فەلسەفە درۆی بۆ ڕاڤەکردم!-2- ئازاد حەمە

هەرزوو فەلسەفە حاڵیکردم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە
بەشی دووەم

دەستپێک
قەرزاری فەلسەفەم. قەرزاریی لەم جۆرەم بەخۆمەوە نەدیووە. هەر زوو فەلسەفە وایلێکردم لەوە حاڵیبم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە و لە ئێستاشدا ڕاستی بە قۆناغێکی دژوار و سەختدا تێدەپەڕێت. هەموو درۆدەکەن. درۆ فۆڕمی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، لێ درۆ هەر درۆیە. هەر سەدە و کاتێک درۆی خۆی هەیە و جۆری درۆی خۆشی بەرهەمدێنێت. نەک هەر ئەمانە، ئەوەش، کە ڕاستی گرنگ نییە و کۆپیەکی زۆریشی لێکەوتووەتەوە. درۆ لە زیادبووندایە. درۆ هێندە بەسەلیقە و ژیرانە دەکرێت، خەریکە جێگا بە ڕاستی چۆڵدەکات. باشە فەلسەفە نەبایە چۆن لەوە حاڵیدەبووم درۆ ترسناکە، خۆی دەگۆڕێت و چەندین لێکەوتەی سەمەرەی خستووەتەوە! ئەلێکساندەر كوێرێ Koyréوتەنی “مێژووی درۆ هێندەی مێژووی مرۆڤ کۆنە. وەکیتر مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە درۆزن بووە. درۆی سیاسیش لەگەڵ لەدایکبوونی شار هاتووەتە دونیاوە”.
فەلسەفە خۆشەویست لەبەردڵانە، لێ من قەرزاریم. بە ڕاڤەکردنەکانی بۆ دیاردەکانی ژیان و بوون بردومیەتە كه‌شكه‌ڵانی شادمانی. ئەو شێوە ئامادەبوونەی هۆکار بوو فەلسەفە بێت و بەندە لەگەڵ خۆیڕا ڕاپێچی نێو تێڕامانبکات. هاتنەکەی هەرگیز درەنگ وەخت نەبوو. ئەوەش بە هەنووکەی گەیاندم و ڕۆڵێکی شاراوەشی لە بونیادی هزریمدا بینی. دواتر بەزەقی، قوڵتر، ڕێوشوێنی جیای بۆ بیرکردنەوەم سازاند. لەم بەشەی نوسینەکەم تایبەت بە ‘”من قەرزاری فەلسەفەم””پرسیار سەبارەت بە درۆ لە مێژووی فەلسەفە دەجوڵێنم.

درۆناسی بەپێی فەلسەفەی دێریدا

درۆ لە وتندا دەردەکەوێت. بۆیە كردەی درۆ كردەی وتنە، وتنێكی درۆئامێز. ئەم جۆرە وتنە، وتنی درۆیاوی، لە مێژووی فەلسەفە دا چەمكێكی تەمومژاوییە و پرسیاری جۆراوجۆر هەڵدەگرێت. لە دێر زەمانەوە پرسیارە فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ چەمكی تریان لەخۆگرتووە (بۆنموونە: هەڵە، نا-درۆ، ڕاستی ، نا-ڕاستی، ڕاستگۆیی، فریودان، بەلاڕێبردن لە وتن، خەڵەتاندن و…..). بەپێی ئەوەی وتنی ڕاستی لە كۆمەڵگەی نوێدا لەبەردەم هەڕەشەدایە و زۆربوونی درۆكردنیش كاریگەری لەسەر ڕاستی بەجێهێشتووە ئەمە وایكردووە خودی ڕاستی جێیگومانبێت.
پوختەی ئەوەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت نوسینەوەی “مێژووی درۆ” کارێکی پێویستە و دەرفەت لەبەردەم تێگەیشتن لە نا-درۆش دەکاتەوە. بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا J. Derrida بە وردی لە ساڵی 1997 دا ئاوڕ لەو مێژووە دەداتەوە. پێشتریش فەیلەسوفان قسەی خۆیان لەسەر درۆ لەمیانە گفتوگۆکردنی ڕاستی هەبووە. گێڕانەوەی “مێژووی درۆ” بێ لایەن نابێت گەر گشت دژە چەمكەكانی (بەرامبەرەكانی) درۆ لەو گێڕانەوەیەدا ڕۆشناییاننەخرێتەسەر. هاوكات مێژووی درۆ ئەو مێژووەشە، كە پڕ لە درۆیە و درۆكانی ناو مێژووش بەشێكن لەو مێژووەی مێژوو لەسەر درۆ بۆمانیدەگێڕێتەوە، لێرەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین كاتێك ژاك دێریدا لە كتێبی””مێژووی درۆ”” دا ژێنیەلۆژیایەك (نەسەبناسی، ئەسڵناسی) Généalogie ، ژێنیەلۆژیایەكی هەڵوەشانەوەگەرانە، تایبەت بە مێژووی درۆ دادەمەزرێنێت هەڵوەشانەوەی چەمكی درۆ و سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووەكەی دەكات بە بناغە بۆ تێگەیشتن لە درۆ و هەڵە، لە درۆ و پاساودان، لە درۆ و نیازپیسی، لە ڕاستی و نیازپاكی، لە درۆ و نیەت، لە درۆ و مەبەستگەری، لە درۆ و بەرژەوەندی.
بەو شێوەیە بێت لای سەرەوە هێمای بۆکرا، شێوازی هەڵوەشانەوەگەری دێریدا لەم نوسینەیدا ئەو دەمە بە چاكی بەدیدەكرێت، كە كار لەسەر چەمكی درۆ و چەمكە هاوشێوەكانی دەكات و دواتر لەسەرەخۆ شۆردەبێتەوە بۆ ناو مێژووی درۆ و هەڵوەشانەوەی ئەو مێژووەی بە بەرپرسیاریەتیەكی ڕەوشتیی لەقەڵەمدەدات. لەبەرئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە فاكتەری جیاجیا كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی درۆ داناوە ئەمە وایکردووە مێژووی درۆ بەپێی كولتوور و شارستانییەكان گۆڕانی بێتەسەر و هەر كولتوور و شارستانییەك مێژووی درۆی تایبەت بە خۆی هەبێت. واتە، درۆی کوردی دەقاو دەق لە درۆی سویدی یان ئیتاڵی ناچێت و بەپێچەوانەوە. درۆزنێکی سیاسی کورد ئەو درۆیانە دەکات بەرهەمی میژوو و کولتوورکەین. درۆی سیاسی کوردی جوانكیلە و هەستبزوێنە، بەناوی شەهیدان و شکۆپارێزی نەتەوەوەیە. وەکیتر درۆی کوردی درۆیەکی لەمێژینە و دووبارەن.

پرسیارسازی لەمەڕ درۆ

گەر فەلسەفەكردن لە پەیوەندیدابێت بە دروستكردنی پرسیار تایبەت بە “درۆ و مێژووی فەلسەفە” ناچارین لەو پرسیارانەوە دەستپێبكەین، کە خۆیان بە دەستپێكی ئەو مێژووە دەزانن: بۆ “من”ێک لە منەکان درۆ دەكات؟ منی درۆزن چ جۆرە منێكە؟ ئەو شتەی وەك درۆ دەوترێت چییە؟ شتەكە چییە، كە دەبێت بە درۆ؟ درۆ مێژووی هەیە؟ یان بێ مێژووە؟ باشە ئەو مێژووەی درۆ دەگێڕێتەوە بەخۆشی درۆدار نییە؟ مێژووییەكی بێ درۆ بوونی هەیە؟ بەواتایەكی تر، خودی مێژوو بەشێك نییە لە مێژووی درۆ؟ گەر هاوكێشەكان بەم شێوەیە بێت، باشە شیاوە نووسینەوەی مێژووییەك تایبەت بە درۆ؟ ئایا ئەو مێژووە لەگەڵ مێژووگەرایی تێهەڵكێش نییە؟ بۆ دەبێت درۆ هەبێت؟ وتنی درۆ پەیوەندی بە وتنی ئەو شتەوەیە ڕاست نییە، یان ئێمە زانیاریمان لەسەر خودی درۆ نییە؟ بەمجۆرە، كاتێك شتێك دەڵێین و زانیاریمان لەسەری نییە ئەوی وتومانە هەڵەیە یاخود درۆ؟ گەر هەڵەمان وتبێت باشە بەوە درۆمان وتووە؟ باشە گفتوگۆكردنی درۆ و هەڵە لێرەوە دەستپێناکات؟ وتنی هەڵە بە مەبەستەوەیە، یان بێ مەبەستە؟ گەر درۆ كردەیەكی مەبەستدار بێت لە وتندا ئەوا ئامانج خەڵەتاندنی ئەویترە. ئەی خەڵەتاندنی خودی خۆی تێدا نییە؟ بۆیەتی (بۆ) درۆكردن پێویستی مرۆڤ بووە بۆ درۆكردن، یان ویست بووە بۆ دەربازبوون لە دۆزێک؟ كەوابێت ئەم پێویستی و ویستە پێمانناڵێت مافێك بۆ درۆكردن هەیە؟ باشە كێ مافی درۆكردنمان پێ دەبەخشێت؟ بۆ ئەم مافە بۆ وتنی پێچەوانەكەی درۆ نەبووە؟ واتە بۆ مرۆڤ لەبڕی ئەوە پێویستی بە (ویستی بۆ) وتنی ڕاستی نەبووە؟ لێرەوە دەمانەوێت بپرسین درۆ جێگرەوی چییە؟ جێگرەوی ڕاستییە؟ یان ڕاستگۆییە؟ گەر كەسێك درۆی كردبێت کەوابێت ڕاستی نەوتووە؟ یان نا- ڕاستی وتووە؟ ئایا ڕاستی نەوتن درۆكردنە؟ كە درۆشمان لەگەڵ دەكرێت پێویستمان بە چییە؟ بە زانینی ڕاستی؟ باشە چۆن بە ڕاستی دەگەین؟ لەڕێگای حاڵیبوون لە درۆ؟ وتنی ناڕاست لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی نەبووە؟ باشە ئەم دیاردەیە لە گشت كولتوور و شارستانیەكان بەو جۆرە بووە؟ كەواتە، درۆ و كولتوور، یان درۆ و شارستانی چ پەیوەندییەكیان بە یەكەوە هەیە؟
وێڕای ئەوە، ڕوونتر بپرسین: كام كولتوور، یان شارستانی زۆرترین درۆی تیاكراوە؟ چ سەردەمێك (چاخێک، سەدەیەک)، سەردەمی كۆن، یان سەردەمی نوێ، داهێنانی لە درۆ دا كردووە؟ ئێمە ئێستا، كە لە قۆناغی كۆمەڵگەی پاش پیشەسازی و كۆمەڵگەی ئەلەكترۆنیداین، ئایا درۆش هێندەی ئەو گەشە ئابووری و تەكنیكییە گەشەی نەكردوە؟ واتە درۆش هاوچەرخ نەبووە؟ لێرەوە دەشێت پرسیارەكان ئاستێكی تر وەرگرن: كام چینی كۆمەڵایەتی (هەژار، یان دەوڵەمەند) زۆرتر درۆ دەكات؟ كام ڕەگەز(نێر یان مێ) درۆزنترە؟ واتە درۆ پەیوەندی بە جێندەرەوە هەیە؟ ڕوونتر بدوێین، درۆ دیاردەیەكی پیاوانەیە، یان ژنانە؟ درۆ تەنیا دیاردەیەكی مرۆییە؟ یان ئاژەڵەكانیش توانای درۆکردنیان هەیە؟ ڕیشەی درۆ مێتافیزیكییە؟ گەر مێتافیزیكییە، ئایا ئایینەكان درۆ دەكەن؟ ئایا ئاین بۆ لەناوبردنی درۆیە، یان خودی ئاین، لەڕێگای گێڕانەوەكانییەوە، دروستكەری درۆیە؟ مەبەستمان ئایا هەقایەتەكانی ئاین جێیگومان نیین؟ مەگەر ئاین بەپێی بانگەشەكانی لەگەڵ درۆ یەكناگرێتەوە؟ ئایا درۆكردن لێزانینی دەوێت؟ باشە زیرەكی لە درۆكردن بە مانای ئەوە نایەت، کە ئەو زیرەكییە گومانلێكراوە؟
هەر تایبەت بەو لایەنە شیاوە بپرسین: هەندێك ڕەفتاری كۆمەڵایەتی نا-ئاخاوتنانە، وەك زەردەخەنە و ئاماژەكانی دەست، دەشێت ئەمانەش وەك درۆ تەماشابكرێن؟ خێزان، كۆمەڵگە، دامەزراوەكان، مزگەوت، قوتابخانە، زانكۆ، میدیا و شوێنە گشتیەكان (قاوەخانە، پاركی گشتی و….) شوێنی بەرهەمهێنانی درۆ نین؟ چۆن دەزانین كەسێك درۆی لەگەڵدا كردوین؟ چۆن دەزانین ئەوەی وتراوە درۆیە لەكاتێكدا درۆكەمان ئاشكرانەكردوە؟ باشە درۆ ڕاستی دەشارێتەوە (وندەكات)؟ یان وتنی ڕستی دوادەخات؟كەوابێت لێرەوە دێینەسەر پرسیاری درۆ و شاردنەوە، درۆ و ئاشكراكردن: ئایا ئەم دوو لایەنە گرنگییان بۆ دیاریكردنی درۆ نییە؟گەر درۆ شاردنەوەی ڕاستی بێت، كەواتە پێویستمان بە ئاشكراكردنی ئەو ڕاستییەیە؟ چۆن دەتوانین بیسەڵمێنین كەسێك درۆی كردوە؟ ئەدی دەزگای ئاشكراكردنی درۆ Polygraph دەتوانێت بمانگەێنێت بە ڕاستی؟ هاوكات شیاوە بپرسین ئایا درۆ لەبەردەم جۆرایەتیدا خۆیدەبینێتەوە؟ واتە دەتوانین باس لە جۆراوجۆری درۆ بکەین؟ ئەی درۆ لە پەیوەندیدا نییە بە بەرژەوەندی و هاوکات بە نیەتیشەوە؟

شوێنێک بۆ درۆ لە مێژووی فەلسەفە دا

بۆئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی لای سەرەوە بدەینەوە ئاماژە بەوە دەكەین، کە لە مێژووی فەلسەفەدا درۆ بابەتی گفتووگۆی فەیلەسوفان بووە. فەلسەفە لە ئەفلاتونەوە تا دێریدا، واتە لە یۆنانەوە: ئەفلاتون، ئەریستۆ،دواتر لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ئۆگۆستینۆس Augustinus و لەگەڵ دەركەوتنی سەدەی ڕێنیسانس لە سەدەی 16، میشێل دی مونتین Michel de Montaigne، دواتر لە سەدەی 18، رۆسۆ و كانت، و لە سەدەی 19، نیچە، و لەسەدەی 20 دا، ئەلێکساندەر كوێرێ Koyré ، ئارێنت Arendt، پاشانیش دێریدا وتنی درۆیان خستۆتەژێر پرسیارەوە. بۆنموونە، ئەفلاتون لە دیالۆگی هیپیاسی بچكۆلە (Hippias Minor) ئاماژەی بە بوونی درۆزن و درۆزنێكی فێڵباز كردووە. پاش ئەفلاتون دەبینین گفتوگۆی فەلسەفی ئەریستۆ تایبەت بە درۆ و پەیوەندی درۆ بە مەیل و بە نیەتەوە بۆ درۆكردن گرێداوە. لای ئەریستۆ توانای درۆكردن گرینگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەو مەیلەیە درۆزن بۆ درۆكردن هەیەتی.
دیارە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی ئامانجی گەران بووە بەدوای ڕاستی، واتە درۆ ئەو دوژمنە بووە فەلسەفە هەمیشە كاری بۆ نەمانی كردووە. درۆ، وڕێنە، ئەفسانە، جەهل و خەڵەتاندن ئەو دژە جەمسەرانە بوونە ڕاستی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەم جۆرە، گەر ڕاستی لە خانەی نا-درۆ دا پۆلینبكەین درۆ لە خانەی نا-ڕاست دا پۆلیندەكەین، بەڵام ئەم پۆلینە پێماندەڵێت دژەجەمسەری درۆ ڕاستی نییە، بەڵكو ڕاستگۆییە، كە دواتر ئەم لایەنە لە توێژینەوەیەکی دێریدا دا ، بەناوی “”مێژووی درۆ””، دەردەكەوێت.
دێریدا كە پێیوایە كردەی درۆ كردەیەكی مەبەستدارە ئەم لایەنە لای ئۆگۆستینۆس ئاڕاستەیەكی دی وەرگرتووە. بۆ ئۆگۆستینۆس درۆ شتێکی مەبەستییە و مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی دا درۆ ناكات. هاوكات ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت وتنێكی هەڵەمان وتبێت بێ ئەوەی درۆشمانكردبێت. ئەم لایەنە بەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئامانج لەو درۆیە خەڵەتاندنی ئەوەی تر (کەسی دووەم) نەبووە. وێڕای ئەوە، وتنی شتی هەڵە، كە پێمانوایە ڕاستمان وتوە مانای ئەوە نییە درۆزن بین، بەڵام وتنی ڕاست، كە پێمانوایە هەڵەیە درۆزنمان دەكات. بەپێی ئەم بیرمەندە دەتوانین هەڵە بكەین، بەڵام هەڵەكار درۆزن نییە. واتە هەڵە لە درۆ جیایە. گفتوگۆكەی دێریدا لەمبارەیەوە پێماندەڵێت درۆ لەگەڵ خودی خۆدا نەشیاو و بێمانایە، لەبەرئەوەی ناكرێت مرۆڤ شتێك بە خۆی بڵێیت، کە لە ڕاستییەوە دور بێت، لەو ڕاستییەی ئەم مرۆڤە بیریلێدەكاتەوە. ئەمەش ئەو تێگەیشتنەمان لادروستدەكات، كە ئەو كاتەی مرۆڤ درۆ لەگەڵ خودی خۆی دا دەكات ئاگایی بوونی نییە. ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت ئێمە قسەیەك بكەین هەڵەبێت بەبێ ئەوەی درۆشبكەین، ئەگەر پێمانوابێت ئەوەی وتومانە ڕاستە ئەوا مەبەستمان ئەوە نەبووە كەس بخەڵەتێنین. كەواتە دەتوانین قسەیەكی ڕاست بڵێین لەکاتێکدا درۆشدەكەین، ئەمە ئەگەر مەبەست لە وتنەكە خەڵەتاندنی ئەویترێک بێت. دێریدا گریمانی بوونی پەیوەندی دەکات لەنێوان درۆ و مەبەستگەریدا، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی، ئەم بیرمەندە پێیوایە سەختە ئەوە بسەلمێنین كەسێك درۆیكردوە بەس دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. دێریدا جەغتلەوەش دەكات، ئەستەمە كەسێك درۆ لەگەڵ خۆی بكات. مرۆڤ ناتوانێت بەمەبەستەوە شتێك بەخۆی بڵێت، بۆخۆخەڵەتاندنی خۆی، كە جیا بێت لەوەی بیریلێدەكاتەوە. هەرچی رۆسۆیە پێیوایە مرۆڤ تەنیا لەو حاڵەتەدا درۆ لەگەڵ خۆیدا دەكات، كە خۆی وەك كەسێكی سەربەخۆ ببینێت.
لە سەدەی ڕێنیسانس و دەركەوتنی فەلسەفەی مۆدێرنە درۆ بەشێک بووە لە گفتوگۆ فەلسەفییەکان. میشێل دی مونتین لەمڕوەوە بەدوای ئەوەدا وێڵبووە، ئایا درۆ دژەجەمسەرەكەی تەنیا ڕاستییە، یان درۆ هەزارەها ڕووی تریشی هەیە؟ ئەم لایەنە تا ئێستاش بەشێك لە گفتوگۆ فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ پێکدێنێت. لە سەدەی 18 و لەگەڵ هاتنی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی رۆسۆ، بۆ ئەوە دەچن ئەو درۆیەی بێ بەرژەوەندی دەیكەیت و ئامانجت زیان گەیاندن نییە بە ئەوانیتر و بە خۆت بە درۆ دانانرێت. تەنانەت ئەوەش، كە وتوتە درۆ نییە، بەڵكو وێناكردنە. سەرباری ئەوە، بەپێی تێگەیشتنی كانت، کە فەیلەسوفی سەردەمی ڕۆشنگەرییە، وتنی ڕاستی پێویست و مەرجدار نییە. واتە ڕاستی دەبێت بوترێت. وتنی ڕاستی ئەركێكی پیرۆزە و ئەو پیرۆزیەی ڕاستی تەنیا ئاینی نییە، بەڵكو عەقڵیشە. كانت وتەنی، درۆ بەسوود نییە، چونكە درۆ دژ بە ئەرك و ڕەوشتی ئاخاوتنە. ئاخاوتن بۆ ئەوەیە، كە دەبێت ڕاستی تیابوترێت. ئاخاوتن بەڵێنێكە بۆ وتنی ڕاستی بۆیە درۆ شكاندنی ئەم بەڵێنەیە. بەم جۆرە، كانت وتەنی، درۆ لادانە لە بەڵێن، درۆ بەجێنەگەیاندنی ئەو بەڵێنەیە درۆزن نەیهێناوەتە دی بۆ وتنی ڕاستی.
لە سەدەی 19 دا نیچە هێرشێكی زۆر دەكاتە سەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا و تێگەیشتنی ئەم فەلسەفەیەش بۆ واتای ڕاستی ڕاڤەدەکات. ئەوەی نیچە بەلایەوە سەیرە ئەوە بووە، كە مرۆڤەكان وتنی ڕاستیان بەلاوە گرینگە نەك لەبەرئەوە خواوەندێک لە خواوەندەکان درۆی حەرامکردووە، بەڵكو لەبەرئەوەی وتنی ڕاستی خۆشترە و هەرچی درۆیە پێویستی بە داهێنان و شاردنەوە و یادە. کەوابێت، درۆ داوای زیرەکی و کارزانییمانلێدەکات، هەرچی ڕاستییە شتێکی ئەوەی پێویست نییە. ئەمەو لە دیدی نیچە درۆ بەرهەمی هەڵەیە، بەڵام لە سەدەی 20 دا دەبینین فەلسەفە بەجۆرێك سەیری درۆ و بەرژەوەندی دەكات، كە یەكانگیری یەكن، بەتایبەت لە بواری سیاسیدا. دیدی كوێریش، فەیلەسوفی فەرەنسی بەڕەچەڵەك ڕووس، بۆ درۆ قسەكردنە لە مانای سێستەمە سیاسییە تۆتالیتارییەكان بۆ درۆ. دواجار دێریدا لەڕێگای ئارێنتەوە دەیەوێت مێژوویەك بۆ درۆ بنوسێتەوە، بەڵام نووسینەوەی ئەو مێژووە بە سانا نازانێت و لەكاتی خستنەڕووی مێژووەكە ئەوە دەردەكەوێت، كە درۆ مێژوویەكی سەربەخۆی هەیە و درۆ لە بواری سیاسەت دا بەشێكە لەو مێژووە. ئەمەی کوێری و ئارێنت سەبارەت بە درۆی سیاسی قسەیلێوەدەکەن کوتومت لە ئێستا لە کوردستان کارایە. درۆی سیاسی کوردی درۆیەکە دابڕاو نییە لە مێژووی کورد، بەتایبەت مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی. پێشبڕکێی بنەماڵە سیاسییەکان لەسەر درۆی سیاسی ڕێزمانی خۆی هەیە و هۆنینەوەی درۆکانیش سۆز و نەتەوەپەرستی ڕایگرتووە(خانەوادەی شەهیدان، هەژاران و بەشخوراوان و…هتد).

لە كۆتایشدا دەڵێین، درۆ فانتازما phantasm (خەیال و خورافیات) نییە هەروەك ئەوەی یۆنانییەكان بۆیچوون و پسۆدۆس Pseudos (ساختە، فێڵ، درۆ) یش نییە، كە هەڵە و خەڵەتاندن پێكەوە كۆدەكاتەوە، هاوكات درۆ دژە جەمسەری هەڵەش نییە، بەڵكو دژەجەمسەری هەڵە ڕاستگۆییە. تەنانەت درۆ نامەبەستیش نییە هەروەك ئەفلاتون بۆیچووە. جاریوایە دەزانین درۆ دەكەین، بەڵام ئەمە جیایە لەوەی، كە پێمانوایە درۆ دەكەین، یان نەمانزانیووە درۆمانكردووە. دێریدا پێیوایە ئەستەمە ئەوە بسەلمێنین، كەسێك درۆیكردووە، بەڵام دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. لێرە دەكرێت قسەمان هەبێت لەسەر درۆ بە مەبەستەوە و درۆ بەبێ مەبەست (بێ ئاگا و بەبێ هوشیاری). گەر راستیش وتنی ئەو شتە بێت پێویستە بوترێت ئەوا درۆ وتنی شتێكی ترە، وتنەكەش بەمەبەستەوە بێت درۆیە ئەگەرچی لای ئەریستۆ درۆ بە نیەتەوە گرێدراوە، تەنانەت گەر ڕاستی پیرۆزیش بێت هەروەك ئەوەی ئۆگۆستینۆس ئاماژەی پێداوە کەواتە درۆ بۆ لێدانی ئەو ڕاستییەیە کە پیرۆزکراوە. ڕونتر بدوێین: بۆئەوەی لە درۆ بگەین پێویستمان بە تێگەیشتنە لە دوانەیی ڕاستگۆیی/درۆ كە ڕیشەی لە وتاری مێتافیزیكی ڕۆژئاوا داكوتیوە. بۆیە وتنی درۆ بەناوی ڕاستییەوە ڕاستی بێ بەها دەكات. ئەو ڕاستییەش، كە ناوترێت و دەشاردرێتەوە نابێت بە درۆ. شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ نایەت، كاتێك شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ دێت. كە شتێكی تر بوترێت. شتێک کە ناڕاستە.

ئازاد حەمە

——————————————————–

رفڕێنسەکان

1.Jacques Derrida. History of the Lie: Prolegomena in: Without Alibi. Transl. P. Kamuf. Stanford University Press, Stanford. 2002. pp. 28–70.

  1. Jacques Derrida. Histoire du mensonge prolégomènes. Galilee edition. 2012.
  2. Hannah Arendt. “Sanning och Politik”, i Mellan det förflutna och framtiden, övers Annika Ruth Persson. Göteborg: Daidalos, 2004.
    4.Arendt A. Lying in Politics. Reflections in The Pentagon Papers in: The New York Review of Books 17, 8/1971, pp. 30–39.
  3. Alexandre Koyré . La fonction politique du mensonge moderne. www.jstor.org



فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-7- ستیڤان شەمزینی

بەشی حەوتەم

ئەم چرکەیە، کاتژمێر 7:45 خولەکی شەوە، ئەوە دوا جگەرەی پاکەتی دووەمی ئەمڕۆیە دەیکێشم، واتە لە بەیانییەوە تا ئێستا ئەمە 40 جگەرە بکێشم، تازە ئەم جۆرە جگەرەیە دەکێشم، ناوی “کۆنگرێس”ە، ئەم دوکەڵە وەک چڕوکی دڵم وایە. هەردوو دووکەڵەکەم خۆش ئەوێ. دوو سێ پێکیشم خواردۆتەوە و مێشکم کەمێک ئاڵۆزە، خەیاڵاتی سەیر سەیر بەناو ئەو دنیا قووڵەی مێشکمدا هاتوچۆ دەکات، خەونم هەیە و ئەم وڵاتەش هی ئەوە نییە هیچ خەونێکت هەبێت، لە وڵاتی جەهلی هەزار ساڵە و نغرۆی کەلتووری خێڵ و چەک و خوێن، خەونبینین بە تایبەت ئەو جۆرە خەونانەی ئێمە هەمانە، تابۆ و سنوور شکاندن و درز خستنە عەرشی خودایە.
خەڵکی ئەم وڵاتە، کۆیلەی پارە و ورگیانن، مێشکیان فەرامۆش کردووە، عەقڵ ئەسیرێکی هەمیشەیی زیندانی ئاین و خێڵ و ناسیۆنالیزمی پاشکەوتووی کوردە. پارە خوایەکی نوێیە و زۆرترین بەندەی هەیە. “مارکس” لە زمانی “شکسپیر”ەوە وەسفی پارە دەکات بەوەی “خوایەکی روون و ئاشکرایە و قەحپەیەکی گشتیی و جیهانییە”. سەیری ئەو بازاڕە بکەن، هەرچی دەبینیت هەر را دەکات، هەراوهوریایە، پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییە، هەمووی بە دووی فلسدا را دەکات. ئەرێ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە خوا نییە؟ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە بۆ خۆشی خۆی سەرف بکات؟. وەک هەمیشە باوکم دەیووت “زۆربەی پارەدارەکان لەگەڵ پاسەوانی بانکەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە”.
کێشەکەم هەر ئەوە نییە دوژمنایەتییەکی عەقڵانیم هەیە لەگەڵ کۆمەڵگە، بەڵکو کێشەیەکی تریشم هەیە کە عاشقم، ئەم کۆمەڵگەیە سەرباری ئەوە عەقڵانی نییە، هەستەکی و عاتیفی و عیرفانیش نییە. هیچ شتێک هێندەی سۆز و عەشق لەم وڵاتە هێڵی سووری بەدەوردا نەکێشراوە، کۆمەڵگەیەک رشانەوەی لە عەشق بێت، هەر بۆ ئەوە باشە وێرانی بکەیت. هەر بۆ ئەوە باشە یەک شەق لە دابونەریتەکانی هەڵبدەیت و بیخەیتە ناو زەبالەی خۆڵەوە. “هۆبز” دەیووت “مرۆڤ گورگە بۆ برای مرۆڤی خۆی”. ئەمە کتومت ئەو دۆخەیە لە کوردستان بوونی هەیە، مرۆڤ دەبینی تەنیا جانەوەرێکە بۆ خواردنی برا مرۆڤەکەی. ئای خودا تۆبڵێی لە مرۆڤ دڕندەتر چ ئاژەڵێک بێ؟.
عاشقم و کێشەی عەشقم هەیە، وەک پێویست نیم لەگەڵ مەعشوقەکەم، زوو زوو دڵی دەشکێنم، کە لێشم دوور دەکەوێتەوە، وەک “نزار قەبانی” لە شیعری “بەلقیس”دا دەڵێ “بەلقیس، لێم ون مەبە.. لەبەرئەوەی دوای تۆ.. خۆر کەنارەکان رووناک ناکاتەوە”. لە حاڵێکدام نەدەتوانم دەستبەرداری عەشق بم و نەدەتوانم دڵی مەعشوق رابگرم، پەرەگرافێکی رۆمانی “ساتێ مەرگ.. ساتێ عەشق”ی ریمارک، بۆ ئێستای من زۆر گونجاوە. مەبەستم لەم پەرەگرافەیە “زۆر دڵتەنگم، ئەوەندە مەراقم هەیە پێدەچێ بمکوژێت.. بریا توانام هەبووایە لە یادت بکەم، ئەوکات بە سۆزێکی پووچ و بێ نرخەوە دەڕۆیشتم، هەرگیز هەستم بەخۆم نەدەکرد، لەو بەختەوەرییە رەشەدا دەژیام کە دیوە نەیارەکەی خۆشبەختییە”. هەناسەکانم خەریکە ئەمخنکێنن، خەونەکانم ئازاری چاوم ئەدەن.
عاشقێکی فاشیلم، بۆیە خەریکە دەبمە شاعیرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە مەیخۆرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە عارفێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە بێ نەوایەکی شار. هیچ شتێک نییە پێوەی بنازم، تەنیا ئەوە نەبێت رۆژێک لە رۆژان توانیم دڵی جوانێکی ئەفسانەیی بەدەستبهێنم، لە کاتێکدا خەریکە لە دۆزەخی دڵڕەقیمدا دەیسووتێنم. نازانم چی دەڵێم، بەڵام ئەوەی دەیڵێم هەقیقەتی خۆمە، وەلێ لەسەر هەقیقەت، وتەکەی ئۆسکار وایڵد بەبیر دەهێنمەوە کە دەڵێ “ئەندێشە لای شاعیر هەقیقەتە، هەقیقەتیش هیچ شتێک نییە”.

25-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 27-30 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




سێكس و عه‌شق.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕه‌نگه‌ هیچ له‌وه‌ خۆشتر نه‌بێ، كه‌ عه‌شق و سێكس پێكه‌وه‌ بێ. واته‌ تۆ كه‌سێكت خۆش بوێ، ئنجا سێكسی له‌گه‌ڵدا بكه‌ی. به‌نموونه‌: تامی سێكسی ژنه‌كه‌ت، كه‌ خۆشت ده‌وێ، زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ی، كه‌ خۆشت ناوێ. ڕاستییه‌كه‌ی سێكس به‌بێ عه‌شق ده‌بێته‌ سێكسێكی میكانیكی سارد و سڕ. ئه‌مه‌ كێشه‌ و موعاناتی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری پیاو و ژنی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌یه‌. زۆربه‌ی پیاو و ژنه‌كان به‌ڕێكه‌وت هاوسه‌رگیریی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌شێ به‌ڕێكه‌وت و‌ ده‌گمه‌نیش عه‌شقیان له‌ نێواندا چی ببێ؛ بۆیه‌ش كه‌متر سێكسی عاشقانه‌ ده‌كه‌ن؛ ‌تا ئێستا زۆربه‌ی تاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ (مه‌به‌ستم تاكانی سه‌ربه‌ جووته‌كانه‌) هه‌ر به‌ غه‌ریزه‌ و وه‌ك ئاژه‌ڵ ( به‌ ئامانجی زاوزێ) جووت ده‌بن، نه‌ك وه‌ك هونه‌ری مه‌زنی چێژی عه‌شق و سێكس. وه‌ك ده‌زانین یه‌كێك له‌ شته‌ هه‌ره‌ چێژبه‌خش و خۆشه‌كانی ژیانی سروشتیی مرۆڤ، سێكسه‌ (عه‌شقی سێكسانه‌یه‌‌)؛ لێ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ (له‌به‌ر هۆكاری دابونه‌ریت و ئایین) تاكانی له‌م چێژه‌ سروشتییه‌ مرۆییه‌ مه‌زنه‌ مه‌حروم و بێ به‌ش كردووه‌ (دیاره‌ من لێره‌ باسی تراژیدیای ته‌نیایی زۆره‌ملێش ناكه‌م، كه‌ له‌م یه‌ك دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا – له‌ سۆنگه‌ی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر و قه‌یرانه‌وه‌ – به‌سه‌ر بێوه‌پیاو و بێوه‌ژن و كچان و كوڕانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا سه‌پێندراوه‌). كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ تاكه‌كانی له‌ دوو شتی (پێداویستی) غه‌ریزیی سروشتی هه‌ره‌ گرنگ بێ به‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌وانیش سێكس و عه‌شقن. با به‌ ڕاستییه‌كه‌ی بڵێین: سێكسی عاشقانه‌ و عه‌شقی سێكسییه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پێوه‌ندییه‌ هه‌رگیز‌ نایێته‌ دی، ئه‌گه‌ر ئازادییه‌كان بۆ تاك و له‌ كۆمه‌ڵگه‌شدا دابین و فه‌راهه‌م نه‌بن؛ واته‌ ئازادییه‌ كه‌سیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان…

به‌ختیار محه‌مه‌د




ئه‌مه‌كناسی و پاڕانه‌وه‌ی كورد له‌به‌رامبه‌ر چاكه‌ی دۆسته‌كانیدا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنی نیشتمانه‌كه‌ی، كورد به‌درێژایی مێژوو باشترین خزمه‌تی به‌ فارس و تورك و عه‌ره‌ب كردووه‌، بابه‌زیانی خۆشی ته‌واوبووبێ، له‌سه‌رده‌می تازه‌شدا سه‌ره‌ڕای دراوسێكانی باشترین خزمه‌تی به‌وڵاته‌ ڕۆژئاوییه‌كان كردووه‌، كه‌چی له‌دوای ڕاپه‌ڕین و به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، به‌رده‌وام له‌گوتاری سیاسییه‌ باڵاكانی هه‌رێم به‌رگوێمان ده‌كه‌وێ:”سوپاسی فڵان وڵات ده‌كه‌ین له‌ڕۆژی ته‌نگانه‌دا‌ به‌هانای گه‌لی ئێمه‌وه‌ هاتوون”، و ”داوا ده‌كه‌ین له‌یارمه‌تیدانی گه‌له‌كه‌مان زیاتر به‌رده‌وام بن”، دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌م وشانه‌، وای كردووه‌ ئه‌م كاره‌‌ له‌به‌رچاوی زۆربه‌ماندا ئاسایی بێ و ته‌نانه‌ت لایه‌نی باشه‌ بنوێنێ. له‌وانه‌یه‌ مه‌به‌ستی سیاسییه‌كانیش هه‌رئه‌مه‌بێت، سه‌ره‌ڕای پیشاندانی چاكه‌خوازی و ئه‌مه‌گناسی، خۆشیان واده‌نوێنن ئه‌وان چاكه‌ی دۆستانیان له‌بیرناكه‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نه‌گونجاوه‌ سوپاسگوزاری چاكه‌ی خه‌ڵك بیت و چاكه‌ی خۆت بۆ ئه‌وان له‌به‌رچاونه‌گری.
له‌ڕاستیدا كێشه‌كه‌ نه‌لێقه‌وماوی و بێ ده‌ره‌تانی كورد و نه‌ ئه‌مه‌ك و وه‌فاداری ده‌سه‌ڵاتدارانی كورده‌، نه‌چاكه‌خوازی و خه‌مخۆری ئه‌وانی تربووه‌، نه‌ئێمه‌ قه‌رزارباری چاكه‌ی ئه‌وانین و نه‌ئه‌وانیش بێ به‌رامبه‌ر چاكه‌یان له‌گه‌ڵ ئێمه‌داكردووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ شتێكی سروشتیه‌، جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكاری و به‌رژه‌وه‌ندی دوولایه‌نه‌ وه‌ستاوه‌، به‌ڵام ئایا هه‌ر ئه‌وان چاكه‌یان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كردووه‌ و ئێمه‌ گه‌لێكی ده‌ستوپێ سپین و هیچ چاكه‌ییه‌كمان بۆ ئه‌وان نییه؟‌، ئه‌ی بۆ كه‌س باسی چاكه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ناكات، یاخود دنیا ده‌ستی بێ ده‌سته‌ و ئه‌وان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئێمه‌ لاوازین، هه‌ر چاكه‌ و نمه‌كی ئه‌وان به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌ دیاره‌ و كار و چاكه‌ی ئێمه‌ بۆ ئه‌وان باده‌یبات، ئه‌ی به‌هه‌ده‌‌رچوونی چاكه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان، بێمنه‌تی ئه‌وانه‌، یاخود لاوازی و شه‌رمنی و تێكشكاوی ڕۆحی سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌كانی كورده؟.

بێگومان هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت و كه‌سایه‌تی سیاسی و مرۆڤدۆستی جیهانی، وه‌ك: مادام میته‌ران، یاخود ڕۆژنامه‌نووسی مرۆڤدۆست و چالاك وه‌ك: كریس كۆچێرا و ڕێكخراوی مرۆڤدۆستی جیهانی وه‌ك مافی مرۆڤ و میدڵ ئێست وۆچ … هتد، هه‌ن، به‌هه‌ر هۆكارێك بێت، سۆز و میهره‌بانیان به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامداوه‌ و چاكه‌ی زۆریان به‌سه‌رمانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی پێویسته‌ ئه‌مه‌كناسی خۆمان ده‌ربڕین و سوپاسگوزاربین، بۆ ئه‌و مرۆڤدۆستی و چاكه‌خوازیه‌یان، به‌ڵام ناكرێت هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تانیش به‌هه‌مان پێوه‌ر له‌به‌رچاوبگرین، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌‌ كه‌م ده‌وڵه‌ت بتوانن ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن، ئه‌و كێشه‌ و ڕه‌خنه‌ی تووشی خۆیان كردووه،‌ ته‌نیا له‌به‌ر چاوی كاڵی كوردبووه‌، هه‌ر دوورنه‌ڕۆین به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستان یه‌كی ده‌گرته‌وه‌ و ئه‌مریكا هاوكاری كوردانی ڕۆژئاوابوو، له‌به‌رامبه‌ردا توركیای ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی دێرینه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ئه‌مریكا كرد، په‌یوه‌ندی سیاسی و دیبلۆماسیان گرژی تێكه‌وت، ته‌نانه‌ت به‌دژی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕووسیای ڕكابه‌ری ئه‌مریكا بره‌وپێدا و ئه‌مریكا له‌ هاوكاری كورد به‌رده‌وام بوو.

به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی لایه‌ن و ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی دوو لایه‌نه ‌وه‌ستاوه‌، له‌ڕابردوودا كه‌م نه‌ته‌‌وه‌ی جیهان ئه‌وه‌نده‌ی كورد به‌دبه‌خت و بێ پشتوپه‌نابووه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌گوترێ دۆستی كورد ته‌نیا شاخه‌كانیانه‌،‌ زۆرجار دوژمنانی به‌تاك و گه‌له‌ كۆمه‌كێ زوڵمیان له‌كورد كردووه‌، ڕێكه‌وتنامه‌ی تایبه‌تیان له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ و له‌ناوبردنمان ئه‌نجامداوه‌، كه‌سیش نه‌بووه‌ ڕێگا له‌و كاره‌ بگرێت، ته‌نانه‌ت له‌ 1988، كه‌ساڵی بێ كه‌سی و بێ پشتیوانی و نه‌هامه‌تیه‌كانی كوردبوو، به‌عس بڕیاری ئه‌نفال و له‌ناوبردنی كوردی دابوو، به‌ڵام یه‌ك ده‌وڵه‌تی دیموكرات و مرۆڤدۆستی جیهان بچوكترین ناڕه‌زاییان ده‌رنه‌بڕی، جگه‌له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران، وه‌ك پێشتر به‌هانای هاووڵاتیانی به‌شمه‌ینه‌تی كوردی باشووره‌وه‌ هات، جێگای سوپاس و پێزانینه‌، بێگومان ئه‌ویش ته‌نیا له‌به‌رچاوی كاڵی كورد نه‌بووه‌، به‌ڵكو زۆر به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و چه‌كداریی په‌یوه‌ندیداری خۆی هه‌بووه‌. كۆماری ئیسلامی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌هاوكاریی شۆڕشی كوردی باشوورده‌بینیه‌وه‌‌، كوردی باشوور دوژمنی دوژمنه‌كه‌ی بوو، له‌كاتی شه‌ڕی عیراق – ئێران، له‌به‌رامبه‌ر هێزی سوپای عیراق له‌سنووری كوردستان ئێران گیری خواردبوو، نه‌یده‌توانی سنووره‌كان تێپه‌ڕێنی، بۆ یه‌كه‌مجار ڕێكه‌وتنی كورد له‌گه‌ڵ ئێران، له‌سنووری حاجی ئۆمه‌ران كاری سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌نێو سنووری عیراقدا ئه‌نجام درا و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، دیاره‌ كورد باجه‌كه‌یشی داو به‌عس توڕه‌یی خۆی به‌ئه‌نفال كردنی بارزانیه‌كان ڕشت، هه‌روه‌ها ئێران به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كورد توانی هه‌ڵه‌بجه‌ بگرێ و له‌ قوڵایی خاكی عیراق بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك وێران بكات و شه‌ڕێكی ده‌رونی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌دام بكات، له‌لایه‌كی تر ‌به‌شێكی كوردستانی داگیركراو له‌بن ده‌ستی ئێرانه‌، كوردانی ڕۆژهه‌ڵات به‌رگریان له‌‌و پارچه‌ی خاكی كوردستان ده‌كرد، بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌ڵام هه‌ر كورد خۆی لوتكه‌ به‌لوتكه‌ی ژێرده‌سته‌ڵاتی شۆڕشی كوردی به‌خوێنی لاوه‌كانی خۆی بۆ ئێران وه‌رگرته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ئێران پێویستی به‌وه‌ هه‌بوو له‌ڕێگای پشتیوانی كوردانی عیراق‌ سه‌دام و لایه‌نگرانی له‌به‌رچاوی جیهان ڕسوابكات، له‌سه‌رده‌می تازه‌شدا ئێران هاوكاری هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌دژی هێزه‌كانی داعش له‌هێرش كردن بۆ سه‌ر هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش‌ بووه‌ هۆی پاراستنی هه‌ولێر له‌په‌لاماری داعش، دواتریش به‌هه‌رهۆكارێك بوو، ئێران له‌ڕاگه‌یاندنه‌كاندا به‌توندی ئه‌مه‌ی به‌سه‌رچاوی هه‌رێم دادایه‌وه‌، ئه‌م كا‌ره‌ی ئێران زۆر به‌ئاسایی وه‌رگیرا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسیه‌كانی هه‌رێم هه‌میشه‌ زه‌بوونی خۆیان و چاكه‌ی ئه‌وانی تریان به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌ربڕیوه‌، ئه‌گینا له‌ڕاستیدا ئاوانییه‌، به‌ڵێ ئێران هه‌ولێری پاراست له‌په‌لاماری داعش، به‌ڵام ئه‌مه‌ چه‌نده‌ سوودی بۆ هه‌رێم هه‌بووه‌، بۆ ئێران سوودی كه‌مترنییه‌، چونكه‌ ئێران ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن پێگه‌ و فه‌رهه‌نگێكی سیاسی قوڵه،‌ ده‌زانێت ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش خه‌ته‌ری له‌هه‌مووان زیاتر بۆ سه‌ر ئێران هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌وترا داعش بۆ مه‌رامی تایبه‌ت دروست كراوه‌، ئه‌و كاته‌ ئێران بۆ ئه‌و خاوه‌ن مه‌رامانه‌ ده‌بووه‌ پاروویه‌كی چه‌ور، یان لانی كه‌م سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری بۆ ئێران دروست ده‌كرد، به‌ڵام وه‌ك وتمان ئێران وڵاتێكی پڕ پێشینه‌ و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگی سیاسیه‌ نه‌یده‌ویست داعش ببێته‌ دراوسێی ئێران، له‌به‌رئه‌وه‌ باشترین كار ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ولێر ڕێگای لێ بگرێت و نه‌هێڵێت له‌ئێران نزیك ببێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت به‌ئاره‌زووی خۆی به‌رامبه‌ر به‌داعش بجه‌نگێت له‌ڕێگای هاوكاری بۆ دۆسته‌كانی، ئه‌مه‌ش دوو مه‌به‌ست ده‌پێكێ، له‌لایه‌ك شه‌ڕی گروپی دژه‌مرۆیی داعش له‌خۆی دوورده‌خاته‌وه‌، له‌لایه‌كی تریش ئه‌و هاوكارییه‌ی پێشكه‌ش به‌دۆسته‌كانی ده‌كات، جێگای خۆی ده‌گرێت و ئه‌وان سوپاسگوزارده‌كات، كه‌واته‌: ئێران ته‌نیا له‌به‌ر خاتری چاوی كاڵی كورد نه‌بووه‌،هاوكاری هه‌ولێری كردووه‌ له‌دژی په‌لاماری داعش، ئه‌ی كه‌واته‌ بۆچی ئێمه‌ ته‌نیا چاكه‌ی ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر خۆمان ده‌بینین و چاكه‌ی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وان نابینین، ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر ئاوای لێ دێت، ده‌توانین سه‌دان نموونه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ بێنینه‌وه‌، كه‌واته‌ هاوكاری ئێران بۆ كوردی باشوور بێ به‌رامبه‌رنه‌بووه‌‌، به‌ڵكو ئه‌و هاوكارییه‌ به‌زیاده‌وه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانی كردووه‌. ئه‌ی كه‌واته‌ بۆچی سیاسییه‌كانی هه‌رێم له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌كدا ده‌رفه‌ت دێنن سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ئێران ده‌رببڕن و چاكه‌ی ئێران به‌سه‌ر‌چاوی خه‌ڵكی باشووری كوردستاندا بده‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ دواسه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌شدا سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئێران ده‌ربڕی و كوردی به‌به‌شێك له‌ شۆڕشی ئێران ناوبرد، هیچ قه‌یدی نییه‌، وتمان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌كناسه‌ و چاكه‌ی دۆسته‌كانی له‌بیرناكات، ئه‌ی بۆچی قه‌ت باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن، كوردی باشوور ئه‌وهه‌موو خزمه‌ته‌ گه‌وره‌یان به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران كردووه‌.

ده‌رباره‌ی وڵاتانی ڕۆژئاواش، به‌مێژووی تازه‌دا‌ بچۆره‌وه‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان له‌سه‌رده‌ستی ئه‌وان یان به‌ئاگاداری ئه‌وان دروست بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا به‌كوردیان كردووه‌، له‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر نه‌بێت كه‌مترنییه‌، گه‌ر هاوكاری كوردیشیان كردبێ بێ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌بووه‌، هه‌ر كاتێكیش به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌یان به‌ئامانج گه‌یشتبێ، یه‌كسه‌ر كشاونه‌ته‌وه‌ و وازیان له‌هه‌موو شتێك هێناوه‌، بۆ نموونه‌: له‌حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو عیراق خه‌ریك بوو ڕوو له‌سۆڤیه‌ت وه‌رگێڕێ، له‌به‌رامبه‌ردا سۆڤیه‌تی قه‌ڵای سۆشیالیستی و پشتیوانی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ و چه‌وساوه‌، مه‌نگۆلیای دۆستی هاندا بڵێت داواكاری كورد ده‌باته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌، به‌ڵام كاتێ عیراق بای دایه‌وه‌ لای ڕووسیا، ئه‌و باسه‌ داخرا و هه‌رگیز جارێكی تر باس نه‌كرایه‌وه‌.

كاتێك ڕژێمی سه‌دام حسێن ڕووخا، كورد هه‌ناسه‌یه‌كی ئارامی وه‌رگرت و ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام بۆ كورد ده‌رفه‌تێكی زێرین و سه‌رده‌مێكی تازه‌ی حوكمڕانیی كوردی داهێنا، كه‌‌له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكادا له‌دڕنده‌ترین دوژمنی سه‌رده‌م ڕزگاری بوو، په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم هاتنه‌كایه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌وه‌نده‌ ئێمه‌ كه‌وتینه‌ ژێر قه‌رزارباری ئه‌مریكا و ته‌واو، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پشتگیریی و دڵسۆزیه‌ی كورد له‌كام خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیدا پۆلێن ده‌كرێ، سه‌ره‌ڕای سه‌ربڕینی شۆڕشی چوارده‌ساڵه‌ی ئه‌یلول له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی، دواتریش سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ر به‌ئاواتی په‌یوه‌ندی و ئاوڕڵێدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكا سه‌ریان نایه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كورد هه‌میشه‌ داخوازی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ‌بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكیه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كورد دۆستێكی دڵسۆزی ئه‌مریكایه‌، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌هه‌ره‌ كاره‌كته‌ره‌ چالاكه‌كان كورد بووه، پێش ڕووخانی سه‌دام،‌ بۆ نزیك كردنه‌وه‌ و یه‌كانگیركردنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا‌ و پشتیوانی مه‌یدانیی له‌ناو عیراقدا، له‌ڕاماڵینی هێزه‌كانی سه‌ددام باشترین دڵنیایی بۆ ئه‌مریكا له‌لای كورد‌بووه‌، دوای داگیركردنی عیراقیش كورد باشترین هاوكاری ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بووه‌، بۆ دابین كردنی ئاسایشی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، مه‌گه‌ر تائێستاش باشترین شوێنی ئارام بۆ ئه‌مریكییه‌كان، نه‌ك هه‌ر له‌عێراق، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باشووری كوردستان نییه‌؟‌
كوردستان بۆ ئه‌مریكا بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، له‌دوای ڕاپه‌ڕین یه‌كێك له‌ سیاتمه‌دارانی ئه‌مریكا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و دواتر له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاند، بایه‌خی باشووری كوردستان بۆ ئه‌مریكا، وه‌كو ژوورێكی دووپه‌نجه‌ره‌ وایه‌، په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌سه‌ر ‌ڕۆژهه‌ڵات و په‌نجه‌ره‌یه‌كیش به‌سه‌ر ڕۆژئاوادا ده‌ڕوانێت، دواتریش ده‌رباره‌ی بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مریكا ئۆباما بۆخۆی گوتی ”هه‌ولێر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئێمه‌ هێڵی سووره”.

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م سه‌رده‌می گروپی دژه‌ مرۆیی داعش و یارمه‌تیدانی ئه‌مریكا بۆ كورد، له‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌مریكا پشتگیریی سه‌ربازی و ئاسمانی پێشكه‌ش به‌كوردكرد، به‌ڵێ ئه‌مه‌ ڕاسته‌ و ده‌بێ سوپاسگوزاربین، به‌ڵام گروپی ترسناكی داعش‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ بوو له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی، به‌گه‌واهی زۆر لایه‌نی جیهانی، كورد قاره‌مانانه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعش وه‌ستا و خوێنێكی زۆری لاوه‌كانی له‌و پێناوه‌دا به‌خشی، هه‌رخۆشمان له‌زمانی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌مانوت: كورد له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی تیرۆر ده‌كات، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش كاتێك ئه‌مریكا له‌كێشه‌ درێژخایه‌نه‌كانی عیراق نیگه‌ران بوو، خۆی ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌عیراق بكشێنه‌وه‌ هێزه‌كانیا‌ن ده‌به‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌میشه‌ چاكه‌ی ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌دا‌ وه‌بیرده‌هێنرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ جیاتی گرنگی و بایه‌خی ستراتیژیی كوردستان و دڵسۆزی كورد به‌چاوی بێگانه‌كاندا بده‌ینه‌وه‌‌، بۆیان ڕوون بكه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ دۆست و دڵسۆزی ئێوه‌ین، ئێوه‌ ده‌بێت پشتگیری ئه‌و دۆسته‌ دڵسۆزه‌ی خۆتان بكه‌ن، تاڕاده‌ی ڕزگاربوونی كۆتوبه‌ندی ژێرده‌سته‌یی، به‌ڵام سیاسیه‌كانی ئێمه‌ هه‌میشه‌ ته‌نیا باسی چاكه‌ی ئه‌وان و سوپاسگوزاری ئێمه‌ بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی جار چاكه‌ و هاوكاری ئه‌وان هۆكاری دڵسۆزی ئێمه‌ و به‌هۆی خزمه‌ته‌كانی پێشووتری ئێمه‌ بووه، یاخود یه‌كانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان هاوكاری ئێمه‌یان كردووه‌.

ئه‌و منه‌تباری و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ی كورد، له‌به‌رامبه‌ر بێگانه‌كان، ده‌مێكه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی به‌پاڵه‌وان كردنی بێگانه‌ و خۆبه‌قوربانی زانین و بێ ده‌ره‌تانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌ په‌یوه‌ندی به‌نه‌ریتی كولتوری دێرینی ئێمه‌ له‌‌زێده‌ڕۆیی خۆبه‌كه‌مزانین و گه‌وره‌بینی بێگانه‌وه‌ بێت، له‌دنیای دیموكراسی و مافی مرۆڤ و یه‌كانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، سیاسییه‌كان چ پاساوێكی بۆ دێننه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌ میانه‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا وه‌ك پیاوه‌تی و كه‌سایه‌تی خۆیان ده‌بینن، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی.
هه‌ڵوێستی خۆبه‌كه‌مزانین و پاڕانه‌وه‌ی سیاسییه‌كانی كورد له‌به‌رامبه‌ر دیپلۆماسی بێگانه‌، له‌هه‌ستی مرۆڤدا شتێك له‌سه‌ر ئه‌وان وێنا ده‌كات، ئه‌و زه‌بوونیه‌ی كورد، كه‌ئه‌وان ده‌ری ده‌بڕن، جیا له‌ تێڕوانینی ڕاسته‌قینه‌ی كورد، تێڕوانینی نوێنه‌ره‌كانی كورده‌ سه‌باره‌ت به‌نه‌ته‌وه‌ی خۆیان دوور له‌ تێڕوانینی به‌رز و شكۆمه‌ندانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان، كه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی كڕوزانه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.
كاتێك نوێنه‌رانی كورد له‌بازنه‌ی خۆبه‌كمزانی و پاڕانه‌وه‌دا له‌به‌رامبه‌ر بێگانه‌ خۆی بنوێنێ، بێگومان وای ده‌بینن پشتیوانی ئه‌وان له‌ئێمه‌ ته‌نیا له‌هه‌ستی مرۆڤدۆستی خۆیانه‌وه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بیكه‌ن و بیڵێن ڕه‌وایه‌، له‌ڕاستیشدا پێچه‌وانه‌یه‌، وه‌ك وتمان پێویسته‌ به‌رزی و شكۆمه‌ندی نوێنه‌ره‌كانی كورد، له‌به‌رامبه‌ر بێگانه‌كان پارێزراوبێت، چونكه‌ ئه‌و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و پاراستنی ڕێز و شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی به‌ستراوه‌ به‌ڕه‌فتاری ئه‌و، له‌به‌رئه‌وه‌ نوێنه‌رانی كورد ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، دوور له‌شێوازی پاڕانه‌وه‌ و شه‌رمنی و خۆبه‌كه‌مزانین ڕه‌فتاربكه‌ن، چونكه‌ كوردستان خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌، پێكهێنانی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی كورد له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ی خۆمان و بێگانه‌دا هاوسه‌نگی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ڕابگرن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای به‌ئامانج گه‌یشتنی كاره‌كایان له‌نیوه‌ی ڕێگا به‌جێمان نه‌هێڵن.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




دەسکەوتێکی نوێ بۆ ئێران.. ئاوات ئەسعەدی

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفگانستان بووە دەسکەوتێ گرنگ بۆ ئێران، کە سنوورێکی 900 کم هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتەیا هەیە. کشانەوەی ئەمریکاش لە عێراقا، کەوا پێ ئەچێت، تەنیا بابەتی کات بێت، نەک هیج شتێکی دیکە، ئەبێتە گەورەترین دەسکەوت بۆ ئێران.
ئێرانی ولایەتی شیعەی فارس، ئیسپاتی کردووە لە 40 ساڵی رابردوودا، چۆن بتوانێت لوبنان هێندەی تر وێران بکات لەوەی کە هەبوو. ئاگری شەڕی زۆر بەئاسانی گەیاندە سوریا، بە دنەدانی دارو دەستەی ئەسەد، بۆ تێوەگلان لە تێکدانی عێراق، گوایە پاش عێراق ئەمریکا روو ئەکاتە شام. بابەتی ئەفگانستان و یەمەن لەولاوە بوەستن.
مەلاکان زۆر دەمێکە توانیویانە، بەشێکی زۆری عەرەبە شیعە عێراقیەکان بکەنە داردەستی خۆیان، بۆ راونانی ئەمریکا وەک ئەوەی ئێران سەددام حوسێنی بۆ رووخاندبێتن نەک ئەمریکا. ئەوەی کە ئێران مەبەستیەتی لاوازکردنی عێراقە بێ ئەمریکا وەک دەوڵەت و، پاشان کەی بۆی رەخسا “قوتدانی”.
لای کەس شاراوە نیە: ئێران تا رۆژئاوای فورات بەسنووری سروشتی فارس ئەزانێت. پاش راموسکردنی سوریا و لوبنان تەنیا عێراق ماوەتەوە بۆ دروستکردنی هیلالە شیعیەکەی بە ڕابەرایەتی و دەسەڵاتی رەهای خۆی.
هەر بۆیەش کاری رێکەوت نیە، کە ئێران توانیویەتی لە 40 ساڵی رابردوودا پتر لە 17 فەرع بۆ حیزبولڵاکەی لە چەندین وڵات دروست بکات.
بەڵگەیەکی سەخت لەسەر سروشتی ترسناکی ئەم دەسکەلایانەی ئێران لە عێراق ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەرانە لە ناوچە عەرەبنشینەکانی عێراق بەدەست میلیشیاکانی ئێرانەوە، کە لە 2019 ەوە نزیکەی 700 کەسیان کوشتووە، جگە لە بریندارکردنی پتر لە 20 هەزار کەس.
لە دامێنی روداوەکانی ئێستاشا: دەم و دەست لەگەڵ کشانەوەی “تەواوی” ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتگرتنی تالیبان لە کابول سێ دەوڵەتی بەهێز “بەختەوەری و شادمانی” خۆیان لە گەڕانەوەی تالیبان دەربڕی: چین و روسیا و ئێران. تەنانەت سەرۆکی تازە هەڵبژێرراوی ئێران ئیبراهیم رەئیسی وتی کە “چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ببێتە دەرفەتێک بۆ بووژانەوەی ئاشتی و ئاسایش.”
ئەوەی کە ئاشکرایە: لە گۆڕپانی ململانێکانی نێوان زلهێزەکان و هێزە ئەقلیمیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا رۆژئاوا شکستێکی گرانی هێنا. شێوە سیستەمێکی نیمچە لیبرال و نیمچە دیموکرات و دەوڵەتی قانون لێرەدا شوێنی نابێتەوە. سیاسەتی ئەمریکا و رۆژئاواش نیشانەی ئەوەیان پێوە نیە، کە ئەم شکستخواردنەیان بەگشتی لە ئەفگانستانا دوا ئیستگەی نەهامەتی بێت بۆ هەر پڕۆژیەک، ئەوەی لەبارا بێت، سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن لەو ناوچە پڕ لە کێشەیە بێنێتە کایەوە.




تراژیدیای چل تاریکستان.. شوان شەفیق

تەمومژە و
سەراپا دنیای ئێمە
تاریکە!
خۆر سەفەری کردووە
چاوەڕێی ھەڵھاتنەوەی مەکەن!
کە ئاسمان غوبار دەیگرێ
ئەوە پەڵە ھەورەکانن
باوەش بەیەکدا ئەکەن،
تا سەمفۆنیای مەرگ بژەنن
کەمانچە گریاوەکان!
چ خەوێکە ھەواڵی كۆچ؟
چ سەفەرێکە مەرگ؟
گەرانەوە لەم تابلۆ شێواوەدا
یەکسانە بە وەستانی نەفەس!
نەیی و نەی ژەن بانگ بکەن
با ئاوازی قورگی پڕ گریان و
چاوی پڕ لە فرمێسک
بە نۆتەیەک بژەنێ
چ ژەنینێک؟
مەپرسن.

سەر سووڕ ئەخوا
لە ڕوومەتی دایکەوە
تەماشایەک بکە
لە ڕیشی براکان بڕوانە
لە چاوی خوێنینی خوشکانەوە
ببینە!
چی ئەبینی وا
نۆتە نووسراوەکان
بە خووڕی ئەم تاڵاوە
ئەشۆیتەوە،
تاڵ و سوێر
یەکییان گرتووە!
بانگیان بکەن.
چۆن
کۆرسی ماتەم
لەو بەروارە نەگریسەدا
ڕووماڵ ئەکرێ!
٥/٧ دنیا خامۆش!

کامە سامفۆنیایە
وا
ئاوازی مردنی باوک ئەژەنێ؟
ئەو نادیارە کێیە ئەی نووسێتەوە؟
نەژەنراوە!
کێ
زامێکی وا قووڵ
بە گەروویدا دەچێتە خوار
خۆی ڕاگرێ!
شیوەن نەکا
یەخەی خۆی
لە پێستەوە دا نەدڕێ!
ناخوێنرێتەوە!

ئەو ھەواڵە
درۆیەکی شاخدارە
مرۆڤێک نییە؟
بە ناڕاست ناوی ببات!
بووێری ئەوێت
وتنی: حەقیقەت،
سوریالیزمە!
دیمەنێکی بەسوێیە
لاواندنەوەی ژنێک
بۆ ھاوسەرێک
کە دەیان وێستگەی نشێو و
سەدان وێستگەی ھەڵکشانی
پێ بە پێ لە گەڵیدا بڕیووە!
سەختی زامێک چۆن
قبووڵ ئەکرێ؟
کە ڕۆژی ڕووناکی
کردۆتە شەوەزەنگ!

خەیاڵێک
بە مێشکدا
گووزەر ئەکا
مەنەفێسی دڵتەنگییە
پێنووس ژان و شیوەن
لە دێڕ بە دێڕی
کتێبەکاندا ئەنووسێ
کێ لە ھەنسک بە ھەنسکی
گریانی دڵ تێ ئەگا؟
ئەی بێ ئاگا!
چاوەکان.

ئەبێ وتنی
ناوی باوکە
بۆ نۆبەرەی ماڵ
چ دەنگێ بێ
وای لەم ئازارەی ئەڤڕۆ و
وای لەو خۆشییەی
ئەوێ ڕۆژێ!
نۆستالۆژیا.

وای بە حاڵی
بەرد و شەختە!
چ شلێرێکە
لەو سەختییەدا ژیاوە
ناسۆر و ژان
شکاندنی ڕێگای
خەیاڵە لە سێبەری
ھێزی ژیان
باوک!

خۆشەویستان کۆببنەوە
وێستگەکانی گەیاندن
بینراو و بیستراوەکان
ھەموو لەسەر دێری یەکەم ھەواڵدا
بە چ ڕەنگێک مەرگ بەیان دەکەن؟
وا ھەموو دۆشداماون
ئاخر ئەوانەی باوکیان مردوو
ئەوانەشی باوکیان زیندوو…
خەمناکن!
چ کۆستێکە؟
ئای لەو کۆستە!
گۆڕستان تاکە جێگایە
ھەمووان یەکسان دەکا بە خاک
چەند زاڵمە!

بیتھۆڤن بە پیانۆکەی
کارل ئۆرف لە ئۆرکێسترای سامفۆنی
(ئۆ فرۆتینا- کارمینا بورانا)
‎محمدرضا لطفی بە تارەکەی
قالە مەڕێ بە شمشاڵەکەی
شوان بە پێنووسەکەی
یەک یەک ئەمانخەنە ژان!
بۆ کۆست و مەرگی ئازیزان.

شوان شەفیق
١٤/٨/٢٠٢١




پێی پەتی و فەرشی دڕک.. نەوزاد بەندی

من ئەبم بە جوتیارێکی کێڵگەی چا .. ئێوارە بە خۆم و بەرچنەیەک تەماتە و گێلاسەوە دێمەوە ..
تۆیش لەبەردەرگا ،
سەماوەرێک لە ئاوی کانی گەرم کە ..
تا بەیانی چای سەوز ئەخۆینەوە

٭ ٭ ٭

چاوت داخە و..
بە دوو پاسپۆرتی تەزویرەوە ،
ئەچین بۆ مالیزیا ..
لەوێوە بۆ ئیتاڵیا..!

٭ ٭ ٭

لەسەر لمی کەناری دەریای ناوەڕاست ،
شیعرێک ئەنووسم ، شیعرێکی بریندار
هەموو پۆلیسی کەناراوەکان ئەهێنمە گریان ..
نەورەسەکان وا لێئەکەم ، به پەڕو باڵ ،
کەپرێکی سپیمان بۆ دروست کەن ..
تۆ بڕۆ بۆ ڕاوە ماسی

٭ ٭ ٭

منیش ئەڕۆم دامە و سێ ڕسکێن،
لەگەڵ شەپۆلەکان ئەکەم ..
سەیرە ..
ئەم دنیایه جێی من و تۆی تیا نابێتەوە..
خەو بەشی من و تۆی تیا نییە…

٭ ٭ ٭
لە شەقامێکی قەڵەباڵغی ئیسپانیا ،
بۆ شیعرەکانی لۆرکا ئەگەڕێیین ..
ئێ ئاخر گەمژە هەر گەمژەیە ،
لێرە بێ یان لە مەدرید …
واز لە شیعر بێنە ، مەعز بۆ خوا ..
حەفتا ساڵ پێش ئێستا بێکەس ووتی :
ڕەواجی کوانێ لای خەڵکی ووتار و شیعر و پڕ مەعنا ؟
گەلێ کەس پێکەنینی دێ به گوفتار و دەم و لەوسم

٭ ٭ ٭

ئێمە بارانمان بە خەویش نەبینیوە ..
قوڕاو ، کەی بارانە ؟
لافاو ، کەی بارانە ؟

٭ ٭ ٭
شەوێک لە ژێر پەیکەرێکا ئەخەوین ..
وەک پەڕەسێلکەکەی ئۆسکار وایڵد ..
نیوەشەو وا ئەزانین بارانە ،
کەچی پەیکەری شای بەختەوەر ،
فرمێسکمان بۆ ئەڕێژێ …

٭ ٭ ٭

ڕاکردن ، دوو جۆری هەیە ،
یان هەزار جۆر …
ًبەڵام هەموویان ڕاکردنن ..
هەیە لە هیچەوە ڕا ئەکا بۆ هیچ ..
هەیە لە شتەوە ڕا ئەکا بۆ هیچ ..
هەیە لە هیچەوە ڕا ئەکا بۆ شت ..
هەیە لە شتەوە ڕا ئەکا بۆ شت ..
بەڵام هەموویان هەر جوانن..
ناوازەن ..
من هەموویانم خۆش ئەوێ ..
لەگەڵیانا خەو ئەبینم ..
چونکە ئەتبەن بۆ شەقامێ ،
یەکەمجارە یەک بناسن ..
ڕووبارێک بە سەرسامییەوە سەیرت ئەکا ..
چۆلەکەیەک لە پشت گەڵایەکەوە ،
بە شەرمەوە بۆت ئەڕوانێ ..
بازاڕێک تەماشایەکت ئەکات و ..
هەوڵ ئەدا ناوت بزانێ




چیرۆکەکانی داپیرە.. عەلی حەمەڕەشید

.
کە داپیرەی ئازیز دێ
ھەندێکجار
دەچم بۆ لای دەستبەجێ
بۆ پرسیار
کەمێک بیردەکاتەوە
دێتەگۆ
وەڵامـــم دەداتەوە
لەسەرخۆ
بە چیرۆکی خۆش خۆشی
ئاسودەم
سەرم دەخاتە کۆشی
بەبێ خەم
فێری کردووم بپرسم
چالاک بم
بوێربم و نەترسم
بێباک بم
زانیاری باشی لایە
داپیرە
مرۆڤێکی وریایە
زۆر ژیرە
….
٢٠٢١/٧/٣١
عەلی حەمەڕەشید