مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان.. شێرزاد حەسەن

دوای خوێندنەوەی رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”ی {گۆران سەباح} هی ئەوە نەبوو وەک کرێکارێکی ناو کایەی ئەدەبیات بە فەرامۆشی بسپێرین، ئەو هەوڵەی من بۆ رانانی ئەو رۆمانە پتر دەچێتە بازنەی ناساندنی ئەو بەرهەمە نەک خوێندنەوە و رەخنەکاری و لێکۆڵینەوە، بە واتا ناچێتە ناو خانەی رەخنەیەکی ئاکادیمی، بەڵکو بە تەنها هەستی منە وەک نووسەر و شەیدای ژانری ‘فیکشن’. لەوەدا رۆمانەکە بووە مایەی سەرنجی من کە سەرکێشی و رچەشکێنیم تێدا بەدی کردووە کە خۆی لە قەرەی ئەدەبیاتی یان }رۆمانی زانستی خەیاڵئامیز داوە/science fiction} کە لە رۆژهەڵات بە ئاستی رۆژئاوا پەرەی نەسەندووە و بگرە لە ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە لە جیهانی عەرەبیدا چەند هەوڵێکی هاکەزایی و شەرمنانە دەرکەوتن: نموونەی “نیهاد شەریف” و “تۆفیق الحکیم” و “یوسف العزدین عیسا: و “یوسف السباعی”، لای خۆیشمان “میرزا مەنگوڕی”، کە دیارە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەرەنەسەندن و سستی خودی عەقڵێکی زانستخوازانە لە نێو هەر هەموو کایە و بوارەکانی ‘زانستی سروشتی’ بێت یان ‘زانستی مرۆیی’ کە رەنگدانەوەی بووە و دەبێت لەسەر دونیای هونەر و ئەدەب و فیکریش بە گشتی، هاوکاتیش خودی ئەدەبیاتیش بەر لە پەرەسەندنی زانستەکان گەلێک پێشبینی هەبووە بۆ گۆڕانکاری لە ئایندەدا کە بۆ راستی و رەوایی ئەم چاوەڕوانییە یەکجار زۆرن، هەر بۆ نموونە: چوونە سەر مانگ، فڕینی مرۆڤ و دروستکردنی فڕۆکە و بگرە پێشبینی بۆ هەندێک مەرگەسات و وەیشوومەی سروشتی و جەنگ وهەم بواری پەرەسەندنی دام و دەزگا و پیشەسازی و بەرهەمەکانی و خودی گەشەکردنی توانای تێکنۆلۆژی کە خاوەنی پەرجووی خۆیەتی. بە هەر حاڵ لەم رۆمانەدا “گۆران”ی رۆماننووس هەوڵیداوە دیوێکی یونیڤێرسال و دونیاگیر بۆ رووداو و دیاردەی ‘خۆکوشتن’ بکاتە بابەتی سەرەکی کۆی پرۆژەکە، واتا جوگرافیایەکی بەربەرین وەک شوێن دەستنیشان دەکات، هاوکاتیش گومان و پرسیارەکانی سەبارەت بە مەرگی ئایدیاڵ و بەها باڵاکانە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا. هەڵبەتە پەرەسەندنی زانست و شۆرشی پیشەسازی و تەقینەوەی تێکنۆلۆژیا هەم خێر و خۆشی هێناوە و هەم شەڕ و بەدبەختی بێشومار. کەسایەتی “بێرنی لۆمۆ” دژی تێکنۆلۆژیایە و مەترسی و زیانەکانی بە کوشندە و وێرانکەرتر دەبینێت.

لە “رۆژئاوا”ش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە و هەژدە کە چەند ناوێکی رچەشکێنمان دەست دەکەوێت: نموونەی “ماری شێلی” لە رۆمانی {فرانکشاتین/ ١٨١٨} کە زۆرینەمان پێی ئاشناین. “ژول ڤێرن/ ١٩٠٥-١٨٢٨”، “ئێچ .جی. وێلز: ١٨٤٦-١٨٦٦” لە (دەزگای زەمەن/١٨٩٥)، “ئیسحاق ئەزیمۆن: ١٩٢٠-١٩٩٢ / ئەمریکا”…هتد کە بێ شومارە!

هەڵبەتە رووداوەکانی زۆربەی رۆمانەکانی سەر بە خەیاڵی زانستخوازانە/ ساینس فیکشن سەر بە داهاتووە نەک رابردووە کە خودی نووسەرەکەی ئێمەش هەر هەمان نەریتی پەیڕەو کردووە. دەکرێت ئەم ژانرە و چەشنە لە ئەدەبیات خۆگونجێن بێت لەگەڵ تیۆرە زانستییەکاندا، هاوکات ناکۆک و دژوار بێت لە بەرامبەر مێژوودا، لە هەر قۆناغێکدا کە نووسەر بیخوازێت. بە گشتی رۆمانی خەیاڵیی زانستخوازانە لەسەر دۆزینەوەکانی ناو زانستە سروشتی و هەم مرۆییەکاندا دەلەوەڕێت!

دیارە وەک شوێن لە نێو ئەدەبیاتی خەیاڵزەدە و زانستخواز دەکرێت شوێنێکی خەیاڵی و مەزەندەکراو بێت، چ “یوتۆپیا” و چ “ئینفێرنۆ”: بە واتا شاری خەونەکان بێت یان ناو جەرگەی دۆزەخن، نەک بە مانا ئایینییەکەی، بەڵکو بە مانا دونیاییەکەی. دەکرێت جێگا خودی ئاسمان بێت، هەسارەکان و مانگ و ئەستێرەکان یان ژێر ئۆقیانووس و زەریاکان، هەڵبەتە بۆ کاتیش پتر رووی لە داهاتووە نەک رابردوو، هەندێک جاریش هەنووکە و گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی دوور، بەڵام پەیوەستن بەو ژینگەیەی خۆمان کە لە ناویدا دەژین.

بە گشتی ئەدەبی داستانیی/ فیکشن، بە تایبەتی ژانری رۆمان بە بێ فانتازیا و خەیاڵ نەبووە، بگرە ئەو ئەدەبیاتەی کە لە “ئامریکای لاتین” بە ئەدەبی ریالیزمی سیحری یان جادووگەری ناسراوە لەوەدا گرەوی بردەوە کە کەڵکی لە ئەفسانە و داستانە کۆنەکان وەرگرتووە، بە تایبەتی لە بواری خستنەگەڕی فانتازیا، کە ناوە درەوشاوەکانی سەدەی بیستەمیان داگیر کردووە، لەوەدا گرەوی بردەوە کە بۆ هەمیشە ئەو منداڵە دەدوێنێت کە لە ناو خۆماندایە، شەیدایانی ئەدەب و هونەری رەسەن و خەیاڵئامێز لە بنەڕەتدا ئەو کەسانەن کە بە راستی نەیانهێشتووە منداڵەکانی ناویان گەورە بێت، گەورەبوون خۆرسکی و سەرسامی و ئەندێشەمەندی دەکوژێت!

من وای دەبینم کە ئەدەبی “ساینس فیکشن”: ئەدەبی خەیاڵمەندی و زانستخواز دەچێتە نێو ئەم بازنە و خانەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. دیارە ئەفسانەکان و داستانەکان بەر لە پەیدابوونی زانست خاوەنی پێشبینی و رەملێدان بوون کە سەبارەت بە هەندێک لە توانا شاراوەکانی مرۆڤ دواون کە دوای هەزارەها ساڵ بووە بە هەقیقەت.
دیارە خەڵکی سەبارەت بە خۆکوشتن دوو روانینی هەیە: یەکەمیان کە گوایە کەسی خۆکوژ بەزیوە و کارەکتەرێکی ترسنۆک و لاوازە و بە دەست گرفت وکێشەکانەوە تلاوەتەوە و بەرگەی نەگرتووە. دووەمیان روانینێکە کە خۆکوژ بە ئازا و یاخی دەزانێت کە دەستی چۆتە خۆیەوە، کە لە دیدگای منەوە رەنگە ترۆپکی تەقینەوەکە و مەیلی خۆکوژیی خاڵی بە یەکگەیشتی ئەو دوو دۆخەیە کە ئازایەتی و ترس ئاوێتە دەبن!
*
دەوترێت رستەی یەکەمین، پەرەگرافی یان لاپەڕی یەکەمینی هەر رۆمانێک گرنگە و جێگەی بایەخە بۆ کەمەندگیربوونی خوێنەر و هەم هەڵواسینی بەو بابەت و ناوەرۆک و رووداوەی کە کارەکتەرەکانی سەرقاڵ کردووە، بێگومان هەر سەرەتا و دەستپێکێک رۆڵی دەبێت لەوەی کە خوێنەر بەجێمان نەهێڵێت، بگرە بۆ فیلمێکی سینەما و زنجیری ‘تیڤی’ هەمان پێوانەی بەسەردا دەسەپێت.

هەر لە سەرەتاوە ئێمە هێدمەگرتی دەبین کە رۆمانەکە رایدەگەێنێت کە ئیدی وەرزی مرۆڤ بارینە، مرۆڤ و باران یان بارین وێک نایەتەوە و ئاسان نییە بزانین نووسەر مەبەستی چییە، من وەک خوێنەر بوو بە مەراقم کە بزانم کە ئاخۆ دەبێت چ پەیوەندییەکی فانتازی یان ئۆرگانیکی و ریالیستیکی لە نێوان مەردمگەل و باراندا هەبێت؟ لە میانەی خوێندنەوەی رۆمانەکە بەسەر ئەوەدا دەکەوین کە خەڵکانێک لە چینی جیاواز و هەم رەگەز و تەمەنی جیاوازدا لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە بە نیاز و قەستی خۆکوشتن بە کۆ و دەستەجەمعی هەوەسێکی شێتانە گرتوونی کە خۆکوژی دەکەن بە دیاردە نەک ئاکت و کردەیەکی راگوزەری و تیژتێپەڕ.

ناکرێت ئەمن لێرەدا بچمە ناو تانوپۆی رۆمانەکە وردەکاری هۆکارەکان و بیانووی خۆکوشتنی کۆگیری خەڵکەکە بە ئێوە رابگەێنم، ئەوەیان بەتاڵکردنەوەی نهێنی و ئەفسوونی رۆمانەکەیە لەسەر ئاستی مانا شاراوەکان و هێما نەوتراوەکان، بەڵام دەتوانم بە شێوەیەکی گشتیگیرانە باس لە مۆتیڤ و هاندەرێک بکەم کە بە درێژایی رۆمانەکە نووسەر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بە کۆگیری و دەستەجەمعی ئێمەش تێوەبئاڵانێت و سەرقاڵمان بکات لەتەک رووداوەکان و کارەکتەرە جیاوازەکان و خاوەن هەوا و هەوەسی جیاواز؛ کە دابەش بوون بەسەر کەسانی شەڕانگێز و مەرگدۆست، لە بەرامبەردا کەسانی ئاشتیخواز و ژیاندۆست هەن کە بۆ هەمیشە لە ڕکابەری و ململانێدان کە ئەوەشیان رۆحی دراما و کرۆکی هەر هەموو تێکستە زیندووەکانە، کە ئێمەش لەگەڵ خۆیاندا تێوە دەگلێنن و بە دیوە ئیستاتیکی و جوانناسییەکەی گەمارۆمان دەدەن، خودی پەیامی نووسەر لەوەدا چڕ بۆتەوە کە بەشێکی گەورەیە لە ‘تێما’ و تێڕوانینی نووسەر، هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەو {خۆکوشتن}ە کۆگیرییە کە خەڵکێکی بێشوومار گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ مانایەک بۆ ژیان و بوون و مانەوە نەماوە، دیارە لەوەدا ئاماژە بە دەروونناسی بە ناوبانگ “ڤیکتۆر ئێمل فرانکل:١٩٠٥-١٩٩٧”ی نەمساوی تێدایە کە پزیشکێکی دەروونناس و هەم نیرۆلۆگیست بووە، فەیلەسووف ونووسەر کە لە “هۆلۆکۆست” رزگاری ببوو، هاوکات دامەزرێنەری قوتابخانەی “لۆگۆ-تێراپی” بووە وەک چارەسەرێکی سایکۆلۆژی کە جەختی لەسەر بوونی مانایەک دەکردەوە بۆ ژیان و مانەوە بەو دیوەی کە ئەوەیان پاڵنەر و هاندەرێکی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ خودی مانەوەی مرۆڤایەتی، بڕوا نەمانیش بە مانا و جوانی و شکۆمەندی ژیان و مانەوە بەرەو پووچگەرایی و مەرگی رۆحی و جەستەیی دەمانبات، بە واتا لە جیهانبینی ئەو زاتەدا بەتاڵبوونی مانا لە ژیاندا بارێکی شپرزە و خراپ بۆ مەردمگەل لە باری رۆحییەوە بەرپا دەکات.

لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا ئاماژەیەک هەیە بەوەی کە بێجگە لە چەندین هۆکاری واقیعی و سەرزەمینی بۆ خۆکوشتن لەسەر ئاستی رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام هاوکات خۆکوشتن مەرج نییە کە کەسانی خۆکوژ بە دەست و نەخشە و پلانی خۆیانەوە بەو کاری خۆکوژییە هەستن و دەستیان بچێتە خوێنی خۆیانەوە، بەڵکو مۆتیڤ و هۆکاری دیکە بە درێژایی مێژوو هەبوون: ئایینی و مەزهەبی کە تیایدا خەڵکێک هەن بە ناوی خوداوە خۆیان بە کوشتن دەدەن و دەچنە نێو جەنگەکانەوە، یانژی خۆ دەتەقێنەوە، کە دیارە ئایدیۆلۆژیایەکی بە پیرۆزکراو ئەم دۆخ و سەرزەمینە خۆش دەکات، لەم رۆمانەدا دورگەیەکی بەهەشت ئاسا هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆکوژەکان بڕوایان وایە کە مەرجە هەتا زووە بگەنە ئەو فیردەوسە کە تیایدا هەموو خەونەکانیان بەدی دێن، نووسەر گەرەکییەتی بڵێت کە هەر ئایدیۆلۆژیایەک بە ناوی پیرۆزییەوە خەڵکی فریو بدات، بێگومان مەرگدۆستە، بە واتا لەوەدا دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە ئێمە دەنێو دونیایەکدا دەژین کە مەرگدۆستی زاڵترە لە ژیاندۆستی!

بەڵام تەوەرێکی دیکەی زەق لەم رۆمانەدا لەسەر دەستی کارەکتەرە واقیعبینەکان خواستی ئەوەیان هەیە کە مەرجە مەردمگەل لەتەک ئازاردا هەڵبکات، بەو نیاز و ئامانجەی کە بڕوا بەوە بێنین هەموو ئەزموونێکی خراپ و باش دەوڵەمەندمان دەکات لە باری رۆحییەوە، ئاخ هەتا عیشقیش بێ ئازار و تلانەوە نییە.

کەچی لەولاوە “ئیمام” بڕوای وایە بە ناوی زانستخوازییەوە رەوا نییە هیچ کەسێک سنووری خۆی ببەزێنێت، ئەوەیان رێک ئاماژەیە بە داخستنی عەقڵ و چەقبەستن لەسەر ئیمانێک کە هیچ بەرهەمێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە.

هەر بۆ نموونە ئێمە کارەکتەرێکمان هەیە کە توانا و کاریزمایەکی ساختەبازانەی هەیە بە ناوی {بانک} کە فیکر و زانست و سیحری هونەرەکان دەخاتە گەڕ بە مەرامی پووچکردنی ژیان و بوون، کە دیارە بە درێژایی مێژوو ئەم هەوڵە دراوە کە تیایدا مرۆڤەکان روو لە گەمژەیی بکەن، بگرە رۆحێکی مێگەلگەرایی بێتە کایەوە، هەر بۆ نموونو “نازیزم” و “فاشیزم” و “ناسیۆنالیزم” و بگرە “سۆشیالیزم” بە دیوە چەواشەکارییەکەی چین؟ بێگومان دەتوانین ناوێکی تازەی بۆ بدۆزینەوە “مێگەلیزم”!

” بانک” پتر قەشە “مالتۆس”مان وەبیر دێنێتەوە کە بڕوای وابوو دانیشتووانی سەرزەمین زۆر بوون کە تیایدا ململانێیەکی خوێناوی دروستکردووە، بۆیە وا گونجاوترە کە جەنگەکان بەرپا بن لە پێناو ئەوەی کە ژمارەکە کەمتر ببێتەوە.
بە گشتی “گۆران” گومان لەو بەها باڵایانە دەکات کە لە گەوهەردا ساختەن و مرۆڤکوژن، مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، دەبێت ئەوەشمان یاد نەچێت کە لە نێو ئەو تراژیدیایەدا خودی تێکنۆلۆژی جەنگ و کاولکاری رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت کە زادەی زانست و پیشەسازییە کە مرۆڤ شانازی پێوە دەکات، کەواتە زانست و تێکنۆلۆژیا و سەنعەتسازی چەکێکی دووسەرەیە بۆ خێر و شەڕ، نموونەی دوو جەنگی کاولکاری لە سەدەی بیستەم بەرپا بوو کە ناومان نابوو سەردەمی رۆشنگەری و تازەگەری و پێشکەوتن کە تیایدا هەر هەموو ئایدیۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینیییەکان خوێناوی و فاڵسۆ دەرچوون.

خودی رۆمانەکەش لەوەدا جیاوازە لای من کە هەمان پێشبینی کارەساتبار و درامی وتراژیدییانە بۆ داهاتووی ئێمە دەکات، کە ئەم رەهەندە خودی ئەدەبیاتی ‘ساینس فیکشن’: داستانئامێزی و زانستخوازانە کاری لەسەر کردووە، واتا رووی لە داهاتووە و نەک رابردوو کە لێرەشدا نووسەر پەنای بۆ بردووە.


ئیمە لە بەرامبەر چەند کارەکتەری دیکەی خێرخواز و ژیاندۆست و ئاشتیخواز راماوین کە رۆڵیان هەیە لە هاوسەنگی راگرتنی ئەم دونیای کە مەرجە رووی لە جوانی و هەق و خۆشەویستی و راستی بێت، نەک بەدکاری و رق و کینەبازی و ستەم و دووفاقی، کە یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکییانە “شووشە”یە کە هاوشانی ئەم چەند یاوەرێکی هەیە.
“شووشە” و یاوەرەکانی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چارەسەرێکی ئاسان هەیە کە فەرامۆشیان کردووە: ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سروشت و جوانییەکانی، هەڵبەتە ئەوەش دوای ئەوە هاتووە کە خودی مرۆڤ ملهوڕانە هێلانە و ژینگەی خۆی کاول کرد، بە واتا توانی ئەم سەرزەمینەی خۆی بۆگەن بکات و ئاو و هەوا و خاکی پیس کردووە. خودی ئەو ‘خۆکوشتن’ە کۆگیرییە زۆر پەیوەستە بەوەی بەر لەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکوژن، ئەوان پێشتر سەرگەرمی کوشتنی رۆحی سروشت و جوانییەکانی بوون.

دیارە خودی خاتوو “شووشە” ئامادەی مەرگ و قوربانیدانە لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی، چونکە زۆرینە وەک فریادرەس دەیبینن، تاکە کەسێک “رام”ە کە وەک سێبەر بە دواوەیەتی و هەوڵدەدات کە لە ناو ئەو ململانێیەدا کۆتایی نەیەت، ‘رام’ ئەویندارێکی بێ مەرج و داوایە!

هەڵبەتە لە ناوئاخنی کۆی تێکستەکەدا رەخنەیەکی رادیکالانە هەیە کە بڕ و بارستاییەکی زۆری ئەم دۆخی خۆلەناوبردنە کۆگیرییە زادەی رۆحی بارباریستی سیستمی سەرمایەدارییە/ کاپیتالیزم، هەمان سەرچاوەشە بۆ کاولکاری لە ناو سروشتدا. گرفتێکی دیکە کە بووەتە قەیرانێکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی؛ ئەویشیان هەوڵی گەوجاندنی مرۆڤە لە سەردەم و جوگرافیای جیاوازدا لە نێو دوو کایەدا کە مەردمگەلی گەمارۆ داوە و ماڵی و کەوی و رامی کردوون تا ئەندازەی گەوجاندن و بە کۆیلەبوون کە لە دوو کایەدا دەیدۆزینەوە: سیاسەت و ئایین بە مانا هەرە رەهاکەی نا.. بەڵام بە ئەندازەیەکی زۆر!

وەک دەرئەنجامی ئەم دۆخە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، مرۆڤێکی هەرزان و بێ سەنگ و رەنگ و دەنگ پەیدا دەبێت کە تاکڕەهەندە، تاکڕەهەند: واتا مەرگی دیوە رۆحی و مرۆییەکەی ئێمە و بایەخدان بەو دیوە ماتریاڵ پەرستییەکەی کە بۆتە دیاردە و دەردەداری کە ببین بە مەردمگەلێکی بەرخۆر و مشەخۆر و خەسارگەر و بەس، کە فەیلەسووف و تیۆریستی رامیاری و کۆمەڵناسێکی وەک “هێربێرت مارکیوز-ی ئەلمانی/ئەمریکی: ١٨٩٨-١٩٧٩” لە کتێبی {مرۆڤی تاکرەهەند}دا بە قووڵی لێیکۆڵیوەتەوە کە لە روانینی مندا هەمان ئەو “مرۆڤی هەرزان”یە کە لە رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”دا دەیبینینەوە، گەرچی ئەم بیرمەندە لە خوێندنەوەی بۆ مرۆڤی تاکرەهەند و هەرزان پتر پەیوەستە بە کۆمەڵگای ‘رۆژئاوایی’، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە رێک بەسەر کۆمەڵگای ئێمەشدا و سەرجەم جوگرافیاکانی دیکە دەسەپێت کە خودی جیهانگیری/ گلۆبلایزەیشن زۆر نزیکی خستینەوە لەو بازنەیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەندانی رۆژئاوایی سەرگەرمی هەڵکۆڵین و رەخنەگرتن بوون لە ناو خۆیدا، بە تایبەتیش بیرمەندانی سەر بە قوتابخانەی فیکری ناسراو بە “فرانکفرت”ییەکان!

تەوەرێکی دیکەی ئەم رۆمانە گەڕانە بە دوای “فریادرەس-savior” یان رزگارکەری خەڵکی لەم دۆخە نالەبەرەی کەوتوونەتە ناوییەوە، کە دیارە بیرۆکەی چاوەڕوانی فریادرەس لە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ئاسمانی و سەرزەمینی برەوی پێدراوە و تا هەنووکەش بە ملیارەها لە مەردمگەل چاوەڕوانی ئەو پاڵەوانە پەرجوودارە دەکەن کە هەموویان لە تەنگژەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی قورتار بکەن، ئەوەشیان بەڵگەیە کە بە گشتی خەڵکی خۆیان خاوەن ویست و ئیرادە و بڕیاری خۆیان نین، کەسانی تاکڕەو و سەربەخۆ نین، بێهێزن بە دوای هێزێکدا دەگەڕێن کە ئاسمان بینێرێت یان لە سەر زەوی کە لە ناکاو هەڵتۆقێت کە روانینێکی وا بێجگە لە واهیمە و بێدەستەڵاتی بنیادەمەکان هیچی دیکە نییە!

کارەکتەری ” شووشە” کەموزۆر نمایندەی وەها وێنەیەکە، بەڵام لە کۆتایی رۆمانەکەدا ئەم وێنەیە بۆ خانمێکی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و سروشتخواز و جوانپەرست دەگۆڕێت، کە گەرەکی نییە ببێت بە فریادرەس یان گومانی لە فریادرەسە و خۆی رادەپسکێنێت و درۆی فریادرەس پیشانی هەموومان دەدات، واتا نووسەر نەیخواستووە لە ژێر چەتری هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئاسمانی بێت یان دونیایی چارەسەرێک بۆ قەیرانی رۆحی و تەنگژەداری مەردمگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، کۆتاییە کراوەکەی رۆمانەکە ئێمە لەو دووڕیانەدا بەجێدێڵێت کە ناچارین بە تێڕامان و تێفکرین بیر لە رێگای خۆ رزگارکردن لەو هەموو تەڵزگە و تەلیسمە بدۆزینەوە، بەدەر لەوەی کە چییە و چۆن کە من ناکرێت نهێنییەکەی بدرکێنم، چونکە جوانی و سیحری رۆمانەکە لەوەدایە کە هەر کەسە و لە دیدگا و کلیلی خۆیەوە دەرگا داخراوەکان بکاتەوە!

بە درێژایی خوێندنەوەم بۆ رۆمانی “مرۆڤی هەرزان” ئەوەم بیر دەهاتەوە کە زۆرن ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی کە بڕوایان وایە شارستانییەت ڕوو لە هەڵدێرە نەک بونیاتنان، ئەو شارستانییەتەی مەردمگەل شانازی پێوە دەکات لەسەر حیسابی کوشتنی “ئێرۆس”ە کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی و روو لە ژیاندۆستییە، بە پێچەوانەوە کە لە هەنووکەدا “تاناتۆس” زاڵترە کە خوداوەندی مەرگە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا.

لە کۆتایی ناساندنی ئەم رۆمانەدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە گومانکردن لە خودی مرۆڤ رەوایە کە تاکە گیاندارێکە نازانێت بژی، هەر بۆیە ناچارم بچمەوە سەر سێ مەحاڵەکەی “سێگمند فرۆید”یش کە بڕوای وا بوو کە لەوە دەچێت لە کۆنەوە تا هەنووکە سێ شت مەحاڵ بن: پەروەردەکردنی مرۆڤ، خوێندنەوەی بنیادەم لەسەر ئاستی رەوانی دەروونییەوە، سێیەمیان: حوکمکردنی مرۆڤ لە باری رامیارییەوە و کۆنترۆڵکرنی بە نیازی چاکبوونی مەحاڵە، لە کاتێکدا “فرۆید” و یاوەرەکانی بە درێژایی ژیانی پیشەییان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو سێ مەحاڵە بکەن بە کار و کردەوەیەکی شیاو و ئاسان کە نەکراوە!

لە میانەی خوێندنەوەم بۆ رۆمانەکە چەند پرسیارێکم لە دروست بوو کە ئاراستەی خودی نووسەرم کردووە کە لە ئاهەنگی بڵاوبوونەوەی رۆمانەکەدا، لە “کتێبخانەی رەهەند/ سلێمانی” ساز کرا کە توانی وەڵام بداتەوە لە گۆشەنیگا و بڕواکانی خۆیەوە، بە نیازی ئەوەش سەر لە نوێ لێرە تۆماریان دەکەم تا خوێنەریش پرسیاری خۆی هەبێت بۆ نووسەرەکە، چونکە ئەوەیان دەبێت بە مایەی دیالۆگ و تێڕامانی قووڵتر:-

پرسیار: من وای دەبینم کە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە پەراوێزی مێژوودایە، بە تایبەتی کوردستان، کەچی تۆ {هەوڵیر}ت کردووە بە سەنتەر و چەقی رووداوەکان؟ گەرچی ئەوەش دەزانم کە تۆ باسی ئایندەیەک دەکەیت کە سەد ساڵێکی ماوە بیگەینێ بە گوێرەی پێشبینی رۆمانەکەت؟

پرسیار: بۆچی لە کۆی دراما و تراژیدیا و گەڕان بە دوای چارەسەرێکی بنەبڕ “شووشە” و یاوەرانی کوردزمانن، لە کاتێکدا خودی کوردگەل بۆ خۆی خاوەنی جوگرافیای خۆی نییە، یەکێکە لەو نەتەوە دەگمەنانەی لە مێژوو دەرکراوە و کەوتۆتە پەراوێزی کۆی رووداوە گەورەکانەوە، چ پاساو و بیانووێکت هەیە بۆ ئەم بەشدارییە، بە تایبەتی رۆڵی “شووشە” وەک مێینەک کە زۆر کاریگەر و بڕیاردەرە، چ باکگراوندێکی فیکری و مەعریفی هەیە و لە کوێ پەیدای کردووە؟

پرسیار: رۆمانەکەی تۆ کە دەچیتەوە ناو بازنەی ئەدەبیاتی خەیاڵی زانستییەوە، بە تایبەتیش کە تیایدا تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن پردی لە یەکتری تێگەیشتنە بۆ بەشداریکردن لە ناو تۆڕێکی جیهانگیری و سەرتاپاگیر، دەیانخەیتە گەڕ کە ئاسان نییە و ئێمە تیایدا هەژارین. ئایا بایی چەند متمانەت هەیە کە لە نەوەی باوان و کۆنینە و هەم نەوەی نوێ بتوانن لە نهێنییەکانی ئەم رۆمانە تێبگەن کە وەک زانراوە لەم دەڤەرەدا زۆرینە باکگراوندێکی زانستخوازانەیان نییە؟

پرسیار: ئایا تۆ بڕوات وایە کە هۆکارە زۆرەکانی ئەو تراژیدیا و مەرگەساتەی وا لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا بەربڵاوە دەگەڕێتەوە بۆ شکستی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر ئاستی دونیادا وایە یان بە تەنها لای خۆمانە کە هەمووان تێوە گلاون بە شێوەیەکی گشتیگیری؟

پرسیار: تۆ گومانێکی گەورەت هەیە لە پەروەردە بە گشتی لەسەر ئاستی خانەوادە، مەکتەب، دەزگا ئایینییەکان، مزگەوت لای ئێمە، حیزب و باقی خانەکانی دیکەی پەروەردە، کە منیش هاوسۆزی تۆم و هەمان پرسیار و گومانیشم هەیە، بەڵام لە رێگەی پالەوانی سەرەکی خۆتەوە: “شووشە” کە جۆرێک لە ئومێد هەیە کە خۆشەویستی و جوانی و خێر بیباتەوە، ئایا یەک کەس دەتوانێت فریادرەس بێت کە تۆ لە ناوئاخنی رۆمانەکەت بروات بە فریادرەس نییە؟

پرسیار: بۆ من گرنگە بزانم کە ئاخۆ گەر لە کورستان بمایتایە، هەمان پرسیار و گومانت دەبوو کە دۆخی مرۆڤایەتی لە تەنگژەیەکی گەورەدایە؟ ئایا بروات بەوە هەیە کە رۆژهەلات و رۆژئاوا لە ناو هەمان تراژیدیا و کارەساتدا دەژین، ئایا بایی چەند ئەم دیدگا و جیهانبینییەت زادەی ساڵانی مانەوەتە لە ئەمریکا؟

پرسیار: ئایا بوونی گەردوونە جیاوازەکانی دوای گەشتی “میعراج” ئاسای پاڵەوانەکانت، هەر هەمان وێنە دینییەکە نییە بۆ قیامەت: کە هەم دۆزەخ چاوەڕیمانە و هەم بەهەشت؟ بە گوێرەی رۆحی رەش و سپی کەسەکان، واتا بوونی خێر و شەڕ؟

پرسیار: بایی چەند بەختت هەیە کە رۆمانەکەت بکرێت بە ئینگلیزی یان هەر زمانێکی بیانی و خوێنەری هەبێت؟

لە پاشکۆی ئەدەبی کوردستانی نوێ بڵاو کراوەتەوە




هاوسەنگی هێز لە پەرلەمانی عێراقەوە بەدەست نایەت.. عوسمان حاجی مارف

دووبارە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق، هێزە میلیشیا تائفی و ناسێۆنالستەکانی سەرقاڵی ئامادەکاری و پلانگێڕی و کێشمەکێشی نێوانیان کردۆتەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە هەلو مەرجێکی پڕ قەیراناویدایە و دۆخی عێراق زیاتر دەرگیرە لە ناجێگیر و گێژاوی سیاسیدا، هاوسەنگی هێزەکان بەڕێژەیەک ئاڵوگۆڕیان بەسەرداهاتووە کە هیچ لایەن وهێزیک نیە نیشانی بدات بە تەنها دەتوانێ چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بە قازانجی خۆی یەکلایی کاتەوە، نە بە هێزی چەکداری و نە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە. تا ئەو ئاستەی لە دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ئێرانیشدا چارەنوسی عێراق بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەوەش پێشبینی دەکرێت کە هەر وادەمێنێتەوە، بەتایبەتی بەدوای دامەزراندنی حکومەتەکەی کازمی نیشانەکانی دەرکەوتنی هەلومەرجێکی گونجاوو ئەرێنی نەک نەخرایە ڕوو، بەڵکو مەوقعیەت و بودەڵەیی دەوری هێزە سیاسیەکان و لە هەمان کاتدا ناڕێکخراو بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئایندەیەکی ڕۆشنی بۆ عێراق تیا بەدی ناکرێت، هەڵبەتە ئەم هەلومەرجی سیاسیە بە دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە زیاتر کاریگەری ناتەندروست و نەرێنیان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێت، هەروەها ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغدا و خواروی عێراق و توڕەیی خەڵک لەم هێزە میلیشیاییانە چارەنوسێکی نادیار و بارگرژی دەدات بە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە.

ئەگەری ئەوە زۆرە لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین ڕێژەی دەنگدەر بەشداری دەنگدان بکات، وە ئەمەش وەک بەشێک لە بەردەوامی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان خۆی نیشان ئەدات، چونکە بەجۆرێکی وەها نائومێدی و توڕەیی خەڵک لەبەرامبەر ئەم هێزە سیاسیانەدا تەشەنەی کردووە، کە خواستی ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی سیاسی عێراق هیواو ئومێدێکی بەرفراوانی خەڵکە.
دۆخی نالەبارو نەگونجاوی ئەم هەڵبژاردنە ،هێزە سیاسیەکان زیاتر ناچار دەکات بۆ بەکارهێنانی فروفێڵ و ساختەکاری و جۆرێک لە ڕێکەوتنی سەیروسەمەرەی نێوان خۆیان، تا بەهەر بەهایەک بێت ئەم هەڵبژاردنە بەسەلامەتی تێپەرێنن.
مەسەلەیەک کە هەر لەسەرەتاوە جێگای سەرنجە چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزو لایەنە کوردیەکانە لەم هەڵبژاردنەدا، وەک نمونەیەک دەیبینین گۆڕان و یەکێتی خەریکی هاوپەیمانیەکن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها کۆمەڵ و یەکگرتووش دەیانەوێت بەشدارو هاوبەش بن لەم لیستەدا. ئەم لیستە نمونەیەکە لە گەمەی سیاسی و گاڵتەجاریەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا بەدیمان نەکردووە، گۆڕان لەلایەک لە ئێستادا بەگشتی بەرژوەندیە سیاسیەکانی زیاتر گرێداوەتەوە بە پەیوەندی لە گەڵ پارتیدا، لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق دەڕواتە ڕیزی هاوپەیمانیەکەوە کە یەکێتی دەیەوێت بیکاتە دەسکەوتێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی، هەڵبەتە سەرگەردانی گوڕان لەم کارەو لە هەنگاوەکانی پێشوتریشیدا شتێکی شاراوە نیە. ئەوەی پێویستە لەسەر ئەم جۆرە لیستە رونکردنەوە بدەین.
یەکەم: بەشێکە لە ئاکامی قەیرانی ئەو دۆخە سیاسیەی کە هێزە کوردیەکان بەگشتی دەرگیری بوون و لە چاوەڕوانی ئەوەدان نازانن چارەنوسی کوردستان لە پەیوەند بە دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بەرەو کوێ دەڕوات، چونکە دۆخی کوردستان بە هێزە میلیشیاکانیەوە لە ژێر پرسیارو دارماندایە.

دووەم: مەوقعیەتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستێکی وەهادا دابەزیوە تەنها بەدوای ئەوەوەیە پاشماوەکانی خۆی بپارێزێت، لە ناو هاوکێشە سیاسیدا بە تایبەتی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراقەوە هیچ متمانەو پێگەیەکی نەماوە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵ ویەکگرتوش دەرگیری هەمان بێ ئاکامی و نادیاری چارەنوسی خۆیانن و بونەتە یاری دەستی یەکێتی و پارتی.
سێهەم: یەکێتی نیشتیمانیش بەجیا لە کێشە ناوخۆییەکانی و مەوقعیەتێک لە هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر پارتیدا کە تابێت بەرەو داکشان دەڕوات، ئامادەیە بۆ هەر شێوازێک لە هاوپەیمانیەتی بۆ کەم کردنەوەی داکشانەکەی و لە هەوڵدانێکی بێ هودەدایە بۆ رکابەری لە بەرامبەر پارتیدا
ئەم جۆرە لە گەمەی سیاسی لەلایەک زیاتر هەوڵ و دەوری یەکێتیە کە دەیەوێت بە رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو لیستێکی هاوبەش پێکبهێنێت، تا هاوسەنگی هێزی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەرێتە سەر و جێگاو رێگایەکی زیاتر لە چاو پارتیدا لە حکومەتی عێراقدا بەدەست بهێنێت، لەلایەکی ترەوە ئاکامی بن بەستی تەواوی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە، کە وەک ئۆپۆزیسیۆن شکستیان هێناو وەک بەشداریش لەدەسەڵاتدا کارێکیان پێ نەکرا.
مەوقعیەتێک کە پارتی لەسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بەدەستی هێناوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانیەی یەکێتی و گۆڕان ناتوانێت ببێتە دەسکەوتێکی سیاسی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان و لاوازکردنی پارتی و پەیداکردنی جێگاو ڕێگایەک لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوەی لەپەرلەمانەکانی پێشودا بۆیان نەکراوە لەم پەرلەمانەشدا زیاتر دەبنە گاڵتەجار.
لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، هیچ دەورێکی نابێت لە کۆتایی هێنانی بەو گێژاوی سیاسیە، هەروەها ئاکام و چارەنوسی هێزە سیاسیەکانیش لە ناو ئەو گێژاوەدا ڕادەگرێت، بە تایبەتی ئاشکرایە کە لە پەیوەند بە دۆخی ناجێگیری سیاسی عێراق و ناوچەکەو فروان بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ئەم هەلومەرجە نالەبارە کۆتایی نایەت.
هیچ کات ناتوانین لە بونی ئەم هێزە میلیشیا تائفئ و نەتەوەپەرستیە پێشبینی بکەین کە دۆخی عێراق ڕەواڵێکی سەقامگیر بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بە لیستی هاوبەش بۆ ناو پەرلەمانی عێراق ناتوانێ هاوسەنگی هیزی پارتی لە زۆنی زەرد لاواز بکات، چونکە جێگەو ڕێگەیەک کە پارتی لە پەیوەند بە بەغداوە هەیەتی، مەوقعیەت و دەسەڵاتی پارتیە لە زۆنی زەرد، نەک ئەوەی چەند ئەندام پەرلەمانی دەبێت لە بەغداد.
ئەوەی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان هوشیاریە بەوەی ئەم کێشمەکێش و شەڕەی نێوان حزبەکانی کوردایەتی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان، یەکێتی لەبەرامبەر پارتی، پارتی لە بەرامبەر یەکێتی، گەورەترین زیان بە ژیان و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری دەگەیەنێت.
کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان بە دەوری نارەزایەتی و خەباتی جەماوەری و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک ڕێگای ڕزگاریە.




مه‌رجی بابه‌تيانە بۆ کاریگەربوونی کاریکاتێر.. هەندرێن خۆشناو

فه‌راهه‌مكردنی گاڵته‌جاڕیی له‌ كاریكاتێردا به‌س نیه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاریكاتێره‌، بۆیه‌ ده‌بێت چه‌ندین مه‌رجی تریشی تێدابێت، وه‌كو مه‌رجی بابه‌تیانه‌، به‌چی ئه‌م بابه‌تیانه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت؟ كاتێك كه‌ كاریكاتێریست به‌دوای دژ‌به‌یه‌كه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، ده‌بێت له‌نێو بابه‌تی كاریكاتێره‌كه‌دا بگه‌ڕێت، نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌، به‌ واتایه‌كی تر ده‌بێت ئه‌و دژبه‌یه‌كانه‌ ببینێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، بۆ نمونه‌ كاتێك كاریكاتێرێك له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسيه‌وه‌ ده‌كێشێت، ده‌بێت خاڵه‌ لاوازه‌كانی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ ببینێته‌وه‌، نه‌ك خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی، بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بێلایه‌نانه‌، نمونه‌یه‌ك دێنینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستێك ویستی باس له‌ (حاته‌م ئه‌لتائی) بكات، ئه‌م كاریكاتێره‌ هه‌رچه‌ند سه‌ركه‌وتوو و گاڵته‌جاڕ بێت، كارلێكردنی ویستراو به‌ده‌ست ناهێنێت له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا، ئه‌گه‌ر (حاته‌م ئه‌لتائی) وه‌كو كه‌سێكی قرچۆك وێنابكات، چونكه‌ سه‌خاوه‌تی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ وه‌ك نمونه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ به‌ نادادپه‌روه‌ر و تاوان هه‌ڵبه‌ستن له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، چونكه‌ بێ توانایه‌ له‌ گۆڕینی ئه‌و هه‌سته‌ی لای خه‌ڵكی به‌رانبه‌ر به‌ سه‌خاوه‌تی حاته‌م، كاتێك ئه‌مه‌ خاڵی به‌هێزی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یه‌ نه‌ك خاڵی لاوازی، ئه‌م خاڵه‌ش به‌هێزتره‌ له‌ به‌هێزیی كاریگه‌ری كاریكاتێره‌كه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ توانای هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی (حاتم ئه‌لتائی) نیه‌، به‌ڵكو ده‌گه‌یشته‌ ئامانجی خۆی ئه‌گه‌ر خاڵێكی تری ده‌ستنیشان بكردبایه‌، نه‌ك خاڵی قرچۆكی و سه‌خاوه‌تی، ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌ ئه‌رێنی ناسراوه‌ چونكه‌ به‌ سه‌خاوه‌ت ناونراوه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ ناوێكی تر ناوبنرێت و ده‌بێته‌ نه‌رێنی، كاتێك كه‌ ناوی نانێین سه‌خاوه‌ت، به‌ڵكو ده‌ست بڵاوی و باده‌ستی، ده‌ست بڵاویش له‌ نه‌ریته‌ نه‌رێنیه‌كانه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌خاوه‌تدا له‌یه‌ك نزیكن، له‌ هه‌ندێك شتدا له‌یه‌ك جیاوازن، به‌خشنده‌ سامانی خۆی پێشكه‌شی خه‌ڵكی ده‌كات، ده‌ست بڵاویش له‌وانه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی یان بۆخۆی خه‌رجی بكات، و جۆرێكه‌ له‌ خه‌رجی نا پێویست، له‌مه‌دا كاریكاتێریست ده‌توانێت حاته‌می پێ تاوانبار بكات، بۆ نمونه‌ چ پێویست ده‌كات حوشترێك سه‌رببڕی، كاتێك كه‌ سه‌ره‌ مه‌ڕێك زۆریشه‌ بۆ زگ ئاوسانی میوانه‌كه‌؟ لێره‌دا پارادۆكسه‌كه‌ له‌ نێوان خه‌سڵه‌تی به‌خشنده‌یی و قرچۆكی نیه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان به‌خشنده‌یی و ده‌ست بڵاوییه‌، بۆیه‌ كاتێك كاریكاتێریسته‌كه‌ پارادۆكسی یه‌كه‌م هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا خۆی تووشی هاڵاوی ده‌كات، به‌ڵام كه‌ پارادۆكسی دووه‌م هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا ئامانجه‌كه‌ی ده‌پێكێت، بۆیه‌ ده‌بێت كاریكاتێریست له‌و خه‌سڵه‌ته‌ی كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی پێ ناسراوه‌ له‌ پارادۆكسدا بگه‌ڕێت، نه‌ك له‌ پێچه‌وانه‌كه‌یدا، بۆ هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی ئه‌رێنی، هاوواتای نه‌رێنی هه‌یه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌، به‌خشنده‌یی ده‌ست بڵاوییه‌، قرچۆكیش داراییه‌، ئازایه‌تی و نه‌به‌زیش خۆكۆشتنه‌، پاشه‌كشه‌ش مانۆڕه‌، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی تریش.

بۆ زیاتر رۆشنیش نمونه‌یه‌كی تریش ده‌هێنینه‌وه‌، كاتێك كه‌ كاریكاتێریستێك زێده‌ڕۆیی له‌ وێنه‌كێشانی كه‌سێكی باڵابه‌رز بكات، ده‌بێت زێده‌ڕۆیی له‌ درێژی بكات، نه‌ك كورته‌ باڵای بكێشێت، كاتێك كه‌ بینه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بینێت و ده‌زانێت به‌ژنی درێژه‌، پێده‌كه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ببینێت به‌ده‌ست قه‌سپ له‌سه‌ر دارخورمایه‌ك لێده‌كاته‌وه‌ كاتێك به‌خۆی له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ستاوه‌، به‌ڵام پێناكه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ببینێت مێرۆله‌یه‌ك بدۆشێت، به‌ڵام پێده‌كه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی مێرۆله‌كه‌ ده‌دۆشێت، له‌ ئه‌سڵدا به‌خۆی كورته‌باڵا بێت، چونكه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ زێده‌ڕۆیی له‌ سیفه‌تی ئه‌و پیاوه‌دا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاریكاتێریسته‌كه‌ ویستی پارادۆكسی كورت و درێژی به‌كاربێنێت، ده‌بێت گوزه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ بابه‌ته‌كه‌ ببینێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی سێبه‌رێكی كورت بۆ باڵابه‌رزه‌كه‌، و سێبه‌رێكی درێژ بۆ كورته‌باڵاكه‌ بكێشێت، له‌لایه‌ك پارێزه‌ری له‌ بابه‌تیانه‌كه‌ی ده‌كات، و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ی كه‌ له‌لای جه‌ماوه‌ره‌وه‌ دروست بووه‌ به‌ریه‌كناكه‌ون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سیفه‌تێكی تری خستۆته‌ سه‌ر كه‌سه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی لای جه‌ماوه‌ر بینراو بێت، كاریكاتێریسته‌كه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر سیمبول و سوڕانه‌وه‌ له‌ ده‌وری هه‌سته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌، و به‌ كورتی وێنای كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگاری له‌ درێژی كردووه‌، ئه‌وه‌كه‌ی تریشی به‌ درێژی وێناكردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگاری له‌ كورتی كردووه‌، په‌نده‌ پێشینانه‌كانیش پڕیه‌تی له‌م پارادۆكسانه‌، وه‌كو (هه‌موو درێژێك عه‌قڵی له‌ چۆكیه‌تی) و (هه‌موو كورته‌باڵایه‌ك ئاژاوه‌گێڕه‌) و (توندی ده‌ست له‌ شلی زمانه‌وه‌یه‌) و چه‌ندین نمونه‌ی تر، ئه‌و پارادۆكسانه‌ زۆر له‌ شیعری كۆنی عه‌ره‌بیشدا به‌كارهاتوون، وه‌كو ئه‌و گوته‌یه‌ی شاعیر، سه‌باره‌ت به‌ هۆزێك كه‌ خه‌ڵكی شه‌رمه‌زاریان ده‌كردن به‌ ناوه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ (انف الناقة‌) واته‌ لووتی حوشتر بوو، كه‌ ده‌ڵێت:

گه‌لێك كه‌ لووتن و خه‌ڵكی دیكه‌ش كلك، ئایا لووتی حوشتر و كلك وه‌ك یه‌كن؟ لێره‌دا شاعیر ئه‌و سیفه‌ته‌ی به‌كارهێنا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێوه‌ی شه‌رمه‌زاربوون، بۆ ستایشكردن و پێداهه‌ڵدانیان، به‌مجۆره‌ش ئه‌م سیفه‌ته‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ گۆڕا بۆ سه‌رچاوه‌ی شانازی، و چه‌ندین نمونه‌ی تریش.
مه‌به‌ستیش له‌م نمونانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت پارێزگاری له‌ بابه‌تیانه‌ی كاریكاتێره‌كه‌ی بكات، به‌ وێناكردنی ئه‌و پارادۆكسانه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌دا هه‌ن، هه‌رچه‌ند كاره‌كه‌ ئاڵۆزیش بێت، به‌بێ داهێنان و هه‌ڵبه‌ستن و هه‌ڵه‌كاریی، تاوانباركردنی پیاوێكی سیاسه‌ت كه‌ به‌ ده‌ستپاكی ناسراوبێت، بۆ نمونه‌ به‌ دزینی موڵكی گشتی كارێكی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستیش ده‌یه‌وێت ره‌خنه‌ له‌و كه‌سه‌ بگرێت، ده‌بێت به‌دوای پارادۆكسه‌كان له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و سروشتی ئه‌و كه‌سه‌دا بگه‌ڕێت، نه‌ك پارادۆكسانێكی بۆ دروست بكات كه‌ له‌ كه‌سه‌كه‌دا بوونی نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ و له‌ ره‌فتار و ره‌وشت ده‌رنه‌چێت، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستیش پابه‌ند بێت به‌مه‌، ئه‌وا كاریكاتێره‌كانی ناوبانگی خۆیان ده‌ستده‌كه‌وێت له‌نێو خوێنه‌راندا، هه‌رچه‌ند جه‌ماوه‌ریی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش زۆر بێت، هه‌مان شت حزب و لایه‌ن و گروپه‌ سیاسیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، بابه‌تیانه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ كاریكاتێری سیاسیه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ رێژه‌ی جیاواز جۆره‌كانی تری كاریكاتیریش ده‌گرێته‌وه‌، باسكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا بوونی نیه‌، ده‌رچوونه‌ له‌ بابه‌تیانه‌ی كاریكاتێر، بۆ نمونه‌ بایه‌خدان به‌ دیارده‌ی ئاڵوده‌بوون له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ی تێدانیه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ش په‌یوه‌نده‌ به‌ مه‌رجێكی تر له‌ مه‌رجه‌كانی كاریگه‌ری كاریكاتێر، كه‌ هۆكاری كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، كه‌ دواتر به‌ درێژی باسی ده‌كه‌ین.




گۆڤاری نما ژمارە ٥١

گۆڤارێکی فیکریی و ئەدەبیی وەرزییە لە هەولير دەردەچێت..

بۆ خويندنەوەی ژمارە 51ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن..




سێبەرێکی هەورامانی.. هۆمەر نۆریاوی

(ئاوڕێک بۆ سەر وێستگەکانی ژیانی وەلی فەتتاحی)

1 – وەلی فەتتاحی،نووسەر و وەرگێڕ،ساڵی 1343ی هەتاوی(1965)لە گوندێکدا لەدایک دەبێت کە هونەر،لەوێندەرێ زایەڵەی بڵند دەبێت. “شۆشمێ”،هەمان زێدەکەی وەلی مامۆستا و وەرزشوانە. سەردەمی زارۆکی لە گوندی “شۆشمێ” وەپشت سەر دەنێت. دواتر ڕوو لە شارۆچکەی “نەوسوو”دەکات کە هەر لە کۆنەوە،ناوەند و مەکۆ بۆ هونەر بە هەر هەموو لق و پۆپەکانیەوە دەبێت و بە دەیان سیمای هونەریی و ڕووناکبیر لەوێوە سەر هەڵدەدەن و پاشانیش لە هەر هەموو کوردستاندا ناویان دەکەوێتە سەر زاران.
2 – دووەم قۆناخ لە ژیانی وەلی فەتتاحی هاوکاتە دەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و ئێراق(1988-1980) کە مخابن بەشێکی فرەی هەورامان چۆڵ و جەماوەرەکەی ئاوارە و ڕوو لە شارەکانی دوو ستانی کرماشان و سنە دەکەن. شەڕی ئێران و ئێراق کە دەست پێ دەکات، هەورامان بێناز دەکەوێت و بەشی فرەی گوندەکانی خاپوور و چۆڵ دەکرێن. کێ وەک گەورە هونەرمەندی کورد”ئۆسمان هەورامی”توانیویەتی هاواری دڵەی لە دەست ئەو چۆڵبوونەی دەڤەرە نازەنینەکەی دەرببڕێت کە لە گۆرانییەکی ناخهەژێندا دار و بەردی هەورامان دەلاوێنێتەوە. بە دوای ئەو ڕەوشە ماڵکاولکەرەدا، ماڵباتەکەی “وەلی”ش وەک زۆرینەی خەڵک،ئاوارەیی دەبێتە بەشی. شاری نەوسوو، ساڵی 1359ی هەتاوی(1980)دەکەوێتە دەست سوپای ڕژێمی بەعسی ئێراق و شار بە جارێ چۆڵ دەبێت و ئەوێندەرێ دەبێتە مەکۆی کوند و بۆکوێرەی شوومی زەمەن.
3 – سێیەم وێستگەی ژیانی وەلی فەتتاحی، شاری “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت کە خۆی و بنەماڵەکەی لەوێندەرێ دەگیرسێنەوە.وەلی ،خوێندنی دواناوەندی لە پاوە کۆتایی پێ دێنێت و دواتر بۆ خانەی مامۆستایان دەردەچێت و لە گەورە شاری کرماشان خوێندنەکەی کۆتایی پێ دەهێنێت. پاش تەواوبوونی خوێندنەکەی،دەبێتە مامۆستای خوێندنگە و قوتابخانەکانی دەڤەری هەورامان و 30 ساڵی تەمەنی لە پێناو وانەوتنەوە و فێرکردندا وەپشت سەر دەنێت.
4 – لە چوارەم قۆناخی ژیاندا، وەلی فەتتاحی دەبێتە مامۆستای قوتابخانان و گەلێک ساڵان لە خوێندنگەکانی ناوچەی باوەجانی و ڕوانسەر بە کاری وانەوتنەوەوە خەریک دەبێت و ئەوەی لە هەگبە زانستییەکەیدا دەبێت،دەیگوێزێتەوە بۆ خوێندەواران. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای وەلی مامۆستا دەبن،هەمووان باس لە خاکەڕایی ئەم مرۆ ڕۆحسووکە دەکەن کە چلۆن وانەکانی ژیان،فێری قوتابییان دەکات و لەسەر بنەمایەکی مرۆیی،بۆ سبەی باریان دەهێنێت و پەروەردەیان دەکات.
5 – لە دوا قۆناخی ژیاندا ئەم سیما فەرهەنگییە،خۆ لە شاری ڕوانسەردا دەبینێتەوە. شارۆچکەی “ڕوانسەر”ی سەر بە هەورامان،یەک لە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی وەلی مامۆستا دەبێت کە هەر لەو شارۆچکەیەوە،گۆشەیەکی دی لە خەباتی دەست پێ دەکات کە ئەویش ئاوێزابوون بە باڵای چاند و زمانی کوردییە کە دەستکەوتی ئەم خەباتەیش،چەندان کتێب و دەیان وتارە. ئەم سیما خەمخۆرەی چاند و زمانی کوردی لە ناوچەی هەورامان، یەک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی “میرزا ئەحمەد داواشی”لە شارۆچکەکەی ڕوانسەرە کە ئەم بنکە چاندییە،دواتر تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی لەو ناوەدا دەدات. ئیتر تا دێت زێتر بە دوای حەز و خولیاکانیدا دەچێت. بە واتایەکی دی،هەر لێرەوەیە کە پتر ئاوێتەی دنیای چاند و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری دەبێت. بە هاریکاری کۆمەڵە مرۆیەکی خەمخۆر،ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی دادەمەزرێنن ئەرچی ئەم ئەنجوومەنە لە لایەن کۆمەڵە گەنجێکی ئەوێندرێوە وەبەر ڕەخنە دەکەوێت کە گوایە زێتر خۆ لە قاوخێکی کۆندا دەبینێتەوە و دەرکە لە ڕووی لاوان و داواکارییەکانی ئەم توێژە ناکاتەوە بەڵام بۆ وەلی فەتتاحی ئەم ئەنجوومەنە دەیخاتە سەر ڕێبازێکی نوێ و هەر لێرەوە ڕوو لە دنیای فەرهەنگ و زمان دەکات و دەست دەداتە نووسین لەسەر گەلێک پرسان و دیالێکتی هەورامی بۆ زمانی نووسینەکانی دەکار دەهێنێت. ڕاستە وەلی درەنگ دەست پێ دەکات بەڵام زۆر زوو دەتوانێت ڕێ ببڕێتە نێو کۆمەڵەی فەرهەنگیی هەورامانەوە.
وەلی،بۆ بەشێکی نووسینەکانی،زمانی ساتیر و تەنز دەکار دێنێت. ئەم زمانی ساتیرە،هەندێک جار ڕەخنەگرتنە لە کۆسپ و کەند و لەندەکانی بەردەم ڕووبەری جڤاکی بە گشتیی و کۆمەڵەی چاندیی بەتایبەت. بڕێک جاریش داکۆکی و لاگریکردنە لە زمان و چاند و دابونەریتی کوردی و هەروەها بەها واڵا مرۆیییەکان.
بەشێکی تری نووسینی ئەم سیما فەرهەنگییە،ڕووی لە گلێرکردنەوە و لێکدانەوەی سامانی زەنگینی ئاواز و مێلۆدی و گۆرانیی ڕەسەنی دەڤەری هەورامانە.
وەلی فەتتاحی، هەرگیز لە هەمبەر ئەوەی لە کۆمەڵدا ڕووی دەدا،تەنیا سەیرکەر نەبوو؛ پێنووسێکی پەرۆش بەرانبەر کۆمەڵگەکەی بوو. بەردەوامیش پێنووسەکەی بە هەمان مەبەست دەسووڕاند.
لە هەمبەر نووسەر و هونەرمەندانی دەڤەرەکەی بەوپەڕی خاکەڕاییەوە خامەکەی دەخستە گەڕ و دەیەویست ئەم نەریتە بۆ بەرەی ئەمڕۆ و سبەی نێو کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە کە ڕێز لە سیما خەمخۆرەکانیان بگرن.
هەر لە گەرمەی ئەم ئاوێزانبوونە بە ڕووبەری وێژەی کوردیدایە کە ئەوینێکی پاکژ و ڕۆچوون بە نێو جیهانە ڕەنگاڵەییەکەی ئەشقدا، وەلی دنە دەدات ڕوو لە وەرگێڕان و گوێزتنەوەی دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی بۆ سەر زمانی کوردی(دیالێکتی هەورامی)بکات. مەگین هەر ئەوەی سووتاوی ئەوینێکی بێگەرد بێت تا لە زمانە پاراوەکەی باوە تایەری لوڕ بگات!
وەلی بەو دەردەوە موبتەلا بوو هەر بۆیە دەست بۆ دووبەیتییەکانی باوە تایەر دەبات.
هەر کەس بێ دەردا،با هەر مەردە بۆ
دڵ عەشقش نەبۆ،با پەژموردە بۆ
بوڵبوڵ مەچڕۆ سەحەر،ئەو گوڵی
هەر کەس بێ عەشقا،ئیمان هەردە بۆ
(دوو بەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی،وەلی فەتتاحی)
لە گەرمەی چالاکیی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریدا مخابن مەرگ بەرۆکی پێ دەگرێت و لە تەمەنی پێگەییشتن دا پەڕی ژینی هەڵدەوەرێت و ئۆغری دوایی دەکات و هەورامانەکەی و شاری نەوسوود دەبێتە دواهەواری و بۆ هەمیشە لە ئامێزی خاکی نیشتمان دا ستار دەگرێت.
“فەتە”،(کۆمەڵە تەنز) ،”چریکەی ئەهوورایی”(گۆرانیی و ئاوازەکانی هەورامان) و وەرگێڕانی”دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی” بۆ سەر دیالێکتی هەورامی،چەند بەرهەمێکی چاپکراوی وەلی فەتتاحی دێنە ئەژمار.
جێی ئاماژەپێدانە کە ڕۆژی سێشەممە،5ی ڕەشەممەی 2720(23ی فێبریوەری 2021)،”وەلی فەتتاحی”،نووسەر، وەرگێڕ و تۆرەوانی کوردی هەورامانی،لە تەمەنی 56 ساڵیدا ئۆغری دوایی دەکات و بۆ هەر هەمیشە لە باوەشی خاکی پیرۆزی نیشتماندا ئۆقرە دەگرێت. جێی ئیشارەت پێدانە کە شاری “نەوسوو”،بۆ هەمیشە دەبێت بە ئارامگەی ئەم کەسایەتییە گەلپەروەرە.


پاکژترین ئینتیزار
هەر دوێشەو بوو،
لە دوو سووچی
ئەم جەنجاڵستانەی ئێستا،
بە جووت باسی میهرەبانی
جارانمان بۆ یەکدی دەکرد،
ئۆخژنیشمان بۆ ناخ و دڵ دەگوێزتەوە.
دڵی،پڕی لە وەنەوشەی نیشتمان بوو،
کەچی ئەیوت:
تۆ نازانی برالە گیان چلۆن لێرە،
بە هەر هەنگاوێ بۆ ژیان،
کەلەبەرەکەت
لێ دەتەنن بە تەمتومان!
هەر کە ئەمدواند،
کوڕە خرتۆڵە دەروون میهرەبانەکەی هەورامان،
چۆڕچۆڕ ئەسرینی دەوەراند.
وەک خودی خۆم،
غوبەرتێکی ئەم زەمەنە تەنگەبەرە،
لە دەوری ناخی ئاڵا بوو.
“وەلی”خۆی بوو،
هەستم دەکرد،
هێشتاکە هەر،
هەمان کوڕە هەر هەمیشە دەم بە بزەی
خوێندنگەکەی دوێنێی عومرە،
وەک”سەراو هەوڵی”یەکەی جاران، ئارامیی پێیە بۆ دڵان. لەمێژە”وەلی”دەناسم، هێور وەکوو سپیدارە کۆنساڵەکەی”حەوزەلارە”،
کەچی نەیهێشت، جارێکی تر
بە دیداری شاد ببمەوە،
ئەم بەهارە.
سەد بەهار بێ و سەدیش بچێ،
شێوەی میهرت،
تازە لەسەر ناخم نەخشە و
هەرگیز هەرگیز،
لە دڵ ناچێ.
ئیتر بنوو وا بەهارە،
بە خەیاڵی هەورامانێ گوڵاڵەسوورە
داتدەپۆشم،
کە لە خەیاڵدانی مندا،
پاکژترین ئینتیزارە.

  • سەراو هەوڵی: یەک لە خۆشترین سەیرانگەکانی جارانی شاری پاوە دێتە ئەژمار کە لە نزیک خوێندنگەکەی دواناوەندیی سەردەمی ئێمە (دواناوەندیی شەهیدانی هەشتەمی گەڵاڕێزان) بوو کە بە هەزار داخ و کەسەرەوە، ئەم مەکۆ دیرۆکییەیش بە دەردی مرۆی ئەم سەردەمەوە گیرۆدەیە و ئێستا تەنیا یادەوەرییەکەی ماوەتەوە.
  • حەوزەلارە: یەک لە شوێنە هەرە دڵاواکانی شاری “نەوسوو”ی سەر بە “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە شوکر هێشتا سێبەرەکەی،میهر بۆ دڵان دەگوێزێتەوە.

هۆمەر نۆریاوی




مۆسیقا یاوەری شاعیرێکی خەمبارە.. ستیڤان شەمزینی

مۆسیقا “با”یەکی دڵسووتاوە
بە کوڵ بۆ شاعیرێک ئەگری و
عەشق کانییەکە لە تریفە
وەک بت مانگی تابان ئەپەرستێ
منیش لە یەک کاتدا هەم ژێی مۆسیقا
هەم کانیاوی عەشقم
دەمم پڕە لە قسە کە بە شیعر ناوترێ
ئەیدەمە دەست موزیک
سەرم پڕە لە غەم بە زار دەرنابڕدرێ
ئەیدەمە دەست موزیک
مۆسیقاش گۆزەیەکە بەسەر شانی فریشتەیەکەوە
تک تک ئاواز و خەمگینی لێ ئەڕژێتە
سەر ئەو زەویەی مرۆڤ بە ئاگری گوناه و
تاوان کردوویەتی بە سوتماک
مۆسیقا مامۆستای شاعیرێکی خۆکوژە
کە شمشێری سامورای رۆژگار چەقییە نێو دڵی و
لە نێو مێرگوزاری شیعردا بە خاکیان سپارد
تا ئێستاش
وردە نۆتەی غەمگینی لەنێو کفنەکەیدا ماوە،
ئەو شاعیرەی دڵی بەسەر تەنافی رزیوی
سێرگی ژیانەوە ئەڕۆیشت
لەناکاو بەربووە نێو شانۆی غەمەوە
لە سپێدەیەکی زوودا
لە خەونی خۆشبەختی راچڵەکێنرا و
بە زنجیرکراویی فڕێیاندایە
بیابانی کاکی بەکاکی تەنهاییەوە
مۆسیقا غەمبارە
وەک ئەو شاعیرە خەیاڵییەی
لە زەمەنی مۆمیاکردنی دڵ و
رەوانەکردنی عەشق بۆ مۆزەخانە
بەسەر پشتی پەلکەزێڕینەوە
ئەسپی هەتاوی زین ئەکرد
لە چاوتروکاندنێکدا
سروشتی ئەخستە نێو فۆتۆیەکەوە
چەرچەفی ئەدا
بەسەر زامی قووڵی جەستەی هەلاهەلابووی خۆی
کە نینۆکی تیژی دڵشکان
لە هەموو لایەکەوە کون کونی کردبوو
ئەو شاعیرەی
لە هەسارەیەکی دوورەوە هاتبووە ئێرە و
خورپەی ئەخستە
دڵی ئەو زریانە کوێرانەی
موچڕکە خۆشەکانی عەشقیان
بەرەو دۆڵی دابڕان رائەماڵی
مۆسیقا دەفتەرێکی پرتەقاڵی دەستی شاعیرێکە
کە هەردەم دەگریێ و
کەس جۆگەی فرمێسکەکانی نابینێت
هەردەم ناڵە و هاواریەتی
هیچ کەس دادوبێدادی نابیستێ
هەردەم غەم ئەنووسێت
کەسێک نییە دڵۆپێک شادی پێبەخشێ
هەردەم ئەسووتێ
کەسێک نەهات بیخاتە ژێر بارانی خۆیەوە
هەردەم باخچەکان ئاو ئەدا
باخەوانێک گوڵێکی پێشکەش نەکرد
هەردەم ژان و ئازار ئەنۆشێ
حەکیمێک نەبوو دەردی دەرمان بکا
هەردەم بێدارە
هیچ مەیخانەیەک
تۆسقاڵێ سەرمەستی پێنەدا
هەردەم ئاشقە
هیچ مەعشووقێک
بێنازییەکەی هەڵنەگرتووە
هەردەم بانگەوازیەتی
کەس کەس لێی تێناگات جگە لە موزیک
هەردەم بە دوای هاوڕێیەکا ئەگەڕێ
کەس هاوەڵی نییە جگە لە موزیک
مۆسیقا خەمگینی شاعیرێکە
کە چاوەکانی رووباری گریانن
ژیان دڵڕەقی زۆرپ لەگەڵ کردووە
مردن هەمیشە لەسەر رێی وەستاوە
خۆشیی هەموو کات خۆی لێ ئەشارێتەوە و
غەم ئەیخواتەوە
عەشقیش تەنیا ئازارێکە بۆی
فیراق هەموو وەرزێک ئەیدورێتەوە
پێکەنین قوورگی ئەسووتێنێ
گریان دەستی لە یەخەی نابێتەوە
شامپانیای بێزاریی ئەخواتەوە و
خەوی ناڕەحەتی ئەیباتەوە
دەمی خستۆتە نێو دەمی مەراق
لێوی بە سووتان فێنک ئەبێتەوە
مۆسیقا هاوڕێیەکی میهرەبانی شاعیرێکی خەمبارە
تاریکی شەوەکان
لە خوێناویی دیوانێکدا ئەیگەوزێنن و
سەرمای تەنهایی
لە پێخەفی شەقامێکی رووتەڵەی ئەپێچن
بایەقووشی مەرگ
رۆژی هەزار جار
لەسەر رۆحی ئەخوێنێ
هەزارەها شیعر
بە نەگووتراویی لە دوای بەجێ ئەمێنێ
کۆترەکان
لە وەرزی کۆچ
بەرەو باکوور جێیدەهێڵن و
گێژەڵووکەی بێهودەیی
بەرەو عەدەم رایدەپێچێ
مۆسیقا هاوڕێی شەوان و
خەمخۆری رۆژانی شاعیرێکە
لە وشکی بیابانی ژیان
دڵێکی تەڕ تەڕی لە خۆیدا دۆزییەوە
لە ماتەمینی وەرینی گەڵاکان
سەمایەکی نوێی بۆ ژیان داهێنا
لە سکوون و کپیدا
زایەڵەیەکی جاویدانی بە ئاگاهێنایەوە
لە کۆتایی دێڕە شیعرێکدا
سەرەتای ئاوازێکی نەمری ژەنی
لە سەرەتای وشکەڵانیدا
کۆتایی بە بارانێکی هەمیشەیی هێنا
لە چاوی دلبەرەکەیدا

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلنا




پاسکیل.. ن/جەلال قادر

هەرگیز هەستم بە هەژاری و دەست کورتی ماڵەوەمان نەکردبوو، تا ئەو ئێوارەیەی گوێم لە دەنگی باوکم بوو بە دایکمی دەگووت : ژنەکە. ئەگەر پاسکیلێکمان هەبێت، چیتر پێوسیت ناکات بە سواری ئۆتۆمبیڵ بچم بۆ سەرکار، کرێی ئەم سەرو ئەسەرمان بۆ دەگەڕێتەوە.
_ خەمت نەبێت، تۆ پاسکیلەکە بکڕە، من خۆم سبەینێ بە حاجی (زەینەب) دەڵێم کە بۆ سەرمانگی داهاتوو تەنها نیوە کرێی خانووەکەی دەدەینێ. بەڵام…ئایا تۆ دەتوانیت بەو ماندوویەتە، هەموو ڕۆژ ئەو ڕێگا دوورودرێژە بگریت تا دەگەیتە سەرکار؟
باوکم یەک دووجار کۆخی و وەڵامی دایکمی نەداوەیەوە.

چیرۆکی ئەم پاسکیل کڕینەم دەمێک بوو لە دەمی باوکمەوە بیستبوو، بەڵام وادیارە ئەمجارەیان بۆ مەبەستی بژێوی ژیانمان پێوست بوو پاسکیلەکە بکڕێت. بە ئاسپایی خۆمکرد بەژوورا. دایکم بە نیگەرانییەوە پییگووتم : تا دونیا تاریک دانەیەت ناگەڕێیتەوە ماڵ.

لەسووچێکی ژوورەکە دانیشتم، دایکم نانێکی تیری تەڕکرد، لەگەڵ جامێک پڕ لەماست لەبەردەممی دانا. لەگەڵ نان خواردنا هەستم بەشەرمەزاری دەکرد، لەدڵ خۆما بڕیارمدا کە گەورە بووم هاوکاری باوکم بکەم و هەموو ڕۆژ بچم بۆ سەرکار.
باوکم لەسەر جێگەکەی ڕاکشا، منیش بەتەنیشت دایکمەوە دانیشتبووم، لەناکاو بیرۆچکەیەک هاتە مێشکم و بە دایکم وت : سبەینێ دەچم چایخانە و دوکانەکان دەگەڕێم تا کارێک نەدۆزمەوە ناگەڕێمەوە ماڵ!.
دایکم بە ڕووخۆشییەوە وەڵامیدامەوە : نا کوڕی خۆم تۆ هێشتا منداڵیت، ناتوانیت کار بکەیت.
_ ئێ خۆ (عادل) میمکزام هاتەمەنی خۆمە و شاگردی چایخانەیە…

  • باشە کوڕم… جارێ تۆ بخەوە بۆ سبەینێ خوا کەریمە…

ئەو ڕۆژە یاری تۆپی پێم زۆرکردبوو، ماندوو بووبووم و خەوم دەهات، سەرم نایە ناو کۆشی دایکم و بەدەم خەوەوە بە دایکم وت : ئەگەر من و باوکم ئیش بکەین دەتوانین پارەیەکی باش پاشەکەوت بکەین، لەماوەی یەک ساڵ دەوڵەمەند دەبین دەتوانین خانووەیەک بکڕین و لە کرێچییەتی ڕزگارمان بێت.
دایکم دەستی بەسەرم داهێناو وتی : ئەگەر خانووەیەکی خۆمان هەبێت، تۆش ژووری تایبەتی خۆت دەبێت، منیش چێشتنگەیەکی گەورەم دەبێت ئەو کات دەتوانم چێشتی خۆشتان بۆ ڵێنێم.
ئیتر ئەو شەوە نازانم چۆنچۆنی خەوم لێکەوت، بەڵام لە خەونما : خانووەیەکی گەورەمان هەبوو، حەوشەیەکی مەزن و باخچەیەکی خنجیلانەی تێدابوو، پاسکیلەکەی باوکم تیا لێدەخوڕی و دەسووڕامەوە!




ساردایی مردنێ!.. مەولود ئیبراهیم


ئێستا کە لەسەرو بە ندی یادی ڕۆژانی تاڵ و پڕ لە مەرگەساتی کیمیابارانی هه ڵەبجەو ئەنفالەکان دا دەژین ، بە وەختی ئەوەی دەزانم کە شیعری ( ساردایی مردنێ !) کە ساڵی ١٩٨٩ نووسراوە ،جارێکی تر لێرەوەو بخەمە بەرچاوی خۆشەویستان و بە فرمێسکە شیعرێک بەرچاوی هاوخەمی خۆمان تەڕکەین و بیربکەینەوە ………….مەولود
ساردایی مردنێ !


کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن !
ئەوە نیە..کوڕانی خۆم
جووت جووت
تاژیم بەردەدەنێ!
چیبکەم لە گەڵ ئەو چاوانەی خۆم
هه رچی پێ دەبینم
لێم دەبن بە خەم
کوێرنابن ئەم چاوانە
نایەنە گۆ دەم و زارم
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە ؟
ساردایی مەرگ وگرانایی بەردییم
دەکشێنە بەدەنێ
عەشق چ دەردێکی سەربەگۆبەندە
دەچمە ڕاوێ ،
دەبمە نێچیر !
گۆرانی دەڵێم ،
خۆم دەکوژم
دوژمن بوو ئەوەدەستەی
فێری تیر هاوێتنی کردم
بە ڕقەوە
تیران داوێمە سەرو دڵی خۆم!
ئەوە چ شێتیەکە
ئەو عەشقە سەربەگۆبەندە
مردم..هێندەی کراسان لەبەر خۆ دادڕم
کراسی پێستەو گۆشت
کراسی ژەهر!
**
لێم دیارەو دەستم نایگاتێ
بۆی دەچم و نایگەمێ
**
زۆرم سەروکەزی سوتاندن
ئەسپی باڵدار دەرنەکەوت
زۆرم ئەنگوستیلە بادان
سواری پشت کێوان نەهاتن
مەمکی زۆر ئافرەتم مژت
کەس خۆی نەکرد بەدایکم
لە کوێیەپەری گریانێ
کەمن چاوانم
دوو چاوی خەم بینینن
چ کوێرە دوعایێ بوو لەخۆم کرد؟
ئەو ڕۆژەی گوتم :
تۆم خۆشدەوێ
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن،
ئەوە نیە ساردایی مەرگ و
گرانایی بەردییم دەکشێتە بەدەنێ؟!؟

١٩٨٩/ هه ولێر