دەربارەی شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین.. ئدریس مستەفا

لە وەڵام بە مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح

حەڤدەی ئەم مانگە لە سایتی درەو میدیا هەردوو نوسەر وتاریکیان بڵاوکردۆتەوە بە ناوی “جەنگی ناکۆتای فەلەستین و ئیسرائیل یان کۆتایی خەون بینین بە ئاشتیەوە.” لە سەرەتادا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین بۆچی شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین یاخود ئیسرائیل-حەماس دەبێتە سەرنجێکی گشتگیری میدیا جیهانی و ناوچەییەکان و باسوخواسێکی گەرموگوڕی دونیای سیاسی و رۆشنبیری لە کاتێکدا هەمان شەڕی وێرانکەری لە وڵاتی تر هەن و کوشتنی منداڵ و خەڵکی مەدەنی لە چوار دەورمان روودەدەن کەچی نابنە ئەو باسە گرنگەی وەک ئیسرائیل-فەلەستین. بۆ نموونە یەمەن، هێرشی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر هەر چوارپارچەی کوردستان، و جەندان کارەساتی شەڕ و ماڵوێرانی تر. سیاسیەکان چی دەڵێن و ناڕێسن با بیکەن بەڵام کاتێک رۆشنبیرێک یان بیریارێک و نوسەرێک دەکەوێتە ئەو تەڵەیەوە ئەوا دەبێ هەلوێستگیریەکی لێ بکرێت. ئەو تەڵەیەی کە هەموان دەهێنێتە سەر خەت کاتێک سەردێڕی هەوالەکانی دونیا دەبنە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سیاسەتی دژە ئیسرائیلی لە مێژە جێکەوتەیە لە نیو دونیای غەیرە رەسمی رۆژئاودا. لە دونیای رەسمی و نا رەسمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، هەرچەندە هەندێ دەولەتی عەرەبی رێکەوتتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و لە سالی پارەوەش چەند ولاتێکی تری عەرەبی هاتنە ریزی ئەو رێکەوتننامە ئاشتیەوە، دژە ئیسرائیلی بوون مانای هەموو ناسنامەیەکی سیاسی و فکری و رێکخراوەیی و نەتەوەیی و ئاینی دەردەخات. دیارە واخەریکە لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتی و جەماوەریەکەشیدا ئەو عەقلە برەو دەسێنێت کە ئیسرائیل وەک هەر وڵاتێکی تری ناوجەکە و جیهانە و دەبێ لەو روانگەیەوە سەیر بکرێ و ئەم ئاوەزە لە ولاتانی نیـجە دوورگەی عەرەبیدا لە گەشەدایە چونکە مێژووی حەفتا ساڵ لە بایکۆت کردنی ئیسرائیلی درواسێیان هیچ سەمەرێکی نەبوو بگرە بە زەرەریش کەوتەوە بۆیان. بەهەرحاڵ….
لە ئاستی جەماوەری و ئەکادیمی و میدیایی رۆژئاودا و هەروەها لە دونیای ئیسلامیدا، لە نیویدا کوردستان، دژە-ئیسرائیلی بوون یان دژە جولەکە بوون لە پێش دروستبوونی دەولەتی ئیسرائیلەوە بوونی هەیە. ناسنامەی مەسیحێتی بوونی غەرب و دواتر رەوتی چەپێتی لیبراڵی دژ بە ئیمپریالیستی هەردەم چالاک بووە و هەر دەورەیەک لە بەرگێکدا خۆی دەرخستووە و دەورەی نازیزم یەکێکە لەو دەورانە. وەک مەسەلەیەکی دینی هەردوو دیدی ثیۆلۆجی ئاینی مەسیحی و ئیسلام، ئەوە رەتدەکەنەوە جولەکە دەسەڵاتی هەبێ. وەک ئایدیۆلۆجیاش چەپەکان و لێبراڵە رادیکاڵ و تەنانەت رۆشنبیرە مۆدێرنیتەکان ئیسرائیل بە نمونەیەکی مانەوەی دونیای ئیمپریالیستی دەبینن گوایە ئیمپریالیشتی بەریتانی ئەو کیانەی دروست کردووە. وەک مەسەلەیەکی نیستمانی و نەتەوەپەرستیش ئیسرائیل وەک داگیرکەرێک وێنا دەکرێت. شیعرەکەی عەبدوڵلا پەشێو (سۆزێک بۆ فەلەستین) لەسەر ئیسرائیل نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو تێکەڵەیەیە لە پاشخانی ئاینی و سیاسی و مێژوویی ناحەز بە جولەکە.

هەوێنی نوسینی وتاری هەردوو نوسەر لەو پاشخانەوە توێشووی گرتووە کە عەبدوڵلا پەشێو چەند دەیەیەک پێش ئەمان بە شیعرێک سەرتوێشەکەی هەڵداوەتەوە؛ لە لایەکی تریش وەک باس و خواس کەتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو مەشینە گەورەیەی عەقڵی غەربی و میدیای لیبراڵ دیموکراسیەکەیەوە کە هیچ کات و ساتێک بە دیدێکی بابەتیانەوە سەیری هەموو کێشەکانی دونیا ناکات بەڵکو ئەوەی خۆی دەیەوێ ئەوە دەڵێ و دەیکات. رزگاری تیبت لە چین و سەربەخۆیی فەلەستین و یۆکراین و تورکە ئوزگورەکان و موسڵمانە رۆهینگەکانیشی هاتە سەر لەم ساڵانەی دواییدا ئەو کێشانەن کە رۆژئاواییەکان هەمیشە دەیڵێنەوە لە کاتێکدا جەندان مەسەلەی بەرهەقی تر هەن نەک هەر خۆیانی پێوە خەریک ناکەن بەڵکو باسیشێ ناکەن وەک مەسەلەی کورد لە چوار وڵات، هەرێمی کەتالۆنیا و باسک و سکۆتلاند و ئێرلەندا لە ناو دڵی ئەوروپاکەی خۆیاندا. لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی رەسمی دەوڵەتانی رۆژئاوا پشتگیری کردنی ئیسرائیلە، تا ئەم ساتە وەختە، بەڵام بە دیوێکی تردا دژە ئیسرائیلیە و لەم ساڵانەی دواییدا شەپلۆ ئەنتی-سەمیتیزم، رق بوون لە جولەکە، لە برەودایە و جوڵێنەری پشت ئەم رەوتە ترسناکە عەقڵی مەسیحیەتە بە بەگشتی کە خۆی گرمۆڵە کردووە لە نیو هێزە راستڕەو و رەگەزپەرستیەکان و گروپە ئاینیە توندڕەوە مەسیحیەکان و دەوڵەتەکانشیان باش ئاگاداری ئەم بارودۆخە ترسناکە هەن و پێدەجێ هۆلۆکۆستی تر لە رێگەبن بەڵام ئەمجارە یەک هیتلەر نابێ بەڵکو دەیان هیتلەر دەبێ. رق بوون لە جولەکە لە مێژە لە نیو دەماری مەسیحیەتدا بە هەر سێ باڵەکەیەوە دێت و دەچێ و مێژوو شاهیدێکی زیندووە لەو بارەیەوە. لە لای خۆشمان بە تێکەڵەیەک لە نیوان ئەو عەقڵیەتە غەربیە و باکگراوندی موسڵمانبوون و بیری چەپێتی دژە ئیمپریالیستی ئەو رەوتە لە دژە ئیسرائیلی یان بڵێم دژە جولەکە لە ئارادایە و نوخبەی رۆشنیر و خوێنەری کورد هەمان هەڵەی مێژوویی رۆشنبیران و نوسەرانی دەمانی جەنگی جیهانی دووەم دەکەنەوە بەرامبەر بە جولەکە. ئەم باکگراوندە موسڵمانێتیە لە نیو توێژی رۆشنبیر و سیاسی ئێمەدا بە روونی دەبنیرێ.
هەندی بەرئەنجامی ئەو عەقڵیەتە ئەوەیە کە لەم چەند دێرەی وتارەکەی کاک مەریوان و کاک ئاراسدا دەبینرێ: “کرۆکی مەسەلەی فەڵەستین و کێشەی سەرەکیی فەڵەستینییەکان لەدەستدان و داگیرکردنی خاکەکەیانە. فەڵەستینییەکان گەلێکن خاکەکەیان داگیرکراوە و خۆشیان بە زۆر لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەرکراون. ئەمەش ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە.” ” مەسەلەکە نە مەسەلەی دینە، نە مەسەلەی بوونی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای تایبەتە، نە مەسەلەی بوون یان نەبوونی ڕقێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵکو مەسەلەی داگیرکردن و کۆلۆنیالیزمە.” جا بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە ئاشتیانە جارەسەر بێت دەبێ، هەردوو نوسەر وتەیەکی بیرمەندی فەرەنسی ئالان بادیۆ دەهێننەوە، کە پێی وایە دەبێ “جۆرێکی نوێ لە جولەکە و جۆرێکی نوێ لە عەرەب دروست ببێت.” و ئەمانیش ئیزافەیەک دەکەنە سەر ئەو وتەیە و دەلێن “دەبێ موسڵمانێکی نوێش دروست ببێت.” بەڵکو هیوایەک بۆ جارەسەری ئاشتیانەی ئەو کێشەیە لە داهاتوودا دروست ببێت.
خاڵی یەکەم: من پرسیار لە هەردوو نوسەر دەکەم بەوەی کە کام دەوڵەتی دونیا هەیە لەسەر داگیرکاری خاکی نەتەوەیەکی تر و ماڵ و حاڵی خەڵکێکی تر دروست نەبووبێ؟ زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان وەک ئیسرائیل دروست بوون گەر خراپتر نەبووبن بە تایبەت دروستبوونی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین و روسیا و تورکیا و کەنەدا و ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکای لاتین. مێژوی دروستبوونی وڵات و دەولەتەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان وەک ئیسرائیل دروستبوون بەڵام ئەوانی دی مێژوویەکی دێرینتر یان کەمێک کۆنتریان هەیە لەوەی ئیسرائیل. یاخود کام دەوڵەتی هاوچەرخ هەیە بە پلان و پاڵپشتی ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریکی دروست نەبووبن؟ تێگەیشتن لە حوکمی مێژوو بۆ دروستبوونی دەوڵەتەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە هیچ وڵات و دەولەتێک لەسەر خاکی خوڕسک یاخود خاکێک نەبووە ئەبەدی بێت بۆ خەڵکانێک و وڵاتی لەسەر بنیاتبنێن بەڵکو گەڕان و پەلاماردان و داگیرکاری و پاوانخوازی و چاوچنۆکیەکان ئەم فۆرمە لە کیانی سیاسی و دەوڵەتی و وڵاتیان پێ بەخشیوین کە هەیە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەمکی خاک لە دەستدان و داگیرکردن ناتوانێ وەڵامێکی بابەتی بێت بۆ تێگەیشتن یاخود لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی ئیسرائیل و فەلەستین و بگرە ئەوە دیدێکی کۆنە و مەحکومە بە نا مەوزوعی.

دووەم: لۆجیکی داگیرکردنی خاکی فەلەستینیەکان و ئاوارەکردنیان لە لایەن ئیسرائیلەوە لەو عەقڵیەتە باوەوە هاتووە کە جەندان دەیەیە لە لایەن عەرەب و ئیسلامیەکان و چەپەکانیش بە تایبەت لە دەورەی شەستەکان و حەفتاکاندا دەوترێت و دەوترێتەوە. بۆ چەپ و رۆشنبیرە لیبراڵە رۆژئاواییەکانان رق بوون لە ئیسرائیل لە روحێکی دژە-ئیمپریالیستیەوە دێت کە ئەمەش لەو رقە ئاینیە مەسیحیەوە دێت دژ بە جولەکە. عەقڵیەتێکی ئاوها کە وتاری لەوجۆرەی پێ دەنوسرێ باکگراوندێکی ئاینی یاخود موسڵمانبوونێکی ئاوهای لە پشتەوەیە کە بە ئاشکرا پەردەکەی لە رووی هەر رۆشنبیرێک لە نیویدا رۆشنبیرانی کوردیش دادەماڵرێ وەک چۆن کاک مەریوان و کاک ئاراس باس لە ئەفراندنی “موسڵمـانێکی نوێ” دەکەن وەک حەڵقەیەکی چارەسەر بۆ ئایندەی ئەو کێشەیە. عەقڵیەتی دژە جولەکەیی یاخود ئیسرائیلی رۆشنبیری کورد رەگەکەی لە باووپایرانەوە هاتووە. کاتێک هەموو جولەلەکانی کوردستان دەربەدەردەکرێن و سەردەبڕین و ماڵوموڵکیان داگیردەکرێ هیچ یەکێک لە رەمزە رۆشنبیریەکانی ئێمە لەوانە باپیری کاک مەریوان، قانیعی شاعیر، نەک هەر هەڵوێست بەڵکو یەک وشەش چیە لە زاری نایاتە دەر لەو بارەیەوە. خۆ ئەوەش “تاوانێکی گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە.” عەقڵیەتی باپیر چونکە موسڵمانی بوونە و جولەکە ئاینێکی ترە بۆیە ئەو رووداوە گەورەیە لە مێژووی وڵاتی ئێمەدا روودەدات بێ ئەوەی شاعیران و نوسەرانی ئێمە یەک قسەی لێوەبکەن و بگرە دژ بە جولەکەش وەستاونەتەوە و ماڵەکانیان کردە موڵکی خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەوەکانیان یەک شتی لە بارەوە ناڵێن هەروەک چۆن وشەیەک نیە لە لا یەن رۆشنبیرانی ئێستاوە سەبارەت بەو مێژووە پڕ شەرمە. بۆیە من خەریکە گومان دەکەم لەوەی گەر جولەکە لە شوێنی فەلەستینیەکان بوونایە و فەلەستین دەسەڵاتداری دەوڵەتی بوایە و جولەکە دەربەدەر بکرایە ئەوا هیچ یەکێک لە کاک مەریوان و کاک ئاراس و ئەو جەپانەشی خۆیان کردۆتە ماڵ بەسەر مارکس و سوۆشیالیزمەوە ئەوەیان نەدەگوت کە ئێستە دەیڵێن. کەواتە مەسەلەکە ئەو باکگراوندە ئاینیە کوردیە موسڵمانچێتیەیە کە جولەکەی پێ دەبینێ و لێرەوەیە دەڵێ جولەکەکان داگیکەرن و خاکی فەلەستینیان داگیرکردووە و ئەو حومکە مێژووییە فەرهەم دەکەن کە زۆربەی کیانە سیاسیە دەوڵەتی و وڵاتیەکانی تری لەسەر دروست بووە.

لەم خالەدا قسەکردن نیە لەسەر ئەوەی کێ بەرهەقە یان نا بەڵکو قسەکردنە لەسەر دروستبوون و دامەزراندنی دەولەت و وڵاتە هاوچەرخەکان کە ئیسرائیل یەکێکە لەوان و گەر بێتوو لایەنی مێژوویی دروستبوونی ئیسرائیل رەتبکەیتەوە ئەوا دەبێ هی هەموان رەت بکەیتەوە یان هەموان بدەینە بەر تانە و تەشەر. ئا لێرەوەیە ئەو وشانەی لە زاری کاک مەریوان و کاک ئاراس دێنە دەرەوە ئاگاییە مێژووییەکەی لە ئاستێکی لاوازدایە چونکە لێرەدا وەڵامی ئەو خاڵەی خۆیان دەدرێتەوە کە دەڵێن لە هەموو لایەکەوە جولەکە رووی لە ئیسرائیل کرد و بووەهۆی دەربەدەری عەرەبی فەلەستین. دەربەدەر کردنی جولەکە لە هەموو ولاتانی دونیا و بە تایبەت ئیسلامی لەوانە کوردستان، بریتی بووە لە ١) پەلامردانی کەمایەتیە ئاینیەکان هەردەم هەدەفێکی ئاسان بووە لە لایەن زۆرایەتیە ئاینیە دەسەلاتدارەکەوە و مرۆڤی ئاینیش پەلامار بۆ سەر غەیرە دینی خۆی بە ئەرکێکی خودایی دەزانێ. ٢) لێرەوەش دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا و ئەمەش کرا لە هەموو شوێنێ. ٣) پاککردنەوەی کۆمەڵگەی مەسیحی و ئیسلامی لە جولەکە و بە زۆر ناردنیان بۆ ئیسرائیل. ٤) سەلماندنەوەی ئەو راستیە مێژووییەی کە ئاینەکان بە خوێنی سەری یەک تینوون بەتایبەت ئەوەوی لە دوای ئەوی ترەوە بێت یاخود سەرجاوەکەی ئاینەکە کۆنەکەی پێش خۆی بێت. ئاینی جولەکە، سەرجاوەی هەردوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی رق لێبوونەوەی هیتلەر لە جولەکە رقە مێژووییە مەسیحیەتەکەی بوو، بە سەدان ساڵ پێش هیتلەر ئەمە روویدا لە جەندان ڵاتی رۆژئاوایی. گرنگترینیان دەمانی خاچ پەرستەکان بوو کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ شەڕی رزگاری قودس لە ساڵانی ١١٠٠کاندا. یەکەم کاروانی بەڕێکەوتنی خاچ پەرستەکان پەلاماردانی ژن و منداڵ و پیاو و پیری جولەکە بوو لە ناو دڵی ئوروپادا. ئەو کۆمەڵکوژیە بە کۆمەڵکوژی رەینلاند ناسراوە. لەوێدا هەر لەگەڵ دەستی خۆیاندا زیاتر لە پێنچ کە تێیدا پێنچ هەزار جولەکەیان قەتڵوعام کرد و هەموو ماڵاتیان بۆ خۆیان بردن. ئەمە لە یەکەم کاروانی بەڕێکەوتنی خاچ پەرستە ئەوروپیە مەسیحیەکان بوو بۆ شەڕی رزگارکردنی قودسی رەمزی کەرامەتی ئاینی مەسیحی کە خودی جولەکەش لە قودس دەژیان و جولەکەش ئازاد دەبوو گەر قودسیان رزگاربردایە.

بەهەرحاڵ، دەربەدەرکردنی جولەکە لە هەموو ناوجەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە عەقڵیەتێک و سیاسەتێک بوو کە خزمەتێکی زۆری بە بیری زایۆنیستی گەیاند و ئەنجامەکەشی زۆربوونیی دانیشتوانی جولەکەی لێکەوتەوە لە ئیسرائیل. جولەکە لە هەموو وڵاتانی دونیاوە دەربەدەکران بە تایبەت ئەوروپا بەرەو ئیسرائیل دەریان دەپەڕاندن، بگرە رێکەوتتنامەی وڵاتان هەبوو بۆ ئەوەی جولەکەی وڵاتەکانیان دەربکەن و روو لە ئیسرائیل بکەن و ئەم سیاسەتە تاکو ساڵانی نەوەدەکان برەوی هەبوو بە تایبەت ناردنی جولەکەی روسیا بۆ ئیسرائیل بە بەرنامەی داڕێژراو و ئیسرائیلیش بەوپەڕی سنگفراوانیەوە ئەمەی قبوڵ دەکرد. عەقڵی دژە مەسیحی لە رۆژئاوا و ئیسلامی لە رۆژهەڵات وڵاتی ئیسرائیلیان بەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانەوە دروست کرد ئەگەرنا جولەکەی هەر وڵاتێکی تر ئامادە نەبووە زێدی خۆی بەجێ بهێڵێ و رووبکاتە فەلەستینێک کە هەرگیز نەیدیووە. چەندان ژیاننامە و یادەوەری نوسراوی جولەکەکانی ولاتە جیاوازەکان هەیە کە پێیان وابووە کۆچ کردنیان بۆ ئیسرائیل وەک دوورخراوەیەک بۆ دوورگەیەک بووە. دەوڵەتی ئیسرائیل پرۆژەی بەردەستی بن گۆریۆن بوو کە خودی جولەکەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بوونە قوربانی پرۆژەیەکی ئاوها و جولەکەکانی کوردستان بەشێک بوون لەو قوربانیانە.

سێهەم: پێش فەلەستین، چەند شوێنێکی تر مەترەح کران لە کیشوەرەکانی تر تاکو ئەم دەولەتەی ئیسرائیلیان لێ دروستبکردایە لەوانە ئۆگەندا لە کیشوەری ئەفریقیا. ئەفریقیا لە زۆر رووەوە ئاسانتر دەهاتە دەست گەر بن گۆریۆنەکان لەو کیشوەرەدا ئەوەیان بکردایە بەڵام بۆ نەکرا و بۆچی فەلەستین هەڵبژێردرا ئەوا لێرەدا دەمەوێ ئەو دیدەی کاک مەریوان و کاک ئاراس بەتاڵ بکەمەوە گوایە مەسەلەی ئیسرائیل نە دینیە و نە خەونێکی مێژوویی جولەکەیە بەڵکو داگیرکاری و فراوانخوازیە. لە روویی ئایدیۆلۆجی ئاینی جولەکەوە سەیری بکەین، جولەکە هەردەم باوەڕیان بەوە نەبووە دەرگای بە جولەکە بوون بکەنەوە بۆ هەموو کەسێک لە جیهاندا و بیری زۆربوونی ژمارەی کەسانی ئاینەکەیان لە مێشکی خۆیاندا سڕیەوەتەوە ئەویش بەو هۆیەی کە ئەمان کەمایەتیەکی میللەتێکی تایبەتن لە لای خودا و گەر زۆر بێ ئەوا بۆر دەبێ واتە ئەو ئەفزەلەتیەی لای خودایان نامێنێ و خودی کەمایەتیەکەی مانای ئەفزەڵەتیەکە دەبەخشێ. لە رووی جوگرافیەوە، فەلەستین مەدای قوتری زۆر کەمی هەیە بۆ ئەو پاوانخوازی هەردوو نوسەر باسی لێوەدەکەن کە ئیسرائیل بە تەمایە بیکات بۆ فراوانکردنی خاکەکەی. ئەمە لە کاتێکدا دراوسێ عەرەبەکانی ئیسرائیل هەموو وڵاتی بەهێزی سەربازین و سەنگی سیاسی خۆیانیان هەیە بە پشت بەستن بە ناسنامەی عەرەبوونیشیان، ئومێدی ئیسرائیل بۆ فراوانخوازی ئێجگار لاوازە. لە ئەفریقیا هیچ یەکێک لەو دەربەستانە دروست نەدەبوو گەر ئیسرائیل لەوێ دروست ببوایە بە حوکمی هەژاری کێشوەرەکە لە هەموو روویەکی ئابوری و سیاسی و سەربازی و مرۆیی و فەرهەنگی و ئاینی و شوێنگەییەوە. بەڵام بۆچی فەلەستین هەڵبژێردرا لە کاتێکدا چ بن گۆریۆنەکان و چ راوێژکارە سیاسیەکانی ئیمپریالیستی بەریتانی دەیانزانی بەرەو رووی چ قورساییەکی مێژوویی و ئاینی و جوگرافی و مرۆیی دەبنەوە. کەرامەتی مێژووی، کە تەنها خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و لەباربردنی هۆشیاری خەڵکە، چ بۆ بیری زایۆنیستی و چ بۆ ئیمپریالیستی مەسیحی بەریتانی دەوری هەبوو لەو هەڵبژاردنەی فەلەستیندا لەگەڵ ئەوەی جولەکە هەمیشە لە ژێر هێرشی مەسیحیەکاندا بوون. مەسیح کە لە بنەڕەتدا جولەکەیە لەوێ لە دایک بووە و جولەکەش بە (الارض المیعاد)ی دادەنێن و دیواری البراقی یەهودیەکان و پاشان بوونی جێگەی دێرینی دەسەلاتدارێتی پاشا داود ئەو خاڵە هاوبەشانەن کە جولەکە و مەسیحی کۆکردەوە. کەرامەتی مێژوویی یان سیاسی جێگەیەکی ئێجگار باڵای هەیە لە لای دەسەڵاتدارێتیەکان و دەولەت و میللەت و هێزەکانیان و بەشێکە لە ستراتیجیەتی بوونیان. مزگەوتی ئەقسا و دیواری البراقی یەهودیەکان و کڵێسای پیرۆزی شوێنی لە دایبوونی مەسیح هەندێک لەو کەرامەتە مێژژوویانەن. لە رووی جوگرافیشەوە، ئیسرائیل دەبێ بە چقڵی جاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەولەمەند لە هەموو روویەکەوە و خەریک کردنی مرۆڤگەلی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە بەو کێشەی قودس و دروستبوونی ململانێی ئاینی لە نیوان نەتەوەکان هەموو دەسەلاتداران قازانجی لێدەکەن و وڵاتانی عەرەبی لە پێشی هەموویانەوە سوودێکی بێ ئەندازەی لە مەسەلەی فەلەستین کردووە.




دەربارەی ڕیکخراوبوونی کرێکاران.. موئەیەد ئەحمەد

ڕیکخراوبوونی خەباتی کرێکاران چەڵنجێکی گەورە و مەسەلەیەکی هەرە گرنگ و دەستبەجێیە کە ئەم چینە لە ئێستای عیراق و کوردستاندا ڕووبەڕویەتی.
چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا، بەهەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو، و هەردوو بەشی لەسەرکار و بێکار، زۆربەی دانێشوانی کۆمەڵگە پیکئەهێنن، و هێزێکی گەورە و کاریگەری کۆمەڵایەتین، ولە خەبات و کێشمەکێشی بێووچاندان لە بەرامبەر سەرمایەداری و دەوڵەت و چەوسێنەرانیاندا. ئاشکریە کە هێزی سەرەکی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرین و بڕبڕەپشتی “ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر” ی عێراق و خۆپێشاندانەکانی کوردستانن.
لەگەڵ هەموو ئەو کارەکتەرانەیدا، هێشتا ئاستی ڕیکخراوبوونی سەربەخۆی ئەم چینە و یەکگرتوویی خەباتی ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بە شیوەیەک نیە بێتەوە نە لەگەڵ جێگە كۆمەڵایەتیەکەیدا، و نە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە سیاسیەی کە ئەیگێڕێ لە ڕوداوەکاندا. کێشەی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار و بەرجەستەکردنەوەی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی و فیکریی، بوەتە چەقی کێشەکانی خەباتی ئەم چینە و خاڵی دەستپیکردنی هەر هەوڵوتەقەلایەک بۆ بەهیز بوون و پێشڕەویی.
باسکردنی کێشەی ڕێکخستنی خەباتی چینی کرێکار یەکسەر و هاوکات کیشە و چەلێنج و میکانیزمەکانی یەکانگیرکردنی هەرسێ لایەنی خەباتی ئابووری و سیاسی و تیوری ئەم چینە ئەهێنیێتە ئاراوە، و بە ناچاری ئەمانباتەوە سەر ئەوەی کە هەرسێ ئەم لایەنانەی خەباتی کرێکاری ڕەچاو بکەین و لە یەکەیەکی دانەپچڕاودا بیانبینین و مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. ئەڵبەتە ئەم شیوە مامەڵەیە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە هەریەک لەم لایەنانەی خەباتی کرێکاران، سەربەخۆیەکی ڕێژەیی و شیواز و میکانیزمی بەرەوپێشچوونی خۆیانیان هەیە.
بە هەر حاڵ، لە هەر شۆێنیکەوە دەستپێبکەین بۆ باسکردنی کێشەی ڕیکخراوبوونی کرێکاران خۆمان لە بەرامبەر چینێکی کۆمەڵایەتیدا ئەبینین کە لە جوڵە و خەباتی بێوچاندایە بە دژی سەرمایە و سەرمایەداری و دەوڵەت و دامودەزگا و هێز و حزبەکانی بورژوازی. ئەمەش یانی لەبەرامبەر کێشەی ڕیکخراوبوونی تۆێژیک یا کۆمەڵیک ئینسان نین کە خاوەنی بەرژەوەندیەکی تۆیژی و سێکتەری و یا سیکتاریستی بن، بەڵکو لە بەرامبەر کێشەی ڕێکخراوبوونی چینێکین کە کاریگەری لە سەر سەرجەم ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەرخانی سیاسی و فیکری و پرۆسەی گۆرانکاری شۆرشگیرانە و ڕەوەندی پێشرەوی کۆمەڵگە هەیە، نەک هەر ئەمەش بەڵکو پۆتینسی ڕابەرایەتی سەرجەم ئەم پرۆسەیەی هەیە.
لە ساڵی ١٨٦٤ دا و لە دیبەیت لە سەر نوسینی پڕۆگرامی ئینترناسیونالی یەکەم (کۆمەڵەی جیهانی کرێکاران) و بەدیاریکراوی لەسەر ئەوەی کە چ خیتابێکی پرۆگرامی ( programmatic Statement) ئەتوانێ گونجاو بێت بۆ پێناسەی ڕیکخراوی ئینتەرناسێۆنالی یەکەم، وەک “بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران”، بەبێ ئەوەی بناسرێتەوە بە هێچ یەک لە مەیلە ئایدیۆلۆژیەکانی ناو چینەکە و دەرەوەی چینەکە(1) . لە ئاکامی ئەو دیبەیتەدا بەم ڕستەیە گەیشتن کە مارکس نووسی: “بەدیهینانی ڕزگاریی چینی کرێکار بەدەستی چینی کرێکار خۆیەتی”(2) ، و ئەمە کرایە دەستپێکی دۆکیومینتی پەیرەوی ناوخۆی ئینترناسیوناڵی یەکەم.
هەر بۆیە ئەبینین لە سەرتاوە ڕوون بووە، بە تایبەت پاش ئەزمونی تاڵی کرێکاران لە گەڵ حزبە سیاسیە بورژواز دیمکراتەکاندا لە شۆرشی ١٨٤٨ لە فەرنسا، کە ڕزگاربوونی چینی کرێکار بەدەستی خۆی ئەنجام ئەدرێ و نابێ پاشکۆی هیچ ‌حزب و هێزێکی سیاسی بورژوازی و وردە بورژوازی بێت، و دیارە ناشبێت تاقیگای هێچ یەک لە پرۆژە ئایدیولۆژیە سۆشیالیستەکانی دەرەوی خەبات و میکانیزمەکانی ناوخۆی ئەم چێنە بێت.
ئەو ڕستە بەرنامەیەی سەرەوە بەهەموو هێزی خۆی لەکاردایە لە ئیستاشدا و لەم سەردەمەی گەشەی سەرمایەداریدا. ئەمش یانی پڕۆسەی ڕزگاربوونی چینی کریکار لە واقعدا بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارانە و خەباتی چینایەتی ڕزگاریخوازانەی ئەم چینەیە. هەر لەم ڕاستایەشدا، ئاشکرایە کە ڕزگاربوونی چینی کرێکار پرۆژەیەکی دەرەکی خەباتی ئەو نیە تا کۆمەڵێک چاکخوازان بێن و پرۆژەی ئایدیۆلۆژی خۆیانی تیا تاقیبکەنەوە؛ سۆشیالیستی یا ئەنارکیستی یا ئەنارکۆ سەندیکالیستی و …هتد. هەر بۆیە، ڕیکخراوبوونی چینایەتی کرێکاران شتێکی ئەبسترکات و دامەزراوەیکی خۆ لە خۆدا نیە، بەڵکو دیاردە و پێداویستی بەرەوپشێچونی ئەم بزوتنەوە چینایەتیەیە کرێکاریەیە. هەر لەم دیدگایەشەوەیە کە ئەتوانری بەدروستی لێکبدرێتەوە و ئەنجام بدری لە بەرژەوەندی ئەم چینە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆشیالستیی.
ڕەوتە سیاسی و فیکری و حزبیەکانی بورژوازی و ئینتیڵجنسیای بورژوازی و ووردە بورژوازی، هەبوونی چینی کرێکار لە عیراق و کوردستاندا حاشا لێئەکەن بەبیانوی ئەوەی کە ڕیژەی پرۆلێتاریای پێشەسازی و گواستنەوە و دامودەزگا خزمەتگوزاریە گەورەکان کەمە، و ووڵاتیكە بەزۆری لەسەر ڕێنتی (ڕەیعی) نەوت ئەژی و چەندەها بیانوی تری لەم بابەتە. بەڵام لەواقعدا و لە دەرەوی چوارچیوەی ئەم چەوەشەکاریانەدا، چەندین ملیون ئینسان لە سەرتاسەری عێراقدا شتیکیان نیە پێی بژین جگە لە هیزی کاری خۆیان و فرۆشتنی بە خاوەندارانی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دامودەزگا خزمەتگوزاریەکان و کۆمپانیاکانی کۆمۆنیکەیشن و هەموو سیکتەرەکانی تری بەرهەمهینان، لە کشتوکاڵی و پیشەسازی و لە سیکتەرەکانی گواستنەوە و خاونوبەرە و بازاڕ و بازرگانی و… هتد، جا دەوڵەتی بن یا سەرمایەی تایبەت. هەروەها بەشیکی تریان گوزەرانیان لە ڕیگەی کاری ناجیگیر و دەستفرۆشی و کولەمەرگی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بچووک و کار بۆ دامودەزگای دەوڵەتی و ئیداری و ماشینی گەورەی سوپا و پۆلیس و هەموو ‌‌هێزە چەکدارەکانی بورژوازی، بەڕیوەئەبەن.
پڕۆلیتاریا ئەمرۆ لە عێراق و هەریمی کوردستان، بەتایبەت بەشی لاوی ئەم چینە، نەک هەر ‌هێزێکی کۆمەڵایەتی بەرین و بەهیزە و دینەمۆی ژیانی ئابوری کۆمەڵگەیە، بەڵکو بڕبڕە پشتی نارەزایەتیە جەماوەریەکان و ڕاپەرینەکانە. نەک هەر ئەمەش، ڕەوەندی سیاسی و هاوسەنگی هێزی چینایەتی ناو کۆمەڵگەی شەڵەقاندوە و پایەی دەسەڵاتی ڕەوتە سیاسی و فیکریەکانی بۆرژوازی ئیسلامی و قەومی لەرزاندووە. لەم کێشمەکێشە سیاسیەدا سەدان لاوی پڕۆلیتاری لە كچ و کوڕ گیانیان لەدەستداوە لە خەباتیان دژی ڕژیم و دژی بێکاری و هەژاری و بێمووچەیی و دەیان موسیبەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی تر و لە پێناوی بەدیهێنانی ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی لە ژیانیاندا.

خەباتی سەندیکایی کرێکاران
بزوتنەوەی کرێکاری جیهانی لە دۆخێکی میژوویی دیاریکراوی پەرەسەندیندا زیاتر خەباتی سەندیکایی بووە، هەتا ئیستاش و لە داهاتووشدا پایەیەکی هەرە ئەسڵی خەباتی چینایەتی کریکاران و بزوتنەوەی کرێکاری پێکئە‌هێنێ، هەم لە مەیدانی خەباتی ئابووری وهەم لە مەیدانی خەباتی سیاسیان. ئەڵێم خەباتی سیاسیان، چونکە کاتێک ڕابەری سەندیکا ڕیفۆرمیستەکان ئاسۆی سیاسی پەرلەمانتاریزم و ڕیفۆریزمیان گرتۆتەبەر و گوایا دوورن لە سیاسەت، لە ڕاستیدا، بەو کارەیان خەباتی ئابوری کریکارانیان لە قاڵبداوە لە چوارچیوەی سیاسەتی ڕیفۆرمیستی بورژوازیدا.
ئەڵبەتە بزوتنەوەی کرێکاری کۆنسێپت و واقعێیكی فراونترە لە بزوتنەوەی سەندیکایی کرایکاران، چونکە هەموو شێوەکانی تری خەباتی ئابووری و سیاسی و تیوری چینی کرێکار ئەگرێتەوە. هەروەها لایەنەکانی ڕیکخراوبوونی جەماوەری و حزبی و خەباتی بەکۆمەڵیان ئەگڕیتەوە، هەر لە بزوتنەوەی کۆئۆپرەتیڤ و شورا کرێکاریەکان و کۆمیتەکانی کارگە و سەندیکا و کۆنفیدراسیۆنەکان تا خەباتی سیاسی-فیکری وحزبی پرۆلیتاریای سۆشیالیست، و ترادیسیۆنی خەباتکارانەی هەموو مەیەل و ڕەوتە سیاسی و فیکریەکانی تر، لە مارکسیزم و ئانارکیزم و سندیکا – ئەنارکیست تا سۆشیال دیمکرات و ڕیفۆرمیستەکان، و بزوتنەوەکە هەردەم پڕە لە کێشمەکێشی ئەم لایەن و مەیل و ترادسیۆنانە.
لە هەرقۆناغیکی گرنگی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی پرۆلێتاریادا کە کۆی سیستمە کۆمەڵایەتیەکە، واتە سەرمایەداری، بلەرزێنێ، دەوری هەموو ئەم رەوت و خەت و ترادسیونە سیاسی و فیکری و خەباتکارانەیە بەتیژی دەرئەکەوێت، وە ئەکەونە ململانێیەکی مانونەمان و توندوتیژەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بزوتنەوەی کریکاری یا بەرەو ڕاست، بە هەموو شیوەکانی لەوانە فاشیزم، یا بەرەو چەپ و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، و یا بەرەو زەلکاوی ئۆپۆرتیوێنزم و کوشتنی وزەی شۆرشگیرانەی بزوتنەوەی کرێکاری بە چاوەڕوانی.
سیاستە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی حزبە سۆشیال دیمکراتەکانی “ئینتیرناسیونالی دووهەم” و سەندیکا کریکاریە ڕیفۆرمخوازەکانیان، لەبەرامبەر جەنگی جێهانی یەکەم و لەبەرامبەر خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکاران و سۆشیالیستەکانی ئەوکاتی ئەورپا، بە تایبەت لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ووڵاتانی تر، نمونەی بەرجەسەتەی ئەو جەمسەرگیریەن لە دۆخە هەرە هەستیارەکانی کێشمەکێشی چینایەتیەدا، کە چۆن چەندین ملیۆن ئینسان کرانە قۆربانی ئەو سیاسەتە ڕاستڕەوانە و سازشکارانەیەی ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ بورژوازیدا و بەشداریان لە تەرەفەکانی جەنگی جێهانی یەکەمدا.
لە مێژووی خەباتی سیاسی چینایەتی کرێکاران و زەحمتکێشان لە عێراقدا، ڕۆلی حزبە بەناو كۆمؤنیست و چەپەکان و ڕابەرانی سەندیکا حزبیەکانیان، بۆ لە قاڵبدانی بزوتنەوەی کریکاری و ڕاکێشانی بۆ ژیر سایەی بەرنامەی “بورژوازی نێشتمانی” عیراق، و لە قاڵبدانی بزوتنەوەکە لەچوارچێوەی ئاسۆی سیاسی و ئایدێۆلۆژی بورژوا پۆپۆلیستی دژە ئێمپریالیزم و “دیمکراسی شەعبی”، کارەساتی بەسەردا‌هێنان. نەک هەر ئەندامانی (حزبی شیوعی عیراق)، بەڵکو چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ستمڵێکراوان بوونە قوربانی شاڵاوی وەحشیانەی بورژوا ناسێۆنالیستی-عەرەبی و فاشیزمی بەعس و ٣٥ ساڵ لە دەسەلاتی فاشیەت و جەنگ و کوشتن و بڕین.
لە ئیستاشدا بورژوازی ئیسلامی و قەومی لە ٢٠٠٣ وە خەریکی سەپاندانی سەندیکای حوکومەتیە بەسەر کرێکاراندا. سەندیکا کرێکاریەکانی سەر بەسەدریەکان و حەکیمیەکان و مالکییەکان و میلیشا ئێسلامیەکانی تر، و هەوڵوتەقەلای بورژوا ئۆپۆزسێۆنی قەومی-عەرەبی چەشنی ئەیاد عەلاوی، و حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی رژێم و گەورە سەرمایەداران و کاربەدەستانی، هەردەم بەردەوام بووە بۆ کۆنتڕۆلی خەباتی سەندیکایی کرێکاران لە چوارچیوەی ئەجیندە و ئاسۆ و سیاسەتی بورژوا قەومی و ئیسلامی و سەرمایەداری نیۆلێبرالیزمدا.
لە کوردستانیش کرێکاران بە جارێ بێمافکراون لە دروستکردنی سەندیکای سەربەخۆی خۆیان، و خەباتی سەندیکایی کریکاران لەمێژە کۆنترۆلکراوە و خراوتە چوارچیوەی سەندیکاکانی سەر بە حزبە بورژوا ناسیۆنالیست و میلیشیاکانی دەسەڵات.
سەرباری هەموو ئەمانە و بەبەردەوام لە ٢٠٠٣ وە، هەوڵ و تەقەلاکانی ڕیکخراوی ئەی ئیف ئیڵ – سی ئای ئۆ AFL-CIO” “ ی ئەمریکا لە ڕێگەی هاوپشتیەوە (التضامن)، وە هەروەها پرۆژە و ئەجیندەی (ڕیکخراوی کاری جیهانی) بۆ لە قالبدانی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی سەندیکایی لە چوارچیوەی ڕیفۆرمیزی بۆورژوازی و قبوڵکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری لە عێراقدا، ڕانەوەستاوە.
سەرباری هەموو ئەم هێرشانە لەسەر کرێکاران و خەباتی سەندیکاییان، تا ئیستاش کرێکارانی کەرتی گشتی یاساکانی سالی ١٩٨٧ ی ڕژێمی بەعسی فاشیست بەسەریاندا جێبەجێ ئەکرێ و بێبەشکراون لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ، بەڵام هەموو ئەم فشارانە نەیانتوانیوە بەربگرن بە خەباتی سەندیکا کرێکاریە سەربەخۆکان و بەتایبەت (یەکیەتی شورا و نەقابە کرێکاریەکان – اتحاد المجالس و النقابات العمالية في العراق) لەمەیدانی بەرگری لەمەفەکانی کرێکاران لە بواری فەڕزکردنی یاسای کار، و ئازادی ڕیکخراوبوونی سەندیکایی کرێکاران. ئیستاش هەموو ئەو سەندیکا سەربەخۆیانە و نوینەرانی کریکارانی سیکتەری پێشەسازی لەهەوڵ و تەقەلادان کە هەڵۆیست و دەنگی سەندیکا کرێکاریەکان و کرێکارە چالاکوانەکان یەکخەن بەرامبەر “لاپەڕەی سپی” دەوڵەت و سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری و‌ پڕایڤەتایزەکردنی کەرتی پێشەسازی و خزمەتگوزریەکان و..هتد.
خەباتی کرێکاران لە ڕێگەی سەندیکاکانیانەوە بۆ خۆی لایەنێکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە و ئامرازی خەباتی ئابوریانە لە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری و چەوسینەرانیاندا، و زەرورەتێکە بۆ بەرگری کرێکاران لە خۆیان، و هەوڵوتەقەلای بەکۆمەڵیانە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، و ئامرازی خەباتیانە بۆ وەرگرتنەوەی بەشیک لە زیادەبایی کە خۆیان بەرهەمیانهیناوە، لە چنگی سەرمایەداران و دەوڵەت و خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.
ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەوانەیە کە لەهەر دیدگایەکی ئایدێۆلۆژیەوە بێت و بەتایبەت ئەوانەی بەناوی بەرژەوەندی شۆرشگێرانەی کرێکاران و شۆرشی سۆشیالیستیەوە خەباتی سەندیکایی ڕەت ئەکەنەوە. ئەو ڕەوت و ڕابەرانەی کە خەباتی سەندیکایی کریکاران قفڵ ئەدەن لەچوارچیوەی ڕیفۆرمیزمی بۆرژوازی و سازشکاریدا و ناهێڵین کرێکارانی ڕیکخراو لە سەندیکاکانیاندا تێکەڵی خەباتی سیاسی ببن و ببنە بەشیکی ئۆرگانێکی بزوتنەوەی چینایەتی سۆشیالسیتی کرێکار، ئەوە کێشمەکێشی سیاسی بورژوازیە بە ڕوویاندا و زاڵکردنی ئاسۆی بۆرژوازیە بەسەریاندا وە پەیوەندێكی بەخەباتی سەندیکایی کرێکارنەوە نیە.
خەباتی ئابوری کرێکاران قوتابخانەی یەکخستنی ڕیزی خەباتی چینایەتی کریکارانە و لە پەیوەندێکی ئۆرگانیکدایە لەگەڵ لایەنی خەباتی سیاسی و فیکری ئەم چینە. ئەمڕو خەباتی سەندیکایی كرێکاران دەرگیری چەڵێنج و کێشەی هەمەلایەنەیە لە تەوای جیهاندا و لە عێراقدا بە تایبەت و نەیتوانیوە نەک هەر کرێکارانی ناڕیکخراو و بێکار ڕیک بخات، بەڵکۆ خۆشی وەک سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکانی کرێکارانی لەسەر کاریش، دەرگیری کۆسپ و تەنگەشەی قورس و قەبەیە. لەگەڵ چوونە پێشەوەی بزوتنەەی کرێکاری بەگشتی و دریژەی ڕەوەندی کەڵەکەی سەرمایە و مودیلی ئابوری نیولیبرالیزم لە عێراق و کوردستاندا، ئەم لایەنەی خەباتی کرێکاری بەرجەستەتر دەبیتەوە وە زیاتر و زیاتر ڕۆلی لە بزوتنەوەی کریکاریدا بەهێزئەبیت.

خەباتی کرێکارانی کەرتی ناجێگیر و
گرێبەست و كرێی ڕۆژانە، و بێکاران
ڕیکخراوونەبوونی کرێکارانی کاری گڕیبەست و کاری کرێی ڕۆژانە و کاتیی، و کرێکارانی کەرتی کاری نا جێگیر (العمالة الهشة)، وە جەماوەری فروانی بیکاران، کێشەیکی هەرە گەورەی ئەم تۆیژانەی چینی کرێکارە بە ژن و پیاوەوە. دیارە بەهۆی هەموو ئەو هۆکارانەی کە خەباتی سەندیکایی لە مەنگەنەداوە لە سەرتاسەری عیراقدا، وهەروەها بەهۆکاری تایبەت بە خەباتی ئەم تۆیژگەلەی کرێکاران، تائێستا لە چوارچێوەی خەباتی سەندیکایدا خۆیان ڕێکنەخستووە.
فۆرم و شیوازی تایبەت بەریکخستنی خەباتی ئەم تۆیژانە لە ئیستادا جوراوجۆرە و زیاتر لە ڕێگەی تۆری ئینتیرنێتی و گروپی سۆشیاڵ میدیاییەوە بەڕیوە ئەچی، و زیاتریش لەکاتی کەمپێنی خەباتکارانە و خۆپێشاندان و ئاکسێۆنەکان و مانگرتنەکاندا بەرجەستە ئەبێتەوە. داوکاریەکانیان لە بەرامبەر بڕینی كرێ و موچە، یا داوای زیادکردنیان، و یا لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی …. و هتد، وە لەسەروو هەمویانەوە بۆ دەستڕاگەیشتنیانە بە کار. خەباتی ئەم تۆیژانەی کرێکاران لەڕیگەی مانگرتن و خۆپێشاندان و “اعتصام” وە ئەنجام ئەدری. نمونەی بەرجەستەی ئەم خەباتکاریە کرێکارییە، مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کرێکارانی گریبەست و کریی ڕۆژانە بوو کە زۆربەی شارەکانی ناورەاست و خواری عیراقی گرتەوە.
خۆپیشاندانی وانەبێژانی خۆبەخش و دەرچوانی زانکۆ و ئینستیوتەکان، کە بێکارن، و “اعتصام” و کۆبونەوەی ئەندازیارانی بیکار، کە نزیک بە ساڵ نیوێکە لە بەغدا بەردەوامە، و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایانی کۆردستان بەدژی نەدانی مووچە و بڕینی، هەمووی دیاردەی خەباتی بەکۆمەلی ئەم تۆیژانەی کرێکاران و کارمەندان و بێکارنن.
‌هێزی سەرەکی ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر، کە پتر لە ساڵ و نیویکە بە شیوازی جوراوجۆر بەردەوامە، ئەم تۆیژانەی کریکاران بووە، بەوانەی کە کاری کاتیی و ڕۆژنەیان هەبووە وە ئەوانەی کە بێکار بوون بە كچ و کۆڕەوە ، ئەمە جگە لە تۆێژیكی بەرینی زەحمەتکیشان و نەداران.
لە باری سیاسیەوە ئەم بەشە لە چینی کرێکار یەکسەر دەستیدایە خەباتیکی سیاسی و ڕادیکال بە دژی سەرجەم ڕژێمەکە، وە خەباتی ئابووری و داواکاریە ئابوریەکانی بۆ باشبژێوی و بەدستهێنانی کاری گونجاو و گوزەرانێکی ئاسوودە چووە دۆخی خەباتی سیاسی ڕاستەوخۆوە بە دژی ڕژیم و بۆ کۆتایپێهێنانی. لەم ‌هەڵچوونە جەماوەریەدا دایلەکتیکی پەیوەندی خەباتی ئابووری و سیاسی کرێکاران لە یەکەیکدا یەکانگیربووە بەکردەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیزی یەکگرتوویان و نەبوونی ڕیكخراوەی سەربەخۆیان کە ئاسۆییەکی ئازادیخوازانەی سۆشیالیستی کرێکاری گرتبێتەبەر، خەباتیان کەوتە ژیر فشار و پاڵەپەستۆی سەدویەک باڵ و ڕەوت و حزب و گروپی جوراو جۆری بورژوازی، بە ئیسلامی و قەمیەوە، بە بورژوا لیبرال و ڕیفۆرمیست و ئایدیای “نێشتمانی” بۆرژوازیەوە، ئەمە جگە لە لەشکری پان و بەرینی هەلپەرستان و نۆینەرانی حزبەکانی دەسەڵات و سیخوڕانیان. هەر هەموو ئەم لایەنانە لەسەرتاوە کەوتنە پرۆپاگەندەی “دژە سیاسی بوونی” ڕاپەرین، و دژە سۆشیالیزم و دژە ڕیکخراوبوون و حزبی بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەدارن.
لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕاپەریندا ژیان و گوزەرانی کەسێکی کرێکار و بیكار و نەدار باشترنەبووە و خەباتی ئابوری کرێکاران و ئەم تۆیژانە کەوەتە ژیر باری قورسی سیاسەتی بورژوازی و فەراهەمهێنانی گۆرانکاری شکڵی لەدەسەڵاتدا لەسەرەوە و كێشمەکێشی نیوان باڵەکانی ڕژیم و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی. ئەمەش زیاتر بەهۆی ڕیکخراونەبوون و زاڵنەبوونی ئاسۆی سیاسی و سۆشیالسیتی کرێکاری.
کێشەی ڕێکخراوبوونی ئەم تۆیژانە لە چینی کرێکار، گرێکۆڵەیەکی سەرەکی مەسەلی ڕیکخراووبوونی خەباتی چینی کرێکارە لە سەرتاسەری عیراقدا. هەر هەنگاویک لە ڕیکخراوبونی ڕیزی خەباتی ئەم تۆیژانە لە چینی کرێکار لە فۆرمی ڕیکخراوەیی جوراوجۆردا، بۆخۆی پێشرەوییەکە لە سەرجەم خەباتی چینایەتی کریکاراندا. وەڵامدانەوە بە کێشەی ڕیکخراوبوونی کریکارانی لە سەر کار و بیکار، وەڵام دانەوە بە کێشەی ڕێکخراوبوونی ژنانی کرێکار وەک تۆیژێکی دوو جار چەوساوەی کریکاران، و وەڵام بە کێشەی ڕێکخرابوونی پرۆلیتاری لاو، کچ و كۆڕ، و شیوازەکانی بەرەو پێشجوونی خەباتیان، ئەو چەڵینج و ئەرکە دەستبەجێیانەن کە پرۆلیتاریا سوشیالیست و ڕەوتی مارکسیستی بزوتنەوەی کرێکاری ڕووبەروویەتی.

١٦-٥-٢٠٢١

1- SOCIALISM FROM BELOW Copyright ©2001 ،net ISBN 0–916695–10-7 E-Book ISBN: 978-1-61397-422-3 Second Edition Editor: E Haberkern Page 365
2- البيان الشيوعي – مقدمة ف. انجلز الطبعة الالمانیة -عام 1890- ماركس انجلز مختارات في ثلاث مجلدات المجلد 1الجزء 1 دار التقدم 1980 ص 117




کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور و چەند سەرنجێک.. سامانی وەستا بەکر

یەکڕیزی و دەستور ئەو دوو دەستەواژەیەی کە چەندین ساڵە کوردی گرفتار کوردوە، هاوڵاتی باجی نەبوونی ئەیات و بەرپرس و سیاسیە باڵادەستەکانیش سودمەندن لە نەبوونی و بەروبوومەکەی ئەچنەوە.
پێش ساڵی ١٩٩١ کورد یەکڕیز بوو وە دەستوررێکی نەنوسراویشی هەبوو بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە کورد بوو بەچەندین ڕیز و دەستورە نەنوسراوەکەشی لەدەستدا و ماوی ٣٠ ساڵە خەو بە یەکڕیزی و دەستورێکی نوسراوەوە ئەبینێ و هەر پێشی نەگەشت.
دەستورە نەنوسراوەکەی خەڵک ئەوە بوو کە زۆرینەی هەرە زۆری لەسەر چەند شتێک پانەبد و ڕژد بوون لەوانە “خاک، نیشتمان، کوردایەتی، پێشمەرگە، نەتەوە، ئاڵا، شۆڕش، یەک ڕەنگ، یەک کوردستان، ڕەوشت، دڵسۆزی، ڕێزگرتن….هتد”
حیزبەکان لە شاخ هاتنە خوارەوە ئەو دەستورە نەنوسراوەی خەڵکیان لە خەوێکی شیرین و خۆشەوە کرد بە خەوێکی پچڕپچڕ و ناخۆش “کابوس”، هەرچی بەها جوانەکانی کۆمەڵگەیەخراپ و سەرەو ژێریان کرد، خەڵکیان فێری دووبەرەکی و چەند بەرەی کرد، شارو شارۆچکە و گوندەکانیان کرد بە دوژمنی یەک، خەڵکیان لە یەک ڕەنگەوە کرد بە چەندین ڕەنگ، باشوری کوردستانیان لە یەک ناوچەی جوگرافی یەکگرتۆوە کرد بە دوو ناوچەی جوگرافی دوو ڕەنگ و دوو بەرە و دوو حکومەت و دەسەڵات، خۆشەویستی خەڵکیان بۆ یەکتر و خاک و ئاڵا و شۆڕش و نەتەوە و کوردایەتی و پێشمەرگە و نیشتمان گۆڕی بۆ دژایەتی یەکتر و گاڵتەجاڕی و بێ بڕاوی بەیەکتر و هەرچێ بەها پیرۆز و نیشتمانی نەتەوەییەکانە لای خەڵک بێ ئەرزش و فەڕیان کردن، کەچی ئێستا پاش ٣٠ ساڵ و لەدوای دوو هەوڵی سەرنەکەوتووی پێشترەوە هاتوون و ئەیانەوێ دەستور بنوسنەوە تا جارێکیتر خەڵک یەکڕیزبێت.
یەکڕیزی خەڵک تەنها یەک هەنگاوی پێویستە کە ئەما ن هەرگیز ناچنە ژێرباری، ئەویش دەستهەڵگرتنی ئەمانە لە دەسەڵات و کوردایەتی، ئەگەر ئەمان وازبهێنن ئەوا خەڵکی بەبێ بوونی دەستوریش یەکڕیزئەبێت و لەگەڵ کاتا ئەگەڕێتەوە سەر دەستورە نەنوسراوەکەی خۆی.
با ئێستا لەمەگەڕێین و بێنە سەر خودی کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور لە هەولێر.

سەرنچ:
ناکرێ ئەو پەرۆشیەی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرخستنی ئەو کۆنفرانسە نادیدە بگیرێ، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئایا بۆ نێچیرڤان بارزانی هێندە پەرۆشی سەرکوتنی ئەو کۆنفراسە بوو.

پرسیار:
*ئایا ئەگەر ئەو کۆنفرانسە لەلایەن زانکۆکانیترە بەتایبەت زانکۆکانی ناوچەی نیلی/سەوزەوە بکرایە هەردوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ئامادەئەبوون؟ ئەی ئەگەر ئامادەبوونایە بۆ چەند خولەک ئەمانەوە؟
*ئایا دابەشکردنی داهاتی هەرێم و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و بەتایبەتی ستراتیجیەکان بەیەکسانی و بێبەش نەکردنی سلێمانی لێی ئامدەکاریەکی گرنگ نیە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە؟
*ئایا کەسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکرد؟
*ڕۆڵی ئدریس نێچیرڤان بارزانی چی بوو؟
ئەوەی ئاشکرا بوو بۆ هەمووان بەستنی کۆنفرانسەکە بۆ یەکڕیزی و دەستور بوو، ئەمە کارێکی باشە و بڕواناکەم کەسیش دژایەتی کارێکی وابکات ئەگەر بەڕاستی مەبەست لە جێبەجێکردنی ناو و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکەبێت بەڵام…
ئەو هۆکارە نهێنیانەی لەپاڵ هۆکارە ئاشکراکەی بەستنی کۆنفراسەکەیا بوو چەند شتێکیتر بوون کە پ.د.ک لەلایەک و خودی نێچیرڤان بارزانیش لەلایەکیترەوە مەبەستیان بوو وەک پەیامێک بیگەیەنن بە حیزبە جیاوازەکان و خەڵکی کوردستانیش لەوانە…

*هاتنە ژورەوەی هەردوو نێچیر و مەسرور بارزانی لەیەک کات و بەیەکەوە:
ئەو دوو بەرەکی و دڕدۆنکیەی نێوان نێچیر و مەسرور بارزانی گەشتۆتە ئاستێک کە لە هەردوو کەناڵی ڕوودا و کوردستان 24وە بەئاسانی هەستی پێئەکرێت و چیتر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆی پەردەپۆش ناکرێ بۆیە پێوستی بەجۆرێک لە “شۆ” نمایش بوو کە لەیەککاتا وەڵامی خەڵک و لایەنگرانی پارتی و حیزب و مێدیا جیاوازەکانیش باتەوە بەبێ ئەوەی یەک ووشەش بڵێ.
مەبەست لە هاتنەژورەوەی هەردوو ئامۆزا و خۆ بەمیراتگرەوەی باوک یان مام وەک سەرۆکی پ.د.ک وەڵامێک بوو بۆ ڕای گشتی کە گوایە ئەوان ڕێک و تەبان و هیچ ناکۆکی و باڵباڵێنێک لەنێوانیانا نیە.
لەڕاستیا ئەمە وەڵامێکی زیرەکانە بوو تا ئاستێکی باش بۆ زۆرێک لە خەڵک نەک بۆ هەمووان، چونکوم ئەوەی شارەزای زمانی جەستە و ئەتەکێت و شێوازی جوڵەبێت لەوە تێئەگەشت کە شێوازی ناوهێنانی یەکتر و ئاماژەکردن بەناوهێنانی پۆست و پلە بەتایبەتی کاتێ سەرۆکی هەرێم چەندین جار بەبێ هۆ ناوی سەرۆکی حکومەتی دووبارە ئەکردەوە، ئەتوانرا لەوە تێبگەی کە ئەو ناوهێنانە زۆرە بۆ ڕازی کردنی خودی کەسەکەیە نەک پۆستەکەی.
خەڵکی بەگشتی وە بەتایبەتی ڕۆشنبیر و بیرمەندان باش لەوە تێئەگەن کە ئەوە جۆرێکە لە تەمسیل و نواندنێکی کاتیە و ئەو تەباییەی کە نواندیان هەر هەمان تەباییەکەی نێوان کۆڕانی مام جەلال و ئامۆزاکانیانە ئەگەرچی ئەوەی ناو ماڵی تاڵەبانی تا ئاستێکی زۆر لەوەی ماڵی بارزانی هێورترە.

*دەرکەوتنی ئدریش نێچیر بارزانی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی کۆنفرانس:
دەرکەوتنی کوڕەزازایەکی مستەفا بارزانی لە کۆنفرانسێکی ئاوا گەورە و گرنگا بەتایبەتی کە مەبەستی ئاشکرا لێی یەکڕیزی و دەستوربێت تەنها ئەوەمان پێئەڵێ کە نەوەیەکیتری ئەو خێڵە بەڕێوەن بۆ سەرۆکایەتی تا خەڵک دەستوپەنجەیان لەگەڵا نەرمبکات.
هەرئەوەش نا بەڵکو زیرەکی باوکی ئدریس لەوەیا بوو کە بەجۆرێک ڕۆڵی دابەشکردبوو کە کوڕەکەی وەک کارەکتەری سەرەکی و هەڵسوڕێنەری کۆنفرانسەکە نمایش ئەکرد، بەمەستی ئەوەی هەمووان لەوە تێبگەن کە ئەوە ئدریسی کوڕیەتی لەپشت ئە کۆنفرانسەوەیە، هەرواش دەرچوو کاتێک ئەمانبینی کە چۆن سەرۆکی حیزبەکان وەک هاوتایەکی خۆیان و زیاتریش ڕەفتاریان لەگەڵا ئەکرد.

بەشداری نەکردنی سەرۆکی پ.د.ک:
ئاشکرایە کە کۆی بڕیارە سیاسیەکان بگرە هەر بڕیاردان لەناو پارتیا لای خودی سەرۆکی حیزبەکەیە، بۆیە ئەکرێ بەشداری نەکردنی کاک مەسعود وەک گەرەترین کۆسپی سەرنەکەوتنی ئەو کۆنفرانسە لا داهاتووا تەماشا بکرێ ئەگەر…
ئەگەر مەبەستی مەسعود بارزانی پەراوێزخستنی خۆی نەبێ بۆ پتەوکردن و جێگرکردنی رۆڵی کوڕەکەی مەسرور وەک سەرۆکی داهاتووی حیزب.
ئەگەر ڕازی نەبوونی کاک مەسعودبووبێ بەو ڕۆڵەی کە لە کۆنگرەیا بۆی دیاری ئەکرا، چونکە ئاشکاریە ئەو لە ناوخۆیا نەک دەرەوەی وڵات ناچێتە شوێنێکەوە کە تایتڵی کەسانیتر لەسەرو تایتڵی ناوی ئەوەوەبێت ئەگەرچی لە خێزانکەی خۆشیبێت.
ئەکرێ کاک مەسعود تا ئاستێکیش بێ ئومید بووبێ لە پرۆسەی چاکسازی و دەستور و یەکڕیزی هەموو ئەو تایتڵانەیتریش، چونکە لەسەردەمی حکومڕانی ئەویشا چەندین هەوڵی لەو جۆرەیران، لەکاتێکا کاک نەوشیروان و مام جەلالیش لە ژایانا بوون بەڵام هیچی سەرینەگرت و سەرکەوتوو نەبوو.

جێنین پلاسخارت:
نوێنەری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەو خاتوونەی دایکانە ئاگاداری لەدەستدانی قەوارەی هەرێمی ڕاگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتداران بەخۆیانا نەچنەوە “دۆست ئەتگرێنێ و دوژمن ئەتخاتە پێکەنین” ئەمە ئەو پەندە کوردییە بوو کە زۆر هۆشیارانە و لەکات و شوێنێکی زۆر گونجاوا خاتوو پلاسخارت بەکاریهێنا ، زۆرجار ئەو پەندە کوردییە بەکارئەهێنرێ بەڵام کاتێک لەدەمی کەسێکی بێگانە و کات و شوێنێکا بەکارئەهێنرێ کە سەرۆکی سێ دامەزراوەی گرنگ و سەرۆک و بڕیاردەری شەش حیزبی کارا و چەندین ڕاوێژکار ووەزیر و ئەندام پەرلەمان و پلە باڵا ئامادەئەبن واتایەکی پڕ بەپێستی پەندەکە ئەگەیەنێ، کە ئەویش ئەو وەک دۆستێک هاتووە هەواڵی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان پێڕاگەیەنێ پێش ئەوەی کار لەکاربترازێ.
پلاسخارت قسەی خۆی کرد و دۆستایەتی خۆی پشانی ئامادەبووانی پانێلەکەیا، ئەوەی ماوەتەوە ئەکەوێتە لای توانای هەڵسەنگاندنی ئامادبووانی پانێلەکە بۆ ئەو ئاگادارکردنەوە پێشوەختە. خۆزگەم خاتوو جێنین پلاسخارت پێشی بووتنایە ( قد أعذر من أنذر) چونکە ساسیەکان فێرن دوای ئەوەی کە هەڵەئەکەن هەوڵەیەن تاوانەکە لەخۆی دوورخەنەوەو بیسون بەشانی خەلکانیترا.

سامانی وەستا بەکر

٢٠-٥-٢٠٢١ سوید-ستۆکهۆڵم




دوو کتێبی نوێی ستیڤان شەمزینی لە چاپ دران

کتێبی یەکەم: “قوتووی عەتار – بەرگی سێهەم” ئەم کتێبە بریتییە لە دریژکراوەی هەردوو بەرگی پێشووی کتێبەکە کە ساڵی 2018 لە دوو توێی 1000 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە. ئەم بەرگەش بەشێکی تری کۆکراوەی ئەو وتارانەی نووسەر لە خۆ دەگرن کە لە نێوان ساڵانی 2004-2021 بڵاوکراونەتەوە لە دوو توێی 560 لاپەڕەدا. بە تێکراش هەر سێ بەرگەکەی ئەم کتێبە 1560 لاپەڕەیە.
کتێبی دووەم: “بە ئەوینت رابردووم بسڕەوە” ئەم کتێبەش بریتییە لە کۆمەڵە شیعرێکی نوێی نووسەر لە نێوان ساڵەکانی 2015- 2020 لە دوو توێی 158 لاپەڕەدا.
ئەم کتێبانەش لەلایەن چاپخانەی کارۆ چاپ کراون و لەلایەن “هەرێم عوسمان”ەوە کاری دیزاینی بۆ کراوە.
وا بڕیاریشە کتێبێکی تری نووسەر بە ناوی “خەندە گرینۆکەکان. مەراقنامەی پیاوێکی سوریالی” لە دوو توێی 200 لاپەڕەدا بەم زووانە لە ژێر چاپ بێتە دەرەوە. هەر سێ کتێبەکەش لە چەند مەراسیمێکی جیاجیادا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاوبکرێنەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە ئەم سێ کتێبە و کۆی کتێبەکانی تری نووسەر لەسەر ئەرکی دارایی و تایبەتی خۆی چاپکراون.




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. شـێـلـمێکی زەبـەلاح.. رەزا شـوان

پیاوێکی پـیر شـێـلمێکی چانـد. شـێـلمەکە سەوزبـوو. گـەورە و گەورە و گەورەتـر بـوو. کاتی ئەوە هـات کە هەڵـبکـێشرێت. پیاوە پیـرەکە لاسکە بەرزەکانی شـێلمەکەی گـرت و رایکـێـشان و راکـێـشان، بەڵام نەیتـوانی شـێـلـمەکە لە رەگـەوە هەڵـبکـێـشـێـت.
پیـاوە پیرەکە بانگی پیرەژنەکەی کـرد. پیـرەژنەکە هـات و پشتی پیـاوە پیرەکەی گـرت. پیـاوە پیرەکە لاسکەکـانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی شـێـلمەکە هەڵـبکـێـشـن.
پیـرەژنـەکە بانـگی کچـەزاکەی کـرد. کچـەزاکەی هـات و پـشـتی پیـرەژنـەکەی گـرت. پـیرەژنەكە پـشـتی پیـاوە پیـرەکەی گـرت. پیـاوە پیـرە لاسکەکـانی شـێـلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام نەیـانتـوانی شـێـلمەکە هەڵــبکـێـشـن.
کچـەزاکە بانگی سەگـەکەی کـرد. سەگـەکە هـات و پشتی کچـەزاکەی گـرت. کچەزاکە پـشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پیـرەژنـەکە پشـتی پیـاوە پـیرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکە لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی هەڵـێبکـێشن.
سەگەکە بانگی پشیلەکەی کـرد. پشیلەکە هـات و کـلکی سەگـەکەی گـرت. سەگـەکەش پشتی کچەزاکەی گـرت. کچەزاکـەش پشتی پیرەژنەکەی گـرت. پیرەژنەش پشتی پیاوە پیرەکەی گرت. پیاوە پیرەکەش لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. بە ئەوپەڕی هـێزیانەوە، رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام شـێـلمەکـەیـان بۆ هەڵـنەکـێـشـرا.
پشیلەکە بانگی مشکەکەی کـرد. مشکەکە هـات و کـلکی پشـیلەکەی گرت. پشیلەکەش کـلکی سـەگـەکەی گـرت. سـەگـەکـەش پشـتی کـچەزاکـەی گـرت. کچـەزاکـەش پشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پيـرەژنـەکـەش پشـتی پیـاوە پیـرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکـەش لاسکەکانی شـێـلمەکـەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. شـێـلـمە زەبـەلاحـەکەیـان
لە رەگـەوە هـەڵـکـێـشا.
ئێـوارەی ئـەو رۆژە شـێـلـمە گـەورەکـەیـان کـوڵانـد و پـێـکەوە خـواردیـان.

() چـیرۆکـێکی فـۆلکـلـۆری رووسـیـیە. لە ئیـنگـلـیزییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی. () ئەم چـیرۆکە بۆ منـداڵانی باخچـەی منـداڵان گـونجـاوە. منـداڵانی (٤ ـ ٦) ساڵان.
(*) ئەو پەنـدەی لەم چـیرۆکە دایە ” هـێـز لە یەکـێتی دایـە” پێـویستە رۆڵی کەسانی بچـووکـێـش بـۆ ئەنجـامـدانی کـاری گـەورە، بـە هـەنـد بـزانـرێ و لەبەرچـاوبگـیرێ.
بە هـاوکاری و بە هەماهەنگـی و بە یەکهـێزیـش، گەورەتـریـن کار ئەنجام دەدرێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢١




هاوپشتیی نێونەتەوەیی زامنی سەرکەوتنی بەرەنگاریی خەڵکی فەڵەستینە دژ بە کوشتار و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل

سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەكان

جارێکی دیکە جەنگ، خەڵکانی بێتاوان و منداڵ و پیر و پەککەوتەکان و هەموو مرۆڤێک بە گشتی دەکاتەوە بە سووتەمەنیی خۆی. کێشەی مێژوویی فەڵەستین و ئیسرائیل، دیسان چووە قۆناغێکی ترسناکەوە. دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم جەنگە، بەرئەنجامی خۆسەپێنی و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرائیلە دژ بە خەڵکی فەڵەستین، لە ژێر ناوی گەڕانەوە بۆ سەر خاکی خۆیان و دەرکردنی فەڵەستینییەکان. سوپا ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر خاکی فەڵەستینییەکان، دەست لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ناپارێزێت. لە سەرەتادا وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم هێرشانە، بەرەنگاریی جەماوەریی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی قودس بوو کە هێرشیان کرایە سەر، پێش ئەوەی گرووپە فەڵەستینییە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکان، ئەم هەلە بقۆزنەوە و لە پێناو ڕەوایەتییدان بە مانەوەی خۆیان، دەست بدەنە چەند کردەیەکی سەربازی، کە بە ڕووکەش گوایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلن، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجە سەرەکییەکەیان ئەوەیە بیسەلمێنن دووژمنێکیان هەیە و لەم ڕێگەیەوە شەرعیەت بە وجودی خۆیان بدەن وەک بەرگریکار لە خەڵک و خاکی فەڵەستین. ئەگەرچی دڕندەیی سوپای ئیسرائیل و چەکە قەدەغەکراوە کۆکوژ و ئەتۆمییەکانی، هەرگیز جێگەی بەراورد کردن نییە بە موشەکی گرووپە فەڵەستینییەکان، بەڵام شاراوەش نییە کە ئەم ململانێیە بە دەر نییە لە بوونی سیاسەت و ئەجێندای دەرەوەی جیۆگرافیای ئیسڕائیل و فەڵەستین.
ئێمە بە بێ هیچ سڵەمینەوە و دوودڵییەک دژ بە دەوڵەتی ستەمکاری ئیسرائیل و سوپا دڕندەکەی دەوەستینەوە، لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە خەبات و بەرەنگاریی جەماوەریی خەڵکی فەڵەستین دەکەین. نە دژایەتیمان بۆ دەوڵەتی زایۆنیستی و سوپای ئیسرائیل بە مانای دژایەتیی نەتەوە و ئایینی جوولەکە دێت، نە پشتیوانیشمان لە خەڵکی فەڵەستین بە مانای پشتیوانی لەو گرووپە ئیسلامییانە دێت کە بە ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی ئاگری ئەم شەڕە بە گەشاوەیی دەهێڵنەوە.
پێمان وایە ئەرکی هەموو مرۆڤێکی سۆسیالیست و ئازادیخوازە پشتیوانی لە خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین بکات، کە هاوشێوەی نەتەوەی کورد، دوو جار لە ژێر ستەمدایە، ستەمی نەتەوەیی و ئایینیی دەوڵەتی ئیسرائیل، ستەمی ناوخۆیی دەسەڵات و حیزبە فەڵەستینییەکان و نەبوونی ژیانێکی شایستەی مرۆڤانە. بانگەواز بۆ چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخوازانی وڵاتی ئیسرائیلیش دەکەین، کە وەک هەمیشە خاوەنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بن و دژ بەم جەنگە نابەرانبەر و وێرانکارە بوەستنەوە و هەوڵی هاوپشتیی نێونەتەوەیی بدەن لەگەڵ جەماوەری فەڵەستیندا.
چارەسەری ئەم کێشەیە، کە کێشەیەکی سیاسی، مێژوویی، جیۆگرافی، ئایینی و نەتەوەییە، تەنها لای دانیشتوانی فەڵەستین و ئیسرائیل خۆیانە. دەبێت ئەوان بە ئازادانە و بە دەر لە هەر زەبر و زۆرێک مافی خۆیان بە کار بهێنن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن لە داهاتوودا. هەموو ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانەش، دەبێت بەرئەنجامی ویستی خەڵک بێت، نەوەک حوکوومەت و دەوڵەتەکان. هاوکات پێویستە هاوسەنگیی هێزەکان لەبەرچاو بگیرێت و پەنا نەبرێتە بەر ئەڵتەرناتیڤێک کە لە داهاتوودا داگیرکاری و پاشکۆیەتیی لێ بکەوێتەوە.
جێگەی خۆشحاڵییە کە جەماوەری کوردستان بەرانبەر ئەم پرسە هاتوەتە دەنگ و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئەگەر چی بەشێک لە هەڵوێستەکان ئایدیۆلۆژین و بنەمای ئایینی بە سەریاندا زاڵە نەوەک بنەمای مرۆڤایەتی و هاوپشتیی نێونەتەوەیی، هەندێک لە هەڵوێستەکانیش جێگەی ڕەخنەن کە بە مەرج و تێڕوانینی تەسکی نەتەوەیی پشتیوانیی خەڵکی فەڵەستین دەکەن، بەڵام ئەگەر تارمایی نەتەوە و ئایین ئاگایی جەماوەر نەشێوێنێت، ئەوا هەڵوێستی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان وەستانەوەیە دژ بە کوشتار و وێرانکارییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانییە بۆ خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین.
خەباتی بەردەوامی مەدەنی و جەماوەری، وەک ئەو مانگرتنە گشتیەی بڕیارە لە شارەکانی فەلەستین ئەنجام بدرێت، شانبەشانی پاڵپشتیی ناوخۆیی خەڵکی ئازادیخواز و چەپی ناوخۆی ئیسرائیل و هاوپشتیی نێونەتەوەیی زامنی سەرکەوتنی دیموکراسیانەی ئەم دۆزەن.
نا بۆ جەنگ و کوشتار
نا بۆ جیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی
بەڵێ بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە
هاوپشتی خەباتی خەڵکی فەڵەستین دەبین دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل
ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان

ئایاری 2021