فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا.. ن: ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت ئەنەلەیز و: یوسف عزەدین

کورتە ئەنەلەیزێکی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

{نووسەر ئەوە دەنووسێت کەدەتوانێت و خوێنەریش ئەوە دەخوێنێتەوە کەدەیەوێت} بۆرخیس

ئەم تێکستە گێڕانەوەیەی نووسەری ئەرژەنتینی ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، بەسەرهاتی ئەو پیاوەیە کەبا لەگەڵ خۆی بردی، تێکستێکە دەیەوێت قەناعەتت پێبکات کەهەر بەڕاستی کەسێک هەیەو ناوی پیدرۆیەو پاش تووش بوونی بەنەخۆشییەکی نەناسراو و دەستنیشاننەکراو لەڕووی زانستییەوە، هێدی هێدی کێشی بەرەو کەم بوون و دابەزین دەچێت و تا دواجار وەک پەڕی باڵندە یان باڵۆنێک با دەتوانێت بەرزیبکاتەوەو لەگەڵ خۆی بیبات!؟
دانەری ئەم تێکستە لەگەڵ شاراوەترین و کاریگەرترین خەونی دێرینی بنیادەماندا مامەڵە دەکات؛ ئەویش حەز و خولیای فڕینە.. توانیوویەتی ناوازەترین تێکستێکی ڕیالیزمی جادووییمان بۆ بخووڵقێنێت و لەفەزایەکی فراوان و بەرینی داهێنەرانەدا، فڕینی پیدرۆ بکاتە ڕووداوێکی نامەئلوف و سامناک!؟
دەکرا خودی نووسەر، ئەم بیرۆکە ناوازەوسەیرو سەمەرەیەی کەبەدابەزین وکەمبوونەوەی کێشی پیدرۆ دەست پێدەکات و دواجار دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەو فڕینی؛ لەنووسینەوەی نۆڤڵێت و نۆڤێللا و ڕۆمانێکدا بەکاربهێنێت، بەڵام ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت وای نەکردووەو ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ئەم بیرۆکەیە بدزێت و لەژانرێکی ئەدەبیدا تەوزیفی بکات، بەبێ ئاماژەدان و کەشفکرنی سەرچاوەی دزییەکەی، تەسەوردەکەم پێش هەر شتێک، بێ ئەدەبی و بێ ڕێزی بەرانبەر بەخوێنەرانی خۆی کردووە.. کەواتە هەرگیز نەیویستووە بۆ ئەو خوێنەرە نموونەییە بنووسێت کەئیمبێرتۆ ئیکۆ باسی لێوەکردووە!؟ یان تەسەووری نەکردووە، خوێنەرێکی زیرەک هەبێت و دزییەکەی کەشف بکات و ئیتر لێرەوە هەموو دیوارەکانی ئەو کۆشکەی ساڵانێکە بەدزینی ئەدەبیاتی جیهانی پێکەوەی ناوە، وەک پوولی دۆمینۆ یەک لەدوای یەک دەڕووخێت!؟
ئاشکراشە دزین جیایە لەکەوتنە ژێر کاریگەری، یان ئیلهام وەرگرتن لەنووسەرانی تر و یان زۆر شێوازی تری ڕێگەپێدراوی ئاشکرا، وەک تەوزیفکردنەوەی فیکرەیەک بەئاماژەکردن بەئەسڵ و فەسڵی سکچڕاڵە نێرێتیڤەکەی و دانەرەکەی.. وەک جەلالەددینی ڕۆمی دەفەرمووێت؛ هەرچییەک فێربووین بەهەڵەکانیشمانەوە، لەعەتارەوە فێربووین.. مەبەستی لەعاریف و شاعیر؛ عەتاری دانەری لۆژیکی باڵندەیە.
ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، زۆر بەسادەیی و بێ گرێ و گۆڵ، بەخوڵقاندنی فانتازیایەکی تایبەت و تا ڕاددەیەک هاوشێوەی ئەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر کەسایەتی گریگۆری سامسای کەسایەتی نۆڤێللای مەسخ- ی کافکادا دێت، ئاڵوگۆڕێکی تایبەت بەسەر پیدرۆی کەسایەتی سەرەکی کورتە نێرێتیڤی، فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا دێت.. هەرچەند پیدرۆ وەک گریگۆری سامسا، نابێتە قالۆنچە؟! بەڵکو پیدرۆ هەر پیدرۆیە، لەشکڵ و شێوە بنیادەمییەکەی خۆیدایە و گەورەترین گرفتیشی دابەزینی بەردەوامی کێشیەتی، تا کار دەگاتە بەرزبوونەوەو فڕینی.. ئیتر بەناچاری پیدرۆ داوا لەژنەکەی دەکات:
{- هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە..
هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە}.
ئەو گەمەیەی ئەم نووسەرە ئەرژەنتینییە لەگەڵ خوێنەری دەکات، جیاوازە لەگەڵ زۆر شێوازی دیکەی نووسینی ئەدەبیات، کەکەم تا زۆر و لەزۆر کاتدا بەمەبەستی درێژکردنەوەی مەودای تێکست، کۆمەڵێک وەسفی بێ کەڵک و پەرەگرافی زیادەو دیالۆگی بەزیاد تێ ئاخنراو و هەندێک شتی تری تێکەڵ دەکرێت؛ تا هێندەی نووسەر مەبەستییەتی درێژ ببێتەوە.
لەم تێکستەو تێکستە نێرێتیڤەکانی تریشیدا، ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت لەپانتاییەکی زۆر بەرتەسک و لەمیانی کەمترین وشەو دەربڕیندا؛ فراوانترین و بەرینترین شێوازەکانی گێڕانەوە دەخووڵقێنێت، ئەمە جگە لەوەی لەم تێکستەدا، پیدرۆ تا ئەوپەڕی فڕین؛ لەبێکۆتادا دەفڕێت و کۆتایی تێکستەکەش دەبێتە سەرەتاو دەسپێکێکی تری گێڕانەوەکە و بەتەواویی خوێنەر ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری دیکە دەکاتەوە!؟

ئەلبێرتۆ مانگوێل دەڵێت:
{ کاتێک کیبڵینگ بەگەنجی لەهیندستان، هەوەڵین نێرێتیڤەکانی خۆی نووسی، دەبا پەیوەست بایە بەو مەودایەی کەڕۆژنامەیەک بۆی دیاریدەکرد. بابڵێین ڕۆژنامەکە ڕێی داوە لەنووسینەکەیدا هەزار وشە تێپەڕنەکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بوو لەنووسینی ئەو تێکستە ناوازانەدا، کاتێک پانتایی نووسین بەرتەسک کرایەوە، واتای ئەوە نییە ناتوانیت بنووسیت؟!}.
کەواتە هەرچەند درێژ دادڕی و زۆر بڵێی قەوارەیەکی بەرچاو لەدنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا داگیر دەکات، بەتایبەتیش لەئێستادا، بەڵام هەمیشە کەم تا زۆر کۆمەڵێک نووسەری زۆر باش لەدنیای ئەدەبیاتدا هەبوون، کەتوانیویانە لەمەودای کۆمەڵێک وشەو پەرەگرافی دیاریکراودا، فەزایەکی زۆر گەورەتر و کاریگەرتر لەفەزای زۆرێک لەڕۆمانە درێژەکان بخووڵقێنن! ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، یەکێکە لەو گێڕەڕەوە دەگمەنانەی کەبەمەبەست و لەپێناو دروست کردنی شێوازێکی نوێی گێڕانەوەی ئەنتی؛ بەهەر درێژدادڕی و زۆر بڵێییەک، جۆرێک لەکورت و چڕ و پوختکردنەوەی هاوچەرخانەی لەدنیای گێڕانەوەدا دا‌هێناوە کەهەر لەسەرەتاوە هەڵتدەداتە دەریایەکی بێ کۆتا لەماناو دەلالەت و سیمبۆل و خوێندنەوەیەکی نوێی کەڵچەریانە، بۆ هەموو ئەوەی لەدنیادا دەگوزەرێ!؟
چەند سەیرە هێدی هێدی پیاوێک کێشی کەم بکات و دواجار بفڕێت!؟ چەند سەیرە پێویست بکات وەک باڵۆنێک بەپەتێک بەشوێنێکەوە شەتەکی بدەیت، یان بەدەستتەوە بیگریت و بترسیت لەوەی کەنابێت پەتەکەت لەدەست دەربچێت، چونکە بوونی ئەو پەتە لەدەستدا گرەنتی مانەوەی ئەو کەسەیە لای تۆ و لەنێو خانەوادەو کۆمەڵەکەیدا.
دەشێت خوێندنەوەیەکی سەرپێی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا، بەتایبەت ئەگەر خوێنەرەکەی وریاو بەڵەد نەبێت لەدۆزینەوەی کۆدەکاندا، بەلاڕێدا بمانبات و نەزانین ئەم تێکستە چەند سامناکەو بگرە زۆر سامناکترە لەو بەیانییەی کەگریگۆری سامسای تێدا دەبێتە قالۆنچەو دواتر چۆن دەنگی دەگۆڕێت و چۆن چۆنی لەشەرماندا لەپشت کەلوپەلەکانی ژوورەکەیدا خۆی دەشارێتەوەو چۆن چۆنی وامان لێدەکات، وەک خۆی هەست بەنامۆبوون و ترازانە ئەنتۆلۆژی و کولتووری و ژیارییەکان بکەین.
پیدرۆ لەجوگرافیایەکی بەرفراوانتر بەبەراورد لەگەڵ پانتایی ژوورەکەی کەسایەتی سەرەکی نۆڤێللای مەسخ هەڵدەسووڕێت؟ بەڵام سامناکیی کێش سووک بوونی بەردەوامی و ترسی لەفڕین، بەجۆرێکە کەخوێنەر دەزانێت، فڕین لای ئەو کارەسات و نەگبەتی و بەربوونەوەو خزان و هەڵدێرانە بۆ نێو بۆشاییەکی بێکۆتا!؟
نووسەری ئەم تێکستە لەساڵی ١٩١٠دا هاتۆتە دنیاوەو لە ٢٠٠٠دا کۆچی دوایی کردووەو لەدنیای ئەدەبیاتی جیهانیدا نووسەرێکی بەنامێیەو تێکست و کتێبەکانی لەوانە کتێبی (میتۆدەکانی هەڵسەنگاندنی ئەدەبی)و (کورتە نێرێتیڤ / تیۆر و تەکنیک) وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی دنیا.
لەزانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ئوستادی ئەدەبیات بووەو لەساڵی ١٩٦٧دا بۆتە ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی و لەساڵی ١٩٨٧یشدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیاتی ئەرژەنتین.


فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

دوو مانگە وەک خۆیەتی، تا ئەو پەڕی مەترسیداربوون دەردەدارە، پزیشکەکەی لەم حاڵەی بێزارە، چونکە هێشتاکە نەخۆشییەکەی پیدرۆ، جۆرێکی پەنهان و نەناسراوە؛ هەر بۆیە نەیتوانی چارەسەری بکات و چاکبوونەوەی نەخۆشەکەشی دایە دەست قەدەر و ئەویش وردە وردە، ئارامی دڵ و دەروون و ئەو سوکنایەتییەی کەلەدەستی دابوو، بەدەست هێنایەوە.. بەڵام زۆر لەڕو لاواز بوو بوو، ئەمەش هەموو شتێک بوو.. پاش چەند هەفتەیەک لەخۆ مەڵاس دانی لەنێو جێگەدا، بەتەواویی شیفای بۆ هات و چاک بۆوە.. هەوڵیدەدا بیر لەلەڕ و لاوازییەکەی نەکاتەوە، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی هەست بەکێشی خۆی نەکات، بەژنەکەی وت:

  • هەست دەکەم ڕندو تەندروستیم باشە.. بەڵام نازانم بۆ وا هەست دەکەم، ڕواڵەت و شێوەم هیچ پێوەندییەکی بەمنەوە نەبێت!! کێشم سووک و لۆژە لۆژ هەر دەڵێی خەریکە ڕۆحم جەستەم جێ بهێڵێت.
  • پیر بوویت (لەوەڵامدا ژنەکەی وتی).
  • لەئێستادا پێدەچێت وابێت.

لەسەرەخۆیی خۆی پاراست و لەپانتایی خانووەکەیدا لەجموجۆڵدا بەردەوام بوو.. خواردنی دایە مریشکان و ئالیکی لەبەردەم بەرازاندا ڕۆکرد، پاشان قەفەزی چۆلەکەکانی بەڕەنگێکی کەسک بۆیەکرد، دواتر دارو تەختەکەی بڕیەوەو بەعەرەبانەیەکی یەک چەرخەیی کەلەگەراجەکەوە هێنابووی گواستییەوە.
ڕۆژان دەڕواو جەستەی پیدرۆ تادێت سووکەڵەتر دەبێت.. شتێکی زۆر نامۆیە.. چاڵ و کلۆریی و بۆشاییەک لەناوەوەڕا، وایلێکردبوو هەست بەخاوبوونەوەیەکی بێزارکەر بکات.. ئەم خاوبوونەوەیەی بەباڵۆن و بڵقەهەوا دەچوو.
بەتوانستێکی باڵا؛ توانی باز هەڵبداتە سەر دیوارەکەو بەپەڕاندنی پێنج پلە، بەسەر پەیژەکەدا سەرکەوێت و بەخۆ هەڵدانێک سێوێکی لەبەرزایی درەختەکە کردەوە.
{- خاسبوونەوەت لەنەخۆشی، لەجاران زێدەتر دەچێتە پێش!!}

پیدرۆ زۆر ترسا، خێرایی جموجۆڵی؛ تووشی دڵەڕاوکێی کرد، چونکە بەلای ئەوەوە ئەو خێرایی جموجۆڵەی کەهەیبوو شتێکی ئاسایی نەبوو.. بەبێ ویستی خۆی لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بوو.. ڕۆژێکیان لەبازدانێکدا سەرکەوتوو بوو کەبەسەر پانتایی مەیدانی خانووەکەیانەوە، لەهەوادا بەهەڵواسراوی مایەوە.. ئەمە شتێکی نائاسایی بوو، بەڵام جێگەی سەرسامی نەبوو..
ئەو سەیرو سەمەرەیەی کەبەسەریدا هات، لەو بەیانییەدا بوو کەوەک هەر بەیانییەکی تر، ڕاهاتبوو بەوریایی و ئاگاییەوە هەنگاو بەرەو تەویلەی ئەسپەکان بنێت.. چونکە دەیزانی یەک پێداکێشانی بنەپێی بەعەرددا، بەس بوو بۆ ئەوەی هەڵبەزێتەوەو بەدرێژایی هۆڵی تەویلەی ئەسپەکان بەهەوادا بفڕێت.. هەر بۆیە قۆڵی لێهەڵکردو پاش ئەوەی خۆی دایە پاڵ قەدی درەختەکە، دەستی دایە تەورەکەو لەناکاو خۆی بەفڕێدراوی دوور لەتەورەکە بینییەوە.. تەورەکە هەڵیخەڵەتاند.. هەستیکرد کەئیدی دەفڕێت.. تاوێک ڕاوەستا، تا بڕوانێتە جێگیربوونی تەورەکە؛ ئینجا هێندەی بەرزایی بنمیچەکە لەهەوادا بەرزبۆوە، وەک پەڕێک هەوای پانکە بەرزیکردبێتەوە، کەوتەفڕین و پاشان بەهێوری گەڕایەوەو جارێکی تر لەشوێنجێگەیەکی سەر عەردە ڕەق و تەقەکە ئۆقرەیگرت. بەدەنەی کەوتەلەرزین و کاتێک باوەشی بەقەدی درەختەکەدا کردبوو، ڕەنگی مردووان لەڕووکاری نیشت.
خێرا ژنەکەی گەیشتە لای..

  • هیبە، هەڵگەڕامەوەو بەرەو ئاسمان فڕیم!
  • قسەی پڕوپووچ! هیچ بنیادەمێک نییە بەرەو ئاسمان هەڵگەڕێتەوە.. چیت لێ بەسەرهاتووە!؟

پیدرۆ دەستیکرد بەباس و خواسی ئەوەی بەسەریدا هاتبوو، تا قەناعەتی پێبهێنێت.. بەڵام ژنەکەی باوەڕی بەڕوودانی ئەو موعجیزەیە نەکردو سەرکۆنەی کردو وتی:

  • ئەمەت بۆیە بەسەردا هات، چونکە هەمیشە بیر لەوە دەکەیتەوە ببیتە یاریزانێکی سێرک.. چاوەڕێی ئەمەم لێدەکردیت.. ئەزیزەکەم یەک بازی لەم جۆرە، ڕۆژێک لەڕۆژان ملت دەشکێنێت.
  • نا.. نا.. (پیدرۆ جەختی کردەوە).. من ئێستا لێرەوە دەخزام و ئاسمان لەلای من وەک هەڵدێرێکی لێهاتبوو!!

پیدرۆ دەستی لەنێو قەدی ئەو درەختە بەردا کەخۆی پێ ڕاگیرکردبوو، باوەشی کرد بەژنەکەیداو لەڕێگەی بەرەو ماڵەوەیاندا، کردییە کۆڵەکەی خۆڕاگیرکردنی.

  • مێردە خۆشەویستەکەم (هیبە وتی).

لەکاتێکدا باوەشی بەجەستەیدا کردبوو، وەک ئەوەی حەیوانێکی بچووک بێت، ئاوا دەیگوشی.. خوازیار بوو، بەرەو مێرگەکە هەڵبێت و لەوێندەر خۆی حەشار بدات.

  • پیاوەکە، تۆ منیش لەگەڵ خۆتدا ڕادەکێشیت.. ئەوەتا بەمەبەستی هەڵفڕین، هەڵدەبەزیتەوە!!
  • دەبینیت، چەند ترسناکە لەمەوداکانی بینین بترازێیت! هیبە تەنها یەک جووڵەی ساناو سەفەری ئاسمان دەست پێدەکات.

دەمەو عەسر، پیدرۆ بەهێمنی دانیشتبوو، گاڵتەوگەپەکانی ڕۆژنامەیەکی دەخوێندەوە، لەناکاو لەناخەوە توند پێکەنی.. ئەم پێکەنینە ڕۆچووە نێو هەناوییەوەو پاشان وەک بڵقێک، بەچەشنی خستنەکاری بزووێنەری مەکینەیەک، لەهەڵکشانی بەرەو سەریدا تەقەی لێهەڵسا.. خۆشنوودیی و شادییەکەی، بەفڕینی؛ بووە ترس و هاوارکردن.
هیبە بەخێرایی فریای کەوت و توانی لایەکی پانتۆڵەکەی بگرێت و بەرەو زەمین ڕایکێشێت.
ئیدی هیچ گومانێکی نەما.. گیرفانەکانی پڕ لەبارستەقورسایی؛ بزماری گەورەو وردە ئاسن و قوڕقوشم و بەرد کرد.
بەهەرحاڵ، ئەم سەنگ و قورساییانە، کێشێکی زۆریان بۆ جەستەی زیادکرد.. خواروخێچ بەپلیکانەکاندا بەرەو ژوورەکەی ڕێیکرد.
بەناڕەحەتی توانی جلەکانی لەبەر خۆی دابکەنێت.. ژنەکەی گیرفانەکانی لەسەنگ و قورسایی خاڵیکردەوە.. پیدرۆ لەسەر جێگەکەی ڕاکشا، بەڵام چۆن ئەم دیوو ئەو دیو بکات لەپێخەفەکەیدا!؟ لەکاتێکدا دەستی بەکۆڵەکەی سیسەمەکەوە گرتبوو، بەژنەکەی وت:

  • هیبە.. دەبێت بەجێگیری بمێنمەوە، ناماقووڵە بەنووساوی بەبنمیچی ژوورەکەوە بخەوم.. سبەینێ بەیانی بانگهێشتی پزیشکەکە بکە، تا بزانێ چیمە؟! تا سەقامگیرو جێگیر بم؛ هیچم لێ بەسەرنایەت.. بەڵام کەمترین جووڵەو لەرزین دەمخاتە فڕین.
  • حەز دەکەیت کەمێک بەرەوسەر بەرزت بکەمەوە؟
  • نا سپاس ئاوا باشە.
  • هیوادارم شەوێکی شاد بەڕێبکەن.
  • هیبە گڵۆپەکە بکوژێنەرەوە.

بەیانی کاتێک هیبە چاوی کردەوە، پیدرۆی بەنووساوی بەبنمیچەکەوە بینی، وەک باڵۆن یان زارۆکێک بەباوەش هەڵگیرابێت خەفتبوو!!

  • پیدرۆ (هاواریکرد) لەبنمیچەکە وەرەخوارێ.

پیدرۆ بەترس و تۆقینەوە وەخەبەرهات.. گشت بەشەکانی جەستەی دەئێشان.. پێش ئەوەی بخەوێت، ماوەیەکی زۆر لەژێر پەتۆکەدا ئەملاو ئەولایکردبوو.. ویستبووی خۆی ئاوەژوو بکاتەوە.. هەوڵیدابوو بەرەوسەر خۆی هەڵبدات، بەڵکو بکەوێتە خوارەوە، بەڵام پەتۆکەی سەری بەرەو خوارەوە ڕایکێشابوو.

  • هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە.

هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە.
دەرکەی ژوورەکە کراوەبوو، تەوژمێکی هەوا جەستە سووکەڵەکەی پیدرۆی گسک داو وەک پەڕێک بەرەو پەنجەرەکە بەرزیکردەوە؛ هەموو ئەمە بەخێراییەکی سەرسامکەر ڕوویدا..
کاتێک گوریسەکە لەنێو دەستی خلیسکا، هیبە قیژاندی.. دەیبینی چۆن مێردەکەی بەپەنجەرەکەدا چووە دەرێ و لۆژە لۆژ وەک باڵۆنێکی ڕەنگاوڕەنگ، بەئاسمانی ئەو بەیانییەدا، توندو خێرا بەرەو سەر بەرزبۆوە.. دوورکەوتەوە تا بووە خاڵێک و پاشان لەبەر چاوان بزر بوو.

ژێدەر
1- سەرچاوەی وەرگێڕانەکەمان https://www.almothaqaf.com/index.php?option=com_content&view=article&id=62942&catid=162&Itemid=305
2- سەرچاوەی نێرێتیڤەکە بەزمانی زگماکی نووسەرەکەیhttps://ciudadseva.com/texto/el-leve-pedro/

ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت ئەنەلەیز



ئيمان و ویژدان.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ویژدان له‌ ئایین (ئایدیۆلۆژیا) گرنگتره‌، ئه‌خلاقیش له‌ ئیمان گرنگتره‌؛ ئه‌گه‌ر ئایین و ئیمان، ئه‌خلاق و ویژدانیان له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، ئه‌وا هیچ به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی مرۆییان نامێنێ، وه‌ك كه‌ ئێستا له‌ ئایین و ئیمانی زۆربه‌ی موسڵماناندا ئه‌مه‌ به‌دی ده‌كه‌ین: ئایین هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ ویژدان نییه‌؛ ئیمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌خلاقی مرۆیی زفته‌. هه‌ر بۆیه‌ش (وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی) له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا، تاوان و دزی و درۆ زۆرن، وه‌لێ چاكه‌ و ڕاستگۆیی كه‌متر.

به‌دڵنیاییه‌وه‌، هه‌ر هه‌موو بكوژ و دز و ته‌ڵه‌كه‌بازه‌كان نوێژكه‌ر و ئیماندارن. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گه‌نده‌ڵه‌كانیش له‌ناو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا – خۆ ئه‌گه‌ر به‌ ڕووكه‌شیش بێ – نوێژكه‌ر و ئیماندارن. ئه‌وان دیندار و ئیماندارن (واته‌ خوانه‌ناس و مولحید نین)، وه‌لێ ویژدان و ئه‌خلاقیان نییه‌. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ ئاسانی دزی ده‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌كوژن. ئه‌مه‌ عه‌قڵییه‌ت و تێگه‌یشتنی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری مه‌لاكانیشه‌: له‌لای ئه‌وانیش دین و ئیمان (واته‌ نوێژ و ڕۆژوو…) له‌ ویژدان و ئه‌خلاق به‌ واتا نوێیه‌ مرۆییه‌كه‌ی (مرۆڤدۆستی، لێبوورده‌یی، ژینگه‌دۆستی…) گرنگتره‌.

ئه‌م گوتاره‌ ناعه‌قڵانییه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تاوانكاری دووڕووی به‌رهه‌م هێناوه‌: له‌لایه‌ك نوێژ ده‌كا و شه‌ڕ له‌سه‌ر چوونه‌ مزگه‌وت ده‌كا، له‌لایه‌كی دیكه‌ش تاوان ده‌كا و ڕقی له‌وی دیكه‌یه‌ و ژینگه‌ پیس ده‌كا… هه‌ر ئه‌مانه‌شن (هه‌ر ئه‌م گوتاره‌شه‌)، كه‌ ئه‌گه‌ر پاڵپشت و لایه‌نگریی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌ش نه‌بن، به‌ڵام بێده‌نگن له‌ ئاست سته‌م و تاوانه‌كانیدا. ڕاستییه‌كه‌ی مرۆڤی ئیمانداری موسڵمان ئه‌وه‌نده‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ سته‌م (سته‌م به‌واتا هاوچه‌رخه‌كه‌ی، واته‌ سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی…) نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی، كه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو چه‌مكی ئیمان و كوفردا هه‌یه‌ (واته‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ته‌نها‌ كوفر سته‌مكاره‌؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ گوتاری قورئانیشه. هه‌رده‌م قورئان دۆست و دوژمن له‌سه‌ر بنه‌مای ئیمان و كوفر، ئیسلامبوون و نائیسلامبوون هه‌ڵاوارده‌ و پۆلین ده‌كا)‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ مرۆی ئایینداری موسڵمان، كه‌ ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌ر زوو – به‌ ناوی كوفر و ئیمانه‌وه‌ – ده‌بێته‌ سته‌مكار و كافره‌كان (نه‌یاره‌كانی) له‌ناو ده‌با.

به‌ختیار محه‌مه‌د




قەڵادزێی پەراوێزخراو, لەودیو پەرێزەكانی نیشتمان.. سەلام عومەر

با لەبچوك بوونەوەمان لە دوو چوان نەچین

47 ساڵ بەسەر 24/4/1974دا تێپەڕی ئەورۆژە یەكەم ساتی بە كۆمەڵكوژی بوو كەلەلایەن بەعسەوە دەستی پێكردوو بۆ یەكەم جاریش بوو كە لە قەڵادزێ‌ چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەكارهێناو كەچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوای ئەم هەموو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی بەعس كە خۆی لە ئەنفال‌و كیمیاباران‌و وێرانكردنی هەزاران گونددا دیتەوە بێدەنگ بوو، تا ئەو كاتەی داگیركردنی كوێت‌و رووداوەكەی 11ی سێبتێممبەری ئەمریكای بە دواداهات, وەهۆش خۆیان هاتنەوە‌و مەترسی دەسەڵاتی بەعسیان لەعێراقدا بۆ دەركەوت.ئەگەرنا لە خەوێكدابوون لەمەبەئاگاتر.
كاتی ئەوە هاتووە ئەو چیرۆكانەی كە هەر لەئەفسانە دەچن و بەسەر وڵاتەكەمان هاتوون لەشوێنی خۆیان بگێڕدرێنەوەو كارەساتەكان كەهەموو سووچێكی ئەم كوردستانەی تەنی بوو لەنێو دیكۆمێنتەكاندا دەربهێنرێنەوەو بدرێنەوە ئەو وڵاتانەی بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵدەگرن ، بەتایبەت ئێستا كەخەڵكانێك هەن بەرپرسیاریەتی باڵایان لەئێراقدا لە ئەستۆیەو كەچی تاوانبارانی ئەنفال و كیمیا باران ئازاد دەكەن ، پێمان دەڵێن دەتوانین بەم كارتانە وێرانتان كەینەوەو ئەوسەگانەتان تێبەردەینەوە كەپێشتر شارەكانی ئێوەیان گڵاو دەكردو لەنوگرە سەلمانیش پارچە پارچەیان دەكردن .

بۆیە كاتیەتی ئاوڕ لەرابردووبدەینەوە، یان بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە سەختەكان، مەبەستم ئەورۆژانەی باشووری كوردستانی تێدا دەهاڕدرا، رێك دەبێت بەسەر ئەو خەتایانەدا بچینەوە كەرژێمی بەعس دەرهەق بەكوردی دەكرد، یان هەڵوێستەیەك لەسەر چەندین ساڵ ئازادی بكەین و بۆ ئەو رابردووە بگەڕَێینەوە كەگۆڕانەكان نەك وەكو پێویست نین لەئاستی ئەو كارەساتانە نین كە بەسەر گەل و شارەكانمان هاتوون ، بۆیە بیركردنەوە لەگۆڕان بەرەو باشتر سوورمان دەكات بەرەو ئەو جموجۆڵەی كەدەكرێت لە ئایندەدا بكرێ‌ و نابێ‌ ئێمە تاهەتایە لەدوواوەی رەوتی گۆڕانكاریەكان بین و هەرچاومان لەو دەسەڵاتە بێت كەساڵانێكە هەرخەریكی كابینەو دابەشكردنی ئەو بۆدجانەن كەهی هەموانەو بۆ چەندانێكە، یان پڕۆژەكان بۆ ئەو شوێن و شارانەن كەخۆیانی تێدان و ئەوانەش كەلەوەتەی هەن قەوانیان تێدا بەتاڵدەكرێتەوەو كیمیا باران دەكرێن و بۆردوومان دەكرێن ،هەر بۆنی باروتیان لێبێ‌ و ئەو سیما شارستانییە وەرنەگرن كەدەبوو بەر لەشارەكانی دی هەیان بێت.
ئەو شارانە لە رەگەوە هەڵتەكێنران رقێكیان بەسەردا باری تائێستاش لەلایەن دوو وڵاتەوە بەردەوام تۆپ و رقی بەسەردا دەبارێنرێ‌ بۆیە خەڵكانی وێ‌ سڕسڕن خۆئەگەر جارێكی دی بەسەر یادەوەریە تاڵەكاندا رەتبین ،تەواوی كارەساتەكانی گەلەكەمان بێنینەوە بەرچاو بەوانەشەوە كەخۆمان بەخۆمان كرد، ئەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە 24/4/1974 یەكەم ساتی بە كۆمەڵكوژی بوو كەلەلایەن بەعسەوە دەستی پێكردوو بۆ یەكەم جاریش بوو كە لە قەڵادزێ‌ چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەكارهێناو كەچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوای ئەم هەموو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی بەعس كە خۆی لە ئەنفال‌و كیمیاباران‌و وێرانكردنی هەزاران گونددا دیتەوە بێدەنگ بوو تا ئەو كاتەی داگیركردنی كوێت‌و رووداوەكەی 11ی سێبتێممبەری ئەمریكای بە دواداهات, وەهۆش خۆیان هاتنەوە‌و مەترسی دەسەڵاتی بەعسیان لەعێراقدا بۆ دەركەوت.ئەگەرنا لە خەوێكدابوون لەمەبەئاگاتر.

میكانیزمی دەسەڵاتی ئەوسای بەعس ئاراستەی سەرجەم رووداوەكانی لەو خاڵەدا چڕكردبۆوە كە بە لەناوبردن‌و توانەوەی شۆڕشی كوردی دەتوانێ‌ جڵەوی فەرمانڕەواییەكەی درێژە پێبدات‌و هەموو پانتاییەكان دەكەونە ژێر سێبەری ئەو لەشكرەی چاوی لەدەورو بەر دەگێڕا، هەروا دەشتوانێ‌ ببێتە مایەی ئەو ترسە ئەستورەی كە ئایندەی دەسەڵاتی پێ‌ دەپارێزێ‌, بۆیە بۆ داپۆشین‌و ونكردنی خاڵە لاوازەكانی بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی كوردی كە ئەو كات شۆڕش لە بەهێزیدابوو توانای بەعسیش سنوورداربوو پەنای دەبردە بەر كۆمەڵا كوشتن تا بەرنامە گڵاوەكەی درێژە پێبدات‌و پیشانی دەوروبەریش بدات كە لە هیچ سڵا ناكاتەوە, رژێمێكی ملهوڕەو عێراق بەهەموو پانتاییەكانیەوە لەژێر دەسەڵاتی تاكڕەویانەی خۆیدایەو هەرچی بیەوێ‌ دەتوانێ‌ بیكات، بۆردومانكردنی قەڵادزێ‌ لەم رۆژەداو كوشتنی سەدان هاووڵاتی‌و خاپوركردنی دەیان خانووبەرەو زانكۆی سلێمانی كە زانكۆی سەلاحەدیینی ئێستای هەولێرە,داغكردنی هەر هەموومان بوو، بەڵام پەڵەی ئەو داغە ئەستوورە لەسەر هەردوو شاری هەڵبجەو قەڵادزێ‌ و پێنجوین و چۆمان هێندە ئەستوورە هەمیشە بەروخسارمانەوە دیارەو زۆر جاران تۆخیشی دەكەنەوە ،ئەم بۆردوومانە سەرەتاو دەستپێكی یەكەم تراژیادیابوو كە هاووڵاتی كوردی وەخەبەر هێناو شۆڕشی ئاراستەی گۆڕانكارییە خێراكان كرد‌و وەبیری هێنایەوە كە لە گۆڕەپانی جەنگدا تەنهایەو دەبێت خۆی بەرگری لەخۆی بكات و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست كێشەی گەلی كورددا خەوتووێكی بەئاگا بوون و رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤیش لە بێئاگاییەكی میكانیكی دا نەیان دەویست ئاوڕ لەم رووداوە ترسناكە بدەنەوەو بەرژەوەندی باڵای بازرگانە قەبەكانی ئەوسای نەوتی جیهانی‌و ساغكردنەوەی چەك‌و جبەخانە كەڵەكەبووەكانی ئەو وڵاتانەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەرگایان لەسەر كلۆم درابوو, هۆكاری ریشەیی بێدەنگ بوون‌و خۆگێلكردن بوون لە ئاست ئەو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دژی نەتەوەی كورد ئەنجام دەدرا, خۆجەنگی ساردوو وڵاتە سۆسیالیستەكانیش لەم نێوەندەداو لە ئاست وڵاتێكی پارچەكراوی وەكو كوردستان بێخەتا دەرنەچوون‌و بەشێكی زۆری تاوانەكان رووبەڕووی ئەوان دەكرانەوە‌و ناپاڵم‌و فرۆكە مەترسیدارەكانی ئەوسا لە ژێر باڵی ئەوانەوە دەفرۆشران‌و شاری قەڵادزێ‌‌و دەیان‌و سەدان گوند‌و شارۆچكەی دی پێ‌ خاپوركراو دواتر تێكدانی بە كۆمەڵا‌و كوشتنی بە كۆمەڵا‌و راگواستنی بە كۆمەڵا‌و كۆچڕەوی بە كۆمەڵی بەدووداهات..!

ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە رۆژی بیست‌و چواری چوار بدەینەوە‌و رووداوەكە وەك كارەساتێكی دژەمرۆیی هەڵبسەنگێنین تێدەگەین كە بزوێنەری ئەم كارەساتە بێ‌ ئەزموونی شۆڕشی كوردبوو لە ئاست هێرشێكی نەخشە بۆ كێشراو كە تا ئێستاش شكستی هەموو شۆڕشەكانمان لە دوای دانوستانە ژەهراوییەكانەوە دەست پێدەكات‌و دووبارە بوونەوە‌و چەند بارە بوونەوەشی ئەو خاڵە لاوازانە وەدیار دەخەنەوە كە هەموو دەم وەك دیاردەیەكی نامۆ, بەڵام شارەزا لە نێو متمانەكانی شۆڕشی كوردیدا خۆی نمایش دەكات, بۆیە هەموو ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندانە دەكرێ‌ لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا سوودی لێوەرگیرێ‌‌و سەركردایەتی كوردی زۆر وشیارانە مامەڵە لەگەڵا ئەو بارودۆخە بكات‌و چیدی خۆی وابەستەی هاوپەیمانییەتییەك نەكات كەدەزانێ‌ لایەنی بەرامبەر شەرمی بەو هاوپەیمانییەتتییەیان دێت، یان ریبَكخراوی داعشی وەسەر دەگەڕێنێ‌و وەك جەنگاوەرێكی ئازا مامەڵەی لەگەڵ دەكات و هەمیشە بە پاشكۆی عراقیشیەوە گرێ‌ دەدا، هەروا دەبێت لەئاستی بەرپرسیاریەتەكان دابێَت و چیدی گیانی پاوان خوازی و خۆ قەبەكردن رابردووی لەبیرنەكات چوونكە ئایندەی لەپێشە، هەروابێتەوە لە بیریشی نەچێت كە ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی بەر شەهیدانی 24/4‌و 16/3ی هەڵەبجە دەكەوێ‌ ئەوە جگە لەوەی كە كۆڕەوەكەی ساڵی نەوەد‌و یەك فاكتەری سەرەكی ناساندنی گەلی كوردبوو، بە كۆمەڵگای جیهانی‌و دەستپێكی ناساندنی شۆڕش‌و تراژیدیا جۆراو جۆرەكانی گەلی كورد‌و بەجیهانی كردنی كێشەكە‌و گەورەكردنی زیاتری سەركردەكانمان بوو.

بۆیە رێزنان لە رۆژانی سەختی تێكۆشان‌و ناساندنی وەك خۆی رووداوەكان بەس نین بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو شار‌و گوندانەی بەدەستی بەعس زەرەرمەندبوون, بە قەد ئەوەی كە دەبێت لە ئێستای ئازادیدا كاری جددی‌و بەرهەم ئامێز بۆ ئەم شارانە بكرێت‌و لە بیری نەكەن كە یەكەم خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان كە ترسی بەعسی شەقكرد‌و تەواوی كوردستانی گرتەوە‌و گەورەترین ورە‌و توانستی بەپێشمەرگە‌و سەركردایەتییەكان بەخشی راپەڕینی 24/4/1982ی قەڵادزێ‌ بوو كە تەواوی چین‌و توێژەكانی ئەم شارە‌و قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین‌و سەدان قوتابی كچ‌و ژن بەشداربوون‌و بۆ یەكەمجار داوای جەماوەر بەلابردنی هەندێ‌ سەیتەرەو ئازادكردنی گیراوەكان‌و چۆڵكردنی رەبیەكانی ناو شار بەسەر بەعسدا سەركەوت‌و بەم هەنگاوەش تەواوی كوردستان راچڵەكی‌و ئەو ترسە ئەستورەیان فڕێدا كە بەعس لە دڵی گەلی كورددا چاندبووی.

لێرەوە قەڵادزێ‌ بووە ئەو رایەڵە بەرفراوانەی كە شۆڕشەكان متمانەی پێبكەن‌و لانەی ئەو چالاكییە بەردەوامانە بێت كە لەوێوە دژی بەعس دەوەشێنران‌و هەر لەوێشەوە رێكخستنەكانی سەرجەم حزبەكان بەرنامەی كار‌و كردە نهێنییەكانیان بە ئەنجام دەگەیاند‌و هەر لەوێشەوە رێگەكانی چوونە چیاو تێكۆشانەكان پیشانی ئەو هەڵۆیانە دەدران كە دواتر داستانە یەك لە دوای یەكەكانیان لە سەرتاپای كوردستاندا دژی بەعس ئەنجام دەدا, بۆیە ئەوێ‌ واتە قەڵادزێ‌ لەئەنجامی ئەو گیانە شۆڕشگێڕیەو توانستی بێوچانی خەڵكە تێكۆشەرەكەی دژی بەعس و لەهەمان كاتدا هەڵكەوتەی جوغرافی لەلایەن بەعسەوە خاپوركراو لە ساڵی 1989 خەڵكەكەی, بەجۆرێك پەڕاگەندەكرا كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە‌و دروستكردنەوەشی لە ساڵی 1991‌و دوای ئازادبوونی كوردستان بێ‌ بەرنامەییەكی هێندە ناشیرینی پێوە دیارە كە كاری لە دیموگرافیای ئەم شارە كردووە‌و راستكردنەوەی‌و جوانكردنەوەی دەبێت خەمی دەسەڵات بێت‌و ناكرێ‌ تاسەر حەوزی پشدەر لەپڕۆژەكان بێبەش بن و ئەو پەراوێزەبێت كە نەخشە سیاسییەكان پرۆژە خزمەتگوزارییەكان قوت دەن‌و ئاوڕی حزبیانە‌و جێ‌ پەنجەی حزبیانە لەو بۆدجانەدا رەنگبداتەوە كە بە قەد قوربانییەكانی قەڵادزێ‌ نین‌و نابن.

شارێكی خاپوور شارێك تا سەرمۆخ خاوەن قوربانی‌و خاوەن دەیان سیاسەتمەدار‌و رۆشنبیر‌و پێشمەرگەی لێهاتوو تا ئێستاش هەر بە خواری نەخشەرێژ بكرێت‌و خوارەوەی هەمان كەلاوەكانی هەشتاونۆ بێ‌‌و لە سەردەمێكی وەك ئەمڕۆی كوردستانێكی دەوڵەمەنددا بەڕاستی بیر لەم شارە نەكرێتەوە‌و برینەكانی بیست‌و چواری چوارەكان ساڕێژ نەكرابێ‌‌و خەڵكی رەسەنی ئەم شارە وەكو نامۆیەك سەیر بكرێ‌. ئەی قەلادزێ‌ نەبوو لە هەفتاو چوار زانكۆی لە ئامێز نابوو، دواتریش پردی هاتوچۆی پێشمەرگەبووین‌و لە خەبات لە نێوانی دوو فەیلەقدا راپەڕین لە بازیان پێش سلێمانی ئاڵای سەركەوتنیان بەرزكردەوە‌و لە جدیدە‌و كەورگۆسك‌و دارەتوو دۆزەخیان بۆ بەعسیەكان دروستكردوو لە هەموو سەردەم‌و شۆڕشەكاندا ئێستاشی لەگەڵدابێ‌ كەدوو وڵات بۆردوومانی گوندەكانمان دەكاو هەراسانیان كردووین، لە قەبارەی خۆمان زیاتر قوربانیمانداوە‌و سەدان‌و هەزاران لاومان بەخشیوە، كەچی هێشتا ئەوەنین لە خوێندنەوەماندا؟!.

خۆ ئەگەر بمانەوێ‌ بە جددی‌و گیانی هەستكردن بە بەرپرسیارییتەوە خاوەنی ئاوڕێكی جوان‌و خزمەتێكی شایستەو دەوای زامە كۆن‌و نوێیەكان بین بۆ قەڵادزێ‌, ئەوە تەنیا یادكردنەوە‌و مەراسیمی 24/4ەكان كە لە قەڵادزێ‌ نمایش دەكرێت‌و چالاكی جۆراو جۆری بۆ ئەنجام دەدرێت، بەس نین بۆقەرەبووكردنەوە بە قەت ئەوەی دەست بە جوانكردنەوەی شارەكە بكرێت‌و چەند بنكەیەكی رۆشنبیری‌و زانكۆو دەیان كاری خزمەتگوزاری دی هەیە كە ئێستا ئیدی وەختیەتی كاری بۆ بكرێ‌‌و دەكرێ‌ وابكرێ‌, پرۆژەی خزمەتگوزاری هێندە زۆر بێت تا هەموو ئەو خەڵكەی ئەو شارەیان لێ‌ نامۆكراوە‌و ئارەزووی گەڕانەوەی دەكەن كاریان دەستكەوێ‌‌و هەر لەوێ‌ نەك لە دوورەوە دەست بكەنەوە بە جوانكردنی ئەو شارەی كە هەتا دەمرین چاومان لە دوویەتی, چوونكە هەموو یادگارییەكانمان ئەوەتان لە نێو ئاو‌و دۆڵا‌و كووچە‌و قەڵاو سەربەردوو سەر قەبرانەكەیدا جێهێشتووە.
ئێوەش وەك دەسەڵات و وەك ئەوانەی بەوێدا هاتن و گەیشتنە ئێرە لە بیرتان نەچێ‌، راستە هەموو كوردستان بایی خۆی زەبری بەعسی وێكەوتووەو شەهیدی هەبووەو قوربانییەكی بێشوماریان داوە بەڵام تەنها دوو قەزایەك كەزۆر هاریكاری شۆرش بوون ولەسەر دەستكەوتەكانی ئێوە گەورەترین زەبری رژێمە شۆڤینیستەكانی خواردبێ‌ ،قەڵادزێ‌و هەڵبجەیە ،چوونكە ئەم دوو شارە بەتەواوی خاپور كران،جگە لەشەهیدەكان خەڵكەكەی پەراگەندە بوو ئێستا ئەوان بەڵێنەكانی دابویان جێبەجێیان كرد، ئەدیكوا بەڵێنەكانی ئێوە كەهەموو ساڵێ‌ و تەنها لەیادەكاندا دەیدەن ؟؟
بۆردومانەكانی سوپای توركیاو ئێران بۆسەر گوندە سنووریەكانی قەڵادزێ‌ نامەیەكی ئاشكرایە بۆ دەسەڵاتی كوردی ،كە ئەوێ‌ جێگەی لێقەوماوان و لانەی شۆڕشگێڕانی كوردەو دەبێت هەمیشە لەئاوارەیی دابن ،بۆیە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەخوازن دەسەڵاتی پشدەر هەمان ئەو دەسەڵاتە بێت كەلەشارەكانی دی هەیەو باچیدی داهاتە قەبەكان نەڕژێنە باخەڵی تاكەوەو قەڵادزێ‌ ئەو شارەیە كە دەكرێ‌ ئەوجار بیری لێبكرێتەوە.پڕۆژە گەلێك بێنن ولاوەكانی دوێنێ‌ كە لە شۆرشەكاندا ماندوو بوون پێیان ئاشت بكەنەوە، بابیر لەئایندەیەكی گەش بۆ تەواوی كوردستان بكرێتەوەو هەوڵبدرێ‌ لەگەڵ جوانكردنی شارەكان ئەوپلانانەش هەڵبوەشێندرێنەوە كەدژ بەنەخشەی ئایندەمان لەگۆڕێدان، یان دەخوازن بچوكترمان بكەنەوەو ئێمەش لەنێو كێشە ناخۆییەكانی خۆمان، خۆمان هێندە بچوك كردۆتەوە خەریكە لەدووچوان دەچین.




هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی

1
ماچەکانم کڵپەی ئاگرێکن
گڕ لە دارستانی حەزت بەرئەدەن
وەک لاولاو
بە سنەوبەری باڵای کریستاڵیتا هەڵئەزنن و
لە نێو مەمکەکانتا
وەک پارچە ئەڵماسێک ئەبریسکێنەوە
وەرە لەو دەمەی
بزەکان بە لێومەوە دەست ئەکەن بە وەرین
یان لەو کاتانەی
وەک پاشماوەیەک فڕێ ئەدرێمەوە سەرنووێلک
بە ماچە بریقەدارەکانت
پرچی رۆژگارە تاڵەکانم بڕوتێنەوە
هەردوو دەستی تاساوم
لەنێو نازی مەمکۆڵانتا کۆبکەرەوە
2
کراسە خوێناوییەکەم ببەنەوە بۆ دایکم
گەنجیم لە نێو زیندانی پیری دەربکەن
مەرگم بە ئاوی شیرینی ژیان بسمیل بکەن
ئاواتەکانم لەنێو قەفەزی سەرم ئازاد بکەن
حەسرەتەکانم لە سێدارەی رۆحم داگرنە خوارێ
پەنچەرە داخراوە ژەنگگرتووەکانی ئومێدم بکەنەوە
روانینە خنکاوەکانم لە زەریای پەژارە دەربهێنن
کراسە خوێناوییەکەم ببەنەوە بۆ دایکم
پێی بڵێن کوڕە چاو دەریاییەکەت
باڵندەیەکی کۆچەریی و
دوایین شەهیدی داستانی ئەوین بوو
3
من جێت ناهێڵم
تاکو زریانم رۆحم
لە باوەشتا هێور نەبێتەوە
تاکو بارانی چاوەکانم
بەسەر مەزرای میهرتا نەبارێ
تاکو خوناوی تەنهاییم
بە فرمێسکت نەشۆمەوە
من جێت ناهێڵم
تاکوو خەرابستانی دڵم
بە ماچەکانت نەکەمە گوڵشەن
تاکو ژووری چۆڵی سۆزم
پڕ نەکەم لە پێکەنینەکەت
تاکو هەستی پەرتم
لەنێو نیگاکانتا کۆنەکەمەوە
من جێت ناهێڵم
4
وەرە لە ئاوێنەی فرمێسکەکانما
تابلۆی ناسکی خۆت ببینە و
لەسەفەری عەشقا
لە دەربەندی دێوانەیی لەسەرم بوەستە،
لە پەنجەرەی چاوەڕوانییەوە
دووبارە سەیری دەرکەوتنم بکە
لە نوێژی خۆشەویستیدا
رۆژی حەڤدە جار ناوم بهێنە،
لە خەیاڵێکی پەمەییدا
دڵە کێوییەکەم دەستەمۆ و ماڵی بکە
لە ئاسمانی منەوە
گۆرانی بۆ باڵندە بێزارەکان بچڕە
لە کۆتایشا خەونە خاڵییەکانم
پڕ بکە لە بریسکەی ئەوینت
5
کە توامەوە لە تۆدا، قاوەی رۆحتم شیرین کرد
کە توامەوە تیاتدا شاباڵەکانی فڕینم کرانەوە
کە توامەوە لە خەیاڵەکانتا، بوویتە لاولاوێک
بە ئارەزووە سپییەکانی دڵی منا هەڵگەڕایت
6
لە زەمەنی دێوانەکانەوە هاتووم و
باهۆزی عەشقت لە دوورەوە منی هێنا،
خۆشم ئەوێی تا دوا هەناسەی وجود و
یەکەمین وێستگەی تاریکی نێو گۆڕ
پێش مەرگم هەر دێم و
ئاوی گۆزەی مەمکەکانت ئەخۆمەوە
ئەگەر بزانم دوا هەناسەی ژیانمە
لێوی وشکم لە تەڕایی لێوت ناکەمەوە
ئازیزم لە نامەی دڵما بۆ نوسیووی
مردن لە ئامێزی تۆدا توانەوەیە لە ژیانا
ژیانیشم مەرگێکە لە تاسەی دوورییەکەتا
7
ئەو دەمەی
دەم ئەکەمە ناو خۆشاوی دەمتەوە
تک تک ئاوی چێژ
بەر پێی رۆحمان ئەشواتەوە
کاتێ پەنجەکانم لەنێو مەمکەکانتا
گیتاری گووشین ئەژەنێ
سەراپا گیانمان
لە بارانی بە خوڕی چێژ هەڵدەکێشرێ
کاتێ وەک کانی و چەم
جەستەمان تێکەڵاوی یەکتر ئەبێ
وەک دوو مەل
دەروازەی ئاسمانی رامووسان بەروومانا ئەکرێتەوە
8
واز لە سەفەر بهێنە
من لەوسەری سەفەرەوە هاتووم
واز لە کۆتر بهێنە
لە شانشینی پەروانەوە هاتووم
واز لە دڵتەنگی بهێنە
لە هاژەی پێکەنینەوە هاتووم
واز لە کاتژمێر بهێنە
لە دەرەوەی زەمەنەوە هاتووم
واز لە نیشتمان بهێنە
لە دۆزەخی تاراوگەوە هاتووم
واز لە ئاگر و کڵپە بهێنە
لە مەجەڕەی ئاوەوە هاتووم
واز لە مانگەشەو بهێنە
لە تینی هەتاوەوە هاتووم
واز لە تەمەن بهێنە
بە بێشکەکەی منداڵییەوە هاتووم
واز لە شەرم بهێنە
لە کیشوەری ماچستانەوە هاتووم
هاتووم تا مەغریبەکانت
بخەمە کۆشی سپێدەکانمەوە
هاتووم تا هاوارەکانت
بخەمە دێڕەکانی بێدەنگیمەوە
هاتووم تا دڵی گێلاسیت
بخەمە قەفەزی ئەوینی خۆمەوە
9
عەشقت بۆتە خەونم و
هیچ ناخەوم بێ ئەوەی
لە گەشتێکی خەیاڵئامێزدا پێت نەڵێم
دەمارەکانت پڕ پڕ بکە
لە خوێنی یاخیبوونم
تەمبووری دەرکەوتن و هاتنت
رووەو من بژەنە
نامە دڵڕەفێنەکانت
بە مرەکەبی ماچەکانم بنووسەوە
هەورە گەڕۆکەکانت
بە ئاسمانی تەنهاییم بسپێرە
دۆزەخت لە بەهەشتی گۆرانییە ئاشقانەکانم
فێنک بکەرەوە
سەرکێشییەکانت
بخزێنە نێو شیعرە سەرگەردانەکانمەوە
شەوە ئەنگووستە چاوەکانت
لە رووناکی رۆژەکانم هەڵکێشە
پەیکەری جاویدانی ئەوینت
لەسەر تەمەنم هەڵبکۆڵە
نیگا نەرمەکانت
بخە نێو توێی چاوە سەوزەکانمەوە
پۆستەکانی خەیاڵت
بخە نێو سندووقە سوورەکەی دڵمەوە
سەفەرەکانت با لەسەر ئەو خەیتەرە بێت
دەتگەیەنێ بە من
وەرین و خەزانەکانت
لە باخچەی سۆز و مەستیما بڕوێنەوە
دەفتەر وێنەکانت
بە حیبری ئەسرینەکانم رەنگ بکە
هەنسکەکانی بێزاریت
بکە بە ئاوازێک بۆ سترانە قەرەجییەکەم
بیرەوەرییەکانت
لە بۆنی پێکێک عەتردا بنێرنە بۆ قەڵەمەکەم
دڵە ڕەنجاوەکەشت
بە کزەبای خۆشەویستیا ڕەوانەی چاوەڕوانیم بکە


سوێد – ستۆکهۆڵم
2017




كتێب: بە تیشكی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ناوی كتێب: بە تیشكی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
بابەت: شیعر
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: سكای دیزاین
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 3000 دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم
ساڵی چاپ: 2017
شوێنی چاپ: كوردستان – سلێمانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئێوه ‌( لوبنان )ی خۆتان هه‌یه‌ .. منیش ( لوبنان )ی خۆم.. جوبڕان خه‌لیل جوبڕان و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئێوه‌ لوبنانی خۆتان هه‌یه‌ به‌ هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندی و
ناكۆكییه‌كانی تێیدایه‌ ،
منیش لوبنانی خۆم به‌ هیوا و خه‌ونه‌كانییه‌وه‌ ..
لوبنانی ئێوه‌ گرێیه‌كی سیاسییه‌ ڕۆژگار ده‌كۆشێ بیكاته‌وه‌ ،
لێ لوبنانی من
چه‌ند گردۆڵكه‌یه‌كن به‌ شكۆ و مه‌زنییه‌وه‌ ڕووه‌و شینایی ئاسمان
به‌رز ده‌بنه‌وه ..
لوبنانی ئێوه‌ كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ‌ شه‌و هه‌ڵیان ده‌دا ،
به‌ڵام لوبنانی من دۆڵی هێمن و ئه‌فسوناوین ،
زایه‌ڵه‌ی ستران و زه‌نگی له‌ كه‌ناره‌كاندا شه‌پۆل ده‌ده‌ن ..
لوبنانی ئێوه‌ ململانێی پیاوێكه‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ هاتووه‌
له‌گه‌ڵ یه‌كێكی دی له‌ باشوور ،
به‌ڵام لوبنانی من نوێژێكی باڵداره‌
به‌یانییان كه‌ شوان مێگه‌ل به‌ره‌و مێرگان ده‌به‌ن له‌ شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن ، ئێوارانیش كه جووتیار له‌ كێڵگه‌ و ڕه‌زان دێنه‌وه‌ هه‌ڵده‌كشێن ..‌
لوبنانی ئێوه‌ حكوومه‌تێكه‌ سه‌ره‌كانی له‌ ئه‌ژمار نایه‌ن ،
لوبنانی من
چیایه‌كی سامناكی ئارامه‌ له‌ نێوان ده‌ریا و پێده‌شته‌كاندا ڕوونیشتووه ،‌
ڕوونشتنی شاعیر له‌ نێوان ئه‌به‌دییه‌ت و ئه‌به‌دییه‌تدا ..
لبنانی ئێوه‌ فێڵێكه‌ ، ڕێوی كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌متیاردا كۆ ده‌بێته‌وه‌ ده‌یكا و
كه‌متیار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گورگ دا ،
لوبنانی من ئه‌و یادگارییانه‌ن
سترانی كچان له‌ هه‌ویه‌شه‌واندا و گۆرانی كیژانم له ناو خه‌رمان و
گوشینگه‌كان‌ به‌ گوێدا ده‌ده‌نه‌وه‌ ..
لوبنانی ئێوه‌ چوارگۆشه‌ی شه‌تره‌نجن له‌ نێوان سه‌رۆكی دین و فه‌رمانده‌ی سوپا ،
لوبنانی من په‌رستگه‌یه‌كه‌ به‌ ڕۆح ده‌چمه‌ ناوی
كاتێ وه‌ڕس ده‌بم له‌ ته‌ماشای ئه‌و شاره‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌دا ڕێ ده‌كا ..
لوبنانی ئێوه‌ تایه‌فه‌ و حزبه‌ ،
لوبنانی من ئه‌و كچه‌ جحێڵانه‌ن به‌ گابه‌ردان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و
له‌گه‌ڵ جوێباران ڕا ده‌كه‌ن و
تۆپ له‌ گۆڕه‌پانان هه‌ڵداوێن ..
لوبنانی ئێوه‌ وتار و وانه‌دان و مشتومڕه‌ ،
لوبنانی من خوێندنی قومریانه‌ ..
لوبنانی ئێوه‌ درۆیه‌كه‌ له‌ ژێر ڕووپۆشێك له‌ زیره‌كیی خوازراو و
دووڕووییه‌ك له‌ به‌رگی داب و نه‌ریت و خۆنواندندا ،
لوبنانی من ڕاستییه‌كی ساده‌ و ڕووته‌ ..
لوبنانی ئێوه‌ چه‌ند قانوون و چه‌ند بڕگه‌یه‌كی سه‌ر كاغه‌ز و
چه‌ند به‌ڵێن و په‌یماننامه‌ی ناو ده‌فته‌رانن ،
لوبنانی من خۆڕسكایه‌تیی
نهێنییه‌كانی ژیانه‌ و نازانێ كه‌ ده‌زانێ ..
لو‌بنانی ئێوه‌ پیره‌مێردێكه‌ ده‌ستی به‌ ڕدێنه‌وه‌ گرتووه‌ و
برۆی وێك هێناونه‌‌ته‌وه‌ و بیر له‌خۆی نه‌بێ له‌ هیچی دی ناكاته‌وه‌ ،
لوبنانی من تۆلازێكه‌ وه‌ك قولله‌ به‌رز ڕاده‌وه‌ستێ و وه‌ك سپێده‌ زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ و
چوون هه‌ست به‌خۆی ده‌كا هه‌ست به‌وانی دیكه‌ش ده‌كا ..
لوبنانی ئێوه‌ هه‌ندێ جار له‌ سوریا جیا ده‌بێته‌وه‌ ، جاریش هه‌یه‌
پێیه‌وه‌ په‌یوه‌ند ،
هه‌ندێ جاریش فێڵ له‌ هه‌ر دوو لا ده‌كا
تا له‌ ناوه‌ندی گرێدراو و پچڕاودا بێ ،
لوبنانی من نه‌ په‌یوه‌نده‌ ، نه‌ جیا ده‌بێته‌وه‌ ،
نه‌ خۆی به گه‌وره‌ و نه‌ به‌ بچووك داده‌نێ ..
ئێوه‌ لوبنانی خۆتان و ڕۆڵه‌كانی ،
منیش لوبنانی خۆم و ڕۆڵه‌كانی
گه‌لۆ داخۆ ڕۆڵه‌كانی لوبنانی ئێوه‌ كێن ؟
ئه‌وانه‌ن ‌ ڕۆحیان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بووه‌ .
ئه‌وانه‌ن ئاوه‌زیان له‌ باوه‌شی چاوچنۆكێك بێدار بووه‌ته‌وه‌
ده‌وری دڵفراوانان ده‌گێڕێ .
ئه‌و شووڵانه‌ن بێ خواستی خۆیان به‌ ڕاست و چه‌پ لار ده‌بنه‌وه‌ ..
ئه‌وان ئه‌و كه‌شتییه‌ن ‌ بێ سوكان و بێ چارۆگه‌ به‌ گژ شه‌پۆلاندا ده‌چێ ،
كه‌شتییوانه‌كانی دوودڵ
به‌نده‌ریان ئه‌شكه‌وتێكه‌ دێوودرنجی تێدایه‌ ،
ئه‌ی باشه‌ هه‌ر پێته‌ختێكی ئه‌ورووپا
ئه‌شكه‌وتێك نییه‌ بۆ دێو و درنجان ؟

ئه‌وان بۆ یه‌كدی میرغه‌زه‌ب و زمانڕه‌وان و ڕه‌وانبێژ
له‌ به‌رابه‌ر فه‌ڕه‌نگانیش ، لاڵ و بووده‌ڵه ..
ئه‌وان ئازادیخواز و چاكسازی شێلگیر ،
لێ به‌ ته‌نیا له‌ ڕۆژنامه ‌و له‌سه‌ر ستێجه‌كان ،
كۆنه‌په‌رست و ملكه‌چ له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژئاواییه‌كان ..
ئه‌وانه‌ی برسیه‌تی ناناسن ئه‌گه‌ر نه‌گاته‌ گیرفانیان ..
ئه‌وان ئه‌و كۆیلانه‌ن ڕۆژگار كۆتی ژه‌نگاوی گۆڕیون
به‌ كۆتی بریقه‌دار ،
خه‌یاڵ ده‌كه‌ن ئیتر ده‌ست كراوه ‌و ئازاد بوون .
ئه‌وانه‌ن ڕۆڵه‌ی لوبنانه‌كه‌تان ..
هه‌یه‌ زاتی ئه‌وه‌ بكا و بڵێ :
ئه‌گه‌ر مردم نیشتمانم نه‌ختێ باشتر به‌جێهێشت
له‌و كاته‌ی له‌ دایك بووم ؟
ئای چه‌ند له‌ چاوی ئێوه‌دا گه‌وره‌ن و له‌ چاوی مندا بچووك ..
به‌ڵام نه‌ختێ بوه‌ستن ، با منیش ڕۆڵه‌كانی لوبنانی خۆمتان پیشان بده‌م :
ئه‌وان ئه‌و جووتكارانه‌ن به‌رده‌ڵانان ده‌كه‌نه‌ باخچه‌ و بێستان ..
ئه‌وان شوانن ..
ڕه‌زه‌وانن ..
دایكن .. باوكن ..
وه‌ستاكار و گۆزه‌ساز و ته‌ونكه‌رن ..
ئه‌وان ئه‌و شاعیرانه‌ن ڕۆحیان له‌ پیاڵه‌ی نوێدا ده‌كه‌ن ،
ئه‌و شاعیره‌ خۆڕسكانه‌ی( عه‌تابه‌ و معه‌ننا و زه‌جه‌ل)(*) ده‌چڕن ،
ئه‌وانه‌ی كه‌ لوبنان جێده‌هێڵن چیدییان پێ نییه‌
به‌ده‌ر له‌ خوێنگه‌رمیی دڵیان و پشت ئه‌ستووری به‌ بازوویان
كه‌ ده‌شگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆی
به‌خششی خاكیان له‌ له‌پی ده‌ست و تاجی غاڕیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ ..
ئه‌وانه‌ی بۆ هه‌ر كوێ چوون به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ریاندا زاڵ ده‌بن ،
له‌ هه‌ر كوێیش بن ، دڵان به‌ لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن .
ئه‌وانه‌ی له‌ كۆڵیتان له‌ دایك ده‌بن و له‌ كۆشكه‌كانی زانستدا ده‌مرن ..
ئه‌وانه‌ی به‌ بڕوای پته‌وه‌وه‌ به‌ره‌و حه‌قیقه‌ت و جوانی و كه‌ماڵ
وه‌ڕێ كه‌وتوون ..
داخۆ دوای سه‌ت ساڵ چی له‌ لوبنان و ڕۆڵه‌كانی لوبنانتان ده‌مێنێته‌وه‌ ؟
ئایا وای لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ ‌ ڕۆژگار له‌ یاداوه‌ری خۆیدا
ڕواڵه‌تی چاوبه‌ستیی و فریودان و مه‌رایی ده‌پارێزێ ؟
پێتان ده‌ڵێم له‌سه‌ر چ دینان نین ، ئه‌گه‌ر بتانزانیبووایه‌ له‌سه‌ر هیچ نین
ئه‌وه‌ بێزلێكردنه‌وه‌م شێوه‌یه‌ك له‌ به‌زه‌یی و سۆزی وه‌رده‌گرت
به‌ڵام ئێوه نایزانن .

()مه‌به‌ستی ئه‌و شیعر و گۆرانییه‌ لیریكیه‌ میللیانه‌ن كه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌له‌پووری میللی شامێ دا باون به‌تایبه‌تی له‌ لوبنان . ‌* له‌ كتێبی ( جبران خلیل جبران بایجاز ) ئاماده‌كردنی وه‌زحاء فه‌خری تاڵب – بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌زگای به‌یسان – بێرووت – چاپی دووه‌م 2002 ل 133 .




بێده‌نگی.. به‌ختیار محه‌مه‌د

بێده‌نگی ئه‌و كاته‌ جوانه،‌
كه‌ وه‌ك به‌فر سپی بێ،
وه‌ك ته‌میش
به‌ ویقار و سه‌ركه‌ش بێ.
ئه‌و كاته‌ش شكۆمه‌نده‌،
كه‌ وه‌ك گابه‌رد
به‌ ڕه‌شه‌بای ده‌نگه ‌ده‌نگ
نه‌جووڵێ.
بێده‌نگی ئه‌و كاته‌ جوانه،‌
كه‌ هی ئازایی بێ، نه‌ك ترس
ئازاكان هێمنن
ترسنۆكه‌كان ده‌نگیان زۆر دێ
(پڕن له‌ قاڕوقیڕ و ده‌نگه‌ ده‌نگ).
بێده‌نگی ئه‌و كاته‌ جوانه‌،
كه‌ وه‌ك به‌رد
گۆمی مه‌ند ده‌شڵه‌قێنێ.
بێده‌نگی ئه‌و كاته‌ جوانه‌،
كه‌ وه‌ك زێڕ
له‌ كان ده‌رده‌هێندرێ.
وه‌ك ئه‌ڵماسیش
له‌ ناو مه‌جلیساندا
خۆی ده‌نوێنێ.
ناشیرینترین بێده‌نگیش
بێده‌نگییه‌ له‌ ئاست سته‌مدا.
هه‌موو ده‌نگێك جوانه‌،
كه‌ باسی ئاشتی ده‌كا.
هه‌موو ده‌نگێكیش جوانه‌،
كه‌ ده‌نگی جه‌نگ كپ ده‌كا.

به‌ختیار محه‌مه‌د




نوشتە.. سلام عومەر

گوێی راستەمیان قانگ دا
گوێی چەپەم
فێرە جگەرە کێشان بوو
٭ ٭ ٭
ددانی شیریم
شیرینی وەراندی
هەمیشەیش تاڵی
٭ ٭ ٭
بەراستە دەنووسم
بەراستە شوت دەکەم
دەست و پێی چەپم بینەرن
٭ ٭ ٭
داکم نوشتەیەکی
بەشانی راستمەوە هەڵواسی
بەدەستی چەپم لێمکردەوە.




فەنابوون لە تۆدا.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

خونچەی خوێنی گرتوە، هاتنێکت..
زەنگی بروسکەیەکی ناوەختەش ، بێدەنگی ..
مەلێکی شکاند، پرسیاری بوون..
و نە بوون..
بە لقی داری دڵەوە جێما،،،
خوێنی قورمزی غوربەتی..
مانگ،بە پەنجەرەی ژورێکا،،
پێڵووی …
پڕفرمێسکی داخست،
پێش گەیشتنی کۆچەرێ..
بە گالیسکە ئەفسوناویەکانی سپێدە،
وانەیەک ، لە جوانی فێربوو!،،
هەموو ڕێگاکان ئەچنەوە..
دارستانی چاوت،،،
من ئیتر بەرەو ڕۆشنایی ڕەها،
پێهەڵئەگرم،،،
ڕێمداوە، جازی یاخیبوون..
ڕۆحم هەڵگرێ،،،
یەک لە دوای یەک،،
ناوی ئەو مەلانە ئەنوسم،،
خۆیان ئەدەن،،،
بە پەنجەرەی دۆزەخی گڕ هەڵساو..
وەرزی قات وقڕی عەشقە..و..
ووشکە ساڵی تەنیایی.. و..
چاوەڕوانیە،،
لە فیردەوسی خود خۆیدا،،
وون ئەبمەوە،،
لە خودی خۆما،،
سەفەر ئەکەمەوە،،،
تێئەپەڕمەوە …
بە کەنارە ڕەنگاوڕەنگی ڕۆحێک..
لە گزنگتا فەنا،،،
لە بوونی تۆ دا…
فەنا ببمەوە!
ئای ئازادی!
ئەی تاکە نزرگەی پیرۆز!
چاوم هەورە، و..
ڕوخسارێکت نابینمەوە،،
تا شکۆفە شیعری ئەرخەوانیت،،
بەسەرا ببارێنم،،
گەرچی نوسین دەربارەی ..
گەردوونی ڕوخسارت،،،
هەسارەکانی خەیاڵمی زیندانی کردوە!

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Monet
Cliffs of Varengeville, Gust of Wind




ساردایی مردنێ! .. مەولود ئیبراهیم


ئێستا کە لەسەرو بە ندی یادی ڕۆژانی تاڵ و پڕ لە مەرگەساتی کیمیابارانی هه ڵەبجەو ئەنفالەکان دا دەژین ، بە وەختی ئەوەی دەزانم کە شیعری ( ساردایی مردنێ !) کە ساڵی ١٩٨٩ نووسراوە ،جارێکی تر لێرەوەو بخەمە بەرچاوی خۆشەویستان و بە فرمێسکە شیعرێک بەرچاوی هاوخەمی خۆمان تەڕکەین و بیربکەینەوە ………….مەولود
ساردایی مردنێ !


کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن !
ئەوە نیە..کوڕانی خۆم
جووت جووت
تاژیم بەردەدەنێ!
چیبکەم لە گەڵ ئەو چاوانەی خۆم
هه رچی پێ دەبینم
لێم دەبن بە خەم
کوێرنابن ئەم چاوانە
نایەنە گۆ دەم و زارم
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە ؟
ساردایی مەرگ وگرانایی بەردییم
دەکشێنە بەدەنێ
عەشق چ دەردێکی سەربەگۆبەندە
دەچمە ڕاوێ ،
دەبمە نێچیر !
گۆرانی دەڵێم ،
خۆم دەکوژم
دوژمن بوو ئەوەدەستەی
فێری تیر هاوێتنی کردم
بە ڕقەوە
تیران داوێمە سەرو دڵی خۆم!
ئەوە چ شێتیەکە
ئەو عەشقە سەربەگۆبەندە
مردم..هێندەی کراسان لەبەر خۆ دادڕم
کراسی پێستەو گۆشت
کراسی ژەهر!
**
لێم دیارەو دەستم نایگاتێ
بۆی دەچم و نایگەمێ
**
زۆرم سەروکەزی سوتاندن
ئەسپی باڵدار دەرنەکەوت
زۆرم ئەنگوستیلە بادان
سواری پشت کێوان نەهاتن
مەمکی زۆر ئافرەتم مژت
کەس خۆی نەکرد بەدایکم
لە کوێیەپەری گریانێ
کەمن چاوانم
دوو چاوی خەم بینینن
چ کوێرە دوعایێ بوو لەخۆم کرد؟
ئەو ڕۆژەی گوتم :
تۆم خۆشدەوێ
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن،
ئەوە نیە ساردایی مەرگ و
گرانایی بەردییم دەکشێتە بەدەنێ؟!؟

*** ١٩٨٩/ هه ولێر

  • ئەم وێنەیە دەسکاری کراوی دەستی برای هونەرمەند (هه ردی قاسم ) ی خۆشەویستە بەدڵ سوپاسی دەکەم .