەدەب و رۆشنبیرىداو قەت نەچووە ژێر رکێفی فاشیستەکان و ئەوان دیانوێست ببێتە زورنایەک لە زورناکانى پیاهەڵدان و پروپاگەندەى بەعسیان.
نووسەرو ئەدیبانى کور دبە بوغزو توورەییەوە دژى بریارەکانى بەعس بوونەوەو ئەوەش لە دوو خاڵدا دەردەکەوێت : یەکەمیان ژمارەى ئەو کوردانەى کە چوونەتە ناو ئەو یەکێتیە کە حزبى بەعس دروستیکردووە گوایە یەکێتییەکە بۆ هەموو عێراقییەکان لە پەنجەکانى دەست تێناپەرن و دووەمیان بانگەوازێک لەلایەن ژمارەیەک لە نووسەرو ئەدیبانى پێشمەرگە بۆ نووسەران و ئەدیبانى کورد لە 3 ى کانونى یەکەمى 1980 بڵاوکرایەوەو لە گەڵ بانگەوازەکە ( دەستەى کاتى یەکێتى ئەدیبانى کوردستان) راگەیەنرا وەک درێژەپێدان بۆهەمان ئامانجى پیرۆزى { یەکێتى ئەدیبانى کورد} و هەروا بەشدارییەکى ئەدیبانى کوردە لە شۆرشی نوێی گەلى کورد بە تایبەتى و گەلى عێراق بە گشتى و لە بانگەوازەکە هاتووە :
هیچ نەماوە تەنها بەرنگاربوونەوەى توندوتؤڵ دژ بەو کردارانەى بەعسییە فاشیستەکان نەبێت و، بە پاکى ومتمانەوە شان بە شان لە گەڵ رۆشنبیرانى گەلەکەمان بەرگرى لە باوو نەریتى پیشکەوتنخواز بکەێن وەک چۆن ئەدەب و رۆشنبیرى بە درێژاى مێژوو پارێزى لێکردووەو، بانگەوازەکە بەروونى ئەوە دەخاتەروو کە دروستبوونى ئەم یەکێتیە بە ئامانجى پاراستنى { ئەدەب و هونەرى پێسشکەوتووخوازى نەتەوەکەمانە} و، دووربێت لە چەواشەکردن و تایبەتمەندى رەسەنى نەتەوایەتى بپارێزێت و قووڵتر بکرێتەوە و بەرنگارى ئەدەب و هونەرى دوواکەوتوو ببێتەوە کە هەوڵدەدەن بۆ چەواشەنەکردن وپه‌ره‌دان به‌ رەگەزپەرستى و تیرۆرو تاوان و دەیانەوێت موراڵ وئەخلاق ونەریتىسه‌ده‌كانی ناوه‌راست و تاریکستان لە کوردستان و هەموو عێراق بڵاو بکەنەوە
لە دواى کردەوەکانى رژێمى دیکتاتۆرى حزبى بەعس ده‌سته‌ی كاتی ب نووسه‌رانی شاخ كه‌وته‌كاركردن و لەم بەرێزانە پێکهاتبوو : ئەحمەد دڵزار، محەمەد عەباس ( حاجى مەمۆ) ، رەفیق سابسرو هەڤاڵ کوێستانى ئه‌بو به‌كر خوشناوو، زەنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداو، لە کۆبوونەوەیەکدا بریاردرا دەسته‌ی دامەزرێنەر کۆبکرێتەوەو ورێخراوێکى ئەدەبى سەربەخۆ بۆ هەموو نووسەرانى شاخ بەبی جیاوازى بیرو بۆچوون و حزبایەتىه‌تیان پێکبهێنرێت و ناوى { کۆمەڵەى نووسەرانى کوردستنان } بێت و، لەو کۆبەەنەوەیەدا ئەمانە ئامادە بوون : ئەحمەد دڵزار ، رەفیبق سابیر، حوسەێن بەفرین ، محەمەد رەنجاو ، عەباس محەمەد ( حاجى مەمۆ) ، شەهاب عوسمان ، هاشم کۆچانى ، ئەبو بەکر خۆشناو ، فەرید ئەسەسەرد ، ناسر حەفید ، ئەحمەد رەجەب، ئەرسەلان بایزو هەڤاڵ کوێستانى و، هەر لەو کۆبووننەوەیەدا بریارى دەرکردنى گۆڤارێک بە ناو { پێروو} دراو ، ژمارە یەکى لە ئازارى 1980 بڵاوکرایەوە و لە پاڵ وتارى ژمارەکە بانگەوزازى دەستەى کاتى بۆ نووسەران و ئەم بابەتانەى تیادابوو : شیعرى بەرەنگارى ـ ئەبو بەکر خۆشناو،ئەدەب و شۆرش ـ محەمەد رەنجاو, چاوپێکەوتن لە گەڵ شاعیر سۆڤێت یەڤەشینکۆ  ( وەرگێران) ، دەربارەى رەخنە لە فارسییەوە ، ژانى برسییەکان ـ شاعیرى شەهید جەمیل رەنجبەر ( پێشمەرگەى یەکێتى بوو لە کۆتایى ساڵى 1980 شەهید بوو) ، چوار هۆنراوە ـ رەفیق سابیر، چوار هۆنراوە ــ هەڤاڵ کوێستانى ، دوو هۆنراوە ـ مامە نالە، هۆنراوەیەک بۆ شەهیدى شیوعى وهونەرمەند موعتەسەم عەبدولکەریم ـ رەحیم عەزیز ، دوو هۆنراوەى شاعیرى ئێرانى خەسرەو گوڵسورخى ـ وەرگێرانى بابى ئازاد ، دۆزەخ ( چیرۆک) فەرید ئەسەسرد، دوو چیروک زەکریا تامر ـ وەرگێرانى کاکە باس له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌و ، لە چیرۆکەکانى چیرۆکنووسى ئێرانى شەهیدى نەمر { سەمەد بەهرنگى ــ بەدەستى شاى ئێران و ده‌زگای هه‌واڵگیری ساواك ـ له‌ رباری ئاراس خنكاو شەهید کرا} ــ وەرگێرانى ئەحمەد رەجەب لە فارسییەوە.
سەرەراى گیروگرفت و کێشەى زۆر دەستەى کاتى توانى ( پرۆژەى پەیرەوى ناوخۆى یەکێتى ئەدیبانى کوردستان) ئامادە بکات و گۆڤارەکە لە ( پێروو بۆ نووسەرى کوردستان) بگۆرێت و ، ئەمجارەشیان بە شێوەیەکى باشترو و هەروا ناوەرۆکێکی دەوڵەمەندوبڵاوكرایه‌وه‌و، ناوى یەکێتییەکەش بوو بە { یەکێتى ئەدیبانى کوردستان}.
کۆمەڵەى کوردستان :
لە هاوینى 1984 ئێمەى نووسەرو رۆژنامەوانانى پێشمەرگە لە بنکەى پێشمەرگەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە وشکەناو لە نێوان خۆرنەوەزان و ئەحمەدئاوا کە لە هەمان کاتدا بارەگاى لقى سێى پارتى بوو کۆبوونەوەیەکمان کردو، لەو کۆبوونەوەیە دا ئەم برایانە ئاماده‌ بوون : سەید فەتحوڵلا کاکەیى کارگێرى لقى سێ ، ئازاد قەرەداغى ـ ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى پارتى و بەرپرسى لقى سی، مامۆستاى پەروەردەو نووسەرو هونەرمەند فەهمى کاکەیى ، پێشمەرگەى شاعیر رزگار کاکەیى ( وێڵ) ولە حزبى شیوعى عێراق ئەحمه‌د رەجەب و, ، لەوێدا بریارى دروستكردنی کۆمەڵەى نووسەرو رۆژنامەنووس و هونەرمەندانى پێشمه‌رگه‌ی دیموکراتى عێراقمان داو، ئەم که‌سانه‌ بوونە دەسته‌ی سەرۆکایەتى : عەبدوڵلا قەرەداغى ( فازل) سەرۆک ، مامۆستا فەهمى کاکەیى و ئەحمه‌د رەجەب و، گڤاریكمان به‌ناوی هه‌ڵمه‌ت ده‌ركرد و پێناسه‌كه‌ی : هه‌ڵمه‌ت گۆڤارێكی وه‌رزییه‌ ـ لقی كه‌ركوك و سلێمانی { كمه‌ڵه‌ی نووسه‌رو رژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ندانی پێشمه‌رگه‌ی دیموكراتی عێراق به‌ كوردی و عه‌ره‌بی ده‌ری ده‌كات} وئه‌م كه‌سانه‌ بوونه‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران: عەبدوڵلا قەرەداغى ( فازل) ، مامۆستا فەهمى کاکەیى و ئەحمه‌د رەجەب.
14/4/2021
تێبینی :
كتیبی : ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو ـت هه‌ڤاڵ كوێستانی.
ئه‌رشیفی رێزدار مامستای په‌روه‌رده‌و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند فه‌همی كاكه‌یی.




نیشتمانم.. شیرین_كافی

ئەی نیشتمان کام ئازارەت بە خوێن و دڵ بنووسمەوە
لە کام پارچەی جەرگمەوە دەستپێبکەم
لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا هەر ئازارە و دێتەوە سوێ
کەزیەکانی کام کیژۆڵەت بهۆنمەوە
هەڵەبجە، شەنگال، کوبانی یاخود ئەنفال
ئەی نیشتمانە بێنازەکەم
کام ئازارەت بنووسمەوە
ئازاری جەرگسوتانی دایکان قژڕنینی خوشکە ڕەشپۆشەکان
پشتچەمانی باوکان
پاکیزەیی فرۆشراوی کیژەکان
چاوەڕوانی دایکە ڕەشپۆشەکان لە بەرھەیوان و سەركۆڵان
کام ئازارەت بنووسمەوە ئەی نیشتمان
ئازاری ئەو زارۆکەی لە پشتی زیلا چاوی بە ژیان هەڵهێنا
ئەو دایکەی لە ژێر داوێنی کراسە ڕەشەدڕاوەکەی دا
لاوەتازە پێگەیشتوەکەی لە ترسی ئەنفال چییەكان حەشاردا
ناڵە و گریانی ئەو تازەبووكەی کەهێشتا لە خەوی قووڵ دابوو
بە دەنگی هاواری سورەتی ئەنفال لە خەو ڕابوو
کام ئازارەت بنووسمەوە
ئەی نیشتمانە ماندوەکەم
ئازاری ئەو زارۆکەی لە ئاگربارانی گەرمای نوگرەسەلماندا
بۆ قومێك ئاو زەرد هەڵگەڕا
ئەو ساوایەی بۆ قومێ شیر ناڵەی دەگەیشتە دیوانی خوا
ئەو خودایەی بێ دەنگ بێ دەنگ
لە سوێی ئەم ئازارە ڕاما
کام ئازارەت بنووسمەوە ئەی نیشتمانە فرۆشراوەکەم
ئازاری ئەو دایکەی زارۆکەکەی بە مردوویی
بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئامێزی نەکردەوە
لەگرتوخانەی نوگرەسەلماندا
ئەی نیشتمان کام ئازارەت بنووسمەوە
ئازاری ئەو ژنەی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک
بە ئازاری لە دایکبوونی کۆرپەکەیەوە ناڵاندی
لە ژوورێكی تەڕ و تاریك و شێداردا
دوای ئەوەی کە گیانی سپارد جەندرمەکان
کردیانە خۆراکی سەگەڕەشەکانی
دەورووبەری گرتووخانەی نوگرەسەلمان
ئازاری ئەو باوکە پیرەی
بە پێڵاوە لاستیکەکانی
ئاوی گەرمی ئەو تەنکەرەی دەخواردەوە
ئەو دایکانەی ژەمەخۆراکەکانیان نەدەخوارد
تا منداڵەكانیان بژین
ئەو لاوانەی ڕیزکرابوون بۆ مەرگ
ئەو ژن ومنداڵانەی چاوەڕوان بوون
نوکی شۆفڵ گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ هەڵکەنێ
ئەی نیشتمان کام ئازارەت بنووسمەوە
ئازاری دوای نەمانی ئەو جەلادانە
یان ئەو ئازارەی کە نشتمان پڕ کراوە لە خیانەت
دایکی شەهیدان لەسەر شەقام
بۆ لەتێکنان هەڵدەلەرزن
بۆ ئەو ژنە شەهیدانەی بۆ قوتی مناڵەکانیان
سوکایەتیان پێدەکرێ
ئەی نشتمان تەنها دەڵێم خەجاڵەت بن
گەنج و پیرو جوان و لاومان بوونە خۆراکی
نەهەنگەکانی دەریای ئیجە
ئەی نشتمان
هەناسەی سارد هەڵدەکێشم لەگەڵ دایکی شەهیداندا.

٢١/٤/٢٠٢١
شیرین_کافی




چرۆ.. سەردار جاف

بەر لە ئاو ڕژانی ڕۆحم
کاڵباکن قەڵاو سەنگەری ئەوینم بوو
ژوانێکە
لە دوا تەمەنی ئۆخژنی
لە نیگا پێی دەگاتەوە
بەر لە جاویدانی ئیشق
شەکەت و ماندووی ھەورازم
بە تاسەی ھەناسەیەکی ئۆخەیەوە
حەسرەتکێشی سەفەری دووری ونبوونیش
بە تۆزی ڕێم ناگاتەوە

بەر لە ڕازانەوەی ئاوەز
بیرم لە،خونچە گوڵێکا بە ئۆقرەیە
تا بپشکوێ چرۆی نوێی ساباتی ژینم
شاڵاوی مەرگ یەخەی بەردام
حەرفەکانی فریودانیان نامگرنەوە
درۆکانیان دەمدزن و
لە کفتیدا ئۆغر دەکەن،
دەخزێنە نێو تەونی جاڵجاڵۆکەی تینم
بەر لە گەڕانەوەی گڕی ئاگری زێدم
شەقاوەکان بە شەقامی ئۆسلۆ و بەرلین ڕایی بوونە
لە مەجمەری پیرە قەڵا ژوان بەستە
ئەمێستاکە…
پێڵوەکانم بە سەوزایی شارا ھەڵدێ
بە چرۆ ڕوون دەبێتەوە
ئاوێتەن لە گەڵ ئاوازی
میلۆدیی دیلانی و بەستە
بەر لە غلۆر بوونەوەی دڵ .
لە ڕاستە ڕێی نۆردڵ سلیت
برسی بوونی حەرفەکانم
لە کانی ئاشقانی شیعر
وشەڕەنگی ناو ھەنبانە بۆرینەیە
گێنگڵ دەخوا
شۆخ تەمەنێ لە دەرگای دام
ئاوڕێژگری کەفوکوڵمە
ڕاکێشەنی قوڵفبەندیم دەترازێنێ
ئەویش نغرۆ و سەوداسەرە
بەرەو خۆیم پەلکێش دەکا
لوولم دەدا ، زرێباری بە ڕەشەبا

20 . 07 . 2020
Bad Camberg. Germany