من قەرزاری فەلسەفەم!.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

دەستپێک :
بۆیه‌كه‌مجارە سەربوردەی خۆم دەگێڕمەوە، گەدائاسا باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، ئەوەی چۆن لە هەڕەتی لاوییەوە قەرزێکی زۆری فەلسەفە کەوتە کنم. لەدیدی بەندەوە پەیبردن بەو قەرزە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتییە، زۆریش گەرەکمە پەیتا پەیتا تا ماوم بیدەمەوە. بەڵێ باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، باس لەوەدەکەم فەلسەفە وایلێکردم خۆم بم، باس لە سەرەتاکانی هەژاریی ئاوەزمەندی ئەو دەمانەم دەکەم فەلسەفە هێشتا تووخنم نەکەوتبوو، هێشتا لە سایەدا بووم و سێبەرم تێنەپەڕاندبوو. هەربۆیە هەستی “من قەرزاری فەلسەفەم” دەبێتە زنجیرە ڕاڤەکردنێکی فەلسەفیی، کە لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە و پەیکەربەندی هزریشی بەجۆرێک دادەڕێژرێت کۆڵینکارییەکان بەرەو ئەو شوێنانە بچن، کە پێویست و تایبەتن، گرنگن بۆ مشت و مڕ و خستنەگەڕی دید و بۆچوونی جیا. لەوێندەرێ فەلسەفە دەهێنرێتەگۆ و ئەرکی جوداوازیشی لێچاوەڕواندەکرێت. هەر لەبەرئەوە لێرەوە داوای پشوودرێژی لە خوێنەرانم دەکەم تا ئەو شوێنەی دەکارم هەل و مەرجی قەرزاری فەلسەفی خۆمیان بۆ دەستنیشانکەم و ئەو تەقەلایانەش، کە بۆ دانەوەی ئەم قەرزە دەیگرمەبەر. چۆن قەرزبدەینەوە، بەتایبەت قەرزی فەلسەفی؟ ئەو پرسیارە خۆی دەکاتە کۆڵەکەی گشت پرسیارەکان و جێ پەنجەی خۆی لەناو گشت پرسیارەکانی ئەو زنجیرە ڕاڤەکردنە دادەنێت لە دواتردا وەسەرەتای دێم. چونکە کرۆکی ئەو قەرزە تێگەیشتن لەسەر گشت ئەوانەش دروستدەکات لە مندا گۆڕان، کە منیان لە بارێکەوە بۆ بارێکی سەرلەبەر جیا برد.
پوختەی ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، قەرزاری فەلسەفیی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، دوای ئەوەی بە فەلسەفە ئاشنابووم سەرلەبەری ژیانم پشتڕاستبووەوە و فەلسەفەش لە مندا بەری بە زۆر شتی ناڕاست و دزێو گرت. فەلسەفە کۆششێک بوو بۆ بنکۆڵکردن و سڕینەوەی ئەو منەی لە مندا دەیویست چرۆدەرکات، کە منێکی ناپێویست و ناچیزە بوو. ئەوە چ منێکە ژینگەیەک دەیسازێنێت کاری داڕمان و داتەپاندنە. جۆرە دەورووبەرێک خەریک بوو منێک لە مندا دروستبکات بەخۆی لە تەقەلای بنکۆڵکردن و ڕوخاندنی خودی خۆی دایە.
بۆ من ئاسان نەبوو پێش بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەدا وشەدانی خۆم بناسمەوە، فەلسەفە وەک دەرمانسازی هزریی ببینم، حەکیمانە دیوارێک لە نێوان دوو جیهانی دەرهەست و بەرهەستدا دابنێم. وامدەزانی ڕاستی لە گشت شوێنێکدا هەیە. ئافراندنم لە چێژدا نەدەبینییەوە. پێموابوو سروشتی جوانی لێڵ و نابەرهەستە، هەستئامێزی هزریشم بە وڕێنە دەزانی. فەلسەفە هەنگاوێک بوو بۆ کۆکردنەوەم، بۆ دەربازکردنم لەو پەرتییەی دەورووبەرم پێوەیدەگلاندم. ئاه… چ دەورووبەرێکی نافەلسەفییم هەبوو. ئەگەرنا پەرتی و گه‌ڕیده‌یی لە فەلسەفەدا تامێکی تریان هەیە و تەقەلان بۆ وتنی نەوترای تەلیسماویی.
پوختەی هەموو ئەوەی تا ئێرە باسکرا، کۆڵەکەی گشتی ئەو زنجیرە باسە پێکدێنن لەژێر ناوی “”من قەرزاری فەلسەفە”” م دەنوسرێت، کە لە خودی خۆیدا ئەو تێگەیشتنە خودییانەن نوسەرەکەی هەڵگریەتی و وەڵامی جیاواز بە پرسی بیرکردنەوە و بەرپرسیاریەتی و سروشتی جیهان دەدەنەوە. ئەگەرچی ئێستاشی ڕالەگەڵدا بێت گومان دەکەم ئەو ئەرکە فەلسەفییەم پێڕاپه‌رێنرێ لە فەلسەفەدا پەنهانە.

ئیدی فەلسەفە بووە چراوکی بەردەوامی من

بە پوختی و بەرلەهەر شتێک دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، لەو دەمەوەی بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەڕا پەیداکردووە پێمەوەلکانی فەلسەفە پایانی نییە و جێگەوپێگەی فەلسەفەش لە خەمڵاندنی بیرکردنەوەی مندا بە ووردی درکی پێدەکرێت. وێجا فەلسەفە هەر زوو بووە خاڵی وەرچەرخاندنی ژیانم. وایلێکردم وردبینانە تر بڕوانم و تامەزرۆی ژیانیش بم، ژیانگەلێک، کە لەوەوبەر تامم نەکردووە. ژیانێک، کە ناهاوشێوەی ئەو ژیانە بوو لێرە و لەوێ بە تۆپزی بەڕێمدەکرد. هەر لەو دەمەوە شاكارە ناوازەكانی بیریارە مەزنەکان منیان تا بینەقاقا قەرزاری خۆیان کرد. بەڵێ تا بینەقاقا ڕۆچوونە ناومەوە. ناوەوەم، ئەم ئێستا هه‌وارگه‌ی هزرانە، پڕە لە شادی، ئارامی و هەستی بەرپرسیاریەتیش تیاما بێوچان چرۆدەکەن. ئێستاشی لەگەڵدابێت مێژووی فەلسەفە بۆ بەندە داگیرکارە و بەشێکی ڕوناکیبیریشم پێکدێنێت. لەمبەینەدا فەلسەفە ئەوەی دامێ، کە ژیانی سادەی ڕۆژانە پێینەدابووم. ڕۆژانە بینیم فەلسەفە، بێ سڵەمینەوە، لەناوما بێ ڕکابەر دێت و دەچێت. لەوێوە پەلەکێشی نێو ڕووبەرێکی هزریی بێ تخووب و واڵای کردم. لەو دەمەوە عەوداڵی مانا و حاڵیبوون لە شتەکانی دەورووبەرم بووم. ئەمە وایکرد زۆری پێنەچێت فەلسەفە گشت کونوکەلەبەرەکانی ژیانم بتەنێتەوە.
گرێگەلێکی زۆر هەبوون مناڵی و هەرزەکاریم تیاما سازاندوبوویان، فەلسەفە لەسەرەخۆ لەسەر چۆنیەتی كردنەوەی گرێ كوێرەكان ڕایهێنام. ئەمە هۆکاربوو ووردە ووردە فەلسەفە سەرسامبوونم تیا دروستکات. سەرسامبوونەکان فەلسەفەسازییان تیاڕسکانم و پاشماوەكانی فەلسەفەش تیاما زوو زوو زەنگیان لێدەدا تا لەوە بەئاگامبهێننەوە ترسناک و هێرشبەری سەر بوونمە. ئەو دیاردانەش، کە دەستیان لێدەوەشاندم تارماییەكانی فەلسەفە، کە بەسەر منەوە دنیابینیینی نوێیان پێدەبەخشیم، نەیاندە‌هێشت سامناکی بخەنە ژیانمەوە.
بیرمەندە فەرەنسییەکان هەر زوو، لە هەڕەتی لاویی و سەرکەشی خۆمدا، جێی سەرنجڕاكێشانم بوون. فەلسەفەیان لە مندا تا ئەوپەڕی بەخێوکرد. بەهۆی ئەوانەوە لەوە تێگەیشتم، لەگەڵ فەلسەفەژیان تا ئەوپەڕی ژیان تا کەناری مردن لەگەڵت دێت. کە فەلسەفەش لەگەڵت بوو تەنیا نابیت و لە ناو دڵشكاوی ژیان سەرگەردان نابیت، یان دڵشكاوی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لاتدەمێنێتەوە. بیریارەکان بەو گریمانەیان گەیاندم، ژیانی مرۆڤەکان، بگرە کولتووریشیان، بێ فەلسەفە لاسەنگ دەبێت. فەلسەفە پارسەنگی خودیی مرۆڤ دەپارێزێت. وەک هێزێک لەناوەوەی ئەم خودە خەریکی ئامادەسازییە. ئەوەشیان حاڵیکردم پێویستم بەوەیە لەتەک فەلسەفەدا پشوودرێژ بم. فەلسەفە زەفەربەرە و دێتیشە ناوی ناوەوەی مرۆڤەوە. دێتە ژووری ژوورەوەی ناخ. فەلسەفە لەوێندەرێ بە ئاسپایی و زۆر لەسەرەخۆ باروبارگەی دادەنێت و دەستدەکات بە کردنەوەی بەر و بوخچەی خۆی.
بەریەکەوتن لەتەک فەلسەفە سەرەتای بارگەتێکنان بوو بەرەو هەوارێکی تر. هەوارێکی زیدە نوی. هەوارە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ، کە ئەوەش بریتییە لە بیرکرنەوەی قوڵ و تێڕامانی زۆر و بەردەوام. بەمە فەلسەفە بووە بارەکۆڵی سەرەکی و بەردەوامی بەندە. بۆ هەر کوێ دەچووم ئەم بارە بە کۆڵمەوە بوو. ئەم کۆڵکێشانە بۆ من بووە سەرەتایەکی تازە بۆ تێگەیشتن لە مانای ژیانی خۆم و خۆسازانیشم لەگەڵ کرداری بیرکردنەوەدا. لەو دەمەوە فەلسەفە ئەو کۆڵە بوو شانمخستەژێری. کۆڵکێشانەکەم ئەوەی بۆمەیسەرکردم لە پەنای فەلسەفەدا بحەوێمەوە و پشوویەکبەم. بەمە فەلسەفە لە مندا بارێکی زۆری بەست. بارەکەم دید و تێڕامانی تیۆریزەكارە فەلسەفییەکان بوو، کە بوونە مەشخەڵی هەمیشەی ڕێگاکانم. هەر لەو دەمەوە بە کۆڵباری خۆم ئاشنابووم و لە کوێ ویستم بارگەم خست. ئالێرەوە خۆدۆزینەوە دەستیپێکرد. دۆزینەوە بەو مانایەی واڵنشتاین بەکاریدەبات، داهێنان نەک بەدەستهێنان(1).

قەرزاری فەلسەفیی قەرزارییەکی بووناوییە

دەمێکە قەرزاری فەلسەفەم. قەرزی وا بە ئاسانی نادرێتەوە. ئەم جۆرە قەرزە بڕانەوەی نییە و بە سانایی لەکۆڵمنابێتەوە. چ بانکێک ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەرکی دانی قەرزی فەلسەفی و وەرگرتنەوەی؟ مەگەر زۆر نیین ئەوانەی ئەم جۆرە قەرزەیان لە کنە؟ بی ئەندازە زۆرن ئەوانەی قەرزەکانیان خستۆتەگەڕ و دەرامەتێکی گەورەشیان بۆ مرۆڤایەتی مەیسەرکردووە تا ئەم جۆرە قەرزە شیاو بێت. بێ سڵەمینەوە دەڵێین، هزرمەند و فەیلەسوفەکان “گرووپی بانکی جیھانی” ئەم جۆرە قەرزە پێکدێنن. نەختی ئەم گرووپە داناییە، دراوەکەی گڵوباڵە و وەبەرهێنانیشی لە گشت کولتوور و شارستانییەکان دا بەردەوام کاری خۆی دەکات. شایانی وتنیشە، فەلسەفە دراوێکە بەردەوام لە گشت کاتەکاندا بەکارمانبردووە. دراوی لەم جۆرە لە ژیاندا بێوچان دێتە بەکاربردن.
ڕەوشت، لە ئەم ئێستادا و لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاری، گەیشتووەتە بنبەست بۆیە فەلسەفە لە گشت کاتێ پتر پیویستە. تا ئەندازەیەکی زۆر گشت کولتوورەکان لەسەر ئەوە کۆکن فەلسەفە جێپەنجەی خۆی لەناو ژیانی ڕەوشتیمان داناوە، لێ داوای گۆڕانی گەورەتر و ڕیشەیی تر لە فەلسەفە دەکرێت. کارەساتبارە مرۆڤەکان لەژێر فشاری تەنیایی، دڵشکاوی و بێمتمانەیی پەنا بۆ زانیارییەکانی ناو سۆسیال میدیای هاوچەرخ ببەن. لە کاتێکدا ئەم میدیایە بەتەواوەتی پشتی لە فەلسەفە کردووە و مرۆڤی سەردەمیشی دووچاری گیرۆدەبوونێکی نوێ کردووە، کە زێدەڕۆیی و پووچییە.

فەلسەفە شوێنێک بۆ دڵنه‌وایم، سەرەتای گەڕیدەییم

ئەوە ڕێکەوت بوو فەلسەفەی بۆ دۆزیمەوە، منی توڕهەڵدایە ئامێزی گەرمی فەلسەفەوە. هەر لەیەکەم ژوانم لەتەک فەلسەفەدا جوانكیلەیێکم لە فەلسەفەدا بەدیکرد. ئەو دەمەی من و فەلسەفە لە شوێنێکدا (کە دواتر دێمەوە سەری) پێکگەیشتن لەوە حاڵیبووم پێویستە لە شتێك پشكنین بکەم زانینم لەبارەیەوە هیچە. شوێنی ژوانی ئێمە بووە شوێنێک بۆ پەیپێبردن. بۆیە بێ چەند و چۆن دەڵێم، ئەوە فەلسەفە بوو منی خستە بەردەم زۆرێک وەڵامی سەیرەوە. پێشتر وەڵام لە کن بەندە وەڕەس و دەستەمۆبوو، لێڵ و ناروون بوو.
فەلسەفە بوارێکی دڵخوازی مرۆڤایەتییە، چەقی زانینەکانە. بوارە دڵخوازەکەی گشت کولتوورەکانیشە. فەلسەفە دەتکاتە کۆچەر. گەڕیدەئاسا ئۆقرەت لێدەبڕێت. تەنیا گەڕۆک و ئاوارەکان لە مانای داڵدە دەگەن. ئەوە گەڕندەکانن بێ شوێن و زێدن، ئەوانن لە پەناگا و داڵدە حاڵیین. کاتێک فەلسەفە دەبێتە پەناگا، شوێنێک بۆ حەوانەوە دروستدەبێت، لەوێوە لێدانی دڵی ژیان دەستپێدەکات. ئەمانەش دەمانباتەوە نێو لێکئاڵانی ژینگە بە فەلسەفەوە.
من لە شاری کەرکوک لەدایکبوم، لە گەڕەکێکی ناسراوی ئەو شارە (ئاخور حوسێن لە حەسیرەکە). ئەوێ پڕبوو لە ماتریاڵەکانی فەلسەفە. ئەو گەڕەک و دەڤەرە شانۆیەک بوو ڕۆڵی زۆری پێبەخشیم. فەلسەفە پێویستی بەو شانۆیە بوو. ئیدی فەلسەفە لەناوما هات و چوو، دەڤەری ناوبراو بووە هەوێنی فەلسەفە، ڕۆژانە تیامدا بیرکردنەوە چرۆیدەکرد. چەمکسازی فەلسەفیی خۆم لەو دەڤەرەوە هێنا. فەلسەفەکاری لە مندا زارۆکی ئەوێندەرێیە. ئیدی لەسەرەخۆ، مەینەتییەکان فەلسەفەسازییان فێرکردم. سەرلەبەری ژیانمیان یەکسانکرد بە سۆراغ. بەواتایەکی دی، دەڤەر و زێد لێكه‌وته‌ى جیاوازى هه‌یه‌. سەرسوڕمان و حاڵینەبوونە ڕاستەقیینەکانیش لەوێ لەدایکدەبن.
وێڕای ئه‌وه‌، کۆچەریی و بێدەرەتانیی لەگەڵ فەلسەفە فۆڕمی تر وەردەگرن. بەشێک لە فۆڕمەکانی خوگرتن و ڕاهاتنە لەسەر دڕدۆنگ و دوودڵی و گومان. ڕەنگە بەشێکی تری مەیلبێت بۆ بەسۆراغداچوون و پشکنین. چونکە فەلسەفە پڕ پڕە لە عەوداڵبوون و بەدواداگەڕان، پەیبردن بە پەیپێنەبراو و بینینی نەبینراو. ئه‌مه‌ش واده‌كات پێشهاتى نوێ بێته‌ پێشه‌وه‌، ژیان شتی تری تێدەکەوێت. بوونی کۆمەڵایەتییش دەستکاریدەکرێت و وێڵی ئاقاری دی دەبێت.
فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەکانم دەربازکرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێکی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیرکردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەکانەوە. لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێکی تری هەیە. چێژێکی بووناوی هەیە، کە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیکردم ، نەک هەر ئەوە بگرە فەلسەفە وایلێکردم هەست بە بوونی سەرمایەیەکی مەعنەوی لە خۆمدا بکەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوون پاراستوومی.
قۆرخكاری بۆ گەیاندن بە پلەی حاڵیببون، گڕگرتن لە هەناوی فەلسەفەدا ئامادەیە، لێ ئامانجی سەرەکی لەوە گەیشتنە بە ڕاستی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی لە فەلسەفەدا ڕووشكێنی زۆرە. فەلسەفە دەکارێت پێمانبڵێت بەرەو چی و کوێ دەڕۆین، لێ فەلسەفە دەجال (فێڵباز) نییە و کاری هەمیشەیی سەرزەنشتکردنی بەدی و بێدادییە.

پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام

بەڵی، پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام. لە سۆراغی ئەو شتەدا بووم بێ تام و بێ ناواخنە. مشتومڕی زۆر تووندم لەسەر بی ماناترین شت دەکرد. لەسەر ئەوە دەوەستام شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبوو. وامدەزانی گشت بوونم ئەو نەختە شتە ناچیزەیەیە، من خۆمم لەسەری ڕاهێناوە. سەیربوو لە بێدەرەتانی، مەینەتی، ئاوارەیی، نسکۆ و چەندین واتا و چەمکی دی تێنەدەگەیشتم. پێموابوو ئەو واتا و چەمکانە دیوی تریان نییە و لە ئەزەلەوە بەو جۆرەن. ئەفسوس، زوو زوو دەستەمۆدەبووم بە شتێکی بچووک، دەرەتان و دەرەچەم لە شتی بێ ناواخندا دەبینییەوە. بەردەوام خۆم لەناو پەرشوبڵاویی و هەڕەمەکیدا دەدۆزییەوە. پێموابوو دڕدۆنگ، دوودڵی و گومان ترسناکن. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم و بیرمبێت شتکانم وەک خۆی دەبینی، نەمدەزانی هەر ئەو شتانە بزاڤ، ئاقار و ڕەوتی تریشیان هەیە. ناحاڵیبوونم لەناو ناحاڵیبووندا دەبینییەوە. لێدەگەڕام ناحاڵیبوون یەکلاینەکرێتەوە. نەمدەپرسی بۆ ئەمە نا ئەوەیتر دەبێتە بەها؟ نەمدەزانی لە دەرئەنجامی پەیوەندی نێوان بەهاکانەوە ئەوە ڕوودەدات(2). تەنانەت ئەوەش، کە خوێندنەوەی دەقێکی فەلسەفیم پێ وانەبوو ئەوە ڕاڤەکردنەکەشیبێت(3). بە کورتی سپی بیرمدەکردەوە سپی. سپییەکی بێزارکەر. بێ چێژ و بێ بۆن. سپییەکی بەتاڵ، بەدەر لە مانا و ڕاڤە. سپییەکی کەمتەمەن و ئٶقرەگرتوو.

خوا ئەو نەتەوانە بەختەوەردەکات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف

هزرمەندی فەرەنسی دێکارت پێیوایە، خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف. نەتەوەکان لە خۆڕا نابنە خاوەنی فەیلەسوف. بە فەیلەسوفبوونیش شتێکی پلانبۆداڕێژراو نییە. خودی فەلسەفەش لە خۆڕا نەهاتووەتەدونیاوە. ئەو ڕێکەوتەی لە پشت فەلسەفەوە بووە پێویست و تایبەتبووە. بۆئەوەی فەلسەفە هەبێت بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ناکرێت دووبارە بێت. خودی فەلسەفە کردەیەکە لە بیرکردنەوەی نادووبارە و جیا. فەلسەفە جیایە، بەرهەمی جیاوازیەکانە، بێئۆقرە و فرە ڕەنگە.
فەلسەفە لە زیاد لە گۆشەیەكەوە دێتە ناو ژیانمانەوە، هونەر، زانست، سیاسەت تادەگاتە هاوڕێیەتی و ئەڤینداری. ئەمەش ڕوانگەمان دەگۆڕێت. ڕوانگە گۆڕین کارێکی دژوار و ناسانایە، لێ فەلسەفە لە مێژەوە ئیشی بۆکردووە و مرۆڤایەتیش لەوە سودمەند بووە. بۆیە جێگای سەرنجمە بڵێم، چنینی هزری فەلسەفیی بەرهەمی زۆر بیرکردنەوەی قوڵ و تێڕامانە.
سوكرات پێیان وابووە فەلسەفەكردن مادەیەكە لە پاكسازی (خاوێنكردنەوە) Purgation و بەپێی قاموسی وێبستەر Webster یش بێت، فەلسەفە جۆرێكە لە پاكسازی ڕوناكبیریی (4). هەمیشە سوكرات لەو باوەڕەدا بووە، فەلسەفەكردن لە چوار شت ئازادمان دەكات : 1 : لە غرور ، بەتایبەت غروری بیركردنەوە؛ بیرکردنەوە لەوەی دەزانین، کە چی نازانین، 2 : لە پەرێشانی، كە بەرهەمی بێ مانای، ناڕوونی و گومڕاییە، 3 : لە ترسی بێ بیانوو، بۆنموونە بیانووی ترس لە مەرگ، 4 : لە سۆزی زیانبەخش، بۆنموونە، سۆزی چێژ، خاوەنداریەتی، هێز و شوهرەت. سوكرات وای بۆ دەچێت ئەم شتانە تۆێكلی ڕۆح ،وەك قووڕ، دادەپۆشن و ناهێڵن ڕوناكی ڕاستی و باشەی پێبگات (5). كەوابێت، لای سوكرات فەلسەفەكردن بۆ پاككردنەوەی ڕۆحە لەم ڕێگرانە. ئەو چوار شتەی سوكرات ئاماژەی پێدەكات ڕۆح پیسكەرن، ڕۆحیش پاش پیسبوونی پێویستی بە خۆپاقژکردنەوەیە. بۆ ئەوەی ڕۆح خۆی لەو پیساییانە پاقژبكاتەوە فەلسەفەكردن دێتەکایەوە. ئەو چوار دیاردەیەی سوكرات باسی لێوەدەكات گوشار دەخەنە سەر ڕۆح و ناهێڵن كاری خۆی بە پاكی بكات. بیرۆكەكەی سوكرات لێرەدا خۆی لەوە پوختدەكاتەوە، فەلسەفە كار لەسەر ڕۆح خاوێنكردنەوە دەكات، بەڵام ئێمەی مرۆڤ، كە هەمیشە ترسی مەرگ دەمانتۆقێنێت هیچ تێگەیشتنێکمان بۆ ئەم ترسە نییە، ئەمەش وادەكات ڕۆحمان بەدەم ئەم ترسەوە پیس بێت. ئەو دەمەش مەیلی شەهوەت و هێز و خۆشیەكان دەكەین ڕۆحمان پریشكی ئەم مەیلەی بەردەكەوێت و پیس دەبێت، یان كە خۆمان هەمیشە لە ناڕوونی و بەدحاڵییدا دەبینینەوە دووچاری بەهەڵەتێگەیشتن دەبین و ڕۆحمان لەكەداردەكەین، وێرای ئەوە، ئەو فیزە زۆر و لووتبەرزییە گەورەیەی تیاماندایە دیسانەوە ڕۆحمان شەكەت و ناشرین دەكات. بەم جۆرە، پێویستە هەموو ئەمانە لە ڕۆح دورخرێنەوە و ڕۆحیش خاوێن و پاك بمێنێتەوە تا هەست بەبوونی خۆی بكات. بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت.
بایەخدان بە فەلسەفە دەكرێت لە شێوەی ئەو بایەخپێدانە بێت، خوێندكارێكی فەلسەفە دەیدات بە مادەی فەلسەفە، تا دەگاتە ئەوەی ئەم خوێندکارە دەبێت بە پسپۆر لە فەلسەفەدا. هەشە بایەخپێدانەكەی بە فەلسەفە وەك بوارێكی لۆژیكی و تێڕامانئامێزانە خۆی بەرجەستەدەكات و دەبێتە هەنگاوێكیش بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونی. مرۆڤ لەڕێگای فەلسەفەوە جیهان دروستناكات، لێكدانەوە بۆ جیهان دەكات، لێ دواتر فەلسەفە ئەمەی پێكەم بوو و پێیباشتربوو جیهان بگۆڕێت. بەشداری فەلسەفە لە گۆڕینی جیهان بووە داوا گەورەكە لە سەدەی 18 بەولاوە. ئەمەش بەواتای باشكردنی گوزەرانی خەڵك دێت. دەستكاریكردنی دۆزی تاك و كۆمەڵگە، بەڵام هیچ كات ئەوەمان بیرنەچێت فەلسەفە بریتییە لە سێستەمێكی ئاگایی دیاریكراو، كە تایبەتمەندی و پەیكەربەندی خۆی هەیە.
پوختەی گشت ئەوەی لای سەرەوە ترا، گۆڕینی شوێنی فەلسەفە لە بیركردنەوەی كولتووریمان گۆڕینی تێگەیشتمانە بۆ خودی خۆمان. بەم گۆڕینە فەلسەفە دێتەناو ژیانمان. فەلسەفە لەگەڵ ژیاندا یەكدەگرێتەوە. لێرەوە فەلسەفە لەوە دەكەوێت تەنیا بریتی بێت لە قوتابخانە و بزاڤ و بیروبۆچوونی بیریاران. واتە ژیانمان فەلسەفی بێت. كاتێک ژیانمان ئەوە بوو زۆرتر لە خودی خۆمان نزیكدەبینەوە تا ئەوەیتر. تێگەیشتن و تێڕامان لە خودی خۆمان دەروازەی فەلسەفەكردنەكانمانیشە بۆ گۆڕینی بینینمان سەبارەت بەو گرفت و پەشێوەییە ڕۆژانەییانەی تیای دەژین.
فەلسەفە لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی وڕێنە، هەڵە و بەدییەكان بوەتەوە، گشت ئەوانەش ویستویانە خۆیان وەك تێڕامانی فەلسەفی، یان دانایی نمایشبكەن. بۆئەوەی فەلسەفە بكارێت فەلسەفە لە نافەلسەفە، فەلسەفە لە زۆر وتن جیابكاتەوە پێویستی بەوە دەبێت لە تەقەلا شیکارییەکانی نەوەستێت. لەم بارەیەشەوە تەگەرە و ئاستەنگی بۆهاتۆتەپێش. ململانێی فەلسەفە لەتەك بیری ناڕاست و خورافی تادەگاتە بیری نەزۆك و مردارەوە بوو بەسەرهات و چیرۆكی زۆری لێبووەتەوە و بیری بیریارانیش لە دەرئەنجامی ئەو ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوانە نەشونمای زۆری كردووە.

لە بەشەکانی دواتردا

لە بەشەکانی دواتردا پەیتا پەیتا ڕۆدەچمە نێو داڵانەکانی قەرزارییەکانم بە فەلسەفە و ئەو بەرپرسیارییەتانەش بەسەردەکەمەوە بە هۆی ئەم قەرزوەرگرتنەوەیەوە هاتووەتەسەرم. لەوێڕا دیدار و ئامادەبوونم لە سمینارە سەرسامکەرەکانی بیرمەندە گەورەکان (دێریدا، ئاگامبێن، بادیۆ، ڕانسیێر، نیگری، ژان-لۆک نانسی، ژیژێک، ئێتیان بالیبار Étienne Balibar و……) بەنموونە دێنمەوە. بەهۆی ئەوەوە دانیشبەوەدادێنم، بینین و گوێبیستنی هزرەڤانە مەزنەکان چ ویستێکی فەلسەفی و چ هیوایەکی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تێفکرین پێبەخشیم. هاوکات ئاوڕ لەو جۆرە باس و خواسانەش دەدەمەوە بۆ خۆم و بۆ ئێستای فەلسەفە، لەو ژینگەی لێیدەژیم، پێویست و گرنگن، لەوانە: کاردانەوەی سەردەمی ڕۆشنگەری، لە هەڕەتی لاویم، بەسەر سەرەتای بیرکردنەوەی فەلسەفییمەوە، ئەوەی مۆدێرنە گشت شتێک نییە، ئەوەش کە ساڵانێک پەلەکێشی نێو گفتوگۆی پۆستمۆدێرنە و پاشبنەماخوازی کردم. لە هەموو ئەو شوێنانەش کە دێمەگۆ، باسی ئالوودەبوونم (گیرۆدەبوونم) بە فەلسەفەوە کۆڵەگەی تێکڕای وتنەکانم پێکدێنێت،، ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە لە ئێستادا گێچەڵ بە دەروونناسی دەکات، چونکە شتێکی ئەوتۆی بۆ وتن پێ نییە، باسێکی گەرمی منن. هەر فەلسەفەش بوو فێریکردم شکۆداری بیرکردنەوە شایانی پاراستنە، یان فەلسەفە نەبایە ئێستام بەشێک بوو لە هیچی. هاوکات فەلسەفە فێریکردم حەکیمانە ڕەفتاربکەم، لە واتای ترس و تەنیایی و بێزاریی، لە چییەتی هاوڕێیەتی، حاڵیبم، دیسانەوە هەر فەلسەفە حاڵیکردم کوردایەتی لە مەترسیدایە، پەرواێزخراوەکان، لە هەرکوێدابن، هەوێنی فەلسەفەن، دەستکاریکردنی ژیانی پرایڤتی ئەوەی دی نابەجێیە، ڕق لە فەلسەفەش ناساغییە.

سەرئەنجام:
بەڵێ من قەرزارێكی زۆری فەلسەفەم. بۆ بەندە ئەوە هەمیشە پرسیارێکی نەبڕاوە بوو چۆن قەرزە فەلسەفییەكانم بدەمەوە؟ قەرزاری من لەوبارەیەوە دیرۆکی خۆی هەیە. قەرزارییە ڕەوشتی و ڕۆحییەکانم بەشیکن لەو قەرزە. ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە فێریکردم بەختەوەری بناسم شتێکی کەم نەبوو. دانەوەی قەرز، قەرزی لەم شێوەیە سانا نییە. قەرزی فەلسەفی قەرزی ئابووری نییە. لەمیانەی ئەو قەرزەشەوە پرسیاری فەلسەفە بۆلەمەودوا چیپێدەكرێت؟ لە کن من زوو زوو دەهاتەسازان. تێگەیشتم ئەم پرسیارە تەنێ لە ڕێگای بەشداریپێکردنی فەلسەفەوە وەڵامی خۆی چنگدەکەوێت، هاوکات دەتوانرێت کارێواشبکرێت فەلسەفە زۆرێک شتی پێبکرێت.
قەرزی فەلسەفی من لەو كاتەوە دەستپێدەكات، كە بیركردنەوەم گۆڕا. بیركردنەوەم بۆ دیاردەكانی ناو بوون، دەوروبەرم وەك خۆی نەمایەوە. ئێستا وەك پێشتر، پێش ئاشنابوونم بە فەلسەفە، بیرناكەمەوە. فەلسەفە فێری بیركردنەوەی كردم، بیركردنەوە لە جۆر و ئاستێکی تر. بیركردنەوەیەك، کە فێری وەستانی کردم لەسەر شتەكان. فێری ئەوەی کردم خێرا نەڕۆم بەسەر شتەكاندا و شپرزە و پەرشوبڵاو بیرنەكەمەوە. بە کورتی فەلسەفە والێکردم خۆمبم.

ئازاد حەمە

———————————————-

رفڕێنسەکان
1.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. TFL 2008:3-4. s. 62. Stockholm.
2.Torbjörn Tännsjö. Värdegrundens vara eller icke vara. Nordisk Tidskrift för Allmän Didaktik. Vol. 2, No. 1, november 2016, s. 71 . Stockholm.
3.Hans Ruin. Kommentar till Heideggers varat och tiden. Södertörns högskola 2005, s. 5. Stockholm.
4.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue , p.25.
Ibid..5




گۆڕانی حكومەتی ئێران و كاریگەریەكانی.. سەلام قادری

ئەگەر ڕۆژێك حكومەت،نەوەك دەوڵەت لە ئێران بگۆڕدرێت ئەو گۆڕانە دەبێتە سەرەتایەك بۆ گۆڕان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.لەم راستیەوە دەچین بەرەو ئەو پرسیارەی کە وابوو گۆڕانێکی لەم چەشنە چۆن دەتوانێت رووبدات و سیاسەتی زلهێزەکان چیە، بە نسبەت جۆری گۆڕانەکەوە و بۆ ئەوەی بەرژەوەندیان پارێزراو بێت، یان لانیکەم زەرەرمەند نە بن تێیدا؟
حکومەتی ئێران یەکێک لە گەورەترین سەریەشەکانە بۆ سیستمی بەرێوبەری دنیاو سیاسەتیان بە نسبەتی ئەم حکومەتە وەکوو عمەلیاتی دڵی جەستەیەک وایە.وەک دەبینین لەگەل ئەوەدا سەریەشەی گەورەیان بۆ دروست دەکات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە رێگەی گروپە تیرۆریستەکانەوە شێواندوە،بەرنامەی چەکی ناوەکی بە دەستەوەیە،یەکێک لە سەرکوتگەرترین حکومەتەکانی دنیایە کە هەموو مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات،ئەشکەنجە دەکات،ئیعدام دەکات و هی تر، بەم هەموو نە شازیانەیشیەوە هێشتا هەر وڵاتانی رۆژئاوایی ناچنە سەنگەرێ کە بۆنی ئەوەی لێ بێت بیانەوێ بەستێن بۆ رووخانی ئەو حکومەتە دابڕێژن.هۆکارەکەیش ئەوەیە جورێک لە چاوەڕوانی و هەڵسوکەوتی هۆشیارانە بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی ئێران لە سیاسەتیاندا هەیە و نایانەوێ و پەلەیان لە گۆڕانێ نیە کە دڵنیا نەبن بە سەر بەرژەوندیەکانیاندا ناروخێ.

ئاخۆ حکومەتی ئیسلامی لە ئێران دەگۆڕێت؟
وڵامەکە بەڵێیە،ئەو حکومەتە کە خۆی و دەستەو تاقمەکانی هاوکاری پێیان وایە نەگۆڕە دەگۆڕێت.ئەو حکومەتە کە چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران بە هەموو شێوازێ دەبزوتێن بۆ روخانی دواجار دەگوڕدرێت.بزاوتە خۆرسکەکانی خەڵکی ئێران هەرجارە و نیوە سەرکەتنێ بە دەست دەهێنێ و دادەمرکێتەوە،سەرکوت دەبێ و بۆ ماوەیەکیش توشی هیوبڕاوی دەبێ،بەڵام دامرکان و خەمۆکیە كاتیەكە ناگوازرێتەوە بۆ ئاشتی و کۆک بوون و مل دانی بۆ ئەم حکومەتە.

ئەو حکومەتە بە باشی لاوازییەکانی سیستەمی جیهانی و وڵاتانی رۆژئاوایی دەناسێت،لەرێگەی خۆپەرەدانی ناوچەییەوە گوشار دەخاتە سەریان،بەدەستێک تەوقەیان لە گەل دەکات و هاوکاریانە،بەدەستێکی تر سەریەشەیان بۆ دەنێتەوە، لە درزی نێوان چین و روسیاو رۆژئاوا کەڵک وەردەگرێ و لە عینی حاڵیشدا خوازراو،یان نە خوازراو خۆیشی بەکار دەهێندرێت،سوپا و هێزی جۆراوجۆری سیخوڕی و سەرکوتگەری لە ناوەو و دەرەوەی ئێران پەرە پێداوە،لە شوێنی خۆیدا بە بێ دەنگی و بە شێنەیی پاشەکشێ لە هێڵە سورە ئایدۆلۆژیکیە کانی دەکات.وەکوو باسی لێوە کرا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات کەلێنێ بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی بە جێ نەهێڵێت.

هەموو ئەوەی دەیکات متمانە بە خۆی لای خۆیی و لەناو هێزەکانی سەربە خۆیدا زیاد دەکات و خەڵکیش تووشی جۆرگەلێك لە دەستەوەستانی بێ هیوایی دەکات،بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی ناهێڵێ ئەو حکەمەتە بتوانێ ئامرازەکانی تەمەن درێژکردنەوەی خۆی بکات بە ئامرازیی هەتاهەتایی کردنەوەی خۆی.

ئابووری و ناتەبایی پێکهاتەیی

ئابووریی ئێران ئابووریەکی وڵامدەرەوە نیە بە لانیکەمی خواست و پێویستی خەڵکی ئێران،ئەمەیش بە هۆی هەژاری وڵاتەکەوە نیە؛بەڵکوو بە هۆی سوڵتەچیەتی،سوڵتەگەرانێکەوەیە کە خۆیان زەنگین و دەوڵەمەند کردوە و بەرێوەبەری و ئابووریان هەژار کردوە.سوڵتەگەری شێوازێک لە حوکم کردنە کە ناتوانێ و نازانێ ئیدارەی وڵات لە ئاستی پێویستدا بکات،شایستەو و هەڵبژادرە نیە و لە رێگەی ئامرازەکنی سەرکوتەوە دەتوانێ تەمەن بۆ خۆی زیاد بکات.
ئابووری هۆکاری شاریاوە و دیار ی هەموو گۆڕانە سیاسیەکان بووە لە حکومەتی وڵاتاندا.گۆڕان چ لە جۆری ریفورمیانە و چ شۆڕشگێڕانەکەی دەرئەنجامی بنبەست و ناکارایی ئابووری حکومەتەکان بووە،لە لایەکی دیکەیشەوە ،سوڵتەگەری بێ ئایدۆلۆژیا لە زۆر حاڵەتدا تەمەنی کورت دەبێ و ناتوانێ دەوام بێنێت.
ئایدۆلۆژیا ئەگەر سیستەمی بەڕێوەبەری ناكارەمە كرد و بەرەو یفلیج بوون بردی لە درێژەی زەمەندا جیلێكیش دروست دەكات كە ناتەبایی و ناكۆكی بنەڕەتیان لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیایەدا هەیە و روویەكی ژیان بۆیان دە رخستن و بە گوشار كردنی ئەو ناتەباییە یە.
لە حاڵەتی ئاوەهادا تەنیا زەمەن و سوڕی رووداوەکان پرسیارە، دەنا گۆڕان حەتمیە.حەتمیەتی گۆڕان بەتایبەت ئەو کاتە گومان هەڵنەگرە کە لە وڵاتێکدا جۆرێک لە سەربزێوی و مل نەدان و ئاخێز لە کۆمەڵگاکەدا ببینین.
کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی بە جموجوڵ و جۆش و خرۆش بووە،بەدرێژایی یەک سەدەی ڕابردو لەو وڵاتە دا بزووتن و بزووتنەوەی جۆراوجۆر سەری هەڵداوە.

پشو درێژی بزووتنەوەی گۆڕانخواز

لە بزووتنەوەی مەشروتەوە بززوتنەوەیەكی پێشكوتنخوازانە لە كۆمەڵگای ئێراندا هەم گوشار بووە لەسەر دەسەڵات و هەمیش پێشەڤەچوونی كەوتووەتە ژێر كاریگەری شێوازی سەركوتگەرانەی حوكم كردن لەو وڵاتەدا.
ڕوەتی زاڵ لەم بزووتنەوەیەدا، هەندێ جارچەپ و كۆمۆنیستەكان بوون،هەندێ جاریش نەتەوەچیەكان،ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە هەرگیز رەوتی زاڵی کۆمەڵایەتی ئیسلامیەکان نەبوون؛بەڵام بە هۆی ناکۆکی و سەرگەردانی ڕەوتەکانی دیکە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بە هۆی پێویستی دروست کردنی پشتوێنەیەکی سەوز بەدەوری یەکیەتی سۆڤیتی پێشوودا شۆڕشی ئێرانیان بە باری حکومڕنی مەلاکاندا شکایەوە.لە سیاسەتی دنیای دوو جەمسەریدا ؛ئیسلامیەکان توانیان دەست بە سەر شۆڕشی هزاو وسیسەد و پەنجاو حەوتی هەتاویدا بگرن،بەڵام هەرگیز نەیانتوانی جلکی ئسلامگەرایی بکەنەوە بە بەری کۆمەڵ و کالچڕی رۆژانی ژیان کۆمەڵایەتی لە و وڵاتەدا.
سێ رەوتی کۆمەڵایەتی سەرەکی لە سەدساڵی رابردوویی ئێراندا بە سێ کۆدەتای سەربازی سەركوت کراون. مەشەوتە،رەوتی پاش مەشروتە کە سەرئەنجامی گەیشت بە حکومەتی موحەمەدی موسەدق و بە نەتەوەیی کردنی نەوتی ئێران و ،دواجاریش بزووتنەوەیەکی جەمئاوەری کە بە هاتنە سەرکاری رەوتی شیعەگەری کۆتایی هات.
کۆدەیای رەزاشا لە مەشروتە،کۆدەتای حەمەرەزا شا لە حکومەتی موحەمەد موسەدق و دواجاریش شێوە کۆدەتای جێگۆرکێ کردن بە دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ حکومەتی مەلا شایەتی هەموویان هەورازو نشێوی کۆمەڵگایەکی سەربزێو و بە بزاوت بوون و هێشتاش نەیانتوانیوە لە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسیەوە بگوازرێنەوە بۆ قائیل کردنەوەی ئەو کۆمەڵگایە بۆ پێوانە بەرتەسک و داپڵۆسێنەرەکانی ئایین و ئێرانچیەتی شێوە فاشیستی.کۆمەڵگای ئێران لە ئەمڕۆدا هیچ نۆرم و پێوانەیەکی ئیسلامی حکومەت لەبەرچاو ناگرێت و تەواوی پارەو دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بۆ بە ئیسلامی کردنی ئەم کۆمەڵگایە بە فیڕۆ چووە.ئەوی لە ئێراندا هەیە بزووتنەوەیەکی پشوودرێژی کۆمەڵایەتیە کە بریتیە لە چەپ و لیبراڵ دمکرات و لیبراڵ تەشەیوع کە هەموویان لەیەک خاڵدا بەیەک دەگەیەنەوە،ئەو خاڵەیش سەردەمی بوونە.هەموویان دەیانەوێت کە کۆمەڵگای ئێران لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی،ئیداری وئابووری و سیاسیدا لەگەڵ نمونە ڕۆژئاواییەكانی كۆمەڵگایەكی سەردەمی نزیك بكرێتەوە.
ئەم هێزە بەرین و چەن رەوتیە لە کۆمەڵگایی ئێراند لە لایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت کراوە و قەتڵ ئەشکەنجەو زەرب و شەتمی بینیوە،بەڵام دواجار حکومەت كەوتوەتە ژێر کاریگەری ئەو و بە بێ دەنگی و هێدی هێدی پڕ بە جەستەی ئەو بزووتنەوەیە ڕەواوەتەوە .

ئەوەی کە بۆ داهاتوو پێشبینی دەکرێت رەگ و ڕیشەی لە مێژووی کاردانەوە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێراندا هەیە.شۆڕشی مەشروتەی ئێران ساڵی ١٢٥٨ هەتاوی، واتە زیاتر لە سەد ساڵی لەوەو پێش لە بارودۆخێكدا بە سەركەوتن دەگات كە وڵاتی ئێران ئابوورییەكەی وەكوو ئەم سەردەمە وێرانە،گەندەڵی سەرتاپای حكومەتی داگرتوە،ئێران پاشكۆی دەوڵتە کایگەرەکانی ئەو سەردەمە بووە.دواتریش کۆدەتایەک کە لە ساڵی ١٣٣٢هەتاوی بە سەر دەوڵەتەکەی موسەدقدا سەپا،بووە سەرەتایەک بۆ گەشەی بزووتنەوەی بە قین و توڕەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران،دیسانیش لە کاتی شۆڕشی ١٣٥٧ تی هەتاویدا حکومەتی پاشایەتی لە بارودۆخێکدا رووخا کە دوای ئیسرائیل یەکیک لە دەزگا ئەمنیە گەورەکانی خستبووە گەڕ بۆ سەرکوت و چاوترسێن کردنی خەڵک،کە یەکێک لە بە هێزترین ئەرتەشەکانی ناوچەکەی لە ئەختیاردا بوو و دەوڵەتێکی دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکا،دەوڵەتانی رۆژئاوایی و ئیسرائیل بوو .گەر باوكی حەمە رەزا شا مەیل و بەستێنێ كە شۆڕشی مەشروتە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگای ئێران دروستی كردبوو سەركوتی نەكردبایە بزووتنەوەی دژی پاشایەتی كۆمۆنیستی و مەشروتە خواز دژبەرییان لەگەڵ دەسەڵات هێندە قوڵ نەدەبوویەوە كە دواجار بە كۆدتای دژی موسەدق و لە ئەنجامی رەشتریشدا بە كۆدەتای خومەینی لە شۆڕشێ ئێران کۆتایی پێ بێت.

حکومەتی ئەوڕۆی ئێران درێژەی قەیرانی سەدان ساڵەی بەڕێوەبەریەتیە لە کۆمەڵگای ئێراندا،نەوەک چارەسەری ئەو قەیرانە .شاچیەتی و مەلا شایەتی، کە تا هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی همیشە دوو رووی یەک فلس بوون هەرکامەو لە روانگەی خۆیان و بە شێوازی خۆیان ویستویانە گەشەی روو لە پێشی کۆمەڵگای ئێران بە زەبری دەسەڵات بچوک بکەنەوە بۆ چوارچێوە و قاڵبی دڵخوازی خۆیان و بە هۆی پشتیوانیە دیار و نادیارەکانی زلهێزەکانی دنیای دوجەمسەری ڕاگیراون بۆ ئەوەی وەکوو مەرهەمێک بۆ چارەسەری کاتی،کورت ماوە یا خۆ درێژخاایەن لە سیاسەتی زلهێزەکاندا بەکار بهێنرێن. زلهێزانە زۆربەی جار دەستێوەردانی راستەوخۆ ناکەن و پلان بۆ گۆڕانی حکومەتێ دانارێژن ،بەڵام لە کاتی قووڵ بوونەوەی ناکۆکی سیاسی و جەمئاوەری لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێراندا،دەستێوەردان دەکەن و بەرەو ئاقاری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دەیبەن.

ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و گەلانی نیشتەجێ لە ئێرانی ئەمڕۆدا،هەرگیز بە قەدەر ئەم سەردەمە بزووتنەوەی مافخوازانەی جۆراوجۆر لە ئێراندا پەرەی نەسەندوە.ئەگەر سەردەمی شۆڕشی ئێران بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە کوردستانی ئێران کەم ئەزموونتر وبوون،ئەمڕۆ خاوەنی ئەزموونێکی دوور و درێژن و بەرینتر بوونەتەوە،ئەگەر سەردەمێ تەنیا کورد لە ئێراندا بە دوی مافی خۆی وەکوو کەمینەیە ک بوو ئەمڕۆ گەلانی بەلوچ،عرەب،ئازەری،کەمینەی ئایینی جۆراوجۆر هەن و گوشارن لە دژی کۆماری ئیسلامی،لە لایەکی ترەوە بزووتنەوە گەلی پێشکەوتخوازانەی وەکوو بزووتنەوەی ژنان،کرێکاران،خوێندکاران و ژینگە پارێزان لە سەرتاسەری ئێراندا بەرۆکیان بە دەسەڵات و چوارچێوە ئایدۆلۆژیاکەی گرتوەو و قوربانی دەدەن و زیندان و ئەشکەنجە دەکرێن و لە سێدارە دەدەرێن ،بەڵام هەرچی کات دەڕواتە بەرەوە کۆڵنادەن و دواجار ئەوە دەسەڵاتە کە بە شێنەیی لە هێڵە سوورە ئایدۆلۆژیکیەکانی پاشگەز دەبێتەوە.کۆماری ئیسلامی هەوڵی دەدا بە رێکخستنی شانۆگەری هەڵبژاردن و یاری سیاسی دوو باڵی ریفورم خواز و پارێزگار رەوایی بۆ خۆی بسێنێت،بەڵام خەڵکیش وشیارانە لەو یاریە کەڵکیان وەرگرت و بە دەنگ دانی ئامرازیانە بە ریفورمخوازەکان باڵێکی رژیمیان بۆ ئامانجی دژە رژیمیانەی خۆیان هەڵبژارد،خەڵک ئەو باڵەیان بە دروشمەکانی خۆیی بەستەوە و لە نەرمی ئەو بۆ پاشەکشێ بە کۆی سیستمەکە کەڵکیان وەرگرت.ئەم وشیارییەی خەڵک ئەم مەیدانەی لە حکومەت سەندەوەو بووە هۆی ئەوەی کە وەکوو دواساڵەکانی حکومەتی پاشایەتی ئەمانیش بەرەو تاک حیزبیەتی بڕۆن و بەکردوە ئیتر یاری بەکارتی ریفۆرمخواز و پارێزگار نەکەن.کۆتایی هێنان بەم یارییە لە ترسی ئەوە دا بوو کە حکومەت پێی وابوو بەم شێوازە بچێتە بەرەوە شۆڕشی نەرمی لێ دەکری و یەکجاری دکێشرێتە خوارەوە.کۆتایی هێنان بە ترس لە وەی پێی دەڵێن شۆڕشی نەرم خەڵکی بردوەتە قۆناخێکی نوێ لە دژبەری؛لەم قۆناخەدا ئەوەی کە رژیم و کۆمەڵگای ئێران ئیشێکیان بە یەک نەماوە بۆ هەردوولا روونە.حکومەت پێی وایەزەبرو زەنگ و سەرکوت تاقە چارەیە و، پێشی وایە دەتوانێ بەم ئامرازەوە بمێنێتەوە.شای ئێران هەمان باردۆخی هەبوو بەڵام دواجار تێگەیی کە سەرکوت بۆ هەمیشە وڵامدەرەوە نیە وە چونکا رێگایەکی دیکەی بۆ خۆی و خەڵکی ئێران نەهێشتبوویەوە ، تەنانەت مافی ئەوەی پێنەبڕا کە لە وڵاتی خۆی بمرێ و بنێژرێ.
دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئێران لە ناوچەکە گۆشەگیر کراون و یئتلافی ئیسرائیل و چەندین وڵاتی عەرەب لە لایەک و قەیران و پاشەکشێی هیلالی شیعی لە لایەکیتر ئامرازی ناوچەییشی بۆ خۆ سەپاندن نەهێشتوەتەوە.ئەو چەکانەی ئەوان هەیانە لە بەرانبەر تکنۆلۆژیای نیزامی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و ئیسرائیل بۆ یاری منداڵان باشە.هەموو ئەمانە وادەكات كە گۆڕانی قۆناغ بە قۆناغ لە كۆمەڵگای ئێراند تا گۆڕانی كۆماری ئیسلامی درێژ ببێتەوە.ئێرانی داهاتوو بەردی بنچینەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ دەبێت.ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە گلۆبالیزاسیۆن تا ناخ کاری تێکردوە و لەگەڵ دنیا تەباتر بووە .ئێرانی داهاتوو تەنانەت زمانی دەربڕینی ناتبەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەگۆڕێ گۆڕدراوە.

سەلام قادری
تورۆنتۆ ٣/٧ / ٢٠٢١




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..5/ستیڤان شەمزینی

بەشی پێنجەم

ئەمڕۆ 28-10-1997 دوای 21 رۆژ حەپسکردن، لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی هاتمە دەرەوە. 21 رۆژ لەو شوێنە، ئەزموونێکی زۆری بۆ من دروستکرد. جگەرە و کهولم لێبڕا بوو، پێموابوو ئەوە ناڕەحەتترین شت بوو بۆ من. لەوێ وەک زیندانی جەنگ مامەڵەم لەگەڵ دەکرا، لە ناو دەرزەنێک پیاوکوژ و هەتیوباز و دەرمانفرۆش و عەرەب و دزدا زیندان بووم، هەموو زیندانییەکان بە “مامۆستا” بانگیان دەکردم، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بێت قاتم لەبەرە و بۆینباخم بەستووە، یان بەهۆی شێوازی قسەکردنەوە بێت کە زۆر زاراوەی قورسی سیاسیی و فەلسەفی بۆ ئەو هەژارانە تیایە کە لێی تێناگەن.
بیر لەوە دەکەمەوە زیندان ناخۆشترین شوێنە، هاوڕێ “فەهد” دێتە یادم کە چۆن ئەم شوێنە نەفرەتییە نەیتوانی چۆکی پێ دابدا؟. یان هەزارەها ئازادیخوازی ئەم دنیایە کە ساڵهای ساڵ لە زینداندا بوون و زیندانیان کردە قوتابخانەی خۆڕاگریی و شۆڕشگێڕیی. هەرچەندە من دژی تاقیکردنەوەی ئینسانەکانم لەسەر مەبنای ئازایەتی و ترسنۆکی، بەڵام دەمەوێ ئازابم، ئەشزانم ئەوە ناسیۆنالیزمە پاڵەوانی دەوێ، بەڵام ئەمەوێ بەرانبەر بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەم دەزگایە پاڵەوان بم. چوونکە ئەوان رقی زۆریان لە خودی خۆم و کۆمۆنیزمە، تەنانەت دوێنێ پێش بەربوونم ویستیان بە کەفالەتی وازهێنان لە کاری سیاسیی ئازادم بکەن، بەڵام وتم ئەمەوێ هەر لە ژوورەوە بم نەک تەسلیمی داوای ئێوە بم. کە ئەمزانی مانەوە لە زیندان زیاتر سوورم ئەکات لەسەر بیروڕاکانم.
ناخۆشترین شت لەو سێ هەفتەیەدا ئەوەبوو، کە داوای قەڵەم و کاغەزم ئەکرد، بە تووڕەییەوە وتیان لە یەکێتی نووسەران میوان نیت، ئێرە ئاسایشە کە تێیدا پشتی زۆر کەسی لە سکی نەرمتر کراوە. ئەو شەڕە دەروونییە، لە ئەشکەنجەدانەکان بە سوێتر بوو. ئاخر من لەسەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی سیاسیی دەستگیر کراوم، چۆن وا مامەڵەم لەگەڵ ئەکرێ؟ بەڵام نەگبەتی ئەم رۆژهەڵاتی نێوینە ئەوەیە دەزگا ئاسایشەکانی بە دەست کۆمەڵێ پیاوکوژ و نیمچە مافیاوەیە. کە نەک سڵ لە سوکایەتی و ئەشکەنجەدان ناکەنەوە، بەڵکو تیرۆری سیاسیی لایان لە قاوەخواردنەوە ئاسانترە. ئینجا خۆش ئەوەیە حزبەکانیان مەکتەبی تایبەتی حزبییان هەیە بە ناوی “مەکتەبی مافی مرۆڤ”!!. زاراوەی “مافی مرۆڤ” دروشمێکە کە زۆرترین تاوانی لەژێردا کراوە لەهەموو دنیادا.
ناخۆشییەکی تری ئەوە بوو، کە کۆمەڵێ لە ئەفسەرەکان ئەیانووت خۆ ئێمەش مارکسی و چەپین!!. جارێک منیش وتم ئێوە کە خۆتان بە لینین ئەزانن، ئەدی خۆ من “تزار”ی قەیسەری رووس نیم، چی دەکەم لە کونجی زیندانی ئێوە؟. هەروام وتی، جەلادێکی سوورفل بە کێبڵ بەربووە گیانم، هاواریان ئەکرد بەسەرما ئێوە کۆمەڵێ مناڵەورتکەن، رۆژێ وەک سەگ هەمووتان ئەتۆپێنین.! منیش بێعارتر بووم لەوان ئەمووت ئەگەر مناڵەورتکەین، بۆ لێمان ئەترسن؟. کابرایەکی تێکسمڕاو بە دەنگێکی نەرم وتی ئێوە زیرەکن بەڵام زۆر دەمدرێژن. دواتر زانیم کە ئەو پیاوە پلەدارێکی دەزگای ئاسایشی یەکێتییە. ئێستا هاتوومەتە دەرەوە لەبەر خۆمەوە ئەڵێم باشە قەڵەم و دەفتەریشیان بهێنابایە چیم ئەنووسی؟ خۆ من “ئەنتۆنیۆ گرامشی” نیم لە زیندانەوە فۆرمۆڵەی زۆر بنەمای مارکسییەتم بکردایە!. هەر دوو دێڕی بێسەروبەرم ئەنووسی ئیتر بۆ خۆم گەیاندە قامچی؟. ئەم یاخیبوونەم ترسناکە.

28-10-1997
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 21-24 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا نیه‌.. هه‌رێم عمر كاكل

گه‌لاوێژ پێنجه‌مین مانگی ساڵی كوردی و دووه‌مین مانگی هاوینه‌ له‌ رۆژمێری كوردیدا . مانگی گه‌لاوێژ له‌ 23 ی ئابی هه‌موو ساڵێك ده‌ست پێده‌كات و 31 ڕۆژه‌ . گه‌لاوێژ له‌دوای مانگی خه‌رمانه‌ دێت كه‌ ئه‌وكات ده‌غل و دان ووشكبووه‌ به‌هۆی گه‌رماوه‌ له‌م مانگه‌شدا كه‌ش و هه‌وا ڕوو له‌ گۆڕان ده‌كات و فێنك ده‌بێت بۆ وه‌رزی پاییز .
هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بیروڕاكان پێیان وابووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی گه‌لاوێژ و ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ گۆڕانكاری له‌ كه‌ش و هه‌وادا ڕووده‌دات و ئه‌م گۆرانكاریه‌شیان گه‌راندۆته‌وه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن كورد به‌ گه‌لاوێژ ناسراوه‌ و به‌ر له‌ 2 هه‌زار و 400 ساڵیش له‌لایه‌ن فیرعه‌ونه‌كان و میسریه‌ كۆنه‌كان به‌ سوبدت ناویان بردووه‌ و پێشیان وابووه‌ كه‌ لافاوی نیل له‌وساتدا به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌ستێریه‌وه‌ بووه‌ و یۆنانیه‌كانیش پێیان گوتووه‌ سوتی .
به‌ڵام له‌ڕووی زانستی و فه‌له‌كناسیه‌وه‌ هۆكاری گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا له‌م مانگه‌دا هیچ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ و به‌ڵكو ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا جووت ئه‌ستێره‌یه‌ و به‌گه‌شترین ئه‌ستێره‌ی وه‌رزی زستان داده‌نرێت و ده‌كه‌وێته‌ كۆ ئه‌ستێره‌ی ( سه‌گی گه‌وره‌ ) و به‌ ئه‌لفا ناسراوه‌ و ناوه‌ زانستیه‌كه‌شی سیریۆس ی پێ ده‌ڵێن و له‌دوای 8 ی مانگی ئابدا به‌ر له‌وه‌ی خۆر هه‌ڵبێت به‌دیارده‌كه‌وێت و له‌وه‌رزی زستانیش به‌شه‌و له‌ناوه‌راستی ئاسماندا به‌دی ده‌كرێت و له‌ وه‌رزی به‌هاریش له‌دوای خۆر ئاوابوون به‌دیار ده‌كه‌وێت .
قه‌باره‌ی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ دوو ئه‌وه‌نده‌ی قه‌باره‌ی خۆره‌ و وا مه‌زنده‌ ده‌كرێت ته‌مه‌نی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ زیاتر له‌ 240 ملیۆن ساڵ بێت و ڕووناكیه‌كه‌شی 26 جار له‌ خۆر زیاتره‌, دووری له‌خۆره‌وه‌ 8.6 ساڵی رووناكیه‌ ( ئه‌گه‌ر به‌م پێیه‌ بێت به‌ پێشكه‌وتووترین فرۆكه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ 10 ملیۆن ساڵ ده‌گه‌ین به‌م ئه‌ستێریه‌ ) و به‌ 16 كیلۆمه‌تر له‌ چركه‌یه‌ك به‌ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه‌ و به‌پێنج رۆژ خولێك به‌ده‌وه‌ری خۆیدا ته‌واو ده‌كات
هۆكاری گۆڕانكاریه‌كه‌ش له‌كه‌ش و هه‌وا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ خولانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆیدا و له‌سه‌ر ته‌وه‌ری 23 پله‌ و هه‌روه‌ها سوڕانه‌وه‌ی به‌ده‌وری خۆر و به‌ركه‌وتنی تیشكی خۆر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی به‌ زه‌وی , كه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا به‌شێوه‌یه‌كی ستونی به‌ریده‌كه‌وت . ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ هیڵی باكوری گۆیی زه‌وین وورده‌ وورده‌ گۆڕانكاریان تیدا رووده‌دات و به‌مه‌ش ( هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ی وه‌رز ) په‌یدا ده‌بێت له‌ وه‌رزی هاوین بۆ وه‌رزی پاییز .




بە ڕووتی لەبەر بارانی لەزەتدا.. سەڵاح شوان

دە ببارێ
دە ببارێ
تەنیا لەبەر بارانا دەرگاى
ئەم گەردوونە دێمەرۆیەم لە ڕوودا دەكرێتەوە
چ شیعرێكە سووتێنراوە
وا ئەمشەو بۆچڕووك دنیای داگرتووە
چ غه‌مێكە بەڕەڵڵای ئاسمان كراوە
وا ئەمشەو سایەقەی سەهەنگ
دەرگاى دۆزەخی بەستووە
دە ببارێ
دە ببارێ
با ماسی ماسوولكەكانم لەبرسانا
بەچكەكانی خۆیان نەخۆن
با كەفوكوڵی شیلاوگە و باراناوی
ئارەزووە نەمرەكانم
وشكە چەمی گوناھ بشۆن
دە ببارێ
دە ببارێ
دەزانى خوا لە بارانا
وەك چۆلەكەی سەرمابردوو
خۆی دەهاوێتە كۆشمەوە و ئاگام لێیە
دڵی لەناو دەستما لەسەرخۆ لێدەدات
دە ببارێ
دە ببارێ
تەنیا لەبارانا لەشم
ڕیشە لەناو لەشی نەرمی ئەمشەوەدا دادەكوتێ و
گەڵاكانم
لەناو بڵاچەی تەڕیدا
سوور دادەگیرسێن و بەدەم
هەناسەی تێكەڵبوونەوە
هەڵ دەبن و
هەڵدەچن و
دانامركێن
باران بانگ و خۆڵەمێشی زیندووبوونەوەی لاشەمە و
چاوهەڵهێنانى نەرگزی خەونەكانمە
باران گیانى ئاوداری گشت قەڵەشە ناسكۆڵەكانى
كچۆڵەی ئەم سروشتەیە
كە دەمشواتەوە دەزانم
چۆن بەناو ئاوەڕۆكانیا دابڕژێم و بچمە خوارێ
با چەخماخەت پەریی نەباڵقی شەبەق بێت و ئەمشەو
ختووكەی هەتاوم بدات
خۆم دەزانم
چەند دڵداریم لەگەڵ كچۆڵەی پاراوی
دەمەو باراندا كردووە
چەند مانگ حەزی لە مەلەی ناو
گۆمێكی شەو بەسارەیە
ئەوەندەش گۆم حەز لە لەشی
ڕووتی مانگ دەكات و كەچی بێدەنگیشە
دە ببارێ
دە ببارێ
تەنیا لە بارانا چرۆ
مەمكەكانى دەردەهێنێت و بە ڕووتی
سەما دەكات
ئەگەر نەبارێی ناتوانم
گوێ بۆ دەنگی دەنكە گەنمەكانى ناو خاك هەڵبخه‌م و
پەنجە بخه‌مە ناو لەپی بچكۆڵانەی ڕەگەكانیان
ئەگەر نەبارێی ناتوانم
لەشم تێكەڵ
بە لەشی ئاوداری ئەم گەردوونە بكەم
دە ببارێ
دە ببارێ
تا دەتوانى لەناو گیانمدا ببارێ
تا بۆ تاقە ساتێكیش بێت
چاو هەڵبهێنم و بتوانم
تێكەڵ بە قژە تەڕەكەی
جوانە ژنی ئەم ساتەی خۆم
ببم و بەسەر سینەیدا
وەكو چوڕی شیر
دڵۆپ دڵۆپ بێمە خوارێ

1977 بەغدا




سرودی ھەنگاوی گەشبینی.. عەلی حەمەڕەشید

بەگەشبینی ھەنگاو دەنێم
با ھەوراز و سەختیش بێ ڕێم
باکم نییە لە تاریکی
چونکە لەگەڵ خۆردا ھاوڕێم

بەرەو ئاسۆی ھیوا دەڕۆم
کە خۆشترین خەونیشە بۆم
کۆڵنادەم و بەردەوامم
بڕوای زۆرم ھەیە بە خۆم

بۆ گەیشتن بەو ھیوایە
خۆشەویستیم لە دڵدایە
بۆ خۆم،بۆ ژین،بۆ ھەرکەسێک
ھاوڕازمبێ لەو ڕێگایە

دەڕۆم دەڕۆم دوا بڕیارە
لە ھەوڵدام بۆ ئەو کارە
گوێ بە قسەی ھیچ کەس نادەم
لوتکەی ھیوام لێوە دیارە

٢٠٢٠/١٢/٧




کچێکی تورک شووی بە چـیای ئاگـری کـرد.. و: رەزا شـوان

کچە شاخـەوانێکی سەرکەوتـنی سەر شـاخ (سافگـول ئـارئەرسـەلان) ی تەمـەن (٣٣) ساڵ. کە کچێکی تورکە. رایگەیانـد کە بە شێوەیەکی هـێمایی شووی بە چـیای (ئاگری) لە باکووری کوردستان کـرد. سافگول ئائەرسەلان روونیکـردەوە، کە بە شووکـردنێکی هـێمایی شووی بە چـیای ئاگـری کرد. بۆ سەرنجڕاکێشانە دەربارەی ئەو تونـدوتیژییەی لە تورکـیادا دەرهـەق بە ژنـان و بە منـداڵان دەکـرێـن.
سافگـول کاتێکـیش ئەم شووکـردنەی راگەیـانـد، کە لەگـەڵ کـۆمـەڵـێکی (٣٠) کەسی لە شاخەوانـان گەیشتبوونە بـەرزی (٤٢٠٠) مەتـر بۆ سەرکەوتنە سـەر لـووتکەی چـیای ئاگری بەنـاوبـانگ. سافگـول لە جانتاکەیـدا کـراسێکی سپیی جـلی بـووکـێنی دەرهـێنا و لەبـەری خـۆی کـرد. بـووە جـێی سەرسووڕمـان و رامـانی هـاوڕێکـانی.
سافگـولی شاخـەوانی تورکی وتی:”جـیاوازیکـردن لە دژی ژنـان و پێشـێلکارییەکـان لە دژی منـداڵان، دژی مافـەکـانی مرۆڤـن” درێـژەی بە قسەکـانی دا و وتی:”ئێـمە هـەسـت بەوە دەکەیـن کە ئەم تاوانـانە، دەبنە هـۆی ئـازارێکی گەورە، نەک هەر بە تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانانەیان بەرانبەر کردوون و دەکەن، بەڵکو ئـازاری ئێمەش دەدات. دەبێـتە هـۆی زیانـێکی واتـایی بـۆ هـەریەکە لە ئـێمەش.
لە پێـناوی داهـاتـوویەکی گـەشـدا، هـیوادارم کە ژنـان بەهـێـزتـربن، منـداڵانیـش زیـاتـر پارێـزراو و ئاسوودەبـن، بێ ئـەوەی کە لـە سبەینـێـدا دووچـاری ئـازارببـن”
سافگول ئارئەرسەلان، لە تـۆڕە پەیوەندییـە کۆمەڵایەتییەکانـدا، وێنەکەی لە سەر چـیای ئاگری بە جلی سپیی بـووکـێنییەوە بڵاوکردۆتەوە، وتیشی:” من سەرکـۆنەی توندوتیژی و جیاوازی دەکەم، کە رووبەڕووی ژنـان و منداڵان بۆنەتەوە. ژنان و منداڵان شایستەی رێـز و خۆشـەویستیـیەکی بێ مەرجـن، لە هەمـوو بەشـێک لە بەشەکـانی ژیـان. بـەڵام هەموو ئەو خراپەکارییانە دەبینـین، کە دەرهەقـیان دەکـرێن. دەشزانین کە هەڵوێستێکی ئابڕوومەنـدانـەیە کە دژ بـە ئەم تاوانـانە دەوەستـینەوە”
() چیـای ئاگـری، دەکـەوێتـە باکووری کوردسـتان، بەرزتـریـن چیـای کوردسـتانە، کە بەرزییـەکـەی (٥١٣٧) مەتـر لە ئاستی دەریـاوە بـەرزە، بنـکەی (شـۆڕی ئـاگـری) یا (شۆڕشی ئـارارات:١٩٢٩ ـ ١٩٣٢) بـوو، بە سەرکردایـەتی شـۆڕشگـێڕی کوردمـان ئیحسان نوری پاشا. بۆ یەکەمین جاریش ئاڵای کوردستان لە کاتی راگەیاندی حکومەتی کوردستاندا لەسەر چـیای ئاگـری هەڵکـرا. بە پیلانێکی گەلەکـۆمـەیی تورکیا و ئـێران و بە پاڵـپشتی رووسیا، بە شـێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامەردانە و بە رەشەکوژی خەڵکی سـڤـیلی کورد کۆتـاییان بەم شـۆڕشـەمان هـێنا. () ئەو نووسینەم لە سایتی (الـزمان الترکی) وە، کە لە رۆژی (٢٨/ یۆلیۆ/٢٠٢١) دا بە زمـانی عـەرەبی بڵاوکـراوەتـەوە. وەرمگـیرایە سـەر زمـانی کـوردی.
٣/ئاوگوست/٢٠٢١