زرنگانەوەیەکی دوورەدەست لە ناو دێرەکانی “شیرم بە تووتک حەڵال بێ”وە.. بەکر ئەحمەد

23 ی حوزەیرانی ئەمسال، گەشتی ژمارە 4978ی “رایان ئەیر” لە نێوان ئەسینا و ڤیلنیوس دا ناچار بە نیشتنەوە دەکرێت لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی مینسک دا.
بە پێی هەوالەکانی دەوڵەتی ڕوسیای سپی، هەڕەشەیەک لە ناو فرۆکەکەدا هەبووە و ویستراوە کۆنترۆلی دۆخەکە بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئۆپەراسیۆنەکە مەغزایەکی دیکەی لە پشتەوە بووکە ئەویش گرتنی “ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ” بوو، گەنجێکی رۆژنامەنووسی چالاک و دەرکەووتوو لە پەیوەند بە رووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی بیلاروس دا.
لە ڕاستیدا کردەوەی ناچارکردنی نیشتنەوەی فرۆکەیەکی مەدەنی بەمشێوەیە ودیلکردنی کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی بیلاروس لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە کردەوەی چەتەکانی دەریا دەچێت، بەلام ئەمجارەیان وەک کردەیەکی چەتەیی لە ئاسماندا.
بۆ رۆژی دوایی، لە کەناڵێکی دڵسۆزی دەسەلاتەوە رۆمان پرۆتاسیڤیچ دەردەکەوێت و باس لە مامەلەی باشی پیاوانی ئاسایش دەکات و داوای لێبووردن دەکات.
من کە دیمەنەکە دەبینم، بێتاقەتی دامدەگرێت. لەناو جەرگەی ئەوروپادا و نمایشکردنی شانۆگەرییەکی هێندە قێزەون و سووکایەتیئامێز بە ئینسان، جێگای نەفرەتە.
بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم هەستی ڕق لە سیستەم و دەسەلاتدارێتی دەوڵەتی بیلاروس و هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دا، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی هەتا بڵێی دڵتەزێنی عێراقم بیردەخاتەوە لە پەیوەند بە مامەلەکردن لەگەڵ گیراوەکانی ناو زیندانەکانی عێراقدا. یانی هەمان مامەڵەیەک بە زیندانییەکان و ناچارکردنییان بەوەی ئەوە وتانە دووپاتبکەنەوە کە دەسەلات خوازیاری بیستنییەتی. بەتایبەت لە دۆخی شیعرە بەناوبانگەکەی “موزەفەر نەواب”دا کە ناوی “پاکانە”یە. بەڵام سەیر ئەوەیە من تا پێش نووسینی ئەم وتارە، پێموانەبووە لە بەرانبەر ڕووخسارێکی پاکانەکردووی ناو شیعرەکەی نەواببدا ، هاوسۆزییەکم نیشاندابێ و وشەکانی دایکی کەسی پاکانەکردوو کە دەڵێ:

شیرم بە تووتک حەڵال بێ
نەک بەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ

وەک هەڵوێستی دایکێکی شۆڕشگێڕلە یادەوەریمدا هەڵگیراون.

سەرگوزشتەی شیعری “پاکانە” دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارێک کە حوکومەتی عێراق لەبەرانبەر وازهێنانی ئەندامانی حزبی شیوعی عێراقدا، پاکانەیان لێوەردەگرتن و لە رۆژنامەکانی دەوڵەتەوە بلاودەکرایەوە کە فلانە کەس وازهێنانی خۆی لە رێزەکانی حزبی شیوعی ڕاگەیاندووە. بێگوومان ئەم پاکانانە هەروا بەسەر زیندانیەکاندا فەرزنەکراوەو هەموو کولتووری ئەشکەنجەدانی خۆرهەلات لە پشتییەوە ئامادەیی هەبووە. شیعری پاکانەی “موزەفەر نەواب” هیچ شتێک نییە جگە لە هەڵڕشتنی ڕق و کینەیەکی گەورەی کۆمەلایەتی کە لە زمانی دایک و خوشکی گیراوەوە دێتە سەر زارلە بەرانبەر کوڕ و کچەکانی خۆیاندا ئەگەر پاکانەیان پڕبکردایەتەوە.
بە کورتییەکەی، ئەگەر من و هەزاران خەلکانی دیکە هاوپشتی و هاوسۆزی بۆ کەسێکی گیراوی زیندانەکانی بیلاروس نیشاندەدەین و پێمان وایە کە کردەوەیەکی هەتا بڵێێ سووکایەتیئامێزە کاتێک کەسێک لەژێر فشاردا ناچاربکرێت دان بەشتێکدا بنێت کە خۆی خوازیاری نییە و لە ژێر هەرەشە و گوڕەشەدا ئەنجامدراوە. بەلام لە دۆخی گیراوی ناو زیندانەکانی دەسەلاتدارێتی عێراقدا ، ئەوانەی پاکانەیان کردووە وەک چۆن رۆمان پرۆتاسیڤیچی بیلاروسی کردوویەتی؛ ئەوا ڕووبەڕی ناشیرینترین سووکایەتی و پرۆسەی دەرکردنی کۆمەلایەتی دەکرێنەوە و شیعری پاکانەی موزەفەر نەوواب دەبێتە مانیفێستی ئەم جنێو و سووکایەتیپێکردنەی پاکانەچییان لە ڕێگەی خۆشەویستترین کەسانیانەوە کە دایک و خوشکی گیراوەکانن.
سەیر ئەوەیە ئەم شیعرەی موزەفەر نەواب لە ڕێگای وەرگێرانە سەرکەوتووەکەی “دڵشاد مەریوانی”یەوە و خوێندنی ئەم شیعرە بە گۆرانی لەلایەن ژمارەیەکی زۆری گۆرانیبێژانی کوردەوە، دەربڕێنی : شیرم بە تووتک حەڵال بێ، نەک ئەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ، کردۆتە دەستەواژەیەکی هێندە کۆمەلایەتی گەورە کە ناتوانرێ و ئیمکانی نییە هاوسۆزییەکی ئینسانی لەبەرانبەر کوڕەی پاکانەکردوودا پەیدابکرێت. تەنانەت لە ناو بازنە نزیکەکانی خێزانیشدا کە دایک و خوشکی گیراون. ئەو تێروانینەی کە موزەفەر نەواب لەم شیعرەدا بە گوێی خوێنەریدا دەدات، بەر لەوەی دید و تێڕوانینێکی تایبەتی ئەو بێت بۆ سەرنجدان لە قوربانییەکی دەستی ڕژێمدا، تێڕوانینی باو و ترادیسیۆنی زاڵی کۆمەلگایەکە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی شۆڕش و شۆڕشگێرو قارەماندا. من تا ڕووخساری رۆمانم لە تەلەفیزیۆنەوە نەبینی، ئەم شیعرەی موزەفەر نەوابم لە سووچێکی گەورەی یادەوەرییەکانی خۆمدا پاراستبوو و بە چاوێکی پر لە سەرسامییەوە سەرنجم لێدەدا. بێ ئەوەی یەک لەحزەیش چاوم بچیتە سەر ڕوخساری کوڕێکی پاکانەکردوو و کە چ هەستێکی تیا دەبزووێ وەختێ دەسەلات و دایک و خوشک و هەموو کۆمەلگا لەبەرانبەریدا سەنگەریانگرتووە و جگە لە مردن هیچ ڕیگاچارەیەکی دیکەی پێ رەوا نابیینن.
بەلام لە دوای رووخسارە خەمناکەکەی پرۆتاسیڤیچەوە، شیعرەکە لە بەرگێکی دیکەدا دێتە بەرچاوم. کۆششی من لەم وتارەدا، نیشاندانی ئەو ڕووخسارە ڕاستەقینەیەی دەموچاوی کەسی پاکانەکەرە وەک قوربانیەک ئەگەرچی ئەو وەک تاکێکی شۆڕشگێر گیراوە و ناچاردەکرێت دەست لە ئینتیما شۆڕشگێڕییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە ژێر فشاردا. دیدێک کە لەسەرتاپای قەسیدەکەدا ئامادەیی نییە و هەموو دێرەکانی قەسیدەکە دەبێتە دەنگی جەللادێک کە دەکرێ لە سەر کورسی دەسەلات دانیشبێت، یاخود دایکێک یان خوشکێک و کۆمەلگایەک بێت کەلە لەدەرەوەی زیندانە. تاکێکیش کە تەنیا و تەنیا لە بەرانبەر هەموویاندا، سەرشۆڕ راگیراوە .
سەرەتا با سەرنجێک لە هەندێک بەشی شیعرەکە بدەین.

قسەی دایک
کوڕم نائومێدم نەکەی
ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی
ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی
ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی
زامەکانت ساڕێژ بکەی
زامدارێک خاوەن ورە بێ.. زامەکانی دژی مەرگ
وەک ڕەشەبا، وەک برووسکە.
وەک گەردەلوول دەگرمێنن
مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن
سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن
مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە
هەڵمەتی سەخت و هێرشە
باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە
نەک «پاکانە»
چونکە دەڵێن:
بە بیانووی نان پەیداکردن
بۆ برسێتی ژیانی من
پاکانە پڕ دەکەیتەوە
وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە
شیرم بە تووتک حەڵاڵ بێ
نەک ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ
کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا
بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە
ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە
دووبارە کۆست دەخاتەوە
شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە
ناوی پاکانە نەهێنی
سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی
ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە
بمگووشە توند بە خۆتەوە
تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
بڵێ دایە.. سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت
دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت
تۆ دایکمی سەری دایکێک نانەوێنم
بە شیری گۆشی کردبم
بینای حزبێک ناڕووخێنم
بە خوێنم گۆشم کردبێ


قسەی خوشک:
کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە
هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی
یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە
نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە
شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە
کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە
پاکانە پڕکردنەوە
پاداشتەکەم دەدەیتەوە؟
ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە!
هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە
بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە
ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی
من و دایکم دەدەیتەوە؟
چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو
خوشکانەی کە چاوەڕوانن
تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی
وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە
من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی
کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین؟
مەگەر زەوی قووتمان بدا
مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ
ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ
دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟
لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟
چۆن باست کەین؟
چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین؟!
کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ
کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە
سیکتر.. سیکتر
پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە.. کە پارچەیە
پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە
هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت
بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە
هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە
بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە
چۆن پاکانە لە گەل دەکەی
ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین
دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە
کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە

ئینسان پێویستی بە ڕیزکردنی هەموو ئەو دەربڕینانەی سەرەوەی نییە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەی سوکایەتی و بێشەرەفنیشاندانەی کور و برای خۆ تێبگات کاتێک دەگەیتە کۆتایی قەسیدەکە.

بەڵام بۆچی قوربانی دەبێتە شوێنی سوکایەتی؟ بۆچی لە نەبوونی ئازادییە سیاسی و ئازادی بەیان و هەموو ئەو ئازادیانەی تردا تاکەکانی کۆمەلگا باجێکی تری نەبوونی ئەم ئازادییانە بدەن کاتێک کەسێکی دیکە کە دەسەڵاتە وەفادار نییە بە جێبەجیکردنیانەوە؟ سەیر نییە کەسێک هیچ دەرفەتێکی بۆ قوربانیی نەهێشتووەتەوە و بە هەموو هۆکارێک تێکی دەشکێنێ کە چی کۆمەلگایەک دێت و ئەم جەستە و ڕۆحە تێکشکێندراوە لەناو سووکایەتیدا نووقومدەکات و هێندەی دی لە ژێر فشارە کۆمەلایەتی و رۆحیەکاندا دۆزەخێکی دیکەی بۆ قاندەدات ؟
سویدییەکان دەڵێن: ئینسان بە تەنها دایک و باوکی مندالەکانی نییە کاتیک هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆی دەڕوات. بەلکو ئەم بەرپرسیارێتی دایک و باوکایەتییە بە هەمان شێوە دەبێ ئامادەیی هەبێت کە شتەکان وا ناڕۆن وەک ئەوەی دایک و باوک دەیانویست وا بێ. بە کورتییەکەی، منداڵەکان ئەو کاتانە خۆشەویستییان پێویستە کە کەوتوون و دەکرێ کارێکی قێزەونیشیان ئەنجامدابێت.
چی وادەکات ئینسان سەربەرزە بە ئەندامبوونی کوڕو کچەکەیدا لە ڕیکخراوێکدا و و کاتێک لە ژێر فشاردا دەشکێنرێت ئیدی کوڕو کچی تۆ نییە؟ بۆ دەبێ نووکی ڕەخنە لە بەرانبەر دەسەلاتدا کول بێت و ئەم بارانی نەفرەتە بەسەر قوربانییەکاندا ببارێنریت؟
ئەوەی لە شیعری پاکانەدا دەبینرێ، تف و سوکایەتییەکانی دەسەلات و کۆمەلگایە لەبەرانبەر تاکێکدا کە بڕیار بوو بۆ ڕزگارکردنی کۆمەلگا و لەبەرانبەر دەسەلاتدا بجەنگێ. کاتێکیش لە ژیر فشارەکانی دەسەلاتدا لە ئینسانییەتی خۆی دەخرێت و تێکدەشکێنرێت، کۆمەلگاش هێندەی دی دڵڕەقانە لە تێکشکاندنی ئەودا درێغی ناکات.
ئەم شیعرە هێندەی نیشاندانی تف و قامچی و سووکایەتییەکانی دوو جەللادە لە بەرانبەر قوربانییەکدا، کەمتر وەک بانگەوازێکی شۆڕشگێرانە دەکرێ سەرنجی لێبدرێ وەک ئەوەی کە جێگاوڕێگای ئەم شیعرە لەناو زمانی کوردی و عەرەبیدا باسیلێدەکات.بە تایبەتی کاتێک پێتوابێ ئەوەی ناچار بە دەربڕینی پاکانە و تۆبەکردن دەکرێ قوربانییەکە و دەبێ وەک قوربانییەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. ئینسانی قوربانی پێویستی بە کۆمەک و باوەشێکی ئاواڵەیە تا بەسەر تراوماکانی خۆیدا زاڵ بیت و حورمەتی ئینسانی خۆی بۆ بگێڕدرێتەوە.
بە قسەی سویدییەکان: تۆ لە دوای پاکانەپڕکردنیشتەوە هەر کورو کچە ئازیز و خۆشەویستەکەی ئێمەیت.
بەڵام دیدێکی واهی بۆ سەرنجدان لە کەسی ناچارکراو بە پاکانەکردن لە دوێنێ و ئەمڕۆی عێراقدا دەکرا ئامادەیی هەبیت؟ بە بڕوای من دەکرا هەبێ.
وەلامی من بە ئەرێ بۆ پرسیارەکەی سەرەوە، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئینسان لە هاوکێشەی نێوان شۆڕش و شؤڕشگێڕدا ، چەندە دەکرێ وەک ئینسان بهێڵرێتەوە و نەکرێ بە کائینێکی سەروئینسانی و بکرێتە سوپەرمان. ئینسان بە ترس و دڵەراوکێکانییەوە. بە ئازایەتی و تۆقینەکانییەوە، نەک تەنها بە کونلەجەرگدانەبوون و خۆڕاگرییەکانییەوە. تاکی شۆڕشگێر دەکری بە پێوە تەقە بکا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا و بەڵام لەبەرانبەر مشکێکدا کوون نەبێ خۆی تیابشارێتەوە. بەڵام تێڕوانینی ئینسانی سۆپەرمان لە کایەی شۆرشدا بە هەموو باڵەکانی چەپ و ڕاستی عێراقەوە، بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە خالێ هاوبەشە و ئەگەر لەململانێکانی نیوانیاندا کوڕ و کچەکانی یەکدی بکێشنە بەر پەتی سێدارە، بەلام لە تێروانینیاندا بۆ تاکی شۆرشگێڕ، ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە.
ئەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگاو حزب و دەوڵەت و شاعیرە کە کردەی پاکانەکردن لە ژێرفشارەکانی دەولەتدا دەکاتە پەتی سیدارەیەکی تر و قوربانی لە بێدەنگیدا دەخنکێنێ. لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە پێیوایە تاکی شۆڕشگێڕ لە خەسلەتە ئینسانییەکانی خۆی خراوە و کۆمەلگا چاوەڕوانییەکی دیکەی لێی هەیە.
بە بڕوای من، لە شیعری پاکانەی موزەفەر نەواببدا، زەڕرەیەک لە شۆڕشگێربوون نابینرێتەوە کاتێک قوربانی لە نێوان بەرداشەکانی دوو جەللادا، هەر یەکە و بە هۆکاری تایبەتی خۆی لە کوشتنی ئەودا، بەیەکەوە لەکاردان.

شیعری پاکانە لەم لینکەی خوارەوە وەرگیراوە

https://books.vejin.net/ck/text/28236

بەکر ئەحمەد
2021-07-07




ململانێی و چاکسازی سیاسی یاکودەتاو پاکسازی خێڵەکی و بنەماڵەیی؟.. موزەفەر عەبدوڵا

سەرنجێك لەسەر کودەتاکەی ناو خێڵی تاڵەبانی

جارێکی تریش کودەتاو پاکسازی لە نێوان ئاغاو شێخەکانی خێڵ و بنەماڵەکانی کوردایەتی تا ڕادەی ئابڵوقەی چەکداری و چەتەگەریانە وەك هەورە تریشقەی ئاسمانی بێ هەوری توڕە بوە ڕوداوێکی چاوەڕینەکراوی سیاسی و سەردێری گەرمی هەواڵەکانی دەزگاکانی میدیای بیستراو بینراوو خویندراو تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکان و ڕای گشتی .
هەڵبەت ئەمە نە یەکەم جارەو نە دوا جاریش دەبێت کە روداوی وا ڕودەدات لە ناو ئەو دەستەو تاقمە بۆرژوا خێڵەکیانەی بزوتنەوەی کوردایەتی – ناسیونالیزم – کە ناوی حزب و ڕیکخراوی سیاسیان لە خۆیان ناوە.بەڵکو ئەمە نەریتو پیشەی نزیك بە ٧٠-٨٠ ساڵەیانە لە نێو هەردو باڵ و ڕەوتی شەڕکەرو خۆبەدەستەودەر وەک چەند مانگ لەمەوپێش لە لێکۆڵینەوە نوسینێکی سیاسی و میژویی بەناوی دو باڵی ناسیونالیزمی کوردو تایبەتمەندی یەکانی شەڕکەرو خۆ بەدەستەوەدەر ڕونمان کردەوە.لەوێدا بە وردی باسمان لەوە کرد کە ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی بەهۆی کۆمەڵێک هەلومەرج و هۆکاری خۆیی و بابەتی – ذاتی و موضوعی – نەک هەر نایەوێت بەڵکو هەرگیز ناتوانێت بزوتنەوەو حزبەگەلێك بن کە خاوەنی بچوکترین پۆتانسێڵی یەكێتی و یەکگرتن و پێشکەوتنخوازی و ئازادیخوازی بن لە هیچ ئاستێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا.بێگومان ئەوە تایبەتمەندی وپۆتانسێڵی بزوتنەوە ناسیونالیستی یەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەو بیست بوە. بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە ناسیونالیزمی ئەم سەردەمە هەر لە دەورانی سەرەتاو کۆتایی جەنگی ساردەوە، بە تایبەتی سەردەمی ڕاگەیاندنی سیستەمی نویی جیهانی بە ڕابەری ڕەوتی بۆرژوا جیهانی لیبرالیزمی نوێ لە ئەمریکا ئەوە هەمو ئەو تایبەتمەندیانە لە ڕیشەوە نایمینیت. نەك ھەر ئەمە بەڵکو ڕێک هەرچی فکرو سیاسەت و کەلتوری دورانی سیستەمی فیودالی – دەرەبەگی – و خێڵەکی و دینی و تایەفەگەری هەیە دەمەزەردی دەکاتەوەو دەیکاتە یاساو بڕیار و نەریت و کەلتورێك بەسەر هەمو کەس و لایەنیکدا دەیپەسینیت.
هەر کەس ئەمرۆ ئەلیف و بێیەک لە سیاسەت بزانیت و ڕاست و چەپ بناسێت دەزانیت کە ئەو فکرو سیاسەت و نەریت و کەلتورەی ئەمرۆ لە ماوەی سی ساڵەی دەسەڵاتی ئەم دەستەو تاقمانەی وەك یەکیێتی و پارتی هەیە هەموی سەلمینەری ئەو ڕاستیانەن کە کیشەو گرفتەکە تەنها لە حزب و ڕیکخراوەکانی ناو ئەو بزوتنەوەیەدا نی یە بە تەنھا بەڵکو ئەو تایبەتمەندی خودی جوڵانەوەکەیانە.
ئەگەر هەڵسەنگاند و هەڵویست گرتنی ڕۆشنی چینایەتی لە دەورانی پیش سی ساڵی دەسەڵاتیان بۆ زۆرایەتی جەماوەر زۆر سەخت بو بێت ئەوە تاقی کردنەوەیان لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتدارێتی پارتی – بارزانی و یەکیتی – تاڵەبانی و هاوپەیمانە ووردەکانیان بە ڕاست و چەپیانەوە بۆ ئەم لێکدانەوەو هەڵویستگیریانە ئیتر پێویستە زیندوترین و ڕاستترین ئەزمون بێت بۆ ئەوەی خۆ هەڵخەڵەتاندنە کە ھەر کەسێك کەمترین چاوەڕیی لەمانە هەبیت بە شێوەیەکی ئازادیخوازانەو پێشکەوتنخوازانەو هاوچەرخانە ململانێی سیاسی و چاکسازی بکەن لەهەر بوارێکەوە، نەك بە قازانجی ماف و ئازادی یەکانی جەماوەر ،بەڵکو بە قازانجی ئامانجە گشتی یەکانی خودی جولانەوەکەشیان. بێگومان پایەو ئاسۆکانی جوڵانەوەی ناسیونالیستی لە ڕوی ئابوری وسیاسی مێژووییەوە ئەوەبوە کە جولانەوەکەو حزبە سیاسی یەکانی نەتەوەو نیشتیمانێکی سەربەخۆو یەکگرتوو بە‌هێز لە ڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی و سەربازی و ھتد بەدی بینیت. پێویستە جەخت لەوەش بکەمەوە سەرەرای هەر ڕەخنەو ناکۆکی و دژایەتی یەکی فکری و سیاسی چینایەتیم بۆ ئەمبنەماو ئاسۆو ئامانجانە.
ئێستا لەم روداوەشدا وەك ئەزمونی دسەڵاتی سی ساڵەیان دەیانەویت ئەوە بە جەماوەری ناڕازی و هەژارو برسی و بیکارو ئاوارەو دەربەدەری توڕەی کوردستان بڵین کە ئەم روداوانە ئاسایی یەو بەشێکە لە ململانێی سیاسی و چاکسازی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی نەك سیاسەتی پیلانگێڕی و کودەتاگەری پاکسازی خێڵەکی و بنەماڵەیی کە هۆکارەکەشی هەم ناوخۆیی یەو هەم دەرەکی. ناوخۆیی یە بەو مانایەی ئیتر حزب و دەستەو تاقمەکانی ئەم جولانەوەیە ناتوانێت و نایەویت ،وەک ووتمان باوەری بە ئازادی و ململانیی فکری و سیاسی و حزبی ئازادانە بیت هەرگیز. ناتوانێت وەک حزبە سیاسی یە لیبرال و سۆشیال دیموکراتەکانی نەك ئەوروپاو ئەمریکا بەڵکو وەك دەروانی حزبە قەومی یەکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات بیت لە سەرەتاو نیوەی سەدەی بیستیش. چونکە هەرچۆن بێت ئەو حزبانە بەهرەمەند بون لە کۆمەڵێک فکرو نەریتی سیاسی هاوچەرخی دژە فیودالی و هەمیشە لە هەوڵی یەکپارچەیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بون وە بە کردەوە هەوڵیان داو لەبارەیەوە. ھەرچەندە ئەمانەش وەك دروشمی بریقەدار کوردستانی چوار پارچەکراوی یەکگرتو لە خەون و خەیاڵیان بوو بە تایبەتی پەکەکەش تا کۆتایی سەدەت بیست وابو .بەڵام حزبەکانی کوردایەتی لەوەتەی سەریان لە هێلکە دەرهێناوە ئەوەندەی شەڕی ناو خۆیان کردەوە- شەڕی برا کورژی وەك خۆیان دەڵێن – ئەوەندە شەڕی دوژمنە سەرسەختە نەتەوەیی یەکەیان نەکردەوە بۆیە ئیتر دروشمە بریقەدارە خەیاڵی یەکەیان نەك ھەر لای جەماوەری ستەمدیدە بەڵکو لای ڕۆشنبیرە بەناو لیبرالەکانیشیان بێ ناوەڕۆک بۆتەوە.
وەک پێشتر ووتمان هەمێشە باڵێکیان شەر کەرو ئەویتریان خۆ بەدەستەوەدەر بونە و هەمیشەش لە بازنەی شەڕو مفاوەزات لە جیگۆڕكێدا بونە . ئەوە ھەمو کارنامەی سیاسیانە لە نیوەی سەدەی بیست بەدواوە.
ئیشتاش لەم ڕوداوە کە جگە لەوەی وەک وتمان هۆکاری ناخۆیی هەیە بەڵام هۆکاری دەرەکیش یانی دەسوەردان و دەخاڵەتی دەوڵەتە زلهێزە جیهانی و ناوچەیی یەکانی هەر لە ئەمریکا تا تورکیاو ئیران بە تایبەتی، ڕۆڵی سەرەکیان لەم ڕوداوانە هەیەو بەشێکە لە ململانێ دەرەکی یەکانی ئەو زلهیزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وعیراق و کوردستان.
لەهەموی گاڵتەجار تر لە قسەو لێدوانەکانی سەرانی یەکیتی قسەکانی سەرانی پارتی یە کە دەڵێن ئەو روداوانە بەشێکە لە ململانێی سیاسی ناو خۆی یەکیتی و لەسەر پرسی چاکسازی و ئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدارەیی یەکانە..!
بەهەر حاڵ بە جیا لە گرینگی ئاماژەدان و ڕونکردنەوەی هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکی یەکانی ئەم ئاژاوەگێری و کودەتاگەریانە کە تا ڕادەی هەڵکوتانە سەر بنکەو بارەگاو نوسینگەو تەنانەت چونە سەر ماڵی شیخ لاهوری هاوسەرۆك و براکانی وەك دەڵێن چوە، بەڵام گرینگ تر لەوە ئەوەیە کە جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەو قوربانی دەستی ئەم دەسەڵاتەی کوردایەتی و حزبەکانی بە ئاگا تر بن لەو سیاسی و نوسەرو ڕۆشنبیرە وردە بۆرژوا بەکرێگیراوانەی کە سی ساڵە بە شیوازی جۆراو جۆر ئەم دەسەڵاتەیان لای خەڵك پیرۆز کردەوە بەناوی دەسەڵاتی خۆییەوە تا کەس ئەگەر ناڕازیش بو لەو دۆخە سەختەی کە بەسەر خەڵکدا سەپاوە بەڵام خواست و دروشـمی کۆتایی پێهێنانی ئەم دەسەلاتە بەرز نەکەنەوە.
لە ڕاستیدا هەر هاوسەرۆك و باڵو لاباڵێکیان سەرکەوێت یا ژێڕ کەوێت هێچ لە ماف و ئازادی یەکانی خەڵك کەم و زیاد ناکات.
ئەمانە هەر وەك چۆن لە ناو خۆیان هیچ تایبەتمەندی و نەریتێکی ئازادیخوازی و ململانێی سیاسی ئازادانەیان نەماوەو باوەڕیشیان پێی نی یە ئاواش هیچ باوەڕێکیان بە سەرەتاترین ماف و ئازادی یە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی یەکانی جەماوەر نی یە.
بۆیە بەدەست هینانی هەر ڕادەیەك لە ئازادی و مافەکانی خەڵك بەندە بە ڕادەی ئاگایی سیاسی چینایەتی و یەکگرتویی و ڕیکخراوەیی سیاسی جەماوەرەوە .هەر ئەمەش دەتوانێت ئەم حزبانەو دەسەڵاتەکەیان وادار بکات کەمێك لە جیاتی پیلانگێری و کودەتاگەری مل کەچ بن بۆ ململانیی سیاسی ئازادانە و چاکسازی ئابوری و کۆمەلایەتی .

موزەفەر عەبدوڵا
٢٠٢١/٧/١٠




تیۆری بەراوردكاری كۆمەلایەتی.. هەرمان جەعفەر

تیۆری بەراوردكاری كۆمەلایەتی (Social Comparison Theory)
لە ساڵی ١٩٥٤ بڵاوكرایەوە لە لایەن لیۆن فیستینگەر. كە باس لە لایەنە باش و خراپەكانی بەراوردی كۆمەڵایەتی كەسەكان دەكات لە ژیان.

بە گوێرەی فیستینگەر بەراوردكاری لە نێوان كەسەكان یەكێكە لە هۆكارەكانی هەڵسەنگاندنی تاك، كاتێك كەسێك خۆی بەراورد دەكات بە كەسێكی تر بەتایبەتی كەسێكی سەركەوتوو، یەكەم كاریگەری ئەو بەراوردكاریە ئەوەیە كەسەكە دێت خاڵە ئەرێنیەكانی كەسە سەركەوتووەكە لەگەڵ تواناكانی خۆی دەگونجێنێت و دەستەبژێریان دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی زیاتر و گەشەپێدان بە توانا مرۆییە تایبەتیەكانی خۆی.

گومان لەوە دانیە خەڵكی حەز دەكەن خۆیان بەراورد بكەن بە ئەوانی تر، تاوەكو وێنەیەكی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دەركەوێت و هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان بكەن(بەتایبەتی لەگەڵ ئەو كەسانەی لە دەوروبەریان دەژین).

ئەم تیۆرییەی بەراوردكاری كۆمەڵایەتی وەكو هەموو شتەكانی تری ژیان یان ئەوەتا سوودت پێ دەگەیێنێت و دەتكاتە كەسێكی سەركەوتوو و چیتر ئاوڕ لەدواوە نادەیتەوە و هەنگاو بۆ پێشەوە دەهاوێژیت، یانیش لە ئەنجامی هەڵە ئەنجامدانی ئەو بەراوردكاریە ژیانی خۆت وێران دەكەیت و دەبیتە كەسێك كە تەنها شكست بەشت دەبێت لە ژیان.

كەوایە لێرە خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەو خاڵەش ئەوەیە: چۆن ئەو تیۆریەی فیستینگەر بەركابهێنین؟

تیۆریەكە دابەشی سەر دوو لا دەبێت:
‏Down side: هەركاتێك كەسێك خۆی بەراورد بكات لەگەڵ ئەو كەسانەی لە خوارەوەی خۆیدان لە دەستكەوتەكانی ژیان بەتایبەتی لە ڕووی لێهاتوویی، بێگومان ئەو كەسە تووشی كەمی هاندان دەبێت، وە لە ئەنجام توشی شكست دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر لە پۆلێكی ٢٠ قوتابی. لە تاقیكردنەوەیەك تەنها دوو قوتابی نمرەیەكی باشیان بەدەستهێنابێت، ئەوانی تریش هەموویان كەوتبن، لەكاتی بەراوردكاریەكەدا ئەگەر قوتابیەكە خۆی لەگەڵ كەوتووەكان بەراورد بكات لە تاقیكردنەوەی داهاتووش بە ئەگەرێكی زۆر دەكەوێت.
بەڵام ئەگەر خاڵە ئەرێنیەكان و شێوازی
خوێندنی ئەو دوو قوتابیەیی نمرە بەرزەكەیان هێناوە وەرگرت، ئەگەر لە تاقیكردنەوەی داهاتوو نمرەی تەواویش نەهێنێت، لەگەڵ كەوتووەكان هەژمار ناكرێت(بەلایەنی كەمەوە دەردەچێت).

‏Envy (up side): یەكەم گرفتی ئەو لایەنەی تیۆری بەراوردكاری كۆمەڵایەتی ئەوەیە تووشی فشاری دەروونیت دەكات، چونكە تۆ چاودێری كەسانی سەركەوتوو دەكەیت، پرسیاریان لێدەكەیت چۆن ئەوەت بەدەست هێنا؟ وەڵامی ئەوان وەردەگریت و زەردەخەنەیەك دەكەیت سەرەتا، دواتر بیر لەوە دەكەیتەوە ئەو لە ڕۆژێكدا ٦ كاتژمێر هەوڵیداوە، لە جەژندا نەچۆتە دەرەوە و خەریكی كاركردن و خوێندن بووە، تا ئێستا بە قەڵەم و كاغەز بۆی هەژمار بكەیت ئەو كاتەی بە فیڕۆی داوە دە هێندەی ئەو كاتە كەمترە كە هەوڵیداوە و كاری كردووە.

ڕەنگە لای تۆ ئەو جۆرە شێوازی ژیان و كاركردنە مەحاڵ بێت، لەگەڵ ئارەزووەكانی تۆ نەگونجێت، ڕەنگە زۆر بە ڕاشكاوی بڵێیت ئەوە ئیش، و توانای من نیە. بەڵام ئەگەر شوێن هەمان رێكارەكانی ئەو كەسە سەركەوتووانەش نەكەویت، نیوەی ئەو ڕێكارانە بگریتە بەر و گۆڕانكاری لە شێوازی ژیانت(Life style) بكەیت، چەندین هەنگاو لە ئامانجەكەت نزیك دەبیتەوە.

هەرمان جەعفەر




کات و شوێن لە چیرۆکی منداڵان.. رەزا شـوان

کات و شوێن، دوو رەگەزی بنەڕەتین لە چیرۆکی منداڵاندا، ناکرێت فەرامۆش بکـرین، چونکە بەبێ کات و شوێن، لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکـرێت، گەر بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە نەبەسترێنەوە. هەر بەرهەمێکی ئەدەبی منـداڵان، بە تایبەتیش چیرۆک بۆ منـداڵان، کـات و شـوێـن پشتگـوێ بخـات، نا پەسەنـدی و ناتـەواویی پێـوە دیـارە. ئەمەش ئـەوە دەگـەیەنێت کە ئـەرکی کـات و شـوێن لە نـووسینی چـیرۆکی منـداڵانـدا، دروستکردنی ئەو وازانیـنەیە لە لای خوێنەر، کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە، لە راستییەوە نزیـکە یا بەشـێکە لـێی.
ئەو چیرۆکنووسەی کە دەیەوێت چیرۆک بۆ منداڵان بنووسێت، دوای ئەوەی بیرۆکە و شـێوازی نـووسـینی چـیرۆکـەکەی لە بیـر و هـۆشـیـدا گـەڵاڵـە دەبـن. پێویسـتە بـیر لە دیاریکـردنی شوێـن و کـات بکاتەوە. وەک دەروازەیەک بۆ نمایشکردنی رووداوەکـان.

پێناسەی شـوێن لە چـیرۆکـدا:
شوێن ئەو چوارچێوەیەیە کە رووداوەکان تێیدا روودەدەن و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە تێیدا دەبـزوێن بۆ ئەوەی جـووڵەی کات و ئەو گـۆڕانە دەربخـات کە بەسەر شــتەکـانی خەڵکـیدا لەو شوێنەدا دێـن. کە وشەگەلێکی لەم وجـۆرە وشـانە دەبیـستین، گوزارشـت لە شـوێـنـێکی دیـاریکـراو دەکـەن، بـۆ نمـوونە: (ژوور، مـاڵ، کـۆڵان، گـەڕەک، پـۆل، قوتابخـانە، پەرتـووکخـانە، سەیـرانگا، باخچـە، کـێـڵگە، گـونـد، شـەقـام، شـار، زەوی، دەریـا، ئاسمان، ئەسـتیرە، جـیهـان، کوردستان، نیشـتمان، ئامـەد، کۆبـانی، کەرکووک، سـنە، چـوارچـرا،…هـتـد)
جـووڵـەش لە شـوێنـێکـدا نەبێـت روونـادات.
شـوێـن جـێگایـەکی هـەستپـێکـراوی نەگـۆڕە، کە دەکـرێـت مـرۆڤ بـە هـۆی ئەنـدامـە هەستییەکانییەوە، هەستی پێ بکات و ئەو شتانە ببینێت کە لەو شوێنە دان. لە بوونەوە تا هـەتـایە، لە نێـوان مـرۆڤ و شـوینـدا، پەیـوەنـدییەکی دانەبـڕاویی هەمیشەیی هـەیە.
شـوێـن رەگـەزێکە لە رەگـەزەکـانی بنیادنـانی چـیرۆکی منـداڵان. کە رووداوەکـان لێـیدا روودەدەن و کەسایەتییەکان لێـیدا دەبـزوێن. شوێن رۆڵی دیمەنەکانی پشتەوەی شانۆش دەبینێت. شوێن رۆڵـێکی سەرەکیشی لە درخستنی ناوەرۆکی چـیرۆک چی کۆمەڵایەتی بێـت یا پەروەردەیی و سـیاسی بێـت. لەوانـەشە نووسـەری چـیرۆکی منـداڵان، شـوێن بکات بە پێشەکی بۆ چـیرۆک و درێژەی پێ بدات، بۆ نموونە (لە گوندێکی قەشەنگ و جـوانی کوردسـتان دا) یا ( لە گـۆڕەپـانی چـوار چـرا، لە شـاری مەهـابـادی پایتـەخـتی کۆمـاری کوردستان دا،… هـتد).
پێناسەی کـات لە چـیرۆکـدا:
کـات ئەو ماوەیـەیە، کە رووداوەکانی چـیرۆکە تێـیدا روویـان داوە یا روودەدەن. کاتەکە رابردوویەکی دوور یا نزیک بێت، یا لە ئێستای رانەبردوودا روودەدەن، یا لە داهاتووی نەهاتوودا رووبـدەن. کاتیش شتێک نییە کە بە چـاو ببینرێـت یا بتـوانین دەستی لێبدەین. ناتوانین بە ئەندامە هەستییەکانمان هەستی پێ بکەین، بەڵکو بە بیر و هۆشمان هەستی پێدەکەین. یا لە رێی شوێنەوار و ئەو خەسڵەتانەی کە هەیانە: بۆ نموونە: شەو تاریکە، رۆژ روونـاکە، لە زسـتاندا بەفـر و بـاران دەبـارێـت و ساردە، هـاوین گـەرمە، بەهـاران گـژ و گیان دەبـوژێتـەوە. پایـزان گـەڵای دارەکان دەورێـن. ئەگـینا نە شـەو و رۆژ و نە زســتان و هـاویـن و بەهـار و پـایـز بە چـاو نایـان بیـنـین. نمـوونەیـەکی تـر:
ئێـمە هـەست بەجـووڵەی چـرکەژمـێری کاتـژمـێرەکـانمان دەکـەین، بەڵام بـەو وردیـیە هـەسـت بە جـووڵـەی کـاتـژمـێرەی “سەعـاتـژمـێرەکەی” کـاتـژمێرەکـانمـان نـاکـەین.
کـات رۆڵـێکی گـرنـگی لـە ریـزبـەنـدیی بنیـادنـانی رووداوەکـان و لە دیـالـۆگی نێـوان کەسایەتییەکانی چـیرۆکـدا هـەیە. کە منـداڵان لـێی تێـدەگـەن.
چـیرۆکنووسی چـیرۆکی منـداڵان، چەنـد بە توانا و باڵادەست و لیهـاتـووبێت، چەنـدیش چـیرۆکەکەی چیرۆکێکی سەرکەوتوو بێت. کات خۆی بەسەریـدا دەسەپێنێت. ئەوە کاتە رادەی جیـاوازی و باڵادەسـتی چـیرۆکنـووسەکە لە نـووسـینی چـیرۆکـدا دیـاری دەکـات. کە تـا چەنـد تـوانیـوێتی لە هـونەری نـووسـینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان سەرکەوتـووبێـت.
چـیرۆکیش ئەوە لە چـیرۆکنووس دەخوازێـت، کە بە شێوازێکی لـۆژیکی و ریزبەنـدی و پەسەنـد و شیاو رووداوەکانی چـیرۆکەکانی بۆ منـداڵان بنووسێت و ریزبەنـدییان بکات. بێ ئاڵۆزی و بێ گرێ و گۆڵـبن، چونکە منداڵان حەز بە بیرۆکەی قورس و مانا ناڕوون ناکەن. کەواتە ریزبەنـدی کات پێویستە لە چیرۆکی منـداڵان. تا منداڵان لە خوێندنەوەیان یا بە گوێگـرتنیان لە رووداوەکانی تێبگەن و خـۆشی و چـێـژیان لێـوەربگـرن.
کاتێک کە نـاوی کـات دەهـێنین، وشەگەلـێکی وەک ئەم وشـانە دێتـە بیـر و خەیـاڵـمان: (چـرکەیەک، کاتژمێرێک، بەیـانی، ئێـوارە، رۆژ، شـەو، بەهـار، هـاوین، زستان، پایـز، رابردوو، ئێستا، داهاتـوو، پـێرار، پـار، ئەمسـال، ساڵانی داهـاتـوو، سەدەیەک،…هتد).
بێگومان زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان، رووداوگەلێک دەگێڕنەوە، کە کۆتاییان هاتوون. بۆیە نووسەرانی چیرۆکی منداڵانیش بە زۆری (کرداری رابردوو) بەکاردەهێنن، چونکە لە بارەی رووداوێکەوە دەنووسـن، کە کۆتـایی هـاتووە. بۆ نموونە:” منـداڵەکە ویستی وەکو باڵنـدەکـان بـفـڕێـت” کـرداری “ویـستی” گوزارشتە لە ئارەزووی منـداڵەکە کە بە هـۆش و خەیاڵیدا هـات. ویستی کردارێکی رابردووە، کە باس لە رووداوێک لە رابردوو دەکـات و کۆتـایی هـاتـووە. کەواتە چـیرۆکنووس ناچـارە کە رووداوێـک نمایـش بکات، کە تێپەڕیوە و کۆتایی هـاتووە. بە بیرۆکەیەکی جـوان منداڵان دەگەڕێنێتەوە بۆ جـیهانی منـداڵی، واتا منـداڵان رووداوێـکی کۆتـایی هاتـوو دەخـوێننەوە یا دەبـیستن. بێ ئـەوەی کە بتـوانن هـیچ شـتێک لە رێـڕەوی رووداوەکـانی چـیرۆکەکە بگـۆڕن.
تەنانەت چـیرۆکخـوانی چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و مـیللییەکـانیش، بە پـەرگـرافی ” هـەبـوو نـەبـوو” دەست بە گـێڕانەوەی هـەقـایەت و چـیرۆکەکـان دەکـەن. کـرداری” هـەبـوو” جەخـت کـردنە لەسـەر واتـای کـۆتـایی رووداو دەکـاتـەوە.

هـەنـدێ جاریش چیرۆکنووس، بۆ پێشاندانی بەردەوامی رووداو لە رابردوو و ئێستادا، وا چـیرۆکەکەی دەنووسێت یا دەگـێڕێتەوە، کە رووداوەکە کۆتـایی نەهـاتووە تا ئێستای رانەبـردووش درێـژەی هـەیە. زۆر بە کەمیـش، هەنـدێ جـار هـاوسەرگـیری لە نێـوان رابـردوو و رانەبـردوودا دەکـرێـت بۆ گەیـشتن بە داهـاتـوو. ئەمەش زۆر بە کـەمی لە کورتە چیرۆکدا روودەدات. بەڵام دەکرێت لە رۆماندا زیاتر رووبدات. چونکە لە رۆماندا ماوە و کاتێکی زیاتر بۆ رووداوە زۆرە تێکهەڵکـێشەکانی هەیە و کـاری پاڵەوانەکانیش تـازە دەبـنەوە لەوانەشە رووداوەکان لە رۆمانـدا، پانتاییەکی شـوێنی زیاتـر بگـرنەوە.
بەڵام (کرداری رانەبردوو) لە چیرۆکی منـداڵاندا بەکەمی بەکار دەهـێنرێت. بۆ نموونە:
“منـداڵەکە دەیـەوێت وەکـو باڵـندەکـان بـفـڕێـت” کـرداری “دەیـەوێـت” گـوزارشـتە لە بیرۆکەیەک کە هـێشتا لە کـاتی پێکهـێنان و بیرکردنەوە و ئامادەیی دایە، کە کـردارەکە رووی نـەداوە. لە کاتی رابـردوودا نووسەر دەتـوانێت کۆتـایی بۆ ئـەم کاتـانە دابنێت و چـیرۆکەکەی بە ئەنجـام بگەیەنێت. بەڵام لە کاتی رانەبردوودا، چیرۆکنووس ناتـوانێت کۆتایی بۆ چـیرۆکەکەی دیاری بکات. چونکە کردارە هـێشتا جێگـیر نەبـووە و لە کاتی تـاقـیکـردنەوە و پێکهـێـنان دایـە. بۆ نموونە:”مام بەختیار دەیەوێت مـینای کچی ببێت بە پزیشک”هـێشتا نازانرێت کە مینا دەبێت بە پزیشک یا نا، چونکە هێشتا خوێندکارە.
کـات لەگـەڵ شـوێـن و جـووڵـەدا، سـیانەن و تەواکەری یەکتریـن. گەر جـووڵە نەبێت، ناتـوانین هـەسـت بە کـات بـکەین. لە سووڕانـەوەی زەوی بە دەوری خـۆیـدا، رۆژ و شەو پێکـدێـن. لـە سـووڕانـەوەی زەوی بـە دەوری خـۆردا، چـوار وەرزەکەی سـاڵ، زستان، بەهار، هاوین، پایز پێکدێن لەگەڵ خەسڵەتەکانی هـەر وەرزێک لە وەرزەکان.
کەواتا کات بە دوای جـووڵەدا دێت و لە ئەنجامی جـووڵەدا کات دێتەدی. جـووڵەش لە شـوێنـێکـدا نەبێـت روونـادات. نمـوونـەیـەکی تـر لەسـەر کـات، کـاتی خـوێنـدنەوە:
“کـاتی خوێنـدنەوەی چـیرۆکـێک، مەبەست لـەو مـاوەیـەیە کە بە خـوێنـدنەوەی ئـەو چیرۆکە بەسەر دەبرێـت. چەنـد فاکتەرێک ماوەی تەواکـردنی خوێندنەوەی چیرۆکەکە دیـاری دەکەن، وەک: قـەوارەی ئەو پەرتـووکـەی کە چـیرۆکـەکەی تێـدایە، قـەوارەی لاپەڕەکانی، قـەوارەی پیتەکـانی چاپکـردنی، شـێوازی نووسەر، ئامـانجی چـیرۆکەکە، دۆخی هـۆشی و بیرکردنەوە و دەروونی خوێنەر، کارتێکردنی دەرەوەی کە بە دەوری خـوێنەرەوەیـە. هەمـوو ئەم فـاکتەر و کارتێکـردنانە، کاریگەرییان لەسـەر خوێنـەر و مـاوەی خوێنـدنـەوەی چـیرۆکـەکەدا هـەیە.
لە هەموو بارێکـدا، کـات و شـوێـن رۆڵێکی گـرنگیان هـەیە لە ریـزبەنـدی و بنیاتنانی رووداوەکـانی چـیرۆکی منـداڵان. منـداڵان لە میانەی کـات و شوێنەوە لە رووداوەکانی چـیرۆکەکـان تێـدەگـەن.
بۆیە پێویستە چـیرۆکنووسانی چـیرۆکی منـداڵان، بە جـوانی و بە وردی بیـر لە کات و شـوێـن و لە ریـزبەنـدیکـردنی رووداوکـان بـکـەنەوە.

رەزا شـوان
سـویـد: ١٢/ یـۆلـیۆ/٢٠٢١




خاتو بیل 95 ساڵ بەر لە ئێستە کۆچی دوایی کرد.. ئاوات ئەسعەدی

گێرترودە مارگرێت لۆتەین بێل دامەزێنەرو ئەندازیاری راستەقینەی دەوڵەتی عێراقە، کە هەروەک ئاشکرایە، دەیان ساڵی رەبەق سەرانسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی شڵەژاندووە. ئەمەش لە راستیدا گەورەترین دەسکەوتی ئەو خانمەیە، کە تەنیا 2 رۆژ پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە 58 ساڵ لە شاری بەغا لە 12 تەمووزی 1926 کۆچی دوایی کرد.
هیچ شتێک نیە لە عێراقا وەک یادەوەریەک بۆ ئەم خانمە تەرخان کرابێت. نە شەقامێک ناوی ئەمی لێنراوە، نە فێرگەیەک لە کوێرە دێیەکی تەریکا، نە یانەیەک، نە هیچ شتێک… تەنانەت ئەو پەیکەرە چوکلەیەش کە لە مۆزەخانەی العراقية لە بەغا کاتی خۆی مەلیک فەیسەلی هاورێی بۆی دروست کردبوو، لە 2003 ــەوە بێسەرشوێنکراوە. ئەمەش وەک ئەوە وایە، هەرگیز وجودی نەبووبێت. چارەنووسی دوو ئینگلیزەکەی تریش کۆکس و ویلسن، کە ئەوانیش خاوەنبڕیاری سەرەکین لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، باشتر نیە. دەوڵەتی هەمیشە پڕ نەهامتی عێراق بەبێ هەوڵی بێ وچانی ئەم سێ کەسە (بێل و کۆکس و ویلسن) مەحاڵ بوو بەم شێوەیەی هەیە، دروست بایە، بێگومان ئەمەش نەک هەر لەسەر حیسابی جوگرافیای کوردستانی باشوور بوو، کە کردیانە قوربانی “عێراقی عەرەبی”. تەنانەت، برێکی گەورە لە خاکی جەزیرە (میزۆپۆتامیا)، لەگەڵ روبەرێکی زۆر فراوانی بیابانەکانی عەرەبستانی سعودیەشیان خستە سەری.
سپڵەیی دەسەڵاتدارانی عێراق زۆر کەم وێنەیە لە مێژوودا لە ئاستی ئەو سێ کەسە. رەنگە عەرەبی عێراق لێشیان نەگیرێت لەم هەڵوێستەیان. چونکە ئەگەر دان بە دەسکەوتەکانی ئینگلیزا بنێن لە دامەزراندنی وڵاتەکەیان، ئەوا ترسی ئەوەیان هەیە، هەموو شەرعیەتێکی جوگرافی و مێژووییان لەدەست بدەن.
لە لایەکە دیکەشەوە ئەم فەرامۆشکردنەی ئەو سێ کەسە لە عێراقا پڕ بەپێست شایستەی ئەو سێ کەسەیە، بە تایبەت لەبەر ئەو نارەوایەتیە مێژوویەی دەرهەق بە کوردستان کردویانە. رەنگە ئەو مەسەلە کوردیە جوانترین وتە بێت بۆ پەیوەندی نێوان ئینگلیزو عێراق: “بۆ بۆرەپیاو خۆت بدەرە کوشت، دوایی ئەڵێت: خۆی مرد.”




ئالان و كریارێكی سویدی : فرین به‌ سه‌ر به‌فردا.. شاعیر: نه‌جم خه‌تاوی

ئالان

شاعیر : نه‌جم خه‌تاوی
وه‌رگێر : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

كوره‌ جوانه‌كه‌م
هه‌شت ساڵانه‌
یارییه‌كی پێشكه‌ش كردم
ئؤتؤمبێلێكی شین
قه‌واره‌كه‌ی پاكێته‌ شقارته‌یه‌ك بوو
( بیبه‌ باوكه‌
له‌ كاتی بێزاری
سوودی هه‌یه‌)
دوێنی شه‌و
كاتێك بێزاری میوانم بوو
ئؤتؤمبێله‌كه‌ی ئالانی بچكؤله‌م ده‌رهێناو
ده‌ستم به‌ یاریكردن كرد
توت توت توت ………
ــ * ــ * ــ * ــ
كریارێكی سویدی
شیعری : نه‌جم خه‌تاوی*
وه‌رگێرانی : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
پێنج ساڵ تێپه‌ری
دێته‌ دوكانه‌كه‌م
جگه‌ره‌و
رۆژنامه‌و
شیرینی ده‌كرێ و
هه‌موو جارێك
له‌ باره‌ی
عێراق و
سیاسه‌ت و
هاوكاری قسه‌م له‌ گه‌ڵدا ده‌كات و
رۆژێكیان كاتێك ‌ توره‌بوو
به‌ هۆ ی شتێكی قیزه‌وه‌ن
جنێوی پێدام
هاواریكرد
بگه‌رێره‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ت
ئه‌ی بێگانه‌
ــ نه‌جم خه‌تاوی* : شاعر، له‌ساڵی 1957 له‌ پارێزگاری كوت له‌ دایك بووه‌، چه‌ندین ساڵ پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی عێراق بووه‌و ئێستا له‌ سوید نشته‌جێیه‌. ئالان و كریارێكی سویدی له‌ په‌رتوكی ــ تحلیق فوق الثلج ( فرین به‌ سه‌ر به‌فردا Hovering over the snow ) وه‌رگیراون.
9/7/2021




چرۆی پێنووسه‌كانتان مه‌ژاكێنن.. ستار ئه‌حمه‌د

چرایه‌ك داگیرسێنن
تریفه‌ی مانگ
ئاگری شه‌ڕ سووتانی
گولله‌یه‌ك .. له‌گۆڕ نێن
كۆرپه‌یه‌ك ..
رووباری كینه‌و خوێن خنكانی
……………………
نه‌مامێك بچێنن
قه‌ڵه‌مێك له‌پاڵیا چرۆی كردووه‌
ده‌رگه‌یه‌ك واز كه‌ن
خوێندنگه‌یه‌ك ..
بۆ خه‌نده‌ی مناڵان تینووه‌
…………………………
دوو ده‌ست ئاشتكه‌نه‌وه‌
په‌نجه‌یه‌ك
له‌بسكی نیوه‌ شه‌و ئاڵاوه‌
رێگه‌یه‌ك گوڵ رێژكه‌ن
دێوانه‌یه‌ك
له‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی جێماوه‌
……………………………….
سه‌ری مانگ ماچ بكه‌ن
كیژێك ….
قردێله‌ی مۆمێكی جه‌ژنه‌یه‌
فریشته‌ی خه‌ونی رۆح رامووسن
كه‌ی ئاسمان
ئاته‌شكای ئه‌م شه‌ڕو به‌زمه‌یه‌ …؟
………………………….
تاریكی راماڵن ..
نیشتمان سه‌فه‌ری له‌به‌ره‌
ترس رێگه‌ی ئاواتی لێنه‌گرێ
گه‌ڵایه‌ك بكه‌نه‌ جۆلانه‌
هه‌تاكوو زارۆكێك
له‌نێویا پێده‌گرێ
قه‌ڵه‌مێك ….
بخه‌نه‌ گیرفانی هه‌وره‌وه‌
نه‌وه‌كوو خۆر كوێر بێت
مێژوومان بمرێ .
………………………………..
ستار ئه‌حمه‌د