یاسا و دیسپلین.. نووسینی ئاراس سەعید

یاسا لە کورترین پێناسەیدا:”ئامڕازێکە بۆ ڕێخستنی ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگا.”
بەڵام یاسا حەقیقەت و ئیرادەی دەسەڵاتە، کە مانەوەی دەهێڵیتەوەو کۆمەڵگایەکی ڕامکراو و گوێڕایەڵ بۆخۆی بەرهەم دەهێنێت.
یاسا ئامڕازێکە بۆ پاراستنی بەرەژەوەندی تاکەکان، بەڵام بەرژەوەندی تاکەکان لەناو ویست وبەرژەوەندی دەسەڵاتدا.
وەکو هانا ئارێنت دەڵێت: “یاسا دەکرێت ژیانی تاکەکان بپارێزێت، بەڵام دەکرێت ئەمە پێچەوانەش بێتەوە.” واتا: یاسا میکانیزمێکە کاتێک بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان پێچەوانەی دەسەڵات بوو، دەتوانێت مافی ژیان لە هاوڵاتیان بسەنێتەوە، ئەویش لەڕێگەی سزای مەرگ و لەسێدارە دانەوە.
یاسا ئیرادە و حەقیقەتی دەسەڵاتە، ئامڕازێکە بۆ مانەوەی دەسەڵات و دیسپلینکردنی کۆمەڵگا، بۆ چەپاندن و لە ناوبردنی بزواتی یاخی و لادەر لە نەریتی دەسەڵات.
“دیسپلینکردنی – یاسایی” لە دوای سەدەی حەڤدەهەمەدا لە کۆمەڵگایی سەرمایەداری و پیشەسازیدا بە پێشکەوتنی ئامڕازەکانی مومارەسەکردن و هێز گەشەی سەند.
وەکو “ماکاڤیلی” لەکتێبی “میر”دا، یاسا بە ئەخلاقەوە گریدەدات و دەڵێت: هەرکۆمەڵگایە بەها ئاکارییەکان هەرەسی هێنا پێویستی بە یاسادانەرێکە بۆ ڕێخستنەوەی کۆمەڵگا.
تۆماس هۆبزیش تێڕوانینی خۆی بۆ یاسا، لەکتێبی لیڤیسان بەمجۆرە دەخاتە ڕوو و پێی وایە، دەبێت هەمووکۆمەڵگا ملکەچی خۆیان بۆ یاسا و میر ڕابگەینن.
لەگەڵ دەرکەوتنی سیستەمی سەرمایەداری یاسا و تەکنیکەکانی گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بیرمەندە “لیبڕاڵەکان” نەک دژایەتی خۆیان بەرانبەر یاسا دەرنەبڕی، بەڵکو بەپوێستیان دەزانی، چونکە لەدیدی ئەوانەوە (یاسا ئامڕازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەئابورییەکانی تاک.) بەڵام یاسا دامودەزگایەکە لەڕێگەی هێزەوە ئاسایشی دەسەڵات دەپارێزێت و ئازادییەکانی تاک پێشیل دەکات، چونکە هەمیشە ئاسایش و ئازادی بێچەوانەی یەکترن.
سیستەمی سەرمایەداری بەشێوازێکی سیستماتیکراو لە بەرژەوەندیەکانی خۆیدا یاسای داڕشت، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی دوو ئەنجام. یەکەم: دیسپلینکردنی مرۆڤ وەکو کاهێنکی بەرهەمهێن لە بەشداریکردنی لەبەرهەمهێناندا، دووەم: پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و ڕەگ داکوتانی دەسەڵات لە هەناوی کۆمەڵگادا، وەکو فۆکۆ دەربارەی دیسپلینی یاسایی دەڵێت: “جۆرێك سەردەمی مۆدێرندا ڕەوایەتی یاسا ئەوەندە دەكرێت بەجێی باوەڕی تاكەكان تەنانەت نەیارانی ڕژێمو سیستەمەكەش بەجۆرێك دەربارەی یاسا دەدوێن كە دەسەڵاتداران قسەی لە بارەوە دەكەن.”

یاسا لەبنەڕەتدا ماسكی دەسەڵاتە، ئامرازی داڕشتنی فۆرمەكانیەتی، داپۆشینی شكڵە ڕاستینەو ناوەڕۆكیەكانی دەسەڵاتە “كە دیوی سەركوتیەتی” لەبەر چاوی كۆمەڵگە، یاسا كۆی دیوە ناشرینەكانی دەسەڵات دادەپۆشێتو ڕوویەكی جوانی درۆینەی بۆ دروست دەكاتو سزاكانی بە ئامرازی بەرقەرار كردنی عەدالەت دەناسێنێت و ڕەوایەتیان پێدەدات، یاسا دواجار جگە لە فرمانی سەروەرو دەسەڵاتدار شتێكی تر نییە، وە هەموو لایەكیش ناچار بە ملكەچیو گوێڕایەڵی دەكات، واتە وەك ئەوەی فۆكۆ لە (مێژووی جنسیەت)دا دەڵێ: دەسەڵات یاساكانی بە پێی ویستەكانی خۆی دادەڕێژێت، پاشان گوتاری حەقیقەتی بابەتەكان بەرتەسكو سنوردار دەكات، دواتر سزا بۆ سەرپێچیەكان دادەنێت، دەسەاڵت لە هەموكاتو جێگەكان یەكسانە، بەپێی هەندێ میكانیزمی لە ڕادەبەدەر دووبارەبۆوەی یاسا، حەرام كردن و سانسۆر كار دەكات ، هەروەها فۆكۆ ڕای وایە”ڕواڵەتی هەمەكی دەسەڵات لە شێوەی یاسادا پیشان دەدرێتو ئاسەوارەكانی بە ملكەچی دەناسرێت”، واتە كاتێ دەسەڵات قسە دەكات ئەوا ئەو قسەیە ڕێسایە،و فۆرمی دەسەڵات لە ڕۆڵی یاسادانەردا دەردەكەوێت، كە ئەندازیاری فۆرمسازی دەسەڵاتەو یاساكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی حكومەتو فرمانڕەوادا دادەڕێژرێت و دەبێت تاكەكان حورمەتی بگرن، نەك لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە تاكەكان دەپارێزن، بەڵكو لە جەوهەردا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە قسەی دەسەڵاتن، پابەند بوون بەو یاسایانەوە بەدادپەروەری و لادانیش لێیان بەتاوان ئەژمار دەكرێت.
(یۆرگن هابرماس) نەوەی دووەمی قوتابخانەی فرانفۆرت، کە نەیاری دیدی فۆكۆیەو یەكێكە لەسەر سەختترین ڕەخنە گرەكان لە بۆچوونەكانی فۆكۆ، دان بەوەدا دەنێت، كە “میكانیزمە یاساییەكان كە ئازادییەكان لە دەوڵەتی ڕەفاهی مۆدێرندا بۆ هاوڵاتی زامن دەكەن، هەمان ئەو میكانیزمە یاساییانەن كە ئازادی سودمەندە گریمان كراوەكان دەخەنە مەترسیەوە”

بەسوود وەرگرتن لەم سەرچاوانە:

ماوریزیۆ پاسرین: فەلسەفەی هانا ئارێنت
و:ئارام مەحمود: دەزگای ئایدیا 2017

ئاشنابوون بەمێشڵ فۆکۆ
و: جەبار ئەحمەد. دەزگای ئایدیا، 2015
لیڤیاتان: تۆماس هۆبس

بیدایات عیلم الٲجتماع: جورج ترابشی

مدرسە الفرانفورت: علاء طاهر




بۆعیماد عەلی دەبێ وەک قیبلە نوما ڕووت لەباکوربێت.. مەحمود عەبدوڵڵا

کاتێک دەڵێن دەبێت کورد وەک قیبلە نوما ڕوی لەباکوربێت،کەدەڵێن باکور ڕۆحی کوردستانە هەر لەخۆڕا نییە.لەبەر ئەوە نییە کە باکور بەشی هەرەگەورەی داگیرکراوە،لەبەر ئەوەیە کە تورکیا دوژمنەهەرە گەورەو بەهێزەکەی کوردستانە ،ئەوەی تائێستا ئەوەنەزانێت تورکی نەناسیوە! جا هیچ شتێک لەوە مەترسیدارتر نییە دوژمن نەناسیت،ئەگەر دوژمن نەناسیت بەنەزانی دەکەویتە ناو تەڵەو داو و شەڕی تایبەتی دوژمن،بەتایبەت لەم ساتەدا هەندێک بۆچون ده چنە خزمەت شەڕی تایبەتیدەوڵەتی تورک.
کاک عیماد تورکەکان دەڵێن :تەنها کوردی مردوو باشە،دەڵێن لەئەفریقیاش نابێ کورد هەبێت،دەڵێن خوداش لەگەڵیان بێت ئێمە لێی هەڵدەگەڕێینەوە،داخۆ ئەمە بێزاکیرەیی نییە کە تۆ داوا لەپەکەکە بکەیت بەلۆژیکی کوردایەتی،بە عەقڵی میرنشینی و دابەشکراو سیاسەت بکات.
جارێک هونەرمەندێک وتی کێشەی ئێمە دابەشبونی جوگرافیای مێشکمانە نەک خاک تا جوگرافیای مێشکمان یەک نەگرێتەوە ئازاد نابین،ڕاستتان دەوێت بە ئەقڵی دابەشکراو ناتوانین دروست بیربکەینەوە بۆچون و ڕەفتارمان دابەش دەبێت ،لەبەر ئەوەی ئەگەر هزر وبیر پەرت بو گوتەو کرداریش پەرت دەبێت.دەبێ ئێوە بیربکەنەوە ئاخۆ ئێوە نین تەنیا لەڕوانگەی باشورەوە شتەکان دەبینن.
بەهانە پەکەکە نییە،بەهانە کوردە کورد تێبگەن،ئاخر لەسەر ئەم بیرردنەوانەتانە ئۆجالان دەڵێت:کوردبون تاڵە و ڕاکردن لێی نامەردییە. لەڕاستیدا زۆر جوان بۆی چووە کاتێک دەڵێت :ڕۆشنبیری کورد مردووە،بەڕێز عیماد ئەو سەرنجە هی ڕۆحی ڕۆشنبیرێکی مردووە.
تۆ تەماشاکە سەنتەرێکی تورکی دەڵێت: هەولێر تورکیایەکی بچوکە ،خۆ لەهەولێر پەکەکە نیە؟!
بەڕێزم تورک سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و لەناوبردن و تواندنەوەی هەیە بۆکورد لەڕێگەی ئەو ئەقڵە دابەشکراوە،لۆژیکی کوردایەتی و ئەقڵی میرنشینی و ئیخوانیزم ئەوەدەکات.
بەڕێز جەنابی ڕۆشنبیر خۆ لەناو سەری ئینسانی کورد پەکەکە نییە ،بەڵام تورکیا هەوڵی داگیرکردنی زهنیەتی تاکی کورد دەدات لە ڕێگەی ئاین و میدیا بەگشتی و پارتیەوە بەتایبەتی. ئەوەتۆی سەیری ئەملاو لای خۆت ناکەیت،تەنها بەرچاوی خۆت دەبینیت وەک ئەسپی زینکراو،پەکەکە تەماشای هەرچواردەوری دەکات لەڕاستیدا.
بەڕێز کاک عیماد تورکیا لەڕێگەی هەولێرەوە هەوڵی داگیرکردنمان دەدات ،نەک لەڕێگەی قەندیلەوە. لە ساڵی 1994 وە تورک باشوری داگیرکردووە،زانکۆ تورکیەکان خەڵکانێک بەکوردی دەچێتە ناویان و بەتورکی دێتە دەر ،دەبێ ڕۆشنبیر ئەوە ببینێت،تا نەکەوێتە ناو لۆژیکی مسعود بارزانی و شەڕی تایبەتی تورک ئەی ڕۆشنبیر.
بەڕێزم تورکیا لەڕێگەی ئابوریەوە هەوڵی لەناوبردنی هەرێم دەدات نەک قەندیل،دەزانی گەلێک ئابوریەکەی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەردابێت واتای چی،واتای ئاشبەتاڵ!
بەڕێزم خۆ ڕۆژئاوا قەندیل نەبو،کە پارتی لەڕێی ئەنەکەسەوە دژایەتی کردن،خەندەقی لێدا،خۆ پەکەکە نەبوو،کە باوکی مسعود بەهەمان ئەقڵیەت و کلتوری جاشایەتی سەرکردەکانی باکوری شەهید کرد دکتۆر شوان و ئەوانیتر،هەروەها لەڕۆژهەڵات سلێمان موعینی وئەوانیتر. بەڕێزم وردترو بەدیقەت تربن،دوژمن پەکەکە دەناسێت،بۆ ئێوە نایناسن،پەکەکەش نەبووە پارتی شەڕی بەکوردی هەرچوارپارچە فرۆشتوە،لەحەدکاوە بۆ یەنەکە.
پەکەکە لەقەنیل نەبوو،کەپارتی بەهاوکاری تورکیا و ئەم زهنیەتە سەدان کادرو و پێشمەرگەی یەنەکەی شەهیدکرد.
بەڕێزی من تۆ بۆ ئەوەنابینیت کە پارتی هەمیشە بەهانەی داوەتە دوژمن تا بێنە ناو خاکی کوردستان لەپاسدارو عەسکەرەوە تا جەندرمە.
بەڕێزم بۆ چی تورک دەستی بەسەر ماڵی بارزانی دانەگرتووە،خۆ لەوێ پەکەکە نییە،بۆ تورکیا پارتی ناچار نەکرد کۆمەڵکوژی گەریلا بکات لە ناو هەولێر.
کەتۆ پێت وابێت بێ بونی پەکەکە،تورکیا نایەوێ ئەزمونەکە لەناوببات واتا تۆ بێ ئەزمونیت،ئەمە نەخوێندەواری و تێنەگەیشتنە لە عمقی ستراتیژی تورکیا،لەمیساقی میللی و لە خەونی بنیاد نانەوەی شارستانیەتی ئیسلامی تورکی بەهاوکاری ئیخوان. بەڕێز ئەمە واتای نەناسینی هێزێک بەناوی ئاک پارتی.
بەڕێزم هونەرو مۆسیقات،ئیمانت مزگەوتت،داگیرکراوە،قوتابخانەکانت مامۆستاکانت داگیرکراون،ئێستا تۆ دەڵێی بەهانە مەدەنە تورک!
ئەم ئەقڵە ڕواڵەتیە چییە،ئەم بۆچونە ڕواڵەتی و عەوامیە چییە،ئێوە پێویست ە سەرەتا لەستراتیژی دوژمن تێبگەن!
بتەوێ و نەتەوێ ئیدی کوردێک هەیە لە پارادیگمای چاڵدێران دەرچووە،ئەوەی لەچاڵی چاڵدێرانی دوژمن نەیەتە دەر لەوێ دەمرێ،دوژمن ئاسمیلاسیۆنێکی بێدەنگ هەر ئەنجامدەدات،ئەوەی پەکەکە دەیکات هێنانە دەنگە،زەنگی ئاگادار کردنەوەیە،لەو چاڵە وەرنەدەر بادوژمن لەوێدا نەتان کوژێت،دوژمن دژی قەندیلە لەبەر پەکەکە نا ،ئەو کوردی ئازاد دەبینێت،لەبەر ئەوەی پشتیوانە بۆیە دژی قەندیلە. تکایە وەرنە دەر لە چاڵی چاڵدێران .

مەحمود عەبدوڵڵا




کورتەنامەی شیعریی ( بەشی سیازدەم ).. فەتاح حەسەن

کاتێك،
بەرچاوم تاریك دەبێ
خەریکم دەتوێمەوە وەکو مۆم.
کە،ناوی تۆ دەهێنم
دەگەشێمەوە.دەبمەوە بەخۆم.


کە،ژنێکت خۆشویست
مانای ئەوە نییە،
کەسی دیکەت خۆشنەوێ .. نا،
خۆشتبوێن..
بەڵام وەك ئەو.. نا.


کە، دەتبینم
ماندوێتیم دەحەسێتەوە
چەشنی کرێکارێك
کە، هەقدەستی کاری ڕۆژەکەی
دەخاتە تەنکەی باخەڵی.


هێندە دڵم دەشکینی
بڵیی هەتبێ
ئەو پارچەگۆشتەی
پێیدەڵێن دڵ.


من خۆشەویستی تۆم
بۆ پێت نەوتم دەردت گرانە
نەمگووت چون..
تۆ خۆشەویستیی منی.


خەڵکی کۆڵانی خۆمان،
گەڕەکی ئەوبەر،
شاری بەفروڕەشەباش
ڕقیان لێتبێ.
دڵنیابە..
پڕبەهەستم خۆشمدەوێی.


دراوسێیەکم هەبوو
ڕۆژی چەندجارێك،
گوێم بەدەنگی دەزرنگایەوە
هاواری لەمندالەکەی دەکرد
لەکۆڵان بێتەوە
ئەوەتەی عاشق بووە
تاریکیش دادێ
هاواری، نابیستم.


کە،تۆ هێندە دڵت ڕەق بێ
کۆتایی هێنان،
بەخۆشەویستتیی ئەمن و تۆ
ئەمڕۆ درەنگە..
سبەی زوو نییە.

2020
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




ستایشی گوڵە نیلوفەر.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

تۆ ئەو گوڵە نیلوفەرەی لەو دەمانەدا رسکای
کەڵکەڵەی خۆکوشتن مێشکی گرتبووم و
سەگە هارەکەی مەرگ
کەڵبەی لە تەمەنم گیر کردبوو
پەرداخی عومرم نیوەی زیاتر رژابووە
سەر ئەو وشکەڵانەی هەتاو
دوگمەی سینگی کردبووە و
چرچ و لۆچی زەمەن
بە لاشەیەوە دەرکەوتبوو
تۆفانێک لە چاوەکانما دەستیپێکرد بوو
دەستی لە بینەقاقای زارۆکی خۆشنوودیم گیرکردبوو
شێتانە مەوجی ئەدا و
بەهیچ خوایەک ژیر نەدەکرایەوە
مانگێکی برینداربووم
لە ئاسمانی هەڵوەرینا
شێوەم دەچووەوە سەر
ئەو ئەستێرە خۆکوژانەی
بە قاپێک نەوتی غەم و
دەنکە شقارتەی کەساسی
گڕیان لە جەستەی خۆیان بەرئەدا
سەفەرێک کەلەی داگرتبووم،
بەرەو دوورگەی زام
بە ڕێگا پێچاوپێچەکانی یادەوەرییدا
گوزەرم ئەکرد و
لە ناکاو کۆترێکی بێ نەوا و
بێ هێلانە ناسیمییەوە و
وتی تۆ نەوەی رەسەنی بێ نازیت و
ئیتر ئەوە منم بەسەر ژانەکانتا ئەگمێنم و
تەمبووری شیعرێکی ترت بۆ ئەژەنم
درەختێکی پرچ ئاڵتوونی بووم
دارستانی ردێن سەوز دەریکردم و
بەهار بەلامدا نەئەهات،
پایزیش گەڵا زێڕینەکانمی ئەوەراند
لە رووباری قەسیدە حەزینەکاندا
مەلەم ئەکرد و
خۆم بە لچکی شیعرێکی بێدەنگەوە گرتبووەوە،
لە ناو دیوانێکیشا شەپۆلی گریانەکانم و
خامۆشی شەوانم چاپ کرابوو
تەلاری رووخسارم بەسەریەکدا رووخابوو
جەنازەی خۆزگەکانم
کەوتبووە ژێر دار و بەردووەکەی و
قەلەڕەشی فەرامۆشکردن
دەندووکی لە جەستەم ئەدا
هەر رۆژەی پارچەیەک لە لەشمی دائەکرمان
حەزیای رەشبینی کامەرانییەکانی ئەکرۆشتم
گەشبینی لە مێژ بوو خیانەتی لێکردبووم
لە پشتەوەڕا خەنجەری لە هەموو هیواکانم دابوو
رەنج و حەسرەتکێشان ببووە دەزگیرانم
بڕیاربوو لە شەوێکی قەترانیدا
زەماوەند بکەین و
لە دوورگەی خۆکوشتندا
کوخێکی بچکۆلانە بکەینە مەنزڵ
تۆ لەم کاتانەدا
چەشنی گوڵە نیلوفەرێک لە منا روایت
لە نێو گریانەکانی شەوانما
بوویتە مامانی رۆژانی پڕ پێکەنینم
لەنێو وەسوەسەی خۆکوشتنا
هەنجەتی ژیانت پێگرتم
لە نێو گۆمی تەڵخی فیراقدا
کانییەکی روونت نیشاندام
پێکەوەش
دەستنوێژی عەشقێکی جاویدانیمان گرت و
پەیمانمان بە ماچ دا
دەم لە نێو دەمی یەکتر بژین
بەڵێنمان بە ژیان دا
لە نێو دڵی یەکترا بمرین




دوعا.. شیعر: اردلان سرفراز.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

” نیایش”

ئاواز : فرید زولاند

“””””””””””

خودایە ، ئاخ ئەی خودایە…
ئاە خودای من
بانگت ئەکەم ، ببیستە دەنگم
شکەنجەگای دونیایە شوێنم
بە تاوانی ” ژیان بەسەر بردن”
ئەمەیە سزام..
ئاخ ئەی خودای من ، ببیستە دەنگم
لەم موسیبەتەمان جێمان مەهێڵە
ناپرسم بۆ ئەمە بووە سزام
ئەی خودایە ، ببیستە دەنگم

لەو هەموو هاوارەی گەرووم
با کز نەبێ غەمی مەرگی دەنگم
بە ڕقی ناخ پێچراوەتوە ، پەیمان
گوڵی خوێناوی وا لەبەردەم پەیمان
ماتەمی دایک ئەبەدییە
كە داغی هەرزەکاران دیدەی پەیمان

خودایە ، کارەساتمان لەبەر دەمایە
لەهەر لایەکەوە ” با”ی ترسێنەر
لە چاوەڕوانیمانایە
لەبیری قەتڵوعامی” لالە/ گوڵەکان” بە

خودایە ، ئەی پەنای ساتەکانم
بە گریانەکانم بانگت ئەکەم
بانگت ئەکەم ، ببیستە دەنگم

ئیلاهی ،،لە شەوی هەژاریما بمسووتێنە
بەڵام موحتاجی نامەردانم مەکە

كۆمەکم کە ، سازش بۆ ناهەقی نەکەم
بەڵام بۆ عەشق و ئازادی بمرم
خودایە ئەی پەنای ساتەکانم
بە گریانەکانم بانگت ئەکەم
بانگت ئەکەم ، تۆش ببیستە دەنگم

خودایە ، ئاخ ئەی خودایە…
ئاە خودای من
بانگت ئەکەم ، ببیستە دەنگم
شکەنجەگای دونیایە شوێنم
بە تاوانی ” ژیان بەسەر بردن”
ئەمەیە سزام..
ئاخ ئەی خودای من ، ببیستە دەنگم
لەم موسیبەتەمان جێمان مەهێڵە
ناپرسم بۆ ئەمە بووە سزام
ئەی خودایە ، ببیستە دەنگم