ژیانی موزیكژەنێكی كورد لە رۆمانێكی سعودیدا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی زریاب

بەگشتی ئێمە وێنەیەكی باشـمان بەرامبەر عەرەبستانی سعودییە نییە، هۆكاری زۆریش لەمەدا رۆڵیان هەیە، لە پێش هەموویانەوە لەوانەیە ئێمە هێندە زانیارییمان لەبارەی ئەم وڵاتەوە نەبێت بەتایبەتی ئاگاداری رەوشی ئەدەبیی و هونەری نین، كە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لەبواری ئەدەبدا كۆمەڵێك نووسەری زۆر باشییان هەیە، بەرهەمەكانیان بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەكان وەرگێڕدراون. لەو نووسەرانە ” مەقبول ئەلعەلەوی” یەكێكە لە نووسەرە ناودارەكانی سعودیە و خاوەنی دنیابینییەكی زۆرجوانە. یەكێك لە رۆمانەكانی بەناونیشانی ” زریاب” كە باسی ژیانی موزیكژەنی ناوداری ئیسلامی “زریاب” دەكات، كە بە رەچەڵەك كوردە و لە سەردەمی هارونە رەشیدا ژیاوە. ئەم رۆمانەش لەلایەن وەرگێڕی هێژا سەباح ئیسماعیل كراوە بە كوردیی و ناوەندی رەهەندە چاپی كردووە.
لێرەدا پێمخۆشە کورتەیەک لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسم و بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکەم.

ژیانی موزیكژەنێكی داهێنەر
لە مێژووی هونەری وڵاتانی ئیسلامییدا ” زریاب” یەكێكە لەناوە پرشنگدارەكانی موزیكی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی. ئەم پیاوە لە موزیكدا بەتایبەتی ئامێری “عود” داهێنانێكی گەورەی كردووە، ئەم رۆمانەش بە وردی باسی ژیانی ئەم موزیكژەنە دەكات. زریاب لە ئەسڵدا ناوی ” عەلی كوڕی نافیعە و نازناویشی ” ئەبوئەلحسەنە” بەڵام كاتێك دەبێتە كۆیلە، ئیسحاق موسڵی موزیكژەنی ناوداری سەردەمی هاورنە رەشید دەیكڕێت و ناوی دەنێت ” زریاب” كە لە عەرەبیدا مانای ” باڵندەیەكی رەشی جوان” دەگەیەنێت. پاش ئەوەی ئیسحاق موسڵی لە موسڵەوە زریاب دەهێنێت لە كۆشكەكەی لە بەغدا لەگەڵیدا دەژی و فێری موزیكی دەكات.

لە سەرەتادا ئیسحاق موسڵی زۆر دڵی بەم كۆیلە خوێندكارە گەنجەی خۆش دەبێت و گرنگی پێدەدات، فێری موزیكژەنی دەكات. هەر لە منداڵییەوە موزیك دەبێتە خەونی گەورەی زریاب، مێشكی داگیر دەكات، ئەمەش وا دەكات داهێنانێكی گەورە بكات و تەواوی مێژووی موزیك بەگشتیی و ئامێری “عود” بەتایبەتی دەگۆڕێت. زریاب لە بەغدا دەچێتە لای دارتاشێك داوای لێدەكات عودێكی تایبەتی بۆ دروست بكات بە جۆرێك لە جیاتی چوار “ژێ” پێنچ ژێی هەبێت، ئەمەش گەورەترین شۆڕش دەبێت بەسەر ئامێری عودا دەكرێت.
ئەم گۆڕانكارییە بلیمەتی و توانای زریاب دەردەخات، دەبێتە مایەی سەرنجی دەورووبەر. كاتێك ئیسحاق موسڵی دەیباتە كۆشكی هارونە رەشیدەوە، ئەویش زۆر شەیدای ئەم كوڕە گەنجە دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە سەرەتای نەهامەتییەكانی ئەم كوڕە گەنجە و ئاگری رق و كینە لە ناخی ئاغاكەیدا دەچێنێت، هەربۆیە پاش گەڕانەوەیان لە كۆشك بۆ بەیانییەكەی ئیسحاق موسڵی بەوپەڕی راستگۆییەوە ناخی خۆی هەڵدەرێژێت و پێی دەڵێت: دەبێت لە بەغدا نەمێنیت. ئەم كوڕە دەبێتە ركابەرێكی تۆقێنەر بۆ ئیسحاق موسڵی، ئەویش سەرەتا دەیەوێت دژی ئەو بڕیارە بوەستێتەوە، بەڵام دواجار ناچار دەبێت و بەغدا بەجێدەهێڵێت. خۆیی و سەفیەی ژن و منداڵەكانی، بەغدا بەجێدەهێڵێن بەرەو ئەندەلوس دەڕۆن، دواجاریش لەوێندەر جێگیردەبێت. كاروانی سەفەری زریاب بە موسڵ و حەلەب و شام و میسر و پاشان تونس تێدەپەڕێت و پاشان دەگاتە ئیسپانیا، لە هەموو ئەو شوێنانەدا زریاب لەگەڵ پادشا و نەیارانی حیكایەتی خۆی هەیە.
جگە لەوەش ئەم رۆمانە گەشتێكی كورتە بەناو جوگرافیا و مێژووی وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی لەسەردەمی هارونە رەشید و كوڕەكانی، وەسفێكی جوانی شارو گوند و ناوچەكانمان بۆ دەكات و تیشكیش دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی لەو سەردەمدا.

موزیك و ئامێری عود
لەم رۆمانەدا موزیك بە گشتیی و ئامێری عود بەتایبەتی پانتایی گەورە داگیردەكەن، چونكە لێرەدا باسی ژیانی كەسێكی موزیكژەن دەكات، كە تەواوی ژیانی بۆ موزیك تەرخانكردووە و لەسەرەتای ژیانییەوە تا كۆتاییەكەی عودەكەی دەبێتە هاوڕێیەكی گیانی بەگیانی و لێی جیا نابێتەوە. هەرچەندە لەسەر ئەم ئامێرەش ژیانی تێكدەچێت و لەگەڵ خەڵكی تردا رووبەروی ململانێ دەبێتەوە. وەكو خۆشی دەڵێت: ” ئەو عودە چاوەڕوانكراوە هۆكاری گەورەی بەدبەختییم بوو. ل50″

رۆحی رق و كینە و ئیرەیی
خاڵێكی گرنگی تری ئەم رۆمانە باسی هەستی ئیرەیی و رق و كینەی ناخی مرۆڤ دەکات. كاتێك ئەم هەستە بەسەر كەسێكدا زاڵ بێت، ئیتر بەتەواوەتی لە هەموو شتە جوانەكانی رادەماڵێت و دەبێتە مرۆڤێكی دڕندە. باشترین نموونەش ئیسحاق موسڵییە، تا هەستی ئیرەیی بەسەریدا زاڵ نەبوو، وەكو باوكێكی میهرەبان مامەڵەی لەگەڵ زریاب و تەواوی كۆیلەكانی دەكرد، بەڵام كاتێك هەستی ئیرەیی و رق و كینە بەسەریدا زاڵ دەبێت، دەبێتە گەورەترین دڕندە و دوژمنی سەرسەختی زریابی داهێنەر. لێرەدا نووسەر باش توانیویەتی ئەو هەستە باس بكات و دیمەن و هەڵسووكەوتە ناشیرینەكانی ئیسحاق موسڵیمان بۆ بگوازێتەوە. بەتایبەتی لە پاش گەڕانەوەیان لە كۆشكی هارونە رەشید، ئەمە هەستە دەردەكەوێت:
“لە جڤاتی خۆشی و رابواردندا بووین، جڤاتێك دەبوو رۆحەكان تێیدا لە شەقەی باڵ بدەن و دووربكەونەوە لە چڵپاوی دەروونە نەخۆش و ناساغەكان و بۆ ئاسمانی خاوێنی روونی بەرز ببنەوە. ل 95
بەڵام ئیسحاق موسڵی رق بەسەریدا زاڵ دەبێت بۆ بەیانییەكەی یەكسەر پێی دەڵێت: لە ئەمڕۆ بە داوەوە جێگەت لێرە نابێتەوە.
“لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم، راست و روون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئێرەیی دەردێكە لە كۆنترین دەردەكان و لە هەموویان پتر كار لە ناخ دەكات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێهدەهڵێت، دنیا وایە. ناخۆشییەك بەردڵ و جەستە و ئاوەز دەكەوێت، ململانێش لەهەمان پیشەدا، دووبەرەكی و رق دروست دەكات” ل 97و98

ژیانی كۆیلەكان
لە رێگەی باسكردنی ژیانی تایبەتی زریابەوە، ئاگاداری رەوشی خراپی ژیانی ئەو كەسانە دەبین، كە بە زۆر لەو سەردەمەدا كراون بە كۆیلە و سەودا و مامەڵەیان پێوە كراوە. چۆن هەموو سیفاتی ئینسانی لەو كەسانە سەندراوتەوە.
“ئەوانی دی لەبری من بیریان دەكردەوە و چارەنووسیان دیاری دەكردم، تەنانەت من ناوەكەی خۆم هەڵنەبژاردووە. خۆم كۆیلایەتیم هەڵنەبژاردووە. ئەوان هێڵی ژیانیان بۆ كێشام و لەسەری رۆیشتم، پێیان گوتم گۆرانی بڵێ. گوتم. پێیان گوتم. لاڵبە، لاڵ بووم”ل 16.15

شاری بەغدا
هەرچەندە نووسەر سعودییە، بەڵام كاتێك رۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەست دەكەیت كەسێك نووسیویەتی خەڵكی بەغدایە، زۆر عاشقی بەغدایە و لە سەردەمی هارونە رەشیدا ژیاوە، لە هیچ كتێبێكی تردا، هێندە بە جوانی وەسفی بەغدای كۆن نەكراوە. ئەمەش گوزارشت لە زیرەكیی و توانای نووسەر دەكات، چونكە ئەو كەسە خەڵكی عیراق نییە و باسی سەردەمێكی شارێكیش دەكات كە ئەو نەیبینیوە. لە زۆر شوێندا وەسفی بەغدا دەكات: “بەغداد پایتەختی جیهانی نوێ بوو، خەریك بوو رووناكییەكەی دەگەشایەوە و ئەوانی دیی دادەپۆشی.” ل 56
لەبارەی وشەی بەغداوە نووسەر دەڵێت: بەغداد مانای ” بەخششی پەروەردگار” دەگەیەنێت. ل 73
“بەغداد لەو دەمەی خەلیفە ئەبو جەعفەری مەنسور بناغەی دانا، بووە پەناگەی گشت توێژەكان، لە هەموو لایەكەوە روویان لێكرد، بەغداد پڕبوو لە عەرەبی رەوەند، كورد، دەیلەم، فارس، عەبەشێ، توركمان… تا ئەم ساتەش بەغداد شارێكە ئامادەی هەموو شێمانەیەكی چاك و خراپە.” ل 74

موسڵ
بەپێچەوانەوە لەم رۆمانەدا وێنەیەكی جوانی موسڵ نابینین، نووسەر هەوڵیداوە لە پاش بەغدا باسی موسڵیش بكات، كە لەو كاتەوە تا ئێستاش دووەم شاری گەورەی عیراقە. لەبارەی موسڵەوە دەڵێت:
“موسڵ شارێكی گەورە و دێرین بوو، دەتگوت هەمیشە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاژاوە و خراپەكاری ساز و ئامادەیە، لەراستیدا نزیكتر بوو لە قەڵایەكی سەخت وەك لەشار” ل 16و 17
بەداخەوە لە مێژووی نوێشدا لە موسڵدا كۆمەڵێك رووداوی ناخۆش روویدا، دوایینیان داگیركردنی بوو لەلایەن چەتەكانی داعشەوە. جگە لەم دوو شارەش، نووسەر وەكو كامێرامانێك باسی كۆمەڵێك شار و شارۆچكەی تری وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەكات.

سەردەمی خەلافەتی هارونە رەشید
خەلیفە هارونە رەشید یەكێكە لە فەرمانڕەوا ناودارەكانی مێژوویی ئیسلامی، ساڵانی حوكمی ئەم پیاوە، بە ساڵانی زێڕینی بەغدا و گێتی عەرەبی و ئیسلامی دادەنرێت. نووسەریش زۆر بە جوانی مەلی هزری خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قۆناغە، دیارە ئەمەش كارێكی سەختە، چونكە ئەمە بابەتێكی مێژوویی گرنگ و هەستیارە، دەبێت نووسەر شارەزایی زۆر باشی لەبارەی مێژووەوە هەبێت. كاتێكیش دێرەكانی دەخوێنیتەوە، وەكو خوێنەرێك هەست دەكەیت نووسەر زۆر شارەزایی لەبارەی ئەو ساڵانەوە هەیە كە هارونە رەشید فەرمانڕەوای بەغدا بووە. بەگشتیش ئێمە وێنەیەكی جوان و باشی ئەم قۆناغە دەبینین، هەرچەندە لە مێژوودا زۆر رەخنە لە هارونە رەشید دەگیرێت، خەڵكانێك پێیانوایە حاكمێكی زاڵم بووە و زیاتریش خەریكی رابواردن و خۆشی ژیان بووە تا فەرمانڕەوایی، بەڵام ئەم خەلیفەیەش وەكو خەلیفەكانی تر، كۆمەڵێك خاڵی جوان و ناشیرینی هەیە.
نووسەر لە وەسفی ئەم فەرمانڕەوایەدا دەڵێت:
“هارونە رەشید شای شایانی جیهان و رزگاركەری وڵاتانی دوور و نزیك. سەروەری مەزنان و بەزینەری فارس و رۆم.
لە وەسفی كۆشكەكەشیدا دەڵێت:
“لای راستی ریزێكی درێژ لە زانا و شاعیر و ئەدیبان درێژبووبوەوە. لای چەپیشی فەرماندە و سەردارانی هەرێمان و لە پشتیشیانەوە سەربازانی مۆن وێستا بوون.”ل84

خۆشەویستی
بابەتێكی گرنگی تری ئەم رۆمانە “خۆشەویستییە” كاتێك زریاب”سەفیە”ی کەنیزە دەبینێت، كە ئەویش وەكو ئەو كراوە بەكۆیلە، عاشقی یەكتردەبن. حكایەتی زریاب و سەفیەش، جێژی زیاتری بەم رۆمانە بەخشیوە و هێندەی تر رۆمانەكەی رازاندۆتەوە.
جگە لەم باسانە، نووسەر لەم رۆمانەدا كۆمەڵێك باسی گرنگتر دەكات لەوانە ” هاوڕێیەتی، شەڕەنگێزی ناخی مرۆڤ، شەڕی دەسەڵات، كۆمەڵێك باسی گرنگی تر”.

تەكنیكی نووسین
یەكێك لەخاڵە جوانەكانی ئەم رۆمانە تەكنیك و شێوازی نووسینیەتی. نووسەر شارەزاییەكی زۆرباشی لە بواری بەكارهێنانی تەكنیكەكانی رۆماندا هەیە، رەگەزەكانی”دروستكردنی پاڵەوان، كوتوپڕ و گرێی ئەدەبی و دیالۆگ و دروستكردنی رووداوەكان” زۆر بەباشی بەكارهێناوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەم رۆمانە دەچێتە قاڵبی رۆمانی مێژووییەوە، كەم نووسەریش هەیە بتوانێت لەمجۆرە رۆمانانەدا سەركەوتووبێت، دەبێت ئەو كەسانەی ئەمجۆرە رۆمانانە دەنووسن، شارەزایی زۆرباشیان لەبارەی ئەو مێژووەوە هەبێت كە باسی لێوە دەكەن، لەمەشدا نووسەری ئەم رۆمانە زۆر سەركەوتوو بووە، كاتێك رۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هێندە بە جوانی وەسفی ئەو كاتە دەكات، هەست دەكەیت كەسێك نووسیویەتی لەوسەردەمەدا ژیاوە. ئەمەش دووبارە خاڵێكی بەهێزی تری بەم رۆمانە بەخشیوە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم رۆمانە چ لە رووی ناوەڕۆك و چ لە رووی شێوازی نووسینەوە، جوانی و داهێنانێكی گەورەی پێوەدیارە، بەحوكمی ئەوەشی كە باسی كەسایەتییەكی مێژوویی دەكات، خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی زوو، كەمێك زانیاری لەبارەی ساڵانی فەرمانڕەوایی هارونە رەشید دەستدەكەوێت، جگە لەوەش ئەم رۆمانە مرۆڤ دەكاتە سەنتەر و چۆنێتی رەفتار و هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەوروبەر دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی، لە پێش هەموویانە مەسەلەی”رق و ئێرەیی پێبردن”دەبێتە كرۆكی سەرەكی رۆمانەكە و بە شێوەیەكی ئەدەبی جوان، دزێویی و ناشیرینی ئەم هەستەی مرۆڤ باس دەكات.
لە كۆتاییدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە برای هێژامان سەباح ئیسماعیل بكەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە جوانە ئەدەبییە و هیوای لەشساخی و كاری جوانتری بۆ دەخوازین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
مەقبول ئەلعەلەوی. زریاب. وەرگێرانی: سەباح ئیسماعیل. چاپی یەكەم. ناوەندی رۆشنبیری رەهەند. سلێمانی. 2020.




خوێندنەوەیەکی (مەسعود محمد)یانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. باسی دووەم- گۆران سەباح

وەک لە باسی یەکەم ئاماژەم پێی دا، ئەم زنجیرە باسە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییە بە دیدگە و فەلسەفەی خۆماڵی. باسی یەکەم خوێندنەوەیەکی (ڕێبوار سیوەیلی)یانە بوو. بەستەرەکەی: https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=43508
ئەم خوێندنەوەیە بەپێی کتێبی (مرۆڤ و دەوروبەر، بەشی یەکەم)ی (مەسعود محمد)ە. هیوادارم ڕەخنەدۆزانی تر بێن بەشی دووەم و سێیەمیش تێکهەڵکێشن لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان. مەرجیش نییە کار لەسەر مرۆڤی هەرزان بکەن، هەر ڕۆمانێکی تر بێ ئاساییە، گرنگ ئەوەیە دەست بەوە بکەین لەنێو پاش ئەم جۆرە خوێندنەوە خۆماڵییانە بۆ دەقی خۆماڵی بکەین.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئاماژەیە بەوەی بۆ باشتربوون مرۆڤ دەبێ لە بازنە سنووردارەکان بێتە دەرەوە. مرۆڤ لە هەر بازنەیەک گیری خوارد، بەرەو دواوە دەچێت. جا ئەو بازنەیە هەرچی بێت. چونکە دواجار خودی بازنە واتە سنووردانان و نەچوونە دەرەوە. شووشە لە بازنەکە هاتە دەرەوە بۆیە توانی باشتر لە زانایانی تر بیر بکاتەوە و بگاتە سەرەداوێک بۆ کۆتاهێنان بە پەتای خۆکوشتن.
مەسعود محمد (٢٠١٤) لە بەشی یەکەمی (مرۆڤ و دەوروبەر)دا جەخت لەسەر بێسنوور و سنووردار دەکاتەوە. لە لاپەڕە ١٢ دەڵێ، “. . . جیهان و پرسیارەکانی بێسنوورن . . . پێوانی ئەو نامەحدوودانە بە عەیارەی مەحدوود گەپێکی سافیلکانەیە.” زانایانی نێو فەزای مرۆڤی هەرزان بە پێوەرێکی سنووردار دەیانەوێ ڕووبەڕووی خۆکوشتن بوەستنەوە، مەسعود گوتەنی، ئەوە گەپێکی ساویلکەیە. لە فەلسەفەیەکی تەسکدا دەیانەوێت لە دنیایەکی بەرین بنۆڕن. ئەمەش وەک مەسعود دەڵێ، “فەلسەفەی تەسک و دنیای بەرین دوو لایەنی یەکجار پێچەوانەی (موعادەلەی فیکری)ن.” هەر زانایەک دیلی فەلسەفەیەکە بۆیە دۆش دەبێت لە هزر، بەڵام هۆشی شووشە دیلی هیچ فەلسەفەیەک نییە، بۆیە داهێنان دەکات.
بیرمەندانی نێو ڕۆمانەکە و بیرمەندانی ئەم سەردەمەی ئێستە بوونەتە دیلی بیرمەندانی پێش خۆیان. دەبینین هزر لە یەک بازنەی سنوورداردا دەخولێتەوە. بۆیە ناتوانین هیچ فەلسەفەیەک تێپەڕێنین. مەسعود دێ ئەم قسەیە بە کۆمەنیستەکان دەڵێ، “من هەرگیز پێت ناڵێم قەناعەت بە هیچ کەس و هیچ شتێک مەهێنە. من دەڵێم حورمەتی (قەناعەت)ت بگرە بەوەدا کە هەڵمەت ببەیتە سەر ئەو چەوت و چوێڕییەی لەو فەلسەفەیەدا دەیدۆزیتەوە کە کردووتە بە نێرتکی قەناعەتت… من دەڵێم مەبە دەروێشی فەلسەفەی سەدەی بیستەم.” (٢٠١٤، لا٦).
بەداخەوە، ئێمە بووینەتە دەروێشی بیرمەندانی ڕۆژئاوا. تا وا بین، نابین بە خاوەنی هزری خۆمان.
مرۆڤی هەرزان ئەوە دەردەخات مرۆڤ بووەتە کۆیلەی ماددە. سامی و ئیمام و بێرنی و مێتال و ڕام و هەموو ئەوانەشی خۆیان دەکوژن وێڵی ماددەن. مرۆڤ لە نێو مرۆڤی هەرزاندا حاڵی باش نییە لەبەرئەوەی ناتوانێت لە بازنەی ماددی بێتە دەرەوە. مەسعود لە لاپەڕە شەشدا دەڵێت نابێ بیروباوەڕی (ماددی) زاڵ بێت بەسەر مرۆڤدا.
هاتنە دەرەوە لە بازنەی ماددی و بازنەی فەلسەفەی تەسک ئیڕادەیەکی ئازادی دەوێت. شووشە ئەو ئیڕادەیەی هەیە بۆیە بەو تەمەنە گچکەی خۆی پێشڕەوی زانست و فەلسەفە و ئایین و دەروونناسی دەکات. مەسعود دەڵێ، “مرۆڤی ئیڕادە ئازاد یەکجار زەحمەتتر و درەنگتر دابین دەبێ لە مرۆڤی گیرخواردوو بەدەست قودسییەتی نەزەریانەوە.” (٢٠١٤، لا٦٠). تەواوی زاناکان ڕووبەڕووی شووشە دەبنەوە، دژی بیرۆکەکەی دەوەستنەوە، هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن هەڵەیە، بەڵام لەبەر ئیڕادەی ئازادی، شووشە بۆیان دابین نابێ.
نووسەر تەوزیفی میعراجی کردووە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا. بۆ بانگخوازی و سەلماندنی چیڕۆکی ئایینی نییە، بۆ بەردەوامبوونی وجوودی ئایینە بۆ تا هەتایە. نابێ خۆمان بەوە فریو بدەین پێمان وابێت لە ئێستە یان ئایندە ئایین دوور دەکەوێتەوە لە مرۆڤ. خەڵک هەیە دەست هەڵدەگرێ لە ئایین، بەڵام ئایین وەک سێبەر لەگەڵمانە. هەموو کات. یەک لە ئیشەکانی ئەدەب دروستکردنی پرسیار و گومانە. تەوزیفکردنی میعراج ئەو ئیشە دەکات. ئایا ئەوەی نوێژ نەکات دەچێتە دۆزەخ؟ ئەوەی نوێژ دەکات دەچێتە بەهەشت؟ ڕۆمانەکە دەیان پرسیاری لەم جۆرە دەوروژێنێت. ئیمام حەکیم سەرۆکی دەستەی فەتوایە، کەچی لە گەشتی میعراج خراپ تێ دەکەوێت. بۆ؟ شووشە پابەندە بە ئایین، ئایین و زانست تێکهەڵدەکێشێت بۆ چارەسەری پەتای خۆکوشتن. بەڵام کام ئایین، کام مەزهەب، کام میتۆدی ئایینی؟
لەسەر بەردەوامبوونی ئایین، مەسعود لە لاپەڕە ١٤دا دەڵێ، “… ئایین شتێک نییە لە جغزی سوودی کۆمەڵایەتی دەرچووبێت وەیا لەلایەن کۆمەڵەوە بێبایەخ و بێڕێز بووبێت … ئایا ئەو فەلسەفە و بیرەباوەڕە پشت لە ئاینانەی دەیانەوێ دەوری دین لە کۆمەڵایەتی و مێژوو کەم بکەنەوە بۆ خۆیان هێندەی ئایین بەردەوام دەبن؟ دەتوانن هەزاران ساڵ بژین وەک کە ئایین ژیاوە؟” … قابلیەتی بەردەوامبوونی باوەڕی ئایینیش پتر لە باوەڕی ماددی و فەلسەفی، ئەویش بۆ خۆی ڕاستیێکە دەبێ سەرنجی بیرکەرەوە، ماددی بێ یا هەرچی بێ، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ئەو بەردەوامبوونە ڕابکێشێت.”
یەک لە ڕۆماننووسەکان لە نامەیەکدا پێمی گوت چۆن لە ساڵی ٢١٠٠ باوی ئایین دەمێنێت. ئەو قسەی سەرەوەی مەسعود محمد وەڵامێکە پڕ بە پێستی ئەم پرسیارە. مەسعود ئەوەش دەڵێت، “چەند سەیرە ملیۆنەها خەڵق لە خۆوە بە ئەرک و مەسرەفی خۆیان خەریکی بەردەوامکردنی باوەڕێک بن کە بەلای بیرکردنەوەی ماددی و عیلمانییەوە فڕی بەسەر ڕاستی و ماددە و سوودی خەڵقەوە نییە، کەچی فەلسەفە ماددییەکە کە خۆی داناوە بە ئاڵای سوود و خێر و خۆشیی گەل ئەگەر پۆلیس و عەسکەر نەیپارێزن لەوانەیە بە زوویی لە بیران بچنەوە.”
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە ئاڕاستە (هۆش)ماندا دەبات. هەر تاکێک هۆشی خۆی فەرامۆش کرد، قەدری هۆشی نەزانی، یان هۆشی بە ئارەزووەیلی نزم سەرقاڵ کرد، کۆتاییەکەی خێر نابێت. ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە ڕۆمانەکە خاوەن هۆشی هەرزانن، بەدووی ئارەزووی نزم کەوتوون. مەسعود لە لاپەڕە ٢٤دا دەڵێ نابێ هۆش ببێتە کۆیلەی هیچ شتێک بە ئایینیشەوە. تەنانەت (سروشت)یش بێ هۆش بێ دەسەڵاتە (مەسعود، لا٢٤). زانایانی نێو مرۆڤی هەرزان دەیانەوێت خۆکوشتن بە سروشت چارە بکەن، بەڵام ناتوانن و بیرۆکەکەیان سەر ناگرێت. هەر لە هەمان لاپەڕەدا مەسعود دەڵێت، “ئەو شتانەی پەیدابوونیان بە هۆش بەستراوەتەوە بەر لە پەیدابوونی هۆش بوونی هێزەکیشیان نییە” چونکە هیچ شتێک “ئیدراک و ئیڕادەی” نییە هەست بە خۆی بکات گەر هۆشی نەبێت.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان پێمان دەڵێت مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە نێو خودی خۆی. بچێتەوە بۆ ئەقڵ، بۆ هۆش، بۆ بیرکردنەوە. ئەو دەمەی مرۆڤ ویستی لەسەر بێت، ماددە دەتوانێت هۆشی داگیر بکات، ئەگەر نا، هیچ شتێک ناتوانێت هۆشی مرۆڤ داگیر بکات. ئەوە مرۆڤ خۆیەتی خۆی تەسلیم دەکات و کۆڵ دەدات. مەسعود لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت، “… پەک کەوتنی هۆش لە سەر هەبوونی (ماددە) بە خواهشتی ماددەکە نییە: ماددە ئاگای لە هۆش و لە خۆیشی نییە تا بیەوێ پەکی بخات، هەر لە بنەڕەتدا چ خواهشتی نییە، ئەوە هێزێکی خاوەن ئیڕادەیە لە دەرەوەی ماددە، ماددە بە گژ مرۆڤەوە دەنێت و سەری لێ دەشێوێنێت.”

مرۆڤی نێو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە دوای وەهم کەوتوون، بە دوای بەرژەوەندیی ماددی کەوتوون، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک دەچن. بێ ئاگان لەوەی ئەو وەهم و بەرژەوەندییانە، جا هەر چی بێت، بەرەو نەمانیان دەبات. کارەساتە بێ ئاگا بی لە مەترسیی ئەودیو بەرژەوەندییەکانت. سامی سێڵ لە گەشتی میعراج بۆی بەدەر دەکەوێت. کارەکتەرەکانی تریش. مەسعود لەم بارەیەوە لە لاپەڕە ٤٠دا دەڵیت، “مرۆڤ بەرژەوەند لە چدا ببینێت ئەوە دەکات ئیتر ڕەنگە بەرژەوەندەکە ماددی بێت یان مەعنەوی بێت وەیا بەرژەوەندییەکی مەهمووم و درۆزن بێت، تەنانەت لەوانەیە مرۆڤ شتێک بە بەرژەوەند بزانێت و بیکات کەچی گەورەترین هەڵەی کوشندەی هەموو ژیانی بێت…”
شووشە ئەم وەهمانە بەلاوە دەنێت، بەرژەوەندیی خۆی گرێ دەدات بە بەرژەوەندیی مانەوەی مرۆڤ. هەرچەندە نیوەڕوح دەبێت، یاوەرەکانی لەسەر دادەنێت، بەڵام کۆڵ نادات لە سڕینەوەی وەهم و ئارەزووە نزمەکان.
کەس هەیە لە خۆشیدا خنکا بێت؟ بەڵێ. زۆریش. هێندەی خەڵک لە خۆشیدا دەخنکێن و سەرگەردان دەبن، هێندە لە ناخۆشیدا وایان لێ نایەت. لە دنیای ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، خەڵک لەوپەڕی خۆشیدا دەژین. خۆکوشتن لە ناخۆشییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بگرە لە بەڕەللاکردنی نەفسەوەیە، لە تامکردنی هەموو شتێکەوەیە، لە تاقیکردنەوەی هەموو شتێکەوەیە، لە وێڵبوونە بە دوای ئارەزووەیلی نزم. مەسعود لە لاپەڕە ٦٠دا دەڵێت، “مرۆڤی ڕەها لەوانەیە لە خۆشیدا خنکابێت و داوای پتر بکات، بە پترەکەش ڕازی نەبێت ئیتر با بداتەوە سەر بێباکی و ڕیشبەردانەوە و جلشڕی و قوتەیی و گاڵتە بەدنیاکردن، …”

سەرچاوە
وارگەی mamosta.net ، مرۆڤ و دەوروبەر (بەشی یەکەم و دووەم و سێیەم)، مەسعود محمد.
گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. نووسیار: کۆپنهاگن.




ئایەتەکانی نائومێدیی.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەو رۆژە قەترانییەی پێم نایە
ئەم جیهانە قێزەونەوە
بە دارلاستیکی سەرشێتی
ئاوێنەی هەموو هیواکانم شکاند
ئیتر بەر غەزەبی خۆشی و
نەفرەتی ئومێد کەوتم
فڕێدرامە چاڵە هەزار بە هەزارەکانی نائومێدییەوە،
هەر ئەو رۆژە دەرکم کرد
ژیان چەندێ تفت و تاڵە
مرۆ چەند بێ ئابڕووانە
هەنگوین ئەخاتە زاریەوە،
مردنیش چەند میهرەبان و
چەندیش لە قەند شیرینترە
چۆن خوێنساردانە ژەهر و تاڵاو ئەکەین بە قوڕگیا
هۆ خەڵکینە من ئەو پیاوەم
بە راکردن بەرەو پیری ژیان چووم
بەڵام ژیان زۆر بێ ئابڕووانە
بێزاریی دەربڕی و لێم هەڵهات
خۆ من پێش ئەوە
قەت بیرم لە کۆتایی خۆم و مەرگ نەکردبووەوە
کەچی بێئاگا بووم
لەوەی مەرگ هەردەم لە بیری مندایە
چەند بێوەفا بووم
لە بەرانبەر مەرگ و چەندیش ئاشقی ژیان!!
ئەو پیاوە ئەرخەوانییەم
هیچ کات خۆم بە بەشێک لە خەم نەزانیوە
بەڵام ئەوە خەمەکانن
چەند پارچەیەکی دڵتەنگن لە من
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و گریاندا هیچ شتێک نییە
جگە لە فرمێسک
لەنێوان فرمێسک و گریاندا
هیچ کەسێک نییە جگە لە من
بەوەدا هەستم پێ بکەن
لە تەقویمی منا
هیچ ئێوارەیەکی رووخۆش بوونی نییە
چوونکە هەر ئێوارەیەک بیری رۆژانی مناڵیم ئەخاتەوە
کە وامدەزانی خۆر چاوشارکێ ئەکات و
لە پشت چیای شارەکەمەوە خۆی ئەشارێتەوە
بەوەدا بمناسنەوە
حەرفەکانی دڵتەنگیم
گرێچنی وشەیەکن کە نائومێدییە
گوڵەکانی کاسەسەریشم
بۆنی خۆکوشتنیان گرتووە
بەوەدا بمناسنەوە
سەوداسەری سەفەرێکم بۆ دەرەوەی گەردوون
ئەگەر سەفەرێک هەبێ بۆ ئەوێ
بە شەمەندەفەری خەیاڵ دەڕۆیشتم
ئاخ، ئاسمانێکی تر
جگە لەم ئاسمانە تاریک و کۆنەی
سەر سەرمان بوونی نییە
ئەگەرنا پێش دوا نەفەسی جگەرەکەم،
دوو باڵی دیدالیۆس ئاسام بۆ فڕین ئامادە ئەکرد
ئازیزم
تۆش بەوە دڵخۆش مەبە شاعیرێک
زووخاوی چەند ساڵەی دڵی خۆیت بۆ هەڵدەڕێژێت
خێراکە دەرگای لێ دابخە با هاڵاوی دڵی
تەنیا خۆی هەڵکوڕزێنێ
پێویست ناکات تۆ دڵت بشکێ
خۆ من ژیان دڵی تەڕی شکاندم
وەک ئەو منداڵە چەتوونەی
بە قۆچەقانی پەنجەرەی بەختەوەریی شکاند
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و ئومێددا، شورای چین هەیە
لە نێوان من و خۆشبەختیا
دووریی نێوان هەردوو جەمسەری زەوی هەیە
لە نێوان من و پێکەنیندا
هێندەی گەیشتن بە پلۆتۆ مەودا هەیە
رۆژانەش هیوا دیواری خۆی
چین بە چین لەبەردەمما زیاتر هەڵدەچنێ
لە دەفتەرێکی کۆنی بیرەوەریی باپیرمدا نووسرابوو:
رۆژی لە دایکبوونت
هاوکاتە لەگەڵ رۆژی کوژانەوەی چرای ئومێد
هاوکاتە لەگەڵ داپۆشینی زەوی بە تاریکییەکی ترسناک و
هەڵوەرینی چرۆکانی گەشبینی
لە وەرزی بەهاری ساڵی ئومێددا
لە تۆمارێکی کۆنی دەنگیدا
کە تازە گوێم لێگرتووە
نەنکم ئەڵێت
ئەم مناڵە شوومە و لەوەتی لە دایکبووە
ئاسمان نەگبەتی گرتوویەتی و
دارستان تووشی پەرکەم بووە
بارانیش رەنگی خۆی لە دەستداوە و
دەروونی دەریا فێنک ناکاتەوە
لە نامەیەکی دێرینی دایکمدا بۆ باوکم
کە ئەمڕۆ خوێندمەوە، هاتووە:
منداڵەکەمان کەفوکوڵی زۆری هەیە
بۆ زوو هەستانە سەرپێ،
هەروەک ئەو کارمامزە کێوییەی
بە هیچ بەورێک راو ناکرێ،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
لە روانینی چاوەکانیدا حوزنێک هەیە و
هیچ جادووگەرێک لە ماناکەی تێناگا
لە جووڵە و گریانی شەوانیشدا
موزیکێکی خەمناگ هەیە
ئەو موزیکە تەنیا لە کۆتایی فیلمە تراجیدییەکاندا
گوێم لێ بووە
جادووگەرەکەش پێی وتم
هێندەی سەوزایی چاوەکانی
رۆژانی رەش، چارەنووسی رەش، چاوەڕوانی ئەکات
باوکم لە پشتی بەرگی کتێبێکی ئەستوور نووسیبووی:
منداڵەکەمان لاسارە
کۆڵەپشتی ژیانی سەرلەبەر ژانە و
نیگەرانی
مۆمی رێگە پێچاوپێچەکانی یاخیبوونەکانێتی و
کەلاوەیەکیش نیشتمان و
گۆڕێک لەناو دەریا دوا مەنزڵگەی
ئەمەوێ ئێستا بەو جۆرە بمناسن
پیاوێکم غەوارە و نامۆ بە ئومێد
هەمیشە مەقامی نیگەرانی
بەسەر تاڵیی رۆژە نەفرەتییەکانی خۆمدا ئەچڕم
کە شەویش دادێ تا بانگی بەیانی
یەکەمین زەنگی کەنیسە
ئایەتەکانی نائومێدیی
بۆ ئازارەکانی ناوسەرم ئەخوێنمەوە

رۆژێکی کزۆڵەی باکوری زەوی
2017




ژیان، نهێنییەکی گەورەی ناخمانە.. شیعر: سهراب سپهری وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

” بە یادی هەمیشە زیندووی ئینسان پەروەر : عوسمان چێوار..”

——————

شەوێکی ئارام بوو،
چوومە هەیوانەکە تا لە خۆم بپرسم :
ژیان یانی چی..؟!
دایکم بە سینییەک چاوە
چەپکێ گوڵی لە زەردەخەنە
پێشکەش کردم
خوشکەکەم بە لەتێ نانەوە
هات و لەتەنیشت حەوزەکە دانیشت
باوکم دەفتەرێکی شیعری هێنا
پاڵی لێ یایەوە
شیعری جوانی خوێنەوە
و
منی بردە ئارامیی جوانی بێ گومانیی
بە خۆمم ووت :

ژیان ، نهێنییەکی گەورەی ناخمانە
ژیان ، نێوانی لەدایک بوون و مەرگمانە
ڕووباری دونیا وەک خۆی بەردەوامە
ژیان ، خۆشتنە لەو دەریایە
كاتی رۆشتنمان بە هەمان ڕووتیی
ئەو کاتەی کە هاتینە ناوەوە
دەستمان لەناو” لەپی دەست”ی ئەم ڕووبارە
بە دوای چیەوە بوو..؟!
هیچ …………………

ژیان قورسایی تێڕوانینێکە، کە لە یادەوەرییەکانا ئەمێنێتەوە

شایەد ئەم حەسرەتە بیهودەیەی لە دڵتایە
بکوژی بڵێسەی گەرمی ئومێدت بێ
ژیان درک پێ کردنی هەمان ئێستایە
ژیان پەرۆشیی گەیشتن
بە هەمان” سبەی”یە کە نایە..

تۆ نە لە “دوێنێ”یای ،نە لە سبەی
گەنجینەی ئەڕۆ . پڕە لە حزوری تۆ
شایەد ئەو خەندەیەی ئەمڕۆ دڵتەنگی کردی
دوا فورسەتی لەگەڵ ئومێد بوونا بێ
ژیان یادێکی سەیرە کە لە سینەی خاکەوە
لە جێ ی خۆی ئەمێنێ

ژیان ، سەوزترین ئایەتی ئەندێشەی گەڵایە
ژیان ، خەیاڵی دەریایانەی دڵۆپێکە
لە ئارامی ڕووبار
ژیان ، چرۆ کردنی بێستانێکە
لە باوەڕی تۆوی دانەوێڵەیا
ژیان ، باوەڕی دەریایە لە ئەندێشەی ماسیا
لە کاتی جێ تەنگیا
ژیان ، لێکدانەوەی ڕووناکی خاکە
لە ئاوێنەی عەشقا
ژیان ، تێگەیشتنی لێ حاڵینەبونەکانە
ژیان ، پەنجەرەیەکی کراوەیە بە ڕووی دونیای بوون” وجود ” ….

تا ئەم پەنجەرەیە کراوە بێ
جیهان بۆ ئێمەیە
ئاسمان ، نوور ، خودا ، عەشق
شادی بۆ ئێمەیە
فورسەتی بە کراوەیی مانەوەی
ئەم پەنجەرەیە بهێڵینەوە
ڕێگە لە نوور نەگرین
ڕێگە نەگرین لە ئارامیی پڕ میهرەبانی شنەی شەماڵ
پەردە لەسەر تەختی دڵ لابەین
بەڕووی ئەم پەنجەرەیەیا
بەپەرۆشەوە سڵاو بکەین
ژیان ، عادەتی خزمەت کردنە لە پێزانینەوە
قورسایی خۆشبەختی من ، قورسایی قایل بوونمە

ژیان ، شایەد شیعرەکە بێ کە باوکم خوێنیەوە
چای دایکم کە گەرمی کردینەوە
نانی خوشکم کە بە ماسییەکانی بەخشی
ژیان ، شایەد ئەو خەندەیە بێ کە دڵتەنگی کردم
ژیان ، لە نێوان دوو بێ دەنگیا
نەرمەگۆرانی ژێر لێوی پاک و بێگەردە
ژیان ، یادی لەدایک بوون و مەرگمانە
لەحزەی هاتن و ڕۆشتنمان ، لەحزەیی تەنیایی یە
من دڵم ئەیەوێ
قەدری ئەم بیرەوەریە بدۆزمەوە

“””””””””””””””””””’
31/3/2021

شیعر: سهراب سپهری
وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام




رۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شـوان

منداڵان لە دوای ماڵ و خێزان، لە دوای باخچەی منداڵان و دادەکان. دەچـنە قوتابخانەی سەرەتایی یا بنەڕەتی و دەبن بە قوتابیان. قوتابخانە جیهانێکی فراوانتر و کۆمەڵگەیەکی گـەورەتـرە لە مـاڵ و لە باخچـەی منـداڵان. قـوتـابخـانە وەک مـاڵ و ژینـگـەی دووەمی منـداڵان، وەک دامەزراوەیەکی فـەرمی پەروەردەیی و فـیرکرن و کۆمەڵایەتی، رۆڵـێکی زۆر گـرنگی هـەیە لە پەروەردەکردنی دروست و فـێرکـردنی پێـویست و ئاراستەکـردنی
راستی قـوتابیـان. دەتـوانین ئەوە بڵێـین کە کـاریگەری قـوتـابخـانە لە قـوتابیـان زۆر لە کاریگەری ماڵـەوە گەورەتـرە. قـوتابیـان رۆژانە ماوەیەکی زۆری ژیانیـان لە قـوتابخانە بەسەردەبـەن. فـێری خـوێنـدنـەوە و نـووسـین و زانـیاری و زانستی و ئـەدەبی دەبـن.

قوتابخانە فـاکتەرێکی گرنگ و کاریگەرە و رۆلـێکی گرنگی هـەیە لە بنیادنای کەس و کەساێـتی دروسـت و ئاسـایی و ئامـادەکـردنیـان بـۆ داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـر. چونکە جیهـانی دەوروبەرمان پێـدەناسێنێت و بە کەرەسـتە پێویستییەکـانی سەرکەوتن لە ژیـانمان و گەیشـتن بە هـیواکانمان و بە داهـاتـوویەکی خوزراومان پـێدەبەخـشـێت.

نهـێنی کارتێکردنی قوتابخانە، بۆ دوو لایەنی سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەم پروگرامێکی هەمەڕەنگەی پـەروەردەیی تـازە و دەوڵەمەنـد، کە خـواست و ئارەزووەکانی منـداڵانی تێـیدا بەرجەستەبـووبن. دووەم مامۆستایان، کە دینەمۆی فـێرکردن و پەروەردەکردنن، بەڵکو بڕبڕەپشت و گرنگترین کۆڵەکەن لە کۆڵەکەکانی پەروەردە و فـێرکردنی منداڵان. گەیەنێری پەیامی پەروەردەیین. گەر مامۆستایان بە باشی رابهـێنرێـن و شـارەزابـن لە بـواری پـەروەردرە و فـێرکـردن و لـە دەرووننـاسی منـداڵان و لـە شـێوازە نوێیـەکـانی رێگاکانی وتنەوەی وانـەکـان و گرێـدانیـان بە ژیـان و بە ژینگەی قـوتـابیانەوە. لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و تونای زمانی و وەرگرتنی هەر قۆناغێک. لەگەڵ جیاوازی تاکێدا لە نێوان قوتابیان. پێویستە مامۆستایان هەست بەم ئەرکە پیرۆزە و بەرپرسیارێتیە هەستیار و چارەنووسازەی ئەستۆیان بکەن بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە پەیـامە پیـرۆزەکەیـان بە قـوتـابییەکانیـان بگەیەنـن. هەمـیـشەش ببن بە پێـشەنگ و بە نموونـەیەکی بـەرز و باش لە رەفـتار و هەڵسوکەوتەکـانیان. تا قـوتابییەکـانیان چاویـان لێبکەن و لێیانەوە فـێربن. پێویستە رێز لە قوتابییەکانیان بگـرن و هەمیشە پاڵپشت و هـاندەر و رێنماییکەریـان بـن.
قوتابیان لە قوتابخانەدا زیاتر بە کۆمەڵایەتی دەبـن، زیاتریش کراوە دەبن لە مایەنەی تێکەڵ بـوون و دروستکردنی پەیـوەنـدی هـاوڕێـتی، لەگـەڵ قـوتابیـانی تـر و لەگـەڵ مامۆسـتاکانیان و هـاوکـاری کـردن و بە کۆمـەڵ ئەنجامـدانی چـالاکی هەمەجـۆرەوە.
منـداڵان لە قوتابخانەدا، خەیـاڵ فـراوانتر و بیرتیـژتر و زەیـن روونتر دەبن. لە هەموو روویەکەوە گەشەدەکەن و زیـاتر شارەزای ئەرکەکانیان و مافەکانیان دەبـن. زیاتریش
پابەنـدی یاسا و رێـساکـانی قـوتابخـانە دەبـن. زیاتـریش حـەز و ئـارەزوو و بەهـرەی ئەدەبیـان دەردەکەون. بە زۆریش هـۆگری چـیرۆک و هـۆنـراوە و سروود و گۆرانین.

قوتابخانەکان دەتوانن ئەم حەز و ئارەزووە سرووشتییانەی قوتابییەکانیان بقـۆزنەوە و رۆڵـێکی گـرنگـیان هەبێـت لە گەشەکـردن و پێـشکەوتنی ئەدەبی منـداڵانی کوردمـان. لە میانەی ئەو بابەتە ئەدەبی و زانیاری و رۆشنبیرییانەی، کە بەشێکـن لە بەرنـامە و لە پرۆگرامەکانی پەروەردەکرن و فـێرکردن و خوێندنەوە و فـێربوون. کە بەشدارن لە بنیادنانی کەساێتی دروست و هـاوسەنگی منـداڵان. لە رێی ئەو بابەتە ئامانجـدارانەوە ئاراستەیـان بکەن. تا بە دروستی و ئەرێـنی رەفـتار و هـەڵـسوکەوت بکەن و رێـز لە پرەنسیـپ و لە بەهـا جـوانەکانی کۆمەڵگاکەیان بگـرن و ببن بە تاکێکی سوودبەخش.
بەشـێکی زۆر لە بابەتـەکـانی پـرۆگـرامەکـانی فـێرکـردن و خوێنـدنـەوە، بە تایبەتیـش بابـەتە هەمەجـۆرەکـانی پەرتـووکی “خوێنـدنـەوەی کوردی” جـۆرێکـن لە جـۆرەکانی ئـەدەبی منـداڵان (چـیرۆک، هـۆنـراوە، پەخـشان، شـانـۆ، ئـۆپـەرێـت، دیـالـۆگ).
قوتابخانەکان دەتـوانن بە زۆر شێواز و رێگـاوە، گەشە بە ژانـرەکانی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان بـکەن. ئەمـانەی خـوارەوە بەشـێکـن لەو شـێـواز و رێـگایـانە:
١ـ هانـدانی قوتابیان بۆ خوێندنەوەی بابەتی هەمەجۆرەی ئەدەبی منـداڵان. لەم رووەوە مامۆستایـانی زمانی کوردی دەتـوانن رۆڵـێکی کاریگەر ببینن. دەتـوانـن بەبێی تەمـەنی قـوتابییەکـانیان، ئەو پەرتـووکە کوردییانەی لە پەرتووکخـانەکانی قوتابخانەکـانیان دان. بیـانخـەنە بەردەسـتی قـوتـابییەکـانیاـن بـۆ خـوێنـدنـەوەیـان. دوایـش داوا لـە قـوتـابییە خـوێنەرەکـانی ئـەو پەرتـووکـانە بـکەن، کە بـە زاری و بە کـورتی باسی بابـەتـەکـانی ئەو پەرتـووکانە بکەن کە خـوێنـدیـانەوە. تا منـداڵان هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن و دەقی پێوەبگـرن و هـەر لە منـداڵـیـیەوە، خوێنـدنەوە ببێـت بە کولتووریـان و بە بەشـێک لە ژیانیـان. پەرتـووکـیش ببێـت بـە هـاوڕێی هـەمیـشەییـان.
بە داخـەوە کە لە زۆربـەی قـوتابخانەکانی کوردستان دا، ئەو پەرتـووکانەی کە هەیـانە، لە ژوورەکانی مامۆستایان دا، لەناو دۆڵابێکدا لە ریزیان کردوون و تـۆزیان لێنیشتوون. هـەر وەک ئـەوەی کە تەنیـا بـۆ جـوانی دانـرابـن، نەک بـۆ خـواستن و بۆ خوێنـدنەوەی قـوتابییەکـانیان. لە چەنـد قـوتـابخـانـەیەکی کوردستان دا، ئەمـەم بە چـاوی خـۆم بـینی.
٢ـ هـۆگربوون و دەقگرتنی منـداڵان بە خوێندنەوەی پەرتـووک و گۆڤارەکانی منـداڵان، حەز و ئارەزووی نووسینیان دەورووژێنیت. پێویستە مامۆستاکان هانی قوتابییەکانیان بـدەن بۆ دەرخستنی بەهـرە و توانای نووسینیان لە پەخـشان و چـیرۆک و هـۆنراوە و وتـار. بە زمـانێکی سادە و ساکاری کـوردی. دەقـە جوانەکـانیشیان لە بڵاوکـراوەکـانی سەر دیواری قـوتـابخانەی، یا لە گـۆڤـاری قـوتـابخـانەدا ـ گەر هـەبێـت ـ یا لە ئێـزگەی رادیـۆیی قوتـابخـانەدا ـ گەر هەبێت ـ بڵاویـان بکـەنەوە. یا لە کاتی ریزبـوونی بەیانیان لە بەردەم هـاوڕێکانیان دا، نووسینەکـانیان بخـوێننەوە. ئەمانـەش دەبـن بە هـانـدان و بە پـشتگیری بۆ قوتابییە نووسەرەکانیان، بۆ زیاتریش دەرخستنی بەهرە و تواناکانیان.
٣ـ هـۆگـربوونی منـداڵان بە خوێنـدنەوە و کـڕینی گۆڤارەکان و پەرتووکە چاپکراوەکان بۆ منـداڵان. دەبێـت بە هـانـدانیش بۆ نووسەرانی ژانـرە ئەدەبییەکانی، ئەدەبی منـداڵان بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە تازەکانیان و برەودانێکی زیاتریش بە نووسین. تا نووسینەکـانیان شایـەنی ئەوەبـن کە بخـرێنە پـرۆگـرامەکـانی خوێنـدنی قـوتابخـانەی سەرەتایی و پەرتووکەکانیشیان بخەنە پەرتووکخانەکانی قوتابخانەکانەوە. هەر ئەمەش گەشـە و پێشکەوتنێکی زیـاتر بە ئـەدەبی منـداڵان دەبەخـشێـت.
٤ـ پێویستە بەڕێوەبەرێتی چـالاکی قوتابخـانەکان ـ سەر بە پەروەردەی شار و قەزاکـان. ساڵانە فیستیڤـاڵێکی شایستەی کێـبڕکـێ بۆ قـوتـابییە نووسەرەکـانی بـواری ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان (هـۆنراو، چـیرۆک، ئۆپەرێت، پەخشان) سازبکەن. دیـاری و خەڵات و میدالیای جـوان و بڕوانـامەی رێـزلێنان پێشکەش بە هەموو قوتابییە بەشـداربـووەکان بکـرێن و دەقـە جـوانەکانیش، لەگەڵ وێنەیەکی قوتابییەکان، لە پەرتووکێکی قەشەنگدا چاپ بکرێن. ئەمەش دەبێت بە هاندان و ورووژاندنی رۆحی کێبڕکێ لە نیوان قـوتابیانی قوتابخـانەکان دا. بەشـێک لەم قـوتـابییە نووسەرانە، دەبن بە نووسەرانی داهاتـوومان.
٥ـ بێگومان ئۆپـەرێت و شانۆی قوتابخانە، رۆڵ و گرنگییەکی زۆریان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان و لە فـێرکردن و پەروەردەکـردن و رۆشنـبیریی منـداڵان و
لە گەشەکـردنی زمانی منـداڵان هـەیە، لە دەرخـستـنی ئازایی ئـەدەبی و کـرانەوەیـان دا هەیە. پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ئۆپەرێت و شانۆی قوتابخانە بدرێت. ساڵانە ئاهەنگ و فـیستیڤـاڵی ئۆپـەرێت و شانۆ بۆ قـوتابیانی قوتـابخـانە سەرەتـاییەکـان رێكبخـرێت، چ لەسەر ئاستی قوتابخـانەکان دا یا لەسەر ئاستی پەروەردەی شار و شارۆچـکەکـان دا.
بەداخە لە زۆربەی قوتابخـانەکانی کوردستان دا، ئۆپـەرێت و شانـۆ فەرامـۆش کـراون.
پێمـوایە هـۆی ئەمەش دەگەڕێتـەوە بۆ ئەم هـۆیـانە: نەبـوونی مامۆسـتایانی پسـپـۆری دەرهـێنانی ئـۆپـەرێـت و شانـۆ. نەبـوونی هـۆڵ و سەکـۆی شـانـۆیی و نـوانـدن. کەمی دەقـی ئـۆپـەرێـت و شانـۆی نـووسراوی تایبـەت بـۆ منـداڵان.
٦ـ گرنگی دان بە پەرتووکخـانەکانی قوتابخـانەکان و دەوڵەمەندکردنیان بە پەرتووک و گـۆڤـارەکـانی منـداڵان و بە سەرچـاوەی پێـویست. چونکە کتێبخـانەکانی قـوتابخـانەکان گەر بە پەرتووک و بە گۆڤارەکانی منداڵان دەوڵەمەند بکرێن، دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکـردنی قـوتابییەکـانیان هەبێـت. پەرتـووکخانەکانیش لە لایەن مامۆستایانی زمـانی کـوردی و گـروپێکی قـوتابیـانی هـۆگـری خوێنـدنـەوەوە بەڕێـوەببـرێـن.
٧ـ پێویستە مامۆستایانی وتنـەوەی زمانی کوردی، لە وانـەی خوێندنـەوەی بابەتەکانی پەرتـووکی”خوێندنەوەی کوردی” دا، بە دەنگێکی بەرز و روون و چـێژەوە بابەتەکان بخـوێنـنەوە.. خۆشی و چـێژێکی ئـەدەبی زیـاتر بە قـوتابییەکـانیان دەبەخـشن. داوا لە قوتابییەکانیشیان بکەن ئەوانیش وەک خۆیـان بە دەنگی بەرز بابەتەکان بخوێننەوە. لە دواییـش دا، لە میانەی پرسیار و وەڵامەوە، تێـدەگەن کە تا چ رادەیەک قوتـابییەکـانیان لەو بابـەتـانەی خـوێنـدیانەوە تێگەیـشـتوون.
٨ـ بەشداریکردنی مانگانەی قوتابخـانەکان لە کـڕینی ئەو گۆڤـارانەی مانگانە یا وەرزی بۆ منـداڵانی کوردمـان دەردەچـن، لایەنی کەمەوە لە هـەر ژمارەیەکـیان دا (٣) ژمـارەی لـێبـكـڕن. لە ئێـستا دا، گـۆڤـاری (پەپـولـە) و ( سـڤـۆرە) و (گـوڵـزار) کە لە کوردسـتان دا دەردەکرێن. (٣) گـۆڤاری رازاوە و رەنگین و دیـزاییـن جـوانی بابـەت هەمەڕەنگەن.
دەشتوانن قوتابییەکانیان هـانبدەن بۆ کـڕین و خوێنـدنەوەی ئـەو گۆڤـارانە و پەرتووکی چاپکـراوی بابـەت هەمەجـۆرە بۆ منـداڵان.
٩ـ مامۆستایانی زمانی کوردی رۆڵێکی گرنگییان هەیە، لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان و لە هـاندانی قوتابییەکانیان بۆ هـۆگربـوون، بە خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەدەبی منـداڵان بۆ نووسینی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان. بە تایبەتیـش لە وانەی “داڕشـتن” دا.
١٠ـ قوتابخـانەکان دەتـوانـن چەندین شـێواز و و رێگای تر بگرنەبەر، بۆ گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان و رۆشنبیریکـردنی قـوتـابیـان لە قـوتابخـانەکـانیان دا.
١١ـ بێجگە لە خـێزان و لە قوتـابخانە، نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، گـرنگـترین فاکتەرن لە داهـێنان و گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان. لە سایەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان دا، هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی منداڵان گەشەدەکەن. وەک تیبینی دەکرێ بەشێکی زۆری نـووسەرانی ئـەدەبی منـداڵان، مامـۆستا بـوون یا مامـۆستان. بە هـۆی تێکەڵبوونی راستەوخۆیان بە جیهانی پاک و بێتاوانی منداڵان، زیاتر لە ئارەزوو و نیاز و راز و خـەون و هـیواکانی منـداڵان تێگەیشتوون. بـوونە بە ئیلهـام بۆ چـیرۆک و بـۆ هـۆنـراوەکـانیـان. بـەڵام ئـەمـە مـەرج نیـیە. گـەلێ کـەڵـە نـووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵانی کوردمان هـەیە، کە مامۆستا نەبـوون و مامۆستا نیـن. جوانترین هـۆنـراوە و چـیرۆکیـان بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسـیوون.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ ٥/٢٠٢١




نقاشێك لەسەر ژوانی خەیاڵ.. دڵی ڕۆژھەڵات

من و تۆ و تەنیاییمان
بووینەتە دوا ھەواری خەیاڵ
بووینەتە دوا قامەتی ژوانێك
بووینەتە دوا دێوەزمەی ئەم گەردوونە
من و تۆ ھەمیشە لە ماڵەكەی خەیاڵ دوا ژوان دەگرین و
دوا ماڵئاوایی لە چوونەوە دەكەین
من سەر بە ئەوجی تەنیاییم
تۆ سەر بە ماڵە پڕ شەڕابییەكەی سێوی
سێو خود خواردنەوەی منە لە سەر دەنگی ناسكی ژنبوون
خود خەیاڵێكی بیمارە
ژن، دارھەنارێكە لە باڵای باران و
بەجێھێشتنی فرمێسك
من شێتترین و
تۆ خەیاڵیترین ڕێگای ئاوریشمیت
تۆ
واتا گەڕانەوە
من واتا نەڕۆیشتن.
من و تۆ لەو پێكە دەنۆشین ناومان ناوە
یەك و یەك ناكاتە دوو
من و تۆ لەو سەربازە دەچین
دڵی بۆ ژوانێك لە سەنگەری نەدیتن لێدەدات
دڵی تۆ
ماڵێكی ئەبەدییە و
سێوی من بۆنی دەستی تۆی گرتووە
دەستی تۆ
نقاشێكە بۆ كێشانی تابلۆیەك لە خەیاڵی من
تۆ، ئەبەدیترین جەنگاوەری بۆ كوشتنی مەراق
بەدیار خالقییەوە
سەمات بۆ دەكەم
بەدیار خۆمەوە گۆرانیت بۆ دەڵێم خەیاڵ.

دڵی_ڕۆژھەڵات