ژیانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

1– سەرەتایەک

ئیسلامی سیاسی چ وەک بزووتنەوەیەک و چ وەک چەمک و زاراوەیەکی فکری-سیاسییش لە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست بەدواوە برەوێکی زۆری پەیداکرد و بوو بە جێگەی باسوخواس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. چوار دەیەی ڕابردوو (١٩٨٠-٢٠٢٠)، دەیەکانی خرۆشان و خۆداسەپاندن و بەجۆرێک باڵادەستی ئیسلامی سیاسی و گفتومان (خیتاب)ەکەی بووە لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی نەک هەر لە ڕووبەرێکی ناوچەیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا.
دواین بەختێک کە یاوەری ئەم بزوتنەوەیە بوو، سواربوونی شەپۆلی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا لە (تونس) و (میسر)ی (٢٠١١)دا بوو. لەوە بەدوا، ئاسۆ و ئاواتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕاپەین و شۆڕشەکان، جێگەی بۆ هەژمون و دەستبەسەراگرتنی ئەم بزوتنەوەیە بەسەریاندا تەنگەبەر کردۆتەوە، نمونەی ئەوەش لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری (جەزائیر) و (سودان) و (لوبنان)ی (٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠)دا بەدی دەکرێت کە ئەو سەردەمەیان تێپەڕاند بزوتنەوە ئیسلامیەکان و حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان بێ ڕکەبەر وەیا بە ئاسانی بەسەر ئەو بزوتنەوە جەماوەریانەدا زاڵ بن.
هەرچی ئیسلامی سیاسییە لە عێڕاقدا، نەک لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی جەماوەریەوە، بەڵکو هاوڕای دەبابەکانی ئەمریکی و داگیرکردنی عێراق و وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستیان لە دەسەڵات گیربوو. هێشتا تەواو دەسەڵاتیان سەقامگیر نەبوو بوو کە ڕووبەڕووی شەپۆلی خۆپێشاندانی بەرفراوانی جەماوەری بوونەوە، هەر لە (٢٠١١ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨) وە تا بەرزبوونەوەی بۆ ڕاپەڕینی (٢٠١٩) و شەقوشڕکردنی تەختوتاراجی دەسەڵاتیان.
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیشدا، گروپ و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی، دوای پێکهەڵپڕژانێکی چەکدارانەیان لەگەڵ هێزەکانی ناسیونالیزمی کوردیدا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیست تا هەڵمەتی سەربازی ئەمریکی بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣)دا، بەجۆرێک سازان لەگەڵ ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری کوردستان و بوون بە بەشێک لەو دەسەڵاتە و لە ئۆپۆزیسیۆنەکەی، بەجۆرێک کە هەمیشە قاچێکیان لەناو دەسەڵات و قاچێکیان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونال لیبڕاڵی کوردستاندایە.
گەرچی هاوڕای (بزوتنەوەی گۆڕان)، وەک بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی لە ساڵەکانی (٢٠١١ تا ٢٠١٤) لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا نفوزێکیان پەیدا کرد، بەڵام دوای ئەوە، بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و شەپۆلە بەرفراوانەکانی خۆپێشاندان، ئیسلامیەکان و خودی (گۆڕان) و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵ لیبڕاڵیشی بەجێهێشتووە. ئەوەی کە بۆچی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان نەیتوانیوە لەم بۆشاییە سیاسییەدا نفوز پەیدا بکات لە ناو ناڕەزایەتیەکاندا و جڵەوبگرێت و ڕابەر بێت، باسێکی ترە و بۆ کاتێکی تری بەجێدێڵین.

2- بۆچوون و لێکدانەوەکان لەسەر بوژانەوە و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی

*- بەشێک لە بۆچون و لێکدانەوەکان پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە کە وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر پەردەی دژایەتی کۆمۆنیزم، بۆ بەرگرتن بە نفوز و هەژموونی ڕوو لە زیاد بووی (یەکیەتی سۆڤیەت)ی ئەوکاتە و دژایەتی ئەو ڕژێمانەی کە هاوپەیمانەتی دەکەن لەگەڵیا، هەڵساون نەک هەر بە پاڵپشتی ئەو گروپ و ڕێکخراو و کۆمەڵە ئیسلامیانە، بەڵکو بەجۆرێک دەستیشیان هەبووە لە شڵگیری و وەڕێخستن و بەکارهێنانیان وەک چەکێک لە کێشمەکێش و جەنگیان بەدژی (بلۆکی ڕۆژهەڵات)، نمونەکانیشیان لە هاوکاری ڕژێمی سعودیە بۆ (برایانی موسڵمان – إخوان المسلمین) لە وڵاتانی عەرەبی و چەکدارکردن و گیرفانپڕکردن (تەمویل)ی گروپە ئیسلامیەکان لەزوربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان.

**- بەشێکی تر پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، شکستهاتنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی لە هێنانەدی یەکپارچەگی (وەحدەی) جیهانی عەرەبی و تێکشکانی لە جەنگەکانی (١٩٤٨)، (١٩٦٧) و (١٩٧٣)ی نێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسڕائیلدا، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی هێناوەتەمەیدان.

***- بەشێکی تر لەو ڕوانگەوە بۆی چوون کە گەشەی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانە ئابووریەکانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان، هاوڕای ئیستیبدادی ڕژێمە پۆلیسی و فاشیستەکان بەتایبەت بەدژی ڕەوت و ڕێکخراوە و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمە و ڕاوەدونان و گرتن و شکەنجەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ڕێگەنەدان بە ڕێخکراوەی سەربەخۆ و سەندیکای ئازاد لە دەوڵەت و دەسەڵات، مەیدانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان، بەتایبەت خودی ئەم ئەرکەی دەوڵەتی بورژوازی لە سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ و “سۆشیالیستی” ئەو کاتە، پێویستی بە ڕەواجدان بە فکر و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی هەبووە و مەیدانی لانی کەم لەسەرەتادا بۆ پەرەسەندن و باڵادەستی فکری ئیسلامی ڕەخساندوە.
بەم پێیە سەرکوتی سیاسی بزوتنەوەی چەپ و بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزمی لەئارادابووی ئەوکاتە، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوا کۆنەپەرستی دژە سێکیولار و دژە ژن و دژە ئازادیخواز بەرجەستەکردۆتەوە، تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان ببن و ڕۆڵی دژە شۆڕشی بگێرن بۆ لەباربردن و سەرکوتکردنیان، لە ڕێگەی وەلانانی دەسەڵاتە ناسیونالیستەکانەوە. نمونەی ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەیە لە میسر و سودان و جەزائیری دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیست، لەگەڵ ڕۆڵی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەک دژە شۆڕشێک لە شۆڕشی ئێرانی (١٩٧٩)دا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی دژە شۆڕشانەیان لە شۆڕشەکانی تونس و میسری (٢٠١١)دا.

3- واوەتر لەم ڕاستیانە

بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆرن و ئێمە لێرەدا لەوە زیاتر بەدوای خستنەڕووی ئەو ڕوانگانەوە نین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە هەر یەکێک لەو ڕوانگە و بۆچوونانە ڕاستی و واقعیەتێکی تێدایە، بەڵام واقعیەتی ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سیاسیە فراوانترە لە هەر یەکێک لەو ڕاستیانە و لە کۆی گشتیشیان.
ئیسلامی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە. پەیوەستە بە داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دەرەبەگایەتی و سیستمە ئابوریە کۆمەڵایەتیەکانی بەر لە سەرمایەداری و سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەمەش واتا پوکانەوە و نەمانی چینە کۆنەکانی ئەو کۆمەڵگا پێش سەرمایەداریانە و دەرکەوتن و شکڵگیری چین و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری تازە، پێ بە پێی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری.
بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە هاوڕای ئەو پڕۆسەی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە و ئاڵوگۆڕەکانیەتی لە پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
(جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، بەشێک بوون لە بانگەوازخوازانی پێشکەوتن و وەرگرتنی زانست و مەعریفەی سەردەم و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دژ بە داگیرکاری ئیستیعماری ئینگلیزی و ئەوروپی، وە بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدان بۆ شکڵپێدان و داڕشتنی فکر و ئایدیۆلۆژیایەک کە هاوڕای ئەو جوڵە مێژووییە بێت کە کۆمەڵگەی داگرتووە. ئەوان لە دۆستانی نزیکی (خدێوی ئیسماعیل پاشا) فەرمانڕەوای میسر بوون کە هەڵساوە بە چاکسازی ئیداری، یاسایی و دادگا، ئابوری و پیشەسازی و تەندروستی … (ئیسماعیل پاشا) دادەنرێت بە دووەم دامەزرێنەری میسری هاوچەرخ دوای باپیرەگەورەی خۆی (محەمەد عەلی پاشا) وەک دامەزرێنەری یەکەم.
بەم پێیە بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەسەرەتاکانیدا نەک پڕۆژەیەک بووبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەڵکو بۆ هاوڕایی و هەروەها ئاڕاستەپێدانی ئەو جیهانە تازە و پێشکەوتووە بووە کە خەریکە سەردەردێنێ، لەسەر داڕمان و هەڵوەشانەوەی جیهانی کۆن. وە ئەمەش بە ئاشکرا لە هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسیەکانی (جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە)ی میسڕیدا دەردەکەوێت.
هەروەک چۆن بورژوازی تازە پێگەیشتووی ئەوروپی لە کۆتایی چاخەکانی ناوەڕاست و سەردەمی شۆڕشە بورژوازیەکاندا پەنای بردەبەر زیندووکردنەوەی بیرۆکەی کۆماری (جمهوریەتی) یۆنانی کۆن و سوننەتە سیاسیەکانی ئەو کاتە، ئاواش بورژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژیەکی خۆی دەگەڕێتەوە سەر بیرۆکە کۆنەکان و داڕشتنەوەیان و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە تازە شکڵگرتووەکاندا.
بەدیوێکی تردا ئیسلام وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناو ئیمپڕاتۆریە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتیدا ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتی بووە لە بەرژەوەندی دەرەبەگەکان و چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمانە، ئێستا بە بەسەرچوونی ئەو بارودۆخە کۆنە، خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی سەرمایەداریدا تا ببێتە ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
بەدڵنیاییەوە ڕەوت و مەیلی تری بورژوزایش هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادابوون کە پەنایان نەبردۆتەبەر گەرانەوە بۆ ئەو ئەمبار (مەخزون) و پاشخانە فکری و کڵتوریە، بەڵکو لە پەیوەند بە فکری سەردەمی ئەو کات و ئێستاوە هەوڵیانداوە و هەوڵدەدەن بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژی بۆ چین و توێژەکانی بورژوازی چ لەسەردەمی سەرهەڵدان و پڕۆسەی بەسەرمایەداری بوونی کۆمەڵگە و بەدەسەڵات گەیشتنی بورژوازیدا، وەچ لەسەردەمی گەشە و قەیرانەکانیشیدا. ئیسلامی سیاسی یەکێک لەو ڕوەوتانەیە و باسەکەی ئێمە لێرە تایبەتە بەو.
ئەوەی کە بورژوازی ئەوروپی لە دەرەوەی ئایینی مەسیحی ئەلگۆ فکری و سیاسیەکانی خۆی پەیدا کردوە بە گەڕانەوەی بۆ فەرهەنگ و کڵتور و سوننەتی چینە باڵادەستەکانی یۆنان و ڕۆمای کۆن، بورژوازی تازە سەرهەڵداویش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەڕاوەتەوەسەر ئەمبار و پاشەکەوتی فکری و سوننەتی چینە دارا و باڵادەستەکان کە لە مێژووی ناوچەکەدا لەبەردەستدا بووە.

4- دوو ئیسلامی سیاسی جیاواز
ئەگەر سەرەتاکانی بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوخساری سەرمایەداریەکی تازە سەرهەڵداوی ڕوو لەگەشە و پێشکەوتن و زانستخوازی مۆدێرنی لەخۆیدا ڕەنگپێدابێتەوە، ئەوا سەدەیەک دواتر لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، ڕوخسار و ڕۆڵی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی پێچەوانەی سەرەتاکانیەتی. ئەم چارەنوسەش لە پڕۆسەیەکدا لە میانەی سەدەی بیستەمدا پێ بە پێی گەشە و کامڵبوونی سەرمایەداری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان، وە هاوڕای کامڵبوونی شکڵگیری و هاتنەمەیدانی ئەو چینە چەوساوەی کە هەڕەشەیە بۆسەر ئەو سیتمە، ڕۆڵ و نەخشی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و ڕوخسارەکەی ئەو ئەرکە مێژووییە دیاریدەکات کە سەرمایەداری بۆ مانەوەی خۆی خوازیاریەتی لێی و دەبێتە بەشێک لە جوڵانەوەیەکی دژە ئازادیەکانی ناو کۆمەڵگە، دژە مۆدێرنیزم، دژە ژن، و دژە کۆمۆنیزم و دژە بزوتنەوەی کرێکار و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی. بەمانایەک دژی هەموو ئەو شتانە کە مەیدان ئاوەڵادەکات بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار. ئەمەش زۆر ڕون و ئاشکرا ڕۆڵ و نەخشی دژە شۆڕشیە کە لە پێناو پاراستن و هێشتنەوەی هەم سیستمەکە و هەم دەسەڵاتی بورژوازی لەو هەڕەشەیەی کە بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم بزوتنەوەیە لە چەند وڵاتێک گەیشتۆتە دەسەڵات (ئێران، تورکیا، تونس، سودانی پێش ٢٠٢٠، ئەفغانستان، میسریش بۆ ماوەیەکی کەم)، کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و ئازادیخوازان، هەڵسوڕاوانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنوسان، هەڵگرانی ئایین و مەزهەبی جیا لە ئایین و مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەت، نەتەوە ژێردەستەکانی ناو ئەوڵاتانە، … ئەزمونێکی تاڵ و پڕ لە چەوسانەوە و بەرگرییان بەڕێکردوە لەسەر دەستی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە. ئەمە وێڕای وەحشیگەریەکانی (تاڵەبان) و (ئەلقاعدە) و (داعش) و (بۆکۆ حەرامی) و … گروپە ترۆریستەکانی تریان. ئەوەی کە پێشووتر بەناوی (ئیسلام چارەسەرە) دەخرایەڕوو، لە ژیانی واقعی ملیۆنان ئینساندا بە بەهای سەرکوت و کوشتار و وەحشیگەری تەواوبوو.
ئیسلامی سیاسی لەمڕۆدا نەک هەر نامۆ بووە بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، بەڵکو بەکارهێنانیشی وەک ئامڕازێک لەلایەن بورژوازیەوە لە ئیعتیبار کەوتووە.
لە هەردوو سەردەمەکەدا چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، یەکێک لە خسڵەتەکانی ئیسلامی سیاسی گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و سوننەت و کڵتورەکەی، بەڵام بۆ دوو مەبەستی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ڕێک هاتوونەتەوە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی گەشە و سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا وە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغی گەندیدەگی سەرمایەداری و قەیرانە ئابوری و سیاسی و فکریەکانی لە ئێستادا.

5- ئاکامگیری
ئسلامی سیاسی دیاردەیەکی ڕێکەوت نیە، دەستکردی ئیمپریالیزم نیە، تەنها پەیوەست نیە بەسەردەمی کۆتایی سەدەی بیست و ئێستاوە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیە، ڕەگەکان و مێژووەکەی تێکەڵ بەسەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە، پڕۆسەیەکی لە ژیانی خۆی بڕیوە، چۆتە قۆناغی گەندیدەگی و داڕزانەوە، جۆرەها لق و پۆپ و ئاڕاستەی دژ بەیەکی لێ دەرهاتووە، بەم پێیەش دژایەتی ئەم بزوتنەوەیە پەیوەستە بە دژایەتی خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازیەوە، بەواتایەکی تر ڕەخنەکردن و دژایەتی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە پێویستە بکرێتە دەروازەی ڕەخنە لە سەرمایەداری و بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، وە لێرەوەیە کە ڕۆڵی کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشیانەی دەتوانرێت لە مەنگەنەی شۆڕشگێڕانە بدرێت.

سەرەتای تەمموزی ٢٠٢١




ئێستێتیكای خه‌یاڵ و خه‌ونبین له‌ كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بۆتان جه‌لال

پێشه‌كی:

(خه‌یاڵ) ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعره‌، شیعر و خه‌یاڵ ڕایه‌ڵێكی مه‌عریفی میتافیزیكیی ده‌یان گه‌یه‌نێته‌یه‌ك و پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌، بایه‌خی ئه‌م توخمه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ توخمه‌كانی دیكه‌ی شیعر، وه‌ك: (ڕواڵه‌ت، ناوه‌رۆك، ڕیتم و له‌رینه‌وه‌ی مۆزیك، جیهانبینی، زمان، وێنه‌). نووسه‌ر و شاعیری بلیمه‌ت له‌ خه‌یاڵكردن و خه‌ونبینیدا لاپه‌ڕه‌ی تازه‌ له‌ خۆیاندا ده‌كه‌نه‌وه‌، بێ خه‌یاڵكردن و په‌نابردن بۆ مه‌ملكه‌ته‌كه‌ی مه‌حاڵه‌ شیعرنووسین و بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌ربڕینه‌ جوانه‌كانی شیعر و مه‌له‌كردن له‌ ئاسۆ بێكۆتاكه‌ی. شیعر، خه‌یاڵه‌، بێ خه‌یاڵكردن ژیان بوونی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیاندا بمێنینه‌وه‌ و جوانتر و شكۆدارتری بكه‌ین، ده‌بێت خه‌یاڵه‌كانمان په‌روه‌رده‌بكه‌ین.
خه‌یاڵ جوگرافیا و سنووری هزر و ئه‌تڵه‌سی هۆشیاری دیارنییه‌، بۆ هه‌موو شتێك ده‌چێت و به‌ هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی گه‌ردوون و ژیاندا گوزه‌رده‌كات. شوێنپێی خۆی له‌سه‌ر لمی مێشك و خۆڵه‌مێشی ده‌روون و قووڕ و لیته‌ی كه‌نار ده‌ریای هه‌ست و نه‌ست جێده‌هێڵێت. خه‌یاڵ ئامێری وێنه‌گرتنه‌ و شاعیرانیش وێنه‌گری شاره‌زا و به‌ سه‌لیقه‌ن له‌ گرتنی گۆشه‌نیگا و دیمه‌نه‌كانی جووڵه‌ و بزاوته‌ خه‌یاڵییه‌كاندا، هارمۆنیای میتۆده‌ جیاجیاكان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شاشه‌ی بینین و نه‌ست و هه‌سته‌ ناهۆشیاره‌كانیان ده‌جووڵێنن و گه‌رم و به‌جۆشیان ده‌كه‌ن.
خه‌یاڵی ڕاسته‌قینه‌، به‌رهه‌مداره‌ و شكۆداری ده‌چنێته‌وه‌، خه‌یاڵی ساده‌ش، یان به‌ ساده‌یی ده‌مێنێـته‌وه‌، یان كۆرپه‌ی كه‌مئه‌ندامی لێده‌كه‌وێـته‌وه‌ و ناڕوونی و لێكپچڕایی دروستده‌بێت.
(ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین) گوتوویه‌تی: (ئه‌قڵ و لۆژیك له‌ – ئه‌لفه‌وه‌ بۆ بێ – و له‌ – بێ بۆ تێ – ت ده‌به‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵ بۆ هه‌موو شوێنێكت ده‌بات)1. (فیدۆر دۆستویفسكی) گوتوویه‌تی: (واقیع و واقیعیه‌ت واتلێده‌كه‌ن هیچ شتێك دوور له‌ لووتی خۆت زیاتر نه‌بینیت، كه‌چی خه‌یاڵ ده‌تباته‌ هه‌موو شوێنێك به‌ ئاسمانه‌كانیشه‌وه‌)2. كه‌وابێت خه‌یاڵ ڕووبه‌ر و بنمیچ و نیشانكار (دال) و نیشانكراو (مه‌دلوول) نایگرێـته‌وه‌ و كرده‌یه‌كی بێ كۆتایییه‌. شاعیر بوونه‌وه‌رێكی ژیاندۆست و خه‌یاڵاوییه‌ و ناوه‌ندێكی له‌باره‌ بۆ وێناكردنی ژیاننووسینه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ به‌هاری خه‌یاڵه‌كانیان ده‌چنه‌ ناو جه‌نگێكی درێژخایه‌ن و ململانێی ئازایانه‌ له‌به‌رگریكردن له‌ مانه‌وه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌میشه‌ له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵ زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێیده‌گوترێت (شیعری جوان، نهێنی – شیعر خۆی نهێنییه‌)، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته‌ داهێنان و تواناڕۆشنیی، ده‌بێت خه‌یاڵ بكات و له‌ناو فه‌زای خه‌یاڵدا كه‌رسته‌كانی داهێنان بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر خه‌یاڵه‌ باڵی داهێنانی بۆ دروستده‌كات تا به‌رز و قووڵ بفڕێ و چاو له‌ قووڵایی ئاسماندا په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی خه‌یاڵی بپێكێ و به‌ چه‌مكێك خه‌ون و خه‌ونبینیه‌وه‌ مژار و میتۆدی ژیانیان لێ بڕسكێنێت و كێڵگه‌ی سرووش و داهێنان به‌ تۆی خه‌یاڵ بچێنێت.
هه‌ر ده‌قێك فه‌زا و ڕه‌نگ و بۆن و ئێستێتیكای خه‌یاڵه‌كانی جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قێكی دیكه‌دا و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیش هه‌ڵده‌گرێت. كاتێك بته‌وێت به‌ ده‌قێكی دیكه‌ به‌راوردی بكه‌یت، چونكه‌ ده‌قه‌كان خه‌یاڵن، خه‌یاڵیش له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ به‌ جیاواز تیشكی داهێنانی لێوه‌ ده‌بریسكێته‌وه‌ و ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ ناوكی ده‌ق و ڕوواڵه‌ته‌كه‌ی پێ بارگاوی ده‌كرێت، بۆیه‌ (بۆرخێس) ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ها خوێندرایه‌وه،‌ كه‌ گفتوگۆی ئه‌قڵ ده‌كات ئه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌و ده‌قه‌ (په‌خشان)ه‌، ئه‌گه‌ر وه‌هاش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ دیالۆگی خه‌یاڵ دروستده‌كات، ئه‌و ده‌قه‌ (شیعر)ه‌ و پڕه‌ له‌ بزاوت و مانا و داهێنانه‌ ئێستێتیكییه‌كان3.

سروشت و ئێستێتیكای خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

سروشتی خه‌یاڵ دوو جۆره‌، یه‌كه‌میان: خه‌یاڵێكی (داهێنه‌رانه‌یه‌) له‌ نهێنی مادده‌ هه‌ستكراو و ناهه‌ستكراوه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. دووه‌میان: خه‌یاڵێكی (نووسراوه‌یه‌). دیمه‌نه‌كان له‌ یه‌كتری نزیكده‌كاته‌وه‌، پاشان وێنه‌یان ده‌گرێت. دواتر له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی ته‌واو مه‌عریفی ده‌یانخاته‌ چوارچێوه‌ی هزر و خه‌یاڵگه‌رایی، دوایی شاعیر كۆی وێنه‌كان له‌ناو چوارچێوه‌كه‌دا به‌ ڕوواڵه‌ت و جۆری جیاواز ڕزگاریان ده‌كات و به‌ شێوه‌ی وێنه‌ی شیعری ده‌یانهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ كرده‌ی شیعرنووسیندا هه‌ر دوو چه‌شنی خه‌یاڵه‌كان زیانی نییه‌، خه‌یاڵ له‌ كرۆك و ناوكیدا گه‌ڕان و گه‌شتێكی شاراوه‌ی باری ناهه‌ستیی و ناهۆشیارییه‌ له‌ سات و كاتی نادیاردا، ئاماده‌ده‌بێت و كه‌شوهه‌وای زه‌ین خۆشده‌كات. زه‌مینه‌ بۆ جۆشدانی بیر و ئیحا ده‌گونجێنێت، خه‌یاڵ كه‌شفی شته‌ په‌نهانه‌كانی پشت تێفكرین و ڕووبه‌ره‌ فراوانه‌كانی بابه‌ته‌ ناهه‌ستیاره‌كانی ناو گفتوگۆ و ململانێی ئه‌قڵ و لۆژیكه‌.
له‌ ده‌قی: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، هه‌ر دوو جۆره‌ خه‌یاڵه‌كان هه‌ن، وه‌لێ خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی ڕووپێوێكی زیاتری داگیركردووه‌. ده‌سه‌ڵاتی خه‌ونبینیه‌كه‌ی زاڵه‌ به‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ نووسراوه‌ ئاماده‌ییه‌كاندا.

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیادده‌كات
دێمه‌ سه‌ر سینه‌ی شكۆمه‌ند و پڕ هاوارت
ئه‌ی گومه‌زی هه‌وێنی تاج و ڕه‌نگی دڵ
قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌
سه‌رباڵی نان و ئاوه‌
له‌سه‌ر باڵدا ژیان
ئه‌ڵقه‌ی به‌ختی خه‌واڵووی حاجی قادری كۆیی ده‌سووڕێنێ
ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

وێنه‌ی:

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیاده‌كات) ل: 31

وێنه‌ی:

(قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌) ل: 31

له‌ هه‌ر دوو وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نموونه‌ی خه‌یاڵی نووسراون، شاعیر زۆر ناچێته‌ قووڵایی خه‌یاڵه‌كانی و وێنه‌ ناهه‌ستییه‌كانی په‌رته‌وازه‌ی ناكات، به‌ ساده‌یی خه‌یاڵ ده‌نووسێته‌وه‌، ته‌نیا (شار) ده‌گوازرێته‌وه‌ ناو بوار و كایه‌ی خه‌یاڵێك، كه‌ بووه‌ته‌ (باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌) و (قومری)یش له‌ناو چوارینه‌كانی (باباتاهیر هه‌مه‌دانی) دانی خواردووه‌، پاشان به‌ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌یان نیشتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی نووسینی شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (حاجی قادر كۆیی) (به‌ختی خه‌واڵوو)، كه‌ هێمایه‌كی گه‌شی شیعری تاراوگه‌ و نه‌ته‌وه‌ییمانه‌.

وێنه‌ی:

(ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

لێره‌ (چاوی گا) چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری ته‌جریدی پێكهێناوه‌، خه‌یاڵه‌كانی ئاڵۆز و فره‌مانان، میتۆدی ئه‌فسانه‌ و هونه‌ری شێوه‌كاری و مێژووی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌، بابه‌تی هه‌وێنكردنی چه‌ند مژارێك ئاشكراده‌كات، (چاوی گا) ڕه‌نگی ڕه‌شه‌ گرێیداوه‌ به‌ مێوژه‌ ڕه‌شه‌ی مام زۆراب، له‌ چاوی گاوه‌ خه‌یاڵی فڕیوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆژانی منداڵیی، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ له‌ كتێبی ئه‌لفوبێی كوردی (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) مێوژی مام زۆرابی خوێندووه‌. هه‌ر له‌م خه‌یاڵه‌ش چووه‌ته‌ لای هونه‌ری شێوه‌كاری وێنه‌ ته‌جریدییه‌كانی: (سلڤادۆر دالی) كه‌ له‌ چاوی گاوه‌ دیمه‌نی فره‌ مانایی و هاودژه‌ مانایی خوڵقاندووه‌. ڕه‌نگبێت شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی شاعیری عه‌ره‌ب: (علي بن الجهم)ی هاتبێته‌وه‌ یاد به ‌ناوی: (عیون المها)، ئه‌م شیعره‌ پڕیه‌تی له‌ ئه‌فسوون و نهێنی جوانی و فانتازیای خه‌یاڵێكی به‌ پیت و جیهانبینی ڕۆشن، ته‌نیا له‌ چوار دێره‌كانی كۆتایی ئه‌م شیعره‌، كه‌ نموونه‌ی خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه‌یه‌، (ده‌ق) واڵایه‌ بۆ شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ش، كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئایینده‌ ئاماژه‌ی كه‌شفه‌كانی بدات.
(بۆ پێكهاتنی وێنه‌ی شیعری The Poetic Image هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زی زمان و خه‌یاڵ كارلێكێكی كیماگه‌رانه‌ له‌نێوانیاندا ده‌سازێت، له‌ ڕووبه‌ری ئاوێته‌بوونیاندا هزر (فیكر) ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی خۆی كردووه‌، بێ هزر هیچ وێنه‌یه‌ك له‌ خه‌یاڵدا دروست نابێت، بێ وێنه‌ش شیعر كامڵ نابێت، (زمان)یش هۆكاری به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌كان له‌ئه‌ستۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و تیۆره‌یه‌ كه‌: (ئه‌رستۆ) له‌باره‌ی پێكهاته‌ی وێنه‌ی شیعری خستوویه‌تیه‌ به‌ر دیده‌:

وێنه‌ی شیعری هزر + زمان + خه‌یاڵ

وێنه‌ شیعرییه‌كان جه‌سته‌ و ڕۆح و جه‌وهه‌ری ده‌قن، هیچ كام له‌ ده‌قێك ڕه‌وایی و ته‌ندروستی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ بنیادیدا چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریی جێگای خۆی نه‌كردبێته‌وه‌)4. ئه‌ركی خه‌یاڵ له‌ كاره‌ داهێنراوه‌كاندا ئه‌ركێكی ناوه‌ندگیره‌، به‌بێ گه‌رمكردنی خه‌یاڵ و جۆشدانی، هه‌سته‌ دیار و نادیاره‌كان ناچنه‌ ژێرباڵی دروستكردنی پیت و هێڵ، كه‌ ئه‌مانیش شاعیری به‌ ئه‌زموون و فیكرڕۆشن زوو هه‌سته‌كانی ده‌بنه‌ هاوكار و پاڵپشت بۆ ڕاوكردنی خه‌یاڵه‌كانی.
مه‌زراندنی (ته‌وزیفكردنی) كلتووری كوردی له‌ ده‌قه‌ نوێخوازه‌كانی شیعری كوردی، ڕه‌هه‌ندی جیاجیای وه‌رگرتووه‌، له‌ شیعری: (كۆشك) به‌و خه‌ون و دیده‌ خه‌یاڵاوییانه‌یه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو كۆشك و چه‌ند پاژێك له‌ شیعره‌كه‌ی له‌ گفتوگۆی ناو كۆشكه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌:

(پیاوێك به‌ ناوی نالی چووه‌ كۆشكی میرنشینی بابان
كه‌س له‌وێ نه‌بوو
كه‌س له‌وێ نه‌مابوو
له‌ پێناوی خه‌ون بینینێك مایه‌وه‌
سه‌ری له‌ناو په‌نجه‌ره‌یه‌ك دانا و خه‌وت
به‌یانی وه‌ك هه‌موو به‌یانییه‌ ڕوو له‌ خێره‌كان
زوو له‌ خه‌و هه‌ستا
له‌سه‌ر گردی به‌رانبه‌ر كۆشك
دره‌ختی حه‌فت به‌ری ڕواند
به‌ سالمی گوت به‌ حه‌بیبه‌ بڵێ بمبوورێ زۆربه‌ی ژیانم
له‌ ڕوواندنی ئه‌و دره‌خته‌ به‌ختكرد و ئاوی حه‌فت جۆگه‌م هێنایه‌وه‌ سه‌ری
به‌چی ده‌چێ و ده‌بێـته‌ چی
كه‌ یاداشتی بزربوونی دوازده‌ سواره‌ی مه‌ریوان
له‌ توێكڵی میوه‌كانی نه‌نووسرێته‌وه‌
ده‌نا درۆیه‌ وشكی كه‌ن دره‌خت نییه‌) ل: 69

هه‌ڵچنینی هزری كلتووری (به‌شه‌ زیندووه‌كه‌ی) له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیمان به‌ گشتی و له‌ شیعری كوردیمان به‌ تایبه‌تی، داهێنانی ئه‌مڕۆی نووسه‌ر و شاعیران نییه‌، ده‌مێكه‌ ئه‌و كردار و خولیایه‌ هه‌بووه‌، هه‌ر شاعیرێك به‌ جۆرێ وزه‌ی خۆی بۆ بڕستكردن و ڕه‌سه‌نگه‌رایی خستووه‌ته‌ ناو پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ و قسه‌یه‌كی لێكردووه‌.
ئه‌و ده‌قه‌، (كۆشك) به‌ دید و خه‌یاڵێكی ته‌واو جیاواز داڕێژراوه‌، لێره‌ شاعیر زمان و فۆڕم و مه‌به‌سته‌ كلتوورییه‌كه‌ی به‌ چاودێرییه‌كی زۆره‌وه‌ خستووه‌ته‌ به‌ر خزمه‌تكردنی (مه‌به‌ست)، كه‌ ئامانجی شاعیر تێیدا جیاكاری بینینه‌ له‌ كلتووره‌ كۆن و تازه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان. له‌م ده‌قه‌دا ته‌جاوزی كاره‌ دیكۆمێنتاری و ئه‌رشیفییه‌كان كراوه‌، به‌ زمانی نوێ و جیهانبینی فراوان و فۆرمی پته‌و چوونه‌ته‌ خزمه‌ت كاراكردنی كلتوور و نیشانكاره‌كان ته‌واو دوورن له‌و مانا به‌خشییه‌ی نیشانكراوه‌كان به‌ ته‌مان لێیان نزیكببنه‌وه‌.
مه‌زراندنی كلتوور ته‌نیا شكۆداركردنی كلتووره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو دنیایه‌ك مانابه‌خشی له‌ دیدگه‌مان ده‌خرۆشێنێت، واده‌كات به‌ چاوی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ سه‌یری كه‌سایه‌تییه‌ كلتوورییه‌كانمان بكه‌ین و وانه‌ و واتای نوێیان لێوه‌ فێرببین. (نالی) و (حه‌بیبه‌) لێره‌ ته‌نیا دوو كه‌سایه‌تی نین، یه‌كیان شاعیر و ئه‌وی تریش دڵخوازه‌كه‌ی، ڕه‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوانیان گرینگه‌، كه‌ دنیابینی و ژیاندۆستی و مرۆڤایه‌تییه‌.
چوست و چالاككردنی كایه‌ی ئه‌ندێشه‌ و جووڵاندنی به‌ هه‌موو لایه‌كدا ئه‌ركێكی دیكه‌ی خه‌یاڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ و هێزێكی دینامیكی به‌ هه‌ست و نه‌ست و زه‌ینه‌ دامركاوه‌ نیشتووه‌كانی ناو خولگه‌ی ئه‌ندێشه‌ ببه‌خشین، ده‌بێت خه‌یاڵ چالاك خۆی بنوێنێت و هه‌موو جۆره‌ هه‌سته‌كان بكه‌ونه‌ خۆیان، چونكه‌ خه‌یاڵ دیدگه‌ و بیره‌وه‌ری تیژتر ده‌كات. له‌ ڕێگای هه‌ستی بینین و گوێگرتن و ئاخافتنه‌وه‌ ناوه‌ندێك له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ ڕه‌وایی به‌ ده‌روونڕۆشنی خود ده‌دات بچێته‌ ناو گه‌شتی چنینه‌وه‌ی خه‌یاڵ.
(پاسترناك) پێیوایه‌ له‌ بنچینه‌دا شاعیران لاڵن. توانای قسه‌كردنیان كه‌مه‌، له‌ ڕێگای گوێچكه‌ و چاوه‌كانیان وێنه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ سروشتدا دووانه‌یه‌كی ناهۆشیاری و نامیتافیزیكی هاوبه‌ش فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، كه‌ كاری ئه‌وه‌بێت وه‌ك ماتۆڕ و دینه‌مۆیه‌ك هه‌میشه‌ هێز و وزه‌ بداته‌ سه‌رووی خۆی، كه‌ هه‌ست و ناهه‌سته‌ ئاماده‌كراوكانی خوده‌ جۆشێنه‌ره‌كه‌یه‌: 5

(وڵاتێك له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ نامه‌ی
جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌بووه‌ مێژووی ناونان له‌ ئاگرێك نه‌وه‌ك بكوژێته‌وه‌
قۆزاخه‌یه‌كی نه‌ترووكاوی برده‌وه‌ سووڕی ژیانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم
له‌و به‌یانییه‌ ته‌واو بوو كه‌ برایه‌كان
كفنیان بۆ دره‌خته‌ مه‌ست و به‌رداره‌كانی هه‌ولێر ده‌بڕی
كفن له‌و كاته‌دا دوو ڕه‌نگ بوو
كفن له‌و كاته‌دا گیرفانی هه‌بوو
ئیدی هه‌وا له‌ ژووره‌كه‌یدا جێگۆڕكێی نه‌كرد) ل: 14

كاتێك هۆش و نه‌ست ته‌واو ده‌ڕه‌نجێن له‌ ده‌وروبه‌ریاندا، سۆزێكی ئه‌فسووناوی باڵی ده‌كێشی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌ مرۆییه‌كاندا فه‌رمانی بزاڤ و چوستكردنی ده‌دات. ناخ و خه‌یاڵ بۆ ئاماده‌بووان و به‌رهه‌مهێنانی په‌چه‌كردار، شاعیر چالاكانه‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌سه‌ر چه‌ند پاژێك له‌ بابه‌تی ئه‌م ده‌قه‌ دابه‌شكردووه‌، هه‌ر له‌ كۆچكردنی (جه‌لالی میرزا كه‌ریم) له‌ هه‌ولێر و ئاشووبی شه‌ڕی ناوخۆ و دروستبوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی نائارام و بێهووده‌یی و ژیان ڕاوه‌ستان و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كان، هه‌موویان گه‌شتی خه‌یاڵن به‌سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ی وێنه‌كانی ناو ئه‌م ده‌قه‌، كه‌ مۆركی شاعیرێكی خه‌یاڵ ده‌وڵه‌مه‌ندن، له‌ هه‌مان كاتدا كاردانه‌وه‌ن بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی لایه‌كی هاوكێشه‌ی خه‌یاڵ ده‌گرنه‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ ئه‌و چركه‌ شیعرییانه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌، كه‌ شاعیر تێیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ كارتێكردنی نێوانیانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ فه‌زای خه‌یاڵ فراوانه‌ و چه‌ندان ته‌نی دره‌و‌شاوه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی گه‌ردیله‌ی خه‌یاڵه‌ بچووكه‌كان له‌و ناوه‌نده‌دا به‌ریه‌كده‌كه‌ون، له‌ ئه‌نجامی كۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاڕمۆنییه‌كانی ناهه‌ستی و ناهۆشیاری ناو كایه‌ی ده‌ق. چه‌ند چركه‌ شیعرییه‌كی ئاماده‌ (لحظة شعریة) ده‌ست شاعیر ده‌كه‌ون و خێرا هه‌سته‌كان بۆ ڕزگاركردنیان له‌و ناوه‌نده‌ خرۆشاوه‌دا ده‌یانخه‌مڵێنن، كه‌ جیوه‌ ئاسا هێنده‌ تیژ و سرك و خزن زوو له‌ناو زه‌یندا ده‌سته‌‌مۆ ده‌كرێن و ده‌بنه‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییانه‌ی كه‌ له‌ منداڵدانی خه‌یاڵه‌وه‌ پیتێندراون و به‌ شێوه‌ی كۆرپه‌ (وێنه‌ی شیعر) چاو بۆ ژیان ده‌ترووكێنن.
(تۆبۆفیلیا (Topophilia) ڕۆڵێكی خولگه‌یی و كۆششكار ده‌بینێت له‌ فراوانكردنی ڕووپێوی خه‌یاڵی ناو ده‌قه‌ خه‌ونبینه‌كان)6.

(به‌و نیازه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه‌
با بێته‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌مانچه‌ بژه‌نێت
دره‌خت گۆرانیبێژ و خاووخێزانیش كۆرس
كه‌لوپه‌لیش گوێگر
ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماڵێكدا ده‌نگ ئاواز نه‌ڕسكێنێت
كاتژمێری هه‌ڵواسراو
كات نه‌كاته‌ ئاده‌میزادێكی درۆزن و فریوده‌ره‌
مۆمم له‌ هه‌موو په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانی ماڵم داگیرساندووه‌ و گۆرانی ده‌ڵێم
سڵاو له‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌م سێبه‌ره‌كانی تێكه‌ڵ نه‌كرد
به‌ختیار زێوه‌ر گوڵی سه‌ربه‌ستی له‌ ده‌ستی نزیك خسته‌وه‌
له‌ كۆڵانه‌كاندا بڵاوی كرده‌وه‌
دره‌نگ گه‌یشته‌ ماڵی خۆی
بۆنی تێدا نه‌ما) ل: 107

(كاتژمێر) ناونیشانی ئه‌و شیعره‌یه‌ هه‌ر به‌ مه‌به‌ست ئه‌م ناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ هێمایه‌ بۆ كات (الزمن)، به‌ هه‌ر سێ جۆریه‌وه‌ ڕابردوو، ئێستا، ڕانه‌بردوو، ئه‌م شیعره‌ ناوه‌ر‌ۆكه‌كه‌ی دوو مژار ده‌پێكێت.
یه‌كه‌م: كات و ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كاره‌كانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت، یان ئه‌نجامدراوه‌، یان ئێستا كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
دووه‌م: غه‌ریبی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕۆژانی ڕابردوو (الحنین الی الماضي). خه‌یاڵ په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و كردار و شوێن، زۆرترین چه‌شنی خه‌یاڵێك، كه‌ شاعیران خولیا و هۆگری ببن، ئه‌و ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشانه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا ڕوویانداوه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر زه‌ینی شاعیره‌كه‌ ماوه‌، له‌ شوێنێكدا به‌جێماوه‌ و وه‌ك كارێكی له‌ده‌ستچوو حه‌سره‌تی بۆ هه‌ڵده‌كێشێت.
شاعیر: (گوڵی سه‌ربه‌ستی)ی (به‌ختیار زێوه‌ر) ده‌كاته‌ پرسی خولگه‌یی و له‌وێوه‌ په‌ل بۆ بیرهێنانه‌وه‌ له‌ ڕێگای خه‌یاڵگه‌راییه‌ك، به‌سه‌ر ماڵێكی هونه‌ردۆست و ده‌نگی گۆرانیبێژان و خودی شاعیرێك، كه‌ خاوه‌ن شیعره‌‌كه‌یه‌ هێمای شیعری به‌رگریی و به‌رخودان و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ده‌هاوێژێت و بنیادی ده‌قه‌كه‌ی پێ دروستده‌كات.
دیمه‌نه‌ خه‌یاڵییه‌كان پێكه‌وه‌ گرێدراون و سه‌ربرده‌یه‌ك، له‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی و له‌ زه‌مه‌نی (به‌ختیار زێوه‌ر) و بارودۆخی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئاهێك بۆ به‌سه‌رچوونی بۆنی خۆشی گوڵی سه‌ربه‌ستی ده‌كێشێت، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی تێر بۆنی نه‌كرد، ئه‌و گوڵه‌ی هێمای ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، بۆنی به‌سه‌ر هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شار پرژا، به‌ڵام شاعیر نه‌یتوانی به‌ دڵی خۆی بۆنی بكات، به‌ یادی ئه‌و شیعره‌ ڕۆژانی ئه‌مڕۆی باری سیاسی ده‌هێنێته‌ ناو گرته‌ و دیمه‌نی ئه‌مڕۆكه‌مان و به‌ تێكه‌ڵكێشییه‌ك مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌داته‌ خوێنه‌رانی.
شاعیری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌ له‌ زۆرینه‌ی ده‌قه‌كانی ناو ئه‌م كۆشیعرییه‌دا به‌ هه‌ناسه‌ی غه‌ریبی و ئاخ هه‌ڵكێشان بۆ ڕابردوو ده‌قه‌كانی ڕه‌نگڕێژ به‌ نۆستالیژیا كردووه‌ و تێیدا له‌ به‌رجه‌سته‌كردنیان ڕه‌گاژۆبوونێكی هه‌ستیی و هۆشیاری ساغبووه‌ته‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ پێده‌گات و فشارده‌خاته‌ سه‌ر كرده‌ی چالاككردنی مێشك و ده‌رهاویشته‌كانی له‌ ڕوانگه‌ی زه‌ین و نه‌ست و حاڵه‌تی ناهۆشیارییدا، چ ڕۆڵێك وه‌رده‌گرێت؟
له‌ شیعری: (سوپاس) ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی له‌و ده‌قه‌دا هه‌ن پێمان ده‌ڵێن بوونی (ڕووداو) بۆ دروستبوونی (فشار) چه‌ند گرینگه،‌ كه‌ خه‌یاڵ له‌و كرداره‌دا چه‌شنی په‌ین و كیمیایه‌ بۆ به‌پیتكردنی زه‌وی و زۆربوونی به‌روبووم.

(باران له‌ ده‌رگای زه‌مین ده‌دا
گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌
كه‌روێشكێك ده‌چێته‌ نزیكی
سمێڵی له‌سه‌ر و پرچی ده‌سووێ
سوپاس بۆ نان و نمه‌كی خودا
به‌ دڵێك به‌ ڕێگاوه‌ ده‌ڕوات
كه‌ دڵ له‌ دڵدانی له‌دوا نییه‌) ل: 16

هێزی پاڵنه‌ری (ڕووداو)، فشار ده‌خاته‌ سه‌ر بیر و هۆش و ڕێكیان ده‌خات بۆ خۆهه‌ڵكوتانه‌ ناو بواری گه‌وره‌كردنی خه‌یاڵ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ته‌وژم و فشارانه‌، خه‌یاڵ ده‌ته‌قێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ دۆخی ئاسایی و چه‌قبه‌ستووییدا خه‌یاڵه‌كان به‌ر هۆش و نه‌ست و حاڵه‌ته‌ ناهۆشیاره‌كان ناكه‌ون، ده‌بێت به‌ریككه‌وتنێك ڕووبدات تا خه‌یاڵیش گورجوگۆڵ ببێت به‌ به‌ركار و فرمانی خۆی بكه‌وێت.
تا (باران له‌ ده‌رگای زه‌مینی نه‌دا) هیچ كردارێكی زه‌ینی له‌سه‌ر دروستبوونی وێنه‌ی دێری دووه‌م (گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌) دروستنه‌بوو، ڕووداو (باران) و (گیای ڕووخۆش) ئه‌و فشاره‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری لێكردنه‌وه‌ی باران، پاشان خه‌یاڵ له‌ دێره‌كانی دواییدا فراوانتر و زنجیره‌یی پێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌، بێ هۆكاری جووڵاندنی خه‌یاڵ، ده‌ق له‌ بنیادی ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئه‌و سیستماتیكه‌ دراماییه‌ له‌ده‌ستده‌دات، كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ (السرد) حاڵه‌تێكی پێویسته‌، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانابه‌خشی له‌ ده‌قدا.
بنیادنانی ده‌ق، كرده‌یه‌كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كراوه‌یی كۆتایی دێت، هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌ناو وێنه‌ی شیعریی به‌ دانانی (نیهاد) بۆ (گوزاره‌)، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، مانای ته‌واوی نادات، ده‌كرێت ده‌ق به‌وه‌ بچووێنین پارچه‌یه‌كه‌ له‌ كریستاڵ، پارچه‌ی بچووكی دیكه‌ی لێ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ناوه‌ندی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان ده‌بات، كه‌ گوزارشته‌ شیعرییه‌كان ته‌واوببن، یه‌ده‌گی ده‌ربڕینه‌ په‌خشانییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن، واته‌: شیعر له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بییدا به‌ ته‌نیا گوزارشتبڕ نییه‌، په‌خشان هاوكاری گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كانی ده‌كات، بۆیه‌: (ت. س. ئیلیۆت) ده‌یگوت: (مه‌حاڵه‌ به‌ پڕی و به‌ ته‌واوی به‌ زمانی شیعر ئه‌و ده‌قه‌ بنووسم، كه‌ ده‌مه‌وێت ته‌واوی بكه‌م)7.
هه‌ر وه‌ختێك ده‌ق هێزی كرانه‌وه‌ی بۆ خرایه‌ سه‌ر پشت و سه‌ربه‌ستی خۆی له‌ گوزارشته‌ خه‌یاڵییه‌كان وه‌رگرت، شیعر وزه‌ی له‌ خه‌یاڵ پێده‌گات، خه‌یاڵ بۆ ته‌واوكردنی بنیادی چوارچێوه‌ی خستنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌ق په‌نا بۆ (زمان) ده‌بات وه‌ك گوزارشت، جا به‌ شیعر بێت، یان په‌خشان، یان په‌خشانه‌ شیعر، له‌م حاڵه‌ته‌دا بازنه‌كانی خه‌یاڵ شه‌پۆلده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ میكانیزمی كارلێكردنی هه‌سته‌كان، گوزارشتیش ئه‌ڵقه‌ به‌دوای خۆی دروستده‌كات، تا بنیادی ده‌ق ده‌نووسرێته‌وه‌، چه‌ندان جار شاعیره‌كه‌ ئه‌ڵقه‌ گوزارشته‌كانی ده‌گۆڕێت، ڕووبه‌ری ده‌ق ده‌بێته‌ ئامێزگری چه‌ندان وێنه‌ی خه‌یاڵی ته‌واونه‌كراو.

(سوپاس و دروود بۆ ئازاره‌كانی ژیان
مرۆڤ دوای مردن
پێویستی به‌ چوونه‌ به‌هه‌شته‌
جۆگه‌له‌ بباته‌ بن دره‌ختی ئومێد و نه‌مری
میوه‌ له‌ شكۆمه‌ندی دوای زه‌رده‌خه‌نه‌ زیاتر نییه‌
خودایه‌ ئاگرێكم بۆ ده‌ستنیشان بكه‌
چاوی هه‌موو بینینه‌كان بنووسێت
دڵم ده‌توێنمه‌وه‌ و گوێڕایه‌ڵی ده‌بم
مردووه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی) ل: 80

شاعیر خۆی له‌ پراگماتیكیی دوورده‌خاته‌وه‌، به‌دوای بازنه‌ یه‌ك به‌ناو ئه‌وی دیكه‌ چووه‌كان ده‌كه‌وێ، له‌هه‌ر وێنه‌یه‌كی شیعر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ دروستده‌كاته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی گه‌وره‌تر، پێش ئه‌وه‌ی پشووبدات، سه‌رله‌نوێ خه‌یاڵی ده‌یباته‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه.‌ له‌وێش بازنه‌ به‌ناویه‌كترچووكان ده‌كاته‌وه‌، تا كۆتایی ده‌ق ده‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌ندان بازنه،‌ بێئه‌وه‌ی ده‌ق له‌ڕووی بنیادنانییه‌وه‌ ته‌واوببێ، جا له‌و پاژه‌ شیعرییه‌ی كه‌ ته‌واونه‌بووه،‌ بزانه‌ خه‌یاڵ چۆن بۆ شوێنێكی دیكه‌ و مه‌به‌ستی دیكه‌ی جیاوازی ده‌بات:

(كاكه‌ی فه‌للاح به‌ پشوویه‌كی ئارامه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ردا هاته‌ده‌رێ
نه‌ختێك ڕاما و گۆڕه‌پانی به‌رده‌می كرده‌ به‌رده‌نوێژ
به‌ قووڵایی وێنه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كانی خۆیدا هاتوچوو
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌ ئه‌سپایی له‌سه‌ر شووشه‌ی لامپا دانا
به‌ره‌و گۆڕ هه‌نگاوی خۆشكرد
گۆڕ سه‌نگه‌ری شۆڕشگێڕانه‌
نووسینه‌كانی ڕوومه‌تی كێلیش بزه‌ی واتادارن) ل: 80

ئه‌و كات شیعر شێوه‌ی خه‌یاڵی میكانیكی وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر له‌ جووڵه‌كردنێكی هه‌میشه‌ییدا فۆرمه‌ڵه‌كرابێت، ده‌قی: (خه‌یاڵی میكانیكی) ئه‌و ده‌قانه‌ن به‌ هه‌موو لایه‌كدا نه‌ست و هه‌ستی ناهۆشیاری بڵاوه‌ پێده‌كه‌ن، چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری خه‌یاڵ دروستده‌كه‌ن، پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌قی مه‌به‌ست (ناوه‌رۆكی ده‌ق)، ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌، ناوه‌رۆكێكی پان و به‌رینه‌، هیچ نیشانكار و نیشانكراوێكیش تێیدا جێگای نابێته‌وه‌، تانوپۆیه‌كن له‌ یه‌كتردا جیابوونه‌ته‌وه‌ و به‌دوای یه‌كتركێشكردن ناگه‌ڕێن، ته‌نیا خه‌یاڵبینییه‌ ده‌توانێت وزه‌ی شاعیر به‌ره‌و ئه‌و مه‌دایه‌ ببات، شاعیران تێیدا له‌ خولگه‌یه‌كی كراوه‌ی فره‌جه‌مسه‌ر مانا دروستده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ ناو به‌رگی خه‌یاڵه‌كانیان.
ئه‌ندازه‌ی بنیادنانی ده‌ق لای: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) پلانداڕێژی پێشوه‌خته‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ڕاسته‌وخۆ و سرووشئامێز ده‌چێته‌ ناو كه‌شوهه‌وای شیعر و دۆخ بۆ خۆشكردنی خه‌یاڵ ده‌ڕه‌خسێنێت، پشتبه‌ستن به‌و چركه‌ ئیلهامبه‌خشانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبه‌ن بۆ ڕووبه‌ری سه‌رگه‌رمی و كه‌ڵكه‌ڵه‌بوون و خرۆشاندنی ناخ و هه‌ڵاویسانی هه‌سته‌كان، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك بارێكی پۆزه‌تیڤه‌، شاعیری قاڵبداڕێژی لێ په‌روه‌رده‌ نه‌بووه‌، شیعرنووسێكی حازربه‌ده‌ستی لێده‌رناچێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بارێكی نێگه‌تیڤه‌، زۆرجار خه‌یاڵه‌كان ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو ئه‌و بواره‌ خه‌یاڵاوییه‌ی چه‌ند جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌مان شوێندا وێنه‌ی نزیك به‌ وێنه‌كانی پێشووی لێچنیوه‌، بۆیه‌ فۆرمی هه‌ندێك له‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌ یه‌كتری ده‌چن، هه‌مان مۆركی شیعری كۆنی پێوه‌ دیارده‌بێت. له‌ جیاتی: (كاكه‌ی فه‌للاح) هه‌ر ناوێكی دیكه‌شی دانابایه‌، هیچ له‌ وێنه‌ی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كه‌ ناگۆڕێت. واته‌: (كاكه‌ی فه‌للاح) ده‌بێته‌ هه‌موو ناوه‌كان.
(خه‌یاڵی كراوه، وه‌ك‌ ده‌قی كراوه‌ (النص المفتوح) وایه‌، له‌و ساتانه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت كه‌رسته‌كانی بنیادی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كانی به‌ كه‌رسته‌ی هونه‌ری دیكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، په‌یوه‌ندیكردن و سنوورداركردنی سرووش و سۆزی ببه‌زێنێت و بچێته‌ ناو خولیا و حه‌ز و ویستێكی هونه‌ری شیعری تازه‌وه‌، خۆی بۆ ناو مێرگێكی سه‌وزتر و ته‌ڕتر بخزێنێت و چێژ بگۆڕێت، په‌نا بۆ پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌بات، ده‌بینین ده‌ست بۆ خه‌یاڵی میوزیكی و گۆرانیگوتن و تابلۆكێشان و شانۆگه‌ری و فیلمسازیی … تاد)8. ده‌بات، چه‌مكی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كه‌ی هاوكاری ده‌كات، به‌و كه‌رستانه‌ ده‌چێته‌ ناو خولگه‌ی خه‌یاڵی نوێ بۆ هێنانه‌كایه‌ی وێنه‌ی شیعری نوێ.
جار هه‌یه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و هونه‌رانه‌ به‌ جیا سوودی لێوه‌رگرتووه‌ له‌ مه‌زراندنی شیعرێكیدا، جاریش هه‌یه‌ چه‌ند هونه‌رێك پێكه‌وه‌ له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ خه‌یاڵییه‌كانیدا ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كات و په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك له‌ هونه‌ر له‌ شێوه‌ی خه‌یاڵی شیعری له‌ فه‌زای داهێنان و فانتازیادا پێكدێت. نموونه‌ له‌ شیعری: (دڵته‌نگی) ده‌بینین له‌ وێنه‌شیعری: (حه‌مدی) شاعیردا زۆر جوان په‌لده‌هاوێت بۆ: (كاوێس ئاغا)ی لاوكبێژ و له‌ دوو وێنه‌ی شیعر و هونه‌ری گۆرانی و لاوكبێژیدا تابلۆیه‌كی (وێژه‌یی-هونه‌ریی) ده‌خوڵقێنێت، ڕاسته‌ دوو وێنه‌ی خه‌یاڵی له‌ یه‌كتر جیان له‌ڕووی ناوه‌رۆكدا، به‌ڵام ده‌قێكی كراوه‌ی بۆ فه‌زای شیعره‌كه‌ ڕه‌خساندووه.‌ جێگای كه‌رسته‌ی هونه‌ریشی تێداببێته‌وه‌ و په‌نجه‌ره‌ی ده‌قه‌كه‌ی به‌سه‌ر پشته‌وه‌ واڵاكردووه‌.

(هه‌ر ڕێگایه‌ك وێڵبوونێكی به‌دواوه‌یه‌
وێڵیشه‌ ده‌تگه‌یه‌نێـته‌ قووڵایی گیان
دوای له‌دایكبوونی حه‌مدی
خوێن له‌ ناخی چڵ ڕژا
زه‌وی به‌ شه‌ونم ته‌ڕ بوو
ڕۆژ نیوه‌ی ته‌مه‌نی به ‌دیار زه‌ویه‌وه‌ ڕاده‌وستێت و داده‌مێنێت
شتێك بدزۆێته‌وه‌
نه‌یدۆزییه‌وه‌
له‌ ئاوابووندا دڵته‌نگییه‌كانی به‌دی ده‌كات
هه‌ر كێ دڵم بڕه‌نجێنێت
خانمی شیعر و هه‌ولێر و نه‌وای كوێستانان خاڵخاڵ ده‌ملاوێننه‌وه‌
كاوێس ئاغاش مۆڵه‌تم له‌ مه‌رگ بۆ وه‌رده‌گرێت
گوێ له‌ داستان ڕابگرم
شكۆی خودا له‌ ده‌وروپشتم ئاڵایه‌كه‌ هه‌ڵدراو
سێبه‌ری به‌سه‌ر برینی قوربانییه‌كاندا ده‌كێشێت
چاوی بێداری و نه‌سره‌وتن دنیای پیشاندام) ل: 90

له‌ چركه‌ی هۆشیاری و خۆلێكترازاندنی خه‌یاڵه‌كانی، ده‌چێته‌ باری ئاگایی و هه‌ستكردن به‌ ده‌وروبه‌ری، بۆ لاوانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ر گریمانه‌یه‌كی دڵشكاندنی، په‌نا بۆ شیعر و هه‌ولێر و كوێستانان خاڵخاڵ ده‌بات، (گاستۆن باشلار 1884 – 1962 له‌ بیردۆزه‌ی (فانتازیای شوێن)دا گوتوویه‌تی: (شوێن په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی باری سایكۆلۆژی و نووسه‌ر ده‌رده‌خات، ئه‌و شوێنه‌ی هه‌میشه‌ حه‌زده‌كات له‌ ناویدا به‌ خه‌یاڵ، یان له‌ ڕاستیدا بژیێت و هه‌میشه‌ فیكر و زه‌ینی له‌سه‌ره‌ و خۆشیده‌وێت) كه‌ (هه‌ولێر)ی شاری شاعیره‌، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت، خه‌یاڵ ڕووی ئاگایی و وشارییش ده‌یگرێته‌وه‌، هه‌موو خه‌یاڵێك ته‌نیا وه‌هم و سه‌رابێكی ته‌مومژاوی نییه‌، به‌ڵكو هۆكارێكی زیندووه‌ له‌ (تۆبۆفیلیا – Topophilia) كه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و جێگایانه‌ی له‌ ده‌روونتدا به‌ نه‌مری ده‌مێننه‌وه‌)9.
زمانی خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

(مالارمێ) ده‌یگوت: (من به‌ قه‌ڵای پۆڵایینی (زمان)م، خۆم ده‌پارێزم. هه‌ر وه‌ختێك ژه‌نگوژار بنیشێت، گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ به‌كارهێنانی زمانی هۆز ده‌رگای قه‌ڵا پۆڵایینه‌كه‌مه‌)10. زمان له‌ناو كایه‌ی شیعردا ڕۆڵی هێز و دره‌وشانه‌وه‌ی داهێنان و هاوسه‌نگڕاگرتنی هه‌موو بنه‌ما و مه‌رجه‌كانی شیعر نماییشده‌كات، گرینگی و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌ ده‌غده‌غه‌دانی خه‌یاڵدا فراوانتر و چوست و چالاكتر په‌ره‌ده‌ستێنێت، بۆیه‌ ورووژاندنی خه‌یاڵ، به‌هێزبوون و پاراوتركردنی زمانی لێوه‌ به‌ده‌ستدێت، به‌ ئه‌زموون سه‌لمێندراوه‌، تا زمان كاریگه‌رییه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی بكه‌ونه‌كار، شیعر توانای خۆنوێكردنه‌وه‌ی له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و هێما و زانسته‌ زمانییه‌كان به‌ گشتی، ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت و كاراتر دۆخ بۆ نه‌شونمای پێش و كارتێكردن له‌ نێوانیاندا گه‌رمتر ده‌بێت.
هه‌ر ده‌قێكی هونه‌ریی به‌ (شیعر)ه‌وه‌ش، دوو ئاست پێشكێشده‌كات.

یه‌كه‌م: ئاستی هه‌واڵبه‌خشی.
دووه‌م: ئاستی هێمابه‌خشی.

ئه‌وه‌ی دووه‌میان به ‌ناڕاسته‌وخۆ ڕووماڵی زمان ده‌كات، به‌رگێك له‌ ته‌م و دیده‌ ناڕۆشنی پیشانده‌دات. ئه‌و هێماگه‌راییه‌، شرۆڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ده‌وێت، هه‌موو جارێك به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بتوانیت كۆده‌كانی هێماكان بكه‌یته‌وه‌، سیحری سیحربازه‌كه‌ به‌تاڵ بكه‌یت، بۆیه‌ له‌ ده‌قی هێمابه‌خشی، خوێنه‌ر هه‌ندێكجار ڕه‌خنه‌گرانیش، دووچاری سه‌رئێشه‌ی ناتێگه‌یشتن له‌ مانای هێماكانی ناو وێنه‌ شیعرییه‌كان ده‌بن، بڕێكجاریش هێدمه‌ و به‌دحاڵییبوون ده‌گاته‌ دۆخی بێزاریی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ گه‌ڕان به‌دوای مانابه‌خشین، فڕێدانی سه‌رتاپای ده‌قه‌كه‌.
زمان له‌ ده‌قی: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا، به‌ هیچ كڵۆجێك له‌سه‌ر شێوه‌ی زمانی هه‌واڵ دانه‌ڕێژراوه‌ و هیچ ڕسته‌یه‌ك خه‌به‌ر و هه‌واڵی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو ده‌قێكی هێمابه‌خشی پڕاوپڕه‌ له‌ سه‌راسیمه‌ و سه‌رسوڕمان و ته‌مومژ و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆز ئاڵۆزی به‌ زه‌خره‌فه‌ هێما نه‌خشێندراون، خوێنه‌ر به‌ سانایی ناگه‌نه‌ مه‌رامیان به ‌ده‌ستكه‌وتنی ماناكان، مه‌گه‌ر خوێنه‌ری مه‌شقكردوو و زیره‌ك و ڕۆشنبیر نه‌بێت. وشه‌كان ساده‌ن، ڕسته‌كان دیارن، به‌ڵام كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغی كامڵبوونی وێنه‌ی ‌شیعری، هێماكان ده‌بنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ڕوونیی و دوودیوی وێنه‌كان و جۆرێك له‌ ناڕوونیی له‌ كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی (هێما) قورسه‌كان دروستده‌بێت.
ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌ت و بنه‌مای شیعری نوێخوازی و ڕه‌هه‌نده‌ زمانه‌وانییه‌كانیه‌تی. (ئه‌دۆنیس) پێیوایه‌: (شیعر گه‌ڕان و ڕۆیشتنێكی هه‌میشه‌ییه‌ به‌ناو نادیاریدا)11. گه‌ڕان و كه‌شفكردنی شیعری هێماگه‌ر و پڕ سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی، پێویستی به‌ پاشخان و گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ (خه‌ون) هه‌یه‌ تا سه‌فه‌ری ناو زمان و بنیادی ده‌قێكی هه‌ڵچنراو له‌ زمانی سه‌رده‌میانه‌ و جیهانبینی و تێڕوانینی تژی له‌ ڕه‌مز و به‌ها پێشكه‌وتووه‌كانی خه‌ونه‌ هاوچه‌رخه‌كان بكه‌یت.
له‌ناو ده‌قی سه‌ركه‌وتوودا، زمان له‌ خۆیدا كرده‌ی تێكدان و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یه‌تی، دۆزینه‌وه‌ی كانزای به‌ نرخ، گه‌ڕانی دوورودرێژی ناو خاك و خۆڵ و ژێر ده‌ریاكانی پێویسته‌، بۆیه‌ بۆ خوێنه‌ری ئاسایی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌ ئه‌ركه‌ و هه‌ندێكجاریش قێزه‌و‌ن.
نموونه‌ی ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی خوێنه‌ری ئاسایی، یان ڕه‌نگبێ زۆرێك له‌ شاعیران و ڕه‌خنه‌گرانی ئاسایی نه‌توانن هه‌رچی بكه‌ن و چێژێك له‌ ماناكانی به‌ده‌ستبهێنن، نموونه‌:

(زینده‌وه‌رێك له‌ژێر زه‌وی هاته‌ده‌رێ
هه‌وایه‌كی پاراوی هه‌ڵمژی و به‌چاو نزایه‌كی نواند
سوپاس بۆ بۆنی خۆشی په‌ڕه‌سێلكه‌
نه‌یهێشت ئه‌ستێره‌ ته‌ماشای ئه‌و ئاده‌مییانه‌ بكات
درۆیان به‌ده‌میه‌وه‌ كردووه‌) ل: 103

تۆ به‌رانبه‌ر تابلۆیه‌كی ته‌جریدی ئاڵۆسكاو به‌ چه‌ندان ڕه‌نگی تۆخ و هێمای سه‌یر و هێڵ و سكێچی به‌ناویه‌كتربڕ وه‌ستاوی، ده‌بێت ئه‌و (زینده‌وه‌ر)ه‌ چی بێت له‌ژێر زه‌وی هاتووه‌ته‌ده‌رێ؟ باشه‌ بۆنی خۆشی (په‌ڕه‌سێلكه‌) چ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ درۆیان له‌گه‌ڵ (ئه‌ستێره‌)دا كردووه‌؟ ئه‌م هه‌موو پرسیاره‌ ئاڵۆزانه‌، بێ وه‌ڵام له‌ مێشكی خوێنه‌ردا ده‌خولێنه‌وه‌، ناتوانن وێنه‌یه‌ك خه‌یاڵ بكه‌ن، كه‌ لێی نزیك بن و له‌ مانابه‌خشییه‌كه‌ی تێبگه‌ن.

(دڵشاد مه‌ریوانی زه‌نگوڵه‌یه‌كی به‌ ده‌رگای حه‌وشه‌وه ‌كرد
له‌سه‌ر پشتی ئاسنێكی سارد نووسی
هه‌بوو
نه‌بوو
هه‌یه‌ و نییه‌
تابووت ژوورێكی تاریكه‌
چاوم نوقاند و له‌ دڵی خۆمدا بۆ شوێنێكی دوورم ڕوانی
شوێنێك بای په‌ڵه‌ پرچی هه‌وری له‌سه‌ر ده‌موچاوی هه‌ڵدایه‌وه‌
كێڵگه‌ی گه‌نم گه‌وره‌بوو) ل: 99

ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ئاگاداری چیرۆكی گرتن و زیندانیكردن و پاشان كپكوشتن و گۆڕغه‌ریبی: (دڵشاد مه‌ریوانی)ن، ده‌زانن ئه‌م چه‌ند وێنه‌یه‌ حه‌كایه‌تی له‌ناوچوون و قوربانیدانی شاعیره‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ كۆی مانای وێنه‌كان ده‌خوێندرێته‌وه‌، ئه‌گینا گه‌نج و خوێنه‌رێكی وه‌چه‌ی ئه‌مڕۆ، كه‌ شتێك له‌باره‌ی سه‌ركرده نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان نازانن، چۆن له‌م ده‌قه‌ بگه‌ن. كاتێك ڕسته‌ و پاشان وێنه‌كان هێنده‌ ته‌جریدین زه‌ین و مێشك ماندووده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ (وشه‌ی یه‌كتربڕ) دامابن و هێماكانیان پێ شیته‌ڵ نه‌كرێت.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا، خۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ واقیعی شیعری نوێخواز حاڵیی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زانیاری هه‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌، سه‌لیقه‌ و وریایی و مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی سه‌رتاپایی ده‌وێت: (شیمس هینی) گوتوویه‌تی: (خۆ شیعر ده‌بێت هه‌ندێك گرانی و ته‌مومژاویكردنی له‌گه‌ڵ بێت، خۆ شیعر خوێندنه‌وه‌ ڕۆیشتنێك نییه‌ له‌ بیابان، به‌ڵكو هه‌ڵزنانه‌ به‌سه‌ر لووتكه‌)12.
هه‌رگیز مه‌به‌ست له‌ دانانی (وشه‌) له‌ ڕسته‌ی شیعریی، مانابه‌خشی و چێژ و گوزارشتكردن نییه‌، به‌ڵكو به‌دوای ڕاستی و په‌نهانه‌كان، له‌ سیمای گشتی شیعره‌كانی شاعیری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا ده‌بیندرێت وه‌ك شاعیره‌ سوریالیسته‌كان مامه‌ڵه‌ی هزر و زمان و بنیادنانی شیعری ڕه‌چاوكردووه‌، فیكر و بابه‌تی گوزارشته‌ی ئازاد و زمانی قه‌تیس و كورتبڕی له‌ ڕسته‌ و ده‌ستگرتن به‌ زۆر به‌كارنه‌هێنانی وشه‌، لادان له‌ كلتووری سواو و گوێنه‌دان به‌ بنه‌ما و ڕه‌وشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بێ ماناكان و فڕێدانی پرسیار بۆ ناو فه‌زایه‌كی كراوه‌ی فره‌ ڕه‌هه‌ند و شیكاریی، بایه‌خدان به‌ ئازادییه‌ فیكرییه‌كان و نوێخوازگه‌رایی له‌ زمان و مۆدێلێكی نوێ له‌ داڕشتنی بنیادنانی چه‌مكی شیعریی و سه‌ركێشیی له‌ خه‌یاڵ و ڕه‌هاكردن له‌ خه‌ون و گه‌ڕانێكی بێوچان به‌دوای ڕاڤه‌ی تازه‌ بۆ شیعر و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌و كۆنه‌ سیما سواوانه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ شیعری كوردی به‌ ناوی تازه‌گه‌رایی و هاوچه‌رخییه‌تی له‌ بنه‌مای هونه‌ریی شیعردا گۆڕه‌پانه‌كه‌یان قۆرخكردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌خۆڕا ڕێچكه‌ ناگرێت و چه‌كه‌ره‌ش ناكات، به‌رهه‌میش به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ئه‌گه‌ر چه‌ند هۆكارێكی ده‌روونی و ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بۆ ناو ئه‌و سه‌ركێشییه‌یان په‌لكێش نه‌كردبێت. كاتی خۆی: (ئه‌ندریێ بریتۆن) دامه‌زرێنه‌ری شیعری سوریالی له‌ ئه‌نجامی بێزاربوون له‌ هه‌موو شتێكی باوی جیهان، یاخی بوو، وه‌ك مه‌لێكی دیل له‌ قه‌فه‌س به ‌ده‌ست نائازادی و دیلی و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی مرۆڤ، بڕیاریدا ئیراده‌ی به‌هێزبكات و وزه‌ و هێز له‌ سرووش وه‌ربگرێت و دژی قۆرخكاریی و لاساییكردنه‌وه‌ و پووچییه‌كانی ناو مێشكی مرۆڤی كۆن بجه‌نگێت و قه‌فه‌س بشكێنێت، فیكری ڕه‌ها و زمانی نوێ بپشكوێنێت، له‌ شیعری: (نه‌ترسان) گوزارشتێكی زۆر نزیك له‌م بۆچوونانه‌ی، كه‌ ده‌یه‌وێت وێنایان بكات، به‌ پاڵپشتی (زمان)ێكی نوێ شایسته‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی بۆچوونه‌كانی و سه‌ركه‌وتنی سه‌ركێشییه‌ پیرۆزه‌كه‌ی، كه‌ تا سه‌ر ئێسك باوه‌ڕی پێهێناوه‌ و له‌ خوێنیدا هه‌ڵایساوه‌:

(له‌سه‌ر یه‌ك له‌ ته‌خته‌كانی باخچه‌ی گشتی هه‌ولێر
كه‌شكۆڵی پێغه‌مبه‌رانم به‌جێهێشت
بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ و هێز و توانا بده‌مه‌ پیاوێكی دڵشكاو
له‌ زه‌وی ڕه‌ق نه‌ترسێت
چه‌مێك بۆ به‌خێوكردنی ماسی و مه‌له‌ ڕژایه‌ به‌رماڵیان و پرسی
دوژمنان ڕۆیشتن
ئه‌دی براده‌رانی من له‌كوێن
ئه‌م پرسیاره‌ كه‌مێكی تری ماوه‌) ل: 105

ئه‌م شیعره‌ وه‌ك شیعره‌كانی دیكه‌ی، مانیفێستی خود ئاشكراكردنه‌، خودییه‌ك ڕوو له‌ ئاسۆ و به‌دوای ئاسۆ ده‌گه‌ڕێت و لێشی نادیار نییه‌، له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ئه‌گه‌ر زمان ئامانجی كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی به‌رگی نوێ و كه‌ناڵی نوێ و ڕایه‌ڵی به ‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی، داهێنانی هێنایه‌ ئاكام، ئه‌و زمانه‌ ده‌كه‌وێته‌ باری توندوتۆڵكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی و خۆجیاكردنه‌وه‌ش له‌ (لاسایی)، زمانی شیعری: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هه‌م زمانێكی ته‌واو هاوچه‌رخ و ڕه‌گداكوته‌ره‌، هه‌م زمانێكی تایبه‌تمه‌نده‌، كه‌سی دیكه‌ له‌ شاعیران ناتوانن له‌م زمانه‌ دۆخگۆڕه‌ نزیكببنه‌وه‌. (زمان) بووه‌ته‌ پردی بنیادنانی جیهانبینی تێفكرین بۆ كلتوور و پیاده‌كردنی داهێنان و به‌كارهێنانی میتۆدی نوێ بۆ چالاكتركردنی هزر و هاوچه‌رخبوونی زمان.
مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر له‌مه‌دا ده‌یه‌وێت ڕواڵه‌تی نوێی داهێنه‌رانه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ناوه‌وه‌ی زمانه‌ خۆجێییه‌كه‌یدا بدۆزێته‌وه‌ و نمایشی بكات، به‌و مانایه‌ نا، ته‌نیا جیاوازبێت له‌گه‌ڵ شاعیرانی دیكه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ویستوویانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانیان له‌ شیعردا جیاوازییه‌ك بدۆزنه‌وه‌، جگه‌ له‌ (زمان) ده‌بێت پرۆژه‌ی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێت ده‌رگای گفتوگۆی بۆ گۆڕینه‌وه‌ی كلتووره‌ جیاجیاكان كردبێته‌وه‌، ئاماده‌ش بێت له‌ شاعیرێكی: (ئاسایی) بگۆڕدرێت بۆ شاعیرێكی به‌: (ئه‌زموون)، كه‌ فشاره‌كانی سه‌ری كاری لێنكه‌ن و له‌ كۆششی داهێناندا به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجمانه‌، (زمان) گرفتی سه‌ره‌كی خوێنه‌ری كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌یه‌، چونكه‌ شاعیر له‌ ئه‌نجامی مه‌زراندنی وشه‌ بۆ جێگای شیاویدا، جۆرێك له‌ ناڕوونی له‌ مانای وێنه‌كان دروستده‌بێت، هه‌ورێكی سپی له‌ چه‌شنی ته‌مومژ به‌سه‌ر كه‌ش و دۆخی (مانا)ی شیعره‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی وشه‌ له‌ ڕسته‌دا هه‌رگیز لای شاعیر به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و گه‌مه‌كردن و زه‌خره‌فه‌كاری نه‌بووه‌، (به‌ڵكو گرینگی و ئه‌ركی وشه‌ له‌ شیعردا ئه‌وه‌یه‌ بنیادی ده‌ق پته‌و و تۆكمه‌ بكات، بزاڤی مانا له‌ ده‌وری زماندا چالاك ببێت)13.
(جان كۆهێن) گوتوویه‌تی: (زمانی ئاسایی یاسا و ڕێسای خۆی هه‌یه‌، كه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئه‌زموونه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی زمانی شیعر ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، پشت به‌ ئه‌زموونه‌ ناوه‌كییه‌كان (الباطنیة) ده‌به‌ستێت)14. به‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی (جان كۆهێن) بێت، زمان له‌ شیعردا مه‌مله‌كه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، نوێنه‌ری له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌ و خۆی هه‌موو شتێكه‌ و پرسیارگه‌لێكی نه‌ پراكتیكانه‌ و نه‌ تیۆریزانه‌شه‌، ده‌بێت هۆشمه‌ند به‌دوای سیما واتاییه‌كانی بگه‌ڕێت و ڕه‌وت بۆ تێگه‌یشتن بدۆزێته‌وه‌.
شیعر: په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌ندی به‌ (زمان) هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌مه‌یان ڕاستییه‌كه‌ ناكرێ گومانی بخه‌ینه‌سه‌ر، به‌ڵام هه‌ستیاری و ترسناكییه‌كه‌ی زیاتر له‌ ورووژاندنی (خه‌یاڵ)دا شاردراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجام:

1- له‌ كۆشیعری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)دا سێ میتفۆر له‌ خه‌یاڵگه‌رایی شاعیردا خه‌مڵێنراون:
أ‌- نموونه‌ی خه‌یاڵێكی مه‌عریفی و لۆژیكی.
ب‌- نموونه‌ی خه‌یاڵێكی تێڕاماناوی و خه‌ونبین.
ج- نموونه‌ی تێكه‌ڵاوبوونێكی هه‌ردوو نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌، كاتێك تێڕوانینێك له‌ قووڵایی واقیعبینیدا هه‌ڵده‌هێنجێت.
2- (خه‌یاڵ) لای شاعیر ته‌نیا توخمێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعر نییه‌، (هه‌وێن)ی سه‌ره‌كی دروستبوونی شیعره‌كانیه‌تی، بێ خه‌یاڵكردن له‌ناو كایه‌ی شیعر دوورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌ له‌ناو شیعری نوێخوازی كوردیمان، كه‌ شاعیرێك هێنده‌ خه‌یاڵاوی تا ئه‌و سنووره‌ی خه‌یاڵی بووبێته‌ (هێما)ی شیعرنووسینی و هێماكانیش هه‌ڵگری شیكردنه‌وه‌ی ماناگه‌لێكی فراوان و ڕه‌هه‌ند و قووڵایی (ئاماژه‌)ی فره‌ جه‌مسه‌رن.
3- زمانی له‌ پێناو فراوانكردنی كایه‌ی خه‌یاڵه‌كانی به‌ جۆرێك به‌كارهێناوه،‌ وه‌ك دووانه‌یه‌كی میتافیزیكی شانیان داوه‌ته‌ شانی یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی بنیادی ده‌ق له‌ فه‌زای ناهۆشیاریی و ناهه‌ستییدا، تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری كامڵبوونێكی پڕ له‌ واتا و سه‌رسامیی و جوانیی.
4- پانتایی (خه‌یاڵ) هاوته‌ریب بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزی (زمان) بۆ كاراكردن و هه‌مه‌جۆركردنی ڕایه‌ڵ و ڕه‌هه‌نده‌كانیان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم: ئه‌م كۆشیعره‌ سه‌راسیمای خه‌یاڵی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ ئه‌ده‌بی كوردیمان نموونه‌ی شیعرێكی نوێخوازی زیندووه‌، ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ و باس و خواسی زۆرتری له‌باره‌وه‌ بكرێت.

كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر

په‌راوێزه‌كان:

1-جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، ڕۆژنامه‌ی مه‌ككه‌، ڕۆژی 18/ یه‌نایه‌ری/ 2018، ل10.
2-هه‌مان سه‌رچاوه‌.
3-محمد أبو زید، ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط)، ژ 14841، له‌ 17/ یۆلیۆ/2019.
4-بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة)، ل14، ط1.
5-غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980، ل136.
6-د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل182.
7-خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، ڕۆژی 15/9/2019.
8-خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، ل377.
9-د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل 182.
10-خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alaraby.co.uk، ڕۆژی 15/9/2019.
11-سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ل166.
12-شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124، ص57.
13-د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت، ص112.
14-رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alquds.co.uk، ڕۆژی 25/8/2019.

سه‌رچاوه‌كان:

1-دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی دووه‌م، ساڵی 2018، چاپخانه‌ی تاران، تاران.
2-غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980.
3-خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، سوریة.
4- د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت.
5- جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، جریدة مكة.
6- محمد أبو زید، جریدة (الشرق الأوسط)، عدد 14841.
7- بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة).
8- خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، الموقع الإلكتروني www.alaraby.co.uk
9-سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ط1.
10- شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124.
11- د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت.
12- رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، الموقع الإلكتروني www.alquds.co.uk




ئه‌و شتانه‌ی له‌بیر ده‌چێ‌ و ناچێ‌.. سه‌ڵاح شوان

زۆرجار بووه‌
دڵم له‌لای كچێ‌ داناوه‌ بۆ ساتێ‌
به‌ڵام پاشان
بیرم چووه‌ لێی وه‌ربگرمه‌وه‌
ئێستایش
له‌لای ماوه‌


جاریش بووه‌
خۆم و دڵم
میوانی شه‌وی ژنێك بووین
كه‌ سبه‌ینێ‌ چاوم هه‌ڵهێناوه‌
دیومه‌
هه‌رچیم هه‌یه‌
دڵم شه‌وێ‌ له‌گه‌ڵا خۆیدا بردوویه‌تی
به‌ڕووتی له‌وێ‌ جێی هێشتووم
چه‌ند جارێكیش
له‌ باخچه‌یه‌كی لاچه‌پدا
له‌ چاوه‌ڕوانیی ژوانی ئافره‌تێكا
خۆم له‌بیر چووه‌ ئێستاكه‌یش
له‌وێدا هه‌ر چاوه‌ڕوانم


هه‌ندێ‌ جاریش
له‌په‌رێزێكدا له‌ چۆڵێ‌
هێلكه‌ قه‌تێی زۆرم دیوه‌
ویستوومه‌ خێراكه‌م بچم
كڵاوه‌كه‌م بهێنم
پڕی هێلكه‌ قه‌تێ‌ بكه‌م
له‌خۆشییدا پێم هه‌ڵنگوتووه‌ و كه‌وتووم
له‌ترسان ڕاپه‌ڕیوم
فریای پاروویه‌كی هێلكه‌ی
به‌یانییانیش نه‌كه‌وتووم
بگره‌ له‌وانه‌ی یه‌كه‌میش دواكه‌وتووم


جارێكیش له‌ دوكانه‌كه‌ی نزیك ماڵمان
شتێكی زۆر جوانم بینی
دام نابوو باوكم ئێواره‌ له‌ كرێكاری بێاته‌وه‌
پاره‌م بداتێ‌ بیكڕم
به‌ڵام كه‌ دیم به‌ ده‌ست به‌تاڵی هاته‌وه‌
لێی بێده‌نگ بووم
ئێستا گه‌رچی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یشمان نه‌ماوه‌
به‌ڵام زۆرجار كه‌ پاره‌م ده‌بێ‌ ده‌مه‌وێ‌
بڕۆم ئه‌و شته‌ بكڕم
به‌ڵام داخه‌كه‌م نازانم
منداڵه‌كان چی پێ ده‌ڵێن


كه‌ منداڵا بووم
دیواره‌كانی حه‌وشه‌مان
هێند بڵند بوو
نه‌یده‌هێشت سه‌ره‌تاتكێیه‌ك
له‌گه‌ڵا كچه‌ بچكۆڵه‌كه‌ی دراوسێكه‌ماندا بكه‌م
به‌ڵام ئێستا هێنده‌ نزمه‌
به‌رده‌م هیچ گه‌رده‌لوولێكی
پایزانه‌م لێ ناگرێت
له‌ چاوی به‌د و به‌دكاران
نامپارێزێ‌


كه‌ منداڵا بووم وام ده‌زانی
ئه‌م ژیانه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌
هه‌رچییه‌كی تێدا بنووسم
وام دێته‌ ڕێ‌
كه‌ فێربووم وشه‌ بناسم
زانیم ژیان
ده‌فته‌رێكی شڕی پڕ له‌
شه‌ڕه‌ پشیله‌ی زه‌مانه‌
جێگای ته‌نیا وشه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی تیا نه‌ماوه‌
بۆیه‌ منیش هه‌رچی خۆشه‌ویستیم هه‌بوو
خستمه‌ ناو شیعرێكی بێده‌نگ و نه‌منووسی

1986 هه‌ولێر




لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گێژەڵووکەی عەشق لە مندا تاو ئەسێنێ و
هەڵیگرتووم بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر
تاکو لەبەردەم تۆدا
گەڵا گەڵا تەنهاییم هەڵوەرێنێ
شەمەندەفەرەکەم خێراتر لە بروسکە دەئاژوێ و
هێشتا من پێموایە هەنگاوەکانی سستن و
ئەم رێگا تولانییە
هێندەی عومری نوح درێژ بووەتەوە
ئەمەوێ زووتر لە زوو بە تۆ بگەم و
گریانەکانی خۆم
لە رووباری خەندەکانت بشۆمەوە
رۆژووی ئەم هەموو کەساسییەم
لە ئامێزتدا بشکێنم
رووی گوناهەکانم
لە مەرقەدی پاکیزەیتدا سپی بکەمەوە
کڵپەی ئەو هەموو سووتانەم
بدەم بە دەم شەپۆلەکانتەوە
ئەو سەحرا وشکەی دەمم
بە ئاوی لێوی ئاڵت تەڕ بکەم
رەنگی تاریکم
لە ئاتەشگای چاوەکانتدا رووناک بکەمەوە
دەستە تەزیوەکانم لە گیرفانی قاپوتی
یادگارییەکانتدا گەرم بکەمەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ
ئەخوازم خێراتر لە خێرایی تیشک بگەم بە تۆ،
بگەمە ئەو عەشقەی
وەک گوللەی وێڵ نووسا بە تەوێڵمەوە و
لە بری خوێن،
پێکەنین لە رۆحمەوە فیچقە ئەکات
بگەم بەو دەستانەی
گوڵی میهرەبانیی ئەدا
لە یەخەی کراسی قەترانیی
زامە دێرینەکانم و
لاپەڕەیەک لە مێژووی من
لەگەڵ خۆی ئەنووسێتەوە
کە تیایدا رۆژنامەکان
هەواڵی ماچ ئەکەنە مانشێت
گۆڕستانەکان بە ئاوی ژیان
غوسلی خۆیان دەرئەکەن و
عەشق،
خەنجەری سووری نامووسپەرستی
لەبەر پشتێنی گرێچنی
کولتوور دەرئەهێنێ و
دەیخاتە نێو ئۆقیانووسی دیرۆکەوە
مەبەستمە، پەلەتر
لەو باڵندە کۆچەرییانەی لە وەرزی سەرمادا
بەرەو گەرمیان کۆچ ئەکەن
بەرەو تۆ بێم
بەرەو تۆ دێم
تا لە زستانی شەختە و سارددا
لە کورەی شەوەکانی مەنفاتدا هەڵکڕوزێم
تا لەسەر شۆستەی پەمەیی ئاوێزانبوون
حەیرانێک بە باڵای نەورەسێکی کوژراوی
نیشتماندا بچڕین
تاکو لە کۆماری تەژی
گڕی مۆمستانی سینگتدا
ببمە سەرۆکێک کە
بۆنی مێخەک لە سووتانی بێت
تاکو لەبەردەم پەنجەرەی چاوەڕوانیتدا
ببمە گوڵدانێکی سپی و
پڕ پڕم بکەیت
لە رەیحانەی نیگا و
گوڵی مۆری ماچەکانت
خەونمە
گورجتر لەو فریشتانە بە تۆ بگەم
هەواڵی زەماوەندی چرۆ و چڵ
دەگەیەننە خودا
گورج دێم
سۆزی دەروونی هەڵقرچاوم
لەنێو تەزیوییەکانی تۆدا ئەکەمە لاوکێک
بۆ ئەو لاولاوە رەشپۆشانەی لە یەکەم روانیندا
بەدەم هەڵقوڕانی
پێکێک لە نیگەرانییەوە مردن
دێم رووەو تۆ،
لەوێدا هەست ناکەم غەوارەم
هەست ناکەم فەنتازیاکانم
ئەبنە قفڵی ژەنگاویی سەرم
هەست ناکەم دڕکی غەم ئەچەقێت
لە ئاوریشمی هەستم و
لەوێ بە شەونمی دڵنیایی
هەموو بەیانییەک خۆم دەشۆم
لەوێ گوێ لەو سترانە بزێو و
هەمیشەییە ئەگرم
سەرەتاکەی باوەش و
کۆتاییەکەی رامووسانە
لەوێ لە پەنا گوناهەکانمەوە
لە ئاوی چاوەکانت هەڵدەکێشرێم و
کۆتایی هەموو پرسیارە شپرزە و شڵەژاوەکانم
بە یەک وشە و
بە “خۆشم ئەوێی” وەڵام ئەدرێنەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ
دەیان رێگەی نشێو و هەورازم بڕی تەنها
بۆ سەرخەوشکاندنێک لە ژێر ئاسمانی روونتدا
سەدان جار خۆم دایە بەر دەستڕێژی ئاگر
تاکو مەشخەڵێکت لێ بدزم بۆ رۆشنایی رێم
هەزاران جار شەوی دەیجوورم تێپەڕاند
تەنها بۆ رۆژکردنەوەیەک لەژێر پرشنگی باڵاتدا
دەیان نامەی کۆنی دڵدارییم دڕاند
لەپێناو نووسینی دێڕێک شیعر بۆ عەشقی تۆ
هەزارەها جار تەماشای خۆرئاوابوونم کرد
تەنها بۆ ئەوەی لە سپێدەکەیدا بتدۆزمەوە
هاتووم بەرەو لای تۆ و بۆ شارەکەت و
بەردی عەشقم
فڕێ ئەدەمە گۆمی بێدەنگیتەوە
وەک کاپتنێکی سەرکێش و دڵشکاو
خۆم و پاپۆڕەکەم
ئەخەمە شەڕی شەپۆلەکانتەوە
وەک سوپایەکی ماندوو و تێکشکاو
رووبەڕووی شاڵاوی عەشقی ئەبەدیت ئەبمەوە
وەک سەرخۆشێکی بێ پەناگە و گەدا
شەرابی ئەوینت پێک دوای پێک ئەخۆمەوە
هاتووم بەرەو تۆ، وا هاتووم ناگەڕێمەوە
ناگەڕێمەوە،
چوون شوێنێک شک نابەم بۆی بچمەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ

بەرەو لای تۆ…..




شەپۆلی حوزن.. شەماڵ بارەوانی

دەبوایە زوو بێیتەوە
بەرلەوەی
گۆچانی پیری
لە سوچی تەمەنم
چرۆ بکات
و
دڕکی نائومێدی
لەسەر دیواری چاوەڕوانیم
بڕوێت

بەرلەوەی
باخچەی خەونەکانم
پڕبێت لەهەڵوەرین
و
سوتماکی خەم
لەناو تابلۆی خەونەکانم
داگیرسێت

بەرلەوەی
مەلی حەزم
بەرەو ئاوابوون
ببزوێت
و
چاوی موناجاتم
هێشووی
کوێری لێ بڕوێت

بەرلەوەی
قامەتی قەڵەمم
قەمبوور بێ
و
ترپەی دڵی ڕێنووسی
ڕستەکانم لەلێدان بکەوێت

بەرلەوەی
کۆرپەی حەرفەکانم
بە بێ نازی سەربنێنەوە
و
ئەژنۆی قافیەی شیعرم بشکێت

بەرلەوەی
شەپۆلی حوزن بگات
بەدەروازەی دەروونم
و
تەمی تاریکی
پەنجەرەی ڕوانینم
داپۆشێت

بەرلەوەی
تەڵەسپیەکانی
قژی هۆنراوەم
پێ بگەن
و
مەجازی وشەکانم
کاڵبێتەوە

بەرلەوەی
کۆتری بەختم
لەفڕین بکەوێت
و
کاتژمێری ئاواتەکانم
بکوژێتەوە
..
شەماڵ بارەوانی




هەموو شتێک لە پێناوی دژایەتی کۆمۆنیزمدایە!.. بزووتنەوەی مارکسیستی کرێکاران

١١ سیبتمبر وەرچەرخانێکی مێژوویی جیهانی سیاسەتی ئیمپریالیستی ئەمریکایی بوو بە ڕووی جیهاندا .
کە خۆی لە هاوکێشەیەکدا ئەبینێتەوەو جیهانی خستە بەردەم دوو ئاڵتەرناتیڤەوە؛
ئەویش هەڵبژاردنی یەکێک لەم ئاڵتەرناتیڤانە ؛ (یان پاڵپشتی دیمۆکراسی ئیمپریالیستی ئەمریکی ئەکەن یان لەگەڵ تیرۆریزمی قاعیدەو ئیسلامیدا ئەمێننەوە ) !
ئالتەرناتیڤی سێیەم کە کۆمۆنیزم و شۆڕشی کۆمەڵایەتی جەماوەری کرێکاران و ومارکسیزمە (پێویستە لە جیهاندا دژایەتی بکرێت و نابێت بوار بدرێت کە ببێت بە ئاڵتەرناتیڤێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگادا ).
کۆمەڵگای جیهانی بوو بە بازنەیکی داخراو کەلە نێوان ئەم دوو سیاسەتەدا ئاڵوگۆڕکێ ئەکات ؛
یان کۆمەڵگا ئەبێت لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتکی ڕەشدا بێت ، یان لە ژێر سایەی میلیشیایی ئاینی و قەومی کۆنەپەرستانەو حوکومەتی ئاینی و مەزهەبیدا بناڵێنێت ، یان ملکەچبوونە بە سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و جیهانی .
لە عێراق بە درێژایی زیاد لە ٣٠ ساڵ لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتێکی ڕەشی حوکومەتی بەعسیدا ژیان بەڕێکرا ، وە دوای ئەوە بۆ نزیکەی ٣٠ ساڵ زیاترە لە ژێر سایەی میلیشیایی ئاینی و قەومی کۆنەپەرستانەدا لە ناوچە عەرەب نشین کورد نشینەکاندا بەڕێوە ئەچێت .
لەئەفغانستان ( طالیبانیەکانیان) دوستکرد بۆ دژایەتی یەکێتی شورەوەی ، دوای ئەوە هێرشی سەربازی جیهانی ئیمپریالیستی داگیرکارانەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا کە ٢٠ ساڵی خایاند . سە رەتا طالیبانیان کرد بە بیانوو بە هێرشکرنە سەر ئەو ووڵاتە ، ئێستا هەمان سیاسەت دووبارە ئەکەنەوە بە پێچەوانەوە .
ڕێگەدان بە طالیبان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا بە دزەخی ئاینی و شەریعەتی و بۆگەنترین و کۆنەپەسترین دەسەڵات لە جیهاندا ، لە پێناو زەمینەخۆشکرن بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی دوای چەندین ساڵیتر .
ئەلگۆی حوکومڕانی خوازراو لە عێراقدا دوای دیکتاتۆریزمی مەکەزی حیزبەی بەعسی قەومی گۆڕدرا بە حوکومەتی میلیشیایی و چەکداری ئاینی جۆراو جۆر لە لایەک وە ئەلگۆی بنەماڵەیی و عەشیرەتی و خێڵەکی لە ناوچە کوردیەکان کە گونجاوترین ئەلگۆیەکە بۆ حوکمڕانی جۆری ئیماراتی و ناوچەیی لە دەڤەرەدا .
تانوپۆی عەشیرەتی و خێڵەکی لە ڕێگەی خەرجکردنی سەدان هەزار ملیار دۆلارەوە زیندووکرانەوە وە خرانەوە سەر ڕێچکەی کۆنی سەت ساڵی لەمەوبەری خۆیان .
وێڕای چینێکی بەرین لە خەڵکی چەوساوە بە کرێکارو وخەڵکی دەستەنگ و جوتیارانی هەژارەوە ، بەڵام حاکمیەتی چینایەتی ئەوان بە گوێرەی یاساکانی سەرۆک عەشیرەت و خێڵ کە لە لایەن حیزبە قەومیەکانەوە نمایەندەیی ئەکرێن بەڕێوە ئەچێت .
وەک هەر سەرمایەدارێکی تری جیهانی کرێکاران و جەماوەر ئەچەوسێننەوە بەڵام لە بەرگی ئاغاو شێخ و سەرۆک عەشیرەت و خێڵ و دەربەگی خاوەن موڵک و زەوی و زارەوە ، هەبۆیە کۆمەڵگای کوردی هیچ بنەمایەکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تێدا نیە کە بتوانێت ببێتە خاوەن یەک بڕیاڕی سیاسی یەکگرتووی بۆرژوازی کوردی لە یەک ناوچەشدا ، ئەمەش لەپێناوی ئەوەدایە کە چینی بەرینی کۆمەڵانی چەوساوەی کورد لە بەرامبەر هێزێکی ڕێکخراوی دەوڵەتی مەرکەزیدا خۆیان هیچ کات وەک چینێکی یەکگرتوو نەناسێنن وە هەمیشە لە ئاستی شەڕەچەقۆی گەڕەکێک و شارێک و ناوچەیەکدا خۆیان ببیننەوە وە هەمیشە بەوە کاڵفام بکرێن کە بە عەنتەریاتی خێڵەکی وگۆڕینی دەمو چاوەکان ڕزگاریان ئەبێت .
بێگومان فاکتۆری سەرەکی لە ڕاگرتنی ئەم هەلومەرجە عەشیرەتگەریە بەکرێگیراوبوونی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە بۆ سیاسەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و غەربە ، وە فاکتۆری لاوەکیش پاشکۆبوونی چەپێکە بۆ خودی سیاسەتی حوکومەتێکی تائیفی لە بەغداو لە هەولێر و لە سلێمانی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵکە لە ژێرسایەی ئەم ئەلگۆی حوکمڕانیەی عەشیرەتی و خێڵەکیەی کوردان و میلیشیا ئیسلامیەکانی بەشەکانی تری عێراق ، کە خۆی لە خۆیدا خۆڵکردنە چاوی چینێکی بەرین لە چەوساوەکانی ئەو کۆمەڵگایە کە لەچوارچێوەی ئەم زەللکاوی میلیشیایی و خێڵەکیدا بمێننەوە.
هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی توانای گۆڕینی ئەم سیستەمی حوکومڕانی و ئەم زەلکاوە بۆگەنەی حوکومڕانی میلیشیایی چەکدارە ئیسلامی و چەکداری عەشیرەتگەری کوردانی نیە لە چوارچیوەی هەمان بازنەی ئەم زەلکاوەدا .
گێڕانەوی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی چینکی پێشێلکراوو و چەوساوە لە گرەوی دەرچوونە لە هەموو ئەم سیاسەتە لۆکاڵیە کۆنەپەرستانەو ڕیفۆرمیستیانەدا،
پەیوەستبوونی خەباتی لێرەو لەوێ و پەڕژو بڵاوی کۆمۆنیستەکان بە خەباتێکی بەرفراوانتری جیهانی و ناوچەیەیی وە گردبوونەوە لە چواردەوری سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی بە دوور لە هەموو ئەو ڕیفۆرمیستە پۆخڵەواتانەی کە تائێستا چەپی ووردە بۆرژوازی بە ناوی جۆراو جۆرەو خۆیان بە چینی کرێکارو مارکسیزمەوە هەڵواسیوە.

بزووتنەوەی مارکسیستی کرێکاران
١٨ / ٧ / ٢٠٢١




گیان.. هۆنراوەی: عەلی حەمەڕەشید


ھەرکاتێک دەڵێم دایە
چەند خۆشە پێم دەڵێ (گیان)
وزەو تینم دەداتێ
تا سەرکەوم لە ژیان
…..
کە بانگی باوکم دەکەم
دەڵێ (گیان) ڕۆڵەی شیرین
ھێندە ئاسودە دەبم
دەست دەکەم بەپێکەنین
…….
گیان (گیان) ی بابە و دایە
بۆ ئێمەی گوڵ پێویستیین
نمە بارانی سۆز و
شنەبای خۆشەویستیین

٧/٣/٢٠٢١