فیکر و فەلسەفەی ئەفلاتون.. د. محەمەد تۆفیق زەکەریا وەرگێرانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەفلاتون « یان وەکو بە زمانی لاتینیی پێی دەڵێن پلاتۆن» لە ساڵی 427 پ.ز لەدایک بووەو لە ساڵی 347 پ.ز کۆچی دواییکردووە. ئەفلاتون یەکێکە لە باشترین خوێندکاری سوکرات، هەروەها مەزنترین بیرمەندە لە مێژوودا، جگەلەوەش ئەو یەکەمین زانکۆ» ئەکادیمیا»ی دامەزراند، کە تێیدا خوێندکارەکان دانیشتن و کۆبوونەوەکانی سوکراتیان وەکو وانەی زانستی دەخوێند.
ئەفلاتون لە ئەسینا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی لەدایک بووە، ناوی راستەقینەی خۆی «ئەرستۆ کلیس» پاشتر ناویان لێناوە» پلاتۆن، ئەفلاتون»، چونکە لە رووی جەستەییەوە کەسێکی چوارشانە و بەهێز بووە، ئەو سەرباز و زۆرانبازێکی بەهێز بووە و لە تەمەنی لاوێتیدا، چەندین خـەڵاتی وەرزشی بردۆتەوە.
دیارە زۆر زەحمەتە جیاوازی لە نێوان فەلسەفەی سوکرات و ئەفلاتوندا بکەیت، بەڵام دەتوانین بڵێین کە فەلسەفەی ئەفلاتون زیاتر میتافیزیکی و سۆفییگەری بووە تاوەکو فەلسەفەی سوکرات.

کۆمارەکەی ئەفلاتون
لە کتێبی کۆماردا، ئەفلاتون ئەفسانەی «هاوڕێیانی ئەشکەوتی» بەکارهێنا، کە ئەویش بریتییە: باسی کۆمەڵێک زیندانی دەکات کە هەر بە منداڵی بە زنجیر دەبەسترێنەوە و لە بەردەم دیوارێکدا لەناو ئەشکەوتێکێدا زیندانی دەکرێن، ئەوانیش لە رەوشێکی زۆر خراپدان، هیچ ئاگـایان لـە دۆســـت و خزم و بنەمـــاڵەکانیان نییە و نازانن چی لــە دەرەوەی ئەشـكەوتەکە دەگوزەرێت.
لە پشتیشیانەوە ئاگرێک کراوەتەوە کە لە سەر شوێنێکی بەرزەوە دەگەشێتەوە، لە نێوان ئاگرەکە و زیندانییەکانیش رێگەیەکی بەرز هەیە کە دیوارێکی بچکۆلانەی لەسەر بنیاتنراوە. لەسەر تەواوی دیوارەکەش، کۆمەڵێک پیاو وەستاون، هەندێك شتیان هەڵگرتووە کە لە بەرد و دارو شتی تر دروستکراوە. ئەوکاتە زیندانییەکان تەنها ئەو تارماییانەیان دەبینی کە ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەرامبەریان دروستیکردبوو.

ئەگەر زیندانییەکانمان ئازاد بکردایە بۆئەوەی ئەشکەوتەکە بەجێبهێڵن، ئەوا رووبەروی تیشکە بەهێزەکانی رووناکی دەرەوە دەبوون و بەمشێوەیەش نەیاندەتوانی تەنانەت تارمایی ئەو شتانەش ببینن کە پێشتر لە ناو ئەشكەوتەکەدا دەیابینیی و لەسەری راهاتبوون، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەمشێوەیە باشە یان زیندانییەکان هەر لەناو ئەشكەوتەکەدا بمێننەوە؟!
ئەگەر فشارمان بخستایەتە سەر زیندانییەکان کە دەبێت بێنە پێشەوەو لەبەر رۆشناییی رووناکی ئاگرەکە سەیری شتەکان بکەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە چاوەکانیان ئازاریان دەکێشا و رایاندەکرد و دووبارە دەگەڕانەوە سەیری سێبەری تارمایی شتەکانیان دەکرد، چونکە بەمشێوەیە ئاسانتر و باشتریش شتەکانیان هەست پێدەکرد تاوەکو لەبەر رۆشنایی رووناکی ئاگرە بەهێزەکە. جێگەی ئاماژەیە ئێستا زانستی نوێ، راستیی و دروستیی ئەم تێزەی ئەفلاتونی سەلماندووە.
ئەگەریش بە زۆر بیانبەینە دەرەوەی ئەشكەوتەوە و بیانخەینە بەردەم خۆرەتاوەکەوە، ئەوا زیاتر ئازار دەکێشن و هەوڵیش دەدەن را بکەن، چونکە ناتوانن هەروا بە ئاسانی خۆیان لەسەر ئەم رەوشە نوێیە بگونجێنن.
ئەوان پێش ئەوەی هەقیقەتی جیهانی نوێ ببینین، دەبێت بە هێواشیی لەسەر واقیعە نوێیەکە خۆیان بگونجێنن، سەرەتا بە ئاسانی دەتوانن تەنها تارمایی شتەکان ببینن و لەسەریشیان رابێن، پاشانیش بەئاسانی دەتوانن وێنەی مرۆڤ و درەختەکان لەسەر ئاوەکە ببینن، هەروەک چۆن ئێمە وێنەی خۆمان لەبەرامبەر ئاوێنەدا دەبینینەوە.
پاشانیش دەتوانن هەموو شتەکانی تر وەکو خۆیان ببینین، درەختەکان، رووبارەکان، باڵندەکان، شتی تریش. دەتوانن سەریان بەرز بکەنەوە و تەماشای رۆشنایی ئەستێرەو مانگ بکەن، لە کۆتاییشدا دەتوانن بە رۆژی رووناک سەیری خۆرەتاو بکەن، لێرەشەوە ئیتر بە تەواوەتی هەموو شتەکان ببینن و چاوەکانیان بە رووناکی تێکنەچن.

درککردن بە هەقیقەت
سێبەرەکانی کە لە سەر دیوارەکە بوون، هەقیقەتیان دەشاردەوەو هەقیقەتی راستەقینە نەبوو، وەکو ئەو وێنەیەی کە لە گۆڤار و درامای تیڤییەکان و فیلمە سینەماکاندا هەیە. بەهەمان شێوەش ئێمە زۆر مەزهەب و هزر هەیە رووی راستەقینەیان نابینین، بەڵکو تەنها سێبەرەکانیان دەبینین، ئەمەش بەهۆی لایەنگرییمان بۆیان و هەروەها بەهۆی بوونی کۆتوبەندی نەریتەکانمان.
تێگەیشتنەکانمان بۆ چاکە و خراپە، یەخسیری پەروەردە ئاینییەکەمانە. جیاوازییە رەگەزیی و ئاینیی و ئێتنییەکان، رەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە هەڵەکەمان لەسەردەمی منداڵیدا.
بۆ ئازادبوون لەو کۆت و زنجیرانە و دەرچوون بۆ جیهانی دەرەوە، پەروەدە و فێرکردنێکی باش هاوکاریمان دەکات، بەداخەوە هەمووشمـان لەمەدا هەژارین. هەروەکو چۆن زیندانەکان لەسەر ئەوە راهاتوون کە سەرەتا تارماییەکان ببینین، بۆیە دەبێت بە هێواشی خۆیان لەسەر بینینی رۆشنایی رابهێنن و بەیەکجاریش ناتوانن ئەوە بکەن.
کاتێک زیندانییەک کە ئازاد بووەو بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەشكەوتەکە بۆئەوەی هاوڕێکانی رزگار بکات و رێگەی راستییان پێ پیشان بدات، ئەوا لەلایەن هاوڕێکانییەوە رووبەروی بەرەنگاری دەبێتەوە، چونکە ئەو کەسە دەیەوێت لەو وەهمەی کە ئەوان لەسەری راهاتوون و باوەڕیان پێیەتی، بێبەشیان بکات، ئەمەش زۆرجار ژیانی ئەو کەسە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە پێدەچێت هەوڵی کوشتنی بدەن.
ئازادکردنی زیندانییەکان لەو تاریکیی و درۆ و ناڕاستییەی کە تێیدا دەژین، لەگەڵئەوەشدا کە ئەمە وەکو گەشتێکی قورس و دژوارە بۆ ناو رووناکیی و گەرمی هەقیقەت، بەڵام ئەمە ببووە مەرام و ئامانجی سەرەکی زۆربەی فەیلەسوف و بیرمەند و پێشەوایانی جیهان لە مێژوودا. دیارە لەمەدا ئەفلاتون مەبەستی تەنها دەستەواژەیەکی وێژەیی و خەیاڵێکی شاعیری نییە، بەڵکو زیاتر مەبەستی فکرەکەیە.

دوو جیهانی جیاواز
ئەفلاتون جیاوازی دەکرد لە نێوان ئەو جیهانەی کە بەهۆی هەستەکانمانەوە هەستی پێدەکەین و ناوی لێناوە « جیهانی هەستپێکراو»، لەگەڵ جیهانێکی مەعقوڵ کە ناویلێناوە « جیهانی بەها باڵاکان» هزرە نەگۆڕە ئەزەلییەکان. ئامانجی سەرەکیشی لەم تێزە ئەوە بوو، رەتدانەوەو دژایەتییکردنی فەیلەسووفە سەفساتییەکان بوو، چونکە ئەوان پێیان وابوو کە مەعریفە شتێکی جێگیر نییە و هەمیشە لە گۆڕاندایە و تەنها پشت بە هەستەکانی مرۆڤ دەبەستێت کە ئەویش لە گۆڕانی بەردەوامدایە.
ئەو شتانەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین و لەدەوروپشتمانن، لە سیما تایبەتییەکانیاندا جیاوازن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەندێک شتی هاوبەشیشیان لە نێوانیاندا هەیە. بۆ نموونە راستە زەید» لە « عەبید» لە یەکتری جیاوازن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک شتی ئینسانی پێکەوە گرێیان دەداتەوەو هاوبەشن لەگەڵ یەکتریی. ئەمەش مرۆڤایەتییە، ئەو شتێکی نەگۆڕە، هەرچەندە ئەو شتێکیشە کە هەستی پێناکەیت.
ئەمەش ماکی مرۆڤە کە تەنها لە رێگەی عەقڵەوە دەتوانیت هەستی پێبکەیت و بوونی بناسیتەوە. مرۆڤ شتێکە لەناودەچێت و جەستە و رەوشی داراییشی لە گۆڕانی بەردەوامدایە، بەڵام ئینسانییەتی یان « بەها باڵەکانی، « وەکو خۆی دەمێنێتەوە و شتێکی ئەزەلییە و ناگۆڕێت و لەناوناچێت. لە هەمانکاتیشدا هەمووشتێکی ناو جیهانی هەستپێکراو « بەهای باڵا» ی خۆی هەیە لەناو جیهانی مەعقوڵدا، هەروەها شتە جوانەکان بەهای باڵای خۆیان هەیە لەناو جوانناسیدا، بەهەمانشێوە بەهای باڵا هەیە بۆ فەزیلەت و خێر و چاکە، ئەمانە بوونی هەقیقین. دەتوانین بەمشێوەیە روونیبکەینەوە، بۆ نموونە گوڵ لەناودەچێت و نامێنێت، بەڵام جوانی گوڵەکان دەمێنێتەوەو ئەوەش بوونی هەقیقییە.
ئەفلاتون تیۆری مەعریفەی خۆی لەسەر بنەمای « بەها باڵاکان» بنیاتناوە. ئەو پێی وایە کە بوونی هەقیقی واتە بوونی « بەها باڵاکان» بەڵام بوونی هەستپێکراو، هەستێکی ساختە و درۆیە.

مەعریفەی هەقیقیی
مەعریفەی هەقیقیی کە دەکرێت پشتی پێببەستین، لە رێگەی عەقڵەوە دەستمان دەکەوێت، بەڵام مەعریفەی هەستپێکراو، تەنها دەمانگەیەنێتە وەهم و ساختە، چونکە ئەمان پشت بە هەست دەبەستن کە ئەوانیش سنوورێکی دیارییکراویان هەیە لە توانا و هەمیشەش لە گۆڕاندان و لەناودەچن. ئەزموونیش، تەنها بەرەو گومان و باوەڕبوون دەمانبات، کە ئەمەش ناتوانێت بگاتە ئاستی مەعریفەی هەقیقی.
کاتێک بە چاوەکانمان تیشکێکی بچووک لە ئاسمانەوە دەبینین، واهەست دەکەین کە ئەوە تەنها ئەستێرەیەکە، بەڵام ئەگەر بە تەلیسکۆپێکی نوێ سەیری بکەین، دەبینین کە ئەو تیشکە بریتییە لە کۆمەڵێک ئەستێرە کە زۆر لە ئێمەوە دوورن و ژمارەیان دەگاتە سەدان ملیۆن ئەستێرە.
کاتێکیش بە چاوەکانمان سەیری تەنها دڵۆپێک باران دەکەین، وا هەست دەکەین کە ئەمە زۆر پاکە و بۆ خواردنەوە دەشێت، بەڵام ئەگەر ئەم دڵۆپە بخینە ژێر مایکرۆسکۆپێکەوە، ئەوا هەزاران گیانلەبەری زیندووی تێدا دەبیننەوە، کە دەجووڵێن و مەلە دەکەن و زاوزێ دەکەن و بەدوای نێچیری خۆیاندا دەگەڕێن، کاتێک سەیریان دەکەیت، جیهانێکی ترە لە گیانلەبەران و زیندەوەران.
ئەمەش مانای وایە کە بۆچوونەکانی ئەفلاتون لەبارەی هەستەکانەوە راست دەرچوون. ئەمەش رێگەیەکی گریمانەییە بۆ زانینی تارمایی مەعریفەی هەقیقیەت، بەڵام ناتوانێت بمانگەیەنێتە خودی هەقیقەت.
پاشان ئەفلاتون مەعریفەی « ئەپستیمۆلۆژیا» ی بۆ چوار بەش دابەشکرد کە ئەوانیش بریتین لە : 1- هەستکردن، مانای بینین و گریمانەکردن، کە ئەمەش مانای هەستکردنە بە جەستە و تارماییی شتەکان.
2- گومانکردن، بە مانای باوەڕ بوون. کە ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی دوودڵی، کە ئەویش بەرەو ئەوەمان دەبات کە ئێمە بەدوای زانستدا بگەڕێین.
3- بەڵگەهێنانەوە و تێگەیشتن، کە لەمەشدا پشت بە رێچکەی ماتماتیکی ببەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
4- عەقڵانییەت، ئەمەش مانای هەستکردنە بە ماک و کرۆکی شتەکان، کە ئەمەش دوایین پلەی مەعریفەیە.
ئەگەر هەستە گۆڕاوەکان ببنە هۆکارێك بۆ مەعریفەی هەقیقەت، ئەوا دەبێت بەدوای ئەڵتەرناتیفێک بگەڕێین بۆئەوەی پشتی پێببەستینن بۆ بوونی « بەها باڵاکان» مرۆڤیش کاتێک دەتوانێت بگاتە « بەها باڵاکان» کە تێکەڵی بوونی بێت.
بۆیە ئەفلاتون پێی وایە کە مرۆڤ نەفسێکی موجەردە و لە جیهانی « بەها باڵاکان» دا دەژی، پێش ئەوەی دابەزێتە ناو جیهانی هەستپێکراو. مرۆڤ لە ژیانی پێشوویدا دەیتوانی درک بە زانین و مەعریفەی « بەها باڵاکان» بکات، هەربۆیە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات ئەو مەعریفەیەی بیربکەوێتە لەبارەی « بەها باڵاکان» کە پێشتر زانیوویەتی یان درکی پێکردووە.
لە یەکێک لە دانیشتنەکانی لەژێر ناونیشانی « مینو» کوڕی کۆیلەیەکیان هێنا کە پێشتر هیچ نەیخوێندبوو «نەخوێندەواری بووە،وک.» ئەو وای لە کوڕەکە کرد کە بابەتێکی ماتماتیکی ئاڵۆز چارەسەر بکات، ئەمەش لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سوکرات بە « بەڵێ یان نەخێر».
لەمەوە ئەفلاتون گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو کوڕە پێشتر هەر لەسەرەتاوە وەڵامی پرسیارەکانی زانیوە، بەڵام نەیزانیوە کە دەیزانێت. ئەو پێی وابوو کە مەعریفەی هەقیقی لە ناخەوەیە، لە « نەفس» . مرۆڤ ئەو شتانەی لەبیردەچێتەوە کە دەیزانێت، لە تەواوی ژیانیدا مرۆڤ لەناو ناخی خۆیدا دەگەڕێت بە دوای ئەو مەعریفەیەی کە پێویستییەتی.
مەعریفە لای ئەفلاتون مانای کۆکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کەلەناو ناخی مرۆڤدا هەیە، هەرئەمەش دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی و ئیلهامبەخشین، بە زانای دەرونناسی نەمساوی ناسراو سیگمۆند فرۆیدا کە چەمکی « عەقڵی ناوخۆی» ی داهێنا.

میتۆدی مەعریفە
میتۆدی مەعریفەی ئەفلاتون، پشت بە تیۆری « ئەنترۆپۆلۆژیا» دەبەستێت، ئەمەش پێی وایە کە نەفسی مرۆڤ بوونێکی سەربەخۆیی هەیە و لە جەستەی جیایە. بەستنەوەی « رۆح، جیهانی باڵا» بە جەستەوە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ هەموو خراپە و رەزیلەیەک. وەهم و بەدگومانیی و نەزانینی مەعریفەی هەقیقی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان لەلایەن رۆحەوە.
کرۆکی مرۆڤ بریتیە لەو رۆحە موجەردەی کە لەناو جیهانی « بەهای باڵا» دا دەژی، پێش ئەوەی بێتەوە خوارەوە بۆ ناو جیهانی هەستپێکرا و بەستنەوەی بە جەستەوە.
جەستە بریتییە لە دیوارێکی گەورە کە رێگە لە رۆح دەگرێت بۆئەوەی نەگاتە مەعریفەی راستەقینە، هەروەها رێگریشی لێدەکات کە فەزیلەت بەدەستبهێنێت.
ئەفلاتون رۆح بەسەر چەند ئاستێکی جیاوازدا دابەش دەکات کە ئەوانیش بریتین لە : رۆحی غەریزەیی، رۆحی شەڕەنگێزیی، رۆحی عەقڵانییەت. مرۆڤی چاکەخواز ئەو مرۆڤەیە کە دەتوانێت باڵانسێک لەنێوان رۆحە جیاوازەکاندا دروستبکات، بەشێوەیەک کە هیچ کامیان سنووری ئاستی ئەوی تریان نەبەزێنێت.

ئەخلاق
ئەفلاتون فەزیلەت بە مەعریفە دەبەستێتەوە، ئەو کەسەی کە کارێکی شەڕەنگێزی دەکات، ئەو کارە دەکات چونکە نازانێت، یان بە واتایەکی تر سەرچاوەی شەڕەنگێزی» جەهلە». ئەمەش مانای ئەوەیە کە تەنها عەقڵ سەرچاوەی ئەخلاقە. هەربۆیە تێڕامان» تأمل» و فەرامۆشکردنی جەستە، رێگایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و ئەخلاقی جوان.

سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە
لەپاش شکستی ئەسیناییەکان لە جەنگیان لە دژی ئەسپارتە و سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشەی کە سوکراتییەکان» هەوادارانی سوکرات» رابەرێتیان دەکرد، جارێکی تر سیستمی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا، دواتریش سوکرات دەستگیردەکرێت و حوکمی ژەهرخواردنی دەردەکرێت.
لەپاش لە سێدارەدانی سوکرات ، ئەفلاتون لە ترسی دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەسینا بەجێدەهێڵێت و رادەکات، لەو کاتەدا تەمەنی 28 ساڵ بووە. هەربۆیە لەوکاتەدا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کوشتنی سوکرات، هەروەها هۆکاری هەموو ئەو کارەسات و بەڵایانە بوون، کە بەسەر ئەسینا هاتووە.پاش گەڕان بە وڵاتان و خوێندنەوەی فەلسەفەیان و چوونە ژێر کاریگەرییان، لە تەمەنی چل ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا.
ئەفلاتون پێی وایە زۆرینەی خەڵکی، ناتوانن درک بە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکەن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی لە رووی مەشق و راهێنان و خوێندن و حیکمەتی باش بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و جیاکردنەوە لە نا هەقیقی « ناڕاستیی» لاوازن. زۆرینەی خەڵکی تەنها گرنگی بە بەرژوەندیی تایبەتی خۆیان و هەست و خواستە راستەوخۆکانیان دەدەن. تەنهاش سۆزە لاوازەکانیان دەیانجووڵێنێت، هەرئەمەش وا دەکات کە تاک ببێتە قوربانییەکی ئاسان بۆ دیماگۆگیەت.
لە سایەی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینەدا، خەڵکانی شەڕەنگێز، رابەرێتی خەڵکی کوێر دەکەن، هێزە زاڵم و خراپەکان، خۆیان دەبەستنەوە بە کاروانی جەهل و دەبەنگیی. زۆرینەی خەڵکی کاتێک گوێیان لە دەنگی دەهۆڵێک دەبێت، یەکسەر بە بێ عەقڵ و بیرکردنەوە دوای هەموو شتێک دەکەون کە روو دەدات. بەڵام ئایا هەمانشت لە وڵاتانی عەرەبی روونادات؟!

ئەفلاتون و سیستمی حوکمڕانیی
ئەفلاتون متمانەی بە سیستمی دیموکراسی نەما بوو. هەربۆیە دواتر تیۆری « پادشای فەیلەسوف» یان فەیلەسوفی پادشای داهێنا، یان دیکتاتۆرێکی عادل هەروەکو ئیمام محەمەد عەبدە ناوی لێناوە.
پادشای فەیلەسوف، مەعریفەی هەقیقەتی بە دادوەری هەیە و دەشتوانێت چاکسازیی لە شێوازی حوکمڕانی بکات. هەتا وەکو پادشایەکی فەیلەسوف یان فەیلەسوفێک نەبێتە پادشاو حاکم، کۆمەڵگەی دادوەر دروست نابێت، ئەفلاتونیش تەواوی ژیانی بۆ ئەم مەسەلەیە تەرخان کردووەو کاری بۆ کردووە. ئەفلاتون دەوڵەت لە کۆمارەکەیدا، وەکو « تاک» دادەنێت و سەیری دەکات، هەروەک چۆن تاک « مرۆڤ» لە سێ بەش پێکهاتووە کە ئەوانیش: جەستە، سۆزەکان،عەقڵ. دەوڵەتیش لە سێ بەش» چین» پێکهاتووە، کە ئەوانیش بریتین لە :
چینی بەرهەمهێن، کە ئەوانیش زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. چینی سەربازەکان، چینی حوکمڕان یان پاسەوانەکان، کە لەمانیشەوە فەیلەسوف یان حاکم بەرهەم دێت. پاشان لە کتێبەکەیدا باسی چۆنێتی هەڵبژاردنی چینی حوکمڕان لەناو چینەکانی تردا دەکات، هەروەها چۆن دەبێت ئەو چینە بۆ ماوەی چەندین ساڵ مەشق و راهێنانیان پێبکرێت، هەتاوەکو لە رووی رۆحیی و نەفسییەوە بگاتە ئاستی « کامڵبوونی تەواوەتیی».
کاتێک ئەو کەسانە دەگەنە تەمەنی پەنچا ساڵی، پاشئەوەی کە هەموو مەشق و راهێنانەکان بە سەرکەوتوویی تەواو دەکەن، ئەوا دواتر بۆیان هەیە کە ببنە ئەندامی چینی حوکمڕان یان پاسەوان.
ئەم چینە بۆیان نییە کە خاوەنی هیچ جۆرە سامانێک بن، هەروەها بۆیان نییە کە ژن بهێنن و خێزان دروست بکەن، هەروەها نابێت ئاڵتون و زیو و سامانیان هەبێت. بە کۆمەڵ دەژین و وەکو سەربازەکانیش پێکەوە نان دەخۆن، ژیانی سێکیش تەنها بۆ باشترینیان دەبێت کە لە رووی جەستەیی و عەقڵییەوە لە هەموویان باشترن، ئەمەش تەنها بە ئامانجی لەدایکبوونی باشترین جۆری منداڵی زیرەک و ژیر.» واتە تەنها ئامانج لە کردەی سێكسیی و جووتبوون، لەدایکبوونی باشترین و زیرەکترین منداڵە،و.ک».
ئەو منداڵانەش دەبێت لە خێزانەکانیان جیابکرێنەوە و بەپێی سیستمێکی تایبەتی پەروەردە بکرێن، کە ئامانج لێی ئامادەکردنیانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاتێک گەورە دەبن، ببنە فەیلەسوف و حاکمی وڵات. لەبەرامبەردا چینەکانی تری کۆمەڵگە، بۆیان هەیە ژیانی ئاسایی بژین و ژنبهێنن و خێزان دروستبکەن و مافی موڵکداریی و میراتگیریان هەبێت.
کۆمارەکەی ئەفلاتون، کۆمارێکی دیموکراسی نییە، تاک لە سایەی دەوڵەتێکی دیکتاتۆریدا دەژیی و ئەو دەوڵەتەش بە شێوەیەکی شمولی مافی پەروەردەکردن و چاودێریکردنی هاووڵاتیانی هەیە ، ئەفلاتون پێی وابوو کە ئەم جۆرە حوکمڕانییە و کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی راستەقینە بنیاتنناوە. لەسەر بنەمای دادوەریی رەها» مطلق» دروست بووە. ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای رەگەزپەرستیی یان هێز یان سامان بۆ چینێکی دیاریکراو دروست نەکردبوو، هەروەک چۆن لە سیستمی کۆمۆنیستیدا هەیە، هەروەها لەسەر بنەمای تاکیش دروستی نەکردبوو، هەورەکو چۆن فاشیزم باوەڕی پێیەتی. ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی هەقیقی دروستکردبوو. پاشتریش ئەو دەوڵەتە مافی دەسەڵاتی رەهای هەیە، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندیی تاکە» هاووڵاتییە».
بەڵام با لێرەدا ئیستێک بکەین و بپرسین، ئایا هەموو حاکمێکی ملهوڕ و دیکتاتۆرێک کە خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە، ئەویش پێیوانییە کە تەنها ئەو دەزانێت مەعریفەی راستیی چییە، هەرئەمەش دەبێتە بیانوو بۆ دەسەڵاتە دیکاتۆرییەکەی بەسەر گەلەکەیەوە؟
ئایا هەقیقەتێکی رەها بوونی هەیە وەکو ئەفلاتون دەڵێت؟ لەکاتێکدا هیچ هێڵێکی راستەوخۆ لەنێوان دوو خاڵدا نییە، چونکە تیۆری رێژەیی گشتی پێیوایە هیچ هێڵێکی راستەوخۆ نییە بەهۆی چەمانەوەی بۆشایی، ئەوەی کە تەنها هەیە، بوونی دوو کەوانەیە. لەلایەکی ترەوە چ گرەنتییەک هەیە کە چینی حوکمڕان یان چینی پاسەوانەکان کە وەکو ئەفلاتون ناوی لێناون، تووشی گەندەڵیی و خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات نابن.
پاشان ئەی کێ چاودێریی پاسەوانەکان بکات؟ کێش بۆی هەیە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ پاسەوانەکاندا بکات، کاتێک گەندەڵیی یان رێگەیان هەڵە کرد؟ پاشان ئەی چۆن دەتوانین لایبەرین، کاتێک کە دەستیان کرد بە دزین و تاڵانیی و چەوساندنەوە و زوڵمکردن لە خەڵکیی و پاشانیش نەوەکانیان کرد بە جێگرەوەی خۆیان و دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆیان رادەستی منداڵەکانین کرد.
بەڵام ئاخۆ ئەمە خەوشێک نییە لە فیکری ئەفلاتون؟ هەربۆیە فەیلەسوفی مەزنی بەریتانی « ئەلفرید نۆرس وایهید دەڵێت: مێژووی فەلسەفە تەنها بریتییە لە قسەکردن و شرۆڤەکردن و سەرنجدان لە کتێبی کۆماری ئەفلاتون.

سەرچاوە:
محمد زكريا توفيق. افلاطون. سایتی الحوار المتمدن. www.ahewar.org




کارەکتەرسازی لە نێو ڕۆماندا.. گۆران سەباح

خوای گەورە شێوەی ئادەمی لە قوڕ دروست کرد، ماوەیەک لێی گەڕا، دواتر ڕوحی تێ خست. تۆ بڵێی هەروا، بێ بیرکردنەوە و پلان، ئادەمی دروست کردبێ؟ بێ شک، نا. ڕاستە (کون فیکون)ە، بەس دروستکردنی ئادەم پڕۆسەیەک بوو.
ڕۆماننووسیش خالقە، کارەکتەر دروست دەکات. بێو پڕۆسەکە بێ پلان، بیرکردنەوە و لەخۆوە بێت، کارەکتەرەکان دوور دەبن لە ڕاستی، خوێنەر باوەڕیان پێ ناکات. ئەمەش ڕۆمانەکە کرچ دەکات.
زۆربەی ڕۆمانەکان لەبارەی خەڵکن. توخمەیلی ڕۆمان (پڵۆت، ڕووداو، سێتینگ، هتد) لە پێناو کارەکتەرەکان دروست دەبن. لینکی خوێنەر زێتر لەگەڵ کارەکتەرە. هێندەی کارەکتەر لە هزری خوێنەردا دەمێنێتەوە، هێندە ڕووداو و کات و شوێن نامێننەوە.
هەر کارەکتەرێک لە مێشکی خوێنەردا مایەوە، واتە باش هاتووەتە دروستکردن. بۆ نموونە، هاری پۆتەر، جۆکەر، ئایرن مان، مولازم تەحسین، مانی و ئاهی لە ڕۆمانی میدیا، هتد.
پێش باسکردنی تەکنیکی دروستکردنی کارەکتەر، با باسی جۆرەکانی کارەکتەر بکەین. دیاریکردنی جۆری کارەکتەر مشتومڕی لەسەرە (بێرناردۆ، ٢٠١١)، بۆیە کراونەتە چەند پۆلێک:
پۆلی یەکەم
ناسراوە بە (١٢) جۆرەکە (هۆک، ٢٠١١). دەروونناسی سویسری کارل جەنگ، بیردۆزناسی ئەمریکی جۆزف کامپێل و چەندان نووسەر و سیناریست لەسەری کۆکن:
1- دڵدار (lover): دڵ ڕێبەری ئەم جۆرە کارەکتەرە دەکات. هێزەیلی ئەم کارەکتەرە ئەمانەن: سۆز، خۆشەویستی، قەناعەت، لایەنی مرۆیی. خاڵی لاوازیان ئەمانەن: ساویلکە و نائەقڵانی. بۆ نموونە: مەم و زین، ڕۆمیۆ و جولیێت.
2- پاڵەوان: ئەم کارەکتەرە فریادڕەسە. شکۆمەند، بەهێز، بەغیرەت و کۆڵنەدەرە. خاڵی لاوازی ئەوەیە بێتام متمانەیان بەخۆیانە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە. بۆ نموونە: ئاکیلیس؛ (هەڵۆ) لە ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخ.
جۆرەکانی سێ تا ١٢ ئەمانەن: ساحیر، یاخی، گەڕۆک، دانا، بەریئ، دروستکەر، حاکم، خەمخۆر، ڕەشوڕووت، نوکتەچی.
پۆلی دووەم
حەفت جۆرە کارەکتەر هەن بەپێ ئەو ڕۆڵەی پێیان دەدرێت لە گێڕانەوە (سمیس، ١٩٩٥):
یەکەم: پڕۆتاگۆنیست: واتە کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکە.
دووەم: ئەنتاگۆنیست: واتە خراپەکار لە چیرۆکەکە.
سێیەم: جێی بایەخ و خۆشەویستی: واتە ئەوەی پڕۆتاگۆنیست لای گرنگە و خۆشی دەوێت.
چوارەم: متمانەپێکراو: واتە ئەو کەسەی پڕۆتاگۆنیست متمانەی پێ دەکات، هاوکاری پڕۆتاگۆنیست دەکات.
پێنجەم: دیوتراگۆنیست (dueteragonist): هێندەی پڕۆتاگۆنیست گرنگە، بەڵام چیرۆکەکە لەبارەی ئەو نییە.
شەشەم: تێشیەری (Tertiary): کارەکتەری لاوەکین و لە دیمەنێک یان ڕووداوێک زۆر گرنگن.
حەفتەم: فۆیل (foil): ڕێک پێچەوانەی پڕۆتاگۆنیستن و کێشەی بۆ دروست دەکەن.
پۆلی سێیەم
ئەم پۆلە لە پێنج جۆرە کارەکتەر پێک هاتووە (هۆفمان، ١٩٩٦). لەسەر بنچینەی گۆڕان و نەگۆڕانی کەسەکان ناویان لێ دەنرێت.
1- گۆڕاو (dynamic): ئەم کارەکتەرە گۆڕانی بەسەردا دێت. سەرەتا ترسنۆکە، دواتر ئازا دەبێت؛ سەرەتا ڕەشبینە، دواتر گەشبین دەبێت.
2- قابیلی گۆڕان (Round): ئەم کارەکتەرە نێزیکە لە کارەکتەری گۆڕاو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە پێیەوە دیارە کە دەتوانێت بگۆڕێت و کارێک بکات.
3- جێگیر (static): ئەم کارەکتەرە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ناگۆڕێت. هەندی جار پێی دەگوترێ فلات کارەکتەر.
4- دامەزراو (stock): کارەکتەرێکی نموونەییە و کۆمەڵێک سیفەتی نەگۆڕی هەیە.
5- سیمبولی (symbolic): نوێنەرایەتی تێمایەک یان مانایەکی گەورەتر لە خۆیان دەکەن.

چۆن کارەکتەری باش دروست بکەین؟
بۆ دروستکردنی کارەکتەرێکی لەبیرنەکراو، کارەکتەرێک خوێنەر لەگەڵی بژی، خوێنەر باسی بکات، دەبێ کارەکتەر ڕاستی بێت (بێرنارد، ٢٠١١). کارەکتەری ڕاستی ڕابردووی هەیە، هەست و سۆزی هەیە، خاڵی لاواز و بەهێزی هەیە، سیفەت و خەوشی هەیە (هۆک، ٢٠١١).
دەتوانین ئەم تەکنیکانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین بۆ دروستکردنی کارەکتەری ڕاستی (مێلیسا، ٢٠٢١):
یەکەم: دیالۆگ
هەر کەسە و بە جۆرێک قسە دەکات. ستایلی قسەکردنی من جیایە لەگەڵ هەر حەفت ملیارەکەی تر. کەواتە دەبێ کارەکتەرەکانت ستایلی خۆیان هەبێت. بۆ نموونە، سەیری ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بکە، شووشە و سامی و ڕام و مێتال و ئیمام حەکیم ستایلی تایبەتی خۆیان هەیە، لە یەک ناچن کاتێ قسە دەکەن.
دووەم: ناو
ناوی کارەکتەر پەیامە. ناوێک نییە و بەس، بگرە پەیامێکی لە پشتە. ناو دەبێ لەگەڵ کەسایەتیی کارەکتەر بێتەوە. بۆ نموونە، (هەڵۆ) لە ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخدا ناوێکە پڕ بە پێستی کارەکتەرەکە. شووشە ناوێکە پڕ بە پێستی کات و شوێن و کەسایەتییەکەی. دەکرێ ناوی پاڵەوانەکەت (عەبدولمەجید) بێ؟
سێیەم: جەستە
باڵا، ڕەنگی پرچ، چاو، قەبارەی لوت، شێوازی ڕۆیشتن و ستایلی جل، هتد. کارەکتەر بەمانە دێتە ناسینەوە. دەبێ بەپێی پێویست هەندێ لەو سیفەتانە وەسف بکرێن.
چوارەم: ڕابردوو
هەر کارەکتەرێک ڕابردووێکی هەیە. ڕەنگە ئەزموونی هەبێ. دەبێ لە شوێنێک، بەپێی پێویست، باس لە ڕابردووی کارەکتەر بکرێت.
پێنجەم: ئامانجی کارەکتەر
هەندێ جار تەواوی ڕۆمانەکەت بەندە بە ئامانجی کارەکتەرەکەت. ناڕوونی ئامانجی کارەکتەر گێڕانەوەکە بێتام دەکات.
شەشەم: خاڵی لاواز و بەهێز
ئەگەر کارەکتەرێک هیچ خاڵێکی لاوازی نەبێت، واقیعی نییە. سەیری شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، بکەن: سەقەتە، دەترسێ، دەگریێ، هتد.
حەفتەم: خێزان و هاوڕێ
هیچ مرۆڤێک نییە هاوڕێیەکی یان ئەندامێکی خێزانەکەی کاریگەری لەسەر نەبێت. دەبێ ئەوانە باس بکرێن.
هەشتەم: ئەرک
ئەرکی کارەکتەرەکەت چییە؟ کاری چییە؟ چی دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان؟
نۆیەم: کێشەی کارەکتەر
هەندێ بەربەست هەن لە ژیانی هەر یەکێکماندا. دەبێ ئەوانە ئاوێتەی گێڕانەوەکە بن.
دەیەم: توانا و توانست
هەموو کەسێک لە شتێک زۆر باشە، توانای لە شتێکدا هەیە. دەبێ ئەمە ڕەنگ بداتەوە لە چیرۆکەکە.
یازدەم: سیفەت و تەبیعات و خووەکان
هەیە لە سەری بدەن ناوکی سەمون ناخوات. هەیە هەموو بەیانیان سەعات پێنج بەخەبەرە. هەیە بە گەرما تێک دەچێت، هەشە تەقەی سەری دێت. دەبێ شارەزای کارەکتەرەکەت بی.
دوازدەم: ترس
هەموو کەسێک لە شتێک یان چەند شتێک دەترسێت. کارەکتەرەکەت لە چی دەترسێت؟ چی بەسەر دێت کاتێ ڕووبەڕووی ترسەکەی دەبێتەوە؟

سەرچاوەکان
Bernardo, K. (2011). Types of Characters in Fiction. Vancouver, Canada: Colin Welch Teaching Resources
Hauke, Christopher; Alister, Ian (2001). Jung and Film. Psychology Press.
Hoffman, Michael J; Patrick D. Murphy (1996). Essentials of the theory of fiction (2 ed.). Duke University Press, 1996. p. 36.
Donovan, M. (2021). Twelve character tips for fiction writers. Retrieved June 12, 2021 from https://www.writingforward.com/storytelling/12-character-writing-tips-for-fiction-writers
Smith, M. (1995). Engaging characters: Fiction, emotion, and the cinema. Oxford: Clarendon Press.




پەرداخە ئاوەكەی توركیا مەخۆنەوە.. هەندرێن شێخ راغب

لەتوركیا، كێشەی كورد دوو باڵی هەیە، باڵی سیاسی‌و باڵی سەربازی. كورد لە دوو سەنگەرەوە خەریكی ململانێی توندبووە لەگەڵ دەوڵەت جیاواز لە پارچەكانی دیكەی كوردستان. چونكە كاتێك هێزەكانی ئێمە لە شاخ بون، هێزی دیكە لەعێراق نەبوو لەناو پرۆسەی سیاسی نوێنەرایەتی ئاراستەی كێشەی كورد بكات، جگە لە هەندێ حزب و گروپی دروستكراوی بەعس خۆی. بەڵام لە توركیا دۆخەكە جیاوازە، كورد هەم لە شاخەو هەمیش لە شار.
هەدەپە(پارتی دیموكراتی گەلان) باڵی سیاسی كێشەی كوردە لەناو توركیا، ماوەی رابردوو زۆر گەشەی كرد، نەك بەربەستی یاسای هەڵبژاردنی بڕی، بەڵكو بووە سێیەم گەورە پارتی ناو هەموو توركیاو 80 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا. كاندیدی سەرۆكایەتیەكەشی كە صەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆكیان بوو زیاتر لە 6 ملیۆن دەنگی هێنا. لەولاشەوە گەشەی باڵی سەربازی كورد كە پەكەكە نوێنەرایەتی دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و شەنگال و باكوری كوردستان پێگەی خۆی گرت و چەكی نوێ‌و پەنجەرەی نوێی دەستكەوت، بەتایبەت نزیكبوونەوەی ئەمریكا لە هەپەگە لەرێگای یەپەگەوەو دۆخی شەنگال و كوردانی ئێزیدی. ئەمەش هەم توركیای هاركرد، هەمیش ئێرانی توشی دڵەڕاوكێ كرد. بۆیە توركیا بەگەشەكردنی رەوای كێشەی كورد چی دیكە ئارامی نەما. پەلاماری عەفرین و رۆژئاوای كوردستانی دا، فشاری بۆردومان‌و ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ناوچەكانی پەكەكە دەست پێكرد.
بەڵام سیاسەتی یەكەمی لەناوخۆی توركیا دەستپێكرد، ئۆپەراسیۆنی گەورەی یەكەمی لەروی سیاسی ئەنجام دا، كەوتە گیانی هەدەپە، هاوسەرۆك دەمیرتاشی خستە كونجی زیندان، دەیان پەرلەمانتاری خستە زیندان، هەزاران كادیرو ئەندامی هەدەپەی زیندانی كردوە. باڵی سیاسی كوردی خراپ خستە قەفەزەوە.
ئینجا دوای تەواوبونی ئۆپەراسیۆنی سیاسی، ئێستا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێدەكات بۆ ئەوەی باڵی چەكداری كوردیش بكاتە ناو دۆڵێكەوەو نەفەس بڕی بكات. كە ئەمەشی كرد، لەناو توركیا كورد دەكاتە تەیرێكی مەعقول و دابەزیوو لە خواستەكانی. ئەوكاتە پاكێجێك ئامادە دەكات بەناوی چارەسەری ئاشتی و سیاسی و كرانەوەی دیموكراسی، بەشێك لە مافی دیاریكراو دەداتە كوردی باڵ كراوو تەواوی رای گشتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و شەقامی كوردی چەواشەدەكات. كوردی باڵكراویش دەسەڵاتی ئەوەی نابێت تەنانەت ڕوبەڕوی ئەم چەواشەكاریەش ببێتەوە.
ئینجا چی دیكە دەكات؟
بۆ هەرێمی كوردستان وانەی قەرەباغی ئەرمینیا ئەوەتا لەبەردەم كونەلوتی، توركیا بەهەموو توانایەكیەوە پەلاماری دەوڵەتی ئەرمینیایداو هەرێمی قەرەباغی گەڕاندەوە دەست دەوڵەتی ئازەربایجان، كەسیش لەم دنیایەدا قسەیەكی نەكرد؟؟ ئەگەر هەرێمی كوردستان تەسلیمی عێراق یان بیخاتە سەر سنوری خۆی كێ قسە دەكات؟ ئەمریكاو روسیا؟ ئێران‌و عێراق؟ یان یەكیەتی ئەوروپا؟ كێشەكە جددییە تكایە بیری وردی دەوێت.
توركیا ئاوی لەسەر عێراق گرتۆتەوە، كێ هەیە پێی بڵێ بۆ وا دەكەی؟ خەڵكی مەدەنی كردۆتە ئامانج و كەچی بە كورد دەڵێن تیرۆریست. بەداخەوە هاوكێشەی هێز لە ئەرزی واقیع دەیخواو كەس خۆی پیاو خراپ ناكات لەسەر كورد. عێراق دۆخێكی شلۆق و تێك شێلاوی هەیە، شیعەكان لێیان ئاڵۆزبووە، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان بە زەلیلی بكەوێتەوە دەستیان بۆ خراپە؟ ئینجا كێ هەرێمی كوردستان زەلیل دەكات ئەوە گرفتی ئەوان نیە؟.
ئەم نائومێدیە لە فراوانبوونی توركیاو پان بوونی جەستەی توركیا، بەشێكی پەیوەندی بەناوخۆی ماڵی كوردیەوە هەیە، هەرێمی كوردستان بۆڕی نەوتەكەی لەچنگی توركیایە، ئەمەش كارتێكی توندە بۆ لاوازكردنی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان، هەرێمێك كێشەی موچەو دارایی هەیەو بازاڕی قلیشاوەتەوەو دۆسیەی نە‌وتی شكست خواردوە‌و نە‌وت دە‌كڕێ نەك بیفرۆشێ. توركیا مەستی ئەم خراپیەی دۆخی كورد بووە.
ناڵێم دۆخەكە باشە، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیام ئەوەیە داهاتوو كۆپی ئێستا نیە. ئەگەر توركیا بەرنامەی هەیە، خەڵكیش بەرنامەی خۆی هەیە، دەگوترێ لە سیاسەت دۆستی هەمیشە‌و دوژمنی هەمیشەیی نیە، بەڵام لە سیاسەت سەركەوتنی هەمیشەیی نیەو كەوتنیش هەیە. هەڵگەڕانەوەی مێزەكەش هەیە. ئەگەر سەیری رابردووی خۆمان بكەین نمونەی زۆر باوەڕ پێنەكراومان بینیوە كە بەخەونیش بیرمان لێ نەكردۆتەوە، وەك جەنگی كوێت و راپەڕین و بەهاری عەرەبی و ئازادبوونی رۆژئاوای كوردستان و ئەم دۆخەی دواتر بۆ ناسینی كێشەی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دروست بوو. دۆخەكە رەشە، بەڵام مەرج نیە هەموو رۆژەكانی ساڵ ئاسمان هەر تاریك بێت، دنیا روناك دەبێتەوەو رۆژیش هەڵدێ. بەڵام لە ئێستادا بۆ كورد ئەوە گرنگە كە توركیا پەرداخێك ئاوی پێیە، هەر كەس بیخواتەوە، دەیكوژێ، چونكە ژەهرە؟؟.




مێژوو زانستە نەک چیرۆک، بۆیە وامانبەسەرهات.. سامانی وەستا بەکر

ئەم بابەتە کۆکراوەیەکە لە مێژووی پەیوەست بەکوردەوە، نەک تەنها وتارێک.
مێژوو:
بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەوەی لە رابردووا روویاوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، لێکدانەوە و شرۆڤەکردن و بەستنەوەی بە کات و سەردەمی خۆیەوە، بەراوردکردنی لەگەڵ ئیستا و پێشبینی کردن بۆ داهاتوو. هەر لێکۆڵینەوە و قسەکردنێک لەسەر مێژوو بە هزر و بیرکردنەوە بنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت.

لەڕوانگەی پێناسەی مێژووەوە کە شرۆڤە و لێکدانەوەی سەردەمی خۆیەتی و بەستنەوەی بەئێستاوە و پێشبینی کردن بۆ داهاتووش بۆیە بەگرنگی ئەزانم هەندێ ڕووداوی مێژووی و بەڵێن و پەیمانامەی وابەستە بەکوردەوە بەبیری خوێنەر بەگشتی و بڕیاربەدەستان بەتایبەتی بهێنمەوە چونکە ڕەوشی هەنووکەی هەرێم ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بۆتەوە کە ئەکرێ بەگەڕانەوە بۆ مێژوو سود وەربگیرێ بەر بەشکست بگیرێ.

ئەم بەڵێن و پەیماننامە جیاواز و شەڕەی نا وخۆییانە ڕاستە لەیەک کاتا ڕوویان نەیاوە بەڵام گرێدراوی یەکترین، ئەگەر کورد زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ یەکێک لەم ڕووداوانەیا بکردایە و لەبەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبهێنایە، دوورنیە ببوایە بەهۆکاری سەرکەوتنی کورد و شکستی لایەنی بەرامبەر لە ڕووداوەکانی دواتر.
کێشەی کورد ئەوەیە کە مێژوو وەک چیرۆک ئەگێڕێتەوە، نەک وەک بابەتێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن و لێکۆڵینەوە و شیکارکردن. جێگای شەرمەزاری و نەنگییە کە کوردستان ئەو هەموو زانکۆیەی تیایە بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێکیان کارێكی وایان نەکردووە کە ببێتە هەوێنێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن لە ڕووداوە مێژوویەکان، تا ئێستا هیچ بەشێک نیە کە تایبەتمەندبێت بە کۆکردنەوە و بەداواداچوون و لێکدانەوەو بەستنەوە و لێکچواندنی ڕووداوە مێژوویەکان، کە ئەمە وەک ئاو هەوا بۆ میلەتێکی پەڕاگەندەو پەرش و بڵاو دابەشکراوی وەک کورد پێویستە.

ئەوەی گرنگە لەم ڕێکەوتننامانە ئەوەیە بەشێکینا تا ئێستاش ئەگەرچی ناوی ناهێنرێ بەڵام بەکردار بەکارن و کورد ڕۆژانە باجەکەی ئەیا و تا ئێستاش ئەو سنورە دەستکردەی بۆی کێشراوە وەک فاکت، بەجۆرێک چەسپیوەو بەسەر کوردا سەلمێنراوە کە زۆربەی خودی سەرکردە سیاسی و دەسەڵاتدارانی حیزبی و بەشێک لە ڕۆشنبرانیش زیاتر لە داگیرکەرەکان جەختی لەسەرئەکەنەوەو پانەبدن پێوەی، نمونەی ئەو سنورە توندوتۆڵەی کە لەنێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستانا هەیە، تا کار گەشتە ئەوەی کە لەباشور چاڵ “خندق” هەڵکەنرێ و ڕێگەنیرێ پێداویستی بگاتە ڕۆژئاوا لەسەردەمی شەڕی مان و نەمانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ داعش “تورکیا”. لەوەش ئازاربەخشتر ئەوەیە کە لە باشوری کوردستان بە کوردانی پارچەکانی تر ئەوترێت “ئاوارە” کە ئەمەیان شەرمەزارییەکی زۆرە بۆ هەر کوردێک ئەو دەستەواژەیە بەرامبەر کورد لە هەر پارچەیەکیتری کوردستان بەکاربهێنێ و وەک خاون ماڵ نەیناسێنێ.

سی ساڵە سوپای تورکی موسڵمانی دراوسێمان خەڵکەکەمان ڕەشە کوژو خاکمان داگیرئەکات و بە بەرنامە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و مێدیای کوردی باشورەوە کلتورمان بن کۆڵ ئەکات، ئاسایشی خاک وخۆراک و خێزانیمانی خستۆتە مەترسیەوە، خەڵکی دڵسۆز هاوار ئەکات کەچی لەپای دڵسۆزی تۆمەتباریش ئەکرێن، وەک ئەوەی سی ساڵە تورک سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەی بوژاندبێتەوە،کەچی تازە باس لەبڕینەوەی دار ئەکرێت.
ئێستا ئێمە لەدۆخێکاین کاتێک ئێران ئاوت لێئەگرێتەوە و هاوکاری هێزە میلیشیاکانی عێراق ئەکات %٥١ی خاکەکەت داگیربکەنەوە دوای ئازادکردنیان لەدەستی داعش و تورکە مەنگۆلییەکانیش کە لەسەر خاکی یۆنان و کوردستان وڵاتێکیان بەناوی تورکیاوە بۆخۆیان بەداگیرکاری دروست کردووە، هەم ئاو لێئەگرێتەوە و هەم دارەکانت ئەبڕێتەوە و هەم ڕاستەوخۆ بەهێز بەشێکی خاکی باشوری کوردستان داگیرئەکات و بە داگیرکردنی باوکور تێرناخوات.
سوریا لەگەڵ ئەوەی لەلێواری فەوتان و لەناوچوون گەڕایەوە بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران بەڵام هەرگیز دانی بە کوردستانی بوونی ڕۆئاوای کوردستانا نەنا و بگرە لەوەش خراپتر کوردانی ڕۆژئاوا لەسەر خاک و وڵات ماڵی خۆیان بە ئاوارە ئەژمارەئەکات و بەردەوام لەپلانگێڕیایە بۆ پەلامردانی ڕۆژئاوا ئەگەر قەمتەری ئەمریکای لەدەما نەبێت، ئەمە جگە لە بەناو ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوری کە لە کۆمەڵێک لایەنی ڕادیکاڵی ئیسلامی تیرۆریست پێکهاتوون خۆیان هەڵاوەتە باوەشی سوڵتانی تیرۆر “ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” سەرۆکی بەناو وڵاتی تورکیای مەنگۆلی کە تا ئەو شوێنەی بۆیان کرابێ دەستیان نەپاراستووە لە داگیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بمونەی ئەفرین و سەرێکانی و گردەسثی و مەنجب.
عێراقیش بەو پەڕاگەندەی و بێ سەروبەرییەی خۆیەوە لەڕێی هێزە میلیشیاکانیەوە بەجۆرێک دەستی کردووە بە تەعریب کردنی باشوری کوردستان کە هەرگیز پێشتر لەسەردەمەی بەعس و حکومەتەکانی تریشا شتی وا ڕووینەیاوە، بەجۆرێک ئێستا ٪٢٠ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان عەرەبن، ساڵانێک لەمەوبەر کورد ٪٧٠ی دانیشتوانی کەرکوکی پێکئەهێنا، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ کەمتر لە %٤٠ی ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە.
ئێراق بابلی بوو ئێستا عەرەبیە.
میسر و سۆدانیەکان لەناو عەرەبا توێنرانەوە.
مەغریب وڵاتی ئەمازیغی بوو ئێستا ئەمازیغی کەمینەیەکی کەمن و عەرەب خاوەن ماڵە.
ئاسیای بچوک ئەو شوێنەی پێیئەوترێ تورکیا خاکی کورد و یۆنانییەکان بوو بەڵام ئێستا یۆناییەکان کەمینەن و تورک نەک زۆرینەن بەڵکو چاویان لە یۆنانستانیشە داگیریبکەن.
عەرەب مناڵیان زۆرتر ئەبێت بەراورد بە کورد، لەکاتێکا لە ئێستایا ڕێژەی ٪٢٠ی دانیشتوانی هەرێم پێکبهێنن ئەوا بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ئەبن بە ٪٥٠ و بەرەوژوور.
بەپێی یاسا بۆیان هەیە موڵک بکڕن، هەرواشیان کردووە خانوبەرە و زەویەکی زۆریان کڕیوە بەتایبەتی لە هەولێر.
بیرمان نەچێ ئەوەی تاپۆی بەدەستەوەبێ خاوەن ماڵە بۆیە چەند ساڵێکیتر پێویست ناکا هیچ کەسێک بەرد بگرێتە عەرەبەکان لە کوردستان وەک ئەوەی لە فەلەستین ڕووئەیا چونکە ئەوان بەپارە ئیکڕن و ئەوە کورد خۆیەتی وەک فەلەستینیەکان ماڵ و زەوی خۆی ئەفرۆشێ.
تورک بەهاروهاجی و داگیرکاری لەلایەکیترەوە وەک مخۆرکە ڕۆژانە خاکی زیاتری کوردستان داگیرئەکەن.
ئەگەر دەسەڵاتی کوردی سیاسەتێکی گونجاو نەگرێتەبەر وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە بەلانسی ڕێژەی نەتەوە و خانەخوێ ڕانەگرێ ئەوا پاش چەن ساڵێکیتر عەرەب لەڕێی وەچەخستنەوەی زۆر و ماڵ زەوی کڕین و تورکیش لەڕێی داگیرکارییەوە شتێکی وانامێنێ لە خاکی کوردستان بەگشتی و باشور بەتایبەتی.

لەوانەیە بابەتەکە کەمێک دوورو درێژبێت کە خوێنەری کورد زیاتر ئارەزووی بابەتی کورتن بەڵام لە مێژووا شتێک نیە بانوی کورتبڕی، مێژوو ئەگەر وەک خۆی نەینوسیتەوە ئەوا ئەشێوێنرێ. “هەتا هەزار پەڕە نەخوێنیتەوە، بۆت نیە بای تەنها پەڕەیەک لەسەر مێژوو ئاخاوتن هەبێ”.
گرنگی کۆکردنەوەی ئەم پەیماننامانە و شەڕی براکوژییە لە دوو توێی چەند پەڕەیەکا و وەک وتارێک لەوەیەیایە کە تاکی کوردی خوێنەر بەئەسانی بتوانێ بەڕیزبەندی یەک لە دوای یەک ڕێکەوتن و شەڕە ناوخۆییەکان بخوێنێتەوە و توشی سەرلێشێوان و تێکەڵکردنی بابەتەکان نەبێ.
لێرەبەدواوە کەمتر ڕاوبۆچوونی بەندەی تیایە و زۆرتر بەڵگەننامە و ڕووداوە مێژوویەکانم داناوەتەوە.

په‌یماننامه‌ی ڕێکخستنی سنور:
(قه‌سری شیرین یان زه‌هاو) کە لە ڕێکه‌وتی (17_5/ئایار_1639) له ‌نێوان ده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌کان و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران واژۆ کراوە، لە سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم (1623_1640ز) سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و شا سەفی (1629_1642ز) شای ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران.
کوردستان هەمیشە شوێنی ململانێی عوسمانی و سەفەویەكان بووە، بە درێژایی سەدەی شانزەی زاینی. تا ئەو كاتەی سولتان سولەیمانی قانونی (1566 مردووە) توانی هەرێمە كوردیەكان ببچڕێت بۆ خۆی و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خزمەتانەی كە كورد بە دەوڵەتی عوسمانییان كردووە لە كاتی شەڕیان لەگەڵ سەفەویەكان، عوسمانیەكان جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەرییان یاوە بەكوردەكان، شەرەفخانی بەدلیسی لە كتێبی “شەرەفنامە”یا باس لەوە ئەكات میرنشینە كوردیەكان لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیا خۆیان بەڕێوەبردووە، بەشی خۆرئاوای ڕوباری فورات و بەشی رۆژهەڵاتی مورادسۆ لقێكی سەرەكی ڕوباری فوراتە لەناو باكووری كوردستان میرنشینە كوردیەكان فەرمانڕەوایەتییان كردووە، میرە كوردەكان لەبەرامبەر ئەوەیا گوێڕایەڵی خۆیان بۆ سوڵتانەكان دەرئەبڕی و دیاریی تایبەتیان بۆ ئەبردن و وەك سوپایەكی یەدەگیش لە خزمەتی سوپای عوسمانیا بوون.
دوای ململانێیەكی زۆری نێوان هەردوو سوپای سەفەوی و عوسمانی، سوڵتان مورادی چوارەم و شا عەباسی سەفەوی لە ساڵی 1409 كۆچی و 1639 زاینی توانییان سنورەكانیان لەیەكتری جیابكەنەوەو هەردووكیان پێكەوە ڕێكەوتنامەی “ڕێكخستەنەكانی سنوور” واژۆ بكەن و كوردستانیان لەنێوانیانا كرد بە دوو بەشەوە، بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی نێوانیان بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان بەر ئێرانی سەفەوی كەوت و بە شەكانی تری باكورو باشوور و رۆژئاوا بەر دەوڵەتی عوسمانی كەوت.

ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ:
ساڵێک لە دوای بەرپابوونی شەڕی یەکەمی جیھانی بەدیاریکراوی لە نۆڤێمبەری ساڵی ١٩١٥ نوێنەری بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیای قەیسەری گفتوگۆیان کرد لەسەر دابەشکردنی خاکی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەتایبەتی ئەوخاکەی ئەکەوێتە نیوان دەریای سپی ناوەڕاست و وڵاتی ئێران . ئەوەبوو لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٦ رێکەوتنێکی نھێنی واژۆکرا ، لەنێوان فرانسوا جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرنسا و مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا، بەئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی رووسیای قەیسەری، ھەر بۆیەش ئەو رێککەوتننامەیەش بەناوی کورتکراوەی ھەردوو نوێنەرەکەی فەرەنسا و بەریتانیا ناونرا سایکس- بیکۆ ناونرا.

ئەو رێککەوتننامەیە زۆری نەبرد نھێنییەکەی لەدەستدا ئەویش بەئاشکراکردنی لەلایەن شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا ساڵی ١٩١٧، بەوەی زۆربەی ئەرشیفە نھێنییەکانی دەوڵەتی رووسیا کەوتە بەردەست حکومەتی بەلشەفی رووسیا.
رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ لە چەند خاڵێک پێکھاتووە:

١.فەرەنسا باشووری تورکیای لێوار دەریای سپی ناوەڕاستی کەوتە بەردەست ، کەبەناوچەی شین “بلۆ” ناسرا.
“Blue Zone”
٢.باکوری سوریاو لوبنان و لیوای موسڵ واتە باشووری کوردستان لەژێر قەڵەمڕەوی فەرەنسا بێت پاش ئەوەی حکومەتێکی عەرەبی لێپێک ئەھێنێ،
کە ناسێنرا بەناوچەی A
٣. بەریتانیاش خوارووی شام و ئوردن بیابانی رۆژئاوای عێراقی ئێستای لەبەردەست بێ ، پاش دانانی حکومەتێکی عەرەبی کە ناسێنرا بە بەناوچەB.
٤. ویلایەتی بەغدا و بەسرا و بەکویتیشەوە راستەوخۆ لەلایەن بەریتانیاوە حوکم بکرێ کە بە ناسێنرا بەناوچەی
Red Zone.
٥.ئەرمەنستانی (تورکیا!) و کوردستانی باکور لەژێر قەڵەمڕەوی رووسیا بێت.
٦.فەڵەستین وەک ناوچەیەکی نێو دەوڵەتی بێت.
٧.بەندەری حەیفا و عەکا لەژێردەستی بەریتانیابێ بۆ فەرەنسیەکانیش ئازاد بێ.
٨.بەندەری ئەسکەندەروونە لەژێردەستی فەرەنسییەکان بێ و بۆ رووس و بەریتانییەکان ئازاد بێ.
ئەو ڕێککەوتننامەیە ھەرای زۆری نایەوە، بۆیە ساڵی ١٩٢٠ رێیکەوتننامەیەکی تری بەخۆوەدی بەناوی” ڕێیکەوتننامەی سان ڕیمۆ”، کە لەناوەڕۆکدا ھەمان ڕێککەوتننامەی پێشوو بوو، ئەوەش تورکیای نوێی ئەتاتورکی ھێنایە سەر ھێڵی نارەزایی، بۆیە کۆمەڵەی گەلان لەسالی ١٩٢٢ ھەوڵییا رێککەوتتنامەیەکی نێو دەوڵەتی نوێ بێنتە کایەوە بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، ئەویش لەساڵی ١٩٢٣ رێککەوتننامەی لۆزان ھاتە کایەوە و واژۆکرا کە زۆرێک لە گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی تورکیا کرا.
لیوای ئەسکەندەروونە بۆ تورکیا و موسڵ بۆ بە بەریتانیا و رووسیاش لەڕێککەوتننامەکە کشایەوە، بەهۆی ئەوەی جۆری حکومەتەکە گۆڕرا.
بەگوێرە ئەوڕێککەوتننامەیە باشووری کوردستان و رٶژئاوای کوردستان ئەکەوتنە بەردەست فەرەنسا، زۆربەی خاکی باکوری کوردستانیش ئەکەوتە بەردەست رووسیا، رۆژھەڵاتیش لەدەرەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو.
ئەم رێککەوتنەی کە لەنێوان مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا و جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرەنسادا بەسترا بەچاودێری ڕوسیای قەیسەری،کە تیایا خاک و نەتەوەی کوردی بەسەر چوارپارچەیا دابەشکرا، کە بووە هۆی ئەوەی تا ئێستا کورد لە کیانی سەربەخۆ و یەکپارچەیی خۆی بێبەش بێت.

کۆنفرانسی(پەیماننامە) سان ڕیمۆ:
کە لە ئیتالیا لە ١٩٢٠ز بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەستکەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەئەکران.
لە سان ڕیمۆ ئەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیا بڕیار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بەن. لێرەیا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی “مەندەیت”یان داهێنا و فەلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ. بەریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسایا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ و ٢٥ نیسانا دانوسان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجاما ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی ئەیا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بەریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.
هەر لەو کاتەیا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا).

پەیمانی سیڤەر:
ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/اب/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركرا، وە لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە، كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران .
ئەم پەیمانە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو، لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو، بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دائەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات، هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد ئەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ.
دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كەتایبەت بوون بەكورد:
62–ئەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات، ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە ئەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت.
ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بات ئەوا نوێنەرەكان ئەتووانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاوتوێی ئەم بابەتە بكەن، باسیش لەپاراستنی مافی ئاشوریەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە.
63–حكومەتی توركیا مل كەچ ئەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی ( 62 ) باس كراوە، ئەبێت لەماوەی سێ مانگا لەدوای دەركردنی بڕیارەكە جێ بەجێیان بكات.
64–تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا ئەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەنجومەنیش دانی بەوەیانا كەئەوان ئەتوانن سەربەخۆ بژین، ئەوا حكومەتی توركیا ئەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت، ئەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت، مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا ئەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان، ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە.

تێبینی/ لەبەندەكانی ئەو پەیماننامەیە سەرەتا ئاماژەكردنێكە بەحوكمیزاتی تەنها بۆ كوردەكانی باكوور، نەوەك بۆ هەموو كوردەكانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران، ئەوەش بەئاشكرا شەرعیەتدانە بە دابەشكردنی كوردستان وە لەدوای جەنگیش بەئاشكرا دەركەوت كەوا چۆن مافەڕەواكانی گەلی كورد پێشێل كراوە، زیاتر بەشی باشووری كوردستان كەوتۆتە بەر هەڕەشەی داگیركەران، هەر بۆیەش ئەم پەیماننامەیە بەم شێوەیە بەستراوە چونكە بەرژەوەندیەكانی بریتانیا لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ وایئەخواست.

پەیمانی لۆزان: بکوژەکەی سیڤەر
پەیمانی لۆزان ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ لە نێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، سلواڤینیا و توركیا دوای کۆنگرەیەک لە شاری لۆزان لە سویس بەسترا بوو واژۆکرا.کۆنگرەکە لە مانگی تشرینی دوومی ١٩٢٢دا دەستی پێکرد و لە ٣٠ی کانوونی دوەمی ١٩٢٣دا لەبەر نەگەشتنە ئەنجام بڵاوەی لێکرا، دواتر دیسان دەستی پیکردەوە و لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژۆکرا. لە لۆزان سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیارییکرا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەرا کرا، کە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو.
ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەکردنەکە لە شاتۆ دوڕومینی شاری لۆزان ئیمزاکرا، سەرکردە بەشداربووەکان لە ئو ڕاقی “شاتۆ دو ئوشی مابوونەوە و تابلۆیەکی ڕێکەوتننامەکە لە لۆبی ئوتێلەکەیا تا ئێستاش ھەڵواسراوە.
مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بەستنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیای کەمالی، بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سێڤر بگرێتەوە، ئەو پەیمانەی کە نە تورکیای کەمالی و نە ھاوپەیمانان ناوەڕۆکیان جێبەجێ کردبوو، لەم کۆنگرەیەیا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستمی ئیمتیازی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە مەسەلەی کورد و کێشە ڕەواکەییاو نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سێڤر بێتە دی.
سەرکردە بەشداربوەکان:
٭ عیسمەت ئینۆنۆ- تورکیا
٭ لۆرد کورزون- بەریتانیا
٭ ئەلیفتھیرۆس ڤێنیزێلۆس – یۆنان
چاودێرەکان: جۆزەف گروو، نوێنەری ئەمریکا لە سویسرا.

بەهۆى ئەوەى کورد نەیتوانى ببێتە خاوەنى هێز و بە یەکگرتوویى مامەڵە بکات و سوود لە پەیمانی سیڤەر وەربگرێت، فشارەکانى تورکە کەمالییەکان سەریگرت و لە پەیماننامەى لۆزانا خەونەکانی کورد لەگۆڕنران.
لۆزان، ئەو پەیمانەی خەونی سەربەخۆیی کوردی تیایا لەباربرا و کوردی بێبەشکرد لە ماف و ئازادییەکانی، ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو پەیمانەیا تێپەڕئەبێت، کە تورکیا ئەیەوێت پێش گەیشتنی بە ١٠٠ ساڵ ئەو ڕێککەوتنە بکاتە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ ئەو شوێنانەی کە بە بەشێک لە خاکی عوسمانیی کۆنی ئەزانێت، ساڵی ٢٠١٥ لە ساڵیادی واژۆکردنی پەیمانی لۆزانا، هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردەوە.

میساقی میللی:
لەدوای کۆنگرەکانی ئەرزڕوم و سیواس لە ئابی ١٩٢٠، بزووتنەوەی کەمالییەکان بڕوانامەی میساقی میلییان دەرکرد، وەک پەیڕەوپڕۆگرامی بزووتنەوەکە، “میثاق”ەکە لە ٦ ماددە پێکهاتووە و ئەوەی تایبەتە بەکێشەی ولایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانی ماددەی یەکەمە، کە ئەڵێت:
(ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکەیان زۆرینە عەرەبن پێویستە بە ڕاپرسی چارەنووسیان دیاری بکەن، ئەو ناوچانەش دانیشتوانەکەیان زۆرینە تورکن بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیای گەورە).
ئەردۆگان چەندین جار لە گوتارەکانیا ئەڵێت: ئێمە نەوەی عوسمانیەکانین. هەروەک لە ساڵی ٢٠١١دا کە پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆگان لە گوتاری سەرکەوتندا گووتی “بەو ئەندازەی ئیستانبول سەرکەوتووە سەرایڤۆش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئیزمیر سەرکەوتووە بەیروتیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئەنقەرە سەرکەوتووە دیمەشقیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی دیاربەکر سەرکەوتووە رامەڵاو نابلوس وقودس و غەزە سەرکەوتوون، سەرکەوتنی تورکیا مانای سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقازو بەڵقان و ئەوروپایە”
لەپشتی ئەم لێکچواندنانەوە خواست و ویستی فراوانخوازی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بەسەر هەموو ئەو شوێنانەیا دەرئەکەوێت کە پێشتر لە سنووری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیا بوون.
لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیایا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ئەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەیا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كوردا وەكو نەتەوەیەك، هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیایا.
ئاشکرایە کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ئەبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی یەکەمی هەڵهێنا کە گۆڕینی دەستووری تورکیا بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش بە خەیاڵی خۆی هەنگاوی یەکەمە بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی. پەلکێشانی بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و بۆ لیبیا و بۆ سوریاو چەندبارەکردنەوەی خواست و ویستی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ ژیر سایەی دەوڵەتی تورک بەشێکن لەو خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان کە زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە سوڵتان بوونی خۆی نیشان ئەیات.

ڕێکەوتننامەی جەزائیر:
لە ساڵی‌ ١٩٧٤ حکومەتی عێراقی ھەڵمەتێکی شەڕەنگێزی نوێی دژی‌ کورد دەستپێکرد‌و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران دایماڵین. عێراق بە ئێرانی راگەیاند کە خواستەکانی ئێران بەدیئەھێنێت بەمەرجێک یارمەتی بۆ کورد راگرێت.
بە میانگیریی سەرۆکی جەزائیر، ھۆری بۆمدین، ئێران و عێراق گەیشتنە رێکەوتنێکی گشتگیر لە ئازاری ١٩٧٥دا کە بە رێکەوتننامەی جەزائیر بەناوبانگە. ئەم رێکەوتننامەیە وایکرد کورد بەبێ‌ یارمەتی بمێننەوە ‌و تاران یارمەتییەکانی بزووتنەوەی کوردی نەیات.
بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕش و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیشی ئاوارەی ئێران بوون. ژمارەیەکی زۆریش خۆیان بەدەستەوەیا‌و شۆڕشەکە دوای چەند رۆژێک کۆتایی ھات. لە ئەنجامی ئەمەیا حکومەتی عێراقی بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانتر بەسەر ناوچەکانی باشوری کوردستان لەچاو پانزە ساڵی پێشووترا، وە بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بپارێزێت، دەستی بە پلانی بە عەرەبکردن کرد ئەویش بە ھێنانی خەڵکی عەرەب بۆ ناوچە نەوتییەکانی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکووک و دەور‌وبەری. دوای رێکەوتننامەکەی جەزائیر، ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە لەلایەن حکومەتەوە گیرانە بەر دژی‌ کوردو سەرەنجام بووە ھۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان سوپای عێراق ‌و چەکدارانی کورد. لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩، ٦٠٠ دێی کوردی خاپوور کران و نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزران.

ڕوودانی شەڕە ناوخۆییەکانی باشوری کوردستان لەنێوان ۱۹٦٤بۆ ۲۰۰۰ز:
لە سەدەی بیستەمیشا مێژووی کورد سەرڕێژە لە شەڕی براکوژی وەک مێژووی باوی کورد، لەو سەدەیەیا لە کاتێکا چەندین گەل و نەتەوەی بچوک کە لەمێژووا ناویان نەبوو دەوڵەتی خۆیان دروستکرد، بەڵام کورد لەبەر شەڕی ناوخۆیی فریای هیچ نەکەوت، وە هیچ هێزێکی چەکداری کورد نییە لە سەدەی بیستەما شەڕی هێزێکی دیکەی کوردی نەکردبێت.
مشتێک لەخەرواری شەڕی ئابڕوتکێنی ناوخۆی:
٭لە شەستەکانا پارتی و حزبی شیوعی شەڕی یەکتریان کرد، لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٠ باڵی مەکتەب سیاسی پارتی و باڵی مەلایی شەڕی خوێناویان لە دژی یەکتر کرد.
٭لە کۆتایی شەستەکانا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت، یان بە دیلکراوی رادەستی ئێرانیان کردنەوە.
٭ لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ەوە تا کۆتاییەکانی ١٩٧٨ لە ناوچەکانی بادینان و هەکاری باکوری کوردستان چەندین شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان یەکێتی و سەرکردایەتی کاتی پارتیدا ( قیادە مۆقتە ) رووییاو زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭لە هەشتاکانا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی سەرکردایەتی کاتی پارتی بە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕێکی قورسیان لە دژی حزبی دیموکرات کرد و بەسەدان کەس لە هەردوولایان کوژران.
٭لەناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقا یەکێتی و پارتی تا ساڵی ١٩٨٦ لە شەڕێکی قورسا بوون لەگەڵ یەکترا.
٭شەڕی نێوان یەکێتی و حزبی سۆسیالیستیش لە ئابی ١٩٨١ دەستی پێکرد و تا مانگی نیسانی ١٩٨٦ بەردەوام بوو.
٭ شەڕی یەکێتی و حزبی شیوعیش لە ١٩٨١دەستی پێکرد و تا ١٩٨٦ بەردەوام بوو.
٭ شەڕی نێوان یەکێتی و پاسۆکیش هەر لە ساڵی ١٩٨١وە دەستی پێکرد و تا ١٩٨٦ بەردەوام بوو.
٭لە ساڵی ١٩٩٣ یەکێتی و پارتی شەڕی پەکەکەیان کرد و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭ هەر بە درێژایی نەوەدەکان جارێک پارتی و جارێکیش یەکێتی بە جیا شەڕی پەکەکەیان ئەکرد.
٭لە کۆتاییەکانی ١٩٩٣ و سەرەتای ١٩٩٤ شەڕی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو.
٭لە مانگی ئایاری ١٩٩٤ خوێناویترین شەڕی ناوخۆیی لە مێژووی کوردا لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد، لەم شەڕەیا حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکا یارمەتی یەکێتیانا، حزبوڵای کوردستانیش یارمەتی پارتی ئەیا، لە شەڕەکەیا ئێران یارمەتی یەکێتی ئەیا و تورکیا و عێراقیش یارمەتی پارتیان ئەیا، ئەو شەڕە دوای چوار ساڵ و کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا رۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ بە ناوبژیوانی ئەمەریکا کۆتایی هات.
٭سەدەی ٢١یش بە شەڕی براکوژی دەست پێکرد، یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠دا شەڕێکی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجاما و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭ بەداخەوە لە ئێستایاو لە ۲۰۲۰زدا دیسانەوە بە فیتی داگیرکەرانی کوردستان شەڕی نێوخۆی ئەگەرێکی نزیک و چاوەڕوانکراوە. ئومێدەکەم وانە لە مێژوو وەرگیرابێ و هەڵەی ئابڕوتکێنی لەوجۆرە نەکەن.

دوای چوار ساڵ لەشەڕی براکوژی مێزی گفتوو کرا بەچارەسەر:
کاتی خۆی لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی ١٩٩٤ – ١٩٩٨ز مەسعود بەرزانی ووتی ، “دەستەکانی خۆم ئەبڕمەوە جاریکی تر تەوقە لەگەڵ مام جەلالا بکەم و کۆببمەوە لەگەڵییا.
کەچی دوای چوار ساڵ لەبرا کوژی و شەهید بوونی زیاتر لە ١٠هەزار و سەرنگوم بوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسیتر، ناچار بوون دەست بخەنە ناودەستی یەک و شەڕی براکوژی ڕاگرن ، وە بێبەری بوونی خۆشیان ڕاگەیاند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیا.
ڕێکەوتننامەی واشنتۆن:
ئەو ڕێکەوتننامەیە بوو لە ١٧- ٩- ١٩٩٨ز دا، لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مسعود بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی مام جەلال و بەنێوەندگیری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ( خانم مادلین ئۆلبرایت ) لەواشنتۆن مۆرکرا ، دواتر ئەم ڕێکەوتنە نەشەڕ نە ئاشتی لێکەتەوە تا چەند ساڵێک.

بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام:
لەجەنگی چاڵدێراندا١٥١٤ز، لەپاش گەڕانەوەی سوڵتان سەلیم یەکەم(١٥١٢-١٥٢٠ز) و تێک شکانــدنی سەفەویەکان، دایکی لەسوڵتان ئەپرسێت کــوڕم چیت کرد؟
سوڵتان: دیــوارێکم لەنێوان ئێمەو سەفەویدا لەگۆشت وخوێن دروست کردووە.
دایکی: کوڕم چـــۆن؟
کوردەکانم کردۆتە پەرشینی سنوری قەڵەم ڕەویەکەم، لــەهەر لایەکیان بکوژرێت دووژمنێک کەمتر.
ساڵی(سەفەربەر) ناوچەی موکریان لەلایەن سوپای ڕووسەوە داگیرکرا بوو، منیش چونکو ڕوسی و فارسی و تورکیم ئەزانی، لای فەرماندەی ڕووس کرام بەوەرگێڕ “دیلماج” “مترجم” ڕۆژێک ئەفسەرێکی عوسمانی گیرابوو لێی دەکۆڵرایـەوە و من قسەکانیم وەرئەگێڕا.
فەرماندە لێیپرسی: هێزی سەرەکی ئێوە چەندە و لە کوێیە؟
ئەفسەرە تورکەکە وووتی: ئێمە لێرە هێزمان نییە، تەنیا چەند ئەفسەر و جەندرمەین و هەندێ مەلای پیاوی خۆمانمان لەگەڵایە، هاتووین بەناوی ئیسلامەتی و غەزای کافران کوردەکانی ئەم ناوچەیە بورووژێنین و بە گژ ئێوەیانا بکەین، تا بتوانین پێشی پێشکەوتنتان بگرین، ئەم ورووژاندنەش بۆ ئێمە لەقسە بەولاوە هیچی تێناچێت.
فەرماندە ڕووسەکە ووتی: ئەی بیر لەوەناکەوە کە ئەم خەڵکە بەبێ چەک ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە ڕابگرن، دواتر خۆیان تیائەچن؟
ئەفسەری تورک ڕاستە و ڕاست گوتی: ئەمە بۆ ئێمە بایەخی نییە، “ئێوە دووژمنن و کوردەکانیش نەیارن”، لە هەر لایەک بکوژرێ سوودی ئێمەی تیایە!

ئەو کاتەی شێخ مەحمودی حەفید لەژێر کاریگەری عاتیفەی عوسمانیا خەڵکی ڕەش وڕوتی کوردوستانی گڕئەیاو ئەیبردن لەشوعەبیە ناوەڕاست وباشوری عێراق بەناوی جیهادەوە بە کوشتی ئەیان، لەکوردوستانیش عوسمانیەکان کەوتبووە ڕاو ڕووت وتو تاڵانی ماڵ وناموسی کورد.
لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی ئەوە “ئوزدەمیر” بوو بەڕیشێکی پان و تەزبیحێکەوە، مستەفاکەمال ئەتاتورک ناردبویە باکورو باشوری کوردوستان بەناوی گەڕانەوەی خەلافەت و دینەوە شێخ و ناودارانی کوردی فریو ئەیا.
دەمێک بوو (حسن کوڕی شەریفی مەککە وهێندری مەکماهۆن) بەریتانیا نامەگۆڕینەوەیان هەبوو، ڕێکەوتبوون لەسەر ڕادەست کردنی هەردوو قبیلەی موسڵمان و دەرپەڕاندنی سوپای خەلافەتی ئیسلامی لەخاکی نیشتمانی عەرەبا.

لە سلێمانی کەڵە شاعیری هەڵکەوتوو “پیرە مێرد” ئامۆژگاری شێخ محمود ئەکات، کەوا تورکەکان دووژمنێکی ئەزمون کراوی ماوەبەسەرچوون، ئەوە ڕاستییەکەیە باشترە لەگەڵ ئینگلیزەکانا ڕێکبکەویت، لەپاداشتی ئەم ڕاوێژ و ئامۆژگارییە بەفیتی دەربارو دابەستەکانی دەووری شێخ، پیرەمێرد بەناپاک وەسف ئەکرێت و فەرمانی گرتنی بۆدەرئەچێت، پیرەمێرد هەڵەیەت بۆ قەرەداخ، لەدواییا کاتێک شێخ لەواقیعەکە تێدەگات کار لەکار ترازاوە!

سامانی وەستا بەکر
١٤-٦-٢٠٢١ سوید-ستۆکهۆڵم




ئاسمان، بۆ ئێمە ئازارێکی تری خوداییە.. ئەنوەری ڕەشی عەوڵا

لە باخی خەراباتی خۆیدا، بە دڵپێدانەوە، داریوش ئەم سکاڵا و داد و بێداییە وجودییانەی بیر دەهێناینەوە، کە هەریەکەمان بەجۆرێک خۆمان لێ نەناس دەگرت. یاخود نەماندەویست، نەغمەی ئەو هەقیقەتە تاڵانە بژنەوینەوە کە هەموو رۆژێک بەریدەکەوتین.
بەراورد بە دنیای ئێمە، کە ئەوپەڕی پاکوتێ بوو لە پەرشوبڵاوییەکی بێ سەمەرەدا. کەچی دنیای ئەو دەروێشە تاک و تەنهایە، بە دەرەختێکی سەرسەوزی پەلوپۆداری بەردار دەچوو، لە کاتی زیکر لەگەڵ وێڵ باکاندا.
داریوشێک لەحاڵەتێکی دەروونییدا وەهادا، لە تەنیاییەکی قووڵدا سەوز سەوز بچێتەوە، لە رێی شیعرەوە، دەبوو زمانی وێڵباکانی زەمزەمە و زیکر کردبا، هەتا گەڵا بە گەڵای درەختی خەمەکانی پێ بدوێنێتەوە.
لە رێی هەڵبژاردن و تەماسی روحی بە شیعرگەلێکەوە، زانینمان لەو قەلەندەربوونەیدا، وەک ئینسانێکی وێڵگەرد، چ ئەزموونێکی دەروونی،
لە رێی هونەرێکی راقیی بە ئێمە نیشاندایەوە..؟
بۆ ئەو سەرگەردانی و گەڕۆکییەشی، بڕوانە.. دەست وەردەداتە چی، چی بە مەرج دەگرێ بۆ رێدەربردنی خۆی
كێو ئەیەم بەشانما)
بەرگی هەر جەنگێک ئەپۆشم
شەپۆلی دەریا ئەگرم
شیری بەرد ئەدۆشم
مانگ بۆ ماڵەوە ئەبەم
” با ” بە نیشانە ئەگرم
هەموو خاکی ئەم زەمینە
بست بە بست ئەپێوم
گەر چاوەکانت ڕازی بن
لە هیچ کارێ دەربەست نیم )

وەها زمانی هەڵهێناوەتەوە، وەک بڵێی: مەحاڵ، بە واقیع دەکا، گەر چاوەکانی یاری لێ دیاربێ.
داخوا عارفێکیش هەروا، بە ئیمکانیەتێکی روحییانەی وەهاوە، لە زیکری مەعشوقەکەیدا نیە..؟

لەو دۆخەدا، داریوش بەر لە هەرشتێک بەدەرگایەک دەچوو، لە هەر بەرگ و باخ و خەڵوەتێکی عیشقێکدا بووبین، جێی هامووشۆی دڕدۆنگییەکانی هەموومانی تیا دەبوەوە.
چون دەنگی داریوش لە هەناوی ئەو شتانەوە دەردەهاتن، کە کەنارخراون، دەبوو ژیانیان بەبەردا بکرێنەوە.
بە بەهای نوێی هونەرییەوە، دەربکەوتنایەتەوە، بۆ ئەوەی بەهادارانە بە هەناسەیەکی نوێی ژیانمەندییەوە، بژین.
بێ هیچ هەڵە تێگەیشتنێک، بێ ئەوەی ویستبێتی، خۆی سەپاند، بە روحێکی باڵای هونەرییەوە، کە پەنجەمۆری دەروونی داریوش، خۆی پێوەبوو.
گەر وانەبا، داریوش وەک هەر گۆرانیبێژێک وەرزێک دەهات و دەچوو، ئەوجا ون دەبوو.
هەڵبەت ئەو رێ هونەرییەی داریوش گرتیەتە بەر، راستە رێیەک نەبوو. لێخوڕە دەشتە، نا….!
بەڵکو پێچاوپێچ، پڕ لە بەرزی و نزمیی بوو.
بۆیەکا گەر کەسێ ویستبێتی موسافیری دنیای ئەو بێ، چێژ ببینێ، نابێ ببپەشۆکێ، کە لەیەککاتدا کارە هونەرییەکانی ، وێنای کەسایەتییەکی یاخیبوو.. کەسایەتییەکی خەرابات نشین.. کەسایەتییەکی دۆڕاو و نائارامی بۆ کردبین.
لە توێی درکاندنی گوزارشتەکانیەوە، ئێمەی بە ئاگا هێنا، بەوەی، دەبێ گوێیەکی نوێ لە خۆماندا شک ببەین، هەتا گوێمان لە ئاوازێکی تر، نەغمەیەکی تر، زەمزەمەیەکی تری سترانبێژێکەوە بێت.

ئالەوێڕا دەیبینین چەنێ بە روحێکی باڵاوە، لە هونەرەکەی خۆی ڕوانیووە، هەر ئەوەش ماڵە راستەقینەکەی ئەو بووە.
ئەمە بەو مانایە نیە، دوور لە نەڕەنەڕی ساواک و ناسیۆنالیستەکان، ژاوەژاوی ئایدۆلۆژیستەکان، قوڕ و لیتەی مەزهەبییەکان، چنگیان لەگەڵی گیر نەکردبێ..
لەو ماڵە هونەرییەیدا لە رێی غەزەلەکانیەوە، لەو ماڵە هونەرییەیدا دەتوانین هەستی پێبکەین،
لە باخی یاخیبوونەکانی خۆیدا، چ شەیدایانە نەغمەی ئەو وێڵگەردی و دەروێشی و پەتیارەیی خۆی چەنێ ئوستادانە و بوەیهیمیانە، چڕیوە و دەگێڕێتەوە.
دەی ئەگەر ئەو گوێیە شک ببەین ، ساناتر دەیژنەوین، ساناتر دەیبینین، ساناتر دەیبیستین، ئەوجا لەگەڵیدا وەسڵ دەبین.
لەوێڕا تێدەگەین، بە چ راددەیەک بە دنیای شەڕ و ئاشتییەکانی ناو دنیای شیعرەوە پەیوەستە.
لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە… تێدەگەین، ویستوێتی کوڕێکی جوانخاسی غەزەلخوێنی چ ماڵ و عەرشێکی هونەری بێ. لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە، تێدەگەین، لە کوێوە ئازاری دەستەجەمعی ئینسانی ئێمەی ناسیووە و سەر لە نوێ، بە لەونی خۆی دواندونی.
بۆیە کەم و زۆر لە دەیەی هەشتاکاندا، ئازارەکانی ئەو ئینسانە بە ئاوازێکی تایبەت، کە لە روحی خۆیەوە بڵاچەی دەکرد، ئەو هەیەجانە دەروونیی یە،
بە گیانی هەر کەسێکی هۆشمەنددا کەم و زۆر گەڕاوە.
ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵی بۆ ئازادی لێیدابێ، ناتوانێ بەر تەلیسمی وەسوەسەکانی داریوش نەکەوتبێ.
واتا ئەو کەسایەتییە گەر بە نەفرەتلێکردنیشەوە بووبێ، لە یادوەری هەمووماندا بوونی هەبووە.
ئەمەش ئەو تەلیسمە بوو، کە داریوش هەڵگری بوو.
ئەمە هێما و سیما و پەنجەمۆری هونەرییانەی ئەوبوو..
تا ئەو راددەیەی ، سیمای هونەرییانەی داریوش، بۆ روحە یاخیبووەکان، رۆڵی وەک رۆڵی، پینک فلۆید وەهابوو لە رۆژئاوا، بە تایبەتتر بۆ ئینگلیزەکان .

سەبارەت، بە جەمعێک لە چەپگەرای رادیکالیش، تیایاندا جێکەوتبوو،
کە هەموو شتێکیان بە قەپانی ئایدۆلۆژییەکەیان دەکێشا.
لە دەستیان بهاتایە بە جەوهەری هەموو شتێکدا روو دەچوون، بۆ ئەوەی ماسکەکانیان لەسەر روو لاببەن، ئەمە توێکارییەش، بە غەیری ئایدۆلۆژییاکەی خۆیان نەبێ، کە جێی گومان و تێڕامان نەبوو،
ئەگینا سەرسەختانە، بەریان دەدایە وێزەی هەموو شتێک، کە تەنها لە رەنگی خۆیان نەبێ. بۆیە نەیاندەتوانی بەس رەخنەیان بۆ دەرەوەی خۆیان نەبێ. رەخنەش نەبوو، بگرە نەفرەت بوو.
بە غەیری، ئەوەی تەڵقین دادرابوون، بە ئەفیونی ئایدۆلۆژییەک، گوێیان بە شتێک بدایە، تەنها بۆ ئەوەبوو، لەسەر ئەو یەقین و باوەڕەوە گوێی لێدەگرتیت، هەتا بزانێ بە چرپای ئایدۆلۆژییەکەی بیپێوێت.
هێندە روودەچوون بە گێژەنی ئایدۆلۆژییەکەیاندا، هەتا دەگەیشت بەوەی:
” هیچم لێت ناوێ یان هەموو شتێکتم لێت دەوێت “.
هەمیشە بەرژەوەندی بێ قەید و شەرتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش بۆ پێداگیری و دەمارگیرییەکانیان پاساویان بووە، بەو ئەخلاق بڵندیی جەنگاوەرانەوە، دەهاتە پێش، تەنها بۆ ئەوەی قڕو قەپت پێبکەن. چون خۆی یەکەمین کەسە، قڕوقەپی پێکراوە، لەو نێو میتۆدی ئایدۆلۆژییەکەیدا، کە دنیا هیچ نییە، جگە لەوەی چاوی عەقیدەکەی پێیدەبینێ.
لە جەوهەردا ئەمەش وەک صەدەقەڵلاهو عەظیمی موسڵمانان وەهابووە لە بەرامبەر سەنگەسارکردنی شەیتاندا.
هەر بۆیە، لە دواجاردا دنیای هونەری داریوش، بۆ پێودانگە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکەی ئەوان، تەنها دەیتوانی وردەبورژوایەکی ناڕازی بێت بە دنیای سەرمایەداری و هیچ بە دەستەوە.
ئا… بۆ چەپێکی ئاوا رادیکال، داریوش هەر مناڵێکی لاساری دنیای سەرمایەداری زیاتر نابێ. ئیتر لە دۆخە شەرمهێنەرەدا، زۆرجار هونەر کورت دەکرایەوە بۆ ئەم ئینشا و مەحفوزاتانەی لە رێی حزبەوە دەرخواردیان دەدرا.
هێندەی لە بیری عەقیدەکەیاندا بوون، با بەو راددەیەش لە بیری ئەوەدا بن، ئاخۆ کەسێک بێ پشتوپەنای حیزب و گروپەکان دەتوانێ رۆڵێکی هەبێ…؟ بە داخەوە لە بری ئەم ئەندێشەکردنە، بۆ ئەوان داریوش لەو مناڵە لاسارانە دەچوو، ناخودئاگا بەر ئەفیونێکی سەرمایەداریی کەوتۆتەوە، گەرچی دژیشی دەبێ. لەوە بترازێ، هەرچی بڵێ ی، ناتوانن بیبیستن. بەر ئەفیونی ئایدۆلۆژیا کەوتوون بە قەولی مارکۆز.
ئەوی وردە بۆرژوا، ئاڵتەرناتیڤی بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەداریی یە پێ نییە.
کەوابێ لە رووی پراکتیکییەوە، هەر دەکاتە سڕرکردنی گیانی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەم رێگەیە ئاو دەکاتەوە بە ئاشی سەرمایەدارییدا.
ئەمەش بە پاساوی ئەوەی، لە میتۆدی هونەری داریویشدا هەموو هاوکێشەکان، هەموو شتێک ، دواجار خەراباتێکن.
بەم هەموو لێکدان و لێدەرکردن و دابەشکارییانەی، وجودییەکانی ئەو حەلە، سیاسییەکان و ئەهلی قەڵەم، و عاشقان، داریوش بەو هەموو لێکدژییەوە دەنگێک بوو، نەدەتوانرا نەبیسترێ.
رەنگێک بوو نەدەتوانرا نەناسرێتەوە.
بە هەموو ئەو تەفسیر و روانگە جودایانەوە، گیانە تەنیا و ئیعتیرازییەکەی داریوش لەوە رەنگاو رەنگتر بوو، جێی راستڕە و میانڕە و چەپڕەو، ئیماندار و بێ ئیمان و خەراباتیەکیشی تیا نەبێتەوە.
چون بەر لە هەرشتێک خەمی ئەو خەمێکی ئینسانی بوو.

” هەرچیەکم دروست کرد
دواجار شکا
شکا… شکا
من هەمیشە دۆڕاووم
دۆڕاووم.. دۆڕاووم.. دۆڕاووم.

ئەهلی دەسەڵات توانای ئەوەیان نەبوو، لێیان نەدەوەشایەوە، بچنە ژێر باری شکست و دۆڕانەکانیانەوە، هەموو ئۆباڵەکانیان دەنایە ئەستۆی نەیارەکانیان و بە تایبەت سەرمایەداری.
ئەزموونی داریوش، لە پارادۆکسیەتێکدا لە جستوجۆدا بوو، نەدەتوانرا بە راستە و پرگاڵ، صرات مستقیمی هیچ ئایدۆلۆژییەتێک بپێورێت و بە هەر عوزر و بەهانەیەکەوە بێت، ئازادییەکەی زیندانی بکرێ.
دەنگی ئەو گەرچی سرک بوو، روحی تێدابوو، بە پێی توانایەک کە هەیبوو، عاشقانە گوزارشتی لە خەمە وجودییەکانی ئینسان دەکرد.
بە هەر یاخیبوونێکەوە کە هەیبوو، لەو ژاروژەنگەی رۆژگاردا، لە داچۆڕانیدا، سەر بە ژیان بوو. چەنێ نائومێد بوایە، بۆ ژیان دەجەنگی و ژیانی نەدەکوشت.
زۆرێک لەو جەبرە عەقیدەیی و ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی و شاهانەیی ئەودەم، کە لە دەستیان دەهات بتکەنە خانی خانان یاخود تۆزی بانان، بەو هەژموونە ئایدۆلۆژییانەوە کە لەگەڵ خۆیاندا، بە جەبرەوە دەیانگێڕا و دەیاسەپاند، کەوتنە کەناری رووداوەکانەوە.
کەچی داریوش گەرچی تاک و تەنهاش بوو، بە بڵندیی خۆیەوە مایەوە و وەستا.
چون لە رێی خوێندنەکانیەوە، پێوەی دیاربوو، خۆی تەرخان کردووە، وردە وردە… تەییار و گورجوگۆڵ، بە هەر هەلاکەتێکەوە کە دەیچەشت، ژیانی لە هونەردا، دەژیاندەوە.
هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی مەرگدۆستدا، لە نێو ئەو پاشەڕۆکانەدا، ئەو باوەش کردنەوەیەش بە ژیاندا هەڵوێستێکی کەم نەبوو.
رۆژان و ساڵان رێکردن بەنێو چرکە چرکی دڕکەزیی و ئازارەکانی زیندەگیدا، هەریەک بەجۆرێک سەر هەڵدەگرێت، ئا لەوێدا باوەش کردن بە مەحەببەتدا، دەبێتە فەزیلەتێکی دەروونی بۆمان، پێموابێ ژیانیش بۆ نوێکردنەوەی خۆی؛ ئەمەی لێمان دەوێت .
یانی دەبوو هێندە ژیریت لە خۆتدا شک ببردایە، هەتا عارفێکت لە روحتدا کەشف بکردایە.
تاوەکو بەرگەی ئەو هەموو جەور و خواروخێچیانەی وجود بگرێ و
بە خۆی بڵێ: ” ژیان نەدەبوو ببێ، بەڵام بەهەر داڕمان و دزێوی ئافەریدەکارەکانیەوە هەیە “
چون داریوش وەک کەسایەتییەک، تیشکێکی زیندووی هونەر بوو، نەیدەتوانی هونەرمەند نەبێ. یانی عیشقی بۆ دنیاکەی خۆی نەبێ.
بێپەروا بۆ ئەو سەر و سەودایە دەژیا.
ئەزموونەکانی ئەو دەورانە، پێی قەبڵانین، پێی سەلماندینەوە، حەماسیەت هەر شەرعیەتێکیشی هەبێ، هەر رەوتەنیە..و عیشق بە هەر سەرشێتییەکیشیەوە کە هەیەتی، هێشتا ئارامگرتووترە.
گوێ گرتن لە داریوشێک کە عاشق و دەروێشی دنیاکەی خۆیەتی، بە هەموو خەمگینییەکیەوە، ئارامیهێنە.
فڕێت ناداتە، شەرەنگیزییەکانی ژیانەوە، بەڵکو بە حەسرەتێکەوە، کە هەست کردنە بە لێپرسراوییەتێکی ئینسانیانە، بەیانی دەکا، مرۆڤ چۆن لە نێو خەراباتەکانی عیشق و تەنیایی و ژیاندا سەرمەستانە ونبووە. لە بێدەنگی شتەکاندا نقومە، کە خۆیان کشاندووە بەسەر هەموو نهێنییەکاندا.
نهێنی نیگا بێدەنگەکانیش
” بێ دەنگیتم نەزانی|
سەیرکردنم تێنەگەیشتی
من هیچم نەووت
و
تۆش هەرگیز نەتپرسی “
بەڵام هەر ئەو مرۆڤەشە، لە هەر چوارچێوەیەکدا بێت، بۆ هەناسەدانەوەیەکی تر، کۆڵ نادا، چون مەحکومە بە ژیانی خۆی.
هەیە ئەو مەحکومیەتەی ژیانی… پێ بەتاڵ بەتاڵە، بۆیە هیستریایانە، لەوەش یاخی دەبێ، هەتا ئەوپەڕی دەست چوونە خۆ. واتا خودکوژی. یانی یاخیبوونیش لە خودی خۆت…
ئەم تێکشکاندنەوەیەی هەموو شتێک، ئەوەی هیچ دەرەتانێک نەماوە بۆ چاککردنەوەی، بە خاتری هاندانەوە، بۆ هەڵبوونەوەی هیوایەک، دەبوو هاندەری ئەوە بیت، بە خەڵکی بڵێی گرێ و گۆڵەکانی خۆت ببینە، شەرمی لێ مەکە.
بەڵام کە هەموو شتێک بەرەو وێران بوون بڕوات، هیدایەت کردنەوەی ئەویتر زەحمەت زەحمەتە.
بۆ ئەم هەقیقەتە تاڵەش، با گەشتێک بکەین بە:

گۆرانی ساڵی دوو هەزاردا..) مانفێستی هەرەسهێنانی ئینسان.)

ئەنوەری رەشی عەوڵا _ مانچستەر
“”””””””””””””’

“سەرچاوە: بۆنی گەنم- کتێبی کۆمەڵە شیعری داریوش ، وەرگێڕانی لە فارسییەوە:پشکۆ ناکام




پڕوپاگه‌نده‌ی وێران بوونی هه‌ساره‌كه‌مان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌! هه‌رێم عمر كاكل

به‌هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ی كه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆكه‌دا به‌دی ده‌كرێت له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانه‌وه‌ , به‌تایبه‌تی له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و میدیایدا كه‌ ئه‌م به‌ره‌وپێشڤه‌چوونه‌ له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و میدیاییدا خه‌ریكه‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش هه‌نگاو ده‌نێت بۆ به‌ به‌ئه‌كادیمی بوونی ڕاگه‌یاندن له‌ كوردستاندا. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین زۆر بوون به‌مانای باشترین نایه‌ت . چونكه‌ هه‌ندێك جار به‌هۆی مه‌رامی كه‌سی ووشه‌كان وایان لێدێت هه‌ڵه‌ له‌ هزری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا دروست ئه‌كات و ده‌ره‌نجام ترس و دڵه‌ ڕاوكێ بڵاو ئه‌كاته‌وه‌ .
ره‌نگه‌ له‌یادمان بێت كه‌ هه‌موو ساڵێك ده‌نگۆی له‌ناوچوونی هه‌ساره‌كه‌مان بڵاو ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر له‌ ده‌ركه‌وتنی كلكداری هالی بۆب له‌ سالی 1994 و پاشان هه‌والی به‌ركه‌وتنی به‌ردێك له‌ساڵی 1997 شوماخر لیفی كه‌ به‌ر موشته‌ری كه‌وت و پاشان ده‌نگۆی له‌ 2012 كۆتایی هه‌ساره‌كه‌مان و پاشان به‌ركه‌وتنی موشه‌كێك به‌ر هه‌ساره‌كه‌مان له‌م سالانه‌ ,كه‌ ئه‌مانه‌ش ده‌ره‌نجامی چه‌ند ووشه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ وه‌رگێردراو پاشان گه‌وره‌كردنی هه‌ڵه‌كه‌ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی , بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ تاكی كۆمه‌ڵگا بكرێته‌وه‌ كه‌ توشی چی ئه‌بێت كاتێك له‌ژێر ره‌حمه‌تی دوا ووشه‌كانی نوسه‌رێك بێت كه‌ به‌هۆی مه‌رامی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ بابه‌تێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و كه‌ی بیه‌وێت هه‌واڵی له‌ناو چوونه‌كه‌ بڵاو ئه‌كاته‌وه‌, سه‌ره‌نجام نه‌ هه‌واڵه‌كه‌ و نه‌ بابه‌ته‌كه‌ش ڕاست نه‌بوو!!!!!؟.
كاتێ زانایان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ هه‌ساره‌كه‌مان به‌ر له‌ 4.6 ملیار ساڵ دروست بووه‌ و به‌چه‌ندین گۆڕانكاری تێپه‌ر بووه‌ تاكو گه‌یشتۆته‌ ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی ئێستاكه‌ و ژیانی تێدا فه‌راهه‌م بووه‌ . ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و هه‌قیقه‌ته‌ زانستیه‌ لا بده‌ین كه‌ بمانه‌وێت له‌ماوه‌یه‌كی كورت بزانین به‌ چ هۆكارێك ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ له‌ناو ده‌چێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ند مانگێك گریمانه‌یه‌كی بۆ دابڕیژرێت بۆ له‌ناو چوونی بیكه‌یته‌ پڕوپاگه‌نده‌ی له‌م چه‌شنه‌ و دووباره‌ بیلێیته‌وه‌ :

  • كاتێك تۆ بته‌وێت له‌ناوچونی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ په‌یوه‌ست بكه‌یت به‌ گه‌لی مایا كه‌ گوایه‌ ئه‌وان له‌ بواری ئه‌ستێره‌ناسی جێ په‌نجه‌یان دیار بووه‌ ورۆژمێریان دا هێناوه‌ و له‌م ڕێكه‌وته‌ كۆتایی دیت كه‌ ئه‌مه‌ش هیچ راستیه‌ك هه‌ڵناگرێت .
  • یاخود ڕیزبه‌ندی هه‌ساره‌كان بكه‌یته‌ هۆكار گوایه‌ هه‌موو هه‌ساره‌كان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵن ئه‌مه‌ش بكه‌یته‌ ترسێك بۆ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ نه‌خوازراوه‌.
  • بێیت گه‌رمی خۆر به‌ چه‌ند چركه‌ ساتێك به‌ ووشه‌ بكه‌یته‌ به‌سته‌ڵه‌ك و گوایه‌ هۆكاره‌ بۆ له‌ناو چوونی ژیان هه‌ساره‌كه‌و مرۆڤایه‌تی .
  • یاخود هه‌سارۆكه‌ی (نیبرۆ ) كه‌ له‌ سه‌رده‌می بابلیه‌كانه‌وه‌ به‌ر له‌ 3000 ساڵ گریمانه‌یان بۆ كردبوو . بمانه‌وێت له‌م ماوه‌ كورته‌دا به‌دیاربكه‌وێت و خۆی به‌زه‌ویدا بكێشێت و هه‌ساره‌كه‌مان وێران بكات و هه‌موو ساڵێك نیبرۆ دوباره‌ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌تله‌سی فه‌له‌كیدا بوونی نیه‌ .
    ره‌نگه‌ ئێمه‌ ئێستاكه‌ دوای چه‌ندین سال بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ چۆن بڕوامان به‌م كۆمه‌ڵه‌ گریمان و پێشهاته‌ كردبێت و دڵه‌ڕاوكێمان بووبێت ئه‌وسا بۆ هه‌ساره‌كه‌مان له‌ناوبچێت , به‌ڵام له‌ڕاستیدا كاتێك كه‌لێنی زانست له‌بواری ڕاگه‌یاندن بوونی هه‌بێت ڕه‌نگه‌ ووشه‌ كاریگه‌ری خۆی بكات به‌ هه‌رچه‌شنێك بێت . لێره‌دا ئه‌وهه‌قیقه‌ته‌ به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌بواری زانست پێویستیه‌كی گرنگه‌ له‌نێو ڕاگه‌یاندنی كوردیدا له‌ ئێستاكه‌دا بوونی هه‌بێت, تا جارێكی تر كۆمه‌ڵگاكه‌مان توشی هه‌ڵه‌ و ترسێكی له‌م چه‌شنه‌ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ده‌نگۆی له‌ناوچوونی هه‌ساره‌كه‌مان به‌چه‌ند ووشه‌یه‌كی ئه‌ستێره‌ناسه‌كان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كاندا بڵاونه‌بێته‌وه‌ هه‌ساره‌كه‌مان دووباره‌ له‌وێران بوونی ووشه‌ بپارێزرێت !!

هه‌رێم عمر كاكل




ئافرەت لەنێوان توندوتیژی و ململانێی کۆمەڵگە.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

دەقی ئەم چەمکەی سەرەوە دەتوانین بڵێین پێکدێت لەو كردە توندوتیژییانەی بە شێوەیەكی سەرەكی دژی ژنان و كچان ئەنجام دەدرێت و ئەم جۆرە توندوتیژییانە بە جۆرێك لە جۆرەكانی تاوانی كینەیی دادەنرێت كاتێك بە تایبەتی ئاراستەی ژنان و كچان دەكرێت لەبەر ئەوەی كە رەگەزی مێن. توندوتیژییەكانی دژی ژن مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، ڕووداو و ڕادەی توندێتی كردەكان لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر و لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تریش دەگۆڕدرێت. ئەم كردە توندوتیژییە بە ڕێكار و شێوازێكی چەوساندنەوە و داپلۆسینی ژن دادەنرێت چ لە كۆمەڵگە یان پەیوەندی تاكەكەسی دا بێت و دەكرێت هۆكارەكەی بگەرێتەوە بۆ هەستی (خاوەندارێتی، باڵادەستی، سروشتێكی دەروونی توندوتیژانە و كینەیەكی زكماكی) بەرامبەر بە ژن لەلایەن كەسی توندوتیژەوە.
ڕاگەیاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت “توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژوویە نایەكسانەكانی نێوان ژن و پیاو وە توندوتیژی دژی ژنان یەكێكە لە رێكار و شێوازە سەرەكییەكان كە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێكی نزمتر و كەمتر بە بەراورد بە پیاوان.”سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆفی ئەنان لە ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠٠٦ كە لە ئابوونەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژنان بڵاوكرابووه‌وە ڕایگەیاند: توندوتیژی دژی ژنان و ژنان كێشیەكی گشتگیرە و لە جیهان دا بەلایەنی كەمەوە هەموو سێ ژنێك دانەیەكیان ڕووبەڕووی لێدان، سێكسی زۆرەملێ یان دەستدرێژی بووتەوە لە خاڵێك لە خاڵەكانی ژیانی دا كە زۆرجار كەسی دەستدرێژیكەر كەسێكی ناسراوی ژیانی ژنەكە بووە.
توندوتیژی دژی ژنان دەچێتە خانەی چەند پۆل و بوارێكەوە وە توندوتیژی لەلایەن تاكەكەس و دەوڵەتیشەوە ئەنجام دەدرێت. هەندێك لە جۆرەكان كە لەلایەن تاكەكەسەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەكردن، توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێكسی، منداڵ خستنەوەی زۆرمڵێ، كوشتنی كچە ساواكان، دیاریكردنی ڕەگەز پێش لەدایكبوون و توندوتیژی پێش لە دایكبوون) و هەروەها كردە باو و نەریتییەكان وەك (كوشتن لەسەر نامووس، توندوتیژی لە كاتی دەستگیرانی دا، خەتەنەكردنی ژنان، هاوسەرگیری لەڕێی فڕاندن و هاوسەرگیری زۆرەملێ). ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن هەندێك لە دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەكردن لە كاتی جەنگ دا، توندوتیژی سێكسی و كۆیلەكردنی سێكسی لە كاتی ناكۆكییەكان دا، نەزۆك كردنی زۆرەملێ، منداڵ لەباربردنی زۆرەملێ، توندوتیژی لەلایەن پۆلیس یان كەسانی دەسەڵاتدار، بەردبەباران كردن و بەقامچی لێدان) و چەند شێوەیەكی تری توندوتیژی وەك بازرگانی كردن بە ژنان و لەش فرۆشی زۆرەملێ كە ڕێكخراوە لەلایەن تۆرە تاوانكارییەكانەوە.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهنی (World Health Organization – WHO) لە لێكۆڵینەوەكانی دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان هەستاوە بە هەڵسەنگاندن و پۆلێن كردنی شێوازە جیاوازەكانی توندوتیژییەكە كە ڕوودەدات بە درێژای قۆناغەكانی ژیانی ژنان لە پێش لە دایكبوونییەوە تا تەمەنی پیری.

شک ڵەوەدانیه که ئاستی کولتووری و روشنبیریی خه‌ڵک و کۆمەڵگا له‌پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ پرسی یه‌کسانی و مه‌سه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا له‌خوارەوەدایە‌. توندوتیژی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاوە، توندو تیژی دژی ژنان لەزۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا باوە جگە لەئاینی سەپێندراو و نزمی ئاستی هۆشیاری تاکەکان لە کۆمەڵگا و ئەو داب و نەریتەو سیستمە کۆنە کەبەدرێژایی مێژوو ولاتان توشی بوون. توندو تیژی دژ بە ژنان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەدی دەکرێت ،بەڵام ئاستی ئەو توندو تیژیانە لە کۆمەڵگەیەکدا بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە. بەو مانایا کە توندو تیژی لەو وڵاتانەی که دیمۆکراسی تیاندا بەر چاوەو لە ئاستێکی باشی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدان ، بەدیدەکرێت، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە کە لە وڵاتانێک کە قانون و یاسا حاکمە، رێگە بە هیچ توند و تیژیەک نادرێت و مافی ژنان و پیاوان لە یاساکان مسەوگەر کراوە و لەوانەشە لە هەندێک بواردا مافەکانی ژنان لەو وڵاتانەدا زیاتر بێت لە مافەکانی پیاوان ، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگا سونەتیەکان، یاساکان لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەب دارێژراون کە لە زۆر بواردا دژیاتی هەیە لە گەڵ یاساکانی مافی مرۆڤ. دیاردەی توندوتیژی دژ بەژنان پیوەندی نیە بە کومەڵگایەکی تایبەت واتە دەسەلاتی سیاسی یان کومەلایەتیەکی تایبەت بەڵکوو لە هەمو کومەڵگایەکی مروڤایەتی بەر چاو دەکەوێت. توندوتیژی لە دژی ژنان دیاردەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵگەی جیهانییە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەبیانووی نەپاراستنی بەهاکانی نێو بنەماڵە، بە توندترین شێوە ئازار دەدرێن تەنانەت دەکوژرێن. ژنی کورد بە هۆی نەریتی پیاوسالاری و سیستمی سیاسی و سیستەمی ئاینی بارودۆخێکی باشی نییە. لە جاڕنامەی پێشگیری لە توندتیژی دژی ژنان پەسندکراوی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتوە، مەبەست لە “توندوتیژی دژی ژنان”، هەر کردەوەیەکی توندوتیژ لەسەر بناغەی جنسیەتە کە ببێتە هۆی ئازاردان و زیان پێگەیاندنی جەستەیی، جینسی، یان دەروونیی ژنان، وەک لێدان، هەڕەشە، بێبەشکردنی زۆردارانەی ئەوان لە ئازادی، زۆری لێ کردن و هتد کە لە ریزی رەفتار و کردەوەی توندوتیژدان”.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر




کۆتایی من.. ستیڤان شەمزینی

کۆتایی من ئەکەوێتە
دەستپێکی وەرزە ئاڵەکانی عەدەم
هەر ئەو دەمەی تاریکی
چاوی شەمعێک کوێر ئەکات و
ئەو دەمەی ئاو گڕ لە خۆی بەرئەدات
منیش کۆتاییم دێ
کۆتاییهاتنم ئەکەوێتە
دوا وەرزی چاوەڕوانیی بەساڵاچووم و
لە هەڕاجکردنی تەمەنم
لە بازاڕە چۆڵەکەی مردندا دەستپێئەکا
کۆتاییم لە دوا دێڕی قەسیدەیەکدا
خۆی حەشارداوە و
بە دوا قەترە خوێنم نوسیوومە
ژیان دڕکێک بوو لە رۆحم چەقی
کۆتاییم لە سەرەتای ئەو گەمەیەوە دەستیپێکرد
تۆ ناوتنا عەشق و
منیش بە گەمە شەرحنەکراوەی مەحاڵ
پێناسەم کرد
کۆتاییم ئەو شەوە شەختەیە بوو
لەگەڵ بارانی هاوڕێما هاتم و
وەک کۆترێک
لەبەردەم پەنجەرەی بێ مرووەتیتدا هەڵتروشکام
کۆتاییم ئەو رۆژە تەڵخە بوو
بەدەم سەفەرێکەوە رژام
بەدیار تەنهایی و خەونێکی پیرەوە
بوومە سەراب
کۆتایی من ئەو ئێوارە مەلولە بوو
دڵم سەرتاپا بوو بە سەحرا و
ئاسمانی دڵم بە بێدەنگییەکەت
ببووە گۆڕستانی ئەستێرە و مانگ
کۆتایی من ئەو سپێدە دڵتەنگە بوو
بە ئازارەکانی وجوددا هەڵزنام و
لە بەرزایی چیای وەهمەوە
بەربوومەوە بۆ نێو کۆشی هەقیقەت
کۆتایی من نیوەڕۆیەکی فێدارە
تیایدا برینی خەمگینیم ئەکولێتەوە و
قورگم لێوانلێو ئەبێت
لە نۆتەی رەشپۆش و گرینۆک
کۆتایم زەردەپەڕێکە پەرداخی ئەوینم
سەرەوڕێژ ئەبێ لە وەحشەت و
تۆوی فەنابوون
لەسەر بست بە بستی
ئارەزووە پەمەییەکانم ئەڕوێ
کۆتایم ساتێکە گێژەڵووکەی دووریی
ماڵی عەشقی پەرش و بڵاو کردەوە و
شێرپەنجەی گوومان
هێشووی هەموو یەقینەکانمی داڕزاند
کۆتایی من ئەو چرکەساتەیە
پێکەنینەکانم رەنگی گۆڕستان ئەگرن و
دڵە کریستاڵییەکەم لەژێر هەوری دڵڕەقییەکانتا
هەپروون هەپروون ئەبێ
کۆتایی من ئەو زەمەنەیە
ژوانگەکان ئەبنە سەنگەری سەربازەکان و
شاری قاقا و خەنینەوەمان
پڕ پڕ ئەبێت لە ترس و بێدەنگی
کۆتایم لەو عەسرەدا ئەبێ
پەپولە بەتۆمەتی بۆنکردنی گوڵ
لەقەنارە ئەدرێ و
ئەهریمەن روناکی ئاتەشگای عەشق
لە رەنگی قەترانی تاریکی هەڵئەکێشێ


هاوینی 2013
تاران – شەهریار

  • هوتێل باغ گێلاس –



سەمای پشەسور.. عەلی حەمەڕەشید

پشەســـــور برسی بوو
ھات بۆ لام ،بە میاو میاو
منیش چـــووم، خواردنم
بۆ ھێنا ،لەگــــەڵ ئاو
کەتێربوو، یەک دووجار
لەســـەریەک ،میاوانی
ھەرسەیری ،دەکــــردم
بـــــــۆ منی، دەڕوانی
ئیتر ئەو ،وەک جـــاران
کەوتەوە ،سەمــای خۆی
گــــــۆرانیم، بۆ دەوت
چەپڵـــەم لێ، دەدا بۆی
منداڵان ،پەیدابـــــوون
ورد و جــــوان ،نەشمیلە
ھــاتبوون، بۆ ســـەیری
سەماکـــــــەی، پشیلە
پشەســور، بە میاو میاو
خەریکی، سەمـــــابوو
ئەوانیش، چەپڵـــەیان
لێدەدا ،ھەرھـــــەموو

٢٠٢٠/٧/٢٧