ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!.. شیرین عەبدوڵا

ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن کوژی و خۆکوژی و توندوتیژی دەبینین و دەبیستین لە عیراق و کوردستان. ئەم تراژیدیایەی کە دەگوزەرێت جیا نیە لەو ڕەوەندە جیهانیەی کە لە ساڵی ڕابوردودا و بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێنماییەکانیەوە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. بەڵام لەم وڵاتەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، و ستەم و ژن کوژی و پلە دوویی ژن زۆر لەم دیاردەیەی کۆڕۆنا واوەترە، لە ستراکتۆری کۆمەڵگەکەدایە و لەیاسادا چەسپێنراوە. لە سیستەمی پیاوسالاری قەومی و میلیشیایی و دینی ئەم وڵاتەدا ژنکوژی لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا پاساوی یاسایی و کەلتوری بۆ دەکرێت.
لەپاش کوشتنی زەهرا محەممەدی ٢١ ساڵە لە هەولێر ڕۆژی ١٦-٤-٢٠٢١، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا ڕایگەیاند “هیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە، ئەمە دەبێت کۆتایی پێ بێت، وەزیری ناوخۆم ڕاسپاردوە بۆ دڵنیابون لەوەی تۆمەتبار بە سزای خۆی بگات”!.. بەڵام ئەوەتا دوای یەک مانگ و بەپێی هەواڵەکان هێشتا تۆمەتباران دەستگیر نەکراون. ئەمە زۆر ئاساییە لەم وڵاتەدا چونکە زۆربەی ئەم کەیسانە یان بەداخراوی دەمێنێتەوە و یان بکوژان، ئەگەر دەستگیریش بکرێن، دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن.
توندوتیژی دژی ژن لە جیهاندا شێوازی یەکجار زۆری هەیە وەک لێدان، شێواندنی جەستە، کوشتن، سوتاندن، بەردەباران، تێزاب پیاڕشتن، دەست درێژی سێکسی، ئوتوی مەمک، فڕاندنی بووک، خەتەنە، زەواجی منداڵ، زەواجی بەزۆر، فرۆشتن، ئازاردانی دەرونی و شکاندن، سوکایەتی پێکردن، بێبەش کردن لە خواردن، دەرمان، و پارە، هەڕەشە و هەراسان کردنی سۆشیال میدیا…هتد. ئەگەر هەندێک لەم جۆرە دەستدرێژیانە لە عیراق و کوردستان پێشتریش نەبیسترابن، ئەوا لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر و زیاتر دەبینرێن و دەبیسترێن.
بەرامبەر هەر ژنێک کە دەکوژرێت هەزاران هەیە لە مەترسی کوشتن و توندوتیژیدا دەژین کە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری کوشتنیان دێت، و ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کچ و ژن لە سەراسەری دنیادا لە نائاسودەییدا دەژین، هەمیشە لە کەرەنتینەدان، دەبێت بەردەوام بە دڵە لەرزەوە دەرچن لەماڵ (ئەگەر ڕێیان پێ بدرێت!). ئەمانە سروشتی نین، بەڵکو سیستەمی پلە دویی ژن و باڵادەستی پیاوسالاری کە تیایدا دەژین فەرزی کردوە.
بە دوای کوشتنی سارا ئێڤراردی ٣٣ ساڵە لەبەریتانیا ڕۆژی ٣ی مارسی ئەمساڵ، ڕاگەیەندرا کە لەماوەی ساڵی ڕابوردودا 115 ژن لەو وڵاتەدا کوژراون لەلایەن هاوسەر و کەسوکاریانەوە، واتە هەر 3 ڕۆژە و ژنێک دەکوژرێت. ئاشکرایە کە ژمارەیەکی بەرچاو پیاویش دەکوژرێت، بەڵام یەک ڕاستی هەیە ئەویش هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژن بە بۆنەی ژن بونیەوەیەتی.
تۆمەتبارکردنی قوربانی و باوەڕ پێ نەکردنی:
کاتیک کە کچێک یان ژنێک توشی توندوتیژی جەستەیی، دەرونی، یان دەست درێژی سێکسی دەبێت و دەیەوێت ڕاپۆرتی بکات، پێش هەموو شتێک پشکنین لە کردەوە و هەڵسوکەوت و جلو بەرگی خۆی دەکرێت و بەچاوی گومانەوە سەیری دەکرێت. پرسیار دەکرێت: ئەبێت چی وتبێت یان کردبێت وا پیاوەکەی توڕە کرد؟، بۆ لەو کاتەدا لەدەرەوە بوو، چی دەکرد لەو شوێنە، جلەکانی چۆن بون، چۆن دەڕۆیشت، قسەی لەگەڵ کێ کردبوو… لەباتی ئەوەی لە هەڵسوکەوتی تاوانبار بکۆڵرێتەوە. هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا بە پلەی زیاد و کەم قاڵبێکی تایبەتی بۆ هەڵسوکەوتی ژن داناوە کە هەر بە ئاستەم لێی لادات تاوانە.
بەهەزاران کچ لەسەر کێشەکانی پەردەی کچێنی (غشاء البکارە) کوژراوە و دەکوژرێت، بەبۆنەی نەفامی کۆمەڵگا لە فاکتە زانستیەکانی ئەم بەشەی لەشی ژن.
ئامارەکانی پۆلیسی بەریتانیا ئەوە دەگەیەنێت کە ژن پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە پۆلیسەوە بە تێکرا ٢٨ جار توشی توندوتیژی دەبێت، و تەنها ١٥٪ی دەستدرێژی سێکسی تۆمار دەکرێت، واتە ٨٥٪ ڕاناگەیەندرێت.

ڕۆڵی یاسا:
یاسا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبیت لە دابین کردنی ڕاددەیەک لە خۆشگوزەرانی و سەلامەتی ژن و منداڵی کچ. خوێندن باشترین نمونەیە، بە قەدەغە کردنی نەخوێنەواری منداڵانی کوڕ و کچ، نەوەی هوشیار پیدەگات کە ئاگایی بە مافەکانی خۆی هەبیت، و بەتایبەت فرسەت دەدات بە کچان لەمنداڵیەوە دەرچن لەماڵ و بڕوا بە خۆبونیان هەبێت و سەربەخۆیی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیان بچەسپێنن.
یاسای عیراق و زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر ئەساسی ئاینی ئیسلام و شەریعە دامەزراون بەڵگە لە منداڵ وەرناگرێت، بەڵام هەمان ئەم یاسایە زۆر بە ئاسایی لەتەمەنی ٩ ساڵییدا دەیدات بە شوو و دەینێرتە ناو دۆزەخی ژیانێکی بێ ئاسودەوە و هەموو خەون و هیواکانی بۆ داهاتو دەخاتە ژێر پێوە.

لە عیراقدا یاسای تاوان پەرەگرافی ٤١ مافی “سزادانی” ژن دەدات بە میرد، کە “هیچ تاوانێک نیە ئەگەر لەکاتی بەکار هێنانی مافی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەک دیسپلینی مامۆستا و دایک و باوک بۆ منداڵەکانی ژێر دەستیان”!
یاساکانی هاوسەرگیری لە یەمەن داوا لە ژن دەکات ماڵ بەجێ نەهێڵێت بە بێ ڕوخسەتی مێردەکەی!
لە هەندێ وڵاتی وەک ئەفغانستان و هیندستان گرنگیەکی زۆر دەدریت بە ئەزمونی پێشوی سێکسی ژنەکە لە حاڵەتی دەستدرێژیکردندا. ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەیە بەر ڕەخنەی توند کەوتوە بە بەکارهێنانی “تاقیکردنەوەی پەنجە”- ئەمەش بریتیە لە پشکنینی جەستەیی بۆ ئەو ژنانەی کە راپۆرت لەسەر دەست درێژی سێکسی دەکەن، پزیشکەکە دوو پەنجەی لە ناو زێی ژنەکە دادەنێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ژنەکە “ڕاهاتوە بە سێکس”، واتە ئەگەر پێشتر سێکسی کردبێت، دەست درێژیەکە بە تاوان دانانرێت!. ئەمەش ڕێگە لە زۆر ژن دەگرێت کە دەست درێژی سێکسی تۆمار بکەن. ئەم جۆرە پشکنینانە تەنها سوکایەتی پێکردنی ژنە و هیچ بەڵگەیەکی پەیوەندیدار دابین ناکات.

کەم هەستیاری کۆمەڵگا:
ژنێک کەتوشی دەست درێژی یان توندوتیژی دەبێت ژیانی دەبێتە دۆزەخێک، نەک هەر لەبەر ئەو هەلومەرجەی تیای دەژی، بەڵکو خۆی بە تەنها و بێ پاڵپشت دەبینێتەوە و چەندین جار سڵ دەکاتەوە لە درکاندن و تۆمار کردنی ئەم کارانە لەبەرئەوەی کۆمەڵگای پیاوسالار هەزار و یەک ڕێگری لەبەردەمدا دادەنێت.
کۆمەڵگا کەم هەستیارە بەرامبەر ستەم دژی ژن و بایەخێکی زیاتر دەدات بە پیاو، بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبارەکە کەسێکی ناسراو و خاوەن جێگاوڕێگایەکی کۆمەڵایەتی بێت. ئەوانەشی کە باوەڕی پێدەکەن ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەهەمان شێوە بێدەنگ دەکرێن.
نەک هەر کۆمەڵگا باوەڕی پێناکات و سکاڵاکەی بێ بایەخ دەکات، بەڵکو سیستمی دادگا و پۆلیسیش بە هەمان شێوە لە خزمەتی ئەو کولتوری پیاوسالاریەدایە. ژنەکە (تەنانەت ئەگەر منداڵیش بێت) دەبێت ئەرکی کۆکردنەوەی بەڵگە هەڵگرێت، ئینجاش بەڵگەکانی وەرناگیرێت.
زۆربەمان تراژیدیای بەناز محمودی ٢٠ ساڵە دەزانین، کە لە ٢٠٠٦دا بەدەستی باوک و مام و ئامۆزایەکی لە بەریتانیا کوژرا، بەناز زیاتر لە پێنج سکاڵای لای پۆلیسی بەریتانیا تۆمار کردبوو کە ژیانی لەمەترسیدایە. لە عیراق و کوردستان دژە ژنی و بەستنەوەی شەرەفی پیاو بە ژنەوە و فەزڵی نێر بەسەر مێدا لە یاسای ڕەسمی وڵاتدا جێگیر کراوە، ژنکوشتن وەک کوشتنی تر سەیر ناکرێت و چەندین بکوژانی ژن بە ئازادی دەسوڕێنەوە لە کۆمەڵگادا، تەنانەت هەندێکیان کە دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپین دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان تا تاوانەکانیان ئەنجام بدەن چونکە لەوێ دەتوانن لێی دەرباز بن.

کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری سیستەمێکی نایەکسانە کە لەسەر بنەمای دابەشکاریەکانی کۆمەڵگا ڕاوەستاوە و هەردەم بەرهەمیان دەهێنێتەوە. توندوتیژی پیاو بەرامبەر ژن بەشێکە لە کولتوری دەستەباڵایی بەشێکی کۆمەڵگا بەسەر بەشێکی تریدا، و بزوتنەوە قەومی و دینی و میلیشیاییەکانی کە زاڵن لە عیراق و کوردستان نوێنەر و چەسپێنەری ئەم دڕندەییەی سیستەمی چینایەتین. کۆتاییهێنان بەم تراژیدیایە کارێکی هەمەلایەنە و بێوچانی پێویستە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵات و سیستەمەی لەسەر کارە لەم وڵاتەدا، هەرگیز ئەنجام دانی ئەم کارەی لێ چاوەڕوان ناکرێت و نەک هەرئەمە بەڵکو بە خۆیان و کولتور و ئایدیۆلۆژی و ڕژێمی سیاسیانەوە ڕێگری هەرەسەرەکی بەردەم کۆتایی هێنانن بە ستەم لەسەر ژنان.

١٦-٥-٢٠٢١




مه‌رجی زیندوویی بۆ کاریگەربوونی کاریکاتێر.. هەندرێن خۆشناو

له‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بوونیان هه‌بێت له‌ كاریكاتێردا مه‌رجی زیندووییه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ڵبژاردنی بابه‌تێك ده‌بێت كه‌ بڵاوه‌ و ده‌ستاوده‌ستی پێده‌كرێت له‌ نێو خه‌ڵكیدا، و جێگای بایه‌خی خوێنه‌رانه‌، نه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ به‌سه‌رچووه‌ و بایه‌خدار و گرنگ نه‌ماوه‌، بۆ نمونه‌ باسكردنی بابه‌تی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان، ده‌بێت راسته‌وخۆ له‌ ماوه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان باس بكرێت، نه‌ك دوای به‌سه‌رچوونی ماوه‌یه‌كی درێژدا، چونكه‌ خه‌ڵكی كارلێك له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌دا ده‌كه‌ن و لێی تێده‌گه‌ن، چونكه‌ هێشتا له‌ قۆناغی خورپه‌دایه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی درێژی به‌سه‌رداچوو، ئه‌وا كاریكاتێره‌كه‌ له‌ كاروانه‌كه‌ به‌جێده‌مێنێت، چونكه‌ كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتی دامركاوه‌ته‌وه‌، و نرخه‌ تازه‌كان گۆڕاون بۆ نرخی ئاسایی له‌لای خه‌ڵكه‌وه‌، بۆیه‌ كاریكاتێره‌كه‌ش ئاكامی خوازراوی ده‌ستناكه‌وێت.
زیندوویی بۆ كاریكاتێری سیاسی رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی كار و ئه‌ركه‌كانیدا، چونكه‌ كاریكاتێری سیاسی ده‌بێت بابه‌تی سه‌رده‌م چاره‌سه‌ربكات، ئه‌و بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌كات، واباوه‌ كه‌ سیفه‌تی به‌رده‌وامبوونی درێژتری هه‌یه‌ له‌ كاریكاتێری سیاسی، كه‌ زۆرجار رووداوێكه‌ ته‌مه‌نی دیاركراو و كورته‌، یان ته‌مه‌نی كارلێكردنی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵیدا چه‌ند رۆژێك تێپه‌ڕناكات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر كاریكاتێریست كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا بێت له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا، و به‌رده‌وام ئاگاداری رووداوه‌كان بێت كه‌ له‌ جیهانی سیاسیدا رووده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ش هه‌ڵبژێرێت كه‌ جێگای بایه‌خی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی ئه‌ون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاریكاتێریست رووی له‌ رووداوێكی سیاسی نازیندوو یان پله‌دوو كرد، ئه‌وا كاریكاتێره‌كه‌ی ئه‌و وه‌رامدانه‌وه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی پێویست به‌ده‌ست ناهێنێت، كه‌ ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ باسی بابه‌تێكی تازه‌، یان چه‌ند رۆژێك پێشتر یان بابه‌تێكی پله یه‌كی جێی بایه‌خی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ستی ده‌هێنێت.
بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست كاتێك كه‌ كاریكاتێرێك ده‌كێشێت، بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌نده‌ پێشینانه‌ی كه‌ ده‌ڵێت (ده‌چێته‌ حه‌جكردن، كاتێك كه‌ خه‌ڵكی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌) به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌كرێت، واته‌ نابێت له‌ بابه‌تی سه‌رده‌م دوابكه‌وێت، و بابه‌تی كۆن بۆ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵبژێرێت، كه‌ خه‌ڵكی به‌پێی پێویست چاره‌سه‌ر و باسیان لێوه‌كردووه‌.
زینده‌گیش له‌ كاریكاتێری پۆرترێتدا له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تیه‌كان به‌ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌بێت كه‌سایه‌تیه‌ك هه‌ڵبژێرێت كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا، كاریكاتێریست بۆ نمونه‌ نابێت وه‌زیرێكی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بژارده‌بكات، و پێشكه‌شی خه‌ڵكی بكات، ته‌نیا ئه‌گه‌ر بیانوو و هۆی خۆی هه‌بێت، یان هه‌ڵبژاردنی هونه‌رمه‌ندێك كه‌ رۆڵی زۆر لاوه‌كی ده‌گێڕێت له‌ شانۆ یان سینه‌مادا، یان وه‌رزشوانێك كه‌ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی نیه‌، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كانی بواره‌كانی تری ژیاندا، هۆی ئه‌وه‌ش له‌ خۆبه‌زلزانین و نكۆڵیكردن نیه‌ له‌ گرنگی ئه‌و كه‌سانه‌دا، به‌ڵكو سه‌روسیمای ئه‌و كه‌سانه‌ ناسراو نیه‌ لای خوێنه‌ردا، كه‌چی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشه‌نگن له‌ بواری چالاكی خۆیاندا له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا، سه‌روسیمایان ناسراوه‌ لای خوێنه‌رانه‌وه‌، كاریكاتێری پۆرترێتیش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌ به‌راوردكردنی خوێنه‌ر ده‌به‌ستێت، له‌ نێوان وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ و ئه‌و كاریكاتێره‌‌ی كه‌ بۆی كێشراوه‌، ئه‌گه‌ر وێنه‌ راسته‌قینه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ردا بوونی نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و به‌راوردكردنه‌ش بوونی نابێت، و كه‌وابێت كاریكاتێره‌كه‌ش كاریگه‌ریه‌كه‌ی وون ده‌كات، بۆیه‌ كاریكاتێریست كاتێك كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ر ده‌كات، ده‌بێت ناسراويی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ لای جه‌ماوه‌ر ره‌چاوبكات، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ لای ناوه‌ندێكی دیاركراودا، واته‌ ده‌بێت ئه‌و به‌راوردكردنه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاریگه‌ری كاریكاتێره‌كه‌ فه‌راهه‌م بێت، ئه‌و به‌راوردكردنه‌ش زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌قه‌د په‌یوه‌ندی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ به‌ بابه‌تی سه‌رده‌مه‌وه‌.
به‌ڵام له‌ كاریكاتێری گاڵته‌ و قۆشمه‌، مه‌رجی زینده‌گی له‌و ئاسته‌ی گرنگی و بایه‌خدانه‌ نابێت، چونكه‌ كاریكاتێری گاڵته‌ ئامانجی به‌ پێكه‌نین هێنان و كات به‌سه‌ربردنه‌ به‌ پله‌ی یه‌ك، بۆیه‌ لێره‌دا گرنگ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ پێكه‌نین هێنان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش هاته‌دی، واته‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ گه‌یشته‌ مه‌به‌ستی خۆی، له‌لای جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ زیندوو بێت یان نا.




جنێو لە پاکەتی رەخنەدا.. ستیڤان شەمزینی

یەکێک لە کێماسی و کێشە گەورەکانی رۆژنامەنووسیی کوردیی، زاڵبوونی فەرهەنگی داشۆرین و شەڕەجنێوە لە بری رەخنەگرتنی زانستیی و میتۆدیی. ناهەموارییەکە لەوێوە دەستپێدەکات ئەم تەرزە لە کارکردن خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر کۆی راگەیاندنەکانی کوردستاندا، تا ئەو سنوورەی بەشێکی زۆر لەوانەی وەک رووناکبیر و رۆشنبیری ئەکادیمی سەیر دەکران بە ئاگا و بێئاگا کەوتوونەتە ناو ئەو شەپۆلە لە موهاتەرات و داشۆرین. لەم نێوەندەشدا میدیای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و “ئەهلی و ئازاد” تەریب و بە ئەندازەی یەکتر دەستپێشخەربوون و بەردەوام رەواج بەو فۆرمە لە وتاری رۆژنامەنووسی دەدەن و بەهەرچی شێوەیەک بۆیان بکرێت هەوڵی سڕینەوەی سنوورەکانی نێوان رەخنە و داشۆرین و هەجونامەی سیاسیی دەدەن. لەم رووەوە حاڵی حازر نۆرمێک لە راگەیاندن هەڕمێنی هەیە هەرچی شتە تایبەتییەکانی تاکەکەس و مافە دەست لێنەدراوەکانی هاووڵاتیانە، بێ هیچ دوودڵی و سڵەمینەوە و هەست بە تاوانکردنێک بە پاککراویی دەیخاتە بەردەم وەرگر. ئەمەش جیا لەوەی کارەساتێکی گەورەی ناوەتەوە و ئاسایش و ئازادیی شەخسیی زۆرینەی هاووڵاتیانی خستۆتە بن مەترسییەوە، لە هەمان وەختدا ئاستی کاری رۆژنامەنووسی هێندە هێناوەتە خوارەوە، مرۆ بەزەیی بە حاڵی ئەو نێوەندەدا دێتەوە.
ئەگەر کەمێک دیقەت بدەن و نیگایەک بگرنە حاڵی ئەو تەرزە رۆژنامەنووسییەی بە ناوی رۆژنامەنووسی ئەهلی و ئازادەوە کار دەکات، بە هەمان مێنتەلێنتی میدیاکانی دەسەڵات فامی شتەکان دەکات، بۆیە هەست بە کارەساتێکی گەورە دەکەین، چوون ئەنگیزەی ئەم میدیا بزۆز و هەراشە بریتییە لە دۆزینەوەی تازەترین شێوازەکانی داشۆرین و جنێوی سیاسیی، خۆ ئەگەر هەجو و جنێوی ئاسایی لە نێو شیعردا، بۆ نموونە لە شیعرەکانی شێخ رەزادا قبوڵ بن، بەو حوکمەی مانای رەمزیی و خوازراویان هەیە و شیعریش جۆرێکە لە خەیاڵاتی تاکەکەس، نەک هەقیقەت. ئەوا ئەم تەرزە لە جنێونامە و بەخشینەوەی تۆمەت و سووکایەتی نێو کایەی راگەیاندن، جا دژی هەر کەس و لایەنێک بێت، نەک نابێت مایەی قبوڵکردن بێت، بەڵکو ئیتر دەبێت یاسا سەروەر بێت و دوا قسەش بۆ حوکمی قانوون بەجێبهێڵین، چوونکە بە دیتنی من چیدی ناکرێت بە ناوی رەخنە و ممارەسەکردنی ئازادییەکانی کاری رۆژنامەنووسییەوە، میدیایەک لەم وڵاتە هەڕمێن پەیدا بکات، هەرچی جنێوە لە فەرهەنگی زمانەوانیی کوردییدا لە قاڵبی وتار و ئەرتیکڵی رۆژنامەنووسیدا سیاغەی بکاتەوە، ئەم کارە نەک تاوانە بەڵکو خیانەتێکی گەورەیە و لە خودی چەمکی ئازادیی دەکرێت.
دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک میدیایەک لە سەردەستی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەژموونی پەیدا کردووە، رژد نییە لە بەخشینەوە و بڵاوکردنەوەی تازەترین جۆری جنێو و وتەی بێ پێز و پڕ داشۆرینی ئەخلاقی و تاد..دا، میدیایەک خەریکە دەبێتە میدیای سائید پڕ پڕە لە چەقۆی بریندارکردنی هەست و مەشاعیری یەکە بە یەکەی هاووڵاتیانی کوردستان و خاڵی خاڵییە لە رەخنە. کارەساتەکەش لەوەدا چەند قات گەورەتر دەبێتەوە، هەموو ئەم داشۆرین و جنێودانانە بە ناوی رەخنەوە دەرخواردی خەڵک دەدرێت، ئاخر رەخنە رەچاوی چەندین بنەما و پرنسیپی زانستیی و میتۆدیی دەکات، رەخنە هەمیشە زمانێکی نەرم و کاریگەری هەیە و کارێک تەواو دەکات بەهەر هۆیەک بووە تەواو نەبووە و یان تژی کەموکوڕیی بووە، بەڵام جنێودان بۆ خۆی میتۆدێکە بۆ سووککردن و حەیابردن و سووکایەتیکردن بە ئەویتر. خۆ ئەگەر ئەو تێزەش پێچەوانە بکەینەوە کە دەڵێ هیچ شتێک لە سەرووی رەخنەوە نییە یان هەموو کەسێک لە ژێر نەشتەری رەخنەوەیە، ئەوا هیچ کەسێک یان هیچ شتێک بە هەر هۆیەک بێت، شایەنی ئەوە نییە لەسەر رووپەڕی رۆژنامە جنێوی پێبدرێ و سووکایەتی بە کەسێتی مەعنەویی و ژیانی تایبەتی بکرێت. لەم رووەشەوە دەبێت یاسا رۆڵی خۆی هەبێت و قسەی خۆی بکات.
من هەست دەکەم وەرگری کورد، چیتر بە تاسوق و شەوقەوە چاوەڕوانی میدیا کوردییەکان بە تایبەت میدیای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ناکات، چوونکە هەموو کاریان چڕبۆتەوە لە جنێودان و تۆمەت هەڵبەستندا، خۆ ئەگەر رەخنەیەکی بەجێ و راستەقینەش بگرن، ژبەرئەوەی زمانەکەیان هێندە پڕ لە مورادیفی زبر و نەشیاوە، هێزی رەخنەگرانە لە دەستدەدا و سەرئەنجام دەبێتە هەجویەکی رووت و قووت. ئەگەریش ئەم باسە کەمێک روونتر بکەینەوە و زیاتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان، ئەوا رووی دەممان بە پلەی یەکەم لەو میدیایانەیە وابەستەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنن چا راستەوخۆ پەیوەستی ئۆپۆزیسیۆن بن یان میدیای سێبەر بن، چوونکە ئەوان زیاد لە هەر کەس دەستیان هەیە لە برەودان بەو فەرهەنگە نزمەی نووسین و بڵاوکردنەوە، ئەوان سەبەبکاری راستەقینەی ئەو زمانە زۆر ناشرین و ئاگرین و نەخوازراوەن، کە هەنووکە بۆتە زمانی فەرمی راگەیاندن.
بەو هۆیەی ئەو راگەیاندنانە لەبەر خاتری شەڕی سیاسیی و لێدان لە هەیبەتی دەسەڵات پەنایان وەبەر هەموو رستە و وشەیەکی نەشیاو بردووە و بە پێی لێکدانەوەی خۆیشیان ئەوە رەخنەیە بە مانا و فۆرمە پۆست مودێرنەکەی. تەنانەت ئەگەر جارێکیش دانیان بە هەقیقەتێکدا نابێت یان هەڵەیەکی خۆیان راست کردبێتەوە، دیسانەوە رووبەرێکیان بۆ داشۆرینی دەسەڵات هەر تێدا هێشتۆتەوە، ئەمەش نموونەی ئەو دانپێدانانەی “شێخ رەزا”مان بیر دەخاتەوە کە لە دێڕە شیعرێکدا هێمای بۆ کردووە، سەرباری دۆڕاندنی لە ئەنجامی گفتوگۆدا، بەڵام لە دوایین هەلدا جنێو و شمشێری خۆی وەشاندووە، وەختێک لەم بەیتەدا دەڵێت:

حەسەنی هەمزە لەسەر (شەم) کە چییە تەفسیری
دەست بە شمشێر لەگەڵم ساحێبی دەعوا دەرچوو
من وتم ناخونی شێرە، ئەو وتی کلکی شێرە
لەسەر ئەم لەفزە بەسی شۆڕش و دەعوا دەرچوو
گرەوم کرد لەگەڵی، چووم و کتێبم هێنا
ناخونی من نەبوو، کلکی حەسەناغا دەرچوو


ستۆکهۆڵم – سۆلنا




دووبابه‌تی نه‌جم خه‌تاوی شیعری شاعیر: نجم خه‌تاوی وه‌رگێر: ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

1 ــ سه‌ردان
كاتێك ده‌ ساڵان بووم
پورم هه‌ڵێگرتم (1)
به‌ره‌و دۆڵی نه‌جه‌ف (2) و
له‌وێ
له‌ لای گۆری باپیرم
له‌و نیوه‌رۆیه‌
له‌ ئابدا
دۆڵه‌كه‌ زور گه‌وره‌ دیار بوو
ترسناك و
گۆره‌كان به‌بێ كۆتایی
چۆڵ و بێ ره‌نگن
پورم ره‌شپۆشه‌
گریان و واوه‌یلایه‌تی
منیش ئاو ده‌رێژم (3)
بۆ ئه‌وه‌ی گۆره‌كه‌ ته‌ركه‌م
روحی باپیرم ئاسووده‌ بێت
له‌و نیوه‌رۆیه‌
له‌ ئابدا
(1) ـ بردمی
(2) ـ دۆڵێكی به‌ناوبانگه‌ ده‌كه‌وێته‌ی خوارووی پارێزگای نه‌جه‌ف.
7/6/2021
2 ـ له‌یه‌كچوون
له‌ هه‌موو چاخه‌كان و
له‌ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كاندا
خوێری وسپله‌و
گه‌واده‌كان و
بكوژه‌كان
وه‌ك یه‌كن (1) و
ئه‌گه‌رچی جیاوازن
له‌ ره‌نگ و
تام و
بۆن
(1) له‌یه‌كده‌چن
7/6/2021




لە جەنگی کۆنەپەرستانەی یانزە ڕۆژەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا..

قسەم لەسەر ئەوەنییە کە کێ لەم دەورەیەی جەنگ وپێکداداندا، سەرکەوتو بوو و کێش دۆڕاو، چونکە لەجەنگەکاندا، هەمیشە لەخوارەوەی پڕیاربەدەست و فەرمانڕەواکاندا، چین وتوێژی هەژارو کەمدەرامەد، هەژارترو کەمەدەرامەدتر وەهەروەها، ماڵوێران وخانە خراپتردەبن و ڕق وقین و نەفرەتیش لەنێوان چین وتوێژی هەژاری هەردوولایەنی ناکۆک و شەڕکەردا، زیاترو زیاتر لەدژی یەکتردا دەباتە لوتکەوە.
لێرەدا من دەمەوێت، لەسەر ئەوپێوەرانەی کە لای زۆربەی چاودێران کرایە سەنگی مەحەکی لێکدانەوە بۆ تاوانباری جەنگی یانزە ڕۆژە و هەڵگیرسێنەرەکەی، شتێک بڵێم.
پێوەر بۆداوەریی کردن لەسەر ئەوەی کێ لەهەڵایسانی گڕەکەیدا تاوانبارترو دڕندەتربوو، تەنها بەراوردی جیاوازی ژمارەیی لە قوربانیانی نێوان هەردوو تەڕەفی نیزاعەکەدا نییە!
وەک لەهەندێ لە وتارو لێدوان و ڕاگەیاندنی لایەن و کەسایەتی سیاسی جۆراوجۆردا، دەبیستراو ودەبیندرا، لێکدانەوەیەکی تەواو نالۆژیکانەو ناحەقیانەیە.
بەڵکو بەپێچەوانەی ئەم لێکدانەوانە، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی تاوانبارترو وەحشیگەرتری هەڵگیرسێنەری ئاگری شەڕی یانزە ڕۆژەی نێوان حەماس و دەوڵەتی ئیسڕائیل، کە خەڵکێکی بێتاوانی شارنشینی لە هەردوو تەڕەفی نیزاعەکەدا، کردە قووربانی و بەگشتیش خەڵکی شارنشینی هەردوولای خستە دۆخێکی پڕ لەمەترسی و دڵەڕاوکێوە و بەهەزارانیشی دووچاری ئاوارەیی و سەرگەردانی کردەوە، دەبێت لە ڕوانگای ویست و نیەت و بەرنامە و ئایدیۆلۆجیا و دیدگای سیاسیی و فکریی ئەم دوو تەڕەفەوە، لێکدانەوەی بۆبکرێت و لێکبدرێتەوە.
ئەوەی لەناو ئاگری نیزاعی چەندین ساڵەی نێوان ئەم دوو لایەنەدا، بەردەوام کراوەتە قۆچی قوربانی، بێگومان، خەڵکی شارنشینی فەلەستین‌ و ئیسڕائیلە، کە بەردەوام لەنێوان بەرداشی هەردوو ئایدیۆلۆجیای دینی فاشیستی حەماس وجیهادی ئیسلامی و دەوڵەتی فاشیستی ئیسڕائیل بە ئایدیۆلۆجیای یەهودیەوە، هاڕدراون.
لەسەر بنەمای هەردوو تێڕوانینە دینیەکەوە، نیزاعێک بۆ ئەبەد ،خەڵکانێک بەردەوام دەکا بە سوتەمەنی ماشێنێکی جەنگی نەبڕاوە، کە بۆ هەردوو چینی سەرەوەی حاکم و باڵادەست، هەم لەناو حەماس و جیهادو فەتحدا، هەم لەناو دەوڵەتی ئیسڕائیلدا، بۆتە مایەی ئیستیسمارو سەرمایەگوزاری و بەتایبەت لەپاڵ کێشەی هەمیشە هەڵواسراوی خەڵکی فەلەستیندا، توێژێک لەسەرەوە، لەو پەڕی نازو نیعمەتدا دەلەوەڕێن و لە تێکهەڵچونەکانیشیاندا لەگەڵ ئیسڕائیل، لەنمونەی ئیسماعیل هەنییە، لە ناو ژێر زەمینە شاردراوە و پارێزراوەکانیاندا، لێدوان و قسەی زل زل بۆ ڕاگەیاندنەکان دەردەکەن کە لەهیچ دۆخێکی نائاسایدا لەوان مێشێکیش میوان نیە، کەچی لەژوور ژێر زەمینەکانیاندا و بۆ خۆراکی تەبلیغاتی ماشێنی ئیعلامی خۆیان و جیهانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی عەڕەبیش، دیمەنە دڵتەزێنەکانی مناڵانێکی پارچە پارچەی ناو تۆزو باروتی ئاپارتمانە داڕوخاوەکان، دەخرێنە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامە و شاشەی تیڤیەکان و بیری کۆنەپەرستانەی فاشیزمی دینی و قەومی، موسوڵمان و عەڕەبزمانی لەبەرامبەر گەلی ئیسڕائیل وجوودا، پێ دەمەزەرد دەکرێتەوە .
لەناو دەوڵەتی ئیسڕائیلیشدا، چینێک، لەسەر هەمان بناغەی ئایدیۆلۆجیای دینی، ڕەوایەت وحەقانیەتی بە درێژەی سیراع وململانێکانی لەبەرامبەر حەماس و ڕەوتە ئیسلامی وقەومیەکانی دیکەی فەلەستین، داوە.
ئەوەی لەم سیراع وململانێیانەدا، جێگای سەرنج بوو، کێشەی گەلێک بوو کە چەندین ساڵە لەفەلەستیندا خوێنی لێدەچۆڕێت، کەچی هەتا ئاستی شیعارگەلێکی جۆراوجۆری شۆڤێنیستی و فاشیستی بێزراو و قێزەون هێندرایە خوارەوە و لەنمونەیان، دەوترا:- خەیبەر خەیبەر یا یەهود، جەیش محەمەد سەوفە یەعود.
واتە شیعارێک، کە لەبنەڕەتەوە، ئیسلام ومحەمەد، لەمەدینەدا لەبەرامبەر هۆزە جولەکەکان ئەنجامیاندا، دوای سەربڕینی سەدان کەسیان و بەکەنیزە و سەبایاکردنی ژن و کچەکانیان و بەتاڵانی بردنی ماڵ و سامانیان، وە شاربەدەرکردنی سەدان خێزانیشیان بەدەستی بەتاڵ، ئەمڕۆ بەهەمان نەفەس خەڵکی زوڵملێکراوی فەلەستین، بەهەمان ئامانج و پەیامی کۆنەپەرستانە و بەڕبەڕیانەی دێرین، بارگاوی کراونەتەوەو کێشەکەیان، لەدۆخی ڕاستەقینەی خۆی بەم تێڕوانینە فاشیستیانەیە بەلاڕێدابراوە، نەک ناتوانێت جێگای پشتگیری خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان بێت، بەڵکو سەرکەوتنیشی بە ئەجێندای حەماسی ئیخوانی، لەدوا مەنزڵی خۆیدا کارەساتی تڕاژیدی ئامێزی زۆر گەورەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ناوچەکەش بۆ ۱٤۰۰ ساڵ لەمەوبەر دەگێڕێتەوە دواوە.
وەلەهەمان کاتیشدا، هەمیشە گەلی ئیسڕائیل، کە لەمێژووی دوورو نزیکدا پاکتاوی ڕەگەزیی و دینی لەبەرامبەردا جێبەجێکراوە، لەوەها دۆخێکیشدا کە بزووتنەوە تیرۆریستییە وەحشیگەریە ئیخوانیەکانی دەورو بەریان کە هەردەم بە بیری فاشیستی دینی لەدژی گەلی ئیسڕائیل بارگاوین و چەقۆ و خەنجەر لەدژیان دەسون، ناتوانێت تۆزقاڵێک هەست بە ئامان ودڵنەوایی خۆی بکات، هەربۆیەش ڕاستڕەوی ئیسڕائیل لەژێر ناوی پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی جووەکان، هەمیشە باڵێکی بەهێزبووە لەناو دەستەی فەرمانڕەوای ئیسڕائیل وگەلی ئیسڕائیلدا.
ئەمڕۆ، کێشەی سەرەکی فەلەستین، ئەگەر لەچوار چێوەی تێگەیشتنێکی مرۆڤدۆستانەی دوور لەتووڕدانی تێڕوانینی دینیانەو کۆنەپەرستانەدا نەچێتە پێشەوە، بۆ هەتا هەتایە هەر ئاوا لەتەنگژەیی و گێژاوی شەڕو ململانێی خوێناویدا دەمێنێتەوە، پێچەوانەکەی ئەگەر خەڵکی فەلەستین ڕیزەکانی خۆی لەم بزوتنەوە کۆنەپەرەستە هەلپەرست وبەکرێگیراوانە، جیاکاتەوە و هەڵگری پەیامێکی ئاشتی خوازانە و پێکەوە ژیانی هاوچەرخانەی دوور لەتێڕوانینی ململانێی ئاینیانە، بێت، دەتوانێت هەم لەئاستی ئیسڕائیلدا، هاوپشتی وپشتیوانی بۆ پێکەوە ژیانێکی مروییانە، دەستەبەربکات، هەم لەئاستی ناوچەکەو دنیاشدا.
دەنا، حەماس و جیهادیەکانی تر، هەڵگری شیعارگەلێکی دۆگمای کۆنەپەرستانەی ئەوتۆن، کە لە تێڕوانینی سەلەفیانەو ئەرسەدۆکسیانەی دینیانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەرگیز ناتوانێت ئاسۆی ڕێگاچارەی یەکجاری بە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی خەڵکی فەلەستین بدات! ئەوان ئامانج و ستڕاتیژیان، ڕزگاری تەواوی فەلەستینە لە ڕوباری ئەردەنەوە هەتا دەریای مردوو، واتە: من النهر الی البحر.
:-وتعتبر حماس، أرضَ فلسطين وقفاً إسلامياً ووطناً تاريخياً للفلسطینیین بعاصمتها القدس.
واتە: حەماس، پێیان وایە، زەوی فەلەستین تاپۆی موسوڵمانانە وەنیشتمانی مێژوییانە بە پایتەختەکەیەوە، کەقودسە.
واتە ئەم ڕوانگەیە، بستێ لەخاکی هەموو فەلەستین واتە بەئیسڕائیلیشەوە، بێجگە لەموسوڵمان، بەهی کەسی دیکەی غەیرە نازانێت.
هەر ئەم ڕوانگە دینییە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسڕائیل دەبێت لەسەر نەخشە بسڕدرێتەوە و هەڕەشەی خستنە دەریای تەواوی گەلی یەهودی دەکەن.
ئەم دیدگاو جیهان بینیە، نایان گەیەنێتە مەنزڵگایەکی ئارام و بۆ هەمیشە کێشەی خەڵکی فەلەستین لەوەها دۆخێکی پڕ لە تێکهەڵچون و گرژی وئاڵۆزی کارەساتئامێزدا دەهێڵێتەوە.
هەرلەبەرئەمەش، لەتەواوی گفت وگۆو دانیشتنەکانیان لەسەر دۆخی فەلەستین ناگەنە هیچ ڕێککەوتن وڕێگا چارەسەرێک، کە هۆکارە سەرەکیەکەش، تەنها سەرچاوەی لە تێڕوانینی دینی و ململانێی دینیانەیە، بۆ دۆخەکەو لەم هەڵواسراویەشدا، هەمیشە چەند دەستەو تاقمێک، بازرگانی و وەبەرهێنان لەسەدۆخە ناجێگیرەکەدا دەکەن.
دەگەڕێمەوە سەر دەستپێکی بابەتەکەم، کە کێ نیەتی خراپتری لەم جەنگەدا هەبوو، ئایدیۆلۆجیاو بیرکردنەوە و فاکت وئەمری واقیع بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای بەراوردی جیاوازی ژمارەیی قوربانیان ناکرێت.
حەماس، چوار هەزار ساڕۆخی بەشێوەیەکی زۆر هەڕەمەکیانە، هەڵدایە ئاسمانی ئیسڕائیلەوە، ئەگەر قوبەی ئاسنینی دژە موشەکی ئیسڕائیل نەبوایا، ڕێژەی قوربانیانی خەڵکی ئیسڕائیل چەند هەزارجار بەرامبەرتر دەبوو؟؟
ئایا ئەوکاتە، دان دەنرا بەوەی تاوانکارو موجریمی جەنگی، حەماسە؟!
یان ئەوکاتە بەسەدایەکی زوڵاڵترو دەنگێکی گەورەتر شایەو لۆغانی سەرکەوتنیان دەگێڕا؟؟
بێگومان، خەڵکی ناوچەکە و جیهان لەگەڵ گروپ و دەستەو تاقمی جیهادی لەچەشنی قاعیدە و داعش و بوک وحەڕام و دەستەو تاقمە ئیخوانیە جۆراو جۆرەکان، تەجروبەیەکی تاڵ وناخۆشی هەیە، زەڕقاوی و بن لادن و زەواهری و بەکربەغدادی… هەمیشە دڵنیاییان دەدایە، تیمی ئینتحاڕیەکانیان، کە زۆرترین خێرو پاداشتی ئیلاهی لەوەدایە، زۆرترین ژمارەی مەدەنی بکرێنە قوربانی، هەربۆیە، زیاتر لەسڕە و ڕیزی پاس و نانەواخانە و مارکێت و شوێنە پڕ لە قەرەباڵغیەکانی شاردا، خۆتەقاندنەوەکانیان ئەنجامدەدرا.
حەماس، لە هێرشی یانزەی سێپتەمبەری سەر هەردوو تاوەری بازرگانی ئەمریکادا، ئاهەنگی خۆشحاڵی وشادمانی گێڕا.
لەمەرگی زەڕقاویدا، پرسەیان گێڕا، کە بەکوژرانی هەزاران کەس لەخەڵکی شارنشینی شارەکانی عێڕاقدا دەستی سووربوو.
دەوترێت، لەقودس یان لەئۆڕشەلیم، خەڵکی موسوڵمان لەماڵەکانیان دەرکراون، واتە لە گەڕەکێک بەناوی “حي الجراح” کە لەڕاستیدا، بەپێی زۆربەی سەرچاوەی ڕاگەیاندنەکان، کێشەی ئەمانە لە گەڵ دادگادا بووەو کێشەیەکی زۆر دێرینەو گرێ بەستی کرێچێتیان دەگەڕێتەوە بۆزیاتر لەپەنجا ساڵ لەمەوبەرو ئێستاکە وەک بە بەڵگە دەخرێتەڕوو کە گرێ بەستەکانیان کۆتایی پێهاتووە.
بەڵێ وەک لایەنی ئینسانی و مافی هاوڵاتی بوون، دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی ماڵ ومەسکەن بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە گوایا گرێ بەستەکانیان تەواو بووەو دادگا بڕیاری دەرکردنیانی داوە.
بەڵام لێرەدا هەر کەسێک هۆکاری ئاگری ئەم شەڕەی بەسەدان كەسی تێدا بوون بەقوربانی، بگەڕێنێتەوە، بۆ‌ کێشەی نێوان دادگاو چەند خێزانێک و پێیشی وابێت، دادوەریێکی مرۆڤدۆستانەو لۆژیکانەی لەهەمبەر هەردوو تەڕەفی نیزاعەکەدا کردووە، هەڵەیەکی گەورەی کردووە!
داباراندنی چوار هەزار ساڕۆخ، بەسەر ئاسمانی ئیسڕائیلدا، درۆیەکی زۆر شاخدارە کە حەماس، ئیدیعایەکی ئاوای لەم کارەیدا لە دژی دەرکرانی چەند موسوڵمانێک لەماڵەکانیاندا، لەخۆی نیشاندا!؟
نا بەڵکو حەماس بەر لەم ڕووداوە، بەدوای دەرفەتگەڕاوە، ئەم ڕووداوەش، بۆ حەماس، لەهەل ومەرجی سیاسی دوای تڕامپ و هاتنی بایدن و کێشەی دووبارەی نەوەوی ئێران و تیرۆری موحسینی فەخریزادەو، دروستکردنی نیگەرانی بۆ ئیماڕات و سودان و بەحرەین و سەڵتەنەتی عەممان و چەند وڵاتی دیکەشە کە چاوەڕواندەکرێت، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، ئاسایی بکەنەوە!
ئەگەر شەڕ لەپێناوی ئەو خێزانانە بوایا، حەماس لەبەرامبەر هودنەیەک کە ئیسڕائیل دەستپێشکەری تێدا کرد، بەرلەوەی قسەو باسێک لەمەڕ چارەسەری کێشەی ئەو خێزانە دەرکراوانە کرابێت، حەماس تەپڵی سەرکەوتنی لێنەدەدا، لەکاتێکدا، لەوانە دەپرسم، کە پێیان وایەو دەڵێن، ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوو بەدەستپێشخەری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بۆ شەپۆلێکی تر لە پەلاماردانی فەلەستینیەکان و گرتن و سەرکوت و وەدەرنانیان لەماڵ و حاڵی خۆیان دەستی پێکردو کرایە سەرەتای تەقینەوەی ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانە و وەگەڕخستنی ماشێنی جەنگی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، توانییان چی لەو بەناو سەرکەوتنەی کە پێیەوە کەوتنە هەلەکەسەما، بۆ ئەو خەڵکە بێماڵکراوانە بەدەست بهێنن؟
نەک نەیان توانی هیچیان بۆبکەن، بەڵکو بەسەدان خێزانی تریان لەغەزەدا بێماڵ و بەسەدان ماڵی غەززەشیان بێ خێزان و وێران و خاپورکرا!
ئەوان باشتر نەبوو، هەر بەتێچووی نەک چوار هەزار ساڕۆخ، بەڵکو چەند ساڕۆخێک، ئەگەر درۆناکەن ولەغەمی ئەو چەند خێزانەدان، ماڵ بۆ ئەو خێزانە بێماڵکراوانە، دابین بکەن و ئەو بەڵایەش بەسەر شارنشینیەکانی غەززەدا نەهێنن!؟ لەکاتێکدا، باش دەیانزانی ناتانیاهۆش، وەک باڵی ڕاستی حکومەت، لەئەزمەی پێکهێنانی حکومەت دایەو جارێکی تر وەک کاردانەوەی هێرشە مووشەکیەکانی حەماس، دەرفەتیان دایە دەستی، هەتا لەڕوانگای گشتی جیهانیدا، وەک وەڵام بە هێرشەکانی حەماس، حەق بدەنەوە بەئیسڕائیل، لەژێر ناوی بەرگری لەئاسایشی ئیسڕائیلدا.
بەڵام هەلەکەسەمای سەرکەوتنی حەماس، لەناو دارو پەردووی داڕوخاوی تێکەڵ بە گۆشت وخوێن وئێسقانی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی ستەملێکراوی غەززەدا، چیمان پێدەڵێن؟
دەڵێن؛- کە ئێمە لە سازدانی وەها کەش وهەوایەکی جەنگی و پڕ لەکارەساتئامێزدا، سەرکەوتوو بووین! دەڵێن؛- کە لەهەڵخڕاندنی هەست و سۆزی عەڕەبزمان و موسوڵمانانی جیهاندا لەدژی جوولەکە، سەرکەوتوو بووین!
کاتی خۆیشی، خەڵکی کوردستان، لەکۆڕەوی دوای ڕاپەڕینی ۹۱ دا دووچاری گەورەترین کارەساتی مرۆیی خۆی بووەوە ، کەچی زیاتر ئەخزابی قەومی کوردی لەپشتی ئەو کۆڕەوە بەئەنقەست وەستابوون، هەتا لەئاکامەکانیدا وەبەرهێنانی مادی و مەعنەویانەی خۆیانی لێبەدەست بهێنن، هەروەک دواتریش بەدەستیان هێناو هەتا ئێستاش بوونەتە مۆتەکەی سەر ژیانی خەڵک.
لەپەیوەند بەکیمیابارانی هەڵەبجەش جەلال تاڵەبانی دەیگووت؛- ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر!
بۆ کارەساتی شەنگالیش، مەسعود بارزانی وحیزبەکەی، توانییان، وەبەرهێنانی کۆمەک و هاوکاری سەربازی و لۆجیستی و مادی وڵاتانی ڕۆژئاوای لێوەدەست بهێنن و پارسەنگی هێزی خۆی لەبەرامبەر زۆنی سەوزو نەیارانی دیکەیدا، چەند قات زیاتر بباتەسەر، هەمیشەش دەیان گووت؛- کارەساتی شەنگال، بۆ میلەتەکەمان بەخێرگەڕا!
هەر سێ ئایینیە، ئیبڕاهیمیەکە، قودس، بەشاری پیرۆزی خۆیان دەزانن، هەریەکەیشی، پاساوی بۆ ئەو پیرۆزیە هەیە، بەڵام ئیسلام وەک ئاینێکی تەبشیری و دوا ئایین و دوا پەیامبەر هەموویان بەتاڵ دەکاتەوەو مافی موماڕەسەی ئایینیان لێوەردەگرێتەوە، بەمەرج نەبێت، ئەویش، مەرجی جزیە دان بە سەرشۆڕی و ڕیسوایی و زەلیلی، وەک لەم ئایەتەدا، زۆر بەزەقی ئەم هەڵوێستەیان نیشاندراوە:-
قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّـهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّـهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّىٰ يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَن يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ

ئه‌ی ئیمانداران، دژی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان به‌خواو به‌رۆژی قیامه‌ت نیه و ئه‌و شتانه‌ی خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به‌حه‌رامیان داناوه به‌حه‌رامی نازانن و په‌یڕه‌وی دینی حه‌ق نابن، له‌وانه‌ی که کتێبیان پێدراوه له گاورو جوو بجه‌نگن، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی به‌ناچاری جزیە، واتە سزا لەبەرامبەر تاوانێکدا، پێشکه‌ش به‌ده‌وڵه‌تی ئیسلام ده‌که‌ن.
لەکاتێکدا، لەقوڕئاندا چەندین ئایەت هەیە، کە فەزڵی بەنی ئیسڕائیلی کردوون بەسەر هەموو گەلانی جیهاندا، وەک لە سۊڕەتی مائیدەدا ۵/۲۰، دەڵێت: وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِ يَا قَوْمِ اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّـهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَعَلَ فِيكُمْ أَنبِيَاءَ وَجَعَلَكُم مُّلُوكًا وَآتَاكُم مَّا لَمْ يُؤْتِ أَحَدًا مِّنَ الْعَالَمِينَ
کاتێک موسا به‌قه‌ومه‌که‌ی وت: ئه‌ی قه‌وم و عه‌شیره‌تم یادی نازو نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له سه‌رتان که پێغه‌مبه‌رانی له‌ناو ئێوه‌دا فه‌راهه‌م هێناوه‌، هه‌روه‌ها پاشای زۆری له‌ناوتاندا هه‌ڵخستووه‌، ئه‌وه‌ی به ئێوه‌ی به‌خشیووه به‌که‌سی تری نه‌به‌خشیووه .
لەهەمان سوڕەت ولەئایەتی دواتردا، دەڵێت:-
. يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الْأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللَّـهُ لَكُمْ وَلَا تَرْتَدُّوا عَلَىٰ أَدْبَارِكُمْ فَتَنقَلِبُوا خَاسِرِينَ

ئه‌ی قه‌وم و عه‌شیره‌تم بچنه ناو ئه‌و زه‌ویه پیرۆزه‌ی (ئۆڕشەلیم/القدس)، که خوا پێویستی کرد له‌به‌ر سوودی خۆتان بچنه ناوی، پاشگه‌ز مه‌بنه‌وه‌و پاشه‌کشێ مه‌که‌ن تا خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن.
واتە لێرەدا فەرماندەکات، بەیەهودیەکان، وەک چۆن قوڕئان لەچەند جێگای تر فەرماندەکات و ئەرکمەندیان دەکات بە جێبەجێکردنی، بۆنمونە، لە جێگایەکدا فەرمان دەکات کە جیهادبکەن ، کتب علیکم القتال/البقرة.
یان ،كتب علیكم الصیام كما كتب علی الذین من قبلكم..
ڕۆژوتان لەسەر فەرز کراوە هەروەک چۆن لەسەرئەوانەی پێش ئێوەش فەرز کرابوو..
لەڕوانگای دینی ئیسلام و وە قوڕئانێک کە لەبەردەستدایە، بەپێی ئایەتی، التوبة/۲٨:-

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ فَلَا يَقْرَبُوا الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ بَعْدَ عَامِهِمْ هَـٰذَا ۚ وَإِنْ خِفْتُمْ عَيْلَةً فَسَوْفَ يُغْنِيكُمُ اللَّـهُ مِن فَضْلِهِ إِن شَاءَ ۚ إِنَّ اللَّـهَ عَلِيمٌ حَكِيمٌ

ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه چاک بزانن که موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران گڵاوو پیسن، ئیتر له‌م ساڵه‌یان به‌دواوه نابێت نزیکی مزگه‌وتی حه‌رام (که‌عبه‌ی پیرۆز) بکه‌ون، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ترسن له هه‌ژاری و نه‌داری و بێ بازاڕی ئه‌وه بزانن که‌له ئاینده‌دا خوای گه‌وره له فه‌زڵ و به‌خشنده‌یی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتان ده‌کات هه‌ر کاتێک بیه‌وێت به‌ڕاستی خوا زاناو دانایه‌.
لەسەر بناغەی ئەم دەقە، لەهەر ئاڵ وگۆڕێکی سیاسیی لەناوچەکەو باڵادەستی حەماسدا، قودس، وەک ئۆڕشەلیم کە ئەمڕۆ تەواوی لایەنگرانی هەر سێ ئاینیەکە ئازادانە ڕێ و ڕەسمە ئاینیەکانی خۆیانی لێ جێبەجێ دەکەن، پێگەی ئازادانەی ئێستای خۆی لەدەست دەدات و ڕێگریی دەکرێت لەهەردوو ئاینەکەی تر، تەنانەت ئەگەر جزیەی ملشۆڕی وملکەچیەکەشیان بدەن، چونکە لەباوەڕی ئیسلامدا، ئەوانە موشریک و پیس وگڵاون.
بەڵام، دەبێت هۆکار چی بێت، لەلایەک قوڕئان، فەزڵی بەنی ئیسڕائیلی داوەو لەو لاوەش ئەم هەمو بێڕێزی و سوکایەتیە بەیەهودیەکان ومەسیحیەکان دەکرێت، تەنانەت لە سوڕەتی ئەلحەمد/فاتیحادا، هەموو ڕۆژێک لە نوێژەکانیاندا و لەخوێندنی ئەم سوڕەتەدا نەفرەت و ڕق وقینیان بەرامبەریان دەردەبڕن، کە دەڵێت :-…..صرات الذین انعمت علیهم غیرالمغضوب علیهم ولا الضالین./..واتە:- نەمانخەیتە سەر ڕێبازی ئەوانەی ڕق وقین وغەزەبی ئەڵایان لێگیراوە، وە هەروەها ئەوانەش کەسەرگەردان و گومڕاکراون.
لەقوڕئاندا، چوار جار ناوی محەمەد هاتووە، جارێکیش ئەحمەد،
بەڵام، ۲٥ جار ناوی عیسای مەسیح هاتووە، وە ۱۳۰ جاریش ناوی موسای نێردراوی ئایینی جوو هاتووە، ئەمەش زیاتر گوومانی لێکۆڵەرەوە مێژوییەکانی موستەشریقین و ڕەخنەگرانی ئیسلامی لەمەڕ محەمەد، وەک هەرتەقە “بیدعە” یەکی ناو ئایینی جوو کە لەژێر کەریگەری ئایینی جوو و مەسیحیدا بووە، زیاتر کردووە.
واتە محمد، لەسەرەتاوە یەهودی بووەو بڕوای بە بەشەریەتی مەسیح هەبووە وەک پەیامبەر نەک وەک خودا، ئەمەش لەزۆر ئایەت وفەرمودەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە.
زۆر هەوڵدانیشی لەڕێگای ئەفزەڵیەتدان بە بەنی ئیسڕائیل، هەوڵێک بووە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی یەهودیەکان، بەڵام لەم ڕێگایەدا سەرکەوتوو نابێت و ناتوانێت خەڵکی جولەکە مەزهەب ڕاکێشێتە پاڵ خۆیەوە !
ئەمەش ئەو هۆکارانەن،کە بەلای زۆربەی لێکۆڵەرە مێژوناس و مێژو نووسەکانەوە، لەبەرچاوگیراوە، کە دواتر بوونەتە هۆکاری نەفرەت و هێرش و پەلامارەکانی، محەمەدو لەشکرەکەی لە دژی هۆزە جوولەکەکان و قەتڵ عامکردنیان.
دواجار، کێشەو ململانێ جۆراو جۆرەکان لەجیهاندا، کە لەپێکدادانی مادیانەی بەرژەوەندە جیاوازو جۆراوجۆرەکاندا سەرچاوەدەگرن، لە ململانێ و ناکۆکیە جۆراو جۆرەکانی دیکەی ئایینی و مەزهەبی و قەومی و ڕەگەزی و تایفیشەوە بۆ لەت وپەتکردنی هێز و ئیرادە و ویست وخواستی هەموو ئەو چین وتوێژانەی دیکەی لەم کێشەو ململانێیانەدا کەمترین بەرژەوەندیان نییە، کەڵک وەردەگرن.
هەر بۆیە، هەتا چین وتوێژە مەحڕومەکانی کۆمەڵگای بەشەریش لە ئاستی جیهانیدا، دەستبەرداری هەموو ئەو فەرهەنگ و دین وکلتورە سیاسییە جۆراوجۆرانە نەبێت، کە هۆکاری ئەم پرژو بڵاوی و لێک نامۆییەن، وەک چەکی دەستی دەستەی فەرمانڕەوایانن، بۆ شەڕو ململانێی نێوانیان، وە هەتا لەئاستی جیهانیدا نەتوانێت وەک چینێکی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش لەدەوری ئاڵ وگۆڕی سەراسەریانەی جیهانیدا، لە کۆنگرەی ئەنتەرنسیۆنالی خۆیدا، ڕێکخراوو یەکگرتوو نەبێت وهاوپشت و هاو غەم وهاودڵی یەکتر نەبێت، جیهان لەوەها دۆخێکی پڕ لە ناجێگیری شەڕو ئاشوبی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە.
کە بێگوومان ڕەوتی ڕولەپێشی مێژو و چوونە سەری ئاستی وشیاری ئینسانی جیهانی، حەتمیەو مێژو ئەمە بە قازانجی ژیانێکی یەکسان و ئاسودەو ئارام و بێ ئاشوب، زوو یان درەنگ، دەستبەرو یەکلادەکاتەوە.

06.06.2021/
تاهیر عیسا




نیشتمانم.. سەلام عومەر

نیشتمانم….
هەروەکو سێوێکی رزیو
بەلقی دارێکی تەڕەوە
بەجێماوە
وەکو جەنگاوەرێکی بەزیو
لەنێو سەنگەرێکی روخاودا
هەڵکورماوە.
نیشتمانم….
وەک رانەمەڕێکی بێ شوان
کەوتۆتە دۆڵێکی نەدیو
هەندێ پێمان دەڵێن چیایی
هەندێکیش بێکەس و هەتیو
نیشتمانم….
وەکو دوو بەردی دەستاڕێ
وەک ئاشی ئاو
تەڕو وشک
فەریک و پیر
هەمووی پێکەوە دەهاڕێ.




تۆ مایسترۆى دڵى منیت.. دڵى ڕۆژهەڵات

پیاوێک مایسترۆى دڵى منە
پیاوێ بە هەموو وجوودییەوە
خەونم دەدزێ و
شێتانە مەستم دەکات
شێتانە ئالوودەى خەیاڵى خۆیم دەکات.
پیاوێ زاڵمانە لە دواى باران
شەبەنکى چاوى
گەرمى هەناسەى
قژى ئاڵۆسکاوم شانە دەکات.
من و تۆ لە پێکێک پێکەنین و
میلۆدییەکى مەردان* ئاوێتە…
من و تۆ
لە مەرکانەى ئاوازێ و
جوانى مێخەکبەندان و
بۆنى قەنەفڵ
شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە
تا گەیشتنە ماڵى چێژ.
پیاوێک ماسترۆى خەیاڵ و
جووتە شەمامەى باخچەیەکى بێناز و
ئارەقى هەڵگۆفینى ئەو چاوانەیە تا گەیشتن بە دواهەمین تاریکى شەو
پیاوێک نەناسراوانە و شێتانە
منى ئاوێزان کرد.
ئەى جونتر لە باخچەکانى عەددەن ئاشتم کەوە و
ڕاپەڕینێکت لە نێو دڵى منا هەڵگیرساندووە و
دەروازیەکت چێکردووە بەناوى ئازادى و
وڵاتێکت لە سەر سینەى من نەخشاندووە بێناو وەک دڵى نەوڕەسێکى وێڵ
پیاوێ خەیاڵتر لە تیشکى هەتاو
پیاوێ مایسترۆى خەیاڵى منە.

سلێمانیى

دڵى ڕۆژهەڵات

*عەلى مەردان




گرنگییەکانی کۆتایی چیرۆک لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان

زۆربەی خوێنەران و نووسەران، بە تایبەتیش نووسەرانی بواری چـیرۆک بۆ مـنداڵان، بڕوایان بە بێگومانی کۆتاییەکی شاد لە چیرۆکی منداڵاندا هەیە. بەو هـیوایەی کە هـیوا و گەشبینی و وێنەیەکی باشـتری ژیـان و داهـاتـوویەکی گەشـتر لە هـۆش و هەسـت و لە دەروونی منـداڵانی تامـەزرۆی چـیرۆکـدا بـڕوێـنن.
ئەرک و پەیامی راستی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە، کە راستییەکان بە منـداڵان بگەیەنێت. وا منـداڵان تێبگەیـەنێت کە رێـگای ژیـان تەنیا بە گـوڵ رانەخـراوە. هەمیـشەش چـاکە بەسەر خراپـەدا و ئاشتی بەسەر شەڕدا سەرناکەون. ئەرکی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە کە بەبێ رتـووش و ئاراییش ژیـان وەکـو خۆی پێشانی منـداڵان بدات، بێ شاردنەوەی تاڵی و ترشی و دژوارییـەکان لە منـداڵان.
پێویستە ئەدەبی منداڵان هەمیشە چـرای هـیوا، گەشـتر بکاتەوە، منـداڵان رووبەڕووی راستییەکـان بکاتەوە. ئەوشیان بخـاتە پێش، کە هەمیشە هـیوا نایـاتەدی. رێگـاش بە تـەواوی نەگـیراوە، هـەمیشەش دەرگـایەکی تـر بـۆ رزگـاربـوون هەیە. لە هـەنـدێ لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـانی بۆ منداڵان، کۆتاییەکـانیان بە خۆشی وشادی نەهـاتوون.
لە کوردستانی داگـیرکـراومانـدا، منـداڵانی کوردمـان، بێ ئاگـانین، لە کارەساتەکان و لە دۆخی گرتن و کوشتن و سووتاندن و رووخانـدن و دزی و ماڵـوێرانی و دەستدرێـژی و زۆرداری و چەوسـانەوە و رەگـەزپـەرستی و جیـاوازیی نەتـەوەیی و نادادپـەروەریی و کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و بێ بەشبوونیان لە مافەکانیان و بەسەربردنی ژیانیكی پڕ لە کـوێـرەوەری و مەینـەتی و بێ مـووچـەیی و بـرسێـتی، تـونـدوتیـژی خـێـزانی، کـێـشە کۆمەڵایەتییەکـان و… هـتد. کە وایـان کـردوون منـداڵانی کوردمـان ئـۆخـەی لە ژیـانی منـداڵییان نەکـەن. منـداڵانی کورد، روژانـە لە سەر روونمـای تەلەفـزیـۆنەکـاندا، یا لە ئینتەرنێت و فەیسبووکدا ئەم کارەساتانە و بە دەیـان کارەساتی تر دەبینن. رۆژانـە، بە گۆڕە و نەڕە و بە زرمەی بۆردوومانی فرۆکەی جەنگی و تۆپ و مووشەک و تانک و زرێپـۆشی داگـیرکەرانی کوردسـتان رادەچـەنـن. لـە تـرس و تـۆقـین و نائـارامی و لە دڵـەڕاوکـێدا دەژیـن. چـۆن دەتـوانین هـەمـوو ئـەم کـارەسات و رووداوە راستیـیانە لە منـداڵانی کوردمـان بشارینەوە. منـداڵانی کوردمـان لە هەمـوو شـوێنێکی کوردسـتاندا رۆژانە رووبەڕوی پێشێلکاری و دژواری و فـشاری جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بە ئاشکرا پێـشێلی ئازادی و مافەکـانیان دەکەن. ترس و مـردن هەموو لایەکی گرتـۆتەوە.
دایکان و باوکان، حەقـیانە کە لەم بارودۆخە و لەم ژیانە ترسناکە کە پڕە لە کارەسات و پێشێلکاری، دڵنیا نەبن و بترسن و بڕوایـان بە ئارامی نەبێت و ئاسوودەیی نەبێت. بۆیە بە دوای منـداڵەکـانیانەوەن و ئاگـایان لێیانە. چونکە متمانەیـان بەم رۆژگـارە نیـیە.
پێویستە نووسـەرانی چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆ و رۆمـان و پەخـشان بـۆ منـداڵان. وا باسی ژیـان بۆ منـداڵان نەکـەن، کە تەنیـا بە گـوڵ تەنـراوە و بێ دڕک و داڵـە. واش نەزانن کە هەموو خەڵکی دڵپاک و نیازپاکن و بە ویـژدانن. ئەوەش بزانـن زەردەخەنەی ژەهراویش هەیە، ئاگاداریشیان بکەنەوە کە کەسانێک هەن گورگن و لە کەوڵی مەڕدان. ناشبێت نووسەران تەنیا دیـوی رووناکی ژیان پێشانی منـداڵان بـدەن و تاریکیان پێشان نەدەن. زۆر جار پاڵەوانی چـیرۆکەکان لەناو جەرگەی تاریکـیدا سەرهەڵدەدەن و بەسەر دڕک و داڵـدا ملـدەنێن، بـۆ ئـەوەی بگـەن بـە روونـاکی و بـە گـوڵی هـیوا و شـادی. لە میانەی تامی تاڵیشەوە چـێژی شـیرینی دەزانـن. بۆیە پێـویستە نووسەرانی چـیرۆک بۆ منـداڵان، بە متمانە بەخۆبوون و بەم راستییانە منـداڵانی کوردمان پەروەردە و ئاراستە بکەن و بـۆ داهـاتـوویەکی باشـتر ئامـادەیان بکەن.
ئایا نووسەرانی بواری منداڵان، دەتوانن ئەوە بە منداڵان بڵێن یا بنووسن، کە ڤایرۆسی کـۆرۆنـا بـوونی نیـیە و درۆیـە؟ لە کاتێکـدا کە منـداڵان لە هەمـوو جـیهانـدا، بە چاوی خۆیانـەوە رۆژانە دەبینن کەسوکـاریان تـووشی کۆرۆنا بوونە و خەڵکـییەکی زۆر بـە کۆرۆنـا مـردن و بـووە بە پەتایەکی جیهـانی. لە ترسی ئـەوەی تووشی کورۆنـا نـەبن قوتابخـانەکان داخـراون. رۆڵی چـیرۆکنووسانی منـداڵان ئەوەیـە، کە هـیوا و گەشبینی بخاتە دڵی منداڵانەوە و پێێان بڵێن کە پزیشکەکان و دەرمانسازان، بێ ئومید نەبوونە و هەوڵەکانی بەردوامە بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی (پێکوتەیەکی) بەهـێـزتـری دژە کورۆنـا.
پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان راستگۆ و راشکاوبن، کێشە و مەترسییە راستییەکـان فەرامۆش نەکەن، وەک: کارتێکردنی نەرێنی لەیەکـتر جیابـوونەوەی دایکان و باوکانی منداڵان. مـردن و لەدەستدانی خۆشەویستەکانیان، گێچەڵکـردنی سێکسی، مووبەکـردن، شەڕانگێزی، کێشە پەروەردەیی و رەوشتی، تونـدوتیژی خـێزانی، برسێتی و هـەژاری، کوێـرەوەریی، نادادپەروەری، نایەکسانی، چەوسـانەوە، بێ مـافی،… هـتد.
بێگـومـان کەسیشـمان نکـووڵی لەوە ناکـەین، کە هەمـوومـان حەزدەکـەین، کە هـەموو چـیرۆکەکانی منـداڵان بە شادی و خۆشی و بە سەرکەوتن و بـردنەوە کۆتاییان پێ بێن. بەڵام بێ ئەوەی کە لە راستییەکان خـۆمان لابـدەین و رووبەڕوویـان نەبینەوە. دەکـرێ هەندی جاریش چـیرۆکەکانمان بۆ منـداڵان هـێمایین، وا پێویسـت دەکـات. کە لە پـشتی پـەردەوەوە راستییەکـان ئاشکـرابکەین. نووسەرانی ئەمڕۆشمان، نووسـەرانی دوێنـێ نیـن، منـداڵانی ئەمڕۆشـمان منـداڵانی دوێـنێ نیـن. داهـێنان و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیـاش نەوەستاوە ئاستی تێگەیـشتن و هـۆشیاری نووسەران و منـداڵان و دایکان و باوکانیش بەرزتر بوونەتەوە. بۆیە پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە ئاستی ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکاری داهـێنان و پێویستییەکـانی ئەم سەردەمەدا بن. بابەتی نوێ و سەردەمیانە بۆ منـداڵان بنووسـن، کە لە ئاستی پێویستییەکانی ئـەم سەردەمـەی منـداڵانـدا بـن. نەک هەر بابەتە سواوەکان و باونەماوەکان دووبـارە بکەنەوە. پێویستە چـیرۆکی منـداڵان لە یەکەم دێڕەوە، تا دوا رسـتەی لەگەڵ فـۆرم و نـاوەڕۆک و گـرێ و پاڵەوانی چیرۆکەکان گرێدراو و تەواوکەری یەکتری بن. مەبەست و ئامانج و کۆتاییەکی باش بهـێننە ئەنجام.
مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە هـێڵی راسـت و چـەپ، بەسەر ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەیی و میللیـیانەمانـدا بهـێنین، کە تا ئەمـڕۆش بە نەمری ماونەتـەوە، چـێژی خۆیـان لەدەست نەداون. هەر وەک ئەوەی، کە بۆ ئەم رۆژگار و بۆ سەردەمە وتـرابن و نـووسرابـن.
پێناسـەی چەمکی کۆتـایی شـادی لە چـیرۆکی منـداڵانـدا چی دەگـەیەنێـت؟
نووسـەری پسپۆری ئەمـریکی لـە ئـەدەبی منـداڵانـدا (رۆبـەرت کـۆمـیر) دەڵـێت:” لەو بـڕوایـەدام، کە کوتاییـەکی شـادی لە پێویستییەکـانی پەرتـووکی منـداڵان نییە، منـداڵان ئارەزووی ئەو پەرتووکـانە دەکەن، کە گـوزارشـت لە راستییەکـان دەکـەن. ئەوان باش دەزانـن کە مووبەکـار زۆر جار سزا نادرێـت” هـاوڕێتـیش تا سـەر نییە، کەسانێکـیش هـەن درێـژە بە خـراپە و بە رەفـتارە ناشیرینەکـانیان دەدەن.
بە تەواوی مەبەست لە کۆتاییەکی شادی لە چیرۆکی منداڵانـدا چییە؟ ئایا ئەو کۆتاییەیە کە دەڵێین:”هەمووان تا هەتـایە بە شادی ژیـان؟” یا کۆتاییـەکە کە پاڵەوانی چـیرۆکەکە ” پەنـد و وانـەی وەرگـرت؟ یا ” کەسـانی شەڕانی و چەقاوەسوو و مووبەکـار “سـزای بەدکارییەکانی خۆیان وەرگرت؟” یا کۆتاییەکی کراوەی دیاری نەکراو، کە “پەردەپۆشی کۆتـاییـەکی خـراپ دەکـات؟”
هەموومـان ئەوە دەزانیـن کە “باتـمان” لە کۆتاییـدا دەیباتەوە. ” سانـدرێـلا” دەبێـت بە هـاوسەری کوڕە پاشا. ” جـوانە نووستووەکە” جادووەکـەی بەتـاڵ دەبێتەوە و لە خەوە درێـژەکەی خەبـەری دەبێـتەوە و شـوو بە کـوڕە شـازادە ئازاکـە دەکـات. ” بەفـریـن”ی جـادوو لێکـراویش، جـادووکـەی بەتـاڵ دەبێـتەوە و شـوو بـە کـوڕە پاشـاکە دەکـات و باوەژنەکەشی لە داخا دڵی دەوەستێ و دەمرێت. ئەم چـیرۆکە بە دوو کۆتایی پێچەوانەی یەکتری تەواوبووە. ئەوەش دەزانین کە كچۆڵە “کـۆڵـوانەسوور”ەکە لە گورگە رزگاری دەبێت. یا چـیرۆکی ” کـوڕە ئـازاکە و ئەژدیهـايەک” کە بە سەرکەوتنی کوڕە ئـازاکە و تیاچوونی ئەژدیهاکە کۆتایی هاتووە. شازادەی وڵاتەکەی سەرسامی بوو، شووی پێکرد.
ئایا ئەم ئەنجامانە، ئەوانەن کە منـداڵان ئارەزووی دەکـەن و دەیانەوێت؟ گەر ئارەزووی ئەم ئەنجـامانە دەکەن، ئایا ئەمانە ئەوەیـان پێ دەبەخـشن کە رووبـەڕووی راستییەکان ببـنەوە؟ ئەم پرسیارانە نـەک تەنیـا بۆ منـداڵان، بۆ دایـکان و باوکـانیش زۆر گـرنگـن. ئێمە وا راهـاتـووین، کە شەڕانی هـەمیشە سـزا دەدرێـت. کەسانی باشیش لە کۆتـاییدا دەیبەنەوە. بەڵام منـداڵان کە گەورەدەبـن، دەبینن شەڕ هـەر درێـژەی هـەیە و کۆتـایی نەهاتـووە.. بۆیـە وا هەست دەکەین کە چەمکی کۆتـایی لە چـیرۆکی تـازەی منـداڵانـدا، گۆڕانکای و نوێخـوازییان بەسەرهـاتووە. دەستەکەوتەکانی کۆتاییش لە چـیرۆکی نۆێی منـداڵانـدا، مەرج نییە تەنیا ماددیی هەست پێکـراوبن . دەشێ: زەردەخەنەیەکی ناسک، هـیوا بەخشین و گەشبینی بەخـشینبن، یا سەرکـەوتـنێکی واتـایی بـن.
کۆتایی کراوەش لە چیرۆکی منداڵاندا، هـەل و دەرفەت بۆ منـداڵان دەرخسێنن، تا توانا و شارەزاییەکـانیان بەکـاربهـێنن، لە چـارەسەرکـردنی کێشەکـاندا. چـیرۆکنووسانیـش هـیچ کۆتاییەکی کۆنکـریتی دیاریکـراو ناسەپێنن. بەڵکـو رێ بـۆ منـداڵان خـۆشدەکەن کە بیـر لە زیاتـر لە کۆتـاییەک بکەنـەوە.
شێواز و رێبازی نووسینی کۆتایی چیرۆکی منداڵان، لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی تر جیاوازییان هـەیە. جاری واش هـەیە لە نێـوان چیرۆکەکـانی هەمان چـیرۆکنـووسدا جیاوازی لە نێوانیان چـیرۆکەکانیدا هـەیە. پێویستە ئەوەش بزانین کە کۆتایی چیرۆک بۆ منداڵان، کۆتاییەکی شادی بێت یا کۆتاییەکی ناشادی بێت. هـیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، گەر چـیرۆکنـووس ژن بێـت یا پیـاو بێت.
گەر چیرۆکنووسانی چیرۆک بۆ منـداڵان، باکگراوندێکی ئەدەبی و بیرۆکەی جـوانیـان هەبێـت، بە لایـانەوە نووسینی کـۆتـایی جـوان بۆ چـیرۆکەکـانیان، کارێـکی گـران نییە.
چیرۆکەکانیشیان بەپـێی قۆناغـەکانی منداڵی منـداڵان دادەڕێژن. زۆربەشـیان شارەزای بواری پەروەردە و دەروونناسیی منـداڵان و بنەما سەرەکییەکانی چـیرۆک بۆ منداڵانن.
دروستکردنی کەسایەتی دروست و ئاسایی منداڵان و زاخاودانی بیر و هـزر و هـۆشیان بە راستییەکان و پێویستییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرهەڵستییەیانەی کە لە داهاتـوودا دێنە رێیـان و سەرکەوتـن بەسەریانـدا، بۆ ئەوەیش کە لەگـەڵ گۆڕانکارییە ناکاوییەکانیشدا دەربەرن و متمانەیان بە توانکانی خۆیان هەبێت و بشتوانن چارەسەر بـۆ گـرفـت و کێشەکـانیان بـدۆزنـەوە. هەمـوو ئەم مەبەست و ئامانجـانە. بـوونەتە بە ناوەخـنی چـیرۆکی تـازەی منـداڵان.
لە قـۆناغی بەرایی منداڵیدا، یا منداڵانی باخچەی منداڵان. بە زۆری ئەو چیرۆکانەیان بۆ دەگێڕنەوە کە کوتاییەکانیان بە شادی و خۆشی و هیوا و گەشبینی کۆتاییان هاتوون. بۆ ئەوەی متمانـەیەکی زیاتریان بە خۆیـان و بە ژیـان و داهـاتوویان هەبێـت. لە راستیشدا کۆتاییەکی شادی، یەکێکە لە رەگەزەکانی چیرۆکی منداڵان بە تایبەتیش بۆ ئەم قۆناغە.
بـەڵام منـداڵانی هـەراشی، سـەرووی پـێـنج سـاڵان، کە قـۆنـاغـێکی خـەیـاڵـیی فـراوانە، منـداڵان بە زۆری حەز لە گوێگرتن و لە خوێندنەوەی ئەو جـۆرە چـیرۆکانە دەکەن کە خەیـاڵئـامـێزن و پاڵـەوانەکـانیـان سەرەکـێـشن و کـاری لە تـوانـابەدەرن ئەنجـام دەدەن. دەبینین زۆر لە منداڵانی ئەم قـۆناغە، خۆیان بە پاڵەوان یا کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە دەزانـن. هـەیە حەزدەکـات کە ببێت بە ” سوپـەرمـان” یا بە “کوڕە ئـازاکە” یا ببێـت بە “سانـدرێـلا” یا ” بەفـرین ـ دەنکە هـەنـارە ” یا “بـووکی دەریـا”… هتـد. ئـەم راستییە لە خەسڵەتەکـانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵـین. حـەزیـش بـەو پاڵەوانـانە دەکـەن کە کـاری باش و پیـاوەتی و هـاوکاری دەکـەن. دەبن بە فـریاڕەس و سوود بە گشتی دەگەیەنـن.
منـداڵانی قـۆناغی تەمەن حـەت و هەشـت ساڵان، ویـژدانیـان گەشـە دەکەن، زیـاتر لە راستییەکـانەوە نـزیک دەبنەوە. لە میانـەی ئەو چـیرۆکانەوە کە دەڵـێن: مەرج نییە کە بەهـێزترین کەس هەمیشە بباتەوە. لە زۆر لە یارییەکانی فووت بـۆڵـدا، نە “میسی” و نە “رۆناڵـدۆ” نەیانتوانی گـۆڵ تۆمار بکەن. تا رادەیەک چـیرۆکـەکانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵی، لە راستییەکـانـەوە نـزیکـن. ئەو پـرەنسیـپانەیان لەخۆگـرتـوون، کە گەشە بە کەسایەتی منـداڵان دەکـەن.
لە تەمەنی دوازدە ساڵانەوە، کە سەرەتای قـۆناغی هەرزەکارییە. لەم قۆناغەدا منداڵان ئارەزووی ئەوەیان هـەیە کە وێنەکە بە تەواوی ببینن. پێویستە ئەوە بـزانن کە مەرج نییە پیاوباش هەردەم باش بێت، زۆر جار چاکە شکس دێنی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە شەڕ سەرکەوتـووە. پێویستیش ناکـات هـەر شتێکمـان بیـنی چـاوی لـێبکەیـن. گـەر هەموو ئەوانەی بە دەورمـانەوەن درۆدەکـەن. پێویست نیـیە ئێمەش وەک ئـەوان بیـن.
مەرجیش نییە کە بەهێزترین یا جوانترین کەس، بتوانن زۆرترین هاوڕێ بەدەستبهێنن.
منـداڵانی هەرزەکـار، حەز بەو چـیرۆکانە دەکەن کە راستییەکـانیان بەرجەستەکردوون.
گەشتی پاڵەوانێک بە ناخی تاریکـیدا، بۆ گـەڕانەوەی هـیوا و هەست، کە ژیـان هـێشتا لە پێشییەوەیە، نابێت ورەی بـڕوخێت و کـۆڵ بدات. ئەم جۆرە چـیرۆکانە وا لە منداڵان دەکەن، کە هـۆگـریایبـن و جـار لە دوای جـار بیـانخـوێنـەوە.
ئێمە پێمانـوایە، کە منـداڵان تا رادەیـەک پێویستییان بە راستی و بە کەمـێک چـیرۆکی ترسناکیش هـەیە. پێویستییان بەو چیرۆکانە هـەیە، کە بە کۆتاییەکی شـادی کۆتـاییان هاتـووە، بەو چـیرۆکانەش، کە بە غەمگینی کۆتاییـان هـاتـووە، نەک ئەو چیرۆکانەی کە بە تراژیـدیـا کۆتاییان هـاتووە. بەڵام هەرگـیز لەگـەڵ ئەوەدا نیـم و نابـم، کە منداڵان بێ هـیوا و رەشبین بکـرێـن. پێویستە چیرۆکەکانیش لە هەموو روویەکەوە، کە لەگەڵ قـۆنـاغەکـانی ژیانیـانی منـداڵانـی هەر قـۆنـاغـێکدا گونجـاوبـن.
رەزا شـوان
٦/ یـۆنیـۆ/٢٠٢١




جەژنانەی منداڵان.. ئا:عەلی حەمەڕەشید

منداڵان ئەو توێژە گرنگ و ناسکەن کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیان لەسەر بەندە،هیوای گەش و پرشنگداری دواڕۆژی نەتەوەن.هەوێنی شادیی و خۆشی و ئاسودەیی نێو خێزانن،بۆ شانۆی ژیانیش لەگەڵ ئەوەی کە ڕوناکیی و وزە و جوانیین ،هەڵسوڕێنەری کارەکانن.جا کە منداڵ بەو شێوەیە بێت پێویست بەوە دەکات کە ئاگاداری کاروانی ژیانیان بین و پەروەردەیەکی دروستیان بکەین و وایان لێبکەین کەوەکو منداڵیی خۆیان بژین و بەپێی توانا پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین تا ئەوان چێژ لە منداڵیی خۆیان وەربگرن ،وەک زانا پەروەردەیی و دەرون ناسەکانیش ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە کەسێتی منداڵ لەسەرەتاوە دروست دەبێت بەتایبەتی ئەو کاتەی کەدەچێتە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بۆیە گرنگی دان بە منداڵ و پەروەردەکردنیان کارێکی گرنگە و بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی خێزان و تایبەتی تریش دایک و باوک ،دواتریش مامۆستا و قوتابخانە.دابین کردنی ژینگەیەکی ئارام و خۆش وا لە منداڵ دەکات کە پەرە بە بەهرەو خولیاکانی بدات و تواناکانی گەشە بکەن .بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا زۆر هۆکار هەن کە خێزان و

قوتابخانەش نەتوانن بەو کارە گرنگە وەکو پێویست هەستن لە پێناو بنیاتنانی کەسێتی منداڵ بۆ کۆمەڵگەیەکی دروست .بەڵام خۆ ناکرێت دەستەوەستان دابنیشین و چاوەڕوان بکەین ،بۆیە هەوڵدان و جێبەجێکردنی بەشێک لە ماف و پێداویستییەکانی منداڵ وا لە منداڵ دەکات کە هەست بەبوونی خۆی بکات و چێژ لە چالاکی و یاری و خوێندن وەربگرێت و ڕێگەی پەروەردەیەکی باشیش بگرێت بەهاوکاری خێزان و قوتابخانە.یەکێک لەو کارانەی کە خۆشییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشێت گۆرانی و سەماو یاریکردن و نواندنی چالاکییە،کە لە ئێستادا و ساڵانە لە یەکی حوزەیراندا کە ڕۆژی جیهانی منداڵانە لە کوردستان کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لەلایەن تیپە هونەریی و ڕێکخراوە تایبەتەکانی منداڵانەوە ساز دەکرێت کە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و زیاتر ئاسودەکردنی منداڵان کە پێویستە دەستخۆشییان لێبکەین و کارەکانیان بەرز بنرخێنین. هەرچەندە هەندێک جار کە دیارە چالاکییەکە بۆ منداڵانە بەڵام بەداخەوە منداڵان وەکو پێویست چێژ لەو چالاکییانە وەرناگرن و بگرە بێزاریش دەبن بەهۆی ئەوەی کە کەشێکی گونجاو و لەباریان بۆ ناڕەخسێنرێت کە بەئارەزووی خۆیان بەشداری ئەو خۆشییە تایبەتەیان ببن و چێژی لێوەربگرن،کە زۆرجار دایک و باوک خۆیان دادەنیشن و ئەوانیش هێندە بەپێوە دەوەستن بێزار دەبن،جاری واش هەیە بەهۆی جوڵەی زۆرەوە قسەیان پێدەوترێت،نازانن کە منداڵ واتا جوڵە ،یان ئەوەندەیان پێدەڵێن دانیشن ،بێدەنگ بن،وامەکەن.یان شوێنەکە نەگونجاوە و خەڵکێکی زۆری لێیە ،کە سەرنج دەدەیت بۆنە تایبەتەکە کە ڕۆژی منداڵانە و ئاهەنگی گۆرانی و مۆزیکە ،ون دەبێت و منداڵ نازانێت چییە و بۆچی هاتووە.دڵنیام کە لەمەبەستم دەگەن و دەزانن بەتایبەتی ئەوانەی کە منداڵەکانیان لەو ڕۆژەدا بردووە بۆ ئەو ئاهەنگ و کۆنسێرتانەو بە چاوی خۆیان بینیویانە.دەزانن منداڵ زۆر حەزی لە جەژنانەیە و چەند ڕۆژێک پێش جەژن خۆی بۆ ئامادە دەکات و چاوەڕوانی هاتنی جەژنە تا لە کەسە ئازیز و خۆشەویستەکانیانی وەربگرن،ئێمەی گەورەش هەرگیز ئەو کەسانەمان بیر ناچێتەوە کە منداڵ بووین و جەژنانەیان داوینێ ،چونکە خۆشییان پێبەخشیوین.چەندە خۆشە ئەو جەژنانەیە لە ڕۆژێکی تایبەت بە منداڵاندا بێت و گۆرانی منداڵانیش بێت کە دڵنیام لەیادەوەری منداڵاندا دەمێنێتەوە و بەپەرۆش و خۆشییەکی زۆرەوە گوێی لێدەگرن.هونەرمەندی ئازیز (ئاسۆ مەحمود) کە زۆر جار لە بۆنە تایبەتەکانی منداڵاندا بەگۆرانی و بەدەنگی خۆی بەشداری کردووە و دڵی منداڵانی خۆشکردووە.ساڵی ١٩٩٩ یەکەم گۆرانی بۆ منداڵان وتووە،هەروەها لە ساڵی ( ٢٠٠٩)ئەلبومێکی کردە دیاری بەناوی (دیاری) بۆ منداڵان و ئەمساڵیش بە دیارییەکی جوان کە ناوی ناوە ( جەژنانەی منداڵان ) و (پێنج) گۆرانی لەخۆ گرتووە بۆ منداڵان دێتەوە خزمەت منداڵان و پێیان دەڵێت من هەمیشە ئێوەم خۆشدەوێت و تا بتوانم گۆرانی خۆشتان بۆ دەڵێم .ئەم ئەلبومەی هونەرمەند ئاسۆ مەحمود ئەم گۆرانییانەی گرتۆتەخۆ ( ڕۆژی شادی،سەری ساڵ ، ڕۆژی منداڵان ، ئاهەنگ ، منداڵی کورد )کە سێ گۆرانییان ئاواز و هۆنراوەی مامۆستای هونەرمەند(ئاسۆ ئیبراهیم)ە ،گۆرانییەکیشیان ئاوازی هونەرمەند (هێرش عبدالرحمان) و هۆنراوەی (جەبار سابیر) ەگۆرانییەکیشیان هۆنراوە و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی.

دەستخۆشیمان بۆ ئەم هونەرمەندە ئازیزە و هیوای سەرکەوتن و کاری جوانتری بۆ دەخوازین بۆ منداڵان.شایانی باسە ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەلبومی(جەژنانەی منداڵان) بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەند و نوسەران و کۆمەڵێک منداڵ و کەسوکاریان لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت(CDO) سازکرا کاتژمێر پێنجی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٧/٦/٢٠٢١ .کەتیایدا هونەرمەند ئاسۆ مەحمود بەهاوکاری تیپی هونەری منداڵانی مەڵکەندی چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد کە بووە مایەی دڵخۆشی منداڵانی ئامادە بوو،خاتو (فریشتە مستەفا) ئاهەنگەکەی بەڕێوە دەبرد کە چەند هۆنراوەیەکی ناسکی منداڵانی خوێندەوە،ئەلبومەکە بەهاوکاری کەسایەتی (مەریوان حاجی جەمال) ئامادەکرابوو،تۆمارکردنی مۆزیک و ماسترین لە ستودیۆ لاوە هونەرمەند عومەر عەبدوڵا کرابوو ،فۆتوش لەلایەن پێشەوا حەمەسەعیدەوە کرابوو.لەکۆتاییدا ئەلبومەکە بەدیاری پێشکەش بە ئامادەبووان کراو دیاری تایبەتیش لەگەڵ ئەلبومەکە پێشکەش بە منداڵانی ئامادەبوو کرا.