یەک دیمەن و دوو نیگا.. بەکر ئەحمەد

دیمەنی یەکەم:
لە ماڵە گەوەرەکەی حاجی سەعیدی خەراجیانیداین لەسەر شەقامی کەریمی عەلەکە. ئێوارەیەکی درەنگی پاییزە و ماهیرەی حەمە تۆفیق بە قابلەمەیەکی پڕ لە ئاوی گەرمەوە دەگاتە بەردەم بەلووعەی حەوشەکە . من خەریکی گۆرەوی شتنم. ماهیرە لەولامەوە، لە ژێرلێوەوە بیسمیللایەک دەکات و قابلەمە ئاوە گەرمەکە دەڕێژێتە حەوزۆچکەی ژێر بەلۆعەکەوە.
حاجی ئامینی خاوەنماڵ دیمەنەکە دەبینێت و لە کۆمێنتاریکی گڕداردا کە لە دڵ دەدات دەلێ: کوێرایت دابێ! خۆ تۆ دایکی کۆشێ منداڵیت. بۆ دەتەوێ منداڵەکانت شێت و شەپۆڕ بن. بۆچی وەک بەشەر بیسمیللا ناکەیت و ئەو بەڵایە لە کۆڵی خۆت و منداڵەکانت ناکەیتەوە. مەگەر نازانیت لەگەڵ ڕشتنی ئاوی گەرمدا دەبێ بیسمیللا بکرێت تا جنۆکەکان لە خۆت نە ئاڵۆزێنێ؟
ماهیرە بە زمانێکی میهرەبانانە ترەوە دێتە وەڵام و دەڵێ: بڕوا بکە بیسمیللام کرد، رەنگە تۆ گوێت لێنەبووبێ!
ئەی جنۆکەکان چۆن گوییان لێ بێت کاتێک من لە تەنیشتتەوە گوێم لێ نییە؟ کچم من بۆ خۆتمە. سووتاندن و ئازاردانی یەکێک لە جنۆکەکان کارەساتی خراپی لێکەوتۆتەوە و من نامەوێ تۆ وەک دایکی کۆشێ منداڵ، دووچاری ئەو حەرامزادانە بیت.
گێرانەوەی حەکایەتی جۆراوجۆری فلانە دایك کە ئاوی ڕشتووە و بیسمیللای نەکردووە و یان وەک دۆخەکەی ماهێرە بیسمیللاکە نەتوانراوە ببیسترێ، بە شێتبوونی کوڕ و کچەکانی تەواو بووە ، بەشێک لە قسەکانی حاجی ئامینە کە کاتێکی زیاتری بەردەم بەلوعەکەی ئەوئێوارەیەی من داگیردەکات.

دیمەنی دووەم:

“هاوین لە کەناڵی یەک”ی ڕادیۆی سوید، بەهێزترین بەرنامەکانی ڕادیۆیە لە سویددا. هەموو ساڵێک کۆمەلێک ناو و کەسایەتی گەورە و بچووک لە پرۆگرامێکی سەعاتیدا، بابەتێکی تایبەتی ژیانی خۆیان دەگیڕنەوە کە ملیۆنەها لە خەلکی سوید وادار بەگوێگرتن دەکەن و لە رۆژنامە گەورەکانی سویدەوە رانان و لێکۆڵینەوە بۆ قسەکەرانی هاوینی سوید دەکرێت.
لە سێی ئابی 2021 یە ئەمساڵدا، سەرەی “تاریق تایلەر ساڵح” بوو. یەکێک لە ڕووخسارە ناسراوەکانی چیشتلێنان لە سویددا. ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا بە شێف بانگدەکرێن لەمڕۆدا.
لە سەرەتای بەرنامەکەیدا کە قسە لەسەر کاریگەریجێهێشتنی رووداو و کەسایەتییەکانی دەوروبەری ئێمەن لەسەر خودی ئینسان خۆی، تاریق سەرگوزشتەیەکی سەیر دەگێڕێتەوە کە واهییە.
لە پایزی 2013 دا ، تاریق لە گەڵ تیمی تەلەفیزیۆنی سویددا، بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تایبەتی خواردندروستکردن دەچن بۆ شارۆچکەی “یۆک موک” . لەوێ لەگەڵ “گرێتا هوڤا” کە یەکێک لە ناودارەترین شیفەکانی خواردنی “سامەکانە” کە کەمایەتییەکی ئەتنی باکوری سکاندیناڤیان، بە تەمان بەرنامەیەکی تایبەتی دروست بکەن.

بەهۆی هەندێ گرفتی هات و چۆووە، تۆمارکردنی بەرنامەکە دەخرێتە رۆژی دوایی و بەڵام کردەی خواردندروستکردن لە جەنگەلەکانی “یوک موک”دا تا ئیوارەیەکی درەنگ درێژە دەکێشێت.
تاریق دەڵێ: گریتا خواردنێکی تایبەتی سامەکانی دروستکرد. کولاندنی پەتاتە لە خوێوئاودا و بەکارهێنانی بەشێک لە خویوئاوی پەتاتەکە بۆ شلەیەکی تایبەتی و رشتنی بەشی زیادەی خوێوئاوی پەتاتەکە لە دارستانەکەدا.
تاریق دەڵێ: کاتێک گرێتا لە پیشمەوە ڕێیدەکرد بۆ ڕشتنی ئاوەگەرمەکەی ناو قابلەمەکەی دەستی، ئەو دانەوییەوە و ورتە ورتێکی لێوە هات. پێموت: هیچ تێنەگەیشتم، چیت وت؟
تاریق دەڵێ: گرێتا وتی: شتێکی وانەبوو، تەنها بەو خەڵکە وردیلانەی ژێرگژوگیای بەردەمی خۆم وت کە ئاگاداربن!ئێستا ئاوێکی لەکوڵ بەڕێوەیەو ئاگایان لە خۆیان بێت!
ئەوەی کە تاریق لەبەرنامەکەدا دەیگیڕیتەوە ئەم گۆشەنیگایەی گرێتایە بۆ پەیوەندی نیوان ئینسان و سروشت: کە ئێمە سەروەری سەر ئەرز نین و ئینسان لە پەیوەندییەکی هارمۆنیئاسادا لەگەڵ سروشتی دەورووبەری خۆیدا دەبێ پەیوەندی بسازێنێ و رێز بۆ ئەم پەیوەندییە دابنێ. ئەوەتانێ کار و کردەوەکانی ئینسان کاریگەری لەسەر دەوروبەر جێدەهێڵێت و ئینسان ناچاردەکات بە چاوێکی دیکەوە لەم پەیوەندییە بنواڕێ. هەموو جەدەلی ژینگە و گەرمبوونی پلەکانی گەرمای سەر کۆی زەوی لەسەر تێکچوونی ئەم پەیوەندییەی نێوان ئینسان و سروشت لەمڕۆدا ڕاگیراوە و لە دایکبوونی دیدێکی هیومانیستی ئیکۆلۆجیانە لەبەرانبەر سروشتدا، دەهێنێتە ئاراوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سامەکان و کوردەکان بە دوو خەلکی نزیک لە سروشتەوە دەناسرێن.
کەچی لای ئەوان ڕشتنی ئاوی گەرم دەبێتە دووبارەسەرنجدانەوە لە پەیوەندی نێوان خودی ئینسان و دەوروبەری و تێروانینێکی ئینسانی تر دەخاتە بەردەمی ئینسان کە هەموو کاروکردەوەیەکی ئەو کاریگەری لە دەوروبەر دادەنێت و ئینسان دەبێ ئەم پەیوەندییە بپارێزێت.
لای کوردیش هەمان دیاردە، دەبێتە کاردانەوە لە بەرابەر چۆنێتی خۆپاراستن لە بەرنابەر دوژمنێکی نەبینراودا. ئیتر جێگاو ڕێگای ئەم ئینسانە لە ناو سروشت و دەوروبەرەکەیدا ، لە بەرانبەر ئەو جنۆکانەیشی کە دەکرێ موسوڵمان بن، هیچ مانایەک پەیدا ناکات.

بەکر ئەحمەد
2021-07-06




ئێمه‌ كه‌ به‌ خێرایی شه‌ڕ گه‌وره‌ بووین.. فله‌یحه حه‌سه‌ن‌ – و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئێمه‌ كه‌ به‌ خێرایی شه‌ڕ گه‌وره‌ بووین
قه‌ت خواوه‌ند لێی نه‌پرسین ، كه‌ تۆوی چاند و
وتی : ببن و بووین
مناڵانێك لاڵه‌پته‌ به‌ چرپه‌ی ماڵه‌ نووستووه‌كان
به‌ره‌و قوتابیخانان ڕا ده‌كه‌ین
ده‌وره‌دراو به‌ دوعای دایكان له‌ ترسی هه‌موو شتێك ..
به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌
ژیانی هه‌موومانی
له‌ ڕسته‌ خنكێنه‌ره‌كه‌یا كۆ كرده‌وه‌ :
(( پاش ده‌ ڕۆژی دی ،
دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێینه‌وه ‌))
(نازه‌نین) به‌ شێوه‌ تام كوردییه‌كه‌ی وای وت
ئێمه‌ی قوتابیش
له‌ گۆڕه‌پانی به‌ڕیزوه‌ستان كۆ ببووینه‌وه‌
ڕۆح داچه‌قیو
سه‌رسام و ترساو ..
ڕۆژگار درێژ بوونه‌وه‌ و بوون به‌ ساڵ
په‌رت و بڵاو بووین
كوڕان بۆ گۆڕه‌پانی هاڕین
كچانیش به‌ره‌و كۆسپه‌ی چاوه‌ڕوانی ..
براده‌ره‌كانم هه‌رگیز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌
پاشماوه‌كانیان سندووقه‌دار كۆی كردنه‌وه‌
كه‌ به‌ كونی جودایی ڕازێنرابوونه‌وه‌
دایكیشم وه‌ك ئێمه‌
دووچاری چاوه‌ڕوانی ببوو
داده‌نیشت چاوه‌ڕوانی باوكمان له‌گه‌ڵ به‌ش بكا
كه‌ جارێ دێته‌وه‌ و
چه‌ندان جار ده‌ڕوا
ناشزانین بۆ كوێ ..
ئه‌گه‌ر بیویستبا
خۆی له‌ پرسیاره‌كه‌ به‌ دوور بگرێ
ده‌یگوت : بۆ به‌ره‌یه‌كی جوولاو .
وامان لێ هات ڕۆژه‌كانمان كۆ ده‌كرده‌وه‌
به‌ زۆر به هه‌شت ساڵنامه‌ له‌ خوێن له‌به‌ر ڕۆیشتندا ‌
ده‌نووساند
تا وامان لێ هات
چاومان به‌ خۆڵی گۆڕستانان ده‌ڕشت
چیتریش به‌ده‌ر له‌ لافیته‌ی
( بژی سه‌رۆك) نه‌بوو
ئینجا به‌ ڕاستیش زۆر ژیا
تا شه‌ڕ به‌ شه‌ڕ بدروێته‌وه‌
پوریشم ڕۆژه‌كانی خۆیم بۆ ده‌ژمێرێ
كوڕه‌كانی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌
هه‌موویانی له‌ یه‌ك پرسه‌ و
بێده‌نگییه‌كی درێژ كۆ كرده‌وه‌ ..
…………
…………

به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ شه‌ڕدا ده‌رچووین
هههههههههههههههههههههههههههههههههه
سه‌رۆك وتی :
با بچینه‌ شه‌ڕی دووه‌می
سه‌ربازه‌كان هیچیان له‌باره‌ی
ئاڵاهه‌ڵگره‌وه‌ نه‌ده‌زانی ..
………………
دایكم (نیتاق)ی براكه‌می ده‌ژماردن
ده‌شیزانی شه‌ڕ
له‌ گه‌مه‌یه‌كی دۆڕاو زیاتر نییه ..‌
برسی ده‌بین
ئێمه‌ برسی ده‌بین
ورگی سه‌رۆكیش گه‌وره‌ ده‌بێ
له‌ ئیستگه‌كانا به‌ گریانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ :
به‌ته‌نێ قاتێكم هه‌یه‌
له‌ پشتیه‌وه‌ش
به‌ فڕۆكه‌یه‌كی زێڕكفت
ژن بۆ كوڕه‌كه‌ی دێنێ ..

……………..
مه‌ترسه‌

هاوسێكه‌م
ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر شانی كوڕه‌كه‌ی
به‌ زیندوویی له‌ شه‌ڕ هاتمه‌وه‌
ده‌شمێنم
پێش ‌ به‌یانیدان به‌ره‌و نه‌خۆشخانان ڕا ده‌كا و
هه‌ندێ له‌ خوێنبه‌ره‌كانی
ده‌كاته‌ پاره‌ و ڕه‌وانه‌ی ده‌كا ..
…………….

خوشكم داده‌نیشێ كۆرپه‌كه بنوێنێ
گۆرانی بۆ ده‌ڵێ :
ده‌مه‌وێ شه‌ڕ نه‌یه‌ته‌وه و
تۆم بۆ بهێڵێته‌وه
جێی كۆچكردوو كه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌
بۆ
پڕ بكاته‌وه‌
‌ مه‌به‌ستی باوكییه‌تی
شه‌هیدی شه‌ڕان ..
به‌ڵام شه‌ڕ به‌دفه‌ڕه‌
ڕیاكاره‌
بۆ فرت و فێڵ داڕێژراوه
گوێ ڕاده‌دێرێ‌
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ بوونی مناڵه‌كه‌
دێ ده‌یڕفێنێ
تۆ تێر نابی ؟
داخۆ ڕۆژێك نایێ
هه‌ندێ له‌ خانه‌واده‌كه‌مان
_ وه‌ك خه‌ڵكی ئێره‌ _
به‌ ئارامی تێیدا بژین ؟
داخۆ ڕۆژێ نایێ
له‌ په‌ڕاوی ژیاندا
هه‌ندێ ئومێدی تیا ببینین
بووبێته‌ ڕاستی ..؟
تۆ ژن نیت
تا ڕوو به‌ ڕوو له‌گه‌ڵت بدوێم
ناوی ئاماژه‌ی (ئه‌و)یش لایق به‌ تۆ نییه‌
تۆ له‌ خراپكارێكی ڕه‌ها زیاتر نیت .

ئاماژه‌
• فله‌یحه‌ حه‌سه‌ن : شاعیریكی عیراقییه‌ ، له‌ شاری ( نه‌جه‌ف ) له‌ دایك بووه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ك مامۆستایه‌تیكردووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دواناوه‌ندییه‌كانی كچان . ماسته‌ری له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌ . تا ئێستا ژماره‌یه‌ك كۆشیعری بڵاو كردوونه‌ته‌وه . یه‌كێكه‌ له‌و ژنه‌شاعیرانه‌ی تراژیدیا له‌ قه‌سیده‌كانیدا ون نییه‌ ، بۆیه‌ هه‌ندێ له‌ ڕه‌خنه‌گران به‌ شاعیری سه‌رده‌می شه‌ڕ ناوی ده‌هێنن .‌
حاڵی حازر له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌( نیۆگێرسی) ده‌ژی .
ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی ( الحوار المتمدن)ـه‌وه‌ ژماره‌ 4597
له‌ 8/10/2014 كراوه‌ به‌ كوردی .
بڕوانه‌ :

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=436179




فلاشباک.. بەشی یەکەم– نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوەی ئەزموونی تاکە کەسێک، بەتەنێ خوێندنەوەی روئیا و بیۆگرافی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو لەو رێگەیەوە بە زەمەن و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تێرمی بیرکردنەوەی ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراوش ئاشنا دەبین، بە مانایەکی تر ئەشێ بتوانین زۆر هەڵهێنجانی فکریی و سۆسیۆلۆژیی لە خوێندنەوەی ئەزموونی کەسێکەوە دەستبخەین. لەو باوەڕەدام ئەم جۆرە ئەزموونانە یارمەتی باشی توێژەران دەدا بۆ ناسینەوەی قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی نزیک. ئەوەی من نوسیوومە بۆ ئەو کاتە تەنیا رەشکردنەوەی لاپەڕە بوو لەلایەن گەنجێکی پڕ حەماسەوە بۆ کاروچالاکی رۆشنبیریی تەنانەت بۆ شۆڕشیش، بەڵام بۆ ئێستا ئەشێ ماددەی خاو بێ بۆ لێکۆڵەران بە مەبەستی ناسینەوەی شەقڵی نەوەی یەکەمی دوای راپەڕین. لە پەنا ئەمەشدا بۆ دیاریکردنی ئاستی گەنجانی ئەو زەمەنە، جیا لەمەش تێگەیشتن لە خەون و خەیاڵاتی گەنجانی ئەو ماوە دیاریکراوە.
ئەوەی من لە دەفتەری رۆژانەی خۆمدا تۆمارم کردووە، زۆر لەمە زیاترن لێرەدا هەن، بەڵام هەوڵمداوە چەند بەشێک هەڵبژێرم، تاکو بگاتە بەردەمی خوێنەر، لەبەرئەوەی هەموو بەشەکان پێکەوە دەبوونە درێژدادڕییەکی ناپێویست و هاوکاتیش هەموویان شایانی بڵاوکردنەوە نین. لێرەدا خۆم بە ئەنقەست پەڕاوێزم بۆ ناوی کەسایەتی و هەندێ رووداو دانەناوە، چوونکە ناخوازم وەک بابەتێکی مێژوویی سەیری بکرێ، بە قەدەر ئەوەی بۆم گرنگە وەک ئەزموونێک لێی بڕوانرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی مێژوویی نووسراوەکان و ئاستی رۆشنبیریی و تەمەنی نووسەر کە ئەوسا خوێنەرێک بووە یان لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووە.
پێم خۆشە خوێنەری کوردیش ئاشنا بێت بەم جۆرە لە فەرهەنگی نووسین، نەک تەنیا مێژووی رووت وەک پانۆرامای رووداوە گەورەکان، کە دواجار دەبێتە حکایەتێکی خۆش و بابەتی شەوچەرە، بەڵام ئەم تەرزە نووسینانە تایپێکی ترن، خوێنەر فێری بیرکردنەوە و تێڕامان دەکەن، بە دیوێکی تریشدا ئەزموونی نەوەی ئێمە رەوانتر دەگاتە نەوەی دواتر و ئێستاش. دەتوانم کارەکەم ناوبنێم نووسینەوەی وردە مێژوو، گرنگ ئەوەیە توێژەری زرنگ پەیدا بن، بتوانن کەشفی بەهای گرنگ بکەن لەم ئەزموونە تاکەکەسییەوە، سیمای نەوەیەکی پێ بناسنەوە کە ناومناوە نەوەی بەدبەختییەکان، چوونکە ئێمە نەوەیەک بووین لە نێو کورەی شەڕی ناوخۆ و ئابڵوقەی ئابووریدا ژیانمان لێ تاڵ کرابوو، هەستمان بە پووچی هەموو شتێک دەکرد، لە پێش هەموو شتێکیشەوە ژیانمان بە پووچ دەزانی.
بەهەرحاڵ ئەمە ئەزموونی منە، دڵنیام هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی ترم ئەزموونی دەوڵەمەندتریشیان هەیە، بەڵام من سەردەقی کارەکەم شکاند بی ترس و رارایی، بێ دەستکاریی و ئیزافەکاریی، یادداشتەکانی رۆژانەی خۆمم خستە بەر چاوی خوێنەران. هیوادارم هەوڵەکەم کۆتا کار نەبێت لەو نێوەندەدا، بەڵکو ببێتە جۆرێک لە هاندان بۆ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانم ئەزموونی خۆیان بنووسنەوە یان ئەگەر شتێکی هاوشێوەی ئەمەی منیان هەیە، بڵاوی بکەنەوە، چوونکە وەک هێمام بۆ کرد ئەمە بە تەنیا ئەزموونی کەسێک نابێ ئەو کاتەی بگاتە دەستی خوێنەران، بەڵکو دەبێتە بابەتێک کە مێژوو و ئەدگاری نەوەیەکی کڵۆڵی پێ دەناسرێتەوە. بایەخەکەشی زیاتر بۆ توێژەرانی کۆمەڵناسییە کە دەبێتە ژێدەرێکی بەپێز بۆ لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییەکانیان. رەنگبێ زۆر سوودی تری هەبێ بۆ لێکۆڵەرانی تر، کە لەوانەیە ئێستا بە هۆشی مندا نەیەت. گرنگ ئەوەیە کارەکەم خستۆتە بەردەم خوێنەران، ئیدی لەوە بەدوا چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت نازانم.

-1-

ئەمڕۆ هەست بە ماندووبوون دەکەم، هەم جەستە و هەم دەروون و مێشکم ماندوون. دوێنێ مەراسیمی یادی دامەزراندنی حزب لە سەهۆڵەکە بەڕێوە چوو. کارکردنمان بۆ سەرکەوتنی ئاهەنگەکە زۆر ماندووی کردین. ئەگەرچی لە ناوەڕۆکی وتارە سواوەکان زۆر بێزار بووم، بەڵام هێشتا ئەم چرا کزە بە تاقانەترین تروسکە دەبینم. ناسیۆنالیزم و دین، دەستیان ناوەتە قوڕقوڕاگەی مرۆڤی کوردەوە، هەر دوو رەوتی کوردایەتی و ئیسلامی، لە خوێن و کابووس و فرمێسک زیاتر، شتێکی دیکەیان بۆ کۆمەڵگە پێ نەبووە و نییە، لەم سۆنگەوە کۆمۆنیزم تاکە رێگا چارەیە. رەنگە ئەم وتەزایە لە خۆیدا تاکڕەهەند و دۆگمایانە بێتە پێش چاو، بەڵام واقیعی حاڵیشە.
دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە، لەگەڵ هاوڕێیان “نەورۆز جەزا، سروود خالید، ئاسۆ عوسمان” جەدەلێکی زۆرمان کرد. ئاسۆ و سروود لە سەنگەری داکۆکیدان لەم سیاسەتەی ئێستای حزب، نەورۆز و من، رەخنە لەم شێوازە لە تێفکرین و کارکردنی سیاسیی دەگرین. ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات، حزب دەبێتە دەزگایەکی مردوو و بەرهەمهێنی لۆمپنیزمی سیاسیی. ئەوەی من تەرحم کرد، دیدێکە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی روانگەی “لوی ئاڵتۆسێر”، ئەوەی ئەوانیش داکۆکیی لێدەکەن بە تەنێ جووینەوە و دووبارەکردنەوەی تێزەکانی هاوڕێ “مەنسوور حیکمەت”ە.
برادەران وا دەزانن لە سیاسەت بێزارم، نا مەسەلەکە بەم شێوەیە نییە، ئەنگڵس وتەنی “دوورکەوتنەوەی هەمیشەیی لە سیاسەت کارێکی مەحاڵە، تەنانەت هەموو رۆژنامە لایەنگرەکانی دابڕان لە سیاسەتیش، خۆی لە خۆیدا سەرقاڵی سیاسەتن”. تەنێ لەم نۆرمە لە کاری حزبایەتی بێزارم، لەوە دڵنیام ئەم مۆدیلە سەمەرێکی نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا یەکێکم لەو کادرانەی زۆر چالاکانە کار دەکەم، چوون ئومێدێکی بچووکم هەیە حزب بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ریتمێکی عەقڵانی و سیاسیانەتر کە پێویستە ئەم شێوازە وشک و ئەرسەدۆکسییەتەی خۆی بگۆڕێت. بێزاریشم لەو جۆرە ئەدەبیاتەی قسەی پێ ئەکەین، پێویستە ئیش بۆ گۆڕینی ئەو زمانە بکەین.
ئەگەرچی گفتوگۆکە گەرم و دوور و درێژ بوو، بەڵام لێی هەڵاتم، لەبەرئەوەی بێزار و خەمۆک بووم، چوونکە هەر دوێنێ وەک هەمیشە دڵی دلبەرم ئێشاند و ئازارم دا. کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی دوێنێ بڕیارمدا بوو ئەم کۆپلە شیعرەی “بەکر عەلی” کە دەڵێ “حەزم ئەکرد بەرلەوەی بڕۆمەوە .. نازدارەکەم لە پێکێکدا بتخۆمەوە” پێشکەش بە مەعشوق بکەم، زۆری نەبرد لەبەر غیرە و هەستی ئەوەی خیانەت لە عەشقەکەی دەکەم، شەڕێکمان قەوماند دەبێت لە مێژوودا بە کتێبێک بنووسرێتەوە “ئەو چرکانەی دنیایان هەژاند”. منیش لە داخدا بە دلبەرم وت ئیتر بڕۆ بۆ هەمیشە لێم دووربە. پێشنیاری ئەوەم بۆ کرد، بەردەوام ئەو دێڕە شیعرەی “نالی” وەڵامی هەموو داخوازییەکێتی.
گوتم قوربانی تۆ من بم، گوتی قوربانی تۆ سەگ بێ
گوتم شیشەی دڵم ناوێ، گوتی بۆچیمە؟ مەکسوورە
بەراستی زۆر قورس بوو ئەو دێڕانە، ئەو بە من بڵێ بە قوربانت بم، منیش لە بری ئەوەی خۆم بکەمەوە بە قوربانی، بەوپەڕی دڵڕەقییەوە بڵێم سەگ قوربانی تۆ بێت و نامەوێ بێمە ناو دڵی شکاوی تۆوە!!. ئاخر من کێم ئەوەندە لە خۆبایم؟. هەست دەکەم نەزعەیەکی سادیستانەی ترسناکم تێدایە، بە تایبەت بەرانبەر بە یار. خۆم بە خۆم بم.

22-7-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 5-11 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




بیابانی ڕۆح.. شەماڵ بارەوانی

وەرزی خەزان دەستی پێکرد
و
پاییز جلی بەهارەی
لەبەر شیعرەکانم داکەنی

ئینجانەی وشەکانم
شەقار شەقار داگەڕا
و
هەڵۆی هەڵوەرین
لەسەر لوتکەی گوڵی خەونەکانم
نیشتەوە

کەتۆ ڕۆیشتی
تەمی ئازار
ئاسمانی خۆزگەکانمی داگرت
و
جادەی چاوەکانم
کوێری لێ ڕوا

زمانی قەڵەمم لاڵ بوو
و
درەختی تەمەنم
هێشووی پیری گرت

کەتۆ ڕۆیشتی
کەس نەما
لاوانەوەم بۆ بڕێسێ
و
کۆرپەی گریانم
ژیرکاتەوە

کەس نەما
حەوشەی فرمێسکم
گەسک دات
و
کۆتری تامەزرۆییم
بۆ هێڵانەی ئامێزی باتەوە

کەس نەما
بیابانی ڕۆحم
پڕکات لە نەمامی ئاوەدانی
و
لەتەنیایی خاڵیم کاتەوە
..
شەماڵ بارەوانی




بێدەنگیی (سـیاسـییەکانی کورد) و پرسیارێک.. فازیل شـــەوڕۆ

کەس بە حاڵی ئەو هەزاران ژن و پیاو و منداڵە دەربەدەرانە نەبێ، کە لە کۆچڕەوەکەی (١٩٩١)، لە کوچە و کۆڵان و شەقام و گۆڕەپانەکانی شاری سەردەشت پەراهەندە ببوون، خۆم لەگەڵ دەیان گەنجی دیکەی باشوور، وەکو ڕیشۆڵە، بە درێژایی شۆستەی شار لە تەنیشت یەکدی، هەناسەسارد و داروخاو دانیشتبووین، ئیختیارێکی سەردەشتیی بەلاماندا تێپەڕی و گوێم لێبوو، بە هاوڕێیەکەی گوت:”باشە، ئێستا ئەوانە هیچ سەرکردەیەکیان نییە، خەمێکیان لێ بخۆن؟”

زۆر گوێبیست دەبین و دەخوێنینەوە، کە کوردانی باشوور، لە پەسنی کەسکێدا دەڵێن”بەڕاستی لە زانستی سیاسەت و سیاسەتیی نێودەوڵەتی شارەزا بوو … “، “فڵان، خوێندنەوەی ئیستراتیژیی بۆ پێشهات و ئایندەی نەتەوەکەی هەبوو.”، “فڵان سەرکردە، کاریزمابوو ، یان، کاریزمایە، بە مانای وشە.”

ئەگەر پووخەترین پێناسەی کەسی (سیاسی)، ئەوەبێ کە،”سیاسەتزان کەسێکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جەماوەر و بەرجەستەکردنی بریاری سیاسی چارەنووسساز هەبێ و توانی بەڕێوەبردنی تەواوی کایە هەستیارەکانی کۆمەڵگای هەبێ، هەروەها دەستی لە بونیاتنانی ئایندەی گەش و سەرکەوتووی نەتەوەکەیدا هەبێ، لەڕێی داهێنان و ئەفراندن و دۆزینەوەی ئامراز و میکانیزی شیاو بۆ جێبەجێکردن و وەدیهێنانی خەون و بریارەکانی و تێپەڕاندنی قەیران و گرفتەکان” ئەوا دەبێ پێداچوونەوە بۆ پێناسەی (سیاسەتزانەکانی کورد) بە گشتی، بکەین.

ئەگەر، ئەو سیاسەتزانانە، بە هزر و بە جەستە بوونیان هەیە، بۆچی بێدەنگن و زۆر بەدەگمەن گوێمان لێیان دەبێ و نابێ؟ کوا کاریگەریی فیعلی وان بەسەر مێژووی نەتەوە و ڕووداوەکاندا؟

هەرچی ئەو وتار و شرۆڤە و لێکدانەوە متەوازیعانەی ڕۆژانە لە میدیای کوردیدا دەیابینین، نووسەرەکانی، ڕۆشنبیرە کەڵاشخوارەکانی سەر بەچینی مامناوەندی کۆمەڵگەی کوردین. کە زۆربەیان خۆیان خۆیان پەروەردەکردووە، بە دەر لە زانستی سیاسی و زانستی سیاسەتیی نێودەوڵەتی، بە هەموو لقەکانیانەوە، ئەوان خۆیان هەم شاگرد و هەم مامۆستای خۆیان بوون، بە خوێندنەوەی (کتێب و دیقەتدانی واقیعبینانەی گۆڕەپانەکان)، شرۆڤە و شیتەلکارییە خاکییەکانی خۆیان، دەخەنە بەر چاوی خوێنەرانی کورد.

لەو (٣٠) ساڵەی حکومڕانی کورد، لە هەرێمی فیدڕاڵی باشووردا، سێ جاران سیاسیزانێکی کوردمان نەدێ، نیوسەعاتێک، سیاسییانە، بارودۆخی وڵات و نەتەوەکەمان بۆ شرۆڤە بکات. سێ جاران، سەرکردیەک، نەهاتە نێو جەماوەر و خوێندنەوە سیاسییەکانی خۆی ڕوون بکاتەوە، سێ جاران ، دیبێتی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ (جەماوەری خۆیان) نەکرد. ئەو کورتیلە دیدارانەی لە تیڤییەکانی خۆشیاندا، ئەنجام دەدرێن، پڕن لە هێڵی سوور و پێشوەخت، ڕۆژنامەوان، پرسیارەکانیان بۆ نووسراوەتەوە، کە دەبێ بە مسقاڵ بیانکێشن، نەکۆ، پڕیشکە پرسیارێک، بپڕژێ و (میوانەکە) نیگەران بکات!

لەو (٣٠) ساڵەی حکومڕانی کوردیدا، لە باشووردا، نەمبیستووە، سێ جاران، سەرکردەیەک یان سیاسییەکی باڵای کورد، لە زانکۆیەکدا، دیدارێکی دوو سەعاتی لەگەڵ مامۆستا و زانکۆییەکاندا سازبکات! خوێندنەوە و تیگەیشتنی خۆی بۆ رووداو و پێشهاتەکان بەیان بکات.

ئەو بێدەنگی و غیابەی سیاسییەکانی کورد، دوو حاڵەتی ڕەزاقورسی بەرجەستووە کردوە: یەکیان ئەوەیە، هەر ورتەیەک لە شێخ و ئاغا و سەرۆک خێڵ و ئیمام و سۆفی و شێخی تەریقەتێک دەبیسترێ، زوو، دەبێتە بنێشتە خۆشەی زاری میدیای کوردی و جەماوەری (هۆشیارسادەش) لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێیان دەکەونە شایی و سەرچۆپی گرتن. دووەەمیان: ئەگەر کەسێک، لەو سیاسیزانانە هەڵکەوێت و ناوە ناوە دوو قسەمان بۆ بکات ـ کە هەرچەندە وتەکانی ئەوەیش هەر لە ئاستی تیگەیشتنی ڕۆشنبیرە کەڵاشخوارەکەیە ـ ئەوا هەرچی میدیای بیستراو و بینراو و نووسراو هەیە، بە دەوریدا دەبنە خەرمانەوە، هەر هێندەی نامینێ (خاوەن گوتار) بخنکێنن، ئەمەی ڕەزای ئەو دیاردەشی قورسترکردووە، جا ئەو سیاسیزانە دەبێتە، مەرجەع، بۆ هەموو بابەتێک و پێشهاتەیەک، ئەویش، ئامادەیە لەسەر، باشوور و باکوور و ڕۆژاوا و بوجە و دۆلار و نەوت و پەتای کۆڕۆنا و بومەلەرزە و ئاستی پەروەردە و تەڵاقدان و منداڵ لەبارچوون و ژینگە و میدیا …، تەنانەت فوتبۆلانی و وەرزیشیش گوتار بدا!

لەکاتێدا لە وڵاتاندا، سیاسیزان، مولزەمە، بە زۆر، کە دەبێ کتێبخانەی وڵاتەکەی بە ئەزموون و خوێندنەوەکانی خۆی دەوڵەمەند بکات. ئەمە بە یاسا، کارێکی ئیجبارییە بۆ هەر سەرککۆمارێکی ئەمریکا.

ئێوە دەزانن، کە سیاسیزانەکان، بە کەلەک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی خۆیان، چ دەسکەوتێکی ماددی و مەعنەوەی وەدەست دێنن؟

نرخی هەر گوتارێکی (بیل کلنتۆن) لە نێوان (٢٥٠) هەزار بۆ (٥٠٠) هەزار دۆلار بووە. ئەو بە وتارەکانی بووە خاوەن (١٠٤) ملیۆن دۆلار. ئەوە نەریتی گوتاردانە لەسەردەمی جێڕاڵد فۆردەوە( ١٩٧٧) بووەتە مۆدە. نرخی هەر وتارێکی باڕاک ئۆبامە (٤٠٠) هەزار دۆلارە، بە (٣) وتار ملیۆنێک و (٢٠٠) هەزار دۆلاری دەست کەوتووە. وتارەکانی جۆرج دەبلیو بۆش، لە نێوان (١٠٠) هەزار بۆ (١٧٥) هەزار دۆلار بوو. بەشداری کردنی (تۆنی بلێری)ش لە هەر بۆنەیەکی سیاسی ئامێز لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی، پاداشتەکەی (٥٠) هەزار دۆلارە، جار هەیە لە یەک حەفتەدا، ئەو زاتە، (٥) بەشداربوونی لە سەر ئاستی جیهان هەبووە.

ئێستا، نیشانەی پرسیارێک لەبەرچاوامان زەقدەبێتەوە:”ئایا کورد سیاسیزان و زانای زانستی سیاسی و سیاسەتی نێودەوڵوتی هەیە؟” ئەگەر هەیە، بۆچی وەکو سیاسیزانەکانی جیهان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پەیام و گوتارەکانیان ناگەێینە جەماوەری خۆیان؟ ئەدی (ئەگەر) دەڵێن، “نەخێر، کورد سیاسزانی نییە،” بۆچی، لە زاری سەرکردە باڵایەکان کە پەسنی کەسێک دەکەن، دەڵێن:’بەڕاستی لە زانستی سیاسی و سیاسەتیی نێودەوڵەتی زانا بوو؟!

دیسان، گوتەی ئیختیارە سەردەشتییەکەی دەڵێمەوە، کە لە ساڵێ (١٩٩١) لە هاوڕێیەکەی خۆی پرسی:

“باشە، ئێستا ئەو کوردە داماوانە، هیچ سەرکردەیەکیان نییە، خەمێکیان لێ بخۆن؟”