بۆچی فەلسەفە لە یۆنان سەریهەڵدا؟.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کاتێک سەیری مێژووی فەلسەفە دەکەین، بەتایبەتی فەلسەفەی خۆرئاوایی، یۆنان دەبێتە دایکی هەموو فکر و فەلسەفەی خۆرئاوا و لێرەوە سەرەتای گومان و پرسیارەکان لەبارەی بوون و مرۆڤ و سیستمی سیاسیی و ئابووریی و زانست سەریهەڵدا. لەکاتێکدا یۆنان وڵاتێکی بچووکە، بەڵام کۆمەڵێک فەیلەسوف و زانای گەورەی بۆ جیهان بەرهەمهێناوە. ئەمەش بۆتە مایەی پرسیار و لێکۆڵینەوە لای زۆربەی مێژوونووسان و فەیلەسوفەکانی جیهان، بۆچی لەم وڵاتە بچووکەی ئەوروپاوە، فکرو فەلسەفەی ئەوروپا لەدایک بوو؟ ئەو هۆکارانە چین کە وایکردووە کە یۆنان ببێتە دایکی فکر و فەلسەفەی خۆرئاوا؟ بۆچی تەنها لە یۆنان لە شوێنێکی تر فەلسەفە سەریهەڵنەدا؟
دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاری جوگرافیی، مێژوویی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە سەرهەڵدانی فەلسەفە لە یۆنان.
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین ئاماژە بە هەندێک هۆکار و فاکت بدەین، کە رۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە سەرهەڵدان و گەشەسەندنی فەلسەفە و فکری یۆنانی کۆن.

مانای فەلسەفە
سەرەتا پێمخۆشە لە مانای وشەکەوە دەستپێبکەم، چونکە ئەویش لە زمانی یۆنانی کۆنەوە هاتووە. وشەی Philosophy فیلۆسۆفی لە دوو وشەی لێکدراوی یۆنانی پێکدێت کە مانای خۆشەویستی بۆ حیکمەت دەگەیەنێت، بۆ یەکەمجاریش وشەی فەلسەفە یان فیلۆسۆفی لەلایەن فەیلەسوفی یۆنانی فیساگۆرسەوە بەکارهات و چووە ناو فەرهەنگی فکری جیهانەوە. فەیلەسوفیش ئەو کەسانە بوون کە بە دوای راستیدا دەگەڕان ئەوەش لە رێگەی تێڕامانەوە.
لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینەوە، وشەی فەلسەفە و فەیلەسوف لە یۆنان سەریهەڵدا، بەڵام دووبارە با پرسین بۆچی لێرە نەک لە شوێنی تر ئەم دوو شەیە سەریان هەڵدا؟

پێگەی جوگرافی
هەمیشە جوگرافیا و کەشوهەوا کاریگەرییان بەسەر مرۆڤەکانەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنی شوێنی مانەوە و ژیان. ئەم خاڵە زیاتر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسی مۆنتسکیۆ داکۆکی لێدەکات. کاتێک سەیری یۆنان دەکەین، دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و باشووری کیشوەری ئەوروپاوە. هەمیشە کەشوهەوایەکی مام ناوەندی هەبووە. یۆنان سروشتێکی جوانی هەیە، دەتوانیت شاخ و کێوی بەرز ببینیت، هەروەها پێدەشتی کاکی بە کاکی، دەریایەکی شینی پاک و بێگەرد، بوونی چەندین دوورگەی جوان. هەموو ئەمانەش کاریگەریان لەسەر کەسایەتی مرۆڤەکان دەبێت. وەک (ویلی دیورانت) مێژوونوس و بیرمەندی ناسراوی ئەمریکاییش لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «مێژووی شارستانییەتەکان» دەڵێت: بوونی کەشوهەوایەکی مام ناوەند و رووبار و دەریایەکی گەورە، وایکرد کە مرۆڤ وڵاتی یۆنان هەڵبژێرێت و تێیدا بژیی و شارستانی یۆنانیش سەریهەڵدا.»
دیارە جوگرافیا کۆمەڵێک سیفاتی باشی تری بە یۆنانییەکان بەخشی، بەتایبەتی لە رووی کەلتورییەوە.

نەبوونی دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز
ئەم پێگە جوگرافییەشی کۆمەڵێک خاسیەتی باشی تری پێ بەخشیووە. یۆنان بە حوکمی بوونی کۆمەڵێک دوورگەی بچووک، وایکردووە کە دەوڵەتی بەهێز و ناوندی وەکو لە ناوچەی میزۆپۆتامیا یان چین یان میسر دروست نەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک دەوڵەتشاری بچووک هەبوون وەکو ئەسینا، تا لە کۆتاییدا ئەسکەندەری مەکدۆنی و باوکی هەموویان دەگرن و ئیمپراتۆیەتی یۆنانی بەهێز دروست دەکەن.
یۆنان وەکو میسر نەبوو کە فیرعەونێکی ستەمکار حوکمی بکات ژیان و ئازادیی تاکەکان پێشێل بکات، نەبوونی ئەم حوکمە ستەمکارەش وایکرد کە خەڵکی ئازادانە بژین و پرسیار لەبارەی هەموو شتێکەوە بکەن و ترسی کوشتن و سزادانیان نەبێت، بە واتایەکی تر « وشە یان قسە» سزای لەسەر نەبوو.
بوونی جۆری دەوڵەتشاریی وایکردووە کە جۆرە سیستمێکی ئازاد و دیموکرات لە یۆنان دروست بێت بەتایبەت لە ئەسینادا، بەپێی بۆچوونی ویلی دیورانت بێت، باشترین نموونەی دیموکراسی بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بوونی سیستمی ئازاد و دیموکراتیش وایکردووە کە خەڵکی ئازاد بن لە پرسیارکردن و قسەکردن، هەرئەمەش وایکردووە کە بە گومانەوە سەیری هەموو شتێک بکەن. وەکو دەشزانین سەرەتای هەموو فەلسەفەیەکیش بە پرسیار و گومان دەستپێدەکات.
هەرچەندە هەندیک کاتیش دەوڵەتشاری بەهێزیش دروستبووە و خەڵکی چەوساندۆتەوە بەتایبەتی لە ئەسینادا، بۆ نموونە لەسەردەمی سوکراتدا. کە لەسەر بۆچوونە فکرییەکان سزای کوشتنی بەسەردا سەپێنرا، هەرچەندە تا ئەمڕۆش یۆنانییەکان لەو کارەیان پەشیمانن و خۆیان بە تاوانبار دەزانن بەرامبەر بە فەلسەفە.

نزیکی لە شارستانییە جیهانییەکانی ترەوە
دووبارە جوگرافیا سوودێکی تری بە یۆنان گەیاندووە، ئەوەش ئەوەیە کە یۆنان خۆی لە نزیک کۆمەڵێک شارستانیدا دەبینێتەوە، لە باشوورە دراوسێی شارستانی میسری، کە یەکێکە لە شارستانییە مەزنەکانی جیهان، لە خۆرهەڵاتیشەوە دراوسێی شارستانییە مەزنەکانی میزۆپۆتامیا و ئێران بووە، هەر لە رێگەی ئەمانیشەوە ئاشنایەتی بە شارستانیی هیند و چین هەبووە.
لە کۆندا یۆنان ببووە چەقی هەموو شارستانییە مەزنەکانی ئەوکاتی جیهان، ئەمانەش چ لە رووی فکریی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەوە، کاریگەریی گەورەیان بەسەر یۆنانەوە هەبووە.

گەشەسەندنی لایەنی ئابووری
لە سەدەی 5 پێش زاییندا یۆنان گەشەیەکی ئابووری گەورەی بەخۆوە بینی، جگە لە لەلایەنی کشتووکاڵی، لایەنی بازرگانیش زۆر بەهێز بوو، لەوکاتەدا یۆنان بووە کاروانسەرایەکی گەورە لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگەی یۆنانی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت، جگە لە خانەدانەکان، چینی بازرگان و خەڵکی دەوڵەمەند پەیدا بێت. چینێک پەیدا بوو، کە دەیتوانی دەستی بە زانست و کتێبی گرنگ بگات، کەمێک خۆشگوزەران بژی. بەحوکمی گەشەسەندنی بازرگانی، بواری کەشتیوانیش پێشکەوت، ئەمەش وایکرد کە گرنگی زیاتر بە زانست بدرێت بەتایبەتی لە بواری فەلەکناسییدا. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە بەشێکی زۆری فەیلەسوفانی یۆنان، پێشتر زانا بوونە لەوانە تالیس و فیساگۆرس، کە بە باوکی فەلسەفەی یۆنانی ناودەبرێن.

کاریگەریی ئەفسانەکان
یۆنان پێش ئەوەی ببێتە مەڵبەندی فکرو فەلسەفە، مەڵبەندی کۆمەڵێک ئەفسانەی گەورەیە کە هەتا ئەمڕۆش بە ئەفسانە مەزنەکانی جیهان دادەنرێن بەتایبەتی ئەفسانەی ئەلیادەو ئۆدیسە. ئەم ئەفسانانە رۆڵی گەورەیان لە سەر ئەندەێشە و بیرکردنەوەی تاکی یۆنانی هەبوو، چونکە ئەم ئەفسانانە باسی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیستمی سیاسی و ئیداریی و تاڕادەیەکیش ئابوورییان کردووە. ئەم ئەفسانانە بوونە بەردی بناغە بۆ قسەکردن لەبارەی مرۆڤ، سیستمی کۆمەڵایەتی، بوون، خودا و زۆر شتی تریش. یۆنانییەکان لە رێگەی ئەفسانەکانەوە توانییان پەرە بە هونەری گێڕانەوە و نووسین و توانا فکریییەکانی خۆیان بددەن.

نەبوونی دەسەڵاتێکی ئایینیی بەهێز
هەتا ئایینی مەسیحی بڵاونەببۆوە لە یۆنان، کۆمەڵێک ئایینی سروشتی لەناو خەڵکیدا بڵاوبوو، ئەو ئایینانەش نەبوونە هۆی دروستبوونی چینێکی بەهێزی پیاوی ئایینی، کە ببنە پاسەوانی زمان و جەستەی خەڵکی و خۆیان بکەن بە وەکیلی خودا لەسەر زەوی. وەکو نووسەر و بیرمەندی میسریش «محمەمەد زەکەریا تۆفیق» دەڵێت: بۆ ماوەی 8 سەدە قوتابخانەی لیسیومی ئەرستۆ بەردەوام بوو لەسەر خوێندن و وانە وتنەوە بە خوێندکارانی، هەتاوەکو کاتێک ئاینی مەسیحی بڵاوبۆوە بە فەرەمانی کوستەنتین قوتابخانەکە داخراوە و فەلسەفەش حەرام کراوە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، زۆرجار پیاوانی ئایینی بوونەتە رێگر لە گەشەسەندنی فکر و فەلسەفە، بەڵام یۆنان پێش ئەوەی ببێتە مەسیحی، ئەم کێشەیەی نەبووە.

بوونی قووتابخانەی فکریی و زانستی بەهێز
هەمیشە بۆ پێشكەوتنی هەر شتێک پێویستیت بە ژێرخانێکی بەهێز هەیە، جا شتی فکریی بێت یان تەنانەت پیشەیی بێت، بۆ هەموو شتێک پێوستیت بە مامۆستا و قوتابخانە هەیە تاوەکو خوێندکارانی وانەی تێدا بخوێنن و ئەزمونی خۆیان تاقیبکەنەوە و توانا فکریی و جەستەییەکانی خۆیان تێدا بەرجەستە بکەن. هەر لە دێر زەمانەوە بەتایبەتی لەسەردەمی فیساگۆرسەوە قوتابخانەی فکریی و زانستی پەیدابوو، دواتریش لە سەردەمی ئەفلاتوندا بۆ یەکەمجار قوتابخانەی تایبەت بە فکر و فەلسەفە کرایەوە کە بە ئەکادیمای ئەفلاتون دەناسرێت.
جێگەی ئاماژەیە تائیستا لە تەواوی زمانە ئەوروپییەکاندا وشەی « ئەکادیمی» بۆ خوێندنی زانکۆیی دادەنرێت. لە دوای ئەفلاتونیش، ئەرستۆ قوتابخانەی لیسیومی فەلسەفی دانا، ئەویش هەمان رێچکەی مامۆستاکەی دەگرتە بەر.
بوونی ئەم قوتابخانە زانستیی و فکریی و فەلسەفییانە رۆلی ئێجگار گەورەیان هەبوو لە بەرهەمهێنانی زانا و فەیلەسوفی مەزن لە یۆناندا. چونکە لە رێگەی ئەو قوتابخانانانەوە، خوێندکارانی فێری زانست و فکری نوێ دەبوون، هەروەها لە رێگەی رەخنە و مشتومڕ و دیالۆگیشەوە، فکری نوێ لەدایک دەبێت. ئەگەر کەسێک نەبێت تۆ فکرەکانی خۆتی بۆ باس بکەیت و کەسیش نەبێت رەخنەت لێبگرێت، ناتوانیت بیری راست و دروست بەرهەم بهێنیت.

دەرئەنجام
دیارە کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تر رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێشخستنی زانست و فکر و فەلسەفە لە یۆنان، لەپێش هەمووشیانەوە بوونی ئاشتیی و ئارامیی، بەڵام بەداخەوە لەپاش داگیرکردنی یۆنان لەلایەن تورکەکانەوە، چرای فکر و فەلسەفە بەتەواوەتی لەم وڵاتە دەکوژێتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە تورکەکان چ زیانێکی لەو وڵاتانە داوە کە داگیری کردووە.
راستە یۆنان لە سەدەکانی پێشوودا مەڵبەندی فکر و فەلسەفە و زانست بوو، چراییەک بوو کە هەموو ئەوروپا و جیهانیشی رووناک کردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم چرایە بە داگیرکردنی ئەم وڵاتە لەلایەن تورکیاوە، دەکوژێتەوە، پاشان وڵاتانی تری ئەوروپایی جێگەی یۆنان دەگرنەوە لەپێش هەمووشیانەوە ئیتالیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا.

سەرچاوە:
Susanne Haiden.Wo und warum entschtand Philosophie. www.univie.ac.at
Griechische Philosophen: Alles durchdacht. /www.geo.de
الفلسفة: العوامل التي ساعدت في ظهورها، ولماذا اليونان؟. www. sotor.com
ویل دیورانت. قصة حضارة. ترجمة : محمد بدران. الجزء السادس. دار الجبل. بیروت. 1988
طالیس ملطي. قصة فلسفة.ترجمة من فرنسیة: السید عبدالله حسین.الطبعة الاولی. مکتبة الثقافة الدینیة. قاهرة. 2007.
دیف روبنسون. جودي جروفز. اقدم لکم الفلسفة. ترجمة : امام عبدالفتاح امام. مجلس الاعلی للثقافة. 2001




چی ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆچی ده‌گێڕینه‌وه‌؟!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی


چه‌ند سه‌رنجێك له‌ باره‌ی كتێبی (به‌رلین) ی داستان به‌رزان

هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك، به‌هایه‌كی زمانی، مێژوویی، فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی نییه‌. به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ به‌های ده‌بێت، كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌و ڕووداوانه‌ی ڕوویانداوه‌ و له‌ گێڕانه‌وه‌یاندا، شوێنێك له‌ هزر و یاده‌وه‌ری ئێمه‌ ده‌گرن. ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕووداوێك، سه‌فه‌ر و گه‌شتی تایبه‌تی بۆ ئه‌وروپا و بینین و به‌ركه‌وتنێكی ئاسایی به‌ ژیان و جوگرافیای ئه‌وروپا، شایه‌نی گێڕانه‌وه‌ بن و كه‌رسته‌ی گێڕانه‌وه‌ بن، بێگومان ئێستا نیوه‌ی كورد یاداشتنووس ده‌بوو. له‌ ئه‌ده‌بی فۆلكلۆری كوردیدا، له‌ داستان و حیكایه‌تی میللیدا، ته‌نها ئه‌و چیڕۆكانه‌ گێڕدراونه‌ته‌وه‌، كه‌ زه‌مه‌ن له‌ دوای زه‌مه‌ن، له‌ ڕێی كرداری گێڕانه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و به‌هایه‌كی مێژوویی و ئستاتیكییان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌:_ كه‌ باسی شیرین و فه‌رهاد ده‌كرێت، وه‌ك داستانێكی خۆشه‌ویستی، گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و خۆڕاگریی و قوربانیدانه‌ی فه‌رهاد له‌ پێناو شیرین ده‌ینوێنێت و كێوی بێستوون كون ده‌كات. ئه‌وه‌ی هێز و وزه‌ی مانه‌وه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ ده‌دات، خودی عه‌شقه‌كه‌یه‌. مه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕۆژانه‌ و له‌ مێژووشدا، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ نابینین؟ بۆچی له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ نه‌ماونه‌ته‌وه‌ و ناگێڕدرێنه‌وه‌؟ چونكه‌ شایه‌نی گێڕانه‌وه‌ نین. كه‌ باسی سه‌رده‌می شاخ و شۆڕشی ده‌كه‌ین، گێڕانه‌وه‌ لێره‌دا په‌یوه‌سته‌ به‌ باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه‌ به‌رگریی و قاره‌مانیه‌تییه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ نواندوویه‌تی. باسكردنی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رده‌می شاخ، باسكردنی كه‌سه‌كان نییه‌، به‌ڵكو باسكردنی ڕووداوێكی مێژوویی گه‌وره‌یه‌، كه‌ به‌های زه‌مه‌نی و سیاسی و شۆڕشگێری خۆی هه‌یه‌ و له‌ ڕێی گێڕانه‌وه‌وه‌ ئه‌وانیتر پێی ئاشنا ده‌بن. خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی كرده‌ی گێڕانه‌وه‌، به‌ زه‌مه‌نیكردنه‌، به‌و مانایه‌ی، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ ده‌كرێ له‌ هه‌موو زه‌مه‌نێك و وه‌ك كرده‌یه‌ك بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ری. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌یه‌ سیحری گێڕانه‌وه‌، وه‌ك كردارێكی زمانی و هزریی و مێژوویی. ئه‌گه‌ر له‌ دووتوێی ده‌قێكدا، ئه‌و به‌ زه‌مه‌نیكردنه‌ بوونی نه‌بوو، ئه‌وا گێڕانه‌وه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ بڕ ده‌كات كه‌ خوێنه‌ر كتێبه‌كه‌ ته‌واو ده‌كات و ئیدی ده‌چێته‌ په‌راوێزی مێژوو. به‌ڵام سیحری گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر ڕووداوێك، له‌ ماناو گرنگی خودی ڕووداوه‌كه‌ دایه‌ له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌. وه‌ك سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان پێكرد، هه‌زاران ساڵی دیكه‌، داستانی شیرین و فه‌رهاد بگێڕدرێته‌وه‌، نه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وێت، نه‌ له‌ ڕووی مێژووییشه‌وه‌ ون ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ وه‌ك داستانێك، هێزی گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌. كه‌واتا چییه‌تی گێڕانه‌وه‌ گرنگه‌، نه‌ك چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه‌. با زمانی گێڕانه‌وه‌ی بیۆگرافیایه‌ك، ڕووداوێك و به‌سه‌رهاتێك، زۆر له‌ ئاستێكی هونه‌ری و ئستاتیكی باڵاو جوانیش دابێت و ببێته‌ جێی سه‌رنجی خوێنه‌ریش، به‌ڵام دوا جار، ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كه‌ به‌ها و مانای هه‌یه‌ و ده‌بێت، نه‌ك چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌.. گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر ڕووداوێك، دواجار پانتایه‌ك له‌ ڕووبه‌ره‌ گشتییه‌كه‌ ده‌گرێت و ده‌بێته‌ ڕووبه‌رێك بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌دگاره‌كانی نه‌وه‌یه‌ك و زه‌مه‌نێك و شوێنێك. ده‌شێ له‌ ڕێی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا، به‌رگه‌لێك ڕووداوی مێژوویی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌وین و له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌، خاسییه‌ته‌كانی نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیری، یان سیاسیمان بۆ ده‌ربكه‌وێت، كه‌ پێشتر پێی ئاشنا نه‌بوو بین. بۆیه‌ گێڕانه‌وه‌، كرده‌یه‌كی دووسه‌ره‌یه‌ و هه‌ر ته‌نها بگێڕه‌وه‌ ڕۆڵی تێدا نابینێت، به‌ڵكو بۆ گێڕه‌ڕه‌وه‌ش تیایدا به‌شداره‌. بۆیه‌ گێڕه‌ڕه‌وه‌، ده‌بێ بزانێت چی ده‌گێڕێته‌وه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه‌، مانایه‌ك و به‌هایه‌كی بۆ بگێڕه‌وه‌ هه‌یه‌؟ لێره‌وه‌شه‌ هێزی كرده‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. بێگومان هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، ده‌شێ هه‌موو شتێك بگێڕینه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا كه‌ ناتوانین، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش نا، كه‌ نه‌كرێته‌ تیمه‌ی نووسین، به‌ڵكو زۆر به‌ ساده‌یی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ بزانین ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕینه‌وه‌، شوێنێك له‌ هزری خوێنه‌ر ده‌گرێت و هیچ به‌هاو بایه‌خێكی بۆی هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ و ڕه‌فتارو چه‌له‌حانێ و گه‌مه‌ و گاڵته‌ی منداڵی و دۆڕان و شكسته‌كانی عه‌شق و دڵشكانه‌ زۆر كه‌سی و تایبه‌تییه‌كانمان، شایه‌نی گێڕانه‌وه‌ و كه‌رسته‌ی گێڕانه‌وه‌ بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی (داستان بارزان) تێی گه‌یشتووه‌، بێگومان ئه‌وكات هه‌موو كورد داستاننووس و ڕۆماننووس ده‌بوو. چونكه‌ هیچ مرۆڤێك له‌و جوگرافییایه‌ی خۆمان نییه‌، ڕووداوێكی كه‌سی و تایبه‌تی نه‌بێت و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، نیگه‌رانی و دڵشكاندنێكی له‌و ژیانه‌ نه‌بێت. له‌ گێڕانه‌وه‌دا، ڕووداوه‌ زۆر كه‌سی و تایبه‌تییه‌كان بۆ خوێنه‌ر، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وه‌وه‌ گرنگه‌، ناسینه‌وه‌ی ئه‌دگاره‌ مێژوویی و زه‌مه‌نێك و شوێنێك و قۆناغێكی ژیانی گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌. بۆیه‌شه‌ گه‌ر سه‌رنج له‌ یاداشتنامه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ین كه‌ ژیانی خۆیان گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ نموونه‌ (مسعود محه‌مه‌د و هه‌ژار و موكریانی) و گه‌لێك نووسه‌ری دیكه‌ش، خوێنه‌ر به‌ر جۆره‌ها مه‌عریفه‌ و زانیاریی جۆراو جۆر ده‌كه‌وێت و ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی له‌ نادیاری ژیانی سیاسی و ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كاتی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كات ئه‌م یاداشتانه‌، تا هه‌تایه‌ له‌ هزر و یاده‌وه‌ری خوێنه‌ران بمێنه‌وه‌ و نه‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی مێژوو. له‌ یاداشتدا، گێڕانه‌وه‌ هێلێكی ئاسۆیی هه‌یه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ زه‌مه‌ن، مێژوو، شوێن، ڕووداو. به‌ پێچه‌وانه‌وی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ ڕۆماندا هه‌یه‌ و ده‌كرێ به‌ هۆی ته‌كنیكه‌وه‌ گۆڕانی به‌ سه‌ر دابێت. بۆیه‌ خوێنه‌ر كه‌ یاداشت ده‌خوێنێته‌وه‌، واتا مێژوو ده‌خوێنێته‌وه‌، ڕووداو ده‌بیستێت. یاداشت ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه‌، به‌ حه‌سانه‌وه‌ی ڕۆخ ده‌ریا و بینینی كچه‌ چاوشین و پرچ زه‌رده‌كانی ئه‌وروپا تێی گه‌یشتوون و دواتر ده‌یكه‌نه‌ كتێب و نووسین و خۆیانی پێیه‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشن. ئه‌مه‌ كاری نووسه‌ره‌ بێ فیكر و هه‌ژار و داماوه‌كانه‌، كه‌ شتێكییان نییه‌ بۆ نووسین و بۆ گێڕانه‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێستا بۆته‌ مۆدێل له‌ دنیای نووسینی ئێمه‌ و ته‌نانه‌ت نووسه‌رانێكی گه‌نج، شه‌ڕی نێو كۆڵان و چه‌له‌حانێی منداڵی ده‌نووسنه‌وه‌ و بێ شه‌رمانه‌ش ناوی ده‌نێن یاده‌وه‌ری و یاداشت و ڕۆمان. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕی و سیاسی و ئه‌ده‌بییان گێڕا بێت. ده‌كرێ گه‌شتی ژیانمی مه‌سعود مه‌حه‌مه‌د، كه‌ مێژووی سه‌د ساڵی وڵاتێك باس ده‌كات، به‌راورد بكه‌ی به‌ كتێبی (به‌رلین كتێبی په‌ناهه‌نده‌یی من) و هه‌ردووكیشیان ناویان بیره‌وه‌ری بێت؟ كه‌ یاداشته‌كانی عه‌لی وه‌ردی ده‌خوێنینه‌وه‌، شاره‌زایی سایكۆلۆژیای تاكی عێراقی و سۆسیۆلۆژیای ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ گشتی ده‌بین. واتا ده‌زانین چییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و مه‌به‌ست له‌ گێڕانه‌وه‌ی چییه‌. یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی نه‌وه‌ی هه‌فتاكان و هه‌شتكانی ڕۆشنبیریی كوردی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌رسته‌یه‌ك و یاده‌وه‌رییه‌كی به‌ هێزو به‌ به‌های هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ و بشێ بیگێڕێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت شانازیشی پێوه‌ بكات. ئه‌و نه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌وه‌ی كتێب و سیاسه‌ت و شۆڕشگێڕیی و خه‌بات بوو، نه‌وه‌یه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ڕووی یاده‌وه‌ریی و ڕووداوه‌ كه‌سی و تایبه‌تی و گشتییه‌كان. ئه‌م نه‌وه‌یه‌، كه‌ بوونه‌وه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی نێو كتێبه‌كان بوون، گه‌لێك خاسیه‌تی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی و سیاسییان هه‌یه‌، كه‌ له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ قۆناغه‌كه‌ و سه‌رده‌مه‌كه‌ش ده‌ناسینه‌وه‌. بۆیه‌ كه‌ یاده‌وه‌ری ئه‌و نه‌وه‌یه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ئاشنای مێژووێكی گه‌وره‌ له‌ كایه‌ی سیاسی و ئه‌ده‌بی و شۆڕشگێڕیی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بین. به‌و پێیه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌، خود نییه‌، به‌ڵكو بابه‌ته‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وه‌شه‌، كه‌رسته‌ی ڕاسته‌قینه‌ و به‌ به‌های گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری. چونكه‌ خود، ته‌نها بگێڕه‌وه‌یه‌ و بابه‌ته‌كه‌ ڕووبه‌ری گێڕانه‌وه‌كه‌ن و خوێنه‌ریش بۆ گێڕه‌ڕه‌وه‌یه‌، لێره‌وه‌ش ڕایه‌لێك ئێمه‌ به‌ ڕابردوو ده‌به‌ستێته‌وه‌. خوێنه‌ر بۆچی ڕابردوو ده‌خوێنێته‌وه‌؟ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌مه‌نی دوێنێ؟ بێگومان بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چی ڕوویداوه‌ و ڕووبه‌ره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ژیان چۆن بووه‌. لێره‌وه‌ش گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین، هه‌موو گێڕانه‌وه‌كانی نه‌وه‌كانی پێشووتر، گێڕانه‌وه‌ی گشتین و تایبه‌تی و كه‌سی نین. ئه‌و نه‌وه‌یه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌م ڕۆڵێكی له‌ ژیانی ئه‌و كاتدا هه‌بووه‌ و هه‌میش ئاگایانه‌ و ڕۆشنبیرانه‌، ده‌زانێت كه‌ هه‌موو شتێك به‌های گێڕانه‌وه‌ی نییه‌ و ناكرێت نووسین هێنده‌ بێ ئه‌رزش و بێ ناوه‌ڕۆك و بێ به‌ها بكرێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش جیاوازی نێوان نه‌وه‌ی هه‌فتاكان و هه‌شتاكان، له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین و به‌ دیاریكراویش ده‌یه‌ی دوو هه‌زاره‌كان . نه‌وه‌ی نوێی دوای ڕاپه‌ڕین، نه‌ هێزی گێڕانه‌وه‌، نه‌ كه‌رسته‌ی گێڕانه‌وه‌ی نییه‌. نه‌وه‌یه‌كه‌ یاده‌وه‌ریه‌كی لاوازی هه‌یه‌ و هیچ پێگه‌یه‌كی سیاسی، هزری، ئه‌ده‌بی و هیچ داهێنانێكی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆی نییه‌، بشێ بیكاته‌ كه‌رسته‌ی گێڕانه‌وه‌. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ له‌ ڕووی (ڕووداو) وه‌، هێنده‌ نه‌وه‌یه‌كی هه‌ژاره‌، بۆیه‌ گێڕانه‌وه‌ش له‌و بابه‌ت و ڕووداوه‌ ساده‌ و بێ ماناو بێ ئه‌رزشانه‌ ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌یان نه‌ك بایه‌خی نییه‌ بۆ خوێنه‌ر، به‌ڵكو كه‌ له‌ خوێنه‌وه‌یان ده‌بێته‌وه‌، قێز له‌ نووسین و وشه‌ش ده‌كاته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بگێڕینه‌وه‌، ده‌بێ كه‌رسته‌یه‌كی گه‌وره‌ی گێڕانه‌وه‌مان هه‌بێت. به‌ ته‌نها زمانی گێڕانه‌وه‌، به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانمانی پێ بڕازێنینه‌وه‌، به‌ڵكو ناوه‌ڕۆك، په‌یام و ڕووداوه‌كان گرنگن. چونكه‌ دواجار هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و شوێن و له‌وه‌ گرنگتریش ڕووداوێكه‌وه‌. ده‌شێ ڕووداو به‌ ڕوحی گێڕانه‌وه‌ بزانین. به‌ڵام بێگومان هه‌موو ڕووداوێك نا، چونكه‌ ژیان پڕه‌ له‌ ڕووداو، به‌ریه‌ككه‌وتن و بینین، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌موویان هێز و مانای گێڕانه‌وه‌یان تێدا بێت، ئه‌وا ئه‌رزش و به‌های ڕووداوه‌ گه‌وره‌ ڕاسته‌قینه‌ و نه‌مره‌كان نامێنێت. بۆیه‌ ده‌بێ بزانین چی ده‌گێڕینه‌وه‌، به‌هانه‌یه‌كمان بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ كاتێ له‌ خوێنه‌وه‌ی كتێبی (به‌رلین كتێبی په‌ناهه‌نده‌یی من) كه‌(داستان به‌رزان) نووسیویه‌تی بوومه‌وه‌، ئه‌و پرسیاره‌م له‌ خۆم كرد، به‌ ڕاست من چیم خوێنده‌وه‌؟ نووسه‌ری كتێب چیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ی گێڕاویه‌تییه‌وه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ خوێنه‌ر گوێی لێ بگرێت؟ ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ ساته‌كانی به‌رككه‌وتنی نووسه‌ر به‌ ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی و به‌ تایبه‌تیش خێزانی ده‌كات. كاتێ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ ده‌بینین، بیرمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، باسێكی گرنگی فه‌لسه‌فی، په‌روه‌رده‌یی و هزری خۆرئاوایه‌. یاخود باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی، له‌ ئاستی كولتووری، ڕوحی په‌روه‌رده‌یی ده‌كات. بۆیه‌ نووسه‌ر به‌ ئاگایانه‌ ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆ كتێبه‌كه‌ی داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشێت و به‌و ناونیشانه‌ جوانه‌وه‌، فریوی بدات تا كتێبه‌كه‌ی بخوێننه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه‌ قووڵایی ناوه‌ڕۆك و ڕسته‌ و ئاماژه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌، به‌ داخه‌وه‌ گاڵته‌جارییه‌ك به‌ ناوی گێڕانه‌وه‌ ده‌بینین، كه‌ خوێنه‌ر شه‌رم ده‌كات باس و بابه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ ناوی یاداشتنامه‌ بخوێنێته‌وه‌. نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، چونكه‌ فۆكسی له‌ سه‌ر شته‌ بچووك و بێ ئه‌رزشه‌كانه‌، ئیدی خه‌یاڵی گێڕانه‌وه‌شی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بچووكییه‌ تێ ناپه‌ڕێت. ئه‌م كتێبه‌، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، چۆن له‌ ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی گه‌یشتووه‌ و چی ئه‌زموون كردووه‌ له‌و ژیانه‌، ئایا ده‌ره‌نجامی به‌ركه‌وتنی خۆی وه‌ك تاكێكی خۆرهه‌ڵاتی به‌ كولتووری خۆرئاوا، توانیویه‌تی داهێنانێكی گه‌وره‌ بكات و له‌و كتێبه‌ی خۆیدا بیخاته‌ ڕوو؟ با سه‌رنج له‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ بده‌ین، كه‌ خۆی باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی ئێمه‌. با بزانین، (داستان به‌رزان) كه‌ بنووسانێكی زۆر، به‌ ده‌نگێكی دیار و به‌ توانای نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینی ده‌زانن، له‌ كتێبه‌كه‌ی خۆیدا چیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌؟ داستان ده‌نووسێت:( سه‌رم بۆ ته‌ماشایه‌كی كێر و گونم نه‌وی ده‌كه‌م، سه‌ره‌كه‌ی نووساندووه‌ به‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی سیفۆنه‌كه‌وه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ گونه‌كانیشم به‌ پشته‌وه‌یدا شۆربوونه‌ته‌وه‌، دیاره‌ به‌ گشتی بێ تاقه‌تن. من حه‌ز ناكه‌م ئه‌وان به‌و غه‌مگینییه‌ ببینم، چۆرێك زه‌یتی زه‌یتوون، له‌ نێو له‌پی ده‌ستی ڕاستم ده‌سووم، مه‌ساجێك بۆ شان و ملی ده‌كه‌م ( مه‌به‌ستی چووكییه‌تی) ده‌یلاوێنمه‌وه‌، له‌ پی ده‌ستمی بۆ ده‌كه‌م به‌ بۆڕییه‌كی ته‌سك و كه‌ به‌ ئاسته‌م بتوانێ هاتووچۆی تیا بكات و ده‌ستم دێنم و ده‌به‌م، گه‌رمتر له‌ نێو له‌ پم ده‌یكوشم، سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و به‌شێوه‌ی قارچكێك هه‌ڵده‌تۆفێت، تاكو درێژییییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ نۆزه‌ده‌ سانتیمه‌تر و ڕه‌پ و قینج ده‌رده‌كه‌وێت. لا 86 و 87) ئه‌گه‌ر وه‌ك كرده‌ی گێڕانه‌وه‌، بڕوانینه‌ ئه‌و بابه‌ته‌، ئه‌وا ده‌بێ پرسیار بكه‌ین كه‌ ئاخۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ چ گرنگییه‌كی هه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ر؟چی نوێی پێ ئاشنا ده‌كات؟ بێگومان لێره‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك به‌های نییه‌. گێڕانه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ شوێنی خۆ و جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت، كه‌ ڕووداوێكی گه‌وره‌ هه‌بوو. ئه‌وه‌ی داستان ده‌یگێڕێته‌وه‌، له‌ دیمه‌نی بێ به‌های پۆڕنۆیه‌ك ده‌چێت، كه‌ كه‌سانێكی تێنوو به‌ سێكس كه‌ بۆته‌ گرێی ده‌روونی لایان، وه‌ك نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن. بڕوام وایه‌، ئه‌و بێ ڕتووشییه‌ له‌باسكردنی سێكس، گرێیه‌كه‌ لای نووسه‌ری كتێب و ڕێكه‌وت نییه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ شیعره‌كانیشدا، گرنگییه‌كی زۆر به‌و دیمه‌نه‌ پۆڕنۆیانه‌ ده‌دات. بۆ نموونه‌ له‌ شیعرێكیدا له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ئه‌ستێره‌كان برینی مرۆڤن) ده‌نووسێت:

ده‌مه‌وێت ده‌ست له‌ مووه‌كانی به‌رت بده‌م
به‌ر ته‌ڕایی نێوان ڕانه‌كانت بكه‌وم
لیكی ده‌مت كه‌ له‌ سه‌رم ده‌بوویت
ده‌تكاییه‌ نێو ده‌ممه‌وه‌. زۆرجار بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه‌.

. ئه‌م جۆره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه‌، چ یاده‌وه‌ریه‌كییان هه‌یه‌ تا بیگێڕنه‌وه‌. به‌ڕاست ئه‌م باسه‌ بێ ئه‌رزش و سووك و بێ به‌هایانه‌، شایه‌نی ئه‌ون وه‌ك یاده‌وه‌ری بنووسرێنه‌وه‌؟ گریمان كه‌سێك، هه‌رزه‌كار و مێرمنداڵێك و قوتابییه‌كی بچووكی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی، یان كه‌سێكی نزیكی نووسه‌ر، به‌ ڕێكه‌وت ئه‌و كتێبه‌ بێ به‌هایه‌ی ده‌ست كه‌وت و خوێندییه‌وه‌، چی لادروست ده‌بێت؟ فێری چ جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ده‌روونی، سێكسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت؟ ده‌كرێت نووسه‌رێك له‌ كتێبدا، خوێنه‌ر فێری (ده‌ستپه‌ڕ لێدان بكات؟!). دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ خووه‌كه‌ كرد، با بزانین نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ كه‌ ده‌گاته‌ ئۆرگازم و تۆواوه‌كه‌ی فڕێ ده‌دات، چ گاڵته‌جاڕییه‌كی دیكه‌، به‌ ناوی گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌كانی ده‌نووسێت:( له‌ ناكاو، ئاوێكی خه‌ستی هه‌ڵبزركاو، له‌ كێرمه‌وه‌ ده‌كه‌م به‌ ده‌م و چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ خۆیان و تیره‌كانییان، به‌ خۆیان و گوێزانه‌كانییانه‌وه‌، دێنه‌ به‌رچاوم، ده‌یكه‌م به‌ ده‌م و چاوی دوایین ژنی ژیانم، به‌و ڕۆژگاره‌ ته‌نگه‌. لا 88) جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم سادیزمی پێ ده‌گوترێت و تیایدا مرۆڤ، چێژ له‌و دیمه‌نه‌ ڕقاویی و خوێن و ئازاردانانه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ سه‌رووبه‌ندی پرۆسه‌ی سێكسیدا ده‌بینێت. نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ش، چێژ له‌وه‌ ده‌بینێت، كه‌ تۆواوه‌كه‌ی بكاته‌ ده‌م و چاوی ژنه‌كان و مرۆڤه‌كان، وه‌ك ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی گه‌لێك جار، له‌ دیمه‌نه‌ پۆڕنۆییه‌كاندا، ده‌یبینین و ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاومان. جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ له‌ویان به‌ وێنه‌ و له‌میان به‌ نووسین، وێنه‌كان ده‌بینین و ده‌خوێنینیه‌وه‌، به‌ڵام دواجار هه‌ردووكییان له‌ یه‌ك خاڵدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، ئه‌ویش ڕوئیاو عه‌قڵییه‌ته‌كه‌یه‌ بۆ سێكس و ژن. مرۆڤ بگاته‌ هه‌ر بارێكی ئاڵۆزی ده‌روونی و تووڕه‌ بوونێك، هێشتا نابێ ئه‌و مافه‌ به‌ خۆی بدات، سووكایه‌تی به‌ مرۆڤ و ژن له‌ ژێر ناوی گاڵته‌جارییه‌ك به‌ ناوی یاداشت بكات. گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ژیان مرۆڤه‌. مه‌گه‌ر ئێمه‌ بۆ چی ده‌گێڕینه‌وه‌ و بۆ كێی ده‌گێڕینه‌وه‌؟ مه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ نووسین و ئه‌ده‌ب گه‌وره‌تر نییه‌؟ نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ باسكردنی ئه‌و دیمه‌نه‌ پۆڕنۆیانه‌ و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:( به‌ ڕاستی ئه‌و ده‌ستپه‌ڕانه‌ی به‌ هۆی شامپۆ و سابوونه‌وه‌ لێم ده‌دان، چێژێكی خۆشتریان هه‌بوو، وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌ هۆی تف و لیكی خۆمه‌وه‌. لا 132) هه‌روه‌ها ده‌نووسێت:_( بۆ یه‌كه‌م جار قوزی ئافره‌تم له‌ وێنه‌دا بینی، بوونی تۆپه‌ڵه‌ مووێكی ڕه‌ش كه‌ ته‌واوی قووزه‌كه‌ی داپۆشیبوو. لا 133) به‌ ڕاست ئه‌م قسه‌ بازاڕییانه‌، هی ئه‌وه‌ن بكرێنه‌ كتێب و به‌ ناوی یاداشته‌ ڕۆمان چاپ و بڵاو بكرێنه‌وه‌؟ ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ بازاڕییانه‌، شایه‌نی ئه‌وه‌ن خوێنه‌ر كاتی خۆیانی بۆ ته‌رخان بكات؟ دواجار ده‌بێ داوای لێبووردن له‌ خوێنه‌ره‌ سه‌نگینه‌كانی ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی ده‌نگه‌كان بكه‌م، كه‌ من ئه‌و قسه‌ بازاڕییانه‌م بۆ گواستونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام گرنگه‌ هه‌موومان بزانین، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، چی هه‌یه‌ بۆ مانی بگێڕێته‌وه‌؟ چی ده‌گێڕیته‌وه‌ تاكو پێناسه‌ی خۆیمان بۆ بكات؟ ئایا یاده‌وه‌رییه‌كانی شایه‌نی نووسینه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ن؟!

په‌راوێز: ناوی كتێب، به‌رلین كتێبی په‌ناهه‌نده‌یی من، نووسینی: داستان به‌رزان، بڵاوكراوه‌ی: یاسه‌مین، چاپی یه‌كه‌م _سلێمانی 2021.




“ڕۆمانی کوردی لە نێو ڕەوت و دیدە جیاوازە کانی ئەدەبی جیهانی، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی”.. دڵشاد کاوانی

دڵشاد کاوانی: فرەڕەهەندی بنەمایێکی بەهێزە بۆ دیاری کردنی ڕۆمانی باش و ناوازە. ئەوانەی زمان سادە دەکەنەوە چیڕۆک چڕدەکەنەوە ئەمانە نووسەرانێکن پانتایی بیرکردنەوەیان بچووکە و هەڵگڕی مەعریفەیەکی پتەو و بەهێز نین.

دڵشاد کاوانی: کۆمەڵێک ڕۆماننووسی تازە پەیدابوون فێری ئەوە بوون دەڵێن دەبێت ڕۆمان زمانی سادەبێت و گرێی گاڵی تێدانەبێت، دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خوێنەرانیان بگونجێنن من پێم وایە پانتایی بیرکردنەوەی ئەم ڕۆماننووسانە خۆی سادە و ساکار و بێ ئەوەی خۆشیان هەست بەوە بکەن لەگەڵ ئاستی خوێنەرەکانیان دابەزیوون.

دڵشاد کاوانی: مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت.

لێکۆڵینەوە: دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕەخنەگر.

پێشەکی:.

ڕۆمان وەک دیارترین و تازەترین ژانری سەرەکی ئەدەبی، بۆتە بابەت و ڕوانینی جیا جیای ناوەندە زانستی و ئەدەبییەکانی جیهانی و وەک سەیروورەتێکی ئەدەبی خۆی خزاندۆتە نێو سەرجەم ئەدەبیاتی نووسراوی جیهان و ئەدەبە جیاوازەکانی گەلان و هەر یەکەیان بە زمانێک و کلتوورێکی جیاوازەوە لە ڕێگای ڕۆمانەوە دید و ڕوانین و بچم و دابونەریت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان نیشاند دەدەن.
چیڕۆک و ڕۆمان لە شێوەی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب بە سادە و ساکاریی لە هەناوی پەخشانەوە لە دایکبوو پاشان خزایە نێو فەرهەنگ و کایەکانی ژیانی مرۆڤ، بەم جۆرە ڕووی لە مێژووی ئەدەبییەوە ڕۆمان دەرگایای بەسەرو خواستی مرۆڤاییەتی کردوە دواتر گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بۆئەوەی بەراوردێکی ئەدەبی زانستیانە بکەین، دەبێت سەرەتا بزانین ژانری ڕۆمان چییە و چۆن و کەی وەک پێوستییەکی نووسین ڕووی کردۆتە نێو ئەدەبیاتی جیهان و مێژوویی ئەدەبی نووسراوی کوردی، ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشەیە ئەدەبییە داین، کە ڕۆمان وەک ڕەوتێکی تازە و هەنووکەیی دونیای ئەدەب پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرەتا:.

ڕێشەی ڕۆمان بۆ وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ چیرۆک بەکاردەهێنرا. وەک ناسنامە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، ئێستا وا دادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە پەنجا هەزار وشە لە خۆ بگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوە لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات.

مێژووی ڕۆمانی جیهانی:.

هەرچەندە ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی تری ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، دەقی ڕۆمان كە بەشێوەی پەخشان نووسرابێت نەوەك شیعر و بە یەكەم ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤاییەتی دابنرێت و بە تەواوی بەشەكانییەوە مابێتەوە، ڕۆمانی (كەری زێڕین)ـ لە نووسینی نووسەر و فەیلەسووفی ئەمازیغی لۆكیوس ئەپۆلیوس، لە ساڵی (١٢٥-١٨٠ز) ئەگەرچی ڕۆمانێكی دیكە پێش ئەو هەیە بەناوی (سێریكون) لە نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئەریتەر) کە لە ساڵی (٦٦ ز) مردووە و ڕۆمانێكی تەنزئامێزە، بەڵام بە ناتەواوی گەیشتۆتە دەستی خوێنەران و هەندێک بەشی لێ فەوتاوە. بۆیە ڕۆمانی (كەری زێڕین) یەكەم ڕۆمانی كۆنە كە دەقەكەی هیچی لێ نەفەوتابێت و وەک خۆی مابێتەوە. ڕۆمانی (كەری زێڕین) بە شێوازێكی نوێی ئەدەبی و بەشێوەی پێكهاتەگەرایی نووسراوەتەوە كە كۆمەڵێك چیڕۆك لەخۆ دەگرێت، كەسی یەكەمی تاك ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە، ئەو شێوازەی لەم ڕۆمانەدا بەكارهاتووە، لە سەردەمەكانی دواتر لە گەلێك ڕۆماندا بەكارهێنرا و سوودی لێ وەرگیرا و تا ئێستاش سوودی لێ وەردەگیرێت.
لۆكیوس ئەپۆلیوس، نووسەرێكی لاتینی و گوتاربێژێكی ئەمازیغیی نۆمیدیە و فەیلەسووف و زانای سروشت و ڕۆماننووس و شانۆنووس و داستاننووس و شاعیر بووە، خەڵكی ناوچەی نۆمیدیا بووە، كە دەكەوێتە وڵاتی جەزائیری ئێستا. لە ساڵی (١٢٥ ز) لە شاری مادور (مداوروشی جەزائیر) لەدایكبووە، لە ساڵی (١٨٠ز) كۆچی دوایی كردووە.
سەرەتای ڕۆمانی ئەوڕوپی نوێ:.

لە دوای ئەوە، توێژەرانی ئەدەبی، باسی ڕۆمانی “دۆن كیشۆت” ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس (١٥٤٧- ١٦١٦ز) دەكەن، كە بە دوو بەش لە ساڵانی (١٦٠٥) و (١٦١٥) بڵاوی كردۆتەوە و بە یەكەم ڕۆمانی ئەوروپیی نوێ، بە یەكەم گەورەترین كاری ئەدەبیی جیهانی دادەنێن و بۆ زۆربەی زمانەكانی جیهان وەرگێڕدراوە.
ڕۆمان لە جهیانی عەرەبی:.

بەمەش هونەری ڕۆمان زۆر دواتر دەگاتە جیهانی عەرەبی و ڕۆمانی ئاقیبەت خێر (حسن العواقب) ی زەینەب فەواز كە لە ساڵی (١٨٩٩ز) دەرچووە، بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دێتە هەژمار، دوای ئەویش ڕۆمانی دڵی پیاوەكە (قلب الرجل) ی لەبیبە هاشم كە لە ساڵی (١٩٠٤ز) بڵاوی كردۆەتەوە، پاشان ڕۆمانی بەدیعە و فواد (بديعة و فؤاد) ی عەفیفە كەرەم دێت، كە ساڵی (١٩٠٦ز) بڵاوكراوەتەوە. ئەم ڕۆماننووسە ئافرەتانە، پێشەنگی ڕۆمانی زمانی عەرەبین و هەرسێكیان خەڵکی وڵاتی لوبنانن. ئەمە لە كاتێكدا كە تا ماوەیەكی زۆر و بەر لە دۆزینەوەی ئەمانە، لە مێژووی ئەدەبی عەرەبیدا، ڕۆمانی (زەینەب) ی محەممەد حوسێن هەیكەل، كە لە ساڵی (١٩١٤ز) بڵاوبۆتەوە، کە بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دەزانرێت.
ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا:.

کەچی زۆر لەوە بەکاوەخۆتر لە ئەدەبیاتی كوردی لە ڕووی گێڕانەوەوە، وەكوو هەموو بوارەكانی دیكە، لە دوای ئەدەبیاتی وڵاتانی دیكە دێت، یەكەم ڕۆمانی كوردی، لە ساڵی (١٩٣٥) لە لایەن عەرەبی شەمۆ (١٨٩٧- ١٩٧٨)، لە ئەرمەنستان بە ناوی (شڤانێ كورمانجا) بڵاوكراوەتەوە كە بە پیتی ڕووسی نووسراوە، بەمەش (شڤانێ كورمانجا) دەبێتە یەكەم ڕۆمانی كوردی كە چاپ و پەخش كرابێت .
پێش ئەوە، ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) كە ئەحمەد موختار جاف لە ساڵانی (١٩٢٧- ١٩٢٨) نووسیوییەتی، بەڵام ئەو كات و بە هۆی نەگونجانی بارودۆخەكە، یان هه‌ر بارودۆخێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، ئەم ڕۆمانە چاپ نەكرا و بە دەستنووس مایەوە، تا دوای ساڵانی حەفتا، ئینجا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.
یەكەم ڕۆمانی چاپكراوی كوردی باشووری كوردستان، ڕۆمانی (پێشمەرگە)یە، كە دكتۆر ڕەحیمی قازی نووسیوییەتی و سەرەتا لە ساڵی (١٩٥٩) لە شاری ئیرەوانی وڵاتی ئەرمینیا چاپ كرا و چاپی دووەمیشی لە بەغدا لە ساڵی (١٩٦١) بڵاوبۆ‌تەوە.

قۆناغەکانی ڕۆمان:.
ڕۆماننووسان، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزری و پێویستی ئەدەبی و کەرستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بە ڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێنەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بە گشتی بەم جۆرەیە.

ڕۆمانی سەدەی نۆزدەم

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لە ژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و ھەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون.
گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی ١٨٤٧ لە نووسینی چــارلۆت بــرۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لە ناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.
نمونەیەیەکی دیکە (وزەرین ھایت) کە لە ساڵە ١٨٤٧ بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە.
ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بە ناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی نـــاسانیەل ھۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.

ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا

ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (۱۸۳۷ـ- ١٩٠١). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستەدەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کـــریسمس کــارۆڵی) لە ساڵی ١٨٤٣ نووسیووە. لــویس کـــاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی ١٨٦٤ و (بەناو شێوە شووشەییەکە) دا لە ساڵی ١٨٧١ نووسیووە.

ڕۆمانی ڕیالیزمی

ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەری هەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سروشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێھێزبووبوون بەھۆی سروشتیانەوە.
نموونەی ڕۆمانی سروشتگەرایی (کابینەی خاڵە تــۆم) ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، لە ساڵی ١٨٥٢ دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیوییەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لە لای (تــۆم ســاویێر) لە ساڵی ١٨٧٦ و (سەركێشی هەكەلبێرى) لە ساڵی ١٨٨٥ لەلایەن (مـــارک تــواین) و (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.

ڕۆمانی (مۆدێرنتە) و سەدەی ھاوچەرخ

ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەشدەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنتە (۱۹٠٠-۱۹٤٥) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆستمۆدێرنتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، سروشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمفی سەرەکی ڕۆمانەکانە.
ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیھانی و جەنگی فێتنام و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمەنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، لە کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی نو بێ وسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ڕۆمانی پۆستمۆدێرن

هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆستمۆدێرنتە، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناوی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە لایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فرمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنییەتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆستمۆدێرنتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) ۱۹۸۲، لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی ۱۹٦٦، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە ۱۹۷٦، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی ۱۹۷۳، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (۱٠٠ ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا ماركێز.

ڕۆمانی ناو خۆ:.

لە سەرەتاکانی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەقی ڕۆمان لە ئەدەبییاتی کوردی کەوتە جمووجۆڵ و گەشەی ئەدەبیی خۆی کە لە ڕۆماننووسانی شەستەکان دێن، بگرە تا دێتە سەر نەوەی حەفتاکان، نەوەیەکی دیاری ڕۆمانووسانی کوردین زۆر بە ڕوونی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیاڵیستی و بە هۆی بوونی کێشەیەکی نەتەوایەتیی زیاتر بەرەو ئەدەبی بەرگری و ناسیۆنالیزمی و بە دیاری کراوی لە ژێر هەژموونی ئەدەبی ڕووسی دان. بەتایبەتی ماکسیم گۆرکی و دیسکۆفیسکی تریرۆدۆسکی کاریگەری تەواویان بەسەر ڕۆماننووسانی کورد هەیە. بۆیەشە زۆتر گۆشەنیگای ئەدەبی ئەوانە لەسەر فۆڕم بووە، نەوەک تەکنیک و شێوزا و بونیادی ئەدەبیی.
لە ئەدەبیات دا بە گشتی پێوەرێک هەیە و پەێڕەوی دەکڕێت وەک جولیا کریستۆفا دەڵێ: هەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕێشەی لە ناو تێکستی پێش خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە گەڕانەوەی نەوە بۆ پێش نەوەی خۆی ڕەنگە رەوابێت، ئەمە بە هێزی نەوەی دواتر دەردەخات. لێ من ئەمە بۆ ڕۆمان بە باش نایبینم چونکە دەبێت ڕۆمان هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاری و پێویستی ژیانکردنی مرۆڤایەتی خۆی نوێ بکاتەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆڵ و ئاڕاستە نوێکانی ڕۆمانی جیهانی ڕێ بکات.
من ئەم دەرچوونە لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بەدەگمەن دەبینم، هەرچەندە خۆ جیاکردنەوەی ئەدەبی پێوستی بە ڕێچکە و ڕێبازی ئەدەبی خۆجێی هەیە. بەڵام لە ئەدەبیاتی کوردی تەنیا هەوڵ دەبیندڕێت، هەروەک هەروەک ئۆکتاڤیۆپاس گوتوویەتى: نوێخوازى لەبەرانبەر نوێخوازییەکى تر ڕەخنەى گرتووە و خۆى بەیان کردووە، بۆیە لەڕێگەى مانیفێستەوە دەریدەبڕن. بەشەکەى دیکەیان ئەو جەنگەیە کە لەنێوان گرووپى ئەدەبى شارچییەتی هەیە، بیانووەکەش ئەوەیە کە جیاوازى ستایلى کارکردنە، یاخود جیاوازى بۆچوونە بەرانبەر بە زمانى ئەدەب. ئەگەرچى مانیفێستەکە چ لەنێو فیکر و چ لەنێو ئەدەبیاتى گەلانیشدا شتێکى نوێ نییە، پێشتر لەنێو ئەدەبیانى گەلانى ڕۆژهەڵاتیشدا هەبووە، بۆ نموونە لەنێو فارسەکاندا، (بزورگى عەلەوى و سادقى هیدایەت و د. موسەدەق ) هەبوون، ئەم ئەدیبانە لەژێر کاریگەرى ئاڵوگۆڕى ڕەوشێکى سیاسى لە ئێران، ئەو مانیفێستەیان دەرکرد، لەناو عەرەب و بەتایبەتى ئەدیبانى عێڕاقیش وەک (سامى مەهدى و فازل عەزاوى و فەوزى کەریم و خالید عەلى) درووستبوون، ئەمانیش لەژێر کاریگەرى فیکرى چەپگەرایى بوون کە لە ئەوروپا وە وەک پڕدێک لە لوبنان و میسرەوە ڕووی لە عێراق کردبوو، ئەم دەستانە خۆیان ڕاگەیاند و مانیفێستی تایبەت بە خۆیان بڵاو کردەوە.

دەستە و گروپە ئەدەبییە کوردییەکان

بەهەمان شێوەش لەناو ئەدیبانى کورد، مانیفێستەى ئەدەبى گرووپى کفرى و ڕوانگەییەکان بەتایبەتی بزوتنه‌وه‌ی (ڕوانگە لە ساڵى ١٩٧٠) هەبوون، ئەم بزوتنه‌وه‌یه‌‌ یه‌که‌مین بانگه‌وازی خۆی له‌ به‌رواری ٢٥/٤/١٩٧٠ دا له‌ ژماره‌ (١٥) ی رۆژنامه‌ی (هاوکاری) له‌ شاری به‌غدا بڵاوکرده‌وه‌. بزوتنه‌وه‌که‌ خواستی سه‌ره‌کی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی بوو، به‌ هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک قه‌ڵه‌می تازەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ دواتر ده‌بنه‌ ناوێکی دیاری ئەدەبیاتیی کوردی، لەوانە (حسێن عارف، کاکه‌مه‌م بۆتانی، جه‌مال شارباژێڕی، جه‌لال میرزا که‌ریم، که‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د شێرکۆ بێکه‌س) ئه‌مانه‌ لە ژێر دروشمی (بیری نوێ، وته‌ی نوێ، کرداری نوێ)، هه‌ستکردن به‌ زه‌روره‌تی تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی و نوێکردنه‌وه‌ی جیهانبینی خوێنەرانی کورد، هه‌ڵده‌ستن به‌ داڕشتنەوەی کۆمه‌ڵێک فۆڕم و پێودانگ و جومگه‌ی کۆنی ناو ڕۆشنبیری کوردی و گۆڕینی به‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆک و بابه‌تی تازه. لەوانە شێرکۆ بێکه‌سی شاعیر یه‌کێک بوو له‌ ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌کە هەرچەند ڕۆماننووسانی وەک حسێن عارف و کاکەمەم هەبوون، لێ ئەمە زێتر لە لە چوارچێوەی شیعریی و هەوڵی تاکەکەسی مایەوە، نەوەک دەستە و گروپ.
هەروەها لە نەوەدەکانیشدا مانیفێستى (وێران) و پێشووتریش کۆمەڵێک نووسەری هەولێر دەستە چەمعییەکیان بەناوی قوتابخانەی هەولێر هەبووە، لە هەندەرانیش گرووپى (ڕەهەندییەکان) لە پەنای کارى فیکری و لێکۆڵینەوەدا خۆیان ڕاگەیاند. لێ هیچ یەکێک لەو دەستە و گرووپانە کاریگەری خۆیان نەخستە سەر نەوەکان و ئەو ستایلە ئەدەبییەش کە تا ئێستا کارى پێدەکرێت. لێ لە هەر یەکێک لەم بزوتنەوە ئەدبییەکان بەتایبەتی کوردی ڕۆڵی چێڕۆکنووسان و ڕۆماننووسان کەمتر دەردەکەوێت و مانیفێستەیانە نەبووە مۆدێل و گوتارێکى زاڵى ئەدەبى و نەوەى دواى ئەوان بیکات بە بنەما و کارى پێکات، چونکە ئەدەب کارى تاکگەراییە نەک گرووپ کە ئەمە دواى چارەکە سەدەیەک بوو بە تێگەیشتنى فیکرى لەناو ئەدیبانى کورد، هەر بۆیە دواتر لەبەریەک هەڵوەشانەوە، کە بینیمان گرووپەکانى کەرکووک و ڕوانگە و هەولێر و ڕەهەندەکان چۆن توانەوە و نەیان توانی تاکو نەوەکانى تر شتێک زیاد بکەن بۆ سەر ئەو مانیفێستە ئەدەبییانە، چونکە دەرکەوت ئەدەب کارى تەنیاییە نەک گرووپ.
دواجار ئەوەى کە لەچەمکى مانیفێستەوە تێدەگەین، کارێکى دوو پەتییە، یەکەمیان:. لە پشت دەقى ئەدەبیدا مشتوومڕێکیى مەعریفی و هزریى دێنێتە ئاراوە تا برەو بە جیاوازییەکان بدات، دووەمیان:. ئەوەیە کە لەو دیووی ئەدەبدا جیاوازىیەکان دەمرێت، دەرووناسی کەسی توندڕۆ دادەبڕێنێت لە نووسەری دەق کە ڕەخنە لە دەقەکەى دەگیرێت و بە ئاسایى وەریدەگرێت، ئەوەش کە گورز لە جیاوازى دیدگا دەوەشێنێت، گرووپێک ئەوانیتر پشتگوێ دەخەن و دایاندەبڕن لە دونیاى ئەدەب، بە بیانووگرتنی نوێخوازی و دابڕان و کەلێنێک دروست دەکەن و تاقی دەکرێنەوە، بۆیەیە هەموو مانیفێستەک تەنیا وتەنیا بۆ ماوەیەکى کورت دەڕۆن نەوەک درێژ.
دوو دەیەی پێشوو مایەی ئەوە بوون کە ببنە فاکتۆیەک بۆ گەشەسەندنی ئێستای ڕۆمانی کوردی هەرچەند ڕۆماننووسانی نەوەکانی پێشوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین.
لەوانە حسێن عارف لە هەشتاکانەوە هەردوو ڕۆمانی شار و ئەندیشەی مڕۆڤێکی چاپ کرد، عەزیزی مەلا ڕەش کوێخا سێوێ و غەوارە خەسرو جاف کۆردەرە و هیچی چاپ کرد.
لە ئەدەبیاتی شاخ و کێو دا، محەممەد موکری ڕۆمانەکانی سەگوەڕ و تۆڵە و هەرەس و حەمە کەریم عارف کۆچی سووری چاپڤکرد. لە هەندەرانیش چەند بەرهەمێک لەدایکبوون وەک ڕۆمانی مرنا کاڵەکەی ڕەند و هاوارا دیجلەیێ محەممەد ئۆزۆن، بەشێوەزاری کرمانجی ژووروو.
ئەگەر چی لەم قۆناغانەشدا یەک شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری شۆسیالیستی ناسیۆنالیزمی بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.
سەرباری ئەو ڕۆمانانە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی ڕەچەڵەک کورد ڕۆمانیان بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسی ناوبانگی جیهانییان هەبوو وەک یەشار کەمال کە بە تورکی دەنووسێت (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەینووسی.
هەرچەند ئەم ڕۆماننووسانە لە لایەنی زمان ناچنە خانەی ڕۆمانی کوردی کەچی لە ناوەڕۆک باسی ژیان و خەباتی کورد دەکەن.

-دواین نەوەی ڕۆمانووسی کوردی
تا ئێستا جگە لە چەند ڕۆماننووسێک کە بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرین، گەرنا بە گشتی ڕۆماننووسانی گەنج لەژێر هەژموون و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەی پێشوتر دەرنەچوون و نەیانتوانیوە ئەم قاوغە تێک بشکێنن. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر من دوو ڕۆمانی دوونەوەی جیاوازم خوێندەوە کە هەردووکیان لە ناوەڕۆکدا یەک باس بوون. کە یەکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانە دووەمیان ڕۆماننووسێکی تازەیە، هەردووکیان لە فۆرم و ناوەڕۆک باسی ڕێکخستنەکانی ناو شاری بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن. ئەمە کاردانەوە و موتربە کردنی بیری لقی دوومە لەسەر فۆڕم و بیری و کەدی یەکەم لق و پۆپی گرتووە، کە دەبووایە سیمایەکی نوێی بە بیرەکەی دابوایە. بۆیە پێوستە ڕۆماننووسان هەمیشە خۆیان تازە بکەنەوە و بەرەو ڕەوت و کارتێکردنی تازە بچن، لە بەرامبەرشیدا هەوڵی زۆر جوان هەن وەک پڕۆگرافیکی شەوانی باکۆی کەماڵ سەعدی، لە ڕووی شکلییەوە و سادیستییەتی ڕۆمانی بەڕێگاوەی بەندە و زانستیی مرۆڤی هەرزانی گۆران سەباح، عیرفانی ڕۆمانی میدیای هۆشەنگ شێخ محەمەد. کە بە تەواوی لە فکر و ناوەڕۆکی رۆمانەکانی پێش خۆیان دەرچوون و تازەن بە ئەدەبیاتی کوردی. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.

پەیام لە نێو رۆمانی کوردی دا.
هەمیشە لە هەموو دونیادا ڕۆمان پەیامێکی بەرزتری بۆ خوێنەرانی پییە، بۆیە زۆر جار نووسه‌ر ده‌گه‌یێنیته‌ ئاستی دوودڵی و دڵه‌ڕاوێكی جددی. لێره‌ كارامه‌یی و زه‌ندی نووسه‌ر خۆی زیت ده‌كاته‌وه‌ و دێته‌ پێشه‌وه‌ كاتێك كه‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات ناچار تا ئاستی ده‌ق به‌رزبێته‌وه‌، چونكه‌ پانتایی نێوان و خوێنه‌ر نووسه‌ر زۆر جار وه‌ك پانتایی نێوان زه‌وی و ئاسمان واییه‌، گر‌نگه‌ باشترین نووسه‌ران ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بن كه‌ بۆ ئاستی خوێنه‌ر نه‌یێنه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت به ‌پایه‌كان و نه‌رده‌بانه‌كانی نووسین سه‌ركه‌وێت وه‌ك جبار جمال غریب ده‌ڵێ: من گه‌ر یه‌ك خوێنه‌رم هه‌بێت درێژه‌ به‌ نووسین ده‌ده‌م.
سەرەڕای هاتنی گۆلباڵ و پێشكەوتنی تەكنەلۆژییا و سەرقاڵبوونی زیاتری مرۆڤەكان و خەریكبوونیان بە بابەتە كورت و خێراكان، تا ئێستاش ڕۆمان پێگەی خۆی لەدەست نەداوە و ڕۆماننووسانیش بەردەوام لە ڕووی تەكنیك و گرێچنی و گێڕانەوەی ڕووداوەكانەوە، پەرە بە هونەرەكەیان دەدەن. هەرچەندە لەگەڵ دەركەوتنی كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زرنگەكان، باسی مەرگی نووسراوی سەر كاغەز و بەر لە هەمووشیان باسی مەرگی ڕۆمان لە جیهان دەكرێت. مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.

ڕۆڵی ڕۆمان لە هەمبەر فەلسەفەدا:.
هەڵبەتە ژانری ڕۆمان یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ئەدەب کە مرۆڤ بە دەربڕینی زمانێکی جیا لە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیان بەدەر لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەریی و بیرەوەرییەکان، بە زمانێکی تابەتی تر و باڵاتر لەوانەی پێشوو کە باسمان کرد، لە ڕێگای گەمەی زمان و گێڕانەوەی سەرد و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دەرخستەی داهاتووی خۆی پێ دیاری دەکات. هەروەک ئەلبێڕ کامۆ لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئێژێ “ئەوەی ڕۆمانی پێ لە ژانرەکانی تری ئەدەبی جیا دەکرێتەوە هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی ڕۆمانە لە نووسینەوەی ڕووداوەکان” بەمەش ڕۆمان وەک قورسترین و زەحمەترین ژانری ئەدەبی دیاری دەکرێت. بە هەمان شێوە کامۆی ڕۆماننووسی جیهانی لە درێژەی تێڕوانینە تایبەتییەکانی خۆیدا دەنووسێت ” بۆئەوەی بتەوێت ببیت بە فەیلەسووف سەرەتا بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە” گەر بێت و ئەمە دیدگایەکی ئەدەبی بێت بۆ باڵگرتنی دەقی ڕۆمان، پێچەوانەکەشی هەر درووستە. وەک ژان پۆڵ سارتەری فەیلەسووفی بوونگەڕایی ولۆ سەرنجی دەخاتە سەر فەلسەفە ” فەلسەفە وەک نووسینی ڕۆمان وایە، لە هەموو ڕووداوێکدا پرسیارێک درووست دەکات” بەم پێودانگە کەواتە دەکرێت ڕۆماننووس وەک فەیلەسووفێکی بچووک لێی بڕواندرێت. سەرباری ئەوەی کە مەرجە نووسەری ڕۆمان سەرەتا ئەدیب بێت و دواتر ڕوانینی تایبەتی و باڵای هەبێت بۆ ژیان و سەرداوی جیاواز و ئەبستکراتی و ڕەهایی هەبێت بۆ پڕۆژیکتۆیی ژیان و دەرخستەی نهێنی و پەنهانەکانی ناخی مرۆڤ لەبەر یەک هەڵبخات، شیکاری بۆ بکات و بیخاتە بەر خەرمانی ئەدەب و ئازایانە و بە بوێریەوە بیخاتە بەر باس.

هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی لە ڕۆماندا:.
مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.
یەکەمیان: تەنیا ڕووداوێکی دیاری کراو، خوێنەرێکی دیاری کراویش بە سەرنج دەگرێت.
دووەمیان: تەنیا یەک ڕووداوی گشتگیر پەیامێکی دیاریکراویش بەدەستەوە دەدات. وەلێ لە فرە ڕەهەندی ڕووداو دا خوێنەری هەمە ڕەنگ و پەیامی فرە چەشنیش دەکاتە ئامانج.
ئەرکی ڕۆمان لە ژیانی مرۆڤ:.
هەروەک چۆن هەردوو نووسەری دیاری جیهانی بواری دەروونی ماسۆشیەت و سادیزمی، دۆناتا فرانسۆ دیسادی فەرەنسی، ناسراو بە مارکیز دیساد لە ساڵی ١٧٤٠- ١٨١٤ و فۆن زاخر مازۆخی نەمساوی لە نێوان ساڵانی ١٨٣٦-١٨٩٥ دوو نووسەری دەروونشیکران نەبوون بەڵکوو دوو ڕۆماننووس بوون توانیان گەورەترین هەر دوو نەخۆشی سادیستییەت و ماسۆخیزمی بدۆزنەوە. بەمەش دەشێ ڕۆماننووس ببێتە فاکتۆیەک بۆ چارەسەر و گۆڕانکاری گەورە لە سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە ڕزگاری و ئازادیی و پاراستنی چەمکە مرۆییەکان.
تەنانەت وەک بەرگریکاری نوێ و بێ لاگیری و گوێدانە قرخە قرخ و مقۆکان و هەڵواردەی جیاوازییە سروشتییەکان، ڕۆماننووس ڕۆڵی کارای دەبێ وەک ژیل دۆلۆز دەڵێت ” نموونەی هەرە گەش لای من بریتییە لە: کافکا، بیکێت، گیراسیم لۆکا و گۆدار، نووسینەوەی تەتەڵەیەکی زۆر جوانیان داهێنا، ئەویش نووسینەوەی تەتەڵەی تایبەتی خۆیانە. بەو پێیەش وەکوو کافکا ئەرکی ڕۆماننووس نووسینەوەی ڕووداوەکان و پیسی و پۆخڵی مرۆڤە وەک خۆی و لە ڕێگای شەپۆڵەکانی هزر و خەیاڵی تایبەتی نووسەر، بەمەش نووسەر دەبێتە هەڵگیرسێنەری شۆڕشێکی تایبەتی لە ناخی خوێنەردا و لێکەوتەکانیشی دەچێتە خزمەتی گیرفانی کەسانی تر، بەناوی شۆڕشی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، نەتەوەیی و نەژادی، ئەمەش بە ڕوونی لە لای ماکسیم گۆرکێ لە “دایک” و “زانکۆکانی ژیانم” و چیخۆڤ “زیندە خەون” و دیسکۆفیسکی لە “تاوان و سزا” دا بە سەرجەم ڕەهندەکانی دیکە دەبنە سەیرورەتی ژیان لای خوێنەر.
زمان لە ڕۆمانی کوردی دا
سەرباری ئەوەی ڕۆمانی ئێستا لە ناوەڕۆکی گێڕانەوە و تەکنیک و شێوە و شێواز و بوونیاد بەهێزە، لە بۆگێڕەوەی هەمووشتزان و کەم شتزان دا، پێشکەتووترە لە ڕۆمانەکانی شەستەکان و حەفتاکان، ئەمەش کاریگەرییەتی زۆر و زەوەندی وەرگێڕانی دەقی بیانی و نووسەرانی بێگانەیە لەسەر ڕۆماننووسانی کورد.
پێم خۆش بوو ئەمە ڕوون بکەمەوە کە ئێستای ڕۆمانی کوردی لە ڕووی زمان و لە ڕێنووسی و ڕێزمانی کوردی، لە خراپیترین دۆخی زمان دایە و دەتوانین بڵێین زۆربەی ڕۆمانووسانی کورد نەشارەزان بە زمانی جگماکیی، هەر ڕۆماننووس ڕێنووسێکی تایبەتی خۆی هەیە و بەتایبەتی تر لە بەکار هێنانی زمانی و ڕێنووسی، سەرباری ئەوەی بۆچوونی جیاوازم هەیە. بە باشم زانی دەستکاری نەکەم و وەک خۆی بیهێڵمەوە، هەرچەندە جەخار ئێمە تا ئێستا یەک ڕێنووسی دیاریکراو و یەکانگیریی کوردیمان نییە، بەڵکوو ئەسەف هەریەکەمان بە جۆرێک دەنووسێت. وەک ئەوە وایە بڵێین لە جەنگدا هەموو شتێک ڕەوایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زمانی داگیرکاریی زمانەکانی سەردەستە و کۆچ و تێکەڵی ڕۆمانووسانە بە ئەدەبی دەرەوە و کە سەری زمانی کوردی خواردوە.

ئەنجام:.

هەڵبەتە هەموو دەقێك چەندان گۆشەنیگای جیاوازی هەیە و دەشێت چەندان توێژینەوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەک دەق بكرێت، ئەوەی ئێمەیش شیانی ئەوەیە لە چەندان گۆشەی دیكەوە لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێن، وەلێ ناكرێت لەبارەیانەوە نەدوێن. ڕێی تێناچێت ڕۆمانێک بنووسرێت، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی هزری تاکی کورد نەکات، خوێنەری کورد تامەزرۆیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لا دروسست بێت، ڕۆماننووس بە ئاسانی دەتوانێت خوێنەری بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چۆن چێژ لە ژیان وەردەگرێت و زۆر جار خۆی لە دەقدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا دەستی ناکەوێت. بۆیە دوای ئەو لێکۆڵینەوەیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ڕۆمانی کوردی لە نێوەندێکی جیاوز دایە نە فرە دەنگە و نە یەک دەنگ، واتە ڕۆمانی کوردی نەوەک تاک توانیوییەتی وەک دەنگی جیاواز سنووری زمانەکانیتر ببڕێت و هەروەها وەک رەوت و دەستە و گروپیش نەبۆتە ئەودەنگە کە ببێتە ڕیبازێکی بە هێزی ئەدەبی و کاریگەری و لێکەوتەی بەسەر گەلانی دیکە دا هەبێت، تەنیا هونەری ڕۆمانی کوردی لەسەر هەوڵی جوانی تاکەکەسی ماوەتەوە.

سەرچاوەکان

کوردی:.

-ڕۆمانی كوردی، مێژوو و سەرهەڵدان، له ‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ڕاپه‌ڕینی (١٩٩١)- سەنگەر زراری. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٣٩)، نیسانی (٢٠١٧)
-ڕۆمانی پێنجه‌مین كتێب. جمال جبار غریب.چاپی ٢٠٠٩.
-کتێبی یادداشتەکان ئەلبێر کامۆ. و پێشڕەو حسێن. چاپی ٢٠١١.
-کتێبی فەلسەفەی ژیل دۆلۆز. و ڕێبین ڕسوڵ اسماعیل. چاپی ٢٠١٨.
-حسێن عارف : روانگه‌و یاران و نه‌یارانی- ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ، سلێمانی- چاپی یه‌که‌م ، 2005 .
شوان ئه‌حمه‌د : ڕوانگه‌ی یار و نه‌یار . 2013-12-04ڕۆژنامەی ئەیکتڕۆنی وتاری کورد.
مانیفێستۆى ئەدەبى. سمکۆ محەمەد . ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ٢٠١٩ ئازار ٢٧ .

عەرەبی:.

-تأريخ الرواية، الموسوعة العربیة العالمیة- مجلد (١١)، مؤسسة أعمال الموسوعة للنشر و التوزيع, ط٢، ١٩٩٩.

  • كتاب نظرية النص الادبي. عبد المللك مرتاض. 3- يونيو 20017.
  • لأدب بين القومية والعالمية كيف يصبح الأثر الأدبي جزءا من الأدب العالمي. https://al-vefagh.ir/News/163716.html

فارسی:.

  • دن کیشوت.سروانتس ترجمه ی محمد قاضی. – ۲۹ بهمن- ۳۱۹۷ .
    -نام کتاب : مسخ (The Metamorphosis)نویسنده کتاب : فرانتس کافکا ژانر کتاب : پوچ گرایانه قالب ادبی : رمان زبان : آلمانی تاریخ خلق اثر : پراگ ، ۱۹۱۲ تاریخ چاپ : ۱۹۱۵ ناشر: Kurt Wolff Verlag.
    -بهرترین رمان ها تحلیل رمان ۱۹۸۴ اثر جورج اورول. پتامبر 23, 2019/2 دیدگاه /توسط محمدرضا تیموری.



فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..6/ ستیڤان شەمزینی

ستیڤان شەمزینی
بەشی شەشەم

ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە، تەلەفزیۆنەکان تەنیا بۆنی مەرگ و بارووت و خوێنیان لێدێت، ختووکەی هەستە ساناتۆسییەکانمان ئەدەن. هەموو شتێک بۆنی شەڕی گرتووە، شەڕێک کە ئێستا ناوێرم بڵێم ناڕەوایە چوونکە بە تۆمەتی خیانەت بە میقسەڵە ژەنگاوییەکەی شۆڕش سەرم لە لاشە دەکەنەوە. بڕیارمداوە وەک هەموو رۆژەکانی تر سەرخۆش بم و خۆم بێئاگا بکەم لەم کۆمەڵگەیە کە سەرچۆپی و خەنەبەندانییەتی بۆ ئەو کوشتارە بێمانایەی لەسەر دەسەڵات لە کوردستان هەیە. کارەباش نییە، بۆیە دەچم بۆ هۆڵی میدیا، دەخوێنمەوە و گوێ لە پارچە مۆسیقای “مۆنامۆر” دەگرم. دوێنی لە خوێندنەوەی رۆمانی “الحب فی الزمن کولیرا” ی گارسیا مارکیز بوومەوە، لەوانەیە ئەمڕۆ شتێک لە گوڵە بەدەکانی “بۆدلێر” بخوێنمەوە. دوای ئەوەش ئەڕۆم بۆ باڕی “نزار” لە خوار چایخانەی شەعب، چاوەڕوانی برادەرێکیش ئەکەم بە رێکەوت بیبینم و پێکەوە دوو پێک بۆ خەمی قووڵی نیشتمان هەڵدەین.
ئەگەرچی پارتی بیست رۆژێک پێش ئێستا، لەلایەن خۆیەوە شەڕی راگرت، بەڵام هێشتا لە بواری کرداریدا، هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتی نییە. پێموایە هەردوولا ماندووبوون لە شەڕ، رەنگە جۆرە رێککەوتنێک بهێننە دی بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی هەردوولا، لەبەرئەوەی شەڕەکە وەک ئەوە نییە لە راگەیاندنەکانەوە باسی لێوە ئەکرێ، چوونکە چەند وردە رۆشنبیرێک وا بۆی چوون و پێیانوایە کە دوای 31ی ئاب و پێکهێنانی بەرەی ئەنتی پارتی “هاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان” هیچ ئومێدێک بۆ پێکەوەهەڵکردن و گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بەو جۆرەی لەکاتی “بەرەی کوردستانی”دا هەبوو. لێدوانەکانی مەسعود بارزانیش کە وتبووی “دەستی خۆم ئەبڕم گەر جارێکی دیکە دەست بخەمەوە دەستی تاڵەبانی” تەنیا قسەیەکی عاتیفییە و باهۆزی بەرژەوەندییەکان رایدەماڵێ.
لایەنی دووەمی پرۆسێسەکە ئەوەیە، ئەو شەڕەی نزیکەی سێ ساڵە و هەشت مانگە بەردەوامە لە پای چی؟ ئەو هەموو خوێنە لە بەرژەوەندیی کێ؟. لەوە تێناگەم ئەو خەڵکە چۆن بڕوایان کرد کە شەڕەکە دەستبەسەراگرتنی پارەی گومرگی برایم خەلیلە لەلایەن پارتییەوە؟ خۆ شەستەکان و زەمەنی مەلایی و جەلالی گومرگ لە ئارادا نەبوو. ئەی شەڕی هەکاری و پاکتاوی هەشتاکان بۆ چی بوو؟؟! نەخێر ئەمە شەڕی دەسەڵاتە و مافی خەڵک تەنیا ناونیشانێکە بۆ بەردەوامی و رەواییدان بە کۆنەپەرسترین شەڕی باڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی. لەلای پارتیشەوە ئەوەی لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنی “گوڵان”ەوە ئەوترێ تەنیا درۆ و پاساوداتاشین و سەفسەتەیە. ناوزەدکردنی تاڵەبانی بە شەیتان و شاگردی “مەکیاڤیلی” تەنیا هەوڵێکی پووچە بۆ مودمینکردنی شەڕکەر و جەماوەری حزبەکەیان.
کە ساڵی 1992 هەموو شتێک لە نێوان پارتی و یەکێتی فیفتی فیفتی دابەشکرا، ئێمەی کۆمۆنیستەکان وتمان کوا ماف و ئازادیی خەڵک؟ لە بادینان هاوڕێ نەزیر عومەر “ئارام” و لە سلێمانیش “بەکر عەلی”یان تیرۆر کردین!! ئەو زەمەنە کە وەزارەتی دارایی بە دەست یەکێتی و کاک “دارۆ”وە بوو، بۆ باسی برایم خەلیل نەبوو؟ ئەوسا کە داهاتی کوردستانیان وەک برا بەش دەکرد بۆچی پارتی نەیدەووت جەلال تاڵەبانی پیلانگێڕی ئەکا؟ دیمەنەکە ئاشکرایە، شەڕەکە شەڕی بەرژەوەندییەکانە، کەی بەرژەوەندییەکانیان کەوتە ئاشتی وڵات ئەکەن بە ماستی مەیو.. سیاسەت قێزەونە و مەڵێن شێت بووی گەر بڵێم دوور نییە رۆژێ بێتە پێشەوە دووبارە برابەشی داهات و دارایی کۆمەڵگە دابدۆشن و قاقاش لێدەن بۆ ئەو “کەر”انەی خۆیان لە شەڕی ناوخۆدا بە کوشتن داوە.

20-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 24-27 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




وابڕوات، جیهان دەبێتە دوو جیهان.. فازیل شەوڕۆ

گەرچی مێشکی مرۆڤ، یەکێکە لە ئاڵۆزترین لوغزی بوونی مرۆڤ و کاری خالقی هەسارە بێسنوورەکەمان، زانایانی پسپۆڕی ئەم بابەتە، زۆر نهێنیی گەورە و بە سوودی ئەو پێکهاتەی جەستەی مڕۆڤیان کەشف کردووە، کە هەر لە (٣-٥٪) جەستەمان پێکدەهێنیت و لە (٢٠٪)ی وزەی لەشمان بۆ خۆی دەبات.

زانایان دەڵێن، مێشکی مرۆڤ، بەرهەمی گۆڕانکاریی و ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی چەندان ملیۆن ساڵەی بوونی ئێمەیە. لێ خێرایی گەشکردن و پڕزانیاریکردنی لەو سەدەیی دواییدا، بێسنوور و کاریگەرە. ئەوەشمان لەبیر نەچی کە هەر (١٠٪)ی مێشک بەرپرسە لە ئەنجامدانی داهێنان و گواستنە و ئاڵۆگۆڕی زانیارییەکان کە پێدەگوتریت(بیرکردنەوە)، وە لە (٩٠٪)ەکەی دیکەی، وەک بەردەست و کارگۆزار، کاردەکات بۆ خزمەتکردنی ئەو بەشە بچووکەی بەرپرسی (بیرکردنەوەیە)، هەرچەندە، هەموو بەشەکانی مێشک بەیەکەوە، لە هەموو چرکەیەکدا کاردەکەن، بەڵام کارەکانیان جیاواز و فرەشێوەیە.

لە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی( پۆلی ی١١ ئێستا)، جاران لە کتێبی ئینگلیزی بابەتێک دەخوێندرا، کە کابرایەک (١٠٠) ساڵ دەخەوێت و کە چاودەکاتەوە، شتێ ئەوتۆ دەبیێنت، کە ناچیتە ئەقڵ… . ئێمە خوێندکاری ئەوکات، ئێستا، نەک تەواویی ئەو شتانە، بەچاوی خۆمان دەبینین و بەکاریان دەهێنین، بەڵکۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەم، داهێنانی ئەوتۆی کردووە، کە هەر لە سیحر و ئەفسانە دەچن و ڕۆژانە هی سەیر و سەمەرتر دەبینین.

ئێستا، پرسیارەکە ئەوە نییە (١٠٠)ساڵی دیکە، چ داهێنان و تەکنەلۆژیا و زانیارییەک بەرهەمدێنین، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، ژیان لە (١٠) ساڵی داهاتوودا چ گۆڕانکارییەکی بەسەردادێ، هەرنەبێ لە رووی زانست و تەکنەلۆژیاوە؟


لەوەتەی فامدەکەم، لە کۆمەڵی ئێمەدا، نەک هەر باوانەکان دەڵێن:(نازە خانی کچم… کاکە هێڤی کوڕم… دەبێتە دکتۆر، ئین شائەڵڵا!) بەڵکو، مامۆستا و ڕابەرەکانیشیان لە دەفتەر و لەسەر پەڕەی ئەزموونەکان بۆیان دەنووسن: ئافەرین دکتۆرە ناز… ئافەرین دکتۆر هێڤی… . جا جێگیربوونی خەونی (بوون بە دکتۆر)یش لە سوونگەی ئەوەدانییە، کە ئەوان دەبنە فریادڕەسی نەخۆش و دەردەدار و پەککەوتووەکان، بەڵکو هەم بۆ پێداهەڵگوتنە بە ژییری و لێهاتووی ئەو منداڵانە و شانازیکردنشە بە داهاتووی ماددی زامنکراوی ئەوان. گەرچی تەمەنم لە نێوەندی پەروەدەکاریدا بەڕێکرد ــ بۆ سۆدرەی سەران ڕۆژێک، نەمدیت و نەمبیست، بەڕێوەبەر، ڕابەر، مامۆستا، لە وتارێكدا، لە هەڵبەستێکدا، لە ئاماژەیەکدا، پایە و مەقامی کەناس و کارگوزار و شۆڤێر و پینەدۆز…. باسبکەن. لە کاتێکدا با یەک ڕۆژ بەردەست و کارگوزارەکانی نەخۆشخانەیەک، مان بگرن ئەوجا دەزانن، حاڵی دکتۆرەکان چۆن دەبێ!

خوێنەری بەڕێز، ئەوەی، لێرەدا دەیخوێنیەوە، نە خەونە نە خەیاڵ، بەڵکو پەرۆشییە بۆ بێئاگایی بەرپرسان و داهاتووی پاشکەوتەی نەوەکانمان، ئەگەر زوو بەئاگا نەێنەوە و هەنگاوی جددی بۆ گۆڕانکاریی ڕێشەیی لە سیستەمی پەروەردەی وڵات نەکەن. جیهان، ئیمڕۆ روو لەیەک لەو دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەشەی تەکنەلۆژی و زامنکردنی خۆشگوزەرانی تاکەکان… وە ئاراستەی چەقێن و تەراتێنکردن لە خاڵی جێگیری نەگۆڕ و قوڕبەسەر کردنی نەوەکانی داهاتووی نزیک… .

مەڵێن، “گوریس بە یەکسەری نەدەگەیشتە و جەنابیشت…. .” من لەناو جەرگەی گۆڕانکارییەکاندام و لە نزیکە و دەزانم و دەبینم، چ نەخشە و پلان و بەرنامەیەک، (لەو وڵاتانەدا) ئامادە دەکرێت بۆ خزمەتکردنی ئاێندە، دەشبینم، ئێمەمانان، سەرەڕای ئەو هەموو بنەما و کەرەستە بایەخدارو مەزنانەی کە خودا پێی بەخشیووین، لە چ پاشەگەردانی، قور ولیتە و زەڵکاوێکدا، ئەو کاتە جوانانەی تەمەن، دەکوژین بەبێ وەدەستهێنانی هیچ داهێنان و بونیاتنانێک… !

هەر (دە) ساڵێکی دیکە، ئەم جیهانە دەبێتە دوو جیهان: ژیان و ژینگەی جیهانی تەکنەلۆژیاو زانست و خۆشگوزەرانی، وە، ژیان و ژینگەی جیهانی جەهل و دواکەوتن و کەوتن.

لە جیهانی یەکەمدا، نەوەیەک دێنە سەر سەکۆی ژیان، پێیان دەڵێن (نەوەی ئەلفا) (Alpha Generation)، بیرکردنە و پێشە و کارکردنی ئەوان، ‌ ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە لەگەڵ، ئەوەی ئێمە لە پڕۆگرامی خوێندندا هەمانە. ئەوان هەم ژیانی خۆیان هەم ئایندەیان زامندەکەن بە کارکردن:

(لە بوارەکانی ڕۆبۆت)دا: چاککردنەوەی ڕۆبۆت، چاودێریکردنی ڕۆبۆت، کارپێکردنی ڕۆبۆت، بەرنامەڕێژیکردنی ڕۆبۆت، ئەمزموونگەرایی ڕۆبۆت، بونیاتنانی بەهاکانی ڕۆبۆت، داهێنەرانی ڕۆبۆت، جوانکاریی ڕۆبۆت، نووسینگەی ڕۆبۆت، پێشەنگاو نمایشکردنی ڕۆبۆت، فرۆشگای رۆبۆت…. .

(لە بوارەکانی داتا)دا: زانای داتا، لێکۆلەری داتا، دەرهێنەری داتا، شیکەرەوەی داتا، چاودێری داتا، پسپۆڕی پاراستنی داتا، بریکاری داتا، دەڵال و فرۆشیاری داتا… .

(لەبوارەکانی فڕۆکەوانی)دا: فڕۆکەی بیفرۆکەوان، بەڕێوەبەری بنکەی ئەو فڕۆکانە، ئەندزیاری ئەو فرۆکانە، شۆڤێری تەکسی ئەو فڕۆکانە، فیتەری ئەو فڕۆکانە، پۆلیسی هاتووچۆی ئاسمانی ئەو فڕۆکانە، دیزاینەری ئەو فڕۆکانە، بەرکاربەری ریمووت کۆنترۆلەکان، نووسینگە و پێشەنگای کڕین و فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە… .
(لە بورەکانی تەندرووستی)دا: گەنجکردنەوەی پیرەکان، پارێزەرەی تەندرووستی ئەقڵی خێزان، خزمەتکاریی بەساڵاچووان، ڕێکخەری جیناتەکان، بەهێزکەر و گەشکەری مێشک، ئاڵۆگۆڕکردن و چاککردنی جینات.

(لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد)دا: سەرپەرشتیاریی زیرەکیی دەستکرد، نووسەری زیرەکیی دەستکرد، مۆزیکژەنی زیرەکیی دەستکرد، هونەرمەندی زیرەکیی دەستکرد، کارگێری زیرەکی دەستکرد، شارەزای زیرەکی دەستکرد، پارێزەری ئاسایشیی ئیلکترۆنی ئەو زیرەکییە، بەکاربەری زیرەکی دەستکرد… .

(لە بوارەکانی هاتووچۆ)دا: فەرمانبەری بنکەی هاتووچۆی زیرەک، ، فەرمانبەری دارایی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ، ئەندازیاری ڕێگەی زێرەک، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە، تیپی خاوێنکردنەوە، بنکەکانی داگرتن (شەحنکردنەوە)، دیزاینەری ئۆتۆمبیل و گالیسەی تازەبابەت.
(لە بوارەکانی بلووتوس)دا: ئەندازیاری بلووتووس، یاساناسی بلووتووس، دیزاینەری بلووتووس، کارگێری کۆمپانیای بلووتووس، پسپۆڕی بەکاربەری بلووتووس، فرەکاری بلووتوس، بەڕیوەبەری بەرهەمهێنەری بلووتوس… .

(لە بوارەکانی چاپی سێ ڕەهەندی)دا: ئەندازیاری خانووی دیگیتەڵی، دیزاینەری خانووی دیگیتەڵی، وەستای خانوودروستکردنی سێ ڕەهەندی، بەرهەمهێنەری کەرەستەکانی سێ ڕەهەندی، پسپۆڕانی سێ ڕەهەندی لە نشتەرگەریدا، چاپ و چاپەمەنی سێ ڕەهەندی، لێکۆلەری کەرەستەی سێ ڕەهەندی، تەکنەلۆژایی شتە زیندووەکان، ئەندازیارو وەستای چاپی سێ رەهەندی، پشکێنەری ئامێر و کەرەستەی چاودێری چاپی سێ ڕەهەندی، پێشخەرانی بەرانامە و بەرنامەکاری چاپی سێ ڕەهەندی… .

(لە بوارەکانی پارەوپوولی دیگیتەڵی)دا: یاساناسی پارەی دیگیتەڵی، صەڕافی دیگیتەڵی، پسپۆڕی پارەی دیگیتەڵی، بەڕێوەبەری سامانی پارەی دیگیتەڵی، کارگێڕیی تەئمین کردنی پارەی دیگیتەڵی، دیزاینەری پارەی دیگیتەڵی، شیکەرەوەی زانیاری و داتای پارەی دیگیتەڵی… .

(لە بوارەکانی کەرەستەی هەستدار)دا: دیزاینەری کەرەستەی هەستدار، وەستای بەستن و دانانی کەرەستەی هەستدار، جۆڵا و تەونکەری قوماشی هەستدار، ئەندازیاری گواستنەوەی زانیاریی کەرەستەی هەستدار، بەگردرووی قوماشی هەستدار، تەکنیککاری سیستمی هەستدارو چاککردنەوەی… .

(لە بوارەکانی ئاسمان و فەزا)دا: نەخشەدانەری کار و پەیامی تایبەتمەند بە فەزا، بەڕێوەبەری مووشکهەڵدان، تیپی مووشەکهەڵدان، تیپی بارو بارکردنی مووشەکەکان، تیپی کەشناسی فەزا، چاودێریی هاتووچۆی فەزا، سەرپەرشتیاری بنکەی هەڵدانی مووشەک، زانایانی شیکەرە و پشکنینی مووشەی گەڕاوەی لە فەزا، شارەزا لە بواری پاراستنی بەها رەوشتییەکان لە پیشەسازیی فەزادا…

(لە بوارەکانی کان و سەرچاوەکانی فەزا)دا: دۆزەرەوە و کەشفکەری ئەستێرە و ئەستێرۆکەکان، تیپی سەرزەوی بۆ دەرهێنانی کانەکانی ئەستێرەکان، پسپۆڕی هاروردەکردنی کانەکان لە فەزاوە، بەکاربەری ڕۆبۆتەکانی کانەکانی فەزا، زانای پسپۆر لە ماددەکانی ئەستێرەکاندا، کریکاری توواندنەوەی کانەکانی ئەستێرەکان، بەڕێوەبەری شیکەرەوەی داتا و زانیارییەکانی ئەو کانانەی لە فەزاوە هاوردەکراون… .

(لە بوارەکانی وەزی ناوەکی)دا: دیزینەری بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی، ئەندازیاری کارگەی وزەی ناوەکی، تەکنککاری وزەی ناوەکی، سەپەرشتیاریی کارگەی وزەی ناوکی، کارگێریی کۆمپانیای ئەو وزەیە، کۆنتڕاکتەری بەرهەمهێنەری ئەو وزەیە، نەخشەدانەری وەبەرهێنانی وزە لە فەزادا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی وەزەی ناوەکی…

(لە بوارەکانی پزیشکیی جینی)دا: پێشکەشکاری ڕاچیتەی خواردنی تەندرووست، توێژەری ڕاچێتەی خواردنی تەندرووست، شارەزای خۆراکی تەندرووست، تەکنیککاری پسپۆڕ لە گۆڕینی جینەکاندا، ئەندازیاری ڕێکخەر و هەموارکەری جینەکان، پشکێنەری پسپۆڕی زانیارییەکانی جینی، دیزینەری دروستکەری کۆئەندامەکان لە بواری جینەکاندا… .

(لە بوارەکانی میتڕۆ)دا: نەخشەسازی تؤری میتڕۆ، کریکار لە بواری کاری میتڕۆ، ئەندازیاری سەلامەتیی کریکارانی میتڕۆ، بەکاربەرەی تۆڕی میتڕۆ، وەستای چاککردنەوەی تۆڕی میتڕۆ، پاسەوانی میتڕۆ، چاودێری میتڕۆ… .

(لە بوارەکانی کۆمپیوتەری کۆانتیۆم)دا: بەرنامەداڕێژەری کۆمپیوتەری کۆانتیۆم، شیکەرەوەی زانیاریی کۆانتیۆمی، چاودێریی تایبەتمەندی کۆمپیوتەری کۆانتیۆم، بەڕێوەبەری بواری بەرنامەی کۆانتیۆمی، بەکاربەری بەرنامەی کۆانتیۆمی، چاودێری تەندرووستیی تایبەت بە بەرنامەڕێژی کۆانتیۆمی… (کۆانتیۆم، لقی زانستێکی زانیاریی کۆمپیوتەرە، کە زانیارییەکی بێسنووری ئاماردەکات، بۆ ڕێکخستن و چاککردنەوەی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر، بۆ نموونە هاککردنی دەزگایەکی کۆمپیوتەریی… .)

(لە بوارەکانی واقیعی تێکەڵ)دا: ـ تایبەت بە ئاوێتەکردنی ژیانی واقیعی بە زانیاریی دیگیتەڵی و خەیاڵئامێزیدا، بریکاری سەفەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، چارەسەرکەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، ڕاهێنەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، سەرپەرشتیاری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعتی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، دیزاینەری گەمەکانی واقیعی تێکەڵ، بەرهەمهێنەری فلیمی واقیعی تێکەڵ، دەرهێنەری ئەو جۆرە فلیمە… .

(لەبوارەکانی گۆشتی دەستکرد)دا: دیزاینەری تاقیگەی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت، بەڕێوەبەری خانەی گوشتی دروستکراو لە تاقیگەدا، دیزینەری گێڵکەی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گۆشتە، ڕاوێژپێکراوی ئەو جۆرە تاقیگەیە، شارەزا لە بوای بەها ڕەوشتییەکانی ئەو جۆرە بەرهەمە، چاودێری ئەو جۆرە بەرهەمە، ئەندازیارو بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گۆشتە… .

(لەبوارەکانی پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی)دا: شارەزا لە داهێنانی بەرنامەی پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، وەستای خانوبەری پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، دیزاینەری پۆشاکی زیرەک پەیوەست بە بەرنامەی ئینتەرنێتی، چاودێری تەندرووستی ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن، پسپۆر لە تائمینکردنی کەسەکانی ئەم بوارە، شارەزا لە ئامارکردنی زانیاریی و داتای پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، زانای ئەنترۆپۆلۆژیی لە بواری پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، وەستاو تەکنیککاری ئەو ئامێرانەی ئەو زانستە… .

(لە بواری فێرکردنی زیرەک)دا: دیزاینەری سیستمی فێرکردن و خوێندن بە زیرەکیی دەستکرد، داهێنەر و پشخەری بەرنامەی فێرکردن و خوێندن بە زیرەکیی دەستکرد، ئەندازیار لەو بوارەدا، وەستاو تەکنیککار لەو بورەدا، ڕاهێنەر لەو بوارەدا، چاودێر لەو بورەدا، شارەزا و داهێنەر لەو بورەدا… .

ڕیزبەندێکی درێژ لە گۆڕانکاریی چاوەڕوان دەکرێت، لەم بوارانەی باسمان کردن، لەم چرکەساتەدا کاریان تیدا دەکرێ و داهاتوویان نزیکە، لەم ڕۆژانەدا ئیسرائیل، یەکەم سەبەتە گۆشتی دەستکردی خستە بازاڕەوە.

چۆن ئێستا هەرزەکارەکانمان نازانن، پیشەی مەنجەڵسپیکەرە و مسگەریی و ناڵبەندی و خومچییەتی چیبووە، هەربزانە، زۆریش لەو پیشانەی ئێمڕۆمان دێنە ڕیزی، پیشە کۆنە بەسەرچووەکان و هەر لە فەرهەنگەکاندا ناویان دەمێنێ.

چاوخشانێکی خێرا بە ناوەڕۆکی بەرنامەکانی ئیمڕۆی خوێندن لە هەرێمی خۆماندا، ئاماژەیە بۆ ئاست و ئاراستەی پەروەردە و فێرکردن لەو ناوچەیەدا، کە بۆشاییەکی گەورە هەست پێدەکرێ لە نێوان پڕۆگرامی وڵاتە پێشکەتووەکان و ئەوەی خۆمان. ڕاستە کۆسپەکان زۆرن، بەڵام ماقوولیش نییە، هەروا تەراتێن بکەین و لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامە کلاسیکییە بەسەرچووەکاندا بڕۆین. ئەگەر لە کتێبی جوگرافیای، تا ئێستا زەوی، دوو جوولەی هەبێ، ئەوا لە کتێبی جوگرافیای ئەو وڵاتانەدا، فێرخواز فێردەکرێت کە زەوی (١٢) جوولەی هەیە.

تۆ بڵی کاتی ئەوە نەهاتبێ، ئیمەش جوولەیەک بکەین و ئەو قۆناغە تێپەڕینین؟!

وا بڕوا، جیهان دەبێتە دوو جیهان. چەقین لە جیهانی نەزانیدا، تاوانێکی مێژوویی گەلەک گەورەیە دەرحەق بە نەتەوە و مرۆڤایەتی.

گرتەیەکی چەند غەمگین بوو، کە لەم ڕۆژانەدا، باوکێک گوتی:” هەر پێنج منداڵەکەی خۆم لە بەر خوێندن دەرهێناون، متمانەم بە پەروەردە و فێرکردنی ئەم وڵاتە نەماوە!”

(سەرچاوەکان، ئینتەرنیت بە چەند زمانێک.)

فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن




دار و ڕۆڕۆ.. برایم فەڕشی

بوون بە بێ ژینگە، نه‌بوونه‌. هەرچی ژینگە دەگرێتەوە، گرێدراوی ژیان و چاره‌نووسی مرۆڤە. گرێدراوی هەست و فانتێزی و بیرو وهزر و فەرهەنگ و تێگەیشتنی مرۆڤە، کە لە ئەدەبیات و هونەر و باوەڕی خەڵکدا ڕەنگی داوەتەوە. مرۆڤ لەو کاتەوە وەک کۆمەڵە کەس دەژیی، ژیانی گرێدراوی سیاسەت بووه‌، ‌هەرچی گرێدراوی ئه‌و بووبێ، لە بازنەی سیاسەتدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوه‌.
به‌سه‌رهاتی سرووشت پڕ له‌ کارەساتی و کارەسات هۆی هەڵقەندن و کۆچی زیندەوەران بە مرۆڤەوە لە شوێنی سەرەکی ژیانیان بووە و گەڕیدەبوون و لە شوێنێک نەمانەوە به‌ درێژایی سەدان هەزار ساڵ، دەربڕی ئەوەیە کە لە ژینگە گرینگتر بۆ زیندەوەران نییە. هەر ئەمە، ژینگە بە هەر دوو باردا دەکاته‌ ئامانج چ بۆ ژیان و چ بۆ تێکدانی.
شەڕەکان لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ، ئەمە دەردەخەن کە وێرانکردنی ژینگە بەردەوام ئامانجی شەڕ بووە. هیچ شەڕێک لە جیهاندا ڕووی نەداوە کە ئامانجی وێرانکردنی ژینگەی نەبووبێ. دوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم بە پانتای شوێنی شەڕەکان وێرانی ژینگەی لێکەوتەوە. بۆمبارانی هیرۆشیما و ناکازاکی لە میانەی شەڕی دووهەم، بۆمبارانی کیمیایی شار و گوندەکانی هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨، شەڕی نێوان ئێران و عێراق، شەڕی باڵکان، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی کەنداو، شەڕی داعش، شەڕی ڕژیمەکانی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق لە گەڵ کورد، بۆمبارانی شارەکانی سنە و سەقز و سەردەشت و پیرانشار وێرانی ژینگەی لێکەوتەوە و لە هەموو ئەو شەڕانەدا، وێرانکردنی ژینگە بەشێک لە سیاسەتی شەڕ بوو. کردنە ئامانجی ژینگە بۆ مەبەستی سیاسی- ئابووریی- تیجاریی قڕژ و چەپەڵ و نامرۆڤانەیە.
کورد لە شوێنێک نیشتەجێیە، کە کۆنترین مەسکەنی نیشته‌جێبوونی مرۆڤە. ئەم مرۆڤە کۆنەی مزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) و خەڵکانی کۆنی تری نیشتەجێ لە پانتای شاخ و کێو و دشت و پێدەشت و کەناری ڕۆبار و ناو دارستان و لێڕەوارەکان بەردەوام کەوتونەتە بەر هێرشی قەومەکانی گەڕیدە. ئەو خه‌ڵکانه‌ی تا ئێستا ماونەتەوە و لە ناونەچوون وه‌ک کورد و ئەرمەن و جوو ئەمڕۆش خۆیان و ژینگەیان دەکەونه‌ بەر هێرشی گەڕیدەکانی دوێنێ کە خۆیان بە تورک و فارس و عاڕەب دەناسێنن. میژووی هەرکام لەو گەڕیدانە گرێدراوی کوشتن و وێرانکردن بووە و گرێدراو هه‌یه‌. پەلامار بۆ سەر خاک و ژینگەی کورد و ئەرمەن و جوو ئێستاش بەردەوامە.
حکوومەتی تاران و ئانکارا و بەغدا و دمێشق سەدان گوندی کوردستانیان خاپوور کردووە و تورکیا بە بەر چاوی مێدیای جیهانه‌وه‌ دار زەیتونەکانی عەفرین و دارەکانی باشووری دزیی. ئەو دارانەی ئاوا دزران، ئەو دارستانانەی لە لایەن ئێران و سێ وڵاتی تره‌وه‌ ئاوریان تێبەردرا، تەنیا دار نه‌بوون.
ئەم دارانە ژینگەی کوردستان و ڕواڵەت و سیما و ناسنامەی وڵاتی کوردانن. ئەم دارانە لە بەر کوردبوونیان وەک ئەو مرۆڤە کوردانەی هەڵدەواسرێن و حەوت حەوت لە ناو ماڵی خۆیاندا دەکوژرێن، دەسووتێندرێن و دەبڕدرێنەوە و دەدزرێن. ئەو دارانە بە تەنیا دار و بە تەنیا ژینگە نیین.
لەم وڵاتانە و لە شەڕی مان و نەمانی کورد، دار و ژینگه‌ ده‌وری سیاسی ده‌گێڕن. دار دەکەونە بەر ڕق و توڕەیی و بەر بێبەزەیی. دار کە لە ژینگەی کوردستان خۆیان دیتۆتەوە، وەک کورد سەیر دەکرێن. هەر دارێک لە وڵاتی ئێمە مرۆڤێکە، کە دوور لە ئیرادەی خۆی سیاسی کراوه‌ و کێشراوه‌تە ناو شەڕ.
وێتنامییەکان خۆیان داری لێڕەوار و دارستانیان دەبڕییەوە و لە خۆیان قایم دەکرد و خۆیان دەبوونە دار لە شەڕ لە گەڵ یانکییەکان. دارەکان لە گەڵ سەربازانی ئامریکا بۆ پارێزگاری لە شوێنی ژیانیان چووبوونە بەرەکانی شەڕ. هەر وێتنامییەک کە دەکوژرا، دارێکیش لە گەڵی سللار دەبووە. خوێنی پارتیزان و خوێنی دارەکان جووتی یەکتر دەبوون. دارەکان سەرباز بوون، پێشمەرگە بوون. هیچ ئەمریکاییەک بەزەیی بە دارەکاندا نەده‌هات، ئەوان هەر دارێکیان کە دەکوشت، مرۆڤێک لە گەڵی سللار دەبووە. وێتنامییەکان چەندە فرمێسکیان بۆ سەربازەکانیان دەڕشت، هەرئەوەندەش فرمێسکیان بۆ دارەکان دەڕشت.
ژینگەی سەرگۆی زەوی بە دەستی مرۆڤ، هەر ساڵ و هەر وەرز و هه‌ر ڕۆژ وێران ده‌کرێ. مرۆڤ ده‌نگی ژینگه‌ی خۆی نابیستێ. ئەمساڵ زەوی لە کانەدا، ئوسترالیا، ئامریکا، ئامریکای لاتین لە بەر تەوژمی گەرما چزەی لێهەڵستا، گڕی ناو دارستانەکان لە شوێنێک و لە وڵاتێک نەوێستا و گەیشتە تورکیا و یۆنان و ئیتالیا و سپانیا، ڕێک ئەو شوێنانەی بۆ گوزەران و سەیرانی مرۆڤ تێکدراوە و ساڵانە بە میلیۆن خەڵک ڕوویان تێدەکات بە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە وێرانی ژینگە.
ئەوەی ئەمڕۆژانە تووشی تورکیا بووە، سووتانی دار بە تەنیا نییە، دەرخستنی ڕووی فاشیستی و مەیلی تێرنەبووی سیاسه‌تبازان و تاجرانی سێکس و بازاڕیان و حه‌راجخانه‌کانی جه‌سته‌ و فابریکه‌کانی خواردنه‌وه‌ی ئەلکۆلی و ده‌ڵاڵه‌کانی محه‌به‌تخانه‌کانی ئه‌ستانبول و قه‌راخ ده‌ریا و مۆڵگه‌کانی سەیر و سیاحەت و توریسم و مەیلی تێرنەبووی حزبی ئیسلامی حاکم و سوڵتانەکەی ئانکارا و ده‌ڵاله‌که‌ی مه‌زادخانه‌کانی سیاسییه‌، کە لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە ژینگە و خەڵکه‌که‌ی بۆ درووستکردنی کاخ و فرۆکەخانە و شوێنەکانی تر ژینگە وێران دەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیا ڕوو دەدا بەرهەمی سیاسەتی قڕژ و چەپەڵی حزب و وڵات و خەڵکێکە کە سەد ساڵە بە بیر و تێگەیشتنی فاشیستی گۆژ کراون. ئەوان لە فێرگە و باخچەی منداڵان و زانستگا و ماڵەکان فێر دەکرێن کە “بیر تورک دونیایە دەیەر” تورکێک یەک دونیا دەهێنێ.
بۆ خاوەنی ئەم تێگەیشتنە، وێرانی ژینگە و مرۆڤی جگە لە خۆیان، بایخی نییە. ڕۆڕۆکردن بۆ دارستانەکانی گرێدراوی سیاسەت و فاشیسم، فێڵه‌بازانه‌یه‌!

برایم فەڕشی
٠٤/٠٨/٢٠٢١




ژنەگوندییەکی تورک لە ئەردۆگان راپەڕی: ئەمەیە رەفـتارەکانی سـەرۆک؟.. رەزا شـوان

ژنـەگـونـدییـەکی تـووڕەی تـورک لـە شـارەدێـی (مـوگـلا) لـە رۆژئـاوای تـورکیـادا، کە دارستانەکانی دەسووتێن. لە ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا تووڕەبـوو، بە هـۆی رەفـتارە نابەجـێیەکەی ئەم دواییـەی، کە سەردانی زیـان لـێکەوتـووانی ئاگرەکـەی کـرد. کە تا ئەمڕۆ (٨) کەس بە هـۆی ئاگـری دارستانەکـانەوە گـیانیـان لەدەست دان و چەنـدین برینـداری سووتاویش گەیەنـدرانە نەخۆشخانەکـان. شەرمەزارییە بۆ تورکیا کە خاوەنی بەدەیان فـڕۆکەی جەنگییە، کە هەموویان بۆ کورد قڕکردن و سوتاندن و وێرانکردنی کوردستان بەکاردەهێنن. کەچی خاوەنی فڕۆکەیەکی ئاگرکوژێنەوە نین. فـڕۆکەیەکی هـێلیکـۆپتەری ئاگرکـوژێنەوەیان لە دەوڵەتی کازاخسـتان بەکـرێ گرتـووە. ئەردۆگان مانگانە بە ملیۆنان لیرەی تورکی بە جاشە بەکرێگـیراوەکانی لە لیبیا و سووریا و عـێراق و سۆمال دەدات. کەچی خاوەنی فـڕۆکەیـەکی ئاگـرکـوژێنـەوە نیـیە.. چـەنـد وڵاتـێک لە رای خـوا بە فرۆکەی ئاگرکوژێنەوە یارمەتی تورکیا دەدەن. نەک لەبەر خاتری ئەردۆگانی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ و تورکیای رەگەزپەرست و فـاشیست، بەڵکو لە پێناوی پاراستـنی ژینگە ، کە پەیـوەنـدیی بە سەرجـەم مـرۆڤـایەتتەوە هـەیە.
ئەردۆگان (١٣) فڕۆکەی گرانبەهـای تایبەتی بۆ خـۆی کڕیوە. دەیتوانی یەک فـڕۆکەی بۆ خۆی بکڕیایە و (١٢) فـرۆکەی ئاگـر کوژانـدەوەی بکڕیایە. لە کاتێکـدا کە لـیرەی تورکی هـێندە بەهـای دابەزیـوە، ئابـڕووی چـووە.
ژنەگونـدییەکە لەوە پەست و تووڕەبـوو، کە ئەردۆگان بە هەموو ئەقـڵێیەوە کیـسە چـای بۆ قـوربانییانی سووتـانی دارستانـەکـان هـەڵـدا. کە لە هـەفتـەی رابردوو چەندین شاری تورکیای گرتۆتەوە. بووە هۆی زیانی و مادی رۆحی.
ژنەگوندییە تورکەکە، کە بە ناچاری ماڵەکەی لە موگلا بەجـێهـێشت، کە گڕی ئاگر گەمارۆی دابوو. وتی:”سەرۆک ئەردۆگان لە جیاتی ئەوەی کە ئاوی بە گەل بدایە. کیسە چای بۆ هەڵدەدان. ئایا ئەمە بە سەرۆکی کۆمار دادەنـرێ؟” ژنەگوندییەکە لەسەر رەخنەکـانی رۆیی و وتی:” وەکو پێویسـت ئـاوڕیـان لە کوژانـدنەوەی ئاگرەکەی شارەکەمانیان نەداوەتەوە” ژنە گونـدییەکە درێـژەی بە قسەکانی دا و وتی:” ئایا منـداڵە سووتاوەکـانمان بۆ دەگەڕێنەوە؟ ئایا مـاڵە سووتاوەکـانمان بۆ دەگەڕێنەوە؟ ئێمە لایەنگیریی سەرۆکمان کـرد و خستمانە سەر سەرمـان، بەڵام ئـەو ئێـمەی تـوڕهـەڵـدایـە سـەر زەوی”
ژنەگوندییەکە پرسی:”چۆن سەرۆکی کۆمار بەم شێوەیە دەبێت؟ ئایا سەرۆک کـۆمـاری لـەم شـێوەیـە هـەیە؟ لـە جیـاتی ئـەوەی کـە ئـاومـان بـداتێ، کـیسە چـای بۆ خەڵکی هەڵـدەدات! ئایـا دەکـرێ سـەرۆک بـەم شـێوەیە بێـت؟!”
ئەردۆگان لە ماوەی رابردوودا، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بۆوە. بە هـۆی هەڵدانی کیسە چای بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چەنـدین نـاوچـە و گـونـد و شـارەدێی تـورکیادا. ئەمەش شـێوە رەفتـارێکە کە ئەردۆگان دەیکا کە بە زۆری لە کاتی هەڵـبژاردنەکاندا کردوویەتی و دەیکات.
لەپاڵ ئەو رەخنانەی کە ئۆپـۆزسیۆن لێیان گـرت، پەرلەمانتـارەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، رووبـەڕووی هـەمـان رەفتـار بوونـەوە. وەکو تێـز و گاڵتەپێکـردن گوزارشتیان لە هەمان هەڵوێستی رەتکراوەی ئەردۆگان کرد بەڵام ئەمجارەیان لە پیاوەکـانی ئەردۆگان. لە دووبارەکردنـەوەی رەفتـارە بێ مانـاکانی سەرۆکی تورکیا. کە بووە هـۆی ورووژانـدنی رەخنە و ناڕەزاییەکی زۆر. تەنانەت لەناو پارتەکەی خۆشیدا ئەو رەفـتارە ساوێلکەییەی ئەردۆگانیان پێ خـۆش نەبـوو. هەڵـدانی کیسە چـای بۆ خەڵکی، سـۆز و بـەزەیی نییە بە زیـان لێکەوتووانی لافـاو و ئاگـرەکە. بەڵکو ریکلامـێکی سیاسی و پێشوەختەی هـەڵبژاردنەکانە.
(تانجۆ ئۆزجان) کە سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی (بولو) یە سەر بە پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنە وەک رەخنە و تێز و گاڵتەپێکردنێک بە ئەردۆگان، کیسە چای بۆ پەرلەمانتارەکانی پارتەکەی ئەردۆگان داد و گەشەکردن هەڵدا.
لە میانەی کۆبوونـەوەی پەرلەمانتـارانی پەرلەمـانی تورکیا. تانجـۆ ئۆزجـان وتی:”هەر وەک چۆن سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان رەفتاری کرد. منیش چاو لەو دەکەم” ئینجا ئۆزجان کیسە چای بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی ئەردۆگان هـەڵـدا. لە دیمەنێكدا کە کەسانێکی زۆر بە (کۆمیـدی) باسیان کرد.
ئەم هەڵوێستەی ئۆزجان، پەرلەمانتارەکانی ئەردۆگانی پەست و تووڕەکـرد و ئۆزجانیان بە (بێ تەربێـت و قـێزەوەن) ناویان بـرد.
ئۆزجانی سەر بە پارتی گەلی کۆماری. لە لێدوانێکیدا لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە لاپەڕەی خـۆی کە لە تـۆڕە پەیـوەنـدییە کۆمەڵایەتیەکانـدا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت:”وەک چـۆن پەنـابەران هـاتن، ئاوهـاش دەڕۆن. پەرلەمانتارانی داد و گەشەکردن تووڕەبوون. بۆ هـێورکردنەوەیان کیسە چام بۆ هەڵدان. تا ئەوان بە نەگـریس و بێ تەربێـت و دیکتاتـۆر باسم بـکەن. کارەکەم هـەڵـوێستـێکی تـراژیـدی کـۆمیـدییە. لـێکـدانەوەی بـۆ ئێـوە بەجـێدەهـێـڵم”
لە هـەفـتەی رابـردوودا، کە خەڵکی دەڤـەری (ریـزا) لە باکووری تورکیا. کە بە هـۆی لافـاوەوە (٦) کەسیان لێ مـردن و (٢) کەسیشـیان تا ئێسـتا ونـن و نەدۆزراونـەتەوە. خەڵکـییەکە لە ئەوپـەڕی خەمبـاری و ماتـەمیـنیدا بـوون. کـە ئەردۆگان سەردانی کـردن، لە جیاتی دڵدانەوەیان، لە دیمەنێکی ناشیرین و نامـۆدا، کیـسە چـای بـۆ ئامـادەبـووە زیـان لێکەوتـووەکـان هـەڵـدا. بـە هـۆی ئـەم رەفـتـارەیـەوە، رەخـنەیـەکی زۆر و تونـدیـان لە ئەردۆگان گـرت.
(*) دەقی قسەکانی ژنەگوندییەکە و سەرۆکی شارەوانی بولو تانجۆ ئۆزجان لە رۆژی (٥/ ئاوگـوست/ ٢٠٢١) لە سایتی (الـزمان الترکي) دا بڵاوکراونەتەوە.
٦/ ئاوگـوسـت/٢٠٢١




بەهاری خامۆش.. شیعر : احمد شاملو وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

” بهار خاموش “

بەسەر ئەو فانۆسەی
هیچ دەستێک داینەگیرسان
بەسەر ئەو ” تەشی” ییەی
لەسەر تاقەکە مایەوە بێ دەنگ
بەسەر ئەو ئاوێنە ژەنگاوییە
بەسەر ئەو ” بێشکە ” یەی
کەس ڕاینەژان

بەهاری چاوەڕوان کراو
بێ ئەوەی بکەوێتە خۆی ، هات
لەهەر سەربانێک ڕاوەستا
……و ڕۆشت
لە هەر چیایەکا هاوارێکی کرد
…… و ڕۆشت
کەسێ پەیا نەبوو
غەمناک یا دڵخۆش ، کە پێ بخاتە
سەر جادەی خەڵوەت
کەسێ لە ساڵانی پێشتر
شاد یا غەمگین ، پەیا نەبوو
ئاهێک هەڵکێشێ…
ئاهێک هەڵکێشێ…
کەسێ لە ” کەپر”ەکەی (1) ، سەری دەرنەهێنا
نە مریشک لە هێلانە
نە دووکەڵ لە دووکەڵ کێش
هەوا بە لێیانی دەف
نەهاتە لەرزین
گوڵێ بۆ خۆی لە باغچەکەییا، نەڕوا
بەهار بە خامۆشی هات
ئەی حەسرەت بۆ ژیانی بەهاریی

کەسێ لە ” کەپر”ەکەی ، سەری دەرنەهێنا
نە مریشک لە هێلانە
نە دووکەڵ لە دووکەڵ کێش
هەوا بە لێیانی دەف
نەهاتە لەرزین
گوڵێ بۆ خۆی لە باغچەکەییا، نەڕوا

لەم” وێران سەرا” میحنەت هێنە
بەهار بە خامۆشی هات
و
حەسرەت ، بۆ جم و جۆڵێک
مۆم دابگیرسێنێ
و
دەرگا بخاتە سەرپشت
مۆم دابگیرسێنێ
و
دەرگا بخاتە سەرپشت

“””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
(1)= لە شیعرەکەیا “كومە” نووسراوە کە مەبەست لێی ئەو
خانوەیە کە ڕاوچیەکان لە بیابانا بە دار و درەخت دروستی
ئەکەن و لە کوردیا ووشیەکی بەرامبەریم نەدۆزییەوە …..