هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

پرۆفیسۆر. د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر*

لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ماوەی سەدە و نیوێک دەبێت جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، تارمایی ئەم فەیلەسوفە گەیشتۆتە کوردستانیش. بەداخەوە لای خۆمان دوو بۆچوون لەبارەی مارکسەوە هەیە، یەکێکیان وەکو شێخێکی تەریقەت سەیری مارکس دەکات و دەروێش ئاسا دوای کەوتووە. رەوتێکی تریش بەبێ ئەوەی یەک وشەی مارکسی خوێندبێتەوە، دژایەتی دەکات و بە شەیتان و کافر و مولحیدی دادەنێت.  هەربۆیە پێم باشبوو وتاری ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە بکەم بە کوردی، کە هەڵسەنگاندنێکی زانستیی و بێلایەنانەی بۆ فکر و فەلسەفەی مارکس کردووە. بەو هیوایەی خوێنەری کورد دیدگایەکی نوێی لەبارەی ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی جیهانەوە هەبێت.

مارکسیزم لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و زانستدا

لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیدا کە لە ساڵی 2005 دا کرا، لەبارەی گەورەترین فەیلەسوفی جیهان  لە مێژوودا، کارل مارکس پلەی یەکەمی هێنابوو لە لیستی 100 فەیلەسوفی جیهان و رێژەی ٪28 ی دەنگی دەنگدەرانی ئەو راپرسییەی بردبۆوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دنیابینی و تێڕوانین و بنەمای سەرەکی بیرکردنەوەی مارکس، چ لە رووی  فۆرم و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، گوزارشت لە سیستمێکی دیکتاتۆرییانە دەکات. 

لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیادا کە لەسەر سایتەکەی خۆیان لە بینەرانی پرسیبوو، لەبارەی ئەوەی کە گەورەترین فەیلەسوفی جیهان  لە مێژوودا کێیە؟ بۆ ئەم مەبەستەش  لیستێکی 100 کەسییان ئامادەکردبوو.

کارل مارکس رێژەی ٪28ی دەنگەکانی بینەرانی کەناڵەکەی بەدەستهێنابوو، بەم شێوەیش پلەی یەکەمی لیستەکەی بەرکەوتبوو. ئەم راپرسییە لە ساڵی 2005 دا سازکرابوو.

هەر لەهەمان ساڵدا گۆڤاری Der Spiegel دێرشپیگلی ئەڵمانیاش لە ژمارەیەکی تایبەتیدا لەژێر ناونیشانی «دێوەزمەکە دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی نوێی چەپەکان» راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئەو راپۆرتە لەو ساڵەدا  زۆرترین فرۆشی هەبوو. بەواتایەکی تر مارکس جارێکی تر دێتەوە مەیدان، ئەمەش بەهەرحاڵ تەنها لە رێگەی رەوتە سیاسییە چەپەکانەوە دەبێت.  ئەمەش دوو وێنەی دژبەیەکمان لەیەک کاتدا پێ پیشان دەدات:

لەلایەکەوە فەلەسەفەی مارکسیزم وەکو زانستێکی کۆمەڵناسی کلاسیک دەردەکەوێت، کە بنەما سەرەکییەکان و تێڕوانییەنەکانی  خۆی بە شیکردنەوە‌ و پێشکەوتنی مێژوو، هەروەها بنەما سەرەکییەکانی  سیستمی کەپیتاڵیزم خەریک دەکات.

لە لایەکی ترەوە  مارکسیزم وەکو بەرهەمێک دەردەکەوێت کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی بەرز، ئەم ئایدیۆلۆژییەی دەبێتە بەرنامەییەکی رۆحی بۆ بزووتنەوە چەپە رادیکاڵەکان و سیستمە کۆمۆنیستییە دیکتاتۆرییەکان.

ئەم وتارەی بەردەستان، هەوڵ دەدات شیکردنەوەیییەکی ورد بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئەم فکرە بکات، لە هەمانکاتیشدا ئەو رەخنانە بخاتەڕوو کە لە  توانا رادیکاڵییە سیاسییەکانی ئەم فکرە دەگیرێت.

کێشە میتۆدییەکانی تێڕوانین  و شیکردنەوەکانی مارکس

لێرەدا لە رووی میتۆدەوە، رووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبینەوە، کە ئەمەش وامان لێدەکات دوو کارەکتەری دژ بەیەک و جیاواز لە کارو بەرهەمەکانی کارل مارکس  و فریدریک ئەنگڵس ببینین و هەستی پێ بکەین.

لەو چل بەرگەی کە بە ناوی «کۆبەرهەمی مارکس و ئەنگڵس» هەن، لەو دەستنووسانەدا بەهیچ شێوەیەک یەک رێچکەی پێشکەوتن و تیۆرییەکی سیاسی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو نابینین.  هەروەها لەو بەرهەمانەدا هیچ رێگەیەکی رێک و دروست دیار نییە، کە مرۆڤایەتی بەرەو سیستمی سۆشیالیستی بەرێت یان بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ چینی کۆمەڵایەتیی و یەکسانمان بەرێت.  بگرە ئەوان ئەمەیان بە شێوەیەکی لابەلاو لە چوارچێوەیەکی گشتیدا باسی ئەو بابەتانەیان کردووە. هەرئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات، کە بۆچی بۆچوونە سیاسییەکانی مارکس و ئەنگڵس دوو وێنەی دژبەیەکی تێدا بەدیدەکرێت.

هەربۆیە دەبینین فەیلەسوفێکی  هومانیستی وەکو ئەریک فرۆم پشت بە دەستنووسەکانی ئەوان دەبەستێت، لەهەمان کاتیشدا دیکتاتۆرێکی وەکو جۆزێف ستالین-یش، بەهەمان شێوە پشت بە دەستنووسەکانی مارکس و ئەنگڵس دەبەستێت.  هەروەها لەیەک کاتدا رەوتە سۆسیال دیموکراتخوازەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانیش، پشت بە دەستنووسەکانی ئەو دووانە دەبەستن.

رەخنە لە فەلسەفەی ئایدیالیزم و پیشاندانی  وەکو دنیابینییەکی ناواقعی

خاڵی بنەڕەتی بۆ گۆڕانکاری فکری بۆ سۆشیالیزم لەلای ئەنگڵس دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ژیانی چینی کرێکاران لە بەریتانیا، ئەگەرچی بۆ مارکس دەگەڕێتەوە بۆ رەخنەگرتن لە دنیابینی و فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەوکاتە، کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانیا «جۆرج ڤیلیەم هیگڵ،  داڕێژرابوو.

ئەمان پێیان وابوو کە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی‌ و مێژووی مرۆڤایەتی، بەم فکرەیەوە بەستراوەتەوە.

لەمبارەیەوە مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:

«رێک بە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەڵمانییەوە، کە لە ئاسمانەوە بۆسەر زەوی دەکەوێتە خوارەوە، ئەوا لێرە بەپێچەوانەوە لە سەر زەوییەوە بۆ ئاسمان بەرز دەبێتەوە. ئیتر چیتر خۆمان بەوەوە خەریک ناکەین، کە خەڵکی دەبێت چی بڵێن، یان چۆن خەیاڵ بکەن، یان لەبارەی جۆری قسەکردن و خەیاڵکردن و تێفکرین و خۆنیشاندانی خەڵكییەوە قسە ناکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین بەرەو مرۆڤێکی راستەقینە و کامڵ بڕۆیین، لێرە بەدواوە لەبارەی توانا و چالاکییە راستەقینەکانی مرۆڤ  دەدوێین و هەروەها لەبارەی پرۆسەی ژیانی راستەقینە و گەشەسەندنی ئایدیۆلۆژیا و کاردانەوەی ئەم پرۆسەی ژیانە راستەقینەیە، قسە دەکەین.(MEW Bd. 3, S. 26f.).

فکری  دیالەکتیک وەکو پڕەنسیپ و میتۆدێکی فەلسەفی

خاڵێکی رۆحی تر کە لە میتۆدی فەلسەفەی هیگڵی لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بۆ تیۆرییەکانیان بەکارهێنرا، پڕەنسیپی دیالەکتیکییە. لێ ئەمیش وەکو زۆرێک لە تێڕوانییەکانی تریان،  تەفسیری جیاواز لە خۆدەگرێت.

بە پێچەوانەی تەواوی  ئەو هزرانەی کە بەربڵاون، جیهان لای ئەوان لە کۆمەڵێک شتی تەواوکراو و ئامادەکراو دروست نەبووە، هەروەها قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژوو، یەک لایەن و هێڵێکی راست و تەریب نییە، بگرە جیهان زیاتر  لە پرۆسەیەکی ورد و ئاڵۆز و تێکەڵاو دروست بووە.

دیالەکتیک لەم تێڕوانییە تایبەتییەوە» مەبەستی تێڕوانی مارکسییە.و.ک»  دەبێتە  زانستێکی گشتی  بۆ شیکردنەوەی جووڵە، هەروەها دەشبێتە یاسایەکی بنەڕەتی  بۆ  گەشەسەندنی سروشت  و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی و فکر. لێرە بەدواوە  دژەکان بە بەردەوامی بەریەک دەکەون، کە دەبێت لە کۆتاییدا لەیەک ئاوێتەی بەرزدا تێکەڵ ببنەوە.

بەپێی تێڕوانینی هیگڵ بێت، هەر تێزێک بەدوای خۆیدا ئەنتی ـ تێزیک دەهێنێت، ئاوێتەبوونی ئەم دووانەش سەنتێزێک پێکدێنێت، هەربۆیە سەرلەنوێ تێزێک و ئەنتی تێزێک ئەنجامەکەی دیسانەوە سەنتێزێکی نوێیە، ئەمەش پرۆسەیەکی(پێشڤەچوون) و خۆنوێکردنەوەی بەردەوامە.

ناونانی ماتریالیزم وەکو فەلسەفەیەکی ئەڵتەرناتیڤ

رەخنەکانی مارکس و ئەنگڵس لە ئایدیالیزم، ماتریالیزمیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە، هزرەکان «تێفکرین» دیاردەیەکی سەربەخۆ نین لە عەقڵ «ئاوەز»، بگرە  گوزارشت لە رەنگدانەوەی هەلومەرجە مادییەکانی دەووروبەری مرۆڤ دەکات.

بەلای ئەوانەوە ئایدیاڵ هیچ نییە جگە لەو شتانەی کە پێشتر لە مێشکی مرۆڤ دانراون، لە هەمانکاتیشدا بریتییە لە وەرگێڕانی هەلومەرجە مادییەکانی دەوروپشتی مرۆڤ»

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

لەلایەکی ترەوە مارکس و ئەنگڵس پێیان وایە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە مێژوودا و چ لە ئێستا و داهاتووشدا، بە پلەی یەکەم گوزارشت لە گەشەسەندنی ئابووریی و تەکنۆلۆژی  دەکەن، بەم شێوەیەش هێزە بەرهەمهێنەرەکان «لێرەدا مەبەستیان چینی کرێکارە.و.ک» و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری بەرهەمهێناندا، بە «پەیوەندییەکی بەرهەمهێنانی نوێ»  دەبەسترێنەوە. 

خودی مرۆڤ

دواتر خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێتە بنەمای سەرەکی بیرکردنەوە و دونیابینی هەردووکیان بریتییە لەمەی خوارەوە :

ئەوە هۆشیاری  مرۆڤەکان نییە، کە بوونیان دیاری دەکات، بگرە ئەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکەیانە، کە هۆشیارییان دیاری دەکات. پاشتر ئەمەش کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکات، لە کۆتایشدا رۆڵی سەرەکی دەبێت بۆ دیاریکردنی ئینتمای مرۆڤەکان کە سەر بە کام چینی کۆمەڵایەتیین.

جەنگی چینایەتی وەکو خاڵێکی رۆحی و دونیابینی ماتریالیزمی مێژوویی

بەم شێوەیەی سەرەوە مارکس و ئەنگڵس شیکردنەوەی خۆیان بۆ جووڵەی ئابووریی  و سیاسیی لە مێژوودا دەکەن، کە لە دەرئەنجامی کۆتاییدا هەمووی لەسەر جەنگی  نێوان چینەکان پێکدێت بۆ دیارییکردنی شوێنی خۆیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنان.

مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:

مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی  مرۆڤایەتی، بریتییە لە مێژووی جەنگی چینایەتی، ئەو جەنگەی  کە لە نێوان چینە جیاوازەکان دروستبووە، لەنێوان ئازاد و کۆیلە، دەرەبەگ و جووتیار، ئەرستۆکرات و خەڵكی ئاسایی، چەوساوە و چەوسێنەر، ئەمانە هەموو کاتێک لەدژی یەکتری وەستاونەتەوە و جەنگێکی بەردەوامییان هەبووە، هەموو کاتێکیش بە شۆڕشێک کۆتایی هاتووە، کە تەواوی کۆمەڵگەکەی گۆڕیووە و لە قۆناغێکەوە بردووێتی بۆ قۆناغێکی نوێ تر.

 MEW, Bd. 4, S. 46.

پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا

لای مارکس و ئەنگڵس کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەو شێوەیەیە، کە «ژێرخانی ئابووری» واتە پەیوەندییە ئابوورییەکان و ستراکچەرەکانی ئابووریی، دەبنە هۆی دروستبوونی «سەرخانێکی ئابووری»، کە ئەوەش بریتییە لە « کەلتور، مۆڕاڵ، سیاسەت  و ئایین».

جیهان لای ئەوان بەمشێوەیە ئاسان دەکرێتەوە و پێیان وایە، کە مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکدا دەبێت بیر لە خواردن و خواردنەوە و خانو و  جلوبەرگ بکاتەوە، ئینجا دواتر بیر لە سیاسەت و هونەر و ئایین بکەنەوە.

بەمشێوەیە مارکس و ئەنگڵس پێیانوایە کە «بەرهەمهێنان» ماتریاڵییەکی سەرەکیی و  کرۆکییە بۆ ژیانی مرۆڤەکان، هەر لە رێگەی ئەمیشەوە قۆناغی گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەک دیاری دەکات، کە ئەمیش شێوازو جۆری دەسەڵاتی سیاسی  و یاسایی و هونەر و ئایینی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی دیاری دەکات  یان دروست دەکات. ئەمەش تێزی « ژێرخانی ئابووری، سەرخانی ئابووری» دیاری دەکات». ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی، کە هەر گۆڕانکارییەکی ئابووری، گۆڕانکارییەکی سیاسی دەخوڵقێنێت.

بە واتایەکی تر : هەر گۆڕانکارییەک کە لە بنەما سەرەکییەکانی» ستراکچەر» ئابووری دروست ببێت،ئەوا بەتەواوەتی  سەرخانی ئابووریی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتیش دەگۆڕێت و هەلومەرجێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.

چینی کەپیتالیزم و پرۆلیتاریا لە دیدی مارکس و ئەنگلسەوە

هەربەمشێوەیە مارکس و ئەنگلس پێیان وایە کە سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووە، کە چینی کەپیتالیزم « یان زۆرجار بە بۆرجوازی ناویان دەبرێت»  کە ئەمانە خۆیان بە خاوەنی هۆکانی بەرهەمهێنان دەزانن، لەبەرامبەردا چینی کرێکاران» زۆرجار بە پرۆلیتاریا ناویان دەبرێت» کە ئەمانەش وەکو چینێکی سەربەخۆ لە دژی ئەوان  دەوەستنەوە. بۆ مارکس و  ئەنگلس، ئەم دوو چینە هەریەکەیان خاوەنی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی جیاوازن. چینی بۆرجوازی هەمووکارو چالاکییەکانی بۆ ئەوەیە کە زۆرترین سوودی لەسەر حسابی کرێکاران دەستبکەوێت، ئەوی تریشیان « واتە چینی کرێکاران» دەیەوێت کرێی کارەکەی زیاتر بکات لەسەر حسابی خاوەن کارەکان.

چاوەڕوانکردنی لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزمی وەکو زەروورەتێکی مێژوویی

بۆ مارکس و ئەنگلس بەهای شمەکێک بەوە دەپێورێت، کە ئایا تاچەندە هێزی کاری مرۆیی تێدا بەکارهاتووە» ئەمەش پێی دەڵێن یاسای دیاریکردنی بەهای شـمەک، و.ک». هەرئەمەش وادەکات کە لە سیستمی سەرمایەدارییدا، زیاد لەپێداویستی مرۆڤەکان، شمەک  بەرهەم بهێنرێت. ئەمەش پێی دەڵێن « زێدەبایی». لێرەشەوە کاپیتالیستەکان دەیانەوێت بەرهەم زیاد بکەن، ئەوەش لەسەر حسابی هێزی کاری کرێکاران. بۆ مارکس و ئەنگلسیش « زێدەبایی» دەبێتە خاڵی جەوهەری سیستمی سەرمایەداری، هەرئەمەش رێگەخۆش دەکات، بۆئەوەی سەرمایەدارەکان، قازانجی زیاتر کۆبکەنەوە.

بەڵام چەندە شمەکی بەرهەمهێنراو زیاتریش بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی بازنەیەکی کێشەدار» گرفتدار» بۆ ئەم سیستمە، چونکە ئەم شمەکە زۆرانە دەمێننەوە کڕیاریان» موشتەریان» نییە، هەرئەمەش وادەکات کە لەناو هەناوی سیستمی کەپیتالیزمیدا، تووشی تەنگژەی ئابووری بێتەوە. لەئەنجامی ئەم تەنگژە ئابووریەشەوە، بەشێکی زۆری کۆمپانیا بچووک و ناوەنجییەکان، رووبەڕووی مایەپووچی و  نەمان دەبنەوە، دواتر کۆمپانیا گەورەکان قووتیان دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمپانیای زەبەلاح و سەنتڕاڵبوونی کەپیتاڵ «سەرمایە»ی لێ دروست دەبێت.

تەنگەژەکانی سیستمی کەپیتالیزمی و هەنگاونان بەرەو سیستمی سۆشیالیستی

بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەم تەنگەژە ئابوورییەی کە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ببێتە چینی کرێکار، کە ئەوان دەستەواژەی»پرۆلیتاریالیزەکردنی کۆمەڵگەی بۆ دادەنێن» هەرئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی هەژاری لە ناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، چینی کرێکاریش هەژارتر و چەوساوەتر بێت،  بەڵام لە لایەکی ترەوە بەهای مەعنەوی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت.

لەمبارەیەوە مارکس دەڵێت:

«بەردەوامبوونی ئەم رەوشە وا دەکات، کە رێژەی هەژاری لەناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، هەژاریی و برسێتیی و چەوسانەوەو کۆیلایەتیش زۆرتر بێت، لەهەمانکاتیشدا فشارەکان زۆرتر دەبن، هەروەها بەهۆی میکانیزمی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، بەشێوەیەکی خۆرسکی، چینی کرێکاران خۆیان رێکدەخەن  و یەکدەگرن. لەلایەکی تریشەوە مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایە. دەبێتە مۆدێلیک و شێوازێکی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەسەندنی سەرمایداری. سەنتراڵییکردنی هۆکانی بەرهەمهێنان و بەکۆمەڵایەتییکردنی چینی کرێکاران،بەرەو خاڵێک دەڕۆن، کە چیتر بازنەی سەرمایەداری بەرگەی ناگرێت و ئیتر لێرەوە رەوشەکە دەتەقێتەوە. بەمشێوەیەش کاتژمێرەکانی تەمەنی کەپیتالیزم و بۆرجوازییە کەمدەبێتەوەو لەناودەچێت. پاشانیش بە لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزم، کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کە ئەویش سۆشیالیزمە.»  (MEW, Bd. 23, S. 790f.).

رێگەی شۆڕش لە سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیزم

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە گەشەسەندنی ئابووری کەپیتالیزمی کە لەسەر  ژیان و  چەوسانەوە چینی پرۆلیتالیا دروست دەبێت و دواجاریش دروستبوونی تەنگژەی گەورەی ئابووری لێدەکەوێتەوە، کە ئەویش کەپیتالیزم دەخاتە بازنەیەکی داخراو جەهەنەمییەوە کە «بەدەستی خۆی، گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت»

لەپاش گەشەسەندنی کێشە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان  و گەیشتنیان بە لوتکە، تەقینەوە روودەدارو  شۆڕش دروست دەبێت، ئەم شۆڕشەش لەلایەن چینی کرێکارانەوە دەبێت و کۆتایی بە سیستمی بۆرجوازی دەهێنێت  و دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم شۆڕشەش زەروورەتی دروستبونی» دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» دەهێنێتە کایەوە. ئەم دیکتاتۆرییەش کار دەکات بۆئەوەی هەمووجۆرە  چینایەتییەک نەهێڵێت و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بێ چینی کۆمەڵایەتی دروست بکات.

لەپاش گەشەسەندنی ئەم قۆناغە، مارکس و ئەنگلس پێیان  وایە، لەپاش نەمانی سیستمی کەپیتالیزمەوە، هەنگاو دەنرێت بۆئەوەی کۆمەڵگە بەرەو  قۆناغی سۆشیالیزم ببرێت و لە کۆتایشدا سیستمی کۆمۆنیستی دروست بکرێت کە دوایین قۆناغی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت. 

دواتریش دەڵێن:

لەکاتی گەشەسەندنی ئەم جووڵە مێژووییەدا، دەبێت « دەوڵەت» بکرێتە ئامڕازێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی سۆشیالیزم و دەبێت دەوڵەت بمێنێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە دەگاتە قۆناغی کۆمۆنیزم، ئیتر ئەوکاتە چیتر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە بوونی دەوڵەت نامێنێت و لەناودەچێت. « (MEW, Bd. 28, S. 508).

وێنەی کۆمەڵگەی بێ چینایەتی بە بێ نامۆ بوونی مرۆڤ

لە کۆتاییدا و کاتێک گەیشتن بە دوایین قۆناغ و ئامانج و تەواوبوونی ئەم پرۆسەی گەشەسەندنە مێژووییە، خۆی لە کۆمەڵگەی بێ چینایەتی دەبینێتەوە، مارکس و ئەنگلس هیچ وێنەیەکی روونیان لەمبارەیەوە پێشکەش نەکردووە. بەشێوەیەکی گشتی لای ئەوان ئەوەی گرنگە، نەمانی جیاوازی چینایەتی و چیتر هۆکانی بەرهەمهێنانیش لەژێر دەستی چینێک نەبێت و نەکرێتە موڵکی شەخسی هیچ کەسێک. بەشێوەیەکی روون لەمبارەیەوە باس لەبوونی جۆرێک لە بەگشتییکردنی کارگە و کۆمپانیاکان دەکرێت، لەمبارەیەوە باس لە چەمکی «  دروستکردنی کۆمەڵگەیەک دەکەن  کە هۆکانی بەرهەمهێنان بکرێتە موڵکی دەستەجەمعی یان گشتی «

لێرەشەوە جۆرە « ئەنجومەنێکی ئازادی بەرهەمهێنان» دروست دەبێت، کەهەموو تاکەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کاردەکەن لەژێرناونیشانی « هەرکەسێک بەپێی توانای خۆی، هەرکەسێک بەپێی پێداویستی خۆی کار بکات.»  ئەمەش دەبێتە یاسایەکی بنەڕەتی کارکردن لەناو کۆمەڵگەدا.

لەم نێوەندەشدا ئیتر کۆتایی بە نەخۆشی «بێگانەبوونی خود یان نامۆبوون» لای مرۆڤەکان  نامێنێت، ئەمەش بەتایبەتی لەپاش نەمانی سیستمی دابەشكردنی کار  و نەمانی سیستمی موڵکداری کەپیتالیزمییەوە. ئیتر لێرەوە مرۆڤەکان جارێکی تر دەتوانن بوون و خودی خۆیان بۆ بگەرێنرێتەوە، هەروەک مارکس و ئەنگلس دەڵێن.

رەخنە لە توانا توندڕەوییەکانی بیری مارکسیزم

لەپاش ئەوەی لەسەرەوە بەشێوەیەکی گشتی دونیابینی و هزرەکانی مارکسیزممان خستە روو، ئێستا  دەبێت چەند رەخنەیەکیش فۆرموولە بکەین و بخەینە روو. دیارە لێرەدا ئێمە دونیابینی و تیۆرییەکانی  مارکس لەرووی زانستی بوون و راستی بوونەوە ناخەیەنە پرسیارەوە، بگرە باس لەو توانا توندڕەوییانە دەکەین، کەئەم تیۆرییە سیاسییە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە.

هەروەها لەلایەکی ترەوە رەخنەشمان هەیە لەو پرۆگنۆسانەی کە مارکس لەبارەی گەشەسەندنی کەپیتالیزمەوە کردوویەتی، کەتاڕادەیەکی تەواو راست دەرنەچووە،  کەئەمەش توانا و تێڕامانەکانی مارکس وەکو پسپۆرێکی ئابووری دەخاتە جێگەی پرسیارەوە، بەڵام لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، هەموو تیۆری و دونیابینییەکانی مارکس بۆ کۆمەڵگە، دوورن لە هەموو یاساو رێساکانی سیستمی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی کراوەو پلورالیزمەوە، بگرە بەپێچەوانەوە تەواوی ئەسپێکت و دونیابینینەکانی مارکس، بەرەو دروسبوونی سیسیتمێکی دیکتاتۆریی و توندڕەوانە هەنگاو دەنێن.

هەرچەندە ئێمە پەیوەندییمان بە کەسایەتی شەخسی مارکسەوە نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، کە مارکس خاوەنی کەسایەتییەکی لووتبەرز و زۆر باوەڕی بەخۆی بووەو هیچ کەسێکی تۆلێرانس نەبووەو باوەڕی بە رەخنەگرتن لە تیۆرییەکانی نەبووە. هەروەها  لە ناو بازنەیەکی سیاسیی داخراودا بووەو کەسایەتییەکی « ئۆتۆریتێتی، ملهوڕ» ی هەبووە. بەڵام ئەمانە سیمای کەسایەتیی مارکس بووە، لەو باوەڕەدام هیچ پەیوەندییەکی بە دونیابینی و تیۆرییەکانیەوە نییە و شتێکی زەرووریش نییە.

بەکارهێنانی تیۆری دیالەکتیکی بۆ بڕیاردانی نابەجێ و توندڕەوانە

مارکسیزم تێروانینێکی دیالەکتیکانەی داهێناوەو پێی وایە، کە گەشەسەندن و جووڵەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لەئەنجامی   جەنگ و ململانێی  بەدرەوامی لایەنە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگە دروست دەبێت.

گەر کەسێک بیەوێت سوود لەم مەعریفەیە وەربگرێت و شرۆڤە و ئەنالیستی جیاوازی دەستبکەوێت، ئەوا دەبێت ناوەڕۆکی تێزی دیالەکەتیک باشتر تێبگات و گەشەی زیاتر بەو تێزە بدات. بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەوا کار دەکات بۆئەوەی شەرعیەت بدات بە تێڕوانینی نابەجێ و دژبەیەکەکان. ئەمەش بەئاشکرا مارکس لەنامەیەکیدا بۆ ئەنگلس دەیخاتە روو،  کاتێک دەڵێت:

پێدەچێت هەندێكجار من هەست بە ئیحراج بوون بکەم، چونکە زۆرجار هانا بۆ دیالەکتیک دەبەم، بەڵام ئاساییە من تێڕوانینەکانی خۆم وادادەڕێژم، کە زۆرجاریش پێدەچێت لە حاڵەتی دژبەیەکیشدا بن، بەڵام  هەرخۆم لەسەر هەق دەزانم. (MEW, Bd. 29, S. 160f.).

لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بەهەڵسەنگاندنی راست و دروستەوە نییە بۆ جووڵە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان، بگرە زیاتر پەیوەندی  بە پاساو هێناوەوە هەیە بۆ تێڕوانین و پێشهاتی ناڕاست و ناتەندروست. هەرئەمەش وایکرد، کە دیکتاتۆرییە کۆمۆنیستەکان کەپاشتر دورست بوون، تیۆری دیالەکتیک بکەنە ئامڕازێک بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتی خۆیان.

بەکارهێنانی مەعریفەی « سروشتی راستەقینەی» مرۆڤ

هەمیشە مارکس چ لە سەرەتای توێژینەوە فکرییەکانی یان دواتر کاتێک کە خۆی بەلێکۆڵینەوەی وردی سیستمی ئابووری خەریک کردبوو، هەمیشە باسی لە ئازادبوونی مرۆڤ دەکرد و هەمیشە داوای دەکرد، پێویستە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ « سروشتی راستەقینەی خۆی». هەروەها هەرخۆشی بوو کە چەمکی « نامۆبوونی مرۆڤ» ی بەکارهێناو داتاشی، بەپێچەوانەشەوە، مارکس هیچ مەعریفەیەکی راستەقینەی لەبارەی دەسەتەواژەی « جەوهەری مرۆڤ» ەوە نەوتووە، بەتایبەتی لەو  کارە زۆرانەی  پاشتریدا، مارکس هیچ زانیارییەکی ووردی لەبارەی ئەم دەستەواژەی « سروشتی هەقیقی» مرۆڤەوە نەخستۆتە روو.

ئەو خۆی بە خاوەنی ئەم مەعریفەیە دەزانێت و بۆ خۆی مۆنۆپۆڵیکردووە، لەکاتێکدا هیچ تێڕوانینێکی وردو هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەن و دروستی بۆ ئەم دەستەواژەیە نەکردووە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە کۆتاییەی، کە تەنها چەند ئامانج و تێڕوانینیکی سیاسییانە، گوزارشت لە چەمکی « سروشتی راستەقینەی مرۆڤ» دەکەن. نەبوونی زانیاری تەواو دروست لەبارەی ئەم چەمکە  مەعریفیەوە، وا دەکات کە نەیارانی مارکسیزم، وەکو هەڵگری ئایدۆلۆژیی لاواز  سەیربکرێن و راوبنرێن و بچەوسێنرێنەوە.

دانانی دەسەڵاتێکی تاکڕەو دیکتاتۆر بۆ گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد

ماوەی چەندین ساڵ بوو مارکس و ئەنگلس ئیداعای ئەوەیان دەکرد، کە ئەوان هەڵگری نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەتیین، ئەویش لەرێگەی  پرۆسەی گواستنەوەی  کۆمەڵگەکان لە قۆناغی سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیست. کەچی لەهەمانکاتدا، پێویستە بۆ دەستپێکی ئەم قۆناغە، دەوڵەتێکی تاکڕەو ئۆتۆریتێت  و دیکتاتۆر دروست بکرێت، بۆئەوەی کۆتایی بە چینی بۆرجوازی  و کۆمەڵگەی کەپیتالیزمی بهێنێت. لەم قۆناغەشدا دەوڵەت دەبێتە، دەوڵەتێکی ئۆتۆریتێت و توندڕەو تۆقێنەر و سیستم و  دەسەڵاتێکی ناوەندی توند پێڕەو دەکات.

ئەم رەخنەیەش هەرزوو لەلایەن ئەنارشیستە هاوڕێکانی، لە مارکس گیرا بەتایبەتی لە یەکێکی وەکو ” میشێل باکۆنین” چونکە ئەوان پێیان وابوو، کە مارکس کەسێکی تاکڕەو کۆمۆنیستێکی سەنتڕاڵیستە، واتە هەموو دەسەڵاتێک لە ناوەندێکدا کۆ دەکاتەوە کە خۆی بەسەریدا زاڵە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی حوکمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار، کە دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی یەکسان دروست بکات. هەربۆیە پاشتر مارکس رێکخراوی ” ئەنتەرناسیۆنالی کرێکارانی” کردە دەوڵەتێکی دیسیپلینی توند  و تەواوی دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ کرد. هەربۆیە زۆرێک لە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان کە پاشتر لەسەدەی بیستەمدا دروست بوون،  ئەم رەخنەیەی ئانارشیستەکانی سەلماند، چونکە ئەوان” واتە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان”  مارکسیان وەکو پێخەمبەرێک سەیر دەکرد.

زانیاری تەواو لەبارەی چۆنێتی دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی و تۆقێنەر

لەناو کارەکانی مارکس و ئەنگلسدا لە زۆر شوێندا بەئاشكرا و بەعەلەنی  داوای دروستبوونی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و ستەمکارو تۆقێنەر دەکەن. بۆ نموونە  لە شوێنێکدا دەڵێن:

  پێویستە کرێکار، لەتەواوی کۆماری ئەڵمانیادا، داوای تەواوی دەسەڵاتەکان بکەن و  دەسەڵاتێکی ناوەندی تۆکمە دروست بکەن. چیتریش نابێت خۆیان بەو قسەو دروشـانەوە بخەڵەتێنن کەباس  لە دیموکراسی و  کۆمەڵگەی ئازاد و  خۆبەرێوەبردن و ئەمجۆرە شتانە دەکات. (MEW, Bd. 7, S. 252).

یان لە شوێنێکی  تردا دەڵێن:

دەوڵەت  تەنها دەزگایەکی کاتییە، کە مرۆڤ بەکاریدەهێنێت بۆ خەبات و خزمەتی شۆڕش دەکات، بۆئەوەی بەوپەڕی بێرەحمییەوە، نەیارانی شۆڕش لەناوبەرێت. لەبەرئەوە ئەمە قسەی قۆرە ئەوانەی کە باس لە دەوڵەتێکی ئازاد دەکەن. پرۆلیتاریا دەوڵەتی  پێویستی نییە بۆ  بەرژەوەندیی و ئامانجی ئازادی، بەڵکە بۆ لەناوبردنی نەیارانی.) (MEW, Bd. 34, S. 129

بەکورتی: لەکاتێکدا کە ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە مەزهەبی ئەوان، مەزهەبێکی تاکو تەنیا و  هەقیقییە، ئەوا دەبێت مرۆڤ چاوەڕوانی ئەم جۆرە  دەرئەنجامە خراپانەشیان لێبکات و شتێکی ئاسایی بێت بەلامانەوە.

جەختکردنەوە لەسەر ئابووریی و فەرامۆشکردنی پلورالیزم

مارکس لە قۆناغی ناوەڕاستی تەمەنیدا، کاری جددی دەکرد بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەبارەی یاسا بنەڕەتییەکانی سیستمی سەرمایەداری. لەوکاتەوە جەختی تەواوەتی لەسەر ئابووری کردەوەو هەر لەو کاتەشەوە گەیشتە ئەوەی کە گرنگی مرۆڤ بە شوێنی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش زیاتر بەپشت بەستن بە مۆدێل و تیۆری ” ژێرخان و سەرخانی ” ئابوورییەوە هەیە.

تەواوی بیرکردنەوەی بەپلەی یەکەم جەختی لە هەلوومەرجە ماتریالەکانی دەوروبەری مرۆڤ دەکردەوە. دیارە هەرلەوکاتەوە تێڕوانین و پێشبینییەکانی مارکس هەڵە دەرچوون، چونکە گەر بەو بۆچوونانەی مارکس بوایە، دەبوایە کرێکاران بەرێژەیەکی زۆر و هەموومیان ببنە کۆمۆنیست و هەڵگری بیری کۆمۆنیستی بونایە و خۆیان لە رێکخراوە کۆمۆنیستەکاندا ئۆرگانیزە بکردایە، بەڵام ئەمە وا دەرنەچوو.

مارکس هەڵگری ئەم تێڕوانینە بوو ” واتە کە کرێکاران دەبنە کۆمۆنیست.و.ک” چ  پێش  و چ لەکاتی شۆڕشدا. لەم دیدگایەوە، پرۆلیتاریا کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت، تەنها هەڵگری ناسنامەی کۆمەڵایەتیەتی، بەڵام لەراستیدا ئەوان ” واتە پرۆلیتاریا” تەنها هەڵگری ئەم ناسنامە و ئینتامایە نین، بگرە ئەوان ئینتمای ئێتنی و کەلتوریی و  سیاسی تایبەت بەخۆشیان هەیە.  ئەم دیدگایەش رووبەروی هەڵەیەکی گەورە بۆوە، چونکە مرۆڤ تەنها ئینتمایەکی ئابووریی نییە. هەروەها ئەم دیدگایە هەموو تێڕوانین و دیدگایەکی جیاواز بەخۆی رەت دەکاتەوەو دژی کۆمەڵگەیەکی پلورالیزمە. 

کەسایەتی تاک  و ئینتمای کۆمەڵایەتی 

ئەم دیدگا فکرییە پەیوەندییەکی توند و تۆکمەی بەوەوە هەیە، کە بۆچوونی پیشوەختی لەبارەی  ئینتمای کۆمەڵایەتییەوە هەیە، کە جۆرە تەجانوسێکی بە هەژموونی سیاسی مرۆڤەکان و  ناسنامەی  سەرانی سیاسی وڵاتەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە گەر باوەڕ بەو لۆژیک و ئەرگومێنتە رەهایە بکەین، کە دەبێت هەموو مرۆڤەکان لەرووی کۆمەڵایەتییەوە یەکسان ببن، ئەوا هیچ هۆیەک نامێنێتەوە بۆ بوونی جیاواز.

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، گەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان سۆشیالیزە بکرێن، ئەوە نەک تەنها  مەرجێکی گرنگە، بەڵکە تەنها ئەوە بەسە بۆئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دروست بکەین.  لێ ئەوان نەیانزانی کە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان تەنها لەسەر هۆکاری ئابووریی دروست نابێت، بگرە هۆکاری تریش هەیە، بۆ نموونە جیاوازی ئێتنی، هەوڵدان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، تێڕوانین و  جیاوازی کەلتوری.

لەبەرئەوە لە دەوڵەتە سۆشیالیستەکاندا کاتێک هەر کێشەیەک پەیوەندی بە سەرخانی ئابووریەوە هەبووایە” بوونی کێشەی ئێتنیی و  نەتەوەیی و ئایینی و کەلتوریی و فەرهەنگی جیاواز.وک” ئەوا یەکسەر وەڵام و رێوشوێنی توندیان هەبوو بۆ ئەم کێشانە. هەربۆیە هەر لادانێک لەسیستمی سۆشیالیستیدا، مانای خیانەت  بوو لە ئیرادەی گەل و نیشتمان و ئەو کەسە بە خائین و خۆفرۆش وەسف دەکرا.

باوەڕبوونی بە تێزی حەتمیەتی مێژوویی بۆ سۆشیالیزم

یەکێک لەسەنتەرەکانی بیرکردنەوەی هزری مارکسیزم باوەڕبوونە بە ماتڕیالیزمی مێژوویی، کە ئەویش پێی وایە، کە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕییوە، سەرەتا قۆناغی کۆیلایەتی، پاشان قۆناغی فیۆدالیزم، ئینجا کەپیتالیزم و دواتر سۆشیالیزم و دوایین قۆناغیش کۆمۆنیستە.

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، ئەو جیاوازییە ریشەییە کە لە نێوان تواناکانی بەرهەمهێنان” کە سەرمایە‌ی ئابووریی و تەکەنەلۆژییەکان” لە خۆدەگرێت، لەگەڵ هەلومەرجەکانی بەرهەمهێنان” مەبەست لێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە.و.ک” ئەمانە بەشێوەیەکی دینامیکی، کۆمەڵگەکان لەپاش رێگایەکی دوور و مێژوویی، دەگەنە دوایین قۆناغی کۆمەڵایەتی کە ئەویش قۆناغی دورستکردنی کۆمەڵگەیە لەسەر سیستمی  کۆمۆنیزم، ئەمەش  هەقیقیەتێک و زەرورەتێکی مێژووییە.

بەمشێوەیە ئەوان گەیشتنە دەرئەنجامێکی وا، کە دەتوانین ناوی بنێین ” یاسای مێژوو” یان ” هەستی مێژوویی” ئەوجۆرە تێگەیشتنەش وا لە مرۆڤەکان دەکات، کە کارو چالاکییەکانی، پێش وەخت دیاری بکات و   بیزانێت.

کێشەکەش لێرەدا تەنها پەیوەندی بە میتۆدی هەڵەوە نییە، بگرە زیاتر کێشەکە لەوەدایە، کە تەنها  باوەڕت بە بۆچوونی خۆت هەبێت و پێتوابێت لەبارەی پرۆسێسی مێژووەوە،هەقیقیەت لای تۆیە. 

پیشاندانی مارکسیزم وەکو مەزهەبێکی رزگارکەری مرۆڤایەتی

زۆر نین ئەوانەی کە رەخنەی ئەوە لە مارکسیزم دەگرن و پێیان وایە، کە مارکسیزم سیمایەکی ئایینی لە خۆگرتووە، بەڵام لە رووی فۆرم و  ناوەڕۆکەوە لە ئایین جیاوازە، چونکە دونیابینی و تێڕوانینەکانی مارکس و ئەنگلس، تیۆرییەکی عیلمانی بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێندا، چەند سیمایەکی ئاینیانەی پێوە دیارە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پێشبینییەکانەوە هەیە، لەوانە باوەڕبوون بە نەمانی موڵکداری شەخسی  هۆکانی بەرهەمهێنان و پاشتریش دروستکردنی کۆمەڵگەی سۆشیالیزم، ئەم دووانە وەکو رێگەی ” رزگاربوون، خەلاص”  پیشانی مرۆڤایەتی دەدرێت.

هەروەها دەستنووسەکانی مارکس، وەکو هیوا و فەرموودەی پێخەمبەرانە سەیر دەکران، نەک تەنها بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر سیستمی کەپیتالیزمی، بەڵكە وەکو رێگاپیشاندەرێکی باش و نەگۆڕیش بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش و  گەیشتن بە کۆمۆنیزم.

لەلایەکی ترەوە هەمیشە و بە بەردەوامی، لەبیرکردنەوەو تێڕوانینەکانیدا، لایەنی ئایدۆلۆژی زاڵبوو بەسەر لایەنی زانستیدا. لەهەمانکاتدا مارکس بەناوی زانستی بوونی میتۆدەکەیەوە، پێی وابوو کە ئەمە راسترین جۆری بیرکردنەوەیە بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەوانەشی کە دژی ئەو بیریان دەکردەوە، تۆمەتی نازانستی و نالۆژیکی بوونی بیرکردنەوەکانی دەخستنە پاڵ.

دوایین قسە و دەرئەنجامی کۆتایی 

بەدڵنیاییەوە نابێت هزری مارکسیزم تەنها لە توانا سیاسییە رادیکاڵەکانی کورت بکەیەنەوە، هەروەها کاتێک سەیری ئەو ململانێ و شۆڕشە کۆمەڵایەتییانە بکەین کە لە مێژوودا روویانداوە، شرۆڤە سیاسییەکانی  گرنگی خۆیان هەیە.

لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە   توێژینەوەکانی مارکس بۆ سیستمی کەپیتالیزم، چەند هەڵەیەکی تێدایە، بەڵام مارکسیزم باسی کاریگەرییە خراپەکانی سیستمی کەپیتالیزمی کردووە کە لە  ئێستادا لە شێوەی  گلۆبالیزمدا خۆی دەبینێتەوە، کە بۆتە هۆی دروستبوونی تەنگەژەی ئابووری گەورە، کە مرۆڤایەتی بەرەو هەژاریی و بەدبەختی دەکات. هەربۆیە ناتوانین بەشێوەیەکی گشتگیرانە، تەواوی تێزەکانی مارکس و ئەنگلس رەتبکەینەوە.

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، مارکسیزم لەیەک کاتدا راستە سۆنگەیەکی ئایدۆلۆژی هەیە، بەڵام سیمایەکی زانستشیانەشی هەیە. بەڵام زۆرجار کۆمۆنیستەکان رەگەزی بابەتی بوونیان بەکاردەهێنا، تاوەکو شەرعیەت بددەنە بۆچوونە سیاسییەکانیان بەتایبەتی لەبارەی چالاکی  و رەوایی سیستمەکەیانەوە.

لەلایەکی ترەوە دونیابینی و تێزەکانی مارکسیزم، دەبێتە رەگەزێکی بنەڕەتی  بۆ بزووتنەوە توندڕەوەکان و سیستمە دیکتاتۆرییەکان، بەشێوەیەک چ لە رووی فۆرم یان ناوەڕۆکەوە، دەبنە تەواوکەری یەکتری.

*Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber،  پرۆڤیسۆر.دکتۆر. ئارمین پفاڵ ترواگبێر. کۆمەڵناس و پسپۆرێکی سیاسییە، وەکو مامۆستا لەزانکۆکانی کۆڵن و بۆن،وانە دەڵێتەوە. 

سەرچاوە:

Der Marxismus zwischen Ideologie und Wissenschaft.www.bpb.de. Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber 




ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: جێبەجێکردنی تیۆری ڕەخنەییی مارکسی.. باسی دووەم – گۆران سەباح

خۆزگە ڕەخنەدۆزێک هەبایە ئەم کارەی لەباتی من بکردبا. هیوادارم، ئەم زنجیرە باسە وا لە ڕەخنەدۆزان بکات لەنێو پاش دەقی ئەدەبی بەم تیۆرە ڕەخنەییانە راڤە بکەن.
تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاریم جێبەجێ کرد لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، ئەمە بەستەرەکەی لە وارگەی کوردڕاوم. https://www.kurdrawm.com/idea/2440/?fbclid=IwAR15mtyfAWfujuW6lMG88fYpdyYKOMWywQ1HUXTFGE4ApILoGbH3fdyOBlI
نۆرەی تیۆری مارکسییە. بۆ ئەم تیۆرە؟ ئەدی مارکسیزم و کۆمیونیزم شکستیان نەهێنا؟ وایە، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی تیۆری ڕەخنەییی مارکسی کۆمەڵگەی شکستخواردوو شرۆڤە بکەین. پێش ئەوەی مرۆڤی هەرزان بخەینە بەر هاوێنەی ئەم تیۆرە، دەبێ بزانین تیۆرەکە مانای چییە.

تیۆری مارکسیزم چییە؟
بەپێی تیۆرەکە، بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئابووری هەوێنی هەموو چاڵاکییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، تەنانەت هیی بوارەیلی پەروەردە، ئایین، زانست، تەکنەلۆژیا، میدیا و هونەر و فەلسەفەیشە (لۆیس، ٢٠١٥). لەبەرهەندێ، پێکهاتەیلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی لەسەر بناغەی هێزی ئابووری دێنە بنیاتنان. بە واتەیەکی تر، دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێو دەسەڵاتی ئابووریدایە. بۆیە مارکسییەکان ئەوڕۆکە، کاتێ باسی پێکهاتەی چینایەتی دەکەن، زاراوەی چینی ئابووری/کۆمەڵایەتی بەکار دەبەن، نەک بتەنێ یەکیان.
دوو دۆخ زۆر گرنگن لە نێو تیۆرەکە: دۆخی مەتریەلی (واتە دۆخی ئابووری) و دۆخی مێژوویی (واتە بازنەی ئایدیۆلۆژی/کۆمەڵایەتی/سیاسی). ئایدیۆلۆژیای چەوسێنەر هۆردوو دۆخ دەشێوێنێت و ناهێڵێت تێیان بگەین، چونکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا نییە. دەسەڵات دێ چینی هەژار و چینی مامناوەند تێکبەر دەدات بۆ ئەوەی هۆردووکیان دژی چینی زەنگین نەوەستنەوە. بۆ نموونە، دەسەڵات باج لە چینی مامناوەند وەردەگرێت و دەڵێ ئەوە بۆ هەژارانە، کەچی زۆرکەم دەدات بە هەژاران. چینی مامناوەند ڕکی لە هەژاران دەبێتەوە و دەڵێ لەبەر ئەوان ئێمە باج دەدەین. دروستکردنی ئەم دۆخە تەنێ یەک تەکنیکی دەسەڵاتە، دەیانی تریش هەن.
بەپێی تیۆرەکە، بەرهەم و ڕووداو و پێوەندیی چینەیلی ئابووری/کۆمەڵایەتی و چاڵاکییەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی دەسەڵاتی ئابووری دێنە شرۆڤەکرن (لۆیس، ٢٠١٥). مارکس بەشبەشبوونی خەڵک بەهۆی جیاوازیی چینایەتی بەهەندتر وەردەگرێت لەچاو بەشبەشبوونی مرۆڤ بەهۆی پرسی ئایین، ڕەگەز، ئیتنی و گێندەرییەوە (لۆیس، ٢٠١٥). شەڕ و ململانەکە لەسەر ئەم هاوکێشەیە: کێ چی هەیە و کێ چی نییە؟ ئەم هاوکێشە سەرچاوەی ململانەی نێوان پرۆلیتار (هەژار) و بۆرژوازییەکانە (زەنگین) (لۆیس، ٢٠١٥).

ڕۆڵی ئایدیۆلۆژیا
بەپێی مارکسیزم، ئایدیۆلۆژیا واتە سیستمی باوەڕ، هەموو سیستمێکی باوەڕیش بەرهەمی دۆخێکی کولتورییە (لۆیس، ٢٠١٥). تیۆرەکە دەڵێ ئایدیۆلۆژیا یارمەتی هێشتنەوەی دەسەڵات دەدات. تیۆرەکە پڕژاوەتە سەر ئەم ئایدۆلۆژیانە: نیشتمانپەروەری، ئایین، تاکگەرایی، بەکاربردن (یان شت بکڕە تا دۆش دەبی)، هتد.
دەسەڵات لە ڕێی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ وڵات، هەژار بە گژ هەژار وەدەنێت، هەژارانی وڵاتێک بەشەڕ دێن لەگەڵ هەژارانی وڵاتێکی تر، لە ئەنجامدا، زەنگینی هۆردوو وڵات سوودمەند دەبن.
پرسی وجودی خودا لای مارکس گرنگ نەبووە، ئەوە گرنگ بووە خەڵکی بە ناوی خوداوە چی دەکەن. سەتا دەی دانیشتووانی هەموو جیهان سەتا نەوەتی سامانی جیهانیان هەیە، بێگومان دێن پشتگیری ئایدیۆلۆژیای ئایین دەکەن چونکە ئایین بە خەڵک دەڵێت دەبێ شوکر بن و قەناعەتیان هەبێت بەوەی هەیانە، واتە ئایین دەرزیێکە کۆمەڵگە لە خۆی دەدات، بێ دەنگ دەبێت و قەت دژی دەسەڵات و زەنگین هەڵناستێ.
تاکگەرایی: ئەم ئایدیلۆژیایە فێڵ لە تاک دەکات بەوەی بتەنێ ئامانجەکانی بەدەست بێنێت، هەردەم بە دوای ئامانجی قورس و گەورەوە بێت، بەوەش تاک خۆی داوێتە سەر چەقووی بۆ ئیش، ئەمەش لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکانە. ئەمە دژی کۆمەڵگەیە، چونکە هەر کەس بۆ خۆی کار دەکات. بەکاربردن (یان شت بکڕە تا دۆش دەبی) لە بەرژەوەندیی زەنگینەکانە. دروستبوونی ئەو هەموو مۆلە، خەڵك بێ ئەوەی پێویستی بە شت بێت دەیکڕێت.

خێزان و بەرهەم و ڕەفتاری مرۆڤ
کارەیلی دواتری مارکس لەسەر کۆمەڵگە بوو، نەک تاک. پێی وابوو کەرتی پیشەسازی تاک دەچەوسێنێتەوە و کۆمەڵگەش تێک دەدات. بۆ نموونە، ئەوانەی لە کارگەیەک کار دەکەن. ئەو هەموو شتە بەرهەم دێنن، ناویان لەسەر نانووسرێت و پارەیەکی زۆر کەمیش وەردەگرن لەچاو ئەو قازانجەی خاوەنەکەی دەیکات. ئەمەش تاک نەک هەر لە خودی خۆی دادەماڵێت، بگرە لە کۆمەڵگەش. سیستمی سەرمایەداری بەهای تاک ناهێڵێت، هەموو شتێک لە تاک تەنانەت خودی خۆیشی دەبەسترێتەوە بە پارە، بەوەی چەندی هەیە. ئەمانەش کار دەکەنە سەر ئەزموون و ڕەفتاری مرۆڤ. بنواڕە دەوروبەرت، وردبەوە، بزانە ڕەفتاری مرۆڤ چۆنە.

مارکسیزم و ئەدەب
خێزان تێمایەکە هەردەم لە دەقی ئەدەبیدا دووبارە دەبێتەوە. تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری دەنۆڕێتە دەروونیی تاک وەک بەرهەمی خێزان، بەڵام تیۆری مارکسیزم دەنۆڕێتە کێشەیلی دەروونیی تاک وەک بەرهەمی دۆخی مێژوویی و مەتریەل (لۆیس، ٢٠١٥). سەیری (پارە) بکە، چ تاکێک بەرهەم دێنێت؟ تاکێکی وابەستەی پارە باشە بۆ ئابووریی سەرمایەداری، بەڵام بۆ خودی تاک و کۆمەڵگە باش نییە، چونکە تاک دەسوێ، هەر غار دەدات و هەر ناگاتێ.
بەپێی تیۆرەکە (لۆیس، ٢٠١٥)، ئەدەب جیهانێکی ئیستاتیکا و بێ کات نییە، بگرە وەک هەر مانیفێستۆیەکی تر، ئەدەبیش بەرهەمی دۆخی ئابووری/کۆمەڵایەتییە، بەرهەمی ئەو کات و شوێنەیە لێی دێتە نووسین، جا نووسەر ئاگای لێ بێت یان نا.
ڕەخنەدۆزانی مارکسیزم بە دوو شێوە دەڕواننە ئەدەب چونکە پێیان وایە ئەدەب ڕەنگدانەوەی دۆخەیلی مێژوویی و مەتریەلییە. یەک، کارە ئەدەبییەکە ڕەنگە پاڵپشتی ئەو ئادیۆلۆژییەی ئەم سەردەم بکات؛ دوو، ڕەنگە وا لە خوێنەر بکات ڕەخنە بگرێت لە ئایدیۆلۆژییەکە. زۆر تێکست هەن، هۆردووکیان دەکەن. بێ شک، ئەدەب هەڵگری ناوەڕۆکی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە، بەڵام مارکسییەکان فۆرمەکەی بە ئایدیۆلۆژیا دادەنێن، وەک فرۆمی ڕیالیزم، سوریالیزم، مۆدێرنیزم، هتد. لۆیس (٢٠١٥) دەڵێ ئەگەر ناوەڕۆک (چی)ی ئەدەب بێت، ئەوا فۆرمەکەی (چۆن)ەکەیەتی.
با بێینە سەر هەندێ لەو پرسیارانەی ڕەخنەدۆزانی مارکسیزم دەیکەین لەمەڕ دەقێکی ئەدەبی. لۆیس (٢٠١٥) دەڵێ ئەم پرسیارانە پوختەی تیۆری مارکسین لەمەڕ دەقێکی ئەدەبی:
١-ئایا دەقەکە پاڵپشتی بەهاگەلی سەرمایەداری، ئیمپریالی یان چینگەرایی دەکات؟ جا بە ئاگاییەوە بێ یان نا. ئەگەر پاڵپشتی هەر یەکێکیان بکات، ئەوە کارەکە کارنامەیەکی سەرمایەداری، ئیمپریالی یان چینگەرایی هەیە. ئیشی ڕەخنەدۆزە بێ ئەمە بخاتە ڕوو و ڕەخنەی لێ بگرێت.
٢-ئاخۆ کارەکە ڕەخنەیە لە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و چینگەرایی؟ چۆن کارەکە سەرکۆنەی ئەو سیستمانە دەکات؟ چۆن دژی هێزەیلی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتییە؟ ئەگەر کارەکە ڕەخنە بێت لە دژی ئەم سیستمانە، یان وامان لێ بکات ڕەخنەیان لێ بگرین، دەکرێ بڵێین کارەکە کارنامەیەکی مارکسی هەیە.
٣-ئایا کارەکە بە هەندێ سەر پاڵپشتی کارنامەی مارکسی دەکات و بە هەندێ سەریش پاڵپشتی سەرمایەداری و ئیمپریالی و چینگەرایی دەکات؟ ئەگەر وا بێت، دەکرێ بڵێین کارەکە ململانەی ئایدیۆلۆژی تێدایە.
٤- چۆن کارەکە ڕەنگدانەوەی باری ئابووری/کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەیە کارەکەی تێدا نووسراوە، یان ئەو سەردەمەی ناو ڕۆمانەکەیە، هەروەها ڕەنگدانەوەکان چیمان پێ دەڵێن لەبارەی مێژووی ململانەی چینەکان؟
٥-کارەکە بە چ شێوەیەک ڕەخنەیەکە لە دژی ئایینێکی ڕێکخراو؟ واتە، چۆن ئایین لە کارەکە وا لە کارەکتەرەکان دەکات بەرگەی سیستمی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتی بگرن و بێ دەنگ بن؟
مەرج نییە هەر پێنج پرسیار جێبەجێ بن لەسەر دەقێکی ئەدەبی. مەرجیش نییە ڕەخنەدۆز تەنێ ئەم پرسیارانە بکات. دەکرێ پرسیاری تر بوروژێنێت، بەپێی دەقەکە. مەرجیش نییە ڕەخنەدۆزان، کاتێ دەقێکی ئەدەبی بەپێی ئەم تیۆرە شی دەکەنەوە، هەمان بۆچوونیان هەبێت. دەشێ ڕا و خوێندنەوە و ڕەخنەی جیاوازیان هەبێت لەسەر دەقێکی ئەدەبی.

ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی مارکسیزم
ئایدیۆلۆژییەکان لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان

تاکگەرایی و بەکاربردن. لە لاپەڕە (٣٢)ی ڕۆمانەکەدا دیارە تاک ڕۆژانە چواردە سەعات ئیش دەکات. لە لاپەڕە (١٢)دا تاک بە ڕۆبۆتئاسا وەسف دەکرێت. بەهای مرۆڤی نێو مرۆڤی هەرزان، وەک تیۆری مارکسیزم دەڵێ، بەندە بەوەی تاک چەندی هەیە و ڕۆژانە چەند سەعات ئیش دەکات. تاک هێندە هیلاکە تام لە ژیانی ناکات، هەرچەندە هیچیان ئەمە بە گرفت نازانن، کارکردن وەک ڕۆبۆت بووەتە شتێکی باو. ئەمەش واتە سیستمی سەرمایەداری (کە بانک، کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانەکەیە، نوێنەرایەتیی دەکات) تاک بەکار دەبات بۆ مەرامی خۆی، بەرهەمی تاک ، وەک تیۆرەکە دەڵێت، بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەدارە، نەک خودی تاک یان کۆمەڵگە.
نیشتمانپەروەری. ڕۆمانەکە باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات. هاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکە خوێنەر دەزانێت لە ئێستەوە تا ٢١٠٠ چی ڕووی داوە. لێشاوی گەورەی کۆچ لە دەیەی ٢٠٢٠ و ٢٠٣٠ بۆ ئەوڕوپا؛ تەواوبوونی نەوت لە جیهان لە دەیەی ٢٠٤٠ و داڕمانی سروشت؛ ڕەشەکوژی لە دەیەی ٢٠٦٠؛ مردنی یەک ملیار مرۆڤ بەهۆی میشوولەیەکی کوشندە لە دەیەی ٢٠٧٠؛ زنجیرەیەک هێرشی گەورەی چەشنی یازدەی سێپتێمبەر لە دەیەی ٢٠٨٠؛ دەیان شەڕی تر تێیاندا بەس خەڵکی هەژار لەناو دەچن. کەواتە دەسەڵاتەیلی ئابووری/کۆمەڵایەتی/سیاسی هەردەم بەرنامەی هەیە بۆ بەکاربردنی هەژاران بۆ بەرژەوەندیی مەرامەکانی خۆیان. شێوازی بەکاربردنەکە لە ٢١٠٠ دەگۆڕێت. ئەگەر لە دەیەکانی پێشوو بۆ شەڕ خەڵكی هەژاریان بەکار بردبێت، ئەوا لە ٢١٠٠ خەڵكیان کردووەتە کۆیلەی بەرهەمەکانیان. کاتێ ڕۆمانەکە دەخوێنییەوە، دەبینی خەڵک چۆن بوونەتە کۆیلەی بەرهەمەکان (ئارگ، بۆردی هەوایی، سکرین، تۆپی بکوژ، بەرنامەیلی سۆفتوێر، هتد). بێرنی لومۆ، کارەکتەرێکی ڕۆمانەکە، دژی بەکۆیلەبوونی مرۆڤە لە بازنەی تەکنەلۆژیادا.
ئایین. بەپێی تیۆرەکە، ئایین لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکانە، تاک بێ دەنگ دەکات لە ئاستیان. بەڵام ئایین لە ڕۆمانەکە، لەسەر دەستی شووشە و ئیمام حەکیم، دەبێتە ئالییەتێک بۆ بەخەبەرهێنانەوەی مرۆڤ. ئایین لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکاندا نییە، بگرە لە دژیانە. لە لاپەڕە (٢٨)دا بانک دەپرسێت، “دەکرێ سەدەیەک بگەرێینەوە پاش بۆ . . . ئایین . . .؟” بەتەواوی دژی هەر بۆچوونێکی ئایینییە بۆ چارەسەری خۆکوشتن. بەڵام شووشە بیرۆکەکەی لە هەناوی ئایین و زانستدا دێنێتە ئارا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ.
ڕاستە تیۆرەکە دەڵێت ئایین خەڵک بێ دەنگ دەکات (هەرچەندە ئەگەر بێو سەیری خۆپێشاندانەکان بکەین لە دنیا، دەبینین چی تر وانییە)، بەس نەپڕژاوەتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی نەفس لە بەرانبەر ئارەزووەکان. ئایین لە ڕۆمانەکە باشترین ڕێی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەفس. لێرە دەبینین ڕۆمانەکە پێچەوانەی مارکسیزمە. بێ شک، سەرچاوەی هەموو کێشەکان (نەفس)ی بەڕەللایە. سیستمێک، ئایدیۆلۆژیایەک، فەلسەفەیەک، بەرنامەیەک، ڕێیەکم پێ بڵێ لە ئیسلام باشتر بێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەفس لە بەرانبەر ئارەزووەکان.
ئاخۆ ڕۆمانەکە ململانەی ئایدیۆلۆژی تێدایە؟
بەڵێ. ڕۆمانەکە لە یەک کاتدا ڕەخنە لە ئایین دەگرێت و پاڵپشتی ئایینیش دەکات. دەقەکە (میعراج)ی تەوزیف کردووە بۆ ڕەخنەگرتن لە هەندێ شتی باوی نێو ئایین، بۆ دروستکردنی پرسیار و گومان لە ئایین. کارەکتەری ئیمام، کە سەرۆکی فەتوای ئیسلامییە، پێمان دەڵێت مەرج نییە هەموو نوێژکەرێک بچێتە بەهەشت. هەروەها کارەکتەری مێتال، ناموسلمانە، پێمان دەڵێ مەرج نییە هەموو ناموسلمانێک بچێتە دۆزەخ. بەڵام پارادۆکسەکە لێرەدایە کە شووشە، موسلمانە و پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، بیرۆکەکەی تێکەڵەیەکە لە ئایینی ئیسلام و زانست بۆ چارەسەرکردنی خۆکوشتن. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە لاپەڕە (٤٣)ی ڕۆمانەکە:
“شووشه‌ كتێبه‌كانی فرانكلی خوێندووه‌ته‌وه‌، هی باوكی (لۆگۆسێره‌پی)ش، ئێدیت وێسكۆفجۆلسن. شووشه‌ پێی سەیرە ده‌سته‌ی لۆگۆسێره‌پیی زه‌وی ئه‌مه‌یان پشتگوێ خستووه‌. ئه‌و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ته‌واوی پشت به‌و فه‌یله‌سووفانه‌ ببه‌ستێ چونكه‌ شكستیان هێنا له‌ ڕزگاركردنی مرۆڤ، پێی وایه‌، ئه‌م خۆكوژییه‌ به‌ری ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌یه‌ چه‌ندان سه‌ته‌یه‌ مرۆڤ داژۆن. شووشه‌ زاناكانی ڕۆژئاوا ده‌تاسێنێت كاتێ ده‌ڵێت ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ مرۆڤیان گه‌وجاندووه‌، كاتێ ده‌ڵێت ده‌روونشیكاریی فڕۆید به‌ند بوو به‌ ئیڕاده‌ی خۆشییه‌وه‌، فه‌لسه‌فه‌ی ئادلێر پێوه‌ست بوو به‌ ئیڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات و گرنگبوونی تاكه‌وه‌، كانت و نیچه‌ و فۆكۆ و ماركس و ئه‌وانی تریش، پێش ئه‌وانیش ئه‌فلاتوون و سوقڕات و ئه‌رستۆ، هیچیان نه‌یانتوانی مرۆڤ ڕزگار بكه‌ن، ئه‌وانه‌ مرۆڤیان به‌ره‌و په‌ڕپووتیی ئه‌خلاق و پووچگه‌رایی برد.” .

کەواتە ڕۆمانەکە نەیتوانیوە خۆی لە ململانەی ئایدیۆلۆژیی ئایینی دەرباز بکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندی ئایینی و فیکریی ڕۆماننووس. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەمە بگەڕێوە سەر باسی یەکەم لەبارەی جێبەجێکردنی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری لەسەر مرۆڤی هەرزان، لە سەرەوە لینکەکەیم داناوە.
خێزان
بەپێی تیۆری مارکسیزم، دۆخی مەتریەل (پارە) کاریگەری هەیە لەسەر خێزان. لە ڕۆمانەکە، لە خێزانی (سامی سێڵ)ەوە تێدەگەین کە پەرستنی پارە لەلایەن سامی دەبێتە هۆی تێکدانی خێزانەکەی. تەنانەت ناوی باوکی سامی (سێڵ) واتە فرۆشتن بە ئینگلیزی، هەر بەڕاستی سامی هاوسەر و کچەکەی و دایکیشی هەڕاج دەکات لە پێناو ئیش و بەرژەوەندییەکانی.
لە خێزانی (بێرنی لومۆ)ەوە تێدەگەین پێکهێنانی خێزان هیچ بەهایەکی نەماوە. بێرنی ناهێڵێت منداڵیان ببێت، ئەویش بەهۆی ئە دۆخە مەتریەلەی لە ٢١٠٠دا هەیە کە ژیانی قورس کردووە بۆ تاک. لەبەرهەندێ خێزانی (بێرنی)یش تێک دەچێت.
با بێین ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان لە ژێر ئەم پرسیارەی تیۆرەکە ڕاڤە بکەین: ئاخۆ کارەکە ڕەخنەیە لە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و چینگەرایی؟ چۆن کارەکە سەرکۆنەی ئەو سیستمانە دەکات؟ چۆن دژی هێزەیلی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتییە؟
بەڵێ ڕۆمانەکە دژی ئەو سیستمانەیە و ڕەخنەیەکی توندە دژی بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤ، فێڵکردن لە تاک، دژی هەر دەسەڵاتێکی چەوسێنەرە. پەتای خۆکوشتن لە ڕۆمانەکە دەرهاویشتەی ئەو سیستمانەیە کە وا لە تاک دەکەن نەفسی بەڕەللا بێت. بانک، سیمبولی سەرمایەداری لە نێو ڕۆمانەکە، هانی خەڵك دەدات خۆیان بکوژن و دژی هەر چارەسەرێکیشە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ.
مادام وایە، با ئەو پرسیارە بکەین: ئایا ڕۆمانەکە کارنامەیەکی مارکسیزمی هەیە؟ نەخێر، لەبەرئەوەی شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دێ بە زانست و ئایین بیرۆکەکەی خۆی دەسەلمێنێت. لەسەرەوە باسم کردووە.
با ڕۆمانەکە لە ژێر هاوێنەی ئەم پرسیارە دابنێین: دەقەکە دژی ئایینە؟ نەخێر و بەڵێ. ئەم وەڵامە بەڵگەیە لەسەر ئاسێبوونی نووسەر لە ئایدیۆلۆژیای ئایین، کە لەسەرەوە باس کراوە.

سەرچاوە
Lois Tyson (2015). Critical Theory Today: A user-friendly guide. Routledge.




فەلەستینی ئازاد: یانی چی؟* مازن کەمالمازن.. و: زاهیر باهیر

ئازادیی بۆ فەلەستین!! کێ دەتوانێت بڵێ نا… تەنانەت مستەر بایدن-یش بە گوێرەی بۆچوونی تایببەتی خۆی ئەم داخوازییە پەسەنددەکات … بەڵام بۆچی بە تەنها بۆ فەلەستینییەکان؟ وەڵامی ئەوەش ئاسانە: چونکە خەڵکێکی سەرکوتکراون … بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە یانی چی؟ ئایە ئەمە یانی ئەوەی کە حوکمی خاكدەکات دەبێت فەلەسەتینییەکان بن نەك ئیسرائیل: حوکمڕانانی: پۆلیس ، پاسەوانی بەندیخانەکان، دادوەرەکان، لە سێدارەدەران، ئەوانەی کە گەمە بەڕای گشتی دەکەن، دەستەبژێرانی ئابووریناس و ئەوانەی لە بەشی داراییدا کاردەکەن….تد دەبێت فەلەستینی بن … ئەوەش ” دەسەڵاتێکی شەرعیانەیە” کە پەسەندی عەرەب بەسەر ” هاووڵاتیانی” دیکەدا دەکات، کە عەرەبن، بە تایبەتیش موسڵمانن، کە دەتوانن خراپەکاریی و کەڵەگایی بەسەر غەیرە-عەرەب و دراوسێیانی غەیرە موسڵمان یاخود تەماشاکەران، بکەن….
مرۆیانە نییە داوا لە فەلەستینییەکان بکەیت دوای چەند تەمەنێك کە خراپەیان بەرانبەر دەکرێت و تا ڕادەیەك لە لایەن هەموو کەسێکەوە یارییان پێدەکرێت، ئیتر جوولەکە یا موسڵمان بێت ، ئیسرئیلی یاخود عەرەب بێت، کە ئاوا بیرنەکەنەوە…
وەسفی تۆ بۆ ئەم بارودۆخە، دەکرێت ئازادیی بوونی دەوڵەت بێت ئەگەر تۆ یەكێك لە سوودمەندەکانی ڕێکخستنی نوێی بەرتەلەکان بیت. بەڵام ئەوانەی کە لە بەندیخانەکاندان، لە خانووە سەر بە پووش و لەوحگیراوەکانا دەژین ، لە جۆرەکانی کامپە زۆرەملێییەکانی وەکو خەستەخانەکانی نەخۆشی دەرونی و عەقڵیی، ئایا هەمان شتە یاخود خراپتر….؟
باوەڕت بێت یا نا، سەرکوتکردنی خەڵکی لە لایەن حەماسەوە خراپترە و زۆر دڕندانەتر لە هی ئیسرائیل…… فەلەستینیییەکان دەتوانن ناڕەزایی دژ بە سەرکوتکردنی ئیسرائیل بکەن، بەڵام نەك دژ بە حەماس .
پاش قوربانیدانی یەك ملیۆن کەس بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، وەکو گەنجێکی جەزائیری وتی، ئەم گەنجانەی جەزائیر زیاتر قوربانیدەدن بۆ دەربازبوون لە دەوڵەتە سەربەخۆیەکەیان، تاکو بگەنە خاکی سەرکوتکەرەکەی پێشتریان و دووبارە ببنە فەرەنسی.
ئەوە خاڵێکی کۆڵۆنالیزم نییە، خاڵێکی گەورەیە دژ بە دەوڵەتەکە، هەموو دەوڵەتەکان، هەموو جۆرەکانی ، لێگەڕێن با ” ئازاد” بێت یا نا، ” کۆڵۆنی” بێت یا نا ….
ئیسرائیل دەوڵەتی داگیرکەرە؟ کێ هەیە نکوڵی ئەوە بکات!!
بەڵام ئایا کەسێك دەتوانێت خەیاڵی ئەوە بکات یاخود ئەوە بلێت کە دەوڵەت داگیرکەر نییە، کۆڵۆنیال نییە؟ بی گومان دەتوانین ….. هەموو دەوڵەتە ” لاوازەکان” خۆیاندەپارێزن لە هێڕشکردنە سەر دراوسێکانیان و خۆیان دەگرن لە داگیرکردنی نەتەوەکانی دیکە کە دەتوانن سەرکەوتوانە بەرگری لە خۆیان بکەن …..بەڵام بۆ بەدبەختی کەسێك ناتوانێت بڵیت و دڵنیابێت کاتێك کە بەهێزتر دەبن لە دراوسێکانیان، چۆن ڕەفتاردەکەن……کێ دەتوانیت دڵنیابێت لەوەی پیاوانی دەوڵەتی ئازادی فەلەستین، یاخود جێنراڵەکان هەوڵی داگیرکردنی درواسێیانی عەرەب و غەیرەعەرەب، ئەگەر بتوانێت، نادات.
لە وشەیەکدا: دەوڵەتی فەلەستینی یانی ئازادیی نییە، تەنانەت خۆشگوزەرانی باشتریش نە بۆ فەلەستینییەکان، هەتا بۆ دراوسێکانی هەموو کەسی دیکە، نییە ….
دواوشە بۆ خەڵکانی گەنج کە عاشقی نەژاد، نەتەوە، دین …تد ی دایك و باوك و باپیرانیانن و ئاوا بیردەکەنەوە کە باشترە لە وانی دیکە و شایستەی سەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنی هەموو کەسێکی دیکەن، تۆ زۆر ئەلتەرناتیڤی گونجاوت هەیە کە لێیان هەڵبژێریت، بەڵام ئەنارکیزم یەکێك نییە لەوانە!!!
مازن کەمالمازن

  • – ئەمە وتارێکی مازن کەمالمازنە، ئەنارکیستێکی چالاکی سوریایە کە سەبارەت بەم شەڕەی دوایی لە نێوانی فەلستینییەکان و ئیسرائیلد لە 06/05/21 ڕوویدا، نوسیوێتی. منیش بە هۆی بەهێزیی و باشی وتارەکەوە لە ئینگلیزییەوە کردومە بە کوردی.

24/05/2021
و: زاهیر باهیر




بەسەرکردنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی قسمەت.. شەماڵ بارەوانی

یەکەم دیمەنی ڕۆمانی”قسمەت” بەوە دەست پێدەکات
“هەندێک لەو کەسانەی لەو کافێیەی نزیک ئەو شوێنەی کە قسمەت خۆکوژ”انتحار”ی تێدا دەکات. دەیگێڕنەوە کە” شەو بوو. قسمەت بەخۆیی و منداڵێکی تەمەن دووساڵانەو دانەیەکیری شیرەخۆرەوە بەخێرایی بەرەو ئاڕاستەی ڕووبارەکە نزیک بوویەوەو نەعلەکانی و دوواتر ئەو ماکسیەکەی بەری داکەندن و سکەکەی کە دووگیانی پێوەدیاربوو وەدەرکەوت. منداڵە شیرە خۆرەکەو ئینجا ئەوەی دوو ساڵانە و پاشان خۆیشی خستە ناو ڕووبارەکەوە”.
قسمەت
کەنووسەر ڕۆمانەکەی بەناوی ئەمەوە ناوناوەو لەسەرەتای چیرۆکی ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئامادەگی و ناو وجودی دەبێت،
ئەو ژنێکی کوردی فەیلیە. بەو چەشنە شەوێک بڕیار دەدات کۆتایی بەژیانی خۆی بنێت ، بڕیارە مەترسیناک و هەڵەکەی دەکاتە کردار و کچەکەتەمەن دووساڵ و منداڵە شیرەخۆرەکەیشی لەسەر پردی دیجلە داوێتە ناو ڕووباری دیجلەو دواتر خۆیشی دەهاوێژێتە ناو ئاوەکەوە،

ڕۆمانی “قسمەت”. ڕۆمانێکی تری ژنە نووسەری عێراقی”حەورا ئەلنیداوی”ە، یەکەم چاپی لەساڵی٢٠١٨ لێ بڵاو بووەوە.نووسەر ڕۆمانەکەی بەسەر سێ بەش دابەشکردووەو چیروکی ژیانی ژیانی خانەوادەیەکی کوردی فەیلی تێدا باس دەکات و لە مێژووی ژیانی عێراق دەدوێت لەساڵی١٩٥٠،تاوەکو٢٠٠٩.
ئەو خانەوادە کوردە فەیلیە، کە لەساڵی١٨٧٣ لە هەرێمی لۆرستان لەترسی والی ڕایانکردووەو له بەغدا گیرساونەتەوە. پێشەوەی ڕەزا شای پەهلەوی بێت و ئەو هەرێمە بخاتە ژێر حوکمڕانی خۆی وبیخانە سەر ئێران و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە نەتەوییە کوردیەکەی و سیمای کوردبوونی هەرێمەکە بدات و بە پارسی و ئێرانی بوونی بکات.

خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، ئازار و موعاناتی کوردە فەیلیەکانی دەبینێت، کە چ شێوازێکی هۆڤانەو نامرۆڤانە لەلایان بەعسیزمەوە ڕوو بەڕووی چەوسانەوەو ئیبادەو ڕەشبگیری و مەرگ و دەربەری دەبنەوە.
کوردە فەیلیەکان لە سەردەمی بەعسیەکان و لەلایان ئەحمەد حەسەن بەکرو دواتر سەدامی گۆڕ بەگۆڕ توشی چەوسانەوەو ڕاوەدوونانێکی زۆر هەمەجیانەو کوشتن و عیدام کردن و دەرکرد بوون، لەساڵی١٩٧٠ ئەو کاتەی بەعیسەکان حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد، تاوەکو ٢٠٠٣و کاتی ڕوخانیان، دەیان هەڵمەتی پاکتاوی و چەوسانەوەو لەناو بردنی کوردانی فەیلیان ئەنجامداو ناچاریان کردن وڵات جێ بێڵن و بەزۆری و لەژێر فشار و تیرۆر و تۆقاندندا . له زێدی ڕەسەنی باو باپیرانیان دووریان دەخستنەوەو حزبی بەعس بڕیاری بێ بەشکردنی کوردە فەیلیەکانی لەناسنامەی عێراقی بوون دەرکرد و بە ئیێرانی هەژماری کردن و بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراوانەو هۆڤانە کەوتە کوشتن و عیدام کردنی کوردە فەیلیەکان،
لەشارەکانی بەغداو خانەقین لە١٩٧٩ دوای ئەو دوو شارە ، ئەو ڕەشبگیری و هەڵمەتە بەربەرییەی گواستەوە بۆ شارەکانی تریش و لە دەرەنجامی ئەو کارە وەحشیگەرانەی بەعسیە فاشییەکاندا ٣٥٠کوردی فەیلی ئاوارەی ئێران بوون و زیاتر لە پانزە هەزاریشیان ون و بێ سەرو شوێن بوون و حزبی بەعسی عەرەبی کۆکوژو ئیبادەی کردن و تەنانەت تا ئێستا تەرمەکانیشان نەدۆزراوەتەوە.”ساڵی ١٩٨٠زۆرترین ڕاوەدوونان و دەرکردن تێیدا ڕوویدا، ئەو ڕاوادوونانەی لەساڵی١٩٧٥، لەسەردەمی سەرۆکی ئەوساتە”ئەحمەد حەسەن بەکر”دەستی پێکرد…دواتر سەتان خانەوادەی عێراقی کۆکرانەوەو دەکران و نێردرانە سنووری ئێرانەوە بە بیانووی تەبعیەت و لایانگری ئێران… بەڵام من نەم دەتوانی لەوە تێبگەم بۆچی ئێمە ئێرانین خۆ ئێمە پێش هەموو شتێک کوردین، ئەگەر هاوڵاتی عێراقیش نەبین سەرەڕای ئەوەی هەموو ژیانی خۆمان وا بەڕێکرد بەڵام بەڵگە چییە لەسەر ئێرانی بوونی ئێمە ئەو ئێرانەی هەرگیز پێشەوەی لەڕۆژێکی ساردو سڕی بەفراوی زستاندا بمانترەنجێننە سنورەکانی و بە خۆخشکەبمان خزێننە ناوییەوە نەمان بینی بوو”.

بەو چەشنەی کوردەکان ڕووبەڕووی هەڵمەتی کوشتن و ڕاوەدوونان و زەوتکردنی ناسنامەدەبنەوە.
لەوڵاتێک لەوەتەی درووست بوونییەوە کورد دەچەوسێنێتەوەو هەوڵی سڕینەوەی کورد بوونی دەدات و کورد بوون وەک تاوانێک سەیری دەکات و بەردەوام گەورەو بچوک و جەوان و دان عەمرو ژن پیاو منداڵ و تاکی کورد دەکات بە سوتەمەنی و قوربانی ئەژدەهای بیری عروبەی شۆڤێنی و ڕەگەز پەرست و لەسەر نیشتمانی ڕەسەنی خۆت. داگیرکەرانی و مێژوو و خاک و کلتورت. دەرت دەکەن و دەتکەن بە پەناهەندەو سەرگەردان و پەرش و بڵاوی دنیات دەکەن و وەک ئاژەڵێک دەت ئاخنە ناو پاشەوەی ئۆتۆمبیل و ڕادەستی چارەنوسێکی نادیارو دێوەزمەیەکی دڵ ڕەق و سنوورێکی مین ڕێژکراو بە بۆمب و مەرگت دەکەت و بە غەریبی و نامۆییت دەسپێرن “لەو شوێنەی کە یەکەم وێستگەی ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچکردن مان بوو،ئەفسەرو سەربازە دڵ ڕەقەکانی ڕژێمی بەعس کۆیان کردینەوەو دەیان بێ ڕێزی و جوێنی ڕەگەز پەرستانەیان ئاڕاستەکردین و هەندێک لەخانەوادەکان به جڵی نووستنەوە هێنرابوون بۆ ئەو شوێنەو کچێک بەجڵی خەوتنەوەبوو، جڵێکی نیمچە ڕووت و هەموو ئەعزای بەدەنی بەدەرەوەبوو… یەکێک لەژنەکان سەرپۆشەکەی خۆی وێ دا تاوەکو جەستەکەی خۆی داپۆشێت و لەسەرنجەکان بەدووری بگرێت. لەوانەیە ئەوە دووایین شێوازی پۆشینی ئەو شێوازەی جڵ و بەرگ بێت بەو شێوازە ورووژێنەرو و پاژنەی پێڵاوەکانی بەرزبێت ئیتر دوای ئەوەی دەگەین بە ئێران. لەوێ بەشێوەیەکی ڕەهاو بەپێی یاسای مەزەبی لەچک و باڵا پۆشی بەسەر ژن و کچەکاندا دەسەپێندرێت…لەسای یاسای باڵاپۆشی زۆرداری و ناچارکردنی ژن و کچەکان . لە ئێران ژن و کچەکان بوێری ئەوەیان نەدەکرد بەشێکی قژیشیان دەرخەن وەک دوایی دەبینن چۆن ژنەکان جاڕی یاخی بوون و پێ گیری نەکردن دەدەن لەدژی ئەو حوکم و یاسایەی بەزۆر سەپاندنی باڵاپۆشی و لەچکی کۆماری ئیسلامی ئێران…

بەو شێوەیە دەستیان کرد بە دەرهێنانی یەکە یەکە لەخانەوادەکانمان و پاشان فەرمانیان کردین سواری پاشەوەی پیکابەکان بین. کە پێشووتر بۆمان ئامادەکرابوون…لەگەڵ کۆتایی کاژێرەکانی بەیانی گەیشتینە ئەو خاڵەی ئەوان دەیان وییست.ئەفسەرەکانی ئەمن و ڕژێمی بەعس دابەزین…ڕووی چەکەکانیان ئاڕاستەکردین… یەکێک لە ئەفسەرەکان گوڕاندی و بەدەست ئاماژەی کرد:
ئەو چیایە لەوێ دەبینن، بڕۆن تێی بپەڕێنن و لەو دیوی دەگەن بە خومەینی و ئەو چاوەڕێتانە…ئێمەیان لەسەر سنوور بە بێ حاڵ و ماڵی و سەرگەردانی لەناو کەڵبەی موشەک و مین و برسیەتی و ساردی جێ هێشت…
هەزاران مرۆڤی بەتەمەن و ژن و منداڵ لەو کۆچ و دەرکردنەدا. زۆربەی لەڕێگە بوونە قوربانی بێ ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێ، تەنها ئەو ڕێکەوتە بایۆلۆجیە نەفرەتیە نەبێ کە لەدەرەنجامی دا بەکوردی فەیلی لەدایک بوون”.
ئەو ڕێژێمە دڕندە شۆڤێنیەی بەعس تەڕ و وشک یپێکەوە دەسوتان و ڕەش و سپی پارێزراو نەبوون لەدەست دەسەڵاتە دڕندەییەکەی و هەر کەسێک بە پێی ئایدۆلۆجیا عروبە ڕەگەزپەرستیەکەی بەعسیزم نەجوڵابایەوەو بەعسیەتی نەکردبا بە ڕێباز و ئەقیدە،هەمان چارەنووسی کوردی دەبوو و مردن و دەرکردن و تراژیدیا چاوەڕێی دەکرد” دەرکراوان هەموو کوردانی فەیلی نەبوون. تەنانەت زۆربەی بە بنەچە ئێرانیش نەبوون وەک ئەوەی حکومەتی عێراقی بانگەشەی دەکرد و زۆرێکیان خانەوادەی بە بنەچە عەرەبی بوون و ڕژێمی بەعس دەیویست بەهەر هۆکارێک لە هۆکارەکان لێیان ڕزگاری بێت”.
ئەرێ بۆچی دەبێ لەسەر بیرو باوەڕو ناسنامەی کورد بوونت ڕووبەڕووی جینۆسایدو تەرحیل و ڕاگواستن و کوشتن ببیتەوە؟
بۆچی دەبێ بەو شێوە دڕندەییە کورد لەناسنامەی هاوڵاتی بوونی بێبەشکرێت و نەتەوەیتر خۆی لێ بکات بەسەردار و کوردی تەنها وەک پاشکۆو خزمەتکارو سێبەرو جاشی فیکرەی عروبەو عەرەبە شۆڤێییەکان قبوڵ بێت و هەر کوردێک بڵێ نەخێر من کوردم و کولتور مێژوو و فەرهەنگ و هەموو شتێکم لەهی عەرەب جیاوازەو ئەو کاتەی من لەسەر ئەو خاکە دەژیام و خاوەن خاک وماڵ بووم کە پێی دەڵێن عێراق ، حوشترێکی عەرەبیش لێ نەبوو و ئێرە هەزاران ساڵە کوردی لێ دەژیت و ماڵی کوردەو عەرەب بەشێوەی شەڕو داگیرکاری و کۆچەری و لێقەوماوی و چەندین شێوەو سیاسەتی ترەوە هاتوون و ئەوڕۆ خۆیان کردووە بە خاوەن ماڵ و کوردیش بە میوانێکی ڕەزاگران یا خود بێگانەیەکی نەخوازرا!!”بۆچی دەبێ کەسیکیتر بڕیار لەبارەی شێوەو ڕووی نیشتمانم بدات؟ چۆن ئەو دەسەڵاتەی بۆ پەیدا بوو من لە نیشتمانەکەی دابڕنێت…کاتێک منیان لەڕەگی خۆم دەرەهێناو فڕێی کەناری غوربەتیان دام و لەناسنامەو تەمەنی خۆمیان داچۆڕاندم، کفرم کرد بە هەموو مێژووەکەیان،سنوورەکەیان، ئنتیماو شانازییە پڕو پۆچەکانیان ، ئەو دیکتاتۆرە دڵڕەقانە ئێمەیان بەتەواوی فەرامۆش کرد. لەڕاستی دا من خودی نیشتمانم کە لەسەر دوو پێیەکانی دەڕوات”.

بەوچشنە کورد لەناو ئەو وڵاتەی پێی دەڵێن عێراق جگە لە دەرکرن وزەوتکردنی ماف و لێسەندنەوەی ناسنامەو ماڵوێرانی و ئەنفال و هۆڵۆکست هیچیتری نەبینیوەو
دواجارو لەساڵی ٢٠١١لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتەی تائێستاش دەمان چەسێنێتەوەو ماف و کەرامەت و خاکمان پێشێل دەکات، دان بەوەداندرا کە لەسایەی ئەو عێراق و سەدام و بەعسی عەرەبی شۆڤێنییەوە لەساڵی١٩٨٠دا کوردانی فەیلی لەلایان حزبی بەعسەوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و کۆمەڵکوژی بوونەتەوەو کۆکوژکراوان.

ڕۆمانی قسمەت، چیرۆکێکی ئەفسانەیی یاخود حەکایەتێکی خەیاڵی وفەنتەزی نییە و نووسەر لەخەیاڵی خۆیەوە دایڕشتبێت و هۆنیبێتەوە، ڕاستە هەموو داستان و ڕۆمان و چیڕۆکێک هەرچەند واقعی بێت و حەقیقەتێکی بۆ هەبێت، بێ گومان نووسەر خەیاڵ ئاوێتەی چیرۆک و گێڕانەوەکان دەکات، نووسەری”قسمەت”یش بەتێکەڵکردنی فەنتاز بەمەبەستی تەشویق و زیاتر ڕازانەوەو ڕەونەقدارکردنی گێڕانەوەکەو بەتام کردنی چیرۆک و ڕووداوەکان ئەو شێوازی ئاوێتەکردن و تێکەهەڵکێشکردنی فانتازیاو واقع. هەرئەو تایبەت مەندی و شێوازەیشە کە نووسینێکی ئەدەبی لەگێڕانەوەیەکی مێژوویی وشک و ڕووت و بێ گیان جیا دەکاتەوە.

خاتوونە نووسەر ئەوەی باسی دەکات مێژوو و ڕووداو چیڕۆکی ڕاستەقینەی ژیانی هەموو کوردانی فەیلیە،کە بەدەست ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر، دەیان تاڵی و ناسۆری و دەربەری و چەوسانەوەو تراژدیایان چەشتووە،
نووسەر لە گێڕانەوەی چیڕۆکی ڕۆمانەکەیی و لە داڕشتن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان پشتی بە ڕووداوەکانی مێژوو و ئەو نووسین و بابەتانەوە بەستووە کە لەسەر ئەو تراژدیاو چەوسانەو دەرکردن و کۆکوژییەی کوردە فەیلیەکان نووسراون و لە پەرتۆک و گۆڤار و ڕۆژنامەو سایتە ئەلیکترۆنیەکان بڵاو کراونەتەوەو بۆ ئەو مەبەستەیش سەردانی گەڵێ شوێنی کردووە تازانیاری زێدەتر لەو بارەیەوە کۆبکاتەوەو لە ڕۆمانەکەی پشتیان پێ ببەستێت و بابەتەکەی پشت ئەستوورترو دەوڵەمەندتر بکات و دووای ماندووبوون و هەوڵ و شەو نخوونی و گەڕانێکی زۆر. لەکۆتاییدا ئەو کارە ئەدەبییە ناوازەیەو ئەو داهێنانە مەزنەی خۆیمان لەدوو توێی شاکارێکی ئەدەبی و لەژێر ناونیشانی” قسمەت”وە پێشکێش بکات و خەرمانەیەکی تری ئەدەبی جیاواز بخاتە سەر کتێبخانەی مرۆڤایەتی و بۆ دنیای نووسین و ڕۆشنبیری بسەلمێنێت کە ئەو وەک ژنێک هیچی لە پیاو کەمتر نییەو خاوەنی بەهرەیەکی بەرزی نووسین و داهێنانی ئەدەبییەو شایەنە پێی گوترێت ژنە داهێنەرو نووسەر و پێنووسە بەویژدان و سەرکەوتوو و لێهاتووەکە.

چیرۆکی ڕۆمانەکە باسکردنە لەخانەوادەیەکی کوردی فەیلی، نووسەر لەڕێگەی چیرۆکی ئەو خانەوادە کوردە فەیلیە باس لە کۆچکردن و کێشەی ناسنامەو هەموو ئەو ئازارو نەهامەتیانە دەکات کە کوردانی فەیلی ڕوو بەڕووی دەبنەوە.

قسمەت
چیرۆکی چارەنووس و دەربەدەری و تراژیدیاکانی کوردانی فەیلیە.
داستانی تراژیدیای نەتەوەیەکە”کوردانی فەیلی”لەسەر دەستی عەرەبە ڕەگەز پەرست و شۆڤینییەکان تووشی پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوەی ناسنامەدەبن.

قسمەت.
تراژیدی نامەیە، ڕۆمانێکی ئەنترۆپۆلۆجیە،
نووسەر بەوردی باس لە نەهامەتی و ئازارو ناڵەو ڕاوەدوونان و کۆمەڵکوژکردن و کۆچکردن و
ناسنامەو ژیانی ڕۆژانەو زمان و یادگەی چیایی و بنەچەو کولتورە کوردەوارییە ڕەسەنەکەی کوردانی فەیلی دەکات .

خانەوادەی “مەلا غولام عەلی ڕەحیم”کوردی فەیلی شیعە مەزەبە لەماڵێکدا دەژین لە گەڕەکی”الدهانة”. لە بەغدای پایتەخت، پێشووتر ماڵە جوێک پێش کۆچکردنیان لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ وڵاتی ئیسرائیل تێیدا نیشتەجێ بوونە،
ئەو گەڕەکەی پێشەوەی عەرەبی هاوردە ڕووی لێ بکەن و تێیدا ئاکنجی بن، لەکۆنەوە زۆربەی دانیشتوانەکەی جوو کریستیان بوون.
چیرۆکی چارەنووسی خانەوادەی مەلا زۆر لە چیرۆکی چارەنووسی ئەو خانەوادە جووە دەکات کە پێشووتر لەو خانووەدا ژیاون. ئەو خانەوادە فەیلیە کوردە هەمان شێوەی سەتان و هەزاران خانەوادەی تری کوردی فەیلی لەلایان حزبی بەعسی دیکتاتۆر و فاشیست دەچەوسێندرێنەوەو ناسنامەیان لێ دەسەندرێتەوەو دەربەدەرو ئاوارە دەکرێن، بە پاساوی لایانگریان بۆ ئێران، ئەوە چارەنووسی کورد بووە بە درێژایی مێژووی درووست بوونی ئەو دەوڵەتەی پێی دەلێن عێراق، هەموو سەرۆک و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی لە یەکەم پاشاوە، تا ئێستاکێ هەچی لەدەستیان هاتبێ و بۆیان چووبێتە سەرو گونجاو بووبێ درێخی و کەم تەرخەمیان نەکردووە لە داگیرکردنی خاکی کورد وسڕینەوەی ناسنامەکەیی و دەست بەسەرداگردتنی ئازادی و مافەکانی و شێواندنی زمان و کەلتور و مێژووەکەی و ئەنجام دانی تاوانی جینۆسایدو کۆکوژی و کیمیاباران و ئەنفال و خاپوورکردنی هەزاران دێهات و بۆردوومانکردنی شارەکانی و دەربەدەرکردنی کورد. هەکامیان هاتبێتە سەرحوکم و جڵەوی حوکمڕانی گرتبێتە دەست و بۆی لوابێ، سەلماندوویەتی کە سەدامێکی تەمام عەیارە لەفاشییەت و ڕەگەز پەرستی و پێڕەوکردن لەسیاسەتی پاکتاوکردن و تەعریب کردن و کوشتن و سڕینەوەی کورد،شیعە و سونە، ڕاست و چەپ و نەتەوەگەراو ئیسلام گەرا و لائیک و عیلمانی و -مەزەبی و عەدەمی، کۆماری و پاشایەتی، هەموویان لەبەرامبەر کورددا یەک ئەقڵیەت و کۆمەڵێک دەم و چاوی جۆراو جۆر و سیاسەت نەگۆڕن.

ئەو وڵاتەی لەوەتەی لەدایک بووەو هاتوەتە بوون هەر دەڵێی زەویەکەی بە نەفرینی ئاسمان کەوتووەو ئەهریمەنی شەڕانگێزی بەڵێنی داوە کە هەرگیز دەرفەت نەدات ئاشتی و ئاساییش بەخۆیەوە ببینێت و لەچنگ کەڵبەی دێوەزمەی جەنگی مەزەبی و تائیفی و گروپە ڕەگەز پەرست توندڕۆ و میلیشیاکان و کێشەی تیرۆر و کوشتن و بێ دادی و گەندەڵی و قەیران قورتاری نەبێت و تارمایی تاریکی و فەوزاو و کێشەو ناکۆکییەکان یەخەی ئاسمانەکەی بەرنەدەن و ژیان تێیدا هەموو دەم بە تونێڵێکی ڕەش و تاریک و تابڵۆیەکی خوێناوی داپۆشرابێت.
خانەوادەکەی مەلا غولام جارێک لەسەر مەزەبی بوون و هەزار جار لەپێناو کوردبوونەکەیان.ڕووبەڕووی ئەو هەموو تراژدیدیاو کارەساتە دەبنەوە، ڕاستەغولام کوردێکی مەزەو شیعەیە وەلێ ئەو زۆر پابەندی و مەزەب و ئاییندارییەوە نییە” ئەو لەگەڵ ئەوەی زۆر ئاییندار نەبوو و هێندێک جار نوێژی دەکرد وهەندێک جاریش نەیدەکرد…بەڵام ئەو پێشەواکانی خۆش دەویست و بڕوای وابوو کە زەوی عێراق پیرۆزە بۆخۆی و نەوەکانی چونکوو ئەولیاکانی خوای تێدا نێژراوە، ئەو هەرکاتێک هەستی بە ناڕەحەتی بکردبا سەردانی نەجەف یاخود کەربەلای دەکرد بۆ سەردانی کردنی ئەو کەسانەی کە ئەو بڕوای وابوو ئەوان واسیتەکار و نێوانکاری نێوان ئەم و خوان، تەنانەت سووربوو لەسەر سەردانی کردنی موسای کازم کاتێک دەرفەتی بۆ بگونجابوایە”

خانەوادەی مەلا غولام عەلی.
دوای دەرکردن و کۆچکردنیان لەنێوان سنووری عێراق-ئێراندا دەگیرسێنەوە، مەلا غولام بو یەکەم جار هەستکرد بە نامۆیی دایدەگرێت و هەستی ئەوەی لا درووست دەبێت، کە ئەو بێگانەو خەڵکی سەر ئەو هاسەرەیە نییە، عێراقی فەوزاو تیرۆر و چەوسانەوەو فاشییەت دەریان دەکەن و ناسنامەیان لێ دەسەننەوە بە پاساوی لایانگریان بۆ ئێران، ئێرانی کۆماری پەتی سێدارەو کوردکوژی و مەزەبی و مەلالی ئاخوندەکانیش ڕەتی دەکەنەوە لەخۆیان بگرن و ڕەگەزنامە بەخۆی و خانەوادەکەی ببەخشن بە بیانووی عێراقی بوون و ئێرانی نەبوونیان.

چەند دێڕێک لەبارەی نووسەرەوە.
حەوراءئەلنەداوی نووسەرو ڕۆماننوسێکی بەڕەگەز عێراقیەو لەوڵاتی دانیمارک پێگەیشتتوەو ئێستا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەژیت، لە ئۆگۆستسی ساڵی١٩٨٤لە بەغدا لە دایک بووەو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ “نەشئەت ئەکرەم”ی یاریزانی عێراقی پێکهێناوە.
لەپاڵ ڕۆمانی قسمەت،نووسەر خاوەنی ڕۆمانی”تحت سماء كوبنهاغن”ە.کەیەکەم چاپی لە ساڵی٢٠١٠لێ دەرچوو.

……شەماڵ بارەوانی




دیالۆگی لابردنی ماسکەکان یاھاتن بە ماسکەوە.. بەرزان بابەشیخ

( نۆێژی ئە دیب ئافراندنی جووانیە
لە سەر زبڵخانی ناشرینە کانی دوونیاو و دواتر داڕووخان و بونیات نان یانی لە ئافراندا ململانێ دە گە ڵ خودا دە کات )
لە تە واوی رۆژانی ڤیستیڤالی ئە مجارە ی گلاوێژ .
خە لک کە متر لە ئاست پە تای ناو براو ماسکیان پۆشیبوو . بە لام ،چ خاوەن بە رھە مە کان چ رەخنە گرانی ئە م کە رنە ڤالە گە ر سرنجت دابایەزیاتر بە ئاکارو ئاماژە ی دەسە لات و ئیدۆلۆژیکی بازارانەی دوونیا بە رھە م و رە خنە کانیان دە گێرایە وە .
بە رھە م گە لێک بۆ فرۆشتن ،بە رھە م گە لێک بۆ ئالوگۆرێکی ئابووری کورت .
چونکە ھیچ لە بە رھە مە کان وە ک بڵێی بۆ دەروونی خە لک و ،بۆ بە رزکردنە وەی ئاستی چۆنیە تی ئە دە ب و کلتور نە ھاتبووە نووسین .
بە رھە م گە لێک لە دەمی موداخە لە ی د کتورێکی پسپۆری داواتکراوو ، ووتی ئە م بە رھە مانە زیاتر وەک موحازەرەی وانە یە ک دە چن کە بۆ پۆلە کانی ناوەندی ئامادە کرا بێ ؛نە ک ناوەندێکی نێو دە و لە تی وەک گە لاوێژ .
دواتر بە وولام ، بە م کە مایە تیە سەرۆکی گلاوێژ ، وەک پە ردە پۆشینێک چە ند بیانوویە کی ھێنایە وە .
کە بۆ زۆرێک جێ ی قبول نە بوو. گووایە ئە م ڤیسیڤاڵە بۆ پێگە یاندنی نووسەرو ئە دیبە !!!!!
دوواتر ووتارێک لە ئاوروپاوە بە ئۆنلاین پە خش کرا. دوورو نزیک خۆی لە قەرەی باسێک دە دا بە ناوی تئوری رە خنە لە ئە دە بیاتە ؛
کە زیاتر ووتارێک بوو زیاتر بە دوەوری باسە کە دا دە خولاێە وە بێ ئە وەی جۆرەکانی تئوری ،کە بە پێ ی ئیدیلۆژیک و ،ھە لدانی شاخە کانی ئە دەبیات باس بکات .تئوریە ک لە رە خنە ی گێڕایە وەکە بێ دایک و باوک بێ .
پسپۆرێکی تر ئە وەی لە سەر ستەیچ تەرحی کرد تەنھا شیوازێکی ئە کادیمی لە شێوەی نوسینیک بوو بۆ نووسین .
کە ھیچ نرخێکی بۆ جێپە نجە ی چە پە کان ،لە ئێران نەرخاند .
بە لام دوای دابەزینی لە سەر ستە یچ؛ تە نھا بۆ من چونکە بەرگریم لە چە پ بە گشتی و لە چە پی ئێران کرد ،وە ک جێ پە نجە یان لە بوواری ئە دە ب و رەخنە ی ئە دە بی .
دوای لێ بووردنی کرد کە ئە م ھێلی سووری بۆ دانراوە . ھە رچی بە کوردە کان دە گە رێتە وە ، سەرەتای باسە کانیان یانی پێشە کی باسە کەھە موو ووتارە کە یان بوو .
جە وھەری باسە کان بە یە ک دە قە دەووترا ھە ندێکش ، بە سیڤی خۆی .
ژنێکی خانە قینی بوو باسە کە ی بێ باسکردن تە رح کرد . ئە وەی دە گە رێتە وە بە گشتی بۆ شعرو چیرۆکە کان نە ک خە سلە تی ئە دەبیان تێدا نە بوو خە سلە تی جە وھە ریشیان پووچ گە رایی و داتە پینی قیمە کان بوو .
ئە م فیستڤالە زیاتر لە خۆ نواندنێکی شکلیانە دە چوو وەک ئە وەی خە می ئە دە ب و خە می کلتورو خە می جە وھەری ئینسانیان بێ . لە راستیدا دیالۆگی گە مە و دیالۆگی ماسکە کان و بێنرخ کردنی ئە دە ب و بێنرخ کردنی ئینسان بوو وەک ئە وەی دیالۆگی لابردنی ماسکە کان بێ .
ھاو تە ریب لە بە کالا بوونی ئینسان . بە داخە وە کالای سووک لە ئە دە ب لێرە دا بە کڕین ھاتبوو .
رەخنە گرە کانیش یە ک دوو کە س نە بێ ئە ینا ئە وانی تر وەک خۆ دەرخستن ، یان وە ک مە نۆلۆژێکی ناوەوەی خۆ ی بۆ درمە دەروونیە کانی ئاڵکا بوو بوو نە ئە م کە رنە ڤالی ماسکە وە .
بە داخە وە ئنگلس سەرەرای ئە وەی وەک خۆی دە لێ بە لزاک پادشاگە رایی بوو لە سیاسە ت دا ، کاسۆلۆکی بوو لە بڕواداریدا ؛ بە لام لە ئە دە بە کیدا بێ ئە ملاو ئە ولا ئاگای بە بە شەرییە ت دا لە وەی ئە وچینە زۆردارە لە سەرو بە ندی رووخانێتی .
ئە مانیش سەر باری ئە و ئیدە و بڕوایانە ی کە ھە یانە سەرفی نە زەر لێ ی بە لام تێکرا ؛
فەریکە ووتاروو ،فە ریکە ئە دە بیات بوو . وەک ئە وەی وەک بە لزاکێکی بۆرژوازی خۆ بنوێنن .
ئە مان لە نووسینە کانیاندا ئازادی یە کی لێ ووردبوونە وەیان بوو وەک لە وەی ئازادیە کی تێکە ڵ بە بزووتنە وە چالاکە کان یانی ئازادیە ک لە سەرووی ئینسانە وە وەک ئەوەی تێکڕا نە وەی بۆرژوازیەکی گۆج و مۆدرنێزم بن . لە راستی دا ئە رکی ئە دە ب و ڕەخنە ی .
وەک گۆرکی دە لێ / ئە وە یە تا ئینسان لە خۆی بگا، ئاماژە شاراوەکانی چاکە ی خۆی پێ ئاشنا بکات ، به ره ئاسۆی فە زیلەت گە شە بکات غە زەبی پر بێ دژ بە ھێزی شەڕ و پریبکا لە ئازایەتی و جووانی دواتر ئەوەندەی پێ ی دە کرێ خە لک بە ژیان خوش باوەر بکا یانی ژیان بنوێنێ و لە ھە مان دە مدا حکومرانی بکا نە ک برواتە سنوری دوونیایە کی دەستکردی خۆی بە لکو بە ھایە ک بروخێنی و بە ھایە کی تر دروست بکات ئە دەب کارێکی ئافریدە دەرانە یە دواتر نوسەر کارێک دە کا جارێک وە ک ئینسان جارێکی تر وەک ئافریدەدەرێکی جووانی لە م دیالۆگە ی گلاوێژ دووشت بە رۆشنی خۆی دە نوواند وابە ستە ی نزیک بەتە واوی ، نوسەرانی داوات کراو بە مۆدرێنیزمە و بە بازاڕەوە . دواتر جە ھلی وەرگریش .

٢٨/٥/٢٠٢١
سلێمانی
برزان بابە شیخ




گوزەرێک بە ئەوینی تۆدا.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

چ بەختەوەرییەکی غەریبە
هیچ چرکەیەک لە من تێناپەڕێ
بێ ئەوەی دڵم هەزار جار
وێردی ناوی تۆ نەکات؟!
چ کەوتنە خوارەوەیەکە
بۆ ناو زۆنگی چاوەکانت و
سەفەری بەردەوامی من
لەنێو وشە ناسکەکاندا
هەر بۆ ئەوەی شیعرێک بچنم و
بیکەمە گەردانەی ملت؟!
چ یارییەکی مەحاڵە
ئەو گەمەیەی دەستم داوەتێ
کە ئەمەوێ دووباڵت بۆ پەیدا بکەم و
بە رەنگاو رەنگیی شیعر بینەخشێنم،
تاکو بەرەو بەهەشتی عەشق پێی بفڕی؟؟
چ جوانییەکە
کاتێ گوێ لە دڵی خەمبارت ئەگرم و
حوزنە کپبووەکانی لە دێڕی قەسیدەکاندا
ئەهێنمە پەیڤین و
لەئاوی شیرینی زەردەخەنەیان هەڵدەکێشم؟
چ موعجیزەیەکە
کە تۆ چاوت دادەخەیت و
منیش بە مەڵهەمی سۆز
زامەکانت دەرمان ئەکەم و
هەناسەیەک لە خۆشەویستی
ئەخەمە سییەکانتەوە،
تەنێ لەبەرئەوەی بزانی
هەناسەی عیشق چەندێ سووکە؟
ئای چ شەوێکی شەوقدار بوو
ئەو شەوەی لە نێوان ژنێکی رەنجاو و
شاعیرێکی نامۆدا
کە هەر ورشەی گەڵا و
گڤەی رەشەبا بێداربوون و
یەکەمین بۆن و بەرامەی پەیمانبەستن دنیای گرتەوە؟!
چ گمە گمێکی خۆشە
وەک دوو کۆتری ماندوو
بە زمانی دڵ و نیگا
قسەمان لەگەڵ یەکتر ئەکرد و
بە کۆپلە هۆنراوەیەک
بەسەر یەکدا ئەتواینەوە؟!
چ داستانێکی پڕ جۆش و هەیجانە
ئەو دەمەی بیر لە حکایەتی خۆم و
چیرۆکی تۆ ئەکەمەوە
کە چۆن لە دێڕێک شیعردا
بە یەکتر گەیشتین؟!
چ دۆزینەوەیەکی کۆڵۆمبۆسانە بوو
تۆم لە هەیوانی ژانێکی بێ کۆتاییدا دۆزییەوە و
خوێنم خستەوە
نێو دەمارە سستبووەکانی هەستت؟!
چ لێوانلێوێک بوو لە شەپۆلی چێژ
کە دەستم ئەهێنا بەسەر دڵتا و
دەستەمۆم ئەکرد،
تۆش دەستت ئەگرت
بەسەر لافاوی هەڵچووی دەروونما؟!
چ بەهارێکی مەکرباز بوو
ئەو بەهارەی بە دوو چاوی پڕ بارانەوە
کەوتمە سەیر کردنت و
پایزیشم بۆ کردییە
فەسڵی سەوز بوونەوە و
وەک گوڵە بەیبوونێک
لە مندا شکۆفەت کردەوە؟!
چ سەرچڵییەکی بوو یاخیبوونمان
کە وەک دوو ئاسکە کێوی
بازمان بەسەر لوتکەکاندا ئەدا و
وەک چەم و کانیاو
بە هاژەوە ئەڕژاینە ناو یەکترەوە؟!
چ زەمەنێک بوو، چ کاتێک بوو
لەگەڵ تۆدا
هەستم بە تێپەڕینی کات نەئەکرد و
وا تێئەگەم کاروانی زەمەن
لەو کاتژمێرەوە وەستاوە
کە دەستی سڕم
خستە دەستی گەرمی عەشقی تۆوە؟!
چ تێڕامانێکی سیحراویی بوو
ئەو شەوانەی بەدیار تەماشاکردنی وێنەکانتەوە
خەو دەچووە چاوم و
شەکەتی رۆح و بێ وزەیی ژیانتم ئەزبەر ئەکرد؟!
چ سەوداسەرییەکی کەموێنە بوو
ئەو چرکەیەی خۆم خاڵی کردەوە
لە خودی خۆم و
خۆم تەژی کرد لە تۆ
بووم بە خودی تۆ؟!
چ رستەیەکی ئاڵۆشاویی بوو
کە نووسیم ئەمەوێ عەشقی من
زیندووت بکاتەوە،
بەڵام زۆر ئەترسم
بەرگەی نەگری و هەڵتپڕوکێنێ؟!
چ جیاکردنەوەیەکی سەیر بوو
کە تۆم لە هەموو خەڵک جیاکردەوە و
دڵی خۆم پێبەخشیت
تاجی هەموو شیعر و
هەستەکانی خۆمم لەسەر نایت؟!

بەهاری 2017




تۆرکیا رەگەزپەرست ژینۆسایدی دارستانەکانی کوردستان دەکات.. رەزا شوان

تورکیا رەگەزپـەرست، کە دوورە لە هەموو بەهایەکی رەوشتی و لە سۆز و هەستـێکی مرۆڤایەتی. تەنیا بە رەشەکـوژی و ژینۆسایـدی گـەلی بێـتاوانی کوردمانەوە نەوەستاوە. بەڵکو کەوتوونەتە ژینۆسایدی دارستانەکانی کوردستان و لەناوبردنی ژینگەی سرۆشتی کوردستانی جوان. ئەمەش ئەوپەڕی بێرەوشتی و رەگەزپەرستی و دڕندەییان دەگەیەنێ. کە تا سـەر ئـێسک دوژمنی هەمـوو شتـێکی کـورد و کوردسـتانـن. رۆژ نییە کە فـڕۆکە جەنگـییەکانی تورکیا، بە بیانووی شەڕی گەریلاکان، بە بـۆمب و بە رۆکـێتی سووتینەر ئاگـر لە دارستانەکـانی کوردسـتان بەرنەدەن و رووبـەرێکی زۆری دارســتان و پـووش و پاوەنی کوردستان نەسووتێنن. ساڵی پـار و پێراریـش باخـە دار زەیتـوونەکـانی شاری عـەفـرینی کوردسـتانی داگـیرکـراومانیـان بڕیـەوە. کـە سەرچـاوەی سەرکیی بـژێـویی بە سەدان خـێزانی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر بەروبوومی ئەو دارانە بـوون.

لە ئەمڕۆدا، تورکیای نامەرد و بێ رەوشـت کەوتۆتە بڕینەوەی دارستانە سروشتییەکانی باشووری کوردستان بۆ رووتکردنەوەی سروشتی کوردستان، کە مێـژووی بۆ هەزاران هەزار ساڵ دەگەڕیتەوە. ئەردۆگانی رەگەزپەرست دەیەوێت بە فرۆشتنی دارە بڕاوەکانی کوردستان بەهـای لیـرەی ئابـڕووچـووی تورکیا بەرز بکاتەوە. بێگومان ئەمەی تورکیا دەیکا تاوانە و دەچێتە ریزی تاوانی جینۆسایدی سروشت و پێشێلکـردنی هەموو یاسا و رێسا و بڕیارە نێو دەوڵەتییەکان بـۆ پاراسـتنی ژینگە.

وا دیارە داگیرکەرانی کوردستان لەم نامەردی و بێڕەوشتییەدا هاوبەشن. لە رۆژهـەڵاتی کوردستانیش، ئیتلاعـاتی کۆماری سێدارە، پێش چـەنـد رۆژێک لەمەوە بەر، ئاگـریان لە دارسـتانـەکـانی ناوچـەی سەردەشـت بـەردا، پـار و پێـرا و پێشـتریـش هـەر بـە هـەمـان نامەردی و رق رەشی و رەگەزپەرستییان. گـڕیـان لە دارسـتانەکـانی چەنـد ناوچـەیـەکی تـری رۆژهەڵاتی کـوردسـتان بـەردا، مەبەستیان رووتکردنەوەی چـیا و دۆڵـە جـوان و قەشەنگەکانی کوردستانە لە جـوانی و زیان گەیاندنە بە بژێـوی و ئابووری کوردستان.

ئەمساڵ و پـار و پێـراریـش، عـەرەبـە هـاوردەکـانی خـواروو و ناوەڕاستی عـێراق، بە مەبەستی بە عەرەبکـردنی کەرکـووک و خانەقـین و خورماتـوو و مەخـموور و دووبـز وپـردی هـێنراون . بە ئاشکـرا و بە بەرچـاوی دەسەڵاتـدارانی عـەرەبی شـۆڤـێنـییەوە، دەغـڵ و دانی جـووتیـارانی کوردیـان سـووتانـد و رەنـج بێوەریـان کـردن. کـەچی نە حکوومەتی بە نـاوەی کوردسـتان و نە حکوومەتی عـێراقـیش لە سکاڵای جووتیـارانی کورد ناپرسن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە (حەشـدی وەحـشی) و دەسەڵات بە چـەکەوە لە پشتی ئەو تاوانبـارانەوەن.. چـونکە ئاشکـرایە کە کـێن ئەوانەی ئەم تاوانانە ئەنجـام دەدەن. کە پێـشتر هـەڕەشەیـان لە جـووتیـارانی کـورد کـرد. کە نـاهـێڵـن دەغـڵەکـانیـان دروێنە بکەن. بە ئاشکرا دەیانەوێـت ئەو گـونـدانەی باشووری کوردستان داگـیربکەن.

هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، لە پێش (١٦/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٧) دا. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. موزایەدەیان بە کەرکووکەوە دەکرد و دروشمی (کەرکووک دڵی کـوردسـتانە) و (کەرکـووک قـودسی کـوردسـتانە) و (کەرکـووک هـێـڵی سـوورمـانە و سازشکـردن لەسەر کەرکووک، گەورەتـرین ناپـاکییەکی و هەرگـیز لـێبووردنی نییە) و (کەرکووک دەگەڕێنیـنەوە بۆ باوەشی کوردسـتان) و (یا کەرکـووک و خـانەقـین.. یا تا ماوین دەجەنگین) کۆمەڵێکی تر لەم درۆشمە بریقەدارانەیان. بەڵام لە دوای فرۆشتنی کەرکـووک، لە لایـەن هـەردوو حـیزبی دەسەڵاتـدارەوە. هـەر یەکەیـان ئـەوی تةریـان. تاوانبـار دەکـات و پاکـانە بۆ خـۆی دەکـات، دەستە چـەورەکـانیان بە یەکـتریدا دەسـڕن. کەرکووکی دڵ و قودسیان لە باوەشی کوردستان دەرکرد و خستیانە باوەشی داگیرکەری کـوردسـتانـەوە. لە ئێـسـتادا بەرپـرسـانی ئـەم دوو حـیزبە ناوێـرن نـاوی کەرکـووکـیش بهـێنن. لە ئەمـڕۆدا کـورد لە کەرکـووک بە تایبـەتی و لە ناوچە فـرۆشراوەکـانی ترمان بە گشتی، باجـی ئەم ناپـاکییەی سەرکـردە تاوانبارەکـانی ئەم حیزبانە دەدەنەوە. هەر لە یەکـەم رۆژی داگـیرکردنی کەرکـووک، ئەو فـسفـس پاڵـەوانـانە بە چـوار نـاڵە و ئاسکە ئاسـایی رایـان کـرد بـۆ سلـێمانی و بـۆ هـەولـێر. لەگـەڵ ئەوەشـدا، هـەمـوو کەرکووک فـرۆشەکان پایـەی حـیزبی و دەسـەڵاتیـان لە نـاوە حـیزبەکـانیاندا، بەرزتـر کـرانـەوە؟!
ئـەوەی کە جـێی داخـە، هـەڵـوێستی شەرمـەزاری و بێـدەنـگی حکـوومەتی باشـووری کوردستان و بێ هەڵوێستی بە ناوە سەرکردەکانی کوردە. کە رۆژانە تورکیا ناوچەیەکی زیاتری تری باشووری کوردستان داگیردەکا. رۆژیش نییە کە فرۆکەکان و تۆپخانەکانی تورکیا رووبەرێکی زیاتری دارستانە سروشتییەکانی کوردستان نەسووتێنن. گونـدەکان لە ترسا چۆڵدەکرێن. یا سوپای تورکیا بە زەبری چەک و بە زۆرداری داگیریان دەکەن.

لە ئێستاشدا، وا بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی کوردەوە لە باشووری کوردستان. تورکیای داگـیرکەر، دارسـتانەکـانمـان دەبـڕێتەوە بۆ تورکیا دەبات. کەچی سەرکردەکانی کورد و حکـوومەتی کوردسـتان. قـوڕوقـەپیان لێ کردووە و فـزەیان لـێوە نایات. سەری خۆیان شۆڕکـردوون و گـوێی خۆیـان گـرتـوون. چـونکە هەمـوو سـڕ و ترێکیـان خستوونەتە بەردەم تورکیـای داگـیرکەری کوردستان و بوونە بە نـۆکـەر و بە کـۆیـلەیان و بە کەوا سووری پـێش لەشکری تورکیا و سیخـوڕی لەسەر گەریلاکانی باکـووری کوردستان و پێشمەرگەکـانی رۆژهـەڵاتی کوردستان دەکـەن. هەر لەسەر داخـوازی تورکیا رۆژنامە سزادراوەکانی بادینان گیران. لە پێناوی بەرژەوەنـدی و مانەوەیـان لە دەسەڵات و بـۆ دزینی پارە و سامانی گەلەکەمان. کێ هەیە ئەوە نەزانێت کە هەلێر و دهۆک پربـوونە لە میـت و لە سیخوڕی تورکیـا و سلـێمانـیش لە ئیتلاعـاتی ئێـرانی. بۆ سیخـوڕیکـردن لەسەر شـۆڕشگـێڕان و تێکـۆشەران و چالاکوانـانی کوردسـتان. ئێمەی کورد خۆمـان دەڵێین: ” ئەگـەر تـەور کـلکی لە دار نەبـێـت.. تـەور ناتـوانێـیـت دار ببـڕێتـەوە”
دەڵێن (بەرهـەم ساڵح) لەسەر پشکی کورد بـووە بە سەرۆک کۆمـاری عـێراق. (فوئاد حوسـین) یش وەزیـری دەروەی عـێراق هـەر کـوردە. بەڵام تا ئێستا چـییان بـۆ کـورد کردووە؟ ئایا لۆمەی تورکیایان کردووە، دەرهەق بەو تاوانە قـێزەوەنانەی کە لە گەلی کوردمانی دەکـات؟ ئایا بێـدەنگیـیان ترسـنۆکی نییـە؟ یـان لە لەدەسـتانی پـۆستەکـانیان دەتـرسـن. بـۆ ناوێـرن بانـگی باڵـێۆزی تـورکیـای فـاشست لە بەغـدا بکەن و ناڕەزایی گەلی کوردسـتانی پێ رابگەیەنن؟ لە فـوئـاد حـوسین دەپـرسین گەر راستە تۆ نوێنەری کـوردی لـە حکـوومـەتی عـێراقــدا، بـۆ نـاوێـری لـە ئـەنجـوومەنی ئاسایـشی نەتـەوە یەکگرتووەکان شکات لە تورکیا بکەیـت؟؟ چونکە گەر بتەووێت ئەم دەسەڵاتەت هەیە. کە لە دژی تاوان و هـێڕشەکانی تـورکیا بۆ سەر گونـدەکـانی باشـووری کوردسـتان.
یا ئەمە رێکەوتنێکی نهـێنییە لە نێـوان تورکیا و عـێراق. ئەو عـێراقەی بەرهەم ساڵح سەرۆکێتی و فوئـاد حوسین وەزیـری دەرەوەیـەتی. گەر هیچتان لە دەست نایات، پێمان بڵێن کورد چی دڵـێکی بە ئێـوە خۆشبـێـت؟ ئێـوە عـێراقـچـێتی دەکـەن نەک کوردایـەتی.
وەکو پێشینان دەڵـێن:”وتیـان حـوشـتر کـوڕێکـت بـوو.. لە وەڵامـدا وتی.. بـوو نەبـوو کەڕەپـوو.. بارەکـەی سەر پشتی مـن سووک ناکـات و بارەکـەم هـەر لەسەر پشـتمە”
داوا لە کۆمەڵەکانی ژینگەپارێـزی کوردستان و هەمـوو کوردستان پەروەرێـکی دڵسۆز دەکەم کە لە ئاستی ئەم تاوانـانەی تورکیا رەگەزپەرست بێدەنـگ نەبـن و بچـنە بەردەم کونسڵخانەی تورکیا لە هەولـێر و پرۆتستۆی تاوانەکانی تورکیا بکەن و داوای راگرتنی جـینۆسایـدی دارستانەکـانی کوردستان بکەن. یاداشتـێکـیش دەربارەی ئەم تاوانە بدەنە نوێنـەری نەتـەوە یەکگـرتووەکـان لە عـێراق و بە پارتی سـەوزی ئەڵمانیـا و چـەنـدین وڵاتـانی تـر و بە رێکخـراوی ژینگەپـارێـزی جـیهـانیـش.
شەرمەزاریشە بۆ دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان. کە هـیچ هەڵـوێستێکـیان نییە. بیدەنگیـان ئەوپەڕی ترسـنۆکی و بێ غـیرەتیـیە. ئایـا دارەکـانی دارستانەکـانـمان گەریـلا و پێـشمەرگە و شەرڤـانانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردسـتانـن؟!
واش دیـارە ئەردۆگـانی رەگـەزپەرست و خـۆێنـڕێـژ و تاوانبـار، کە دۆژمـنی ئـازادی و ژیـانە. تووشی کوردفـۆبیـا بووە. دار و دەوەن و بـەرد و بنچـکی کوردسـتانی لـێبوونە بە کورد. رقـی لە سێـبەرەکەی خۆیـشیـیەتی، وا دەزانێت كـە کوردە و دوای کەوتـووە.

نەرویـج: ٣١/ مایـۆ/٢٠٢١




یەکی حوزەیران.. عەلی حەمەڕەشید

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە

ئەوا یەکی حوزەیرانە
جەژنە و ڕۆژی منداڵانە
فیستیڤاڵی گۆرانییە
سەما و جوڵەی پڕ جوانییە
وەک پەپولە و گوڵی بۆندار
منداڵانی شەنگ و نازدار
دڵ پڕ هیوا و خەونی مەزن
تێکەڵ یەک بوون دێن و دەچن
بەدەنگێکی بەرز و شیرین
بەخەندە و قاقا و پێکەنین
دەڵێن هەوڵی خۆتان بدەن
مافەکانمان لەبیر مەکەن

٢٠٢١/٥/٢٩




مانیفێستی ئەدەبی کرێکارانی لەشفرۆش(*) و دیدارێک سەبارەت بەو مانیفێستە.. نووسین و سازدانی: دەیڤد سیلڤەربێرگ

وەرگێرانی ئامادەکردنی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەقی مانیفێستی کرێکارانی لەشفرۆش

جاران وا بیر دەکرایەوە کە لەشفرۆشیی ئاستەنگێک بێت لەسەر ڕێی ڕزگاری ژنان. ئێستا بەلای هەندێکەوە، ئێمە نوێنەری خۆڕاگری خەباتی ژنانین لەسیستەمی باوکسالاریی و سەرمایەداریەداریدا- ئەمەلانیکەم باوەڕی ئەو تاقمە لەلەشفرۆشەکانی سپیپێستی، سیێکسواڵ، لەش و ڕەگەزلێکچووی لەش ڕێکوپێکن کەپێویستییان نییە لەگەڵ کڕیارەکانیاندا سێکسیان هەبێت. ئەمانە ئەو کرێکارانەن کەپرۆفایلی ورشەداری میدیاییان پێشکەش دەکرێ وەکوو ئایکۆنی فیمینیستی پیایاندا هەڵدەڵێن. بەڵام”چەترەسوورەکە” (لەشفرۆشی)زۆربەرینترە جەماوەرێکی گەورە دەگرێتەبەر، وەکوو : یاوەرە دەڵاڵچییەکان (ئەوپیاو و ژنانەی وەکوو هاوژین بەکرێ دەگیرین)، خوشەویستی کرێگرتە، سەماکەرە ڕووتەکان، ،زۆرانبازانی سێکسی، نمایشکارانی بەردەم زوومی کامیراکان، مۆدیڵکارە ئەفسووناوییەکان و ئەکتەرە کۆوێرەکانی فیلمی پۆڕن و کۆمەڵێکی زۆری جێندەر و ڕەگەز و توانایی تر لەخۆدەگرێت. کار و شوناسی ئێمەپانوپۆڕ و بەربڵاو و هەمەچەشنە بەئەندازەی خودی چالاکی سێکسیی. ئێمەین کە لەسەر شەقامەکان، لەیانەکان، لەژووری ئوتێلەکان و ئاهەنگی شەوانی ژێرزەمینەکان کار دەکەین. ئێمە خەونەکان دەهێنینە دی بۆ ئەوەی جێگایەکمان هەبێت تیایدا بخەوین. ئێمە لە بازارێکدا بازرگانی دەکەین کەسیاسەتمەداران و پۆلیس بەردەوام لەپێناو”بەرگری لەشکۆ و سەلامەتی خۆمان”دەیسووتێنن. ئێمەپاژنەی پێڵاوەکانمان بەرزە و دڵەڕاوکێشمان بەرزتر. ئەمە کۆمەڵێ چیرۆکی هەنسکداری لەشفرۆشانی دڵشکاو نییە. ئەمە گەواهینامەیەکە لەژیان لەژێرخانی گوتاری سێکسواڵێتییەوە،لەگۆرانی کەنارییەکانی ناو کانەخەڵووزە بەردەکانی سێکس و جێندەر و چین و ڕەگەز و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. ڕەنگە ئێمە لەسەر مێزەکە سەما بکەین، بەڵام داوای بەردەواممان ئەوەیە کە لەبەر مێزەکە دابنیشین.
کرێکارانی لەشفرۆشی جیهان، یەکگرن!
ئەمە مانیفێستی کرێکارانی لەشفرۆشانە.

تێبینی : چەند وشەیەکی فرە زەحمەت هەبوون لەم دەقە کورتەی سەرەوە کە وەرگێڕانیان بۆ کوردی ئاسان نەبوو، چونکە هاوواتایان لە زمانی کوردیدا بوونی نییە. بەڵام هەوڵمداوە وشەی زۆر نزیک لەواتاکەیان دابنێم. سوپاسی زۆرم بۆ هاوڕێم سڵێمانی قاسمیانی(کاکە) کە بەم وەرگێڕانەدا چووەوە و هەندێ سەرنج و تێبێنی بەسوودی پێبەخشیم.

دەقی دیدارەکە

زۆر بە دەگمەن خوێنەری کورد و ڕۆژئاوا چانسی ئەزموونکردنی خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و بینینی ئەو وێنە هێڵکارییانەیان هەیە، کە لەلایەن کرێکارانی لەشفرۆشەوە(کرێکارانی کردە شینەکان) نووسراون و کێشراون. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩، دوو ئەنتۆلۆجیا لەیەک مانگدا بڵاو بوونەوە، کە بروسکەئاسا تیشکیان خستۆتە سەر بەدگۆیی و بەدحاڵیبوونێکی بەربڵاو.
مانیفێستی کرێکارانی لەشفرۆش ، ئەنتۆڵۆجیای نووسین و کاری هونەری کە لەلایەن کرێکارانی لەشفرۆشەوە نووسراون (١٠٤ لاپەڕەیە و لەلایەن دەزگای پەخشی تۆرنترییەوە بڵاو کراوەتەوە، کەی کاسیرەر سەرپەرشتی کردووە و هەروەها هەستڵینگ ڤێرس ، ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکارانی لەشفرۆش (١٩٢ لاپەڕەیە و لەلایەن دەزگای پەخشی ئارسناڵ پاڵپ، بڵاوکراوەتەوە، ئەمبەر داون و جەستن دەچارم سەرپەرشتیان کردووە. ئەم نووسینانەی لەلایەن ئەو کرێکارانەی کە لە بواری لەشفرۆشیدا ئیش دەکەن و نووسراون و لەم کتێبەدا بڵاو بوونەتەوە، بەوە دەناسرێنەوە کە سەکۆیەک فەراهەم ناکەن بۆ دوان دەربارەی بەرزی و نزمی و بێهاوتایی کاری لەشفرۆشی.
مانیفێستی ئەدەبی کرێکارانی لەشفرۆشان بە بیست و شەش کورتەڕۆمان و شیعر و کاری هونەریی، بەوە دەرخستنی نووسین و داهێنانی هونەری ناسک و باوەڕی تایبەت بە کرێکارانی کردە شینەکانی کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیایە. ئەم ئەنتۆلۆجیایە سەلماندی کە جەماوەری هەیە و لەمانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ئەو ١٠٠٠ دانەیەی کە چاپ بووبوو، فرۆشرا و لەکتێبخانەکاندا نەما.
سایتی گۆڤاری (NOW) کەوتە گفتوگۆ و قسەکردن لەگەڵ کەی کاسیرەری تەمەن ٢٢ ساڵ، ژنە شاعیری لەشفرۆش لە شاری ڤانکووڤەر کە بۆ ماوەی هەژدە مانگیش لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا ژیاوە، دەربارەی ئەوەی چی هانیدا بۆیەکەمجار ئەو ئەنتۆڵۆجیایە بڵاو بکاتەوە و چۆن ئەو ئازایەتییەی لەخۆیدا بەرجەستە کردەوە کاتێک کەلەسەر ستەیجی شاری تۆرۆنتۆ کراوتر دەربارەی گەڕان و کاری لەشفرۆشی خۆیان دەدوا و هەورەها خۆیان زیاتر لە چ دەقێک لە مانیفیستی ئەدەبی کردە شینەکاندا دەبیننەوە.

سایتی ناو : بۆ ویستت سەرپەرشتی ئەو ئەنتۆلۆجیایە بکەیت؟
کەی کاسیرەر : کاتێک وەک کرێکارێکی لەشفرۆش هاتمە دەرەوە و بەوپەڕی کراوەییەوە کەوتمە قسەکردن لەگەڵ خەڵک، ئەو شتە گەورەیەم بۆ دەرکەوت ئەوە بوو کە خەڵکیکی زۆر لێم نزیک دەبوونەوە و سوپاسیان دەکردم کە لەوبارەوە قسان دەکەم و پێیان دەگوتم کە ئەوانیش کرێکاری لەشفرۆش بوونە و بەڵام هەرگیز ئەو واقیعەی ژیانی خۆیان لەگەڵ کەسدا باس نەکردووە. من ئەمەم چەندیجار گوێم لێبووە. بۆیە منیش ویستم ڕێگایەک بدۆزمەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی باسکردنی لایەنی تایبەتی ژیانی خۆم تا یارمەتی خەڵکانی تریش بدەم بۆ ئەوەی ئەوانیش چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕنەوە. منیش ئەم بیرۆکەیەم، بیرۆکەی ئەنتۆلۆجیای کرێکارانی لەشفرۆشم بۆ دەزگای چاپ و پەخشی تۆرنتری (کە دوو بنکەی هەیە کە یەکیان لە پۆرتلاندی ئەمریکا و ئەویتریان لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیای کەنەدایە) کە ناسراوە بە چاپکردنی کتێب دەربارەی فرە هاوسەری و پەیوەندی ئەلتەرناتیڤانە، باس کرد. خۆشبەختانە ئەوانیش وتیان کە دێنە پشت ئەم پڕۆژەیەوە.

سایتی ناو : تۆ وەک کرێکارێکی لەشفرۆش کاتێک شیعرت دەخوێندەوە، زۆر کراوە بوویت دەربارەی ژیانی خۆت، ئەو پرۆسەیە چۆن بوو؟
کەی کاسیرەر: تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر شانۆ و لەناو قسەکردن بۆ خەڵکدا گەورە بوومە. دوای ئەوەی بووم بە کرێکاری لەشفرۆش چەند ساڵێکی برد تا کەوتمە نووسین . کاتێکیش لە ساڵی ٢٠١٦ لە گروپی (شیعری سڵام Slam Poetry)ی تۆرۆنتۆ بووم،(**) سەرپەرشتیارەکەمان چاڕڵی بیتش پێیگوتم (پێمباشە لەسەر ئەزموونی لەشفرۆشیش بنووسیت، ئەگەر پێتخۆشە و ئاساییە بەلاتەوە.) زۆربەیجار خەڵکانێکی زۆر ئەوانەی هاتنە ئەو بوارەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی تووندتیژی و گۆشەگیری بوونەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە ببینین بینەران یان گوێگران نە ڕقیان لێم دەبێتەوە و نە دڵیان کێنەی تێدایە، کاتێ شیعرێک دەبارەی ئەزموونی لەشفرۆشی خۆم دەخوێنمەوە.

سایتی ناو : چ دەقێک لەناو مانیفێستی ئەدەبی لەشفرۆشان لەدەقەکانی تر زیاتر ڕوحی دواندووی، جا چ سورپرایز یان بەهێز یان چێژبەخش بێت؟
کەی کاسیرەر : بەلای منەوە دەقێک کە قایلمەندی شەخسیم بوو و ئالوودەی بووم بریتی بوو لە شیعری (ڕۆژێک) کەلەلایەن سترۆبێرییەوە نووسراوە. شیعرەکە دەربارەی ئەوەیە کە چۆن ڕۆژێک واز لە کاری لەشفرۆشی دێنێن و سەرباری شتگەلێکی باش – با زۆر خراپیش بێت – لەگەڵ کەسانێکی سەیر،گەڕۆک، بێتوانا، لەش بە تاتوو نەخشێنراوەوە بەرخورد دەکەن. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە زۆرترین سەربەستییان تێیدا هەیە. هەروەها دەشزانم ئەو هەستەش ناسینەوەی ئەوەیە کە کارێکی تر نابینم بواری ئەوەم پێببەخشێ تا کۆنتڕۆڵی ژیانم بکەم کە دەست و پێم ئاوەڵا بکات بۆ پێداگری لەسەر باشبوونەوە و شیعر و ئەو پارەیەی کە پێویستمە بۆ ژیان، پەیدای بکەم. لە فرۆشگایەک ئیشم دەکرد و بەهۆی ترسی دەستدرێژییەوە کە بەوهۆیەوە ترسام بگەڕێمەوە بۆ سەرکار،دەرکرام. ئەمەش ڕێک وەک سترۆبێریش دەنووسێ ڕەنگە ڕۆژێک وازبێنم ، بەڵام ئێستا کاری لەشفرۆشی دەکەم.

سایتی ناو : ئایا چەند جێی ناڕەحەتیتە کە دەبینیت کرێکارانی لەشفرۆش بەپێی پێویست لە کەنەدا و ئەمریکا لە بوارەکانی هونەر و ئەدەب نوێنەرایەتی ناکرێن؟

کەی کاسیرەر : ئەوە لە هەموو جێگایەک بەپێی پێویست نوێنەرایەتی ناکرێن. زۆر زەحمەتە بۆ ئێمە باسی چیرۆکەکانی ترس لە پاشقوول و تووندوتیژی و دەستگیرکردنمان بکەین. میدیا و هۆیەکانی ڕاگەیاندینیش بە دەگمەن بەدروستی تێیدەگەن. جارێکیان دەبووایە لەدەرەوەی خانووی هاوماڵەکەی پێشووم دابنیشم، چونکە دەیانویست سەیری فیلمێک بکەن کە کرێکارانی لەشفرۆش بەناشرینی دەردەخست و ئازاریان دەدان. بۆیە پێمخۆش نەبوو تەماشای ئەو جۆرە دیمەنانەی کاری لەشفرۆشی بکەم.

سایتی ناو : دەتەوێت خوێنەر دوای خوێندنەوەی مانیفێستی ئەدەبی لەشفرۆشان، چی دەربارەی کرێکاری لەشفرۆش فێر بێت؟

کەی کاسیرەر : بۆ ئەو کەسانەی کە کاری لەشفرۆشی ناکەن، دەمەوێت ئەوە بزانن کە توانای فراوانبوونەوە و جیاوازی چیرۆکەکانمان چۆنن و چۆن گۆشەنیگاکانمان تێکەڵی یەکتر دەبن و سێبەر دەخەنە سەر یەکتر. بۆ ئەوانەشی کە کرێکاری لەشفرۆشن، دەمەوێت ئەوە بزانن کە چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە هەن ئامادەن و دەیانەوێت لەگەڵ ئەواندا ئیش بکەن و جەماوەرێکیش هەیە دەیەوێت گوێبیستی ئەو شتانە بێت کە کرێکارانی کردە شینەکان دەیلێن.(***)

                              دوو پەراوێز عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ئامادەی کردووەن.

() ویستم لە بری لەشفرۆش وەک وشەیەکی ناگونجاو (کردە شین) دابنێم ئەویش وەک ئاماژەیەک بە سایتە شینەکان، بەڵام دواتر هاتمە سەر ئەوەی کە لەشفرۆش ڕوونتر و بێپەردەتر گوزارشت لە دۆخەکە دەکات وەک خۆی بهێڵمەوە. () Slam Poetry جۆرە پێشبڕکێیەکی شیعرییە کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئەمریکا سەریهەڵدا و مارک سمیس یەکەم شاعیر بوو کە ئەم هونەرەی گرتەدەست. کە شاعیرەکان بە نۆبەت شیعرەکانیان زارەکییانەبە ئامادەبوونی خەڵک و گوێگر و دادوەر، دەخوێننەوە. کۆڕی ئەم ستایڵە لە شیعر وتن بەزۆری لە قاوەخانەکان و هەندێکجار چێشتخانەکان دێنە سازکردن، شاعیر هەموو تواناکانی زمان و ئاخاوتن بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی سەرنجی گوێگر بۆ شیعرەکەی ڕابکێشێت، ئەمجۆرە شێوازە شیعرییە تایبەتمەندییەکی شیعری خۆرئاوایە. ()کەی کاسیرەر شاعیرێکی زارەکیی و قسەکەر و ڕێکخەر و هەڵسوڕاوە.

سەرچاوەکان : سایتی گۆڤاری (NOW) ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩
https://nowtoronto.com/culture/books-culture/a-whores-manifesto-kay-kassirer-sex-work
https://www.amazon.ca/Whores-Manifesto-Anthology-Writing-Artwork/dp/1944934898




له‌ هه‌گبه‌ی به‌تاڵی نووسه‌ری كورده‌وه‌.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

زۆرجار له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوترێت:_( سیاسی و سه‌ركرده‌كانمان ده‌ست به‌رداری سیاسه‌ت و كورسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردن نابن، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و لایه‌نی ته‌ندروستی و هزری و یاده‌وه‌ریشییان به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووبێت) به‌ڵكو تا ده‌مرن، وه‌ك بتێكی سیاسی ده‌مێننه‌وه‌ و پیرۆز ده‌كرێن. به‌ڵام پێ ده‌چێت هه‌مان بۆچوون، به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه‌ش بگرێته‌وه‌. به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش دڵنیانه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌گبه‌كه‌یان به‌تاڵ بووه‌ و كه‌وتوونه‌نه‌ خولانه‌وه‌ به‌ ده‌وری وشه‌ و گوتنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت و نووسین كه‌ نیو سه‌ده‌ پێشووتر ده‌یانگوته‌وه‌، كه‌چی هێشتا بوێری ئه‌وه‌یان نییه‌ ده‌ست به‌رداری نووسین ببن و بڵێن ئه‌زموونه‌كه‌مان به‌ سه‌رچووه‌. بێگومان هه‌ر كاتێكیش نووسه‌رێك، ئه‌دیبێك، نه‌یتوانی شتێكی تازه‌ و نوێ بڵێت، ئیدی له‌ سه‌ر خه‌رمانی ڕابردووی ده‌ژیت و هه‌مان ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، كه‌ پێشتر هه‌موومان زیاد له‌ جارێك گوێبیستی بووینه‌. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیاتره‌، خووی به‌ هه‌ندێك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی گرتووه‌ (شێرزاد حه‌سه‌ن) ه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌، كه‌ له‌ كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، شێوازێكی دیكه‌ی له‌ تیمه‌ی چیڕۆك و پاڵه‌وانسازیی هێنایه‌ نێو ڕه‌وتی چیڕۆكی كوردی، له‌ ئێستادا هه‌مان ئه‌و وشه‌ و بابه‌تانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، كه‌ په‌نجا ساڵ ده‌بێت ده‌قی پێوه‌ گرتوون. ئه‌م نووسه‌ره‌، به‌رده‌وام له‌ نووسینه‌كانی باسی (دڵڕه‌قی مرۆڤ، كوڕان و كچان نامۆن به‌ یه‌كتری، په‌روه‌رده‌ی سه‌قه‌ت، ڕاوكردن، ژن كاڵایه‌، مه‌رگدۆستی، ڕه‌شبینی، كۆمه‌ڵگه‌ی دڵڕه‌ق، داڕمانی به‌هاكان، ئێمه‌ كۆیله‌ین، نه‌بوونی عه‌شق و خۆشه‌ویستی) ئه‌مانه‌ و چه‌ندین وشه‌ی دیكه‌ش ده‌كات. به‌ ڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر نووسینێكی سی ساڵی له‌مه‌و به‌ری ئه‌و نووسه‌ر ببینێت و نووسێنێكی ئێستاشی بخوێنێته‌وه‌، هه‌ست ناكات نوێكاریی و داهێنان و شتێكی تازه‌ی گوتبێت. ئه‌م نووسه‌ره‌، له‌دوو وتاریدا كه‌ له‌م دواییانه‌ له‌ كوردستانی نوێ بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ ده‌قی پێوه‌ گرتوون. بێگومان ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژین، پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ مامۆستا پێمان بڵێت به‌ها جوانه‌كانی ژیان نه‌ماون، چونكه‌ خۆمان ده‌یانبینین، پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ وتارێكی پڕ له‌ باق و بڕیقی ئه‌و بخوێنینه‌وه‌، تا بزانین مرۆڤ چه‌ند دڕنده‌ و خوێنڕێژه‌ و ئێمه‌ چه‌ند له‌ سه‌رده‌مێكی ناشرین و نامیهره‌بان ده‌ژین، چونكه‌ ڕۆژانه‌ ئێمه‌ به‌ر ئه‌و شتانه‌ ده‌كه‌وین. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین مرۆڤ بۆ خۆی ده‌كوژێت و خۆكوشتن چۆن بۆته‌ دیارده‌، پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ ڕۆمانی مرۆڤی هه‌رزان بخوێنینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ وتارێكی درێژیدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ ڕۆمانی سه‌رده‌می داڕووخانه‌. ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژین، هه‌موومان ده‌زانین سه‌رده‌می داڕووخانه‌ و ئه‌دگار و خاسیه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و سایكۆلۆژیی و په‌روه‌رده‌یه‌كانی چین. هه‌موومان ده‌زانین مرۆڤ چه‌ند بێ به‌هاو بێ پێگه‌ و سووك بووه‌، ئیدی پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌گوێ له‌ حیكایه‌ته‌كانی مامۆستا بگرین، كه‌ په‌نجا ساڵه‌ ده‌یانڵێته‌وه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌، ئه‌و هه‌موو ده‌قه‌ كاڵ و كرچ و كتێبه‌ بێ ناوه‌ڕۆكانه‌ چاپ ده‌كرێن، نووسه‌ر شتێكییان له‌ باره‌وه‌ ناڵێت. كوا نووسین و سه‌رنجه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌ باره‌ی نه‌وه‌ی نوێی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌ شیعرییان بێ به‌هاو بێ ناوه‌ڕۆك كرد، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێكییان باسی گووكردن له‌ شیعردا ده‌كه‌ن ( له‌ ئایینده‌دا نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو) كوا ڕه‌خنه‌كانی مامۆستا له‌ نه‌وه‌ی نوێی چیڕۆكنووسانی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌ هه‌ندێكییان چیڕۆك به‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌زانن و هه‌ندێكیشان وا ده‌زانن به‌ ته‌كنیكێكی تازه‌وه‌ چیڕۆكییان نووسیوه‌، كه‌ محمه‌د موكری چڵ ساڵ له‌مه‌و به‌ر چیڕۆكی پێ نووسیوه‌؟ كوا هه‌ڵسه‌نگاندنی بزاوتی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری ئه‌م سی ساڵه‌ی دوایی له‌لایه‌ن مامۆستاوه‌؟ كوا ڕۆمان و نۆڤلێتێكی داهێنه‌رانه‌ی تازه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌، كه‌ حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكمی تێ په‌ڕاندبێت؟ مه‌گه‌ر باسكردن له‌ دڵڕه‌قی مرۆڤ و نه‌بوونی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی ده‌مانكاته‌ داهێنه‌ر؟ تا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی مابێت، ئه‌و شتانه‌ بوونیان ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌ر نووسه‌رێك پێی وابێت ئه‌وانه‌ كه‌رسته‌ی نووسینن و ده‌توانێت سه‌دان ساڵ له‌ سه‌ریان بژیت، له‌ ڕاستیدا به‌ هه‌ڵه‌ داچووه‌ وبه‌ ده‌وری وشه‌ ده‌خولێته‌وه‌. خه‌رمانه‌ی ڕابردوو كه‌س ناكاته‌ داهێنه‌ر، مه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی شتێكی تازه‌ی پێ نه‌بێت، كه‌ جیاواز بێت له‌وانه‌ی له‌ ڕابردوودا گوتوویه‌تی!




یادەوەریی پیاڵەیەکی بەتاڵ.. فەرەیدوون سامان

بەرەبەیانە و ھێشتا پیاڵەکان
وەکوو چاوە شەکەتەکانم بێدارن
من پرچی ئاڵۆزی خەیاڵ و
بەرەبەیانیش پرچی خاوی خۆرەتاو دەھۆنێتەوە،
پیاڵەکان، بە وێنای ھەستەکانم شکاون
نەستم ئاسا پەرش و بڵاون…
دەڵێن لە نێوان ھەڵدان و شکاندندا
ئەو دەستانەی لە ساتەکانی مەستی رازان و رامان
شەوی تاری شەونخونی تەمەنی تاڵ
بە ھێوری ئاوا دەبن
دەست لێکبەرەدەن
.. مات و بێدەنگ
شکستە باڵ
وێنەی مەلی تەریوی نێو قەفەس
گوڵە سپییەکانی یادەوەریمان رەش ھەڵدەگەڕێنن.

گوڵە سپییەکان
چەندە سارد و سڕ و خاون
بێ شنەی ھەناسەی تۆ ھەڵدەوەرێن
مەلی تاراوی شکستەباڵی خەوی منیش
روو لە ئاسمانی تەماوییە
لە نێو ھێلانەی ساردوسڕی بێ ئومێدیەکاندا بەجێماون.
مەلی بەرەبەیان باڵەکانی بێداری خۆی رادەوەشێنێت
بێ ئۆقرە لەو چاوەڕوانییە بێھوودەیە ھەڵپڕووکاوەم
ئاسمان کش و ماتە
نە حەپە حەپی سەگ
نە نووزەی کوکوختییەک
، نە خشەخشی دڵۆپە خووناوێکی سەر گەڵاکان دێت

بەرەبەیانە و ھەموو شتێک بێ چرپەیە
مەگەر کۆستی ئەو چامەیە پڕ کسپەیە
مەلی خەوی چاوی بێداری من نەبێ
باڵەکانی تێکناوە
بۆبێھودەییم دەچریکێنێ،
ئەوە نییە
لە دوورەوە
بۆنی هەناسەت دەکەم
لە دوورەوە
.. تامی ماچەکانت دەکەم

خۆرھەڵات و ھەر چەند دەکەم خەوم نایێ
چاوەڕوانی گەیشتن بە دیداری تۆ
بۆتە مەحال،
رێبوارێکی ونبووم
ناونیشانی تۆش وێستگەیەکی نامۆیە
نازانم ئەو شەفەندەرە بێ ئامانە
رێگایەکی سەخت وقاچاخە
کەنارێکی نائارامە
ئاوازی گۆرانیەکی قەدەغەیە،
من کە ھەنگاوی قوڕسی رۆژگارم
لە بەھاری تەمەندا تێپەڕی
چاوم کز و مووی سەرم سپی
روانینەکانم مات و ماندوو
گۆچانێکی میھرەبانیش نییە دەستم بگرێت
یان ھاودەمێک، ئامێزی تەنیاییم بۆ بکاتەوە،
ئەوە سێبەری منە
… کۆڵان بە کۆڵان بۆت دەگەڕێ

بەو بەرەبەیانە و ھێشتا
ئەستێرە چاوبزەکان نە خەوتوون

تۆش نە ترووسکاییەکم پێدەبەخشیت
نە مشتێک ئاسوودەییم پێدەفرۆشێت
نە پیاڵەیەک شەرابی خەستی خەوێکی قووڵم پێدەنۆشێت،
خۆرھەڵات و مانگیش لەپرخەی خەودایە
سەراپا لە نێو خەوێکی قووڵدا خەوتووە
مەگەر ئەوە منم بوومەتە خەونی رەنگاورەنگی پەپوولەیەکی باڵشکاو
خۆزگەی وەریوی گوڵێکی لە بن پێدا پڵیشاو
لەباوەشی وەرزێکی نائومێدیدا
ئۆقرەم گرتووە
لەسەر پشتی خەمەکانی ئەو گۆچانە پاڵ کەوتووم
بەرەو نامۆیی ئەبەدی سەرھەڵدەگرم

بەربەیانەو مەلی خەوی تاراوی من
شەپۆلێکی خەمێکی تۆراوە
لەسەر کەناری بێدەنگی شار راکشاوە
یاساوڵەکان چەتەی بیابانن
سروودبێژی سرووتی داڕمانی پەرستگای عەشی ئێمەن
بەسەر یادەوەرییەکانی مێژووی خۆیاندا کەوتوون
ئەڤینی پێدەشتی مەحاڵ تەی دەکەن
دوای تۆ
کێو نەما تاشەبەردی خەیاڵی تۆی لێ ھەڵنەکۆڵم
بیابان نەما لە کۆچەکانتدا گەردەلول دامنەپۆشێت
کوچە وکۆڵانەکانی حەسرەت نەما
بۆت نەگەڕێم وەکو شێت
بووم بە میوانی شۆستەکانی سەرگەردانی
بۆ ماچێ گڕبە سەر شەپۆلی گڕکاندا تێپدەپەڕیم
سەرماوسۆڵەی زستان بەرگم بوو
قرچەی گەرمای ھاوین چەترم

ئەڤینت درەختێک بوو
ھەرچەند پەل و پۆ و قەدیان بڕییەوە
رەگی قووڵی لە وەرزێکدا سەرھەڵدایەوە،
دوای تۆ خۆر ھەڵات
نازانم مەلی باڵشکاوی خەوی من
بۆ کوێ ھەڵفڕیوە..




کتێب: دیدی باو لە وتاری دژە باوەکان لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لێکۆڵینەوەی شیعریی..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




سزادانی شاری سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی.. نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی

شاری سلێمانی بە بەراوورد بە هەریەک لەشارەکانی کەرکوک و هەولێر و زۆرینەی شارەکانی دیکەی کوردستان شارێکی نوێیە لە رووی بیناکردن و مێژووی دروستکردنەوە، لە هەمان کاتدا نوێیە لە رووی بیرکردنەوە و بینینی دنیا و مامەڵەکردندا. سلێمانی کۆمەڵێک خاسێت و ئەدگاری تایبەتیی هەیە جیای دەکاتەوە لە هەموو شارەکانی تری کوردستان و خەڵکەکەشی بە هەموو پێودانگێک جیاوازن لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و یەکێک لە خاسێتە هەرە گرنگەکانی ئەم شارە بریتییە لە بەرەنگاریی و سەرسەختی و خێرا رادەست نەبوون. بۆیە ئەگەر کەمێک سەیری دیرۆک بکەین سلێمانی سەرسەختترین شار بووە سەبارەت بە هەموو داگیرکەران هەر لە عوسمانیی و ئینگلیزەوە بیگرە تا دەگاتە عەرەبە عێراقییەکانی چەشنی بەعس.

مێژووی سلێمانی
زۆر فاکتۆر هەن کاریان کردە سەر “ئیبراهیم پاشا”ی بابان* بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکاتەوە و بگرە پایتەختەکەشی لە قەلاچوالانەوە بۆ شارە نوێیەکە بگوازێتەوە. یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆیانە بریتی بووە لە بەرتەسکیی قەلاچوالان چوونکە بە هۆی شاخ و داخ و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بواری فراوانبوونی زۆرتری نەبووە و لە هەمان کاتدا نزیک بووە لە سنوورەکانی سەفەوییەوە کە بەردەوام میرنشینەکە لەبن هەڕەشەیدا بووە. دواجار ئیبراهیم پاشا لە ساڵی 1784 دەستیکرد بە بینای شارە نوێیەکە لە نزیگ گوندی مەڵکەندی کە ئێستا بە هەمان ناوەوە بووەتە گەڕەکێک لە چەقی شارەکەدا. لە رووی جوگرافییەوە سلێمانی دەکەوێتە سەر 5-35 پلەی هێڵی پانی زەوی و 16 پلەی هێڵی درێژیی و بەرزییەکەشی لە ئاستی رووی دەریاوە دەگاتە 853م “1”.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەنووسێت: ئیبراهیم پاشا لەلایەکەوە لەگەڵ رێکخستنی ئیش و کاری ئیمارەت و نەشری عەدالەت خەریک بوو، لەلایەکی تریشەوە هەر لە نزیک سەراکەی مەحمود پاشای مامی کە لە1196 هیجریدا لە نزیک گوندی “مەڵکەندی”یەوە دروستکرابوو دەسی کرد بە بینای شارێک. لە دەوری سەراکەدا بەعزێ خانو و مزگەوت و حەمام و بازاڕ و خانی دروستکرد و لە ساڵی 1199 هیجری “1784 میلادی”دا ئەم شارە تازەیەی تەواو کرد و مەرکەزی ئیمارەتی لە”قەلاچۆلان”ەوە بردە ئەوێ و بە ناوی سڵێمان پاشای والی بەغدادەوە ناوی نا “سلێمانی”، مەعلوم نییە کە لە دوای تەوابوونی چەند ماڵ بووە، بەڵام مستەر “هارت HUART” لە ئەسەرەکەی خۆیدا دەڵێ: لە1820 میلادیدا یەعنی لە دوای تەوابوونی بە سی و شەش ساڵ نفوسی دە هەزار کەسێک بووە و عەدەدی ماڵیشی 3144 بووە کە لەمە 130 ماڵی جولەکە و 9 ماڵی کلدانی و پێنج ماڵێکیشی ئەرمەنی بووە و پێنج مزگەوتیشی بووە “2”.

دەربارەی ناونانی شارەکەش بە سلێمانی زۆر بیروڕای جیاواز هەیە و یەکێک لەوانە ئەو بۆچوونەیە محەمەد ئەمین زەکی بەگ باسی لێوە کردووە، بەڵام بەشێکی مێژووناسان بەرپەچی ئەم رایە دەدەنەوە و پێیانوایە ناکرێت ئیبراهیم پاشا بە ناوی والی بەغداوە شارەکەی ناو بنێت، چوونکە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا پەیوەندییەکی دۆستانەی سەرزارەکی و دوژمنایەتییەکی قووڵی ژێراوژێر هەبووە. هەندێک پێیانوایە ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ “سلێمان بەبە”ی میری بابان، رای تریش هەیە دەڵێت لە کاتی هەڵکەندنی بینای شارەکە ئەنگوستیلەیەک دۆزراوەتەوە و ناوی سڵێمانی لەسەر بووە و وا دانراوە ئەوە سڵێمان پێغەمبەرە، بەو هۆیەوە ناوی شارە تازە دروستکراوەکە بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوە ناونراوە کە لای میری بابان زۆر جێگەی رێز و خۆشەویستی بووە. لە سەرێکی تریشەوە محەمەدئەمین زەکی بەگ پێیوایە ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: سلێمانی لە شوێنی شاری “سێلوونا”ی کۆن دروستکراوە. گوایە: ئەو شارە لە سەردەمی فرمانڕەوایی “لۆلۆ”و “گۆتی”یەکاندا دروستکراوە و بە باپیرە گەورەی دانیشتووانی ناوچەکە دادەنرێن “3”. بەهەرحاڵ هێشتاش روون نییە و هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێت بە دەستەوە نییە بۆچی میری بابان شارەکەی ناونا سلێمانی؟، بەڵام میری بابان هیچ کات بیری لەوە نەدەکردەوە شارەکەی لە دەیە و سەدەکانی داهاتوودا رۆڵێکی گرنگ سەبارەت بە چارەنووسی وڵات دەگێڕێت و دەبێتە چاوگی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بە نەپساوەیی بۆ ماوەیەکی ئێجگار دوور و درێژ.

هەر لە سەرەتاوە سلێمانی وەک پایتەختی میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی بەردەوام سەنگەری جەنگەکان بووە، بووە مەڵبەندێکی سەرەکیی گەشەکردنی بزووتنەوە کوردییەکان، جیا لەمەش ئەگەرچی شارەکە بە دیمەن جوان و رازاوە نەبووە وەک شارەکانی وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام پاکژیی و سەربەستیی تاکەکانی بە تایبەت ئافرەت تێیدا سەرنجی زۆربەی مسیۆنێر و گەڕیدەکانی راکێشاوە. کلۆدیۆس ریچ کە ساڵی 1820 واتە سی و شەش ساڵ دوای بینای سلێمانی رێی کەوتۆتە شارەکە، لە یادداشتەکانیدا نەیتوانیوە ئەو هەستەی خۆی دەربارەی شارەکە بۆی دروستببوو بشارێتەوە. بۆیە دەنووسێت: شارەکە هەمووی لە گوندێکی گەورەی عەرەبیی دەچوو، کە ناو ماڵەکان بە دەرەوەن، لەوەش دەچوو خەڵکەکە خۆیان دەربەستی ئەمە نەبن، چوونکە ئافرەتەکانیانمان دەدی بە بێ پەچە و رووپۆش، بێباکانە لەگەڵ پیاواندا دەچوون بۆ بازاڕ بۆ جێبەجێکردنی کاروباری ناو ماڵیان، سەرەڕای ئەوەش ئەم شارە دیمەن ناشرینە، پێنج خان و دوو مزگەوتی رێک و پێک و جوان و حەمامێکی زۆر پۆشتەی تیایە، باشترین شارەزاش لە کوردەکان خۆیان ئاماری دانیشتوانی شاری سلێمانی بە 10000 دە هەزار کەسێک داناوە “4”.
بێگومان بوونی گەرماو “حمام” لە شارێکی وا بچووکدا نیشانەیەکە بۆ ئاستی پێشکەوتن و پاکژیی لە شارەکەدا. ئەمەش فاکتێکی مێژوویی زۆر گرنگە و پێماندەڵێت سلێمانی لە چاویلکەی بیانییەکانەوە جێگەی رێز بووە و خاسێتە جیاوازەکانی بە روونی بینراوە هەر لە پاکژیی و هەستی سیاسیی خەڵکەکەیەوە تا ئازادیی رەگەزی مێ. لە رووی سیاسیشەوە شارەکە نزیکەی 65 ساڵ پایتەختی میرنشینی بابان بووە و دەسەڵاتێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی کوردیی لە ژێر سەرپەرشتی والی عوسمانییەکان دەسەڵاتی شار و ئیدارەی بە دەستەوە بووە، تا ئەو کاتەی ساڵی 1850 دەسەڵاتی بابان بە تەواویی هەڵوەشایەوە و رووخێنرا، لەو بەروارەدا میری بابان “عەبدوڵڵا پاشا” هەموو دەسەڵاتێکی وەک میر لێسەندرایەوە و وەک قائیمقامی سلێمانی دامەزرێنرا، ئەوەش زۆری نەخایاند “ئیسماعیل پاشا”ی بە رەگەز تورک وەک قائیمقام هێنرایە شارەکەوە.
لەم رێکەوتە مێژووییە بە دواوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە سلێمانی وەک ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی هیچ رۆڵێکی نەما، چوونکە لێرە بە دواوە هێدی هێدی سەرکردە رامیارییەکان مەیدان چۆڵ دەکەن و لە جێگەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بزووتنەوەیەکی رۆشنبیریی و فەرهەنگی لەسەر دەستی نەوەیەکی منەوەر سەرهەڵدەدات، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێگەیاندنی تاکی کورد و رزگارکردنی کوردستانە لە بندەستی، بەڵام لەگەڵ بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی و دامەزراندنی ماوەی یەکەمی حکومدارێتی شێخ مەحموودی حەفید، سلێمانی دەبێتەوە بە ناوەندێکی سیاسیی بەتین سەبارەت بە هەموو کوردستان.
(ئەم رۆژانە سلێمانی وەک مەڵبەندێکی چالاکیی کوردستان بەدەرکەوتبوو بە حوکمی ئەو جموجۆڵ و هەڵوێستانەی لە کۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی عوسمانییەوە ئەم شارە بەخۆیەوە بینیبوون، بۆیە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بۆ کرد، کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و پیاوانی ناوداری کوردستانی ئێران روویان کردبووە سلێمانی و بە نیازی ئەوەبوون کە نێوچەکانی ئەوانیش بچێتە ژێر قەڵەمڕەوی حکومەتەکەی شێخ مەحموودەوە) “5”. لێرە بە دواوە سلێمانی دەبێتە ناوەندی شۆڕشگێڕیی و سیاسەت و مەکۆی خەباتی جەماوەریی و رۆشنبیریی، هەر بۆیە مێژووی سلێمانی ئەوەندەی مێژوویەکە تێکەڵاوە بە سیاسەت و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بە چارەگی ئەوە مێژووی شارێکی ئاسایی نییە. لەبەرئەوە سلێمانی جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

سلێمانی شارە سەختەکە
سلێمانی ئەگەرچی تاکو ئەم چەند دەیەیەی دوایی شارێکی گەورە نەبووە لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، کەچی سەبارەت بە شۆڕشگێڕانی کورد و نەیارانی سیاسیی کوردستان جێگەی تایبەتی هەبووە و هەمیشە حسابی لەسەر کراوە، چوونکە هەر وەک بەعس بە راشکاوانە دەیووت سلێمانی شارێکی سەختە، ژ بەرئەوەی هەروا بە ئاسانیی رادەستی ویستی داگیرکەران نابێت و لەوە بەولاوە هەمیشە ژیلەمۆکان لە گەڕەکە تەسکەکانی ئەم شارەوە دەگەشێنەوە. رەشەبای سلێمانی تەنیا دیاردەیەکی ناتورالیی رووت نییە بەڵکو لە هەمان کاتدا بەشێکە لە خەسڵەت و تایبەتمەندیی شارەکە و هەمیشە هەر لە سلێمانییەوە رەشەبای گۆڕان و باهۆزی رەتکردنەوەی دەسەڵاتی بێگانە هەڵی کردووە، لەبەرئەوە رەشەبای سلێمانی خۆی لە خۆیدا مانایەکی سیاسیی هەیە و جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە سیفاتی سەرەکیی سلێمانییەکان کە هەمیشە دەجووڵێن و دژی هەر جۆرە چەقبەستنێک دەجەنگێن.
عوسمانییەکان هەمیشە لەو جموجۆڵە دەترسان لە سلێمانییەوە رێچکەی دەبەست و بە سنووری کوردستاندا درێژ دەبووەوە، بۆیە لای ئەوان سلێمانی پێویستی بە کۆنترۆڵکردنێکی تایبەتی بوو. وەختێک ئینگلیزەکان هاتنە عێراقی ئێستا، رەنگە هێندەی لە سلێمانییەوە گیروگرفتیان بۆ دروست کرابێت لە هیچ جێگەیەی تری عێراق رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەیەکی سەختی وەک شێخ مەحموود نەبووبنەوە، حکومەتی نوێی عێراقیش هەروا. لە ئایاری 1921 لە عێراقدا ریفراندۆمێک سەبارەت بە دانانی فەیسەڵی یەکەم بە مەلیکی عێراق کرا، مەرجی مافی دەنگدان ئەوە بوو: دەنگدەر دەبێ خانوویەکی هەبێ نرخەکەی لە”150″ پاوەنی ئیستەرلینی ” کە بەرامبەر 2000 روپێیە” کەمتر نەبێ. لە شاری سلێمانیدا، دوو هەزار موڵکدار هەبوون، کە نرخی خانووی هەریەکەیان لە 150 پاوەن کەمتر نەبوو، لەم دوو هەزار کەسە تەنیا 190 کەسیان لە دەنگدانەکەدا بەشدارییان کرد، لەمانە 32 کەس دەنگی بۆ ئەوەدا کوردستان بە عێراقەوە بلکێنرێت و 158 کەس دەنگیان دژی دا. “6”. ئەم فاکتە مێژووییە راستییەکی تێدا روون بۆتەوە: زۆرینەی خەڵکی شارەکە بایکۆتی عێراق و پادشاکەیان کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون بچنە پای دەنگدانەوە و ئەوانەشی چوونەتە دەنگدانەوە بە زۆرینەی رەها دەنگیان لە دژی عێراق و شاکەی داوە. هەروەک وتم ئەمە یەکێکە لە سادەترین بەڵگەکان کە هەر لە سەرەتاوە سلێمانی بە گژ عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە راوەستاوە و سەختییەکی لە راددە بەدەری نواندووە.

نموونەیەکی تری زیندوو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پادشاییدا، رەنگبێ راپەڕینی جەماوەری سلێمانی بێت لە رۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییدا بە رۆژە رەشەکەی بەردەرکی سەرا ناسراوە.
(زۆر فاکتۆر هەبوون لە سەرهەڵدانی راپەڕینی جەماوەریی لە شاری سلێمانی لە دژی حکومەتی عێراقی و ئینگلیز، یەکێک لەو هۆکارانە رێکەوتننامەی نێوان عێراق و ئینگلتەرە بوو لە ساڵی 1930 کە هیچ بڕگەیەکی ئەو پەیماننامەیە باسی کورد و دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردی تێدا نەکرابوو) “7”. ئەوەبوو سلێمانی دژی ئەم پەیماننامەیە وەستاو (رۆژی 6-9-1930 بە هەزاران کەس لە شاری سلێمانی کەوتنە سەر شەقامەکان و داوای مافە رەواکانی کوردیان دەکرد، هێرشیان دەبردە سەر پەیمانەکە. لەلایەن رۆشنبیرانی کوردپەروەر و شاعیر و زانایانی وەک پیرەمێرد، فائق بێکەس و گۆران و حەمدی، بە شیعر و وتاری شۆڕشگێڕیی هانی جەماوەر دەدرا، کە خۆڕاگربن، هەڵمەت بەرن، دوژمن ریسوا بکەن و سووربن لەسەر درێژەدان بە خەباتیان) “8”.
لە قۆناغ و ساڵەکانی دواتردا سلێمانی نەک هەر بێ رۆڵ نەبووە بەڵکو زۆتر و کاریگەرتر سەختگیریی نواندووە بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و لە سەردەمی هەڵگەڕانەوەکەی “رەشید عالی گەیلانی” و تا دوا ساڵەکانی روخانی رژێمی پاشایەتی هەمیشە باری سیاسیی شارەکە هەڵبەز و دابەزی کردووە و مایەی دڵنیایی نەبووە بۆ حکومەت. لە سەرەتای رژێمی کۆماریی لە عێراقدا لە1958ەوە تا بە ئێستا دەگات لای هەمووان ئاشکرایە، سلێمانی چەندە بۆ رژێمی عێراقی جێگەیەکی سەخت و ناهەموار بووە، هەموو ئەوە دەزانین سلێمانی دایکی شۆڕش و راپەڕین و هەموو ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ رەتکردنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەران بوون لەم بەشەی کوردستان. بۆیەکا پێموایە باشووری کوردستان بەبێ بوونی سلێمانی وەک شارێکی هەمیشە زیندوو و ئامادە لوقمێکی شیرین دەبوو بۆ دەسەڵاتی عەرەبیی عێراقی نەک پێکێکی تاڵ و زەقنەبووت ئاسا.

سلێمانی وەک ناوەندی سیاسەت
مافی ئەوەمان هەیە بڵێین سلێمانی چاوگی سیاسیی لانیکەم باشووری کوردستان بووە بە درێژایی زۆرتر لە سەدەیەک هەتا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ. بۆ یەکەمین جار خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی کورد لە شاری سلێمانی رێچکەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیکی وەرگرت و دوورخرایە لەو تەرزە خێڵەکییەی کە لە پێشاندا لەسەری راهاتبوو. جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی پێیوایە بۆ یەکەم جار لە میانەی راپەڕینی ئەیلوولی 1930 خەباتی سیاسیی کورد لە شاخەوە گوێزرایەوە بۆ شار و لە یاخیبوونی سەرەک خێڵەکانەوە بوو بە پڕۆژەی رۆشنبیران. جەلال تاڵەبانی لەم رووەوە دەنووسێت (راپەڕینی بەردەرکی سەرا لە رێکەوتی 6 ئەیلوولی 1930دا، لە مێژووی چالاکییە سیاسیی و نیشتیمانییەکانی باشووری کوردستاندا خاڵی وەرچەرخان بوو، چوونکە لەم خۆپیشاندانەوە بۆ یەکەم جار قورسایی کاری سیاسیی و کوردایەتی کەوتە ئەستۆی خوێندەواران و خەڵکی شارەکان، واتە لە لادێ و لە نێو هۆزەکانەوە گوێزرایەوە بۆ نێو شارەکان، بەمەش قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی دەستپێدەکات) “9”.
نەک هەر بە بۆچوونی مێژوونووس و توێژەرە کوردەکان، تەنانەت بە دیتنی چاودێر و سیاسییە غەیرە کورد و ئەوروپییەکانیش سلێمانی ناوەندی شۆڕشگێڕیی و فۆرمۆڵەکردنی خەباتی سیاسیی و بزافی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە، بۆ یەکەمجار لەم شارەدا بەهێزترین پارتی و رێکخراوە سیاسییەکان هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە نەشونما دەکەن و ئاڵای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بە دەستەوە دەگرن و تەکان دەدەن بە تێکۆشانی گەلی کورد. کریس کۆچێرای کوردناس و رۆژنامەوانی فەڕەنسیی باسی قۆناغی سەرهەڵدانی گروپە سیاسییە کوردییەکان دەکات و دەنووسێت (سلێمانی مەڵبەندی سەرەکیی کوردایەتییە، لێرەدا و لە قۆناغی پێش یەکەم جەنگی جیهاندا، زۆر گروپی نەتەوەیی دێنە ئاراوە، کە چوونە بنج و بناوان و دۆزینەوەی رەگوریشەیان زۆر ئەستەمە، بە تایبەتی هەندێکیان لە چەند کەسێک تێناپەڕن و زۆر جار یەک کەس لە هەمان کاتدا ئەندامی چەند رێکخراوێکی جیاوازە) “10”. لە باری کردارییشەوە ناسیۆنالیزمی کورد لە شاری سلێمانی بەهۆی دەستەبژێرە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەوە گەیی و خەمڵی. دواتر توانی لە رێکخراوی جۆر بەجۆری سیاسیدا خۆی رێکبخات و نوێنەرایەتی داواکانی گەلی کورد بکات لەسەر هەموو ئاستەکانی جیهانیی و هەرێمی و نێوخۆیی.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بکەینە نموونەی ئەم باسە، ئەوا ئەو پارتییە لە شاری سلێمانی و لەسەر دەستی ئیلێتییە سیاسییە خوێنەوار و شارییەکە توانی ببێتە رێکخراوێکی سیاسیی پێشکەوتووخواز، هیچ کات بەهێزبوون و گەشەی پارتی وەک رێکخراوێکی ئۆرگانیزەکراو و پارتیێکی رامیاریی خاوەن بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ مەلا مستەفا بە تەنها، چوونکە مەلا مستەفا یاخیبوونەکانی شێوەیەکی خێڵەکیی و نارێکخراوی هەبووە و ئامانجەکانی بەو پێوەرە ناسیۆنالیستی نەبوون وەک ئەوەی نوخبە سیاسییە تازە پێگەیشتووەکەی شاری سلێمانی بیریان لێ دەکردەوە.
تەنانەت یاخیبوونی بارزانی لە ساڵی 1943 بەدواوە بۆ ئۆتۆنۆمی و داواکارییەکی نەتەوەیی گشتگیر نەبوو هێندەی غەمێکی ناوچەیی و خێڵەکی پاڵنەری بوون. بۆ وێنە داواکارییەکانی مەلا مستەفا لە دەوڵەتی پادشایی دانانی نوێنەرێکی بەرزی کورد لە بەغداد و نوێکردنەوەی ئیدارەی قەزا کوردییەکانی پارێزگای موسڵ بوو. بۆیە (وا دێتە بەرچاو کە ئەوە مەلا مستەفا نەبوو ناسیۆنالیزمی کوردی هەڵبژارد، بەڵکو ئەوە ناسیۆنالیستەکانی کورد بوون ئەویان هەڵبژارد، هەڵبژاردنی ئەو لەلایەن ناسیۆنالیستەکان بەهۆی شارەزاییە تاکتیکییەکانی و ئەو دژوارییانەوە بوو بۆ حکومەتەکانی دەخوڵقان) “11”. واتە ناسیۆنالیستە کوردەکان بە دوای کاریزما و رەمزێکدا دەگەڕان بۆئەوەی بیکەنە گاندی، هەروەک چۆن ژێکاف لە دیوی ئێران بە هەڵبژاردنی قازی محەمەد هەمان کاری کرد. لەبەرئەوە بەهۆی ئەو بەرەنگارییانەی بارزانی بە تایبەت لەکۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد نواندی پاڵینا بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە زیاتر پابەندبن بە بارزانییەوە وەک کاریزمایەک.
لە قۆناغەکانی دوای دروستبوونی پارتی و سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوول تا دەگات بە دامەزراندنی یەکێتی و راپەڕینی بەهاری 1991، رۆڵی سلێمانی رۆڵێکی پێشڕەوانە و ئێجگار گرنگ بووە و دەتوانرێت بە درێژایی ئەو چەند دەیەیە بە دڵی سیاسیی کوردستان دابنرێت. دەرکێشانی ئەو شارە لە مێژووی هاوچەرخی کورد وەک دەرکێشانی رۆح وایە لە جەستەدا، چوونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا هەموو ژیلەمۆکان لەبری ئەوەی خامۆش ببن لێرەوە جارێکی دیکە بوونەتەوە بە پشکۆ و تاویان سەندووە. وا بزانم پێویستیش بە هیچ بەڵگە هێناوەیەکی تر ناکات، پانۆرامای سەردەمی بەعس و شۆڕشی نوێ هێندە دوور نییە تا لە بیرمان کردبێت کە سلێمانی هەموو رۆژێک ئاگری دەگرت و دەبووە جەهەنمی داگیرکەرانی کوردستان.

سلێمانی شاری منەوەران
سلێمانی نە تەنیا لە رووی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە پێشڕەو بووە، بەڵکو لە بواری رۆشنبیریی و فەرهەنگیشەوە پێشەنگ بووە، تا ئەوەی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی کوردستانی پێ بڕاوە. ئەگەرچی تا ماوەیەکی دوور و درێژ شارەکە جگە لە حوجرە ئاینییەکان خاوەنی هیچ قوتابخانەیەک نەبووە، بەڵام زۆر شاعیر و منەوەر و زانای گەورە گەورەی تێدا هەڵکەوتووە کە لە سەردەمی خۆیاندا رۆڵێکی ئێجگار گرنگیان لە کۆمەڵدا ئەدا کردووە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا ململانێ و کێبڕکێی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لە شارەکەدا بەشێک بووە لە ململانێیەکی سیاسیی و رۆشنبیریی ئەوجا ئاینیی، چوونکە مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ وەک دوو عارف و سیمبولی ئەو دوو تەریقەتە، خاوەنی دوو دنیابینی جودا بوون، وەلێ کۆتایی ململانێکە زۆر تراژیدیکە بە راونانی مەولانا لە شارەکەدا دەگاتە خاڵی پایان، بەڵام ئەو ململانێیە دواجار کەم تا زۆر کاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر بیرکردنەوەی گشتیی دروستکرد. “هەوڵدەدەم لە دەرفەتێکی تر لەسەر ئەم باسە بە تێر و تەسەلی بنووسم”.
لە سەردەمی عوسمانییەکان و بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی یەکە کارگێڕییەکان، لە شاری سلێمانی قوتابخانەی فەرمی کرایەوە و ئەو قوتابخانەیەش زۆرتر ئەفسەری پێدەگەیاند، بەڵام ئەو ئەو ئەفسەرانە لە ساڵانی داهاتوودا سەبارەت بە دۆزی گەلەکەیان نەک رۆڵێکی گرنگ بەڵکو چارەنووسسازیش دەگێڕن و جێگەیان لە خەباتی سیاسیی ئەو قۆناغەدا بە دیاریکراویی ماوەتەوە. (شان بەشانی حوجرەکان، کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە سلێمانیدا، قوتابخانەی روشدییەی سەربازیی سێ پۆلییان کردەوە، هەموو جۆرە زانیارییەکی ئەوسای تێدا دەوترایەوە، کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ باسەکانی حوجرەدا هەبوو. ئەوانەی لێرەدا دەردەچوون یان دەبوونە مووچەخۆر و کاری دەوڵەتیان وەدەستەوە دەگرت، یان بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچوونە ئەستەمبۆڵ، زۆربەیان خوێندنی سەربازییان تەواو دەکرد و دەبوونە ئەفسەری سوپای عوسمانییەکان) “12”.
دواتر قوتابخانەکان لە شارەکەدا گەشە دەکەن، بەمەش رەوشی رۆشنبیریی بەرەوپێشەوە هەنگاوەکانی خێراتر دەبن، تا ئەوەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەک لە منەوەرانی شاریی سەرهەڵدەدەن دۆزی نەتەوەیی گەلی کورد دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە خەباتی رزگاریخوازیی کورددا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینن. ئەو سەردەمانەش بە حوکمی داخرانی سنووری کوردستاندا بەسەر خۆیدا و داگیرکردنی وڵاتەکە لەلایەن عوسمانی و سەفەوییەکانەوە، رۆشنبیریی شارەکە پتر لە ژێر کاریگەریی رۆشنبیریی ئەو دوو نەتەوە سەردەستە بووە. مێجەر سۆن وەختێک هاتۆتە شاری سلێمانی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوە بووە زمانی فارسی سەبارەت بە خەڵکی شار زمانێکی نامۆ نییە بەڵکو زۆرینە دەتوانن قسەی پێ بکەن و لێی تێبگەن، ئەو لە راپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا دەنووسێت “لە سلێمانیدا فارسی زۆر گرنگە، زۆربەی خەڵک دەتوانێ قسەی پێ بکات و لێی تێبگات.. زمانی نووسین لە هەموو ئەم ناوچەیەدا لە سلێمانییەوە بۆ قەرەداغ و رانیە بۆ باکووری رۆژهەڵات تەنیا فارسییە و هەموو پەیوەندییەکی ئیشوکار بەم زمانەیە. قوتابیان دەبێ لە هەردوو قوتابخانەی ئاینیی و ئەکادیمی سەربازیدا فێری ببن و دوکاندارەکانیش تەنانەت دەبێ بتوانن نامەی پێ بنێرن”، “13”.
دوای کۆتایی عەهدی عوسمانییەکان و دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق و بڵاوبوونەوەی بیری مارکسیستی لە شارەکەدا، دەستەیەکی تر لە رووناکبیری کورد سەرهەڵدەدەن بە درێژایی چوار پێنج دەیە کۆنترۆڵی گۆڕەپانەکە دەکەن و لە هەمان کاتدا دەورێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و رێکخستیان لە گروپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جۆر بە جۆرەکاندا، لەمەشیاندا سلێمانی خاوەنی زۆرترین ئەو ئیلێتییە رۆشنبیریی و سیاسییەیە کە بێگومان لەگەڵ رەوشی شۆڕشگێڕیی و رۆحی یاخی خەڵکی شارەکەشدا تەبایە. هەر لەبەرئەمە نهێنییەکمان ئاشکرا نەکردووە لە رووی رۆشنبیرییەوە سلێمانی بە شارێکی پێشەنگ و یەکەمین هەژمار بکەین، چوونکە سیمایەکی زۆر گرنگ، هەم شارەکە و هەم دانیشتووانەکەی پێ بناسرێتەوە بەرزیی ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی سیاسیی و فەرهەنگیی بووە. بەم بۆنەیەوە وەختێک دەڵێین سلێمانی شاری منەوەرانە ئەوە بێگومان هیچ زیادەڕەوییەکمان نەکردووە.

سزادانی سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی
بە حوکمی ئەوەی سلێمانی هەمیشە لە دەسەڵاتەکان و داگیرکەرانی کوردستان یاخی بووە، بەشێوەی جۆراوجۆر سزا دراوە چ لە شێوەی لەناوبردنی فیزیکیی و چ لە شێوەی زیانگەیاندنی ماددیی و رۆحی بە خەڵکەکەی. فارسە ئێرانییەکان لە ساڵەکانی 1841-1844 دوو هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر شارەکە و کوشتارێکی زۆریان لە خەڵکەکەی کرد بە ئەندازەیەک تا چەندین دەیە ئەو کارەساتە لە یادی نەوەکاندا مابووەوە. پێش رووخانی میرنشینی بابان دیسان سلێمانی وەک پایتەخت مەیدانی کێشمەکێش و ئاژاوەی ناوخۆیی میرینشینەکە بوو کە بێگومان هەزاران لە رۆڵەکانی لە شەڕی نەگریسی ناوخۆییدا بوونە کۆیزوخاڵ، بەڵام رەنگە تاریکترین رۆژانی شارەکە کەوتبێتە دوای هەرەسی میرنشین و زاڵبوونی دەسەڵاتی تاکلایەنەی تورکەکان بەسەریدا، چوونکە جگە لەوەی هاووڵاتیانی شارەکە لە رووی فیزیکییەوە سزا دەدران، لە هەمان کاتدا باج و خەراجی زۆر و گرانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناک جۆرێکی تر بوون لە سزادانی خەڵکی شار لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە.
کاتێک، جەنگی یەکەمی جیهان هەڵگیرسا، تورکەکان جاڕی “سەفەر بەلک”یان داوە. ساتێ شەڕ دەستیپێکرد، هەرچی پیاو و لاوەکان هەبووە، چەکیان دراوەتێ و بۆ بەرەکانی جەنگ رەوانە کراون. تەنیا هەر مناڵ، ژن، پیر و پەککەوتەیان ماونەتەوە. لەبەرئەوە باری ئابووری زۆر خراپ تێکشکاوە، بەروبوومی کشتوکاڵ کزبووە، بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆ لاوازبووە، بێکاریی، گرانیی، برسێتی، دزیی، جەردەیی، راووڕووت، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کردووە. هیچ کارێ، بێ بەرتیل وەرگرتن، جێبەجێ نەکراوە. جەندرمەی تورک بە ئاشکرا جەردەییان کردووە، دەسیان بۆ ئابڕووی خەڵکی بردووە، خەڵکێکی زۆر لە برساندا مردوون!!، بە ئەندازەیەک فریای شاردنەوەی لاشەی مردووەکان نەکەوتوون، لە تاوا گۆشتی وڵاخیان خواردووە، داوێنپیسیی و لەشفرۆشییەکی زۆر بڵاوبۆتەوە. لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زۆر کەم بۆتەوە. بۆیە “ماسۆن کینیز” نووسیوێتی: ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی لە چل هەزار کەسەوە هاتە سەر نۆ هەزار کەس “14”.
وەنەبێ دوای شکستی عوسمانییەکان لە جەنگدا و هاتنی ئینگلیزەکان بەختی سلێمانی لە جاران باشتر بووبێ، بە پێچەوانەوە لە سەروەختی حکومداریی شێخ مەحمودی حەفیددا باڵەفڕەکانی ئینگلیز زیاد لە جارێک شاریان بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا جگە لە داڕمانی سەدان خانوبەرەی هاووڵاتیان، بە سەدان کەسیش بوونە قوربانی. تەنانەت لە دوا رۆژەکانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود و لە رۆژی 25-4-1924 وەختێک فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆردومانی شارەکەیان کرد لە کۆی زیاتر لە بیست هەزار کەسی دانیشتووانی شار تەنێ حەوت سەد کەسێک لە شاردا مانەوە، ئەمەش بەهۆی چڕیی و بەربڵاویی قەسفی هێزە هەواییەکانی ئینگلیزەکان. جیا لەمەش ئینگلیزەکان ئیدارەیەکی خراپیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاند ئەمەش وەک جۆرێک لە سزای خەڵکی شارەکە کە چاویان لە دەوڵەتێکی کوردیی بە سەرۆکایەتی مەلیک مەحمود بڕیبوو بۆیە لە پەنا مەلیکدا بەرگرییان لە کوردستان دەکرد.
رەفیق حیلمی لە یادداشتەکانیدا دەورانی دوای رۆیشتنی “مەیجەر نوئێل”ی ئەفسەری ئینگلیز بۆ تورکیا دەگێڕێتەوە و دەڵێ (ئینگلیزەکان دەستە و دائیرەیەکی هەموو جۆرەیان رژاندە سلێمانی، ئەمانە عەجەم و هندی و عەرەب و ئەفغانی، گاور و جولەکە و ئەرمەنی، بە کورتی رەگەز و تیرە نەمابوو تیایانا نەبێ. دایەرەکان چە هی حاکمی سیاسی، چە هی عەسکەری و ماڵی و گومرگ وئەوانی تر هەریەکە معاون یان مشاورێکی ئینگلیزی چووە سەر. هندی مێزەر سپی، هندۆکی ریش هەڵبەسراو و لولدراو، سیکی رەش و قاچ باریک بە هەموو ژوورەکاندا بڵاوبوونەوە، چاپی دەس “تایپڕایتەر” بە تەق و هوڕەوە کەوتە کار. ئنجا لەلایەکەوە دەستە و دائیرەی تاقمی شێخان و خزمەکارانی خەنجەر و دەمانچە لە پشت، لەولای ترەوە لە”سەیز”ەوە بگرە تا فەڕاش و چێشتکەر، دەستە و دائیرەی ئینگلیزەکان و تەنانەت هی هندۆکە سمێڵ بابڕ و ریش لوولەکان، ئەوان بە چەک و سیلاحی نەفامی و عەشایەری، ئەمان بە زمانی بەد و دووڕوویی و لە پاشملە چاڵ بۆ هەڵکەندن کەوتنە وێزەی خەڵقی سلێمانییەوە “15”.
پاشان حکومەتە عەرەبییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەرچی پێیانکرا بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی و بە مەبەستی سزادانی نەوە شۆڕشگێڕ و بزێوەکانی ئەم شارە کردیان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت جینایەت و سزا قورس و سووکەکانی حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بەرامبەر بە سلێمانی یادداشت بکەین ئەوە نەک لەم وتارەدا جێی نابێتەوە بەڵکو پێویستمان بە دنیایەک کاغەز و بە ئۆقیانووسێک مرەکەب هەیە، چوونکە لە چاوی حکومەتەکانی عێراقدا هەر لە پاشایەتییەوە تاوەکو بەعس سلێمانی سەری مارەکە بوو کە هەمیشە یەکەم چەخماخەی مەشخەڵی شۆڕش لەم شارەوە سەرتاپای کوردستانی رووناک دەکردەوە و دەلەرزاند. هەتا ئێرە رەنگە ئاسایی بێت داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان بەو دڕندایەتییەوە پەلاماری سلێمانی بدەن و دانیشتووانەکەی سزا بدەن.
کاتێک نائاساییە هێزێکی سیاسیی وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە کوڕی منداڵدانی شارەکەیە و لە هەناوی ئەودا و لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەودا گەشەی کرد و بووە هێزێکی کارای گۆڕەپانی سیاسیی، لەبری قەرەبووکردنەوە و پێشخستنی، سزای بدات! ئەوەتا یەکێتی نەک هەر خەڵکی شارەکە لە هەڕەمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی شارەکە بەشدار ناکات، بەڵکو شار لە بێ خزمەتی و لە فەرامۆشکردندا سزا دەدات، ئەوەتانێ سلێمانی لە شارێکی پێشکەوتوو و راقییەوە بووە بە گوندێکی وێران و خەرابستان. خۆ سزادان هەر تەنیا کوشتن و لەناوبردنی فیزیکیی نییە، داڕنینی رۆحی سەرچڵیی و لەناوبردنی کولتوورە جوانەکان و وێرانکردنی ژیانی نەوە نوێکان و فەرامۆشکردنی جوانیی شارەکە و نەگەیاندنی دەستی خزمەتگوزاریی بە شارێکی وەک سلێمانی ئەگەر سزادان نەبێت چیترە؟. لەو سۆنگەوە دەتوانین ئەوە بێژین لەوەتی سلێمانی هەیە بەردەوام لەسەر رۆحە یاخییەکەی و چاو بڕینە پاشەڕۆژێکی رووناک سزا دەدرێت، تاکە جیاوازییەکەش لەوێدایە جاران بێگانە سزای دەدا، بەڵام ئێستا ئەوانەن رۆژانێک بوو بە شارەکەیان دەگووت (شارە حەیاتەکە).
سلێمانی سزای یەکێتی دەدات
تێزێک هەیە و تا راددەیەکیش نزیکە لە راستییەوە، ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو هێزە سیاسییەی سلێمانی بە دەستەوە بوو ئەوە لانیکەم باشووری کوردستانی بە دەستەوەیە. بەهێزیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا وەک رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ و هێزێکی سیاسیی بەشێکی پەیوەندیی هەبووە بەوەی سلێمانی کۆنترۆڵ کردبوو، بە دەربڕینێکی تر سلێمانی ببووە چاوگی هێز و قەڵای یەکێتی بۆ زیاتر لە سی ساڵێک. ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی لە سی ساڵی رابردوو بەسەر یەکێتیدا هاتن هەر لە شەڕی حکومەتەکانەوە تا پیلانگێڕییە هەرێمی و نێوخۆییەکان بۆ لەناوبردنی، ئەگەر بەسەر هەر پارتیێکی تردا هاتبان ئەوە دەمێکە بوو ناوی لە ژیاندا رەش ببووەوە، بەڵام یەکێتی بە پشتیوانی شاری سلێمانی و بە وەرگرتنی نەفەسی ژیان لەو شارەوە بەسەر هەموو کۆسپ و هەوڕاز و کەندەڵانەکاندا بە سەرکەوتوویی تێپەڕی تا ئەوەی مام جەلالی لە وێستگەی سەرۆک کۆماریی عێراق دانا. بە کورتییەکی یەکێتی بە هەموو شێوەیەک قەرزاری سلێمانی و خۆبەختکاریی نەوەکانی ئەم شارەیە و بەبێ سلێمانی و نەوە یەک لە دوای یەکەکانی نەدەکرا هێزێک بە ناوی یەکێتییەوە لە بووندا هەبووایە.
هەروەک پێشتریش پەنجەم بۆ راکێشا یەکێتی لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات “1992” هەتا ئێستا نەک هیچ پادداشتێکی سلێمانی نەداوەتەوە، بگرە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تەواوەتی فەرامۆشیکرد و بە هەموو شێوەیەک سزای دەدا، ئەمەش دووجار مایەی ناڕەزایی خەڵکی شارەکە بوو: یەکەم وەک هاووڵاتییەکی دانیشتووی کوردستان خزمەت ناکرێن. دووەم: وەک سلێمانی کە ئەجری زۆریان لەسەر یەکێتییە لە بری پادداشتدانەوە سزا دەدرێن. ئەم جارە سلێمانی لە 25-7-2009 جامی تووڕەییەکانی چووە حاڵی رژانەوە و بە رێگایەکی دیموکراتی، یەکێتی سزا دا و دەنگی خۆی لەهەڵبژاردندا بە لیستی گۆڕان دا. من پێشتر ویستم بنووسم سلێمانی تۆڵەی لە یەکێتی کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کولتووری تۆڵە ریشەیەکی خێڵەکیی هەیە و فینۆمینێکی سەردەمی رەوەندییە، نەمویست بڵێم “تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە”، چوونکە لە دیتنی خێڵەکیدا هۆز و خێڵەکان بەرپرسن لە تۆڵەکردنەوە نەک یاسا و رێگەی شارستانییەکان، بەڵام دەنگ نەدانی سلێمانی بە یەکێتی بە رێگەیەکی ئاشتیی و شارستانی و دیموکراتی بوو. من ناڵێم پرۆسەکە دیموکراتی بوو بەڵکو دەڵێم ئامڕازەکە کە هەڵبژاردنە ئامڕازێکی دیموکراتی و سەردەمانەیە. بۆیە سلێمانی ئەم جارەش رەشەبایەکی تری هەڵکرد و ئاوێزانی زریانی گۆڕان بوو. من لەوە دڵنیام سلێمانی هەتا سەر لەگەڵ ئەو هێزەشدا نامێنێتەوە کە ئێستا ناوی “گۆڕان”ە، ئەگەر ئەو هێزە بەردەوام خۆی نوێ نەکاتەوە و پێ بە پێی قۆناغەکان نەڕوات و لەگەڵ رۆحی سەردەم خۆی نەگونجێنێت.
دوای هەژدە ساڵ لە راپەڕینی ئازاری 1991، بۆ جاری دووەم سلێمانی بەشێوەیەکی ئاشتییانە و هاوچەرخانە راپەڕی، جاری یەکەم راپەڕی بۆ وەدەرنانی بێگانە و لە رەگەوە دەرکێشانی ستەمی نەتەوایەتی، جاری دووەمیش بۆ بنبڕکردنی گەندەڵیی و مافیایی دەسەڵات و چێکردنی دادی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی یاسا و یەکسانی تاک وەک هاووڵاتییەکی رەسەنی وڵات. سلێمانی لە25-7-2009 مەسجێکی نوێی دا بە گوێی سەرجەم بزووتنەوە و هێزە سیاسییەکاندا کە جارێکی گەڕاوەتەوە بۆ ماکی رەسەنی خۆی و هەروا بەردەوامە لە سەرمەشقبوونی هەموو ئاڵوگۆڕێکی خێرا و نوێ. دواجار پێی وتین سلێمانی دێوێکی نوستووە لەگەڵ هەر بە خەبەرهاتنەوەیەک بێگومان پەرچوویەک دەخوڵقێنێت.

وتەیەک لە کۆتاییدا
ئەگەر چەند کاتژمێرێک کات بە دیار خوێندنەوەی دیرۆکی سلێمانییەوە بسووتێنین، راستییەک هەیە هەرگیز ناتوانین خۆمانی لێ ببوویرێن: سلێمانی شارێکی پڕ جموجۆڵ و یاخیگەرە و هەمیشە دەرگاکانی واڵایە بۆ وەرگرتنی بیر و روانگەی نوێ و بەردەوامیش ئامادەیە بۆ خۆ تازەکردنەوە و بیناکردنەوەیەکی نوێی خودی خۆی. (ئەوەتەی شاری سلێمانی دروستکراوە، لە نێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقووم بووە، بەڵام هەرگیز رۆژێ لە رۆژان چاوی رۆڵەکانی نەنوستووە، ئەگەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەر بووە، بۆیە سەری سنەوبەری سەوزی، باڵای بەرزی شار نەچەمیوەتەوە، جەستەی لە خوێن هەڵکێشراوی نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕننەوە و بە پێوە بمرێ) “16”. سلێمانی لە25-7 جارێکی تر ئیسپاتی کرد هەرگیز نانوێ و چاو داناخات لە حاست تەراتێنی گەندەڵکاران و ئەوانەی کوردستان لە باخی جەننەتەوە دەکەن بە شیوی وەیلی دۆزەخ.

پەڕاوێز:
1- جەمال بابان “سلێمانی شارە گەشاوەکەم”، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، بەغداد 1992، ل 12-24.
2-محەمەد ئەمین زەکی بەگ “تاریخی سلێمانی وە وڵاتی”، ئامادەکردنی: رەفیق ساڵح، سلێمانی 2006، بنکەی ژین، لاپەڕە 66.
3-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 119.
4- کلودیۆس جیمس ریچ “گەشتی ریچ بۆ کوردستان 1820″، و:محەمەد حەمەباقی، چاپی یەکەم، تەورێز 1992، لاپەڕە 105.
5-ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1918-1932 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی- سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2002، لاپەڕە 97.
6-مامۆستا جەعفەر “شاری سلێمانی ململانێی گروپە کۆمەڵایەتییەکان 1820-1920″، چاپی دووەم، سلێمانی 2006، لاپەڕە 105.
7-عبدالرزاق الحسني “تاريخ الوزارات العراقية”، الجزء الثالث، الطبعة السابعة، بغداد 1988، ص 15.
8-فاتح رەسوڵ “بنچینەی مێژووی بیرۆکەی چەپ لەکوردستان”، چاپی دووەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 282.
9-د.ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1932-1945 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی– سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2008، لاپەڕە 85.
10-کریس کۆچێرا “کورد لەسەدەی نۆزدەو بیستدا”، و:حەمەکەریم عارف، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 169.
11-دیڤید ماکداول “مێژووی هاوچەرخی کورد”، و:ئەبوبەکر خۆشناو، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 605.
12- عەلی خالید حەمید “کاکەمەم بۆتانی” (لە دووتوێی یادداشتی شاردا)، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 116.
13-مەیجەر سۆن “سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان”، و:مینە، چاپی یەکەم، سلێمانی 2007، لاپەڕە 40.
14-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 125.
15-رەفیق حیلمی “یادداشت” چاپی سێیەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 57.
16-حوسێن محەمەد عەزیز “برایەتی درۆزنانە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 217.

*ئیبراهیم پاشا کوڕی ئەحمەد کوڕی خالید پاشای بابانە و ساڵی 1873 لە جێگەی مامی بە میری بابان دانراوە و تا ساڵی 1800 واتە بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ میری بابان بووە.

*ئەم شيكارييە لە ژمارە (66)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی ئابی 2009 بڵاوبووەتەوە.




ڕۆمان: سەرزەمینی زیكزیكە.. عومەر سەید

نووسەر: عومەر سەید
دیزاینی ناوه‌وه : جەبار سابیر
بەرگ: زه‌رده‌شت ره‌ئوف
بابەت: ڕۆمان
چاپ: یەکەم : 8102
چاپخانە: چاپخانەی یاد
تیراژ: 011 دانە
نرخ: ٠111 دینار
لە بەڕێوه‌بەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان
ژماره)0100)ی ساڵی 8102ی پێدراوه

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن..




هه‌رێمی كوردستان مه‌خه‌نه‌به‌ر له‌ده‌ستدانی نیوه‌كه‌ی تری خاكه‌كه‌ی.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌كاتی شه‌ڕی داعشی دژه‌ مرۆڤدا جیهان هاته‌ سه‌رخه‌ت، له‌به‌رامبه‌ر قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ و به‌شداری هه‌رێمی كوردستان له‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌دا، له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان له‌ستایشی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌دابوون، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌وترا پێشمه‌رگه‌ له‌جیاتی مرۆڤایه‌تی ئه‌و شه‌ڕه‌ده‌كات، ئیتر ستایشی پێشمه‌رگه‌ و ناوی كورد له‌به‌رزیدا ده‌دره‌وشایه‌وه‌، شكۆی ناوی كورد و داهاتووی زۆر گه‌ش ده‌بینرا، به‌ڵام كاتێك هه‌ڵمه‌تی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگه‌یه‌نرا، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رزبووه‌وه‌، هه‌موو ئه‌نجامه‌كه‌ گۆڕا دۆست و نه‌یارمان ئه‌وانه‌ی پشتگیری کوردیان دەکرد، كه‌وتنه‌ ڕه‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشت كردنمان، دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، ته‌نانه‌ت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش نامه‌ی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم نارد و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی كرد، به‌ڵام ئه‌وكات سه‌رۆكی هه‌رێم سووربوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و ئه‌وانی تریشی له‌گه‌ڵ خۆی ڕاكێشایه‌ مه‌یدانه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی وڵاته‌ زلهێز و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی دنیا پشتیان له‌هه‌رێم كرد و وڵاتانی هه‌رێمیش كه‌وتنه‌ سزادانمان، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانیش بۆ به‌زه‌یی حكومه‌تی عیراق و هاوكاره‌كانی به‌جێهێشتین، له‌ئه‌نجامدا نیوه‌ی خاكی باشووری كوردستانمان له‌ده‌ستدا، کەبەخوێنی گه‌شی رۆڵەکانی کورد ئازاد کرابوو، به‌مه‌ش شكۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌وته‌به‌ر ڕه‌حمه‌تی نه‌یاره‌كانی، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو كاره‌ساتی گه‌وره‌ ڕووبدات، له‌هه‌ڵدێر گه‌ڕاینه‌وه،‌ ئەمەش ئەنجامی سه‌ركێشی و بڕیاری بێ بەرنامەیی و گوێ نەگرتن بۆ دۆست و شارەزایانی سیاسی بە تایبەت ئەمریکا و هاوپه‌یمانان.
ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ره‌تای كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئومێدی زۆریان له‌سه‌ر هه‌ڵچنی بوو، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئومێدی خه‌ڵك سه‌ره‌ڕای باری خراپی ئابووری و نه‌بوونی مووچه‌، نیگه‌رانیه‌كان زیادی كرد، ئازادیه‌كان به‌رته‌سكتر كرانه‌وه‌، تا دواجار گه‌یشته‌ زیندانی کردنی چالاکوانانی سیاسی و رۆژنامەنووسان لەبادینان، به‌تاوانی جاسوسی تاوانباركران، هه‌رچه‌نده‌ له‌ناوخۆی هه‌رێم ده‌نگی ناڕه‌زایی شەقامی کوردی به‌رزبووه‌وه‌ لەبەرپەرچدانەوە و رەتکردنەوەی بڕیاری دادگا، كه‌سایه‌تی و چالاكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ڕه‌خنه‌ی توندیان گرت و داوای پێداچوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌یان كرد، كه‌چی له‌بری ئازادكردن حوكم دران و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیاش هاتنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌، به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌م كاره‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی ته‌نیا له‌ناوخۆ نه‌مایه‌وه‌، زۆر له‌وڵاتانی دنیا به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌هه‌رێم گرت، له‌سه‌ر به‌رته‌سكتربوونه‌وه‌ی ئازادی ڕاده‌بڕین و چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و حوكمدانی زیندانیانی بادینان، سنوورداركردنی ئازادی رۆژنامەگەری لەکوردستان، ئه‌مه‌ش‌ كاریگه‌ری زۆری كرده‌سه‌ر سومعه‌ی كورد و ناوبانگی حكومه‌تی هه‌رێم و داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به‌ڵام نه‌حكومه‌ت و نه‌دادگا گوێیان بۆ ئه‌م هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازیه‌ نه‌گرت و سوور بوون له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌یان، رەنگە ڕواڵەتی بابەتی ریفراندۆم و زیندانیانی بادینان جیاوازبن، بەلام لە ئەنجامدا هەردووکیان ناڕه‌زایی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یان لێكه‌وته‌وه‌ و هەمان رەنگدانەوەی خراپیان دەبێت بۆ سەر ئەزمونی هەرێمی کوردستان، هیچ باوه‌ڕ ناكرێ هاوپه‌یمانان و ده‌وڵه‌ته‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی دنیا له‌به‌رامبه‌ر گوێ پێنه‌دان و كه‌موكوڕیه‌كانی هه‌رێم بێده‌نگ بن، بۆیه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، وه‌ك چۆن به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای پشتیوانی دۆسته‌كانمان نیوه‌ی خاكی هه‌رێممان له‌ده‌ستدا و كه‌وتینه‌ بارودۆخێكی نه‌خوازراو‌، ئه‌مجاره‌ش هه‌رێم به‌هۆی گوێنه‌دان به‌ ناڕه‌زایی ناوخۆ و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، هه‌رێم بكه‌وێته‌ بارودۆخێكی ناله‌بار و ئەنجامی نەرێنی زۆری هەبێت لە داهاتودا، به‌تایبه‌ت كه‌ كورد نه‌ پشتیوانێكی به‌هێز و نه‌داپێدانانێكی به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كورد خراوه‌ته‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌ست و به‌كێشه‌ی ناوخۆی ده‌وڵه‌ته‌كان خۆیان سپاردووه‌.
بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش و مسۆگه‌ر پێویسته‌ بڕیار به‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕه‌زایی نه‌رمی بنوێنن و بۆ رازیکردنی شەقامی کوردی و نیشاندانی وێنەیەکی جوان بە ولاتان تاکە رێگا بڕیاری دروست ئه‌وه‌یه‌ دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێم زیاتر گرنگی پێ بدرێ و ئه‌نجامی سه‌ركێشی ڕیفراندۆم دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌گینا زیانی ئه‌مجاره‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌بێت، به‌له‌ده‌ستدانی شكۆی هه‌رێم و چاره‌نووسی كورد ده‌كه‌وێته‌به‌ر داهاتوویه‌كی نادیار و نه‌خوازراو.




نۆ چوارینه‌ له‌ عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتییه‌وه‌.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
مه‌سیح خوێنی خۆی به‌ پاشای كه‌ر فرۆشت
شۆڕشگێڕانیش به‌زین و
چیهان له‌ چڵپاودا نوقم بوو
ڕووپۆشی گاڵته‌جاڕانیش كه‌وتنه‌ زڵكاوه‌كانی شه‌رمه‌زاری .

(2)
ئاگرم له‌سه‌ر پێخه‌فی خۆشه‌ویستیم كرده‌وه‌
له‌به‌ر ده‌رگایاندا به‌جێی هێشتم پیر ببم ، بڕوخێم
سووتاندمی ، به‌ خۆڵه‌مێشییه‌وه‌ فووی پیا كردم و
وه‌كو مار له‌ دیواریدا نووستی .

(3)
هه‌ڵكه‌ن به‌ وشه‌ په‌تكیان پساند
كه‌وتنه‌ تاریكایی بیران
پا‌ڵه‌وانی سه‌ر په‌تكانیش
وه‌ك توانه‌وه‌ی شێوانی شه‌و له‌ ڕۆژدا ، توانه‌وه‌ .

(4)
سوكرات !
ده‌بێ مانایه‌ك ببینینه‌وه‌ و به‌روانكه‌كان بدڕێنین
ده‌بێ بیبڕێنینه‌وه‌
ده‌بێ پێستی مه‌ڕ دابماڵرێ و ئه‌و شێواویه‌ بدرێته‌ به‌ر شواڕكان .

(5)
سیاسییه‌ پیشه‌وه‌ره‌كان داره‌مه‌یتان ساف ده‌كه‌ن
تۆش له‌ غوربه‌تدا نه‌ ده‌ژی و نه‌ ده‌مری
له‌ چاوه‌ڕوانی ڕێگران
به‌فر و ئه‌ستێره‌ و یاقووت ده‌تشێرنه‌وه‌ .

(6)
ده‌بێ هه‌ڵبژێرین
باهۆز بگرین و سفران بخوولێنینه‌وه‌
ده‌بێ مانایه‌ك له‌ پشت بێهووده‌یی ژیان بدۆزینه‌وه‌
ژیان له‌م جه‌مسه‌ره‌ داخراوه‌دا خۆكوژییه‌ .

(7)
ده‌بێ ڕۆما بڕوخێ و
له‌و خۆڵه‌مێشه‌دا گه‌ش بێته‌وه‌ ئاگر
برووسكه‌ دره‌ختان بسووتێنێ
ده‌بێ له‌م كۆرپه‌ڵه‌ مردووه‌دا له‌دایك بن شۆڕشڤان .

(8)
ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ، كێ ده‌زانێ ، ناگه‌ڕێینه‌وه‌
بۆ دایكه‌ زه‌مین كه‌ كۆرپه‌ی ئومێدی چاوه‌ڕوانكراوی
له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵده‌گرێ و ‌قووڵی ئه‌م خه‌م و به‌ڵێنانه
په‌پووله‌ی بوون به‌ ده‌وری ئاگرماندا ده‌خوولێته‌وه‌ .

(9)
مردووی زیندوو بێ نان و بێ ئامانج
فوو له‌ خۆڵه‌مێش ده‌كا
به‌ڵكو نیشاپور
وه‌ك مار به‌رگی خه‌می داده‌كه‌نێ و كۆت ده‌پسێنێ .

  • له‌ ( عبدالوهاب البیاتی – الاعمال الشعریة‌ ) به‌شی دووه‌م
    بڵاو كردنه‌وه‌ی ( المؤسسة العربية للدراسات والنشر) –
    بێرووت 1995 ل 95 .‌



نامەیەکم بۆ شوان سەعیدی شاعیر کە کەس نازانێ لە کوێیە.. نەوزاد بەندی

شوانە ..
ئێستا سەعات یەک و هەژدە خولەکی دوای نیوە شەوە و
هەر ئێستا بوو بە یەک و نۆزدە خولەک ..
لەگەڵ ئەوەی سەینێ دیدارم لەگەڵ فیتەر و
یەک دنیا بێگاری تردا هەیە ،
کەچی حەزم کرد بە کۆمەڵێ ووشەی ماندووی خۆم ،
تەپ و تۆزاویت بکەم ..
ئێ توخوا لێرە گوڵ کوا ،
هەتا گوڵبارانت کەم ؟
لێرە گوڵ کوا ..شوانە .لێرە گوڵ کوا ؟
ئاخر توخوا
شوانە ، لێرە گوڵ کوا ؟

لەم قەفەزە ژەنگاوییەدا ،
کە سەدان ساڵە ژەنگ گرتوویەتی و
کەچی یەک تەلیشی ناپسێ ..
ئاخر توخوا تۆ شتی وات بینیوە ،
قەفەزێک سەدان ساڵە ژەنگ خواردبێتی و
یەک تەلیشی نەپسێ ؟؟
ئەزانی بۆ سەدان ساڵە
ژەنگ گرتوویەتی و یەک تاڵیشی ناپسێ ؟
ئەزانی بۆ ..؟
چونکە خۆمان ..
بە دەست و پەنجە و لوولاقمان ،
ڕۆڵی شیشەکانی قەفەز ئەگێڕین و
ئەوەندە لە ئازادی ئەترسین ،
هەر نەبێتەوە .
تەنانەت دەرگایەکیش بکرێتەوە ،
خۆمان حازر کردووە ببین بە دیوار ..
تەنانەت دیکتاتۆرێکیش کۆرونا بیکوژێ ،
ئامادەین لەسەر پشتی خۆمان
ببین بە تێڵاو دار
لە پێی خۆمانا ببین بە سندم
لە مەچەکی خۆمانا ببین بە کەلەپچە
لە ملی خۆمانا ببین بە پەتی سێداره
له موچەی خۆمانا ببین بە پاشەکەوت و
لێبڕین ..
ئەزانی چەند حەزمان لە کارەساتە ؟
شوانە ..ئەزانی هەموومان ئاڵودەی
کۆیلایەتی بووین ؟
تۆ ئەزانی لەگەڵ نەهامەتیدا گەز گەز باڵا ئەکەین ؟
لەگەڵ نەبوونیدا ، ژنەکانمان ئاوس ئەبن ..
تۆ ئەزانی لەگەڵ درۆدا چەند ڕێکین ؟
لەگەڵ خیانەتا چەند ڕوو سوورین ؟
تۆ ئەزانی لەگەڵ ترسنۆکیدا ،
چەند شانازیمان تیا ئەڕوێ ؟
مەدالیا بە مەدالیا ئەڵێ خۆت لادە ،بەسنگمانەوە ..
قسەی زل بە بەقسەی زل ئەڵێ خۆت لادە
بە زمانمانەوە ..

ئەزانم تۆ کەیفت بە سیاسەت نایەت شوانە ..
ئەترسی ڕەنگی تابلۆکانت لێ تێک دا ..
ئەزانم حەز ناکەی سیاسەت
دەلاقەی باراناوی شیعرەکانت
بە دوکەڵ ڕەشکا ..
ئەزانم حەز ناکەی سیاسەت ،
باخچە پڕ لە هەنگ و گوڵەکانت ،بۆ پڕ کا لە بۆنی کەلاکی گەنیو و ..بەرازی بەلەسە .
ئەزانم ..
بەڵام من کە کوڕی ناو جەنگ و
ڕاکردووی ناو هەرای کودەتا و
ئاهەنگی ناوەختی ناو حیزب و
برینداری ناو تەقەی خۆشی
سەد باره هەڵبژاردنەوەی خاوەنشکۆم ..
زاریشم ببەستم ،
هەمدیسان برژانگم ،
دنیایەک مەشهەدی
نوشوشتی ئەکێشێ .
دنیایەک جڕت ئەنێ بە حەوش دیواری
ئەوانەی
لە کارتۆن پەیدا بوون
کەچی پیس خەریکی
تێکدانی
داهاتووی من و تۆن .

بەس شوانە
حەزم ئەکرد
عەسرێکیان
لەبەردەم چایخانەی شەعبدا
یان لەلای گوزەری
عەرەبانەی دوای سەعات دووی
جادەی
کاک ئەحمەد ،
بتبینم ..
تەماشای هەناسە و
حەسرەتی مامۆستا و
عەرەبانچی بکەین و ..
بزانین چەند قورسە ژیان لێرە ..
چەند خێرا کات ئەڕوا ،
بۆ ئەوەی یەک دنیا
مرۆڤی بێ لایەن
نەدەستیان
بگاتە لەتێ نان
نە دەمیان بگاتە قومێ ئاو ..

حەزم کرد
لەبەردەم چایچیەک
بە سینی ،
چای خەڵوز ئەفرۆشێ
ڕاوەستین
چایەکت بۆ بکڕم ..
دوو سیگار گڕ بدەین ..
دوا سیگار ..
نەک لەبەر تەندروستی سیەکان ..
نا ..لەبەر کەمپینێ ،
لە دژی شقارتە ..
ئێ ئاخر میللەتێ ساڵانە گڕ ئەگرێ ،
کفرە کفر شقارتە و
ئاگری
پێ بدرێ ..
تۆ بینیت ئەو تەیرەی
لە عەشقی هێلکەکان ،
مایەوە ..تا سووتا ؟
تۆ بینیت ..؟
تۆ بینیت ، چەند جوانی ،
ئەسوتێ ..
تا زیاتر گیرفانی
مافیایەک
هەڵتۆقێ ؟
تۆ بینیت ؟

ئەزانم هەمدیسان ،
سیاسەت ئەڕواتە
پاوانی شیعرێکت ..
هەمدیسان ،
مرواری
تاقێکت ئەکەوێ و ..
نازانی
چۆن جاڕی بۆ بدەی .

دەی قەینا ..
دوا،سیگار ئەکێشین .
دیوانێک کە هیچ کەس نەیکڕی ..
کە ناکەس تاتوانی
شیعری لێ دزی ..
ئەیکەمە دیاری بۆت ..

ئەڕۆمە
گەلەری پڕ وێنەی تەمایت ..
ئەڕوانم
بۆ کۆشکی
ڕوخاو و
خەماویت ..
لەو سەری کۆڵانی
کۆپلەیەک ئەوەستم ..
لەبەردەم
تاوێکی ناوەختی دێڕێکتا ،
بێ چەتر ..
چاوەڕێی خۆم ئەکەم بێتە خوار ..
ئەزانی چەند ساڵە ،
بە بێ خۆم ، ئەگەڕێم ؟
هەندێ جار ،
بۆ ساتێ
تارمایی خۆم دیارە و
دیار نیە ..
وەک لەتیف هەڵمەتم
بەسەردێ و ..
هەم یارە و .. یار نیە ..

دوای ئەوە تۆ بڕۆ
پێشبڕکێی شیعرەوە و
منیش
بۆ
سۆراخی پشکۆیەک
لە شارێک ژیلەمۆ

ئێستاکە سەعات بوو
بە یەک و پەنجا و نۆ
خولەکی بەیانی و
هەر ئێستایش
بو
به




دیدارێک لەگەڵ پابلۆ نیرۆدای شاعیر.. سازدانی: ئێریک بۆکستڵ

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

وەرگێرانی لە فەرەنسییەوە بۆ ئینگلیزیی: پاتریک فرانک

تێبینی: بەشێکی ئەم چاوپێکەوتنە بۆ یەکەمجار لە پڕۆگرامێکی یەک سەعاتیی ڕادیۆیی بەناوی ( نیرۆدا شاعیری هەردوو کیشوەری ئەمریکا)، بڵاو کرایەوە، کە ڕادیۆی کەنەدا لە ساڵی ١٩٧١دا پەخشی کرد. چاوپێکەوتنەکە بە زمانی فەرەنسیی ئەنجام دراوە، ئەو زمانەی کە پابلۆ نیرۆدا باش دەسەڵاتی بەسەردا دەشکا و لە دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە زانکۆی سانتیاگۆ خوێندبووی. لێرەدا بۆ یەکەمجار تەواوی چاوپێکەوتنەکە بڵاو دەکەینەوە.

ئێریک بۆکستڵ : ئەوانەی شیعری تۆیان خوێندبێتەوە،لە یەکەم نیگادا سەرنجیان بەلای جیهانبینی کرێکارانی شیعرەکانتدا ڕۆیشتووە و هەندێکیش پێیان وایە تۆ شاعیرێکی سیاسیت.

پابلۆ نیرۆدا : من بەپێداگرییەوە پێت دەڵێم کە شاعیری سیاسیی نیم. من ڕێگە بەو پۆلینکردنە نادەم کە جەغد لەسەر ناسینی من وەک نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیای ئیلتزامی شیعریی دەکات. ئومێدی من وەک نووسەرێک ئەگەر ئومێدێک هەبێ، ئەوەیە کە دەربارەی هەموو ئەو شتانە بنووسم کە دەتوانم بیان بینم و دەستیان لێبدەم و بیانناسم و خۆشم بوێن یان ڕقم لێیان بێتەوە. بەڵام ئاڕاستەکردنی پەنجەی ئاماژە بۆ ” جیهانی کرێکاران”ی من، وام لێدەکەی بە ڕێگەیەکی نائاگایی و پەیگیرانە ببمە قسەکەری (وتەبێژی) نیگەرانییەکانی کۆمەڵانی کرێکاران یان یەکێتییە کرێکارییەکان، کەمەش ئەسڵی مەبەستەکە نییە. من تەنها لە بەشێک لە شیعرەکانم زایەڵەی نیگەرانییەکانی جیهانی هاوچەرخم و نیگەرانییەکانی جیهانی ئەمریکای لاتینم. بەڵام ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە لە ژێر تایتڵی شاعیری سیاسیی پۆلینبەند بکرێم.
ئەو شاعیرانەی کە هەرگیز بۆیان نەکراوە لەگەڵ هەستی خەڵکەکانیاندا لە پەیوەندیدا بن، یانیش ئەوانەی کە هەردەم بێدەربەست و کەمتەرخەم بوون و شیعریان بۆ هاندان و ئامۆژگاری لە ڕێی گوشینی واقیعەوە نووسیوە، زیاتر شاعیری سیاسی سەردەمی ئێمەن. چونکە بەهۆی دوورەدەستی شیعرەکانیانەوە لە بزووتنەوەی مەدەنیانەی گشتی و گەشەی جیهان، هاتوون بەشدارییان لە ڕاگرتنی ئەو گەشەکردنە کردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو کەسانە – ئەو شاعیرانەی کە ئەم جۆرە لە شیعری سیاسیی دەنووسن- زیاتر شاعیر و نووسەری کۆنەپەرستن.
بەلای منەوە نووسین دەربارەی کرێکاران، نووسین دەربارەی کۆڕ و کۆمەڵەکانیان(ئاپۆرەی خەڵک) بەرئەنجامی هەستەکانمە. ئەمەش هەر ڕەشکردنەوە نییە و هیچ پەیوەندیشی بەو ئایدیلۆژیایەوە نییە کە شیعرەکانم ئاڕاستە دەکات. من هۆشیارم بە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەمریکای لاتین و جیهان، وەک چۆن هۆشیارم بە ئۆقیانووس و گوڵ و ژیان. ئەوە سروشتییە ئەو دیمەنەی زۆرتر جوڵاوتر یان گەشەسەندووتر و گەورەترە – کە سەرجەم مرۆڤایەتی پێوەی دەرگیرە- بەردەوام چاودێری بەشێک لە شیعرەکانم بکات. بەڵام بە گشتی ئەگەر بەشی سیاسی لە شیعرەکانم (کارەکانم) دەربکەی، ئەو بەشەی کە کەسێک پێی دەڵێ سیاسیی یان کۆمەڵایەتی ناگاتە یەک لەسەر چوار یان لەسەر پێنجی کارەکانم. بۆیە هەمیشە ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە پۆلینبەند بکرێم. ئەو پۆلینبەندییەی دەیەوێ پۆلینبەندێکی ناحەزانە و سەرپێیانەم بداتێ. من شاعیری مانگم. من شاعیری گوڵم، من شاعیری خۆشەویستیم. ئەمەش بەو مانایەیە کە من تێگەیشتن و تێڕوانینی کۆنم لە شیعردا هەیە، ئەمەش بەرپەرچدانەوەی ئەوەی نووسیومە و ئەوەی دەینووسم نییە. بەرپەرچدانەوەی ئەو شیعرانەی لێبڕاوانە بۆ گەشەی کۆمەڵگە و هەروەها بۆ پەرەسەندنی دەسەڵات و ئاشتی نووسیومن نییە.

ئێریک بۆکستڵ : تۆ ئێستا ئەمەت وت کە شاعیری ئەستێرە و گوڵ و خۆشەویستیت. دەشێ کەسێک ئەمەی بۆ زیاد بکات شاعیری بەرد و دار و ڕووبار و چیای ئەم کیشوەرە تازەیەی. زۆرجار بیر لە یەکەم گەڕیدەی ئەوروپی دەکەمەوە کە هەوڵیداوە ئەم جیهانە وەسف بکات. هێرناندۆ کۆرتێز (١)کە لە وڵاتی مەکسیکەوە نامە بۆ چاڕڵسی پێنجەم دەنووسێ، بە زەحمەت دەتوانێ وەسفی ئەوە بکات، کە دەیبینێ، لەبەر ئەوەی وشەی پێویستی نەدەزانی بۆ ئەو وەسفانە. چەند گرنگە ئەو گرفتەی کە بە جیهانی نوێ ناوزەد کراوە؟

پابلۆ نیرۆدا : لێمگەڕێ با بڵێم کە ئەوە کێشە نەبوو. ئەوە کاری ئێمە بوو. کاری شاعیری ئەمریکای لاتین بوو کە ناو لە سەرجەم خولقاوەکانی جیهان بنێ. لەو کاتەوەی کە ناو، کە وشە، یەکەم شت بوو کە بوونی هەبووبێ بێ زانیاری یان ناونانی شتە بنچینەییەکان. بۆیە ئێمە لە دۆخی ڕێکخستنی شاردنەوە و بە نهێنیکردنی مەتریاڵەکانین. ئەم زانیارییەش بۆ کیشوەرەکەی ئێمە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دووایی، ئەو سەردەمەی کە دەستم بە نووسین کرد دوای دەیەی بیستەکان کە خوێندکارێکی زانکۆ و شاعیرێکی لاو بووم، خۆی نواند و هاتە بەرباس. بێ هاوتاترین کلتووری سەرنجڕاکێش کلتووری ئەوروپی، بەتایبەتی کلتووری فەرەنسیی بوو. وە هەرچەندە ئێمە نووسەرمان هەن، نووسەرگەلێکی بەهرەدار کە تەنها بە زمانی فەرەنسی نووسیویانە. نووسەرە ئیکوادۆرییەکان ، ئەوانەی بەچاوێکی سووکەوە لە کیشوەرەکەی خۆیان دەڕوانی، نەیان دەزانی کە تەنها ئاراستەی خۆیان ناگۆڕن، بەڵکو زمانیشیان دەگۆڕن. جا وەک دژەکردارێکیش بۆ ئەم هەڵوێستە جوانیناسییە کە هەڵوێستێکی چینایەتیش بوو، ئۆلیگاریشە گەورەکانی ئەمریکای لاتین وا خۆیان دەنواند کە نوێنەری کلتوورێکی بەرزن و دەیانویست بە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی ئەوروپی و خەڵکەکەیەوە پەیوەست بن. لەو سەردەمەدا جۆرێکی تایبەتی هونەر لە پێناو هونەر لە ئەمریکای لاتین برەوی هەبووە(باڵا دەست بووە). ئەمە نە داهێنانی منە و نە هی ئەوانەشە کە لەو سەردەمەدا دەستیان بە نووسین کردووە، کە پاڵنەری بایەخی ئێمە بۆ وڵاتەکانمان و خەڵکەکانمان بن. ئێمە ئەم بیردۆزەیەمان دانەهێناوە. ئەم بیردۆزەیە هەر لە سەرەتاوە هەبووە و هەر لەگەڵ یەکەم شاعیرەوە هەبووە کە لە داگیرکەران یان گەڕیدەکان هاتۆتە دەرێ. ئێمە نموونەی ئەرسیلای (٢)شاعیرمان هەیە. بناغەدانەری شیعر لە وڵاتەکەم کە ئیسپانییە. نوێنەری چارڵسی پێنجەم،(٣) کە لەگەڵ یەکەم شەپۆڵی داگیرکەران هات و دراماترین و سەرنجڕاکێشترین شتی لەسەر شیللی و هیندییە سوورەکان نووسیوە کە بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ بەرگرییان لە ئازادی خۆیان کردووە. ئەوە ئەرسیلا بوو کە لەراستیدا هەڵگری ڤایرۆسی جەغدبوونی ئێمە بوو. بەڵام لە سەدەی نۆزدە ئۆلیگاریشی دەوڵەمەندمان هەبوون کە کیشوەرەکەمانیان لەلایەن سەرمایەدارییەوە دەچەوساندەوە. ڕێی بۆ چینێکی ئەرستۆقراتی خۆشکرد کە لە چەوسانەوەی بەربڵاوی خەڵک بێتە دەرێ ئەمەش بووە هۆی جێکەوتەبوونی شێوازی ژیانێکی ئەوروپی. جا بەهۆی ملکەچبوونی ئەم کاریگەرییە و سەرسەختییەکەی کە تا ئەمڕۆش هۆشیاریانە یان ناهۆشیارانە گەلێ لە شاعیرەکان ویستویانە ببن بە ناوداری جیهانیی و لە ڕێگەی ڕۆشنبیری ئەوروپییەوە خۆیان بە ڕۆشنبیری یونیڤێرساڵی (جیهانیی) لێكهەڵپێکن. بەڵام ئێمە کەوتینە شوێن پێی هەڵگرتنی با و باپیرانمان. ئێمە دەبێ تێڕوانینمان بۆ ژیان سەبارەت بە دەستەنگی و ئازاری خەڵکەکانمان لەسەر ڕووپەڕێکی جوگرافیا و سەرزەمینێکی فراوان و ڕووداوگەلێکی مێژوویی گەورە و دیاردەگەلێکی سروشتی مەزن لە ئەمریکای لاتیندا وەلا بنێین. ئەمەش شتێکی نوێ نییە. بەڵام بەو پێیەی سەر بە نەوەیەکی نوێین و ململانێی چینایەتیش تا دێ زیاتر و زیاتر دەبیتە جێی بایەخ، ڕووبەڕووی خەباتی کەسی (شەخسی) و گۆشەگیریی کرێکاران بووینەتەوە. بەم کارەشمان ئەو پەیوەندییەمان بڕی کە ئێمەی بە ئۆلیگاریش دەبەستایەوە. بەدڵنییایشەوە لەگەڵ ئەم شێوازە ئەوروپییەی کە بە ئاشکرا نەمردووە بیپاریزین چونکە لەوانەیە مرۆڤ باش و خراپی دۆخەکە لەناو یەک سەبەتەدا دانەنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە کەلەپوورێکی مەزنی ڕۆشنبیری ئەوروپیمان هەیە کە ڕێزی لی دەگرین و پێی سەرسامین کە بە بێ ئەو کەلەپوورە نە دەتوانین بژێین و نە دەشتوانین وەکو نووسەر و بیرمەند بەرەوپێش بچین. ئێمە زۆر قەرزاری ڕۆشنبیری ئەوروپین. ئەرکی سەرشانمانە ڕۆشنبیری تایبەت بە خۆشمان دروست بکەین(دابهێنین). ئەمەش مانای ئەوەیە کە بایەخ بە کیشوەرەکەمان بدەین و خۆمان بین و ئەمەش ڕێگەیەکی سەختە. ڕێگەیەکی زۆر ڕەسەنیشە، ڕێگەیەک کە هەندێکجار بەرەو بێتامیمان دەمانبات. باشە ئێمە نە لە بێتامی دەترسین و نە لە واقیع،کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان سروشتییانە قەبووڵە کاتێک دان بە پێویست بوونی شتێک لە ڕۆشنبیری ئەوروپیدا دادەنێین.

ئێریک بۆکستڵ : ئەی ئەوە ئامانجی کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ(٤) نەبوو؟

پابلۆ نیرۆدا : کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ هیچ تیئۆرییەکی نەبووە. لەو ساتەوەی دەستم بە کارکردن کرد کۆمەڵێ بابەتم دۆزییەوە کە لە وێدا بوون. بە گشتی من دژ بە تیئۆرم. کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ کە ئیشێکی ئۆرگانیکییە و شێوازێکی تایبەت بەخۆی وەرگرت و نامەوێت لە ڕیزبەندی (دۆخی)شیعری کلاسیکی دایبنێم. بەڵام لە کۆتاییدا شێوازێکی هاوشێوە(چوونیەک) هەیە سەرباری گشتی بوونەکەی تەنها مەسەلەی مەعریفەی(هەست پێکردنی) لەناکاو نییە بەڵکو ژیانی ئۆرگانیکی هەموو ڕۆژەی ژیانمە. بۆیە لە فراوانترکردنەوەی ئەم مەعریفەیەوە توانیم ئەم کتێبە بەهەمان دڵسۆزی و هەمان خۆشەویستی بۆ هەموو ناوچە و وڵاتانی کیشوەری ئەمریکا بنووسم. من تێبینی دەکەم کە بەرهەمی تاقیکردنەوەی لێکدانەوە جیاوازەکان لە توانایدایە ببێتە هۆی هێنانە دەرەوەی کارێک. باشتر بڵێـم کتێبەکە لەگەڵ لەدایکبوونم یان لەگەڵ هەستپێکردنێکی لەناکاوی خۆم بە خۆم وەک نووسەرێک، دەستی پێکردووە. کانتۆ جەنەڕاڵ لە واقیعدا تەماحی ئەوەی هەبوو لەهەموو شتێکدا خۆی فراوان بکاتەوە و لە هەموو دیاردەکانی کیشوەری ئەمریکا ورد بێتەوە. تەنانەت لە هەندێ بەشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە باکووری ئەمریکا. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەوە گەشەی کەسێتی و شاعیری ئەمریکای لاتینە کە کیشوەرەکەی خۆی دەناسێ و دەیەوێت بچێتە نێو ئەو شوێنانەی کە هێشتا پێی ئاشنا نییە. ئەوە ئەو شیعرەیە کە کۆتایی نەهاتووە و دەکرێ لەلایەن سەرجەم شاعیرانی ترەوە درێژەی پێ بدرێ. ئەمەش کارێکی داخراو نییە ، بەڵکو کارێکێ کراوەیە بە جۆرێک کە هەموو ڕەوت و داهێنانە تازەکان و هەموو کێشە نوێیەکانی ئەم کیشوەرە تازەیەی تیا ڕەنگ دەداتەوە.

ئێریک بۆکستڵ : تۆ ئەم بەرەو مەعریفەی کیشوەرییە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

پابلۆ نیرۆدا : لەڕووی مێژووییەوە ئەم بەرەو مەعریفە کیشوەرییە لەگەڵ بایەخی گەشەی ئۆلیگاریشەکان و چینەکان بۆ بۆرژوازی گەورە لە ئەمریکای لاتین لە سەردەمی ڕۆبن داریۆ (٥)ڕێک دێتەوە. ئەوکات هەستێک هەبوو بەوەی مرۆڤ دەتوانێت ناوی شۆڕشی پێچەوانە لەو گۆمەڵگەیانە بنێت. گەر بمانەوێت وشەیەکی تر بەکار بێنین، ئەو وشەیەش (ئەنتی بۆلیڤیاری)یە. بۆلیڤار(٦) لەڕوانگەی سەرتاپای کیشوەرەوە بیری دەکردەوە. ئازادیخوازانی وەک سان مارتن(٧) و سوکری (٨)و ئۆهیگینز (٩) هەمیشە بیریان لە ئەمەریکای لاتین دەکردەوە وەک تاکە کیشوەرێکی مەزن، تەقریبەن وەک یەک وڵات چاویان لێدەکرد. بۆیە بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکان تێکەڵی یەکتر دەبوون. بۆیە بۆلیڤار لە ڤەنزوێلا لە دایک دەبوو کەچی خۆی لە پیرۆ دەبینییەوە. سان مارتن ئەرجەنتینی بوو تا ئەوسەری ئیکوادۆر نەوەستا. ئۆهینگز کە خەڵکی شیلی بوو ماشێنی ڕزگاریخوازی پیرۆی شکل و شێوە پێدا. لەهەمان کاتیشدا هەستی ناسیونالیستیش زۆر بەهێز بوو بەڵام ئەو هەستانە قەڵبەزەیان دەکردە نێو نێشتمانپەروەرییەوە. بەڵام بۆرژوازی، بۆرژوازی گەورەی دروستبووی دوای سەربەخۆیی کیشوەری ئەمریکای لاتین، بە چالاکی دیاریکراوی خۆی، ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بینی لە گۆشەگیر کردنی وڵاتانی ئەمریکای لاتین. ئەمەش پرۆسەیەکی زۆر درێژە کە بەشێوەیەکی ڕوون بەستراوەتەوە بە دەرەبەگایەتی و لەوێشەوە دووبارە بەستراوەتەوە بە ئیمپریالیزم. ئینجا ئەمریکای لاتین بوو بە چەند سندوقێکی بەسەریەک داخراودا. ئەمەش یانی سیاسەتی ملکەچکردنی ناوخۆیی کە ئیمپریالیزمی بەریتانیا و ئەڵمانیا و دواتریش وڵاتە یەکگرتووەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم گۆشەگیرییەدا هەبووە. بەمەش ئاستەنگی پەیوەستبوونی عەمەلییان لەنێوان ئەو وڵاتانە پێکهێنا کە بە هەمان زمان قسە دەکەن و سەربە هەمان ڕەچەڵەکن.

ئەم گۆشەگیرییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لەنێوان وڵاتانی خۆمان ئێستا تەنها زەمینلەرزەکان یان بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان یان بزووتنەوە تیرۆریستییەکانمان هەن. بەڵام سەبارەت بە ئەمریکای باکوور هەموو شتێک دەزانین. خوێنەری سەرەتایی و خوێنەری هاوچەرخ هەموو شتێک دەربارەی جیابوونەوەی خانمە ئەکتەرەکانی هۆلیود تەبیعیش گشت شتێک دەربارەی شازادە مۆناکۆش دەزانن. کەچی خەباتی کرێکاران و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئەندامگیریی سەندیکا کرێکارییەکان و کارە زانکۆییەکان و تەنانەت ئەو کتێبانەش کە نووسەرە گران و ئاڵۆزخوازەکان دەینووسن بە زەحمەت لە سنوورەکانەوە دەپەڕنەوە. بەڵام بەهەرحاڵ بەپێی ماریارتیگی،(١٠)نووسەر و فەیلەسوفی ماتریاڵیستی پیرۆ، بزووتنەوەکەمان و ئەم نەوەیەی ئێستا جارێکی تر بە بیروباوەڕی بۆلیڤارییەوە بیریان کردۆتەوە بەوەی کە کێشەی خەڵکی ئەمریکای لاتین یەک کێشەیە. ئینجا چەندین کارمان بەرهەمهێناوە کە شوێن پێی ئەم نموونەیە هەڵدەگرن و ئەمەش دۆزینەوەیەکی تازەیە.کتێبی کانتۆ جەنەڕاڵ یەکێکە لەو کارانە. بەڵام پێموایە کە بیرۆکە سیاسییەکە کیشوەرانەیە، وە هەست و سۆزی نووسەرانی نەوەی نوێمان دوای نزیک بە سی ساڵ بەزۆری لەیەک ئەچن ئەمەش دەبێتە هۆی هاتنە دەرەوەی یەک شێوە لە بیرکردنەوە – بەتەبیعەتی حاڵ لەگەڵ جیاوازگەلێکی زۆر گەورە – وەک یەک کیشوەر کە هەمان گرفت و کێشەی نەخوێندەواری و نەزانی و دواکەوتوویی هەیە.

ئێریک بۆکستڵ : جەنگی ئەهلی ئیسپانیا پێدەچێت پێکدادانێکی هاوشێوەی لەمجۆرە بێت.

پابلۆ نیرۆدا :لەڕاستیدا جەنگی ئەهلی ئیسپانیا تێڕوانینێکی تازەی بەخشی بە ئەدەب و بەشێوەیەکی بەربڵاویش لە بەرهەمەکانی نووسەرانی ئەمریکای لاتین ڕەنگی دایەوە. ئەوە زۆر ڕوونە کە هیج دیاردەیەک وەک جەنگی ئەهلی ئیسپانیا بۆ نووسەران و خەڵکی ئەمریکای لاتین لەمێژووی هاوچەرخدا پڕ بایە نەبووە. ئەو جەنگی ئەهلییەش تێگەیشتنێکی فرەلایەن و فرە دەستەجەمعی فێرکردین سەبارەت بە کێشەکانمان و بۆچوونەکانمان.ئەمەش ساتی لێک نزیکبوونەوەی نووسەرانی ئەمریکای لاتینی بار هێنا. ئەوە ڕاستە کە ئێمە لەوێ بووین. ڤالیجۆ (١١)و پاز (١٢)و من، کە ئەمەش ڕێگری لە جیاوازی بیروبۆچوونمان و بەرهەمی هەر یەکەمان نەدەکرد.بەهەرحاڵ پێموایە تۆ مافی خۆتە ئاماژەی پێبدەی و چونکە کاتێ ئەڵێم جەنگی ئەهلی لە ئیسپانیا بۆ یەکەمجار یەکدەستی نووسەرانی ئەمریکای لاتینی ڕوو بە دیاردەیەکی مێژوویی نواند، بەو مانایەیە کە کاریگەرییەکەی بە شێوەیەکی سروشتی لە گەشە و بەرەوپێشچوون لە کیشوەری ئەمریکای لاتین بەردەوام دەبێت.

ئێریک بۆکستڵ : کەسانێک هەن دەربارەی ئەو جۆرە شیعرە دەدوێن و هاوتای دەکەن بە ماتریاڵیست و تەنانەت بە ماتریاڵیزمی مێژووییش.

پابلۆ نیرۆدا :پێموانییە شیعر لە ماتریاڵیزمی مێژووییەوە بهێنرێتە کایەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە ماتریاڵیزمی مێژوویی توانایەکی زانسیی و فەلسەفییە کە سەرجەم دیاردەکان دەگرێتەوە. ئەگەر کەسێک ماتریاڵیزمی مێژوویی لە شیعرەکانمدا بدۆزێتەوە ئەوا ئەمە شتێکە لەدەرەوەی خۆم. من لە کارەکانی خۆمدا نە بەشوێن ماتریالیزم و نە مادیی بوونم و نە بەدوای ڕوحانییەتی مێژووییەوەم. من تەنها ئەنووسم و بەس. تەنها شتێک کە پێویستیم بە نووسینیەتی ئیرادەی نووسین و کاغەز و قەڵەمی ڕەساسە. هەموو ئەو تێڕوانینانەی خەڵک دەربارەی شیعری من هەیانە، بۆ من شتگەلی دەرەکین. ئەگەر کەسێک پەیوەندییەکی فەلسەفی بدۆزێتەوە ئەوە بەرپرسیارێتی (کێشەی)من نییە. من دەرگا بەکراوەیی بەڕووی هەموو ئەمانە دەکەمەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەتوانم بڵێم من کەسێکی ماتریالیستیم لەناو مانای شیعریدا. ئەمەش مانای وایە من ناتوانم قسە بکەم یان گۆرانی بڵێم یان بنوسم تەنها لەسەر شتە هەستپێکرا و بینراوەکان نەبێ. ئەگەر خەڵک ئەمە بە ماتریاڵیزم دەزانن، ئەوا من ماتریالیستم.

ئێریک بۆکستڵ : من لێرەدا وای بۆ دەچم تۆ بیر لەو گفتوگۆیانەی کە دەربارەی مرۆڤایەتین، دەکەیتەوە، لەبری هەڵاتن لە سادەگەریی لە ڕووی ژیانی ڕاستەقینەدا.

پابلۆ نیرۆدا :من هیچ تیئۆرییەکم سەبارەت بە مرۆڤ نییە. من تیئۆرم سەبارەت بەو پێڵاوە هەیە کە نیازم وایە بیکڕم کاتێ پێلاوەکانم دەدڕێن یان کاتێ جلەکانم کۆن و پەرپووت دەبن. بەڵام نازانم مرۆڤ چییە. من خۆم مرۆڤێکی زیندووم و ژیانیش بیرکردنەوە نییە لەوەی کە بەهێزی (مرۆڤ) بە چ مانایەک دێت؟ڕەنگە ئەو شتە بێ کە من بایەخی کەمتر پێ دەدەم لە وەستایەکی فیتەر یان زانایەکی زەمینناسی بە ئەزموون کە مرۆڤیان زۆر بەلاوە گرنگە. بەڵام ئەم موناقەشە بێکۆتاییەی مرۆڤ چییە زۆر هەڵدەگری تا ئەو ئاستەی کە بەلامەوە گرنگ نییە. ئێمە دەزانین لە دایک بووینە و دەشمرین و تاد، بەڵام لەنێو هەموو ئەمانەدا زۆر زەحمەتە یان زۆر ئاسانە شت بڵێین. من هیچ پەیوەندییەکم بەمەوە نییە و ناشزانم چی لە دەوروبەری دەگوزەرێ. ڕەنگە ئیدراکێک زۆر جیاواز بێت لە ئایدیالیزمی فەلسەفی وەک موناقەشەی شتە ئەبەدییەکان کە هیچ چارەسەرێکی نییە. بەشێوەیەکی گشتی من شاعیرێکی عەمەلیم. شیعریش پڕ بە مانای عەمەلیبوون ، عەمەلییە. بۆ نا؟ بۆچی شیعری عەمەلی وەک شیعری بێکەڵک چاولێدەکرێ.ئەمە بۆچی گرنگ نییە؟ ئەمە بۆچی خەون نییە؟ بەڵام هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دژبەیەک لەنێوان ئەم هەستە جیاوازانە، ئەو شتەیە کە من تێی ناگەم. بەڵام بە نسبەت ئەو ڕاکردنەی کە دەچێتەوە سەر سیستمێکی فەلسەفی تایبەت، یان دەچێتەوە سەر گفتوگۆیە بێکۆتاییەکان و زیادکردنی تابعێکی ئیستاتیکی بۆ بیانووەکان، کە لەوانەیە ئەمە پێویست بێت وەک ئایین، لەوانەیە کێشکردنی لوغز ئەو کێشکردنە بێ بەرەو دۆزەخ. بەڵام لەم جیهانەدا بێئەندازە سەرقاڵین تا ئەو ئاستەی ئەگەر نیشانی بدەین کە لێکۆڵینەوە بەدرێژایی چەندین سەدە بێکەڵک بووە، ئەی باشە بۆچی بەشێوەی ئەشکەنجەی ئەوانی تر بەردەوامی هەیە؟ من فەیلەسوفەکان جێدێڵـم تا بە ئازادی بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە خۆیان بپرسن ئەو مرۆڤە کێیە و چییە؟ بەڵام لە من مەپرسە چونکە من بە تەواوی هیچ شتێک دەربارەی ئەو پرسیارە نازانم.

ئێریک بۆکستڵ : حەز دەکەم بگەڕێینە دواوە بۆ ئەو جێیەی کە دەربارەی ناتەبایی زمانی شیعریی، لە نێوان کردەیی و نا کردەیی شیعریدا دەدوای.

پابلۆ نیرۆدا :سەرەتا پێویستە بیربکەینەوە لەوەی کە جێیەک هەیە بۆ شیعری سادە و ڕاستەوخۆ، وە جێش هەیە بۆ ئەزموون و شیعری ئەزموونگەری و گۆڕانی زمان و هەورەها ئەو شاعیر و نووسەرانەش کە بەشێوەیەکی گشتی هەست بەوە دەکەن کە پێوانەکانی زمان و گوزارشت لە ساتەوەختێکی تایبەت لە بیروباوەڕ و سنوورەکانی بیرەباوەڕیان بەس نییە. لەمەشەوە گۆرانی بەردەوام و قوتابخانەی بەردەوام و بزووتنەوە ئەدەبییەکان لەدایک دەبن. کەس ناتوانێ سیستەمی ئیستاتیکا و هونەر و گۆڕانی جلوبەرگ ڕەت بکاتەوە، بەڵام ئینجا لە وەڵامی قوتابییەکدا ئەمەوێ بڵێم تەنانەت هەتا تۆزێک لە دژەکردار، تۆزێک لە دژە کاری نهیلیستی و وێرانکەریش بێت هەندێ روحی دیاریکراو هەن کە تەنها بە شیعرەوە قەتیس نامێنن، بەڵکو پەل دەهاون بۆ سەرجەم هونەرەکان بەتایبەتی هونەری وێنەکێشان.
با لێرەوە دەربارەی شیعر و وێنەکێشان بدوێین. لەگەڵ گەشەی بۆرژوازی و دروستبوونی شارە گەورەکان، نووسەران و شێوەکاران لە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی و زۆربەی زۆری خەڵک دوورکەوتنەوە. ئەم دیاردەیەش لەسەرەتای ئەم سەدە پیشەسازییە گەورەیەی بۆرژوازییەوە دەرکەوت. ئێمە ئەم دیاردەیەمان نەدەبینینی. نەمان دەتوانی ڕوانین و لێکۆڵینەوە لەو ئاستەنگانەی کە هەن، ڕەت بکەینەوە. بەڵام ڕۆڵی شاعیرێکی ڕۆمانتیکی، گۆتە(١٣)، شیللەر(١٤)، کیتس(١٥)، بایرۆن(١٦)، یان ڤیکتۆر هیگۆ(١٧) لەگەڵ دەستپێکی ئەم سەدەیەی گەشەی مەزنی پیشەسازی بۆرژوازیدا دیار نەمان.(ونبوون). شاعیران خۆیان گۆڕی، خۆیان گۆڕی بۆ تایبەتمەند. ئەو مەعریفە و هەست و ونەستانە هەڵاتن کە لە خیلالی نووسینی ئاسایی و مەجازییەوە ڕێیان بۆ دەکراوە و لە هونەری وێنەکێشاندا (شێوەکاریدا) خۆیان بەرجەستەکردەوە. لەو کاتەدا بەکردار شوێنێکیان بۆ هونەر چێکردبوو، بەو ئیعتبارەی کە شتێکی تایبەتە بە چینێکی تایبەتی چێنراو لە بۆرژوازی گەورە. بۆرژوازی بچووکیش لەڕێگەی روحێکی ڕێگری چینایەتییەوە ویستی بەڕێگای تایبەتی خۆی ئەو وانەیە لە بۆرژوازی گەورەوە ئیستیعاب بکات. بۆرژوازی بچووک نەیتوانی لەگەڵ کرێکاراندا ڕێ بکات بەڵام لەگەڵ پارەدارە گەورەکاندا توانی.
سەرپاکی ئەم دیاردە ئابوورییە ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو. چۆن لەڕێگەی گۆڕینی مێژووی ئابووری و پەیوەندییە چینایەتییەکان خۆمان ڕابەرایەتی بکەین تا خۆمان بگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخە تازەیەی شتەکان؟چۆن بەسوودوەرگرتن لە هەموو میتۆدەکانی پرۆپاگەندە وەک شێوەکانی تەجریدی، خۆمان بگەڕێنینەوە سەر ئەو ڕێگەیەی کە دوور کەوتۆتەوە لێمان و تاد. لەو رێگەیەی کە گەلێ کاری مەزنی هێنایە بەرهەم، کارگەلێک کە زۆر دوور بوون لە هەستی خەڵکی. ئەی کێ ڕاستە خەڵک یان شێوەکارە ئەبستراکتەکان، یان زۆربەی شاعیرە سەرڕاستەکان راستن؟
من خۆم لەم کێشەیە بێبەری ناکەم.چونکە شیعرەکانم بۆ تێگەیشتن زۆر قورس بوون. بەڵام ئەتوانم شتێک بڵێم : شیعرەکانم گوزارشتن لە دڵسۆزییەکی ڕەها. ڕەنگە ئەمە حاڵی شاعیرانی تریش بێت. بەڵام وەک قوتابخانەی شێوەکاری، یان شانۆیی، یان فیلمسازی، یان شیعر، یان پەخشان، یان مۆسیقا خۆی بەتەواوەتی لە خەڵک جیا دەکاتەوە. ئەبینیم ئەمەش لەسەر ڕێیەکی هەڵەیە، ئەبینم لە کوێرە کۆڵانێکە کە زۆر بڕ ناکات. بەڵام لەلایەکی ترەوە من نە خۆم ڕەت دەکەمەوە – دیارە تەواو بێهوودەیە خود ڕەت بکرێتەوە – نە لێکۆڵینەوەی بەردەوام و نە فراوانترکردنەوەی تواناییەکانی گوزارشتکردنیش. بۆیە ئەمانە ئەو کێشانەن کە نە بە ڕەخنە و نە تەنانەت بە چاودێرییەکانمان(تێبینییەکانمان) و نە بە بەرهەمەکانمان نایگەینێ. بەڵکو لە خیلالی پەیوەندی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەیگەینێ. کاتێ چین خەبات دەکات، کاتێ هەلومەرجی ئینسان گەردوونیانە هەستێکی نوێ وەردەگرێ نەک تەنها لە هەندێ وڵاتی تایبەت.- با روونتر بڵێین کاتێ ڕۆژئاوا دەبێتە سۆشیالیست – پاشان لەوانەیە فۆرمۆڵبەندییەکی جیاواز ببینین یان ڕێرەوی ڕۆژهەڵاتناسی کە ئەدەبی خەڵکیی بتوانێ بێتە مەیدان بێ ئەوەی ئەدەبێکی پۆپۆلیستی یان لێکۆڵینەوەیەکی هونەریی یان ئەزموونگەرایی بەبێ خودگەرایی و ئیندیڤیجواڵییەتی توندڕەوانە بێت، کە لە توانایدا بێت بەشدارییەکی بنچینەیی هونەر و هونەر هاوچەرخ و هونەری داهاتووگەرایی، پێشکەش بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات.

————————————-

سەرچاوە :

Memorious issue 4
A Journal of new verse and Fiction
March 2005
http://www.memorious.org/?id=76

پەراوێز و ژێدەرەکان عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ئامادەی کردوون.

(١)هێرناندۆ کۆرتێز : ساڵی ١٤٨٥ لە ئیسپانیا لەدایکبووە. زانکۆی ساڵەمەنکا تەواو دەکات و بایەخ بە کاروباری سەربازی دەدات. پاشان دەبێت بە گەڕیدە و خولیای گەشتی دەبێ . ساڵی ١٥١١ دەچێتە کوبا و ١٥١٨ دەچێتە مەکسیکۆ وەک فەرمەندەی سەربازی خزمەت دەکات.ساڵی ١٥٤٧ لە ئیسپانیا بۆ هەمیشە چاو لێک دەنێ.
(٢)ئەرسیلا : شاعیر و سەربازی ئیسپانی لە ساڵی ١٥٣٣ لە ئیسپانیان لە دایکبووە و ساڵی ١٥٩٤ کۆچی دوایی کردووە. بە داستانە شیعری لا ئەروکانا ناوبانگی پەیدا کردووە.
(٣)چارڵسی پێنجەم : (١٥٠٠-١٥٥٨) ئیمپڕاتۆری ڕۆمان و پاشای ئیسپانیا بووە.
(٤)کانتۆ جەنەڕاڵ : دەیەمین کتێبی شیعری پابلۆ نیرۆدایە. یەکەمجار لە وڵاتی مەکسیک ساڵی ١٩٥٠ چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کۆشیعرە لە پانزە بەش پێکهاتووە و ٢٣١ شیعر لە خۆ دەگرێت.
(٥)ڕۆبن داریۆ : شاعیری نیکاراگوا ساڵی ١٨٦٧ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩١٦ مردووە. نوێنەری ڕەوتی ئەدەبی نوێیە لە زمانی ئیسپانیدا.نازناوی شازادی شیعری ئیسپانی و بە باوکی ڕۆحی شیعری ئیسپانی نوێ دادەنرێت.
(٦)بۆلیڤاری : ڕابەری سیاسی و سەربازی ڤەنزوێلا لە ساڵی ١٧٨٣ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٣٠ مردووە.
(٧)سان مارتن : ژەنەڕاڵی ئەرجەنتینی و ڕزگاریخوازی ئەمریکای باشوور لە ساڵی ١٧٧٨ لە دایکبووە و لە ١٨٥٠ مردووە. یەکێک بووە لە سیاسییە راستگۆکانی نێو مێژووی ئەمریکای باشوور.
(٨)سوکری :ئەنتۆنیۆ خۆسە سوکری ڕابەری سەربەخۆخوازی ڤەنزوێلا لە ساڵی ١٧٩٥ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٣٠ مردووە.
(٩)ئۆهینگز :بەرناردۆ ئۆهینگز ڕیکیلمی لە ساڵی ١٧٧٨ لە دایک بووە و لە ساڵی ١٨٤٢ مردووە. یەکێک بووە لە ڕابەرە بەناوبانگەکانی خەباتی وڵاتی شیللی بۆ سەربەخۆیی.
(١٠)ماریاتیگی :خوسە کارلۆس ماریاتیگی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و فەیلەسوفی سیاسی و کۆمۆنیست پیرۆ ساڵی ١٨٩٤ لەدایکبووە و لە ١٩٣٠ مردووە.
(١١)ڤالیجۆ :سیزەر ئەبراهام ڤالیجۆ شاعیر و نووسەر و شانۆنامەنووس و ڕۆژنامەنووسی پیرۆیە و لەساڵی ١٨٩٢ لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٣٨ مردووە. تا لە ژیاندا بوو تەنها سێ کتێبی شیعریی بڵاو کردەوە.
(١٢)پاز : ئۆکتاڤیۆ پاز شاعیری مەکسیکی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی ١٩١٤ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٨ مردووە.
(١٣)گۆتە :جۆهان گۆتە شاعیر ونووسەری گەورەی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٧٤٩ لە داکبووە و لە ساڵی ١٨٣٢ مردووە.
(١٤)شیللەر :جۆهان کریستۆف فریدرک شیللەر شاعیر و فەیلەسوف و پزیشک و شانۆنامەنووس و مێژوونووسی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٧٥٩ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٠٥ کۆچی دوایی کردووە.
(١٥)کیتس :جۆن کیتسی شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیزی لە ساڵی ١٧٩٥ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٢١ کۆچی دوایی کردووە.
(١٦)جۆرج گۆردن بایرۆن شاعیر و سیاسەتمەداری بەریتانیا لە ساڵی ١٧٨٨ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٨٢٤ کۆچی دوایی کردووە.
(١٧)ڤیکتۆر هیگۆ :شاعیر و ڕۆماننووس و یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەری فەرەنسی ساڵی ١٨٠٢ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٨٥ کۆچی دوایی کردووە.
جەنگی ئەهلی ئیسپانیا : جەنگی ئەهلی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٩ تا ساڵی ١٩٣٩ درێژەی کێشا کە جەنگی نێوان کۆمارییەکان و ئەناکیستەکان و کۆمۆنیستەکان بوو دژ بە ناسیونالیستەکان. لەئەنجامدا ناسیونالیستەکان لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٩ سەرکەوتن و تا ساڵی ١٩٧٥ دەسەڵاتی ئیسپانیایان بەدەستەوە بوو. جەنگەکە دوو ساڵ و هەشت مانگ و دوو هەفتە و یەک رۆژ بەردەوام بوو. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوون بە قوربانی ئەم جەنگە.
شازادە مۆناکۆ : بنەماڵەی دەسەڵاتی وڵاتی مۆناکۆیە کە وڵاتێکی بچووکە لە کیشوەری ئەوروپا و سێ لای فەرەنسایە و چوارەم لای دەریای سپی ناوەڕاستە.سیستەمی حکومڕانی پاشایەتییە.

تێبینی : ئەم دیدارە لە گۆڤاری نما ژمارە ٥١ ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاوبۆتەوە.




دوو کتێبی نوێی نووسەر سمکۆ محەمەد لە چاپخانە هاتنە دەر

شار

خوێندنەوەی چمکی شار و ئەدگار و پیکدادانی لادێ و شار و دیمۆگرافیا و پێناسەو شیکردنەوەی چمک و دونیای تازەیە و بریتییە لە ٢٠٢٢ لاپەرەو بەقەبارەی مام ناوەندی.

ئیستاتیکا و دیالکتیکی ئەخلاق و زانست

خوێندنەوەیە بۆ چمکی ئیستاتیکا و رەهەندە جۆراو جۆرەکان و وەهمی بینین و ئیستاتیکای سێکس و ئەخلاق و هتد




ئیستاتیكا دیالیكتیكی ئه‌خلاق و زانست.. سمكۆ محه‌مه‌د

“ئه‌وه‌ی دونیا رزگار ده‌كات. فه‌لسه‌فه‌ی جوانییه‌” دایستۆفیسكی
“هیچ هه‌قیقه‌تێك به‌بێ‌ جوانی مانای نییه‌، هیچ جوانییه‌كیش به‌بێ‌ هه‌قیقه‌ت نییه‌”. رۆمانتیكییه‌كان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




شانۆگەری- کۆمەڵگە.. نووسینی: ئۆمەر هانسن.. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕووداوەکە لە ژوورێکدا ڕوو دەدات

کارەکتەرەکان : بایرۆن، کیتس

شوێنکات : ژوورێکە مێزێک و دوو ئەسکەمیلی تێدایە. دەرگایەک هەیە- داخراوە – و پەنجەرەی تێدا نییە.
( دوو پیاو لەناو ژوورەکەدان. یەکێکیان لەسەر مێزەکە خەوتووە و ئەوی تریشیان دانیشتووە و تەماشای ئەکات. دوای پیاکێشانی کیتس بە مێزەکەدا و بایرۆن بەئاگا دێت، ئینجا دەست پێدەکەن)

بایرۆن : زۆر چاکە.

کیتس : بەڵێ زۆر چاکە. هاوڕام (کۆکم) لەگەڵتا.

بایرۆن : خۆ ئەوە ماوەیەکی زۆرە.

کیتس : ماوەیەکی زۆرە. وا بوو بەساڵێكی تەواو.

بایرۆن : من کاس بووم.

کیتس : دەبێت دەست پێبکەین.

بایرۆن : بێگومان،ڕاست دەکەی.( هەردوو پیاوەکە ئەچنە پشت مێزەکەوە. بایرۆن بەپێوە ئەوەستێت.) بابزانرێت کە کۆمەڵگەی شاعیرانی جیهان و گەردوون ئێستا بە فەرمانی شیعرییەوە دێن.

کیتس : جوان بۆی چووی.

بایرۆن : سوپاس. پێویستە حەز بکەین گوێبیستی خوێندنەوەی یادنامەکە بین.( بایرۆن دائەنیشێ و کیتس هەڵدەستێتە سەرپێ پارچە کاغەزێکی بەدەستەوەیە)

کیتس : من ئێستا یادنامەکەی دووایین کۆبوونەوە دەخوێنمەوە. خوێندنەوەی یادنامە،خستنەبەرچاوی تێبینییەکان، خوێندنەوەی شیعر. گفتوگۆی زیندوو، بێ خۆێڕشتن، کۆکردنەوەیان و ئەنجامەکان(کیتس دائەنیشێت)

بایرۆن : سوپاس. بەڕێزینە ئێستا ئێمە تێبینییەکان دەخەینە بەرچاو. بەڕێزینە وڵاتی هونەرەکان لەهەموو کاتێک لاوازترە. شانۆ بۆ چەندین ساڵ دەچێت مردووە. هونەری شێوەکاری لە گۆڕاندایە.مۆسیقا میلۆدیانە ئەمێنێتەوە لەبەر ئەوە دوودڵ و بێبایەخە.(نابەجێیە). سینەماش هەرگیز شێوازێکی هونەر نەبووە،ڕۆمانیش بۆتە کرێی جەماوەر و کورتەچیرۆکیش هەموو ساڵێک درێژتر دەبێتەوە. ئەوە شیعرە و بەتەنها هەر شیعرە وەک هونەرێکی شایستە بە ژیان ئەمێنێتەوە. پرسیار ئەکەی بۆچی؟ بەوپەڕی سادەییەوە وای دابنێ: ئێمە لە تۆڕی بۆگەنی مانا و لە زۆنگاوی هۆکار هەڵاتووین. ئێمە هونەرین و هونەریش ئێمەیە.ئێمە شیعرین و ئەوەش ڕووناکی شیعرە لە ناخمانەوە. ( کیتس دەست بەچپڵەلێدان دەکات. بایرۆن بە تووڕەییەوە تەماشای کیتس دەکات.) ئـێمە ملکەچی فەرمانەکانی دەرەوە نین، فەرمان ئاژاوەیە و ئاژاوەش فەرمانە. لێرە لەم شوێنە و بەتەنها ئەم شوێنە لەوانەیە بیرکردنەوە هەبێت و گەشە بکات( بایرۆن دادەنیشێت و کیتس بە قایمی چەپڵە لێدەدات)

کیتس : ئازیزی خۆم.

بایرۆن : سوپاس.

کیتس : ئەوە جوان بوو.

بایرۆن : تۆ زۆر میهرەبانیت.

کیتس : پێموابێت ئەبێت بگرێم.

بایرۆن : نا مەگریێ.

کیتس : شاعیرانە بوو.

بایرۆن : بەڵێ.

کیتس : ڕاپۆرتەکە لە سکرتێرەوە بوو؟

بایرۆن : دەستگیرۆیی وەستێنرا. دەسەڵات یارمەتیدانی ڕەتکردۆتەوە.

کیتس : مەرگ بۆ ستەمکار، دەسەڵات بۆ دەبەنگەکان.

بایرۆن : هێمن بەرەوە.

کیتس : تۆ ڕاست دەکەیت…

بایرۆن : من دووەمم، کێ دەست پێبکات؟

کیتس : من دەست پێبکەم؟

بایرۆن : بەهەموو مانایەکەوە.

کیتس : ( کیتس هەڵدەستێتە سەرپێ. وچانێک) شێلان”…سمی ئەسپ…دەموچاوێکی تەخت.( دادەنیشێت. بایرۆن دادەنیشێت و بەترسەوە لێی دەڕوانێت)

بایرۆن : چ کورت و پڕ مانایە…ئەمبینی…ئەسپەکە…سمەکە…دەموچاوەکە…ئەوە شاکارە. ئەوەی مانا بێ نەیبوو.

کیتس : تۆش زۆر میهرەبانیت.

بایرۆن : بەڕاست؟

بایرۆن : ئۆ بەڵێ، تکایە. ئێمە لەسەروبەندی دەستپێکردنێکی باشداین.

بایرۆن : ( هەڵدەستێتە سەرپێ و چاویلکەی خوێندنەوە لەچاو دەکات) چوون بۆ پارک و سەرما بوون لەشەوانی زستانا لە مانهاتان،وەختێ وامزانی پێمخۆشە، بەڵام هیچ نەبوو.

کیتس : ئەوە ناوونیشانەکەیە؟

بایرۆن : (واقی وڕماوە) بەڵێ.

کیتس : ئۆی، بەڵام من پێمخۆشە. حەزم پێی هەیە. زۆر شاعیرانەیە.

بایرۆن : ئۆی، لەو بڕوایەدایت؟

کیتس : ئۆی، بەڵێ بەدڵنیاییەوە.

بایرۆن : سەرمابردنێکی خۆڵەمێشی ڕەش…پەنچەکان…ژانێکی ئەرخەوانی…تۆ، لێوێکی ڕەشی مەیلەو قاوەیی.( نامەیەکی بچکۆلانە لەژێر دەرگاکەوە دەخرێتە ئەمدیوەوە. کیتس دەیبینێت)

کیتس : ئەوەت بینی؟

بایرۆن : چی؟

کیتس : ئەوەی لای دەرگاکە.

بایرۆن : من تەواو نەبوومە.

کیتس : کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێیدایە ئەمدیوەوە.

بایرۆن : بەڵام من تەواو نەبوومە.

کیتس : کەسێک فڕێیدایە…

بایرۆن : ئەمە دادپەروەری نییە.

کیتس : من…

بایرۆن : تۆش ئەبێت ئەوەی خۆت بخوێنیتەوە.

کیتس : بەڵام کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێدایە ژوورەوە.( ئەمە بۆ یەکەمین جارە نامە بۆ بایرۆن دێت. هاوار دەکات) تەماشای بکەین بزانین چییە؟

بایرۆن : مەبەستت ئەوەیە لەودیوی دەرگاکەوە فڕێدرایە ژوورەوە.

کیتس : بەڵێ. نازانم ئەبێ مانای چی بێت.

بایرۆن : (ترساوە) باش، لەوانەیە یەکێکمان تەماشای بکات بزانێت ئەوە چییە.

کیتس : من قایلم.

بایرۆن : (نایەوێت) ئەتەوێت بزانم چییە؟

کیتس : قەیناکە خۆم دەیکەم.

بایرۆن : باشە.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات و نامەکە هەڵدەگرێت. بەڕوانینێکی نیگەرانییەوە تەماشای دەرگاکە دەکات و ئەگەڕێتەوە لای بایرۆن)

کیتس : ئەشێت هاوار بکەین بزانین کێ ئەو نامەیەی خستۆتە ژێر ….

بایرۆن : نا نا هاوار مەکە!لەوانەیە تێکدەرێکی کۆمەڵگە بێت.( کیتس بازێک لە دەرگاکە دوور دەکەوێکەوە) ئەوە چییە؟

کیتس : (نامەکە هەڵدەپچڕێت) بۆچی…ئەوە شیعرە. ئەوە شیعرە. ئەتەوێت بۆتی بخوێنمەوە؟

بایرۆن : نا نا ئەوە هی دەرەوەیە. وابزانم باشترە هەر لەژێر دەرگاکەوە بیخەینەوە…

کیتس : ڕەنگە پێمان باش بێت.

بایرۆن : نەتخوێندەوە وا نییە؟

کیتس : خوێندمەوە. ئەشمەوێت بۆ کۆمەڵگەی بخوێنمەوە.

بایرۆن : من دژی ئەوەم.

کیتس : پێویستە ئازایەتی لەخۆمان نیشان بدەین.

بایرۆن : زۆر چاکە. ئەوە لەمێشکی تۆدایە( بایرۆن ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و دادەنیشێت. کیتس ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و بەپێوە دەوەستێت و دەست دەکات بەخوێندنەوە)

کیتس : بەزۆری ئەوەستێتە سەر …چی ئەنووسم و…چۆن بیر ئەکەنەوە. بەڵام هەرگیز ئەم دووانە ناگەن بەیەک.( وچانێکی درێژ)

بایرۆن : ئەوە بۆنی مانای لێدێت.

کیتس : چی؟

بایرۆن : ئەیڵێمەوە. ئەوە بۆنی مانای لێدێت.

کیتس : پێموابێت ڕاست ئەکەیت. ئەی چی بکەین؟

بایرۆن : بیخەرەوە شوێن خۆی.

کیتس : ژێر دەرگاکە؟

بایرۆن : بەڵێ، بەڵێ.

کیتس : ئێستا؟

بایرۆن : چەند زووتر بێت باشترە. ( کیتس ئەچێتە لای دەرگاکە و دائەچەمێتەوە و وەختە نامەکە بیخاتە ژێر دەرگاکە و دەوەستێت)

کیتس : بۆ پێتوایە ئەو نامەیەیان بۆ ناردین؟

بایرۆن : تا گەندەڵمان بکەن. ئەیانەوێت گەندەڵمان بکەن. بیخەرەوە ژێر دەرگاکە.

کیتس : بەڵام…دەرگاکە…قەت پێشتر شتی وا ڕووینەداوە. کەسێک لەودیوەوە هەیە.

بایرۆن : گەندەڵی لەودیوەوەیە.

کیتس : بەڕاستیتە؟

بایرۆن : ئەگەر نایخەیتەوە ژێر دەرگاکە لانی کەم لەسەر ئەرزەکە دایبنێ و شیعری زیاتر بخوێنەوە…وەرە…بخوێنەوە.

کیتس : لەوانەیە تۆ ڕاست بکەیت.

بایرۆن : شیعرێکی تری خۆت بخوێنەوە.

کیتس : بەڵام تۆ شیعرەکەی خۆت تەواو نەکرد.

بایرۆن : قەیناکە. بیخوێنەوە.( کیتس بۆ ماوەی خولەکێک تەماشای مێزەکە دەکات و پاشان ڕادەوەستێت و بۆ خوێندنەوەی شیعرێکی تر. تەماشای نامەکە دەکات لای دەرگاکەوە) تەماشای مەکە!( کیتس ڕوو وەردەگێڕێت و تەماشای شیعرەکەی دەکات)

کیتس : شەوەکە …تاریکییەکی فێنک…زۆر یان کەم…ئەوە…

بایرۆن : ئەوە شیعری کێشدارە.

کیتس : نا وا نییە.

بایرۆن : بەڵی وایە. تۆ شیعری کێشدارت خوێندەوە.

کیتس : نەخێر شیعری کێشدارم نەخوێندەوە.!

بایرۆن : ئەزانم خوێندنەوەی شیعری کێشدار کە بەر گوێم دەکەوێت. ئەوە کێشدار بوو.

کیتس : بەهەرحاڵ.. لەوانەیە وا بێت. هەندێکجار حەزم لە شیعری کێشدارە.

بایرۆن : چی؟

کیتس : حەزم لە شیعری کێشدارە.

بایرۆن : باوەڕ ناکەم. گەندەڵی دەستی پێکرد. ئەو نامەیە! وێرانمان ئەکات. ئەبێت لەناوی بەرم.( بایرۆن بەرەو لای نامەکە ئەچێت بەڵام کیتس پێشی پێدەگریت و ناهێڵێت دەستی بگاتە نامەکە) من پێتدەڵێم لێگەڕێ با لەناوی بدەم.

کیتس : بوەستە! بوەستە! تۆ زۆر عەبەس بوویتە!

بایرۆن : سوپاس.

کیتس : مەبەستم ستایشکردنت نەبوو.

بایرۆن : ئەی چیتر بم؟

کیتس : من لەم دەرگایەوە ئەڕۆمە دەرەوە.

بایرۆن : ( بایرۆن لەترسا هاواری لێهەڵدەستێت) نەخێر.

کیتس : وای دەبینم ئەبێت بڕۆم.

بایرۆن : تۆ تێناگەیت…تۆ گەنجی…لەدەرەوە گەندەڵی هەیە…لەدەرەوە مانا هەیە.

کیتس : تۆ چۆن ئەزانیت؟

بایرۆن : ناتوانم پێت بڵێم!

کیتس : ( بەرەو لای بایرۆن ئەڕوات و ڕووبەڕووی دەبێتەوە) ئەمەوێت بزانم!

بایرۆن : ( بەدەم هەنسکدانەوە بەچۆکدا دەکەوێت) ناتوانم! ناچارم مەکە. تکایە ناچارم مەکە.

کیتس : ( یەخەی کراسەکەی بایرۆن ئەگرێت) پێمبڵێ!

بایرۆن : ( بەهێواشی) …ئەزانم… لەبەر ئەوەی لەو دەرگایەوە چوومەتە ئەودیو! بەڵام بەختم هەبوو. گەندەڵیم بینی. مانام بینی و زانیم لەناوم دەبات. چۆن ژوورەکەم جارێکیتر دۆزیەوە، نازانم. بەڵام تۆ نابێت ئەوە تاقی بکەیتەوە. تۆ ناتوانیت بگەڕێیتەوە ژوورەکە. هەندێک وێڵ بوون و نەگەڕانەوە. کۆمەڵگە لەوێ ئەمێنێتەوە. بەڵام ئەوان ناگەڕێنەوە. تکایە گوێم لێبگرە.

کیتس : بەڵام مەبەستت چی بوو؟ ئەو دووانە هەرگیز بەیەک ناگەن.

بایرۆن : نابینی چیت بەسەر هاتووە؟ تۆ پرسیارت کرد مانای چییە. گوێت لە خۆت نییە چیت گوت؟

کیتس : من وام گوت؟

بایرۆن : بەڵێ گوتت.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات نامەکە هەڵدەگرێتەوە)هەڵی مەگرەوە! هەڵی مەگرەوە! بیخەرەوە ژێر دەرگاکە. لەدەرگاکە دوور بکەوە.( بە وچانێکی درێژ کیتس ڕادەوەستێت و نامەکەی بەدەستەوەیە. دواجار لەژێر دەرگاکەوە دەیخاتە ئەودیوەوە. بەهێواشی بەرەو لای بایرۆن دەڕوات کە شەرمەزاری دەکرد) کوڕە ئازیزەکە، تۆ بردتەوە، جەنگەکەت بردەوە… پێموابێت ئەبێت بەردەوام بین…بەڵام شیعری تر ناخوێنینەوە. دوای ئەمە لەوانەیە وەک شتێکی بێکەڵک چاوی لێبکەن. وەرە با بگەڕێینەوە و کۆنفرانسەکە تەواو بکەین. هێشتا ئەنجامگیری ماوە و ئەنجام نەدراوە. (هەردووکیان ئەچنەوە لای مێزەکە. بایرۆن قاپەکە سەر مێزەکە هەڵدەگرێت و فووی لێدەکات و تۆزەکەی سەری پاک دەکاتەوە و بەرەو لای کیتس پاڵی پێوە دەنێت. کیتس بە ڕوانینێکی نیگەرانیانەوە لێی دەڕوانێت. لەناو گیرفانییەوە هەستی پێدەکات. پاڵ بە قاپەکەوە دەنێت بۆ بایرۆن. بایرۆن ئاوڕ دەداتەوە و دەیبینێت. تۆزیک شەرمەزار دیارە)…ئێستا بۆ دوا ئەنجام …جارێکیتر خۆمان نوێ کردەوە. ئێمە بڕوامان وایە وەک هونەر بین.

کیتس : ئەوە زۆر جوانە.

بایرۆن : سوپاس. ئەوە ئێمە کۆتاییمان پێهێنا. وەرە باوەشم پێدا بکە. ئەوە ئەزموونێکی جوان بوو.

بایرۆن : بەڵێ.

بایرۆن : تا ساڵێکی تر؟

کیتس : ساڵێکی تر.(بایرۆن پێدەکەنێت و بەرەو دوورترین گۆشەی ژوورەکە لە دەرگاکەوە دەڕوات. پاڵ دەکەوێت و دەخەوێت. کیتس تەماشای دەکات و پاشان لە دەرگاکە دەڕوانێت. دەچێتە لای بایرۆن و ئەبینێ نووستووە. تەماشای دەرگاکە و ئینجا بایرۆن دەکات. بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات. دەست دەداتە دەسکی دەرگاکە و دەرگاکە دەکرێتەوە. ئاوڕ لە بایرۆن دەداتەوە. لەدەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە. لەگەڵ کزبوونی ڕووناکی بایرۆن دەست بە پرخەپرخ دەکات )

                                           کۆتایی

تێبینی : مەسەلەی جێندەر لەهەڵبژاردنی کارەکتەرەکان بۆ ئەم دەقە کێشە نییە. کارەکتەرەکان چ نێر بن یا مێ یانیش نێر و مێ بن پێکەوە هیج کاریگەرییەک لەسەر دەقەکە و تەکنیکی دەرهێنان و نمایش دانانێت.

دەربارەی ئۆمەر هانسن
شانۆنامەنووس و شاعیر و نووسەر و ئەکتەر ئۆمەر هانسن وانەی دراما لە کۆلیژی سەڵت لەیک کۆمینیتی دەڵێتەوە .ئێستاش بە وەرگێڕانی شانۆگەرییەکانی فرانز گریلپارزەرەوە خەریکە. شانۆگەری کۆمەڵگە لەساڵی ١٩٩١ لەسەر شانۆ لە وۆرکشۆپی پرۆگرامی گەشەپێدانی شانۆنامەنووسان خوێنرایەوە کەلەلایەن کۆمەڵەی شانۆ لە خوێندنی باڵا لە شاری سیاتڵ ڕێکخرا. لەکۆتایی ئەو ساڵەش خەڵاتی پریمیەر پرۆداکشنی کارە شانۆییەکانی خۆرئاوای شاری سەڵت لەیکی وەرگرت. ج. ئۆمەر هانسن حەوت شانۆگەری نووسیوە لەگەڵ چەندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان.

سەرچاوەکان :

1- Play It Again
By Norman A. Bert & Deb Bert
U.S.A. 1993 Pages 141 – 148
2- http://normanbert.files.wordpress.com/2011/02/curriculumvita1.pdf
3-https://www.meriwetherpublishing.com/AuthorsDetails.aspx?CatID=18

تێبینی : ئەم شانۆنامەیە لە گۆڤاری وانەر ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.




رۆژێك له‌ ناو شیوعییه‌كان نه‌بووم.. شاعیری گه‌وره‌: عه‌بدولستار نور عه‌لی

وه‌رگێران له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆكوردی: ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ 6/3/2011 به‌ پێی بریارێك له‌ سه‌رۆك وه‌زیران هێزێكی سه‌ربازی چووه‌ سه‌ر باره‌گای حزبی شیوعی عێراقی له‌ گۆره‌پانی ئه‌نده‌لوس و باره‌گای رۆژنامه‌ی ته‌ریق ئه‌لشه‌عب له‌ شه‌قامی ئه‌بو نواس له‌ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی چۆڵكردنیان و، ئه‌و بریاره‌ رێگا به‌ حزب نادات چالاكی بنوێنت وخه‌ڵكێكی زۆر سه‌باره‌ت به‌و بریاره‌ ده‌ستیان به‌ نووسین كرد ومن پێشتر ئه‌مه‌م نووسیبوو ئێستاش به‌ باشی ده‌زانم جارێكی تر بڵاوی بكه‌مه‌وه‌. ( یه‌كشه‌ممه‌ : 13/6/2011).
وتیان شیوعی ، وتم :
هه‌ركه‌سێ تیشكی خور له‌ ناوچاوه‌كانی بدره‌وشێته‌وه‌ ،
گه‌رمی زه‌وی له‌ دڵیدا له‌ زمانیدا، پۆڵا ش ئاو ده‌دات و،
په‌روه‌ردگاری شیعرو گوفتارو بیرو راستگۆیی وتن و
خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و سه‌ركرده‌ی خه‌ڵك
رێگای گه‌ل له‌ تێكۆشان به‌ ده‌ست و به‌ زمان و به‌ دڵ و،
مافی نیشتمانی دزراو له‌ ئازادی سورو روحی گۆرانییه‌كانی ،
ئاشتی دونیا ، ئاسایشی گه‌ل به‌شێكی زۆری ئاواته‌كانیه‌تی
رێپیشانده‌رێ چۆڵبوونی وڵاتێكی په‌ككه‌وته‌ له‌ سینه‌و
له‌ برسێتی ، له‌ هه‌ژاری
له‌ نه‌خوێنده‌واری ته‌شه‌نه‌كردوو
ده‌ڵێن : شیوعی !
من كه‌ له‌ سوچێكی باكوری رۆژئاوای زه‌وی ده‌ژیم
من هه‌ڵگری ئه‌م لێدانه‌م
من له‌ سه‌ر هه‌ردوو پێم وه‌ستاوم
بته‌و جێگیر
له‌ قوڵاییی ره‌گ وریشه‌ی زه‌ویدا
رۆژێك له‌ رۆژان له‌ناو شیوعییه‌كان نه‌بووم به‌ڵام چاومان به‌یه‌ك كه‌وت و. جیاوازیش بووم
رۆژێك له‌ رۆژان شێوه‌یه‌ك ، ئاڵایه‌ك ، یان فیشه‌كێك نه‌بووم
به‌ڵام
به‌ هه‌موو ده‌نه‌ ئاسایی و ناسكه‌ بۆنخۆشه‌كانی
خۆشمویست
له‌ چاوانمدا جێی ئه‌ستێره‌م كردووه‌ته‌وه‌ و، خواردمه‌وه‌و ، به‌رزبوومه‌وه‌
هه‌وری شاخ و دۆڵ و ده‌شت وباران و روباره‌كان و
دارخورماكان و هۆره‌كان و
شاره‌ گه‌وره‌كان وبچكۆله‌كان و،
كۆڵانه‌ تاریكه‌كان و برسێتی ،
ماڵه‌ قورو ته‌نه‌كه‌و چۆڵه‌كان ، یاسایی نین
له‌ نه‌خشه‌ی جیهان له‌ رۆژهه‌ڵات و له‌ رۆژئاواو
له‌ باكورو باشور
له‌ گه‌ركی هه‌موو هه‌ژارانی بێهێزو ، به‌هێزه‌كان به‌ شۆرش و، به‌ خۆشه‌ویستی
به‌ خه‌ونی نیشتمانێكی ئازادو به‌خته‌وه‌ر
به‌ *یوتوبیای (1) مرۆڤایه‌تی
هه‌رگیز رۆژێك له‌ ناو فایله‌كان نه‌بووم و
هه‌روا له‌وه‌ی چاوی گۆڤاره‌كان باسی بكه‌ن
بینم و، گه‌رام و، چاودێریم كرد، هه‌ڵوێسته‌م كردو، خوێندمه‌وه‌
ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و به‌یان و، چیرۆك و شیعر ده‌یڵێت
گۆركی ، مایكۆفسكی ، لۆركا، ئاراگۆن ، نیرۆدا و كازانتزاكیس، بورگیس و، ماركێزو
هه‌موو ئه‌دیبه‌ به‌شه‌رفه‌ گه‌وره‌كان به‌ پیت و به‌ روناكی
به‌ ئه‌ڤین و، به‌ ئاره‌زوو ، به‌ یه‌كسانی ، دادپه‌روه‌ری و
دارمانی دیوارله‌ نێوان ره‌نگ و ره‌نگداو،
له‌ نێوان ئاین و ئایندا،
له‌ نێوان كۆمه‌ڵێك و كۆمه‌ڵێكدا و ده‌ركه‌وتم
له‌ دونیای پر له‌ خه‌بات ، به‌ گوفتار،
به‌ خه‌ونه‌كان ،به‌ كۆتر ، به‌ ئاشتی ،
به‌ برین ، به‌ ئاگر ، به‌‌ ئه‌ڤین و ،
به‌ روح و دڵان
قه‌ت رۆژێك له‌ناو مێژوودا نه‌بووم به‌ڵام خوێندمه‌وه‌.
له‌ باره‌ی پاریس و، كۆمۆنه‌یه‌كی میللی و خه‌ونێكی شۆرشگێری و
له‌ باره‌ی شۆرشی ئۆكتۆبه‌رو
ئه‌و ده‌ رۆژه‌ی حیهانی ئارام وجێگیری هه‌ژاند
گه‌نده‌ڵ، سته‌مكه‌ر، ترسنۆك ، وه‌ستاو له‌ سه‌ر ئاگرو ئاسن و،
خنكاو له‌ سته‌م و كۆت زه‌نجیرو جه‌نگ و خوێن و چڵك.
له‌ باره‌ی لوركا و ئیسپانیا خوێندمه‌وه‌
له‌ سه‌ر فه‌هدو مانگرتنه‌كه‌ی گاورباغی و
له‌ سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی كانونی 1948 و
راپه‌رینه‌كه‌ی تشرینی 1952 و
شۆرشی ته‌موزی 1958 و
قه‌سابخانه‌كه‌ی شوباتی و1963 و
له‌ سه‌ر به‌ره‌كه‌یان
له‌ سه‌ر جیاب ، هوشی منه‌ ، چیڤاراو دوبریه‌ خوێندمه‌وه‌
سانتیاگۆ و ئه‌لێندی
هه‌روا گورباتشوف ، یه‌لتسن ، شیڤارنادزه‌و به‌رلین
من حه‌زم
له ده‌نگی ئه‌لسه‌یاب و، ئه‌لنه‌واب و، ئه‌لئه‌خزه‌ر كوری یوسف والریفی مه‌حمودو
روشدی ئه‌لعامل ، ماجد ئه‌لعامل ، خصباك و، شه‌مران و فه‌رمان و
ده‌رویش ،سه‌میح ئه‌لقاسم ، معین به‌سیسو ، ئه‌میل حبیبی و….. حه‌ننا مینا ، نه‌جیب سرور ، سه‌ڵاح عه‌بدولسه‌بوره‌.
گه‌شتم كرد
به‌ ناو ده‌ریای گۆڤاره‌كان كه‌ به‌ سور ناونران
نه‌ زه‌ردو نه‌ ره‌ش ،
سور !
به‌ڵێ
كێ گوڵی سوری خۆش ناوێ
بیبه‌خشێت به‌ دایك ، به‌ هاورێ و خۆشه‌ویست
ئه‌و حزبه‌ی كه‌ رۆژێك نه‌ده‌نگی بووم نه‌ سێبه‌ری
به‌ڵام یه‌كتریمان دی
( جیاوازیش) بووین ؟!

26/5/2021

  • — – — – — ————–
    تێبێنی :
    *یوتوبیا (1) : جیهانی خه‌یاڵ



هاتووم بەرەو لای تۆ.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

هاتووم خۆم هەڵسووم لە بۆنی پرچەکانت
تاکو ببمە شووشە عەترێکی رژاو بەرووی دنیادا
هاتووم وەک نەمامێک لە کۆشی تۆدا بڕوێم
تا وەک شۆڕەبییەک بەسەر خەیاڵەکانتا بڵاوببمەوە
هاتووم لە سینگی تۆدا سۆراخی چێژێک بکەم
تاکو لە ئاسمانی تۆدا لە شەقەی باڵ بدەمەوە
هاتووم جەستەی نەرمت بە ئەسپایی هەڵکرۆژم
تاکو لە دڵتا وەک سنەوبەرێکی شەرمن بمنێژیت
هاتووم دەستەکانم بخەمە نێو دەستی ماندووتەوە
تاکو راددەی توانەوە و ئاوێتەبوون هەڵیانگڵۆفم
هاتووم لە کانیاوی چاوەکانتا تینوێتیم بشکێنم
تاکو مۆمی کزی تەمەنم بەسەر هەستتا بتووێتەوە
هاتووم بە دوای خەونێکی گشت ژیانما ئەگەڕێم
تاکو لافاوی ماچم مەراقی دەروونت بشواتەوە
هاتووم وەک شوێنکەوتووی دێوانەیەکی دێرین
تاکو لە بناری مەمکەکانتدا منداڵ ببمەوە
هاتووم لەشت بکەمە پیانۆی ئاوازێکی دەگمەن
تا پەنجەکانم بە سمفۆنی ئەوین ئاشنا بکەمەوە
هاتووم بولبوولی رۆحت لە قەفەز دەربێنم
تاکو دەستلەملان و ئاوێزانی باڵات ببمەوە
هاتووم پڕ بە سییەکانم هەناسەت هەڵمژم
تاکو نەفەسی ژیانم سەرلەنوێ بۆ بگەڕێتەوە
هاتووم بەرەو ئەو شەتڵگەیەی تۆی تێدا رواویت
تا وەک هەنگێک شیلەی لێوەکانت بنۆشمەوە
هاتووم سۆمای چاوت لە ئەنگوستەچاوێکدا بدزم
تا دیدەی تاریکی رۆحمی پێ رۆشن بکەمەوە
هاتووم لە سپێتیتا خۆم لە گوناه پاک بکەمەوە
تاکو لەنێو برژانگەکانتا دووبارە بڕسکێمەوە
هاتووم بەرەو گوڵستانی چڕ و پڕ جۆشی تۆ
تاکو گوڵی ماچەکانت نەڕنم هەرگیز ناڕۆمەوە
هاتووم لەئاگری ئەوینتا ببمە قەقنەز و خۆڵەمێش
تا رەشەبایەک بەسەر تۆدا پەرش و بڵاوم بکاتەوە
هاتووم قژی ئازارەکانت بە پەنجە شانە بکەم
تا نەمرم هیچ کات لێوم لە لێوەکانت ناکەمەوە
هاتووم بتکەمە قیبلەی هەموو نوێژەکانم
تاکو لەسەر بەرماڵی دامەنت سەربنێمەوە
هاتووم دەستنوێژم بە بارانە فرمێسکت هەڵگرم
تاکو کورەی عەشقم، تەزیویت گەرم بکاتەوە
هاتووم لە پێڵووی چاوەکانتدا ببمە چرایەک
تا حەرف بەحەرف لە شیعرەکانما بتنووسمەوە
هاتووم قورسایی خۆشەویستیت لە کۆڵ بنێم
تاکو لە نێو دەممدا شەکری دەمت بتوێتەوە
هاتووم کۆدی هەموو نهێنییەکانی ژیانم بکەمەوە
تاکو لە بوخچەی نهێنییەکی نوێدا بتشارمەوە
هاتووم رازی نەبیستراوی رۆحم بۆ تۆ بدرکێنم
تا لەحەسرەتی باوەشی پڕ سۆزت سەرنەنێمەوە
هاتووم شەبەقی تەنهاییت بە عەشق پڕ بکەمەوە
تاکو وەک بەفر بەسەر بێزارییەکانتا بتوێمەوە
هاتووم دەلاقەیەک بۆ ماچ و باوەشت بدۆزمەوە
تاکو لەگەڵ خۆری تۆدا هەموو رۆژێ هەڵبێمەوە
هاتووم لەگەڵت بم و بۆ هەمیشە لات بمێنمەوە
تا شەربەتی ماچەکانت بڕژێتە گەرووی تاڵمەوە
هاتووم تێر بە بینایم لە جوانییەکەت بڕوانم
تا قومێ لە پێکەنینی پڕ ئەفسوونت بخۆمەوە
هاتووم لە گۆمی گریانتا بێ سەرو شوێن ببم
تا ببمە بارانی عەشقێک سەرتاپا بتخوسێنمەوە
هاتووم مێژووی سووتانی دڵمت بۆ بگێڕمەوە
تاکو لە باوەشێکتا هەستی بزڕکاوم بژێتەوە
هاتووم ئومێدە وەریوەکانم لە تۆدا بدۆزمەوە
تا بەهیوای رامووسانێک وەک ژیلەمۆ بگەشێمەوە
هاتووم دڵی خۆم بە تاڵی زوڵفت لە سێدارە بدەم
تاکو دوای تۆ وەک بێ دڵێک لە ژیاندا بمێنمەوە

ستۆکهۆڵم – سۆلنا




ئەمڕۆی سینەماو ئەكتەری سینەمای كوردی.. حه یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ئەوانەی لەكوردستاندا ئەكتەری سینەمان ژمارەیەكی سنووردارن، بەڵام پێ‌ دەچێ‌ بەپێی تێپەڕ بوونی كات، ئەو ژمارەیە بەرەو زۆر بوون هەڵكشێ‌ .
تا ئەو دەمەی ئێستا، ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی كوردستان، ئەو دەرفەتەی نەرەخساندووە، بزاڤێكی سینەمایی و فیلمسازیی لەكوردستاندا سەرهەڵ بدا، یان ئەكادیمیا سینەماییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان هەبێ‌ بۆ دروست كردن و پێگەیاندنی كادیری سینەمایی، بەتایبەت ئەكتەرو دەرهێنەر.
ئەو بۆشاییەی سینەماش كە هەبووە، زێتر بەپشت بەستن بەسینەماكارەكانی دەرەوەی كوردستان پڕ كراونەتەوە، ئەگەرنا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی ئەنجام دراون، بەهۆی لاوازی توانستی دارایی و كادیری سینەمایی و تەكنیك و ئامێری تەقلیدی، نەیان توانیووە بنەمایەكی متمانە پێكراو بۆ پیشەسازی فیلمسازیی لەكوردستاندا دامەزرێنن.
زۆرینەی ئەو لاوانەش كە ئارەزووی فیلمسازییان هەبووە، ئەو توانا دارایی و هونەریی و تەكنیكیەیان نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی بازرگانی، بەڵكو زۆرینەیان بەئاراستەی بەرهەمهێنانی كورتە فیلم بۆ فیستیڤاڵە جیهانیەكان كاریان كردووە، ئەم حاڵەتەش نەیتوانیووە شتێ‌ لە واقعی سینەما لە كوردستاندا بگۆڕێت بەئاراستەی دۆزینەوەی شوناسێك بۆ فیلمسازی لەكوردستاندا.
تەنانەت ئەو چەند فیستیڤاڵە سینەماییانەش كە ساڵانە لەكوردستاندا ئەنجام دراون، راستە كە فاكتەرێكی هاندەر بوونە بۆ بەكولتوور بوونی سینەما لە كۆمەڵگای كوردی دا، بەڵام چونكە بژاڤێكی سەقامگیرو بەردەوام نەبووە، ئەو كاریگەرییەیان نەبووە بۆ گەیشتن بەئامانجە سەرەكیەكە، كە هێنانە كایەوەی پیشەسازی فیلمسازیی بووە لەكوردستاندا.

ئێستا ..تەنیا شتێك كە جێگەی ئومێد بێت لەكوردستاندا، هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێ‌ كۆمپانیای بەرهەم هێنانی فیلمسازین.
ئەو كۆمپانیا بازرگانیانە پەیوەندی راستەوخۆی هونەرییان لەگەڵ كۆمەڵێ‌ دەرهێنەر هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژە سینەماییانە.
كاتێ‌ ئەو كۆمپانیانە گرێ‌ بەست لەگەڵ دەرهێنەرەكاندا دەكەن، مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ پرۆژە سینەماییەكان، ئەویش ئەوەیە كە چۆن بتوانن وەك دراماو فیلمە توركیەكان بینەر لەدەوری ئەو شاشە تەلەفزیۆنیانەدا كۆ بكەنەوە،لەوانەی وەك سپۆنسەر بەشداری لەبەرهەمهێنانی فیلم دەكەن .
دەرهێنەرەكان هەموو ئازادییەكیان پێ‌ دەدرێت و هەموو پێداویستیەكی ماددی و هونەرییان بۆ فەراهەم دەكرێت، تەنیا ئەوەندە نەبێت، ئامانج و ستایل و ئاراستەی سیناریۆی فیلمەكان دەكەوێتە دەست كۆمپانیاكان، بۆیە زۆر لەدەرهێنەرەكان ناتوانن بپرژێنە سەر پرسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان، لەوەشدا دژ بەخواستی زۆرینەی بینەران دەوەستن، تەنیا گەنجەكان نەبن كە گوتاری سینەماییان بەلاوە گرنگتر نیە لە شێوەو تەكنیك و ستایل و روخساری جوانی ئەكتەر.
لەنێوان ئەو دوو هاوكێشەیەی خواستی كۆمپانیاكان و خواستی بینەران كامیان لەبەرژوەندی سینەمای كوردی دایە؟
بێگومان دروست بوونی بناغەیەك بۆ فیلمسازی و بەبازرگانی كردنی فیلم لەسەرووی ئامانجەكانە، چونكە تا تۆ بنەماكانی پیشەسازییەكە دانەمەزرێنی، ناتوانیت بەرهەم و بازاڕت هەبێت، كە پیشەسازیشت هەبوو دەتوانیت لەئایندەدا ئاراستەكانی بەرهەمهێنان بگۆڕیت، بەو شێوەیەی بازاڕ خواستیەتی .

هەمیشە هەبوونی بازاڕ ركابەری نوێ‌ دەهێنێتە پێشەوە، كە لەئەنجامدا بەقازانجی سینەمای كوردی دەشكێتەوە.
رەنگە ئەگەر ئێستا دووسێ‌ كۆمپانیای فیلمسازی لەكوردستاندا هەبێت، لەئایندەیەكی نزیكدا بەهۆی بە بازاڕبوونی بەرهەمەكان، ببیتە خاوەنی دەیان كۆمپانیای زەبەللاحی تر، كە پێشبڕكێ‌ دەكەن لەسەر باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئامێرو كادیری تەكنیكی پێشكەوتوو، باشترین ئەكتەری سینەمایی.
ئەو كاتە گرێ‌ بەستی دەرهێنەرو ئەكتەرو كادیرە سینەماییەكان بەشێوەیەك بەرز دەبێتەوە، كە هەموو هونەرمەندان ئاواتی ئەوە بخوازن لەكەرتی سینەمادا كار بكەن و ببن بەروخسارێكی سینەمای كوردی لە جیهاندا .
ئەوەی باسی دەكەم نیشانەكانی دەركەوتن و لە ئایندەیەكی نزیكدا كوردستان دەبێتە خاوەنی سینەمای خۆی، بێ‌ ئەوەی پێویستی بەكادیری دەرەوەی كوردستان هەبێت، لەوانەش ئەكتەری سینەمایی .
ئەوەی فۆكسی دەخەمە سەر هەر تەنها سینەما نیە، بەڵكو دراماو زنجیرە درامای كوردیش بەهەمان شێوە دەكەونە نێو چوارچیوەی هەمان بازنە.
هەمیشە هەلومەرجی ئابووری و بازرگانی پەرەسەندوو لەهەموو دنیادا، دەرهاوێشتەی خۆی هەیە، ئەو هەلو مەرجە هونەرییە بازرگانیەش كە لە كوردستاندا هاتۆتە پێشەوە، دەرهاوێشتەی ئەو زەمەنە خێراو بە پەلەیە، كە تێیدا بتەوێت و نەتەوێت زمان و ئامرازو ستایلی تایبەتی خۆی بەسەر واقیعدا دەسەپێنێ‌، ئەگەر لە دەستپێكا ئەو تەوژمە نوێیە جۆرە دژایەتیەكیشی لەگەڵ كولتوورو داب و نەریتێكی دیاری كراوی كۆمەڵایەتیدا هەبێت ، ئەوە بەكاتێكی كەم، بینەری كورد، ئاوێتەی زەمەنە نوێكە دەبێت و بەناچاری قەبوڵی دەكات .
بێ‌ شك كە سینەماو كۆمپانیای سینەمایی لەكوردستانا نەبوون، ئەكتەری كوردیش ئەگەر مومارەسەیەكی پیشەیی و پراكتیكی لەگەڵ هونەری فیلمسازی دا نەبێت، ناتوانێت لە بازنەیەكی بەتاڵدا بێتە بەردەم كامێراو ببێت بەئەكتەرێكی سینەمایی، چەند ئەوەندەی خاوەن توانست بێت .
پاشان ئەگەر ئەكتەری باش بیت و لەگەڵ دەرهێنەری شارەزا كار نەكەیت، كە بۆت ببێتە راهێنەرێكی زیندوو بۆ كاری نواندن و هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كامێرا، ئەوە ناتوانیت ببیت بەئەكتەری سینەمایی ، گریمان ئەگەر دەرهێنەریكیشت هەبوو، ئەگەر بەردەوام نەبوویت لەكاری سینەمایی دا، ئەوە بە بەرهەمێك و دووان و سیان ناگەیتە ئەو ئامانجەی كەبینەر وەك ئەكتەرێكی سینەمایی تۆ بناسێ‌ .
خۆ ناساندن وەك ئەكتەری سینەمایی سێ‌ ئامانج دەپێكێنێ‌:
1.خۆ ناساندن بەمانا بەردەوام بوون لەسەر كاری سینەمایی و دەوڵەمەند كردنی ئەزموون، چونكە تۆ تا وەك ئەكتەرێكی سینەمایی نەناسرێ‌ ی نابیتە جیگەی سەرنج راكێشانی بەرهەم هێنەرو كۆمپانیاكان .

  1. نواندن لەكاری سینەمایی، سەرچاوەیەكی زۆر نزیك كەرەوەیە بۆ پەیدا كردنی ناوداریەتی، لە ماوەیەكی كەم دا، لەبەر ئەوەی سینەما بەرفرەوانترین و خێراترین گۆڕەپانە بۆ خۆ ناساندن، لە سەر ئاستی وڵات و پاشان لەسەر ئاستێكی ئیقلیمی و جیهانیی دا.
    3.پەیدا كردنی داهات و بازاڕی گەرم، چونكە داهاتی سینەما بۆ ئەكتەر بەراورد ناكرێت لەگەڵ داهاتی دراماو شانۆ، بەتایبەت لەو فیلمانەی كە سەركەوتن بەدەست دێنن و زۆرترین بینەریان دەبێت .
    4.ئەكتەری سینەما كە گەیشتە قۆناغی ناوداریەتی، وەك ئەكتەری دراماو شانۆ بێ‌ كار نابێت و رەنگە لە یەك كاتدا خاوەنی كۆمەڵێ‌ گری بەست بێت و لەیەك كاتدا لەچەند بەرهەمێك كار بكات .
    5.ئێستا بازرگانی سینەما لەكوردستاندا خەریكە سەرهەڵدەدات و كۆمپانیایاكان دەروازەیەكیان كردۆتەوە بۆ فیلمسازی، تا ئێستا ئەو بەرهەمانە وەك ئەزموونێكی سەرەتایی و بەپشت بەستن بەچەند گەنجێكی سینەماكار لە دەرهێنەرو ئەكتەر لەرووی داهاتەوە، وێڕای ئاریشا هونەرییەكان و كەم و كوڕیەكان گۆڕانكارییان پێوە دیارە، كە رەنگە ئەگەر پەرەی پێ‌ بدرێت و ئەزموونەكە فرەوانتر بكرێت، ئەوە قۆناغێكی نوێ‌ بۆ پیشەسازی سینەما لە كوردستاندا سەرهەڵبدا .

ئایا هەموو ئەكتەرێك دەتوانێت ببێت بەئەكتەری سینەمایی؟
زۆرینەی ئەكتەرانی سینەما لەجیهاندا تەنیا كاری سینەمایی دەكەن و لەو بوارەدا ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە، لەوە راهاتوون كە چۆن هەلسووكەوت لەگەڵ كامێرا بكەن و چۆن پارێزگاری لە جەستەو پێرفۆرمانسی خۆیان بكەن.
دواتر ئەو داهاتەی بەهۆی ناوداریەتی و وەرگرتنی خەڵات لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانەوە بە دەستیان هێناوە، هەروا ئەو هەموو عروزاتەی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بۆیان دەخرێتە روو، ئەو كاتەی بە دەستەوە نادەن، دەرفەتێك بدۆزنەوە بۆ كاری درامی یا شانۆیی .
ئەو ئەكتەرانە چەند ئەوەندەی ناوداریەتیان زۆرتر دەبێت،كرێ‌ ی كار كردنیان گرانتر دەبێت، ئەوەندەش بەپراكتیك كار بۆ سینما دەكەن، بەشێوەیەكی سروشتی رێچكەی راستەقینەی نواندنی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئەو نواندنە دەكەن كە سینەما دەیەوێت .
بەڵام واقیعی فیلمسازی لەكوردستاندا بۆ ئەكتەر شتێكی ترە، لە بەر ئەوەی پیشەی ئەو ئەكتەرانەی لە سینەمادا كار دەكەن، تەنیا سینەما نیە، بەڵكو بۆ هەندێكیان شانۆ بووە، بۆ هەندێكی دیكەیان دراما، یاخود ئەكتەرێكی كۆكتیل بوونە، بەشێوەیەكی میللیانە دروست بوونە، بەتایبەت شانۆكارە كلاسیكیەكانن كە لای ئەوان فۆرمی نواندن و پێرفۆرمانسی ئەكتەر ، لەنێوان هونەری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی و سینەمادا ئاوێتەی یەكتر بوونەو زۆر لەئەكتەرانی كورد لەكاتی كار كردن لەو هونەرانە تایبەتمەندی خۆیان نادەنە پاڵ هەر یەك لەوان ، بۆیە زۆر جاران لە ئەنجامی ئەو تێكەڵاو بوونەو جیاوازی پێ‌ نەكردنیان، هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە دووچاری شكست هاتن بوونە وەك ئەكتەر، لە هەمان كاتیشدا ئاسەوارو كاریگەریەكی نەگەتیفانەیان بەسەر بەرهەمیشدا بەجێ‌ هێشتووە..
فاكتەری سەرەكی ئەو تێكەڵاو كردنە لەوە دایە، كە زۆرینەی ئەكتەرانی كورد بەگشتی لە سەر بونیاتێكی ئەكادیمی پەروەردە نەكراون و لە هونەری شانۆوە پەڕیونەتەوە سەر دراما، پاشان لە دراماوە بازیان داوەتە سەر سینەما، خۆیان و ئەو فۆرم و ستایلە تەقلیدیانەی پێیانەوە نوساوە، بە گۆڕینی هونەرەكان لێیان جیا نەبۆتەوەو لە هەر سێ‌ بواردا، بە یەك فۆرم نواندنیان كردووە .

رووەكی دیكەی فاكتەرەكان ئەوەیە كە ئەزموونی زانستی و پیشەیی ئەكتەری كورد لەگەڵ سینەمادا ئەزموونێكی زۆر لاوازەو هەرگیز وەك ئەكتەرێكی پرۆفیشنالی پشتی پێ‌ نابەسترێت، ئەوەی هەیە كۆمەڵە بەرهەمێكی لاوازە كە نە لە گەڵ تەكنیكی ئەمڕۆی سینەما دەگونجێ‌، نە لەگەڵ فۆرمە جیاوازەكانی ئەمڕۆی پێشكەوتنی سینەمادا هاوكوفە.
بۆیە دەرهێنەر ناچار دەبێت كە هەندێ‌ جار سەركێشی بكات و ئەو ئەكتەرە كلاسیكیە بێ‌ ئەزموونانەی بواری شانۆو دراما بۆ سینەما بەكاربێنێ‌ كە بەزەقی پێرفۆرمانسی شانۆییان پێوە دیارەو هەمان ئەكشن و ئیلقاو دەنگی شانۆیی و دەرخستنی جەستە بۆ سینەماش بەكار دەهێننەوە.
ناكرێت هەندێ‌ دەرهێنەر بەتوانست و ئەزموونی هیچ ئەكتەرێكی شانۆیی فریو خواردوو بێ‌ و وای بۆ بچێت، كە ئەو ئەكتەرە هەمان ئەو سەركەوتنانە بەدەست بێنێ‌ كە لەشانۆ یا دراما بەدەستی هێناوە، نەخێر هەندێ‌ لەو ئەكتەرە جیاوازانە دەبنە باڵێكی گران بەسەر شانی سینەماوە.

ئەوەی بۆ سینەما گونجاوە هیچ لەو ئەكتەرانە نین كە قالبێكی شانۆییان وەرگرتووە، بەڵكو تەنیا ئەكتەرە خاوەن ئەزموونەكانی سینەمان، كە لە چەندین ئەزمووندا توانای خۆیان لە بەرهەمەكاندا دەرخستووە ، یاخود كاراكتەری سروشتی شەقامن، لەوانەی نەكەوتونەتە ژێر كاریگەری هیچ فۆرمێكی تەقلیدی ، كە هەندێ‌ لەوان هیچ جۆرە نواندنێكیان نەكردووە ، بەڵام دەرهێنەر لە كاتی وێنەگرتندا بەو شێوەیە دروستی دەكات، كە ئەو دەیخوازێ‌ ، ئەوەتا زۆر لەو ئەكتەرانەی لە شەقامەوە هیندراونەتە ناو سینەما، هەندێكیان ئێستا بوونەتە ئەكتەری جیهانیی و چەندین خەڵاتی سینەماییان لەجیهاندا بەدەست هێناوە، بۆ نموونە كاراكتەری ( وەحشی ) كە لە فیلمی ( رسالە) ی مستەفا عەقاد حەمزەی مامی پێغەمبەر بە ڕم دەكوژێ‌ ، ناوی عەلی سالم قەدارەیە، خەڵكی لیبیایە، لە ژیانیدا كاری نواندنی نەكردووە، كاتێ‌ مستەفا عەقادی دەرهێنەر لە هوتێل چاوی پێی دەكەوێ‌ ، بۆ ئەو رۆڵە هەڵی دەبژێرێ‌ .
عەلی سالم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی دا دەربارەی رۆڵەكەی لە فیلمی ( رسالە) گوتی : دوای ئەوەی دایكم فیلمەكەی بینی ، لە ماڵ دەری كردمە دەرەوەو هاواری دەكرد بە سەرما، چۆن تۆ پێ‌ دەنێیتە ماڵەكەم تاوانباری بە كوشتنی ئیمام هەمزەی مامی پێغەمبەر .
ئەو جۆرە ئەكتەرانەی سەرشەقام كە لەلایەن دەرهێنەرەوە بژار دەكرێن بۆ بینینی رۆڵی هەندێ‌ لەو كاراكتەرانە ، تەنیا روخسارو رەنگ و شێوەی لێكچونیان لە كاراكتەر دەبنە هۆكاری راكێشانی ئەو كەسایەتیانە بۆ دنیای سینەما .
ئەزموونی ئەكتەری كورد لە گەڵ سینەمادا ئەزموونێكی كورتە بە قەد كورتی تەمەنی سینەمای كوردی ،
نەك هەر ئەكتەر هەموو رەهەندە هونەرییەكانی سینەما بەگشتی لەدەستپێكدان و تا ئێستا نەكەوتونەتە سەر پێ‌، كە خاوەنی شوناسێكی سەربەخۆ نەبێت .




چینایەتی لە کورتە ڕۆمانی کارەکەر دا.. هۆشیارجەمال

کورتە ڕۆمانی ” کارەکەر” لە نوسینی ” گەلاوێژخان”ە و لە دووتوێی (١٠٤) لاپەڕە دا نووسراوە، کاتی نووسینی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٧)ی زاینی، کاتێک نووسەر لە تاراوگە ژیاوە. بەڵام بە شێوەیەکی ڕوون لە کورتە ڕۆمانەکە ئاماژەی نەکردوە بە کاتی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە کە دەگەڕێتەوە بۆ چ ساڵێک یان زەمەنێک.
نووسەر شاری بەغدادی وەک شوێنی ڕووداوەکانی ناو کورتە ڕۆمانەکە هەڵبژاردوە، کە زۆربەی کارەکتەرەکان بە نەتەوە کوردن. هەروەها دیالۆگ و کارەکتەرە سەرەکیەکانی زۆربەیان ڕەگەزی مێینەن، کە ئەمەش زیاتر نزیک دەبێتەوە لە ڕۆمانی “بووکی ئاتەخان”ی هەمان نووسەر. دەستپێکی ڕووداوەکان بوون بە خزمەتکاری کچێکی خوار هەژدە ساڵە بەناوی”گوڵە” کە بەنەتەوە کوردە و نیشتەجێی خانەقینە، بەڵام باوکی بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دایکی ناژی تا تەمەنێک توانیویەتی بەخێوی بکات، ناچار دەیباتە شاری بەغداد و دەیکات بەکارەکەری ماڵێکی دەوڵەمەندە کە ئەوانیش هەر بە نەتەوە کوردن. لێرەوە ئازار و سەختیەکانی ئەو منداڵە دەستپێدەکات کە چۆن کارەکەری ماڵەکەی پێ دەکرێت و دەچەوسێنرێتەوە. هەروەها وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ئەو دابەشبوونی چینایەتی و کۆیلایەتیانەی کە بە درێژای مێژوو ڕوویانداوە و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر بە جۆری جیاواز جیاواز بوونیان هەبووە، ئەگەر لە لایەکەوە ڕەهەندێکی سیاسی هەبێت و نەتەوە سەردەستەکان و زلهێزەکان دانیشتوانی وڵاتە هەژارەکانیان ناچارکردبێت بەوەی دانیشتوانەکەی بکەین بە کۆیلە لە پاش داگیرکردنی وڵاتەکەیان یان دانیشتوانەکەیان گواستبێتەوە بۆ وڵاتانی تر و بە کۆیلە کرابێت، ئەوا ڕەهەندێکی تری بریتیە لەوەی زۆربەی مرۆڤ لە ناخی خۆیدا کاتێک دەگات بە پلە و پۆستێک یان سەروەت و سامانێکی زۆر حەز و ویستی خۆ زاڵکردن بەسەر ژێردەستەکانی هەیە. وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ئازاری جەستەی و دەروونیان دەدات وە هیچ پێوەرێکی (یەک زمانی و یەک نەتەوەی و یەک ئاینی) ئەو دوو مرۆڤە کاریگەرێکی ئەوتۆی نیە لەسەر ئەوەی کەسی سەردەستە و دەوڵەمەند تا لە ئازار و سەختیەکانی کەسەکەی تر تێبگات.

ڕووداوەکانی کورتە ڕۆمانەکە جگە لە نیشاندانی ئازارەکانی کچێک بە ناوی “گوڵە”، نیشاندانی ئازاری چەندین ژن و کچی تر لە کە لە ماڵە دەوڵەمەندەکانی تر دەژین و ستەمیان لێ دەکرێت، تەناتەت دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت.
هەر لەم کورتە ڕۆمانەدا ئاشنا دەبین بە ژنێک بە ناوی ” شوکریە” کە ئەویش هەر خزمەتکاری ماڵانە و پاش ماوەیەک دێتە هەمان ماڵ کە “گوڵە”لێی دەژی بۆ کارەکەری، بەڵام ڕوحی یاخی بوون لە جەستەی ئەم ژنەدا نەک هەربوونی هەیە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە جەستە و دەروونی ئەم مرۆڤە یاخیەدا کە دەبێتە هەوێنی چەند ڕووداوێکی جیاوازی ناو کورتە ڕۆمانەکە، ئەویش لە پاش ئەوەی خاوەن ماڵەکە وەک کارەکەری خۆی کە بە میوانی دەچن بۆ ماڵان لەگەڵ خۆی دەیبات، ئەویش لەوێ وەک ژنێکی وریا دەگەڕێت و دەپرسێت هەتا بە ئازارەکانی کارەکەرێکی تر ئاشنا دەبێت کە خاوەن ماڵەکە پلەدارێکی سەربازیە و چەندین جار دەستدرێژی سێكسی کردۆتەسەر، ئەویش سەرەڕای مەترسیەکان ڕزگاری دەکات.

لە کۆتایشدا نووسەر ڕووداوەکانی ناو کورتە ڕۆمانەکەی بەوە کۆتایی پێ دەهێنێت کە شوکریە بڕیاری هاوسەرگیری دەدات لەگەڵ باوکی “گوڵە”دەدات. کە بەم بڕیارە خۆی و کەسێكی تریش لە کارەکەری ماڵان ڕزگار دەکات و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەن. کە دەکرێت بڵێن ڕاستە نووسەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی کورتە ڕۆمانەکەیدا هەندێک ڕاستی ناخی مرۆڤی بۆ باسکردین کە چەند وێڵی خۆبەگەورە زانین و بوون بە ستەمکار و بینینی خەڵکە وەک کۆیلە، کە خوێنەر توشی دڵتەنگبوون دەکات، بەڵام لە کۆتایدا پەیامی ئازادی و ڕزگار بوونی مرۆڤی نووسیوەتەوە کە لە هیچ بارودۆخێکی ژیانیدا ناکرێت بێ هیوابێت، بەڵکو پێویستە هەردەم ڕوو لە ئاسۆی ڕووناکی بێت، پەیامی ژیان دۆستی هەڵگرتبێت.




مرۆڤ نابێ فێربکرێت.. ئاراس سەعید

فێرکردن کەبتکردن و کوشتنی توانای تێڕامان و تێفکرینی تاکە، بۆ کەسێکی پاسیڤ و وەرگر.
سیستمی پەروەردە کارخانەیەکە تەواوی ئینێرجی و تواناکانی مرۆڤ دیسپلین دەکات لەڕێگەی فێرکردنەوە. کاتێک “فرۆید” دەربارەی سەردەمی “قەلەقی شارستانیەت” دواوە، لەدیدی منەوە، لە ئێستا ئەو ڕۆڵەی ئایین لەمێژوودا، وەکو دەزگایەک لەبەرژەوەندی دەوڵەت “دەسەڵات” خۆی تێدا مومارەسە دەکردەوە، لەسەردەمی نوێدا ئەو ڕۆڵە گوێزراوەتەوە بۆ ناو دەزگا پەروەدەیەکانی وەکو (خوێندنگا، زانکۆ، پەیمانگا). دەسەڵات ڕایەڵەیەکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو بەشێوازێکی قووچەکی لەسەرەوە دێتەوە بۆ خوارەوە، کاتێک دەسەڵات لەڕێگەی مامۆستاوە خۆی مومارەسەدەکات، کاردەکات بۆ “نامۆ”کردنی مرۆڤ، لەجەوهەری خۆی.
مامۆستا لەڕێگەی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە، تاک ناچار دەکات بەفێربوون و ووتنەوەی شتانێک کەهەرگیز خۆی قەناعەتی پێ نیە، ئەمەش فاکتەرێکی بۆ دروستبوونی شڵەژانێک لەدەروونی تاکدا تا هێدی هێدی لەخۆی “نامۆ” دەبێت و دەبێتە ڕۆبۆت وتووتی. ئالێرەوەیە”قەلەقی شارستانیەت” و هەرەس هێنانی بەهاکان دێتەئاراوە، چیتر مرۆڤ ڕاهاتووە لەڕێگەی پۆشینی ماسک و شاردنەوەی هەستەکانی.
مرۆڤ دوونیایەک مۆتیڤی چەپێنراو کەبتکراوی لەژێر ئەو ماسکانەدا حەشارداوە کە ڕۆژانە دەیپۆشێت. مرۆڤ چیتر ڕاهاتووە بە نەگووتنی ڕاستی و لەجەوهەری خۆی نامۆ دەبێت و، ئینتما و شوناسێک لەوانی ترەوە وەردەگرێت و ئەو ڕۆڵە نمایش دەکات، کە کۆمەڵگا و سیستەم بەسەریدا سەپاندوویەتی.
سیستەمی پەروەدە، (تاکی هۆشمەند- تاکی یاخی) لەڕێگەی سەپاندنی یاساو داشکاندنی نمرەوە دەگۆڕێت، بۆ تاکێکی گوێڕایەڵ و توتی، فێرگە ئاگایی و توانای تێڕامانی تاک دیسپلین دەکاتو، (کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامی ئامادەکراوی پێ لەبەردەکات) ئا لێرەوەیە، بەرهەمهێنانی مرۆڤی مشەخۆر و پاسیڤ و دروستکردنی گاڕان و مێگەلێک بۆ دەسەڵات، کە هەرچۆنێکی بوێت لێیان دەخوڕێت.
فێرگەو پەروەردە کارگەی بێ بەهاکردنی مرۆڤ و خەساندنی تواناکانی مرۆڤە، فێرگە هێزە خودیەکانی مرۆڤی کارا دەچەپێنێ، مرۆڤ لە کارخانەکانی پەروەدەدا وەکو ماتڕیاڵی خاو، دەبێتە ئۆبێکتی بەرهەمهاتوو، لەقاڵب دەرێت. (مامۆستا) لەڕێگەی فێرکردنەوە تایپێک لەمرۆڤی کارا دەگۆڕێت بۆ مرۆڤی پاسیڤ و کارلێکراو. تاک وەکو سوژەیەکی ئاگا بەشدارنابێت لەپڕۆسەی فێرکاری و بەرهەمهێنانەوەی خۆیدا، بەڵکو دەبێتە ئۆبێکتیی فێرگەو، توانای ڕامان و تێفکرینی لە و پڕۆسەیدا لەقاڵب دەدرێت و دەبێتە تایپێک لە مرۆڤی ڕامکراو لاسایی کەرەوە. ئەوە تاک نیە ڕادەمێنی و گومان لەڕاستی شتەکان دەکات، بەڵکو تاک بەپڕۆسەیەکی لەسەرخۆدا ڕادەهێنرێت لەسەر لەبەرکردنی وەڵامە ئامادەکان. فێرگە پێمان دەڵێت؛ تۆ مافی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن نیە، بەڵکو ئێمە پێت دەڵێن چۆن بیربکەیتەوەو چی بڵێتەوە. فێرگە دەزگایەکی کوشندەیە کە خزمەتی سیستەم دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی ڕامکراو و گوێڕایەڵ.




کاتێک گۆرانى بە ناخى رۆحتدا رۆدەچێتە خوارێ.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مرۆڤ لە بوونى خۆیدا چەندین زمانى جۆراوجۆرى بۆ گوزاشت لە خۆکردن و دەربڕینى هەستە شاراوەکانى خوڵقاندووە، لە چرکەساتێکدا مرۆڤ لە بەردەم ژانێکدا بە چۆکدا دێت یان لە بەرامبەر خۆشەویستەکەیدا بۆتە پارچەیەک لە کریستاڵ تەنیا دەتوانێت بە شێوە و ریتمێکى مۆسیقیانە بئاخڤێت، زۆر جار مرۆڤ هەست و وشە پەنگخواردووەکانى بە سینتاکسى پڕ چێژ و بە فۆرمێکى شیعرییانە دەردەبڕێت، رەنگبێ هەر ئەوەش بووبێتە هۆى سەرهەڵدانى گۆرانى وەک رەگەزێکى گرنگى هونەر. گۆرانى کوردیى کە بەشێکە لە کولتوور و رۆشنبیریى ئەم نەتەوەیە ئەگەر نەڵێین لە شێوە فۆلکلۆرەکەیدا لەگەڵ لە دایکبوونیدا هەبووە ئەوا سەرهەڵدانى گۆرانى کوردیى نەکەوتۆتە کاتێکى درەنگى دواى وجودى کورد وەک نەتەوەیەک لە دیرۆکدا. زۆربەى جاران هێندەى گۆرانییەک یان پارچە موزیکایەک کاریگەریی هەیە لەسەر مرۆڤ رەنگبێ شۆڕشێک ئەوەندە کاریگەر نەبێ، یان کاریگەریى شۆڕشێک بە هۆى چەند گۆرانییەکەوە بێت.
لە یادمە لە راپەڕینى ئازارى ساڵى 1991 سروودەکانى هونەرمەند (ناسرى رەزازى) وەک شەیپورى ئازادیى لە ئێستگەى دەنگى گەلی کوردستانەوە تەنانەت دەروونى منداڵانیشى دەهەژاند، منێک کە نەمدەتوانى چەکدار بم و وەک پێشمەرگەیەک رۆڵ ببینم، ئەو سروودانە نیگەرانیان لەلا دروست کردبووم، چوونکە کەفوکوڵى دەروونم تەنیا بە هەڵمەت بردن و رووبەڕووبوونەوەى داگیرکەران دادەمرکایەوە. بەش بە حاڵى خۆم لە بوارى هونەردا ئەوەندەى بە گۆرانى کاریگەرم و ئاوێزانم لەگەڵیدا هیچ کات (شانۆ- شێوەکاریى) هێندە پەلکێشیان نەکردووم بە لاى خۆیاندا (بەبێ ئەوەى لە بایەخى ئەو دوو لایەنە گرنگەى هونەر کەم بکەمەوە) هەر بۆیە ئەم چەند دێڕە لە بەرامبەر گۆرانى کوردیی و هونەرمەنداندا رەنگدانەوەى ئەو کاریگەرییە زۆرەیە.
حەسەن زیرەک
کاتێک گوآ لە گۆرانییەکانى (حەسەن زیرەک) دەگرم دڵم پڕ دەبێت لە ئیرۆسییەت و غەریزەى ژیاندۆستى هوژمم بۆ دێنێت و کۆتم دەکات لەناو خۆیدا، گۆرانییەکانى حەسەن ئەوەندە کاریگەرن مەحاڵە گوێم لە یەکێکیان بێت تەنانەت لەناو ئاپۆراى دەیان هەزار کەسیشدا بێت ئیستێکم پێ نەگرێت و نەمخاتە دنیاى جوانیپەرسى و ئەوینداریى (بە ماناى رووتى وشەکە)، بە راستى (حەسەن زیرەک) موعجیزەى هونەرى کوردییە و گەورەترین سیناتۆرى ئیمپراتۆریای هونەرى گۆرانى کوردییە.
عەلی مەردان
کاتێک گوێ رادەدێرم بۆ (عەلی مەردان) دەچمە نێو دنیاى خەیاڵ و لە فەنتازیاکانى خۆمدا نووقم دەبم و بە فلاشباگ گەشتێک بە رابردوودى خۆمدا دەکەم، وای لێکردووم تا سەر مۆخ نوستالیژی بم و پابەندبم بە رابردووەوە. عەلی مەردان بە چریکەى بولبول ئاساى کێشێکى قورس دەخاتە سەر مێشکت و کۆنترۆڵى دەکات!، لە ئاوها حاڵەتێکیشدا ناتوانى چ کاردانەوەیەکت هەبێت جگە لە رامان لە پیاوێکى ناسکى، دڵ بریندارى وەک خۆى.
ناسرى رەزازى
ئەو دەقیقەیەى رەزازى بە دەنگى زوڵاڵ و شۆڕشگێڕانەى لە بەردەم گۆرانى یان سروودێکى خۆیدا رامدەگرێت، ئیدى ستەملێکراویى نەتەوەیەک و ئێش و ئازار و ناسۆرەکانى جارێکى تر دەخاتەوە ناو زاکیرەم و بەردەوامى پێدەبەخشێت لە چینى یادەوەرییەکانمدا، ئەو کاتەى سروودەکانى لە دڵت دەدەن دەبیتە منداڵێکى ئەنفالکراو کە لەگەڵ حەشامات و کاروانى ئەنفال بە زیلێکى سەربازیى بەعس بەرەو نوگرە سەلمانت دەبەن و لەوێوە عەرعەر چاوەڕێیە بۆ خەوێکى هەتا هەتایى لە ژێر لمى بیاباندا.
نەجمەدین غوڵامى
سۆزى دەنگ و دەربڕینى نەجمەى غوڵامى تنۆک تنۆک فرمێسک بە چاوانماندا دێنێتە خوارێ، گۆرانى (پایز پایز) بیرى هەڵوەرینى گوڵەکان و فڕینى جاویدانى پەروانەکان و کۆچى ناوادەى ئازیزانم دەخاتەوە، دەمباتەوە بۆ گازینۆى شەعب تا لەگەڵ شاعیرى پایز و گەڵاڕێزان (محەمەد عومەر عوسمان) پیاڵەیەکى دى چا بخۆینەوە و دواتر لە پەنا بە بادانى سیگارەکەماندا بەرەو ماڵ ملى رێگە بگرینە بەر. غوڵامى سوکنایى بە دڵدا دەهێنێت و زۆر جاریش لە خۆکوشتن ژیوانم دەکاتەوە و بە بزەى گۆرانى (خانومان) دەمباتەوە نێو دنیاى بەرائەت و عیشق و پێم دەڵێت هێشتا ژیان بایى ئەوەندەى پێوە ماوە ئافرەت یان هەر شتێَکى دیکەت تێیدا خوشبووێت.
عەدنان کەریم
بەیانیان کاتێک لە خەو را دەبم و بەر لەوەى دەموچاوم بشۆم گوێم لێیە باوکم بە دیار گۆرانییەکى (عەدنان کەریم)ەوە سیگار دەکێشێت و دەست دەهێنێت بە قژە ماش و برنجییەکەى خۆیدا و نوقمى دەریاى خەیاڵ بووە، ئیدى (عەدنان) بەم جۆرە دێتە بەردەم دەرگاى دڵ و ناچارت دەکات دەروازەى کڵۆمدراوى لێبکەیتەوە، بەم جۆرە عەدنان وەک شنەبایەکى فێنک خۆى دەکات بە دەروونتدا و دەیکاتە هێلانەى خۆى و ئەوسا لە سەردەمى ونبوونى گۆرانى کوردیدا بەوپەڕى رەسەنایەتییەوە لەگەڵ رۆحت دەدوێت و پێت دەڵێت یەکەم و دواکارى ئەمڕۆت تەنیا خۆشەویستى و پیاسەیەکى لاى ئێوارانە لەگەڵ دلبەرێکدا، ئەو بە رۆحى نالی و وەفایى و مەحوییەوە لەگەڵتدایە و هیچ کامیشیان نییە.! ئەو نالی نییە بەڵام (عەدنان کەریم)ە.
مەزهەرى خالیقى
تا ئێستا نازانم بۆچى هێندە خووم بە گۆرانییەکانى (خالیقى)یەوە گرتووە. بێ ئەوەى بتوانم بەسەریدا زاڵ بم هۆگرى ئەو سۆز و دەنگە پڕ لە هەستەم. هەر کە گۆرانییەکى (خالیقى) هات، تەرکیزى هەموو بیرکردنەوە و تەنانەت هەموو نیگاکانیش لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، سیحرى ئەو دەنگە ئەوەیە هەرچەند گوێى بۆ رادێرى و لەگەڵى بژیت جار لە دواى جار نوێترە!! بە راددەیەک بە موبالەغەى نازانم بڵێم یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى تینوێتیت لە کانیاوى چریکەی خالیقى بشکێنیت. تەنیا یەک ژیان کەمە لەگەڵ ئەو هەستە ناسکە ئاه هەڵبکێشى، تەنیا یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى بە تەواوەتى تەرکیز و بیرکردنەوەت رۆبچیتە نێو دنیاى ئەفسانەیى خالیقى.
دیارى قەرەداغى
ئاى لەو نەگبەتییەى کەسێک (دیارى قەرەداغى) خۆى دەکات بە ژیانیدا، ئەو کاتێک گۆرانى دەچڕێت ئەز ئارەزووى کوشتن یان ئازاردانى دەکەم! ئاخر ئەو سەرتاپاى ژیانمى کردە ئازار، ئەو گۆرانییەک دەچڕێت رۆحت هەپرون هەپرون دەکات؟ وشەکانى حەلاج و مەعەڕیت وەک گوڵاو بەسەردا دەپرژێنێت، ئەو پێت دەڵێت ئەم نیشتمانە سوتماکە سەر لەبەرى برین و ژان و دەردەدارییە، ئەو شەو نایەڵێت بخەویت چوونکە پێت دەڵێت ئەى کوڕى ئەم نیشتمانە تۆ (پاڵەوانێکى بێ شمشێرى)ت، پێت دەڵێت تۆ شێرە بەفرینەیت، ئەو بانگەوازى رابوون دەکات کەچى هەر خۆى حەقیقەتە تاڵەکان وەک گوللە دەنێت بەسەر سینگتەوە، دیارى فێرى کردین خاک چ بۆنێکى هەیە، نیشتمان چ ئازارێکى هەیە، ژیان چ رەنگێکی هەیە، ئەو فێرمان دەکات غروب و ئاوابوونى خۆر و کۆچى باڵندەکان تەفسیر بکەین.
کەمال محەمەد
سۆزی دەنگی کەمال ئاوازێکی غەریبە لە ئاسمانەوە هاتووە تاکو خەمەکانی سەر زەوی رابژەنێت. ئەو لە یەک کاتدا گۆرانی بۆ عیشق و بۆ ئازادیی دەچڕێت. لەنێو ئەو هەموو دەنگە لێکچووەدا سەدایەکی جودایە و غوربەت و تێکشکان و هەرەسی خەونەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەنگێکی مەحزون، بەڵام پڕ لە ژیان، دەنگێکی پڕ لە ژیان، بەڵام نائومێد. گۆرانییەکانی هەر یەکەیان خۆیان قەسیدەیەکی غەمگینن، هەنسکەکانمان دەچڕن، فرمێسکی وشک نەبووی چاوەکانمان دەسڕن. بە قەدەر بێهیواییەکان ئومێدمان پێدەدەن، بە قەدەر هەموو ئومێدەکانیش پڕمان دەکەن لە گوومانی بێ هیوایی. گۆرانییەکانی جیاوازترن لە گۆرانی هەموو کەسی تر، کەوێکە قاسپەی لە هیچ کەوێکی تری سەر ئەم زەمینە ناچێت، وەک وتم ئەو نوێنەری هەسارەیەکی ترە لەسەر زەوی.
خالید رەشید
خالید رەشید وەک دیاردەیەک لە بەردەمتدا دەتەقێتەوە، لە تاراوگەکەیدا لە سۆزى نیشتمانەکەیدا هێدى هێدى دەتوێتەوە، مانیفێستى غەریبان وەک سەمفۆنیایەک بە گوێماندا دەدا و غەمەکانى تاراوگە و ژیانى غەریبى بۆ حنجە کردین، کاتێک خۆى و عودەکەى گۆرانى (بوکى ئێوارە) بۆ دڵت ئاڕاستە دەکات، ئیدى هەروەک قەدەر پێتەوە دەلکێت و پێت دەڵێت ئەمە چارەنووستە و ناتوانیت لەم گۆرانییە قووتار بیت، ئەو گۆرانى کوردیى بە رەنگ و بۆن و تامى خۆیەوە دەبێژێت و قسە لەگەڵ رۆحى کوردیت دەکات، فێرى کردین بوکى ئێوارە و نیشتمان و رەسەنایەتى ئەم گەلەمان خۆشبوێت، گۆرانییەکانى مەحکومى کردین دۆزەخى وڵاتمان لە بەهەشتى مەنفا لا شیرینتر بێت و تاڵاوى نیشتمان لە دەمماندا وەک هەنگوین بێت.
بەهجەت یەحیا
هەر دەنگى (بەهجەت) دەگاتە گوێت، خۆت دەبینى لە کۆڕى دەروێشاندا چۆن زیکر و عەشقى یار دەبێتە هەموو ژیانت، فێرت دەکات چلۆن لە بەردەم مەعشوقدا وەک مۆم بسووتێیت (ئەو فێرى سووتانمان دەکات)، بە گۆرانییەکانى دەتباتەوە بۆ سەر کانیاوە روونەکان و پێت دەڵێت فەرموو پڕ بە کامى دڵت تێرى لێ بخۆرەوە، دەتگەڕێنێتـەوە بۆ ئەوپەڕى پاکیى و ئاوێنەیەک دەداتە دەستت بۆ ئەوەى پاکێتى خۆتى تیا وەدیبکەیت. (بەهجەت) ناڵینى عاشقان و رێگەى سەختى ئەڤینداریى و فڕینى دیدالێوسیانە و سەرکێشى پرۆمیسیۆست بیر دەخاتەوە، پێت دەڵێت بۆ ئەوەى بتوانى عاشق بیت پێویستە وەک پرۆمیسیۆس یاخى و سەرچڵ و لێوەشاوە بیت، بۆ ئەوەى بتوانیت لە مەعشوقەکەتدا فەنا بیت دەبێتە وەک (ستێڤانى دیدالیۆس) بتوانى بفڕیت!!. بەهجەت وانەکانى عیشق راڤە دەکات و بۆت شرۆڤە دەکات بۆچى شێخى سەنعان بۆ کچى دیان لە دینەکەى وەرگەڕا؟، پێت دەڵێت بۆچى نالی هێندە عاشقى حەبیبە ببوو؟ بۆچى مەولەوى خۆى لە عیشقى عەنبەر خاتووندا ون کردبوو؟ بەهجەت ناچار دەکات لە دواى گوێگرتن لێى بچى یەک دوو جام مەى بنۆشى تا بتوانیت ئامادەیى وەربگریت بۆ ئەو فڕین و عیشقە قورسەى وى باسى دەکات.
کەریم کابان
هەر (کابان) بە رۆحە گەنجەکەیەوە هاتە ماڵى رۆحتەوە، دەبێت دەست لە دنیا بشۆیت و بە دواى دنیایەکى یۆتۆپى بگەڕێى کە لێوانلێوە لە سۆز و میهرەبانى، رێگات نیشان دەدات مەملەکەتى عیشق و ئەڤین بدۆزیەوە، دەتباتەوە سەر سەرچاوەکانى دڵ و پێت دەڵێت فەرموو جێگاى مرۆڤ و ژیان و هەموو بوونەوەران لەم دڵە بچووکەتدا بکەوە، پێت دەڵێت وەک عیساى مەسیح ژیانت لە پێناوى ئەوانى تردا خۆشبووێت، دەتنێرێتەوە بۆ رابردوویەکى دوورى بێگەرد تاکو لە پەنا مەلاى جەزیرى یان وەلی دێوانە عاشقى کچە کوردى نازدار بیت، ئەو مەبەستیەتى پێت بڵێت هەر چەندە جەستە پیر و لاواز دەبێت، بەڵام دڵ شتێکە نە پیر دەبێت و نە لاوازیى دەناسێت، دڵ هەر بە گەنجى دەمێنێتەوە، عیشقیش هەر عیشقە چ لە لاوى یان پیریدا بێت. ئەوەش پارچە شیعرەکەى “فرانسواز ساگان”م وەبیر دەخاتەوە:
انت كنت في العشرين تستطيع ان تحب
وانت كنت في الثمانين تستطيع ان تحب
هناك دائما مناسبة لأشتعال البرق
کەریم کابان.. پێت دەڵێت دەروازەکانى ژیان جگە لە جوانى و ئافرەت و ئەوینداریى هەموو کڵۆم دراون، پێویستە بۆ پەڕینەوە لە ناهەموارییەکانى ژیان بە دەرگاى عیشق و سووتانى رۆحتدا تێپەڕیت.
دوا وشە
نەمتوانى ئەم چەند دێڕە کە کاریگەریى گۆرانى هونەرمەندانى ناوبراون لە دڵ و دەروونمدا بەرهەمى هێنا بوو لە دڵى بچووکمدا جێگەى بۆ بکەمەوە، ئەمەش ناچارى کردم دەست بدەمە خامە و ئیحساسى خۆم بخەمە بەردەمى خەڵکى تریش. بۆیە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە نییە بە قەدەر ئەوەى پەخشانێکى سادەیە.

هاوینی 2004
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




ئازادی و فەزای ئاوەڵای سیاسی لە کوردستان.. نادر عەبدولحەمید

سەرکوتگەری هێزەکانی پێکهێنەری دەسەڵات و ڕێکخراو لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە ڕەوەندێکی هەڵکشاندایە، نەک هەر لە چەند مانگ و چەند ساڵی ڕابردوودا، بەڵکو بەدرێژایی دەسەڵاتدارەتی هەردوو حزبی قەومی “پارتی” و “یەکیەتی” و ئیدارەی جیای هەولێر و سلێمانی و حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوانیشیان بەبەشداری حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی تریش.
ئەم ڕەوەندە لە ساڵانی نەوەتەکاندا نەک هەر بە شەڕی ناوخۆ و کوشتوکوشتاری ڕەپاوڕوو لە هێزەکانی یەکتر و هێنانی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە (ناوەڕاستی ئابی ١٩٩٦) و سوپای ڕژێمی بەعس لە (٣١ ئابی ١٩٩٦) و سوپای تورکیا لە (ناوەڕاستی ئایاری ١٩٩٧)ەوە بۆ کوردستان دەستی پێکرد، بەڵکو بەرلەوەش هەر لە (١٩٩٢) بەدواوەوە بە ترۆری بێپەردەی هەڵسوڕاوانی سیاسی دەستی پێکردبوو (لە: حزبی شیوعی عێڕاقی، زەحمەتکێشان، ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕەوتی کۆمۆنیست، حزبی کار، پەکەکە، …) و تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوە جەماوەریانەی کە لەسەرەتای شکڵگیریدا بوون لە نەوەتەکانی سەدەی بیستدا.
هەریەک لەو دوو حزبە سەرەتا کەوتبوونە پاکتاوکردنی سیاسی ناوچەی “زەرد” و”سەوز”ی ژێر نفوزی خۆیان، دوای ئەنجامدانی ئەم “ئەرکە”یان ئینجا دواتر کەوتنە گیانی یەکتری بە بوون بە سورەی بەرلەشکری وڵاتە فاشیست و دیکتاتۆرەکانی ناوچە.
بەجیا لەوەی کە بەینبەینە شل و نەرمیەک هاوڕای ئەو سەرکوتگەریە بووبێ، بەتایبەت لە چەند ساڵێکی کەمی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣) بەدواوە، بەڵام لە ئۆگۆستی (٢٠٠٦)وە بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری هاتەوە ڕەواڵی نۆڕماڵی پڕ زەبروزەنگی خۆی و خوێنڕشتنەکانیان دەستی پێکردەوە (لە: ١٧ شوباتی ٢٠١١، ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و دێسەمبەری ٢٠١٨)دا.
گەرچی سەرکوت و تەنگپێهەڵچنین و ترۆری ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران بەدرێژایی ئەم دەسەڵاتە هەربەردەوام بووە بۆ ڕێگرتن لە ئاشکراکردنی گەندەڵی و تاڵانیەکانی دەسەڵات، بەڵام لە دوای (٢٠٠٦)ەوە تا ئێستا بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو، بەڕاددەیەک ئەگەر لە ژێرەوە ترۆر نەکرێن وەک (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد و …) ئەوا بەئاشکرا بەناوی دادگا و یاساوە دەستگیر دەکرێن و حوکمی سەنگینیان بەسەردا دەسەپێنن، وەک لە ئێستا لە کێسی گیراوەکانی دەڤەری بادینان و بەناو دادگاکردنیاندا دەردەکەوێت.
ئەم ڕەوەندە لە هەڵکشانی سەرکوتگەری و خوێنڕێژی و دەمکوتکردن، هاوڕای پەرەسەندنێکی زۆر خێرای سەرمایەداری بووە لە کوردستاندا، کە توێژگەلێکی سەرمایەدار؛ لە ملیاردێر و ملیۆنێر، لە بازرگانانی دەرەکی و بەڵێندەران و خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوریەکان، … بەرژوەندیەکانیان لێکئاڵاوە لەگەڵ بەرژەوەندی ئۆردویەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پەرلەمانتاران و خاوەنانی پۆست و پلەی باڵا لە پیاوانی ئایینی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و ئەو بانگەوازخوازە دینیانەی بەهرەمەندن لە گەندەڵیەکانی دەسەڵات.
ڕۆڵی مەکتەب سیاسی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆڕگانەکانی سەرکردایەتییان و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی ناویان، بریتیە لە هاوئاهەنگکردنی بەرژوەندیە ئابوری و ستڕاتیژیەکانی ئەو چینە سەرمایەداریە لە کوردستاندا، ئەمە جگە لەوەی کە خودی ئەو ئۆڕگانە سیاسیانە و ئەو بنەماڵانە خۆشیان لە ملیاردێرەکانی کوردستان و خاوەنانی پڕۆژە هەر گەورە و زەبەلاحەکانن بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز و پاڵاوگەکانی بەنزین و خانوبەرەسازی و بازرگانی دەرەکی و قاچاخی خاڵە گومرگیەکاندا، وە زوربەی ئەو بوارانەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە.
بەم پێیە ئەمە سەرمایەی مۆنۆپۆلە کە هەم دەسەڵاتدارە و هەم سەرمایەداری کوردستان، پەیوەندی بەشە جواروجۆرەکانی سەرمایە و توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی بەپێی بەرژوەندیەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات و بەڕێوەیدەبات. دیارە ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێک لە سەرمایەدارانی هێناوەتەئاراوە کە لەو ئازادیە بە مانایەک موتڵەقەی توێژی مۆنۆپۆڵ بەهرەمەند نین لە وەبەرهێنان و کەڵەکەی سەرمایەدا.
پەیوەندی ئەم سەرکوتگەریە زۆر ڕون و ئاشکرا دیارە بە بنەمای ئابوری سەرمایەدارانەی هەرێمەکە و ناوەڕۆکی چینایەتی بوژوازیانەی ئەم دەسەڵاتەوە کە لەئارادایە. ئەمە پێداویستی ئەم سیتمە ئابوریە نیولیبڕالیزمە و سەقامگیرکردنی ئەم دەسەڵاتە چینایەتیە و مسۆگەرکردنی ئیمتیازاتە ئابوری و سیاسیەکانیەتی کە ئەم دەمکوتکردن و سەرکوتگەری و خوێنڕێژیەی کردۆتە دیاردەیەکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگەیە.
بەدواداچوون و شیکاری بۆ ئەم مەسەلەیە شوێنی باسی ئێستامان نیە، ئەوەی جێگە مەبەستمانە لێرەدا، ئەوەیە کە ئەم هەڵکشانی سەرکوتگەریە بەو مانایە نییە هەرێمی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی یاسایی بووبێت لە ماوەی نزیک بە سی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا و دەسەڵاتەکەی خەریکی وەلانانی دامەزراوە یاساییەکان و هەڵپێچانی ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیان بێت.
ئەو بڕە ئازادی و مافانەی کە خەڵکی کوردستانی عێڕاق لێی بەهرەمەند بوون بەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١) و کشانەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعس، ئاکامی بۆشایی سیاسی و ئەو فەزا ئاوەڵا سیاسیە بووە کە کوردستان بەخۆیەوە بینیوە. مێژووی سیاسی هێز و حزبە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی، مێژووی بەرتەسکردنەوە و هەڵپێچانی هەرچی خێراتر و زوتری ئەم فەزا ئاوەڵا سیاسیە بووە کە ئازادیەکانی خەڵکی تیا هاتۆتەئاراوە.
چ لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانی چەکداری نێوان حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسیەوە، وە چ لەڕێگەی حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوانیانەوە بووبێت ئەم ڕەوەندە لە تەنگەبەرکردنەوە و هەڵپێچانی فەزای ئاوەڵای سیاسی بەرەو پێش براوە.
ئەگەر ناسیونالیزمی کورد، وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بورژوازی، لەسەردەستی “پارتی” یا “یەکیەتی”، بیتوانیایە لە کوردستانی عێڕاقدا کۆتایی بە ناتەبایی ڕیزەکانی بێنێت و هەرێمەکە بکاتە ئیدارەیەکی سیاسی یەکگرتوو، ئەوا ئەو نمونەیە لە خەفەقان و سەرکوت کە ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانی دەڤەری بادینان دەیبینین لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئەم هەرێمەدا پیادە دەکرا.
ناسەقامگیری دەسەڵاتی سیاسی بورژوا ناسیونالیستی کورد، وەک فاکتێک بەدەوری خۆی، ڕێگەی نەداوە ئەو فەزا ئاوەڵا سیاسیە لەگەڵ هەموو بەرتەسککردنەوەیەکیشدا، بەزوویی و بەخێرایی هەڵپێچرێت، دەنا خودی ناوەڕۆکی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لەڕووی فاکتی مێژووییەوە سەرکوتی سیاسی و فکری هەر جۆرە موخالیفێک هەتا لەناو ڕیزەکانی خۆیشدا بووە. ئەم ناوەڕۆک و ئەم مێژووە “درەخشانە”ش لە سەرکوتی سیاسی زۆر هاوئاهەنگ و لەبارە و ڕێکدێتەوە لەگەڵ پێداویستیەکانی کەڵەکەی سەرمایە و بەرژەوەندیەکانی بورژوازی لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری وەکو کوردستاندا.
ڕەخنەی بورژوا ناسیونالیستی لیبڕاڵ لە دەسەڵاتی ئێستای هەرێمەکە، لەناو خودی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و لەسەر هەمان بنەمای ئابوری و سیستمی نیولیبرالیەوە دەستپێدەکات و خۆی وا نیشاندەدات کە لە هەوڵدایە بەدیلێکی سیاسی شکڵ پێبدات ئازادی و مافەکان و خۆشبژێوی ئابوری بۆ هاوڵاتیانی کوردستانی عێڕاق دەستەبەر بکات. ئەمەش دووجار ئەستەمە، چونکە نە بزوتنەوەکە ئەوەی لەباردایە و نە پیداویستیەکانی کەڵەی سەرمایە و بەرژوەندیەکانی بورژوازیش ئەوە دەخوازێت، بە پێچەوانەوە داسەپاندنی بێبەشی و برسیەتیەکی هەرچی زیاتر و بێمافیەکی هەرچی زۆرتر دەخوازێت، کە ئەمەش واتا سەرکوتی سیاسی و فکری و ڕەواجدان بە خوڕافاتی دینی و دەمارگیری قەومی.
ئەوە شکڵگرتن و پەرەداربوونی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی کرێکاری و حزبی بەهێزە لە دەرونی کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا کە لە هەنگاوی یەکەمیدا دەتوانێ ئەو بڕە ئازادی و مافانەی کە لە فەزای ئاوەڵای سیاسیەوە پاشەکەوت بوون، پەرەیان پێبدات و دایانسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا، وە لە پەرەسەندنی خودی ئەو بزوتنەوەیەشدا، وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری کە سنوری هەردوو زۆنی “زەرد” و “سەوز” دەبڕێت، دەتوانێت پاشەکشەیەکی جدی بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ئیسلامی سیاسی بکات لە هەرێمەکەدا و کۆتایی بەدەسەڵاتیان بهێنێ و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی دابەشنەبوو بەسەر چەند زۆنی ڕەنگاوڕەنگدا و لە ژێر دەسەڵاتی جەماوەری ڕێکخراو لە شۆراکاندا شکڵپێبدات.
هەر ئەم پڕۆسەیەشە کە لەناوەڕۆک و لە سیاسەتە عەمەلیەکانیدا، وە هەر لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیەوە، خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی کوردستان گرێدەداتەوە بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی عێڕاق و بەشدار دەبێت لە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی و حزبی بەهێز لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگ دژی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەند.
١٦-٥-٢٠٢١
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ١٢ی ڕۆژنامەی (ڕەوت) مانگی ئایاری ٢٠٢١، چاپی وەرەق لە کوردستان بڵاوبۆتەوە.




دوایین غەزەلی ماڵئاوایی.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

من کە بە خەندەیەک ئەمرم
تۆ بۆ بە فرمێسک ئەمکوژی؟
من کە بۆ شەوقی مۆمێک ئەمرم
بۆ لە تاریکترین شەودا ئەمکوژی؟
من کە بۆ تیشکی هەتاو ئەمرم
بۆ بەشاردنەوەی مانگی تابان ئەمکوژی؟
من کە بە وشەیەکی زبر ئەمرم
تۆ بۆ بە قاموسێک لە دڵڕەقی ئەمکوژی؟
من کە بۆ مشتێ ئاو ئەمرم
بۆ بە تینوێتی لە سەحرای دڵتا ئەمکوژی؟
من کە بە پەڕی باڵی فریشتەیەک ئەمرم
بۆ بە چەقۆی کولی ئەهریمەن ئەمکوژی؟
من کە بۆ خەونێکی کریستاڵی ئەمرم
تۆ بۆ لە بۆتەی کابووسدا ئەمکوژی؟
من کە بە نیگایەکی گەرم ئەمرم
تۆ بۆ لە بەستەڵەکی غەریبیدا ئەمکوژی؟
من کە لەنێو حەشاماتی خەڵکدا ئەمرم
بۆ لە کونجی تەنیاییدا ئەمکوژی؟
من کە لە ساتی تەماشای پەلکەزێڕینەدا ئەمرم
بۆ بە هەورە بروسکەی دابڕان ئەمکوژی؟
من کە بە تنۆکێک باران ئەمرم
تۆ بۆ بە رەهێڵە و بۆران ئەمکوژی؟
من کە بە دەنگی ناسکی موزیک ئەمرم
بۆ بە ژاوەژاوی دەمی رۆیشتن ئەمکوژی؟
من کە بە گۆرانییەکی شاد ئەمرم
تۆ بۆ بە سروودی دڵتەنگیی ئەمکوژی؟
من کە بە شەکراوی ماچێک ئەمرم
تۆ بۆ بە قاوەی تاڵی تووڕەیی ئەمکوژی؟
من کە بۆ دڵۆپێک ئاوی چاوەکانت ئەمرم
بۆ لە نێو ئاگردانی بێزارییدا ئەمکوژی؟
من کە بە شیعرێکى رۆمانتیک ئەمرم
تۆ بۆ بە قەسیدەی فیراق ئەمکوژی؟
من کە لەنێو تەمی یادەوەرییدا ئەمرم
تۆ بۆ بە گریانی ئایندە ئەمکوژی؟
من کە لە پێناوی جوانیتدا ئەمرم
تۆ بۆ لە مەنفای هەستەکانتا ئەمکوژی؟
من کە بۆ چرکەیەک خۆشی لەگەڵتا ئەمرم
بۆ لە دەریاچەی غەم و ناسۆردا ئەمکوژی؟
من کە بە شنەبایەکی رۆژهەڵات ئەمرم
تۆ بۆ بە گڕ و دوکەڵی باشوور ئەمکوژی؟
من کە بۆ دیدارێکت لە کۆڵانی پەروانەکان ئەمرم
تۆ بۆ بە خنکاندنی ئارەزووەکانم ئەمکوژی؟
من کە لە دەمی نووسینی چامەی عەشقا ئەمرم
تۆ بۆ بە دوایین غەزەلی ماڵئاوایی ئەمکوژی؟

ئەڵمانیا – کۆڵن
کەنار رووباری راین – یونی 2017




گەشتێک بە ئەندێشەتا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تەنها تیشکێک لە تۆ،
بەسە تا تاریکی گەردوون…
بکاتە خۆرستان!
………….
ڕەنگاڵە هەور،
مزگێنی لە پڕی هاتنێکە،،
پردێک، لە شەونمی مەست،
ڕێی ئەفسوونمە ..
بەرەو ئەو شارانەی..
نێوان خەونێک .. و..
ئەستێرەیەک لێت دوورن!..
………….
مەیخانەیەکئی بڵندی عاشقتە!
دارستانە مەستەکان..
بە خەیاڵی سیمایەکی تێپەڕبووت~!
چی کەنارێک ، ئەمشەو …
دڵ ئەگرێتە خۆی،،!؟
چی ڕێگەیەک لە تەم،،
ڕوخساری وونت بکاتە نوور!؟
………….
باخێک جگە لە مەلێک،
هییچی تر شک نابا…
پەیامە کانی جوانی ساتە وەختێکی..
لەدەستچووی پێبنێرێ،،
داستانی خەیاڵی شوێنێک،،،
جگە لە ڕێبوارێکیش، لە لم ،،
ناینوسێتەوە، فەرهەنگێ،،،
لەشیعری نمە!
………….
لە شوێنێکا،،،
بەردێک وەک نیازەکان،،
زۆردەمێکە، ناگاتە جێ!
کورسیەک لە نێوان هاتن…و..
و نەهاتنی ئە وا،،
تا نەمری..
لە بێدەنگیدا، جێ ماوە!
………….
چاوەڕێتم!
هەر وەک پرسیارێک،
لە پەرداخێک وەڵاما،
قەتیسمابێ،،،!
………….
هەموو بڕیارەکان ..
لە نێوان چوون و نەچوونا،
خۆشبەختیەکی ڕەها…
نێوان مەرگێکی وویستراو..
..و..
مەستبوون بە عیشقێکی تر! ،،
…………
لە باخچەیەک لە سەرابا،،
وەک برینەکانی جەستەی با،
بەزامن ، دەنگی زەنگی ..
گوڵە هەڵاڵە خوێناویەکانی لێوت!
………….
هەموو ئەو هیوایانەش،،
لەسەر هاتنی بەلەمێک،،
بە گوڵ و کازیوە و گێلاسی پەمەیی ئەڤینێکی کەمتەمەن،،،
هەڵمان چنی ، هەر نەگەیشتەجێ..
بەڵام ، با پێکێ شەرابی ..
نەمریەکی تر، لە سەمایەکا، ،،
لە ژێر پروشە ئەڤینی پایزێکی درەنگ!
یان ڕۆحسوتانێکی خۆشبەخت،،
وەک سەمای کچی ئاگر،،
لەسەر کەناری ئەرخەوانی ئەندێشەیەکی تر!
………….

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
( Jilan. K.O. )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




خەونم چڵە زەیتوونێكە.. ستار ئەحمەد

چڵی زەیتوونێك لەدڵم گیربوو
زامێك چوون نیگات
لەرۆحما شین بوو
بۆ یە لەتیلەی دیدەی تۆوە
لەرەنگەكان دەڕوانم
شەپۆلەكان شی دەكەمەوە
كەچمكی وشەیەك دەگرم
دەبمە شیعرێكی كەسك و
لەجوانیتا دەتوێمەوە
هەناسەی گوڵێك
سێبەرت ماچ دەكا
بولبولێك بەسەر تەرمی وەرینەوە
دەتكەن بەژوانگەی هەلێك
دەست دەخەیتە
تابلۆی مەرگی ئەوینەوە
شەوانە
حەز بەماچی لاسكت دەكەم
حەز بەمژینی چرۆت و
بەژنی نێشاوی
شاگەڵای كەسكت دەكەم
من دەسووتێم
بۆ ئەوەی تۆ
زیاتر زیاتر باڵا بكەی
توندتر بەنێو رۆحما بچی
زۆر راماوم
نازانم بۆ
لەلوتكەی بڵندی خەون و
ئاڵای شەنگی عەشق دەچی




دژ.. فەرەیدوون سامان

سەرەتامان
کۆتایی بوو
کۆتاییەکانیش، سەرەتای دیکەن
پەڕینەوە
گەشتی مەحاڵە،
خۆڵەمێشە
خەونەکانی بە یەک گەیشتن،
نێوانمان دەریایەکی قووڵی حەسرەت
پردێکی ئاگرین.

منم بارستەیەک خوێن
تۆپەڵێک خۆڵەمێش
تەرمێکی بێ سەرو شوێن،

من لە بەرەکانی جەنگیشدا نیم
رۆژانە سات بە ساتی ژینی پڕ ئازارم
دەکوژرێم،
بۆ مەرگێکی دیکە زیندوو دەبمەوە
لە نێو کوانووی ئاگڕیشدا نیم
دەسووتێم
دەبمە تۆپەڵێک خۆڵەمێش
بۆ ئازاری شەوانێکی دی دادەیسێمەوە،
بە پەتی سێدارەش ھەڵنەواسراوم
دەخنکێم
زیندە بەچاڵ دەبم
وێنەی تەرمێکی بێ سەرو شوێن.

من لە ژێر چەتری کاغەزی شیعرەکانمدا
لەبەر ورووژمی تۆفانی نائومێدی
گەردەلوولی خۆڵاوی نامۆیی..
ماڵۆچکەیەکم بنیات ناوە
رازی گوڵێکی سوورم
لە نێو خانەکانی جەستەم حەشارداوە..
تۆش لە خەیاڵی تەلاری ئاڵتون
باخی گوڵێک، پەڕەی ئەڵماس روبارێک ھەنگوین..
لە دوورەوەش بۆ ئەستێرە ماتەکانی بەختم دەڕوانی
داخۆ کێھە ھاوزای ئەوین و
مەرگی منە..

ئەوەی لە یادەوەریەکانم جێماون
دەفتەرێکە، ئەدەرەسی ئەو هاوڕێیانەی
(کوژران، شێت بوون، ئاوارە و شونبزر)،
جادەیەکی چۆڵ
کۆڵانێکی بنبەست..
ئاخ نیشتمانیش دەمامکێکە
بە دوکەڵی رەشی چڵکن
خۆی پۆشیوە…
ئیدی چۆن ئەو دڵە شێتەم
بەو درەختانە خۆش بێ
کە گەڵاکانی، تەرم ئاسا
بە سەریەکدا کەوتوون
ئیدی سێبەری سەبووریم
پێ نابەخشن.

من ھەمیشە لەخەیاڵی سەفەر بووم
گەشتێک بەرەو روئیا
رێیەک ئیدی گەڕانەوەی بۆ نەبێ
ھەوارێک،
کەسێک رەنگم، دەنگم
نەناسێتەوە،
ئەڤین، ھەناسەم ھەڵدەمژێ
تراویلکە، تینوویەتیم..

مەتەڵی بوون و نەبوون بوو
یان رێیەکی پێچەوانە
بە یەک نەگەیشتین
مینا جەمسەرەکانی موگناتیس
لە یەک دوور بووین..
دوو زمانی
دوو سەردەمی جیاواز بووین
ھەرگیز لە یەک نەگەیشتین..

لە نێو ھەزاران شەپۆلی دەنگدا
ناکۆکیمان تەباییە
کە سەرەتامان کۆتایی بێ
کۆتاییەکانیش سەرەتا
ئاخر چی ئەفسانەیەکە
بە ھەشت بۆ تۆ
دۆزەخ بۆ من..

فەرەیدوون سامان
1995
Fereydun Saman
*لە کۆشیعری (پڕم لەعیشقی تۆ)دا
چاپی دەزگای ئاراس ـ 1996




دەربارەی شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین.. ئدریس مستەفا

لە وەڵام بە مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح

حەڤدەی ئەم مانگە لە سایتی درەو میدیا هەردوو نوسەر وتاریکیان بڵاوکردۆتەوە بە ناوی “جەنگی ناکۆتای فەلەستین و ئیسرائیل یان کۆتایی خەون بینین بە ئاشتیەوە.” لە سەرەتادا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین بۆچی شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین یاخود ئیسرائیل-حەماس دەبێتە سەرنجێکی گشتگیری میدیا جیهانی و ناوچەییەکان و باسوخواسێکی گەرموگوڕی دونیای سیاسی و رۆشنبیری لە کاتێکدا هەمان شەڕی وێرانکەری لە وڵاتی تر هەن و کوشتنی منداڵ و خەڵکی مەدەنی لە چوار دەورمان روودەدەن کەچی نابنە ئەو باسە گرنگەی وەک ئیسرائیل-فەلەستین. بۆ نموونە یەمەن، هێرشی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر هەر چوارپارچەی کوردستان، و جەندان کارەساتی شەڕ و ماڵوێرانی تر. سیاسیەکان چی دەڵێن و ناڕێسن با بیکەن بەڵام کاتێک رۆشنبیرێک یان بیریارێک و نوسەرێک دەکەوێتە ئەو تەڵەیەوە ئەوا دەبێ هەلوێستگیریەکی لێ بکرێت. ئەو تەڵەیەی کە هەموان دەهێنێتە سەر خەت کاتێک سەردێڕی هەوالەکانی دونیا دەبنە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سیاسەتی دژە ئیسرائیلی لە مێژە جێکەوتەیە لە نیو دونیای غەیرە رەسمی رۆژئاودا. لە دونیای رەسمی و نا رەسمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، هەرچەندە هەندێ دەولەتی عەرەبی رێکەوتتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و لە سالی پارەوەش چەند ولاتێکی تری عەرەبی هاتنە ریزی ئەو رێکەوتننامە ئاشتیەوە، دژە ئیسرائیلی بوون مانای هەموو ناسنامەیەکی سیاسی و فکری و رێکخراوەیی و نەتەوەیی و ئاینی دەردەخات. دیارە واخەریکە لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتی و جەماوەریەکەشیدا ئەو عەقلە برەو دەسێنێت کە ئیسرائیل وەک هەر وڵاتێکی تری ناوجەکە و جیهانە و دەبێ لەو روانگەیەوە سەیر بکرێ و ئەم ئاوەزە لە ولاتانی نیـجە دوورگەی عەرەبیدا لە گەشەدایە چونکە مێژووی حەفتا ساڵ لە بایکۆت کردنی ئیسرائیلی درواسێیان هیچ سەمەرێکی نەبوو بگرە بە زەرەریش کەوتەوە بۆیان. بەهەرحاڵ….
لە ئاستی جەماوەری و ئەکادیمی و میدیایی رۆژئاودا و هەروەها لە دونیای ئیسلامیدا، لە نیویدا کوردستان، دژە-ئیسرائیلی بوون یان دژە جولەکە بوون لە پێش دروستبوونی دەولەتی ئیسرائیلەوە بوونی هەیە. ناسنامەی مەسیحێتی بوونی غەرب و دواتر رەوتی چەپێتی لیبراڵی دژ بە ئیمپریالیستی هەردەم چالاک بووە و هەر دەورەیەک لە بەرگێکدا خۆی دەرخستووە و دەورەی نازیزم یەکێکە لەو دەورانە. وەک مەسەلەیەکی دینی هەردوو دیدی ثیۆلۆجی ئاینی مەسیحی و ئیسلام، ئەوە رەتدەکەنەوە جولەکە دەسەڵاتی هەبێ. وەک ئایدیۆلۆجیاش چەپەکان و لێبراڵە رادیکاڵ و تەنانەت رۆشنبیرە مۆدێرنیتەکان ئیسرائیل بە نمونەیەکی مانەوەی دونیای ئیمپریالیستی دەبینن گوایە ئیمپریالیشتی بەریتانی ئەو کیانەی دروست کردووە. وەک مەسەلەیەکی نیستمانی و نەتەوەپەرستیش ئیسرائیل وەک داگیرکەرێک وێنا دەکرێت. شیعرەکەی عەبدوڵلا پەشێو (سۆزێک بۆ فەلەستین) لەسەر ئیسرائیل نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو تێکەڵەیەیە لە پاشخانی ئاینی و سیاسی و مێژوویی ناحەز بە جولەکە.

هەوێنی نوسینی وتاری هەردوو نوسەر لەو پاشخانەوە توێشووی گرتووە کە عەبدوڵلا پەشێو چەند دەیەیەک پێش ئەمان بە شیعرێک سەرتوێشەکەی هەڵداوەتەوە؛ لە لایەکی تریش وەک باس و خواس کەتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو مەشینە گەورەیەی عەقڵی غەربی و میدیای لیبراڵ دیموکراسیەکەیەوە کە هیچ کات و ساتێک بە دیدێکی بابەتیانەوە سەیری هەموو کێشەکانی دونیا ناکات بەڵکو ئەوەی خۆی دەیەوێ ئەوە دەڵێ و دەیکات. رزگاری تیبت لە چین و سەربەخۆیی فەلەستین و یۆکراین و تورکە ئوزگورەکان و موسڵمانە رۆهینگەکانیشی هاتە سەر لەم ساڵانەی دواییدا ئەو کێشانەن کە رۆژئاواییەکان هەمیشە دەیڵێنەوە لە کاتێکدا جەندان مەسەلەی بەرهەقی تر هەن نەک هەر خۆیانی پێوە خەریک ناکەن بەڵکو باسیشێ ناکەن وەک مەسەلەی کورد لە چوار وڵات، هەرێمی کەتالۆنیا و باسک و سکۆتلاند و ئێرلەندا لە ناو دڵی ئەوروپاکەی خۆیاندا. لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی رەسمی دەوڵەتانی رۆژئاوا پشتگیری کردنی ئیسرائیلە، تا ئەم ساتە وەختە، بەڵام بە دیوێکی تردا دژە ئیسرائیلیە و لەم ساڵانەی دواییدا شەپلۆ ئەنتی-سەمیتیزم، رق بوون لە جولەکە، لە برەودایە و جوڵێنەری پشت ئەم رەوتە ترسناکە عەقڵی مەسیحیەتە بە بەگشتی کە خۆی گرمۆڵە کردووە لە نیو هێزە راستڕەو و رەگەزپەرستیەکان و گروپە ئاینیە توندڕەوە مەسیحیەکان و دەوڵەتەکانشیان باش ئاگاداری ئەم بارودۆخە ترسناکە هەن و پێدەجێ هۆلۆکۆستی تر لە رێگەبن بەڵام ئەمجارە یەک هیتلەر نابێ بەڵکو دەیان هیتلەر دەبێ. رق بوون لە جولەکە لە مێژە لە نیو دەماری مەسیحیەتدا بە هەر سێ باڵەکەیەوە دێت و دەچێ و مێژوو شاهیدێکی زیندووە لەو بارەیەوە. لە لای خۆشمان بە تێکەڵەیەک لە نیوان ئەو عەقڵیەتە غەربیە و باکگراوندی موسڵمانبوون و بیری چەپێتی دژە ئیمپریالیستی ئەو رەوتە لە دژە ئیسرائیلی یان بڵێم دژە جولەکە لە ئارادایە و نوخبەی رۆشنیر و خوێنەری کورد هەمان هەڵەی مێژوویی رۆشنبیران و نوسەرانی دەمانی جەنگی جیهانی دووەم دەکەنەوە بەرامبەر بە جولەکە. ئەم باکگراوندە موسڵمانێتیە لە نیو توێژی رۆشنبیر و سیاسی ئێمەدا بە روونی دەبنیرێ.
هەندی بەرئەنجامی ئەو عەقڵیەتە ئەوەیە کە لەم چەند دێرەی وتارەکەی کاک مەریوان و کاک ئاراسدا دەبینرێ: “کرۆکی مەسەلەی فەڵەستین و کێشەی سەرەکیی فەڵەستینییەکان لەدەستدان و داگیرکردنی خاکەکەیانە. فەڵەستینییەکان گەلێکن خاکەکەیان داگیرکراوە و خۆشیان بە زۆر لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەرکراون. ئەمەش ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە.” ” مەسەلەکە نە مەسەلەی دینە، نە مەسەلەی بوونی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای تایبەتە، نە مەسەلەی بوون یان نەبوونی ڕقێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵکو مەسەلەی داگیرکردن و کۆلۆنیالیزمە.” جا بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە ئاشتیانە جارەسەر بێت دەبێ، هەردوو نوسەر وتەیەکی بیرمەندی فەرەنسی ئالان بادیۆ دەهێننەوە، کە پێی وایە دەبێ “جۆرێکی نوێ لە جولەکە و جۆرێکی نوێ لە عەرەب دروست ببێت.” و ئەمانیش ئیزافەیەک دەکەنە سەر ئەو وتەیە و دەلێن “دەبێ موسڵمانێکی نوێش دروست ببێت.” بەڵکو هیوایەک بۆ جارەسەری ئاشتیانەی ئەو کێشەیە لە داهاتوودا دروست ببێت.
خاڵی یەکەم: من پرسیار لە هەردوو نوسەر دەکەم بەوەی کە کام دەوڵەتی دونیا هەیە لەسەر داگیرکاری خاکی نەتەوەیەکی تر و ماڵ و حاڵی خەڵکێکی تر دروست نەبووبێ؟ زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان وەک ئیسرائیل دروست بوون گەر خراپتر نەبووبن بە تایبەت دروستبوونی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین و روسیا و تورکیا و کەنەدا و ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکای لاتین. مێژوی دروستبوونی وڵات و دەولەتەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان وەک ئیسرائیل دروستبوون بەڵام ئەوانی دی مێژوویەکی دێرینتر یان کەمێک کۆنتریان هەیە لەوەی ئیسرائیل. یاخود کام دەوڵەتی هاوچەرخ هەیە بە پلان و پاڵپشتی ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریکی دروست نەبووبن؟ تێگەیشتن لە حوکمی مێژوو بۆ دروستبوونی دەوڵەتەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە هیچ وڵات و دەولەتێک لەسەر خاکی خوڕسک یاخود خاکێک نەبووە ئەبەدی بێت بۆ خەڵکانێک و وڵاتی لەسەر بنیاتبنێن بەڵکو گەڕان و پەلاماردان و داگیرکاری و پاوانخوازی و چاوچنۆکیەکان ئەم فۆرمە لە کیانی سیاسی و دەوڵەتی و وڵاتیان پێ بەخشیوین کە هەیە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەمکی خاک لە دەستدان و داگیرکردن ناتوانێ وەڵامێکی بابەتی بێت بۆ تێگەیشتن یاخود لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی ئیسرائیل و فەلەستین و بگرە ئەوە دیدێکی کۆنە و مەحکومە بە نا مەوزوعی.

دووەم: لۆجیکی داگیرکردنی خاکی فەلەستینیەکان و ئاوارەکردنیان لە لایەن ئیسرائیلەوە لەو عەقڵیەتە باوەوە هاتووە کە جەندان دەیەیە لە لایەن عەرەب و ئیسلامیەکان و چەپەکانیش بە تایبەت لە دەورەی شەستەکان و حەفتاکاندا دەوترێت و دەوترێتەوە. بۆ چەپ و رۆشنبیرە لیبراڵە رۆژئاواییەکانان رق بوون لە ئیسرائیل لە روحێکی دژە-ئیمپریالیستیەوە دێت کە ئەمەش لەو رقە ئاینیە مەسیحیەوە دێت دژ بە جولەکە. عەقڵیەتێکی ئاوها کە وتاری لەوجۆرەی پێ دەنوسرێ باکگراوندێکی ئاینی یاخود موسڵمانبوونێکی ئاوهای لە پشتەوەیە کە بە ئاشکرا پەردەکەی لە رووی هەر رۆشنبیرێک لە نیویدا رۆشنبیرانی کوردیش دادەماڵرێ وەک چۆن کاک مەریوان و کاک ئاراس باس لە ئەفراندنی “موسڵمـانێکی نوێ” دەکەن وەک حەڵقەیەکی چارەسەر بۆ ئایندەی ئەو کێشەیە. عەقڵیەتی دژە جولەکەیی یاخود ئیسرائیلی رۆشنبیری کورد رەگەکەی لە باووپایرانەوە هاتووە. کاتێک هەموو جولەلەکانی کوردستان دەربەدەردەکرێن و سەردەبڕین و ماڵوموڵکیان داگیردەکرێ هیچ یەکێک لە رەمزە رۆشنبیریەکانی ئێمە لەوانە باپیری کاک مەریوان، قانیعی شاعیر، نەک هەر هەڵوێست بەڵکو یەک وشەش چیە لە زاری نایاتە دەر لەو بارەیەوە. خۆ ئەوەش “تاوانێکی گەورەیەیە کە بەرامبەر بەوان کراوە.” عەقڵیەتی باپیر چونکە موسڵمانی بوونە و جولەکە ئاینێکی ترە بۆیە ئەو رووداوە گەورەیە لە مێژووی وڵاتی ئێمەدا روودەدات بێ ئەوەی شاعیران و نوسەرانی ئێمە یەک قسەی لێوەبکەن و بگرە دژ بە جولەکەش وەستاونەتەوە و ماڵەکانیان کردە موڵکی خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەوەکانیان یەک شتی لە بارەوە ناڵێن هەروەک چۆن وشەیەک نیە لە لا یەن رۆشنبیرانی ئێستاوە سەبارەت بەو مێژووە پڕ شەرمە. بۆیە من خەریکە گومان دەکەم لەوەی گەر جولەکە لە شوێنی فەلەستینیەکان بوونایە و فەلەستین دەسەڵاتداری دەوڵەتی بوایە و جولەکە دەربەدەر بکرایە ئەوا هیچ یەکێک لە کاک مەریوان و کاک ئاراس و ئەو جەپانەشی خۆیان کردۆتە ماڵ بەسەر مارکس و سوۆشیالیزمەوە ئەوەیان نەدەگوت کە ئێستە دەیڵێن. کەواتە مەسەلەکە ئەو باکگراوندە ئاینیە کوردیە موسڵمانچێتیەیە کە جولەکەی پێ دەبینێ و لێرەوەیە دەڵێ جولەکەکان داگیکەرن و خاکی فەلەستینیان داگیرکردووە و ئەو حومکە مێژووییە فەرهەم دەکەن کە زۆربەی کیانە سیاسیە دەوڵەتی و وڵاتیەکانی تری لەسەر دروست بووە.

لەم خالەدا قسەکردن نیە لەسەر ئەوەی کێ بەرهەقە یان نا بەڵکو قسەکردنە لەسەر دروستبوون و دامەزراندنی دەولەت و وڵاتە هاوچەرخەکان کە ئیسرائیل یەکێکە لەوان و گەر بێتوو لایەنی مێژوویی دروستبوونی ئیسرائیل رەتبکەیتەوە ئەوا دەبێ هی هەموان رەت بکەیتەوە یان هەموان بدەینە بەر تانە و تەشەر. ئا لێرەوەیە ئەو وشانەی لە زاری کاک مەریوان و کاک ئاراس دێنە دەرەوە ئاگاییە مێژووییەکەی لە ئاستێکی لاوازدایە چونکە لێرەدا وەڵامی ئەو خاڵەی خۆیان دەدرێتەوە کە دەڵێن لە هەموو لایەکەوە جولەکە رووی لە ئیسرائیل کرد و بووەهۆی دەربەدەری عەرەبی فەلەستین. دەربەدەر کردنی جولەکە لە هەموو ولاتانی دونیا و بە تایبەت ئیسلامی لەوانە کوردستان، بریتی بووە لە ١) پەلامردانی کەمایەتیە ئاینیەکان هەردەم هەدەفێکی ئاسان بووە لە لایەن زۆرایەتیە ئاینیە دەسەلاتدارەکەوە و مرۆڤی ئاینیش پەلامار بۆ سەر غەیرە دینی خۆی بە ئەرکێکی خودایی دەزانێ. ٢) لێرەوەش دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا و ئەمەش کرا لە هەموو شوێنێ. ٣) پاککردنەوەی کۆمەڵگەی مەسیحی و ئیسلامی لە جولەکە و بە زۆر ناردنیان بۆ ئیسرائیل. ٤) سەلماندنەوەی ئەو راستیە مێژووییەی کە ئاینەکان بە خوێنی سەری یەک تینوون بەتایبەت ئەوەوی لە دوای ئەوی ترەوە بێت یاخود سەرجاوەکەی ئاینەکە کۆنەکەی پێش خۆی بێت. ئاینی جولەکە، سەرجاوەی هەردوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی رق لێبوونەوەی هیتلەر لە جولەکە رقە مێژووییە مەسیحیەتەکەی بوو، بە سەدان ساڵ پێش هیتلەر ئەمە روویدا لە جەندان ڵاتی رۆژئاوایی. گرنگترینیان دەمانی خاچ پەرستەکان بوو کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ شەڕی رزگاری قودس لە ساڵانی ١١٠٠کاندا. یەکەم کاروانی بەڕێکەوتنی خاچ پەرستەکان پەلاماردانی ژن و منداڵ و پیاو و پیری جولەکە بوو لە ناو دڵی ئوروپادا. ئەو کۆمەڵکوژیە بە کۆمەڵکوژی رەینلاند ناسراوە. لەوێدا هەر لەگەڵ دەستی خۆیاندا زیاتر لە پێنچ کە تێیدا پێنچ هەزار جولەکەیان قەتڵوعام کرد و هەموو ماڵاتیان بۆ خۆیان بردن. ئەمە لە یەکەم کاروانی بەڕێکەوتنی خاچ پەرستە ئەوروپیە مەسیحیەکان بوو بۆ شەڕی رزگارکردنی قودسی رەمزی کەرامەتی ئاینی مەسیحی کە خودی جولەکەش لە قودس دەژیان و جولەکەش ئازاد دەبوو گەر قودسیان رزگاربردایە.

بەهەرحاڵ، دەربەدەرکردنی جولەکە لە هەموو ناوجەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە عەقڵیەتێک و سیاسەتێک بوو کە خزمەتێکی زۆری بە بیری زایۆنیستی گەیاند و ئەنجامەکەشی زۆربوونیی دانیشتوانی جولەکەی لێکەوتەوە لە ئیسرائیل. جولەکە لە هەموو وڵاتانی دونیاوە دەربەدەکران بە تایبەت ئەوروپا بەرەو ئیسرائیل دەریان دەپەڕاندن، بگرە رێکەوتتنامەی وڵاتان هەبوو بۆ ئەوەی جولەکەی وڵاتەکانیان دەربکەن و روو لە ئیسرائیل بکەن و ئەم سیاسەتە تاکو ساڵانی نەوەدەکان برەوی هەبوو بە تایبەت ناردنی جولەکەی روسیا بۆ ئیسرائیل بە بەرنامەی داڕێژراو و ئیسرائیلیش بەوپەڕی سنگفراوانیەوە ئەمەی قبوڵ دەکرد. عەقڵی دژە مەسیحی لە رۆژئاوا و ئیسلامی لە رۆژهەڵات وڵاتی ئیسرائیلیان بەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانەوە دروست کرد ئەگەرنا جولەکەی هەر وڵاتێکی تر ئامادە نەبووە زێدی خۆی بەجێ بهێڵێ و رووبکاتە فەلەستینێک کە هەرگیز نەیدیووە. چەندان ژیاننامە و یادەوەری نوسراوی جولەکەکانی ولاتە جیاوازەکان هەیە کە پێیان وابووە کۆچ کردنیان بۆ ئیسرائیل وەک دوورخراوەیەک بۆ دوورگەیەک بووە. دەوڵەتی ئیسرائیل پرۆژەی بەردەستی بن گۆریۆن بوو کە خودی جولەکەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بوونە قوربانی پرۆژەیەکی ئاوها و جولەکەکانی کوردستان بەشێک بوون لەو قوربانیانە.

سێهەم: پێش فەلەستین، چەند شوێنێکی تر مەترەح کران لە کیشوەرەکانی تر تاکو ئەم دەولەتەی ئیسرائیلیان لێ دروستبکردایە لەوانە ئۆگەندا لە کیشوەری ئەفریقیا. ئەفریقیا لە زۆر رووەوە ئاسانتر دەهاتە دەست گەر بن گۆریۆنەکان لەو کیشوەرەدا ئەوەیان بکردایە بەڵام بۆ نەکرا و بۆچی فەلەستین هەڵبژێردرا ئەوا لێرەدا دەمەوێ ئەو دیدەی کاک مەریوان و کاک ئاراس بەتاڵ بکەمەوە گوایە مەسەلەی ئیسرائیل نە دینیە و نە خەونێکی مێژوویی جولەکەیە بەڵکو داگیرکاری و فراوانخوازیە. لە روویی ئایدیۆلۆجی ئاینی جولەکەوە سەیری بکەین، جولەکە هەردەم باوەڕیان بەوە نەبووە دەرگای بە جولەکە بوون بکەنەوە بۆ هەموو کەسێک لە جیهاندا و بیری زۆربوونی ژمارەی کەسانی ئاینەکەیان لە مێشکی خۆیاندا سڕیەوەتەوە ئەویش بەو هۆیەی کە ئەمان کەمایەتیەکی میللەتێکی تایبەتن لە لای خودا و گەر زۆر بێ ئەوا بۆر دەبێ واتە ئەو ئەفزەلەتیەی لای خودایان نامێنێ و خودی کەمایەتیەکەی مانای ئەفزەڵەتیەکە دەبەخشێ. لە رووی جوگرافیەوە، فەلەستین مەدای قوتری زۆر کەمی هەیە بۆ ئەو پاوانخوازی هەردوو نوسەر باسی لێوەدەکەن کە ئیسرائیل بە تەمایە بیکات بۆ فراوانکردنی خاکەکەی. ئەمە لە کاتێکدا دراوسێ عەرەبەکانی ئیسرائیل هەموو وڵاتی بەهێزی سەربازین و سەنگی سیاسی خۆیانیان هەیە بە پشت بەستن بە ناسنامەی عەرەبوونیشیان، ئومێدی ئیسرائیل بۆ فراوانخوازی ئێجگار لاوازە. لە ئەفریقیا هیچ یەکێک لەو دەربەستانە دروست نەدەبوو گەر ئیسرائیل لەوێ دروست ببوایە بە حوکمی هەژاری کێشوەرەکە لە هەموو روویەکی ئابوری و سیاسی و سەربازی و مرۆیی و فەرهەنگی و ئاینی و شوێنگەییەوە. بەڵام بۆچی فەلەستین هەڵبژێردرا لە کاتێکدا چ بن گۆریۆنەکان و چ راوێژکارە سیاسیەکانی ئیمپریالیستی بەریتانی دەیانزانی بەرەو رووی چ قورساییەکی مێژوویی و ئاینی و جوگرافی و مرۆیی دەبنەوە. کەرامەتی مێژووی، کە تەنها خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و لەباربردنی هۆشیاری خەڵکە، چ بۆ بیری زایۆنیستی و چ بۆ ئیمپریالیستی مەسیحی بەریتانی دەوری هەبوو لەو هەڵبژاردنەی فەلەستیندا لەگەڵ ئەوەی جولەکە هەمیشە لە ژێر هێرشی مەسیحیەکاندا بوون. مەسیح کە لە بنەڕەتدا جولەکەیە لەوێ لە دایک بووە و جولەکەش بە (الارض المیعاد)ی دادەنێن و دیواری البراقی یەهودیەکان و پاشان بوونی جێگەی دێرینی دەسەلاتدارێتی پاشا داود ئەو خاڵە هاوبەشانەن کە جولەکە و مەسیحی کۆکردەوە. کەرامەتی مێژوویی یان سیاسی جێگەیەکی ئێجگار باڵای هەیە لە لای دەسەڵاتدارێتیەکان و دەولەت و میللەت و هێزەکانیان و بەشێکە لە ستراتیجیەتی بوونیان. مزگەوتی ئەقسا و دیواری البراقی یەهودیەکان و کڵێسای پیرۆزی شوێنی لە دایبوونی مەسیح هەندێک لەو کەرامەتە مێژژوویانەن. لە رووی جوگرافیشەوە، ئیسرائیل دەبێ بە چقڵی جاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەولەمەند لە هەموو روویەکەوە و خەریک کردنی مرۆڤگەلی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە بەو کێشەی قودس و دروستبوونی ململانێی ئاینی لە نیوان نەتەوەکان هەموو دەسەلاتداران قازانجی لێدەکەن و وڵاتانی عەرەبی لە پێشی هەموویانەوە سوودێکی بێ ئەندازەی لە مەسەلەی فەلەستین کردووە.




دەربارەی ڕیکخراوبوونی کرێکاران.. موئەیەد ئەحمەد

ڕیکخراوبوونی خەباتی کرێکاران چەڵنجێکی گەورە و مەسەلەیەکی هەرە گرنگ و دەستبەجێیە کە ئەم چینە لە ئێستای عیراق و کوردستاندا ڕووبەڕویەتی.
چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا، بەهەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو، و هەردوو بەشی لەسەرکار و بێکار، زۆربەی دانێشوانی کۆمەڵگە پیکئەهێنن، و هێزێکی گەورە و کاریگەری کۆمەڵایەتین، ولە خەبات و کێشمەکێشی بێووچاندان لە بەرامبەر سەرمایەداری و دەوڵەت و چەوسێنەرانیاندا. ئاشکریە کە هێزی سەرەکی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرین و بڕبڕەپشتی “ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر” ی عێراق و خۆپێشاندانەکانی کوردستانن.
لەگەڵ هەموو ئەو کارەکتەرانەیدا، هێشتا ئاستی ڕیکخراوبوونی سەربەخۆی ئەم چینە و یەکگرتوویی خەباتی ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بە شیوەیەک نیە بێتەوە نە لەگەڵ جێگە كۆمەڵایەتیەکەیدا، و نە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە سیاسیەی کە ئەیگێڕێ لە ڕوداوەکاندا. کێشەی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار و بەرجەستەکردنەوەی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی و فیکریی، بوەتە چەقی کێشەکانی خەباتی ئەم چینە و خاڵی دەستپیکردنی هەر هەوڵوتەقەلایەک بۆ بەهیز بوون و پێشڕەویی.
باسکردنی کێشەی ڕێکخستنی خەباتی چینی کرێکار یەکسەر و هاوکات کیشە و چەلێنج و میکانیزمەکانی یەکانگیرکردنی هەرسێ لایەنی خەباتی ئابووری و سیاسی و تیوری ئەم چینە ئەهێنیێتە ئاراوە، و بە ناچاری ئەمانباتەوە سەر ئەوەی کە هەرسێ ئەم لایەنانەی خەباتی کرێکاری ڕەچاو بکەین و لە یەکەیەکی دانەپچڕاودا بیانبینین و مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. ئەڵبەتە ئەم شیوە مامەڵەیە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە هەریەک لەم لایەنانەی خەباتی کرێکاران، سەربەخۆیەکی ڕێژەیی و شیواز و میکانیزمی بەرەوپێشچوونی خۆیانیان هەیە.
بە هەر حاڵ، لە هەر شۆێنیکەوە دەستپێبکەین بۆ باسکردنی کێشەی ڕیکخراوبوونی کرێکاران خۆمان لە بەرامبەر چینێکی کۆمەڵایەتیدا ئەبینین کە لە جوڵە و خەباتی بێوچاندایە بە دژی سەرمایە و سەرمایەداری و دەوڵەت و دامودەزگا و هێز و حزبەکانی بورژوازی. ئەمەش یانی لەبەرامبەر کێشەی ڕیکخراوبوونی تۆێژیک یا کۆمەڵیک ئینسان نین کە خاوەنی بەرژەوەندیەکی تۆیژی و سێکتەری و یا سیکتاریستی بن، بەڵکو لە بەرامبەر کێشەی ڕێکخراوبوونی چینێکین کە کاریگەری لە سەر سەرجەم ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەرخانی سیاسی و فیکری و پرۆسەی گۆرانکاری شۆرشگیرانە و ڕەوەندی پێشرەوی کۆمەڵگە هەیە، نەک هەر ئەمەش بەڵکو پۆتینسی ڕابەرایەتی سەرجەم ئەم پرۆسەیەی هەیە.
لە ساڵی ١٨٦٤ دا و لە دیبەیت لە سەر نوسینی پڕۆگرامی ئینترناسیونالی یەکەم (کۆمەڵەی جیهانی کرێکاران) و بەدیاریکراوی لەسەر ئەوەی کە چ خیتابێکی پرۆگرامی ( programmatic Statement) ئەتوانێ گونجاو بێت بۆ پێناسەی ڕیکخراوی ئینتەرناسێۆنالی یەکەم، وەک “بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران”، بەبێ ئەوەی بناسرێتەوە بە هێچ یەک لە مەیلە ئایدیۆلۆژیەکانی ناو چینەکە و دەرەوەی چینەکە(1) . لە ئاکامی ئەو دیبەیتەدا بەم ڕستەیە گەیشتن کە مارکس نووسی: “بەدیهینانی ڕزگاریی چینی کرێکار بەدەستی چینی کرێکار خۆیەتی”(2) ، و ئەمە کرایە دەستپێکی دۆکیومینتی پەیرەوی ناوخۆی ئینترناسیوناڵی یەکەم.
هەر بۆیە ئەبینین لە سەرتاوە ڕوون بووە، بە تایبەت پاش ئەزمونی تاڵی کرێکاران لە گەڵ حزبە سیاسیە بورژواز دیمکراتەکاندا لە شۆرشی ١٨٤٨ لە فەرنسا، کە ڕزگاربوونی چینی کرێکار بەدەستی خۆی ئەنجام ئەدرێ و نابێ پاشکۆی هیچ ‌حزب و هێزێکی سیاسی بورژوازی و وردە بورژوازی بێت، و دیارە ناشبێت تاقیگای هێچ یەک لە پرۆژە ئایدیولۆژیە سۆشیالیستەکانی دەرەوی خەبات و میکانیزمەکانی ناوخۆی ئەم چێنە بێت.
ئەو ڕستە بەرنامەیەی سەرەوە بەهەموو هێزی خۆی لەکاردایە لە ئیستاشدا و لەم سەردەمەی گەشەی سەرمایەداریدا. ئەمش یانی پڕۆسەی ڕزگاربوونی چینی کریکار لە واقعدا بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارانە و خەباتی چینایەتی ڕزگاریخوازانەی ئەم چینەیە. هەر لەم ڕاستایەشدا، ئاشکرایە کە ڕزگاربوونی چینی کرێکار پرۆژەیەکی دەرەکی خەباتی ئەو نیە تا کۆمەڵێک چاکخوازان بێن و پرۆژەی ئایدیۆلۆژی خۆیانی تیا تاقیبکەنەوە؛ سۆشیالیستی یا ئەنارکیستی یا ئەنارکۆ سەندیکالیستی و …هتد. هەر بۆیە، ڕیکخراوبوونی چینایەتی کرێکاران شتێکی ئەبسترکات و دامەزراوەیکی خۆ لە خۆدا نیە، بەڵکو دیاردە و پێداویستی بەرەوپشێچونی ئەم بزوتنەوە چینایەتیەیە کرێکاریەیە. هەر لەم دیدگایەشەوەیە کە ئەتوانری بەدروستی لێکبدرێتەوە و ئەنجام بدری لە بەرژەوەندی ئەم چینە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆشیالستیی.
ڕەوتە سیاسی و فیکری و حزبیەکانی بورژوازی و ئینتیڵجنسیای بورژوازی و ووردە بورژوازی، هەبوونی چینی کرێکار لە عیراق و کوردستاندا حاشا لێئەکەن بەبیانوی ئەوەی کە ڕیژەی پرۆلێتاریای پێشەسازی و گواستنەوە و دامودەزگا خزمەتگوزاریە گەورەکان کەمە، و ووڵاتیكە بەزۆری لەسەر ڕێنتی (ڕەیعی) نەوت ئەژی و چەندەها بیانوی تری لەم بابەتە. بەڵام لەواقعدا و لە دەرەوی چوارچیوەی ئەم چەوەشەکاریانەدا، چەندین ملیون ئینسان لە سەرتاسەری عێراقدا شتیکیان نیە پێی بژین جگە لە هیزی کاری خۆیان و فرۆشتنی بە خاوەندارانی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دامودەزگا خزمەتگوزاریەکان و کۆمپانیاکانی کۆمۆنیکەیشن و هەموو سیکتەرەکانی تری بەرهەمهینان، لە کشتوکاڵی و پیشەسازی و لە سیکتەرەکانی گواستنەوە و خاونوبەرە و بازاڕ و بازرگانی و… هتد، جا دەوڵەتی بن یا سەرمایەی تایبەت. هەروەها بەشیکی تریان گوزەرانیان لە ڕیگەی کاری ناجیگیر و دەستفرۆشی و کولەمەرگی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بچووک و کار بۆ دامودەزگای دەوڵەتی و ئیداری و ماشینی گەورەی سوپا و پۆلیس و هەموو ‌‌هێزە چەکدارەکانی بورژوازی، بەڕیوەئەبەن.
پڕۆلیتاریا ئەمرۆ لە عێراق و هەریمی کوردستان، بەتایبەت بەشی لاوی ئەم چینە، نەک هەر ‌هێزێکی کۆمەڵایەتی بەرین و بەهیزە و دینەمۆی ژیانی ئابوری کۆمەڵگەیە، بەڵکو بڕبڕە پشتی نارەزایەتیە جەماوەریەکان و ڕاپەرینەکانە. نەک هەر ئەمەش، ڕەوەندی سیاسی و هاوسەنگی هێزی چینایەتی ناو کۆمەڵگەی شەڵەقاندوە و پایەی دەسەڵاتی ڕەوتە سیاسی و فیکریەکانی بۆرژوازی ئیسلامی و قەومی لەرزاندووە. لەم کێشمەکێشە سیاسیەدا سەدان لاوی پڕۆلیتاری لە كچ و کوڕ گیانیان لەدەستداوە لە خەباتیان دژی ڕژیم و دژی بێکاری و هەژاری و بێمووچەیی و دەیان موسیبەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی تر و لە پێناوی بەدیهێنانی ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی لە ژیانیاندا.

خەباتی سەندیکایی کرێکاران
بزوتنەوەی کرێکاری جیهانی لە دۆخێکی میژوویی دیاریکراوی پەرەسەندیندا زیاتر خەباتی سەندیکایی بووە، هەتا ئیستاش و لە داهاتووشدا پایەیەکی هەرە ئەسڵی خەباتی چینایەتی کریکاران و بزوتنەوەی کرێکاری پێکئە‌هێنێ، هەم لە مەیدانی خەباتی ئابووری وهەم لە مەیدانی خەباتی سیاسیان. ئەڵێم خەباتی سیاسیان، چونکە کاتێک ڕابەری سەندیکا ڕیفۆرمیستەکان ئاسۆی سیاسی پەرلەمانتاریزم و ڕیفۆریزمیان گرتۆتەبەر و گوایا دوورن لە سیاسەت، لە ڕاستیدا، بەو کارەیان خەباتی ئابوری کریکارانیان لە قاڵبداوە لە چوارچیوەی سیاسەتی ڕیفۆرمیستی بورژوازیدا.
ئەڵبەتە بزوتنەوەی کرێکاری کۆنسێپت و واقعێیكی فراونترە لە بزوتنەوەی سەندیکایی کرایکاران، چونکە هەموو شێوەکانی تری خەباتی ئابووری و سیاسی و تیوری چینی کرێکار ئەگرێتەوە. هەروەها لایەنەکانی ڕیکخراوبوونی جەماوەری و حزبی و خەباتی بەکۆمەڵیان ئەگڕیتەوە، هەر لە بزوتنەوەی کۆئۆپرەتیڤ و شورا کرێکاریەکان و کۆمیتەکانی کارگە و سەندیکا و کۆنفیدراسیۆنەکان تا خەباتی سیاسی-فیکری وحزبی پرۆلیتاریای سۆشیالیست، و ترادیسیۆنی خەباتکارانەی هەموو مەیەل و ڕەوتە سیاسی و فیکریەکانی تر، لە مارکسیزم و ئانارکیزم و سندیکا – ئەنارکیست تا سۆشیال دیمکرات و ڕیفۆرمیستەکان، و بزوتنەوەکە هەردەم پڕە لە کێشمەکێشی ئەم لایەن و مەیل و ترادسیۆنانە.
لە هەرقۆناغیکی گرنگی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی پرۆلێتاریادا کە کۆی سیستمە کۆمەڵایەتیەکە، واتە سەرمایەداری، بلەرزێنێ، دەوری هەموو ئەم رەوت و خەت و ترادسیونە سیاسی و فیکری و خەباتکارانەیە بەتیژی دەرئەکەوێت، وە ئەکەونە ململانێیەکی مانونەمان و توندوتیژەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بزوتنەوەی کریکاری یا بەرەو ڕاست، بە هەموو شیوەکانی لەوانە فاشیزم، یا بەرەو چەپ و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، و یا بەرەو زەلکاوی ئۆپۆرتیوێنزم و کوشتنی وزەی شۆرشگیرانەی بزوتنەوەی کرێکاری بە چاوەڕوانی.
سیاستە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی حزبە سۆشیال دیمکراتەکانی “ئینتیرناسیونالی دووهەم” و سەندیکا کریکاریە ڕیفۆرمخوازەکانیان، لەبەرامبەر جەنگی جێهانی یەکەم و لەبەرامبەر خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکاران و سۆشیالیستەکانی ئەوکاتی ئەورپا، بە تایبەت لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ووڵاتانی تر، نمونەی بەرجەسەتەی ئەو جەمسەرگیریەن لە دۆخە هەرە هەستیارەکانی کێشمەکێشی چینایەتیەدا، کە چۆن چەندین ملیۆن ئینسان کرانە قۆربانی ئەو سیاسەتە ڕاستڕەوانە و سازشکارانەیەی ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ بورژوازیدا و بەشداریان لە تەرەفەکانی جەنگی جێهانی یەکەمدا.
لە مێژووی خەباتی سیاسی چینایەتی کرێکاران و زەحمتکێشان لە عێراقدا، ڕۆلی حزبە بەناو كۆمؤنیست و چەپەکان و ڕابەرانی سەندیکا حزبیەکانیان، بۆ لە قاڵبدانی بزوتنەوەی کریکاری و ڕاکێشانی بۆ ژیر سایەی بەرنامەی “بورژوازی نێشتمانی” عیراق، و لە قاڵبدانی بزوتنەوەکە لەچوارچێوەی ئاسۆی سیاسی و ئایدێۆلۆژی بورژوا پۆپۆلیستی دژە ئێمپریالیزم و “دیمکراسی شەعبی”، کارەساتی بەسەردا‌هێنان. نەک هەر ئەندامانی (حزبی شیوعی عیراق)، بەڵکو چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ستمڵێکراوان بوونە قوربانی شاڵاوی وەحشیانەی بورژوا ناسێۆنالیستی-عەرەبی و فاشیزمی بەعس و ٣٥ ساڵ لە دەسەلاتی فاشیەت و جەنگ و کوشتن و بڕین.
لە ئیستاشدا بورژوازی ئیسلامی و قەومی لە ٢٠٠٣ وە خەریکی سەپاندانی سەندیکای حوکومەتیە بەسەر کرێکاراندا. سەندیکا کرێکاریەکانی سەر بەسەدریەکان و حەکیمیەکان و مالکییەکان و میلیشا ئێسلامیەکانی تر، و هەوڵوتەقەلای بورژوا ئۆپۆزسێۆنی قەومی-عەرەبی چەشنی ئەیاد عەلاوی، و حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی رژێم و گەورە سەرمایەداران و کاربەدەستانی، هەردەم بەردەوام بووە بۆ کۆنتڕۆلی خەباتی سەندیکایی کرێکاران لە چوارچیوەی ئەجیندە و ئاسۆ و سیاسەتی بورژوا قەومی و ئیسلامی و سەرمایەداری نیۆلێبرالیزمدا.
لە کوردستانیش کرێکاران بە جارێ بێمافکراون لە دروستکردنی سەندیکای سەربەخۆی خۆیان، و خەباتی سەندیکایی کریکاران لەمێژە کۆنترۆلکراوە و خراوتە چوارچیوەی سەندیکاکانی سەر بە حزبە بورژوا ناسیۆنالیست و میلیشیاکانی دەسەڵات.
سەرباری هەموو ئەمانە و بەبەردەوام لە ٢٠٠٣ وە، هەوڵ و تەقەلاکانی ڕیکخراوی ئەی ئیف ئیڵ – سی ئای ئۆ AFL-CIO” “ ی ئەمریکا لە ڕێگەی هاوپشتیەوە (التضامن)، وە هەروەها پرۆژە و ئەجیندەی (ڕیکخراوی کاری جیهانی) بۆ لە قالبدانی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی سەندیکایی لە چوارچیوەی ڕیفۆرمیزی بۆورژوازی و قبوڵکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری لە عێراقدا، ڕانەوەستاوە.
سەرباری هەموو ئەم هێرشانە لەسەر کرێکاران و خەباتی سەندیکاییان، تا ئیستاش کرێکارانی کەرتی گشتی یاساکانی سالی ١٩٨٧ ی ڕژێمی بەعسی فاشیست بەسەریاندا جێبەجێ ئەکرێ و بێبەشکراون لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ، بەڵام هەموو ئەم فشارانە نەیانتوانیوە بەربگرن بە خەباتی سەندیکا کرێکاریە سەربەخۆکان و بەتایبەت (یەکیەتی شورا و نەقابە کرێکاریەکان – اتحاد المجالس و النقابات العمالية في العراق) لەمەیدانی بەرگری لەمەفەکانی کرێکاران لە بواری فەڕزکردنی یاسای کار، و ئازادی ڕیکخراوبوونی سەندیکایی کرێکاران. ئیستاش هەموو ئەو سەندیکا سەربەخۆیانە و نوینەرانی کریکارانی سیکتەری پێشەسازی لەهەوڵ و تەقەلادان کە هەڵۆیست و دەنگی سەندیکا کرێکاریەکان و کرێکارە چالاکوانەکان یەکخەن بەرامبەر “لاپەڕەی سپی” دەوڵەت و سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری و‌ پڕایڤەتایزەکردنی کەرتی پێشەسازی و خزمەتگوزریەکان و..هتد.
خەباتی کرێکاران لە ڕێگەی سەندیکاکانیانەوە بۆ خۆی لایەنێکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە و ئامرازی خەباتی ئابوریانە لە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری و چەوسینەرانیاندا، و زەرورەتێکە بۆ بەرگری کرێکاران لە خۆیان، و هەوڵوتەقەلای بەکۆمەڵیانە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، و ئامرازی خەباتیانە بۆ وەرگرتنەوەی بەشیک لە زیادەبایی کە خۆیان بەرهەمیانهیناوە، لە چنگی سەرمایەداران و دەوڵەت و خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.
ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەوانەیە کە لەهەر دیدگایەکی ئایدێۆلۆژیەوە بێت و بەتایبەت ئەوانەی بەناوی بەرژەوەندی شۆرشگێرانەی کرێکاران و شۆرشی سۆشیالیستیەوە خەباتی سەندیکایی ڕەت ئەکەنەوە. ئەو ڕەوت و ڕابەرانەی کە خەباتی سەندیکایی کریکاران قفڵ ئەدەن لەچوارچیوەی ڕیفۆرمیزمی بۆرژوازی و سازشکاریدا و ناهێڵین کرێکارانی ڕیکخراو لە سەندیکاکانیاندا تێکەڵی خەباتی سیاسی ببن و ببنە بەشیکی ئۆرگانێکی بزوتنەوەی چینایەتی سۆشیالسیتی کرێکار، ئەوە کێشمەکێشی سیاسی بورژوازیە بە ڕوویاندا و زاڵکردنی ئاسۆی بۆرژوازیە بەسەریاندا وە پەیوەندێكی بەخەباتی سەندیکایی کرێکارنەوە نیە.
خەباتی ئابوری کرێکاران قوتابخانەی یەکخستنی ڕیزی خەباتی چینایەتی کریکارانە و لە پەیوەندێکی ئۆرگانیکدایە لەگەڵ لایەنی خەباتی سیاسی و فیکری ئەم چینە. ئەمڕو خەباتی سەندیکایی كرێکاران دەرگیری چەڵێنج و کێشەی هەمەلایەنەیە لە تەوای جیهاندا و لە عێراقدا بە تایبەت و نەیتوانیوە نەک هەر کرێکارانی ناڕیکخراو و بێکار ڕیک بخات، بەڵکۆ خۆشی وەک سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکانی کرێکارانی لەسەر کاریش، دەرگیری کۆسپ و تەنگەشەی قورس و قەبەیە. لەگەڵ چوونە پێشەوەی بزوتنەەی کرێکاری بەگشتی و دریژەی ڕەوەندی کەڵەکەی سەرمایە و مودیلی ئابوری نیولیبرالیزم لە عێراق و کوردستاندا، ئەم لایەنەی خەباتی کرێکاری بەرجەستەتر دەبیتەوە وە زیاتر و زیاتر ڕۆلی لە بزوتنەوەی کریکاریدا بەهێزئەبیت.

خەباتی کرێکارانی کەرتی ناجێگیر و
گرێبەست و كرێی ڕۆژانە، و بێکاران
ڕیکخراوونەبوونی کرێکارانی کاری گڕیبەست و کاری کرێی ڕۆژانە و کاتیی، و کرێکارانی کەرتی کاری نا جێگیر (العمالة الهشة)، وە جەماوەری فروانی بیکاران، کێشەیکی هەرە گەورەی ئەم تۆیژانەی چینی کرێکارە بە ژن و پیاوەوە. دیارە بەهۆی هەموو ئەو هۆکارانەی کە خەباتی سەندیکایی لە مەنگەنەداوە لە سەرتاسەری عیراقدا، وهەروەها بەهۆکاری تایبەت بە خەباتی ئەم تۆیژگەلەی کرێکاران، تائێستا لە چوارچێوەی خەباتی سەندیکایدا خۆیان ڕێکنەخستووە.
فۆرم و شیوازی تایبەت بەریکخستنی خەباتی ئەم تۆیژانە لە ئیستادا جوراوجۆرە و زیاتر لە ڕێگەی تۆری ئینتیرنێتی و گروپی سۆشیاڵ میدیاییەوە بەڕیوە ئەچی، و زیاتریش لەکاتی کەمپێنی خەباتکارانە و خۆپێشاندان و ئاکسێۆنەکان و مانگرتنەکاندا بەرجەستە ئەبێتەوە. داوکاریەکانیان لە بەرامبەر بڕینی كرێ و موچە، یا داوای زیادکردنیان، و یا لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی …. و هتد، وە لەسەروو هەمویانەوە بۆ دەستڕاگەیشتنیانە بە کار. خەباتی ئەم تۆیژانەی کرێکاران لەڕیگەی مانگرتن و خۆپێشاندان و “اعتصام” وە ئەنجام ئەدری. نمونەی بەرجەستەی ئەم خەباتکاریە کرێکارییە، مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کرێکارانی گریبەست و کریی ڕۆژانە بوو کە زۆربەی شارەکانی ناورەاست و خواری عیراقی گرتەوە.
خۆپیشاندانی وانەبێژانی خۆبەخش و دەرچوانی زانکۆ و ئینستیوتەکان، کە بێکارن، و “اعتصام” و کۆبونەوەی ئەندازیارانی بیکار، کە نزیک بە ساڵ نیوێکە لە بەغدا بەردەوامە، و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایانی کۆردستان بەدژی نەدانی مووچە و بڕینی، هەمووی دیاردەی خەباتی بەکۆمەلی ئەم تۆیژانەی کرێکاران و کارمەندان و بێکارنن.
‌هێزی سەرەکی ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر، کە پتر لە ساڵ و نیویکە بە شیوازی جوراوجۆر بەردەوامە، ئەم تۆیژانەی کریکاران بووە، بەوانەی کە کاری کاتیی و ڕۆژنەیان هەبووە وە ئەوانەی کە بێکار بوون بە كچ و کۆڕەوە ، ئەمە جگە لە تۆێژیكی بەرینی زەحمەتکیشان و نەداران.
لە باری سیاسیەوە ئەم بەشە لە چینی کرێکار یەکسەر دەستیدایە خەباتیکی سیاسی و ڕادیکال بە دژی سەرجەم ڕژێمەکە، وە خەباتی ئابووری و داواکاریە ئابوریەکانی بۆ باشبژێوی و بەدستهێنانی کاری گونجاو و گوزەرانێکی ئاسوودە چووە دۆخی خەباتی سیاسی ڕاستەوخۆوە بە دژی ڕژیم و بۆ کۆتایپێهێنانی. لەم ‌هەڵچوونە جەماوەریەدا دایلەکتیکی پەیوەندی خەباتی ئابووری و سیاسی کرێکاران لە یەکەیکدا یەکانگیربووە بەکردەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیزی یەکگرتوویان و نەبوونی ڕیكخراوەی سەربەخۆیان کە ئاسۆییەکی ئازادیخوازانەی سۆشیالیستی کرێکاری گرتبێتەبەر، خەباتیان کەوتە ژیر فشار و پاڵەپەستۆی سەدویەک باڵ و ڕەوت و حزب و گروپی جوراو جۆری بورژوازی، بە ئیسلامی و قەمیەوە، بە بورژوا لیبرال و ڕیفۆرمیست و ئایدیای “نێشتمانی” بۆرژوازیەوە، ئەمە جگە لە لەشکری پان و بەرینی هەلپەرستان و نۆینەرانی حزبەکانی دەسەڵات و سیخوڕانیان. هەر هەموو ئەم لایەنانە لەسەرتاوە کەوتنە پرۆپاگەندەی “دژە سیاسی بوونی” ڕاپەرین، و دژە سۆشیالیزم و دژە ڕیکخراوبوون و حزبی بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەدارن.
لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕاپەریندا ژیان و گوزەرانی کەسێکی کرێکار و بیكار و نەدار باشترنەبووە و خەباتی ئابوری کرێکاران و ئەم تۆیژانە کەوەتە ژیر باری قورسی سیاسەتی بورژوازی و فەراهەمهێنانی گۆرانکاری شکڵی لەدەسەڵاتدا لەسەرەوە و كێشمەکێشی نیوان باڵەکانی ڕژیم و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی. ئەمەش زیاتر بەهۆی ڕیکخراونەبوون و زاڵنەبوونی ئاسۆی سیاسی و سۆشیالسیتی کرێکاری.
کێشەی ڕێکخراوبوونی ئەم تۆیژانە لە چینی کرێکار، گرێکۆڵەیەکی سەرەکی مەسەلی ڕیکخراووبوونی خەباتی چینی کرێکارە لە سەرتاسەری عیراقدا. هەر هەنگاویک لە ڕیکخراوبونی ڕیزی خەباتی ئەم تۆیژانە لە چینی کرێکار لە فۆرمی ڕیکخراوەیی جوراوجۆردا، بۆخۆی پێشرەوییەکە لە سەرجەم خەباتی چینایەتی کریکاراندا. وەڵامدانەوە بە کێشەی ڕیکخراوبوونی کریکارانی لە سەر کار و بیکار، وەڵام دانەوە بە کێشەی ڕێکخراوبوونی ژنانی کرێکار وەک تۆیژێکی دوو جار چەوساوەی کریکاران، و وەڵام بە کێشەی ڕێکخرابوونی پرۆلیتاری لاو، کچ و كۆڕ، و شیوازەکانی بەرەو پێشجوونی خەباتیان، ئەو چەڵینج و ئەرکە دەستبەجێیانەن کە پرۆلیتاریا سوشیالیست و ڕەوتی مارکسیستی بزوتنەوەی کرێکاری ڕووبەروویەتی.

١٦-٥-٢٠٢١

1- SOCIALISM FROM BELOW Copyright ©2001 ،net ISBN 0–916695–10-7 E-Book ISBN: 978-1-61397-422-3 Second Edition Editor: E Haberkern Page 365
2- البيان الشيوعي – مقدمة ف. انجلز الطبعة الالمانیة -عام 1890- ماركس انجلز مختارات في ثلاث مجلدات المجلد 1الجزء 1 دار التقدم 1980 ص 117




کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور و چەند سەرنجێک.. سامانی وەستا بەکر

یەکڕیزی و دەستور ئەو دوو دەستەواژەیەی کە چەندین ساڵە کوردی گرفتار کوردوە، هاوڵاتی باجی نەبوونی ئەیات و بەرپرس و سیاسیە باڵادەستەکانیش سودمەندن لە نەبوونی و بەروبوومەکەی ئەچنەوە.
پێش ساڵی ١٩٩١ کورد یەکڕیز بوو وە دەستوررێکی نەنوسراویشی هەبوو بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە کورد بوو بەچەندین ڕیز و دەستورە نەنوسراوەکەشی لەدەستدا و ماوی ٣٠ ساڵە خەو بە یەکڕیزی و دەستورێکی نوسراوەوە ئەبینێ و هەر پێشی نەگەشت.
دەستورە نەنوسراوەکەی خەڵک ئەوە بوو کە زۆرینەی هەرە زۆری لەسەر چەند شتێک پانەبد و ڕژد بوون لەوانە “خاک، نیشتمان، کوردایەتی، پێشمەرگە، نەتەوە، ئاڵا، شۆڕش، یەک ڕەنگ، یەک کوردستان، ڕەوشت، دڵسۆزی، ڕێزگرتن….هتد”
حیزبەکان لە شاخ هاتنە خوارەوە ئەو دەستورە نەنوسراوەی خەڵکیان لە خەوێکی شیرین و خۆشەوە کرد بە خەوێکی پچڕپچڕ و ناخۆش “کابوس”، هەرچی بەها جوانەکانی کۆمەڵگەیەخراپ و سەرەو ژێریان کرد، خەڵکیان فێری دووبەرەکی و چەند بەرەی کرد، شارو شارۆچکە و گوندەکانیان کرد بە دوژمنی یەک، خەڵکیان لە یەک ڕەنگەوە کرد بە چەندین ڕەنگ، باشوری کوردستانیان لە یەک ناوچەی جوگرافی یەکگرتۆوە کرد بە دوو ناوچەی جوگرافی دوو ڕەنگ و دوو بەرە و دوو حکومەت و دەسەڵات، خۆشەویستی خەڵکیان بۆ یەکتر و خاک و ئاڵا و شۆڕش و نەتەوە و کوردایەتی و پێشمەرگە و نیشتمان گۆڕی بۆ دژایەتی یەکتر و گاڵتەجاڕی و بێ بڕاوی بەیەکتر و هەرچێ بەها پیرۆز و نیشتمانی نەتەوەییەکانە لای خەڵک بێ ئەرزش و فەڕیان کردن، کەچی ئێستا پاش ٣٠ ساڵ و لەدوای دوو هەوڵی سەرنەکەوتووی پێشترەوە هاتوون و ئەیانەوێ دەستور بنوسنەوە تا جارێکیتر خەڵک یەکڕیزبێت.
یەکڕیزی خەڵک تەنها یەک هەنگاوی پێویستە کە ئەما ن هەرگیز ناچنە ژێرباری، ئەویش دەستهەڵگرتنی ئەمانە لە دەسەڵات و کوردایەتی، ئەگەر ئەمان وازبهێنن ئەوا خەڵکی بەبێ بوونی دەستوریش یەکڕیزئەبێت و لەگەڵ کاتا ئەگەڕێتەوە سەر دەستورە نەنوسراوەکەی خۆی.
با ئێستا لەمەگەڕێین و بێنە سەر خودی کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور لە هەولێر.

سەرنچ:
ناکرێ ئەو پەرۆشیەی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرخستنی ئەو کۆنفرانسە نادیدە بگیرێ، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئایا بۆ نێچیرڤان بارزانی هێندە پەرۆشی سەرکوتنی ئەو کۆنفراسە بوو.

پرسیار:
*ئایا ئەگەر ئەو کۆنفرانسە لەلایەن زانکۆکانیترە بەتایبەت زانکۆکانی ناوچەی نیلی/سەوزەوە بکرایە هەردوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ئامادەئەبوون؟ ئەی ئەگەر ئامادەبوونایە بۆ چەند خولەک ئەمانەوە؟
*ئایا دابەشکردنی داهاتی هەرێم و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و بەتایبەتی ستراتیجیەکان بەیەکسانی و بێبەش نەکردنی سلێمانی لێی ئامدەکاریەکی گرنگ نیە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە؟
*ئایا کەسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکرد؟
*ڕۆڵی ئدریس نێچیرڤان بارزانی چی بوو؟
ئەوەی ئاشکرا بوو بۆ هەمووان بەستنی کۆنفرانسەکە بۆ یەکڕیزی و دەستور بوو، ئەمە کارێکی باشە و بڕواناکەم کەسیش دژایەتی کارێکی وابکات ئەگەر بەڕاستی مەبەست لە جێبەجێکردنی ناو و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکەبێت بەڵام…
ئەو هۆکارە نهێنیانەی لەپاڵ هۆکارە ئاشکراکەی بەستنی کۆنفراسەکەیا بوو چەند شتێکیتر بوون کە پ.د.ک لەلایەک و خودی نێچیرڤان بارزانیش لەلایەکیترەوە مەبەستیان بوو وەک پەیامێک بیگەیەنن بە حیزبە جیاوازەکان و خەڵکی کوردستانیش لەوانە…

*هاتنە ژورەوەی هەردوو نێچیر و مەسرور بارزانی لەیەک کات و بەیەکەوە:
ئەو دوو بەرەکی و دڕدۆنکیەی نێوان نێچیر و مەسرور بارزانی گەشتۆتە ئاستێک کە لە هەردوو کەناڵی ڕوودا و کوردستان 24وە بەئاسانی هەستی پێئەکرێت و چیتر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆی پەردەپۆش ناکرێ بۆیە پێوستی بەجۆرێک لە “شۆ” نمایش بوو کە لەیەککاتا وەڵامی خەڵک و لایەنگرانی پارتی و حیزب و مێدیا جیاوازەکانیش باتەوە بەبێ ئەوەی یەک ووشەش بڵێ.
مەبەست لە هاتنەژورەوەی هەردوو ئامۆزا و خۆ بەمیراتگرەوەی باوک یان مام وەک سەرۆکی پ.د.ک وەڵامێک بوو بۆ ڕای گشتی کە گوایە ئەوان ڕێک و تەبان و هیچ ناکۆکی و باڵباڵێنێک لەنێوانیانا نیە.
لەڕاستیا ئەمە وەڵامێکی زیرەکانە بوو تا ئاستێکی باش بۆ زۆرێک لە خەڵک نەک بۆ هەمووان، چونکوم ئەوەی شارەزای زمانی جەستە و ئەتەکێت و شێوازی جوڵەبێت لەوە تێئەگەشت کە شێوازی ناوهێنانی یەکتر و ئاماژەکردن بەناوهێنانی پۆست و پلە بەتایبەتی کاتێ سەرۆکی هەرێم چەندین جار بەبێ هۆ ناوی سەرۆکی حکومەتی دووبارە ئەکردەوە، ئەتوانرا لەوە تێبگەی کە ئەو ناوهێنانە زۆرە بۆ ڕازی کردنی خودی کەسەکەیە نەک پۆستەکەی.
خەڵکی بەگشتی وە بەتایبەتی ڕۆشنبیر و بیرمەندان باش لەوە تێئەگەن کە ئەوە جۆرێکە لە تەمسیل و نواندنێکی کاتیە و ئەو تەباییەی کە نواندیان هەر هەمان تەباییەکەی نێوان کۆڕانی مام جەلال و ئامۆزاکانیانە ئەگەرچی ئەوەی ناو ماڵی تاڵەبانی تا ئاستێکی زۆر لەوەی ماڵی بارزانی هێورترە.

*دەرکەوتنی ئدریش نێچیر بارزانی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی کۆنفرانس:
دەرکەوتنی کوڕەزازایەکی مستەفا بارزانی لە کۆنفرانسێکی ئاوا گەورە و گرنگا بەتایبەتی کە مەبەستی ئاشکرا لێی یەکڕیزی و دەستوربێت تەنها ئەوەمان پێئەڵێ کە نەوەیەکیتری ئەو خێڵە بەڕێوەن بۆ سەرۆکایەتی تا خەڵک دەستوپەنجەیان لەگەڵا نەرمبکات.
هەرئەوەش نا بەڵکو زیرەکی باوکی ئدریس لەوەیا بوو کە بەجۆرێک ڕۆڵی دابەشکردبوو کە کوڕەکەی وەک کارەکتەری سەرەکی و هەڵسوڕێنەری کۆنفرانسەکە نمایش ئەکرد، بەمەستی ئەوەی هەمووان لەوە تێبگەن کە ئەوە ئدریسی کوڕیەتی لەپشت ئە کۆنفرانسەوەیە، هەرواش دەرچوو کاتێک ئەمانبینی کە چۆن سەرۆکی حیزبەکان وەک هاوتایەکی خۆیان و زیاتریش ڕەفتاریان لەگەڵا ئەکرد.

بەشداری نەکردنی سەرۆکی پ.د.ک:
ئاشکرایە کە کۆی بڕیارە سیاسیەکان بگرە هەر بڕیاردان لەناو پارتیا لای خودی سەرۆکی حیزبەکەیە، بۆیە ئەکرێ بەشداری نەکردنی کاک مەسعود وەک گەرەترین کۆسپی سەرنەکەوتنی ئەو کۆنفرانسە لا داهاتووا تەماشا بکرێ ئەگەر…
ئەگەر مەبەستی مەسعود بارزانی پەراوێزخستنی خۆی نەبێ بۆ پتەوکردن و جێگرکردنی رۆڵی کوڕەکەی مەسرور وەک سەرۆکی داهاتووی حیزب.
ئەگەر ڕازی نەبوونی کاک مەسعودبووبێ بەو ڕۆڵەی کە لە کۆنگرەیا بۆی دیاری ئەکرا، چونکە ئاشکاریە ئەو لە ناوخۆیا نەک دەرەوەی وڵات ناچێتە شوێنێکەوە کە تایتڵی کەسانیتر لەسەرو تایتڵی ناوی ئەوەوەبێت ئەگەرچی لە خێزانکەی خۆشیبێت.
ئەکرێ کاک مەسعود تا ئاستێکیش بێ ئومید بووبێ لە پرۆسەی چاکسازی و دەستور و یەکڕیزی هەموو ئەو تایتڵانەیتریش، چونکە لەسەردەمی حکومڕانی ئەویشا چەندین هەوڵی لەو جۆرەیران، لەکاتێکا کاک نەوشیروان و مام جەلالیش لە ژایانا بوون بەڵام هیچی سەرینەگرت و سەرکەوتوو نەبوو.

جێنین پلاسخارت:
نوێنەری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەو خاتوونەی دایکانە ئاگاداری لەدەستدانی قەوارەی هەرێمی ڕاگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتداران بەخۆیانا نەچنەوە “دۆست ئەتگرێنێ و دوژمن ئەتخاتە پێکەنین” ئەمە ئەو پەندە کوردییە بوو کە زۆر هۆشیارانە و لەکات و شوێنێکی زۆر گونجاوا خاتوو پلاسخارت بەکاریهێنا ، زۆرجار ئەو پەندە کوردییە بەکارئەهێنرێ بەڵام کاتێک لەدەمی کەسێکی بێگانە و کات و شوێنێکا بەکارئەهێنرێ کە سەرۆکی سێ دامەزراوەی گرنگ و سەرۆک و بڕیاردەری شەش حیزبی کارا و چەندین ڕاوێژکار ووەزیر و ئەندام پەرلەمان و پلە باڵا ئامادەئەبن واتایەکی پڕ بەپێستی پەندەکە ئەگەیەنێ، کە ئەویش ئەو وەک دۆستێک هاتووە هەواڵی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان پێڕاگەیەنێ پێش ئەوەی کار لەکاربترازێ.
پلاسخارت قسەی خۆی کرد و دۆستایەتی خۆی پشانی ئامادەبووانی پانێلەکەیا، ئەوەی ماوەتەوە ئەکەوێتە لای توانای هەڵسەنگاندنی ئامادبووانی پانێلەکە بۆ ئەو ئاگادارکردنەوە پێشوەختە. خۆزگەم خاتوو جێنین پلاسخارت پێشی بووتنایە ( قد أعذر من أنذر) چونکە ساسیەکان فێرن دوای ئەوەی کە هەڵەئەکەن هەوڵەیەن تاوانەکە لەخۆی دوورخەنەوەو بیسون بەشانی خەلکانیترا.

سامانی وەستا بەکر

٢٠-٥-٢٠٢١ سوید-ستۆکهۆڵم




دوو کتێبی نوێی ستیڤان شەمزینی لە چاپ دران

کتێبی یەکەم: “قوتووی عەتار – بەرگی سێهەم” ئەم کتێبە بریتییە لە دریژکراوەی هەردوو بەرگی پێشووی کتێبەکە کە ساڵی 2018 لە دوو توێی 1000 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە. ئەم بەرگەش بەشێکی تری کۆکراوەی ئەو وتارانەی نووسەر لە خۆ دەگرن کە لە نێوان ساڵانی 2004-2021 بڵاوکراونەتەوە لە دوو توێی 560 لاپەڕەدا. بە تێکراش هەر سێ بەرگەکەی ئەم کتێبە 1560 لاپەڕەیە.
کتێبی دووەم: “بە ئەوینت رابردووم بسڕەوە” ئەم کتێبەش بریتییە لە کۆمەڵە شیعرێکی نوێی نووسەر لە نێوان ساڵەکانی 2015- 2020 لە دوو توێی 158 لاپەڕەدا.
ئەم کتێبانەش لەلایەن چاپخانەی کارۆ چاپ کراون و لەلایەن “هەرێم عوسمان”ەوە کاری دیزاینی بۆ کراوە.
وا بڕیاریشە کتێبێکی تری نووسەر بە ناوی “خەندە گرینۆکەکان. مەراقنامەی پیاوێکی سوریالی” لە دوو توێی 200 لاپەڕەدا بەم زووانە لە ژێر چاپ بێتە دەرەوە. هەر سێ کتێبەکەش لە چەند مەراسیمێکی جیاجیادا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاوبکرێنەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە ئەم سێ کتێبە و کۆی کتێبەکانی تری نووسەر لەسەر ئەرکی دارایی و تایبەتی خۆی چاپکراون.




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. شـێـلـمێکی زەبـەلاح.. رەزا شـوان

پیاوێکی پـیر شـێـلمێکی چانـد. شـێـلمەکە سەوزبـوو. گـەورە و گەورە و گەورەتـر بـوو. کاتی ئەوە هـات کە هەڵـبکـێشرێت. پیاوە پیـرەکە لاسکە بەرزەکانی شـێلمەکەی گـرت و رایکـێـشان و راکـێـشان، بەڵام نەیتـوانی شـێـلـمەکە لە رەگـەوە هەڵـبکـێـشـێـت.
پیـاوە پیرەکە بانگی پیرەژنەکەی کـرد. پیـرەژنەکە هـات و پشتی پیـاوە پیرەکەی گـرت. پیـاوە پیرەکە لاسکەکـانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی شـێـلمەکە هەڵـبکـێـشـن.
پیـرەژنـەکە بانـگی کچـەزاکەی کـرد. کچـەزاکەی هـات و پـشـتی پیـرەژنـەکەی گـرت. پـیرەژنەكە پـشـتی پیـاوە پیـرەکەی گـرت. پیـاوە پیـرە لاسکەکـانی شـێـلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام نەیـانتـوانی شـێـلمەکە هەڵــبکـێـشـن.
کچـەزاکە بانگی سەگـەکەی کـرد. سەگـەکە هـات و پشتی کچـەزاکەی گـرت. کچەزاکە پـشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پیـرەژنـەکە پشـتی پیـاوە پـیرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکە لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی هەڵـێبکـێشن.
سەگەکە بانگی پشیلەکەی کـرد. پشیلەکە هـات و کـلکی سەگـەکەی گـرت. سەگـەکەش پشتی کچەزاکەی گـرت. کچەزاکـەش پشتی پیرەژنەکەی گـرت. پیرەژنەش پشتی پیاوە پیرەکەی گرت. پیاوە پیرەکەش لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. بە ئەوپەڕی هـێزیانەوە، رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام شـێـلمەکـەیـان بۆ هەڵـنەکـێـشـرا.
پشیلەکە بانگی مشکەکەی کـرد. مشکەکە هـات و کـلکی پشـیلەکەی گرت. پشیلەکەش کـلکی سـەگـەکەی گـرت. سـەگـەکـەش پشـتی کـچەزاکـەی گـرت. کچـەزاکـەش پشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پيـرەژنـەکـەش پشـتی پیـاوە پیـرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکـەش لاسکەکانی شـێـلمەکـەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. شـێـلـمە زەبـەلاحـەکەیـان
لە رەگـەوە هـەڵـکـێـشا.
ئێـوارەی ئـەو رۆژە شـێـلـمە گـەورەکـەیـان کـوڵانـد و پـێـکەوە خـواردیـان.

() چـیرۆکـێکی فـۆلکـلـۆری رووسـیـیە. لە ئیـنگـلـیزییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی. () ئەم چـیرۆکە بۆ منـداڵانی باخچـەی منـداڵان گـونجـاوە. منـداڵانی (٤ ـ ٦) ساڵان.
(*) ئەو پەنـدەی لەم چـیرۆکە دایە ” هـێـز لە یەکـێتی دایـە” پێـویستە رۆڵی کەسانی بچـووکـێـش بـۆ ئەنجـامـدانی کـاری گـەورە، بـە هـەنـد بـزانـرێ و لەبەرچـاوبگـیرێ.
بە هـاوکاری و بە هەماهەنگـی و بە یەکهـێزیـش، گەورەتـریـن کار ئەنجام دەدرێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢١




هاوپشتیی نێونەتەوەیی زامنی سەرکەوتنی بەرەنگاریی خەڵکی فەڵەستینە دژ بە کوشتار و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل

سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەكان

جارێکی دیکە جەنگ، خەڵکانی بێتاوان و منداڵ و پیر و پەککەوتەکان و هەموو مرۆڤێک بە گشتی دەکاتەوە بە سووتەمەنیی خۆی. کێشەی مێژوویی فەڵەستین و ئیسرائیل، دیسان چووە قۆناغێکی ترسناکەوە. دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم جەنگە، بەرئەنجامی خۆسەپێنی و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرائیلە دژ بە خەڵکی فەڵەستین، لە ژێر ناوی گەڕانەوە بۆ سەر خاکی خۆیان و دەرکردنی فەڵەستینییەکان. سوپا ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر خاکی فەڵەستینییەکان، دەست لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ناپارێزێت. لە سەرەتادا وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم هێرشانە، بەرەنگاریی جەماوەریی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی قودس بوو کە هێرشیان کرایە سەر، پێش ئەوەی گرووپە فەڵەستینییە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکان، ئەم هەلە بقۆزنەوە و لە پێناو ڕەوایەتییدان بە مانەوەی خۆیان، دەست بدەنە چەند کردەیەکی سەربازی، کە بە ڕووکەش گوایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلن، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجە سەرەکییەکەیان ئەوەیە بیسەلمێنن دووژمنێکیان هەیە و لەم ڕێگەیەوە شەرعیەت بە وجودی خۆیان بدەن وەک بەرگریکار لە خەڵک و خاکی فەڵەستین. ئەگەرچی دڕندەیی سوپای ئیسرائیل و چەکە قەدەغەکراوە کۆکوژ و ئەتۆمییەکانی، هەرگیز جێگەی بەراورد کردن نییە بە موشەکی گرووپە فەڵەستینییەکان، بەڵام شاراوەش نییە کە ئەم ململانێیە بە دەر نییە لە بوونی سیاسەت و ئەجێندای دەرەوەی جیۆگرافیای ئیسڕائیل و فەڵەستین.
ئێمە بە بێ هیچ سڵەمینەوە و دوودڵییەک دژ بە دەوڵەتی ستەمکاری ئیسرائیل و سوپا دڕندەکەی دەوەستینەوە، لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە خەبات و بەرەنگاریی جەماوەریی خەڵکی فەڵەستین دەکەین. نە دژایەتیمان بۆ دەوڵەتی زایۆنیستی و سوپای ئیسرائیل بە مانای دژایەتیی نەتەوە و ئایینی جوولەکە دێت، نە پشتیوانیشمان لە خەڵکی فەڵەستین بە مانای پشتیوانی لەو گرووپە ئیسلامییانە دێت کە بە ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی ئاگری ئەم شەڕە بە گەشاوەیی دەهێڵنەوە.
پێمان وایە ئەرکی هەموو مرۆڤێکی سۆسیالیست و ئازادیخوازە پشتیوانی لە خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین بکات، کە هاوشێوەی نەتەوەی کورد، دوو جار لە ژێر ستەمدایە، ستەمی نەتەوەیی و ئایینیی دەوڵەتی ئیسرائیل، ستەمی ناوخۆیی دەسەڵات و حیزبە فەڵەستینییەکان و نەبوونی ژیانێکی شایستەی مرۆڤانە. بانگەواز بۆ چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخوازانی وڵاتی ئیسرائیلیش دەکەین، کە وەک هەمیشە خاوەنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بن و دژ بەم جەنگە نابەرانبەر و وێرانکارە بوەستنەوە و هەوڵی هاوپشتیی نێونەتەوەیی بدەن لەگەڵ جەماوەری فەڵەستیندا.
چارەسەری ئەم کێشەیە، کە کێشەیەکی سیاسی، مێژوویی، جیۆگرافی، ئایینی و نەتەوەییە، تەنها لای دانیشتوانی فەڵەستین و ئیسرائیل خۆیانە. دەبێت ئەوان بە ئازادانە و بە دەر لە هەر زەبر و زۆرێک مافی خۆیان بە کار بهێنن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن لە داهاتوودا. هەموو ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانەش، دەبێت بەرئەنجامی ویستی خەڵک بێت، نەوەک حوکوومەت و دەوڵەتەکان. هاوکات پێویستە هاوسەنگیی هێزەکان لەبەرچاو بگیرێت و پەنا نەبرێتە بەر ئەڵتەرناتیڤێک کە لە داهاتوودا داگیرکاری و پاشکۆیەتیی لێ بکەوێتەوە.
جێگەی خۆشحاڵییە کە جەماوەری کوردستان بەرانبەر ئەم پرسە هاتوەتە دەنگ و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئەگەر چی بەشێک لە هەڵوێستەکان ئایدیۆلۆژین و بنەمای ئایینی بە سەریاندا زاڵە نەوەک بنەمای مرۆڤایەتی و هاوپشتیی نێونەتەوەیی، هەندێک لە هەڵوێستەکانیش جێگەی ڕەخنەن کە بە مەرج و تێڕوانینی تەسکی نەتەوەیی پشتیوانیی خەڵکی فەڵەستین دەکەن، بەڵام ئەگەر تارمایی نەتەوە و ئایین ئاگایی جەماوەر نەشێوێنێت، ئەوا هەڵوێستی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان وەستانەوەیە دژ بە کوشتار و وێرانکارییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانییە بۆ خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین.
خەباتی بەردەوامی مەدەنی و جەماوەری، وەک ئەو مانگرتنە گشتیەی بڕیارە لە شارەکانی فەلەستین ئەنجام بدرێت، شانبەشانی پاڵپشتیی ناوخۆیی خەڵکی ئازادیخواز و چەپی ناوخۆی ئیسرائیل و هاوپشتیی نێونەتەوەیی زامنی سەرکەوتنی دیموکراسیانەی ئەم دۆزەن.
نا بۆ جەنگ و کوشتار
نا بۆ جیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی
بەڵێ بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە
هاوپشتی خەباتی خەڵکی فەڵەستین دەبین دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل
ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان

ئایاری 2021




ژیانی موزیكژەنێكی كورد لە رۆمانێكی سعودیدا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی زریاب

بەگشتی ئێمە وێنەیەكی باشـمان بەرامبەر عەرەبستانی سعودییە نییە، هۆكاری زۆریش لەمەدا رۆڵیان هەیە، لە پێش هەموویانەوە لەوانەیە ئێمە هێندە زانیارییمان لەبارەی ئەم وڵاتەوە نەبێت بەتایبەتی ئاگاداری رەوشی ئەدەبیی و هونەری نین، كە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لەبواری ئەدەبدا كۆمەڵێك نووسەری زۆر باشییان هەیە، بەرهەمەكانیان بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەكان وەرگێڕدراون. لەو نووسەرانە ” مەقبول ئەلعەلەوی” یەكێكە لە نووسەرە ناودارەكانی سعودیە و خاوەنی دنیابینییەكی زۆرجوانە. یەكێك لە رۆمانەكانی بەناونیشانی ” زریاب” كە باسی ژیانی موزیكژەنی ناوداری ئیسلامی “زریاب” دەكات، كە بە رەچەڵەك كوردە و لە سەردەمی هارونە رەشیدا ژیاوە. ئەم رۆمانەش لەلایەن وەرگێڕی هێژا سەباح ئیسماعیل كراوە بە كوردیی و ناوەندی رەهەندە چاپی كردووە.
لێرەدا پێمخۆشە کورتەیەک لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسم و بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکەم.

ژیانی موزیكژەنێكی داهێنەر
لە مێژووی هونەری وڵاتانی ئیسلامییدا ” زریاب” یەكێكە لەناوە پرشنگدارەكانی موزیكی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی. ئەم پیاوە لە موزیكدا بەتایبەتی ئامێری “عود” داهێنانێكی گەورەی كردووە، ئەم رۆمانەش بە وردی باسی ژیانی ئەم موزیكژەنە دەكات. زریاب لە ئەسڵدا ناوی ” عەلی كوڕی نافیعە و نازناویشی ” ئەبوئەلحسەنە” بەڵام كاتێك دەبێتە كۆیلە، ئیسحاق موسڵی موزیكژەنی ناوداری سەردەمی هاورنە رەشید دەیكڕێت و ناوی دەنێت ” زریاب” كە لە عەرەبیدا مانای ” باڵندەیەكی رەشی جوان” دەگەیەنێت. پاش ئەوەی ئیسحاق موسڵی لە موسڵەوە زریاب دەهێنێت لە كۆشكەكەی لە بەغدا لەگەڵیدا دەژی و فێری موزیكی دەكات.

لە سەرەتادا ئیسحاق موسڵی زۆر دڵی بەم كۆیلە خوێندكارە گەنجەی خۆش دەبێت و گرنگی پێدەدات، فێری موزیكژەنی دەكات. هەر لە منداڵییەوە موزیك دەبێتە خەونی گەورەی زریاب، مێشكی داگیر دەكات، ئەمەش وا دەكات داهێنانێكی گەورە بكات و تەواوی مێژووی موزیك بەگشتیی و ئامێری “عود” بەتایبەتی دەگۆڕێت. زریاب لە بەغدا دەچێتە لای دارتاشێك داوای لێدەكات عودێكی تایبەتی بۆ دروست بكات بە جۆرێك لە جیاتی چوار “ژێ” پێنچ ژێی هەبێت، ئەمەش گەورەترین شۆڕش دەبێت بەسەر ئامێری عودا دەكرێت.
ئەم گۆڕانكارییە بلیمەتی و توانای زریاب دەردەخات، دەبێتە مایەی سەرنجی دەورووبەر. كاتێك ئیسحاق موسڵی دەیباتە كۆشكی هارونە رەشیدەوە، ئەویش زۆر شەیدای ئەم كوڕە گەنجە دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە سەرەتای نەهامەتییەكانی ئەم كوڕە گەنجە و ئاگری رق و كینە لە ناخی ئاغاكەیدا دەچێنێت، هەربۆیە پاش گەڕانەوەیان لە كۆشك بۆ بەیانییەكەی ئیسحاق موسڵی بەوپەڕی راستگۆییەوە ناخی خۆی هەڵدەرێژێت و پێی دەڵێت: دەبێت لە بەغدا نەمێنیت. ئەم كوڕە دەبێتە ركابەرێكی تۆقێنەر بۆ ئیسحاق موسڵی، ئەویش سەرەتا دەیەوێت دژی ئەو بڕیارە بوەستێتەوە، بەڵام دواجار ناچار دەبێت و بەغدا بەجێدەهێڵێت. خۆیی و سەفیەی ژن و منداڵەكانی، بەغدا بەجێدەهێڵێن بەرەو ئەندەلوس دەڕۆن، دواجاریش لەوێندەر جێگیردەبێت. كاروانی سەفەری زریاب بە موسڵ و حەلەب و شام و میسر و پاشان تونس تێدەپەڕێت و پاشان دەگاتە ئیسپانیا، لە هەموو ئەو شوێنانەدا زریاب لەگەڵ پادشا و نەیارانی حیكایەتی خۆی هەیە.
جگە لەوەش ئەم رۆمانە گەشتێكی كورتە بەناو جوگرافیا و مێژووی وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی لەسەردەمی هارونە رەشید و كوڕەكانی، وەسفێكی جوانی شارو گوند و ناوچەكانمان بۆ دەكات و تیشكیش دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی لەو سەردەمدا.

موزیك و ئامێری عود
لەم رۆمانەدا موزیك بە گشتیی و ئامێری عود بەتایبەتی پانتایی گەورە داگیردەكەن، چونكە لێرەدا باسی ژیانی كەسێكی موزیكژەن دەكات، كە تەواوی ژیانی بۆ موزیك تەرخانكردووە و لەسەرەتای ژیانییەوە تا كۆتاییەكەی عودەكەی دەبێتە هاوڕێیەكی گیانی بەگیانی و لێی جیا نابێتەوە. هەرچەندە لەسەر ئەم ئامێرەش ژیانی تێكدەچێت و لەگەڵ خەڵكی تردا رووبەروی ململانێ دەبێتەوە. وەكو خۆشی دەڵێت: ” ئەو عودە چاوەڕوانكراوە هۆكاری گەورەی بەدبەختییم بوو. ل50″

رۆحی رق و كینە و ئیرەیی
خاڵێكی گرنگی تری ئەم رۆمانە باسی هەستی ئیرەیی و رق و كینەی ناخی مرۆڤ دەکات. كاتێك ئەم هەستە بەسەر كەسێكدا زاڵ بێت، ئیتر بەتەواوەتی لە هەموو شتە جوانەكانی رادەماڵێت و دەبێتە مرۆڤێكی دڕندە. باشترین نموونەش ئیسحاق موسڵییە، تا هەستی ئیرەیی بەسەریدا زاڵ نەبوو، وەكو باوكێكی میهرەبان مامەڵەی لەگەڵ زریاب و تەواوی كۆیلەكانی دەكرد، بەڵام كاتێك هەستی ئیرەیی و رق و كینە بەسەریدا زاڵ دەبێت، دەبێتە گەورەترین دڕندە و دوژمنی سەرسەختی زریابی داهێنەر. لێرەدا نووسەر باش توانیویەتی ئەو هەستە باس بكات و دیمەن و هەڵسووكەوتە ناشیرینەكانی ئیسحاق موسڵیمان بۆ بگوازێتەوە. بەتایبەتی لە پاش گەڕانەوەیان لە كۆشكی هارونە رەشید، ئەمە هەستە دەردەكەوێت:
“لە جڤاتی خۆشی و رابواردندا بووین، جڤاتێك دەبوو رۆحەكان تێیدا لە شەقەی باڵ بدەن و دووربكەونەوە لە چڵپاوی دەروونە نەخۆش و ناساغەكان و بۆ ئاسمانی خاوێنی روونی بەرز ببنەوە. ل 95
بەڵام ئیسحاق موسڵی رق بەسەریدا زاڵ دەبێت بۆ بەیانییەكەی یەكسەر پێی دەڵێت: لە ئەمڕۆ بە داوەوە جێگەت لێرە نابێتەوە.
“لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم، راست و روون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئێرەیی دەردێكە لە كۆنترین دەردەكان و لە هەموویان پتر كار لە ناخ دەكات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێهدەهڵێت، دنیا وایە. ناخۆشییەك بەردڵ و جەستە و ئاوەز دەكەوێت، ململانێش لەهەمان پیشەدا، دووبەرەكی و رق دروست دەكات” ل 97و98

ژیانی كۆیلەكان
لە رێگەی باسكردنی ژیانی تایبەتی زریابەوە، ئاگاداری رەوشی خراپی ژیانی ئەو كەسانە دەبین، كە بە زۆر لەو سەردەمەدا كراون بە كۆیلە و سەودا و مامەڵەیان پێوە كراوە. چۆن هەموو سیفاتی ئینسانی لەو كەسانە سەندراوتەوە.
“ئەوانی دی لەبری من بیریان دەكردەوە و چارەنووسیان دیاری دەكردم، تەنانەت من ناوەكەی خۆم هەڵنەبژاردووە. خۆم كۆیلایەتیم هەڵنەبژاردووە. ئەوان هێڵی ژیانیان بۆ كێشام و لەسەری رۆیشتم، پێیان گوتم گۆرانی بڵێ. گوتم. پێیان گوتم. لاڵبە، لاڵ بووم”ل 16.15

شاری بەغدا
هەرچەندە نووسەر سعودییە، بەڵام كاتێك رۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەست دەكەیت كەسێك نووسیویەتی خەڵكی بەغدایە، زۆر عاشقی بەغدایە و لە سەردەمی هارونە رەشیدا ژیاوە، لە هیچ كتێبێكی تردا، هێندە بە جوانی وەسفی بەغدای كۆن نەكراوە. ئەمەش گوزارشت لە زیرەكیی و توانای نووسەر دەكات، چونكە ئەو كەسە خەڵكی عیراق نییە و باسی سەردەمێكی شارێكیش دەكات كە ئەو نەیبینیوە. لە زۆر شوێندا وەسفی بەغدا دەكات: “بەغداد پایتەختی جیهانی نوێ بوو، خەریك بوو رووناكییەكەی دەگەشایەوە و ئەوانی دیی دادەپۆشی.” ل 56
لەبارەی وشەی بەغداوە نووسەر دەڵێت: بەغداد مانای ” بەخششی پەروەردگار” دەگەیەنێت. ل 73
“بەغداد لەو دەمەی خەلیفە ئەبو جەعفەری مەنسور بناغەی دانا، بووە پەناگەی گشت توێژەكان، لە هەموو لایەكەوە روویان لێكرد، بەغداد پڕبوو لە عەرەبی رەوەند، كورد، دەیلەم، فارس، عەبەشێ، توركمان… تا ئەم ساتەش بەغداد شارێكە ئامادەی هەموو شێمانەیەكی چاك و خراپە.” ل 74

موسڵ
بەپێچەوانەوە لەم رۆمانەدا وێنەیەكی جوانی موسڵ نابینین، نووسەر هەوڵیداوە لە پاش بەغدا باسی موسڵیش بكات، كە لەو كاتەوە تا ئێستاش دووەم شاری گەورەی عیراقە. لەبارەی موسڵەوە دەڵێت:
“موسڵ شارێكی گەورە و دێرین بوو، دەتگوت هەمیشە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاژاوە و خراپەكاری ساز و ئامادەیە، لەراستیدا نزیكتر بوو لە قەڵایەكی سەخت وەك لەشار” ل 16و 17
بەداخەوە لە مێژووی نوێشدا لە موسڵدا كۆمەڵێك رووداوی ناخۆش روویدا، دوایینیان داگیركردنی بوو لەلایەن چەتەكانی داعشەوە. جگە لەم دوو شارەش، نووسەر وەكو كامێرامانێك باسی كۆمەڵێك شار و شارۆچكەی تری وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەكات.

سەردەمی خەلافەتی هارونە رەشید
خەلیفە هارونە رەشید یەكێكە لە فەرمانڕەوا ناودارەكانی مێژوویی ئیسلامی، ساڵانی حوكمی ئەم پیاوە، بە ساڵانی زێڕینی بەغدا و گێتی عەرەبی و ئیسلامی دادەنرێت. نووسەریش زۆر بە جوانی مەلی هزری خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قۆناغە، دیارە ئەمەش كارێكی سەختە، چونكە ئەمە بابەتێكی مێژوویی گرنگ و هەستیارە، دەبێت نووسەر شارەزایی زۆر باشی لەبارەی مێژووەوە هەبێت. كاتێكیش دێرەكانی دەخوێنیتەوە، وەكو خوێنەرێك هەست دەكەیت نووسەر زۆر شارەزایی لەبارەی ئەو ساڵانەوە هەیە كە هارونە رەشید فەرمانڕەوای بەغدا بووە. بەگشتیش ئێمە وێنەیەكی جوان و باشی ئەم قۆناغە دەبینین، هەرچەندە لە مێژوودا زۆر رەخنە لە هارونە رەشید دەگیرێت، خەڵكانێك پێیانوایە حاكمێكی زاڵم بووە و زیاتریش خەریكی رابواردن و خۆشی ژیان بووە تا فەرمانڕەوایی، بەڵام ئەم خەلیفەیەش وەكو خەلیفەكانی تر، كۆمەڵێك خاڵی جوان و ناشیرینی هەیە.
نووسەر لە وەسفی ئەم فەرمانڕەوایەدا دەڵێت:
“هارونە رەشید شای شایانی جیهان و رزگاركەری وڵاتانی دوور و نزیك. سەروەری مەزنان و بەزینەری فارس و رۆم.
لە وەسفی كۆشكەكەشیدا دەڵێت:
“لای راستی ریزێكی درێژ لە زانا و شاعیر و ئەدیبان درێژبووبوەوە. لای چەپیشی فەرماندە و سەردارانی هەرێمان و لە پشتیشیانەوە سەربازانی مۆن وێستا بوون.”ل84

خۆشەویستی
بابەتێكی گرنگی تری ئەم رۆمانە “خۆشەویستییە” كاتێك زریاب”سەفیە”ی کەنیزە دەبینێت، كە ئەویش وەكو ئەو كراوە بەكۆیلە، عاشقی یەكتردەبن. حكایەتی زریاب و سەفیەش، جێژی زیاتری بەم رۆمانە بەخشیوە و هێندەی تر رۆمانەكەی رازاندۆتەوە.
جگە لەم باسانە، نووسەر لەم رۆمانەدا كۆمەڵێك باسی گرنگتر دەكات لەوانە ” هاوڕێیەتی، شەڕەنگێزی ناخی مرۆڤ، شەڕی دەسەڵات، كۆمەڵێك باسی گرنگی تر”.

تەكنیكی نووسین
یەكێك لەخاڵە جوانەكانی ئەم رۆمانە تەكنیك و شێوازی نووسینیەتی. نووسەر شارەزاییەكی زۆرباشی لە بواری بەكارهێنانی تەكنیكەكانی رۆماندا هەیە، رەگەزەكانی”دروستكردنی پاڵەوان، كوتوپڕ و گرێی ئەدەبی و دیالۆگ و دروستكردنی رووداوەكان” زۆر بەباشی بەكارهێناوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەم رۆمانە دەچێتە قاڵبی رۆمانی مێژووییەوە، كەم نووسەریش هەیە بتوانێت لەمجۆرە رۆمانانەدا سەركەوتووبێت، دەبێت ئەو كەسانەی ئەمجۆرە رۆمانانە دەنووسن، شارەزایی زۆرباشیان لەبارەی ئەو مێژووەوە هەبێت كە باسی لێوە دەكەن، لەمەشدا نووسەری ئەم رۆمانە زۆر سەركەوتوو بووە، كاتێك رۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هێندە بە جوانی وەسفی ئەو كاتە دەكات، هەست دەكەیت كەسێك نووسیویەتی لەوسەردەمەدا ژیاوە. ئەمەش دووبارە خاڵێكی بەهێزی تری بەم رۆمانە بەخشیوە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم رۆمانە چ لە رووی ناوەڕۆك و چ لە رووی شێوازی نووسینەوە، جوانی و داهێنانێكی گەورەی پێوەدیارە، بەحوكمی ئەوەشی كە باسی كەسایەتییەكی مێژوویی دەكات، خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی زوو، كەمێك زانیاری لەبارەی ساڵانی فەرمانڕەوایی هارونە رەشید دەستدەكەوێت، جگە لەوەش ئەم رۆمانە مرۆڤ دەكاتە سەنتەر و چۆنێتی رەفتار و هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەوروبەر دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی، لە پێش هەموویانە مەسەلەی”رق و ئێرەیی پێبردن”دەبێتە كرۆكی سەرەكی رۆمانەكە و بە شێوەیەكی ئەدەبی جوان، دزێویی و ناشیرینی ئەم هەستەی مرۆڤ باس دەكات.
لە كۆتاییدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە برای هێژامان سەباح ئیسماعیل بكەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە جوانە ئەدەبییە و هیوای لەشساخی و كاری جوانتری بۆ دەخوازین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
مەقبول ئەلعەلەوی. زریاب. وەرگێرانی: سەباح ئیسماعیل. چاپی یەكەم. ناوەندی رۆشنبیری رەهەند. سلێمانی. 2020.




خوێندنەوەیەکی (مەسعود محمد)یانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. باسی دووەم- گۆران سەباح

وەک لە باسی یەکەم ئاماژەم پێی دا، ئەم زنجیرە باسە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییە بە دیدگە و فەلسەفەی خۆماڵی. باسی یەکەم خوێندنەوەیەکی (ڕێبوار سیوەیلی)یانە بوو. بەستەرەکەی: https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=43508
ئەم خوێندنەوەیە بەپێی کتێبی (مرۆڤ و دەوروبەر، بەشی یەکەم)ی (مەسعود محمد)ە. هیوادارم ڕەخنەدۆزانی تر بێن بەشی دووەم و سێیەمیش تێکهەڵکێشن لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان. مەرجیش نییە کار لەسەر مرۆڤی هەرزان بکەن، هەر ڕۆمانێکی تر بێ ئاساییە، گرنگ ئەوەیە دەست بەوە بکەین لەنێو پاش ئەم جۆرە خوێندنەوە خۆماڵییانە بۆ دەقی خۆماڵی بکەین.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئاماژەیە بەوەی بۆ باشتربوون مرۆڤ دەبێ لە بازنە سنووردارەکان بێتە دەرەوە. مرۆڤ لە هەر بازنەیەک گیری خوارد، بەرەو دواوە دەچێت. جا ئەو بازنەیە هەرچی بێت. چونکە دواجار خودی بازنە واتە سنووردانان و نەچوونە دەرەوە. شووشە لە بازنەکە هاتە دەرەوە بۆیە توانی باشتر لە زانایانی تر بیر بکاتەوە و بگاتە سەرەداوێک بۆ کۆتاهێنان بە پەتای خۆکوشتن.
مەسعود محمد (٢٠١٤) لە بەشی یەکەمی (مرۆڤ و دەوروبەر)دا جەخت لەسەر بێسنوور و سنووردار دەکاتەوە. لە لاپەڕە ١٢ دەڵێ، “. . . جیهان و پرسیارەکانی بێسنوورن . . . پێوانی ئەو نامەحدوودانە بە عەیارەی مەحدوود گەپێکی سافیلکانەیە.” زانایانی نێو فەزای مرۆڤی هەرزان بە پێوەرێکی سنووردار دەیانەوێ ڕووبەڕووی خۆکوشتن بوەستنەوە، مەسعود گوتەنی، ئەوە گەپێکی ساویلکەیە. لە فەلسەفەیەکی تەسکدا دەیانەوێت لە دنیایەکی بەرین بنۆڕن. ئەمەش وەک مەسعود دەڵێ، “فەلسەفەی تەسک و دنیای بەرین دوو لایەنی یەکجار پێچەوانەی (موعادەلەی فیکری)ن.” هەر زانایەک دیلی فەلسەفەیەکە بۆیە دۆش دەبێت لە هزر، بەڵام هۆشی شووشە دیلی هیچ فەلسەفەیەک نییە، بۆیە داهێنان دەکات.
بیرمەندانی نێو ڕۆمانەکە و بیرمەندانی ئەم سەردەمەی ئێستە بوونەتە دیلی بیرمەندانی پێش خۆیان. دەبینین هزر لە یەک بازنەی سنوورداردا دەخولێتەوە. بۆیە ناتوانین هیچ فەلسەفەیەک تێپەڕێنین. مەسعود دێ ئەم قسەیە بە کۆمەنیستەکان دەڵێ، “من هەرگیز پێت ناڵێم قەناعەت بە هیچ کەس و هیچ شتێک مەهێنە. من دەڵێم حورمەتی (قەناعەت)ت بگرە بەوەدا کە هەڵمەت ببەیتە سەر ئەو چەوت و چوێڕییەی لەو فەلسەفەیەدا دەیدۆزیتەوە کە کردووتە بە نێرتکی قەناعەتت… من دەڵێم مەبە دەروێشی فەلسەفەی سەدەی بیستەم.” (٢٠١٤، لا٦).
بەداخەوە، ئێمە بووینەتە دەروێشی بیرمەندانی ڕۆژئاوا. تا وا بین، نابین بە خاوەنی هزری خۆمان.
مرۆڤی هەرزان ئەوە دەردەخات مرۆڤ بووەتە کۆیلەی ماددە. سامی و ئیمام و بێرنی و مێتال و ڕام و هەموو ئەوانەشی خۆیان دەکوژن وێڵی ماددەن. مرۆڤ لە نێو مرۆڤی هەرزاندا حاڵی باش نییە لەبەرئەوەی ناتوانێت لە بازنەی ماددی بێتە دەرەوە. مەسعود لە لاپەڕە شەشدا دەڵێت نابێ بیروباوەڕی (ماددی) زاڵ بێت بەسەر مرۆڤدا.
هاتنە دەرەوە لە بازنەی ماددی و بازنەی فەلسەفەی تەسک ئیڕادەیەکی ئازادی دەوێت. شووشە ئەو ئیڕادەیەی هەیە بۆیە بەو تەمەنە گچکەی خۆی پێشڕەوی زانست و فەلسەفە و ئایین و دەروونناسی دەکات. مەسعود دەڵێ، “مرۆڤی ئیڕادە ئازاد یەکجار زەحمەتتر و درەنگتر دابین دەبێ لە مرۆڤی گیرخواردوو بەدەست قودسییەتی نەزەریانەوە.” (٢٠١٤، لا٦٠). تەواوی زاناکان ڕووبەڕووی شووشە دەبنەوە، دژی بیرۆکەکەی دەوەستنەوە، هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن هەڵەیە، بەڵام لەبەر ئیڕادەی ئازادی، شووشە بۆیان دابین نابێ.
نووسەر تەوزیفی میعراجی کردووە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا. بۆ بانگخوازی و سەلماندنی چیڕۆکی ئایینی نییە، بۆ بەردەوامبوونی وجوودی ئایینە بۆ تا هەتایە. نابێ خۆمان بەوە فریو بدەین پێمان وابێت لە ئێستە یان ئایندە ئایین دوور دەکەوێتەوە لە مرۆڤ. خەڵک هەیە دەست هەڵدەگرێ لە ئایین، بەڵام ئایین وەک سێبەر لەگەڵمانە. هەموو کات. یەک لە ئیشەکانی ئەدەب دروستکردنی پرسیار و گومانە. تەوزیفکردنی میعراج ئەو ئیشە دەکات. ئایا ئەوەی نوێژ نەکات دەچێتە دۆزەخ؟ ئەوەی نوێژ دەکات دەچێتە بەهەشت؟ ڕۆمانەکە دەیان پرسیاری لەم جۆرە دەوروژێنێت. ئیمام حەکیم سەرۆکی دەستەی فەتوایە، کەچی لە گەشتی میعراج خراپ تێ دەکەوێت. بۆ؟ شووشە پابەندە بە ئایین، ئایین و زانست تێکهەڵدەکێشێت بۆ چارەسەری پەتای خۆکوشتن. بەڵام کام ئایین، کام مەزهەب، کام میتۆدی ئایینی؟
لەسەر بەردەوامبوونی ئایین، مەسعود لە لاپەڕە ١٤دا دەڵێ، “… ئایین شتێک نییە لە جغزی سوودی کۆمەڵایەتی دەرچووبێت وەیا لەلایەن کۆمەڵەوە بێبایەخ و بێڕێز بووبێت … ئایا ئەو فەلسەفە و بیرەباوەڕە پشت لە ئاینانەی دەیانەوێ دەوری دین لە کۆمەڵایەتی و مێژوو کەم بکەنەوە بۆ خۆیان هێندەی ئایین بەردەوام دەبن؟ دەتوانن هەزاران ساڵ بژین وەک کە ئایین ژیاوە؟” … قابلیەتی بەردەوامبوونی باوەڕی ئایینیش پتر لە باوەڕی ماددی و فەلسەفی، ئەویش بۆ خۆی ڕاستیێکە دەبێ سەرنجی بیرکەرەوە، ماددی بێ یا هەرچی بێ، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ئەو بەردەوامبوونە ڕابکێشێت.”
یەک لە ڕۆماننووسەکان لە نامەیەکدا پێمی گوت چۆن لە ساڵی ٢١٠٠ باوی ئایین دەمێنێت. ئەو قسەی سەرەوەی مەسعود محمد وەڵامێکە پڕ بە پێستی ئەم پرسیارە. مەسعود ئەوەش دەڵێت، “چەند سەیرە ملیۆنەها خەڵق لە خۆوە بە ئەرک و مەسرەفی خۆیان خەریکی بەردەوامکردنی باوەڕێک بن کە بەلای بیرکردنەوەی ماددی و عیلمانییەوە فڕی بەسەر ڕاستی و ماددە و سوودی خەڵقەوە نییە، کەچی فەلسەفە ماددییەکە کە خۆی داناوە بە ئاڵای سوود و خێر و خۆشیی گەل ئەگەر پۆلیس و عەسکەر نەیپارێزن لەوانەیە بە زوویی لە بیران بچنەوە.”
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە ئاڕاستە (هۆش)ماندا دەبات. هەر تاکێک هۆشی خۆی فەرامۆش کرد، قەدری هۆشی نەزانی، یان هۆشی بە ئارەزووەیلی نزم سەرقاڵ کرد، کۆتاییەکەی خێر نابێت. ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە ڕۆمانەکە خاوەن هۆشی هەرزانن، بەدووی ئارەزووی نزم کەوتوون. مەسعود لە لاپەڕە ٢٤دا دەڵێ نابێ هۆش ببێتە کۆیلەی هیچ شتێک بە ئایینیشەوە. تەنانەت (سروشت)یش بێ هۆش بێ دەسەڵاتە (مەسعود، لا٢٤). زانایانی نێو مرۆڤی هەرزان دەیانەوێت خۆکوشتن بە سروشت چارە بکەن، بەڵام ناتوانن و بیرۆکەکەیان سەر ناگرێت. هەر لە هەمان لاپەڕەدا مەسعود دەڵێت، “ئەو شتانەی پەیدابوونیان بە هۆش بەستراوەتەوە بەر لە پەیدابوونی هۆش بوونی هێزەکیشیان نییە” چونکە هیچ شتێک “ئیدراک و ئیڕادەی” نییە هەست بە خۆی بکات گەر هۆشی نەبێت.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان پێمان دەڵێت مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە نێو خودی خۆی. بچێتەوە بۆ ئەقڵ، بۆ هۆش، بۆ بیرکردنەوە. ئەو دەمەی مرۆڤ ویستی لەسەر بێت، ماددە دەتوانێت هۆشی داگیر بکات، ئەگەر نا، هیچ شتێک ناتوانێت هۆشی مرۆڤ داگیر بکات. ئەوە مرۆڤ خۆیەتی خۆی تەسلیم دەکات و کۆڵ دەدات. مەسعود لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت، “… پەک کەوتنی هۆش لە سەر هەبوونی (ماددە) بە خواهشتی ماددەکە نییە: ماددە ئاگای لە هۆش و لە خۆیشی نییە تا بیەوێ پەکی بخات، هەر لە بنەڕەتدا چ خواهشتی نییە، ئەوە هێزێکی خاوەن ئیڕادەیە لە دەرەوەی ماددە، ماددە بە گژ مرۆڤەوە دەنێت و سەری لێ دەشێوێنێت.”

مرۆڤی نێو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە دوای وەهم کەوتوون، بە دوای بەرژەوەندیی ماددی کەوتوون، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک دەچن. بێ ئاگان لەوەی ئەو وەهم و بەرژەوەندییانە، جا هەر چی بێت، بەرەو نەمانیان دەبات. کارەساتە بێ ئاگا بی لە مەترسیی ئەودیو بەرژەوەندییەکانت. سامی سێڵ لە گەشتی میعراج بۆی بەدەر دەکەوێت. کارەکتەرەکانی تریش. مەسعود لەم بارەیەوە لە لاپەڕە ٤٠دا دەڵیت، “مرۆڤ بەرژەوەند لە چدا ببینێت ئەوە دەکات ئیتر ڕەنگە بەرژەوەندەکە ماددی بێت یان مەعنەوی بێت وەیا بەرژەوەندییەکی مەهمووم و درۆزن بێت، تەنانەت لەوانەیە مرۆڤ شتێک بە بەرژەوەند بزانێت و بیکات کەچی گەورەترین هەڵەی کوشندەی هەموو ژیانی بێت…”
شووشە ئەم وەهمانە بەلاوە دەنێت، بەرژەوەندیی خۆی گرێ دەدات بە بەرژەوەندیی مانەوەی مرۆڤ. هەرچەندە نیوەڕوح دەبێت، یاوەرەکانی لەسەر دادەنێت، بەڵام کۆڵ نادات لە سڕینەوەی وەهم و ئارەزووە نزمەکان.
کەس هەیە لە خۆشیدا خنکا بێت؟ بەڵێ. زۆریش. هێندەی خەڵک لە خۆشیدا دەخنکێن و سەرگەردان دەبن، هێندە لە ناخۆشیدا وایان لێ نایەت. لە دنیای ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، خەڵک لەوپەڕی خۆشیدا دەژین. خۆکوشتن لە ناخۆشییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بگرە لە بەڕەللاکردنی نەفسەوەیە، لە تامکردنی هەموو شتێکەوەیە، لە تاقیکردنەوەی هەموو شتێکەوەیە، لە وێڵبوونە بە دوای ئارەزووەیلی نزم. مەسعود لە لاپەڕە ٦٠دا دەڵێت، “مرۆڤی ڕەها لەوانەیە لە خۆشیدا خنکابێت و داوای پتر بکات، بە پترەکەش ڕازی نەبێت ئیتر با بداتەوە سەر بێباکی و ڕیشبەردانەوە و جلشڕی و قوتەیی و گاڵتە بەدنیاکردن، …”

سەرچاوە
وارگەی mamosta.net ، مرۆڤ و دەوروبەر (بەشی یەکەم و دووەم و سێیەم)، مەسعود محمد.
گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. نووسیار: کۆپنهاگن.




ئایەتەکانی نائومێدیی.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەو رۆژە قەترانییەی پێم نایە
ئەم جیهانە قێزەونەوە
بە دارلاستیکی سەرشێتی
ئاوێنەی هەموو هیواکانم شکاند
ئیتر بەر غەزەبی خۆشی و
نەفرەتی ئومێد کەوتم
فڕێدرامە چاڵە هەزار بە هەزارەکانی نائومێدییەوە،
هەر ئەو رۆژە دەرکم کرد
ژیان چەندێ تفت و تاڵە
مرۆ چەند بێ ئابڕووانە
هەنگوین ئەخاتە زاریەوە،
مردنیش چەند میهرەبان و
چەندیش لە قەند شیرینترە
چۆن خوێنساردانە ژەهر و تاڵاو ئەکەین بە قوڕگیا
هۆ خەڵکینە من ئەو پیاوەم
بە راکردن بەرەو پیری ژیان چووم
بەڵام ژیان زۆر بێ ئابڕووانە
بێزاریی دەربڕی و لێم هەڵهات
خۆ من پێش ئەوە
قەت بیرم لە کۆتایی خۆم و مەرگ نەکردبووەوە
کەچی بێئاگا بووم
لەوەی مەرگ هەردەم لە بیری مندایە
چەند بێوەفا بووم
لە بەرانبەر مەرگ و چەندیش ئاشقی ژیان!!
ئەو پیاوە ئەرخەوانییەم
هیچ کات خۆم بە بەشێک لە خەم نەزانیوە
بەڵام ئەوە خەمەکانن
چەند پارچەیەکی دڵتەنگن لە من
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و گریاندا هیچ شتێک نییە
جگە لە فرمێسک
لەنێوان فرمێسک و گریاندا
هیچ کەسێک نییە جگە لە من
بەوەدا هەستم پێ بکەن
لە تەقویمی منا
هیچ ئێوارەیەکی رووخۆش بوونی نییە
چوونکە هەر ئێوارەیەک بیری رۆژانی مناڵیم ئەخاتەوە
کە وامدەزانی خۆر چاوشارکێ ئەکات و
لە پشت چیای شارەکەمەوە خۆی ئەشارێتەوە
بەوەدا بمناسنەوە
حەرفەکانی دڵتەنگیم
گرێچنی وشەیەکن کە نائومێدییە
گوڵەکانی کاسەسەریشم
بۆنی خۆکوشتنیان گرتووە
بەوەدا بمناسنەوە
سەوداسەری سەفەرێکم بۆ دەرەوەی گەردوون
ئەگەر سەفەرێک هەبێ بۆ ئەوێ
بە شەمەندەفەری خەیاڵ دەڕۆیشتم
ئاخ، ئاسمانێکی تر
جگە لەم ئاسمانە تاریک و کۆنەی
سەر سەرمان بوونی نییە
ئەگەرنا پێش دوا نەفەسی جگەرەکەم،
دوو باڵی دیدالیۆس ئاسام بۆ فڕین ئامادە ئەکرد
ئازیزم
تۆش بەوە دڵخۆش مەبە شاعیرێک
زووخاوی چەند ساڵەی دڵی خۆیت بۆ هەڵدەڕێژێت
خێراکە دەرگای لێ دابخە با هاڵاوی دڵی
تەنیا خۆی هەڵکوڕزێنێ
پێویست ناکات تۆ دڵت بشکێ
خۆ من ژیان دڵی تەڕی شکاندم
وەک ئەو منداڵە چەتوونەی
بە قۆچەقانی پەنجەرەی بەختەوەریی شکاند
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و ئومێددا، شورای چین هەیە
لە نێوان من و خۆشبەختیا
دووریی نێوان هەردوو جەمسەری زەوی هەیە
لە نێوان من و پێکەنیندا
هێندەی گەیشتن بە پلۆتۆ مەودا هەیە
رۆژانەش هیوا دیواری خۆی
چین بە چین لەبەردەمما زیاتر هەڵدەچنێ
لە دەفتەرێکی کۆنی بیرەوەریی باپیرمدا نووسرابوو:
رۆژی لە دایکبوونت
هاوکاتە لەگەڵ رۆژی کوژانەوەی چرای ئومێد
هاوکاتە لەگەڵ داپۆشینی زەوی بە تاریکییەکی ترسناک و
هەڵوەرینی چرۆکانی گەشبینی
لە وەرزی بەهاری ساڵی ئومێددا
لە تۆمارێکی کۆنی دەنگیدا
کە تازە گوێم لێگرتووە
نەنکم ئەڵێت
ئەم مناڵە شوومە و لەوەتی لە دایکبووە
ئاسمان نەگبەتی گرتوویەتی و
دارستان تووشی پەرکەم بووە
بارانیش رەنگی خۆی لە دەستداوە و
دەروونی دەریا فێنک ناکاتەوە
لە نامەیەکی دێرینی دایکمدا بۆ باوکم
کە ئەمڕۆ خوێندمەوە، هاتووە:
منداڵەکەمان کەفوکوڵی زۆری هەیە
بۆ زوو هەستانە سەرپێ،
هەروەک ئەو کارمامزە کێوییەی
بە هیچ بەورێک راو ناکرێ،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
لە روانینی چاوەکانیدا حوزنێک هەیە و
هیچ جادووگەرێک لە ماناکەی تێناگا
لە جووڵە و گریانی شەوانیشدا
موزیکێکی خەمناگ هەیە
ئەو موزیکە تەنیا لە کۆتایی فیلمە تراجیدییەکاندا
گوێم لێ بووە
جادووگەرەکەش پێی وتم
هێندەی سەوزایی چاوەکانی
رۆژانی رەش، چارەنووسی رەش، چاوەڕوانی ئەکات
باوکم لە پشتی بەرگی کتێبێکی ئەستوور نووسیبووی:
منداڵەکەمان لاسارە
کۆڵەپشتی ژیانی سەرلەبەر ژانە و
نیگەرانی
مۆمی رێگە پێچاوپێچەکانی یاخیبوونەکانێتی و
کەلاوەیەکیش نیشتمان و
گۆڕێک لەناو دەریا دوا مەنزڵگەی
ئەمەوێ ئێستا بەو جۆرە بمناسن
پیاوێکم غەوارە و نامۆ بە ئومێد
هەمیشە مەقامی نیگەرانی
بەسەر تاڵیی رۆژە نەفرەتییەکانی خۆمدا ئەچڕم
کە شەویش دادێ تا بانگی بەیانی
یەکەمین زەنگی کەنیسە
ئایەتەکانی نائومێدیی
بۆ ئازارەکانی ناوسەرم ئەخوێنمەوە

رۆژێکی کزۆڵەی باکوری زەوی
2017




ژیان، نهێنییەکی گەورەی ناخمانە.. شیعر: سهراب سپهری وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

” بە یادی هەمیشە زیندووی ئینسان پەروەر : عوسمان چێوار..”

——————

شەوێکی ئارام بوو،
چوومە هەیوانەکە تا لە خۆم بپرسم :
ژیان یانی چی..؟!
دایکم بە سینییەک چاوە
چەپکێ گوڵی لە زەردەخەنە
پێشکەش کردم
خوشکەکەم بە لەتێ نانەوە
هات و لەتەنیشت حەوزەکە دانیشت
باوکم دەفتەرێکی شیعری هێنا
پاڵی لێ یایەوە
شیعری جوانی خوێنەوە
و
منی بردە ئارامیی جوانی بێ گومانیی
بە خۆمم ووت :

ژیان ، نهێنییەکی گەورەی ناخمانە
ژیان ، نێوانی لەدایک بوون و مەرگمانە
ڕووباری دونیا وەک خۆی بەردەوامە
ژیان ، خۆشتنە لەو دەریایە
كاتی رۆشتنمان بە هەمان ڕووتیی
ئەو کاتەی کە هاتینە ناوەوە
دەستمان لەناو” لەپی دەست”ی ئەم ڕووبارە
بە دوای چیەوە بوو..؟!
هیچ …………………

ژیان قورسایی تێڕوانینێکە، کە لە یادەوەرییەکانا ئەمێنێتەوە

شایەد ئەم حەسرەتە بیهودەیەی لە دڵتایە
بکوژی بڵێسەی گەرمی ئومێدت بێ
ژیان درک پێ کردنی هەمان ئێستایە
ژیان پەرۆشیی گەیشتن
بە هەمان” سبەی”یە کە نایە..

تۆ نە لە “دوێنێ”یای ،نە لە سبەی
گەنجینەی ئەڕۆ . پڕە لە حزوری تۆ
شایەد ئەو خەندەیەی ئەمڕۆ دڵتەنگی کردی
دوا فورسەتی لەگەڵ ئومێد بوونا بێ
ژیان یادێکی سەیرە کە لە سینەی خاکەوە
لە جێ ی خۆی ئەمێنێ

ژیان ، سەوزترین ئایەتی ئەندێشەی گەڵایە
ژیان ، خەیاڵی دەریایانەی دڵۆپێکە
لە ئارامی ڕووبار
ژیان ، چرۆ کردنی بێستانێکە
لە باوەڕی تۆوی دانەوێڵەیا
ژیان ، باوەڕی دەریایە لە ئەندێشەی ماسیا
لە کاتی جێ تەنگیا
ژیان ، لێکدانەوەی ڕووناکی خاکە
لە ئاوێنەی عەشقا
ژیان ، تێگەیشتنی لێ حاڵینەبونەکانە
ژیان ، پەنجەرەیەکی کراوەیە بە ڕووی دونیای بوون” وجود ” ….

تا ئەم پەنجەرەیە کراوە بێ
جیهان بۆ ئێمەیە
ئاسمان ، نوور ، خودا ، عەشق
شادی بۆ ئێمەیە
فورسەتی بە کراوەیی مانەوەی
ئەم پەنجەرەیە بهێڵینەوە
ڕێگە لە نوور نەگرین
ڕێگە نەگرین لە ئارامیی پڕ میهرەبانی شنەی شەماڵ
پەردە لەسەر تەختی دڵ لابەین
بەڕووی ئەم پەنجەرەیەیا
بەپەرۆشەوە سڵاو بکەین
ژیان ، عادەتی خزمەت کردنە لە پێزانینەوە
قورسایی خۆشبەختی من ، قورسایی قایل بوونمە

ژیان ، شایەد شیعرەکە بێ کە باوکم خوێنیەوە
چای دایکم کە گەرمی کردینەوە
نانی خوشکم کە بە ماسییەکانی بەخشی
ژیان ، شایەد ئەو خەندەیە بێ کە دڵتەنگی کردم
ژیان ، لە نێوان دوو بێ دەنگیا
نەرمەگۆرانی ژێر لێوی پاک و بێگەردە
ژیان ، یادی لەدایک بوون و مەرگمانە
لەحزەی هاتن و ڕۆشتنمان ، لەحزەیی تەنیایی یە
من دڵم ئەیەوێ
قەدری ئەم بیرەوەریە بدۆزمەوە

“””””””””””””””””””’
31/3/2021

شیعر: سهراب سپهری
وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام




رۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شـوان

منداڵان لە دوای ماڵ و خێزان، لە دوای باخچەی منداڵان و دادەکان. دەچـنە قوتابخانەی سەرەتایی یا بنەڕەتی و دەبن بە قوتابیان. قوتابخانە جیهانێکی فراوانتر و کۆمەڵگەیەکی گـەورەتـرە لە مـاڵ و لە باخچـەی منـداڵان. قـوتـابخـانە وەک مـاڵ و ژینـگـەی دووەمی منـداڵان، وەک دامەزراوەیەکی فـەرمی پەروەردەیی و فـیرکرن و کۆمەڵایەتی، رۆڵـێکی زۆر گـرنگی هـەیە لە پەروەردەکردنی دروست و فـێرکـردنی پێـویست و ئاراستەکـردنی
راستی قـوتابیـان. دەتـوانین ئەوە بڵێـین کە کـاریگەری قـوتـابخـانە لە قـوتابیـان زۆر لە کاریگەری ماڵـەوە گەورەتـرە. قـوتابیـان رۆژانە ماوەیەکی زۆری ژیانیـان لە قـوتابخانە بەسەردەبـەن. فـێری خـوێنـدنـەوە و نـووسـین و زانـیاری و زانستی و ئـەدەبی دەبـن.

قوتابخانە فـاکتەرێکی گرنگ و کاریگەرە و رۆلـێکی گرنگی هـەیە لە بنیادنای کەس و کەساێـتی دروسـت و ئاسـایی و ئامـادەکـردنیـان بـۆ داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـر. چونکە جیهـانی دەوروبەرمان پێـدەناسێنێت و بە کەرەسـتە پێویستییەکـانی سەرکەوتن لە ژیـانمان و گەیشـتن بە هـیواکانمان و بە داهـاتـوویەکی خوزراومان پـێدەبەخـشـێت.

نهـێنی کارتێکردنی قوتابخانە، بۆ دوو لایەنی سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەم پروگرامێکی هەمەڕەنگەی پـەروەردەیی تـازە و دەوڵەمەنـد، کە خـواست و ئارەزووەکانی منـداڵانی تێـیدا بەرجەستەبـووبن. دووەم مامۆستایان، کە دینەمۆی فـێرکردن و پەروەردەکردنن، بەڵکو بڕبڕەپشت و گرنگترین کۆڵەکەن لە کۆڵەکەکانی پەروەردە و فـێرکردنی منداڵان. گەیەنێری پەیامی پەروەردەیین. گەر مامۆستایان بە باشی رابهـێنرێـن و شـارەزابـن لە بـواری پـەروەردرە و فـێرکـردن و لـە دەرووننـاسی منـداڵان و لـە شـێوازە نوێیـەکـانی رێگاکانی وتنەوەی وانـەکـان و گرێـدانیـان بە ژیـان و بە ژینگەی قـوتـابیانەوە. لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و تونای زمانی و وەرگرتنی هەر قۆناغێک. لەگەڵ جیاوازی تاکێدا لە نێوان قوتابیان. پێویستە مامۆستایان هەست بەم ئەرکە پیرۆزە و بەرپرسیارێتیە هەستیار و چارەنووسازەی ئەستۆیان بکەن بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە پەیـامە پیـرۆزەکەیـان بە قـوتـابییەکانیـان بگەیەنـن. هەمـیـشەش ببن بە پێـشەنگ و بە نموونـەیەکی بـەرز و باش لە رەفـتار و هەڵسوکەوتەکـانیان. تا قـوتابییەکـانیان چاویـان لێبکەن و لێیانەوە فـێربن. پێویستە رێز لە قوتابییەکانیان بگـرن و هەمیشە پاڵپشت و هـاندەر و رێنماییکەریـان بـن.
قوتابیان لە قوتابخانەدا زیاتر بە کۆمەڵایەتی دەبـن، زیاتریش کراوە دەبن لە مایەنەی تێکەڵ بـوون و دروستکردنی پەیـوەنـدی هـاوڕێـتی، لەگـەڵ قـوتابیـانی تـر و لەگـەڵ مامۆسـتاکانیان و هـاوکـاری کـردن و بە کۆمـەڵ ئەنجامـدانی چـالاکی هەمەجـۆرەوە.
منـداڵان لە قوتابخانەدا، خەیـاڵ فـراوانتر و بیرتیـژتر و زەیـن روونتر دەبن. لە هەموو روویەکەوە گەشەدەکەن و زیـاتر شارەزای ئەرکەکانیان و مافەکانیان دەبـن. زیاتریش
پابەنـدی یاسا و رێـساکـانی قـوتابخـانە دەبـن. زیاتـریش حـەز و ئـارەزوو و بەهـرەی ئەدەبیـان دەردەکەون. بە زۆریش هـۆگری چـیرۆک و هـۆنـراوە و سروود و گۆرانین.

قوتابخانەکان دەتوانن ئەم حەز و ئارەزووە سرووشتییانەی قوتابییەکانیان بقـۆزنەوە و رۆڵـێکی گـرنگـیان هەبێـت لە گەشەکـردن و پێـشکەوتنی ئەدەبی منـداڵانی کوردمـان. لە میانەی ئەو بابەتە ئەدەبی و زانیاری و رۆشنبیرییانەی، کە بەشێکـن لە بەرنـامە و لە پرۆگرامەکانی پەروەردەکرن و فـێرکردن و خوێندنەوە و فـێربوون. کە بەشدارن لە بنیادنانی کەساێتی دروست و هـاوسەنگی منـداڵان. لە رێی ئەو بابەتە ئامانجـدارانەوە ئاراستەیـان بکەن. تا بە دروستی و ئەرێـنی رەفـتار و هـەڵـسوکەوت بکەن و رێـز لە پرەنسیـپ و لە بەهـا جـوانەکانی کۆمەڵگاکەیان بگـرن و ببن بە تاکێکی سوودبەخش.
بەشـێکی زۆر لە بابەتـەکـانی پـرۆگـرامەکـانی فـێرکـردن و خوێنـدنـەوە، بە تایبەتیـش بابـەتە هەمەجـۆرەکـانی پەرتـووکی “خوێنـدنـەوەی کوردی” جـۆرێکـن لە جـۆرەکانی ئـەدەبی منـداڵان (چـیرۆک، هـۆنـراوە، پەخـشان، شـانـۆ، ئـۆپـەرێـت، دیـالـۆگ).
قوتابخانەکان دەتـوانن بە زۆر شێواز و رێگـاوە، گەشە بە ژانـرەکانی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان بـکەن. ئەمـانەی خـوارەوە بەشـێکـن لەو شـێـواز و رێـگایـانە:
١ـ هانـدانی قوتابیان بۆ خوێندنەوەی بابەتی هەمەجۆرەی ئەدەبی منـداڵان. لەم رووەوە مامۆستایـانی زمانی کوردی دەتـوانن رۆڵـێکی کاریگەر ببینن. دەتـوانـن بەبێی تەمـەنی قـوتابییەکـانیان، ئەو پەرتـووکە کوردییانەی لە پەرتووکخـانەکانی قوتابخانەکـانیان دان. بیـانخـەنە بەردەسـتی قـوتـابییەکـانیاـن بـۆ خـوێنـدنـەوەیـان. دوایـش داوا لـە قـوتـابییە خـوێنەرەکـانی ئـەو پەرتـووکـانە بـکەن، کە بـە زاری و بە کـورتی باسی بابـەتـەکـانی ئەو پەرتـووکانە بکەن کە خـوێنـدیـانەوە. تا منـداڵان هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن و دەقی پێوەبگـرن و هـەر لە منـداڵـیـیەوە، خوێنـدنەوە ببێـت بە کولتووریـان و بە بەشـێک لە ژیانیـان. پەرتـووکـیش ببێـت بـە هـاوڕێی هـەمیـشەییـان.
بە داخـەوە کە لە زۆربـەی قـوتابخانەکانی کوردستان دا، ئەو پەرتـووکانەی کە هەیـانە، لە ژوورەکانی مامۆستایان دا، لەناو دۆڵابێکدا لە ریزیان کردوون و تـۆزیان لێنیشتوون. هـەر وەک ئـەوەی کە تەنیـا بـۆ جـوانی دانـرابـن، نەک بـۆ خـواستن و بۆ خوێنـدنەوەی قـوتابییەکـانیان. لە چەنـد قـوتـابخـانـەیەکی کوردستان دا، ئەمـەم بە چـاوی خـۆم بـینی.
٢ـ هـۆگربوون و دەقگرتنی منـداڵان بە خوێندنەوەی پەرتـووک و گۆڤارەکانی منـداڵان، حەز و ئارەزووی نووسینیان دەورووژێنیت. پێویستە مامۆستاکان هانی قوتابییەکانیان بـدەن بۆ دەرخستنی بەهـرە و توانای نووسینیان لە پەخـشان و چـیرۆک و هـۆنراوە و وتـار. بە زمـانێکی سادە و ساکاری کـوردی. دەقـە جوانەکـانیشیان لە بڵاوکـراوەکـانی سەر دیواری قـوتـابخانەی، یا لە گـۆڤـاری قـوتـابخـانەدا ـ گەر هـەبێـت ـ یا لە ئێـزگەی رادیـۆیی قوتـابخـانەدا ـ گەر هەبێت ـ بڵاویـان بکـەنەوە. یا لە کاتی ریزبـوونی بەیانیان لە بەردەم هـاوڕێکانیان دا، نووسینەکـانیان بخـوێننەوە. ئەمانـەش دەبـن بە هـانـدان و بە پـشتگیری بۆ قوتابییە نووسەرەکانیان، بۆ زیاتریش دەرخستنی بەهرە و تواناکانیان.
٣ـ هـۆگـربوونی منـداڵان بە خوێنـدنەوە و کـڕینی گۆڤارەکان و پەرتووکە چاپکراوەکان بۆ منـداڵان. دەبێـت بە هـانـدانیش بۆ نووسەرانی ژانـرە ئەدەبییەکانی، ئەدەبی منـداڵان بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە تازەکانیان و برەودانێکی زیاتریش بە نووسین. تا نووسینەکـانیان شایـەنی ئەوەبـن کە بخـرێنە پـرۆگـرامەکـانی خوێنـدنی قـوتابخـانەی سەرەتایی و پەرتووکەکانیشیان بخەنە پەرتووکخانەکانی قوتابخانەکانەوە. هەر ئەمەش گەشـە و پێشکەوتنێکی زیـاتر بە ئـەدەبی منـداڵان دەبەخـشێـت.
٤ـ پێویستە بەڕێوەبەرێتی چـالاکی قوتابخـانەکان ـ سەر بە پەروەردەی شار و قەزاکـان. ساڵانە فیستیڤـاڵێکی شایستەی کێـبڕکـێ بۆ قـوتـابییە نووسەرەکـانی بـواری ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان (هـۆنراو، چـیرۆک، ئۆپەرێت، پەخشان) سازبکەن. دیـاری و خەڵات و میدالیای جـوان و بڕوانـامەی رێـزلێنان پێشکەش بە هەموو قوتابییە بەشـداربـووەکان بکـرێن و دەقـە جـوانەکانیش، لەگەڵ وێنەیەکی قوتابییەکان، لە پەرتووکێکی قەشەنگدا چاپ بکرێن. ئەمەش دەبێت بە هاندان و ورووژاندنی رۆحی کێبڕکێ لە نیوان قـوتابیانی قوتابخـانەکان دا. بەشـێک لەم قـوتـابییە نووسەرانە، دەبن بە نووسەرانی داهاتـوومان.
٥ـ بێگومان ئۆپـەرێت و شانۆی قوتابخانە، رۆڵ و گرنگییەکی زۆریان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان و لە فـێرکردن و پەروەردەکـردن و رۆشنـبیریی منـداڵان و
لە گەشەکـردنی زمانی منـداڵان هـەیە، لە دەرخـستـنی ئازایی ئـەدەبی و کـرانەوەیـان دا هەیە. پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ئۆپەرێت و شانۆی قوتابخانە بدرێت. ساڵانە ئاهەنگ و فـیستیڤـاڵی ئۆپـەرێت و شانۆ بۆ قـوتابیانی قوتـابخـانە سەرەتـاییەکـان رێكبخـرێت، چ لەسەر ئاستی قوتابخـانەکان دا یا لەسەر ئاستی پەروەردەی شار و شارۆچـکەکـان دا.
بەداخە لە زۆربەی قوتابخـانەکانی کوردستان دا، ئۆپـەرێت و شانـۆ فەرامـۆش کـراون.
پێمـوایە هـۆی ئەمەش دەگەڕێتـەوە بۆ ئەم هـۆیـانە: نەبـوونی مامۆسـتایانی پسـپـۆری دەرهـێنانی ئـۆپـەرێـت و شانـۆ. نەبـوونی هـۆڵ و سەکـۆی شـانـۆیی و نـوانـدن. کەمی دەقـی ئـۆپـەرێـت و شانـۆی نـووسراوی تایبـەت بـۆ منـداڵان.
٦ـ گرنگی دان بە پەرتووکخـانەکانی قوتابخـانەکان و دەوڵەمەندکردنیان بە پەرتووک و گـۆڤـارەکـانی منـداڵان و بە سەرچـاوەی پێـویست. چونکە کتێبخـانەکانی قـوتابخـانەکان گەر بە پەرتووک و بە گۆڤارەکانی منداڵان دەوڵەمەند بکرێن، دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکـردنی قـوتابییەکـانیان هەبێـت. پەرتـووکخانەکانیش لە لایەن مامۆستایانی زمـانی کـوردی و گـروپێکی قـوتابیـانی هـۆگـری خوێنـدنـەوەوە بەڕێـوەببـرێـن.
٧ـ پێویستە مامۆستایانی وتنـەوەی زمانی کوردی، لە وانـەی خوێندنـەوەی بابەتەکانی پەرتـووکی”خوێندنەوەی کوردی” دا، بە دەنگێکی بەرز و روون و چـێژەوە بابەتەکان بخـوێنـنەوە.. خۆشی و چـێژێکی ئـەدەبی زیـاتر بە قـوتابییەکـانیان دەبەخـشن. داوا لە قوتابییەکانیشیان بکەن ئەوانیش وەک خۆیـان بە دەنگی بەرز بابەتەکان بخوێننەوە. لە دواییـش دا، لە میانەی پرسیار و وەڵامەوە، تێـدەگەن کە تا چ رادەیەک قوتـابییەکـانیان لەو بابـەتـانەی خـوێنـدیانەوە تێگەیـشـتوون.
٨ـ بەشداریکردنی مانگانەی قوتابخـانەکان لە کـڕینی ئەو گۆڤـارانەی مانگانە یا وەرزی بۆ منـداڵانی کوردمـان دەردەچـن، لایەنی کەمەوە لە هـەر ژمارەیەکـیان دا (٣) ژمـارەی لـێبـكـڕن. لە ئێـستا دا، گـۆڤـاری (پەپـولـە) و ( سـڤـۆرە) و (گـوڵـزار) کە لە کوردسـتان دا دەردەکرێن. (٣) گـۆڤاری رازاوە و رەنگین و دیـزاییـن جـوانی بابـەت هەمەڕەنگەن.
دەشتوانن قوتابییەکانیان هـانبدەن بۆ کـڕین و خوێنـدنەوەی ئـەو گۆڤـارانە و پەرتووکی چاپکـراوی بابـەت هەمەجـۆرە بۆ منـداڵان.
٩ـ مامۆستایانی زمانی کوردی رۆڵێکی گرنگییان هەیە، لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان و لە هـاندانی قوتابییەکانیان بۆ هـۆگربـوون، بە خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەدەبی منـداڵان بۆ نووسینی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان. بە تایبەتیـش لە وانەی “داڕشـتن” دا.
١٠ـ قوتابخـانەکان دەتـوانـن چەندین شـێواز و و رێگای تر بگرنەبەر، بۆ گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان و رۆشنبیریکـردنی قـوتـابیـان لە قـوتابخـانەکـانیان دا.
١١ـ بێجگە لە خـێزان و لە قوتـابخانە، نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، گـرنگـترین فاکتەرن لە داهـێنان و گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان. لە سایەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان دا، هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی منداڵان گەشەدەکەن. وەک تیبینی دەکرێ بەشێکی زۆری نـووسەرانی ئـەدەبی منـداڵان، مامـۆستا بـوون یا مامـۆستان. بە هـۆی تێکەڵبوونی راستەوخۆیان بە جیهانی پاک و بێتاوانی منداڵان، زیاتر لە ئارەزوو و نیاز و راز و خـەون و هـیواکانی منـداڵان تێگەیشتوون. بـوونە بە ئیلهـام بۆ چـیرۆک و بـۆ هـۆنـراوەکـانیـان. بـەڵام ئـەمـە مـەرج نیـیە. گـەلێ کـەڵـە نـووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵانی کوردمان هـەیە، کە مامۆستا نەبـوون و مامۆستا نیـن. جوانترین هـۆنـراوە و چـیرۆکیـان بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسـیوون.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ ٥/٢٠٢١




نقاشێك لەسەر ژوانی خەیاڵ.. دڵی ڕۆژھەڵات

من و تۆ و تەنیاییمان
بووینەتە دوا ھەواری خەیاڵ
بووینەتە دوا قامەتی ژوانێك
بووینەتە دوا دێوەزمەی ئەم گەردوونە
من و تۆ ھەمیشە لە ماڵەكەی خەیاڵ دوا ژوان دەگرین و
دوا ماڵئاوایی لە چوونەوە دەكەین
من سەر بە ئەوجی تەنیاییم
تۆ سەر بە ماڵە پڕ شەڕابییەكەی سێوی
سێو خود خواردنەوەی منە لە سەر دەنگی ناسكی ژنبوون
خود خەیاڵێكی بیمارە
ژن، دارھەنارێكە لە باڵای باران و
بەجێھێشتنی فرمێسك
من شێتترین و
تۆ خەیاڵیترین ڕێگای ئاوریشمیت
تۆ
واتا گەڕانەوە
من واتا نەڕۆیشتن.
من و تۆ لەو پێكە دەنۆشین ناومان ناوە
یەك و یەك ناكاتە دوو
من و تۆ لەو سەربازە دەچین
دڵی بۆ ژوانێك لە سەنگەری نەدیتن لێدەدات
دڵی تۆ
ماڵێكی ئەبەدییە و
سێوی من بۆنی دەستی تۆی گرتووە
دەستی تۆ
نقاشێكە بۆ كێشانی تابلۆیەك لە خەیاڵی من
تۆ، ئەبەدیترین جەنگاوەری بۆ كوشتنی مەراق
بەدیار خالقییەوە
سەمات بۆ دەكەم
بەدیار خۆمەوە گۆرانیت بۆ دەڵێم خەیاڵ.

دڵی_ڕۆژھەڵات




ماڵێك نەما بۆ حەكایەت.. سیروان ناشاد

كە تۆ بڕۆی
چۆن بتوانم ..
شەڕ لەگەڵ ئەم تاعونەدا بكەم
كەوەك لەشكرێكی سەرخۆش
دەورەی شاریان لێ تەنیوم …..
كە تۆ بڕۆی ….
چۆن بتوانم ..
بەرگەی جیڕەی كەڵبەی گورگەكان بگرم ؟!
كە لە بۆسەی پەلامارێكدان
كە تۆ بڕۆی ……
چۆن لەگەڵ مەرگ و ژیندا هەڵكەم
لەگەڵ بوون و نەبوون
سایەو هەتاو
لەتولەرێگای فەنا بووندا چۆن رێ بكەم كە مردن هەمیشە میوانی سەر سفرەكان بێ
كەی دەست بە باڵی ژینەوە بگرم
تۆ لە یەكەمین زۆرانبازیدا
دەستی سەربازێكی غەوارەت گرت و
منت بەخشیە چاوەڕوانی
لەیەكەم فڕیندا
رەدووی پۆلە باڵندەیەكی كۆچەری كەوتی و
منت حەواڵەی غرووبی سارایەكی بولێل كرد
ئیتر چۆن بەرگەی بریقەی شمشێرەكان بگرم
چۆن لە گۆڕەپانی شەڕدا سەدجار نەگلێم …. !
چیتر من بە ویقاری سپی قژمەوە
ناتوانم نازێك بدمە باخچە
ئیتر لە دیوەخانەكاندا بەدەم سەربوردەی حەكایەتەكانەوە
خەوێك نامباتەوە …..
تۆ لە یەكەمین نوشوستدا ….
منت دایە دەست گلانێكی ئەبەدی ….
هاورێ………..
ئیتر چۆن لەشی هەنجنم بەرگەی ئەو هەموو خاچانە بگرێ
كەلە دڵما دادەكوترێن
چۆن بۆ شەڕی ئەو هەموو جەنگاوەرانە ئامادە بم
كە تۆ بەرەو مەجهول دەبەن …؟
وای ….. رۆژەكان چ حەشرێكمان پێ دەكەن
تەمەن …. لە ئارەقی نێو چەوانی دەستگێرێكی ( شێخەاللە) دەچێ
لە تكانیا كەسێك خەمێكی لێناخوات ..
مەدەد …
ئەوینی من لە گەڵا بییە پەنجە تەزیوەكان دەچێ
بە دەم رەحمەتی تۆفانەوە هەڵدەلەرزێ ..
عیشقی من لە هەنارە وشكەڵاتووەكان دەچێ
لە حەسەرتی نەمامێكدا هەڵدەوەرێ ..
وەلێ ….
دار سێوێك بۆ دڵنیایی سەرێكی لێ نەدا
باخچەیەك نەهاتە دیدەنی
تەنیام ….. تەنیام … هاوڕێ …
ئەمێستاش هەموو رۆژێ
چاوێك دەگرمە ئەو پینەدۆزەی
تەقەڵ تەقەڵ پێڵاوەكانی تۆی دەدوری و
بزمار بزمار رۆحی منی دادەكوتا …
هەموو رۆژێ نیگایەك دەبەخشمە ئەو مەكوایەی
بە هاڵاوی گەرمی كراسەكانتی هەسان دەكرد و
خەمەكانی منی گەرم دەكردەوە ..
هاوڕێ ….
تەماشاكە ” پیرەقەرات ” وەك بتێكی چەقیو
لە چاوەڕوانیدا خشت بە خشتی دادەروخێت
” منارە ” بەژنی چەمی بۆ دیدارت
دوكاندارە بە ویقارەكان سۆراخی سپێدەی بوونت دەكەن
هاورێ …
گەنجە لاسارەكانی سەر شۆستەكان
چاوی چاوەڕوانیان داهات ..
ژووەركانی راموسان بەرامەی شوشەی خاڵیی تۆیان لێدەڕژێ
هاوڕێ …
مەڕكانەكانی حەوشەش لەگوڵەكان تۆراون
ئیتر گەڕانەوەت بێسودە بۆ نێو
حەوشەكانی ئیشق
چون بە رەحمەتی لێزمەی دابڕانت داڕماوە .. هاورێ
چیتر هاتنەوەت بۆ نێو باخچەكان سەلوایەك نادات بە رووحێكی بریندار ..
ئیتر بە دیار نوزەی نوساوی شالوورێكی پیرەوە
چاوەڕێ مە بە
تازە پێكردنی مۆمێك لە وەحشەتی غوربەتدا
تروسكەیەك نابەخشێتە نێڵەو هەناسەكانم
هاورێ …
مەگەر تەنها زامێك لەخەو هەڵسێنی و
مەگەر تەنها ئاهێك بێداركەی
مەگەڕێوە ….
ئەم چەند دەنكە گێلاسەی عومریش مەوەرێنە
ئەم چەند تاڵە رەشەش سپی مەكە
گەڕانەوەت بۆ نێو باخچە بێكەڵكە
هاتنەوەت بۆ ماڵ داد نادات
نەباخچە سایەیەكی ماوە بۆ ئاڕامی و
نە ماڵێك ماوە بۆ حەِكایەت …..

سیروان ناشاد




گەنج .. سليم عوسمان

ـ: لەگەڵم وەرە بابچین، ئارەزووی خواردنەوەی قاوەیەکی بێ شەکر دەکەم تاڵ تاڵبێ وەك ژیانم.
ـ: نا تۆ برۆ هاورێ من دەبێ بە قور بەسەریم رابگەم، وەك تۆ پەرۆشی ساتێکی ئارامیم بەڵام.:ــ بەڵامی چی خۆ منیش بۆ جەو گۆرین ناچم.، دەمەوێ بۆ ساتێ دوا نامەی خۆشەویستەکەم لە بیر کەم کە بۆی نووسیوم ئێمە هەر ئاوا دەبین؟!
دڵم لای دایکمە پێی گوتم خۆت بگۆرە بەڵام سەیرم کرد بەو هەموو چڵکنی و کۆنییەوە ئەوانەم باشترن لەوانی تر.
پەرۆشی باوکمم دوای گەرانەوەی لە کرێکاری بە هیلاکی دێتەوە ماڵێکی ساردو سر.
ئاییییی هاورێ تۆ سەیری ئەو رۆژگارە، بەو تەمەنەوە خەم و حەسرەت وەها خەفەی کردووین سەمای حەزو خولیاو رێی بەرەو گەیشتن بە ئاواتەکانمان هەر نازانین!
هیچ حەوسەلەی ئەو ژیانەم نەماوە هاورێ گەلێك جار خەیاڵەکان لارێم دەکەن.
-:-
ئەوە گفت و گۆی هەزاران گەنجی وەك خۆم ئاسای وڵاتەکەمە کە بە دەردە دڵ دەست پێدەکات!!
دەزانم وردو درشتی کۆمەڵگا کەسەر بارە، هەر کەس بە دەردێکەوە ئازار دەچێژێ.
بەداخەوە نیشتیمانەکەم بەش مەینەتەو لە هەموو لایەکەوە دەردو بەڵاو نەهامەتی دەمیان ناوەتە هەناوی نازانی خۆت لەچی هەڵاوێری؟!
بەڵام من لە ژیانی خۆمەوە باسی هاوتەمەنەکانم دەکەم، کە لەو تەمەنە دەبێ لێبراو بیت لە هەموو پێداویستیەکانت، بۆ ئەوەی خواستەکانت پەل بهاوێژن بەرەو ئامانجەکان و وەدی هێنانی خەونەکانت، لە رووی ماددی و مەعنەوی هێزێك هەبێت بتبزوێنێ و دەستێکی لێزان رێنووێنیت بکات، ئەزمووندارێك بەر چاوت رۆشن بکات وفێری وانەکانی ژیانت بکات.
وورەو هێز بخاتە جومگەکانی باوەر بەخۆ بوون و گوێ نەدان بە پێشهاتەکان.، فێرت بکات شکستەکانت ببن بە وانە و سەرکەوتنەکان بە گەورەیی.
دەکرێ هیچ یەکێ لەمانەت نەبێت و خۆ رسکانە دروست ببی، چونکە بەهرەمەندی زکماك و بۆ ماوە نییە، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و کۆششەو کۆڵنەدان لە شکستەکانە، زادەی خەیالی ئومێد بەخشەو شەو نخونی و خۆ بەخشین لە پێناو بە راستی کردنیان.
دیسان دەڵێم بە داخەوە بۆ ئێمە مەنان ئەگەرچی لەوانەی باسم کردن نین،بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیان بەر بەست و دەستی زبر هەن بۆ رێگرتن لە سەرکەوتن و گوشینی دڵی تەری گەنجانەمان، بۆ شکاندنی پەیژەی بەرەو دوندی هیواو خامۆشکردنی چرای ئارەزووەکان، بۆ ئاڵۆزکردنی خەیاڵەکان و لە گۆرنانی خەونەکان، بۆ پێوەند کردنی دەست و پێ و بێبەش کردنت لە ماف، بۆ هارینی کەلـلەی سەرو هەڵگێرانەوەی بیری گەشت بۆ تاریکی، بۆ داماڵینی ئازادی و بە کۆیلە کردن، بۆ کپ کردنەوەی هاواری ناخ و لە خاچدانی هەست، بۆ شوشتنەوەی دەماغ و لێستاندنەوەی خودی خۆت، بۆ سوك کردنی ژیان و قێز بوونەیەوە لە بەشەریەت، ئیتر بۆیە خۆرسکیش واتا خۆ کوشتن.
بە جۆرێ نائومێدت دەکەن لە ژیان ئەهریمەن رێنووێنیت دەکا بۆ دەیان کاری نەشیاو، نیشتیمانت لێ دەکەن بە زردایك، خاك و خۆڵی دەکەن بە تاعون، هەتا بۆ سەلامەتی گیانت هەرچی زووە سەر هەڵگری و دوور لە زێد و سۆزی دایك غوربەت بە ماڵی ئارامی و ژیانی تەنیایی و بەر دەستی بە شیاو بزانی.
ئیتر منێکی سەڵت و بێ ئەرك ئاوا وێرانبم، دەبی باوکێکی وەك باوکم کە رەشە خێزانێکی بە ملەوەیە خە چۆن دەستی نابێت بینە قاقای؟!!
دایکێکی خاوەن چەند هەتیوو بێ سەردار و بێ دەست گیرۆیی دەبێ چ هەناسە ساردێك بێ؟
ئەو هەموو هەزارە مناڵەی لە بێنازی دەیان شەو بە فرمێسکەوە دەخەون، دەبێ بە چ ئومێدێکەوە گەورەبن؟!!

سليم عوسمان




كوردستان وڵاتی گورگەكانە.. حه يده ر عه بدولره حمان

من نیم بلێم كوردستان وڵاتی گورگەكانە، ئەوە ئەو زنجیرە پۆلیسیە پڕ لەسەركێشیەی (میهران شیری) یە ناوی ( گورگەكان) دەڵێت كوردستان پڕە لەدەیان گروپی مافیا، تەژییە لەململانێ‌ و شەڕو كوشتارو پێكدادان لەنێوان خۆیاندا، لەپێناو گەیشتن بەگەنجینەیەك كەلە ژێر خاكی ئەو نیشتیمانەدا شاردراوەتەوە، دوو گروپی مافیایی سەرەكی كە هەریەكەو نیوەی نەخشەی جوگرافیای شوێنی گەنجینەكەیان لایە، ململانێ‌ دەكەن لەسەر بە دەست هێنانی گەنجینەكەو هەموو هێزو دەسەڵاتەكانی خۆیان بەرجەستە دەكەن، بێ‌ باكانە بەسەدان كەس لەدەستو پێوەندو بەكرێ‌ گیراوەكانی خۆیان بەكوشت دەدەن، بۆ گەیشتن بەو مەرامە.
ئەو گەنجینەیە بۆتە هێما بۆ سەرو سامانی وڵاتێك كە هەمووان چەشنی گورگ بەخوێن هەوڵی بە دەست هێنانی بۆ دەدەن، بەمەبەستی دەست بەسەر داگرتنی كە لەشوێنێكی نادیار شاردراوەتەوەو نەخشەكەی لای ئەو مافیایانە پارێزراوە، دواتر كە گەنجینەكە دەدۆزرێتەوە ، هەوڵی ئەوەی بۆ دەدرێت ئاودیوی توركیا بكرێت..
ئەمە هێڵی سەرەكی سیناریۆی دراماكەیەو لەپەراوێزی دا كۆمەڵێ‌ وێنەو دیمەنی كوردستان بەرجەستە دەكات، لە ململانێی نێوان باندو چەتەو فرۆشتنی چەك و هەڵكوتانە سەر بانك، ئەو دیمەنانەن كە لەگورگەكاندا بە زەقی دیارە ، كەچی دەرهێنەر( میهران بەشیری) دەڵێت دراماكە باس لەبەرقەرار بوونی یاسا دەكات لەكوردستاندا!
ئێ‌ خۆ ئەگەر ئەم دیاردانەی ئەو نیشانمانی دەدات بەرقەرار بوونی یاسا بێت، دەبێت پێشێڵ كردنی یاساو نا سەقامگیریەكەی چۆن بێت؟
جاران كێشەی بنەڕەتی لە بەردەم درامای كوردی و بەرهەم هێنانی پرسی دارایی بوو كە جڵەوەكەی لە دەست حكومەت بوو، بەڵام دەرهێنەرەكان ئازاد بوون لەهەڵبژاردنی هەر بابەتێك كە ئەوان بۆ خزمەتی درامای كوردی بەگرنگی بزانن، كەچی ئێستا دابین كردنی بودجە كێشە نیەو بەرهەم هێنەرەكان كەپرسی بازرگانی دەخەنە سەرووی هەموو شتێكەوە ، ئەوانن ئاراستەی بەرهەمەكان دیاری دەكەن و كار بۆ ئەوە دەكەن چۆن بتوانن وەك دراما توركیەكان لەرووی فۆرم و روخسار و وێنەوە گەنجەكان راكێشن و شاشەكان بەدیمەنی بریقەدارو موزەییەف و پڕ لە فەخفەخە بڕازێننەوە، كۆمپانیاكان هان بدەن كە بۆ بڵاوكردنەوەی كالاكانیان روو لەو كەناڵە سپۆنسەرانەی دراماكە بكەن.
بۆیە ئامانجی سەرەكی لەبەرهەم هێنانی دراما كوردییەكانی ئەمڕۆ بەگشتی پرسە بازرگانیەكانن، ئیدی ئەو ئامانجی بازرگانیە زۆر جیایە لەو ئامانجەی جاران كە دراما دۆزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووریی و نەتەوەیی بوو، بەڵام دەسەڵاتی دارایی و مەعنەوی وەك ئێستا فەراهەم نەبوو، كەچی وێڕای ئامرازە تەقلیدیەكان لەكامێراو ئامێرە هونەرییەكان و بڕی دارایی، لە دراما رووكەشە پڕ لە زەغرەفەكانی ئێستاكە مەقبول تر بوو لای بینەر ..
هۆكاری بنەڕەتی ئەو مەقبولیەش لەوە دابوو كە وا بەستەیەكی تۆكمەی رۆحی و هونەریی لەنێوان بینەرو درامادا هەبوو، دراما ببووە بەشێك لە ژیانی بینەرو گوزارشتی لە خەم و ئاواتەكانی دەكرد.
ئەم نموونەیەم بۆ نیشاندانی پەیوەندی نێوان بینەرو دراما بۆیە هێنایەوە، چونكە دیارە ئەو پەیوەندییە باوی نەماوەو بینەری كورد خەریكە متمانەی بە درامای كوردی نەمێنێ‌، دوای ئەوەش چەند نموونەیەكی تازەی بینی، ئیدی گەیشتە ئەو بڕوایە هێشتا زۆری ماوە درامای كوردی بكەوتە سەر پێ‌ و بەو شێوەیە دەركەوێ‌ كە ئەو ئاواتی بۆ دەخوازێ‌.
ئەوەتا لە(گورگەكان) دا چەند كۆمپانیایەكی وەكو (سامپرۆداكشن ، ئیدیكۆ گروپ ) و كەناڵی كورد ماكس بە یەكەوە بەشدارییان كردووە لەبەرهەمهێنانی زنجیرە درامای گورگەكان، هەموو كەرەستە سەربازییەكانی وەك چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلی پۆلیس و ئامێرەكانی تریان بۆ دابین كراوە، جگە لە كاستێكی هونەری پرۆقیشنال لە وێنەگرو موزیك و رووناكی و ئیكسسواراتی هەمە جۆری هونەریی، بەڵام ئایا وێڕای دابین بوونی هەموو پێداویستیە ماددی و هونەرییەكان ، ئایا دراماكە توانی ئەو سەركەوتنە بە دەست بێنێ‌ كە بینەر چاوەڕوانی دەكرد؟
ئەمە پرسیارێكەو بینەر خۆی وەڵامی دەداتەوەو رەنگە ئەوانیش لە گەیشتن بە وەڵامێكی دروست هاوكوف نەبن ، هەندێكیان پێیان وابێ‌، زنجیرەكە لەرووی فۆرم و تەكنیك و ستایلی سینەماییەوە فۆرمێكی تازەی پێشكەش بەدرامای كوردی كردووە، لەرووی ئەكشن و هەڵسوو كەوت كردن لەگەڵ دیمەنەكانی شەڕو بەكارهێنانی تەقەمەنی و فێڵی سینەمایی، ئەم هەنگاوە دەست پێشخەرییەكە بۆ دەرچوونی درامای كوردی لە قالبە تەقلیدیەكەی خۆی ، چونكە درامای كوردی تا ئێستا ئەزموونێكی ئەوتۆی نەبووە لەرووی درامای ئەكشن و ئەو ستایلە نوێیانەی لەگورگەكاندا بینرا.
بەڵام بەشێكیش هەن دراماكە بە درامایەكی كوردی نازانن و پێیان وایە گورگەكانیش بە دەردی دراما تەقلیدیەكانی پێشووتر دەچێت و هیچ شوێنێ‌ لە پێگەی درامای كوردی ناكاتەوە ، دیسان سەر لە نوێ‌ رەنج بە خەسار بووین و نەمانتوانێ‌ گرێ‌ كوێرەی درامای كوردی بكەینەوە و لەو حاڵەتە چەق بەستووەی هەیەتی رزگاری بكەین .
لە بەر ئەوەی ئەو جۆرە درامایانە كە ئامانجی بازرگانی دەخەنە سەرووی هەموو ئامانجێكی دیكەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی نایانەوێت بابەتێك بوروژێنن كە هیچ مۆركێكی نەتەوەیی پێوە بێت ، یا كێشەیەكی گشتی ئەو میللەتە بوروژێنن و چارەسەری بۆ دابنێن، یاخود لە نێو ئەو كولتوورە دەوڵەمەندەی كورد، بابەتێكیان بژاردە دەكرد كە كورد شانازی پێوە بكات و ئەو كولتوورە جوانەی خۆی نیشانی گەلانی دنیا بدات و ببێتە پێناسەیەك بۆ مێژووی پڕ لە سەروەری خۆی ، نەك ئافرەتی مافیای دەمانچە لە چۆك هەڵكوتێتە سەر بانك و دیمەنەكانی پڕ كات لە مافیاو قومارخانەو مەیخانە.
بۆیە هەموو ئەو هونەرە پێشكەوتووەو ئامرازە تەكنیكی و مۆدێرنانە ئەگەر بۆ خزمەتی بابەتێكی كوردی بەرجەستە نەكرێت، ئەوە گەڕانەوە بۆ ستایلە تەقلیدیەكانی سەردەمی رەشو سپی بە باشتر دەزانرێت بۆ بینەر، چونكە بینەر پێی وایە ئەوەی لە گورگەكاندا بینی، رۆژانە بەدەرزەن لە دراما دۆبلاژ كراوەكاندا دەیبینی، لەوانەی پەیوەندییان بە هونەری كوردی و كۆمەڵگای كوردییەوە نیە .
كەواتە بۆ بە تایتڵی كوردییەوە بێت و ئەو پارە زەبەللاحەی لە كوردستانەوە بۆ تەرخان بكرێت ؟
لەوەش گەڕێ‌ كە ئەو جۆرە درامایانە لە ناوەرۆكدا لە دەرەوەی بازنەی كۆمەڵگای كوردن ، ئەی ئەو ئاسەوارە ناشیرینە نالۆژیكی و نا واقیعیانەی بەزۆر بەسەر كۆمەڵگای كوردی دەسەپێنن و بە چەندین شێواز دەیانەوێت ناشیرینی كەن و لەو تایبەت مەندیەی خۆی بیخەنە دەرەوە؟
ئایا ناشیرین نیشاندانی كۆمەڵگایەك و لەكەدار كردنی داب و نەریت و كولتووری ، بە هەر فۆرم و شێوازێك بێت بێت لای بینەری كورد مەقبوڵە؟
لە گورگەكاندا بەپاساوی بەرقەرار بوونی یاساو نیشاندانی فیكەی چەند ئۆتۆمبیلێكی فریاكەوتن و دوو پۆلیس، لە ژێر وێنەی سەرۆك، كوردستان كراوە بەلانەی مافیاو باندو دزو جەردەی ئەو دنیایە، هەقیقەتی ئەو هەلومەرجە ئارام و سەقامگیریەی كوردستانیان بەشێوەیەكی قێزەوەن شێواندووە، وەك ئەوەی كوردستان تیكساسێك بێت، یان وڵاتێكی بێ‌ یاسا.
بۆیە بینەر مافی خۆیەتی بپرسێ‌ ئایا راستە وڵاتی ئێمە وڵاتی گورگەكانەو ئەوەی گورگەكان دەیكەن بەڕاست واقیعی ئەمڕۆی كوردستانە؟ واقعێك كە بە پارەو هاوكاری لۆجیستی كوردستان، كوردستانی پێ‌ ناشیرین دەكرێت ؟
پرسیاری تر ئەوەیە ئایا شێواندنی واقیعی كوردستان و شوبهاندنی بەواقعێكی ناشیرینی دەرەوە، بە مەبەستە یان بەهۆی ون بوونی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانیە؟
ئایا پێتان وایە دراما ئەو چەكە كاریگەرە ناڕاستەوخۆیە كە بێ‌ مۆڵەت دەچێتە ناو خێزانەكانتان كاریگەری نابێت لەسەر هزرو سلوك و پەروەردەو رەوشتی كۆمەڵایەتیتان ئاوا دەرگاتان بۆ واڵا كردووە بە ئارەزووی خۆی مناڵەكانتان فێری توندو تیژی و وڵاتەكەتان ناشیرین بكات ؟
ئایا ئەو چەند بەرهەمە شكست خواردووانەی رابووردوو نەبوونە مایەی هەڵوەستە پێكردنی بەرهەم هێنەرەكانی دراما لەكوردستاندا كە بگەنە ئەو بڕوایە، كێشەی درامای كوردی ئەمڕۆكە لەناوەرۆكە نەك تەنیا هەر فۆرم ؟
ئەگەر ئامانج سەرهەڵدانەوەو بە مۆدێرن كردنی درامای كوردییە، دەبێ‌ لەوە بگەن كەبەدی هێنانی ئەو ئامانجە هەر تەنها بەفۆرم نابێت وەك پرۆپاگەندەی بۆ دەكرێت، ئەگەر لەدەستپێكدا بە ناوەرۆك و مۆركێكی نەتەوەییی و نیشتیمانی دەست پێ‌ نەكەیت و نەخشەیەكت لەبەردەست دا نەبێت بۆ ئامانجەكانت .
خۆ ئەگەر دراما پێناسەو مۆركێكی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی هەڵنەگرێت و ئامانجەكانی ون كردبێت، ئەوە هەموو پێكهاتەكانی تری بەشێوەیەكی هەڕەمی لەگەڵ خۆیدا دەڕوخێنێ‌، ئەو كات هیچ لەتوخمەكانی دیكەی دراما، چەند ئەوەندەی ئەكتیف و پڕ لە ستاتیكا بن لەناو تەم و مژی بازنە داخراوەكەدا ون دەبن و بەهایەكیان نامێنێ‌ ، لەوانەش ئەكتەرەكان، هەر بۆ نموونەش ئەو ئەكتەرە خاوەن ئەزموون و بە توانایانەی لەگورگەكاندا بەشدارن، زۆربەیان هەموو توانستەكانی خۆیان بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەرەكانی خۆیان بەرجەستە كردووە و توانای باشیان نیشان داوە، بەڵام لەگەڵ ون بوونی ناسنامەی رەسەنی دراماكە و ئامانجەكانی ، تواناو لێهاتوویی ئەوانیش ون دەبێت .
ئەگەر دەرهێنەرێكی وەك ( میهران شیری) ئەو تواناو ئەزموونەی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی درامایەك تەرخان بكردایە كە خزمەتی كولتوورو باری سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلەكەی كردایە، ئەو دەرفەتە زێڕینە بەو كوالیتە پێشكەوتووە و ستایلە سینەماییە پێشكەوتووانەوە لەدەست نەدەچوو، ئێستا درامای كوردی دەكەوتە قۆناغێكی تر .

هەمیشە دراماكانی ئێمە هەڵەی دراماكانی پێش خۆیان دووبارە دەكەنەوەو ناتوانن سوود لەهەڵەكانیان وەربگرن، هەرگیز بایەخ بەتێكست و دەق نادەن و ئەو رەگەزە بنەڕەتیە كە تەواوی توخمەكانی دیكەی درامای لەسەر بونیات نراوە فەرامۆش دەكرێت و هیچ بایەخێكی بۆ داناندرێت.
دەرهێنەرێك دێت دەیەوێ بە سیناریۆیەكی رووكەش كەخۆی بەسەرپێیی دەینووسێ‌ ، یا لەكاتی وێنە گرتندا سكێچی بۆ دەكێشێ‌ ، ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ كاتەوە، كە لەپەراوێزی دا بەهایەك بۆ زمانی دراماكەو دیالۆگ نامێنێ‌ و هەر ئەكتەرەو بەزمانێك قسە دەكا وەك ناسر حەسەن بە(ئۆپراسیۆن بڵێت ئۆپریسۆن ) دووچاری دەیان هەڵەی زمانەوانی دەبێت، كە وەك مۆركێكی ناشیرین بەسەر روخساری دراماكەوە دەمێنێ‌ ..
ئەم بەكەم تەماشا كردنەی زمان و دیالۆگ لای دەرهێنەرێك ئاساییە كە پێش بیركردنەوە لە بایەخ دان بە زمانی دراماكەی، ئەو شوێنێكی بۆ بایەخدان بە كولتووری نەتەوەیەكی بەپەراوێز خستووەو كولتووری وڵاتێكت بۆ نمایش دەكات كە لە تیكساس دەچێت، ئیدی چ گلەییەكت لەسەقەت بوونی زمان هەیە.




مەرجەکانی کارکردن لە شانۆی ئیمپرۆ.. ئامادەکردن و وەرگێرانی: زاهیر عەبەڕەش

کە ئەکتەر بیت لە نمایشێکی ئیمپرۆدا

  • ڕووبکەرە بینەر
  • دەنگ بەرزبکەرەوە
  • فۆکەس بخەرە سەر شوێنێکی شانۆکە
  • خێرا ڕۆلەکەت بگۆڕە
  • گورج گۆڵبە لە هاتنت بۆسەر شانۆکە
  • تێمپۆ ڕابگرە
  • بەپەرۆش بە بۆ بەدواکەوتنی ڕوداوەکان
  • دەست و قاچ و جەستەت بەکاربهێنە لە کاتی نواندندا
  • لە دوای نمایشکردنی دیمەنەکە بگەڕێرەوە ببەرەوە بەخۆت.
    تۆ دەبیت بە ڕێکخەر و چاودێری بینەران- ئامۆژگاری.
    مانای چاودێرو و ڕێکخەری بینەران(مودراسیون- عریف حفل) چیە؟
  • چاودێری بکە بۆ بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی ئێوارەت کە بەردەوام دەبێت.
  • وێنەیەکی گشتیت هەبێت لەسەر، کات، شوێن و خەڵک و بابەت.
  • مامەڵە لەگەڵ ڕودای چاوەروان نەکراو دەکەیت.
  • لە پیشەکیەکەیدا هەوڵ بدە سەرەتا هاوکاری بینەر بکە کەشێکی دڵخۆشی و پێکەنیناویان بۆبخولقێنیت.
  • تەواو ئاگاداری کات بە.
  • گروپەکەت/ ئەکتەرەکانت پێشکەش بەبینەرەکان بکەو بیان ناسێنە.
  • لە شتی گرنگدا بینەرەکەت ئاگادار بکەرەوە.
    ئامۆژگاری
  • ئەو کەسەی کە گەمەکە دەبات بەڕێوەیە (مودراسیون) ئەو زۆر گرنگ نیە بەڵکو ئەکتەرەکان زۆر گرنگن .
  • لە کات و شوێنی ڕاست و دروستدابیت و دەرکەویت.
  • هەژمون و دەسەڵاتت هەبێت بەڵام لەگەڵیدا بێفیز، نەرم و ئارام و دڵخۆشبە.
  • زیادەڕەوی بکە لە دڵخۆشیدا
  • هاوکاری ئەکتەرەکان بکە لەکاتی پیویستیدا.
  • تەواو ئەرێنی و پۆزەتیڤ بە ئەگەر هەستت کرد بابەتەکە خراپ نمایش دەکرێت و بەرەو خراپی دەروات، تۆ دەبێت هێندە پۆسەتیڤ بت بتوانیت بەلانس ڕابگریت.
  • دیمەنەکە ڕابگرە کاتێک پیویستی کرد.
  • دەبێت هەموو یاساو ڕیسای مەرجی گەمەکان بزانیت.
    زمانی جەستە:
  • دەستەکانت لەخوارەوە نەبێت و بێ جوڵەبێت
  • دەست باڵەکانی بجوڵێنە
  • دەمووچاوت کراوەو دڵشادی پیوە دیاربێت
  • کۆنتاکتی چاو کەلەڵ بینەردا دروست بکە
  • قنج و قیت و پەو بوەستە.

پرسی پراکتیکی

  • پیش نمایش ئەو ڕۆژە هەندێک چالاکی و مەشقی ڕاهێنانی دڵخۆشی بکەن.
  • دەربەستی کات بە
  • دەنگ، شوێن، ئێسکسوار ئەو شتە پراکتیکیانەی بەکاری دەهێنن بپشکنە.
  • لە ڕووی دەرونیەوە تەواو ئامادەبن.
  • خەڵکەکانی دەوروبەرت بناسی

گەرمکردنەوەی بینەر

  • گەرمکردنی بینەرانیش وەک گەرمکردنی ئەکتەرەکان گرنگە
  • هەموو بژاردەیەکی گەرمکردنەوە کراوەبێت بۆت، سەیری بارودۆخەکە بکە.

بۆنموونە

  • جەستەیان گەرمبکەنەوە، بە شێلان و دەستبەرزکردنەوەو، هەڵبەز و دابەز و سترێچنین هەر گەرمکردنەوەیەک تۆ بەباشی بزانیت بەکاری بهێنیت.
  • با بینەر پرسیار لەوەی تەنیشتی بکات بۆ خۆگەرمکردنەوە.
  • با بینەر دەنگ بەکاربهێنێت بۆ گەرمکردنەوە.
  • پرسیار لە بینەر بکە چۆنن؟ ئیوە لێرەن؟ جەند دڵخۆشین بە بینینی ئێوە لەم شوێنە.
  • بۆنموونە داوایان لێبکە بە جەستەیان وێنەی k ی ئینگلیزی دروست بکەن
  • چەپڵە لێدان
  • ناوەکان بڵێ بەریز
  • زۆر بەکورتی باسی ئیمرۆیان بۆ بکە
  • یان بە کورتی نوکتەیکیان بۆ بکە
    چۆن کەسێک نمیشێکی ئیمرۆ بەرێوە دەبات.
    بزانە بۆچی گروپەکەت دەیانەوێت ئیمپرۆ نمایش بکەن.هەوڵ بدە بزانیت هۆکارە تایبەتیەکانی تاک تاکی گرۆپەکەت بۆچی دەیانەوێت لە وانەکانی ئیمرۆ بن؟ چ چاوەڕوانیەکیان هەیە؟ هەموو ئەندامانی گروپەکەت هاوچەشنن و، هەمان ئامانجیان هەیە؟ ئەگەر نەتزانی بۆچی دێن هەوڵبدە چەند تەمرینێکیان لەگەڵ بکە ئەوکات خۆت هەدێک شتت بۆ لا روون دەبێتەوە. فریای ئەوە دەکەویت شوێن هەڵبژێریت و کارەکەت ڕاپەڕێنیت.
    بۆ نموونە لەم جۆرە بابەتانە
    ڕەنگە گوێت لەم جۆرە کۆمێنتانەبێت لە کاتی پرسیارکردن یان گفتو گۆو قسەکردنی گروپەکەت.
    1- شتێکی خۆشە بۆ خۆم
    2- سەرگرمکردن و خۆ خەریکردنێکە لەگەڵ ئەوانی تر
    3- دەمەوێت بەگژ ئەو ترسە کۆمەڵایەتیە بممەوە کەهەمە
    4- ئەمەوێت تەکنیکەکانی نمایش فێربم بۆ ئەوەی لە ئایندەدا تێکستێک نمایش بکەم
    5- دەمەوێت زیاتر لە سەر شانۆ شارەزابم
    6- دەمەوێت هەفتەی ئایندە بەشداری بکەم لە پێشبڕکێەکدا لەسەر شانۆی سپۆرت( ئەم جۆرە زیاتر پێش بڕکێی قوتابخانەکانە)
    7- ئەموێت خەڵکی تر ببینم

یەکێک بدۆزەرەوە- نامەیەک – بەرەوە – ماڵەوە
کە هەوڵ بدەیت هەموو ڕوانگەکەانی ئیمرۆ لە ئێوارە نمایشێکە جێی بکەیتەوە، ئەوە شتێکی مەحاڵەو نابێت. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئامانجی گروپ چیە. هەوڵ بدە( نامەیەک لەگەڵ خۆتدا بەوە) ئەوەش بەواتای کە گروپەکەت چ شتێک فێربوون لەو ماوەیەدا تۆ کارت لەگەڵ کردوون ئەوە نمایش بکە.

نموونە بۆ نامەیەک بۆ ماڵەوە بەرەوە:

  • هیچ شتێکی مەترسی تێدا نیە کە هەڵە بکەیت.
  • هەڵەکردن چێژت پێدەبەخشێت.
  • ئەگەر تەکنیکی ڕاست بەکاربهێنیت، مێشکت بە شێوەکی چاوەڕوان نەکراو خۆبەخۆیی (سپۆنتان- العفویة) دەبێت
  • دیمەنە باشەکان پێکهاتەو بونیادیان هەیە.

مەشقی گونجاو بدۆزەرەوە
بەسەر مەشق و ڕاهێنەنەکاندا بچورەوەو موراجەعەیەکیان بکەرەوە، ئەو مەشقانە بکە کە خۆت حەزی پێدەکەیت، گرنگ نیە ئەگەر گروپەکەت لەوەپیش ئەو مەشقانەیان ئەنجامدابێت، گرنترین شت ئەوەیە کە خۆت حەزت لییبێت.
یەکەم خۆگەرمکردن:
دڵنیابە لەوەی کە گروپەکەت هەموویان هەست بە دڵنیایی و ئارامی بکەن لەگەڵ تۆدا، ناوی هەموویان بزانیت، بە هین بانگیان نەکەیت، کە تۆ وەک ڕابەرێک ناویانیت زانی ئەوە بەشێکە لەوەی کە دڵنیایان پێدەبەخشێت، هەوڵبدە خەسڵەت و خوە تایبەتیە سەرنجڕاکێشەکانی یەکیەکیان بزانیت، دڵنیابە لە دەنگ و جەستەت، گەرم و سازو ئامادەبێت کە میشک ڕابهێنرێت بۆ گەمەکانی ئیمپرۆ، ڕایبهێنە بۆ پەیوەندیکردن، خۆبەخۆی ( سپۆنتانی – العفویة)، لەگەڵکەوتن (affirmation).

دووەم قۆناغی سەرەکی:
لەم بەشەدا کارکردنمان هەیە بۆ گێمی کورت و گێمی درێژ و چەمکێکی قوڵتر، لەم بەشەدا کارەکتەر، دیمەن و حاڵەت دروست دەکەیت و گەشەی پێدەدەیت.

خڕبونەوەو کۆتایی پێهێنان:
بۆ ئەم قۆناغە مەشقێکی لەسەرخۆ و بێ هیچ لەخۆکردنێکی زۆر شتێکی باشە، دوای تەواوبوونی وانەکە، شتێکی باش بووە کە گروپەکەت بەهۆی مەشقە نزیک و و گەرمو گوڕەکانەوە یەکتریان ناسیووە، دوای تەواوبوونی دەردەکەت هەوڵبدە ڕووناکیەکە خامۆش بکە و پیکەوە لەگەڵ گروپەکەت ڕۆژەکە هەڵسەنگێنن.
ڕاهێنانەکان ڕێکبخەو بینووسە
هەوڵبدە لە دەفتەرێکدا ئەو مەشقانەی لەگەڵ گروپەکەدا دەیکەیت لە دەفتەرێکدا بیننوسە، ناو و ناوەرۆکی مەشقەکانی تێدا بنووسە، پێش ئەوەی دەستبەکار بکەیت و مەشقەکان بکەیت بزانیت ئەوڕۆژە کام ڕاهێنان هەڵدەبژێریت بۆ خوێندکارەکانت، هەروەها دەبێت بزانیت رۆژی پیشووتر چیتان کردووە، رۆژانە یاداشتەکان تۆمار بکە. تەئکید لەوە بکەرەوە کە ئایا ئەو وەختەی لە بەردەستدایە چەندە و؟ دەتوانیت چەند ڕاهێنانیان بە خوێندکارەکانت بکەیت، کات و مەشقەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێنە.
ڕیکلام کردن بۆ نمایشیكی ئیمپرۆ:
هەوڵبدە با ناونیشانی نمایشەکەت لەسەر پۆستەر و ڕیکلامی نمایشەکەت بۆ رۆژی پیشاندان سەردێڕێکی (مانشێتێکی) خۆشی هەبێت، زەردەخەنە بخاتە سەر لیوی خەڵک، دەشتوانی پۆستەرەکان لە شێوەی کاریکاتێردا بن، ئەمە ئەگەر لە کاتێکدا شوێنێک بانگهێشتنی نەکردبێتی، هەندێک جار فەرمانگەیەک یان شوێنێک خۆیان ڕیکلام بۆ ئێوارە نمایشێک دەکەن و ئەو ئێوارە نمایشەکەیان لە تۆ کڕیوە، یان بانگیشتیان کردوویت، خۆیان خاوەنی کارەکەن
لەکاتی دەرسەکاندا، ڕاهێنانەکان ڕونبکەرەوە.
کاتێک تۆ ڕاهێنانەکان ڕوندەکەیتەوە بە شێوەیەکی سروشتی چەمکێک ئامادە دەبێت بۆ رونکردنەوەی مەشقەکان. لەسەرخۆ و بەڕونی قسە بکە، هەندێک ڕاهێنان باشترە ئەگەر هاوکاری وەرگریت لە ئەکتەرەکان/ ئیمرۆڤیسەتۆرەکان.

بیر لەم پرسیارانەی خوارەوە بکەرەوە

  • پیویستە هەموو ڕاهێنەنەکان بەیەجار ڕوون بکەمەوە یان ڕونکردەوەکانم دابەشبکەمە سەر چەند قۆناغێک؟ بەواتای لەکاتی پیادەکردنی ڕاهێنانەکاندا ئەکتەرەکان بوەستێنم و سەرنجی خۆم بدەم لەبارەی توخمەکانی گەمە و گێم و ڕاهێنانەکان؟.
  • ئایا پیشتر ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرابکەم یان ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرا نەبێت بۆ ئەکتەرەکان؟ زۆرجار پێویست ناکات مەشقەکان ڕونبکرێتەوە، پیاو فیرئەبیت باشتر دەبێت ئەگەرچی خۆشی نەزانێت ئەوە شتە چیە کە ئەیکەیت ، زۆر جار بەشداران خوازیاری ئەوەن کە بۆچی هەندێک مەشق دەکەن.
  • ئایا پێشنیازی چاکردنیان بدەمێ و ڕەخنەی بنیاتنەرانەیان لێبگرم یان زیاتر وازیان لیبهێنم و کەشەکە ئارام و هێمنتر بێت؟. زۆر جار دەبینرێت و سەرنج دەدرێت، ئەکتەرکان هەستی پێدەکەن کە هەڵەکە لەکوێدایە، ئەوە شتێکی زهنیە سوبجەکتیڤیە. هەندێک جار بەشداربوان تێناگەن چۆن مەشقەکان دەکرێت، زۆر گرنگە کە تێبینی بکەن و بزانن چ پەیوەندیەک و وەرگرتنەوەیەک گونجاوەو کامە نەگونجاوە .

دابەشکردنی گروپ

دابەشکردنی گرروپەکە بۆ گروپی بچوکتر دەتوانیت بەشێوەی هونەری دابەشیان بکەیت، هەوڵ بدە ئەکتەرەکان بەو شێویە کار بکەن کە هەموویان ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵکەوێت کە بەریەکتر بکەون و لەگەڵ یەکدا مەشق بکەن. بەڵام بیر لەوەبکرەوە هەندێک مەشق هەیەپیویستی بە متمانەی زیاتر هەیە، زۆر باش نیە کە ئەکتەرەکە بگۆڕیت لەکاتی شەوێکی نمایشدا.

بانگیان بکە، سێ سێ و یەک یەک دابەشیان بکە، ڕەنگە هەندێک جار تێکەڵاوبوونی گروپەکان ناخۆشی لێدەکەوێتەوە، چونکە هەندێک کەس هەیە حەز دەکات لەگەڵ هاورێکەی ڕاهێنان بکات و بەرهاورێکەی بکەوێت. چەند جۆرێک دابەشکردنی گروپ هەن.

  • هەڵبژاردنی ئازاد
  • دابەشکردنی گوروپەکە کە چۆن ڕاوەستاوەن
  • گروپەکە دەکەیت بە چەند گروپیکەوە بۆ نموونە بە چوار گروپەوە هەر یەکێک لەو گروپانە لە چوار خوێندکا رپێکهاتووە هەرکەسەو ژمارەیەکیان پێبڵێ، بۆ نموونە ( ١،٢،٣،٤) پاشان داوا لە هەموویان بکە هەرکەسەو ژمارەی خۆی بدۆزێتەوە، ژمارە یەکەکان لەم شوێنەدا بن و دووەمەکان لەوێدا سێەمەکان ، بەو جۆرە دابەشکردنە.
  • گروپەکەت بەشێوەیەکی و ڕون و کاتەگۆری و دەستە دەستە دابەش بکە بۆنموونە کێ ئاژەڵی ماڵی هەیە لە ماڵەوە بچێتە ئەو گۆشەیە، کێ نیەتی بۆ ئەو شوێنە، جاری واهەیە ئەم جۆرە دابەش کردنە شتی هاوبەش دەدۆزنەوە لە ناو خۆیاندا، خۆی دەبێت بە یاریەک. گروپی خاوە ئاژەڵ. یان بۆ نموونە کێ بە پاسیک هاتووە بۆ ئێرە؟ یان هەر شتێی تر کە تۆ وەک ڕابەر بەخەیاڵدا دێت.
  • ێشبڕکێەک بۆ شتێک کە ئەنجامەکەی بێتە هۆی پلەبەندی بەنمرە یان دابەشکردن لە گروپەکەدا، بەسەر دۆڕاو و براوەدا دابەش دەبن، کاتێک مەشق دەکەن دؤراوێک و براوەیەک، بەریەک دەکەون، بەڵام ئەوەش لایەنی نەرێنی خۆی هەیە، ئەوانەی کە دۆڕاون هەست بە ئیزعاجی دەکەن، دەتوانرێت هەندیک یاری هەڵبژێریت کە هیچ هەیبەت و (پریستیژ) شتێکی گرنگی تێدا نیە تەنها بۆ خۆشیە.

کە بەشێوەیەکی پراکتیکی کە بیر لە دروستکردنی دیمەنێک بکەینەوە:

شوێن – ئایا ئاشكرایە شوێنی نمایش لەکوێی سەرتەختەی شانۆکە دەبێت؟
پەیوەندی – ئایا ئەوانەی ئامادەگیان هەیە لەسەر شانۆکە لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندیەکی ڕوون و ئاشکرایە؟
دۆخ (ئاتمۆسفار) – ئایا هەست بە کە ش و دۆخەکە دەکەیت لە دیمەنەکەدا و ئاتمۆسفیرەکە دیارە؟
کارەکتەر – ئایا ئەوە دیارە ئەو کارەکتەرانەی ئامادەن کێن و چۆنن؟
کات – ئایا لە کات حاڵی دەبین و تێدەگەین، کاتێک دیمەنەکە نمایش دەکرێت؟
ناسینەوە – ئایا ئەوانەی سەیری دیمەنەکە دەکەن خۆیانی تێدا دەبینەوە؟
مەبەست (ئامانج) – کارەکتەرەکان چ مەبەستێکیان لەم حاڵەتەدا هەیە لە دیمەنەکەدا؟ و دیمەنەکە بە چ مەبەستێک خزمەتی نمایشەکە دەکات؟
ناکۆکی – چ ناکۆکیەک لە دیمەنەکەد ڕودەدات و، ناکۆکیەکە چ وەزیفەیەکەی هەیە لەسەرتاسەری چیرۆکەکەدا؟
کۆی ئەزمونەکە – ئایا ئەو پێکهاتانەی سەرەوە و ئەو خڵانەی کەباسمان کرد لەگەڵ یەکتر دەگونجێن و ئەزمونێکی تەواومان دەدەنێ کە شایەنی بینین بێت.




پەنجا و سێ خولەک کارەبا.. ستیڤان شەمزینی

شانۆگەرییەکى یەک پەردەیى ژیان لە کوردستان

باوکم بە قووڵى نەفەسى لە جگەرەکەى دەدا و باسى رابردووى پڕ ئازار و مەینەتى خۆى دەکرد لە رۆژانى خەباتى پێشمەرگایەتییدا، نازانم چ پاڵنەرێکە جار جار دەیباتەوە سەر گێڕانەوەى بایۆگرافیا و هەموو جارێکیش پێ لە زۆرشت دەنێت و زۆر دانپیانانى سەیر بەیان دەکات، لە پڕ هاتە سەر باسى گەدایى و نەداریى کاک (….) ئا…. ئەو، ئەو سوپەرمانەى وامدەزانى لە ساتى لە دایکبوونیدا پێنج ملیۆن دۆلارى لە سکى دایکییەوە هێناوە بۆ سەر ژیان. وتم: ئەرێ باوکە کاک هین ئەو شتە زلە دەناسیت، باوکم بە خێرایى وەڵامى دایەوە: تەنانەت ساڵانێکى زۆر بەرپرسى بووم. ئەوسا کابرایەکی گەدای لاواز بوو. وتم: ئى چۆن وا دەوڵەمەند بوو؟ لە کاتێکدا کاتى خۆى وا هەژار و نەدار بووە؟. باوکم وتى: نازانم، فەرهود، ئا.. ئا.. فەرهود.. دزى.. دزی.. چوزانم.
وتم: وەک تۆ بزانى زۆر هەژار بوو؟ باشە تا چ راددەیەک زەلیل ببوو بە دەست هەژارییەوە؟ باوکم سەیرى کاتژمێرەکەى دەستى کرد وەک ئەوەى چاوەڕێى هاتنى هاوڕێیەکى بکات وتى: ها.. ها.. کوڕە چوزانم، بە خوا پارەى خانوویەک بەس جگەرەم بۆ کڕیوە هەر لە پاکەتى بەغداد و سۆمەرەوە بیگرە تا دەگاتە سپێشل و ریم. منیش تۆزێک بێدەنگ بووم، هەندێک رامام لە جریوە و دەنگى پڕ سۆزى مۆلیدەى کارەباى دراوسێکەمان، هەر دەتگوت سەمفۆنى بیتهۆڤن یان شۆپانە. کاکى مەسئول هاتەوە یادم و پرسیم: ئەرێ باوکە نەتووت ئەم کابرایە تا چەند بە رەوشت و بە وەفایە؟.

  • وەفاى چى و رەوشتى چى؟ ئەو کابرایە لە شاخیش هەروا بوو کە پێشمەرگە داستانى تۆمار دەکرد، ئەمیش مێبازیى دەکرد!!.
    +بە راست مێبازیى، ئێ.. ئێ.. چۆن مێبازییەک؟ توخوا بۆم باسبکە!. لە پڕ کارەبا هاتەوە، باوکم جگەرەکەى کوژاندەوە و وتى: نازانم مێبازیى چى؟ ئێستا کەى کاتى ئەوەیە؟ نابینى کارەبا هاتەوە، هەڵیگرە بۆ دواى کارەبا بڕان، چیرۆکەکە ئەو دەمە تەواو دەکەین، ئێستا بە پەلە بڕۆ خەریکى کارەکانت ببە تا کارەبا هەیە. دایکم لەم کاتەدا لە ژوورى میوان بوو، لە پڕ و لە خۆشیدا بەرەو ژوورى چێشتخانە (مطبخ) دەرپەڕى و لەبەر خۆیەوە وتى: کوڕم.. دەى خێرا بڕۆ قاتە رەساسییەکەت ئوتوو بکە، بێ ئوتووکردن لەبەرى مەکە، نازانم بۆ ئەوەندە شل و شێواوى؟ نابێ کەمێک جلەکانت جوان بن، ئا.. عەتریشى لێبە چوونکە بەردەوام لە بیرت دەچێت، سبەینێ کە چووى بۆ ئاهەنگەکە لە بیرت نییە بۆیە ئێستا عەتر پرژێنى بکە!.
    +دایکە گیان عەترى چى و قاتى چى و تەڕەماشى چى؟ من نووسین و راپۆرتێکم هەیە دەبێت خێرا کۆمپیوتەرەکەم پێ بکەم و دەست بکەم بە تایپکردن، زۆر گرنگە زوو تەواویان بکەم.
    -ئەرێ ئەم نووسینە نەبڕایەوە؟ خۆى چەند کارەبا هەیە وا بە هێواشیى دەجوڵێیتەوە؟ نووسین هەڵگرە بۆ کاتێکى تر، بەقەڵەم بینووسەرەوە دوایى تایپى بکە، خێراکە بڕۆ بۆ ژوورەکەى خۆت خەریکى ئوتووکردن بە. بەڵام من وردە وردە بەرەو ژوورى دانیشتن رۆیشتم و تەلەفزیۆنەکەم پێ کرد؟ یەکسەر چۆیە سەر کۆنسێرتێکى میوزیکى (یانى) لە وڵاتى چین، لەوکاتەدا دەنگە کۆراڵییەکان بەرز دەبوونەوە، تیپى ئۆرکێسترا لە حەماسى تەواودا بوون، یانى گەرم ببوو هەڵدەبەزییەوە، لەو کاتەدا وتم، ئەڵڵا خۆ ئەوە (یانى)یە، من خەریکى گوێگرتن دەبم لە میوزیک رۆحم زۆر پێویستێتى. باوکم بەرەو لاى من هات و کەمێک سەرى بادا و بە دەنگێکى بەرز وتى:
    -یانى و مانى چى؟ واز لەم جوقە جوقە بهێنە، خێرا بڕۆ ئیشەکانت بکە. کارەبا ئەوەندە زۆرە وا تۆ هیچ ناکەیت و گوێ بۆ ئەم قژ درێژە دەگریت؟. بە خوا هەر لە تەلەفزیۆنەکەوە بێتە دەرێ و لەبەردەممدا میوزیک بژەنێ لەم کاتەدا گوێى لێناگرم.
    +تۆ هەقى منت نەبێت، وا بزانم تۆ بە تەماى ریش بتاشیت، ئەرێ بۆ ناچیت بە لاى کارى خۆتەوە؟.
    باوکم هیچ قسەى نەکرد، بەرەو دەستشۆرەکە بە رێکەوت، ئاگام لێبوو مۆبایلەکەى خۆى کوژاندەوە و هاوارى لێکردین: مۆبایلەکانتان بکوژێننەوە، نەک خوا نە خواستە یەکێک لە ناکاودا تەلەفۆن بکا و کاتەکە بەهەدەر بڕوات، کاتێک بزانى کارەبا باى باى بکات.
    هاوارم کرد: باشە ئەوە مۆبایلەکەم داخست، بەڵام ئەگەر میوانێک هات دەڵێى چى؟.
    +دەمت بشکێت، کوفر مەکە، کوفرى وا بۆ دەکەى؟ بە ئیزنى خوا دواى کارەبا بڕان میوان دێت.
    دایکم لەولاوە غەسالەکەى پێکرد و دەستیکرد بە جل شۆرین (فەردەیەک جلى پۆخەڵمان هەبوو).
    باوکم شیڕاندى: خێرا بڕۆن، بۆیلەرەکە هەڵبکەن با تۆزێک ئاوەکە گەرم بێت، ئەوەبوو من چووم بۆیلەرەکەم هەڵکرد و دواتریش دەستمکرد بە ئوتزوکردن.
    لە پڕ لە زەنگی ماڵەوە درا لەگەڵیدا گرم گرم لە دەرگا دەدرا، دەستم لە کارەکەم هەڵگرت و چووم دەرگام کردەوە. پیاوێکى باڵابەرز بوو وتى: بەڕێز گیان ئەرێ ئەمە ماڵى موختارى گەڕەک نییە؟.
    وتم: نەوەڵڵا، موختارى چى؟ موختار هەر لەم گەڕەکەدا نییە.
    گەڕامەوە بۆ ژوورەوە و بە باوکم وت: شوکر سەلامەت دەرچووین! میوان نەبوو.
    دایکم هەر لەبەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەى بوو، بە دەنگى بەرز هاوارى کرد و وتى: ئەرێ بزانە کەس ئاگاى لە سەلاجەکەیە دایگیرسێنێ، بە خوا چى تێدایە هەمووى بۆگەنى کردووە.
    باوکم وەڵامى دایەوە: چش.. تو خوا با بۆگەن بکات هەروەک چۆن سەرکردەکانمان کردوویانە.
    دایکم دووبارە وتى: ئەرێ ئەمە کوا پەیوەندیى بەوەوە هەیە؟ تۆ هەر خەریکى فەلسەفەلێدانى.
    لە ناکاو زەنگى تەلەفۆنە نۆرماڵەکە لێیدا، باوکم هاوارى کرد: کەس تەلەفۆنەکە هەڵنەگرێ، ئێستا بزانە کێیە بێ تاقەتە و کارەبایان نییە و حەزى لە دەمەتەقێیە؟ ئەوەبوو زەنگى دووەم لێیدا و هەر هەڵمان نەگرت، دایکم ناڵەى لێ بەرزبۆوە و وتى: بە راست بۆ هەڵیناگرن نەوەک خوا نە خواستە تەعزییەک شتێک بێت.؟!.
    باوکم وتى: تەعزێ نییە و هیچ نییە، بەم کارەبا هاتنەوەیە کوا شەرعییە بچیت بۆ تەعزێ؟ زەنگى سێهەم لێیدا و هەر هیچ، چوارەم زەنگ لێیدا، دایکم بە دەستى کەفاویی و سابوناوییەوە هات و هەڵیگرت، کەمێک لەسەرخۆ و دیپلۆماسییانە وتى: بەڵێ فەرموو.
    لە پڕ هاوارى کرد: (نادیە)ى خوشکمە لە سوێدەوە تەلەفۆن دەکات.
    باوکم بە ساردییەوە وتى: چى لێبکەم، سەلامى لێبکە.
    دایکم وتى: نادیە گیان چۆنى؟ منداڵەکان چۆنن؟ ئەوە بۆ ماوەیەکە دەنگت نییە؟
    نادیە: زۆر باشم، ئایا ئێوە باشن؟ من عەیبم نییە ئەگەر ئێوە خراپ نەبن.
    دە دەقیقە زیاتر قسەیان بەیەکەوە کرد، ئەوەبوو داواى باوکمى کرد و هەندێک قسە و باسیان بە یەکەوە کرد ئەوجا نۆبەى من هات:
    -پورە نادیە گیان توخوا ئێستا ئێوە لە سوێد کارەباتان هەیە؟.
    +کوڕە ئەوە تۆ دەڵێى چى؟ بە سانییە چییە لێرە کارەبا ناکوژێتەوە.
    -ئەرێ سووتەمەنى و ئاو و بەنزین و غاز و شتى وا چۆنە، دەست دەکەون؟.
    +لێرە ئەو کێشانە نییە، کێشەى ئێمە ئەوەیە کەمێک هەست بە نامۆیى دەکەین.
    -ئەى لێرە بێکاریى و گەندەڵیى و بێ خانوویى و سواڵکردن و شەو لەسەر جادە خەوتن هەیە؟.
    +نەخێر، شتێکى وەها نییە شیاوى باسکردن بێت.
    -ئەى پورێ گیان بۆچى نامۆیت؟ خۆ لەکوردستان بیت دە هەزار ئەوەندە نامۆترت دەکەن.
    +نا وانییە، کوردستان گۆڕاوە، لە کەناڵى کوردسات و زاگرۆسەوە دەیبینم خۆش بووە.
    -کوڕە کوا؟ تڕحێو لەم خۆشییە، ئەگەر خۆشیى وابێت توونى بابا بچێت.
    +ئەى ئەوە نییە شارى خەونەکان و نازسیتى و ئەو شتانە دروست دەکرێن؟.
    -بۆ مادام گیان هەموو بنەماڵەکەت تا دەگاتەوە ئادەم دەتوانێ چوار چین لەو خانووانە هەڵستێنێ؟.
    +بۆ ، بۆ؟ ئەرێ جگە لەوە ئەو هەموو هۆتێلە جوان جوانانە نابینى دروستى دەکەن؟.
    -با دەیانبینم، ئەوانە بۆ هارونە ڕەشید و شاگردەکانێتى، خۆ بۆ من و تۆ نییە، لەوێ قڕقێنەیەک سەد دۆلارى تێدەچێت، ئەوە باسى بۆفیەیەک هەر مەکە.
    +بەخوا تۆ زۆر رەشبینیت، ئەى لەگەڵ کارى نووسین و شتى وادا چۆنیت؟.
    -باش نیم، لەبەر چرا و رۆشنایى مۆمدا دەنووسم، فەزاکەم ئەوەندە عیرفانییە هەر دەڵێى (نالی)م، بەخوا لە مەودوا بەپەڕ و مرەکەب لەسەر چەرم و پێستە دەنووسم، دنیاکەى ئێمە گەڕاوەتەوە بۆ دواوە، جارى وا هەیە لەبەر نوورى شەمعێکدا هەست بەوە دەکەم شەش خولەکى تر نیگا (وحى)م بۆ دێت.
    +لە قسە زلەکانت نەکەوتوویت، قەت ئەم رابواردنە تەرک ناکەیت.
    -ئەرێ تو ویژدانت ناهەقمە؟ کارەبا هەردەڵێى ترافیک لایتە، کەس نازانێ کەى و چۆن هەیە.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایە: کوڕە کەر مەبە، سەد خۆزگە ترافیک لایت بوایە، بەس نەبوو دەقیقەیەک دەهات و دەقیقەیەک دەبڕا، کەواتە لە 24 کاتژمێردا دوانزە کاتژمێرمان دەبوو خۆ کارەباکەى ئێمە بە ناشکوریى نەبێت لە سەعاتێک زیاتر نییە.
    +ئەوە چییە و کێیە قسە دەکات؟ ئایا میوانتان هەیە؟.
    -نا.. نا.. ئەوە باوکمە.. ها بتدەمێ قسەت لەگەڵ بکات، من جارێ خواحافیز و بە نیازى دیدار، باوکم گوێى بە تەلەفۆنەکەوە ناو گوتى:
    -ها.. نەچن خۆتان بێ عەقڵ بکەن و بێنەوە بۆ کوردستان، شتى وا نەکەن ها..
    +نا.. نا.. منداڵەکان هەر نایەنەوە، تازە ئێرەمان باشترە.. ئا.. ئا.. ئێرە بۆ ئێمە باشترە.
    کەمێکى تر باوک و دایکم قسەیان لەگەڵدا کرد و دوایى خواحافیزەیان لە یەکترى کرد، هەریەکە چووینەوە سەر کارەکانمان، ئەوەندەم زانى دواى 53 خولەک لە هاتنەوەى کارەباکە، تەزووەکە و رووناکى گڵۆپەکان بە کارەساتێکى دڵتەزێن ماڵئاواییان لێکردین.
    دیمەنى دواى کارەبا بڕانەکە بەم جۆرە بوو: (پانتۆڵەکەم ئووتو کراوە، بەڵام چاکەتەکەى نا، دایکم نیوەى جلەکانى شۆردووە و نیوەکەى تر نا.. بەڵام قەباعەتەکە لاى باوکم بوو لایەک لە سمێڵ و ردێنى تراشى بوو لایەکى ترى مابوو..). دایکم دەسى بەرز کردەوە بۆ باوکە میهرەبانەکەى ئاسمان و بە دەم نزاوە وتى: خودایە تەمەنى حکومەتەکەمان بە قەد تەمەنى ئەم کارەبا هاتنەوەیە کەمبکەرەوە.
    باوکم بە هێمنى و بە زمانێکى نەرم وتى: لە لاى خوا و لە ئاسمانیش کارەبا هەبێت باشە، ئەگینا ئەویش تاقەتى نابێت گوێ لە نزا و شەکواکانت بگرێت.
    دایکم بەرەو لاى من هات و وتى: بەخوا ئەمە ژیان نییە، لە چلەى هاویندا بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بێت ئەى ئەگەر بەفر دابکات؟ لەولاشەوە دەست دەبەیت بۆ هەر شتێ بیکڕیت وەک دووپشک پێوەت دەدات، جگە لەمەش لە زستان و پایزدا بە شەوەکە کارەبا هەبێت قەینا بە رۆژ، بەڵام ئەمساڵ هاوینەکەشى هەر نەهات بوو.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایەوە و وتى: ئەرێ ژنەکە بۆ ئەوەندە بێ عەقڵى، کارەبا بۆ هەموو کاتێکە خۆ وەستا ئەدیسۆن کاتێ دروستیکرد نەیووت تەنیا بۆ هاوین وتى بۆ زستانیشە. بەڵام وەستا ئەدیسۆن مۆلیدەى دروست نەکرد، ئەوە وەستا مەسئولەکانن بەدەستمایەکەى ئەدیسۆنەوە کاسبى دەکەن و سوو دەخۆن. ئیدى باوکم لەبەر چرا ریش تاشینەکەى تەواو کرد، بەڵام کە سەیرم کرد دەتووت ئیمامى عەلى شمشێرى لێداوە لە چواردە پانزە لاوە دەموچاوى خۆى بڕى بوو..
    باوکم بە چرایەکەوە بەرەو ژوورى دانیشتن هات و رووى دەمى کردە دایکم و وتى:
    ئەرێ بیستوتانە پیرەژنێک وتوویەتى رەحمەت لە گۆڕت ئەدیسۆن ئەگەر تۆ نەبوویتایە دەبوایە لەبەر شەوقی چرا سەیرى تەلەفزیۆنمان بکردبایە..
    دایکم لێوێکى لێ هەڵقرچاند و وتى: توخوا ئەمە نوکتە بوو؟ زۆر کۆنە و زۆریش ناخۆشە. بەڵام من بیستوومە دەڵێن پیرەمێردێک بووە (دیار بوو دایکم پێى ناخۆش بوو سیفەتى خراپ بخرێتە پاڵ ژن).
    باوکم وتى: نازانم بەڵام بێ کارەبایى زۆر شت لە یاد دەباتەوە پیرەمێرد و پیرەژنیشت لێ تێکەڵاو دەکات، توخوا وا نییە؟.
    ئیتر هەر دواى فجوقى کارەباکە ئێمەش وەک دەرئەنجامەکەى فیلمى (هالەو ئەمریکا)ى عادل ئیمام دەست بەتاڵ دەرچووین و هیچمان بۆ نەکرا. ئەوەبوو باوکم گەڕایەوە بۆ لاى شەوچەرەى شەو و هەقایەتى مێبازیى مەسئولەکە.
    تا کاتى خەوتن و تا ئەو کاتەى ژنە لادێیەک بە نەعل لە دەم و چاوى کاک مەسئول دەدات و تەبعى نەعلە ژمارە (چل و چوارەکە) لەسەر دەم و لووتى دەردەچێت باس هەر باسى ئەو برادەرە کۆڵنەدەرە بوو، ئیدى دوایى ئەمە خەوتین بەڵام من شەو خەونم بینى 24 کاتژمێرى خشت لە خەونمدا تێپەڕى و کارەباش نەبڕا، سەیرە و پەرچوویەکى سەردەمە. وەلێ ئەگەر حکومەتى هەرێم پێى بزانیبا لە خەونەکەشدا تۆزێکی لێ دەکوژاندینەوە.

تێبینی: ئەم تەنزە دیالۆگێکی وەهمییە کە گوزارشت لە واقیعێکی تاڵی ئەوێ رۆژی و ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات.
پایزی 2006

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم




(دژە جو)ەکان، کامانەن؟.. عەبدوڵا ساڵح

هەواڵی شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل وفەلەستینیەکان کە حەوت ڕۆژە هەڵگیرساوە، تا ئەمڕۆش بەگەرمی بەردەوامە، زوربەی ئەو شوێنانەشی گرتۆتەوە کە فەلەستینیەکانی تێدا نیشتەجێن، بەتایبەت لە کەرتی غەززە، باڵی کێشاوە بەسەر هەموو هەواڵەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. نووسەر وسیاسەتمەدارەکان، تەنانەت خەڵکانێکی کە بەدوور لەسیاسەتیش خۆیان پێناسە دەکەن، ئەمڕۆ هاتونەتە سەر خەت و قسەی خۆیان لەوبارەوە هەیە، هەریەکەش لە گۆشەنیگای بیرکردنەوە و جیهانبینی خۆیەوە بۆ دونیا و بۆ ڕوداوەکان ڕاو بۆچونی خۆی دەردەبڕێ، وەک دەڵێن: ( هەرکەسەو لەهەمبانەی خۆیەوە گوێز دەژمێرێ).
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام کە دەست بدەمە نوسینی ئەو بابەتە دوو هۆکار بوو:
یەکەم – دیمەنی ئەو کوشت و کوشتار و وێرانکاریەی لە ئەنجامی پەلاماری سەربازی و هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنای و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وەدڕندەیی ئەو سوپا چەنگ بەخوێنە بەدژی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی، هەروەها سیاسەتی داگیرکاری و ملهوڕی وجیاکاری دەسەڵاتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لەبەرامبەر فەلەستینیەکاندا بەگشتی و سیاسەتی گەمارۆدانی ئابوری دانیشتوی کەرتی غەززە بەتایبەتی، جگە لە پەلامادردانی ئەو خەڵکە لەناوچەکانی تریش، ئەمەلەلایەک، وە لەلایەکی ترەوە تاوانی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیلی دانیشتوی ئیسرائیل وموشەک بارانکردنیان لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی فەرمانڕەوا لە کەرتی غەززە، لەکاتێکدا کە ئەم گروپانە، وەک هەموو گروپە ئیسلامیە ئیخوانیەکان، دەستیان ناوەتە بینەقاقای دانیشتوانی غەززە ولەبری شیری منداڵ ((موشەکی قەسسامیان)) بۆ دەکڕن و بەزۆر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو خەڵکە سڤیلەی غەززەدا سەپاندوە و بەهۆی ئەم شەڕەشەوە بەردەوامی دەدەن بەو دەسەڵاتە شومەیان کە دەیان ساڵە درێژەی هەیە.
نامەوێ زۆر بچمە بنج و بناوانی وڕەگ وڕیشەی مێژوویی ئەو کێشەیە و دەست تێوەردانی وڵاتانی زلهێز تیایدا، بەتایبەت ئەمریکا، و وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەت ئێران وتورکیا، کە هەریەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیەوە لەکێشەکەدا دەستی هەیە، وە هەڵوێستی شەرمێونانە و ڕیاکارانەی دەوڵەتانی عەرەبیش لەهەمان ئەو کێشەیە، هەروەها تەنگژە وبارو دۆخی ناوخۆیی و ململانێی سیاسی هێزە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهو لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، ئەمە جگە لە ئاڵۆزی و فەشەل و گەندەڵی هێزە نەتەوەیی و ئیسلامیەکانی فەلەستین.
دووەم – بەکار هێنانی دەستەواژەی ( دژە جو )یە کە لەیەکێک لە هەواڵەکانی سایتی ڕووداو لەم ڕۆژانەدا بەر چاوم کەوت. ئەم دوو ووشەیە هەمان ئەو دەستەواژانەم دێنێتەوە یاد وەک ( دژە کورد، دژەعەرەب، دژە ئەرمەن، دژە تورک ………) کە تا ئەمڕۆش بازاڕی بەکارهێنانیان گەرمە.
سەقامگیری وئاسایش و خۆشگوزەرانی و پێکەوە ژیانی ئاسودە ودوور لەشەڕ وئاژاوە ، دوور لە کینەو بوغزو یەکتر کوشتن، ویست وئاواتی هەموو مرۆڤێکە لەم جیهانەدا و لەوانەش دانیشتوانی ئیسرائیل، بەو ئەندازەی دەسەڵات، هەر دەسەڵاتێک، ئەو ویست و ئاواتەت بۆ دابین دەکا، بەو ئەندازەیە جێگای پشتیوانیە، ئەگەر ئەمڕۆ لە دانیشتویەکی ئیسرائیل، بەتایبەت لەو شوێنانەی موشەکەکانی حەماس و جیهاد دەیانگاتێ، بپرسی ئاخۆ دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە بەدرێژایی مێژوو توانیویانە، بەردەوام کەم تا زۆر، ئەم ئاواتەی خەڵکی جولەکە دابین بکەن، یا خود هەمیشە لە دڵە ڕاوکێدا هێشتویاننەوە؟ دیمەنەکانی ئێستای دانیشتوانی شاری تەل ئەبیب و عەسقەلان سەیربکەی دەتوانێ ئەم وەڵامەو لە سیمایاندا بەدی بکەی، هەر بۆیە ئەگەر بڕیار بێ ئەو خەڵکە بەدوای دەستنیشانکردنی ( دژە جو)وەوە بن، دەبێ سەرەتا لە دەسەڵاتدارانی خۆیانەوە دەست پێبکەن کە بەهەمان زمان دەدوێن هەمان بیر وڕای ئایینیان هەیە، ئەمجا بێنە سەر دوژمنانی دەرەکی.
ئەم فۆرمۆڵە سادەیەی سەرەوە، گشتگیرە وناکرێ بۆ گروپێک ڕەوا بێ وبۆ یەکێکی تر نا! مێژوو سەلماندویەتی کە دەستنیشان کردنی ( دژ ) لەسەر بنەمای { نەتەوە، ئایین، ڕەنگی پێست، ڕەگەز}، جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک و فریودانیان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارو دۆخی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لەلایەن کەمینەیەکی باڵا دەست بەسەر زۆرینەیەکی ژێردەستدا، شتێکی تر نیە.
لەهەر گۆشەیەکی دونیا بیگری مرۆڤەکان لەباری جەستەییەوە چوون یەکن، کەس سێ چاوی نیە، دوو دڵ و دوو سەری نیە…… خوێنی دانیشتویەکی ئوسترالیا، بەگوێرەی گروپی خوێن، بۆنمونە، بۆیەکێکی دانیشتوی کوردستان دەبێ، هەڵکەوتەی جوگرافیایی هاتنە دنیای مرۆڤ ناتوانی شوناسێکی جیا لە شوناسی ئینسانیبوونی بۆ دەستنیشان بکا و لەسەر ئەو بنەمایە جیای کاتەوە لەوانی تر، ئەوە ئەو شوناسە داتاشراوەیە کە بۆتە ( تەوقی عەزازیل) لە ئەستۆی بەشەرەکاندا و جیای کردونەتەوە، ئەمەش خۆی مەبەستی سیاسی نەبێ هیچی تری بەدواوە نیە. دەکرێ لەپاڵ شوناسی ڕاستەقینەی مرۆڤ بووندا شوناسی تریشمان هەبێ بەڵام ئەم (شوناسی ترە) بۆ ( دژ ) بوون بەکار نەهێنرێ و نەکرێتە بنەما.
ئەگەر ئەم ڕاستیە بۆ مرۆڤ بوون ڕەوا بێ ، هەمان ڕاستی بۆ ئەو سەرزەمینەی مرۆڤەکانیشی لەسەر دەژین ڕەواترە، وێنەی گۆی زەوی لە قوڵایی ئاسمانەوە سەیر کەین هیچ جۆرە سنورێکی تیادا بەدی ناکەین، ئەو سنورانە ساختەن وەک شوناسەکان و دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانن لەپێناو هەمان مەبەستی پێشتر ئاماژەم پێدا.
لە خۆڕا نیە زیندە یاد هێمنی شاعیر ئەو بڕگەیەی لە شیعری ( ناڵەی جوداییدا ) پێش بڕگەی دواتری خستوە کاتێک دەڵێ :
شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە
بانگی ئازادی و گڕۆی یەکسانیە

16 – 5- 2021




فنجانا قەھوێ.. ژنڤیسینا /كاژین یوسف دوسكی

ھەریاخیبونەكا من
یا دشیشا شەراباتەدا
نقوم بوی
تێدا خوژبیركری
سەرخوش و گێژكری
خۆ
ب سەمایا عەشقێ ھێركری
ھندە ھندی
قەھوەكا رەشا
وەكی
تاریاتیا ھیڤیێن من
ب سەردا نەكری
دەنگێ
قورچە قورچا فرێن وێ
دگەل
تەحلیا تاما وێ
دبیتە زەنگا ھشیاركرنێ
ھەمی چركەساتێن تراژیدیێن
ژیانا من دگەل تە
دكەتە كورتە فیلمەك
ل جیھانا سینەمایا عەشقێ
د دانیتە بەر چاڤێن مە
ھەر وەكی
جیھانێ ھەمیێ
روناھیا ژدەست دای
بویە تاریستان
ل دورمانێت مە
ھەر مەعشوقەكێ
رێكا خۆ بەرزەكری
یێ ھاتی وبویە
مریدێ رێكا مە

ژنڤیسینا /كاژین یوسف دوسكی




پەیامێک لە (٤) نامەدا.. فازیل شـــەوڕۆ

نامەی یەکەم:
ئەی قوربانییانی خیانەت و خۆفرۆشی و بازرگانانی جەنگ، لە دەڤەری غەززەی ئاگر و بارووت و خوێن:
بە پەرۆشم بۆ ئەو ژن و منداڵ و پیر و گەنجانەی، لەنێو دۆزەخی شەڕ و پێکدادانێکی خوێناوی و کاولکاریدا، بە درێژایی ئەو ڕۆژە سەختانە، هەناسەی دوکەڵاوی هەڵدەمژن و زووخاوی چاوتان دەخۆنەوە و بە خۆڵەپۆتە زام و برینی جەستەی بریندارەکانتان تیمار دەکەن. برسیەتیی و ترس و تۆقاندن و ماڵوێرانی و هەڕەشەی دۆژمنێکی دەسەڵاتداری بەهێز، تەواو شەپرزە و شەکەتی کردوون. هەرچەندە ئەمە باجی ئازادییە.
لەگەڵ پەڕۆشیی خۆم بۆ ئێوە، ئێستا ئەو گلەییەتان لێدەکەم ، کە دوێنی تۆپ و تەیارە و چەتە و جاشی ئەردوگان، زۆر دڕەندانەتر لە جوولەکە، ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیلی شارەکانی عەفرین و کۆبانی و سەریسپی و قامیشلوو و عامودێ… قەتل و عام دەکرد و ماڵەکانی تاڵان و وێران دەکردن و مەزرا و باغ و ڕەزاکانی دەسووتاندن، قەت نەدەبووایا، ئێوە لە مسجد الاقصى دەست بۆ ئاسمان هەڵبڕن و دوعاو نزا بخوێنن، خودا ئەردوکان و چەتە و جندرمەکانی بەسەر کورداندا سەرخات و کوردەکان زەلیل و یەخسیر بکات.
ئاخر، خۆ ئەگەر نەتەنیاهۆ، جوولەکەیە و زایۆنزمە، خۆ ئەردوکان موسڵمان و ئیسلامییە و کوردیش، نەوەی ئەو سەڵاحەدینەن کە ڕۆژێک دەروازەکانی قودسی بۆ واڵاکردن!
گلەیی بێ، کە ئێوەش وەک کورد، خاکتان داگیرکرابێ و ستەمتان لێکرابێ، چۆن ویژدانتان رێێ پێدان ئەو خەتایە گەورەیە بەرانبەر کوردان بکەن؟

نامەی دووەم:
ئەی ئەو جوولەکانەی ئێستا لە ژێرزەمینەکاندا خۆتان مەڵاسداوە:
هەرچەندە ئیوەش حەفتا ساڵێکە، لە ژینگەیەکی دژوارو نائارامی پڕ شەڕ و تەقینەوە و خوێن و سووتاندا، ژیان بەسەر دەبەن و گۆبەندێکی درێژخایەنی چارەنەکراوتان بۆ خۆتان ناوتەوە و هیچ ئایندیەکی ڕوونی دیار نییە، وا چەند ڕۆژێکە، جار جار خۆتان دەخزێنە ژێرزەمینەکان و کوونە تەیارەکان، لە ترسی مووشەکەکانی غەززە.
دەزانم، ئەو خۆزیندانیکردنەی ئێوە، ساتەکانی قورسە، ناخۆشە، خنکێنەرە و دڵپەست دەکات و هزر و هۆش دەشێوێنێ، لە دۆست و ئازیزان دادەبڕن و ترستان لێدەنیشێ.
لێ گلەییەکیش لە ئێوە: باڵاترین سەرکردەتان، زەلیلانە دەستی نایە نێو دەستی دوژمنی بابەگەورەتان ـ یاسیر عەرەفات، و چاکبوونەوە، کەچی چونکە ڕۆژێک ئاپۆ، لایەنگری خەباتیی فەلەستینییەکان بوو، بە پیلانێکی گڵاو، لەگەڵ دۆستتەکانتان، ئەو قارەمانەتان یەخسیر کردو خزانتانە نێو زیندانی دڕندەترین نەتەوەپەرستیی ئەم جیهانە.
ئەگەر ئێوە چەند سەعاتێکە لە ژێر زەمینن، ئەوا ئاپۆی ورە قەندیل (٨١٢١) شەو و ڕۆژە لە زیندانێکی ئینفرادی دوورەدەست، لە دورگەیەکدا، بە دەستی ئێوە، بەندکراوە، نەک خزم و دۆستەکانی نابینی و دابڕاوە لە جیهان، تەنانەت مانگ و ئەستێرەکانی خوداش نابێ ببینی.
گلەیی بێ، لە ئێوە، چۆن ئەم زوڵمەتان قبوڵکرد، خۆشتان بە دیموکراتخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەند ناوزەند دەکەن؟

نامەی سیێەم:
بۆ هەموو ئەوانەی پێشتیوان و پاڵپشت و نابگخوازی ئاشتی و ئازادین لە جیهاندا:
هەرچی خۆپێشاندان و چالاکیی هەیە، بیکەن لە پێناو کۆتایی هێنان بە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانی، منیش پشتیوانتانم، منیش حەزدەکەم ئەو ماڵوێڕانییەی غەززە و هەموو جیهان، هەر ئێستاو تاهەتایە، کۆتاییان پێ بێت.
بەڵام، ئەگەر ئێوە هێندە مرۆڤدۆست و باخەبەری ستەمەکانی نەتەوە مەزلومەکانن، گلەییەکیشم لە ئێوە هەیە، خێرە وا ئیمڕۆ گرج و گۆڵ و گەرم و گوڕن، ئەدی ئەو ڕۆژانەی بە هەزاران کیژ و ژنی ئێزیدی سەربران و لاقەکران و کران بەسەبایە، ماقوولە هەر هەمووتان خەوتبوون؟ ئەدی کە ئەو سەدان گوند و شارەی کوردان سووتاو وێرانکراو بە زیندی چاوان ژن و منداڵ و گەنجیان بە بەنزین بە بەرچاوەی خەڵکە دەسووتاند، ماقوولە، ئێوە هەر هەمووتان بێخەبەر بوون….. زۆر زۆریتریش….
ئەمە ڕێیایکاریی نییە….؟ خۆ کوردیش نەتەوەیە و زۆرینەی موسڵمانە و هەر نەبێ مرۆڤە؟ ئەرێ، ئێوە لە کوێن؟ ئەدی، ئێستا لە کوێن، خۆ زوڵمەکان بەردەوام؟

نامەی چوارەم:
ئەی کوردی سۆزداری مرۆڤدۆستی خوداپەرستیی دادپەروەر:
برین هەر برینە، فرمێسک هەر فرمێسکە، سووتان هەر سووتانە، کوشتن هەر کوشتنە، زوڵم هەر زوڵمە. منیش وەکو ئێوە لایەنگری سڤیلەکانی غەززەم، بەڵام گللەیەکیش لە ئێوە: ئەدی ئەو هەموو گوند و گوندنیشین و شاخ و داخ و ڕەز و باغ و ژن و منداڵ و پیریانەی کەتوونەتە بەر سێرەی چەکی ئاگرینی ئەردوگان لە کوردستانەکەی خۆتان، هاوخوێنی خۆتان نێن؟ موسڵمان نین؟ مرۆڤنێن؟
ئەو بەرگریکردنەی ئێوەش لە سڤیلی بیدەسەڵاتی غەززە، ڕییاکاریی تێدا نییە؟
نا… بۆ شەرو زوڵم و ستەم…
خێر… بۆ ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی… لە هەموو جیهان.
١٦/٥/٢٠٢١ دوبلن




گفتوگۆیەکی خەیاڵی لەگەڵ ئەردۆگانی دیکتاتۆردا دەربارەی داگیرکاری.. نوسینی: ثۆرۆ ڕێدکراو.. وەرگێڕانی: لوقمان ئابڵاخی

ئەردۆگان: هەر ئێستا کۆتایی بە داگیرکردن بهێنن.
ڕاوێژکار: لێی باشتر نیە، ئێمە لە ساڵی (١٩٧٤)ەوە قوبرسمان داگیرکردوە وتێچونەکەیشی زۆر کەوتوە لەسەرمان.

ئەردۆگان: نا گەوجە، مەبەستم داگیرکەری ڕاستەقینەیە کە پێویستە هەمویان بچنە دەرەوە.
ڕاوێژکار: ئەها، تێگەیشتم، مەبەستت ئەوەیە کە چیتر یارمەتی ئازربایجان نەدەین کە شاری ئارساخی ئەرمینیەکانی بە یارمەتی ئێمە داگیرکردوە.

ئەردۆگان: نا، من هەرگیز شتی وا ناڵێم، مەبەستم عەرەبەکانە کە دەمرن.
ڕاوێژکار: دیارە ناتەوێت یارمەتی مورتەزەقە ولۆردەکانی شەڕی لیبیا بدەیت کە بونەتە سەرچاوەی تۆقاندن بۆ خەڵکی لیبیا.

ئەردۆگان: نا، سود لەبەکارهێنانی ئەوان دەبینین. مەبەستم برا موسڵمانەکانمانە.
ڕاوێژکار: دیارە مەبەستت کوردەکانی ڕۆژئاوای سوریایە کە لە ڕێگەی گروپە تیرۆریست و جیهادیە مورتەزەقەکانەوە لە باکوری سوریا دەرمانپەڕاندن.

ئەردۆگان: بێگومان نەخێر، گێل مەبە، پێویستە سوریا بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
ڕاوێژکار: ئێستا لە لۆجیکەکەت تێدەگەم، مەبەستت ئەوەیە کە ئیتر لیوای ئەسکەندەرونە بگەڕێـنـیـنەوە بۆ سوریا، زۆر حەکیمانەیە.

ئەردۆگان: چی؟ ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت؟ من ئەڵێم با وجودی داگیرکاری بوەسەتێنین.
ڕاوێژکار: دیارە مەبەستت وجودی سوپاکەمانە لە بەلقان، سۆمال، ئەفگانستان و قەتەر؟

ئەردۆگان: هەرگیز. ئەمەندە گێل مەبە، پێویستە خەلافەتی عوسمانی نوێ بنیات بنێینەوە.
ڕاوێژکار: کەواتە تۆ ئەتەوێت کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی ٢٠ ملیۆن کورد بهێنین لە باکوری کوردستان ڕێگەیان بدەین بۆ ئەوەی ویلایەتێک بۆ خۆیان دروست بکەن.

ئەردۆگان: چۆن جورئەتت کرد پێشنیازێکی خیانتەکارانەی لەو شێوەیە بکەیت؟ من ئەڵێم پێویستە پەلامارەکان بوەستێنرێن.
ڕاوێژکار: مەبەستت داگیرکردن و بۆمبابارانکردنی گوندەکانی کوردستانی ئێراقە؟

ئەردۆگان: نا، ئەو بۆردمانکردنانە باشن و ئاڕاستەی تیرۆریستەکان کراون.
ڕاوێژکار: بەڵام هەمو دەوڵەتە داگیرکەرەکان وا ئەڵێن بەرامبەر بەوانەی بەرەنگاریان دەبنەوە(مقاوەمەیان دەکەن).

ئەردۆگان: بەڵێ، ئەوانەی کە دەوڵەتیان نیە، پێویست مافی چارەی خۆنوسینیان هەبێت.
ڕاوێژکار: تێگەیشتم، واتە تورکیا یارمەتی سەربەخۆبونی تامیل، بلوچ، ڕۆژئاوای پاپوا، سەحراویە، قەبایل و باسک بدەین.

ئەردۆگان: ئەوە تۆ شێتیت؟ سری لانکا، پاکستان، ئەندۆنیسیا، مەغریب، جەزائیر و ئیسپانیا هاوپەیمانی تورکیان.
ڕاوێژکار: بمبورە جەنابی خەلیفە، من تا ئێستا تێناگەم مەبەستت چیە؟

ئەردۆگان: مەبەستم داگیرکاریەکەی ئیسرائیل بۆ فەلەستین کۆتایی پێ بهێنین.
ڕاوێژکار: ئێ، تێدەگەم، بەڵام تۆ هەرگیز بە کردەوە دژی ئیسرائیل نەوەستاویتەوە، هەموی قسە و موزایەدەی کاتی هەڵبژاردنەکان بوە. چیە؟ ئەمجارە بە جدیتە؟
ئەردۆگان: (بە قاقای پێکەنینەوە)، ئەوە ئەقڵت لە دەستداوە؟ من کە ئەمە دەڵێم تەنها بۆ ئەوەیە کە وای پیشان بدەم کە سەرکردایەتی ئۆمەتە خەیاڵیەکەم بکەم. (مەبەستی ئۆمەتی محەمەدە – وەرگێڕ)

ڕاوێژکار: کەواتە ئەمە هەموی بۆ خۆدەرخستن و موزایەدەیە.
ئەردۆگان: ڕێک وایە. دەی کوفیەکەم بدەرێ با سێڵفیەکی پێوەبگرم و لەگەڵ کەمێک لەو پارەیەی ‌هیرمیس داوێتی بە خێزانەکەم بۆ بازاڕکردن، بنێرم بۆ حەماس.

لینکی وتارەکە بە ئینگلیزی لە فەیسبوکدا: https://www.facebook.com/groups/KurdsUSA/?multi_permalinks=3543084232462076&notif_id=1621216491839680&notif_t=group_activity&ref=notif

2021-16-05
وەرگێڕانی: لوقمان ئابڵاخی




مەرگەساتی بەهار.. سوهەیلا مێهەمى

بە جێم بهێڵن،
لە نیشتمانی گەردەلوولدا
خاکیتر خەونەکانم،
خەمڵاوە
پرچی زێڕینی هێوا،
بە ددانی خاک و دەستی با،
مەزات
بە خاچی بەروارێکدا
فرمێسکم،
سوور بە تەمەنی خودادا
خنکانی کانی و
خەڵۆزی دارستان
لە ئاوێنەی شەڕێکی پیرۆزدا،
مردنەکانمان پیر دەبێ”.

سنە
سوهەیلا مێهەمى




ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین، کۆڕێک بۆ کتێبی ( گێرانەوە لەداستان و شانۆدا مەم و زین بەنمونە) سازدەکات.

ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین، کۆڕێک بۆ کتێبی ( گێرانەوە لەداستان و شانۆدا مەم و زین بەنمونە) سازدەکات.
لەنووسینی( هاوکار جەمیل)
بەئامادەبوونی نووسەر و ڕەخنەگر (دڵشاد کاوانی) بۆ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیی لەبارەی کتێبەکە.

ڕۆژی چوارشەممە 2021/5/19
کاتژمێر 4:30 ئێوارە
شوێن: هەولێر، داونتان، کتێبخانەی مەم و زین.




وێڕم، وێڵم، لێڵم.. بینەر میرزا

دیمەنێکە؛
ئەم ژیانە؟
کام سەردەمە؟
ورتە ورت دێ؛
بۆنی خودا؟
ئاسوودەی؟
گیانبەخشینم بە شوومییەک
زەمەن گەڕای، بۆ تاریکی
ڕەشەبایە؛
کام کیژۆڵە تۆ مەبەستە؟
سکی برسی کام کرێکار؟
دەردی مۆسقۆفان، یاشی لە تۆ؟،
ڕێ بوو نا سۆڵ؛
ئاوازی مەرگی بێهوودە ئەژەنی؟
نا نا نۆتەی نەبوو چوونکم هێڕ بوو!،
دەبەسیکە، ئاه؛
وێڕیم یان وێڵیم یان لێڵیم؟.
لێبوونەوە لە گەردوون؟
مردن بە کەوتنە خوارەوە لە جۆلانە وەک ئەوە وایە
ببی بە تەم لەنێو گزنگی هەتاودا
وێنەی پرشنگێک، دەکێشم
هەر ڕۆژێک دێت بەسەر ئاسۆی نیشتماندا
پڕ دەدات و
شین دەبین و، چیدی نایکەین شین
وێڵم لە چیاکاندا کام هەڵۆی بەرزەفڕ
لە سۆنیادا ئازادیی بەدی دەکا
پەڕی کام گوڵ دەبێتە لانکەی من و
ئاخۆ کەی بێت، شنەبایەک هەڵبکات و
بەیبوونەکان بلەنجێنێ تاکوو منیش
بەدیاریەوە گوێ ڕادێرم بۆ (دودوک)
و خەیاڵی خۆم بکەم لە پێناو تۆ،
وێڕم کاتێک شەقەی جزمە و پۆستاڵ
شوێنی ئاوازی شمشاڵەکانی گرتوەتەوە
لە دڵمدا سۆزی دەلاوێنێتەوە،
لێڵم، لە بنی گۆماوێکدا
ئێوە ئاژاوە بە هاتاو ئەگێڕن
کانیی بریندار ئەکەن لە پێناوی بڕێک هەتاو
وەلێ نازانن من لێڵم
وێڕم، وێڵم ،لێڵم
لە چرۆی گوڵی مینا نادڵنیام
لە لالەنگیەکان بێزارم
چوون، وێنەی خۆر دەکەن لە مێشکمدا
لە گەردووندا
ئەستێرەکان هەڵدەفڕێن و
سەردەمێکە چاوەڕێم تاکوو
ئەستێرەیەک بکشێتە نێو ئاسمانەوە
تۆ نازانی لە پێناو تۆ چیم کردووە،
زەمەنێکە بێ ئاگای لێم
تک تک دەچۆڕێ خوێنی گوڵاڵە سوورەکان
کۆترەکان هێماکەیان لێ بردراوە
ژێر پێیەکانم زیخی کانی لێ ناگەڕێ
ئاسۆی دیدم درۆی پرشنگ تەڵخی دەکا
بەڵام بە داراساکەی دەستم هەر دێم
دەیشۆرمەوە.

بینەر میرزا




له‌ بری بیره‌وه‌ری یان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ مێژوو؟!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

هیچ شۆڕشێك نییه‌ له‌ دنیادا، هه‌موو ئامانجه‌كانی خۆی بێنێته‌ دی. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجانه‌ خه‌ونی گه‌وره‌ و له‌ پێشینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی شۆڕشیش بێت. مرۆڤه‌كان به‌و خه‌یاڵه‌وه‌ به‌شداری شۆڕش ده‌كه‌ن، كه‌ دواجار شۆڕش دنیای پێشوویان بۆ بڕوخێنێت و دنیایه‌كی دیكه‌یان بۆ بونیاد بنێ. به‌ڵام نازانم كامه‌ بیرمه‌نده‌ ده‌ڵێت:( شۆڕشه‌كان زیندانێك ده‌ڕوخێنن بۆئه‌وه‌ی زیندانێكی دیكه‌ بونیاد بنێن) گه‌لێك جار شۆڕشه‌كان له‌ بری ئه‌وه‌ی خه‌ونی هه‌موومان بێننه‌ دی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ش ده‌ژاكێنێ، كه‌ به‌ شۆڕشه‌وه‌ ده‌یانبینین، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی جۆرێك له‌ په‌شیمانی دامان بگرێت. به‌ڵام به‌ بڕوای من هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ له‌وه‌ دایه‌، كه‌ هه‌موو شۆڕش ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه‌، یان كورت بكه‌ینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی به‌رپرسێك و كوشتنی مرۆڤێك. هه‌میشه‌ ئێمه‌ دیوێكی شۆڕش ده‌بینین و دیوه‌كه‌ی تری فه‌رامۆش ده‌كه‌ین. شۆڕشی كوبا، كاسترۆی به‌رهه‌مهێنا و گیڤاراش، به‌ڵام ئایا ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌ وه‌ك یه‌ك له‌ یاده‌وه‌ری مرۆڤه‌كان ماونه‌ته‌وه‌؟ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ڕه‌خنه‌كردنی شۆڕشی شاخ و خه‌باتی چه‌كداری ، به‌شێك بووه‌ له‌و نووسینانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كاندا باسكراون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ڕه‌خنه‌كردنه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی قووڵ و برینداركه‌ر له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ ده‌گیرێت، كه‌ خۆیان كاره‌كته‌ری واقیعی و بكه‌ری دیاری ئه‌و خه‌باته‌ و بڕوا پێهێنه‌ری یه‌كه‌م و كۆتایی ئه‌و شۆڕشه‌ و ئه‌و خه‌باته‌ش بوونه‌. ئه‌مه‌ش دروست ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌م دێنێته‌وه‌ یاد كه‌ (مرۆڤ ئاوی له‌ كانییه‌ك خوارده‌وه‌، نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه‌ دواتر به‌ردی تێ بگرێت) نووسینی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌شم وه‌ك ئه‌وه‌ دێته‌ به‌رچاو. چونكه‌ ئه‌وانیش له‌ ڕابردوو، له‌ مێژووی خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌ كتێبی ( له‌ بری بیره‌وه‌ریدا) كردوویه‌تی. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ ده‌توانێ قه‌ناعه‌ت به‌ كه‌س بێنێ؟ گومان ده‌كه‌م! ئه‌م كتێبه‌، دیدی مرۆڤێكه‌ بۆ شۆڕش كه‌ خۆی وه‌ك شۆڕشگێڕێك تیایدا به‌شداربووه‌ و خه‌ونی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر هه‌ڵچنیوه‌. بۆیه‌ به‌ بڕوای من ئه‌و ناتوانێت ته‌پوتۆزی ئه‌و مێژووه‌ له‌ خۆی دابته‌كێنێت كه‌ ئه‌گه‌ر مێژووه‌كه‌ ناشرینیش بێت. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بكه‌ری سه‌ره‌كی، یان به‌شداری ئه‌و ڕووداوه‌ تراژیدیانه‌ بووبێت كه‌ ئه‌و دوای چه‌ندین ساڵ، تازه‌ به‌ بیری دێنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌یان ده‌كات و (كۆنه‌ كا) به‌ با ده‌كات! به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌ویش له‌ شۆڕشه‌كه‌ دابووه‌ و به‌رهه‌می شۆڕشه‌كه‌ش هه‌ر چییه‌ك بووبێت، به‌ شكست و دۆڕان و ناشرینی، یان سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وت، ئه‌ویش هاوبه‌شه‌. ئیدی پشت كردنه‌ ئه‌و ڕابردووه‌، هه‌وڵدان بۆ نادیده‌گرتنی و به‌ ته‌لخ نیشاندانی له‌ دیدی هه‌موواندا، هه‌وڵێكی بێهووده‌یه‌، چونكه‌ له‌ به‌رای نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ خۆی، هه‌موومان مێژوو، ماهیه‌تی شۆڕش، خه‌ون و خه‌وش و جوانیی و ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و شۆڕه‌شمان بینیوه‌ و ده‌زانین كه‌ له‌ هه‌ڵو مه‌رجێكی هێنده‌ نائومێد و پڕ له‌ شكست و دۆڕان سه‌ریهه‌ڵدا، كه‌ خامۆشییه‌كی گه‌وره‌ هه‌مووانی گرتبووه‌وه‌. یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی خوێنه‌ر له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌دا له‌ هزریدا دروست ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بۆچی نووسه‌ر ئه‌و كتێبه‌ دوای چه‌ندین ده‌یه‌ ده‌نووسێت؟ به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و خۆی له‌ پێشه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، كه‌ به‌ كه‌متر له‌ مانگێك له‌ كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا، ئه‌و كتێبه‌ی نووسیوه‌ ؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بۆچی نووسه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌مزه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌ به‌ تایبه‌تی ( نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال) ده‌گرێت كه‌ له‌ ژیاندا نه‌ماون؟ هه‌مووشمان ده‌زانین باسكردنی مرۆڤانێك كه‌ مردوون و له‌ ژیاندا نه‌ماون، هه‌م له‌ ڕووی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سییه‌وه‌، هه‌میش له‌ ڕووی سیاسی و فیكری و حزبییه‌وه‌، نه‌نگییه‌كی زۆره‌ و هاوكات نابێته‌ جێگه‌ی یه‌قینی هیچ كه‌سێكیش، ئه‌گه‌ر سه‌د له‌ سه‌د ئه‌و باسكردنه‌ هیچ گومان و زێده‌ گۆیه‌كیشی تێدا نه‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر یه‌ك هۆكاری ساده‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و سیاسی و سه‌ركردانه‌، له‌ ژیاندا نه‌ماون تاكو ڕاستی ڕووداوه‌كان باس بكه‌ن و ده‌رفه‌تی وه‌ڵام و به‌رگریكردنیان له‌ خۆیان هه‌بێت. كوردیش وته‌نی مرۆڤ كه‌ مرد، شه‌یتان ده‌ستی لێ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێته‌ خانه‌ی قسه‌ هه‌ڵبه‌ستن به‌ ده‌می مردووه‌وه‌. ئیدی باسكردنی كه‌سه‌كان دوای مه‌رگییان، ئاكارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی جوان نییه‌، به‌ تایبه‌تیش كاتێ ئه‌و باسكردنه‌ كه‌سانێك ده‌كاته‌ ئامانج، كه‌ هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوبیری نزیكی ڕه‌خنه‌گره‌كه‌ خۆی بێت. كتێبی له‌ بری بیره‌وه‌ری، ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی بۆ ڕه‌خنه‌گرتن و ناشیرین نیشاندانی خه‌باتی چه‌كداری و به‌ تایبه‌تیش یه‌كێتی ته‌رخانه‌. نووسه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌ له‌ میانه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی شاخدا ڕوویانداوه‌ و ساڵانێكی زۆر به‌ سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه‌. له‌و گێڕانه‌وانه‌یدا، ته‌نانه‌ت تاڵه‌بانیش نه‌بوێردراوه‌، كه‌ هه‌تا دوا كۆنگره‌ی یه‌كێتی، مه‌لا به‌ختیار به‌ (جه‌نابی مام) ناوی ده‌هێنا. بێگومان ئه‌مه‌ گرفته‌كه‌ نییه‌، چونكه‌ ئاساییه‌ كه‌سانێك ڕه‌خنه‌ی حزبایه‌تی و شۆڕش و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی بكه‌ن و پشت بكه‌نه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ سیاسییه‌كی وه‌ك مه‌لا به‌ختیار بێت. چونكه‌ ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌ ڕێی ئه‌و شۆڕشه‌ به‌ خه‌باتی نهێنی، ناو شار، شاخ و دوای ڕاپه‌ریندا، له‌ نێو یه‌كێتی برده‌ سه‌ر. ئه‌گه‌ر گریمان یه‌كێتی خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو خه‌وش و ناشرینییه‌ بووه‌، بۆچی له‌ نێو یه‌كێتی ده‌مایه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر پاساوی ئه‌وه‌ بێت، ئاڵای شۆڕشی دامه‌زراند و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ زیندانیكرا و له‌ سه‌رده‌می شاخدا نه‌وایه‌كی نه‌بووه‌ په‌نای بباته‌ به‌ر، بۆچی له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ جارێكی تر له‌ زه‌حمه‌تكێشانه‌وه‌ چووه‌وه‌ نێو یه‌كێتی و تا پۆستی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی ڕۆیشت؟ هیچ دیمانه‌یه‌كی ناوبراویشم نه‌دیوه‌، ده‌یان و سه‌دان جار ده‌سته‌واژه‌ی ( جه‌نابی مام) دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌. كه‌ واتا ئه‌مت له‌چی و ئه‌مه‌ت بۆ؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی دیلی كوشتبێت، له‌ سه‌ر خۆشه‌ویستی سزای ژنی دابێت، كه‌سانی بێ تاوانی زیندانی كردبێت و كوێخا و ده‌ره‌به‌گ و ئاغای له‌ ئامێزی خۆی گرتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، بۆچی ئاماده‌ بووه‌ هه‌ر یه‌كێتی بێت؟ بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ناوبراو له‌ یه‌كێتی، به‌ بڕوای من هیچ به‌هایه‌كی سیاسی، فیكری، مه‌عریفی و مێژووییان نییه‌. به‌ڵكو یه‌كێتی بوون مۆركێكه‌ به‌ مه‌لاوه‌ نووساوه‌ و تا ده‌شمرێت خه‌ڵك به‌ یه‌كێتی ده‌زانێت. ئیدی هه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنێك له‌ یه‌كێتی و سه‌ركرده‌ و كادیر و پێشمه‌رگه‌كانی، نووسه‌ر پێی بزانێت یان نا، حه‌ز بكات یان نا، له‌ دیدی من ڕه‌خنه‌كردنی خۆیه‌تی. ئه‌و كتێبه‌، ئه‌و كاته‌ به‌ های ده‌بوو، ئه‌و كاته‌ ڕه‌خنه‌كان شوێنی خۆیان ده‌گرت و لۆژیكی ده‌بوون، كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ و ناشرینییه‌كانی بوایه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی وێنای ده‌كات. ده‌نا كاره‌كته‌رێكی سیاسی، كه‌ ته‌مه‌نی خۆی له‌ نێو شۆڕش و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌ بردبێته‌ سه‌ر و هاوكات داكۆكیكه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ( جه‌نابی مام ) یش بووبێت تا ژیان ئاوایی نه‌كردبوو ، ئیدی نازانم خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و مێژووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی لنگه‌ و قووچ ، یاخود تاوانباركردنی مام به‌ بێده‌نگی و به‌ ئاگابوون له‌ به‌شێك له‌و ڕووداوه‌ تراژیدیانه‌، چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ به‌شێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی نووسه‌ر له‌ شۆڕشی كوردی و خه‌باتی شاخ ده‌یانگرێت، بۆ خوێنه‌ر جێگه‌ی سه‌مه‌ره‌ن، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك له‌ دووره‌وه‌ ڕوانیبێتییه‌ ئه‌و خه‌باته‌ و دژی ئه‌و ڕێبازه‌ سیاسییه‌ بێت كه‌ شۆڕشه‌كه‌ی له‌ سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌. بۆ نموونه‌: نووسه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ (45) ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(حزبه‌ سیاسییه‌كانی كورد، كاتێك له‌ قۆناغی ژێر زه‌مینی گواستویانه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌باتی چه‌كداری، به‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی كادر و ئه‌ندامانییان كه‌ به‌ نه‌هێنی په‌روه‌رده‌یان كردوون، ده‌ره‌قه‌تی له‌شكرێك چه‌كدار و ئه‌ندام ولایه‌نگری كۆنه‌پارێز نه‌هاتوون) سه‌رنج بده‌ن، له‌ جیاتی پێشمه‌رگه‌ چه‌كدار به‌كار دێنێت، واتا به‌ مه‌به‌ست ده‌یه‌وێت پیرۆزی ئه‌و شوناسه‌ بگۆڕێت. له‌ ڕاستیدا، ئه‌مه‌ بۆچوونی هه‌ر كه‌سێك بوایه‌ جێگه‌ی له‌ سه‌ر وه‌ستان نه‌بوو، به‌ڵام بۆ سیاسی و ڕۆشنبیرێكی وه‌ك مه‌لا به‌ختیار، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌، چونكه‌ نابێ ئه‌و هێنده‌ له‌ واقیعی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێ ئاگا بێت.
هه‌موومان ده‌زانین ئه‌وانه‌ی نووسه‌ر به‌ كۆنه‌ پارێز ناویان ده‌بات، ئه‌و چینه‌ هه‌ژار و چه‌وساوه‌ و شۆڕشگێڕه‌ن، كه‌ پانتایه‌كی گه‌وره‌ له‌ شۆڕش و بزوێنه‌ری خه‌باته‌ چه‌كدارییه‌كه‌ بوون. ئه‌وانه‌، له‌ ڕووی پێكهاته‌ و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ئاماژه‌ بن بۆ هه‌ر شوناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێت كه‌ به‌شدار و قوربانیده‌ر و درێژه‌ پێده‌ری سه‌ره‌كی و هه‌میشه‌یی خه‌باتی شاخ بووینه‌، هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ بژارده‌ سیاسی و ڕۆشنبیریه‌كه‌ی شۆڕش. پاشان هیچ شۆڕشێك و خه‌باتێكی چه‌كداری هه‌یه‌ له‌ دنیادا، نوخبه‌یه‌كی سیاسی و ڕۆشنبیر به‌ ته‌نها سه‌ری خستبێت؟ گومانم نییه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، كه‌ به‌ وردی ئاگاداری مێژووی سیاسی جیهانه‌، مه‌به‌ستی له‌و بۆچوونه‌، ته‌نها لێدانه‌ له‌ یه‌كێتی و خه‌باتی شاخ و كاره‌كته‌ره‌كانی، ده‌نا دیسانه‌وه‌ بۆچی ئاماده‌ بووه‌ هاوسه‌نگه‌ری ئه‌و كۆنه‌ پارێزانه‌ بێت؟ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ده‌كرێ بپرسین، ئاخۆ مام جه‌لال و نه‌وشیروان، ماهیه‌تی ئه‌و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یان نه‌ناسیوه‌ و نه‌زانیوه‌؟ بێگومان زۆر زیاتریش له‌ مه‌لا به‌ختیار، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌یان له‌وه‌ دایه‌، كه‌ ئه‌وان سیاسی دووربین و خوێنه‌وه‌ی وردیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان كردووه‌ و ده‌شیانزانی خه‌باتی شاخ به‌ ته‌نها، به‌ مه‌لا به‌ختیار و كادیر و خوێنه‌واره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ سه‌ر ناكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بێ كرێكار، مامۆستا، كادیر، كوێخا، بگره‌ سه‌رۆك هۆز و عه‌شیره‌تیشیان له‌گه‌ڵ دابێت. ئه‌مه‌ واقیعی سۆسیۆلۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ و ده‌بێ قبولمان بێت. ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌گه‌ر یه‌كێتی یان هه‌ر حزبێكی تر، بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و هه‌موو نووسه‌ران و ڕۆشه‌نبیرانی كوردیش ده‌نگی پێ بده‌ن، ناكاته‌ نیو كورسی په‌رله‌مان. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار ده‌یڵێت، به‌ داخه‌وه‌ شكانه‌وه‌ و گاڵته‌كردن و به‌كه‌م سه‌یركردنی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌، كه‌ به‌شداری خه‌باتی شاخ بووینه‌ و دڵنیاشم زۆرینه‌یان هاوڕێ و هاو ڕێبازی نزیكی ئه‌و بوونه‌. ئیدی ئه‌و جۆره‌ باسكردنه‌، ته‌نها ڕشتنی كینه‌یه‌كی سیاسییه‌، كه‌ ده‌رهاوێشته‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتییه‌ و هیچی تر.

بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا، پارادۆكسی زۆریان تێدایه‌، كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ گۆڕینی هه‌ڵوێست و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ بنه‌مای خه‌باتی سیاسی له‌ ڕابردوودا، به‌ تایبه‌تیش یه‌كێتی بوون ده‌كات. ئه‌مجاره‌یان له‌ لاپه‌ڕه‌ (105) دا ده‌نووسێت:( كه‌ مفاوه‌زاتی یه‌كێتی و حكومه‌ت له‌ ساڵی 1984كرا، خۆم هه‌ر باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ به‌ عس مافی كورد بدات) نووسه‌ر له‌ كاتێكدا، دوای سی و شه‌ش ساڵ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت، كه‌ خۆی ئه‌ندامی ئه‌و وه‌ڤده‌ بووه‌ و ده‌یان وێنه‌شی له‌و مفاوه‌زاته‌ بۆ یادگاری گرتوون! له‌ وێنه‌كانیشدا، نه‌مبینیوه‌ نیگه‌رانییه‌ك به‌ ڕووخساری مه‌لا به‌ختیاره‌وه‌ دیاربێت كه‌ بڕوای به‌و دانیشتنانه‌ نه‌بووه‌. ئیدی حاشاكردن له‌و مێژووه‌ تاكوێ بڕ ده‌كات؟ ئه‌مه‌ ئه‌و كاته‌ شوێنی خۆی ده‌گرت و ده‌بووه‌ مێژووێكی سیاسی و ده‌سكه‌وتێكی كه‌سی و تایبه‌تی بۆ ئه‌و، كه‌ له‌ ساتی مفاوه‌زاته‌كه‌ بوایه‌ نه‌ك ئێستا ئه‌مه‌ بڵێت. گه‌رچی نووسه‌ر، له‌ پێناو ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی، مام جه‌لال ده‌كاته‌ گه‌واهیده‌ر، به‌ڵام ئه‌و له‌ ژیان نه‌ماوه‌، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ ژیان نه‌مابێت، ناتوانرێت بكرێته‌ گه‌واهیده‌ر به‌ سه‌ر هه‌ر ڕووداوێكه‌وه‌ بێت. مه‌لا به‌ختیار توندتریش ده‌دوێت و ئه‌مجاره‌یان هه‌رپه‌یوه‌ست به‌و مفاوه‌زاته‌ له‌لاپه‌ڕه‌ (220) دا ده‌نووسێت:( مام جه‌لال له‌ مفاوه‌زاتی 1983 1985سه‌رنه‌كه‌وت) نووسه‌ر له‌ كاتێكدا تاڵه‌بانی وه‌ك كه‌سێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو له‌و مفاوه‌زاته‌ ده‌ناسێنێت، كه‌ خۆشی ئه‌ندامی هه‌مان وه‌ڤد بووه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها به‌ ئامانج گرتنی تاڵه‌بانییه‌. چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین مام جه‌لال به‌ ته‌نها مفاوه‌زاتی نه‌كردووه‌ و شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ له‌ (مه‌لا به‌ختیار و ملازم عومه‌ر و فه‌ریدون عه‌بدولقادر و فوئاد مه‌عسوم) پێكهاتبوون، ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ بوون. له‌ سرووشتی كاری دیبلۆماسی و دانوستانی نێو شاند و وه‌ڤده‌كانی دوو لایه‌نی نه‌یار و ناكۆكیشدا، هیچ كاتێك شكست، یان سه‌ركه‌وتنی دانوستانه‌كان، ناخرێته‌ ئه‌ستۆی تاقه‌ كه‌سێك، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یڵێت نا لۆژیكی و نا بابه‌تییه‌. بێگومان خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌ر بۆ ڕووداوه‌كانی ئه‌وكات، له‌ كڵاوه‌ڕۆژنه‌ی ئێستاوه‌ و به‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌، جۆرێك له‌ شێواندنی مێژوویی دروست ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو ڕووداوێك، په‌یوه‌سته‌ به‌و زه‌مینه‌ و زه‌مه‌نه‌ی تیایدا ڕووده‌دات، بۆیه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و كاتی شۆڕش دروست ببن، به‌ڵام كاتێ به‌ ڕوانگه‌ی ئێستا ده‌یانخوێنینه‌وه‌ و ده‌یانبه‌ستینه‌وه‌ به‌ واقیعی ئێستا، ئه‌وا خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تییانه‌ نییه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌لابه‌ختیار هه‌زاران جار ڕه‌خنه‌ له‌و واقیعه‌ و له‌و ڕابردووه‌ بگرێت، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌، چونكه‌ خۆی له‌ نێو ئه‌و واقیعه‌ بووه‌ و هه‌ڵوێستێكی كرداریشی نه‌نواندووه‌ وه‌ك په‌رچه‌كردارێك، كه‌ بۆچی به‌ نموونه‌ یه‌كێتی دیل ده‌كوژێت؟ ئه‌و نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌كردووه‌، بگره‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، یه‌كڕاست سه‌نگه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌ نێو یه‌كێتی. نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قێزه‌وه‌ن نیشاندانی خه‌باتی شاخ و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:( هه‌رێمه‌كان له‌ گه‌شه‌كردنی عه‌سكه‌ری دابوون و هاوكات سه‌رانه‌سه‌ندن، وه‌ك كۆیله‌ سه‌یركردنی خه‌ڵكی، ئازاردان و لێدانیش بره‌وه‌ی ده‌سه‌ند. لا349) ڕه‌نگه‌ زۆربه‌مان بزانین كه‌ ئه‌م دیارده‌ ناشرین و نا شۆڕشگێرییانه‌، له‌ په‌راوێزی شۆڕشی شاخدا بوونیان هه‌بووه‌، به‌ڵام پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، بۆچی نووسه‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، ئێستا كۆنه‌ كا به‌با ده‌كات و ئه‌وكات هه‌ڵوێستی نه‌بووه‌؟ كه‌ ده‌یزانی ئه‌مه‌ ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی شاخه‌ به‌ بڕوای ئه‌و، بۆچی ئاماده‌بوو هاوسه‌نگه‌ر و هاو ڕێبازی ئه‌و(جه‌لادانه‌) بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌سفیان ده‌كات؟ بۆچی وازی له‌ ژیانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی نه‌هێنا و وه‌ك په‌رچه‌كردارێك نه‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌؟ بۆیه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خوێنه‌ر و فریودانی خه‌ڵكه‌ له‌لایه‌ك كه‌ شۆڕش و خه‌باتی شاخ له‌مه‌دا كورت بكاته‌وه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، دوای چل ساڵ زیاتر تازه‌ بێت ڕه‌خنه‌ له‌و دیاردانه‌ بگرێت. ئه‌و له‌كاتێكدا ئه‌م كردار و ڕه‌فتارانه‌ی بینیوه‌ و به‌ چاوی ئێستا و به‌ تێگه‌یشتنی ئێستای خۆی ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت، كه‌ هه‌رخۆی دان به‌وه‌ دا ئه‌نێت كه‌ له‌ نێو چه‌قی ڕووداوه‌كان بووه‌. به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌لاپه‌ڕه‌ (366) دا ده‌نووسێت:(به‌نده‌ له‌ ساڵی 1976 وه‌ نه‌ك هه‌ر ئاگام له‌ ڕووداوه‌كانه‌، به‌ڵكو له‌ نێویشیان دابوومه‌) ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوون و ڕه‌خنانه‌ی خۆیه‌تی. بێ ده‌نگ بوون له‌ سه‌ر هه‌ڵه‌ و تاوان له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌، هاوبه‌شیكردنه‌. به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌، قسه‌كردنه‌ له‌ سه‌ر ئاڵای شۆڕش و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ڕووبه‌ڕووی نووسه‌ر بوونه‌ته‌وه‌، له‌ میانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و ڕه‌وته‌ و جیابوونه‌وه‌ی. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ مێژووه‌ و دیاره‌ و زۆریشی له‌ باره‌وه‌ نووسراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نا لۆژیكییه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ر جیابوونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش له‌ یه‌كێتی، هاوشێوه‌ی جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕیندا ده‌بینێت. به‌ بڕوای ئه‌و، نه‌وشیروان و یه‌كێتی كه‌ دژی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌وان بوون، خۆی له‌ یه‌كێتی جیابووه‌وه‌ و گۆڕانی دامه‌زراند و مام و یه‌كێتیش قبولیان كرد. نووسه‌ر كه‌ سیاسییه‌كی به‌ ئاگاو ڕۆشنبیره‌، ده‌بوو ئه‌و دوو هه‌ڵًومه‌رجه‌ سیاسی و بابه‌تی و شۆڕشگێرییه‌ی به‌راوردی یه‌كتری كردبا، كه‌ گۆڕان و ئاڵای شۆڕشی تیادا دامه‌زران. ئاخر جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتێك، له‌ هه‌ناوی حزبێكی سیاسیدا، ئه‌و حزبه‌ش له‌ یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ ده‌یان نه‌یاری خۆی له‌ شه‌ردا بێت، وێرای ئه‌مه‌ش له‌ قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و خه‌باتی چه‌كداری دابێت، له‌ هه‌مووشی سه‌ختتر له‌ به‌رامبه‌ر هێزێكی شۆفێنی وه‌كو به‌عس وه‌ستابێته‌وه‌، چۆن وه‌كو جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتێكه‌ له‌ زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌ زه‌مه‌نی ئازادی و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری فره‌یی سیاسی و حزبییه‌؟ ئه‌م به‌راوردكارییه‌، هه‌ر كه‌سێك بیكات بڕوام وایه‌ له‌ بێ ئاگایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار زۆرتر پاسا و هێنانه‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ له‌وه‌ی بێ ئاگایی بێت. ده‌نا خۆی باش ده‌زانێت ئه‌م دوو جیابوونه‌وه‌یه‌، له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ زۆر جیان له‌ یه‌كتری و هه‌ر به‌راوردیش ناكرێن. ئه‌م كتێبه‌، گه‌رچی به‌شێكی زۆری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كتێبیه‌كه‌ی(برایم جه‌لال)ه‌، ، به‌ڵام ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها ده‌مانه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك بپرسین، كه‌ بۆچی و له‌ به‌رچی ئه‌و كتێبه‌ له‌ ئێستا ده‌نووسێت و بڵاو ده‌كاته‌وه‌؟ كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕوونه‌، چونكه‌ یه‌كه‌م: پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی له‌ نێو یه‌كێتی نه‌ماوه‌، دووه‌م: هه‌ریه‌ك له‌مام جه‌ل و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیان نه‌ماون.

نووسه‌ر گه‌رچی به‌ كه‌سێكی ورد له‌ ڕووی نووسین خۆی ده‌ناسێنێت، به‌لام گه‌لێك هه‌ڵه‌ی له‌و كتێبه‌دا كردووه‌ وه‌ك:

  • لا38 نووسیویه‌تی:_( مه‌حمه‌د حه‌لاق و هاوڕێكانی له‌ ساڵی 1994 شه‌هید كران) بێگومان ئه‌م به‌رواره‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌ 2/11/1995 له‌ ڕووداوێكدا كوژران.
  • لا63 نووسیویه‌تی:_( شه‌ڕی قرناقاو پشت ئاشان له‌ ساڵی 1982بوو) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ 1/5/1983ڕوویدا.
  • لا 98 (نووسه‌ر سه‌ید كاكه‌ی به‌ شه‌هید داناوه‌) له‌ كاتێكدا ئه‌و هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌.
    *لا 121 نووسیویه‌تی:_(مه‌نه‌لۆگ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆدیالۆگ و ڕووداوی ڕابردوو) به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو فلاشباكی پێ ده‌گوترێت، مه‌نه‌لۆگ به‌ مانای خۆدواندن له‌ ناخه‌وه‌.
  • لا 191 ( نووسه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌حمه‌د بانیخێلانی ده‌گرێت كه‌ چۆن به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت چه‌كدار) به‌ڵام هه‌ر خۆی پێشتر له‌ لاپه‌ڕه‌ 45 دا چه‌كداری نووسیوه‌. ئه‌مه‌ش نه‌بوونی ئاگاییه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گرتن.
  • لا 213 نووسیویه‌تی:_( شیعری هه‌واره‌ی سه‌یدا ساڵحی نه‌مر له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای سلێمانی كراوه‌ته‌ سروود) ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و سرووده‌ كه‌ به‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان (ئاراس محه‌مه‌د شه‌وقی) و(كامل مسته‌فا) گوتراوه‌، له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای زانكۆی سلێمانی له‌ ساڵی 1977 كراوه‌ته‌ سروود.
  • لا272 نووسیویه‌تی:_( ناحیه‌ی سه‌ید سادق) ئه‌مه‌شیان هه‌ڵه‌ی تێدایه‌، چونكه‌ ناحیه‌ نییه‌ و قه‌زایه‌.
  • لا340 نووسیویه‌تی:_( به‌یاننامه‌ی 27ی حوزه‌یرانی ساڵی 1967) به‌ڵام ساڵه‌كه‌ 1966 بوو. چونكه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و شكسته‌ ڕاگه‌یاندرا كه‌ سوپای عێراق له‌ شه‌ڕی هه‌ندرێن مانگێك پێشووتر تووشی ببوو.
  • لا450 نووسیویه‌تی:_(خۆپیشاندانه‌كانی 17 ی شوباتی 2012) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ساڵه‌كه‌ 2011بوو.
    دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، گه‌رچی نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا، باس له‌ ڕقی سایكۆلۆژی و كینه‌ی سیاسی ده‌كات و هه‌وڵده‌دات شرۆڤه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بكات و خۆشی له‌ نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و هه‌سته‌ سایكۆلۆژییه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ زمانی ئه‌ویش له‌وكتێبه‌دا، له‌ گه‌لێك شوێن زمانێكه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و كینه‌ سیاسییه‌ی ڕابردوو دایه‌ و گه‌لێك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌م كه‌وتنه‌ به‌رچاو، كه‌ توندوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی نووسینی سیاسییانه‌ن. بۆ نموونه‌ وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی: ( سووكی وه‌كو خۆی لا 114) ئه‌مه‌ش ده‌له‌لاته‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و خۆشی تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ڵگری ئه‌و زمانه‌یه‌، كه‌ بارگاوییه‌ به‌و كینه‌یه‌. له‌ مه‌ش سه‌یرتر و كاره‌ساتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌ ڕابردووی خۆی هه‌ڵگه‌راوه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك باسی یه‌كێتی و كادیر و ته‌نانه‌ت سكرتێره‌كه‌شی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بۆ چركه‌یه‌كیش یه‌كێتی نه‌بووبێت. ئیدی نازانم نووسه‌ر كێ چه‌واشه‌ ده‌كات و فریوی ده‌دات؟ ده‌یه‌وێت مێژووێك باس بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت و مه‌به‌ستیه‌تی، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ڕوویداوه‌ و ده‌بینرێت و ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ر چییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت، مه‌لا به‌ختیار له‌ كتێبه‌كه‌یدا، له‌ بری ستایش داده‌به‌زێته‌ سه‌ر یه‌كێتی، خۆی وا وێنا ده‌كات كه‌ ته‌ماشاكه‌رێكی ئه‌و مێژووه‌ و ئه‌و ڕووداوانه‌ بووه‌. دواجار ئه‌م كتێبه‌ به‌ بڕوای من، هیچ ئه‌رزشێكی سیاسی و مێژوویی نییه‌. چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا نووسراوه‌ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ نه‌ تاڵه‌بانی، نه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیاندا نه‌ماون. ئه‌مه‌ش ته‌نها یه‌ك ئاماژه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش نابوێری نووسه‌ره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، پێش مه‌رگی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌. ئه‌مه‌ بڕوا و تێگه‌یشتنی منه‌ دوای خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌.
  • په‌راوێز :_ له‌ بری بیره‌وه‌ری: نووسینی: مه‌لا به‌ختیار، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌ری چاودێر_2020سلێمانی.



خێر و سەدەقەی نیولیبڕاڵیزم لەم جەژنەدا گۆشتی قوربانی گەلانی ناوچەکەیە.. ئیبراهیم بابان

لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە چەقی ململانێی زلهێزەکانی دونیا و بازاڕێکی گەورەی ساغ کردنەوەی کاڵاکانی وڵاتانی بەرهەمهێن.
لەئێستا پڕۆژەی نیولیڕاڵیزمی جیهانی بەڕابەرایەتی ئەمریکا و بەریتانیا هاوکات بەشێک لەوووڵاتانەی کە لەژێر پەردەی دژە نیولیڕاڵی و پۆزەتیفست بە تایبەت وڵاتی چین کە ئاڵاکەی چەکۆش و داسە کەچی ئیمپریالیستێکی سەردەمیانەیە لەڕێی داگیرکردنی بازاڕ. ئەمیش دەستێکی باڵای هەیە لەهەمو پشێوی و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە وەکو زیندەورێکی کوشندە کەوتونەتە گیانی ئەم ناوچەیە و هەر ڕۆژێ بە جۆرێک و بە بیانوێک شەڕعیەت بە داگیرکاریی و دەستوەردانەکانیان ئەدەن، لە هەمانکاتدا ئەم زیندەوەرە دڕندەیە گەڕای داناوە بە ئاشکراو بە نهێنی تێر خۆراکیان ئەکات و بە کاریان دێنێ هەرکاتێکیش دەنگێکی ناڕازی بەرزبێتەوە هەربە گەراکانی ناوەوی ئەم دەنگە ناڕەزیە کپ دەکرێت تۆمەتی تیرۆری دەخرێتە پاڵی.

گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی مەترسیدار گەیشتون چ وەک سەپاندنی هەژموون یان وەدەستهێنانی ئابووری زیاتر وڵاتانی زلهێز دەیانەوێ بەجۆرێک گۆڕانکاری بکەن کە لەبەرژەوەندی دەستکەوتی ئابوری خۆیان بێت وەکەمترین زیانیش بەرخۆیان بکەوێ. لەکاتێکدا لەسەردەمی کابینەی “ترامپ” تەواوی ڕێگاکانی ئابڵوقەی ئابوری بەسەر گلانی ئێران وەک ئەلتەرناتیڤی جەنگ تاقی کردەوە بەمەبەستی سەرهەڵدانی ناوخۆیی و گۆڕانکاری لەسیستەمدا، کە بێ ئەنجام بوو لە ئێستاشدا لە کابینەی “جۆبایدن” ڕێگاکانی گۆڕانکاری جیاوازتر دەردەکەون بەتایبەت دانوستان و ڕێککەوتن لەپێناو دەستەمۆکردنی ڕژێمی ئێران.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغی فەتحی مۆدێرنەتی سەرمایەداریدا تێدەپەڕێ، کە ئەم فەتح و گۆڕانکاریە جگە لە ماڵوێرانی و خراپی ڕەوشی ئابوری وسیاسی و کۆمڵایەتی مانەوەی کێشەکان و دووبەرەکی لەنێوان نەتەوەکاندا هیچ سودێکی تری نابێ.

هەرلەپڕۆسەی بەناو بەهاری عەرەبیدا مەکینەی گۆڕانکاریەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتە کار و ناوە ناوە وڵاتێک و سیستەمێک دەهاڕێ. دوو دەوڵەت کە تا ئێستا تەسلیم بەو گۆڕانکاریە نەبونە تورکیا و ئێرانن کەئەمانیش لەپێناو پاراستنی هەیمەنەی خۆیان هەموو ڕێگاکانی مانەوە دەگرنە بەر. تاکە ڕێگەش وەکوو دیفاکتۆ بەکاری دێنن دروست کردنی پشێویی و جەنگە لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی بزوتنەوە و گروپە توندڕەو و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
ئەم جوڵە و کردە ماڵوێرانکاریانەش تەنها لە پێناو دواخستن و پەکخستنی پڕۆژەی گۆڕانکاریە لەناوچەکە کەجگە لەماڵوێرانی بۆ خەڵکی سڤیل هیچ سودێکی تری نییە.

ئێران و تورکیا وەک بڵانسی مانەوەی ئەوی تر:

پرۆسەی گۆڕانکاری لەناوچەکە بەندە بەگۆڕانکاری لە ڕژێمی ئێران یان تورکیا واتە مانەوەی ڕژێمی ئێران و دەستەمۆ نەبوونی دەبێتە هۆی پاراستن و مانەوی تورکیا، بە پێچەوانەشەوە مانەوەی ڕژێمی تورکیا دەبێتە هۆی پاراستنی ڕژێمی ئێران وەک ئەوەی کە سەربڕێک لە یەک کاتدا دوو مەڕی لەدەست بێ و بیەوێ سەریان ببڕێ بەڵام لەیەک کاتدا نەتوانێ پێکەوە ئەم کارە بکات. بۆیە پەلهاوێشتنی وڵاتانی ئێران و تورکیا بۆ نانەوەی پشێوی لە سوریا، یەمەن، لیبا، ئەفغانستان و ئەفریقیا تەنها مانۆرێکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەستەڵاتی خۆیان.

جەنگی ئیسڕائیل و فڵستین

تەوقیتی جەنگە ساڕۆخیەکەی نێوان بزوتەوەی حەماس و ئیسڕائیل دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا جارێکیتر لەگەڵ ئێران چووە ناو گەڕێکی گفتوگۆ وەکۆمەڵێک ڕێکەوتنی بچووک لە نێوانیاندا ئەنجامدرا ئەم جەنگە لەوکاتەوە سەرهیەڵدا، تائێستا جگە لەخەڵکی سڤیل هیچ دەستکەوتێکی تری نەبووە بۆ هەردوولایان. ئەم جەنگە ناڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێ لەڕێگای ڕێکخراوی حەماس بۆئەوەی جارێکیتر پشێوی لەناوچەکە دروست بێتەوە و بەرەیەکی تری جەنگی ماڵوێرانکاری لەناوچەکە بکرێتەوە بەمەبەستی پەکخستنی ئەم گفتوگۆیانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامدەدرێن. بۆئەم مەبەستەش جولاندنی سۆزی ئایینیی و بەکارهێنانی ئاین وەکو فریادرەس لەپێناو مانەوەی خۆی تاکە فاکتەرە بۆ ڕەوایەتیدان بەم جەنگە کاریگەریی دانان لەسەر وڵاتانی موسڵمان و بەمەبەستی فراوان کردنی جەنگ.

ڕێگەچارەکان:

ڕێگە چارە وشیاربونەی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەکاتێکدا کەخەڵک لەئەنجامی مانەوەی ئەم دەستەڵاتە دیکتاتۆریانە هەرزەرەرمەندن و بەگۆڕانیشان زەرەرەکەیان زیاتر دەبێ پێویستە ئەم خاڵانە کاری لەسەر بکرێ.

١- خەڵک پێویستە ڕیزەکانی خۆیان یەکخەن، لەڕێگەی خۆپیشاندانی خۆسکانە و دوور لە دەستی دەرەکی حکومەتەکانیان بڕوخێنن و بەبێ دەستوەردانی دەرەکی حکومەتێکی ڕەشید و مەدەنیی دروست بکەن.

٢- لە ڕێی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەستاو دەستکردنی دەستەڵات بکەنە ناچاریێک و ڕژێمەکانیان ناچار بەدەست لە کار کێشانەوە بکەن.

٣- ڕزگارکردنی ئاین لەدەستی ڕژێم دەتەڵاتداران بۆئەوەی چیتر نەبێتە کەرەستەی جەنگی ماڵوێرانکارانە.

٤- بڕیاری پێکەوەژیانی ئاینی و کولتوری و زمان و نەتەوە جیاوازەکان لەناوچەکەدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و پاراستنی مافە کولتووریی و نەتەوییەکانی یەکتر چونکە لە بیرمان نەچێ ئەم نەتەوە و ئاینە جیاوازانە بە تێپەڕبوونی کات لەڕوی کولتوور و فەرهەنگییەوە تەواو تێکەڵ بوونە جگە لە یەکترقبوڵ کردن هیچ ڕێگایەکی تری چارەسەری نییە.

٥- هەموو ئەم خاڵانە بەوەدەکرێت کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماهیەتی سیستەمی سەرمایەداریی بناسێ، لە هەمانکاتدا لە فێڵەکانی ڕژێمەکانی وڵاتەکەشیان هۆشیارببنەوە. کۆمەڵگە خۆی بەخاوەنی سیاسەت بزانێ و سیاسەت لەدەست سەرمایە و بازاڕ ئازاد بکات.

ئایا ئەمە چۆن دەکرێ؟ وڵامەکەی ئەوەیە: تەنها پێویستی بە لەخۆبردویی و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی بەرامبەرە. ئەگەر ئەمە نەکەین دەبێ تا ماوین لە جەنگدا بژین لە پێناو هیچ!

ئیبراهیم بابان




ئازادی و دیوەخانی سیاسی.. چالاک ئاغجەلەری

بنەماڵەی بارزانی لە زەمەنی گەڕانەوە ی مەلا موستەفا لە روسیایەوە مۆنۆپۆلی گەورەترین پارتی سیاسیئەوسەردەمەیان کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ئەمەش بە هۆکاری غیابی خوێندنەوەیەکی عەقڵانی لایدامەزرێنەرانی ئەوکاتی حزب لە پەتوەند بە تێنەپەڕاندنی هەژمونی عەشائیری لە ناخایاندا ، ئاکام چانسی بارازانیوەک شۆڕشگێرێکی عەشائیری بە نفوس بە ئەرێنی شکایەوە داڵەکە لەسەر شانی گیرسایەوە و گرتنی جڵەویسیاسەتی کوردستانی عێراق بەبێ سەرئێشە حاسڵ کرد ، پاسڤ و پشتیوانی ئەم هەژموون و سەرۆک گەراییە وەکزادەی پاشخانی دیوەخان و ناوبانگ بۆ مەلا موستەفا بەدەستهات. دیارە زۆری نەبرد خوێنەوارەکان کە بەباڵی مەکتەبسیاسی ناسرابوون خواستی ڕاستکردنەوەی هەڵەکە بوون و دژ بە بارزانی وەستانەوە بەرامبەر باڵادەستی لەو شۆڕشە کە بارزانی باڵی تەواوی کێشابوو بەسەردا بەجۆرێک بەدەر لە خۆی و نزیکە خوێنەکانی تەواویدەورووبەریان بە خزمەتکار و گەدا وێنا ئەکرد و تا ئەم چرکە ساتەش کوڕ و کوڕەزاکانی بەردەوامن لەسەر ئەم فۆرمەوبەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا تەعمیم کراوە ( بەخۆشیبێ یان بە ترشتی)!!، ئەمەش لە پێناوی بەردەوامیدان بەهەناسەیدیوەخانی نێو خۆ و مانەوەیان لەو جوگرافیا بەر تەسکەدا، هەرچەندە ئەم خەسڵەتە تەعمیم ناکرێت بەسەر کۆی خێڵو دیوخانزادەکانی تردا بەڵام لای ئەمان و نموونەکانیان بۆتە فەرهەنگ و درێژەی پێدەدەن، شەری مانەوەش بەهەرشێوەیەک بێت ئەنجامی ئەدەن لەو پێناوەدا و گرنگ مانەوەی ئایکۆنەکەیە لە سەردارێتی بەسەر خەڵکەکەدا دیارە ئەمجۆرە لە ئەدکار و خەسڵەتە بە شاڕێگەی دیکتاتۆرخوازەکان دەبینرێت.

شۆڕبوونەوەی ئەم فەرهەنگە خێڵەکیە و پەردەپۆشکردنی بە سیاسەتی نەتەوەیی لەناو شۆڕشی کوردستانی عێراقدابووەتە ئەمری واقع ، لێرەوە دوای نزیک بە هەشت دەیەی ڕەبەق تروسکاییەک لە گەشەی کۆمەڵایەتی و کرانەوەیەکیسەردەمیانەی پەلکێش نەکرد، بوارێکی نەهێشتوە لە دووتوێی ئەو بەناو شۆشە نەتەوەیی و چەکدارییدا بۆهەڵوێستەکردن لە سەرخانە فیکریەکەی پەیوەند بە تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیکۆمەڵگەی کوردی لە کوردستانی عێراقدا .

بۆخۆی پێوەری ریالیستی و لۆجیکی هەر دەستبردنێک بۆ ڕووبەرووبوونەوە و شۆڕش بەڕووی رەقیبدا پێویستی بەهوشیارکردنەوەی تاک هەیە بۆ هەرچی تێگەیشتن لە ئەسڵی پرۆسەکە، کاتێک ئەم پرۆسەیە هەستی نەتەوەیی کوردیژێردەستەی لەگەڵ خۆیدا پەلکێش کرد و تەواو لە قڵبدانی پرسەکەی ئاوێتە بە هەمان ليخنیکرد و وایانکرد هەر دەستبردنێک لەلایەن بزاوتێکی ترەوە کە لە دەرەوەی فەزای خۆیان بێت، دەیخەنە حاشییەوە و دژ بە خواستەکانی خەڵکپێناسە دەکرێت، بەدەر لەمە ملکەچی هەمان ئاراستەی سیاسی دەکەن و دەبێت بە هەمان پێخوری سیاسی خوانەکەبەڕێبکەن ، ئەمەش تا ئاست چاوەروانکراوی خۆيان ئەو جەوهەرەی فەناکرد کە تەعبیر لە پرسی کۆمەڵگەی کوردیبکات.

بۆخۆی شۆڕشی چەکداری بۆ بارێزگاریکردن لە مانەوەی فیزیکی دوابژاردەیە، کاتێک رەقیبەکەت تەواوی دەرگاکانتبەسەردا دابخات بۆ هەرچی گەیشتن بە چارەسەری کێشەی نادادی بەرامبەر ئەو پرسەی تێدەکۆشیت لە پێناویدا، پێچەوانەوە لەو شۆڕشەی ئەم بنەماڵەیە بوون سەردار و خاوەن دیوەخان نەک سەرکەوتنی ئازادی بۆ گەلبەرجەستەکرد بە موفهومە عەقڵانیەکەی بەڵکو ئەم عەقڵییەتە بووە هۆی کوشتنی کۆی پێشکەوتن و کرانەوەیکۆمەڵگەکە بە جۆرێک خەتی سیادی دەیوەخانیان سەرڕێخست کە هەر بزاڤێک بۆنی کرانەوە و بەرچاوڕوونی خەڵکیلێبکرایە بەتوندی بەڕوویدا دەهاتنەوە بۆ هەرچی مانەوەی خۆیان و درێژەدان بە فەرهەنگی سیاسەتی دیوەخان وڕووپۆشکردنی بەو فۆرمەی کە پيیدەوترێت سیاسەت کردن لە فەزای کوردی و کوردایەتییدا، بۆیە هەر کەس و لایەنێکڕووی لەو دیوەخانە کردبێت یان کۆیلایەتی و گەداییان قبوڵ کردوە وەیان وەک بەرهەڵستکارێکی لاواز بەجێماوە وکۆی خەون و خواستەکانی مایەپووچ و بەدەستی خاڵی لە دووری هەوارەکەیان گیرساوەتەوە .

سیاسەت کردن بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی بوێری فیکر و هەڵسوکەوتی عەقڵانی دەوێت بۆ هەرچی خاڵیکردنەوەی ئەورەواجە قەومیەی کە هەردەم شۆێنی خۆیان مەرجەعیەتی کوردو کوردایەتیە بە معیاری سیاسی خۆیان، هاوکاتنەیارەکانیان دەخەنە ژێر باری نەتەوە و نیشتمان فرۆشی ( ١٦ ئۆکتۆبەر وەک نمونە)ەوە بۆ بەردوامیدان لەگەوجاندنی رای گشتی وەک ئەوەی لەسەری ڕاهاتوون.

ڕەواجی ئەم دیوەخانە سیاسیانە وەک دەمڕاستی پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان درێژە بەهەژموونی باڵادەستی خۆی دەدات تاوەکو ئەو کاتەی هێزێک روئیای سیاسی و دونیابینی بۆ پرسی کورد جیاوازدەبێت لە فۆرمی ئەم هێزە کە درێژە بە سوتانی خەونەکان و کوشتنی ئازادیەکان دەدات بەقورسای ئەو جوگرافیاییەیهەژموونی بەسەردا زاڵە (زۆنی زەرد)، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئەو خەونە نەرجسیاننەیە کە ئازادیە خەیاڵاویەکانیان پێتەنیوە و واقعش مانەوە بەردەوامەکەیە لەو ژیانە موزەیەفەدا کە لە هەناوی هێزە خۆسەپێنەکان ( پارتی بارزانی) ەوەئامادەیی هەیە .

ئازادی و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکیش درێژە بەچاوەرڕوانیەکانی دەدات تاوەکو ئەو هێزە جەسورە ئامادە دەبێت بۆئەو ئومێدەی کە پێچراوە لە خۆشەویستی و ژیانێکی ئازاد و بێ سانسۆر کە شایستە بە هەر تاکێکی خەڵکیکوردستانە ! مانیفێستی دیوەخانیش لە دونیای کوردییدا ئەو پانتاییە گۆشەگیرەیە کە بەناوی دەسەڵات ودەوڵەمەتدارییەوە حوکم دەکات، وەک چۆن ئازادیش راپێچی ئەو دیو دیواری زیندان دەکات.

چالاک ئاغجەلەری




ڕێگا دوورەكانی چاومان.. نووسینی: جەلالی میرزا کەریم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە شیعرییە کلیکی ئێرەبکەن..




بۆ پێشەوە ژمارە ٩٨

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٩٧ی بۆ پێشەوە کلیکی ئێرەبکەن..




پڕۆفایلی شارێك.. عەبدولوەهاب بەیاتی/ و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

گۆڕستانێك ، گۆڕستانێكی دی بەسەرەوەیە
نێوانیان
خۆشەویستی، مەرگ، ئادەمزادی زیندوو
سواڵكەرو هەبووییە چاوچنۆكەكان. .
گەر پڕ بە زار هاوار بكەی ،
دەنگەكە دێتەوە(*)
لە هەناسەی مردووان و
كۆكەی زستانی ساڵاندا هەڵكێشراوە ..
گەر بتەوێ ڕابكەی ،
چه‌رچیی و فرۆشیاره‌ تەڵەكەبازەكان دوات دەكەون
لەو گۆڕستانە گەورەیەدا ،
لەو بیابانەدا
خوداوەندی شیعر سەربڕان
شاعیریش لە مەیخانەدا مرد.

  • له‌ گۆڤاری(المقدمة)ی پاریسی ژمارە (6)ی ساڵی 1987، ل 12
    (*) بە پێی تێكستی ئەسڵی من ئەمەم پێ لە (دەنگدانەوە) ڕاستتربوو .



بەرچنەیەک لە بۆنی گزنگ.. ستیڤان شەمزینی

ساتێک چوومە ژێر خاک
پڕ بە گەرووم هاوارم ئەکەم عەشق ئاینم بوو
ژنێک لەتوخمی پەروانە
فەرمانڕەوای سەرتەختی ئیمپراتۆریای دڵم بوو


کاتێ رەوانم لەسەر شاپەڕی باڵی فریشتەیەک
بەرز ئەبێتەوە بۆ ئاسمان
بە خوداوەند ئەڵێم ئاشقی ژنێکی سرک بووم
لە سولالەی با و تۆفان


کاتێ لە تراویلەکەوە ترنجامە
کارێزی روون و بێگەردی میهرەبانیتەوە
تریفەت لەبەر پێمدا راخست و
دەروازەی گزنگت بە ڕوومدا کردەوە


کاتێ عەشقت خۆی گەیاندە دڵم
وەک ماسییەک بووم بە تۆڕی تۆوە
بیرتە لەسەر تەمی پەنجەرەی خەونێک نووسیم
عەشق دوا گۆرانی منە


بۆ دۆزینەوەم سەرت کرد
بە هەزار کەلاوەی رووخاو و وێرانبوودا
نەتزانی لە ژێر دارتوویەکی بێ نازدا
مێژووی گەڵاڕێزان ئەنووسمەوە


پێش هەرەسهێنانی شەو لە خەونمدا
بۆنی پەرچنەیەک گزنگم کردبوو
هەر تۆ دەرکەوتیت لەگەڵ تیشکی هەتاو
کەوتمە مەراقی ژوانێکەوە


پێش زەمەنی لە سێدارەدانی باخچە
هیچ کاتێک بۆنی هەناسەت نەکردم
ئێستاش ئێشک ئەگریت
بەدیار خۆڵەمێشی بابردووی حەسرەتەکانمەوە


کاتێ بە ئاسمانەوە تۆم ئەبینی
لە جەستەی هەورێکی سەرخۆشدا
نەمدەزانی رۆژێک دێ
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکەکانت ئەبارێتە سەر دڵم


بیرمە لە ساتی مەرگی چڵە نێرگزدا
تاڤگەی هەستت رژایە ناو منەوە
کانییەکی ترت پێناساندم
لەودیو تەمتوومانی مەرگ و فەنابوونەوە


هەر ئەوەندە ئەزانم لەدڵی تۆوە هەڵئەقوڵێم
رێچکە ئەگرم بۆ ناو رۆحت
ئەوە بزانە لە عەشقی منەوە ئەبارێی و
جۆگەلە ئەبەستی بۆ ناو هەستم


لە یادی مەکە ئادرێسی هەمیشەییم
لە گەڕەکی هەناسە گەرمەکانتدایە
لە یادی ناکەم گۆڕی جاویدانی عەشقم
لە پرچە قەترانییەکانی تۆدایە


سۆلنا – سکەندەناڤیا مۆڵ
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلن
ا




یاداشتەکانی تەمەوانێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( 1)
مرۆڤەکان، ،
ڕۆژمێری دڕاوی ساڵ..
پەڕەکانی ڕۆژی لەدەستچوو،،
چیرۆکەکانی..
گەڕیدەیی ژنێ لە خەم،،
گەڕانەوەی پیاوێ ، لە تەم!

( ٢)
چرکەکان، لە زیوە بارانی..
مانگەوە ،ئەژمێرم،
هەناسەی گوڵێ..
بە چرپەی شنەبایەک،،
ئەنوسمەوە،
گەر تۆ لە نیگای ئێوارەیەک..
وونبی.!

( ٣)
زۆر جار، ووتنی شتەکان..
بۆ چرپەی با جێبهێڵین..
بۆ سەمای وەرینی گەڵایەکی ..
پرتەقاڵی کۆتا ئێوارە،
بۆ شەپۆلی ڕوبارێ ،
لە بیرەوەریە لە دەستچوەکان

( ٤)
چیای چاوەڕوانی ،
سەر سپی، بە بەفری بێزاری،،
تا پێڵووی ڕەشی شەو،
دایئەپۆشێ،،
شیعری نەوتراو،
سیمفۆنیام بە،بە جازی..
ئەم ئێوارە شەرابیە..
تا دەرکات، لەسەر پەنجە زومردیەکانت،
شکۆفەی گوڵە مەرگێکی قەشەنگ!

( ٥)
بیرەوەری ، تەمە،،
گەر تەمەوانێکی باش نەبی،
دوور، زۆر دوور، ئەتبا!

( ٦)
پێوانەی ماوەی نێوان شوێنەکان،،
نەک بە چاو،
بەڵکو بە ماوەی نێوان بەلەمی..
باهۆزهەڵگرتووی..
دڵە تەنیاکان

( ٧)
گەیشتن، بە هەر شوێنێ،
گرنگ نیە، گەر بوونت ..
لە هیچ کوێ نەبێ،
ڕۆحیش لە هیچ شوێنێ!
( ٨)
هەورەکان، بە باڵی..
کۆترەکانەوە، ماڵەکان هەڵگیراونەتە..
بەلەمی شینی نێو چاو،،،
ڕێگایەک، تا وەکو..
کێڵگە ئاڵتونیە نەدۆزراوەکانی دڵ!

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Felix-Mittermeier.de )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




پشتگیری کورد و فەڵەستین.. کیژان محمد

وەک کوردێکی ناسیۆنالیست، پشتگیری نیم، چونکە ئەوە کێشەی نێوان گەلی عەرەب و یەھوودە نەک منێکی کورد
وەک مرۆڤایەتی، دڵ گرانم بەو کوشتارەی کە کرا بەرانبەر خەڵکانی بێ تاوان، دژی کۆمەڵکوژیم و بە تاوانی گەورە لە قەڵەم دەدرێن، کوشتنی بە ئەنقەست تاوانە، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ تاوانە.
وەک لایەنە دینییەکەش، لەگەڵ ئەوە نیم سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ھیچ دینێک بکرێت چ لێرە چ لەوێ، قبوڵ نەکراو و بێ ڕێزییە، لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئایدۆلۆژیای ئازادم، بەڵام شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین پەیوەندی بە کوردەوە نییە، کۆمەڵە کەسانێک ھاتوون پێیان وایە بە پشتگیری کردنیان لە فەڵەستین، کارێکی مرۆڤانە دەکەن، پێشیان وایە ئەوانەی پشتگیری لە فەڵەستین ناکەن ئەوە دڕندەن، کەواتە ئێوەش دڕندەن، چونکە پشتگیری لە کوشتار و کۆمەڵکوژی دەکەن پشتگیری فەڵەستین دەکەن، ئەو فەڵەستینەی کە پشتگیری لە ھێرش و کۆمەڵکوژییەکەی تورکیا کرد بۆ سەر خاکی کوردان بۆ سەر عەفرین، خوێنی چەندەھا گەنج و ژن و منداڵ و پیاوی بێتاوانیان کردە قوربانی، فەلەستینییەکان لە مزگەوتەکانیان نزای سەرکەوتنی تورکیایان لە دژی ئێمە دەکرد!
لە چاوپێکەوتنێک كونسوڵی گشتی فه‌ڵه‌ستین لە ھەولێر ڕایگەیاند کە کورد نەوەی صلاح الدينی ئەیوبییە، دەبێت پشتگیری فەلەستین بکەن، صلاح الدين بۆ فەلەستین شەڕی کردووە، ئەی عەفرین نەوەی صلاح الدين نین ؟ ئەی عەفرین ھەر کورد نین ؟ کاتێک کورد کیمیاباران کرا و خەڵکی لێ ئەنفال کرا، بۆ ئێوە پشتگیری کوردتان نەکرد ؟ ئەی ئەوکاتیش کورد نەوەی سەلاحەدین نەبوو ؟ کە ئەوکاتە سەرۆکەکەتان یاسر عرفات شانازی بە سەدام حسێنەوە دەکرد!
پاشان صلاح الدين بۆ دەوڵەتی ئیسلامی و مسوڵمانان شەڕی کردووە نەک فەلەستین، وە ئێوە زیاتر کێشەی قەومیەتتان هەیە نەک ئایین.
ئیسرائیل چەندین دەوڵەتی عەرەبی مووسوڵمان ھاوپەیمانین وەک میسر و ئوردن بەحرەین و ئیمارات سودان و مەغریب، کوردە تۆ پشتگیری چی لە فەلەستین دەکەی ؟ کە دەوڵەتیشت نییە، ھێشتا لە نێوان دوو پارێزگا شەڕی شارچێتیی دەکەن، شەڕی حیزب دەکەن، شەڕی مووچە و نان دەکەن، کەوتووینەتە نێو گێژاوی ململانێ و بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەتانی تر دەس بە کڵاوی خۆتانەوە بگرن با بانەیبا.

وێنەکەش ڕوونە پشتگیری فەڵەستینە بۆ تورکیای کۆلۆنیالیزم و وێنەی سەدام حسێنی تۆتالیتار.

کیژان محمد.




زینده‌ به‌چاڵكردنی دوو پڕۆژه‌ ده‌ستووری ئاماده‌كراو بۆ هه‌رێمی كوردستان!.. د. نووری تاڵه‌بانی

له‌ مانگی ئه‌یلوولی 1991 ده‌زگاكانی حكومه‌تی به‌عس له‌ “ناوچه‌ی حوكمی زاتی” كشانه‌وه‌، حوكمڕانیكردنی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی “به‌ره‌ی كوردستانی” كه‌ ده‌سه‌ڵاتی قانووندانانی له‌ناوچه‌یه‌ به‌خۆی دابوو جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌راندن، ئه‌وه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی پرنسیپێه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی قانوونی ده‌ستووری یه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی حوكمرانیكردن و قانووندانی نابێت به‌ده‌ست هه‌مان لاینه‌وه‌ بێت. ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی به‌عس كاری پێ ده‌كرا، “ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش” ده‌سه‌ڵاتی حوكمرانیكردن وقانووندانانی به‌خۆی دابوو. ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ كوردستان هه‌بوو ده‌بوو له‌ڕووی قانوونییه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێت. پێشنیازێكم خسته‌ به‌رچاو چه‌ند به‌رپرسێك به‌وه‌ی قانوونی حوكمی زاتی كاری پێ‌ بكرێت تا قانوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانیه‌وه‌ په‌سند ده‌كرێت. ئه‌و پێشوونیازه‌ بۆ ئه‌و ده‌مه‌ی كوردستان گونجاوبوو. “ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌راندن”یش له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامه‌كانی دیاری بكرێن له‌كه‌سانی تێكنۆكرات و ڕابوردووپاك. قبووڵكردنی ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ كاروباری وڵات به‌پێی قانوون به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌روه‌ها ڕاده‌ێك بۆ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه‌كان له‌ كاروباری حكومه‌تیدا دابنرێت. ئه‌و حیزبانه‌ تازه‌ له‌شاخه‌وه‌ هاتبوونه‌ ناو شاره‌كان، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا بوون به‌عه‌قڵییه‌تی شاخ به‌ڕێوه‌یان ده‌بردن. ئه‌م پێشنیازه‌م بۆ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی كوردستان ڕوونكرده‌وه‌، ئه‌ویش پێی باش بوو و له‌كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی حیزبه‌كه‌ی پێشنیازه‌كه‌ی خستبووه‌ به‌رچاو، به‌ڵام په‌سند نه‌كرابوو. حوكمڕانیكردنی كوردستان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانیه‌وه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ودامه‌زراندنی حكومه‌تیش، ئه‌و حیزبانه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان به‌رده‌وام بوون له‌ده‌ست خستنه‌ ناو كاروباری حكومه‌ت. له‌و هه‌لومه‌رجه‌ نائاساییه‌دا پڕۆژه‌ی ده‌ستوورێكم بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كرد به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی په‌سند بكرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ و ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌ نامۆیه‌، چونكه‌ بنبڕكردنی كارێكی مه‌حاڵ بوو.

ده‌ستوور شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری حكومه‌تی و ئه‌ركی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی دیاری ده‌كات، له‌گه‌ڵ ماف وئه‌ركه‌كانی هاوڵاتیان. پڕۆژه‌كه‌ له‌مانگی حوزه‌یرانی 1992دا ئاماده‌م كرد، پێش ڕاگه‌یاندنی سیسته‌می فیدڕاڵی، چونكه‌ فیدڕاڵی دروشمی به‌شی زۆری ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بوو كه‌ به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایاری 1992دا ده‌كرد، په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێراو له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری 1992 سیسته‌می فیدڕاڵی ڕاگه‌یاند. پڕۆژه‌كه‌ له‌ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین چاپكراو دابه‌شكرا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ قانوونناسانی كوردستان، تا ڕاوسه‌رنجی خۆیان ده‌ربڕن و ده‌وڵه‌مه‌ندتری بكه‌ن. له‌مانگی ته‌مموزی 1992 به‌ بڕیاری په‌رله‌مان ده‌سته‌یه‌كی قانوونی دروستكرا، ئه‌ندامه‌كانی خوالێخۆشبوو كاك ره‌شید عه‌بدولقادر و به‌نده‌و دكتۆر عه‌بدولره‌حمان ره‌حیم بووین، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌سته‌ قانوونیه‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی قانوون بوو بۆ په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی ڕاوێژكاری قانوونی بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ شێوه‌ چاككراوه‌كه‌ی خستمه‌ به‌رده‌م ئه‌و ده‌سته‌ قانوونییه‌، ئه‌ویش به‌هاوكاری چه‌ند قانوونناسێكی تر جارێكی تر پێیداچووه‌وه‌و به‌نووسراوێكی فه‌رمی ناردی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ‌و حكومه‌تی هه‌رێم ‌و سه‌رۆكی هه‌ردوو حیزبی سه‌ره‌كی. له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌ی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ری، پڕۆژه‌كه‌ نه‌خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان وته‌ماشانه‌كرا، هه‌رچه‌نده‌ 33 په‌رله‌مانتار له‌هه‌ردوو فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد پڕۆژه‌كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت په‌سند بكرێت.

خه‌ڵكێكی زۆر له‌ناوه‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان داوای په‌سندكردنی ده‌ستووریان ده‌كرد، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆیی كه‌ له‌نێو ساڵانی 1994 تا 1998 درێژه‌ی كێشا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 1992 له‌بیر بكرێت. به‌و جۆره‌ یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی ده‌ستوور كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشنیازكرابوو، زینده‌به‌چاڵ كرا. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پڕۆژه‌كه‌ كاری له‌سه‌رده‌كرا. بۆ نموونه‌، له‌ كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌ زانكۆی (پرنستن)ی ئه‌مریكی له‌ ئه‌یلوولی 2004دا به‌سترابوو بابه‌تێكم ده‌رباره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشكه‌شكردو گفتوگۆی له‌سه‌ركراو چه‌ندین پسپۆڕی ئه‌مریكایی پێشنیازی چاكیان پێشكه‌شكرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی، به‌ڵام به‌شی زۆری ئه‌و عێراقیانه‌ی سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بوون، ناره‌حه‌تبوون له‌پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كه‌. له‌بریتانیا پڕۆژه‌كه‌ كرایه‌ ئینگلیزی ودابه‌شكرا به‌سه‌ر چه‌ند ناوه‌ند و زانكۆێكدا، چه‌ند بابه‌تێك له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر سایته‌كان بڵاوكرانه‌وه‌.

له‌نیسانی 2002دا سه‌ردانی كوردستانم كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسێكی تایبه‌ت به‌ ئه‌نفال. پێش به‌ستنی كۆنفرانسه‌كه‌ دیداری جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانیم كرد، له‌و دیداره‌دا ئاگاداری كردم دوو پڕۆژه‌ ده‌ستووریان بۆ عێراق وكوردستان ئاماده‌كردووه‌، كۆپیێك له‌و پڕۆژه‌ ده‌ستووره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كرابوو پێیدام، گوتی له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌كه‌ی ساڵی 1992 دارێژراوه‌، داوای لێكردم هه‌ر تێبینییه‌كم له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ هه‌بێت به‌ نووسراو بۆی بنێرم. له‌و ماوه‌ی له‌ كوردستان بووم تێبینیه‌كانم به‌ نووسراوی بۆنارد، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كدا تێیدا ئاماده‌یی خۆم پیشاندابوو بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و لیژنه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی ئاماده‌كردووه‌. له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ بڵاوكرانه‌وه‌، خۆم به‌ پڕۆژه‌ ده‌ستووری عێراق مه‌شغووڵ نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ كوردستان ئاماده‌كرابوو كه‌موكوڕی تێدابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی دارێژرابوون، تێبینیه‌كانم له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌فته‌نامه‌ی (الاتحاد) له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌یلوولی 2002 بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌درا وه‌ك ده‌ستوور هه‌تا وه‌ك ده‌ستوورێكی كاتی، هه‌ر به‌ “پڕۆژه‌یی”مایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕووی قانوونییه‌وه‌ كارێكی سه‌یربوو، چونكه‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان ده‌بێت بریاری له‌سه‌ربدرێت وه‌ك قانوون یان بریار، بۆیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هیچ سیفه‌تێكی قانوونی وه‌رنه‌گرت. له‌و ماوه‌ی له‌ هه‌ولێر بووم په‌یامنێری گۆڤاری (گوڵان) چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كردم وپرسیاری پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 92 ی لێكردم، له‌وه‌ڵامدا گوتم”په‌رله‌مانی كوردستان سیسته‌می فیدڕاڵی په‌سندكردووه‌، ده‌بوو ماوه‌یه‌كی كه‌م پاش ئه‌و بریاره‌ ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌سند بكات، چونكه‌ ناتوانین ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن به‌شێوه‌ێكی قانوونی به‌رێوه‌یانبه‌رن ئه‌گه‌ر ده‌ستوور نه‌بێت، ده‌ستوور وه‌ك ده‌گوترێ‌ باوكی قانوونه‌كانه‌، هه‌موو قانوونێك ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور بێت” (گوڵان، ژماره‌ی 378، 18ی نیسانی 2002). پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌، پرسیار له‌ سكرتێری په‌رله‌مان كرابوو كه‌ ئێستا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستووره‌ ده‌رباره‌ی بۆچوونه‌كانم، ئایا پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستووری هه‌بێت؟ وه‌ڵامی ئه‌وه‌بوو پێویست به‌ ده‌ستوور نییه‌، چونكه‌ چه‌ندین قانوونی ده‌ستووریمان هه‌یه‌!
له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری 2003 پڕۆژه‌ێكی سێهه‌م ئاماده‌كرا، كه‌ له‌ڕاستیدا هه‌مان پڕۆژه‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 بوو، به‌ڵام به‌ چاككراوی. ئه‌و پڕۆژه‌ تازه‌یه‌ به‌هاوكاری لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌نده‌و كاك فورسه‌ت ئه‌حمه‌د ئاماده‌كرا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش پاشتر وه‌ك پڕۆژه‌ی ساڵی 1992 زینده‌ به‌چاَڵ كرا! پاساوی زینده‌به‌چاڵ كردنی زۆر سه‌یربوو، كورد ده‌ڵێت “عوزر له‌ قه‌باحه‌ت خه‌راپتربوو”! به‌بۆچوونی به‌شێك له‌وانه‌ی ئاماده‌یانكردووه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌ك “پڕۆژه‌” په‌سندكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆیه‌ كۆنفرانسێك به‌ستراوه‌ به‌به‌شداری كردنی زیاتر له‌ 20 حیزبی كوردستانی وده‌نگیان بۆداوه‌ وه‌ك “پڕۆژه‌”. به‌ڵام له‌ڕووی قانوونییه‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ سیفه‌تێكی قانوونی وه‌رنه‌گرت، هه‌ر وه‌ك هه‌موو پڕۆژه‌ێكی تر كه‌ بڕیاری له‌سه‌رنه‌درابێت ته‌ماشا ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان نیازی په‌سندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ی هه‌بوایا ده‌بوایا ده‌نگی له‌سه‌ربدات لانی كه‌م وه‌ك ده‌ستوورێكی كاتی. پڕۆسه‌كه‌ له‌ڕووی قانوونیه‌وه‌ هه‌مووی هه‌ڵه‌بوو. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سیفه‌تی قانوونی به‌و”پڕۆژه‌یه‌”درابێت بۆچی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداریان له‌ئاماده‌كردنی كردبوو به‌شداریان له‌ پێداچوونه‌وه‌ی كرد له‌و لیژنه‌ی له‌هاوینی 2003 دامه‌زرا بۆ ده‌ستكاریكردنی؟ قانوونناس ئه‌گه‌ر به‌گومان بێت له‌كارێك یان له‌شێوه‌ی كاركردنی لیژنه‌یه‌ك پێویسته‌ بێ‌ ده‌نگ نه‌بێت. هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مان كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو كاك سه‌عید یه‌عقووبی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌ی لیژنه‌كه‌، به‌تایبه‌تی كاكه‌ ڕه‌ش نه‌قشبه‌ندی و كاك نیعمه‌ت محه‌مه‌د و چه‌ندین ئه‌ندامی تر چالاكانه‌ به‌شداریان له‌ كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كرد، ته‌نیا كاك فورسه‌ت ئه‌حمه‌د نه‌بێت كه‌ به‌بیانووی جیاواز هه‌وڵی ده‌دا كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ سه‌رنه‌گرێت.
له‌كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی 2005دا، پێش ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری عێراق، (59) په‌رله‌مانتار له‌هه‌موو گرووپه‌كان داوایان كرد پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 2003 به‌و شێوه‌ی ئاماده‌مان كردبوو بكرێته‌ بنه‌ما بۆ داڕشتنی پڕۆژه‌ێكی نوێ‌ بۆ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و داواكاریه‌ نه‌خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا ده‌ستووری عێراق په‌سندكرا. كاتێكیش خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێشنیازی كرد پڕۆژه‌كه‌ی 2002ی، واتا پڕۆژه‌ كۆنه‌كه‌ بكرێته‌ بنه‌مای كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌ی بریاری دامه‌زراندنی درا. بۆ مێژوو پێویسته‌ هه‌ندێ‌ ڕووداو هه‌ن بخرێنه‌ به‌رچاو ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی دیسه‌مبه‌ری 2003.

له‌ ئه‌یلوولی 2003 یاداشتنامه‌یه‌كم پێشكه‌ش به‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی كرد، تێیدا داوای: (1) یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ (2) دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك (3) چاوگێڕانه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 بۆئه‌وه‌ی بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ عێراقدا ڕوویاندابوو به‌ هۆی ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، تا سه‌قفی داواكاریه‌كانی كورد زیاتر بكه‌ین، كه‌ له‌پڕۆژه‌ ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 به‌وجۆره‌ نه‌بوو چونكه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی به‌عسدا ئاماده‌كرابوو، هه‌روه‌ها كه‌موكورتی تێدابوو. هه‌روه‌ها پێشنیازكرابوو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پاش چاككردنی په‌سندبكرێت پێش په‌سندكردنی ده‌ستووری عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی داواكاریه‌كانی گه‌لی كورستان به‌ ڕوونی له‌ ده‌ستووری كوردستاندا دابرێژرێن. سه‌رۆكی ئه‌ونجومه‌نی وه‌زیران له‌وه‌دا هاوكاری كردین، هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مان و كاك فورسه‌ت ئه‌حمه‌دو به‌نده‌ بانگكراین بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. له‌و كۆبوونه‌وه‌دا ئاماده‌بوان هه‌موو هاوڕابووین له‌سه‌ر پێویستی ده‌ستكاریكردنی پڕۆژه‌ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 تا بگونجێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌ی عێراق، هه‌روه‌ها بڕیاردرا ڕۆژی پاشتر له‌ په‌رله‌مان لیژنه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌. له‌ ڕۆژی دیاریكراودا به‌ئاماده‌بوونی به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ سازكرا، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا به‌تێكڕای ده‌نگی ئاماده‌بوان بڕیاری ده‌ستكاری كردنی چه‌ند مادده‌یه‌ك درا. بۆ نموونه‌، مافی دیاریكردنی پاشه‌ڕۆژی گه‌لی كوردستان به‌ڕوونی له‌ پڕۆژه‌كه‌دا چه‌سپێندرا، ناوی (ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستانی) كرا به‌”په‌رله‌مانی كوردستان”، له‌گه‌ڵ ده‌ستكاریكردنی چه‌ند مادده‌یه‌كی دیكه‌. كاك فرسه‌ت ئه‌حمه‌د له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌نه‌بوو، پاش هاتنی ئه‌و ده‌ستكاریانه‌ی بڕیاریان له‌سه‌ردرابوو بۆمان ڕوونكرده‌وه‌. له‌وه‌ ده‌چوو ناره‌حه‌ت بێت له‌و ده‌ستكاریانه‌، داوای لێ‌ كردم به‌نووسراوی دیراسه‌یه‌ك به‌و ده‌ستكاریانه‌ی پیِشنیازیان ده‌كه‌م ئاماده‌ بكه‌م. پرسیارم لێی كرد بۆچی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و داواكارییه‌ی نه‌خسته‌ به‌رچاو، ئێستا هه‌موومان پێكه‌وه‌ خه‌ریكین مادده‌ به‌ مادده‌ به‌ پڕۆژه‌كه‌دا ده‌چینه‌وه‌، ئه‌و مادده‌ی پێویست به‌ده‌ستكاریكردن بكات له‌پاش بیروراگۆرینه‌وه‌و به‌ تێكڕای ده‌نگی ئاماده‌بووان، ده‌ستكاری ده‌كرێت. ئاماده‌كردنی ئه‌و دیراسه‌یه‌ كاتی ده‌وێ، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنمان له‌ ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێمان سپێررابوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر داواكاریه‌كه‌ی. بۆ نه‌هێشتنی بیانگه‌كه‌ی ناچاربووم له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ئه‌و دیراسه‌ ئاماده‌بكه‌م به‌چاپكراوی بۆ لیژنه‌كه‌م نارد، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كدا پێشنیازكرابوو پاش هه‌فته‌یه‌كی تر لیژنه‌كه‌ كۆبێته‌وه‌. له‌ ڕۆژی دیاری كراودا چوومه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌مجاره‌ كاك فورسه‌ت بیانوێكی تری هه‌بوو، گوتی ناتوانین له‌سه‌ر كاره‌كانمان به‌رده‌وام بین، چونكه‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌رنه‌گیراوه‌! جارێكی دی پێم گووته‌وه‌ بۆ له‌و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرا ئه‌و ئیعترازه‌ی نه‌خسته‌ ڕوو؟ ئه‌و به‌یته‌ شیعره‌ی شێخ ڕه‌زام بۆ هات كه‌ به‌ شوكری فه‌زلی ده‌ڵێت: “من ده‌زانم كێ‌ له‌خشته‌ی بردویی ئه‌مما چ سوود…”.

په‌رله‌مان له‌و كاته‌دا له‌پشوودا بوو، د. ڕۆژ شاوه‌یس سه‌رۆكی په‌رله‌مان و د. كه‌مال فواد جێگره‌كه‌ی هه‌ردووكیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، 35 ڕۆژ چاوه‌ڕێی گه‌رانه‌وه‌ی یه‌كێ له‌و دوو به‌رپرسه‌ی په‌رله‌مانمان كرد، پێم گووتن ئایا ده‌بێت كاروباری دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان له‌به‌ر سه‌فه‌ری سه‌رۆكه‌كه‌ی و جێگره‌كه‌ی هه‌مووی ڕابوستێ؟ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی دكتۆر ڕۆژ، ئاگاداركرام ده‌یه‌وێ چاوی پێم بكه‌وێت، زۆر خۆشحاڵ بوو به‌و كاره‌ی ده‌ستمان پێكردبوو، داوای لێ‌ كردم به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری تا ته‌واوی ده‌كه‌ین. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ماوه‌ زۆره‌مان له‌ده‌ست چووبوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ێكی كه‌مدا ئه‌و به‌شه‌ی له‌ پڕۆژه‌كه‌دا ته‌ماشانه‌كرابوو پێیداچووینه‌وه‌ وكاره‌كانمان ته‌واوكرد. له‌مانگی دیسه‌مبه‌ری 2003 به‌ چاپكراوی پڕۆژه‌كه‌م دایه‌ لیژنه‌ی قانوونی و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ كۆتایی حوزه‌یرانی 2005 دا، 59 په‌رله‌مانتار داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد گوفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت، به‌ئومێدی په‌سندكردنی، به‌ڵام پێش په‌سندكردنی ده‌ستووری عێراق. هۆی په‌له‌كردنمان له‌ په‌سندكردنی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان پێش په‌سندكردنی ده‌ستووری عێراق ئه‌وه‌بوو ده‌ستووری كوردستان بكرێته‌ بنه‌ما بۆ داواكاریه‌كانمان و هه‌وڵبدرێت له‌ ده‌ستووری عێراقدا بیانچه‌سپێنین. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درا، له‌پاش په‌سندكردنی ده‌ستووری عێراق به‌ستراینه‌وه‌ به‌و مادده‌ حه‌سریانه‌ی له‌و ده‌ستووره‌دا هاتبوون، چونكه‌ ناكرێت مادده‌یه‌ك له‌ ده‌ستووری هه‌رێم به‌پێَچه‌وانه‌ی ئه‌و مادده‌ حه‌سریانه‌ بێت.
پڕۆژه‌ی ساڵی 1992 و پڕۆژه‌ی دیسه‌مبه‌ری 2003 هه‌ردووكیان له‌به‌ر هۆكاری جیاواز زینده‌ به‌چاڵ كران، “هۆكاری” زینده‌به‌چاڵ كردنی پڕۆژه‌ی دووه‌م زاتی بوو، په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی كوردستانه‌وه‌ نه‌بوو. هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی ئه‌و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌وه‌ هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانیان له‌ نامیلكه‌ێكدا له‌لایه‌ن ده‌زگای (ره‌نج) له‌ساڵی 2005 بڵاوی كرده‌وه‌. ئه‌و نامیلكه‌یه‌م دابه‌شكرد به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌و داواكاریه‌ی ئه‌و 59 په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ پێشكه‌شیان به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردبوو.
له‌ هه‌ردوو پڕۆژه‌ ده‌ستووری 1992 و دیسه‌مبه‌ری 2003 دا ڕه‌چاوی ئه‌و ڕاستییه‌ كراوه‌ له‌سیستمی فیدڕاڵیدا هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات تایبه‌تن به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند، له‌پاڵ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمه‌كان. له‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 دا چه‌ند مادده‌یه‌ك بوونه‌ مایه‌ی كێشه‌ دروستكردن بۆ كورد، بۆ نموونه‌ كه‌ركوك له‌و پڕۆژه‌یه‌ كرابووه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ناحه‌زانی كوردی به‌جارێك هاركردبوو. بڕواناكه‌م له‌ كوردستان كه‌سێك هه‌بێت له‌من پێی خۆشتربێت كه‌ركوك بكرێته‌ پایته‌ختی هه‌رێم، به‌ڵام له‌ پڕۆژه‌كه‌ی ده‌ستووری ساڵی 92 دا پێشنیازكرابوو هه‌ولێر پایته‌خت بێت، چونكه‌ تا كه‌ركوك نه‌خرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ناكرێت به‌ پایته‌خت، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز! ناحه‌زانی كورد پڕۆپاگه‌نده‌ێكی زۆریان بڵاوكرده‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیازه‌، هه‌موویان له‌دژ كورد بوون، كوردیش له‌و پێشنیازه‌ هیچ ئیستفاده‌یه‌كی نه‌كرد.
ئه‌و لیژنه‌ی خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌ بوو به‌و پڕۆژه‌ ده‌ستووره‌ی له‌ ئه‌یلوولی ساڵی 2006 بڵاوكرایه‌وه‌، له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا یه‌كجارێك كۆ نه‌بووه‌وه‌ بۆ ته‌ماشاكردنی ئه‌و پێشنیازانه‌ی چه‌ندین ڕێكخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی و كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زا بۆیان ناردبوو. له‌وباوه‌ڕه‌دام چاكتره‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ڕێگا چۆڵ بكات بۆ لیژنه‌یه‌كی تر، تا به‌ وردی ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و پێشنیازانه‌ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیازانه‌ی لایه‌نێكی بیانی ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ چاككردنی پڕۆژكه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین پڕۆژه‌ێكی گونجاوتر بۆ ئه‌مڕۆ و پاشه‌ڕۆژی كوردستان ئاماده‌بكه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی له‌سه‌ر بدرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌. ده‌ستوور هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان نانووسرێت، به‌ڵكو بۆ نه‌وه‌كانی پاش ئێمه‌یه‌. هه‌ندێ‌ خاڵی سه‌ره‌كی هه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌توانین به‌و شێوه‌ی ده‌مانه‌وێت دایانبرێژین، وه‌ك دیاریكردنی سنووری هه‌رێمی كوردستان، چاكتره‌ باس نه‌كرێت، چونكه‌ ده‌ستنیشانكردنی له‌ ده‌ستووری كوردستاندا وه‌ك دانپێدانانی یه‌كجاره‌كی به‌و سنووره‌ ته‌ماشاده‌كرێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق نه‌توانین هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ به‌شێك له‌خاكی كوردستانی ده‌زانین، بیانخه‌ینه‌ سه‌ر سنووری هه‌رێم. له‌م حاڵه‌ته‌دا نه‌وه‌ی پاش ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌و سنووره‌ی له‌ ده‌ستووری كوردستاندا دیاریكراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سنووری ڕاسته‌قینه‌ی كوردستان نه‌بێت. یه‌كێ له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ پڕۆژه‌ی ئه‌یلوولی 2006 دا كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ مادده‌ی 140ی كراوه‌ته‌ بنه‌ما بۆ دیاریكردنی سنووری هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا ئه‌و مادده‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن له‌كوردستان دارێژراوه‌ به‌پێی ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌و مادده‌دا دیاریكراوه‌. ئاماژه‌كردن بۆ ئه‌و مادده‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بَێته‌ هۆی بچوككردنه‌وه‌ی، له‌كاتێكدا ریژه‌ێكی زۆر له‌ ده‌نگده‌رانی كوردستان له‌به‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌نگیان بۆ ده‌ستووری عێراق داوه‌. چاكتره‌ له‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان سنووری كوردستان به‌چه‌ند ده‌سته‌واژه‌ێكی گشتی دیاری بكرێت، بۆ نموونه‌ بنووسرَت: “سنووری هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ له‌ ڕووی مێژوو و جۆگرافیاوه‌ به‌شێكن له‌ خاكی كوردستان”.

ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ 60 ساڵه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام تا ئێستا سنووری سیاسیی بۆ خۆی دیاری نه‌كردووه‌، وه‌كو ئیسرائیل. فه‌ره‌نسا له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا هه‌ردوو لیوای ئه‌سكه‌ندرونه‌ و ئه‌نتاكیای دایه‌ توركیا، به‌ڵام سوریا ئێستاش ئه‌و دوو لیوایه‌ به‌ به‌شێك له‌ خاكی خۆی ده‌زانێت و ده‌ستكاری سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی فه‌رمی نه‌كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ مافی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له‌ كوردستاندا ده‌ژین، چاكتره‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و نه‌ته‌وانانه‌ دانیشتن بكرێت بۆ بیروڕاگۆرینه‌وه‌و ئاگاداربوون له‌ داواكاریه‌كانیان. ناوچه‌ی كه‌ركوك له‌ پڕۆژه‌كه‌دا پێویسته‌ به‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان پێناسه‌ بكرێت، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی حوكمێكی ئۆتۆنۆمی فراوان. له‌ دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ سه‌فیری ئه‌مریكا بۆكاروباری (باكووری) عێراق و مادده‌ی 140، سه‌فیر (تۆماس كراجێسكی) كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئابی 2008 سه‌ردانی كوردستانی كرد، له‌سه‌ر داوای ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆی و تیمه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ دانیشتین بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌ی كه‌ركوك، ڕاشكاوانه‌ پێمڕاگه‌یاند كورد له‌وه‌ی كه‌متر قبووڵ نییه‌ كه‌ ناوچه‌ی كه‌ركوك ببێته‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام وه‌ك ناوچه‌ێكی ئۆتۆنۆم و ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی پێ‌ بدرێت.
ئه‌مانه‌ چه‌ند بۆچوونێكن ده‌یانخه‌مه‌ به‌رچاو ئه‌و لیژنه‌ قانوونیه‌ی پێشنیازی دامه‌زراندنی ده‌كه‌م، كه‌ ده‌توانێت زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكات. گۆێ‌ شل نه‌كردن بۆ ڕاوبۆچوونی كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار، به‌ تایبه‌تی له‌بواری داڕشتنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور كارێكی باش نییه‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ ده‌بێت بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان و بۆ دواڕۆژی. پاشه‌ڕۆژی ناوچه‌ی كه‌ركوكمان له‌به‌رچاوه‌ به‌ چ قۆناغێكی مه‌ترسیداردا گه‌یشتووه‌، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی بوونه‌ دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌.

له‌ (هاوڵاتی)، ژماره‌ی (461)ی یه‌كشه‌ممه‌ی 28ی ئه‌یلوولی 2008 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




میدیا وەک ئامڕازی ریسواکردن.. ستیڤان شەمزینی

لەگەڵ ئەو هەموو هاتوهاوارەی کەناڵەکانی راگەیاندن هەر خودی خۆیان دەیکەن لە هەمبەر رەچاوکردنی ئیتیکی رۆژنامەوانی و خستنە سەر رێچکەی رۆژنامەوانی کوردیی لە رووی پیشەیی و ئەخلاقی کارکردنەوە، کەچی هاوکات هەمان میدیا وەک ئەوەی بیری چووبێتەوە دوێنێ چی وتووە و بانگەشەی بۆ چ جۆرە نۆرم و مۆدیلێک لە رۆژنامەوانی کردووە، ئەمڕۆ بۆتە ئامڕازێکی گەورەی ریسواکردن و یەکتر سڕینەوە و هەلا هەلاکردنی کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەتا ئەو شەڕە موهاتەراتەی لە نێوان میدیای “پارتی و ئەهلی و گۆڕان”دا بەڕێوە چوو، نەک هەموو سنوورێکی ئیتیکی رۆژنامەوانی تێدا تێپەڕێنرا، بەڵکوو پێشێلی هەموو یاساکانی کرد و پەنجەی ریسواکردن و بە پووچ تەماشاکردنیشی خستە سەر کەسێتی و هەستی ژمارەیەکی بێشووماری خەڵک.

من پێم سەیرە چۆن میدیای کوردیی تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە زۆر ترسناکانەی کۆمەڵگەی کوردیی بووە کە ئینسان بە تەواوەتی بێ بەها و بێ رێز سەیر دەکات، من سەیرم لەم دەبڵ کەسێتییەی راگەیاندنکارانی کورد سووڕماوە و ناتوانم لەوە تێبگەم، مامۆستا “ئەکادیمییەکان”ی وانەی ئیتیک و ئەخلاقی رۆژنامەنووسی کوردیی چۆن لەلایەکەوە باسی ئیلتیزام دەکەن و لەسەرێکی ترەوە بەشداریی دەکەن لە پرۆسەی کوتین و موهاتەرات و شەڕەجنێو و سووکایەتیکردن بە هەموو پیرۆزییەکی مرۆڤ!!!. سەیرە هێشتا رۆژنامەنووسی ئێمە، وەکوو بەلاغی سەربازیی، تەماشای نووسین دەکات و بۆ شەڕێکی توندی سیاسیی و حزبیی و گروپیی بەکاریدەهێنێت و خوازیارە پەیکەر و جەستەی هێزی بەرامبەری پێ وردوخاش بکات!!. ئەمە کارەساتە راستەقینەکەی واقیعی رۆژنامەنووسیی کوردییە لەم بەشەی کوردستاندا.

کار گەیشتۆتە ئەوەی رۆژنامەوانییەک پەیدا بووە، لە پێناوی ئامانجە سیاسییەکاندا نەک سڵ لە هاڕینی هیچ کەس ناکاتەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای تێزی شەلم کوێرم ناپارێزم، دەست بۆ هەموو مافە تایبەتیی و سەرەتایی و سادەکانی مرۆڤ درێژ دەکات. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک پێگەیشتووە بۆ ریسواکردنی بەرامبەر نەک خۆی لە هیچ رستە و وشەیەکی زبر و ناشایستە و ناماقوڵ و نامۆ ناپارێزێت، بەڵکوو تۆمەت هەڵبەستن و زانیاریی درۆ و داتاشینی حکایەتی سەیر و سەمەرەشی کردووە بە بەشێک لە ئەرکە هەرە سادە و ئاسان و ئاساییەکانی خۆی. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە نەک هیچ بایەخ و رێزێک بۆ نووسین و وشە دانانێت، بەڵکوو هەر لە بنەماوە گاڵتەی بە هەست و کەسێتی مرۆڤەکانیش دێت، تا ئەو ئەندازەیەی هەزارەها چیرۆک و حکایەتی وەهمیشی بۆ ئابڕووبردن و ریسواکردنی هەر مرۆڤێک لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، ئامادە کردووە.

لە هەموو ئەمانەش ترسناکتر، هەردوو ئەو میدیایەی بەم دواییانە بازاڕی عوکازی موهاتەراتی کوردییان گەرم و جەنجاڵ کردبوو، خۆیان بە سەرمەشق و نموونەی رۆژنامەوانی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ دەزانن، بەڵام بێگوومان بیریان چووە ئەوان نموونە و سەرمەشق و پسپۆری عەیارە بیست و چواری موهاتەراتن، بیریان چووە لە پێناوی مەبەستێکی سیاسیی دیاریکراودا، ئامادەن کەرامەتی هەزارەها مرۆڤ بکەنە سووتەمەنی و قوربانی. تەنانەت سەیرە راگەیاندنێک بە ناوی داکۆکی لە مافی “سەردەشت عوسمان”ەوە دەست بۆ گەورەیی و پیرۆزیی کەسێتی خەڵکانی تر ببات!!، ئاخر ناکرێت لە پێناوی ژیانی گوڵاڵە سوورەیەکدا، باخچەیەکی پڕ گوڵ و گوڵزار بپلیشێنیتەوە، هەروەک چۆن ناکرێت بۆ دوورخستنەوەی تاوانێکی وەک ئەوەی دەرهەق بە ژیانی “سەردەشت” کراوە لە حزب و ئاڕاستە سیاسییەکەت، ئاگر لە ماف و هەستی کەسانی تر بەر بدەیت، وەکوو ئەوەی هەستی مرۆڤ کاڵایەکی هەرزان و سووک بێت. ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەنووسیی کوردیی.

بەداخەوە هێشتاش راگەیاندنی کوردیی بەهەمان فۆرمی شەڕی ناوخۆ و بە هەمان ئاواز و موفرەدەی شەڕی براکانی شاخەوە کە بە جەستەی پێشمەرگەی شەهیدکراوی نەیارەکانیان دەگووت “کەلاک”، مامەڵە دەکات، تەنانەت بۆ ئێمەومانان کە وەها خەیاڵمان دەکرد، کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا بۆتە هۆی وەرچەرخانی عەقڵی سیاسیی و میدیایی کوردیی، شۆکێکی گەورەیە بتوانین بە ئاسانیی تەسەوری ئەوە بکەین هێشتا میدیا لە کوردستان ئامادەیە شەڕی سیاسیی و ئاسایی گەرم بگۆڕێت بۆ شەڕی خوێناویی و سەربازیی، هێشتا میدیا ئامادەیە بە کوژراوی لایەنی بەرامبەری بڵێت “کەلاک”. بە رای من ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەوانی کوردیی نەک شتێکی تر.

مايوى 2010
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم




هەڵبژاردە سەختەکان.. سامانی وەستا بەکر

سەرۆکی هەرێم:
ئەوەی ئاشکرایە ئێستا کەم کەس هەیە هیوا بەو بارودۆخە بخوازێ کە سەرۆکی هەرێمی تێکەوتووە، ئاخر ئەو کەتۆتە نێوان دوو بەرداش هەرلایەکیان هەڵبژێرێ ئەویتریان ئەیهاڕێ.
نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکایە هێندە قورسە ئەگەر سەلیقەیەکی زۆرو دنیابینیەکی فراوان و دووربینیەکی مەودا درێژی نەبێ ئاستەمە بەسەرکەتووی لێی بێتە دەرەوە.
سەرۆکی هەرێم لەنێوان پارتی و شەقام، سەرۆکی حوکمەت و دەستگیرکراوەکانی بادینان، ماڵی خەزور و نێوماڵی کۆمەڵگە، ئاشتی و تەبایی خێزان و دووبەرەکی، ڕاستکردنەوەی یاسای لار وخوار بەکارهێنراو و یاسای هاوسەنگ و یەکسان، دادگای حیزبی و دادگای دادوەر، دادوەری گوێڕایەڵی حیزب و دادوەری گوێڕایەڵی یاسا، پاراستنی سومعەتی هەرێم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای ڕێکخراوە مرۆڤ دۆست و یاساپارێزەکان. ئەبێ ئەو لایە هەڵبژێرێ کە لەیەک کاتا “پارتی، شەقام، خانەوادە، یاسا، ڕێکخراو وڵاتانی دیموکراسیخواز و دۆستی یاسا” قایل بکات، بۆئەمەش پێویستی بە یارمەتی خەڵکانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و ڕامیاریوانی زانستی هەیە کە لەڕێی نوسین و سەردان و فشار دروستکردنەوە ڕێگە ڕاستەکەی بەبەڵگەوە بۆ ڕۆشنکەن.
ئەبێ ئەوە بۆ سەرۆکی هەرێم ڕوونکرێتەوە ئەگەر واژۆی بڕیارەکەی داد”گا” بکات و ئەو دەسگیرکراوانە بێکەس بەجێببهێڵێ ئەوا:

*لە سەرۆکی گەلەوە ئەبێت بە سەرکردەیەکی پارتی و بەس.
*لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و یاساپارێزەکان وەک هەر سەرۆکێکیتری ڕۆژهەڵاتی پێگەی خۆی وەک کەسێکی دیموکراتخواز لەدەستئەیات و هاوشێوەی دیکتاتۆرەکان ئەبینرێ.
*لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو وێنە میانڕەوە لەدەستئەیات کە بەراورد بە سەرۆکە باڵادەستەکانیتری پارتی پێیناسراوە.
*لەناو خودی پارتیشا لاوازتر ئەبێت و پاشەکشێیەکی کەمەرشکێن لەبەرامبەر ڕکابەرەکەی “سەرۆکی حوکمەت” ئەکات.
*پارتیە دیموکراتخواز و مافپارێز و یاسادۆستەکانیش بێ ئومێدئەکات و چیتر ئەو کەسە نابێت کە چاویان لەسەریبێت وەک سەرۆکی داهاتووی پارتی لێیبڕوانن.
*لە کۆنگرەی داهاتووی پارتیا باجی ئەنجامی ئەو هەڵەیە ئەیات.
*دووبارەبوونەوەی مێژووی باوکی و مامی بەچاوی خۆی ئەبینێتەوە کە چۆن باپیری باوکی لەبەرامبەر مامیا پشتگوێخستبوو.

کۆنسوڵگەی وڵاتان و ئێران و تورکیا:
دوای بڕیارەکەی دادگا ئیتر ئەبێ هاوڵاتیان و بگرە ڕۆژنامەنوسانیش لە کۆنسوڵگەی وڵاتان نزیک نەکەونەوە تا بە تۆمەتی کاری سیخوڕی دوستگیرنەکرێن، ئەمە لەکاتێکا کە تورکیا بە قوڵای ٤٠ کیلۆمەتر بەرەوژوور هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستان و ژمارەی دەزگا هەواڵگرییە تورکەکان لەهی خودی هەرێم زۆرتن و ئێران شارەکانی هەرێمی کوردستانی بە قەرارگاکانی تەنیوە و کێی بوێ تیرۆری ئەکات و کام بنکەی حیزبە کوردستانییەکانی بوێ بەڕۆژی نیوەڕۆ موشەکبارانی ئەکا، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە هەر خودی دەسەڵاتی هەرێم و حیزبەکان خۆیان ڕێنوێنی و چاوساغیان و کاری سیخوڕیان بۆئەکەن کەچی هیچ دادگایەک بوێری ئەوەی نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵا بکات، بگرە بەشانازیشەوە باسی هاوکارییەکانیان بۆ وڵاتانی داگیکەری مێژوویی کوردستان ئەکەن.

قەندیل:
چیتر قەندیل ئەو ناوچە دڵڕفێنە گەشتیارییە سەرنج ڕاکێشەی پێش بڕیارەکەی دادگا نیە تا هاوڵاتیان بتوانن بەبێ کێشە بچن سەردانی بکەن، نەوەک بەتۆمەتی کاری سیخوڕی بۆ پ.ک.ک تاوانبارو دەستگیربکرێن، سەیر لەوەیایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی ڕەشی حکومەتی هەرێما نیە کەچی دادا”گا” دیدار و سەردانیکردن لەگەڵیانا بەکاری سیخوڕی ئەبینێ. بەپێی بڕیارەکەی داد”گا”بێت خەڵکانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە یەکپارچە سیخوڕن! سەیرتر ئەوەیە هەرگیز داد”گا” دەسنیشانکردنی موڵگەو بارەگا و شوێنپێی گەریلاکانی “پ.ک.ک”و حیزبەکانی ڕۆژهەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بۆ تورکیا و ئێران بەکاری سیخوڕی نەبینیوەو بگرە کەیسی لەوجۆرە هەربوونیشی نیە!

هەڵبژاردن:
ترس لە سەنگی مەحەکی جەماوەر و ڕێکەوتنی سیاسی دابەشکردنی کورسییەکان و سازشکردنی هەندێک لایەن لەبەرژەوەندی لایەنێک هیچ واتایەک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوانێ و سڕکردنی دیموکراتی لێئەکەوێتەوە، ئەوەش ئەسەلمێنێ کە کۆی ئەو حیزبانە باش لەوە تێگەشتوون کە ئەدای کارکردنیان نەک هەر وەک پێویست نەبووە بەڵکو هێندە خراپیش بووە کە نەوێرن خۆیان بەنە بەر نەشتەری جەماوەر.

حیزب لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەت:
دوو دیاردەی سەیر لە حیزبە کوردستانییەکانا بەدی ئەکرێ بێجگە لە پ.د.ک.
یەکەم، لەم کابینەیەو کابینەکانی پێشووش هەموو ئەو حیزبانەی بەشداریان لە کابینە حکومییەکانی پارتیا پێکراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانا وەک مەڕ بێدەنگن، هاوشێوەی مناڵانی سەرەتایی دەست بڵندئەکەنەوە بۆ قسەکردن و واژۆ لەسەر هەموو بڕیارێکی حکومەتە ئەکەن کەچی حیزبەکانیان لە مێدیاوە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت قسەئەکەن، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش هەڵبژاردن.
دووەم، زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ناو حکومەتیش هەتا کامێرا و مۆبایل نەبێت بۆ وێنەگرتن و گواستنەوەی چالاکییەکنیان هیچ دەنگێکیان لێوەنایەت و بێدەنگن، بگرە هاوکار و هاوڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشن، بەڵام بەقودرەتی قادر هەر کە کامێرا هەبوو، یان کە خۆیان دەستیانکرت بە تۆمارکردن بە مۆبایلەکانیان، ئیتر نەڕەو هاوراریان لێبەرزئەبێتەوە و ئەبن بە داکۆکیکاری سەرسەختی میلەت، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش هەڵبژاردن، ئەو تای هاوراکردن و فیکە و تەپڵ و پێڵاوفڕێدانە زۆر بەرزتر ئەبێتەوە. “هەڵبەتە باسی ١١ کۆتاکە ناکەین کە بوونیان تەنها بۆ بەرژەوەندی پارتیە”. بەڵام ئەم دیاردەیە لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتیا بەدی ناکرێ و تائاستێکی زۆر یەک ڕوون، هەڵبەتە ئەوەش لەبەر دوو هۆکارە، هۆکارێکیان ئەوەیە کە هەموو شتێ بەخواستی حیزبەکەیان ئەچێ بەڕێوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە کە پارتی حیزبێکی ناوەند دەسەڵاتە “مەرکەز”یە و هەر جوڵەیەک دژی بەرژەوەندی ئەو حیزبە بێ سزا تێناپەڕێ.

کوشتن:
هەڵبەتە ئەوە کۆمەڵگە نیە کە حەزی لەتاوان و کوشتارە، ئەوە زۆر و بۆری ئەو هەموو مەلا ئاینیە “بێ دین” و ئەو هەموو بانگخوازەیە هەر کەسەی پەلی ئاین بەولایەیا ڕائەکێشێ کە خۆی پێی مەستە، ئەوە زۆری ئەو هەموو کەناڵانەیە کە خەریکی بڵاوکردنەوەی کلتوری نامۆو تاوانی ناموس لەلایەک و زۆری کەناڵی ئاینی لەلایەکیترەوەیە، کە مێشکی کۆمەڵگایان بەجۆرێک ژەهراوی کردووە ئەگەر کەسی تەماشاوان زۆر هۆشیارنەبێ ئاستەمە تێنەکوێ، جا ئەگەر کەسەکە ببێتە هۆکاری کوشتنی کەسێک لەڕێی ئابڕوبردنیەوە، یان خۆی ببێ بە بکوژ لەڕێی مێشک شتنیەوە بەبیری توندڕەوی، یان خۆی بکوژێ لەڕێی بێ بەهاکردنی هەموو جوانیەکانی ژیانەوە، هۆکارەکە هەر ئەوانەی سەرەوەو بێ پرەنسیپ و دیسپلینی حکومەتەتیشە لە هەمانکاتا.

دانس و تەراویح:
نوێژکردن بابەتێکی کەسییە لەنێوان خود و خواوەند و چاکە و خراپەشی ھەربۆکەسی نوێژخوێن خۆیەتی بۆیە ھیچ پێویست بەنمایشکردن لەسەر شەقاما ناکات بەڵام بیرمان نەچێ ئەکرێ سیاسەت لەپشتی ئەو کارەوەبێ.
سەماکردن کارێکی نمایشکارانەیە و کارێکە لە سەمازانەوە بۆ تەماشاوان واتە سەما بەبێ نمایش نابێ چونکە کارێکە بۆ کەیف و ئارەزووی ھەوادارانی.
لەڕاستیا ھیچیان پەیوەندیان بەسەر ئەوەیتریانەوە نیە بەڵام میلەتێک کە ھۆشیاری و مەعریفەی کەمبێت تێکەڵیان ئەکا و لەھیچی نەبوو دووبەرەی دژەیەک دروستئەکا و کێشەیەکیتریش ئەخاتە سەر کێشە کەڵەبووەکانی.

سامانی وەستا بەکر
١٢-٥-٢٠٢١
سوید-ستۆکهۆڵم




میدیای بکوژ.. ئەحمەد ڕەزا

سێ تەوەری گرنگ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و بیرکردنەوەی تاکەوە هەیە، شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنن، کە میدیای ئێمە بە گشتیی، دەستەپاچەیە لە ئاستیانداو هەڵوێستی میدیا بە گشتیی دوورە لە هەر جۆرە مەعریفەیەک.. بە جۆرێک لە ئاستی واتەواتی چایخانەو گوزەرەکانی ناو بازاڕ تێناپەڕێت.. ئەم سێ تەوەرەش کە بریتین لە:

١-دیاردەی خۆکوشتن.
٢- بەرهەمهێنانی هونەریی.
٣- هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.

یەکەم: دیاردەی خۆکوشتن.
لە ساڵی ٢٠١٨ بابەتێک لە ڕۆژنامەی ” سکای نیوز” بڵاوکرایەوە، کە هۆشداریی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەدات، سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی هەر جۆرە خۆکوشتنێک.. کە باسی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تیمێکی نێودەوڵەتیی ئەکات، بە سەرپەرشتی مامۆستا ” ئایال شافر” کە پزیشکێکی دەروونیی و گەورە لێکۆڵیاری تیمەکەیە.. تیمەکەی شافر لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ – ٢٠١٤ زۆرترین باس و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی کاریگەرێتییەکانی ڕاگەیاندن لەسەر دیاردەی خۆکوشتن بڵاوکردەوە.. دەرەنجامەکەش بەوجۆرەیە، کە کاریگەرێتیی میدیایەکی ئەکادیمیی، لە گرنگییدان بە دیاردەی خۆکوشتن ڕێژەی٢% ی خۆکوشتنی زیاد کردووە.
لە دیارترین ئەو مەرجانەی کە پێویستە ڕاگەیاندن لەبەرچاوی بگرێت، خۆپاراستنە لە نیشاندانی چۆنێتیی خۆکوشتنەکەو ئاسەوارەکەی بە جەستەوە.. جگە لەوەش دواندنی کەس و کاری خۆکوژ یەکێکیترە لە تابۆکان.. بەدەر لەوەی کە پێویستە میدیا ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، ئامادەکردنی هەواڵێکی لەوجۆرە، چ سودو زیانێک بە تاک ئەگەیەنێت، وەک دکتۆرە ” مەنال القبلاوي” لە ڕۆژنامەی ” الرأي” لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە وتارێکیدا نوسیویەتی.

” دکتۆر عبدالرحمن مزهر” لەگەڵ ئەو ڕایەدایە، کە ناکرێت بە تەنها تەرکیز بخرێتە سەر بابەتی خۆکوشتنەکەو هیچ جۆرە بنکۆڵی کردنێکی زانستیی لەگەڵدا نەکرێت.. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە وروژاندنە ئەبێتە هۆی تەشەنە کردنی دیاردەکەو بە نێگەتیفە.. بەڵکو پێویستە هەر کردەیەکی خۆکوشتن کە ڕووئەدات، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بخرێتە ژێر ڕۆشنایی تیۆرە سۆسیۆلۆژییەکانەوە.. لەبەرئەوەی خۆکوژ بە نەخۆشی دەروونیی ناوزەد ناکرێت.. بەڵکو بڕیارە بە هۆکارێکەوە ئەبەسترێتەوە.. بەڵام کاتێک ڕاگەیاندن ڕەواڵەتگەرییانە بابەتەکە باس بکات و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا پێشکەش نەکات، ئەو کاتە وەک دکتۆر شافر ئەڵێت، ڕەنگە وەرگر خۆی لێ ببێتە پاڵەوانەکە، کە خۆکوژەکەیەو ئەو کردەیە دووبارە بکاتەوە.
ئایا میدیای کوردیی لە ئێستادا لە کوێی هەستکردنە بەم بەرپرسیارێتییە؟ لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەهۆی سەغیی تەبیعەتیی حوکومڕانەکانییەوە، بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی بانقی نێودەوڵەتیی و سندوقی نەختینەوە، تا ئاستی هەژاریی سوخت تاک پێش خۆیان ئەدەن.. هیچ کەسێکیش نییە تروسکایی لە هیچ شوێنێکی ئایندەدا ببینێت.

دووەم: بەرهەمهێنانی هونەریی.
بەرهەمهێنانی هونەریی/ میدیایی، زاراوەیەکە هەموو ئەو لایەنانە ئەگرێتەوە، کە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی بەرنامە بینراو و بیستراوەکانەوە هەیە.. بە جۆرێک بیرۆکەیەک یان چەند بیرۆکەیەک ئەگۆڕرێ بۆ وێنەو دەنگ و ڤیدیۆ، لە شێوەی بەرنامەی پەخشکراودا، بە ئامانجی گەیاندنی بیرۆکەکە بە وەرگرو کار تێکردنیان.
ئەم بەرهەمهێنانە بەوە ئەناسرێتەوە کە درێژخایەنە، لەبەرئەوەی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕئەبێت وەک کارگێڕیی و دیزاین و پلاندانان و ئەندازیاریی و دەنگ و وێنەگرتن و ڕوناکیی و دیکۆرو جلوبەرگ و مایکەپ و ڕاهێنانی دەرکەوتووەکان و مۆنتاژو پەخش و مارکێتینگ. جگە لەوەش پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەو بوارانەدا کار ئەکەن، پسپۆڕ بن و شارەزاییەکی باشیان لە کارەکەی خۆیاندا هەبێت.
بەڵام بەلانی ڕۆژنامەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە باسەکە وێنەگرتن و دەنگی تێ ناکەوێت و پێویستیی بە بیرۆکەو دیزاین و کۆلاج و چاپکردن و مۆنتاژو مارکێتینگ و بڵاوکردنەوەوە هەیە.

لە میدیای کوردیدا بەگشتیی، کەمترین پسپۆڕ لە بوارەکەدا هەیە.. نەزانێک سەرپەرشتیاری ئەدەبی لاپەڕەیەکە، یان بەشی کۆمەڵایەتیی بەڕێوە ئەبات، یان لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەو دراماکانە، یان بەڕێوەبەری دەستڕۆشتووی کەناڵێک.
ڕۆژنامەکان پێشبڕکێ لەگەڵ بابەتە کرچ و کاڵەکانی سۆشیال میدیا ئەکەن، بۆ وەرگرتنی بابەت.. زۆرینەی بەناو دراماکانیش ئەو ” CD”یە ئاست نزم و لەیبوکانەن، کە پێشتر لە مەزادخانە/ دەرارخانەکانیشدا سانسۆریان لەسەر بوو، دوکاندار ڕیکلامی بۆ فرۆشتنیان نەئەکرد.. سەیرە ئێستا زۆرێک لە دەرچووانی پەیمانگەو کۆلیژەکانیش کێبڕکێی بەرهەمی مەزادخانە بکەن.
بەرنامەکانیش بە گشتیی لەگەڵ هەر دانیشتنێکی گەنجانەی سەهۆڵەکەو چایخانەکان تێپەڕ ناکات و خاڵیی خاڵین لە فیکرو مەعریفە.
هەموو ئەزانین هەر وڵاتێک کەوتە بەر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی، ڕاستەوخۆ مەعریفە ئەکات بە قوربانی ئەدای ناو بازاڕەکان، بۆ نمونە نوسەری گەورەی سوریی ” محمد ماشطة” ئەڵێ: پێئەچێ ڕێکەوتنێک لە نێوان کەناڵەکاندا هەبێت، بۆ دوورخستنەوەی وەرگر لە بابەتی جاددو ئامانجدار، دەنا ئەم هەموو بێ ئەرزشییە چۆن بە جارێک لە ڕەمەزانێکدا دەرئەکەوێت.. دکتۆر ” نەواف التمیمي” پسپۆڕی ڕاگەیاندن بە ” دراما خەجاڵەتبارەکان” ناویان ئەبات.. ئەو بە ڤایرۆسێکی مەترسیدارتر لە کۆڤید 19 ناویان ئەبات و پێیوایە ئەبنە سەرچاوەی وشککردنی فیکر.. لەبەرئەوەی وەک دکتۆر ” عبدالله غذامی” یش دووپاتی ئەکاتەوە، ئێستا لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکان ئەگەنە وەرگرو سەردەمی کتێب کاڵ بووەتەوە.. گەر پەیامیش لەڕێگەی ناپیشەگەرەوە بگاتە وەرگر.. ئەوا فیکر ئەبێت بەژێر دەست و پێوە.

دەرنجامەکان ڕوونن کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرینەی خەڵک لە کەناڵە کوردییەکان.. تەماشا کردنی درامای ئەمەریکی و ڕوسیی و ئیسپانیی و میسریی و لوبنانی، لە بری ئەو بێ سەروبەرییەی کورد بە ناوی دراماوە دەرخواردی وەرگری ئەدات.. بەگشتیی، کەیفسازیی جێی بە هەموو بابەتێکی گرنگ لێژ کردووە، لەسەرجەم کەناڵەکاندا.. نەبوونی پسپۆڕو دەرکردنی کادرە جاددەکان، هەروا بە سادەیی خەڵک تێی ناڕوانێ، پێ ئەچێ لەژێر فشارو ڕاسپاردەدا بێت.. ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتی کورد!
سێیەم: هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.
” دکتۆر محمد قیراط” لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی ” البیان” دا ئەڵێت: بۆگەنکردنی میدیا، نەتەوەیەک بۆگەن ئەکات.. خۆی وتەزاکە پێچەوانە ئەکاتەوەو بە گریمانە وەریئەگرێت و ئەڵێت: ئەی بۆ وتەزاکە ئاوەژوو نەکەینەوەو ببێ بەوەی بڵێین، ئەگەر نەتەوەیەک بۆگەن بوو، میدیاکەشی بۆگەن ئەبێت؟.. لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان میدیاو کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، پەیوەندیی کارلێکردن و کاریگەرێتییە.

هۆکارەکانی نەزۆکیی میدیا، کە وایکردووە وەرگر متمانەی پێی نەمێنێت و ئەوی لە ڕاگەیاندنی تەقلیدیی دەوڵەت و حیزبەکانەوە بڵاوئەکرێتەوە، پێچەوانەی وەربگرێت، بۆ چەند هۆکارێکی بنەڕەتیی ئەگەڕێتەوە.. لە سەرێکەوە پەیوەندیی بە کادرە نەشارەزاو ناپیشەگەرەکانەوە هەیەو لە سەرێکیتریشەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو لایەنەوە هەیە، کە سەپۆرتی ئەکات و ئەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەوی تیا لەبەرچاو بگیرێت.. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەوە نەبوونی مینبەرێکی تەواو ئازادو خۆسەپاندنی دەسەڵات، بەسەر هەموو کەرتەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە، میدیایەکی ئیفلیجی تەقلیدیی لێ بەرهەمدێت و بە هیچ جۆرێک ناتوانێ شان بەشانی میدیای کۆمەڵگە مەدەنییەکان کاری میدیایی بکات، لەبەرئەوەی پێش هەر شتێک میدیا پێویستیی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنیی و دابەشکردنی سێ دەسەڵاتی ” یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن” هەیە.
میدیای تەقلیدیی کە پێکدێت لە ڕۆژنامەو ئێستگەو تەلەفزیۆنەکان، ئێستا لەبەرامبەری ئەواندا میدیای نوێ هاتۆتە پێش و لەو کۆمەڵگایانەدا کە سیاسەت جێی گرنگیی پێدانی یەکەمینە، میدیای نوێ جێی بە میدیای تەقلیدیی لێژ کردووە.. بەڵام میدیای نوێ لەژێر ئەو چاودێرییە هونەریی و کۆمەڵایەتییە نییە کە میدیای تەقلیدیی پێ کۆنترۆڵ ئەکرێ، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە بۆ خۆی ڕێ بۆ قەرەباڵغی و ژاوەژاوی میدیایی خۆش ئەکات.

کارەسات لەوێدایە، میدیای تەقلیدیی بکەوێتە ژێر فشاری میدیای نوێوە، کە لە هەموو چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووئەدات.. کارەساتەکە قەبارەی گەورەترە لەوەی لە میدیای نوێدا ڕێچکەی گرتووە، لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە ئەو خۆی پێناسە کردووە.. بەڵام میدیا تەقلیدییەکە، کە ئامانجدارەو ئەرکی ئاراستە کردنی تاک و کارتێکردنیانە ئەویش ببێتە بەشێک لەو ژاوەژاوە فیکرییەی کە ڕەوتێکی ناسراوی تیا نییە، ئەوا ئەبێتە هۆی پیس بوون و بۆگەن کردنی کەرتی میدیایی.
لە ئێستادا لە زۆرێک لە کەناڵەکاندا، لە هەـوو ڕوویەکەوە پشت بەو ڕەوتە ئەبەسترێ کە لە میدیای نوێوە سەری هەڵداوە.. بۆ نمونە ” کەیفسازیی/ الترفیه” لە میدیای نوێوە سەری هەڵداو پەڕیەوە بۆ میدیای تەقلیدیی، بەڵام لێرەدا ئامانجەکەی بە دوو ئاراستەدا گۆڕرا.
یەکەمیان بوو بە ئامرازێک بە دەست هەندێ نوسەرو هونەرمەندەوە، تا لە بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆی و دژی حزبە نەیارەکارەکانی بەکار بخرێت.
دووەمینیشیان بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ناو بازاڕو دانیشتنە تایبەتەکان، بە مەبەستی نیشاندانی ڕوویەکی گەشی دەسەڵات بە بەردەوامیی.
لێرەدا بە مەبەست و بێ مەبەست، زۆرێک لە میدیاکان، هەواڵی ڕووداوە ئاساییەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر ئەکەنەوە، بەمەبەستی ناشرین کردنی کۆمەڵگەو لابردنی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی دەسەڵات.. وەک سەمای کوڕوکچەکەی سەهۆڵەکە، کە تەنها ڕاگەیاندنەکان وێنەیان ئەگرتن و خەڵک ئەوەندە بایەخی بۆی نەبوو، بەڵام ڕاگەیاندنەکان، لە مەوعیدی خۆیاندا بە لێشاو لەوێ بوون و لەوەدا بوو فیتنەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەشی لێ بکەوێتەوە.. دواتر نمایشی تەراویح و کچەکەی ئەکوا پارکی هەولێرو زۆرێکیتریش لەو ڕووداوە بێ بایەخانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات تەبەنیی کران بە قەبارەی زۆر گەورە.
بەگشتیی لەبەرئەوەی میدیای کوردی سەربەخۆیی دارایی نییە. ناتوانێت بگاتە سەروو دەسەڵات و هەوڵی ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمداری بدات.. لەبەرئەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستا لە سنوری ” العین و بالعین” لامان نەدابێت و شەڕە عەشایەرییەکان بەردەوام بێت، بەهۆی نەمانی متمانە بە قەزاوە.. لە کۆمەڵگەی ژنکوژو خەسێنراوی ژێر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا، کە پێش هەر شتێک خوێندن و زانست ئەبن بە قاصەی خۆتێرکردن.. چاوەڕوانی میدیایەکی دروست و سەربەخۆو ئازادی لێ ناکرێ.




ژەهری بیرچوون.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زۆر جار، بیرچوونت…..
خواردنەوەی شیرینترین ژەهرە،،
لە نێو سەدان پەرداخە ژەهری..
کوژەری تر،،،
زۆر جار، دابڕان لێت،،،
غەمگینترین نۆتایە،،،
لە نێو سەدان سیمفۆنیای…
عەشقی بێئاکامی تر…
با هەنگاوە وێڵەکانت ، چیتر ئازیز..
لە سۆراخی گەڕانەوەی…
تارماییەکی کۆچەر نەبێ،،،
نیگای چاوە گەشەکانت،،
لەسەر دەرگای…
نیوە کراوەی ژوری چؤڵ نەبێ،،
چرای ژوانت، با چیتر،،،
لەسەر کەناری تەمهەڵچنی پایزێ..
بڵێسەی نەبێ،،
شاعیرێ گەر بڕیاری دا،،،
بە نێو بیابانی سەختی…
شیعرەکانی خۆیدا ،،
سەرهەڵگرێ،،،
چیتر مەشخەڵی عیشق،،،
لەسەر لوتکەی چیای..
ئەڤینێکی دوور..
هەستی شەکەت و ماندووی نابزوێنێ،،
هەروەک مەرگی دوا کڵپەی خۆر ،،
ڕۆژانێ دێ،
بڵێسەی چاوی عیشقیش..
کز بێ و خامۆش ئەبێ،،
بێتە سوتماک،،،
ساردو تەزیو،،
وەک شەختە بێ

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی ڕوسی
Mikhail Germashev -Winter Twilight




خەونە مناڵانەکە ی عەلی باپیر!.. مەحمود عەبدوڵڵا

لەم ڕۆژانەدا “شەریف”ی عەلیباپیر ی زانای پینەکردنی خوڕافیات دەڵێت بەشانازیەوە باوکم خەونی بەخواوە بینیوە. سەرەتا دەڵێم:خودا لەخەوندا خۆتی٫ باوکت خەونی بینیوە ،نەک خوا.
خەون بەدیهێنانی ئارەزویەکە،بەپێی تیۆرەکەی فرۆید.هەندێجار لەخەوندا ئاودەخۆیتەوە،چونکە جەستەت تینویەتی،دەرون ئەو ئارەزوە بەدی دێنێت تا خەوەکەت تێک نەچێت،بۆیە ئارەزو خەونی لێدەکەوێتەوە.. بەڵام خەون شانۆی نمایشی دەرونە،هزرەکان لەخەوندا دەبن بەوێنە، بۆیە مرۆڤ واهەست دەکات خەون دەرەکییە،ئەگینا لەواقیعدا خەون بریتییە لە و هزرو بیرۆکانەی پێشتر
لەدەرونداهەن،سەرچاوەی خەونەکان دەرونە نەک دەرەکی. خەون زمانی وێنەیە ،تەرجومەی دەرونە لە شێوەی وێنەو ڕەمز. کەتۆ خەون بە خواوە دەبینی یان بەکچە دراوسێ لەتەمەنی هەرزەکاری لەڕاستیدا هۆکارەکەی ئەوەیە تۆ ئەو وێنەیەت داوەتە مێشکت .بۆیە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان خەوبینی هەرزەکارێک بەکچێکەوە و خەونی بینین بە خودا وە. دیارە پێش فرۆید هەروا دەزانرا کە سەرچاوەی خەون دەرەکیە.پێغەمبەریش وتویەتی خەون بەشێکە لەچل و شەش بەشی وەحی.
جا لێرەدە من ناڵێم عەلیباپیر ڕاست ناکات!باوادابنێین ڕاست دەکات،ئەوکات واتا خەونەکە مناڵانەیە چونکە فرۆید دەڵێت:خەون لەسەر دوقاچ بەندە ،یەکیان جەخت دەکاتە سەر بنەمای واقیعە نوێیەکە.ئەویدیکەیان جەخت دەکاتە سەر ڕوداوێکی گرنگی مناڵی!خەون لەسەر ئەو ڕوداوە پێک دێت،ڕوداوێکی مناڵی وڕوداوێکی نزیک لە خەونەکە کە پەیوەندیان پێکەوە هەبێت.بێگومان زۆربەمان لەمناڵیدا حەزمانکردوە خواببینین،لەوانەیە لەبیریشمان نەمابێت کە شتێکی وا هەبوبێت.جا بەگوێرەی بۆچونەکانی فرۆید خەوبین هەوڵدەدات ڕوداوەکەی ئێستا بەپێی نمونەی ڕابردوو بونیاد بنێتەوە.
لەم باەیەوە فرۆید دەڵێت: ئارەزوو خەون دەخاتەوە،بەبەردەوامی ڕوداوەکانی مناڵی سەرچاوەی خەوننمەبەستی بەردەوامی خەون دەگەڕێتەوە بۆمناڵی،پەیم بەوە بردوە لەناوەڕۆکی خەوندا بەش هەیە ئاماژە بەڕوداوێکی سەردەمی مناڵیدەکات..
بۆیە لێرەدا من دوو ئەگەر دادەنێم،یان م.علی دەرونی گەشەی نەکردوەو هەر لەجیهانە مناڵانەکەدا دەژیت،یان ڕاستگۆنیە و دەیەوێت خۆی گەورە نیشانبدات لەپشت خوداوە بوەستێت. ئەمەش نیشانەی بچوکیە،چونکە مرۆڤی گەورە ئازادانە دێتە پێش و خۆی لەپشت کەس ناشارێتەوە نیچە وای گوت.
بەهەر حاڵ لەکۆتایدا دەڵێم مرۆڤ تا لایەنی ئەقڵانی گەشەبکات کەمتر خەون دەبینێت،بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. هەربۆیە مناڵ و خوڕافیەکان زیاتر خەون دەبینن.
جگە لە خەونگەلێک کە سەرچاوەکەیان زۆر خۆرییە،یان هەندێ خەون کە ئاماژەن بەبونی نەخۆشی یەکێ لەئەندامەکانی جەستە،وەک زانایان باسی دەکەن. بەڵام پێویستە م. علی وێنەیەکی خودامان بۆ بکێشێت تا ئێمەش بیبینین.

مەحمود عەبدوڵڵا




داواکەی ئەردۆگان و وەڵامدانەوەی بە ئاڵای کوردستان .. رەزا شـوان

ئەردۆگان لە پەڕەی خۆیـدا لە تۆڕی توێتەر، داوای لە هەموو جیهان کرد، بە تایبەتیش داوای لە دەوڵەتانی ئیسلامی کـرد. کە بجووڵـێن و بێـنەدەنـگ بۆ راگـرتنی هـێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مزگـەوتی ئەقسا و ماڵە فەلەستینیەکان. وەک ئەوەی کە خـۆی هـیچ ستەم و تاوانێکی بەرانبەر بە گەلی کوردی ئازدیخواز و ئاشتیخوازمان لە کوردستانی داگـیرکراومانـدا نەکـردووبێـت. یا کەس پاشـەڵی خوێنـاوی و دەستە خوێناوییەکـانی و تـاوانە قـێزەوەنەکـانی کە دەرهـەق بە کورد کـردوونی و دەیکات نەبینێـت.

(یایـر نەتەنیاهو) کە کوڕی سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل (بنیامین نەتەنیاهـو)ە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی توێتەری کۆمەڵایەتیدا، بە پێـشاندانی ئاڵای کوردستان وەڵامی داواکەی ئەردۆگانی دایەوە. ئەردۆگانی تەزانـد و گرژ و مۆنی کرد و چەپۆکێکی مزری بە دەمیـدا کێشا. یایر راستییەکانی لە رووی ئەردۆگانی دیکتاتۆر و رەگەزپەرست و خـوێنـڕێـژ ئاشکراکـرد. یایـر بە بەرزکـردنەوەی ئـاڵای کوردسـتان، باش دەزانێت کە مەبەستی چـییە و چی پەیـامێکی بـۆ ئەردۆگانی درۆزن نارد. ئەوە دەزانێـت و دەبینـێت کە رۆژانە سوپای دڕندە و خـوێنڕێژی تورکیای ئەردۆگانی، لە کوردستانی داگیرکراودا، کە چی تـاوان و نامەردییـەک بەرانبـەر بە گـه‌لی کـوردی بێتـاوان ئەنجـام دەدەن.

یایـر نەتەنیـاهـو، لە لاپەڕەی فـەرمی خۆی لە تـۆڕی کۆمەڵایەتی توێتـەردا. راگەیانـد و داوای ئەوەی کردووە کە ئاڵای کوردستان بۆ لیستی ئیـمۆجی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیـاد بکـرێـت.
لە کاتێکدا کە ئەردۆگان فرمێسکی تیمساحی بۆ منداڵانی (غـەزە)ی فەلەستین دەڕشت. لە هەمان کاتـدا، بە قـورسترین چەکی کۆمەڵکوژی و فسفۆری سوتێنەر لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستانـدا، زۆر دڕنـدانە و نامەردانە و بێ بەزەییـانە منـداڵانی بێتـاوانی کوردی رەشەکـوژی دەکـرد. چەندیـن کۆمەڵکـوژیی لە گـەلی کوردمـان کـردووە.
ئەردۆگانی سەد روو و درۆزن. دەتەوێـت بەم داوایە پـوچ و درۆیانـەت خـۆڵ لە چـاوی فەلەستینییەکان و دەوڵەتانی ئیسلامی بکەیت. ئەگەر راستە ئیسلامی و درۆناکەیت، بەم مانگی رەمەزانە. بۆردومـانی دییەکـانی باشووری کوردستان و رۆژئـاوای کوردستانت ناکرد، کە هەموویـان موسڵمانـن و بە رۆژوون و خەلـکی سڤـیلـن و هیـیچ تاوانێکـیان نەکـردووە. تەنیـا ئـەوە نەبێـت کە کـوردن و تورک نین. کوردبـوونیـش بە لای ئێـوەی رەگەزپەرستەوە تاوانە. کەواتە ئێوەی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل چی جیاوازییەکتان هەیە؟ ئەو تاوانە قـێزەوەنانە و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییانەی ئێوەی تورکیای رەگەزپەرست دەرهـەق بە گەلی کوردمان ئەنجـامتان داون و دەدەن. ئیسرائـیل تـاوانی وای بەرانبـەر بە فەلەستینییەکـان نەکـردوون. خـۆ گەلی کوردمان مووشەکیان بە ئەنقـەرەوە نەنـاوە.
هیچ کارێکی تیرۆریستیشمان نە لە تورکیا و نە لە هـیچ وڵاتێکی تر ئەنجـام نەداون و ئەنجامی نادەین. تەنیا بەرگریمان لە کورد و کوردستانمان کردووە و دەکەیـن. ئەمەش مافـێکی رەوا و ئەخـلاقی هـەر گەلـێکی مـاف زەوتکـراو و نیشـتـمان داگـیرکـراوە.
ئەردۆگانی سـەد روو. تۆ و رژێمـەکەت، راستییەکـان بە دوو پێـوەری جـیاواز دەپێـون. خەباتی گەلی فەلەستین و گەیشتن بە مافەکانیان بە رەوا دەزانن و پشتگیریان لێدەکەن. بەڵام خەبـاتی گەلی کوردمـان لە کوردستانی داگـیرکراومـانـدا، بۆ بەدەستهـێنانی مافـە رەواکـانمان، بە تـاوان و ناپاکی دەزانن. ئەمەیە دوو روویی و دوو فـاقـیتان. ئەگـینا لە نێـوان گەلی فەلەسـتینی و فەلەستین و گـەلی کورد و کوردسـتانـدا، چی جـیاوازییـەک هـەیـە؟! یا کـورد وتـەنی:” بانـێکە و دوو هـەوایـە”.
بە کرداری تا ئێستا چی داکۆکییەکت لە گەلی فەلەستینی کردووە؟ گەر راست دەکەیت و بێ غـیرەت نـیت. ئەمە ئەرز و ئەمە گەز. جاشە بەکـرێگـیراوەکانت و نۆکەرەکانتان لە رۆژئـاوای کوردستان و لیبـیا و سنووری ئەرمـینیا و عـێراق بکـێشنەوە و بیـان نێـرن بۆ فەلـەستین و با رووبەرووی سوپـای ئیسرائیـل ببـنەوە. ئەردۆگـانی درۆزن و سـەد روو. تۆ لەگەڵ گورگدا گـۆشت دەخـۆی و لەگەڵ مەڕیشدا شیندەکەی. ژێـراوژێـر لەگەڵ ئیسرائیلی و لەسەرەوەش وا خۆت پێشاندەدەیت، کە دوستی عەرەب و فەلەستییەکانی. بە داخـەوە کە بەشی هـەرە زۆری عەرەبەکـان و فەلەستییەکـان لە راستیی ئەردۆگـان تێ نەگەیشتوون کە چی کەسێکی سەد روو و درۆزن و فـیشاڵکەر و هـەلپەرستە. هەر فەلەستینییەکان نین کە ئەردۆگان هەڵی خەڵەتانـدوون. بە داخەوە کە لایەنـێکی کوردی کورسی پەرست و بەرژەوەنـدی پەرسـتی کوردیـش بـوونە بە جـاشی رەشـمە لەسەری ئەردۆگـان. بـوونە بـە کـەوا سـووری پێـش لەشکـری سـوپـای تـورکـیای ئەردۆگـانی کوردکوژ. ئەمە تاوان و ناپاکییە و پەڵەیەکی قێزەوەنی شەرمەزارییە و لێیان نابێتەوە.

ئەردۆگـان لـۆمەی ئیسرائیـل دەکات، کە کوشتن و تـاوان بەرانبەر بە فەلەستینییەکـان دەکات. وەکو دەڵـێن: پووشێک لە چاوی خەڵکـیدا دەبینێت.. کەچی راژەیـەک لە چاوی خـۆیـدا نابینـێت. یا وەکو شـاعـیرێـکی کـوردمـان دەڵـێت:
خەوشێکی خەڵک دەبیـنی، خۆت خاوەنی هەزاری
خـەڵـکــت لا خـــەرارە، خــــۆتـیـش وەک دەواری
ئێمە کورد نە دژی گـەلی فەلەستینین و نە لایەنگیری زەوتکردنی مافەکانیانین لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. بەڵام زۆرتان ئاگات لەوەیە و بینیتان. کە چۆن فەلەستینیـیەکـان، لە فەلەستین دا بە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا و وێنەی ئەردۆگانی داگیرکەر و تاوانبار خۆپێشاندانی خۆشیان بە بۆنەی داگـیرکردنی شاری عـەفـرین و کۆمەڵکـوژی کوردەوە ساز کرد و دەستخۆشیان لە ئەردۆگـانی خوێنڕێژ کرد کە شاری عـەفـەرینی رۆژئـاوای کوردستانی داگیرکرد، چەپڵەیان بـۆی لێـدەدا. لە ئەمڕۆشدا لە سایەی سوپـای تـورکیای داگـیرکەردا. لە شاری عەفـرین دا، رۆژ نییە چـوار پێـنج کوردی بێتـاوان نەکوژن و دە کوردیش بێ سـەر و شوێـن نەکەن و مـاڵ و سامانیان نە دزن و تاڵانیان نەکەن و باخ و دارستانەکانیان نەبـڕنەوە. گوێـمان لێ نەبوو و نەمان بینی کە فەلەستینییەک لەمەر ئەم تاوانـەی لە کورد دەکـرێن لـۆمەی ئەردۆگان و تورکـیا بکات. گەر قـودس و غـەزە لای ئێوەی فەلەستینییەکان پیـرۆزن. ئەوەش بـزانن کە لای ئێمەی کـوردیش شاری عەفـڕین هەموو شارەکانی ترمان و هـەر بستێکی کوردستانی داگـیرکراومان لە لای ئێمەی کورد پیـرۆزتـرن و دەستیان لێ هەڵناگرین. هەرگیز ئەو هەڵـوێستە نامەردییەتان بەرانبەر بە بە داگیرکردنی عەفـرین و رۆژئاوای کوردستان، لە لایەن تورکیاوە لەبیرمان ناچێتەوە.

هـەر ئەردۆگـانی سەرۆکی داعشەکان بـوو، کە هـاوکاری داعـشی تیرۆریستی کرد بۆ داگیرکردنی مووسڵ و شەنگار و رەمـادی و سەلاحـەدین و دەرعـە و دێـرئەلـزوور و شوێنەکـانی تری عـێراق و سوریا. تا ئێستاش تـورکیا پاڵـپشتی لە داعـشی تیرۆریست دەکات و یارمەتیان دەدات و برینـدارەکـانیان لە نەخۆشخـانەکـانی تورکـیادا چـارەسەر دەکرێن. تورکیا بووە بە پردێکی پەڕینەوەی داعش بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی تەقـینەوە و کاری تیرۆریستی. بازرگانیش بە پەنابەرانی سوریاوە دەکات. هاوپەیمانی نێـودەوڵەتی و پەیمانی ناتـۆش ئەم راستییە دەزانـن، بە داخـەوە کە لـێی بێـدەنگـن و چاوپـۆشی لە تاوانەکـانی ئەردۆگـانی تاوانبـاری جەنـگ و کۆمەڵکـوژ دەکـەن.
ئەی جاشە سورییە ئیسلامییە بە کرێگـیراوەکانی ئەردۆگان. کە بە ناوی ئۆپـۆزسـیۆنی سوریاوە دژی گەلی سوری و کورد شەڕدەکەن. ئەی گەمژانە، نازانم چۆن خەڵەتاون و بـوونە بە جـاشی رەشمە لەسەر و بە نۆکەری تورکیـای داگیرکەر. بـۆ نازانـن تـورکیا لەبنەوە خەریکی گفتـوگۆ و رێکەوتنە لە گەڵ بەشار ئەسەدی ستەمکاردا؟! لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا و لە دژی شۆڕشی گەلی کوردمـان لە رۆژئاوای کوردستان. هـاکا تورکیا پشتان لێبکات و ئێوەی جاشی خۆفـرۆش، هـەرزان فـرۆشتان بکات. لای گەلەکەشتان رووڕەش و نەفـرەت لێکـراون و تا هەتـایە مـۆری ناپاکـیتان لێنابێـتەوە.

رەزا شـوان
١٢/ مایـۆ/٢٠٢١




نێوانمان.. فەرەیدون سامان

نێوان من و تۆ دیوارێک هەیە
خشتەکانی بە خوێن سوورکراون
نێوان من و تۆ دەرگایەک هەیە
هەزار ساڵە کلیلەکەی
لەنێو قوڕگی ئەژدیها دایە
نە تۆ من دەبینی
نە منیش تۆ
نە تۆ دەنگم دەبیستی
نە من دەنگت دەبیستم
بەڵام تەواوی هەست و نەستم لای تۆیە
خۆ من کۆیلەی عیشقی تۆ نیم
پێم بڵێ…
چۆن بتپەرستم؟!

Fereydun Saman




مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان.. شێرزاد حەسەن

دوای خوێندنەوەی رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”ی {گۆران سەباح} هی ئەوە نەبوو وەک کرێکارێکی ناو کایەی ئەدەبیات بە فەرامۆشی بسپێرین، ئەو هەوڵەی من بۆ رانانی ئەو رۆمانە پتر دەچێتە بازنەی ناساندنی ئەو بەرهەمە نەک خوێندنەوە و رەخنەکاری و لێکۆڵینەوە، بە واتا ناچێتە ناو خانەی رەخنەیەکی ئاکادیمی، بەڵکو بە تەنها هەستی منە وەک نووسەر و شەیدای ژانری ‘فیکشن’. لەوەدا رۆمانەکە بووە مایەی سەرنجی من کە سەرکێشی و رچەشکێنیم تێدا بەدی کردووە کە خۆی لە قەرەی ئەدەبیاتی یان }رۆمانی زانستی خەیاڵئامیز داوە/science fiction} کە لە رۆژهەڵات بە ئاستی رۆژئاوا پەرەی نەسەندووە و بگرە لە ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە لە جیهانی عەرەبیدا چەند هەوڵێکی هاکەزایی و شەرمنانە دەرکەوتن: نموونەی “نیهاد شەریف” و “تۆفیق الحکیم” و “یوسف العزدین عیسا: و “یوسف السباعی”، لای خۆیشمان “میرزا مەنگوڕی”، کە دیارە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەرەنەسەندن و سستی خودی عەقڵێکی زانستخوازانە لە نێو هەر هەموو کایە و بوارەکانی ‘زانستی سروشتی’ بێت یان ‘زانستی مرۆیی’ کە رەنگدانەوەی بووە و دەبێت لەسەر دونیای هونەر و ئەدەب و فیکریش بە گشتی، هاوکاتیش خودی ئەدەبیاتیش بەر لە پەرەسەندنی زانستەکان گەلێک پێشبینی هەبووە بۆ گۆڕانکاری لە ئایندەدا کە بۆ راستی و رەوایی ئەم چاوەڕوانییە یەکجار زۆرن، هەر بۆ نموونە: چوونە سەر مانگ، فڕینی مرۆڤ و دروستکردنی فڕۆکە و بگرە پێشبینی بۆ هەندێک مەرگەسات و وەیشوومەی سروشتی و جەنگ وهەم بواری پەرەسەندنی دام و دەزگا و پیشەسازی و بەرهەمەکانی و خودی گەشەکردنی توانای تێکنۆلۆژی کە خاوەنی پەرجووی خۆیەتی. بە هەر حاڵ لەم رۆمانەدا “گۆران”ی رۆماننووس هەوڵیداوە دیوێکی یونیڤێرسال و دونیاگیر بۆ رووداو و دیاردەی ‘خۆکوشتن’ بکاتە بابەتی سەرەکی کۆی پرۆژەکە، واتا جوگرافیایەکی بەربەرین وەک شوێن دەستنیشان دەکات، هاوکاتیش گومان و پرسیارەکانی سەبارەت بە مەرگی ئایدیاڵ و بەها باڵاکانە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا. هەڵبەتە پەرەسەندنی زانست و شۆرشی پیشەسازی و تەقینەوەی تێکنۆلۆژیا هەم خێر و خۆشی هێناوە و هەم شەڕ و بەدبەختی بێشومار. کەسایەتی “بێرنی لۆمۆ” دژی تێکنۆلۆژیایە و مەترسی و زیانەکانی بە کوشندە و وێرانکەرتر دەبینێت.

لە “رۆژئاوا”ش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە و هەژدە کە چەند ناوێکی رچەشکێنمان دەست دەکەوێت: نموونەی “ماری شێلی” لە رۆمانی {فرانکشاتین/ ١٨١٨} کە زۆرینەمان پێی ئاشناین. “ژول ڤێرن/ ١٩٠٥-١٨٢٨”، “ئێچ .جی. وێلز: ١٨٤٦-١٨٦٦” لە (دەزگای زەمەن/١٨٩٥)، “ئیسحاق ئەزیمۆن: ١٩٢٠-١٩٩٢ / ئەمریکا”…هتد کە بێ شومارە!

هەڵبەتە رووداوەکانی زۆربەی رۆمانەکانی سەر بە خەیاڵی زانستخوازانە/ ساینس فیکشن سەر بە داهاتووە نەک رابردووە کە خودی نووسەرەکەی ئێمەش هەر هەمان نەریتی پەیڕەو کردووە. دەکرێت ئەم ژانرە و چەشنە لە ئەدەبیات خۆگونجێن بێت لەگەڵ تیۆرە زانستییەکاندا، هاوکات ناکۆک و دژوار بێت لە بەرامبەر مێژوودا، لە هەر قۆناغێکدا کە نووسەر بیخوازێت. بە گشتی رۆمانی خەیاڵیی زانستخوازانە لەسەر دۆزینەوەکانی ناو زانستە سروشتی و هەم مرۆییەکاندا دەلەوەڕێت!

دیارە وەک شوێن لە نێو ئەدەبیاتی خەیاڵزەدە و زانستخواز دەکرێت شوێنێکی خەیاڵی و مەزەندەکراو بێت، چ “یوتۆپیا” و چ “ئینفێرنۆ”: بە واتا شاری خەونەکان بێت یان ناو جەرگەی دۆزەخن، نەک بە مانا ئایینییەکەی، بەڵکو بە مانا دونیاییەکەی. دەکرێت جێگا خودی ئاسمان بێت، هەسارەکان و مانگ و ئەستێرەکان یان ژێر ئۆقیانووس و زەریاکان، هەڵبەتە بۆ کاتیش پتر رووی لە داهاتووە نەک رابردوو، هەندێک جاریش هەنووکە و گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی دوور، بەڵام پەیوەستن بەو ژینگەیەی خۆمان کە لە ناویدا دەژین.

بە گشتی ئەدەبی داستانیی/ فیکشن، بە تایبەتی ژانری رۆمان بە بێ فانتازیا و خەیاڵ نەبووە، بگرە ئەو ئەدەبیاتەی کە لە “ئامریکای لاتین” بە ئەدەبی ریالیزمی سیحری یان جادووگەری ناسراوە لەوەدا گرەوی بردەوە کە کەڵکی لە ئەفسانە و داستانە کۆنەکان وەرگرتووە، بە تایبەتی لە بواری خستنەگەڕی فانتازیا، کە ناوە درەوشاوەکانی سەدەی بیستەمیان داگیر کردووە، لەوەدا گرەوی بردەوە کە بۆ هەمیشە ئەو منداڵە دەدوێنێت کە لە ناو خۆماندایە، شەیدایانی ئەدەب و هونەری رەسەن و خەیاڵئامێز لە بنەڕەتدا ئەو کەسانەن کە بە راستی نەیانهێشتووە منداڵەکانی ناویان گەورە بێت، گەورەبوون خۆرسکی و سەرسامی و ئەندێشەمەندی دەکوژێت!

من وای دەبینم کە ئەدەبی “ساینس فیکشن”: ئەدەبی خەیاڵمەندی و زانستخواز دەچێتە نێو ئەم بازنە و خانەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. دیارە ئەفسانەکان و داستانەکان بەر لە پەیدابوونی زانست خاوەنی پێشبینی و رەملێدان بوون کە سەبارەت بە هەندێک لە توانا شاراوەکانی مرۆڤ دواون کە دوای هەزارەها ساڵ بووە بە هەقیقەت.
دیارە خەڵکی سەبارەت بە خۆکوشتن دوو روانینی هەیە: یەکەمیان کە گوایە کەسی خۆکوژ بەزیوە و کارەکتەرێکی ترسنۆک و لاوازە و بە دەست گرفت وکێشەکانەوە تلاوەتەوە و بەرگەی نەگرتووە. دووەمیان روانینێکە کە خۆکوژ بە ئازا و یاخی دەزانێت کە دەستی چۆتە خۆیەوە، کە لە دیدگای منەوە رەنگە ترۆپکی تەقینەوەکە و مەیلی خۆکوژیی خاڵی بە یەکگەیشتی ئەو دوو دۆخەیە کە ئازایەتی و ترس ئاوێتە دەبن!
*
دەوترێت رستەی یەکەمین، پەرەگرافی یان لاپەڕی یەکەمینی هەر رۆمانێک گرنگە و جێگەی بایەخە بۆ کەمەندگیربوونی خوێنەر و هەم هەڵواسینی بەو بابەت و ناوەرۆک و رووداوەی کە کارەکتەرەکانی سەرقاڵ کردووە، بێگومان هەر سەرەتا و دەستپێکێک رۆڵی دەبێت لەوەی کە خوێنەر بەجێمان نەهێڵێت، بگرە بۆ فیلمێکی سینەما و زنجیری ‘تیڤی’ هەمان پێوانەی بەسەردا دەسەپێت.

هەر لە سەرەتاوە ئێمە هێدمەگرتی دەبین کە رۆمانەکە رایدەگەێنێت کە ئیدی وەرزی مرۆڤ بارینە، مرۆڤ و باران یان بارین وێک نایەتەوە و ئاسان نییە بزانین نووسەر مەبەستی چییە، من وەک خوێنەر بوو بە مەراقم کە بزانم کە ئاخۆ دەبێت چ پەیوەندییەکی فانتازی یان ئۆرگانیکی و ریالیستیکی لە نێوان مەردمگەل و باراندا هەبێت؟ لە میانەی خوێندنەوەی رۆمانەکە بەسەر ئەوەدا دەکەوین کە خەڵکانێک لە چینی جیاواز و هەم رەگەز و تەمەنی جیاوازدا لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە بە نیاز و قەستی خۆکوشتن بە کۆ و دەستەجەمعی هەوەسێکی شێتانە گرتوونی کە خۆکوژی دەکەن بە دیاردە نەک ئاکت و کردەیەکی راگوزەری و تیژتێپەڕ.

ناکرێت ئەمن لێرەدا بچمە ناو تانوپۆی رۆمانەکە وردەکاری هۆکارەکان و بیانووی خۆکوشتنی کۆگیری خەڵکەکە بە ئێوە رابگەێنم، ئەوەیان بەتاڵکردنەوەی نهێنی و ئەفسوونی رۆمانەکەیە لەسەر ئاستی مانا شاراوەکان و هێما نەوتراوەکان، بەڵام دەتوانم بە شێوەیەکی گشتیگیرانە باس لە مۆتیڤ و هاندەرێک بکەم کە بە درێژایی رۆمانەکە نووسەر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بە کۆگیری و دەستەجەمعی ئێمەش تێوەبئاڵانێت و سەرقاڵمان بکات لەتەک رووداوەکان و کارەکتەرە جیاوازەکان و خاوەن هەوا و هەوەسی جیاواز؛ کە دابەش بوون بەسەر کەسانی شەڕانگێز و مەرگدۆست، لە بەرامبەردا کەسانی ئاشتیخواز و ژیاندۆست هەن کە بۆ هەمیشە لە ڕکابەری و ململانێدان کە ئەوەشیان رۆحی دراما و کرۆکی هەر هەموو تێکستە زیندووەکانە، کە ئێمەش لەگەڵ خۆیاندا تێوە دەگلێنن و بە دیوە ئیستاتیکی و جوانناسییەکەی گەمارۆمان دەدەن، خودی پەیامی نووسەر لەوەدا چڕ بۆتەوە کە بەشێکی گەورەیە لە ‘تێما’ و تێڕوانینی نووسەر، هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەو {خۆکوشتن}ە کۆگیرییە کە خەڵکێکی بێشوومار گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ مانایەک بۆ ژیان و بوون و مانەوە نەماوە، دیارە لەوەدا ئاماژە بە دەروونناسی بە ناوبانگ “ڤیکتۆر ئێمل فرانکل:١٩٠٥-١٩٩٧”ی نەمساوی تێدایە کە پزیشکێکی دەروونناس و هەم نیرۆلۆگیست بووە، فەیلەسووف ونووسەر کە لە “هۆلۆکۆست” رزگاری ببوو، هاوکات دامەزرێنەری قوتابخانەی “لۆگۆ-تێراپی” بووە وەک چارەسەرێکی سایکۆلۆژی کە جەختی لەسەر بوونی مانایەک دەکردەوە بۆ ژیان و مانەوە بەو دیوەی کە ئەوەیان پاڵنەر و هاندەرێکی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ خودی مانەوەی مرۆڤایەتی، بڕوا نەمانیش بە مانا و جوانی و شکۆمەندی ژیان و مانەوە بەرەو پووچگەرایی و مەرگی رۆحی و جەستەیی دەمانبات، بە واتا لە جیهانبینی ئەو زاتەدا بەتاڵبوونی مانا لە ژیاندا بارێکی شپرزە و خراپ بۆ مەردمگەل لە باری رۆحییەوە بەرپا دەکات.

لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا ئاماژەیەک هەیە بەوەی کە بێجگە لە چەندین هۆکاری واقیعی و سەرزەمینی بۆ خۆکوشتن لەسەر ئاستی رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام هاوکات خۆکوشتن مەرج نییە کە کەسانی خۆکوژ بە دەست و نەخشە و پلانی خۆیانەوە بەو کاری خۆکوژییە هەستن و دەستیان بچێتە خوێنی خۆیانەوە، بەڵکو مۆتیڤ و هۆکاری دیکە بە درێژایی مێژوو هەبوون: ئایینی و مەزهەبی کە تیایدا خەڵکێک هەن بە ناوی خوداوە خۆیان بە کوشتن دەدەن و دەچنە نێو جەنگەکانەوە، یانژی خۆ دەتەقێنەوە، کە دیارە ئایدیۆلۆژیایەکی بە پیرۆزکراو ئەم دۆخ و سەرزەمینە خۆش دەکات، لەم رۆمانەدا دورگەیەکی بەهەشت ئاسا هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆکوژەکان بڕوایان وایە کە مەرجە هەتا زووە بگەنە ئەو فیردەوسە کە تیایدا هەموو خەونەکانیان بەدی دێن، نووسەر گەرەکییەتی بڵێت کە هەر ئایدیۆلۆژیایەک بە ناوی پیرۆزییەوە خەڵکی فریو بدات، بێگومان مەرگدۆستە، بە واتا لەوەدا دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە ئێمە دەنێو دونیایەکدا دەژین کە مەرگدۆستی زاڵترە لە ژیاندۆستی!

بەڵام تەوەرێکی دیکەی زەق لەم رۆمانەدا لەسەر دەستی کارەکتەرە واقیعبینەکان خواستی ئەوەیان هەیە کە مەرجە مەردمگەل لەتەک ئازاردا هەڵبکات، بەو نیاز و ئامانجەی کە بڕوا بەوە بێنین هەموو ئەزموونێکی خراپ و باش دەوڵەمەندمان دەکات لە باری رۆحییەوە، ئاخ هەتا عیشقیش بێ ئازار و تلانەوە نییە.

کەچی لەولاوە “ئیمام” بڕوای وایە بە ناوی زانستخوازییەوە رەوا نییە هیچ کەسێک سنووری خۆی ببەزێنێت، ئەوەیان رێک ئاماژەیە بە داخستنی عەقڵ و چەقبەستن لەسەر ئیمانێک کە هیچ بەرهەمێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە.

هەر بۆ نموونە ئێمە کارەکتەرێکمان هەیە کە توانا و کاریزمایەکی ساختەبازانەی هەیە بە ناوی {بانک} کە فیکر و زانست و سیحری هونەرەکان دەخاتە گەڕ بە مەرامی پووچکردنی ژیان و بوون، کە دیارە بە درێژایی مێژوو ئەم هەوڵە دراوە کە تیایدا مرۆڤەکان روو لە گەمژەیی بکەن، بگرە رۆحێکی مێگەلگەرایی بێتە کایەوە، هەر بۆ نموونو “نازیزم” و “فاشیزم” و “ناسیۆنالیزم” و بگرە “سۆشیالیزم” بە دیوە چەواشەکارییەکەی چین؟ بێگومان دەتوانین ناوێکی تازەی بۆ بدۆزینەوە “مێگەلیزم”!

” بانک” پتر قەشە “مالتۆس”مان وەبیر دێنێتەوە کە بڕوای وابوو دانیشتووانی سەرزەمین زۆر بوون کە تیایدا ململانێیەکی خوێناوی دروستکردووە، بۆیە وا گونجاوترە کە جەنگەکان بەرپا بن لە پێناو ئەوەی کە ژمارەکە کەمتر ببێتەوە.
بە گشتی “گۆران” گومان لەو بەها باڵایانە دەکات کە لە گەوهەردا ساختەن و مرۆڤکوژن، مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، دەبێت ئەوەشمان یاد نەچێت کە لە نێو ئەو تراژیدیایەدا خودی تێکنۆلۆژی جەنگ و کاولکاری رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت کە زادەی زانست و پیشەسازییە کە مرۆڤ شانازی پێوە دەکات، کەواتە زانست و تێکنۆلۆژیا و سەنعەتسازی چەکێکی دووسەرەیە بۆ خێر و شەڕ، نموونەی دوو جەنگی کاولکاری لە سەدەی بیستەم بەرپا بوو کە ناومان نابوو سەردەمی رۆشنگەری و تازەگەری و پێشکەوتن کە تیایدا هەر هەموو ئایدیۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینیییەکان خوێناوی و فاڵسۆ دەرچوون.

خودی رۆمانەکەش لەوەدا جیاوازە لای من کە هەمان پێشبینی کارەساتبار و درامی وتراژیدییانە بۆ داهاتووی ئێمە دەکات، کە ئەم رەهەندە خودی ئەدەبیاتی ‘ساینس فیکشن’: داستانئامێزی و زانستخوازانە کاری لەسەر کردووە، واتا رووی لە داهاتووە و نەک رابردوو کە لێرەشدا نووسەر پەنای بۆ بردووە.


ئیمە لە بەرامبەر چەند کارەکتەری دیکەی خێرخواز و ژیاندۆست و ئاشتیخواز راماوین کە رۆڵیان هەیە لە هاوسەنگی راگرتنی ئەم دونیای کە مەرجە رووی لە جوانی و هەق و خۆشەویستی و راستی بێت، نەک بەدکاری و رق و کینەبازی و ستەم و دووفاقی، کە یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکییانە “شووشە”یە کە هاوشانی ئەم چەند یاوەرێکی هەیە.
“شووشە” و یاوەرەکانی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چارەسەرێکی ئاسان هەیە کە فەرامۆشیان کردووە: ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سروشت و جوانییەکانی، هەڵبەتە ئەوەش دوای ئەوە هاتووە کە خودی مرۆڤ ملهوڕانە هێلانە و ژینگەی خۆی کاول کرد، بە واتا توانی ئەم سەرزەمینەی خۆی بۆگەن بکات و ئاو و هەوا و خاکی پیس کردووە. خودی ئەو ‘خۆکوشتن’ە کۆگیرییە زۆر پەیوەستە بەوەی بەر لەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکوژن، ئەوان پێشتر سەرگەرمی کوشتنی رۆحی سروشت و جوانییەکانی بوون.

دیارە خودی خاتوو “شووشە” ئامادەی مەرگ و قوربانیدانە لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی، چونکە زۆرینە وەک فریادرەس دەیبینن، تاکە کەسێک “رام”ە کە وەک سێبەر بە دواوەیەتی و هەوڵدەدات کە لە ناو ئەو ململانێیەدا کۆتایی نەیەت، ‘رام’ ئەویندارێکی بێ مەرج و داوایە!

هەڵبەتە لە ناوئاخنی کۆی تێکستەکەدا رەخنەیەکی رادیکالانە هەیە کە بڕ و بارستاییەکی زۆری ئەم دۆخی خۆلەناوبردنە کۆگیرییە زادەی رۆحی بارباریستی سیستمی سەرمایەدارییە/ کاپیتالیزم، هەمان سەرچاوەشە بۆ کاولکاری لە ناو سروشتدا. گرفتێکی دیکە کە بووەتە قەیرانێکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی؛ ئەویشیان هەوڵی گەوجاندنی مرۆڤە لە سەردەم و جوگرافیای جیاوازدا لە نێو دوو کایەدا کە مەردمگەلی گەمارۆ داوە و ماڵی و کەوی و رامی کردوون تا ئەندازەی گەوجاندن و بە کۆیلەبوون کە لە دوو کایەدا دەیدۆزینەوە: سیاسەت و ئایین بە مانا هەرە رەهاکەی نا.. بەڵام بە ئەندازەیەکی زۆر!

وەک دەرئەنجامی ئەم دۆخە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، مرۆڤێکی هەرزان و بێ سەنگ و رەنگ و دەنگ پەیدا دەبێت کە تاکڕەهەندە، تاکڕەهەند: واتا مەرگی دیوە رۆحی و مرۆییەکەی ئێمە و بایەخدان بەو دیوە ماتریاڵ پەرستییەکەی کە بۆتە دیاردە و دەردەداری کە ببین بە مەردمگەلێکی بەرخۆر و مشەخۆر و خەسارگەر و بەس، کە فەیلەسووف و تیۆریستی رامیاری و کۆمەڵناسێکی وەک “هێربێرت مارکیوز-ی ئەلمانی/ئەمریکی: ١٨٩٨-١٩٧٩” لە کتێبی {مرۆڤی تاکرەهەند}دا بە قووڵی لێیکۆڵیوەتەوە کە لە روانینی مندا هەمان ئەو “مرۆڤی هەرزان”یە کە لە رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”دا دەیبینینەوە، گەرچی ئەم بیرمەندە لە خوێندنەوەی بۆ مرۆڤی تاکرەهەند و هەرزان پتر پەیوەستە بە کۆمەڵگای ‘رۆژئاوایی’، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە رێک بەسەر کۆمەڵگای ئێمەشدا و سەرجەم جوگرافیاکانی دیکە دەسەپێت کە خودی جیهانگیری/ گلۆبلایزەیشن زۆر نزیکی خستینەوە لەو بازنەیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەندانی رۆژئاوایی سەرگەرمی هەڵکۆڵین و رەخنەگرتن بوون لە ناو خۆیدا، بە تایبەتیش بیرمەندانی سەر بە قوتابخانەی فیکری ناسراو بە “فرانکفرت”ییەکان!

تەوەرێکی دیکەی ئەم رۆمانە گەڕانە بە دوای “فریادرەس-savior” یان رزگارکەری خەڵکی لەم دۆخە نالەبەرەی کەوتوونەتە ناوییەوە، کە دیارە بیرۆکەی چاوەڕوانی فریادرەس لە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ئاسمانی و سەرزەمینی برەوی پێدراوە و تا هەنووکەش بە ملیارەها لە مەردمگەل چاوەڕوانی ئەو پاڵەوانە پەرجوودارە دەکەن کە هەموویان لە تەنگژەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی قورتار بکەن، ئەوەشیان بەڵگەیە کە بە گشتی خەڵکی خۆیان خاوەن ویست و ئیرادە و بڕیاری خۆیان نین، کەسانی تاکڕەو و سەربەخۆ نین، بێهێزن بە دوای هێزێکدا دەگەڕێن کە ئاسمان بینێرێت یان لە سەر زەوی کە لە ناکاو هەڵتۆقێت کە روانینێکی وا بێجگە لە واهیمە و بێدەستەڵاتی بنیادەمەکان هیچی دیکە نییە!

کارەکتەری ” شووشە” کەموزۆر نمایندەی وەها وێنەیەکە، بەڵام لە کۆتایی رۆمانەکەدا ئەم وێنەیە بۆ خانمێکی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و سروشتخواز و جوانپەرست دەگۆڕێت، کە گەرەکی نییە ببێت بە فریادرەس یان گومانی لە فریادرەسە و خۆی رادەپسکێنێت و درۆی فریادرەس پیشانی هەموومان دەدات، واتا نووسەر نەیخواستووە لە ژێر چەتری هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئاسمانی بێت یان دونیایی چارەسەرێک بۆ قەیرانی رۆحی و تەنگژەداری مەردمگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، کۆتاییە کراوەکەی رۆمانەکە ئێمە لەو دووڕیانەدا بەجێدێڵێت کە ناچارین بە تێڕامان و تێفکرین بیر لە رێگای خۆ رزگارکردن لەو هەموو تەڵزگە و تەلیسمە بدۆزینەوە، بەدەر لەوەی کە چییە و چۆن کە من ناکرێت نهێنییەکەی بدرکێنم، چونکە جوانی و سیحری رۆمانەکە لەوەدایە کە هەر کەسە و لە دیدگا و کلیلی خۆیەوە دەرگا داخراوەکان بکاتەوە!

بە درێژایی خوێندنەوەم بۆ رۆمانی “مرۆڤی هەرزان” ئەوەم بیر دەهاتەوە کە زۆرن ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی کە بڕوایان وایە شارستانییەت ڕوو لە هەڵدێرە نەک بونیاتنان، ئەو شارستانییەتەی مەردمگەل شانازی پێوە دەکات لەسەر حیسابی کوشتنی “ئێرۆس”ە کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی و روو لە ژیاندۆستییە، بە پێچەوانەوە کە لە هەنووکەدا “تاناتۆس” زاڵترە کە خوداوەندی مەرگە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا.

لە کۆتایی ناساندنی ئەم رۆمانەدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە گومانکردن لە خودی مرۆڤ رەوایە کە تاکە گیاندارێکە نازانێت بژی، هەر بۆیە ناچارم بچمەوە سەر سێ مەحاڵەکەی “سێگمند فرۆید”یش کە بڕوای وا بوو کە لەوە دەچێت لە کۆنەوە تا هەنووکە سێ شت مەحاڵ بن: پەروەردەکردنی مرۆڤ، خوێندنەوەی بنیادەم لەسەر ئاستی رەوانی دەروونییەوە، سێیەمیان: حوکمکردنی مرۆڤ لە باری رامیارییەوە و کۆنترۆڵکرنی بە نیازی چاکبوونی مەحاڵە، لە کاتێکدا “فرۆید” و یاوەرەکانی بە درێژایی ژیانی پیشەییان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو سێ مەحاڵە بکەن بە کار و کردەوەیەکی شیاو و ئاسان کە نەکراوە!

لە میانەی خوێندنەوەم بۆ رۆمانەکە چەند پرسیارێکم لە دروست بوو کە ئاراستەی خودی نووسەرم کردووە کە لە ئاهەنگی بڵاوبوونەوەی رۆمانەکەدا، لە “کتێبخانەی رەهەند/ سلێمانی” ساز کرا کە توانی وەڵام بداتەوە لە گۆشەنیگا و بڕواکانی خۆیەوە، بە نیازی ئەوەش سەر لە نوێ لێرە تۆماریان دەکەم تا خوێنەریش پرسیاری خۆی هەبێت بۆ نووسەرەکە، چونکە ئەوەیان دەبێت بە مایەی دیالۆگ و تێڕامانی قووڵتر:-

پرسیار: من وای دەبینم کە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە پەراوێزی مێژوودایە، بە تایبەتی کوردستان، کەچی تۆ {هەوڵیر}ت کردووە بە سەنتەر و چەقی رووداوەکان؟ گەرچی ئەوەش دەزانم کە تۆ باسی ئایندەیەک دەکەیت کە سەد ساڵێکی ماوە بیگەینێ بە گوێرەی پێشبینی رۆمانەکەت؟

پرسیار: بۆچی لە کۆی دراما و تراژیدیا و گەڕان بە دوای چارەسەرێکی بنەبڕ “شووشە” و یاوەرانی کوردزمانن، لە کاتێکدا خودی کوردگەل بۆ خۆی خاوەنی جوگرافیای خۆی نییە، یەکێکە لەو نەتەوە دەگمەنانەی لە مێژوو دەرکراوە و کەوتۆتە پەراوێزی کۆی رووداوە گەورەکانەوە، چ پاساو و بیانووێکت هەیە بۆ ئەم بەشدارییە، بە تایبەتی رۆڵی “شووشە” وەک مێینەک کە زۆر کاریگەر و بڕیاردەرە، چ باکگراوندێکی فیکری و مەعریفی هەیە و لە کوێ پەیدای کردووە؟

پرسیار: رۆمانەکەی تۆ کە دەچیتەوە ناو بازنەی ئەدەبیاتی خەیاڵی زانستییەوە، بە تایبەتیش کە تیایدا تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن پردی لە یەکتری تێگەیشتنە بۆ بەشداریکردن لە ناو تۆڕێکی جیهانگیری و سەرتاپاگیر، دەیانخەیتە گەڕ کە ئاسان نییە و ئێمە تیایدا هەژارین. ئایا بایی چەند متمانەت هەیە کە لە نەوەی باوان و کۆنینە و هەم نەوەی نوێ بتوانن لە نهێنییەکانی ئەم رۆمانە تێبگەن کە وەک زانراوە لەم دەڤەرەدا زۆرینە باکگراوندێکی زانستخوازانەیان نییە؟

پرسیار: ئایا تۆ بڕوات وایە کە هۆکارە زۆرەکانی ئەو تراژیدیا و مەرگەساتەی وا لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا بەربڵاوە دەگەڕێتەوە بۆ شکستی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر ئاستی دونیادا وایە یان بە تەنها لای خۆمانە کە هەمووان تێوە گلاون بە شێوەیەکی گشتیگیری؟

پرسیار: تۆ گومانێکی گەورەت هەیە لە پەروەردە بە گشتی لەسەر ئاستی خانەوادە، مەکتەب، دەزگا ئایینییەکان، مزگەوت لای ئێمە، حیزب و باقی خانەکانی دیکەی پەروەردە، کە منیش هاوسۆزی تۆم و هەمان پرسیار و گومانیشم هەیە، بەڵام لە رێگەی پالەوانی سەرەکی خۆتەوە: “شووشە” کە جۆرێک لە ئومێد هەیە کە خۆشەویستی و جوانی و خێر بیباتەوە، ئایا یەک کەس دەتوانێت فریادرەس بێت کە تۆ لە ناوئاخنی رۆمانەکەت بروات بە فریادرەس نییە؟

پرسیار: بۆ من گرنگە بزانم کە ئاخۆ گەر لە کورستان بمایتایە، هەمان پرسیار و گومانت دەبوو کە دۆخی مرۆڤایەتی لە تەنگژەیەکی گەورەدایە؟ ئایا بروات بەوە هەیە کە رۆژهەلات و رۆژئاوا لە ناو هەمان تراژیدیا و کارەساتدا دەژین، ئایا بایی چەند ئەم دیدگا و جیهانبینییەت زادەی ساڵانی مانەوەتە لە ئەمریکا؟

پرسیار: ئایا بوونی گەردوونە جیاوازەکانی دوای گەشتی “میعراج” ئاسای پاڵەوانەکانت، هەر هەمان وێنە دینییەکە نییە بۆ قیامەت: کە هەم دۆزەخ چاوەڕیمانە و هەم بەهەشت؟ بە گوێرەی رۆحی رەش و سپی کەسەکان، واتا بوونی خێر و شەڕ؟

پرسیار: بایی چەند بەختت هەیە کە رۆمانەکەت بکرێت بە ئینگلیزی یان هەر زمانێکی بیانی و خوێنەری هەبێت؟

لە پاشکۆی ئەدەبی کوردستانی نوێ بڵاو کراوەتەوە




هاوسەنگی هێز لە پەرلەمانی عێراقەوە بەدەست نایەت.. عوسمان حاجی مارف

دووبارە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق، هێزە میلیشیا تائفی و ناسێۆنالستەکانی سەرقاڵی ئامادەکاری و پلانگێڕی و کێشمەکێشی نێوانیان کردۆتەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە هەلو مەرجێکی پڕ قەیراناویدایە و دۆخی عێراق زیاتر دەرگیرە لە ناجێگیر و گێژاوی سیاسیدا، هاوسەنگی هێزەکان بەڕێژەیەک ئاڵوگۆڕیان بەسەرداهاتووە کە هیچ لایەن وهێزیک نیە نیشانی بدات بە تەنها دەتوانێ چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بە قازانجی خۆی یەکلایی کاتەوە، نە بە هێزی چەکداری و نە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە. تا ئەو ئاستەی لە دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ئێرانیشدا چارەنوسی عێراق بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەوەش پێشبینی دەکرێت کە هەر وادەمێنێتەوە، بەتایبەتی بەدوای دامەزراندنی حکومەتەکەی کازمی نیشانەکانی دەرکەوتنی هەلومەرجێکی گونجاوو ئەرێنی نەک نەخرایە ڕوو، بەڵکو مەوقعیەت و بودەڵەیی دەوری هێزە سیاسیەکان و لە هەمان کاتدا ناڕێکخراو بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئایندەیەکی ڕۆشنی بۆ عێراق تیا بەدی ناکرێت، هەڵبەتە ئەم هەلومەرجی سیاسیە بە دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە زیاتر کاریگەری ناتەندروست و نەرێنیان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێت، هەروەها ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغدا و خواروی عێراق و توڕەیی خەڵک لەم هێزە میلیشیاییانە چارەنوسێکی نادیار و بارگرژی دەدات بە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە.

ئەگەری ئەوە زۆرە لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین ڕێژەی دەنگدەر بەشداری دەنگدان بکات، وە ئەمەش وەک بەشێک لە بەردەوامی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان خۆی نیشان ئەدات، چونکە بەجۆرێکی وەها نائومێدی و توڕەیی خەڵک لەبەرامبەر ئەم هێزە سیاسیانەدا تەشەنەی کردووە، کە خواستی ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی سیاسی عێراق هیواو ئومێدێکی بەرفراوانی خەڵکە.
دۆخی نالەبارو نەگونجاوی ئەم هەڵبژاردنە ،هێزە سیاسیەکان زیاتر ناچار دەکات بۆ بەکارهێنانی فروفێڵ و ساختەکاری و جۆرێک لە ڕێکەوتنی سەیروسەمەرەی نێوان خۆیان، تا بەهەر بەهایەک بێت ئەم هەڵبژاردنە بەسەلامەتی تێپەرێنن.
مەسەلەیەک کە هەر لەسەرەتاوە جێگای سەرنجە چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزو لایەنە کوردیەکانە لەم هەڵبژاردنەدا، وەک نمونەیەک دەیبینین گۆڕان و یەکێتی خەریکی هاوپەیمانیەکن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها کۆمەڵ و یەکگرتووش دەیانەوێت بەشدارو هاوبەش بن لەم لیستەدا. ئەم لیستە نمونەیەکە لە گەمەی سیاسی و گاڵتەجاریەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا بەدیمان نەکردووە، گۆڕان لەلایەک لە ئێستادا بەگشتی بەرژوەندیە سیاسیەکانی زیاتر گرێداوەتەوە بە پەیوەندی لە گەڵ پارتیدا، لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق دەڕواتە ڕیزی هاوپەیمانیەکەوە کە یەکێتی دەیەوێت بیکاتە دەسکەوتێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی، هەڵبەتە سەرگەردانی گوڕان لەم کارەو لە هەنگاوەکانی پێشوتریشیدا شتێکی شاراوە نیە. ئەوەی پێویستە لەسەر ئەم جۆرە لیستە رونکردنەوە بدەین.
یەکەم: بەشێکە لە ئاکامی قەیرانی ئەو دۆخە سیاسیەی کە هێزە کوردیەکان بەگشتی دەرگیری بوون و لە چاوەڕوانی ئەوەدان نازانن چارەنوسی کوردستان لە پەیوەند بە دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بەرەو کوێ دەڕوات، چونکە دۆخی کوردستان بە هێزە میلیشیاکانیەوە لە ژێر پرسیارو دارماندایە.

دووەم: مەوقعیەتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستێکی وەهادا دابەزیوە تەنها بەدوای ئەوەوەیە پاشماوەکانی خۆی بپارێزێت، لە ناو هاوکێشە سیاسیدا بە تایبەتی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراقەوە هیچ متمانەو پێگەیەکی نەماوە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵ ویەکگرتوش دەرگیری هەمان بێ ئاکامی و نادیاری چارەنوسی خۆیانن و بونەتە یاری دەستی یەکێتی و پارتی.
سێهەم: یەکێتی نیشتیمانیش بەجیا لە کێشە ناوخۆییەکانی و مەوقعیەتێک لە هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر پارتیدا کە تابێت بەرەو داکشان دەڕوات، ئامادەیە بۆ هەر شێوازێک لە هاوپەیمانیەتی بۆ کەم کردنەوەی داکشانەکەی و لە هەوڵدانێکی بێ هودەدایە بۆ رکابەری لە بەرامبەر پارتیدا
ئەم جۆرە لە گەمەی سیاسی لەلایەک زیاتر هەوڵ و دەوری یەکێتیە کە دەیەوێت بە رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو لیستێکی هاوبەش پێکبهێنێت، تا هاوسەنگی هێزی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەرێتە سەر و جێگاو رێگایەکی زیاتر لە چاو پارتیدا لە حکومەتی عێراقدا بەدەست بهێنێت، لەلایەکی ترەوە ئاکامی بن بەستی تەواوی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە، کە وەک ئۆپۆزیسیۆن شکستیان هێناو وەک بەشداریش لەدەسەڵاتدا کارێکیان پێ نەکرا.
مەوقعیەتێک کە پارتی لەسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بەدەستی هێناوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانیەی یەکێتی و گۆڕان ناتوانێت ببێتە دەسکەوتێکی سیاسی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان و لاوازکردنی پارتی و پەیداکردنی جێگاو ڕێگایەک لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوەی لەپەرلەمانەکانی پێشودا بۆیان نەکراوە لەم پەرلەمانەشدا زیاتر دەبنە گاڵتەجار.
لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، هیچ دەورێکی نابێت لە کۆتایی هێنانی بەو گێژاوی سیاسیە، هەروەها ئاکام و چارەنوسی هێزە سیاسیەکانیش لە ناو ئەو گێژاوەدا ڕادەگرێت، بە تایبەتی ئاشکرایە کە لە پەیوەند بە دۆخی ناجێگیری سیاسی عێراق و ناوچەکەو فروان بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ئەم هەلومەرجە نالەبارە کۆتایی نایەت.
هیچ کات ناتوانین لە بونی ئەم هێزە میلیشیا تائفئ و نەتەوەپەرستیە پێشبینی بکەین کە دۆخی عێراق ڕەواڵێکی سەقامگیر بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بە لیستی هاوبەش بۆ ناو پەرلەمانی عێراق ناتوانێ هاوسەنگی هیزی پارتی لە زۆنی زەرد لاواز بکات، چونکە جێگەو ڕێگەیەک کە پارتی لە پەیوەند بە بەغداوە هەیەتی، مەوقعیەت و دەسەڵاتی پارتیە لە زۆنی زەرد، نەک ئەوەی چەند ئەندام پەرلەمانی دەبێت لە بەغداد.
ئەوەی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان هوشیاریە بەوەی ئەم کێشمەکێش و شەڕەی نێوان حزبەکانی کوردایەتی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان، یەکێتی لەبەرامبەر پارتی، پارتی لە بەرامبەر یەکێتی، گەورەترین زیان بە ژیان و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری دەگەیەنێت.
کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان بە دەوری نارەزایەتی و خەباتی جەماوەری و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک ڕێگای ڕزگاریە.




مه‌رجی بابه‌تيانە بۆ کاریگەربوونی کاریکاتێر.. هەندرێن خۆشناو

فه‌راهه‌مكردنی گاڵته‌جاڕیی له‌ كاریكاتێردا به‌س نیه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاریكاتێره‌، بۆیه‌ ده‌بێت چه‌ندین مه‌رجی تریشی تێدابێت، وه‌كو مه‌رجی بابه‌تیانه‌، به‌چی ئه‌م بابه‌تیانه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت؟ كاتێك كه‌ كاریكاتێریست به‌دوای دژ‌به‌یه‌كه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، ده‌بێت له‌نێو بابه‌تی كاریكاتێره‌كه‌دا بگه‌ڕێت، نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌، به‌ واتایه‌كی تر ده‌بێت ئه‌و دژبه‌یه‌كانه‌ ببینێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، بۆ نمونه‌ كاتێك كاریكاتێرێك له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسيه‌وه‌ ده‌كێشێت، ده‌بێت خاڵه‌ لاوازه‌كانی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ ببینێته‌وه‌، نه‌ك خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی، بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بێلایه‌نانه‌، نمونه‌یه‌ك دێنینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستێك ویستی باس له‌ (حاته‌م ئه‌لتائی) بكات، ئه‌م كاریكاتێره‌ هه‌رچه‌ند سه‌ركه‌وتوو و گاڵته‌جاڕ بێت، كارلێكردنی ویستراو به‌ده‌ست ناهێنێت له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا، ئه‌گه‌ر (حاته‌م ئه‌لتائی) وه‌كو كه‌سێكی قرچۆك وێنابكات، چونكه‌ سه‌خاوه‌تی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ وه‌ك نمونه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ به‌ نادادپه‌روه‌ر و تاوان هه‌ڵبه‌ستن له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، چونكه‌ بێ توانایه‌ له‌ گۆڕینی ئه‌و هه‌سته‌ی لای خه‌ڵكی به‌رانبه‌ر به‌ سه‌خاوه‌تی حاته‌م، كاتێك ئه‌مه‌ خاڵی به‌هێزی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یه‌ نه‌ك خاڵی لاوازی، ئه‌م خاڵه‌ش به‌هێزتره‌ له‌ به‌هێزیی كاریگه‌ری كاریكاتێره‌كه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ توانای هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی (حاتم ئه‌لتائی) نیه‌، به‌ڵكو ده‌گه‌یشته‌ ئامانجی خۆی ئه‌گه‌ر خاڵێكی تری ده‌ستنیشان بكردبایه‌، نه‌ك خاڵی قرچۆكی و سه‌خاوه‌تی، ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌ ئه‌رێنی ناسراوه‌ چونكه‌ به‌ سه‌خاوه‌ت ناونراوه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ ناوێكی تر ناوبنرێت و ده‌بێته‌ نه‌رێنی، كاتێك كه‌ ناوی نانێین سه‌خاوه‌ت، به‌ڵكو ده‌ست بڵاوی و باده‌ستی، ده‌ست بڵاویش له‌ نه‌ریته‌ نه‌رێنیه‌كانه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌خاوه‌تدا له‌یه‌ك نزیكن، له‌ هه‌ندێك شتدا له‌یه‌ك جیاوازن، به‌خشنده‌ سامانی خۆی پێشكه‌شی خه‌ڵكی ده‌كات، ده‌ست بڵاویش له‌وانه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی یان بۆخۆی خه‌رجی بكات، و جۆرێكه‌ له‌ خه‌رجی نا پێویست، له‌مه‌دا كاریكاتێریست ده‌توانێت حاته‌می پێ تاوانبار بكات، بۆ نمونه‌ چ پێویست ده‌كات حوشترێك سه‌رببڕی، كاتێك كه‌ سه‌ره‌ مه‌ڕێك زۆریشه‌ بۆ زگ ئاوسانی میوانه‌كه‌؟ لێره‌دا پارادۆكسه‌كه‌ له‌ نێوان خه‌سڵه‌تی به‌خشنده‌یی و قرچۆكی نیه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان به‌خشنده‌یی و ده‌ست بڵاوییه‌، بۆیه‌ كاتێك كاریكاتێریسته‌كه‌ پارادۆكسی یه‌كه‌م هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا خۆی تووشی هاڵاوی ده‌كات، به‌ڵام كه‌ پارادۆكسی دووه‌م هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا ئامانجه‌كه‌ی ده‌پێكێت، بۆیه‌ ده‌بێت كاریكاتێریست له‌و خه‌سڵه‌ته‌ی كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی پێ ناسراوه‌ له‌ پارادۆكسدا بگه‌ڕێت، نه‌ك له‌ پێچه‌وانه‌كه‌یدا، بۆ هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی ئه‌رێنی، هاوواتای نه‌رێنی هه‌یه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌، به‌خشنده‌یی ده‌ست بڵاوییه‌، قرچۆكیش داراییه‌، ئازایه‌تی و نه‌به‌زیش خۆكۆشتنه‌، پاشه‌كشه‌ش مانۆڕه‌، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی تریش.

بۆ زیاتر رۆشنیش نمونه‌یه‌كی تریش ده‌هێنینه‌وه‌، كاتێك كه‌ كاریكاتێریستێك زێده‌ڕۆیی له‌ وێنه‌كێشانی كه‌سێكی باڵابه‌رز بكات، ده‌بێت زێده‌ڕۆیی له‌ درێژی بكات، نه‌ك كورته‌ باڵای بكێشێت، كاتێك كه‌ بینه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بینێت و ده‌زانێت به‌ژنی درێژه‌، پێده‌كه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ببینێت به‌ده‌ست قه‌سپ له‌سه‌ر دارخورمایه‌ك لێده‌كاته‌وه‌ كاتێك به‌خۆی له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ستاوه‌، به‌ڵام پێناكه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ببینێت مێرۆله‌یه‌ك بدۆشێت، به‌ڵام پێده‌كه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی مێرۆله‌كه‌ ده‌دۆشێت، له‌ ئه‌سڵدا به‌خۆی كورته‌باڵا بێت، چونكه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ زێده‌ڕۆیی له‌ سیفه‌تی ئه‌و پیاوه‌دا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاریكاتێریسته‌كه‌ ویستی پارادۆكسی كورت و درێژی به‌كاربێنێت، ده‌بێت گوزه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ بابه‌ته‌كه‌ ببینێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی سێبه‌رێكی كورت بۆ باڵابه‌رزه‌كه‌، و سێبه‌رێكی درێژ بۆ كورته‌باڵاكه‌ بكێشێت، له‌لایه‌ك پارێزه‌ری له‌ بابه‌تیانه‌كه‌ی ده‌كات، و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ی كه‌ له‌لای جه‌ماوه‌ره‌وه‌ دروست بووه‌ به‌ریه‌كناكه‌ون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سیفه‌تێكی تری خستۆته‌ سه‌ر كه‌سه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی لای جه‌ماوه‌ر بینراو بێت، كاریكاتێریسته‌كه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر سیمبول و سوڕانه‌وه‌ له‌ ده‌وری هه‌سته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌، و به‌ كورتی وێنای كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگاری له‌ درێژی كردووه‌، ئه‌وه‌كه‌ی تریشی به‌ درێژی وێناكردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگاری له‌ كورتی كردووه‌، په‌نده‌ پێشینانه‌كانیش پڕیه‌تی له‌م پارادۆكسانه‌، وه‌كو (هه‌موو درێژێك عه‌قڵی له‌ چۆكیه‌تی) و (هه‌موو كورته‌باڵایه‌ك ئاژاوه‌گێڕه‌) و (توندی ده‌ست له‌ شلی زمانه‌وه‌یه‌) و چه‌ندین نمونه‌ی تر، ئه‌و پارادۆكسانه‌ زۆر له‌ شیعری كۆنی عه‌ره‌بیشدا به‌كارهاتوون، وه‌كو ئه‌و گوته‌یه‌ی شاعیر، سه‌باره‌ت به‌ هۆزێك كه‌ خه‌ڵكی شه‌رمه‌زاریان ده‌كردن به‌ ناوه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ (انف الناقة‌) واته‌ لووتی حوشتر بوو، كه‌ ده‌ڵێت:

گه‌لێك كه‌ لووتن و خه‌ڵكی دیكه‌ش كلك، ئایا لووتی حوشتر و كلك وه‌ك یه‌كن؟ لێره‌دا شاعیر ئه‌و سیفه‌ته‌ی به‌كارهێنا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێوه‌ی شه‌رمه‌زاربوون، بۆ ستایشكردن و پێداهه‌ڵدانیان، به‌مجۆره‌ش ئه‌م سیفه‌ته‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ گۆڕا بۆ سه‌رچاوه‌ی شانازی، و چه‌ندین نمونه‌ی تریش.
مه‌به‌ستیش له‌م نمونانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت پارێزگاری له‌ بابه‌تیانه‌ی كاریكاتێره‌كه‌ی بكات، به‌ وێناكردنی ئه‌و پارادۆكسانه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌دا هه‌ن، هه‌رچه‌ند كاره‌كه‌ ئاڵۆزیش بێت، به‌بێ داهێنان و هه‌ڵبه‌ستن و هه‌ڵه‌كاریی، تاوانباركردنی پیاوێكی سیاسه‌ت كه‌ به‌ ده‌ستپاكی ناسراوبێت، بۆ نمونه‌ به‌ دزینی موڵكی گشتی كارێكی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستیش ده‌یه‌وێت ره‌خنه‌ له‌و كه‌سه‌ بگرێت، ده‌بێت به‌دوای پارادۆكسه‌كان له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و سروشتی ئه‌و كه‌سه‌دا بگه‌ڕێت، نه‌ك پارادۆكسانێكی بۆ دروست بكات كه‌ له‌ كه‌سه‌كه‌دا بوونی نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ و له‌ ره‌فتار و ره‌وشت ده‌رنه‌چێت، ئه‌گه‌ر كاریكاتێریستیش پابه‌ند بێت به‌مه‌، ئه‌وا كاریكاتێره‌كانی ناوبانگی خۆیان ده‌ستده‌كه‌وێت له‌نێو خوێنه‌راندا، هه‌رچه‌ند جه‌ماوه‌ریی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش زۆر بێت، هه‌مان شت حزب و لایه‌ن و گروپه‌ سیاسیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، بابه‌تیانه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ كاریكاتێری سیاسیه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ رێژه‌ی جیاواز جۆره‌كانی تری كاریكاتیریش ده‌گرێته‌وه‌، باسكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا بوونی نیه‌، ده‌رچوونه‌ له‌ بابه‌تیانه‌ی كاریكاتێر، بۆ نمونه‌ بایه‌خدان به‌ دیارده‌ی ئاڵوده‌بوون له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ی تێدانیه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ش په‌یوه‌نده‌ به‌ مه‌رجێكی تر له‌ مه‌رجه‌كانی كاریگه‌ری كاریكاتێر، كه‌ هۆكاری كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، كه‌ دواتر به‌ درێژی باسی ده‌كه‌ین.




گۆڤاری نما ژمارە ٥١

گۆڤارێکی فیکریی و ئەدەبیی وەرزییە لە هەولير دەردەچێت..

بۆ خويندنەوەی ژمارە 51ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن..




سێبەرێکی هەورامانی.. هۆمەر نۆریاوی

(ئاوڕێک بۆ سەر وێستگەکانی ژیانی وەلی فەتتاحی)

1 – وەلی فەتتاحی،نووسەر و وەرگێڕ،ساڵی 1343ی هەتاوی(1965)لە گوندێکدا لەدایک دەبێت کە هونەر،لەوێندەرێ زایەڵەی بڵند دەبێت. “شۆشمێ”،هەمان زێدەکەی وەلی مامۆستا و وەرزشوانە. سەردەمی زارۆکی لە گوندی “شۆشمێ” وەپشت سەر دەنێت. دواتر ڕوو لە شارۆچکەی “نەوسوو”دەکات کە هەر لە کۆنەوە،ناوەند و مەکۆ بۆ هونەر بە هەر هەموو لق و پۆپەکانیەوە دەبێت و بە دەیان سیمای هونەریی و ڕووناکبیر لەوێوە سەر هەڵدەدەن و پاشانیش لە هەر هەموو کوردستاندا ناویان دەکەوێتە سەر زاران.
2 – دووەم قۆناخ لە ژیانی وەلی فەتتاحی هاوکاتە دەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و ئێراق(1988-1980) کە مخابن بەشێکی فرەی هەورامان چۆڵ و جەماوەرەکەی ئاوارە و ڕوو لە شارەکانی دوو ستانی کرماشان و سنە دەکەن. شەڕی ئێران و ئێراق کە دەست پێ دەکات، هەورامان بێناز دەکەوێت و بەشی فرەی گوندەکانی خاپوور و چۆڵ دەکرێن. کێ وەک گەورە هونەرمەندی کورد”ئۆسمان هەورامی”توانیویەتی هاواری دڵەی لە دەست ئەو چۆڵبوونەی دەڤەرە نازەنینەکەی دەرببڕێت کە لە گۆرانییەکی ناخهەژێندا دار و بەردی هەورامان دەلاوێنێتەوە. بە دوای ئەو ڕەوشە ماڵکاولکەرەدا، ماڵباتەکەی “وەلی”ش وەک زۆرینەی خەڵک،ئاوارەیی دەبێتە بەشی. شاری نەوسوو، ساڵی 1359ی هەتاوی(1980)دەکەوێتە دەست سوپای ڕژێمی بەعسی ئێراق و شار بە جارێ چۆڵ دەبێت و ئەوێندەرێ دەبێتە مەکۆی کوند و بۆکوێرەی شوومی زەمەن.
3 – سێیەم وێستگەی ژیانی وەلی فەتتاحی، شاری “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت کە خۆی و بنەماڵەکەی لەوێندەرێ دەگیرسێنەوە.وەلی ،خوێندنی دواناوەندی لە پاوە کۆتایی پێ دێنێت و دواتر بۆ خانەی مامۆستایان دەردەچێت و لە گەورە شاری کرماشان خوێندنەکەی کۆتایی پێ دەهێنێت. پاش تەواوبوونی خوێندنەکەی،دەبێتە مامۆستای خوێندنگە و قوتابخانەکانی دەڤەری هەورامان و 30 ساڵی تەمەنی لە پێناو وانەوتنەوە و فێرکردندا وەپشت سەر دەنێت.
4 – لە چوارەم قۆناخی ژیاندا، وەلی فەتتاحی دەبێتە مامۆستای قوتابخانان و گەلێک ساڵان لە خوێندنگەکانی ناوچەی باوەجانی و ڕوانسەر بە کاری وانەوتنەوەوە خەریک دەبێت و ئەوەی لە هەگبە زانستییەکەیدا دەبێت،دەیگوێزێتەوە بۆ خوێندەواران. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای وەلی مامۆستا دەبن،هەمووان باس لە خاکەڕایی ئەم مرۆ ڕۆحسووکە دەکەن کە چلۆن وانەکانی ژیان،فێری قوتابییان دەکات و لەسەر بنەمایەکی مرۆیی،بۆ سبەی باریان دەهێنێت و پەروەردەیان دەکات.
5 – لە دوا قۆناخی ژیاندا ئەم سیما فەرهەنگییە،خۆ لە شاری ڕوانسەردا دەبینێتەوە. شارۆچکەی “ڕوانسەر”ی سەر بە هەورامان،یەک لە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی وەلی مامۆستا دەبێت کە هەر لەو شارۆچکەیەوە،گۆشەیەکی دی لە خەباتی دەست پێ دەکات کە ئەویش ئاوێزابوون بە باڵای چاند و زمانی کوردییە کە دەستکەوتی ئەم خەباتەیش،چەندان کتێب و دەیان وتارە. ئەم سیما خەمخۆرەی چاند و زمانی کوردی لە ناوچەی هەورامان، یەک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی “میرزا ئەحمەد داواشی”لە شارۆچکەکەی ڕوانسەرە کە ئەم بنکە چاندییە،دواتر تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی لەو ناوەدا دەدات. ئیتر تا دێت زێتر بە دوای حەز و خولیاکانیدا دەچێت. بە واتایەکی دی،هەر لێرەوەیە کە پتر ئاوێتەی دنیای چاند و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری دەبێت. بە هاریکاری کۆمەڵە مرۆیەکی خەمخۆر،ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی دادەمەزرێنن ئەرچی ئەم ئەنجوومەنە لە لایەن کۆمەڵە گەنجێکی ئەوێندرێوە وەبەر ڕەخنە دەکەوێت کە گوایە زێتر خۆ لە قاوخێکی کۆندا دەبینێتەوە و دەرکە لە ڕووی لاوان و داواکارییەکانی ئەم توێژە ناکاتەوە بەڵام بۆ وەلی فەتتاحی ئەم ئەنجوومەنە دەیخاتە سەر ڕێبازێکی نوێ و هەر لێرەوە ڕوو لە دنیای فەرهەنگ و زمان دەکات و دەست دەداتە نووسین لەسەر گەلێک پرسان و دیالێکتی هەورامی بۆ زمانی نووسینەکانی دەکار دەهێنێت. ڕاستە وەلی درەنگ دەست پێ دەکات بەڵام زۆر زوو دەتوانێت ڕێ ببڕێتە نێو کۆمەڵەی فەرهەنگیی هەورامانەوە.
وەلی،بۆ بەشێکی نووسینەکانی،زمانی ساتیر و تەنز دەکار دێنێت. ئەم زمانی ساتیرە،هەندێک جار ڕەخنەگرتنە لە کۆسپ و کەند و لەندەکانی بەردەم ڕووبەری جڤاکی بە گشتیی و کۆمەڵەی چاندیی بەتایبەت. بڕێک جاریش داکۆکی و لاگریکردنە لە زمان و چاند و دابونەریتی کوردی و هەروەها بەها واڵا مرۆیییەکان.
بەشێکی تری نووسینی ئەم سیما فەرهەنگییە،ڕووی لە گلێرکردنەوە و لێکدانەوەی سامانی زەنگینی ئاواز و مێلۆدی و گۆرانیی ڕەسەنی دەڤەری هەورامانە.
وەلی فەتتاحی، هەرگیز لە هەمبەر ئەوەی لە کۆمەڵدا ڕووی دەدا،تەنیا سەیرکەر نەبوو؛ پێنووسێکی پەرۆش بەرانبەر کۆمەڵگەکەی بوو. بەردەوامیش پێنووسەکەی بە هەمان مەبەست دەسووڕاند.
لە هەمبەر نووسەر و هونەرمەندانی دەڤەرەکەی بەوپەڕی خاکەڕاییەوە خامەکەی دەخستە گەڕ و دەیەویست ئەم نەریتە بۆ بەرەی ئەمڕۆ و سبەی نێو کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە کە ڕێز لە سیما خەمخۆرەکانیان بگرن.
هەر لە گەرمەی ئەم ئاوێزانبوونە بە ڕووبەری وێژەی کوردیدایە کە ئەوینێکی پاکژ و ڕۆچوون بە نێو جیهانە ڕەنگاڵەییەکەی ئەشقدا، وەلی دنە دەدات ڕوو لە وەرگێڕان و گوێزتنەوەی دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی بۆ سەر زمانی کوردی(دیالێکتی هەورامی)بکات. مەگین هەر ئەوەی سووتاوی ئەوینێکی بێگەرد بێت تا لە زمانە پاراوەکەی باوە تایەری لوڕ بگات!
وەلی بەو دەردەوە موبتەلا بوو هەر بۆیە دەست بۆ دووبەیتییەکانی باوە تایەر دەبات.
هەر کەس بێ دەردا،با هەر مەردە بۆ
دڵ عەشقش نەبۆ،با پەژموردە بۆ
بوڵبوڵ مەچڕۆ سەحەر،ئەو گوڵی
هەر کەس بێ عەشقا،ئیمان هەردە بۆ
(دوو بەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی،وەلی فەتتاحی)
لە گەرمەی چالاکیی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریدا مخابن مەرگ بەرۆکی پێ دەگرێت و لە تەمەنی پێگەییشتن دا پەڕی ژینی هەڵدەوەرێت و ئۆغری دوایی دەکات و هەورامانەکەی و شاری نەوسوود دەبێتە دواهەواری و بۆ هەمیشە لە ئامێزی خاکی نیشتمان دا ستار دەگرێت.
“فەتە”،(کۆمەڵە تەنز) ،”چریکەی ئەهوورایی”(گۆرانیی و ئاوازەکانی هەورامان) و وەرگێڕانی”دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی” بۆ سەر دیالێکتی هەورامی،چەند بەرهەمێکی چاپکراوی وەلی فەتتاحی دێنە ئەژمار.
جێی ئاماژەپێدانە کە ڕۆژی سێشەممە،5ی ڕەشەممەی 2720(23ی فێبریوەری 2021)،”وەلی فەتتاحی”،نووسەر، وەرگێڕ و تۆرەوانی کوردی هەورامانی،لە تەمەنی 56 ساڵیدا ئۆغری دوایی دەکات و بۆ هەر هەمیشە لە باوەشی خاکی پیرۆزی نیشتماندا ئۆقرە دەگرێت. جێی ئیشارەت پێدانە کە شاری “نەوسوو”،بۆ هەمیشە دەبێت بە ئارامگەی ئەم کەسایەتییە گەلپەروەرە.


پاکژترین ئینتیزار
هەر دوێشەو بوو،
لە دوو سووچی
ئەم جەنجاڵستانەی ئێستا،
بە جووت باسی میهرەبانی
جارانمان بۆ یەکدی دەکرد،
ئۆخژنیشمان بۆ ناخ و دڵ دەگوێزتەوە.
دڵی،پڕی لە وەنەوشەی نیشتمان بوو،
کەچی ئەیوت:
تۆ نازانی برالە گیان چلۆن لێرە،
بە هەر هەنگاوێ بۆ ژیان،
کەلەبەرەکەت
لێ دەتەنن بە تەمتومان!
هەر کە ئەمدواند،
کوڕە خرتۆڵە دەروون میهرەبانەکەی هەورامان،
چۆڕچۆڕ ئەسرینی دەوەراند.
وەک خودی خۆم،
غوبەرتێکی ئەم زەمەنە تەنگەبەرە،
لە دەوری ناخی ئاڵا بوو.
“وەلی”خۆی بوو،
هەستم دەکرد،
هێشتاکە هەر،
هەمان کوڕە هەر هەمیشە دەم بە بزەی
خوێندنگەکەی دوێنێی عومرە،
وەک”سەراو هەوڵی”یەکەی جاران، ئارامیی پێیە بۆ دڵان. لەمێژە”وەلی”دەناسم، هێور وەکوو سپیدارە کۆنساڵەکەی”حەوزەلارە”،
کەچی نەیهێشت، جارێکی تر
بە دیداری شاد ببمەوە،
ئەم بەهارە.
سەد بەهار بێ و سەدیش بچێ،
شێوەی میهرت،
تازە لەسەر ناخم نەخشە و
هەرگیز هەرگیز،
لە دڵ ناچێ.
ئیتر بنوو وا بەهارە،
بە خەیاڵی هەورامانێ گوڵاڵەسوورە
داتدەپۆشم،
کە لە خەیاڵدانی مندا،
پاکژترین ئینتیزارە.

  • سەراو هەوڵی: یەک لە خۆشترین سەیرانگەکانی جارانی شاری پاوە دێتە ئەژمار کە لە نزیک خوێندنگەکەی دواناوەندیی سەردەمی ئێمە (دواناوەندیی شەهیدانی هەشتەمی گەڵاڕێزان) بوو کە بە هەزار داخ و کەسەرەوە، ئەم مەکۆ دیرۆکییەیش بە دەردی مرۆی ئەم سەردەمەوە گیرۆدەیە و ئێستا تەنیا یادەوەرییەکەی ماوەتەوە.
  • حەوزەلارە: یەک لە شوێنە هەرە دڵاواکانی شاری “نەوسوو”ی سەر بە “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە شوکر هێشتا سێبەرەکەی،میهر بۆ دڵان دەگوێزێتەوە.

هۆمەر نۆریاوی




مۆسیقا یاوەری شاعیرێکی خەمبارە.. ستیڤان شەمزینی

مۆسیقا “با”یەکی دڵسووتاوە
بە کوڵ بۆ شاعیرێک ئەگری و
عەشق کانییەکە لە تریفە
وەک بت مانگی تابان ئەپەرستێ
منیش لە یەک کاتدا هەم ژێی مۆسیقا
هەم کانیاوی عەشقم
دەمم پڕە لە قسە کە بە شیعر ناوترێ
ئەیدەمە دەست موزیک
سەرم پڕە لە غەم بە زار دەرنابڕدرێ
ئەیدەمە دەست موزیک
مۆسیقاش گۆزەیەکە بەسەر شانی فریشتەیەکەوە
تک تک ئاواز و خەمگینی لێ ئەڕژێتە
سەر ئەو زەویەی مرۆڤ بە ئاگری گوناه و
تاوان کردوویەتی بە سوتماک
مۆسیقا مامۆستای شاعیرێکی خۆکوژە
کە شمشێری سامورای رۆژگار چەقییە نێو دڵی و
لە نێو مێرگوزاری شیعردا بە خاکیان سپارد
تا ئێستاش
وردە نۆتەی غەمگینی لەنێو کفنەکەیدا ماوە،
ئەو شاعیرەی دڵی بەسەر تەنافی رزیوی
سێرگی ژیانەوە ئەڕۆیشت
لەناکاو بەربووە نێو شانۆی غەمەوە
لە سپێدەیەکی زوودا
لە خەونی خۆشبەختی راچڵەکێنرا و
بە زنجیرکراویی فڕێیاندایە
بیابانی کاکی بەکاکی تەنهاییەوە
مۆسیقا غەمبارە
وەک ئەو شاعیرە خەیاڵییەی
لە زەمەنی مۆمیاکردنی دڵ و
رەوانەکردنی عەشق بۆ مۆزەخانە
بەسەر پشتی پەلکەزێڕینەوە
ئەسپی هەتاوی زین ئەکرد
لە چاوتروکاندنێکدا
سروشتی ئەخستە نێو فۆتۆیەکەوە
چەرچەفی ئەدا
بەسەر زامی قووڵی جەستەی هەلاهەلابووی خۆی
کە نینۆکی تیژی دڵشکان
لە هەموو لایەکەوە کون کونی کردبوو
ئەو شاعیرەی
لە هەسارەیەکی دوورەوە هاتبووە ئێرە و
خورپەی ئەخستە
دڵی ئەو زریانە کوێرانەی
موچڕکە خۆشەکانی عەشقیان
بەرەو دۆڵی دابڕان رائەماڵی
مۆسیقا دەفتەرێکی پرتەقاڵی دەستی شاعیرێکە
کە هەردەم دەگریێ و
کەس جۆگەی فرمێسکەکانی نابینێت
هەردەم ناڵە و هاواریەتی
هیچ کەس دادوبێدادی نابیستێ
هەردەم غەم ئەنووسێت
کەسێک نییە دڵۆپێک شادی پێبەخشێ
هەردەم ئەسووتێ
کەسێک نەهات بیخاتە ژێر بارانی خۆیەوە
هەردەم باخچەکان ئاو ئەدا
باخەوانێک گوڵێکی پێشکەش نەکرد
هەردەم ژان و ئازار ئەنۆشێ
حەکیمێک نەبوو دەردی دەرمان بکا
هەردەم بێدارە
هیچ مەیخانەیەک
تۆسقاڵێ سەرمەستی پێنەدا
هەردەم ئاشقە
هیچ مەعشووقێک
بێنازییەکەی هەڵنەگرتووە
هەردەم بانگەوازیەتی
کەس کەس لێی تێناگات جگە لە موزیک
هەردەم بە دوای هاوڕێیەکا ئەگەڕێ
کەس هاوەڵی نییە جگە لە موزیک
مۆسیقا خەمگینی شاعیرێکە
کە چاوەکانی رووباری گریانن
ژیان دڵڕەقی زۆرپ لەگەڵ کردووە
مردن هەمیشە لەسەر رێی وەستاوە
خۆشیی هەموو کات خۆی لێ ئەشارێتەوە و
غەم ئەیخواتەوە
عەشقیش تەنیا ئازارێکە بۆی
فیراق هەموو وەرزێک ئەیدورێتەوە
پێکەنین قوورگی ئەسووتێنێ
گریان دەستی لە یەخەی نابێتەوە
شامپانیای بێزاریی ئەخواتەوە و
خەوی ناڕەحەتی ئەیباتەوە
دەمی خستۆتە نێو دەمی مەراق
لێوی بە سووتان فێنک ئەبێتەوە
مۆسیقا هاوڕێیەکی میهرەبانی شاعیرێکی خەمبارە
تاریکی شەوەکان
لە خوێناویی دیوانێکدا ئەیگەوزێنن و
سەرمای تەنهایی
لە پێخەفی شەقامێکی رووتەڵەی ئەپێچن
بایەقووشی مەرگ
رۆژی هەزار جار
لەسەر رۆحی ئەخوێنێ
هەزارەها شیعر
بە نەگووتراویی لە دوای بەجێ ئەمێنێ
کۆترەکان
لە وەرزی کۆچ
بەرەو باکوور جێیدەهێڵن و
گێژەڵووکەی بێهودەیی
بەرەو عەدەم رایدەپێچێ
مۆسیقا هاوڕێی شەوان و
خەمخۆری رۆژانی شاعیرێکە
لە وشکی بیابانی ژیان
دڵێکی تەڕ تەڕی لە خۆیدا دۆزییەوە
لە ماتەمینی وەرینی گەڵاکان
سەمایەکی نوێی بۆ ژیان داهێنا
لە سکوون و کپیدا
زایەڵەیەکی جاویدانی بە ئاگاهێنایەوە
لە کۆتایی دێڕە شیعرێکدا
سەرەتای ئاوازێکی نەمری ژەنی
لە سەرەتای وشکەڵانیدا
کۆتایی بە بارانێکی هەمیشەیی هێنا
لە چاوی دلبەرەکەیدا

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلنا




پاسکیل.. ن/جەلال قادر

هەرگیز هەستم بە هەژاری و دەست کورتی ماڵەوەمان نەکردبوو، تا ئەو ئێوارەیەی گوێم لە دەنگی باوکم بوو بە دایکمی دەگووت : ژنەکە. ئەگەر پاسکیلێکمان هەبێت، چیتر پێوسیت ناکات بە سواری ئۆتۆمبیڵ بچم بۆ سەرکار، کرێی ئەم سەرو ئەسەرمان بۆ دەگەڕێتەوە.
_ خەمت نەبێت، تۆ پاسکیلەکە بکڕە، من خۆم سبەینێ بە حاجی (زەینەب) دەڵێم کە بۆ سەرمانگی داهاتوو تەنها نیوە کرێی خانووەکەی دەدەینێ. بەڵام…ئایا تۆ دەتوانیت بەو ماندوویەتە، هەموو ڕۆژ ئەو ڕێگا دوورودرێژە بگریت تا دەگەیتە سەرکار؟
باوکم یەک دووجار کۆخی و وەڵامی دایکمی نەداوەیەوە.

چیرۆکی ئەم پاسکیل کڕینەم دەمێک بوو لە دەمی باوکمەوە بیستبوو، بەڵام وادیارە ئەمجارەیان بۆ مەبەستی بژێوی ژیانمان پێوست بوو پاسکیلەکە بکڕێت. بە ئاسپایی خۆمکرد بەژوورا. دایکم بە نیگەرانییەوە پییگووتم : تا دونیا تاریک دانەیەت ناگەڕێیتەوە ماڵ.

لەسووچێکی ژوورەکە دانیشتم، دایکم نانێکی تیری تەڕکرد، لەگەڵ جامێک پڕ لەماست لەبەردەممی دانا. لەگەڵ نان خواردنا هەستم بەشەرمەزاری دەکرد، لەدڵ خۆما بڕیارمدا کە گەورە بووم هاوکاری باوکم بکەم و هەموو ڕۆژ بچم بۆ سەرکار.
باوکم لەسەر جێگەکەی ڕاکشا، منیش بەتەنیشت دایکمەوە دانیشتبووم، لەناکاو بیرۆچکەیەک هاتە مێشکم و بە دایکم وت : سبەینێ دەچم چایخانە و دوکانەکان دەگەڕێم تا کارێک نەدۆزمەوە ناگەڕێمەوە ماڵ!.
دایکم بە ڕووخۆشییەوە وەڵامیدامەوە : نا کوڕی خۆم تۆ هێشتا منداڵیت، ناتوانیت کار بکەیت.
_ ئێ خۆ (عادل) میمکزام هاتەمەنی خۆمە و شاگردی چایخانەیە…

  • باشە کوڕم… جارێ تۆ بخەوە بۆ سبەینێ خوا کەریمە…

ئەو ڕۆژە یاری تۆپی پێم زۆرکردبوو، ماندوو بووبووم و خەوم دەهات، سەرم نایە ناو کۆشی دایکم و بەدەم خەوەوە بە دایکم وت : ئەگەر من و باوکم ئیش بکەین دەتوانین پارەیەکی باش پاشەکەوت بکەین، لەماوەی یەک ساڵ دەوڵەمەند دەبین دەتوانین خانووەیەک بکڕین و لە کرێچییەتی ڕزگارمان بێت.
دایکم دەستی بەسەرم داهێناو وتی : ئەگەر خانووەیەکی خۆمان هەبێت، تۆش ژووری تایبەتی خۆت دەبێت، منیش چێشتنگەیەکی گەورەم دەبێت ئەو کات دەتوانم چێشتی خۆشتان بۆ ڵێنێم.
ئیتر ئەو شەوە نازانم چۆنچۆنی خەوم لێکەوت، بەڵام لە خەونما : خانووەیەکی گەورەمان هەبوو، حەوشەیەکی مەزن و باخچەیەکی خنجیلانەی تێدابوو، پاسکیلەکەی باوکم تیا لێدەخوڕی و دەسووڕامەوە!




ساردایی مردنێ!.. مەولود ئیبراهیم


ئێستا کە لەسەرو بە ندی یادی ڕۆژانی تاڵ و پڕ لە مەرگەساتی کیمیابارانی هه ڵەبجەو ئەنفالەکان دا دەژین ، بە وەختی ئەوەی دەزانم کە شیعری ( ساردایی مردنێ !) کە ساڵی ١٩٨٩ نووسراوە ،جارێکی تر لێرەوەو بخەمە بەرچاوی خۆشەویستان و بە فرمێسکە شیعرێک بەرچاوی هاوخەمی خۆمان تەڕکەین و بیربکەینەوە ………….مەولود
ساردایی مردنێ !


کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن !
ئەوە نیە..کوڕانی خۆم
جووت جووت
تاژیم بەردەدەنێ!
چیبکەم لە گەڵ ئەو چاوانەی خۆم
هه رچی پێ دەبینم
لێم دەبن بە خەم
کوێرنابن ئەم چاوانە
نایەنە گۆ دەم و زارم
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە ؟
ساردایی مەرگ وگرانایی بەردییم
دەکشێنە بەدەنێ
عەشق چ دەردێکی سەربەگۆبەندە
دەچمە ڕاوێ ،
دەبمە نێچیر !
گۆرانی دەڵێم ،
خۆم دەکوژم
دوژمن بوو ئەوەدەستەی
فێری تیر هاوێتنی کردم
بە ڕقەوە
تیران داوێمە سەرو دڵی خۆم!
ئەوە چ شێتیەکە
ئەو عەشقە سەربەگۆبەندە
مردم..هێندەی کراسان لەبەر خۆ دادڕم
کراسی پێستەو گۆشت
کراسی ژەهر!
**
لێم دیارەو دەستم نایگاتێ
بۆی دەچم و نایگەمێ
**
زۆرم سەروکەزی سوتاندن
ئەسپی باڵدار دەرنەکەوت
زۆرم ئەنگوستیلە بادان
سواری پشت کێوان نەهاتن
مەمکی زۆر ئافرەتم مژت
کەس خۆی نەکرد بەدایکم
لە کوێیەپەری گریانێ
کەمن چاوانم
دوو چاوی خەم بینینن
چ کوێرە دوعایێ بوو لەخۆم کرد؟
ئەو ڕۆژەی گوتم :
تۆم خۆشدەوێ
کێ فرمێسکان دەناسێتەوە؟
کەمن سەرو پێم لێ گۆڕابن،
ئەوە نیە ساردایی مەرگ و
گرانایی بەردییم دەکشێتە بەدەنێ؟!؟

١٩٨٩/ هه ولێر




کێشەی توێژینەوەی فەلسەفەیی.. کاوە جەلال

دەمەوێت لە ئەزموونی فێرخوازیی خۆمەوە بێمە نێو پرسی ناونیشانی ئەم نووسینەوە.
نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو فێرخوازی فەلسەفە بووم لە زانستگەی بامبێرگ. بێگومان فەلسەفە وەک بەشی سەرەکی، دوو بەشە لاوەکییەکەم بریتی بوون لە پسیکۆلۆژی و ڕامیاریناسی.
بەشەکەمان بچووک بوو، لەتەک مامۆستا و پرۆفیسۆرەکاندا زۆر جار لە “کاتی گفتوگۆی مامۆستا لەتەک فێرخوازان”دا، لێ لە دەرەوەی ئەو کاتانەش، دەرفەت دەڕەخسا تەنانەت لە پرسی دیکەی دەرفەلسەفەیی بدوێین. بۆ نموونە ڕۆژێک پرۆفیسۆرێک، دوای ئەوەی زانیی کە من کوردم، کەمێک بەماتی گۆتی: “گەلی ئێوە تۆپی پێی دەوڵەتانە، بەداخەوە، بەڵی زۆر بەداخەوە، ئاخر ئێوە شایانی لەوە زیاترن. لێ کێشەی سەرەکیی ئێوە خیانەتە. من باوەڕ ناکەم ئەوە تەنیا کێشەی سەرکردەکانتان بێت. من وای دەبینم خیانەت بە ئێوەی کورد توخمییە. ئاخر خیانەت هۆکاری ئەوەیە کە ئێوە دەوڵەتتان نییە. بێگومان ئێوە خۆتان دەبێت باشتر لە هۆکاری ئەوە تێبگەن. من ئەڵمانم و لە دەرەوە هەر ئەوەندە لێتان تێگەیشتووم.”
بە هەر حاڵ مرۆ ئەوها ڕاشکاوانە ڕای خۆی دەردەبڕی. بێگومان ئەو جۆرە گفتوگۆیانە زۆر دەگمەن و لاوەکی بوون، هەندێک جار وەک تێبینییەک لە دانیشتنێکدا دەردەبڕران و دەبوون بە بابەتی دانوستاندن، چونکە منیش بۆ نموونە لەسەر تێروانینی وەک ئەوەی سەرەوە وەڵام و ڕوونکردنەوەم هەبوو.
ڕۆژێک لەتەک مامۆستایەکدا کە کەمێک بوو بوو بە ناسیارم، گفتوگۆمان دەکرد. لەو میانەیەدا لێی پرسیم: دەتەوێت توێژینەوەی ماگیستەرەکەت لەبارەی چە پرسێک بنووسیت؟”، لە وەڵامدا گۆتم: “خۆت دەزانیت ماوەیەکە زۆر خەریکم بە پرسی “غوربەت”ەوە لای سارتر، ڕەنگە ئەمە پرسێک بێت، لێ هەنووکە کێشەی “ناسەرڕاستی” لە “بوون و نەبوون”ی سارتردا زۆر پێکاومی. ڕەنگە ئەمە بابەتێک بێت بۆ لێتوێژینەوە.” ئەو تەماشای کردم و بەپوختی پرسیی: “فەڕەنسی دەزانیت؟”، وەڵامم دایەوە: “نەخێر”، ئەویش سەرلەنوێ کورت و پوخت گۆتی: “کەواتە ناتوانیت لەبارەی سارتر بنووسیت.”
زۆر سەرم لەو حوکمەی ئەو سووڕما. هیچم نەگۆت، لێ هەر لە ناخمدا مایەوە، بۆیە لە دانیشتنێکی دیکەماندا ڕوومکردەوە ئەو کێشەیە و لێم پرسی: “بۆچی ناتوانم توێژینەوەیەکی ماگیستەر لەبارەی سارتر بنووسم تەنیا لەبەر ئەوەی فەڕەنسی نازانم؟”.
لە وەڵامدا گۆتی: “ئاخر نابێت. چونکە فەڕەنسی نازانیت. نوقتە. هەروەها لێت قبووڵناکرێت. ئەمیان سەرەنجامە. گرنگ ئەوەیە کە “تۆ” لە بنەڕەتی زمانەوە ناتوانیت توێژینەوەیەکی ئەکادیمیانەی ماگیستەر لەبارەی فەیلەسوفێکی فەڕەنسی بنووسیت. تۆ دەتوانیت ئەوە وەک توێژینەوەی “کاری ماڵەوە” کە هەموو فێرخوازێک دەبێت لە میانەی فێربوونی زانستگەییدا بیکات، ئەنجام بدەیت و دەچێتە خانەی خەریکبوونەکانتەوە لەنێو مێژووی فەلسەفەدا. لێ لە توێژینەوەی ماگیستەردا دەبێت ڕەچاوی نوێترین ئاستی توێژینەوە لەو بوارە هەڵبژێرراوەدا بکرێت، ئەوجا توێژەر مێتۆدییانە نوێیەتیی کارەکەی دەربخات. تۆ پەیوەند بە سارترەوە ئەو نوێیەت پێ بەدیدەهێنرێت گەر لە سارتر بە زمانی خۆی بتوێژیتەوە، ئەوجا دەتوانیت بۆ سەرچاوەی لاوەکی ڕووبکەیتە توێژینەوەی ئەڵمانی و فەڕەنسی یان ئینگلیزی لەبارەی ئەو. خوێندنی ماگیستەر لای ئێمە ئامادەکارییە بۆ بوون بە توێژەر. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە یاسا ڕێ دەدات، کە گەر فێرخوازێک بابەتێکی تایبەتیی هەبێت و شیاوی توێژینەوەی دکتۆرا بێت، هاوکات پرۆفیسۆرێک ئەوەی لێ قبووڵ بکات، ئەوسا دەتوانێت یەکسەر نەک توێژینەوەی ماگیستەر، بەڵکو دکتۆرا بنووسێت. بەکورتی: کێشەی کرۆکییانەی فەلسەفە زمانی فەلسەفەیە کە توێژەر بەڕێیەوە دەچێتە نێو پرسەکانەوە. تەماشا بکە، من هەموو پلاتۆنم لە وەرگێرانی شلایەرماخەر خوێندۆتەوە، باوەجو ئەو لە وەرگێڕاندا هەڵەی زۆری کردووە، ئەوەش گرنگ نییە، چونکە هیچ وەرگێڕانێک نییە هەڵەی تێدا نەبێت. لێ من لە توێژینەوەمدا دەبێت پلاتۆن بە زمانی خۆی بخوێنمەوە و گەر ئیقتیباسێکم پێویست بێت، خۆم وەریدەگێڕم، لە زاری پلاتۆن خۆیەوە، کە هەردەم جیا دەکەوێتەوە لە هەر وەرگێڕانێکی دیکەی پلاتۆن، ئەوجا لە کۆنتێکستی نووسینەکەم جیانابێتەوە.”
تێڕوانینەکانی زۆر پرسیاریان لام وروژاند: پرسیار لەبارەی توێژینەوەی فەلسەفەیی لە وڵاتە ئەرەبییەکان، لەبارەی وەرگێڕانەکان بۆ ئەرەبی، بە تایبەتی خەریکبوون بە فەلسەفەی ئەڵمانییەوە لە زمانانی دیکەی وەک فەڕەنسی و ئینگلیزییەوە، ئەوجا بۆ نموونە وەرگێڕانی تێگەی “گایست / Geist”ی ئەڵمانی (یان هێگل) بۆ “ئەلڕووح”، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەرەبەکان لە زمانی خۆیاندا “وشە”کەیان نییە، یان “بوون / Sein” بۆ “ئەلوجود” کە ئەمیش هەروەها بەهۆی نەبوونی وشەکەوەیە لە زمانی ئەواندا، لێ کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، کە هەر ئەوەندەی وجود لەبریی بوون کرا بە بنەڕەت و هەرچییەکی وەک نووسین لەسەر بنیاتنرا، هەڵە دەردەچێت. ئاخر “بوون” و “لێرەبوون / وجود” دوو تێگەی جیاوازن و مرۆڤ ناتوانێت ببێژێت، ڕاستییەکەی بۆی نییە ببێژێت: “من بوون دەکەم بە وجود”، یان بە پێچەوانەوە: “من وجود دەکەم بە بوون”. مرۆڤ دەتوانێت ئۆنتۆلۆژیانە، واتا بوونناسییانە لە لێرەبوون / وجود بتوێژێتەوە، لێرەشدا ئاشکرایە دەبێت تێگەییانە جودا لە یەک دایانبنێت. یان گایست / هۆش بۆ نموونە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووحەوە نییە. ئاخر ڕووح خوداییە، خودا خۆی “دەیخاتە” نێو مرۆڤەوە و لێی وەردەگرێتەوە. کەواتە گەر مرۆ هێگلی بە زمانی خۆی بخوێنایەتەوە، ئەوجا لێی تێبگەیشتایە و بیبینیانە کە لە زمانەکەی خۆیدا واژەیەکی بەرانبەریی بۆ ئەو تێگەیەی هێگل نییە، ئەوسا واژە ئەڵمانییەکەی وەردەگرت و لە فەرهەنگۆکدا شرۆڤەییانە ڕوونی دەکردەوە، واتا دەینووسی “فينومينولوجية الغايست”، یان “گایست”ی بەگوێرەی نووسینەکەی هێگل ناوەرۆکییانە وەردەگێڕا بۆ “الوعي”. ئاخر “فێنۆمێنۆلۆژیی هۆش” لە بنەڕەتدا خەریکبوونە بە ئاگاییەوە.
با زۆر لە بابەتی سەرەکیمان دوورنەکەوینەوە. مرۆڤ بۆ “بڕێک” تێگەیشتن لە هەر فەیلەسوفێک دەتوانێت لە زمانانی نائۆریجینالەوە کۆششی خۆی بکات، تەنانەت بە بەرواردی چەند سەرچاوەیەکی وەرگێڕراو “تا ڕادەیەک” توێژینەوە ئەنجام بدات. لێ با بگەڕێمەوە بۆ لای ئەو بەڕێزە. کە پێم گۆت ئەرەبەکان “گایست”ی هێگلیان وەرگێڕاوە بۆ “ئەلڕووح” و واتای ئایینیانەی ڕووحم بۆ ڕوونکردەوە، یان “بوون و نەبوون”ی سارتریان کردووە بە “الوجود والعدم”، خۆی پێنەگیرا و دایە قاقای پێکەنین، لێ خێرا خۆی گرتەوە و ڕێزمەندانە گۆتی:
“ئەو جۆرە هەڵانە لە نێوان هەموو کولتوورەکاندا ڕوودەدەن، بۆیە من پێت دەبێژێم، ڕاستییەکەی ئێمەی ئەڵمان دەبێژین، کە بۆ نموونە مەرجی توێژینەوەی ئەکادیمیانەی کۆتایی لەبارەی سارتر شارەزاییە لە زمانی فەڕەنسی و فەڕەنسییەکەی سارتردا. بڕوانە لە ئەمەریکای لاتینی چییان لە هزری هایدێگەر کردووە. تەواو شێواندوویانە، کردوویانە بە ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسی)! ئەوە چیدی هایدێگەر نییە، جا گەرچی ئەوان سەر بە هەمان بازنەی کولتووریی ئەوروپیانەن، کەواتە تەواو جیاوازن لە خۆرهەڵاتییەکان. ئێمە لە دێرزەمانەوە، لە چەرخی نێڤینەوە دەزانین کە لە زمانی ئەرەبیدا ڤێربی “sein” نییە کە لێوەی ناوی “das Sein” (being) دروستدەکرێت.
(لەوێدا یەکسەر تێبینییەکم دا و گۆتم، بەڵێ ئەوەم لای تۆماس هۆبس خوێندۆتەوە کە هێرش دەکاتە سەر پرسی ئۆنتۆلۆژیانەی “esse” ی لاتینی و بە زیادەی دادەنێت، ئەوجا نموونەی ئەرەبەکان دەهێنێتەوە کە گەرچی ئەو ڤێربە لە زمانەکەیاندا نییە، سەرباری ئەوە دەتوانن بفەلسەفێنن.) پاشان ئەو بەردەوام بوو:
“… بەڵێ، ئیدی بۆچی و چۆن خۆیان بە فەلسەفەکانی وجود، یان بە وجودگەرایی سارترەوە خەریکدەکەن؟ گەر پرسەکە فەلسەفەییانە لای ئەوان بەواتا بێت، ئەوسا دەبێت وشەیەک دروست بکەن کە شیاوی گەردانکردن بێت. ئاخر هەر ئەوەندەی لە نووسیندا “بوون” و “وجود” تێکەڵکران، ئیدی خوێنەر نازانێت مەبەستی ئەوان لەچییە (کەواتە تازە دەستپێکردوویەکی نێو فەلسەفە یەکسەر فریودەخوات و بەسەهووودا دەبرێت، کەواتە خیانەتی لێدەکرێت – ک.ج.). من ئێستاش تێناگەم کە بۆچی خەڵکی وڵاتە ئیسلامییەکان خۆیان بە فەلسەفەکانی ئەوروپاوە خەریک دەکەن؟ ئاخر سەرەتا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەوان چییان لەو فەلسەفانە دەوێت؟ ئەمە سەرەتا پرسیارێکی پرنسیپییە و ئاڕاستەی هەموو کەسێک، ئەڵمانێکیش، دەبێتەوە، ئەوجا پرسیارەکە ئاڵۆزتر دەبێت گەر کەسانی کولتوورێکی بە ئێمە نامۆ خەریکی فەلسەفەی ئێمە بن. ئایا بۆچی تۆ فەلسەفە دەخوێنیت؟ بێگومان گەر بتەوێت لە ئەڵمانیا بە ئەڵمانی لەسەری بەردەوام بیت، ئەوە بڕیار و ڕێگەی خۆتە، لێ گەر تۆ بتەوێت بە کوردی کاری فەلسەفەیی بکەیت، ئەوسا دەبێت ڕوانگەی ئەڵمانیانە و کوردیانەی خۆت جیابکەیتەوە و مشتوماڵیان بکەیت، خۆت زمانفەلسەفەیی بە هەردوو زمانەوە خەریک بکەیت. جگە لەوە ئێمە ئەمڕۆ لە خۆرئاوا بەر تەحەدای “کۆتاییهاتنی فەلسەفە” کەوتووین. ئەی ئێوە لە خۆرهەڵات خۆتان لەکوێی کارکردنی فەلسەفەییدا دەبیننەوە؟ تۆ جارێک گۆتت کە بەدەگمەن نووسینی فەلسەفەیی بە کوردی هەیە، لێ ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندە. ئەمە لە بنەڕەتدا زەخیرەیەکی لەباری کارکردنە لە هزری کولتوورەکەی خۆتدا کە لەنێو ئەدەبەکەتانەوە دەربڕراوە. تۆ دەتوانیت مێتۆدی هزرینی خۆت گۆڕان پێبدەیت و لە ئەدەبی کولتوورەکەتدا کاربکەیت. یان یەکسەر لە ئەڵمانییەوە هەندێک بابەتی ئەڵمانی وەربگێریت، لێ من گومانم هەیە ئەم کارەیان سەربگرێت.”
ئێستا من بە سووڕماوی پرسیارم لێکرد: “بۆ سەرناگرێت؟”. لە وەڵامدا گۆتی: “نازانم. تەنیا گومانم هەیە. زمانی ئەڵمانی تێگەییە، زمانی ئێوە، کوردی، ئەرەبی، پەخشانییە.”
منیش گۆتم: “من ئەوە دەزانم، لێ دەتوانین لە کارکردنماندا خەریکی تێگەسازی بین. جگە لەوە زمانی کوردیش هاوشێوەی ئەڵمانی زمانێکی ناتورالیستییە و زۆر چاک دەرفەتی تێگەسازیی لەخۆگرتووە.”
زۆر سەری لەم حوکمەی من سووڕما و پرسیی: “چیییی؟”
منیش جەختم لێکردەوە: “ناتورالیستییە. ئێوە دەبێژن “Vorstellung” (فۆڕشتێلونگ)، ئێمە دەبێژین “پێشبینی”. فۆڕشتێلونگ لە پێشدانراوەوە، واتا لە دانراوەوە لە بەردەم خۆدا کە هزر ئەوەی کردووە، بەدیهێنراوە، کەواتە تێگەکە لە دەرککردنەوە سازێنراوە؛ یان ئێوە دەبێژن “begreifen”، کە واتای تێگەیشتن دەگەیەنێت، لێ ئەوە لە کرداری دەستەوە هاتووە کە دەیبات بۆ شتێک و دەیخاتە نێو مشتی خۆیەوە، ئەوەشتان کردووە بە “Begriff”، واتا بە تێگە؛ یان “Auffassung”، کە گرتنی شتێکە بە دەست لە سەرەوە و لای ئێوە واتای “تێڕوانین، بیروڕا” دەگەیەنێت”. ئێوەی ئەڵمان بە پێشگرەکانی نێو زمانەکەتان بەردەوام واژە و دەستەواژە و تێگەی نوێ دەسازێننەوە، ئێمەی کوردیش پێشگرمان زۆرە لە زمانەکەماندا، هاوشێوەی ئەڵمانی.”
بینیم ئەویش سووڕما و بە زەردەخەنەیەکەوە گۆتی: “ئاخسۆۆۆۆ (ئاوااا)، مەبەستت لە ناتورالیزم ئەوەیە!!”.
ئەو گفتوگۆیە پرسیاری دیکەی لەگەڵ خۆیدا هێنا و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. ئاخر ئەویش فزوولی بوو و دەیوست لە ڕێگەی فێرخوازێکی ڕەچەڵەک خۆرهەڵاتیی خۆیەوە باشتر لە هەندێک پرس تێبگات.


کاتێک ئەمڕۆ ئەو جۆرە گفتوگۆیانە و ئەزموونی دیکەی فرە دەهێنمەوە یاد، ئەوجا لە وەرگێڕانەکان دەهزرێم، پێکەنینم دێت. بۆ نموونە وەرگێڕانی هەڵەی “بوندسکانتسلەر / Bundeskanzler” بۆ “المستشار الالمانی” کە وەرگێڕانێکی فەرهەنگییە نەک تێگەیی، هاوکات کوردەکانیش ئەو هەڵە گەورەیەی ئەرەبەکانیان لە ئەوان وەرگرتووە و کردوویانە بە “ڕاوێژکار”. ئاخر کانتلسەری ئەڵمانی بەگوێرەی دەستوور سەرۆکوەزیرانێکە کە “ئاڕاستەکانی سیاسەتی ئەڵمانی دیاریدەکات”، “دەچەسپێنێت”، ئیدی ئایا چۆن ئەو دەسەڵاتە دەبێت بە “ڕاوێژکار”؟ ئەمیش لە بنەڕەتدا ناوێکە و گەرەکە وەک خۆی، هاوشێوەی ناوی “بەرلین” و “مارتین”، بەبێ وەرگێڕان دەرببڕرێت.
بەڵێ ئەو پرسیارە زۆر پڕبایەخە کە: ئایا خۆرهەڵاتییەکان چییان لە فەلسەفەکانی خۆرئاوا دەوێت؟ گومانی تێدا نییە کە هەندێک هزرڤانی ئەرەب مێتۆدی خۆییان گۆڕانپێداوە و کاری باشیان ئەنجام داوە، وەک ئارکون، یان نەسر حامد ئەبو زەید کە لە نووسینێکی قووڵمەغزایدا داوا دەکات پێویستە قورئان مێژووییانە بخوێنرێتەوە، لەسەر ئەوەش بە فەتوا لە ژنەکەی تەڵاق درا و ڕۆیشت بۆ هۆلەندا – هەر لەوێ سەرینایەوە.
ئێمە لەم جێیەدا لەنێو یەکێک لە پرسە کرۆکییەکانی ئەم کێشەکەداین. ئاخر کاتێک دەخوێنینەوە کە ئەرەبەکان، لایەنی کەم زۆر کەس لەوان، تێگەی “خودا” لای دێکارت وەردەگێڕن بۆ “الله”، جا گەرچی ئەو خودایە تەنیا ئیدێیەکە و “الله”یەکی ئافرێنەر نییە، یان ڕوونتر ببێژین، وەک ئیدێ تەنیا خودایەکی گەرەنتیدەری مەئریفەی ڕوون و ئاشکرایە، ئیدی بەر پرسیاری کەسی چالاکبووی هزری دەکەوین کە چۆن لەنێو هۆشی خۆیەوە کارەکانی ئەنجام دەدات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کەسێکی پابەندی “الله”یەک خۆی بە دێکارتەوە خەریک دەکات؟ ئایا دژبێژیی دێکارت دەکات؟ ئەمە کارێکی ناڕەوا نییە، چونکە لێرەدا پرسی ڕوانگە فەلسەفەییەکان دێتەگۆڕێ، لێرەشدا دەکەوینە بەردەم پرسیاری “نەقڵ و ئەقڵ” لە لایەک کە کەسی دژبێژیکەر وەک بنەمای خۆی دایناوە، ئەوجا پرسیاری پێگەیاندنی سەبژێکتێکی ئاگامەند لای خودی دێکارت کە بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر سروشتدا فەلسەفەییانە کاردەکات. کریستەکان خۆیان چەندین دژبێژیی بەم چەشنەی دێکارتیان کردووە. لێ مەسەلەکە لە وەرگێڕانی خشکەیی “خودا”کەی دێکارتدا بۆ “الله” ئەوەیە کە وەرگێڕەکان هەڵەیەکی گەورە قبووڵ دەکەن و تەنانەت گۆیا بۆ خاتری ئاوەزگەرییەک (!) دەیکەن بە نووسین، لێرەشدا کێشەکە بە هیچ شێوەیەک ئەوە نییە کە ئەوان لە دێکارت تێنەگەیشتبن. ئەمە نەشیاوە. ئاخر ئەوانیش زەینێکی سەلیمیان هەیە و کار دەکات، دەخوێنێتەوە و دەسەنگێنێت، کەواتە دەبینێت کە خوداکەی دێکارت ئافرێنەر نییە. نەخێر، مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەوان ئامادەییان بۆ درۆکردن تێدایە! کەواتە لە کرۆکەوە ئەلکەززابن! ئایا ئەوە لە ترسدا کە ئیدی بڕێک هزری دێکارتیان تا ڕادەی قبووڵکردن داوەتەوە؟ ئایا لە نائاگییەوە لەوە دەترسن کە بە دانوستانکردنی خودا وەک ئیدێ و الله وەک ئافرێنەر جیهان بەسەریاندا وێران ببێت؟ لێ ئەمە کێشە کرۆکییەکەی دێکارتە کە دەبێژێت، خۆت سەرەتا لە دابی سوننەتی ڕزگار بکە و ببە بە هزرڤانێکی ئازاد، ئەوجا ئازادانە خەریکی توێژینەوەکانت بە، لێرەشدا خودای چاک گەرەنتیدەری مەئریفە ڕوون و ئاشکراکانی تۆیە. یان ئایا ئەوان دەرەکییانە لە ترسی تاقمی ئەلئەزهەر و شێخەکانی دیکەی دین ئەوە دەکەن تا نەبینن ئەوان چییان دەوێت؟ گەر وا بێت، ئەوا پێویست ناکات لەبارەی دێکارت بنووسن! گەر فەلسەفەیەک بنەڕەتەکانی لە ئۆریجیناڵەوە بە زمانی خۆ دیارنەهێنرابن و بنەڕەتییانە لە کولتووری خۆدا نەکەوێتەوە کار، ئیدی هەر کارێکی لەسەر بکرێت، خۆفریودانە، فەلسەفە نییە، چونکە فەلسەفە لە ڕاستی و ڕاستبێژی جیانابێتەوە، نەخێر ئەوە تەنیا ڕستەسازییە بە زمانی سوننەتییانەی فەلسەفە.
پرسیارێکی دی: ئایا خۆرهەڵاتییەک دەتوانێت بە ئینگلیزی لە هزری هێگل تێبگات، جا نەخوازە لە ئەرەبی و فارسییەوە؟ یەکەمیان زەحمەتە، دووەمیان نزیکەی نەشیاوە. بۆچی؟ چونکە ئەو هزرە لە زمانی هێگل جیانابێتەوە. بۆ ئەمە نموونەیەک دەهێنمەوە.
هێگل لە دەستپێکی فێنۆمێنۆ-لۆژییەکەی خۆیدا، واتا خەریکبوونی فەلسەفەییدا بە پرسی ئاوەڵابوونی هزرینی دیالێکتیکییەوە، لە دەرککردنەوە دەردەچێت و شرۆڤەی دەکات. “دەرککردن”ی کوردی بە ئەڵمانی بریتییە لە “Wahrnehmung” (ڤارنێمونگ) کە وشەیەکی ئاوێتەیە، لە “wahr” و “nehmen”ەوە بەناوکراوە و واتای “ڕاست” و “وەرگرتن” دەگەیەنن. ئەوە هیچ کێشە نابێت گەر ئێمە بەگشتی ئەو واژەیە فەرهەنگییانە وەربگێڕین بۆ دەرککردن. ئاخر ڤارنێمونگ وشە بەرانبەرییە ئەڵمانییەکەی دەرککردنی کوردییە. لێ ئەم وشەیە وەک تێگەی هێگل لە کوردیدا دەبێت بە “ڕاست-گری”. بۆچی؟ چونکە هێگل یەکسەر بەگەڕی ناخات و بەدوویدا لەسەر نووسین بەردەوام بێت، کەواتە وەک چەسپیوێکی زمانەوانی گریمانەی ناکات، بەڵکو بۆ پێشاندانی هزری خۆی سەرەتا شرۆڤەی دەکات، واژە لێکدراوەکە بەش دەکات بەسەر کەرتە سادەکانیدا تاکو مەبەستی خۆی لە “ڤارنێمونگ” و واتاکەی لەنێو فەلسەفەی خۆیدا دیاربهێنێت. ئەو دەبێژێت: ئەوە کە من وەریدەگرم (لای خۆم بە سێنسەکانم / حەواسەکانم دەیگرم، دەرکی دەکەم)، ڕاستە، کەواتە گومانی لێناکرێت، بۆیە هزرینم دەشێت لەو ڕاستە (وەر)گیراوەوە بەرەو ژوور ئاوەڵاببێت. هێگل لە ڕەوتی خەریکبوونی فەلسەفەیی خۆیدا بە دیاردەی ئاگاییەوە و ئەوجا بۆ ڕوونکردنەوەی تێگەیشتنی خۆی لە دەرککردن (ی ئەڵمانی)، گەڕاوەتەوە بۆ واتای وشەکان و ڕەچاوی چاوگە ئەڵمانییەکەی کردووە، ئەوجا تێگەیەکی “نوێ”ی لە واتاکانی هەر یەکەی “ڤار” (ڕاست) و “نێمن” (وەرگرتن)ەوە سازاندووە و کردوویەتییەوە بە ڤارنێمونگ. گەر ئێمە هێگل بە زمانی خۆی بخوێنینەوە، ئەوسا لە هزرین و کارکردنی ئەو تێدەگەین، ئەوجا ناچار دەبین هەوڵی بێژتنی ئەوە بە کوردی بدەین کە ئەو بە ئەڵمانی بێژتوویەتی، لێرەشدا پێش هەموو شتێک بەر واژەی “ڤار / ڕاست” دەکەوین، لەم ڕوانگەیەشەوە دەبینین کە گونجاو نییە تێگەی “دەرککردن” بۆ “ڤارنێمونگ”ی ئەو دابنێین، بەڵکو گونجاوترە “ڕاستگری” بەکوردی دابنێین کە هەموو خوێنەرێکی فەلسەفەکار بە کوردی لێی تێدەگات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە هێشتا هەر دانوستانکردنی وەک دەرککردن لە لایەن وەرگێڕ لە پەراوێزدا، لە لایەن توێژەر لە میانەی نووسینەکەیدا، پێویستە.
ئەمە بە هەمان شێوە تێگەی “زمان” لای هایدێگەر دەگرێتەوە. سەرەتا گەرەکە پەیوەند بەم پرسەوە ببێژین، ئەو دیاردەیە کە ئەڵمانەکان ناوی دەنێن “Sprache / شپراخە”، ئەرەبەکان ناوی دەنێن “لوغە” و کوردەکان ناوی دەنێن “زمان”. ئەمە دروستە. لێ پەیوەند بە هایدێگەرەوە کێشەیەکی زمانی دەکەوێتەوە، ئەوەش لە ڕووی بەناوکردنی چاوگی “sprechen” (پەیڤین) بۆ “Sprache” (پەیڤە) کە بە ئەڵمانیی گشتی و زانستی یان فەلسەفەییش واتای “زمان” دەگەیەنێت. بۆچی ئەمە پەیوەند بە هزری هایدێگەرەوە پڕکێشەیە؟ ئێمە سەرەتا دەگەڕێینەوە بۆ دەستپێکی بیبل کە دەبێژێت: “Und Gott sprach”، واتا: “خودا پەیڤی”. بۆچی؟ چونکە بەگوێرەی بیبل: سەرەتا پەیڤ هەبوو، پەیڤ لای خودا بوو، خودا خۆی پەیڤ بوو. ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە هایدێگەر ڕەچاوی ئەم واتایە بکەین، جا گەرچی ئەو لە نووسینی “پەیڤە”دا ڕەتی دەکاتەوە بنەڕەتی پەیڤە خودایی بێت. ئێمە دەمانەوێت سەرەتا بەمە ببێژین کە “sprechen” لای هایدێگەر “ئاخافتن” نییە، بەڵکو “پەیڤین”ە، لە بەناوکردنیشیدا دەبێت بە “پەیڤە” کە مەبەستی ئەوە. کەواتە گەرەکە ئەم واژەیە بهێنرێتە نێو زمانی / کارکردنی فەلسەفەیی کوردییەوە لە هزری هایدێگەردا، تاکو مرۆڤ دروست لێی تێبگات. بۆچێ گەرەکە ئەمە بکەین؟ چونکە ئەو خۆی دەبێژێت:
“مرۆڤ دەپەیڤێت. ئێمە لە بێداری و لە خەوندا دەپەیڤێین. ئێمە بەردەوام دەپەیڤێین، ئەوە تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئێمە هیچ وشەیەک دەرنابڕین، بەڵکو تەنیا گوێدەگرین یان دەخوێنینەوە، تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئێمە نە گوێدەگرین و نە دەخوێنینەوە، بەڵکو لەبریی ئەوە کارێک ئەنجام دەدەین یان لەنێو کاتبەسەربردندا قاڵ دەبین. ئێمە بەردەوام بە هەر شێوازێک دەپەیڤێین. ئێمە دەپەیڤێین، چونکە پەیڤین بە ئێمە سروشتییە.” (…) “ئایا پەیڤین چە واتایەک دەگەیەنێت؟ بۆچوونی باو لەبارەی ئەوە دەبێژێت: پەیڤین چالاککردنی ئامرازەکانی دەنگدەربڕین و بیستنە، پەیڤین دەربڕینی دەنگی و ڕاگەیاندنی بزاوتە مرۆڤییەکانی هەستکردنە.” (…) “لە لایەکی دی پەیڤین بە چالاکییەکی مرۆڤ دادەنرێت. ئێمە دەبێت بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە ببێژین: مرۆڤ (…) تەنیا زمانێک دەپەیڤێت.” (…) “ئەوجا بەرانبەر دیاریکردنی پەیڤین وەک بەدیهێنانێکی مرۆڤیی، کەسانی دی هەن و جەخت دەکەن، کە وشەی پەیڤە سەرچاوەیەکی خودایی هەیە. بەگوێرەی پێشگۆتنی ئینجیلی یۆهانس، پەیڤ سەرەتا لای خودا بوو، لێرەشدا مرۆ نەک تەنیا دەیەوێت پرسیاری سەرچاوە لە کۆتەکانی ڕوونکردنەوەی ڕاسیۆنال-لۆژیکی ڕزگار بکات، بەڵکو هەروەها لەمپەرەکانی وەسفکردنی لۆژیکیانەی زمانیش لادەبات”.
لێ هایدێگەر ڕەچاوی رۆڵی ئەو پێشبینییانەی زمان ناکات. ئەو بەردەوام دەبێت:
“پەیڤە دەپەیڤێت. ئایا پەیڤینی ئەو چۆنە؟ ئایا لەکوێ پەیڤینێکی ئەوها دەبینینەوە؟ بەباشترین شێوە لەنێو پەیڤراودا. لە ئەودا پەیڤین تەکامولی کردووە. (…) پەیڤین لە پەیڤراودا داڵدەدراو دەمێنێتەوە.”
پەیڤراویش بۆ هایدێگەر بریتییە لە هۆزان (شیعر). کەواتە هەر ئەوەندەی تێگەیشتنی هایدێگەرمان بۆ زمان بە واژەی زمان دایەوە، ئیدی لە مەبەستی ئەو دووردەکەوینەوە.
لێ با بگەڕێمەوە بۆ پرسی تێگەسازی لە ئەڵمانییەوە کە بۆ من گرنگە. لێرەش سەرلەنوێ نموونەی تێگەیەکی زۆر کرۆکیانەی دیالێکتیکی هێگل دەهێنمەوە، کە بریتییە لە تێگەی “هەڵگرتن”، بە ئەڵمانی “Aufhebung” / ئاوفهێبونگ.
ئەم تێگەیە لای هێگل سێ واتای هەیە کە بە هەمان شێوە لە وشەی “هەڵگرتن”ی کوردیشدا هەن، و بریتین لە: ١) نێگاسیۆن / تۆلەرە (tolere): ڕەوشێک، کارێک، کۆتایی پێدەهێنرێت و هەڵدەگیرێت بۆ ئاستێکی دیکە تا لەوێ بەردەوامیی پێبدرێت و ڕەوشێکی گونجاوتر بدۆرزێتەوە (یان دەشێت کەسێک لە پەیوەندییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە ببێژێت: “با ئەم مەسەلەیە هەڵبگرین بۆ سبەینێ.”؛ ٢) پاراستن (conservare): من بۆ نموونە ئامانەتی کەسێک لای خۆم هەڵدەگرم، بۆی دەپارێزم؛ ٣) بەرزکردنەوە (elevare): من شتێک، ڕەوشێک، هەڵدەزنێنم بۆ ئاستێکی باڵاتر، وەک چۆن من جانتایەک لەسەر زەوییەوە بە دەست بەرزدەکەمەوە، هەڵدەگرم.
کەواتە گەرچی وشەی “هەڵگرتن” بەگشتی لە کاروباری ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئەوە لای خەڵکیش هەر سێ واتاکەی لەخۆگرتووە، هاوکات دەشێت ببێت بە تێگەیەکی فەلسەفەیی، کە ئیدی هەر ئەوەندەی فەلسەفەکار تێگەکەی لە نووسینێکدا بینی، یەکسەر دەزانێت لە دیالێکتیکی هێگلەوە هاتۆتە نێو فەلسەفەوە و ئەویش کاری پێدەکات – وەک تێگەیەکی فەلسەفەیی. باوەجو هێگل دەیگۆت، تێگەکان لە هۆشی گەلدا هەن، ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە بییاندۆزێتەوە، لە یەکدییان جیابکاتەوە، تایبەتێتییان پێبدات و ڕێکیان بخات. هێگل لە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانەی خەڵکەوە دیالێکتیکەکەی خۆی ئاوەڵا کرد – واتا لە ئەڵمانییەوە فەلسەفەیەکی ئەڵمانی.
جارێک لەگەڵ ڕامیار مەحمود دانوستانێکمان لەبارەی تێگەی “مەئریفە” کرد کە داخۆ بە کوردی چی بۆی گونجاو بێت. سەرەتا گەرەکە ببێژم، کە مەئریفە واژەیەکی گونجاوە و دەربڕینی لەسەر زار خۆشە، بەکارهێنانی ئاساییە، لێ بەکوردیش واتای هەیە کە بریتییە لە “ناسیاری”. ئێمە لە ڕەوتی دانوستاندنەکەدا بەوە گەیشتین کە لە کوردیدا واژەیەک تایبەتدەکرێت بە ڕەوشێک، کرۆکێک، پەیوەندییەک و هتد، بوارەکە “دەگرێت” و ئیدی دەرفەت نادرێت لە واتای دیکەدا بەکاربهێنرێتەوە. واتا “ناسیاری” (ناسیاوی) تەرخانکراوە بۆ پەیوەندیی یەکدیناسینی دوو یان چەند کەسێک، بۆیە دەشێت گەر خوێنەر ئەوەی لە نووسینێکدا بینی، یەکسەر بۆ ئەو پەیوەندییە یان کرۆکە دیاریکراوە بڕوات! لێ ئەوە بەڕاستی شێوە هزرینێکی چەوتە. هەموو زمانە پێشخراوەکان واژە یان تێگەیان هەیە کە لە چەندین واتای جیاواز و لە بوار و زانستی جیاوازدا بەکاردەهێنرێن، بۆ نموونە واژەی لاتینیی ڕێپرەزەنتاسیۆن. ئەم واژەیە لە ڕامیاریناسیدا واتای نوێنەرایەتیکردن دەگەیەنێت، لە هونەرناسیدا واتای پێشاندان دەگەیەنێت، لە هەندێک فەلسەفە یان فەلسەفەی هونەردا واتای وێنەدانەوە دەگەیەنێت. لێرەدا ئاشکرایە کە پسپۆری هەر بوارێکیان دەزانێت مەبەستی ئەو تێگەیە لە بوارەکەی خۆیدا چییە.
بە هەر حاڵ مەبەستی من لەوەیە کە ئەو جۆرە کارانە گەرەکە بوێرانە ئەنجام بدرێن و ئەوەش ئەرکی بەشەکانی فەلسەفەیە، بەدووی ئەوانیشدا ئەرکی بەشەکانی کوردییە. ئاخر بەشەکانی فەلسەفە دەبێت ڕێبەری تێگەسازی بن، بەشەکانی کوردیش دەبێت خۆیان بە ئەوانەوە پابەند بکەن، یان هیچ نەبێت لەنێو خۆیاندا وانەی فەلسەفەی زمان بچەسپێنن، ئەوەش بێگومان نەک وەک زانیاری، بەڵکو وەک بزوێنەرێک بۆ کارکردنی ڕەخنەیی لە سەرجەم واژە و دەستەواژەکانی زمانی کوریدا پێوەی خەریک ببن، کەواتە نەک هەردوو لا سوننەتگەرایانە خەریکی “دریژەپێدان” یان “دەرخپێکردن” بن، یان تەنانەت لاسایی هاوییەکان بکەنەوە کە خۆیان بە هزرەوە هەڵواسیوە و بە زمانی هۆزانڤانی یان سەقەت پتر هزرین دەشێوێنن.
بەرانبەر ئەوە زۆر ئەکادیمی دەبێژن، گۆیا “تازە مەسەلەکە ئەوها هاتووە!!” و دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە، واژەی گونجاو وەک لەبریی بۆ واژە هەڵەکان دابنرێن. لێ ئەمە ڕاکردنە لە بەرپرسیاری، درێژەپێدانی ئەوەیە کە سوننەتگەرییانە هاتووە. لە بنەڕەتدا پێویستە ئەوە کە سوننەتییانە هاتووە، بەری پێبگیرێت، بە ئەرگومێنتی زمانفەلسەفەیی دەرفەتی فڕێدان یان سڕینەوەی بۆ بڕەخسێنرێت، ئەم ئەرکەش لە ئەستۆی ئەواندایە. ئاخر بەرپێگرتن بەتوخمی سەر بە کارکردنی ئەکادیمیی ئەوانە. لێ ئەوە کاتێک دەبێت بە ئەرک، گەر هاتوو مرۆ لەتەک خۆیدا ڕاستگۆ بێت و هەڵەی پێقبووڵ نەکرێت، جددی بێت، سوننەتگەرایەکی درێژەپێدەر نەبێت، یان لە ڕووی نێگەتیڤەوە بببێژین کە ئەمیش کەم یان زۆر لەگۆڕێیە، مرۆ داماوێکی بڕوانامەخواز و ئەوداڵی ناساندنی پێگەکەی نەبێت. هزرینی ناوەرۆکگر ناچارە بەرەنگاری چەوتی و تێکدانەکانی هۆشی فێرخوازان بێتەوە. ئاخر گەر بەشەکانی فەلسەفە و کوردی سوننەتگەرایانە گەنجان بەچەوتی و سەرجەم هەڵە زمانی-هزرییەکان پێبگەیەنن، ئەوسا ئەوانیش وەک مامۆستا شاگردەکانیان بەچەوتی و رواڵەتی بەنێو خوێندندا “تێدەپەڕێنن”.
ئەم کێشەیە کاتی خۆی بە پێش چاوی پلاتۆنەوە بوو، بۆیە لە دیالۆگی “کراتیلۆس”دا دەیکات بە بابەتی پێوەخەریکبوون. پلاتۆن لە سەرەنجامی دانوستاندنەکانی نێو دیالۆگەکەدا ئەو ڕوانگەیە ڕادەگەیەنێت، کە چۆن دارتاش لەسەر ڕێنومای کەشتیوان سەوڵ دروستدەکات (ڕاستییەکەی دەبێت لە ڕوانگەی پلاتۆنەوە ببێژین: “سەوڵ دەسازێنێت”، چونکە دارتاش / وەستا لای پلاتۆن ئەو پێگەیە وەردەگرێت کە وەکو دی بە هونەرمەندان دەدرێت)، بە هەمان شێوە دانانی واژە ئەرکی یاسادانەرە کە ئەویش گەرەکە ئەرکەکانی لەژێر چاودێریی دیالێکتیکییەکاندا (واتا فەیلەسوفەکاندا) ئەنجام بدات. ئەمڕۆ بەشەکانی فەلسەفە لە زانستگەکاندا (زانکۆکاندا) ئەرکێکی بەم چەشنەیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەوجا دەبێت هەموو ئەوانی دی لە بەش و نێوەندە کولتوورییەکاندا پابەندیان بن. لێ بەشەکانی فەلسەفە ئەو ئەرکەیان پێڕادەپەڕێنرێت، گەر مەبەستمەندانە لیژنەی توێژەرییانەی زمانفەلسەفەیی پێکبهێنن و لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا واژە بسازێنن و لەسەریان بە کۆنسێنس بگەن، ئەوجا دوای ئەوەی خۆیان بەگەڕیان دەخەن، هاوکات وەک ڕێنوما بییاندەن بە ئەوای دی، کە بێگومان ئەوانیش دەبێت پابەندیان بن – گەر ڕاستگۆ بن، گەر کەللەڕەقی بەخیل نەبن، کەواتە دەرووننەخۆش نەبن و وەرگرتن لایان مایەی شەرمەزاری یان شکاندنی شکۆی کەسێتیی رواڵەتییان بێت!!
بەڵێ دەتوانین سەرجەمییانە ببێژین، کە خۆهەڵواسین لە دەرەوە، لە هەر زمانێکی دیکەوە بە فەلسەفەی ئەڵمانی، فەڕەنسی یان ئینگلیزییەوە و وەرگێڕانی هەر بابەتێک لەو زمانە دەرەکییەوە، پڕکێشەیە، چونکە وەرگێڕراوەکە تەنیا و تەنیا بۆ دیراسەکەرانی فەلسەفەیی کولتووری خۆ ئەنجامدراوە، ئەوەش دەرفەت نادات بە خوێنەران / فێرخوازانی کورد بەو ڕێیەوە بچنە نێو هەر هزرێکی دەربڕراوی خۆییەوە بە ئەڵمانی، فەڕەنسی یان ئینگلیزی. بەڵێ ئەوە لە بنەڕەتدا نیشانەی ناجدییەتی خۆیە لە هزریندا، نیشانەی سوننەتگەرییە کە بەلایەوە ئاساییە لە هەر پێشدانراوێکی وەک ڕاستی یان وەک کامڵ گریمانەکراوەوە کارێکی وەرگێڕان ئەنجام بدات. هاوکات گومانی تێدا نییە کە ئەو جۆرە کارکردنە لە سەرەنجامدا پرسیاری ئەخلاقیی لێدەکەوێتەوە. ئاخر بەو جۆرە کارانە کەسانی سادەی تازە هاتوو بۆ نێو فەلسەفە فریودەدرێن، چونکە وا باوەڕ دەکەن، کە گۆیا ئەوان لەو وەرگێڕراوانەدا کانت، هێگل، سارتر یان هوسەرل و هایدێگەر دەخوێننەوە، کە بێگومان هەرگیز بەو ڕێیەوە هیچ کامیان ناخوێننەوە. لە بنەڕەتدا و هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەو تێڕوانینە سەروەرەش هەڵدەوەشێتەوە کە دەبێژێت “ئەو کتێبانە هەبن باشترە لەوەی کە نەبن”، کەواتە: لە ڕاستیدا نەبن باشترە لەوەی بەو شێوەیە هەبن، چونکە خوێنەرانیان، یان خوێندکاران / فێرخوازان کرۆکییانە لە هزری فەیلەسوفەکان دووردەخەنەوە. جگە لەوە گەر کەسێک بۆ نموونە ناڕاستەوخۆ بە خوێندنەوەی هێگل یان هایدێگەر بهەنگێورێت و بەو ڕێیەوە پرسیار لە ناخیدا سەرهەڵبدات، ئەوا پێویستە، ناچارە، سەرەتا هەوڵ بدات خۆی فێری ئەڵمانی بکات، ئەوجا خۆی دەست بە دیراسەی فەلسەفەکە بکات کە پاشان دەشێت لێوەی بە کوردی تێروانین بۆ دانوستاندن یان تەنانەت ڕاڤەی خۆیی هەڵبهێنجێت – یان بۆ کوردی وەریبگێڕێت. ئەوە لە پرنسیپدا شێوازی فێربوون و کارکردنی فەلسەفەییە. بۆ نموونە ئێرانییەکان بەشێکی زۆری فەلسەفەکانی ئەڵمانییان لە زمانی ئۆریجیناڵەوە بۆ فارسی وەرگێڕاوە. لێ ئەو کارەیان بۆ خۆیان کردووە. تەنیا و تەنیا بۆ خۆیان. ئیدی ئایا بۆچی کوردەکان کە بەگشتی چاولێکەرانە دەژین، خانوو دروست دەکەن یان خۆیان دەپۆشن و هتد، لێرەشدا چاو لەو شێوازە کارکردنەی ئێرانییەکان ناکەن؟




من پارەم هەیە کەواتە من هەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کۆژێتۆکەی فەیلەسووفی مەزن (دیکارت) ئەمەیە (من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم). دیکارت لە ئەنجامی تێفکرینی زۆر و خوێندنەوەی قووڵی لە بواری فەلسەفیدا گەیشتە ئەو بڕوایەی مرۆڤ کائینێکە بەرئەنجامی بیرکردنەوە و رامانە، بە پێچەوانەی (مارکس)ەوە کە وای دەبینی مرۆڤ بەرهەمی کارە “هەڵبەت دیکارت پێش مارکس ژیاوە”، تێمای ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی کارە یان بیرکردنەوە؟ مشتومڕێکی فەلسەفیی زۆری لەسەر بووە و تانوکەش ئەم جەدەلە گەرموگوڕیی و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. بەدڵنیاییەوە ئێمە نامانەوێت بەشداریی بکەین لەو دایەلۆگە و ئامانجیشمان شیتەڵ و شرۆڤەکردن و توێژینەوە نییە لە کۆژێتۆکەی (دیکارت) بە پێچەوانەوە گومان لەسەر ئەوە دادەنێین ئەگەر دیکارت لەم ئان و سات و چەرخە یان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بژیابایە، تۆ بڵێی سوور بووایە لەسەر وتەزاکەی (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم)؟ یان سوڕانی چەرخ و زەمەن قەناعەتەکانی پێ ئاوەژوو دەکردەوە و لەم دنیا ماددیی و قازانجپەرستییەی ئەمڕۆدا ناچار دەبوو کۆژێتۆکەی هەڵبگیڕێتەوە بۆ ئەم شێوەیە :(من پارە و سامانم هەیە کەواتە من هەم)؟!!.
دیکارت چەند سەدەیەکە لە دنیا دەرچووە و کۆچی دوایی کردووە، ناتوانین درۆی بەدەمەوە بکەین ئاخۆ چۆن تێزە فەلسەفییەکانی فۆرمۆڵە دەکرد، بەڵام لە دنیای قازانجخوازیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سەرمایەداریی هاوچەرخدا مرۆڤ رووتکراوەتەوە لە هەر بەهایەک، تاکە بەهایەک پێگەی مرۆڤ بە بەرزیی دیاریی بکات و وەک کائینێکی زیندوو بیهێڵێتەوە تەنیا سەنگی سامان و ئاستی سەرمایەکەیەتی، مرۆڤایەتی پێی ناوەتەوە قۆناغێکەوە کاغەزێکی وەک پارە بەهای هەر شتێک دیاریی دەکات، مرۆڤایەتی لە وەختێکدایە پارە بڕشتی لەبەر بڕیوە و جەستە و بیرکردنەوەی داڕزاندووە و لە بازنەیەکی تەسکدا گەمارۆی داوە. هەرچەندە لاف و گەزافی ئەوە لێدەدەین مرۆڤایەتی زۆر لە مێژە سەردەمی کۆیلایەتی تێپەڕاندووە، لێ بەداخەوە لە عەهدێکدا دەژین کۆیلایەتییەکی رووت و نوێ لە ئارادایە!!، ئەگەر لە قۆناغی کۆیلایەتی پێشاندا مرۆڤ هەر خۆی خاوەنی کۆیلە مرۆڤەکەی تر بووبێت، بەپێچەوانەوە خاوەن کۆیلەی نوێ مرۆڤێک یان وجودێکی زیندوو نییە، بەڵکو پارچە کاغەزێکی بێگیان و بێ جوڵەیە و بە بێدەنگییەکی سیحراویی مرۆڤی کردووەتە بەندەی خۆی.
کۆمەڵی کوردەواریی لە قۆناغی پەڕینەوەدایە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد، کارەسات ئەوەیە کۆمەڵێکە هەموو ماتریاڵەکانی سەرمایەداریی تێیدا ئامادەیە، بەڵام لایەنە فیکریی و زەمانەتە جۆربەجۆرەکانی ئەو سیستمە لە ناویدا غائیبە، بۆیە دەبینین پارەدارەکان “نەک سەرمایەدارەکان” لە پێشەنگی کۆمەڵگەن، لەم جۆرە کۆمینیوتیانەدا ئەگەر سوکراتێکی بێ پارە بیت لە فەرامۆشی و پەڕاوێزخستندا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبیت و رەنگە هەموو حیکمەتەکانت لە وڕێنەیەک زیاتر بەولاوە نەبینرێت و پێدەچێت هەندێ جار مایەی بزە و پێکەنینی چەند پارەدارێک بیت، ئەو پارەدارانەی ئەگەر نیو هێندەی ژمارەی دەفتەر چەکەکانیان کتێب لە ماڵەکانیاندا هەبوایە بەس بوو بۆ ئەوەی بزانن ژیان تەنیا لە پارە و دەستکەوتەکانی دەوڵەمەندیی و پارەداریدا کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو ژیان زۆر لەوە فراوانتر تا لە کونی کلیلی دەرگایەکی بچووکەوە سەیری بکەین. سویفت دەیووت (کەس ئامۆژگاریی وەرناگرێت، بەڵام پارە بدرێت بە هەر کەس وەریدەگرێت، کەواتە پارە لە ئامۆژگاریی بە نرخترە)!.
ئەگەر لەسەر شەقامێکی سەرەکیی رابوەستیت کیسەیەک دۆلارت پێ بێت بیبەخشیتەوە بەسەر خەڵکدا لە ژێر ناوی خێر یان هەر ناوێکی تردا بێت ئاپۆرەی داواکاران و ئەوانەی شان دەکوتن بۆ وەرگرتنی چەند سەنتێک و پڕکردنی گیرفانیان لە حوکمی چاودا نامێنێت، بەڵام ئەگەر نیتچە لە گۆڕەکەی بێتە دەرەوە بیەوێت دوو قسە بۆ قازانج و مێشکی مرۆڤ بکات بە دیار خۆیەوە خەوی لێدەکەوێت چون دوو کەس نییە بێزی بێت و ویستی هەبێت لەبەردەم ئەم (شێت)ەدا بوەستێت تا دوو وشە فێر ببێت، لەمەشدا رەنگبێ زۆر گلەیی لە خودی مرۆڤەکان نەکەین وەک تاکەکەس هێندەی دەبێت سیستمی باو و دەسەڵات لە قەفەزی تاواندا رابگرین و دادگایی بکەین. زۆرجار بەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا رۆشتووم سەیری هەموو ئەو مرۆڤە هەژارانەم کردووە بۆ پەیداکرنی نان و لوقمەی ژیان ناچاربوون سەر دانەوێن و وەک کۆیلەیەک لە بەردەستی پارەدارێکدا بچەمێننەوە، زۆر شەرمم لە خۆم کردووە لە کاتی بینینی دیمەنی ئەو پیاوە پۆشتە و پەرداخانەی لە ساتی دواندا وەک فریشتە دەدوێن، بەڵام قۆنەرەیان لە تەنیشت سەر و لەسەر سەری تەختەی منداڵێکی بۆیاخچی راگرتووە و بەدەم تریقانەوەوە بۆ کچە جوانەکانی سەر شەقامەکان دەڕوانن و پێیانوایە بە هەستی ناسک و شیکێتییەکەیان دڵی کچان راو دەکەن!.
لەم دیمەنانە زۆر بێزارم، دەبێت خانەدانێکی دەستڕۆیشتوو (لە هەموو سەردەمەکاندا) چی جیای بکاتەوە لە دەستفرۆشێک؟ ئەی منداڵێکی هەژاری عەلاگەفرۆش چی جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو منداڵە خوا پێداوەی لە ژوورێکی پڕ لە رەنگی ژیاندا گەمە دەکات و تامی سەرما و گەرما و حەسرەتی هەژاریی و نان پەیداکردنی نەچێشتووە؟ زۆرجار دەڵێن پێویست ناکات مێشکی خۆت بەم غەمانەوە خەریک بکەیت و کۆڵ بە دنیاوە هەڵبگریت چونکێ ئەمە سوونەت و یاسای سرووشتە و بوونێکی رەهای هەبووە و هەیە لە مێژوودا! بەڵام ئەگەر ئەمە یاسا و حەتمییەتی ژیانیش بێت قەرار نییە مرۆڤ تەسلیمی ئەو یاسا و حەتمییەتە بێت، سەرەنجام مرۆڤ لە پێش و یەکەمینە نەک کۆمەڵە یاسایەک کە هەر بەرهەمی عەقڵ و دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانە، مرۆڤ دەبێت سرووشت لەگەڵ خۆی بگونجێنێت نەک بەپێچەوانەکەی، ئەگەر مرۆڤ پاسیڤ بووایە ئەوە هەر لە مێژەوە بوو چرای ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە کوژابووەوە.
پارە خوایەکی نوێیە و لەهەموو خواکانی تر بەندەی زۆرترە و رەنگە هیچ خودایەک نەبێت هێندەی وی پەرستراو بووبێت و رەنج و زەحمەتی لە پێناودا درابێت و مرۆڤ و خوێنی بۆ بە قوربانی کرابێت. بۆ وێنە رۆژنامەیەکی ئینگلیزیی پرسیارێکی ئاڕاستەی خوێنەرانی کرد: پارە چییە؟ لەناو بەهێزترین وەڵام و پێناسەکانی خوێنەراندا بۆ پارە، ئەم پێناسەیە زۆر سەرنجڕاکێش و کاریگەرترین بوو (پارە بتێکە گەرچی پەرستگەی نییە، بەڵام تێکڕای گەلان دەیپەرستن). دەشێ یەکێک لەو فاکتۆرانەی پارە ببێتە خوای مرۆڤایەتی سیستمی سەرمایەداریی بێت، لەوەش ترسناکتر ئەوەبووە لە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی چەشنی کوردستاندا ئەم بەندایەتیکردن و پەرستنە گەلەک قورس و زەحمەتترە، زۆربەی جار مردن لە ژیان ئاسانترە، زۆرجارانیش پارە خودایەکی ئێجگار دڕندە بووە و حەزی لە قوربانی زۆرتر بووە، بەپێچەوانەی خوداکەی ئیبراهیمەوە، ئەم خودایە خوێن و سەری بڕاوی ملیۆنان ئیسماعیل کاری تێنەکردووە و سۆزی نەجوڵاندووە، پارە خوایەک بووە دڵڕەقتر لە زیۆس لە بەرامبەر سیزیف، تووڕەتر لە خوای موسا لە فیرعەون. بۆکاشیۆ بە متمانەوە دەیووت (هەژاریی لە سامان بێ بەریمان دەکات، بەڵام ناتوانێت دەست بۆ ئابڕوومان بەرێت). لێ بەداخەوە هەژاریی لەم وڵاتەدا ئابڕووی زۆر مرۆڤی بە ئابڕووی تکاند، عیززەتی نەفسی کرد بە چێشتی فۆلکلۆریی و باوی نەماو، سەری زۆر سەربەرزی نەوی کرد، ملی زۆر گەردن کەچی هێنایە ژێر پێیەوە، غروری مرۆڤانەی زۆری وردوخاش کرد!، ئاخر هەژاریی نەک ئابڕووی تکان، نەک رێزی شکان، بەڵکو مرۆڤی کوردی هێناوەتە باری شێتبوون و بزڕکاندنەوە.
هاوڕێیەکی نێزیکم بۆی گێڕامەوە ساڵی 1997 کاتێ دوای چەند ساڵ گرانیی و ئابڵوقەی ئابووری سەر عێراق و کوردستان و لە میانی پڕۆژەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک چەند قافڵەیەکی ئازووقە و خواردەمەنی گەیشتە کوردستان و لە رێی وەکیلەکانەوە دابەش دەکرا، ژنێکی گەنج لە کاتی وەرگرتنی یەکەمین جاری بڕە ئاردی دیاریکراودا بە شێوەیەکی کتوپڕ کەوتە شەق تێهەڵدانی چەند فەردە ئاردێک و بە قوڕگێکی پڕ گریانەوە وتی: هەتا نەبوومە سۆزانی و لەشی خۆم بە سەدان پیاو نەفرۆشت نەهاتیت! تازە دوای چی دێیت و چیت لێبکەم!؟. ئەم چیرۆکە بە یەکێک لە دیوەکانیدا پێمان دەڵێت: هەژاریی دایکی هەموو نەگبەتی و دیاردە دزێوەکانە هەر وەک چۆن فاکتۆری هەموو جەنگ و کاولکاریی و کارەساتە لە یادنەکراوەکانی ناو دیرۆکی سەرجەم مرۆڤەکانی جیهانە. ئەگەر کەمێک وردبینەوە لە وزە و سووتەمەنی هەموو جەنگەکان و بکەرەکانی تاوان و قوربانییەکانی هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکان و داینەمۆی بەردەوامبوونی ژیان هەر ئەو مرۆڤە هەژارانە بوون کە ژیانیان تەنیا رەنج و کڵۆڵی و چارەنووسی رەش و دڵی شکاو و ئازارچەشتن بووە و هیچی تر. ژیانی هەر هەژارێک بابەتی رۆمانێکە، خەونی هەر هەژارێک بابەتی داستانێکە، ئازاری هەر هەژارێک مەتەڵێکە، تۆڵستۆی لە پێشەکی رۆمانی (ئانا کارنینا)دا دەنووسێت (هەموو بنەماڵە خۆشبەختەکان لە یەکتر دەچن، بەڵام هەر بنەماڵەیەکی بەختڕەش بەدبەختیی تایبەت بە خۆی هەیە).
هەر مرۆڤێکی بێ پارە و نەدار، هەر هەژارێک، هەر لێقەوماوێک چیرۆکێکی بەدبەختیی و نەگبەتیی تایبەت بە خۆی لە هەگبەدایە، هەموو سەرمایەدار و خانەدانەکان کە بە پێچەوانەی نیتچەوە تا دوا سنوور رقم لە فیز و شێوە ژیانیانە هەموو لە یەک دەچن و هەروەک یەک و هەر بەیەک شێوە سەرقاڵی پەرستنی بتی پارەن و تەواو، هەموویان لە یەک جۆر خۆشیی و شادیی بەهرەمەندن، لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە و لە یەک فەلەکدا گیریان خواردووە، بەڵام هەژارەکان لە سینەی هەر یەکێکیاندا ئاگر و حەسرەتێکی جیا لەوی تر هەیە. بۆ ئەوەی نەبێت بە درێژدادڕیی، قسەکانم لەوەدا چڕ دەکەمەوە لە سەردەمی جیهانگیریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا فرە رەگەز و مۆنۆپۆڵەکان و سەرمایەداریی قرچۆکی محەلیدا، پارە و سامان پێوەرێکە بۆ مرۆڤبوونی هەر کەسێک، هەر تاکێک بە قەد قەبارەی سامانەکەی پشکدارە لە ژیان و هەر بەهەمان ئەندازەش رێز و حورمەتی لێ دەگیرێت و ددان بە بوون و کەسێتیدا دەنرێت و ئۆتۆریتەی دەبێت لە دنیای دەوروبەریدا، کێ دۆلارێک زیاتری هەبێت، نرخیشی زیاترە!!. کەوا بێت جێگەی سەرزەنشت نابم وتەزاکەی (دیکارت)م بەم جۆرە پێچەوانەوە کردووەتەوە (من پارەم هەیە کەواتە من هەم). لەوانەشە کەسانێک هەبن وا بیر بکەنەوە ئەم بۆچوونانە سەر بە ماڵی کۆمۆنیزمن، بەڵام ئەوەی من وتوومە حەقیقەتە جا بەر لە ئەز و دوای ئەزیش کۆمۆنیست دەیڵێت یان ئیسلامیی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، هەر ئەوەیە بە جیاوازیی ئایدیال و ئیدۆلۆژییەوە راستییەکمان خستووەتە چێوەی نووسین و دەربڕینەوە.

ئابی 2007
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم




با شەپۆلێ تۆ بێنێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ڕێژنە زیخەبای بێهودەیە،
بێدەنگیت ، تۆفانە..
مۆسیقای بەڵای ئێستایە، نەهاتنت،،
ڕێژنە مەرگی دابڕانێ بوو،
گوڵدانی سوتماکی دڵی پڕ کرد،
قوڵپی خوێنی سەفەرە،
چی بکەم، ئەی دڵ،
مانگ لەسەر شانم گریا،
بانگەوازی گیا..
بۆ سپێدەیەک لە چراڕژان!،
لەم گەشتنامەی ناچاریە،
لەم بەردەڵانی وڵاتی سەرابستانە،
تا ئێستاش، نەغمەی..
فلووتی خۆکوشتنی هاوڕێ شاعیرەکان،
لە گوێما ئەزرنگێ، گەرچی..
دوای کۆڕەوی پەپولەکانی نەسیم ،
لە کاروانی لە ئامێزگرتنت، دواکەوتم..
هێشتا لە نوسینەوەی پڕ بەئەشکەنجەی ..
گۆرانی غوربەتی بەکۆمەڵی..
مەلە مرۆڤەکان بەردەوامم،
ئەم لێشاوی مرۆڤە تەمە،
سیمفۆنیای داشکان و دابڕان و پەرتبوونە،
لەم کەناری مێژوە ،حۆریەکانیان،
بە پرچی خۆیان لە خاچدا،،
پیاوەکانی ڕەگەزی خۆریشیان،،
لەبەردەم ئەشکەوتی پیرۆزی ئاڤێستادا،،
چوارمێخە کێشا،،،
ئەم کۆڕەوە شیعری پرچ درێژە،،،
هاواری ئاوی سوتاوە،،
قرچانی کچانی مانگە،،،
سوتماکبوونی دێڕە شیعرەکانی..
سەفەری هاوڕیکانی شەوە،
با ئیتر دروستبینەوە،
لە دڵۆپە کازیوەی نوێ،
بەرزەخێکمان لە گڕی پیرۆز پێویستە،
نیشانێکم پیشاندە ،،،
ئەی کازیوەی سەحەری ..
نێشتمانێکی سەرتاپا ،،
دوکەڵ و خوێن و گازو ژەهر،،
نیشانێکم پیشاندە،،،
ئەی گوڵە لاولاوی..
دەستی قەرەجە خۆشبەختەکانی..
سەفەرێکی پڕ ئەشکەنجەی خۆش!!!
گەر لەم ڕەشکوژیەی..
شیعری سرک.. و ..
نیگای سزادراو.. و ..
پەرستنی مەشخەڵی پیرۆزیش..
ڕزگارمان بێ،
با شەپۆلێ..
تۆم بۆ بێنێ

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی سویدی
Olof Krumlinde – Troubled Sea




دڵشاد كاوانی : دەیانەوێت بە زۆر بمكەن بە فارس، من ڕەچەڵكم كوردە و كوردستانیم.

ڕوونکردنەوەیەکێ پێویست

دڵشاد كاوانی، لاوێكی نوسەرە و دانیشتوی قەزای شەقڵاوەیە، یەكێكە لەو كەسانەی لە دونیای ئەدەب شوێن پەنجەی دیاربووە، هەفتەی رابردوو، ناوی دڵشاد چووە نێو رێزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی، لەسەر ئەمە دڵشاد كاوانی، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت” بە دیاری كراوی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو من وەكوو یەكەم نووسەر و ڕۆمانووسی كوردی ناوم چووە نێو ڕیزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی. كە بە یەكەم نووسەر و ڕۆمانووسی سادیستی و ماسۆخیزمی لە نێو فەرهەنگەكانی فارسی لە ڕێگای (واژە یاب)ەوە بە كوردی واتە (ڕاڤەی وشەكان) كە گەورەترین تۆڕی فەرهەنگی فارسی لەسەر ئاستی ئێران. ڕاڤە و لێكدانەوەی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن وشە و پەیڤ كردووە، بە تایبەتی ئەو وشە و ئیدیۆمە بیانیانەی كە بۆ یەكەم جار دێنە نێو فەرهەنگی زمانی فارسی. بۆیەشە من وەكوو نووسەرێكی كورد ناو و زانیاریم چووە نێو ڕیزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی. كە شیكاری و زانیارییان لەسەر ناو و نازناوم تۆمار كردووە. ئەمەش لە دوای ئەوە هات كە من ساڵی ڕابردوو ڕۆمانێكم بە ناوی بەڕێگاوە لە تاران چاپ كرد. كە ئەم ڕۆمانە لە ڕووی سەنگی ئەدەبی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تازەیە و كاری لەسەر نەكراوە. چوونكە بەڕێگاوە لە ڕووی تەكنیك و گێڕانەوە و ناوەڕۆك بە تەواوی لە ڕۆمانەكانی تری پێش خۆی جیاوازە بوو، گرنگی ڕۆمانەكە لەوەدایە یەكەم ڕۆمانی سادیستی ماسۆشییە كە لە دوای ڕۆمانەكانی دۆناتا ئەڵفۆنیس فڕانسۆ دیسادی فەڕەنسی و فۆن زاخر مازۆخ ی نەمساووی ئەم ڕێچكەیە نووسراوەتەوە، لە جیهانی عەرەبی و فارسیش وەك پێویست كاری لەسە نەكراوە. هەرچەندە نەجیب مەحفووزی عەرەب و سەلیم بەڕەكات لە هەندێك لایەن ناو ڕۆمانەكەیان هەوڵیان داوە كەسێییەتی سادیستی دەربخەن، بەڵام بەهۆی داخراووی كۆمەڵگەی عەرەبی نە چوونەتە قووڵایی سادیزمەوە، بۆیە بە ڕۆمانی سادیستی هەژمار ناكرێن. بۆ كورد شانازییە كە ڕۆمانەكەی من تاكە ڕۆمانی كوردییە بەرلەوەی تەواوی دەقی ڕۆمانەكە وەربگێردرێتە سەر زمانەكانی تر، لەسەر ئاستی ناوەندی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی لەسەری نووسراوە. لە وانە ڕۆژنامەكانی سەباح نیوسی توونسی و سەباح جەدیدی عێڕاقی بە زمانی عەرەبی و بیبیسی بە زمانی فارسی و ئێنگلیزی و ڕۆژنامەی هامشەهری فارسی و چەند پەیج و كەناڵی دیكەی ئێرانی باسیان لێوە كرد.” هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوە كە من لەلایەن واژە یاب دەستنیشان بكێرم. هەرچەندە خۆشحاڵنیم بەم كارەی واژە یاب لەگەڵ ئەوەی وەك نووسەر و ڕۆمانووسێكی كورد منیان ناساندووە، لێ ئەوان مەبەستیان بووە، من وەك نووسەرێكی ئێرانی بناسێنن لە كاتێكدا من كوردم و خەڵكی باشووری كوردستانم. گەر لە دەقی زانیارییە فارسییەكەی بڕووانن تەنیا شوێنی لە دایكبوونم كە قەزوینی شاری ئێرانە دیاری كراوە، پاشناوی كاوانی كە نازناوەكەمە بە درەفشی كاویانی و ئاڵای ئەختەرییان گرێ داوە، كە ئەوە ئاماژەیە بۆ بە فارس كردنم، هەرچەندە وەك نووسەرێكی سوودی زۆری بۆ ناساندنم هەیە، بەڵام بە شانازییەوە من ڕەچەڵەكم كوردە و كوردستانییم، بۆیە زۆر ڵێی نیگەرانم. لەبەرامبەر ئەمەشدا.” پێویستە ئەم ڕاستییە تاڵە بخەمەڕوو، كە بەختی ئێمەی نووسەرانی كوردە كە ناوەندی ئەكادیمی و ئەدەبییە كوردییەكان بە گشتی پشتگوێ خراوون. دەستەوەستانن لەبەرامبەر گرینگیدان بە نووسەری ناوخۆ و تەنیا ڕوویان لە نووسەرە بێگانەكانە و لە یەك جیانەكردنەوەی باش و خراپ و دەقی زیندوو و دەقی كرچ و كاڵ. ئەمە ئەم ڕاستییە كە دەبێت گلەیی لە حكومەت و دەزگا و ناوەندە ئەدەبییەكان بكەم كە لە نیشتمان و ڵاتەكەی خۆم لام لێ نەكراوەتەوە ئێستا چوار كتێبی ئامادەم هەیە بۆ چاپ و پارەی چاپم نییە، چوونكە هیج فكرێكی سیاسیم لە پشتەوە نییە هەموو دەرگاكان لە ڕووم داخراوون. لە بەرامبەردا نووسەری خراپ و بێ ناونیشان گەورە دەكرێن. لەگەڵ ئەوەش گەشبینم بەوەی كە لە ماوەی ساڵی ڕابردووە وە، ڕۆمانەكەم لە ناوەندە ئەكادمییەكان و بەشێك لە زانكۆكان جێگای خۆی گرتووە. ئەمەش لە سۆنگەی هەستكردنی بەرپرسیارییەتی بەشێك لە پڕۆفیسۆر و دكتۆرانی زانكۆكانە لەبەرامبەر دەق دا، بە تایبەتی زانكۆی سۆران و زانكۆی سەلاحەددین و زانكۆی مەغمور و كۆلیژی پەروەردەی شەقڵاوە، بۆتە باسی ئەكادیمی و لەسەری دەنووسرێت و لە دوو سێ ساڵی داهاتوو ئەنجامەكانی دەردەكەوێت.”
ئەمەش دەقی نووسینەكەیە بەهەردوو زمان
دڵشاد كاوانی
دڵشاد كاوانی نووسەری بەناوبانگی كورد، لە دایكبووی ساڵی ـ۱۹۷٨ قەزوینی ئێرانە. یەكەم نووسەر بووە كە ڕۆمانی دەربارەی ماشۆسیەتی كوردی بە ناوی بەڕێگاوە لە ساڵی ۲۰۲۰. نووسی.
دلشاد کاوانی
دلشاد کاوانی ، نویسنده مشهور کرد ، متولد ۱۳۵۷ در قزوین ، ایران ، اولین نویسنده ای بود که داستان طولانی درباره مازوخیسم کرد باسم در جاده در سال ۱۳۹۹ نوشت.
لغت‌نامه دهخدا
ملقب به اسم کاوانی
درفش است . دِ رَ مخفف کاویانی درفش است . درفش کاویانی . علم فریدون . منسوب بکاوه ٔ آهنگر و آن چرمی بوده از پوست پلنگ یا پوست ببر که کاوه در وقت کارکردن برمیان می بست و در هر جنگ که همراه بود فتح حاصل میشد. گویند: حکیمی در صفاهان صد در صدی بساعت سعد بر آن کشیده بود و بعضی گویند شکلی از سوختگی های آتش در آن بهم رسیده بود که این خاصیت داشت و فریدون بعد از کشتن ضحاک آن را مرصع کرده بود و به هرجا که میرفت البته فتح میکرد تا در زمان خلافت عمر بدست مسلمانان افتاد و آن را پاره پاره و قسمت کردند. (برهان ). درفش کاویان . اختر کاوان . اختر کاویان . (حاشیه ٔ برهان چ معین ). رجوع به کاوه شود.

في الأحد، ٩ مايو، ٢٠٢١ ١:٢١ ص دڵشاد کاوانی dilshad kawani dlkawani1@gmail.com كتب:
ڕوونکردنەوەیەکێ پێویست

دڵشاد كاوانی : دەیانەوێت بە زۆر بمكەن بە فارس، من ڕەچەڵكم كوردە و كوردستانیم.

دڵشاد كاوانی، لاوێكی نوسەرە و دانیشتوی قەزای شەقڵاوەیە، یەكێكە لەو كەسانەی لە دونیای ئەدەب شوێن پەنجەی دیاربووە، هەفتەی رابردوو، ناوی دڵشاد چووە نێو رێزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی، لەسەر ئەمە دڵشاد كاوانی، دەڵێت” بە دیاری كراوی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو من وەكوو یەكەم نووسەر و ڕۆمانووسی كوردی ناوم چووە نێو ڕیزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی. كە بە یەكەم نووسەر و ڕۆمانووسی سادیستی و ماسۆخیزمی لە نێو فەرهەنگەكانی فارسی لە ڕێگای (واژە یاب)ەوە بە كوردی واتە (ڕاڤەی وشەكان) كە گەورەترین تۆڕی فەرهەنگی فارسی لەسەر ئاستی ئێران. ڕاڤە و لێكدانەوەی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن وشە و پەیڤ كردووە، بە تایبەتی ئەو وشە و ئیدیۆمە بیانیانەی كە بۆ یەكەم جار دێنە نێو فەرهەنگی زمانی فارسی. بۆیەشە من وەكوو نووسەرێكی كورد ناو و زانیاریم چووە نێو ڕیزبەندی بیست و سێ فەرهەنگی زمانی فارسی. كە شیكاری و زانیارییان لەسەر ناو و نازناوم تۆمار كردووە. ئەمەش لە دوای ئەوە هات كە من ساڵی ڕابردوو ڕۆمانێكم بە ناوی بەڕێگاوە لە تاران چاپ كرد. كە ئەم ڕۆمانە لە ڕووی سەنگی ئەدەبی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تازەیە و كاری لەسەر نەكراوە. چوونكە بەڕێگاوە لە ڕووی تەكنیك و گێڕانەوە و ناوەڕۆك بە تەواوی لە ڕۆمانەكانی تری پێش خۆی جیاوازە بوو، گرنگی ڕۆمانەكە لەوەدایە یەكەم ڕۆمانی سادیستی ماسۆشییە كە لە دوای ڕۆمانەكانی دۆناتا ئەڵفۆنیس فڕانسۆ دیسادی فەڕەنسی و فۆن زاخر مازۆخ ی نەمساووی ئەم ڕێچكەیە نووسراوەتەوە، لە جیهانی عەرەبی و فارسیش وەك پێویست كاری لەسە نەكراوە. هەرچەندە نەجیب مەحفووزی عەرەب و سەلیم بەڕەكات لە هەندێك لایەن ناو ڕۆمانەكەیان هەوڵیان داوە كەسێییەتی سادیستی دەربخەن، بەڵام بەهۆی داخراووی كۆمەڵگەی عەرەبی نە چوونەتە قووڵایی سادیزمەوە، بۆیە بە ڕۆمانی سادیستی هەژمار ناكرێن. بۆ كورد شانازییە كە ڕۆمانەكەی من تاكە ڕۆمانی كوردییە بەرلەوەی تەواوی دەقی ڕۆمانەكە وەربگێردرێتە سەر زمانەكانی تر، لەسەر ئاستی ناوەندی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی لەسەری نووسراوە. لە وانە ڕۆژنامەكانی سەباح نیوسی توونسی و سەباح جەدیدی عێڕاقی بە زمانی عەرەبی و بیبیسی بە زمانی فارسی و ئێنگلیزی و ڕۆژنامەی هامشەهری فارسی و چەند پەیج و كەناڵی دیكەی ئێرانی باسیان لێوە كرد.” هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوە كە من لەلایەن واژە یاب دەستنیشان بكێرم. هەرچەندە خۆشحاڵنیم بەم كارەی واژە یاب لەگەڵ ئەوەی وەك نووسەر و ڕۆمانووسێكی كورد منیان ناساندووە، لێ ئەوان مەبەستیان بووە، من وەك نووسەرێكی ئێرانی بناسێنن لە كاتێكدا من كوردم و خەڵكی باشووری كوردستانم. گەر لە دەقی زانیارییە فارسییەكەی بڕووانن تەنیا شوێنی لە دایكبوونم كە قەزوینی شاری ئێرانە دیاری كراوە، پاشناوی كاوانی كە نازناوەكەمە بە درەفشی كاویانی و ئاڵای ئەختەرییان گرێ داوە، كە ئەوە ئاماژەیە بۆ بە فارس كردنم، هەرچەندە وەك نووسەرێكی سوودی زۆری بۆ ناساندنم هەیە، بەڵام بە شانازییەوە من ڕەچەڵەكم كوردە و كوردستانییم، بۆیە زۆر ڵێی نیگەرانم. لەبەرامبەر ئەمەشدا.” پێویستە ئەم ڕاستییە تاڵە بخەمەڕوو، كە بەختی ئێمەی نووسەرانی كوردە كە ناوەندی ئەكادیمی و ئەدەبییە كوردییەكان بە گشتی پشتگوێ خراوون. دەستەوەستانن لەبەرامبەر گرینگیدان بە نووسەری ناوخۆ و تەنیا ڕوویان لە نووسەرە بێگانەكانە و لە یەك جیانەكردنەوەی باش و خراپ و دەقی زیندوو و دەقی كرچ و كاڵ. ئەمە ئەم ڕاستییە كە دەبێت گلەیی لە حكومەت و دەزگا و ناوەندە ئەدەبییەكان بكەم كە لە نیشتمان و ڵاتەكەی خۆم لام لێ نەكراوەتەوە ئێستا چوار كتێبی ئامادەم هەیە بۆ چاپ و پارەی چاپم نییە، چوونكە هیج فكرێكی سیاسیم لە پشتەوە نییە هەموو دەرگاكان لە ڕووم داخراوون. لە بەرامبەردا نووسەری خراپ و بێ ناونیشان گەورە دەكرێن. لەگەڵ ئەوەش گەشبینم بەوەی كە لە ماوەی ساڵی ڕابردووە وە، ڕۆمانەكەم لە ناوەندە ئەكادمییەكان و بەشێك لە زانكۆكان جێگای خۆی گرتووە. ئەمەش لە سۆنگەی هەستكردنی بەرپرسیارییەتی بەشێك لە پڕۆفیسۆر و دكتۆرانی زانكۆكانە لەبەرامبەر دەق دا، بە تایبەتی زانكۆی سۆران و زانكۆی سەلاحەددین و زانكۆی مەغمور و كۆلیژی پەروەردەی شەقڵاوە، بۆتە باسی ئەكادیمی و لەسەری دەنووسرێت و لە دوو سێ ساڵی داهاتوو ئەنجامەكانی دەردەكەوێت.”
ئەمەش دەقی نووسینەكەیە بەهەردوو زمان
دڵشاد كاوانی
دڵشاد كاوانی نووسەری بەناوبانگی كورد، لە دایكبووی ساڵی ـ۱۹۷٨ قەزوینی ئێرانە. یەكەم نووسەر بووە كە ڕۆمانی دەربارەی ماشۆسیەتی كوردی بە ناوی بەڕێگاوە لە ساڵی ۲۰۲۰. نووسی.
دلشاد کاوانی
دلشاد کاوانی ، نویسنده مشهور کرد ، متولد ۱۳۵۷ در قزوین ، ایران ، اولین نویسنده ای بود که داستان طولانی درباره مازوخیسم کرد باسم در جاده در سال ۱۳۹۹ نوشت.
لغت‌نامه دهخدا
ملقب به اسم کاوانی
درفش است . دِ رَ مخفف کاویانی درفش است . درفش کاویانی . علم فریدون . منسوب بکاوه ٔ آهنگر و آن چرمی بوده از پوست پلنگ یا پوست ببر که کاوه در وقت کارکردن برمیان می بست و در هر جنگ که همراه بود فتح حاصل میشد. گویند: حکیمی در صفاهان صد در صدی بساعت سعد بر آن کشیده بود و بعضی گویند شکلی از سوختگی های آتش در آن بهم رسیده بود که این خاصیت داشت و فریدون بعد از کشتن ضحاک آن را مرصع کرده بود و به هرجا که میرفت البته فتح میکرد تا در زمان خلافت عمر بدست مسلمانان افتاد و آن را پاره پاره و قسمت کردند. (برهان ). درفش کاویان . اختر کاوان . اختر کاویان . (حاشیه ٔ برهان چ معین ). رجوع به کاوه شود.




بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” لە لایەن ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاریی “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری بەرئەزموونی کورد لە شاری مەهاباد بڵاوکرایەوە.

ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، هەوڵیداوە کە یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” لە نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بەڕێوەببات.

بابەتی سیناریۆکان، سەربەستن و کاتی ئەو بەرهەمانەی کە ڕەوانە دەکرێن، بە لانی زۆرەوە 15 خولەک ڕەچاوگیراوە و لە نووسەران و هونەرمەندان، داوا کراوە کە بەرهەمەکانی خۆیان تاکوو ڕۆژی 15ی جۆزەردانی 1400 هەتاوی (5ی جوونی 2021 زایینی) بە ناونیشانی ئیمەیلیlavanfilmfest@gmail.com ڕەوانە بکەن. جێی ئاماژە پێدانە کە سیناریۆی هەڵبژاردە، لە قۆناغی بەرهەمهێناندا پشتیوانی لێدەکرێت.

سیناریۆ و پلانەکان کە بە بڕوای ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە مەرجی پێویست و گونجاو و دیاریی کراویان هەبێت؛ لە پێناو باشتربوونی بەرهەمەکاندا، لە کارگەیەکی کارای سیناریۆنووسیدا لە ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە ئامادەبوونی مامۆستایانی لێهاتوو و شارەزا بەشداریان پێدەکرێت.

ناونیشانی نووسینگە: مەهاباد، شەقامی سەرباز، نزیک بە سێ ڕیانی کەشناسی (وەفایی)، پلاکی 72، قاتی دووهەم، ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، ژمارە تەلەفوونەکانی نووسینگە: +9844-42239818و +989143421140.

ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، بە ڕاگەیاندنی بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناوداری مەهابادی و بە هاوکاری و هاوڕێیەتی ژمارەیەک لە کارناسان و پسپۆڕانی شارەزای بوارە جۆراوجۆرە سینەماییەکان، چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەست پێکرد.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، دەرچووی کارناسی سینەما لقی مۆنتێری لە زانکۆی سینەما تیئاتری زانکۆی هونەری تارانە کە زیاتر لە 35 ساڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و بە درێژایی ئەم ساڵانە مۆنتێری فیلمە بەرچاوەکانی سینەمای کوردستان و ئێرانی لە ئەستۆدا بووە، لەوانە: “پەڕینەوە لە غوبار”، “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” و “تاقیکردنەوە” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی”، “باز هم سیب داری؟” (دیسان سێوت پێیە؟)، “جن زیبا” (جنی جوان) و “سنگر روبەرو” (سەنگەریی ڕووبەڕوو) لە دەرهێنانی “بایرام فەزلی”، “ڕەشەبا” و “بووکی باران” لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن”، “انتهای زمین” (ئەوپەڕیی زەویی)، “از تهران تا بهشت” (لە تاران تا بەهەشت) و “یک کامیون غروب” (لۆرییەک ڕۆژئاوابوون) لە دەرهێنانی “ئەبوالفەزل سەفاری”، “دم سبح” (بەرە بەیان) لە دەرهێنانی حەمید ڕەحمانیان، “بی تابی بیتا” (بێتابی بیتا) لە دەرهێنانی “مێهرداد فەرید”، “عاشق ها ایستادە می میرند” (عاشقەکان بە پێوە دەمرن) لە دەرهێنانی “شەهرام مەسلەخی” و هەروەها “ماهی گوشوارەدار” (ماسی گوارەبەگۆ) لە دەرهێنانی “عەلیڕەزا سەعادەت نیا”.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە، مۆنتێری بۆ بەڵگەفیلمەکانی “خانە مادری ام مرداب” (ماڵی دایکایەتیم تاڵاو) و “از پس برقع” (لەو پەڕیی ڕووبەند) لە دەرهێنانی “مێهرداد ئۆسکویی” ئەنجامداوە و هەروەها مۆنتێریی و وێنەگرتنی بۆ زیاتر لە 150 کورتە فیلم و فیلمی بڵیند، بەڵگەفیلم و چیرۆکی لە کارنامەی هونەریی خۆیدا هەیە.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” دەرهێنانی بۆ فیلمی سینەمایی “ماندوو”، بەڵگەفیلمی “دایکانی من” بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ “زەهاوی سنجاری” سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفاڵ بە دەستی ڕژێمی بەعس و کورتە فیلمەکانی “ژوان” و “ژیلەمۆ” و بەڵگەفیلمەکانی “شینگێڕیی پەرێشانی” و “ڕۆژگیران” بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ “مێهرداد ئۆسکویی” لە ئەستۆدا بووە و بەم بەرهەمانە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەشداریی کردووە و خەڵاتی گرینگیشیان بەدەستهێناوە.

بۆ زانیاری زیاتر:

لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute

لاپەڕەی فەرمی “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official




سه‌رنجێك له‌ سه‌ر سه‌رنجه‌كانی یاسین برایم له‌ باره‌ی كتێبی ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

په‌ند و گێڕانه‌وه‌ و داستانه‌ میللی و فۆلكلۆرییه‌كان، كه‌ به‌ ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كی ده‌ناسرێن، گه‌نجینه‌یه‌كی میللی و نه‌ته‌وه‌یی گرنگی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كن، وه‌ك به‌شێك له‌ فه‌رهه‌نگ و كولتوور. مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ ئه‌ده‌بییانه‌، مێژووێكی كۆنه‌ و له‌ ڕووی ده‌ركه‌وتنیانه‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ پێش ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب، وه‌ك تێكستی نووسراو. ئه‌و په‌ند و ئیدیۆمانه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ساده‌ و ساكاری مرۆڤه‌كان بووه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا. ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌، وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی هزری و زمانه‌وانی، به‌ره‌نجامی تێڕوانین و لێكدانه‌وه‌ی هزریی مرۆڤه‌كان بووه‌، بۆ ژیان و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ریان. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ده‌شێ له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌كییه‌وه‌، ئاستی تێڕوانین و هوشیاری كۆمه‌ڵگه‌ ببینین. زۆر جار ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌ندانه‌، دیوێكی بابه‌تییان هه‌یه‌، كه‌ گوزارشت له‌ دیارده‌ و نه‌ریتێك ده‌كه‌ن، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌گونجێت، به‌ڵام له‌ هه‌ڵومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی، وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانی و بابه‌تی به‌ كارهاتووه‌. بۆ نموونه‌ په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێ:_ ( پیاوی شه‌رمن شانه‌یه‌ك دێنێ، ژنی شه‌رمن شارێك دێنێ ) ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌نده‌ بكه‌ین، ده‌بینین شه‌رم وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ پاڵنه‌رێكه‌ بۆ شكاندن و په‌راوێزخستنی كه‌سیه‌تی مرۆڤ، به‌ دوو تێڕوانینی دژ به‌ یه‌ك به‌ مرۆڤ ده‌به‌ستێته‌وه‌. به‌و پێیه‌ی ڕێنوێنی ژن ده‌كات شه‌رمن بێت، پیاویش بوێر و بێ شه‌رم. له‌ كاتێكدا هه‌ردووكییان وه‌ك یه‌ك مرۆڤن. لێره‌دا، نامانه‌وێت له‌ باره‌ی ئه‌و په‌ند و ئیدیۆمانه‌ به‌ گشتی بدوێین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك و هاوكات وه‌ك ڕواندزییه‌كیش، چه‌ند سه‌رنجێك له‌ باره‌ی وتاره‌كه‌ی هاوڕێی نووسه‌رم (یاسین برایم) به‌ ناوی ( ئیدیۆم له‌ ڕواندزی َ و ده‌وربه‌ری و چه‌ند سه‌رنجێك) كه‌ ده‌رباره‌ی كتێبی (ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری) له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی ده‌نگه‌كان بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌رببڕین. نووسه‌ر گه‌رچی له‌ به‌شێكی زۆری نووسینه‌كه‌یدا، سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆی له‌ باره‌ی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی كتێبه‌كه‌ خستۆته‌ ڕوو، به‌ڵام نووسینه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ زۆر شوێندا پێویستی به‌ ڕاستكردنه‌وه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌ڵه‌، لێكدانه‌وه‌ی بۆ زۆر ئیدیۆم و په‌ند و هاوكات شڕۆڤه‌ی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تیش كردووه‌، كه‌ نه‌ده‌بوو به‌ سه‌ریدا تێ بپه‌ڕن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ باش ده‌زانم، چه‌ند گرنگی به‌ فه‌رهه‌نگ و سه‌رمایه‌ی كولتووری و ڕۆشنبیری شاری ڕواندز ده‌دات. لێره‌دا به‌ كورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_

یه‌كه‌م:_ ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كی یان نووسراو؟!
به‌ بڕوای من، په‌ند و ئیدیۆمه‌كان كه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كییه‌وه‌، به‌شێكن له‌و ده‌ربڕینه‌ میللی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ زۆر جه‌ماوه‌رییانه‌ی، كه‌ مێژووێكی یه‌كجار درێژیان هه‌یه‌. ئه‌م ئیدیۆم و په‌ندانه‌، وه‌ك ده‌ربڕینی زاره‌كی به‌ كارهاتوون، نه‌ك وه‌ك ده‌قی نووسراو. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ڕه‌نگه‌ ئه‌و په‌ندانه‌ له‌ سه‌رده‌مێك به‌ كاربرابن، كه‌ هێشتا خوێنده‌واری و نووسین له‌ ئاستێكی پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ژینگه‌ی زمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ده‌ربڕینانه‌، په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ ژینگه‌ی گوند، بۆیه‌ وه‌كو نووسین نه‌خراونه‌ته‌ ڕوو. بێگومان هه‌ر زمانێكیش نه‌بووه‌ نووسین، ناتوانرێت ڕێسای گرامه‌ریی و نووسینی بۆ دابنرێت، چونكه‌ زمانی نووسین، پێكهاته‌ی هونه‌ری و ڕه‌هه‌ندی زمانه‌وانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و جیاوازه‌ له‌ زمانی گۆكردن. زۆر جار وشه‌یه‌ك له‌ گۆكردن به‌ جۆرێك ده‌رده‌بڕدرێت، كه‌ ناتوانرێت وه‌ك به‌شێك له‌ ڕێنووس بكرێته‌ زمانی نووسین و به‌ فه‌رمی به‌كاری بێنیت. بۆ نموونه‌:_ له‌ ڕواندز، به‌ زۆری ناوی (حه‌سه‌ن) ده‌كرێته‌ (حه‌سۆ) ناوی (محه‌مه‌د) ده‌كرێته‌ (حه‌مۆ)، سلێمانییه‌كان ده‌یكه‌نه‌ (حه‌مه‌) ، سه‌رنج بده‌ن (حه‌مه‌) له‌ كوێ و (حه‌مۆ) له‌ كوێ؟ ئه‌وه‌ی سلێمانییه‌كان، چه‌ند مۆزیكیتر، ئستاتیكی تر، به‌ چێّژتر و هونه‌ریتره‌ و چه‌ند خۆش و ئاسانیش گۆ ده‌كرێت. كه‌واتا ناكرێت ئه‌وانه‌ی ده‌كرێنه‌ (حه‌سۆ) و (حه‌مۆ) له‌ نووسینیشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ بنووسرێن. بۆیه‌ به‌ بڕوای من، ئیدیۆمه‌كان به‌ لێكدراوی یاخود به‌ جیا بنووسرێن، هیچ له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ ناگۆڕێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاماژه‌ مانایی و واتاییه‌كانی ئیدیۆم و په‌نده‌كانه‌. وه‌ك:_
وه‌جاغ كوێر ____ وه‌جاغكوێر

لاق تیرۆك _______لاقتیرۆك

كه‌پ زوڕنا_____ كه‌پزوڕنا

پێ ڕه‌ش______پێڕه‌ش

به‌ بڕوای نووسه‌ری وتاره‌كه‌، ئه‌م وشانه‌ و زۆری تریش، نابێ به‌ جیا بنووسرێن، به‌ڵكو ده‌بێ به‌ لێكدراوی بنووسرێن. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا نووسراوه‌، ڕێزمانیتر و ڕاستتره‌ له‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت. چونكه‌ ئه‌م وشانه‌، هه‌موویان دوو واتاو دوو مانای جیاوازیان هه‌یه‌. بۆیه‌ به‌ جیا بنووسرێن دروستتره‌. ده‌كرێ لێره‌دا زیاتر ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌.

وجاغ — بنه‌چه‌ / كوێر___ نییه‌تی .

كه‌پ — لووت/ زووڕنا______درێژ.

پێَ — پێ/ڕه‌ش — بێ ودم، بێ خێر.

ڕدێن — ڕیش/جوو_____ ڕیشی جووه‌كان.

قون __ قون/فره‌___گه‌وره‌.

پێ __ پێ/ پان__گه‌وره‌ و زل.

كدو __ كوله‌كه‌/شامی __ گه‌وره‌ .

حه‌فت __ ژماره‌ حه‌فت/ ڕوح__ ڕوح.

شیر__خواردنه‌وه‌/پیس__ خراپ بوو.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ هه‌ر یه‌ك له‌م وشانه‌ بده‌ین، ده‌بینین مانای سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌. كه‌واتا ده‌بێ به‌ جیا بنووسرێن. بۆیه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ له‌ نووسینی ئه‌م وشانه‌ به‌ جیا، هیچ هه‌ڵه‌ یه‌كییان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌ گرامه‌ریه‌كه‌یان ڕه‌چاو كردووه‌.

دووه‌م:_ڕاستكردنه‌وه‌، په‌نده‌كان.

مامۆستا یاسین له‌ وتاره‌كه‌یدا ، نموونه‌ی چه‌ند په‌ندێكی هێناوه‌ته‌وه‌ گوایا له‌ كتێبه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ نووسراون و ئه‌و ڕاستیكردوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ ڕاسته‌ و ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ لێكدانه‌وه‌ و شڕۆڤه‌ی بۆ كردوون . بۆ نموونه‌:_
پ/10 نووسه‌ر وشه‌ی (نه‌نگی) به‌ شه‌رم لێكداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ شڕۆڤه‌كردنی په‌نده‌كه‌دا، به‌ مانای نوقسانی هاتووه‌، واتا ماناكه‌ی هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه‌ و دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ ڕاستییان نووسیوه‌.

پ/20 په‌نده‌كه‌ ده‌ڵێت:( مه‌یمون له‌ خۆی نه‌بوو خوریكه‌شی لێهات) مامۆستا یاسین په‌نده‌كه‌ی كردۆته‌ ( مه‌یمون به‌ خۆ نه‌بوو خوریكه‌شی لێ هاتبوو ) ئه‌م په‌نده‌، له‌ ڕاستیدا بۆ ئه‌و دۆخه‌ به‌ كاردێت كه‌ كه‌سێك چه‌ند گرفت و ناخۆشییه‌كی هه‌بێت، یه‌كێكی تریشی بۆ زیاد بێت. له‌ ڕواندز زۆرجار ده‌گوترێت:( كه‌سێك هه‌فت ده‌ردی لێ بوو، پۆزیشی هاته‌ ده‌ر، گوتی یاخوه‌ به‌ خێر بێی سێوێ لاسۆر) بۆیه‌ (خوریكه‌ی لێهات) ڕاسته‌كه‌یه‌ (نه‌ك لێهاتبوو) چونكه‌ وه‌ك وتمان، ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ دوای چه‌ند ناخۆشی و گرفتێك، یه‌كێكی دیكه‌شی دێته‌ سه‌ر. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا نووسراوه‌ ڕاسته‌.

پ/54 هه‌ر كامێكییان بێت ئاساییه‌.

پ/66 نووسیویه‌تی:( ڕاستییه‌كه‌ی میراته‌ نه‌ك زه‌وی له‌حلی خانێ) به‌ڵام زه‌ویش به‌شێكه‌ له‌ میرات و هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ په‌نده‌كه‌ نییه‌، كه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌. پ 94/ (ئه‌وه‌ی گه‌ڕا دڕا) له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نده‌دا، مامۆستا یاسین ده‌نووسێت:( ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ته‌نها بۆ كچ به‌ كاردێت، چونكه‌ كه‌ كچ زۆر گه‌ڕا په‌رده‌ی كچێنی له‌ ده‌ست ده‌دا) بێگومان ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌نده‌ نه‌ك ته‌نها بۆ ڕه‌گه‌زی مێ، به‌ڵكو بۆ ڕه‌گه‌زی نێریش به‌ كار دێت! چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی په‌نده‌كه‌، به‌و مانایه‌ دێت هه‌ر كه‌سێك زۆر بگه‌ڕێت، قسه‌ زۆر ده‌كات و قسه‌ی لێ ده‌رده‌هێنرێت و ناتوانێت نهێنییه‌كان بپارێزێت.
پ/97 مامۆستا یاسین نووسیویه‌تی:_( كه‌وتت به‌ هیچ شتێك ڕازی نین، ڕسته‌ی له‌ نێو دوو بژارده‌دا به‌ هیچ ڕازی نین زیاده‌) گه‌لێك له‌ نووسه‌رانی ئێمه‌، به‌ هه‌ڵه‌ دائه‌چن و بۆچوونییان وایه‌ هه‌ندێك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ له‌ زمانی كوردی هاوشێوه‌ و زیاده‌ن. به‌ڵام بڕوام وایه‌، هیچ شتێك له‌ زمانی كوردی زیاد و هاوكات بێ واتاش نییه‌. ئه‌م دوو گوزارشته‌ كه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌،بابه‌تی و ڕاسته‌ و له‌ جێی خۆی دایه‌. به‌ هیچ ڕازی نین، واتا به‌یه‌ك دنیا شت ڕازی نین، به‌ڵام له‌ نێوان دواندا، به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت ته‌نها له‌و نێوه‌نده‌دا به‌ هیچ ڕازی نین، نه‌ك هه‌مووی. دواتریش ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌نده‌كه‌ ( نه‌ به‌ خوێ ڕازییه‌، نه‌ به‌ خوێ و ژوورێ) دوو بژارده‌كه‌ (خوێ) و ئه‌ویتریان ( خوێ و ژوورێیه‌) له‌و دووانه‌ به‌ هیچ كامیان ڕازی نییه‌.

پ/ 104 ئه‌وه‌ی دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌ ڕاسته‌، چونكه‌ ئه‌م په‌نده‌ وه‌زن و قافیه‌ی شیعری نییه‌، بۆ زانیاریی نووسه‌ر.

پ/143 له‌م په‌نده‌دا، نووسه‌ر وشه‌ی (قاتۆر) ی بۆ ئه‌ندامی زاوزێی ژن به‌كار هێناوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ته‌نها بۆ پیاو به‌ كاردێت. له‌لای ئێمه‌ و له‌ میانه‌ی ئه‌و په‌نده‌دا، قاتۆر نا، وشه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گوترێت. وه‌ك ڕێزێك له‌ جه‌سته‌ی مێ و ئادابێكی گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تیش، نامه‌وێ ئاماژه‌ی پێ بده‌م.

پ/170 (در مێشه‌ له‌ گوش هه‌ره‌نیشی) ئه‌مه‌ په‌نده‌ ڕاسته‌كه‌یه‌، كه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌ و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی بابه‌تی و زمانه‌وانی نییه‌. كه‌چی نووسه‌ر به‌ هه‌ڵه‌یه‌ی ده‌زانێت ، بۆیه‌ په‌نده‌كه‌ی به‌ كێش و سه‌روا ڕاستكردۆته‌وه‌ (مێشێ _هه‌ره‌نیشێ) بێًگومان په‌ند و ئیدیۆمه‌كان شیعر و چوارینه‌ نین، تا كێش و سه‌روایان هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌ربڕینێكی زاره‌كین. هه‌مووشمان ده‌زانین له‌ ده‌ربڕینی زاره‌كی، گوتن گرنگه‌ نه‌ك ڕێكخستنی زمانه‌وانی و شیعری.

پ/213 مامۆستا یاسین له‌ شڕۆڤه‌كردنی ئه‌و په‌نده‌دا، نووسیویه‌تی:_( میسرییه‌كان كاركه‌ر و كاسب بوون) بۆیه‌ ناوی ئه‌وان به‌ خه‌ڵكی گوندێك ده‌گوترا، وه‌ك هێمایه‌ك كه‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ زۆر كاسبن. به‌ داخه‌وه‌ نووسه‌ر، ڕاستی ئه‌م ئیدیۆمه‌ی وه‌كو خۆی نه‌نووسیوه‌. چونكه‌ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میسرییه‌كان، قرچۆك، پوول په‌رست و ڕه‌زیلن، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی زۆر كاركه‌ر و كاسبن. بۆیه‌ ئێستاش له‌ ڕواندز، میسری بۆ كه‌سانێكی ڕه‌زیل، كه‌ ده‌ستییان له‌ پاره‌ به‌ر نابێت به‌ كاردێت. به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ ڕاست و له‌ جێی خۆی بێت. چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌، به‌ كه‌سانی ( به‌ سه‌ر و به‌ر، ئیداری، پاك و خاوێن و خودا په‌رستی بێ غه‌ڵوغه‌ش و ڕاسته‌قینه‌، كاسب كه‌ نانی نێو چه‌وانی خۆیان ده‌خۆن، ڕێزدار و بێ فیز) و چه‌ندان خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌یه‌تیانه‌ی دیكه‌ی جوان، ناسراون.
پ/216 نووسه‌ر ڕه‌خنه‌ی له‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ گرتووه‌، كه‌ نووسیویانه‌ ( قه‌زوان خورادن)، به‌ بڕوای ئه‌و ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ چونكه‌ قه‌زوان ده‌كرۆژرێت ناخورێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌ویش نووسیویه‌تی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ قه‌زوان له‌ ده‌مدا ده‌شكێنرێت ئه‌وكات ده‌خورێت، واتا ناكرۆژرێت. ئه‌وه‌ی ده‌كرۆژرێت جۆره‌ قه‌زوانێكه‌ (بنه‌وشووكه‌ی) پێ ده‌ڵێن.

پ/229 ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌ نووسراوه‌، ڕاسته‌كه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ په‌نده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌:_( فه‌قیر لۆ فه‌قیره‌ با هه‌ر برنج به‌ شیری بخوات) نه‌ك (برنج به‌ شیرا) وه‌ك ئه‌وه‌ی مامۆستا یاسین نووسیویه‌تی. چونكه‌ ئه‌و خۆی پسپۆڕی زمانی كوردییه‌، ده‌بوو ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت (شیره‌) نه‌ك (شیرا).

پ /282 په‌نده‌كه‌ ده‌ڵێت:(قالب مێشی ده‌نگ گامێش) نووسه‌ر ئه‌مه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ زانیوه‌ و نووسیویه‌تی:( له‌ قالبی مێشه‌ له‌ ده‌نگێ گامێشه‌) به‌ڵام ئه‌وه‌ی دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌ ته‌واوه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ناوه‌ڕۆكی ئه‌و دوو په‌نده‌ جیان له‌ یه‌كتری ( له‌ قالبی مێشه‌ له‌ سه‌ری گامێشه‌) بۆ منداڵێك به‌ كاردێت كه‌ جه‌سته‌ی بچووكه‌ به‌ڵام سه‌ری گه‌وره‌یه‌، هه‌رچی ده‌ربڕینی ( قالب مێشی ده‌نگ گامێشه‌) ئه‌مه‌یان ئاماژه‌یه‌كی تر ده‌گه‌یه‌نێت. مانای وایه‌ (منداڵه‌كه‌ بچووكه‌ به‌ڵام ده‌نگی گه‌وره‌یه‌) واتا ئاماژه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌نگه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك
سه‌ر.
پ/312 په‌نده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌:_( ئه‌گه‌ر خه‌سوو له‌ بووكێ به‌ هه‌نجت بی، پێی ده‌ڵێت قونا له‌به‌ر هه‌ویری دینی و ئه‌با) به‌و مانایه‌ی ژن كه‌ ده‌ستی به‌ هه‌ویر بوو، نابێ كارێكی تر بكات.
پ/396 مامۆستا یاسین له‌ یاره‌ی ئه‌و په‌نده‌وه‌، نووسیویه‌تی كه‌ دووباره‌یه‌ و هه‌مان ئه‌و په‌نده‌یه‌، كه‌ له‌ ژماره‌ 295 هاتووه‌. له‌ڕاستیدا، مامۆستا یاسین به‌ هه‌ڵه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌و دوو په‌نده‌ گه‌یشتووه‌. ئه‌مانه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان له‌ ڕووی واتاییه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ یه‌كتری. بۆیه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ هه‌ڵه‌یان نه‌كردووه‌. لێره‌دا بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ر، هه‌ر دوو په‌نده‌كه‌ ده‌نووسین:

پ/295 (كردییه‌ گێڕێ ئۆمه‌ره‌ كۆری)
پ/396( بووه‌ گێڕێ ئۆمه‌ره‌ كۆری)
ئه‌مانه‌ بۆچی له‌ یه‌كتری جیاوازن؟ له‌ په‌ندی یه‌كه‌مدا، كه‌سانێك كارێكی ڕاست و دروست ده‌كه‌ن، كه‌سێك له‌و لاوه‌تر دێت كاره‌كه‌یان تێك ده‌دات، به‌ڵام له‌ په‌ندی دووه‌مدا، كاره‌كه‌ هه‌ر له‌نێو خۆیانه‌وه‌ تێك ده‌درێت، واتا بكه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان نییه‌. بۆیه‌ ئه‌م دوو په‌نده‌، له‌ ڕووی ئاماژه‌یی و واتایه‌وه‌، جیاوازن له‌ یه‌كتری. تۆبڵێی دانه‌رانی كتێبه‌كه‌، هه‌ڵه‌ی هێنده‌ سه‌یر بكه‌ن؟ بێگومان نه‌خێر، ئه‌وان وه‌كو خۆیان دوو په‌ندی جیاوازییان كۆكردۆته‌وه‌و نووسیوه‌.

پ/417 ( ده‌ڵێی عه‌رووسه‌) له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نده‌، هاوڕێم مامۆستا یاسین ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌ هاتنی عروسه‌كان و شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌ به‌ مانای كه‌شخه‌یی و سۆر سپی و جوانی دێت. ئه‌مه‌یان ڕاسته‌كه‌ و دروسته‌كه‌یه‌. ڕووسه‌كان یه‌كجار جوان و ناوازه‌ن، به‌ تایبه‌تیش ئافره‌ته‌كانییان. ته‌نانه‌ت ئێستاش ئه‌و ده‌ربڕینه‌ له‌ ڕواندز هه‌ر ماوه‌ و به‌كار دێت و ئه‌گه‌ر كه‌سێك سۆر و سپی و ناسك بێت، پێی ده‌ڵێن ده‌رێی عه‌روسه‌.

پ/492 نووسه‌ر ئه‌و په‌نده‌ی كه‌ ده‌ڵێت:(كلی له‌ چاوێ مرۆیا كاتۆ) به‌ هه‌ڵه‌ دائه‌نێت و به‌ بڕوای ئه‌و، ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ بێت:( كلی له‌ چاوێ مردیا كاتۆ) ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ ڕاسته‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی هه‌ڵه‌یه‌. مه‌به‌ست له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌سانێك ئه‌وه‌نده‌ زۆرزان و به‌ بلحاتن، كل له‌ چاوی كه‌سه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ هه‌ستیشی پێ بكات. وه‌ك ئه‌و په‌نده‌ی كه‌ ده‌ڵێت ( به‌زی له‌ قێچێ كاتۆ) یاخود (كورتانی لۆ مێشێ ئه‌دروی) ئایا كێچ به‌ خۆی هه‌یه‌ تا به‌زیشی هه‌بێـت؟ مێشیش كورتانی بۆ ده‌بێت؟ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت زۆر جار به‌شێك له‌ پیاوه‌كانیش كل له‌ چاویان ده‌كه‌ن.
پ537/ ئه‌وه‌ی دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌ ڕاسته‌. په‌نده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌:(خۆ مارێ ئه‌حمه‌د قه‌دۆی نییه‌) به‌م شێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ڕواندز به‌كار دێت و له‌ سه‌ر زاریانه‌، چونكه‌ كه‌س نازانێت ئه‌م پیاوه‌ خه‌ڵكی موسڵ بووه‌. بۆیه‌ ناگوترێت:(خۆ ئه‌حمه‌د قه‌دۆی موسڵێ نیم) وه‌ك ئه‌وه‌ی مامۆستا یاسین نووسیویه‌تی.

پ/537 له‌م په‌نده‌دا، نووسه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها ئه‌وه‌ ده‌ره‌ بڕێت كه‌ وشه‌ی (قه‌دۆ) له‌ ڕواندز به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كار نایه‌ت. به‌ڵام بۆ زانیاری نووسه‌ر و خوێنه‌رانیش، زۆرجار ڕواندزییه‌كان له‌ خۆشه‌ویستی ناوی ژنانه‌ی (قه‌دری) ده‌كه‌نه‌ ( قه‌دۆ). وه‌ك چۆن ئامینه‌ ده‌كه‌نه‌ (ئامۆ) ، ڕابی ده‌كه‌نه‌ (ڕابۆ) ، مریه‌م ده‌كه‌نه‌ (مرۆ) ، گولیزار ده‌كه‌نه‌ (گولێ) ، فاتم ده‌كه‌نه‌ (فاتێ) و زوله‌یخا ده‌كه‌نه‌ (زولێ) ، عائیشه‌ ده‌كه‌نه‌ (عه‌یشێ) ، خه‌جیج ده‌كه‌نه‌ (خه‌جێ) ، به‌هییه‌ ده‌كه‌نه‌ (به‌هێ)، فه‌خرییه‌ ده‌كه‌نه‌ ( فه‌خۆ) ، نه‌جیبه‌ ده‌كه‌نه‌ (نه‌جۆ) به‌م شێوه‌یه‌ش قه‌دری ده‌كه‌نه‌ (قه‌دۆ). لێره‌دا ئێمه‌ كارمان به‌ ناوه‌ڕۆك و لێكدانه‌وه‌ی په‌نده‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان بۆچوونه‌كه‌ی نووسه‌ره‌، كه‌ نووسیویه‌تی قه‌دۆ له‌ ڕواندز به‌ كار نایه‌ت.

پ/540 نووسیویه‌تی:( كه‌ریان پێ گاو بانگیشییان لێ ڕاهاوێشت) نووسه‌ر وێرای ئه‌وه‌ی وشه‌ی ( لێ ڕاهێشت) ی كردۆته‌ ( لێ ڕاهاوێشت) كه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ له‌نگه‌ و دروست نییه‌، هاوكات ناوه‌ڕۆكی په‌نده‌كه‌شی به‌ هه‌ڵه‌ نووسیوه‌. چونكه‌ په‌نده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌:( كه‌ریان پێ گاو بانگیشیان پێ ڕاهێشت) ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ كه‌سانێك كارێكی خراپ به‌ كه‌سێك ده‌كه‌ن و دواتریش ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی كه‌سه‌كه‌ خۆی و خۆیانی لێ بێ به‌ری ده‌كه‌ن.

پ/574 هیچ هه‌ڵه‌ له‌و په‌نده‌ نییه‌، كه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ نووسیویانه‌.(كونه‌ فره‌) واتا ترسنۆك، قوون فره‌.
پ /809 وه‌ك باسمان كرد ئه‌ده‌بی زاره‌كی چونكه‌ زاره‌كییه‌، ئه‌وا ناتوانین كۆنسێپتێكی گرامه‌ری بۆ دابنێین، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی یاسین برایم له‌ زۆر شوێندا هه‌ڵه‌ له‌ نووسینه‌كه‌ی بكات. وه‌ك ئه‌و په‌نده‌ی كه‌ده‌ڵێت ( دوور و قۆڵه‌). نووسه‌ر قۆڵی به‌ قۆڵی باسك لێكداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌م ڕسته‌یه‌دا واتاكه‌ی ته‌واوه‌. چونكه‌ وشه‌كه‌ به‌ مانای (قۆره‌) دێت واتا قووڵایی. بۆیه‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ هه‌ڵه‌ نین له‌ نووسینی وشه‌كه‌.

پ/ 857 ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌، واتا ( نانی ئیڵه‌ڵایی نییه‌) ڕاسته‌ و ئه‌وه‌ی مامۆستا یاسین ده‌یڵێت (نانی ئیلاهی) هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ له‌ په‌نده‌كه‌، وشه‌كه‌ (ئیڵه‌ڵایه‌) نه‌ك (ئیلاهی).
پ/879 ئه‌م په‌نده‌ هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدانییه‌، له‌ ڕووی هه‌ڵه‌ی زمان و ڕێنووسه‌وه‌، نازانم بۆچی مامۆستا یاسین به‌ هه‌ڵه‌ی داناوه‌؟

سێیه‌م/ پیتی (س) و (ص).

له‌م وتاره‌یدا، هاوڕێم مامۆستا یاسین به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت، به‌ داخه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگاداری شێوه‌زاری ڕواندزییان نه‌بێت. بێگومان ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سه‌ خه‌مخۆرانه‌ی شار، كه‌ له‌ بواری مێژوویی و ڕۆژنامه‌وانی و فه‌رهه‌نگی، گرنگییه‌كی زۆر به‌ شاری ڕواندز له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ ده‌دات. بۆیه‌ بڕوام وایه‌ په‌له‌ی كردووه‌ له‌م وتاره‌یدا ده‌نا نه‌ده‌كه‌وته‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌. بۆ نموونه‌ نووسیویه‌تی:_( ڕواندزییه‌كان وشه‌ی سه‌گ به‌ كار ناهێنن) به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ڕواندزییه‌كان، ده‌یان و سه‌دان جار، به‌ گاڵته‌ یا كاتی تووڕه‌یی بێت، به‌ یه‌كتری ده‌ڵێن (سه‌گی سه‌گباب) ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، به‌ بڕوای نووسه‌ر هه‌ندێك وشه‌ ده‌بێ به‌ (س) بنووسرێن و نه‌كرێنه‌ (ص). له‌ ڕوانگه‌ی فه‌رهه‌نگی و گرنگیدان به‌ زمانی ستاندار، ڕایه‌كی دروست و له‌ جێی خۆیه‌، به‌لام به‌شێكی زۆری ئه‌م وشانه‌، له‌ ڕووی گۆكردنه‌وه‌ به‌ پیتی (ص) جوانتر دێنه‌وه‌ له‌ ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌ نه‌ك به‌ پیتی (س)، وه‌ك: (صاڵح/ صدیق/صباح/ صادق/ صندوق/ صه‌وه‌فان/ صدقی/ صافیه‌/ صۆفی/ صاروخ / صۆنده‌/ صوتفه‌/ قه‌صد/ صه‌ڵیب) و زۆر وشه‌ی تریش. بۆیه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ زمانی كوردی پێویستی به‌ پیتی (ص) نه‌بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر (سدیق) و(ساڵح) گۆ بكه‌یت، زۆر به‌ ئاسانی له‌نگیی زمانه‌وانی هه‌ست پێ ده‌كه‌یت. بۆیه‌ ناتوانرێت هه‌موو پیتێكی (ص) بكه‌یته‌ (س) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی.

چواره‌م:_ناونیشانی به‌رگ.

ڕه‌خنه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێ ناونیشانی به‌رگ به‌ جیایی بنووسرێت، به‌ڵكو ده‌بێ ناونیشانه‌كه‌ ڕسته‌یی بێت. با ڕوونتری بكه‌ینه‌وه‌. ناونیشانی كتێبه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌:_

ئیدیۆم له‌

ڕواندزێ

و ده‌وروبه‌ری

به‌ بڕوی نووسه‌ر ده‌بوو ( ڕواندزێ_ و) به‌یه‌كه‌وه‌ بوونایه‌ به‌م شێوه‌یه‌:

ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری

بێگومان به‌رگی هه‌ر كتێبێك، به‌شێكه‌ له‌ كاری هونه‌ركاریی و دیزایین. ڕووپه‌ڕی به‌رگ، چه‌ند جوانكاری وهونه‌ركاریی تێدا بێت، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێته‌ جێی سه‌رنجی خوێنه‌ران. نووسینی سه‌ربه‌رگی پێشه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، نه‌ له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌، هیچ هه‌ڵه‌ نییه‌. ناونیشانی هه‌ر كتێبێك، به‌ چ فۆنتێك، به‌ چ زمانێكی كوردی كیبۆرد، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌نووسرێت، زۆر ئاساییه‌. چونكه‌ نووسینی سه‌ر به‌رگ، به‌شێك نییه‌ له‌ په‌ڕه‌گرافی نووسین تاكو له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ تێك به‌ستنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌گه‌ر ناونیشانی سه‌ربه‌رگه‌كه‌ بووه‌ به‌شێك له‌ په‌ڕه‌گرافی نووسین و له‌ پشته‌وه‌ و پێشه‌وه‌ی ڕسته‌ی دیكه‌ هه‌بوو، ئه‌وا نابێ به‌م شێوه‌یه‌ بنووسرێت:_

ئیدیۆم له‌
ڕواندزێ
وده‌وربه‌ری
چونكه‌ ئه‌و كات ڕێسای نووسین و بینای هونه‌ری و زمانه‌وانی ده‌ق ده‌شێوێت. به‌ڵكو ده‌بێت به‌م شێوه‌یه‌ ( ئیدیۆم له‌ ڕواندزێ و ده‌وروبه‌ری) بنووسرێت. بۆیه‌ نووسینی سه‌ر به‌رگه‌كه‌، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه‌.

پێنجه‌م:_چۆنییه‌تی ڕێكخستنی په‌نده‌كان.

نووسه‌ر بۆچوونی وایه‌، كه‌ ده‌بوو دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ په‌ند و ئیدیۆمه‌كانییان به‌ شێوه‌ی (ئه‌بجه‌دی) پیت له‌ دوای پیت دابنایه‌ نه‌ك هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌. به‌ بڕوای ئه‌و، تا په‌ندێك ده‌دۆزیته‌وه‌ده‌بێ هه‌موو كتێبه‌كه‌ بگه‌ڕێیت. بێگومان لێره‌دا بۆ به‌رچاو ڕوونی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ و خوێنه‌رانیش، گرنگه‌ ئه‌وه‌ باس بكه‌م كه‌ نووسین و دانانی په‌نده‌كان، نابێ به‌ شێوه‌ی ئه‌بجه‌دی بێت. ئیدیۆم و په‌نده‌كان، فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی و وشه‌یی نین تاكو به‌و شێوه‌یه‌ ڕێك بخرێن، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كی كه‌ كۆنه‌كراونه‌ته‌وه‌ نه‌نووسراون. بۆیه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر ناچێته‌ خانه‌ی هه‌ڵه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌وان نووسیویانه‌ ڕاسته‌. گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و كاره‌یان نه‌كردایه‌، ئه‌و كاتیش هه‌روه‌ها به‌ په‌رش و بڵاویی و نا فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ ئیدیۆمه‌كان نه‌ده‌هاتن؟ بۆیه‌ ده‌بێت ستاییشی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بكرێت، كه‌ كات و وزه‌ی خۆیان بۆ دانان و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ندانه‌ ته‌رخان كردووه‌ و له‌ فه‌وتان پاراستوویانه‌.

شه‌شه‌م:_ هه‌ڵه‌ی تایپ و نووسین.

به‌ داخه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تایپ و نووسین، ڤایرۆسێكی كوشنده‌ی نێو دنیای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئێمه‌ن. زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ڕێكده‌كه‌وێت خوێنه‌ر كتێبێك بخوێنێته‌وه‌، هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌بێت. ته‌نانه‌ت من خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك كتێبم خوێندۆته‌وه‌، هه‌شت كه‌س به‌رله‌ چاپكردنی خوێندوویه‌تییانه‌وه‌ كه‌چی ده‌یان هه‌ڵه‌شی تێدابووه‌. نه‌ نووسینه‌كانی من، نه‌ هی هیچ نووسه‌رێكیش، خاڵی نیین له‌ هه‌ڵه‌ی خاڵبه‌ندی و تایپ و چاپ. بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ بڕوای من (هه‌رچه‌نده‌ نه‌گونجاویشه‌) له‌وه‌ ده‌رچووه‌ وه‌ك شتێكی ناوازه‌ و هه‌ڵه‌ بیبینین. به‌ڵكو بۆته‌ به‌شێك له‌ ڕۆتینی نووسین. نووسه‌ر ئه‌گه‌ر چی ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌ دانه‌رانی كتێبه‌كه‌ ده‌گرێت كه‌ هه‌ڵه‌ی چاپ و ڕێنووسییان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر خۆشی له‌ نووسینه‌كه‌ی خۆیدا، هه‌ڵه‌ی كردووه‌، كه‌ ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_

هه‌ڵه‌ ڕاستكردنه‌وه‌
درا دڕا
كۆشتار كوشتار
قاڵه‌ قاله‌
ڕاهاوێشت ڕاهێشت
به‌لۆره‌ بالۆره‌
چۆنده‌ صۆنده‌
جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی یه‌كه‌م جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی
سه‌ره‌ووه‌ سه‌ره‌وه‌
ده‌ستنیان كردووه‌ ده‌ست نیشان كردووه‌

هه‌ڵه‌ی چاپ، به‌ ئاسانی به‌رزه‌فت ناكرێت و سات وایه‌ چه‌ندین جار پێداچوونه‌وه‌ بۆ كتێبێك ده‌كه‌یت، كه‌چی هه‌ڵه‌شی هه‌ر تێدایه‌. له‌ كۆتاییدا، به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئیدیۆم ده‌ربڕینه‌ میللییانه‌ی ناوچه‌ی ڕواندز و ده‌وروبه‌ری، كارێكی فه‌رهه‌نگی گرنگه‌ و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌.

سه‌رنج:

  • ئه‌م وتاره‌ی هاوڕێم (یاسین برایم) له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان، ئه‌رشیفی بابه‌ته‌كانی مانگی فێبریوه‌ری هه‌یه‌ و خوێنه‌ران ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ری.
    ** نووسه‌ر چونكه‌ له‌وتاره‌كه‌یدا، هه‌ر به‌په‌ند ناوی ده‌ربڕینه‌كانی هێناوه‌، ئیدی ئێمه‌ش هه‌ر به‌په‌ند نووسیومانه‌. ده‌نا مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موویان په‌ند بن!

ڕواندز_ كۆتایی نیسانی 2021




پرسیار بۆ هاتنی گۆدۆ.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

1
بۆچی؟ ئەبێ. هەموو جارێ
گشت بەهارێ
ساڵ. لە دوای ساڵ،
((ساڵی خۆڵەمێش و زووخاڵ))
لەسای بەڕۆچكەی یادێكا..
((یادێك بێ باڵ))
خۆری تەزیو
بكەین بەسنگی مێژووا
نەء، لەناو گەرووی زامێكا.
((زامێكی تاڵ))
بەستەی ڕزیو
بكەین بەگیانی مردووا.
؟؟؟
بۆچی؟ ئەبێ. كاسەسەری
شەق كراوی
ژێر ئەرخەوانی بێ بەری
بەخوێن تەڕی
تەمەنی خۆزگەی وێڵ بوومان
لەچەرخی تازەی بیستەما
بۆ سێبەری.
گیانی زەردەشتی كوژراومان
بۆ ئاوێستای هەڵواسراوی
ناوخۆری ئاڵای سووتاوی
ئاسمانی بێ سەروشوێنمان
بێتە سەما.
؟؟؟
2
هاوڕێكانم!
بەهاری ئەم كوردستانە
هێشتا تینووی كانییەكە
نەتەقیوە.
دەنگی ژانی ئەم شارانە
چاوەڕێی گۆرانییەكە
هێشتا كاروانی قوربانی
دێڕەكانی.
نەچنیوە.
؟؟؟
3
هاوڕێكانم!
پرسیارمان هەزار و یەك
كوردستانمان
چاوەڕوانی گۆدۆیەكە
چاوەڕوانی مەزدەیەكە
چاوەڕوانی گوللەیەكە
سنگی ڕێگای ئاسمانی ون
هەڵتەكێنێ.
ڕاست كاتەوە
پەیكەری (ڕاستیی) سەروبن.
؟؟؟
4
هاوڕێكانم!
هاتنی گۆدۆی هاوڕێمان
بیری ئەوێ
خوێنی ئەوێ
وتە و كرداری نوێی ئەوێ
قوربانیی (كاروانی وشەی ڕاچەنیو)ی
ئەمڕۆی ئەوێ
شیكردنەوەی (كڵافەیەك
ژانی تووڕە)ی ئێمەی ئەوێ
(ڕۆژژمێری) سووتێنراوی
ئازاری (پێشمەرگە)ی ئەوێ
هەڵهاتنی (خۆرێكی یاخیبووی ئەوێ)
تەڵەی زامی
گیڤارای نوێی. نەك كوردستان
نەك بۆلیڤیا. هەموو جیهان
بەڵكو جیهانی نوێی ئەوێ.

*بڵاوكراوه‌ی ڕوانگه‌، ژماره‌ (2) 1971.




چاورێی هاتنتم.. كه‌ویار محمد

ساتێ ,له‌ خه‌یاڵما نیگاكانت گیر ئه‌بن و ناڕۆن
ساتێ, بۆنت له‌ ژێر هه‌ناسه‌مه‌وه‌ لاناچێ
ساتێ, ده‌نگی پێیه‌كانت بۆ لای ناخم به‌ڕێ ئه‌كه‌وێ
ده‌رگای ژووره‌كه‌م دا ناخه‌م ,و چاوه‌ڕێی هاتنتم
به‌م شه‌وه‌ باراناویه‌
كه‌چی ده‌نگێك له‌په‌نا سه‌رمه‌وه‌ پێم ئه‌ڵێ نایه‌ت ,و نه‌هاتی
به‌ ئاوازی تانگۆ سه‌ما بۆ باڵات ئه‌كه‌م
وه‌ تۆش به‌ چاوانی پڕ له‌ نامۆیی لێم ئه‌ڕوانی
ده‌سته‌كانم هه‌تا بنمیچی ژووره‌كه‌م به‌رز ئه‌كه‌م
ئه‌مه‌وێ به‌ دیواره‌كان بڵێم من باڵنده‌یه‌كی پڕ له‌ ئیراده‌م
نووكی پێم وه‌كو شه‌پۆل ئه‌خلیسكێنم به‌ زه‌وی
ئه‌مه‌وێ بڵێم ,من مه‌لێكم گیرساوی هیوام
دڵۆپه‌ باراناویه‌كان ئه‌مشه‌و
به‌ره‌ به‌ره‌ دێنه‌ ژوور,و منیش له‌ سه‌ما ناوه‌ستم
په‌نجه‌كانم له‌گه‌ل ئاوازی ڕووحم ,موزیك ئه‌ژه‌نن
رووحم ئه‌كه‌وێته‌ بیری قووڵی زه‌ینمه‌وه‌
ئاوێته‌ی هه‌ناسه‌ گه‌نیوه‌كانی ئاسمانه‌ ,ئه‌مشه‌و
منیان مه‌ست و شێت كرد, له‌ دووری ئه‌و
هه‌تا ئه‌مشه‌و ته‌واو ئه‌بێ نامه‌وێ چاوه‌كانم بكرێنه‌وه‌
له‌ بێ ئۆقره‌یی من هیچ به‌دی ناكه‌م, جگه‌ له‌ وێڵی
باڵه‌ شكاوه‌كانم وه‌سفی كێ ئه‌كه‌ن
له‌ تاو تۆ هاواری چی ئه‌كه‌ن!
كاروانی هه‌ناسه‌م هه‌تا په‌نا سه‌رینه‌كه‌ته‌وه‌ دێت
كه‌ ئه‌بینم به‌ ئاگایت و چاو ناكه‌یته‌وه‌
شعوری ناخم ماتی دای ئه‌گرێ ,و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌
بۆ هێلانه‌كه‌ی ,و هه‌تا ڕۆژهه‌ڵدێ ئه‌گیرسێته‌وه‌
…………………….
نووسین: كه‌ویار محمد




کۆمەڵگەی مەدەنی یان کۆمەڵگەی ئینسانی؟.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی کاوە عومەر

چ چۆرەکۆمەڵگەیەک وەبەچ تایبەتمەندیەک دەتوانێت وەڵامی ئەو کیشانە بداتەوە کە بەرۆکی بە ئینسانەکان گرتوە ؟هەندێک پێیان وایە گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و بەدەست هێنانی بە بەیاننامەی مافی مرۆڤ بەسە بۆ ئەم کارە.دیموکراسیە ڕۆژئاوایەکان سەرباری کەموکوڕتیەک کە هەیانە بە نمونەی کۆمەڵگەی دڵخوازیان دەهێننەوە.هەندیکیش لەناویاندا کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆچارەسەری ئەو کێشەیە چارەیەکی تر پێشکەش دەکات،کۆمەڵگەی ئینسانیە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا چەوسانەوەی ئینسان لە لایەن ئینسانەوە هەڵدەوەشێتەوەو یەکسانی نیوان ئینسانەکان نەک هەر لەڕوی یاساییەوە بەڵکو بەکردەوە و لە روی ئابوریشەوە مەیسەر دەبێت.ئەوانە خوازیاری کۆمەڵگەی سۆسیالیستیشن،هەر لەم بارەیەوە گفتوگۆکەمان لەگەڵ حەمید تەقوایی دەست پیدەکەین.

خەلیل کەیوان:ڕەخنە لە کۆمەڵگەی مەدەنی بابەت وباسێکی کۆنە.لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕەوتێک لە سۆسیالیستەکان دەستیان بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی بردوەو خوازیاری لەوە باشتر بون.مارکس لە تێزەکانی فیورباخدا دەڵیت “دیدگای ماتریالیزمی کۆن کۆمەڵگەی مەدەنییە”.ئێوەش لە نوسین وقسەوباسەکانتاندا چەندین جار باسی هەمان بابەت تان کردوە پیداگریت لەسەر کۆمەڵگەی ئینسانی و حکومەتی ئینسانی کردوەتەوە.بۆچی کۆمەڵگەی ئینسانی؟

حەمید تەقوایی:کۆمەڵگەی مەدەنی ئینسانی نیە.بەو مانایەی کە شوناسی ئینسانی شتێکی کۆمەڵایەتیە و کۆمەڵگەی چینایەتی لەگەڵ ئەم شوناسەدا ناکۆکە.
ئینسانەکان نەک تەنها لەلایەنی پەیوەندی و بۆنەکان و زمان و کەلتورو بیرکردنەوە و بەگشتی لە ڕوی زهنی و دەرونییەوە بەڵکو تەنانەت لە ڕوی بایۆلۆجیشەوە زادەی کۆمەڵگەن.ئینسان بەبێ کۆمەڵگە ئینسان نیە.ئێمە ئەگەر بەکۆمەڵایەتی نەژیاباین
نە مێشکمان بەو ئاستە کامڵ دەبوو و نە توانای قسەکردنمان دەبوو و نە ئەگەری بون و مانەوەمان هەبوو لەبنەڕەتدا.مانەوەی ئینسان منەتباری بەکۆمەڵایەتی ژیانەکەیەتی.ئەگەر بەشتێک ڕازی ببین وەک خودی ئینسان،ئەم خودە کۆڵایەتیەیە.

کۆمەڵگەی مەدەنی لەدژی ئەم خودە ئینسانیە ڕادەوستێت بەهۆی ئەوەی کە شناسی چینایەتی ئینسانەکان دەکاتە بنچینە.لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەسەر چینەکاندا دابەشکراوە نایەکسانی کارێکی بەدامەزراوەی کراوە.و ئەم نایەکسانیە دەبێتە هۆکارێک کە شوناس گەڵێک جگە لە شوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان بەرجەستە ببێتەوە و ببێتە پیوەر.شوناسە دروستکراوەکانی وەک شوناسی میللی و شوناسی ئاینی،شوناسی قەومی و ڕەگەزی وتەنانەت جێندەری ،هەڵاواردن کە لەنیوان ژنان وپیاواندا کەلە هەموو کۆمەڵگاکاندا بونی هەیە.هەڵاوادنێکی ڕەگەزی کە هەر ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەمەریکا لەنیوان سپی پێستەکان وسپی پێست وهەموو پێست ڕەنگینەکانی تردا هاوار دەکات،یا هەڵاواردنی نەتەوەی و ئاینی کە بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارساتی خولقاندوە،ئەمانە هەموی دەرهاویشتەی کۆمەڵگەی مەدەنیە.
ئەگەرچی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕوی حقوقیەوە مافی هاوڵاتی بونی یەکسانی بەڕەسمی دەناسێت بەلام لە ڕوی کۆمەڵایەتی وئابوری و بەشێوەی واقێعی و کردەیی یەکسانی ئینسانەکان پێشێل دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تایبەت مەدنی وشوناسی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان،شوناسی جیهانداگری ئینسانی،لەناوببرێت،ئیوە ئەمە لە کردەوەدا لە سیاسەت و لە ئابوری و کەلتور و ڕەوشتەکان و لە ئاین و نااسیۆنالیزمی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا بە ئاشکرا دەبینیت.لەهەموو ئەم لایەنانەوە تاک وەک بونەوەریکی یەکسان لەگەڵ ئەوانی تردا بە شوناس و پێوستیەکان و ئاواتی یەکسان و جیهان داگری بە ڕەسمی ناناسرێت.ئینسانەکان لە کۆڵگەی مەدەنیدا پیش هەموو شتیک بەسەر چینە جیاوازەکاندا دابەش دەکرێن و دواتر بۆ ئاین ومیللەت و نەتەوە و ڕەگەزی جیاواز،هەموو ئەمانەش سەرچاوەی جۆرەها زوڵم و هەڵاواردنن لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا.لەم ڕوەوەیە کە مارکس دەڵێت ئەبێت لە کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر بڕۆیت و بگەیت بە کۆمەڵگەی ئینسانی.کورتەی باسەکە ئەوەیە کە خودی چینایەتی بونی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کەکۆمەڵگەیەکی ئینسانی نەبیت.
ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکە کە چینەکان لەناوچون و ئەمەش پێویستی هەڵوەسانەوەی هەرجۆرە ستەم و چەوسانەوەیەکی ئابوریە.ئێمە کویلایەتی کرێ و خاوەندارێتی تایبەت بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هەڵدەوەشێنینەوەو ڕژێمی ئابوری بەدەوری دابینکردنی پێوستیەکانی هەموو هاوڵاتیاندا ڕێکدەخەین و ئەمە بنەمای کۆمەڵگەی ئینسانی جێگە سەرنجی ئێمەیە.واتە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی. خۆی وشەی سۆسیالیزم دەلالەتێکی لەسەر ڕەسەنایەتی کۆمەڵگە تێدایە.ڕەسەنایەتی کۆمەڵگە بەو مانانیەی کە شوناسی کۆمەڵاتی و جیهانداگری ئینسانەکان پێوانەیە نەک شوناسی میللی و ئاینی و نەتەوەی کە بەسەریاندا دابڕیون .کۆمەڵگەی ئینسانی ناتوانێت جگەلە کۆمەڵگە سۆسیالیستی مانایەکی تری هەبێت.

خەلیل کەیوان:وادیارە ئەمە ڕاستیەکەیە.کۆمەڵگەی ئینسانی هەمان کۆمەڵگەی سۆسیالیستیە.بەڵام ئەمە بەرهەڵستکارانێکی لە ناو چەپ و کۆمۆنیستەکان و تەنانەت لەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریشدا هەیە.چەپەکان دەڵێن”کۆمۆنیزم ڕێبازو مەرجی ڕزگاری پرۆلیتاریایە””نەگەیشتن بە کۆمەڵگەی ئینسانی بەو شێوەی کە ئێوە دەیڵێن.بۆ بەشێک لە کۆمۆنیزمی کرێکاری کە مەنسور حکمەتیش سەرچاوەیانە ئەمە بیرۆکەیەکی تەواونیە،مەنسور حیکمەت باسی ئەوە دەکات کە ‘بناغەی سۆسیالیزم ئینسانە”.لە قسەوباسێکیدا لە ستۆکهۆڵم تەنانەت دەڵێت:زنجیری هەر ئینسانێکی ڕاستگۆ بکەیتەوە بەلشەفێکێک-سۆسیالیستێک-کی توندڕەوی لێ دێتەدەرەوە.بەڵام کاتێک تۆ تەئکید دەکەیتەوە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری خەبات دەکات بۆ کۆمەڵگەیەکی ئینسانی وحکومەتی ئینسانی،لەگەڵ تۆدا هاوڕا نین.بۆچی؟بۆچی ئەوانە بۆچونێکی تریان هەیە؟

حەمید تەقوایی:بەهۆی ئەوەی کە لە سەدەی ڕابردودا جۆرە چەپێک بویە ئەڵقەی بنەڕەتی کۆمۆنیسزم کە بەجیاوازی نیوان کۆمۆنیزم وئینسانیەت ڕازی بوو.چەپێک کەلە ڕاستیدا تێگەشتنێکی هەڵەی لە چینایەتی بونی کۆمەڵگە هەبوو.ئەوە ڕاستە کۆمۆنیزم ڕێبازی ڕزگاری چینی کرێکارە بەڵام ڕزگاری چینی کرێکار بەستراوەتەوە بەڕزگاری هەموو ئینسانەکانەوە.ناوەرکی مارکسیزم ئەم باوەڕەیە کە چینی کرێکار بەبێ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە ناتوانێت کە ئازاد بێت،ئازادی چینی کرێکار لە گروەی لەناوبردنی پێگەی چینایەتی خۆی و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەدایە.لە بۆچونی سیاسی و لە پراکتیکی خەباتکارانەی کۆمۆنیستەکاندا ئەبێت بتوانن بەشی زۆری ئەو خەڵکەی کە بەرژەوەندیەکی ڕاستەوخۆیان لە دەسەڵاتی سەرمایەداریدا نیە لەگەڵ خۆیاندا هاوڕابکەن.ئیوە ئەبێت ئاسۆیەک لەبەردەم کۆمەڵگەدا دانین کە تییدا نەک تەنها ستەم وکۆیلایەتی کرێ بەڵکو هەموو جۆرە هەڵاواردنێک لەناو دەچێت.هەموو جۆرە نایەکسانیەک لەناودەچێت.نایەکسانیە میللی وئاینی و ڕەگەزی و قەومی جێندەری وهیتر وهیتر کە هەر ئێستا لە هەموو جێگایەکی دونیا و بەتایبەتیش لە کۆمەڵگەی ئێراندا بێداد دەکات.چینی کرێکار ئاڵای لەناوبردنی کۆمەڵگەی چینایەتی بەرز دەکاتەوە وهەموان لەم کارەدا سودمەندن .هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی واتە لەناوبردنی هەموو ئەو جیاکاری ونایەکسانیانەی کە دەرهاویشتەی کۆمەڵگەی چینایەتی وپێوستن بۆمانەوەی ئەو.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەبێت بڵێین ڕزگاری چینی کرێکار واتە ڕزگاری کۆمەڵگە.و ئەمە بنەمای سۆسیالیزمە کە ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ ڕزگاری چینی کرێکاردا مێژوی نوێی واقێعی کۆمەڵگە دەست پێدەکات.بەو مانایەی کە ئینسانەکان لە کۆت وبەندی هەتا ئێستای کۆمەڵگەی چینایەتی ڕگار دەبێت و وەک مارکس دەڵێت”کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یان ئینسانیەتی کۆمەڵایەتی بوەوە”جێبەجێ دەبێت.کۆڵگەی چینایەتی بناغەی لەخۆنامۆبونی ئینسانەکانە.ئینسان گەلێک لەبەر ئەوەی کە شوناسی کۆمەڵایەتیان لەناوچوە و یەکسانی و بەرانبەری لەگەڵ ئەوانی تردا نابینن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان ولە هەموو کۆمەڵگە و لە پەیوەندیەکان وکارو کاردانەوەی کۆمەڵایەتیدا خۆیان بەنامۆ دەبینن.هەر لێرەوەەیە کەئاین دێتە ناوەوە.ئەبێت بەڵێنی بەهەشت لە دونیایەکی تردا بە ئینسانەکان بدەیت بۆئەوەی بە دۆزەخی ئەم دونیایە ڕازی ببن.بنەماو جەوهەرو ڕیشەی ئەم دۆزەخە دابەشکردنی ئینسانەکانە بەسەر چینەکاندا.
چینی کرێکار داوای ئەوەناکات کە هەموان دەبێت ببنە کرێکار،خواستی ئەوەیە کە هیچ چینێک بونی نەبێت.چینی کرێکار بەلەناوبردنی سەرمایەداری لە ڕاستیدا بونی چینایەتی خۆشی لەناودەبات.
بەڵام بەداخەوە لەناو زۆرێک لە کۆمۆنیستەکان و یان بانگەشەکارانی کۆمۆنیزم لە سەدەی ڕابردودا ەم ڕوانینە دروست بوو کە هیستاش لەناو هەندێک لە هێزە چەپەکاندا بونی هەیە کە کرێکاری یان پڕۆلیتاری بونی سۆسیالیزم و کۆمۆنیسزم لەگەڵ ئینسانی بوندا بەناکۆک دەبینن.مەیلێک کە پەیوەندی بەنبەریەک وئۆرگانیکی نێوان خەبات لە پێناو ڕزگاری چین وخەبات لەپێناو رزگاری هەموو کۆمەڵگەدا نەبینێت و هەر بەوهۆیەوەیە کە ناوەرکی ئینسانی سۆسیالیزمی قبوڵ ناکات..لەکاتێکدا کە بنەمای کۆمۆنیزم ومارکسیزم هەر ئەمەیە.جەوهەری ڕزگاری بەخشی مارکسیزم و کۆمۆنیزم وئەوەیە کە ئەیەوێت هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات.
هەر ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ لەبەرچاو بگریت.یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرەوڕوە پیسبونی ژینگە و مەترسی لەناوچونی گۆی زەویە.وەڵامی ئەمە سۆسیالیستەکان هەیانە.تەنانەت بیرمەندانی واقیع بینی بۆرژوازیش دان بەو ڕاستیەدا دەنێن کە سۆسیالیزم دەتوانێت ڕیگەچارەی لەناوچونی گۆی زەوی بێت.تەنانەت کەسانێکی وەک ئاغای بیل گیتس بەئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاندوەو ئەوکاتە کەسانێک کە خۆیان بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست ناودەبەن و ڕزگاری ئینسان شتێکی پەیوەندیدار بەخۆیانەوە نازانن.جارێکی تر تەئکید دەکەمەوە کە تەنانەت ئەگەر کەسێک باوەڕی بەوەیە کە تەنها ئەبێت چینی کرێکار ئازاد بکەیت ئەبێت ئەو ڕاستیە ببینێت کە چینی کرێکار بەبێ ئازادی هەموو کۆمەڵگە،ئەوەی کە ئەمڕۆ بە لەسەدا نەوەدو نۆکان ناویان دەبەن ئازاد نەبن و ئەمە مانای ئەوەیە کە چینی کرێکار خەبات بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی دەکات.
ئەوە کە کۆمەڵگەی سۆسیالیستی وکۆمەڵگەیەکی ئینسانیە و شۆڕشی سۆسیالیستی شۆڕشێکی ئینسانیە نیشاندەری قوڵی ڕادیکالیزمی سۆسیالیزمە.لە ڕوانگەی منەوە سۆشیالیزم وئینسانیەت بەتەواوەتی هاوواتان.بەتایبەتی ئەمڕۆ ئەگەر کەسێک قسەلە ئۆمانیزم و ئینسانگەرایی دەکات ناچارە کە سۆسیالیست بێت.هیچ ئۆمانیستێکی جدی ناتوانێت باوەڕی بەوە هەبێت کە لە سەرمایەداریدا ئەتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات. وەک ڕۆژ ڕونە کە ئەبێت سەرمایەداری تێک بشکێنیت،ئەبێت سەرمایەداران لە دەسەڵات بهێنیتە خوارەوە تا بتوانیت ئۆمانیزم بەمانای واقیعی وشەکە واتە ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری ئینسان مەیسەر ببێت.

خەلیل کەیوان:بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی وڵاتی ئێران کە حکومەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست تێیدا باڵادەستە خودی عەمەلی کردنەوەی بەیاننامەی مافی مرۆڤ و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەرەوپیس چون نیە؟وەهەر بەو دەلیلە بەرگری کردن کۆمەڵگەی مەدەنی نابێت ئەرک وئامانجی دەستبەجێ بێت؟

حەمید تەقوایی:ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی سەدەکانی ناوەڕاستی کە پشت بەستوە بەدەسەڵاتی ئیسلام و هەموو بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەناوبردوە.بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەبێت ئێمە بەکۆمەڵگەی مەدەنی ڕازی ببین؟ئامانج و ئاسۆی ئازادی ویەکسانی واقیعی بخەینە لاوە و بەکۆمەڵگەی چینایەتی و کۆیلایەتی کرێ وڕازی ببین بەو هەموو جیاکاری و کارەساتەی کە ئەو هۆکارەکەیەتی؟بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی مەدەنی لە دۆزەخێک کە کۆماری ئیسلامی خولقاندویەتی پێشکەوتوترە بەڵام بە راونینی من ئەوە ڕێگای رزگاری کۆمەڵگە نیە.ڕێک هەر لەبەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دڕندەترین و خراپترین جۆری حکومەتی بۆرژوازی نوێنەرایەتی دەکات ئەبێت بە واڵاترین و ماکزیماڵیستی ترین ئامانجەکانەوە بچینە جەنگیەوە.لەهەمانکاتدا کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەری خۆیدا کۆمەڵێک بزوتنەوەی شکڵ پێداوە کە داوای پێشکەوتوترین و ئینسانی ترین پەیوەندین.بۆنمونە لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ئایندا تەنها داوای سیکۆلاریزم بەس نیە.خەڵک داوای پێچانەوەی دەزگاو دوکانی ئاینن لە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیاندا،لە دەستیوەردان لەژیان و پەیوەندیە کەسی و تایبەتیەکانی خۆیان و لە کەلتور و ئەخلاقیاتدان.ئەمڕۆ ئاین تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە خۆی بەسکۆلار دەزانێت،لە زۆر لایەنەوە هێناوەتە پیشەوە.کێشمەکێش و جیاوازیەکان و شەڕە ئاینیەکان و بەگشتی فەلسفەیەک کە شوناسی ئینسانی بەرجەستە دەکات لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژ ئاوادا جێگای بەرجەستەی پەیداکردوە .لەکاتێکدا کە زیاتر لە چل ساڵە حکومەتی ئیسلامی بوتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵک پەیبەرن بە بنەمای کۆنەپەرستی و دژی مرۆڤانەی ئاین و داوای ڕاماڵینی ئاین بن لە هەموو لایەنەکانی ژیانیاندا.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر بە کۆمەڵگەی مەدەنیش ڕازی ببین،ئێران لەگەڵ هەبونی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا هیچ کاتێک وەک کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانی لێنایەت.لە شۆڕشی مەشروتەوە تا ئەمڕۆ خواستی کۆمەڵگەی مەدەنی باسکراوە بەڵام هیچ کاتێک بەئەنجام نەگەیشتوە و دیکتاتۆر دوای دیکتاتۆرمان هەبوە.هۆکار چیە؟هۆکاری ئەم کارە دەگەڕیتەوە بۆ پێداویستی قازانج هێنەری سەرمایە لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکان لە ڕوی تەکنەلۆجی بەرهەمهێنانەوە.لە بارودۆخێکی وەهادا کۆمەڵگەی سەرمایەداری بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە بازاڕی جیهانیدا بەربەرەکانێ بکات ئەبێت نزم بونی ئاستی تەکنەلۆجی وبەرهەمهێەری کار بەسەپاندنی کۆیلایەتی ترین بارودۆخ بەسەر چینی کرێکاردا قەرەبوو بکاتەوە.ئەبێت قایش لەگەردنی کریکاران توندبکات و بەو ئامانجە ئەبێت هەموو کۆمەڵگە داپۆشێت.لەو لایەنەوە پێویستی بە دیکتاتۆریەت و لەناوبردنی سەرەتایی ترین مافی خەڵکە.بەلەبەرچاو گرتنی ئەو بارودۆخە سەرمایەداری لە کۆمەڵگەیەکی وەکو ئێراندا ناتوانێت کۆمەڵگەی مەدەنی بەمایەک کە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا دەبینین ڕێک بخات.
لەکۆتایدا بەڵگەی سێهەمی من ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە خودی ڕۆژئاواشدا بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە براوەتە ژێر پرسیار.لە فەلسەفەی باوو باڵادەست لە ڕۆژئاوادا کەبە پۆست مۆدێرنیزم ناسراوە.بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەناو دەبرێت .کۆمەڵگەی مەدەنی بەوشێوەیەی کە بۆرژوازی لاوی ڕۆژئاوا لە سەدەی حەڤدەو هەژدەدا مژدەدەری بون،ئەو بنەمایە بوو کە هاوڵاتیان سەربەخۆ لە ئاین ونەتەوەو میللەت یەکسانن.لەڕوی ماف ویاسای هاوڵاتی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.جگەلە جیاوازی چینایەتی جیاوازی تری،لانی کەم بەشێوەی یاسایی و لەفەلسەفە و جیهان بینی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی،بەڕەسمی ناناسرێت.بەڵام ئەمڕۆ بەردەوامی هەمان جیاکاری و دەسەڵاتی چینایەتیە،بۆرژوازی ناچار کردوە کە دوبارە پەنابباتەوە بۆ شوناسی نەتەوەیی و ئاینی ڕەگەزی.جۆرە تیئۆرییەکی مۆزائیکی لە کۆمەڵگاکان بخاتە ڕوو.بەجۆرێک کە گوایە هەر کەس لەسەر بنەمای پێگەی میللی وئاینی وقەومی وجێندەریەکەی مافی جیاوازی هەیە.گوایە هەموو شتێک ڕێژەییە.لەسەر ئەم بنەمایەیە کە “خەڵکی مسوڵمانی ئێران” بە شایستەی کۆماری ئیسلامی دەزانن.و لەو باوەڕەدان نابێت هیچ داوەریەکت لەبارەی کەلتوری ئیسلامیەوە هەبێت چونکە بەبڕوای ئەوان پیوانە یەک نیە بۆ هەڵسەنگاندن.لە دیدگای پۆست مۆدێرنیتیدا هەموو شتێک ڕێژەییە.گفتوگۆی شارستانیەتەکان لێرەوە هاتوە.کۆنەپەرستی دژی ئینسانی لە دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا :بە شارستانیەتیک”دەزانن کە بەلایەنی زۆرەوە ئەبێت گفتوگۆی لەگەڵدا بکرێت! لەکاتێکدا کاتێک لە خەڵکی ئێران خۆیان دەپرسیت هەموو نەفرەت لە حکومەتی ئیسلامی دەکەن و خوازیاری پێشکەوتوترین پەیوەندی و پیوانەی ئەخلاق و کەلتوری و کۆمەڵایەتین.
ئەمڕۆ تەنانەت لە خودی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواو ئەمریکا بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی واتە مافی یەکسانی هاوڵاتی بوون لەبارەی ژنان،ڕەش پێستەکان،پەنابەران،تەنانەت پاش بونە هاوڵاتی و چەند ساڵ ژیان کردن لەو کۆمەڵگایانە-بەکردەوەو تەنانەت لە بابەت گەلێکدا بە ڕەسمی و یاسای لەناو چوەو پیشێل کراوە.
کەوایە بەو شێوەیە نیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وەفادار ماوەتەوە بەرانبەر بە بیرۆکە شۆشگێڕانەکەی سەدەی هەژدەهەم.بەتەواوەتی پاشەکشەی کردوە.لایەنێکی تری پرسیارەکەتان ئەوەش بوو کە ئایا مافی مرۆڤ بەس نیە؟بەڕای من لەبارەی ئێرانیشەوە بە هیچ شیوەیەک کافی نیە.لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەم لە بەیان ننامەی مافی مرۆڤدا هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان باس نەکراوە و سکۆلاریزم یان جیای ئاین لە دەوڵەتیش بە ڕەسمی نەناسراوە.واتە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ وەڵام بە دوو کیشەی بنەڕەتی کۆمەڵگەی ئێران ناداتەوە.بەڵام جیا لەمانەش ئەوەی کە مافی مرۆڤ بۆ ئیران وهەموو کۆمەڵگەکان بەنەگونجاو و ناعەمەلی دەکات ئەو مەسەلە بنەڕەتیەیە کە یەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان هیچ جاگایەکی لە مافی مرۆڤدا نیە. تەنها یەک وشەش لە دژی چەوسانەوە و لە دژی کۆیلایەتی کرێ و لەدژی هەڵاوادنی چینایەتی لە بەییاننامەی مافی مرۆڤدا نابینیت و لەم لایەنەوە مافی مرۆڤیش وەڵامی کێشەکانی خەڵکی ئێرانی کێشکراو بۆژێر هێڵی هەژاری نیە.
بەم هۆکارانە پەنابردن بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی،مافی مرۆڤ،پەڕلەمان و هتد ناتوانێت تەنانەت ڕێگەچارەیەک بێت لەبەرانبەر کیشە دژوارەکانی هەر ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێران.

خەلیل کەیوان:بەم پناسەیەی تۆکردت سەرسومنانێک وپرسیارێکی گەورە دێتە پیشەوە.لە سەدەی ١٨وە تا ئەمڕۆ بانگەشەکارانی کۆمەڵگەی مەدەنی باسیان لەمافی هاوڵاتی بون کردوە.بەڵام ئەمڕۆ ئەبینین کە لە دیموکراسیە ڕۆژئاواییەکاندا کە لەبنەڕەتدا ئەبێت لەهەمان ڕێگاوە بەرەدەام بێت ئەم دیدگایە گۆڕاوە.ئێمە ئاگادارین کە لەگەڵ هەندێک لەپەنابەراندا بە یاسای جیاواز مامەڵە دەکەن.هەروەها کۆمەڵێک مافی کۆمەڵایەتیان لابردوە،لە خزمەتگوزاریە تەندروستی وپەروەردەیەکانیان کەم کردوەتەوە،تەمەنی خانەنیشینیان بەرزکردوەتەوە،مافی دایکانی تەنها یان وەرگرتوەتەوە وبەگشتی زۆرێک لە ئیمکاناتە خزمەتگوزاریەکانی کۆمەڵگەیان وەرگرتوەتەوە.لە ڕاستیدا بۆچی کۆمەڵگەیان پاشکشە پێکردوە؟پرسیارە گەورەکە لێرەدایە.بۆچی بانگەشەکارانی کۆمەلگەی مەدەنی لە دیموکراسی ڕۆژئاوادا بەو شێوەیە بەربونەتە گیانی کۆمەڵگەی مەدەنی؟

حەمید تەقوایی:بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە دەبیت لێرەوە دەست پێبکەین کە مەدەنیەت وکۆمەڵگەی مەدەنی ئاڵای بۆرژوازی تازە پێگەیشتوی ئەوروپا بوو لەبەرانبەر کۆمەڵگەی داخراوی سەدە ناوەڕاستیەکاندا بوو.لەبەنبەر کۆمەڵگەی خانەدان و کۆمەڵگەی فیئودالی.لەو سەردەمەدا ئامانج و ئاڵای مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی لەناوبردنی کۆمەڵگەی دیهاتی،هەڵکەندنی دیهات نیشینەکان لە زەویەکانیان و گلۆربونەوە بەرەو شارەکان وەک هێزی کار فرۆشەکان،لە وتەیەکدا مانا دەدات بەجێگۆڕکێی پەیوەندیە فیئودالیەکان بە پەیوەندیە کاپیتالیستیەکان .مەدەنیەت وەیان شاری بونی کۆمەڵگە پێوستی بەلەناوبردنی کۆمەڵگەی کۆنی سەدەکانی ناوەڕاست بوو کە بە دیهاتەکان بنیات نرابون.شۆڕشی گەورەی فەرەنسا ئەم ئاڵایەی بەرزکردوە و لەو سەردەمەدا خەڵک لە یاسایەکی تردا نەک وەکو خزمەتکار و کەلوپەلی ماڵەکان و لۆردەکان وخانەدانەکان بەڵکو وەک شانیشینەکان و یان هاوڵاتیانی کۆمەڵگە بەڕەسمی ناسران.
ئەڵبەت ئەبێت سەرنج بدەینە ئەو خاڵە گرنگەش کە مافی مەدەنی لە ئاستێکدا کە ئەمڕۆ باسی لێدەکرێت لەو سەردەمەدا باسی لێ نەدەکرا.بۆ نمونە لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا مافەکانی ژنان بەڕەسمی نەناسرابوو.یەکەم جار کە مافی دەنگدان خرابویە ڕوو ژنان لەو مافە بێ بەش بون .تەنانەت لەپەیوەند بە پیاوانیشەوە سەرەتا خاوەندارێتی مەرجی دەنگان بوو.نەک تەنها کاندید بون بەڵکو دەنگدان و هەڵبژاردنیش مەرجەکەی ئەوە بوو کە ئەبێت تۆ خاوەنی موڵکیکت بیت.واتە کرێکاران وزەحمەتکێشانی شاری لەو مافە بێ بەش بون و یا بۆ نمونە مافی پەیوەست بە خۆشگوزەرانی گشتی وەک ئەوەی کەئێوە ئاماژەتان پێدا لەبەشی شۆڕشەکانی بۆرژوازی لە سەدەی ١٨دا باس نەکرابوو بەڵکو پپێ بەپێ و لە ئەنجامی خەباتی کرێکاران و ژناندا بەدەست هاتون.بەتابەت بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کۆمۆنیستەکان دەوری چارەنوس سازیان هەبوو لە بەدەست هێنانی ئەم ئەرکەدا.یەکێک لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی کە مافی ژنانیان بەڕەسمی ناسی یەکێتی سۆڤێتی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو.زۆرێک لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر-دەستبەجێ یا بە ئیلهام وەرگرتن لەو یا لەترسی “مەترسی سور”-و یان دەیان ساڵ پاش ئەو شۆڕشە مافی دەنگدانیان دابە ژنان.وڵاتەکانی بەریتانیا ساڵی ١٩١٨،ئەمەریکاساڵی ١٩٢٠،فەرەنسا تەنها لە دەیەی٤٠ی سەدەی ڕابردودا و سویسرا لە دەیەی ٧٠دا ئەم مافەی بەڕەسمی ناسی.
لەو لایەنەوە کاتێک بە تێگەشتنی ئەمرۆوە مافی مەدەنی،واتە یەکسانی هەموو هاوڵاتیان،مافی دەنگدانی گشتی و یان خزمەتگوزاری گشتی قسەوباس دەکرێت.
نابیت ئەوە لەبیر بکریت کە ئەو ئاڵایە تەنانەت لەدەست بۆرژوازی شۆڕسگێڕی سەدەی ١٨هەمدا نەبوو،ڕیک بزوتنەوەی سۆسیالیستی بوو.و بزوتنەوە و خەباتی ژنان و کرێکاران بوو کە بە ئیلهام لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەو مافانەی هەنگاو بەهەنگاو بەسەر دەوڵەتاندا سەپێندرا.
بەڵام ئەمڕۆ نەک تەنها ئەم دەستکەوتانەی بزوتنەوەی کرێکاری وسۆسیالیستی بەڵکو تەنانەت ئەیانەوێت بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،مانای هاوڵاتی بون و بنچینەی یەک هاوڵاتی و یەک یاسا لەناودەبەن،وەری دەگرنەوە.بۆچی بەو شێوەیە؟لەبەر ئەوەی کە سەرمایەداری بازاڕی ئازاد هەموو کەجیهانی خستوەتە ژیر کۆنترۆڵی خۆیەوە.ئیتر لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەدان و فیئودالی و نیوە فیئودالەکاندا ڕوبەڕو نیە،تا بیەوێت پەرە بە ئاڵای شارنیشینی بدات وبازاڕەکان بکات و بیەوێت وەرزێرەکان بکاتە کرێکار و پەیوەندیەکانی سەرمایەداری لە هەموو دەوڵەتەکاندا دامەزرێنێت.ئیستا هەموو وەرزێرەکان بونەتە کرێکاری کرێ و لەهەموو جێگایەکدا ئێستا پەیوەندیەکانی سەرمایەداری پەرەی گرتوە.لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداری لەسەرتاسەری دونیای ئەمڕۆدا ئیتر ڕیشەی هەموو کێشەکان و نەهامەتیەکانی دونیای ئێمە سەرمایەداریە وئیتر بۆ سەرمایەدارەکان و دەوڵەتەکانیان پێوست نەبوو کە بەناو ئاڵای مەدەنیەت و مافە مەدەنیەکان تەنانەت بەمانای سەدەی ١٨هەمی وشەکە بەرزکەنەوە.چونکە خۆیان دەدرێنە دادگا و ئاماژەی پەنجەکان بەرەو نەزمی سەرمایەداری دەرؤشت.

خەلیل کەیوان:ئیوە باس لە شوناسی هاوبەشی ئینسانی دەکەن.بەڵام زۆرێک شوناسی چینایەتی،میللی،کەلتوری،جێندەری و نەژادی و هتد بەرجەستە دەکەنەوە.لەگەڵ ئەم شوناسە جۆراوجۆرانەدا چۆن دەکرێت کۆمەڵگەیەک کە شوناسی ئینسانی چارەنوس سازو بەرجەستەیە.عەمەلی بکرێتەوە؟کۆمەڵگەی ئینسانی جێگا مەبەستی ئێوە لە ڕوی کەلتوری،لەلایەنی سیاسیەوە و لەلایەنی ئابوریەوە چ تایبەت مەندیەکی هەیە؟

حەمید تەقوایی:پایەی کۆمەڵگەی ئینسانی هەمان لایەنی سێهەمە واتە تایبەتمەندی ئابوری.کلیلەکە لێرەدایە.تۆ ئەگەر چەوسانەوە لەناوبەریت،خاوەندارێتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هەڵوەشێنیتەوە و بەڕێوەبردنی کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بخەیتە بەردەستی هەموو کۆمەڵگە و ئابوری لەسەر بنەمای دابینکردنی پێویستی هەموو خەڵک،و نەک کۆکردنەوەی قازانج،ڕێکبخەیت ئەوکاتە بناغەکانی هەموو هەموو جۆرە هەڵاواردن وجیاکاری ونایەکسانیەک لەناوبردبێت و تەشوێت لە ڕیشەی هەرجۆرە جیاکاریەک دابێت.
ئاشکرایە کە رژێمی سەرمایەداری،هەرچەندیکیش مافی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگرێت،لەسەر تەوەری قازانج هێنانەو لەسەر خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ڕیک نەخراوە و ئەمەش تەنانەت سەرمایەدارانیش نایشارنەوە.بەلایەنی زۆرەوە ئابوری بە مەبەستی قازانج بەوجۆرە پاساو ئەدەن کە چالاکی بۆ بەدەست هێنانی قازانج چەرخەکانی بەرهەم هێنان دەسوڕێنێت وکارو پیشە دروست دەکات و لەگەشەی سەرمایەدا هەموان سودمەند ئەبن.ئەمە ئەفسانەیەکە.نیزامی سەرمایەداری لەگەڵ تەنگژە بونیادیەبەردەوامەکانی و هەژاری وبێکاری وگرانی درێژخایەندا بەرەو ڕوە و بەردەوام.تەنانەت لە قۆناغە کورتەکانی ڕەونەقیشدا،قەڵەشتی چینایەتی و کەلێنی نێوان هەژاری وسەروەت بەردەوام قوڵتر دەبێتەوە.
کەوایە یەکەمین تایبەت مەندی کۆمەڵگەی ئینسانی ئەوەیە کە ئابوری لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە پێوستیەکانی هەموو هاوڵاتیان ڕێکدەخرێت و ئەمەش ن=مەرجی لەناوبردنی چەوساندنەوەی ئینسانە لەلایەن ئینسانەوە.
لەلایەنی کەلتوریەوە کۆمەڵگەی سۆسیالیستی کۆمەڵگەیەکە کە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش و جیهان داگری ئینسانەکان بنیات نراوە.واتە تێیدا هەواڵێک چەقبەستوی و تابۆکان وپیرۆزیە ئاینی ونەتەوەیی وڕەگەزی و جێندەری و میللی-نیشتیمانی و شوناس داتاشینی میللی ئاینی نەتەوەیت نیە بەڵکو بارودۆخێکت دروست کردوە کە هەرکەسێک بتوانێت لە ژێر داروپەردوی ئەم شاوناسە داتاشراوانەدا ڕزگاری ببێت و بگەرێتەوە بۆ هەمان شوناسی هاوبەش و کۆمەڵایەتی خۆی،هەمان ئینسانیەتی کۆمەڵایەتی بوی جێ مەبەستی مارکس،ئیتر کەسێک خاوەن کار نیەو کەسێک کرێکار و ئەوی تر ژنی ماڵەوە کە کاری ناوماڵەکەی لەبەرچاو نەگیرێت و یەکێک بەهائی و یەکێک ڕەش پێست و یەکێ کرێکاری پەنابەرو هتد وهتد نیە.لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا،تەنانەت لە پێشکەوتوترینەکانیاندا،لەسەر بنەمای هەموو ئەوانە بەکردەوە،و لە زۆر بابەتدا بەڕەسمی ویاسایی،هەڵاواردن و نایەکسانی هەیە.
ئەگەر ئیوە دابینکردنی پێداویستی ئینسانەکان بکەنە ئامانج و ئەمە دیاری بکەیت ئەوکاتە خەڵک ئەو بوارو و توانایەیان ئەبێت کە خۆیان وەک ئینسانی یەکسان لەگەڵ ئەوانیتردا سەیربکەن و کاتێک هەڵاواردنی چینایەتی نەبێت میللی ئاینی و ڕەگەزی و جێندەریش کە دەرهاویشتەی ئەون هەروەها دەسڕرێتەوە.نەک تەنها لە ئاستی کۆمەڵگەیەکدا بەڵکو لەمەودای جیهانیدا.هەر ئەمڕۆ دەبینن کە لە سۆسیال میدیادا چۆن خەڵکی جیهان هاوخەمی یەک دەکەن،چۆن لەپەنایەکدا دەوەستن.بۆ نمونە لەدژی سزای لە سێدارەدانی نەوید ئەفکاری ملیارەها ئینسان لە جیهاندا لە میدیا کۆمەڵایەتیەکانەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی.
سەرئەنجام لەلایەنی سیاسیەوە کۆمەڵگەی ئینسانی و یا سۆسیالیستی دەوڵەتی سەرو خەڵکی دەخاتە لاوە.
لە هەموو کۆمەڵگا چینایەتیەکاندا نەک تەنها سەرمایەداری،هەر لەسەرەتای دروست بونی چینایەتیەوە هەتا ئەمڕۆ،دەوڵەت لەدەست چینی خاوەن هۆیەکانی بەرهەم هێناندا بوە؛لەدەستی چینی چەوسێنەردا بووە و وەک ئۆرگانێکی سەرکوتگەر لە خزمەتی چینی دەسەڵاتداردا کاری کردوە.دەوڵەت لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا ناتوانێت ئەو تایبەت مەندیەی هەبێت. لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا دەوڵەت دامەزراوەی سەرکوت لە خزمەتی هیچ چینێکدا نیە بەڵکو ئۆرگانئ بەڕیوەبردنی ئیدارەی کۆمەڵگەیە بە بەشداری و دەخالەت و ئیرادەی هەموو خەڵکە.کۆمەڵگەی سۆسیالیستی لە لەلایەنی سیاسیەوە لەسەر بنەمای کارو ئیرادەی جەماوەری خەڵک لە شوراکاندا دامەزراوە.نیزامی سۆسیالیستی نیزامێکی شوراییە و بۆیەکەمین جار لە مێژودا لە شێوەی ئەرکێکی سیاسیدا پاراستنی دەسەڵات لەلایەن کەمینەیەک بەسەر کۆمەڵگەدا دەر ئەهێنێت و ئەیکاتە کاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
کەوایە لەلایەنی سیاسیشەوە تەنها کۆمەڵگەی سۆسیالیستی،کۆمەڵگەیەک کەلەسەر بنەمای شوراکان بەڕێوە دەچێت،دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی ئینسانی بێت.
ئەم سێ تایبەت مەندیە ئابوی و کەلتوری و سیاسیە کە ڕونم کردەوە ئەڵبەتە بەتاوەتی بەیەوەک پەیوەندیدارن و مەیسەر بونی یەکێکیان بەبێ ئەوانی تر ئیمکانی نیە.هەر بەو شێوەی کەوتم پایەی تەواوی ئەوانە لەناوبردنی چەوسانەوە وڕزگاری ئابوری ئینسانەکان لە کۆت وبەندی کۆمەڵگەی چینایەتیە.
نیشانەی ئامانج و ئیستراتیجی کۆمۆنیستەکان بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی لەو شیوەیە.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ئەم ئامانجە دەجەنگێت و ئیمە بیردەکەینەوە کە کۆمەڵگەی ئێران بە هەلومەرجکی ئاواوە دەتوانیت ڕوزساری ئازادی ویەکسانی وخۆشگوزەرانی ببینێت.

٢٨\٤\٢٠٢١
وەرگێڕانی کاوە عومەر




مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەست و وانەبێژەکان لە قەزای شامیە

سەرکەوتن بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەست و وانەبێژەکانە، و بەتوندیش سەرکۆنەی سەرکوتە خوێناویەکانی حکومەت دەکەین.

دە ڕۆژە شەپۆلێکی نوێی مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوە و ناڕەزەیەتی کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەست وەڕێکەوتووە، بە دەستپێشکەری کرێکارانی ژینگەپارێزی شارەوانی قەزای شامیە لە پارێزگای دیوانیەی ناوەڕاستی عێڕاق، کە خوازیاری بەرزکردنەوەی کرێ و تەرخانکردنی دارایین بۆ بڕیاری (٣١٥)ی حکومەت و جێبەجێکردنی. ئەم خەباتە کرێکاریە بەخێرایی سەریکێشا بۆ فەرمانگەی ئاو لەو شارە و بۆ زۆرێک لە قەزا و ناحیەکان و بۆ ناوەندی پارێزگای دیوانیەش.
هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا، شارەکانی نەجەف و حلە و کوت و ناسڕیە و بەسڕەش ناڕەزایەتیان بەخۆیانەوە بینی لەلایەن کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەستی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی، ئاو، کارەبا و تەندروستی، کە خوازیاری جێبەجێکردنی هەمان بڕیار و دژی بڕینی موچەی کرێکاران و کارمەندان بوون.
کرێکارن لەم شەپۆلە تازەیە لە خەباتیاندا، ئامڕازی خەباتی هەرە کاریگەری خۆیان، مانگرتن لە کاریان بەکارهێنا، کە بە ڕوونی بایەخ و کاریگەری ئەم توێژەی لە کرێکاران لەسەر کۆی خزمەتگوزاری ڕۆژانە دەرخست. لە ماوەی ئەم کردە خەباتکارانەیەدا کرێکارانی مانگرتوو ڕووبەڕووی چەندین ئەرک و چەڵێنجی جۆراوجۆر بوونەوە و تا ئێستاش هەر ڕووبەڕوویانە، وەک بەڕێوەبردنی مانگرتنەکە و پاراستنی یەکڕیزی کرێکاران و بەدەستهێنانی ڕای گشتی و پاڵپشتی دانیشتوانی شارەکان بۆ مەسەلەکەیان و خواستەکانیان.
ڕۆژی پێنج شەممە (٢-٥-٢٠٢١) لە بەغدای پایتەخت، کرێکاران و کارمەندانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانەکار و وانەبێژانی خۆبەخەش، خۆپێشاندانێکیان ئەنجامدا لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دارایی، کە لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حکومەت و لە گشت پارێزگاکانەوە بۆی هاتبوون، وە خوازیاری جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٣١٥) بوون. هێزەکانی ئاسایشی حکومەت هەڵسان بە گولـلە بارانکردنی خۆپێشاندەران و ژمارەیەکی لێ بریندارکردن.
چەندین ساڵە کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار لە کەرتەکانی کارەبا، ئاو، تەندروستی و هەروەها دامەزراوە خزمەتگوزاریەکانی حکومەت، دەستلەکار دەکێشنەوە و خۆپێشاندان دەکەن بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان، بۆ دامەرزراندنی هەمیشەیی و گۆڕینی کرێکارانی ڕۆژانەکار بە کرێکاری گرێبەست. ئەمە و زیاتر لە ساڵ و نیوێکیشە لە بەغدا و پارێزگاکانی تردا، ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی ئەندازیارانی بێکار بەردەوامە لەگەڵ خۆپێشاندانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵا و وانەبێژانی خۆبەخش و کارمەند و کرێکارانی گرێبەست.
لە هەرێمی کوردستانیش، لە چەند ساڵی ڕابردوووەوە، هەر ماوەناماوەیەک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان بەڕێوەدەچێت، بەدژی پێنەدانی موچەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هەروەها خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەشیان لە کانونی یەکەمی (٢٠٢٠)دا لە پارێزگای سلێمانی بووبە ڕاپەڕیننێک و تیایدا چەندین خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزەکانی ئاساییشی سەر بەدەسەڵاتدارانی هەرێمەکە کورژران.
ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریانەی ئێستا، لە جەرگەی پەرەسەندنی خۆپێشاندانە جەماوەریەکانی شەوانەی زۆرێک لە گەڕەک و ناوچەکانی بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارودا بەڕێوەدەچێت، دژ بە خراپی خزمەتگوزاریەکان و دەرەنجامەکانی کارەساتی کوڕۆنا و بێکاری و هەژاری و گوزەرانی پڕ لە کوێرەوەری داسەپاو بەسەر زوربەی هاوڵاتیاندا. ئەم ناڕەزایەتیە لۆکاڵیانە پەرەسەندنێکی جۆرایەتی پێکدەهێنن لە خەباتی سیاسی جەماوەریدا دژ بە دەسەڵاتداران و بەردەوامی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر)ن، بەڵام ئەمجارە نەک لە گۆڕەپانەکان، بەڵکو لە گەڕەکان و لە شوێنەکانی شاردا کە خۆپێشاندەران دروشمی ڕۆیشتنی ڕژێمی سیاسیش بەرزدەکەنەوە.
خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکارانی کچ و کوڕ لە ماوەی زیاتر لە دەیەێک لە عێڕاقدا خەریکە بە هەنگاوی پتەو وە بە ئاڕاستەیەکی ڕوولەسەر دەچێتەپێشەوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات درێژکراوەی ئەم هەوڵوتەقەلا و خەباتەیە.
ئەرکی هەرە بە پەلە و پێویست لەبەردەم کرێکاران و زەحمەتکێشان و کچان و کوڕانی بێکاردا لە ئێستادا پایەڕێژی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەریە بۆ کرێکاران و یەکخستنی ڕیزی خەباتی ئێستایانە لە چوارچێوەیدا بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەسەراسەری وڵاتدا. سەرکەوتنی خەباتی کرێکاری جەماوەریانەی ئێستا، زەحمەتە بەبێ یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان و دامەزراندنی ڕێکخراوە و سەندیکا و تۆڕە کرێکاریە جەماوەریە سەربەخۆکان لەسەراسەری وڵاتدا، کە سەربەخۆیی چینایەتی و سیاسی بۆ کرێکاران دەستەبەر دەکەن.
هەر سەرکەوتنێک کە بزوتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بەدەستی بهێنێت لە هێنانەدی خواستەکان و داسەپاندنیدا بەسەر دەسەڵاتداراندا، ئەوە هەنگاوێکی بەرەوپێشە لە جەنگی چینایەتی کرێکاران و پتەوکردنی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیاندا، ئەم دەستکەوتە نەک هەر بۆ کرێکاران دەبێتە باشترکردنی ئاستی گوزەانیان، بەڵکو دەشبێتە توخمێک بۆ توندوتیژکردنەوە و ئاڵۆزکاوی قەیرانی ئەم ڕژێمە سیاسیەی ئێستا، وە بەم پێیە دەبێتە سرەواندی کوتەکێکیش لەسەراپای ئەم ڕژێمە، لە گەندەڵیەکانی و لە سیاسەتەکانی خەرجکردنی دارایی گشتی لە پڕۆژە سیاسی و سەربازیە سەرکوتگەرەکانی.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، تاوانی کوشتنی خۆپێشاندەرێک لە ناسڕیە و بریندارکردنی ژمارەیەک لە وانەبێژان لە بەغدا، بەتوندی سەرکۆنە دەکات، کە هێزەکانی ئاسایشی حکومەت ئەنجامیداون. هەروەها سەرکوتگەری ئەو هێزانەش لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکاندا سەرکۆنە دەکات، وە حکومەت بە بەرپرس دادەنێت لە دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، بەوانەشەوە کە لە پشتیەوە وەستاون.
هەروەها ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی هاوپشتی کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار و وانەبێژان و ئەوانەشە خۆبەخش کاردەکەن، وە شانبەشانیشیان خەبات دەکات بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستەکانیان. وە هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی ئازادی و خۆشگوزەرانی جەماوەر لە عێڕاقدا بانگەواز دەکات بۆ هاوپشتیکردن لەگەڵ کرێکارانی مانگرتوو و ناڕازی بۆ هێنانەدی خواستەکانیان.
هەروەها سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان لە جیهان و حزب و ڕێکخراوە چەپەکان و هەموو لایەنگران لە مافەکانی کرێکار بانگەواز دەکات بۆ هاوپشتیکردنی چینی کرێکاری عێڕاق و خەباتەکەی، و سەرکۆنەکردنی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەڵسانیان بە سەرکوتی خۆپێشاندەران و نەهاتن بەدەم خواستە ڕەواکانی کرێکاران و کارمەندان و وانەبێژانی خۆبەخشەوە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٤-٥-٢٠٢١




جنێودان وتەشهیرو ناوزڕاندن، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە!.. تاهیر عیسا

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی پسپۆڕی دەرونی و مامۆستای زانکۆ لە حەفتەی ڕابردووداو لە لێدوانێکدا بۆ زۆربەی سایدو دەزگا میدیا
کوردیەکان، ڕایگەیاند، لەبەرانبەر ئەو قسە نەشیاوانەی بەرانبەر خۆم و پلەی زانستی و خێزانەکەم کردویەتی بڕیارمداوە سکاڵای یاسایی دژی مامۆستا هەڵۆ مامۆستای ئاینی تۆمار بکەم لەکاتێکدا ئەو مامۆستایە لەناو مزگەوت ئەو کارەی
بەرانبەر من کردووە.
باسی لەوەشکردووە، بەهۆی ئەو بۆچوونانەی لە ڕابردوو لە ئیستاشدا لەسەر دینی ئیسلام و دینداری هەیبووە زۆر جار بە “مەلا کەریم بانگی کراوە”.
هەروەها، لەدرێژەی سکاڵاکەیدا دەڵێت، پێشتر مامۆستا هەڵۆ لە وتارێکی ڕۆژانەی لەناو مزگەوت باسی لەوە کرد کە گوایە د.کەریم شەریف قەرەچەتانی باسی لە ئایەتێکی سورەتی کەهف کردووەو کە دەڵێت “هەرکەس دەیەوێت با باوەڕبهێنێت هەرکەسیش دەیەوێت با کافر بێت” بەڵام ئایەتەکەی تەواو نەکردووەو باسی لەوەنەکردووە کە ئەوانەی کافرن سزای ئاگر چاوەڕوانیان دەکات و ئەوەشی بە هاندان داناوەو بۆ ئەوەش ڕەخنەی توندی گرتووەو بە “تڕۆفیسۆر” و “فڵتەفڵت” ناوی دەبات.
بەڵام دکتۆر شەریف،ئەمڕۆ لێدوانێکی دیکەی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، سکاڵا لەدژی مەلاهەڵۆ، تۆمار ناکات.چونکە گوایا، مەلاهەڵۆ پەیوەندی پێووەکردووەو پێی گووتوە، کە ڤیدیۆیەکە کۆن بووەو دەستکاری کراوەو مەبەستی لەمامۆستاشەریف، نەبووە، بەڵام لەڕاستیدا، مەلاهەڵۆ درۆ دەکات و مامۆستا شەریفیش، دەزانێت کە مەلاهەڵۆ، ڕاست ناکات، بەڵام مادام تەلەفۆنی بۆکردووە و بەمجۆرە عوزری بۆهێناوەتەوە، ئەمیش سکاڵاکەی کشاندۆتەوە، دەنا لەڕاستیدا وەک لەڕاگەیاندنی سکاڵای مامۆستا شەریفدا، هاتوە، تەشهیرو قسە نەشیاوەکانی هەڵۆ بۆ مامۆستا شەریف، بەڕۆشنی باسکراوە، بەڵام بەهەرحاڵ، ئەوەی من دەمەوێت و مەبەستمە، لەپەڕاوێزی ئەم لێدوانانەدا، شتێک بنووسم ئەوەیە، کە من نازانم مامۆستا شەریف خۆی دەیزانێت و باسی ناکات، یان هەر نایزانێت، کە هۆکارەکانی پشتی ئەم جنێوو قسە نەشیاوانەی مەلاهەڵۆمان بۆڕوونکاتەوە؟!
خۆ ئەگەر دەیزانێت و پێمان ناڵێت، ئەوا بەڕای خۆم، کەمتەرخەمەو گۆشەیەکی گرنگی ئەم بابەتەی جنێوو قسەی ناشیرین و تەوهین وحیقدو قینی ئەم جەمعە لە ئایینزاو مەلاکانی پشتگوێ خستووە، کە بەجۆرێکی بەرفراوان، لەئاستی سایکۆلۆجیای گشتی کۆمەڵگاشدا کاریگەری داناوەو دواجاریش، پەیوەست دەبێتەوە بە پسپۆڕیەکەی مامۆستا شەریفەوە.
لەکوردەواریدا، پەندێکی زۆر باو هەیە، کە دەڵێت، گەورە ئاو دەڕێژێت و بچوکیش پێی تێوەردەدات!
واتە مەلاهەڵۆ و هاوپیشەو هاو فکرەکانی، پێ لەئاوێک وەردەدەن، کەلەبنەڕەتەوە، لەلایەن، ئایینەکەیانەوە بۆیان ڕژێندراوە!
ئەو نەفەسەی مەلاهەڵۆکان، قسەی پێدەکەن و لێدوانی پێدەدەن، لە تێکست و دەقە بنەڕەتیەکانی قوڕئانەکەیانەوە، وەرگیراوە.
زمانێک کە لەزۆر جێگادا، بەناوی اللەوە لە دەقی جۆراوجۆردا بەیانکراوە، ئەمڕۆکە لەناو فەرهەنگ ومۆڕاڵی ئینسانیماندا، بەمامۆستای بەڕێزیشەوە، قابیلی قبوڵ نییەو مایەی لێسڵەمینەوەیەو بەکارهێنانیان کە بۆ مەلاهەڵۆکان وهاوشێوەکانیان ئاساییەو بۆتە بەشێک لەفەرهەنگ وئەخلاقیان، سەرچاوەکەی ئەم دەقانەن کە لەخوارەوەدا ڕیزیان دەکەم:-
یا ایها الذین امنوا انما المشركون نجس فلا یقربوا المسجد الحرام بعد عامهم…التوبة/28
واتە ئەی باوەڕداران موشریکەکان گڵاوو پیسن بانزیک کەعبەی پیرۆز نەکەونەوە بۆ هیچ عیبادەتێک، (کە دیارە ئەوانیش حەج وعیبادەتی خۆیان کردووە و هاوشانی محەمەدو هاوەڵەکانی بڕوایان بەپەرستنی بەردە ڕەشەکەی کەعبە هەبووە، بەڵام باوەڕیان بەمحەمەد وەک پێغەمبەر نەبووە، بۆیە پێیان گووتون گڵاوو پیس، واتە سەگ وبەراز…)
أَم تَحسَبُ أَنَّ أَكثَرَهُم يَسمَعونَ أَو يَعقِلونَ ۚ إِن هُم إِلّا كَالأَنعامِ ۖ بَل هُم أَضَلُّ سَبيلًا..الفرقان/44
ئایا واده‌زانیت زۆربه‌ی ئه‌وانه ڕاستیه‌کان ده‌بیستن، یان بیرو هۆشیان ده‌خه‌نه کار؟ ئه‌وانه جگە لەمەڕوماڵات هیچی تر نین، به‌ڵکو گومڕاتریشن له مەڕوماڵات.
مامۆستاشەریف، باش نییە، مەلاهەڵۆ بەمەڕو ماڵاتی نەچواندووی، دەبێت شوکرانە بژێربیت؟!
قُلْ هَلْ أُنَبِّئُكُم بِشَرٍّ مِّن ذَٰلِكَ مَثُوبَةً عِندَ اللَّهِ ۚ مَن لَّعَنَهُ اللَّهُ وَغَضِبَ عَلَيْهِ وَجَعَلَ مِنْهُمُ الْقِرَدَةَ وَالْخَنَازِيرَ وَعَبَدَ الطَّاغُوتَ ۚ أُولَئِكَ شَرٌّ مَّكَانًا وَأَضَلُّ عَن سَوَاءِ السَّبِيلِ
پێیان بڵێ: ئایا هه‌واڵتان بده‌مێ به کردارێک که تۆڵه‌که‌ی لای خوا خراپتره له تۆڵه‌ی له‌که‌دارکردنی موسڵمانان، ئه‌وه‌ش کرداری ئه‌و که‌سه‌یه که خوا نه‌فرینی لێکردوه و جامی خه‌شم و ڕقی خۆی ڕژاندووه به‌سه‌ریداو هه‌ندێکیشی کردن به مه‌یمون و هه‌ندێکیشیان به به‌راز و هه‌ندێکیانیشی کرده تاغوت په‌رست و بت په‌رست، (مەبەستی لە جووەکانە)؟! ئا ئه‌وانه خراپترین جێگه و ڕێگه‌یان هه‌یه و گومڕاترین که‌سن له ڕێبازی ڕاست و دروست.المائدة/60
وَلَوْ شِئْنَا لَرَفَعْنَاهُ بِهَا وَلَكِنَّهُ أَخْلَدَ إِلَى الْأَرْضِ وَاتَّبَعَ هَوَاهُ ۚ فَمَثَلُهُ كَمَثَلِ الْكَلْبِ إِن تَحْمِلْ عَلَيْهِ يَلْهَثْ أَوْ تَتْرُكْهُ يَلْهَث ۚ ذَّٰلِكَ مَثَلُ الْقَوْمِ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا ۚ فَاقْصُصِ الْقَصَصَ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ
خۆ ئه‌گه‌ر بمانویستایه به‌رزمان ده‌کرده‌وه‌(واتە سەرباری ئەوەی خوا خۆی ویستی بووە کە وابێت، کەچی دواتریش دیقەت بدەن، چۆن جننێوو تەوهین وتەشهیر دەکات)، به‌ڵام ئه‌و خۆی چه‌سپان به‌زه‌ویه‌وه شوێنی ئاره‌زووی خۆی که‌وت، جا نموونه‌یان وه‌کو نموونه‌ی سه‌گ وایه ئه‌گه‌ر ده‌ری بکه‌یت و پیایدا هه‌ڵبشاخێیت هه‌ناسه بڕکێیه‌تی ، یاخود ئه‌گه‌ر وازی لێ بهێنیت ئه‌وه هه‌ر هه‌ناسه بڕکێیه‌تی، ئه‌وه نموونه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه که ئایه‌ته‌کانی ئێمه‌یان به‌درۆ زانیوه و بڕوایان پێی نه‌بووه‌، که‌وابوو ئه‌م جۆره به‌سه‌رهاتانه بگێڕه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕابچڵەکێن و بیربکه‌نه‌وه‌،(لێرەشدا هەر مەبەستی لە جووەکانە، واتە، ئەم ئایینە لەبنەڕەتەوە، هیچ جەدەل وگفت وگۆو پرسیارو گوومانێک هەڵناگرێت و هەرکەسێکیش، پرسیاری هەبوو ڕەتی کردەوە، کەدەقەکان خودایی نین، ئەوا لەڕوانگەی خودای داتاشراوو پێغەمبەرەکەی، وەک سەگ وایە)الاعراف/176

مَثَلُ الَّذينَ حُمِّلُوا التَّوراةَ ثُمَّ لَم يَحمِلوها كَمَثَلِ الحِمارِ يَحمِلُ أَسفارًا ۚ بِئسَ مَثَلُ القَومِ الَّذينَ كَذَّبوا بِآياتِ اللَّهِ ۚ وَاللَّهُ لا يَهدِي القَومَ الظّالِمينَ
وێنه‌ی ئه‌وانه‌ی که باری ته‌وراتیان لێهەڵدراو هەڵیان نەگرت، وه‌ك گوێدرێژێك وان که باره کتێبێکی هه‌ڵگرتبێت، ئای که چه‌نده ناشیرینه وێنه‌و نموونه‌ی ئه‌وانه‌ی که ئایه‌ته‌کانی خوایان به‌درۆ زانیووه و بڕوایان پێی نه‌بوو، بێگومان خوا هیدایه‌ت و ڕێنموویی سته‌مکاران ناکات(لێرەشدا، بەگژ جووەکاندا چۆتەوەو جنێوباران و تەشهیر بارانیان دەکات، (بەڵام لەچەند جێگایەکی دیکەش فەزڵی بەنی ئیسرائیلی داوە، بەسەر هەموو گەلانی دیکەی جیهاندا:- يابني إسرائيل اذكروا نعمتي التي أنعمت عليكم و أني فضَّلتكم على العالمين، 122/البقرة، ئەم پەڕاوە لەکەشکۆڵ نەبێت لەهیچیتر ناچێت، ئەم هەموو جنێودانەو لەچی ئەم هەموو فەزڵدانە بە بەنی ئیسڕائیلت لەچی؟ ). الجمعة/5
وَأَتبَعناهُم في هٰذِهِ الدُّنيا لَعنَةً ۖ وَيَومَ القِيامَةِ هُم مِنَ المَقبوحينَ
هه‌ر له‌م دنیادا نه‌فرین و لەعنەتمان خسته شوێنیان، له ڕۆژی قیامه‌تیشدا ئه‌وانه زۆر ناشیرین و ڕەزاگرانن. القصص/42
وَلَا تُطِعْ كُلَّ حَلَّافٍ مَّهِينٍ. هَمَّازٍ مَّشَّاء بِنَمِيمٍ. مَنَّاعٍ لِّلْخَيْرِ مُعْتَدٍ أَثِيمٍ. عُتُلٍّ بَعْدَ ذَلِكَ زَنِيمٍ، سورة القلم/
ئەوەی لێرەدا شایانی باسە، بڕگەی..
عُتُلٍّ بَعدَ ذٰلِكَ زَنيمٍ،،،ه کە قسەیەکی زۆر نەشیاو و تەشهیر ئامێزو زۆر بازاڕییە، کە لەبەرامبەر، “وەلیدی کوڕی موغیر” دا لەژێر ناوی ئایەتی ئیلاهی، واتە نیشانەی ئیلاهیدا دابەزێندراوە، کە بەمانای
ڕەزاگران و ڕه‌وشت نزم و ناکه‌س به‌چه‌و باوك نادیارو کوڕی زینا، دێت،،، (بەڵام بابزانین بۆچی ئەم تەشهیرات وبێڕێزیەی پێکراوە؟؟) چونکە:-
إِذا تُتلىٰ عَلَيهِ آياتُنا قالَ أَساطيرُ الأَوَّلينَ..واتە کاتێک ئایەتەکانمان بۆدەخوێندەوە دەیگوت ئەوانە لەئەفسانەو ئستوڕەکانی پێشینانن!
(بەڵام بابزانین بەپێی زانیاریە زانستییە بەردەستەکانی جیهانی ئەمڕۆ لەهەمبەر گەردون و فراوانیە بێکۆتاییەکەی، ئەم دەقە چەندە، مایەی پێکەنینە!
واتە ئەوان ئیدیعای ئەوە دەکەن، کە خودای خاوەن ئەم تێکستە، کە جنێو بەوەلیدی کوڕی موغیر دەدات، ئافڕێنەری زەوی و ئاسمانەکانە، ئەو ئاسمانەی بەپێی نوێترین زانیاری، دوورترین ئەستێرە کە لە ئێمەوە هەتا ئێستا دۆزرابێتەوە، 9ملیارو 300 هەزار ساڵی ڕووناکییە، کە ناونرا، “ئیكاروس” بەڵام بابزانین، ساڵێکی ڕووناکی چەندە، دەبێت لەچرکەیەکەوە دەست پێبکەین، واتە یەک چرکەی ڕووناکی 300 هەزار ساڵی ڕووناکییە، کە بەکورتی دەکرێت بەمجۆرەی خوارەوە لێکی بدەینەوە:-
1سەعات=3600 چرکە
1ڕۆژ=86400 چرکە ، واتەتێکڕای خێرایی ڕووناکی لەڕۆژێکدا دەکاتە: 86400×300000=25920000000 واتە زیاتر لە 25 ملیار کیلۆمەتر.
واتە، بۆ بڕینی هەمان ڕێگا، ئێمە لەماوەی 102 ساڵدا، پێویستیمان بە هەمان ئەو ساڕۆخەی چین هەیەکە لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە و دەوترێت سبەینێ دەکەوێتە خوارەوە، کە خێراییەکەی لەسەعاتێکدا، 18 هەزار میلە کە دەکاتە نزیکەی 29 هەزار کیلۆمەتر لەسەعاتێکدا، بەڵام ئەگەر دوورایی ئەو ئەستێرەیەی کە 9 ملیارو 300 هەزار ساڵی ڕووناکی، لەئێمەوە دوورە، بۆ بڕینی هەمان ماوە بەهەمان خێرایی ساڕۆخە چینیەکە، چەند کاتمان پێویستە؟ کە بۆئەم ژمارەیەش، پێویستمان بەڕیز کردنی هێندەسفرە هەیە، کە لەلەژمارەنایەن، کە ئەوەش هێشتا دواخاڵ و دواپنی ئەم گەردونە نییە!).
ئەمەو چەندین ئایەتی دیکەی پڕ لە نەفرین ولەعنەتی دیکە، کە لەبەرامبەر ڕەخنەگران و بیرو بۆچوون وڕای جیاوازی دیکەو ئایینی دیکە وتراوە، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ گیانی مۆڕاڵیانەی ئێمەمانادا ناگونجێت و لەگەڵ فەرهەنگی مەدەنیانەو سەردەمیانەی ئەمڕۆدا، سەرلەبەری ناکۆک وناتەبایە!
تێبینی:ناو کەوانەکان، تێبینی وسەرنجەکانی خۆمن.

تاهیر عیسا
/7.5.2021




تۆ لە خەونی مندا.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

دوێنێ شەو خەونێکی خۆشم پێوە بینیت
لە خەونمدا تۆ بوبیتە گوڵی ناو گوڵدانی دڵم


لە خەونما تۆ قوم قوم شەرابی لێوی منت ئەنۆشی
منیش ئۆکسجینی هەناسەتم بە تاسەوە هەڵدەمژی


لە خەونمدا تۆ ماچە بێ کۆتاکانی منت ئەژمارد
منیش تریفەی ڕژاوی لەززەتم کۆ ئەکردەوە


لە خەونمدا تۆ دەستی حەزەکانت خستە ناو مێرگی لەشم
منیش لە دەریای خۆزگەکانما وەک بەلەمێک نغرۆم کردی


لە خەونمدا
تۆ بە پەنجەی میهرەبانی ختوکەی پیاوێتیت دەدام
منیش لەنێو چیمەنی قژتدا بەدوای ژنێتیتا وێڵ بووم


لە خەونما
ئاوی ژنێتی خۆت لەسەر جەستەم دڵۆپ دڵۆپ رژاند
منیش هەستی خۆمم وەک نیگارێک لەسەر رۆحت نەخشاند


لە خەونما
توند توند دەستت گرتم بەرەو بەهەشتی لەشی نەرمت
منیش بەوپەڕی دڵخۆشییەوە ئاگری دۆزەخم لە خۆم ئەتەکاند


لە خەونما
تۆ سەری ئاواتت خستبووە سەر شانی ماندووم
منیش یەک یەک ترپەکانی دڵتم ئەنووسییەوە


لە خەونما
تۆ لە بەهەشتەوە بە راکردن بەرەو ئامێزی من ئەهاتی
منیش لە دوورگەی خەیاڵەوە بەرەو دنیای تۆ ئەپەڕیمەوە


لە خەونما
سەیری یەکترمان ئەکرد، بە موزیکی بێدەنگی یەکمان ئەدواند
بە ماچێ رۆژووی بێدەنگیمان بۆ هەزارانی ماچی تر شکاند


لە خەونما
بەزمانی دەریا قسەمان ئەکرد و شیعرمان بۆ شەپۆل ئەنووسی
سەحرای لێوەکانمان شەڵاڵ ئەبوون لە تامی لیمۆی بەیەک گەیشتن


لە خەونما
ماچێکت پێ بەخشیم تەڕتر لە باران، سەوزتر لە لە سیمای بەهار
گەرمتر لە پشکۆ و روونتر لە ئاو و رووناکتر لە زەردەخەنەی هەتاو


لە خەونما
تریفەی مانگت ئەخوێندەوە و منیش راڤەی کزەبام بۆ ئەکردیت
بووبیتە ئیلاهەی جوانی و ئەوین، بەتاسەوە کڕنووشم بۆ ئەبردیت

22-12-2016
کەنار رووباری راین




وڕێنە.. سەردار جاف

لە دوێنێوە
شەش ساڵە خۆم ون کردووە
قەڵەم خانەی خوێنم دەخوا
کە لە شيعر ياخی دەبم
نازانم گێژم يا سەرکێش
يا ديدێکی تەمتوماويم
وڕێنەکانم پێ دەگرن
کۆيلەم مەکە
کەمێ کاتم پێ بدەوە
خەسڵەتێکی خۆرسکيم و
لە نێو شارا لە دايک بووم
نها ياخی و
هەنگاوم ئولفەتی دەشت و ڕێ شاخاويم
…………………………………..
وا شێواوم … نازانم چۆن
لە گێژەڵوکی دۆراندۆر قورتارم بێ
هێندە دەڕۆم
زۆر شەکەت و ماندووی ڕێگام
کەچی هێشتان لە جێی خۆمم
بشێ زوو لەم پێکوتەيە
ڕزگارم بێ
تيڤييەکەم پێکردووە و سەيری ناکەم
شنەی گۆرانی وتنمە و
ڕێژنەی فرمێسک هەڵدەڕێژم
پێ دەچێ ئافاتی گێژبوون
بێدارم بێ
………………………………
من دەمەوێ هەموو کار و شتێ بکەم
وام تێ مەگە کە تەمبەڵم
بە مەيلی تۆ بدەم هەوڵم
حەزم بە نێرسيسييەت نييە
بوومە ياخييەکی سەرکێش
دەريايەکی هار و هاج و
من ئامێزی ئاو و سەوڵم
نازانم بۆ ………. !! ؟
دەبەنگێکم لەم دونيايە حاڵی نابم
هەر دوای خاڵ دێمە سەر دێڕ
پاش هەر ڕستەيەکی شێواو
سەرکێشييەکی زۆر دەکەم
هەتا سێ بازەی لۆقمە
بە سەر لاشە و پێست و کەوڵم
………………………………………
کە سۆراغی دۆزينەوەی خۆيشم دەکەم
زەنگی مۆبايل لێ دەدەم
قسە ناکەم
بیرم دەچێ سەعات چەنە
کە سەيری کاتژمێر دەکەم
هەموو سپێدەيەکی ڕوون
زەنگی هۆشياری ڕادەگرم و هەڵناسم
لە نێو جێيا گێرە دەکەم
…………………………………….
پيس و پۆخەڵ و لەوتاوم
تەنها لە ئاکارا نەرمم
بمدۆزنەوە
من لە چ خاڵی گۆی زەويم
دەچمە ئاگردانی تەنوور
کە دەردەچم
هەست بە شۆک بوونی خۆم دەکەم
هيچ بەرز نيم
نە لە ترۆپک و نە لە دامێن
زۆر زۆر نەويم
…………………………………..
شەوی درێژ
لە خەونێکی ئاڵۆسکاوا لوول و گێژم
لە ڕوداوی ڕاستی دەچن
بە هێزەوە
دەست بە ريمۆنتەکە دەنێم
کەچی هەر لە بەر چاومدا
پاترييەکان
سست و لاواز و ملکەچن
دەتوانم خۆ فريو بدەم
مەست مەست ببم
بە بێ ئەوەی بخۆمەوە
لێم تێ بگە وڕێنەی چی
لە عەوداڵی دوێنێدايە و
لە مشتومڕی يەقينە
بۆ وێڵبوونی ڕاستی دەچن
لە سۆراغی راستی دەچن

würges – deutschland
06-05- 2021




تۆی ئەفسوونپۆش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

دائەبڕێم لە شاخی زەمەنی تۆ، لە هاواری..
بەردی بێدەنگی تۆ،
پیانۆی ئاو، گیای خوێن، فریشتەی..
گریانی قەشەنگ، سەمای گوڵبەخشینی سۆمای ئەستێرە!!،
تروسکەی چاوە داگیرساوەکانی شەوی شار، عەداڵ..
لە کاتێکا ڕێبوارێ
پڕ بە باوەش ،،
لاسکە گیای شادومانی هێنا،
شماشالی تریفەی زەریا،
کەوانی مانگ،
حەزی خۆکوشتنێکی خۆش..
لە لایەن دەریاوانێ،
کاتێ گوێی لە فیکەی سوێسکەی سەحەرە!
گەڕانەوە بۆ زومردە ڕژاوەکانی..
بەردەم میحرابی مانگ،،،
نزرگەیەکم بەرێ، ئازیز…
خاوەنەکەی هیچ خواوەندێ نەبێ، !
تەنها خۆت نەبێ..
تۆ لە کۆشکی بارانی خۆتا، مەست بە،،،
من بە باڵە گڕینە بەدنەفرەتەکانمەوە،
تەماشای مەملەکەتە گومڕاکانی مێژوو ئەکەم،
پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگی ئیبلیسەکان ،
چەند زۆرن، چەند قەشەنگیشن!، دڵ نیە..
لە خشتەی نەبەن،،،
لەم ساماڵی مۆری بێهودەییدا!!
چێژ لە گوناح و سزا، چێژ..
لە سێدارەدانی دڵ،،،
لە ژوانی دوور، دابڕان..
لە تەمتومانی ڕوخساری تۆ،
هەوڵەکانم ، لەم مەرگنشینە دوورترە..
لەم هەسارەی دەرچوو لە پنتی ڕۆحە..
بۆ گەیشتنە بە هەورە ئەرخەوانیەکانی دەنگی سازت!
هەرەوەزی نمەیە،،
ئەمڕۆی زومردیمان، ئازیز..
هەرەوەزی وشەی پیرۆزی خۆسوتانە،..
لە تەرزەی فەنا!
چی هاوینێکی بەستەڵەکە،
کە تۆ لەکەنارێکی تری..
چی باهۆزێکی ئەستێراوی توڕەیە..
کە منیش لە دورخەیەکی تری ئەسرینم!
لە تەنیایی دڵا،
چی سەمفۆنیایەکی گڕگرتوە،
ووشە خەونیە ئەرخەوانیەکان،و،،
وو شە گەردونیەکان،،،
ئاهە و ناڵەی ئە و فریشتەباڵسوتاوانەش،
حەسرەتیان بۆ داخستنی دەرگای پۆڵاینی تەمەنە!
پلیکانەیەک ، ئەی دەرگاوانە خۆرپۆشەکەی..
ڕۆژانی ئاڵتوونی سەفەر،
پلیکانەیەک، ئەی سۆفی سەر بەردی حەقیقەت،،،
چەند ناوازەیە زوقمی وەنەوشەیی سەر پەنجەرەی بیرەوەریت،،
چەند عەوداڵە ،،،
نیگایەکی نامۆی دوورە ووڵات،،
وونبێ لە نێو گۆمی جاوت، !
لە نا میهرەبانی کانی بوون،
سەرکەوتن بەسەر چیای…
گەردەلولی خەمی ئەزەل،
گەیشتن بە ترۆپکی قەڵای ..
گەڵا مۆرەکانی بێهودەیی، دڕانی..
بەیداخی ترس،
لە ئاوازێکی نەبیستراوی ..
ئەهریمەنی سەفەرا،،
لە پیتە قەدەغەکراوەکانی ..
نیوە شەوی شیعرێکی چنگ بەخوێنی ڕەشا!
باخەوانی گزنگ،
لەبەردەم هێرشی سوپای ئەستێرە، و..
ڕەوە ئاسکی میحبەت بێتەوە!
مەستبە ، ئازیز، مەستبە شاعیر،
مەست بە هاوڕیی وەریوم،،،
وەک پەلو پۆی ئەو دارسنەوبەرەی..
هاوڕێ شۆڕشگێرەکانی تیا تیرباران کران،،،
بە سەر پێی پیانۆی نمەدا ،،،
سەرئەکەومە باڵەخانەی تۆ لە فرمێسک،
ئەی ئەفسوونپۆش…
کەلەبچەکانی تیشک،
لە چاوانتان،،،
. لەکەلەپچەکا نی سۆزی تۆ ،
ڕزگاری نابێ دڵ..
لە زەریای لێوتا، نەبێ ،نامبینی،،
کۆچێکی تر..
تەنها بۆ بەندەری تەمتومانی ئەڤینت ،،،
شەونخوونی شمشالی ژوانی دوورم..
تەواو نغرۆی کردوە،،،
مەملەکەتی شیعر، زوڵفی تۆ،
لە بازووی غوربەت ئاڵاوە!
گوڵە هەڵاڵەی نەسیمی تۆ!
شیعڕێکی چنگ بە ئازاری میهرەبانە،،
شەن و کەوکردنی گوڵەکانی ڕوناکی،
کاتێ باخەوانی غەزەل ،،
خونچەیەکت لە پروشە نیگا بۆ دێنێ!
سەبەتەیەک لە مۆسیقای نەمری!
ڕژاوەتە زەردەی کەنار،
لە زەردەپەڕی غوربەتا..
وەک هەور، پاکژ بومەتەوە!
زەردەی ڕۆژگارێک،
کەکۆچی دووزەریا بوو..
دوو جەستەی ئاوێزان بە تەم ،
ئەی زەریاوان..
تۆبڵێ فرمێسکی دایکە ڕۆح سوتماکەکان ..
بڕەوێنێتەوە ،،
تێپەڕینی نێو گزنگی پرتەقاڵی ..
ڕەوە سوێسکەکانی بیرەوەری؟ ..
لە چەرخانی فەلەکی ئێستا دەرئەچم
و لە نەیزەکی چاوتا،،،
شەونمەخۆر ئەڕوێنم،،،
ئیتر هەردەم عاشق بە..
تۆ ، ئەی ئەفسوونپۆش..
تا ڕادەی ڕۆحپژان..

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی بەریتانی
John Moore of Ipswich – Moonlit Landscape




دووكتێبی دیكه‌ی (سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی) چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌

دوو كتێبی دیكه‌ی (سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی) كه‌ له‌ شێوه‌ی نامیلكه‌ دانه‌، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. كتێبی یه‌كه‌میان بیبلۆگرافیای چاڵاكییه‌كانی نۆ ساڵی په‌روه‌رده‌ی ڕواندزه‌، كه‌ پێشتر نووسه‌ر به‌رپرسی به‌شی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ بووه‌.

كتێبی دووه‌میشیان، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیعریی درێژه‌ له‌ باره‌ی دژه‌ باویی و شیعری هاوچه‌رخ.

شایه‌نی ئاماژه‌كردنه‌ هه‌ر دوو كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌حمه‌دی خانێ له‌ سۆران چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.




زمانی کوردی و زمانی زانست.. فەرەیدوون سامان

ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر زمانی کوردی لەبەردەم هەرەشەی لەناوچووندایە، چەندان هۆکاری دەرەکی و ناوەخۆش هەن کە هەڕەشە لە زمانەکەمان دەکەن، بۆ هۆکارە دەرەکییەکان ئیتر پێویست بەوە ناکات دووبارە بگەڕێینەوە سەر هەوڵی وڵاتانی نەتەوەی سەردەست لە دژایەتی کردنی زمانی کوردی، بە ھۆی بە سیاسەتکردنی پرسی كەمینەکان لە کوردستاندا وەک پرسگەلی کوردانی ئێزەدی و کاکەیی و فەیلی و شەبەک…هتد، و ھەوڵدان بۆ پتر لاوازکردنی زمانی کوردی و کەمکردنەوەی کاریگەریی جوگرافیای دانیشتوانانی کورد لە عیراقدا بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییە کێشە لە سەرەکاندا، پلانێکی کارا ھەیە بۆ ناساندنیان وەک کەمینیەیکی نەتەوەیی جیاواز لە کورد، بۆ ئەم مەبەستەش حزبی سیاسی ودارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی دەکەن، (بەتایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆڤینی لە ناو تورکیا) دا، بە پلان و بەرنامەی تۆکمە کاری جددی بۆ کراوە، بەڵام داخەکە لەوەدایە هۆکارە ناوخۆییەکان خەریکە دەبنە کێشەیەکی چارەسەرنەبوو کە بە دەستی کورد خۆیەوە برینەکان قوڵتر دەکەنەوە. هەڵبەتە هەبوونی زار و بنزار وهەروەها نەبوونی زمانێکی ستاندارد و هاوبەش بۆ هەموو تاکەکانی کورد لە بەشەکانی کوردستاندا، ئەگەرچی دیاردەیەکی سرووشتی هەموو زمانێکی زیندووە، بەڵام ئەو هەوڵانەی کە دەدڕێن بۆ سەربەخۆ ناساندنی ئەو زارانە و جوداکردنەوەیان لە زمانی دایک، ناتوانرێت نکۆڵی لەو مەترسییە جیددیە بکرێت، وێڕای هەرەشەی زمانە بیانییەکان وخوێندنیان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا وهاوکات پەڕاوێز خستنی زمانی کوردی لەو خوێدنگا ئەهلیانەدا، کە نەوەیەکی نەشارەزای لە زمانی کوردی بەرهەم هێناوە، هەڵبەتە دواتریش لە پاشەرۆژدا ئەنجامەکەی زۆر بە خراپی دەبینین، کە ئەم نەوەیە سۆز و ئینتمای بۆ زمانی نەتەوەکەی خۆی نابێت، بە چاوێکی سووک تەماشای ئاخێوەرانی زمانەکەی خۆی دەکات.

ئەگەرچی زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لە سەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمدا بە تەواویی بچەسپێت. بەڵام هەبوونی زمانی فەرمی لە کوردستان و ناساندنی لەسەر ئاستی عیراقدا دەسکەوتێکی مێژووی گرنگە، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە هێشتا زمانەکەمان روو بەرووی جینۆسایدی فەرهەنگی دەبێتەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانی وەک دەشتی نەینەوا و کەرکوک و خانەقیندا، چونکە زمانی کوردی لەبەردەم حاڵەتی گەورەی دۆخی جیهانگیریی دایە، یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ هەموو هەوڵ و تەقەڵای خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن. دووەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراوی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەوڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لە بەردەم توانستی داهاتن و گەشەکردنی زماندا، لەهەر دوو حاڵەتەکەش جیاواز لە هەموو ئەو کێشانەی کە رووبەڕووی زمانی کوردین، زمان پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەی بەهێز هەیە، کە هەم پێویستییەکانی جیهانی نوێ و قەیرانەکانی بە باشی لێکبداتەوە و بڕواتە ناو کایەکەوە و هەمیش سامانێکی گەورەی زمانی و ئەدەبی کە هەیەتی ئاراستەی جیهانی کەشف نەکراوی خۆی بکات و “بوون”ی زمان و مرۆڤی کورد بۆ خۆی مانیفێست بکات. هەر زمانێک پێکهاتی تایبەت بە خۆی هەیە، پێکهاتێک کە لە مێژووی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی زمانەکان شتێکە حاشای لێناکرێت، راستە کە زمان رەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هێشتاش لە کەشف و دەرکەوتن دایە، بەڵام زمان بەر لە هەر شتێک مێژوویەکە، مێژووی زمانیش پێکهاتە وهەموو ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەریدا هاتووە و لە داهاتووشدا دێت، لێرەدا نە مەبەست زمانی ئەدەبییە (شیعری، چیرۆکی و…) نە زمانی فەلسەفی و زانستی بە مانای پسپۆڕانەی، بەڵکو ئەو زمانەیە کە ئێمە رۆژانە کەڵکی لێوەردەگرین بۆ کاروبار و راپەڕاندنی ئەرکە ئاساییەکانی ژیان.
دەستنیشانکردنی چەندان هۆکاری گشتی کە زمانی کوردییان خستۆتە ژێر هەڕەشە بە پێویست دەزانم ئاماژەیان پێ بکەم:
-نەبوونی قەوارەی فەرمی و سیاسی بۆ بەهادان بە زمان و ئاخیوەرانی.
—شێواندنی پێکهات و فۆرمی سروشتی زمان (بە تایبەتی لە تورکیا و ئێران) کە ئەمە زۆرتر هۆکاری سیاسی- کەلتوورییە کە لە دیسکۆرسی ئایینی زاڵی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێت.
-نامۆبوونی کورد لەگەڵ پێکهات و ماهییەتی زمانەکەی (بە تایبەتی لە ئێران و هەروەها لە تورکیاش، بەڵام هەر کام لە فۆرم و حاڵەتی زاڵی یاسایی و سیاسی ئەو دوو وڵاتە)، چوون هەر کەس یان تاکێک کە بە زمانی گوند وگەڕەکەکەی خۆی قسەی کرد بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سرووشتیترین و سادەترین و لە هەمان کاتدا “بنەڕەتیترین” حاڵەتی فێر بوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچڵە، دەتوانین باسی چەندین حاڵەت لەم چەشنانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە هەر کامەیان بەپێی فەزای سیاسی-ئایینی ئەو وڵاتانە کەلتوورێکی شێوێنەر و داگیرکارییان لە سەر زمانی کوردی دروست کردووە، بەڵام لە باشووردا فەزا و دۆخەکە شتی دیکەیە. لەباشووردا لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەیە، بەڵام زمان کەمترین بایەخی پێدەدرێت، هەم لە ئاستی گشتی و پەروەردەی سەرەتاییدا و هەمیش لە ئاستی باڵا و خوێندنی دوا ناوەندی و زانکۆکانیشدا.
مخابن ئەو زمانە شیرینە کە ناحەزانی گەلەکەمان بە هەموو شێوازێکی شۆڤینیانە دژایەتی دەکەن و هەوڵی لە نێوبردنی دەدەن ئەویش بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بۆ ئاخێوەرانی و لەسەر ئاستەکانی پەروەردە و فێرکردن و چاپەمەنی و رۆژنامەوانی و میدیادا، هەروەها ناساندنی هەندێک لەو دیالێکتە کوردییانە بە زمانی سەربەخۆو بە پلان و بەرنامە کار بۆکردنی .
لە هەرێمی کوردستاندا لە رۆژی 8-3-2017 بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێز یوسف گۆران و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر رەوشی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە زانستییەكان (پزشكی و ئەندازیاری) ئارەزومەندانە بێت.” ئەم بڕیارە چ لە رووی ماهییەتی روانینی وەزارەت بۆ پەروەردە و پلانێکی زمانی و چ لەرووی ئاگاداری لەسەر رۆڵی زمانی دایکی لە فێربوونی زانست و مەعریفەی نوێ، هەڵگری نەزانی گەورە و کەمتەرخەمی ترسناکە.
ئەمڕۆ ئیدی شتێکی سەلمێندراوە کە زمانی دایکی چ رۆڵێکی گرنگ و بنەمایی و تەندروستی لە فێربوون و پەروەردەی نوێدا هەیە، ئێمە تەنانەت زمانی دیکەش لەرێگەی زمانی خۆمان باش فێر دەبین و لێی تێدەگەین واتە کلیل و کڵاورۆژنەی تێگەیشتنی زمانەکانیتر و جیهانیتر هەر لە رێگەی زمانی خۆمانە، هەر چەند ئەم بڕیارەی وەزارەت لەلایەن تاقمێک لە مامۆستایانەوە بە نادروست لێکدرایەوە و لە دژیدا خۆپیشاندانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیش فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دا، بەڵام وەکو لە هەواڵەکاندا لەکاتی خۆیدا بڵاوبوویەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند بووە هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە و وەکو خۆی ماوە. بەهەرحاڵ ئەم حاڵەتە رەهەندی زۆری هەیە و من نامەوێت هەموو لایەنەکانی ئەم کەمتەرخەمی و بێ پلانی و دژایەتییە بۆ زمانی کوردی کە لە پێکهاتێکی فەرمیدا ئەنجام دەدرێت، بخەینە بەر باس، بەڵکو دەمانەوێت بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ئەم بێ پلانی و کەمتەرخەمییەی پەروەردەی زمانیی باس بکەین کە خەریکە لە هەناوی تاک وکۆی ئاخێوەرو تەنانەت هەندێک لە نووسەرانیش رەگئاژۆ دەبێت و بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە لە فێرکردنی هەڵە و بێ پلانی و کەمتەرخەمیدا چ دەستێکی باڵا و بوودجەیەکی قەبە لە کارادایە.
ئەگەرچی ئێمە لە باشووری کوردستان چاوەڕێ بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانیتر بەرهەم بهێنێت، کەچی هەرێم بۆ خۆیشی ناتوانێ ئەوە بکات، ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی زمان و رێزمانییە کە لە کەناڵەکانی میدیا بەتایبەت رادیۆ و تیڤیە ئاسمانییەکان و تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شآرەکان دەبینرێن نیشاندەری ئەو پەروەردە سەقەت و بێ پلانەیە، کە هێشتا بەشێکی خەڵک نازانن بە کوردی بنووسن و لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن! واتە پەرۆشی زمانی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە. وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو رۆشنبیری کەمترین کادیری دڵسۆزی شارەزاو پسپۆری زمانیان تێدایە، یان ئەگەر هەشبن هیچ دەسەڵاتێکی بڕیار بەدەستیان نییە تا رۆڵی کارای خۆیان بگێڕن لە خزمەتکردن بە زمانی کوردیدا.

  • زمانی کوردی لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردراوە، هاوکات لە دەستووری عیراق لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقیشدا لە شووباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی زمانی کوردی لەسەر ئاستی عیراقدا بە فەرمی ناسێنراوە، لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و عیبری پلەی زمانی پێنجەمی وەرگرتووە.
    یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاریی ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار دانیان ناوە بە فەرمیبوونی زمانی کوردی لە سەرانسەری عێراقدا، بە پێچەوانەی دەستوورەکانی پێشوو کە بێدەنگ بوون لەم بارەیەوە یا خود بە شێوەیەکی سنووردار و لە بوارێکی بەرتەسک (وەک خوێندن) و تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەی کوردستاندا دانیان بە زمانی کوردیدا ناوە.
    لەبەر ڕۆشنایی مادەی (٤)ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا ناوەڕۆکی ئەم یاسایە وەک پێویست پراکتیزە نەبووە.
    زمانی کوردی لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەستووریی و یاسایی هەیە وەک زمانی فەرمی دانپێدانراو و، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە هیچ گرفتێکی یاسایی بەدیناکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان سستی و کەمتەرخەمی دەنوێنن لە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی یاساکان. زمان وەک بەشێک لە شوناسی هەر نەتەوەیەک گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکە لە کەلەپووری کەلتووریی نامادیی، کە ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی دەکەنەوە.
    لە یاسای زمانە فەرمییەکان، هیچ میکانیزمێکی تۆکمە و شیاو دانەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم یاسایە و بەدواداچوون و چاودێرییکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.
    زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لە سەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمدا بە تەواویی بچەسپێت.بۆ ئەو مەبەستەش گەرەکە دەزگا ئەکادیمی و زمانناسییەکان سیمینارو کۆنفرانسی زانستی بۆ ببەستن رێگاچارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی زمانی کوردی و کردنی بە زمانێکی زانستی و شارستانیانە.

*فەرەیدوون سامان
سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری




میدیای کوردیی و بەرهەمهێنانی پووچگەرایی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

هەواڵی درۆ لە خۆراکی ئێکسپایەر زیان بەخشترە
ویکهام ئەستیدی

لە کوردستان دوو جۆری سەرەکیی میدیا هەیە، هەردووکیان بەدوو ئاڕاستەی دژ بەیەک و پێچەوانە مرۆڤی کورد دەخزێننە ناو دوورگەی بێزاریی و نائومێدییەوە، میدیایەک هەیە دەیەوێت کوردستان وەک بەهەشتێک پێناسە بکات و هەموو بۆشایی و کەموکوڕییەکان لە بیر خۆی دەباتەوە و هەر جۆرە رەخنەیەکیش بە پیلانی دەرەکیی سەیر دەکات. لە بەرامبەردا میدیایەکی تر هەیە، کار لەسەر رەشبینکردنی هاووڵاتیان دەکات و سەرقاڵی وێنەکێشانێکی دۆزەخییە بۆ کوردستان کە هیچ پەنجەرەیەک نەماوە لێوەی هەناسە بدرێت. ئەم دوو جۆرە روانگەیە هیچکامیان ناتوانن رۆڵی میدیایەکی پرۆفیشناڵ و راستگۆ ببینن، کوردستان نە بەهەشتێکی ئامادەکراوە و نە دۆزەخێکی هەتاهەتاییە، ژیان بەم جۆرە تەوزیف ناکرێت، کاری میدیاییش بەو جۆرە ئەدا ناکرێت. کاری میدیا نییە پێناسەی واقیع بکات بەڵکو ئەو واقیع نیشان دەدات، بەڵام نیشاندان بە ئامانجی سیاسیی و تایبەتیی نا، چوونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە کوردستان لەنیشاندانی واقیع لە رێی میدیایەوە، ئامانج و مەرامەکانی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

میدیای کوردیی بە میدیای دەسەڵات و نەیارەکانییەوە کۆمەڵێک گرفتی ناوەکیی هەیە، نەک لەگەڵ سروشتی پیشەی راگەیاندندا نایەتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک لە دژیەتی، چوونکە ئەم میدیایە بە ناوی رەخنەوە، شمشێربازیی دەکات و بە کەرەستەی جەنگییەوە هاتۆتە مەیدان، رەخنە لەکن ئەم میدیایە نەک مەعریفە و دەرخستنی بۆشاییەکان نییە، بەڵکو چەکێکە بۆ ریسواکردن و هەلاهەلاکردنی بەرامبەر، لێرە رەخنە مانای شمشێر وەشاندن و رووشاندنی کەرامەتی مرۆڤەکانە، بۆیە هەمیشە ئەم میدیایە لە بری ئەوەی بە رەخنە بنیات بنێتەوە، دنیا وێران دەکات. لە کوردستان جۆرێک لە راگەیاندن لە نەشونمادایە هەڵگری کۆمەڵێک گرێوگۆڵی دەروونییە و گرفتارە بە نەخۆشیی سادییەت، چوونکە شادییەکانی خۆی لە ئازارەکانی بەرامبەردا دەبینێتەوە، پێکەنینەکانی خۆی لەسەر هەڵڕژانی فرمێسکی ئەویتر بینا کردووە. راگەیاندنێک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە ژیانی تاکە کەس لەلای وی هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە زۆرترین دەستدرێژیی دەکاتە سەر ژیانی تایبەتی تاکەکان، بە پێچەوانەی شیعرەکەی فریناندۆ باندینی “بەڵام هەموو شتێک گرانبەهایە”، میدیای کوردیی بۆ ئەوەی خۆی گەورە و گران و بایەخدار نیشان بدات دەست دەبات بۆ ریسواکردن و بێ بایەخکردنی هەموو شتێک، ئەگەرچی ئەو شتانە لە خودی خۆیاندا زۆر گرانبەها و بایەخداریش بن.

میدیای کوردیی لەبری جوانکردنی سبەینێ و داهاتوو، هەمیشە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی ناشیرینییەکانی دوێنی و رابردووە، لەبری نیشاندانی ئاسۆیەکی رووناک و گەش، بەردەوام جاڕی تاریکی و داخرانی هەموو دەرگاکانی ئومێد دەدات، ئەم میدیایە لەبری ئەوەی کار لەسەر بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی کورد بکات، بە چەشنی داگیرکەرانی کورد هەموو رێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ پتر تێکشکاندن و داڕووخاندنی ئەم کەسێتییە. میدیایەک ئێستا لە کوردستان کار دەکات لە باتی پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست و قسەکردن بۆ نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو، هەمیشە دیرۆکە تاڵەکان وەک قەوان دەڵێتەوە و لە نێو زەمەنی نەوەکانی رابردوو گیری کردووە و ناتوانێ بێتە دەرەوە. ئەم میدیایە نەک ناتوانێت لەگەڵ زەمەنی تازە و رووداوەکانی رۆژدا وەک ئەوەی هەیە بڕوات، ناچار پەنای بردۆتە بەر گێڕانەوەی حکایەتەکانی دوێنێ و دیسان تەعمیمیان دەکاتەوە بەسەر ئەم ساتەوەختانەشدا. ئەم میدیایە نەک هێز و توانای شیکردنەوەی چەمک و ئەو رووداوانەی نییە لە دەوروپشتی روو دەدەن، ناچار فووی بە شەیپوری جەنگێکی تاکە کەسیدا کردووە و لەناو کورەی گەرمی ئەم میدیایە مافی تاکە کەس و ویژدانی تاکە کەس دەسووتێت و دەتوێتەوە، کەسیش رەخنەیەکی لەم سەرگەردانییە گەورەیە نییە!!.
ئێمە میدیایەکمان هەیە بۆ جوانکردنی خودی خۆی و بیر و ئەندێشە سیاسیی و فەرهەنگییەکەی کار لەسەر نابووتکردنی ئەویتر دەکات، ناچارە لە پێناوی خۆ نواندنێکی فریشتەیی، بەرامبەرەکەی بە ئەهریمەن بکات. میدیایەکمان هەیە بۆ ئەوەی شوورەیی و کەموکوڕییەکانی داپۆشێ، دێت کەموکوڕیی و عەیبەکانی ئەویدی دێنێتە بەر باس، تەنانەت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە سڵ لە داتاشینی تۆمەتی ئاکارییش ناکاتەوە، وەک ئەوەی لە حاڵەتی گۆڤاری “جیهان”دا دەردەکەوێت، وەختێک سەرنووسەری ئەو گۆڤارە ناتوانێت بەرگەی رەخنە بگرێت، ناچارە دەست بۆ ئابڕووی تاکە کەسێک رابکێشێت، ئەگەرچی ئەو تاکە کەسە گەلێک گومانی لەسەرە و زۆر کاری ناپەسەندیشی لە رێی میدیاوە ئەنجامداوە. ئێمە میدیاکمان هەیە دنیا و خودا و پێغەمبەر و فەیلەسووفەکانی داوەتە بەر نەشتەری رەخنە و تەنانەت جنێویان پێدەدات، بەڵام وەختێ رەخنە دێتە سەر خۆی باڵانسی تێکدەچێت، ئاگر دەگرێت و لە پەرچەکرداردا سڵ لە سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە ناکاتەوە و بە جارێک قیامەت هەڵدەستێنێ. ئەم دۆخە، هەمان ئەو دۆخەیە پێش دوو ساڵ و نیوێک “بەختیار عەلی” پێناسەی کردووە، وەختێک دەنووسێت “قۆناغی ئەمڕۆی ئێمە کە لە ئاستی سیاسیدا قۆناغی رەزامەندیی نوخبەیەکی سیاسییە، کە بێ هۆ لە خۆی رازییە، قۆناغی تووڕەبوونی خەڵکانێکیشە تووڕەییان خاڵییە لە ئاسۆ و خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، لە ئاستی رۆشنبیریدا بۆتە ئەو قۆناغەی تێکستەکان و رستەکان و گووتارەکان بە وێڵی وبێ مانا و بێ یاوەر دەسوڕێنەوە، ئەو قۆناغەیە کە پەیامەکان دەڕۆن و هەرگیز ناگەنە وەرگر و گوێگرەکانیان، نووسین لە بۆشاییەکی قووڵ و پوچگەراییەکی بێ ئەندازەوە ئاڵاوە”(1).

میدیای کوردیی بە تایبەت رۆژنامە و گۆڤارەکان لەبەر بێ بابەتی و ئیفلاسیی بیرکردنەوە نەک ناتوانن رەنگێکی جوان بدەن بە ژیان و مانایەک بۆ وجودی مرۆڤی کورد بدۆزنەوە، تەنیا ئەوەیان لە دەست دێت پووچگەرایی و رەشبینیی بەرهەم بهێنن، ئاخر دروستکردنی رەشبینی هەزار جار سووک و ئاسانترە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ مرۆڤ. میدیای کوردیی چوونکە هەمیشە خۆی ناڕەنجێنێت و ئاسان کارەکەی بە دەستەوە دێت، پیشەی راگەیاندنی لە دەسەڵاتی چاودێریکەری گشتییەوە کردووە بە چاودێریکاری تایبەتیی و میکرۆسکۆبی چاودێریی خستۆتە تەنانەت سەر پەیوەندییە خێزانییەکانمان، لە چاوی زەڕبین ئاسایەوە بچووکترین مافی کۆمەڵایەتیمان کە کەس بۆی نییە دەستی تێوەردات سەیر دەکات و کێچێک دەکاتە گایەک و لەولاشەوە رووداوە گەورەکان وەک گەردەلوولێک تێدەپەڕن و چاوی ئەم میدیایە توانای بینینی نییە و هیچیش لێی تێناگات. ئەگەر کەمێک لە هەندێک مانشێت و سەروتار و لیدی رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان وردبینەوە، تاکە راستییەک پێش هەر شتێک لێی تێبگەیت ئەوەیە: تاک ناتوانێت خاوەنی هیچ نهێنییەکی تایبەتی خۆی بێت، تاک هەمیشە موعەرەزە بەوەی مافە تاکە کەسییەکانی لەسەر رووپەڕی رۆژنامەیەک وەک تاوانێک پێ بفرۆشرێتەوە، موعەرەزە بەوەی ممارەسەکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک سکانداڵێک لە گۆڤارێکدا بۆ بڵاو بکرێتەوە.

ئەم تێکەڵوپێکەڵی و سەرگەردانییە مەزنەی بەسەر میدیای کوردیی هاتووە، هەر تاکی رۆژنامەنووس و نووسەرەکان لێی بەرپرس نین، پێش هەر شتێک حکومەت و حزبەکان بەرپرسی سەرەکین، چوون حکومەت هیچ رێوشوێنێکی نییە بۆ پرسینەوە لە سووکایەتی بە مرۆڤی کورد، حکومەت و حزبەکان وەختێ گوشار دەخەنە سەر میدیاکان باسی خۆیان و کارەکتەرەکانیان کرابێت، لەوە بەولاوە مافەکانی تاکەکەس جێگەی بایەخ نەبووە بەلایانەوە، حزبەکان بە جۆرێکی تریش بەرپرسن چوون ئەوان لە پشتی ئەو لافاوە گەورەیەوەن لە رۆژنامە و گۆڤار ئەویش بە ئامانجی شەڕی سیاسیی و تاکە کەسی و دەستەگەریی و..تد. لە واقیعی حاڵیشدا بوونی لەشکرێک رۆژنامەنووس و لێشاوێک لە رۆژنامە و گۆڤار گەواهیدەری ئەو راستییەن، حزب و دەسەڵاتی کوردیی لە کاتێکدا باسی ئیتیکی رۆژنامەنووسی دەکات لە هەمان کاتدا خۆی فاکتەرێکی یارمەتیدەری ئەو بارودۆخەیە و بەشدارە لە بێ بەهاکردنی نووسین و وەرگێڕانی رەخنە لە مەعریفەوە بۆ شەڕە جنێو، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە “ئەوەی نووسرا، ئەو هێڵانە بۆ هەمیشە دەمێننەوە” (2).

پەڕاوێز:
1-رۆژنامەی “هاوڵاتی”، ژمارە “313”، رۆژی 14-2-2007.
2- دەربڕینێکی ژنە رۆماننووسی ئەمەریکی “تۆنی مۆریسۆن”ە.

کۆتایی سێپتامبەری 2009
سوێد – ستۆکهۆڵم




هەولێری تیرۆر یان” دوبەی” بارزانی!.. ئاراس ڕەشید

حوکمڕانی لە ەەولێر لە حوکمڕانی ” ئەشرەف “* دەچێت! ناوی دوبەی لەم ساڵانەی دواییدا، بۆتە سونبولی ئارامی سەرمایەگوزاری لە دنیا. واتە ەەر شوێنێک کە سەرمایەگوزاری زۆرێک لە وڵاتانی دنیای لێکرا، یەکێک لە مەرجە سەرەکی و بنەڕەتیەکان دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و سەروەری یاسایە! بۆ ئەو جێگایە، تاوەکو سەرمایەداران لە گیان و سەروەتی خۆیان دڵنیابن . چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان( مەسعود بارزانی)؛ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەبێت هەولێر بکات بە ” دوبەی”!هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوە، دابینکردنی ئەمن وئاسایش و سەروەری یاسایە لە هەولێر! بەڵام وا پێدەچێت بارزانی و حکومەتەکەی بە شێوەیەکی کە لەو کارە گەیشتبن! بۆیە پێش دابینکردنی مەرجەکانی سەرەوە، هاتوون بیناو تەلار و ڤیللای لە شوشە دروستکراویان سازداوە، تەنانەت” ئاو و کارەبا” ی تەواویشیان بۆ دابین نەکردوە چ جای ئاسایش و سەروەری یاسا! ئەوەتانێ، پیاوانی زێرەڤان، بە ڕۆژی ڕووناک و لە ناوجەرگەی شوێنی فێربوون و پەروەردە زانست، بە تەنیشت هاوەڵە زێرەڤانیەکانیانەوە کە پاراستنی حەرەمی زانکۆیان لە ئەستۆیە، سەردەشت عوسمان “سەردەشت” ی لاوی نوک قەڵەم تیژ و دڵخۆش بە دوا ساڵی خوێندنی و دڵ پراوپڕ لە هیوا، ” سەر سوور ئاساکانی بەعس” بێ منەتانە دەڕفێنن و بەناو ئاسایش وپۆلیس و بازگەکانی پایتەختی کوردستان و دوبەیەکەی بارزانی و کوردستان دەگەیەننە ناوچە بەناو کێشە لە سەرەکانی کوردستان ” موسڵ” و ئەو دڵە گەرمە بۆ دوا ڕۆژ، ئەو وزە گەورە و تروسکەی هیوای کۆمەڵگەیەکی خێر لەخۆنەدیو، سارد دەکەنەوە و دەیکەنە دیاری بۆ ئەوەی سەرۆکمان بیکات بە دوبەی!!

بەڕاستی شەرم هێنەرو قێزەونە، لە کوردستانی خاوەن کارەساتی” بەکر علی ،نەزیر عومەر،رەوف کامیل ،شاپورو قابیل ،دوعا،سۆرانی مامە حەمە، حەمەی حەلاق و…تا دوایینیان کە رەنگە دوایین نەبێت، کاکە سەردەشت” ناوی شارستانیەت و دیموکراسی ومافی مرۆڤ و سەروەری یاسا وهەڵبژاردن و ئازادی ڕۆژنامەو بیرو ڕادەربڕین شتی تر بێنی! بەڵام ، وادیارە دەسەڵاتدارانی کوردستان، تاوەکو ئێستاش هەر وەک ” ئەشرەف” بیر دەکەنەوەو خەڵکی کوردستانیش هەروەک شارەکەی ئەشرەف چاولێدەکەن و بەڕێوەی دەبەن! هەربۆیە بێسڵکردنەوە، ئەشرەف ئاسا حوکم دەکەن و دەکوژن و دەخۆن وگاڵتە بە خەڵک دەکەن! بەڵام، دەبێ دەسەڵتدارانی کوردستان و دوبەی سەرۆک، باش بزانن کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە نمونەی “سەردەشت” چاویان کراوەو زیتە، بیریان ڕۆشن وئاسۆیان ئەوەندە بەڕوونی لێ دیارە، کە نایەڵن ئەم جارە ملهوڕیەکانیان 40 ساڵی وەک حاکمی پێش خۆیان بخایەنێت و تەمەنی ئەو ئەشرەفانەش ناهێڵدرێت ساڵانی زۆر بەردەوام بن! بکوژانی سەردەشت، دڵنیا بن لەوەی، ئەو کارەی ئەوان کردیان لە ” ڕووداوێکی کوشتنی ئاسایی”یەوە بووبە” مەسەلە و قەزیەیەکی کۆمەڵ و هەموو ئینسان دۆست و پێشکەوتوخوازی کوردستان و دنیا.

سەروەری بۆ گیانی پاکی کاکە سەردەشت!
ڕیسوایی و زەبوونی بۆ پیاوکوژان!

ئاراس ڕەشید ٠١ ی مەی ٢٠١٠

  • ئەشرەف: زنجیرە درامایەکە لە تەلەفزیۆنی کەنالی ئاسمانی کوردستان تیڤی یەوە بڵاو کرایەوە،کە بیرۆکەکەی لە برایم زەبۆک ەوە وەرگیراوە.



باج.. پشکۆ ناکام

…..جارێکی تریش بیری تۆزاوی و بۆچوونە نا ئینسانیەکانی ئایین مشت و مڕێکی تازەی خستە ناو خەڵکەوە و ڕیش خەناویی و دەرچوانی حوجرەکەی” قوڕەیش” هەموو پێکەوە کەوتنە قیڕان و زرمە زلێ ونارەزایی، لەسەر چی ؟.. لەسەر ئەوەی نیوەی خاکی هەرێم!! وا لە ژێر ڕکێفی سوپای تورکیا و سیادەتی ئەو کەڵەکە تڕێ یەی ناویان ناوە “قەوارە” کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی رەشی جەندرمەوە ؟ یان لەسەر ئەوەی بە دەیان ملیارد دۆلاری داهات و قوتی خەڵک خەشنۆش کراوە ە کەسیش نوتق ناکا ؟ لەسەر ئەوەی لە هەولێر پێشوازی لە لە کۆنە ئەفسەر و ئیستخباراتەکانی بەعس ئەکرێ..؟ ئاخۆ لەسەر ئەوەی مافی ڕۆژنامە نووس و نووسەران بوە بە “پەشمەک” و دەمێکە لە ناو دەمی دەسەڵاتا تواوەتەوە..؟..لەسەر ئەوەی مووچەخۆران بوون بە یاری دەستی ئەوەی کراسی حکومەتیان پێ لەبەر کردوە ؟ ..لەسەر ئەوەیە ڕۆژانە خەڵک بە چەکی نایاسایی ئینسانیەت و یاسایی بنەماڵە و میلیشیاتەکان ئەکوژرێن..؟ .. نەخێر لەسەر هیچی ئەمانە نین ، لەسەر ئەوەیە ئهنسانێک ، کچێک پێی خۆش بوە سەمایەک لەبەر چاوی خەڵکا بکا هەم وەک ئارەزوویەکی هونەری خۆی کە تەنیا موڵکی خویەتی و هیچ کەس و قودرەتێک بۆی نیە لێ ی زەوت بکا وهەم بۆ خستنە ڕووی توانای خۆی بۆ کۆمەڵگا و خۆبەتاڵ کردنەوە لە مەشەقەت و سەریەشەکانی رۆژانە و هیچی تر..نە ئەرز وێران بوو نە ئاسمان تێک شکا نە ژیانی کەسێکی تر بەوە کەوتە قوڕاوەوە..لەبەرامبەرا ئەوانەی خۆیان بە پێوەری ئەخلاق و ڕەوتی ڕۆژانەی خەڵک ئەزانن کەوتنە لێ یانی قەوانە کۆنە سواوە ژەنگاوییە ئیکسپایەرەکە : چی بوە؟ بێ ئەخلاقی کراوە ، قیامەتە، کۆمەڵگا غەرقی بێ دیانەتی بوە ، جۆن کچێک”رەنگە پیاو بوایە زۆر گرفت نە بوایە،!!” ـ..بەڵێ کچێک ..چۆن کچێک دوور لە بنەماکانی حەدیس و ئینستەگرام و ڤایبەر و ئایاتەکان جورئەتی کرد و لە مانگی رەمەزانا و لەبەر چاوی خەڵک سەمای کرد…!؟ سەما کە یەکێکە لەبەد رەوشتییەکانی ئینسانی عەبدی خوا..جا نەخوازەڵا عەبدەکە كچ بێ..!
…..پێش هەموو شتێ هیچ کەسێک ، هیچ گروپێک ، هیچ دیندارێک بۆی نیە دەست نیشانی پێوەرە ئەخلاقیەکانی تاک و کۆمەڵ بکا لە کاتێکا بۆچوونەکانی ئەوان لەسەر ئەخلاق هەزار و یەک نیشانەی پرسیاریان لەسەرە و لە دیدە فەلسەفییە ئینسانییەکانا زۆربەیان” گەر نەڵێین هەموویان ، سەرتاپا” دژی مافە سروشتییەکانی تاک و کۆمەڵن ، دیدی ئایین یەک غرام مەجالی تیا نیە بۆ مەسەلە ئینسانیەکان و لەسەروویشانەوە مافی تاک لە هەڵبژاردنی ستایل و ئیدارە یانی ژیانی خۆی بە دڵی خۆی و بە کەمالی ئیسراحەت بێ دەست تێوەرانی ئەم یان ئەو ، بێ چاوسوور کردنەوە کە هەنگاوی یەکەمی ڕووەو دیکتاتۆریەت چوونە و بە ئیرهاب کۆتایی یەت…هەموو جۆرە کۆت و بەندێک دژ بە ئینسان قبوڵ کراو نیە دینی بێ یان سیاسی….ئاخر کەسێک چوار ژنی هەبێ رەوشت بەرز بێ و کچێکیش سەما بکا بێ ڕەوشت بێ ئەچێتە کام بڕگەی ئینسان پەروەری ! كەسێک سەما بکا گوناهبار و ئەهلی جەهەنەمە بەڵام کەسێک بە دروشمی “أللە اکبر” ئینسانێک سەر ببڕێ دواپلەی بە ئەخلاق و ئەهلی بەهەشتە..! ژنێک وەک یەکسانییەک بەرامبەر بە پیاو کار بکا و ئەمادە نەبێ وەک سواڵکەرێک لە گەڵ مێردەکەیا بژی بە بێ ئەخلاقی حیساب بکرێ بەڵام پیاوێک ژنەکەی وەک فەرشی لوول کراو لە تۆپێک قوماش بپێچێتوە و جگە لە جێگای نووستن هیچ شتێکی تر کۆیان نەکاتەوە ئەمە لووتکەی بە ئەخلاق بوونە لەو دونیاش لۆجێکی تایبەتیان لە تەنیشت کوپە شەرابەکەوە بۆ دانراوە..!!
….ئینسان بە ئازادی لەدایک ئەبێ وعومریش لەوە کورت ترە بە دەیان کۆسپ و کۆت و تاسەی لاوەکییەوە ببەسرێتەوە ، نابێ ڕێگە بگیرێ لە تام و چێژ کردنی ژیان لە ژێر هەچ ناو و دەمامک و وەهمێک بێ، هونەر لای عەمامە بەسەر و ريش خەناوییەکان وەک کارەبایە و ئەیانگرێ بەڵام چونکە مردن بە کارەبا لە هیچ حەدیس و ئایەتێکا نیە خۆیانی لێ لا ئەیەن ، هونەر بەشێکە لە ژیان و هیچ سەودا و مامەڵەیەک هەڵناگرێ، کێ حەزی لد مزگەوتە فەرموو با بچێ حەز ئەکا چادرێکی لێ دانێ و خەریکی حیجژ کردنی پەنایەک بێ لە بەهەشت ، کەس هەقی نیە ، بەڵام ڕێگە گرین لە خەڵکی تر کە چۆنیان ئەوێ بژین و ” فەتوا”ی دژ دەرکەن ئەچێتە خانەی چەوسانەوە و زۆریان لەسەر ئەکەوێ..گەر کەسێک سەما بکا ببێ بە کافر ئەو بە کافرییەی خۆی ڕازییە و لێی گەڕێن با چێژی لێ ببینێ هەر وەک چۆن کەسێکی تر لەسەر وەهمی ئایین و ئەو دونیا و بەهەشت و جەهەنەم تام لە ژیان وەرئەگرێ ، بەهەماننشێوە ، خۆ ئەگەر سەماکەرێک بە غەڵەت بەر بەهەشت کەوت بۆتان هەیە شکاتی لێ بکەن تا بیگواسنەوە بۆ جەهەنەم ، مولحیدە کافرەکان خۆیان ئەو ستایلەی ژیانیان هەڵبژاردوە ، خۆ ناکرێ بەشەق و ئیرهاب واز لەو ستایلە بێنن ، خۆ بە شەق بێ جیاوازی دیکتاتۆری و فاشیست و ئاین چیە ؟ ئاییبش بۆ دژایەتی خەڵک و مافەکانی تاک پێناسەی خۆی هەیە ، لەدیکتاتۆرییەت پێیان ئەڵێن تێکدەر یان تابوڕی پێنجەم ، فاشیستەکان بە کۆمۆنیست ناویان ئەبەن ، ئایین و پەيڕەوانی قوڕەیشیش بەکافر و مولحید تاوانبارییان ئەکەن ، کە هەر سێ پێناسەکە شەرعیەت دانە بە چەوسانەوەی ئینسان و هیچی تر ، یەکێ بە جلی سەربازی و یەکێکی تر بەجلی مەغاویری و ئەوەی ئەو لاش بە کەوا و سەڵتەوە بۆ ئینسان لە بۆسەیان ” بە جیاوازییەکی گەورە کە لە دیکتاۆریەت و فاشیزما سەما قەدەغە نیە وەک لە ئایینا نەک هەر قەدەغەیە هەر زۆر قەدەغەیە…” ..خۆ لە زیکر و مەراسیمە ئایینیەکا جۆرێک لە سەما ئەبینرێ ، ئەمەیان حەڵاڵە چونکە بە شمشێرەوەیە ، شمشێریش سیمبولی ئایینە بۆ چاوترساننی خەڵک و وەک عەسکەری بەزۆر ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەهەشت ، ئەی کاتێک کەسێک حەزی لە حۆری و شەراب نەبێ ، قوڕی کوێ بکا بەسەر خۆیا..؟نە بۆی هەبێ لەم دونیا تۆزێ بەئارەزووی خۆی سەما بکا و نە لەودونیاس بەئارەزووی خۆی لە کونجێکا ئیسراحەت بکا ئیتر خۆشی ژیان بۆ ئەم داماوە چیە و لە کوێ یە..؟
…هەموو توند و تیژی سەلەفی و عەمامە بەسەر و مێشک موحەجەبەکان بۆ مسۆگەر کردنی بیتاقەیەکی یەک سەری غەیرە مورەجەعە بۆ بەهەشت، بەڵام باجی بەسەر بردنی شەوێک لەگەڵ حۆرییەکا پەنجا دۆلار(یان لیرەی سعودی) و هەر قاپێک شەراب دە دۆلار بێ ، ئاخۆ هیچ کەسێک لەوانەی لە سەما تۆقیوون و خەریکە جەڵتەی سەما لێیان ئایا حەز بە بەهەشت ئەکەن.!؟ بەبێ شک و بە یەقینەوە نەخێر ، چونکە ئەوان بۆیە ئاینیان هەڵبژاردوە تا لە هەردوو دونیا بکەن و بخۆن بە بەلاش….بێ باج




نیو سەدە.. فەرەیدوون سامان

بە گـژ مەحاڵدا چوومەوە
نیو سەدەم
لە تەمەنی بەدبەختی بە ڕێ کرد
خەونی منداڵیم هەر لە بێشکەدا هەڵبزرکا
گەنجێتم خوێنی چۆڕاوی بەرخێکی سەربڕاو بوو
لەبەردەم قوربانگەی نەریت و خورافەدا…
نیو سەدەم لە حەسرەتی زیندان و
داستانی ئاوارەیی بە جێما
نیو سەدە
دەروێشانە لە نێو حەلقەی زیکری عاشقاندا حاڵم گرت
بە نێو کێڵگەی بە مینچێنراوی چەتەکانی سیاسەتدا
تێپەڕیم،
ئەمێستاش تەرمی خەونەکانم
لە کۆڵی خۆم ناوە
بەرەو ونگەیەک رێم گرتووە
خێڵی ریاکاران بەردبارانم دەکەن..




“نانی پیرۆز” لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە کەنەدا نمایش دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە کەنەدا نمایش دەکرێت.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” World Showcase لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” Hot Docs لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت و لەگەڵ فیلمەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەم ڕووداوە سینەماییە گرینگەدا ڕکابەریی دەکات.

ئەم فێستیڤاڵە، جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکارە و براوەی بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان”ی فیلمە نیوە بڵیندەکانی ئەم ڕووداوە سینەماییە، دەچێتە قۆناغی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکارەوە.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

“نانی پیرۆز” کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا نمایشکرابوو؛ لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە وڵاتی کەنەدا، لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە شاری تۆڕێنتۆ نمایش دەکرێت.

فێستیڤاڵی فیلمی “هات داکس” کە گەورەترین و گرینگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە ئەمەریکای باکوور دێتەئەژمار؛ بیست و حەوتەمین خولی بە بەرپرسیارییەتی “کرییستۆفێر مەک دۆناڵد” Christopher McDonald ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی ڕۆژی 29ی ئەپرێلی 2021 دەستی پێکرد و بە نمایشی 219 بەڵگە فیلم لە دەرهێنەرانی 66 وڵاتی جیهان لە چەندین بەش، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلمەکان” و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت” بە هۆی بڵاوبوونەەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاکوو ڕۆژی 9ی مایی 2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا درێژەی دەبێت.

ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە گرینگترین شوێنەکان بۆ بینین و ئاخاوتن سەبارەت بە بەڵگەفیلمە بەرچاوەکانی ساڵی سینەمای دنیا و بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان لە جیهاندا دامەزراوە و هەموو ساڵێک، زیاتر لە 200 فیلم لەم ڕووداوە پڕبایخە سینەماییەدا نمایش دەکرێن و نزیک بە دوو هەزار دیکۆمێنتساز، بەرهەمهێنەر، کڕێار و بڵاوکەرەوەی بەڵگەفیلمە لە سەرتاسەری جیهان تیایدا ئامادەدەبن.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://boxoffice.hotdocs.ca/websales/pages/info.aspx?evtinfo=141686~367cbc04-eb03-453a-90f8-88ca48c4cf79&epguid=9759e3f1-085c-4e15-88c2-e02a8ee1f1d1&

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.




جەستەی پەرتبووی ڕۆژەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بە شەرمەوە خۆر،،
پەردەی ڕەشی پەنجەرەی شەوی لابرد،
زیندوەکان پێش مردوەکان،
چارەنوسی خۆیان،،
بە لێواری شوشەی شکاوی مرۆڤبوونەوە تکا،
کام لمە زەمەنە ،،،
کە نانوسێ وشەی عیشق ؟ ،
کام ئافرەتی ڕەنگ هەڵبزرکاوی…
جەستە وەریوە ..و.. ،
لەسەر ڕۆخی فشەڵی ڕۆح،،
ئەو وشە لمانە کۆناکاتەوە؟

سوتماکی ڕژاوی ڕۆژەکان…
ئەکەمە گۆزەی بەردینی بیرەوەری تۆ،
پەڕەسێلکە خۆڵەمێشیەکانی سەر کەلاکی نیوەڕۆ،،
بەرەو تونێلە تاریکەکانی هەتاو ڕێکەوتن،
پەروانە دڵ،،،
لە مێرگی تەنیاییدا خنکا،
سەربەست نین فریشتەکنی ئەندێشە، لە کاتێکا..
گڕکانی حەز بۆ نەمری ،
خا..م…ۆ….ش ،

شار ژێراوژێری زریانی …
جەستەی پەرتبووی ڕۆژەکانە ،
بای بێهودەیی،
گەڕیدە بێ ڕوخسارەکانی…
نێو تەمتومان دێنێ..
خانوە بیرچوەکانی سەر هەورازی…
گۆڕستانی مرۆڤ، هەڵئەچنێتە..
دارستانی نیوە ڕەش… و..
نیوە ژەهری ئاسمان

جەستەی ڕۆژەکان، کەڵە کەبوو…
لە ئەشکەوتی مێشکی خەوتوەکان،
کەلاوەیە ئەڤیننشینێک …
بۆ ئەو سەربازانەی…
ڕۆحیان لە خاچی درۆ درا !

جادووی بوون، تەونی جاڵجاڵۆکەی..
لە ملی خەوتوەکانی دوێنێدایە ،،،
سۆمای ئەو تەنیایانەش …
لە بریسکەی مەشخەڵی درۆی..
نزرگە خەیاڵیەکان، ڕاماون..
تا بڵێسە بەهارێ،
نێرگزە پەیماندراوەکانی…
خۆشبەختی ڕەها ،
شەختەی سەر دڵیان،،
بتوێنێتەوە،،،
بەڵام هەردی چۆڵی کاکی بە کاکیە،
بیابانی سوتاوە،، ،
ئەودیو دارستانی سپی خەیاڵ،
نە بەهەشتە ئەودیو خەون،….
جگە لە شەپۆڵی پیربووی…
جەستەی ڕۆژەکان،
فیردەوس کوانێ؟!
………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Sussan Mielke )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




گه‌واڵه‌ی ماڵاوایی.. ستار ئه‌حمه‌د

عه‌شقت ختووكه‌ی گیانه‌و.. كۆنه‌ برینی سووتاوه‌.
كه‌ ده‌م له‌ ده‌ریای بیرم ده‌سووم.. خه‌م ده‌مناسێ‌و ناتبینمه‌وه‌
نه‌رمه‌ كڕێوه‌یه‌ك.. هه‌رزه‌ حه‌زێك.. ناخم ده‌جۆشینێ بۆ رووت.
گڕی جه‌رگم سه‌دای هاوارو فیغانی دایكێكی جه‌رگ بڕاوه‌.
له‌ خه‌م وێنه‌ت ده‌كێشم‌و به‌خۆزگه‌ش هۆنراوه‌ت بۆ ده‌هۆنمه‌وه‌.
كه‌ كۆچبارێك له‌به‌ر نیگا زه‌رده‌كانی خۆرا..
له‌ نێو ده‌روازه‌ی برینی سپڵه‌ ساڵا وه‌رز ده‌دوێنێ..
له‌به‌ر نسرمی به‌فرێكی بێ تارای زستانا ,
قوڵنگێ هێلانه‌ی كه‌ساسیم.. له‌ لانه‌ی ده‌روونا ده‌ڕمێنێ.
له‌ شه‌وانی ووشكه‌ وه‌رزا ته‌مه‌ن ده‌بێ به‌ خه‌زان‌و
هیوا مانگی گۆنای تاریكی شه‌و ده‌دره‌وشێنێ.
ئه‌ستێره‌ی به‌ختی شه‌یداییم.. پرچی خۆزگه‌ی داده‌هێنێ
كه‌ پێم ووتی: من شاعیرم‌و شیعریش دڵی تۆ ناناسێ؟
كه‌ ماڵاواییت له‌ ته‌نهایی‌و بێ كه‌سی ئه‌م شاره‌مان كرد..
كێ له‌ رێگای گوڵاو رێژت.. فرمێسكی سۆزی ده‌ڕژان.
كه‌ له‌ ژانی غوربه‌تێكی ده‌روونیا ده‌تناڵان‌و
ده‌سته‌كانت وه‌كو تووله‌ رێگای ئاواره‌كان لێت وه‌ڕس بوو ,
كێ بوو دڵی ده‌كرد به‌ مۆم بۆ پێشوازیت دایده‌گیرسان.
رقم پێنووسه‌و.. هه‌ستیشم لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵبه‌ستی نه‌داره‌.
كه‌ شه‌وێك خه‌ونی تۆ ده‌ڕزێنێ , لانكی رایه‌خیش له‌ بوونت بێزاره‌.
كام سروه‌ له‌ نیگای ئه‌ستێره‌ ده‌ئاڵێ.
كوا كێ یه‌ وه‌كو من بۆ ژانت ده‌ناڵێ؟!
ته‌ماشاكه‌.. ته‌ماشای به‌رواری یادگاریمان.
به‌ڕوانگه‌ی ئاره‌زووی كۆرپه‌ی شادیمان.
وه‌كو هه‌ژاره‌كانی گۆشه‌ی پردێ..
به‌ وێنه‌ی شه‌م ره‌وی خێڵه‌ مه‌رگی گوندنشینان.
كه‌ هه‌وری ساڵانی ته‌نهایی راوده‌نێن..
كێ بۆ تۆ پێسته‌كه‌ی ده‌كاته‌ پێخه‌ف‌و
جگه‌ری بۆ مانت ده‌بێته‌ نیشتمان.

ستار ئه‌حمه‌د




گوتاری شیعری و واتای واتا، لە وەسیەتەکەی سەباح ڕەنجدەردا.. غازی حەسەن

“شیعر تاوێکە، هەمیشە دەدرەوشێتەوە”

غازی حەسەن
ئەمەریکا/ مەنیسۆتا ٢٧ی ئازاری ٢٠٢١

کردەی گوتن
زاناکانی زمانەوانی لەدۆزینەوە لایەنە نەگوتراو و ئاماژەپێ نەکراوەکانی بواری زمانەوانی و شیکردنەوەی دەق بەردەوامن، کردە قسە، یەکێکە لەزانستە کردەییە نوێکانی زمانەوانی، لەنیو زمانی کوردیشدا تازەیە، کە وەکو بەشێک لەپراگماتیک و بەشێکیش لەکردەی بەکارهێنان زمان لەنێو دەق لەدەوروبەرێکی دیاریکراودا تیۆریزەکراوە. کردە قسە لەتەک شیکردنەوەی بەکارهێنانی زمان، بایەخ بەلایەنە یاساش وەکو دادوەریی و حوکم دەدات.
پراگماتیک لایەنە شاراوە و ئاڵۆزەکانی زمانمان بۆ شی دەکاتەوە، کە زانستەکانی پێشەخۆی نەیانتوانی بەم قووڵی و وردەکارییە پێی بگەن. لەکردەوەدا لایەنە کارەکییەکان بەکارهێنانی زمان دەگرێتەوە.
کردە قسە پشت بەئەرکی ڕاپەڕاندنی لەبوارەکانی حوکم، هەواڵ، هوشداری، وریاکردنەوە، پرسیار، بڕیار، سەرسوڕمان و نمایش و پاساو … تاد دەبەستێت. ئەم کردەیەش بەشێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ئەرکی پەیوەندیکردن و گەیاندن و کارتێکردن ڕادەپەڕێنێت.
کردەی گوتن پتر پەیوەستە بەگوتارەوە، چونکە گوتاریش وەکو کردەیەکی وابەستە بەگوتن و گەیاندن و کارتێکردن و بەرهەمهێنانەوە خودی دەقەکە هەڵسوکەوت دەکات. کردەی گوتن لەنێو گوتاری هەر جۆرە دەقێکدا دەتوانێت ئەو ئەرکە فکری و دەروونی و هونەریی و شیعری و وێناکردن و ڕەوانبێژی و قوڵبوونەوە و واتا و لێکدانەوە بەدی بهێنێت، کە نێرەر وەکو مەبەست ئاراستەی وەرگرەکانی دەکات. جۆرج یۆڵ دەڵێت: پرگماتیک بەواتای تاوتوێکردنی پێوەندی فۆرمە زمانییەکان و بەکارهێنانەکانیانە. قازانجی پراگماتیکی زمان لەوەدایە، کە شیکار دەتوانێت لەبارەی ئەو واتایەی قسەکەر مەبەستیەتی، ئامانج مەبەستەکان و بیرۆکەکانیان و هەروەها ئەو کردانەی بۆ نموونە داواکردنەکان لەکاتی ئاخاوتندا دەیکەن، بدوێت. (جۆرج یۆڵ،٢٠١٦، ١٩).

شیعر، گەمەیەکی هزری و دەروونی و واتایی و ڕەوانبێژیی و وێناکردنە لەنێو زماندا، بەلای منەوە شیعر کە وەکو دەقێکی پیرۆز و بەرز و بەواتا سواقدراو سەیر دەکرێت، پێش هەر شتێک پشت ئەستورە بەبنەماکانی کردە قسەیی وەکو (داواکردن، ئاگاداری، حوکم، وریاکردنەوە، نمایش، بانگەشە.. ). شیعر لەتەک ئەوەی پەیامێکی دەروونی خودییە، چڕکردنەوەی جیهانێکی بێ سنوورە، لەنێو دەسەڵاتی تەنیا وشەیەکدا، لەنێو سنووری تەنیا وێنە و وێناکردنێکی هونەریی و فکری و دەروونیدا دەتوانێت بێ سنوور شتەکان بخەیاڵاندرێت، شیعر تەنیا بە وشە، هێزێکی واتایی وروژێنەر و نمایش و هاندەر لەنێو بەکارهێنانی وخودی دەقدا وەکو هێز و دەسەڵات و وزەی کارتێکردن و هەست و نەست جووڵاندن دروست دەکات.
پراگماتیک لەشیکردنەوەی گوتارداپتر جەخت دەکاتە سەر لایەنی نەگوتراو و نەنووسراو (تەنانەت نەگەیشتووش) لەنێو ئەو ئاخاوتنەی خەریکە شێ دەکاتەوە. ٠جۆرج یۆڵ، ٢٠١٦، ١٣٦). واتە پراگماتیک هاوکاریمان دەکات ئەو شتە نەبینراوانە بدۆزینەوە، کە هێشتا پێمان نەگەیشتووە. لەگوتاری شیعردا هەمیشە هێزی دەق لەو کاتە دەردەکەوێت، کە شتە گوتراوەکانمان هێشا نەگەیشتۆتە وەرگرەکانی دەق. نێرەر لەگوتاری شیعردا شتێک دەڵێت، وەرگر بۆ تێگەیشتن و وەرگرتنی پەیامەکەی پێویستی بە لێکدانەوە ئەو کردە و دیاردانە هەیە، کە لەدەرەوەی زماندا هەن.

واتا
زمان لەنێوان واتادا هەر زمانە، واتا دەسەڵات بەوشە دەدات، واتا پێگەی دەقنووس و نێرەر و خاوەن گوتارەکان دیاریی دەکات، هەر خودی واتاشە واتا بەرهەم دەهێنێتەوە. هیچ گوتنێک، دەربڕین و جووڵە و تەنیا دەنگێک و وێنە و وێناکردن و هێمایەکیش ناتوانێت لەدەروەی مانادا هەبێت، وکو چۆن واتا ناتوانێت لەدەرەوەی نیشتیمانی زماندا بژیت. (مەرج نییە هیچ هۆکارێکی سروشتی بۆ ناولێنانی پشیلە بە پشیلە هەبێت). (ک. آوریکیونی، ٢٠٠٧، ٢٠).
لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین واتاناسی پێوەندیی نێوان فۆرمە زمانییەکان و دیاردەکان لەجیهانی واقیعدا تاوتوێ دەکات، هەوڵ دەدات ڕاستی و ناڕاستی پێوەندیی نێوان وەسفکردنی شتەکان لەڕووی زمانەوە و دۆخی کاروباری جیهانی دەرەوە بەبێ ڕەچاوگرتنی ئەوەی کێ ئەو وەسفانەی بەهەمهێناوە (قسەکەر کێیە) بدۆزیتەوە. (جۆرج یۆڵ، ٢٠١٦، ١٩). ئەمە ئەوەمان بۆ شی دەکاتەوە، کە زمان لەنێو دەقی شیعردا دەتوانێت لەسنووری فۆرمە زمانییەکان دەرچێت و پێکهاتە دەرەکییەکانی نێو ژیان و جیهانی دەروەی خودی زمانەکەمان بۆ لێکبداتەوە. دەکرێت بڵێین واتای واتاش، یان گەڕان بەدوای واتا لەنێو واتای شتێکدا، واتای تەواو دەرکەوتنی قسەکردن ناگەیەنێت، بەڵکو فێربوونی ئەو شتەیە، کە قسەکەر مەبەستیەتی. ( آدغون و ریتشارد، بدون سنة، ٢٥).

وەسیەت
بریتییە لەشیعرێکی نوێی سەباح ڕەنجدەر، لەسەردەمی کۆرۆنا نووسیویەتی. وەسیەت هێمایەکی دەروونییە بۆ بەرەو مردن چوون، یان بیرکردنەوەیە لە بەخاوەن کردنی پاشماوە و دەستکەوت و میراتی کەسێک، یان شتێکی تەواو نەکراوی دەرەوەی ئیرادەی خودی ئاخێوەرەکەیە، گریمانەی ئەوەش دەکرێت شتێکمان بیر بهێنێتەوە، کە لای ئەو واتادار و گرنگە.
ئەرکەکانی زمان لەدوو گروپ کورت دەکرێتە (هێماکان و هەڵچوونەکان)، بەکارهێنانی خودی وشەیەک دەتوانێت ڕستەیەکی هەواڵی بێت و هەڵوێستەکان بوروژێنێت، ئەمەش دەمانباتە نیو دۆخێک کە دەکرێت جیاوازیش بن لەوێنەی بزوێنەر و ئامێرئاسا، مادیەت و میسالیەت، دین و زانست. (ادغون و رتیشارد، بدون سنة، ٣٤). یەک وشە دەکرێت هێما بێت بۆ تەنیا شتێک و پتریش لەشتێک، لەهەمان کاتدا دەکرێت واتەکەی پێچەوانەش بێت. وەسیەت هێمایەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، نەریتێکی کەلتوریی ئیمان و متمانە و ئاینیشە، لەهەمان کاتدا دەکرێت (بڕیار بێت لەبارەی شتەکان، ئامۆژگاریی و ڕێنوێنیش بێت، دەکرێت داواکاریی بێت، یان فەرمان) واتە لەڕووی هێما و هەڵچوونە دەکرێت واتای جیاواز و ئەرکی فرەجۆر لەخۆی بگرێت.
وەسیەت، یەکسانە بەمردن، لەکاتێکدا مەرج نییە مەبەست لەمردن خودی ئەو مردنە جەستەکوژە بێت، کە مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسایی بیری لێ دەکاتەوە، ڕەنگە وەسیەت جۆرێک لەگەڕانەوە بۆ نێو بیرەوەرییەکانی ژیان بێت. وەسیەت واتا زمانییەکەی بەتوندی بەستراوەتەوە بەپرۆسەکانی پێش مردن لای مرۆڤ، یان هێمایە بۆ ژمارەیەک ئاوات و خواست و ڕێنوێنی و داواکاریی، یان خودی مردن پێناسە دەکات، بەواتای ئەوەی وەسیەتکەر بیری لە مردن کردۆتەوە. شیعر واتایەکی دیکە بە وەسیەت دەبەخشێت، واتایەک، کە لەواقیعی جیهانی دەرەوەی زماندا هەیە. وەسیەت ڕەنگە ئامۆژگاریی بێت، ئاگادارکردنەوە و داواکاریی و نمایش بێت. تەنیا بیرهێنانەوەی وێنەی ئەو دۆخەشە، کە مرۆڤ لەئەنجامی (کۆیلەبوون، پاشکۆیی نەبوونی، ڕەوشتێکی شلەژاوی خراپ) دروستی دەکات.
دەقی شیعری “وه‌سیه‌ت”
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
١٦ ئازاری ٢٠٢١

كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌م شیعر
ئه‌گه‌ر شێر بمخوات
گه‌رمایی خوێنم به‌لالێویه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌
ناسینه‌وه‌ی مه‌رد ئاسانه‌
ئه‌گه‌ریش چه‌قه‌ڵی قوونگیراو بمخوات
خوێنم به‌لالێویه‌وه‌ نامێنێته‌وه‌
چاو مه‌سووڕێنه‌
هه‌زار و یه‌ك ڕێی ڕۆشن ده‌كرێنه‌وه‌
چاوی دیوان له‌خۆت بڕسكێنه‌ و جریوه‌ و جووكه‌ی و دێڕ هه‌ڵمژه‌
گه‌ڕه‌كه‌ جوانه‌كان داوات لێ ده‌كه‌ن بچیته‌ ناویان و چه‌تریان هه‌ڵده‌ی
نالی و
گۆران و
ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د بكوژه‌
لۆكه‌ت نه‌خستووه‌ته‌ گه‌رووی هیچ گۆرانیبێژێكه‌وه‌
شاعیری پاشخاپه‌رۆك و قۆپیه‌چی و نانی نانیش
له‌ كاتی كڕنووشدا مرد (سەباح ڕەنجدەر، وەسیەت، https://dengekan.info/archives/19313).

شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری شیعری “وەسیەت”

نۆبەرە هەواڵی بوون، بوونی یەکەمی ڕۆحی نوێی منداڵێک دەگەیەنێت، شاعیر لەم هەواڵەدا ئاماژە نە بەشوێن و نە بەکات ناکات، بەڵام ئێمە لەئەنجامی شۆڕبوونەوە بۆ نێو خودی دەقەکە، لەو دۆخە دەگەین لەنێو هەر کاتێکی ئاشکرادا کاتێکی ئاماژە پێ نەکراوی شاراوە هەیە، تەنیا لەنێو ئەو دەقانەی ئاماژەی ئاشکراش نین، کات و شوێن بوونیان هەیە و لەنێو هەر شوێنێکی ئاشکرادا، شوێنێکی شاراوە هەیە، واتە لەنێو هەر گوتارێکی ڕاستەوخۆی دەقدا، گوتارێکی ناڕاستەوخۆی نادیار و نابەرجەستەی نەبینراویش هەیە. بە واتایەکی دیکە لەنێو (واتادا واتایەکی) دیکە، لەنێو واتادا دەکرێت واتای واتای واتاش بدۆزینەوە، چونکە ئەمانە پەیوەندیان بە ئەرک و بەکارهێنانی خودی زمانەوە هەیە.
دەقنووسی وەسیەت زمانی بەکارهێناوە، هیچ وشە و نیشانە و هێمایەکی زمانی لەنێو ڕستەکاندا بێ ئەرک و پەیام نین، ئەم ئەرکانەش وایان کردووە لەهەر وشەیەکدا پتر لەکردە قسەیەک بدۆزینەوە، ئەم لێکۆڵینەوەیەش هاوکارمان دەبێت بۆ تێگەیشتن لەواتای واتا شاراوەکان. کاتێک دەڵێت (لەکاتی کڕنۆش مرد) وەسفی کاتی مردنەکەمان بۆ دەکات، کە لەکڕۆنش بردندا بووە، مرد واتە پێش کاتی قسەکردنە مرد، بەڵام دەقنووس بەشێوەیەک چۆتە ناو کات، کە هەموو شتێک لەکاتی ئاخاوتن و ڕووداوەکانی نێو گوتارەکەدا قەوماون. (چاو مەسووڕێنە) داوکاریی و نیمچە فەرمانێکە کاتەکەی ڕێک کاتی قسەکردن و بەکارهێنانی زمانەکەیە. واتا هەنووکە، بەڵام ڕێی ڕۆشن دواتر، لەکاتی دوای ئاخاوتنەکە دەکرێتەوە. لەنێو وێنە و دێڕێکی بەیەکەوە بەستراودا (ئێستا و ئایندە) دا شتەکان بەرجەستە کراون، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی تایبەت بەکات لەنێو گوتارەکەدا هەبێت، بەڵام کات هەیە.
ئابوورەنووسین، یان گوتن لەنێو دەقدا، هێزێکی دیکە، کە مەیلی بەرەو چڕکردنەوەی واتا، واتا لۆجیکی و واتا گشتیی و واتا دەروونیی و فکرییەکانەوە هەیە، دەبات. فکر لایەنێکی کۆمەڵایەتی هەیە و لەهەمان کاتیشدا لایەنێکی کەسی و خودی هەیە.(ادغون و تشارد، بدون سنة، ٦٢). بیر لەنێو دەقدا لەتەک ئەرکی کۆمەڵایەتی، ئەرکی خودیشی لەخۆگرتووە. وەسیەت جەندە دیاردە و نەریت و خوێکی کۆمەڵایەتییە، لەهەمان گاڤدا لایەنێکی کەسی و خودیشی لەخۆگرتووە. ڕەنگە دەقنووس لەهەندێک شوێندا وەکو خوێنەر، کە بەرهەمهێنەوەی خودی دەقەکەیە بیری لەهەمەلایەنی واتا و مەبەست و ئەرکی وشەکان نەکردبێتەوە، یان خوێنەر بەهۆی شیکردنەوە لە مەبەستی دەقنووس دوور بکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی وشە ئەرک و هێما و نیشانە جیاوازی لەخۆگرتووە، ئاسایە نێرەر و وەرگریش بەپێی دەوروبەر کۆمەڵایەتیی و باکگراوندی ڕۆشنبیری و ئاستی چینایەتی و تەمەن و دۆخی دەروونی واتای نوێ بۆ ئەو شتانە دروست بکەن، کە خاوەنی هێما و نیشانەی جیاوازن. بەواتایەکی دیکە (وەسیەت) دەکرێت لای نێرەر و وەگر واتا و مەبەستی جیاواز دروست بکات.
لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین لەنێو هەر واتایەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆدا، واتایەکی ناڕاستەوخۆی شاراوەی نەبینراویش هەیە، لەنێو هەر هێزێکی واتایی بەرجەستەی واقیعی و فەرهەنگی، واتایەکی نابەرجەستە هەیە، کە پەیوەستە بەڕەهەندە کۆمەڵایەتیی و دەروونی و فکرییەکانی دەرەوەی زمان، کۆمەڵگا واتای نوێیان پێ دەبەخشێت.
بۆ نموونە کە دەقنووس دەڵێت: (کوڕە نۆبەرەکەم شیعر) واتای ئەم دەربڕینە ئاشکرا و بەرجەستەیە فۆرمی زمانەکە دیارە، خوێنەر پێویستی بەلێکدانەوە و دۆزینەوەی واتای شاراوە و کردەی دیکە ناکات.

کوڕ= مرۆڤ، منداڵ و گەنج، نێر، هێز لەنێو عەقڵیەتی ڕۆژهەڵاتیدا.
نۆبەرە= منداڵی یەکەم، خۆشەویست، خاوەن پێگەی تایبەتی و ڕێزدار و لەسەرزاران.
-ەکەم= نیشانەی زمانەوانی (ڕاناوی لکاوی (م) دەگەڕێتەوە بۆ کەسی یەکەمی تاک، واتە قسەکەر، خاوەن گوتار، باوکی کوڕە نۆبەرەکە. (ەکە) نیشانە و کەرەستەی ناسیاوییە لەزمانی کوردیدا. وەکو د. وریا عومەر ئەمین ئاماژەی پێکردووە (جۆر و کاتی فەرمان دەور دەگێڕێت لەهەڵبژاردنی ڕاناوی لکاو مەبەست لەجۆری فەرمان تێپەڕ و تێنەپەڕە، مەبەستیش لەکاتی فەرمان ڕابردوو و داهاتووە). (د. وریا عومەر ئەمین،٢٠٠٤، ٩٢). بۆ نموونە کە دەڵێین (نارد) کە رەگی فەرمانە لەڕوووی جۆرەوە تێپەڕە و لەڕووی کاتەوە ڕابردووە. (د. وریا عومەر ئەمین، ٢٠٠٤، ٩٣). واتە دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین ڕاناوی لکاو لە ڕستە و ئاخاوتندا کاریگەریی زۆری لەسەر دیاریکردنی کات و شوێنی وشە دەبێت.
شیعر= دەقێکی نووسراوی هونەرییە. بەڵام لێرەدا شیعر بۆتە مرۆڤ، کوڕ، خاوەن پێگەی بەهێزی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویست.
شیعر جەستەیەکی بێ خوێن و ڕۆحە، لێرەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوێن و ڕۆحی کوڕێکی پێ دەدرێت. لەبیری نەکەین گوتاری دەق واتە بەرهەمهێنانەوەی دەق لە دۆخێکی نوێدا. گوتار و قسەکردن تەواوکاری یەکترن. (هەموو قسەیەک ئامانجی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پەیوەندیکردنی نێوان فکرەکانە. (اوغدن و رتشارد، بدون سنە،٦٥ ).
واتە، دەقنووس لەهەر قسەیەک و دەستەواژە و دەربڕینێکدا دەیەوێت فکرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و کردەی پەیوەندیکردن دروست بکات.
بەگشتی واتای پراگماتیکی ئەم دێڕە بریتییە لە:
(من/ م) قسەکەر و خاوەنی گوتارەکەم. واتە دەقنووس لەڕێگەی (م)ەوە دەیەوێت فکرەی نێو بابەتەکە بە خودی خۆی بەستێتەوە، لەنیو هەر وشەیەکدا نیشانە و هێمای جیاواز هەن، کە دەکرێت ئەرکی پەیوەندیکردن ئەنجام بدەن. بۆ نمونە (مرد) کردەی هەواڵ و گەیاندنی زانیاریی و کاتی مردنەکە و شێوەی مردنەکەش نیشان دەدات، فکرەی ئەم پەیوەنیکردنە ئاماژە بۆ کەسێک کە کۆتایی دێت، مردوو لەدەرەوەی بیرەوەریی و داهێنانە.
(کوڕ) و (شیعر) ئاماژەپێکراوی مەبەستدارە، (کوڕ) پاساوە بۆ ئاماژەکردن بەڕۆڵ و گرنگی و هێز و دەسەڵات و واتای (شیعر)، لەهەمان کاتدا شیعر لەگوتارێکی نابەرجەستەی ڕۆحی دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی بەرجەستەی هەقیقی هەستپێکراوی بینراو لەشێوەی (کوڕ)دا. قسەکەر ئینتمایەکی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ شیعر لادروست دەبێت. لەم دۆخەدا پراگماتیک هاوکارمان دەبێت بۆ دۆزینەوە واتا نادیارەکان، یان ئەو شتانەی لەدەرەوەی جیهانی زماندا هەیە. لەم دەقەدا (کوڕ بەهیچ شێوەیەک مرۆڤ نییە) و (شیعریش شتێکی فیزیکی بێ گیان دەرناکەوێت).
واتا ناڕاستەوخۆکەی گوتاری ئەم دێڕە وەسفییە، دەیەوێت شیعر وەکو بوونێکی زیندوو، وەکو بەشێک لەپێکهاتەی (ڕۆحی- پەیوەندی کوڕ و باوک-، کۆمەڵایەتی ڕیشەی کۆمەڵایەتی-، پلە و پایەی نۆبەرە وەکو– یەکەمین و خۆشەویست و بەهێز- نیشان بدرێت، نمایشێکی واتاییە، کە کوڕ وەکو پاساو بۆ دەرخستنی پێگە و دەسەڵات و هێزی شیعر بەکاری دەهێنێت).
دەقنووس دەڵێت :

“ئەگەر شێر بمخوات
گەرمایی خوێنم بەلالێویەوە دەمێنێتەوە
ناسینەوەی مەرد ئاسانە”
لەم دێڕانەدا ئەرک و بەکارهێنانی زمان لەنێو گوتاری دەقەکەدا دەردەکەوێت، کە بریتییە لە:
ئەگەر= پێشگریمانە کردنە، دەقنووس دڵنیا نییە لەوەی شێرێک بیخوات، بەڵام ئەگەر ئەمە روویدا، چ دەقەومێت؟. کاتی قسەکردن و گریمانەکە ئێستایە، بەڵام بیردەکاتەوە ئەگەر لەداهاتوودا شێر بیخوات، شێرەکەش دیارنییە چۆنە و لەچ دۆخێک دایە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە دەبێت لە (شوێنێک و کاتێک و بەهۆکارێک و لەڕێگەی بەکارهێنانی شتێکەوە ڕووبدات).
شێر = گیانەوەرێکی بەهێزی ترسناکە.
ئەگەر= گریمانەیە، ئەگەر ئەم ڕووداوە ڕوویدا، شێر مرۆڤێکی خوارد، شێر شاعیرێکی خوارد، چ ڕوودەدات.
بمخوات= کارێکە کە لە(ب +م+ خو+ات) پێکهاتووە. (ب) وەکو نیشانەیەکی زمان دەبەستینەوە بە دوو کردەی جیاوازی وەکو (داواکردن) و (فەرمان پێکردن) بۆ نموونە (بمخۆ/ بمرە/ بگرە/ بخوێنەوە.. تاد) بۆمان دەردەکەوێت لەم دەربڕینەدا ئەم (ب)ە نیشانە و هەست و جووڵەیەکی نیگەرانکەری لای دەقنووس لەخۆگرتووە، ئەمەشی بەستاوەتەوە بە (ئەگەر)ەکە.
هەروەها (ب)ەکە بەستراوەتەوە بەفەرمانێک لەدەرەوەی خودی دەقەکە دایە. واتە (شێر) لەلایەن کەسانێکی نادیاری ئاماژە پێنەکراو فەرمانی پێکراوە خاوەنی ئەم گوتارە بخوات، یان خودی دەقنووس پێشگریمانەی ئەوە دەکات، شێر بەهاندان و فریودان و خاپەرۆکەکانەوە بیخوات، ئەو کاتە چ دەقەومێت. بێگومان لەڕووی واتایی و مەبەست شتێکی دیکەی شاراوە هەست پێ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە شاعیری گەورە و کاریگەر دەبێت گیانەوەری گەورە و کاریگەر بیخوات.
دەق گەڕانە بەدوای گونجان و هاوسەنگی لەنێوان جیهانی ناوەوە و دەرەوەی خۆیدا، ئاساییە شێرێک لەدارستانێک کەسێک بخوات، بەڵام دەقنووس لەم دەقەدا مەبەستی پیشاندانی گەورەیی و لێهاتوویی و پلەی بەرزی خۆیەتی، واتە کەسێکی مەزن دەبێت لەلایەن گیانەوەرێکی بەهێزی مەزن بخورێت، ئەمە نێوبانگ و بەها و هێزی ئەو بەرەو سەرەوە دەبات، بەڵام کاتێک چەقەڵی قونگیراو دەیخوات، هیچ شوێنەوارێکی بەلێوی ئەم گیانەوەرە نامێنێت. ئەو دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان خۆی (ناوەوەی دەق) و شێر (جیهانی دەرەوەی دەق) دروست بکات.
(دی سوسێر) یەکێکە لەزمانەوانە بەنێوبانگەکانی جیهان لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا تیۆری بونیاتگەرایی دامەزراند، ئەو لەتوێژینەوەکانی پشتی بە زمان دەبەستا، نەک قسەکردن، زمانیشی بەژمارەیەک سیستەمی نیشانەدار داناوە. ( محمد الشاوش، ٢٠٠١، ٤١). ئەمەش وامان لێ دەکات بیر لەوە بکەینەوە کە شیکردنەوەی گوتاری زمانی دەق پەیوەستە بە (واتا و کردەی پەیوەندکردن و چۆنیەتی گەیاندنی پەیام و مەبەست).
گوتاری ناڕاستەوخۆ لەنێو ئەم دەقەدا هەندێک ئاماژەمان بۆ دەردەخات، (هاریس) پێی وایە لەشیکردنەوەی گوتاردا پێویستە بچینە دەرەوەی ڕستە. (ڤان دایک) پێی وایە دەتوانرێت خووڕەوشتمان لەچوارچێوەی پلانی بنەڕەتی دەق دیاری بکرێت. (زنتسیسلاف وارزنیاک، ٢٠٣٣، ٥٦). لەوانە:
کردەی گیرمانەکە لەنێو دۆخێکی دەروونی ڕەخنەگرانەی تەژی لەپرسیار و لێکدانەوە نووسراوە، واتای (خواردن و شێر و ئەگەر) هەمان ئەو واتا ڕاستەوخۆیە ناگەینن، کە ئێمە دەیبینین، واتای نادیاری نێو واتای هەر یەکێک لەم کردە و ناو و لێکدانەوە و تێڕوانینەی هەیە، هەمان شت نین. (گوتاری، زمان سیستەمەکەیەتی و قسەکردن واتا و دەوروبەرەکەیەتی). (ابراهیم بشار،٢٠١٦، ١٩). دەقنووس لەنێو (ئەگەر)دا لێکدانەوە و تێڕوانین و کاردانەوە و بەدواداچوون و گریمانە و وێناکردنێکی دەروونی پڕ لەواتا و ورژێنەر و پرسیار بەرجەستە دەکات. لەنێو (شێردا) هێز و دڕندەیی و وەحشیگەرایی و خوێن و ترس و نیگەرانی و ڕاپەڕاندنی فەرمانی ئەوانی دیکە و نەزانین و کوێرەوەریی و نادادیی وێناکراوە. لەبیری نەکەین وەکو (رۆلان بارت) ئاماژەی پێ دەکات (دەقی کراوە دەرفەت بەخوێنەر دەدات بەشداری لە بەرهەمهێنانی دەق بکات). (صلاح فضل، ٢٠٠٤، ٢٧١-٢٧٢). گوتار هەمیشە وەکو دەقێکی کراوە لەبەردەم وەرگر و خوێنەر و بینەرەکانی دەردەکەوێت. وەرگرەکان گوتارەکە وەردەگرن و شی دەکەنەوە و دواتر بیروڕا و کاردانەوەی خۆیان لەبارەیەوە دەردەبڕن. لەنێو (بمخوات) (من و ئەو و خواردن) وەکو کارەکتەر و کردار و پرسیار و وێناکردن نمایشکراوە. لەزماندا وشە یەک واتای هەیە، یان بەلای کەمەوە واتایەکی چەسپوی هەیە و لەنێوان خەڵکدا بەکاردێت. (ک. آوریکیونی،٢٠٠٧، ٢٠). مەبەستمان وایە ئەگەر شێر یەک واتای فەرهەنگی هەبێت لەنێو زماندا، بەڵام لەبەکارهێناندا بەپێی تایبەتمەندی دەوربەرەکە واتای دیکە وەردەگرێت.
لەنێو واتای (بمخوات)دا ، چەندین واتای دیکەی نادیار و ناڕاستەوخۆ هەیە. گوتاری ئەم وێنە شیعرییە، ئەو گوتارە ڕاستەوخۆیە نییە، کە ئێمە دەیبینین، واتای هەقیقی نێو دەقەکە نادیارە، منی خوێنەر دەبێت بەدوایدا بگەڕێت، چونکە من باش دەزانم مەرج نییە هەموو (من)ێک، واتای (من/ خۆم) بگەیەنێت، گریمانەی ئەوە دەکرێت (من) وێناکردنی (تۆ/ ئەو) بێت، دەکرێت من کەسێکی دڕندە، بەخشندە، دادپەروەر، زالم، کۆیلە، ئازاد، پاشکۆ، سەربەخۆ، خاوەن بەرهەم، گەندەڵ، ساخ و سەرڕاست، قۆپیەچی، ڕاستگۆ، درۆزن… تاد) بێت. شێر دەکرێت مرۆڤێکی دڕندەی کۆیلەی جێبەجێکاری فەرمانی ئەوانی دیکە بێت، یان دڕندەیەکی ترسناک بێت. لەم چەند نموونەیەدا واتای نێو دەقەکە، کەدەکرێت هەڵگەڕاوەبن، لەواتا ڕاستەوخۆ و بینراوەکان جیا دەکەینەوە:
یەکەم:”مانەوەی گەرمایی و ناسینەوەی مەرد بەئاسانی” دوو واتای ئەرێنینە.
دووەم: “هەزار و یەک ڕێی ڕۆشن دەکرێنەوە” واتایەکی ئەرێنییە.
سێیەم: “چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە” داوایەکی ئەرێنییە.
چوارەم: “گەڕەکە جوانەکان داوات لێ دەکەن بچیتە ناویان” داوایەکی ئەرێنییە.
پێنجەم: (ناڵی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد بکوژە) فەرمان و داوایەکی نەرێنییە.

لەیەکەمدا گەرمایی خوێن لەکردەوەدا کارەساتێکی ناخۆشی نادروستە، بەڵام بەوێناکردنی مانەوەی خوێن بەلالێوییەوە، واتا نەرێنییەکە گۆڕاوە بۆ واتایەکی بەهێزی ئەرێنی. مانەوەی دەقنووس و مانەوەی لەنێو بیرەوەری و گێڕانەوەدا، پەیوەست کراوە بەشونی مانەوەی خوێنەکە.
مەرد واتایەکی ئەرێنییە، ناسینەوەی بەئاسانی وزەیەکی زۆری ناوێت، بەڵام ئەو مەبەستی خودی مەرد نییە، گوتارەکەی ئەو ئاماژەیە بەواتایەکی پێچەوانەی نەگوتار، ئەویش (کردەی قورسی دۆزینەوەی نامەردە). دەسەڵاتی کورتگوتن و بەهێز دەربڕین لای دەقنووس، واقیعێکی بەرهەهێناوە، نەتوانێت و نەیەوێت هەموو شت و بەسەرهات و کارەکتەرەکان ئاشکرا بکات. کارتێکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ دەق لەژێر کاریگەریی کردەی پەیوەنیکردنی زمان دایە، ئەمە ڕەنگە دەوروبەرێکی هەقیقی بێت، یان خەیاڵی و دروستکراو. ( ابراهیم بشار، ٢٠١٦،٢٠).هەر وشەیەک ئەو گاڤەی دەگوترێت، تا ئەو کاتەی دەگاتە وەرگرەکەی ئاساییە گۆڕان بەسەر واتا و توانا و هێز و لێکدانەوەشیدا بێت. واتا گوتنی هەر وشەیەک واتا و مەبەستەکەی تاکو گەیشتنە گوێی وەرگرەکەی، ئاساییە واتاکەی بگۆڕێت، چونکە توانستە مەعریفییەکانی وەرگرەکان و ئەو دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژیت کاریگەریی لەسەر شیکردنەوەی گوتاری دەقەکە و تەنیا سەر لەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەقەکە دەبێت.
من وەکو خوێنەر هەست بەهەستی قووڵی دەقنووس دەکەم، کە لە (وەسیەت)ەکەیدا باسی ترس و نیگەرانی و فشاری دەروونی لەشاعیرێکی پاشخاپەرۆکمان بۆ وێنا دەکات. ئەو وەسیەتەکەی هەر تەنیا وشەیەکی ڕێزمانی نییە، هەواڵ و زانیاریمان لەبارەی خودی هەقیقی (وەسیەت) پێ بدات، بەڵکو ئەو دەچێتە جیهانی دەرەوەی (وسیەت) و ئامۆژگاری وەرگر (شاعیر بەکڕنۆش مردوو) دەکات، واز لە (قۆپیەچیەتی و کوشتنی دەروونی ئەوانی دیکە بهێنێت). منی خوێنەر لێرەدا بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری دەقەکە دەکەم. من دەستکاری بنەمای ڕێزمانی دەقەکە ناکەم، بەڵام دەتوانم واتای نوێ، جیاواز بەپێی دەوروبەری خوێندەوەکەی خۆم بەرهەم بهێنمەوە.
(دەق بەرهەمهێنە) (جولیا کریستیفا، بدون سنة، ٢١ ). مەبەستمان ئەوەیە گوتاری دەق ژمارەیەک دۆخی دروونی و کۆمەڵایەتی و واتایی و فکری لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات، کە خوێنەری ئاسایی پێش خوێندەوەی دەقەکە هەستی پێ نەکردووە. هەندێک جار ئەو شتانەی دەقنووس دەیڵێت خاوەنی شتەکان کە تێیدا دەژین، بەم وردیی و قووڵی و جووڵە و کارتێکردنە کاریگەرە هەستی پێ ناکەن، بۆیە دەڵێین دەق بەرهەمهێنە، گوتاریش ڕێساکانی پەیوەندیکردن لەنێوان نێرەر و وەرگر دروست دەکات. سەباح ڕەنجدەر نایەوێت لەپەراوێز بیربکاتەوە، ناشیەوێت پەراوێزەکان بەپەراوێزخراویی پشتگوێ بخات. ئەو لەنێو دەرووندا واتا دروست دەکات، لەنێو وشەدا هێز بەهێز دەکات و لە وێناکردندا بیرۆکەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە بیرۆکەی کەسانی دیکە نەچێت، لەنێو گوتندا ڕێگاکانی پەیوەندیکردن دروست دەکات.
گوتاری دەق بابەت و کەس و ڕووداو و شتێکی مردوو، زیندوو دەکاتەوە، یان ڕووداوێکی لەبیرکراوی پەراوێز بیردەهێنێتەوە. لەخاڵی دووەمدا ڕۆشنکردنەوە لەکردەوەدا وێناکردنێکی هەڵگەڕاوەی تارکیی و چاوبەستەکییە. (چاو مەسووڕێنە)، ڕێک پێمان دەڵێت نامەرد، مەرد بە، سەیری نێوچاوم بکە و مەرد بە، ئێرە کۆتایی ژیان و ڕووداو و ناکۆکی و کێشەکان نییە، من لەم دێرەدا هەست دەکەم دوو کەس (بریندارێکی بەردەم شێرێک وستاوە و کەسێکی دیکەی نامەردی قۆپیەچیش بەکزی وەستاوە و ناتوانێت ڕووبەروو بیرۆکە و قسەکانی بە کەسی بەرانبەری بڵێت).
دەقنووس وەسفی ئەو کەسەمان بۆ ناکات، کە پێی دەڵێت (چاو مەسووڕێنە)، بەڵام گوتاری دەقەکە و لەکاتیدەخوێنمەوەی دەقەکەدا، گوتارێکم لا بەرجەستە دەبێت، گوتارێک بای دوو کتێب لەڕۆمانێک وەسف و واتا و ئەرک و پێناسە و باری دەروونی و شێوەی کارەکتەرێکی نادیاری بەرجەستەنەکراو وەسفی بەسەرهات و کارەکتەر و کاردانەوە و کێشە هەمەلایەنەکانی کارەکتەرانم بۆ بکات، چۆن؟ (چاو مەسووڕێنە) قسەکەر داو لەگوێگرەکەی دەکات، چاوی نەسووڕێنێت، واتا خۆی نەدزێتەوە، مەرد بێت، گەمژەیی نەنوێنێت. خاوەن گوتارەکە/ کە دەکرێت بڵێین خودی شاعیرە وەسفی کەسێکمان بەناڕاستەوخۆیی بۆ دەکات، پڕە لەواتا و مەبەست و وەسف و ئەرک.
تۆش وەکو خوێنەری ئەم دەقەی من، چاوت دابخە و بیر لەوێنەی کەسێکی لەم جۆرە بکەوە، کە لەژیانی ئاسایی خۆت تووشی دەبیت و کەسێکی نامەردە. ئەم نامەردە وەکو شێرێکی دڕندە تۆ بخوات، یان وەکو چەقەڵێکی قونگیراو بتخوات، بەڵام نەتوانێت لەکاتی ئاخاوتندا سەیری چاوەکانی تۆ بکات. چ وێناکردنێکی دەروونیی و پڕ جووڵەیە.
واتا پڕە لەواتای دیکە، وەکو چۆن زمان پڕە لەزمانی دیکە، کار و ئەرکانی هەمەجۆرن، شێوازی قسەکردنیش هەمەچەشنە، دەربڕین و واتاش دەکرێت فرە بن. لەبیر نەکەین ژمارەیەک پێوانەی زمانەوانی بۆ بەرهەمهێنانی دەقی سەرکەوتوو هەیە لەوانە (گونجان، مەبەستدار، پێشوازی لێکراو، پێگەدار بێت، دۆنای دۆن). (رۆبرت دو بکراند و لفغانغ دریسلر، ١٩٩٢، ٧٧). گوتاری (وەسیەت) گونجان و مەبەستداریی و پێسوازی تێدایە، لەهەمان کاتدا پشت بەستووە بەبیرۆکەی مرۆیی گشتگیر، کە دەکرێت ئەم شتانە خەڵکی دیکەش لەشوێن و کاتی جیاواز ئاماژەیان پێ کردبێت، بەڵام دەقنووس بە مەبەست و پێگەیەکی نوێی جیاوازی لەوانی دیکە دەقەکەی بەرهەمهێناوە، خودی دەقەکەش دونیایەکی دیکەی بەرهەمهێناوەتەوە.

ئێمە لەنێو زماندا دەژین، وەکو چۆن واتا لەنێو وشەدا دەژیت. ئێمە لەڕێگەی گوتنەوە دەمانەوێت پەیوەندی بەوەرگرەکانمانەوە بکەین، هەر گوتنێک واتا و تێگەیشتن و لێکدانەوەکەشی پەیوەندی بەدۆخی گوتن و دۆخ و شێواز و هۆکار و چۆنیەتی وەرگرتن و ئینجا مەبەستەکانی لێکدانەوەی واتای وشە بێژار و نووسراوەکانەوە هەیە.
لەنووسیندا ئەم گۆڕانە زۆر بەهێواشی ڕوو دەدات، هەروەها کاتی گەیشتن لەنێوان نووسین و خوێندەوەکەیدا کاتێکی درێژخایەنە، بەڵام لەگوتندا مەسەلەکە بەستراوەتەوە بەچەند هۆکارێکە، لەوانە: گوتن و وەرگرتنەکە کاتەکانیان لێکنزیکە. دەنگ و دەربڕین و جووڵە و ئاوازەی گوتنەکە و کەشوهەوای گوتن و وەرگرتن و شێوازی دەربڕینەکانیش کاریگەرییان لەسەر وەرگرتن و لێکدانەوەی گوتارە دەبێت. وشە بەهێزە، هێزی وشەش لەئەرکەکانی پتر بەدیار دەکەوێت. بۆ نموونە ئەگەر بڵێین (شێر بمخوات) زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بڵێین (ئەگەر شێر بمخوات). ئێمەی خوێنەر لەهەردوو گوتن دەگەین، بەڵام لێکدانەوە و تێگەیشتنمان بۆیان جیاوازە، چونکە ئەرک و مەبەست و واتای گوتاری هەردوو گوتن جیاوازە.
شێر لە سەد ساڵ پێش ئێستا ڕەنگە واتایەک یان دوو واتای هەبووبێت، ئەمڕۆ بەکارهێنانی شێر بۆ گەیاندنی چەند مەبەستێک و دروستکردنی ئەرکی واتایی جیاواز بەکاردێت. (کڕنۆش) وەکو ئاوەڵکارێک ئەرک و واتای جیاوازی بەپێی بەکارهێنان و دەوروبەری گوتنەکەی دەبێت، هەروەها بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی و تەمەن و چین و ئاستی ڕۆشنبیری و ئاینی و بەپێی کەلتوری کۆمەڵگاکانیش واتای بەکارهێنانەکەی دەگۆڕێت. بۆ نموونە کاتێک دەڵێین:

  • کڕنۆشت بۆ دەبەم. واتە لێت دەپاڕێمەوە، تکات لێ دەکەم، داوات لێ دەکەم.
  • کڕۆنشبەر. واتا کەسێکی هەڵپەرستی دوور لەئیدارەی خودی خۆیەتی.
  • کڕنۆش ناوی کارێک و سیفەت و شتێکە.
  • كرنۆشی بۆ خودا برد. ئەمە دۆخێکی ئاینییە، پیرۆزە.
  • کڕنۆش بردن لە ژاپۆن. بەواتای ڕێز و سەڵاوە.
  • كڕنۆش لەکۆمەڵگای کوردی. هەژارێک بۆ دەوڵەمەندێک، بچووکێک بۆ پیاوێکی بەتەمەن، دەست لەسەر سینگ گرتن لەگەڵ چەمانەوە بۆ ڕێزگرتن لەکەسانی خاوەن پێگەی چینایەتی بەرز بۆ ڕێزگرتن بەکاردێت، لەهەمان کاتدا کەسانی خاوەن فکری ئازادیخوازی ئەمە بەدیاردەیەکی نەشیاوی خراپ لێکدەدەنەوە.
  • كڕنۆش بەواتای کۆیلەبوون وەکو ڕەوانبێژی بەکاردێت.
  • کڕنۆش دەکرێت دیاردەیەکی نزم، خراپ، سوکایەتی، پاشکۆبوون و لاوازیی بێت، یان بەرز، باش، ڕێزگرتن، توانا و هێز بێت.

سێیەم: چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە. داوایەکی ئاشکرای ئەرێنییە، کردە قسەی ڕێنوێنیشی تێدایە، وەکو چۆن جۆرێک لەفەرمان و بڕیاریشی لەخۆی گرتووە. ئەم واتا ئەرێنییە، پێمان دەڵێت لەپشت ئەم وێناکردنەدا واتایەکی دیکەی نەرێنی هەیە، پێـمان دەڵێت “تۆ چاوت نابینێت، عەقڵت داخراوی سنوردارە، بیربکەوە، هەست و جووڵە و بوون بەخۆت ببەخشە. واتا، لەتەک ئامۆژگاریی و ڕێنوێنییەکی ئەرێنی، ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆش لەنێو گوتارەکەدا بەرجەستە دەکات. لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا وێنەیەکی هەڵگەڕاوەی کەسێکمان بۆ وێنا دەکات، کە دەبێت کراوە و بەتوانا بێت. ئەم وەسفی کەسێک دەکات (چاوی دیوانی نییە تاکو جریوە و جووکەی) تێدا بێت، کەسێکی بێ بزاوت و گیان و جووڵە و مردووە.
کاتێک دەقنووس دەڵێت (چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە) لێرەدا واتای (چاو) واتا فەرهەنگییەکە فیزیکییەکە نییە، بەڵکو مەبەستی (تێروانین و بینین و هەستکردنە). لە دیوانی شیعر بەداری ڕووبەی مشت و مشت پێوراوە بە (بزاڤێکی پڕ لەژیان). مەبەستمان ئەوەیە بڵێین لەشیکردنەوەی پراگماتیکدا چاو دەکرێت چاوی سروشتی بێت، هەروەها دەکرێت کەرەستەیەکی واتایی خوازراو بێت، یان فرە واتا و فرە ئەرک و مەبەست بێت، ئەم فرەییە نێرەری گوتار دەتوانێت دروستی بکات و وەرگریش بەپێی دەوروبەرە دەروونی و ڕۆشنبیرییەکەی لێکی بداتەوە.

لەزمانی کوردیدا کە دەڵێین کەسێکی “ویژدان مردووە”، واتە هەست و نەستەکانی مردوون. کەسی بێویژدان، جەللاد و ترسنۆک و دڕندە و ڕاپۆرتنووس و دووزمان و دۆرزن و قۆپیەچی و پیس و بەکرۆکەن. ڤان دایک لەشیکردنەوەی دەقدا لەڕوانگەیەکی دیکە هەنگاو دەنێت و پێی وایە پراگماتیک، یان کردە قسەیی و کردەی کۆمەڵایەتی دەچنە ژێر نەریتێکی باو، ئەو کاتە قسەکەر یان دەبێت درۆزن بێت، یان فریودەر. (ڤان دایک، ٢٠٠٠ ، ١٧). کەسێک کە داوای چاو نەسووڕانی لێ دەکرێت لەڕووی پراگماتیکی و کردەی کۆمەڵایەتییەوە نەریتێکی باوی (درۆزنی و فریودانمان) بۆ وێنا دەکات. بێگومان ئەم نەریتە لەکۆتایدا کە دەرەنجامی دیماهی گوتارەکەیە، بەستراوەتەوە بە (مردنێکی شەرمنانەی دوور لەئیرادە).
چوارەم : گەڕەکە جوانەکان، داوات دەکەن بچیە ناویان. کردەیەکی ئەرێنییە، بەڵام مەرج نییە لەدەقی شیعریدا، یان لەگوتاری ئەدەبیدا واتاکان هەمان ئەو واتا و بزوتنەوە و گریمانە و دەربڕینانە بگرنەوە، کە ڕاستەوخۆ لەنێو دەقەکەدا بەرجەستە کراون. ئاساییە لەبەکارهێنانی گەڕەکی جوان بەپێی دەوروبەریەکەی مەبەست شوێنی (کۆیلەکراوەکان، کۆیلەدارەکان بێت)، شوێنی جوان مەبەست لێی (بێوژیدانی و پیسی دەروونەکان) بێت، (چەتریان بۆ هەڵدای) واتە گوێگرەکەی کەسێکی وابەستەی پاشکۆی جێبەجێکارە، نەک بڕیار دەر.

چەتریان بۆ هەڵدەی = مەبەست = واتا ((کۆیلە جێبەجێکار، پاشکۆ)) یان (( بێ ئیرادە، ناسەربەخۆ)).
هەر کەسێک ئەمە لەنێو بیرکردنەوەی خۆیدا وێنا بکاتەوە، دەتوانێت هەست بە ژمارەیەک واتای دیکەی نەبینراوی نەگوتار بکات، بایەخی گوتاری شیعری لەوە دایە، دەقنووس چەندە دەتوانێت واتا ئاشکراکان بۆ واتای شاراوە بگۆڕێت، واتە گێڕانەوە لەپێناو وەسفکردنێکی بینراوی لەقالبدراو نییە، بەڵکو ئازادکردنی واتا نادیارەکانە لەنێو دەقێکی بێ سنووردا. شتەکان نیشانە و هێمایە، بۆیە کردەی لێکدانەوە وەکو کلیلی تێگەیشتن وایە بۆ حالەتی نیشانەییەکان. ( اوغدن و رتشاردز، بدون سنة، ٢١). مەبەستمان ئەوەیە، وشە بریتییە لە ناو و ئاماژە بۆ شتێک، کە پشت بە نیشانە و هێما دەبەستێت بۆ ئەوەی واتا ببەخشێتە شتەکان، لێکدانەوە و ڕامان پەیوەستە بە نیشانەکان، یان کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لەو نیشانە و هێماکان. سەباح ڕەنجدەر هەر تەنیا وێنەی هەقیقی شتەکان (ناو و ئاماژە و هێماکانمان) نیشان نادات، بەڵکو دەچێتە دیوی پشتەوەی شتەکان، لەڕێگەی لێکدانەوە و ڕامان دەمانباتە سەر واتای ئەو نیشانە زمانیانەی، واتایەک و پتر لەواتایەک بەخوێنەر دەبەخشن.
واتا هیچ کاتێک وێنەی هەقیقی ئەو واتایە نابەخشێتەوە کە مرۆڤ لەیەکەم بینیدا وەکو کەرەستەیەکی بێ گیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لەنێو هەر دەقێکدا پتر لەدەقێکدا بەناراستەوخۆیی هەیە، ئەرک و پەیام و گوتاری خۆیان ڕادەپەڕێنن.
پێنجەم: دەقنووس دەڵێت نالی و گۆران و ئەنوەر قادر موحەمەد بکوژە) فەرمان و داوایەکی نەرێنییە. گوتاری ئەم گوتنە مەبەستی کوشتن نییە، بەڵکو مەبەستی پێدانی ژیانە، دەقنووس دەڵێت ئەگەر من/ ئێمە ئەوانەی دیکە تێنەپەڕێنم، لەوان باڵادەستتر و دەقنووستر نەبم، (مردووم) واتە ئەو مەبەستی (کوشتن) وەکو سڕینەوەی ژیانی ئەوانی دیکە نییە، بەڵکو گەیشتن و تێپەڕاندنی گەورەیی ئەوانی دیکەیە، ئەو بەدوای نەمریدا دەگەڕێت، واتای (بکوژە) لەم دەقەدا (کوشتنی هەقیقی) نییە، بەڵکو نیشاندانی گەورەیی و ڕێزگرتنی ئەوانە.
دەقنووس/ نێرەر چ بەخوێنەر و وەرگرەکانی دەڵێت:

” لۆكه‌ت نه‌خستووه‌ته‌ گه‌رووی هیچ گۆرانیبێژێكه‌وه‌”
کێ ئەم کارەی نەکردووە، گوێگرەکەیە، کە کارێکی خراپی وەها نەکردووە، لۆکە بخاتە گەرووی گۆرانیبێژێکەوە. ئەمەی ئێمە خوێنەر و وەرگری دەرەوەی دەقەکە دەیبین، (بەرهەمی بینین) (David Allem, 2003, 61 ) زۆر گرنگە. خوێنەر چۆن وشەکان دەبینێت و چۆن واتاکان دەبینێت، واتە بینینی فیزیکی وشەی (چاو/ کڕنۆش/ لۆکە/ گەردوو) جیاوازە لەوەی چۆن واتاکانیان دەبینرێت، بۆیە بینینی ئەم وێنە شیعرییەی سەرەوە هەمان ئەو وێنە کاریکاتێرییە تەژی لەپرسیارە نییە، کە بریتییە لە (ت) ڕاناوی لکاوی کەسی دووەمی تاک و لۆکە وەکو کەرەستە و شتێک، گەرووش وکو بەشێک لەلەشی مرۆڤ و کەرەستەیەکی جەستەیە، شتێکە کاریگەریی لەسەر جۆری دەنگ و دەربڕین و ئاواز و وزەی گوتنەوە و گەیاندن دەبێت، گۆرانیبێژ، بکەرێکی ئاماژە بۆکراوە، لەڕاستیدا بکەر یەکەم خاوەنی گوتار نێرەرەکەیە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت، هیچ شوێنێکی لەنێو ڕستە ڕێزمانییە فیزیکییە بەرجەستەکە نییە، بەڵام بوونێکی بەهێز و کاریگەر و پڕ جووڵەی واتایی لەنێو ڕستە لۆجیکی و واتایی و دەربڕین و نافیزیکییە واتاییەکەدا هەیە. ئەو ناڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکەی دەدوێت و دەڵێت (تۆ لۆکەت نەخستووەتە گەرووی گۆرانیبێژێکەوە)، لەهەمان کاتدا دەتوانرێت گریمانەی ئەوەش بکرێت، کە کەسێک بە خاوەنی گوتارەکە بڵێت، تۆ هیچ کارێکی لەم جۆرەت نەکردوو. باشە ئەگەر پرسیارێکی سەرەکی بکەین چ ڕوودەدات ئەگەر حوکم لەبارەی شتێکەوە بدەین، یان پێمان وابێت ئەم شتە وەهایە، یان بیری لێبکەینەوە. (ادغون و تشارد، بدون سنة، ١٢٧). با هەندێک بیر لەم وێنە خەیاڵییە بکەینەوە، بزانین بیروباوەڕ و حوکمەکانمان لەبارەیەوە چی دەبێت، ئەو کاتە بەئاسانی دەتوانین واتای واتاش بدۆزینەوە. باشە با پێگە و ئەرک و شوێنی قسەکەر بکەینەوە، کە دەگۆڕێت:
یەکەم: دەقنووس قسە دەکات و پەیامەکەی ئاراستەی وەرگرەکەی (ت/ تۆ) دەکات. دووەم: ئەو کەسی سێیەمی تاک، کە کارەکتەرێکی نادیارە قسە دەکات و قسەکەی ئاراستەی خودی دەقنووسە و پێی دەڵێت تۆ کارێکی وەهات نەکردووە، تۆ بکوژ و سەرکوتکار و دژی ئازادی قسەکردن نیت. واتە لێرەدا خاوەنی گوتارەکە لەڕێگەی کەسێکی نادیارەوە، کە هیچ ناسنامە و بوونێکی فیزیکی نییە و لەدەروەی دەقەکە دایە وەسفی خۆی لەڕێگەی وشەکانی ئەم کارەکتەرە دەکات.
نیشانەی (ێک) نەناسراو و (ەوە)ی نیشانەی بەردەوامییە. گۆرانیبێژەکە کەسێکی نەناسراوە، واتە هەواڵەکە لەڕابردوو دەستی پێکردووە و تاکو ساتی قسەکردنەکەش بەردەوامە و کردەی لۆکە خستنە گەرووەکەش ئەنجام نەدراوە. لێردەدا واتای ئەنجامدان دەگۆڕێت بۆ ئەنجام نەدراو.
ئەمە سنوورێکی کێشراوە لەنێوان (کەسێک ناوە گەورەکان تێ دەپەڕێنێت و داهێنان دەکات)، لەگەڵ کەسێک (پاشخاپەرۆکە و قۆپیەچییە و نانی نانیشە).

لەگەڕان بەدوای ئەو واتایانەی ناڕاستەوخۆن پێویستە بیربکەینەوە، باشە ئەگەر بیرمان کردەوە چ دەقەومێت؟ کاتێک کردەی بیرکردنەوە ڕوودەدات، واتە ئێمە بیرمان کردۆتەوە، کە ئێمە بیر دەکەینەوە دەق بیر دەکاتەوە، بیرکردنەوەش گەڕانە بەدوای واتا و مەبەست.
گوتاری شیعر پشت بەشتە گوتراوە هێمادار و نیشانەدارەکان دەبەستێت، هێزی بەهێزی وشە و شێواز و مەبەستی بەکارهێنانییەوە بەستراوەتە. سەباح ڕەنجدەر دەمێکە لەنێو وشەدا دەژیت، ئەو نیشتمانێکی هەیە ناوی شیعرە، بەتاو لەنێو هەتاوی شیعردا بیر دەکاتەوە و شتەکان لێک دەداتەوە و نیشانە و هێمای نوێ بە وشەکانی دەبەخشێت.
گوتاری شیعرەکە

دەقنووس وەکو ئەندازیارێک لەنێوان کات و شوێندا وێناکردنێکی زمانی و واتایی ڕۆشنتر لەڕۆژی ڕووناکی دروستکردووە، کە شاعیر لەنێو فشارێکی دەروونی، لەنێو دیوانێکی پڕ لەجووڵە و فشار و داکێشان و کارتێکردن و کاردانەوە و بەرهەمدار دەژیت، ئەو لەچاوێک پتر و لەهەزار دیدو فکر و ڕێگا پتری لەنێو هەناوی تەنیا دەقێکدا تێر وزە و بیرکردنەوە کردووە.
ئەو خۆی قسەکەرە، خۆی گوێگرە، هەر خۆشی بڕیار دەرێکی ناڕاستەوخۆی نێو دەقەکەیە. ئەو نمایشێکی پراگماتیکانەی کارەکتەر و ڕووداو و گێڕانەوە و پێشهاتەکانی کردووە. ئەو بەزمان هێز دروست دەکات، نەک بەهێز زمان دروست بکات. ئەرکی پەیوەندیکردنە بەوەرگرەکانی، کە لەبنەڕەتدا کارکردنە بۆ گەیاندنی شتێک، یان کارێک کە پەیوەندی پێیەوە هەیە. (ج.ب.براون، ج. یول، ١٩٩٧، ٢).
گوتمان گوتار بریتییە لەڕاپەڕاندنی مەبەستێک و بەدیهێنانی واتایەکی قووڵتر و ڕیشەدارتر لەواتا سروشتییە هەقیقییە هەستپێکراوەکان، ڕاپەراندنی کردەی پەیوەندیکردنە لەنێوان نێرەر و وەرگر، ئامانجی گەیاندنی پەیامێک و کارتێکردن و جووڵاندنی وەرگرەکانیەتی. هەندێک دەق خوێنەر بەدوایدا دەگەڕێت، هەندێک دەقیش هەیە بەدوای خوێنەردا دەگەڕێت، هەشیانە وەکو کەپکەشاخێکی تەپیو بایەخ بەخوێنەر نادات، دەڵێت من دەقم، دەق نابێت خوێنەرەکانی دەقی بشکێنن.

دەقنووس دەڵێت:
شاعیری پاشخاپه‌رۆك و قۆپیه‌چی و نانی نانیش
له‌ كاتی كڕنووشدا مرد
ئەو کەسانەی گوتار پێشکەش دەکەن، بۆ ڕاکێشان و هێشتنەوەی گوێرەکانیان لەبەردەم ئاگردانی گوێگرتنەوە لەسەرەتا و ناوەڕاستی قسەکانیاندا (مەبەستە گەورەکە، واتایە ڕاستەقینەکە، گوتنە یەکلاکەرە و مەبەستە سەرەکییە زلەکان نادرکێن) بۆ ئەوەی وزەی درککردن و درکاندن لای وەرگر زوو بەتاڵ نەبێتەوە..
دەقنووسی دەقی (وەسیەت) پەیام و مەبەستە سەرەکییەکە دەردەبڕێت لەپێناسە و وەسف و ئاکاری شاعیرێک، کە بۆتە مایەی ڕەخنەلێگرتن، یان جۆرێکە لەنامەردەکان، کەسێکی بێ بینین و تاکڕە و ملکەچی فەرمانە ڕاسپێردراوە خراپەکانە. ئەو گوتارەکەی ئەوەیە بڵێت وەسیەتە ئەگەر دەتوانیت شاعیرێکی باشبە، نالی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد) تێپەڕێنە، لەوان باڵادەستر لەدەق و جوانووستر لەوان و زمانزانتر لەشیعر دەرکەوە، نەک ببیتە شاعیرێکی (پاشخاپەرۆک) و (قۆپیەچی) و (نانی نانی/ دەرۆزەکەر)، چونکە ئەگەر شاعیرێک هەزار ڕێگای هەمەجۆری دەربڕین و ئاوساندنی دەقی بەواتا و فکر نەبێت، ئەگەر شاعیرێک فرە بینین و فرە فکر نەبێت، ناتوانێت لەهەر وشە و گوتن و دەربڕین و وێناکردنێکدا فرە دەسەڵات و توانا و وزە بێت.

دەقنووس گوتارەکەی لەوە چڕ کردۆتەوە کە شاعیری (قۆپیەچی و پاشخاپەرۆک و دەرۆزکەر) لە کاتی کڕنۆش بردندا دەمرێت. ئەوە مەبەستی مردنی هەقیقی نییە، بەڵکو چونە دەرەوەی شاعیرە لەنیو دەسەڵات و پێگە و ڕۆح و خوێنی دەقدا، چونکە گوتاری دەقنووس (بکوژە و مرد) نییە، بەڵکو (بیربکەوە و پاشخاپەرۆک) نەبوونی مەبەستە.
بەپێی شیکردنەوەی پراگماتیکی و بەپشت بەستن بەکردە قسەیی لەنێو گوتاری ئەم دەقەدا بۆمان دەردەکەوێت، نێرەر زانیارییەکی ناڕاستەوخۆمان پێ دەدات، کە شاعیرێکی فاشل، کە لەسایەی قۆپیە دەژیت، هیچی پێ نەماوە و دوای بەتەمەن کەوتن شیعر دەنووسێت، ناتوانێت شاعیریەتی شاعیرە پایەدارەکان تێپەڕێنێت، بۆیە وەکو نەخۆشێک، لەسایەی کڕنۆش بردن دەیەوێت نێوبانگ و دەسەڵات و دەق پەیدا بکات، کڕنۆش بۆ شاعیر هاوتای مردنە. ئێمە لەڕێگەی کردەکانی نێو ئەم ڕستە کورتانە، دۆخی دەروونی و شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کات و کارەکان و شوێنەکان دەدۆزینەوە.
واتا فکرییەکان، لە وتای کردەکانی نێو زمان و لە پەیوەندییە خەیاڵی و هەقیقییەکان، لە کردەی ڕیزمانی و کردەی هەڵچوونە دەروونی و فکرییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

کارەکتەرەکانی دەق
قسەکەر/ نێرەر ڕاناوی لکاوی (م) کەسی یەکەمی تاکە، ئەم جۆرە دەقە تاک لەدۆزی کەسی یەکەمدا کارەکتەری سەرەکییەتی، ناڕاستەوخۆ بێت، یان ڕاستەوخۆ (من) قسەکەر و نێرەر و کارەکتەری سەرەکییەکەیەتی، بۆمان دەردەکەوێت قسەکەر ڕاستەوخۆ لەنیو دەقدا وەکو سەرکردە و بیرکەرەو ئەندازیاری وشەکان هەڵسوکەوت دەکات. لەم دەقەدا (من) واتە خودی شاعیر/ سەباح ڕەنجدەر خاوەن و ڕاپەڕێنی گوتارەکەیە.
وەرگرەکان ئەمانەن (ات/ کەسی دووەمی تاک واتە تۆ)، ئەمەیان وەرگری راستەوخۆی نێو دەقەکەیە، لەنێو دەقەکەدا شاعیر قسە لەگەڵ تۆدا دەکات، لەدەرەوەی دەقەکەدا من و تۆی خوێنەر وەرگرێکی دیکە دەقەکەین.
کات و شوێن دیار نییە، بەڵام دەزانین دەقنووس کوڕ/ شیعری وەکو نۆبەرە هەیە، واتە دیارە نییە باسی چ وەرزێک دەکات و ڕووداوەکان لەشەو، یان ڕۆژدا ئەنجام دراون. دیار نییە بزانین دەوروبەری گوتنەکان و کەشی سروشتی چۆنە، هەروەها رووداوەکان لەچ شوێنێکدا ڕوویان داوە. بۆیە دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین، کە کردەی خراپ، خۆ بچووکردنەوەی شاعیر بە (قۆپییە و نانی نانی و کڕنۆش) هیچ کات و شوێنێکی نییە، ئاساییە لەدەرەوەی تێڕوانین و لێکدانەوەکاندا ڕووبدات.
لەهەمان کاتدا کارەکتەری لاوەکیش هەیە، وەکو: شێر، مەرد، چەقەڵ، ئەوان، نالی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد و گۆرانیبێژ، شاعیر، پاشخاپەرۆک، قۆپیەچی.

ئەنجام
گوتاری شیعر، لەنێو واتای هەزار ڕەنگدا هێز و وزە پەیدا دەکات، هیچ واتایەکی هەقیقی و بەرجەستە بێ دوو واتا یان پتر لەدوو واتا وێنا ناکاتەوە، هێز و وزەی شیعر لەفکر و واتا و فرە دەسەڵاتیی وشە و هێز و ئاوازەی وشەکان و کاریگەریی دەروونی دەربڕین و گوتنەکانی دایە.
سەباح رەنجدەر لەنێو وشەدا دەژیت، ئەو ناچێتە دەرەوەی دەق، هەموو وزە و دەسەڵاتێکی خۆی لەنێو دەقدا چڕ دەکاتەوە، بۆیە نایەوێت وەکو قۆپیەچییەکی ملکەچ بمرێت، ئەو بۆ شیعر دەژیت.. تەنیا شیعر!.
هەست دەکرێت، وەسیەت بۆ مردن ناکات، بەڵکو وەسیەت بۆ ژیان دەکات و بە شاعیرە پاشخاپەرۆکەکان دەکات و ئامۆژگاریان دەکات و پێیان دەڵێت بۆ ئەوەی لەکاتی کڕنۆشدا نەمردن و شێر بتانخوات، واتە گەورەیی و وشەی گەرم و شیعری بێ ئازار، نابێتە دەقێکی زیندوو، ئەو وەسیتە دەکات و بەهەندێک دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت وەکو من شاعیر و خاوەن دەق بن، واز لە قۆپیەچیەتی و دەرۆزەکەری و کڕۆنش بهێنن، بیر لە گەیشتنە ئاستی شاعیرە گەورەکان بکەنەوە.
گوتاری ئەم دەقە (رەخنەگرانەیە، هەڵسەنگاندنە، دەربڕینی دۆخی فکرییە، وێناکردنی دوو کارەکتەرە، کە یەکێکیان شێر، یان چەقەڵ دەیخوات و دەمرێت، هەشیانە لەکاتی کڕۆنش برندا دەمرێت).
گوتاری ئەم دەقە ئامۆژگارییە و بەهەندێک بۆ ئەوەی خوێنی گەرمتان بەلێوی شێرەوە بمێنێت، پێوسیتە لەدەنووسیدا، لە واتاسازیی و دروستکردنی وڵاتی زماندا، لە نالی و گۆران و ئەنوەر ساعیرتر و بەدەسەڵاتر و خاوەنی وشەی بەهێز تر بن.
گوتاری ئەم دەقە لەشێوەدا ڕاستەوخۆیە و لە نێوەڕۆک و مەبەست و واتادا ناڕاستەوخۆیە. گوتاری ئەم دەقە، کەندووی پڕواپرە لەواتای فرە رەنگ و دەنگ، ئەو دونیای خۆی لەنێو واتادا وێنا دەکات.
سەباح ڕەنجدەر شاعیرێکە لەنێو ئەزموونی جیاوازی شیعردا دەژیت، نایەوێت دەقی ئێستای هەمان دەقی دوێنێ و سبەینێ بێت. ئەو لەشیعر پتر شتێکی دیکە ناناسێت. دەتوانرێت بڵێین گوتاری شیعری سەباح ڕەنجدەر، وزە لەمردن وەرناگرێت، بەڵکو بوژانەوەیەکی بەردەوامی تێدایە. گوتاری ئەم دەقە شکۆدانە بەمردن و کوشتن و خوران نییە، بەڵکو دەسەڵات و وزە تێپەڕاندنی پێگە و توانای شیعری شاعیرانی دیکە.
من کارم لەسەر پێکهاتە وئەرکی زمان لە بەرهەمهێنانی گوتاری دەقی شیعری کردووە، بەئاسانی لە وشەکان دەگەم، بەڵام هەر بمەوێت (واتا و وێنە شیعرییەکانی) نیو دەقەکە ڕاو بکەم، هەست دەکەم وەکو دەشتێکی لێککشاوە واتاکان زۆرتر و وێنەکان پتر و مەبەستەکان فرەتر دەردەکەون.
————————————

سەرچاوەکان:

ابراهیم بشار، الابعاد النصیة والتداولیة فی التراث البلاغی العربی، رسالة دکتورا، جامعة محمد خضیر، بسکرة، ٢٠١٦.
اوغدن و رتشاردز، معنی المعنی دراسة لاثر اللغة فی الفکر ولعلم والرمزیة، ترجمة د. کیان احمد حازم یحیی، دار الکتاب الجدید المتحدة،بدون سنة.
ج.ب.براون، ج. یول، تحلیل الخطاب، ترجمةد. محمد لطفی الز لیطنی، د. منیر التریکی، النشر العلمی والمطابع جامعة الملک سعود،١٩٩٧.
جولیا کریستیفا، علم النص، ترجمة فرید الزاهی، مراجعة عبد الجلیل ناظم، دار توبقال، المغرب، بدون سنة.
جۆرج یۆڵ، مەبەستناسی پراگماتیک، وەرگێڕانی رەحیم سورخی، ناوەندی توێژینەوەی عەبدوڵرەحمان زەبیحی، سلێمانی، ٢٠١٦.
د. وریا عومەر ئەمین، ئاسۆیەکی تری زمانەوانی، دەزگای ئاراس، هەولێر، چاپی یەکەم، .٢٠٠٤
رۆبرت دو بکراند و لفغانغ دریسلر، مدخل الی علم لغة النص، ترجمة الهام ابی غزالة و علی خلیل حمد، مطبعة دار الکتاب، بیروت، ط١، ١٩٩٢.
زنتسیسلاف وارزنیاک، مدخل الی علم النص- مشکلات بناء النص، ترجمة سعید حسن بحیری، موءسسة المختار للنشر والتوزیع، القاهیرة، مصر، ط١، ٢٠٣٣.
https://dengekan.info/archives/19313سەباح ڕەنجدەر، وەسیەت،
صلاح فضل، بلاغة الخطاب وعلم النص، دار الکتاب المصری، القاهرة، دار الکتاب اللبنانی، بیروت، ط١، ٢٠٠٤.
ڤان دایک، النص و السیاق، اتقصاء البحث فی الخطاب الدلالی و التداولی،ترجمة عبدالقادر قنینی، افریقیا الشرق،المغرب،.٢٠٠٠
ک. آوریکیونی، فعل القول من الذاتیة فی اللغة، ترجمة محمد نظیف،افریقی الشرق، دار لابیضاء، .٢٠٠٧
محمد الشاوش، اصول تحلیل الخطاب فی النظریة النحویة العربیة- تاسیس نحو النص، جامعة منوبة الموءسسة العربیة للتوزیع، تونس ، ط١، ٢٠٠١.

David Allem, Getting Things Done the art of stress- free productivity, published by the Penguin Group Penguin Group )USA) LLC 375 Hudson s. Ne York, 2003, 61.




باکرێکارانمان لە یادبن.. ژوان باقی

چینێكی چەوساوە و ماندوی كۆمەڵگا، ئەو چینەی ئەگەر بێت و ڕۆژێك كار نەكەن، خۆڵ و خاشاك ناو شارەكان دەتەنێتەوە، لە هەموو لایەك بۆنی پیس بڵاو دەبێتەوە، بە كار نەكردنی ئەوان، باڵەخانەكان ناچن بە ئاسماندا، كۆڵانەكان شەقامەكان شارەكان كەڵكی ژیانی تێدا نامێنێت، ئەمە چگە لەوە ئەگەر ڕۆژێك ئەم كەسانە كاریان نەبێت بە زەحمەت ژەمی ئەو ڕۆژە پەیدا دەكەن بۆ خێزانەكانیان، ئیتر منداڵەكانیان بێت، یان دایك و باوك و خوشك و برا بێت، یاخود هاوسەر بێت.
چگەلەوەش ژیانیشیان لە بەردەم مەترسیدایە. هەموومان گوێمان لێ بووە، كە چەنەها كرێكار لە كاتی كارەكەیدا گیانی لەدەستدا، ئەو ئێوارەش بۆ خێزانەكانیان لە بری گەڕانەوەی باوكیان یان برایان یاخود هاوسەریان، بە دەستی پڕ و دڵخۆشی، جەستەیەكی ساردی بێ ڕۆح گەڕێنرایەوە ماڵەكانیان.
وەك چۆن هەمووان قەرزاری دایك و باوكمانین، كە پەروەردەیان كردوین، ئاوهاش قەرزاری ماند و بوونەكانی ئەوانین، لە بەرەوپێش چوونی شارستانیەت. كە لە پاڵ هەر بیرۆكەیەكی ئەندازیاری یاخود هەر پڕۆژەیەك، كرێكاران دەستێكی باڵایان هەبووە، گرنگە هەوڵ و ماندو بوونەكانیان لەبەرچاو بگیرێت.

ڕۆژی (1ی ئایار) وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران دیاری كراوە.
زیاد لە (100)وڵاتى جیهان، ئەو ڕۆژە دەکەن بە پشووى فەرمى.
چیرۆکی دیاریکردنى (1ى ئایار) بۆ کرێکاران، لە ناوەڕاستی (سەدەی نۆزدەیەم)دا، ئەمریکا لە سەرەتای شۆڕشێکی پیشەسازیدا بووە، کرێکارە ئەوروپییەکان، کە کۆچیان کردبوو، بۆ ژیانێکى نوێ، نوێنەرایەتی هێزی کاریان دەکرد. لە ئەمریکا لەو کاتەدا بارودۆخی کارکردن زۆر خراپ بووە، کرێی کارکردن کەم بووە، و کاتی کارکردنیش زۆر، مانگرتنی کرێکاران، هەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەم زۆر بەربڵاو بوو، ئەو جوڵانەوەیەش لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە وانەى بە (شیوعیی) ناسرابوون، بڕوایان بە لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداری هەبوو، سەرکردایەتی دەکران، زۆرێکیشیان لە ئەڵمانیاوە ڕۆشتبوونە ئەمریکا. لە ساڵی( 1886) یەکێتی سەندیکای کرێکاران، لە ئەمریکا داوای کرد، کە لە (1ی ئایار)دا مانگرتن ئەنجامبدرێت، هۆکارى ئەو مانگرتنەش بۆ ئەوەبوو، کارکردن لەڕۆژێکدا ببێت بە( 8)کاتژمێر، لەو مانگرتنەدا زیاد لە( 300) هەزار کرێکار بەشدار بوون. لە (3ی ئایارى ساڵى 1886)، لە لایەن پۆلیسی شیکاگۆى ئەمریکا ژمارەیەك لە کرێکارە مانگرتوەكان کوژران. لە ڕۆژی(4ی ئایاری) هەمان ساڵدا، لە گۆڕەپانی (هیمارکێت) لە شاری شیکاگۆ، ئەو شوێنەى کرێکارەکان تیایدا کۆدەبوونەوە بۆمبێک دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك لە پۆلیس و کرێکار گیانیانلەدەستدەدەن. لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەى ئەوکاتەشدا (4 لە بەڕێوەبەرانى مانگرتنەکە دادگاییکران، تۆمەتبار کرابوون، بە هاندان بۆ هێرشکردنە سەر پۆلیس.
پاشان لە ساڵی(1887) بە بڕیارى دادگا چوار لە بەڕێوبەرانی مانگرتنەكە لەسێدارە دران، پاشان لەساڵی (1893) دادوەری (ویلایەتی ئیلینو) ئەوانی دیکەى ئازاد کرد. لە ساڵی (1889) سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکدا لە پاریس، داوای یەکخستنەوەی شۆڕشی کرێکارانی کرد لە جیهاندا، بۆ ئەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکرێتەوە بۆ (8 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. لەو کۆنگرەیەدا بڕیاریاندا، وەڵامی ئەو داخوازییە بدەنەوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری جیهانی لە (1ی ئایاری ساڵی 1890)، بەو هۆیەوە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانى کرێکاران ناسێندرا. بە گوێرەى ئامارە فەرمییەکان ڕۆژی (1ى ئایار)، بە ڕۆژی پشوی فەرمی دادەندرێت لە(107) وڵاتی جیهان، (60%) کۆى دانیشتووانى سەر زەوی دەکات.

ژیانی كرێكارانی هەرێمی كوردستانیش، لە دۆخێكی خراپدایە. بەتایبەت كە چەند ساڵێكە قەیرانی دارایی بەرۆكی بە هاوڵاتیان گرتووە. لە ئێستاشدا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێكی ترە لەو هۆكارەكارانەی زۆرترین كاریگەری، لەسەر ژیانی كرێكاران هەبووە.
یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی سەختی ژیانی كرێكارانی هەرێم، هێنانی كرێكاری بیانی و پێدانی كار لە بەرامبەر كرێیەكی كەمتر، ئەمەش وایكردووە، ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵكشاندابێت.
لەگەڵ ئەو دۆخە سەختەدا، مەترسییەكانی سەر ژیانی كرێكاران، ساڵانە زیاتر دەبێت، بەجۆرێك ژمارەیەكیان، لەكاتی كاركردندا، توشی ڕووداوی دڵتەزێن دەبن، بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن. دواتریش هیچ ئاوڕێك لە خێزانەكانیان نادرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان توشی برینی سەخت و كەمئەندامی دەبن، بێ ئەوەی هیچ لایەنێكی حكومی و كەرتی تایبەت ئاوڕیان لێبداتەوە.

ژوان باقی




تۆری هاوکاری کۆمەلایەتی پاش تێپەڕبوونی سالێک! زنجیرەی دووهەم.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش

لە ڕۆژگارێکدا کە ڤایرۆزی کۆرۆنا هەڕەشە لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکرد، لە رۆژگارێکدا کە ڕۆژانە گوێبیستی هەزاران قوربانی و سەدان هەزار بەرکەوتە دەبووین، کۆمەلڵێک ئینسان بەدەوری ئامانجێدا کۆبوونەوەو بڕیاریاریاندا بەدوای ژان و ژیانی خەولکانەوەبن کە قوربانی یەکەم و ریزی پێشەوەی ئەم کارەساتە نیودەولەتیەن.

ھەموومان دەزانین کە لەماوەی چەند ڕۆژو هەفتەیەکدا ئاراستەی ژیانی رۆژانەمان بەتەواوی گۆراو مشغلەو بیرکردنەوەو بەرننامەو کارو ژیانمان وەک خۆی نەمایەوە و ناچاربووین بەوەی کە خۆمان لەگەل ئەو دۆخە تازە نەخوازراوەدا بگونجینین.

دەبوو دەست لەکارەکانمان هەلگرین و بروینەوە مالەکانمان و خۆمان و ماڵ و منداڵمان کەرەنتینەکەین و خۆمان بپایزین و ئاگاداری ئەوەبین کەمترین بەرکەوتەمان لەگەل کەسانی دەوروبەرمان هەبیت.
لە جەرگەی ئەم جەنجالە تراژیدیایەی ژیانی ڕۆژانەدا کۆمەڵێک ئینسان سەیان لە پەنجەرەکانی مالی خۆیان دەرهیناو بیریان لە دۆزینەوەی ڕێگەیەک کردەوە بۆ بەھاناوە چونی ئەو خێزانە هەژارو نەدارانەی کە خۆیان پێشتر ڕەنجیان دەبرد لە دەست برسیەتی، بیکاری و نەداری و تەنانەت بێ موچەی و چارەکە موچەو ئیستەش دەبیت دەستوپەنجە لەگەڵ بەڵایەکی تری گیان کێشدا نەرم بکەن کە بەڵای ڤایرۆزی کۆرۆنایە، کە بۆ ئەو بەشە لەخەڵکی ئەم کۆمەلگایە بەڵایەکی یەکجار گەورەو جیاوازو ترسناک بوو لەو رۆژگارە پڕ لە قەیرانەدا.
ئاخەر ئەوان سەرباری یەک بەیەکی ئەو کیشانەی کە باسکران یەکجار سەختە کە ناچار بکرین بەوەی لەماوە بمێنەوەو ریگە لە دەستفرۆشی و حەمالی و خزمەتگوزاری وکریکاری و قەرزوقولەیەک بگرن بۆ دابینکردنی شیری مندالەکانیان.
دروست لەوبارودۆخە دژوارو پر بارەدا ئێمە کۆمەلە کەسانێک کە ژمارەمان لە پەنجەکانی دەست تێپەر نەدەبوو ، ووتمان کاتی هاتووەو ئیستە ئەگەر هیچمان پینەکرێت دەتوانین لەتەنیشت ئەو خەلکە بەشمەینەتەوە هاودلیەکیان بکەین و پێکەوە هەست بە دلنەواوی هیزێکی زیاتر بکەین، بۆئەوەی کە لەڕێگەی هاوپشتی و کاری هەرەوەزیەوە بتوانین هەنگاوێک بنین بۆ بەشداری کردن لەباشترکردنی ژیانی ئەو ژمارەیەی کە لەتواناو سنوری ئیمکاناتی ئێمەدایە بۆ هاودلی نیشاندانێک ئەگەر بە کۆمەکێکی زۆر کەمیش بووە.
هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونەوە دەمانزانی کارەکەمان زۆرسەختە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە دەبوو یەک بەیەکی ئێمەش وەک ئەو خەڵکە خۆمان بپارێستایەو لەهەوڵی ئەوەدا بووینایە کە بەرکەوتەمان لەگەل دەوروبەرەکەی خۆماندا نەبووایە، بەلکو لە راستیدا دیوێکی سەختیکە

ئەوەبوو کە ئایدیایەکی زۆرباش و ئینسانیمان هەبوو بەلام لە خالی سفرو لەگیرفانی رۆژانەی بێکاری خۆمانەوە دەستمان پیکرد، سەختە بۆ ئەوەی کە ئێمە ڕوو بە کوردستان کارمان دەکردو بەلام ئەو ڕۆژانە تەنیا یەک کەسیشمان لەگەلدا نەبوو کە لەوێ ھاوکارمان بێت.

بەلام بەتەواوی مانا بروامان بەوە هەبوو ئەم سەختیە لە ئاستانەی مستەحیلدا نیەو دەبێت دەستی بۆ بەرین!
بۆیە لەهەنگاوی یەکەمدا بیرمان لەوە کردەوە کە لەهەولی دابینکردنی بەستەی خواردندابین بۆ ژماریەک لەو خێزانانەی کە پێویستیان بە نانی وشکی ڕۆژانە هەیە، دواتر بیرمان لە دابەشکردنی جلوبەرگ کردەوە پاشان کۆمەلێک کەسان بەرۆکیان پێگرتین کە لەرووی تەندروستیەوە لە دۆخیکی سەخت و پر معاناتدا ژیانیان بەسەر دەبرد .
تا سەرنجام کە ئیستە ئاوریک لەو رۆژانە دەدەینەوە دەبینین توانیمان هاوکاری زیاتر لە دوو هەزار خیزان بکەین بە دابینکردنی بەستەی خواردن، وە زیاتر لە دوو تەن جلوبەرگ بگەیەنینە دەست ئەو کەسانەی کە پێویستیان پیەتی لە کوردستان… تەنانەت لەماوەی ئەم یەک ساڵەدا توانیمان کە زیاتر لە بیست کەس بەهرمەند بکەین لە دەرمان و پێداویستی تەندروستی بۆ ماوی چەند مانگێک، ھەروەھا عەمەلیاتی 7 کەسیش بکەین.

بەلام هەقیقەت ئەوەیە کە بارودۆخی تەندروستی خەلکی کوردستان پێویستی بەوە بوو کە تۆڕەکانی ئێمە لەئاستێکی تردا مامەلەی لەگەل ئەم بابەتەدا بکات و پرۆژەیەکی تایبەت یان تۆریکی تایبەت بە باری تەندروستی خەلکی کوردستان دروست بکات وەک یەکیکی تر لەتۆرەکان .
بۆیە دوابەدوای شەش مانگ کارکردن لەم بوارەدا سەرئەنجام توانرا پاش دیدارو بەسەرکردنەوەی دەیان دکتۆر و پزیشکیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا تۆرەکە راگەیەنین و هاوکات دوو پرۆژە وەک ئەولەویەت بخریتە دەستوورکارەوە کە دروستکردنی تیمێکی گەرۆک و کلینیکیک بوو، کە یەکەمیان تائیستە یەکەمین دەرچوونی سەرکەوتوانەی خۆی ئەنجامداوەو دووهەمیشیان تا ئیستە توانراوە بەبڕی زیاتر لە 250 هەزار ئیورۆ ئامیری تەندروستی بۆ پەیدا بکریت کە لەئیستەدا ئەم ئامیرانە بەریوەن بۆ کوردستان .
بەم بەشێوەیە توانیمان ژمارەی تۆرەکانمان بکەین بە 22 تۆر لە کوردستان و هەندەران کە تائێستە جێگەی پێشوازی و پشگیریەکی بەرفروانن چ لە ئاست ناوخۆی کوردستان و چ لە ئاستی ولاتانی دەرەوە، بەجۆرێک کە سەدان کەس تائێستە لەگەڵ تۆرەکانی ئێمەدا کار دەکەن!
بۆیە بەدەر هەر لاوازی و کەموکوریەک کە تۆری هاوکاری کۆمەلایەتی هەبیت، بەلام ڕادەی بەرەوپیش چوونی ئەم پرۆژەیەو فراوان بوونەوەو بەردەوام بوونی بووتە ئەو ئەمری واقعەی کە دۆست و نەیار دان بوونی ئەم تۆرانەو کاریگەریان لە ئاست کۆمەلگەی کوردستاندا دەنیت.
بۆیە جێگەی خۆیەتی پاش یەک ساڵ کارو هەڵسوران و ماندوبوونی کەسانێک کە بەکردەوە مایەیان لەسەر ئەم پرۆژەیە داناوە، دەکری
پێکەوە شانازی بە کارەکانمانەوە بکەین دلخۆش بین بە پێشەرەویەکانی تائیستەی و لەهەولی فراوان کردنەوەیەکی بەرچاوی ئەم تۆرانەدابین بە رادەیەک ئەوەی کە لە ئیستەدا هەیە وەک ماترلیالیک بکریتە ھەوێنی بەرپاکردنی بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەلایەتی، کە ئەمە تائێستە بەو خاڵە لاوازە ھەژماردەکرێت کە دەبێت ئێمە تەوای هەول و توانای خۆمان بەدەوری بەگەڕخستنی ئەو بزوتنەوەدا بەگەڕ بخەین و لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەدابین، کە ئەو ماتریالەی لە کۆمەلگادایە بە دەخالەت و نەخشەی رۆشن و پلان وتاکتیکی دروست ریکیبخەین و هەول بدەین بۆ بنیادنانی ئەو بزوتنەوەر فراوانەی کە دەتوانێت تەوای تانوپۆی کۆمەڵگا بتەنێتەوە!

دیارە زۆر لایەنیکەی شێوەکارو تاکتیک و میکانیزمی فراوان بوونەوەو ڕاگەیاندن و فۆکۆس کردن لەسەر ئاراستەی کاری کۆمەڵایەتی و بنیادنانی کاری محەل و شوێنی کار وەک بنکەی دروستکردنی تۆڕەکانمان دەگرێتەوە ، کە ھەوڵ دەدەین لە زنجیرەکانی تردا ئاوڕیان لێ بدەینەوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بانگەوازی ھەموو ئەو دۆست و ھاوڕێ و ئەزیزانە بکەین کەتائێستە چوارچێوەی گشتی کارەکانیان پێباش و پەسەند بووە، پەیوەست بە ئێمەوەو خۆشیان ببنە بەشێک لەو ماتریاڵەی کە دەتوانێت پێکەوە بەھێزی یەکگرتوومان و دەخالەتگەری عەمەلیمان ئەم تروسکەیە بگەشێنینەوەو جوڵانەوەیەکی بەھێز بەدەوری ڕێکخستنی ئەو خەڵکە ھەژارو کەمدەرامەتە بەرپابکەین بۆ پاشترکردنی ژیان و گوزەران و ئایندەیەکی شایستەو ئینسانی بۆیان !
تائێرە ماوەتەوە بە یەک بەیەکی ئەو ھاوڕێ و دۆست و ئەزیزانە بڵێن کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردودا بەھەرجۆرێک و لەھەر ڕێگەیەوە ھاوکارمان بوون دەستەکانتان خوش بێت بە دڵنیای بەبێ ھاوکاری و دەخالەت و دڵسۆزی ئێوە ئەم تۆڕانە نەیاندەتوانی ئەم سیماو جێگەو ڕێگەیان ھەبێت و ھیوادارین کە لە ئایندەدا بەگوڕوتینێکی زیاترەوە ھاوکارو ھاوڕێمان بن، چونکە ئەمڕۆ لە ھەرسەردەمێکی تر زیاتر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان پێویستیان بە ڕێکخستن و ھاوکاری ھاودڵی کردنە، خۆشحاڵین بە بوونتان و سوستان دەکەین!




دوا باران.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

سەرەتا ، هەموو شتێک..
لە دڵۆپە باران ،،
لە خەم،،
دەستی پێکرد،،
داسی تروسکە،
لەسەر ملی دارستان،
ماڵئاوایی گیای سەوز،
لە شنەبا، دوا دڵۆپە فرمێسک..
لەگەڵ خۆڵا،،
دوا دەستلەملانی کرد،
ڕەگی دارەکان، تینوو..
بە دوا فرمێسک،
ئاسمان گێژەنە لمە، تووڕی دا،،،
چارۆکەی ڕەش و…
دڕاوی کەشتی هەور،،
دڵیان مەلی بێلانە،
پیاوە بێ ماڵەکان،،
ژنە بێ شوناسەکان،،،
لە ژیر دوا لێزمە ی بێهودەیی…
شەقامەکانیان چۆڵ کرد،،
دواهەمین بارانی..
ڵێل و لیخنی تینوە،
وەک فرمێسکی سوێرو تاڵ،،
بەسەر پەیکەری ساڵی عیشقی قاتو قڕ،،
منداڵێکی برسی، بێ ئاگا،،
لە وەرزە تەمەنێکی تفتی بێباران،،
جانتاکەی، پڕ لە فرمێسکی هەور،،
تەنیاکان، هەژارەکان..
نیە دەرچوون، لە ئەندێشەی..
پڕ ئەشکەنجەی شار،،
لە چاوەڕوانی ، بە دوای بەلەم ،
لە ئەفسانە ی درۆی خۆشبەختی،
چوونە ژێر گریانی ووشکی هەور،،
دوا فرمێسکی گەرمی..
بەهارێکی ووشک ،،،
وەک وێرانە بیابان، داچۆڕا،،،
بە قووڵایی کانی ڕۆحیان،،
وەک مەلی تەڕ ،،
لەو سەری کۆڵان،،
تارماییەک پێ هەڵئەگرێ،،
دوا چرپەیەک، لە ووشکە با،
دوا هەنگاوێ،،،
بەلای پەنجەرەیەک،،
لە تەم و مژ،،
نیگایەکی خێرا..
لە ڕوخساری تەڕی ئەو،،
بە دوا فرمێسکی گەرمی بەهار

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری برازیلی
(Guilherme Gomes)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




قەسیدەی خەونێک لە خەونەکانمدایە.. ستیڤان شەمزینی

خەونێک لە مندا کەوتۆتە شەپۆلدان
لەگەڵ خۆی ئەمباتەوە
ئەو خەڵوەتگایەی بۆ یەکەمین جار
کتێبەکانی عەشقم تێیدا خەتم کرد و
بۆ یەکەمین جاریش
بینم نا بە قومە ژەهری ژیانەوە
هەر لەوێش
سەرەتا بوومە ئەو پەروانە دەم بەپێکەنینەی
لاوکی بۆ گوڵە پەمەییەکانی باخ ئەچڕی و
لەگەڵ غروبدا سەری خۆی بۆ بناری تیشک هەڵئەگرت
بەیانیان پێش باخەوانەکان
باخچەکانی بێدار ئەکردەوە و
نیوەڕوانیش پرچی سەوزی بەهاری شانە ئەکرد
بوومە ئەو نەورەسە چاو خومارییە سەرەڕۆیەی
ختووکەی مانگی ئەدا و
لەئاوابوونی خۆری ئەڕوانی
سەرگوزەشتەی شەپۆلێکی ئاشقی
بە گوێی دەریادا ئەچرپاند
زۆر جاریش بەدەم تەیکردنی رێی ئاسمانەوە
لە شەنگەبییەکانی بەردەم ماڵی قەرەجێکی ئەڕوانی و
لە دیمەنی دووکەڵی ئاگردانەکان ورد ئەبووەوە
لەسەر دەفتەری خەیاڵیش
یاداشتەکانی خۆی ئەنووسییەوە
بوومە ئەو ونبووەی
لە نێو کۆڵانەکانی دڵدا بزربووم و
لە بنبەستی کوچەیەکدا
دامە پڕمەی گریانێکی بە کووڵ
بۆ ئەو رۆژانەی تەمەنم
لە دووری گێلاسی ماچەکانت بوون بە تەم
بۆ ئەو شەوانەشی
لە پشت چراخانی رۆژگاری درۆزنەوە
وەک کۆترێکی باڵشکاو
بەربوومەوە دۆڵی هەڵپڕووکانەوە
بوومە پیرە سۆفییەکی خانەقای دڵشکاویی
مووناجات و قووڵپی گریان
ئەگۆڕم بۆ قاقای پێکەنین
رەنگی زەردی پایز
لە سەوزایی بەهار هەڵئەکێشم
فەرامۆشیی دەروون
ئەکەمە سترانێکی داگیرساو
دۆڵابی خۆزگەکانم
سەراوڕێژ ئەکەم لە سەراب
رەونەقی ژیانی لاویم
لە چرچی تەمەنەوە ئەپێچم
کاسەسەرم ئەکەم
بە تەپڵەکی ئەو سیگارانەی
بە دیار رۆژە ئاڵۆزکاوەکانمەوە
هێدی هێدی ئەسووتان
فنجانی قاوەکەم
لێوانلێو ئەکەم لە خەمی شیرین
بەهەشتی خەیاڵیشم
بە ئاگری بێ تاقەتی ئەکەمە سووتماک
هۆدە چۆڵەکانی ژینم
تەژی ئەکەم لە مەیلی خۆکوشتن
بوومە ئەو موسافیرەی
نیشتمانم لە نێو جانتای سەفەرێک لە بیر چوو
ژیانیشم فەردەیەکی قورسی ژانە بە کۆڵمەوە و
عەشقم لەنێو سندووقی رزیوی دڵما بەند بووە
لەسەر هەموو شاڕێکانی شادیم
لوغمی بێهودەیی چێنراوە و
بەختەوەریی گەمە و چاوشارکێم لەگەڵ ئەکات
منیش لە تولە رێگاکانی مردنا
تووشی ژیان ئەبم
کە چیتر کەناری دڵم
بەسەر ساردوسڕیی وجوددا ناخوێنێ
بوومە ئەو رێبوارە شەکەتەی
بەدوای جوگرافیای خۆشیا وێڵ بووم
سەفەرم کرد لەگەڵ ئەو باڵندانەی لە وەرزی کۆچدا
رووەو باخە ئاڵەکانی ونبوون لە شەقەی باڵیان دا
لەگەڵ بارینی تاوە تەرزەی شوومی و نەگبەتی
چەتری دەستم رەشەبای نیگەرانیی فڕاندی
دەنکە مێووژی تاڵیم لە گیرفانی شەرواڵی زەمەن
دەنک دەنک دەرئەهێنا و دەمکردە مەزەی
پێکە تفتەکانی سەفەرێکی بێ ئەنجام
بازم ئەدا
بەسەر گۆڕە هەزار بەهەزارییەکانی جوانی و
گڵۆپەکانی غوربەتم
بۆ پەناگە تاریکەکانی شیعر دائەگیرساند
بەرلەوەشی شیعرێک بنووسم
هەزاران ئازار ئەینووسیمەوە
پێش ئەوەی رستەیەک وەک بۆڵە ترێ
لە هێشووی قەسیدەیەک بکەمەوە
سەدان گوڵ لە باخی دڵم ئەکرانەوە
بوومە ئەو قەرەجەی زەمیلەیەک خەمی نارنجیم
بە کیشوەرەکانی تەمەندا ئەگێڕا و
بێ ماندووبوون دەسکەنەی رەشبینیم ئەکرد
چنگم لە رەشترین هەسارە گیر ئەکرد و
دووباڵم لە هەڵم دروست ئەکرد
تاکو پێی بفڕم
بۆ پشتی شوێن و ئەودیوی کات،
تاکو سەرمەست ببم بە هیچ
لە هیچ زەمەن و شوێنێکیشا نەبم
بە پێنووسی گۆشەگیریی سەرگوزەشتەی
ئەو کانییە ئەگێڕمەوە لە دڵما وشکی کرد
مێژووی ئەو شارە ئەنووسمەوە
لە رۆحما بوو بە زرێبار
چیرۆکی ئەو سەفەرە ئەنووسمەوە
هەرگیز نەمکردووە
داستانی ئەو عەشقە ئەنووسمەوە
هیچ کات بەدەستیناهێنم
بیرەوەریی ئەو گۆمە ئەنووسمەوە
لە وشکانی چاوەکانما خنکا
سیڤی ئەو شاخە ئەنووسمەوە
لە چاوتروکانێکا بوو بە غوبار
بیۆگرافی ئەو شەمەندەفەرە ئەنووسمەوە
ناگاتە وێستگەی چاوەڕوانیم
بوومە ئەو نسرمەی
هیچ وەخت خۆری لێ هەڵنایە و
دڵداریی لەگەڵ ئەو دارتووە زڕە ئەکەم
هیچ چۆلەکەیەک هێلانە لەسەر دڵی ناکات و
هیچ کۆترە شینکەیەک سڵاوی لێ ناکات
نەفرەت بۆ ئەو تفەنگە رزیوانە ئەنێرم
کە وەیشوومەی شەڕن
دڵی ئەو سەربازانە ئەدەمەوە
پێش ماچێک کەوتنە بەر دەسڕێژی مردن
سەما لەگەڵ ئەو شمشێرانە ئەکەم
چەرچەفی ماندووبوون ئەدڕن
یاری لەگەڵ ئەو شنەبایانە ئەکەم
سرووشت عەزف ئەکەن
لەگەڵ ئەو رەشابانەیەش دەچمە ژوان
سەرپۆشی کەساسیم هەڵئەدەنەوە
بوومە ئەو شاعیرە کەمدووە چاو دەریاییەی
بە عەشقتان ئەناسێنمەوە
لە نیشتنەوەی کۆتری ماچ
لەسەر لێوەکانتان بە ئاگاتان ئەهێنم
چێژی رامووسانتان
لە گۆزەی شیعردا بەسەردا ئەڕژێنم
لە کۆتایی ئەمڕۆدا
بە سورەتی دڵداریی تەلقینتان ئەکەم بۆ سبەی
لەم چەرخە سۆزانییەدا
پریاسکەیەک تریفەتان لە بەردەمما هەڵدەڕژم
بێ ئەوەی کەستان هەڵپە بکەن بۆ کۆکردنەوەی
لەم سەدە کەڕەدا
پڕ گوێیەکانتان ئەکەم
لە سەدای پیانۆیەکی دڵتەنگ
لەم زەمانە لاڵەدا لە بری ئێوەش
مروەتی خۆم نیشانی میهرەبانیی ئەدەم
پڕ بە گەرووم هاواری لێدەکەم و
بانگی ئەکەم بۆ سەر سفرەی دڵڕەقی
لەم رۆژگارە سپڵەیەدا
ئاگرێک لەسەر بەستەڵەکی غرورتان ئەکەمەوە
بە تینی دیوانێک ئەتانسووتێنم
لە دەرگای واقعشەوە دەریبکەین
لە پەنچەی خەیاڵەوە
خۆی بکاتەوە بە ماڵی دەروونتانا
بوومە پاڵەوانی ئەو رۆمانەی لە هەموو شتێک ئەدوێ
تەنیا دابڕان نەبێ
باسی هەموو رەنگەکانی خۆشەویستی ئەکات
تەنێ رەنگی فیراق نەبێ
بە شان و شکۆی هەرچی مەلە هەڵئەدات
تەنیا کونەپەپووی رق نەبێ
پێناسەی هەموو مەخلووقێکی لە خۆگرتووە
جگە لە قەلەڕەشی زام
یادگاریی هەموو مرۆڤێکی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە
تەنێ ئەو جۆرە مرۆڤانە نەبێت
تاکو ئێستاش سڵاوێکیان
لە کۆتری عەشق نەکردووە
هەموو هەڵوەرینێکی تێدا تۆمار کراوە
جگە لە هەڵوەرینی ئەو عاشقانەی لە وێستگەی یەکەمدا
لە فارگۆنی عەشق دابەزین
هەموو جۆرە شیعرێکی تێدا نووسراوەتەوە
بەدەر لەو شیعرانەی
بە خوێناوی ئەڤینداریی نەنووسراونەتەوە
چیرۆکی هەموو شەوەکان ئەگێڕێتەوە
جگە لەو شەوە نائارامانەی
بەردی تێدا ئەگیرێتە کوخە بچووکەی دڵ
پڕاوپڕە لە وەسفی “با”
جگە لەو باهۆزانەی دەفتەری دەستی
عاشقان ئەفڕێنن
لە کاتی نامەنووسینا بۆ یارەکانیان
هەموو پرسیارێکی لە خۆگرتووە
تەنێ ئەو پرسیارانە نەبێ
وەڵامەکەی بۆنی بێڕەحمیی و دۆزەخی مەنفا لێدێ
هەموو جۆرە پەرستگایەکی تیا رۆنراوە
جگە لەو پەرستگایەی
راهیبەکان وەک ئاسنگەرێک دڵی هەتاوی تێدا دەکوتنەوە
هەموو جۆرە کتێبێکی لە هەناودایە
جگە لەو کتێبەی نووسەرەکەی
لە پەسنی عەرشی سوڵتاندا نوسیوویەتی
هەموو خەونێکی تێدا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی ماناکەی
سەرهەڵگرتنی گوڵە لە حەرەمی باخ
هەموو خەونێک لە نێو خەونەکانی مندا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی تۆ لە من دوور ئەخاتەوە.

2017
کەنار رووباری راین




توڕە.. کەنعان مدحەت

هەمو توڕەییەکم
نوسینێکە
شیعرێکە لە بەرگی کڵپە
رۆمانێکی رووت و قووتی گەڵ و گون بە دەری،
لە ڕیاییکردن و پیاهەڵدان نەفرەتکەر
وشە بە وشەیان بخەنە ژێر گەورەکەری،
هەر دەرچوویەکی حوجرە و پەیمانگای مێشک لە بار بەر
یەک تاقە وشەیان پێ دەستەمۆ ناکرێ!
رەگی ڕەگیان دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی ئازاری لە ئاین و
رامیارییەوە سەپێنراو
ئەمە سەدەی بیست و یەکە
نەک ساڵانی قڕوقاتی و
بەسەر ئەم خێڵ و ئەو خێڵا هەڵدان
تێبینی ئەو وەردە جوڵانەوانە بکەن
کە ها ئێستا و کەمێکی دی
لە قاوغی سستییەوە دەردەپەڕن و

  • بێ جیاوازی –
    بەردەبنە قابیل و هابیل
    دەرپێکانیانیش دێننە خوار و بەیەک دەنگ
    هاوار دەکەن:
  • حوکمتان بە کێرمانەوە!
    ئەو گۆمە مەنگە ئەوەندەی خۆشە
    بەردێکی تیا بهاوێژرێ
    لافاو بەزەیی بە کەناری خۆشیا نایەت و
    بەربەستیش ناخوێنێتەوە
    لە هونەرمەندی بە سەلیقە گەڕێن
    بە هەر قەڵەم گرێک
    ئاوا تابلۆیەکی پشکۆیی دەکێشرێ
    من مەغزام لا لە هونەریی گرنگترە
    خۆمم لە ئاینەکەم پێ خۆشەویسترە
    چرای زەینم
    قەت قەت ناکەمە قوربانی
    تاریکیی دەستنووسێکی لە بڤەی بێ بنەما
    شاخی خۆشم
    بە تراویلکە بیابانییەکان ناگۆڕمەوە



چیرۆک بۆ منداڵان.. هەڵـۆ و تـیر .. رەزا شـوان

هـەڵـۆیـەک لەسەر لـووتکە چیـایەک نیشـتبۆوە. نێچـیرێکی لەسەر زەویـدا بـەدی کـرد. هـەڵـۆکە بـۆی هـاتـە خـوارەوە تا بـیگـرێـت. زۆری نەمابـوو کە پەلاماری نێچـیرەکەی بـدات. راوکەرێـک لە پشـت دارێـکـدا خـۆی مـات دابـوو. تیـرێکی ئاراسـتەی هـەڵـۆکە کـرد. پێـکای و تیـرەکە بـەر سـنگی هـەڵـۆکە کـەوت. هـەڵـۆکـە کـەوتـە سـەر زەوی و خـوێـن لە بـرینەکەی دەچـۆڕایـەوە. ئازارێـکی زۆری هـەبـوو. کە لە تـیرەکـەی روانی، بـیـنی لە یەکـێک لـە شـاپـەڕەکـانی خـۆی دروسـتکـراوە.
هـەڵـۆکە بـە دەم ئـازارەوە، وتی:”بـە داخـەوە بـە تيرێـک لـێـیانـداوم، کـە لـە شـاپـەڕی خـۆم دروسـتکـراوە”
() ئەو پەنـد و وانەیەی لەم چـیرۆکە دایـە، گەر خـزم و خوێـش یارمەتی دوژمنانمان نەدەن. دوژمنان بە کـامی خۆیان ناگـەن. زۆر جـار دۆژمنان و نەیارانمان بەو هـۆیانە دەمان پێکـن کە لە خۆمـانەوە دەستیان کەوتـوون. پەنـدێکی کوردیشـمان هـەیە: “دار دەڵـێ: ئەگـەر تـەور کـلکی لە خـۆم نەبـوایـە.. نـەی دەبـڕیمـەوە” () ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەری لەسەر نییە.

نەرویـج: ٢٠٢١




“دایکانی من” خەڵاتی بینەرانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن”ی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من” لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” و لە بەرهەمهێنانی “عەباس غەزالی” خەڵاتی سێیەمی بینەرانی بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” لە دوازدەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا لە نێوان 50 هەرە باشترین فیلمە بەرچاوەکانی ساڵانی ڕابردووی ڕەوتی سینەمای کوردی بەدەستهێنا.

بەڵگەفیلمی “دایکانی من” All My Mothers لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” و لە بەرپرسی بەرهەم و لە بەرهەمهێنانی “عەباس غەزالی” کەسایەتی بەرچاویی کەلتووری هەرێمی کوردستان و بە ئاوازدانەری مامۆستا “حوسێن عەلیزادە” موزیکزانی ناوداری ئێرانی؛ سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفاڵ بە دەستی ڕژێمی بەعس، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” لە دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” لەگەڵ بەرهەمە شاکارەکانی سینەماکارانی گەورەی کورد لە وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.

ئەمساڵ، بەرهەمەکانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکران و فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من” توانی یەکێک لە سێ خەڵاتی بینەرانی بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” ئەم ڕووداوە سینەماییە لە نێوان بەرهەمە شاکارەکانی ڕەوتی سینەمای کوردی بەخۆی تەرخان بکات.

لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” 50 فیلم لە باشترین بەرهەمەکانی مێژووی سینەمای کوردی لە دەرهێنانی سینەماکارانی ناوداری کورد لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی “یۆڵ” (ڕێگا) Yol، “ئومێد” Umut، “بووکی زەوی” Bride of the Earth و “ڕمە” Sürü، “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” و “کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی”، “پەڕینەوە لە غوبار” و “شوێنک بۆ یاری” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی”، “سرتە لەگەڵ با” لە دەرهێنانی “شەهرام عەلیدی”، “زەڕ” لە دەرهێنانی “کازم ئۆز”، “ڕادیۆ کۆبانێ” و “سەدیق و پڵینگ” لە دەرهێنانی “ڕێبەر دۆسکی” و بەرهەمەکانی دیکەی سینەماکارانی بەناوبانگی کورد، لەوانە: “قودڕەت گونێش”، “مانۆ خەلیل”، “ئێڕۆڵ مێنتاس”، “ئەکرەم حەیدۆ” و … بەشداربوون و لەم بەشەدا سێ فیلم، لە لایەن بینەرانەوە دەستنیشان کران و بە ناونیشانی فیلمە هەڵبژێردراوەکانی بینەران لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا دیاریکران و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە ڕاگەیێندران.

لە ڕاستیدا ئەم بەرهەمانە، لە نێوان فیلمەکانی فێستیڤاڵدا زۆرترین بینەریان هەبوو، کە بریتین لە: فیلمی یەکەم “زەڕ” Zer لە دەرهێنانی “کازم ئۆز” لە باکووری کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمەریکا، فیلمی دووهەم “باکوور” Bakur لە دەرهێنانی “پایان دێمیرێل” لە باکووری کوردستان و فیلمی سێیەم “دایکانی من” All My Mothers لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” لە هەرێمی کوردستان.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” بێجگە لە فیلمی “دایکانی من”، بە فیلمی سینەمایی “ماندوو”ش Mandoo لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” بەشداربوو کە لە تەنیشت بەرهەمەکانی دیکەی ئەم بەشەدا بۆ هۆگرانی هونەری سینەما بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا.

ئەم دەرهێنەر و مۆنتێرە بەئەزموونە کوردە، لە بەشی “مەستێر کلاسەکان”ی ئەم فێستیڤاڵەشدا ئەزموونەکانی خۆی لە بواریی مۆنتاژدا بۆ هۆگرانی هونەری سینەما پێشکەش کرد کە تیایدا بابەتی خوڵقاندنی مۆنتێر و کاریگەریی ئەو لە پڕۆسەی پێکهێنانی دەرئەنجامی فیلمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی خستەڕوو.

دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە نمایشی 118 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز” Kazım Öz، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای” Veysi Altay، بەشی “کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان”، بەشی “ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان”، بەشی “منداڵان لە فیلمدا”، بەشی “ژنان لە فیلمدا”، بەشی “جەژنی کەلتووری”، بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی”، بەشی “خەبات درێژەی هەیە”، بەشی “ئەوپەڕیی سنوورەکان”، بەشی “شەڕ لەسەر پەردەی سینەما”، بەشی “چیرۆکەکان لە تاراوگە” و هەروەها بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی” و بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای” لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و … لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/all-my-mothers/

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/qanda-ebrahim-saeedi-all-my-mothers-and-mandoo/

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من”.




یانزدەھەمین کۆڕی یادەوەری سەردەشت عوسمان

دوا ڕاگەیاندن سەبارەت بە :

لە یانزدەھەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوس جەخت دەکەینەوە لەسەر :
یەکەم:
دەسگیرکردن ،دادگایی و سزادانی ھەمو تاوانبارانی تیرۆری سەردەشت عوسمان لەھەر پلەو پۆستێکی پارتی و دەسەڵاتەکەیدا بن . ھاوکات دەسگیر کردن ، دادگایی وسزادانی ھەمو ئەو تاوانبارانەی تر کە ھەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسانی تیرۆر کردوە کە لیستێکی دورو درێژە.
دووەم:
ئازاد کردنی دەستبەجێی ھەمو ھەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان بە تایبەتی دەسگیرکراوەکانی بادینان کە لە ژێر سایەی سەرکوتگەری پارتی دیموکراتی بارزانی لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەدان تا دان بەوەدا بێنن کە تاوانبارن.
سێھەم:
پابەند بونی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان بە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان بە بێ دانانی قەیدو بەند، بە تایبەتی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری .
بەم بۆنەیەوە کۆمیتەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئوسترالیا یانزدەھەمین ساڵەی تیرۆری سەردەشت عوسمان بەرزو بەڕێز ڕادەگرێت لە کۆڕێکدا بە پێی کات و شوێنی خوارەوە.
لە بەرنامەی کۆڕەکەدا وێڕای ووتەی دەستەی سەر پەرشتی کۆڕەکەو نمایشی فلیمی بەڵگەیی ھاوکات ھەر یەك لە بەڕێزان ئارام علی -میدیاکار- برای سەردەشت عوسمان بە نوێنەرایەتی خانەوادە خۆڕگرەکەیان پەیامی ھەیە، ھەروەھا بەرێز نیاز عبداللە ڕۆژنامەنوسی ئازادو داکۆکیکاری بوێرو سەرسەخت لە ئازادی لە کوردستان پەیامی بە لایڤ دەبێت.
شایانی ئاماژەیە کۆڕەکە بە لایڤیش پەخش دەکرێت.
بانگەوازی ھەمو لایەك دەکەین ،بە تایبەتی ھاووڵاتیانی خەڵکی کوردستان لە سدنی، بەشدار بن لەم یادەدا .
کات : ٢٠٢١/٥/٩ کاتژمێر ٦ ئێوارە
شوێن: ئەلفا پارك کۆمیونتی سەنتەر بەرامبەر شۆپینگی وێست پۆینت – بلاکتاون

Alpha Community Centre -Apha st Blacktown -opposite westpoint shopping centre

خۆشحاڵین بە ھاتنتان
کۆمیتەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئوسترالیا/سدنی
٢٠٢١/٥/٢




کورتەیەک لە ژیانی ڕابەری کرێکاری ئەلبێرت گۆدوینگ -(جنجر) لە کەنەدا

( ڕوو لە ئاسمان مەکەو مەپاڕێرەوە، وەرەو بەڕیزی ناڕەزایەتێکانمانەوە پەیوەست بە.)
ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ)

ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا..

لە یەکێک لە ڕۆژەکانی بەهاری ١٨٨٧،منداڵێکی قژ سوور لە باکوری وڵاتی ئینگلیز هاتە دونیاوە و ناوی نرا ئەلبرت گۆدوینگ، بەڵام خێزانەکەی و هاوڕێکانی ناویان لێنابوو جنجڕ.

لەو سەردەمەدا خەڵوز گرنگییەکی زۆری هەبوو، بەکار دەهات بۆ سوتاندن و بەگەڕخستنی شەمەندەفەر و کەشتییە بوخارێکان. ئەلبێرت (جنجڕ) هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بوو بە کرێکار لە کانە خەڵوزەکانی بەریتانیا لەگەڵ باوک و براکانی. لە ١٩٠٦ ڕوویکرد کەنەدا و لە ١٩١٠ لە هەرێمی برتش کۆڵۆمبیا گیرسایەوە، چوونکە هەرێمەکە لەو بوارەدا کاری زۆر هەبوو بۆیە سەرەتای کاری لە کانی ژمارە پێنجەوە بوو لە دوورگەی ڤانکوڤەر.
کارکردن لەو کانانەدا کارێکی لەبار نەبوو. تۆزی خەڵوزەکە دەبووە هۆکاری نەخۆشی کرێکاران، تەنانەت دەرچوونی گاز لە زەوێکەوە بەهەمان شێوە دەبووە هۆکاری نەخۆشی، جاری واش هەبوو کانەکە بەهۆی تەقینەوەوە دەڕوخا بەسەر کرێکارەکاندا.
جنجڕ کە گەشتە تەمەنی ٢٣ ساڵ، ٩ ساڵ بوو لە کانە خەڵوزینەکان کاری دەکرد و تا ئەو کاتەش کەسێکی تەندروست و لەش سوکەڵە بوو. لە بواری وەرزشیشدا یاری تۆپێن و مەلەوانی دەکرد.
زۆری نەبرد جنجڕ وەک سەندیکالیست و بەرگریکارێکی مافی کرێکاران و وتار بێژێکی حەماسی ناسرا.
پاش خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ١٩١٢- ١٩١٤ی کرێکاران لە دورگەی ڤانکوڤەر کە سەرەتای دەستپێکردنەکەی لە دەرکردن و خستنە لیستی ڕەشی هەردوو کرێکار و سەندیکالیست Oscar Mottishaw و Isasc Porterey بوو ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کەوا لە ڕاپۆرتێکدا بۆ لیژنەی بەدواداچوونی دزەکردنی گاز لە کانەکان ئاماژەیان بە چەند شوێنێکی کانەکە کردبوو کە گاز لێوەی دزە دەکات و ئەگەری گڕگرتنیان هەیە. شایانی باسە لە ١٨٩٠ ەوە تاوەکوو ١٩١٢ لە ئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی کانەکانی ئەو ناوچەیە ٣٧٣ کرێکار گیانیان لەدەست دابوو.

مانگرتنی کرێکاری کانەکانی دورگەی ڤانکۆڤەر لە پاش مانگرتنە گشتێکەی ونیپێگ لە ساڵی ١٩١٩ بە مانگرتنێکی گەورەو شکۆدار دەناسرێت لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدا.
ئەلبێرت گۆدوینگ یەکێک بوو لە ڕابەرانی ئەو خۆپیشاندانە و بەهۆکاری وتار و هەڵسورانی لە سەندیکاکاندا لەگەڵ سەدان کرێکاری خەباتکاردا ناوی خرابووە لیستی ڕەشەوە، هەر بۆیە پاش خۆپیشاندانەکان، ئەوو چەندین ڕابەری ناسراوی تر ڕێیان پێنەدرا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و تەنانەت لە هیچ کانێکی تریش بۆیان نەبوو کاربکەن.
لەوسەردەمەدا دەوڵەت ڕاشکاوانەو یەک لایەنە هێزی پۆلیسی خۆی بەکار دەهێنا بۆ پاڵپشتی لە خاوەنکاران و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری، تەنانەت زۆرجار لە ڕێی دامەزراندنی کرێکارانی ترەوە کە بە خۆپیشاندان شکێن ناسرابوون جێگای کرێکارانی ناڕازییان پڕدەکردەوە. زۆربەی جار ئەو خۆپیشاندان شکێنانە لە کرێکارانی چینی و کرێکارە بەریتانییە تازە هاتووەکان بوون.

ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) پاش دەرکردنی لەسەر کارەکەی، بۆ ماوەی یەک ساڵ بە بێکار مایەوە. پاش ئەو ماوەیە لە مانگی مەی ١٩١٦ لە شارۆچکەی ترێڵ لە کورەی ئاسن تواننەوە کاری چنگ کەوت.
درێژەی بەکاری سیاسی خۆیدا و بە ئاشکرا بەرگری دەکرد لە سۆشیالیزم و خەباتی چینی کرێکار. لە ١٩١٧ هەڵبژێردرا بە بەرپرسی مالی سەندیکا، هەروەها بوو بە جێگری یەکێتی کرێکارانی برتش کۆڵۆمبیا.
لە ڕووی سیاسییەوە ئەندامی پارتی سۆشیالیستی کەنەدا بوو کە لە ١٩٠٤ دامەزرابوو. دواتریش پارتەکە پەیوەست بوون بە پارتی کۆمۆنیستی کەنەداوە.

لە ١٩١٧ کرێکارانی کورەی ئاسن بە ڕابەرایەتی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) دەستیان دایە مانگرتن لە پێناو ٨ سەعات کار و کرێی زیاتردا، لەو کاتە کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک$2.75 بوو. مانگرتنەکە شکستی هێناو ١٢٠٠ لە کرێکارانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە لەسەر کار دەرکران.

کەنەدا یەکێک بوو لە وڵاتانی بەشدار بوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا. لە ١٩١٧ دەوڵەت بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵییە دەبێت بەشداری شەڕبکەن.
ئەلبێرت دژایەتی کەرێکی ڕاستەو خۆی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. بەهۆی ناساغی تەندروستییەوە کە بەهۆکاری کارکردنی لە کانە خەڵوزێکان توشی هاتبوو بەر لێخۆشبوون کەوت لە خزمەتی سەربازی. لە شاری ترەیڵ خۆپیشاندانێکی بەڕێخست بۆ ٨ سەعات کار، پاش خۆپیشاندانەکە بە ١١ ڕۆژ بە نامەیەک ئاگادار کرایەوە جارێکی تر بانگ کرایەوە بۆ پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکێکەیدا. ئەمجارەیان پێیان ڕاگەیاند کە تەندرووستی باشەو دەبێت بچێتە خزمەتی سەربازی، هەرچەندە بڕیارەکەی لیژنەی پزیشکی تەمیزکردەوە، بەڵام سودی نەبوو دەبوایە لە ١٨ی نیسانی ١٩١٨ پەیوەستبێت بە سوپاوە.

ئەلبێرت بڕیاری تەواوی خۆیدابوو کەنایەوێت بەشداری ئەوشەڕە بکات. ئەو پێیوابوو نابێت کرێکاران یەکتر بکوژن لە شەڕێکی ئابوریدا هەر بۆیە لەو مانگەدا گەڕایەوە شاری کومبرلاند و لە دەستی دەسەڵاتداران هەڵهات و پەیوەست بوو بەو هاوڕێیانەوەی کەوەک کۆمەڵێکی بچوکی دژ بە شەڕ چووبونە شاخەکانی دوورگەی ڤانکوڤەر نزیک بە دەریاچەی کۆمۆس. لەلایەن خەڵکی لادێکانی دەوروبەریانەوە یارمەتییان دەکرا لە ڕووی خواردن و خواردنەوەوە.
پۆلیس بڕیاری دەستگیرکردنی ئەلبێرتی دەرکردبوو، تەنانەت ئەفسەرێک بەناوی کامپبێڵ وتبوی: بە مردووی بێت یان بەزیندووی هەر دەبێت پەیدای بکەمەوە.

پۆلیس چەندین مانگ بەدوایدا گەڕان. ئەوە بوو لە ٢٧ی تەموزی ١٩١٨ شوێنەکەیان دۆزییەوەو تەقەیان لێکردو کوشتیان. لە ٢ی ئابی ١٩١٨ لە ڕێپێوانێکی زۆر گەورەو شکۆداردا تەرمەکەی لە کیمبرلاند بەخاک سپێردرا و بە بۆنەی مەرگی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) ەوەو لە هەمان ڕۆژدا و بۆ یەکەمین جار مانگرتنی سەرتاسەری لە برتش کۆڵۆمبیا ڕاگەیەندرا.

مەرگی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ) هەتا ئێستاش وەک مەرگێکی گوماناوی سەیر دەکرێت و بەشێک لە خەڵک پێیان وایە ئەو مەرگە لە ئاکامی بڕیارێکی تاکەکەسییەوە نەبووە بەڵکوو بڕیار و هێزی گەورەتری لە پشتەوەبووە.
ئەلبێرت تەنها ٣١ ساڵ ژیا، بەڵام زۆر سەیر لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا توانی بگاتە ئاستی ڕابەرایەتی یەکێتییە کرێکارێکان.

ئەلبێرت، بە وتارە حەمسێکانی بە ناوبانگ بوو. بانگەوازی کرێکارانی جیهانی دەکرد بۆ بەشدارینەکرن لەشەڕی ئابووری دەوڵەتە زلهێزەکان. بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر دەکرد لەڕێی گۆڕینی خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ ئامرازێک لە پێناو خزمەتکردنی گشتیدا نەوەک قازانج.
ئەلبێرت سەرباری کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆی خاوەنی چەندین وتارو لێکۆڵینەوە بوو کە لە ڕۆژنامەی وێستن کڵێریەن لە ڤانکوڤەر زمان حاڵی پارتی سۆشیالیستی کەنەدا بڵاودەکردەوە.
لەوانە:
پاژنەی ئاسنین – ١٠ی ئاب – ١٩١٢. یەکسانی سەرمایەداری ١٦ی هەمان مانگ
سۆشیالیزم و کرستیانێتی ٩ی مەی ١٩١٤. شارستانێتی کانونی دووەمی ١٩١٧.
ناسیۆنالیزم و ئینتەرناشناڵیزم حوزەیرانی ١٩١٧. ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سەرمایەداری وەک هۆکاری بێکاری ١١ی نیسانی ١٩١٤، ئەمانە و چەندین نامە سەبارەت بە ئاسۆی سیاسی و هۆشیاری لە ناوچەکانی برتش کۆڵۆمبیا. هەروەها چەندین نامە پەیوەندن بە سیستمی سەرمایەداری و شەڕەوە لە ڕۆژنامەی فدراسیۆنی برتش کۆڵۆمبیا (ڤانکوڤەر) کە ڕۆژنامەیەکی کرێکاری بوو لە تشرینی دووەمی ١٩١٧ بڵاوبۆتەوە. وتارێکی تری لە ژێر ناونیشانی سۆشیالیزم تاکە ئومێدە لە ٢٠ی ئابی ١٩١٧ لە رۆژنامەی ڤانکوڤەر دەیلی وۆرڵد بڵاوکراوەتەوە.

——————–

سەرچاوە:
ئنسکلۆپیدیای کەنەدا، پەیجی فەرمی ئەلبێرت گۆدوینگ(جنجڕ)، یادکردنەوەکانی ساڵانەی ئەلبێرت.




ئه‌ده‌بی پۆلیسیی چییە ( کریمیناڵ).. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

وتەیەک

ئەمڕۆ لە تەواوی جیهاندا ئەدەبی پۆلیسی بەتایبەتی رۆمان، زۆر برەوی هەیە و لەناو جۆرەکانی تری رۆماندا، رۆمانی پۆلیسی لە هەموویان زیاتر خوێنەری هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرئاوادا تەنانەت فیلم و درامای پۆلیسیش زۆر رەواجی هەیە. لە لایەکی ترەوە ژنە نووسەری بەریتانیا ئاگاتا کریستی کە بە دایکی رۆمانی پۆلیسی ناسراوە، لەپاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، پڕ فرۆشترین کتێبی هەیە لە جیهاندا، هەتاوەکو ئێستا نزیکەی 2 ملیار نوسخە لە کتێبەکانی فرۆشراوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئەم ئەدەبە لە جیهاندا برەوی زیاتر دەبێت و کاریگەری گەورەش بەسەر فیلم و درامای جیهانی داناوە.
ئێمە لەم دۆسێیە تایبەتەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر ئەم ژانرە گرنگەی ئەدەب و باس لە مێژووی سەرهەڵدان و بنەماکانی و جۆرەکانی، هەروەها تیشکێکی خێراش دەخەینە سەر ژیان و بەرهەمەکانی ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستی و کاریگەری بەسەر ئەم ئەدەبەوە دەخەینە روو. لە کۆتایشدا باس لەوە دەکەین کە بۆچی لەناو ئەدەبی کوردیدا ئەدەبی پۆلیسی گرنگی پێ نەدراوە. بەو هیوایەی لە رێگەی ئەم دۆسێیە تایبەتەوە، تیشک بخەینە سەر ئەم جۆرە جوانەی ئەدەب کە ئێستا گەشەی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.

سەرەتا
به‌دڵنیایه‌وه‌ کاتێک باسی تاوان و تاوانکاران ده‌کرێت، هه‌موومان دژیان ده‌وه‌ستینه‌وه‌، یان قێزمان له‌ کاره‌کانیان ده‌بێته‌وه‌. زۆرجاریش دێوه‌زمه‌ی ترس کاریگه‌ری زۆری بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان هه‌یه‌. ترس له‌ تاوانکاران و کاره‌کانیان وامان لێده‌کات که ‌هیچ کاتێک خۆمان له ‌قه‌ره‌ی جیهانی تاوان نه‌ده‌ین. بەڵام ئه‌ده‌ب ده‌رباره‌ی ئەم جیهانە ترسناک و ناشیرینەی تاوان، بۆچوونێکی تری هه‌یه‌. ئه‌ده‌ب وه‌کو رۆژێکی پرشنگداره‌، تیشکه‌کانی ده‌چێته‌ ناو تاریکترین شوێنی ژیانه‌وه‌. ئه‌وه‌ تیشکی ئه‌ده‌به‌، ترسه‌کانمان له‌ جیهانی تاوان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه ‌و دە‌یشکێنێت. ئه‌ده‌ب به‌ زمانێکی تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاوان دا ده‌کات. هه‌ر ئه‌ویشه‌ پێمان ده‌ڵێت، که‌ دەکرێت سوود لەم جیهانە ترسناکە وەربگیرێت و بە زمانێکی ئەدەبی باسی تاوانکاران بکەین نەک بۆ ترس خستنە ناو دڵی خەڵکییەوە، بەڵکو بۆ ئاشنابوون لەو فرتوفێڵ و شێوازە ناشیرینانەی کە ئەوان لەتاوانەکانیاندا بەکاریدەهێنن.
ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بی پۆلیسی (کریمیناڵ) یه‌کێکه‌ له‌ به‌شه‌ گرنگه‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانی، کاتێک گه‌یشتمه‌ ئه‌ڵمانیا و که‌مێک به‌سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانیدا زاڵ بووم پێم سه‌یربوو، خه‌ڵکانێکی زۆر خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی پۆلیسی بوون. رۆمانی پۆلیسی له ‌هه‌موو جۆره‌کانی تری رۆمان، ره‌واجی زیاتر بوو‌.
دیارە نەک لە ئەڵمانیا لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاشدا، ئەم ژانرەی ئەدەب، برەویی زۆرە. دیاره‌ ئه‌مه‌ش چه‌ندین هۆکاری خۆی هه‌یه‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش، ئێمه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ گرنگ و خۆشه‌ی ئه‌ده‌ب بێ به‌شین، تا ئه‌مڕۆش لەم بوارەدا کتێبخانەی کوردی زۆر هەژارە‌، که‌ ئه‌ویش هۆکاری خۆی هه‌یه‌، له‌دواییدا باسی لێوه‌ ده‌که‌م.
من هەوڵدەدەم لەم وتارەدا باسی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ئەدەبە و بنەما و مەرجە سەرەکییەکانی و جۆرەکانی بکەم و هۆکاری پێشکەوتنی لە خۆرئاوادا دەردەخەم، لەکۆتایشدا هەوڵدەدەم هۆکاری لاوازی ئەدەبی کوردی لەمبارەیەوە بخەمەڕوو.

سه‌ره‌تای ئاشنابوونم به‌ رۆمانی پۆلیسی

کاتێک گه‌یشتمه‌ ئه‌ڵمانیا، زنجیره‌یه‌کی ته‌لەفزیۆنی هه‌بوو، به‌ناوی (کۆمیسار کۆلۆمبوس). که‌ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ری ناسراوی ئه‌مه‌ریکی Peter Michael Falk پیتەر میشایل فالک رۆڵی کۆمیسار کۆڵۆمبۆسی دەبینی. ئه‌و کۆمیساره‌ به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت و سه‌رنجڕاکێش به‌دوای تاوانباراندا ده‌گه‌ڕا. ئه‌مه‌ش وای لێکردم که‌ خوولیای رۆمانی پۆلیسی بم. یه‌که‌مین رۆمانیش که‌ ئاشنای ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی کردم، رۆمانێکی نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی ئاگاتا کریستی بوو، به‌ناوی:(Der Tod auf dem Nil مردن له‌سه‌ر نیل).
به ‌راستی ئه‌م رۆمانه‌ چێژێکی ئێجگار زۆری ئه‌ده‌بی هه‌بوو لام. ئاگاتا کرسیتی خاوه‌نی چه‌ندین رۆمانی پۆلیسیه‌. به‌شێکی زۆریشیان کراون به‌ فیلم. ئه‌م رۆمانه‌ی ئاگاتا کرسیتی، باسی تاوانی کوشتنی ژنێک ده‌کات، له‌سه‌ر یه‌کێک له‌ که‌شتیه‌کان له‌سه‌ر رووباری نیل. بەڵام ئه‌و به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت، به‌ناخی تاوانباران و کۆمه‌ڵگەی ئینگلیزیدا ده‌ڕوات. ده‌توانم بڵێم ئه‌م رۆمانه‌ بوو به‌ به‌له‌مێک و به‌ره‌و ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی بردم. پاش ئه‌م رۆمانه‌ نووسه‌ری مه‌زنی سوێدی هۆکان نه‌سرHakan Nesser نووسه‌ری ئیتاڵی Gianrico Carofiglio یم ناسی. دیاره‌ ئه‌مان خاوه‌نی شێوازی تایبه‌تی خۆیانن که‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ شێوازی نووسینی ئاگاتا کرسیتی. له‌ دواییدا باسی لێوه‌ ده‌که‌م، هەموو ئەمانە بوونە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بەدوای ئەم ژانرە جوانەی ئەدەبدا بگەڕێم. بەڵام با سەرەتا بزانین رۆمانی پۆلیسی مانای چییە و چۆنە؟.

رۆمانی پۆلیسی چییه؟
رۆمانی پۆلیسی ئه‌و جۆرە رۆمانەیە، که ‌زیاتر گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی تاوان و تاوانکاران ده‌دات، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان، باسی تاوانێک بکات و بۆ خوێنەری دەگەڕێتەوەو لە کۆتایشدا بکوژەکە یان تاوانباراکە ئاشكرا دەکات و دەدرێتە دادگا.
له‌م جۆره‌‌ رۆمانەدا باسی روودانی تاوانێک ده‌کرێت، له ‌رێگەی (ئه‌فسه‌ری پشکنه‌ر، دیده‌کتیڤ، کۆمیسارێکه‌وه‌) هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و گرتنی تاوانباره‌که‌ ده‌دات.
لەمبارەیەوە رۆمانووسی ئه‌ڵمانی Veit Heinichen ده‌ڵێت: (رۆمانی پۆلیسی بریتییه‌ له‌ چیرۆکێکی فه‌نتازی، که‌ به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی، هه‌وڵده‌دات کۆمه‌ڵگەکەمان پێ بناسێنێت. له‌هه‌مانکاتیشدا، باسی چه‌ند گۆشه‌یه‌کی تاریکی ناو کۆمه‌ڵگە ده‌کات، که‌ ئێمه‌ نایناسین).

سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی

له‌بارەی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک راوبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌. هه‌ندێک پێیان وایه‌ سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ درامانووسی گه‌وره‌ی یۆنانی Sophokles. که ‌له‌ ساڵی 425 زاینیدا، چیرۆکی (مه‌لیک ئۆدیپۆس)ـی نووسی. هه‌ندێکی تر پێیان وایه‌ سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمان شیله‌ر. کە له‌ ساڵی 1786دا چیرۆکێکی به‌ناوی(Der Verbrecher aus verlorener Ehre، تاوانبارێک له‌ خێزانێکی دۆڕاو)دا نووسی. هه‌ندێکیش رۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی(تاوان و سزا)ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی روسی دیستیۆفسکی، به‌ سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نێن.
به‌ڵام بۆیه‌که‌مین جار رۆمانێکی پۆلیسی نووسرا بێت، کە تەواوی بنەماکانی رۆمانی پۆلیسی تێدابێت، له‌ لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی Edgar Allan Poe وه‌یه‌. ئەو له ‌ساڵی 1841 رۆمانێکی به‌ناوی (دوو کوشتن له‌شه‌قامی مۆرگێس) نووسی. ئه‌م رۆمانه‌ به‌سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نرێت، چونکه‌ بۆیه‌که‌می نجار له‌م رۆمانه‌دا رۆڵیDetektiv ( ئه‌فسه‌ری پشکێنه‌ر، کۆمیسار) دیارده‌که‌وێت. که‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی رۆمانی پۆلیسی.
جێگەی ئاماژەیە ئادگار ئالا پۆ ” کە لە ساڵی 1809 لەدایک بووەو ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” ئەو لە یەککاتدا رەخنەگر و شاعیر و رۆژنامەوان و چیرۆکنووسێکی بەتوانا بوو، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە پێشخستنی رەوتی رۆمانسیەت لە ئەمریکادا، بە باوکی ئەدەبی پۆلیسیش دادەنرێت.

مه‌رجه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره‌ رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک یاسای تایبه‌ت به ‌خۆی هه‌یه‌. که ‌تاڕاده‌یه‌کی زۆر جیاوازه‌ له‌ رۆمانه‌کانی تر. نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانیUlrich Schulz پێی وایه‌ ده‌بێت له‌ رۆمانی پۆلیسدا ئاگاداری سێ خاڵ بین کە ئەوانیش بریتین لە:
یه‌که‌م: بوونی کۆمیسار Detektiv.
دووه‌م: بوونی تاوانبار.
سێیه‌م: بوونی قوربانی.
ئه‌م سێ خاڵه‌ بە مه‌رجی سه‌ره‌کی هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسی دادەنرێت و هەر رۆمانێکیش ئەم سێ خاڵەی تێدا نەبێت، ناکرێت بە رۆمانی پۆلیسی دابنرێت، بگرە دەچێتە قاڵبی رۆمانی ترەوە.

دێتێکتیڤ یان کۆمسیار

کۆمیسار یان Detektiv رۆڵی سه‌ره‌کی لە هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسییدا دەگێڕێت‌. کۆمیسار رۆڵی رۆژ ده‌بینێت، هه‌موو رووداو و پاڵه‌وانه‌کانی تر، به‌ ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه‌. به ‌واتایه‌کی تر، هیچ رۆمانێک ناتوانین ناوی پۆلیسی لێ بنێین، ئەگه‌رDetektiv یان کۆمیساری تێدا نه‌بێت. لێرەدا کۆمیسار رۆڵی ئەو کەسە دەگێڕێت کە تەواوی رۆمانەکەی لەسەرشانە و بەبێ بوونی ئەم کۆمیسارە، رۆمانەکە نوقسان دەبێت. هەربۆیە هەرکەسێک بیەوێت رۆمانێکی پۆلیسی بنووسێت دەبێت زۆر بە جوانی بزانێت رۆڵی کۆمیسار دابڕێژێت، چونکە ئەو دەتوانێت دەزووی رۆمانەکە بکاتەوەو دایبخات. دیارە مەرجیش نییە پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکەش بێت، بەڵام گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە هەر دەبێت کەسێک هەبێت رۆڵی کۆمیسار بگێڕێت.

تاوانبار
هەمیشە کەسی تاوانباریش رۆڵی گەورەی هەیە لە رۆمانی پۆلیسیدا، دەبێت نووسەر زۆر بە باشی بزانێت چۆن باسی هەست و نەست و هۆکاری تاوانەکە بخاتە روو، جگە لەوەش دەبێت نووسەر زۆر بە وریاییەوە، ئەو جیاوازیانە دەربخات کە لە نێوان کەسی تاوانبار و کەسی ئاساییدا هەیە. باسکردنی رۆڵی تاوانباریش، بنەمایەکی سەرەکی تری ئەمجۆرە رۆمانەیە، گەر نووسەر سەرکەوتوو نەبێت لە باسکردن و داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. لەهەمانکاتیشدا گەڕان و پشکنین بەدوای تاوانباردا، کارێکی تری نووسەرە کە لەمەشدا دەبێت نووسەر زۆر بە سەلیقەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. هەروەها دەبێت لە کۆتایی رۆمانەکەدا کەسی تاوانبار بدۆزرێتەوە، دەنا ناچێتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسییەوە. لەلایەکی ترەوە زۆرجار لەیەک رۆماندا تەنها یەک کەس تاوانبار نییە، بگرە لەوانەیە تاوانبار چەند کەسێک بێت، بۆ نموونە لە رۆمانی ” کوشتن لە شەمەندەفەری خۆرهەڵاتدا” لە نووسینی ئاگاتا کریستی، لەکۆتاییدا کۆمیسار هیرکل بوارو دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، 13 کەس تاوانبارن لە کوشتنی راتشیتی قوربانی، کە هەر هەموویان چەقۆیان کردووە بە جەستەیدا.

قوربانی
هەروەک چۆن داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار گرنگە، بەهەمانشێوەش داڕشتنی کەسایەتی قوربانیش زۆر گرنگە. دەبێت نووسەر لە رۆمانەکەدا ئەوە بۆ خوێنەر شیبکاتەوە ئەو کەسە چۆن بووە بە قوربانی؟! هەروەها بۆچیش بووە بە قوربانی؟ جێگەی ئاماژەیە زۆرجاریش لە یەک رۆماندا چەند قوربانییەک دەبینین، بەتایبەتی کاتێک باسی کەسایەتییەکی سادیی بکرێت کە زۆر حەزی لە کوشتنی خەڵکی ئاسایی بێت.

چەند رەگەزێکی تر
جگە لەم سێ خاڵە، چەندین رەگەزی تریش هەن کە رۆڵی گەورە دەگێڕن لە رۆمانی پۆلیسیدا بەتایبەتی “زمان، شوێن، دیالۆگ، گرێ” بەتایبەتی گرێ رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

گرێ
هیچ رۆمانێکی پۆلیسی به‌بێ ( گرێ) نابێت. هه‌موو کاتێک نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له‌ رێگەی (گرێ)ـوه‌، خوێنه‌ر بۆ ناو رۆمانه‌که‌ په‌لکێش بکات. (گرێ)ش له‌ رۆمانی پۆلیسیدا، واته‌ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌یه‌. زۆرجار له ‌کۆتایی رۆمانه‌که‌دا، به‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌ له‌لایه‌ن Detektiv وه‌، گرێی رۆمانه‌که‌ ده‌کرێته‌وه‌. دەبێت نووسەر زۆر بە جوانیی و وریاییەوە ئەم گرێیە بکاتەوە، بگرە دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو مەرجانەی کە سەرکەوتویی رۆمانەکە دیاری دەکەن، چونکە نووسەر سەرکەوتوو نابێت لە شیکردنەوەی دەزووی گرێی رۆمانەکەی، رۆمانەکەی لای خوێنەر مایەی گرنگی نابێت و نایخوێنێتەوە.

زمان
زمان له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا شێوه‌یه‌کی ئاسان و ساکاری هه‌یه‌، چونکه‌ رۆمانی پۆلیسی زیاتر بۆ خه‌ڵکی ئاسایی ده‌نووسرێت و زیاتر ئه‌وان تالیبی ئه‌و جۆره‌ رۆمانانه‌ن. هه‌ربۆیه‌ زمانی رۆمانی پۆلیسی، خۆی له‌ ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فی و قورس لاده‌دات. هه‌وڵده‌دات به‌ زمانێکی ئاسایی باسی رووداوه‌کان بکات. هەروەها دەبێت نووسەر ئاگاداری شێوازی قسەکردن و رەفتاری تاوانکاران بێت کە زۆرجار کەمێک تایبەتە.

شوێن
شوێن له ‌رۆمانی پۆلیسیدا، جێگایه‌کی گرنگ و تایبه‌تی هه‌یه‌. شوێنی رووداوه‌که‌ یان تاوانه‌که‌، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار جوان وه‌سف بکرێت. هه‌موو کاتێکیش نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له‌ ده‌وری ئه‌و شوێنه‌ی که‌ تاوانه‌که‌ی تێدا رووداوه‌، بکاته‌ شوێنی سه‌ره‌کی له‌ رۆمانه‌که‌یدا.

جۆڕه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره‌ رۆمانی پۆلیسی چه‌ندین جۆری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌کی زۆر تایبه‌تمه‌ندیه‌کی زۆری داوه‌ به‌م جۆره‌ی رۆمان.

رۆمانی پۆلیسی کۆمیدی
له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له ‌رێگەی کۆمیدیه‌وه‌ بچێته‌ ناو رۆمانه‌که‌وه‌. زۆرجار له‌ رێگەی Detektiv وه‌ هه‌وڵده‌دات شێوازێكی کۆمیدی بداته‌ پاڵه‌وانه‌کانی. دیاره‌ چه‌ندین نووسه‌ر پشتیان به‌م جۆره‌ به‌ستووه‌، له‌سه‌ر و هه‌مووشیانه‌وه‌ ژنه‌ نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی Agatha Christieئاگاتا کریستی. که ‌به‌شێکی زۆری رۆمانه‌کانی، له ‌رێگەی کۆمیدیه‌وه‌ باسی تاوانه‌کان ده‌کات. هه‌روه‌ها چه‌ندین نووسه‌ری تریش هه‌ن، که ‌پشت به‌ هونه‌ری کۆمیدی ده‌به‌ستن له‌وانه‌ Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl

رۆمانی پۆلیسی مێژوویی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات باسی تاوانێک بکات، که ‌له‌ چه‌رخه‌ کۆنه‌کاندا روویداوه‌. له‌هه‌مان کاتیشدا هه‌وڵده‌دات، له‌ رێگەی رۆمانه‌که‌وه‌، باسی شارستانی ئه‌و شوێنه‌ بۆ خوێنه‌ر بکات. له‌وانه‌ رۆمانی Rachende Geister، Agatha Christie، که ‌باسی مێژووی شارستانی میسری کۆن ده‌کات. دیارە ئەمجۆرەی رۆمانی پۆلیسی زۆر قورسە، دەبێت نووسەر شارەزاییەکی ئێجگار باشی هەبێت لە بارەی مێژووی ئەو رووداوەی کە باسی دەکات، دەبێت لە هەموو روویەکەوە، پاڵەوانەکانی بەو شێوەیە دابڕێژێت، کە لەو سەردەمەدا ژیاون.

Thriller هەستبزوێن
ئه‌میش جۆرێکی تره‌ له‌ رۆمانی پۆلیسی. هیچ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت، که ‌له‌م جۆره‌دا ره‌گه‌زی (باش و خراپ) به‌ ئاشکرایی ده‌رده‌که‌وێت. نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات مه‌سه‌له‌ی (چاکه‌ و خراپه‌) به ‌ته‌واوی ده‌ربخات. Detek کۆمیسار ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی (چاکه) و دژی تاوانبار (خراپه‌) ده‌جه‌نگێت. له‌ کۆتایشدا ده‌بێت(چاکه‌) سه‌ربکه‌وێت به‌سه‌ر خراپه‌دا. دیاره‌‌ Thriller له ‌سینه‌مادا زیاتر به‌کاردێت. به‌شی زۆری فیلمه‌کانیش، له‌و رۆمانانه‌ وه‌رده‌گیرێن، که‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ نووسراون.

رۆمانی سایکۆلۆژی پۆلیسی
تاوانبار لێره‌دا که‌سێکه‌، نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش ده‌بێته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی تاوانه‌که‌ی. بۆ نموونه‌ له‌ رۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی (تاوان و سزای) دیستۆیفسکی، راسکۆلنیکۆڤ گه‌نجێکی خوێندکاره، نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌که‌ی وای لێده‌کات، که‌ تاوانێکی گه‌وره‌ی کوشتن ئه‌نجام بدات. به‌ واتایه‌کی تر نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، باری ده‌روونی که‌سێک شیبکاته‌وه‌ و چۆن ئه‌م باره‌ ده‌روونیه‌ش، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌سێک تاوانێک ئه‌نجام بدات، له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌م که‌سه‌ تاوانبار نییه‌، به‌ڵکو نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌. له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایه‌کی زۆر باشی لە زانستی سایکۆلۆژی هەبێت. گه‌ر نووسه‌ر زاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م زانسته‌دا، ناتوانێت رۆمانه‌که‌ی به‌باشی بنووسێت.

رۆمانی پۆلیسی ره‌خنه‌گرانه‌ یان کۆمه‌ڵایه‌تی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له‌ رێگەی تاوانێکه‌وه‌، ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات. لێره‌دا نووسه‌ر په‌ل ده‌هاوژێت بۆ ناو هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵگەوه‌، به‌چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڕوانێته‌ (ئایین، سیاسه‌ت، نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی) ناو کۆمه‌ڵگە. دیاره‌ ئه‌م جۆره‌ رۆمانه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌ویش زیاتر له ‌رێگەی نووسه‌ره‌ سوێدیه‌کانه‌وه‌ بوو به‌تایبه‌ت هه‌ردوو نووسه‌ری مه‌زن (Henning Mankell ,Hakan Nesser,). به‌ش به‌حاڵی خۆم زیاتر حه‌زم له‌م جۆره‌ی رۆمانی پۆلیسیه‌. پێش ماوه‌یه‌ک رۆمانێکی ,Hakan Nesser خوێنده‌وه‌ به‌ناوی Münsters Fall . ئه‌وه‌ یه‌که‌مین رۆمانی ئه‌و نووسه‌ره ‌بوو خوێندمه‌وه‌. به‌ڕاستی زۆر شاره‌زاییانه‌ باسی(ته‌نهایی، پیری، شانس) کردووه‌. Hakan Nesser ئێجگار به‌توانایه‌، له‌ وه‌سفکردنی تاوانباران، ئێجگار شاره‌زایانه‌ ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی سوێدی ده‌کات.
نووسه‌رێکی تری ئیتاڵیش هه‌یه‌، به‌ناوی Gianrico Carofiglio، دیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه‌، حاکمێکی ناسراوه‌ له‌ دژایه‌تی مافیا له‌ ئیتاڵیا. هه‌روه‌ها ماوەیەکیش سیناتۆر بوو‌ له‌ په‌رله‌مانی ئیتاڵیا. ئه‌م نووسه‌ره‌ش له‌ رێگەی رۆمانی پۆلیسیه‌وه‌، توانیوویه‌تی ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی ئیتاڵیا بکات. یه‌که‌م جار رۆمانی Reise in die Nacht م خوێنده‌وه‌. که ‌باسی کوشتنی منداڵێک ده‌کات له‌ شاری باری. له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ش، بە ناڕەوا کۆچەرێکی‌ سەنیگالی ده‌ستگیر دەکرێت. هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و تاوانبار ده‌که‌ن، به‌ڵام دوایی ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌و بێ تاوانه‌. هه‌ر لێره‌دا نووسه‌ر زۆر به ‌جوانی وه‌سفی هه‌ستی فاشیستانه ‌و راسیزستانه‌ی ئیتاڵیه‌کان ده‌کات، به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی بێگانه‌. له‌ رۆمانێکی تریشیدا به ‌ناوی In Freiem Fall ، باسی کێشه‌ی ژنێک ده‌کات، که ‌به‌ منداڵی باوکی په‌لاماری سێکسی داوه‌. هه‌ر ئه‌م کاره‌ش ته‌واوی ژیانی ئه‌و کچه‌ تێکده‌دات. له‌م جۆره‌ رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایی باشی هه‌بێت، له‌ زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان. ده‌بێت زۆر شاره‌زاییانه‌ ره‌خنه‌کانی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات و لە چۆنێتی داڕشتنی رووداوەکان و پاڵەوانەکاندا زۆر شارەزا بێت. دیارە لە ئێستادا زیاتر ئەم جۆرەی رۆمانی پۆلیسی برەویی هەیە بەتایبەتی لە ئەوروپادا.

بۆچی رۆمانی پۆلیسی گەشەی سەند؟
له ‌پاش ساڵه‌کانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابروودودا، رۆمانی پۆلیسی به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار زۆر، له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکای باکوور گه‌شه‌ی سه‌ند. به‌ته‌واوی بوو به‌ ئه‌ده‌بی میللی (شه‌عبی)، چونکه‌ هه‌موو که‌سێک رووی له‌م جۆره‌ رۆمانانه‌ کرد. دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی رۆڵیان هەیە، لێرەدا هەوڵدەدەین باسی هەندێکیان بکەین.

ئەدەبی سەرکێشی
هەندێک رەخنەگر پێیان وایە کە رۆمانی پۆلیسی، درێژکەرەوەی رۆمانەکانی سەدەی پێشووە بەتایبەتی ئەوانەی دەچنە قاڵبی ئەدەبی”سەرکێشی، مغامرات”ـەوە. هەر لەم بارەیەوە ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی Ulrich Schutz ده‌ڵێت:(هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌بوو که‌ رۆمانی پۆلیسی درێژکه‌ره‌وه‌ی رۆمان یان ئه‌ده‌بی(Abenteuer، مغامرات) بوو. له‌م رۆمانانه‌شدا خوێنه‌ر حه‌ز به‌ سەرکێشیی”مجازه‌فه” ‌و شێتیه‌کانی پاڵه‌وانی رۆمانه‌کان ده‌کات).

دوورکەوتنەوە لە سیاسەت
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ‌له‌و ساڵانه‌دا جه‌نگی ساردی نێوان بلۆکی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، خه‌ڵکی تووشی بێزاری کردبوو، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵکی زیاتر به‌ دوای جۆره‌ رۆمانێک ده‌گه‌ڕان، که‌ دووریان بخاته‌وه‌ له‌و ژیانه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جه‌نجاڵه‌ی ئه‌و کات.

حەزی گەڕان و پشكنین
له‌ هه‌مانکاتیشدا رۆمانی پۆلیسی جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌کی تێدایه‌، که‌ هه‌ستی (فضولیه‌ت) لای خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت. خوێنه‌ر زیاتر حه‌ز ده‌کات به‌دوای رووداوه‌کانه‌وه‌ بێت و کەسی تاوانبار بدۆزێتەوەو لە هۆکاری تاوانەکە ئاگاداربێت.

رۆڵی سینه‌ما و تیڤی له‌ پێشکه‌وتنی رۆمانی پۆلیسی
یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی تری پێشکه‌وتن و گەشەی خێرای رۆمانی پۆلیسی، سینه‌ما و تیڤیه‌. له ‌پاش ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، رۆمانی پۆلیسی ره‌واجێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ سینه‌ما و تیڤیدا په‌یداکرد. به‌تایبه‌تی هۆلیود، گرنگییه‌کی زۆری به‌م جۆره‌ رۆمانانه‌ ده‌دا. ئه‌مڕۆ لە وڵاتانی خۆرئاوادا فیلمی پۆلیسی یان زنجیره‌ی درامای ته‌له‌ڤزیۆنی پۆلیسی، هه‌موو که‌ناڵه‌کانی تیڤی گرتۆته‌وه‌. وای لێهاتووه‌ هه‌موو شه‌وێک فیلمێک یان زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی پۆلیسی پێشکه‌ش ده‌کرێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که ‌ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ سه‌رنجی بینه‌ر زیاتر بۆلای خۆ راده‌کێشێت. هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانیش زیاتر خه‌ریکی ئه‌م جۆره‌ کارانانه‌ن. ده‌توانم بڵێم، ئه‌مڕۆ فیلمی پۆلیسی جێگای فیلمی کاوبۆی یان (Western,عه‌صابه‌)ی کۆنی گرتۆته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر، رۆمانی پۆلیسی پێشخست، چونکه‌ به‌شی زۆری ئه‌و فیلمانه‌، له‌ رۆمانه‌ پۆلیسیه‌کانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت. به‌واتایه‌کی تر، ئه‌مڕۆ سینه‌ما و تیڤی ، گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره‌ی رۆمان.

زۆربوونی تاوان
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، تاوانیش زیادیکردووە، هەرئەمەش وایکردووە کە ئێمە رۆژانە گوێمان لە تاوانێک بێت، هەر تاوانێکیش چیرۆکێکی دڵتەزێنی لە پشتەوەیەتی، خەڵکیش وایانلێهاتووە کە بە دوای چیرۆکی تاوانەکاندا بگەڕێن و لە هۆکاری تاوانەکە بکۆڵنەوە. هەروەها بوونی تاوانی زۆریش.

نووسەرانی بواری ئەدەبی پۆلیسی
دیارە لەم ژانرەی ئەدەبیشدا کۆمەڵێک نووسەر لە جیهاندا ناوبانگیان دەرکردووە لەوانە: Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl،,Hakan Nesser Gianrico Carofiglio. Henning Mankell بەڵام ئەوەی کە لە تەواوی جیهاندا بەم ئەدەبە ناسراوە، ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستییە، کە پێش چەند ساڵێك گۆڤاری ” ڤێڵت دێر فراون” ئەڵمانی بە ” شاژنی کریمی” ناوی بردووە.

ئاگاتا کریستی و دایکی رۆمانی پۆلیسی
ئاگاتا کریستی لە 15 سێپتەبەری 1890 لە باشووری بەریتانیا لەدایک بووەو لە 12 کانوونی دووەمی ساڵی 1976 کۆچی دوایی کردووە. هیچ ژنە نووسەرێکی بەریتانی و جیهانیش هێندەی ئاگاتا کریستی لە جیهاندا ناسراو نییە. لە پاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، کتێبەکانی ئاگاتا کریستی دێن کە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان بوون، هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیارد نوسخە لە کتێبەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. ئەم ژنە لە تەمەنیدا 66 رۆمانی پۆلیسی و 23 شانۆ و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسیوە، جگە لەوەش بەناوی خوازراویشەوە چەند کتێبێکی چاپ کردووە. بەشێکی زۆری رۆمانەکانیش کراون بە فیلمی سینەمایی، تاوەکو ئێستا22 فیلمی سینەمایی و 76 فیلمی تەلەفزیۆنی لە رۆمانەکانی ئاگاتا کریستی بەرهەمهێنراوە. جگە لەوەش رۆمانەکانی وەرگێڕاون بۆ سەر 104 زمانی جیهانی و رۆمانیAnd Then There Were None لە جیهاندا زیاتر لە 100 ملیۆن نوسخەی لێفرۆشراوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەم کتێبە ببێت بە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان.
ئاگاتا کریستی خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسین بوو، بەشێوەیەکی ئەدەبی زۆر جوان، هەوڵیداوە بەدوای تاوانباراندا بگەڕێت و تاوانەکانیان ئاشكرا بکات. ئەوەی مایەی سەرنجە کە ئاگاتا کریستی لە ژیانی شەخسیدا زۆر دووربووە لە بواری ئەدەبی پۆلیسی، ئەو لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا، پەرستار بووەو لە نەخۆشخانەکاندا یارمەتی سەربازە بریندارەکانی داوە، وەکو خۆشی دەڵێت، ئەو ماوەیە سوودی زۆری لەو چیرۆکانە وەرگرتووە کە سەربازە بریندارەکان بۆیان گێڕاوەتەوە، زۆرجار خۆشی هەوڵیداوە چیرۆک بۆ سەربازە بریندارەکان بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئازار و برینەکانیان لەبیر بچێتەوە. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، وەکو یاریدەدەری پزیشكی لە یەکێک لە دەرمانخانەکاندا کاریکردووە، لەو کاتەشدا جەنگ بووە، وەکو خۆشی دواتر دەڵێت: ئەو ماوەیەش زانیاریی زۆری لە بارەی ماددەی ژەهرەوە وەرگرتووە، کە لە بەشێک لە رۆمانەکانیدا باسی ئەو تاوانبارانە دەکات کە بە ژەهر قوربانییەکانیان دەکوژن.
بە گشتی ئاگاتا کریستی زۆرێک لە مێژوونوسان و ئەدیبانی جیهان، ئەو بە دایکی گەورەی ئەدەبی پۆلیسی دادەنێن، ئەو چ لە رووی شێواز و ناوەڕۆکیشەوە، شۆڕشێكی گەورەی بە سەر ئەدەبی پۆلیسیدا کردووەو دواتریش بۆتە مامۆستایەک بۆ زۆر نووسەری تر. هەر بۆیە کاتێک باسی ئەدەبی پۆلیسیمان کرد، ناچارین کە باسی ئاگاتا کریستیش بکەین، کەسێکیش بیەوێت لە ئەدەبی پۆلیسیدا شارەزا بێت، ئەوا هەر دەبێت کار و بەرهەمەکانی ئاگاتا کریستی بخوێنێتەوە.

ئێمه ‌و رۆمانی پۆلیسی
به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ئێمه‌ی‌ کورد، چ لە رووی رۆمان یان چیرۆک ته‌نانه‌ت ڵێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیشمان له‌سه‌ر رۆمانی پۆلیسی زۆر کەمە. که‌ به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش خه‌وشێکی گه‌وره‌یه‌. کاتێک سه‌یر ده‌که‌یت، ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی جیهاندا گرنگی و بایه‌خێکی ئێجگار زۆر ده‌درێت به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب. ساڵانه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆراجۆر بۆ رۆمانی پۆلیسی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ له ‌ئه‌ڵمانیا خه‌ڵاتێکی تایبه‌تیان هه‌یه‌ به‌ناویDeutsche Krimi Preis ، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ نووسه‌رانی رۆمانی پۆلیسی. هه‌ر‌وه‌ها له‌ فه‌ره‌نساش رۆمانی پۆلیسی بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵاتێکی ساڵانه‌‌ به‌ناوی Grand prix de littérature policière بۆ رۆماننووسانی پۆلیسی داناوه‌.

بۆچی ئێمه‌ رۆمانی پۆلیسیمان نییه‌؟
دیاره‌ ئه‌م پرسیاره‌ش زۆر گرنگه‌ ئێمه‌ له‌ خۆمانی بکه‌ین، ‌ بۆچی تاوه‌کو ئێستا ئێمه‌ زۆر کەم رۆمان یان چیرۆکی پۆلیسمان کەمە‌؟ یان بۆچی نووسه‌ران هیچ بایه‌خ و گرنگیه‌ک به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ناده‌ن؟ به‌ بڕوای من کۆمه‌ڵێک هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌ش، که‌ ده‌توانم له‌ چه‌ند خاڵێک یان هۆکارێک کۆیبکه‌مه‌وه‌.

  • ئێمه‌ به‌ گشتی زۆر دره‌نگ به‌ کاروانی ئه‌ده‌بی جیهان گه‌یشتین، به‌تایبه‌ت زۆر دره‌نگ (رۆمان)مان ناسی. هه‌مووی پەنچا ساڵێکه‌ رۆماننووسمان هه‌یه‌. ئەگه‌ر هێنده‌ دره‌نگ ئێمه‌ به‌ ژانری (رۆمان) ئاشنا بووبێتین، ده‌بێت زۆر ئاسایی بێت لامان، که ‌هێشتا شاره‌زاییمان له‌ هه‌موو جۆره‌کانی (رۆمان) نه‌بێت.
  • زاڵبوون و داگیرکردنی هونه‌ری (شیعر) به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردیدا.
    که ‌ئه‌مه‌ش گورزێکی باشی له‌ ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب داوه‌. به‌گشتی نووسه‌رانی کورد لە سەدەی پێشوودا زیاتر خۆیان به‌ هونه‌ری (شیعر) خه‌ریک کردووه‌. که‌ ئه‌مه‌ش ته‌رازووی ئه‌ده‌بیمانی لاواز کردووه‌.
  • نه‌بوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ و ناشاره‌زایی له‌ زانستی گه‌ڕان به‌دوای تاوانباراندا.
    دیاره‌ به ‌حوکمی ئه‌وه‌ی هێشتا له‌ وڵاتی ئێمه‌ حوکمی یاسا به‌رقه‌رار نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕان به‌دوای تاوانباران و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، کارێکی زەحمەتە. به‌شێکی زۆری رۆمانه‌ پۆلیسیه‌کانیش، سوود له‌ پۆلیسخانە و دادگاکان وه‌رده‌گرن بۆ ئەوەی چیرۆکی تاوانبارنیان دەستبکەوێت. هەمیشە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، سەرچاوەی سەرەکی رۆمانووسانی پۆلیسی بوون، لە رێگەی چیرۆکی تاوانبارانەوە، توانیویانە رۆمانی پۆلیسی زۆر جوان بەرهەم بهێنن، بەچەندین شێوەش هاوکاری ئەو نووسەرانە کراوە کە خەریکی نووسینی رۆمانی پۆلیسی بوون و کار ئاسانیان لەلایەن ئەو دەزگایانەوە بۆ کراوە.
  • باروودۆخی سیاسی گه‌لی کورد، دیاره‌ به ‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هێشتا له‌ قۆناغی خه‌باتی رزگاریداین، زیاتر نووسه‌ران هه‌وڵیان داوه‌، له ‌رێگەی ئه‌ده‌به‌وه‌، ئازار و مه‌ینته‌کانی گه‌له‌که‌مان بخه‌نه‌ روو. ژیانه‌ ئاڵۆزو زه‌حمه‌ته‌که‌ی کورد، وایخواستووه ‌که‌ نووسه‌ران زیاتر خه‌ریکی رۆمانی (سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی) بن و خۆیان بە ئەدەبی پۆلیسییەوە خەریک نەکەن.
  • سه‌یرکردنی رۆمانی پۆلیس به‌ چاوێکی نزم و بێ بایه‌خ، به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌شێکی زۆری نووسه‌رانمان، جۆره‌ هه‌ستێکی هه‌ڵه‌یان هه‌یه‌، که‌ به‌ چاوێکی نێگه‌تیڤه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ن دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای من هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ نه‌ شاره‌زایی بوونیان له‌م جۆره‌ رۆمانه‌. به ‌گشتی کاتێک باسی رۆمانی پۆلیس ده‌کرێت، واده‌زانن که‌ رۆمانی پۆلیسی، بە شتێکی بێ بایه‌خ و نزم سه‌یر ده‌کرێت. له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌مڕۆ رۆمانی پۆلیسی، هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه‌.

دوا قسە
ئێستا لە تەواوی جیهاندا، رۆمانی پۆلیسی لە چاو جۆرەکانی تری رۆماندا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە و لەناو خوێنەرانیشدا، رەواجی زۆری هەیە. بەداخەوە لە کوردستاندا بەو شێوەیە نییە.
دیاره‌ بۆ قسه‌کردن له‌بارەی ئەدەبی پۆلیسی زۆری ده‌وێت. گه‌ر بته‌وێت به‌شیوه‌یه‌کی باش شاره‌زایی له‌سه‌ر ئەدەبی پۆلیسی وه‌ربگریت، ده‌بێت چه‌ندین کتێب و وتار بنووسین. هیوادارم من توانیبێتم، له‌ رێگەی ئه‌م لێکۆڵینەوەیەوە، که‌مێک زانیاری به‌ خوێنه‌ری کورد بگه‌یه‌نم. له‌هه‌مانکاتیشدا تیشکێکی بچووک بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌م ژانره‌ گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب کە لە جیهاندا گرنگی زۆری پێدەدرێت.

——————

سه‌رچاوه‌کان :

1..Der Tod auf dem Nil. Scherz Verlag. München.1978. Agatha Christie

  1. Interview mit Veit Heinichen www.krimi-couch.de
    3.محمد یوسف. من هي اجاتا کریستی. سایتی الباحثون المصریون. https://egyresmag.com/
  2. Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans. Ulrich schutz
    Institut für Romanistik. . Hamburg.2008.5
  3. رۆمانی تاوان سزا. دیستۆفسکی. وه‌رگێرانی ره‌ئووف بێگه‌رد. چاپخانه‌ی ڕه‌نج. سلێمانی.2007.6
    6..btb Verlag.München.2008.‌Hakan Nesser.Münsters Fall
    Reise in die Nacht .Goldman Verlag.München.2008.7.. Gianrico Carofiglio
  4. In freiem Fall .Goldman Verlag.München.2008.. Gianrico Carofiglio
  5. Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans.
    Institut für Romanistik. . Hamburg.2008

10… . www.welt-der-frauen.atAgatha Christie: Die Königin des Kriminalromans




شیعر له‌ په‌راوێزی كتێبی ڕاوه‌ مه‌حاڵدا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

شیعر چییه‌؟ یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی به‌ درێژایی مێژوو، وه‌ڵامێكی لۆژیكی و بابه‌تی و ماناداری نییه‌. به‌و پێیه‌ی هه‌میشه‌ شیعر وه‌ك ژانرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌كردن ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت خودی شاعیرانیش له‌ ئه‌زموونی شیعرییانه‌ی خۆیاندا، هه‌میشه‌ خۆیان له‌و پرسیاره‌ ده‌بوێرن. ژان كۆكتۆی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی ئینگلیز، دوای ساڵانێك له‌ نووسینی شیعر دواجار گوتی:( شیعر پێداویستییه‌كه‌ خۆزگه‌ ده‌مزانی بۆ) گه‌لێك جار پێناسه‌ی په‌خشان ئامێز و ڕازانه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ شیعر و دنیای شیعر ده‌كرێت، كه‌ هه‌ندێك به‌ ئیلهام و هه‌ندێك به‌ ڕامان و دیتن و به‌ركه‌وتن و كاریگه‌ریه‌تی سۆز و خه‌یاڵ و گه‌لێك ناونیشانی دیكه‌ش ده‌یناسێنن. به‌ڵام دواجار شیعر له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ پێناسه‌یه‌كه‌. نووسه‌ری كتێبی (ڕاوه‌ مه‌حاڵ) یش، هه‌وڵده‌دات پێناسه‌یه‌ك بۆ شیعر دابتاشێت، له‌ كاتێكدا شیعر ناچێته‌ نێو چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌كه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و پێناسه‌ ساده‌ و بێ مانایانه‌ی ئه‌و بۆ شیعر له‌و كتێبه‌دا كردوونی. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، له‌ چه‌ند وتارێك پێكهاتووه‌ له‌ باره‌ی ڕاڤه‌كردنی شیعر و هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌كردنی و دواتریش باسكردن له‌ شیعری هاوچه‌رخ و دنیابینی شاعیران به‌ گشتی. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌كرێ بڵێین، زمانی دوان له‌ شیعر له‌و كتێبه‌دا، زمانێكی هێنده‌ ساده‌ و نا لۆژیكی و نا هونه‌ری و نا بابه‌تییه‌، كه‌ خوێنه‌ر سه‌یری پێ دێت ئه‌م جۆره‌ پێناسانه‌ بۆ شیعر بكرێن كه‌ تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ شیعر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ پێناسه‌ بكرێت. كه‌چی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، به‌ هه‌ندێك ده‌ربڕینی نامۆ و گوازرشتی نا ئه‌ده‌بییه‌وه‌، ده‌یه‌وێت شیعر پێناسه‌ بكات.

بۆ نموونه‌ ده‌نووسێت:(شاعیر ده‌بێ كێردێكی تیژ تیژ بێ ڕه‌حمانه‌ به‌ ناو زامی مرۆڤدا بگێڕێت و توێ توێ خوێی پێوه‌ بكات، ئه‌مه‌ شیعرییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ به‌ شیعری كوردی ده‌به‌خشێ و بێ باكانه‌ به‌ ئه‌فسانه‌ی ده‌سپێرێ و ده‌ق له‌ خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵیش ده‌پارێزێت. لا58) ئه‌م جۆره‌ وه‌سفانه‌ی شیعر، له‌ دنیای شیعری ئه‌مڕۆدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ ناساندنه‌، له‌وه‌ ده‌چێت كه‌ چۆن شێفێك خه‌ڵكی فێری به‌ چێژترین و خۆشترین چێژ لێنان ده‌كات. مانای چییه‌ شاعیر كێردی تیژی پێ بێت، ئایا شاعیر گۆشتفرۆشه‌؟ ئێمه‌ ده‌زانین مه‌به‌ستی له‌ زمان و گوتاری شیعرییانه‌ی شاعیره‌، به‌ڵام ئایا به‌م جۆره‌ پێناسه‌ نامۆ و كۆمێدییانه‌، وه‌سفی شاعیر ده‌كرێت؟ وتاره‌كانی ئه‌م كتێبه‌، هێنده‌ی له‌ وتاری ڕۆژ و ڕاگوزه‌ر و دیدی ڕۆژنامه‌نووسێكی بێ ئه‌زموون ده‌چن، هێنده‌ به‌رهه‌می دنیابینی نووسه‌رێك نییه‌، كه‌ ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب بردبێته‌ سه‌ر.
ئه‌م جۆره‌ ڕوانینه‌ بۆ شیعر، به‌ بڕوای من به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ چیڕۆكنووسه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ دنیای شیعره‌وه‌ نییه‌. كه‌سێكیش له‌ بوارێك شاره‌زایی نه‌بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناساندن و پێناسه‌كردنیشی ڕه‌نگداه‌وه‌ی ئه‌و ناشاره‌زاییه‌ ده‌بێت. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییا كه‌ نه‌توانێت له‌ شیعر بدوێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ناكرێت به‌و شێوه‌یه‌ له‌ شیعر بڕوانێت كه‌ تیایدا هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی شیعر له‌ چه‌ند دیدگایه‌كی ساده‌ و بێ ئه‌رزش كۆده‌كاته‌وه‌. وتاره‌كان جگه‌ له‌وه‌ی هیچ ڕایه‌ڵێكی بابه‌تی به‌ یه‌كه‌وه‌یان نا به‌ستێته‌وه‌، هاوكات له‌گه‌لێك شوێنی كتێبه‌كه‌ش دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. بێگومان ڕاڤه‌كردنی شیعر به‌ كۆی گشتی و به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی قۆناغ و مێژووی شیعریی، ڕاڤه‌كردنێكی نا ته‌واو ده‌بێت. ئه‌زموونی شیعریی، به‌رمه‌بنای سه‌رده‌م و قۆناعێكی دیاریكراوه‌ و دواتر ئه‌زموونی دیكه‌ دێنه‌ ئاراوه‌. ئه‌م هه‌مه‌ چه‌شنییه‌ له‌ ئه‌زموونی شیعریدا، پێویستی به‌ ڕوانگه‌ی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌بێت. كه‌ چی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌، هه‌وڵده‌دات ئه‌زموونی شیعری به‌ كۆی فۆڕم و دنیابینی جیاوازه‌وه‌، بخاته‌ نێو یه‌ك شوناس و پێناسه‌وه‌. ئه‌م پێناسه‌ و ناساندنه‌ی نووسه‌ر بۆ دنیای شیعر و نوێخوازی شیعر و گه‌لێك چه‌مكی دیكه‌ی ده‌كات، له‌ دنیای شیعردا نه‌ باوی ماوه‌، نه‌ گوزارشتكردنێكی بابه‌تی و لۆژیكیانه‌شه‌ بۆ شیعر. بۆ نموونه‌ نووسه‌ر له‌ باره‌ی شاعیری گه‌وره‌ و شاعیری بچووك ده‌نووسێت:(جیاوازی شاعیری گه‌وره‌ و بچووك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بچووك كاتێ گوزارشت ده‌كات ته‌نیا گوزارشت له‌ خۆی ده‌كات، به‌ڵام گه‌وره‌ كه‌ گوزارشت ده‌كات ئه‌وا گوزارشت له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كه‌ی ده‌كات.لا13) له‌ ڕاستیدا، ده‌سته‌واژه‌ی شاعیری گه‌وره‌ و شاعیری بچووك له‌ دنیای ئه‌ده‌بدا، پۆلێنكردنێكی نا لۆژییكی و نا شیعرییه‌، نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك شاعیری گه‌وره‌ و هه‌ڵكه‌وتووی نه‌بێت وه‌ك (شێركۆ بێكه‌س له‌ كورد و ده‌روێش له‌ عه‌ره‌به‌كان) به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه‌ نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌ دیاریكردوه‌ بۆ لێك جیاكردنه‌وه‌ی شاعیری گه‌وره‌ و بچووك. هه‌تا ئێستا، تێڕوانینی هێنده‌ نامۆ و سه‌یرم بۆ شیعری كوردی، له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌دا نه‌بینیوه‌. چونكه‌ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك به‌وه‌ له‌ یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه‌.
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئه‌زموونی شیعری كوردی به‌ گشتی، ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی و تاكه‌كه‌سی و چیتر بابه‌تی نابێت. ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردووی شیعری كوردیدا، چه‌مكه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، به‌رگریی و ئازادی و گوزارشتكردن له‌ تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یی، ڕووبه‌ری شیعری كوردی پێك بهێنن، ئه‌وا له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و گوتاره‌ له‌ شیعری كوردی نامێنێت. ته‌نانه‌ت (شێركۆ بێكه‌س) كه‌ به‌ هه‌ڵگری ڕوحی تراژیدی و مێژووی برینداری كورد له‌ شیعری كوردیدا ده‌ناسرێت، دنیابینی له‌ ده‌قی (ئێستا كچێك نیشتمانمه‌) به‌ ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بێت، ده‌بێ شێركۆ بێكه‌س له‌ لوتكه‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ دابه‌زیبێته‌ بنار، چونكه‌ چیتر گوزارشت له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ و واقیعی گشتی ناكات. ئایا ئه‌مه‌ ڕوانینێكی بابه‌تییه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك؟ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی حه‌مه‌ كه‌ریم عارف، بڕوانینه‌ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك، ئه‌وا له‌ ئێستادا یه‌ك شاعیرمان نییه‌ گه‌وره‌ بێت و هه‌موویان بچووكن. چونكه‌ هیچ شاعیرێك نییه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ نه‌كات. شیعری ئێستا كه‌ به‌ شیعری سه‌رده‌می مۆدێرنه‌ ده‌ناسرێت، به‌ جۆرێك ساده‌ و خودی بۆته‌وه‌، كه‌ شاعیرانێك ئه‌زموونه‌ زۆر تایبه‌تی و كه‌سی و بگره‌ قسه‌ ڕۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی خۆشیان ده‌كه‌نه‌ شیعر. ئیدی كه‌ شاعیرێك له‌ بابه‌ت و واقیعه‌ گشتییه‌كه‌ دابڕا، مانای وانییه‌ شاعیرێكی بچووكه‌. بۆ نموونه‌: كه‌س ده‌توانێ به‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بڵێت شاعیرێكی بچووك چونكه‌ ئه‌زموونی شیعری تا ئه‌وپه‌ڕی كه‌سی و خودی و تایبه‌تییه‌؟ له‌ كاتێكدا ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ ده‌نگه‌ جیاواز و تایبه‌تییه‌كانی شیعر؟ بۆیه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ بۆ شاعیری گه‌وره‌ و بچووك، ته‌نها لای نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ بوونی هه‌یه‌ و له‌ دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا، خه‌وشێكی گه‌وره‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌زموونی شاعیران ڕاڤه‌ بكرێت.

له‌ باره‌ی نوێخوازی شیعرییه‌وه‌، كه‌ بێگومان نوێخوازی به‌ ته‌نها لایه‌نێكی هونه‌ری شیعر ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هیچ نوێكارییه‌ك نییه‌ له‌ شیعردا ئه‌گه‌ر زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری نوێ نه‌بێت، نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ ده‌نووسێت: (نوێخوازی نه‌یاری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌، جا شاعیری نوێخواز له‌ سایه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سه‌ركوتكاریدا ناتوانێ ئه‌م ڕه‌فز و ڕه‌فزكارییه‌ی خۆی به‌ ئاشكرا ده‌رببرێت و دژایه‌تی خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌ ڕاشكاوی ده‌رببرێت.لا23 ) له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئاراسته‌یه‌ك هاتۆته‌ نێو ڕه‌خنه‌ به‌ گشتی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌خنه‌كردنی هه‌موو كایه‌یه‌كی ژیان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ت، سیاسه‌تیش له‌ حزبایه‌تی كورت ده‌كه‌نه‌وه‌، حزبایه‌تیش له‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌بینن. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندییه‌كان داهێنه‌ری بوون، به‌ جۆرێك له‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ڕوانێ، كه‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌گرتنێك دواجار ده‌بێ به‌ ڕه‌خنه‌كردن و سه‌رزه‌نشتكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كۆتایی بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ش كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌مان ڕوانین و هه‌مان هه‌ڵه‌ كه‌ سێ ده‌یه‌یه‌ كاوێژ ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام با پرسین نوێخوازی ته‌نها له‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدایه‌؟ ئایا گۆران كه‌ شیعری كوردی نوێكرده‌وه‌، دژایه‌تی كام ده‌سه‌ڵاتی كرد؟ ته‌نانه‌ت ده‌یان شیعری بۆ چه‌پ و شیوعی و شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز نه‌نووسی؟ له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، ده‌یان شاعیر هه‌ن كه‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتییان كرد، به‌ڵام نوێخوازو نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعر نین؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش چه‌ندین شاعیر له‌ سه‌ر ئاستی دنیادا شاعیری نوێخوازبوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕژێمی فاشی و نازی دابوون. گوتاری شیعری كوردی له‌ دوای هه‌ره‌سی شۆڕشه‌وه‌ تاكو ڕاپه‌ڕین، گوتارێكی به‌رگریكارانه‌ و ئه‌وپه‌ڕی دژایه‌تییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام چه‌ند شاعیری نوێخواز له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌ركه‌وتن؟ ئه‌گه‌ر نوێخوازی له‌ شیعردا ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هه‌موو شاعیرانی كورد نوێخوازن. چونكه‌ تیایاندا نییه‌ شیعری له‌ دژی ده‌سه‌ڵات و له‌ پێناو ئازادی نه‌نووسیبێت.
ئه‌گه‌ر نوێخوزای ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه‌ له‌ دنیادا هێنده‌ی كورد شاعیری نوێخوازی هه‌بێت. هه‌ر له‌ درێژه‌ی باسه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌دا، ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر ڕایه‌كی سه‌یرتر له‌وانی پێشووی ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێت:(شیعر دیارده‌یه‌كی ڕوحییه‌ تا دیارده‌یه‌كی ئه‌قڵانی بێت. لا 33) به‌ڵام ئایا شیعر په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌قڵه‌وه‌ نییه‌؟ مه‌گه‌ر شیعر وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی شاعیر نییه‌ و ئه‌و دنیابینیه‌ش به‌شێك نییه‌ له‌ هزر و ڕوانینی ئه‌قڵییانه‌ی مرۆڤ بۆ ژیان و ده‌وروبه‌رو ژینگه‌ی سرووشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییانه‌ی مرۆڤ به‌ گشتی؟ شیعر چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ڕوحه‌وه‌ هه‌یه‌؟ گریمان ئه‌گه‌ر شاعیر له‌ خرۆشانێكی گه‌وره‌ی ڕوحی وده‌روونی و سۆزیش دابێت، ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه‌ سایكۆلۆژییه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و دنیابینی دانانێت و سه‌ره‌نجام ئه‌م دنیابینییه‌ له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. نه‌ك شیعر، هه‌موو تێكستێك، به‌رمه‌مبنای به‌ركه‌وتنی هزری مرۆڤه‌ به‌ ژیان و ده‌وروبه‌ر. شیعر به‌رهه‌می هزره‌، به‌رهه‌می دنیابینی و تێگه‌یشتنی تایبه‌تییانه‌ی شاعیره‌ بۆ ڕووداوه‌كان نه‌ك دیارده‌یه‌كی ڕوحی بێت. ئه‌گه‌ر به‌ ڕوحگه‌ریه‌تی بڕوانینه‌ نووسینی شیعر، ئه‌وا سۆفییزمه‌كان هه‌موویان شاعیر ده‌بوون.

نووسه‌ر هه‌رله‌ باره‌ی شیعره‌وه‌ ده‌نووسێت:(مه‌به‌ستی شیعری تازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگاته‌ دیتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ دیتن، بیستنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ بیستن، گوتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ گوتن، گرتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته‌ گرتن، بۆنكردنی ئه‌وه‌ی نایه‌ته‌ بۆنكردن، فه‌تحی نادیاره‌كان. لا 73) كورتكردنه‌وه‌ی شیعری تازه‌ و نوێ، به‌و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌ریی و پێكهاته‌ هونه‌رییه‌ی بینای هونه‌ری ده‌قه‌وه‌، له‌و قسه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌، خۆی له‌ خۆیدا بێ ئاگایه‌ له‌ شیعر به‌ گشتی و شیعری نوێش به‌ تایبه‌تی. چ جای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر پێناسه‌ی شیعری نوێ بكات. ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، له‌ كوێدا له‌ گه‌ڵ ڕه‌وتی نوێخوازانه‌ی شیعر یه‌كده‌گرنه‌وه‌؟ دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر له‌ سه‌ر به‌رگی پێشه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی نووسیویه‌تی:_( چه‌ند په‌یفێك ده‌رباره‌ی شیعرو شاعیری) به‌ڵام له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا، ته‌نها سه‌د لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخانه‌ بۆ شیعر، سه‌د و سی لاپه‌ڕه‌كه‌ی تری، تایبه‌ت كردووه‌ به‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراون و ئاخنیویه‌ته‌ كتێبه‌كه‌ی. به‌مه‌ش خوێنه‌ر چه‌واشه‌ ده‌كات و فریوی ده‌دا. چونكه‌ كه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ ده‌بینێت، وا ده‌زانێت هه‌مووی له‌ باره‌ی شیعره‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. هیوادارم نووسه‌رانی ئێمه‌، واز له‌و نه‌ریته‌ خراپه‌ بێنن، كه‌ بیانه‌وێت به‌ به‌ردێك چه‌ند چێشتكه‌یه‌ك بپێكن. چونكه‌ بۆ ناوبانگی خۆیان باش نییه‌.

*په‌راوێز: ناوی كتێب: ڕاوه‌ مه‌حاڵ، نووسینی: حه‌مه‌كه‌ریم عارف، بڵاوكراوه‌ی: سه‌نته‌ری سارا، سلێمانی_ 2020

*له‌ ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره‌ (1162) ڕۆژی 28/1/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




نەفرەت لە یەکی ئایار.. ئاراس سەعید

کاری کرێگرتە، فرۆشتنی هێزی کار، دەسەڵات و سەپاندنی هەلومەرجێکی زۆرەملێ….

شۆڕشی پیشەسازی ستراکتۆری کۆمەڵگای هەڵوەشاندەوە، لە دەرەبەگایەتی و کاری زۆرەملێوە بۆ سیستەمی چینایەتی و دابەشکردنی کار.
بەقەولی “مارکس” قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە بەریەکەوتنی چینەکانەوە گەشەدەکات. بەجۆرێکی تر، کۆمەڵگا دابەشبن بەسەر دووچیندا، چینی خاوەن بەش و چینی بەشخوراو. دەسەڵات و بێ دەسەڵات دووچەمکی نابووتی سیستەم کە لە دیسکۆرس و مەعریفە و فەلسەفەی دەسەڵاتەوە، سەرچاوە دەگرێت بۆ دیسپلینکردن و ڕامکردنی کۆمەڵگا. سیستەم لەڕێگەی مەعریفەوەو ڕۆشنبیرانەوە دەسەڵات مومارەسەدەکات.
دەسەڵات فاکتێکی شاراوەیە، هێزێکی نەرم لەدیسکۆرس گوتاردا پەیرەو دەکات، “تۆ بێ دەسەڵاتی”، “ئەگەر یاخی بیت لەخاوەنکار، لەبرسا دەمریت”. ئەمە هەمان ئەو فۆڕمەی سیستەمی فیۆدالیزم و کاری نانە سکێیە. کە لەدیسکۆرسی زاڵدا، مرۆڤەکان فریودەدەن، وەکو “ئۆگست کۆنت” کە دەیگووت؛” خاوەن بەش و بەشخوراو”. ڕیسیایەکی سروشیتی کۆمەڵگای مرۆییە.

سیستەمی سەرمایەداری دەسەڵاتی مۆدێرن کاتێک بە ئامڕازەکانی زانست “دەسەڵات”ْمومارەسەدەکات، چیتر پەیڕەوی هێز و توندوتیژی ناکات بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگا، یان وەکو ئەوەی “هۆبز ” هۆشیاری داوە؛” هاتنەئارای دۆخی ئاورتەو دروستبوونی جەنگی هەمووان دژبەهەمووان.” چونکە دەسەڵات هاوتەریب لەگەڵ زانستدا تەواوکەری یەکترین، ئەو لەڕێگەی “زانستی سۆسۆلۆجیا، مرۆڤناسی، دەروناسی، تاوانناسی”. لەپەیوەندیە سۆزداری و فاکتەری هەڵچوونە دەرونیەکانیان تێ دەگات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەکات، تا لەکاردانەوەکانیان خۆی ڕزگار بکات. ئەویش لەڕێگەی سیستەمێکی چاودێرییەوە کەمرۆڤ وا هەست دەکات بەردەوام دەسەڵات چاودێرە بەسەریوە. بەڵام دەسەڵات لێرەدا دەستبەرداری مرۆڤ نابێت، بەڵکو لەڕێگەی میدیا و مەیخانەو سۆزانیخانەکانەوە، مۆتیڤەکانی مرۆڤ بەتاڵ دەکاتەوەوەو دەست دەکات بەدیسپلینکردنی، نەوەی نوێیش لەڕێگەی دامودەزگا زانستی و پەروەدەیەکانەوە لەخۆی نامۆدەکات و لەکارخانەکانی پەروەدەو زانکۆدا دەیکاتە تایپێک لەمرۆڤی لێکچوو ڕامکرا و، چونکە دەسەڵاتی زانستی مرۆڤ تووشی شڵەژانی دەرونی دەکات و دەیکاتە شتانێک کەخۆی باوەڕی پێ ی نیە.

دەسەڵات مرۆڤ لە هێزەخودیەکانی خۆی دادەماڵێت و لەڕێگەی چینینەوەی کلتور و تواندنەوەی تاک لەناو ئەوانی تردا، هەریەکەو ڕۆڵێک دەسەپێنی بەسەرێیاندا، کە دەسەڵات بۆیان دیاری دەکات، بەنمونە “کرێکاران” ئەوان لەبنەڕەتدا لە سوبێکتی کارەوە نامۆدەکات بۆ ئۆبێکتی بەرهەمهاتوو. “کرێکار” لە ڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە، دەبێتە کۆیلەی کار و ئەوبەرهەمەی بەرهەمی دەهێنی لەدژی خۆی دەوەستێتەوە و لەخۆی “نامۆدەبێت” مارکس دەڵێت؛ “سەرمایەداری نەک کرێکار لەخۆی نامۆدەکات، بەڵکو لە مرۆڤبوونیشی دادەماڵێت.” “کرێکاران” لەجەوهەی خۆیان نامۆدەبن و دەبنە “بابەت”، ئەوان خۆیان لێ دەبێتە ئەو شوناسەی کە سیستەم بەسەریاندا دەیسەپێنێت. “یەکی ئایار” دووبارە نامۆکردنەوەی کرێکار و داماڵینی مرۆڤبوونی ئەوە بەوەی وەکو کرێکار بەرهەمی دەهێنێتەوە. بەقەولی “واڵتەر بنیامین”
سەرمایەداری، ئایینە.
پارە خودایە.
کار عیبادەت کردنە
مرۆڤ لەناو ئەم ئایینەدا چەشنی ئایینە ئیراهیمیەکان دەبێتە کۆیلەی پارە. پارە بەرهەمی مرۆڤەوەو لەدژی وەستاوەتەوە دەیپەرستی وکڕنۆشی بۆدەبات، وەکو پەیکەر پەرستەکانی سەردەمی بت پەرستی.
مرۆڤ لەڕێگەی کارەوە دەبێت عیبادەت بکات و هێزی کارەکەی بفرۆشی تا بتوانێ بەهەشت بکڕێت، ئەویش بریتیە، لەکۆشک و ڤیلاو ئۆتۆمبێل…هتد، سەرمایەداری هاوشیوەی ئایین ڕۆژی جەژن و ڕۆژی پیرۆز بۆ “کرێکاران” دەستەبەر دەکات و پیرۆزبایی کۆیلەبوون و شوناسە نامۆبووەکەی لێدەکات.




سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین.. ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوە و شیتەڵکاریى دەروونناسیى پێشمەرگەى دێرین بابەتێکى ورد و ئاڵۆز و دژوارەر و پێویستى بە لێکۆڵینەوەى زانستیى چڕوپڕ و هەمەلایەنە و مێژوویى هەیە، بەڵام ئەم چەند دێڕە هەوڵێکى سادە و بەراییە لەو بوارەدا و کردنەوەى دەروازەیەکیشە بۆ قسە و باسى زیاتر و خوێندنەوە و شرۆڤەکاریى جیددیتر و ئەکادیمى. ئەم کورتە نووسینە تەقەلایەکى بچووکە بۆ راڤە و شیکاریى لایەنێک لەلایەنەکانى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین یان چاکترە بڵێم سەرەتاى کارێکە بۆچوونە ناوەوە و شرۆڤەکردنى لایەنێکى هەرە گرنگى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین ئەویش پرسى توندوتیژییە وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین. کەمتر هەوڵدەدەم بەدووى ئەو هۆکارانەدا بڕۆم کە خوڵقێنەرى توندوتیژییە لە کۆمەڵگەى کوردستان چون ئەم باسە پێشینەیەکى زۆرى دەوێ و لە سنوورى وتارێک دەردەچێت و هۆکارەکانیش ورد و ئاڵۆزن. هەروەک توینبى دەڵێت “ئەو هۆکارەى هەوڵدەدەین دیارى بکەین شتێکى سادە نییە، بەڵکو ئاڵۆز و داڕژاوە”. بەڵکو هەوڵمداوە بەدووى رەگوریشەی توندوتیژییدا بچم لە ژیانى پێشمەرگەى دێریندا.
بەر لەوەش بەپێى لێکدانەوەى قوتابخانەى دەروونشیکاریى مرۆڤ بوونەوەرێکى لاساییکەرەوەیە یاخۆ دەیەوێ خۆى لەگەل هەبووەکانى ترى چوار دەوریدا رابهێنێ و بگونجێنێت. ئەرستۆتالیس لەم بارەیەوە دەڵێت “مرۆڤ زیندەوەرێکە هەر لە منداڵییەوە حەز لە لاساییکردنەوە دەکات، دەیەوێت چاوى بەهەر شتێک کەوت یان گوێى لێ بوو لاسایى بکاتەوە”. پێشمەرگەى دێرین هەوڵیداوە لەگەل بارودۆخى خەباتدا کە توندوتیژیى بەسەریدا زاڵبووە خۆى بگونجێنێت، بۆیە حاڵەتێکى نۆرمال و سروشتییە توندوتیژیى بەشێکى گرنگى بیرکردنەوە و رەفتارى داگیرکردووە، ئەمەش پێویستییەکى قۆناغ بووە لە پێناو بەرگریکردن لە شوناسى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەل دوژمنەکانى. کەسایەتى پێشمەرگە هەڵهێنجراوى بارودۆخێکى سەختى خەبات و شۆڕشى چەکدارانەیە، سەربارى ئەوەش بەردەوام ژیانى لە جەنگ و پێکدادان و ژێر سایەى روحمى گوللەدا بووە و لە نزیکەوە ئاشنایەتى لەگەل مەرگ و خوێن و هاواردا پەیدا کردووە، ئەوجا بیهێنەرە پێش چاوى خۆت مرۆڤێک ساڵانێکى زۆر تەنیا بە چیا و کۆسارەوە بووبێت، دوور لە هەموو شارستانى و ژیانێکى هاوچەرخ، داخۆ کەسێتى ئەم بوونەوەرە چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە دابڕاو نییە لە کارتێکردنەکانى دەرەوەى خۆى لە ژینگە و سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى، هەرواش کەسایەتییەکەى رەنگدانەوەى هەمان بارودۆخە.

پێشمەرگەی دێرین و پرسی توندوتیژیی

زاناى دەروونناسى (مێشێل بۆتۆر) لەم لایەنەوە بۆچوونێکى جوانى هەیە و دەڵێت “کەسایەتى هیچ بوونێکى نییە تەنیا لە چوارچێوەى پەیوەندییەکانى نەبێت لەگەل کەسانى دەوروبەر و شتەکاندا”. هەروەها بە پێى تیۆرى دەروونشیکاریى و دەرەنجامە تاقیگەییەکانى (پاڤلۆڤ) راهێنان گەورەترین کارکردى لەسەر سایکۆلۆژیاى نەک مرۆڤ بەڵکو گشت بوونەوەران و گیانلەبەرانى تر هەیە، چیرۆکى سەگەکەى پاڤڵۆڤ لە ئاستى گەلێریدا بەناوبانگە هەر کاتێک زەنگى بۆ لێداوە لیک بە دەمیدا هاتۆتە خوارەوە چوونکە چاوەڕوانى پلە گۆشتەکە بووە. هەر بۆیە پێشمەرگەى دێرین لە قۆناغى خەباتى شاخ و رزگاریى نیشتمانیدا لە رێى پەروەردەى سیاسیى و کەناڵەکانى تەبیلغات و ئەدەبیاتى حزبیى و پێشمەرگانەوە لەسەر توندوتیژیى و هەڵمەتبردن و بەرەنگاربوونەوە و یاخیبوون راهێنراوە، ئەمەش بۆتە بەشێکى جیا نەبووەوە لە سایکۆلۆژییەت و رەفتارەکانى. پێش ئەوەى بەسەرماندا تێپەڕێت هەوڵدەدەم ئەوە ئاشکرا بکەم ئەو توندوتیژییەى سەردەمى خەباتى چیا هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستى تیرۆر و رەشەکوژیى و دڕندەیى، ئەم گەواهییە بۆ مێژوو دەدەم هەموو ئەو توندوتیژییانەى ئەوێ رۆژێ پێشمەرگە پیادەى کردووە لە چوارچێوەى زەبروزەنگى شۆِرشگێڕانە و جەنگى پارتیزانیدا بوون، واتە کردار نەبووە بەڵکو پەرچەکردار بووە تا داگیرکەرانى کوردستان ناچار بکرێن بۆ سەلماندنى بوون و مافەکانى کورد و بەرقەرارکردنى ئاسایش لە وڵاتدا، هەروەک چۆن کاتى خۆى (ماوتسى تۆنگ) وتى “بۆ ئەوەى ئاشتى بەرقەرار بێت دەبێت بجەنگین، ئێمە لە پێناوی ئاشتیدا دەجەنگین”.
بەهەر حال لە کاتێکدا لە بارودۆخى ئەمڕۆى رزگاریى و قۆناغى دەسەڵاتى کورد خۆى، کەسایەتى پێشمەرگەى دێرین پەڕاوێز و پشتگوێ دەخرێت، دەشێ ئەم هۆیە کاریگەرییەکى راستەوخۆى هەبێت لە تەقاندنەوەى ئارامیى پێشمەرگەى دێرین بە شێوەیەکى توندوتیژانە، چون با لە یادمان نەچێت ئەو تەنیا دەتوانێت بە میکانیزمى توندوتیژانە گوزارشت لە خۆى بکات و داواکانى بەرز بکاتەوە هەروەک وتیشم لە سەردەمى شۆڕشدا لەسەر ئەوە راهێنراوە لە رێى ئەم میکانیزمەوە خواستەکانى بەدەستبهێنێت. ئەمە لەلایەک و لەلایەکى ترەوە ئەوێ رۆژێ لە شاخ بەڵێنى بەهەشتێکى پڕ لە کامەرانى پێدراوە و بە سۆسیالیزم و یەکسانى و دادپەروەریى فریودراوە، ئێستا کاتێک ژیانى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە راگیراوە حەتمەن قبوڵى ناکات و کاردانەوەى دەبێت، پێموایە زۆر واردە کاردانەوەکەى توندوتیژانە و زەبروزەنگ ئامێز بێت. بۆ وێنە پێشمەرگەى دێرین هەندێک لە هاوەل و هاوڕێ دێرینەکانى خۆى دەبینێت، وێنەى هەژاریى و نەداریى دوێنێیانى لەبەرچاوە و ئەمڕۆش لە پۆشاکى پادشا و بەرگى ئیمپراتۆر لەسەر عەرش و ناو کۆشکى ئەفسووناویدا دەیانبینێت، تووشى تەناقوزات دەبێت لەگەڵ خۆی و کاریگەریى نەرێنى لەسەر سایکۆلۆژییەتى دادەنێت کە دیسان ئەمەش وروژێنەرى هەستى خەفەکراوییەتى، ئەو هەستەى بە گووتارە ئاگرینەکانى شاخ و ئەدەبیاتى قۆناغى بەرگریى ئاخنراوە بە توندوتیژیى و رۆحى سەرکێش و تۆڵەسەنەندنەوە و بەرەنگاربوونەوە.

تیۆدۆر دۆبانقیل دەڵێت “لاوازیى هەندێک، ورگى هەندێکى تر دروستدەکات”. پێشمەرگەى دێرین قبوڵى ناکات بە لاوازبوونى جەماوەر و خۆی، لەسەر حیسابى رەنج و مەینەتى و حەسرەت هەڵکێشانى ئەو هەندێکى تر شاهانە و قەڵەوانە بژین، بێگومان کاردانەوەى بەرامبەر بەم حاڵەتە هەیە. هەنووکەش کە قۆناغى ئازادیى و حوکمى دەسەڵاتى خۆماڵییە دەبێت هەوڵبدرێت بۆ باشترکردنى ژیانى پێشمەرگەى دێرین بەپێى بەرنامەیەکى تۆکمە و دامەزراو، دەبێت حکومەت و دامودەزگاى پەیوەندیدار بە دەنگ داوا و موعاناتیانەوە بچێت بەتایبەت هەندێکیان ئەندامانى جەستەى خۆیان لە دەستداوە یان ئەوەندە ماندوون شتێک لە کەمئەندام گەڕاونەتەوە!. بەم رێگا و شێوازە دەتواندرێت کاریگەریى جیددى دابنرێت لەسەر سایکۆلۆژییەتیان و دەبێتە هۆى دامرکانەوەى بڵێسەى قینى پەنگخواردوویان کە مەترەحە لە ساتێک لە ساتەکاندا بەوپەڕى توندوتیژییەوە بتەقێتەوە. باسى ئەوە ناکەم پێشمەرگەى دێرین دیسان شۆڕش دژى دەسەڵاتى کوردیى و ئەزموونى ئەمڕۆ بەرپا دەکات، وا بزانم کەم کەس هێندەى ئەوان قوربانیان بۆ هێنانەدى رۆژێکى وا دابێت و بۆ پاراستنیشى وەک ئەوان دڵسۆز و بە پەرۆش بن، بەڵام ئەمەش ئەگەرێکى نزیک و بەهێزە پێشمەرگەى دێرین نەتوانێت بەرگەى ئەم هەموو نادادپەروەریى و بێ مافییەى خۆى و خەڵک بگرێت و رەنگبێ بە ناچاریى هەڵوێست وەربگرێت.
ئەم حاڵەتە و ئەو فەرامۆشکردنەى پێشمەرگەى دێرین پڕ مەترسییە، هەروەک ئۆرتیگا دەڵێت پێویستە هەموو زەنگەکانى مەترسى لێبدەین. خودئەڤینی و سەرسامبوون بە خۆى پێشەرگەى دێرین بە جۆرێکە لە لوتکەدایە، هەوڵدان بۆ تێکشاندنى ئەم دەروونە و بچووک و نزمکردنەوەى کەسێتییەکى بۆ ئاستى راکردن بە دواى موچەى خانەنشینى و پرسگەى وەزارەتەکاندا، رۆڵى خراپ لەسەر سایکۆلۆژییەتییان دادەنێت و لەوانەیە بۆ بەرز راگرتنى ئەو پلە و پایە باڵا مەعنەوییەى پێشووى خۆى، چالاکى و جووڵە نیشان بدات تاوەکو وەک ئەو قارەمانە نموونەییە بمێنێتەوە کە لە قۆناغى باڵابوونى شۆڕشدا لێى دەڕوانرا، بەڵام ئەم جارە لە قۆناغ و سەردەمێکى نوێدا. ئەوى ماوەتەوە لە کۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە رووى دەمم لە دەسەڵاتى کوردیى دەکەم و دەڵێم پێشمەرگەى دێرین تا نهۆ ئارامگرتووە بووە، بەڵام وتەکەى (جۆن داریدن)تان لەبیر نەچێت: وریاى خۆت بە لە شۆڕشى پیاوى ئارامگرتوو.

پێشمەرگەى دێرین و رەمەکى سێکس-sex
هەرچەندە حەزى ممارەسەى سێکسی بە شێوازێکى سروشتى رێگەى لێبگیرێت، هێزى دەروونى کە پەیوەندیى بەم حەزەوە هەیە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى دڵەڕاوکێ
فرۆید

رەمەکى سێکس هەستیارترین رەمەکى لکاوە بە کەسێتى مرۆڤەوە، چون هەر لە یەکەم چرکەى لە دایکبوونەوە ئەم رەمەکە ئەکتیڤ دەبێت و گەشە و نەشونما دەکات لەگەڵ مرۆڤدا. پێشان پێیانوابوو رەمەکى سێکس لە ساتەوەختى هەرزەکارییدا وردە وردە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەنجامى شیکردنەوەى زانستیى و تاقیگەیى پێچەوانەى ئەمەى سەلماندووە، زاناکانى بوارى فیسۆلۆجیى و بایۆلۆژیى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەم غەریزەیە لەگەڵ لە دایکبوونى هەر مرۆڤێکدا ئەویش لە دایک دەبێت، لە گرنگترین ئەو زانا و پسپۆڕانەى ئەم بیرو رایەیان هەیە هەردوو زانای دەروونناسی (سیگمۆند فرۆید و ولیەم رایش)ن.
فرۆید، پێیوایە (ژیانی سێکس لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێناکات، بەڵکو هەر لە کاتى لە دایکبوونەوە چەکەرە دەکات و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر گەشە دەکات). لەوەتى مرۆڤیش هەیە لە هیچ وێستگەیەکى مێژووییدا سێکس و ممارەسەى ئەم حەز و چێژە لێى جیانەبووەتەوە جا هەر لە کۆمۆنەى سەرەتایى و کۆمەڵى بەرایى و پریمیتیڤەوە بیگرە هەتا دەگاتە دنیاى گەشەکردووى تەکنۆلۆژیى ئەمڕۆمان. لەبەرئەوە سێکس بە هیچ کلۆجێک لە سایکۆلۆژیا و جەستەى مرۆڤ جودا نابێتەوە، بەڵکو بەردەوام مرۆڤ لە هەوڵدابووە بۆ تێرکردنى ئەم رەمەکە و خۆ بەتاڵکردنەوە لە گووشار و پاڵنەرى توندى لە کاتى چەپاندنیدا. دیسان زۆربەى زاناکانى پسپۆر لە بوارى سایکۆلۆژیا و سێکسزانیی دووپاتى دەکەنەوە: سێکس لە نێو هەر هەموو غەریزەکانى تردا کاریگەرترینیان و هەستیارترینیانە و بە قووڵیی مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، لەم بارەوە (فرۆید) دەنووسێت (رەمەکى سێکس بەهێزترین و مەترسیدارترین رەمەکى تاکە لە ئەوى کەسایەتیدا).
گومانیش لەسەر ئەوە نییە مرۆڤ بێ بڕانەوە بە دواى تێرکردنى ئەم غەریزەیەدا عەوداڵە و هەمیشە بە دواى رێگاکانى بەتاڵکردنەوەیدا گەڕاوە بە چەندین شێواز، رەنگە هاوسەرگیریى دیوێک لە دیوەکانى ئەو داهێنانانە بێت لەو رووەوە. ئەگەر بمانەوێ بچینە ناو خودى باسەکەوە و لە بابەتى سێکس لاى پێشمەرگەى دێرین بدوێین، پێش هەر شتێک لەوە دڵنیاین پێشمەرگە وەک مرۆڤ خودانى غەریزەى سێکسە و وەک هەر مرۆڤێکى تریش هەوڵیداوە ئەم رەمەکە تێر بکات وەک مافێکى سروشتى خۆى، بەڵام ئاخۆ لە رۆژانى خەباتى سەختى شاخ و دوور لە هاوسەر و دەزگیران و ئافرەت پێشمەرگە چۆن چۆنى وەڵامى ئەم رەمەکەى خۆی داوەتەوە؟ ئایا چەپاندن بەرەو لادانى سێکسی بردووە؟ ئایا بۆتە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ؟ ئایا سێکسى لەگەڵ ئاژەڵان ئەنجام داوە؟ یان لە هەر رێگەیەکەوە بێت ئافرەتێکی دەستخستووە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکس؟ ئایا تەنیا بە دەست خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؟ یان بەردەوام لە خۆ چەپاندن و سەرکوتکردنی ئەو رەمەکە هەراشەدا بووە؟ لەبەرئەوەى بەشێوەیەکى گشتیى زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان سەڵت و گەنجى زگوردی بوون و هاوسەریان نەبووە، بێ شک دووچارى چەپاندنى سێکس بوونەتەوە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەبیستراوە پێشمەرگە بۆ خاڵیکردنەوەى ئەم غەریزەیە پەنا بباتە بەر ئیغتیسابى ئافرەتان، ئەگەر بە وردیى سەیرى پانۆراماى ساڵ و رۆژەکانى بزووتنەوەى چەکداریى گەلی کورد بکەین، رەنگە بە تاک و تەرا بەر حاڵەتى ئیغتیساب بکەوین و لە ئاستى ریزپەڕدا بوونى هەیە. پێشمەرگەى دێرین خودانى مۆراڵێکى شۆڕشگێڕیى و ئەخلاقیاتێکى بەرز بووە، هەرگیزیش پرنسیپەکانى شۆڕش رێی نەداوە بە هیچ پێشمەرگەیەک تا ئافرەتێک بە تۆبزى زەوت بکات.
بۆ وێنە لە نێوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا کاتێک جورنالیستێکى بیانیى پرسیار لە هەندێک پێشمەرگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات: ئایا چۆن کارى سێکسیى دەکەن؟ لە وەڵامدا پێشمەرگەکان دەڵێن ئێمە سێکس ناکەین!. رۆژنامەنووسەکە دەست بۆ گوندێکى نزیک رادەکێشێ و دەڵێت لەوێ ژن هەیە بۆ سێکسیان لەگەڵ ناکەن؟!. لە وەڵامدا پێى دەڵێن: ئەوانە خوشکى ئێمەن، یاساکانى سروشت رێنادەن لەگەڵ خوشکى خۆتدا ئەو کارە بکەیت. رۆژنامەنووسەکە زۆر جەختیان لێدەکات ئایا لەناو خۆیاندا یان لەگەڵ ئاژەڵدا یان بە رێگەیەکى تر سێکس ئەنجام نادەن؟ پێشمەرگەکان دڵنیاى دەکەنەوە ئەوان تەنیا سەرگەرمى خەبات و بەرخودانن بۆ کوردستان و هیچى تر. دواجار رۆژنامەنووسەکە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: یان ئەم قسانەتان هیچى راست نین یان ئەوەتا ئێوە فریشتەن و مرۆڤ نین!. لە راستیدا ئەو پێشمەرگانە فریشتە نەبوون، بەڵام لەوەشدا راستگۆ بوون چون ئەوان تەنیا سەرقاڵى خەبات بوون و کەمتر قەرەى سێکس کەوتوون. لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگەى دێرین تەنیا لە ئاستى ریزپەردا نەبێ هەوڵى نەداوە بە تۆبزیى یان ئازادانە لەگەڵ ئافرەتێک کە هاوسەرى نییە کردارى سێکسى بکات. تەنانەت کولتوورى کوردەواریى و دابونەریتى گوندنشینان و خەڵکى رەشۆکى ئەودەمە کولتوورێکى بێ ئەندازە داخراو و چەپێنەر بووە، بە راددەیەک تەنانەت قبوڵى پەیوەندیى خۆشەویستیان نەکردووە، ئەوەتا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ساڵانى حەفتاکان و لە سەرەتای شۆڕشدا ناچارە قارەمانترین پێشمەرگەى خۆى لەسەر داخوازیى عەشیرەت و بۆ شووشتنەوەى ئابڕوو لە گوندى قامیشەڵان لەسەر خۆشەویستى بکوژێت، کە دواتر شاعیرى بە توانا (شێرکۆ بێکەس) لە شیعرێکیدا بە ناوى (قامیشەڵان) باسى ئەم کردەوەیە دەکات و هاوکات مەحکومى کوشتنى ئەو پێشمەرگەیە دەکات!! شێرکۆ هەر لەو شیعرەدا یەکێتى بە دارکونکەرە وەسف دەکات.

فوکۆ، کاتى خۆى وتى (ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە) ئەو باسى ژیارى خۆرئاوا دەکات، سەرەڕاى ئەو هەموو کرانەوە و تێکشکاندنەى چەقبەستوویى کولتوور و پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی رەوشت و سێکس هێشتا پێیوایە ژیارێکە ئیرۆتیکا تێیدا غائیبە، ئەوجا بیهێنە بەرچاوى خۆت گوندێکى دوورە دەست لە دامێنى شاخێکدا نە کارەباى بۆ چووە و نە شەقامى قیرتاوى دیوە و نە رۆژێک لە رۆژان کتێبێک خۆى کردووە بە ماڵەکانیاندا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیرۆس و خۆشەویستى دەکەن؟ لەوەش بگەڕێ دەبێت هەستیان چەند رقئامێز و ئاگراویى بێت لە کاتێکدا کەسێک ببینن لە دەرەوەى بازنەى هاوسەرگیریى لەگەڵ کچ یان خوشک یان کەسێکى نزیکیاندا ممارەسەى سێکس دەکات؟ پێشمەرگەى دێرین ئەوکات لەگەڵ ئەم کولتوورە رووبەڕوو بوو بۆیە چەند خوازیارى سێکس بوایە و پێویستى پێى هەبایە نەیدەتوانى لە سایەى ئەو کولتوورەدا ممارەسەى بکات.

هەرواش هیچ کاتێک پێشمەرگەى دێرین بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەم چەپاندنە رووى نەکردۆتە لادانى سێکسى، بۆیە دەبینین سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ و ئیغتیساب و سێکس لەگەڵ مناڵان و لادانى تر تاکوتەرا نەبێت لاى پێشمەرگەى دێرین بوونى نەبووە، هەر ئەمەشە سیحرى ئەوەى وای لەو رۆژنامەنووسە بیانییە کرد پێشمەرگە بە شێکى سەرتر لە مرۆڤ ناوزەد بکات. تەنانەت چەند کەسانێکى دیاریکراو و زۆر کەم نەبن زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان خۆیان پاراستووە لە هۆمۆسێکسوالێتی، بەڵکو بەپێى دابونەریتى کۆمەڵگا ئەم خووە جۆرێکە لە نەنگى و داڕمانى رەوشت و بەهاى کۆمەڵایەتی، کە دواجار کەسى خاوەن خوو دەکاتە کەسێکى فاشیل و بێ متمانە و بێ ئۆتۆریتە لە کۆمەڵدا، وەلێ هۆمۆسێکسوالێتى کردەیەکى ترسناک و خەتەر نییە تاکو بەو جۆرە مامەڵەى لە تەکدا بکرێت.
تەنانەت ئەو جۆرە لادانانە و ناچارکردنى خەڵکان بۆ ئەنجامدانى کردارى سێکسیى لە دادگاکانى شۆڕشدا سزاى لەسەربوو، چەندین نموونەم لەلایە چۆن دادگاکانى شۆڕش یان فەرماندەییەکانى ئەوکات سزاى ئەو پێشمەرگانەیان داوە پێشێلى ئەم پرنسیپانەیان کردووە. پێشمەرگەى دێرین هەوڵى خۆپاراستنى داوە و نەیوستووە جڵەو بۆ غەریزە بێ کۆتاییەکانى شل بکات و سەرەنجام ببێتە هۆی (لەکەدار)بوون و رووشاندنى پایەى کەسێتى خۆى. فرۆید دەڵێت (دوو جۆر پاڵنەرى ناوەکى لە سیستمى دەروونى مرۆڤدا کاریگەرن، ئەوانیش پاڵنەری حەزەر و پاڵنەری چێژن، هەر کاتێک مرۆڤ جڵەوى شل کرد بۆ ئارەزووەکانى بەبێ ئەوەى حەزەر بکات ئەوە زوو بە زوو سزاکەى وەردەگرێتەوە). پێشمەرگەى دێرین لە ترسى سزا وەرگرتنەوە، یەکەمجار سزاى مەعنەویى و ئەوجا سزاى ماددیى و جەستەیى هەمیشە حەزەرى لە سێکسکردن کردۆتەوە و جڵەوگیر بووە یان با بڵێین خۆى لغاو کردووە و نەیهێشتووە بە بەرەڵڵاکردن و دەرگا لەسەر پشتنانى رەمەکى سێکس ببێتە کەسێتییەک کە رووبەڕووى (شوورەیى) بێتەوە، چوونکە هیچ نەبووبێت کۆمەڵگە دواکەوتووەکەى خۆى بە باشى ناسیوە.

رایش هەمان بڕواى (فرۆید)ی لەسەر ئەم بابەتە هەیە و ئەویش لە بابەتێکدا دەنووسێت (کەسایەتى مرۆڤ لە قۆناغى ئۆدیبۆ دروست دەبێت، لە ئەنجامى ناکۆکى نێوان خواستى سێکسى شاراوە و بە واقیعی نەکردنى ئەو خواستە کەسایەتى دروست دەبێت، لەو قۆناغەدا –من- بێهێزە، ئەو-من-ەش بۆ خۆپاراستنى لە سزاکانى دەورووبەر هەوڵدەدات خۆى بگونجێنێت). من بە تەواویى و دەقیقى مەبەستم لەو دەربڕینەى (رایش)ە، دروستبوونى وێناى قارەمان بۆ پێشمەرگە بەشێکى بۆ ئەو خۆگونجاندن و خۆپاراستنە سێکسییە دەگەڕێتەوە، تەنانەت لە بیرمە جاران لە پەیڕەو و پرۆگرامى نێوخۆیى حزبەکاندا دەنووسرا پێویستە ئەندامى حزب دەست و دەم و داوێن پاک بێت!!!. دیسان ئەوە بۆ پێشمەرگە هەمان شت بوو بەڵکو هەندێک سەخت و قورستر بوو. پێشمەرگەى دێرین بەردەوام خۆى چەپاندووە، تاکە رایەڵ و کەناڵێک توانیبێتى خۆى پێ خاڵى بکاتەوە بریتى بووە لە دەستپەڕ (عادە سری) ئەمیش کردەیەکی زۆر نهێنى و پەنهانە و کەسانى تر ناتوانن دەرکى پێبکەن، دەنا پێشمەرگەى دێرین لە هەموو روویەکەوە خۆى گرتووە و بە ناچاریى دوور کەوتۆتەوە لە سێکس.
بە بڕواى زۆربەى زانایانی دەروونی چەپاندنى سێکس و غەریزە هەوێنى لە دایکبوونى شارستانى و ژیارە. فرۆید دەنووسێت (هەموو شارستانییەک لەسەر کارى زۆرەملێ و نکۆڵیکردن لە غەریزەکان دادەمەزرێت). فرۆید چاکى پێکاوە، تۆ بڕوانە هەڕەمەکانى میسر، شورە و دیواربەندى چین و قەڵا قایمەکان، شۆڕشە خوێناوییەکان و هەزاران شار و پەرستگا و کەنیسە و مزگەوت و خەزنەى زێڕ و زیو لەسەر بنەماى نکۆڵیکردن لە غەریزە و کارى بە زۆر و ناچارکردنى کەسانى دى دامەزراون. شۆڕشى کوردیى و بەرهەمێکى کەم و بچووک کە ئەمڕۆ هەیەتى بەر مەبناى چەپاندن و زۆر لە خۆکردنى ئەو کاتەى پێشمەرگەیە. وەلێ غەریزەى سێکس پێویستییەکى گرنگ و سەرچاوەیەکى بنەڕەتى شادیى مرۆڤەکانە، بەڵام ئەو رۆژانە پێشمەرگە ناچار ببوو چاوپۆشى لێبکات و خۆى لە لەززەت و خۆشییەکانى ببوێرێت. رایش دەڵێت (هەموو بەختەوەرییەکانى ژیان لە بەختەوەرییەکانى سێکسەوە سەرچاوە دەگرێ) کەچى ئەو رۆژانە بەختەوەریى پێشمەرگە تێرکردنی سێکس نەبوو، بەڵکو خۆى لە تۆمارکردنى داستان و نەبەردییە پڕ سەروەرییەکاندا دەبینییەوە، لوتکەى شادییەکانى خۆی لە گورزوەشاندن لە دوژمن و رزگارکردنى کوردستان و بەرپاکردنى ئازادیى و دامەزراندنى ژیاندا کۆکردبووەوە.
پێویستە لەم دەرفەتەدا ئەوەش بوترێت بەشێکى هەرە زۆرى ئەو چەپاندنەى پێشمەرگە بە بەرنامە و خۆویستانە نەبووە بەڵکو لە ژێر کاریگەریى و رەچاوکردنى بارى کۆمەڵایەتی بووە و جۆرێک بووە لە خۆ قووتارکردن لە حەرام، حەرامێک لە کۆمەڵگەى سوننەتى ئێمەدا راستەوخۆ بەستراوە بە جەستەى مرۆڤ و نێوان هەردوو رانییەوە. لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى ئێمە کۆمەڵگەیەک بووە لیپاولیپ لە حەرام و دەستوورى قەدەغە، پێشمەرگە ناچار بووە خۆى سنووردار بکات و هێڵى سوورى حەرام نەبەزێنێت، چوونکە حەرام یەکەمین شت بووە لەگەڵ هەبوونى مرۆڤدا سەری دەرهێناوە و چەکەرەى کردووە. فۆنت لە کتێبەکەیدا (سایکۆلۆژیاى میللەت) دەنووسێت (حەرام دەستوورێکى نەنووسراوى کۆنتر لە مرۆڤایەتى دەنوێنێت، وەک دیارە بەشێوەیەکى گشتیى حەرام لە خواوەندەکان کۆنترە و لە بنەڕەتدا بۆ کاتى پێش هەموو ئاینەکان دەگەڕێتەوە). دواجار ماوەتەوە بڵێم ئەوەى ئەمڕۆ بەدەست هاتووە لە کوردستاندا بەرهەمى دوێنێی پڕ لە چەرمەسەریى و خۆگوشین و ئازار و مەینەتى پێشمەرگە و تێکڕاى خەڵکی کورد بووە. پێشمەرگەى دێرین بۆوەى خەباتەکەى لە وێستگەى سەرکەوتن دابنێت تەنانەت نکۆڵى لە غەریزەکانی کرد، بگرە ئەو رۆژانە و نەهامەتییەکانى و خۆچەپاندنەکانى هەرگیز ناتواندرێت قەرەبوو بکرێتەوە، هەر لەبەرئەوەشە ئەوانەى وا دەزانن ئەو لیبرالیزمە سێکسیی و فرەژنى و بەرەڵڵاییە جنسییەی لاى بەرپرسەکان هەیە نیشانەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو رۆژانە، بێگومان بەهەڵەدا چوون، لەبەرئەوەی:
یەکەم: بەرپرسەکان ئەوکاتیش لە رووى ممارەسەى سێکسەوە کێشەیان نەبووە، هیچ نەبووبێت هاوسەرەکانیان لەگەڵ بووە.
دووەم: سێکس و پیاوێتى نیشاندان لاى بەرپرسەکان جۆرێکە لە ممارەسەى دەسەڵات نەک قەرەبوو، ئەگەر ئەمە وا بوایە دەبوو هەر پێشمەرگەیەکى دێرین دە ژن و دە عەشیقەى هەبوایە و ئێستا لەبەر ئەوان ژن دەستى کەسی تر نەدەکەوت و پرۆسەى هاوسەر بوون بۆ خەڵکانى دی ئاسان نەدەبوو. دەسەڵات لەم رۆژهەڵاتەدا لەسەر قانوونی دارستان رێکخراوە، شێر لە دارستاندا زگی برسی و غەریزەکانی لە رێی هێزەوە تێر دەکات، بەرپرس و سەرکردە رۆژهەڵاتییەکان لە نێویشیاندا ئەوانەی کورد هەروا.

پێشمەرگەی دێرین و قۆناغی نوێ

هەر کەسێک تەنیا کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی
هیگل

کاتێک باس لە قۆناغی نوێ دەکەین مەبەستمان لە قۆناغی دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991)ە، کە دوای ئەم مێژووە ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی بەسەر ئەرک و رۆڵی پێشمەرگەدا هاتووە. ئەگەر لە قۆناغی بەرگریی و رزگاریی گەلی کوردستان ئەرکی پێشمەرگە بریتی بووبێت لە چەک هەڵگرتن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە بەرامبەر دوژمن، بێگومان لە قۆناغی ئازادیی دوای راپەڕین ئەرکی پێشمەرگە دەگۆڕێت بە پارێزەری ئەو ئازادییە و تاکێکی خزمەتگوزار. ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە هەمان بیرکردنەوەی قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بکات، لەبەرئەوەی دوو قۆناغن جیاوازیی ریشەیی و قووڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە و کەمترین پەیوەندیی و وێکچوون لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەر ئەوکات شۆڕشی کورد دژی حکومەتی ناوەندیی و دەستەڵاتی بەڕێوەبەریی بووبێت چ لە خودی کوردستان چ لە عێراقدا، ئێستا ئەم شۆڕشە خۆی حکومەتە لە کوردستان و بەشێکیشە لە دەستەڵاتی بڕیاردان لە عێراقدا. ئەگەر ئەوکات پێشمەرگە و شۆڕشی کورد لە چیاکان بەرەنگاریی هێزێکی پڕ چەکوچۆڵی رژێمێکی هار و دڕندەی دەکرد، ئەمڕۆ لە شارە و بووەتە دەستەڵاتێکی هەڵبژێردراو، پێویستە وەک خۆی بە هەناسەی حکومەت و دەستەڵاتەوە ئەرکی سەرشانی راپەڕێنێت. بە هەموو جۆرێک و لە دەیان گۆشەنیگا و رووەوە قۆناغی هەنووکە جیاوازە لە قۆناغی داگیرکراویی ئەم بەشەی کوردستان، هەڵبەتە لەگەڵ گۆڕان و وەرچەرخانی قۆناغدا ئەرک و رۆڵەکانیش دەگۆڕێن، ناکرێت کەسێک لە دوو قۆناغی جیاوازدا تەنیا یەک جۆرە ئەرک و رۆڵی هەبێت، ئەمە مومکین نییە.

کەواتە رۆڵی نوێی پێشمەرگەی دێرین چییە؟. رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغەدا رۆڵێکی خەباتگێڕانەیە، بەڵام بە دیوە مەدەنییەکەیدا، لە کورتترین و پوختترین دەربڕیندا ئەرکی سەرشانی پێشمەرگەی دێرین ئەوەیە تێکۆشانی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بکات بۆ بەرینکردنەوەی مەودای ئازادیی و خزمەتگوزاریی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری. من ئەم تێکۆشانە بە درێژکراوەی هەمان خەباتی شاخ دەزانم و لە رووی بەها و گرنگییەوە لە شانی یەکتردا دەیانبینم، بەڵکو ئەمەیان قۆناغێکی زۆر باڵاتر و پێگەیشتووترە لە ئەرکی پێشمەرگایەتیدا. ئەم قۆناغە وا لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت دەستبەرداری خولیای خۆی و ئەو نەرگسیەتە قووڵە بێت تووشی هاتووە و لە بژاردنی سەروەریی و شانازییەکانی دوێنێ بێتە دەرێ و لە جەرگەی واقیعی ئەمڕۆدا بێت و بە کردەوە بیسەلمێنێت دەتوانێت لە واقیع و قۆناغی دوای راپەڕینیشدا وچان بە ئەرکەکانی بدات، بەو پێیەی لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئەم قۆناغەدا ئاوێتە بووە، ئەرکی پێشمەرگەی دێرین لەوە تێپەڕی کردووە پاسەوانی یانژی فەرماندەی بارەگا و بەرپرسێکی سیاسیی یان سەربازیی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەو ئەوەیە زێرەڤانی مافی خەڵک بێت و لە سەنگەری داوا و خواستەکانی جەماوەردا رابوەستێت و یەخەی دەستەڵاتدارانی لەسەر رابوەشێنێت.

ئیدی پێویستە و کاتی ئەوەیە پێشمەرگە دێرینەکان کەتافییەکانی بەریان دابکەنن لەگەڵیدا چەمک و زاراوەی شۆڕش بخەنە سەبەتەیەکی خاشاکەوە، چوونکە چیتر ئێمە شۆڕش نین!! لە کاتێکدا تۆ سەرۆک کۆماری عێراقیت، سەرۆکی هەرێمت هەیە، ئیدی شۆڕش چ مانایەکی هەیە؟ ناکرێت بە چەشنی بەعس و لەسەر هەمان بیرکردنەوەی سەدام حسێن رۆژانە و هەر دە خولەک جارێک وشە و زاراوەی شۆڕش بە گوێی خەڵکیدا بچرپَنین و بیکەینە نان و ئاویان، ئێمە چیتر شۆڕش نین، بەڵکو دەستەڵاتێکی کارگێڕیین، هەر بۆیە ئێمە وەک هاووڵاتیان داوا و خواستەکانمان لە بەرپرسانی کورد وەک دەستەڵات و حکومەتە نەک شۆڕش. ئیدی کاتی ئەوەیە پێشمەرگەی دێرین بە میکانیزمی ئاشتیخوازانە و دیموکراسییانە جوڵەی بەهێز لە خۆی نیشان بدات تاکو گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئازادیی و ماف و خزمەتگوزارییدا رووبدات و بەرجەستە بکرێت، ئاخر ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە وەهمی (دوێنێ)وە سەیری ئەمڕۆ و سبەینێ بکات، یان لە گۆشەیەکی پەڕاوێزەوە لە بەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بێت، بەڵکو دەبێت داینەمۆی جوڵەی سیاسیی و سەرمەشقی بزووتنەوەی مەدەنیانە بێت لە کوردستاندا.

فەیلەسووف و هزرمەندی فەڕەنسی (میشێل فوکۆ) دەڵێت (من راڤەی ئەوەم کردووە گۆڕان پەیوەندیی بە جوڵەی رامیارییەوە هەیە). بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێت و گۆڕان لەسەر بەرینترین ئاست و مەودا رووبدات دەبێت جەماوەری کورد لە پێشیانەوە پێشمەرگەی دێرین و دەستەبژێری رۆشنبیر و خوێندەوار جوڵەی سیاسیی لە خۆیان نیشان بدەن، ئیرادەیان هەبێت بۆ هەنگاوی نوێ و تێپەڕاندنی واقیع رووەو باشتر و چاکتر و ئازادتر. پێشمەرگەی دێرین نابێت دەست و پێ سپی بێت لە ئاست ئەو هەموو ناڕەواییەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، نابێت بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو رێژە زۆر و ترسناکەی گەندەڵی و رۆتین و بیرۆکراسییەت، ناکرێت خۆی غافڵ بکات لە بەرامبەر ئەو هەموو بەفیڕۆبردنەی سامانی وڵات و ئەو هەموو بەرپرسە فایلدارە و ئەو لەشکرە لە سیاسیی بازرگان بە خوێنی ئابووری وڵاتەوە. لە راستیدا کاتێک گەندەڵیی و نالێپرسراویی و نادادپەروەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەگاتە لوتکە و راددەیەکی سەرسوڕهێنەر و خەیاڵیی بەرئەنجامی ئەوە نییە دەستەڵات زۆر بەهێز و بە قودرەتە، بەڵکو بەشێکی هەرە سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە نەیارانی ناعەدالەتی و خەڵک خۆیان بێدەنگ و زۆریش لاوازن.

رۆمەن رۆڵان دەڵێت (من ئەمەم زۆر جاران وتووە خراپتر لە هەموو خراپەکان کە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت بێ دەستەڵاتی چاکەخوازانە نەک دەستەڵاتی خراپەکاران). ئەوەی ئەم دۆخەی لە کوردستان خوڵقاندووە بێ هێزیی و بێ دەستەڵاتی جەمسەر و باڵی چاکەکار و ریفۆرمخوازە، نەک ئەستووریی و بەهێزیی باڵی گەندەڵ و خراپەکار. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی کۆمەک بکات بە ئاقاری بەهێزکردنی رەوتی چاکساییخواز و مەدەنی و دیموکراتیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و هەماهەنگ بێت لەگەڵ کار و پڕۆژەکانیان، هەروا پێویستە چۆن لە خەباتی شاخدا پێشڕەو و سەرمەشقی جەماوەرێکی زۆری خەڵک بووە ئێستاش هەر بە هەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بدات و کار بکات تا پێشەنگی ئەو جەماوەرە بە مێگەلکراوە بێت تەنانەت زمانیان نییە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. دەکرێت بڵێم پێشمەرگەی دێرین دەبێت زمانحاڵی ئەو خەڵکانە بێت بەهەر هۆیەک بووە ناتوانن گوزارشت لە ئازار و نەهامەتییەکانیان بکەن، قاچی ئەوانە بێت لەبەر هەر رێگرییەک بووە ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ سەندنی مافەکانیان، دەستی هەموو ئەوانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک بووە ناتوانن لافیتەیەک بەرز بکەنەوە یان یەخەی حاکمان بگرن و رایانوەشێنن تاکو لە خەوی بێئاگایی لە بارودۆخەکە بێدارییان بکەنەوە.
پێشمەرگەی دێرین ئەگەر ئەرکێکی لەسەرشان بێت یان ئەگەر قەرارە لەم بارودۆخەدا رۆڵێک بگێڕێت پێویستە بەرهەڵستیی دەستەڵات بکات نەک بۆ ئەوەی بیڕوخێنێت بەڵکو بۆ ئەوەی چاکی بکات و بیهێنێتەوە سەر ئەو هێڵە راستەی دەبێت هەیبێت. پێشمەرگەی دێرین دەبێت واز لەو خەیاڵە بهێنێت هەر بەرهەڵستییکردن و بەرەنگارییەکی دەستەڵات کۆمەکە بە دوژمنانی کورد و سەرئەنجام ئەم حکومەتە (ساوا)یەی پێ لاواز دەبێت، بەڵکو پێویستە بەو شعورەوە کار بکات لازمە شۆڕشەکەی دوێنێی ماف و ئازادیی و ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات ئەگینا هەرگیز دەمی خۆی ناگرێت و وەدەنگ دێت لەسەر مافی بەشخوراوان، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لە ئاست تاڵییەکانی ژیانی هاووڵاتیان و بەرهەڵستیی دەکات لەبەرامبەر هەر چەوتی و نابەجێییەکی ورد و درشتی دەستەڵات. دەبوایە تاوەکو ئێستا چەندان رێپێوان و کەمپینی پێشمەرگەی دێرینمان بدیبایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستەڵات و حکومەت، کەچی بەداخەوە تاوەکو ئێستا بێدەنگن و جاروبار لێرەولەوێ لە سوچی لاپەڕەی رۆژنامەیەکدا سکاڵانامە یان نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسێک یان لایەنێکی بەرپرسیار دەنێرن و هیچی تر.

مایکڵ هاردت– ئەنتوان نیگیری دەڵێن (زۆر لە زاناکانی سیاسەت دەڵێن مەسەلەکە لەوەدا نییە بۆچی خەڵک بەرهەڵستیی دەکەن؟ بەڵکو لەوەدایە بۆچی بەرهەڵستیی ناکەن؟). ئاخر ئەگەر سبەینێ پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایی دەرببڕن، پرسیار ناکەین بۆچی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ چون هەموو دەزانین چەندە بێبەش و مافخوراون، چەندە دڵگرانن بەم بارودۆخە، بەڵکو هەنووکە پرسیار دەکەین ئاخۆ لەبەرچی و بۆچی پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و هیچ بەرهەڵستییەک ناکەن؟ ئەگەر هەر ئەمڕۆ چی پێشمەرگەی دێرین هەیە بەر دەرگای وەزارەت و فەرمانگەکان بگرن و خۆپیشاندان ساز بدەن، هەموو ئەوەمان لەلا ئاشکرایە وەزارەتەکان بە جۆرێک گەندەڵ و کەمتەرخەمن، تەنیا پێویستە لە دژیان رێپێوان سازبکرێت، بۆیە لامان سەیر نییە. بەڵام ئەگەر پێشمەرگەی دێرین و دواتر کۆی خەڵک ئەم کارەیان نەکرد، پرسیارەکە لەلامان دەوروژێت و دەپرسین ئاخۆ لەبەر کام هۆ و بەهانە بەرهەڵستیی ناکەن و تاکەی خۆیان دەخۆنەوە و بەرگە دەگرن؟. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی لە پەنا ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵکدا بوەستێت لە بەرامبەر دەستەڵات، هەروەک چۆن لەسەریەتی رچە و یەکەمین بێدەنگیی بشکێنێت و کەلەپچەی کەڕیی رابماڵێت. خەڵکی ئەم وڵاتە تەواو بێزار و بێ هیوابوون لە بەرپرس و دەستەڵات و پادشا نوێیەکان، تەنانەت گەنجەکان ئەم وڵاتە وەک (گەراج) یان فڕۆکەخانەیەک سەیر دەکەن تا لێوەی بڕۆن بۆ تاراوگە، ژیان زەحمەتییەکی قورسە و هەزار و یەک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی سەریان دەرهێناوە، هەموو چاوەڕێی فریادڕەس و دەستەڵاتێکی راستەقینەن، لەبەرئەوە پێشمەرگەی دێرین نابێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر بە ژیانی جەماوەری گەل و دەبێت لەگەڵیاندا کار بکات بۆ بەرقەرارکردنی دەستەڵاتێک کە رێز لە مافەکان و ئازادیی هاووڵاتییەکانی بگرێت.

(د.ناجی تکریتی) لە وتارێکیدا زۆر باش نوسیووێتی (خەڵکی لە قسەی رووت بێزار و نائومێدبوون، پێویستیان بە رزگارکەرێکە لەو مەینەتییە رزگاریان بکات، ئەمەش تەنیا هەر بە قسە و وادەی بێ کردەوە فریویان نەدات، لە چاوەڕوانیی سەرکردەیەکن قسە و کردەوەی وەک یەک بێ). پێویستە پێشمەرگەی دێرین هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بێت و لەگەڵیاندا بێت بۆ راستکردنەوەی دەستەڵاتداران و جێگیرکردنی سەرکردە و دەستەڵاتێک بەشێوەیەکی راستەقینە نوێنەرایەتیان بکات. بە کورتی رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی خۆی و خەڵک، گۆڕانێتی لە پێشمەرگە و سەربازەوە بۆ تاکێکی ئەکتیڤی مەدەنی و هەردەم لە بەرامبەر دەستەڵاتدا بوەستێت بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی خودی خۆی و هاووڵاتیان، دواجاریش بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی. رۆشنبیری عەرەب (حسێن دەروێش) دەنووسێت (لە مێژوودا چیرۆکی فەرماندەیەکی رۆمانی هەیە کە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێک دێتەوە و بە سەربەرزییەوە لە شەقامەکانی شارەکەیدا پیاسە دەکات، خەڵک لە دەوری جەم دەبن و هوتاف بە ناوی دەدەن و سەرکەوتنەکانی نەمر دەکەن. هەر هەمان مێژوو دەڵێت لە پشت ئەو فەرماندەیەوە سەربازێکی بازوو و مەچەک ئەستوور رێی دەکرد، ئەرکی ئەو سەربازە تەنیا پاراستنی فەرماندەکەی نەبوو لە ناپاکیی و پیلانگێڕیی، بەڵکو ئەوە بوو هەموو کات بە گوێی فەرماندەکەی بچرپاندبایە: لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت، لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت). ئەرکی پێشمەرگەی دێرینیش ئەوەیە هەمیشە بە گوێی دەستەڵات و سەرکردەکانی کورددا بچرپێنێت لە یادتان بێت، ئەو خەڵکەتان لە یاد بێت، بەڵێن و وادە و پەیمانە زلەکانی خۆتان لە یاد بێت.

پێشمەرگەى دێرین و نائومێدیى و نامۆبوون

نائومێدیی و نامۆبوون بەشێکی جیانەکراوەى دەروونى مرۆڤە، لەگەڵ مرۆڤدا نامۆبوون گەشەى کردووە و بە بەردەوامى وەک سێبەرێک لە تەکییەوە رۆشتووە. لە رووى شیکردنەوەى دەروونییەوە زاناکان و قوتابخانەکانى دەروونشیکاریى کۆکن لەسەر ئەوەى نامۆبوون لە قووڵایى ناخى هەموو مرۆڤێکدا چێنراوە و هیچ مرۆڤێک نییە لە ژیانیدا تووشى شۆک و نائومێدیی نەبێت. هەرچەندە رێژە و ئاستى ئەم نامۆبوونە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت بە هەمان شێوە هۆکارەکان رۆڵێکى ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە زیاتر نامۆکردنى مرۆڤدا. پێشمەرگەى دێرین ئالی و سوپەرمان نەبووە و نییە بەڵکو مرۆڤێکى تەواو ئاساییە و بەدەر نییە لەگرێ و ئاڵۆزییە دەروونییە هاوبەشەکانى مرۆڤ، ئەویش وەک هەموو کەسانى تر ژیانى دابەشبووە بەسەر لەحزەى گەشبینى و کامەرانى و لەحزەى نائومێدیی و نامۆبوون. رەنگە لەبەر چەند هۆکارێکى تایبەت و دیاریکراو پێشمەرگەى دێرین زیاتر تووشى نائومێدیى و تەنانەت تێکشکان ببێتەوە. گرنگترین فاکتۆر لەم راستایەدا بریتییە لە وردوخاشکردن و بەسەرابکردنى خەونەکانى، ئەو خەونانەى لە قۆناغى خەباتى شاخدا هەزارەها جار بەڵێنى بەدیهاتنیان پێدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بارودۆخە نەخواستراوترە پڕ گەندەڵیى و نادادپەروەرییەى دواى راپەرین یەکێکى تربووە لە فاکتۆرە هەرە بەهێزەکانى نامۆبوون ئەمە نەک هەر بۆ پێشمەرگەى دێرین بەڵکو بۆسەرجەم هاووڵاتیانى کورد. هەنووکە دەبینین وەهمەکانى نەتەوایەتى و سۆسیالیزم و مافى چارەى خۆنووسین تەبەخوریان کرد و وەک هەڵم بە ئاسمانى بێدەنگیدا چوون.
ئەوەتا کوردستان دواى هەڵەبجە و ئەنفال و کارەساتە سامناکەکانى لەسەر دەستى بیرۆکەى پانعەرەبیزم جارێکى تر دەلکێنرێتەوە بە عێراقى بێ هیوایى و نەهامەتییەوە. نەتەوایەتى و کوردایەتى بووە بە کۆمپانیا و دوکانداریی و کاڵایەکى بە نرخ و گرانبەهاى بازاڕی سەفقات، هەنووکە بەرهەمهێنەرانى دوێنێی گووتارى نەتەوایەتى بازرگانى هەرە گەورەى ئەمڕۆی وڵات و بزنسمان و خاوەن کۆمپانیاى زەبەلاح و سەروەت و سامانى خەیاڵیی و نەبڕاوەن،. دروشمەکانى وەک مافى مرۆڤ و مافى چارەنووس و ئازادیى بیروباوەڕ و دیموکراسى لە بازاڕى کوردیدا ئێکسپایەر بوون و فڕێدراونەتە تەنەکە خۆڵەکانى شارەوانییەوە. سۆسیالیزم و (وتە زێڕینەکانى) ماوتسى تۆنگ و کولتوورى چێ گیڤارا وەک بەرگێکى کۆن و دڕاو لەبەری حزبەکان داکەنرا. درێژترین رووبارى خوێنى پێشمەرگە و شەهیدان تێکەڵ بە مەى و شامپانیا و کۆنیاکى بەرپرسە چاوشۆڕەکان بووە و بۆیان بۆتە جۆگەى کەوسەر و شەرابى فیردەوس. هەنسک و حەسرەتى هەژاران و ماڵوێرانانى رێگاى رزگاریى بۆتە خۆشترین نوکتە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو ئەو بەرپرسە نمەک بە حەرامانەى تا دوێنێ لە شاخ تەنیا بە دۆى مەشکەى گوند تینووێتیان دەشکا. ئیتر مرۆڤى کورد چۆن تووشى نامۆبوون نابێت؟. ئەى پێشمەرگەى دێرین چۆن لە هەموومان زێدەتر و زەقتر بەم دەردە بیمار نابێت و تاکو سەر مۆخ هەست بە ئازار و ئێش ناکات؟.

نووسەرى ناسراوى عەرەب (حسێن دەروێش) لە یەکێک لە ژمارەکانى رۆژنامەى (البیان)دا باس لەو نامۆبوونە دەکات لاى نەوەى شۆڕشگێرى عەرەبى و دەنووسێت (ئەو نەوەیەى کە نەوەى نیوەى یەکەمى سەدەى پێشوو بوون بە وەهمى نەتەوایەتى و نیشتمانى گەورەى نەمرەوە ژیان، لە دواى ئەو وەهمانەشەوە وەهمى سەروەتیشى هاتە سەر، هەر ئەم نەوەیە ئێستا بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان بەسەرهات و لە کۆتایدا گەیشتۆتە چ رۆژێکى کوشندە ئەمڕۆکە دەیبینین). پێشمەرگەى دێرین وەک نەوەى نیوەى دووەمى سەدەى رابردوو (سەدەى بیست) دواى بێ هۆشکردنى بە تلیاک و وەهمى نیشتمانپەروەریی و کوردستانێکى سەربەخۆ و پڕاوپڕ لە ئازادیى و ماف، ئەمڕۆ دەبینێت خەونەکانى یەک لە دواى یەک هەرەس دەهێنن و ئەو جادووەى لە شاخ لێیکراوە یەک بە یەک پووچەڵ دەبنەوە و ماهییەت و سروشتى راستەقینەیان بەدەر دەکەوێت. ئەمڕۆکە بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان لێ بەسەر هاتووە و رۆژگارى کورد گەیشتووەبە چ چارە رەشییەک!، ماف و ئازادیى گەورەترین و تاڵترین درۆ بوو لەگەڵیدا کراوە. دواى ئەم هەموو بەتاڵکردنەوە و لە باربردنەى خەون و ئاواتەکانى دوێنێى، پێشمەرگەى دێرین هیچ رێگایەکى ترى لەبەردەم نییە یان بەرپەرچدانەوە یان خۆخواردنەوە و ئازارى ویژدان و نامۆبوون. دەبینین تا ئەمڕۆ پێشمەرگەى دێرین رێگاچارەى دووەمى هەڵبژاردووە، رێگەچارەى خۆخواردنەوە و ئازارى رۆح و ویژدان.

پێشمەرگەى دێرین ئەوێ رۆژێ لە خەباتى سەخت و دژوارى قۆناغى شاخدا، خەونى بە وڵاتێکەوە دەبینى هاووڵاتیان لە ئەرک و ماف و ئازادییەکاندا یەکسان بن، رێز لە مرۆڤبوون بگیرێت پێش هەر شتێک، بە چەکى شۆڕش و نەبەردیى و هەڵمەتى سەربازییانە چاوى لە پاشەڕۆژێکى رووناک و ئارام و ئاسایى بڕیبوو. هەموو ناڕەحەتییەکانى شاخ و هەوراز و نشێوەکانى رێگاى هەوڵ و خەباتى قبوڵ بوو تاسبەینێ دادپەروەریى چێ بێت و یاسا سەروەر بێت و مافى هەموو کەسێک پارێزراوبێت، نەک وەک ئەمڕۆ پارە دەسەڵاتدار بێت، ئاخر کاتێک پارە دەبێتە خودا، مرۆڤ دەبێتە بەندەى پارە و دەبێت وەک کۆیلەیەک پارە بپەرستێت، ئیتر ئەمەش سەرەتاى هەموو خراپەکارییەکانە. برتۆڵد برێخت، دەڵێت: (لە کۆمەڵگەیەک پارە تیایدا فەرمانڕەوایە و بەدەستهێنانى پارە جگە لە رێى ناپەسەندەوە مەیسەر نییە، چاکەکاریى دەبێتە درۆ). پێشمەرگەى دێرینیش چاوى هەیە و ئەوە دەبینێ (سەربەستى رابەرایەتى گەل ناکات) بەڵکو پارە تاکە والی و فەرمانڕەوایە، ئەو بیروباوەڕ و پرنسیپانەشى لە شاخ دیعایەیان بۆ دەکرا تووڕ دراونەتە زبڵدانى مێژووەوە و بە کلاسیک هەژمار دەکرێن، ئیتر بڕواى بە هیچ چاکەکارییەکى حزب و سەرکردایەتییەکەى نامێنێت، ئاسانیش نییە دواى ئەو هەموو ناڕەحەتى و قوربانیدانە بە ژیانى خۆ هەروا بە بڕیارێک دەستبەردارى حزبەکەی ببێت، ئاخر ئەمە قورسترین بڕیارە و سەرسەختترین دەروونى گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێت بە دەستى خۆى کۆرپە یان کوڕە جگەرگۆشەکەى زیندەبەچاڵ بکات! لەگەڵ ئەوەشدا پێى شادمان بێت. سەختییەکە لێرەدایە پێشمەرگەى دێرین لەنێوان دوڕیان و دوو رێگادا تووشى شۆک و ئازار بووە:
یەکەم: دەستبەردان لە حزب و کاروانى دوورودرێژى خەبات، ئەمەش کارێکى ئەستەم و پڕ لە ناڕەحەتییە و چۆڵکردنی مەیدانیشە بۆ گەندەڵکاران.

دووەم: قبوڵکردنى ناعەدالەتی و ئەو قەیرانە خنکێنەر و کوشندەیەى کۆمەڵگەى کوردى تیایدا دەژى لەگەڵ چاوپۆشین و دیزە بەدەرخۆنەکردنى دزى و گەندەڵیى دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ نەبوونى ئازادیى و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان و بێ مافییەکانى جەماوەرى خەڵک.
ئەمەشیان دوورە لە سروشتى راستەقینە و واقیعی پێشمەرگەى دێرینەوە، چوونکە ئەو کەسێک بووە لە سەردەمى پێشووتر قبوڵى ئەمانەى نەکردووە بۆیە شاخ و خەباتى هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر ئێستا پێى رازى و قایل بێت کەواتە خەبات و بەرخودانى چەندان ساڵى لەسەر چیاکان چ مانایەک دەبەخشێت؟ سەروەرییەکانى دوێنێ قابیلى ئەوەن بە هەڵەکانى ئەمڕۆ لەناوچن وەک ئەوەى بەرپرسەکان کردیان. بارودۆخى کوردستان لە کەنارى هەڵدێر و رۆخى تیاچوونە، چوونکە مرۆڤى کورد لە هەموو روویەکەوە تێکدەشکێنرێت و هەناسەى سافى دوکەڵاویى دەکرێت، هەژاریى وەک پەتایەکى کوشندە پەرە دەسێنێت، ژمارەى هەژاران و بێدەرامەتان لە ئاستێکى ئاسایى دەرچووە، لەولاوە چەندان کەس و بەرپرس بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر دەبنە سەرمایەدار و ملیۆنێر بەبێ ئەوەى کەسێک هەبێت پرسیاریان لێبکات ئەمەیان بە چى؟. د.ناجى تکریتی، لە وتارێکدا بە ناوى (نامەیەک بۆ کاربەدەستى وڵات) دەنووسێت (دەبێت هەمیشە ئەوە بزانیت هەرچەندە ژمارەى ملیۆنێران زۆرتربێت ژمارەى هەژاران و نەداران دوو هێندە دەبێتەوە). پێویستە کاربەدەستانى وڵات بزانن هەژارانى ئەم نیشتمانە خەمناکە سەد بەرابەر و هەزار بەرابەرى ئەو ملیۆنێرە بێ بەزەییانە دەبن کە بەوێنەى گروپەکانى مافیا دەستیان بەسەر بازاڕ و ئابوورى و بژێویی هەژاراندا گرتووە. خەڵک لەم نادادپەروەریى و جیاوازییە قووڵە چیناییەتیە بێزار و رق ئەستوورە بە قەدەر ئەوەش تووشى نائومێدیی و بێ هیوایی و رەشبینى بووە، پێشمەرگەى دێرین بە پلەیەکى زیاتر لە خەڵکانى تر دووچارى ئەم حاڵەتە بووە، چون ئەو لە سەرێکەوە خۆى بە تاوانبار دەزانێت کە ئەمە بەرهەمى خەباتەکەیەتی، لە سەرێکى ترەوە ناڕازی و بێزارە چوونکە خوازیارى ئەم رۆژە نەبووە و هیچ کات لە نیازیدا نەبووە بۆ کوردستانى گەندەڵیى و راوڕووت خەبات بکات، ئەگەرنا نەیدەکرد.
پێشمەرگەى دێرین دەیویست مرۆڤى کورد کوردستان لە ئەولەویەتى کاردا بنیات بنرێتەوە، ئەوى رژێمى بەعس سووتاندى سەوز بکرێتەوە، ئەوى داگیرکەرانى کوردستان کاولیان کرد بە رازاوەترین شێوە دروست بکرێتەوە، ئەوى بەعس تاریک و لێڵى کرد لەسەر دەستى کورد سپى و روون بکرێتەوە. هەروەک (حسێن دەروێش) دەڵێت (بەر لەوەى بیر لە بنیاتنانەوەى نیشتمان بکەینەوە پێویستە بیر لە بنیاتنانى مرۆڤەکان بکەینەوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت بنیاتنەر بێت ئەگەر بێتو ئازاد نەبێت، ئازادیش وشەیەکى ترسناکە لە نیشتمانێکدا کە کراوە بە زیندانێکى گەورە). پێشمەرگەى دێرین کارى بۆ ئەوە کردووە وڵات نەبێتە ئەو زیندانە گەورەى حسێن دەروێش باسى دەکات، بۆیە هەموو ناڕەحەتى و تاڵییەکانى دوێنێی لا شیرین بووە، بۆیە نوستن لەسەر تاشە بەردى شاخى بەلاوە دۆشەکى لۆکە و حەریر بووە، بۆیە چەکى سەرشانى لەهەموو شت لا پیرۆزتر بووە. ساتێک ئێستا دەبینێت ئاوەدانکردنەوەى چى؟ بنیاتنانەوەى چى؟ خەباتى چى؟ کورد و کوردستانى چى؟ کولتوورى بەرگریى چى؟ نەتەوایەتى و گەلی چى؟ مرۆڤ و مافەکانى چى؟ چى و چى… هەر هەمووى بوون بە درۆیەکى گەورە و جێگەى گاڵتە و شۆخى پێکردن، ئیدى وەرە مرۆڤێک بەو هەموو دەرد و ئازارەى زۆرەى شاخەوە بتوانێ بەرگەى ئەمە بگرێت!. لەبەرئەوە پێشمەرگەى دێرین ناتوانێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە بسازێت، چوونکە رۆحە سەرکەشەکەى رێى پێنادات، مادام وایە نائومێدیى و نامۆبوون لە هەموو لایەکەوە قانگى دەدات و داگیرى دەکات. بۆ نەگبەتى ئەو کۆمەڵگەیەشى پێشمەرگەى دێرینى تیا دەژى تووشى هەمان شۆک و پەتا هاتووە ئیدى چۆن دەتوانێت بارى سەرشانى سوک بکات و موراعاتى بکات، کۆڵن وڵسن وتەنى (ئەگەر ژیارێک رۆحى نەخۆش بێت تاک بە هەمان نەخۆشییەوە دەتلێتەوە).

کە کۆمەڵگەى کوردى خۆى نەخۆش بێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتى سیاسیى یەکەم کەس بێت بەم ڤایرۆسە تووش بووبێت، چۆن خەڵک بە گشتیی و پێشمەرگەى دێرین بە تایبەتى دووچارى نەخۆشى و گرێى دەروونى نابن؟ بۆ پێشمەرگە حاڵەتەکە زۆر جیاوازتر و قورستریشە، چوونکە ئەو لە هەموو کەس زیاتر خۆى بە خاوەنى ئەم خاک و وڵاتە دەزانێت. هەر لەبەرئەوەش ئازار و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین لەوانیتر زیاترە و هەستێکى قووڵ و مەزنترى لە خەڵکە ئاساییەکە هەیە، ئەو دوێنێ بە گیانى خۆیشى ئامادەبوو داکۆکى لە وڵاتەکەى بکات ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت دیل و ملکەچ بێت؟ پێشمەرگەى دێرین وەک مرۆڤى مەزن، بە پێچەوانەى پیاوە گرگنە دەربارییەکان خەمى لە هەموو کەس زیاترە، ئازارى لە من و تۆ بەسوێترە و ویژدانى زووتر دەڕوشێت و بریندار دەبێت. شاتوبریان، دەڵێت (سەرت سووڕ نەمێنێت لە ژیاندا ئەرک و ئازارمان لە کەسانى دیکە زۆرترە، چوونکە کەسانى مەزن و بەهرەدار ئێش و ئازارى لە کەسانى بێ جورم و بچووک زۆرترە). لاى منیش سەیرو جێی واق وڕمان نییە وەختێک دەبینم زمانى پێشمەرگە پڕ گلەییترین زمانە و ویژدانى پڕ ناسۆرترین ویژدانە و رۆحى بریندارترین رۆحە و جەستەى شەکەتترین جەستەیە. بێزاریى و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین تەنانەت تا ئەو سنوورە رۆشتووە لە بەرامبەر ژیاندا تەواو دڕدۆنگن و ئیرەیى بە مەرگ و گۆڕ دەبەن، بۆ خۆم لە کەسێکى زۆر نزیکم کە ساڵانێکى زۆر پێشمەرگە بووە بیستووە: وتوویەتى حەزم دەکرد لەگەڵ فڵان کەس لە فڵانە داستان شەهید بوومایە و ئەم رۆژە رەشە و ئەو شکست و هەرەسە گەورەیەى بیروباوەڕ و حزبەکەم نەدیبا. واتە هەرەسى پەشیمانبوونەوە لە بەڵێن و وادە و خەونەکانى قۆناغى شاخ.
تەنانەت هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى وەک (لامارتین) بڵێن (گیانم خەمناکە وەک مردن، ئیرەیى بە گڵکۆ دەبەم، ئاى بۆ ئەو خەوە قووڵە درێژە). زۆر جار لە بەرپرسە باڵادەستەکانى دەبیستم دەڵێن پێشمەرگەى دێرین بۆ ناراِزییە؟ ئەوە نییە زەویمان پێداون و مووچەى خانەنشینیان هەیە!!. بێگومان هەیە لەسەر جۆرى رێژەى بەهرەمەندبوون لەم ئیمتیازاتانە ناڕازییە، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە پێشمەرگەى دێرین تەنیا شینى خۆى ناکات، ئەو دەیەوێ هەموو خەڵکى سوودمەند بن، ئەوى بۆ خۆى هەڵدەبژێرێت بۆ سەرجەم هاووڵاتیانى گەلەکەى هەڵدەبژێرێ. سارتەر وتى (ئەوى بۆ خۆمى هەڵدەبژێرم واتە بۆ گشت مرۆڤى هەڵدەبژێرم). پێشمەرگەى دێرین بە هەستێکى سارتەرییانەوە داوا دەکات و هیچ شتێکی تەنیا بۆ خۆى نییە. پێشمەرگەى دێرین هەرگیز نایەوێت خۆى پۆشتە و پەرداخ و خەڵک رووت و رەجاڵ بێت، ئەو گەرەکییەتى یەکسانى بە بێ من و تۆ و هیچ پێودانگێکی تر بەرجەستە بکرێت. (س- ش) و (ل- ع) وەک یەک بن لە تەرازووى یاسا و ئەرک و مافەکاندا. خەون و خەباتى پێشمەرگەى دێرین بۆ وەرگرتنى پارچەیەک زەوى نەبووە، ئەو کە چیاو دۆڵ و خەرەند و تاڤگە و جۆگە و ئەشکەوت و رەز و باخ و کانى و زنەى ئەم وڵاتە بە موڵکى خۆى دەزانێت چ پێویستى بەو پاداشتە هەیە تاپۆیەکى رزیوى بدەنە دەست و بڵێن فەرموو ئەو پارچە زەوییە لە برى هەموو خەباتەکەت. پێشمەرگەى دێرین خۆى بە (مۆسۆلینى) نازانێت تا بڵێت (ئەوەى پۆڵاى هەیە نانى هەیە)!. ئەو دەیەوێ پۆڵادار و بێ پۆڵا، چەکدار و بێ چەک هەموو نان و ئازادییان بەر لە هەر شتێک هەبێت و هەلی ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێت و کامەرانى و شادییان بۆ مسۆگەر بکرێت. بەڵام لە واقیعى حاڵدا نە پێشمەرگەى دێرین و نە خەڵک بە گشتیى سوودمەند نەبوون، لەوە پتریش بوونەتە هەوێن و سووتەمەنى رێگاى دەسەڵاتدارانى کورد بۆ مانەوەیان لەسەر کورسى فەرمانڕەوایى.
مرۆڤ لە نێوان یاخیبوون و نائومێدییدا یەکێکیانی بۆ دەمێنێتەوە، لە واقیعى گۆڕاوى دنیاى نوێدا یاخیبوون قورس و ناڕەحتترە بۆیە نائومێدیى بە ئاسانى یەخەى خەڵک دەگرێت، خەستترین نائومێدیی و نامۆبوونێکیش دەبێتە میوانى دڵى پێشمەرگەى دێرین. لە خۆڕا نییە دەبینین هەندێکیان بەرگە ناگرن و بەبێ هیوایەوە رێگاى تاراوگە دەگرنەبەر یان بەشێکى هەرە زۆریان بەهۆى ئەلکهول و مەى خواردنەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و هەوڵى خۆ قووتارکردن دەدەن لە دەست ئەو واقیعە تفت و تاڵ و نائومێدکەرە، بگرە هەندێکیان ماددەى سڕکەر و بێهۆشکەر و ئارامبەخش بەکاردەهێنن بۆ راگرتنى هاوسەنگى خۆیان تاکو ئەوە هیچ نەبێ لە ئاکامدا شێت نەبن. ولیەم فاش دەڵێت (ئەو کەسەى خەمى هەیە شەرابیشى هەیە). فاش دەڵێَى ئەم قسەیەم تەنیا بۆ پێشمەرگە دێرینەکانى کورد کردووە، چونکە پێشمەرگەى دێرین زۆربەیان هیچیان نییە جگە لە غەم و شەراب.
بەهەرحاڵ دواى راپەڕین لەبرى ئەوەى پێشمەرگەى دێرین قەرەبووى رۆژانى ناهەموارى بۆ بکرێتەوە، لە جیاتى ئەوەى خەونەکانى بکرێتە واقیع و ئاوات و ئومێدەکانى بەدیبهێنرێت کەچى هەنووکە فەرامۆشکراوە و تووشى نائومێدیی و بێ هیوایى کراوە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کۆڵبدات، رەنگبێ وازهێنان و بەرەڵڵاکردنى جڵەوى ئەسپەشێى دەسەڵات کارەساتى لەوە زیاتر بنێتەوە، حەقوایە پێشمەرگەى دێرین جووڵە لە خۆى نیشان بدات، راستە تووشى شکست بووە، بەڵام شکست بە ماناى کۆڵدان نایەت، هەمەنگوای، دەڵێت (رەنگە مرۆڤ تێکبشکێت، بەڵام هەرگیز کۆڵنادات). ئێمە چاوەڕوانییمان هەیە لە پێشمەرگەى دێرین هەرچەندە دەزانین لە ناخى هەریەکێکیاندا گریانێکى بە کوڵ هەیە و لە رووخسارى کاتى پێکەنینیاندا فرمێسکێک خۆى حەشارداوە، رەنگە هەر بەو جۆرە بێت (نازم حیکمەت) لەم چەند دێڕە شیعرەدا وەسفى دەکات:
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ بگرى و ناخى دڵى پێى نەزانێ
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ شەرم داینەگرێت و
وەکو لێزمەى باران بگرى
وا راهاتووى، وەکو پەیکەرێکى بەردین دائەنیشى و
ناخت ئەگری و رووخساریشت پێئەکەنێ
ئاى کوڕم چەند گرانە
گەیشتن بەو قۆناغە گریانەى وەکو
گریانى قووڵى دایکانە

پێشمەرگەی دێرین لە جەنگاوەرەوە بۆ خانەنشین

هیگڵ راستی کرد وەختێک وتی هەریەک لە ئێمە تەنێ کوڕی سەردەمەکەی خۆمانین و لەوە بترازێت ناتوانین کوڕی دوو سەردەمی لێک جودا بین، هەرچەندە کەسانێک هەبوون ویستوویانە کوڕی زۆرێک لە سەردەمەکان بن، بەڵام بۆیان نەچووەتە سەر، دروست بە پێچەوانەوە بوونەتە گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت لە ویست و خەونەکانی ئەو تێبگات، نەوەیەک سەرلەبەری رابردوو بە هەڵگرانی گووتار و دروشمەکانییەوە رەت دەکاتەوە و دەیەوێت بیانخاتە پەڕاوێزەوە. پێشمەرگە ئەگەر لە قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی و خەباتی دژواری ژێردەستەییدا مۆمی گەشی ئومێد بووبێت ئێستا کە قۆناغی پاش شۆڕش و چنینەوەی دەستکەوتەکانی قوربانیدانی پێشانە، رۆڵی بەسەرچووە وەک قارەمان یان وەک ئەو کەسێتییە بە هەیبەتەی لە ئەندێشەی نەوەی پێش ئازادیی وێنەی بۆ کێشرابوو، لە زۆر بۆنە و جێگەی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە سەردەمی بزۆز و پڕ لە ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندووی دوای توانەوەی بەستەڵەکی جەنگی سارد سەردەمێکە ئاوس نییە بە قارەمان و کاریزمای رۆحیی بەڵکو کۆمەڵگەی تەکنۆلۆژیی هاوچەرخ هەموو چەمکەکانی شۆڕش و سەرکردەی کاریزمیی و قارەمانی رادەستی مۆزەخانە کردووە و کردوونی بە کەلەپوور.
تەواوبوونی سەردەمی پێشمەرگە بە مانای ئەوە دێت رۆڵی کلاسیکی پێشمەرگە کە مەیدانەکەی جەنگی پارتیزانیی و نەبەردیی سەربازیی بوو کۆتایی پێهاتووە، چوونکە بارودۆخی ئەو قۆناغەی جەنگ و خەباتی شاخە و شاخی فەرز کردبوو ئەویش کۆتایی پێهاتووە و مێژوو دەرگای لەسەر قۆناغێکی تر خستۆتە سەر پشت کە قۆناغی دەستەڵاتی خۆماڵییە، بەڵام هێشتا پێشمەرگە دەتوانێت بە مۆدیلێکی تازە و هاوچەرخ کار بکات، کارکردنێک تەبا بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم و وێنەدانەوەی هەلومەرجی بابەتی و هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ بێت. سەرەکیترین پرسیار لێرەدا قووت ببێتەوە پرسیاری شێوازی نوێی کارکردنی ئەو ژمارە کەسەیە لەژێر ناونیشانی پێشمەرگەی دێریندا دەیانناسینەوە، وا دەردەکەوێت هەموو بەوە قایل کرابین ئەو دەستە خەڵکە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و بە مووچەی خانەنشینی رێزیان لێبنرێت، کەچی لەبنەڕەتدا بەشی دووەمی کاری پێشمەرگە بە کۆتا نەهاتووە، ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگەیە وێڕای ئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر نییە، لە رووی ئابووری و ژیانی تاکەتاکی هاووڵاتییەکانیشییەوە کۆمەڵگەیەکی رەفاه و خۆشگوزەران و کەم کێشەیە.
مەهامی یەکەم هەر لەگەڵ یەکەم بڵێسەی راپەڕینەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 دا دەستەبەر بوو، هەرچی دووەم ئامانجیشە بە درێژایی شانزە ساڵی رەبەقی دەستەڵاتی کوردیی و پانزە ساڵی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک بەدینەهاتووە بگرە بە بەراوورد بە رابردوو لە پاشەکشەدایە یان لە شوێنی خۆی فەڕتەناش لێدەدات و ناڕواتە پێشەوە بەو ئاقارەی شۆڕش لە شاخ بیری لێدەکردەوە یان بە زمانێکی تر بەو فۆرمەی خەڵکیان لێ تێگەیاندبوو. ئەم بار و زرووفەی هەیە پێویستی ئەکتیڤبوونی سەرجەم مرۆڤی کورد دەکاتە پێویستییەکی ژیانی، لە نێوانیاندا پێشمەرگەی دێرین بێ رۆڵ نییە و دەتوانێت جێگە پەنجەی بدات لەسەر بارودۆخەکە یان بە دیوێکی تردا لەتوانایدا هەیە نەخشی هەبێت لە باشترکردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە کە نەوەی دوای راپەڕین یان نەوەی قۆناغی ئازادیی نائومێد کردووە بە جۆرێک گومان لە رابردوو بکات، گومان لە رەنج و قوربانیدانی هەزاران کەس بکات کە هەموو خەون و زەحمەتێکیان بۆ هێنانەدی کوردستانێکی ئازاد و دوور لە ژێردەستیی بووە.
ئەرکی پێشمەرگەی دێرینە خەباتەکەی بگۆڕێت بۆ خەباتێکی مەدەنی ئاشتیخوازانەی هاوچەرخ تا وەک گروپی فشار و بەشێک لە بزووتنەوەکانی کۆمەڵی مەدەنی قورسایی هەبێت لەسەر ئاڕاستەی کار و هەنگاوەکانی حکومەت و لە بەرژەوەندیی گشتیی داکۆکیان لێبکات، ئەگەر قۆناغی پێشمەرگایەتی ماتریاڵەکانی خەبات بریتی بووبن لە چەک و تەقەمەنی و بارووت و سەنگەر و حەماسەت و ورە بەرزیی، ماتریاڵەکانی ئەم خەباتەی بریتین لە پێنووس و رۆژنامە و رێپێوان و نمایش و میتینگی جەماوەریی و ورووژاندنی رای گشتیی و واژۆ کۆکردنەوە و میکانیزمەکانی تری کاری مەدەنی کە هەنووکە لە دنیای شارستانی و پێشکەوتوودا بەکاردەهێنرێت وەک چەکێکی کارا و بەهێز. پێشمەرگەی دێرین نابێت وەک خانەنشین لە خۆی بڕوانێت هەروەک چۆن پێویستە واز لەو خولیا و بیرە ژەنگاوییە بێنێت کە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانە، دەبێت وەک کەسێک لە دێریندا چۆن بە هەڵبژاردنی رێی پێشمەرگایەتی هەڵوێستی هەبووە و بە گوڕ و تینەوە کاری بۆ دۆزێک کردووە بە هەمان حەماس و گەرم و گوڕییەوە بەشدار بێت لە نەخشاندنی کۆمەڵگەیەک ئازادیی بنەماکانی بێت و بەرز راگرتنی ژیانی مرۆڤەکانیش ئامانجی بێت.
ئەم قۆناغ و هەلومەرجە ئەم کارە لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت نەک سەرقاڵییەکانی بە خوێندنەوەی حکایەتەکانی دوێنێ کە هیچ مانایەکیان بۆ ئەمڕۆ تێدا نەماوە، نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگەی دێرین خانەنشینکردنی هەڵوێست و چالاکیش بگرێتەوە نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگە مانای خستنە لاوە و پەڕاوێزخستن بگرێتە خۆی بەڵکو تەنێ وەک رێز و داهاتێک تەماشای بکرێت کە بۆ ژیانی وی پێویستە. لەم کاتەدا چیرۆکێکم بیر دەکەوێتەوە، داپیرەم هەرچەندە زۆر پیر ببوو زوو زوو پێی دەوتین ئەگەر تەواویش لە پەل و پۆ بکەوم هێشتا هەر متمانەم بە خۆمە هەندێک کاری خۆم راپەڕێنم، هەر هیچ نەبێت تاقمی ددانەکانم پێ دەشۆردرێت! ئیدی بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەیووت پیریی و هەزار عەیب، بەخوا دە سەعات بە پێ رۆشتووم و دواییش دوو چین هەڵپەڕیووم!!. جا ئەگەر پێشمەرگەی دێرین وزەی جارانیشی نەمابێت و نەتوانێت بەهەمان گوڕ و تینەوە کاربکات، بەڵام هەر چاوەڕێی جوڵە و هەڵوێستی لێدەکرێت ئەگەرچی ئەو جوڵە و کارە وەک ئەوەی دایە گەورەی من بچووکیش بێت.

*ئەم توێژینەوە بە پێنج بەش لە رۆژنامەی “مادێنە” لە کۆتایی 2006 و سەرەتای 2007 بڵاوکراوەتەوە




دڵتەنگیی وەک بیانوویێک بۆ گریان!.. نوری بێخاڵی

وا باشترە خەیاڵت ببەمەوە سەر چیڕۆکی برینێک
تا لە دۆخی شکست نا، لە دڵشکان تێبگەیت
بتبەمەوە لای ئاوازی گۆرانیێک،
کە خوێنی برینێکی سەرنەکردووی لەبەر دەڕوات،
گۆرانیی:
“ئەی دڵ خەتا تاکوو کەی، مایل بە خەتاکاریی
دوێنێ کە دەمێکم بوو، ئەمڕۆ نەدەمێکم بوو”

ئیتر ئاوا،
ململانێ لەگەڵ دڵی خۆت، دژوار و بە ژانە
مەیدە کەللەڕەقیی لەگەڵیدا
شتێکی دڵخۆشکەرە کەسێک لەناو دڵت بێت و
کەس نەزانێت،
نەک هەر ئەوەی نەزانن کەسێک لەوێیە،
ئەوەیش درک بەو ژانە نەکەن کە بە هۆی غەمگینیی ئەو کەسەوە دەتخواتەوە!

‏‎غەمگینیی ئەوەی خۆشت دەوێت، وەک شەقیقە وایە،
گێژت دەکات
وەک برینێک، کە شەکرە نەهێڵێ وشک بێتەوە،
هەمیشە تەڕە
وەک شێرپەنجە، کە ترسی ژیانەوەی خانەکانی هەبێت،
بڕینەوەیشی ئارامت ناکاتەوە!

ئەرێ،
بەرگەی ئێشی خۆت و دڵشکانەکانت دەگریت،
وەلێ دەرەقەتی ناڵە و نرکەی ئەو نایەیت
ئاسان نییە، بەڵام ڕۆژێک دێ و تێدەگەیت
غەمگینیی خۆت نا، دڵتەنگیی ئەو،
زیاتر ئازارت دەدات
پتر ماندووت دەکات و
زۆرتر تۆ دەگریێنێت، تا ئەو!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، کە لە دۆخی ئاوادا
دەتوانی دەست لە خۆت بشۆیت،
واز لە هەموو خەونێکت بێنیت
خەیاڵت لای برینەکانی خۆت نەبێت
خەم لە دڵشکانەکانت نەخۆیت و
بیرت هەر لای ئەو بێت
بیرت لای ئەوە بێت، چۆن دڵی بدەیتەوە
ئارامی بکەیتەوە
بیخەیتەوە سەر ڕیتمی پێکەنین
خۆشیی تێدا بڕوێنیت و
بەختەوەریی تیادا ئاو بدەیت!

ڕۆژێک دێت تێدەگەیت چۆن خۆتت فریو دا و نەتزانی
ڕاستیی لەناو زۆر شت دایە، کە وەک گاڵتە دەرتدەبڕین
تێدەگەیت زۆرترینی ڕاستیی لەناو قۆشمەیی و
جار جارەش لە هەوڵی تەریق نەبوونەوەدا بوو
ئەها ئەوەی دەتگوت:
ببەخشە، گاڵتەم کرد!
نا، ئاساییە، نیگەران مەبە!

ئەو ڕۆژە دێت و پەنجەی خۆت دەگەزیت،
کە خۆشباوەڕانە لەبیری خۆتت بردەوە:
“هیچ نییە، ئەوەش تێدەپەڕێت”، سەرچاوەی زۆرترین ئازارە
دوای “سوپاس، هەموو شتێک باشە”،
چەند پێویستیت بە دەستێکە
“من باشم”، لە پشتی زۆرترین خودئەشکەنجەدانەوەیە
وەک چۆن زۆرترین تووڕەییش،
لەناو گەرووی “ئاساییە، چۆنت پێ باشە با وا بێت، بە دڵی خۆت”، قوت دەدرێتەوە و
لەناو تەندووری “بێدەنگیی”دا دەکرێتە قەرەبرووت!

هەموو ئەمانە دەکەیت تا دڵی خۆت نا،
دڵی ئەو نەشکێ
غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگی ئەو کاڵ بکەیتەوە!

هەموو کەس هەر وا ئاسان لەو ڕازە تێ ناگەن و
نۆتە پەرشەکانی ئەم گۆرانییە غەمگینەیان بۆ ناچنەوە سەر پەیژەی ئاواز و
ڕەنگە ڕژاوەکانی ئەم تابلۆ غەمبارەیان بۆ کۆناکرێتەوە!

نیگەران مەبە،
نە کەس پێشت دەکەوێت و نە تۆش ڕیزت بەزاندووە
ئیتر وایە،
هەر کەسە و ڕوو بەرەو قەدەری خۆی هەنگاو دەنێت و
کەس ڕێی ناچێتەوە سەر هەواری چارەنووسی ئەوی تر
تێگەیشتن لەمە هەر وا ئاسان نییە
بۆ ئەمە بێدەنگیی باشترین شتە، تا پشوو بە خۆمان بدەین
ئاخر ماندوو بووین ئەوەندەی ڕوونکردنەوە بدەین
بۆ خەڵکێک کە تێناگەن
ئەوەیە دەڵێن: تێنەگەیشتن لە بەڵای ناگەهان خراپترە!

بەڕاست، دەمەوێ ئەوەش بزانیت
هەندێک جار پێویستیمان بە بیانوویێکە بۆ گریان
با بیانووەکە زۆر سادەیش بێت
تەنانەت گڕووگرتنیش بێت
تا ئەوەی ئەگەر جۆرێکیش بێت لە گەمژەیی
بەڵام هەر دەبێ پاساوی گریانێک بدەینەوە
گریانێک قەرەبووی شکستەکانمان
دۆڕانەکانمان
دڵشکانەکانمان
بێ ئومێدییەکانمان و
ڕەشبینییەکانمان بکاتەوە!

گریان بۆ شتگەلێک، کە لە کاتی خۆیدا نەمانتوانی،
نا، نەمانویست بۆیان بگرین
چونکە ڕووشکێن دەکراین
بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبین،
دەبوو ئەو چرکەساتە نەگرین و
هەر چۆنێک بووە، هێز بدەینە بەر خۆمان
ددان بە خۆماندا بگرین
خۆمان بخۆینەوە، تا ڕیسوا نەکرێین!

بەڵام چ هێز و خۆگرتنێک؟
هێز و خۆگریێک، دواتر ئازارێکی سووکیش بەس بێت،
تا تێک بشکێین و وێران بین
ئەمەو بێ ئەوەی کەسێک پرسیاری ئەم وێرانبوونەمان لێ بکات!

بەهەرحاڵ، کە لەگەڵ کەسێکیت، هەموو شتێکت جیاوازە
تەنانەت گریان و پێکەنینەکانیشت
لەگەڵ ئەودا باری قورسی سەر ڕۆحت سووک دەبێت و
لە تاریکترین شەویشدا، تیشکێک درزێک هەر دەدۆزێتەوە
دڵی دڵت بپێکێت!
ئەو کە بۆ هەمیشە لە نێوان کاغەز و دڵی تۆدا نهێنیێکە
خەڵکی وەک نیوە ڕستەیەک دەیبینن و حونجەی دەکەن،
کەچی لەناو تۆدا چیڕۆکی هەزار و یەک شەوەیە!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگیی ئەو زیاتر ماندووت دەکات
ئەو کاتەی فێر دەبیت ‏‎لە نێوان خۆت و خودی خۆتدا
کەسێکت خۆش بووێت!




وەبیرهێنانەوەی هەندێ وانەی ژیان.. سامانی وەستا بەکر

لەم سەردەمی یەکتر شکان وبەهەڵە تێگەشتنی هەمووی لە هەمووی و چاڵهەڵکەنن و ڕەشبینیەی کە کۆمەڵگەی تێکەوتووە بەگرنگمزانی هەندێ وانەی ژیان وەبیر خوێنەربهێنمەوە کە ئەکرێ سودی ڕاستەوخۆی لەسەر کەسی خوێنەرو پاشان دەوربەریشی هەبێ.
مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕاکێشم کە ئەم جۆرە لە نوسین هاوشێوەی وتارێکی کۆکراوەو ئاڕاستەکراو نیە، بەڵکو دەستپێکی هەر دێڕێکی نوێ بابەتێکی سەربەخۆیە بۆخۆی، ئەکرێ وەک بابەتێکی سەربەخۆ تەماشاکرێ، بەڵام سەرنجام و کۆتای هەمووی پێکەوە چەند وانەیەکی کۆکراوەی پێویستە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان ئەبێتەوە، مەخابن دژواری و سەرقاڵی ژیان ڕێ بەوە نایات کە هەمیشە لەبرمانبێ و کاری پێبکەین.

  • گرنگە هەندێک ڕەفتار، نەریت، ووشە، ئاخاوتن، ڕەخنە، پیاهەڵان، شکاندنەوە، دەستەواژە، هەڵوسوکەوت….هتد بە وریاییەکی زۆرەوە بکرێن و بەکاربهێنرێن چونکە لەیەکاتا ئەکرێ ببێتە سەرخستنی کەسێکی نەشیاو یان ڕووخانی کەسێکی شیاو، هەربۆیە گرنگە کەسایەتی بەرامبەرت باش بناسی پێش ئەوەی هیچ دەستەواژەیەک بەکاربهێنی یان کردارێک بکەی.
  • گرنگە هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت کە تەنها ئەوەندە خاوەندارێتی هەر ووشەو کردارێک ئەکەی کە لای خۆتن واتە پێش نەوتنیان و ڕوونەیانیان چونکە دوای ووتنی هەر ووشەیەک یان هەر کردارێک چیتر تۆ بە تەنها خاوەنی نیت و ئەکرێ لە بەرژەوەندیت و لە دژیشت بەکاربهێنرێتەوەوانێ.
  • ئەبێ چاودێری بۆچونەکانتبی چونکە دواتر ئەبێت بە ووشە، چاودێری وشەکانبی کە دواتر ئەبێت بە کردار، چاودێری کردارەکانبی کە دواتر ئەبێت بە نەریتی ژیانت، چاودێری نەریتەکانیشبی کە دواتر ئەبێت بە کەسایەتیت، سەرئەنجام کەسایەتیشت دوارۆژت دیاری ئەکات.
  • چاودێری بیرکردنەوەکانی کەس مەکە چونکە ئەبن بە ووشە و نوسراو، بەڵام چاودێری ووشەکانی خۆت بکە کە ئەبن بە کردار و پێێ ئەناسرێیتەوە.
    +کاتێک ڕێگای بیرکردنەوەت ئەگۆڕیت ئەوا بزانە جیهانی خۆت گۆڕیوە. ڕێگای بیرکردنەوە جۆری هەیە “باش و خراپ”، “گەشبین و ڕەشبین”، “ڕژد و پشتگوێخەر”، “بەپلان و بێ پلان”…..هتد ئەگەر باش و گەشبین و بە پلان بیربکەیتەوانێ و ڕژدبی لەسەری بێگومان جیهانێکی پڕ لە سەرکەوتن بۆ خۆت دروست ئەکەیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • رێگای بیردکرنەوەکانت بگۆرە گۆرانکاری بەسەر کردەوەکانتا یەت. ىیرکردنەوەکان ئەبن بەنەخشە ڕێگای ژیان، لەبەر ئەوە گرنگە باش بیربکەیتەوە یان چەند جارێک بیربکەیتەوە پێش بڕیاردان چونکوم بیرکردنەوەکان ئەو ئامرازەن کە گۆنکاری بەسەر کردوەکانتا ئەهێنێ و سەرەنجام بە چاکەکار یا خراپەکار، سەرکەتوو یان کەتوو ئەوناسێنێ.
  • بەدلنیایەوە بزانە ژیانی ئێستات لە بەرهەمی بیرکردنەوی رابردووت دروست بووە. گلەی مەکە لە بەختت و بڵێی کەسێکی بێ بەختم و بەخت هاوکارم نەبووە چونکە ئەوە کردارەکانی ڕابردووتە ئەمڕۆتی بەرهەمهێناوە.
  • هاوکێشەکانی سەرکەوتن لە ژیانا بریتیە لە “بریاردان، پابەندبوون و ملکەچ نەبوون”. بۆ هەرکارێک گرنگە خاوەنی بڕیاری خۆتبیت و پاشان پابەندبیت بەو بڕیارەی وەرگرتووە بەڵام ملەکەچی نەبیت.
  • هیچ کەسێک بە ئەندازەی خۆت ناتوانێت بتگەیەنێت بەسەرکەوتن. هەرگیز چاو لە هاوکاری کاسانیتر نەبێ تا دەست بگرن و پلە پلە سەربخەن چونکە تەنها کەس خۆتی کە ئەبێ هەموو پلەکان بەسەرکەوتووی ببڕی و ئەوانیتر هەریەکەو لە پلەیەکا بەجێتئەهێڵن یان دەستبەردارئەبن..
  • ئەگەر ئارەزووێکی ڕاستت هەبێت بۆ ڕزگاربونت لە خوو نەریتە خراپەکان ئەوا بەدڵنیایەوە لە %51 نەریتەکان ڕزگارت بووە. هەموو شتێک کە بتەوێ بیکەیت جا سەرکەوتووبی یان کەوتوو پەیوەستە بەوەی کە چەن خواست و ئارەزووت هەیە بۆی، بۆیە گرنگە خواست و ئارەزوویەکی تۆکمەت هەبێ بۆ ڕزگاربوون لە خووە خراپەکان و بەهەمان شێوەش بۆ برەودان بە نەریت و خووە باشەکان چونکوم هەر جدیەتی خودی خواستەکە نیوە بەرەوژووری ئامانجەکە ئەپێکێ.
  • ناتوانیت بە ختەوەری بکڕیت بە هەموو سامانی دنیا لەبەر ئەوەی مەملەکەتی بەختەوەری لە جۆری هەست و بیرکردنەوەی خودی خۆتایە. هەست و بیر و گوفتاری باش بەختەوەری دروست ئەکات نەک سامان و ماڵ، ئەکرێ سامانێکی زۆر هەبێ و دڵتەنگ بژیت یان ڕۆژانە بژێوی ژیان پەیابکەیت و ئاسودەش بژیت چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هەست و بیرەوە.
  • هەرگیز سامان مەکە بەپێوەر بۆ بەختەوەری. سامان و موڵکداری ئەتوانێ یەکێک بێت لەهاوکارییەکان بۆ گەیشتن بە بەختەوەری بەڵام بەختەوەری لەناو بیروبۆچوون و تێگەشتن و ڕامانی خودی خۆتایە بۆ ژیان.
  • دڵنیابە لەوەی کە متمانەی خەلک بە تۆ لە ئاست متمانەی خۆتە بە خۆت. هەرکاتێ توانیت متمانە بە تواناکانی خۆت بکەی ئەوا ئاسانتر ئەتوانی متمانەی دەوروبەر بەدەستبهێنێ چونکوم کاتێ مرۆڤ لەرزۆک و بێ وورە دەرکەوێ ئەوا کەسانیتر ناتوانن متمانەی پێبکەن وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • بەدوای هەڵەکاندا مەچۆ، بەدوای چارەسەردا برۆ. . هەڵە نەنگی نیە بەڵکو دووبارە کردنەوەی ستەمە، مرۆڤی هۆشیار لە هەڵە فێرئەبێ، دوای هەر هەڵەیەک دۆش دامەمێنە بەڵکو بیکە بەسەرەتایەک بۆ چارەسەر و ئەزمونێک بۆ داهاتوو.
  • کاتێ ئيمانێكی پتەوت هەبێت بە سەرکەوتن ئیتر چیتر ئاسان نابێ کەس ڕێگریت لێبکا. سەرکەوتن ڕژد بوونی گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێ پلەکانی سەرکەوتن یەک بەدوای یەکا ببڕێ ئەگەر خودی خۆی ڕژد و موکڕ نەبێ لەسەری، چەندین جار بیربکەرەوە بەڵام دوو دڵ مەبە لە ئەنجامدانی.
  • ئاسانترین ڕێگا بۆ رێکخستنی کارەکان ئەوەیە کە هەر کارێک لە کاتی خۆیا بەئەنجام بگەیەنیت. کەڵەکە بوونی کارەکان هۆکارە بۆ بەئەنجام نەگەیاندنی، تا ئەرکی سەرشان کەمتربێ کات زیاتر ئەبێ بۆ چەندین کاری جیاوازتر وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • فێربە هەروەک ئەوەی لەسەرەتایایت. هەرچەند زاناو بەتوانابیت لەهەر کارێکا بەڵام دڵنیابە کە خەڵکانێک هەن ئەگەر لە تۆ باشترنەبن ئەوا وەک تۆ باشن بۆیە گرنگە هەمیشە چاو لەفێربوونی زیاتربێت، ئەگەر هەموو شتێک بزانیایە ئەوا هێندە ماندوونەئەبووی، تا ماندووبوون بەردەوامبێ ماوتە فێربی.
  • داوا لە کەس مەکە، پشت بەخۆت ببەستە. هاوکاری و هاوبەشی زۆر گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە کە مرۆڤ پشت بەخۆی ببەستێ و چاوەڕیی هاوکاری نەکات چونکە هیچ هاوکارییەک هەتا سەر بەردەوام نابێ بەپێچەوانەشەوە پشت بەستن بەخۆت هەمیشە پتەوتر ئەکات.
  • تۆ توانات هەیە بۆ سەرکەوتن ئەگەر بیرت لە سەرکەوتن کردەوە. چی بچێنی هەر ئەوەش ئەچنیتەوە، بۆ سەرکەوتنی هەرکارێک بەگەشبینانە بۆی بڕۆ چونکە ئەوە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنە وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
  • هیچ شتێک نیە بەربەست بێت بۆ گەیشتنت بە لوتکە تەنها خۆت نەبيت كاتێك بە رەشبينيەوە ئەروانيت بۆ شتةكان. گلەی لە بەخت مەکە کاتێ ناگەی بە ئامانج بەڵکو بیربێت کە بەشێکی سەرەکی شێوازی بیرکردنەوەی ڕەشبینانەی خۆت بووە کە ئامانجەکەت نەتپێکاوە.
  • بۆ ئەوەی گەورەبیت پێویستە بیرکردنەوەكانيشت گەورەبیێت. بۆ بەدەستهێنای شکۆ و باڵادەستی ئەبێ بیرکردنەوەت گەورە و فراوانبێت چونکە بیرتەسکی بێ هێز و لاوازئەکا.
  • هەر کاتێک زانیاریت لەهەربوارێکا زیا بوو ئەوا متمانەت بە خۆت زیا ئەبێت. هۆکارێکی گرنگی متمانە بەخۆ بوون خۆ پڕ چەک کردنە بە چەکی زانست و زانیاری، ئەگەر ئەتەوێ متمانەت بەخۆت بێت و لەوێشەوە متمانەی خەڵکی بەدەستبێنی قاڵبە لە بەدەستهێنانی زۆرترین زانیاری بەسود بۆ خۆت و کۆمەڵگە.
  • نوسینەوەی ئامانجەکان لەسەر پارچە کاغەزێک رێژەی گەیشتن بە ئامانجەكان زۆر زیاترئەكات. گرنگە هەمیشە ئەو ئامانجەی کاری بۆ ئەکەین لەبیرمانبێت بۆیە نوسینەوەی ئاناجەکانمان و چاوپیاخشانیان ناوبەنا و لە گەیشتن بە ئامانج نزیکترمان ئەکاتەوانێ.
  • فێربە لە کەسی بەئەزمون وزانا، تەمەن بوار بەوە نایات تا بتوانیت خۆت فێری هەموو شتەکان بیت. ئەگەر کۆی ڕۆژەکانی تەمەن بەبێ پشوو و دابڕان خەریکی خوێنەوە و فێربوونبیت بەڵام هێشتا کەمێک ئەزانی و ئەبێ لە ئەزموون و توانای خەڵکانیتریش فێربی ئەگەرنا ئەکرێ تەنها لە شتێک یان چەن شتێکا هەموو شتێ بزانیت و لە هەموو شتەکانیترا لەسەرەتایابی.
  • هەوڵەکان دووبارە بکەرەوە لەبری جارێک سەدان جار. شکست ئەوە نیە کە لە ئەزمون کردنی کارێکا سەرکەوتوو نەبی بەڵکو دەستبەردار بوون لە کارەکە شکستە، دوای هەر شکستێک هەوڵبە ئەزمونی لێوەرگرە تا ئەگەیتە سەرکەوتن.
  • ئاگایاری رەخنەی روخێنەربە. ڕەخنە یەکێکە لە باشترین هاوکارییەکان بۆ پیاچوونەوە و تێهەڵچوونەوە، بەڵام ئەتوانێ ئامرازێکیشبێت بۆ شکان و دوورخستنەوە ئەگەر مەبەست لێی ڕوخانبێت بۆیە گرنگە هۆشیاری ئەوەت هەبێ کە ڕەخنە لە ڕەخنە جیابکەیتەوە.
  • لە ژیانتا هەلی زۆر بۆ ئەڕەخسێت جا هەمیشە لە ئامادەباشیابە لە کاتی هاتنەپێشی هەلەکانا. لەکاتی لەدەستدانی هەر هەلێکا گۆشدامەمێنە بەڵکو بیکە بەخاڵی دەستپێک بۆ سەرکەوتن لە هەلی دواترا.
  • سەرکەوتن کردارە نەک کۆتایی. لەدوای هیچ سەرکەوتنێک پشتی لێمەکەرەوە چونکە ئەوە تەنها کارێکی کاتییە و ئەبێ هەر سەرکەوتنێک بکەی بە پایەیەک بۆ سەرکەوتنی داهاتوو، سەرکەوتنەکان کاتین و لەبیرئەچنەوە بەردەوامبوون نەمرییە.
  • هیچ پێناسەیەکی گشتی نیە بۆ سەرکەوتن چونکە هەر کەسێک لە گۆشە نیگای خۆیەوە تەماشای ئەکا. لەوانەیە ئەوەی لای تۆ کارێکی سەرکەوتوانەی مەزنبێت بۆ خەڵکانیتر سانا و ئاسایبێت هەربۆیە گرنگە خۆت متمانەت بەسەرکەوتووی خۆت هەبێ و لەسەرکەوتنی خەڵکانی تریش کەم مەکەرەوە.
  • ئارامگرتن باشترین چارەسەرە لەکاتی هەر گرفتێکا. ئارامگرتن و هێوری و پەلەنەکردن ئەو نهێنیەیە کە لە پشتی هەر کارێکی باش و سەرکەتوەوەیە.
  • لە ناختا سووربون لەسەر سەرکەوتن بچێنە. لە ناخی هەر مرۆڤێکا شتێک هەیە کە لەوێوە ئەڕوانێتە بابەتەکانیتر، لەبری هەر شتێک باوەڕ بەخۆت بچێنە تا سەرکەوتن بچنیتەوە.
  • غەم وپەژارە و شادی و خۆشبەختی بە دەستی خۆت دروستیان ئەکەیت. لەناو باخچەیا هەست بەئارامی ئەکەیت، لەناو دڕکو داڵیشا هەست بەئازار.
  • لەسەر ڕێگای سەرکەوتنا رووبەرووی ئەو شتە ئەبیتەوە کە پێشبینیت نەکردووە. ڕێگای سەرکەوتن بەرزی و نزمی زۆری تیایە، ئەبێ ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیەکانیشبیت و نەبێتە هۆکاری پاشەکشێ.
  • ئامانجەکان جوڵێنەری ژیانە. ووزەی جوڵێنەری ژیان ئامانجە، ئەبێ ئامانجی دیاری کراوهەبێت تا ژیان لە جوڵە نەوەستێ.
  • سەرکەوتن هەمو شتێک نیە بەلام ئارەزوو بۆ سەرکەوتن هەموو شتێکە. هەندێ کەس بەئاسانی سەرکەوتن بەدەستئەهێنێ بەڵام چێژی لێنابینێ چونکە ئەو تەنها ئارەزووی سەرکەوتنی هەبووە بێ ئامانجێکی دیاریکراو چونکە چێژی سەرکەوتن لە گەشتن بەئامانجایە نەک پلەکەی.
  • نەنگی نیە لە ژیانا بکەویت بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانیت هەڵسیتەوە. یەکەم هەنگاوی دوای کەوتن هەڵسانەوەیە بۆیە گرنگە بیرمانبێ هەر شکستێک بکەین بە ئەزموون بۆ هەڵسانەوە بەرەو سەرکەوتن.
  • ئەگەر چاوەرێێ هەلێکت کرد و نەهاتەڕێت ئیتر بۆچی هەوڵی بۆ نایەیت. مەرج نیە ئەوەی چاوەڕێیت و لە دڵ و مێشکتایە بەخت یاوەربێ و بێتە سەرڕێت بۆیە هەوڵبە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە دڵ و مێشکتایە و چاوەڕێی مەکە.
  • سەرکەوتن یەکەم هەنگاوە، کەوتن سەرەتای دەستپێکە. لە هەر کەوتنێکا سووربە لەسەر سەرکەوتن، سەرکەوتن یەکێکە لە ئامانجەکان، موکوڕبوون و چێژوەرگرتن لێی ئەتگەیەنێ بە دوا خاڵ.
  • ئەم پرسیارانە بەردەوام ئاراستەی خۆت بکە:
    من کێم؟ چۆن گەشتم بە ئێرە؟ ئەمەوێت بۆ کوێ برۆم؟ بۆچی ئەمەوێت برۆم؟ چ شتێک بەربەستە لەسەر ڕێگام؟ ئەی چۆن زاڵم بەسەریاناا؟
    لەڕێی ئاڕاستەکردنی ئەم پرسیارانەوە هەمیشە وائەکا کە لەبیرکردنەوەی بەردەوامابیت و ڕێگربیت لە هەر کارێک یان گوفتارێکی نەخوازراو .
    “ببین یان نەبین” شکسپیر وای ووت، بەندە ئەڵێـم ئێمە بۆ هەین کە ببین، نەبین کاری مرۆڤی ژیرنیە.

سامانی وەستا بەکر
١-٥-٢٠٢١
سوید ستۆکهۆڵم




بۆ پێشەوە ژمارە ٩٧

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٩٧ی بۆ پێشەوە کلیکی ئێرەبکەن..




ترسی دەرەوە.. ھۆزان ئیسماعیل کەریم

مۆمێک دانەگیرسا و توایەوە
چیرۆکەکانی لەگەڵ خۆی برد
لە داخی ئەم ھەموو شکانە
شەوان لەگەڵ ئاگر پێکیان ھەڵدەدا

ئەستێرەیەک بەدیار نەکەوت کوژایەوە
لەگەڵ تەماشاکردن دەستی تێکەڵ کرد و
چاوی پڕ لە نەزەر کرد

گۆڕستانێک بە بێ مردوو پڕ پڕ بوو
ھەرچی رۆحی بریندارە
گۆرانی شکانیان بۆ دەچڕی

شارێک دروست نەکراو و تاڵان کرا
خۆی کۆکردەوە
لە منەوە تا ئادەم
لە تۆوە تا حەوا
ھەمووی کۆکردەوە
لەسەرخۆ مەرگی بەفری راگەیاند

ولاتێک ناوی نەبوو داگیرکرا
لە یوئێن دەستی بە نوێژ کرد
لە خودا دەپاڕایەوە
لە زیندان دڵی نەتەقێت

مردنێک لەگەل رۆح بزر کرا
لە بەھشت
بەدەم پیاسەوە
ناوی شەھیدەکانی دەژمارد

من ئاخ لە من
بێ ئەوەی یەک گوناھم لەسەر ئسپات بێت
سووتام و کوژامەوە
نەبیندرام و بزر بووم
مردم و نەیانشاردمەوە
ئاوەرەی دەروەی خۆم بووم
وجودیان شوێن بزر کردم
وردو خاشیان کردم
م
ن
ئ
ا
خ
ل
ە
م
ن

ھۆزان ئیسماعیل کەریم




عەلی شامداڕیفرۆش: کورتیڵەچیرۆک.. جەلال قادر

ئەو ڕۆژەی حاجی ئامین بازاڕییەکەی دا بەدەستی (عەلی شامداڕی) تا بۆی بەرێتە ماڵەوە، هەوا گەرم بوو، بێزاری باڵیکێشابوو بەسەر لەشی (عەلی)یەوە.
ماڵی حاجی ئامین کەوتبووە پشت گردەکەی نەورۆز، دەبوایە عەلی شامداڕی چارەگە خووڵەکێک ڕێگا بکات تا دەگاتە ئەو گەڕەکە، بەڵام لە نیوەی ڕێگە عەلی ئارەق بەناوچاوانی هاتە خوارەوە و شەکەت بوو. لەبرسا ناو هەناوی قوڕەی دەهات و تووشی ژانەسەرێکی بێزارکەر بوو. لەپاش بڕینی چەند کۆڵانێک لەنیوەی ڕێگا پەکی کەوت، ناچار لەژێر سێبەری دیوارێک دانیشت تا پشوویەک بدات، لەم کاتە هەستی بە بەرزی پڵەی گەرمای لەشی کرد و گیانی کەوتە ڵەرزین.
تەماشایەکی ناو کیسەی بازاڕییەکەی کرد کە پێکهاتبوو لە کیڵۆیەک گۆشت و دەرزەنێک نانی گەرمی بۆن خۆش و سەوزەوات و بۆڵەترێ ڕەش و گەش.

عەلی لەو بیرکردنەوەیەدابوو کە بازاڕییەکە زوو بگەیەنێتە ماڵی حاجی ئامین تا حەق دەستییەکەی وەرگرێت و دوونانی گەرم و کیلۆیەک پیازوتەماتە بکڕێت و بگەڕێتەوە بۆ لای دایکە رسییەکەی کە لەبەیانییەوە چاوەڕوانی دوو پارووە نانیەتی… بەو خەیاڵەوە خەوی لێکەوت.
حاجی ئامین لەمێژبوو گەیشتبووە ماڵ و چاوەڕوانی عەلی شامداڕی دەکرد، نەختۆکەک نیگەران بوو، چونکە هەمیشە عەلی پێشتر دەگەیشتە بەردەم ماڵیان.
.
منداڵەکانی حاجی ئامین بە شۆخییەوە بەدایکیان وت کێ ناڵیت عەلی بازاڕییەکی بۆ مالێکیتر نەبردووە!
یەکێکیتریان وتی : برسی بووە و هەمووی خواردووە.
مێردەکەی حاجی ئامین وتی : دەبوایە بە تەکسییەک بازاڕییەکەت بهێنایەوە مال.

بەڵام حاجی ئامین بەزەیی بە عەلی دەهاتەوە و دڵتەنگ ببوو، بە منداڵەکانی وت : کوڕەکانم دەبچن سەرێک لەو کۆڵانانە بدەن، بەڵکو کاک عەلی بدۆزنەوە و بزانن چی بەسەرهاتووە.
منداڵەکانی حاجی ئامین گوێیان لە قسەی دایکیان نەگرت و وەڵامیشیان نەدایەوە.
پاشان داوای لەمێردەکەی کرد کە بە پیاسەیەک تا ناو بازاڕەکە بچێت و لە هەواڵی عەلی شامداڕی ببپرسێت. مێردەکەی وتی : دونیا زۆر گەرمە و ناتوانێت لە ماڵ دەرچێتە دەرەوە.
حاجی ئامین، ناچار خۆی لە ماڵ هاتە دەرەوە، بەناو کۆڵانەکان سووڕایەوە و چاوی گێرا. لەدوورەوە لەژێر سیێبەری دیوارێک عەلی شامداڕی بینی کە بەدیار بازاڕییەکەی خەوی لێکەوتووبوو.
حاجی ئامین چنگێ گۆشت و دووسێ نانی گەرم و بۆڵەترێیەک و چەند دەسکە سەوزەی جوودا کردەوە و خستییە ناو کیسەیەک بەتەنیشت عەلی یەوە داینا، باقی بازاڕییەکەی هەلگرتوو بەرەو ماڵ گەڕایەوە!.

(تێبینی: عەلی شامداریفرۆش کاسبکارێکی ناو بازاڕی رەحیم ئاوایە)




ژینگە پارێز.. عەلی حەمەڕەشید

ژینگە پارێز لەم ژینە
کاری ڕێک و سەنگینە
هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو
جێی ڕێز و پێزانینە
.،.،.،
دڵسۆز و چالاک دیارە
هەمیشە ماندووی کارە
مەبەستی ڕاگرتنی
پاکو خاوێنیی شارە

دەست بەکارن ڕۆژانە
چی شەقام و کۆڵانە
بەهەوڵی ژینگە پارێز
هەردەم خاوێن و جوانە

با تاجی ڕێز و شکۆ
پێشکەشیان بێت ڕاستەوخۆ
لەگەڵ چەپکە گوڵێکی
گەشاوە و جوان و خۆشبۆ

٢٢/٤/٢٠٢١