ڤایرۆسی چیمریکای-٢٢، پەتایەکی نوێ لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا.. جەمال کۆشش

بە ڕستەی “خۆشهاتن بۆ شاری ئاشتی”، سەرۆکی دەوڵەتی سویسرا -گی پارملین- لە لوتکەی جنیف نێوان (جۆ بایدن – فلادمیر پۆتین) لە (١٦-٦-٢٠٢١) پێشوازیکردن. لە واقعدا شاری نێونەتەوەیی دڵگیری جنیف، هیچ کات هێندەی ئەو ڕۆژانە جبەخانەی سەربازی و تەلبەند و کۆپتەری بەردەوام و دەموچاوی نەناسراو و داخستنی نیوەی شاری بە خۆیەوە نەبینیوە. کەشتیە ئاسمانیەکەی بایدن، کە تەنها دوو دانەی لێدروستکراوە، بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا و سیستەمی موشەک و بەرگری ئۆتۆماتیکی و ژووری کۆنترۆڵی هەموو دەزگا سەربازییەکانی ئەمەریکای لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. سالۆنی کۆنفرەنس و کۆنگرەی داخراو و کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری و هۆتیل و میوانخانە و ژووری نەشتەگەری تیایە، وە هەڵگری فڕۆکەیەکی بچوکتری نێوخۆیییە کە بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر بەبێ هیچ پیداویستیەک دەتوانێت لە ئاسمان بمێنیتەوە. (جۆ بایدن) ڕۆژی پێشووتر و (پوتین) هەمان ڕۆژ بە ڕیزێکی پتر لە دەرزەنێک لیموزینەکانیەوە کە تەواوی ئەو شەقامانەی ماوەیەک بوو داخرابون و لە ژێر چاودێریدا بوون، گەیشت. ئەم هێزنواندانە، ئەم مانۆڕە لەلایەن (١٢٥٠) ژونالیستەوە بۆ (٤٤) ولاتی جیهان دەگوازرایەوە. بەڕاست، ڕوداوێکی جیهانییە؟ ئەم هەموو بارگرژیی و ئاڵۆزیە لەم شاری ئاشتییە بۆ؟ جنیف بە تەنها شاری ئاشتی و دانوستان و ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ناوەندە بازرگانیەکان نیە. جنیف دیوێکی قوڵ و شاراوەشی هەیە. “هێلانەی سیخوڕە جیهانیەکانیشە”.
ڤلادمیر پۆتین، بە چرکەش دوانەکەوت (کە بەزۆری وەها نیە لەگەڵ ڕەقیبەکانیدا)، تەوقە یەکی ساردییان لەگەڵ یەکدی کرد، بەمەش ئاماژەی کۆتایی کۆرۆنای دەگەیاند. هەروەک پێشتریش لەسەر ئەنجامنەدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری هاوبەش ڕێککەوتبون. هیچ داوەت و میواندارییەکی نانخواردنیش بەڕێوە نەچوو. دوو سەرۆکی گەورەی جیهانی لە سالۆنێکی (١٥) هەزار کتێبیدا کۆبونەتەوە، بۆ ئەوەی جیهان ڕابکێشنە نێو پەتایەکی قورسی سیاسیەوە کە هیچی لە دروستکردنی لابۆری ڤایرۆسێکی کوشندە مرۆڤایەتی کەمتر نیە.
ئەمەریکا – ئەوروپا – ناتۆ – روسیا
بایدن دەست پێشخەری لوتکەکەی لەگەڵ پۆتین کردبوو، بە میدیاکانیش هێندە ڕاگەیانرا:- هیڵی سور بۆ هێرشی ئەلکترۆنی و هاک و هیرشی سیبری، کێشەی ئۆکرانیا، پشتیوانی موخابەراتی و سەربازی بۆ سەرکوتی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسیا و سەرکوت و پاکتاوی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی ڕاکێشاوە. هەر چۆن بێت لانی کەم لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانیان و گەڕانەوەی دبلۆماتکاران ڕێککەوتن. ڕاوێژکاری پۆتین بۆ سوریا لە نێو تیمی سەرەکی گفتوگۆکاندا بوو، لەو بارەوەش بەدڵنییایی گیرمەگیرم بووە .هێڵکێشانەکە بە شوێن خۆی، ئەمەریکا پێویستی بە پاسیفکردنی روسیا لە پشتیوانی چین هەیە.
لە کۆبونەوەی ناتۆدا، بایدن گوشارێکی زیادی کرد بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازی ئەوروپا و پشتبەخۆ بەستنیان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و گواستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپاوە بەرەو ئاسیا.
“هەژمونی سەربازی ئەمەریکا بەسەر جیهاندا کۆتایی هاتووە”، “هەژموونی ئەمەریکا دواین رۆژەکانی خۆی دەژمێرێت”. ئەمانە گفتگۆێ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە برۆکسل بوون. ڕەنگە بە کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ-ئەمەریکا لە ئەفغنستان، ئەمەریکا “دەیەیەکە سەرگەردانن” بە شوێن دروستکردنی دوژمنێکی ترەوە بن.

ئەمەریکا – چین ئایندەی سیستەمی نوێی جیهانی
کۆتایی چیمریکا (Chimerica)
شەپۆل و جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کیشوەرەکاندا هێرش دەبات. ئەمەریکا و چین پشت لە پەتاکە بە تەواوی خۆیان بۆ دوای شەپۆلەکان ئامادە دەکەن. سەردەمی دوای کۆرۆنا، سەردەمی دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی جیۆ سیاسی و جیۆ ئیکۆنۆمی و جەمسەربەندی و سەنتەری هێزی نوێ دەبێت.
چیمریکا، نێوی دەورەی گەشە و پەیوەندی دولایەنەی چین – ئەمەریکا لە ساڵانی دوو هەزارەکان بوو. [نیل فرەگسۆن-(Niall Ferguson)] و [مۆریز شولیەنک-(Moritz Schularick)] کە داهێنەری ئەم چەمکەش بوون (لە دوو وشەی لێکدراوی چین-ئەمەریکا پێکهاتووە)، پێیانوابوو ئەو جۆرە لە سیاسەتی پوڵی و بازرگانی و گڵۆبەڵایزەیشنە داینەمۆی ئەو پێشکەوتنە ئابورییەی هەردولا بووە و بەتایبەت بۆ چین.
پەیدابوونی ڕکابەرێک بەو توانا ئابووری و تەکنەلۆژی و سەربازییەوە بۆ فۆرمدان و جێگاگرتن لە پەیکەرەی سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا لە پشووی سیاسەتی ئەمەریکادا نییە. جۆ بایدن لە کۆنگرەی [گی ٧- G7]دا، وتی (ئەمەریکا دەگەڕێتەوە)، چین وەڵامی دایەوە (سەردەمی دیاریکردنی چارەنوسی جیهان لەدەست کەمینەیەکدا تێپەڕیوە). لە ڕاگەیاندنی کۆتایی ناتۆدا، (١٠) جار نێوی چین وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و خاوەن چەکی ئەتۆمی و چاوچنۆکی و پەلامار، کێشە بۆ تایوان وهونگ کۆنگ. چین گاڵتەی بە ئەقڵیان هات “ئێوە هێشتا بە مینتالیتی جەنگی سارد ” مامەڵە دەکەن.
ڕۆژی (١-٧-٢٠٢١) لە وتاری یادی (١٠٠) ساڵەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی چیندا، سکرتیری گشتی حزب و سەرۆکی دەوڵەت، چی جیپنگ، ووتی ( هیچ کەس ناتوانێت بمانگەڕێنێتەوە، خەیاڵیان خاوە هێزە بیانییەکان جارێ تر گەلی چینی بچەوسێننەوە، دیوارێکی پۆڵاینمان هەیە). لە نێوان ئەم گەڕاندنەوەی ئەمەریکا و نەگەڕانەوەی چیندا، مرۆڤایەتی ڕاپێچکراوەتە نێو دەورانێکی زۆر ئاڵۆز و نادیارەوە.
(نیل فرەگسۆن)، پرۆفیسۆری مێژووی نێونەتەوەیی، لە (٢٠١٩)دا، لە گەرمەی شەڕی بازرگانی (ئەمەریکا – چین)دا، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمەریکا و چین لەسەر کێشەکانی بازرگانیش ڕێککبکەون، تازە بەشەریەت پێناوەتە نێو قۆناخی “شەڕێکی ساردی تروە”. لە تازەترین چاوپێکەتنیدا دەڵێت (چیمریکا مرد).
چین بە پرۆژەی ملیاردی ڕێگای نوێی ئاورشمین کە بە پرۆژەی سەدە ناسراوە، (٦٠) ولات و (١٠٠) گەورە شاری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە هەڵڕژاندنی سەرمایە بۆ دروستکردنی بونیادی وەبەرهێنان لە ئەفەریکا، بە کڕینی کۆمپانیا هەرە گەورە و مامناوەند و زنجیرە هۆتێل و کلوپە وەرزشیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، بە پێدانی قەرز بە وڵاتانی هەژاری ئەمەریکای لاتین، بەیەکەمینی نێردەی کاڵا بۆ بازاڕی جیهانی، لەماوەیەکی کورتدا بوو بەدوەم هێزی ئابوری لە ئاستی جیهاندا.
بە دروستکردنی ڕاکێتی دوورهاوێژی (٤٠٠٠) کیلۆمەتری، بە پیشەسازی جەنگی دەریاوانی و کەشتی، بەبونی هێزی ئەتۆمی، بە داگیرکردنی فەزای سەتەلایت و پانتایی ئاسمانی.
چین بە پێشکەوتنە تەکنەلۆجیە خێراکانی و پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد و هەڵدان و گەشەکردن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئەو بوارە سەدا (٤٧) هەموو جیهان پیکدەهێنێت.
چین حزب و دەوڵەتی لێکهەڵپێکا. حزبێک سەروی ٩٠ ملیۆن ئەندامی هەبێت، ترادسیۆنێکی کاریزمایی- دسپلینی و دیکتاتۆری هەبێت، پەیوەندی لەگەڵ (٥٦٠) حزبی شیوعی و لە (١١٦) دەوڵەتدا هەبێت. زۆرێک لە دەوڵەتانی بە قەرزی بێسود، بە وەبەرهێنانی لە کەرتە پیشەسازییە گرنگەکانی هاتوچۆ و کارەبا و تەندروستی بێئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی لە سیاسەتی نێوخۆیی و شێوەی حوکمڕانی و جۆری ئایدۆلۆژییەکەی هەڵقورتێنێ. کردبێت. زۆرێک لە پێشبینیەکان ئەو وتەیەی چی پینگ پشتڕاست دەکەنەوە “ساڵی٢٠٤٩” چین هێزی یەکەمی جیهان دەبێت.
پەیدابوونی ئەم هاوبەشە (شەریک)، لە حەوسەڵەی چاوچنۆکی ئەمەریکادا نییە. کێبڕکێ و ملاملانێیان، بێگومان چەشنی دوو بلۆکی سەردەمی جەنگی سارد نابێت، بەڵام گومان هەڵگر نییە: شەڕ لەسەر هەژمون و لەسەر نفوز و لەسەر بەدەستهێنانی کەرەستەخاوە سەرەکیەکان قەهراوی و مەترسیدارترە.

چاوێکی ناسیۆنالیستی، ڕوانینێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی
ڕەنگدانەوەی ئایندەی ئەم پۆلبەندییە لەسەر ناوچەکە و عێراق و کوردستان، گەورە و کاریگەر دەبێت، بەڵام نەک بەو چاوەی ناسیۆنالیستەکان تەماشای دەکەن. چاوی ناسیونالیستی – هەمیشە زیانبەخش بووە بۆ نەتەوەکەش، نمونەی هەرە نزیکمان ناسیۆنالیستە کوردەکان باشترین لە خراپترینەی مێژوویین. وە هەموو ئەو نوسینانەش لە چوارچێوەی پێداهەڵدانی جۆ بایدن و”شەڕی ئۆتۆکراسی و سەدەی دیمۆکراسی” دا یان بەرەی “شارستانیەتی ئاسایی”دا نوسراون، بێبەشن لە دیدگای بینینی جیهان و جێگای کۆمەڵگای ئێمە وەک توانای نواندنی هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی بەرپرسیارانەمان.

پرۆلیتاریا و بۆرژوازی و کێشەکانی سەرمایە
سەردەمی کۆرۆنا، سەردەمی بەرەنگارییەکی جەماوەری بێوێنە بوو بۆ بەرگری لە ژیانی ڕووت، لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمەریکای لاتین، ئەفەریکا، ئەمەریکا، چین، ئەروپا، ئاسیا، ئەمەریکا، هەڵچوونە جەماوەرییەکانی (ژیانی ڕەش-پێستان بایەخدارە) “بلاک لایڤس ماتەر – (Black Lives Matter)” سەدان هەزار کەسی لە دژی ڕاسیزم و سەرمایەداری ئەمەریکی و لە ئەوروپاش دژی کۆلۆنیالیزم وشارستانیەتی سەرمایەداری هێنایە نێو چالاکی سیاسیەوە. بێکاری بەو پەڕی گەیاند، سیاسەتی تاڵانکەرانەی کەرتی تەندروستی خستە بەر کامێرای جەماوەر.
بۆ ئارامکردنەوە و شەرعیەتدانەوە، بایدن ناچاربوو دەستوبرد گەورەترین قەرزی مێژوویی لە بانکی فیدرالی ئەمەریکی کرد (٦ بلیۆن یانی شانزە سفر) دۆلار بۆ گەڕخستنەوەی ئابووری. قەرزەکان بۆ بێکاران و ڕێگاوبان و نەخۆشخانەکان و قوتابخانە و تەکنەلۆژیا و بواری سەربازی کە (٢٤٠) ملیاردی بۆ بەرگرتن بە تەکنەلۆژیایی چینی بێت. دەوڵەت دەکەوێتە ژێر قەرزێکی بێوێنەی مێژووییەوە، کە ئاکامەکەی بەهەلئاوسان و لە دەستدەرچوونی کۆنترۆڵ کۆتایی دێت. یەکێک لە باشترین ئابوریناسانی ئەمەریکی و پرۆفیسیۆری کۆنسێرڤەتیڤی هاڤارد لە چاوپێکەوتنێکی دەلێت: (ئێمە بەخێرایی ١٥٠ کم دەڕۆێن و نازانین توشی چ ڕوداوێک دەبین)، هەر لە درێژەی هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: (بەهەر بارێکدا بشکێتەوە، لەگەڵ هەڵائاوسان ڕووبەڕووین، هەڵائاوسانیش وەک ڕێک وەک مادەی بەرزە بێهۆشکەرەکانە بۆ هەرە هەژارەکان، وە بەسەر ئەواندا دەشکێتەوە).
دەوڵەتی چین، بەسەرۆکایەتی (چی چیپنگ)، دەستی حزبی درێژتر کرد لە نێو سەرمایەی کەرتی تایبەتدا (لە سەدا ٥٠ بەرز بوەوە بۆ سەدا ٧٠)، تێکەڵەیەکی لەهەردووکیان دروستکرد، لە (٢٠) هەزار گەورە سەرمایەداری چینی، سەدا (٩٠)یان کادر و پلە باڵاکانی حزبی کۆمۆنستن. بە هەڵڕشتنی سەرمایەی دەوڵەتی و بەگەڕخستنی لە کەرتی بازاڕی ئازاددا کە لە هەندێک بواردا ئێستا “زیادە بەرهەم هەیە” و ناچار بە وەستانی کارگا و کۆمپانیاکان کردووە.

لە (٨٠٠) ملیۆن کرێکاری چینیدا، کە بە کارگەی کاری جیهانی نێودەبرێت، بزوتنەوەیەکی نوێی کارگەری شکڵی گرتووە. بۆ یەکەمجارە مارکس خوێنەری زۆرترە لە ماوتسی تونگ، نەوەیەکی نوێی مارکسیستی (بەتایبەت لە زانکۆکان)، کە سەردانی مانگرتنە کرێکارییەکان دەکەن بۆ ئاشناکردنیان بە کۆمۆنیزم. لە (٢٠٠٤)دا (٧٤) هەزار جار ناڕەزایەتی دەربڕاوە لە (٢٠٠٥)دا (٨٧) هەزار جار. هەرچەند نەقابەی کرێکاری دەرەوەی نەقابەی فەرمی ڕێگاپیدراو نیە، بەڵام هەندێک لە مانگرتنەکان بۆ دامەزراندنی شورای کارگەکانە یانی بۆ مافە سیاسی و دەسەڵاتی سیاسییە و ئەم مانگرتنانە وەها گەشەیان سەندووە لە رۆژنامە و گوڤار و سۆشیال میدیادا بەفراوانی بڵاودەکرێنەوە. مانگرتنە کرێکاریە سەرکەوتووەکان لە بەرامبەر کۆمپانیا جیهانیەکانی وەک هۆندای یابانی و فۆکسۆنی تایوانی (٢٠١٠) کە هەقدەست و هەلومەرجی کار و ژەمەکانیان گونجاوتر کرد. سەرەتای شەپۆلێکی فراوانی کێشایە نێو بزووتنەوەی کرێکارییەوە. سیاسەتی نیولیبرالیزمی لە بەگەڕخستنی هێزی کاری چینیدا کە (٥) لە (٤)ی سەرجەم کرێکارانی شار پێکدەهێنێت، تەنها بۆ کاپیتالیزمی دونیا نابێتە سەرچاوە قازانج.

وتارێکی نایاب لە لاپەڕەی یەکەمی هەفتەنامەی دی تسایتی ئەڵمانی (٢٠-٦-٢٠٢١) بڵاوکراوەتەوە، بە بایدن دەڵێت: ئەوروپا دوو جەمسەری ناوێت، ئەوروپا کێشەیەکی گەورەی نێوخۆیی هەیە. ئەوروپا لە نێوخۆیدا دوو چینی کۆمەڵایەتی پۆلارێزەیشن بوونە، ئەبێت سەرنجمان لەسەر ئەم کێشەیە بێت.

سەرەتایی تەموزی ٢٠٢١




دوو نامەی لینین بۆ مەکسیم گۆڕکی.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

نامەی یەکەم

ئازیزم ئەلێکسی مەکسیمۆفچ
ماوەیەکی زۆرە هیچم بۆ نەنووسیویت. سەفەرەکەمان بەردەوام دوا دەکەوێت و ئاستەنگی سەرەکی لە ئێستادا نەگەیشتنی هەواڵی تۆیە لە برۆکسلەوە. هاوڕێیانی ئەوێ بۆیان نووسیوم و دەڵین چاوەڕوانمن بۆ کۆبوونەوەی مەکتەب( مەکتەبی سۆشیالیستی ئەنتەرناسیوناڵ). لە ڕازگری نهێنی سەبارەت بە سەفەر پرسیارم کرد(لەبەر ئەوەی دەبێت سەفەری ئیتاڵیا بکەم) بەڵام هیچ وەڵامێکم نەدراوەتەوە. وە ناشتوانم برۆکسل بەجێبهێڵم. ئایا بڵاوکراوەی پرۆلیتاریت بەدەست گەیشتووە؟ چی لەبارەوە دەڵێی؟ئەی لۆناشارسکی چی لەبارەوە دەڵێت؟ بەداخەوە ڕەتکردنەوەی ئەوم سەبارەت بە نووسین دەربارەی کۆمۆنە بەدەست گەیشت. سێیەم ئەندامی دەستەی نووسەرانمان ئینۆ کینتییە.(*)
نامەم دەربارەی هەر پڕۆژەیەکی خۆت و لۆناشارسکی بۆ پرۆلیتاری، بۆ بنووسە.
دەستت بە گەرمییەوە دەگووشم
لینینی خۆت
جنێف / نیوەی یەکەمی مانگی ئازاری ١٩٠٨

(*)ئینۆ کینتی ناوی حیزبیی دۆبرۆفنسکییە.

نامەی دووەم

ئازیزم ئەلەکسی مەکسیمۆفیچ!
ئەمڕۆ لەگەڵ میشکۆفسکی گەیشتینە ئێرە. سبەینی بۆ شتۆتگارد ئەڕۆین.زۆر زۆر گرنگە تۆش لەوێ بیت. چونکە بە فەرمی ناوی تۆ لەوێ لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە وەک ئەندامی ڕاوێژکار تۆمار کراوە. ئەمە هۆی یەکەم. هۆی دووەم شتێکی زۆر باش دەبێت یەکدی ببینین، ئەگەر نا بۆ ماوەیەکی درێژ یەک نابینین. سێیەم کێشەکە خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە سەفەرێکی بیستو چوار سەعاتییە و لە هەفتەیەک زیاتر ناخاێنێت.(ئەمە لەندەن نییە!)وە هیچ درەنگیش نابێت ئەگەر ڕۆژی یەکشەم یان دووشەم سەفەرەکەت دەست پێبکەیت.
بەکورتی هەموو لەپێشوازیتدان و ئاسانکاریش بۆ هەموو شتێکیش کراوە.تکا دەکەم بێی ئەگەر بۆت دەکرێ.مەهێڵە دەرفەتی بینینی کاری سۆشیالیستە ئەنتەرناسیوناڵەکانت لەدەست بچێت.ئەمە قسەی سەرزارەکیی و موجامەلەی ڕووکەشانە نییە. هەروەک ئێمە ناتوانین بەنامە وردکاری ئیش و کارەکانمان تێبگەین، ئەگەر یەکتر نەبینین. زۆر بەکورتی، دەبێت هەر بێیت.
بەنیازی دیدار
سڵاوی زۆرم بۆ ماریا فیدرۆفنا() لینینی خۆت چوارشەممە ١٤-٨-١٩٠٧ ()ماریا فیدرۆفنا هاوژینی مەکسیم گۆرکی لەساڵی ١٩٠٤ ەوە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک بوو و شانۆکار بوو.

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرچاوە : في الادب و الفن ف.آ.لینین ترجمة من الروسیة الی العربیة یوسف حلاق الجزء الثاني مطبعة وزارة الثقافة دمشق ١٩٧٣ صفحة ١٠ و ٢٩.




مه‌رجی زیندوویی بۆ کاریگەربوونی کاریکاتێر.. بەشی -2- هەندرێن خۆشناو

زینده‌گیش له‌ كاریكاتێری پۆرترێتدا له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تیه‌كان به‌ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌بێت كه‌سایه‌تیه‌ك هه‌ڵبژێرێت كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا، كاریكاتێریست بۆ نمونه‌ نابێت وه‌زیرێكی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بژارده‌بكات، و پێشكه‌شی خه‌ڵكی بكات، ته‌نیا ئه‌گه‌ر بیانوو و هۆی خۆی هه‌بێت، یان هه‌ڵبژاردنی هونه‌رمه‌ندێك كه‌ رۆڵی زۆر لاوه‌كی ده‌گێڕێت له‌ شانۆ یان سینه‌مادا، یان وه‌رزشوانێك كه‌ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی نیه‌، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كانی بواره‌كانی تری ژیاندا، هۆی ئه‌وه‌ش له‌ خۆبه‌زلزانین و نكۆڵیكردن نیه‌ له‌ گرنگی ئه‌و كه‌سانه‌دا، به‌ڵكو سه‌روسیمای ئه‌و كه‌سانه‌ ناسراو نیه‌ لای خوێنه‌ردا، كه‌چی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشه‌نگن له‌ بواری چالاكی خۆیاندا له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا، سه‌روسیمایان ناسراوه‌ لای خوێنه‌رانه‌وه‌، كاریكاتێری پۆرترێتیش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌ به‌راوردكردنی خوێنه‌ر ده‌به‌ستێت، له‌ نێوان وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ و ئه‌و كاریكاتێره‌‌ی كه‌ بۆی كێشراوه‌، ئه‌گه‌ر وێنه‌ راسته‌قینه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ردا بوونی نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و به‌راوردكردنه‌ش بوونی نابێت، و كه‌وابێت كاریكاتێره‌كه‌ش كاریگه‌ریه‌كه‌ی وون ده‌كات، بۆیه‌ كاریكاتێریست كاتێك كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ر ده‌كات، ده‌بێت ناسراويی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ لای جه‌ماوه‌ر ره‌چاوبكات، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ لای ناوه‌ندێكی دیاركراودا، واته‌ ده‌بێت ئه‌و به‌راوردكردنه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاریگه‌ری كاریكاتێره‌كه‌ فه‌راهه‌م بێت، ئه‌و به‌راوردكردنه‌ش زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌قه‌د په‌یوه‌ندی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ به‌ بابه‌تی سه‌رده‌مه‌وه‌.
به‌ڵام له‌ كاریكاتێری گاڵته‌ و قۆشمه‌، مه‌رجی زینده‌گی له‌و ئاسته‌ی گرنگی و بایه‌خدانه‌ نابێت، چونكه‌ كاریكاتێری گاڵته‌ ئامانجی به‌ پێكه‌نین هێنان و كات به‌سه‌ربردنه‌ به‌ پله‌ی یه‌ك، بۆیه‌ لێره‌دا گرنگ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ پێكه‌نین هێنان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش هاته‌دی، واته‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ گه‌یشته‌ مه‌به‌ستی خۆی، له‌لای جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ زیندوو بێت یان نا.




فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..2.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەشی دووەم

چەند هەفتە پێش ئەمڕۆ، کاتێک چوومە پێشانگایەکی تایبەتی هونەرمەندی شێوەکار “محەمەد عارف” لە هۆڵی مۆزەخانە، کۆمەڵێک تابلۆی هونەریی ئاست بەرز سەرنجیان راکێشام، یەکێک لە تابلۆکان بووە ئیلهامبەخشی چیرۆکێک، هەنووکە دەمەوێت چیرۆکەکە بنووسم. ناوەڕۆکەکەی باس لەوە دەکات وێنەکێشێک تابلۆی ئافرەتێک دەکێشێت بە جوانترین شێوە و رووخسارەوە، بەڵام پاش ماوەیەک لە قاڵبوونەوە و تێڕامان لە خودی تابلۆکە، هونەرمەندی وێنەکێش بڕیار دەدات بە دوای ئەو ژنەی ناو تابلۆکەدا بگەڕێ لە زەمینی واقیعدا و ئەو کەسە بدۆزێتەوە لە ئەندێشەیدا سکێجی کردووە، هەرچەند دەگەڕێ ناگات بەو کەسەی لە پۆرترێتەکەیدا وێنەی کێشاوە، بۆیە نائومێد دەبێت. مەبەستی من لەم چیرۆکە ئەوەیە هەرگیز مرۆڤ ناگاتە ئەو وێنە خەیاڵییەی خۆی لە مێشکیدا بۆ ئافرەتێک کێشاویەتی کە بڕیارە ببێتە عاشقی یان هاوسەری یان نیوەکەی تری. خەسڵەتی منیش لە چیرۆکدا وایە، بەردەوام حەزم بە کۆتایی تراجیدیی و پڕ نائومێدیی هەیە.
کاتێک بیرم لە نووسینی ئەم چیرۆکە دەکردەوە و هێڵکارییەکانیم لە مێشکی خۆمدا دەکێشا، نقومی ناو دنیای “کاروان عوسمان” ببووم، چەند گۆرانییەکم بۆ چەندین جار دووبارە کردەوە، بەڵام گۆرانی “بهێنە بەرچاو موڵک نەبێت” زۆر دڵگیرە لای من، بەتایبەت گۆرانییەکە ناوەڕۆکێکی سۆسیالیستی هەیە و بەمشێوەیە دەستپێدەکات:

بهێنە پێش چاو موڵک نەبێ
ئاسانە ئەگەر تێفکری
هیچی موڵکی هیچ کەس نەبێ
سەر سەریشمان تا چاو بڕێ
غەیری ئاسمان چیدی نەبێ
رەنگە بڵێی خەیاڵات ئەکەم
بەڵام هەر من نیم وا ئەڵێم….

من تازە زانیومە، “کاروان عوسمان” سەرباری خڵتەی بیروڕای ناسیۆنالیستی، کەسێکی سۆسیالیست و چەپ بووە، ئەمە هێندەی تر وابەستەی کردم بە دنیای هونەریی ئەو هونەرمەندەوە، هەرچەندە دەسڵەمێمەوە لەوەی ئایا بە راستی ئەو هونەرمەندە پیاوکوژ بوو؟، بەڵام ئەو تۆمەتەش هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە دنیایەکی هونەریی تایبەتی هەیە، لەم رووەوە تێزی “رۆلان بارت” کە بەرهەم و ژیانی تایبەتی خاوەن بەرهەم جودا دەکاتەوە، لای من زۆر گرنکی هەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە هونەرە نەک ژیانی تایبەتی هونەرمەند.
بەهەرحاڵ، ئەمڕۆ دەمەوێ پەلە بکەم، لە نووسینی ئەو چیرۆکە، بەڵام کتێبێکی “کرباسی” بە ناوی “تەورات و ئیمپریالیەت” لە بەردەستمە و دەمەوێ زۆر بە زوویی تەواوی بکەم. ئەمەش دوای ئەوە هات کتێبە نایابەکەی “ئیدوار سەعید”م بە ناونیشانی “الصور المثقف” دوو جار خوێندەوە. دەبێت ئێستا کاتەکە بدەم بە نووسینی چیرۆکەکە، چوونکە وا بڕیارە هاوڕێیەکی حزبی شیوعی لە دیمەشقەوە هەموو بەرگەکانی “احیاء علوم الدین”ی “غەزالی”م بۆ پەیدا بکات و بۆم بنێرێ، ئەوسا بواری نووسینم کەم دەبێتەوە، چوونکە ئەو کتێبە چەند بەرگێکە و بابەتەکانی پەیوەستە بە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامەوە، ئەوەش تموحی منە کە دەمەوێ لە ئیسلام شارەزا بم، چوونکە لانیکەم بۆ ئەمڕۆ زانیارییە ئاینییەکان بۆ کەسانی وەک ئێمەی چەپڕەو گرنگی خۆی هەیە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
25-8-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 12-15 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆکی سویسرادا.. هیوا ناسیح

‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی ٢٠٠٧ بوو کاتێک وه‌ک په‌نابه‌رێک هه‌شت ساڵ بوو له‌ وڵاتی سویسرا ده‌ژیام و هێشتاش هاوڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ نه‌بووم، ته‌نها وه‌ک رۆژنامه‌نوس و چالاکوانێکی کورد به‌ ناو و ئیمزای خۆم نامه‌یه‌کم بۆ خاتو کالمی ڕه‌ی (Micheline Calmy-Rey) سه‌رۆکی ئه‌وکاتی حکومه‌تی فیدراڵی سویسرا نارد و بۆ ئازادکردنی ژیانی هه‌ردوو رۆژنامه‌نوس و چالاکوانی کوردی رۆژهه‌ڵاتی عه‌دنان حه‌سه‌نپور و هیوا بوتیمار, داوای هاوکاریم کرد، که‌ له‌ زیندانێکی ئێراندا چاوه‌ڕوانی حوکمی له‌سێداره‌دان بوون. پاش ماوه‌یه‌ک و له‌ ٢٣ی ئابدا ناوبراو به‌ فه‌رمی وڵامی نامه‌که‌ی دامه‌وه‌، جه‌ختی کردوه‌وه‌، که‌ ئه‌وان دژی ئه‌و حوکمه‌ن و کار بۆ نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی پێشێلکاریی مافه‌کانی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ که‌مایه‌تییه‌کانی ئێران ده‌که‌ن و له‌ نێویشیاندا ئه‌مان.
من دووجار خۆشحاڵ بووم، جارێک که‌ شتێکم ئه‌نجامدا و ویژدانی خۆم ئاسوده‌کرد به‌وه‌ی که به‌شدارییه‌کی که‌مم کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژیانی ئه‌و دوو مافخوراوه‌ رزگار بکه‌م، جارێکی تر چونکه‌ هه‌ستم کرد له‌ وڵاتێکدا ده‌ژیم که‌ رێز له‌ رۆژنامه‌ و چالاکوانان ده‌گرێت، با خه‌ڵکانی بیانی و په‌نابه‌ریش بن، وه‌ له‌ سه‌ر مافی خوراو و حوکمی سه‌پاوی نادادپه‌وه‌رانه‌ێ سه‌ریان به‌ جواب دێت. خۆشبه‌ختانه‌ رژێمی سێداره‌ پاش ماوه‌یه‌ک له ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا حوکمی سه‌ر هه‌ردوو چالاکوانه‌‌که‌‌ی هه‌ر یه‌ک بۆ چه‌ند ساڵێک زیندانیی گۆڕی و ئێستا هه‌ردوکیان ئازادن.
دواتریش جگه‌ له‌ کارکردنم بۆ دۆسییه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و گه‌یاندنی به‌ په‌رله‌مانی سویسرا ساڵی ٢٠٠٨، سه‌رۆکایه‌تی سویسرا له‌ وڵامێکی فه‌رمیدا پشتگیری کردم، رێکه‌وتی ٢٨ی نیسانی ٢٠١٨ سه‌باره‌ت به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین نامه‌م بۆ ئالان بێریست (Alain Berset) سه‌رۆکی پێشوی سویسرا، هه‌روه‌ها به‌رواری ١٥ی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٩ له‌سه‌ر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ریکانی و شاره‌کانی رۆژئاوای کوردستان نامه‌م بۆ ئولی ماوه‌ره‌ر (Ueli Maurer) سه‌رۆکی دواتری سویسرا نارد، هه‌ردوو جاره‌که‌ له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌ی فه‌رمی خۆیانه‌وه‌ وڵامیان دامه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌‌م نامه‌ و وڵامانه‌، کاتی خۆی له‌ رۆژنامه‌ و سایته‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ و لای خۆشم پاراستومن.
لێره‌دا قسه‌ له‌وه‌ نییه‌، وڵامه‌کانی ئه‌وان کاریگه‌ریی چی بوو، که‌ بێگومان که‌موزۆر هاوکاریی بوو گه‌ر به‌‌ ته‌نها له‌ ڕووی مۆراڵی و راگه‌یاندنیشه‌وه‌ بێت، به‌ڵکو قسه‌‌ له رێزگرتنه‌ له نامه‌ و په‌یامی خه‌ڵکانێکی وڵاته‌که‌ت، که‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندی و نیاز و مه‌رامێکی تایبه‌تیان له‌ ناردنیدا نییه‌، جگه‌ له‌ دڵسۆزی بۆ خه‌‌ڵکی به‌شخوراو و قوربانییانی مافه‌کانی مرۆڤ.
ماوه‌ی نزیکه‌ی ساڵێکه‌ کۆمه‌ڵێک چالاکوانی مه‌ده‌نی خۆبه‌خش له‌ هه‌نده‌ران و ناوخۆی باشوری کوردستان له‌ ژێر ناوی (گروپی داکۆکی له‌ ماف و ئازادییه‌‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق کار ده‌که‌ین، ئامانجی سه‌ره‌کیمان ئازدکردنی زیندانییه‌ سیاسیییه‌کانی بادینانه‌، که‌ وا پۆل پۆل له‌ ژێر ناوی هه‌ڕه‌شه‌ بوون له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی و تۆمه‌تی جۆراوجۆر دادگایی ده‌کرێن، چوارچێوه‌‌ و بواری کاره‌کانیشمان فشاری شارستانی و ناتوندوتیژی و سه‌رده‌مییانه‌ن و ده‌یان چالاکی و کاریشمان له‌م بواره‌دا کردوه‌.
سه‌ره‌تای مانگی دووی پێشنیازم کرد نامه‌یه‌ک به‌ ناوی گروپه‌که‌وه‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵح سه‌‌رکۆماری عێراق بنێرین، که‌ خۆی کورده‌ و گوایا پشتیوانی ئازادیخوازان و دژی سه‌رکوتکردن و نادادییه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ریی حزبێکیش بووه‌ به‌ ناوی (هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ریی!)، ئه‌وه‌ بوو دواتر وه‌ک داهێنانێکی نوێ له‌ هه‌لپه‌رستی و کورسیپه‌روه‌ریدا، که‌ له‌ مێژووی دوور و نزیکی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی کوردیدا بێوێنه‌ بوو، حزب و هاوڕێیان و به‌رنامه‌‌ و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی به‌ پۆستی سه‌رکۆماری گۆڕییه‌وه‌، ئه‌و کورسییه‌ی، که‌ پێشتر خۆی ده‌رباره‌ی پێیده‌گوت (شه‌رمه‌زارییه‌‌ مرۆڤ سه‌رکۆماریی وڵاتێکی وا بێت).
هه‌ندێک له‌ هاوڕێیان له‌گه‌ڵم نه‌بوون و پێشینییان ده‌کرد، که‌ وڵاممان ناداته‌‌وه‌ و پشتگوێی ده‌خات و سودی نییه‌، به‌ڵام من گوتم، ئێمه‌ بابیخه‌ینه به‌رده‌م لێپسراوێتی و بزانین ئه‌و وڵامی چی ده‌بێت. به‌ هه‌رحاڵ نامه‌که‌م نوسی، که‌ به‌وپه‌ڕی رێز و بێهیچ سوکایه‌تی و توانجێک و به‌زمانێکی ئه‌ده‌بی و شارستانییانه‌ دامڕشت، له‌ رێگه‌ی دوو ئه‌ندام په‌رله‌مانتاری کورد له به‌غدا بۆ ناوبراوم نارد، که‌ ئه‌مه‌ ده‌قی نامه‌که‌یه‌:

(( بۆ به‌رێز/ جه‌نابی د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆککۆماری عێراق
سڵاوێکی گه‌رم
هه‌ڵبه‌ت ئێوه‌ ئاگاداریی ئه‌و ده‌یان گه‌نجانه‌ی بادینان و هه‌ولێر هه‌ن، که رۆژنامه‌نوس و چالاکوانن و‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتیدا له‌سه‌ر تۆمه‌تی جۆراوجۆر زیندانی کراون، که‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ به‌ پێی شاره‌زایانی بواری یاسا و دادوه‌ریی هیچیان ناچنه‌ خانه‌ی تاوان و پێشێلکاریی یاسایی، زۆربه‌‌شیان بێ فه‌رمانی دادوه‌ر و به‌ شێوه‌ی نایاسایی ڕفێنراون و بۆ چه‌ندان مانگ ده‌بێت نه‌ که‌سوکاریان نه‌‌ پارێزه‌ره‌کانیشیان دیداریان له‌گه‌ڵیاندا نه‌بووه‌. به‌مجۆره‌ بۆ چه‌ندان مانگه‌ بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ره‌کانیان له‌ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.
له تازه‌ترین قۆناغی ئه‌و شانۆگه‌ریه‌شیاندا ئه‌وه‌ بوو رۆژی ١٦ی ئه‌م مانگه‌ له‌ دادگای دووی هه‌ولێر پێنج له‌و ده‌سگیرکراوانه‌، له‌ سه‌ر‌ بنچینه‌ی هه‌ندێک زانیاریی وه‌ک کۆمێنت و وتار و تۆماری ده‌نگیی نێوان چالاکوانان، که‌ هه‌موو ده‌چنه‌ خانه‌ی به‌دواداچوونی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی، وه‌ک کارێکی ئاسایی و رۆژانه‌ی رۆژنامه‌نوس و چالاکوانان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ندێک دانپێدانانی له‌ ژێرفشاری هه‌ڕه‌شه‌ی ئابڕووبردن و ئه‌شکه‌نجه‌دا لێیان وه‌رگیراوه‌، به‌ شه‌ش ساڵ زیندانی حوکم دران، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه‌ و رای شه‌قام و به‌تایبه‌تی تۆڕه‌کانی سۆسیالمیدیای به‌ توندی جوڵاندوه‌. تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی حزبه‌کان و که‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت رێکخراوه‌ جیهانییه‌کان و کۆنسۆڵی گشتی ئه‌مریکا و وڵاتانی ئه‌وروپاشی هێناوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌ و بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی ره‌خنه‌یه‌، که‌ تا ئێستا نه‌ به‌ناوی ‌به‌رێزتانه‌وه‌ وه‌ک سه‌کرده‌یه‌کی دیاریی کوردی و عێراقی، نه‌‌ به‌ناوی سه‌رۆکایه‌تی کۆماریشه‌وه‌ هیچ لێدوان و رونکردنه‌وه‌ یان ڕاده‌ربڕینێک له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ دیار و جوڵاوه‌ بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه‌. که‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕای ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بیروبۆچوون و بانگه‌شه‌کان و تێڕوانینی رابردووی ئێوه‌ وه‌ک که‌س بۆ دیموکراتییه‌ت و ئازادی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پێگه‌که‌شتاندا وه‌ک سه‌رۆکی کۆمار، که‌ به‌رپرسیارییه‌تێکی مێژوویی و ده‌ستوریی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شان به‌رامبه‌ر هه‌ر ناڕه‌وایی و پێشێلکاریییه‌کی یاسایی و ده‌ستوریی، ناکۆکه‌.
ئێمه‌ به‌رێزه‌وه‌ لێتان چاوه‌رێ ده‌که‌ین و داواکارین لێتان، که‌ به‌رێزتان به‌و شێوه‌‌یه‌ی بۆتان ده‌گونجێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌دائی کار و پیشه‌ی خۆتاندا لێدوانێک له‌مباره‌وه‌ بده‌ن و پشتیوانی له‌ ڕای ئازا و ئازاد و چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسان بکه‌ن، که دڵنیاین هه‌ڵوێست و قسه‌ی ئێوه‌ قورسایی و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ و ڕه‌وتی دادگایییکرنه‌که‌ ده‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بێده‌نگیتان له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ مانا و مه‌غزای تری ده‌بێت و لێکدانه‌وه‌ی تری بۆ ده‌کرێت.
چاوه‌ڕوانی هیممه‌ت و هه‌ڵوێستی دڵسۆزانه‌ و دۆستانه‌تانین
له‌گه‌ڵ رێزماندا
کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ماف و ئازادییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق
٢٢ی شوباتی ٢٠٢١ ))

دواتر بۆ دڵنیا بوونه‌‌وه له‌ گه‌‌یشتنی نامه‌‌که‌ به‌ درێژی قسه‌م له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێکی گروپه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیدا کرد، ناوبراو دوای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ نامه‌که‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌، کۆمه‌ڵێک داکۆکی بێ بنه‌مای له‌ ناوبراو کرد، که‌ له‌به‌ر ئه‌و ئیعتباراتانه‌ ناکرێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و که‌یسه‌، بۆ نمونه‌ ده‌‌یگوت، گه‌ر ناوبراو هه‌ڵوێستی هه‌بێت، ئه‌وا ره‌نگه‌ پارتی به‌ عیناددا بچێت و دۆخی زیندانییان و حوکمه‌که‌یان، توندتر بێت و له‌م قسانه!‌. دیاره‌ وڵامی هه‌موو ئه‌م قسانه‌یم دایه‌وه‌ و گوتم با هه‌ر‌ هیچ نه‌بێت گه‌ر ناتوانێت به ئاشکرا و بۆ هه‌ڵای راگه‌یاندن! وڵاممان بداته‌وه‌، به‌ڵام به‌رێگه‌ی خۆی کار بۆ دۆسییه‌که‌ ده‌کات، با له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌ و سکرتێره‌که‌یه‌وه‌ دڵنیامان بکاته‌وه‌، که‌ کاری بۆ کردوه‌ یان ده‌کات، به‌ڵێن ده‌ده‌م ئه‌مه‌ نه‌گاته‌ ڕاگه‌یاندن، گوتی ئێمه‌ له‌م رۆژانه‌ له‌گه‌ڵی داده‌نیشین و پێی ده‌ڵێم و …هتد. پاشتر من گوتم تکایه‌ پێی بگه‌یه‌نه‌ گه‌ر بێده‌نگی لێ بکات و هه‌ڵوێستی نه‌بێت له سه‌ر که‌یسه‌که‌ و وڵامێکی ڕوون و ڕاشکاوانه‌شمان نه‌داته‌وه‌، که‌ کاری بۆ ده‌کات، ئه‌وا بێده‌نگ نابین و هه‌ڵوێستمان له‌سه‌ری ده‌بێت.
ئێستا پاش ئه‌وه‌ی که‌ گروپی یه‌‌که‌می زیندانییان و له‌ نێویشیاندا شڤان سەعید لێپرسراوی یه‌که‌می حیزبەکەی ئه‌م لە دهۆک لەگەڵ چوار هاوڕێکەی تری شەش ساڵ حوکمدران و هەموو قۆناغەکانی حوکمەکەش کۆتایی هات، ئه‌م هیچ هەڵوێستێکی پێشان نەدا، وا دیسان گروپێکی تر و له نێویشیاندا سەرۆکی لیستەکەی کاتی خۆی پێکیهێنا بوو (هاوپەیمانی) بە تۆمەتێکی پڕوپووچ لە هەولێر دادگایی دەکرێن، به‌رد قسه‌ی کرد، ئه‌م قسه‌ی نه‌کرد! به‌تایبه‌ت که‌ تۆمه‌تی ئه‌م گروپه‌یان کارکردنه‌ بۆ خودی به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆکوه‌زیران! که‌چی خۆی لێکردوه‌ به‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت!
به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ سه‌رۆکی هه‌ر وڵاتێک نوێنه‌ر و هێمای وڵاته‌که‌ و پارێزه‌ری ده‌ستوره‌که‌یه‌تی و چاودێری جێبه‌جێکردنی ده‌ستوری وڵاته‌که‌ی ده‌کات. سه‌رۆککۆماری ئێمه‌ کاری چییه‌، گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بێت؟ پاشان ئه‌و هه‌موو خۆبه‌زلزانی و لوتبه‌رزییه‌ چییه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی، منێکی کورد و هاوڵاتی (به‌ناچاریی) عێراقی بۆ ده‌بێت کاتێک په‌نابه‌ر بم له‌ وڵاتێکی تر که‌ هه‌زاران کیلۆمه‌تر له‌ نیشتمان و وڵاتی خۆ‌مه‌وه‌ دووره‌ زیاتر ڕێزم لێبگیرێت له‌ وڵاته‌که‌ی خۆم! یان به‌ دیوێکی تر، بۆ ده‌بێت سه‌رۆکی وڵاتی سویسرا له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌کی دوو چالاکوانی کورد که‌ رۆژێک سویسراشیان نه‌بینیوه‌ و هه‌‌زاران کیلۆمه‌تر له‌ وڵاته‌که‌یه‌وه‌ دوورن، بێته‌ وڵام، که‌چی سه‌رۆککۆماری وڵاتێک به‌رامبه‌ر دۆسیه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی هاوڵاتیانی خۆی بێ ده‌نگ بێت؟ ئایا کورسی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌هێنێت که‌ مرۆڤ ئاوا خۆی و که‌سایه‌تی و به‌ها باڵاکانی بکاته‌ قوربانی؟ ئایا که‌سێک که‌ له‌ ڕۆژئاوا خوێندوێتی و خۆی به‌ که‌سێکی لێبراڵ و دیموکرات و دادپه‌روه‌ر ده‌زانێت، ده‌بێت ئاوا بێهه‌ڵوێست و بێده‌نگ بێت له‌ ئاست تۆمه‌تبارکردنی بێبنه‌مای چالاکوانان و ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌که‌ی؟ ئه‌ی خۆی نه‌یگوت (پیاو ده‌بێت حورمه‌تی هه‌بێت؟)،
بۆ ده‌بێت وا ڕۆحزل و بێهه‌ڵوێست بێت به‌رامبه‌ر که‌یسێکی، که‌ باڵوێزخانه‌ و نوێنه‌ری وڵاتان و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ بێنه‌ وڵام له‌سه‌ری؟ که‌چی ئه‌م ده‌ست به‌ کڵاوی خۆیه‌وه‌ بگرێت با نه‌یبات؟؟ بوون و نه‌بوونی ئه‌م له‌و پۆسته‌دا چ سودێکی هه‌یه‌، که‌ له‌ ئاست دۆسییه‌کی وا گرنگ و چاره‌نوسسازدا بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێست بێت. ئایا چ پاساوێک هه‌یه‌ بۆ بێ ده‌نگیان، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌مه‌ به‌رتیلێکی سیاسیی نه‌بێت بۆ ڕازیکردنی پارتی به‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان و مانه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌که‌یاندا؟




ئەگەر دادگا ڕاست دەکاو شانۆگەریێکی کۆمیدی نییە.. هاوڕێ بابان

ماوەی ساڵێکە کۆمەڵێک چاڵاکوان و مامۆستا و خەڵکی ڕەشوڕوت بەبیانوی کاری سیخوڕی کاری تێکدەرانە دەست بەسەرکراون بەبێ ئەوەی تۆمەتی بەشێکیان بەسەریان داساغ بێتەوە وەبەشێکیشان تا ئێستا هەردادگایش نەکراوان ولەزینداندان و ئەشکەنجە دەدرێن . بەشێکیشیان بڕیاری شەش ساڵ حوکم کردنیان بۆدەرچوە. پرسیار ئەوەیە ئایە کەسێک بەبێ ئەوەی تۆمەتەکەی لەسەر ساغ بوبێتەوە دەکرێ ئەم هەمو ئازار وئەشکەنجەیە بدرێ بخرێتە کونی زیندان و نەهێڵدرێت کەس وکاری بیبینن؟ ئەمە پرسیارێکە و دەبێ یاسا وڵامی بداتەوە.
تادێت کێشەو ململانێکانی هاوسەرۆکانی یەکێتی توندتر دەبێت لەئێستاشدا گەیشتۆتە ئاستی توندو تیژو لێک هەڵوەشانەوەی ئەم جۆرە لە سەرکردایەتی کردنەی کەپێی دەڵێن هاوسەرۆکایەتی .و یەکێک لەهاوسەرۆکەکان کەهێشتا خۆی بەهاوسەرۆک دەزانێ لەکاتێکدا کۆمەڵێک تۆمەتی خراوەتە پاڵ کەهەریەک لەم تۆمەتانە دەیان جار لەتۆمەتی مامۆستاو چاڵاوکانانی بادینان گەورەترن . وەک ژەهر خوارد کردن ،قاچاغچیێتی، مەوادی هۆشبەر، قوڕغکردنی بازار ،سیخوڕی کردن . ئەگەر بێت ئەم تۆمەتانە ڕاست بن نەک جارێک دەجار حەقی لەسێدارە دانی هەیە بۆیە دەبێ بپرسین ئایە ئەو تۆمەتانەی کاکی هاوسەرۆک گەورەترن یان تۆمەتی مامۆستایەک کەتەنها داوای موچەو قوتی مناڵەکانی خۆی دەکا؟
ئەبێ ئەم سەرکردە بەناو سیاسیانەی ئێمە چجۆرە پارێزبەندیێکیان هەبێ کەدادگا نەتوانێ قسەیکیان لەسەربکا نەک فەرمانی گرتن؟
ئەوەی من خۆی پێ سەڕقاڵ نەکەم و بەهەندی وەرنەگرم کێشەی نێوان سیاسیەکانە لەسەردەستەڵات و بەرژەوەندی خۆیان چونکە دەمێکە بەو باوەڕە گەیشتوم کە لێرە یەکترقبوڵکردن و دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتبەشێوەیەکی ئاشتیانە خەیاڵە و وە لێرە قوون لەکورسی نابێتەوە بەزیندویی بەڵام ئەم ڕووداوەی ناو یەکێتی هەرتەنها یەکێتی ناخاتە بەرپرسیاری جددی بەڵکو شەرمەزاریە گەورەکە بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستانە کە کەسێک بەم هەمو تۆمەتەوە لەدەرەوە بێت لەڕوی یاساییەوە مێش میوانی نەبێ هەژارێکیش تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆی کردوە لەکونی زیندان بێ .

دیسان دەڵێمەوە دادگا لێرە شانۆگەریێکی کۆمیدییە.

هاوڕێ بابان
چاودێری سیاسییی




کاتێك منداڵەهەرزەکارەکان دەبنە قوربانی چێژی پەنهانی باوان (دایك و باوك).. گەشاوە جاف

کاتێک تۆ دەتەوێ بەهەموو بوونتەوە، لەژێر پەردەی مۆدێربوون و پێشکەوتندا خۆت دەشاریتەوە، لەسەر ستەیجی شانۆ بەدەیان سیناریۆی مرۆڤبوون نمایش دەکەی، هەر ئەوکات، دژە مرۆبوون بەیان دەکەی. مەبەستم ئەو ژن و پیاوانەیە کەمنداڵ درووست دەکەن و دەشیانەوێ لەژیانی تایبەتی خۆیاندا بژین لەپێش بەناو هاوسەرو هەروەها منداڵەکانیانەوە!. ئەم دیاردەیە بۆتە مۆدە لەئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی، پێش بەناو هاوسەرەکەت بیرت لە منداڵەکانت کردەوە چ کارەساتێکی دەروونیان ڕووبە ڕوودەکەیتەوە؟ بیرت لەڕووخانی کەسایەتی ئەندامانی خێزانەکەت کردوە یان چێژ بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەولایەنانە وەلابنێیت و بێ ترس ئەوەبکەیت کە بە بۆچونت نیشاندانی ئازادی و ڕۆشنبیریتە لەسەر حسابی منداڵەکانت پێش هەموو کەس !! بە بۆچوونی من ، هەرچیت دەوێ ئازادی بیکە بەڵام کاتێک جەسورانە بڕیاری وەلانانی خێزانەکەت دابێ بە جیابوونەوە زۆر شەرەف مەندانەترە وەک لەم گەمەنەگریسەی کە زۆر کەسی پێوە ماندوودەکەنو دەسوتێنن………بۆیە هەمیشە دەیڵێم و دەیڵێمەوە هەرکەس منداڵی بوو مەرج نیە ناوبانگی دایک و باوکی پێ ببەخشرێت چون بەخشینەوەی ئەو نازناوە زۆر لەم جۆرە مرۆڤانە ناگرێتەوە بەداخەوە….
کاتێ چێژ باڵادەست دەبێت ، ئەوەی بیری لێناکرێتەوە منداڵە هەرزەکارەکانن بەتایبەتی لە و خێزانانەی مۆڕاڵیان داڕماوە و نە دایک دایکە لەبەر دۆستەکەی و نەباوکیش باوک لەبەر کار و چوونە دەرەوەکانی ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی درووست بوونی بۆشاییەکی ڕووحی کە ژنەکان دەکاتە ڕاوچی ئەو پیاوانەی کە دەبنە هەڵگری هەست و نەستیان چون خودی خۆشیان لە بۆشاییەکی ڕووحی بەزۆر درووست کراودا دەژین .
لەکاتێکدا منداڵێکی هەرزەکار ، بە کردەوەکانی یەکێک لە باوان کە ناپاکی بەامبەر ئەوی دی کردوە دەزانێ چ کارەساتێک ڕوودەدات، دوور لە ناووناوبانگ و کۆمەڵگا. دەبێتە برینێک هەمیشە خوێنی لێ دەچۆڕی بە تایبەتی لە گۆمەڵگای کوردی دا وە هەمیشە پیاوەکان چێژ و سەرکەوتنیشی تێدا بەدی دەهێنن .
برسێتی بۆ سێکس مرۆڤەکان دەکاتە دڕندەترین جانەوەر گەر نەتوانن بەسەر هەستیان دا زاڵبن ، لەوەیە بڵێن سێکس وەک خواردن وایە بەڵێ هاوڕام بەڵام نەوسنی بۆ سێکس شتێکی دیکەیە بە بڕوای من ، هەر ئەوەشە وای لە هەندێ تاکی کۆمەڵگا و بەتایبەتی نووخبەکان کردوە بکەونە ژێر هەژموونی برسێتی نەک ڕاستگۆیی .
نەفس گەر بیگری مشتێکە و بەری دەی دەشتێکە . ئازادی و ئازایەتی ڕۆشنبیری لەوەدانیە کەبەدگومانی بکەیت. جا چ ژن بیت یان پیاو
مرۆڤەکان گەر دڵنیابن لە هەنگاوێک کە بە درووستی ناویانە ، هەرگیز ناتوانن خۆیان بشارنەوە.وبێ دەنگی لێ بکەن …هەموو مرۆڤێک بەر پرسیارە لە هەڵهێنانی هەنگاوەکانی . جا ڕووە و ئەرێنی یان نەرێنی یەکان بێت لە ژیان دا .هەرگیز هەنگاوێ مەنی لە پاش دا ببێتە هۆی پشیمانیت!!! ، چونکە جێگای ئەو پەشیمانیە وەک برینێک لە ناختا هەڵدەکۆڵرێت ئەگەر بەڕووکاری دەرەوەشتەوەیان بە هیچ شوێنێکتەوە نەمێنێ دڵنیابە بە قووڵی بەسەر ڕۆحتەوە دیار دەبێ . و دەمێنێتەوە…..

لەندەن
گەشاوە جاف




مێژووی ئێمە.. شیعر: ئەردڵان سرفراز.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

مامۆستای مێژووی ئێمە
هەرگیز پێ ی نەووتین چۆن
چۆن ڕابردوو بوە چیرۆک
و
بێ چەن و چون چۆن ڕوویان یا
چیرۆکەکانی مێژووی ئێمە….

مامۆستای مێژووی ئێمە
عاشقی ئازادی بوو
تەنها حیکایەت خوانێکی باش
ڕۆژهەڵاتییەکی سادە و ئاسایی بوو

خۆزگە مامۆستای مێژووی ئێمە
پێ ی بووتینایە کە چۆن
مێژوو ، ترسنۆکێکی بێ شەرم و بەزییە
دەریای ئاگر و خوێن
پەیوەست بە ئاشووبگەرییە
مەرەکەبی شنشێر ، قەڵەمی براوەکان
خوێنی خەڵکە
لەم ئاژاوە سەیر و سەمەرەیە
مانای ئینسانیەت وونە

خۆزگە مامۆستای مێژووی ئێمە
پێ ی بووتینایە کە چۆن
لە جێ ی باوک کوڕ
جۆن بێهوودەیی لە جێ ی شەڕ
وێرانانی یەک سەرزەمین
تەنیا بە خاتری یەک نەفەر

هاوڕێیانی قۆڵبڕ
پیلانی دایکان ، کوڕ بە پاداشتی باوک
باوک کوژانی بێ کوڕ

بە تاڵان بردن و هەڕاجی خوێن
قەتڵوعامی بێ داخ لەدڵ گرتن

ساختەی مێژوویی” دادپەروەری”
ئیمان بە پیاکێشان و چەک، سەپاندن

خۆزگە مامۆستای مێژووی ئێمە پێ ی بووتینایە
چۆن نانی خیانەت
لەسەر سفرەی لەیەک تێگەیشتنایە
باری شکستی هەر بردنەوەیەک
لەسەر شانی خەڵکایە

خۆزگە مامۆستای مێژووی ئێمە
پێ ی بووتینایە کە چۆن
مێژوو ، ترسنۆکێکی بێ شەرم و بەزییە
دەریای ئاگر و خوێن
پەیوەست بە ئاشووبگەرییە
مەرەکەبی شنشێر ، قەڵەمی براوەکان
خوێنی خەڵکە
لەم ئاژاوە سەیر و سەمەرەیە
مانای ئینسانیەت وونە

گەر بە ئێمەی بووتایە چۆن
لەوانەیە ئێستا لێرە نەبوویبایە
دوورە ووڵاتانی بێ دەوار
لەگەڵ یەک و تەنها نەبووینایە