مێژووی سەرهەڵدانی دەوڵەت لە هزری مرۆڤدا.. ئاراس سەعید

دەوڵەت: (ڕێکەوتنێکی یاسایی سنووردارە هاوڵاتیان بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دایان مەزراندووە.)
هربرت سبنسەر

بەشێکی زۆری مێژووی هزری مرۆڤ، سەرقالی تەتەڵەکردنی ئەو پرسە فەلسەفیانەبووە، کە پەیوەستە بەژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاوە، بیرکردنەوەی سیاسی لەقۆناغە سەرتاییەکانی هزری مرۆڤدا، تا مێژووی هاوچەرخ، هەوڵدانبووە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێژێمێکی گونجاوی حوکمڕانی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان بگونجێت. ئەم پرسەش لەسەرهەڵدانی فەلسەفەی گریکەوە تا سەدەکانی ناوەڕاست مشتومڕێکی فەلسەفی زۆری بەخۆوە بینیوە، ئەویش بەپێی تێڕوانین و قۆناغە مێژوویەکانی ژیاری کۆمەڵگا تێڕوانینی فەیلەسوفان گۆڕاون.
بۆنمونە: فەیلەسوفە یۆنانیەکان دەربارەی سروشتی مرۆڤ گوتویانە:( مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتیە)
واتا: مرۆڤ بەسروشت کۆمەڵایەتیەو پێویستە لەچوارچێوەی سیستەمێکدا ژیانی مرۆڤەکان ڕێکبخرێت.

یەکێک لە بۆچونەکانی تر، بۆچونی “تۆماس هۆبز”ە دەربارەی سروشتی مرۆڤ بەم جۆرە دەدوێت:( مرۆڤ بەرسروشت گورگە) لەدیدی هۆبزەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سروشتە دڕندەکەی مرۆڤ دەبێت، دەوڵەتێکی “وەحش” هەبێت، تا بتوانێت بەهێز بەرژەوەندیەکانی هەموان ببپارێزێت، “هۆبز” پێوایە دەوڵەت بە بەکارهێنانی توندووتیژیەکی کەم، توندوتیژیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ دەکات، لەڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکارەکانیەوە، بەڵام “جان جاک ڕۆسۆ” پێچەوانەی هەردوو بۆچونەکە پێ وایە، (دەوڵەت سروشتی مرۆڤ، لەمرۆڤ دەداماڵێت و هەریەک لەمرۆڤەکان وەکو ئەکتەرێک نمایشی ئەو ڕۆڵە دەگێڕن کۆمەڵگا بەسەریدا سەپاندوون.)

لەفەلسەفەی یۆنانی کۆندا “پلاتۆ” لە کتێبی کۆماردا دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی هەڕەمەکی فەلسەفەکەی داڕشتۆتەوە. هەرچەندە لە پێش “پلاتۆدا” ڕژێمی کۆمەڵگای یۆنانی، ڕژێمێکی دیموکراسی بووە. بەڵام بە بۆچونی “پلاتۆ” هاوڵاتیان بە سیتسمی دیموکراسی ناتوانن بڕیاڕێکی تەندروست بدەن دەربارەی ژیانێکی باش بۆ کۆمەڵگا و لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هەموواندا بگونجێت، بۆیە “پلاتۆ” لە یۆتۆپیای کۆماردا ڕژێمێکی تۆتالیتاری دادەمەزرێنێت، کە فەیلەسوفەکان لەچینی سەرەوەی کۆمەڵگادان و چینی دووەم: چینی سەرباز چینی سێیەم: چینی پیشەواران.
چینی پیشەوارانیش دابەش دەکات بەسەر چینی کرێکاران و پیشەواران و پزیشکان. ئەو دەڵێت: “منداڵی کرێکاران دەبێت ببنەوە بەکرێکار و پێشەواران دەبێ ببنەوە پیشەوەر”. ئەم بۆچونەش پەیوەستە بە بۆچونە فەلسەفیەکانی خۆیەوە، کە ئەقڵ سەنتەری ڕەفتارو پاڵنەری کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە.
گەورەترین هەڵەی “پلاتۆ”، دەربارەی دابەشکردنی کار و ڕژێمی کۆمەڵایەتیە، لەدیدی ئەوەوە چینەکان وەکو میراتێک بۆ نەوەکانیان دەمێنتەوە، لەکاتێکدا هیچکام لەمرۆڤەکان بەسروشت کرێکار و پزیشک و ئاغا و پیشەوەر نین، بەڵکو ئەوە ڕژێمە کۆمەڵایەتیەکانە هەڵدەسێت بەدابەشکردنی چینەکان. ئەم تێڕوانینەی “پلاتۆ” دواتر لای “مارکس” هەڵاوگێڕ دەبێتەوەو لە قۆناغی دیالەکتیکدا، کرێکاران وەکو سوبێکت و بزوێنەری مێژوو و دەستنیشان دەکات.

تێڕوانینی فەلسەفەی سیاسی سەدەکانی ناوەڕاست، پشت بەمیتۆدێکی تیۆلۆژی دەبەستیت. ئەویش بەهۆی باڵادەستی ڕژێمی کڵێساوە، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا. ئەویش تێکەڵکردنی بیروباوەڕی ئایینی و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی بوو. بیرمەندانی ئەم قۆناغەش هەریەک لە( ئۆگەستین و تۆما ئەکوێنی) بوون. کە فەلسەفەی یۆنانی کۆنیان تێکەڵەی ئایینی مەسیحی کرد. تێڕواینی هەردووکیان لەیەکترەوە نزیکەو فەلسەفەی سیاسی ئەوان پەیوەستە دوالیزمەی “ئاسمان و زەوی” ئەوان لەسۆنگەی شرۆڤەکردنی ئەفسانەی ئادەم و حەوا و شەڕی هابیل و قابیل. مرۆڤ دابەش دەکەن بەسەر دووبەشدا، “زەوی نشین و ئاسمان نشین” زەوی نشینەکان بەمرۆڤگەلی پیس دادەنین و ئاسمان نیشینەکانیش شوێنی مرۆڤە باشەکانن. لەدیدی ئەوانەوە مرۆڤ دەبێت گوێڕایەڵی دەسەڵات بێت و پاشا نوێنەری خودایە و ئەگەر فەرمان ڕەوایەکی باش بوو، ئەوا پاداشتی خودایە و ئەگەر فەرمان ڕەوایەکی خراپبوو ئەوا سزای خودایە بۆ ئێوە.

لەسەرەتاکانی سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەم بیری سیاسی گەورەترین مشتوومڕی فەلسەفی بەجێ دەهێڵت و بەشێکی زۆری ئەو تێڕوانیە فەلسەفیانە دژبە توێلۆژی و فەلسەفەی ئادیالیزمی یۆنانیە، لێردا بەکورتی ئاماژە بە بۆ چونەکانی (هۆبز، ڕۆسۆ، ماکاڤیلی)دەکەم.

فیکری سیاسی لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمدا، دابڕانێکی لە نێوان یۆتۆپیا و تیۆری دروستکرد، ئەرکی فەیلەسوفان ئاڕاستەیەکی ڕیالیتی دەسەڵاتی وەرگرت، چیتر تێڕوانینی فەیلەسوفان لەسۆنگەی مومارەسەکردنی دەسەڵات و پراکتریزەکردندا خۆی دەبینیەوە، ئەمەش بە ئاشکرا لە بۆچونەکانی “نیکڵۆ ماکاڤیلی” لە کتێبی میردا دەبینینەوە، دەتوانم بڵێم ماکاڤیلی باوکی دامەزرێنەری نوێگەرییە لە هزری سیاسیدا، چونکە ئەو تێڕوانیەنەکانی تەنها لەسۆنگەی پرسیارکردن و تیۆریا داڕشتن خۆی نابینیتەوە، بەڵکو ئەو پێمان دەڵێت واقیعی سیاسەت چیە و چۆن مومارەسەری سیاسیەت بکەین. پوختەی تێڕوانینەکانی” ماکاڤیلی ” لەکتێبی “میر”دا کورت دەکەمەوە. ئەو پێمان ناڵێت میر بۆچی حوکم دەکات، بەڵکو پێمان دەڵێت؛ (میر چۆن حوکم دەکات). لەدیدی ئەوەوە میر هیچ ڕێگە چارەیەکی لەبەردەمدا نیە، جگە لە بەکارهێنانی هێز و داگیرکردنی ئەو سنوورانەی لەژێر دەسەڵاتیدا نیە. میر پێویستە هێز و فێڵ بەکاربهێنێت، چونکە ئەوانە حوکم دەکرێن مرۆڤن، مرۆڤیش خەسڵەتێکی شەڕانگیزی هەیە، میر بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە هیچ ڕێگا چارەیەکی نیە، جگە لەوەی دژی ئایین و بنەماکانی سۆز بوەستێتەوە، میر گەر لەتوانای بوو، پێویستە لەڕێگەی چاکە لانەدات بەڵام ئەوەشی لەسەرە کە ڕێگەی خراپە بگرێتە بەر. لەدیدی ماکاڤیلەوە دەسەڵات خەسڵەتێکی مرۆییەو، تەنها لەڕێگەی خوێن و هێزەوە بەدەست دێت و پارێزگاریشی لێ دەکرێت.
لەدوای “ماکاڤیلی” ئەوەی درێژەی بەم دیدگا تۆتالیتارییە دەدات “تۆماس هۆبزە” لەدیدی ئەوەوە مرۆڤ بونەوەرێکی دڕندەیە، یان( مرۆڤ گورگە بۆ گیان برای خۆی). بۆچونە فەلسەفیەکانی هۆبز لەکتێبی “لیڤیسیان”دا، بەم شێوەیەیە، “هۆبز” جەخت لەسەر پەیمانێک دەکاتەوە، پەیمانێک کە تاکەکان بەخواستی خۆیان لەسەری ڕێک دەکەون و کەسی فەرمان ڕەوا دەست نیشان دەکەن، پەیمانەکە لەناوەڕۆکدا ملکەچیە، چونکە تاکەکان دەستبەرداری کۆمەڵێک مافی خۆیان دەبن و لەبەرانبەردا ئاسایش بەدەست دەهێنن و دەوڵەت و ماف و ئاسایشیان دەپارێزێت. “هۆبز” لەڕێگەی پەیمانی کۆمەڵایەتیەوە ڕەهاترین دەسەڵات دەداتە دەوڵەت، چونکە ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەمووان دادەمەزرێت و پێویستە فەرمان ڕەوا دەسەڵاتێکی ڕەهای هەبێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سروشتە ئاژەڵیەکەی مرۆڤ. لەگەڵ سەرەتایی سەرهەڵدانی فیکری لیبڕاڵیەت و بۆرژوازی ئەم تیڕوانینە ناچارییەی “هۆبز” بۆ چونە ژێر باری پەیمانی کۆمەڵایەتی پێچەوانە دەبێتەوە. “جۆن لۆک” فەیلەسوفی ئەزمونگەرایی ئینگلیز، پێ وایە پەیمانی کۆمەڵایەتی بەویست و ئیردەی تاکەکان ئەنجام دەردێت، ئامانجیش لەو پەیمانە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تاکە لەلایەن دەوڵەتەوە، کە سزای ئەو کەسانە دەدات کە دەست درێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی. “جۆن لۆک” دەڵێت: (ئەوانەی کە بەشداری دەکەن لەو پەیمانەدا مافی کشانەوەیان هەیە، کاتێک هەستیان کرد فەرمان ڕەوا کەسێکی گەندەڵ و توندو تیژە). واتا جۆن لۆک مافی یاخی بوون و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت دەداتە دەست تاکەوە و ئەمەش پێچەوانەی “لیڤیسیانی” تۆماس هۆبزە، کە دەوڵەت دەسەڵاتێکی ڕەهایی هەیەو کاتێک مرۆڤەکان یاخی دەبن شەڕی هەمووان دژ بەهەمووان دەست پێدەکات، چونکە دەوڵەت بەشێکە لە هەمووان. جۆن لۆک دژی ئەو تێڕوانینە کەدەوڵەت مافی هەڵوشاندنی کۆمەڵگای مەدەنی هەبێت، بەڵکو لەدیدی لۆکەوە دەوڵەت نابێ دەست وەربداتە ناو ڕەهەندە تایبەتیەکانی ژیانی تاکەوە.

“مۆتیسۆکۆ” درێژە بە تێڕوانینەکانی لۆک دەدات و دەیەوێت کۆمەڵگای مەدەنی لەدەستی دەوڵەت ڕزگار بکات، ئەویش بە داواکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، واتا پێویستە دەسەڵاتی داوەری و جێبەجێ کردن لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوە نەبرین و دوو دامەزراوەی سەربەخۆ و جیاوازبن. بەڵام “تۆماس هۆبز” دەوڵەتێکی ڕەهای پێشنیار کردووە و بەبێ هەموو دەسەڵاتەکانی ڕادەستی فەرمان ڕەواکردووە.

بیرمەند و پێغەمبەری شۆڕشی فەڕەنسی “جان جاک ڕۆسۆ” لە کتێبی “پەیمانی کۆمەڵایەتی” گریمانەی دەوڵەتێک دەکات، لەسەر بنەمای پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بێتەوە ئاراوە. لەدیدی “ڕۆسۆ”وە، مرۆڤەکان پێویستە لەچوارچێوەی پەیمانێک ڕێکبخرێن کە پەیمانەکە بریتیە لە ئازادی، ڕۆسۆ دەڵێت:( ئازادی هاوڵاتیەک لەو شوێنە دەوەستێت کە ئازادی ئەوانی تر، دەست پێ دەکات). دەوڵەت لەدیدی ڕۆسۆوە برییتە لە ئێرادەی گشتی و تاکەکان لەچوارچێوەی پەیمانێکدا دەوڵەت دادەمەزرێنن و پێویستیشە هەمووان گوێڕایەڵی یاساکانی دەوڵەت بین، بۆ پاراستی بەرژەوەندی گشتی.
لیبڕاڵیزم دژ بەلیڤیسیان

ئایدۆلۆژیایی لیبڕاڵیزمی کلاسیک لە (سیتوارت میل و جۆن لۆک)وە، دژ بەدەسەڵاتی ڕەهاگەرایی و فیوداڵیزم سەرهەڵدەدات، ئەمەش لەو کۆنتێکستە مێژووییەدا ڕۆڵی کاریگەر دەبێنی، کە جەخت لەسەر پاراستنی ئازادییەکانی تاک دەکاتەوە، بە جۆرێک هیچ دەسەڵاتێک بۆی نیە دەست وەربداتە نێو ڕەهەندە تایبەتیەکانی ژیانی مرۆڤەوە.
ئەم تێڕوانینە پێچەوانەی پڕۆژە فەلسەفیەکەی (تۆماس هۆبزە) که پێشنیاری دەوڵەتی “لیڤیسیان” دەکات، هۆبز دژبە تێڕوانینەکانی پێشخۆی بەتایبەتی (تۆماس ئەکوینی) دەیەوێت شەرعیەت لەدەسەڵاتی کڵێسا وەربگرێتەوەو سەرجەم دەسەڵاتەکان بگوازێتەوە بۆ دەوڵەت.
لەدیدی هۆبزەوە سێ فاکتەری سەرەکی ئامادەن بۆ دروستکردنی دەسەڵات و دەوڵەتی (لیڤیسیان) ئەوانیش (دەگمەنی، ترس، خودشەیدایی). هۆبز پێچەوانەی هەموو فەیلەسوفەکانی پێشخۆی پێوایە: “مرۆڤ بەسروشت ئاژەڵێکی دڕندەیە”
نەک بەتێڕوانینە ئەڕستۆیەکەی (مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی بێت).
هۆبز دەڵێت: (مرۆڤ لەژێرکاریگەری غەریزە و ئەقڵدایە)لەکاتی دەگمەنیدا هەندێک لەمرۆڤەکان لەسەر سکی ئەوانی تر دەژین و هەندێکیان برسی دەبن. ئەمەش قۆناغی ترس دێنێتە ئاراوە سەرهەڵدەدات بۆ مەترسیدارترین قۆناغ ئەویش شەڕی (هەمووان دژ بە هەمووان). هەرکەسێک کەهێزی زیاتری هەبوو ئەوانی تر دەچەوسێنێتەوە، هۆبز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە مرۆڤەکان پێویستە لەچوارچێوەی پەیمانێکدا کۆببنەوە و دەوڵەتی لیڤیسیان دابمەزرێنین، کە ئەقڵ بەو کارە هەڵدەسێت. (لیڤیسیان) هەرچەندە دەوڵەتێکە دەسەڵاتی تاکەکان سنوردار دەکات و ئازادییەکانی مرۆڤ دەچەپێنی. بەڵام لەدیدی هۆبز خۆیەوە، دەوڵەتێک لەچوارچێوەی پەیماندا دروستبکرێت نابێتە هۆکاری چەوسانەوەی ئەوانی دی. بەڵکو ئامڕازێکە بۆ کەمکردنەوەی نائارامی و چەوساندنەوەو بەرقەرارکردنی ئاسایش.

لەدیدی منەوە ئاسایش خۆی لەخۆیدا پێچەوانەی ئازادییە، بەڵام لەدیدی “هۆبزە”وە پەیمان دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەک لەبڕێک لەئازادیەکانی خۆیان خۆشبن لەپێناو بەدیهێنانی لیڤیسیان. ئەگەر بگەڕێنەوە سەرخاڵە جەوهەرێکە، لیبڕاڵیزم دژبە لیڤیسیانە. لێبڕاڵیزم لە ئەنجامی دەرکەوتنی بۆرژوازی لەدایک دەبێت و سەردەکێشی بۆ قۆناغێکی مەترسیدار، ئەویش (خاوەندارێتی تاکە) کە دەبێتە هۆی سنوردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەمتوانی دەوڵەت لە دەست تیوەردان بۆ کەمکردنەوەی نا یەکسانی و ناڕەوایەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەمینەیەک لەسەر سکی ئەوانی تر، سامانەکانی سروشت بۆخۆیان قۆرخ دەکەن و لەڕێگەی دامەزراوە و میدیا و سەرمایەی گەورەوە فشار لەسەر دەسەڵات دروستدەکەن. پاشان دەسەڵاتی دەوڵەت سنوردار دەبێ و چینی بۆرژوا پەلدەکێشن بۆناو سیستەمی حوکمڕانی و لەکۆتایدا خۆیان لەباج دەدزنەوە و سەرجەم کەرتەگشتیەکان بۆخۆیان قۆڕخ دەکەن و وەکو لە ئێستادا داهاتی کەمینەیەکی بۆرژوا بەرانبەرە بە یەک لەسەر سێ ی جیهان.
بەڵام (لیڤیسیان) دەسەڵاتێکی ڕەهایەو دەتوانێ یەکسانی چینایەتی و هاوسەنگی ڕابگرێت. مرۆڤەکان لەناڕەوایەتی دووربکەونەوە، چونکە مرۆڤێک کاتێک دەیەوێ بەرانبەر بچەوسێنێتەوە ناتوانێ لەسەر بنەمای هێز ئەوە بکات، چونکە هێزێکی گەورە تر ئامادەگی هەیە بۆ سزادانی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی فەڕەنسی باردۆخی سیاسی ڕۆژئاواو کۆمەڵگای ئەوروپی تووشی داڕمانی گەورە دەبێت، شۆڕشی پیشەسازی کۆمەڵگای ئەوروپی لە قۆناغی دەرەبەگایەتیەوە گۆڕی بۆ قۆناغی پیشەسازی و دابەشکردنی چینایەتی. ئەمەش دووشتی نوێ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا گۆڕانی بەسەردا هات، ئەویش ستراکۆتۆری کۆمەڵگا لە قۆناغی دەرەبەگایەتیەوە گۆڕا بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی و ئایدۆلۆژیای نوێش هاتە ئاراوە. لێرەشەوە لەسەردەستی “سان سیمۆن و ئۆگست کۆنت و هبرت سنبەر” زانستی سۆسۆلۆجیا دامەزرا. تێڕوانینەکانیش دەربارەی دەوڵەت دابەش بوو بۆ دووجۆر دەوڵەت. یەکەم: دەوڵەتی (سەربازی) کە دەوڵەتێکی تۆتالیتاریەو دەسەڵاتێکی ڕەهایی هەیە و، ژیان و بیرکردنەوە و ئایینی کۆمەڵگا دیاری دەکات. دووەم: “دەوڵەتی پیشەسازی” کەئەو سێ بیرمەندە کۆنزیرڤایتڤە پرسی دابەشبوونی چینایەتی و ستەمی سەرمایەدارانیان لەکرێکاران پشتگوی خستبوو، پیان وابوو ئەوەی سروشتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە و، جەختیان لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی پیشەسازی دەکردەوە بەپاشەکشەکردنی ئایین و پشت بەستن بەزانست، لەدیدی ئەوانە دەوڵەتی پیشەسازی مافی هەمووان دەپارێزیت و لەسایەی ئابوری لیبڕاڵەوە هەر مرۆڤێک بەپێ ی توانای خۆی مافی پێ دەدرێت.

لە ئەڵمانیاش هەردوو فەیلەسوفی ئەڵمانی “هێگڵ” “کاڕڵ مارس” پرسە فەلسەفیەکانی خۆیان دەربارەی دەوڵەت خستۆتە ڕوو، “هیگڵ” بەشێوەیەکی کۆنزیرڤاتیڤانە لایەنگری دەوڵەت دەکات و لەدیدی هیگڵەوە دەوڵەت گەورەترین ئۆرگانی ئاکارییە، پێویستە تاکەکان تێدا بتوێنەوە. بەڵام “کاڕڵ مارکس” پێچەوانەی هەموو فەیلەسوفەکانی پێش خۆی هەوڵی جەخت لەسەر نەمانی دەوڵەت دەکاتەوە، لەدیدی ئەوەوە کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی بەهۆی دیالەکتیک و پێکدانی چینەکاندا گەشەی کردووە و هەرقۆناغێک دژەکەی خۆی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە،و دواقۆناغیش قۆناغی سەرمایەدارییە، کە تۆوی دژەکەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، کە کرێکارانن. کرێکاران ڕۆژێک هۆشیار دەبنەوەو وەکو خۆی بزوێنەری مێژوو مرۆڤەکانن بەڵام هۆشیاریان لەبارەوە نیە.لەدیدی مارکسەوە کرێکاران شۆڕش دەکەن و دوای لەناوبردنی ئامڕازەکانی چەوساندنەوە دەوڵەت دەتوێتەوە و قۆناغی کۆمۆنیزم دێتە ئاراوە. “جۆرج تەڕابشی” دەربارەی درێژە پێدەری “مارکس” و دەوڵەتەکەی “لینین” دەڵێت؛ “ئەو دەوڵەتە وەحشەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ کەسێک نەیتوانی دروستی بکات، لینین لەڕوسیا دروستی کرد”.
هیچ دەوڵەتێک هێندەی سۆڤیەت بەشێوەیەکی دڕندە کۆمەڵگای مەدەنی قوت نەداوە. کۆتا تێڕوانین دەبارەی دەوڵەتی دیموکراسی تێڕوانینەکانی “هانا ئارێنت” وەردەگرین. هانا ئارێنت، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کاریگەرە بە مێژووی دەوڵەت شارەکانی یۆنان. “هانا ئارێنت” لە تێوری کردەدا جەخت لە کۆمەڵگای یۆنانی و دیموکراسی دەکاتەوە، کە هاوڵاتیانی دەوڵەت شارەکانی ئەسینا، لەدەوری یەکتری کۆ دەبوونەوەو کردەیان دەنواند. “کردە” لەدیدی “ئارێنت”ەوە، سوبێکتی مرۆڤە، لەڕێگەی زمانەوە دێتەبوون. ئارێنت پێ وایە بکەری کردەکان، کاتێک لەڕێگەی دیالۆگەوە بەیەکتری دەگەن و تێز و ئایدیاکانیان دەگوازنەوە، دەوڵەتی دیموکراسی دادەمەزرێنن. ئەو دەوڵەتەی ئەو گریمانەی دەکات، کۆمەڵگا لەچوارێوەی هێزدا ڕێک دەخزێتەوە، “هێز” لەڕێگەی سوپا و دامو دەزگا سەرکوتکارەکانەوە نا، بەڵکو هێزی کردە، ئەو دەوڵەتەی بەرەنجامی کردەیە، ئیرادەی گشتیەو، دەسەڵاتەکان لەخوارەوە دەڕۆن بۆسەرەوە، فەرمان ڕەوا تەنها دەبێت لت بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا بڕیاڕ بدات، چونکە کۆمەڵگا فەرمان ڕەوا هەڵدەبژرێت و مافی لێسەندنەوەی دەسەڵاتیشیان هەیە.

بەسود وەرگرتن لەم سەرچاوانەی خوارەوە:

مصطفی الخشاب: علم لاجتماع.

سەرەتاکانی سۆسۆلۆژیا: کۆمەڵە وتار
و:شوان ئەحمەد
پێشڕەو محمد: پوختەی سەرمایە سەرمایەی مارکس
پلاتۆ: کۆمار
و: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

ماوریز پاسرین: فەلسەفەی هانا ئارێنت
و: ئارام مەحمود. دەزگای ئایدیا 2017




ڕه‌خنه‌ و كاردانه‌وه‌.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌، ڕاهاتوون ستاییش بكرێن و په‌سنی نووسینه‌كانیان ئه‌گه‌ر لاواز و بێ ناوه‌ڕۆكیش بن بدرێت. به‌شێكی زۆریان، خۆیان له‌ سه‌رووی ڕه‌خنه‌وه‌ ده‌بینن و بۆچوونیان وایه‌ هه‌ر شتێك كه‌ ده‌ینووسن، خاڵییه‌ له‌ كه‌موكوڕی و پێویست به‌وه‌ ناكات هیچ خوێنه‌رێك سه‌رنج و تێبینییه‌كی له‌ باره‌وه‌ هه‌بێت. له‌ كاتێكدا تیایاندایه‌، ڕۆمانی نووسیوه‌ و باسی مێژوو ده‌كات، وه‌لێ هیچ ئاگای له‌ ڕووداوه‌كان نییه‌. هه‌یانه‌ به‌ مه‌به‌ست، نووسینی نووسه‌رێكی ناودار و دیار ده‌شێوێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ بچووككردنه‌وه‌ی ناو ئه‌و ، هه‌وڵی گه‌وره‌كردنی ناوی خۆی بدات. كاتێ خوێنه‌رێكیش ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت، له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و باره‌ ده‌روونییه‌ی تێی كه‌وتووه‌، هیچی پێ نییه‌ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ و ناچار خوێنه‌ره‌كه‌ یاخود ڕه‌خنه‌گره‌كه‌، به‌ نه‌زان ده‌ناسێنێت. بێ ئاگا له‌وه‌ی خوێنه‌رانێكی جددی هه‌ن، بیرتیژن و زۆر به‌ ئاسانی ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر وتاره‌كان و ده‌یانخوێننه‌وه‌ و به‌راوردی یه‌كترییان ده‌كه‌ن.
هه‌یانه‌، له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، لاسایه‌كی زه‌قی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی كه‌ ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گریت، هیچی پێ نییه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت پێت بڵێت تۆ كوا ئاگاداری شیعر و ئه‌زموونی شیعری كوردی! به‌شێكی زۆری له‌ نووسه‌رانی ئێمه‌، هه‌میشه‌ له‌ نووسینه‌كانیاندا باسی ئازادی ڕاده‌ربڕین، ڕه‌خنه‌گرتن، وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌موو به‌ پیرۆزكردنێك ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ خۆیان و به‌رهه‌مه‌كانیان، پیرۆز بكرێن و ڕه‌خنه‌یان لێ نه‌گیرێت. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ نێو ئێمه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ نێو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی گوایا ساڵانێكی زۆریشه‌ له‌ نێو كولتووری پێشكه‌وتووی خۆرئاوا به‌ ئه‌قڵی خۆرهه‌ڵاتییانه‌ده‌ژین، نه‌ك به‌ ئاسانی وه‌رناگیرێت، بگره‌ كاتێ ڕه‌خنه‌ له‌ نووسینێكییان ده‌گری، ده‌كه‌ونه‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌روونی توندوو هاوشێوه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌یان لێ دێت، كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ خنكان ڕزگار بكات، ده‌ست بۆ بنجه‌ گیا و پووشێكی بچووكیش ده‌بات و له‌ كاتێكدا دڵنیاشه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ فریای ناكه‌ون.

كاره‌كته‌ری ڕه‌خنه‌گر له‌ نێو ئێمه‌دا، هه‌میشه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌یه‌ كه‌ بێزراو و قێزه‌وه‌ن و ڕه‌ت كه‌ره‌وه‌یه‌. چونكه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ڕه‌خنه‌ بگریت و ئاساییش وه‌ربگیرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕه‌خنانه‌ ئه‌گه‌ر لۆژیكی و زۆر له‌ جێی خۆی و بابه‌تیش بن. جارێكییان ڕه‌خنه‌م له‌ ڕۆمانی ڕۆماننووسێك گرت، كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا ڕووداوه‌كانی ساڵی 2002 ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌چی باسی شه‌ڕی داعش و داگیركردنی شنگال ده‌كات، كه‌ ئه‌م ڕووداوانه‌ دوانزه‌ ساڵ دواتر ڕووده‌ده‌ن! ئه‌و ڕۆماننووسه‌، كه‌وته‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی خراپ و لای ده‌یان نووسه‌ر باسی له‌وه‌ كردبوو، كه‌ من نووسینه‌كه‌ی ئه‌وم شێواندووه‌. به‌ڵام هه‌مان ئه‌و نووسه‌رانه‌، كاتێ به‌ مه‌به‌ستی ساغكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی ڕۆماننووس كه‌ ئایا ڕاسته‌، چووبوونه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان ئه‌و په‌ڕه‌گرافانه‌ی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ڕه‌خنه‌م لێگرتبوون، ئیدی دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ من هیچ شێواندنێكم بۆ نووسینی ئه‌و نووسه‌ره‌ نه‌كردووه‌ و سه‌ره‌نجام وێرای ده‌ستخۆشی، پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌شیان كردم.

بێگومان ئه‌مه‌ بۆچی وایه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن و شكانه‌وه‌ له‌ نێو ئێمه‌ وه‌ك یه‌ك ته‌ماشا ده‌كرێت، ئیدی بڕوامان وایه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌مان لێ گیرا، ئه‌وا بچووك ده‌بینه‌وه‌ و له‌ كه‌سیه‌تی و پێگه‌مان ده‌درێت. وه‌ك چۆن دڵنیام كه‌ ئاسمان شینه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش دڵنیام سێ له‌سه‌ر چواری نووسه‌رانی ئێمه‌، ڕه‌خنه‌یان قبوول نییه‌ و كاتێ ڕه‌خنه‌یه‌كییان لێ ده‌گری، كێچ ده‌كه‌وێته‌ كه‌وڵییان و ئیدی به‌ نه‌زان و بێ ئاگا و نه‌خوێنده‌وار، هه‌روه‌ها چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌، كه‌ ڕوون و ئاشكرایه‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌روونییه‌، وه‌سفت ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره‌ كاردانه‌وانه‌، نه‌ك هه‌ر ئیزافه‌یه‌ك ناخه‌نه‌ سه‌ر دیالۆگی ڕه‌خنه‌ییانه‌ و ڕۆشنبیرییانه‌، بگره‌ بوون و نه‌بوونییان وه‌ك یه‌ك وایه‌ و ته‌نها یه‌ك ئاماژه‌ ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌ویش ئاستی هوشیاریی و ڕۆشنبیریی نووسه‌ره‌كه‌ خۆی ده‌رده‌خه‌ن.
ڕه‌خنه‌، به‌رمه‌بنای خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌. ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌قێكی دیكه‌ له‌ ده‌قی نووسه‌رانه‌وه‌ هه‌ڵێنجێت و بنووسێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرجار له‌ تێ نه‌گه‌یشتنمان له‌ ڕه‌خنه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵكو ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر وه‌ك ڕۆڵی چاودێرێكه‌ كه‌ له‌ كوێوه‌ هه‌ستی كرد هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه‌، ڕه‌خنه‌ی بكات و ڕاستی بكاته‌وه‌. چونكه‌ دوا جار ئه‌و نووسینه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو، ئه‌رشیفی نووسراو، ده‌كه‌وێته‌ به‌ردیده‌ی هه‌زاران خوێنه‌ر. ئه‌گه‌ر به‌و گوزارشته‌ هه‌ڵه‌یه‌وه‌ ڕۆیشت، ئیدی خوێنه‌ران به‌ر زانیاری هه‌ڵه‌،چه‌واشه‌ و نادروست ده‌كه‌ون. ناكرێت بێده‌نگی له‌به‌رامبه‌ر جۆره‌ نووسینێك بنوێنین، كه‌ به‌ ئاسانی مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دیاره‌، كه‌ ئامانج لێی لێدان و شێواندن و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌های نووسینی كه‌سانی دیكه‌. هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ ده‌ق، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر بۆ ده‌ق ده‌یكات. چونكه‌ ڕه‌خنه‌گریش جۆرێكه‌ له‌ خوێنه‌ر، به‌ڵام خوێنه‌رێكی ورد، زیت، به‌ سه‌لیقه‌. له‌ نێو ئێمه‌دا، چونكه‌ ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بووه‌ به‌كولتوور، هێشتا ڕه‌خنه‌ وه‌ك شكاندن، تۆمه‌ت، سڕینه‌وه‌، قسه‌ی ترۆهات و پووچ و بێ مانا ده‌بینین. بۆیه‌ كاتێ ڕه‌خنه‌ له‌ نووسه‌رێك ده‌گیرێت، هه‌ست به‌ كێماسییه‌كی زۆر ده‌كات و ڕه‌خنه‌گر وه‌ك دوژمن ده‌بینێت و ده‌كه‌وێته‌ سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ری و هه‌ر چۆنێك بێت هه‌وڵده‌دات وه‌ڵامی بداته‌وه‌. له‌ زۆر كاتدا ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌، نه‌ك هه‌ر بابه‌تی و له‌ جێی خۆی نییه‌، بگره‌ جۆرێك له‌ زمانی زبر و گوزارشتی نابابه‌تیشی تێدایه‌، كه‌ بشێ له‌په‌راوێزییه‌وه‌ نووسه‌ران و خوێنه‌ران، ئاستی زمان و تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی ڕه‌خنه‌ لای نووسه‌ره‌كه‌ بزانن و شاره‌زاببن. هه‌ر كاتێك وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی، سه‌رنجه‌كانم له‌ باره‌ی كتێبێك، یاخود نووسینێكه‌وه‌ خستبێته‌ ڕوو، ئه‌وا زۆر بێ باكانه‌ و به‌ بوێرییه‌وه‌، به‌ ڕاشكاوانه‌ و بێ دوودڵییه‌وه‌، هه‌موو خوێنه‌رانم سه‌رپشك و ئازاد كردووه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رهه‌مان ئه‌و په‌راوێز و لاپه‌ڕه‌ و په‌ڕه‌گرافانه‌ی ڕه‌خنه‌م لێگرتوون.
بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیاببنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ قسه‌ی ڕووتی منه‌، یان دیدێكه‌ هه‌ڵێنجراوی ئه‌و هه‌ڵانه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ بێ ئاگایانه‌ تێی كه‌وتووه‌. قسه‌كردن، كارێكی زۆر ئاسانه‌ و هه‌موو نووسه‌رێك ده‌توانێت هه‌رچییه‌ك مه‌به‌ستی بێت ده‌ریببرێت. به‌ تایبه‌تیش له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌ ئامرازه‌كانی چاپ و په‌خش (بۆ نموونه‌ وه‌ك فه‌یسبووك) ئه‌وه‌نده‌ به‌ربڵاون، هاوكات بێ سانسۆریشن، كه‌ هه‌مووان ده‌توانن قسه‌ی تێدا فڕێ بده‌ن.
بۆیه‌ قسه‌كردن، هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نییه‌ و ده‌رخستنی هه‌ڵه‌ی نووسه‌رێك و باسكردن له‌وه‌ی هیچ نازانێت و هه‌ڵه‌ی كردووه‌، به‌ قسه‌ نابێت، به‌ڵكو به‌ ئه‌رگۆمێنت، شڕۆڤه‌كردن و به‌ڵگه‌ی دیار و به‌رچاو ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و پته‌و، لای ئه‌و خوێنه‌ره‌ سه‌نگین و زیتانه‌ دروست بكه‌ین، كه‌ به‌رهه‌ماكانمان ده‌خوێننه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان ده‌وه‌ستن. ده‌بێ ڕه‌خنه‌ی بابه‌تی، جیا بكه‌ینه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌روونی نووسه‌ران و قسه‌ی سه‌ر زاره‌كی. دوا جار ده‌ڵێم، من ئه‌و كاردانه‌وه‌ ده‌روونییانه‌ی به‌شێك له‌ نووسه‌ران به‌ ئاسایی ده‌بینم، چونكه‌ تاوانبارێك كه‌ تاونێكی كردووه‌وه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ و گه‌واهییه‌كیش له‌سه‌ری هه‌یه‌ ،كه‌چی كه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر، نكۆڵی ده‌كات و به‌رگری له‌ خۆی ده‌كات. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ نووسینه‌كانیشیان ده‌گیرێت و دان به‌ هه‌ڵه‌كه‌ی خۆیان دانانێن، به‌ بڕوای من هیچ جیاوازییه‌كییان له‌گه‌ڵ تاوانباره‌كه‌ نییه‌!




جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و گرتنی مار به‌ ده‌ستی كورد.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت زۆرینه‌ی سواره‌ی حه‌میدییه‌ بكه‌نه‌ كوردو له‌وێوه‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نیه‌كان به‌سه‌ریدا ساغ بكه‌نه‌وه‌ 1, واته‌ ماره‌كه‌ به‌ده‌ستی كورد بگرن, له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ هۆنینه‌وه‌ی مێژوویه‌ك كه‌ تا ئێستا بۆ ئێمه‌ نه‌زانراو بوو, سێ سه‌ده‌ دوای نووسینه‌وه‌ی شه‌ره‌فنامه‌1596- 1597, كۆمه‌ڵێك تاوانی گه‌وره‌, ده‌جار به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌نفال, له‌و ده‌ڤه‌ره‌ گوایه‌ رویداوه‌, به‌ڵام هیچ شوێنه‌وارێكی له‌ نووسین و یاداشتی خودی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ دیار نییه‌, سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ مێژووه‌كه‌شی ته‌نها 3 بۆ 4 نه‌وه‌ دووره‌.
له‌ ساڵی 2016 نووسه‌ری میسری ئه‌حمه‌د عه‌بدالواحێد شه‌رقاوی نزیك له‌ رژێمی ئیسلامی توركیا, په‌رتوكێكی به‌ناوی “مژابح اڵارمن چد اڵاتراك فی الوپائق العپمانیه‌ والروسیه‌ واڵامیركیه‌” نووسی, وه‌ك په‌رچه‌كردار به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ جیهانیه‌ی بۆ پشتیوانی له‌ دۆزی جینۆساید ئه‌رمه‌ن به‌ڕێكرا, ئه‌م په‌رتووكه‌ بووه‌ مانفیستۆی وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ده‌ستی ئیسلامی سیاسییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن, چونكه‌ ئه‌وان له‌م به‌ره‌یه‌ هه‌موو له‌ سه‌نگه‌ری عوسمانییه‌كانه‌وه‌ن, نووسه‌ر له‌ په‌رتوكه‌كه‌یدا باسی كۆمه‌ڵێك پێشێلكاری ده‌كات كه‌ به‌شی زۆری ناوچه‌ كوردییه‌كانی باكوری كوردستان ده‌گرێته‌وه‌, كه‌ گوایه‌ ئه‌رمه‌ن و سوپای روسیا ئه‌نجامیان داوه‌, وه‌لێ له‌ راستیدا سوپای روسیا نه‌ك ته‌نها گه‌یشته‌ به‌تلیس و قارس, به‌ڵكه‌ شاری خانه‌قینیشی داگیركرد نه‌خوازه‌لا رۆژهه‌ڵات و مه‌ریوان و ره‌واندزیش, بۆیه‌ ده‌بێت له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ به‌دوای پێشێلكارییه‌كاندا بگه‌ڕێین, ئه‌مه‌ مێژووه‌.

ترك پرێس وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕ پێكراو ئاماژه‌ به‌ په‌رتوكه‌كه‌ی الدكتور أحمد عبدالوهاب الشرقاوی ده‌كات , گوایه‌ له‌ نێوان ساڵانی 1914 بۆ 1921دا, چه‌كداره‌ ئه‌رمه‌نه‌كان 518105 ژن و منداڵی توركیان كوشتووه‌ , به‌شی زۆری كورد بوونه‌ 2؟, ئامارێكی سه‌یره‌؟؟, گرنگی ئاماره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كۆتاییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ سفره‌كان نایات, ئێمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌, له‌ وڵاتی خۆمان له‌ مێژووی دووری ته‌نها نه‌وه‌یه‌ك, له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆمان هێشتا نه‌مان توانیووه‌ ئاماری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و بارزانی و فه‌یلی بكه‌ین, ئه‌ویش له‌ دوری هه‌زاران كیلۆمه‌ترو میل و ماوه‌ی زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌ك ئه‌م ژماره‌یه‌مان پێشكه‌ش ده‌كات, له‌ دڵسۆزییه‌وه‌ نا, به‌ڵكه‌ ده‌یه‌وێت مارێكی دیكه‌ به‌ ده‌ستمان بگرێت و بمانكات به‌ گژی ئه‌رمه‌نه‌كانا.
كه‌چی كاندیدێكی دكتۆرای كوردیش له‌ یاسا, ژماره‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بۆ پێنج ملیۆن كه‌س, ته‌نها قوربانیانی ناوچه‌ی به‌تلیس ده‌گه‌یه‌نێته‌ 400000كه‌س” بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین باس لەو قەتڵوو عامەی بکەن کە ئەرمەنەکان بە یارمەتی رووسیا بەرانبەر بە موسڵمانان وە گەلی کورد ئەنجام دا لە ساڵی ١٨٢٣ تا ١٩٢١. لەو ٥ ملیون موسلمانەی کە ئەرمەن قەتڵوو عامی کرد، نزیکەی یەک ملیونو نیو بۆ دوو ملیونی کورد بوون.
تەنھا لە ناوچەی تەبلیسی باکووری کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کورد کوژران؛ وە ژنە کوردەکان یەکەم دەست درێژی یان دەکرایە سەر دواتر دەکوژران؛ منداڵ، پیر، جوان. ئەمە شتێک نی یە کە تێروانینی خۆم بێت؛ بەڵکوو بەڵگەکانی وڵاتانێ رووسیا؛ فەرەنسا؛ بەریتانیا وە ئەمریکا؛ ئاماژەیان بەو قەتڵوو عامە کردوە لەلایان ئەرمەنەکانەوە. لە شەری جیھانی یەکەمدا؛ لە کۆی دانیشتوانی شاری وان؛ تەنھا ٦٪‏ لە دانیشتوانی ئەو شارە رزگاریان بوو. ھەموویان لەلایان ئەرمەنەکانەوە قەتڵوو عام کران.
” 3, لێ كه‌ پشكنین بۆ ژماره‌ی دانیشتووانی شاری به‌تلیس ده‌كه‌یت له‌و مێژووانه‌دا, ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ 12000 بۆ 30000 تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌, له‌ ساڵانی نێوان 1800 بۆ 1900 4 , ته‌نانه‌ت له‌ به‌شه‌ توركیه‌كه‌ی ویكپیدیاشدا ئاماژه‌ به‌ كۆكوژی وا هه‌ر نه‌كراوه‌ 5 “, ئه‌مه‌یه‌ له‌ مه‌له‌كی مه‌له‌كی تر.
كه‌چی له‌و به‌روارانه‌دا ناوچه‌ی به‌تلیس دوو راپه‌ڕینی دژ به‌ عوسمانلییه‌كان به‌خۆوه‌ بینیووه‌ شه‌ره‌فخان له‌ به‌تلیس 1831 و یه‌زدانشیر 1851 6.

هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌رمه‌نیشه‌وه‌, ئه‌وكاته‌ی ده‌سه‌ڵاتداربوونه‌ له‌ پێشێلكاری زه‌ق بێبه‌ری نه‌بووه‌, شه‌ڕه‌كانی قه‌ره‌باغ له‌ گه‌ڵ ئازه‌رباینجان كه‌ پارساڵ رویدا, سوتاندنی ئه‌و شارو گوندانه‌ی به‌جێیان هێشت ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی تاوانه‌ زه‌قه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌, ئازه‌ریه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ تاوانی مه‌زنتریان ئه‌نجامدا له‌ هه‌مان جه‌نگدا, ده‌شێت له‌وكاتانه‌ پێشێلكاری زه‌قتر ئه‌نجامدرابێت, چونكه‌ شه‌ڕه‌ ئاینییه‌كان و شوێنه‌واره‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م گوڵ دابه‌ش نه‌كراوه‌, به‌لكه‌ ئه‌و سوراییه‌ خوێن بووه‌ جیهانی داگرتووه‌ نه‌ك گوڵ, لێ ئه‌مه‌ پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو پشكنینی به‌ڵگه‌نامه‌كان هه‌یه‌, بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ مارێك ببه‌ین وه‌ك ته‌ڵه‌ نراوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ستی ئێمه‌ بگرترێت.

رێگا راسته‌كه‌ كامه‌یه‌؟؟

دان نان به‌ حه‌قیقه‌تی یاسایی هه‌ر تاوانێك له‌ هه‌ر كونجێكی جیهان بگوزه‌رێت, ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ویژدانییه‌, ئه‌گه‌ر هه‌ل نه‌مابێت بۆ راگرتنی, هه‌نگاوێكه‌ بۆ به‌ره‌و روبونه‌وه‌ی تاوانه‌ مه‌زنه‌كان له‌ جیهاندا بۆ ئاینده‌ , نموونه‌ ئۆرۆگوای وه‌ك یه‌كه‌م وڵات له‌ ساڵی 1965ه‌وه‌ دانی ناوه‌ به‌ كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نیه‌كان، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ دۆسیه‌كه‌وه‌ نییه‌. یان كۆریای باشورو سوئید و كه‌نه‌داو هۆڵه‌نداو … كه‌ هه‌ڵوێستی باشیان له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بووه‌, یاخود هۆڵه‌ندا بازرگانێكی چه‌كی كیمیاوی هاووڵاتی خۆی به‌ناوی فرانس ڤان ئانرات له‌ به‌رامبه‌ر هاوبه‌شیكردنی له‌ تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ سزای 16,5 ساڵ زیندانی ده‌دات, به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كی كیمیاوی فرۆشتبوو به‌ رژێمی پێشووی عێراقی, ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نیه‌كانیش هیچ نه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ كورده‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر خاكی ئێستای كوردستان ئه‌نجام دراوه‌,چۆن قوربانیانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی رۆهینجا دوای ئاواره‌ بوونیان بۆ به‌نگه‌لادیش دۆسیه‌كه‌یان جوڵێنرا له‌ لایه‌ن دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌, چونكه‌ ئاواره‌ی وڵاتێكی ئه‌ندامی دادگاكه‌ بوون. بۆیه‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقی گه‌لی كورده‌ وه‌ك گه‌لێكی جینۆسایدكراو دان به‌و تاوانه‌دا بنێت وه‌ك تاوانی جینۆساید, چۆن ئێمه‌ خۆمان سواڵی ئه‌م داوایه‌ له‌ جیهاندا ده‌كه‌ین, پێویستیشه‌ وه‌ك دانان به‌ هاوشێوه‌كانی له‌ جیهان به‌ره‌و روی ببینه‌وه‌.

جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و به‌رپرسیارێتی كورد
رێگات بكه‌وێته‌ مۆنمێنتی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ شاری یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیا, تژییه‌ له‌ وێنه‌ی ئه‌فسه‌رو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان, كه‌ به‌شێوه‌ی دڕندنه‌ و وه‌ك جه‌لادی دڵڕه‌ق ده‌ركه‌وتوون و وێنا كراون, وه‌ك به‌شداربوویه‌كی چالاك له‌ جینۆسایدكردنیان نیشان دراون, ئه‌م وێنانه‌ بونه‌ته‌ به‌شێك له‌ یاداوه‌ری ئه‌و گه‌له‌, رۆژانه‌ نیشان ده‌درێت و له‌ گه‌ڵیدا ته‌بلیغ ده‌كرێت, وێنه‌ی ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆك خێڵ و شێخه‌ كورده‌كان, كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كان به‌ خه‌ڵكه‌ عامیه‌كه‌وه‌ نییه‌ و هه‌میشه‌ كه‌مینه‌ی چه‌وسێنه‌رن به‌رامبه‌ر به‌ زۆرینه‌ی خودی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆشیان, به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدار و قسه‌ رۆیشتوو یبوون, ” به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆرینه‌ی ناوانی ئه‌نفالچی داواكراوی كورد ئاغاو شێخ و سه‌ید و كوێخا و سه‌ره‌ك خێڵن” ئه‌م یاداوه‌رییه‌ ره‌شه‌ به‌ سانایی له‌ بیری ئه‌رمه‌نه‌كان ناسڕدرێته‌وه‌, به‌ دیدار و مجامه‌له‌ی كاتی دوژمنی دوژمنه‌كه‌م دۆستمه‌ كۆتایی نایات, له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستدا ڕامان ده‌گرێت, نابێت تا كۆتایی سه‌رمان له‌ ژێر لمدا بشارینه‌وه‌ له‌ ترسی هه‌ڵوێست ده‌ربڕین و خۆ شاردنه‌وه‌ له‌ راستییه‌كان, نابێت باجی دڕنده‌یی و تاڵان و بڕۆی ئه‌و ئاغاو ده‌ره‌به‌گ و پیاوانی ئاینی و سه‌رۆك خێڵانه‌, زۆرینه‌ی خه‌ڵك بیدات, نابێت باجی تاوانه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی دڵڕه‌قانه‌ی ئاینه‌كان ئێمه‌ بیده‌ین, پێویسته‌ هه‌نگاو بنێین بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كان رابردوو, ئه‌ویش داننانه‌ به‌ راستییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ حه‌قیقه‌تدا هه‌یه‌, نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت و پینه‌و په‌ڕۆی بكه‌ین, یاخود ناسیۆنالسته‌ توندڕه‌وه‌كانی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن, یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ناسیۆنالسته‌كان هه‌ردوولا كردویانه‌ به‌ مه‌یدانی شه‌ڕی موقه‌ده‌سه‌ پوچونه‌كانیان, هه‌میشه‌ دیلی خه‌ونی مه‌زن خوازین, یان ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی ئاینه‌كان هه‌ڵگیرسێننه‌وه‌, له‌ بری مرۆڤایه‌تی بمانكه‌نه‌ دیلی هه‌ڵوێستی هاوئاینی و بمانبه‌نه‌ سه‌نگه‌ری تاوانكارانه‌وه‌, ده‌بێت رێگا له‌ ده‌مارگیره‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌ردوولا بگرترێت, نه‌وه‌كو نه‌وت به‌ ئاگری رابردوودا بكه‌ن, ئێستامان بسوتێنن.
ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ پاڵ ده‌وڵه‌تی توركیا سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كانی باكور و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی سوریاو توركمان و چه‌ركه‌س و قه‌ره‌جه‌كان به‌ هاوبه‌شی تاوان ده‌زانن, به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وان به‌شداری تاوانن نه‌ك هاوبه‌ش, چونكه‌ بڕیار به‌ ده‌ست و نه‌خشه‌ داڕێژه‌ر نه‌بوونه‌, ته‌نها جێبه‌جێكار بوونه‌, ئه‌دی ئێمه‌ وه‌ڵاممان چییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م تۆمه‌تباركردنه‌ كه‌ پێگه‌كانی ئه‌نته‌رنێت و ویكپیدیا پڕ كراوه‌ له‌م زانیاریانه‌ ؟.

وه‌ڵامی سۆزداری چاره‌سه‌ر نییه‌, لێره‌ یاسا, مێژوو و ئامار كاری خۆی ده‌كات,
هه‌روه‌ها نكۆڵیكردن درێژه‌دانه‌ به‌ تاوان, رێگه‌ گرتنه‌ له‌ سارێژ بوونی برینه‌كانی رابردوو, درێژه‌دانه‌ به‌ شه‌ڕی باوباپیران و گواستنه‌وه‌یه‌تی به‌ نه‌فه‌قێكی تاریكدا بۆ نه‌وه‌ی نوێ.
گه‌لی كورد به‌رپرسیارێتی یاسایی هه‌ڵناگرێت به‌رامبه‌ر به‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان, چونكه‌ هاوبه‌ش نییه‌ له‌ بڕیاری تاوان, خاوه‌ند ده‌وڵه‌ت نه‌بووه‌و بڕیار به‌ده‌ست نه‌بووه‌, سواره‌ی حه‌میدیه‌ش له‌سه‌ر خواست و داوای ئه‌و دروست نه‌كراوه‌, گروپێكی چه‌كداری بچووكی كرێگرته‌ بوونه‌, له‌ پێكهاته‌ی جیا پێك هاتوونه‌, بڕیاره‌كانیشی به‌ ده‌ست خۆیان نه‌بووه‌, جێبه‌جێكار بوونه‌, به‌ڵام ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین هه‌زاران هاووڵاتی كورد له‌ ریزی سوپای عوسمانیدا بوونه‌ به‌شداری تاوان بوونه‌, هاوشێوه‌ی جاشه‌ كورده‌كان له‌ باشوور كه‌ به‌رپرسیاری راسته‌وخۆی زۆرینه‌ی تاوانه‌كانی ئه‌نفالن, ئه‌و ئاغاو ده‌ره‌به‌گانه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سوپای عوسمانی به‌شدار بوونه‌ له‌ تاوانه‌كه‌, به‌شێكیان ناوی خۆیان ناوه‌ سواره‌ی حه‌میدییه‌, وه‌ك كه‌س به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان, له‌ چه‌شنی جاشه‌ كورده‌كانی ئه‌نفال, له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بۆچونه‌ش جێگای ره‌زامه‌ندی به‌شێك له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان نه‌بێت, كه‌ خه‌ون به‌ خاكێكه‌وه‌ ده‌بینن به‌شێك له‌ دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌ هاونه‌ته‌وه‌ی ئه‌وانن قڕ كراون, واقعێك تازه‌ له‌سه‌ر زه‌وی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌, په‌رتووكه‌ مێژووییه‌كان ناتوانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن, چۆن ناسیۆنالستێكی كورد خه‌ون به‌ كورد بوونی شاری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌بینێت, به‌رده‌وام له‌ گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌ته‌ مێژوییه‌كاندایه‌, به‌ڵام ره‌قیبی به‌هێزی له‌مڕۆدا بۆ خاوه‌نداری شاره‌كه‌ بۆ په‌یدا بووه‌, بارودۆخ واقعێكی نوێی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌.

وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی كورد ده‌بێت دان به‌ حه‌قیقه‌تی یاسایی تاوانه‌كه‌ و راستی مێژویی تاوانه‌كان بنێت, وه‌ك چۆن ئێمه‌ داواده‌كه‌ین كه‌یسه‌كانی جینۆسایدمان به‌ جیهان بناسرێت, ئه‌وانیش مافی خۆیانه‌ داوامان لێبكه‌ن, هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كرد له‌ یادی 100 ساڵه‌ی تاوانه‌كه‌, 49 په‌رله‌مانتاری كوردستان دانیان نا به‌ حه‌قیقه‌تی یاسایی تاوانه‌كه‌ كه‌ جینۆسایده‌, شانازیشه‌ كه‌ من هه‌ڵمه‌ته‌كه‌م ئه‌نجامدا”, پێویستیشه‌ راستیه‌كان ده‌ربخرێن ئه‌و كورده‌ خۆفرۆشانه‌ی به‌شدار بوونه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ بناسرێن, ئه‌گه‌ر نه‌وه‌كانیشیان وه‌ك به‌شێك له‌ نه‌وه‌ی نازییه‌كان كه‌ داوای لێبوردن ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانی باو باپیرانیان, ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی مرۆڤدۆستانه‌یه‌, وه‌ پێویسته‌ ئه‌وانه‌ ئاماژه‌یان وه‌ك به‌شداربووی تاوان پێبدرێت, له‌ مێژوودا وه‌ك تاوانبار بناسرێن, ده‌بێت جێگاو رێگای مرۆڤه‌كان له‌ مێژوودا وه‌ك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سه‌رده‌می به‌ پیرۆزكردنی پاشا كۆره‌كان به‌ كۆتا گه‌یشتووه‌, ئێستا سه‌رده‌می دادگاییه‌كانی تاوانه‌كانی رابردووه‌ و داوای لێبوردنكردنه‌ له‌ دڕنده‌ییه‌كان نه‌وه‌كانی پێشوو, هه‌ڵته‌كاندنی نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌كان رابردووه‌, داڕشتنه‌وه‌یه‌تی له‌سه‌ر بنچینه‌ی مرۆڤایه‌تی, ئه‌وێ رۆژێ هه‌ندێك جه‌نگ به‌ پیرۆز ده‌زانرا, ئێستا به‌ پێی بنه‌ما كانی مافی مرۆڤ تاوانی قێزه‌ونن, تاوان پیرۆزی نه‌ماوه‌, به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ سارێژ بوونی برینه‌كانی رابردوو كه‌ زاده‌ی شه‌ڕه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بوونه‌, پێویسته‌ ئه‌وانیش دان بنێن به‌و پێشێلكاریانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كراوه‌, دوور له‌ دروستكردنی مێووی ساخته‌, خوێندنه‌وه‌ بۆ روداوه‌ تاڵه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ئاینه‌كان بكرێت, هه‌ر لایه‌نه‌ به‌ پێی به‌شی خۆی به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت.
به‌ پێی بۆچونی كوردبێت چه‌كدارانی كورد له‌ ریزی سوپای حه‌میدییه‌ رێژه‌یان له‌ نێوان 10 بۆ 15% بووه‌, وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دراوه‌:

“له‌مێژوودا ئه‌رمه‌نه‌كان چه‌ند جارێك كه‌وتونه‌ته‌ به‌رشاڵاوی له‌ناوبردن و جینۆسایدكردن كه‌دیارترینیان له‌ساڵی (1915) له‌لایه‌ن توركه‌ عوسمانیه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌. كورد هه‌رچه‌نده‌ خۆشی به‌رشاڵاوی له‌ناوبردن و جینۆساید كه‌وتووه‌، به‌ڵام تێوه‌گلاوه‌ له‌جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان به‌هۆی به‌كارهێنانیان وه‌كو جاش و به‌كرێگرته‌ له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ (نزیكه‌ی له‌%15 سواره‌ی حه‌میدیه‌ كورد بووه‌).هه‌رچه‌نده‌ كورد به‌تایبه‌تی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و په‌كه‌كه‌ چه‌ند جارێك داوای لێبوردنیان له‌ئه‌رمه‌نه‌كان كردووه‌،به‌ڵام ئه‌رمه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ئه‌رمینیا زۆر ده‌مارگیرو ڕه‌گه‌زپه‌رستن به‌رامبه‌ر به‌كورد- لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵنه‌دراوه‌كان هه‌ر جاره‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ك-ئه‌رمه‌نه‌كان و گوله‌نییه‌كان-ئاماده‌كردنی: مامۆستا پێشڕه‌و (پێشڕه‌و ئیسماعیل)” ,”سواره‌ی حه‌میدییه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1891به‌ فه‌رمانی سوڵتان پێكهێنرا له‌ (ئه‌لبان و چه‌ركه‌س و كورد) نه‌ك به‌ته‌نیا كورد، له‌ باسكردنی ژماه‌ی سواره‌ی حه‌میدیدا زۆر نووسه‌ر كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌ ده‌ڵێن: سواره‌ی حه‌میدی هه‌مووی كوردبوون، ئه‌مه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ توركه‌كان بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆبه‌رت ئۆڵسن باسیكردووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ژماره‌ی سه‌ربازی سواره‌ی حه‌میدی بریتیبوو له‌ (53) هه‌زار، محه‌ممه‌د ره‌سوڵ هاوار له‌كتێبه‌كه‌یدا (كورد و باكووری كوردستان به‌رگی یه‌كه‌م) ناوی نووسه‌رێك به‌ناوی (مه‌روان ئه‌لمده‌وه‌ر) دێنێت و ده‌ڵێت: نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كۆی ژماره‌ی كورد له‌ سواره‌ی حه‌میدی ته‌نها (10) هه‌زار كه‌سه‌ نه‌ك هه‌مووی كورد بووبن، ئه‌مه‌ش كه‌سانی ماستاوچی و به‌رتیلخۆری وه‌ك( ئاغا و ده‌ره‌به‌گی دژه‌ كورد و ئه‌رمه‌ن) ئه‌مانه‌ چه‌ند زیانیان به‌ ئه‌رمه‌ن گه‌یاند زۆر له‌وه‌زیاتر زیانیان به‌خودی كورده‌كان گه‌یاندووه‌،-په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌رمه‌ن-بێتاوانی كورد له‌ جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن-نووسینی: ئارام مه‌جید شه‌مێرانی”., ئه‌رمه‌نه‌كان بۆخۆشیان هه‌موو سواره‌ی حه‌میدییه‌ به‌ كورد نازانن, به‌ڵكه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌زانن له‌ناو پێكهاته‌كان, دان به‌وه‌شدا ده‌نێن ئه‌و هێزه‌ بۆ به‌ره‌و روبونه‌وه‌ی روسیا پێك هاتووه‌, به‌ تایبه‌ت له‌ جه‌رگه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا, نه‌ك بۆ گیان ئه‌وان, گوایه‌ له‌ كورد و چه‌ركه‌س و تورك و توركمان و قه‌ره‌ج پێك هاتووه‌, رۆڵیان زیاتر له‌ رۆڵی جانجویده‌كانی دارفۆر ده‌چێت”https://ar.wikipedia.org/wiki “., هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا تاوانی قێزه‌ونیان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سواره‌ی حه‌میدیه‌, به‌ڵام به‌شێوه‌ی سستامتیك وه‌ك بڕیارده‌ر كورده‌كان به‌شداریان نه‌كردووه‌ له‌ تاوانه‌كه‌, چونكه‌ ده‌وڵه‌تیان نه‌بووه‌ و بڕیار لای ئه‌وانه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌, ئه‌وه‌ی كراوه‌ وه‌ك نۆكه‌ری و به‌شداری بووه‌ له‌ تاوانه‌كه‌, یاخود له‌ ژێر كاریگه‌ری بیری ئاینیدا وه‌ك به‌شێك له‌ بڕیاره‌كانی خه‌لافه‌ت له‌ ئه‌ستانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌, كه‌ دواتر په‌لاماره‌كان سه‌رجه‌م كریستان و ئێزیدیه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌, بۆیه‌ تاك لایه‌نه‌ نابێت سه‌یری روداوه‌كان بكرێت.
نابێت هه‌ڵوێستی ناسیۆنالزمه‌ راستگه‌راكانی پۆڵه‌ندا و فه‌ره‌نساو …. هتد دوباره‌ بكرێته‌وه‌ له‌ نكۆڵیكردن, ده‌بێت به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ ئاماده‌ی دیالۆگ بین, له‌ كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین,” دامه‌زرێنه‌ری به‌ره‌ی نیشتمانی فه‌ره‌نسی نكۆڵی هۆلۆكۆست ده‌كات, ده‌ڵێت به‌ به‌شێك له‌ ورده‌كاری جه‌نگی جیهانی دووه‌می ده‌زانین, ته‌نانه‌ت له‌ یاداشته‌كانی به‌ توندی داكۆكی له‌ فلیپ بیتان سه‌رۆكی حكومه‌تی فیشی پاشكۆی هیتله‌ر ده‌كات له‌ فه‌ره‌نسا, حكومه‌تی راستگه‌رای پۆڵه‌نداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ هاوكارانی پۆڵه‌ندی نازیه‌كان به‌ هاوبه‌ش داده‌نێن له‌ تاوانی هۆلۆكۆست, ئه‌مه‌ش وه‌ك داكۆكیكردن له‌ كه‌رامه‌تی نیشتمانی ده‌زانن, ئه‌مه‌ بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبه‌شانی نازییه‌كانه‌ و داكۆكیه‌ له‌ هاوبه‌شانی تاوانه‌كانی نازیه‌كان, ده‌سه‌ڵاتی شاری سربرنیتشا به‌رزترین رێز لێنانی به‌خشی به‌ میلواراد دودیك سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای بۆسنه‌ كه‌ نكۆڵی كۆمه‌ڵكوژی سربرنیتشا ده‌كات, نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئاین په‌رستی ئه‌مانه‌ی ده‌وێت, له‌ كوردستانیش بهانه‌ بۆ تاوانه‌كانی پاشای كۆره‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێزیدییه‌كان, تاوان له‌ چ ژینگه‌و چوارچێوه‌ی به‌هانه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت تاوانه‌, دادپه‌روه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كان ده‌كات نه‌ك بهانه‌كان .
نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژه‌ دانه‌ به‌ تاوان به‌شێوه‌ی نه‌رم, مرۆڤایه‌تی رۆژ له‌ دوای رۆژ ده‌گات به‌ حه‌قیقه‌ته‌كانی ڕابردوو, سه‌رده‌می شاردنه‌وه‌ی زانیاری و حه‌قیقه‌ته‌كان به‌سه‌ر چووه‌, پیرۆز كردنی دڕنده‌یی له‌ هیچ چوارچێوه‌یه‌كی ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نه‌ماوه‌, بۆیه‌ رۆژێك زووتر دان نان به‌ حه‌قیقه‌ت ئارام به‌خشتره‌و جوانكردنی سیمای گه‌له‌, كریس ئه‌نده‌رسن سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری وایه‌رد ده‌ڵێت “زانیارییه‌ زۆرو زه‌به‌نه‌كان له‌ سه‌رده‌می ئه‌نته‌رنێت, هه‌موو راستیه‌كان ئاشكرا ده‌كات, پێویست به‌ زانست و تیۆری ناكات”, بۆیه‌ نكۆڵی كردن وه‌ك سه‌ركردنه‌ ژێر لمه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌نته‌رنێت و زانیارییه‌ بێ كۆتاكاندا.
نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئاین په‌رستی چاوی مرۆڤه‌كان له‌ ئاست دانان به‌ راستیه‌كان و حه‌قیقه‌تی مێژویی كوێر ده‌كات, مرۆڤایه‌تی له‌ بیركردنه‌وه‌دا ده‌كوژێت, هه‌ڵوه‌دای پاكیزه‌یی نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌, بۆیه‌ به‌ نه‌نگی ده‌زانێت دان به‌ ناشرینیه‌كان رابردوودا بنێت, مه‌لای خه‌تێكان تازه‌ پاكژ نابنه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر مێژووی كورددا به‌ گزگله‌كان.

سه‌یری هه‌ڵوێستی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربه‌ كراو به‌ ئاین بكه‌ن, بڕواننه‌ هه‌ڵوێسته‌ شه‌رمه‌زاریه‌كانیان نه‌ك له‌ شاری قۆنیای, بگره‌ له‌ لاهای و برۆكسل,له‌ 2ی حوزه‌یرانی 2016 دا, بۆندستاغی ئه‌ڵمانیا دانی نا به‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان, پێشتریش به‌لجیكا هه‌مان هه‌نگاوی نابوو, ئه‌وه‌ی لای من گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌ی دان نان به‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و به‌لجیكا, بۆچونی دوو په‌رله‌مانتاری توركه‌ له‌ په‌رله‌مانی ناوه‌ندی ئه‌ڵمانیاو په‌رله‌مانی هه‌رێمی برۆكسل له‌ به‌لجیكا, هه‌ردووك به‌ پاشناوی ئۆزده‌میر ناوه‌كانیان هاتووه‌, یه‌كیان پیاو چه‌پی ژینگه‌ پارێز و ئه‌وی دیكه‌ ژنی حیجاب نه‌ته‌وه‌یی ئیسلامی, هه‌ردوكیان له‌ دایك بووی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌ی رۆژئاوان, ئه‌م دوو ئۆزده‌میره‌ به‌ دوو هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن ده‌ناسرێنه‌وه‌, یه‌كیان پێشه‌نگ له‌ بواری ناساندنی, بیركردنه‌وه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالستانه‌, ئه‌وی دیكه‌ سه‌رسه‌خت له‌ ئاست ره‌تكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌كان, به‌ بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو وێنه‌ پڕ تاوانه‌ قێزه‌ون و ئێسك و پروسكه‌ هه‌ژێنه‌ره‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت و ئینكاری تاوان و عه‌داله‌ت و حه‌قیقه‌ت ده‌كات, چاو داده‌خات و كاروانی قوربانیه‌كان نابینێت.

جیم ئۆزده‌میر له‌ دایك بووی 21ی دیسه‌مبه‌ری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئه‌ڵمانیا, بنه‌چه‌ چه‌ركه‌سی توركیا, سه‌رۆكی لیستی سه‌وزه‌كان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا, كه‌ پێشتر له‌ ساڵی 2007 به‌ پێی بڕگه‌ی 301ی ده‌ستوری توركیا سزا درابوو, به‌ تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایه‌تی به‌ ناسنامه‌ی توركی) به‌ پێی یاساكه‌ تاوانه‌ دان به‌ كۆمه‌ڵكوژی له‌ توركیا بنرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ پۆڵه‌ندای ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌سه‌ندكرا, ج ئۆزده‌میرو و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی پارته‌كه‌ی تۆمه‌تباركران به‌ پێشێلكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ ده‌ستوری وڵات, به‌هۆی هه‌ڵوێستیانه‌وه‌ له‌ سه‌ر دۆزی ئه‌رمه‌ن و عه‌له‌ویه‌كان كه‌ هه‌یانبوو, كه‌ پێشتر به‌هه‌مان تاوان و پێشێلكردنی هه‌مان بڕگه‌ی ده‌ستوری توركیا نووسه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌رمه‌نی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هه‌ڵگری خه‌باتی نۆبڵی ئه‌ده‌ب به‌هه‌مان بڕگه‌ی ده‌ستور سزادراوه‌, واتا ئه‌وه‌ی جیناتی مرۆڤبوونی هه‌ڵگرتبێت ده‌بێت سزاكه‌ی بخوات, ج ئۆزده‌میر پارته‌كه‌ی به‌ بۆنه‌ی یادی 101 ساڵه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌وه‌ له‌ 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژه‌ی ناساندنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نیه‌كانی له‌ توركیا به‌ جینۆساید پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد, له‌ رۆژانی پێش ده‌نگدانه‌كه‌ جیم ئۆزده‌میر به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌ شێلگیرانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌, ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی توركه‌ ئیسلامی و ناسیۆنالیسته‌كان, لێ گوێی نه‌دا به‌ هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ وته‌كه‌یدا له‌ په‌رله‌مان له‌ چركه‌ ساتی پێش ده‌نگدانه‌كه‌ وتی: ( 80-90%ی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی ئه‌رمه‌ن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان له‌ناو براون له‌و تاوانه‌) هاوكات له‌ به‌شێكی دیكه‌ لێدوانه‌كه‌ی هه‌مان رۆژی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا وتی:

هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لانی ئه‌وروپا ئه‌نجامی داوه‌ ده‌بێت به‌ جینۆساید بناسرێت, ج ئۆزده‌میر له‌ درێژه‌ی بۆچونه‌كه‌یدا رایگه‌یاند گرنگه‌ دان به‌ رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی به‌ رابردووی خۆیه‌وه‌ بكات, ده‌بێت رابردوو قه‌بوڵ بكرێت وه‌ك خۆی.
ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ئه‌خلاقیانه‌یه‌ی ج ئۆزده‌میر به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵكوژی گه‌لێك كه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی ئه‌نجامی داوه‌, خاتوو ئۆزده‌میر له‌ دایك بووی 7ی دیسه‌مبه‌ری 1982ی شایربێكی به‌لجیكا, یه‌كه‌م په‌رله‌مانتاری حیجاب له‌سه‌ر له‌ ئه‌وروپا, په‌رله‌مانتار له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی برۆكسل له‌سه‌ر لیستی پارتی ناوه‌ندی دیموكراسی مرۆڤایه‌تی CDH هه‌ڵوێستێكی دژ به‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ج ئۆزده‌میر وه‌رده‌گرێت, نكۆڵی ته‌واو له‌ بوونی تاوانه‌كه‌ ده‌كات, ئه‌و له‌ یادی 100 ساڵه‌ی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌دا, له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ره‌تی كرده‌وه‌ وه‌ڵام به‌ پرسیاره‌كانی كه‌ناڵی ئاڕ تی ئێڵ بداته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ توركیا, له‌ به‌رواری 29ی ئایاری 2015 له‌ پارته‌كه‌ی ده‌ركرا, ئه‌مه‌ش روداوێكی گرنگ و هه‌نگاوێكی ئه‌خلاقیانه‌ی دڵخۆشكه‌ر بوو, لیژنه‌ی ئه‌خلاقی پارتی ناوبراو نای.

هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا له‌ رێكه‌وتی 24ی نیسانی 2015 كه‌ یادی 100 ساڵه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان, 6 په‌رله‌مانتاری به‌لجیكی به‌ ڕه‌گه‌ز تورك ئه‌و رۆژه‌ ئاماده‌ی په‌رله‌مان نه‌بوون, بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری نه‌كه‌ن له‌و خوله‌كه‌ بێده‌نگیه‌ی له‌ په‌رله‌مانی به‌لجیكا راگه‌یه‌نرا بۆ گیانی قوربانیانی ئه‌رمه‌نی له‌ یاداوه‌ری 100 ساڵه‌ی تاوانه‌كه‌, خۆیان له‌ دانیشتنه‌كه‌ دزییه‌وه‌, ئه‌مه‌ چ كارێكی نا ئه‌خلاقیانه‌یه‌, سه‌یر كه‌ن ئاین شه‌و رۆژ ئیدعای ره‌وشت ده‌كات, كه‌چی هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ فاكته‌ر بۆ كاری نا ئه‌خلاقانه‌, به‌ دوای ده‌ركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزده‌میر له‌ پارته‌كه‌ی, توركه‌ ئیسلامی و ناسیۆنالسته‌كان له‌ برۆكسل و ئه‌سته‌مبوڵ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیان بۆ پشتیوانیكردن له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردو وه‌ك قاره‌مان ناساندیان, ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆگان و كچه‌كه‌ی سومه‌یه‌ هاتنه‌ سه‌رخه‌ت به‌ توندی ره‌خنه‌یان له‌ ده‌ركردنی ناوبراو له‌ پارتی ناوه‌ندی دیموكراسی مرۆڤایه‌تی CDHگرت, خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر لافیته‌كانیان نوسیبوویان “ماهینۆر ئۆزده‌میر شه‌ره‌فمانه‌” شه‌ره‌ف لای ئه‌وان داكۆكیكردنه‌ له‌ دڕنده‌ییه‌كانی رابردوو و غروری نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ به‌رواری 22ی شوباتی 2018, په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا به‌ زۆرینه‌ی 142 ده‌نگ له‌ كۆی 150 ده‌نگ, بڕیاری به‌ جینۆساید ناسینی كه‌یسی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نی دا, هاوكات بڕیاری دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ند 5 ساڵ جارێك به‌شداری مه‌راسیمی ساڵوه‌گه‌ڕی تاوانه‌كه‌ بكات, له‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ 3 په‌رله‌مانتار دژ به‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌, ئه‌وانیش هه‌ر سێكیان به‌ ره‌گه‌ز تورك بوون” Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk” له‌ پارتی ” DENK “, , له‌ كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی به‌ چه‌پ و سۆسیال دیموكرات ده‌زانێت و له‌ 9ی فیبریوه‌ری 2015 له‌ پارتی كاری هۆڵه‌ندی جیابوه‌وه‌, سه‌رجه‌م چه‌په‌كانی دی ناو په‌رله‌مان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ بوو بۆ بڕیاره‌كه‌, ئه‌م به‌ناو سۆسیال دیمكراتانه‌ وابن, ئه‌دی ده‌بێت هه‌ڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیه‌كان چۆن بێت؟.
نموونه‌ جوانه‌كانیش هه‌ن وه‌ك ئاماژه‌مان به‌ هه‌ندێكین كرد, دنیا هه‌مووی روه‌ تاریكه‌كه‌ نییه‌, ئه‌گه‌ر كه‌مینه‌ش بن, وه‌لێ به‌ڵگه‌و داكۆكیه‌كانیان ده‌رخه‌ری راستیه‌كان و دادپه‌روه‌رییه‌, نموونه‌یه‌كی دی له‌و جوانیانه‌ هه‌یه‌, له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2020 سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ده‌ستخۆشی له‌ تانه‌ر ئه‌كچام مێژووناسی تورك كرد, كه‌ له‌ په‌رتوكێكدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لماندویه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی فه‌رمانی دابوو به‌ جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان”, ئیمانۆئێل ماكرۆن وتی:” په‌رتوكه‌كه‌ی ئه‌كچام دانپـیادانانێكی زانستیانه‌یه‌ به‌و تاوانه‌ كه‌ به‌ ڕێكخراوه‌یی ئه‌نجام درابوو، وه‌ ئه‌و ڕاستیانه‌ی ئاشكراكرد كه‌ هه‌ندێك ده‌یانویست ونی بكه‌ن و نكۆڵی له‌ مێژوو بكه‌ن, مێژوو له‌سه‌ر بنه‌مای درۆ نانووسرێته‌وه‌.” ئه‌نجومه‌نی ئه‌رمه‌نه‌كان CCAF له‌ میانه‌ی كۆنگره‌كه‌ مه‌دالیای ئازایه‌تیـیان به‌خشیـیه‌ تانه‌ر ئه‌كچام.

پرۆفیسۆر تانه‌ر ئه‌كچام زیاتر له‌ 35 ساڵه‌ له‌سه‌ر پرسی جینۆساید كاره‌ كات, مێژوونووس و سۆسۆلیجسته‌, له‌ زانكۆی كلارك له‌ ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كات, توێژه‌ری باڵایه‌ له‌ سه‌نته‌ری هۆلۆكۆست, دوو په‌رتوكی له‌سه‌ر جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن نووسیووه‌ ” اوامر قتل و الفعل المشین ”, بابه‌تی له‌سه‌ر جینۆسایدی كوردیش هه‌یه‌, دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ تاكه‌ رێگای دوباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی جینۆسایدی كورد ده‌زانێت, هاوكات 9 ساڵ له‌ زیندانه‌كانی توركیا بووه‌ به‌ تۆمه‌تی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری لاوانی شۆڕشگێڕی چه‌پگه‌را.
رۆژی سێشه‌مه‌ به‌رواری 17ی یه‌نایه‌ری 2018, په‌رله‌مانی ئه‌رمینیا دانی نا به‌ جینۆسایدی ئێزیدیه‌كان, ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ بكرێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دان نان به‌ حه‌قیقه‌ته‌كانی رابردوو و سارێژ كردنه‌وه‌ی برینه‌ قوله‌كان, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان بۆچوونی تایبه‌تیان له‌سه‌ر دۆزی ئێزیدی هه‌یه‌و دای ده‌ بڕن له‌ كۆی گه‌لی كورد.

له‌ كۆتادا ده‌ڵێم ئایا ده‌مانه‌وێت ببین به‌ ئیسماعیل بێشكچی و هادی عه‌له‌وی و كازم حه‌بیب و ئه‌حمه‌د تورك و ئه‌حمه‌د ئاڵتان و تانه‌ر ئه‌كچام و ئۆرهان بامووك و …., یان باخچه‌لی و میشل عه‌فله‌ق…..و نموونه‌كانیان, مێژوو پڕه‌ له‌ هه‌ڵوێستی به‌شی دووه‌م, وه‌لێ داهاتوو بۆ نموونه‌ دگمه‌نه‌كانی به‌شی یه‌كه‌مه‌, له‌ كردنه‌وه‌ی گرێكانی گرێ كوێره‌كانی مێژوو, زۆر له‌ مرۆڤه‌ موقه‌ده‌سه‌كانی رابردوو وردو خاش ده‌كات, مرۆڤه‌ پیرۆزه‌كانی رابردوو زۆریان وه‌ك پاشای كۆره‌ له‌ ئاست گه‌وره‌یی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدیه‌كان له‌ پیرۆزی داده‌ماڵرێن و چاوه‌ڕوانی دادگایی مێژوو ده‌كه‌ن, بۆیه‌ با چاوه‌ڕوان بین مێژوو خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی بۆ بكرێت و سه‌رله‌نوێ بنووسرێته‌وه‌, با ئێمه‌ش بچینه‌ پاڵ ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ی دانیان ناوه‌ به‌ جینۆسایدی هۆلۆكۆست و ئه‌رمه‌نه‌كاندا, نكۆڵی له‌وتاوانانه‌ سزا بدرێن, گوڵ هه‌ر له‌وێیه‌ با سه‌مای بۆ بكه‌ین, وه‌لێ ئه‌سته‌مه‌ جارێ بتوانین, چونكه‌ تا هه‌نووكه‌ نكۆڵیكردن له‌ جینۆسایدی ئه‌نفال و ئێزیدی و بارزانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاساییه‌ له‌ كوردستان.

سه‌رچاوه‌كان :
1- https://muslims-res.com/%D9%82%D8%B6%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B1%D9%85%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D8%AA%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%83%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%84%D8%B7%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D8%A8%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AD/
2- 2https://www.turkpress.co/node/58066
3- 3- https://www.facebook.com/soran.khedri/posts/10158337404797318
4- https://wikiwic.com/%D9%85%D8%AF%D9%8A%D9%86%D8%A9-%D8%A8%D8%AA%D9%84%D9%8A%D8%B3-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7/
5- https://tr.wikipedia.org/wiki/Bitlis_(il)
6- https://www.peyserpress.com/detail/3811

مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی روسدا‌
پەیسەر
نووسینی: ئەسعەد رەشیدی
وەرگێڕانی: شەهرام عەبدوڵڵا

كۆمه‌ڵێك لینكی دیكه‌ بۆ ئاگادار بوون له‌م هه‌وڵه‌ی حكومه‌تی توركیا بۆ تێوه‌ گلانی كورد https://www.facebook.com/Turkey.Ottomany.Kurdish/photos/242515084202953 https://www.facebook.com/Turkey.Ottomany.Kurdish/photos/242832900837838
https://tr.agency/news-95194
https://www.youtube.com/watch?v=LKP2grda5uU