گۆرانی بیللاچاو-ماڵئاوا خۆشەویستم.. و: ئاسۆ حامدی

(بۆ گیانی پیرۆزی گۆرانیبێژ؛ میلفا کە گۆرانی بێژێکی ئیتالیایە ولە 17 ی تەموزی 1939 لە دایک بووە و لە 24 نیسانی 2021 لە میلان کۆچی دوایی کردووە، بە گۆرانبێژە سوورەکە ناسراوە، تێکستی ئەم گۆرانیە، لا کاسۆ دە پاپیلە، من هەوڵمداوە ئەم گۆرانیە لە زمانی هۆلەندی بە هەمان ئاوازی میلفا بۆ زمانی کوردی وەربگیڕم ، هەروەها لەگەل وەرگێرە عەرەبیەکە و تورکیەکەی تیپی مۆزیکی یۆریوم بەراوورد کردووە- بۆ خۆی گۆرانیەکەیە بیللاچاو _ ماڵئاوا خۆشەویستم وە چاو یانی سڵاو هەروەکو خۆی بەکارم هێناوە). (ئەم تێکست و گۆرانیە پێشکەشە بە خەباتگێڕانی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی – گریلاکانی سەرچیا و شەڕڤانان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئەوانەی دژی فاشیزم دەجەنگن جا لە هەر حزب و ڕێکخراوەیەدا بن).

ئەو بەیانیە ، کە لە خەو هەڵسام
ئۆ بیللاچاو، بیللا چاو، چاو، چاو
بینیم داگیرکەر
لەشاری داگیرکراومە
وە من وادەبینم ، کە چەندە پێویستە
ئەی پارتیزان، لەگەڵ خۆت بمبە
بیلاچاو ، بیللاچاو، چاو ، چاو
چونکە من هەستیكم هەیە
لە مردن نزیک دەبمەوە
وەئەگەر من شەهید بووم ، وەک پارتیزانێ
ئۆ، بیللاچاو، بیللاچاو، چاو ، چاو
وە ئەگەر من شەهیدبووم وەک پارتیزانێ
پێویستە، بمنێژی
لە گۆڕێکی سەرلوتکەی چیاکان
ئۆ، بیللاچاو، بیللاچاو، چاو ، چاو
لە گۆڕێکی سەرلوتکەی چیاکاندا
لە سێبەری گوڵێکی جواندا
دوای کە خەڵک، بەوێدا تێپەڕدەبن
ئۆ، بیللاچاو، بیللاچاو، چاو ، چاو
هەموو ئەوانەی لە وێدا تێپەڕدەبن
دەڵێن، ئەو گوڵە چەندە جوانە
ئەم گوڵە، گوڵی خەباتگێڕانە
ئۆ، بیللاچاو، بیللاچاو، چاو ، چاو
ئەم گوڵە گوڵی خەباتگێرانە
کە بۆ ئازادی گیانی بەخشیووە
پێیان بڵێ؛
ئەمە گوڵی شەهیدە
ئۆ، بیللاچاو، بیللاچاو، چاو ، چاو

ئاسۆ حامدی

هۆلەندا 25 نیسانی 2021

لینکی گۆرانیەکە ئەسلیەکە؛

Milva – Bella ciao – YouTube
گۆرانیەکەی تیپی مۆزیکی یۆریوم بە زمانی تورکی؛
Grup Yorum – Bella Ciao (Live in Istanbul-12 June 2010 ) with lyrics – YouTube




چاپکراوەی نوێ/ فەلسەفاندنی پەتا.. نووسینی: ئازاد حەمە

فەلسەفەکان کۆڤید-١٩

ئەم کتێبە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتار. کۆڤید -١٩ و دیدی فەیلەسوفەکان.

ئەم کتێبە لە ئێستادا لەدەزگای جەمال عیرفان دەستدەکەوێت لەم ناو نیشانەی خوارەوە:

شەقامی سالم – بەرامبەر قەیوان تاوەر
یان لە ڕێگەی پەیجی سەرەکی چاپخانەی جەمال عیرفان ەوە دەتوانن داوایبکەن. گەیاندنیان هەیە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان.




دەرەوە ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام!.. نووری بێخاڵی

لە باخچە پڕ درەخت و گوڵەکەی کۆڵانی پشتەوە،
منداڵەکان بە جلی ئاڵوواڵا یاریی دەکەن
بۆ ئەوەی خەمی نەگەڕانەوەی باوکیان لەبیر بکەن،
دایکەکانیان ناردوویاننەتە کۆڵان

ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکە،
هەر یەکەو بە ڕەنگی خەونێکەوە ڕێ دەکات
کەچی لە ڕووخساریاندا، ڕەنگی ماندووێتی و بێهوودەیی دەبریسکێتەوە

ژنێک کە کراسێکی گوڵگوڵیی پۆشیوە،
دەستی کچەکەی گرتووە، تەنوورەکەی لە ڕەنگی کراسی دایکی دەکات
تا کەس لە پشتی ئەو گوڵڕەنگییەیان، ڕەنگی غەمگینی ئاوارەییان نەبینێت

پیاوێک بە کراسێکی شین و بۆینباخێکی سووری تۆخ و چاکەتێکی نیلی
بە نیگەرانیێک کە وەک لۆچ بەنێوچەوانییەوە دیارە
جانتایەکی ڕەشی سەفەر،
بەرەو گەشتێکی تاریک، بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت

کوڕە گەنجێک بە ملپێچێکی سوور و پرچێکی برنج و ماشیی،
کە وێدەچێ بەدبەختیی ڕژابێتەوە پرچییەوە
بێتاقەت بەو ناوەدا دێت و دەچێت

کچێکی گەنج، کە ڕەنگی پێستەکەی بڕۆنزی و
ڕەنگی لێوەکانی و قایشی کەمەری، یەک ڕەنگن،
سوور، سوورێکی کاڵ
قوومی قووڵ لە جگەرە دەدات و
ئەو ناوەی لە دووکەڵی هەناسەساردیی قانگ داوە

لەسەر بانی دراوسێکەمان،
پەتێک بۆ جل وشککردنەوە ڕاکێشراوە
هەرچی ڕەنگی جلە،
لە سوور و زەرد،
سپی و ئاسمانیی
لە نارنجی و وەنەوشەیی،
قاوەیی و قەزوانیی
لە سەوز و زەیتوونیی،
مۆر و ئەرخەوانیی
لە شیریی و شین و پیرۆزەیی
بە پەتەکەوە هەڵواسراون و
ئێوارەکەی ژنێکی سەرتاپا ڕەشپۆش،
جلەکان کە خۆر چۆڕی تەڕێتیی تێنەهێشتوون، کۆدەکاتەوە

سەیرە،
دەرەوە پڕە لە ڕەنگ، بەڵام بەبێ ژیان!




لەیادی 24/4 قەڵادزێدا دوای 47 ساڵ قەڵادزێ وێرانەیە “…شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لەو ڕۆ‌ژ‌‌‌گارەوەی کە دەستی داگیرکاری لە گەردنی دانیشتوانی شاری ‌قەڵادزێی قەڵای شٶڕش و بەرخودانی دوورخرایەوە شار بە گشتی سیما و ڕوخسارێکی کوردایەتی وەرگرتبوو، زەردەی خۆرەتاویش هێدی هێدی لە ئاسمانی دا دەردەکەوت و شەوە زەنگ و تاریکیش کە لە سایەی سیستمێکی داگیرکاریدا دەخوڵقێت لە پاشە کشەی بەردەوامدا بوو، وە لەو سەردەمەشدا کە شاری قەڵادزێ ببوە خوێندنگەیەک و نێڵەی دەدا بە ‌‌‌ حەماسەتی گەنجان و وانەی خۆڕاگری و نیشتیمان پەروەری و بە گژداهاتنەوەی ستەم و ‌ئازاری نەتەوەیی تیایدا ئەگوترایەوە.

ئا لە و ڕۆژگارەدا بوو کە ڕژێمی بەعس لە هەوڵی داڕشتنی پیلانێک دا بوو بۆ لە ناوبردنی ئەو ڕەوشە ئەرێنییەی کە لە سایەی ئازادی دا بۆ شاری قەڵادزێ ڕەخسا بوو، ‌‌چونکە ئەم ڕژێمە ساتێک ئازادی بۆ هیچ تاکێکی کورد بە ڕەوا نە دەبینی هەر بۆیە بینا لە سەر ئەم حەقیقەتە بۆ سەرخستنی پیلانەکەی لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا (٤/٢٤) بەر لە چل و حەوت بەهار لە مەو بەر ڕژێم ڕەقی توڕەیی و داخ لە دڵی چەندین ساڵەی خۆی بە سەر دانیشتوانی سیڤێلی ئەم شاردا ڕشت، شاری کردە تاقیگەیەک و سامناکترین و قەدە‌غەکراوترین چەکی نێودەوڵەتی کە بە بۆمبای ناپاڵم ناسراوە لەم شارەی تاقی کردەوە و بەوەش لە ڕۆژگارێکی چەند چرکەی قیاسی کەمدا لە ڕێگەی پۆلێک فڕۆکەی مۆدێرن بە تەکنەلۆژیای سەربازی سۆڤیەتی ئەو کات چەند بۆمبایەکی ناپاڵمی بە سەر شارو گوڵە تازە شکۆفەکەکراوەکەیدا (زانکۆ) باراندوو بەمەش شار و ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵگایەک کە زانکۆیە ئەنجام (٤/٢٤) ئەقڵیەتی زانستخوازنەی مرۆڤی کوردی ئاوێزانی بۆنی بارووت و خەڵتانی خوێن کرد، وە ئاسمانە شین و ساماڵەکەی ئاوێتەی چڕە دووکەڵ کرد.

کە بەرئەنجامی ئەم پڕۆسێسەش وەک دیارە سەرباری شەهید بوون و برینداربوونی پۆلێک لە خەڵکی شارو خوێندکارانی زانکۆ بوو، هەر بۆیە لەم کوڵاو ڕۆژنەوە ئەم جەنگە هەر تەنیا جەنگێک نەبوو دژ بە کوردایەتی بەڵکو جەنگێک بوو دژ بە زانست و مە‌‌عریفە و ئەکادیمیەت ، هەر بۆیە ئەمڕۆکە یادی تێپەڕینی (چل و حەوت ساڵ) بە سەر ئەم ترادیژیا ئامێزە دەکەینەوە دە کرێت کە یادی ئەم ساڵمان بە وێنەی ساڵانی پێشوو هەر یادێکی ڕۆتینی نەبێت، بەڵکو پێویستە ئەم ساڵ لە چوارچێوەی ئەم میکانیزمە سواوەی ڕابردوو دەربچێت و یادکردنەوەکە چوارچێوەیەکی کرداری پێ بدەین بەوەی کە:

‌حزب و حکومەت هەنگاوی کردارەکی بهاوێژێ بۆ زیاتر زیندو ڕاگرتنی کارەساتەکەو شادکردنی گیانی پاکی شەهیدانی شارو زانست، کە ئەم هەنگاوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بەوە هەیە کە بوجەیەکی زیاتر لەوەی ئەمڕۆ بۆ شاری قەڵادزێ تەرخان بکرێ بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کاراتر لە ئەمڕۆ بینا بکرێن و چیتر شار بە دەست ئاسەواری کاولکاری ڕاگواستن نەمێنێتەوەو شار سیمایەکی شارستانی بەر لە ڕاگواستن وەربگرێتەوە ، وە لەسەر ئاستی زانستیشدا کۆلێژی زمان کە ئەمڕۆ دەستە خوشکی زانکۆی شەهیدی دوێنێیە پێویستە حکومەتی هەرێم و خوێندنی باڵا ئاوڕێکی جددی تر لەم سەنتەرە ئەکادیمیە بداتەوە ئەویش لە ڕێگەی فراوانکردنی زیاتری بەشەکانی.




هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی

10
ئارەزوومە جەنگی عەشقت لەگەڵ بکەم
ئارەزوومە تێڕوانینەکانت
لێوانلێو بکەم لە وێنە فەنتازییەکانی خۆم
پرچی ژاکاوت
بە پەنجەی ناسکی شیعرە دڵتەڕەکانم شانە بکەم
تووڕەییەکانت
بە ئاگربەستی ماچە شیلکییەکانم ئارام بکەمەوە
دڵڕەقییەکانت
لەبەر پێی غرووری تێکشکاوم بچەمێنمەوە
هەرەسەکانت
لە جەنگی عەشقما میدالیای ئازایەتی بکەنە مل
رابردووت بدەم بە دەم رووباری ئێستا و
ساتە رۆمانسییەکانمەوە
خەمۆکی و تۆرانەکانت
بۆ بخەمە نێو سەبەتەی گەشبینیمەوە
ژوورە چۆڵەکەت پڕ بکەم
لە جریوە جریوی خۆشەویستی
چڵکی مەنفاکەت
بە ئاوی شیرینی نیشتمانی زامدارم بشۆمەوە
واقیعی بریندار و تاڵت
بخەمە گیرفانە بەتاڵەکانی دڵخۆشیمەوە
یادگارییەکانت
لە ئەلبوومی رەنگاورەنگی ئایندەمدا هەڵبگرم
زەردەخەنەی منداڵیت
لە حەسرەتەکانی ژواندا بۆ بگەڕێنمەوە
لە دەریای عەشقیشتا
بە دوای کەشتی وێڵی دڵما بگەڕێم
11
بێزاریی دەستی ناوەتەوە بینەقاقام
مەعشووقێک نییە دەستی لە گەردنم بکاتەوە
غوربەت بەردی بێڕەحمی ئەگرێتە شووشەی رۆحم
مەعشووقێک نەبوو وردوخاشبوونم کۆبکاتەوە
ئاگری مەرگ ئاوریشمی ژیانم ئەسووتێنێ
مەعشووقێک نەهات حەیرانێ بۆ سووتانم بڵێ
مێژوو لەنێو تەمی خۆیدا ونم ئەکات
مەعشووقێک نەهات
لاپەڕە تۆزلێنیشتووەکانم هەڵداتەوە
ژیان خەنجەرێکە لەسەد لاوە برینداری کردووم
مەعشووقێک نەبوو
خوێنی رژاوم بکاتە خەنەی پەنچەکانی
تاریکیی وەک ئەختەبووت
شاڵاو بۆ چاوەکانم ئەهێنێ
مەعشووقێک نییە دەستم بگرێ
بۆ سەر پلیکانەکانی پەلکەزێڕینە
نیشتمان هەموو دەرگاکانی خۆیم لێ قفڵ ئەدات
مەعشووقێک نەهات
کلیلی نیشتمانی ئامێزیم بداتە دەست
باهۆزی خۆکوشتن
چرای شیعرەکانم ئەکوژێنێتەوە
مەعشووقێک نییە
لە ئەشکەوتی مەراقدا دەرمبهێنێ
ئەهریمەن پلانی سەفەرێکی هەتاهەتاییم بۆ دائەڕێژێ
مەعشوقێک نەبوو
بە فریشتەی ژیانەوەم بناسێنێ
بیابان لە وشکی هەناسەکانی خۆیدا ئەمخنکێنێ
مەعشووقێک نەهات
تاکو ماڵی ئاو چاوساغم بێت
12
خەڵکی وڵاتی عەشق و
شاری فرمێسکە رەنگینەکانم
چامەیەکی گرینۆکم بڕیار بوو
شێرکۆ بێکەس بمنووسێتەوە
چیرۆکێکی ئەفسووناویم
لە پێنووسەکەی مارکیز بوومەتەوە
رۆمانێکی سەرەڕۆم
لە دەستنووسەکانی کافکادا ون بووم
پیرە پاڵەوانێکم
لە شانۆنامەکانی شکسپیردا ئەبینرێم
داستانێکی خەمگینم
لە خەیاڵەکانی گۆتەدا لەدایک بووم
کتێبخانەیەکی سەرهەڵگرتووم
نازم حیکمەت نازم هەڵئەگرێ
عاشقێکی پەڕوباڵکراوم
لە شیعرەکانی قەبانی دا دەکەومەوە باڵەفڕێ
سەرخۆشێکی بێ نەوام
برێخت ئەمخاتە سەر تەختی شانۆ
زامێکی ساڕێژنەبووی دێرینم
حەزرەتی نالی دێڕ دێڕ ئەمهۆنێتەوە
شەقامێکی چۆڵی کەساسم
مایرهۆڵد ئەمکاتە سیناریۆ
دەروێشێکم لەسەر تەریقەتی یار
حەلاج ئەمهێنێتە گۆ
شێتێکم بێ خانە لە ژیان
سلڤادۆر دالی ئەمنەخشێنێ بە تابلۆ
شاخێکی بەفرینم
تەنها پامۆک لە زمانی توانەوەم تێئەگات
مەسیحێکی لەچوارمێخە دراوم
ئۆگەستین خەونم ئەخوێنێتەوە
کوڕی دایکێکی دڵ هەڵقرچاوم
تەنها گۆرکی چاک ئەمناسێتەوە
پادشای تەختی کوێرەوەریم
ساراماگۆ شەونخونیم بەدیارەوە ئەکێشێ
نامۆیەکی وێڵم، ئەوە ئەلبێر کامۆیە
لە رۆحی مۆرسۆدا ئەمدۆزێتەوە
زۆربایەکی سەرگەردانم
پەڕەمووچی کازانتزاکیس خۆشەویستی کردم
کوڕەی پرتەقاڵم
یوستان گاردەر نهێنییەکانی شاردوومەتەوە
ئەڵماسێکی فەرامۆشکراوم
خواوەندی ئەڤینداریی هەڵمئەگرێتەوە
13
غوربەتەکەی ناخم کتێبێکە
وێرانبوونی پیاوێکی ئاوریشمی تیا بخوێنەوە
پەیڤە تەڕەکانم ئاوێنەیەکە
وشکبوونی گەڵا رەنگاورەنگەکانی وجودمی تیا ببینەوە
ئەو چەمە لێڵەی ژیان لیتاوێکە
تەرمی بەرائەتە کوژراوەکانمی لەسەر هەڵگرەوە
هەناسە گەرمەکانی هاوین گڕەیەکە
لە دەربەندی حوزنە ئەبەدییەکانمەوە هەڵدەکا
ئەو هەموو دیوانە شیعرە بورکانێکە
ئیلهام لە تاڵیی پەژارەکانی منەوە وەرئەگرێ
ئەو هەموو تەنهاییە زارۆیەکە
لەسەر پشتی ساتە تۆراوەکانم کەوتۆتە گاگۆڵکێ
ئەو بۆنە خۆشەی هەناسەت عەترێکە
لەو کاتەی سەرت ئەنێی بە دڵمەوە تک تک ئەڕژێ
هاژە هاژی تاڤگەی هەناوم تامەزرۆییەکە
لەنێو هەموو شاخوێنبەرەکانمەوە بەرەو لای تۆ دێ
ئەو هەموو توانەوەیە رێنیشاندەرێکە
رێگەی مەیخانەی چاوەکانتم پێ ئەبڕێ
ئەو هەموو قەسیدە تەڕ و پاراوە تلانەوەیەکە
لە باوەشی خەزان و رۆژانی بێ تۆیدا ئەسرەوێ
ئەو دوو جۆگەیەی چاوەکانم بارانێکە
لەگەڵ وتنی “خۆشم ئەوێی”دا بەلێزمە دائەبارێ


سوێد – ستۆکهۆڵم
2017




“بارهەڵگریی زێڕ” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” نمایش دەکرێت.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی”، لە نووسینی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی”، کە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” Arthood لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە نمایشی نزیک بە 100 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز” Kazım Öz، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای” Veysi Altay، بەشی “کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان”، بەشی “ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان”، بەشی “منداڵان لە فیلمدا”، بەشی “ژنان لە فیلمدا”، بەشی “جەژنی کەلتووری”، بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی”، بەشی “خەبات درێژەی هەیە”، بەشی “ئەوپەڕیی سنوورەکان”، بەشی “شەڕ لەسەر پەردەی سینەما”، بەشی “چیرۆکەکان لە تاراوگە” و هەروەها بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی” و بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

لە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”دا کە کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئێران، لەوانە؛ خاتوو “ژاڵە سامتی”، ئەکتەری ناوداری کورد “سەعید ئاقاخانی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “لوتفوڵڵا سەیفی”، “حەسەن زاهیدی”، “داوود محەمەدئابادی”، “عەلیڕەزا مێهران”، “ئومید ڕووحانی”، “محەمەد فەراهانی”، “مەحموود شەفیع خانی”، “ڕەزا شەفیع خانی” و “ئەمین فەرزانە” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، یەکەمین جار لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێران بوو.

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی کوردیی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و … لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

“توورەج ئەسڵانی” بە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “ڕەوتە نوێیەکان New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، به‌شداریی کرد و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای کیشوه‌ری ئاسیا بوو و بۆ ده‌رهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent  بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان و هه‌روه‌ها خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستانی بەدەستهێناوە. 

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بریتین له:

دەرهێنەر: توورج ئەسڵانی، نووسەرانی سیناریۆ: توورج ئەسڵانی و هادی نادی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: حەسەن ئەسڵانی، دیزاینی دەنگ: عەلی عەلەوەیان، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر و حەمید عەلیقولیان، دەنگهەڵگر: محەمەد ساڵحی، موزیک: مەسعوود سەخاوەت دووست، بەرپرسی بەرهەم: سەعید هاشمی، دیزاینی دیکۆر و جلووبەرگ: مەجید عەلی ئیسلام، میکیاج: ڕەزا عەڕەبی، دانانی سەرمایە: فریشتە جوغەتایی و توورج ئەسڵانی، بەرنامەداڕێژ: عەقیل تەقی زادە، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی و مەنووجێهر جیهانی و بەرهەمهێنەر: توورج ئەسڵانی.

بۆ زانیاریی زیاتر: 

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/gold-runner/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”.