كچە قەرەجێ.. هاوار ته‌یب

دوێ ئێوارە، كچە قەرەجێ بۆی نووسیم:

ئێوارەباش كوڕەڕەنگ گەنمییەكەی نیشتمان،

من لێرە خەریكی كۆكردنەوەی پاروویەك نان و

كەمكردنەوەی ئازاری برسێتیم.

بۆم نووسی:

ئێوارەباش شاجوانی نیشتمان ،

تۆ گوڵێكی لە سەر ئازاری نیشتمان.

ئێوارەیەكی درەنگوەختی

لە كایەی ژیان

تۆ لەو خەونانەی كە ھەرگیز ئاوا نابن

كچێ بە دوو چاوی ڕەشەوە

خەریكی پڕكردنی ڕەنگە خۆڵەمێشییەكەی ژیانە و

ھیوا لە سەر زمانی كچانی نیشتمان دەچێنێ.

كچێ خەریکە

بە دوو دەستی پڕ لە برینەوە

ڕابردوو و مەرگ

بە یەكەوە بخاتە زیندانەوە.

ڕانیه‌

هاوار ته‌یب




تەرمی خەمەکانم.. شەماڵ بارەوانی

دێمەوەو

جانتەیەک ماچت بۆدێنم

گوڵی شادی

لە ئینجانەی تەمەن دەڕوێنم

.

دێمەوە

ئەزموونی عەشق یاداشت دەکەم

هەموو عاشقانی وڵات پاداشت دەکەم

.

دێمەوەو

مل لە ڕێدەدەم

بەرگی غوربەت فڕێ دەدەم

.

دێمەوە

تاڵی تەنیایی ئۆغردەکەم

 ئاوی چۆمی نیشتمان فڕدەکەم

.

دێمەوەو

هەموو شتێک لەنیگای تۆوە دەناسم

تەرمی خەمەکانم

لە قەنارەی هەناسەکانت هەڵدەواسم

.

دێمەوەو

مێژووی ناکۆکییەکانمان دەسڕینەوە

خەنده دەکەین بە شوێنگرەوەی ئەسرینەوە

.

دێمەوە

لەخەوی دبڕان هەڵدەستین

نوێژی ئامێز دەبەستین

.

دێمەوەو

میحرابی عیشق

بە نزای ڕۆح تەڕ دەکەین

موناجاتی ئاوێتەبوون لەبەردەکەین

.

دێمەوە

دانووستانی ئەوین خۆشدەکەین

ئاگری ڕق خامۆش دەکەین

دێمەوەو

مۆمی پەیمان له ژوانگەی عەشق هەڵدەکەین

هەموو کێشەکان لەڕێگەی ماچ حەڵدەکەین.

Seen by Shamal Ismael Kareem at 4:12 AM




تەنز/ مانگە دەسکردەکان.. ــنەوزاد بەندی

Nawzad Bandy

ئەوەی ئەڵێ کورد خاوەنی مانگی دەسکرد نییە ، سەری دای لە بەرد ..باشە ؟ ..ئاخر بێ ویژدانییەکی گەورەیە داهێنەرانی کورد نائومێد بکەیت و ..وایان لێبکەیت لە داهێنان ساردبنەوە و ڕاهێنانی داهێنان ڕابگرن ..
مانگی سی و پێنج ڕۆژیی ..
مانگی چل ڕۆژیی ..
مانگی پەنجا و تەنانەت شەست ڕۆژیی ..
ئینجا ئەمڕۆ چووم کارتێک بکڕم بۆ هێڵی کۆڕەکەکەم ، کابرای کارتفرۆش ووتی : وەڵا برا ئێستا مانگەکەیان کردووە بە بیست ڕۆژ ..!!
واتا کە پارەکە خۆیان وەریبگرن ، مانگ ئەکەن بە بیست ڕۆژ بۆت ، بەڵام پارەکە فەرمانبەران وەریبگرێ ، مانگ ئەکەن بە چل و پەنجا و شەست ڕۆژ ..
دەی ؟ هێشتا ئەڵێن کورد مانگی دەست کرد دروست ناکا ؟
هەر کەسێ وا ئەڵێ ، سەری دای لە بەرد ..
میللەتێکی سەیرین ، چاومان بە داهێنانی ناوخۆدا هەڵنایەت و ..لە جیاتی پشتگیریی ، وورەی داهێنەرەکانمان ئەڕوخێنن ..
ووتیان ئاسیا سێڵیش هەمان مانگی دەسکردی بیست ڕۆژی داهێناوە ..
ئیتر بۆ پێشەوە ، بژی کورد ..




قـوتـابـیـانی کوردســتـانـین.. رەزا شـوان

قـوتـابـیـــــــانـی کـوردســـــــتـانـیـن
رۆڵـەی گەرمـیــان و کوێـســتـانـیـن

  • * * * *
    تـێکـۆشــــەریـن ، کـۆڵـــــنـەدەریـن
    کــورد و کـوردســـتـان پــەروەریـن
  • * * * *
    نـەوەی ئـەمــڕۆی کـوردســـتـانـیـن
    هـیــــوای داهـاتـووی گـەلـمـــانـيـن
  • * * * *
    ئـەرکـی پــــــیـرۆزی ئـەســـتـۆمـان
    بـەرگـــــــريــیـە لـە کـوردســــــتـان
  • * * * *
    ئـەڕۆیــن ئـەڕۆیــن بـۆ پـێـشــــەوە
    بـە گـــور و تــیـن، بـە جـۆشــــەوە
  • * * * *
    گـەشــــبـیـنـن و هـیــــوا بـــەرزیـن
    بــڕوابـەخـــۆیـن قـــەت نـابـــەزیـن

سـویـد: ٢٠٢١