گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات و دەزگای هەواڵگریی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

یەکەم: ڕەگێکی مێژوویی
زۆر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە و لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە واتا لە سەردەمی میرنشینەکانەوە، ململانێی نێوان ئامۆزاکان یان براکان لەسەر دەسەڵات لە دەسەڵاتدارێتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، زنجێرێکی نەپساوە تا ڕۆژگاری ئێستامان. هەر جۆرە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونێکی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێبەری نەبووە لەو جۆرە ململانێ بنەماڵەییەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی. هەر مۆدێل و فۆڕمێکی دەسەڵات وەکو شێخایەتی، ئاغایەتیی، خێڵەکیی و حزبیی یان تێکەڵە و تێکهەڵکێشی ئەمانە، گواستنەوەی دەسەڵات تیایاندا میراتگرانەی خوێن، پشت و بۆماوەیی بووە، سەرباری هەر بانگەشەیەکی ڕووکەشانەی هەندێکیان بۆ میکانیزمێکی مۆدێرنانەی دیموکراتییانە. واتا ئەم ململانێیەی نێوان ئەندامانی “ئامۆزاکان یان براکان” بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دەسەڵات و یەکلاییکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی بە هێزی ڕووت، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە بە هەر فۆڕمێکی ڕێکخستن و دەزگایی مۆدێرن نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت و دابڕانێک لەگەڵ ئەو مێژووە درێژەیدا دروست بکات.

دووەم: فۆڕمی خێڵەکیی-ئایینیانەی حزب
حزبی سیاسیی وەکو پێکهاتەیەکی مۆدێرن بۆ ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا،دەسەڵات و دەزگاکان، مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. لە دوای حکومەتەکەی مەلیک مەحمودەوە، حزبی هیوا و دواتریش کۆمەڵەی ژێ کاف کە دواتریش بوو بە حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن خوێندەواران و توێژی پێشکەوتووخوازانی ئەو کاتەوە، سەرەتای مێژووی حزبی سیاسیی و فۆڕمێکی دیکەی نوێی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش بە جۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەریی هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا. واتا هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکانی مۆدێرنیزەبوونی کایەی سیاسیی کە شکستی خوارد و کەوتە ژێر هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و وەکو خانەیەکی کانسەریی بە سەراپای جەستەی کایەی سیاسییدا بڵاوبووەتەوە.

سێیەم: ڕەگی خێڵەکیی-ئایینیانەی بۆماوەییبوونی دەسەڵات
تووشبوونی کایەی سیاسیی کوردیی بە ڤایرۆسی گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات ڕیشەکەی لەنێو بونیادی دەسەڵاتی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە. هیرارکیەت و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەکانی وەکو ئاغایەتیی و شێخایەتیی لە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکاندا، ئاشکرایە شانداداو لەسەر خوێن و ڕەچەڵەک بووە. ئەم عەقڵییەتە و میکانیزمەی پشتاوپشت گواستنەوەی دەسەڵاتی ماددی و ڕەمزی لە سیستمە کۆمەڵایەتییە نامۆدێرنە ئاغایەتیی و شێخایەتییەکەی کۆمەڵگای کوردییەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو حزبی سیاسیی و کایەی سیاسیی لە سەدەی بیستدا. واتا بۆماوەییبوونی دەسەڵات لە حزبی سیاسیی کوردیدا، ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی کۆنتر لە حزبی سیاسیی و لە نێو مێنتاڵیتیی و بونیادەکانی سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکانی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە.
سەرنجبدە لە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەر حزبێکی سیاسیی لە سەدەی بیستدا لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە بنەماڵەی شێخ، ئاغا، سەید، مەلا، خان و بەگ، …هتد، بوون، کە ئەو جۆرە لە پاشناو هێمایە بۆ هەژموون بەسەر مێنتاڵیتیی و کۆنەستی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا و هەروەها هێمایە بۆ درێژە کێشانی هەژموونی بونیادەکانی مێنتاڵیتیی ئاغا، شێخ و ..هتد بەسەر فۆڕم و پێکهاتە مۆدێرنەکەی سیاسەتەوە کە حزبە. بەدیوێکیتریشدا ئەوەمان پێدەڵێت کە گواستنەوەی بۆماوەییانەی هێز و هەژموون لە حزبیشدا ناتوانێت ئاغایانە و شێخانە نەبێت. واتا تێکهەڵکێشی بونیادە خێڵەکییەکەی مێنتاڵیتیی ئاغایەتیی و بونیادە ئایینییەکەی شێخایەتیی، بونیادەکانیی مێنتاڵیتی حزبی سیاسیی پێکهێناوە و لێرەوەیە گواستنەوەی بۆماوەییانەوەی هێز، هەژموون و دەسەڵات لە حزبی سیاسییدا، ڕەگێکی خێڵەکیی-ئایینیانەی هەیە کە لە مێژوویەکی دێرین و درێژی ئاغاواتیانە و شێخایەتییانەی کۆمەڵگای ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.

چوارەم: دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان
دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان لە هەر ووڵاتێکی دنیادا لە بەشێکی کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە بەسەر هاوڵاتییانەوە و خزمەت بە هێشتنەوەی دۆخی جێگیر و باوی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەکەن. لە بەشەکەیتری کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە لە پێناوی دەوڵەت و کۆمەڵگادا و دژ بە دەوڵەتانی دیکە و نەیارانیان.
لە دۆخی کوردستاندا، دوو دەزگای هەواڵگریی و سیخوڕیی کە سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن لە هەر دەزگایەکی دیکەی حکومەتیی و ئەمنیی دیکە بەمەسرەفتر و پڕبودجەتر و گرنگترن بۆ دەسەڵاتدارانی یەکەمی حزب “یان ڕاستتر بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە”. ئەم گرنگیی و بایەخپێدانە گەورەیەی ئەم دەزگایانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکەمی دوو حزبخێڵەوە، لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتداران بۆ هێزی ڕووتی سەربازیی، ڕووبەری مێدیایی و ئازادیی دەربڕین، ململانێی سیاسیی نێوخۆیی لە نێوخۆی حزبدا و هەم لەتەک حزبەکانیتردا، چۆنێتیی دەستگرتن بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، هەیانە. واتا لە بنەڕەتدا بەشە سەرەکییەکەی کاری ئەم دەزگایانە لە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە بۆ کۆی پرسەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیی سیاسیی و دەزگاییەکانی کۆمەڵگاوە، بووەتە هەواڵگرییکردن بەسەر، سیخوڕییکردن بەسەر، هەڕەشەلێکردن، گرتن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییان جا ئەو هاونیشتمانییە چ ئەوەی کەسێکی نوسەر و ڕەخنەگری سەربەخۆ بێت، چ ئەوەی ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی دەرەوەی چێوەی حزب بێت، چ ئەوەی ئەندام، لایەنگر و کادێری حزبە سیاسییەکانی دیکە و بەتایبەت دژبەران و ڕکابەرە سەرەکییەکانی بێت یان تەنانەت چ ئەوەی بازرگان و سەرمایەدارێکی دەرەوەی چێوە حزبیی و سیاسییەکان بێت. واتا بەبەشی گەورە و سەرەکیی، کاری ئەم دەزگایانە دژ بە هاونیشتمانییانە، بەبەشە بچوک و کەمەکەی کاریان لە دژی بۆ نمونە تاوانباران و تێرۆریستانە.
دەرئەنجام، ئەم دەزگایانە لە ژێر دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانێکی مێنتاڵێتیی خێڵەکیی-ئایینیانە، ناتوانن دەزگای پارێزەری هاونیشتمانیی، بە ئازادییە هەمەلایەنەکەیەوە لەگەڵ ڕێز و کەرامەتە ئینسانییەکەی بن.

ئەحمەد ڕەسوڵ




کێرڤی کاریگەری سۆشیالیزم لای دۆرثی لیڤسەی شاعیری کەنەدیی.. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

دەستپێک
وردبوونەوە و ڕۆچوونە نێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی و هەڵوەستەکردن لەسەر شاعیرە ڕادیکاڵەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەو بەرچاوڕوونییە بۆ خوێنەری کوردزمان دەڕەخسێنێت کە بتوانێت، گەوهەری داهێنانە جوانەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە ببینێت و بخوێنێتەوە. ئەدەبی ڕادیکاڵیزم و شۆڕشگێرانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە کەنەدا بەتایبەتی لە دەیەی سییەکان و چلەکاندا گەیشتە چڵەپۆپە. ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە گەلێ نووسەر و ئەدیبی ڕایدکاڵی هێنایە دەرەوە لەوانە ئەبراهام کڵین و جین بورتن و دۆرثی لیڤسەی و ژمارەیەک بڵاوکراوە و گۆڤاری رادیکاڵ و شۆڕشگێرانە و هەروەها چەند یانەی ڕۆشنبیریی هاتنە دامەزراندن و بڵاوکردنەوە. دۆرثی لایڤسەی یەکێک بوو لەو دەنگە شیعرییانەی لەو سەرەتایەدا بە هێزێکەوە هاتە مەیدان و کەوتە چالاکی هەمەجۆری سیاسیی و ئەدەبیی. بۆ ئەوەی دۆرثی لیڤسەی بناسین، باشترە لە سەرەتاوە ئاوڕێک لە بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی بدەینەوە.

بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی
بزووتنەوەی شیعر لە وڵاتی کەنەدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە سەرەتای دۆزینەوە و دەست بەسەرداگرتنی ئەم کیشوەرە لەلایەن هەردوو زلهێزی ئەو کات بەریتانیا و فەرەنسا. شیعرە بەراییەکان لە سەدەی حەڤدە بەگشتی لەلایەن ئەو کەسانەوە نووسراون کە سەردانی یان گەشتی ئەم وڵاتەیان کردووە و شیعریان تیا نووسیوە وەک یەکەمین بەرهەم کە بڵاو کرابێتەوە شیعرێکی ڕۆبەرت هەیمەن بوو لە ساڵی ١٦٢٨. بەڵام یەکەمین شیعریی درێژ لەمێژووی وڵاتی کەنەدا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٥ کە ئۆلیڤەر گۆڵد سمیس نووسیویەتی و بڵاوی کردۆتەوە. سەبارەت بە کتێبی شیعریش یەکەمین کتێبی شیعری لە کەنەدا چاپ و بڵاو کرابێتەوە کتێبی “خاکی خەون”ی چارڵس مەیر بوو کە لە ساڵێ ١٨٦٨دا هاتە بڵاو کردنەوە. هەر لە سەدەی حەڤدەهەم گروپی “شاعیرانی کۆنفیدراسیۆن” هاتە دامەزراندن کە ئەندامانی گروپەکە بریتی بوون لە چارڵس جی دی ڕۆبەرتس و ئارشیبلاند لامپمان و بلیس کارمەن و دونکان کامبڵ سکات و ولیەم ویلفرێد کامبڵ. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا بەتایبەتی ساڵی ١٩٠٧ کتێبێکی شیعری شاعیر ڕۆبەرت سێرڤس چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە ڕەواجی زۆری بۆ پەیدا بوو و زۆر بەناوبانگ بوو تەنانەت لەسەدەی بیستەم زیاتر لە سێ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. ئەم سەرکەوتنەی ڕۆبەرت بووە هاندانی چەندین شاعیری تر لەوانە تۆم مەکڵنس. دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم گروپی مۆنتریاڵ هاتە دامەزراندن کە لە کۆمەڵێ شاعیری گەنج پێکهاتبوون لەوانە ئەی جەی ئێم سمیس، ئەی ئێم کڵەین، ئێف ئاڕ سکات کە بوونە هۆی گەشەپێدان و بەرەو پێشچوونی شیعری مۆدێرن لە شاری مۆنتریاڵ(دووەم گەورەترین شار لە وڵاتی کەنەدا ) . لە شاری تۆرۆنتۆش دۆرسی لیڤسەی ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی شیعر لەو شارە مەزنەی کەنەدا. هەروەها جگە لە پەرەپێدان و دامەزراندنی چاپخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، گۆڤارەکانێش توانیان بەڕۆڵی خۆیان تەکان بە بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی بدەن لەوانە گۆڤاری “شیعری کەنەدیی” کە لە ساڵێ ١٩٣٥ لەلایەن پراتەوە هاتە بڵاوکردنەوە. لە ناوەڕاستی دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو شیعرەکانی ویڵسن ماکدۆناڵد خوێنەری بەبڕشتیان هەبوو. دوای جەنگی جیهانی دووەم جۆێکی تر لە شاعیران سەریان هەڵدا کە بۆ نوخبە دەیان نووسی، ئەمانیش جەیمس ڕینەی، جەی مەکفێرسن،لیۆنارد کۆن بوون. لە هەمان کاتدا هەندێکی تر لە شاعیران وەک ئارڤینگ لەیتن، ڕەیمۆن سۆستەر، هاڕۆڵد ستاندیشلویس دودێک بەرەو ئاڕاستەیەکی تر هەنگاویان نا و زمانی سادەی خەڵکیان لە شیعرەکانیان بەکار دە‌هێنا. لە دەیەی شەستاکان هەستی ناسیونالیستیش بووە هۆی برەو پێدان و هاتە مەیدانی چەندین دەنگی نوێ، لەوانە : مارگریت ئات ود، مایکڵ ئۆنداتج و لیۆنارد کۆن و ئیلێ مەندەل و مارگەرێت ئەڤیسۆن. دوای ئەوەش ڕۆژنامەی “تیش” کە قوتابییەکی شاعیر لە زانکۆی بریتش کۆڵۆمبیا لە شاری ڤانکۆڤەر لەسەر ڕێچکەی شاعیرانی “بلاک ماونتێن” دایمەزراند، گەلێ لە شاعیرانی دەیەی شەستەکان لە شاری ڤانکۆڤەر پێگەیاند لەوانە بی پی نیکۆڵ و جەیمی ڕید و جۆرج بۆوەرینگ و فرێد واه و فرانک دەیڤی و دەفنی مارلات و دەیڤد کوڵ و لیۆنێڵ کیرنس. دانانی خەڵاتی حاکمی گشتی کەنەدا بۆ شیعر لە سەدەی بیستەم ڕۆڵی خۆی بینیوە لە پاڵپشتی و هەروەها سەپۆرتی شاعیران و بزووتنەوەی شیعریی. شاعیرانی نەوەی نوێی لە کەنەدا سنوورەکانی خۆیان تێپەڕاند و داهێنانیان پێشەکەش کردووە لەوانە : برایەن برێت، کێن بابستۆک و پاتریک لەین و بیری دێمبستەر و ..تاد، تێکۆشان مۆری ئاگایی و هەست و نەستیان و خستنە سەر نەخشەی وێنەی شیعریی کەنەدیی.(١)

بەرچاوترین کتێبی ئەنسۆلۆژی شیعری کەنەدیی بریتییە لە “کتێبی نوێی ئۆکسفۆردی شیعری کەنەدیی” لە نووسینی مارگەریت ئات ودە، ساڵانەش لە کەنەدا چوار خەڵاتی شیعریی هەن کە بریتین لە خەڵاتی حاکمی گشتی کەنەدا و خەڵاتی خەڵاتی گریفن بۆ شیعر و خەڵاتی جێرەڵد لامپێرت و خەڵاتی پات لۆسەر. بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی لە قۆناغی ڤیکتۆریاوە یەکسەر گواسترایەوە یان بازیدا بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم بێئەوەی بە قۆناغی مۆدێرنیزمدا تێبپەڕێت، چونکە کاریگەری شیعری ئەمریکیی هۆکار بوو بەتایبەت شاعیرانی وەک کارڵ ساندبێرگ و ڤەیکەڵ لێدسەی. بەڵام سەبارەت بە بەشی فەرەنسی زمانی بزووتنەوەی شیعریی کەنەدیی ئەمیش بە مێژوویەکدا تێپەڕیوە. ساڵی ١٨٣٠ یەکەمین کتێبی شیعری بەزمانی فەرەنسی لە کەنەدا بڵاو کراوەتەوە. لەسەدەی حەڤدەهەم بزووتنەوەی ئەدەبی بە زمانی فەرەنسی لە کەنەدا هاتە مەیدان و لەسەدەی نۆزدەهەم قوتابخانەی مۆنتریاڵ (٢) هاتە دامەزراندن و شاعیرانی کەنەدیی بە زمانی فەرەنسی شان بە شانی بەشی ئینگلیزی زمان ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بینیوە لە سازکردن و بەرجەستەکردنەوەی ئەو بزووتنەوەی شیعرییەی کە کەنەدا و کەنەدییەکان شانازی پێوە دەکەن.

دۆرثی لیڤسەی و مارکسیزم
دۆرثی لیڤسەی سەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو ، کاتێک دەچێتە پاریس دوو هۆکار وای لێدەکەن سەرسام بێت بە مارکسیزم. یەک ئەو ئەزمە ئابوورییەی کە یەخەی جیهانی سەرمایەداری گرتبوو. دوو : ئەو دۆست و هاوڕێیانەی کە دۆرثی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردن. لێرەوە دۆرثی لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی پاریس دەست دەکات بە چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسیی. ئەم باوەڕە لەگەڵ دۆرثی شاعیر بەنێو مێژوودا درێژ دەبێتەوە. ئەوەتا نزیک بە نیو سەدە دوای بوونی بە سۆشیالیست، لە چاوپێکەوتنێکدا لێێ دەپرسن کە :
-ئایا بەنێو بڕگەی نائومێدی دەیەی پەنجاکان وەک کۆمۆنیستێک تێپەڕیوویت؟
-بەڵێ.
-بۆچی تۆ ئێستاش خۆت بە سۆشیالیست دەزانیت؟
-بەڵێ، چونکە بڕوام بە نیزامی سەرمایەداری نییە.(٣)
ئەمە وەڵامی دۆرثی لیڤسەی شاعیری کەنەدییە کە تا ئەمڕۆش وەک ئایکۆنێکی سۆشیالیستیی لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کەنەدیدا تەماشا دەکرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەم شاعیرە لە نێو خێزانێک کە هەڵگری باکگراوندێکی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی بوو، گەورە بووە. باوکی جەی ئێف بی لیڤسەی بەڕێوەبەری ئاژانسی دەنگوباسی میللی کەنەدا بووە و دایکیشی فلۆرێنس ڕانداڵ لیڤسەی ڕۆژنامەنووس و شاعیر بووە. لە دوانزەی مانگی تشینی یەکەمی ١٩٠٩ لە شاری وینیپیگ لە هەرێمی مانیتۆبای کەنەدا لەدایکبووە. ساڵی ١٩٢٠ دەگوێزنەوە بۆ شاری تۆرۆنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ . ساڵی ١٩٣١ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی تۆرۆنتۆ بەدەست دێنێت و پاشانیش بڕوانامەی دبلۆم لە هەر لەو زانکۆیە لەبواری کاروباری کۆمەڵایەتی دەوردەگرێت. ماوەیەکیش لە زانکۆکانی بریتیش کۆڵۆمبیا و سۆربۆن ددخوێنێت. لەساڵی ١٩٣١ لیڤسەی سەردانی پاریس دەکات و لەوێدا دەبێتە کۆمۆنیست. ساڵی ١٩٣٣ پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی کەنەداوە و لەژمارەیەک ڕێکخراوی کرێکاریی و جەماوەریی دەست دەکات بە هەڵسوراویی و چالاکیی. لەوانە یەکێتیی بەرگریکارانی کرێکارانی کەنەدا و یەکێتیی کەنەدییەکان دژ بە جەنگ و ڕاسیزم و هاوڕێیانی یەکێتیی سۆڤییەت و یەکێتیی یەکبوونی کرێکاران.(٤) ساڵی ١٩٣٥ دەچێتە شاری ڤانکووڤەر و لەوێ لەگەڵ هاوڕێ سۆشیالیستەکەی دەنکان مەکنەیر هاوسەرگیریی دەکات و دوو منداڵیان دەبێت بەناوەکانی پیتەر و مارسیا. ساڵی ١٩٤٠ پێشنیاری گۆڤاریکی شیعریی دەکات بۆ هەریەک لە ئانا ماریەت، فلۆریس مەکلارین، دۆریس فێڕنە تا لەدەرەوەی بازنەی شاعیرانی مۆنتریاڵ بتوانن برەو بە بزووتنەوەی شیعری ڕادیکاڵی کەنەدیی بدەن. ئاڵن کڕاوڵی دەبێتە سەرنووسەری گۆڤارەکە و ژمارەی یەکەمی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ دەردەچێت کە تایبەت دەبێت بە شیعری هاوچەرخ. دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی لە ساڵی ١٩٥٩، لیڤسەی لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە پاریس و ئینجا باکووری ڕۆدیسا کە دەکاتە زامبیای ئێستا دەست بە کار دەبێت. لەنێوان ساڵانی ١٩٥١ تا ١٩٨٤ لە ژمارەیەک زانکۆکانی کەنەدا وانە دەڵێتەوە.(٥) ساڵی ١٩٨٣ بروانامەی دکتۆرا لە زانکۆی ئاثاباسکا بەدەست دێنێت و دۆرثی دوای مێژوویەک لە بەخشش و داهێنان لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا خەڵاتی کتێبی ئەو هەرێمەی بەناوەوە دەکرێت و لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە ناوی ئەو خەڵاتە دەبێت بە خەڵاتی شیعریی دۆرثی لیڤسەی.(٦)

ناوەڕۆکی شیعرەکانی دۆرثی لیڤسەی
ناوەڕۆکی شیعرە بەراییەکانی ئەم شاعیرە کەنەدییە،سیاسین و تەنانەت چینایەتیشن. دۆرثی لەدەیەی سییەکان و چلەکان چەپ و مارکسیی بووە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا هەبووە. ناوەڕۆکی شیعرە بەراییەکانی ئەم شاعیرە لەدەوری چەند بابەتێک گرنگ و هەستیاری ئەو ڕۆژگارەن وەکو مۆرکی فیمینست بوون و مەسەلەی ژن و مافەکانیان، مەسەلەی جەنگ و خەبات دژ بە ڕاسیزم و مەسەلەی خەباتی چینایەتی کرێکاران.دۆرثی یەکەمین شاعیری کەنەدیی بووە کە دەربارەی دەنگی شۆڕشگێڕانەی واقیعییەتی کۆمەڵایەتی و کرێکارانی پیشەسازی دوواوە.(٧). دۆرثی لەشیعرێکدا دەڵێت :

من ئه‌و ئافره‌ته‌م
نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی
من هه‌ر ئێسک و ده‌فری له‌ قوڕ دروستکراو نیم
من ئه‌و ئافره‌ته‌م
که‌ ڕق و خۆشه‌ویستی ده‌ناسێ
ڕق له‌و زنجیره‌ی که‌ دایک و باوکان دروستی ده‌که‌ن
له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی
که‌ له‌وانه‌یه‌ پیاو ئازاد بکات.
که‌ تا هه‌نووکه‌ش به‌خێرایی له‌وه‌فادا ڕایگرتووە.

من ئه‌و ئافره‌ته‌م
نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی.
به‌سه‌ر عەشقدا هەنگاو بنێ و
ژورێکیشم بۆ ساز بکەی.(٨)
بەرگریکردن لە بەها و ئینسانییەتی ژن، پایەیەکی سەرەکی شیعرەکانی دۆرثین، ئەمەش خاڵی گەش و جوانی شیعرەکانییەتی. ئەم بەرگرییە لە مەوقیعییەتی ژنبونەوە نییە ئەوەندەی لە مەوقیععەتی سۆشیالیستبوونەوە سەرچاوەی گرتووە. دیارە شاعیر هەر لەسەر کێشە و مەسەلە جێندەرییەکان ناوەستێ و ئەو وەک شاعیرێکی مارکسیست لەڕێی شیعرەکانییەوە ڕۆدەچێتە نێو ژیانی کرێکاران و مەسەلەی هەلومەرجی کارکردن وەک سەعات کاری زۆر و هەقدەستی کەم وێنا دەکات

هاوڕێ ئازیزەکەم
ئەوە بوو بە چەندین ساڵ لەنێوان
زۆر خێرا بوونی هەریەکەمان و
تێکۆشانی سەربەخۆمان
ئێستا دەتبینم سەر ماش و برنج
بێ خەو
بێ ژیان و بێ پاڵتۆ
بەڵام لێوڕێژی لە خەبات
لەهەرکات زیاتر نزیکین لەیەک
نزیکتر لەوەی گیانمان پڕ لە خۆشەویستی بێت.(٩)

دۆرثی لە شیعری کەتەلۆنیا کە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی چەپبوونی شاعیرە. ئەم شیعرە وەک ڕایەن ڤان دێن بێرگ دەڵێت ” شیعری کەتەلۆنیا زیاتر شیعرێکی دۆکیومێنتارییە کە لەنێو بزووتنەوەی شیعری مۆدێرنی کەنەدیی جێی خۆی کردۆتەوە”(١٠)دیارە ئەم شیعرە و هەندێ شیعری تر دۆرثییان کرد بە پێشەنگ لە هەڵوێست نواندن و دەربڕینی بیروباوەڕی شۆڕشگێرانە. دۆرثی لیڤسەی وەک دیسمۆن پەیسی دەڵێت” یەکێکە لە گرنگترین شاعیرانی نەوەی خۆی لەکەنەدا، ئەو نەوەیەی کەلەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا هاتە خەمڵان”.(١١)ئەم خەمڵاندنە لەڕووی شیعرییەوە ڕوو لە هەوراز تەکانیدا و نەوەستا، بەڵام لەڕووی جیهانبینی سیاسیی شاعیرەوە(ئایدیۆلۆژیا)ەوە دۆرثی نەیتوانی تا کۆتایی تەمەنی لەهەناوی دەقە شیعرییەکانیدا دەست بە مارکسیزمەوە بگرێت. بۆیە لیڤسەی لەگەڵ پاشەکشەی وردە وردەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیزم لە کەنەدا، ئەوەیش وردە وردە پاشەکشە دەکات و خۆی لەگەڵ هەر ئەو سیستەمە دەگونجێنێت کە سیستەمی سەرمایەدارییە.واتا لیڤسەی لە شاعیرێکی مارکسییەوە بەرەو شاعیرێکی مۆدێرنیستی سەر بە مۆدێرنخوازانی ئەدەبی کەنەدی، کە بە قوتابخانەی مەیپڵ لیڤ ناسراوە، هەنگاوی ناوە. لیڤسەی هەر لەسەرەتاوە لەسەر دووڕیاندا خۆی بینیوەتەوە. یان خۆی لەسەر دوو ئاراستەدا بینیوەتەوە ؛ ئاراستەی ستاندارتی نێونەتەوەیی و خۆجێیی یان لۆکاڵیی.
کە جێم دێڵی
نەخەندەی هەتاو دەبینم
نە ڕژانی تریفە لە شەوی هاوین.(١٢)
یان بۆ لۆرکای شاعیر دەنووسێت
کاتێ تۆ ژیای
ڕۆژ لەچاوەکانتەوە دەبریسکایەوە
ئێستا گزنگی خۆر سەرگەردانە و
مەشخەڵی وەڵام نادۆزێتەوە.(١٣)
لیڤسەی تێکۆشاوە لەسەر هەردوو ئاراستەکە ئیش بکات. بۆیە بێهۆ نییە دۆرثی کە دەڵێت ” من بەدوای بێبایەخییەوە وێڵبووم، نەک بەشوێن شاعیرانی پرۆلیتاریا- ئێمە زۆر لەوەوە دوورین- بەڵام بۆ هەندێک گوزارشتکردنی ڕەسەنایەتی ئەزموون پەیوەست بووە بەشێوازی ژیان و خەباتی خەڵک لەکەنەدا.”(١٤)
بەمجۆرە بیروباوەڕی مارکسیزم و سۆشیالیزم لای ئەم شاعیرە کەنەدییە وەک کێڕڤی پەلکەزێڕینە لەسەرەتاوە لە سفرەوە دەست پێدەکات و دوایی دەگاتە ئاستێکی گونجاو و ئینجا وردە وردە دێتە خوارەوە و کەمڕەنگ دەبێتەوە. لەگەڵ کاڵبوونەوەی زیاتری بیروباوەڕی سۆشیالیزم لەسەر چالاکییە مەیدانیی و زیهنییەکانیدا ، دۆڕثی پێبەپێ لەئەدەبی کەنەدی باو و زاڵ دەچێتە پێشەوە و لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات دەکرێت و تەنانەت خەڵاتێکی ساڵانەشی بەناوەوە دەکرێت. دواجار ئەم شاعیرە لەسەرەتا شۆڕشگێڕەی کەنەدا لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ لەتەمەنی ٨٧ ساڵیدا ژیانئاوایی هەمیشەیی لە شیعر و ئەدەب و خوێنەرانی ئینگلیزی زمان دەکات.

ئەنجام
سەرەنجام لەو ڕاستییەوەی کە ئەدەب و هونەر دەرئەنجامی گەشەی ئابووری کۆمەڵگەن و پێبەپێێ گەشە و بەرەوپێشجوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێی چینەکان، ئەو بزووتنەوەیەش گەشە دەکات و دەچێتە پێش یان پاشەکشە دەکات. ئەدەبی پرۆلیتاریای کەنەدیش وەک بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی رادیکاڵی کۆمەڵگەی کەنەدیی، گەلێ شاعیر و نووسەری کەنەدای لەسەرەتای سەدەی بیستەوە پەلکێشی نێو ئەو بزووتنەوە چینایەتییە کردووە و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەیەی کەنەدا بووە. لیڤسەی دەکەوێتە سەردەمێکەوە کە هەلومەرجەکە بۆی لەبار بووە و توانیویەتی بەهەوڵەکانی خۆی جێپێی خۆی لەنێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی قایم بکات.ئەم شاعیرە سەرەتا وەک مارکسیستێک دێتە مەیدان و بە دەقە شیعرییەکانی گوزارشت لەو باوەڕەی دەکات، تا دەبێت بە یەکێک لە ئایکۆنە ڕادیکاڵەکانی نێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی. دۆرثی لەڕێی دەقە شیعرییەکان و چاوپێکەوتنەکانییەوە لەسەر هەرسێ تەوەرە بنچینەییەکانی مەیدانی خەباتی ئەو سەردەمە( بەرگری لە ژان و مافەکانیان، خەبات دژ بە ڕاسیزم و جەنگ، بەرگری لە کرێکاران و خەباتی کرێکاریی) پێداگری دەکات و جێ دەستیشی دیارە. پاشان وردە وردە کێڕڤی کاریگەری مارکسیستبوونەکەی ڕوو لە خوار دەچێت و ئەو باوەڕە شۆڕشگێرانەیەی لا کاڵ دەبێتەوە تا کار دەگات بەوەی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی حکومەتی کەنەدا خەڵات بکرێت و پاشانیش خەڵاتێکی بەناوەوە بکرێت.

سەرچاوە و پەراوێز
(١)دۆرثی لیڤسەی شاعیری پێشکەوتووخوازی کەنەدیی کتێبی خانمەکەی نێو ئەم شیعرە، شارایەک لە شیعری بیانیی، ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) دەستنووس ئامادە بۆ چاپ.
هەروەها بڕوانە : https://en.wikipedia.org/wiki/Dorothy_Livesay
(٢)گروپی مۆنتڕیاڵ یان گروپی مەکگیڵ یان بزووتنەوەی مەکگیڵ حەلقەیەک بوون لە نووسەرانی نوێخوازی کەنەدیی کەلەناوەڕاستی دەیەی بیستەکانی سەدەی بیستەم لە شاری مۆنتڕیاڵی کەنەدا لەناو زانکۆی مەکگیڵ هاتە دامەزراندن. حەلقەکە بریتیبوون لە لیۆن ئەدەڵ و جۆن گلاسکۆو ئەی ئێم کلێن و لیۆ کێنەدیی و ف ڕ سکات. کاریگەری شاعیرانی وەک ئەزرا پاوەند و ئێلیۆت و ئاودینیان بەسەرەوە بوو.
(٣)بڕوانە گۆڤاری (شیعری کەنەدیی – کەنەدییەن پۆوتری) ژمارە ٣ ی ساڵی ١٩٧٨ لاپەڕەکانی ٨٧-٩٧، چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆرثی لیڤسەی سازدانی : داگ بیردسلی و ڕۆسمەری سولیڤان. بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیدارەکە سەردانی ئەم لینکە بکەن.
http://canadianpoetry.org/volumes/vol3/sullivan.html
(٤)https://en.wikipedia.org/wiki/Dorothy_Livesay
(٥)بڕوانە وتاری دۆرسی لایڤسەی نووسینی عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە ٤٠٢ ی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ لاپەڕە ٨. جێی ئاماژەیە ئەوکات بەهەڵە ناوی لیڤسەی بە لایڤسەی نووسراوە.

(٦)خەڵاتی شیعری دۆرثی لیڤسەی خەڵاتێکی ساڵانەیە لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا دەدرێت بە باشترین کتێبی شیعریی.ئەم خەڵاتە لەڕاستیدا لەژێر چەتری خەڵاتی کتێبی هەرێمەکانی بریتیش کۆڵۆمبیا و یۆکۆن پۆلینبەند دەکرێت. مەرجی پێدانی یان بەخشینی ئەو خەڵاتە بە شاعیران ئەوەیە کە دانیشتووی ئەو ئەو دوو هەرێمە بن یان لانی کەم لەپێج ساڵدا سێ ساڵ لەو هەرێمانە بووبیتن. ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٨٩ وە بەناوی دۆرثی لیڤسەیەوە ناونراوە.
(٧)The Social and Lyric voices of Dorothy Livesay
Charles Robert Boylan
Master Of Art UBC 1964 page 1.
(٨)دۆرثی لیڤسەی شاعیری پێشکەوتووخوازی کەنەدیی کتێبی خانمەکەی نێو ئەم شیعرە، شارایەک لە شیعری بیانیی، ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) دەستنووس ئامادە بۆ چاپ.
(٩)Right hand Left hand A true life of the Thirties
Erin, Ont. Press Porcepic, 1977
(١٠)
Dorothy Livesay’s Catalonia
Ryan Van Den Berg
https://spanishcivilwar.ca/sites/spanishcivilwar.ca/files/VandenBerg_Catalonia.pdf

Canada and the Spanish Civil War website.
(١١)دێسمۆند پەیسی پێشەکی کتێبی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی دۆرثی لیڤسەی(١٩٢٦-١٩٥٧)
My changing times.word press.com

(١٢)و(١٣) دوو کۆپڵە شیعری دۆرثی لیڤسەی شاعیر لەئینتەرنێتەوە وەرگێراون و وەرگێڕدراون.
(١٤)Colonization Or Exclusion Dorothy Livesays wayward Modernism from the 1940S. Esther Sanchez –Pardo
Atlantis Journal Vol. 22 No.2 December 2000 page 167-186

تێبینی : ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی رەوت ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.




چه‌ند ده‌قێك له‌ شاعیری عێراقی (عه‌دنان موحسن) ـه‌وه.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

( عه‌دنان موحسن ) شاعیرێكی عێراقییه‌
له‌ به‌غدا له‌ دایك بووه‌ ، دوادواكانی حه‌فتایه‌كان عێراقی به‌جێهێشتووه
ڕووی له‌ لوبنان كردووه‌ پاشان چووه‌ته‌ پاریس ، ئێستاش هه‌ر له‌وێیه‌ .
تا ئێستا سێ كۆشیعری به‌ عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌
ئه‌و ده‌ڵێ :(( هه‌ندێ لایان وایه‌ پێویسته‌ شیعریان به‌ زێڕ بخه‌مڵێنرێ ،
لێ من وای ده‌بینم‌ شیعر ده‌خوازێ به‌ ته‌رازووی ژیان بكێشرێ
چونكه‌ به‌هادارتر و وردتر و ڕاستگۆتره‌ ..)) .

  • ده‌قی ترس
    ناوچه‌ی دووره‌ده‌ستم له‌ مێشكدایه‌
    دوور زۆر دوور
    هیلاكی وای تێدایه‌ ‌ له‌ ڕاشكاوانیشدا چێی نابێته‌وه‌
    دڵیشم ترسێكی تیایه‌
    ترسێك و
    چیتر نا ..
    تیككه‌ نانێك
    به‌ به‌ر چاوی ئه‌وانی دییه‌وه‌
    ساتمه‌ له‌ پووكی دایكم ببا .
  • ده‌قی براده‌ر
    (بۆ ئاده‌م حاته‌م )
    وه‌كو خووی خۆی
    شه‌و له‌ گیرفانی ده‌ردێنێ
    به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و ڕێیانه‌ی
    ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر نه‌خوازراوان
    وه‌كو خووی خۆی
    ڕێگاكان هه‌میشه‌
    به‌ سێ به‌ربه‌ستان دوور له‌ قاچه‌كانی ‌
    پیاسه‌ ده‌كه‌ن ..
  • ده‌قی سه‌ركێشی
    به‌ مه‌ودای دوو تنۆكه‌ فرمێسك له‌ سیمامه‌وه‌
    له‌گه‌ڵ هه‌مووان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ ده‌دوێم
    كه‌ خوداوه‌ند و چه‌ند په‌یامبه‌رێ
    پێیان خۆش نییه‌ .
  • خاوه‌ندارییه‌تی
    له‌ هه‌موو مه‌یخانه‌یه‌ك
    خانه‌واده‌یه‌كم هه‌یه
    هه‌روا چه‌ند قه‌سیده‌یه‌ك
    كه‌ به‌‌ هه‌مووان ده‌ینووسن
    هه‌ر كه‌سه‌‌ و به‌ پێی خه‌می خۆی و
    هه‌ر یه‌ك
    به‌ پێی خووی خۆی .

له‌ هه‌ر گوڵێكدا
شوێنه‌واری په‌نجه‌كانی و
پاشماوه‌ی بۆنی ژنێكم هه‌یه‌
كه‌ پێنج كیشوه‌ری
له‌ نێو ده‌ستیدا ده‌نوێ .

له‌ هه‌ر ڕێیه‌ك
له‌وه‌ی به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌چێ و
به‌ربه‌ستی وا
تا ئێستا‌ ناتوانم شوێنیان دیاری بكه‌م
له‌ هه‌موو شوێنێكدا
ژوانێكم هه‌یه‌
به‌ مه‌ودای دوو تنۆك فرمێسك
له‌ به‌سه‌رچوونی وه‌خت له‌بیری ده‌كه‌م .

  • كارتی كه‌سییه‌تی
    ڕه‌نگه‌ ئه‌و خنكاوه‌ی فڕێدراوه‌ته‌وه‌‌ كه‌ناری ڕووبار
    من بم
    هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ پێشان ده‌دا
    ئاوی نێو په‌نجان
    ئه‌و كراسه‌ی له‌به‌ری ده‌كردم و
    ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی كه‌ نایێ
    له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ باوه‌كانیم
    به‌ردهاوێژێك له‌ ژیانیدا هاوێتبێ
    پاشان
    به‌وپه‌ڕی گه‌رمییه‌وه‌ ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵدا كردبێ
    چوار ساڵی به‌سه‌ردا بووریوه‌
    له‌ ساڵی جیاجیا
    ڕه‌نگه‌ من به‌ دوو دارشه‌قه‌وه‌
    له‌ شێوه‌ی قه‌ڵافه‌تی له‌ڕولاوازی
    گه‌یاندبمه‌ بازاڕی شار
    پێیان گوت
    له‌وێ له‌وسه‌ری‌ شۆسته‌دا
    ژنێك هه‌یه‌
    هێشتا تێیدا ماوه‌
    هه‌روه‌ها كورسی به‌تاڵ
    بۆ ئه‌وانه‌ی گه‌یاندوویانه و
    پێی نه‌گه‌یشتوون
    ڕه‌نگه‌ من شه‌وانه‌
    دڵ و زمانی ببینم
    وه‌ك
    (*)menage a trois
    چاو لێك بترووكێنن .

() لێره‌ زیتر به‌ سێگۆشه‌ی خۆشه‌ویستییوه‌ هاتووه‌ ، شاعیر له‌ ئه‌سڵدا وای داناوه‌ . (*) بۆ ده‌قی شیعره‌كه‌ بڕوانه‌ :

https://elaph.com/Web/Archive/1030465125168131400.html





هۆکاری جنيودان.. هەرمان جەعفەر

پزیشكانی دەروونی، دەروونزانان، شارەزایانی مێشك و دەمار و زمانەوانان هەتاوەكو ئێستا لەو تیۆریە نەگەیشتوون كە بۆچی ئێمە جنێو دەدەین، وە هۆكاری هەڵبژاردنی وشەی نەشیاو چیە كاتێك ئێمە تووڕەدەبین و پەنا بۆ جنێودان دەبەین.

تیرۆی دەماری، دەروونی و كۆمەلایەتی قسەكردن. بەیەكەوە زانیاری دەربارەی جنێودان شیدەكەنەوە بە گوێرەی پەروەردەكردن، وە هەروەها قسەكردن دەربارەی ئەم شێوەیە لە قسەكردن لە ڕووی دەروونزانی، دەمار زانی، كەلتوور و هۆكارەكانی زمانەوانی كە دەكەونە هێلی ژێرەوەی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە.

جنێو دان دابەشی سەر پێنج بەشی جیاواز كراوە.

بەشی یەكەم: لەم بەشەدا ڕەهەندەكانی جنێودان دەناسێنێرن بە گوێرەی تیۆری دەماری، دەروونی و كۆمەلایەتی قسەكردن.

بەشی دووەم: لێرەدا زیاتر جەخت لە لایەنی دەمارزانی دەكاتەوە لەگەڵ پێشكەشكردنی بەڵگەی زانستی بۆ ڕەهەندەكانی مێشك لەكاتی قسەكردن دەربارەی بەسەرهاتەكان كە كاریگەریان لەسەر هەستەكانی كەسی جنێودەر هەبووە.

بەشی سێیەم: لەو بەشەدا هۆكارە دەروونیەكان سەنتەری قسە لەسەر كردنن كە وەرگرتنی زمان(لە زمانی دایك ناوترێت فێربوونی زمان بەڵكو وەرگرتنی زمان بەكاردێت)، گەشەكردنی كەسایەتی، گەشەكردنی عەقل و هۆكارەكانی تریش.

بەشی پێنجەم و كۆتایی ئەوەیە كە بەشەكان پوخت دەكاتەوە بە هەڵسەنگاندنی تووشبونی كۆمەلایەتی و یاسایی بە جنێودان. چارەسەر دەخاتە ڕوو دەربارەی خراپ تێكەیشتن لە جنێودان وە ئەجێنداكان دیاریی دەكات بۆ توێژینەوەی تر لەسەر ئەو دیاردەیە.

ئەم كاركردنە بووە هۆكار تا د. جەی و هەندێك لە هاوڕێكانی بەردەوام بن لەسەر توێژینەوە كردن لەسەر دیاردەی جنێودان. تا لە ساڵی ١٩٩٢ لەسەر دیاردەی جنێودان لە ئەمریكا. توێژینەوەیەك ئەنجام درا كە توێژینەوەیەكی دەروونی، زمانەوانیە. لێكولینەوە دەكات لە بەكارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێو لە دادگاكان، لە فیلمەكان، لە باخچەی قوتابخانەكان و لە شەقامیش.

كەوایە جنێودان هۆكاری زۆری هەن، لە پێش هەمووشیانەوە خێزان و پەروەردەكردنی كەسەی جنێودەرە.

هەرمان جەعفەر
‎سۆران




ژیان چییه‌؟.. شیعری عه‌بدولسه‌تار نور عه‌لی.. وه‌رگێر : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

جگه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ژیان !
مرؤڤ له‌ پێشكه‌وه‌ (1)
تا گۆره‌كه‌ی (2)
له‌ سه‌ر دزوی ژیان
‌ هه‌ناسه‌ بركێیتی..
بؤ ئه‌وه‌ی له‌ ژياندا!
بمێنێته‌وه‌
خه‌لك ده‌پرسێ و :
ئایا له‌ ژیاندا
ماوه‌ ؟!
لاوه‌كه‌ تیره‌ یان برسییه‌ ،
پؤشته‌یه یان رووته‌ ،
پێده‌كه‌نێ یان ده‌گری ،
راوه‌ستاوه‌ یان دانیشتووه‌ ،
سه‌رده‌كه‌وێ یان دێده‌خوارێ
به‌ ئاگایه‌ یان نووستوه‌
زانایه‌ یان نه‌خوێنده‌واره‌
هه‌مووی له‌ ژیاندا نییه‌
ئه‌گه‌ر بێتوو ‌ د‌ۆ ستایه‌تی سؤز (3)

سیمای (4)‌ مردن بێت ..
له‌ رێی ژیاندا

وترا : ئه‌و مرد ! وتيان :
ئه‌رێ ، ئه‌و ده‌نگێكی به‌جێهێشت
خه‌ڵك گوێی لێبێت؟ و
ئایا ئه‌و زانیارییه‌كی به‌جێهێشت
سوودی بۆ خه‌ڵك هه‌بێت؟ و..

ئایا نه‌وه‌یه‌كی به‌جێهێشت
خه‌ڵك ئاشتبكاته‌وه‌؟ و..
ئایا ته‌ختێكی(5) به‌جێهێشت
خه‌ڵك بپارێزێت ؟ و..
ئایا هونه‌رێكی به‌جێهێشت
خه‌ڵك دڵخؤش بكات ؟ و..
ئایا نانێكی به‌حێهێشت
خه‌ڵك تێر بكات ؟ و..
ئایا كراسێكی به‌جێهێشت
خه‌ڵك داپۆشێت؟ و..
ئایا سه‌قفێكی(6) به‌حێهێشت
خه‌ڵك كؤبكاته‌وه‌ ؟..
بؤيه‌ ئه‌وه‌ی وتی.. :
“” ئه‌و كه‌سه‌ی شتی به‌جێهێشت نه‌مردووه‌”، ..
تا ئێستا له‌ ژیاندایه‌ !.

شاعیری گه‌وره‌ : عه‌بدولسه‌تار نور عه‌لی**
وه‌رگێر : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

16/7/2021

تێبینی :
(1) له‌ سه‌ره‌تای ژیاندا
(2) تا مردن
(3) هاورێتی روح
(4) كارتێكردن، وێنه‌، به‌ڵگه‌
(5) تاج ، ته‌ختی شاهانه‌
(6) بان، سه‌ربان
عه‌بدولسه‌تار نور عه‌لی** : خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌كی شیعره‌و به‌ جوانی كێشه‌و گیروگرفته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌خاته‌روو. خاوه‌نی چه‌ندین په‌رتوكه‌‌ و، ژیان چییه‌ له‌ 26/10/2013 نووسراوه‌.