کورتەیەک لە ژیانی ڕابەری کرێکاری ئەلبێرت گۆدوینگ -(جنجر) لە کەنەدا

( ڕوو لە ئاسمان مەکەو مەپاڕێرەوە، وەرەو بەڕیزی ناڕەزایەتێکانمانەوە پەیوەست بە.)
ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ)

ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا..

لە یەکێک لە ڕۆژەکانی بەهاری ١٨٨٧،منداڵێکی قژ سوور لە باکوری وڵاتی ئینگلیز هاتە دونیاوە و ناوی نرا ئەلبرت گۆدوینگ، بەڵام خێزانەکەی و هاوڕێکانی ناویان لێنابوو جنجڕ.

لەو سەردەمەدا خەڵوز گرنگییەکی زۆری هەبوو، بەکار دەهات بۆ سوتاندن و بەگەڕخستنی شەمەندەفەر و کەشتییە بوخارێکان. ئەلبێرت (جنجڕ) هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بوو بە کرێکار لە کانە خەڵوزەکانی بەریتانیا لەگەڵ باوک و براکانی. لە ١٩٠٦ ڕوویکرد کەنەدا و لە ١٩١٠ لە هەرێمی برتش کۆڵۆمبیا گیرسایەوە، چوونکە هەرێمەکە لەو بوارەدا کاری زۆر هەبوو بۆیە سەرەتای کاری لە کانی ژمارە پێنجەوە بوو لە دوورگەی ڤانکوڤەر.
کارکردن لەو کانانەدا کارێکی لەبار نەبوو. تۆزی خەڵوزەکە دەبووە هۆکاری نەخۆشی کرێکاران، تەنانەت دەرچوونی گاز لە زەوێکەوە بەهەمان شێوە دەبووە هۆکاری نەخۆشی، جاری واش هەبوو کانەکە بەهۆی تەقینەوەوە دەڕوخا بەسەر کرێکارەکاندا.
جنجڕ کە گەشتە تەمەنی ٢٣ ساڵ، ٩ ساڵ بوو لە کانە خەڵوزینەکان کاری دەکرد و تا ئەو کاتەش کەسێکی تەندروست و لەش سوکەڵە بوو. لە بواری وەرزشیشدا یاری تۆپێن و مەلەوانی دەکرد.
زۆری نەبرد جنجڕ وەک سەندیکالیست و بەرگریکارێکی مافی کرێکاران و وتار بێژێکی حەماسی ناسرا.
پاش خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ١٩١٢- ١٩١٤ی کرێکاران لە دورگەی ڤانکوڤەر کە سەرەتای دەستپێکردنەکەی لە دەرکردن و خستنە لیستی ڕەشی هەردوو کرێکار و سەندیکالیست Oscar Mottishaw و Isasc Porterey بوو ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کەوا لە ڕاپۆرتێکدا بۆ لیژنەی بەدواداچوونی دزەکردنی گاز لە کانەکان ئاماژەیان بە چەند شوێنێکی کانەکە کردبوو کە گاز لێوەی دزە دەکات و ئەگەری گڕگرتنیان هەیە. شایانی باسە لە ١٨٩٠ ەوە تاوەکوو ١٩١٢ لە ئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی کانەکانی ئەو ناوچەیە ٣٧٣ کرێکار گیانیان لەدەست دابوو.

مانگرتنی کرێکاری کانەکانی دورگەی ڤانکۆڤەر لە پاش مانگرتنە گشتێکەی ونیپێگ لە ساڵی ١٩١٩ بە مانگرتنێکی گەورەو شکۆدار دەناسرێت لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدا.
ئەلبێرت گۆدوینگ یەکێک بوو لە ڕابەرانی ئەو خۆپیشاندانە و بەهۆکاری وتار و هەڵسورانی لە سەندیکاکاندا لەگەڵ سەدان کرێکاری خەباتکاردا ناوی خرابووە لیستی ڕەشەوە، هەر بۆیە پاش خۆپیشاندانەکان، ئەوو چەندین ڕابەری ناسراوی تر ڕێیان پێنەدرا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و تەنانەت لە هیچ کانێکی تریش بۆیان نەبوو کاربکەن.
لەوسەردەمەدا دەوڵەت ڕاشکاوانەو یەک لایەنە هێزی پۆلیسی خۆی بەکار دەهێنا بۆ پاڵپشتی لە خاوەنکاران و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری، تەنانەت زۆرجار لە ڕێی دامەزراندنی کرێکارانی ترەوە کە بە خۆپیشاندان شکێن ناسرابوون جێگای کرێکارانی ناڕازییان پڕدەکردەوە. زۆربەی جار ئەو خۆپیشاندان شکێنانە لە کرێکارانی چینی و کرێکارە بەریتانییە تازە هاتووەکان بوون.

ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) پاش دەرکردنی لەسەر کارەکەی، بۆ ماوەی یەک ساڵ بە بێکار مایەوە. پاش ئەو ماوەیە لە مانگی مەی ١٩١٦ لە شارۆچکەی ترێڵ لە کورەی ئاسن تواننەوە کاری چنگ کەوت.
درێژەی بەکاری سیاسی خۆیدا و بە ئاشکرا بەرگری دەکرد لە سۆشیالیزم و خەباتی چینی کرێکار. لە ١٩١٧ هەڵبژێردرا بە بەرپرسی مالی سەندیکا، هەروەها بوو بە جێگری یەکێتی کرێکارانی برتش کۆڵۆمبیا.
لە ڕووی سیاسییەوە ئەندامی پارتی سۆشیالیستی کەنەدا بوو کە لە ١٩٠٤ دامەزرابوو. دواتریش پارتەکە پەیوەست بوون بە پارتی کۆمۆنیستی کەنەداوە.

لە ١٩١٧ کرێکارانی کورەی ئاسن بە ڕابەرایەتی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) دەستیان دایە مانگرتن لە پێناو ٨ سەعات کار و کرێی زیاتردا، لەو کاتە کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک$2.75 بوو. مانگرتنەکە شکستی هێناو ١٢٠٠ لە کرێکارانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە لەسەر کار دەرکران.

کەنەدا یەکێک بوو لە وڵاتانی بەشدار بوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا. لە ١٩١٧ دەوڵەت بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵییە دەبێت بەشداری شەڕبکەن.
ئەلبێرت دژایەتی کەرێکی ڕاستەو خۆی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. بەهۆی ناساغی تەندروستییەوە کە بەهۆکاری کارکردنی لە کانە خەڵوزێکان توشی هاتبوو بەر لێخۆشبوون کەوت لە خزمەتی سەربازی. لە شاری ترەیڵ خۆپیشاندانێکی بەڕێخست بۆ ٨ سەعات کار، پاش خۆپیشاندانەکە بە ١١ ڕۆژ بە نامەیەک ئاگادار کرایەوە جارێکی تر بانگ کرایەوە بۆ پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکێکەیدا. ئەمجارەیان پێیان ڕاگەیاند کە تەندرووستی باشەو دەبێت بچێتە خزمەتی سەربازی، هەرچەندە بڕیارەکەی لیژنەی پزیشکی تەمیزکردەوە، بەڵام سودی نەبوو دەبوایە لە ١٨ی نیسانی ١٩١٨ پەیوەستبێت بە سوپاوە.

ئەلبێرت بڕیاری تەواوی خۆیدابوو کەنایەوێت بەشداری ئەوشەڕە بکات. ئەو پێیوابوو نابێت کرێکاران یەکتر بکوژن لە شەڕێکی ئابوریدا هەر بۆیە لەو مانگەدا گەڕایەوە شاری کومبرلاند و لە دەستی دەسەڵاتداران هەڵهات و پەیوەست بوو بەو هاوڕێیانەوەی کەوەک کۆمەڵێکی بچوکی دژ بە شەڕ چووبونە شاخەکانی دوورگەی ڤانکوڤەر نزیک بە دەریاچەی کۆمۆس. لەلایەن خەڵکی لادێکانی دەوروبەریانەوە یارمەتییان دەکرا لە ڕووی خواردن و خواردنەوەوە.
پۆلیس بڕیاری دەستگیرکردنی ئەلبێرتی دەرکردبوو، تەنانەت ئەفسەرێک بەناوی کامپبێڵ وتبوی: بە مردووی بێت یان بەزیندووی هەر دەبێت پەیدای بکەمەوە.

پۆلیس چەندین مانگ بەدوایدا گەڕان. ئەوە بوو لە ٢٧ی تەموزی ١٩١٨ شوێنەکەیان دۆزییەوەو تەقەیان لێکردو کوشتیان. لە ٢ی ئابی ١٩١٨ لە ڕێپێوانێکی زۆر گەورەو شکۆداردا تەرمەکەی لە کیمبرلاند بەخاک سپێردرا و بە بۆنەی مەرگی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) ەوەو لە هەمان ڕۆژدا و بۆ یەکەمین جار مانگرتنی سەرتاسەری لە برتش کۆڵۆمبیا ڕاگەیەندرا.

مەرگی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) هەتا ئێستاش وەک مەرگێکی گوماناوی سەیر دەکرێت و بەشێک لە خەڵک پێیان وایە ئەو مەرگە لە ئاکامی بڕیارێکی تاکەکەسییەوە نەبووە بەڵکوو بڕیار و هێزی گەورەتری لە پشتەوەبووە.
ئەلبێرت تەنها ٣١ ساڵ ژیا، بەڵام زۆر سەیر لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا توانی بگاتە ئاستی ڕابەرایەتی یەکێتییە کرێکارێکان.

ئەلبێرت، بە وتارە حەمسێکانی بە ناوبانگ بوو. بانگەوازی کرێکارانی جیهانی دەکرد بۆ بەشدارینەکرن لەشەڕی ئابووری دەوڵەتە زلهێزەکان. بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر دەکرد لەڕێی گۆڕینی خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ ئامرازێک لە پێناو خزمەتکردنی گشتیدا نەوەک قازانج.
ئەلبێرت سەرباری کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆی خاوەنی چەندین وتارو لێکۆڵینەوە بوو کە لە ڕۆژنامەی وێستن کڵێریەن لە ڤانکوڤەر زمان حاڵی پارتی سۆشیالیستی کەنەدا بڵاودەکردەوە.
لەوانە:
پاژنەی ئاسنین – ١٠ی ئاب – ١٩١٢. یەکسانی سەرمایەداری ١٦ی هەمان مانگ
سۆشیالیزم و کرستیانێتی ٩ی مەی ١٩١٤. شارستانێتی کانونی دووەمی ١٩١٧.
ناسیۆنالیزم و ئینتەرناشناڵیزم حوزەیرانی ١٩١٧. ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سەرمایەداری وەک هۆکاری بێکاری ١١ی نیسانی ١٩١٤، ئەمانە و چەندین نامە سەبارەت بە ئاسۆی سیاسی و هۆشیاری لە ناوچەکانی برتش کۆڵۆمبیا. هەروەها چەندین نامە پەیوەندن بە سیستمی سەرمایەداری و شەڕەوە لە ڕۆژنامەی فدراسیۆنی برتش کۆڵۆمبیا (ڤانکوڤەر) کە ڕۆژنامەیەکی کرێکاری بوو لە تشرینی دووەمی ١٩١٧ بڵاوبۆتەوە. وتارێکی تری لە ژێر ناونیشانی سۆشیالیزم تاکە ئومێدە لە ٢٠ی ئابی ١٩١٧ لە رۆژنامەی ڤانکوڤەر دەیلی وۆرڵد بڵاوکراوەتەوە.

——————–

سەرچاوە:
ئنسکلۆپیدیای کەنەدا، پەیجی فەرمی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ)، یادکردنەوەکانی ساڵانەی ئەلبێرت.




ئه‌ده‌بی پۆلیسیی چییە ( کریمیناڵ).. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

وتەیەک

ئەمڕۆ لە تەواوی جیهاندا ئەدەبی پۆلیسی بەتایبەتی رۆمان، زۆر برەوی هەیە و لەناو جۆرەکانی تری رۆماندا، رۆمانی پۆلیسی لە هەموویان زیاتر خوێنەری هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرئاوادا تەنانەت فیلم و درامای پۆلیسیش زۆر رەواجی هەیە. لە لایەکی ترەوە ژنە نووسەری بەریتانیا ئاگاتا کریستی کە بە دایکی رۆمانی پۆلیسی ناسراوە، لەپاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، پڕ فرۆشترین کتێبی هەیە لە جیهاندا، هەتاوەکو ئێستا نزیکەی 2 ملیار نوسخە لە کتێبەکانی فرۆشراوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئەم ئەدەبە لە جیهاندا برەوی زیاتر دەبێت و کاریگەری گەورەش بەسەر فیلم و درامای جیهانی داناوە.
ئێمە لەم دۆسێیە تایبەتەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر ئەم ژانرە گرنگەی ئەدەب و باس لە مێژووی سەرهەڵدان و بنەماکانی و جۆرەکانی، هەروەها تیشکێکی خێراش دەخەینە سەر ژیان و بەرهەمەکانی ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستی و کاریگەری بەسەر ئەم ئەدەبەوە دەخەینە روو. لە کۆتایشدا باس لەوە دەکەین کە بۆچی لەناو ئەدەبی کوردیدا ئەدەبی پۆلیسی گرنگی پێ نەدراوە. بەو هیوایەی لە رێگەی ئەم دۆسێیە تایبەتەوە، تیشک بخەینە سەر ئەم جۆرە جوانەی ئەدەب کە ئێستا گەشەی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.

سەرەتا
به‌دڵنیایه‌وه‌ کاتێک باسی تاوان و تاوانکاران ده‌کرێت، هه‌موومان دژیان ده‌وه‌ستینه‌وه‌، یان قێزمان له‌ کاره‌کانیان ده‌بێته‌وه‌. زۆرجاریش دێوه‌زمه‌ی ترس کاریگه‌ری زۆری بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان هه‌یه‌. ترس له‌ تاوانکاران و کاره‌کانیان وامان لێده‌کات که ‌هیچ کاتێک خۆمان له ‌قه‌ره‌ی جیهانی تاوان نه‌ده‌ین. بەڵام ئه‌ده‌ب ده‌رباره‌ی ئەم جیهانە ترسناک و ناشیرینەی تاوان، بۆچوونێکی تری هه‌یه‌. ئه‌ده‌ب وه‌کو رۆژێکی پرشنگداره‌، تیشکه‌کانی ده‌چێته‌ ناو تاریکترین شوێنی ژیانه‌وه‌. ئه‌وه‌ تیشکی ئه‌ده‌به‌، ترسه‌کانمان له‌ جیهانی تاوان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه ‌و دە‌یشکێنێت. ئه‌ده‌ب به‌ زمانێکی تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاوان دا ده‌کات. هه‌ر ئه‌ویشه‌ پێمان ده‌ڵێت، که‌ دەکرێت سوود لەم جیهانە ترسناکە وەربگیرێت و بە زمانێکی ئەدەبی باسی تاوانکاران بکەین نەک بۆ ترس خستنە ناو دڵی خەڵکییەوە، بەڵکو بۆ ئاشنابوون لەو فرتوفێڵ و شێوازە ناشیرینانەی کە ئەوان لەتاوانەکانیاندا بەکاریدەهێنن.
ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بی پۆلیسی (کریمیناڵ) یه‌کێکه‌ له‌ به‌شه‌ گرنگه‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانی، کاتێک گه‌یشتمه‌ ئه‌ڵمانیا و که‌مێک به‌سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانیدا زاڵ بووم پێم سه‌یربوو، خه‌ڵکانێکی زۆر خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی پۆلیسی بوون. رۆمانی پۆلیسی له ‌هه‌موو جۆره‌کانی تری رۆمان، ره‌واجی زیاتر بوو‌.
دیارە نەک لە ئەڵمانیا لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاشدا، ئەم ژانرەی ئەدەب، برەویی زۆرە. دیاره‌ ئه‌مه‌ش چه‌ندین هۆکاری خۆی هه‌یه‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش، ئێمه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ گرنگ و خۆشه‌ی ئه‌ده‌ب بێ به‌شین، تا ئه‌مڕۆش لەم بوارەدا کتێبخانەی کوردی زۆر هەژارە‌، که‌ ئه‌ویش هۆکاری خۆی هه‌یه‌، له‌دواییدا باسی لێوه‌ ده‌که‌م.
من هەوڵدەدەم لەم وتارەدا باسی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ئەدەبە و بنەما و مەرجە سەرەکییەکانی و جۆرەکانی بکەم و هۆکاری پێشکەوتنی لە خۆرئاوادا دەردەخەم، لەکۆتایشدا هەوڵدەدەم هۆکاری لاوازی ئەدەبی کوردی لەمبارەیەوە بخەمەڕوو.

سه‌ره‌تای ئاشنابوونم به‌ رۆمانی پۆلیسی

کاتێک گه‌یشتمه‌ ئه‌ڵمانیا، زنجیره‌یه‌کی ته‌لەفزیۆنی هه‌بوو، به‌ناوی (کۆمیسار کۆلۆمبوس). که‌ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ری ناسراوی ئه‌مه‌ریکی Peter Michael Falk پیتەر میشایل فالک رۆڵی کۆمیسار کۆڵۆمبۆسی دەبینی. ئه‌و کۆمیساره‌ به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت و سه‌رنجڕاکێش به‌دوای تاوانباراندا ده‌گه‌ڕا. ئه‌مه‌ش وای لێکردم که‌ خوولیای رۆمانی پۆلیسی بم. یه‌که‌مین رۆمانیش که‌ ئاشنای ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی کردم، رۆمانێکی نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی ئاگاتا کریستی بوو، به‌ناوی:(Der Tod auf dem Nil مردن له‌سه‌ر نیل).
به ‌راستی ئه‌م رۆمانه‌ چێژێکی ئێجگار زۆری ئه‌ده‌بی هه‌بوو لام. ئاگاتا کرسیتی خاوه‌نی چه‌ندین رۆمانی پۆلیسیه‌. به‌شێکی زۆریشیان کراون به‌ فیلم. ئه‌م رۆمانه‌ی ئاگاتا کرسیتی، باسی تاوانی کوشتنی ژنێک ده‌کات، له‌سه‌ر یه‌کێک له‌ که‌شتیه‌کان له‌سه‌ر رووباری نیل. بەڵام ئه‌و به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت، به‌ناخی تاوانباران و کۆمه‌ڵگەی ئینگلیزیدا ده‌ڕوات. ده‌توانم بڵێم ئه‌م رۆمانه‌ بوو به‌ به‌له‌مێک و به‌ره‌و ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی بردم. پاش ئه‌م رۆمانه‌ نووسه‌ری مه‌زنی سوێدی هۆکان نه‌سرHakan Nesser نووسه‌ری ئیتاڵی Gianrico Carofiglio یم ناسی. دیاره‌ ئه‌مان خاوه‌نی شێوازی تایبه‌تی خۆیانن که‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ شێوازی نووسینی ئاگاتا کرسیتی. له‌ دواییدا باسی لێوه‌ ده‌که‌م، هەموو ئەمانە بوونە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بەدوای ئەم ژانرە جوانەی ئەدەبدا بگەڕێم. بەڵام با سەرەتا بزانین رۆمانی پۆلیسی مانای چییە و چۆنە؟.

رۆمانی پۆلیسی چییه؟
رۆمانی پۆلیسی ئه‌و جۆرە رۆمانەیە، که ‌زیاتر گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی تاوان و تاوانکاران ده‌دات، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان، باسی تاوانێک بکات و بۆ خوێنەری دەگەڕێتەوەو لە کۆتایشدا بکوژەکە یان تاوانباراکە ئاشكرا دەکات و دەدرێتە دادگا.
له‌م جۆره‌‌ رۆمانەدا باسی روودانی تاوانێک ده‌کرێت، له ‌رێگەی (ئه‌فسه‌ری پشکنه‌ر، دیده‌کتیڤ، کۆمیسارێکه‌وه‌) هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و گرتنی تاوانباره‌که‌ ده‌دات.
لەمبارەیەوە رۆمانووسی ئه‌ڵمانی Veit Heinichen ده‌ڵێت: (رۆمانی پۆلیسی بریتییه‌ له‌ چیرۆکێکی فه‌نتازی، که‌ به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی، هه‌وڵده‌دات کۆمه‌ڵگەکەمان پێ بناسێنێت. له‌هه‌مانکاتیشدا، باسی چه‌ند گۆشه‌یه‌کی تاریکی ناو کۆمه‌ڵگە ده‌کات، که‌ ئێمه‌ نایناسین).

سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی

له‌بارەی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک راوبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌. هه‌ندێک پێیان وایه‌ سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ درامانووسی گه‌وره‌ی یۆنانی Sophokles. که ‌له‌ ساڵی 425 زاینیدا، چیرۆکی (مه‌لیک ئۆدیپۆس)ـی نووسی. هه‌ندێکی تر پێیان وایه‌ سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمان شیله‌ر. کە له‌ ساڵی 1786دا چیرۆکێکی به‌ناوی(Der Verbrecher aus verlorener Ehre، تاوانبارێک له‌ خێزانێکی دۆڕاو)دا نووسی. هه‌ندێکیش رۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی(تاوان و سزا)ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی روسی دیستیۆفسکی، به‌ سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نێن.
به‌ڵام بۆیه‌که‌مین جار رۆمانێکی پۆلیسی نووسرا بێت، کە تەواوی بنەماکانی رۆمانی پۆلیسی تێدابێت، له‌ لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی Edgar Allan Poe وه‌یه‌. ئەو له ‌ساڵی 1841 رۆمانێکی به‌ناوی (دوو کوشتن له‌شه‌قامی مۆرگێس) نووسی. ئه‌م رۆمانه‌ به‌سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نرێت، چونکه‌ بۆیه‌که‌می نجار له‌م رۆمانه‌دا رۆڵیDetektiv ( ئه‌فسه‌ری پشکێنه‌ر، کۆمیسار) دیارده‌که‌وێت. که‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی رۆمانی پۆلیسی.
جێگەی ئاماژەیە ئادگار ئالا پۆ ” کە لە ساڵی 1809 لەدایک بووەو ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” ئەو لە یەککاتدا رەخنەگر و شاعیر و رۆژنامەوان و چیرۆکنووسێکی بەتوانا بوو، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە پێشخستنی رەوتی رۆمانسیەت لە ئەمریکادا، بە باوکی ئەدەبی پۆلیسیش دادەنرێت.

مه‌رجه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره‌ رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک یاسای تایبه‌ت به ‌خۆی هه‌یه‌. که ‌تاڕاده‌یه‌کی زۆر جیاوازه‌ له‌ رۆمانه‌کانی تر. نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانیUlrich Schulz پێی وایه‌ ده‌بێت له‌ رۆمانی پۆلیسدا ئاگاداری سێ خاڵ بین کە ئەوانیش بریتین لە:
یه‌که‌م: بوونی کۆمیسار Detektiv.
دووه‌م: بوونی تاوانبار.
سێیه‌م: بوونی قوربانی.
ئه‌م سێ خاڵه‌ بە مه‌رجی سه‌ره‌کی هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسی دادەنرێت و هەر رۆمانێکیش ئەم سێ خاڵەی تێدا نەبێت، ناکرێت بە رۆمانی پۆلیسی دابنرێت، بگرە دەچێتە قاڵبی رۆمانی ترەوە.

دێتێکتیڤ یان کۆمسیار

کۆمیسار یان Detektiv رۆڵی سه‌ره‌کی لە هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسییدا دەگێڕێت‌. کۆمیسار رۆڵی رۆژ ده‌بینێت، هه‌موو رووداو و پاڵه‌وانه‌کانی تر، به‌ ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه‌. به ‌واتایه‌کی تر، هیچ رۆمانێک ناتوانین ناوی پۆلیسی لێ بنێین، ئەگه‌رDetektiv یان کۆمیساری تێدا نه‌بێت. لێرەدا کۆمیسار رۆڵی ئەو کەسە دەگێڕێت کە تەواوی رۆمانەکەی لەسەرشانە و بەبێ بوونی ئەم کۆمیسارە، رۆمانەکە نوقسان دەبێت. هەربۆیە هەرکەسێک بیەوێت رۆمانێکی پۆلیسی بنووسێت دەبێت زۆر بە جوانی بزانێت رۆڵی کۆمیسار دابڕێژێت، چونکە ئەو دەتوانێت دەزووی رۆمانەکە بکاتەوەو دایبخات. دیارە مەرجیش نییە پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکەش بێت، بەڵام گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە هەر دەبێت کەسێک هەبێت رۆڵی کۆمیسار بگێڕێت.

تاوانبار
هەمیشە کەسی تاوانباریش رۆڵی گەورەی هەیە لە رۆمانی پۆلیسیدا، دەبێت نووسەر زۆر بە باشی بزانێت چۆن باسی هەست و نەست و هۆکاری تاوانەکە بخاتە روو، جگە لەوەش دەبێت نووسەر زۆر بە وریاییەوە، ئەو جیاوازیانە دەربخات کە لە نێوان کەسی تاوانبار و کەسی ئاساییدا هەیە. باسکردنی رۆڵی تاوانباریش، بنەمایەکی سەرەکی تری ئەمجۆرە رۆمانەیە، گەر نووسەر سەرکەوتوو نەبێت لە باسکردن و داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. لەهەمانکاتیشدا گەڕان و پشکنین بەدوای تاوانباردا، کارێکی تری نووسەرە کە لەمەشدا دەبێت نووسەر زۆر بە سەلیقەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. هەروەها دەبێت لە کۆتایی رۆمانەکەدا کەسی تاوانبار بدۆزرێتەوە، دەنا ناچێتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسییەوە. لەلایەکی ترەوە زۆرجار لەیەک رۆماندا تەنها یەک کەس تاوانبار نییە، بگرە لەوانەیە تاوانبار چەند کەسێک بێت، بۆ نموونە لە رۆمانی ” کوشتن لە شەمەندەفەری خۆرهەڵاتدا” لە نووسینی ئاگاتا کریستی، لەکۆتاییدا کۆمیسار هیرکل بوارو دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، 13 کەس تاوانبارن لە کوشتنی راتشیتی قوربانی، کە هەر هەموویان چەقۆیان کردووە بە جەستەیدا.

قوربانی
هەروەک چۆن داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار گرنگە، بەهەمانشێوەش داڕشتنی کەسایەتی قوربانیش زۆر گرنگە. دەبێت نووسەر لە رۆمانەکەدا ئەوە بۆ خوێنەر شیبکاتەوە ئەو کەسە چۆن بووە بە قوربانی؟! هەروەها بۆچیش بووە بە قوربانی؟ جێگەی ئاماژەیە زۆرجاریش لە یەک رۆماندا چەند قوربانییەک دەبینین، بەتایبەتی کاتێک باسی کەسایەتییەکی سادیی بکرێت کە زۆر حەزی لە کوشتنی خەڵکی ئاسایی بێت.

چەند رەگەزێکی تر
جگە لەم سێ خاڵە، چەندین رەگەزی تریش هەن کە رۆڵی گەورە دەگێڕن لە رۆمانی پۆلیسیدا بەتایبەتی “زمان، شوێن، دیالۆگ، گرێ” بەتایبەتی گرێ رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

گرێ
هیچ رۆمانێکی پۆلیسی به‌بێ ( گرێ) نابێت. هه‌موو کاتێک نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له‌ رێگەی (گرێ)ـوه‌، خوێنه‌ر بۆ ناو رۆمانه‌که‌ په‌لکێش بکات. (گرێ)ش له‌ رۆمانی پۆلیسیدا، واته‌ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌یه‌. زۆرجار له ‌کۆتایی رۆمانه‌که‌دا، به‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌ له‌لایه‌ن Detektiv وه‌، گرێی رۆمانه‌که‌ ده‌کرێته‌وه‌. دەبێت نووسەر زۆر بە جوانیی و وریاییەوە ئەم گرێیە بکاتەوە، بگرە دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو مەرجانەی کە سەرکەوتویی رۆمانەکە دیاری دەکەن، چونکە نووسەر سەرکەوتوو نابێت لە شیکردنەوەی دەزووی گرێی رۆمانەکەی، رۆمانەکەی لای خوێنەر مایەی گرنگی نابێت و نایخوێنێتەوە.

زمان
زمان له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا شێوه‌یه‌کی ئاسان و ساکاری هه‌یه‌، چونکه‌ رۆمانی پۆلیسی زیاتر بۆ خه‌ڵکی ئاسایی ده‌نووسرێت و زیاتر ئه‌وان تالیبی ئه‌و جۆره‌ رۆمانانه‌ن. هه‌ربۆیه‌ زمانی رۆمانی پۆلیسی، خۆی له‌ ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فی و قورس لاده‌دات. هه‌وڵده‌دات به‌ زمانێکی ئاسایی باسی رووداوه‌کان بکات. هەروەها دەبێت نووسەر ئاگاداری شێوازی قسەکردن و رەفتاری تاوانکاران بێت کە زۆرجار کەمێک تایبەتە.

شوێن
شوێن له ‌رۆمانی پۆلیسیدا، جێگایه‌کی گرنگ و تایبه‌تی هه‌یه‌. شوێنی رووداوه‌که‌ یان تاوانه‌که‌، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار جوان وه‌سف بکرێت. هه‌موو کاتێکیش نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له‌ ده‌وری ئه‌و شوێنه‌ی که‌ تاوانه‌که‌ی تێدا رووداوه‌، بکاته‌ شوێنی سه‌ره‌کی له‌ رۆمانه‌که‌یدا.

جۆڕه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره‌ رۆمانی پۆلیسی چه‌ندین جۆری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌کی زۆر تایبه‌تمه‌ندیه‌کی زۆری داوه‌ به‌م جۆره‌ی رۆمان.

رۆمانی پۆلیسی کۆمیدی
له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له ‌رێگەی کۆمیدیه‌وه‌ بچێته‌ ناو رۆمانه‌که‌وه‌. زۆرجار له‌ رێگەی Detektiv وه‌ هه‌وڵده‌دات شێوازێكی کۆمیدی بداته‌ پاڵه‌وانه‌کانی. دیاره‌ چه‌ندین نووسه‌ر پشتیان به‌م جۆره‌ به‌ستووه‌، له‌سه‌ر و هه‌مووشیانه‌وه‌ ژنه‌ نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی Agatha Christieئاگاتا کریستی. که ‌به‌شێکی زۆری رۆمانه‌کانی، له ‌رێگەی کۆمیدیه‌وه‌ باسی تاوانه‌کان ده‌کات. هه‌روه‌ها چه‌ندین نووسه‌ری تریش هه‌ن، که ‌پشت به‌ هونه‌ری کۆمیدی ده‌به‌ستن له‌وانه‌ Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl

رۆمانی پۆلیسی مێژوویی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات باسی تاوانێک بکات، که ‌له‌ چه‌رخه‌ کۆنه‌کاندا روویداوه‌. له‌هه‌مان کاتیشدا هه‌وڵده‌دات، له‌ رێگەی رۆمانه‌که‌وه‌، باسی شارستانی ئه‌و شوێنه‌ بۆ خوێنه‌ر بکات. له‌وانه‌ رۆمانی Rachende Geister، Agatha Christie، که ‌باسی مێژووی شارستانی میسری کۆن ده‌کات. دیارە ئەمجۆرەی رۆمانی پۆلیسی زۆر قورسە، دەبێت نووسەر شارەزاییەکی ئێجگار باشی هەبێت لە بارەی مێژووی ئەو رووداوەی کە باسی دەکات، دەبێت لە هەموو روویەکەوە، پاڵەوانەکانی بەو شێوەیە دابڕێژێت، کە لەو سەردەمەدا ژیاون.

Thriller هەستبزوێن
ئه‌میش جۆرێکی تره‌ له‌ رۆمانی پۆلیسی. هیچ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت، که ‌له‌م جۆره‌دا ره‌گه‌زی (باش و خراپ) به‌ ئاشکرایی ده‌رده‌که‌وێت. نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات مه‌سه‌له‌ی (چاکه‌ و خراپه‌) به ‌ته‌واوی ده‌ربخات. Detek کۆمیسار ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی (چاکه) و دژی تاوانبار (خراپه‌) ده‌جه‌نگێت. له‌ کۆتایشدا ده‌بێت(چاکه‌) سه‌ربکه‌وێت به‌سه‌ر خراپه‌دا. دیاره‌‌ Thriller له ‌سینه‌مادا زیاتر به‌کاردێت. به‌شی زۆری فیلمه‌کانیش، له‌و رۆمانانه‌ وه‌رده‌گیرێن، که‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ نووسراون.

رۆمانی سایکۆلۆژی پۆلیسی
تاوانبار لێره‌دا که‌سێکه‌، نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش ده‌بێته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی تاوانه‌که‌ی. بۆ نموونه‌ له‌ رۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی (تاوان و سزای) دیستۆیفسکی، راسکۆلنیکۆڤ گه‌نجێکی خوێندکاره، نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌که‌ی وای لێده‌کات، که‌ تاوانێکی گه‌وره‌ی کوشتن ئه‌نجام بدات. به‌ واتایه‌کی تر نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، باری ده‌روونی که‌سێک شیبکاته‌وه‌ و چۆن ئه‌م باره‌ ده‌روونیه‌ش، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌سێک تاوانێک ئه‌نجام بدات، له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌م که‌سه‌ تاوانبار نییه‌، به‌ڵکو نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌. له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایه‌کی زۆر باشی لە زانستی سایکۆلۆژی هەبێت. گه‌ر نووسه‌ر زاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م زانسته‌دا، ناتوانێت رۆمانه‌که‌ی به‌باشی بنووسێت.

رۆمانی پۆلیسی ره‌خنه‌گرانه‌ یان کۆمه‌ڵایه‌تی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له‌ رێگەی تاوانێکه‌وه‌، ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات. لێره‌دا نووسه‌ر په‌ل ده‌هاوژێت بۆ ناو هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵگەوه‌، به‌چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڕوانێته‌ (ئایین، سیاسه‌ت، نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی) ناو کۆمه‌ڵگە. دیاره‌ ئه‌م جۆره‌ رۆمانه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌ویش زیاتر له ‌رێگەی نووسه‌ره‌ سوێدیه‌کانه‌وه‌ بوو به‌تایبه‌ت هه‌ردوو نووسه‌ری مه‌زن (Henning Mankell ,Hakan Nesser,). به‌ش به‌حاڵی خۆم زیاتر حه‌زم له‌م جۆره‌ی رۆمانی پۆلیسیه‌. پێش ماوه‌یه‌ک رۆمانێکی ,Hakan Nesser خوێنده‌وه‌ به‌ناوی Münsters Fall . ئه‌وه‌ یه‌که‌مین رۆمانی ئه‌و نووسه‌ره ‌بوو خوێندمه‌وه‌. به‌ڕاستی زۆر شاره‌زاییانه‌ باسی(ته‌نهایی، پیری، شانس) کردووه‌. Hakan Nesser ئێجگار به‌توانایه‌، له‌ وه‌سفکردنی تاوانباران، ئێجگار شاره‌زایانه‌ ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی سوێدی ده‌کات.
نووسه‌رێکی تری ئیتاڵیش هه‌یه‌، به‌ناوی Gianrico Carofiglio، دیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه‌، حاکمێکی ناسراوه‌ له‌ دژایه‌تی مافیا له‌ ئیتاڵیا. هه‌روه‌ها ماوەیەکیش سیناتۆر بوو‌ له‌ په‌رله‌مانی ئیتاڵیا. ئه‌م نووسه‌ره‌ش له‌ رێگەی رۆمانی پۆلیسیه‌وه‌، توانیوویه‌تی ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی ئیتاڵیا بکات. یه‌که‌م جار رۆمانی Reise in die Nacht م خوێنده‌وه‌. که ‌باسی کوشتنی منداڵێک ده‌کات له‌ شاری باری. له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ش، بە ناڕەوا کۆچەرێکی‌ سەنیگالی ده‌ستگیر دەکرێت. هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و تاوانبار ده‌که‌ن، به‌ڵام دوایی ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌و بێ تاوانه‌. هه‌ر لێره‌دا نووسه‌ر زۆر به ‌جوانی وه‌سفی هه‌ستی فاشیستانه ‌و راسیزستانه‌ی ئیتاڵیه‌کان ده‌کات، به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی بێگانه‌. له‌ رۆمانێکی تریشیدا به ‌ناوی In Freiem Fall ، باسی کێشه‌ی ژنێک ده‌کات، که ‌به‌ منداڵی باوکی په‌لاماری سێکسی داوه‌. هه‌ر ئه‌م کاره‌ش ته‌واوی ژیانی ئه‌و کچه‌ تێکده‌دات. له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایی باشی هه‌بێت، له‌ زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان. ده‌بێت زۆر شاره‌زاییانه‌ ره‌خنه‌کانی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات و لە چۆنێتی داڕشتنی رووداوەکان و پاڵەوانەکاندا زۆر شارەزا بێت. دیارە لە ئێستادا زیاتر ئەم جۆرەی رۆمانی پۆلیسی برەویی هەیە بەتایبەتی لە ئەوروپادا.

بۆچی رۆمانی پۆلیسی گەشەی سەند؟
له ‌پاش ساڵه‌کانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابروودودا، رۆمانی پۆلیسی به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار زۆر، له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکای باکوور گه‌شه‌ی سه‌ند. به‌ته‌واوی بوو به‌ ئه‌ده‌بی میللی (شه‌عبی)، چونکه‌ هه‌موو که‌سێک رووی له‌م جۆره‌ رۆمانانه‌ کرد. دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی رۆڵیان هەیە، لێرەدا هەوڵدەدەین باسی هەندێکیان بکەین.

ئەدەبی سەرکێشی
هەندێک رەخنەگر پێیان وایە کە رۆمانی پۆلیسی، درێژکەرەوەی رۆمانەکانی سەدەی پێشووە بەتایبەتی ئەوانەی دەچنە قاڵبی ئەدەبی”سەرکێشی، مغامرات”ـەوە. هەر لەم بارەیەوە ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی Ulrich Schutz ده‌ڵێت:(هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌بوو که‌ رۆمانی پۆلیسی درێژکه‌ره‌وه‌ی رۆمان یان ئه‌ده‌بی(Abenteuer، مغامرات) بوو. له‌م رۆمانانه‌شدا خوێنه‌ر حه‌ز به‌ سەرکێشیی”مجازه‌فه” ‌و شێتیه‌کانی پاڵه‌وانی رۆمانه‌کان ده‌کات).

دوورکەوتنەوە لە سیاسەت
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ‌له‌و ساڵانه‌دا جه‌نگی ساردی نێوان بلۆکی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، خه‌ڵکی تووشی بێزاری کردبوو، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵکی زیاتر به‌ دوای جۆره‌ رۆمانێک ده‌گه‌ڕان، که‌ دووریان بخاته‌وه‌ له‌و ژیانه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جه‌نجاڵه‌ی ئه‌و کات.

حەزی گەڕان و پشكنین
له‌ هه‌مانکاتیشدا رۆمانی پۆلیسی جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌کی تێدایه‌، که‌ هه‌ستی (فضولیه‌ت) لای خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت. خوێنه‌ر زیاتر حه‌ز ده‌کات به‌دوای رووداوه‌کانه‌وه‌ بێت و کەسی تاوانبار بدۆزێتەوەو لە هۆکاری تاوانەکە ئاگاداربێت.

رۆڵی سینه‌ما و تیڤی له‌ پێشکه‌وتنی رۆمانی پۆلیسی
یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی تری پێشکه‌وتن و گەشەی خێرای رۆمانی پۆلیسی، سینه‌ما و تیڤیه‌. له ‌پاش ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، رۆمانی پۆلیسی ره‌واجێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ سینه‌ما و تیڤیدا په‌یداکرد. به‌تایبه‌تی هۆلیود، گرنگییه‌کی زۆری به‌م جۆره‌ رۆمانانه‌ ده‌دا. ئه‌مڕۆ لە وڵاتانی خۆرئاوادا فیلمی پۆلیسی یان زنجیره‌ی درامای ته‌له‌ڤزیۆنی پۆلیسی، هه‌موو که‌ناڵه‌کانی تیڤی گرتۆته‌وه‌. وای لێهاتووه‌ هه‌موو شه‌وێک فیلمێک یان زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی پۆلیسی پێشکه‌ش ده‌کرێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که ‌ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ سه‌رنجی بینه‌ر زیاتر بۆلای خۆ راده‌کێشێت. هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانیش زیاتر خه‌ریکی ئه‌م جۆره‌ کارانانه‌ن. ده‌توانم بڵێم، ئه‌مڕۆ فیلمی پۆلیسی جێگای فیلمی کاوبۆی یان (Western,عه‌صابه‌)ی کۆنی گرتۆته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر، رۆمانی پۆلیسی پێشخست، چونکه‌ به‌شی زۆری ئه‌و فیلمانه‌، له‌ رۆمانه‌ پۆلیسیه‌کانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت. به‌واتایه‌کی تر، ئه‌مڕۆ سینه‌ما و تیڤی ، گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره‌ی رۆمان.

زۆربوونی تاوان
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، تاوانیش زیادیکردووە، هەرئەمەش وایکردووە کە ئێمە رۆژانە گوێمان لە تاوانێک بێت، هەر تاوانێکیش چیرۆکێکی دڵتەزێنی لە پشتەوەیەتی، خەڵکیش وایانلێهاتووە کە بە دوای چیرۆکی تاوانەکاندا بگەڕێن و لە هۆکاری تاوانەکە بکۆڵنەوە. هەروەها بوونی تاوانی زۆریش.

نووسەرانی بواری ئەدەبی پۆلیسی
دیارە لەم ژانرەی ئەدەبیشدا کۆمەڵێک نووسەر لە جیهاندا ناوبانگیان دەرکردووە لەوانە: Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl،,Hakan Nesser Gianrico Carofiglio. Henning Mankell بەڵام ئەوەی کە لە تەواوی جیهاندا بەم ئەدەبە ناسراوە، ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستییە، کە پێش چەند ساڵێك گۆڤاری ” ڤێڵت دێر فراون” ئەڵمانی بە ” شاژنی کریمی” ناوی بردووە.

ئاگاتا کریستی و دایکی رۆمانی پۆلیسی
ئاگاتا کریستی لە 15 سێپتەبەری 1890 لە باشووری بەریتانیا لەدایک بووەو لە 12 کانوونی دووەمی ساڵی 1976 کۆچی دوایی کردووە. هیچ ژنە نووسەرێکی بەریتانی و جیهانیش هێندەی ئاگاتا کریستی لە جیهاندا ناسراو نییە. لە پاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، کتێبەکانی ئاگاتا کریستی دێن کە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان بوون، هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیارد نوسخە لە کتێبەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. ئەم ژنە لە تەمەنیدا 66 رۆمانی پۆلیسی و 23 شانۆ و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسیوە، جگە لەوەش بەناوی خوازراویشەوە چەند کتێبێکی چاپ کردووە. بەشێکی زۆری رۆمانەکانیش کراون بە فیلمی سینەمایی، تاوەکو ئێستا22 فیلمی سینەمایی و 76 فیلمی تەلەفزیۆنی لە رۆمانەکانی ئاگاتا کریستی بەرهەمهێنراوە. جگە لەوەش رۆمانەکانی وەرگێڕاون بۆ سەر 104 زمانی جیهانی و رۆمانیAnd Then There Were None لە جیهاندا زیاتر لە 100 ملیۆن نوسخەی لێفرۆشراوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەم کتێبە ببێت بە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان.
ئاگاتا کریستی خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسین بوو، بەشێوەیەکی ئەدەبی زۆر جوان، هەوڵیداوە بەدوای تاوانباراندا بگەڕێت و تاوانەکانیان ئاشكرا بکات. ئەوەی مایەی سەرنجە کە ئاگاتا کریستی لە ژیانی شەخسیدا زۆر دووربووە لە بواری ئەدەبی پۆلیسی، ئەو لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا، پەرستار بووەو لە نەخۆشخانەکاندا یارمەتی سەربازە بریندارەکانی داوە، وەکو خۆشی دەڵێت، ئەو ماوەیە سوودی زۆری لەو چیرۆکانە وەرگرتووە کە سەربازە بریندارەکان بۆیان گێڕاوەتەوە، زۆرجار خۆشی هەوڵیداوە چیرۆک بۆ سەربازە بریندارەکان بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئازار و برینەکانیان لەبیر بچێتەوە. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، وەکو یاریدەدەری پزیشكی لە یەکێک لە دەرمانخانەکاندا کاریکردووە، لەو کاتەشدا جەنگ بووە، وەکو خۆشی دواتر دەڵێت: ئەو ماوەیەش زانیاریی زۆری لە بارەی ماددەی ژەهرەوە وەرگرتووە، کە لە بەشێک لە رۆمانەکانیدا باسی ئەو تاوانبارانە دەکات کە بە ژەهر قوربانییەکانیان دەکوژن.
بە گشتی ئاگاتا کریستی زۆرێک لە مێژوونوسان و ئەدیبانی جیهان، ئەو بە دایکی گەورەی ئەدەبی پۆلیسی دادەنێن، ئەو چ لە رووی شێواز و ناوەڕۆکیشەوە، شۆڕشێكی گەورەی بە سەر ئەدەبی پۆلیسیدا کردووەو دواتریش بۆتە مامۆستایەک بۆ زۆر نووسەری تر. هەر بۆیە کاتێک باسی ئەدەبی پۆلیسیمان کرد، ناچارین کە باسی ئاگاتا کریستیش بکەین، کەسێکیش بیەوێت لە ئەدەبی پۆلیسیدا شارەزا بێت، ئەوا هەر دەبێت کار و بەرهەمەکانی ئاگاتا کریستی بخوێنێتەوە.

ئێمه ‌و رۆمانی پۆلیسی
به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ئێمه‌ی‌ کورد، چ لە رووی رۆمان یان چیرۆک ته‌نانه‌ت ڵێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیشمان له‌سه‌ر رۆمانی پۆلیسی زۆر کەمە. که‌ به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش خه‌وشێکی گه‌وره‌یه‌. کاتێک سه‌یر ده‌که‌یت، ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی جیهاندا گرنگی و بایه‌خێکی ئێجگار زۆر ده‌درێت به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب. ساڵانه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆراجۆر بۆ رۆمانی پۆلیسی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ له ‌ئه‌ڵمانیا خه‌ڵاتێکی تایبه‌تیان هه‌یه‌ به‌ناویDeutsche Krimi Preis ، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ نووسه‌رانی رۆمانی پۆلیسی. هه‌ر‌وه‌ها له‌ فه‌ره‌نساش رۆمانی پۆلیسی بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵاتێکی ساڵانه‌‌ به‌ناوی Grand prix de littérature policière بۆ رۆماننووسانی پۆلیسی داناوه‌.

بۆچی ئێمه‌ رۆمانی پۆلیسیمان نییه‌؟
دیاره‌ ئه‌م پرسیاره‌ش زۆر گرنگه‌ ئێمه‌ له‌ خۆمانی بکه‌ین، ‌ بۆچی تاوه‌کو ئێستا ئێمه‌ زۆر کەم رۆمان یان چیرۆکی پۆلیسمان کەمە‌؟ یان بۆچی نووسه‌ران هیچ بایه‌خ و گرنگیه‌ک به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ناده‌ن؟ به‌ بڕوای من کۆمه‌ڵێک هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌ش، که‌ ده‌توانم له‌ چه‌ند خاڵێک یان هۆکارێک کۆیبکه‌مه‌وه‌.

  • ئێمه‌ به‌ گشتی زۆر دره‌نگ به‌ کاروانی ئه‌ده‌بی جیهان گه‌یشتین، به‌تایبه‌ت زۆر دره‌نگ (رۆمان)مان ناسی. هه‌مووی پەنچا ساڵێکه‌ رۆماننووسمان هه‌یه‌. ئەگه‌ر هێنده‌ دره‌نگ ئێمه‌ به‌ ژانری (رۆمان) ئاشنا بووبێتین، ده‌بێت زۆر ئاسایی بێت لامان، که ‌هێشتا شاره‌زاییمان له‌ هه‌موو جۆره‌کانی (رۆمان) نه‌بێت.
  • زاڵبوون و داگیرکردنی هونه‌ری (شیعر) به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردیدا.
    که ‌ئه‌مه‌ش گورزێکی باشی له‌ ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب داوه‌. به‌گشتی نووسه‌رانی کورد لە سەدەی پێشوودا زیاتر خۆیان به‌ هونه‌ری (شیعر) خه‌ریک کردووه‌. که‌ ئه‌مه‌ش ته‌رازووی ئه‌ده‌بیمانی لاواز کردووه‌.
  • نه‌بوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ و ناشاره‌زایی له‌ زانستی گه‌ڕان به‌دوای تاوانباراندا.
    دیاره‌ به ‌حوکمی ئه‌وه‌ی هێشتا له‌ وڵاتی ئێمه‌ حوکمی یاسا به‌رقه‌رار نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕان به‌دوای تاوانباران و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، کارێکی زەحمەتە. به‌شێکی زۆری رۆمانه‌ پۆلیسیه‌کانیش، سوود له‌ پۆلیسخانە و دادگاکان وه‌رده‌گرن بۆ ئەوەی چیرۆکی تاوانبارنیان دەستبکەوێت. هەمیشە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، سەرچاوەی سەرەکی رۆمانووسانی پۆلیسی بوون، لە رێگەی چیرۆکی تاوانبارانەوە، توانیویانە رۆمانی پۆلیسی زۆر جوان بەرهەم بهێنن، بەچەندین شێوەش هاوکاری ئەو نووسەرانە کراوە کە خەریکی نووسینی رۆمانی پۆلیسی بوون و کار ئاسانیان لەلایەن ئەو دەزگایانەوە بۆ کراوە.
  • باروودۆخی سیاسی گه‌لی کورد، دیاره‌ به ‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هێشتا له‌ قۆناغی خه‌باتی رزگاریداین، زیاتر نووسه‌ران هه‌وڵیان داوه‌، له ‌رێگەی ئه‌ده‌به‌وه‌، ئازار و مه‌ینته‌کانی گه‌له‌که‌مان بخه‌نه‌ روو. ژیانه‌ ئاڵۆزو زه‌حمه‌ته‌که‌ی کورد، وایخواستووه ‌که‌ نووسه‌ران زیاتر خه‌ریکی رۆمانی (سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی) بن و خۆیان بە ئەدەبی پۆلیسییەوە خەریک نەکەن.
  • سه‌یرکردنی رۆمانی پۆلیس به‌ چاوێکی نزم و بێ بایه‌خ، به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌شێکی زۆری نووسه‌رانمان، جۆره‌ هه‌ستێکی هه‌ڵه‌یان هه‌یه‌، که‌ به‌ چاوێکی نێگه‌تیڤه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ن دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای من هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ نه‌ شاره‌زایی بوونیان له‌م جۆره‌ رۆمانه‌. به ‌گشتی کاتێک باسی رۆمانی پۆلیس ده‌کرێت، واده‌زانن که‌ رۆمانی پۆلیسی، بە شتێکی بێ بایه‌خ و نزم سه‌یر ده‌کرێت. له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌مڕۆ رۆمانی پۆلیسی، هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه‌.

دوا قسە
ئێستا لە تەواوی جیهاندا، رۆمانی پۆلیسی لە چاو جۆرەکانی تری رۆماندا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە و لەناو خوێنەرانیشدا، رەواجی زۆری هەیە. بەداخەوە لە کوردستاندا بەو شێوەیە نییە.
دیاره‌ بۆ قسه‌کردن له‌بارەی ئەدەبی پۆلیسی زۆری ده‌وێت. گه‌ر بته‌وێت به‌شیوه‌یه‌کی باش شاره‌زایی له‌سه‌ر ئەدەبی پۆلیسی وه‌ربگریت، ده‌بێت چه‌ندین کتێب و وتار بنووسین. هیوادارم من توانیبێتم، له‌ رێگەی ئه‌م لێکۆڵینەوەیەوە، که‌مێک زانیاری به‌ خوێنه‌ری کورد بگه‌یه‌نم. له‌هه‌مانکاتیشدا تیشکێکی بچووک بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌م ژانره‌ گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب کە لە جیهاندا گرنگی زۆری پێدەدرێت.

——————

سه‌رچاوه‌کان :

1..Der Tod auf dem Nil. Scherz Verlag. München.1978. Agatha Christie

  1. Interview mit Veit Heinichen www.krimi-couch.de
    3.محمد یوسف. من هي اجاتا کریستی. سایتی الباحثون المصریون. https://egyresmag.com/
  2. Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans. Ulrich schutz
    Institut für Romanistik. . Hamburg.2008.5
  3. رۆمانی تاوان سزا. دیستۆفسکی. وه‌رگێرانی ره‌ئووف بێگه‌رد. چاپخانه‌ی ڕه‌نج. سلێمانی.2007.6
    6..btb Verlag.München.2008.‌Hakan Nesser.Münsters Fall
    Reise in die Nacht .Goldman Verlag.München.2008.7.. Gianrico Carofiglio
  4. In freiem Fall .Goldman Verlag.München.2008.. Gianrico Carofiglio
  5. Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans.
    Institut für Romanistik. . Hamburg.2008

10… . www.welt-der-frauen.atAgatha Christie: Die Königin des Kriminalromans




شیعر له‌ په‌راوێزی كتێبی ڕاوه‌ مه‌حاڵدا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

شیعر چییه‌؟ یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی به‌ درێژایی مێژوو، وه‌ڵامێكی لۆژیكی و بابه‌تی و ماناداری نییه‌. به‌و پێیه‌ی هه‌میشه‌ شیعر وه‌ك ژانرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌كردن ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت خودی شاعیرانیش له‌ ئه‌زموونی شیعرییانه‌ی خۆیاندا، هه‌میشه‌ خۆیان له‌و پرسیاره‌ ده‌بوێرن. ژان كۆكتۆی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی ئینگلیز، دوای ساڵانێك له‌ نووسینی شیعر دواجار گوتی:( شیعر پێداویستییه‌كه‌ خۆزگه‌ ده‌مزانی بۆ) گه‌لێك جار پێناسه‌ی په‌خشان ئامێز و ڕازانه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ شیعر و دنیای شیعر ده‌كرێت، كه‌ هه‌ندێك به‌ ئیلهام و هه‌ندێك به‌ ڕامان و دیتن و به‌ركه‌وتن و كاریگه‌ریه‌تی سۆز و خه‌یاڵ و گه‌لێك ناونیشانی دیكه‌ش ده‌یناسێنن. به‌ڵام دواجار شیعر له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ پێناسه‌یه‌كه‌. نووسه‌ری كتێبی (ڕاوه‌ مه‌حاڵ) یش، هه‌وڵده‌دات پێناسه‌یه‌ك بۆ شیعر دابتاشێت، له‌ كاتێكدا شیعر ناچێته‌ نێو چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌كه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و پێناسه‌ ساده‌ و بێ مانایانه‌ی ئه‌و بۆ شیعر له‌و كتێبه‌دا كردوونی. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، له‌ چه‌ند وتارێك پێكهاتووه‌ له‌ باره‌ی ڕاڤه‌كردنی شیعر و هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌كردنی و دواتریش باسكردن له‌ شیعری هاوچه‌رخ و دنیابینی شاعیران به‌ گشتی. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌كرێ بڵێین، زمانی دوان له‌ شیعر له‌و كتێبه‌دا، زمانێكی هێنده‌ ساده‌ و نا لۆژیكی و نا هونه‌ری و نا بابه‌تییه‌، كه‌ خوێنه‌ر سه‌یری پێ دێت ئه‌م جۆره‌ پێناسانه‌ بۆ شیعر بكرێن كه‌ تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ شیعر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ پێناسه‌ بكرێت. كه‌چی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، به‌ هه‌ندێك ده‌ربڕینی نامۆ و گوازرشتی نا ئه‌ده‌بییه‌وه‌، ده‌یه‌وێت شیعر پێناسه‌ بكات.

بۆ نموونه‌ ده‌نووسێت:(شاعیر ده‌بێ كێردێكی تیژ تیژ بێ ڕه‌حمانه‌ به‌ ناو زامی مرۆڤدا بگێڕێت و توێ توێ خوێی پێوه‌ بكات، ئه‌مه‌ شیعرییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ به‌ شیعری كوردی ده‌به‌خشێ و بێ باكانه‌ به‌ ئه‌فسانه‌ی ده‌سپێرێ و ده‌ق له‌ خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵیش ده‌پارێزێت. لا58) ئه‌م جۆره‌ وه‌سفانه‌ی شیعر، له‌ دنیای شیعری ئه‌مڕۆدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ ناساندنه‌، له‌وه‌ ده‌چێت كه‌ چۆن شێفێك خه‌ڵكی فێری به‌ چێژترین و خۆشترین چێژ لێنان ده‌كات. مانای چییه‌ شاعیر كێردی تیژی پێ بێت، ئایا شاعیر گۆشتفرۆشه‌؟ ئێمه‌ ده‌زانین مه‌به‌ستی له‌ زمان و گوتاری شیعرییانه‌ی شاعیره‌، به‌ڵام ئایا به‌م جۆره‌ پێناسه‌ نامۆ و كۆمێدییانه‌، وه‌سفی شاعیر ده‌كرێت؟ وتاره‌كانی ئه‌م كتێبه‌، هێنده‌ی له‌ وتاری ڕۆژ و ڕاگوزه‌ر و دیدی ڕۆژنامه‌نووسێكی بێ ئه‌زموون ده‌چن، هێنده‌ به‌رهه‌می دنیابینی نووسه‌رێك نییه‌، كه‌ ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب بردبێته‌ سه‌ر.
ئه‌م جۆره‌ ڕوانینه‌ بۆ شیعر، به‌ بڕوای من به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ چیڕۆكنووسه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ دنیای شیعره‌وه‌ نییه‌. كه‌سێكیش له‌ بوارێك شاره‌زایی نه‌بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناساندن و پێناسه‌كردنیشی ڕه‌نگداه‌وه‌ی ئه‌و ناشاره‌زاییه‌ ده‌بێت. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییا كه‌ نه‌توانێت له‌ شیعر بدوێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ناكرێت به‌و شێوه‌یه‌ له‌ شیعر بڕوانێت كه‌ تیایدا هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی شیعر له‌ چه‌ند دیدگایه‌كی ساده‌ و بێ ئه‌رزش كۆده‌كاته‌وه‌. وتاره‌كان جگه‌ له‌وه‌ی هیچ ڕایه‌ڵێكی بابه‌تی به‌ یه‌كه‌وه‌یان نا به‌ستێته‌وه‌، هاوكات له‌گه‌لێك شوێنی كتێبه‌كه‌ش دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. بێگومان ڕاڤه‌كردنی شیعر به‌ كۆی گشتی و به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی قۆناغ و مێژووی شیعریی، ڕاڤه‌كردنێكی نا ته‌واو ده‌بێت. ئه‌زموونی شیعریی، به‌رمه‌بنای سه‌رده‌م و قۆناعێكی دیاریكراوه‌ و دواتر ئه‌زموونی دیكه‌ دێنه‌ ئاراوه‌. ئه‌م هه‌مه‌ چه‌شنییه‌ له‌ ئه‌زموونی شیعریدا، پێویستی به‌ ڕوانگه‌ی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌بێت. كه‌ چی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌، هه‌وڵده‌دات ئه‌زموونی شیعری به‌ كۆی فۆڕم و دنیابینی جیاوازه‌وه‌، بخاته‌ نێو یه‌ك شوناس و پێناسه‌وه‌. ئه‌م پێناسه‌ و ناساندنه‌ی نووسه‌ر بۆ دنیای شیعر و نوێخوازی شیعر و گه‌لێك چه‌مكی دیكه‌ی ده‌كات، له‌ دنیای شیعردا نه‌ باوی ماوه‌، نه‌ گوزارشتكردنێكی بابه‌تی و لۆژیكیانه‌شه‌ بۆ شیعر. بۆ نموونه‌ نووسه‌ر له‌ باره‌ی شاعیری گه‌وره‌ و شاعیری بچووك ده‌نووسێت:(جیاوازی شاعیری گه‌وره‌ و بچووك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بچووك كاتێ گوزارشت ده‌كات ته‌نیا گوزارشت له‌ خۆی ده‌كات، به‌ڵام گه‌وره‌ كه‌ گوزارشت ده‌كات ئه‌وا گوزارشت له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كه‌ی ده‌كات.لا13) له‌ ڕاستیدا، ده‌سته‌واژه‌ی شاعیری گه‌وره‌ و شاعیری بچووك له‌ دنیای ئه‌ده‌بدا، پۆلێنكردنێكی نا لۆژییكی و نا شیعرییه‌، نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك شاعیری گه‌وره‌ و هه‌ڵكه‌وتووی نه‌بێت وه‌ك (شێركۆ بێكه‌س له‌ كورد و ده‌روێش له‌ عه‌ره‌به‌كان) به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه‌ نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌ دیاریكردوه‌ بۆ لێك جیاكردنه‌وه‌ی شاعیری گه‌وره‌ و بچووك. هه‌تا ئێستا، تێڕوانینی هێنده‌ نامۆ و سه‌یرم بۆ شیعری كوردی، له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌دا نه‌بینیوه‌. چونكه‌ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك به‌وه‌ له‌ یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه‌.
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئه‌زموونی شیعری كوردی به‌ گشتی، ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی و تاكه‌كه‌سی و چیتر بابه‌تی نابێت. ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردووی شیعری كوردیدا، چه‌مكه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، به‌رگریی و ئازادی و گوزارشتكردن له‌ تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یی، ڕووبه‌ری شیعری كوردی پێك بهێنن، ئه‌وا له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و گوتاره‌ له‌ شیعری كوردی نامێنێت. ته‌نانه‌ت (شێركۆ بێكه‌س) كه‌ به‌ هه‌ڵگری ڕوحی تراژیدی و مێژووی برینداری كورد له‌ شیعری كوردیدا ده‌ناسرێت، دنیابینی له‌ ده‌قی (ئێستا كچێك نیشتمانمه‌) به‌ ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بێت، ده‌بێ شێركۆ بێكه‌س له‌ لوتكه‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ دابه‌زیبێته‌ بنار، چونكه‌ چیتر گوزارشت له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ و واقیعی گشتی ناكات. ئایا ئه‌مه‌ ڕوانینێكی بابه‌تییه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك؟ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی حه‌مه‌ كه‌ریم عارف، بڕوانینه‌ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك، ئه‌وا له‌ ئێستادا یه‌ك شاعیرمان نییه‌ گه‌وره‌ بێت و هه‌موویان بچووكن. چونكه‌ هیچ شاعیرێك نییه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ نه‌كات. شیعری ئێستا كه‌ به‌ شیعری سه‌رده‌می مۆدێرنه‌ ده‌ناسرێت، به‌ جۆرێك ساده‌ و خودی بۆته‌وه‌، كه‌ شاعیرانێك ئه‌زموونه‌ زۆر تایبه‌تی و كه‌سی و بگره‌ قسه‌ ڕۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی خۆشیان ده‌كه‌نه‌ شیعر. ئیدی كه‌ شاعیرێك له‌ بابه‌ت و واقیعه‌ گشتییه‌كه‌ دابڕا، مانای وانییه‌ شاعیرێكی بچووكه‌. بۆ نموونه‌: كه‌س ده‌توانێ به‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بڵێت شاعیرێكی بچووك چونكه‌ ئه‌زموونی شیعری تا ئه‌وپه‌ڕی كه‌سی و خودی و تایبه‌تییه‌؟ له‌ كاتێكدا ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ ده‌نگه‌ جیاواز و تایبه‌تییه‌كانی شیعر؟ بۆیه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك، ته‌نها لای نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ بوونی هه‌یه‌ و له‌ دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا، خه‌وشێكی گه‌وره‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌زموونی شاعیران ڕاڤه‌ بكرێت.

له‌ باره‌ی نوێخوازی شیعرییه‌وه‌، كه‌ بێگومان نوێخوازی به‌ ته‌نها لایه‌نێكی هونه‌ری شیعر ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هیچ نوێكارییه‌ك نییه‌ له‌ شیعردا ئه‌گه‌ر زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری نوێ نه‌بێت، نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ ده‌نووسێت: (نوێخوازی نه‌یاری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌، جا شاعیری نوێخواز له‌ سایه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سه‌ركوتكاریدا ناتوانێ ئه‌م ڕه‌فز و ڕه‌فزكارییه‌ی خۆی به‌ ئاشكرا ده‌رببرێت و دژایه‌تی خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌ ڕاشكاوی ده‌رببرێت.لا23 ) له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئاراسته‌یه‌ك هاتۆته‌ نێو ڕه‌خنه‌ به‌ گشتی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌خنه‌كردنی هه‌موو كایه‌یه‌كی ژیان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ت، سیاسه‌تیش له‌ حزبایه‌تی كورت ده‌كه‌نه‌وه‌، حزبایه‌تیش له‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌بینن. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندییه‌كان داهێنه‌ری بوون، به‌ جۆرێك له‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ڕوانێ، كه‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌گرتنێك دواجار ده‌بێ به‌ ڕه‌خنه‌كردن و سه‌رزه‌نشتكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كۆتایی بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ش كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌مان ڕوانین و هه‌مان هه‌ڵه‌ كه‌ سێ ده‌یه‌یه‌ كاوێژ ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام با پرسین نوێخوازی ته‌نها له‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدایه‌؟ ئایا گۆران كه‌ شیعری كوردی نوێكرده‌وه‌، دژایه‌تی كام ده‌سه‌ڵاتی كرد؟ ته‌نانه‌ت ده‌یان شیعری بۆ چه‌پ و شیوعی و شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز نه‌نووسی؟ له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، ده‌یان شاعیر هه‌ن كه‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتییان كرد، به‌ڵام نوێخوازو نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعر نین؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش چه‌ندین شاعیر له‌ سه‌ر ئاستی دنیادا شاعیری نوێخوازبوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕژێمی فاشی و نازی دابوون. گوتاری شیعری كوردی له‌ دوای هه‌ره‌سی شۆڕشه‌وه‌ تاكو ڕاپه‌ڕین، گوتارێكی به‌رگریكارانه‌ و ئه‌وپه‌ڕی دژایه‌تییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام چه‌ند شاعیری نوێخواز له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌ركه‌وتن؟ ئه‌گه‌ر نوێخوازی له‌ شیعردا ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هه‌موو شاعیرانی كورد نوێخوازن. چونكه‌ تیایاندا نییه‌ شیعری له‌ دژی ده‌سه‌ڵات و له‌ پێناو ئازادی نه‌نووسیبێت.
ئه‌گه‌ر نوێخوزای ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه‌ له‌ دنیادا هێنده‌ی كورد شاعیری نوێخوازی هه‌بێت. هه‌ر له‌ درێژه‌ی باسه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌دا، ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر ڕایه‌كی سه‌یرتر له‌وانی پێشووی ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێت:(شیعر دیارده‌یه‌كی ڕوحییه‌ تا دیارده‌یه‌كی ئه‌قڵانی بێت. لا 33) به‌ڵام ئایا شیعر په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌قڵه‌وه‌ نییه‌؟ مه‌گه‌ر شیعر وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی شاعیر نییه‌ و ئه‌و دنیابینیه‌ش به‌شێك نییه‌ له‌ هزر و ڕوانینی ئه‌قڵییانه‌ی مرۆڤ بۆ ژیان و ده‌وروبه‌رو ژینگه‌ی سرووشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییانه‌ی مرۆڤ به‌ گشتی؟ شیعر چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ڕوحه‌وه‌ هه‌یه‌؟ گریمان ئه‌گه‌ر شاعیر له‌ خرۆشانێكی گه‌وره‌ی ڕوحی وده‌روونی و سۆزیش دابێت، ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه‌ سایكۆلۆژییه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و دنیابینی دانانێت و سه‌ره‌نجام ئه‌م دنیابینییه‌ له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. نه‌ك شیعر، هه‌موو تێكستێك، به‌رمه‌مبنای به‌ركه‌وتنی هزری مرۆڤه‌ به‌ ژیان و ده‌وروبه‌ر. شیعر به‌رهه‌می هزره‌، به‌رهه‌می دنیابینی و تێگه‌یشتنی تایبه‌تییانه‌ی شاعیره‌ بۆ ڕووداوه‌كان نه‌ك دیارده‌یه‌كی ڕوحی بێت. ئه‌گه‌ر به‌ ڕوحگه‌ریه‌تی بڕوانینه‌ نووسینی شیعر، ئه‌وا سۆفییزمه‌كان هه‌موویان شاعیر ده‌بوون.

نووسه‌ر هه‌رله‌ باره‌ی شیعره‌وه‌ ده‌نووسێت:(مه‌به‌ستی شیعری تازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگاته‌ دیتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ دیتن، بیستنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ بیستن، گوتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ گوتن، گرتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ گرتن، بۆنكردنی ئه‌وه‌ی نایه‌ته‌ بۆنكردن، فه‌تحی نادیاره‌كان. لا 73) كورتكردنه‌وه‌ی شیعری تازه‌ و نوێ، به‌و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌ریی و پێكهاته‌ هونه‌رییه‌ی بینای هونه‌ری ده‌قه‌وه‌، له‌و قسه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌، خۆی له‌ خۆیدا بێ ئاگایه‌ له‌ شیعر به‌ گشتی و شیعری نوێش به‌ تایبه‌تی. چ جای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر پێناسه‌ی شیعری نوێ بكات. ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، له‌ كوێدا له‌ گه‌ڵ ڕه‌وتی نوێخوازانه‌ی شیعر یه‌كده‌گرنه‌وه‌؟ دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر له‌ سه‌ر به‌رگی پێشه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی نووسیویه‌تی:_( چه‌ند په‌یفێك ده‌رباره‌ی شیعرو شاعیری) به‌ڵام له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا، ته‌نها سه‌د لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخانه‌ بۆ شیعر، سه‌د و سی لاپه‌ڕه‌كه‌ی تری، تایبه‌ت كردووه‌ به‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراون و ئاخنیویه‌ته‌ كتێبه‌كه‌ی. به‌مه‌ش خوێنه‌ر چه‌واشه‌ ده‌كات و فریوی ده‌دا. چونكه‌ كه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ ده‌بینێت، وا ده‌زانێت هه‌مووی له‌ باره‌ی شیعره‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. هیوادارم نووسه‌رانی ئێمه‌، واز له‌و نه‌ریته‌ خراپه‌ بێنن، كه‌ بیانه‌وێت به‌ به‌ردێك چه‌ند چێشتكه‌یه‌ك بپێكن. چونكه‌ بۆ ناوبانگی خۆیان باش نییه‌.

*په‌راوێز: ناوی كتێب: ڕاوه‌ مه‌حاڵ، نووسینی: حه‌مه‌كه‌ریم عارف، بڵاوكراوه‌ی: سه‌نته‌ری سارا، سلێمانی_ 2020

*له‌ ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره‌ (1162) ڕۆژی 28/1/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




نەفرەت لە یەکی ئایار.. ئاراس سەعید

کاری کرێگرتە، فرۆشتنی هێزی کار، دەسەڵات و سەپاندنی هەلومەرجێکی زۆرەملێ….

شۆڕشی پیشەسازی ستراکتۆری کۆمەڵگای هەڵوەشاندەوە، لە دەرەبەگایەتی و کاری زۆرەملێوە بۆ سیستەمی چینایەتی و دابەشکردنی کار.
بەقەولی “مارکس” قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە بەریەکەوتنی چینەکانەوە گەشەدەکات. بەجۆرێکی تر، کۆمەڵگا دابەشبن بەسەر دووچیندا، چینی خاوەن بەش و چینی بەشخوراو. دەسەڵات و بێ دەسەڵات دووچەمکی نابووتی سیستەم کە لە دیسکۆرس و مەعریفە و فەلسەفەی دەسەڵاتەوە، سەرچاوە دەگرێت بۆ دیسپلینکردن و ڕامکردنی کۆمەڵگا. سیستەم لەڕێگەی مەعریفەوەو ڕۆشنبیرانەوە دەسەڵات مومارەسەدەکات.
دەسەڵات فاکتێکی شاراوەیە، هێزێکی نەرم لەدیسکۆرس گوتاردا پەیرەو دەکات، “تۆ بێ دەسەڵاتی”، “ئەگەر یاخی بیت لەخاوەنکار، لەبرسا دەمریت”. ئەمە هەمان ئەو فۆڕمەی سیستەمی فیۆدالیزم و کاری نانە سکێیە. کە لەدیسکۆرسی زاڵدا، مرۆڤەکان فریودەدەن، وەکو “ئۆگست کۆنت” کە دەیگووت؛” خاوەن بەش و بەشخوراو”. ڕیسیایەکی سروشیتی کۆمەڵگای مرۆییە.

سیستەمی سەرمایەداری دەسەڵاتی مۆدێرن کاتێک بە ئامڕازەکانی زانست “دەسەڵات”ْمومارەسەدەکات، چیتر پەیڕەوی هێز و توندوتیژی ناکات بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگا، یان وەکو ئەوەی “هۆبز ” هۆشیاری داوە؛” هاتنەئارای دۆخی ئاورتەو دروستبوونی جەنگی هەمووان دژبەهەمووان.” چونکە دەسەڵات هاوتەریب لەگەڵ زانستدا تەواوکەری یەکترین، ئەو لەڕێگەی “زانستی سۆسۆلۆجیا، مرۆڤناسی، دەروناسی، تاوانناسی”. لەپەیوەندیە سۆزداری و فاکتەری هەڵچوونە دەرونیەکانیان تێ دەگات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەکات، تا لەکاردانەوەکانیان خۆی ڕزگار بکات. ئەویش لەڕێگەی سیستەمێکی چاودێرییەوە کەمرۆڤ وا هەست دەکات بەردەوام دەسەڵات چاودێرە بەسەریوە. بەڵام دەسەڵات لێرەدا دەستبەرداری مرۆڤ نابێت، بەڵکو لەڕێگەی میدیا و مەیخانەو سۆزانیخانەکانەوە، مۆتیڤەکانی مرۆڤ بەتاڵ دەکاتەوەوەو دەست دەکات بەدیسپلینکردنی، نەوەی نوێیش لەڕێگەی دامودەزگا زانستی و پەروەدەیەکانەوە لەخۆی نامۆدەکات و لەکارخانەکانی پەروەدەو زانکۆدا دەیکاتە تایپێک لەمرۆڤی لێکچوو ڕامکرا و، چونکە دەسەڵاتی زانستی مرۆڤ تووشی شڵەژانی دەرونی دەکات و دەیکاتە شتانێک کەخۆی باوەڕی پێ ی نیە.

دەسەڵات مرۆڤ لە هێزەخودیەکانی خۆی دادەماڵێت و لەڕێگەی چینینەوەی کلتور و تواندنەوەی تاک لەناو ئەوانی تردا، هەریەکەو ڕۆڵێک دەسەپێنی بەسەرێیاندا، کە دەسەڵات بۆیان دیاری دەکات، بەنمونە “کرێکاران” ئەوان لەبنەڕەتدا لە سوبێکتی کارەوە نامۆدەکات بۆ ئۆبێکتی بەرهەمهاتوو. “کرێکار” لە ڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە، دەبێتە کۆیلەی کار و ئەوبەرهەمەی بەرهەمی دەهێنی لەدژی خۆی دەوەستێتەوە و لەخۆی “نامۆدەبێت” مارکس دەڵێت؛ “سەرمایەداری نەک کرێکار لەخۆی نامۆدەکات، بەڵکو لە مرۆڤبوونیشی دادەماڵێت.” “کرێکاران” لەجەوهەی خۆیان نامۆدەبن و دەبنە “بابەت”، ئەوان خۆیان لێ دەبێتە ئەو شوناسەی کە سیستەم بەسەریاندا دەیسەپێنێت. “یەکی ئایار” دووبارە نامۆکردنەوەی کرێکار و داماڵینی مرۆڤبوونی ئەوە بەوەی وەکو کرێکار بەرهەمی دەهێنێتەوە. بەقەولی “واڵتەر بنیامین”
سەرمایەداری، ئایینە.
پارە خودایە.
کار عیبادەت کردنە
مرۆڤ لەناو ئەم ئایینەدا چەشنی ئایینە ئیراهیمیەکان دەبێتە کۆیلەی پارە. پارە بەرهەمی مرۆڤەوەو لەدژی وەستاوەتەوە دەیپەرستی وکڕنۆشی بۆدەبات، وەکو پەیکەر پەرستەکانی سەردەمی بت پەرستی.
مرۆڤ لەڕێگەی کارەوە دەبێت عیبادەت بکات و هێزی کارەکەی بفرۆشی تا بتوانێ بەهەشت بکڕێت، ئەویش بریتیە، لەکۆشک و ڤیلاو ئۆتۆمبێل…هتد، سەرمایەداری هاوشیوەی ئایین ڕۆژی جەژن و ڕۆژی پیرۆز بۆ “کرێکاران” دەستەبەر دەکات و پیرۆزبایی کۆیلەبوون و شوناسە نامۆبووەکەی لێدەکات.




سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین.. ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوە و شیتەڵکاریى دەروونناسیى پێشمەرگەى دێرین بابەتێکى ورد و ئاڵۆز و دژوارەر و پێویستى بە لێکۆڵینەوەى زانستیى چڕوپڕ و هەمەلایەنە و مێژوویى هەیە، بەڵام ئەم چەند دێڕە هەوڵێکى سادە و بەراییە لەو بوارەدا و کردنەوەى دەروازەیەکیشە بۆ قسە و باسى زیاتر و خوێندنەوە و شرۆڤەکاریى جیددیتر و ئەکادیمى. ئەم کورتە نووسینە تەقەلایەکى بچووکە بۆ راڤە و شیکاریى لایەنێک لەلایەنەکانى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین یان چاکترە بڵێم سەرەتاى کارێکە بۆچوونە ناوەوە و شرۆڤەکردنى لایەنێکى هەرە گرنگى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین ئەویش پرسى توندوتیژییە وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین. کەمتر هەوڵدەدەم بەدووى ئەو هۆکارانەدا بڕۆم کە خوڵقێنەرى توندوتیژییە لە کۆمەڵگەى کوردستان چون ئەم باسە پێشینەیەکى زۆرى دەوێ و لە سنوورى وتارێک دەردەچێت و هۆکارەکانیش ورد و ئاڵۆزن. هەروەک توینبى دەڵێت “ئەو هۆکارەى هەوڵدەدەین دیارى بکەین شتێکى سادە نییە، بەڵکو ئاڵۆز و داڕژاوە”. بەڵکو هەوڵمداوە بەدووى رەگوریشەی توندوتیژییدا بچم لە ژیانى پێشمەرگەى دێریندا.
بەر لەوەش بەپێى لێکدانەوەى قوتابخانەى دەروونشیکاریى مرۆڤ بوونەوەرێکى لاساییکەرەوەیە یاخۆ دەیەوێ خۆى لەگەل هەبووەکانى ترى چوار دەوریدا رابهێنێ و بگونجێنێت. ئەرستۆتالیس لەم بارەیەوە دەڵێت “مرۆڤ زیندەوەرێکە هەر لە منداڵییەوە حەز لە لاساییکردنەوە دەکات، دەیەوێت چاوى بەهەر شتێک کەوت یان گوێى لێ بوو لاسایى بکاتەوە”. پێشمەرگەى دێرین هەوڵیداوە لەگەل بارودۆخى خەباتدا کە توندوتیژیى بەسەریدا زاڵبووە خۆى بگونجێنێت، بۆیە حاڵەتێکى نۆرمال و سروشتییە توندوتیژیى بەشێکى گرنگى بیرکردنەوە و رەفتارى داگیرکردووە، ئەمەش پێویستییەکى قۆناغ بووە لە پێناو بەرگریکردن لە شوناسى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەل دوژمنەکانى. کەسایەتى پێشمەرگە هەڵهێنجراوى بارودۆخێکى سەختى خەبات و شۆڕشى چەکدارانەیە، سەربارى ئەوەش بەردەوام ژیانى لە جەنگ و پێکدادان و ژێر سایەى روحمى گوللەدا بووە و لە نزیکەوە ئاشنایەتى لەگەل مەرگ و خوێن و هاواردا پەیدا کردووە، ئەوجا بیهێنەرە پێش چاوى خۆت مرۆڤێک ساڵانێکى زۆر تەنیا بە چیا و کۆسارەوە بووبێت، دوور لە هەموو شارستانى و ژیانێکى هاوچەرخ، داخۆ کەسێتى ئەم بوونەوەرە چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە دابڕاو نییە لە کارتێکردنەکانى دەرەوەى خۆى لە ژینگە و سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى، هەرواش کەسایەتییەکەى رەنگدانەوەى هەمان بارودۆخە.

پێشمەرگەی دێرین و پرسی توندوتیژیی

زاناى دەروونناسى (مێشێل بۆتۆر) لەم لایەنەوە بۆچوونێکى جوانى هەیە و دەڵێت “کەسایەتى هیچ بوونێکى نییە تەنیا لە چوارچێوەى پەیوەندییەکانى نەبێت لەگەل کەسانى دەوروبەر و شتەکاندا”. هەروەها بە پێى تیۆرى دەروونشیکاریى و دەرەنجامە تاقیگەییەکانى (پاڤلۆڤ) راهێنان گەورەترین کارکردى لەسەر سایکۆلۆژیاى نەک مرۆڤ بەڵکو گشت بوونەوەران و گیانلەبەرانى تر هەیە، چیرۆکى سەگەکەى پاڤڵۆڤ لە ئاستى گەلێریدا بەناوبانگە هەر کاتێک زەنگى بۆ لێداوە لیک بە دەمیدا هاتۆتە خوارەوە چوونکە چاوەڕوانى پلە گۆشتەکە بووە. هەر بۆیە پێشمەرگەى دێرین لە قۆناغى خەباتى شاخ و رزگاریى نیشتمانیدا لە رێى پەروەردەى سیاسیى و کەناڵەکانى تەبیلغات و ئەدەبیاتى حزبیى و پێشمەرگانەوە لەسەر توندوتیژیى و هەڵمەتبردن و بەرەنگاربوونەوە و یاخیبوون راهێنراوە، ئەمەش بۆتە بەشێکى جیا نەبووەوە لە سایکۆلۆژییەت و رەفتارەکانى. پێش ئەوەى بەسەرماندا تێپەڕێت هەوڵدەدەم ئەوە ئاشکرا بکەم ئەو توندوتیژییەى سەردەمى خەباتى چیا هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستى تیرۆر و رەشەکوژیى و دڕندەیى، ئەم گەواهییە بۆ مێژوو دەدەم هەموو ئەو توندوتیژییانەى ئەوێ رۆژێ پێشمەرگە پیادەى کردووە لە چوارچێوەى زەبروزەنگى شۆِرشگێڕانە و جەنگى پارتیزانیدا بوون، واتە کردار نەبووە بەڵکو پەرچەکردار بووە تا داگیرکەرانى کوردستان ناچار بکرێن بۆ سەلماندنى بوون و مافەکانى کورد و بەرقەرارکردنى ئاسایش لە وڵاتدا، هەروەک چۆن کاتى خۆى (ماوتسى تۆنگ) وتى “بۆ ئەوەى ئاشتى بەرقەرار بێت دەبێت بجەنگین، ئێمە لە پێناوی ئاشتیدا دەجەنگین”.
بەهەر حال لە کاتێکدا لە بارودۆخى ئەمڕۆى رزگاریى و قۆناغى دەسەڵاتى کورد خۆى، کەسایەتى پێشمەرگەى دێرین پەڕاوێز و پشتگوێ دەخرێت، دەشێ ئەم هۆیە کاریگەرییەکى راستەوخۆى هەبێت لە تەقاندنەوەى ئارامیى پێشمەرگەى دێرین بە شێوەیەکى توندوتیژانە، چون با لە یادمان نەچێت ئەو تەنیا دەتوانێت بە میکانیزمى توندوتیژانە گوزارشت لە خۆى بکات و داواکانى بەرز بکاتەوە هەروەک وتیشم لە سەردەمى شۆڕشدا لەسەر ئەوە راهێنراوە لە رێى ئەم میکانیزمەوە خواستەکانى بەدەستبهێنێت. ئەمە لەلایەک و لەلایەکى ترەوە ئەوێ رۆژێ لە شاخ بەڵێنى بەهەشتێکى پڕ لە کامەرانى پێدراوە و بە سۆسیالیزم و یەکسانى و دادپەروەریى فریودراوە، ئێستا کاتێک ژیانى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە راگیراوە حەتمەن قبوڵى ناکات و کاردانەوەى دەبێت، پێموایە زۆر واردە کاردانەوەکەى توندوتیژانە و زەبروزەنگ ئامێز بێت. بۆ وێنە پێشمەرگەى دێرین هەندێک لە هاوەل و هاوڕێ دێرینەکانى خۆى دەبینێت، وێنەى هەژاریى و نەداریى دوێنێیانى لەبەرچاوە و ئەمڕۆش لە پۆشاکى پادشا و بەرگى ئیمپراتۆر لەسەر عەرش و ناو کۆشکى ئەفسووناویدا دەیانبینێت، تووشى تەناقوزات دەبێت لەگەڵ خۆی و کاریگەریى نەرێنى لەسەر سایکۆلۆژییەتى دادەنێت کە دیسان ئەمەش وروژێنەرى هەستى خەفەکراوییەتى، ئەو هەستەى بە گووتارە ئاگرینەکانى شاخ و ئەدەبیاتى قۆناغى بەرگریى ئاخنراوە بە توندوتیژیى و رۆحى سەرکێش و تۆڵەسەنەندنەوە و بەرەنگاربوونەوە.

تیۆدۆر دۆبانقیل دەڵێت “لاوازیى هەندێک، ورگى هەندێکى تر دروستدەکات”. پێشمەرگەى دێرین قبوڵى ناکات بە لاوازبوونى جەماوەر و خۆی، لەسەر حیسابى رەنج و مەینەتى و حەسرەت هەڵکێشانى ئەو هەندێکى تر شاهانە و قەڵەوانە بژین، بێگومان کاردانەوەى بەرامبەر بەم حاڵەتە هەیە. هەنووکەش کە قۆناغى ئازادیى و حوکمى دەسەڵاتى خۆماڵییە دەبێت هەوڵبدرێت بۆ باشترکردنى ژیانى پێشمەرگەى دێرین بەپێى بەرنامەیەکى تۆکمە و دامەزراو، دەبێت حکومەت و دامودەزگاى پەیوەندیدار بە دەنگ داوا و موعاناتیانەوە بچێت بەتایبەت هەندێکیان ئەندامانى جەستەى خۆیان لە دەستداوە یان ئەوەندە ماندوون شتێک لە کەمئەندام گەڕاونەتەوە!. بەم رێگا و شێوازە دەتواندرێت کاریگەریى جیددى دابنرێت لەسەر سایکۆلۆژییەتیان و دەبێتە هۆى دامرکانەوەى بڵێسەى قینى پەنگخواردوویان کە مەترەحە لە ساتێک لە ساتەکاندا بەوپەڕى توندوتیژییەوە بتەقێتەوە. باسى ئەوە ناکەم پێشمەرگەى دێرین دیسان شۆڕش دژى دەسەڵاتى کوردیى و ئەزموونى ئەمڕۆ بەرپا دەکات، وا بزانم کەم کەس هێندەى ئەوان قوربانیان بۆ هێنانەدى رۆژێکى وا دابێت و بۆ پاراستنیشى وەک ئەوان دڵسۆز و بە پەرۆش بن، بەڵام ئەمەش ئەگەرێکى نزیک و بەهێزە پێشمەرگەى دێرین نەتوانێت بەرگەى ئەم هەموو نادادپەروەریى و بێ مافییەى خۆى و خەڵک بگرێت و رەنگبێ بە ناچاریى هەڵوێست وەربگرێت.
ئەم حاڵەتە و ئەو فەرامۆشکردنەى پێشمەرگەى دێرین پڕ مەترسییە، هەروەک ئۆرتیگا دەڵێت پێویستە هەموو زەنگەکانى مەترسى لێبدەین. خودئەڤینی و سەرسامبوون بە خۆى پێشەرگەى دێرین بە جۆرێکە لە لوتکەدایە، هەوڵدان بۆ تێکشاندنى ئەم دەروونە و بچووک و نزمکردنەوەى کەسێتییەکى بۆ ئاستى راکردن بە دواى موچەى خانەنشینى و پرسگەى وەزارەتەکاندا، رۆڵى خراپ لەسەر سایکۆلۆژییەتییان دادەنێت و لەوانەیە بۆ بەرز راگرتنى ئەو پلە و پایە باڵا مەعنەوییەى پێشووى خۆى، چالاکى و جووڵە نیشان بدات تاوەکو وەک ئەو قارەمانە نموونەییە بمێنێتەوە کە لە قۆناغى باڵابوونى شۆڕشدا لێى دەڕوانرا، بەڵام ئەم جارە لە قۆناغ و سەردەمێکى نوێدا. ئەوى ماوەتەوە لە کۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە رووى دەمم لە دەسەڵاتى کوردیى دەکەم و دەڵێم پێشمەرگەى دێرین تا نهۆ ئارامگرتووە بووە، بەڵام وتەکەى (جۆن داریدن)تان لەبیر نەچێت: وریاى خۆت بە لە شۆڕشى پیاوى ئارامگرتوو.

پێشمەرگەى دێرین و رەمەکى سێکس-sex
هەرچەندە حەزى ممارەسەى سێکسی بە شێوازێکى سروشتى رێگەى لێبگیرێت، هێزى دەروونى کە پەیوەندیى بەم حەزەوە هەیە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى دڵەڕاوکێ
فرۆید

رەمەکى سێکس هەستیارترین رەمەکى لکاوە بە کەسێتى مرۆڤەوە، چون هەر لە یەکەم چرکەى لە دایکبوونەوە ئەم رەمەکە ئەکتیڤ دەبێت و گەشە و نەشونما دەکات لەگەڵ مرۆڤدا. پێشان پێیانوابوو رەمەکى سێکس لە ساتەوەختى هەرزەکارییدا وردە وردە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەنجامى شیکردنەوەى زانستیى و تاقیگەیى پێچەوانەى ئەمەى سەلماندووە، زاناکانى بوارى فیسۆلۆجیى و بایۆلۆژیى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەم غەریزەیە لەگەڵ لە دایکبوونى هەر مرۆڤێکدا ئەویش لە دایک دەبێت، لە گرنگترین ئەو زانا و پسپۆڕانەى ئەم بیرو رایەیان هەیە هەردوو زانای دەروونناسی (سیگمۆند فرۆید و ولیەم رایش)ن.
فرۆید، پێیوایە (ژیانی سێکس لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێناکات، بەڵکو هەر لە کاتى لە دایکبوونەوە چەکەرە دەکات و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر گەشە دەکات). لەوەتى مرۆڤیش هەیە لە هیچ وێستگەیەکى مێژووییدا سێکس و ممارەسەى ئەم حەز و چێژە لێى جیانەبووەتەوە جا هەر لە کۆمۆنەى سەرەتایى و کۆمەڵى بەرایى و پریمیتیڤەوە بیگرە هەتا دەگاتە دنیاى گەشەکردووى تەکنۆلۆژیى ئەمڕۆمان. لەبەرئەوە سێکس بە هیچ کلۆجێک لە سایکۆلۆژیا و جەستەى مرۆڤ جودا نابێتەوە، بەڵکو بەردەوام مرۆڤ لە هەوڵدابووە بۆ تێرکردنى ئەم رەمەکە و خۆ بەتاڵکردنەوە لە گووشار و پاڵنەرى توندى لە کاتى چەپاندنیدا. دیسان زۆربەى زاناکانى پسپۆر لە بوارى سایکۆلۆژیا و سێکسزانیی دووپاتى دەکەنەوە: سێکس لە نێو هەر هەموو غەریزەکانى تردا کاریگەرترینیان و هەستیارترینیانە و بە قووڵیی مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، لەم بارەوە (فرۆید) دەنووسێت (رەمەکى سێکس بەهێزترین و مەترسیدارترین رەمەکى تاکە لە ئەوى کەسایەتیدا).
گومانیش لەسەر ئەوە نییە مرۆڤ بێ بڕانەوە بە دواى تێرکردنى ئەم غەریزەیەدا عەوداڵە و هەمیشە بە دواى رێگاکانى بەتاڵکردنەوەیدا گەڕاوە بە چەندین شێواز، رەنگە هاوسەرگیریى دیوێک لە دیوەکانى ئەو داهێنانانە بێت لەو رووەوە. ئەگەر بمانەوێ بچینە ناو خودى باسەکەوە و لە بابەتى سێکس لاى پێشمەرگەى دێرین بدوێین، پێش هەر شتێک لەوە دڵنیاین پێشمەرگە وەک مرۆڤ خودانى غەریزەى سێکسە و وەک هەر مرۆڤێکى تریش هەوڵیداوە ئەم رەمەکە تێر بکات وەک مافێکى سروشتى خۆى، بەڵام ئاخۆ لە رۆژانى خەباتى سەختى شاخ و دوور لە هاوسەر و دەزگیران و ئافرەت پێشمەرگە چۆن چۆنى وەڵامى ئەم رەمەکەى خۆی داوەتەوە؟ ئایا چەپاندن بەرەو لادانى سێکسی بردووە؟ ئایا بۆتە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ؟ ئایا سێکسى لەگەڵ ئاژەڵان ئەنجام داوە؟ یان لە هەر رێگەیەکەوە بێت ئافرەتێکی دەستخستووە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکس؟ ئایا تەنیا بە دەست خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؟ یان بەردەوام لە خۆ چەپاندن و سەرکوتکردنی ئەو رەمەکە هەراشەدا بووە؟ لەبەرئەوەى بەشێوەیەکى گشتیى زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان سەڵت و گەنجى زگوردی بوون و هاوسەریان نەبووە، بێ شک دووچارى چەپاندنى سێکس بوونەتەوە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەبیستراوە پێشمەرگە بۆ خاڵیکردنەوەى ئەم غەریزەیە پەنا بباتە بەر ئیغتیسابى ئافرەتان، ئەگەر بە وردیى سەیرى پانۆراماى ساڵ و رۆژەکانى بزووتنەوەى چەکداریى گەلی کورد بکەین، رەنگە بە تاک و تەرا بەر حاڵەتى ئیغتیساب بکەوین و لە ئاستى ریزپەڕدا بوونى هەیە. پێشمەرگەى دێرین خودانى مۆراڵێکى شۆڕشگێڕیى و ئەخلاقیاتێکى بەرز بووە، هەرگیزیش پرنسیپەکانى شۆڕش رێی نەداوە بە هیچ پێشمەرگەیەک تا ئافرەتێک بە تۆبزى زەوت بکات.
بۆ وێنە لە نێوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا کاتێک جورنالیستێکى بیانیى پرسیار لە هەندێک پێشمەرگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات: ئایا چۆن کارى سێکسیى دەکەن؟ لە وەڵامدا پێشمەرگەکان دەڵێن ئێمە سێکس ناکەین!. رۆژنامەنووسەکە دەست بۆ گوندێکى نزیک رادەکێشێ و دەڵێت لەوێ ژن هەیە بۆ سێکسیان لەگەڵ ناکەن؟!. لە وەڵامدا پێى دەڵێن: ئەوانە خوشکى ئێمەن، یاساکانى سروشت رێنادەن لەگەڵ خوشکى خۆتدا ئەو کارە بکەیت. رۆژنامەنووسەکە زۆر جەختیان لێدەکات ئایا لەناو خۆیاندا یان لەگەڵ ئاژەڵدا یان بە رێگەیەکى تر سێکس ئەنجام نادەن؟ پێشمەرگەکان دڵنیاى دەکەنەوە ئەوان تەنیا سەرگەرمى خەبات و بەرخودانن بۆ کوردستان و هیچى تر. دواجار رۆژنامەنووسەکە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: یان ئەم قسانەتان هیچى راست نین یان ئەوەتا ئێوە فریشتەن و مرۆڤ نین!. لە راستیدا ئەو پێشمەرگانە فریشتە نەبوون، بەڵام لەوەشدا راستگۆ بوون چون ئەوان تەنیا سەرقاڵى خەبات بوون و کەمتر قەرەى سێکس کەوتوون. لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگەى دێرین تەنیا لە ئاستى ریزپەردا نەبێ هەوڵى نەداوە بە تۆبزیى یان ئازادانە لەگەڵ ئافرەتێک کە هاوسەرى نییە کردارى سێکسى بکات. تەنانەت کولتوورى کوردەواریى و دابونەریتى گوندنشینان و خەڵکى رەشۆکى ئەودەمە کولتوورێکى بێ ئەندازە داخراو و چەپێنەر بووە، بە راددەیەک تەنانەت قبوڵى پەیوەندیى خۆشەویستیان نەکردووە، ئەوەتا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ساڵانى حەفتاکان و لە سەرەتای شۆڕشدا ناچارە قارەمانترین پێشمەرگەى خۆى لەسەر داخوازیى عەشیرەت و بۆ شووشتنەوەى ئابڕوو لە گوندى قامیشەڵان لەسەر خۆشەویستى بکوژێت، کە دواتر شاعیرى بە توانا (شێرکۆ بێکەس) لە شیعرێکیدا بە ناوى (قامیشەڵان) باسى ئەم کردەوەیە دەکات و هاوکات مەحکومى کوشتنى ئەو پێشمەرگەیە دەکات!! شێرکۆ هەر لەو شیعرەدا یەکێتى بە دارکونکەرە وەسف دەکات.

فوکۆ، کاتى خۆى وتى (ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە) ئەو باسى ژیارى خۆرئاوا دەکات، سەرەڕاى ئەو هەموو کرانەوە و تێکشکاندنەى چەقبەستوویى کولتوور و پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی رەوشت و سێکس هێشتا پێیوایە ژیارێکە ئیرۆتیکا تێیدا غائیبە، ئەوجا بیهێنە بەرچاوى خۆت گوندێکى دوورە دەست لە دامێنى شاخێکدا نە کارەباى بۆ چووە و نە شەقامى قیرتاوى دیوە و نە رۆژێک لە رۆژان کتێبێک خۆى کردووە بە ماڵەکانیاندا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیرۆس و خۆشەویستى دەکەن؟ لەوەش بگەڕێ دەبێت هەستیان چەند رقئامێز و ئاگراویى بێت لە کاتێکدا کەسێک ببینن لە دەرەوەى بازنەى هاوسەرگیریى لەگەڵ کچ یان خوشک یان کەسێکى نزیکیاندا ممارەسەى سێکس دەکات؟ پێشمەرگەى دێرین ئەوکات لەگەڵ ئەم کولتوورە رووبەڕوو بوو بۆیە چەند خوازیارى سێکس بوایە و پێویستى پێى هەبایە نەیدەتوانى لە سایەى ئەو کولتوورەدا ممارەسەى بکات.

هەرواش هیچ کاتێک پێشمەرگەى دێرین بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەم چەپاندنە رووى نەکردۆتە لادانى سێکسى، بۆیە دەبینین سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ و ئیغتیساب و سێکس لەگەڵ مناڵان و لادانى تر تاکوتەرا نەبێت لاى پێشمەرگەى دێرین بوونى نەبووە، هەر ئەمەشە سیحرى ئەوەى وای لەو رۆژنامەنووسە بیانییە کرد پێشمەرگە بە شێکى سەرتر لە مرۆڤ ناوزەد بکات. تەنانەت چەند کەسانێکى دیاریکراو و زۆر کەم نەبن زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان خۆیان پاراستووە لە هۆمۆسێکسوالێتی، بەڵکو بەپێى دابونەریتى کۆمەڵگا ئەم خووە جۆرێکە لە نەنگى و داڕمانى رەوشت و بەهاى کۆمەڵایەتی، کە دواجار کەسى خاوەن خوو دەکاتە کەسێکى فاشیل و بێ متمانە و بێ ئۆتۆریتە لە کۆمەڵدا، وەلێ هۆمۆسێکسوالێتى کردەیەکى ترسناک و خەتەر نییە تاکو بەو جۆرە مامەڵەى لە تەکدا بکرێت.
تەنانەت ئەو جۆرە لادانانە و ناچارکردنى خەڵکان بۆ ئەنجامدانى کردارى سێکسیى لە دادگاکانى شۆڕشدا سزاى لەسەربوو، چەندین نموونەم لەلایە چۆن دادگاکانى شۆڕش یان فەرماندەییەکانى ئەوکات سزاى ئەو پێشمەرگانەیان داوە پێشێلى ئەم پرنسیپانەیان کردووە. پێشمەرگەى دێرین هەوڵى خۆپاراستنى داوە و نەیوستووە جڵەو بۆ غەریزە بێ کۆتاییەکانى شل بکات و سەرەنجام ببێتە هۆی (لەکەدار)بوون و رووشاندنى پایەى کەسێتى خۆى. فرۆید دەڵێت (دوو جۆر پاڵنەرى ناوەکى لە سیستمى دەروونى مرۆڤدا کاریگەرن، ئەوانیش پاڵنەری حەزەر و پاڵنەری چێژن، هەر کاتێک مرۆڤ جڵەوى شل کرد بۆ ئارەزووەکانى بەبێ ئەوەى حەزەر بکات ئەوە زوو بە زوو سزاکەى وەردەگرێتەوە). پێشمەرگەى دێرین لە ترسى سزا وەرگرتنەوە، یەکەمجار سزاى مەعنەویى و ئەوجا سزاى ماددیى و جەستەیى هەمیشە حەزەرى لە سێکسکردن کردۆتەوە و جڵەوگیر بووە یان با بڵێین خۆى لغاو کردووە و نەیهێشتووە بە بەرەڵڵاکردن و دەرگا لەسەر پشتنانى رەمەکى سێکس ببێتە کەسێتییەک کە رووبەڕووى (شوورەیى) بێتەوە، چوونکە هیچ نەبووبێت کۆمەڵگە دواکەوتووەکەى خۆى بە باشى ناسیوە.

رایش هەمان بڕواى (فرۆید)ی لەسەر ئەم بابەتە هەیە و ئەویش لە بابەتێکدا دەنووسێت (کەسایەتى مرۆڤ لە قۆناغى ئۆدیبۆ دروست دەبێت، لە ئەنجامى ناکۆکى نێوان خواستى سێکسى شاراوە و بە واقیعی نەکردنى ئەو خواستە کەسایەتى دروست دەبێت، لەو قۆناغەدا –من- بێهێزە، ئەو-من-ەش بۆ خۆپاراستنى لە سزاکانى دەورووبەر هەوڵدەدات خۆى بگونجێنێت). من بە تەواویى و دەقیقى مەبەستم لەو دەربڕینەى (رایش)ە، دروستبوونى وێناى قارەمان بۆ پێشمەرگە بەشێکى بۆ ئەو خۆگونجاندن و خۆپاراستنە سێکسییە دەگەڕێتەوە، تەنانەت لە بیرمە جاران لە پەیڕەو و پرۆگرامى نێوخۆیى حزبەکاندا دەنووسرا پێویستە ئەندامى حزب دەست و دەم و داوێن پاک بێت!!!. دیسان ئەوە بۆ پێشمەرگە هەمان شت بوو بەڵکو هەندێک سەخت و قورستر بوو. پێشمەرگەى دێرین بەردەوام خۆى چەپاندووە، تاکە رایەڵ و کەناڵێک توانیبێتى خۆى پێ خاڵى بکاتەوە بریتى بووە لە دەستپەڕ (عادە سری) ئەمیش کردەیەکی زۆر نهێنى و پەنهانە و کەسانى تر ناتوانن دەرکى پێبکەن، دەنا پێشمەرگەى دێرین لە هەموو روویەکەوە خۆى گرتووە و بە ناچاریى دوور کەوتۆتەوە لە سێکس.
بە بڕواى زۆربەى زانایانی دەروونی چەپاندنى سێکس و غەریزە هەوێنى لە دایکبوونى شارستانى و ژیارە. فرۆید دەنووسێت (هەموو شارستانییەک لەسەر کارى زۆرەملێ و نکۆڵیکردن لە غەریزەکان دادەمەزرێت). فرۆید چاکى پێکاوە، تۆ بڕوانە هەڕەمەکانى میسر، شورە و دیواربەندى چین و قەڵا قایمەکان، شۆڕشە خوێناوییەکان و هەزاران شار و پەرستگا و کەنیسە و مزگەوت و خەزنەى زێڕ و زیو لەسەر بنەماى نکۆڵیکردن لە غەریزە و کارى بە زۆر و ناچارکردنى کەسانى دى دامەزراون. شۆڕشى کوردیى و بەرهەمێکى کەم و بچووک کە ئەمڕۆ هەیەتى بەر مەبناى چەپاندن و زۆر لە خۆکردنى ئەو کاتەى پێشمەرگەیە. وەلێ غەریزەى سێکس پێویستییەکى گرنگ و سەرچاوەیەکى بنەڕەتى شادیى مرۆڤەکانە، بەڵام ئەو رۆژانە پێشمەرگە ناچار ببوو چاوپۆشى لێبکات و خۆى لە لەززەت و خۆشییەکانى ببوێرێت. رایش دەڵێت (هەموو بەختەوەرییەکانى ژیان لە بەختەوەرییەکانى سێکسەوە سەرچاوە دەگرێ) کەچى ئەو رۆژانە بەختەوەریى پێشمەرگە تێرکردنی سێکس نەبوو، بەڵکو خۆى لە تۆمارکردنى داستان و نەبەردییە پڕ سەروەرییەکاندا دەبینییەوە، لوتکەى شادییەکانى خۆی لە گورزوەشاندن لە دوژمن و رزگارکردنى کوردستان و بەرپاکردنى ئازادیى و دامەزراندنى ژیاندا کۆکردبووەوە.
پێویستە لەم دەرفەتەدا ئەوەش بوترێت بەشێکى هەرە زۆرى ئەو چەپاندنەى پێشمەرگە بە بەرنامە و خۆویستانە نەبووە بەڵکو لە ژێر کاریگەریى و رەچاوکردنى بارى کۆمەڵایەتی بووە و جۆرێک بووە لە خۆ قووتارکردن لە حەرام، حەرامێک لە کۆمەڵگەى سوننەتى ئێمەدا راستەوخۆ بەستراوە بە جەستەى مرۆڤ و نێوان هەردوو رانییەوە. لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى ئێمە کۆمەڵگەیەک بووە لیپاولیپ لە حەرام و دەستوورى قەدەغە، پێشمەرگە ناچار بووە خۆى سنووردار بکات و هێڵى سوورى حەرام نەبەزێنێت، چوونکە حەرام یەکەمین شت بووە لەگەڵ هەبوونى مرۆڤدا سەری دەرهێناوە و چەکەرەى کردووە. فۆنت لە کتێبەکەیدا (سایکۆلۆژیاى میللەت) دەنووسێت (حەرام دەستوورێکى نەنووسراوى کۆنتر لە مرۆڤایەتى دەنوێنێت، وەک دیارە بەشێوەیەکى گشتیى حەرام لە خواوەندەکان کۆنترە و لە بنەڕەتدا بۆ کاتى پێش هەموو ئاینەکان دەگەڕێتەوە). دواجار ماوەتەوە بڵێم ئەوەى ئەمڕۆ بەدەست هاتووە لە کوردستاندا بەرهەمى دوێنێی پڕ لە چەرمەسەریى و خۆگوشین و ئازار و مەینەتى پێشمەرگە و تێکڕاى خەڵکی کورد بووە. پێشمەرگەى دێرین بۆوەى خەباتەکەى لە وێستگەى سەرکەوتن دابنێت تەنانەت نکۆڵى لە غەریزەکانی کرد، بگرە ئەو رۆژانە و نەهامەتییەکانى و خۆچەپاندنەکانى هەرگیز ناتواندرێت قەرەبوو بکرێتەوە، هەر لەبەرئەوەشە ئەوانەى وا دەزانن ئەو لیبرالیزمە سێکسیی و فرەژنى و بەرەڵڵاییە جنسییەی لاى بەرپرسەکان هەیە نیشانەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو رۆژانە، بێگومان بەهەڵەدا چوون، لەبەرئەوەی:
یەکەم: بەرپرسەکان ئەوکاتیش لە رووى ممارەسەى سێکسەوە کێشەیان نەبووە، هیچ نەبووبێت هاوسەرەکانیان لەگەڵ بووە.
دووەم: سێکس و پیاوێتى نیشاندان لاى بەرپرسەکان جۆرێکە لە ممارەسەى دەسەڵات نەک قەرەبوو، ئەگەر ئەمە وا بوایە دەبوو هەر پێشمەرگەیەکى دێرین دە ژن و دە عەشیقەى هەبوایە و ئێستا لەبەر ئەوان ژن دەستى کەسی تر نەدەکەوت و پرۆسەى هاوسەر بوون بۆ خەڵکانى دی ئاسان نەدەبوو. دەسەڵات لەم رۆژهەڵاتەدا لەسەر قانوونی دارستان رێکخراوە، شێر لە دارستاندا زگی برسی و غەریزەکانی لە رێی هێزەوە تێر دەکات، بەرپرس و سەرکردە رۆژهەڵاتییەکان لە نێویشیاندا ئەوانەی کورد هەروا.

پێشمەرگەی دێرین و قۆناغی نوێ

هەر کەسێک تەنیا کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی
هیگل

کاتێک باس لە قۆناغی نوێ دەکەین مەبەستمان لە قۆناغی دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991)ە، کە دوای ئەم مێژووە ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی بەسەر ئەرک و رۆڵی پێشمەرگەدا هاتووە. ئەگەر لە قۆناغی بەرگریی و رزگاریی گەلی کوردستان ئەرکی پێشمەرگە بریتی بووبێت لە چەک هەڵگرتن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە بەرامبەر دوژمن، بێگومان لە قۆناغی ئازادیی دوای راپەڕین ئەرکی پێشمەرگە دەگۆڕێت بە پارێزەری ئەو ئازادییە و تاکێکی خزمەتگوزار. ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە هەمان بیرکردنەوەی قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بکات، لەبەرئەوەی دوو قۆناغن جیاوازیی ریشەیی و قووڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە و کەمترین پەیوەندیی و وێکچوون لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەر ئەوکات شۆڕشی کورد دژی حکومەتی ناوەندیی و دەستەڵاتی بەڕێوەبەریی بووبێت چ لە خودی کوردستان چ لە عێراقدا، ئێستا ئەم شۆڕشە خۆی حکومەتە لە کوردستان و بەشێکیشە لە دەستەڵاتی بڕیاردان لە عێراقدا. ئەگەر ئەوکات پێشمەرگە و شۆڕشی کورد لە چیاکان بەرەنگاریی هێزێکی پڕ چەکوچۆڵی رژێمێکی هار و دڕندەی دەکرد، ئەمڕۆ لە شارە و بووەتە دەستەڵاتێکی هەڵبژێردراو، پێویستە وەک خۆی بە هەناسەی حکومەت و دەستەڵاتەوە ئەرکی سەرشانی راپەڕێنێت. بە هەموو جۆرێک و لە دەیان گۆشەنیگا و رووەوە قۆناغی هەنووکە جیاوازە لە قۆناغی داگیرکراویی ئەم بەشەی کوردستان، هەڵبەتە لەگەڵ گۆڕان و وەرچەرخانی قۆناغدا ئەرک و رۆڵەکانیش دەگۆڕێن، ناکرێت کەسێک لە دوو قۆناغی جیاوازدا تەنیا یەک جۆرە ئەرک و رۆڵی هەبێت، ئەمە مومکین نییە.

کەواتە رۆڵی نوێی پێشمەرگەی دێرین چییە؟. رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغەدا رۆڵێکی خەباتگێڕانەیە، بەڵام بە دیوە مەدەنییەکەیدا، لە کورتترین و پوختترین دەربڕیندا ئەرکی سەرشانی پێشمەرگەی دێرین ئەوەیە تێکۆشانی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بکات بۆ بەرینکردنەوەی مەودای ئازادیی و خزمەتگوزاریی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری. من ئەم تێکۆشانە بە درێژکراوەی هەمان خەباتی شاخ دەزانم و لە رووی بەها و گرنگییەوە لە شانی یەکتردا دەیانبینم، بەڵکو ئەمەیان قۆناغێکی زۆر باڵاتر و پێگەیشتووترە لە ئەرکی پێشمەرگایەتیدا. ئەم قۆناغە وا لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت دەستبەرداری خولیای خۆی و ئەو نەرگسیەتە قووڵە بێت تووشی هاتووە و لە بژاردنی سەروەریی و شانازییەکانی دوێنێ بێتە دەرێ و لە جەرگەی واقیعی ئەمڕۆدا بێت و بە کردەوە بیسەلمێنێت دەتوانێت لە واقیع و قۆناغی دوای راپەڕینیشدا وچان بە ئەرکەکانی بدات، بەو پێیەی لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئەم قۆناغەدا ئاوێتە بووە، ئەرکی پێشمەرگەی دێرین لەوە تێپەڕی کردووە پاسەوانی یانژی فەرماندەی بارەگا و بەرپرسێکی سیاسیی یان سەربازیی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەو ئەوەیە زێرەڤانی مافی خەڵک بێت و لە سەنگەری داوا و خواستەکانی جەماوەردا رابوەستێت و یەخەی دەستەڵاتدارانی لەسەر رابوەشێنێت.

ئیدی پێویستە و کاتی ئەوەیە پێشمەرگە دێرینەکان کەتافییەکانی بەریان دابکەنن لەگەڵیدا چەمک و زاراوەی شۆڕش بخەنە سەبەتەیەکی خاشاکەوە، چوونکە چیتر ئێمە شۆڕش نین!! لە کاتێکدا تۆ سەرۆک کۆماری عێراقیت، سەرۆکی هەرێمت هەیە، ئیدی شۆڕش چ مانایەکی هەیە؟ ناکرێت بە چەشنی بەعس و لەسەر هەمان بیرکردنەوەی سەدام حسێن رۆژانە و هەر دە خولەک جارێک وشە و زاراوەی شۆڕش بە گوێی خەڵکیدا بچرپَنین و بیکەینە نان و ئاویان، ئێمە چیتر شۆڕش نین، بەڵکو دەستەڵاتێکی کارگێڕیین، هەر بۆیە ئێمە وەک هاووڵاتیان داوا و خواستەکانمان لە بەرپرسانی کورد وەک دەستەڵات و حکومەتە نەک شۆڕش. ئیدی کاتی ئەوەیە پێشمەرگەی دێرین بە میکانیزمی ئاشتیخوازانە و دیموکراسییانە جوڵەی بەهێز لە خۆی نیشان بدات تاکو گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئازادیی و ماف و خزمەتگوزارییدا رووبدات و بەرجەستە بکرێت، ئاخر ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە وەهمی (دوێنێ)وە سەیری ئەمڕۆ و سبەینێ بکات، یان لە گۆشەیەکی پەڕاوێزەوە لە بەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بێت، بەڵکو دەبێت داینەمۆی جوڵەی سیاسیی و سەرمەشقی بزووتنەوەی مەدەنیانە بێت لە کوردستاندا.

فەیلەسووف و هزرمەندی فەڕەنسی (میشێل فوکۆ) دەڵێت (من راڤەی ئەوەم کردووە گۆڕان پەیوەندیی بە جوڵەی رامیارییەوە هەیە). بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێت و گۆڕان لەسەر بەرینترین ئاست و مەودا رووبدات دەبێت جەماوەری کورد لە پێشیانەوە پێشمەرگەی دێرین و دەستەبژێری رۆشنبیر و خوێندەوار جوڵەی سیاسیی لە خۆیان نیشان بدەن، ئیرادەیان هەبێت بۆ هەنگاوی نوێ و تێپەڕاندنی واقیع رووەو باشتر و چاکتر و ئازادتر. پێشمەرگەی دێرین نابێت دەست و پێ سپی بێت لە ئاست ئەو هەموو ناڕەواییەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، نابێت بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو رێژە زۆر و ترسناکەی گەندەڵی و رۆتین و بیرۆکراسییەت، ناکرێت خۆی غافڵ بکات لە بەرامبەر ئەو هەموو بەفیڕۆبردنەی سامانی وڵات و ئەو هەموو بەرپرسە فایلدارە و ئەو لەشکرە لە سیاسیی بازرگان بە خوێنی ئابووری وڵاتەوە. لە راستیدا کاتێک گەندەڵیی و نالێپرسراویی و نادادپەروەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەگاتە لوتکە و راددەیەکی سەرسوڕهێنەر و خەیاڵیی بەرئەنجامی ئەوە نییە دەستەڵات زۆر بەهێز و بە قودرەتە، بەڵکو بەشێکی هەرە سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە نەیارانی ناعەدالەتی و خەڵک خۆیان بێدەنگ و زۆریش لاوازن.

رۆمەن رۆڵان دەڵێت (من ئەمەم زۆر جاران وتووە خراپتر لە هەموو خراپەکان کە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت بێ دەستەڵاتی چاکەخوازانە نەک دەستەڵاتی خراپەکاران). ئەوەی ئەم دۆخەی لە کوردستان خوڵقاندووە بێ هێزیی و بێ دەستەڵاتی جەمسەر و باڵی چاکەکار و ریفۆرمخوازە، نەک ئەستووریی و بەهێزیی باڵی گەندەڵ و خراپەکار. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی کۆمەک بکات بە ئاقاری بەهێزکردنی رەوتی چاکساییخواز و مەدەنی و دیموکراتیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و هەماهەنگ بێت لەگەڵ کار و پڕۆژەکانیان، هەروا پێویستە چۆن لە خەباتی شاخدا پێشڕەو و سەرمەشقی جەماوەرێکی زۆری خەڵک بووە ئێستاش هەر بە هەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بدات و کار بکات تا پێشەنگی ئەو جەماوەرە بە مێگەلکراوە بێت تەنانەت زمانیان نییە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. دەکرێت بڵێم پێشمەرگەی دێرین دەبێت زمانحاڵی ئەو خەڵکانە بێت بەهەر هۆیەک بووە ناتوانن گوزارشت لە ئازار و نەهامەتییەکانیان بکەن، قاچی ئەوانە بێت لەبەر هەر رێگرییەک بووە ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ سەندنی مافەکانیان، دەستی هەموو ئەوانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک بووە ناتوانن لافیتەیەک بەرز بکەنەوە یان یەخەی حاکمان بگرن و رایانوەشێنن تاکو لە خەوی بێئاگایی لە بارودۆخەکە بێدارییان بکەنەوە.
پێشمەرگەی دێرین ئەگەر ئەرکێکی لەسەرشان بێت یان ئەگەر قەرارە لەم بارودۆخەدا رۆڵێک بگێڕێت پێویستە بەرهەڵستیی دەستەڵات بکات نەک بۆ ئەوەی بیڕوخێنێت بەڵکو بۆ ئەوەی چاکی بکات و بیهێنێتەوە سەر ئەو هێڵە راستەی دەبێت هەیبێت. پێشمەرگەی دێرین دەبێت واز لەو خەیاڵە بهێنێت هەر بەرهەڵستییکردن و بەرەنگارییەکی دەستەڵات کۆمەکە بە دوژمنانی کورد و سەرئەنجام ئەم حکومەتە (ساوا)یەی پێ لاواز دەبێت، بەڵکو پێویستە بەو شعورەوە کار بکات لازمە شۆڕشەکەی دوێنێی ماف و ئازادیی و ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات ئەگینا هەرگیز دەمی خۆی ناگرێت و وەدەنگ دێت لەسەر مافی بەشخوراوان، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لە ئاست تاڵییەکانی ژیانی هاووڵاتیان و بەرهەڵستیی دەکات لەبەرامبەر هەر چەوتی و نابەجێییەکی ورد و درشتی دەستەڵات. دەبوایە تاوەکو ئێستا چەندان رێپێوان و کەمپینی پێشمەرگەی دێرینمان بدیبایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستەڵات و حکومەت، کەچی بەداخەوە تاوەکو ئێستا بێدەنگن و جاروبار لێرەولەوێ لە سوچی لاپەڕەی رۆژنامەیەکدا سکاڵانامە یان نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسێک یان لایەنێکی بەرپرسیار دەنێرن و هیچی تر.

مایکڵ هاردت– ئەنتوان نیگیری دەڵێن (زۆر لە زاناکانی سیاسەت دەڵێن مەسەلەکە لەوەدا نییە بۆچی خەڵک بەرهەڵستیی دەکەن؟ بەڵکو لەوەدایە بۆچی بەرهەڵستیی ناکەن؟). ئاخر ئەگەر سبەینێ پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایی دەرببڕن، پرسیار ناکەین بۆچی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ چون هەموو دەزانین چەندە بێبەش و مافخوراون، چەندە دڵگرانن بەم بارودۆخە، بەڵکو هەنووکە پرسیار دەکەین ئاخۆ لەبەرچی و بۆچی پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و هیچ بەرهەڵستییەک ناکەن؟ ئەگەر هەر ئەمڕۆ چی پێشمەرگەی دێرین هەیە بەر دەرگای وەزارەت و فەرمانگەکان بگرن و خۆپیشاندان ساز بدەن، هەموو ئەوەمان لەلا ئاشکرایە وەزارەتەکان بە جۆرێک گەندەڵ و کەمتەرخەمن، تەنیا پێویستە لە دژیان رێپێوان سازبکرێت، بۆیە لامان سەیر نییە. بەڵام ئەگەر پێشمەرگەی دێرین و دواتر کۆی خەڵک ئەم کارەیان نەکرد، پرسیارەکە لەلامان دەوروژێت و دەپرسین ئاخۆ لەبەر کام هۆ و بەهانە بەرهەڵستیی ناکەن و تاکەی خۆیان دەخۆنەوە و بەرگە دەگرن؟. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی لە پەنا ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵکدا بوەستێت لە بەرامبەر دەستەڵات، هەروەک چۆن لەسەریەتی رچە و یەکەمین بێدەنگیی بشکێنێت و کەلەپچەی کەڕیی رابماڵێت. خەڵکی ئەم وڵاتە تەواو بێزار و بێ هیوابوون لە بەرپرس و دەستەڵات و پادشا نوێیەکان، تەنانەت گەنجەکان ئەم وڵاتە وەک (گەراج) یان فڕۆکەخانەیەک سەیر دەکەن تا لێوەی بڕۆن بۆ تاراوگە، ژیان زەحمەتییەکی قورسە و هەزار و یەک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی سەریان دەرهێناوە، هەموو چاوەڕێی فریادڕەس و دەستەڵاتێکی راستەقینەن، لەبەرئەوە پێشمەرگەی دێرین نابێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر بە ژیانی جەماوەری گەل و دەبێت لەگەڵیاندا کار بکات بۆ بەرقەرارکردنی دەستەڵاتێک کە رێز لە مافەکان و ئازادیی هاووڵاتییەکانی بگرێت.

(د.ناجی تکریتی) لە وتارێکیدا زۆر باش نوسیووێتی (خەڵکی لە قسەی رووت بێزار و نائومێدبوون، پێویستیان بە رزگارکەرێکە لەو مەینەتییە رزگاریان بکات، ئەمەش تەنیا هەر بە قسە و وادەی بێ کردەوە فریویان نەدات، لە چاوەڕوانیی سەرکردەیەکن قسە و کردەوەی وەک یەک بێ). پێویستە پێشمەرگەی دێرین هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بێت و لەگەڵیاندا بێت بۆ راستکردنەوەی دەستەڵاتداران و جێگیرکردنی سەرکردە و دەستەڵاتێک بەشێوەیەکی راستەقینە نوێنەرایەتیان بکات. بە کورتی رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی خۆی و خەڵک، گۆڕانێتی لە پێشمەرگە و سەربازەوە بۆ تاکێکی ئەکتیڤی مەدەنی و هەردەم لە بەرامبەر دەستەڵاتدا بوەستێت بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی خودی خۆی و هاووڵاتیان، دواجاریش بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی. رۆشنبیری عەرەب (حسێن دەروێش) دەنووسێت (لە مێژوودا چیرۆکی فەرماندەیەکی رۆمانی هەیە کە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێک دێتەوە و بە سەربەرزییەوە لە شەقامەکانی شارەکەیدا پیاسە دەکات، خەڵک لە دەوری جەم دەبن و هوتاف بە ناوی دەدەن و سەرکەوتنەکانی نەمر دەکەن. هەر هەمان مێژوو دەڵێت لە پشت ئەو فەرماندەیەوە سەربازێکی بازوو و مەچەک ئەستوور رێی دەکرد، ئەرکی ئەو سەربازە تەنیا پاراستنی فەرماندەکەی نەبوو لە ناپاکیی و پیلانگێڕیی، بەڵکو ئەوە بوو هەموو کات بە گوێی فەرماندەکەی بچرپاندبایە: لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت، لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت). ئەرکی پێشمەرگەی دێرینیش ئەوەیە هەمیشە بە گوێی دەستەڵات و سەرکردەکانی کورددا بچرپێنێت لە یادتان بێت، ئەو خەڵکەتان لە یاد بێت، بەڵێن و وادە و پەیمانە زلەکانی خۆتان لە یاد بێت.

پێشمەرگەى دێرین و نائومێدیى و نامۆبوون

نائومێدیی و نامۆبوون بەشێکی جیانەکراوەى دەروونى مرۆڤە، لەگەڵ مرۆڤدا نامۆبوون گەشەى کردووە و بە بەردەوامى وەک سێبەرێک لە تەکییەوە رۆشتووە. لە رووى شیکردنەوەى دەروونییەوە زاناکان و قوتابخانەکانى دەروونشیکاریى کۆکن لەسەر ئەوەى نامۆبوون لە قووڵایى ناخى هەموو مرۆڤێکدا چێنراوە و هیچ مرۆڤێک نییە لە ژیانیدا تووشى شۆک و نائومێدیی نەبێت. هەرچەندە رێژە و ئاستى ئەم نامۆبوونە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت بە هەمان شێوە هۆکارەکان رۆڵێکى ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە زیاتر نامۆکردنى مرۆڤدا. پێشمەرگەى دێرین ئالی و سوپەرمان نەبووە و نییە بەڵکو مرۆڤێکى تەواو ئاساییە و بەدەر نییە لەگرێ و ئاڵۆزییە دەروونییە هاوبەشەکانى مرۆڤ، ئەویش وەک هەموو کەسانى تر ژیانى دابەشبووە بەسەر لەحزەى گەشبینى و کامەرانى و لەحزەى نائومێدیی و نامۆبوون. رەنگە لەبەر چەند هۆکارێکى تایبەت و دیاریکراو پێشمەرگەى دێرین زیاتر تووشى نائومێدیى و تەنانەت تێکشکان ببێتەوە. گرنگترین فاکتۆر لەم راستایەدا بریتییە لە وردوخاشکردن و بەسەرابکردنى خەونەکانى، ئەو خەونانەى لە قۆناغى خەباتى شاخدا هەزارەها جار بەڵێنى بەدیهاتنیان پێدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بارودۆخە نەخواستراوترە پڕ گەندەڵیى و نادادپەروەرییەى دواى راپەرین یەکێکى تربووە لە فاکتۆرە هەرە بەهێزەکانى نامۆبوون ئەمە نەک هەر بۆ پێشمەرگەى دێرین بەڵکو بۆسەرجەم هاووڵاتیانى کورد. هەنووکە دەبینین وەهمەکانى نەتەوایەتى و سۆسیالیزم و مافى چارەى خۆنووسین تەبەخوریان کرد و وەک هەڵم بە ئاسمانى بێدەنگیدا چوون.
ئەوەتا کوردستان دواى هەڵەبجە و ئەنفال و کارەساتە سامناکەکانى لەسەر دەستى بیرۆکەى پانعەرەبیزم جارێکى تر دەلکێنرێتەوە بە عێراقى بێ هیوایى و نەهامەتییەوە. نەتەوایەتى و کوردایەتى بووە بە کۆمپانیا و دوکانداریی و کاڵایەکى بە نرخ و گرانبەهاى بازاڕی سەفقات، هەنووکە بەرهەمهێنەرانى دوێنێی گووتارى نەتەوایەتى بازرگانى هەرە گەورەى ئەمڕۆی وڵات و بزنسمان و خاوەن کۆمپانیاى زەبەلاح و سەروەت و سامانى خەیاڵیی و نەبڕاوەن،. دروشمەکانى وەک مافى مرۆڤ و مافى چارەنووس و ئازادیى بیروباوەڕ و دیموکراسى لە بازاڕى کوردیدا ئێکسپایەر بوون و فڕێدراونەتە تەنەکە خۆڵەکانى شارەوانییەوە. سۆسیالیزم و (وتە زێڕینەکانى) ماوتسى تۆنگ و کولتوورى چێ گیڤارا وەک بەرگێکى کۆن و دڕاو لەبەری حزبەکان داکەنرا. درێژترین رووبارى خوێنى پێشمەرگە و شەهیدان تێکەڵ بە مەى و شامپانیا و کۆنیاکى بەرپرسە چاوشۆڕەکان بووە و بۆیان بۆتە جۆگەى کەوسەر و شەرابى فیردەوس. هەنسک و حەسرەتى هەژاران و ماڵوێرانانى رێگاى رزگاریى بۆتە خۆشترین نوکتە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو ئەو بەرپرسە نمەک بە حەرامانەى تا دوێنێ لە شاخ تەنیا بە دۆى مەشکەى گوند تینووێتیان دەشکا. ئیتر مرۆڤى کورد چۆن تووشى نامۆبوون نابێت؟. ئەى پێشمەرگەى دێرین چۆن لە هەموومان زێدەتر و زەقتر بەم دەردە بیمار نابێت و تاکو سەر مۆخ هەست بە ئازار و ئێش ناکات؟.

نووسەرى ناسراوى عەرەب (حسێن دەروێش) لە یەکێک لە ژمارەکانى رۆژنامەى (البیان)دا باس لەو نامۆبوونە دەکات لاى نەوەى شۆڕشگێرى عەرەبى و دەنووسێت (ئەو نەوەیەى کە نەوەى نیوەى یەکەمى سەدەى پێشوو بوون بە وەهمى نەتەوایەتى و نیشتمانى گەورەى نەمرەوە ژیان، لە دواى ئەو وەهمانەشەوە وەهمى سەروەتیشى هاتە سەر، هەر ئەم نەوەیە ئێستا بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان بەسەرهات و لە کۆتایدا گەیشتۆتە چ رۆژێکى کوشندە ئەمڕۆکە دەیبینین). پێشمەرگەى دێرین وەک نەوەى نیوەى دووەمى سەدەى رابردوو (سەدەى بیست) دواى بێ هۆشکردنى بە تلیاک و وەهمى نیشتمانپەروەریی و کوردستانێکى سەربەخۆ و پڕاوپڕ لە ئازادیى و ماف، ئەمڕۆ دەبینێت خەونەکانى یەک لە دواى یەک هەرەس دەهێنن و ئەو جادووەى لە شاخ لێیکراوە یەک بە یەک پووچەڵ دەبنەوە و ماهییەت و سروشتى راستەقینەیان بەدەر دەکەوێت. ئەمڕۆکە بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان لێ بەسەر هاتووە و رۆژگارى کورد گەیشتووەبە چ چارە رەشییەک!، ماف و ئازادیى گەورەترین و تاڵترین درۆ بوو لەگەڵیدا کراوە. دواى ئەم هەموو بەتاڵکردنەوە و لە باربردنەى خەون و ئاواتەکانى دوێنێى، پێشمەرگەى دێرین هیچ رێگایەکى ترى لەبەردەم نییە یان بەرپەرچدانەوە یان خۆخواردنەوە و ئازارى ویژدان و نامۆبوون. دەبینین تا ئەمڕۆ پێشمەرگەى دێرین رێگاچارەى دووەمى هەڵبژاردووە، رێگەچارەى خۆخواردنەوە و ئازارى رۆح و ویژدان.

پێشمەرگەى دێرین ئەوێ رۆژێ لە خەباتى سەخت و دژوارى قۆناغى شاخدا، خەونى بە وڵاتێکەوە دەبینى هاووڵاتیان لە ئەرک و ماف و ئازادییەکاندا یەکسان بن، رێز لە مرۆڤبوون بگیرێت پێش هەر شتێک، بە چەکى شۆڕش و نەبەردیى و هەڵمەتى سەربازییانە چاوى لە پاشەڕۆژێکى رووناک و ئارام و ئاسایى بڕیبوو. هەموو ناڕەحەتییەکانى شاخ و هەوراز و نشێوەکانى رێگاى هەوڵ و خەباتى قبوڵ بوو تاسبەینێ دادپەروەریى چێ بێت و یاسا سەروەر بێت و مافى هەموو کەسێک پارێزراوبێت، نەک وەک ئەمڕۆ پارە دەسەڵاتدار بێت، ئاخر کاتێک پارە دەبێتە خودا، مرۆڤ دەبێتە بەندەى پارە و دەبێت وەک کۆیلەیەک پارە بپەرستێت، ئیتر ئەمەش سەرەتاى هەموو خراپەکارییەکانە. برتۆڵد برێخت، دەڵێت: (لە کۆمەڵگەیەک پارە تیایدا فەرمانڕەوایە و بەدەستهێنانى پارە جگە لە رێى ناپەسەندەوە مەیسەر نییە، چاکەکاریى دەبێتە درۆ). پێشمەرگەى دێرینیش چاوى هەیە و ئەوە دەبینێ (سەربەستى رابەرایەتى گەل ناکات) بەڵکو پارە تاکە والی و فەرمانڕەوایە، ئەو بیروباوەڕ و پرنسیپانەشى لە شاخ دیعایەیان بۆ دەکرا تووڕ دراونەتە زبڵدانى مێژووەوە و بە کلاسیک هەژمار دەکرێن، ئیتر بڕواى بە هیچ چاکەکارییەکى حزب و سەرکردایەتییەکەى نامێنێت، ئاسانیش نییە دواى ئەو هەموو ناڕەحەتى و قوربانیدانە بە ژیانى خۆ هەروا بە بڕیارێک دەستبەردارى حزبەکەی ببێت، ئاخر ئەمە قورسترین بڕیارە و سەرسەختترین دەروونى گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێت بە دەستى خۆى کۆرپە یان کوڕە جگەرگۆشەکەى زیندەبەچاڵ بکات! لەگەڵ ئەوەشدا پێى شادمان بێت. سەختییەکە لێرەدایە پێشمەرگەى دێرین لەنێوان دوڕیان و دوو رێگادا تووشى شۆک و ئازار بووە:
یەکەم: دەستبەردان لە حزب و کاروانى دوورودرێژى خەبات، ئەمەش کارێکى ئەستەم و پڕ لە ناڕەحەتییە و چۆڵکردنی مەیدانیشە بۆ گەندەڵکاران.

دووەم: قبوڵکردنى ناعەدالەتی و ئەو قەیرانە خنکێنەر و کوشندەیەى کۆمەڵگەى کوردى تیایدا دەژى لەگەڵ چاوپۆشین و دیزە بەدەرخۆنەکردنى دزى و گەندەڵیى دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ نەبوونى ئازادیى و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان و بێ مافییەکانى جەماوەرى خەڵک.
ئەمەشیان دوورە لە سروشتى راستەقینە و واقیعی پێشمەرگەى دێرینەوە، چوونکە ئەو کەسێک بووە لە سەردەمى پێشووتر قبوڵى ئەمانەى نەکردووە بۆیە شاخ و خەباتى هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر ئێستا پێى رازى و قایل بێت کەواتە خەبات و بەرخودانى چەندان ساڵى لەسەر چیاکان چ مانایەک دەبەخشێت؟ سەروەرییەکانى دوێنێ قابیلى ئەوەن بە هەڵەکانى ئەمڕۆ لەناوچن وەک ئەوەى بەرپرسەکان کردیان. بارودۆخى کوردستان لە کەنارى هەڵدێر و رۆخى تیاچوونە، چوونکە مرۆڤى کورد لە هەموو روویەکەوە تێکدەشکێنرێت و هەناسەى سافى دوکەڵاویى دەکرێت، هەژاریى وەک پەتایەکى کوشندە پەرە دەسێنێت، ژمارەى هەژاران و بێدەرامەتان لە ئاستێکى ئاسایى دەرچووە، لەولاوە چەندان کەس و بەرپرس بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر دەبنە سەرمایەدار و ملیۆنێر بەبێ ئەوەى کەسێک هەبێت پرسیاریان لێبکات ئەمەیان بە چى؟. د.ناجى تکریتی، لە وتارێکدا بە ناوى (نامەیەک بۆ کاربەدەستى وڵات) دەنووسێت (دەبێت هەمیشە ئەوە بزانیت هەرچەندە ژمارەى ملیۆنێران زۆرتربێت ژمارەى هەژاران و نەداران دوو هێندە دەبێتەوە). پێویستە کاربەدەستانى وڵات بزانن هەژارانى ئەم نیشتمانە خەمناکە سەد بەرابەر و هەزار بەرابەرى ئەو ملیۆنێرە بێ بەزەییانە دەبن کە بەوێنەى گروپەکانى مافیا دەستیان بەسەر بازاڕ و ئابوورى و بژێویی هەژاراندا گرتووە. خەڵک لەم نادادپەروەریى و جیاوازییە قووڵە چیناییەتیە بێزار و رق ئەستوورە بە قەدەر ئەوەش تووشى نائومێدیی و بێ هیوایی و رەشبینى بووە، پێشمەرگەى دێرین بە پلەیەکى زیاتر لە خەڵکانى تر دووچارى ئەم حاڵەتە بووە، چون ئەو لە سەرێکەوە خۆى بە تاوانبار دەزانێت کە ئەمە بەرهەمى خەباتەکەیەتی، لە سەرێکى ترەوە ناڕازی و بێزارە چوونکە خوازیارى ئەم رۆژە نەبووە و هیچ کات لە نیازیدا نەبووە بۆ کوردستانى گەندەڵیى و راوڕووت خەبات بکات، ئەگەرنا نەیدەکرد.
پێشمەرگەى دێرین دەیویست مرۆڤى کورد کوردستان لە ئەولەویەتى کاردا بنیات بنرێتەوە، ئەوى رژێمى بەعس سووتاندى سەوز بکرێتەوە، ئەوى داگیرکەرانى کوردستان کاولیان کرد بە رازاوەترین شێوە دروست بکرێتەوە، ئەوى بەعس تاریک و لێڵى کرد لەسەر دەستى کورد سپى و روون بکرێتەوە. هەروەک (حسێن دەروێش) دەڵێت (بەر لەوەى بیر لە بنیاتنانەوەى نیشتمان بکەینەوە پێویستە بیر لە بنیاتنانى مرۆڤەکان بکەینەوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت بنیاتنەر بێت ئەگەر بێتو ئازاد نەبێت، ئازادیش وشەیەکى ترسناکە لە نیشتمانێکدا کە کراوە بە زیندانێکى گەورە). پێشمەرگەى دێرین کارى بۆ ئەوە کردووە وڵات نەبێتە ئەو زیندانە گەورەى حسێن دەروێش باسى دەکات، بۆیە هەموو ناڕەحەتى و تاڵییەکانى دوێنێی لا شیرین بووە، بۆیە نوستن لەسەر تاشە بەردى شاخى بەلاوە دۆشەکى لۆکە و حەریر بووە، بۆیە چەکى سەرشانى لەهەموو شت لا پیرۆزتر بووە. ساتێک ئێستا دەبینێت ئاوەدانکردنەوەى چى؟ بنیاتنانەوەى چى؟ خەباتى چى؟ کورد و کوردستانى چى؟ کولتوورى بەرگریى چى؟ نەتەوایەتى و گەلی چى؟ مرۆڤ و مافەکانى چى؟ چى و چى… هەر هەمووى بوون بە درۆیەکى گەورە و جێگەى گاڵتە و شۆخى پێکردن، ئیدى وەرە مرۆڤێک بەو هەموو دەرد و ئازارەى زۆرەى شاخەوە بتوانێ بەرگەى ئەمە بگرێت!. لەبەرئەوە پێشمەرگەى دێرین ناتوانێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە بسازێت، چوونکە رۆحە سەرکەشەکەى رێى پێنادات، مادام وایە نائومێدیى و نامۆبوون لە هەموو لایەکەوە قانگى دەدات و داگیرى دەکات. بۆ نەگبەتى ئەو کۆمەڵگەیەشى پێشمەرگەى دێرینى تیا دەژى تووشى هەمان شۆک و پەتا هاتووە ئیدى چۆن دەتوانێت بارى سەرشانى سوک بکات و موراعاتى بکات، کۆڵن وڵسن وتەنى (ئەگەر ژیارێک رۆحى نەخۆش بێت تاک بە هەمان نەخۆشییەوە دەتلێتەوە).

کە کۆمەڵگەى کوردى خۆى نەخۆش بێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتى سیاسیى یەکەم کەس بێت بەم ڤایرۆسە تووش بووبێت، چۆن خەڵک بە گشتیی و پێشمەرگەى دێرین بە تایبەتى دووچارى نەخۆشى و گرێى دەروونى نابن؟ بۆ پێشمەرگە حاڵەتەکە زۆر جیاوازتر و قورستریشە، چوونکە ئەو لە هەموو کەس زیاتر خۆى بە خاوەنى ئەم خاک و وڵاتە دەزانێت. هەر لەبەرئەوەش ئازار و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین لەوانیتر زیاترە و هەستێکى قووڵ و مەزنترى لە خەڵکە ئاساییەکە هەیە، ئەو دوێنێ بە گیانى خۆیشى ئامادەبوو داکۆکى لە وڵاتەکەى بکات ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت دیل و ملکەچ بێت؟ پێشمەرگەى دێرین وەک مرۆڤى مەزن، بە پێچەوانەى پیاوە گرگنە دەربارییەکان خەمى لە هەموو کەس زیاترە، ئازارى لە من و تۆ بەسوێترە و ویژدانى زووتر دەڕوشێت و بریندار دەبێت. شاتوبریان، دەڵێت (سەرت سووڕ نەمێنێت لە ژیاندا ئەرک و ئازارمان لە کەسانى دیکە زۆرترە، چوونکە کەسانى مەزن و بەهرەدار ئێش و ئازارى لە کەسانى بێ جورم و بچووک زۆرترە). لاى منیش سەیرو جێی واق وڕمان نییە وەختێک دەبینم زمانى پێشمەرگە پڕ گلەییترین زمانە و ویژدانى پڕ ناسۆرترین ویژدانە و رۆحى بریندارترین رۆحە و جەستەى شەکەتترین جەستەیە. بێزاریى و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین تەنانەت تا ئەو سنوورە رۆشتووە لە بەرامبەر ژیاندا تەواو دڕدۆنگن و ئیرەیى بە مەرگ و گۆڕ دەبەن، بۆ خۆم لە کەسێکى زۆر نزیکم کە ساڵانێکى زۆر پێشمەرگە بووە بیستووە: وتوویەتى حەزم دەکرد لەگەڵ فڵان کەس لە فڵانە داستان شەهید بوومایە و ئەم رۆژە رەشە و ئەو شکست و هەرەسە گەورەیەى بیروباوەڕ و حزبەکەم نەدیبا. واتە هەرەسى پەشیمانبوونەوە لە بەڵێن و وادە و خەونەکانى قۆناغى شاخ.
تەنانەت هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى وەک (لامارتین) بڵێن (گیانم خەمناکە وەک مردن، ئیرەیى بە گڵکۆ دەبەم، ئاى بۆ ئەو خەوە قووڵە درێژە). زۆر جار لە بەرپرسە باڵادەستەکانى دەبیستم دەڵێن پێشمەرگەى دێرین بۆ ناراِزییە؟ ئەوە نییە زەویمان پێداون و مووچەى خانەنشینیان هەیە!!. بێگومان هەیە لەسەر جۆرى رێژەى بەهرەمەندبوون لەم ئیمتیازاتانە ناڕازییە، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە پێشمەرگەى دێرین تەنیا شینى خۆى ناکات، ئەو دەیەوێ هەموو خەڵکى سوودمەند بن، ئەوى بۆ خۆى هەڵدەبژێرێت بۆ سەرجەم هاووڵاتیانى گەلەکەى هەڵدەبژێرێ. سارتەر وتى (ئەوى بۆ خۆمى هەڵدەبژێرم واتە بۆ گشت مرۆڤى هەڵدەبژێرم). پێشمەرگەى دێرین بە هەستێکى سارتەرییانەوە داوا دەکات و هیچ شتێکی تەنیا بۆ خۆى نییە. پێشمەرگەى دێرین هەرگیز نایەوێت خۆى پۆشتە و پەرداخ و خەڵک رووت و رەجاڵ بێت، ئەو گەرەکییەتى یەکسانى بە بێ من و تۆ و هیچ پێودانگێکی تر بەرجەستە بکرێت. (س- ش) و (ل- ع) وەک یەک بن لە تەرازووى یاسا و ئەرک و مافەکاندا. خەون و خەباتى پێشمەرگەى دێرین بۆ وەرگرتنى پارچەیەک زەوى نەبووە، ئەو کە چیاو دۆڵ و خەرەند و تاڤگە و جۆگە و ئەشکەوت و رەز و باخ و کانى و زنەى ئەم وڵاتە بە موڵکى خۆى دەزانێت چ پێویستى بەو پاداشتە هەیە تاپۆیەکى رزیوى بدەنە دەست و بڵێن فەرموو ئەو پارچە زەوییە لە برى هەموو خەباتەکەت. پێشمەرگەى دێرین خۆى بە (مۆسۆلینى) نازانێت تا بڵێت (ئەوەى پۆڵاى هەیە نانى هەیە)!. ئەو دەیەوێ پۆڵادار و بێ پۆڵا، چەکدار و بێ چەک هەموو نان و ئازادییان بەر لە هەر شتێک هەبێت و هەلی ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێت و کامەرانى و شادییان بۆ مسۆگەر بکرێت. بەڵام لە واقیعى حاڵدا نە پێشمەرگەى دێرین و نە خەڵک بە گشتیى سوودمەند نەبوون، لەوە پتریش بوونەتە هەوێن و سووتەمەنى رێگاى دەسەڵاتدارانى کورد بۆ مانەوەیان لەسەر کورسى فەرمانڕەوایى.
مرۆڤ لە نێوان یاخیبوون و نائومێدییدا یەکێکیانی بۆ دەمێنێتەوە، لە واقیعى گۆڕاوى دنیاى نوێدا یاخیبوون قورس و ناڕەحتترە بۆیە نائومێدیى بە ئاسانى یەخەى خەڵک دەگرێت، خەستترین نائومێدیی و نامۆبوونێکیش دەبێتە میوانى دڵى پێشمەرگەى دێرین. لە خۆڕا نییە دەبینین هەندێکیان بەرگە ناگرن و بەبێ هیوایەوە رێگاى تاراوگە دەگرنەبەر یان بەشێکى هەرە زۆریان بەهۆى ئەلکهول و مەى خواردنەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و هەوڵى خۆ قووتارکردن دەدەن لە دەست ئەو واقیعە تفت و تاڵ و نائومێدکەرە، بگرە هەندێکیان ماددەى سڕکەر و بێهۆشکەر و ئارامبەخش بەکاردەهێنن بۆ راگرتنى هاوسەنگى خۆیان تاکو ئەوە هیچ نەبێ لە ئاکامدا شێت نەبن. ولیەم فاش دەڵێت (ئەو کەسەى خەمى هەیە شەرابیشى هەیە). فاش دەڵێَى ئەم قسەیەم تەنیا بۆ پێشمەرگە دێرینەکانى کورد کردووە، چونکە پێشمەرگەى دێرین زۆربەیان هیچیان نییە جگە لە غەم و شەراب.
بەهەرحاڵ دواى راپەڕین لەبرى ئەوەى پێشمەرگەى دێرین قەرەبووى رۆژانى ناهەموارى بۆ بکرێتەوە، لە جیاتى ئەوەى خەونەکانى بکرێتە واقیع و ئاوات و ئومێدەکانى بەدیبهێنرێت کەچى هەنووکە فەرامۆشکراوە و تووشى نائومێدیی و بێ هیوایى کراوە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کۆڵبدات، رەنگبێ وازهێنان و بەرەڵڵاکردنى جڵەوى ئەسپەشێى دەسەڵات کارەساتى لەوە زیاتر بنێتەوە، حەقوایە پێشمەرگەى دێرین جووڵە لە خۆى نیشان بدات، راستە تووشى شکست بووە، بەڵام شکست بە ماناى کۆڵدان نایەت، هەمەنگوای، دەڵێت (رەنگە مرۆڤ تێکبشکێت، بەڵام هەرگیز کۆڵنادات). ئێمە چاوەڕوانییمان هەیە لە پێشمەرگەى دێرین هەرچەندە دەزانین لە ناخى هەریەکێکیاندا گریانێکى بە کوڵ هەیە و لە رووخسارى کاتى پێکەنینیاندا فرمێسکێک خۆى حەشارداوە، رەنگە هەر بەو جۆرە بێت (نازم حیکمەت) لەم چەند دێڕە شیعرەدا وەسفى دەکات:
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ بگرى و ناخى دڵى پێى نەزانێ
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ شەرم داینەگرێت و
وەکو لێزمەى باران بگرى
وا راهاتووى، وەکو پەیکەرێکى بەردین دائەنیشى و
ناخت ئەگری و رووخساریشت پێئەکەنێ
ئاى کوڕم چەند گرانە
گەیشتن بەو قۆناغە گریانەى وەکو
گریانى قووڵى دایکانە

پێشمەرگەی دێرین لە جەنگاوەرەوە بۆ خانەنشین

هیگڵ راستی کرد وەختێک وتی هەریەک لە ئێمە تەنێ کوڕی سەردەمەکەی خۆمانین و لەوە بترازێت ناتوانین کوڕی دوو سەردەمی لێک جودا بین، هەرچەندە کەسانێک هەبوون ویستوویانە کوڕی زۆرێک لە سەردەمەکان بن، بەڵام بۆیان نەچووەتە سەر، دروست بە پێچەوانەوە بوونەتە گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت لە ویست و خەونەکانی ئەو تێبگات، نەوەیەک سەرلەبەری رابردوو بە هەڵگرانی گووتار و دروشمەکانییەوە رەت دەکاتەوە و دەیەوێت بیانخاتە پەڕاوێزەوە. پێشمەرگە ئەگەر لە قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی و خەباتی دژواری ژێردەستەییدا مۆمی گەشی ئومێد بووبێت ئێستا کە قۆناغی پاش شۆڕش و چنینەوەی دەستکەوتەکانی قوربانیدانی پێشانە، رۆڵی بەسەرچووە وەک قارەمان یان وەک ئەو کەسێتییە بە هەیبەتەی لە ئەندێشەی نەوەی پێش ئازادیی وێنەی بۆ کێشرابوو، لە زۆر بۆنە و جێگەی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە سەردەمی بزۆز و پڕ لە ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندووی دوای توانەوەی بەستەڵەکی جەنگی سارد سەردەمێکە ئاوس نییە بە قارەمان و کاریزمای رۆحیی بەڵکو کۆمەڵگەی تەکنۆلۆژیی هاوچەرخ هەموو چەمکەکانی شۆڕش و سەرکردەی کاریزمیی و قارەمانی رادەستی مۆزەخانە کردووە و کردوونی بە کەلەپوور.
تەواوبوونی سەردەمی پێشمەرگە بە مانای ئەوە دێت رۆڵی کلاسیکی پێشمەرگە کە مەیدانەکەی جەنگی پارتیزانیی و نەبەردیی سەربازیی بوو کۆتایی پێهاتووە، چوونکە بارودۆخی ئەو قۆناغەی جەنگ و خەباتی شاخە و شاخی فەرز کردبوو ئەویش کۆتایی پێهاتووە و مێژوو دەرگای لەسەر قۆناغێکی تر خستۆتە سەر پشت کە قۆناغی دەستەڵاتی خۆماڵییە، بەڵام هێشتا پێشمەرگە دەتوانێت بە مۆدیلێکی تازە و هاوچەرخ کار بکات، کارکردنێک تەبا بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم و وێنەدانەوەی هەلومەرجی بابەتی و هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ بێت. سەرەکیترین پرسیار لێرەدا قووت ببێتەوە پرسیاری شێوازی نوێی کارکردنی ئەو ژمارە کەسەیە لەژێر ناونیشانی پێشمەرگەی دێریندا دەیانناسینەوە، وا دەردەکەوێت هەموو بەوە قایل کرابین ئەو دەستە خەڵکە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و بە مووچەی خانەنشینی رێزیان لێبنرێت، کەچی لەبنەڕەتدا بەشی دووەمی کاری پێشمەرگە بە کۆتا نەهاتووە، ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگەیە وێڕای ئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر نییە، لە رووی ئابووری و ژیانی تاکەتاکی هاووڵاتییەکانیشییەوە کۆمەڵگەیەکی رەفاه و خۆشگوزەران و کەم کێشەیە.
مەهامی یەکەم هەر لەگەڵ یەکەم بڵێسەی راپەڕینەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 دا دەستەبەر بوو، هەرچی دووەم ئامانجیشە بە درێژایی شانزە ساڵی رەبەقی دەستەڵاتی کوردیی و پانزە ساڵی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک بەدینەهاتووە بگرە بە بەراوورد بە رابردوو لە پاشەکشەدایە یان لە شوێنی خۆی فەڕتەناش لێدەدات و ناڕواتە پێشەوە بەو ئاقارەی شۆڕش لە شاخ بیری لێدەکردەوە یان بە زمانێکی تر بەو فۆرمەی خەڵکیان لێ تێگەیاندبوو. ئەم بار و زرووفەی هەیە پێویستی ئەکتیڤبوونی سەرجەم مرۆڤی کورد دەکاتە پێویستییەکی ژیانی، لە نێوانیاندا پێشمەرگەی دێرین بێ رۆڵ نییە و دەتوانێت جێگە پەنجەی بدات لەسەر بارودۆخەکە یان بە دیوێکی تردا لەتوانایدا هەیە نەخشی هەبێت لە باشترکردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە کە نەوەی دوای راپەڕین یان نەوەی قۆناغی ئازادیی نائومێد کردووە بە جۆرێک گومان لە رابردوو بکات، گومان لە رەنج و قوربانیدانی هەزاران کەس بکات کە هەموو خەون و زەحمەتێکیان بۆ هێنانەدی کوردستانێکی ئازاد و دوور لە ژێردەستیی بووە.
ئەرکی پێشمەرگەی دێرینە خەباتەکەی بگۆڕێت بۆ خەباتێکی مەدەنی ئاشتیخوازانەی هاوچەرخ تا وەک گروپی فشار و بەشێک لە بزووتنەوەکانی کۆمەڵی مەدەنی قورسایی هەبێت لەسەر ئاڕاستەی کار و هەنگاوەکانی حکومەت و لە بەرژەوەندیی گشتیی داکۆکیان لێبکات، ئەگەر قۆناغی پێشمەرگایەتی ماتریاڵەکانی خەبات بریتی بووبن لە چەک و تەقەمەنی و بارووت و سەنگەر و حەماسەت و ورە بەرزیی، ماتریاڵەکانی ئەم خەباتەی بریتین لە پێنووس و رۆژنامە و رێپێوان و نمایش و میتینگی جەماوەریی و ورووژاندنی رای گشتیی و واژۆ کۆکردنەوە و میکانیزمەکانی تری کاری مەدەنی کە هەنووکە لە دنیای شارستانی و پێشکەوتوودا بەکاردەهێنرێت وەک چەکێکی کارا و بەهێز. پێشمەرگەی دێرین نابێت وەک خانەنشین لە خۆی بڕوانێت هەروەک چۆن پێویستە واز لەو خولیا و بیرە ژەنگاوییە بێنێت کە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانە، دەبێت وەک کەسێک لە دێریندا چۆن بە هەڵبژاردنی رێی پێشمەرگایەتی هەڵوێستی هەبووە و بە گوڕ و تینەوە کاری بۆ دۆزێک کردووە بە هەمان حەماس و گەرم و گوڕییەوە بەشدار بێت لە نەخشاندنی کۆمەڵگەیەک ئازادیی بنەماکانی بێت و بەرز راگرتنی ژیانی مرۆڤەکانیش ئامانجی بێت.
ئەم قۆناغ و هەلومەرجە ئەم کارە لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت نەک سەرقاڵییەکانی بە خوێندنەوەی حکایەتەکانی دوێنێ کە هیچ مانایەکیان بۆ ئەمڕۆ تێدا نەماوە، نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگەی دێرین خانەنشینکردنی هەڵوێست و چالاکیش بگرێتەوە نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگە مانای خستنە لاوە و پەڕاوێزخستن بگرێتە خۆی بەڵکو تەنێ وەک رێز و داهاتێک تەماشای بکرێت کە بۆ ژیانی وی پێویستە. لەم کاتەدا چیرۆکێکم بیر دەکەوێتەوە، داپیرەم هەرچەندە زۆر پیر ببوو زوو زوو پێی دەوتین ئەگەر تەواویش لە پەل و پۆ بکەوم هێشتا هەر متمانەم بە خۆمە هەندێک کاری خۆم راپەڕێنم، هەر هیچ نەبێت تاقمی ددانەکانم پێ دەشۆردرێت! ئیدی بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەیووت پیریی و هەزار عەیب، بەخوا دە سەعات بە پێ رۆشتووم و دواییش دوو چین هەڵپەڕیووم!!. جا ئەگەر پێشمەرگەی دێرین وزەی جارانیشی نەمابێت و نەتوانێت بەهەمان گوڕ و تینەوە کاربکات، بەڵام هەر چاوەڕێی جوڵە و هەڵوێستی لێدەکرێت ئەگەرچی ئەو جوڵە و کارە وەک ئەوەی دایە گەورەی من بچووکیش بێت.

*ئەم توێژینەوە بە پێنج بەش لە رۆژنامەی “مادێنە” لە کۆتایی 2006 و سەرەتای 2007 بڵاوکراوەتەوە




دڵتەنگیی وەک بیانوویێک بۆ گریان!.. نوری بێخاڵی

وا باشترە خەیاڵت ببەمەوە سەر چیڕۆکی برینێک
تا لە دۆخی شکست نا، لە دڵشکان تێبگەیت
بتبەمەوە لای ئاوازی گۆرانیێک،
کە خوێنی برینێکی سەرنەکردووی لەبەر دەڕوات،
گۆرانیی:
“ئەی دڵ خەتا تاکوو کەی، مایل بە خەتاکاریی
دوێنێ کە دەمێکم بوو، ئەمڕۆ نەدەمێکم بوو”

ئیتر ئاوا،
ململانێ لەگەڵ دڵی خۆت، دژوار و بە ژانە
مەیدە کەللەڕەقیی لەگەڵیدا
شتێکی دڵخۆشکەرە کەسێک لەناو دڵت بێت و
کەس نەزانێت،
نەک هەر ئەوەی نەزانن کەسێک لەوێیە،
ئەوەیش درک بەو ژانە نەکەن کە بە هۆی غەمگینیی ئەو کەسەوە دەتخواتەوە!

‏‎غەمگینیی ئەوەی خۆشت دەوێت، وەک شەقیقە وایە،
گێژت دەکات
وەک برینێک، کە شەکرە نەهێڵێ وشک بێتەوە،
هەمیشە تەڕە
وەک شێرپەنجە، کە ترسی ژیانەوەی خانەکانی هەبێت،
بڕینەوەیشی ئارامت ناکاتەوە!

ئەرێ،
بەرگەی ئێشی خۆت و دڵشکانەکانت دەگریت،
وەلێ دەرەقەتی ناڵە و نرکەی ئەو نایەیت
ئاسان نییە، بەڵام ڕۆژێک دێ و تێدەگەیت
غەمگینیی خۆت نا، دڵتەنگیی ئەو،
زیاتر ئازارت دەدات
پتر ماندووت دەکات و
زۆرتر تۆ دەگریێنێت، تا ئەو!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، کە لە دۆخی ئاوادا
دەتوانی دەست لە خۆت بشۆیت،
واز لە هەموو خەونێکت بێنیت
خەیاڵت لای برینەکانی خۆت نەبێت
خەم لە دڵشکانەکانت نەخۆیت و
بیرت هەر لای ئەو بێت
بیرت لای ئەوە بێت، چۆن دڵی بدەیتەوە
ئارامی بکەیتەوە
بیخەیتەوە سەر ڕیتمی پێکەنین
خۆشیی تێدا بڕوێنیت و
بەختەوەریی تیادا ئاو بدەیت!

ڕۆژێک دێت تێدەگەیت چۆن خۆتت فریو دا و نەتزانی
ڕاستیی لەناو زۆر شت دایە، کە وەک گاڵتە دەرتدەبڕین
تێدەگەیت زۆرترینی ڕاستیی لەناو قۆشمەیی و
جار جارەش لە هەوڵی تەریق نەبوونەوەدا بوو
ئەها ئەوەی دەتگوت:
ببەخشە، گاڵتەم کرد!
نا، ئاساییە، نیگەران مەبە!

ئەو ڕۆژە دێت و پەنجەی خۆت دەگەزیت،
کە خۆشباوەڕانە لەبیری خۆتت بردەوە:
“هیچ نییە، ئەوەش تێدەپەڕێت”، سەرچاوەی زۆرترین ئازارە
دوای “سوپاس، هەموو شتێک باشە”،
چەند پێویستیت بە دەستێکە
“من باشم”، لە پشتی زۆرترین خودئەشکەنجەدانەوەیە
وەک چۆن زۆرترین تووڕەییش،
لەناو گەرووی “ئاساییە، چۆنت پێ باشە با وا بێت، بە دڵی خۆت”، قوت دەدرێتەوە و
لەناو تەندووری “بێدەنگیی”دا دەکرێتە قەرەبرووت!

هەموو ئەمانە دەکەیت تا دڵی خۆت نا،
دڵی ئەو نەشکێ
غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگی ئەو کاڵ بکەیتەوە!

هەموو کەس هەر وا ئاسان لەو ڕازە تێ ناگەن و
نۆتە پەرشەکانی ئەم گۆرانییە غەمگینەیان بۆ ناچنەوە سەر پەیژەی ئاواز و
ڕەنگە ڕژاوەکانی ئەم تابلۆ غەمبارەیان بۆ کۆناکرێتەوە!

نیگەران مەبە،
نە کەس پێشت دەکەوێت و نە تۆش ڕیزت بەزاندووە
ئیتر وایە،
هەر کەسە و ڕوو بەرەو قەدەری خۆی هەنگاو دەنێت و
کەس ڕێی ناچێتەوە سەر هەواری چارەنووسی ئەوی تر
تێگەیشتن لەمە هەر وا ئاسان نییە
بۆ ئەمە بێدەنگیی باشترین شتە، تا پشوو بە خۆمان بدەین
ئاخر ماندوو بووین ئەوەندەی ڕوونکردنەوە بدەین
بۆ خەڵکێک کە تێناگەن
ئەوەیە دەڵێن: تێنەگەیشتن لە بەڵای ناگەهان خراپترە!

بەڕاست، دەمەوێ ئەوەش بزانیت
هەندێک جار پێویستیمان بە بیانوویێکە بۆ گریان
با بیانووەکە زۆر سادەیش بێت
تەنانەت گڕووگرتنیش بێت
تا ئەوەی ئەگەر جۆرێکیش بێت لە گەمژەیی
بەڵام هەر دەبێ پاساوی گریانێک بدەینەوە
گریانێک قەرەبووی شکستەکانمان
دۆڕانەکانمان
دڵشکانەکانمان
بێ ئومێدییەکانمان و
ڕەشبینییەکانمان بکاتەوە!

گریان بۆ شتگەلێک، کە لە کاتی خۆیدا نەمانتوانی،
نا، نەمانویست بۆیان بگرین
چونکە ڕووشکێن دەکراین
بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبین،
دەبوو ئەو چرکەساتە نەگرین و
هەر چۆنێک بووە، هێز بدەینە بەر خۆمان
ددان بە خۆماندا بگرین
خۆمان بخۆینەوە، تا ڕیسوا نەکرێین!

بەڵام چ هێز و خۆگرتنێک؟
هێز و خۆگریێک، دواتر ئازارێکی سووکیش بەس بێت،
تا تێک بشکێین و وێران بین
ئەمەو بێ ئەوەی کەسێک پرسیاری ئەم وێرانبوونەمان لێ بکات!

بەهەرحاڵ، کە لەگەڵ کەسێکیت، هەموو شتێکت جیاوازە
تەنانەت گریان و پێکەنینەکانیشت
لەگەڵ ئەودا باری قورسی سەر ڕۆحت سووک دەبێت و
لە تاریکترین شەویشدا، تیشکێک درزێک هەر دەدۆزێتەوە
دڵی دڵت بپێکێت!
ئەو کە بۆ هەمیشە لە نێوان کاغەز و دڵی تۆدا نهێنیێکە
خەڵکی وەک نیوە ڕستەیەک دەیبینن و حونجەی دەکەن،
کەچی لەناو تۆدا چیڕۆکی هەزار و یەک شەوەیە!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگیی ئەو زیاتر ماندووت دەکات
ئەو کاتەی فێر دەبیت ‏‎لە نێوان خۆت و خودی خۆتدا
کەسێکت خۆش بووێت!




وەبیرهێنانەوەی هەندێ وانەی ژیان.. سامانی وەستا بەکر

لەم سەردەمی یەکتر شکان وبەهەڵە تێگەشتنی هەمووی لە هەمووی و چاڵهەڵکەنن و ڕەشبینیەی کە کۆمەڵگەی تێکەوتووە بەگرنگمزانی هەندێ وانەی ژیان وەبیر خوێنەربهێنمەوە کە ئەکرێ سودی ڕاستەوخۆی لەسەر کەسی خوێنەرو پاشان دەوربەریشی هەبێ.
مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕاکێشم کە ئەم جۆرە لە نوسین هاوشێوەی وتارێکی کۆکراوەو ئاڕاستەکراو نیە، بەڵکو دەستپێکی هەر دێڕێکی نوێ بابەتێکی سەربەخۆیە بۆخۆی، ئەکرێ وەک بابەتێکی سەربەخۆ تەماشاکرێ، بەڵام سەرنجام و کۆتای هەمووی پێکەوە چەند وانەیەکی کۆکراوەی پێویستە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان ئەبێتەوە، مەخابن دژواری و سەرقاڵی ژیان ڕێ بەوە نایات کە هەمیشە لەبرمانبێ و کاری پێبکەین.

  • گرنگە هەندێک ڕەفتار، نەریت، ووشە، ئاخاوتن، ڕەخنە، پیاهەڵان، شکاندنەوە، دەستەواژە، هەڵوسوکەوت….هتد بە وریاییەکی زۆرەوە بکرێن و بەکاربهێنرێن چونکە لەیەکاتا ئەکرێ ببێتە سەرخستنی کەسێکی نەشیاو یان ڕووخانی کەسێکی شیاو، هەربۆیە گرنگە کەسایەتی بەرامبەرت باش بناسی پێش ئەوەی هیچ دەستەواژەیەک بەکاربهێنی یان کردارێک بکەی.
  • گرنگە هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت کە تەنها ئەوەندە خاوەندارێتی هەر ووشەو کردارێک ئەکەی کە لای خۆتن واتە پێش نەوتنیان و ڕوونەیانیان چونکە دوای ووتنی هەر ووشەیەک یان هەر کردارێک چیتر تۆ بە تەنها خاوەنی نیت و ئەکرێ لە بەرژەوەندیت و لە دژیشت بەکاربهێنرێتەوەوانێ.
  • ئەبێ چاودێری بۆچونەکانتبی چونکە دواتر ئەبێت بە ووشە، چاودێری وشەکانبی کە دواتر ئەبێت بە کردار، چاودێری کردارەکانبی کە دواتر ئەبێت بە نەریتی ژیانت، چاودێری نەریتەکانیشبی کە دواتر ئەبێت بە کەسایەتیت، سەرئەنجام کەسایەتیشت دوارۆژت دیاری ئەکات.
  • چاودێری بیرکردنەوەکانی کەس مەکە چونکە ئەبن بە ووشە و نوسراو، بەڵام چاودێری ووشەکانی خۆت بکە کە ئەبن بە کردار و پێێ ئەناسرێیتەوە.
    +کاتێک ڕێگای بیرکردنەوەت ئەگۆڕیت ئەوا بزانە جیهانی خۆت گۆڕیوە. ڕێگای بیرکردنەوە جۆری هەیە “باش و خراپ”، “گەشبین و ڕەشبین”، “ڕژد و پشتگوێخەر”، “بەپلان و بێ پلان”…..هتد ئەگەر باش و گەشبین و بە پلان بیربکەیتەوانێ و ڕژدبی لەسەری بێگومان جیهانێکی پڕ لە سەرکەوتن بۆ خۆت دروست ئەکەیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • رێگای بیردکرنەوەکانت بگۆرە گۆرانکاری بەسەر کردەوەکانتا یەت. ىیرکردنەوەکان ئەبن بەنەخشە ڕێگای ژیان، لەبەر ئەوە گرنگە باش بیربکەیتەوە یان چەند جارێک بیربکەیتەوە پێش بڕیاردان چونکوم بیرکردنەوەکان ئەو ئامرازەن کە گۆنکاری بەسەر کردوەکانتا ئەهێنێ و سەرەنجام بە چاکەکار یا خراپەکار، سەرکەتوو یان کەتوو ئەوناسێنێ.
  • بەدلنیایەوە بزانە ژیانی ئێستات لە بەرهەمی بیرکردنەوی رابردووت دروست بووە. گلەی مەکە لە بەختت و بڵێی کەسێکی بێ بەختم و بەخت هاوکارم نەبووە چونکە ئەوە کردارەکانی ڕابردووتە ئەمڕۆتی بەرهەمهێناوە.
  • هاوکێشەکانی سەرکەوتن لە ژیانا بریتیە لە “بریاردان، پابەندبوون و ملکەچ نەبوون”. بۆ هەرکارێک گرنگە خاوەنی بڕیاری خۆتبیت و پاشان پابەندبیت بەو بڕیارەی وەرگرتووە بەڵام ملەکەچی نەبیت.
  • هیچ کەسێک بە ئەندازەی خۆت ناتوانێت بتگەیەنێت بەسەرکەوتن. هەرگیز چاو لە هاوکاری کاسانیتر نەبێ تا دەست بگرن و پلە پلە سەربخەن چونکە تەنها کەس خۆتی کە ئەبێ هەموو پلەکان بەسەرکەوتووی ببڕی و ئەوانیتر هەریەکەو لە پلەیەکا بەجێتئەهێڵن یان دەستبەردارئەبن..
  • ئەگەر ئارەزووێکی ڕاستت هەبێت بۆ ڕزگاربونت لە خوو نەریتە خراپەکان ئەوا بەدڵنیایەوە لە %51 نەریتەکان ڕزگارت بووە. هەموو شتێک کە بتەوێ بیکەیت جا سەرکەوتووبی یان کەوتوو پەیوەستە بەوەی کە چەن خواست و ئارەزووت هەیە بۆی، بۆیە گرنگە خواست و ئارەزوویەکی تۆکمەت هەبێ بۆ ڕزگاربوون لە خووە خراپەکان و بەهەمان شێوەش بۆ برەودان بە نەریت و خووە باشەکان چونکوم هەر جدیەتی خودی خواستەکە نیوە بەرەوژووری ئامانجەکە ئەپێکێ.
  • ناتوانیت بە ختەوەری بکڕیت بە هەموو سامانی دنیا لەبەر ئەوەی مەملەکەتی بەختەوەری لە جۆری هەست و بیرکردنەوەی خودی خۆتایە. هەست و بیر و گوفتاری باش بەختەوەری دروست ئەکات نەک سامان و ماڵ، ئەکرێ سامانێکی زۆر هەبێ و دڵتەنگ بژیت یان ڕۆژانە بژێوی ژیان پەیابکەیت و ئاسودەش بژیت چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هەست و بیرەوە.
  • هەرگیز سامان مەکە بەپێوەر بۆ بەختەوەری. سامان و موڵکداری ئەتوانێ یەکێک بێت لەهاوکارییەکان بۆ گەیشتن بە بەختەوەری بەڵام بەختەوەری لەناو بیروبۆچوون و تێگەشتن و ڕامانی خودی خۆتایە بۆ ژیان.
  • دڵنیابە لەوەی کە متمانەی خەلک بە تۆ لە ئاست متمانەی خۆتە بە خۆت. هەرکاتێ توانیت متمانە بە تواناکانی خۆت بکەی ئەوا ئاسانتر ئەتوانی متمانەی دەوروبەر بەدەستبهێنێ چونکوم کاتێ مرۆڤ لەرزۆک و بێ وورە دەرکەوێ ئەوا کەسانیتر ناتوانن متمانەی پێبکەن وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • بەدوای هەڵەکاندا مەچۆ، بەدوای چارەسەردا برۆ. . هەڵە نەنگی نیە بەڵکو دووبارە کردنەوەی ستەمە، مرۆڤی هۆشیار لە هەڵە فێرئەبێ، دوای هەر هەڵەیەک دۆش دامەمێنە بەڵکو بیکە بەسەرەتایەک بۆ چارەسەر و ئەزمونێک بۆ داهاتوو.
  • کاتێ ئيمانێكی پتەوت هەبێت بە سەرکەوتن ئیتر چیتر ئاسان نابێ کەس ڕێگریت لێبکا. سەرکەوتن ڕژد بوونی گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێ پلەکانی سەرکەوتن یەک بەدوای یەکا ببڕێ ئەگەر خودی خۆی ڕژد و موکڕ نەبێ لەسەری، چەندین جار بیربکەرەوە بەڵام دوو دڵ مەبە لە ئەنجامدانی.
  • ئاسانترین ڕێگا بۆ رێکخستنی کارەکان ئەوەیە کە هەر کارێک لە کاتی خۆیا بەئەنجام بگەیەنیت. کەڵەکە بوونی کارەکان هۆکارە بۆ بەئەنجام نەگەیاندنی، تا ئەرکی سەرشان کەمتربێ کات زیاتر ئەبێ بۆ چەندین کاری جیاوازتر وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • فێربە هەروەک ئەوەی لەسەرەتایایت. هەرچەند زاناو بەتوانابیت لەهەر کارێکا بەڵام دڵنیابە کە خەڵکانێک هەن ئەگەر لە تۆ باشترنەبن ئەوا وەک تۆ باشن بۆیە گرنگە هەمیشە چاو لەفێربوونی زیاتربێت، ئەگەر هەموو شتێک بزانیایە ئەوا هێندە ماندوونەئەبووی، تا ماندووبوون بەردەوامبێ ماوتە فێربی.
  • داوا لە کەس مەکە، پشت بەخۆت ببەستە. هاوکاری و هاوبەشی زۆر گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە کە مرۆڤ پشت بەخۆی ببەستێ و چاوەڕیی هاوکاری نەکات چونکە هیچ هاوکارییەک هەتا سەر بەردەوام نابێ بەپێچەوانەشەوە پشت بەستن بەخۆت هەمیشە پتەوتر ئەکات.
  • تۆ توانات هەیە بۆ سەرکەوتن ئەگەر بیرت لە سەرکەوتن کردەوە. چی بچێنی هەر ئەوەش ئەچنیتەوە، بۆ سەرکەوتنی هەرکارێک بەگەشبینانە بۆی بڕۆ چونکە ئەوە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنە وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • هیچ شتێک نیە بەربەست بێت بۆ گەیشتنت بە لوتکە تەنها خۆت نەبيت كاتێك بە رەشبينيەوە ئەروانيت بۆ شتةكان. گلەی لە بەخت مەکە کاتێ ناگەی بە ئامانج بەڵکو بیربێت کە بەشێکی سەرەکی شێوازی بیرکردنەوەی ڕەشبینانەی خۆت بووە کە ئامانجەکەت نەتپێکاوە.
  • بۆ ئەوەی گەورەبیت پێویستە بیرکردنەوەكانيشت گەورەبیێت. بۆ بەدەستهێنای شکۆ و باڵادەستی ئەبێ بیرکردنەوەت گەورە و فراوانبێت چونکە بیرتەسکی بێ هێز و لاوازئەکا.
  • هەر کاتێک زانیاریت لەهەربوارێکا زیا بوو ئەوا متمانەت بە خۆت زیا ئەبێت. هۆکارێکی گرنگی متمانە بەخۆ بوون خۆ پڕ چەک کردنە بە چەکی زانست و زانیاری، ئەگەر ئەتەوێ متمانەت بەخۆت بێت و لەوێشەوە متمانەی خەڵکی بەدەستبێنی قاڵبە لە بەدەستهێنانی زۆرترین زانیاری بەسود بۆ خۆت و کۆمەڵگە.
  • نوسینەوەی ئامانجەکان لەسەر پارچە کاغەزێک رێژەی گەیشتن بە ئامانجەكان زۆر زیاترئەكات. گرنگە هەمیشە ئەو ئامانجەی کاری بۆ ئەکەین لەبیرمانبێت بۆیە نوسینەوەی ئاناجەکانمان و چاوپیاخشانیان ناوبەنا و لە گەیشتن بە ئامانج نزیکترمان ئەکاتەوانێ.
  • فێربە لە کەسی بەئەزمون وزانا، تەمەن بوار بەوە نایات تا بتوانیت خۆت فێری هەموو شتەکان بیت. ئەگەر کۆی ڕۆژەکانی تەمەن بەبێ پشوو و دابڕان خەریکی خوێنەوە و فێربوونبیت بەڵام هێشتا کەمێک ئەزانی و ئەبێ لە ئەزموون و توانای خەڵکانیتریش فێربی ئەگەرنا ئەکرێ تەنها لە شتێک یان چەن شتێکا هەموو شتێ بزانیت و لە هەموو شتەکانیترا لەسەرەتایابی.
  • هەوڵەکان دووبارە بکەرەوە لەبری جارێک سەدان جار. شکست ئەوە نیە کە لە ئەزمون کردنی کارێکا سەرکەوتوو نەبی بەڵکو دەستبەردار بوون لە کارەکە شکستە، دوای هەر شکستێک هەوڵبە ئەزمونی لێوەرگرە تا ئەگەیتە سەرکەوتن.
  • ئاگایاری رەخنەی روخێنەربە. ڕەخنە یەکێکە لە باشترین هاوکارییەکان بۆ پیاچوونەوە و تێهەڵچوونەوە، بەڵام ئەتوانێ ئامرازێکیشبێت بۆ شکان و دوورخستنەوە ئەگەر مەبەست لێی ڕوخانبێت بۆیە گرنگە هۆشیاری ئەوەت هەبێ کە ڕەخنە لە ڕەخنە جیابکەیتەوە.
  • لە ژیانتا هەلی زۆر بۆ ئەڕەخسێت جا هەمیشە لە ئامادەباشیابە لە کاتی هاتنەپێشی هەلەکانا. لەکاتی لەدەستدانی هەر هەلێکا گۆشدامەمێنە بەڵکو بیکە بەخاڵی دەستپێک بۆ سەرکەوتن لە هەلی دواترا.
  • سەرکەوتن کردارە نەک کۆتایی. لەدوای هیچ سەرکەوتنێک پشتی لێمەکەرەوە چونکە ئەوە تەنها کارێکی کاتییە و ئەبێ هەر سەرکەوتنێک بکەی بە پایەیەک بۆ سەرکەوتنی داهاتوو، سەرکەوتنەکان کاتین و لەبیرئەچنەوە بەردەوامبوون نەمرییە.
  • هیچ پێناسەیەکی گشتی نیە بۆ سەرکەوتن چونکە هەر کەسێک لە گۆشە نیگای خۆیەوە تەماشای ئەکا. لەوانەیە ئەوەی لای تۆ کارێکی سەرکەوتوانەی مەزنبێت بۆ خەڵکانیتر سانا و ئاسایبێت هەربۆیە گرنگە خۆت متمانەت بەسەرکەوتووی خۆت هەبێ و لەسەرکەوتنی خەڵکانی تریش کەم مەکەرەوە.
  • ئارامگرتن باشترین چارەسەرە لەکاتی هەر گرفتێکا. ئارامگرتن و هێوری و پەلەنەکردن ئەو نهێنیەیە کە لە پشتی هەر کارێکی باش و سەرکەتوەوەیە.
  • لە ناختا سووربون لەسەر سەرکەوتن بچێنە. لە ناخی هەر مرۆڤێکا شتێک هەیە کە لەوێوە ئەڕوانێتە بابەتەکانیتر، لەبری هەر شتێک باوەڕ بەخۆت بچێنە تا سەرکەوتن بچنیتەوە.
  • غەم وپەژارە و شادی و خۆشبەختی بە دەستی خۆت دروستیان ئەکەیت. لەناو باخچەیا هەست بەئارامی ئەکەیت، لەناو دڕکو داڵیشا هەست بەئازار.
  • لەسەر ڕێگای سەرکەوتنا رووبەرووی ئەو شتە ئەبیتەوە کە پێشبینیت نەکردووە. ڕێگای سەرکەوتن بەرزی و نزمی زۆری تیایە، ئەبێ ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیەکانیشبیت و نەبێتە هۆکاری پاشەکشێ.
  • ئامانجەکان جوڵێنەری ژیانە. ووزەی جوڵێنەری ژیان ئامانجە، ئەبێ ئامانجی دیاری کراوهەبێت تا ژیان لە جوڵە نەوەستێ.
  • سەرکەوتن هەمو شتێک نیە بەلام ئارەزوو بۆ سەرکەوتن هەموو شتێکە. هەندێ کەس بەئاسانی سەرکەوتن بەدەستئەهێنێ بەڵام چێژی لێنابینێ چونکە ئەو تەنها ئارەزووی سەرکەوتنی هەبووە بێ ئامانجێکی دیاریکراو چونکە چێژی سەرکەوتن لە گەشتن بەئامانجایە نەک پلەکەی.
  • نەنگی نیە لە ژیانا بکەویت بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانیت هەڵسیتەوە. یەکەم هەنگاوی دوای کەوتن هەڵسانەوەیە بۆیە گرنگە بیرمانبێ هەر شکستێک بکەین بە ئەزموون بۆ هەڵسانەوە بەرەو سەرکەوتن.
  • ئەگەر چاوەرێێ هەلێکت کرد و نەهاتەڕێت ئیتر بۆچی هەوڵی بۆ نایەیت. مەرج نیە ئەوەی چاوەڕێیت و لە دڵ و مێشکتایە بەخت یاوەربێ و بێتە سەرڕێت بۆیە هەوڵبە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە دڵ و مێشکتایە و چاوەڕێی مەکە.
  • سەرکەوتن یەکەم هەنگاوە، کەوتن سەرەتای دەستپێکە. لە هەر کەوتنێکا سووربە لەسەر سەرکەوتن، سەرکەوتن یەکێکە لە ئامانجەکان، موکوڕبوون و چێژوەرگرتن لێی ئەتگەیەنێ بە دوا خاڵ.
  • ئەم پرسیارانە بەردەوام ئاراستەی خۆت بکە:
    من کێم؟ چۆن گەشتم بە ئێرە؟ ئەمەوێت بۆ کوێ برۆم؟ بۆچی ئەمەوێت برۆم؟ چ شتێک بەربەستە لەسەر ڕێگام؟ ئەی چۆن زاڵم بەسەریاناا؟
    لەڕێی ئاڕاستەکردنی ئەم پرسیارانەوە هەمیشە وائەکا کە لەبیرکردنەوەی بەردەوامابیت و ڕێگربیت لە هەر کارێک یان گوفتارێکی نەخوازراو .
    “ببین یان نەبین” شکسپیر وای ووت، بەندە ئەڵێـم ئێمە بۆ هەین کە ببین، نەبین کاری مرۆڤی ژیرنیە.

سامانی وەستا بەکر
١-٥-٢٠٢١
سوید ستۆکهۆڵم




بۆ پێشەوە ژمارە ٩٧

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٩٧ی بۆ پێشەوە کلیکی ئێرەبکەن..




ترسی دەرەوە.. ھۆزان ئیسماعیل کەریم

مۆمێک دانەگیرسا و توایەوە
چیرۆکەکانی لەگەڵ خۆی برد
لە داخی ئەم ھەموو شکانە
شەوان لەگەڵ ئاگر پێکیان ھەڵدەدا

ئەستێرەیەک بەدیار نەکەوت کوژایەوە
لەگەڵ تەماشاکردن دەستی تێکەڵ کرد و
چاوی پڕ لە نەزەر کرد

گۆڕستانێک بە بێ مردوو پڕ پڕ بوو
ھەرچی رۆحی بریندارە
گۆرانی شکانیان بۆ دەچڕی

شارێک دروست نەکراو و تاڵان کرا
خۆی کۆکردەوە
لە منەوە تا ئادەم
لە تۆوە تا حەوا
ھەمووی کۆکردەوە
لەسەرخۆ مەرگی بەفری راگەیاند

ولاتێک ناوی نەبوو داگیرکرا
لە یوئێن دەستی بە نوێژ کرد
لە خودا دەپاڕایەوە
لە زیندان دڵی نەتەقێت

مردنێک لەگەل رۆح بزر کرا
لە بەھشت
بەدەم پیاسەوە
ناوی شەھیدەکانی دەژمارد

من ئاخ لە من
بێ ئەوەی یەک گوناھم لەسەر ئسپات بێت
سووتام و کوژامەوە
نەبیندرام و بزر بووم
مردم و نەیانشاردمەوە
ئاوەرەی دەروەی خۆم بووم
وجودیان شوێن بزر کردم
وردو خاشیان کردم
م
ن
ئ
ا
خ
ل
ە
م
ن

ھۆزان ئیسماعیل کەریم




عەلی شامداڕیفرۆش: کورتیڵەچیرۆک.. جەلال قادر

ئەو ڕۆژەی حاجی ئامین بازاڕییەکەی دا بەدەستی (عەلی شامداڕی) تا بۆی بەرێتە ماڵەوە، هەوا گەرم بوو، بێزاری باڵیکێشابوو بەسەر لەشی (عەلی)یەوە.
ماڵی حاجی ئامین کەوتبووە پشت گردەکەی نەورۆز، دەبوایە عەلی شامداڕی چارەگە خووڵەکێک ڕێگا بکات تا دەگاتە ئەو گەڕەکە، بەڵام لە نیوەی ڕێگە عەلی ئارەق بەناوچاوانی هاتە خوارەوە و شەکەت بوو. لەبرسا ناو هەناوی قوڕەی دەهات و تووشی ژانەسەرێکی بێزارکەر بوو. لەپاش بڕینی چەند کۆڵانێک لەنیوەی ڕێگا پەکی کەوت، ناچار لەژێر سێبەری دیوارێک دانیشت تا پشوویەک بدات، لەم کاتە هەستی بە بەرزی پڵەی گەرمای لەشی کرد و گیانی کەوتە ڵەرزین.
تەماشایەکی ناو کیسەی بازاڕییەکەی کرد کە پێکهاتبوو لە کیڵۆیەک گۆشت و دەرزەنێک نانی گەرمی بۆن خۆش و سەوزەوات و بۆڵەترێ ڕەش و گەش.

عەلی لەو بیرکردنەوەیەدابوو کە بازاڕییەکە زوو بگەیەنێتە ماڵی حاجی ئامین تا حەق دەستییەکەی وەرگرێت و دوونانی گەرم و کیلۆیەک پیازوتەماتە بکڕێت و بگەڕێتەوە بۆ لای دایکە رسییەکەی کە لەبەیانییەوە چاوەڕوانی دوو پارووە نانیەتی… بەو خەیاڵەوە خەوی لێکەوت.
حاجی ئامین لەمێژبوو گەیشتبووە ماڵ و چاوەڕوانی عەلی شامداڕی دەکرد، نەختۆکەک نیگەران بوو، چونکە هەمیشە عەلی پێشتر دەگەیشتە بەردەم ماڵیان.
.
منداڵەکانی حاجی ئامین بە شۆخییەوە بەدایکیان وت کێ ناڵیت عەلی بازاڕییەکی بۆ مالێکیتر نەبردووە!
یەکێکیتریان وتی : برسی بووە و هەمووی خواردووە.
مێردەکەی حاجی ئامین وتی : دەبوایە بە تەکسییەک بازاڕییەکەت بهێنایەوە مال.

بەڵام حاجی ئامین بەزەیی بە عەلی دەهاتەوە و دڵتەنگ ببوو، بە منداڵەکانی وت : کوڕەکانم دەبچن سەرێک لەو کۆڵانانە بدەن، بەڵکو کاک عەلی بدۆزنەوە و بزانن چی بەسەرهاتووە.
منداڵەکانی حاجی ئامین گوێیان لە قسەی دایکیان نەگرت و وەڵامیشیان نەدایەوە.
پاشان داوای لەمێردەکەی کرد کە بە پیاسەیەک تا ناو بازاڕەکە بچێت و لە هەواڵی عەلی شامداڕی ببپرسێت. مێردەکەی وتی : دونیا زۆر گەرمە و ناتوانێت لە ماڵ دەرچێتە دەرەوە.
حاجی ئامین، ناچار خۆی لە ماڵ هاتە دەرەوە، بەناو کۆڵانەکان سووڕایەوە و چاوی گێرا. لەدوورەوە لەژێر سیێبەری دیوارێک عەلی شامداڕی بینی کە بەدیار بازاڕییەکەی خەوی لێکەوتووبوو.
حاجی ئامین چنگێ گۆشت و دووسێ نانی گەرم و بۆڵەترێیەک و چەند دەسکە سەوزەی جوودا کردەوە و خستییە ناو کیسەیەک بەتەنیشت عەلی یەوە داینا، باقی بازاڕییەکەی هەلگرتوو بەرەو ماڵ گەڕایەوە!.

(تێبینی: عەلی شامداریفرۆش کاسبکارێکی ناو بازاڕی رەحیم ئاوایە)




ژینگە پارێز.. عەلی حەمەڕەشید

ژینگە پارێز لەم ژینە
کاری ڕێک و سەنگینە
هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو
جێی ڕێز و پێزانینە
.،.،.،
دڵسۆز و چالاک دیارە
هەمیشە ماندووی کارە
مەبەستی ڕاگرتنی
پاکو خاوێنیی شارە

دەست بەکارن ڕۆژانە
چی شەقام و کۆڵانە
بەهەوڵی ژینگە پارێز
هەردەم خاوێن و جوانە

با تاجی ڕێز و شکۆ
پێشکەشیان بێت ڕاستەوخۆ
لەگەڵ چەپکە گوڵێکی
گەشاوە و جوان و خۆشبۆ

٢٢/٤/٢٠٢١