گرێی دەروونی لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری..1.. گۆران سەباح

باسی یەکەم

بەرکوڵ
لەوەتەی لە ئەمریکا گەڕاومەتەوە، چەند هەوڵێکم داوە لە بواری نووسین و ئەدەبدا. یەک لەوانە پاکێجێکە؛ لە سێ بەش پێک دێت. یەکەم، بڵاوکردنەوەی دە باسی تێروتەسەل لەسەر چۆنێتیی نووسینی خەیاڵی زانستی (لە زەمەن پرێس بڵاوم کردنەوە)؛ دووەم، نووسینی خەزێک (مرۆڤی هەرزان)؛ سێیەم دوو بەشە؛ یەکەم، جێبەجێکردنی تیۆرەیلی ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر ڕۆمانەکە. تیۆری یەکەم دەروونشیکارییە. پاشان تیۆری ڕەخنەیی مارکسی، فێمنیستی، تیۆری ڕەخنەی نوێ، ڕەخنەی وەڵامی خوێنەر، سترەکچورالیست، دیکۆنستڕەکتیڤ، ڕەخنەی نوێی کولتوری و مێژوویی، پۆستکۆلۆنیال. دووەم، خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەپێی تێڕوانین و هزری بیرمەندانی خۆماڵی.

بۆ ئەم هەوڵە؟
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ سێ مەبەستی سەرەکی: یەک، پڕکردنەوەی کەلێنێک لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دوو، شکاندنی ئەو پرسە باوەی گۆیا نووسەر ناتوانێت لەسەر ڕۆمانەکەی بنووسێت. سێ، خوێندنەوەی ڕۆمانی کوردی بەپێی ئەو تیۆرە ڕەخنەییانە کەم و کز و کاڵ و کڵۆڵە. ئەمە هەنگاوی یەکەمە، هیوادارم دەیان ڕەخنەدۆز دروست بن و سوود لەم نووسینە وەرگرن و پەرە بە بواری ڕەخنەی ئەدەبی بدەن.

تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری
خوێندنەوەی دەق بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری پێویستی بە چوار ڕەهەند هەیە. یەک، ژیان و ڕەهەندی دەروونیی نووسەر. دوو، ناوەڕۆکی دەقەکە و پاڵنەر و لایەنی دەروونیی کارەکتەرەکان. سێ، شیکردنەوەی پێکهاتەی هونەریی دەق. چوار، ڕەهەندی دەروونیی خوێنەر. وا لە خوارەوە، بەپێی توانا، هەر یەکەیان لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا جێبەجێ دەکەم.

ژیان و ڕەهەندیی دەروونیی نووسەر
باکگراوندی نووسەر لە نێو بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و ئامادەیە. ماری بۆناپارت تۆژینەوەیەکی دەروونشیکاری لەسەر شیعر و چیرۆکەکانی ئێدگار ئالان پۆ کرد. گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حەزی شادبوونەوە بە دایکی لە پشت هەموو بەرهەکانیەتی چونکە ئێدگار سێ ساڵان بوو کاتێ دایکی مرد (ماری، ١٩٤٩).
بەپێی تیۆری دەروونشیکاری، دەقی ئەدەبی دەربڕی نهێنی و ئارەزوو و دڵەڕاوکەی نووسەرەکەیە (لۆیس، ٢٠١٥). ڕاڤەی دەروونی نووسەر لەسەر دەق کۆنە. ڕەخنەی نوێ پێوەندی بە نووسەرەکە و لایەنی دەروونییەوە نییە، بەڵام ئەم نووسینە باسی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکارییە. مەبەست لێرە گێڕانەوەی ژیانی نووسەر نییە، بگرە ڕۆچوونە بە نێو هەندێ وێستگەی دەروونیی نووسەر، ئەو وێستگانەی پێوەندییان بە دەقەکەوە هەیە.
هەندێ لە گرێیە دەروونییەکانم ڕاستەوخۆ کاریان کردووەتە سەر مرۆڤی هەرزان. هەر ئەو گرێیانەش بوونە هۆی لەدایکبوونی ڕۆمانەکە.

گرێی یەکەم: هەستی بەراوردکاری
ئەزموونی ژیانم لە ڕۆژئاوا و کوردستان وای لێ کردووم بەردەوام ئێرە و ئەوێ بەراورد بکەم. کاتێ لە ئەمریکا نان دەکڕم، بەراوردی دەکەم بە نانی کوردی: جۆری نانەکە، تامی نانەکە، نرخی نانەکە، شێوازی دروستکردنی، خاوێنی. کاتێکیش لە کوردستان نان دەکڕم، هەمان تاسانە، لێرە سڕەکەشی بۆ زیاد دەبێت. هەر تەنیا سڕە نییە، چۆنێتیی سڕەکە و خەڵکەکە و شوێنەکە و هتد.
ئازاری هەستی بەراوردکاریم بەسوێترە کاتێ دێمە سەر نووسین و زمان و ئەدەب. بە هۆردوو زمان دەنووسم، ئینگلیزی و کوردی. خەم دەخۆم کاتێ دەبینم کورد زمانێکی ستانداردی نییە و ئینگلیز هەیەتی. گۆج دەبم کاتێ حاڵی ڕۆمان لێرە و لەوێ دەبینم. کوێر دەبم ئەو هەموو خەزە دەبینم لەوێ، ئێمەش نیمانە. بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە و شکاندنی ئازارم، هەوڵم دا مرۆڤی هەرزان بنووسم. بۆیە هەوڵم داوە حسێبی زمانی نووسینی خەز بکەم.

گرێی دووەم: ناسنامە و کێشەی نەتەوەیی
ژیانم لە تاراوگە کێشە نەتەوەییەکەی لێ کردیمە دێوەزمە. ئەم گرێیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای چوونم بۆ ئەمریکا. دەمگوت کوردم. ئەی باشە بۆ پاسەپۆرتت عێراقییە؟ دەمگوت کوردم. ئەی بۆ لەسەر فۆرمەکەت نووسراوە عێراق؟ دەمگوت کوردم. کام پارچە؟ وای لێ هات زراوم لە یەکترناسین چوو. دەبوایە هەموو جار هەمان قەوانی مێژووی کورد بڕێسمەوە. ئازارەکە لە دووبارەکردنەوەکەدا نەبوو، لەوەدا بوو کە دەیانزانی بێ وڵاتم، لێم دەکشانەوە.

چۆن ئەم گرێیە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزانی داگیر کردووە؟
لە جیهانی ڕۆمانەکە پایتەختی کوردستانم کردووەتە چەقی هەموو دنیا. تاکی کوردم کردووەتە پێشەنگ لە زانست و تەکنەلۆژیا. ئەمانە بۆ پڕکردنەوەی ئەو گرێ دەروونییەی خۆمە چونکە لەبەر نەبوونی وڵات و کیان، تاکی کورد بە هیچ ناچێ: نووسەرمان، ئەندازیارمان، مامۆستامان، دکتۆرمان، هتد. ئێمە هیچمان لەوان کەمتر نییە، بەڵام هۆیەلی سیاسی و نەتەوەیی ئێمەی وا سووک کردووە.

گرێی سێیەم: خۆکوشتن
گرێی خۆکوشتن لای من دوو جۆرە. دەرەکی و ناوەکی. ناوەکی هیی ناخمە. کەس نییە، لانی کەم، جارێک یان دووان خۆکوشتنی بەخەیاڵدا نەهاتبێ. بە سێ جۆر بیرت بۆ دەچێت: بروسکەئاسا، ئەمەیان زۆر خێرایە، وەک بروسکە بە مێشکتدا دێ و دەڕوا. دووەم جۆر، گرمەگرم، ئەوەیان لە نێو مێشکتدا دەگرمێنێ بەڵام قەت نایکاتە باران، واتە ئەویش دەڕوا. سێیەمیان، فیلئاسا، ئەوەیان هێدی هێدی دێ، وەک فیل قورس و خاوە، دێ تێکتدەشکێنێت.
جار جار بروسکەئاسا بە مێشکمدا هاتووە، ویستم بۆ مانەوە بەهێز بووە و (خۆکوشتن)م لە عاردی داوە.
گرێی دەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە چوار دەورم. ئەمانەش کاریگەرییان هەیە لەسەر تاک. خێزانی برادەرێکم خۆی سووتاند. هەرچەندە یەکجار بینیبووم، بەس زۆر پێی تێکچووم. خزمێکی دوور خۆی کوشت، هەرچەندە نەشم بینیبوو، زۆر تێکچووم. ئێستەشی لەگەڵدا بێ، تەنانەت لە هەواڵەکانیش ببیستم، یەکێ خۆی کوشتووە، بیناسم و نەیناسم، شێت دەبم و ئەم پرسیارە بۆ چەندان ڕۆژ سەرم دەخوات: بۆ؟ کەسمان نازانین لە نێو مێشکی خۆکوژ چی دەگوزەرێت بە چەند چرکەیەک پێش ئەوەی خۆی بکوژێت.

گرێی چوارەم: فەلسەفەی ڕۆژئاوا
ئەم گرێ دەروونییەم لەوەوە بۆ دروست بووە کە کورد خۆی بەستاوەتەوە بە نیچە و فرۆید و کانت و مارکس و هایدگەر و ڕۆسۆ و هتد. هێندەی کورد باسی ئەوانە دەکات، خۆیان هێندەیان لەمەڕ ناڕێسن و بگرە تێشیانپەڕاندوون. ئەمە وای کردووە هەموو شتێکی خۆماڵی بێتە ڕەتکردنەوە. وای کردووە هەر کەسێ دوو کتێبی لەسەر نیچە خوێندەوە، تەواو ئیتر پێی وایە دەتوانێت حوکمی دنیا بکات.
لایەکی تری ئەم گرێیە ئەو گواستنەوە سەقەتەیە کە لە کتێبی وەرگێڕدراو دەگاتە کورد. کورد وا دەزانێت حاڵی ڕۆژئاوا لەوپەڕی خۆشیدایە، پێی وایە بیرمەند و فەیلەسوفی ئەوێ مامۆستای مرۆڤایەتین. کاکە/دادە وا نییە. ڕۆژئاوا بەو هەموو بیرمەندانەی خۆیەوە حاڵی لە حاڵی ئێمە باشتر نییە. لە ئەخلاق و خێزان و ڕووحانییەت ئیفلاسیان کردووە. ڕەشوێرس کیدەری ئەمریکی لە پێشەکی کتێبی (چۆن خەڵكی باش بڕیاری قورس دەدەن) دەڵێ ڕۆژئاوا ئیفلاسی کردووە لە ئەخلاق. ئامارەکان پشتڕاستی ئەمە دەکەنەوە. وەرە سەیری ئاماری زینای مەحاریم بکە، سەیری ئاماری ئیغتیساب بکە، سەیری ئاماری منداڵکوشتن بکە، ئاماری خۆکوشتن و هتد.

مرۆڤی هەرزان ڕەخنەیەکی ڕژدە لە بیر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا، چونکە بە کەڵکی خۆیان نەهاتن، چۆن بە کەڵکی ئێمە دێن. کاتی هاتووە ئەو پەتە ئەستوورەش بپسێنین و چی تر خۆمان هەڵنەدەینەوە بە نیچە و کانت و فرۆید و ئەم و ئەو. دەکرێ سوودیان لێ وەرگرین، بەس نابێ ببنە مەرجەعمان. ئەوان مەرجەعی ئێمە نین. خەم دەخۆم کە دەبینم گەنجێک، نووسەرێک یان ڕۆشنبیرێک زۆر کەیفی بە خۆی دێت کاتێ ڕستەی فەیلەسوفێکی بیانی دەڵێتەوە. هەر لە ئەدەب و فیکر و فەلسەفە وا نییە، وەرە سەیری کوردستان بکە، پڕە لە دۆڕاوی ڕۆژئاوایی کە بێرە خەنی بوونە، مووچەیان دوو، سێ، چوار هێندەی تاکێکی کوردە لە شوێنی کار. لە وڵاتی خۆیشیان کاریان دەست ناکەوێت. ئەم هەویرەش ئاوی زۆر دەوێت، با بۆ کۆڕێک بێت.
گرێی پێنجەم: ئایینی
موسلمانم. جاروبار شەونوێژ دەکەم. نوێژی بەیانیان تا پێم بکرێ لە مزگەوت بە جەماعەت دەکەم. مانگی جارێک قورئان ختم دەکەم. جارجار پێشنوێژیش دەکەم. زۆر خۆش و جوان قورئان بە تەجوید دەخوێنم. زۆر موعجیبی ئیسڕا و میعراجم. بەڵام کەس هەنکی من ڕەخنە و گومان و پرسیاری نییە لە ئایین. ئەوە گرێی ئایینی منە. ڕەخنە دەگرم، پرسیار دەکەم و گومانیشم هەیە. بۆیە خۆم بە باوەڕدارێکی تەندروست دەزانم؛ بە پرسیار و گومان کافر نابی.

مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ کردنەوەی ئەو گرێیە.
لای ئەدیب و نووسەران وایە ئەگەر دژی ئایین بی، ئەگەر خوانەناس بی، ئەگەر گاڵتە بە قورئان و ئایین بکەی، ئەوا یەکسەر دەبیتە نووسەر و ئەدیبێکی زۆر گرنگ و خەڵاتی نۆبڵ وەردەگری. ئەدیبانی ئێمە ڕەگی ئەدەبی کوردییان فەرامۆش کردووە، حاجی قادر و نالی و مەحوی و گۆران ئەوانی تریان لە بیر کردووە. هەمووی خۆی بە مارکس و هایدگەر و کانت و فرۆید هەڵدەداتەوە. بۆ؟ پێی وایە دوو بیرە بخواتەوە، جوێن بە خوا بدات و دوو شیعر بنووسێت، ئەوا دەبێتە گەورەترین بیرمەندی دنیا. ئەمە جەهالەتە.
ئەدیبی ڕاستەقینە دەبێ گومان لە حەقائیقی ئایینی دروست بکات لە نێو ئەدەب. تەوزیفکردنی حەقائیقی ئایین گرنگە بۆ دروستکردنی پرسیار، وەڵامدانەوەی پرسیار و لێکهەڵوەشاندنەوەی حەقائیق و پێشاندانی دیوی تریان. مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ ئەمە. وەک هۆشەنگ شێخ محمد لە ڕۆمانی میدیادا وای کردووە، بیرۆکەی ئیمانی ئازاد دێنێتە ئاراوە. تا سەر ئێسک سەرسامم بە بیرۆکەی ئیمانی ئازاد.
مرۆڤی هەرزان تێکەڵەیەکە لە فەلسەفە، زانست، تەکنەلۆژیا، دەروونناسی و ئایین. ڕۆمانەکە دیوی گوماناوی هەر یەک لەمانە هەڵدەداتەوە.

ڕەهەندی دەروونیی کارەکتەر
یەک کارەکتەر وەردەگرم و لایەنی دەروونیی شی دەکەمەوە. کارەکتەرەکانی تر جێ دەهێڵم بۆ ڕەخنەدۆزانی تر. داوایان لێ دەکەم و هیوادارم بەو کارە هەستن، هەر لە ڕۆمانی من نا، لەوانی تریش.
ڕکابەری، ئیرەیی، ململانە، هەستکردن بە کەمی، ئەم جۆرە سیفەتانە ژیانمانیان داگیر کردووە. هەستیان پێ ناکەین. پێویستمان بە شیکردنەوەیانە تا لە ڕەفتاری مرۆڤ تێبگەین، هەر بۆیەش گرنگن بۆ تێگەیین لە دەقێکی ئەدەبی. لە دەروونشیکاریی مۆدێرندا قۆناخەکانی سێکسیی فرۆید گرنگ نین، بگرە هێزی نەست (لاشعور) گرنگە (لۆیس ، ٢٠١٥). ‌دەروونشیکاری پێمان دەڵێت نووسەر چی دەڵێ و چیش ناڵێ.
نەک هەر بۆ مرۆڤی هەرزان، بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی، دەکرێ ئەم پرسیارانە بکەین (لۆیس، ٢٠١٥): پاڵنەری نەست لای کارەکتەرە سەرەکییەکان چییە؟ گرفتی ناوەکی کارەکتەران چییە؟ گرێی خیزانی، گرێی ئۆدیب، ئەمانە چۆن کار لە ڕەفتاری کارەکتەر دەکەن و چیش ئاشکرا دەکەن؟ ئاخۆ منداڵیی کارەکتەر پێوەستە بە ژیانی کارەکتەر؟ قەیران و کێشە دەروونییەکان پێوەندییان چییە بە ئید، من و منی باڵا؟ ئید بارێکی فتڕییە، نەستە، کارێکە ئێستە دەتەوێ بیکەی. منی باڵا بریتییە لە ڕێگربوونی ئاکار و داوونەریت لە ئەنجامدانی هەر شتێک، نائاگاییە، بەڵام من واگایە، دەڵێ جارێ نا، جارێ نایکەم.

فرۆید مێشکی مرۆڤی کردە دوو بەش (فرۆید، ١٩٨٩): هەست و نەست (ئاگایی و نائاگاییش دێنە بەکاربردن). نەست بریتییە لە برین، ترس، ململانەی چارەنەکراو، هەستکردن بە تاوان، هەموو ئەو شتانەی کپ کراون لە شوێنێکی ناو میشکی مرۆڤ (فرۆید، ١٩٨٩). کەسایەتیی مرۆڤی کردە سێ بەش: ئید، من، منی باڵا. دەکرێ ئەمانە وەک هاوێنە بەکار ببەین بۆ نۆڕین لە پاڵنەر و کردار و کاردانەوەی کارەکتەرانی مرۆڤی هەرزان.
شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بارێکی دەروونی ئاڵۆزی هەیە. بۆ؟ وەڵامەکەی ئاسانە: کچێکی ١٦ ساڵی دەموچاو سەقەتە، بەپێی مانای گشتیی جەستەیی، زۆر ناشرینە. دێبابی خۆیان کوشتووە. براکەشی لەبەرچاوی ئەو خۆی کوشت. بە منداڵی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بوو. ئەمانە ڕووداوی گەورەن لە ژیانی هەر کەسێک. باشە کاریگەرییەکانیان چییە لەسەر چیرۆکەکە؟ بۆ وەڵام دەبێ سەیری کاردانەوەی شووشە بکەین. کاردانەوەکەی ئەوەیە دەیەوێت چارەسەری خۆکوشتن بکات. هێزی شووشە لێرەدا بەدەر دەکەوێت. ناچێت لە ماڵەوە بگری و شین بکات. دێ بەرەنگاری هەموو دنیا دەبێتەوە، قایلیان دەکات بە بیرۆکەکەی. دەکرێ بپرسین بۆچی وا دەکات؟ بۆ پڕکردنەوەی ئەو سوێیەی کە نەیتوانی هیچ بۆ براکەی و دێبابی بکات. لەبری ئەوە دەیەوێت هەموو دنیا ڕزگار بکات. بۆیە لە لاپەڕە (٦٥)دا دەڵێت بۆچی زووتر ئەو بیرۆکەی بە مێشکدا نەدەهات.
لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکە باری دەروونیی خراپتر دەبێت. لەبەر پڕۆژەکەی ئەو پێنج کەس دەمرن. دەگری و خەم دەخوات. پرسیارەکە ئەوەیە چ هێزێک وا لە شووشە دەکات بەردەوام بێت و واز نەهێنێت؟ (ئید)ێکی زۆر پاکی هەیە، فیتڕەتی پاکە و (منی باڵا)ی نییە، بەند نییە بە هیچ نۆرمێک، ئیدی زاڵە بەسەر منی باڵا، ئەمە بەڕوونی دیارە کاتێ بە ئارگەکەی دەڵێ یەکسەر بچێتە ناو کۆنفڕانسەکەی هەولێر. هەست و نەستی تەندروستە، ئەمانەش کەسایەتییان بەهێز کردووە.

خوێندنەوەیەکی لاکانی بۆ کارەکتەری شووشە
لاکان نەیتوانیوە باش بیرۆکەکانی شی بکاتەوە. زۆرجار ناوی چەمکەکانی گۆڕیوە. هەوڵ دەدەم بە کورتی بیرۆکەکانی باس بکەم. لاکان پێی وایە سێ قۆناخ کار دەکەنە سەر دەروونی مرۆڤ (لۆیس، ٢٠١٨). قۆناخی ئاوێنە، هەندێ جار پێی دەڵێت خەیاڵی. ئەم قۆناخە لە کۆرپەییەوە دەست پێ دەکات تا هەژدە مانگی. منداڵ وا دەزانێت بەشێکی جیا نەکراوەیە لە دایکی. دایکی تەنیا هیی ئەوە. لەم قۆناخەدا منداڵ هەست بە ئەندامانی لەشی خۆی ناکات، هەر بۆیە زۆرجار پەنجە و پێی دەمژێت. یان کاتێ لەبەردەم ئاوێنە خۆی دەبینێت نازانێت خۆیەتی، وەک شتێک دەیبینێت. قۆناخی دووەم ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە فێری زمان دەبێت، پێی دەگوترێت سیمبولی. واتە مانا بە شتەکان دەدات و دەزانێت “من منم، من تۆ نیم.” پاشان قۆناخی لەدەستدان دێت. کاتێ مرۆڤ دەزانێت دایکی بتەنێ هیی ئەو نییە، هی باوکییەتی، دەروونی دەشێوێت، هەموو شتێک دەکات تا بگاتەوە قۆناخی یەکەم، کڕینی ئۆتۆمبیل، خانوو، شتی گرانبەها، هاوسەرگیری و هتد، هەموو ئەمانە لە نەستی تاکدا بۆ گەیشتنەوەیە بە قۆناخی منداڵی. ئەم لەدەستدانە دەچێتە نەستی مرۆڤ و دەبێتە گرێیەکی دەروونی، تۆزێک لە گرێی ئۆدیب نێزیکە. شەڕی ئەو حەزەی گەڕانەوە بۆ قۆناخی منداڵی لە نائاگاییدایە و کار دەکاتە سەر ڕەفتارەکانی تری تاک. لە تەک ئەمە شەڕی قۆناخی یەکەم و دووەمیش هەیە. لە قۆناخی یەکەمدا، کەس کۆنتڕۆڵی مرۆڤ ناکات، بەڵام لە دووەمدا، کۆمەڵگە، ئایین، نەریت، دەسەڵات و هتد کۆنتڕۆڵی دەکات.
بە پێی لاکان، شووشە هۆردوو شەڕ دەکات. شەڕی نەست و شەڕی قۆناخی یەکەم و دووەم. لەدەستدانی دێبابی لە نەستی شووشە وای لێ دەکات هەموو شتێک بکات تا پێیان بگاتەوە، تەنانەت بێ سێ و دوو خۆی دەمرێنێت. لە لووتکەی هەولێر دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن، بانک دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات، بەڵام ناتوانن، ئەو شەڕەش دەباتەوە.

مردن: ڕەهەندی دەروونشیکاری
مردن غەریزەیە. فرۆید دەڵێت، “ئامانجی هەموو ژیان مردنە.” پێی وایە ئەوە غەریزەی مردنە بە شتی دەرەکی دەریدەبڕین، وەک توندوتیژی. هەندێ جار ئەم غەریزەیە بە شتی ناوەوە دەردەبڕین بۆیە دەبێتە هۆی ئازاردان و خۆکوشتن (فرۆید، ١٩٨٩). فرۆید پێی وایە هەموو تاکێک لە نەستیدا حەز دەکات بمرێت. زۆری هێناوە و بردووە، نەیتوانیوە چۆنی شی بکاتەوە. بەڵام لە قورئان، بە یەک ئایەت، بابەتەکە جوان هاتووەتە باسکرن: هەموو کەسێک چێژی مردن دەکات (کل نفس ذائیقە الموت). چێژ ئەو حەزەی نەستمانە. لەوانەی تووشی کێشە دەبن حەزەکە زیاترە. بەڵام کاتێک مرۆڤ بەمە دەزانێت خۆی باشتر دەکات، ئەمەش ڕەخنەیەکی جدییە لە فرۆید کە حسێبی ئەوەی نەکردبوو کاتێ مرۆڤ واگا دێتەوە و ئەگەری زۆرە چاک بێتەوە. فرۆید زاراوەی ئیرۆس و تاناتۆس بۆ خۆشەویستی و مردن بەکار دەبات. پاڵنەری مردن وا لە مرۆڤ دەکات خۆی تێک بشکێنێت. زانایان پێیان وایە بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین دەبێ واز لە سۆز بێنین. شووشە وای کرد. لۆیس (٢٠١٥) پێی وایە ناتوانین لە مردن تێبگەین چونکە ئەبستڕاکتە و هیچی لەگەڵ ناکرێت. مرۆڤی هەرزان ئەم هزرە ئەبستڕاکتەی لێکهەڵوەشاندووەتەوە. شووشە دەچێتە گەشتی مردن لە پێناو ژیان. ئەوانەی پێش ئەویش چوون بۆ گەشتەکە تا مانای ژیان بدۆزنەوە. یەک لە تێماکانی ڕۆمانەکە ئەوەیە مانای ژیان لە ڕێی مردن بێتە دۆزینەوە.

سێکسوالیتی، ڕەهەندێکی تری دەروونشیکاری
سێکسوالیتی هەر گانکردن نییە. زۆر شتی تر هەن مرۆڤ دەگەیەننە حاڵەتی ئۆرگازم: لەبەرکردنی جلێکی جوان، بەخۆداکردنی بۆنێکی خۆش، خواردنێکی خۆش، سەرتاشین، خۆشووشتن، قسەی خۆش، وەرزشکردن، هەموو ئەمانە پێوەستن بە دەروونی مرۆڤ. هەر یەکێک لەو خۆشییانە سەرکوت کرا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر دەروون و ڕەفتاری مرۆڤ. کۆمەڵگە، ئایین، خێزان، دەسەڵات دەتوانن یاری بەمانەوە بکەن. مرۆڤی هەرزان پڕژاوەتە سەر سێکسوالیتی لە ڕێی ستایلی جل و قژ و خواردن و دەوروبەر. لە ڕۆمانەکەدا، ئەگەر بە وردی تەماشای جل و قژ و خواردن و دەوروبەر بکەیت، بەدییان دەکەیت.
ڕەهەندی سێکسوالیتی لە نیوەی دووەمی ڕۆمانەکە لە نێوان شووشە و ڕامدا دروست دەبێ و کاریگەریشی هەیە لەسەر پڵۆتەکە. هۆردووکیان سەرسامی یەکتر دەبن لەبەر لێهاتوویی و زاناییان. ڕام گەنجێکی بلیمەتە لە تەکنەلۆژیا. شووشەش بلیمەتێکە لە بواری دەروونیی تەکنەلۆژی. پێشتر یەکتریان نەناسیوە، لە زەوی بڵند یەکتر دەبینن. شووشە کورد و ئەوی تریان ئەمریکی. ئەم سەرسامییە هێزیان پێ دەبەخشێت. دەبن بە پشت و پەنای یەکتر و گرنگی بە یەکتر دەدەن.

بەرگری، ڕاڕایی و پرسە سەرەکییەکان
نەستی مرۆڤ پڕە لە شتی کپکراو. کەسایەتی و ناسنامەمان بەندە بەو شتە کپکراوانە. بۆیە دەترسین لە نێزیکەوە لێیان بنۆڕین. بۆیە دەست دەکەین بە بەرگری. نکووڵیکردن جۆرێکە لە بەرگری، دەڵێی ئەم شتە قەت ڕووی نەداوە. خۆدزینەوە لە بابەتەکە، تێکەڵنەبوون لەگەڵ خەڵکی و شاردنەوەی شتەکان بەرگرین. لۆیس (٢٠١٥) پێیان دەڵێت selective perception, selective memory, denial, avoidance. هەریەک لەم کارەکتەرانە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا پڕن لە شتی کپکراو. سامی سێڵ دەناڵێنێت بەو ئاریشانەی لەگەڵ دایکی، خێزانی و کچەکەیدا هەیبوون، هەموو ئەو ڕووداوانەی کپ کردوون. بێرنی و ئیمام حەکیم بە هەمان شێوە.
هەندێ جار دەتەقینەوە بەسەر ئەو کەسانەی کە سەرچاوەی شتە کپکراوەکانن. هەندێ جار ڕەخنە لە یەکێک دەگرین کە هەمان گرفتی خۆمانی هەیە، بەوە دەمانەوێ ئەوەی خۆمان بشارینەوە. وەک ئەو دەمەتەقێیەی لە نێوان ئیمام حەکیم و سامی ڕوو دەدات، سامی لە کاتی لەدەستدانی کچەکەی، بەسەر هەموو کەسێکدا دەتەقێتەوە و کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات. زێتریش بەسەر کانگۆیەکاندا دەتەقێتەوە، چونکە پێی وایە ئەوان بوونە هۆی مردنی کچەکەی.

یەکێک لە ئاڵۆزترین و خراپترین بەرگری گەڕانەوەیە بۆ دۆخێکی دەروونی پێشوو (regression)، هەر تەنیا خەیاڵی ناکەی، پێی دەحەسێیەوەش. بۆ نموونە، مێتال حەز دەکا بگەڕێتەوە حاڵەتی پێش جیابوونەوەی دێبابی. کاتێ لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەکنەلۆژی (ژیانی باشتر) دەگەڕێتەوە سەردەمی منداڵی، زۆر دڵشاد دەبێت، حەز دەکات نەگەڕێتەوە.

گەڕانەوە تەنیا بۆ خۆشی نییە، دەکرێ بۆ ئازاریش بێ. ئەمەش بەرگرییە چونکە لە دۆخی ئێستە دوورمان دەخاتەوە. دەتوانین کاریگەری برین بگۆڕین ئەو کاتەی ئەزموونی برینەکە تێپەڕێنین، بۆیە گەڕانەوە ئامێرێکی سێرەپی (چارەسەری سروشتی) بەسوودە. بێرنی و ئیمام و سامی و مێتال برینی دڵیان کپ کردووە، بەڵام تێیاننەپەڕاندووە، بۆیەش لە جیهانی مردن دێتەوە پێشیان.
کاتێ بەرگرییەکانمان تێک دەشکێن، دەچینە حاڵەتی دڵەڕاوکە. واتە هەست بە مەترسی دەکەین. مێتال و شووشە چەند جارێک تێک دەشكێن و تووشی دڵەڕاوکە دەبن. هیی مێتال هەوڵی خۆکوشتنی لێ کەوتەوە، بەڵام هیی شووسە داهێنان. دڵەڕاوکە گرنگە چونکە پرسە سەرەکییەکان ئاشکرا دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی ڕەگیان داکوتاوە و بوونەتە هۆی خۆتێکشکاندن: لەمانەی خوارەوە پێوەندی هەیە لە نێوان دڵەڕاوکە و پرسە سەرەکییەکان: ترسی نێزیکبوونەوە، ترسی مانەوە بتەنێ، واتە کەسوکارمان گرنگیمان پێ نادەن، ترس لە خیانەت و متمانە بە کەس ناکەیت، هەستی بە کەمزانین، هەندێ جار هەست دەکەین شایەنی سزاین لە ژیان. هەست بە نائارامی دەکەین، ناسنامەیەکی کەسی جێگیرمان نییە، بۆیە بە ئاسانی دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەوانی تر، بۆیە بەردەوام خۆمان دەگۆڕین، ستایلمان دەگۆڕین.

خۆکوشتن
یەک لە تێما هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤی هەرزان خۆکوشتنە. لەبەرئەوەی زانست و فەلسەفە و دەروونشیکاری چارەی خۆکوشتنیان نەکردووە، مرۆڤی هەرزان هەوڵێکی خەیاڵییە بۆ چارەسەر. بێ لەوەی کارەساتێکی تاک و کۆمەڵایەتییە، خۆکوشتن ڕەهەندێکی قووڵی فەلسەفی و دەروونی هەیە. سەروبەندی نیچە و خۆکوشتن وای کردووە ئەم پرسیارە دروست بێت: بۆ نیچە خۆی نەکوشت؟ زۆرجار بیری لە خۆکوشتن کردووەتە و بۆیە دەڵێت، ” بیرکردنەوە لە خۆکوشتن پەناگەیەکی باشە، چونکە زۆر شەو هەیە فریات دەکەوێ.”
ئەدۆلف واگنەر، هێنری مۆرسێل، دەیڤد ئەمیل دۆرکهایم، ئەم زانا دەروونییانە قسەیان زۆر لەسەر خۆکوشتن کردووە، بە تایبەتی دۆرکهایم. ئەو دەڵێت کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی کاسۆلیکەکان ڕێژەی خۆکوشتن کەم دەکاتەوە، کەواتە بە ئایین دەیبەستێتەوە. نایبەستێتەوە بە پاڵنەر و هەستی تاک، دەیبەستێتەوە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، واتە کەمی پێوەندیی نێوان خەڵك و نەبوونی سیستمێک بۆ ڕیكخستنی ڕەفتار. نەیبەستاوە بە هۆکاری کەسی وەک تەڵاق و ئیفلاس و لەدەستدان. دەڵێ خۆکوشتن دیاردەیە و لادانێکی کۆمەڵایەتییە. لادان لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. دۆرکهایم باسی چوار جۆر خۆکوشتن دەکات (پیکەرنگ و والفۆرد، ٢٠١٤):

1- ئێگۆیستیک (Egoistic): واتە کەمی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، هەست دەکەی جێت نابێتەوە لە گروپێکی کۆمەڵایەتی، هەست دەکەیت ناتوانی هیچ بکەیت لە ژیانی یەکێکی تر.
2- ئاڵترویستیک (Altruistic): واتە زۆری ئاوێتەبوون: گروپێک کۆنتڕۆڵی تاک دەکات، تاک لە نێو گروپەکە هەست دەکات ژیانی بێ مانایە.
3- ئەنۆمی (Anomic): واتە ناتوانی تێکەڵ بیت و هەستی بێهودەیی زاڵە بەسەرتدا، ناتوانی هیچ شتێک وەک خۆی ببینی و ناتوانی چاوەڕێی هیچ بکەی.
4- فاتەلیستیک (Fatalistic): واتە ڕۆتین، هەست دەکەی هەموو شتێک بێ مانایە و دووبارەیە و هیچی نوێ نییە.
من سێ جۆر خۆکوشتن لێرە زیاد دەکەم. یەکیان هیی ڕێبوار سیوەیلییە کە دەڵێ خۆکوشتنێک هەیە لە نێو کوردان و شەڕوانان لە پێناو پاراستنی نهێنی. ئەوەی دووەم هیی ڕۆماننووس نەریمان کاکەسوورە کە دەڵێ خۆکوشتن هەیە لە پێناو پاراستنی شەرەف. سێیەم هیی خۆمە، ئەویش خۆکوشتنی ئارەزووەکانە، واتە مرۆڤ تەنێ دوای ئارەزووی دەکەوێت، پاش تێربوونی بۆی دەردەکەوێت هیچ نییە و دواتر خۆی دەکوژێت. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بەندە لەسەر ئەم جۆرەی کۆتایی.
خۆکوشتن لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئەو جۆرانەی دۆرکهایم و ڕێبوار و نەریمان نین. لە ڕۆمانەکە، ئەوانەی خۆیان دەکوژن هیچ گرفتێکیان نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە ڕوون دەبێتەوە کەوا دوای بێزاربوون و تێربوون لە ئارەزووەکان، خەڵک تووشی پووچگەرایی و بێهوودەیی دەبن، بۆیە کۆتایی بە خۆیان دێنن. لێرەش بایەخی کۆنتڕۆڵکردنی نەفس و ئارەزووەکانمان بۆ دەر دەکەوێت.
خەون و سیمبولی خەون
کاتێ دەنووین، بەرگرییەکانمان وەک ئاگایی کار ناکەن (لۆیس ، ٢٠١٨). نەست لە خەون بەڕەلڵا دەبێت و خۆی دەردەبڕێت. تەنانەت لە خەونیش سانسۆر هەیە، هەندێ پاراستن هەن لە ترسی ئەو شتانەی کپمان کردوون لە نەستماندا، بۆیە خەونەکە چەواشەکارە یان ناڕوونە (لۆیس، ٢٠١٨). بۆیە پەیامی خەونەکە دێتە گۆڕان، چەواشە دەکرێت و بە باشی ناگات. بۆ نموونە، مامۆستا دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر یەکێک، بەڵام ئەو خەون بەوە دەبینی یەکێکی تر وای لێ کردووە، سانسۆر هەیە، بۆ ئەوەی ئەو برینەی نەکولێتەوە. هەندێ جار خۆت ناوەڕۆکی خەون دەگۆڕی چونکە ناتەوێ ڕاستییەکە ئازارت بدات.
ڕەخنەی ئەدەبیی دەروونشیکاری، لایەکی، جەخت دەکاتە سەر خەون، چونکە خەون ڕەنگدانەوەی نەستە. فرۆید، بۆ نموونە، دەڵێ خەون “پاسەوانی خەوە”، خەون دەبێتە “تێرکردنی ئارەزووە کپکراوەکان”. فرۆید دەڵێ خەون ئاوێنەی نەستمانە. ڕێگەیەکی شاهانەیە بۆ چوونە نێو نەست. شووشە دوو خەون دەبینێت. لە هۆردووکیان دنیا خرابوون دەبینێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو خەمە گەورەیەتی کە دەیەوێت چارەسەری بکات. پڕۆژە زانستییەکە بەندە بە جۆری دووەمی مردن کە خەوتنە. ئەوانەی دەچنە گەشتی مردن لە ڕێگەی خەوتنەوە دەچن، بەڵام خەونیان واقیعییە.
ڕەهەندی هونەریی دەقەکە
نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی لایەنە هونەرییەکەی مرۆڤی هەزان. ئەمەیان جێ دەهێڵم بۆ ڕەخنەدۆزێکی تر، لە ئێستەوە سوپاسی دەکەم بێو ئەو کارە بگرێتە ئەستۆی خۆی. هەندێ سەرەداو دەخەمە بەردەست. یەک، ڕۆمانەکە بە دەمی ڕانەبردووی سادە هاتووەتە گێڕانەوە. مەبەستم هێڵی سەرەکیی گێڕانەوەکەیە. لێرە و لەوێ، بە پێی فلاشباک، دەبێتە دەمی ڕابردووی سادە و دوور و بەردەوام. دوو، بە گۆشەنیگای کەسی سێیەمی تاکی سنووردار هاتووەتە گێڕانەوە. سێ، تەکنیک و فۆرم و ستایل و پێکهاتەی نوێم تاقی کردوونەتەوە. فرە دەنگی تێدایە. چوار، جیهانێکم دروست کردووە، بە زمانی کانگۆیەکانیشەوە. پێنج، شوێن و کات بە جۆرێکی تر هاتوونەتە بەکاربردن. شەش، هەڵبژاردنی کارەکتەری جیاواز ڕەهەندێکی ترە ڕەخنەدۆزان دەتوانن قسەی لەسەر بکەن. ئەوانە و دەیان کۆدی تر هەن پێویستیان بە کردنەوە و ڕامانە.
ڕەهەندی دەروونیی خوێنەر
باکگراوندی دەروونیی خوێنەر کاریگەری هەیە لەسەر خوێندنەوەی هەر دەقێکی ئەدەبی. یەک لەو هۆیانەی خوێنەر بە دەق دەبەستێتەوە یان دووری دەخاتەوە باکگراوندە دەروونییەکەیەتی. ئەگەر دەروونی خوێنەر لە نێو زانستدا کوڵا بێت، ئەگەر تەکنەلۆژیا کاری کردبێتە سەر خوێنەر (لەم سەردەمەدا زۆربە لە ژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیادایە)، ئەگەر دەروونی خوێنەر تەنرا بێت بە کێشەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی، ئەوا خۆی دەبینێتەوە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا.
کاردانەوەی دەقەکە لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاوازە. با لێرە نموونەی لایەنە ئایینییەکەی ئەم دەقە وەرگرین. ئەو خوێنەرەی ڕەتی ئایین دەکاتەوە و باوەڕی بە هیچ نییە، کاردانەوەی لەسەر دەقەکە نەرێنی دەبێت ئەگەر تەنێ لایەنە ئایینییەکەی ببینێت. ئەو خوێنەرەی ئایینی قەبوڵە و باوەڕی بە خوا و پێغەمبەر و قورئان هەیە، کاردانەوەی ئەرێنی دەبێت ئەگەر تەنێ لایەنە ئایینییەکەی ببینێت. بەڵام، جۆرێکی تر لە خوێنەر هەن، ئەوانەی تەماشای پشت دەقەکە دەکەن و دەیانەوێ بزانن نووسەر دەیەوێت بڵێت چی و بۆچی کەرستەیلی ئایینی تەوزیف کردووە. لێرەدا جوانیی دەقی ئەدەبی بەدیار دەکەوێت، ئەم جۆرە خوێنەرانە بەهایەکی تر دەدەن بە ڕۆمان.
یەکێ لە ئەرکەیلی ڕۆماننووس دروستکردنی پرسیار و گومانە، لێکهەڵوەشاندنەوەی تابووەکان و شکاندنی پیرۆزییەکانە. دەبێ لەم سۆنگەوە مرۆڤی هەرزان بێتە خوێندنەوە. گومان و پرسیار هەر لە ئایین دروست ناکەم، بگرە لە زانست و فەلسەفە و دەروونشیکاری و سروشت و تەکنەلۆژیاش دروست دەکەم. پیرۆزی و باوێتی و تابووەکانیان تێک دەشکێنم، لانی کەم، هەوڵم داوە ئەوە بکەم. بەس ئەمە خوێنەرێکی بیرتیژ و بێلایەنی دەوێت، دەبێت چاوی بە دەقەکە هەڵبێت و ڕاست و چەپ و لەخۆڕا نەکەوێتە وێزەی دەقەکە.
ئەنجام
ئەم باسە چەند سەرەقەلەمێکە لەمەڕ ڕاڤەی دەروونشیکارییانەی دەقێکی ئەدەبی. دەتوانین بڵێین واڵاکردنی دەرگەیە بۆ ڕەخنەدۆزانی تر تا بێن زێتر لێی قووڵ ببنەوە. هیوادارم ڕەخنەدۆزانی تر بێن ڕەهەندەکانی تریشی وەرگرن و لێی بکۆڵنەوە. هەوڵ دەدەم لە باسەکانی تردا، تیۆرە ڕەخنەییەکانی تریش لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان جێبەجێ بکەم.

————————————

سەرچاوەکان
گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. چاپی یەکەم. کۆپنهاگن.

Lois Tyson (2015). Critical Theory Today: A user-friendly guide. Routledge.
Marie Bonaparte, The Life and Works of Edgar Allan Poe (London: Image Publishing, 1949).
”Sigmund Freud. The Interpretation of Dreams in The Freud Reader, ed. Peter Gay, (New York: Norton, 1989).
https://2012books.lardbucket.org/books/creating-literary-analysis/s07-02-psychoanalytic-literary-critic.html
The Purloined Letter”Edgar Allan Poe, “The Purloined Letter,” in Tales of Mystery and Imagination (London: J. M. Dent, 1912; University of Virginia Library Electronic Text Center, 1994), http://etext.virginia.edu/toc/modeng/public/PoePurl.html. at http://etext.virginia.edu/toc/modeng/public/PoePurl.html.

The Sins of the Fathers: Hawthorne’s Psychological Themes (1966).Frederick Crews, The Sins of the Fathers: Hawthorne’s Psychological Themes (Berkeley: University of California Press, 1989)
W.S.F. Pickering and Geoffrey Walford (2014). Durkheim’s Suicide: A Century of Research and Debate. Routledge.




نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر.. کاروان کاکه‌سوور

ڕه‌نجده‌ر گیان، هاوڕێی ئازیزم: سڵاو و ڕێزی زۆر بۆ خۆت و هاوڕێیان، به تایبه‌تی: (سابیر ڕه‌شید) و (سه‌ڵاح عومه‌ر).

ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌یاننووسم، هه‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌و سه‌رنجه‌من، که‌ به‌ گشتی له‌باره‌ی دنیای تۆوه‌ هه‌مه‌ و پێشتر به‌ کورتی ده‌رمبڕیوه‌. لەو دانیشتنەدا پێم گوتیت داهێنەر تەنیا دنیای تایبەت بە خۆی داناهێنێت، بەڵکو ڕێگا تایبەتەکانی گەیاندنی ئەو دنیایەش دەدۆزێتەوە، کە ئەمەش ئەوە بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت بۆ نزیکبوونەوە لەم دنیایە، دەست لە شێوازە سواوەکان هه‌ڵبگرێت. دەکرێت بگوترێت وەک چۆن نووسەر دنیای تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت، بە هه‌مان شێوە خوێنەریش لە ڕێگای خوێندنەوەوە دنیایەک پێکدەهێنێت، کە ناکرێت بڵێین هاوتەریبی دنیای نووسەرە، بەڵکو تەواوکەریەتی، بگرە بزووێنەریەتی. ئێمە ئەمڕۆ پارتیمۆنییەکی گەورەی تیۆریستانمان لەبەردەستدایە، کە لەم چه‌ند دەیەی ڕابوردوودا جێیانهێشتووە و تێیدا پێ لەسەر بایەخی خوێنەر لە كرده‌ی پێکهێنانی کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دادەگرن. (مەرگی دانەر)ی (رۆلان بارت)، (نووسەر چییە؟)ی (مێشێل فۆکۆ)، (کردەی خوێندنەوە)ی (ۆلفگانگ ئایزەر)، (مەرگی ئەدەب)ی (ئالڤین کێرنان) و زۆری دیکە وایان کردووە پێداچوونەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە بکرێت، کە لێکدانەوەی کاری ئەدەبی لە نووسەردا قەتیس دەکات و ڕۆڵی خوێنەر تەنیا لەوەدا دەبینێت، گوێ لە کەناڵێک دەگرێت، ناوی نووسەرە، بێ ئەوەی بتوانێت شتێک لە ئاستیدا بڵێت. دیارە مەبەستم نییە لەو بارەیەوە قسەی زیاتر بکەم، لە کاتێکدا کەموزۆر لە بەرهه‌مەکانمدا لێوەی دواوم، بەڵام گەرەکمە ئەوە بڵێم، کە بۆ نزیکبوونەوە لە دنیای هه‌ر داهێنەرێک، پێویستمان بە داهێنانی جۆرێکی نوێی خوێندنەوە هه‌یە، کە لەو بەریەککەوتنەدا بەرهه‌م هاتبێت. ئەمە بەر لە هه‌رچی ڕێگای ئەوەمان لێ دەگرێت بڕیاری پێشوەختە لەسەر هه‌ر داهێنەرێک بدەین و لە خوێندنەوە گشتییەکانەوە لێی نزیک ببینەوە. وەک (هایدیگەر) پێی وایە (بۆ ئەوەی جەوهه‌ری هونەر بدۆزینەوە، لەسەرمان پێویستە لە کاری ڕاستەقینە بگەڕێین و بپرسین کاری هونەری چییە و جەوهه‌رەکەی چۆنە). تەنیا کاتێ جەوهه‌ری کارێکی هونەری دەبینین و دەتوانین دایەلۆگی لەگەڵ بکەین، کە ئەومان مەبەست بووە، نەوەک شتێکی تر. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی دایەلۆگە. هه‌ر کاتێ ئەم دایەلۆگە لەنێوان خوێنەر و ده‌قدا پێک نایەت و شتی نوێ بە دەستەوە نادات، ئەوا هه‌ر لە بنەڕەتەوە بەریەککەوتن دروست نەبووە. دایه‌لۆگ به‌ر له‌ هه‌ر چی وامان لێ ده‌کات قووڵاییی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ببینین، که‌ مه‌به‌ستمانه‌ لێوه‌ی بدوێین. خوێندنه‌وه‌ هونه‌رێکه‌ هه‌مان ئه‌و ئاسته‌ی هه‌یه‌، که‌ نووسین هه‌یه‌تی. نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ کاری ئه‌ده‌بیدا به‌شدارن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شدارییه‌ سنوورێکی جیاکه‌ره‌وه‌ و دیاریکراوی هه‌بێت.
من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. بە مانایەکی تر ڕۆڵی ته‌قلیدییانه‌ی وشە لەو کاتەوە کۆتاییی هاتووە، کە لە پێکهێنانی ئەو سپەیسەدا بەشداریی کردووە. مەبەست لە سپەیس چییە؟ (باشلار) لە (ئێستێتیکای سپەیس)دا دەڵێت: سپەیس تەنیا شوێنێکی ئەندازەیی جیۆگرافی نییە، بەڵکو ئەزموونی مرۆڤایەتی لە خۆی دەگرێت، کە لە یادەوەریدا ژیان بەسەردەبات و ناوەناوە لای داهێنەردا دەردەکەوێتەوە، بەو مانایەی لە نووسیندا هه‌موو لایەنەکانی دەبینرێن. بەم شێوەیە دەکرێت ماڵ بریتی بێت لە جەستە، گیان و دنیای مرۆڤی سەرەتا. (جیرار جینێت) پێی وایە سپەیس لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامرازی زمانەوە خۆی دەردەخات، کە ئەو ئامرازانە تەقلیدی نین، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەریدەخەن. هه‌ر لەبەر ئەوەیشە بە (فیگەر) ناوی دەبات، بەو مانایەی په‌یوەندیی بە وێنەی مێتافۆرییەوە هه‌یە، بەڵام وێنە هاوکات ئەو شێوەیەیە، کە سپەیس پێکی دەهێنێت و زمانیش خۆی پێ دەبەخشێت. زمان هه‌ر بە زگماک توانای ئەوەی هه‌یە په‌یوەندییە سپەیسییەکان لە هه‌ر جۆرێکی تری په‌یوەندی زیاتر دەربخات. ڕاستییەکەیشی (نیتشە) پێی وایە زمان تەنیا مێتافۆرە و باوەڕی بەوە نییە وشە بە شێوەی لێترال ئاماژە بە شت بدات، بەڵکو مانایەکی لەوە گەورەتری هه‌یە، کە ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت. هه‌ر ئەوەیشە نەزانراو بە زانراو دەبەستێتەوە. ئەو ڕوانینەی (نیتشە) لای بەشێکی زۆری تیۆریستانی ئەدەب دەردەکەوێتەوە، بۆ نموونە: لای (بارت)دا، کە پێی وایە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی لە بنەڕەتدا ئاراستەیە بۆ گەڕان بەدوای لایەنی فۆرمی لە بنیادی مانای ده‌قی ئەدەبیدا، بە مەرجێ کاری ئەدەبی سیسته‌مێکی ئاماژەیی تا بڵێی ئاڵۆزە و مانای جیاوازجیاواز لە خۆی دەگرێت. سروشتی زمانی سیمبۆڵی وا دەکات لە هه‌ر کارێکی ئەدەبیدا کۆمەڵێک مانا بەدەستەوەبێن.
هێشتا لە دنیای ئێمەدا تێگەیشتنێک زاڵە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە وشە یەکسانە بەو مانایەی پێی ڕاهاتووین. ئەو تێگەیشتنە هه‌ر ده‌قێک دەداتە دواوە، بگرە دەیسڕێتەوە، کاتێ لە ڕێگای نەزانراوەوە خۆی دەردەبڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی خۆیان له‌ زانراوه‌کان ده‌ده‌ن و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌یانگوازنه‌وه‌، له‌و ده‌قانه‌ پتر بایه‌خیان پێ ده‌درێت، که‌ نه‌زانراوه‌کان ده‌رده‌بڕن و زمانێکی تر داده‌هێنن، که‌ توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌زانراوانه‌ی هه‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی تازه‌ کاتێ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ داهێنه‌ر له‌ زانراوه‌وه‌ بۆ نه‌زانراو ده‌په‌ڕێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. وشه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌ی تۆ پێکی ده‌هێنیت، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ شته‌ زانراوه‌کان، به‌ڵکو ئه‌رکێکی له‌وه‌ گه‌وره‌تری هه‌یه‌، که‌ بریتییه‌ له‌ گۆڕینی ڕوخساری هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له‌ واقیعدا ناسراون. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ کاره‌کته‌ری سنووردار و نه‌ شتی دیاریکراویش له‌و سپه‌یسه‌دا ده‌بینرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌ن، به‌ڵکو سه‌رجه‌میان بۆ وێنه‌ی تێکشکاو، نه‌وه‌ک وێنه‌ی ته‌واو ده‌گۆڕێن. به‌م شێوه‌یه‌ دوو جۆر وێنه‌ی تێکشکاو له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا ده‌رده‌که‌ون، یه‌که‌میان، هی دەرەوەی شته‌، به‌ڵام دووه‌میان، هی ناوەوەیه‌تی، کە دەکرێت بە ڕیفلێکس ناوی بهێنین. ئه‌سته‌مه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا کاره‌کته‌رێک بدۆزیته‌وه‌ سیمایه‌کی ڕوونی هه‌بێت، له‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات، به‌ چه‌ند خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییدا تێبپه‌ڕێت و بگاته‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویی. زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ڕوون نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌یه‌، به‌ڵکو زمانێکی تێکشکاوه‌ و سنووری مانای زانراوی بڕیوه‌، بۆیه‌ هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ وشه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا چۆن به‌کاردێت و چ مانایه‌کی هه‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ دنیایه‌ک به‌لاوه‌ده‌نێت، که‌ له‌ ڕێگا‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ پێکهاتووه‌ و لۆژیکێکی تری مانای داهێناوه‌، لۆژیکێک ته‌نیا له‌و سپه‌یسه‌دا کارده‌کات.
دیاره‌ وه‌ک سه‌ره‌تا گوتم: مه‌به‌ستم نییه‌ له‌م‌ نامه‌یه‌دا له‌ دنیای شیعریی تۆ بکۆڵمه‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نیا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌ بڵێم بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌و دنیایه‌، پێویسته‌ له‌وه‌ بگه‌ین سپه‌یس چییه‌ و لای تۆ چ بایه‌خێکی هه‌یه‌. شاد و سه‌رفراز بیت.

کاروان کاکه‌سوور
دانیمارك




خوێندنی ئەلکتڕۆنی و لێکەوتەکانی.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

ڕۆشنە دونیای ئەمڕۆی نوێباو بریتیە لە دونیایەکی ئاوێزان لە تەکنیک و تەکنۆلۆژیای سیمای گڵۆباڵیزەیشن (عەولەمە)، دونیایەک بەچەشنێک هەژمونی خۆی سەپاندوە بەسەر هزرو بیری مرۆڤدا کە واخەریکە ئەمڕۆ هەموو پرسەکان لەشاشەی ئامێرە ئەلکتڕۆنیەکانەوە دەبینرێن و دەخوێنرێنەوە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتیەکە لێرەدا ئەو خاڵەیە کەبپرسین لەم دونیا جەنجاڵەدا ئێمەی کۆمەڵگەی کوردی چ سودێکمان بینیوە لەم تەکنۆلۆژیا مۆدێرنانەی ئەمڕۆ؟

بۆ دەستخستنی وەڵامی ئەم پرسیارەش گەر بەوردی هەر کاراکتەرێکی کورد ئەمڕۆ لەماڵەکەی خۆیەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ خاڵە ئەرێنیەکانی تەمەنی ئەم تەکنۆلۆژیایە بکات، ئەوا بێگومان ئەو کات زۆرینەمان وەڵامێکمان دەستدەکەوێت کە بڵێین، چیمان دەستکەوت جگە لەکات بەفیڕۆدان و کات کوشتن و سەرگەرمکردن و ڕۆچونمان نەبێت لەدونیای ئەتاریات و پەپجی و هونەری لاساییکردنەوەی لەجۆری منافەسەکردن بۆ گۆڕین و هەڵپەکردن بۆ بەکارهێنانی ئامێری نوێترو کوالێتی بەرزتر لەبازاڕەکاندا بەتایبەتیش لای توێژی گەنجان، کە ئەم مۆدێلی لاسایکردنەوەیەمان لەسەر حسابی کات و بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر بووە، وە لەسەر حسابی گوێنەدان بووە بە بونی پڕۆژەیەک کە وامان ئاراستە بکات کە ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە بریتی بێ لە خۆخەریککردن لەبواری زانستی و پەرەپێدان و فێرکاری سەردەم.

خوێندنی ئەلکتڕۆنی و ناوەندەکانی خوێندن:
لەدوای گەشەی کۆڕۆنا ڤایرۆسی پار ساڵەوە لەکوردستان پڕۆژەی خوێندنی ئەلکتڕۆنی وەک تاکە بەدیلی خوێندنی ناوپۆل کەوتە ئەجێندەی وەزارەتی پەروەردە، کە ئەم پڕۆژەیەش بەپلەیەک لەجێگەی ئەوەی هەنگاوێکی زانستی وەزارەت بێ، ئەوا بریتیە لە هەنگاوێک کەتام و بۆنی لاساییکردنەوەی دونیای مۆدێرن دەدات، هاوکێشە زانستیەکانیش ئەوەمان پێدەڵێن کە مەرج نیە هەموو لاسایکردنەوەیەک ئەرێنی و بەرهەمدار بێت لە دەرەوەی ژینگەی دایک، ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت ئەوەیە کە پێشتر هیچ زەمینە سازیەک بۆ ئەم پڕۆسەیە نەکراوە، هیچ کاتێک نەمانبینی لەڕۆژگاری پێش کۆڕۆنا ڤایرۆس لەناوەندەکانی خوێندن و هەتا دەگات بە زانکۆ و پەیمانگانیش خوێندکار ڕابهێنرێت و ئاشنا بکرێت بە خوێندن لەناو دونیای ئەلکتڕۆنیاتدا، هەر بۆیە گواستنەوەی لەپڕتاوی سیستمێکی ئەلکتڕۆنی وەها کەجێگەی خوێندنە تەقلیدی و خوێندکار لەسەر ڕاهاتوەکەی ناوپۆل بگرێتەوە، بێگومان هەنگاوێکی ئەستەمە و وەک ئەمڕۆ دەرکەوتوە خاڵە نەرێنیەکانی لە خاڵە ئەرێنەکانی زۆر زیاترن.

خاڵە نەرێنیەکانی خوێندنی ئەلکتڕۆنی:
١- بەداخەوە لەکوردستان ساڵانێکە تاکی کورد عەقڵی بەجۆرێک گۆشکراوە کە ئەم ئامێرە ئەلکتڕۆنیانە وەسیلەیەک بن بۆ کات کوشتن و سەرگەرمکردن و فاکتەرێک بن بۆ گەیشتن بە کارە تەڕفیهیەکانی ژیان، بەجۆرێک کە مرۆڤ دوردەخەنەوە لە خوێندن و خوێندنەوەو دەوڵەمەندکردنی پاشخانی مەعریفی، وە هەمیشە مرۆڤی کورد لەسەر ئەم ڕۆشنبیریە گۆشکراوە لەماڵەوەو لەڕاگەیاندنەکانەوە کە دوربکەوێتەوە لەبەکارهێنانی ئەم ئامێرانە، ئەم ڕۆشنبیریەش وێنەی ئەم ئامێرانەی وانەخشاندوە کە هەمیشە هۆکار گەلێکی ناپەروەردەیی بن، بۆیە ئەم کایەش ئەمڕۆ جۆرێک لەدڕدۆنگی و نەبونی متمانەی خێزانی کورد بەم ئامێرانە لەپڕۆسەی پەروەردەدا دروست بووە.

٢- قەیرانی دارایی و بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری لەکۆمەڵگەی کوردی لەمپەرێکی ترە لەبەردەم سەرکەوتنی خوێندنی ئەلکتڕۆنی، چونکە وەک بینیومانە زۆر خێزانی کوردی هەیە کە ناتوانێ بەهۆی لەمپەری داراییەوە سود لە کڕین و بەکارهێنانی ئامێری کاراو هێڵی ئینتەرنێتی خێرا و باش هەموو مانگێک وەربگرێت.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر




دیموکراسی و کولتووری شوانکارە.. ستیڤان شەمزینی

لاریمان لەوە نییە ترادیسیۆنی زاڵ بەسەر کولتوور و فەرهەنگ و کایەکانی ژیانەوە لە کوردستان، هێشتا دابونەریتی کشتوکاڵیی و شوانکارییە، لەناو ئەم کولتوورەدا دیموکراسیەت نەک جێگەی نابێتەوە، بگرە ئەو سیستمە سیاسییە سەر لەبەر دژی رۆحی فیوداڵیزم و نەریتەکانییەتی، هەر لەم سۆنگەیەوە دەردەکەوێت دیموکراسی سەرەڕای شکاندنی ریکۆرد و سەرکەوتنەکانی بەسەر سیستمە شمولی و دیکتاتۆرییەکاندا سەبارەت بە کۆمەڵی کوردەواریی پێویستییەکی گرنگ نییە، لە باری واقیعیشەوە ژینگەیەکی فیوداڵی و شوانکارە هەر دەسەڵاتێکی لە چەشنی خۆی بەرهەمدەهێنێ و قەبووڵ دەکات. ئەم فاکتە ئێجگار سادەیە کۆمەکێکی جیددیمان دەکات لە روونکردنەوەی ئەو پرسیارەی بۆچی دیموکراسی ناتوانێت بێتە زۆرانەوە لە بەرامبەر بە سیستمی باو و باڵادەست؟ بۆچی دیموکراسیەت تەنیا لەسەر لافیتە و دروشمەکاندا دەبینرێ؟ تێگەیشتن لە ئاستی فەرهەنگ و هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵ، ئەو هەگبەیەیە وەڵامی ئەم پرسیارە و دەیان پرسیاری هاوشێوەی لە خۆ گرتووە، ئەگەر بەنموونەیەکی ساکار مەبەستەکە روون بکەینەوە: هیچ هێزێک نییە بتوانێ یان هیچ نەبێ بە ئاسانی بتوانێ دیموکراسی لە ئەسکەندەناڤیا پاشەکشە پێ بکات، چون دیموکراسی سەبارەت بە سوێد یان هەر دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی دیکەی دیموکراتخواز پێویستییەکی پلە یەک و هەرە لە پێشە.

تۆ ناتوانی بۆ خێڵێکی سەرەتایی وەک ئەوانەی لە ئەمازۆن دەژین، کارەبا و پێویستییە خزمەتگوزارییەکان بە کاری هەرە گرنگ بزانیت، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی سروشتی ئەو جۆرە لە ژیانکردن پێویستیی بەو چەشنە خزمەتگوازرییانە نییە. بۆ دیموکراسیش پرسەکە هەر بە هەمان شێوەیە. لە کۆمەڵگەیەکدا خێڵ و دیدگای هۆزگەرایی زاڵ بووبێت بەسەر هەر شتێکدا، دیموکراسی چیدی پێویستیی نییە، لەوانەیە لەم جۆرە کۆمەڵەدا دیموکراسی سیستمێکی کوشندە و بکوژ بێت، لەوانەیە دیموکراسی هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەو سەقامگیرییەی خێڵ بەرهەمی هێناوە. ئەگەر لەوە بکۆڵینەوە، هۆی چییە دیموکراسی دارێکی زڕە و هیچی لێ شین نابێت لە کوردستاندا؟ تەنێ بگەینە ئەو دەرئەنجامەی: فەزای کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئێمە هێندەی لەبارە بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەراپاگیر و خۆسەپێن، بە چارەگی ئەوە زەمینەی نەڕەخساندووە و تێدا نییە بۆ خۆ تەرحکردنی رۆحی دیموکراسی یان بە گوزارشتێکی تر هەر لە بنەماوە تەرحی دیموکراسی لێرە هەرگیز بوونی نییە تا نەبەردەکانی دۆڕاندبێ؟.

لەگەڵ ئەمەدا لێرە وەسوەسەیەک هەیە و لە یەخەمان نابێتەوە، ئاخۆ دەسەڵاتی کوردیی بەرپرسیارە لەم رەوشە نادیموکراتی و بێسەر و بەرییەی ئێستای کۆمەڵ یان خودی کۆمەڵ بە پلەیەکی لەسەرتر بەرپرسیارە لێی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە ئیشکالییەتی فیکریی و دژایەتی بۆچوون دروست دەکات، هێند ناگاتە دەرئەنجامێک یان وەڵامێکی دڵنیاکەر، ئەم پرسیارە هەر لەو پرسیارە دێرین و فۆلکلۆرییە دەچێت کە دەپرسێت: هێلکە لە مریشکە یان مریشک لە هێلکە؟ وەڵامی پرسیارەکە بە هەر بارێکدا بێت، هەر راستە، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەش هەر بە هەمان شێوەیە و لە هەر بارێکدا بێت بەشێکی زۆری لە راستیی لە خۆگرتووە. نە کولتووری شوانکارەی کورد هەناسەیەکی تێدایە بۆ لە دایکبوونی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسی، نە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان رێگە دەدات بە گەشەکردنی کۆمەڵ و کرانەوەی بە رووی دنیا و بوژانەوەی بازاڕی ئازادی کار و ئابووری تا لێوەی کۆمەڵگە شەقاوێک لە دیموکراسیەت نزیک بکەوێتەوە. چوونکە دیموکراسیەت لە کوردستان لە سادەترین پێناسەیدا واتە هەڵگیرانی ئەو تەرزە لە دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردن هەنووکە لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.

دیموکراسیەت لە هەنگاوی یەکەمیدا واتە سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەو پارتە سیاسییانەی دەسەڵاتی نەبەستراوە و بەرفرەیان هەیە لەسەر هەموو ئاستێک. بەم مانایە بێت کردەی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتی کوردیی کردەی خۆکوژییە نەک هەنگاوێک بۆ سەرلەنوێ رەنگڕێژکردنەوەی دونیا و مانا بەخشین بە دەسەڵات و حکومەت و مافی هاووڵاتیان. زۆر بە کورتی دیموکراسی لێدانی پرد و بەرزکردنەوەی باڵەخانە نییە بە بڕیارێکی حکومیی بێتە بوون، نەخێر ئەم سیستمە قاچێکی لە نێو زەمینەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵدایە و قاچەکەی تریش لەناو رەگوریشەی دەسەڵاتی سیاسیی. تاکە بوویەکیشە کە ناتوانێت لەسەر یەک تاکە قاچ رابوەستێت و خۆی بگرێت. لێرەوە رەنگبێ کەمێک لە وەڵامی پرسیارەکەمان لا رۆشن بێتەوە، بەوەی دیموکراسی نە بە تەنیا حکومەت دێتە دی و نە بە تەنیاش بە خەڵک.

ئاخر هیتلەر لە رێی پرۆسەیەکی تەواو دیموکراتییەوە جڵەوی حکومی گرتە دەست و وێنای گەورەترین و ترسناکترین دەوڵەتی دیکتاتۆریی و ئیستبدادیی کێشا، ئەمە شکستی پرۆسەیەکی دیموکراسییە ئەگەر نیەت و ئیرادەی دەسەڵاتی لەگەڵدا نەبێ، لەوانەشە نموونەی پێچەوانەشمان هەبێت. ئەگەر زۆر دوور نەکەوینەوە لە باسەکەمان و بگەڕێینەوە لای کۆمەڵی کوردەواریی، ئەوە لە کۆمەڵگەیەکی شوانکارە کە خووی بە نەریتەکانی قۆناغی کشتوکاڵییەوە گرتووە و زیاد لە هەر شتێکیش پێوەی پابەند بووە، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتێکی هەیە لەسەر وێنەی دیکتاتۆرانەی دوژمنانی دوێنێی خۆی داتاشیوە، قسەکردن لەسەر دیموکراسی رەنگبێ زیاد و کەمێک نالۆژیکیانەش بێت. زیاد لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانێت تەنانەت لە زمانی ئەم نووسینەش تێ بگات، چوونکە زمانی ئەو وەک کۆمەڵەیەکی ساکار و دۆستی سروشت زمانی شیعرە، نەک رەخنە و داتا و ئارگۆمێنت!، نالۆژیکانەیە ژ بەرئەوەی باسکردنە لە دیاردە و مۆدیلێک هێشتا بە چەندین دەیەی ماوە بگاتە ئێرەکانە و نەشونما بکات و لەسەر واقیع خۆی بسەپێنێت.

رەنگە سەیر بێت بۆ هەندێک، کە منێکی چەپڕەو خوازیاری دەسەڵاتێکی دیموکراتخواز.! ئەمە ناکۆک نییە لەگەڵ هزرینمدا، چون بیرۆکەی چەپ لە هەناوی مودێرێنێتەوە دەرهاتووە، نەک لە رۆحی فیودالیزمەوە، مودێرنێتەش لە ئاستی سیاسی ناسیۆنالیزمە و لە رەهەندی ئابووری بازاڕی ئازاد، هەرچی رەهەندی کولتووریشە لیبرالیزم و دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لە باری واقیعیشەوە لەو باوەڕەدام پەڕینەوەی کوردستان بۆ دیموکراسی و رۆحی مودێرنە، کارئاسانی بۆ ململانێی راستەقینەی چەپ و راستی کۆمەڵگە دەکات، کە لەو بەستێنەدا کێشمەکێش بکەن. بۆیە داکۆکی من لە دیموکراسی لەبەرئەوە نییە سیستمێکی ئیدیاڵ و دڵخوازە، رەنگە هەموو کات لەو دیدەوە پشتگیریم لە دیموکراسی کردبێت، لە کوێ چەپ لەگەڵ خێڵ و نەریتی فیوداڵی ململانێ بکات کە سەردەمە خەریکە دیموکراسیش جێدەهێڵێت، لە کوێش لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی دیموکراسی و سەرمایەداریی لە ململانێدا بێت.

سوێد – ستۆکهۆڵم
تەموزی 2008
لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 213-215 چاپ بووە.




نەتەوەیەکی بەڕەڵا.. فازیل شــەوڕۆ

زاراوەی(بەڕەڵا)، لەناخدا جۆرە نیگەرانییەک دەورووژێنێ کە دێ بێئاگایانە توڕەت بکا، چونکە زایەڵەی زاراوەی (نەتەوە) زۆر لەو پیرۆزتر و مەزنترە، بەم تەرزە هاوڵناوە وەسف بکرێ، ئاخر، وشەی (بەڕەڵا) یەکسەر بیرت بۆ لای هێندێک شتی ڕەزاقورس و نافرەجا دەبات. هەم نیگەرانییەک و هەم توڕەبوونەکەتم قبوڵە، چونکە زۆر بیرم کردەوە، قەت هیچ زاراوەیەکی پەسندتر و شیاوترم وەدەست نەکەوت بۆ ئەو دیاردە گڵاو و ترسناکەی کە دێ هەموو ڕێیەکانمان لێ بگرێت، بە ڕیگای قەبرووستانەکانیشەوە ــ ئێ! کە ئیجە دەبێتە گۆڕستان، دایکەکان ڕێیەک شک نابەن تا ڕۆژانی پێنجشەمە، بچنە سەر گۆڕی جەرگەکانیان و بە ڕێژنە فرمێسکێک، ئاوڕشێنیانکەن!
بە چاوخشانێکی خێرا، بە مێژووی ئەو سەت ساڵەی نەتەوەی کورد، لە (١٨٩١ تا ١٩٩١)، بێویژدانێ نەبێ، بۆت بەدیار دەکەوێ، کە ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیە بە ژن و پیاوییەوە، خەونێکی وەنەوشەیی جوان و پیرۆزیان، هێندە بە جەرگسۆزی و گیانفیدایی لە هزر و لە دڵدا حەشاردابوو، تا ڕادەیی ئیمان پێهێنان. بەسەرهات و ڕووداوەکان هێندە دژوار و بوێرانە و جەرگبڕن، کە هەر تاکێکی ئەو نەتەوە، بۆخۆی بووە داستانێک، داستاننووسێکی دەویست بینووسێتەوە. جحێڵی بیست ساڵی بە پشتێنەکەی، خۆی لە گابەردێک یان خۆی لە نێو قەدی هاوسەنگەرەکەی دەبەستەوە، گەنجی سمێل نەهاتوو، بەدەستی خۆی پەتی سێدارەی دەکردە گەردنی و نەیدەهێشت جەلادی گڵاوی دەستی بۆ بنێنێ، نەکۆ دڵخۆش بێ، بە لەسێدارەدانێ کوردێک… .
سەرەڕای هەموو دڕندەیی و زۆرداری و جەبەروت و زوڵم و ستەم و قەتل و عامکردنی بێویژدانانەی کوردەکان بە دەستی هەر سێ نەتەوەی عەرەبی فاشی و و فارسی خوێنخۆر و و تورکی ڕەگەزپەرست، یەک تاکە منداڵی کورد ئامادە نەبوو دەستبەرداری خەونە وەنەوشەیەکەی بێ!
“خەونی ئازادی نەتەوە و ژیانی ئاسوودە”
بێگومان، دوژمنەکانمان، هەمیشە هەر لە تەگبیر و دەسیسە و نەخشەداڕشتنی پیلانی (مەرگی یەکجارەکی) کورد دابوون. ئەوان لەساڵی (١٩٧٥) ژیرانە و هێمنانە، دەستیان کرد بە جێبەجیکردنی ئەو نەخشە گڵاوانەی کە بەیەکەوە بۆیان داڕشتبووین، بۆیە سەرەتایی کزبوونی مەشخەڵی خەبات و غلۆربوونەوی خۆری سەکەوتن دوای پەیماننامەکەی جەزائیر دەستی پێکرد. لەو ڕۆژەوە، ئەو تەبایی و یەکبوونەی کە هەمانبوو ــ سەرەڕای هەموو عەیب و عارێکی ـ گلۆرەی کەوتە لێژی. ڕاستە قوربانییەکانی دوای ئەو ساڵانەش یەکجار یەکجار پڕکارەساتبار و جەرگبڕبوون، بەڵام، لە پشت هەموو، قوربانیدانەکانمان، بێئاگابووین لەو شانۆگەریانەی لە پشتی پەردەدا بۆیان ئامادە دەکردین.
تا گەیشتینە ئەمڕۆ… .
ئەمڕۆ، (٢٠٢١)، دوای (٣٠) ساڵی ڕەبەق لە سەربەخۆی و حوکمڕانی خۆجێی و خۆبەڕیوەبردن، گەیشتووینەتە قۆناغێکی مەترسیدار کە:
کە گەڕانەوەی بۆ ڕابردوو مەحاڵە.
چوونە پێشەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە (خەونێک) لە مەحاڵ مەحاڵترە.
ئیمڕۆ، (٢٠٢١)، کۆی هاوکێشەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و جیهان تەواو جیاوازە و بە گۆشەی (٣٦٠) پلە گۆڕاوە:
ئیمڕۆ، “قسەمان لەسەر کوردستانی باشوورە”، دەبێ لە (٣) گۆشەنیگاوە، تەماشای تۆ بکرێ:
• وەک نەتەوە.
• وەک هاووڵاتییەکی عێراقی.
• وەک مرۆڤ.
ئەوەی من دەیبینم و دەیخوێنمەوە، هەموو ڕۆژاوا و ئەمریکا و وڵاتە پێشکەتووەکانی وەکو ژاپۆن و مالیزیاو ئەندەنووسیا، هەرچی دەیکەن، هەرچی دەیڵێن، بە پشت بەستنە، بە (لێکۆڵینەوە). ئەوان (هەست و ویژدان و سۆز و مەزاج) نازانن. دێن لە هەرچی ئەتۆ هەتە، لێکۆڵینەوەی زانستیی دەکەن، دواتر پسپۆڕان، ئەو لێکۆڵینەوانە لە سەردوبێژینگ دەدن، ئەوجا سەرگوڵ و بنبێژینگ و زیووان و خاپەرۆکەکە لێک جیاواز دەکەنەوە. بە بڕوای من لە کۆی خەرمانی ئەو (٣٠) ساڵەدا، ئێمە دوو مشت سەرگوڵمان نەچنیتەوە. کەواتە ئەوان بەهیچ جۆرێک ئامادەنین، هاریکاری و پەیمان و دۆستایەتی کەسێک بکەن کە لەسەر دۆسییەکەی نووسرابێ (فاشیل). نەکەن بە شانۆگەری و نمایشەکانیان هەڵخەڵەتێن، من لە نزیکەوە لە گەڵیان دەژیم و تێیان دەگەم.
با بێنە، سەر خاڵی دووەم: (هاووڵاتی عێڕاقی): کام عێراق؟ ئەو وڵاتەی لە هەرچی شتی ناشیرین و قێزەوەن هەیە یەکەمە. ئەو وڵاتەی کە پتر لە (٥٠٠) ساڵە خوێناویترین شەڕی تایفگەریی تێدا دەکرێ. ئەوەی ئەو سوونە و شیعە بەیەکیان کردووە، قەت هیچ خێڵ و هۆز و نەتەوە و میللەتێک لەگەڵ یەکتریان نەکردووە. کارەساتەکان باس ناکرێن. لە دیدی سوونەکاندا، تۆ پتر دۆستی شیعەکانی و مەیلی عەلمانییەت و لیبڕاڵیزم و فیدڕاڵیت هەیە. لە دیدی شیعەکانیش، تۆ هەر سوونەیت و جوداخوازیت و ڕێفراندۆمکاری. ئەوائێستا ن خۆیان گرتووەتەوە و بەهێزن تۆ لاوازی. جارێ دوو ڕۆژبوو سەددام نەمابوو، یەکێکیان گوتی:”کاکە، سەبرێکمان لێبگرن، جارێ دەستمان هەڵبەستراوەتەوە!”
بۆ خاڵی سێیەم: (تۆ وەک مرۆڤ). زۆر چاک بزانە، سەنگ و بەرد و تەراوزووی تێڕوانینی خەڵک بۆ مڕۆڤایەتی تۆ، (لە مرۆڤایەتی خۆت دایە). کە سەت لە سەت، بە داخەوە لە دەستمان داوە. هەر هەمووی… . باشە بۆ لەو خۆت ناپرسی بۆ لە دەنگوباسەکان، ئێستا یەکەم هەواڵ، هەواڵی کوشتنی ژن و منداڵ و باوک و کوڕە؟ ئەو بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن: ئەوانە لە مرۆڤایەتی شووراونەتەوە. کە تۆ مرۆڤ نە بوویت، کەسیش ئامادە نییە وەک مرۆڤ تەماشات کات و مامەڵەت لەگەڵ بکا.
چۆن وامان بەسەر هات و بۆ گەیشتینە ئەمڕۆژە ڕەشە؟
گەرچی خاونی گەورەترین سامان و سەروەت بووین، خاوەنی چاکترین نەوەی گەنج بووین، خاوەنی جوانترین خەون بووین، لێ هەمووی هەرەسی هێنا:
لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، ئەوەی هەستا سەرپێ گوتی من (سەرکردەم) تا کار گەیشتە ئەوەی نەزانرێت کێ سەرکردەیە. هەر نەتەوەیەک سەرکردەی نەبێ، نەتەوەیەکی بەڕەڵایە ـ سەرکردە بە مانا قووڵ و فەلسەفییەکەی ـ .
هەر تاکێک، گوتی (هەمووی هێ خۆمە)، کۆڵانە و حەوشەی قوتابخانە و مزگەوتیشیان خستە سەر خانووەکانی خۆیان. شتێک نەما لەو وڵاتە ناوی لێبێیت(نیشتمان). نیشتمان تەنها ماڵی خۆتە، بۆیە ئامادەنیت بەر دەرگای ماڵەکەشت گەسک بدەی!
چونکە دەسەڵاتدارەکان، کەسانی بە ئەزموون و قەڵەمڕە و دەوڵەتدار نەبوون، هەر هەموو کایەکانی ژیانیان بۆ هاووڵاتی بەڕەلاکرد. (خۆم مامۆستا بووم، بەڕێوەبەرەکەم، پێدەگوتم، نابێ لە خوێندکار بپرسیتەوە، نابێ دڵی بڕەنجێنێ، با بۆ خۆی ئازاد بێ) “ناحەقیشی نەبوو، چونکە خوێندکارێک دەیتوانی گەورەترین بەڕێوەبەری فنیش بکات.”
کوردستانێک، (٧٠) ساڵی ڕێک لە زیندان و قەفەز دابوو، لە شەو و ڕۆژێک، دەرگای هەرچی وڵاتانی جیهان هەیە، بە ڕوویدا کرایەوەو، هەر هەمووشیان گوتیان:”دەبێ. زوو. زۆر زوو ببینە خاوەن هەر هەموو ئەو شتە جوانانەی کە بە خەونیش نەیان دیتبوو. (ئەوان حەقیان بوو ببنە خاوەن هەموو شتێک، بەڵام بە ئارەقەی نێوچەوان و بە ڕەنج و ماندوو بوون). بۆیە هەر هەموو وڵات لە پێناو شتە گرانبەهایەکان، هەڕاج کرا، بە نەخۆشخانە و قوتابخانەشەوە.
ئێمڕۆ (٢٠٢١) ، ئێمە نەتەوەیەکی بەڕەلاین. هیچ سەرکردەێکمان نییە، هیچ وڵات و کەسێک بە دۆستمان نازنێ، کەس ئامادە نییە لە ناخۆشترین هەلوێست دەستمان بگرێ. هیچ ژنێک، هیچ پیاوێک، هیچ منداڵێک نازانێ بۆ دەژێ… چۆن دەژێ… بۆ کوێ دەچێ.. ئایندەی چییە….؟
وەک منداڵێکی کەوتبێتە بەر دەستی زڕداک و ئەویش لە خۆشیی باوەشی مێردەکەی، منداڵەکەی دەرکردوە و
ئێستا ئەو منداڵە: بێکەس و حەیران و سەرلێشیواو
بە شەقامەکانی شاردا دەسوڕێتەوە،
کەسێک نییە، ببێتە باوکی.
کەسێک نییە دەستی بگرێ و دەستێکی پڕ سۆز و موحیبەت بە سەری دابێنێ…
ئیمڕۆ… نەتەوەیەکی بەڕەلاین…،
خەونەکانمان، بە دەستی خۆمان ئەنفال کرد.




شیعر و گێندەر.. ناڵە حەسەن

بۆ نووسینی ئەو بابەتەم ، یان دیاریکردنی پەیوەندییەکانی ( شیعر و شاعیر و گێندەر _ ڕەگەز ) بەوەوە دەست پێدەکەم ، زۆرجاران لە دیمانەکان یان قسەکردن لەبارەی شیعر و شاعیران دەڵێن ، ژنە شاعیر ( کەژاڵ ئەحمەد ) یان خانمە شاعیر ( ئاوێزان نووری یان هێرۆ کوردە ) یان هەر کەسایەتییەکی ژن یان کچ ، ئەوانەی کە شاعیرن . بەڵام / هەرگیز نەمان بیستووە و نەمان بینیوە بڵێن / پیاوە شاعیر ( سەباح ڕەنجدەر یان کەریم دەشتی ) ، زێتر دەڵێن / ( سەباح رەنجدەر )ی شاعیر یان ( کەریم دەشتی ) شاعیر ، بۆ شاعیرەکانیتریش بە هەمان شێوە .. ئێمە لەنێو ڕووبەری ئەم باسەمان کە ڕاناوی کەسی دووەم بۆ شاعیرەکە بەکاردەهێنین ، مەبەستمان خودی کەسەکە یان کەسایەتییەکە نییە هێندەی / مەبەستمان ( ئەوی شاعیرە ) ، بۆ ڕاناوی کەسی یەکەمیش ( مەبەستم خۆم نییە ، بەڵکو مەبەستم ( منی شاعیرە ) . بۆیە / کە باس لە ( کەژاڵ ئەحمەد ) دەکەین / مەبەستمان لە ( کەژاڵ ئەحمەد سەعید ) نییە بەڵکو ، مەبەستمان لە ( کەژاڵ ئەحمەد )ی شاعیرە ، واتە ( ئەوی شاعیر ) ، یان بۆ ( سەباح ڕەنجدەر ) مەبەستمان لە ، ( سەباح سابیر حەسەن ) نییە بەڵکو ، مەبەستمان لە ( سەباح ڕەنجدەر )ی شاعیرە . لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دەکەین ، ئایا دەکرێت بڵێین / ( ژنە شاعیر تەرزە جاف یان پیاوە شاعیر شێرکۆ بێکەس ..؟ ) . یان ( خانمە شاعیرەکان و پیاوە شاعیرەکان …! ) ، لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارە نادەینەوە ، دواتر لە سیاقی قسە لەبارە کردن و ڕوونکردنەوە و باسکردن لە نموونە و فاکتەکان ، وەڵامەکە بەشێوەیەکی ڕۆشن و ڕوون خۆی دەدات بە دەستەوە و منیش وەک نووسەری ئەم بابەتە / وەڵامی کۆنکرێتی خۆم دەخەمەڕوو ، هێندە هەیە لێرەدا تەنها ئەو تێبینیە دەخەمە ڕوو یان بیرتان دەهێنمەوە کاتێک دەڵێن / خانمە شاعیرەکان ، یان پیاوە شاعیرەکان ئەوە باس لە کەسایەتییەکان دەکەن ، نەک ئەوانی شاعیر ..! چونکە بەبڕوای ئێمە خودی کەسەکان و کاراکتەرەکانییان جیاوازە لەگەڵ ئەوانی شاعیر ، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و بۆ شۆڕبوونەوە بۆ نێو قووڵایی مەبەستەکانم ، لێرەدا لە ئەزموونی شیعر و ( منی شاعیر ) دەستپێدەکەم و چەند نموونەیەک لە شیعرەکانم دەهێنمەوەو باسیان دەکەم . لە کۆپلەی یەکەمی ( سروودی بەرەو یەکسانی ) دا دەڵێم ..
لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا
پشتم لەژێر قوڕسایی کار کۆم بۆتەوە
مۆری زەعیفە و کۆیلەتی بەناو چاوم لکێندراوە
هەوری ڕەشی پیاو سالاری
بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە …!
ئەم شیعرە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان نووسیومە ، کراوەتە سروود و لەلایەن مۆسیقاژەن ( پایەدار بەرزنجی ) ئاوازی بۆ دانراوە ، دوو سێ ساڵ لە مەراسیمی( هەشتی مارس ) لە هەولێر بە کۆرس گوتراوەتەوە ، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە جێگەو ڕێگەی ژنان و ئازار و ستەمێک لەسەر ژنان دەکات ، لەنێو دەقەکەدا . ژنێک باس لەخۆی دەکات و دەڵێت ،( لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا ، واتە لەو ڕۆژەوەی موڵکدارێتی لە ( گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کەوتونەتە دەست پیاوان ) ، لەو کاتەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستی پێکردووە و چینەکان دروست بوونە و یەکەمین قوربانییانی ئەم چەوساندنەوەیەش ژنان بووینە ، لە قۆناغی بێ ڕەحمی سەرمایەداری و لەژێر سایەی سیستەمی پیاوسالاریش ژان و ئازارەکانی ژنان بەوپەڕی گەیشتوون ، بۆیە دەڵێ ( هەوری ڕەشی پیاو سالاری بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە ..! ) ، ئەگەر لەم کۆپلە شیعرە و لە ناوەڕۆکەکەی ورد بینەوە دەبینین ، ئەوە ژنێکە قسە دەکات و باس لە ئازارەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ( منی شاعیر ) ئەم شیعرەی نووسیوە ، واتە دەنگێکی مێییینە لەنێو منی شاعیردا هاتۆتە قسە ، ( منی شاعیر ) لەنێو ئەم دەقە شیعرییە کەسێکی مێینەم یان دەنگێکی مێینەم لە خۆمدا بەرجەستە کردووە ، بەدەر لەوەی خۆم وەک کەسایەتی چیم و چ گێندەرێکم هەیە ، من باس لە ( منی شاعیر ) دەکەم لەنیو ئەو دەقەدا .. لە شیعرێکی ترم بەناوی ( شەباهەنگی بەفر ) ، لە شوێنێکی شیعرەکەدا دەڵێم ،
خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی هەڵمی ڕووبارە شەرمنەکان
لەگەڵ کازێوەی عەشق پێکەوە سەفەر دەکەین
دەمەوێ لە ئاهەنگی لە دایکبوونی خۆر سەما بکەم
تا لە بەهەشتی خەونە سک پڕەکانی بەهار
دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی کچێنی خۆم و بۆ گەڵا پایزییەکانی
ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم …!
ئەم شیعرە بەروارەکەی لە ( ئازاری ١٩٩٦ ) نووسراوە و دواتر لە ساڵی ( ١٩٩٩ ) لەگەڵ کۆمەڵە شیعرێکی تر لە کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) بڵاوبۆتەوە ، شیعرێکە باس لە عەشق و نائومێدییەکی گەورە دەکات ، لەبارەی خەمی کچێنی و خەمی گەورە کچان دەدوێت ، لە شوێنێک بە ڕۆشنی دەڵێت ،( ئەمشەو هەردوو مەمکی تەمەنی کچێنی عەشق بەسەر شانم شۆڕبۆتەوە ، لە قووڵایی دڵە خەمناکەکانییان ، تف لە ئاوێزانبوونی هەوری ئافات و خەونە کابووسییەکانی قەدەر دەکەن ..! ) لێرەدا مەبەستمان نییە خوێندنەوەیەک بۆ دەق و ناوەڕۆکی ( شەباهەنگی بەفر ) بخەینەڕوو ، هێندەی مەبەستمان ئەو کۆپلە شیعرەی سەرەوەیە کە شاعیر / باس لە کچێنی خۆی دەکات و دەڵێ ( دەمەوێت ، دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی ( کچێنی خۆم ) و بۆ گەڵا پاییزییەکانی ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم …! ) ئیتر چی لەمە ڕۆشنتر و ڕوونتر هەیە کە شاعیر ، لەنێو ئەم دەقە شیعرییە باس لە کچێنی خۆی و خەمێکی قووڵی کچانە دەکات ، واتە دەنگێکی مێینەی لەنێو خۆیدا بەرجەستە کردووە و کچێک یان گەورە کچێک لەنێو ئەودا هاتۆتە قسە ..! یان لە قەسیدەی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) کە قەسیدەیەکی درێژە ، لەساڵی ( ١٩٩٥ ) نووسراوە ، لەشوێنێکی ئەم قەسیدەیە دەڵێم ،
ئێستا
ڕووباری نێوان مەمکەکانم ئاوێکی شێلووی
پێدا دەڕوات ..!
ئێستا من لەناو گێژاوی سەرگەردانی ، هاژەی
تاڤگەیەکی دڵ تەنگم ….
دەی گوڵە گیان دەی ،
دەوەرە / لەسەر نینۆکەکانم
لەسەر پشتی هەردوو دەستم
لەسەر پەڕەکانی لێوم بڕوێ
تا بەتۆوە بئاخڤم و بە تۆوەش هەناسە بدەم
تا بە تۆوە بمناسنەوە و لەم غەریبییەدا
ڕەنگی ڕۆیشتووم بێتەوەبەر
دەی گوڵەگیان
دەماچم کە
دەبم گوشە
دەبۆنم کە
دەی گوڵەکەی خۆم دەی ..!
دەقی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) قەسیدەیەکی درێژە ، یەکێکە لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی من لەگەڵ هەناسە درێژیم لەنێو دەقی شیعریدا ، قەسیدەیەکە ناوەڕۆکێکی پڕ لە بەرز و نزمی و پڕ کێشمەکێشی هەیە ، بەزمانێکی تەڕ و ناسکی شیعری .. ئێمە مەبەستمان ئەو کۆپلەیە کە شاعیر باس لە (مەمکەکانی ) خۆی دەکات ، وەک کەسایەتی و دەنگێکی مێیینە دەردەکەوێ ، ئەگەر ناوی شاعیری بەسەرەوە نەبێت ، خوێنەران وا دەزانن خانمێک ئەم شیعرەی نووسیوە ، لەنێو شیعرەکانم نموونەیتری لەم بابەتە بەرچاو دەکەون ، با دیوێکیتر و چەند وێنەیەکی تری شیعری بخەمە ڕوو کە لەوێدا / شاعیر ئەمجارەیان وەک دەنگێکی نێرینە دەردەکەوێت ، بۆ نموونە لە شیعری ( بۆ چاوە گەشەکانی ڕەها ) ئەو شیعرەش شیعرێکی درێژە بەڵام تەنها یەکدوو کۆپلەی دەخەینەڕوو ،
_ کچم ڕەها
چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا
چەند بە جوانی و چەند بە نەرمی
لە ناخەوە پێدەکەنی …!
_ کچم ڕەها
کە گەورە بووی بیرت نەچێت
لە ڕۆژانی کۆچەریما هاتییە دنیا
………………….
ڕۆحی بابەی
ڕۆڵە نەکەی کە گەورە بووی
خوێنی ناو دەمارەکانی
پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە بکا
گوڵە هێرۆی بەرسێبەری
چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار بدا
لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دابدەی
لەپی دەستت سەیری ئەستێرە و مانگ بکا …!
ئەم شیعرە لە سەرەتای مانگەکانی ساڵی ١٩٩٤ نووسراوە و دواتر لە کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) بڵاوبۆتەوە ، ئەوکاتە ڕەهای کچم تەمەنی سێ چوار مانگ بوو .. لەبار و زروفێکی سەخت و وەزع و گوزەرانێکی دژوار .. بێ خانەو لانەیی و هەرجارەی لە کونج و کۆڵانێک ژوورێکمان بە کرێ دەگرت .. ڕۆژێک لەسەر سیسەمەکە ڕەها لەسەر پشت ڕاکشابوو منیش یاریم لەگەڵدا دەکرد ، ڕەهاش بەشێوەیەک پێدەکەنی ، منیش لە هەموو ژیانم ئەو پێکەنینە ئەفسوناوییەم لەمنداڵێکی ئەو تەمەنە نەبینیبوو ، دوای یاریکردن خەواندم . ئیتر پێکەنینەکەی لە خەیاڵما مایەوەو بوو بەسەرەتای شیعرێکی درێژ و نووسیم ، ( کچم ڕەها چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا دە پێمبڵێ ئارەزووی ئەم هەموو پێکەنینەت لە کوێ هێنا ..؟ ! ) ئیتر ئەم خەیاڵە تێکەڵ بە ژیان و گوزەران و ئاسۆ و ئومێد و خەونەکان و زۆرشتیتر بوو .. وەکو باوکێکی دڵسۆز ئومێد خواستن بۆ ڕەها کە لە داهاتوو چۆن مرۆڤێک و کەسایەتییەک بێت یان ژیانی چۆن بێت و بە چ ئاراستەیەک دا بڕوات ، زۆر بە ڕۆشنی هاتووە کە دەڵێ / ( کاتێک پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە دەکات ، گوڵە هێرۆی بەر سێبەری چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار دەدات ..! ) واتە دەخوازێ کە کەسێکی بەهێز و بەتوانا بێت لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت ، لە کاتە ناخۆشەکان و ڕووبەڕوو بە کێشە و میحنەتەکان ، نەچێت لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دا بدات و لەپی دەستەکانی سەیری ئەستێرە و مانگ بکەن ، واتە دەست پان نەکاتەوە لەبەر هیچ کەسێک و تەنانەت هێزە ئاسمانییەکانیش …! لێرەدا دەبینین شاعیر وەک باوکێک قسە بۆ کچەکەی دەکات واتە ، دەنگێکی نێرینەی لەخۆی بەرجەستە کردووە …! نموونەیەکیتر . لە قەسیدەی ( من ) کە وەکو ئەزموونێکی نوێ ناومان ناوە ( دەقی تەمەن ) لە بەشی یەکەم لە کۆپلەی پێنجەم دا دەڵێم ..
لەنێو خەڵوەتگەی ژینی من
ژنێک سەرسامە بە پەنجەکانم
ژنێک سەرسامە بە قژی خاوم
ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم
ژنێک سەرسامە بە نیگاکانم
ژنێک سەرسامە بە شیعرەکانم
سەیرەکە لەوە دایە
لەنێو ئەو هەموو ژنە سەرسامانەم
منیش سەرسامم بەخۆم
هەرخۆم و هەرخۆم و هەرخۆم
خۆمی تاک و تەنیا
خۆم تا ئەبەد خۆم …!
دەبینین لەم کۆپلە شیعرەش / شاعیر لەنێو نەرجسیەتێکی تۆخ دایە ، خۆشەویستی بۆ خود لە ئاستێکی زۆر بڵند دایە ، بە دیدێگی (نێچە)ییانە و لە ئاستی باڵا لە من و بوونی خۆی دەڕوانێت کە / ئەو بیرکردنەوەیە بۆخود بیرکردنەوەیەکە لە تەواوی ( دەقی تەمەن ) ئیشی لەسەر کراوە ، بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ، ئەو دێرەیە کە دەڵێت ( ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم …! ) ، سمێڵ هێمایە بۆ پیاو ، واتە لێرەشدا شاعیر دەنگێکی نێرینەیە .. لەم نموونانە بینیمان منی شاعیر لەیەککاتدا لەنێو ڕووبەری شیعرەکاندا ، هەم دەنگی مێیینە و هەم دەنگی نێرینەی لەخۆیدا بەرجەستە کردووە ، هۆکارەکەش ئەوە بووە / هەر لەسەرەتای ئەزموونی نووسینی شیعریم ، ویستوومە جیاواز بیربکەمەوە و جیاواز بنووسم ، چونکە ئەوە بیرکردنەوەی جیاوازە فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، نوێخوازیش هەر لەنێو ئەم هاوکێشەدا مانا پەیدا دەکات ..! تا ئێرە چەند دیمەنێکمان پێشان داوە ، هێشتا هۆکار و وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەمان نەداوەتەوە و بەڵام زۆرباشم لەبیرە / لەناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان ، ئەوکات بە ئێمەیان دەگوت ( شاعیرە لاوەکان ) ، لە گازینۆی ( مەچکۆ ) ڕۆژنامەنووسێکی برادەرم پرسیارێکی لێکردم و گوتی / ( ناڵە حەسەن ) تۆ لەنێو شیعرەکانتدا زۆر باسی ( مەمک ) دەکەیت و وەکو ( کچێک ) دەردەکەویت ، ئەگەر ناوت لەسەر شیعرەکانت نەبێت و یان وێنەت لەگەڵیان نەبێت کەس نازانێت تۆ کوڕیت یان پیاویت ..؟! منیش لەناخی ناخەوەم پرسیارەکەم زۆر پێخۆش بوو ، لە وەڵامدا گوتم / ئاخر من کە دەچمە نێو جەوی شیعری و بەنێو دنیای خەیاڵ ڕۆدەچم و قووڵ دەبمەوە لەوێدا ، لە واقیع و لەخۆم دادەبڕێم ، لەوێدا من نازانم نێرم یان مێ ، منداڵم یان پیر ، تەنها مرۆڤێکم هیچیتر ..! برادەرەکەشم سەرسام بوو بەوەڵامەکەم و قەناعەتی بە قسەکانم هات .
ئیتر لەمبارەوە ، ( نوکتە و سەرگوزشتە و باسی خۆش خۆشیش هەن …! ) . ئیتر ئەم حاڵەتە لە نێو خەیاڵ و باری دەروونیم مایەوە ، تا ئەزموونم بەرەو سەرووتر دەچوو کاریگەری ئەم بارە دەروونییەم لەنێو ڕووبەری شیعر و خەیاڵە شیعرییەکانم تۆختر دەبوو ، بەڵام نەمدەتوانی بەشێوەیەکی گونجاو تەعبیری لێبکەم و یان لەنێو پانتیایی لێکۆڵینەوەیەک تیۆریزەی بکەم . زەمەن هات و ڕۆیشت ، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ( یوتوب ) گوێم لە دیمانەیەکی( ئەدۆنیس ) ی شاعیر ڕاگرت ، زۆر جەریئانە لە وەڵامی پرسیارێک کە باسی خۆی دەکرد گوتی ، ( کەسایەتییەکی مێینە ، یان دەنگێکی مێینە لەنێو منی شاعیردا هەیە ..! ) ، دڵخۆش بووم بەو قسەیەی ( ئەدۆنیس ) ، شیعرەکانی خۆم و پرسیارەکەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و وەڵامەکەی خۆمم بیر کەوتەوە ، گوتم نا من هەڵەنیم ، شاعیر ( بەدەر لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکەی خۆی ) ، دەتوانێ هەم دەنگی مێینە و هەستەکانی مێینە و / هەم دەنگی نێرینە و هەستەکانی نێرینە لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، چونکە لە دواجاردا شاعیر مرۆڤێکە بە هەموو هەستە جیاوازەکانەوە ..! لێرەدا بینیمان / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعر دەتوانێ دەنگی مێینە و دەنگی نێرینە لە شیعر و دیمەنە جیاوازەکان لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، ئێستا باس لە دەقی ( بەیان ) دەکەین کە یەکێکە لە قەسیدەکانی ( شیرکۆ بێکەس )ی شاعیر ، پوختە و ناوەڕۆکی دەقی ( بەیان ) بەو شێوەیەیە ، بەیان کچی دێیەکە سەر بە ناوچەی مەریوان ، کچێکە لەگەڵ موعاناتی خۆی و کۆمەڵگە چەوساوەکەی دەژی ، ئەم ژیانە نابەرابەرەی بۆ قەبووڵ ناکرێک ، چ وەک کچێک چ وەک کەسایەتییەکی کوردی ژێردەستە ، شەوانان تا درەنگی شەو سەدان پرسیار بەخەیاڵی دادێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە بەشێکی قەسیدەکەی دەڵێت ،
ئێستا کەنیشکی ئەم دێیە
دێت و ئەڕوا و قسەی پێیە
قسەکانی لەلای هەندێ
وەک شەمامە هەڵئەگیرێ ….
ئەم کیژەمان وەکوو
چاوی بیری زیت بوو
گشت شەوگارێ
لەژێر لێفەی کون کونەوە
بە قەد ژمارەی ئەستێرەی
شەوی هاوینانی ناودێ
هەنگی پرسیار لەناو سەریا
ئەو ڕۆژان و
تا بەربەیان
نەیان ئەهێشت چاو لێک بنێ
ئەم بۆ ئەژی ؟ ئەو بۆ ئەمرێ
ڕەنج بۆ ئەخورێ ؟
ئەم بۆ دیلە ؟ چۆن ڕاپەڕێ ؟
بەیان / هۆشیارییەکەی دەگاتە ئەو ئاستە بڕیار دەدات چەک هەڵگرێ و ببێ بە پێشمەرگە . ئەم بڕیارەی لەلای پیاوانی ئایینی و هەندێ لە کەسەکانی دێکەی دەبێتە مایەی ڕەخنە و توانج بەڵام ، بۆ کیژۆڵان و زۆرێک لە کەسانی هاودەمی خۆی مایەی دەستخۆشانە دەبێت ، بەیان پێشمەرگەیەکی ئازا و چالاک دەبێت ، دەبێتە سەردەستەی گرووپەکەیان ، دوای ماوەیەک نامەیەک بۆ ماڵەوەیان دەنێرێ ، چونکە بەیان ئێستا هێندە کەسایەتییەکی خۆشەویستە نامەکە ئەودەست و ئەو دەست دەکات ، لەماوەی یەکدووڕۆژا نامەکە گەچراو و کۆن دەردەکەوێ ، لە ترسی دڕان و لەناوچوون دەیبەن لەمزگەوت بە مەکەبەرە دەیخوێننەوە ..! دواتر بەیان شەهید دەبێ ، شاعیر لە کۆتایی قەسیدەکە ، دەڵێت ،
بەیان بەیان بەیان
ئیتر بەیان هەر بە تەنها
دار گێلاسی مەریوان و ئێران نییە
کانی سنە و بۆکان نییە
ئەمڕۆ و سبەینێ و داهاتووش
ئیتر بەیان کیژۆڵەکەی دایە گەورەی کوردستانە
ئیتر بەیان لە ئێستەوە
ئەستێرە سوورە گەشەکەی هەژارانی گشت جیهانە ..!
تا ئێرە وەکو بەبیر هێنانەوەیەک پوختەیەکی کورتمان لە ناوەڕۆکی دەقەکە باسکرد ، بەڵام مەبەستی ئێمە لە باسکردنی ئەم دەقە ئەوەیە کە شاعیر ، لە شوێنێکی دەقەکە ، ڕوو لە ژنان دەکات و وەک پەیامبەرێک ، پەیامبەر بە مانا ئایینیەکە نا ، بەمانای وەکو مرۆڤێک پەیامی پێیە ، یان وەکو قسەکەرێک قسەی پێیە ، چونکە دواجار شاعیر لەنێو شیعرەکانیدا قسەکانی خۆی دەکات .. جا ئەو شاعیرە یان ئەو پەیامبەرە دەکرێ کەسایەتییەکی مێینە بێت ، چونکە لەسەر سەکۆیەک رووی دەمی لە ژنانە و قسە بۆ ژنان دەکات و دەڵێت ،
ئەی ژنانی وڵاتە قژ سووتاوەکەم
بەیان زەنگە
گوێی لێبگرن !
دەستڕێژی ئازادیی
ناو ئێوەیە
سەر هەڵبڕن
بەیان دەمی ئەو پاچەیە
شەوە زەنگتان ئەڕوخێنێ
دەنگ هەڵبڕن
بەیان ئەو دارو خشتەیە
دنیای تازە پێکدەهێنێ
چاو هەڵبڕن
بەیان لوولەی ئەو چەکەیە
مەرگ ئەمرێنێ
کوان ؟ ! ڕاپەڕن ..!
لە وردبوونەوە لەم دیمەنە شیعرییە ، هاوکات دەکرێ خوێندنەوەی ئەوەشی بۆ بکەین کە شاعیر ، دەنگێکی مێینە نەبێت ، دەکرێت دەنگێکی نێرینەی ئازادیخواز بێت ، واتە پیاوێکی ئازادیخواز بێت ، هیچ لەناوەڕۆکی قسەکان و پەیامەکە ناگۆڕێت ، واتە لەنێو ئەو پەیامە شیعرییەی ( شێرکۆ بێکەس ) ئەو هاوکێشەیە دەبینین کە / ( ئەوی شاعیر ) لە یەککاتدا ، توانیویەتی هەم مێ بێت یان نێر ، دواجار مرۆڤێکە لە قووڵایی هەستێکی ئینسانی باسی لە نابەرابەری و جەور و ستەمی سەر کۆمەڵگایەکی ژێردەستە کردووە ، واتە( ئەوی شاعیر ) بەدەر لەوەی لە گێندەرەکەی هەرچییەکە ، وەکو مرۆڤێک هەستەکانی خۆی لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە ، بەرامبەر بە کەسێک و کێشەیەک خستۆتە ڕوو . لێرەدا دەمانەوێت باس لە دیمەنێکیتر ، یان دیوێکیتری ئەم باسەمان بکەین و چەند نموونە و فاکتێک بخەیەڕوو ئەویش ، ( ژن و مەسەلەی ژنان )ە یان کێشەی ژنان لەنێو ڕووبەری شیعری دا ، لە کۆمەڵگەی تەقلیدی و دواکەوتووەکان ، ( ژن بوون ) کێشەیەکە و ژنان هەمیشە ڕووبەرووی ستەم و چەوسانەدنەوە دەبنەوە ، بۆیە هەوڵدان و خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان ، هەم لەلایەن ژنانی وشیار و بەشێک لە پیاوانی ئازادیخوازیش ئامادەیی هەیە ، بۆیە دەبینین زۆرێک لە ژنان ، ئەوانەی شیعر دەنووسن و شاعیرن ، لەنێو ڕووبەری شیعرەکانییان باس لە هەستی ژنانەی خۆیان دەکەن و وەک دەنگێکی مێینە دەنگ هەڵدەبڕن ، تا ئەو ئاستەی شانازی بە ژنبوونی خۆیان دەکەن ، کە ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیف و شکۆدارە ، یان لە پەنا ئەو دەنگهەڵبڕینە و دەربڕینەی هەستە مێینەییەی خۆیان باس لە کێشەکان و پەیوەندییەکان و خەمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوورییەکان دەکەن ، بەڵام با بزانین دەربڕینی ئەم دەنگە مێینە و هەستە ژنانەییە ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە / چەمکی گێندەر ئەو کاریگەرییەی هەبێت لەنێو ڕووبەری دەق و تا ئەو ئاستەی مۆری گێندەری پێوە دیار بێت ..! لێرەدا باس لە شیعرێکی ( کەژاڵ ئەحمەد )ی شاعیر دەکەین ، بەناوی ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) ، شاعیر لە سەرەتای شیعرەکە دەڵێت ،
پێت سەیرە نانووشتێمەوە
بە تەنیا بۆ
بۆنکردنی گوڵێک نەبێت
یان بۆ ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک
سینگ و بەرۆک ناکەمەوە
بۆ شیردان بە شیعرێک نەبێت
یان ئەوینی لەبیرکراوی شەماڵێک ..
( کەژاڵ ئەحمەد ) لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
پێناکەنم بەدەم کەڕووی
جەستەی نیشتیمانێکەوە
بۆگەنی کردووە
ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا بەهۆیەوە
حەوزی ژیانی ئەم خەڵکە لیقبووە !!
دیوارێک باشتر گوێ دەگرێت
بەردێک باشتر هەست دەکات
باڵندەیەک سەیر لەبەر من
خەمبار دەبێت و
سبەی دەمکات بە جریوەی چیڕۆکێک …!
بەشێوەیەکی گشتی / شیعرەکە لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە ، شیعرێکی جوان و نایابە ، ناوەڕۆکێکی قووڵی هەیە ، بەخێرایی لە دەرگای زۆر کێشە و ململانێی داوە ، هەستێکی ژنانەی ڕۆشنی دەربڕیوە بەتایبەت بەرامبەر بەوەی کە ، پێیان وایە ژنام زەعیفە و لاواز و بێهێزن ، ، یان خەمەکانی نیشتیمان و کێشەکانی ڕۆژ و زۆر شتیتر ، وە رەخنەیەکی تۆخ لە ئەوی بەرامبەری دەگرێت جا هەرکەسێ بێت ، لێرەدا نامانەوێت بە قووڵی باس لە ناوەڕۆکی دەقەکە بکەین ، بەڵام هەر بە خوێندنەوەیەکی خێرا ، دوو شت دەبینین / شاعیر دەیەوێت کەسایەتیەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو بەمانای کەسایەتییەکی ئازا بەرجەستە بکات ، کە بە بەرامبەرەکەی دەڵێت / پێت سەیرە نانووشتێمەوە ..! یان دەڵێ / پێناکەنم بەدەم کەڕووی جەستەی نیشتیمانێکەوە ، یان / ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا ..! ئەمانە هەمووی هێما و نیشانەی بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکی بەهێزن ، هاوکات باس لەهەندێ شت دەکات کەلای ئەو گەورەو پیرۆزن ، بۆ نموونە / نانووشتێتەوە بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک یان ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک نەبێت ، یان سینگ و بەرۆکی خۆی ناکاتەوە بۆ شیردانی شیعر نەبێت ، دیارە شیردان لە ڕێی مەمکەوە هێمایە بۆ ڕەگەزی مێینە ، بەڵام ئەو لەو هەستە ژنانەیەوە دەیەوێت ( گەورەیی و گەردوونیەتی شیعر )مان پێشان بدات ..! کە ئەوەش چ لە نەنووشتانەوەکەی بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک و ماچکردنی منداڵێک / یان سینگ و بەرۆک نەکردنەوە بۆ شیردان بە شیعر نەبێت ..! لێرەدا دیمەنێکی ناوازەی پڕ لە شیعرییەت و جوانکاری نەخشاندووە ، ئەگەر زێتر ورد بینەوە و بپرسین ، ئایا چەند کاریگەری گێندەر لە پشتی هەستەکانی نێو ئەم دەقە دەبینین ..! شاعیر لە پشتی هەست و خەیاڵەکانی خۆی باسی کەسایەتییەکی بەهێزمان بۆ دەکات ، باسی پیرۆزی گوڵ و منداڵ و گەورەیی شیعرمان بۆ دەکات ، باسی خەمەکانی نیشتیمان و ئەزمەکانی ڕۆژ دەکات ..! کاریگەری گێندەر لەکوێی ناوەڕۆک و هاوکێشەکانی ئەم دەقە دایە ..؟ ئایا ئەگەر ئەم دەقە لە جیاتی ناوی کەژاڵ ئەحمەد ، ناوی ( سەباح ڕەنجدەر )ی بە سەرەوە با یان هەر شاعیرێکی تر ، چی لە ناوەڕۆک و مانا و هاوکێشەکان دەگۆڕی ..؟! دواجار هەستی ژنانەش هەستێکی مرۆڤانەیە و پەیوەندی بەوەوە نییە شاعیرەکە چ جۆرە رەگەز و گێندەرێکی هەیە ، مەبەستمان ( ئەوی شاعیر )ە نەک کەسەکە خۆی ، بینیمان تەنانەت دەربڕینی هەستی ژنانە و دەنگی مێینەییش لەنێو ڕووبەری دەقی شیعریدا ، گێندەری نووسەرەکە گرینگییەک و کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر دەقەکەدا نابێت ، هاوکات / بۆ مەسەلەی کێشەی ژنان و ڕزگاربوون لەم کێشەیە ئەمە کاری شیعر و ئەدەب نییە ، دەکرێ شیعر و ئەدەب یارمەتیدەر بن بەڵام ، وا پێویست دەکات لە رێگای هۆشیاری کۆمەڵگا و لە ڕوانگەیەکی ئینسانی و لە چوارچێوەی یاساو دەستوورێکی مۆدێرن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن ..! لەم بارەیەوە ، باس لە شاعیرێکی تر و شیعرێکیتر دەکەین ، ئەویش ( تەرزە جاف )ی شاعیرە ، ( تەرزە جاف ) شاعیرێکە لەنێو شیعرەکانی بە زمانی شیعری و بە ڕۆشنی باس لە خۆیی و هەستەکانی و هاوکات / پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و دەوروبەری دەکات ، ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە تەعبیر لە خۆی دەکات و خۆی دەنووسێتەوە ، واتە ( تەرزە جاف ) هەوڵ دەدات لەنێو شیعرەکانی خۆی بێت و شاعیرێکە لەنێو ڕووبەری داهێنان و شیعر هەوڵی جوانی هەیە ، شیعرێکی ئەم شاعیرەمان بەناوی ( جوانترین ) دەخەینە ڕوو ، شاعیر لە شیعرەکەیدا دەڵێت ،
تۆ چەند جوانی
کاتێک لە باڵا و سینە و
نیگای کچێکەوە
شیعرێک دەخوڵقێنی !
تۆ چەند زانای
ئەو کاتانەی لە کۆڕێکدا
یان بەرامبەر ژنێکی جوان
باس لە مافی ئافرەت و
مافی ئازادی ئاو دەکەی !
تۆ چەند بەرزی
ئەو کاتانەی لە ڤیستیڤاڵێک
یان لە سەنتەرێکی گەنجان
بەسەر ئازادیی دەربڕین و
سەربەخۆییدا هەڵدەدەی!
تۆ چەنێک جوانیت ،
چەنێک زانا ،
چەنێک بەرز !
کەچی ئەو ڕۆژەی کچۆڵەکەت دەکەوێتە عەشقەوە:
تۆ
چەند درۆزنیت
چەنێکیش گوناح …!
ناوەڕۆکی شیعرەکە زۆر ڕۆشنە .. باسی دوو ڕوویی و درۆزنی کەسێک یان کەسەکان دەکات ، ئەوانەی لە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە ، لە کۆڕ و ڤیستیڤاڵ و گۆڕەپانەکان و شوێنە گشتییەکان ، باس لە ئازادی و مافی ئافرەت و ئازادی تاک دەکەن و لەماڵەوەش بۆ کچۆڵەکەی خۆیان زیدانێکیان خوڵقاندووە یان ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە کچۆڵەکەیان عاشق بێ ، ئەوکات ئەوەی باوەڕیان پێی نەبێت ، قسە بریقەدار و بێناوەڕۆکەکانی خۆیانە …! یان شاعێرێک کاتێک لە ڕوانینی قەد و باڵا و نیگای کچێکی شۆخەوە ، شیعرێک دەخولقێنێ .. . دیارە دەقەکە ناوەڕۆکێکی جوانی هەیە ، شاعیر ڕاستگۆیانە باسی لە زۆربەی ( کەسەکانی ) دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی کردووە بەڵام ، ئێمە مەبەستمان لە کاریگەری ( گێندەر و پەیوەندی گێندەرە لەنێو شیعرەکە و خودی گێندەری شاعیرەکەش ) ، با بزانین لەنێو شیعرەکەدا ئەو ( تۆ )یە کێیە ؟ کە دەڵێت ( تۆ چەند جوانی ، کاتێک لە باڵا و سینەی ، نیگای کچێکەوە ، شیعرێک دەخوڵقێنی ! ) ، ئەو ( تۆ )یەی نێو ئەو وێنە شیعرییە لە ڕووی رەگەزەوە (تۆ)یەکی نادیارە چونکە دەکرێت / پیاوێک بێت لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە ، شیعرێک بنووسێت ، یان دەکرێت ژنێکی لەزبیان بێت ، یان هەر ژنێک ، بەهەمان شێوە ، لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە شیعرێک بنووسێت و جوانی ژنێک ببێتە ئیلهام بۆ نووسینی شیعرێک ..! بۆیە ( تۆ )یەکە گێندەری نادیارە لە هەمانکات ، دیاربوونیشی گرینگییەکی ئەوتۆی نییە ، چونکە کەسی لەو بابەتە زۆرن لە نێو هەردوو ڕەگەزەکە ، دەکرێت ژنێک بێت چالاکوانی نێو مەیدانی مافەکانی ژنان بێت و باس لە ئازادی ژنان و ماف و ئازادی تاک بکات بەڵام ، لەماڵەوە پێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی ڕەفتار بکات و بەتایبەت ئەو ڕۆژەی کە کچۆڵەکەی دەکەوێتە عەشقەوە ، لە نێو کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بە هەزاران ژن و پیاوی لەمجۆرە هەن ، بۆیە لە سەرتاپای شیعرەکە / هەموو ( تۆ )یەکان گێندەرو ڕەگەزیان نادیارە و دەکرێ مێ بن یان نێر ..! هاوکات گێندەری شاعیریش هیچ لە ناوەڕۆک و بەهای شیعرەکە ناگۆڕێت ، با ناوی ( تەرزە جاف )ی شاعیری بەسەرەوە نەبێت یان ناوی هەر شاعیرێکی تر بێت ، هیچ لە بابەتەکە و لە ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت …! تا ئێرە زێتر فۆکەسمان لەسەر گێندەری شاعیر بوو ، ئێستا چەند کورتە شیعرێکی تر بە نموونە دەهێنینەوە کە فۆکەس دەخەینە سەر ناوەڕۆکی دەقەکان و گاریگەری گێندەر لەنێو دەقەکاندا .. هاوکات مەبەستمان لە گێندەری شاعیرەکە و ئەو کەسایەتی و کاراکتەرانەش کە لەنێو دەقەکان ئاماژەیان پێدەکرێت . ( سەباح ڕەنجدەری ) شاعیر ، لە کتێبی ( حەزدەکەم ئەوەندە بژیم ) لە شیعری ( باوک و دایکم ) لە دوا کۆپلەدا دەڵێت ،
خونچە ئیسماعیل عومەر لە ٦/١٢/١٩٥٦ دا
بە جلی ڕەشەوە چووە پەردەی بووکێنی و ئاهەنگی خامۆشەییەوە
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
ئێمە کاتی خۆی خوێندنەوەیەکمان بۆ ئەم کتێبەی ( سەباح ڕەنجدەر ) کردووە بە ناوی ، ( شیعر و چەمکەکانی / ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ، لەنێو خوێندنەوەکەمان ئەوکاتیش باسی ئەم کۆپلە شیعرەمان کردووە ، بەڵام ئێستا بۆ مەبەستێکیتر خوێندنەوەی بۆ دەکەین ، بەر لەهەر شتێک لەنێو ئەم وێنە شیعرییە پارادۆکسێکی ناوازە دەبینین ، لەنێوان ( جلی ڕەش و پەردەی بووکێنی ) کە بڕشتێکی جوانی بە شیعرەکە بەخشیوە . ( خونجە ئیسماعیل ) واتە دایکی شاعیر ، بە جلی ڕەشەوە چۆتە پەردەی بووکێنی و لە ئاهەنگێکی خامۆشدا ، لە پشتی جلی ڕەشەوە وێنەی هەموو زەحمەتی و مەینەتی و ژیانی قوڕسی ژنانی کوردەواریمان بۆ ڕەسم دەکات ، ( جلێکی ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش …! ) ، هێمایە بۆ ژیانێکی ئێجگار سەخت و نالەبار ، خەمێکی ئێجگار گەورە ، دیمەنێک تا ئاستی تراژیدیا غەمگین ، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە ، ئاستی فەرهەنگی و کلتووری کۆمەڵگایەک دەردەخات ، ئەمانە هەمووی لە دوو دێری شیعری تەعبیری لێکراوە ، هاوکات ئەلبوومێکی پڕ لە وێنە و یادەوەریش ، هەستێکی مرۆیی گەورە ..! ڕاستە( خونچە ئیسماعیل ) ژنێکە و دایکی شاعیرە ، بەڵام خوێنەر لەبەردەم ناوەڕۆکێکی گەورە و پارادۆکسێکی گەورە دایە ، خوێنەر لەبەردەم دیمەنێکی هێندە خەمناک دایە تا ئاستی کارەسات ، بۆیە ئەوەی بیر دەچێتەوە ( خونچە ) کێیە ، گێندەر و ڕەگەزی چییە ، گرینگ ئەوەیە کەسێکی زەحمەتکێش بووە ، بە جلێکی ڕەشەوە گرینگترین شەوی ژیانی خۆی بەڕێکردووە ، گێندەری کەسەکە هیچ گاریگەرییەکی لەئاست گەورەیی و کاریگەری ناوەڕۆکەدا نییە . تەنانەت گێندەری شاعیرەکەش ، ئەگەر هەر شاعیرێکی تر / ئەو دوو دێرەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و هەمان کێشە و تراژیدیای بەرجەستە دەکرد …! واتە لەم دیمەنە شیعرییە ، ناوەڕۆکەکە ڕەنگەکانی گێندەری هێندە کاڵ کردۆتەوە تا ئاستی نادیار یان ڕەشبوونەوە . نموونەیەکی تر / ( جوول کێلچێر ) شاعیرێکی ئەمریکییە ، کەسایەتییەکی ژنە ، لەهەمانکات گۆرانی دەڵێ و شیعری لیریکیش دەنووسێ ، لە کتێبێکی شیعری بەناوی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) ، لە شیعرێکی نێو کتێبەکە بە ناوی ( خۆت کۆکەرەوە ) ، هەرخۆم شیعرەکەم کردووە بە کوردی و وا لەخوارەوە دەینووسمەوە و قسەی لەسەر دەکەین ، ( جوول ) لەم شیعرەدا دەڵێت ،
لە کەنار دەریا خۆت کۆکەرەوە
منیش دێم و لەوێدا خۆشم دەوێی
خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کوێیەکاندا
لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا
لێگەڕێ / با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە
لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا
چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم
لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێلانە چێبکا
ئەو پیاوەی بڵێسە و گڕ ماچ دەکا …!
شیعرێکی ناسک و جوان ، ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا ، ئەوە دەبینین / ژنێک واتە دەنگێکی مێ داوایەک لە پیاوێک دەکات ، کە خۆی کۆبکاتەوە ، لە سەرەتا هەردوو ڕەگەزی ( نێر و مێ ) دیارن ، ژنەکە بەردەوام دەبێ لەداواکەی کە پیاوەکە خۆی کۆبکاتەوە ، تاکو ئەویش خۆشی بوێت ، لێرەدا خۆ کۆکردنەوە ، وەک هێمایەک زۆر شتی لە پشتە ، وا دیارە پیاوەکە کەسێکی هێندە نائومێدە تا ئاستی ڕەشبینی ، دەستی لە خۆیی و ژیان و ئومێدەکانی بەرداوە ، ژنەکە داوای لێدەکات خۆی کۆبکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو ژیان و دەست بە ئومێدەکانیی بگرێتەوە ، خۆی کۆکاتەوە / لەگەڵ شتە کێوییەکان ، دەکرێ شتە کێوییەکان هێما بێت بۆ شتە یاخییەکان ، گورانییەکانی چۆڵەکە هێمابێ بۆ شتە جوانەکان ، کەفی دەریاش هێمابێ بۆ جووڵە و هەوڵدان ، کەواتە دەخوازێ پیاوەکە لەم نائومێدییە گەورەیە خۆی ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە نیو ژیان و لەگەڵ شتەجوانەکان بژی ، بەم شێوەیە دەبێتەوە بەو کەسەی کە ئەویش خۆشی بوێت ، تا ئێرە ئاساییە ، ناوەڕۆکێکی جوان و پڕ مانا و گێندەرەکانیش دەبینرێن بەڵام ، کاتێک دەگەینە دوادێری شیعرەکە ، کە دەڵێت ،( ئەو پیاوەی گڕ و بڵێسە ماچ دەکا …! ) ، ئەم دێرە هێندە پڕ ماناو هێندە دێرە شیعرێکی ناسک و ناوازەیە ، ناوەڕۆکەکە قووڵتر پێشان دەدات ، ژیان و عەشق جوانتر پێشان دەدات ، لە بەرامبەریشدا / نائومێدی و پەرتبوونەکان گەورەتر دەردەکەون ، خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی قووڵ قەرار دەگرێت ، گێندەرەکانی بیردەچێتەوە و دەکەوێتە نێو بیرکردنەوەیەکی قووڵ ، کەسێک گڕو بڵێسە ماچ بکات دەبێ / کەسێک لێونلێو بێت لە خەونی جوان لە هیواو ئومێدی جوان ، نەک کەسێکی پەرت و لاکەوتە و نائومێد ، بۆیە لەژێر کاریگەری ناوەڕۆکێکی پڕ لە جووڵەی ئیستاتیکی ، گێندەرەکان لە مێشکی خوێنەر وندەبن کاریگەرییان نامێنێ ، تەنانەت خودی شاعیرەکەش گەر ( جوول ) نەبێت هەر کەسێکیتر بێت هیچ لە مانا و ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت …! نموونەیەکی تر / شیعرێکی ( خولیا حسێن )ی شاعیر ، بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەکدەچن ) ، ماوەیەک لەمەوبەر خوێندنەوەیەکیشمان بۆ ئەم شیعرە کردووە ، بەناوی ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) ، بەڵام ، لێرەدا بۆ ئەم وتارەمان دیسان قسە لەسەر دیوێکی تری ئەم شیعرە دەکەینەوە ، خولیا لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،
دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم
یان لە شوێنێکی تری شیعرەکەدا دەڵێت ،
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!
ناوەڕۆکی شیعرەکە باسکردنە لە ڕۆڵی دایک و گەورەیی و میهرەبانی دایک ، وەک کەسێکی ئازیز و پیرۆزترین و خۆشەویسترین کەس ، باوەشی دایک ئارامیترین کونج و جێگایە بۆ منداڵەکانی ، پەناگەیەکە پڕ لە میهر و خۆشەویستیی .. لێکچوواندنی دایک لەگەڵ دەریا هاوکێشەیەکی شیعری پڕ لە جوانکاری نەخشاندووە ، لە هەمانکات ، وێنەیەکی قووڵی پڕ لە مانا ..! لێرەدا مەبەستمان نییە دووبارە لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکە قسە بکەینەوە بەڵام ، ئایا لەم دەقە شیعرییە خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی بەرز و گەورەی ئینسانییە یان گێندەر ؟ خۆ ئەگەر خولیا بیگوتبا / باوکم و دەریا لەیەکدەچن ، خوێنەر لەبەرامبەر هەمان مانا و هەمان ناوەڕۆک قەراری دەگرت ، چونکە باوکیش هەمان ئەو کەسە گرینگە و گەورەیەیە بۆ منداڵەکانی ، هەمان پاڵپشت و باوەشی باوکیش هەمان ئەوکەنارە ئارامە و هەمان ئەو کونجەیە کە پڕاوپرە لە میهر و خۆشەویستی ، بۆیە لەم دەقە شیعرییەش گێندەر ئەو ڕووبەرە فراوانەی نییە ، چونکە لەوکاتەدا مێشکی خوێنەر سەرقاڵە بە بیرکردنەوە لە میهرەبانی و گەورەیی کەسێک ئەو کەسەش ( دایک )ە ، خۆ لەجیاتی خولیا گەر هەر شاعیرێکی تر ئەم دەقە شیعرییەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و مانای دەبوو ، چونکە گێندەری شاعیریش هیچ کاریگەری بەسەر دەق و ناوەڕۆکەکەدا نییە و نابیندرێ .
ئێستا دوای ئەم هەموو نموونە و فاکتانە ، دەمانەوێت باس لە هۆکارەکان بکەین / بۆچی گێندەری شاعیرەکان لەنێو ڕووبەری دەق ئەو کاریگەرییەیان نییە ، یان شاعیرێک بەدەر لە کەسایەتی خۆی و گێندەری خۆی ، دەتوانێت وەک ( ئەوی شاعیر ) گێندەری ( مێینە و نێرینە ) لەخۆی بەرجەستە بکات و یان کەسێک بێت ڕەگەزی نادیار بێت و تەنها وەکو مرۆڤێک دەرکەوێت . یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە / شاعیر لەنێو رووبەری دەق ، بەهۆی زمانەوە دەتوانێت توخمەکانی سروشت وەک ( با ، درەخت ، ئاو ، ئاگر ، هەور ، ئەستێرە ، مانگ ، بەرد ، ڕووناکی ، هەتادوایی .. ) ، بەکاراکتەر بکات و بەقسەیان بهێنێت ، کاتێک دەڵێت / من ڕەشەبام کە هەڵدەکەم ….. . ئیتر لێرەدا شاعیر ڕەشەبا وەقسە دەهێنێت ، گێندەر هیچ ڕۆلێکی نابێت ، گێندەری شاعیرەکە خۆی لە پەیوەند بە توخمەکان ( چ مێ بێت یان نێر ) هیچ لە بابەت و ناوەڕۆکی دەقەکە ناگۆڕێت ، خاڵێکی تر / شاعیر دوای بیرکردنەوە دەچێتە نێو قووڵایی خەیاڵ ، هێندە قووڵ دەبێتەوە تا گەیشتن بە ڕووبەری ناخودئاگایی .. ڕووبەری ناخودئاگاییش بەمانای ( دابڕان لە ئاگایی و هۆشمەدی خود ، هاوکات دابڕان لە واقیعی مەوجودیش واتە واقیعی هەبوو ) هەروەها لە واقیعی خۆیشی دادەبڕیت …! ، بۆیە لێرەدا ئەگەر باسی کردەی ( کوشتنی باوک ) بکەین لەلای ( فرۆید ) و لەو سەرچاوانەش بکۆڵینەوە کە هاوکاری بوون بۆ نووسینەوەی ئەم تیۆرە ، دەبینین چ لە ( ئۆدیبی ( سۆفۆکلیس ) و هاملێتی ( شکسپیر ) و برایانی کارامازۆفی ( دەستۆفسکی ) لەوێدا ، ئەوە دەخوێنینەوە کە / نووسەرەکان و پاڵەوانەکان لەوکاتەدا لەژێر کاریگەری پاڵنەرە ( ناخودئاگاییەکان ) بوون ، یان تەقاندنەوەی پاڵنەرێکی دەرەکی کە هەمیشە لەنێو رووبەری ناخودئاگاییان کاریگەرییەکی تۆخی هەبووە ، ئەم پاڵنەرە دەرەکییەش ( ململانێی سێکسی یە لەبارەی ڕەگەزی مێ وە ) ، لەوکاتەدا چونکە لەنیو رووبەری ( ناخودئاگایی )دا بوون ، دواتریش کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) یان باری ئاسایی خۆیان ، ئەوکات پەشیمان دەبنەوە لێرەدا مەبەستم لە تاوانبار و توانبار نەبوونی کەسەکان و کردەکە نییە ، مەبەستمە باری ئەو ( دابڕانە )ە پێشان بدەم ، کاتێک دەڵێین کەسەکان لەباری ( ناخودئاگایی ) گەڕانەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) و باری ئاسایی خۆیان واتە ( دابڕابوون ) لە واقیعی خۆیان و دەرەوەی خۆیان …! بۆیە بە دیوێکیتر دەتوانین بڵێین / شیعر نووسینەوەی چرکە ساتەکانی وڕێنەیە ، واتە چرکە ساتەکانی دابران لە هۆشمەندی و ئاگایی خود ..! چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، لێرەدا شاعیریش دەبێتە گەریدەیەکی گەردوونی …! کاری بەسەر ئەوەوە نییە خۆی لەدنیای واقیع چ ڕەگەز و گێندەرێکی هەیە ، شاعیر لەنێو ڕووبەری خەیاڵ و لەنێو پانتایی زمان بوونێکی جیاوازی هەیە واتە تەنها مرۆڤە و هیچی تر …! ، بۆیە گەر لێرەدا باسی ( شیعری ژنانە و ئەدەبی ژنانە ) بکەینەوە ئێمە زۆرجاران ئەم پۆلینکردنەمان بەناوی ئەدەبی ( ژنانە و پیاوانە ) و یان ( شیعری ژنانە و پیاوانە ) ڕەتکردۆتەوە ، لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )ش بە ڕۆشنی قسەمان لەسەر پۆلینکردنی شیعر و ئەدەب کردووە و ڕەتمان کردۆتەوە بەو هۆکارەی ، کە ئەدەب یان شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و لەنێو کایەی ( مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ) ئیش دەکات ، بە هەر هۆکارێک بێ / ناتوانین ئەدەب یان شیعر پۆلین بکەین و ڕووبەرە فروانەکەی بچووک و بەرتەسک بکەینەوە ، بەڵام لێرەدا ئەو خاڵەش زیاد دەکەین کە / ئەگەر بڵێین ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە بەمانای ، ( ئەوی شاعیر ) لەنێو رووبەری بیرکردنەوە و خەیاڵ هێندە قووڵ نەبۆتەوە تا لە واقیعی دەرەوە و لە واقیعی خۆی داببڕێت ، یان نەگەیشتۆتە ڕووبەری ناخودئاگایی و سنووری دابڕان ، واتە هەر ( خۆیەتی ) نەک ( ئەوی شاعیر ) ، ئیمە لەسەرەتای ئەو باسە گوتمان / ئێمە لەم وتارەمان مەبەستمان خودی کەسەکە نییە بەڵکو ، مەبەستمان ئەوی شاعیرە ، بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر بڵێین ( ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە ) ، چونکە من بیستوومە هەندێک لە خانمەکان ، ئەوانەی شاعیرن و شیعر دەنووسن ، لە دیمانەکان دەڵێن / بۆیە باوەڕمان بە ( شیعری ژنانە یان ئەدەبی ژنانە ) هەیە چونکە ، شاعیرەکە ( خۆی ) ژنە و لەنێو شیعرەکەیدا هەستی ژنانەی خۆی دەردەبڕیت ، یان لەنێو ئەدەبەکەیدا دەیەوێت بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات …! ئێمەش بە دیاریکراوی / ڕێک مەبەستمانە ئەوە ڕەت کەینەوە ، چونکە شاعیر بەدەر لەوەی چ گێندەرێکی هەیە دەتوانێت هەردوو هەستەکان ( چ ژنانە یان پیاوانە ) لەنێو رووبەری دەق بەرجەستە بکات و بەرگریش لە ماف و ئازادییەکانی تاک بکات …! ، چونکە دواجار ( هەستی ژنانە یان پیاوانە ) هەستەکانی مرۆڤن ، ئامانجی شیعریش بەرهەمهێنانی جوانی و ئیشکردنە لەسەر جوانی بۆیە / شاعیریش لەنێو ڕووبەری دەق بوونێکی ئیستەتیکی هەیە و ( مرۆڤێکە گێندەری نادیارە واتە تەنها مرۆڤە و بەس …! ) ، ئەو خاڵەش کە دەڵێن چونکە ( خۆیان ژنن ) ، واتە ئەو شاعیرانە باس لە ( خودی خۆیان دەکەن ) وەک ئەوەی کە هەن ، نەک وەک ئەوەی کە ( شاعیرن ) و بوونێکی ناجێگیری توخم ئامێزییان هەیە …! ، خاڵێکی تر لە پەیوەند بە ( شیعر و شاعیر و گێندەر ) / مرۆڤ چ ( نێر بێت یان مێ ) کە دێتە نێو ژیان ، لەسەرەتا بوونێکی ناتەواوی هەیە ، مرۆڤەکان لە ڕیگەی داهێنانەوە هەوڵ دەدەن بوونی خۆیان تەواو بکەن یان مانا و شوناسێک بە بوونی خۆیان ببەخشن ، جا ئەگەر شاعیر گێندەرەکەی هەر جۆرێک بێت ، هەوڵدەدات لە ڕێگەی داهێنانەوە بوونی خۆی تەواو بکات ، بۆیە شاعیر بۆ ئەوەی داهێنانی گەورە بکات ، دەبێت وەک شاعیرێک مامەڵە لەگەڵ خۆی بکات ، وەک مرۆڤێک بتوانێ لە یەککاتدا هەردوو گێندەر لەخۆی کۆبکاتەوە ، چونکە شاعیری داهێنەر دەبێ بوونەوەرێک یان گەریدەیەکی گەردوونی بێت ، مرۆڤێک بێت خاوەن بوونێکی باڵا بێت . هەر بۆیە دەبینین ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزێف ) لە شوێنێکدا دەڵێت . ( داهێنان واتە دووجار ژیانکردن ..! ) ، ئەگەر لەو وتەیەی کامۆ ورد بینەوە لە پەیوەند بە شاعیر ، ئەو مەبەستی لە شاعیرێکی داهێنەرە ، شاعیرێک کە لەڕێگەی داهێنانە گەورەکانی بتوانی دووجار بژیی ، واتە ببێتە موڵکی مێژوو ، دوای مردنیش هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە ، وەک ( شکسپیر و دانتی و بۆدلێر و ناڵی و سەدان گەورە شاعیری تر . ) بە مانای / شاعیرێک وەک مرۆڤێکی گەردوونی بتوانێ لەڕێگەی زمانەوە قسە لەبارەی هەموو شتێکەوە بکات ، بە دەربڕینی هەستی پیاوانە و ژنانەشەوە …! هەر خودی ( ئەلبێر کامۆ ) لە هەمان سەرچاوە لە پەیوەند بە داهێنانەوە قسەیەکی ( نێچە ) بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەڵێت / ( هونەر بە تەنها هونەر ، ئێمە هونەر شک دەبەین ، تا حەقیقەت نەبێتە مایەی مردنمان …! ) ، ئەگەر لە ناوەڕۆکی ئەم قسەیەی ( نێچە ) ورد بینەوە یان لە پشتی دیوە نادیارەکەی ئەم قسەیە ، گرینگی داهێنانمان بۆ دەردەکەوێت بەرامبەر بە بوون و ژیان ، مەبەستییەتی بڵێت / ئەوکەسانەی داهێنانیان نییە ، حەقیقەتیان وەک نەبوو وایە واتە بوونێکی ( بێبەها و مردوو ) یان ( ناتەواو و بێ هێز ..! ) ئەوەی کە( مارتن هایدگەر ) بە بوونێکی ( نامۆ یان ناڕەسەن ) ناوی دەبات ، جا بۆیە ئەگەر لە خاڵی کۆتایی وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەی سەرەتا بدەینە ، دەڵێین ( نەخیر ) من بە دروستی نابینم بڵێین ( ژنە شاعیر چنوور نامیق ) ، یان ( خانمە شاعیر ڤینۆس فایەق ) ، وا دروستترە بڵێین / ( چنوور نامیق )ی شاعیر ، یان ( ڤینۆس فایەق )ی شاعیر .. بە پێویستی دەزانم ئەوەش بڵێم کە من لە کتێبی / ( سارا تیسدەیل ژنە شاعیری ئەمریکی ) ، بێئاگا کەوتوومەتە نێو هەمان هەڵەوە ، بە دڵنیاییەوە گەر جارێکیتر ئەم کتێبە چاپ بکەمەوە هەڵەکەم راست دەکەمەوە و لە بەرگەکەی دەنووسم / ( سارا تیسدەیل شاعیرێکی ئەمریکی ) ، چونکە هەروەک گوتمان / شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیریش ئەو بوونەوەرە گەردوونیەیە ، ئامانجی بەرز ڕاگرتنی مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە و بۆیە دواجار شاعیر تەنها مرۆڤێکە و هیچیتر …!

                                                         ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢١

سەرچاوەکان :
_ کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( دەقی تەمەن ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( حەز دەکەم ئەوەندە بژیم ) سەباح رەنجدەر
:_ کتێبی ( دیوانی شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی دووەم
_ کتێبی ( من هەبم یاخود نا .. ئەمەیە مەهزەلەکە ) .. تەرزە جاف
_ کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
_ کتێبی ( a night without armor ) .. Jewel Kilcher
_ شیعری ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) .. فەیسبووکی ( کەژاڵ ئەحمەد ) .
_ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) فەیسبووکی ( خولیا حسێن ) .




“گۆرانستان” یان پیلانێکی نوێی داگیرکەران!.. ھوشیارئەحمەدی

وەڵامێ بۆ “سەی مەھدی سجادی” و جاشقەڵەمە بەکرێگیراوە ھاوچەشنەکانی.

ھوشیارئەحمەدی

دوژمنانی کورد ھەموو ڕێگایەکیان بۆ لێدانی کورد، نیشتمان و ئامانجە نەتەوەیی نیشتمانییەکانی تاقی کردووەتەوە، لە لێدانی سەختەوە بگرە تا چەرخی نوێ و لێدانی نەرم. ئەگەرچی لە ھەمووشیانا کورد زەرەرمەند بووە، ڕەوتی بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی ھێواش کراوەتەوە، بەڵام نەوێستێنراوە. بریندار بووە، کەوتووە، بەڵام نەمردووە و لە بەرەو ئامانج ھەڵکشان نەوەستاوە. ئەمانە دروشم نین، دیارن و ئەسەلمێنرێن.

بەڵام لە زقترین و ناشیرینترین پیلانەکان، بەکارھێنانی جاشقەڵەمە کوردەکانە بۆ لێدانی ڕیشەیی لە نەتەوەکەیان. لەم ڕۆژانا جاشقەڵەمێتر لە مێدیاکانی ڕێژیمەوە ھەندێ کاوێژی کاوێژەکانی پێش خۆی کردووەتەوە و بەشانازیشەوە بەناوی خۆیەوە تۆماری کردووە و پێشیوایە داھێنانێکی نوێی لە جاشایەتییا کردووە!

ئەو کەسێکە بە ناوی “سەید مەھدی سجادی” و پاشگری دوکتۆریشی لکاندووە بە پاشی خۆیەوە. لە باوڕی ئەم جاشقەڵەمەدا “کورد” ناوێکی دەستکرد و بە قەوڵی ئەو “جعلی”یە و “کوردستان”یش ناوێکە لە سەردەمی سوڵتان سنجەری سەلجوقیەوە بۆ پارێزگایەکی کوردنشین دانراوە کە دواتر لە لایەن ناسیونالیستە کوردەکانەوە، بە چۆڵەختکێی ھێزە ئێستێعمارییە ڕۆژئاواییەکان بۆ مەبەستی ئاژاوەگێڕیی و لە ژێر ناوی دەوڵەتخوازی و سەربەخۆیی خوازییا، وەک ئامراز بەکارھێنراوە.

سەی مەھدی سجادی گەرەکیە بیسەلمێنێ و بیقەبڵێنێ بە بەردەنگانی، نەتەوەیەک بە ناوی کورد و وڵاتێ بە ناوی کوردستان بوونی نیە، بە جێگای، نەتەوەیەک بە ناوی “گوران” و وڵاتێ بە ناوی “گۆرانستان” بوونی ھەس!

سەی مەھدی سەجادی لە وتارێکیا لە ژێر ناوی ” کارەساتی ھەڵبجە: پەڵەیەکی شەرم بەننێوچاوانی ناسیونالیسمی دەستکرد(جعلی) و شوڤینیسمی کوردی یەوە” پێوایە ئەوەی بە نیشتمانی کوردەکان ناسراوە و بە باوڕی ئەو دابەشکراوی سەر (٣سێ وڵات!)ی ئێران، عێراق و تورکیایە[ کوردستانی بندەستی سوریا لای ئەو چی لێ ھاتووە، موسڵمانان وتەنی “اللەاعلم”]، لە بنەڕەتا نیشتمانی نەتەوەی گۆرانە نەک کورد.

سەی مەھدی پێیوایە وشەی “کورد” لە ھیچ سەرچاوەیەکا واتای نیە، تەنیا وەک ئاماژە بۆ کۆمەڵێ کۆچەر بەکار ھاتووە کە ھاتوون و نیشتمانی نەتەوەی گۆرانیان داگیر کردووە و بە درێژایی مێژوو ئەوانیان پەراوێز خستووە و خۆیان کردووەتە جێگرەوەیان!

نە نەتیا کوردەکان، بەڵکوو ھەر کەسێ تۆزێ لەم نووسینە ڕابمێنێ و تۆزێکیش شارەزای کورد و مێژووەکەی بێ یان ھەر نا، کتێبخانەشی دەست نەکەوێ، تۆزێ شارەزای ئینتێرنێت بێ و گەڕانێ بە ناو گوگڵا بکات، گومان لە ساغ بوونی نووسەر ئەکات و پێی وایە یان مێشکی تێکچووە، یان بەردەنگەکانی خۆی پێ شێت و گێل و نەزانە.

یەکێ لەو سەرچاوانەی جێگا متمانەی مێژوونووس و لێکۆڵەرانە، “گزنفون” فیلسوف و مێژوونووسی یونانییە کە ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە و ناوی “کردۆ”ی بۆ ناساندی کۆمەڵێ مرۆڤ بەکارھێناوە کە بە ئاماژەکانی ئەو، کوردەکانی ئێستان.
ھەر “گزنفون” لە باسی گەڕانەوەی دەھەزار کەسەکەدا ، ئەو خەڵکە بە “کوردۆک” یان “کاردۆخ” ناو ئەبات.

بە بڕوای میرشەرەفخانی بدلیسی، کورد کە ناوی نەتەوەیەکە، وەک ناسناوی جەنگاوەری و پاڵەوانیەتی بەکار ھاتووە.

لە بەڵگەنامەکانی شارستانیەتی “ماری” دا کە چوار ھەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاون، ئاماژە بە دەوڵەت شارێ بە ناوی “کوردا” کراوە لە باکووری موسڵی ئێستادا.

فێردیناند ھێنر بیشلێر نووسەری کتێبی “ڕەچەڵەکی کورد” لەو باوڕەدایە ڕیشەی ناوی کورد “سومڕی”ە و لە زۆر شوێن لە کەتیبە و نووسراوەکانی سومڕی، بابلی و ئاشوری دا وەک خەڵکانی “کرتو” ئاماژە بۆ کوردەکان کردوە کە لە دێرینترین دانیشتوانی زاگرۆس بوون.

“ئاریستۆ بلۆس” لە فەرماندەکانی ئەسکەندەری مەقدونی ئاماژە بە خەڵکانێ ئەکات بە ناوی “کاردۆ ” کە دانیشتووی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا بوون و ڕووبەڕووی سپاکەی بوونەتەوەو تێکیان شکاندووە.

لە کتێبی”کێوە نەناسراوەکانی ئاوێستا یان جوغڕافیای ڕۆژئاوای ئێران” لە نووسینی “عمادالدین دولتشاھی” دا ھاتووە؛ کە زەڕتوشت ٢٧٠٠ ساڵ پێش دێتە ناوچەی پاوەی ئێستا[لە ئاوێستادا بە “پوە” ناوی ھاتووە] دانیشتوانی ئەو ناوچەیە خەڵکانێ بوون بە ناوی (کرتە، کرتی یان کرتو).

ئێسترابۆن جوغڕافیناس و مێژوونووسی یۆنانی ، لە کتێبی جوغڕافیای ژێردەسەڵاتی ھێخامەنشییەکانا ئاماژە بە نیشتمانی گوردیان ئەکات کە ھەمان کوردستانی ئەمڕۆیە.

جراڵد ڕایۆر لە کتێبی “کورد لە سەرچاوە کۆنەکانا” ئێژێ: کوردەکان لە سەرچاوە جوراوجۆرەکانا وەک کاردۆ، کوردۆئینی، کوردیایوس، کوردیایا، کورتی و… ناو براوە.

ابن خلدون لە کوردەکان وەک گەلێکی سەربەخۆ ناو دەبات کە لەگەڵ عوممەری کوڕی خەتاب، خەلیفەی موسڵمانگەلا شەڕیان کردووە.

ابن وحشی لە کتێبی “شوق المستهام فی معرفه الاقلام” دا ئاماژە بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ ئەکات کە خاوەنی ئەلوفبێی زمانی بوون.

بێجگە لەمانەش، ھەر شاھنامەی فێردوسی دا(گەرچی من شاھنامە بە شێوێنەری ڕۆڵی کورد ئەبینم و پێموایە کاوەی ئاسنگەر وەک جاشەکوردێ ڕۆڵی ھەس) لە چەندین جێگادا بە ڕوونی وەک نەتەوەیەک (بە قسەی ئەوان قەوم)ێکی سەربەخۆ ئاماژە بە کورد ئەکەن و ڕەگەزی کاوەی ئاسنگەر بۆ کوردەکان ئەگەڕێنێتەوە:

کنون کُرد از آن تخمه دارد نژاد

که ز آباد ناید به دل برش یاد

لە جێگایەکی دیکە ئێژێ:

بپویید کاین مهتر آهرمنست
جهان آفرین را به دل دشمن است

همی رفت پیش اندرون مرد گُرد (کُرد یا پهلوان)
جهانی برو انجمن شد نه خرد»

یان شاوەیس قولی کە ساڵی ٨١٠ی کۆچی ژیاوەو شاعێرێکی یارسان بووە، چەن جوان ھەر بە بنزارێکی دیالێکتی گۆرانی ئاماژە بە ڕەچەڵەکی کورد بوونی خۆی ئەکات:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد

یان سەرنج بدەنە خانای قوبادی شاعێری ناوداری کوردی لەدایکبووی ساڵی ١٧٠٠ی زایینی، چەن جوان وەک نەتەوەخوازێ باسی زمانی خۆی(کوردی) ئەکات:

ھەرچەن مواچان فارسی شەککەرەن
کوردی عەلاو من، بەس شیرینتەرەن
مەعلومەن جە دەور، دونیای پڕدئەندێش
دڵشادەن ھەر کەس، وە زوانو وێش

جودا لەمانەش، زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوەیی، بە ھەموو پێوەرە زمانی و زانستییەکان ئەسەلمێنرێ کە بە کۆمەڵێ دیالێکت و شێوەزارەوە یەکێ لە زمانە دەوڵەمەنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە. ھەر لەو پەیوەندییەدا لە پلەبەندییەکی زمانە گرینگەکانی دونیادا، زمانی کوردی ئەکەوێتە پلەی سی و یەکەمی ھەشتا زمانی گرینگی دونیاوە.

ئیدی باسی دۆزرانەوەی پاشماوەی ئێسک و پروسکی بەشەر لە ئشکەوتی شانەدەر و نیشتمانی کوردەکانا با بمێنێ کە بەڵگەیە بۆ بوونی ژیان لە ٦٠ ھەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە نیشتمانەکەیانا.

لە چەندین نووژراوەدا باس لەوە کراوە، کوردەکان سەردەمانێ کە خەتی بزماری باو بووە، بەو خەتە پیتەکانی خۆیان نووسیوە. “نلدکە” زمان ناسی ئاڵمانی ئێژێ: ئەگەر کەتیبەگەلێ لە کوردەکان پەیدا بکرێ، بێگومان وێدەچێ وەک کەتیبەی ھێخامەنشییەکان بچێ.

احمد ابی‌بكر وحشیه نبطی كلدانی لە کتێبی (شوق المستهام فی معرفه رموز الاقلام) دا ئێژێ:
نزیکەی سەدای دەھەمی پێش زایین، کەسێ بە پێی پیتە ئەبجەدییەکان، ئەلفوبێیەکی بە ناوی (ماسی سورات) داھێناوە، لەو کاتەوە کوردەکان بەو پیتانە نووسیویانە. بە بڕوای ئەو ئەو ئەلفوبێیە بەو ئەلفوبێیە ئەچێ کە دواتر لە سەدەی شەشەمی زایینی دا داھێنراوە و ناوی زمانی ئاوێستایی لێ نراوە.

مینۆرسکی سەبارەت بە گرینگیی زمانی کوردی ئێژێ:” زمانی کوردی بناغەیەکی جێگیر و قاییمی بەڵگەمەندو مێژوویی ھەیە کە ئەگەڕێتەوە بۆ زمانەکانی مادی و سکایی.

پڕۆفسور محمد ئەمین زەکی بەگ، بە ئاماژە بۆ شەرەفنامە، زمان کوردی دابەشی زارەکانی کرمانجی، گۆرانی، کەلھوڕی و لوڕی ئەکات.

مامۆستا تۆفێق وەھبی، زامنی کوردی بە چوار دیالێکتی سەرەکیی کرمانجی، لوڕی، گۆرانی و زازایی دابەش کردووە.

زانا فارقینی سەروکی ئەنستیتۆی کورد لە ئیستانبوڵ، سەبارەت بە زمانی کوردی ئێژێ:
ئێمە بە پێی لێکۆڵینەوەی گرووپی لەگەڵ چەندین زانای جیھانیی بواری زمان، لەسەر زمانی کوردی، بەو ئەنجامە گەییشتووین، ئەگەری ھەس، زمانی کوردی نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ پێش، لە زمانەکانی ھیندوئۆروپایی جودا بووەتەوە و زمانگەلێ وەک ئینگلیسی و فارسیش، نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش لەو گروپە زمانییە جودا بوونەتەوە.

دوکتۆر “کامران بەڕواری”ش لە زانکۆی دھۆک جەخت ئەکاتەوە کە کوردەکان ئاری بوون و زمانی کوردی تەمەنێکی ٥٠٠٠ ساڵەی ھەس. ئاماژەش بەوە ئەکات کە ئەم زمانە لە قاڵبگەلی جۆراوجۆرا کۆکراوەتەوە و ئەسەلمێنرێ.
ئەو تەنانەت جەخت لەوەش ئەکاتەوە، یەکەم پەرتوکی نووسراوی جیھان “گلگەمیش” بە زمانی کوردی نووسراوە.

ھەر نەشمانھەوێ بۆ ڕابردوو و مێژوو بگەڕێینەوە، ئەتوانین بە پێی تواناییەکانی ئێستای زمانی کوردی کە پشت ئەستوورە بە پاشاخانێکی وشەیی و زاراوەیی و کولتوریی زمانی، بە پێی زانستە زمانییەکان بە دونیا بسەلمێنین، زمانی کوردی نە تەنیا لە زمانی داگیرکەرانی لاوازتر و کەمتر نیە، بەڵکوو لە بەتایبەت زمانەکانی فارسی و تورکی گەلێ بەھێزترە.

بەڵام ڕاستییەکەتان گەرەکە، نووسینەکەی جاشقەڵەم “سەی مەھدی سەجادی” ، بەگشتی شایانی وەڵام نیە. چونکی زمانی دەربڕین و داڕشتنەکەی ئەو، زیاتر بە زمانێکی شاڕلاتانی و لۆمپێنیستانە ئەچێ تا زمانێکی زانستی، ئەدەبی ، مێژوویی ئاکادێمیک. ئەو لە نووسینەکەیا بە جێی بەڵگاندن و فەکت ھێنانەوە، وەک کەسێکی شەڕەجنێوکەری ھەمبانە بۆشی سەر کۆڵانی، پەنا ئەباتە بەر جنێو، بێڕێزی، بوختان، درۆ و سووکایەتی. بە شێوەیەک کە زۆر ڕووھەڵماڵراوانە کوردەکان بە سەگ و ناسیونالیستەکان بە توولەسەگ و کوردە گۆرانەکان بە توولە ناو ئەبات.

بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەری کورد زیاتر پیلان و مەبەست و ئامانجی داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیانی بۆ ڕوون ببێتەوە، بەرپرسیارانە پێویستە وەڵامێ بەگشتی بۆ ئەم ھەمبانەبۆشانە ھەبێ و ماڵە پووشینەکانی ئامانجیان بە با بدات.

دیارە ئەمە یەکەم جاشقەڵەم و بەکرێگیراو نیە ، ھەوڵی لەم چەشنە ئەدات، بە دڵنیاییشەوە دوایین کەس نابێ. پێشتریش لە بابەتی دیکەدا باسم کردووە، ساڵانی سەرەتای ٢٠٠٠ بوو، لە بەرنامەی ھانەڕەنگینەی تەلەوزیۆنێکی پەکەکەوە ، ئازاد نەقشبەندی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسێکەوە کرد لە پاوە بە ناوی “مەنسوور سەلیمی” ، ئەوی وەک خوێندکاری ماستێری زانکۆی مەشھەد ناساند. لەسەر تێز ، واتە نامەی ماستێریەکەی قسەی لە تەکا کرد، ناوونیشانی نامەی ماستێریەکەی بەم چەشنە بوو؛”ھەورامی زمانە، نەک زاراوە”، ئەم بابەتە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی کرابوو، بە پلەی بەرز وەک نامەیەکی سەرکەوتوو وەرگیرابوو، بە وتەی نووسەر، ھەر لە لایەن ڕێژیمەوە بڕی ٤٠٠٠ دانەی وەک پێشەکی لێ چاپ و بڵاو کرابووەوە و قەولی پێ درەبوو زیاتری لێ چاپ بکرێ. بەمەشەوە نەوەستابوون، لە شاری پاوە ناوەندێکیان بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بۆ دانابوو.

یان چەند سال لەمەوبەر لە باشووری کوردستان، جەماعەتێ نزیک بە ٢٥٠ واژۆیان کۆکردبووەوە و دابوویانە پەرلەمان، گوایە ئەیانھەوێ فیدراڵی فەرھەنگی بدرێ بە ھەورامان و ھەورامییەکان. با حاشا لەوە نەکەین، زاراوەی ھەورامی وەک ئەشێ، خزمەتی نەکراوە، کاری بۆ نەکراوە، زاراوەیەک کە ساڵانێ زمانی نامەنووسین و بەڵگە و دێکیۆمێنت نووسینی ئەمارەتی ئەردەڵان بووە، زاراوەیەک کە زاری نووسینی دەیان گەورە شاعێری کورد بووە و دەیان شاھکاری ئەدەبیی پێ خوڵقێنراوە. بەڵام ئەمانە نابێ ببنە ئامراز بۆ بەکارھێنران لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆ دابڕاندنی ناوچە، خەڵک، شێوەزار و جوغڕافیا لە کوردستان ، بە مەبەستی ئاژاوەخستنە ناو ڕیزە شپرزەکانی کورد و کەوتنە باوش داگیرکەران.

دوکتۆر “حەمەعەلی سوڵتانی”ش ھەر یەکێ لەوانەیە کە لە خزمەت خامنەیی دا لە کرماشان، لە وتاری بەخێرھێنانیا، بە مەبەستی خۆشخزمەتی و دڵخۆشکردنی ئاغاکەی، کورد ئەکاتە کاڵایەک و ئەیخاتە خزمەت فارسچییەتی، ئێرانچیەتی و ئیسلامچییەتیەوە.

ھەزاران بەڵگەی دەرەکی و ناوخۆیی، ھەزاران بەڵگەی لێکۆڵەرانی شەرقی و غەربی ڕەسەنایەتی کوردی وەک کورد و نیشتمانەکەی وەک کوردستان سەلماندووە، ھەمووشیان وەک بەڵگە تۆمار کراون، لەم نووسینەدا ئاماژەم بە زقترینەکانیان کرد. بەڵام ئەو جاشقەڵەمانە بە ھەمانەی بەتاڵەوە گەرکیانە کۆمەڵێ خەڵکی سادە و خۆشباوڕ ھەڵخڵەتێنن و بیانخەنە خزمەت ئامانجەکانی داگیرکەران.

شاراوەش نیە، ڕێژیم لەم سیاسەتی ئاژاوەنانەوە بەردەوام کەڵکی خۆی وەرگرتووە، زقترین شێوازی کەڵک وەرگرتنیشی لە کات و ساتی شانۆەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و شورای شار دایە. بۆ ئەم مەبەستە لەو شارانەی خەڵکی ھەورامی و ئەردەڵانی یان سۆرانی تێکەڵ بوون. ڕێژیم بەردەوام چەند پاڵێوراوی سۆرانی،ئەردەڵانی و ھەورامیی پەسەند ئەکردو لە ڕێگای دەستەکانی خۆیەوە، بە مەبەستی کێشانی خەڵکەکە بۆ سەر سنۆقەکانی دەنگدان، شەڕێکی ناشیرینی لە نێوانیانا ساز ئەکرد و سەرکەوتنێکی باشی لە ئامانجەکانیا بە دەست ئەھاورد. بێجگە لەوەی خەڵک بە لێشاو ئەھاتنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، بەڵکوو بە حەماسەتێکی تایبەتی دژبەیەکەوە ئەھاتن، کابرای سۆرانی یان ھەورامی ئامادە بوو، داپیرە کەنەفتی ناو جێگاکەی بە کۆڵ بباتە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، تا بە سەر بەرامبەرەکەیا سەرکەوێ. دەیان قسەی ناشیرین دەیان دروشمی زبر و جنێو و بوختانیشیان بەیەک ئەکرد.
ڕێژیم لە شانۆەکانی ئەمجارەی ھەڵبژاردن بە تەواوی بێ ھیوایە، زۆربەی بەرپڕسانی نزم و بەرزی ڕێژیم نایشارنەوە، ترسیان لە بەشداری نەکردنی خەڵک بە ھیچ فێڵ و تەڵەکەیەک ھەس. گومانم نیە کە یەکێ لە گرینگترین ھۆکار و ئامانجەکانی ئەم جۆرە ھەوڵ و تەقالایەی جاشقەڵەمە کوردەکانیش ھەر لە خزمەت ئەو ئامانجەی ڕێژیم دایە.

لە کۆتاییا، جاشقەڵەمە کوردەکان پێویستە بزانن، چەکەکەی ئەوان فرە لە چەکی جاش پاسدارە چەکدارەکان کاریگەرتر و کوشەندەترە. گومانیان نەبێ، ڕۆژێ دادێ ئەوان وەک خائینێ بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان لە دیوانی گەلا ئەبێ وەڵامدەر بن و سزای تاوانەکانیشیان وەرگرن. ئەو ڕۆژە دێر یان زوو، ھەر دێ.

_نووسینەکەی جاشقەڵەم”سەی مەھدی سجادی” بە فارسی بوو، ئامانجیش ئەوەیە یەکەم لەوانەیە کوردی نەزانێ، لەوانەشە بزانێ بەڵام لەبەر نەفرەتی لە نەتەوەکەی، ئامادە نەبێ بە کوردی بنووسێ، یان لەوانەیە زمانی فارسیی ھەڵبژاردبێ چونکە ڕووی دەمی زیاتر لە فارسەکان بێ، ئاخر ئەو کاوێژانەی ئەو تەنیا ئەتوانن خۆراکی مێشکی پەسڵەھێنراوی خۆی بن، زبڵ و زاڵی وا ناتوانێ ببێتە خۆراکی ھیچ مێشکێکی ساغ و خاوێن.
منیش زمانی کوردیم ھەڵبژارد، چونکی ڕووی دەمم لە نەتەوەکەی خۆمە. پێموایە نەتەوەکەی خۆم بڕیاردەرە لە چارەنووسی خۆی نەک داگیرکەر و بێگانە و دوژمن.

_تێبینی: من مێژووناس و مێژوونووس نیم، بەڵام گرینگیی بابەتەکە ناچاری کردم بێ ھەڵویست نەبم. ھیوامە ئەم بابەتە ببێتە ھاندەرێ کە شارەزایان و پسپۆڕانی مێژوو، کەمتەرخەم نەبن لەم بوارەوە و قۆڵی ھیمەتی لێ ھەڵماڵن و کاری پسپۆڕانەتر، شارەزایانەتر و بابەتیانەتر لەسەر ئەم پیلانە بکەن.




سەمایەک سەهۆڵەکەی تواندەوە!.. بەهادین حاجی بەكر دارتاش

ئێوارەیەکی درەنگ وەخت سەماو ئاوێزان بوونی دوو جەستە لەمیلۆدیایەکدا، بووە کوانی توانەوەی بەفری سەر شەقامێک. چوار رۆژە چوار هەزار فتوادەرو شمشێر بەدەست کوچەو کۆڵانەکانی شار دەگەڕێن بەدوای خۆشەویستدا، چوار رۆژە نەفرەت لەسەمایەکی ئاسایی کە تەنیا دەتوانیت گوزارشتیک بێت لەحەزو ئارەزوی گەنجە گیرفان خاڵییەکانی ئەم شەقامە، کە ئەگەر بۆ چەند خولێکیش بووە بینینی سەمایەک تێکەڵ بەتاسەی ئارەزووکانیان بکەن و هەر نەبێت ئەم ئێوارە زاخاوێکی مێشکیان بدەن بەجوانی جوڵەی دوو جەستە کەخۆزگەی هەزاران گەنجی ئەم شارەی تیا تێکەڵ بوو.  ئای خودایە چی قەوما، چ ئافاتێک رووی تێکردین، چ قیامەتێک هەستا، لەچ غەزەبێکدا نغرۆ بووین، چ سۆنامیەک ئەم شەقامەی لوول کرد لەگەل خۆیدا، تۆ بڵی بەئاگاری قیامەتی ئەم رووداوە ئێمە هەموو رێبوارانی ئەم شەقامە بسووتێنێت، یا لوتفەکەیت و تەنیا جەستەی ئەو دوو سەماکارە ‌‌نامۆو بێڕەوشت و کلتوربەزێنە‌‌ دەکەیتە خۆڵەمیش کە ئەو کفرە گەورەی کردیان و بەچەند جوڵەیەکی خۆیان شارێکیان شێواند؟ ! ئای خودایە ئەمە چ کفرێک بوو کەتۆ عەبدەکانی خۆت ناچارکرد بەوەی هەر لەم شەقامە بێ نوێژەدا بەرماڵەکانیان راخەن و شەقام ببەستن و ئازادی هاتووچۆکردنیش لەتەماشاکەرانی سەماکەرانی ئێوارەی پێشوو بگرن.  ئای خودایە لەم هەموو دڵگەرمی و دڵگەورەیەی عەبدەکانی تۆ چۆن پەیامەکانت لەدەرەوەی هەرجۆرە هەڕەشەو تووندوتیژی و شمشێر راوەشاندن و ملپەڕانێک بڵاودەکەنەوە، کەزمانیان بەوشێوە خوێنی لێدەتکێت و بۆ کپکردنەوەی ئاڵۆشی دوو گەنج قیامەتێک بەرپا دەکەن، ئەلهەق ئەم سوپای عەبدانە وەفادارن بەپەیامەکەی تۆ بۆ بەمقەدەس نیشاندانی سەوابتەکانی تۆ بۆ زیندو راگرتنی کلتورێک کە جێگەی بیرکردنەوە قسە لەسەرکردن و گۆڕانکاری نیە.  چی روویداو بۆ روویدا؟ ئەوەی روویدا تەنیا نمایشکردنی توانای هونەری دوو گەنج بوو کە لەنێو ئاپۆرەی شەقامی سەهۆڵەکەدا، وەک (ئیڤان)ی کچە سەماکەر دەڵێت تەنیا بۆ خۆشی و بۆ ئاشتی و خۆشەویستی بوو، ئەوەی روویدا وەک (میۆ)ی سماکار دەڵێت، تەنیا دەربڕینی ئەو خۆشەویستییە بوو چونکە سەما گوزارشتی جەستەیە بۆ دەربڕین. 

بەڵام رووداوەکانی دوای سەماکە ئیتر تەنیا جوڵەیەکی جەستەی سەماکارێک نیە، بەڵکو لەڕاستیدا کاردانەوەکانی پشتەوەی ئەم سەمایە دروست رەنگدانەوەی گۆشەنیگاکانی شارنشینی و بەرکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانیەتی کە جەمسەرە جیاوازە کۆمەڵایەتیەکان بە ئاراستەی جیاوازو تەنانەت دژ بەیەکیشدا دێنێتە مەیدان!  ئەوانەی کە توڕە بوون و کاریان گەیاند بەفەتواو هەڕەشەکردن و لە خوێن هەڵکێشانی جەستەی ئینسان، دەڵێن ئەمە کلتوورو دابونەریتی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە نیەو نابێت رێگەپێدراوبێت.  گریمان پاساوەکەی ئەم ئاراستەیە دروستەو کێشەکە کێشەی کلتورەو وەک خۆیان دەڵێن ئەمە کلتوریکی نامۆو بێگانەیە بە کۆمەڵگای ئێمە.  کەواتە کلتور چییەو ئەمانە مەبەستیان چ کلتورێکە ؟! هەموومان دەزانین کە کلتور بەشێکە لەسەرخانی کۆمەڵگا کە لەگەل رەوەندی ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگایەکدا گۆڕانی بەسەردادێت.  کلتور بەهەموو ئەو حاڵەت و دیاردانە دەوترێت کە بەدوو فلتەری تەواوکەری یەکتردا تێدەپەڕێت کەئەویش هەندێکیان بەرهەمی کاری ئنیسان و هەندێکیشیان بەرهەمی فکرو بیرکردنەوەمانن.  کەواتە سەرەتاییترین پرسیار ئەوەیە کەکلتور لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگای شکل و شیوازو بەرکەوتەی جیاواز دەگرێتەخۆ، کلتور حاڵەتێکی سائیدو چەقبەستوو راوەستاوی هیچ کۆمەڵگایەک نیشان نادات.  بەڵام هەقیقەت ئەوەیە کە سروشت و بەرکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو کۆمەڵگاکان بەو شیوەیە کەهەر بزوتنەوەیەک گۆشەنیگای جیاوازو ئاراستەی جیاوازی هەیە بۆ تێڕوانین لەسەر کلتورە دەورو جێگەو رێگەی کلتور.  روانگەیەک هەیە کە پێیوایە کلتور دیاریدەو حاڵەتیکی راوەستاوو جێگیرە قابیلی هیچ جۆرە دەستلیدان و پەرەپێدانیک نیە، ئەم روانگەیە کۆمەڵگا دابەش دەکات بۆ چاک و خراپ و بۆ حەڵاڵ و حەرام و… روانگەیەکی تریش هەیە کە پێیوایە کلتور بەردەوام لەحاڵی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕدایە، دەکرێ ئەوەی دوێنێ بەمقدەس زانراوە ئەمڕۆ مەحکوم بێت و رێگەپیدراو نەبێت.  هەڵبەتە هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا هۆکارگەلێکی سیاسی، ئابوری ، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ژینگەیش هەیە کە کاریگەری خۆیان لەسەر چۆنیەتی نیشاندان و نمایشکردنی کلتورەکان دادەنین. 

بائێمە کلتوری جلوبەرگ لەبەرچاو بگرین و لەخۆمان بپرسین کەئایا جلوبەرگی کوردی ئێستاو (50) ساڵ لەمەوبەر هەروەک یەک وایەو هەر هەمانە؟! بەدڵنیایی نەخیر، (50) ساڵ لەمەوبەر ئێمە تەنیا شەرواڵ و مراخانی و رانکوجۆغەمان هەبوو، ئیستا ئەگەر نمایشی جلوبەرگە هاوردەکانی چین بکەین لەدوانزەیان تەنیا دوو جۆریان لەڕابردوودا هەبوو.  سەرنج بدەن بازرگانی و سەرمایەگوزاری چ دەورێکی هەیە لە گۆڕین و گەشەپێدانی ئەم کلتورەدا،  با بە روویەکی تردا سەرنجی کلتوری خواردن بدەین و لەخۆمان بپرسین ئایا بە راستی ئیستا لەشاری سلێمانیدا تەنیا قوبلی و فاسیۆلیاو گۆشت و یاپراخمان هەیە، یان دەیان جۆری تری خواردن خۆی خزاندوەتە نیو کۆمەلگاوە. جیاوازیەکە ئەوەیە لەمەشیاندا دروستکردنی کلتوری خواردن یەکجار لاوازو نەبینراوەو ئەوەی کە ئەمڕۆش زۆرترین فرۆشی هەیە ئەو خواردنە تەقلیدیەیە کە لەباووباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، کە بەدڵنیایی دیوێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆرژوازی کورد بازاڕی بەجۆرێک کۆنترۆڵ کردووە لەڕێگەی هاوردەکردن و سوودو سەرمایەدا دەرفەتێکی بۆ گەشەسەندن و فراوانبوونەوەی کشتوکال و خواردن و کلتوری خواردن نەهێشتووەتەو،  دواجار بێینەوە سەر سەماو مۆسیقای جیاواز لەشەڕی ئەو نوغکخبە ‌‌ خوێندەوارەی ‌‌ کە پێیوایە بایکۆتکردنی مۆسیقاو گۆرانی تورکی و ئیران و عەرەبی و… دەتوانێت رێگە بە قوڵبوونەوەی ئەو تام و چیژە وەرگرێت لەنێو خودی مۆسیقاو هونەردا هەیە یا وەک دەڵێن مۆسیقایەکی رەسەن بەرهەم دێنن.

ھەقیقەت ئەوەیە کەمۆسیقا وەک بەشێک لەھونەرو کلتوری ھەر کۆمەڵگایەک ناتوانرێت دیواری چینی بەدەورا بکێشرێت، ئاخەر بەشێک لەباشترین گۆرانیبێژەکانی کۆمەڵگای ئێمە وەک حەسەن زیرەک، ماملێ، هۆمەر دزەیی…. بەشێک لەکارو بەرھەمەکانیان لەئاوازو گۆرانی وڵاتان و ناوچەکانی ترەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی کەھیچ کەس بە ناڕەسەن و نامۆ لەقەڵەمیان بدات.  ھەربۆیە ئەو قسەیەی کەئەمڕۆ دەکرێت سەبارەت بەکلتوری نامۆو بێگانە سەراپا پووچ و بێ ناوەڕۆک و چەقبەستووە.

دواجار دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەشێک لەم شەڕی کلتورە نامۆیە درێژکراوەی شەڕی هەمان ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەیە کە لێرەو لەوێ لەسەر زوژەی جیاواز دێنەوە مەیدان و ناتوانریت رێگەیان پێ بگیرێت . تۆ ناتوانیت پێڵاوو پانتۆڵ و پەنیرو پایسکیل و ئۆپڵ و کۆمپیوتەرو هاندو جلوبەرگ و خواردنی هاوردە بەکاربهێنیت و کەچی فتوای حەرامبوونی سەماو گۆرانی هەریەک لەو وڵاتانە بدەیت، ئەمە چیە وەڵڵا کلتوریکی نامۆیە.  هەربۆیە بەشێک لەم بزوتنەوەیە لە راستیدا کێشەکەیان خراپی ئەم سەمایەو سەماکارێک نیە، بەقەد ئەوەی لەڕیشەوە کێشەیان لەگەل شادی، هەڵپەڕکێ و سەما، گۆرانی و مۆسیقا و پەیکەرتاشین و ئارایشت ستاتیکاو خۆشەویستی و رۆژی خۆشەویستیدا هەیە، بۆ بەسەمای دوو گەنج ئەوەندە ناڕەحەت بوون کە ئارامی کۆمەڵگایان خستە بەردەم مەترسییەوە.  ئەم شەڕەی کەئەمڕۆ لە کۆمەڵگادا هەیە درێژکراوەی راوەستانەوەی ئەو دوو بەرەیە کە یەکێکیان ئەم شمشیر بەدەستانە نوێنەرایەتی دەکەن و ئەویتریشیان بەرەیەکە کە تینووی ئازادی بەیان و دەربڕین و ئازادی خۆنمایشکردن و بڕیاردانن لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیان.

 دواجار ئەوە بڵێین ئێوە دەتوانن بەبێ لەخوێن هەڵکێشانی جەستەی هیچ کەسێک بۆچوونەکانی خۆتان رابگەیەنن، بەڵام ناتوانن ریگە بەدەربڕین و بیرکردنەوەکانی ئەو بەشە لەخەڵکی ئەم کۆمەڵگایە بگرن کە تامەزرۆی عیشق و ئازادی و خۆشەویستین

—————–  

ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ھاوڵاتی دا بڵاو کراوەتە!




ڕووداوەکان.. تاهیر عیسا

ڕۆژانە ڕوودوایی جۆراوجۆر ڕوودەدەن و لێدوان و قسەی جۆراوجۆریش لەسەر ڕووداوە ناوچەییە هەنووکەیی ومێژووییەکان، دەبیستین و دەخوێنینەوە! کە مرۆڤ گوێ بیستیان دەبێت یان دەیانخوێنێتەوە، کەم وزۆر حەزبەوە دەکات، ڕاو نەزەرو بۆچوونی خۆی لەسەریان بدات و خۆی و ناخ ودەرونی خۆی کە پڕ دەبێت، بەتاڵکاتەوەو دەردە دڵیەکانی خۆی بڵێت وبنوسێت، بەتایبەت کوردزمانان، کە جیاواز لەتەوای ڕەگەز زمانەکانی دیکەی ئەم هەسارەیە، بەهەل ومەرجێکی زۆر جیاوازترو لەگەڵ دەسەڵات و حکومەتێکی زۆر جیاواز تر لەوانی دیکە
ژیان دەگوزەرێنن و ڕۆژانە لەگەڵ تێپەڕینی سات بەساتی ژیان، ڕووداوەکان وهەڵوێستەکانیان نیگەران وناڕەحەتمان دەکەن!؟
بۆیە بەتایبەت بۆ کرێکارێک، کە زۆربەی کاتەکانی، لە ڕەنج و زەحمەدایە بۆ بژێوی خۆی وخێزان و فەراهەمکردنی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەکەی، قورسە بتوانێت لەسەر تەواوی ئەو ڕووداوانەو هەڵوێستی سەرانی حیزبی و حکومیی هەرێمی کوردستان، شتێک بڵێت یان بنوسێت.
نە کات یارمەتی دەرە و نە هەندێک جاران حەوسەڵەش!
هه ندێک جار پشو و کاتی بۆشی بێکاریی و دوور لە ڕەنجدانیش کە بەڕەسمی وەریدەگریت، هێندە تامەزرۆی بەسەربردنی کاتی پشووەکانتی، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت، دوور لەدۆست وهاوڕێیان چونکە کۆڕۆناو هەل ومەرجە دژوارەکەی ئەمڕۆکە، ئەو ماف و ویست و حەزە کۆمەڵایەتیەیان لێوەرگرتوینەتەوە کە بتوانین لە دەرفەتی پشو و بێکاریەکانماندا، تێکەڵ بین و لەو بۆشاییانە کەڵک وەرگرین و بێحەوسەڵەیی وگرێ دەرونیەکانمان بڕەوێنینەوە، بۆیە فریای ئەوە ناکەویت، لەبیرکردنەوەیەکی سالم و موسەلمەدا،شتێک بڵێیت یان بنووسیت!
ئەوەی دەمەوێت ئەمڕۆکە، شتێکی خێراو سەرپێییان لەسەر بڵێم، بەسەرکردنەوەی پانۆڕامای چەند هەواڵ ولێدوانی لێپرسراو و سەرانی عاجباتیی هەرێمی کوردستانە، لەپەیوەست بە ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچەکەو جیهان، کە لەسەر هەر پرس و ڕوودواێکدا، قسەو لێدوانی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام من دەمەوێت، بەخێرایی بەسەریاندا تێپەڕم و بەسەریان کەمەوە!
کە لە دەستپێکی هەموویاندا چەند ڕۆژ لەمەو بەر گرتن و ڕاوەدوونانی هاوڕەگەزخوازەکان بوو، لەژێر ناوی یاسا شکێنی ولەشفرۆشیدا، کە لەڕاستیدا لەپاڵ ئەم درۆیەدا کە تەنیا بۆ چاوبەستەکێی دنیای دەرەوەی خۆیان بوو، دەنا خودی حکومەت وحیزبەکانیان، ڕۆژانەو بەردەوام لە یاساشکێنیدان و جاڕنامە گەردوونیەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن، هەر لەپەیوەست بەڕۆژنامەوانان و کوشتنیان و زیندانی کردنی چەندساڵەی بێ بنەمای یاسایی دوور لەیاسا ستانداردییە نێودەوڵەتیەکان، کە خودی خۆیان و حکومەت و سیستەمەکەیان و برسیکردنی خەڵک و لێبڕینی موچەو نەدانی وەک پێویست لەکاتی خۆیدا، هۆکار گەلێکن، بۆ پەرەدان ونەش ونمای دیاردەی لەشفرۆشی و زۆر لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی تر، پەلاماریان دان، کە کۆمەڵگای کوردستانی لەڕووی هەڵوێست وکاردانەوەدا کرد بەدوو بەرە، بەرەیەکی بەرفراوان و بەهێز لە کۆنەپەرەستیی و دواکەوتویی نەریتی و دینی، بەرەیەکی دیکەی سوکولارو ئازادیخواز، بەڵام لاوازو شەرمن لەدەربڕینی هەڵوێستدا.
بەرەی کۆنەپەرەستی، کەهاوڕەگەزخوازیی بە هۆمۆو بەلێسبیان، سێکسواڵیەوە، دوور لەلێکدانەوەی زانستیانەی سەردەمدا، بەمەسەلەی لادان لەڕەوشت و ئاکاری کۆمەڵایەتی دەبینێت و ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی تەواو بایۆلۆجییەو هیچ پەیوەندی بەڕەوشت و لادانەوە نییە، خۆ هەتا ئەو جێگایەش پەیوەندی بەلادانەوە هەبێت، ئەوا کۆمەڵگا نەریتیە دینیە داخراوەکانن، کە کوردستانیش لەم شێوە نەریتیە بەدوور نییە، هۆکارێکە بۆ کەبت و ڕامکردنی سروشتیانەی سێکسکردن، لەقۆناغە هەستیارەکانی هەرزەکاریداو ڕێگریکردنی کۆمەڵگاو نەریت وڕێساو یاساکانی لە پڕاکتیکی سروشتیانەی غەریزە سێکسیەکان لە هەردوو ڕەگەزی جیاوازداو، سنووردانان لەنێوان هەردوو ڕەگەزی نێرو مێداو دانانی هێڵی سوور لە نێوانیاندا، کە دواجار دەبێتە هۆکاری لادان لە موماڕەسەکردنداو هەندێکیش لەم ناوەدا وەک ڕەگەزی هاوتا کە زیاترینیان وەک دیاردە لەناو ڕەگەزی نێردا دەردەکەوێت، واتە هۆمۆ، دەکرێنە قوربانی ئەم کەش و هەوایەو دەخزێنرێنە ناوهاوڕەگەزبازییەوەو ئاڵودەو ئیدمان دەکرێن، پەرەگرتنی سێکسی بەربڵاو لەگەڵ ئاژەڵانیش بەرهەمی بەشێک لەو ڕامکردن وکەبتی جنسیی وغەریزەییەیە، لەکۆمەڵگا نەریتیەکاندا.
من وەک خۆم، کاتێک دەبینم هۆمۆ سێکسواڵەکان واتە دووپیاو خەریکن دەم دەخەنە ناو دەمی یەکترەوە، خەریکە هەڵێنجم دێ ودەڕشێمەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە هەستیەم و لەگوین هەڵێنج هاتنەم، لەجیاتی ئەوەی خوێندنەوەو لێکدانەوەی زانستیانەی دیکەی پشتی ئەم دیاردەیە هەڵبگرێت، ناکرێت، ڕەت بکرێتەوەو وەک دیاردەیەکی جێگای بێڕێزی پێکردنیان تەما شا بکرێت، زۆر بەدواداچوون وپرسیارو گەڕان بەدوای هۆکارەکانی، دەتوانی لەوە تێبگەی کە ئەم دیاردەیە،دیاردەیەکی تەواو بایۆلۆجیەو لەجیهانی ڕۆژئاوادا، بۆماوەیەک وەک نەخۆشی دەروونی تەماشادەکراو بۆ چەند ساڵ دەخرانە نەخۆشخانەوەو دەرمان وعیلاجیان بێدەردا، بەڵام بێ ئەنجام بوو، بۆیە بە نەتیجە، دوای لێکۆڵینەوەو پشکنین وگەشەکردنی زانستی پزیشکی وبایۆلۆجی، بەو ئاکامە گەیشتن، کە دەبێت بەیاسا، وەڵامی ئەم دیاردەیە بدرێتەوە و وەک کەسانی ئاسایی لەکۆمەڵگادا تەماشابکرێن.
من ویستم زۆر لەسەر ئەم بابەتە پەیا بکەم وبینووسم، بەڵام بابەتێکی تێرو تەسەلی هاوڕێیەک، بەناوی ” ماریا کارگەر” کە لەهەندێک سایدە ئەلەکتڕۆنیەکاندا و بەتایبەتیش لەهاوپشتیدا بڵاو بۆتەوە، تەواو سەرنجی ڕاکێشام و منیش سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشم، کە بابەتەکەی تەواو زانستییەو نوسەر هەوڵی داوە لەڕووی زانستییەوە تەواو وەڵام بەم بابەتە بداتەوە .
ئەوەی لە وەی پێشووش زیاتر نیگەرانی کردم، لێدوانێکی مەسرور بارزانی بوو وەک سەرۆکی حکومەت لەپەیوەند بە رۆژى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى و تێپه‌ربوونى 123 ساڵ به‌سه‌ر یه‌که‌مین ژماره‌ى رۆژنامه‌ى کوردستاندا کە گووتی:” حکومه‌تى هه‌رێم کارى بۆ زیاتر چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى ئازادى میدیایى و دیموکراسیى کردووه‌”
منیش، لە ناخ و دەروونمدا، هێشتا، لەبەرامبەر ئەو هەموو ڕۆژنامەوانانەی کە بەدەستی ئەم لێپرسراوو کاربەدەستە حیزبی و حکومیی وبنەماڵەییانە، تیرۆرکراون، قەهرو خەفەت لە تێداچون و تیرۆرکردنیان دەخۆم و کەیس و پەروەندەو دۆسیەکانیان، لەلایەن ئەم جەنابانەوە بۆ یەکجاری داخراون، کەچی لەولاوە لێدوانێکی لەمجۆرە توڕەو نیگەران وناڕەحەتت دەکات وناچاریی بۆ دەردەدڵیش بێت ئەگەر تەنانەت لە ژوورێکی بەتالیش بێت، بەچەند وشەو ڕستەیەک دایڕێژیت و بۆخۆت و بەدەنگی خۆت بیڵێیتەوەو دەرونت خاڵی بکەیت، خۆ ئەگەریش دەرفەت بوو، لەگۆشەیەکدا یان لە سووچی سایدێکی ئەلەکتڕۆنیدا، بەمافتیانی زانی، بۆت بڵاو بکرێتەوە، ئەوا خۆ ئەگەر لانیکەم، دەکەسیش بیخوێننەوە، هێشتا باشترە لەوەی خۆت بۆ خۆت و ناخی خۆت بیگێڕیتەوەو بیڵێیتەوە!
کاتێک ئەو لێدوانەی مەسرور بارزانیم، خوێندەوە، خۆم لەخۆمم پرسی، ئاخۆ دەبێت مسرور زۆر گەمژە بێت ، دوای ئەم هەموو تیرۆرو غەدرو غدورەی لەڕۆژنامەوانان کراوە، کەچی لێدوانێکی لەمجۆرە چماناو مەغزایەکی هەیە؟
یان ئەوە مەسرور بارزانیە ئێمەی زۆر پێ گەمژەیە کە لێدوانێکی لەمجۆرەمان بۆدەدات!؟
لەبیرکردنەوەیەکی زۆرو ڕۆچوونم لەناو خەیاڵدانی خۆمدا، دواتر بەو ئاکامە گەیشتم، نا، ئەوە ئەو نییە گەمژەیە،بەڵکو،ئەوە ئێمەین گەمژەین، دەنا، ئەو دوای ئەو هەموو باکگڕاوەندە ناشیرینە حیزبی وحکومی و بنەماڵەییە، ئەمڕۆکە نەیدەتوانی وەک سەرۆکی حکومەت، لەو پێگەیەدا بێت وئەو لێدوانە تەواو ناڕاست و تەواو پێچەوانەیەش بدات، نەیدەتوانی دوای ئەو هە موو تیرۆرەی کە تەنیا لەلایەن مەسرورو بنەماڵەو حیزبەکەی وها پەیمانەکانیانەوە کراوە، وەک سەرۆکی حکومەت ئەو لێدوانە بدات!
لەهەمان ئان وساتی خوێندنەوەی لێدوانی سەرۆکی حکومەتدا، بیرم بۆ لای زۆر شت چوو، لەوانە بیرم بۆ لای دایک و باوک وکەس وکارو دۆست و ئازیزانی هەموو ئەوانە چوو کە هەم لە ڕابردووداو هەم لەئەمڕۆدا بەدەستی ئەم حوکمڕانانە تیرۆرکراون، یان ئازارو ئەشکەنجە دراون، یان سزای ناڕەوای زیندانیان بۆبڕاوەتەوە لەهەمان کاتیشدا لێدوان وڕاگەیاندنێکی لەمجۆرەی سەرۆکی دەزگایەکی هەستیاری نیشتمانە دزراوەکەیان دەبیستن، پرسیارم لەخۆمم کرد، دەبێت هەست ونەست و شعووری ئەوان لەبەرامبەر خوێندنەوەو بیستنیدا چۆن بێت؟؟
ڕەئوف ئاکرێیی، بۆچی و لەسەرچی تیرۆرکرا ؟ ئەی ڕێناسی زەحمەتکێشان؟ ئەی نەزیر عومەری کۆمۆنیست؟ ئەی ئەبو نەسیری شیوعی و دکتۆر نافیع ئاکرێی و عەلی کوخی و ویدات حوسێن و شوکری زەینەدین و سۆرانی مامەحەمە و تاهیر ستار شەریف و فەرهاد فەرەج و سەردەشت عوسمان و کاوەگەرمیانی و ، … دەیانی دیکە، لەسەر کام بنەمای دیموکڕاسی، کە زنجیرێکەو لەسایەی حوکمی مافیایی و دژە ئازادی ئەم ناجەنابانە، لەکوتایی نایەت، بۆ تیرۆرکران؟ بۆ چەسپاندنی دیموکڕاسیی و ئازادی ڕۆژنامەگەریی و میدیایی، یان بۆ هەنوکەیەک، کە بتوانن، دەم ودەنگی خەڵکی ئازادیخوازی ناڕازیی پێ کپ وبێدەنگ بکەن و بەئارەزو و حەزو ویستی خۆیان، زوڵم و زۆرو چەوساندنەوەی سەدان هەزارکرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی، پێ درێژە پێبدەن و پەرژینی پارێزگاریی لەحوکم وبنەماڵەی فاسیدو موفسیدو سەرمایەکانیان، بەرجەستە و قایم بکەن؟؟
خۆ لەیادی ئەنفالەکان وکیمیابارانی هەڵەبجەدا، لێدوان و یادەکانیان، جگەلە هەراسان کردن و تێکدانی باری دەروونیمان، هیچی ترمان بۆ ناهێڵنەوە، کە پشکی شێری هەموو ئەو بەڵاو موسیبەتیانەی بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێنا، لەپێناوی درۆی ڕزگاری نیشتمانی و چارەسەری کێشەی میللی خەڵکی کوردستان، کە ئەمڕۆکە حاڵی خەڵک و ڕووداوەکان و ناڕەزایەتیەکانی ڕابردو و خواست و داواکاریەکانیان و وەڵام بەگولەیان لەحەڤدەی شوبات و دواتریشدا، شاهیدی حاڵە، کە چ ئامانج و ستڕاتیژێک لەپشتی درۆکانیان بوو.
هەر وەک چۆن لەیادی کارەساتی شوومی شەنگالیشدا، کە ئەم جەنابانەی تێدا تاوانبارو هۆکاربوون لەڕوودانیداو شەنگالیان خستە قورگی ئەژدیهایەکی وەک داعشەوە، بەڵام لەیادەکانیدا، فرمێسکی تیمساحییان بۆ دەڕێژن و هێندەی ئاستی تڕژیدیایی ڕووداوکەو قێزەونی ڕووداوەکە،دووبارە بەدرۆکانیان هەراسان وناڕەحەتمان دەکەنەوە.
ڕووداوێکی تڕاژیدی مێژوویی دیکە، جینۆسایدی سەدساڵ لەمەو بەری ئەرمەنیەکانە، بەدەستی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی، کە لە 24 نیسانی 1915 وە هەتا 1923 درێژەی کێشاوە، کە تیایدا هەزاران هەزار کەسیان لەمناڵ وگەنج وپیر، هەر لەسەر بنەمای هەویەی دینی بە دڕندانەترین شێوە و جۆرەها شکڵ وشێوەی کوشتن وتەعزیب و دەرکردنیان ولەبرسان کوشتنیان لەڕێگای دوورو درێژی هەزاران کیلۆمەتری کۆڕەویدا، بەشێکی دیکەیە، لەبوونیەی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی محەمەدی و دڕندایەتیەکانی.
ئەوەی لەم ڕووداوە مێژوویی تڕاژیدیایەدا، جێگای پێکەنینێکی ئازاربەخشە، داواکاری پەڕلەمانتارێکی پێشووی فڕاکسیۆنی ئەرمەنیە لەپەڕلەمانی کوردستان، بەناوی “یروانت نیسان مارکۆس” بۆ بە ڕەسمیەت ناساندنی جینۆسایدو کوشتاری ئەرمەنیەکان لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە، کە شەش ساڵ لەمەو بەر لەسەدەمین ساڵڕۆژی جیۆسایدی ئەرمەنیەکاندا، بەئیمزای 39 پەڕلەمانتار پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کردووەو بەڵام هەتا ئێستاش وەڵامی پڕۆژەکەیان نەدراوەتەوە، ئەم دەڵێت، خۆی پاشماوەی قەتڵ وعامی ئەرمەنیەکانە، کە باپیرەی نۆ ساڵان بووە کە لەتورکیاوە بەتەنیا ئاوارەبووەو ڕوی لەزاخۆ کردوەو نەیزانیو باوک و دایک وبراو خوشک وکەس وکارەکەی چییان لێبەسەرهاتوە، کوژراون یان لەشەونخونی و برسێتی پیادەڕەوی دووردا گیانیان سپاردووە، ئەو دەڵێت ئەو ونبونەی ونبون ئیتر هەرگیز نەبینراونەتەوە، ئەوەی بۆ من جێگای سەرنج وسەرسوڕمان بوو، داواکاری ئەم پەڕلەمانتارەی ئەرمەنەکانە لەپەڕلەمانی کوردستان، بۆ بەڕەسمیەت ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، نازانم، چۆن و بەچمەنتقێک ئەم برادەرە ئەرمەنە، داواکاریێکی لەمجۆرەی لە پەڕلەمانێک هەیە، کە ئاغاکانی بۆ تەوالێتکردنیشیان دەبێت مۆڵەت لە ئەردۆغان وەرگرن!؟
ئەمڕۆش هەواڵێکی دڵتەزێنم، لە پەیوەست بە ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەیەکی کۆڕۆنای شاری بەغدا بیست، کە ڕوداوەکە هەتا دەم هەڵێنێ تڕاژیدیایی و غەمئاوارەو مایەی نیگەرانی قووڵی هەر ئینسانێکی شەڕافەتمەندە، بەڵام دووبارە و ئەمجارەش لێدوانێکی سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، مایەی پێکەنینێکی نیگەران هێنەرە، ئەو داوای لێکۆڵینەوەی ڕوداوەکەو لێپێچینەوەی بەرپرسەکانی نەخۆشخانەکە دەکات وخوازیارە ئەوانەی کەمتەرخەمی کەوتنەوەی ئاگرەکەن، لێپێچینەوەیا لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن! باشە هەتا ئێرە ئێمەش هاوڕای نێچیرڤان بارزانین، لەسەر لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەو بەسزاگەیاندنی هەموو ئەوانەی لەم کارەساتەدا کەمتەرخەم ولاموبالات بوون!
بەڵام ئەم لێدوانە بۆ کەسێک دروستەو شیاو گونجاوە کە خۆی لەپەیوەست بەهاوشێوەی ئەم ڕوداوانە، پاشەڵ وباشخانی پاک بێت!
ئەو دەبێت پێش ئەوەی لێدوانی لەمجۆرە بدات، ئاگای لەپێشینەی ئیدارەی هەرێمەکەی خۆی بێت، کە ماوەیەک بەدەرمانی ئێکسپایەر، واتە بەسەرچوو چاوی چەندین کەسیان لە نەخۆشخانەکانی هەلێردا کوێر کرد، جەنابی نێچیرڤان بارزانی ، کە هەردەم لە مەوقیعیەتی لێپرسراوێتی باڵایی دابووە، پێمان ناڵێت، کێیان لەسەر ئەم تاوانە و ئەم نابەرپرسیارێتیەی نەخۆشخانەکان و دەرمان و قاچاخچێتی بەدەرمانی بەسەرچودا، خستە بەردەم دادگاو لێپێچینەوە؟
ئەی جەنابی نێچیر بارزانی، پێمان ناڵێت، ساڵ نییە، لەناو جەرگەی شاری هەولێردا کۆمەڵێک دووکانی ناو قەیسەریەکانی هەولێر گڕنەگرن و کەل وپەل وکاڵاکانیان نەبنە قەرەبروت و خاوەنەکانیشیان نەیەنە سەر ساجی عەلی ونەڕژێنە ناو چینی هەژاران ونەدارانەوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کێدا کردووەو کێشیان لە زەرەرو زیانەکانی قەرەبوو کردۆتەوە!؟

تاهیر عیسا/25.04.2021




زەردەپەڕت پیرۆز!.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

وشەی منە، ئاسمانی..
بۆت کردوەتە ڕەنگاڵە ئێوارە،،
چی خەیاڵێکی قەشەنگە،
ڕوخساری ئاوییت،
لە ژێر نمە ئاورینگێ،
شەپۆلەکانی کەناربهێنێ و بیبا..،
لە نەگەیشتنت،،
بۆ سەفەری تا هەتاهەتام،،
نۆتای پەنجەی فریشتە نەبیراوەکان،
لەسەر لێوی تەڕی گیای خەوتووی..
ژێر پرچی پرتەقاڵی ئێوارەیەک،،
بانگت ئەکات،
بۆ ژێر سەمای گەردەلولێ..
لە گەڵای پایزانە،
هەناسەی شیعر بوو،،
تۆی نوسیەوە،
لە پەرتوکێ،،
لە ئاوازی غوربەت،،
کەناردەریا، ئێستا پۆشاکی..
لە ڕەنگی لێوت پۆشیوە،
ئای! سەرگەردانیی بەم ئێوارانی..
ئەفسوناوی سەرکەنارە،،
چی سەمەرەیەکی بەچێژە!،،
با باران ڕۆح بشوات،،
لە ئەشکەنجە و ئازاری مرۆڤە گومڕاکان،،،
من لە ژێر پێڵوی هەورە بوهەیمیەکان،،
جەستەم پڕ نمەی پیرۆزی یاخیبوونە!
هەر تنۆکە ئاورینگێ ،
چرایەکە ،،،
لەسەر ڕێگام بەرەو زەرپەڕ.
هەر نیگایەکت،
ئاسمانێکی ئەفسوونیە،
بۆ هەزاران خۆری داگیرساو ،
زەردەپەڕت پیرۆز !، ئازیز…
گەڵا پەمەیەکانی پایز ،
لە نەبونیشتا ، چرپاندیان،،
زەردەپەڕت پیرۆز،
هاتنت،
خەیاڵە،
بوونی هەردوکمان،
ژێر ئەم زەردەپەڕە، خەیاڵە..
چارەنوس، با وازلێبێنین،،
ساتە وەختێکی سیحرە، ئێستا،
دوو پەروانەی خەیاڵ بین، ئێستا..
شنەبایەک،
بە جوانیەکی شەرابی هەورەکانا….
بمانهێنێ و بمانبا…
با خەیاڵم بیت، با خەیاڵت بم..
لە ژێر ئەم ساتەوەختی زەردەپەڕە ،،
زەردەپەڕت پیرۆز، ئازیز..
پیرۆزت بێ، زەردەپەڕ !..

………………………………………………………………….
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
(Latya Prunkova)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




جگەرەکەت هەڵکە.. سوهەیلا مێهەمی

دەستێک بێهێنە بە پێستمدا
نەرم
بە مەمک و لێو و
قژەکانمدا
شێت.

بە ئەم شیعرەدا
کە ئازای ئەنامی ئاڵۆزە.

جگەرەکەت هەڵکە
لە هەڵەمووتی هەتاوێک
کە ناوی بێ تۆێیە.

خەریکە خەسار بێ
لە خۆمدا
خەیاڵێکی ڕووت
بە شاوەتی شەوێکەوە و
تامی تاوانی تەماشایەکت
کە نەمکرد.

تەنانەت بۆ یەکجاریش
ناگاتە دەستەکانم
قۆپچەی کراسەکەت
بێ ئەوەی ئاگادار بی
بە کلیلی وشەکانەوە
دەڕژیتە ماڵی شیعرەوە

بۆنی لا ملی وشەیەک
وەشاوەتە
ئەم ئێوارانە
کە هەنارە و هەر پاییز
لە خۆڕا
بارانێکی بە پەلەم و
(باران)ە قاوەییەکانم خۆش دەوێ.

سنە
سوهەیلا مێهەمی




بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.. ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق


ڕێکخراوبوون ئامڕازی یەکلاکەرەوەی خەباتی چینی کرێکارە

دوای چەند ڕۆژێکی تر پێشوازی دەکەین لە یەکی ئایار، ڕۆژی ھاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار. چینێک کە خۆی و توێژە جیاجیاکانی لە جیھاندا ڕووبەڕووی جۆرەھا کوێرەوەری، گرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، وە نەبوونی ئارامی و ئاسایشە. ئەمە لە کاتێکیشدایە کە هێشتا پەتای کوڕۆنا ڕۆژانە ژیانی هەزاران دروێنەدەکات، کە زوربەی هەرەزۆری قوربانیەکانی لە ڕیزەکانی چینی کرێکار و ئەو جەماوەرەیە کە هەژاری و بێبەشی بەسەریا سەپاوە.
چینی کرێکار و تەواوی توێژ و بەشەکانی لە مڕۆی عێڕاقدا دەناڵێنن بەدەست دژواریە ئابووریەکان و بێکاری و خراپی باری گوزەران و پەتای کۆرۆنا و ئاکامەکانی، دەناڵێنن بەدەست کەمی خزمەتگوزاری گشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندنەوە، دەناڵێنن بەدەست تیرۆر و ملھوڕی میلیشیاکان و سەرکوتی ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومیەوە. سەرباری هەموو ئەمانەش دەناڵێنن بەدەست کاریگەری ململانێی نێوان دەوڵەتان و جەمسەرە ئیمپریالیستە جیھانی و ناوچەییەکانەوە، بەتایبەت ئەو ململانێیەی لە ئارادایە لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەناو عێراقدا.
بورژوازی فەرمانڕەوا و ھاوپشتە نێودەوڵەتیەکانی، سەرقاڵی سەقامگیرکردنی بورژوازی و پایەڕێژکردنی دکتاتوریەتی سیستماتیکی دەوڵەتن، بۆ ڕێخۆشکردن لەبەردەم بوژانەوەیەکی تر لە کەڵەکەی سەرمایە و دزی و تاڵانی و سەرکوتی خەبات و بەرگری کرێکاران و زەحمەتکێشان. بۆیە دەبینین پەلەدەکەن لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابووریەکانی نیولیبرالیزم و بەرفراوانکردنیشی لەڕێگەی پرۆژەی “وەرەقەی سپی”ەوە، کە سیاسەتگەلێکە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکار و جەماوەری ڕەنجبەری کردۆتە ئامانج، لەگەڵ ھەژارکردنی زیاتریان و سەپاندنی بێکاریەکی بەرفراوان بەسەریاندا.
لە ئێستادا، لەگەڵ نەھامەتیەکانی پەتای کۆرۆنا و دەرئەنجامە ئابووریەکانی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشکراوان، وە بێ ھیچ جۆرە قەرەبوکردنەوەیەکی حکومەتیش بۆ زیان لێکەوتوان، حکومەتەکەی کازمی هەڵساوە بە داشکاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کە زۆر بە خێرایی و هەمەلایەنە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاستی گوزەرانی بەشی هەرە زۆری جەماوەری بەرەو داڕووخانێکی زیاتر بردوە، ئەمە و ھەستاویشە بە بڕینی بەشێک لە مووچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی.
حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ساڵانێکی زۆرە و بە بەردەوامی خۆی دەدزێتەوە لە پێدانی مووچەی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی گشتی بۆ چەند مانگێک لەھەر ساڵێکدا، جگە لە بڕینی تا ڕاددەی %٢١ی یش لە موچەکان، بەبێ‌ گوێدانە ناڕەزایەتی بەردەوامی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان. ئەمە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم و حزبەکانی ناو حکومەتی ناوەندیش بۆ مەرامی سیاسی جۆراوجۆر، لەوانە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان، یاری دەکەن بە مەسەلەی پێدانی مووچەی کارمەندان و کرێکارانی هەرێمی کوردستان.
چەرمەسەریەکانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش؛ لە بێکاری و ھەڵاواردن و دەستدرێژکردن بۆسەریان، لەژێر سایەی ئەم بارودۆخەدا زۆر سەخترە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتیدا. ژنان، بەتایبەت ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، لە سەراسەری عێراقدا ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی، پەراوێزخستن و سوکایەتین. ھەرێمی کوردستانیش ساڵانێکە بۆتە گۆڕستانێکی گەورە بۆ ژنان، بەڕادەیەک کە ڕۆژێک تێناپەڕێت و ژنێک یان کچێک تیایدا نەکوژرێت وە یا خۆی نەکوژێت.
لەبەرامبەر ئەم ھەموو تراژیدیا و نەهامەتیانەدا، چینی کرێکار و توێژە جیاجیاکانی و زەحمەتکێشانیش دەستەوەستان ڕانەوەستاون، بەڵکو لە ماوەی (١٨) ساڵی ڕابردوودا لە جەنگێکی چینایەتی بەردەوامدان بۆ بەرگریکردن لەخۆ، بەپلەی جیاجیا لە هێز و بەرفرانی، لە شێوەی خۆپیشاندان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خەباتە کرێکاریەکان و ھەوڵە ڕێکخراوەییە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرباری ھەموو ڕێگری و جۆرەها سەختیەکیش، لە ساڵی (٢٠٠٣)وە خەباتی کرێکارانی سەندیکایی و بزووتنەوەی سەندیکایی لە عێراقدا ھەر بەردەوام بووە. کرێکارانی کەرتی پیشەسازی بێووچان بەشێوازی خەباتی جۆراوجۆر دژ بە سیاسەتی ئابووری دەوڵەت ڕاوەستاون. ھەروەھا کرێکارانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش و دەرچوانی پەیمانگە و زانکۆکان و ھەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، بەردەوام لە ڕێگەی بەڕێخستنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەوە داواکاری دامەزراندن و بەدەستهێنانی هەلی کارن، بەجۆرێک کە ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکارانی کچ و کوڕ، بەھەموو شکڵ و شێوازەکانیەوە لەم ساڵانەی دواییدا بوو بە دیاردەیەکی ڕۆژانە و گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری سیاسی بەرفراوان، کە ھەر ئەمەش ھێزی سەرەکی بوو لە سەرھەڵدانی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەردا.
چاڵێنجی سەرەکی بۆ چینی کرێکار زاڵبونە بەسەر پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی و ڕێکخستنی خەباتەکانیەتی لە ڕێکخراوە جەماوەریە کرێکاریە بەھێزەکاندا بە ئاسۆیەکی چینایەتی کرێکاری سەربەخۆ لە سەراسەری وڵاتدا.
بورژوازی فەرمانڕەوا بەھەموو ڕەوت و حیزبە ئیسلامی و قەومی و لیبڕالەکانیەوە سەرقاڵی لەناوبرنی وزەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پارچەپارچەکردنی ڕیزی خەباتی چینایەتیانە لەسەر بنەمای تائیفە و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگی پێست و ئاین و… هتد. وە ھەوڵدەدات قەناعەتیان پێبکا تا ئاوات و ئارەزوەکانیان هەڵواسن بە ھەندێ ڕیفورمی شکڵی و ھەڵبژاردنی پڕ لە ساختکاریەوە.
چالاکوانان و ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، پێویستیان بەوەیە کە ئاسۆی سیاسی چینایەتی کرێکاری سۆشیالیستی نێونەتەوەیی بگرنەبەر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بورژوازی و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی خەباتەکانی چینی کرێکار و ئامادەکردنی بۆ ڕابەرایەتی کردنی پرۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا.
ئەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش
هێنانەدی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەدەستی خۆتاندایە، ئەوە پەرەپێدانی خەباتی سەربەخۆی چینایەتیتان و پایەڕێژی بزووتنەوەیەکی کرێکاری ڕێکخراو و بەھێزە کە لە توانایدایە نەخشەی ڕێڕەوێکی سیاسی تازە بکێشێت لە عێراقدا، وە بەدیلێکی سیاسی کرێکاری جێگیر بکات لە جێگەی ئەم ڕژێمە سیاسیە فەرمانڕەوایە.
ھێزتان لە ڕێکخراوبوونی یەکگرتووانەدایە، ئەوە ئیرادەی سیاسی ڕێکخراوتانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە کە زامنی دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاری و هێنانەدی شۆڕشی سۆشیالیستیە.
با لە یەکی ئایاردا پەرچەمی ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی خەباتی کرێکاران بەرزکەینەوە و بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەتوانا بەڕێخەین.
با داواکاریە دەستبەجێکانمان بەرزکەینەوە:
• بیمەی بێکاری بۆ ھەر کەسێکی بێکار، ژن یا پیاو.
• هەڵوەشانەوەی بڕیاری گۆڕینی بەهای دراوی عێڕاقی لەبەرامبەر دۆلاردا.
• پێدانی مووچەی کرێکاران و کارمەندان بە تەواوی و بێ دواکەوتن.
• قەرەبوکردنەوەی هەر کەسێک لە ئاکامی کەرەنتینەدا سەرچاوەی گوزەرانی لەدەستدابێت.
• هەڵوەشانەوەی سیاسەتەکانی پریڤاتیزەکردنی پرۆژە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکانی سەربە کەرتی گشتی، وە ڕێنەدان بە دەرکردنی کرێکاران تیایاندا.
• داڕشتن و کارکردن بە یاساکانی نەھێشتنی سەرکوت و توندوتیژی دژ بە ژنان.
• دەوڵەت پێویستە هەڵسێت بە دابین کردنی سیستمێکی تەندروستی گشتی ھاوچەرخ و پێشکەوتوو، کە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و پارێزگاری و چاوەدێری کۆمەڵایەتی بۆ ھەموان بە خۆڕایی دابین بکات.
• ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو فڕێندراوان و گیراوە سیاسیەکان لە زیندانەکانی دەسەڵات و ئەو شوێنانەی سەر بە میلیشیاکانی دەسەڵاتن.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار
بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٢-٤-٢٠٢١




له ‌یانزهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان دا

خەبات لە دژی زوڵم و ستەمکاری دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و تاڵانچی درێژەی هەیە!
بەم بۆنەیەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕێکخراوی دەرەوە، هەڵدەستێت به‌ سازدانی خۆپێشاندانێکی ناڕه‌زایه‌تی بۆ به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ له‌نده‌ن.
کات: ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٤/٥/٢٠٢١
کاتژمێر: ١ی پاش نێوەڕۆ
شوێن
بەردەم نوسینگەی حکومەتی هەرێم لەلەندەن
2 Hobart place,Belgravia
London SW1W 0HU
نزیکترین ئێستگای شەمەندەفەر
Victoria Station یان Hyde Park Corner
١١ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سەردەشت عوسمان له‌ پلانێکی تیرۆریسانەدا، ده‌ڕفێنرێت و پاشان بە کوژراوی جەستەکەی فڕێدەدرێت. به‌دوای ئەم ڕوداوەدا توڕەیی و ناڕه‌زایه‌تیەکی جەماوەری له ‌ئاستی سەراسەری کوردستاندا هاته‌ مەیدانەوە و ئەم تیرۆر و ئینسانکوژیەی مەحکوم کرد. بەڵام دوای ئەم هەموو ساڵە حکومەت و دەزگا بەرپرسەکان، نه‌ك هەر بکوژانی سه‌رده‌شت و باقی قوربانیانی دەستی تیرۆریان ئاشکرا و ده‌ستگیرنه‌کردوە، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتدارانی بنه‌ماڵە و تاڵانچی به‌رده‌وامن له‌ سه‌رکوت و هەڕەشە و پەلامار بۆ سەر ئازادی و کوشتن و گرتن و سزادانی هەڵسوڕاوان و ئازادیخوازان.
کەوایە با پێکەوە یادی سەردەشت عوسمان‌ و سەرجەم گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان کە لە پێناو ئازادی ‌و ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستاندا ژیانیان سپارد، بکەینە ڕۆژی هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕووی ئەم تاوانانەدا، با پێکەوە سنورێك بۆ ملهوڕی و تیرۆر و کوشتار و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دابنیێن. با ئەم یادە بکەینە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوه‌ی تیرۆر و سەرکوت و زیندانیكردنی هەڵسوڕاوان و ئازادیخوان و داکۆکی لە ئازادی لە کوردستان بکەین و بۆ ئەمەش دەسەڵاتدارن بەرپرسیار بکەین و ڕێگا نەدەین کەیسی تیرۆر لە کوردستان لە بێدەنگیدا بخەوێنن.
داوا لەسەرجەم ئازادیخوازان دەکەین بە هەر ڕێگەیەك پێتان دەکرێت لە وڵاتەکان بۆ داکۆکی لە ئازادی خەڵکی کوردستان ئەم یادە بەرز ڕابگرن و بەشداری کاریگەر بە ئەرکی سەر شانی خۆتان بزانن.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە:
07856032991 یان 07402488460