سۆشیالیزم پێش مارکس.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خەڵکانێکی زۆر پێیان وایە کە کارل مارکس، داهێنەری فیکری چەپ یان سۆشیالیزمە، بەڵام لە راستییدا فیکری چەپ و سۆشیالیزم، مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە لە جیهاندا. بە واتایەکی تر، مێژووی فیکری چەپ لە مارکسەوە دەستپێناکات، بەڵکو بۆ قۆناغێکی ئێجگار دێرینی مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە. راستە دەتوانین مارکس بە داهێنەری کۆمۆنیزمی مۆدێرن دابنێین، بەڵام هەموو فیکرەیەکیش مێژوویەکی دێرینی هەیە.
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەو مێژووە دێرینەی فیکری چەپ و سۆشیالیزم بەتایبەتی لە ناو شارستانییەتە کۆنەکانی جیهاندا، هەروەها باسی بۆچوونی فەیلەسوفانی ئەوروپاش دەکەین کە لە پێش مارکس رەخنەیان لە سیستمی سەرمایەدارمی گرتووەو داوای دامەزارندنی سیستمی سۆشیالیستیان کردووە، ئەوانەی کە لە مێژووی سۆشیالیزمدا بە فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی ” یوتۆبی ” دەناسرێن.

مێژوویەکی دێرین
با ئێمە سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێبکەین و بڵێین، ئایا بۆچی بیری چەپ دروست بوو؟ ئەم پرسیارە گرنگە وەڵامەکەشی رێک وەکو نەخشەرێگەیەک دەبێت بۆمان و لە رێگەی وەڵامی ئەم پرسیارەشەوە، بابەتەکەمان جوانتر بۆ روون دەبێتەوە. دەتوانین بڵێین لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین شێوازی دەسەڵات و دەوڵەت، بیری چەپ و سۆشیالیزم دروست بووە. لەو کاتەی کە کۆمەڵگە دروستبووە، دواتر دەسەڵاتی سیاسییش دروستبووە، کۆمەڵە کەسانێک ویستوویانە لە رێگەی دەسەڵاتەوە، هەژموونی خۆیان بەسەر مرۆڤەکانی تردا بسەپێنن. لەگەڵ دروستبوونی دەسەڵاتیشدا، نایەکسانی و چەوساندنەوەو پاشان کۆیلایەتیش دروستبووە. لەگەڵ دروستبوونی نایەکسانی و چەوساندنەوە و ناعەدالەتیش، خەبات لە دژی چەوسێنەران دروستبووە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی، ئاماژە بە وتەیەکی رووناکبیری مەزنی عیراقی « د. عەلی وەردی» بکەم، کاتێک دەڵێت: (کاتێک مرۆڤ لەلایەن خەڵکی ترەوە چەوسایەوە و ئازادییان لێ زەوتکرد و مافیان خوارد، ئینجا دەنگی ناڕەزایی بەرزکردەوە و داوای یەکسانیی و ئازادیی کرد. واتە هەتا مرۆڤ ئازاری نەچەشت، بیری لە ئازاری خەڵکی تر نەکردەوە و بیری بۆ خەباتکردن و بەرخودان لە دژی چەوساندنەوە نەکردۆتەوە).
لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵگەکان، کۆبوونەوەی خەڵکانێک زۆر و نیشتەجێبوونیان لە شوێنێکدا، شارستانی و دەسەڵات دروستبوو. لەم کۆبوونەوەیەشدا مرۆڤی جۆراجۆر دەرکەوت. مرۆڤی بەهێز چ لە رووی عەقڵەوە یان ماسوولکەوە، مرۆڤی لاوازیش چ لە رووی عەقڵیی و جەستەییەوە. ئەم جیاوازییەش رێگەی بۆ شتێکی تر خۆشکرد، کە ئەویش دابەشبوونی کۆمەڵگەکان بوو بەسەر بەهێز و لاوازەکان. هەموو کاتێکیش بەهێزەکان ویستویانە لە رێگەی هێزی عەقڵی و جەستەیی خۆیانەوە، مرۆڤە لاوازەکان بچەوسێننەوە و هەژموونی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن. هەرلێرەشەوە مرۆڤایەتی بەسەر دوو چیندا دابەشدەبێت. چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوەکان.
لەسەردەمی زۆر کۆندا مرۆڤی کۆیلە و مرۆڤی ئازاد هەبوو. کۆیلەبوونی مرۆڤ چەندین سەدەی خایاندووە، هەندێکیش پێیان وایە هەتاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. پاشان لەگەڵ دروستبوونی قۆناغی دەرەبەگایەتی « فییوداڵ»ی، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەسەر چینی ئاغا و دەرەبەگ، رەنجدەر و جووتیاران دابەشبووە. هەتاوەکو لە قۆناغی سەرمایەداری دەرەبەگایەتی لەناو دەبرێت و لەجیاتی ئەو چینی سەرمایەدار لەدایک دەبێت. لەبەرامبەر جووتیارانیش چینێکی نوێ پەیدا دەبێت، کە بە «پرۆلیتاریا، کرێکاران» ناودەبرێن. ئەم جۆرەی دوایینیان هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بوونی ئەم جیاوازییە یان ئەم نایەکسانییە، وای لە مرۆڤە چەوساوەکان کردووە کە هەمیشە خەبات لەپێناو ئازادیی و خۆشگوزەرانی و عەدالەتدا بکەن. ئەمەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە چەندین فۆرم و سیمای تایبەت دەرکەوتووە.
شارستانییە کۆنەکانی جیهان (هیند، میزۆپۆتامیا، میسر، چین، ئێران، یۆنان) مەڵبەندی سەرەکی دەسەڵات بوون، لەهەمان کاتیشدا مەڵبەندی سەرەکی شۆڕش و خەباتی مرۆڤایەتیی بوون لە دژی چەوساندنەوە. هەر لێرەشەوە سەرەتاکانی بیری سۆشیالیزم سەریهەڵداوە.
لێرەدا هەوڵ دەدەین بە خێرایی باس لە کۆمەڵێک رەوتی فکریی و سیاسی بکەین، کە لە شارستانییەتە کۆنەکاندا سەریان هەڵداوە و هەڵگری بیری یەکسانی یان سۆشیالیستی بوون.

بیری سۆشیالیزم لە هیندستانی کۆندا
هیندییەکان خاوەنی شارستانییەتێکی کۆنن، ئەوان بە چوار سەدە پێش زایین، کاریان لەسەر فکرەی یەکسانی کۆمەڵایەتیی و سۆشیالیزم کردووە بەتایبەتی لە کتێبی « کاوتیلیا» کە لە سەدەی چواری پ.ز نووسراوە.
لەم کتێبەدا هێرشی توند دەکرێتە سەر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینیش، هەروەها بەتوندی دژی فکری ئایین و پیاوانی ئایینی دەوەستنەوە، هەروەها هێرشی توند دەکاتە سەر هەموو جۆرە کارێکی سیحر و جادووگەری.

کۆمۆنی سەربەخۆ یان گوندی سەربەخۆ « ئەشرام»
هەر لە دێر زەمانەوە لە هیندستان بەتایبەتی لە گوندەکاندا جۆرێک لە شێوازی حوکمڕانیان هەبوو کە پێی دەگوترێت « ئەشرام» کە وشەیەکی سانسکریتیی کۆنە و مانای «سەربەخۆ» دەگەیەنێت. لە گوندەکاندا جۆرێک لە شێوازی پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەبوو، کە تەواوی خێزان و ئەندامانی گوندەکە، هەموویان پێکەوە کاریان دەکرد و لە کار و چالاکیدا هاوبەش بوون، لەهەمانکاتیشدا لەرووی ئیداریشەوە بەشێوەیەکی ئازادانە و دیموکراسییانە، ئەنجومەنی گوند هەڵدەبژێرا و لەهەمانکاتیشدا ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی ئەوەشی هەبوو کە حاکمی گوندەکان لە دەسەڵات لابەرێت و یەکێکی تر بچێتە جێگەی.
هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی،کشتوکاڵی، ئیداریی و ئابووری، بەشێوەیەکی ئاشتییانە و ئازادانە بەڕێوەدەبرا. ئەمەش لە زۆرێک لە کتێبە پیرۆزەکانی هیندۆسەکانیشدا، ئاماژە بەم شێوازە حوکمڕانییە کراوە.
هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم شێوازەی حکومڕانییە لە هیندستان ماوە، هەروەها ئێستا بۆتە بەشێک لە رێورەسمی گروپی یۆگییەکانی هیندستان، واتە شێوەیەکی ئایینی بەخۆوە گرتتووە. لە هەمووشی گرنگتر گاندی لە کاتی خەباتی رزگاریخوازییدا، هەمیشە داکۆکی لەوە کردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گوندەکان بدرێت شێوازی حکومڕانی «ئەشرام» گرنگی پێبدرێت، چونکە پێی وابوو کە خەڵكی لە گوندەکاندا بژین باشترە تا شارەکان.

ئێرانی کۆن
هیندستان بەجێدەهێڵین و دەچینە ئێران، ئەم وڵاتەش مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەیە و ئیمپراتۆری مەزنی تێدابووە. ئێرانی کۆن هێزێکی دەریایی و وشکانی مەزنی هەبووە. لەرووی ئابووریشەوە زیاتر کشتوکاڵ زاڵبووە بەسەر ژیانی ئابوورییدا، لەبەرئەوە ئێران بەسەر دوو چینی سەرەکی دابەشبووە:(جووتیار و دەرەبەگ) هەروەها بەحوکمی ئەوەی ئێران شوێنێکی ستراتیژی هەبووە، لەبەرئەوە بازرگانیش تێیدا گەشەی سەندووە، ئەمەش وایکردووە کە چینێکی بازرگان و پیشەداریش هەبێت، بەڵام زۆر کەم بووە.

یەکەمین ئایینی سۆشیالیستی
لە ئێران دەتوانین بڵێین یەکەمین ئایینی کۆمۆنیستی یان سۆشیالیستی پەیدابوو، کە ئەویش ئاینی «مەزدەکی» یە. ئەم ئایینە بە پێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پیاوێک ناوی «مەزدەک» بووە. ئەم ئایینە باوەڕی تەواوی بە یەکسانی و هاوبەشی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە. پێیان وابووە کە پێویستە هەموو «سامان و موڵك و تەنانەت ژنیش» بەشێوەیەکی هاوبەش بەسەر خەڵكیدا دابەشبکرێت.
لەلایەکی تریشەوە دژی هەموو جۆرە موڵكداریی و جیاوازی چینایەتی بوون. مەزدەک کە خۆی جووتیارێکی هەژار بوو. باوەڕی بە دوو پڕەنسیبی گشتی هەبووە:
یەکەم : چاکە و خراپە
دووەمیان : تاریکی و رووناکی

مەزدەک داکۆکی لە ژیانی ئاشتیی و پێکەوەژیان دەکرد، دژی هەموو بیرێکی شەڕەنگێزیی و جەنگ بووە. لەلایەکی تریشەوە دژی هەموو کارێکی خراپە بوون، هانی خەڵكیانداوە بۆ کاری چاکە.
لە ساڵی 488 پ.ز ، ئیمپراتۆری لاوی فارسی «قوبادی یەکەم» باوەڕی بەم ئایینە هێناو ئاینی مەزدەکی بوو بە ئاینی فەرمی هەموو ئیمپراتۆریەتی ئێران. بەمشێوەیە مایەوە، هەتا پاشان ئیمپراتۆر «کیسرا نەوشیروان» کۆتایی بەم ئیمپراتۆرییە دەهێنێت و ئەم ئایینەش لەناو دەبات.
لە جیاتی ئایینی مەزدەکی، ئایینی زەردەشتی دەکاتە ئایینی رەسمیی وڵات.
جێگەی ئاماژەیە ئەم ئایینە خاوەنی کتێبی تایبەت بە خۆیان بووە، کە پێی دەڵێن «مەزدەک نامە» لەم کتێبەدا هەموو پڕەنسیب و بیروبۆچوونەکانی ئەم ئایینە لە خۆدەگرێت.
زۆرێک لە مێژوونووسان و لێکۆلەرەوانی بواری سۆشیالیزم، ئایینی مەزدەکی، بە یەکەمین ئایینی سۆشیالیستی دادەنێن، چونکە ئەو بیروبۆچوونانەی کە ئەم ئایینە داوای دەکرد، ئەمڕۆ دەچێتە قاڵبی بیری سۆشیالیزمەوە. ئەوان دژی موڵکداری بوون، داوای یەکسانیی و عەدالەتیان دەکرد، دژی جەنگ بوون داوای ئاشتیان دەکرد، دژی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان لەلایەن مرۆڤانی ترەوە بوون، هەموو ئەمانەش، بە پایەی سەرەکی بیری سۆشیالیزمی مۆدێرن هەژمار دەکرێن.

میسری کۆن
میسر بە یەکێک لە شارستانییە دێریینەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت. لەبەرئەوە ناچارین کەمێکیش باسی ژیانی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە بکەین، چونکە کاریگەریی زۆری هەبووە بەسەر قۆناغەکانی دواترەوە.
دیارە لە میسر فیرعەونەکان حوکمی ئەو وڵاتەیان دەکرد. فیرعەون تەنها پادشا نەبوون، بەڵکو خۆشی بە خودای سەر زەوی دادەنا. لەبەرئەوە فیرعەون خۆی بە خاوەنی هەموو خاک خەڵک و زەوی و زارێکی کشتوکاڵی زانیووە. لە میسری کۆندا جووتیارەکان کۆیلە نەبوون بەڵکو ئازاد بوون، بەڵام بەبێ مۆڵەتی حکومەت، جووتیارەکان نەیاندەتوانی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بچن، واتە لە سەفەرکردن و گواستنەوەدا ئازاد نەبوون.
لەلایەکی تریشەوە جووتیارەکان ناچارکرابوون، کە زۆرترین بەرهەمی کشتووکاڵی خۆیان، بۆ دەوڵەت دابنێن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەسەرەتای باجی حکومی دادەنرێت.
بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، کە لە میسری کۆندا، یەکەمین شێوەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی هاتۆتە کایەوە. لە میسری کۆندا، دەوڵەت خاوەنی هەموو کانەکان بوون، ئەوانەی کانزایان دروست دەکرد. هەروەها دەوڵەت خاوەنی کارگەی دروستکردنی « رۆن» بوو، پاشان بەرهەمەکەی بە کۆمەڵێک لە وەکیلەکانی دەفرۆشتەوە.
لەلایەکی تریشەوە دەوڵەت خۆی بازرگانی دەرەکی و ناوخۆیی دەکرد، رێگەشی لە کێبڕکێی دەرەکی دەگرت، ئەویش لە رێگەی گومرگی بەرزەوە.
لەلایەکی ترەوە سیستمی ئاودێری لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرا، ئەمەش وایدەکرد کە زۆرجار لەکاتی لافاودا، کاری زۆرەملێ بە خەڵكی بکات.
بە واتایەکی تر دەوڵەتی میسری کۆن، هەموو جومگە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتی خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوە. واتە میسرییە کۆنەکان زۆر پێشتر بیریان لە کۆنترۆڵکردنی ژیانی ئابووریی و سیاسیی وڵات کردۆتەوە. ئەم جۆرە سیستمەش پاشتر ناویان لێنا «سەرمایەداریی دەوڵەتی» کە زیاتر ئەو جۆرە حوکمدارییە بوو کە لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی بلۆکی خۆرهەڵات بەڕێوە دەچوو.

چین
چین بە یەکێک لە کۆنترین شارستانییەکانی جیهان دادەنرێت. هەر وەختێک بمانەوێت لە مێژووی هزری جیهانی بکۆڵینەوە، ناچاردەبین بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەم وڵاتە.
یەکەمین فەرمانڕەوایی لە چین. مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ 2200 پ.ز هەتا 1800 پ.ز. واتە نزیکەی 400 ساڵ حوکمداریان کردووە. 17 پادشا یەک لەدوای یەک ، حوکمیان کردووە.
ئەم فەرمانڕەوایەتییە، سنوورێکی دەریایی گەورەی هەبووە، واتە هێزێکی کەشتیگەلی بەهێزی هەبووە، لەهەمانکاتیشدا سنوورێکی وشکانی زۆری هەبووە. لە رووی ئابوورییەوە، کشتوکاڵ سیمای گشتی زۆربەی فەرمانڕەواکانی چین بووە. لەهەمانکاتیشدا، پیشەوەریی بەتایبەتی لە رووی پیشەشازیی دەرهێنان و بەکارهێنانی کانزاکان بەتایبەتی « ئاسن و ئاڵتون و زیو» بوونی هەبووە. هەروەها بازرگانیش بەتایبەتی ناوخۆیی، کەمێک لە ژیانی ئابووریدا رۆڵی گێڕاوەو خەڵکانێکی بازرگان هەبوون.
بەحوکمی بوونی کشتوکاڵ، چینی جووتیاران و دەرەبەگەکان هەبووە، هەمیشە دەرەبەگەکانی چینیش، زۆر دڵڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ جووتیارەکان کردووە. بە واتایەکی تر ناعەدالەتی سیمای سەرەکی زۆربەی فەرمانڕەواکانی چین بووە. هەرلەبەرئەوەشە، هەمیشە شۆڕش و جەنگی خوێناوی لەنێوان جووتیاران و دەرەبەگەکان بەرپابووەو کۆمەڵێک رەوتی فکریی و ئایینی پەیدابووە کە داوای یەکسانی و ئاشتی و عەدالەت و حوکمڕانی باش کردووە لە پێش هەمووشیانەوە کۆنفۆشیوز.

کۆنفۆشیوز
کۆنفۆشیوز لە زمانی کۆنی چینیدا مانای «مامۆستا کۆنگ» دەگەیەنێت. کۆنگ لە ساڵی 551 پ.ز لەدایک بووە، لە ساڵی 470 پ.ز کۆچی دواییکردووە. پەیامی سەرەکی کۆنفۆشی ئەوەبووە، کە هانی خەڵكی بدات کە خۆیان لە « خۆپەرستی، موڵکداری» دووربخەنەوە.

کۆنفۆشیوز دەڵێت :
ئەگەر لە جیهاندا پڕەنسیبی مەزن کە خۆی لە ئەخلاقە مەزنەکان دەبینێتەوە، بەرقەرار بێت، ئەوا هەموو جیهان دەبێتە یەک دەوڵەت. ئەگەر خەڵكی توانی کەسانی خاوەن ئەخلاقی بەرز و بەتوانا بکاتە فەرمانڕەوای خۆیی و کار بۆ دروستبوونی حکومەتێکی چاکەخواز بکەن، لەهەمانکاتیشدا کار بۆ بڵاوبوونەوەی بیری ئاشتیی پارێزی بکەن، ئەو کاتە منداڵەکان تەنها چاویان لە باوکی خۆیان نابێت، هەروەها باوکەکانیش تەنها چاویان لە منداڵی خۆیان نابێت، بەڵکە منداڵەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە یارمەتی هەموو کەسێکی بەتەمەن بددەن و یارمەتی منداڵەکان دەدەن و بەخێویان دەکەن. هەروەها ژیان بۆ بێوەژن و منداڵە بێ باوکان و نەخۆشەکان دابین دەکەن. بەم شێوەیەش کۆتایی بە خۆپەرستی دەهێنرێت و لەهەمانکاتیشدا کۆتایی بە دزین و خیانەت و ساختەچێتی دەهێنرێت.
واتە کۆنفۆشیۆز، یەکەمین کەس بووە کە داوای سیستمێکی سۆشیالی کردووە. خزمەتکردنی خەڵکانی « بەتەمەن، نەخۆش، منداڵ» بە کۆڵەکەی ئەو سیستمە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە دادەنرێت، کە مارکس و ئەنجلس لە مانفێستی کۆمۆنیزمدا باسی لێوە دەکەن.

خوێندکارانی کۆنفۆشیوز
هەر لەپاش کۆنفۆشیوز، یەکێک لە خوێندکارەکانی پەرەی زیاتر بە بیری سۆشیالیزمی دەدات ، ئەویش « مودی» بووە. مودی دەڵێت:
«خۆشەویستی گشتی، تاکە چارەسەرە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان. گەر خۆشەویستی بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ بێت، ئەوا ئەو کاتە کۆمارێکی چاکەخوازی « فاضلة» دروست دەبێت، کە تێیدا بەهێزەکان پەلاماری لاوازەکان نادەن، زۆرینە پەلاماری کەمینەکان نادەن، دەوڵەمەندەکانیش ناچن هەژارەکان بچەوسێننەوە، گەورەکانیش بچووکەکان خراپ ناکەن، زیرەکەکانیش، کەسە سادەکان هەڵناخەڵەتێنن».
هەروەها زۆر دژی خۆپەرستی بووە، بۆیە لەوبارەیەوە دەڵێت:
«هەموو سەرچاوەی خراپەکارییەک دەگەڕێتەوە بۆ خۆپەرستی، هەر ئەم خۆپەرستییەیە کە هەستی موڵکداری لەناو منداڵان دەچێتنێت، هەر ئەمەشە وا لە ئیمپراتۆرەکان دەکات کە پەلاماری وڵاتانی تر بدەن و داگیریان بکەن».
لەلایەکی ترەوە مودی زۆر دژی گەندەڵی و دەسەڵاتی ستەمکار وەستاوەتەوە، هەروەک خۆی دەڵێت :
«ئەگەر کەسێک بەرازێک بدزێت ئەوا خەڵکی بە توندترین شێوە سزای دەدەن، بەڵام ئەگەر کەسێک خۆی بکاتە دەسەڵاتداری وڵاتەکە و خەڵکەکەی بچەوسێنێتەوە، ئەوا لەچاوی خەڵکەکەوە، وەکو پاڵەوانێکی مەزن سەیر دەکرێت و لەهەمانکاتیشدا وەکو نموونەیەکی باش بۆ نەوەکانی تری دادەنێن».
خوێندکارێکی تری کۆنفۆشیوز ناوی « مانگ کو» بوو، ئەو پێی وابوو، کە هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سروشتی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی گەندەڵی سیاسی. بە بڕوای مانگ کو حکومەتێکی چاکەخواز، هێرش ناکاتە سەر درواسێکانی، بەڵکو جەنگ لە دژی « هەژاریی و جەهل» دەکات، چونکە هەژاریی و جەهل، هۆکاری سەرەکی هەموو تاوانێک و ئاژاوە و شەڕێکن. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر دەوڵەت، کە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات.
هەرلەبەئەوە پێویستە حکومەت نەخشەی ئابووری بەهێز دابنێت، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بهێنێتەدی « واتە خۆشگوزارەنی بۆ هاووڵاتییانی». هەروەها داوای ئەوەی دەکرد، کە دەوڵەت پێویستە باجی زۆر لە دەرەبەگەکان بستێنێت، هەروەها پێویستە دەوڵەت پشتگیریی پێشکەوتن و شارستانی بکات. لە هەمووی گرنگتر ئەم حەکیمەی چین، داوای دەکرد خوێندن بکرێتە شتێکی زۆرەملێ و هەموو دانیشتوانی وڵات فێری خوێندن و نووسین بکرێن.
لای مانگ کو باشترین کەس کە دەبێت خەڵكی بیکاتە حاکمی خۆی، ئەو کەسانەن کە رۆشنبیر و خوێندەوارن. هەروەها شۆڕشکردنی گەلانی لە دژی دەسەڵاتی ستەمکار بە مافێکی سروشتی دادەنا. لەهەمان کاتیشدا زۆر دژی شەڕەنگێزیی و پەلاماری دەوڵەتانی تری لاواز بووە، چونکە ئەو پێی وابوو ئەم جەنگانە، تاوانی گەورەن و هیچ جۆرە جەنگێکی دەوڵەتیش عادیل نییە.

یۆنان
ئاسیا جێدەهێڵین و بەرەو ئەوروپا دەڕۆین بۆ یۆنانی کۆن، کە بە یەکێک لە شارستانییە گرنگ و پڕ بایەخەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت. لێرەوە بەشێکی زۆری فیکر و زانست و فەلسەفەی ئەوروپا لەدایک بوو. هەتا ئەمڕۆش، ئەوروپا و جیهانیش سوپاسگوزاری ئەم شارستانییە مەزنەیە.
لێرەش کۆمەڵێک فەیلەسوفی مەزنی ئەم وڵاتە، قسەیان لەبارەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دژایەتییکردنی زوڵم و هەژاریی و چەوسانەوە کردووە. لەپێش هەمووشیانەوە فیساگۆرس و ئەفلاتون.

فیساگۆرس
فیساگۆرس بە یەکێك لە فەیلەسوفە ناسراوەکانی یۆنان و جیهان دادەنرێت. چ لە رووی زانستییەوە بەتایبەتی « ماتماتیک» چ لە رووی سیاسی و فکرییەوە، جێ پەنچەی خۆی دیارە. فیساگۆرس لە ساڵی ( 570 ی پێش زایین ) لە دوورگەی ساموس لە یۆنان لەدایک بووە، لە ساڵی 510 پێش زایین لە باشووری ئیتالیا کۆچی دواییکردووە. فیساگۆرس پاش ئەوەی لە تەمەنی لاویدا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی یۆنان کێشەی دەبێت، یۆنان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە باشووری ئیتالیا لەوێندەر یەکەمین قوتابخانەی فیکری خۆی دادەمەزرێنێت. ئەو یەکەمین کەس بوو کە داوای هەلی گونجاو و یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان کردووە. لە قوتابخانەکەیدا کە پاشتر بە کۆمەڵگەی فیساگۆرسی ناوزەدکرا، سیستمێکی تەواو سۆشیالیستییانەی دامەزارندبوو. دەبوایە کوڕان و کچان پێکەوە کاریان بکردایەوە بەرهەمەکانیان بە یەکسانی بەسەر یەکدا دابەش بکردایە. دەبوایە پێکەوە تەنها کار بۆ شتی چاکە بکەن و فێری زانستەکانی «فەلسەفە، ماتماتیک» پاشان پێکەوە فێری موزیک و وەرزش بوونایە.
هەروەها لەسەر قوتابییەکانی پێویست بوو، کە نابێت ئازاری هیچ ئاژەڵێک بدەن کە ئازاری مرۆڤ نادات، نابێت هیچ رووەکێک بسووتێنن یان ئازاری بدەن. دەبوایە هەموویان جلوبەرگی ئاسایی و سادەیان لەبەردابوایە. دیارە فیساگۆرس خۆی، نموونەی کەسێکی خاکی بوو. زۆرجاریش کۆمەڵی فیساگۆرس بە یەکەمین کۆمەڵی «ژینگەپارێزی» ناودەبرێت.
لەلایەکی ترەوە فیساگۆرس کۆمەڵگەیەکی دروستکردبوو، کە دوور بوو لە جیاوازی چینایەتی و تەنانەت نەتەوەییش.
فیساگۆرس دەڵێت:( ئەو ئازارەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە ئاژەڵەکان دەیکات، پاشتر هەمان ئازار رووبەڕووی خۆی دەبێتەوە).

ئەفلاتون
ئەفلاتون یان وەکو ئەوروپییەکان پێی دەڵێن پلاتۆ Platon بە یەکێک لە باوکەکانی فەلسەفەی ئەوروپی و جیهان دادەنرێت. ئەفلاتون لە ساڵی 428 پ.ز. لە ئەسینا لەدایک بووە، ساڵی 348 لە ئەسینا کۆچی دواییکردووە. ئەفلاتون یەکەمین کەس بووە، کە خەیاڵی بۆ کۆمارێک یان دەوڵەتێکی دادپەروەر و یەکسان چووە. ئەمەش لە کتێبە ناودارەکەی « کۆمار» بە جوانی دەردەکەوێت. ئەفلاتون لەم کتێبەیدا باس لە دادپەروەریی و یەکسانی دەکات. راستە بەشێکی زۆری کتێبەی لەگەڵ سۆشیالیزم نایەتەوە بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە مافی کۆیلەکان و بێگانەکانەوە هەیە، بەڵام بەشێکی گرنگی ئەم کتێبە باس لە زۆر شت کراوە کە نزیکە لە بیری شۆشیالیزم.
ئەفلاتون لەبەشی شەشەمی کتێبەکەیدا دەڵێت:(پێویستە هەموو شتێک لە نێوان هاوڕێکاندا هاوبەش بێت، ئەمە ژن و منداڵیش دەگرێتەوە.)
لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون دژی دەوڵەمەندەکان بوو، چونکە ئەوان بەهای هەموو شتەکانیان بە چەمکی خۆیان دەپێوا.
لە کۆمارەکەی ئەفلاتوندا، دەبوایە هاووڵاتییان یان ئەندامانی ئەم کۆمارە، هیچ کامیان نابێت خاوەنی زەوی یان موڵكێک بن، کە لە پێداویستی خۆی زیاترە. لەلایەکی ترەوە هەموویان لە رووی جلوبەرگ و خواردن و خواردنەوە هاوبەشن و نابێت هیچ جیاوازییەکیان هەبێت، پێویستە هەموویان برای یەکتری بن، ئەمەش وایان لێدەکات کە هەموویان یەکتریان خۆشبوێت و نەهێڵێت دیکتاتۆرێک دروست بێت.
لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون پێش مارکس و لینین، یەکەمین کەس بووە کە داوای ئازادیی سێکسی بۆ ژنان کردووە و دژی خێزانی تایبەت بووە. ئەفلاتون پێی وابوو نابێت ژنێک تەنها لەگەڵ پیاوێکدا بێت و ببێتە کۆیلەی تایبەت بەو، بەڵکو پێی وابووە کە ژنانیش بۆ هەموو پیاوانی تر هاوبەش بن. دیارە لێرەدا زیاتر بەرەو ئەوەدەچێت ، کە ژنان خۆیان خاوەنی جەستەی خۆیان بن.
لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون، دژی ئەوەبوو کە چینێک لەسەر حسابی چینەکانی تر خۆش بژیی و لەپێناو خۆشی خۆیدا، ژیانی چینەکانی تر ناخۆش بکات و بیانکاتە قوربانی خۆشی خۆی. لەلایەکی ترەوە ئەو پێناسەیەکی تری بۆ دەوڵەمەندی کرد، ئەو پێی وابوو کە دەوڵەمەند ئەو کەسە نییە کە خاوەنی ئاڵتوونی زۆرە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە خاوەنی حیکمەت و فەزیلەتە.
بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەفلاتون یەکەمین کەس بوو، کە بیری بۆ دروستکردنی کۆمارێک یان بەهەشتێک دەکردەوە لەسەر زەوی. بەهەشتێک کە مرۆڤەکان یەکتری نەچەوسێننەوە برای یەکتری بن.
بەڵام کێشەی ئەفلاتون و پێشتریش فیساگۆر ئەوەبووە، کە ئەمان هێشتا باوەڕیان بە مافی مرۆڤ بوون و یەکسانی لەگەڵ « بەربەر، کۆیلەکان « نەبووە. « بەربەر» بەو کەسانە دەوترا کە خەڵكی دەرەوەی ئەسینا بوون. کۆیلەکانیش ئەوانە بوون کە کرابوونە کۆیلە. دیارە لەو کاتەدا لە ئەسینای کۆن کۆمەڵگە بەسەر چەند چینێکدا دابەشکرابوون کە ئەوانیش: دەوڵەمەند، جەنگاوەرەکان، پیاوی ئازاد، کۆیلە، بەربەر، ژن و منداڵ. ئەو فیکرانەی ئەفلاتون، بەربەر و کۆیلەکانی نەدەگرتەوە، ئەمەش خەوشێکی گەورە بوو لە تێڕوانینی ئەم کەڵە فەیلەسوفە.
هەر لە یۆنانی کۆن دەمێنینەوە، دەچینە لای فەیلەسوفێكی ناسراوی تریان کە ئەویش ئەرستۆیە.

ئەرستۆ
ئەرستۆ لە ساڵی 384 پێش زایین لەدایک بووەو لە ساڵی 322 پێش زایین کۆچی دواییکردووە. ئەرستۆش بە یەکێک لەباوکە مەزنەکانی فەلسەفەی یۆنانی و ئەوروپی و جیهانیش دادەنرێت.
لە ساڵی 393 پ.ز. ئەرستۆ شانۆیەکی بەناوی « ئەکلزیازویسی/ Eclesiazusae لەم شانۆگەریەدا ژنێک بەناوی « براکساگورا» دەڵێت:
دەمەوێت خەڵکی لە هەموو شتێکدا بەشی خۆیان هەبێت، هەروەها موڵکداریی هاوبەش بێت، لەمڕۆ بەدواوە چیتر شتێک نامێنێت ناوی دەوڵەمەند یان هەژار بێت، چیتر کەسێک نابینین، کە هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بۆ خۆی بەرێت و خاوەنی زەویوزارێکی زۆری کشتوکاڵی بێت و لە پەناشیدا خەڵکانی تر خاوەنی هیچ نەبن. من کار بۆ ئەوە دەکەم کە هەموو شتێک هاوبەش بێت، زەوی، ئاو و هەموو موڵكێکی تایبەتی دەبێت بەشێوەیەکی هاوبەش بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت. ژنانیش تەنها موڵکی یەک پیاو نابن، بەڵکو بۆ هەموویان هاوبەش و موڵكی هەموویانن».
هەرچەندە ئەرستۆ لە رووی فکرییەوە ناچێتە قاڵبی فەیلەسوفانی سۆشیالیستییەوە، ئەو زیاتر کاری لەسەر ئازادیی و گەشەسەندنی زانست دەکرد، بەڵام لە بەشێک لە کارەکانیدا، داوای یەکسانی کۆمەڵایەتیی و دژایەتی خەڵکی دەوڵەمەند و چەوساندنەوەی مرۆڤەکانی کردووە.
بەدڵنیاییەوە فەیلەسوفانی یۆنان، رۆڵی بەرچاویان هەبوو بۆ گەشەسەندنی فیکری سۆشیالیزم، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە مێژووی چەپدا بە فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی دەناسرێن.

فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵی” یوتۆبی”
لەپێش مارکس کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسوفی گەورەی ئەوروپا بیریان لە نەهێشتنی سیستمی سەرمایەداریی و دروستکردنی سیستمێکی سۆشیالیستی کردتۆتەوە. ئەمانە لە مێژووی فکری سۆشیالیزمدا بە فەیلەسووفانی خەیاڵیی یان یوتۆبی دەناسرێن. هەروەها زۆر لەپێش مارکسیش دەستیان بە رەخنەگرتن لە سیستمی سەرمایەداریی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی کردووە. لێرەدا هەوڵ دەدەین کورتەیەک باسی ئەو بیرمەندانە بکەین.

تۆماس مۆر
تۆماس مۆر نووسەر و زانا و سیاسەتمەدای ئینگلیزی لە ساڵی 1478 لەدایک بووە و ساڵی 1535 کۆچی دواییکردووە. ئەم زانا ئینگلیزییە بە باوکی سۆشیالیزمی خەیاڵی «یوتۆبی، تۆباوی» دادەنرێت. ساڵی 1510 کتێبێک بەناونیشانی «یوتۆبیا» دەنووسێت. ئەم کتێبە باسی دوورگەیەک دەکات کە دەتوانین بڵێین وەکو « کۆمارە خەیاڵاوییەکەی ئەفلاتون وایە» . تۆماس مور سەرەتای کتێبەکەی بە رەخنەی توند لە سیستمی سیاسی و ئابووریی ئینگلتەرا دەستپێدەکات، کە چۆن نایەکسانی و ناعەدالەتی و هەژاریی بڵاوبۆتەوە، هەروەها زۆر دژی دەوڵەمەند و بازرگانەکان دەوەستێتەوە. دواتریش باسی دوورگەیەکی خەیاڵی دەکات، کە تێیدا هەموو ئەندامانی ئەو دوورگەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە ژیان بەسەر دەبەن و کەس زوڵم لە کەس ناکات و یەکسانیی و دادپەروەریی بەسەر دوورگەکەدا زاڵە، سیستمێکی ئاشتیی و ئازادیی هەیە و خەڵکی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بەشدارن لە هەموو بڕیارێکی سیاسیی و ئابووریی و ئیداری دوورگەکە، کە ئەمەش دەتوانین بەسەرەتای دروستبوونی سیستمی سۆشیالیستی دابنێین.

هنری سان سیمۆن
فەیلەسوفی فەرەنسی سان سیمۆن لە ساڵی 1760 لەدایک بووە و لە ساڵی 1825 کۆچی دواییکردووە. ئەویش بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فکری سۆشیالیزمی خەیاڵی دادەنرێت. سان سیمۆن دژی ناعەدالەتیی و هەژاریی و جەنگ بوو. لەهەمانکاتیشدا باوەڕی تەواوی بە فیکر و هۆشیاریی هەبوو، ئەو داوای کۆمەڵگەیەکی دەکرد، کە هەموو مرۆڤەکان دوور لە چەوساندنەوەو زوڵم و ستەم بژین، کۆمەڵگەیەک کە کۆتایی بە هەژاریی و برسێتی و بێکاریی و فەوزا بهێنێت. لە هەمانکاتیشدا ئەو باوەڕی وابووە کە سیستمێکی سیاسی دروست بێت کە لە سێ ئەنجومەن پێکبێت و ئەو ئیدارەی کۆمەڵگە و دەوڵەت بکات، ئەو ئەنجومەنانەش بریتی بوون لە:
-1ئەنجومەنی داهێنەران.
-2ئەنجومەنی لێکۆلەران.
-3ئەنجومەنی جێبەجێکاران.
پێی وابوو ئەمانە دەبنە دەسەڵاتی باڵا و دەبێت ئەمانە کۆمەڵگە بەڕێوەببەن، هەموو ئەمانیش بەشێوەیەکی ئازاد لەناو کۆمەڵگەدا هەڵدەبژێرێن.

شارل فۆریە
بیرمەند و فەیلەسووفێکی تری فەرەنسی شارل فۆریە یە لە ساڵی 1772 لەدایک بووە و لەساڵی 1837 کۆچی دواییکردووە. دەتوانین فۆریەش بە یەکێک لە باوکەکانی سۆشیالیزم دابنێین، ئەو باوەڕی تەواوی بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان هەبوو، داواشی دەکرد کە کۆمەڵگەی بچووک یان کۆڵۆنیای بچووک دروستبکرێت، کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە کار بکەن و کار و بەرهەم بەشێوەیەکی یەکسان بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بکرێت، هەربۆیە زۆرجار مێژوونووسان فۆریە بە باوکی « کۆمەڵەی هەرەوەزی»دادەنێن کە زیاتر لە یەکێتی سۆڤێتدا باوی هەبوو ئەوان ناوی «کۆلخۆز»یان لێنابوو.

رۆبێرت ئۆین
رۆبێرت ئۆین بیرمەند و نووسەر و بازرگانێکی دیاری هەرێمی ویڵزی بەریتانیا بوو، لە ساڵی 1771 لەدایک بووە و لە ساڵی 1858 کۆچی دواییکردووە. ئەمیش بە یەکێک لە دامەزرێنەر و باوکەکانی سۆشیالیزم دادەنرێت. ئۆین پێی وابوو کە مرۆڤ نە چاکەخوازە، نە شەڕەنگێزە، بەڵکە مرۆڤ بەرهەمی ئەو کەشوهەوا و دەوروبەرەیە کە تێیدا دەژیی. باوەڕێکی تەواوی بە چاکسازیی و گۆڕانکاریی کۆمەڵگەکان هەبوو، لەهەمانکاتیشدا رەخنەی توندی لە سیستمی سەرمایەداریی هەبوو، بە سەرچاوەی ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و هەژاریی و برسێتی دادەنا.
ئۆین باوەڕی بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان هەبوو کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە بەئاشتییانە بژین. ئەمیش وەکو ئەفلاتون باوەڕی بە کۆمارێکی خەیاڵی هەبوو. بەڵام ئەم توانی بە پارەی خۆی لە ساڵی 1825 ئەمریکا لە ویلایەتی ئیندیانا، کۆڵۆنیاییەکی بچووک دروستبکات و ناوی لێنابوو « نیوهارمۆنی» کە نزیکەی 3 هەزار کەس تێیدا دەژیان، لەم کۆڵۆنیایەدا، مرۆڤەکان پێکەوە کاریان دەکرد و دەژیان بەشداریی چالاکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریان دەکرد. ئۆین پێی وابوو، کە دەبێت هەموو هۆکارەکانی بەرهەمهێنان ببێتە موڵکی گشتی و ئەندامانی کۆمەڵگە بەشداربن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و سوودمەندیش بن لەو بەرهەمە و بەکاریبهێنن. ئەمەش بە بنەمای سەرەکی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دادەنرێت. لەلایەکی ترەوە ئۆین باوەڕی تەواوی بە نەمان و فەوتاندنی سیستمی سەرمایەداری هەبوو، چونکە پێی وابوو کە ئەم سیستمە لەگەڵ کرۆکی مرۆڤدا نایەتەوە و دژی مرۆڤایەتییە، هەربۆیە داوای گۆڕینی ئەم سیستمەی دەکرد بۆ سیستمی سۆشیالیستی.

پێش کۆتایی
دیارە لە هەموو شارستانییە کۆنەکاندا، بیری یەکسانی کۆمەڵایەتی و دژایەتییکردنی دەسەڵاتی ستەمکار هەبووە، لەهەمانکاتیشدا شۆڕش و خەبات لەپێناوی ئازادیدا کراوە. هەموو ئەمانەش بوونەتە پاشخانێکی زۆر پتەو، بۆئەوەی هزری کۆمۆنیستی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا لەدایک بێت. هەروەها فەیلەسوفانی پێش مارکس بەتایبەتی ئەوانەی کە لە مێژووی سۆشیالیزمدا بە «فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی، یوتۆبی» دەناسرێن، رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان هەبوو لە پێشخستنی بیری چەپ و سۆشیالیستی، چونکە ئەوان بوون سەرەتا دەستیان بە رەخنەگرتن لە سیستمی سەرمایەداری گرت و داوای سیستمێکی نوێیان دەکرد، کە لەسەر بنەمای ئازادیی و یەکسانیی و پێکەوەژیانی مرۆڤەکان بکاتەوە. لەهەمانکاتیشدا داوای نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی دەکرد. خەبات و تێکۆشانی ئەمانیش، بووە هەوێنێکی باش بۆ لەدایکبوونی بیری کۆمۆنیستی مۆدێرن لەسەر دەستی کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس.

سەرچاوەکان:

  1. Thilo Ramm. Der Fruehsozialismus.Verlag: Alfred Kroner. Stittgart.1956
  2. پۆل ستراترن ئەفلاتون. وەرگێرانی : کامەران حەسەن. چاپی یەکەم. دەزگای موکریان. ساڵی 2008.
  3. ئەفلاتون. کۆمار. وەرگێرانی: سۆران عومەر. ڕێبوار قارەمانی. مەهدی حەسەن چۆمانی. دەزگای وەرگێران. چاپی یەکەم. 2006.
  4. نذیر جزماني. الاشتراکیة و الشیوعیة من 500 قبل میلاد ألی ما قبل مارکس. دار الکنوز الادبیة. بیروت . 2000.
  5. ئەردەڵان عەبدوڵڵا. چین زلهێزی نوێی جیهان. چاپی دووەم. ناوەندی رەهەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی. 2019
  6. د.علی الوردی. دراسة في طبیعة المجتمع العراقي. انتشارات الکتبة الحیدریة . 1996.
  7. الدکتور محمد اسماعیل الندوي. الهند القدیمة. حضارتها و دیاناتها.الطبعة الاولی. دار الشعب. 1970.



سێ جار گەڕانەوە، پاشان نەگەڕانەوە.. ژیار ئەسوەد

بێگومان شتی دیکەی ھاوشێوە ھەبوون بە خەونیش بە بیری کەسدا نەھاتوون، کەچی ڕوویان داوە. بۆ نموونە چەند پاشای خۆبەخوازان ھەبووە، زەلیلانە سەری ناوەتەوە؟ سەردەمی خۆی کێ بە مێشکیدا ھاتووە ئەو دەیناسۆڕە زلانە، تەنیا ئێسکوپرووسکیان بدۆزینەوە؟ یان کێ لە ئێمە ئەمڕۆ دەتوانێ ئەندێشەی ئەوە بکا، مێروولە کە لە بەرچاومان جرتوفرتیانە، زانستیش دەڵێ بەبێ ئاگایی خۆمان لە ژیانماندا چەندین دانە دەخۆین، ڕۆژێک دابێ تەنانەت ئاسەواری نەمێنێ لەم گۆیەی لەسەری ھەناسە دەدەین؟ بەڵام خۆ ھیچ سەمەرە نییە ئەگەر ئەوە ڕوو بدا. بۆیە دەبێ ئەم چیرۆکە ئاسایی وەربگیرێ. چیرۆکی سێ جار گەڕانەوە، پاشان نەگەڕانەوەی پیاوێک. دروستتر، ئەو پیاوە باوکمە.
باوکم چەند ساڵێک بوو لە بانکێک، شەوان چاودێری کامێرا بوو. گشت سبەینان بەو چاوە داتەپیوانەیەوە دەھاتەوە و ڕۆدەچووە خەوێکی قووڵەوە. بۆ ئەوەی بوو ھیچ کەسێک نەبینێ و نەدوێنێ، نەک لەبەر ماندوویەتی یاخۆ ئازارە لەبننەھاتووەکانی گەدەی.
کە ئێوارەی لێ دەھات، ھەر بەو جلوبەرگانەوە کە پێی دەڕۆیشتە کار و پێی دەگەڕایەوە و پێی دەنووست و پێی نانی دەخوارد و… باوڵە دەستییە بچووکەکەی کۆدەکردەوە، ھێلکەی کوڵاو بوایە یان قاپێک ماست، دەیھاویشتە ناوی و خێرا تێی دەتەقاند. بیرم چوو باسی ئەو چەند کتێبە بکەم، کە ماوەیەکی وەھا زۆری بە بیرمدا نەیەت، ھاوھەنگاوی باوکمن. ھەڵبەت بێ ئەوەی بزانێ کاغەزەکانیان سپیین یان زەرد!
وێنەی لەنین، مارکس، گیڤارا و… نازانم کێی تر لەسەر بەرگەکانیانە. بۆ یەکەم جار ئەو ناوانەم لە زاری خۆیەوە بیست. ئەو سەردەمەی زیاتر قسەی دەکرد، ئافاتی دنیا و گەنجێتی و عاشقبوون و ھەڵاتن و کارکردن لەناو کایەی سیاسەتی بۆ دەگێڕامەوە و لەگەڵیدا باسی ئەوان. مێرمنداڵێکی بیرتیژ بووم، وێنای سیمایانم دەکرد: سەکسووک، کلێتەیەک بە ئەستێرەی سوورەوە، تفەنگی کۆن و… نازانم چی تر.
ساڵانی دواتر، کە دۆخی باوکمم دەدیت، دەترسام توخنی ئەو ناوانە بکەوم.

زووتر لە وادەی خۆی دەردەچوو، درەنگتر لە وادەی خۆی بە ماڵێ دەکەوت. ئێمە کەم قسەمان دەکرد و چاومان بە چاوی یەکدی دەکەوت. پیاوێک وەھا بێ، ھەڵبەت ھەر وەھا دەبێ.
زۆرجار بۆ ژەمی نیوەڕۆ ھەڵنەدەستا، من و دایکم نامۆیانە بەدیار دوو قاپی تەنیاوە دادەنیشتین. ئەگەریش ھەستایە، نانی پێ نەدەخورا، لەپێش ڤیدیۆی پەیکەرسازەکانی یوتیووبەوە دادەما و بۆ خۆی دەکەوتە ناو دنیای خەونەکانی.
ئەوەندە قسەی لەگەڵ دایکم نەدەکرد. ھەرگیز سەر بە دنیاکەی ئەو نییە، یان دایکم سەر بە دنیاکەی وی نییە. پێی وابوو من تاقەکەسم بەھای ھونەر دەزانم و دەتوانم دوای خۆی پارێزگاری لەو چەند پەیکەرە دەگمەنە بکەم. جار نا جارێ پێی دەگوتم: “کاتم ھەبێ، شوێنی کارکردن و ئامێری وا باشم لە بەردەست بێ، تێ ھەڵدچمەوە”. ساڵەھا بوو، چەند پەیکەرێکی بچووکی تەواوکراو و چەند دانەیەکی نیوەچڵ جێھێڵدراو و ھەندێ کۆتەرەداری دەست لێ نەدراو لەناو چاوێک لە کانتۆرەکەمان خەوتبوون.

شەوێکی زستان، کە ھەرچی جادە و جۆگەیە شەختە پەلاماری دابوو، کاتێ ئەویش لەسەر کار بوو، زەنگی مۆبایلەکەم لێی دا. من ھەردەم خاترجەم لەوەی بە دەگمەن نەبێ پەیوەندی ناکا، پاڵی لێ دەمەمەوە.
کە چاوم کردەوە، دڵەکوتە دایگرتم. لەتاو سەرما پەنجەکانم وەک چڵی درەختێکی پیر، ڕەق ببوون. مۆبایل لەناو دەستم، نیگام بڕییە پەنجەرەکە. بە ئاسمانەوە، خۆرێکی سپیی تەمگرتوو، نەک مانگ. ھێشتا خەواڵوو، دوگمە سەوزەکەی شاشەم داگرت. ھەندێ وشە بە گوێمدا ڕەت بوون، چوونە مێشکم و تەزووی ترسێکیان خستە گیانمەوە.
ئەو دەبێ سەعات حەوت لە ماڵەوە بێ، کەچی کە سەیری ژمارەکانی بەشی سەرەوەی مۆبایلەکەم دەکەم، سەعات نۆی ڕەت داوە.
دەنگێکی نزم بوو: «ژیار، بڕۆ بەردەم ئاوێنە، بزانە ھەر خۆتی؟»
گوتم: «بابە گیان یانی چی ھەر خۆم بم؟»
جەختی لەوە دەکردەوە: «دەی بڕۆ سەیری خۆت بکە و زوو پێم بڵێ».
بەوپەڕی گومانەوە چوومە بەردەم ئاوێنە؛ ھەمان ژیار بووم. مەگەر ڕێی تێ دەچێ ببم بە کەسێک یان شتێکی تر؟
لەسەر ھێڵ مابوو. ھەستم بە وشکایی گەرووی دەکرد و ئەو تفانەی بۆی قووت نەدەدران.
گوتم: «بابە! ئەوا خۆمم. درەنگی کردووە، تۆ بۆ جارێ لەوێی؟»
دەنگێکی خنکاو ھاتە ئەمدیوی تەلەفۆن: «ناتوانم بگەڕێمەوە. کەوتوومە دارستان».
دارستان؟! بریا ئەم شارە وشکوبرینگەی قەڵایەک خنکاندوویەتی، چەند ڕێیەکی دەبوو بیگەیاندبایتایە دارستان. تەنانەت بەشی ئەوەندە درەختی لێ نییە گەر لە ڕۆژێکی خۆرەتاویدا پیاسە بکەی، سێبەر دروست بکا و بە شەقامەکاندا بیپەرشێنێ.

ھیچ چارەیەکی دی نەمابوو، دەبوو دایکم ئاگادار بکەمەوە. بەسەر پەڕۆیەکی گەورەی سڕینەوەدا کە لە کەفاوێکی بۆنخۆش ھەڵکێشرابوو و بە ماڵەکەدا بڵاوی دەکردەوە، چەمیبووەوە؛ کاشییەکانی خاوێن دەکردنەوە. ھێنام و بردم، وەختێ بە شێنەیی شتێکی وام تێ دەگەیاند، چاوەکانی زەق بوونەوە، بەڵام ورتەی نەھات، وەک ئەوەی چاوەڕێی ئەم ڕۆژەی کردبێ، بەرز بووەوە و نەرم پەڕۆکەی فڕێ دایە سەر شۆرگەکەی پاڵی.
چەند چرکەیەکی برد، لەچکبەسەر و شاڵ لەسەر شان، من بەدوایدا دەرچووم. وەک دوانێک پێشبڕکێ بکەن، دەڕۆیشتین.
بەناو قوڕ و چڵپاوی شەقاماندا دەڕۆیشتین و شەستەباران جلوبەرگی دەخوساندینەوە.

دیوی دەرەوەی بانک، بە جامی یەگجار توندوتۆڵ داپۆشرابوو. ڕەنگێکی شینی تاریکی دەنواند. بە ھیچ ھەوڵدانێک نەتدەتوانی ژوورەوە ببینی.
گەیشتینە بەردەم ئەوێ. چووم قایم لە دەرگە گەورەکەم دا، دەنگ نەھات.
دایکم، دەستلەرزیو، تەلەفۆنی بەرەو گوێی دەبرد؛ ئینجا دەنگلەرزیو دەیگوت: «ھەڵیناگرێ».
پاش کەمێک، دەنگی باوکم جامە ئەستوورەکانی بڕی و گوتی: «لەخۆڕا خۆتان ماندوو دەکەن، قەت ناتوانم لێرە بێمە دەرەوە».
دایکم ھاتە پێش، سەری بە جامەکەوە نووساند، وەک پاڕانەوە پێی گوت: «پبیکە بە خاتری ئەو تاقانەیەت وەرە دەرەوە».
زۆر تووڕە گوتی: «ناتوانم ناتوانم… سێ جار ھاتمە دەرەوە و گەڕامەوە. ھەمووی حەیواناتە».
بە تیلەی چاو، ئاگام لێ بوو تاکوتەرا خەڵک، خۆیان و کیسەیەک نان و سەموون، جامێک ماست، مەنجەڵێک نۆک و لۆبیا، دەھاتن و دەچوون. ئەوانیش بە تیلەی چاو دەیانڕوانی، ئینجا خۆیان نەبان دەکرد و تێدەپەڕین. وام دەزانی، لەتاو شەرم، دەموچاوم بۆیەی سووری پێدا کرابێ. تایبەت، بەوەی ئیدی ھێدی ھێدی بە نووزە و گریانی دایکم، ھەندێ لێمان کۆبوونەوە.
گوتم: «دەی بابە گیان، ئەوەتا ئێمە لێرەین و ھیچ حەیوانێکی لێ نییە».
باوکم زیاتر گڕی تووڕەیی لەناویدا پەرەی دەسەند، ھاواری دەکرد: «بەم تەمەنەوە خۆ شێت نەبووم و کوێریش نیم، ئەوەتا لە کامێراوە سەیر دەکەم، دەرەوە پڕیەتی لە حەیوانی کێوی». ترساو، گوڕاندی: «ئەوەتا دەوروبەری ئێوە گیراوە، ڕاکەن لەوێ مەمێنن».
گوتم: «دەرگەکە بکەوە بەس با بێینە ژوورەوە، بە چاوی خۆت ببینە ژیارم».
گوتی: «دەترسم ئێوەیش بووبنە ئەوان. دەترسم وەک ئەوانتان لێ ھاتبێ و پەلامارم بدەن. دەرگە ناکەمەوە… نا».
دەیان کەس دەوروبەری تەنیوین. گەیشتووە بەوەی سێ چوار پیاو نزیک ببنەوە، بەڵکە قسەیەکی تێدا بکەن و باوکم بێننە دەر. فیشکە، لوورە، بۆڵە، نەڕە، زیڕە… ئاوڕ دەدەمەوە، بۆ تاوێ ھەست دەکەم شێوەی کەمتیار و گورگ و شێر و پڵینگ و… دەیان شێوەی تێکەڵوپێکەڵ بەرەو ڕووم دێن.
ھەردوو چاوم توند دادەخەم.




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-4- ستیڤان شەمزینی

بەشی چوارەم

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان لە هۆڵی “میدیا” ئەنجامدا، “بورهان ئەحمەد، کوردۆ” لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون. بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، لەسەر پێشکەشکردنی شانۆگەرییەک بۆ ئەو گەنجانەی دێنە میدیا. پێشنیاری من بۆ شانۆگەرییەک کە دەمێکە بیری لێدەکەمەوە، شکستی هێنا. بڕیاردرا “رۆمیۆ و جولێت”ی شکسپیر پێشکەش بکەین و ئەوەی پەسەند کرا ئەوەبوو من رۆڵی “رۆمیۆ” ببینم. کاک فەرەیدوون حەسەن بەسەر گفتوگۆکەدا هات و سەیرێکی کردم، بە زەردەخەنەوە وتی “ئەم گەنجە جوان و چاو سەوزە بە راستی رۆمیۆیە، بەڵام هیوادارم جولێت بەو جۆرە بدۆزنەوە کە وەک چۆن ئەم ئەتوانێ رۆمیۆ بێت، ئەویش جولێت بێت”.
دوو کاتژمێر پێش ئێستا لە خوێندنەوەی دەقی شانۆیی “رۆمیۆ و جولێت” بوومەوە، لە رۆڵەکەی خۆم دەترسم، بەڵام ئیرادەم هەیە بتوانم سەرکەوتووانە ئەدای ئەو کارەکتەرە عاشقە بکەم. بە گشتیی حەزم لە تراجیدیا هەیە، لەبەرئەوەی هەموو چرکەساتە سۆفت و خۆشەکانی ژیان بە تراجیدیای گەورە گەورە گەمارۆ دراون، هەموو ساتە شادەکانمان لە کۆتادا مەحکومن بە تراجیدیا. بەدەر لەمە هەست بە گۆڕانێک ئەکەم لە خۆمدا لە چەشنی ئەو گۆڕانەی بەسەر کالیگۆلادا دێ لە شانۆمانەی “کالیگۆلا”ی ئەلبێر کامۆ، کە مێژووی ئەو شانۆنامەیە بۆ کۆتایی سییەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە زۆربەی جار هاوڕێکانم هەست بەوە دەکەن کەمدوو بووم، زیاتر بەسەر خۆمدا دەتەقمەوە و شتێک لە ناخەوە دەمخوات، لەم دۆخەدا رستەیەکم لە “الغریب”ی کامۆ بیر دێتەوە کە دەڵێ “لەبەرئەوەی شتێکی گرنگم نییە بۆ باسکردن، بەم هۆیە هەمیشە بێدەنگم”.
من کەسێکی چەپڕەوم، نامۆییەکانم پەیوەندیی بەهێزیان هەیە لەگەڵ دیدە مارکسییەکەم لە روانین بۆ دنیا. هاوکاتیش ئیدراکێکی زۆرم هەیە، هەمیشە دەمەوێ شتێک بگۆڕێت، کەچی هیچ ناگۆڕێ، هەموو شت لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات. مارکس لە تێزەکان دەربارەی فویەرباخ دەڵێت “فەیلەسووفەکان بەشێوەی جۆراوجۆر دنیایان شی کردەوە، بەڵام قسە لەسەر گۆڕینێتی”. ئێمە دەمانەوێ دنیا بگۆڕین، گۆڕینی دنیا بووە بە ئەرکێک لەسەر شانی ئێمەی چەپی مارکسی، ئەو بەشدارییەشم لەهونەردا تەنیا بەشێکە لە هەرەوەزییەک بۆ پێشخستنی هۆشیاریی خەڵک، خەڵکێک کە هێشتا مەحکوومە بە مەفهومە کلاسیکییەکانی ناسیۆنالیزم و لە دیسپۆتیزمی ئاینی و خێڵ نەیتوانیوە دەرباز بێت. ئەگەرچی لای هاوڕێکانم هونەر بۆ هونەرە، لای نەوەی پێشووش هونەر بۆ جەماوەرە، بەڵام وەک خۆم لە نێوەندی ئەو دووجۆرە دنیابینییە راوەستاوم. ئەوەش هەر بە وتن ئاسانە. لەبەرئەوەی ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕی دوو گۆشەنیگا و دوو تێڕوانینی دژ بە یەک بووە لە دێرینەوە تاکو ئەمێستا.
ئێستا دوو بەرنامەم هەیە کە دوای نووسینی ئەم چەند دێڕە پەنای بۆ دەبەم، یەکێکیان لە هۆڵی “میدیا” سەیری فیلمێکی “تارکۆفسکی” دەکەم، کە ئەم ناوە تازە ئاشنایە بە ئێمە و کەچی ئەستێرەیەکی گەورەی بواری سینەمایە. دوێنێش سەیری فیلمێکی دیکەم کرد کە “نیکولاس کەیچ و رۆبن دی نیرۆ” هەردووکیان رۆڵی تێدا دەبینی. جیا لەوەش ژمارەیەکی نوێ “ژمارە 6″ی گۆڤاری “هانا”م لە سویدەوە بەدەست گەیشتووە و نووسینێکی “حەمەسەعید حەسەن”ی تێدایە بەناوی “کتێبێکی بەخوێن نووسراو” لە پێشدا ئەمە دەخوێنمەوە و پاشا دێمە سەر نووسینەکانی دیکە.

2-9-1997
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 18-21 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




میری بەهەشت.. ناڵە حەسەن

شازادەیەکی شەوگەڕ
چاوێکی پڕ لە ئاگر و
چاوەکەیتر پڕ لە دوکەڵ
گیرفانێکی پڕ لە بارووت و
گیرفانەکەیتر پڕ لە حەشیش
شازادە
جارجارە لەنێو ئەشکەوتێکی تاریک
لەگەڵ ئەسحابەکان دەچیتە خەڵوەت و
دواتر خەوێکی قووڵ قووڵ
زۆرجارانیش
بەدەم خەوەوە ڕێدەکات
بەدەم خەوەوە قسان دەکات
بەدەم خەوەوەش دەفڕیت
شازادەیەکی شێواو / شێواوێکی شەڕانگێز
هەر بەدەم خەوەوە
شیرە دووسەرییەکەی لە قەڵغان دەردەهێنێ
بەرەو بەهەشتی خەونە دۆزەخییەکانی دەڕوا
دەڕواو دەڕواو دەڕوا
دەڕوا و ئاوڕ ناداتەوە
هەرچییەکیش بێتە بەردەمی
ڕووناکی
با
باڵندە
مێروولە
تەنانەت خاڵخاڵۆکەکانیش / خەڵتانی خوێن دەکا
هەندێکجاریش / لەسەر بەرماڵێکی ڕەشی ئاوریشمین
بەرماڵێکی ڕەش ڕەش
بەدەم دوعا و نزاوە
کڕنۆش بۆ دێو و داینەسۆرەکان دەبات
شازادە
خۆی و جانتایەک پڕ لە وەهم
خۆی و بوخچەیەک پڕ لە خەون
خۆی و گۆزەیەک پڕ لە شەڕاب
لەسەر پشتی ئەسپی گەردەلوول
بەسەر پردی سیراتەوە
پردێکی سەرابی سەما دەکات
لەنێو بەهەشتیش
دەرگای ژوورەکان بەسەر تەنیایی خۆی دادەخات
پەنجەرەکانیش
بە پەردەیەکی ئەستوور دادەپۆشێ
فەرمان بە حۆرییەکانیش دەدات
تیر بگرنە / شەپۆلەکان و خۆرەتاو و جەستەی سەوزایی
بڕیار دەدات
جگە لە گوڵە حاجیلەکان / هەموو گوڵەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە پایز / هەموو وەرزەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە مانگ / هەموو ئەستێرەکان دەبێ بمرن
کاتژمێری دەستی شازادە زەمەن ناخوێنێتەوە و
شەو و ڕۆژ لەیەک جیا ناکاتەوە
چاوەکانی
جگە لە پەیکەرە بەردینەکەی خۆی
هیچ زیندەوەرێک و بوونەوەرێکیتر نابینن
هەر خۆیی و هەر خۆیی و هەرخۆی
دواجار بڕیار دەدات
هەرخۆیشی ببێتە میری بەهەشت …!

                                           تەموزی ٢٠٢٠



تەناشکردن لە نێو قوڕ و لیتەی (ڕابردوو)دا.. فازیل شەوڕۆ

بەڵگەنەویستە، کە ئێستا ئێمە هەرچییەکین و هەرچۆنێکین و لە هەر بارودۆخێکداین، زادە و بەرهەمی مێژووی (ڕابردووی) دوورو نزیکی خۆمانین، ئەو مێژووەی کە نە دووبارە دەبێتە و نە دروست دەکرێتە و نە دەشتوانین بیگۆڕین. مەمانانیش، لەم ساتەوەخەتەدا، نە دەستمان تێدا هەبووە ونە بە تەگبیر و ڕای ئێمە بەڕێوەچووە. قبوڵکردنی مێژووی نەتەوەش، بە هەموو سەرکەوتن و نسکۆیەکانییەوە، ئەو پەڕی ئەقڵمەندییە.

لێ حەیف و مەخابن، ڕۆژهەڵاتی ناوەند ـ کوردیش وەک نەتەوەیەک لەوێدا، هێندە گیڕۆدە و مەفتوون و پابەند و وابەستەی ئەو ڕابردوو و دیرۆکە بووە، تا وایلێهاتووە، خڕ تاکەکانی کۆمەڵ، ببنە یەخسیر و کۆیلە و عەبدی ئەو ڕۆژگارە دێرینە تاریکە نەزانراوەی چەندان هەزاران ساڵە. دیاردەیی ئەو کۆیلەتییەش هەمووان دەگرێتەوە، لە سەرکردە تا گزیر، لە دەسەڵاتدار و هەبوو تا بێدەسەڵات و زەبوون، لە بیرمەند و شاعیر و ئەدەیب و ڕۆناکبیر تا دەروێش و نەخوێندەوار و بێسیواد.

ڕەنگدانەوەی وابەستەبوون و ئاڵوودەبوون بە (ڕابردوو)، لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا، هێندە بە توخی ڕەنگی داوەتەوە، بوارێک شک نابەیت، پەلی ڕەشی ئەو دیرۆکە(شاراوە)یەی پێڕانەگەیشتبێ و بۆخۆی ماڵی نەکردبێ. بەڕادەیەک هێزی موگناتیسی ئەو (مێژووە)، هێندە توند و قایم هەمووانی بۆلای خۆی جەزبکردووە و کە (ئێستا) و (ئایندە) لە ژیانی ئەواندا، نەک وجوودی نییە بەڵکو باسکردنیشی دەچیتە بابی کوفور و ئیلحاد.

تۆ وەر سەرپێیانە، گوێ لە وتاری سەرکردیەک بگرە ، کە لە بۆنەیەکەیدا دەیخوێنێتەوە، جگە لە دوایین دێڕی هیواخوازیی، لە سەرەتا تا بنەتا، هەر سەربووردە و سەرکەوتن و حیکایەتی داستانەکانی ڕابردوون. لە سیمینار و کۆڕ و گۆبەندی زانکۆ و مەڵبەندە زانستی و ئەدەبییەکانیشدا، قسەو باس، هەر دێرۆک و ڕۆژگارە بەسەرچووەکانە، زۆر کەم (ئێستا و ئایندە) دێنە بەرگوێ! تۆ دیقەت بگرە لەو بەرنامانەی (بیرمەند و ئەقڵمەندەکانی دەوڵەت) دەربارەی (پلانی ئیستراتیژی و ماستەرپلان و نەخشەی ئایندە) سازیدەکەن، ئەوەندەی (رابردوو) لەسەر زارانە، نیو ئەوەندەی نە (ئێستا)، نە (داهاتوو) نابیستی!

کاتێک، (نیشتە)ی فەیلەسوف دەڵێ:”کە ماندوو دەبین و هەرەس دێنین، خۆمان دەخیلی سەرکەوتووەکانی لەمێژینەمان دەکەین.” دەبێ ، ئێمە لە خۆمان بپرسین: ئێمە بەڕاست، لەم ساتەوەختەدا، لە قۆناغی ماندووبوون و هەرس داین، بۆیە وا خۆمان دەخیلی مێژوو و رۆژگارەکانی دوور کردووە؟)

هەر بە پرسیار، وەڵامی ئەو پرسیارە قورسە دەدەمەوە، ئەگەر شەکەت و شەپرزە و شەپڕەلێدراو نین، بۆچی ساڵانە لەو هەزاران کتێبە چاپکراوە، پێنج کتێب نابینین، ناونیشانەکانی (شیتەڵکاریی ئێستاو خەونەکانی ئایندە) بێ؟ بۆچی ئەو هەموو سەرکردە (مەزنانە) هەر بیروەریمان بۆ دەنووسنەوە و بەردەبازێک، ناخەنە بەر پێمان بۆ ئایندە و تەگبیرێکمان بۆ ناکەن؟ بۆچی لە نێو سەدان تێزی دکتۆرا و ماستەرنامەی زانکۆکانمان، تاق و لۆقە نەبێ، بابەتی پەیوەست بە (ئێستا) و (ئایندە) لە خۆ ناگرن؟ بۆچی لە توێژینە و لێکۆلینەوەکانماندا، هەر خولیایی ئەو بابەت و بوار و ڕشتانەیان کە دەچنەوە سەر مێژوو و ڕابردوو ــ تەنانەت ڕەخنەکارە ئەدەبییەکانیش ئەوەندەی خەریکی بابەتی کلاسیک و رابردوون، ناچن پیچۆکەک خۆیان بە ئەدەبی هاوچەرخ و مۆدێرنەوە خەریک بکەن، بۆچی؟

حەقمانە، روو لە زانکۆکانمان بکەین و بڵێین:”ڕۆژانە لە ئاستی جیهاندا، لە نێوان دە بۆ پانزدە داهێنانی نوێ لە هۆڵ و تاقیگەکانی زانکۆکان لە دایک دەبن، ئەو (٣٥) زانکۆیەی ئێمە لەو (٢٥) ساڵەدا، چ داهێنانێکی زانستی یان ئەدەبییان، لەسەر ئاستی جیهاندا تۆمارکردووە؟ وەزاڕەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراقی، لە ماڵپەڕی خۆیدا، ئەو موژدەیەی بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵی (٢٠٢٠)، لەسەرە ئاستی گۆڤار و ماڵپەڕە زانستییەکانی جیهاندا، ئەوان بە (٧٩) زانکۆ، (١٠٦) هەزار و (٥٧٩) لێکۆڵینەوەی زانستیان بڵاوکردووەتەوە! باشە، ماقوولە لەو سەت هەزارو ئەوەندە لێکۆڵینەوە، یەک دانەیان، بەرائەی داهێنانێکی نوێان، بۆ مرۆڤایەتی، تۆمار نەکرد ؟ یان زۆربەی هەرەزۆری ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە لەبارەی بابەتی مێژوویی و ڕابردوو بوون؟

پرسیارەکان قورسە، بۆچی وڵاتێکی وەکو ئایرلەندا، بە باشوور و باکووریەوە، کە حەشیمەتەکەی هەر (٦) ملیۆنە، تا ئێستا (١١) خەڵاتی نۆبڵیان چنیووەتەوە، بەڵام (٢٤) وڵات، بە حەشیمەتی (٥٨٣) ملیۆن، هەر (٧) خەڵاتی نۆبڵیان لە بوارەکانی ئەدەب و زانستدا وەدەست هێناوە. (وڵاتانی عەرەبی ٤، تورکیا ٢، ئێران ١ خەڵات)؟

ئایندەناسی ناسراو(Richard. B. Fuller)، دەڵێ:”منداڵەکان کە دێنە دونیا هەموویان بلیمەتن، لێ (٩.٩٩٩)یان لە (١٠.٠٠٠) دا، هەر زوو بەبێ قەست، بەدەستی بەخێوکەرەکانیان لە بلیمەتی دەشورێنەوە.”

دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە، ئێمەش، کۆتی و سندمی (ڕابردوو) بپچڕێنین و چیتر تەناش لەناو قوڕو لیتەی (ڕابردوو)دا نەکەین و (ئێستا و ئایندە) بکەینە بەرنامەی کارو چاڵاکییەکانمان و چیتر مێشکی نەوەکانمان بە ڕابردووی (پڕووپووچ)ی بێبەرهەم قاوو نەدەین. با ئەو منداڵە بلیمەتانە، هەر بە بلیمەتی بمینێنەوە!

هەموومان دەزانین، درەنگە، زوو نییە!

فازیل شەوڕۆ ـ دوبلن